هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟ یەکێتی چینایەتی دانیشتوانی عێراق، سیاسەتێکی پراگماتیکی و تاکتیکی نیـیە!.. جەمال کۆشش


ڕێککەوتنی سەرەتای مانگی (٤)ی ( هەولێرو بەغدا) لەسەر ڕادەستکردنەوەی دۆسیەی نەوت بە حکومەتی عێراقی، پاش بڕیاری دادگای پاریس، ئۆرگانە فەرمییەکانی (پارتی)، ملکەچیـیەکەی بە سەرکەوتن و حەکیمی و ئاینندەبینی سەرۆکەوە بە خەڵکی کوردستان فرۆشتەوە.
بەسەر بادان و لەژێر لێوەوە هاوبەشە بایکۆتکەرە “بندیوارەکە”، قوباد تاڵەبانی، وتی وا باشتر بوو بە خواهیشتی خۆمان ئیمزاکەمان بکردایە، نەک وەک ئێستا ناچار بووینە.
ئەو لایەنانەی تەنانەت مەسرەفی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکانشیان لە لایەن دەوڵەتانی کۆنەپەرستانی ناوچەکەوە دابیندەکرێت (کە ئەمە تەنها بەسە بۆ هەڵوەشانەوەی حزبەکانیان)، بە هلهەلەوە پێشوازییان لە هەنگاوەکە کرد و موژدەی گەشەکردن و بوژانەوەی ئابووریـیان بە خەڵکی کوردستان دەدا، بەڵام بەشە ڕادیکاڵە بەناو چەپەکە ، “هاوبەشەکەی پرۆژەی ڕیفراندۆم” کە هێندەی نەما بوو ناوی “ڕیفراندۆمی کرێکاری” لێبنێن ، ئەم ڕێیکەوتنەیان “بەبنبەستی دەوڵەتی کوردی” لە قەڵەمدا و لە داخی خیانەتی فرۆشتنی “خەونە شاعیرانەکە “یان بە چەند ملیارد دۆلارێک، تێر جوێنی دەسەڵاتدارانی یەکێتی وپارتی یان کرد.
بەرهەم ساڵح (سەرۆکی پێشووی کۆماری فیدراڵی عێراق)،پێدەچێت ئەو دەرکی بە شلۆقی وناکارایی حکومەتەکەی سودانیش کردبێت، پرۆژەیەکی هەندێک گشتی تری پێشنیار کرد (کۆنفیدراڵی بۆ کوردستان و گرێبەستێکی تری نێوان حکومەت و هاوڵاتی و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لەپەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی) دیارە، هەمومان دەزانین دەستورو گرێبەستە کۆمەڵایەتیەکان سازانی فەرمی هێزە چینایتەکانن. دەستپێشخەرییەکە لە بێدەنگییەکی کوشندەدا خنکا.
هەندێک کەسایەتی و دەزگای ڕاگەیاندن وناوەندی لێکۆڵینەوەی لۆکاڵی، داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی هەرێمیان کردو چەند سینارێۆیەکیان بۆ ڕاپەڕاندنی دۆخی ئاوارتە خستە ڕوو، هەڵبژاردنی ڕاستەو خۆ وپێکهێنانی حکومەتی کاتی…
ڕێژەی هەژاری لەسەرووی (٣٥٪)، بێکاری لە سەروی (١٥٪) و لە نێوان لاوانیشدا لەسەروی سەدا (٢٠٪)ەوەیە. کەرتی تەندروستی و پەروەردە ، بەرهەمهێنان و پیشەسازی و کشتوکاڵ، کارەبا و تەکنەلۆژیا،سیستەمی بانکی وپارەو پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراو، تێکڕا و بێکەڵک و پڕن لە گەندەڵی وهەدەردان ودزی و سپیکردنەوە. عێراق ، یەکێک لە زۆرترین ڕێژەی زیندانیانی تاوان و حوکمدراوانی بە سزای ئیعدام هەیە. یەکێک لە هەرە گەندەڵترین دەوڵەتەکانە و ناشەفافترینانە، هێزە میلیشیاییە- سێکتە ئایدیۆلۆژییە ئاینیەکانی لایەنگری کەسایەتیەکاریزماییەکان ، بەشێکی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بازاڕ و جوگرافیایان لە کۆنترۆڵدایە .
ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر ساڵی (٢٠١٩)ی پایتەخت و شارەکانی خوارووی عێراق، بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، بەکوشتنی هەزار کەس و بریندارکردنی (٢٠) هەزار و ڕفاندن و زیندانی سەدان لە لایەک و لە لایەکی دییەوە بە لاڕێدابردنی ئامانجی واقعی ڕاپەڕینەکە و گۆڕینی بۆ ئاڕاستەی هەڵبژاردن و ڕاکێشانی هەلپەرستانی نێو ڕاپەڕیوان بۆ نێو پرۆسەی پەرلەمانی، پاشەکشەیەکی بەسەردا سەپێنراوە.
ئەو حزب و هێزە سیاسیانەی کە لە شارەکانی موسڵ و تکریت و ئەنبار و دیوانیە …پێکهێنەرو گوایە نوێنەری ئەو ناوچانەن لە حکومەتی عێراقدا، هەمان پێکهاتەی دەستەی فەرمانڕەوای دەسەڵاتی عێراقن،بەرپرسیارن لە شەڕوماڵوێرانی چ لە ناوچەکانی خۆیان وچ لەسەرانسەی عێراق. خەڵکی ناڕەزایی ئەو ناوچانەش بەهەمان ڕادە لە چینی باڵادەست و کۆنەپەرستی حەلبوسیـیەکان و عەزمیـیەکان و حزبی ئیسلامیـیەکان و عەللاویـیەکان تووڕەن و ئامانجیان لە نیوبردنی ئەم سیستەمە سیاسیـیەیە.
شەڕو ئاشتی، ڕێککەوتن وگرژییەکانی نێو حزب وقەوارە سیاسیەکانی ئێستای دەسەڵاتدارانی عێراق، چ لەگەڵ حکومەتی هەرێم، چ لە کەرکوک، نەینەوا، بەغدا، پەیوەندییان بە ژیان و مافەکانی خەڵکەوە نیـیە. ئەوان لەسەر ئەو شوناسە ئاینی و نەتەوەیی و تایفی و کەمایەتیـیە بیروباوەروهۆزانە جوداخوازی وهەژمونگەری چینایەتی لە نێو ئەو گروپانەدا بەدەستدێنن تا مۆرکێکی ڕەوایی بە نوێنەرایەتی خۆیان بدەن وەک حزبی ئەو تاقمانە سیاسەت بکەن. ئەمە تەنها کێشەی ئەو ناوچانە نیە کە هەمە ڕەنگن وسروشتی مێژووی دانشتوانەکەین، بابەتەکە ئەوەیە تەواوی خەڵکی عێراق لە ڕێگای میدیاوە ڕادەکێشرێنە نێو ” کێشە” دروستکراوەکانی دەستی خۆیانەوە.
لە بارەی مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە، بەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی عێراق و پاریس، خەڵکی کوردستان هیچ زیانێک ناکات، هیچ لەدەست نادات. بەڵام دەرگا بەڕووی دۆسیەی زۆر گرنگدا واڵا دەکات.
چارەنوسی قەوارەی هەرێم، لەتوند پێچێکی مێژوویدایە، حکومەتی هاوبەش نەماوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت هەر هەمان حکومەتی ئێستا بەرهەم بهێنێتەوە. دەبێت دوو ئیدارەیی بەئاکامێک بگات.
پتر لەشەش هەفتەیە بۆڕی نەوت گیراوەتەوەو کەشتیەکانی کەناری جیهان ئەوانەی نەوتی کوردستانیان بەبازاڕ دەگەیاند، بەبەتاڵی گەڕانەوە. وا لێکدەدرێتەوە کە ڕاگرتنی نەوت، لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بکرێتە قەرەبووی مەرجەکانی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم بۆ پارێزگاری نرخی نەوت.
ئەگەرلە پرۆسەی شکڵگرتن وپیکهێنانی حکومەتەکەی سودانی وردبینەوە، یەکێتی چینایەتیەکی نێو بۆرژوازی پێکهاتەکانی دانشتوانی عێراق بۆ هەژموونی دەوڵەت بەسەر عێراقدا دەبینینیەوە.
پێشینەیەکی مێژوویی لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بۆ مافە سەرەتایی وئازادییە کۆمەڵایەتیەکان کەلە کوردستان کە وەک نەریتی ژیانی ڕۆژانەی لێهاتووە ( مافەکانی ژنان وئازادی و مافە کانی تاک لە پەیوەندی بەئاین وئیلحادو خواردنەوەو پۆشاک …) ئەبێت وەک هاوڵاتیانی ناوچەکانی تری عێراق چاولێبکرێت و بەهیچ جۆرێک نابێت وەک تانەی یاسای ئەحوالی شەخسی ، بچێتە گرفانی ئیسلامیەکانەوە.
ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بەدڵنییاییەوە لەمەودوا هەر بە بەغدا وناسریەو بەسرەوە قەتیس نابێت و دەپەڕێتەوە موسڵ و دیوانیەو هەولێرو سلێمانیش. ئەم یەکێتی یە چینایەتیەی کرێکاران وزەحمەتکێشانی عێراق و بەرژەوەندی هاوبەشەی تەواوی خەڵکی عێراق لە بەرامبەر دوژمنە هاوبەشەکانیان ئاکتێکی تاکتیکی و پراگماتیکی نیە.
ئەمەش لەگرەوی بەهێزبوونی ڕەوتی کۆمۆنستی دایە لە نێو ناڕەزایەتیە بەردەوام وڕاپەڕینەکانی خەلکی عێراقدا.

جەمال کۆشش کۆتایی ئەبریلی ٢٠٢٣




لەسەر درامایەک سێ ڕۆژ زیندانی کرام.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

زۆرم دەربارەی زنجیرە درامای ئێرانی (پێستی شێر) ی دەرهێنەر (جەمشید مەحموودی) بیستبوو، بەڵام تا خۆم نەکەوتمە ناخ تەوژمەکانی، نەمزانی دراماش هەیە وەک ماددەی هۆشبەر ئاڵودەی خۆیت دەکات و ئۆقرەت لێ هەڵدەگرێ و وەک شەپۆلێک لەگەڵ خۆیت ڕادەماڵێ.
ئیدی چ پنج و بەربەستێک نامێنێ بتگرێتە خۆی تەنیا خوا نەبێ.
سێ ڕۆژان چ تاوانێکم نەکردبوو خۆم سزا دا، خیانەتم لەگەڵ کەس نەکردبوو، لەژوورێکی تەنیادا خۆم زیندانی کرد.
سێ ڕۆژان بەیانیان و ئێواران و شەوان، بەسێ بەش و سی و چوار ئەلقەوە، بەدیار ڕووداوەکانی زنجیرە دراماى (پێستی شێڕ) ى دەرهێنەرى بە رەچەڵک ئەفغانى( جمشید مەحموودى) ڕادەچڵەکام.
لەناو دیالۆگە ئاگرین و وێنە سیحراوی و گۆرانیە حەزینەکانی، لەگەڵ ئەو باوکە بەد بەختە ژیام (نەعیم – هادی حیجازی فەر) کە پانزە ساڵان لەزیندان دابوو، بەو ئاواتەی رۆژێ بێ ئازاد بکرێت و بە(ساحل ـــ پەردیس ئەحمەدیە) ی کچی شاد بێتەوە، ئەو ساحلەی بەمنداڵی لێک جیابوونەوە، بەعازەبی باوکی خۆی بینییەوە.
بەم بۆنەیەوە ویستیان هەردوکیان تۆڵەی ئەو لێک دابڕانە دوورو درێژەیان بکەنەوە، باوک و کچ بۆ سەیران و کەیف و سەفا ڕوویان لەشیمالی ئێران کرد، نەیانزانی مرۆڤە گورگەکان لێکیان دادەبڕێنن و مەرگەساتەکان ڕوویان تێ دەکەن.
زۆر هۆگری ڕەزا پەروانە(عەلی ڕەزا کەمالی)ی هاوڕێ ی گیانی بەگیانی نەعیم بووم، دڵسۆزییەکی لەوەفاو قوربانی دانی هاوڕێیەتی نیشان داین، نموونەی نەبێت.
ئەو خۆشەویستی و وەفادارییە ڕەسەنەی لەژنەکەی ڕەزام بینی (ژیلا شاهی) هەموو خەڵکی فێری زمانی ڕاستەقینەی خۆشەویستی نێوان هاوسەران کرد، هەر جارێ لەناخی دڵیەوە بەڕەزای مێردی دەگوت (قوربانت بم)، دڵم لەگەڵیا لەبێخەوە هەڵدەکەنا، چۆن ئەوەندە راستگۆ بوو لەو گوتنە.
کەخۆشەویستی سەدرا(میهرداد سدیقیان) بۆ ساحلم بینی، تێگەیشتم کە هێشتا خۆشەویستیە پاکیزەییەکانی سەردەمی مەم و زین لەملاو لەولا هەر ماون.
سەرم لەتواناو دەسەڵاتی هونەریی ئەو سیناریۆ نووس و دەرهێنەرە سوڕمابوو، کە چۆن ئەو خەڵکە بەکۆمەڵەیان پێکەوە خستبووە ژێر سیحری وروژاندن و شاگەشکە بوونە کردووە، کە هەر یەکەو دەستی لەسەر دڵی خۆی داناوە نەوەستێ، کە چۆن دەیانتەزێنێ و هەندێ جاریش ناچاری فرمێسک ڕشتنیان دەکات…
من خۆم سێ جاران لەتاو داهێنانی هەندێ لەدیمەنەکانی ژێر ڕێژنە بارانەکان و سەمای سەدرەو ساحیل، بەناچاری بۆ تاوێک پشووم دا، لەتاو شاڵاوی ئەو هەموو جوانیەی داگیریان کردم.
ستاتیکا هەر تەنها لە سیناریۆ و وێنەو هاوێنەکانی کامێرادا نیە، بەڵکو سەرچاوەی هەرە بە تینی دراماکە لەستاتیکای نواندنی ئەکتەرە بلیمەتەکاندایە، کە بەنواندنە بەهێزەکانیان دڵت دەلەرزێنن، لەسەرووی هەمووشیانەوە مەنسوور- کە (موجتەبی پیر زادە) ڕۆڵەکەی دەبینی، ئەو ئەکتەرە ڕەهیبەی ترس و خرۆشێکی تۆقێنەری دروست کردبوو، کە بینەر لەچاوو حەرەکەی ڕوخسارو تێڕامانە کارەباییەکانی، هاوێنەی کامیراکانی تێک دەشکاندو لەبێدەنگی و کپ بوونی دا چاوەکانی پئ دادەخستی.
ئەکتەرێکی وەک نەعیم ( هادی حیجازی) کەسایەتیەکی ئەوەندە بەهێزی هەبوو، باڵانسی نواندنی دراماکەی گەیاندبووە لوتکە، بێ ئەوەی هەموو ئەو مەرگەساتانەی ڕوو بەڕوویان بۆوە، ترس، یا داهێزران، لە ڕوخساریدا دەرکەوێ.
بەڵام وێڕای هەموو موچڕک و وروژاندنە بەتینانەی دراماکە، ئاشناشی کردم بەکۆمەڵگایەکی تاوانکارو مافیاو خوێن ڕێژ، کە لێواو لێوە لەبێ ڕێزی بەرامبەر بە یاساو، کۆمەڵگایەکی بەڕەڵاو تینوو بە غەدرو ڕق و تۆڵەسەندنەوە.
کۆمەڵگایەکی ناشیرین، کە تێیدا یاسا لەداوە مووەک لاوازترە، تەنانەت کوشتن و بڕین و چەقۆ کێشی لەناو جەرگەی بەندیخانەکانیشدا دەکرێت.
ئەوەی لەو درامایەدا کۆمەڵگای ئێرانی بەو قێزەوەنیەوە ببینێ، ئیدى بەهەموو ژیانی تێکەڵی نابێت و لێی نزیک نابێتەوە.
کۆمەڵگایەک دروشمێکی ئایینی هەڵگرتووە، بەڵام بەسەدان گروپی چەتەگەرو ڕێگرو بکوژو قاچاخچی ئەوتۆی تێدایە، لە هیچ وڵاتێکی مافیایی وێنەی نەبێت.
کەس نازانێ ئەو کوشتن و بڕۆیە، چۆن لەژێر سانسۆری توندو تیژی ئەو وڵاتە دەربازی بووە !!
جگە لەتاوان دەرهێنەر زۆر بوێرانە پەنجەی لەسەر مافە زەوت کراوەکانی ژن داناوە، لەچەند دیمەنێکدا ژنە غەدر لێکراوەکەی ڕەزا نیشان دەدات ( ژیلا) کە بەسیغە ژنی ڕەزایەو هەر سێ مانگ جارێک بە ڕێکەوتن نوێ ی دەکاتەوە، هەمیشە بە دەم گریانەوە ئاواتی ئەوە دەخوازێ، هاوسەرگیری بۆ ئەبەد لەگەڵ ڕەزا بکا، بەڵام ڕەزا ڕێگرە لەبەردەم بەدی هاتنی ئەو ئاواتەی، بۆیە شەوێکیان دڵی خۆی بۆ ڕەزا دەکاتەوەو دەڵێ بۆ هاوسەرگیری نەکەین؟
خۆ من قستی سەیارە نیم هەر سێ مانگ جارێ سیغەکە نوێ دەکەیتەوە؟
بەڵام کاتێ بە ژنەکەی دەڵێ خۆت ئامادەکە دەچین بۆ دادگا، ژنەکە باڵ دەگرێ، وادەزانێ ئەوە ئەوڕۆژەیە چاوەڕوانی دەکرد و لەگەڵ ڕەزا مارە بڕی دەکەن، بەڵام لە ناکاو پێی ڕادەگەیەنن کە ڕەزا خانووی بەناو کردووە، وەک قەرەبووی ئەو غەدرەی ڕەزا لێی کردووە، بۆیە بەدەم گریانەوە بە ڕەزا دەڵێ من پێویستیم بە خانوو نیە، پێویستیم بە تۆیە.
گرنگ دەرهێنەر زۆر بەڕاستگۆیی گوزارشتی لەهەقیقەتی کۆمەڵگاکەی خۆی کردووە وەک هەیە.
ڕەنگە هەمووتان هەموو شتێ دەربارەی جەمشید مەحموودی دەرهێنەر نەزانن، بەڵام من کورتە زانیاریەکتان پئ دەدەم ، حەز دەکەم بزانن کە ئەو لە ڕەسەندا ئەفغانیە، بەڵام تەمەنی یەک ساڵ بووە، راى کردۆتە پاکستان و دواتریش بە یەکجارى لەئێراندا گیرساوەتەوە.
ئێستا لەئێران لەگەڵ (نافید مەحموودی) برا دەرهێنەرو بەرهەم هێنەرەکەی بە یەکەوەن و کار بۆ دراماو سینەما دەکەن و تەمەنی چل ساڵێک دەبێت، سیناریۆنووس و بەرهەم هێنەرو دەرهێنەرە، لەڕێگەی فیلمی(چەند کیلۆ مەترێک بۆ خۆشەویستی)، بوو بەخاوەنی ناوداریەتێکی زۆرو چەندین فیلمی بەناوبانگی دروست کردووە وەک:
مردن لە ئاوی پیرۆزدا
چەند کیلۆمەتر لەخۆشەویستی
حەوت و نیو
تێکشکاندنی بیست ئێسقان لەیەک کاتدا 1918
دایکێکی مەزن
لەو فیلمانە چەندین خەڵاتی گرانبەهایان وەرگرتووە.
جگە لە (پێستی شێر)چەند زنجیرەیەکی تریشی هەیە وەک :
ئازیزەکەم
سێبەر
لە دوماهیدا دەڵێم: چەند ئەوەندەی ئەو هونەرە گەورانە دەبینین
ئینجا دەزانین ئێمە مانان چەند فەقیرو پەڕپووتین لەو بەرهەمانەی ناوی دەنێین دراما




ئەلیزابیس گورلی فلین(١٨٩٠ – ١٩٦١)، ڕابەرێکی یەکسانیخوازی کرێکاریی..ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ئەلیزابێس گورلی فلین ڕابەرێکی کرێکاریی و هەڵسوڕاوێکی بواری خەباتی یەکسانی ژن و پیاو، کە ڕۆڵی سەرەکی لە نێو بزووتنەوەی چینی کرێکاری ئەمریکا بەگشتی و ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان بەتایبەتی بینیوە. ئەلیزابیس فلین ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا و هەروەها لایەنگرێکی دیاری مافەکانی ژنان و کۆنترۆڵکردنی لەدایکبوون و دەنگدانی ژنانی ئەمریکا بوو. لە ساڵی ١٩٣٦ پەیوەندی بە حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکاوە کردووە و لە دواڕۆژەکانی ژیانیدا، لە ساڵی ١٩٦١ بووەتە یەکەم سەرۆکی حزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا. ئەلیزابێس گورلی فلین لە ٧ی ئابی ١٨٩٠ لە شاری کۆنکۆرد لە ویلایەتی نیو هامپشایر لەدایک بووە، خێزانەکەیان لە ساڵی ١٩٠٠ ڕوویان لە نیویۆرک کردووە و لەوێ لە قوتابخانە حکومییەکانی ناوچەکە خوێندوویەتی. دایک و باوکی سۆسیالیزمیان پێ ناساند و ئاشنایان کرد بە مارکسیزم. کاتێک تەمەنی تەنها پانزە ساڵ بوو یەکەمین وتاری خۆی بە ناوی “سۆسیالیزم چی بۆ ژنان دەکات” لە یانەی سۆسیالیستی هارلم پێشکەش کرد. وەک بەرئەنجامێک هەستی بە پێویستی تێکۆشان لەپێناو گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کرد و بڕیارێکیدا کە دواتر پەشیمان بووەوە، کە پێش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، قوتابخانەی مۆریس بەجێبهێڵێت. بەڵام سەرچاوەکانی دیکە باس لەوە دەکەن کە بەهۆی تێوەگلانی بە سیاسەتەوە لە قۆناغی ئامادەییەوە لە قوتابخانە دەرکراوە.

هەڵسوڕابوون لە یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهان
لە ساڵی ١٩٠٧وە، ئەلیزابیس فلین ژیانی خۆی وەک ڕێکخەر و هەڵسوڕاوی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهان تەرخان کرد و بەشداری یەکەم کۆنفرانسی ئەو ڕێکخراوەی لە ئەیلوولی هەمان ساڵدا کرد. چەند ساڵ پاشتر ئەلیزابیس کەمپەینێکی لە نێوان کرێکارانی جلوبەرگ لە پێنسیلڤانیا و کرێکارانی ئاوریشم لە نیوجێرسی و کرێکارانی چێشتخانەکان لە نیویۆرک و کرێکارانی کانەکان لە مینیسوتا و میسۆلا لە مۆنتانا و سپۆکەین لە واشنتۆن و هەروەها کرێکارانی قوماش لە ویلایەتی ماساشوستس بەڕێخست، کە بەرجەستەبوون و لێهاتوویی ئەم ڕابەرە کرێکارییە نیشان دەدات. هەو لەو ساڵە ١٩٠٧ ئەلیزابیس بە ڕابەرێکی کرێکارانی پیشەسازی جیهان لە ویلایەتی مینیسوتا بە ناوی جەی ئەی جۆنز ئاشنا دەبێت کە شانزە ساڵ لە خۆی گەورەتر بوو، بەڵام ئەلیزابیس لە ژیاننامەکەیدا دەڵێت “عاشقی بووم و لە کانوونی دووەمی ١٩٠٨ هاوسەرگیریمان کرد. لە ساڵی ١٩٠٩ ئەلیزابیس بەشداری لە گفتوگۆکانی تێکۆشان لەپێناو ئازادی ڕادەربڕین لە شاری سپۆکەیندا کرد، کە تێیدا خۆی بە زنجیر بە عەموودی کارەباوە بەستەوە بۆ ئەوەی کاتێک دەستگیری دەکەن،دەستگیرکردنەکەی دوابخات. پاشان ئەلیزابیس پۆلیسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە خانەکانی باڵەخانەی زیندانەکە وەک خانەی لەشفرۆش بەکار دەبەن. تۆمەتێک کە وای لە پۆلیس کرد هەوڵی کۆکردنەوە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو ژمارەیەی ڕۆژنامەی کرێکاری پیشەسازی بدەن کە ڕاپۆرتەکەی بڵاوکردبۆوە. لە ٤ی ئازاری ١٩١٠، دەسەڵاتدارانی شاری سپۆکەین پاشەکشەیان کرد و مافی ئازادی کۆبوونەوە و ڕادەربڕین و خۆپێشاندانی ئەندامانی یەکێتیی پیشەسازی جیهانیی بە فەرمی دان پیانا. ئەلیزابیس فلین لەو ماوەیەدا دە جار دەستگیرکرا، بەڵام بە هیچ چالاکییەکی تاوانکاری سزا نەدرا. ئەلیزابێس بەردەوام بیانووی پێدەگیرا. لەساڵی ١٩١٦، دەرکردنی ئەلیزابیس فلین و جۆ ئیتۆری هاوڕێی لە ڕێکخراوی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی ڕویدا کە بەپێی وتاری مێژوونووس ڕۆبەرت ئێم ئێلیف کە لە گۆڤاری مێژووی مینیسۆتا کە لە هاوینی ١٩٨٨ بڵاوبۆتەوە، سێ کرێکاری کانەکانی مینیسۆتا کە لەڕووداوێکی نەخوازراودا بە تۆمەتی کوشتن دەستگیرکرابوون و بەم بۆنەشەوە سێ لە ڕابەرانی یەکێتیی کڕێکارانی پیشەسازی جیهانیی تۆمەتبار کران، هەرچەندە هیچ کام لەو سێ ڕابەرە لەو کاتەدا لەو شوێنە نەبوون و لە شوێنی دیکە بوون. ئەو سێ کرێکارەی کانەکان کە هیچیان بە شێوەیەکی ڕەوان بە ئینگلیزی قسەیان نەدەکرد، ڕووبەڕووی زیندان بوونەوە. ولیەم هەیوود؛ ئەلیزابیس و جۆ ئیتۆری بە بەرپرسیار زانی کە ڕێگەی بە کرێکاری کانەکان داوە کە دان بە تاوانەکانیاندا بنێن کە ڕەنگە هەر لە سزای تاوانەکەیان تێنەگەیشتبێتن. هەیوود لە ژیاننامەی خۆیدا نووسیویەتی کە ئەلیزابیس فلین و ئیتۆر بەهۆی ئەو کارەساتەوە لەڕیزەکانی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانی وەدەرنران.

هەڵسوڕاوبوون لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان
ئەلیزابیس فلین لە ساڵی ١٩٢٠ ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا بوو، کە ڕۆڵی سەرەکی بینی لە هەڵمەتی دژی سزادانی ساکۆ و ڤانزێتی. ئەلیزابیس بە تایبەتی خەمی مافەکانی ژنان بوو، پشتگیری لە مافەکانی کۆنتڕۆڵکردنی لەدایکبوون و دەنگدانی ژنان دەکرد. هەروەها ئەلیزابیس ڕەخنەی لە ڕابەرایەتی سەندیکاکان گرت کە پیاوان زاڵن و ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی ژنان نین. لە نێوان ساڵانی ١٩٢٦ بۆ ١٩٣٦، ئەلیزابیس فلین لە باشووری ڕۆژئاوای پۆرتلاند لە ویلایەتی ئۆریگن لەگەڵ وۆبلی ماری ئیکوی هاو سەنگەر و هاورێبازیدا ژیاوە. هەرچەندە ئەلیزابیس زۆربەی کاتەکانی لە پۆرتلاند تەندروستی باش نەبووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٤ لایەنگرێکی چالاک و هەڵسوڕاوی مانگرتنی لۆنگشۆری کەناری ڕۆژئاوا بوو. لە ساڵی ١٩٣٩ ئەلیزابیس دووبارە بۆ دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە؛ بەڵام کاتێک ئەدۆلف هیتلەر و جۆزێف ستالین لە ساڵی ١٩٣٩ پەیماننامەی نادەستدرێژییان واژۆ کرد، یەکێتیی ئازادییە مەدەنییەکانی ئەمریکا لەساڵی ١٩٤٠، سەرجەم ئەندامانی حیزبی کۆمۆنیستی لە ڕیزەکانی خۆی دەرکرد، کە ئەلیزابیس یەکێک بوو لەو دەرکراوانە. لە ساڵانی ١٩٢٧-١٩٣٠ ئەلیزابیس وەک سەرۆکایەتی بەرگری نێودەوڵەتی کار دەکات. لەو ماوەیەدا چالاک بوو لە تێکۆشان لەپێناو ئازادکردنی ڕێکخەرانی کرێکاری زیندانیکراو و دەستبەسەر.

ئەلیزابیس و کەمپی زیندانی فیدراڵی ئەلدەرسۆن

لە ساڵی ١٩٣٦ ئەلیزابیس پەیوەندی بە حزبی کۆمۆنیستەوە کرد و گۆشەی فێمینیستی بۆ ڕۆژنامەی دەیلی وۆرکەر دەنووسی. دوای دوو ساڵ بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیست هەڵبژێردرا. ئەلیزابیس لە جەنگی جیهانی دووەمدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە وەڕێخستنی کەمپەینی هەلی ئابووری یەکسان و هەقدەستی ژنان و دامەزراندنی دایەنگە و باخچەی ساوایان بۆ ژنانی کرێکار. لە ساڵی ١٩٤٢ لە نیویۆرک خۆی بۆ هەڵبژاردنی کۆنگرێس کاندید کرد و ٥٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا. لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٤٨دا دەیان سەرکردەی حزبی کۆمۆنیست دەستگیرکران و تۆمەتبارکران بە پێشێلکردنی یاسای بە داکۆکیکردن لە ڕووخاندنی حکومەتی ئەمریکا لەڕێگەی توندوتیژییەوە. دوای ئەوەی لە دادگا تانەیان لە بڕیارەکەیاندا. ئەلیزابیس فلینیش هەڵمەتێکی بۆ ئازادکردنیان دەستپێکرد بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥١دا خۆی لە شەپۆلی دووەمی دەستگیرکردنەکاندا دەستگیرکرا و پاشان لەگەڵ شانزە ئەندامی دیکەی حزبی کۆمۆنیست؛ دادگایی کرا. ئەوان تۆمەتبار کران بە پیلانگێڕی دژ” حکومەت دوای دادگاییکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە کەمپی زیندانی فیدراڵی لە شاری ئەلدەرسۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیای ڕۆژئاوا زیندانی کرا. دواتر بیرەوەرییەکانی ناو زیندانی نووسی بە ناوی چیرۆکی ئەلدەرسۆن: ژیانی من وەک زیندانییەکی سیاسی. دوای ئازادبوونی لە زیندان، ئەلیزابیس دەستی بە چالاکییەکانی لە نێو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی ئەمریکا کردەوە. لە ساڵی ١٩٥٧ وەک کۆمۆنیستێک خۆی بۆ ئەنجومەنی شاری نیویۆرک کاندید کرد و ئەمجارە تەنها ٧١٠ دەنگی بەدەستهێنا.

ژیانئاوایی ئەلیزابیس فلین
ئەلیزابیس فلین لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٦٤ لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا لە یەکێتیی سۆڤییەت کۆچی دوایی کرد. حکومەتی یەکێتیی سۆڤییەت پرسەیەکی فەرمی دەوڵەتی لە گۆڕەپانی سووردا بۆ ئەلیزابیس فلین ئەنجامدا و زیاتر لە ٢٥ هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد. بەپێی خواستی لەوەوپێشی ئەلیزابیس خۆی، دەسەڵاتدارانی یەکێتیی سۆڤییەت تەرمەکەیان بە فڕۆکە ڕەوانەی ئەمریکا کردەوە بۆ ئەوەی لە گۆڕستانی والدهیم لە شیکاگۆ لە نزیک گۆڕی یوجین دێنیس، ولیەم هەیوود، ئیما گۆڵدمان و شەهیدانی شۆڕشگێر هایمارکێت بە خاک بسپێردرێت. ئەلیزابیس دوای مردنی کتێب و جل و بەرگ و ماڵوحاڵەکەی بەجێهێشت بۆ خانەی کرێکارانی کاسۆلیکی دۆرۆتی دەی لە شاری نیویۆرک. ئەلیزابیس و دۆرۆتی دەی بۆ یەکەمجار لە ساڵانی ١٩١٠ یەکتریان بینی و ئەلیزابیس فلین بە بەردەوامی جل و بەرگ و بەتانی دەنارد بۆ خانەی کرێکارانی کاسۆلیکی نیویۆرک. ئەلیزابیس لە ٧١ ساڵی تەمەنی پڕ لە تێکۆشانی خۆیدا، جگە لە سەدەها وتاری ئیرتجالی، ٢٩ کتێب و نامیلکە و چەندین وتاری سیاسی و جەماوەری نووسیوە و بڵاوکردۆتەوە.

ڕەنگدانەوەی تێکۆشانی ئەلیزابێس فلین لە ئەدەب و هونەر
ئەلیزابیس فلین بۆ جۆ هیڵی هونەرمەند و سووردخوێنی چینی کرێکاریی ئەمریکا دەبێتە ئیلهامبەخش و لەساڵی ١٩١٥ لە گۆرانی (کچە یاخیبووەکە) کە هەر خۆی نووسیویەتی، باس لە ڕۆڵی شۆڕشگێرانەی ئەلیزابیس لە خەباتی ڕێکخراوی کرێکارانی پیشەسازی جیهان دەکات. جگە لەمەش ئەلیزابیس فلین لە ڕۆمانی (جوانی سوسنەکان)ی جۆن ئاپدایکدا وێنا کراوە کە دەوترێت پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کارلۆ ترێسکای ئەنارکیست هەبووە، کە بە نامە و بیرەوەرییەکانی فلین پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەها ئەلیزابیس فلین لە ڕۆمانی (ملیۆنە ساردەکان)ی جێس واڵتەرشدا بۆتە بابەتی ئەدەبی گێرانەوە.

سەرچاوە : https://en.wikipedia.org/wiki/Elizabeth_Gurley_Flynn




کرێکارانی کارگەکانی وڵاتی چین شیعر لە تەلەفۆنەکانیان دەنووسن

ئامادەکردن و وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: گۆران عەبدوڵڵا

دەرفەتێکی بێ وێنە لە مێژووی ئەدەبیاتی چینی کرێکاردا

زەحمەتە بیر لە هیچ شوێنێکی جیهان بکەیتەوە کە بوون بە شاعیر هەنگاوێکی پیشەیی و دۆستانە بێت، بەڵام ئەمە بە تایبەتی بۆ هەژارترین و بێبەشترینەکان ڕاستە کە هەوڵدەدەن پێگەیەک لە ناوچە ئابوورییە تایبەتییەکانی وڵاتی چین بەدەستبهێنن.
لەم ساڵانەی دووایدا کۆمەڵێکی زۆر لە بەڵگەنامە بڵاو بووەوە سەبارەت بە بارودۆخی کرێکارانی چین، بە ڵام فیلمی ” مانگی ئاسنین- Iron Moon” لە ٢٠١٥دا سەرنجیان خستە سەر بابەتێکی زۆر تایبەت ئەوەش شیعری کرێکارانی پەناهەندە بوو. سەرنجەکان خرایە سەر چەند لاوێک کەچۆن ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخە ئابووری و کلتوورییە دەبنەوە لە رێی تەوزیفکردنی ئەو ١٤ سەعات کارە تاقەت پڕوکێنەی رۆژانەی سەر هێڵەکانی کۆکردنەوە و لە پاکەت نان لە شیعردا. ئێمە دەبینین شاعیری هەست ناسک ( وو نیاونیاو) کە بەمانای ( چۆلەکەی ڕەش دێت) چۆن لە مەیدانێکی کارەوە بۆ مەیدانێکی تری کار لە شاری گووانژۆ لەخواروی وڵاتی چین وێڵە بۆ بەدەست هێنانی کارێک لە بواری رۆژنامەوانی لە رۆژنامە نێوخۆییەکانی کارخانەکاندا. خۆ و بەخت خۆی دەکات بە کارخانەکاندا و شیعرێکی کرێکارییان بۆ دەخوێنێتەوەو بە پێکەنینێکی شەرمنانەوە چاوەڕێی وەڵام دەبێت.
کەسێک لە ناو نووسکەرانی کرێکاران بە شێوەیەکی گاڵتە ئامێزانەوە وتی: ” دەزانم لاوان بە دوای خەونەکانیان دەکەون، بەڵام….” کەسێکی تر قسەکەی پێ دەبڕی و لەسەر چاویلکەکەیەوە بە فیزێکەوە سەیرێکی دەکات و دەڵێ: ” بەڵام چیدەکەی؟ ئەگەر بروانامەیەکی باشی خوێندنت هەبێت دەتوانی موچەیەکی باشت هەبێت، بە بێ بوونی بڕوانامە ناتوانی کارێکت چنگ کەوێ. یەکێکی تر لە ئەندامانی نووسینگەکە زۆر بە سادەییەوە وتی ئەگەر “وو” دەیەوێت شتێک بنووسێت ئەوا باشترە تۆزێک گەشبین تربێت.
مەینەتی کرێکارانی کۆچکردووی لادێ بۆ شار دیاردەیەکی نوێ نییە لە وڵاتی چین. بزووتنەوەی ڕۆشنگەری لە ١٩١٠ کان و بیستەکاندا بەهۆی نیگەرانیان لە پرۆسەی بە مۆدێرنەتەکردنی چین، تیشکیان خستە سەرپەراوێز خراوەکانی سیستمی دەرەبەگایەتی کۆن و هەروەها ئەو جووتیارانەی لە گوندەکانەوە کۆچیان دەکرد بۆ شار. ئەم دۆخە لەسەر دەستی یەکێک لە گەورە نووسەرانی سەدەی بیستی وڵاتی چین ” لۆ شۆن” کە لە ڕێی زمانی خەڵکی ڕەش و ڕووتەوە چیرۆکی ڕاستەقینەی ژیانی جووتیارانی لادێی لە شاردا خستە ڕوو. ئەم کارە لە دەیەی سییەکان و چلەکاندا درێژەی کێشا لەسەر دەستی کۆمەڵێک لە نووسەر و هونەرمەند لەوانە: لۆ شی بە ڕۆمانی ” کوڕە عەرەبانچییەکە- Rickshaw Boy ” و ژانگ لپینگ بە درێژترین کاری کارتۆنی بە ناوی “سان ماو”.
لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکوو ئێستا چیرۆکی کرێکارانی پەنابەر پشت گوێ خراوە، ئەگەر چی لەو چەند دەیەیەی کە ماوییزم دەسەڵاتدارە و کرێکاران و جووتیاران و سەربازان گوایە ناوەندی دەسەڵات پێک دێنن، کەچی ئەو ئەدەبەی پێشتر بە شێوەیەکی زۆر کەم کاریگەری هەبووە، لە ئێستادا لەلایەن دەسەڵانی ناوەندەوە بێ بایەخ کراوەو کاریگەرییەکی کەمی لەسەر ئەزموونی ڕاستەقینەی ئەو کەسانە هەبووە کە بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنیان دەکرد.
پاش ئەو ریفۆرم و کرانەوانەی وڵاتی چین لە ساڵانی هەشتاکاندا لە بوارەکانی کشتوکاڵ و بەتایبەت کردنی کەرتی پیشە سازی و هەنگاونان بەرەوە بازاڕی سۆشیالیستی وەکوو ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن، مەزەندە دەکرێت ٢٧٤ ملیۆن کرێکاری پەنابەری چینی لە لادێکانەوە روویان کردبێتە شارەکان بۆ کارکردن لە کانەکان و کارگە زەبەلاحەکان. بە ناوی شۆرشی کۆمۆنیستییەوە کرێکاران داماڵران لە هەموو پێداویستییەکانیان. ئەم بارو دۆخە لە هۆنراوەیەکی زۆر جواندا دەخرێتە ڕوو لە لایەن کرێکارێکی بیناسازییەوە بە ناوی ” شی شیانگنان”ەوە. ئەم گەنجە لە ڕێی بەراوردکردنی ئەو وێنە شکۆدارەی لینین لەسەر سەکۆی قوتابخانەکەی بەو کرێکارە پەنابەرانەی وێستگەی شەمەندەفەرەکان کە ماڵەکانیان لە کیسەیەکی پلاستیکدایە بەسەر شانیانەوە وەکوو ” کۆڵێکی پڕ لە تەقینەوە” بەراورددەکرد.

لەسەرەتاکانی پۆست سۆشیالیزمدا هێشتا نائومێدی باڵی نە کێشابوو بەسەر بارودۆخەکەدا شیعرییەتی کرێکارانی پەنابەر ( ناکرێت تێکەڵاوی بکەین لەگەڵ پروپاگەندەکانی ” شیعری کرێکاری” بە هەنگاوی گەورە بۆ پێشەوە) کە ئەمە یەکێک بوو لەو ژانرە ئەدەبییانەی بە دووای مەرگی ” ماوتیسۆنگ”دا لە ١٩٧٦ دا وەکوو کلتوورێک چرۆی کرد.
ئەم ڕێچکەیە لە ئەدەب بە پێچەوانەی ” ئڵیتی چەواشەکار”ەوە ناسراو نییە. ئەم ژانرە بە چەند ناوێک دەناسرێتەوە لەوانە: ” ئەدەبی برین یان شیعری تەمتومان”، ئەم ئەدەبە تا ئەم کاتەی ئێستاش هەر بە پشت گوێ خراوی ماوەتەوە. لە ئێستادا ئەم شێوە ئەدەبە شكڵ و شێوەی بە خۆی داوە و ناکرێت لە بیربکرێت.
نووسینی ئەم شێوەیە لە شیعر لە خۆییدا پیشاندانی خودە، هاواری ئەوانەیە کە دەنگیان نییە لە بەرانبەر دابڕانیان لە یەکتر، لە کارەکەیان و ئەو بەرهەمەی بەرهەمی دێنن و گەڕانەوەی هەستی مرۆڤ بوونیانە.

چەند نمونەیەک لە شیعرە کرێکارێکان:
(١)
گوێگرتن لە گۆرانیی سەر شەمەندەفەرە بێ کۆتاییەکان
داسەکەت دانێ
خاکەنازەکەت دانێ
کوڕەکەت جێبهێڵە
هەروەها دایکت جێبهێڵە
بەرازو مەڕەکەت بفرۆشە
دەستهەڵگرە لە زەوییەکەت
لە ژنەکەت جیابەرەوە
ئێمە دەچیین بۆ شار

ئێمە دەچیین بۆ شار
دەمانەوێت بچیین بۆ شار
چی دەکەین لە شار
کە گەشتیینە ئەوێ دەبینیین.

(٢)
کرێکارەکان ناتوانن جیاوازی نێوان شەو ڕۆژ بکەن

لەبەر دەکەین
جلە ئیلکترۆستاتیکەکان
کڵاوە ئیلکترۆستاتیکەکان
پیڵاوە کارەباییەکان
دەستکێشە کارەباییەکان
ملوانکەی کارەبایی
هەموو شتێک ئامادە
بێدەنگ چاوڕێی فەرمان دەبین
ئەو دەمەی زەنگەکە لێدەدات
دەمان گەرێننەوە بۆ دوواوە بۆ سەردەمی چن*.

*چن – زنجیرە فەرمان ڕەواکانی چین لە ٢٠٦ پ ز دیواری چینیان درووستکرد.

(٣)
لەگەڵ ئامێرەکان سەما دەکەین
بەلێدانێکی نەگۆڕ،
لێدە و لێدە…
ڕۆژان دەڕواو ئێمە سەما دەکەین
لەگەڵ ئەو ئاوازەدا، پێیەکانمان ناوەستێ
هێزم دەپروکێ، ئەم یاسا پۆڵاینە ناگۆڕێ
هەمیشە قەرەباڵغییەکی زۆر، هێشتا هەستکردن بە تەنیایی
لە پڕێکدا ئامێرێک ئاوازەکەی دەگۆڕێ
لە چاو تروکانێکدا دەستی کەسێک دەپەڕێ
هاوارت لە ناو دەنگی ئامێرەکاندا دەخنکێ
خوێنی گەرمی تۆ ناتوانێت ئاگر لەو ئامێرانە بەردا
ئەوەتانێ ئەوانی تر خوێن ساردانە جێیان هێشتی
هەروەک ئامێرێکی شکاو
کێ بوو خوێنی تازە ڕژاوی تۆی، وەک ئەوانی تر سڕییەوە
ئاوا بێ ئەسەر؟

———————

تێبینی : ئەم بابەتە لەم سەرچاوەیەی خوارە ئامادەکراوە.
Iron Moon: An anthology of Chinese Worker poetry
Translated by: Eleanor Goodman

—————————

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٣ی (بانێژەی ئەدەب و کەلتوور) بڵاوبۆتەوە..




پڕم له‌ موسافیر و تۆم فڕێدا.. ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی

(1)
له‌چكه‌كانم حه‌وسه‌ڵه‌یان چوو
كچبوونم له‌ كراسێكدا ،
به‌ قاچی‌ شه‌قامێكه‌وه‌ درێژ ده‌ڕوا..
(بایه‌ك ) پێم فێربووه‌ ،
كراسم ده‌نوقێنێ
كچبوونم چاوشاركێ!
(2)
چه‌ند دێڕكم مابوو بگه‌مه‌ تۆ،
چه‌ند وشه‌یه‌ك فوو له‌ باڵیان كرا
چه‌ند په‌نجه‌ره‌یه‌ك له‌مندا نووسین
كۆتا جار عیشق له‌،
پێخه‌فی‌ زمانا پووچگه‌را !
(3)
ڕۆشتن له‌ پرچه‌كاندا جاده‌،
پێڵاوه‌كان له‌ هه‌نسكی‌ پێیه‌كاندا برین،
ئه‌م دڵته‌نگییه‌ ده‌ڕواته‌ كوێ؟
له‌سه‌فه‌ری‌ چوارشه‌مه‌یه‌كدا ،
ژنبوونم پڕ له‌ موسافیر و
تۆم فڕێدا..
(4)
تا چاوه‌ڕوانی‌ خه‌یاڵدان نه‌خۆش..
چوومه‌ته‌ ئاوێنه‌یه‌كه‌وه‌ سارد،
تۆ زستانترین فه‌رهه‌نگ،
كه‌ گه‌رما گه‌شته‌ فه‌نا،
تۆ بوون له‌مندا ون !
(5)
ڕژاوه‌ته‌ من حه‌وشه‌ی‌ ،
ته‌قه‌ته‌قی‌ كه‌وشه‌كانت ،
گسكێك بانگم ده‌كا ،
گه‌ڵا تا پاییز
دووری‌ تا كه‌وشه‌كانت،
گسكێك له‌ تۆدا مردن !
(6)
دڵه‌ڕاوكێكان چوونه‌ته‌ په‌نجه‌ی‌ نه‌زۆك،
یه‌قین چه‌قیوته‌ لێژیی‌
تا ڕكاتی‌ گریان ،
قفڵێك له‌نوێژدا واژۆی‌ ده‌رگا ،
تۆ هێشتا موسافیری‌ له‌ جانتا !
(7)
له‌گه‌ڵ ئه‌زمونێكدا ڕۆشتم..
دیوار تاهێزی‌ تیابوو ،
چووه‌ لوتكه‌ی‌ هه‌ڵچنین..
تا سواڵی‌ ئومێد ،
گیرفانه‌كانم گرینۆك،
دابه‌زین له‌ژیاندا تا كۆتایی‌ تۆ،
وێستگه‌ی‌ قه‌فه‌سێكه‌ جریوه‌ترین..
فڕێدانی‌ تۆ ئه‌زمونێكه‌ له‌ منا !

ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی




ئێوارانە ٣١.. سەردار جاف

ئێوارەيە و
شۆڕەبييەکی شۆخ و شەنگ لە گۆشت
بە ئاودامانی خوێنەوە
بە سەر مەملەکەتی قژە سوورە ئاڵۆسکاوەکەدا غلۆر بۆتەوە
گەڵاکان سپی سپی
مينا کڕێوەی بەفر
درەختەکان رووت رووت
کەزێی لوولی بەرداوەتەوە
سەما وەک خۆی
بە گەڵا زەردەکانەوە لکاوە
بەرگەی سەرما ناگرێ
سەرە رێی مەرگی تەنيوە و مەستبوونی بيرچۆتەوە
خەرندە خەراباتێکە
وڕ و گێژ و کاسی مەيخانەيەکی تووڕەيە
بە دەم کاوێژی رێوە
گەڵا وەريوەکانی دۆراندۆری دەژمێرێ
خووی بە لەنجەی سەما و شەختەوە گرتووە
سپێدانی لێ تاريوە و
فەنابوون هێدی هێدی قۆزاخەی دەرگاکەی لێگرتووە
ئيتر ئاوازە وڕێنەکانی بۆ رۆژانی جوانيمان نانێرێ
بە پێخواسی وێڵێکم لە سۆراغا نوقمم
بە سوتاوی لە تەنهایی دەبينرێمەوە
يۆتوپيايەک لە گەردانەی حەرفەکانی ئەوينما گيربووەو
نە بۆم قووت دەدرێ ،
نە دەکرێ بە مەفتەنی خۆی بسپێرمەوە
بە تەنها خۆم گۆڕێکی بە کۆمەڵم
ونبووم وەرن بمدۆزنەوە
وام لە ناو جانتای دۆلارەکانتان
لە تەنيشت سۆزانييەکانتان
بۆنی وڕ ومەستیتان بە سەرما دێ
نە نوگرە سەلمانم نە عەرعەر
نە تۆبزاوە نە لێواری مەرگ
ئێوە ئيتر ناتوانن بمدزنەوە
مناڵيم سپاردە برسێتی ئەمڕۆم
شەرم پڕ بوو لە چوکلێت
شەوم تەنهایی و ونبوو
گەمەکانم نوقمی چاوشارکێ
لە تەک گريانەکانم رادەبورن و خۆ گێل دەکەن
دەچمە سەفەری ئوس و ديداری شەهلا
سۆمای چاوم پڕ دەبن لە هەڵپەڕکێ
ئيتر بۆ دەڵێی دەترسم و بێکەسم
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

٢٦ / ٤ / ٢٠٢٣




کودەتای سەربازی ساڵی ۱۹۸٠ لەتورکیا.. گیابەند سڵاحەدین حەمەد

لەسەعات٤،۱۵ سەر لەبەیانی رۆژی هەینی رێکەوتنی ۱۲ ی ئەیلولی ۱۹۸٠ کودەتای سەربازی بەسەرۆکایەتی کەنغان ئەفریقی سەرۆکی ئەرکانی گشتی روویدا.

کودەتاکە حوکومەتەکەی سلیمانی  روخاندهەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی هەڵوەشاندەوە، هەروەها کارکردنی بەدەستوور راگرت و پارەتەکانیش هەڵوەشاندەوە، هاوکات سەرجەم رێکخراوە پیشەسازیەکانی بیجگە لەیەکێتی کرێکارانی تورکیا لەسالی ۱۹۵۲ دەمەزراند، سەرکردایەتی پێنج قۆڵیش پێک هاتبوو لە جەنەراڵ ئەفرین و چوار سەرکردەی سوپا کە ئەمانە بووون جەنەراڵ نورەدین ئەرسین فەرماندەی هێزەکانی وشکایی و جەنەرال تەحسین شاهین کایا فەرماندەی هێزی ئاسمانی و جەنەراڵ نەجات فەرماندەی هێزی دەریایی و جەنەراڵ ساوات سیلاسۆن، فەرماندەی پۆڵش  هەروەکو لە بەیانامەی سەربازی ژمارە ۱ کە سعات٦ی سەر لە بەیانی کاتی ئەو وڵاتە بڵاوبۆوە،هۆیەکانی دەستێوەردانی سەربازی بە کورتی لەوەدابوو کە دەوڵەت و دەزگا سەرەکیەکانی توانای کارکردنیان نەماوە، هەروەها هەیکەلی دەستوری پریەتی لە ناکۆکی و  نەگونجان پارتە سیاسیەکانیش لە هەڵوێستی خۆیاندا توندرۆن دەستەجەمعی پئویستیان نیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی وەڵات.

لە ئەنجامی ئەم هۆکارانەدا هێزەکانی جوداخواز چالاکییەکانیان زیاد کرد و هاوڵاتیان سەروماڵیان پاریزراو نەبوو، پرانسیپەکانی ئەتاتورکیش کەوتە مەترسیەوە بیروباوەرو داب و نەریتی لار پەرەی سەند هێرشەکانیش بۆ سەر گشت کایەکانی کۆمەڵگە بوون، وەکو قوتابخانە و زانکۆکان دەوڵەتیش  هیچ تواناو دەسەڵاتێکی نەنابوو.

لەتشرینی یەکەمی ۱۹۸٠ حوکومەتێکی تازا بەسەرۆکایەتی ئەدمیراڵی خانەنیش بولاند ئۆلسۆ پیک هات کە هەندێ ئەندامی هەردوو حوکومەتە کودەتاچیە سەربازیەکانی ساڵانی ۱۹٦٠و ۱۹۷۱ بەشدارییان کرد.

پۆستی بەرگری و ناوخۆ پەروەردە درا بە سەربازییە خانەنیشیەکان، مامۆستایانی زانکۆش هەندی  وەزارەتیان وەگرت تورکۆت ئۆزالیش کەبە بلیمەتی ئابوری مایەی رێزگرتنی نێودەوڵەتی وەسفکرا بووەجێگری سەرۆک وەزیران و بەرپرسی کاروباری ئابوری، ئوزال ئەوکاتە بە دووەمین کەسایەتی لە حوکومەت دوای سەرۆک  وەزیران دادەنرا.

لە تشرینی دووەمی کانونی یەکەمی ۱۹۸٠ چەندین کێشە دژ بە رێخستنەکانی چەپرەو ورژێنران بەتایبەتی ئەوپەری چەپ و یەکێتی پێشکەتخوازی کرێکاران و لقەکانی پارتی رزگاری نیشتمانی پارتی و بزوتنەوەی نەتەوەی بزوتنەوەی کورد.

 زانکۆ و قوتابخانە باڵاکانیش بوونە گۆرەپانی سەرەکیی کاری رێکخراو راسترەوە توندرەوەکان کە دواتر شەری چەکداریان لەگەڵ  چەندین گروپی چەپرەوەی توندرۆ هەڵگیرساند، لەدوای کودەتاکە دیاربوو پێش کودەتاکە۱۷٠٠ رێخراوی توندرەو هەبوون  کە ۲٠٠ هەزار ئەندامیان هەبوو وێرای ملیۆن کەسی هاوسۆز دیمەنی سیاسی پارتە تورکەکان بەر لە کودەتاکە لەرووی فەرمیەوە ئەوەی دووپات کردەوە کە بێ دەسەڵاتن لە ئاست دۆزینەوەی ریگەچارەی دروست بۆ گرفتەکانی سیاسی و ئابوری،  بەردەوامی تورکیا سەرباری ئەو ئیتفاقە سیاسیانەی هاتنە سەر حوکم.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لیژنەیەکی راوێژکاری بەسەرۆکایەتی سەعدی ئیرمالن لە ۲۳ تشرینی یەکەمی ۱۹۸۱ دامەزراند بەمەبەستی گەراندنەوەی دیموکراسیەت بۆ وڵات و بەشدارکردن لە دارشتنی دەستووری تازە کە شوێنی دەستووری ۱۹٦۱ بگرێتەوە کە کودەتاچیەکان  بۆ سەرچاوەی گرفتە تازەکانی سیاسیان لە قەڵەم دا کە تورکیا پێوەی دەناڵاند.




سەردەمی کۆمار و دامەزراندنی حیزبی گەل لەتورکیا.. دڵخواز حسێن حمدفقێ

مستەفا کەمال هەستی بە ڕێک خستنی سیاسیکرد دووای سەرکەوتنی تەواو بەسەر بیانیانی داگیر کاردا لەسەر هەردوو ئاستی سەربازی و دیبلۆمانسیدا٫ مستەفا کەمال حزبێکی تازەی بەناوی (خلق فرقەسی ) واتا حزبی گەل دامەزراند لە ۲۰ تەموزی ۱۹۲۳ دا. واتا پێش ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا لەسەرو بەندی وتو وێژەکانی لۆزاندا پڕۆگرامێکی کورتی بۆ داڕشت وەک پوختەیەک بۆ بناغەی پڕۆگرامی حزب،
لەساڵی ۱۹۲۳ بەپێی ئەو پەیڕەو پڕۆگرامە هەڵبژاردن کرا٫ ئەم پڕۆگرامەش دوو بابەتی تێدابوو..
۱ـ حزب پتەو کردن حوکمی گەل و پەیڕەو کردنی حوکمەکە لەلاین خۆیەوە لە ئەستۆ دەگرێ هەروەها کاردەکات بۆ ئەوەی تورکیا بگەینێتە ئاست دەوڵەتێکی هاوچەرخ و یاساش تاکە فەرمان ڕەوا بێت،
۲ـ مافی گەل لەدیدی حزبەوە٫ بەشێوەیەک هەموو تاکێکی ئەم نەتەوەیە یەکسانی تەواو ڕەهایان بە ئازادییەکی ڕەها هەیە حزبیش هەموو جیاوازیەکی چینایەتی یان تایف گەری و ڕەگەز پەرستی و یان ئابووری نێوان تاکەکان کە یەکسانی گشتی وماف و ئازادییەکانیان دەشێوێنێت ٫ ڕەت دەکاتەوە.
لە ۱۵ی تشرینی یەکەمی ۱۹۲۷دا٫ حیزبەکە یەکەم کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاریشدرا کە هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرەکە ببەسترێت،
لەیەکەم کۆنگرەدا بڕیار لەسەر پەیڕەو پڕۆگرامی حزب و سیستەمی ناوەخۆی و دروشمەکەی درا کە لەچوار تیر پێکهاتبوو هەرچواریان لەسەر چووار بناغە چەسپێندرابوون کە گوزارشتیان لە ڕژێمی تازەی تورکیا دەکرد ئەوانیش:(کۆماری و میلەتخوازی و گەل پەرستی و عەلمانیەت)
لەمیانەی کۆنگرەی دووەمدا لەساڵی ۱۹۳۱ بەسترا دووبناغەی دیکەی بۆ زیادکرا ئەوانیش ( دەوڵە گەر و کودەتا گەر )بوون ئەم بناغانە لەناو خودی دەستوری ساڵی ۱۹۲۷دا بوون دواتر بوونە بنچێینەی سیستەمی دەوڵە بەوەی کە تورکیا کۆمارێکی میلەتخوازوگەل پەرست و دەوڵەت گەرو عەلمانی وکودەتا گەرە،
لەپڕۆگرامی فەرمیدا ئەم بناغە بەفەرمی لێکدانەوەیان بۆکراوە (محمد عزةدروز‌ة ) لتەکتێبی ( ترکیاالحدیثة) ئەم لێکدانەوەیەی بۆ دەخاتە ڕو بەم شێوەیە:
لە راڤەکردنی کۆماری دا هاتووە:-
حزب لەو باوەرەدایە کە چاکترین شێوە بۆ دەستەبەرکردنی بنەمای قایمی حوکمی نەتەوە و دەسەڵاتەکەی کۆماری یە بۆیە بە هەموو تواناوە بەم بناغەوە پابەند و ئامادەیە داکۆکی لە سیستەمی کۆماری بکات.
لە راڤەکردنی عەلمانیەت دا هاتووە:
حیزب وەک و پرانسیپێکی بنچینە ئەوەی پێ قبووڵە کە یاسا و رێساکانی دەوڵەت لەسەر بناغەی زانست و هونەر دابنرێ هاوکات لەگەڵ شێوازەکانی شارستانیەتی تازە پێداویستەکانیان بگونجینن ئەو حیزبە دینی پێ کاریکی ویژدانیە مافی پاریزگاریکردنی پیداوە لە بەرامبەر هەر دەست تێوەردانیک هەروەها پیی باشە ئایین لە کاروباری سیاسی جیابکاتەوە ،پاراستنی زمانی نەتەوەی رۆشنبیری لە کاریگەری زمانی رۆشنبیری بیانی کاریکئ پێویستە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی تورک لە ئستاو ئاییندەدا
لە راڤەکردنی گەلپەرستدا هاتووە:-
سەرچاوەی ویست و سیاسەت و نەتەوەیە ریخستن و بەکارهێنانی ئەم دەسەڵاتەش لەلایەن دەوڵەتەوە وەیە ئەمەیە بناغەی ناوەرۆکی حیزب ،حیزبیش مافی هەموو تاکێکی لە چەمکی گەلپەرست دەردەکەوی هەموو تاکەکان لەبەردەم یاسادا یەکسانن هیچ جیاوازیەکی چینایەتی قبوڵ ناکەن
لە پرانسیبە بنچینەیەکانی حیزبیش ئەوەیە کە چینی هەرەوەزو جیاواز پیک نایەت بەڵکو لە چەند گروپێکئ دابەشکراوی هەمەجۆر پێک هاتووە کە جیاوازیان هەیە لەروی رەوشی ژیان و کارکردن و پیشەکان وەک جوتیارو پیشەگەریو بازرگانی دابەش بوونی ئەوانەش بەپێی جۆرەکانی کارکردن بۆ ژیان پێویستە هەموو لایەکیش لێی بەختەوەر دەبن.
لە راڤەکردنی دەوڵەتگەریدا هاتووە:-
بنەماو ئامانجەکانی حزب ئەوەیە کە نەتەوەی تورک لەماوەیەکی کەمدا بگاتە ئاستێکئ بەرزی شارستانیەتی خۆشگوزەرانی هەروەها نیشتمانی تورکیا بگاتە هەمان ئاست و سود لە هەوڵ و تەقەڵایەکانی تاکەکان ببینی،حیزب کار دەکات لە پێناوی ئەوەی کە حکومەت بە شێوازو سامانی خۆی کاری ئابوری پیشەسازی ئەنجام بدات کە تاکەکانی میللەت ناتوانن ئەم کارانە بەتەواوی بکەن.
لە راڤە کردنی کودەتایی هاتووە
حیزب بە پێویستی نەزانی دەست لە کاروباری دەوڵەت وەربدری، چونکە بەوە ناسراوە کە دڵسۆزە بۆ بیرۆکەی کودەتا کە بە هەوڵ و کۆشش بەدەستی هێناوە پێویستیشە بەرگری لی بکات،ئیمە قەرزارین بەوەی کە بۆ نیشتیمان هاتە ئاراوە لە دڵسۆزی ئەو پلەو پایە بەرزە کۆمەڵایەتیە کە نەتەوە بەدەستی هێناوە،بۆیە کودەتاگەری دروشمی بەرزی نەتەوەیە.




پەیمانی لۆزان.. دیمەن عمر حسن

لە ڕۆژی 25ی تشرینی دووەمی سالی (1923)لە شاری ( لۆزان)لە سویسرا ولاتانی هاوپەیمانی جەنگی جیهانی یەکەم کونگره یەکیان بەست بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمریکا و ڕوسیا وبەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتالیا و تورکیا مستەفا کەمال ئەتاتورک خۆی ئامادە بوولە کۆنگرەکه دا بۆ ئیمزاکردنی بڕیارەکانی لەو کۆنگرەیەدا تورکیا دەستی هەلگرت لە وڵاتانی موسل و ئەو گرێبەستانەی که دەولەتی عوسمانی بە ستبووی لەگەل ئەلمانیا و بەریتانیا لە پێش جەنگی جیهانی یەکەم بۆ دەرکردنی نەوت و ئاسن بەرامبەر بە دەست هەلگرتنی ولاتانی هاوپمان لە کۆنگرەکەدا ئەمریکا وڕوسیا پشتگیری تورکیا و مستەفا کەمالیان کرد میراتی نەوتیان دابەشکرد لە نێوان خۆیاندا ئەمریکا چواریەکی نەوتی ولاتی موسل کەرکوکی بەرکەوت وە بەریتانیا مافی دەست بەسەر گرتنی (ئنتداب)عێراقی پێدرا . کۆبونەوەکانی لۆزان وچۆنیەتی مۆرکردنی بە شێوەیەکی گشتی وتویانە ئەو دەولەتانەی لەکۆبونەوەیەدا بەشداربون لەبەریتانیا ،فەرەنسا ،ئیتالیا، ژاپۆن، یۆیان،ڕۆمانیا،یۆگلاقیا، لەکاتی کۆنگرەکەدا بەلام بەهیچ شێوەیەک خەلیفە بەشدار نەبووە لەگەرمەی کۆبونەوەکانی لۆزاندا لەسەرەتادا لەسەر ناوەڕۆکی ماده کان بەپێی ئەو ڕەشنوسەی بۆ کۆنگرەکە ئامادەکرا بوو هندێک ڕووداو و هەلویست هاتنە کایەوە کە هەمووشیان سودی تورکانی تێدابوو لە کۆبونەوەکانی لۆزان لە 20ی تشرینی دووەم سالی 1922دا کێشەیەک پەیا بوو لە نێوان فەرەنسا وئەلمانیا فەرەنسا بۆئەوەی خۆی توشی سەرئیشه یەکی تر نەکات لەگەل تورکەکاندا پەیمانی (فرەنکلین–بویون )لەنێوان فەرەنسا و تورکیا مۆرکرا. نوێنەری تورکیا ودەولەت هاوپەیمانەکان مەبەست ئەو دەولەتانەی لە شەڕی یەکەمدا دژی حکومەتی عوسمانی هاوکاری یەکتربوون لەم قۆناغەدا هەردوولایان لە پێشبڕێکێدا بوون وهیچ لایەکیان لەخواست ومەبەستەکانی لاکەی تر نەگەیشت و(لۆرد کرزن )وەرزیری دەوەره ی بەریتانیا لە گه رمەی چالاکیدا بوو بە تەمای ئەوە نەبوو دان بە سەربەخۆیی حکومەتی تورکیادا بنێت بەسەرکردایه تی کەمالیەکان چۆنیەتی هەلبژاردنی نوێنەرانی تورک لەناو ئەندامانی ئەنجومەنی بالای میللیدا بۆ ئەوەی ببن بە نوێنه ری حکومەت لە گفتوگۆکانی لۆزاندا . دەربارەی مادەکانی پەیمانی لۆزان و ناوڕۆکی مادەکانی باسێکی دوورودرێژ و گەلێک سەرچاوەلێی دواون بەلام ئەوەی ئێمە مەبەستمانە لێی بدوێین بریتی یە لەو مادانەی دەستنیشانی مافی هاولاتیانی تورکیای تیادا کراوە کە دەبوایه هاولاتیانی کوردیشی بگرتایەتەوە بۆ ماده (39٫38٫37)ی پەیمانەکە کردووە لە سالی 1927دا لەمۆسکۆ چاپکراوە لەوەدا وتراوە مادە /37ی بەلێن ئەدا هیچ بڕیارویاسایەک دەرنەکات پێچەوانەی ناوەڕۆکی مادەکانی ئەم پەیمانە بێت مادە/38حکومەتی تورکیا بەلێن ئەدات هەموو دانیشتوان سەربەستیەکی تەواویان دەبێت بێ جیاوازی لە ڕووی نەتەوایەتی و زمان و ڕەگەزو ئاینیانەوە. مادە/39هیچ جۆرە فشار وبەرهەلستیەک ناخرێتەبەر هیچ هاولاتیەکی تورکیا و ڕێگەی لێناگیرێن لەبەکارهێنانی هەر زمانێک ک بیەوێ بەکار یبێنیت لەکاروباری خۆیدا وەکو بازرگانی و ڕاگەیاندن و نوسین و بلاوکردنەوەی چاپەمەنی لە شوێنه گشتیەکاندا. پاشئەوەی کەمتەرخەمی کورد و ناڕێکی لەنێوانیاندا بوو بەهۆی ئەوەی پەیمانی سیڤەر پشتگوێخرا و ئەو قۆناغەی بۆ کورد دانرابوو لە ماوەیاندا سودلەو هەل ودەرفەتە وەربگرێ کەبۆی ڕەخسابوو هیچی نەهێنرایه دی وەکو لەباسی پەیمانی سیڤەردا به دوورودرێژی باسمانکردووە سالێک بڕیاردرا لە جیاتی سیڤەر پەیمانێکی تر ببەسترێت کە جێگەی ئەو بگرێتەوە تورکەکان هەرچی توانای خۆیان هەبوو هەموویان بۆئەوە تەرخانکرد پەیمانی تازەی وابێتە پێشەوە بەهیچ شێوەیەک بەمووش بەلای ناورۆکی مادەکانی سیڤەردا نەچێت بێگومان ئەوەی تورکی والێکردبەئاسانی بەو ئەنجامە بگات بریتی بوو لەوەی بارودۆخی دەولەتە هاوپەیمانەکان وهەلوێستیان بەرامبەر بە تورکەکان بەتەواوەتی گۆڕرابوو ئینگلیزی کۆبونەوەی لۆزان لە ژێرەوەهەموو شتێکی لەسەر حسابی کورد لەگەل کەمالیەکاندا بڕیبووەوە ومەبەستەکانی خۆی مسۆگەر کردبوو کە بریتی بون لە وازهێنانی تورک لە داواکردنەوەی ویلایەتی موسل و دەستکردنی کەمالیەکان بە پاشگەزبوونەوە لە و دۆستایەتیەی لەگەل سۆڤیەتەکاندا هەیانبوو. تورکیاش ئەوەی مسۆگەر کردبوو کە حکومەتی بەریتانیابەهیچ جۆرێک بایەخ نادات بەکورد وەکو ئەوەی لەسیڤەردا بایەخی پێدابوو وحکومەتی بەریتانیاش بەلێنی پێدابوو بەشێوەیەکی ڕەسمی دان بە حکومەتی تورکیادا ئەنێت و کوردیش لە کۆبونەوەکانی لۆزاندا بەهیچ شێوەیەک جولەیان لێ نه هات و ئەگەر لەسیڤەردا شەریف پاشای خەندان و بەدرخانیەکان و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانی کورد لە چالاکیدا بوون, لەمەی لۆزان ئەوەی لە کورده کانەوە ڕوویدا بریتی بوو لە هەلوێستی ئەو کوردانەی لە ئەنجومەنی تورکەکاندا بوون و هەرلە کۆنەوە لە کۆنگرەکانی ئەرزڕوم وسیڤەردا هاوکاریان بوون کە ئەو هەلوێستە بریتی بوو لە هەلوێستێکی چەرت وناڕێکی کوشندە کە کورد بەدەمی خۆی وازی لە مافی خۆی هێنا.




دۆخی کورد لەنێوان ساڵانی ١٩٧١_ ١٩٨٠ز لە تورکیا.. فەرهنگ خلیل قادر

لەدوای کودەتاکەی ١٩٧١ سەرکردایەتی سووپای تورکیا سیاسەتی بەرامبەر کورد دژایەتی و نکۆڵی کردن لەنەتەوەی گەلی کوردیان دەکرد هەمان ئەو هەنگاوانەی سەرکردەکانی سوپای کودەتای ١٩٦٠ پەیڕەویان دەکرد وە چەندین هەنگاوی نوێی تر بە توندترین شێوە گرتە بەر،

هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیا دژی کورد

١_ باری نائاسای لە دووانزە ویلایەتی کورد نیشین راگەیەنرا.
٢_ هەڵمەتێکی فراوانی سەرکوت کاری دژ بە هێزە کوردەکان پیادە کرا بە هەزاران کورد دەست گیرکرا بەشێکی زۆری کە ئەندامانی پارتە سیاسیەکانی کورد وەکوو(DDKO) و پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا بە تۆمەتی خیانەتی مەزن تەمەت بارکرا٫
٣قەدەغەکردنی زمان و دابونەریتی کورد. ٤بڕیاری قەدەغەکردنی چاپ و بڵاوکردنەوی گۆڤارە کوردیەکانی دەرکرد٫
٥_ ژمارەیەک لە نوێنەرانی ڕۆشنبیری کورد دادگای کرا بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی٫
پارت و ڕێخراوە سیاسیەکانی کورد:
دوای هێور بونەوەی دۆخەکە ڕێگا درا پارتە سیاسیەکان دابمەزرێن چەند پارتی کوردیش دەرکەوتن وەکوو”

١_پارتی کاریگەری کوردستان (کیپ ) :
ئەم پارتە لەلایەن دکتۆر شڤان دامەزرا پێشتر لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان لە تورکیا بوو ئەم پارتە خۆی بە مارکسی لینینی لە قەڵەم دادا سەرەتا لەژێر ناوی ( کۆمەڵەی کەلتوری دیموکراتی شۆڕش گێڕ ) خۆیان ڕێک خستەوە لە ساڵی ١٩٧٧ دا ناوی پارتەکەیان بۆ پارتی کاریگەری کوردستان ( کیپ) گۆڕا ئامانجی ئەم پارتە ئەوەبوو مافی کورد بە دەست بێنێت ئەم پارتە خاوەن چەند گۆڤاروو ڕۆژنەمە بوو گۆڤارێک دەرچوو بە ناوی ( لاوانی شۆڕش گێڕی دیموکرات ) هەروەها ڕۆژنامەیەکیش بەناوی ( ژیانی نوێ ) دەرچوو،

٢_ ڕێخراوی ڕزگاری کوردستان
ئەم ڕێخراوە لە چەند ئەندامێکی جیابوەوەی (DDKO) دامەزرا. ڕۆژنامەیەکیش بەناوی ڕزگاری دەرچوو ئەم ڕێخراوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٧٧ پشتیوانیان لە ئەجەوید و پارتەکەی نەکرد ئەمانە زیاتر باوڕیان بە سیۆسیالیزم هەبوو،

٣_ رێکخراوی ئاڵای رزگاری
ئەم رێکخراوە لە ساڵی ١٩٧٨ز لە رێکخراوەی رزگاری جیابووەوە ئەمانە داوایان دەکرد گۆرانکاری لە پرەنسیپە مارکسیەکاندا بکرێت و لەگەڵ دۆخی کوردا بگونجێندرێت٫

٤.ڕێخراوی کاوە
ئەم ڕێخراوە لە ساڵی ١٩٧٧ دامەزرا کە ئامانجیان پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی بوو ئەمانە زیاتر لەنێو لاوەکان و خوێندکاران بڵاو بوەوە
کۆمەڵەی تێکۆشین٫
ئەم کۆمەڵەییە لە ساڵی ١٩٧٨ز دامەزرا لە زیاتر باوەریان بە خەباتی چەکداری هەبوو هەبوو لە پێناوە سەربەخۆی کوردستاندا٫
بزووتنەوەی رزگاری خوازی نەتەوەیی کوردستان
ئەم رێکخراوە لە گەنجە چەپەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیایان دامەزراند کە باوەریان بە خەباتی چەکداری هەبوو و بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ و دیموکرات کاریان دەکرد ، بەرنامەشیان بەو شێوەیە بوو کە لەگەڵ هیچ داگیرکەرێکی کوردستاندا مامەڵە نەکەن٫

٥- پارتی کرێکارانی کوردستان ئەم پارتە وەک گروپێکی مارکس لینینی لە ناوەندەکانی خوێندی باڵا لە تورکیا دەرکەوت وە دواتر وردە وردە پەرەی سەند و لەساڵی ١٩٧٤ ز دا ئەم گروپە زیاتر گەیشتە ئەو باوەری لە رێگای بیربۆچوونە مارکسیەکانەوە دۆزی کورد چارسەربکرێت ، لە نێوان ساڵانی (١٩٧٣ ١٩٧٧ز)دا کە گرووپەکە بە ئاپۆچییەکان دەناسران هەتا دەهات زیاتر پێش دەکەوتن ، و لەکۆتایی ساڵی ١٩٧٧ز دا (عبدوڵڵا ئۆجەلان یەکەم رەشنووسی پرۆگرامی پارتی کرێکارانی کوردستان لە شاری (عینتاب ) و لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ ز دا ئەم گرووپە یەکەم کۆنگرەیان لە گوندی (فیس )ی سەر بە شاری ئامەد بەست ، کە چوار رۆژی خایاند و تیایدا بڕیاری دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان دراو لێرشەوە ئەم پارتە ووردە ووردە دەستیانکرد بە هێرشکردنە سەر ئاغا و موڵکدارە کوردەکان و لایەنگرانی حکومەتی دەستیان بە خەباتی سیاسی لە دژی دەوڵەتی تورکیا کرد.




پەیمانی لۆزان.. زوهاد اسحد عیسا

لە ٢٤ تەمموزی ١٩٢٣ دا ، لە شاری لۆزانی سویسرا واژۆکرا ، لۆزان بیرۆکەی ئەو دەوڵەتە کوردییەی لە ناو برد کە پەیمانی سیڤەر لە  ١٠ی ئابی ١٩٢٠ دا لە سەر رووبەری ٪٢٠ تێکرای خاکی کوردستانی گەورەی نەخشاندبوو ، پەیمانی لۆزان دوای لاوازبوونی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کۆماری تورکیای هێنایە پێش دەرگای دیبلۆماسی لەسەر حکومەتێک کردەوە کە (مستەفا کەمال ئەتاتورک) حکومداری بوو هاوکات بووە هۆکاری نکۆلی دامەزراندنی قەوارەیەکی سەربەخۆ بۆ کورد و ئەرمەن ، مستەفا کەمال ئەتاتورک هەولی دیبلۆماسی و پالپشتی یەکێتی سۆڤییەتی جاران توانی پەیمانی سیڤەر هەلوەشێنێتەوە ، پەیمانی لۆزان بکاتە جێگرەوەی بۆ هاوپەیمانانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم بە تایبەتی ( بەریتانیا و فەرەنسا ) گرنگ بوو تورکیا رۆلێکی چارەنوسسازی هەبێت لە یەکلایکردنەوەی کێشەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست ، مەرجی تورکیا ئەوەبوو پەیمانی (سیڤەر) جێبەجێ نەکرێت ، لۆزان خاکی کوردستانی دابەش کرد نەخشەیەکی تازەی بە بەرژەوەندی ولاتانی ناوچەکە بۆ رۆژهەلات و بۆ کوردستان دارشت ، رێککەوتنەکە لە نێوان (١٣) وڵاتی دەست رۆیشتوو دا واژۆکرا (تورکیا ، بەریتانیا ، فەرەنسا ، ئیتالیا ، یۆنان ، بەلجیکا و رۆمانیا هەروەها یەکێتی سۆڤییەتی گوسلاڤیا ، یابان ، بولگاریا و پورتوگال ) هەموو بە ماددەو برگەکانی لۆزان رازی بوون بریاریان لێدا ، دوای شەری (چالدێران)ی ١٥١٤ لە نێوان ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی دا بۆ جاری دووەم لۆزان کوردستانی گەورەی بەسەر هەر چوار ولاتی (تورکیا ، ئێران ، عێراق ، سوریا)دا دابەش کرد ، پارچەی پێنجەمی کە بە کوردستانی سوور ناسراوە کەوتە بن دەست یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو ، ئێستا لە بەشی ئەرمەنستان ئازربایجان و گورجستان و تورکمانستان بووە لۆزان زەبڕێکی کاریگەری لە دۆزی کورد گەیاند نەیهێشت داخوازییەکانی بە پێی ماددەی (٦٢،٦٤)ی پەیمانی سیڤەر بێنەدی هاوکات نەخشەیەکی تازەی بۆ دارشتنەوەی قەوارەی سیاسی و جوگرافی لە ناوچەکەدا کێشا ، گرفت و ناکۆکی قوولی لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا دروست کرد ، هەرچەندا هێشتا لە زۆر شوێن دەرهاوێشتەکانی لە شەرو نا ئارامی دا دیارن بەلام لە پارچەکانی کوردستان دا هەولی سرینەوەی ئاسەواری پەیمانی لۆزان بەشێکە لە خەباتی سیاسی و مەدەنی ، لە باشوری کوردستان بە کردەنی هێلکاری دابەشکردن سراوەتەوە لە ١٩٩١ەوە قەوارەیەکی سیاسی زامنکراوە بەرەوە گشتپرسی و سەربەخۆیی هەنگاوی مەزن هەلدەگرێت ، لە رۆژئاوای کوردستانیش هەول بەردەوامن بۆ قەوارەیەکی هاوشێوەی باشوری کوردستان .

زوهاد اسحد عیسا

بەشی زانستە کۆمەلایەتییەکان / زانکۆی سۆران




وەرنەوە بۆ هەموو شتێ!.. نەوزاد بەندی

لوتژەندنی دەسەڵات لە هەموو جۆرە بازرگانی و پیشەکانی ناوبازاڕ ، ئەوەندەی کارەساتە دوو ئەوەندە کۆمیدییە ..ئاخر چۆن ئەبێ تۆ سەرقاڵی سیاسەت و وڵات بەڕێوەبردن بیت ، کەچی سەرقاڵی تاوەر دروستکردن و نەخۆشخانەی ئەهلی و هاوردەکردنی جگەرە و دوگ و بەرز‌ و سەروپێیش بیت ؟ باسی مادەی 140 بکەیت و سەرقاڵی هاوردە کردنی ئوتومبیل و بەفرگرە و تیڤی و عەلەفی مریشک و مانگایش بیت ؟ مەعقولە حوکمەتێ لەگەڵ سەرۆکی ووڵاتاندا دانیشێ و هەمان ڕۆژیش خەریکی ترانزێتی ئامدیوکردنی وەجبەیەک باڵندە و قوماش و کۆمپیوتەر و چەقۆ بێ ؟ .. ئەم کاڵا و پیشە جیاوازانە بۆ گەورەترین کۆمپیوتەر داونلۆد بکەیت ، گەرم ئەبێ و سوور ئەبێتەوە و داوای ئەپدەیت ئەکا .. نەخۆشی فرە کاڵا وئیش و تایبەتمەندیی ، بۆ ناو خەڵکەکەیش درێژ بوونەوەی هەیە ، چونکە ئەمانە گەورەیش نەبن ، لە شوێنی گەورە دانیشتوون و.. بچووک پێ لەئاوە ڕژاوەکەیان ئەخشێنێ .. جۆرە فرۆشیارێ پەیدا بوون وەک دەسەڵات خەریکی بازرگانیکردنی تێکەڵ و پێکەڵن :
(وەرنەوە بۆ پەنیر .. ماست ..تایت .. سابونی زەنابیلیی .. قەیماغ .. جلی کوردی .. مریشکی سوور ..ماسی تازه ..تەختەی حەمام .. برمەی گەرم .. ماڵێ موبەڕیدەی سووتاوی بێ .. برنجی بێ ..ئاردی بێ .. غەسالە و سپلیتی سووتاوی بێ ..قەنەفەی بێ .. بیفرۆشێ..!! )

ــنەوزاد بەندی ـــ