جەنگی دژە شۆڕشی سوپا و میلیشیاکان لە سودان!.. نوری بەشیر

جەنگی نێوان سوپا و میلیشاکان پێی نایە چوارەمین هەفتەوە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاگاداری دا کە ئەم جەنگە زیاتر لە ٧٠٪ی نەخۆشخانەکانی لەکار خستووە. خەڵک لە برسێتی و نەبوونی پێداویستیە رۆژانەییەکانی خۆراک و نەبوونی ئاو و کارەبا بەسەر دەبەن. زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارەی وڵاتە دراوسێکانی وەک: چاد، میسر، سودانی باشور، ئەسیوبیا، ئەریتریا و لیبیا و ئەفریقای ناوەڕاست، بوون. زۆرێک لە وڵاتە گەورەکان بەپەلە هاوڵاتیانی خۆیان لە سودان کێشایەوە. نزیکەی زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە جێگاو ڕێگای خۆیان رایان کردوەو ئاوارەی ناوچەکانی تری سودان بوون. ژمارەی کوژراو خۆی دەدات لە هەزار کەس و بریندار چەند هەزاری تێپەڕاند کە لە نێویاندا منداڵانێکی زۆرن هەن. خەرتومی پایتەخت لەژێر رەحمەتی دەسەڵاتی سەرباز و هێرشی میلیشیاکاندایە بەردەوام. ناوچەی دارفور جەنگی خێڵەکی زۆر تێیدا توند بۆتەوە. زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری وڵاتانی تر کە لە سودان دەژیان ئاوارەی وڵاتانی ناوچەکە بوون، بە هەزاران تەن لە یارمەتی رێکخراوە خێرخوازیەکان بۆ خەڵکی سودان لەلایەن سوپا و هێزە ملیشیاکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، نەدراوە بە بەخەڵکی.
ئەم جەنگە کە لە ١٥ی ئەپریلی ئەمساڵدا لەنێوان هێزەکانی سوپا بە ڕابەرایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزە میلیشیاکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتی محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدێتی دەستپێکرد و پێش ئەم بەروارە هەردووکیان وەک یەک هێزی سوپای چەکدار لە بەرەیەکدا بوون لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیوی سودان و حزب و هێزە مەدەنیەکاندا کە بەرگرییان لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دەکرد، لە گفتوگۆدا بوون بۆ گوێزانەوەی دەسەڵات بۆ دەسەڵاتی مەدەنی.
ئەم جەنگە ترسناکەی ئێستا بەدژی خەڵکی سودان دەستی پێکردووە بۆ کۆتایهێنانە بەو خرۆشان و شۆڕشە جەماوەریەی کرێکاران و زەحمەتکێشان دژ بە نایەکسانی ئابوری و هەژاری و سەرکوتی سیاسی بەرپایان کردو لە ئەپریلی ٢٠١٩دا دەسەڵاتی چەندین دەیەی عومەر حەسەن بەشیریان لەدەسەڵات هێنایەخوارەوە. بەڵام بەکۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشیر کۆتایی بەدەسەڵاتی بۆرژوازی نەهات، بەوهۆیەوە کە شۆڕش ئەرکەکەی خۆی تەواونەکرد. بۆرژوازی ئامادەترو بەتەجروبەتربوو، سیناریۆی جۆراوجۆری بەکارهێنا. سەرەتا سوپا بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی لەژێر زەبری شەپۆلی شۆڕش و خرۆشانی جەماوەری رازیبوون بە قوربانیدان بە دەسەڵاتی عومەر حەسەن بەشیر و زیندانیکردنی و دواتر لیژنەی هاوبەشی سەربازی و مەدەنی پێکهێنا کە گوایە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دەسەڵات بگوێزرێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی.
لەم دەوریەدا وەک دەورەیەکی شۆڕشگێڕانە لەخوارەوەی کۆمەڵگادا رێکخراوبوون دەستیپێکرد لەکۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک و لەمەیداندابوونی هێزەکانی رێکخراوە مەدەنیەکانی وەک کۆمەڵەی پیشەگەرانی سودان و رێکخراوە کرێکاریەکان و هێزی ئازادی و گۆڕان، بەردەوام فشاری جەماوەر لەسەر هێزەکانی سەربازی زیادی دەکرد و ئەمەش ترسی خستبوە دڵی دەسەڵاتی سەربازی و میلیشیاییەکان. ترسیان لەم دەسەڵاتە دوولایەنە و ناڕەزایەتیەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا هەبوو کە دەست بەرن بۆ راماڵینیان، بۆیە لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ کۆدەتایەکی سەربازیان کردو کوشتارێکی زۆریان کردو دەسەڵاتی سەربازی خۆیان یەک دەستکردەوە. عەبدولفەتاح بورهان بووە سەرۆک و محەمەد حەمدان دەقلو بووە جێگری. بەڵام ئەمە نەیتوانی پاشەکشە بە هەلومەرجی ناڕەزایەتیەکان بهێنێت و بەدوای سێ رۆژ لە کۆدەتاکە لە ٣ی ئۆکتۆبەردا ناڕەزایەتی سەرتاسەری سودانی گرتەوەو زیاتر لە چوار ملیۆن خەڵک ڕژانە شەقامەکانی شارە گەورەکان و بەدروشمی “نا” بۆ دەسەڵاتی سەربازی و خوازیاری دەستبەجێ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دەستی حکومەتێکی مەدەنی بوون.
هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانە بەردەام بوو. لەسەر هەر بانگەوازێکی کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک لەگەڵ هەموو فشارێکی دەسەڵات و بڕینی هێڵەکانی ئەنتەرنێت و سەرکوتی خۆپیشاندانەکاندا، بەڵام ناڕەزایەتی ملیۆنی بەدژی دەسەڵاتی سەربازی ئەنجامدەدرا. بەوهۆیەوە هێزەکانی سوپا بەناچار کەوتنەوە سازش و چاوبەست و جارێکی تر بانگەوازی پێکەوەکارکردنی دەسەڵاتی دوولایەنەی سەربازی و مەدەنییان کرد. بەڵام دەسەڵاتدارانی سەربازی کە خۆیان دەستیان بەسەر بەشێکی بەرچاوی ئابوری سوداندا گرتوە، قبوڵکردنی ئەو دۆخە کارێكی پەسەندکراو نەبوو.
کەموکوڕی سەرەکی شۆڕش و جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی ڕاپەڕیو، کە لە نەبوونی ئاسۆی سیاسی سۆشیالیستی و رێکخراوی سیاسی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکاردا خۆی بەرجەستە دەکرد، کە ئەوەش وایکرد جەماوەر لەناو وەهمی حکومەتی مەدەنیدا گیربخۆن، نەك شۆڕشەکەیان تا ڕاماڵینی سەرجەم دەسەڵاتی بۆرژوازی بە سەربازی و مەدەنیەوە درێژە پێبدەن، وایکرد کە سەرەنجام فرسەت بداتە دەست بۆرژوازی کە لەڕێگای هێزەکانی سوپا و میلیشیاکانی سەر بە عەبدولفەتاح بورهان و محەمەد حەمدان دەقلو، شەڕێکی ناوخۆیی بەسەر خەڵکی سوداندا بسەپێنن کە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکەو هێزە ئیمپریالسیتیەکانەوە ئاگرەکەی خۆش دەکرێت. ئامانجی ئەم شەڕەش لەباربردنی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەو کۆتاییهێنان بە دەورو نەخشی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش لەمەیدانی سیاسیدا و بێ ئیرادەکردنیان. دوای ئەوەش هێزە شەڕکەرەکان خۆیان وەک ئەوەی ئێستا لە سعودیە لە دانیشتندان و بە پاڵپشتی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانی و ناوچەیی رێکبکەون و دەسەڵاتێکی سەربازی بەهێزی سەرکوتگەری بۆرژوازی جێگیربکەنەوە لەژێرناوی سودانی یەکدەست و یەکپارچەدا و جارێکی دیکە دەسەڵات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەنێوان خۆیاندا دابەشبکەنەوە.

سەرەتای ئایاری ٢٠٢٣




کوشتارێک کەخەرێکە لەبیربکرێ لەدەرسیم.. حەمەد مەناف

کۆمەلێک کوشتار روویانداوکەبێشکچی لەکتێبەکەی باسی دەکات‌ بەدەم دامرکاندەنەوەی ناوچەی ساڵ هەڵدراوی کوردی دێرسم کە ئێستا ناوندراوە (تونجەلی) کە لەساڵی ۱۹۳۷و ۱۹۳٨ دا قەومان ئەو ڕوداوانە بە ڕەشترین لاپەڕەکانی مێژوی تورکیای کۆمارین و بەخشکەی ویان بە ئانقەست لەلایەن زۆربەی مێژوو نوسانەوە چ لاوێنی بووبن یان تورک بێ دەنگیان لێ ڕاکراوە یان شێوێن دراوە هەر کە بەربەرێکانێ و سەرکوت کردنی دێرسم بەردەوام بوبێ کار بەدەستان کارێکی وایان دەکرد تا ئەو جێیەی دەکرێ زانیاریەکی کەم لەسەر ئەو ڕووداوانە بگاتە دونیای دەرەوە چاو دێرانی دیبلۆماتیك لە ئانکەرا وەیان دەزانی عەڵمانیەت زۆر گەورەیە و لیزامی دەکرێ بەڵام هیچ بۆیان نە دەچوە سەر یەك مەبەست لە عەڵمانیەتانە دەچن لەگەڵ ئەوەشدا دوای قەومانی ڕوداوەکانی کونسوڵی بەریتانیا لە تڕابزۆن، کە شوێنی دیبلۆمات کارێکی هەرە نزیکبوو لە دێرسم باسی زەبر و زەنگی دڕندانە بەبێ جیاوازی دەکرد وە بە ئاشکرا ئەو ڕوداوانەی لەگەڵ کوشتاری ئەرمەنیەکان لە ساڵی ۱۹۱٥ بەراورد کرد بە هەزاران کورد ژن و منداڵیش کوژران ئەوانەی زۆربەیان منداڵ بوون خرانە نێو چۆمی فوڕاتەوە بە هەزاران کەسی دیکە لە ناوچەی کەمتری دووژمن کەلە سەرەتادا ئەژەڵ و مەڕ و ماڵات و سامانی دیکەیان لێ ستەندنن دورخرانەوە بۆ وڵاتی ویلایەتەکان ئەنادۆڵی ناوەندی بەدوای ئەم سەرکوت کردنە دا ڕاگەیندرا ئیدی لە تورکیا مەسەلەیەک نیە بۆ مەسەلەی کورد.

دێرسم ناوچەیەکەی دەست پێ ڕانەگەشتوی بەرزە بە چیای سەر بەفر شێوەی باریک و دۆڵ و تەرەی قوڵ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی تورکیا ‌لەو ناوچەیەدا چەند عەشیرەتێکی بچوک دەژیان بەڕێگای بەخێو کردنی ئاژەڵ و باغەوانی بەرهەمی دارستان ژیانێکی مەمرە و مەژی پەراوێزیان هەبوو ژمارەی گشت دانیشتوانی ناوچەکە لەناوەڕاستی ساڵانی ( ۱۹۳۰ )دا بە ٦٥۰۰۰ تا ۷۰۰۰۰ دەخەمڵێندرا دێرسم لەڕووی کلتوریەوە ناوچەیەکی جیاواز و تایبەت بوو لەکوردستان بەشێکی لەبەر هۆکاری جوگرافیایی بەشەکەی تریشی لەبەر هۆکاری تێکەڵاوی لەتایبەت مەندیەکانی ز؟انی و دینی خۆی هێندێک لە عەشیرەتەکان بەکوردی کورمانجی بەلام زۆربەیان بە زمانێکی سەربەکوردی کەبەزازاکی بەنێوبانگ قسەیان دەکرد لەرووی دینەوە هەمویان سەربەفرقەی دینی عەلەوی بوون کەلەڕووی کۆمەلایەتی لەکوردە سونەکان جادەکرێتەوە.

بەربەرەکانی نیزامی وهێرش بۆدەرسیم لەوەلامی ڕووداوێکیقایمت بەڕێژە چکۆڵە دەستی پێکرد واوێدەچو سوپالەبیانو گەڕابێ وچاوەڕانی هۆیەکی ڕاستە وخۆ کرد بێ بۆسزادانی عەشیرەتەکان ڕۆژێک لەمارسی۱۹۳۷ پردێکی چرپی کەلە شوێنێکی ستراتیژ بوو سوتێندرا چەندین هێڵی تەلەفۆنی هەڵپەسێندرا بۆ ئەوەی ئەو کارەی سوپا گومانی لە سەید ڕەزا دەکرد ئەو عەشیرەتانەی سەر بە ئەو بوون ڕەنگە سووپا پێی وا بوبێ ئەوا سەرەتای ئەو سەرهەڵدانە چاوەروانکرایەوە کە ئەوە دەقەومێ سەرچاوەیەکی تورکی باسی ئەوە دەکات هەر هاکات لەگەڵ ئەو ڕووداوە لە شوێنێکی دیکەی کوردستانیش ڕوداوێکی بچوک قەوما دەڵێ ئەوە نیشانەی هاوسەنگیە لە نێوان ناشیۆلانیستە کوردەکاندا هەر چۆنێک بێت سوپا لەو سونگەیەوە دەست دەکات بە دەست تێوەر دان یەکەم دەستە لەو سەربازانەی کە ناردن بۆ گرتنی گومان لێ کراوان لەلایەن عەشیرەتی چەکداریەوە پێشیان پێ گیرا ئەو تێکەڵ چونانە زۆر گەورەتر بوونەوە لەو کاتە کە عەشیرەتەکان دەستیان لەوە گێڕاوە ڕابەرانی خۆیان ڕا دەست بکەن هێرشێکی گەورە دەستی پێکرد عەمەلیاتی نیزامی بۆ مهارە کردنی هەرێمەکە لە گشت هاوێنی ساڵی ۱۹۳۷دا بەردەوام بوو سەید ڕەزا هاوکارە هەرە نزیکەکانی خۆیان ڕا دەست کرد بەڵام لە بەهاری دوایدا عەمەلیاتەکە دەست پێ کرانەوە تەنانەت بە هێزی گەورەتر و کەبە شێوەیەکی بێ بەزەیانە بە زەبر و زەنگەوە دەستیان کرد بە سەرکوت کردنی عەشیرەتەکان عەشیرەتە سەر هەڵدراوەکان پیاوان دەستیان کردوە بەڵام ژن و منداڵ چوون خۆیان لە ئەشکەوتەکان دەشاردەوە.

لە کۆتایدا کاتێک کە زستان دا هات ئیدی سوپا نەیدەتوانی عەمەلیات بکا بۆیە ئاگر بەستی ڕاگەیاند پێشنیازی چارەسەرێکی ئاشتیانەی ڕاگەیاند بەڵێنی دا کاتێک خۆیان لە عەشیرەتەکانی دیکە نە گەیەنن ئەو خەسار و سەدمانەش گایەندویانە قەرەبوو بکاتەوە ئەو بەڵێنانە بوە هۆی فریودانی سەرۆکی سەرهەڵدراوان سەید ڕەزا بە فێڵ هێنایە نێو قایمقامەکەی ئەوی دەناسی باوەڕی پێ کرد سەید ڕەزا بە خۆی و پەنجا پیاوی کە لەگەڵی هاتونەتە نێو شار گیران خێرا دادگایی کران سەید ڕەزا و یازدە کەس کەلەگەڵی بوون دەست بەجێ لە سێدارەدران. ڕاپۆرتە ڕەسمیەکان بە شانازی و پیشەیەوە باسی ئەوە دەکەن کە چەندە جەردە و کەسوکاری قەڵاچۆکراون، چەند گوند و مەزرا ئاگریان تێبەر بوو ئەو دەستانەی کە لە ئەشکەوتەکان خۆیان حەشاردابوو هەموویان لەناوچوون ژمارەی کوژراوانیش باس دەکات کە ژمارەیان حەفتاوشەش کەس باس دەکرێت. لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا هاتوە دەستەو دامازرێنەرانی عەشیرەتی حەیدەران بەشێک لە عەشیرەتی دەمیان کوژران کەدەگاتە ژمارەی نێوان سێ تا حەوت هەزار کەس لە هەمان کاتدا باسی ویرانکردنی دەیان گوند دەکەن. لەساڵی ۱۹۳٨ تەنێ لە حەڤدە ڕۆژدا باسی کوژران یان بە زیندوویی گیرانی ۷۹٥٤ کەس تەنێ ئەوانەی کوژراون ۱۰٪ دانیشتوانی تونجەلی کوژراون بەڵام کوردەکان دەڵێن ژمارەی کوژراوان و خەسارەکان زۆر لەوە زیاتر بوون.




كورتیله‌چیرۆك: ئاری عوسمان خه‌یات

  • (مـن… لـه… ده‌به‌نه‌وه…)
    له‌ 47 ساڵیی, كچه‌كه‌م شوو به‌ كوڕه‌ كوردێكی سوێدنشین‌ ده‌كات، دوای دوو ساڵ ده‌چنه‌ كۆپنهاگن, ته‌نێ سه‌ری ساڵان به‌ SMSێك پیرۆزباییم لێ ده‌كه‌ن.
    له‌ 51 ساڵیی -به‌ ته‌كلیف- له‌ كابینه‌ی ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ی كه‌ خزمی خه‌زووری كۆنه‌براده‌رێكمه‌، ده‌بمه‌ وه‌زیر!
    له‌ 53 ساڵیی، سه‌روه‌ت و سامانێكی زۆر پێكه‌وه‌ ده‌نێم، خۆیشم نازانم چۆن!
    له‌ 55 ساڵیی، ده‌ستی چه‌پ و په‌راسووه‌كانی لای ڕاستم له‌ ڕووداوێكی ئۆتۆمۆبێلدا له ‌ڕێگه‌ی (سلێمانی- كه‌ركووك) ده‌شكێن!
    له 57 ساڵیی, دووجاران سه‌فه‌رم كردووه‌، جارێك بۆ دوورگه‌كانی (باهاماس) و ئه‌ویتریان بۆ (پۆرتدۆگڵاس)، ئه‌گه‌رچی له جه‌نگه‌ڵه ‌چڕه‌كانی ئه‌‌وێ, پڵنگێكى گه‌وره‌ په‌لامارم ده‌دات، به‌ڵام سه‌لامه‌ت ده‌بم. (سه‌فه‌ری یه‌كه‌میان به‌ پاره‌ی گه‌نده‌ڵیی و دووه‌میش…)‌
    له‌ 59 ساڵیی, چواره‌مین عه‌مه‌ليیاتی مه‌عيده‌م، له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ویلایه‌تی (ئاریزۆنا) بۆ ده‌كرێت.
    له‌ 61 ساڵیی، یه‌كه‌مین ڕۆمانی بێ ناونیشانی خۆم ده‌نووسم، به‌ڵام هه‌رگیز بڵاونابێته‌وه‌‌!
    له‌ 65 ساڵیی، ده‌ست ده‌كه‌م به‌ نووسینه‌وه‌ی یادگارییه‌كانم، به‌ڵام ته‌واوی ناكه‌م، ئه‌وكات تێ ده‌گه‌م هێشتا هیچ له‌ خۆم تێ نه‌گه‌یشتووم!
    له‌ 69 ساڵیی، له‌ناو پاركی گه‌وره‌ی‌ شار، به‌ده‌م پیاسه‌كردنه‌وه‌، ڕۆژنامه‌نووسێك لێم ده‌پرسێت: به‌لای تۆوه‌، ژیان چییه‌؟ نازانم چ وه‌ڵامێكی بده‌مه‌وه‌، ئه‌وكات تێ ده‌گه‌م، هێشتا هیچیش له‌ ژیان تێ نه‌گه‌یشتووم!
    له‌ 75 ساڵیی، له‌ ئێواره‌یه‌كی غه‌مگینی پایزدا: هه‌موو شتێك ته‌واو…
    ئیتر مرۆڤ ئاوایه‌، هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی خه‌سار ده‌كات، بۆئه‌وه‌ی وه‌ك پاڵه‌وانی ناو ڕۆمانێكی حیز بژی.
    من خه‌ڵكی كفریم، له‌ كه‌لار ده‌‌ژیم و گۆڕه‌كه‌م‌ ده‌به‌نه‌وه‌ خانه‌قین!

ئه‌يلوول- 2016




کێشەی ناوچە کێشە لەسەرەکان!.. عوسمانی حاجی مارف

هەرچەندە لەتەواوی ژیانی سیاسی دەسەڵاتداریەتی حکومەتی بەعسدا، بێزاری و ناڕەزایەتیەکی فراوان و سەراسەری بەتایبەت بەرامبەر بە دەورانی دەسەڵاتداری سەدام دەبیسرا و دەبینرا، بەڵام ئامادەیی بۆ کۆتاییهێنانی ئەو حکومەتە درندەیە، لە هاوسەنگی و توانای هەڵسورانی جەماوەری خەڵکی عێراقدا گەشەی نەکردبوو. دواتر پاش هەشت ساڵ لە جەنگی ئێران و عێراق و جەنگی کەنداوی ١٩٩١، تا ئاستێکی زۆر حکومەتی عێراقی لاوازو پەریشان کردبوو، هەڵبەتە لەبەرئەوەی لەبەرامبەریدا ڕیزی یەکگرتوی ئیرادەی جەماوەری ناڕازی و نیشاندانی ئەڵتەرنەتیفێکی سەربەخۆ بۆ هێنانە مەیدان و دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا گەڵاڵە نەکرابوو، سەدام بە هەر ئابلوقەیەکی ئابوری کە بەسەریدا سەپێنرابوو، دەیتوانی بەردەوامی بە دەسەڵاتە  سەرکوتگەریەکەی بدات، بەبێ ئەوەی سڵ لە هەر ناڕەزایەتی و بەرامبەرکێیەک بکات کە لە بەرامبەریدا دەوەستا.

ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٣دا تەواوی دامودەزگاکانی حکومەتی عێراقی لەیەک هەڵوەشاندو کۆتایی بە حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی سەدام هێنا، لەهەمانکاتدا شیرازەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراقی شێواندو لێکترازان و وێرانیکرد، ئاشکرایە رۆڵی هێرشی سەربازی و داگیرکاری دەوڵەتی ئەمریکاو پیادەکردنی نەخشەکانی ئەمریکا بوو لە ناوچەکەدا بەگشتی و لە عێراقدا بەتایبەتی.

عێراقی دوای ٢٠٠٣، دەورانێکی تەواو جیاوازترو جەنجاڵترە لە پرۆسەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، کە بە پڕ لە کارەسات و نەهامەتی و نائارامی پێناسە دەکرێت. ئەو هێزە ئیسلامیانەی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە کە لە تەواوی هەڵسورانی سیاسیاندا نەیانتوانی هەناسەبدەن لە بەردەم حکومەتەکەی سەدامدا، داوتر بە ناوی گروپی جیاو هێزی میلیشیاوە، سەرشۆرانە چارەنوسی خۆیان گرێدا بە چارەنوس و دەورو نەخشەکانی ئەمریکاوە. لەهەمانکاتدا پاشکۆبوونی خۆیان بۆ دەخالەتی ئێران لە مەیدانی سیاسی عێراقدا سەلماند. هەر لەم نێوەشدا حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بوونە “هاوخەبات” و هاوسەنگەر و هاوبەشی ئەو گروپ و هێزە ئیسلامیانە، کە پێکەوە حکومەتی تەوافقی و بەشبەشێنەیان پێکهێنا، بە ئامانجی تاڵانچێتی و جەردەیی و داگیرکردنی چاڵە نەوتیەکان و دابەشکردنی تاڵانکاریەکانیان. لەهەمانکاتدا تاقیکردنەوەی هێزەکانیان بۆ دەسەڵاتی سیاسی بە هێزی میلیشیاو لەهەمانکاتدا پارچە پارچەکردنی عێراقیان بە پێوانەی نفوز و پێگەی چەکداری و سیاسیان لە هەر پارچەیەکدا بەرێوەدەبرد.

ئەوەی بەدوای ٢٠٠٣وە گوزەرا، جێگای خۆیەتی ئاماژەی پێبدەین، بەرزی ئاستی هاوسەنگی حزبەکانی کوردایەتی بوو لەو سەرەتایەدا، واتە پارتی و یەکێتی، لەلایەک بۆ بەشدارییان لە حکومەتی عێراق و پیکهێنانی حکومەتدا رۆڵی تایبەتیان نمایش دەکرد. لە لایەکی ترەوە فراوانکردنی نفوزی سیاسیان و دامەزراندنی هێزەکانیان بوو لەو ناوچە کوردنشینانەی کە پێشتر لەژێر سایەی دەسەڵاتی حکومەتی بەعسدا بون.

هەرچەندە ئاستی پێگەی حزبەکانی کوردایەتی باڵاترو بەتواناتر بون لە تەواوی ئەو هیزە ئیسلامی و تائیفیانەی کە لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا ڕۆڵیان دەبینی، بەڵام پارتی و یەکێتی نەیاندەتوانی و نەیاندەویست جگە لە جەردەیی و تاڵانی لەسەر بنەمای نەخشەو سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا، سنوربەزێنی لەسەر ئەو ناوچانەدا بکەن کە حکومەتی عێراق خۆی بە خاوەنی دەزانی، یان نەیانتوانی و نەیانویست حکومەتی تایبەت بە خۆیان دامەزرێنن و ئەو ناوچانە لە عێراق جیابکەنەوە. هەربۆیە بەشێوەیەکی کاتی ڕێکەوتن لەسەر مادەی ١٤٠و هێشتنەوەی کێشەکان بۆ کاتێکی “گونجاوی” نادیار! ناچار ناویان لێنا، ناوچە کێشە لەسەرەکان، یان ناوچە جێناکۆکەکان.

بە دوای ٢٠٠٣وە ناوچە جێناکۆکەکان، بەتایبەتی شاری کەرکوک کە مەوقعیەتێکی تایبەتی هەبوو لە کێشەو پەیوەندی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمدا، بەڵام بەشێوەیەکی نافەرمی و بوونی هێزی میلیشیای حزبەکانی کوردایەتی، ئەو ناوچانە لەژێر سایەی دەسەڵاتی هێزەکانی یەکێتی و پارتیدا مایەوە، ئەم هێزانە لە دەورانی باڵادەستیان و شێوازێک لە حکومرانی، جگە لە وێرانکردنی شارەکەو بێزارکردنی دانیشتوانەکەی و خولقاندنی فەزایەکی نائارام، هەروەها بە خوڵقاندنی دۆخی کینەی نەتەوەیی دژ بە خەڵکی تورکمان و عەرەبزمان، هەرگیز کارێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەریان لێ چاوەڕوان نەکرا.

لە ٢٠٠٣وە تا ٢٠١٧ چەندین گفتوگۆو دانوسان و ڕێکەوتنی بێئاکام لەنێوان هەرێم و بەغداد بانگەشەی بۆ کرا، بەو مانایەی هەر هێزێك بەگوێرەی توانایی هاوسەنگی هێزەکەی و ئەو نەخشە سیاسیەی بە قازانجی خۆیەتی لەو گەمانەدا دەوریان دەبینی، تا زیاتر پێگەی خۆیان بەرنە پێشەوە و جێگایان بێتەوە، لەهەمانکاتدا هیچ جدیەتێک لە ئاراستەی هیچ لایەنێکیاندا نەبیستراو نەخرایەڕوو بۆ چارەسەری کێشەکانیان، لەونێوەدا تەنها بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان،  پێوانەی هێنان و بردنی دانوسان و کێشەکانی نێوان خۆیان و گەمە سیاسیەکانیان بوو، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی چاڵە نەوتەکان و نیشاندانی نفوزو باڵادەستی هێزەکانیان، نەک هەوڵدان بۆ جێگیری سیاسی و بیرکردنەوە لە ژیانی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی بۆ دانیشتوانەکەی. بۆیە ریکلامی ئەوەی کەرکوک دڵی کوردستانە، کەرکوک قودسی کوردستانە تەواو پروپوچ و بێماناو ڕیسوا دەرهات، تا ئەوکاتەی هاوسەنگی و توانای هێزەکانی حکومەتی عێراق لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا گەیشتە ئەو ئاستەی توانیان بە هێرشی سەربازی هێزەکانی پارتی و یەکێتیان لە کەرکوک بە ئاسانی و بەکەمترین خەرج دەرپەڕاند.

ڕوداوەکانی ٢٠١٧ دیفاکتۆی ئەو مێژووە نالەبارەبوو کە شکاندنی پۆزو شکۆی ئاستی هاوسەنگی بزوتنەوەی کوردایەتی نیشانداین، لەبری بانگەوازی کوردستانی سەربەخۆ و ئابوری سەربەخۆ، ناچارکران بە قەبوڵکردنی گەڕانەوەو ملکەچی بۆ بەغداد، هەر لەسەر درێژەدان بەم پرۆسەیە، ئیتر پەروەندەی کێشەیەک لە ئارادا نەما کە ناوی ناوچە کێشە لەسەرەکان و مادەی ١٤٠ بێت.

بەمانایەک بەجیا لەکۆتاییهێنان بە پەروەندەی ناوچە جێناکۆکەکان کە لەناو گەمەی سیاسی پارتی و یەکێتی و حکومەتی عێراقدا وەک کارتێکی قومار یاریان پێدەکردو دواتر پارتی و یەکێتی دۆراندیان، لەهەمانکاتدا مەسەلەی کوردو چارەنوس و ئایندەی خەڵکی کوردستانیش، بووە قوربانی پێداویستی و بەرژەوەندی سیاسەتی ڕۆژو گەمەی سیاسی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە لەناو گێژاوێکی سیاسی و ئاڵۆزتردا لەقاڵب دراو بە جێهێڵرا.

هەر بۆیە دەبینین هەمو ئەو سەوداو مامەڵانەی پارتی و یەکێتی کە هاوکاتی یەکلایی نەبونەوەی کێشەکانی نێوان خۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، درێژەی پێئەدەن و هەر لایەکیان لە پارتی و یەکێتی بە ئەجندای جیاوازەوە پێشوازی لە سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق دەکەن، جار لەگەڵ جار خەسڵەتی خۆڕادەستکردنی زیاتر و واقعیەتێکی نارۆشن لە ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان و چارەنوسی کوردستان دەخەنەڕوو.

لەگەڵ هەر پاشەکشەپێکردن و سنوردارکردنێکی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا،  لە دواشیکردنەوەدا بەمانای ئەوە نابێت کە کۆتایی دەسەڵاتیان دەبێت لە کوردستاندا.

هەڵبەتە هەلومەرجی سیاسی عێراق و کوردستان بەگشتی و پێگەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لە ئێستادا لەو ئاستەدا نیە کە کێشەکان بە ئاسانی و سادەیی بەیەکجاری یەکلایی ببنەوەو تەواو کۆتاییان بێت، بەجۆرێکی تر ئەوە بڵێم بە هەر فشارێک کە لەسەر بزوتنەوەی کوردایەتیە و دابەزینی زیاتری ئاستی هاوسەنگی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیە، بەڵام  لە کۆتایدا بەهەر ئاستێک لە هاوسەنگی، ئەو ئاڵوگۆرو پێشهاتانەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا پێشبینی دەکرێت لەجۆری رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی سەرمایەداری، فرسەتی ئەوە بۆ پارتی و یەکێتی دەمێنێتەوە تا پەناگایەک بۆ بەردەوامی دەسەڵاتیان و بەردەوامی بە تاڵانچێتی و کەڵەکەی سەرمایە پەیدا کەنەوە، بەوپەڕی سوکایەتی و ڕیسوایش بێت دەمێننەوەو بەشدار دەبن لە دابەشکردنی هەر جەردەیی و تاڵانچێتی و کەڵەکەیەکی سەرمایەدا کە بۆتە ڕۆتینی ژیانی دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق و لە کوردستاندا.

واتە بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئاسودەو بە ئاسایش و خۆشگوزەران لە کۆمەڵگەی عێراق و کوردستاندا، پێش هەمو شتێک ، پێوێستی بە خرۆشان و شۆڕشێکی جەماوەریە کە تەواوی دەسەڵاتی هێزە میلیشیا قەومی و تائیفیەکان پاککەنەوە.




دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئۆپۆزسیۆن.. وەرگێرانی: کاوە عومەر

دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە
حەسەن ساڵحی: دەزانین کەبۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەکان، هەم پاشایەتیخوازەکان و هەم کۆماریخوازەکان،بەڕواڵەت دیموکراسی و مافی مرۆڤ جێگەیەکی گرنگیان هەبێت. ئەوان خۆیان بە لایەنگری دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەزانن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت لە ئێراندا بەدی بهێنرێت. لەکاتێکدا هێزە چەپەکان و بەتایبەت حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران دیموکراسی و مافی مرۆڤ بە مانای ئازادیی خەڵک نازانن و سەرنجیان لەسەر ئەو مەقولات و داخوازییانە نییە. هۆکارەکە چیە؟
حەمید تەقوایی: بە بڕوای من دیموکراسی و مافی مرۆڤ نوێنەرایەتی ئەو شتە ناکەن کە خەڵک دەیانەوێت و ئاواتەخوازن و کە بەڕاستی ڕزگاری کۆمەڵگاش بەوەوە پەیوەستە.
وەک نموونە دوو بابەتی بنەڕەتی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت لەبەرچاو بگرن. ئەم داخوازییە بنچینەیی و بەپەلەیەی خەڵکی ئێران لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا بێدەنگیان لێ کراوە. واتە ئەگەر هەموو بڕگەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤیش لە ئێراندا جێبەجێ بکرێن، دوو کێشەی بنەڕەتی کۆمەڵگای ئێران، واتە سزای لەسێدارەدان و دەستوەردانی ئایین لە حکومەتدا، لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە. ئەمەش لایەنێکی ناتەواو و ناکافی مافی مرۆڤە.
بەڵام لایەنی گرنگتر ئەوەیە کە جاڕنامەی مافی مرۆڤ بێدەنگە و هیچ لەبارەی یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ناڵێت. وە کاتێک یەکسانی بە لایەکدا جێدەهێڵیت، بە کردەوە هیچ شتێک لە ئازادی نامێنێتەوە. چونکە مافی سودوەرگرتن لە ماف و ئازادیەکان بابەتێکە و ئیمکانی کەڵک وەرگرتن لێیان بابەتێکی دیکەیە کە بە هەمان شێوە گرنگە. کاتێک کەسێک لە ڕوانگەی ئابوورییەوە فشاری لەسەر بێت و لە سەرەتاییترین داهێنانەکانی ژیان بێبەش دەبێت و بەناو خەمی نانی هەبێت، بێگومان ناش توانێت مافە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی بەکاربهێنێت. هەموو مرۆڤەکان مافی سەفەرکردنیان هەیە، بەڵام ئەگەر پارەت نەبێت ناتوانی سەفەر بکەیت. هەموو مرۆڤەکان مافی خۆیانە خانوویەکی شیاویان هەبێت، بەڵام زۆرینەی کۆمەڵگا توانای خاوەندارێتی خانوویان نییە، هەمان شت بۆ مافی کات بەسەربردن و وەرزش، تەنانەت چارەسەری تەندروستی و دەرمان و خوێندن و…هتد. هەبوونی هەموو ئەم مافانە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە توانای بەکارهێنانیان. سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، بەکارهێنانی تریبۆنەکان، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن، ڕۆژنامە و میدیا بە گشتی لە بنەڕەتدا و بە کردەیی لەلایەن خاوەن داراییەکان و لەسەدا یەکەکانی کۆمەڵگەوە قۆرخ دەکرێت. لە دەیەکانی ڕابردوودا سۆشیال میدیا تا ڕادەیەک ئەم قۆرخکارییەی شکاندووە، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا نوخبەیەکی دیاریکراو و سنووردار لە چینی دەسەڵاتدار خاوەندارێتی ڕۆژنامەگەری و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنن و کۆنترۆڵی دەکەن. لێرەشدا بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا و جەماوەری خەڵک، مافی ئازادی ڕادەربڕین بە تەواوی سنووردارە و مەرجدارە بە ئامرازە ماددییەکانی کەڵک وەرگرتن لەم مافە.
بۆیە کێشەی بنەڕەتی ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤ ئەوەیە کە یەکسانی و نەهێشتنی هەڵاواردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە و دەبێت بگوترێ ژیانی ماددی و ڕاستەقینەی مرۆڤەکان ناگرێتەوە و لە ئەنجامدا زۆرێک لە ئەو مافانەی کە ڕیزکراون لەسەر کاغەز دەمێننەوە.
بێگومان دانپێدانانی ئەو مافانە زۆر باشترە لە سیستەمەکانی وەک کۆماری ئیسلامی کە بە هیچ شێوەیەک دان بەو جۆرە مافانەدا نانێت. بەڵام مەسەلەی باشتر و خراپتر نییە. باسەکە سەبارەت بە ئامانجەکانی خەڵکە و وەدیهێنانی کردەیی خواستە ڕەوا و بنەڕەتییەکانی خەڵکە. هەر بۆیە ئێمە هێزی چەپ ئازادی و یەکسانیمان دەوێت. مافی مرۆڤ و دیموکراسی هیچ مانایەکی نییە بەبێ ئەگەری بەکارهێنانی ئازادی و یەکسانی، کە وەک من ڕوونم کردۆتەوە لە ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤدا ئاماژەیان پێنەکراوە.
ئەم لێدوانە سەبارەت بە دیموکراسیش ڕاستە. هەروەها دیموکراسی ئەو ڕوونکردنەوەشە کە چینە دەسەڵاتدارەکان، واتە سەرمایەدارەکان لە دونیای ئەمڕۆدا، لەسەدا یەک دەسەڵاتدار، بۆ ئازادی هەیانە. پێناسەی ئەوان بۆ ئازادی ئەوەیە کە پەرلەمان و پارتێکیان هەبێت کە هەر ٤ ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێن، بەڵام لە ماوەی نێوان ئەو دوو هەڵبژاردنەدا، خەڵک هیچ ڕۆڵێکی سەرەکیی نییە لە بڕیار و سیاسەتەکاندا، چ ناوخۆیی بێت یان دەرەکی. حکومەتەکان تا دوای ٤ ساڵ دەبڕن و دەدوورن! بەزۆری لە ساڵی یەکەمدا ئەوانەی تەنانەت دەنگیان بە حکومەتی ئێستا دا پەشیمان دەبنەوە، دەنگەکانیان دەگۆڕێت، بەڵام دەستیان لە هیچ شوێنێک گیر نەبووە تا هەڵبژاردنی داهاتوو. دوای ٤ ساڵ حزبێکی تر دێتە سەر کار و دیسان هەمان تاس و هەمان حەمام. بۆ ئەم شانازییە تەنانەت ئەزموونی کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاواش نیشانی دەدات کە دیموکراسی بە مانای ئازادی نییە. لەبیرمە لە بزووتنەوەی داگیرکەردا کە نزیکەی ١٢ ساڵ لەمەوبەر پێکهاتبوو، دروشمێکی بنەڕەتی ئەوە بوو کە ئازادی لە سندوقی دەنگدانەوە نایەت. ئەمە ئەو خاڵە بوو کە هێزە بەڕاستی ئازادیخوازەکان لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا وروژاندیان.
بێگومان لە کۆماری ئیسلامیدا دیموکراسییەکی پەرلەمانیی دەرەکی نییە و دۆخەکە زۆر لە کۆمەڵگا لیبراڵەکان خراپترە. بەڵام لێرەشدا باسەکە لەسەر خراپ و خراپتر نییە، باس لە ئایدیاڵ و خواستی ئینسانی جەماوەری خەڵکە، کە بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ نوێنەرایەتی ناکرێت و بەدیناهێنرێت.
بەڵام ئەوەندەی پەیوەندی بە بانگەوازی هێزە ڕاستڕەوەکانەوە هەیە بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ئەم هێزانە تەنانەت نوێنەرایەتی لیبرالیزمیش ناکەن. بۆ ئەوان مافی مرۆڤ و دیموکراسی بەرگی پڕوپاگەندەی ناسیۆنالیزمە گەورەیی خوازەکەیانە. زۆربەی هێزە ڕاستڕەوەکان پاشایەتیخوازن، واتە لەگەڵ حوکمڕانی بۆماوەیی و خانەدانی و ئەرستۆکراتی و ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی تەنانەت سەرەتاییترین و لیبڕاڵترین پێناسەی دیموکراسییە. هەروەها مافی مرۆڤ دەگەڕێنرێتەوە بۆ کوروشی هەخامەند، واتە ئیمپراتۆرێکی سەردەمی کۆیلایەتی! “مافی مرۆڤی کۆرشی” لە ڕاستیدا ستایشی دەسەڵاتی ئێرانی کۆنە نەک بانگەشەکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سەدەی بیست و یەکدا! پەرستنی ڕابردوو، هێڵی سووری یەکپارچەیی خاک، دوژمنایەتی بەرامبەر بە حیزب و هێزەکانی ناوچە سنوورییەکان وەک جوداخواز، پێناسەکردنی سوپا وەک هێزێک کە فەلسەفەی وجودی بەرگریکردنە لە یەکپارچەیی خاک، هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی ئەو دیکتاتۆریەت کە خەڵکی ئێران جارێک بە شۆڕش ڕووخاندیان و هتد. بانگەوازی هێزە ڕاستڕەوەکان بۆ ئەم مەقولانە بە تەواوی وەرگیراو و بانگەشەکارانەیە.
ئێمە هەوڵکەکانمان لەسەر ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی مرۆڤەکان چڕکردوەتەوە، واتە ئازادی یاسایی و مەدەنی، یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و لە ئەنجامدا خۆشگوزەرانی هەمووان. ئەمە خواستی جەماوەری گەلە و بە بۆچوونی من مەسەلە و دروشمی ناوەندییە کە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، لەسەر ئەو ئامانجانە بنیات نراوە.
حەسەن ساڵحی: جیاوازی لە نێوان هێزە ڕاستڕەوەکاندا هەیە. ئەوان بەسەر دوو گروپی سەرەکیدا دابەشبوون، کە بریتین لە پاشایەتی و کۆماریخواز. ئایا جیاوازی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ چەمکەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا، یان تۆ باوەڕت بەبونی هیچ جیاوازییەک هەیە؟
حەمید تەقوایی: جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە. کۆماریخوازی لە کۆمەڵگای ئێراندا هەمیشە خاڵی هاوبەشی زۆری لەگەڵ پاشایەتیدا هەبووە. کۆماریخوازەکان هەرگیز ڕەخنەی زۆریان لەسەر دەسەڵاتی پاشایەتی و بۆماوەیی و ئەرستۆکراسی حکومەت و هتد نەبووە، لەکاتێکدا هەموو ئەمانە تەنانەت لەگەڵ لیبراڵ دیموکراسیشدا ناکۆکن .
لە ڕووی مێژووییەوە، لە شۆڕشی دەستوورەوە، کە دامەزراوەی دەسەڵاتی پاشایەتی پارێزراو بوو، و دواتر دەستوور تێکەڵ بە شەرعیەت بوو، کۆماری و شێوەی سەرەتایی ئازادی، لە ڕاستیدا خاڵی بوو لە ناوەڕۆک. بەڕای من هەرچەندە دەست پێشخەراانی شۆڕشی دەستوری ئاڵای ئازادییان بەرزکردەوە، بەڵام کاتێک دوو دامەزراوەی دەسەڵاتی پاشایەتی و ئیسلام هاتنە ناو دەستوورەوە، هیچ کام لە ئامانجە سەرەتاییەکانی ئەو شۆڕشە بەدی نەهات. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ سێبەری ڕەشی ئایین و پاشایەتی بەسەر کەشوهەوای سیاسی ئێراندا زاڵ بووە و کۆماریخوازی تەنانەت لە نێو هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆندا جێگەیەکی ئەوتۆی نەبووە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە بارودۆخی ئەمڕۆوە هەیە، سنوورداربوون بە چوارچێوەی بەرتەسکی دیموکراسی و مافی مرۆڤیش تایبەتمەندییەکی کۆماریخوازەکانە. کۆمارییەکان لەگەڵ یەکسانی و خۆشگوزەرانی و ئازادیدا نین.
لە بنەڕەتدا تەنها ئەگەر خاڵی دەستپێکەکەت ئازادی و یەکسانی بێت و دیموکراسی و مافی مرۆڤ نەبێت، دەتوانیت ڕەخنەیەکی قووڵت هەبێت لە دامەزراوەی پاشایەتی. تەنانەت شاخوازی دژایەتی لیبراڵ دیموکراسیش دەکات، چونکە لیبراڵ دیموکراسی باوەڕی بە خوێن و حوکمڕانی خانەدانی نییە، بەڵام کۆمارییەکان تەنانەت ڕەخنەیەکی وایان نییە. هەمیشە ئازادیخوازی خۆیان لە چوارچێوەی پاشایەتی دەستوریدا پێناسە کردووە، کە وەک لە ئەزمووندا بینیمان، بە مانای ڕەتکردنەوەی پەرلەمان و دیموکراسی دێت، تەنانەت بە مانا لیبراڵەکەی وشەکە. لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە هەموو هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆن زۆر شتیان هاوبەشە.
حەسەن ساڵحی: بەڵام لە هەندێ وڵاتی ئەوروپادا ڕژێمی پاشایەتی هەیە، بەڵام ماف و ئەرکی پاشایەتی زۆر سنووردارە. لەم بارەیەوە چی دەڵێی؟
حەمید تەقوایی: شۆڕش لەو کۆمەڵگایانەدا ڕوویداوە کە بەڕاستی دەسەڵاتی پاشایەتییان کردە دامەزراوەیەکی تەشریفاتی و توێکڵ.
فاکتەرێکی گرنگ کە لە مێژوودا بووە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی پاشایەتی ببێتە دامەزراوەیەکی فەرمی لە وڵاتانی ئەوروپادا شۆڕشی گەورەی فەرەنسا بوو کە بە تەواوی دەسەڵاتی پاشایەتی لابرد و کاریگەریی قووڵی لەسەر هەموو ئەوروپا و هەموو جیهان هەبوو. دوابەدوای شۆڕشی فەرەنسا، لە زنجیرەیەک شۆڕش و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیدا، دەسەڵاتی پاشایەتی بەتەواوی وازی لێ هێنرا، بەڵام لە هەندێک وڵاتدا هێزە کۆنەپەرستەکان توانیان دەسەڵاتی پاشایەتی وەک دامەزراوەیەکی ڕێوڕەسمی بپارێزن. بەڵام تەنانەت بەم ڕێوڕەسمانەی پاراستنی دەسەڵاتی پاشایەتیش، هێزە دیموکراسی و لیبراڵەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایانە دژی بوون و ئێستاش دژین. بۆ نموونە لە ئینگلتەرا هێزە پێشکەوتنخوازەکان و بەشێکی زۆری خەڵک دژی بنەماڵەی شاهانەن، چونکە خەرجێکی زۆری خستۆتە سەر شانی خەڵک و لە کاتێکدا کە خۆی یەکێکە لە گەورەترین سەرمایەدارەکان، تەنانەت باجەکانیش نادات.
خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە لە وڵاتانی شاهانەی ئەوروپادا پاشا و شاژنەکانیان هێشتۆتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆیان وەک سیمبولی میللەت بەکارنەهێنن و ناڕەزایەتییەکان پاشکشە پێبکەن. پێگەیەکی هێندە پیرۆز و مەعنەوی لەدەرەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگایان پێدراوە کە دەتوانن بە “مەرسومی شاهانە” پەرلەمان دابخەن و بە قەیرانی حکومەتەکەیاندا تێپەڕن. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە دەسەڵاتی پاشایەتی لە وڵاتانی ئەوروپادا نوێنەرایەتی نییە و دەرئەنجامی دیموکراسی و لیبرالیزمە نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە خاڵی لاوازی و دەرئەنجامی ناپایەداریەتییە.
ئەوەندەی پەیوەندی بە کۆمەڵگای ئێرانەوە هەیە، خەڵک دۆسیەی دەسەڵاتی پاشایەتی بە شۆڕشی ٥٧ داخست و گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی، تەنانەت بە مانای ودەقاودەقی وشەکەش، بە تەواوی دواکەوتوانە و کۆنەپەرستانەیە. گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی بە مانای ئەوە نییە کە ڕژێمێکی وەک ئینگلتەرا یان سوید دامەزرێت، بەڵکو بەو مانایەیە کە هەمان شێوازی چەوساندنەوە و گۆڕستانی ئاریامەهری لە ئێراندا زیندوو دەبێتەوە. ئێستاش کاروکردەوە و جموجوڵ و سیاسەتی شاخوازەکان لە ئۆپۆزسیۆندا، سەردەمی چەوساندنەوە و ستەمکاریی ئیمپراتۆرییان بیردەخاتەوە. لەگەڵ جاوید شا، هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و هەوڵی پەکخستنی خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵات دەدەن. وەک وتە بەناوبانگەکە دەڵێت ساڵێک کە باش نەبێت لە بەهارەکەیدا دەردەکەوێت.
پادشاخوازی ئەم هێزانە تەواو جیاوازە لە کۆمەڵگاکانی وەک ئینگلتەرا و سیستەمەکانی تری ئەوروپی کە خاوەنی ڕێوڕەسمی پاشایەتین. لە ئینگلتەرا دەتوانی هەرچیت بوێت دژی پاشا و شاژن بڵێیت، گاڵتە بە بنەماڵەی شاهانە بکەیت، کتێب بنووسیت و کاریکاتێری بکێشیت و فیلم لە دژی ئەوان دروست بکەیت. لە ئێرانی شاهانەدا هیچ کاتێک شتێکی وا نەکراوە. ئێستاش هێزە ڕاستڕەوەکانی ناو ئۆپۆزسیۆن تەحەمول شتی وا ناکەن. ئەمانە نوێنەرایەتی هەمان ئەو کولتوورە سیاسییە دەکەن کە پێش کۆماری ئیسلامی حوکمڕانی کۆمەڵگای دەکرد.
ئەمانە هەموو جیاوازییەکی گرنگن کەلە نێوان دەسەڵاتی پاشایەتی، واتە توێکڵێک کە لە ڕابردوودا بەجێماوە و بە کردەوە هیچ ڕۆڵێکی نییە، لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە پاشایەتییەی کە هەمیشە لە ئێراندا فەرمانڕەوای ڕەها بووە و ئەمڕۆش هەوڵی زیندووکردنەوەی دەدەن.
حەسەن ساڵحی: ئێمە دەزانین کە کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی دژە دیموکراسی و دژە مافی مرۆڤە، تەنانەت بە مانای لیبڕاڵی ئەم وشانە. ئایا ئەمە هۆکار نییە کە هێزە ڕاستڕەوەکان جەخت لەسەر مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەنەوە؟
حەمید تەقوایی: کۆماری ئیسلامی دژە ئازادییە، دژە یەکسانییە، پڕە لە هەڵاواردن و هۆکاری هەژاری و نیشتەجێبوونە بۆ جەماوەری خەڵک، و جیاوازییە قووڵەکانی نێوان “مافی فەلەکی و نەهامەتی گشتی”، بەڵام هێزە ڕاستڕەوەکان جەختکردنەوەیان لەسەر ئەم پرسانە نیە.
بەڵێ کۆماری ئیسلامی دیموکراسی و مافی مرۆڤ پێشێل دەکات، بەڵام تاکە حکومەت نییە کە ئەمانە پێشێل دەکات. پێش کۆماری ئیسلامی، لە سەردەمی پەهلەویدا هیچ باسێک لە مافی مرۆڤ و دێموکراسی نەکراوە.
ئەمڕۆ هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕوو لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەن نەک لەبەر مرۆڤدۆستی و ئازادیخوازی، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ چینی دەسەڵاتداری هەموو حکومەتە سەرمایەدارییە ڕۆژئاواییەکان لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی لادەدەن. بانگەوازی هێزە ڕاستڕەوەکان بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ هیچ پەیوەندییەکی بە داخوازییە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگاوە نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی سەر بە ئۆردوگای سەرمایەداری ڕۆژئاوایە.
ئەم پەیوەندییە دیموکراسی و مافی مرۆڤ لەگەڵ ئۆردوگای بۆرژوازیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی سارد. لە سەردەمی شەڕی سارددا دیموکراسی بۆ هەر حکومەت و هێزێکی سیاسی دژە سۆڤیەت و دژە کۆمۆنیست جێبەجێ دەکرا. پینۆشێت و گروپە سەربازییەکانی دیکەی ئەمریکای لاتین و دیکتاتۆریەتی جیهانی سێهەم وەک ڕژێمی شا هەموویان وەک بەشێک لە ئۆردوگای دیموکراسی پێناسە کران. پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تەنیا لە بلۆکی سۆڤیەتدا لە ژێر زەڕەبیندا بوو و لەم دیکتاتۆریەتانەی سەر بە ئۆردوگای ڕۆژئاوا نەبوو. ئەم ماناو بەکارهێنانە سیاسییە و جێبەجێکردنی دیموکراسی و مافەکانی تری مرۆڤ بەتەواوی لە مانای ڕاستەقینەی ئەو وشانە دوورە و بەتەواوی دژە دیموکراسی و دژە مرۆڤە.
تەنانەت ئەمڕۆش لە بلۆک بەندیەکانی جیهانیدا دیموکراسی بە واتای لایەنگری حکومەتەکانی ڕۆژئاوایە، بۆ نموونە دژی بلۆکی چین و ڕووسیا. بەو پێیەی دەیانەوێت سەرنجی حکومەتەکان ڕابکێشن و ڕەزامەندی یان پشتیوانی حکومەتەکانی جیهانیان هەبێت، هێزە ئۆپۆزسیۆنە ڕاستەکان بە هەمان شێوە قسە دەکەن کە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ئازادی یان مافی مرۆڤیان لەدەستداوە. وە هەروەک هەموو دیکتاتۆریەتەکانی جیهانی سێیەم، ئەم فۆرمە بە ناسیۆنالیزم و گەورەییخوازی نەتەوەییەوە دەبەستنەوە. ئەم هێزانە، وەک لە سەرەوە ڕوونم کردۆتەوە، مافی مرۆڤ دەگەڕێننەوە بۆ کوروشی گەورە و دیموکراسیش بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی دەگەڕێننەوە! ئەمەش بە واتای دوجار کۆنەپەرستی. تەنانەت ئەوەندە لیبراڵ نین کە دان بەوەدا بنێن کە دەسەڵاتی پاشایەتی حکومەتێکی خوێناوی و بۆماوەیی و ئەرستۆکراتییە و بە پێناسە و سروشت دژە دیموکراسییە. یان ئیمپراتۆریەتێکی سەردەمی کۆیلایەتی ناتوانێت هیچ پەیوەندییەکی بە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤەوە هەبێت. بە بڕوای من لە سیستەمی فیکر و ڕێبازی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەودا، چ پاشایەتی یان کۆماری، نەک لیبرالیزم، بەڵکو ناسیۆنالیزم و گەورەیی توندڕەو، پێگەیەکی کلیلی و سەرەکیی هەیە و ئەمەش لە لێکدانەوەیان بۆ مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیدا بەتواوی دەتوانرێت ببینرێت.
حەسەن ساڵحی: پێتوانییە کۆماری ئیسلامی لە مێژووی سەد ساڵەی ئێراندا ئیستسنایە؟ زۆرێک لە هێزەکانی لایەنگری سەرمایەداری دژی کۆماری ئیسلامین. ئایا ئەم دۆخە خۆی نابێتە هۆکاریک کە خەبات بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ قورسایی هەبێت؟
حەمید تەقوایی: بەڵێ، کۆماری ئیسلامی لە تاوان و کوشتاردا بە تەواوی تایبەتە، بەڵام تا ئەو شوێنەی کە پەیوەندی بە دژە دیموکراسی و دژە مافی مرۆڤەوە هەیە، بەدەر نییە. وا نییە کۆمەڵگا بە هەلومەرجی لیبراڵ دیموکراسیدا تێپەڕیبێت و کەوتبێتە ژێر ستەمی ڕەشی کۆماری ئیسلامی. پێشتریش سەرکوت هەبووە، پێشتریش هەواڵێک لە مافی مرۆڤ نەبووە.
لە دوای شۆڕشی دەستووری، بزووتنەوەی زۆرمان هەبوو بۆ گەیشتن بە دیموکراسی، تەنانەت بە مانا پەرلەمانی و لیبڕاڵەکانی وشەکەش. بەڵام ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا. پەرلەمان لە ژێر گەوهەری ئەڵقەی شا و لە چل ساڵی ڕابردوودا لە ژێر عەبای وەلی فەقیەدا بوو بە دامەزراوەیەکی فەرمی. سێبەری خودا جێگای خۆی بەخشی بە ئایەتی خودا، بەڵام ستەم و دیکتاتۆریەت لە شوێنی خۆیدا مایەوە.
بۆیە کاتێک دەڵێین کۆماری ئیسلامی تایبەتە، پێویستە بە تەواوی بزانین ئەم تایبەتمەندییە چییە. خەسڵەتەکە ئەوە نییە کە سەرکوتکردن، بێ یاسایی، نکۆڵیکردن لە دیموکراسی، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هاتبێتە ناو ئێرانەوە. وا نەبوو، هەموو حکومەتەکان بەو شێوەیە بوون. شۆڕشی ١٣٥٧ بۆ ڕزگاربوون بوو لەم دیکتاتۆریەت و سەرکوت و بێ یاساییە، کە بەداخەوە لەلایەن ئیسلامییەکانەوە هاک کراو و حکومەتێکی تری تاوانکاری لێکەوتەوە.
بەڵێ، لە ڕووی چەندایەتییەوە، تاوانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی زۆر بەرفراوانتر و قێزەونترن لە ڕژێمەکانی پێشوو. ئەم حکومەتە ڕیکۆردی لەسێدارەدان و ڕیکۆردی سەرکوت و ڕیکۆردی تاوانەکانی شکاندووە و دەست بۆ ئەنجامدانی کوشتارێک دەبات کە پێشتر بە خەیاڵدا نەدەهات. گومانی تێدا نییە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا تاوان تاوانە. ئایا دەتەوێت بگەیتە کۆمەڵگەیەکی ئینسانی ئازاد و یەکسان و ئاوەدان یان حکومەتێکت دەوێت کەمتر تاوان بکات؟! ڕوونە کە ئەم دووەمیان ئەوە نییە کە هیچکەس بیەوێت. خەڵک دەیانەوێت سزای لەسێدارەدان بە تەواوی هەڵبوەشێتەوە، لەکاتێکدا حکومەتەکانی پێشوو هەموو پشتیان بە ئیعدام بەستبوو، خەڵک دەیانەوێت چەمکی زیندانی سیاسی لە کولتووری ئەو کۆمەڵگایە دوور بخرێنەوە، لەکاتێکدا زیندانییە سیاسییەکان تەنیا لە کۆماری ئیسلامیدا سنووردار نین. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە باسەکە لەسەر بەراوردکردنی کوشتن و تاوان نییە. مشتومڕەکە لەسەر خۆکوشتن و تاوان و سەرکوتکردنە، کە دەبێت بنبڕ بکرێن. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، وەک لە جاڕنامەی ٢٠ ڕێکخراودا ڕاگەیەندراوە، شۆڕشێکە لە دژی سەد ساڵەی دیکتاتۆریەت و نەک تەنیا دژی کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی خراپترین جۆری دیکتاتۆریەتە، بەڵام تاکە دیکتاتۆری نەبووە لە مێژووی نوێدا. پێویستە ئەم شۆڕشە بتوانێت ڕەگی دیکتاتۆریەت ببڕێت و ئەو بنکە ڕژێمە تێکبدات کە پێویستی بە دیکتاتۆریەت هەیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بەڕاستی بتوانێت ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی بەدەستبهێنێت.
حەسەن ساڵحی: زۆر کەس باس لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت دەکەن و دەڵێن پابەندن بە دیموکراسی و مافی مرۆڤەوە. پێت وانییە ئەمە هەنگاوێکە بۆ پێشەوە بەهەر حاڵ؟ ئایا ئەمە نابێتە بنەمای گەیشتن بەو ئازادی و یەکسانییەی کە لە وقسەوباسەکانتاندا وتتان و زەمینەی بۆ ئامادەبکرێ؟
حەمید تەقوایی: بێگومان هەموو چاکسازییەک و هەموو هەموارکردنێک و هەر هەنگاوێک لە ڕێگای ئازادی تەنانەت لەسەر کاغەز، ئازادییە یاساییەکان، هەنگاوێکە بۆ پێشەوە و پێشوازی لێدەکەین. کاتێک لە جیاتی دیموکراسی و مافی مرۆڤ جەخت لەسەر خۆشگوزەرانی و ئازادی دەکەمەوە، مەبەستم ئەوە نییە کە بە هیچ شێوەیەک باسی مافی مرۆڤ نەکرێت، یان کۆماری ئیسلامی، یان ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی. بەڕای من دەکرێت چاکسازی بکرێت، لەئەنجامی شۆڕشی خەڵکدا و بەهۆی فشاری کۆمەڵگاوە، هەندێک هەنگاو نراوە، کە ئێمە پێشوازی لێدەکەین، بەڵام ئێمە خۆمان، وەک هێزێک کە بەڕاستی دەمانەوێت ئازادی و یەکسانی بەدی بهێنرێت، بەم ئاڵایە شەڕ بکەین.ئێمە دەیکەین. پێویستە سەرەتا دوا وشە بگوترێ. کۆمەڵگا بە ئایدیاڵە مرۆییەکانی خۆیەوە هەڵدەستێت نەک بە دیدگای وەدیهاتنی وردە وردەی ئایدیاڵەکانی. بۆ نموونە پێویستە هەنگاو بە هەنگاو یاساکان هەموار بکرێنەوە بۆ ئەوەی وردە وردە بگاتە زۆرترین داواکاری. ئەمە لە مێژوودا هەرگیز ڕووی نەداوە. لەوانەیە کۆمەڵگا لە ژێر توندترین بێ یاسایی و ستەمدا بێت، بەڵام بە بەرزترین ئایدیاڵ دەتوانێت دۆخەکە پێچەوانە بکاتەوە نەک بە داشکاندن.
سەیرکەن ئەم باسە دوو خوردادییەکان هەمیشە هەیان بوو کە ئێمە کۆماری ئیسلامی دەگۆڕین و وردە وردە بەرەو هەلومەرجی باشتر دەڕۆین. دەیانگوت ئاخر جۆری ئیسلامیی ڕوحانی یان خاتەمی لە ئیسلامی خامنەیی باشترە. بینیمان ئەم هێڵە نەگەیشتە هیچ شوێنێک و نەیتوانی بگاتە هیچ شوێنێک. بەتایبەتی ئەمڕۆ جەماوەری خەڵک لەگەڵ شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا بە گۆڕانی وردە وردە تێپەڕیوە. دەزانن ئەمە پراکتیکی نییە. ئەمە ئایدیالی شۆڕش نییە. ئەو ئامانجانەی کە خەڵک هەیەتی، هێزی بزوێنەری خەڵک لە شۆڕشی ئێستادا، گەیشتن بە هەموو ئازادییەکە، هەموو خۆشگوزەرانییەکە، و هەموو ئینسانیەتێکە. بۆیە ئەگەرچی لە کۆتاییدا خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ لێرە و لەوێ فشار بخاتە سەر حکومەت، بەڵام ناتوانێ وەک ئایدیاڵێکی شۆڕش و وەک ئاڵای شۆڕش کار بکات. پێویستە بە زۆرترین داواکاری و ئامانجی خەڵکەوە بچینە ناو ئەم شەڕە، بۆ ئەوەی بەڕاستی بتوانین شۆڕش بگەیەنینە سەرکەوتن.
٣ی ئایاری ٢٠٢٣ ، ١٣ی ئۆردی بەهیشت ١٤٠٢




“زیرەکیی دەستکرد” بەرەو کوێمان دەبات؟.. فازیـل شـەوڕۆ

هەرگیز لە ئەقڵی هیچ کەسێک دانەبوو، کە بزانێ داهێنانی (سـفر) لە بیرکاریدا، لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین، چ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی بێسنوور لە میژووی شارسانییەتی مرۆڤدا بەدوای خۆیدا دەهێنێ. ئەمە بۆ داهێنانی (تیۆریی ڕێژەیی) و چەندان داهێنانی دیکەش هەر درووستە!
لەم سەردەمەشدا داهێنانی(زیرەکیی دەستکرد)، چەندانبار، نەک هەر سەرلەبەری شارستانییەت و بوون و ئایندەی مرۆڤایەتی، بە خێراییەکی چاوەڕوان نەکراو، وا دەگۆڕێ، بەڵکوو دێ تەواوی گەردوون و هەسارەش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە!
بۆیە لەجێی خۆیەتی بپرسین:
• زیرەکیی دەستکرد، چ داهێنانێک دادەهێنێ؟
• بەها کۆمەڵایەتی و ئایینی و پەروەردەیی و ئەخلاقی و کەلتوورییەکانمان ئایندەیان چییە؟
• ڕەووتی پەروەردە و فێرکردنی ئێمە – وەک کورد، لە (٢٠٢٣) و ئایندەدا، لە کوێی ئەو داهێنانە دایە؟

بۆ هاسانکاریی لە تێگەیشتنی بابەتەکە، خۆم بە دوور دەگرم لە گوتنەوەی زاراوە و چەمکی زانستییانە و تەکنەلۆژیانەیی پەیوەست بەو بابەتە، کە ڕەنگ بێ خوێنەر تووشی سەرئێشە بکات، چونکە پێناسەکانیان لە بواری پڕاکتیزەدا جوانتر خۆدەنوێنن. بەڵام هەر دەبێ ئاماژە بە دوو زاراوەی باو بکەین: زاراوەی(Intelligent) وە زاراوەی(Smart)، کە لە کوردیدا بۆ هەردووکیان زاراوەی (زیرەک) بەکاردێ. لێ ئەو دووانە جیاوازن. زاراوەی (Intelligent) ئاماژەیە بۆ باڵاترین پلەی زیرەکی کە دوو سەرچاوە لە خۆدەگرێ: ئەو بەهرە و توانست و کارامەییە خوداکردەیە کە لە ڕێی بۆماوەیی پێمان دەگات، لەگەڵ هەرچی زانیاری و زانست و مەعریفەیەک کە دەتوانرێت بە چەندان ڕێگا وەدەستی بێنین و فێریان بین. هەرچی زاراوەی (Smart)ە، هەر ئەو زانیاری و مەعرفییانە دەگرێتەوە کە فێریان دەبین. بە واتایەکی دیکە (Intelligent) پلەکەی باڵاترە لە (Smart). بۆیە زیرەکیی جۆری (Intelligent) توانای بیرکردنەوەی لۆژیکییانەی هەیە و گەر کەسێکی خاوەن زیرەکیی (Intelligent) دابمەزرێنین، ئەوا بۆ ئەوەنییە کە ئێمە ڕێنمای پێبدەین و داوای لێبکەین چیمان بۆ بکات، بەڵکوو، دەبێ بۆ ئەوە دایبمەزرێنین کە ئەو پێمان بڵێ ڕێنماییەکان چیین و چی بکەین و چۆن کارەکانمان ئەنجام بدەین. کەواتە زیرەکیی جۆری (Intelligent) سەرچاوەی داهێنانی زیرەکییە ـ زیرەکییەک کە پێشتر بوونی نەبووە. لە لای خەڵکی عەوام (زیرەکیی دەستکرد) بە (AS) وە بە (AI) ئاماژەیان پێدەکرێ، بەڵام زاراوە زانستییەکە(AI) کەیە.

بە گوتەی زۆر لە زانا و بیرمەند و فەیلەسۆفانی سەردەم، ئەگەر ئێمە دڵخۆش بین کە ئیمڕۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گەیشتووەتە تڕۆپکی پێشکەوتنێکی تەکنەلۆژیی و دیجیتەڵی باڵای پێشبینینەکراو، ئەوا بە هەلەداچووین، چونکە ئیمڕۆ لە جیهانێکی دینامیکی و پشێودا دەژین و ئایندەمان تەڵخ و نادیارە. داهێنانەکان سەرسوڕهێنەرن، بەڵام پتر بە ئارەستەی بازاڕ دا دەڕۆن و بەها مرۆییەکانیان تەواو وەلاوە ناوە. ئاخۆ داهێنانی زیرەکیی دەستکرد بۆ ئەوەنییە یارمەتیدەربێ بۆ فەراهەمکردنی ژیانێکی کوالەتی بەرزی پڕ لە ئاسوودەیی و سەرفیرازی بۆ مرۆڤ؟ بۆ ئەوەنییە ڕووبەڕووی نەخۆشییە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان ببینەوە و ئایندە جوانتر و خۆشترکەین؟ ئایە ئەو داهێنانە نوێیە لە کوێی داپەروەریی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و خزمەتگوزارییەکان دایە؟ بۆچی ڕێژەی نەخۆشی و پەتاکان و قەیرانی ئابووری و دابەشبوونی چینایەتی …تاد لەهەڵكشان دانە؟ ئامانج لەو داهێنانە زامنکردنی ژیانێکی باشتر نییە، بە دروستتکردنی داهاتوویەکی زیرەکیی دەستکرد؟
دەبینین زاراوەی “زیرەک” لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێ، بۆ نموونە مۆبایلی زیرەک، ئۆتۆمبێلی زیرەک، دەمژمێری زیرەک، ماڵی زیرەک، ژێرخانی زیرەک، شاری زیرەک، تەنانەت وڵاتی زیرەک و هاوشێوەکانی. واتا دەستەواژەی “زیرەک” نوێنەرایەتیی چەمکی هیوا و ئاوات دەکات کە پەیوەستە بە ڕوانگەی مرۆڤەوە. دەوڵەتی زیرەک پەیوەستە بە مەرج و ژینگە و کەلتوور و سیستەمی بەهای کەسەکە. سەرەڕای ئەوەش، چەمکی گشتی داهاتوویەکی زیرەک، دەبێ بە مانای ژینگەیەکی ژیان بێت، کە زۆر باشتر بێ لە دۆخی ئێستا.
ئەوەی تاکو ئێستا، دەستکەوتە، هەر ئامێرە تازە باوەکانن کە زیرەکانە تەکنەلۆژیا و ئامرازەکان بەگەردەخەن و چاودێری دەکەن و کارەکانیان مەیسەر دەکەن. ئەگەر زیرەکیی دەستکرد نەتوانێ بەربەستەکانی بەردەم داهاتوو لە دابینکردنی پێداویستیی کۆمەڵایەتی و ستراتیژیی داهێنەرانەی خۆشییهێنەر بکات، ئەوا ئێمە لەبەردەم کارەساتی گەورە و مەترسیدار داین. لە پاڵ داهێنانی دەستکرد دەبێ داهێنانی درووستکردنی (بەها)کانیش، وەک ئامانجی مرۆڤایەتی لەبەرچاو بگیرێن.
ئێستا وەک چوون ئێمە شاهیدی لەناوچوونی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەکو کۆداک، وانگ کۆمپیوتەر، نۆکیا، بلاکبێری، کەی مارت، شارپ و چەندانی تر بووین. ئەوا دەبێ خۆمان ئامادە بکەین بۆ بە خاکسپاردینی دەیان کۆمپانیای گەورە گەورە کە بژێوی سەدان هەزار خیزانیان لە ئەستۆ دایە. ئێمڕۆ هەموومان شانازی بە (google search) ەوە دەکەین وەک دەزگایەکی فرە مەزنی زانیاریی هەمەچەشن، لەکاتێکدا وا (chatgpt search) بەڕێوەیە، کە بەرنامەکانی لەسەرووی خەیاڵی مرۆڤە و بەمزووانە جیهان داگیر دەکات.
یەکێک لە دیارترین خەسڵەتەکانی زیرەکیی دەستکرد، ئەنجامدانێ کاری ئاڵۆز و مەزن و وردە بە خێراییەکی لە ڕادەبەدەری سنوورشکێن کە دەگاتە خاڵی وەرچەرخان. ئەوجا ئەمە هەر سەرەتایە و ئایندە نادیارە. ترسەکە لەوەدایە، داهێنەری ئەو کۆمپانایانە، ئەوەندەی ئەوان بیر لە بازاڕ و قازانج دەکەنەوە نیو ئەوەندە بیر لە ژیان و ژینگە و مرۆڤ و بوونەوەرەکان ناکەنەوە. چەمکی “زیرەک” چەندین دیدگای جیاوازی هەیە، وەک چەمکی زیرەکبوون، چالاکانبوون، ئامانجداربوون، لە جێبەجێکردنی بیرۆکە داهێنەرەکان بۆ بەدەستهێنانی داهاتوویەکی خوازراو، کەواتە بژاردە و بژارکردنی ئەو چەمکانە بۆ مرۆڤایەتی گرنگن، هەرچەندە ئەوە لە دەست مرۆڤایەتییدا نییە، بەڵکوو لە دەست پەرژەوەندخواز و سەرمایەدارە زەبەلاحەکاندایە، کە دەیانەوێ ئیمە بە ڕۆبۆت بکەن و لە ژیر ریمۆتکۆنتڕۆڵی ئەوان دابین – کە تا ئێستا تاڕادەیەک سەرکەوتوون.
لە ڕواڵەتدا، دروستکردنی داهاتوویەکی زیرەک، زۆر بەرفراوانترە لە تەنها زیرەکیی داهاتوو کە خەڵک خۆیان بۆ سیناریۆ ئەگەرییەکانی داهاتوو ئامادە دەکەن، بۆ ئەوەی باشتر بتوانن ڕووبەڕووی تەحەددیەکانی داهاتوو ببنەوە. هەوڵەکان بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی زیرەک پێویستی بە بیرۆکەی داهێنەرانە هەیە بۆ بەکارهێنانی پەیوەندیی دیجیتاڵی لە هەموو شوێنێک، هەستەوەرە زیرەکەکان، زیرەکیی دەستکرد، ئینتەرنێتی شتەکان، دەستڕاگەیشتن بە هەموو زانیارییە مرۆییەکان، و کارگێڕی بۆ خۆشکردن و خاراندنی دەرفەتەکان بۆ باشترین کوالیتی ژیان. لێ، ڕیزبەندیی تەحەددا کۆمەڵایەتی و ئایینی و پەروەردەیی و کەلتووریەکانیش دوورودرێژن. ململانێیەکی نوێ بەڕێوەیە، کە پێشتر شارستانیەت و مرۆڤایەتی پێ ئاشنا نەبووە یان هەر نەیاندیوەـ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەقڵێک کە لە دەرەوەی کەللـەسەری مرۆڤە، مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆبۆت و ریموتکۆنترۆڵ و دوگمەکان، کە ڕەنگبێ بچووکترین هەڵەی تەکنیکی کۆی زەوی و ژیان و ژینگە بخاتە بەر مەترسییەکی یەکجار مەزن، دەیانجار مەزنتر لە پەتای کۆڤید-١٩ کە بینیمان چۆن جیهانی خستە زەلزەلە.
تەحەددایە کۆمەڵایەتییەکان زۆرن: هەڵكشانی ڕێژەی بێکاری؛ درێژبوونەوەی کاتی بێ ئیشی و دەستبەتاڵی، زیادبوونی ڕێژەی تاوان، تێکچوونی بارودۆخی ژینگەیی، سەرهەڵدانی دەرد و پەتا و نەخۆشیی کە پێشتر لە مێژوودا نەبوون؛ دابەشبوونی کۆمەڵگاکانی جیهان بەسەر دوو چین یان دوو جیهانی لێکدوور: جیهانی زیرەکیی دەستکرد و جیهانی چەقیوی نیۆ تڕادسیۆنە داخراوە پاشکەتووەکان!
شارستانیەتیی ئایندەی نزیک، شارستانیەتیی (کۆد)ە، کە هیچ کەس، وەک تاک یان کۆمەڵگا، ناتوانێ خۆی لێبدزێتەوە، ئەوا ئەگەر نەبێ بە کۆیلەیی ئەو (کۆد)انەش. هێج شتێک، هیچ کونج و گۆشەیەک لە ژیانی (تۆ)دا نامینی شاراو بێت، تەنانەت، دەزانن لە چ دەمژمێرێکدا دەخویت و کەی ڕادەبێ و لەو کوێ ساتەکانت بەسەر دەبی، بەبێ ئەوەی تۆ پێبزانیت. تەنانەت دەتوانن بە ئاسانی چاودێری و بەڕێوەبردنی سیستەمی ئاڵۆز بکەن. هەرچەندە ئێمە ناتوانین نکۆڵی لەو هەموو کارە جوان و ورد و مرۆڤدۆست و ژینگەدۆستانە بکەین کە زیرەکیی دەستکرد پێشکەشمانی دەکات، کە لە ژوومار نایەن.
گەورەتین تەحددای کە ئیمڕۆ، لەم بوارەدا، ڕووبەرووی ئێمە بۆتەوە، تەنیا لە مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرددا نییە، بەڵکو لە شکستیی ئێمەیە دایە – تا ئێستا – لە دۆزینەوەی بناغە فیکرییەکانی جیهانی بۆ ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی ئەو (كێشانەی) زیرەکیی دەستکرد بەدوای خۆیدا دەهێنێ:
• چیمان پێدەکرێ و چیمان لەدەست دێ، ئەگەر زیرەکیی دەستکرد، دەسەڵاتی هزری و بیرمەندی خۆی بەسەر هزر و بیرمەندی مرۆڤدا سەپاند و ئێمە بووین بە پاڵە و سەپانی بەردەستی ئەو؟
• چیمان لەدەست دێ، ئەگەر خوانەخواستە، زیرەکیی دەستکرد، گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراوی لە کەش و هەوا و ژینگەدا کرد؟
• چ ڕوودەدا ئەگەر زیرەکی دەستکرد (بوونەوەری نەبوو) خەلق بکات کە پێشتر نەبوون، جا هەر بوونەوەر و زیندەروەرێک بێ.
• ج دەقەومێ ئەگەر سیاسییەکی گەمژە، کۆدی نهێنیی ئەو زیرەکییەی بکەوێت و دەست و هەموو جیهان بکاتە بارمتەی خۆی – هەمیشە هیلتەر و مۆسۆلۆنی و سەددام و هاوشێوەکانیان حزووریان هەیە.
• ئەدی چارەنووسی بەها کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئەخلاقی و کەلتوورییەکان چیان بەسەر دێ؟

خاڵیێکی گرینگ کە هی ئەوەنییە بیشارینەوە، سیستم و ڕژێمی سەرمایەداریی (ڕۆژاوا) ئێستا بەجددی کار لەسەر بە لیبڕاڵکردنی تاک دەکات. تا ئەو ڕادەیە کە مرۆڤێک درووستبکات هیچ پابەند نەبێ بە حکوومەتەکانەوە و دەبێ خۆیان خۆیان بژێنن ـ بەڵام لەژێر چاودێری ئەواندا بن. بۆیە ژمارەی ئەو فەیلەسوف و بیرمەند و ئەدیب و هونەرمەند وحەکیمانە کەم نین لە جێهاندا کە بەرداوم هاواردەکەن: ” تکایە پڕۆژەکانی زیرەکیی دەستکرد بوەستێن و ڕاگرن!”. پەرەسەند و کەڵەکە بوونی کێشە و قەیرانەکان کە بەردەوام لە هەڵكشاندان، گەیشتوونەتە ئەو ڕادەیە، کە ترس هەیە، چیدی ئەقڵی مرۆڤ دەروەستیان نەێت و پێیان چارە نەکرێن. ئەمە زۆر مەترسیدارە، کۆرگەلینە!

جا، سەرەڕای لایەنە گەش و جوان و پڕ بایەخاکانی زیرەکیی دەستکرد، دەبێ باسی ڕووێکی دیکەشی بکەین کە قوڕەکەی زۆر خەستتر کردوەوەتەوە، بۆ کۆمەڵکای مەمانان و هاوشێوەکانمان. کاتێک دەبینین، کە ئەم کۆمەڵگایانە، دروورونزیک فڕیان بەسەر ئەو گۆڕانکارییە مەزنانەی جیهانەوە نییە کە ئێستا ڕوودەدات. ئاخر بەڕاستی جیگەی پرسیارە، کە چلۆن زانکۆیەک دەتوانێ، هەنگاوێک بنێ، گەر هەنگاوێکی شەرمنانەش بێ، بەرەو ئەو داهێنانە نوێیانە، کاتێک ڕیزبەندیی ئەو زانکۆیە، لەسەر ئاستی زانکۆکانی جیهاندا، لە پلەی دوای (٦٠٠٠) هەزار دابێ! چلۆن، بتوانین باسی زیرەکیی دەستکرد بکەین ئەگەر، ژمارەیەکی بەرچاوی مامۆستاکانمان، لە پلە بەرزەکانیشدا – لەگەڵ ڕیزم بۆیان، تاکو ئێستا ئیمێلکی کەسی یان پیشەیی خۆیان نەبێ. لە کوێ دونیادا بووە، مامۆستای زانکۆ بچێتە لای هەرزەیەکیی خاوەن دوکانی فۆتۆکۆپی، بۆ مەیسەرکردنی کارەکانی؟!

کزەم لەجەرگەوە دێ، کە دەبینم، نێوان ئاستی خوێندن و پەروەردە و پلانی هەرێمەکەم ئاسمان و ڕێسمان، دوورە لە پێشکەوتن و گۆڕانکارییە مەزنەکانی لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەنجامدەدرێن. ئەوەی زامەکەی قوولتر کردەوە، تا ئەم چرکەساتە، هیچ ترووسکایەک دیارنییە، کە بەتەمای گۆڕانکاری بن. باڵەخانەی بەرز و جوان و دیکۆری گرانبەهای زانکۆکان، پێوەری پێشکەوتنی ئاستی زانستیی نین.
جاک دێریدای فەیلەسوف (Jacques Derrida) جوانی گوتوە:”هەر ڕووداوێک لەم سەردەمەدا، دەرگا بەڕووی ڕووداوەکانی دیکەی داهاتوودا دەکاتەوە، کە ناتوانین پێشبینی بکەین.”




کودەتای ساڵی ١٩٦٠ لە تورکیا.. فارس حسێن فارس

کودەتای ساڵی ١٩٦٠ز سەرەتایەکی نوێ لە مێژووی تورکیادا گۆرانکاری گەورە بەدوای خۆی دا هێنا تورکیا لەسەردەمی دیموکراتەکاندا دۆخی ولات بەتەواوی تێکچوو لە ئەنجامی کۆمەڵە هۆکارێک وای کرد سووپا کودەتا بەسەر پارتی دیموکرات کە لەسەر دەسەلاتی تورکیا بوو بکات .

هۆکارەکانی کودەتای ساڵی ١٩٦٠ز

کۆمەڵە هۆکارێک هەبوو کە وای کرد سووپا کودەتا بکات وەکو ئەمانەی خوارەوە :

١.سیاسی
لەئەنجامی ئەوەی دیموکراتەکان بەرەو تاکرەی چوون ئەمەش ملمڵانێ سیاسی درووست بوو لە نێوان پارتی دیموکرات و پارتی گەلی کۆمار هەروەها پارتی دیموکرات لەگەڵ پارتە ئۆپوزسیۆن پارتی دیموکرات لەگەل ئەمان لە ملمڵانێ دابوو سەرجەم گۆڤار و کەنالەکان و کۆبونەوەکانی ئەم پارتانە قەدەغەی کرد و چەندیک ئەندام لەوانە دەستگیرکرد بەتایبەت ئیسمەت ئینۆنۆ یەکێک بوو لە کەسایەتیە ناودارەکانی توورکیا بەتایبەت لەناو سووپا .

٢.ئابووری
ئابووری ولاتی توورکیا هەر چەندە لە سەرەتا دا پارتی دیموکرات چەند پلانێکی دانا بۆ گەشەی ئابووری ولات بەلام لە کۆتایی پەنجاکان دۆخی ئابووری خراپتربوو نەک باشتر ئەمەش بەهۆی قەرزی زۆرەوە و هەلاوسانی ئابووری و دابەزینی درای لیرە و کورتهێنانی بودجەی ولات کاریگەریەکی خراپی هەبوو لەسەر پارتی دیموکرات رووخانی پارتەکە و هۆکاری کودەتاکە .

٣.کشتوکال
هەرچەند لەم کەرتە دەتوانین بلێن پارتی دیموکرات هەنگاوێکی گرنگی نابوو بۆ پێش خستنی ئەم کەرتە بەلام ئەم هەنگاوە زیاتر کەسانی دەولەمەند و کەسانی نزیک لە دەسەلات سوودی بۆ ئەوان بوو خەلکی ئاسایی هیچ سودی نەبوو ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی کودەتاکە دادەنرێت .

٤.کۆمەلایەتی
ئەم لایەنە هەر لەسەرەتا پارتی دیموکرات گرنگی بەم لایەن دا هەندێ چاکسازی تێدا کرد بەتایبەت لایەنی ئاین بەڵام ئەو چاکسازیانەی ئەو کردی لەکۆتاییەکانی پەنجاکان کاریگەریەکی خراپی بەدوای خۆی هێنا بووە و بێکاری رۆژ لەدوای رۆژ لە زیاد بوون دابوو و رێژەی کۆچ کردنیش بۆ شارەکان زیادی کرد ئەوەش هۆکاری کەوتنی پارتی دیموکرات .

روودانی کودەتای ساڵی ١٩٦٠ز

لەئەنجامی ئەم هۆکارانە سووپا هاتە ناو دۆخەکە لەو کاتەدا ولات لە دۆخێکی زۆر ئالۆز دابوو ولات لە پرەنسیبەکانی ئەتاتورک دورکەوتەوە بۆیە سووپا بە سەرۆکایەتی جەماڵ گورسیل کە سەرۆکی کۆمەڵەی ئەتاتورکیەکان بوو ئەم کۆمەلەیە نهێنی بوو لە سالی ١٩٥٤ز بەمەبەستی چاکسازی دامەزرا بوو بۆیە پێش ٢٧ ئایاری سالی ١٩٦٠ز جەمال گورسیل چەند نامەیەک بۆ عەدنان موندەرس نارد کە وازلە دەسەلات بهێنیت حکومەتێکی کاتی پێکبهێنریت بۆ ئەوەی باوردۆخی ولات باشتر بکرێت ئەوەبوو ئەو نامەیە هیچ وەلامێکی نەدرایەوە بۆیە سەرۆک ئەرکانی وشکانی جەماڵ لە ٢٧ ئایاری ساڵی ١٩٦٠ز گەمارۆی کۆشکی سەرۆکایەتی و حکومەت دا بۆیە لێرەوە سەرۆڵ جەلال بایار و سەرۆکی وەزیران عەدنان موندەرس دەستیان لەکار کێشایەوە .

گۆرانکارییەکانی دوایی کودەتای ساڵی ١٩٦٠ز

کۆمەڵەێک گۆرانکاری روویدا لەوانە :

١. کودەتاچییەکان راگەیاند کودەتاکەی ئەوان جیاواز لە کودەتاکانی تری رۆژهەلاتی ناوەراست ئەوان بۆ راست کردنەوە و گێرانەوە پرەنسینەکانی ئەتاتورک بوو .

٢.پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی هاولاتیان .

٣.ئازادی رادەبرین و لابردنی سانسۆرەکان لەسەر رۆژنامەگەری .

٤.رێگەدان بە کردنەوەی پارتی نوێ .

٥.دەستوورێکی نوێ .

٦.هەلوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی دژی دیموکراتین .

ئەنجامی کودەتای ساڵی ١٩٦٠ز

١.بە گشتی لەئەنجامی ئەو شلەژانە گەورەیەدا کە لەسەردەمی حکومی پارتی دیموکراتدا کە بەسەر کۆمەلگای تورکیادا هات و لەبەر یەکترازانی ژیانی ئابوری و سیاسی کۆمەلایەتی .

٢.ولات کەوتە دۆخی هەلاوسانێکی گەورەوە کە بوە بەربەست لەبەردەم گەشەی ئابوری و بوجەی ولات بە تەوای پەکی کەوت تەنها مەبەستەکەی کێشە هەنو کەیەکان بوو.

٣.هەروەها سیاسەتەکانی پارتی دیموکرات بە تەواوی کاری کردبوە سەر پەرتەوازەکردنی ریزەکانی گەل و گومان و دلەراوکێی بلاوکردبوە کۆمەلگا لە دۆخێکی چینایەتی و کۆمەلایەتیدا دەژیا.

٤.دەزگاکانی پەروەردەو فێرکردن تا دەهات خراپتر دەبون لە بەرامبەر هەر جولەیەکی کۆمەلگاشدا حکومەت زیاتر زەبرو زەنگی بەکاردەهێنا ئازادیەکانی بەرتەسک دەکردەوە




کانی ماسی.. پشکۆ ناکام

(( کاتی خۆی لە مەرگی “گۆران”ی مەزنا ، کاژیکەکان جگە لە هەڕەشە خەڵکیان هاندا بوو کە کەس لەگەڵ تەرەمەکەیا نەچێ بۆ بە خاک سپاردنی چونکە ئەو “شیوعی”بوو………))

شەستەکانی سەدەی ڕابردوو شاری سلێمانی لە دۆخێکی یەکجار جەنجاڵ و بێ سەر و بێ بەری بوو ، هەر وەک “شیکاگۆ” ئاخن بوو لە باند و گروپی شەقاوە و پیاو کوژ ،خۆیان لە شارا حاکم بوون و سەیریش لەوایە سەرۆک باندەکان بە ناوی دایکیانەوە بوون:ئامە ، حەلاو..ئامە درێژ … جگە لەوەی لەناو خۆیانا بەر بوو بوونە یەکتر وەکو مڵۆزمێکیش بەر بوو بوونە گیانی خەڵکی شارەکە ، سەرانە..کوشتن..ڕفانن، و تاوانی زۆری تریش ، بەڵام هیچ جەماعەتێکی دژ بە خەڵک وەک ئەوەی”کانی ماسی” نەبوو ، ئەوانەی خۆیان بە “نەتەوەیی”!! ئەزانی و باک گراوندێکی”کاژیکانە”یان هەبوو ئەوێیان کردبوو بە بارەگای خۆیان ، دیارە و بە یەقینەوە “پارتی” ئاگای لێ بوە گومانیش نیە کە هاوکاری کرد بوون بەڵام بۆ ئەوەی خۆی دوور بگرێ لەو تاوانانەی ئەکرا بێ دەنگی هەڵبژارد بوو بە تایبەتی زۆربەی زۆری قوربانییەکانی ‘کانی ماسی’ شیوعییەکان بوون ، کە ئەمە بۆ پارتی وەک حەڵوای جەژن بوو !!
دوای کودەتای 1963/ی بەعس و ئاوارە بوونی شیوعییەکان ، پیاو کوژەکانی کانی ماسی بە هەلییان زانی بۆ لەناو بردنیان و زۆر وەحشییانە کەوتنە تەسفیە کردنیان گوایە ئەمان کاژیک و نەتەوەیی خاکی پیرۆزی کوردستان !! لەو شیوعیە ناپاکانە پاک ئەکەنەوە..
باوکم کە لەگەڵ کودەتاکەی بەعسا بە سودفە لە حوکمی ئیعدام دەرباز بوو( خۆی بە ووردی لە بیرەوەرییەکانیا باسی لێوە کردوە ) ، خۆی گەیانبۆوە کوردستان ، بەڵام ڕوو بە ڕووی مەترسییەکی تر بۆوە کە “پارتی” بوو ، گرتیان و لە گوندی”تیمار”ی قەرەداغ دەست بەسەر کرا کە ئەو کاتە کۆچ کردوو”حەمە ڕەحیم/ خاڵە حاجی” بەرپرسی ناوچەی پارتی بوو لەوێ ، هاوینی هەر هەمان ساڵ باوکم ناردی بە شوێنمانا کە سەردانی بکەین، ئێمەش من و دایکم و شەرمینی خوشکم بۆ چەن ڕۆژێ لەوێ بووین ،دیارە بە کانی ماسیا ڕۆشتین ، بۆ گەڕانەوەش هەمان ڕێگا ، باوکیشم وا هات لە گەڵمانا کە لەوێ بگەڕێتەوە کۆشکەکەی !!تیمار..بە گەیشتنمان بۆ کانی ماسی پیاوێک بەرەو ڕوومان هات کە وەک بڵێ ی چاوەڕوانی کردبین کە دوا تر زانیمان ئەوە”عوسەی ئامە” بوو، کە ئێمە باوکمان جێ هێشت و بەرەو شار کەوتینە ڕێ ،چاومان لێ بوو عوسەی ئامە باوکمی بردبۆوە لای کانییەکە و قسەی بۆ ئەکرد”لە خوار کانییەکە شیوێک بوو کە تەرمی دەیان شیوعی و غەیرە شیوعی لێ بوو کە بە دادگای کوردایەتی گوللە باران کرا بوون” ..ساڵ هات و ساڵ ڕۆشت ، باوکم خۆی بۆ شەرمینی خوشکمی گێڕابۆوە کە قارەمانی کوردایەتی و ناظم گزاری کانی ماسی پێ ی ووتبو: من ئەمری کوشتنی تۆم پێیە و ئەبێ بتکوژم ، بەڵام ناتکوژم ..لە ترسیشا نیە ، زۆرم لێ کوشتوون..ڕێگەت پێ ئەیەم بگەڕێیتەوە بۆ تیمار…
ئەم بەسەر هاتە لەبەر یەک هۆ گرنگە کە باس بکرێ ئەویش ئەوەیە کە “کانی ماسی”یەکەی
“گەڵاڵە”ی کاژیکەکان هەموو بیر و بۆچوونی خۆیان تەنها لەسەر لەناو بردنی شیوعییەکان بونیاد نابوو جگە لە دروشمە هەزەلییەکانیان : بەڕوو خۆشترە لە خورما..ئێمە کوردین کوردمان ئەوێ عەرەب ” …ز”ە ونامانەوێ .. جامانە لە عەگال فێنک ترە…هتد..سوێندیشیان بە کورد و کوردستان بوو، پێشیان وابوو بۆ لەناو بردنی شیوعییەکان ئاساییە لەگەڵ” دراکۆلا” هاوکار بن..!! لەم فەلسەفە بێ بەرییە لە فەلسەفە ، تێ ئەگەین کە “کانی ماسی” بوو بووبە” قوتابخانەی کوردایەتی” و لە هەمان کاتا “قەسابخانە”یەک بوو بۆ خەڵکی شیوعی و نیشتمان پەروەر و دیاری سیاسەت و شارەکە..
هەڵگرتنی بیری نەتەوایەتی مافێکی سەرەتایی هەر کەسێکە ، بەڵام بە فیکر و ئایدیا و مەنتیقەوە ، نەک بە میزاجی سەرخواردنەوە و کلکایەتی حیزبی تر و بوون بە جەللاد ، هەر بۆیە پاشماوەی کانی ماسی و قوتابخانەی کاژیک دوای دەیان ساڵ، خۆیان گیڤ کردەوە و لە دوای ئاش بەتاڵ بە دە پانزە کوڕی گەڕەکەوە چوونە شاخ بۆ ڕزگار کردنی هەر هەموو پارچەکانی کوردستان کە لای ئەوان لە پێنج شەش پارچە و سەرەمقەست زیاترە ، بە داخەوە گەرمای هاوینی شارباژێڕ کردنی بە دوو بەشەوە و کورد لە خەوی پێک هێنانی دەوڵەتی سەر بەخۆی خۆی بێ بەش بوو..ئەو خەوە چوە مێژووی قوتابخانەیەک و قەسابخانەیەک بە
ناوی کانی ماسی….




گۆڤاری `هانا`ی ژمارە ٨ بڵاوبووەوە

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٨ کلیکی ئێرەبکەن..