«پەرتەو» غەریبەکەی نێو ماڵی خۆی.. د.شەماڵ ئیسماعیل پوور

بە هاتنە سەرکاری حکومەتی پەهلەوی یەکەم و دروست بوونی حکوومەتێکی مۆدێڕن لە ئێراندا، کۆمەڵگای سوننەتی ئێران ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی بەسەردا هات. جیا لە چەندین لایەنی پۆزتیڤی بەرچاو و ڕۆشنبیرانە، بەداخەوە بۆ گەلانی نافارسی ئێرانی کۆمەڵێک ئاریشە و کێشەی تایبەتی زمانی و کلتووری بەدیاری هێنا. لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٢٠ی زایینیدا حکوومەت سیستمێکی سەقامگیری هەمەلایەنەی پەروەردەی بە زمانی فارسی دامەزراند و پەرەی زمانی بە فارسی دا و کەڵک وەرگرتن لە زمانەکانی تری بە یاساغ لە قەڵەم دا. بۆ باش بەڕێوە چوونی ئەم سیاسەتە کۆمەڵێک کاری تایبەتیان کرد کە ڕۆشنبیرانی ئەوکات لایان وابوو بەم کارانە دەتوانن یەکییەتی نەتەوەیی و یەکپارچەیی سیاسی وڵات دەستەبەر بکەن. بۆ لابردنی هەموو جیاوازییەکانی زمانی و کلتووری قۆڵیان لێهەڵماڵی و دامودەزگایەکی مەعریفی تایبەتیان دامەزراند و مامۆستای ناخۆ جێیی و فارسی زمانیان کردە مامۆستای قوتابیانی غەیرە فارس. بۆ دروستکردنی مەعریفەی نوێ کەسانێکی وەکوو” ڕەشیدیاسمی” یان کردە پێشەنگی ڕۆشنبێری و گۆڕانکاری، تا بتوانن بە پواز داری بە هێزی زمان بقەڵەشێنن و بە سانایی زمانی فارسی بکەنە تاقە زمانی سیستمی پەروەردە و هەموو ئاخاوتن و نووسینە فەرمییەکان. هەر لەو ساڵانەدا پەرە پێدانی زمانی فارسی لە کرماشان حاڵەتێکی سیستماتیکی بە خۆیەوە گرت و دواتر بە دامەزراندنی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و سینەما ئەو زمانە بە سەر خەڵکی ناوچەکەدا سەپێندرا. ئەو داسەپانی زمانی یە، زمانێکی سەیر و سەمەرەی بە ناوی زمانی فارسی کرماشانی لێکەوتەوە. زمانێک وەکوو چێشتی مجێور و تێکەڵێک لە یاسا زمانییەکانی هەردوو زمانی کوردی و فارسی. ئەم زمانە دەسکردە لە ڕاستیدا نە کوردی یە و نە فارسی. بەم کارە کرماشانی لانەکەی ئەساتیر و پاڵەوان و مەڵبەندی چاونەترسی و کەڵەنووسەران و گەورەشاری کوردان زمان غەریب دەکەوێ و هەمووشتێک دەبێتە فارسی. دەردی سەرباری دەردان، کرماشان پڕ دەبێ لە بازرگانی ناکورد و زمانی کار و بازاڕ و بازرگانیش بە کوردی نامێنێ . ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە کرماشان پڕە لە یارسان و جوولەکە و فەلە و سوننە و شیعە و هەروەها لە باری زمانی و زاراوەییەوە ، ناوەندێکە بۆ زاراوە کوردییەکانی گۆرانی و لەکی و کەلهوڕی و …
یە کێک لە سیاسەتەکانی حکوومەتی پاشایەتی جیاوازی دروستکردن و ئاژاوە نانەوە لە نێوان دانیشتوانی کرماشان و دەوروبەریدا دەبێت. لەم بارودۆخە ناسک و هەستیارەدا شاعیری مەزنی کورد پەرتەو کرماشانی لە دایک دەبێت و بەم ئازارانەوە بای باڵ ئەدات و لە نیو چینی خەڵکانی دژ بە سیاسەتی حکوومەتی پەهلەویدا پێدەگات و بە بەربەرەکانی خەڵکانی دەروەست و ئاوەژووکاری سیاسەتەکە، کۆمەڵێک شاعیر و نووسەر و هونەرمەند پێدەگەن و شۆڕشێکی هزری و ئەدەبی و هونەری لە کرماشاندا وەڕێدەخەن و پەرتەویش یەکێک لەم شۆڕەسوارانە دەبێت. خەباتی ئەم کەسانە بۆ زیندووڕاگرتنی زمانی کوردی بە هۆی چەند هۆکاری گەورەوە زۆر دژوار دەبێت کە ئاماژە بە چەندین خاڵیان دەکەین:
یەکەم، بە هۆی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و ئێراقەوە نائەمنی دروست دەبێت و ناهومێدی و ترس وشەڕ و بۆمب و توپباران مەودای کار و چالاکی بە دڵسۆزان نادات و تەنانەت وێژەی زاڵی ناوچەکەش دەبێتە وێژەی بەرگری و شەڕ و حیماسەی بەرەوانی .
دووهەم ، دروست بوونی ئاڵۆژی ئایینزایی ڕۆشنبیران و نووسەران و خەمخۆران بە خۆیەوە خەریک دەکات و بە داخەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەپڕژێنە سەرکاری زمانی و کلتووری و….
سێهەم : خەمساردی ناسیونالیزمی کورد لە عاست کرماشان هۆیەکی تری ئاڵۆزی و بێ برنامە بوون و خەمسارد بوون لە بەرانبەر زمان و کلتووری کوردیدا بوو تاڕادەیەک کە کەسانێکی بەڕەواڵەت ئاکادێمیکی کورد ڕەوتەکەی ڕەشیدیاسمی یان دووپات کردەوە و بە کەیفی خۆیان تابووتیان بۆ زمانی کوردی دروست کرد و بە هیوا بوون ئاخر بزمارەکانی لێدەن و زمانی فارسی کرماشانییان زەق کردەوە و بە ئاشکرا گوتیان، تەنیا لادێ نشینەکان کوردن و خەڵکانی ئەسڵە شاری لە کرماشان خاوەنی ئەم فارسییەن. هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە خەڵکانی ئەسڵە شاری پێیان شوورەیی بێت بە زمانی دایک و بابیان بدوێن و لە کوردی دوور بکەونەوە.
بەم پێودانگە پەرتەو کرماشانی دەبێتە هێمای مانەوەی زمانی کوردی بە زاراوەکانی گۆرانی و کەلهوڕی. پەرتەو بە ڕواڵەت و بە پێی فوڕمی شێعری کلاسیک نووسە. بەڵام لە ڕاستیدا شێعرەکانی سەردەمیانە و تەواو نوێن و داڵغەی ئەمڕۆی کۆمەڵگایان بە کۆڵەوە ناوە. پەرتەو بە بێ ئەوەی سەر بە هیچ ڕەوتێکی کۆمەڵگا بێت، شارەزای هەمووشتێکی کۆمەڵگایە. بە پێی ئەو شارەزاییە و دەرکی ساتەوەختی هەستیاری کرماشان، شێعری کوردی دەنووسێ و شوناسێکی دووربارە بە شاعیرانی کرماشان دەداتەوە. پێش بە پەرەسەندنی ئەو سیخورمە گورچووبڕە دەگرێ کە نووسەرانی کوردی فارسی نووسی کرماشان لە گورچووی زمان و کلتووری کوردییان دا. ئەو کەسانەی کە فۆلکلۆری کوردی و گێڕانەوەی کوردییان کردە فارسی و بە زمانی فارسی دەرخواردی خەڵکی خۆیان داوە. پەرتەو بە دڵنیاییەوە لە گەڵ زمانی کوردی تێکەڵ بووە و هەرئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە بتوانێ ئاوا جوان و بێگرێ و کوردانە بنووسێ.
نووسین و شێعری پەرتەو ڕەسەنە، چونکە خاوەنی پاشخانێکی دەوڵەمەندی کوردییە. خاوەنی ئەندێشەیەکی ساحێب جەسارەتە و وەکوو کێو لە بەرانبەر ئەندێشەی زاڵدا ڕادەوەستێ و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێ. یەکێک لە شاکارەکانی پەرتەو شێعری ئەرمەنییە. مەی و ئەرمەنی دوو هێمای تایبەتن کە پەرتەو شارەزایانە لەو شێعرەدا گونجاندوونی. بە شارەزایی خۆی سەر بە هیچ دینێک نیشان نادا و دەیەوێ بڵێ کرماشان گەورە شارێکی فرە دین و فرە ئاینیزایە و دەبێ هەموان بە ئاشتی و خۆشەویستیەوە پێکەوە بژین. لەم شێعرەدا ئەرمەنی هێمای کەسێکی شادیهێنەرە و شاعیر بۆ دەربازبوون لە خەمە قورسەکانی پەنای بۆ دەبا.ئەرمەنی دەبێتە کەسێکی بێ لایەنی نیشتمان خۆشەویست کە هەموو بیر و بۆچوونەکان دەخاتە بن چەتری خۆیەوە . شاعیرلەم شێعرەدا بە وردی کۆمەڵگای کرماشان وێنا دەکات.کۆمەڵگایەکی لەسەر باڕووت خەوتوو ، ئەگەر یەکتری نەناسن و بەحورمەتەوە لە هەمبەر یەکدا نەجووڵێنەوە ، گڕکانێک شارەکە و ناوچەکە دەکاتە کۆڵوو. بەراشکاوی باس لە نائومێدییەکانی دەکات و ڕۆژ و شەوی وەکوو دوودانە دوالیزمی بەرچاوی کۆمەڵگای کوردی، وەکوو یەکە و بۆ پسانی جەرگی شەو پەنا بۆ مەی و ئەرمەنی دەبات. لە ماڵی خۆیدا خۆی بە بێخانمان دەزانێ و دژ بوونی خۆی لە هەمبەر زمانفرۆشان و بێ شۆناسان نیشان دەدات. بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە سەر زاڵکردنی زمانی نەخوازراو بەسەر خەڵکی زمان‌پاراوی شارەکەیدا ئەم دێڕە شێعرە دەنووسێ و بەئاشکرا دەڵێ : ئەگەر لە ماڵی خۆمدا و لەشاری خۆمدا بە زمانی خۆم نەدوێم ، غەریب و غەوارە و بێخانمانم. لە کۆتاییدا بڕوایەکی قووڵی بە کاری هونەری هەیە و دەچێتەوە خەڵوەتی خۆی و درێژە بە کارەکانی دەدات. کۆتا قسەم ئەوەیە کە پەرتەو تا زیندوو بوو پاڵەوانی پاراستنی زمانەکەی بوو و بە مردنیشی ئەدەبی کرماشان زیندوو بۆوە و جارێکی تر شوناسی ڕاستەقینەی خۆی پێناسە کردەوە. شێعرەکانی لە دووتوێی کتێبی«کوچە باغی ها» دا بە هیمەتی دوکتور موحەمەد عەلی سوڵتانی چاپ کراون و چاو و دڵی خوێنەری کوردی پێ ڕوون بۆتەوە. با لە گەڵ دەست خۆشی کردن لە دکتور سوڵتانی ئەم گلەییەشی لە خزمەتدا بکەین کە لە نووسینەوە و چاپی شێعرەکاندا ڕێنووسی کوردی ڕەچاو نەکردووە.

د.شەماڵ ئیسماعیل پوور_سەقز

—————————
سەرچاوەکان:
١- نەوبەتی – عەلی ئەشرەف – کوچە باغی ها – تاران – سۆها ( ١٣٨٩)
٢- وتاری( سیاست های زبانی پهلوی اول در کردستان و پیامدهای آن)- نووسەران حسەین ڕەسووڵی- ڕەزا دێهقانی- عەلی رەزا کەریمی – گۆڤاری اطلاعات تاریخ فرهنگی، زستانی ۱۳۹۵- ژماره ۳۰




تۆیەک لە نوور.. شیعر/ کاوە عوسمان

لەم شەوە زەنگە ئەنگوستەچاوە
تۆیەک لە نوور،،
برینەکانت کۆکەرەوە ئازیز
کێ ئاگای لە پریشکەی چاوی تەڕی تۆیە
کێ ئاگای لە ڕوخساری سەرمابرودی ..
نێو ئاوێنەی ڕۆژە سەرابیەکانتە،
برینەکانت کۆکەرەوە ئازیز،،
تۆ نازانێت کە ڕێبوارێک..
لە خەزانی خەمی دورتا،،
دڵی شەختەو ماندووی بە کۆڵاداوە
تۆ نازانییت،،
لە پشت پەردە ڕەشەکانی..
دوڕگەیەک لە مەنفادا،،
چی ڕۆحێک یەخسیری هەڵهاتنی..
پررشنگی خۆری چاوتە،،
برینەکانت کۆکەرەوە ئازیز،،
کوا شەوەکان..
باکیان بە فرمێسکە ڕژاوەکانی..
عاشقە جەستە شەقار شەقارەکانی..
ئەو وەرزە دڕندانەن،،
نەک هەر پووش و پەڵاشی ئەڤینێکی،،
دووریان سوتان،،
ئەوەتا گەردەلوولی نامۆیی و
و کەشتیگەلی وێڵ و،،
سەرگەردانیی پشت کەنارەکان،،
خەریکە ڕەشایی چاوەکانیش ئەفڕێنێ،،
برینەکانی ڕۆحت کۆکەرەوە ئازیز،
تۆ گەرهێندە دودڵی لە ناعیشقی موسافرێک،،
کە گوڵە نێگزە شینەکانی ڕۆحی بۆت کردە،،
تاجە پرشنگداری سەر نێوچەوانت،،
هەر ئەو موسافرە بێدارەی..
ژێر مانگە شەوە زیوینەکانە،
لە نوری شیعر و..
لە سوتماکی..
کازیوەی شەونخونی و ،،
لە پرژە بیرەوەریە ..
بەسەرچوە نەگەڕاوەکان،،
شاکاری عەشقی بۆت نوسیوە ،،
برینەکانت کۆکەرەوە ئازیز،،
بزانە هەر تۆی لە ئەندێشەی ..
گەڕیدەیەکا،،
شازادەی هەموو فریشتەکان،،
هەر تۆی فەرمانڕەوای ..
قەڵای نێوان مەرگ و ژیان،،
هەرتۆی مەشخەڵی داگیرساوی..
نێو تاریکی گومان

………………………………………………………………………..
وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەر
Jordan -Singh
کە بەسوپاسەوە لەە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




شـێواز لە وێـژەی منـداڵانـدا.. رەزا شـوان

شـێواز لە ئینگـلیزیـدا (سـتایـل) ە، رەگەزێکی سەرەکی و گـرنگە لە وێـژەی منـداڵانـدا. مەبـەست لە شـیواز بە جـوانی داڕشـتـنی بابـەتە وێـژەییەکـانی منـداڵانە بە شـێوەیەکی هـونـەری. شـێـواز و نـاوەڕۆک وەکـو دوو رەگـەزی سـەرەکی لـە وێـژەی منـداڵانـدا، هـاوسەنـگـییەک پـێکـدەهـێنن و پەیـوەنـدییـەکی بەهـێزیـان بە یەکـترییـەوە هـەیە.
شـێواز گرنگییەکی زۆری لە پێکهـاتە راستەقـینە و مێتافـوریکییەکاندا هـەیە، بۆ تیشک خـستـنە سـەر بیـرۆکەکـان و وێنـەکـێشـانی کـارەکـتەرەکـان و وێـناکـردنی رووداوەکـان. هـەر ناوەڕۆکـێکی وێـژەیی، چەنـدە رەسـەن و باش و بەهـێـزبێـت، گـەر بە شـێوازێکی جـوان و رەسـەن و رێـک و چـێژبەخـش دانـەڕێـژرێـت، ناتـوانـێـت کـاریــگەری لەسـەر منـداڵان دروسـت بکـات. چـونکە شـێوازی کاڵـوکـرچ و لاواز، ئاستی نـاوەڕۆکی بەهـێز دەهـێنـتە خـوارەوە. بـە پـێچـەوانـەشـەوە، نـاوەرۆکی لاواز و پـووک و بـێ بـایـەخ، لـە ئاسـتی جـوانی و هـونـەریی شـێـواز کەمـدەکـاتـەوە. بـۆیـە دەوتـرێـت، پێـویستە وێـژەی منـداڵان لەسـەر قـاپـێکئ زێـڕیـن پـێـشکەش بە منـداڵان بکـرێـت.
ناشکرێت تایبەتمەنـدییەکی ستانداردی دیایکـراو بۆ شێوازی وێـژەیی منـداڵان دابنرێـت. تا نووسـەرانی ئـەم بـوارە پێـوەی پابـەنـدبـن. چـونـکە بە زۆری سـروشـتی نـاوەرۆک، لایەنێک لە سروشتی شـێواز دەسەپـێنـێت. بەهەر شێوەیەک بێـت، پێویستە هـاوکاری و یەکـێـتیـیەک لە نێـوان نـاوەڕۆک و ئـەو شــێوازەدا بـدۆزیـنەوە، کـە کـۆڵـەکەی جـۆری وێـژەیی پێکـدەهـێنێـت. ئەمـەش رێـگـری لە چـوارچـێوە گـشتییەکان ناکـات. لەوانـەش، وێـژەی منـداڵان چـیـتر قـسەی سـواو و بـێزراو و بـێـتام پـێـشکەش بە منـداڵان ناکـات، کە لێیان وەرسـتبوونە، بۆیان دووبـارە بکـرێتـەوە، باوێـشک دەدەن و خەو دەیانباتەوە. بەڵکو شـێـوازی نـوێی وێـژەی نـوێی منـداڵان، زمـانـێکە منـداڵان وریـا دەکـاتـەوە و بە ئاگایـان دەهـێنێتەوە، توانـای ورووژانـدن و رابـوونیـان پێـدەبەخـشـێـت.
چـیتر شـێوازی وێـژەی منـداڵان، ئامـرازێـک نیـیە بۆ تـرساندن و تـۆقـانـدن، لە سـزای دونیا و رۆژی دوایی و مەڕنەمووکەی گۆڕ و خێو و دێـوودرنج و جـنۆکە و ئەژدیهای حەوت سەر و،.. هـتد.. ئەو شێوازەش بەسەرچـوو، کە هـۆش و ئەنـدێـشەی منـداڵان، بە وشـەی زەق و رەق و بە رێـنمایی ئاینی نالۆژیکی و ئامـۆژگاریی تەڵـقـین ئاسایی و بە قـسەی هەلەق و بەلەقی بێ بناما، مێـشکی منـداڵانی نەوەی ئەمـڕۆمان بشـۆرنەوە. بەڵکو لە ئەمـڕۆدا شێوازی وێـژەی منـداڵان بۆتە ئامـرازێک بۆ دروستکـردنی مروڤ لە ڕێگەی روانـدنی بەهـا و رەشتە نایابەکانەوە. بۆتـە ئامـرازێک بۆ دەستەبەرکـردنی خۆشی و شادی بۆ منداڵان. بۆ رەوینەوەی خەمۆکی و رەشبینی. بۆ بەخشینی هـیوا و گەشبینی، بـۆ دووپاتکـردنەوەی بـڕوا و متمانە بەخـۆبـوونیان. لە میانەی داڕشتنێکی رەسەن و سەرنجڕاکـێشدا. لە رێگەی زمانێکی دروست و ئاسان و شـیریـن و پاراودا.
منـداڵان لە هەر ناوەڕۆکـێکی وێـژەیی نامـۆ و نەگونجاوی دوور لە حەز و ئارەزوو و زمـان و تـوانـایـان، لـووتەلادەبـن و دەتـۆرێـن، گەر هـەست بەوە بکەن بە سـەریانـدا سەپێنراوە. تەنانەت گەر شێوازێکی گونجاویشی هەبێت. ئەمەش ئەوە لە نووسەرانی وێـژەی منـداڵان دەخـوازێـت، کـە لـە شـێوازی هـەڵـبەسـتـنی رووداو یـان زۆرکـردنی ناوەڕۆکی پـڕوپاگەنـدەیی و لە شـێوازی داڕشـتنی سـوا و ئێکـسپایەر دووربکەونەوە.
گـەر بمانەوێـت بە وردی، گـرنگـترین بنەمـا و تایبەتـمەنـدییەکـانی شـێوازی دروسـتی وێـژەی منـداڵان پێناسـە بکەیـن، دەڵـێـیـن: بـریـتیـیە لە خـستنەڕووی بیـرۆکەکـان، بە شێوەیەکی وێـژەیی ئەوتـۆ دایانبڕێـژیـن، کە منـداڵان ئاڵـۆز و رامـان و دامـان و بێـزار نەکەن. بە وشەی سـووک و ئاسان و شـیرین و نەرم و نیان و یەک واتا و بە رستەی ناسک و کورت دایانبڕێژین. زیادەڕۆیی نەکەین و کورت پوختبن. بە پێی قـۆناغەکانی گەشەی زمـان و تواناکـانی دەروونی و جەسـتەی و هـۆشی منـداڵان بـن.
ناشـبێـت لە پێشکەشکـردنی زانیارییەکانـدا، زیادەڕۆیی لە ئاسانی و ساکاریـدا بکرێت، ئەوەش راست نییە کە نووسەرانی وێـژەی منداڵان لە نووسینەکانیاندا، هەموو شتێک بەدەسـتەوە بـدەن و هـیچ بـوارێـک بـۆ منـداڵان نەهــێـڵـنەوە بـۆ بـیـرکـردنـەوە و بـۆ هـەڵـهـێنجـانـدنی مەبەست و بیـرۆکەکانی بابەتەکـانی نووسینەکـانیـان. یان وا بـزان کە منـداڵان هـێـندە ساوێلکەن و هـیچ نـازانـن. ئاسـانیش لە شـێوازی داڕشـتنی بابەتەکـان ئەوە ناگەیەنێت کە بە شێوازێکی بێ تام، یا بە شێوەی راپـۆرت ئاسایی ناوەڕۆکەکـانی بابەتەکـانیان دابـڕێـژن، کە منـداڵان هـیچ جـوانییەکیان لێ نەبینن و چـێژێکی وێـژەییان لێـوەرنەگـرن هەست بە بەهـێزیـان و نەکەن و بـزە و خەنـدە نەخـەنە سەر لـێوەکانیان.
(جاکـلـین سانـدەرز) دەڵـێت:”با وێـژەی منـداڵان هـێنـدەش ئاسان نەکـرێتەوە، وابـزانن منـداڵان هـیچ نـین و هـەسـت بە هـیچ شـتـێک ناکـەن..”.
ئـەو نـووسـەرەی وا بیـربکاتەوە و نـووسـینەکـانی بـۆ منـداڵان لە بێـئاستـیدابـن، ئـەوە دەگەیەنێـت کە بنەمـایەکی سـەرەکـیی وێـژەی منـداڵانی رەتـکـردۆتـەوە، کـە بـایـەخـدانە بە هـێز و بە توانای بیرکـردنەوەیـان. نابەڵـەدە و لە گەشـەکـردن و لە بەروپێـشچـوونی تـوانـاکـان و ئاستی رۆشـنبیریی منـداڵانی ئەمـڕۆمان بێ ئاگـایە و تێـنەگەیـشـتووە.
بابەتی تازە و ناباو و داهـێنان، گەورەکان و مـنداڵانیش دەورووژێنن. بۆیـە تازە بابەتی و تازە شێوازی، توخمێکی گرنگە لە وێـژەی منداڵاندا. پێویستە بە شێوازێکی ناسک و شـیریـن و تـازە نـاوەرۆکەکـان پـێـشکەش بـە منـداڵان بـکەیـن. تـا منـداڵان هـەسـت بە تازەگـەری بکەن. چونکە منـداڵان لە زۆر دووبارەکـردنەوەی وشـە و رسـتە و سـتایـلە سـواوەکان بـێزاربـوونە و چـێژ و خـۆشیـيان لێـوەرناگـرن. رقـێکی زۆریشیان لە قـاڵـبە وێـژەیـیـە چەقـبەسـتووەکـان هـەیە.
نووسـەری وێـژەی منـداڵان، پێـش ئـەوەی کە دەسـت بە نـووسینی بابـەتەکـانی بکـات، پێویستە ئەوە بزانێت کە بۆ منـداڵان دەنووسێـت نەک بۆ گەورەکان. نابێت خۆی رادات و باڵادەستی و فـانتازی خـۆی دەربخات. چـیی دەوێـت و چـۆنی دەوێـت، بە هـەوەس و میـزاجی خـۆی بنووسـێـت. با ئـەم پـرسـیارانە لە خـۆی بـپرسـێـت: بـۆ کێ دەنـووسـم؟ ئەوانـەی بۆیان دەنووسـم لە چ قـۆنـاغـێکی تەمەنیان دان؟ تایبەتمـەندییەکـانی منـداڵان لەم قـۆنـاغـەدا چـین؟ شـێوازی داڕشـتن بۆ منـداڵانی ئەم قـۆناغـە پێـویستە چـۆن بـێت؟
گەر نووسەری وێـژەی منـداڵان وەڵامی ئەو پرسیارانەی نەزانێت، نابـەڵەدە و ناتوانێت بە پێی قـۆناغـەکانی منـداڵی، بـیرۆکەیەکی باش و کارەکـتەرەکان و شـێواز و زمـانێکی شـیرین هەڵـبژێـرێـت و بابەتێکی وێـژەیی گونجـاو بۆ منـداڵان بنووسـێت. بۆیە پێویسە نووسەرانی وێـژەی منـداڵان، شارەزای قـۆناغەکانی گەشەکردنی منـداڵان بن. لە رووی هـۆشی و دەروونی و جەستەیی و توانای فـێربوون و وەرگـرتن و بـڕکردنی خەیاڵیان و فـەرهـەنگی وشـە و رستەکانی زمـانیان و ئاستی رۆشـنبیریی گـشتییان و ژینگەکەیـان.

گـرنگـترین تایبەتمەنـدییەکانی شێوازی وێـژەی منـداڵان
بە کورتی و بە سفـتی، باس لەم سێ تایبەتمەنـدییەی شـێوازی وێـژەی منداڵان دەکەین، کە بـریتـین لە: روونی، بەهـێزی، جـوانی:
١ـ روونی: روونی شـێـواز و ئـاسـانی، لـە روونی بـابـەتی پـێکهـاتـە زمـانیـیەکـان و لە بەستنەوەیـان بە یەکـترییەوە و لە روونی بیـرۆکەکـان دایـە. هـەمـوو ناڕوونی و تـەم و مـوژ و ئاڵـۆزییـەک لەم لایـەنـدا هـەبێت، بابـەتی وێـژەیی دەشـێوێـنێـت و تـێکی دەدات، هەمیشەش راستییەکان جـوانـترن. تا دەربـڕینەکان ئاسان بێت، کاریگەریییەکی زیاتر و قووڵتریان دەبێت. پێویستە وشەکان ئاسان و بیستراوبن، قـورس نەبن و لە فەرهەنگی زمـانی منداڵانەوە وەربگـیرێـن. رسـتەکـانیش کورت و ئاسانبن و تـێکهـەڵکـێش نەبـن.
٢ـ بەهـێـزی: بەهـێزی شێواز، لە رێی ئەو هـانـدەرانەوە پیشان دەرێت، کە هەستەکانی منـداڵان بـە ئـاگـا دەهــێـنـنەوە و هــۆش و ئـەنـدێـشـەیـان دەبـزوێـنـن، بـۆ تـێـڕامـان و هاوسـۆزی هـانیان دەدەن. بـێجگە لەوەش جـوانی بە بیـرۆکەی بابەتەکە دەبەخـشـێـت.
٣ـ جـوانی: جـوانی پێـکەوە گـونجـانـدنی نێـوان شـێواز و بیـرۆکەکانە. چونکە بیـرۆکە جیاوازەکان، پێویستییان بە دەربڕینی جیاواز هەیە. جوانی هەموو لایەنەکانی ناوەڕۆک و فـۆرمی بابەتەکان دەگرێتەوە. بێجگە لەوەی کە جـوانی شێواز لەگەڵ توانای وێژەیی و سـۆزدارییە دەروونیـیەکـانی منـداڵانـدا دەگـونجـێـت.
زمانیش لە بابەتەکانی وێـژەی منداڵاندا، زۆر گـرنگە و ئامـرزای دەربـڕین و نووسـینە. هەمـوو نووسەرانی وێـژەی منـداڵان، هـاوڕان لە بەکارهـێنانی زمـانێکی پەتی و روون و ئاسان و شـیریـن، بە پێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان و گەشەکردنی هـزر و زمانیان. تا منـداڵان لێـیان تـێبگەن، کە دەبێتە یارمەتـدەر بۆ تێگەیشتن لە بیـرۆکەی ئەو بابـەتە وێـژەییانەی کە بـۆ خـوێنـدنەوە و سوودوەرگـرتـن لە بەردەسـتـیان دایە.
پێویستە بە تەنیاش پشت بە فەرهەنگی زمانی منداڵان نەبەستین، چونکە منداڵان لەپاڵ فەرهەنگی زمانیان، فەرهەنکی هەستکـردنیان هـەیە. منـداڵان لە دەرەوەی فەرهەنگی زمانیان کە قـسەی پێـدەکـەن، توانـای تێگەیشتـنی وشـە و دەستەواژە و رستەی تریان هـەیە. لە کـۆتـاییـدا، دەڵـێیـن پێویـستە شـێواز لە وێـژەی منـداڵانـدا، سـووک و ئاسـان بێـت. بە شێوەیەک هـەر بـڕگـەیەکی، جـوانی و زەردەخـەنە بە بیـرۆکەکەی ببـەخـشـن. پێویستە هەڵە رێنووسی و رێـزمانییەکانی نووسینەکانمان بـژار بکەیـن، تا ئەو هـەڵانە لە لای منـداڵان نەچـەسـپـێن. ناشـبێـت بە شـێوە زمـانی ناوچـەیی و گـشـتی بنـووسـین. وشەی بـێگانەش تەنیا لە کـاتی زۆر پێویست و ناچـاریـدا نەبـێـت، بەکـاری نەهـێـنـین.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




پیاوەتیم دەڕژێتە نێو سێبەرتەوە.. ناڵە حەسەن

١
زەمەن دەڕواو
پیاوەتیم دەڕژێتە نێو سێبەرتەوە
دیوارێک لەنیوانمان قسە دەکات
جەنگاوەرێک
لەنێو سەنگەرەکانی مردنەوە
فیشەک بە ئاگرەوە دەنێ
٢
زەمەن دەڕواو
خۆرەتاوی خەونەکانم
دەڕژێتە نێو چاوەکانتەوە
کیشوەرێک لەنیوانمان قسە دەکات
شاعیرێک
لەنێو ماڵی تەنیاییەوە
بە ڕێنووسەکانی تاریکی
قەسیدە درێژەکانی عەشق دەنووسێتەوە
٣
چیتر لە دوورەوە سەیرم مەکە
وەرە
جلە شینەکانی مردنم لەبەر داکەنە
لەژێر بارانی خۆشەویستی
سەمایەکی سێرناداییم لەگەڵ دابەستە
بە تەنها جارێکیش بیت
بە زمانی عەشق بم لاوینەوە
٤
عەشق / پەنجەرەیەک لە مندایە
خەون / قاچەکانم لە سروود گوتن نەکەوتوون
مانگێکی سپی لەنیو شەوەکانم دەردەکەوێ
ئەستێرە مییەنەکانیش بە کۆمەڵ بەدوامەوە نوێژ دەکەن
تۆش دەستم بگرە و پڕمکە لە خۆت
٥
سەفەر / توورەگەیەک لە نائومێدی
پایز / ماڵێک بۆ ئاشتبوونەوە
شکانی ئاوینەکانی ئومێد
هەور پڕبووە لە چیڕۆکەکانی چاوەڕوانی
ڕەشەبا / ڕەش ڕەش تابلۆکانی تەمەنمان ڕەنگ دەکات
تۆش لەنێو جانتای خەونەکانت بۆ ئەبەد زیندانیم کە
لێمگەڕی با وەک هەمیشە بڕژێمە نێو جۆگەلەی کچێنیتەوە

                                                          ئایاری ٢٠٢٣



خەندە و گریان.. عەلی سیرینی

ئێستا دڵی من و تۆ وەكو پەروانەو شەم
لە من فڕین و لە تۆ بڵێسە
لە تۆ خەندە و لە من خەم
لە تۆ ئاگر و لە من سوتان
لە تۆ زیاد و لە من كەم
لە تۆ زستان و لە من تەم
تۆ زین و من مەم
لای تۆ لار و لەنجەی ناز
لای من برینی دەماودەم
لای تۆ گوڵان سەر دەردێنن تەك تەك
لای من خەزانی پاییزە
مردنی گوڵ و لاولاو و مێخەك
لای تۆ سەفەری سپیی و گوڵ و گوڵزار
لای من تنۆك تنۆك ڕژانی خوێنی دڵدار
لای تۆ پێكەنین و خەنەبەندان
لای من گۆشەگیریی و گریان
لای تۆ ژیان و لای من مردنێكی نادەم
منت كرد بە دێوانە و
تۆش بۆ من بوی بە شەم

عەلی سیرینی