بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا..٦٢– شەماڵ بارەوانی

(٦٢)

فەقێیەکی شەشڕوو

لە حوجرە و قوتابخانەی محەمەدییە، فەقێیەک لەگەڵمان بوو، زۆر هاوڕێی بووین.
فەقێیەک، سەرەتا هەمووان وەک پەپوولەیەک و مرۆڤێکی ڕۆحانی و زۆر خواناس لێی حاڵی ببووین، بەڵام دواتر دەرکەوت هەموومان فریومان خواردووە و وا نییە. هەموو شتێکمان بۆ ئاشکرابوو و لە کۆتاییەکەیدا ماسکی ساختەی ڕووی ئەو فەقێیە کەوت.
ئەو فەقێیەکی زۆر دووڕوو بوو، هەرسەعاتە و خۆی بە ڕەنگێک دەگۆڕی، هەر کاتێک و بە شێوازێک دەردەکەوت و بە زمانێک دەدوا!
دەمێک پەسنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەدا، دەمێکی دیکە سەرەدانی کۆمەڵی ئیسلامی دەکرد و دەیگوت عەلی باپیر عەبقەرییە. دەمێکیش دەبوو بە سۆفی و مامۆستا مەلاعەبدولجەباری زەرگەزەوی دەبردە کەشکەڵانی ئاسمان.
ڕۆژی دواتر دەیگوت، سۆفیزم خورافەیە و مەدحی ئەنسارولئیسلام و مەلاکرێکاری دەکرد. ئەو پێشووتر لە زەرگەزەوی و ناو سۆفییەکان فەقێیاتی کردبوو.
بۆ خوا و بۆ مێژوویش بڵێم، کە لە وانەکانی فەقێیاتی، فەقێیەکی زیرەکیش بوو.
بەتایبەتی لە نەحو و سەرف و زمانی عەرەبی. بە حوکمی ئەوەی لە شوێنێکی نزیک مووسڵ هاتبوو.
جا ئەو فەقێیە، بابەتی ئەو گێڕگۆڕینەی فیکر و ڕوو و هەر ڕۆژەی مەدحکردنی ئاڕاستەیەک، تەبعەن لای مەلاکان وای نەدەگوت، تەنها لای من ئەوەی دەدرکاند.
لای مەلاکان خۆی وەکو یەکگرتوویەکی تەمام عەیار و زۆر دڵسۆز پیشان دەدا.
لە نواندن و نمایشدا فەقێیەکی تا بڵێیت زۆرزان و زیرەک بوو.
ئەو دەبوا ئەکتەر و شانۆکار بوایە، نەک فەقێ. هاهاها.
زمانێکی عەیب نەبێت، زۆر لووس و عەجیبی پێوە بوو.
بە قسەشیرینەکانی سەرنجی هەمووانی بۆخۆی ڕادەکێشا.
زۆر مەکربازیش بوو. لە کاتی قسەکردن، کچانە ئۆین و نازی دەکرد.
جا بەو بۆنەیەوە، لەڕێگای ئەو نمایش و زمانلووسییەوە، توانی قەناعەت بە مجێور و مەلاکان بێنێت، بەوەی لەناو مزگەوت و لە دەرەوەی حوجرە و دوور لە تێکەڵاوی فەقێکانی تر، ژوورێکی تایبەت و تەنهای وێ بدەن. دوای خوێندنی وانەکان و نانخواردن، بۆخۆی لەو ژوورە دەمایەوە و دەخەوت.
ئەو مەلایانەی کە وانەیان بە ئێمە دەگوتەوە، هەموویان بە ئاراستەی حیزب و ئـایدیۆلۆژیا یەکگرتووبوون.
تەنها دانەیەکیان نەبێت، کۆنەموجاهید و کۆنەبزووتنەوەی ئیسلامی بوو، مەلا(ع. مەمک).
ئەو مەلا کۆنەبزوتنەوەیە، حافیزولقورئانیش بوو. وانەی فیقهی ئیسلامی(فتح القریب)ی بە ئێمە دەگوتەوە.
ئەلحەق، زۆرزۆر کەیفی بەمن و هەروەها ئەو فەقێیە زمانلووسە دەهات.
لای ئەو فەقێیە زمانلووسە گوتبووی: من هی ئەوە نیم، لێرە و لە کونجی ئەو مزگەوتە دانیشم. خۆزگە جیهاد هەبوایە و بەشداریم تێدا کردبا، بەڵام ئاخ، چی لە هەڵکشانی تەمەن و زرووف بکەم.
فەقێیەکە خۆی ئەوەی بۆمن باسکرد.
ئەو مەلایە لە فیکردا زۆر توندبوو. ڕۆژێک نازانم چۆن بوو لە کاتی وانەگوتنەوە، بابەتی دروستبوونی مرۆڤ هاتە ناو بابەتەکە و مەلا دابەزییە سەر(PKK) و گوتی: مارکسی و بێباوەڕن، لەکاتی دەستپێکی پەخشی کەناڵەکەیان، مەبەستی(میدیاTv)بوو، هەموو بەیانییەک، فیکری داروین و تیۆری پەرەسەندن پەخش دەکەن. ئەوان بیروباوەڕ چەپ و هێزێکی مولحیدن. مەلا سەبارەت بە (پارتی کرێکارانی کوردستان)وای گوت.
ڕۆژەک گوتم: مامۆستا وێنەچرکاندن و وێنەکێشی حەڵاڵە؟
گوتی نەخێر، حەرامە و شەرعەن دروست نییە.
من خۆشم ئەوکات فەقێیەکی زۆر توندڕۆبووم و لەناخەوە بیروباوەڕی جیهادیم هەبوو!
دواتر قسەی ئەو مەلایە(وێنەکێشان و وێنەچرکاندن)ــەکەم
بە مامۆستاکانمان(مەلا یەکگرتووەکان)گوت. مەلاکان زۆر بەوە تووڕە و قەڵس بوون و گوتیان ئەو پیاوە، کۆنەبزووتنەوەیە و زۆر توندە، گوێی بۆ نەگرن، ئەوە ئەقڵ و مێشکی فەقێکانمان لێ دەشێوێنێت. ساڵی دواتر ئەو مەلایە لە وانەگوتنەوە نەما. ئەوەی ڕاستی بێت، نازانم هۆکارەکەی چی بوو، بەڵام پێدەچێت هەر بەو بۆنەیەوە لابرابێت.




خەلیفە ئەبوالعباسی صەفاح و کارەکانی.. ئامادەکردن: فارس عارف و سەفیر زرار

ناساندنی ئەبوو عەباس عەبدوللای کوڕی محمدی کوڕی عەلی عەباس ئەبوو عەباس نازناوەکەیەتی لەساڵی ١٠٥ک/٧٢٣ز لەحەمیمە لەدایک بووە لەخاکی الشڕاە لەبەلقا لەشامدا ،لەوێش پەروەردە بوە ڕۆژی هەینی ١٢مانگی ڕەبیع. لەسالی١٣٢ک مانگی تشرینی یەکەمی سالی ٧٤٩زاینی بەیعەتیان پێداوە و خەلافەتی پێڕاسپێردرا لەکووفە ئەوەش دەکرێت. لەیەکچونێک هەیە لەنێوان ناوی ئەبوو عەباسی خوێن ڕێژ وەناوی ئەبوو جەفحەری مەنسووڕی بۆیە مێژوو نوسان نازناوی عەبدوللای (الاصفر) یان بۆ خەلیفەی خوێنڕێژ دانا واتا بچوک چونکە تەمەنی لەمەنسووڕی برای بچوکتر بوو وەکوو نەریتێکی پەیڕەو کراو لەلاین خەلیفەکانەوە لەکاتی هەلبژاردنیاندا ئەبوو عەباس لەمزگەوتی کوفە وتارێکی خوێندەوە تیادا ئامانجی هەلگیرساندی شۆڕشی عەباسی ڕوون کردەوە ناتەواو و کەموو کوڕی ئەمەویەکانی دەرخست بەزەوتکەرانی خەلافەتی وەسف کردن پەیمانیشی بەکووفیەکان دا کەوا پالپشتی شۆرشەکەیان کرد موچەکانیان زیاد بکات. وەبیری خستەنەوە کە ئەو (خوێنڕێژوو شۆڕش گێڕە)
ئەبوو لعباسی خەلیفە لەکووفە نیشتەجێبوو. واش دیارە ئەو بۆی دەرکەوت کە کوفە باروودۆخێکی دەگمەنو جیاوازی هەیە ئەویش بەهۆی پشتگیری نەکردنی زۆربەی دانیشتوانەکەی لەشۆڕشی عەباسی جا لەشوێنکەوتوانی ئیمام علی بوون بۆیە خەلیفە بۆ شوێنێکی نزیکتر باریکرد ناسراو بوو بە (هاشیمیەی الکووفە) بەلام زۆری نەخایەند لەوێش باری کرد. بۆ النباڕ کە دەکەوێتە. ڕۆژهەلاتی کووفە. لەسەر ڕووباری فووڕات لەسالی( ١٣٤ک /٧٥١زاینی) لەتەنیشتی دا شارێکی بۆخزی درووست کرد ناسراوبوو بە هاشیمیەی النبار کەوا تێیدا نیشتە جێ بوو تامردن لەسالی( ١٣٦ک/٧٥٤زاینی ).

ئەبوو لعباس زۆربەی ماوەی خەلافەتی بەجێگیر کردنی دەسەلاتی بەسەر برد ئەوەبوو ڕوبەڕووی ئەو سەرکردە عەڕەبانە بوویەوە کەوا پشتیوانی ئومەویەکانیان دەکرد پاشان هەندێ لەو سەرکردانەی لەناو برد کەوا پالپشتیان کرد بۆ گەیشتن بەدەسەلات پاش ئەوەی کە نیازیان هەبوو جیا ببنەوە. وەکو (ئەبو سەلەمە لخەللا) ئەبوو عەباس کەسێکی دەست بلاوبوو ، بەڕێز، ژیر، زۆر شەرمن، ڕەوشت جوان، ئەو بەخشندەترین کەس بوو، هەرگیز بەلێنی نەدەاوە دوای بخات ،وەلەکوڕەکەی هەلنەساوە تا تەواو نەبێت وەلەسەر ئەنگوسیلەکەی نەخشاندوویەتی (اللە پقە عبداللە وبەیومن) واتا خوا جێی متمانەی عەبدوللایەو باوەڕیشی پێی هەیە دەگەڕێنەوە کەوا وتویەتی « نزمترین خەلکوو ڕسواترینیان ئەوکەسەیە ڕەزیل بەدەست پارێز بزانێ وەنەرموونیانی بەسەر شۆڕی بزانێ » وەهەروەها وتویەتی « ئەگەر نەرموو نیانی خراپە بێ ئەوا داوای لێبوردن موعجیزەیە خۆڕاگری ئاکارێکی جوانە تەنها ئەوکاتە نەبێ کە دین سووک دەبێت و سولتان لاواز دەبێت ، پەلە نەکردن ستایشکراوە تەنها لەکاتی دەرفەت دان نەبێت » ئەبوو لعباس زۆر حەزی لەدەمە تەقێ پیاوان و دانیشتنی زانایان بوو ، هانی ئەدەب و گۆرانی داوە ، خەلاتی شاعیر و گۆرانیبێژانی کردووە.
رەوشتی ناوخۆ لەسەردەمی ئەبولعباسدا
ئەبولعباس کاتێک بەیعەتی پێ درا بۆ خەلافەت دەسەلاتئ هەر هێندەی سەربازەکانی بوو جا سوپاکەی خۆی ئامادە دەکرد بۆ پەلاماردانی ئومەویەکان هێشتا کارو باری بەدەست بانگخوازان بوو بۆیە ئەرکی زۆر گران بوو چونکە لەسەری پێویست بوو دەسەلاتی عەباسیەکان جێگیر بکات بۆیە وای بینی پشت بە مام و برازاکانی ببەستێ یان بەشداریان پێ بکات تاوەکو بامگخوازان دەسەلات قۆرەخ نەکەن ئەوەبوو (سولەیمانی کوری علی مامی) کردە بەوالی بەسرە وە (ئیسماعیلی کوری علی )مامی لەسەر (کور ،ئەهواز)مامی (داودی کوری عەلی)لەسەر ئیجاز یەمەن) وە مامی(عبدوڵای کوری علی)کرد بەسەرپەرشتی جەنگ دژی مەروانی دووهەم وە ئەبو جەعفەری برایی بۆ شەرەکانی (یەزیدی کوری هوبەبرە)وادیارە جۆرە بێزارییەک دتوسی بووە لەلای هەندی لەو سەرکردانەی کەوا لە شۆرشی لەسەر شانیان هەستا کەسانی دی بەهەمی هەول تێکۆشانیان بۆ بچێ بۆیە خەلیفە دلنیایی دانێ ئەوە بوو نوسراوێکی بۆ حەسەنی کوری فوحتوبە نارد کاتێک ئەبو جەعفەری برای کردە هاوەلی گوتی:دلنیابە سەرباز سەبازی خۆتن وە سەرکردەش سەرکردەی خۆتن بەلام حەزم دەکرد براکەم ئامادەبێت سەرپەرشتی کارەکە بکات.

ڕەوشی دەرەکی لەسەردەمی ئەبو لعەباس
بەرەی خۆرهەڵاتولاتی دوو ڕوبار دوچاری مەترسیەکی گەورە بوو ڵەلایەن چینیەکانەوە. چونکە ئەمانە شڵۆقی بارودۆخی موسوڵمانان و ئەو بۆشاییەی کە ڕوخانی دەوڵەتی ڕۆژئاوای تورکەکان هێنایە کایەوە، بەهەڵزانی بۆ فراوانکردنی دەسەلاتەکەیان لە وڵاتی دوو ڕووبارلەساڵی132ک /750ز سوپای چینی شاری سۆیاب داگیرد و وێرانیان کرد . لەساڵی دواتر مڵمڵانێی نێوان (ئەخشید و فرغان ) و پاشای شاش یان بەهەڵ زانی و هێرشیان کردە سەر شاری شاش و گەمارۆیان دا و پاشاکەیان بەزۆر هاتە ژێردەسەلاتیان سەرکردەی موسوڵمانان (زیادی کوڕی ساڵح) کە تازە شۆڕشی (شەریکی کوڕی شێخ مەهری )کپ کردبوو ڵە (بوخارا) توانی سوپای چینی بشکێنێ ڵەسەر ڕوباری ۱۳۳ (گراز) لەمانگی زلحجەخاڵیدی کوڕی ئیبڕاهیم کە ئەبوو موسلیم وەک فەڕمان ڕەوەیەک ڵەسەر( بڵخ) دایمەزرادن

بەرەی بێزەنتی
دەوڵەتی بێزەنتی سودی لەو پەشێویە وەرگرت کە باڵی کێشابوو بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی جا ئیمپڕاتۆر (قسطنطین) ی پێنجەم سەرکەوتوو بوو ڵەفراوانکردنی سنورەکەی بەرەو خۆرهەڵات. هێرشی کردە سەر( شام و جزیرە) شارو قەڵاکانی داگیرکرد لەساڵی 133کۆچی پاشای ناوبراو هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ئەرمینیا و قەلای (پیود و سیبوڵیس- واتا ئەرزەڕۆم) ی داگیرکرد سوپاس عەباسی بەسەرکردایەتی( موخەڵەدی کوڕی موقاتڵ) نەیتوانی بەرگەی هێرشەکە بگرێت پاشان قەلای (کماخ) ی لەسەر ڕوباری فوڕات داگیر کرد و هێرشی کردە سەر جزیرە قەڵاکانی حدث و ملطیە داگیرکرد و قەلای (سمیساطی) وێرانکرد.

هه‌لوێستی موسولمانان
هەڵوێستی موسوڵمانان ڵەم ڕووداوانەلەسەرەتا هەڵوێستی موسوڵمانان سنوردار بوو . بەلام بەرەبەرە بەهێز دەبوو بزوتنەوەیک سەری هەڵدا بۆ بەرپەچ دانەوەی هێرشەکانی بێزەنتیەکان لە سالی 134دوو هێزی نارد بۆ سەر ناوچەی ملطیەیەکەمیان بەسەرکردایەتی (مامی ساڵح و عیسای کوڕی علی) توانیان پەرژینی شارەکە وێران بکەن دووەمیان بەسەرکردایەتی محمدی کوڕی نەسڕ کە توانی بچێتە ناو قەلای طوانە هەروەها ڵەکۆتای ئەم ساڵە بەسەرکردایەتی (عبداللە ی کوڕی حبیبی فهری) ڕەوانەی( صقلیە و سەردیانیا )کرد لەساڵی (136)ئەرکی ئامادەکردنی هەڵمەتێک بۆ ئاسیای بچوک (عەبدللەی کوڕی علی) سپارد کە مامی بوو وە فەرمان ڕەوای شام بوو.

وەزارەت لە سەردەمی ئەبو لعەباسدا
وەزارەت لە سەردەمی ئەبو لحەباسداپۆستی وەزیر راستەوخۆ لەپاش سەرکەوتنی سوپای حەباسی بەسەر سوپای ئەمەویدا پێش بەیحەتدان بە ئەبو حەباسی خوێنرێژ بۆ خەلافەت داهێندرا ئەم پۆستەش سیستمێکی دێرینی فارسیەکاتێک خەلیفە حەباس سیستەمی وەزارەت پەسەند کرد بەپێشکەوتنی دەولەت پەرەی سەند لەدابەشکردنی دەسەلات ئەمەش بەهاندانی فارسەکان کاریگەری خۆراسانیەکان هاتە ئەنجام ئەوەبو (ئەبوسەلەمە لخەللا کرد بە وەزیر ئال خەلیفە ئەبو لحباس لاری نەبوو بەلام لە سەردەمی ئەبو سەلەمە دەسەلاتی وەزیر دیاری نەکرابوو هەرچەند ناوی وەزیری لێندرابوو بەلام دەسەلاتی نەبوو لە دیوانەکان بۆنمونە لە دیوانی دارایی یان دیوانی سەربازی هتد وەک باس کراوە وەزیر حەزی لێبوو پۆستی هەموو ئیداری بگرێتەوەدەست هەموو کاروباری دەولەت جێبەجێ بکات بەلام دەسەلاتی خەلیفە رێگر بوو.

سه‌رهه‌لدانی سیسته‌مه‌كه‌
سەرهەلدانی سیستەمەکەئەوجا ئەم سیستەمە گەشەی کردو لەسەردەمی حەباسی یەکەم جێگر بوو وە دەسەلاتی وەزیر دیاری کرا ئەوە بوو وەزارەت کۆمەلی ئیش و کاری دیاریکراو وە یاساو رێسایی بۆ وەزیر دانا گرینگترینیان سەرپەرشتی کردنی دیوانی دارایی و دیوانی خەرجکردن سەرپەرشتی کردنی باج وەرگرتن کۆکردنەوەی هەموو دەسەلاتی مەدەنی و سەربازی دران بەوەزیر جگە لەو ئەرکیە گشتیانەی خەلیفە بە وەزیری دەدا وەزیر جێ خەلیفە دەگرێتەوە لەحوکمرانی واتا دەستە راستی خەلیفە
وەزارەت لە سەردەمی حەباسی دوو جۆربوون
1.وەزارەتی جێبەجیکردن: بۆ جێبەجیکردنی فەرمانەکانی خەلیفە داندرابوو وەزیر بۆی. نەبوو هەر لەخۆیەوە رەفتار بکات لەم حالەتەدا وەک ئەلقەی گەیاندن وابوو لە نێوان ئیمام و گەل

  1. وەزارەتی دەسەلات پێدان : بە تەواوەتی وەزیر بۆ هەبوو دەست لە کارو باری دەولەت وەربدات ئەمەش پاش ئەوەی خەلیفە دەسەلاتی دەداتئ لەگەل ئەوشدا خەلیفە مافی ئەوەی هەیە لە لابردنی و دانانی جێنشینەتی بۆ ئەکەسانەی کە وەزیر پۆست پێ داون و کاتێک دەسەلاتی خەلیفەی حەباسی لاواز بوو وەزیر پلەوپایەی بەرزبویەوە.



پۆست کۆڵۆنیلیزم و فیلمی ١٤ تەموز وەک نموونە.. رەوا محەمەد

تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لە بارودۆخێک دەکۆڵێتەوە کە لە ھەناوی داگیرکارییەوە سەری ھەڵداوە، بە واتایێکی تر ئەو بارودۆخ و ھەل و مەرجەی لە ئەنجامی پرۆسەی داگیرکارییەوە و کارلێکی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو و ئاڵوگۆڕی کەلتور و بە گژداچوونەوەی گواتاری داگیرکەر و …ھتد دروست دەبێت، پێی دەگوترێت پۆست کۆڵۆنیالیزم، واتە تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لەو بارودۆخ و حاڵەتانە دەکۆڵێتەوە.
بێگومان پۆست کۆڵۆنیالیزم وەکو ھەر تیورێکی تر چوارچێوە و سنوری خۆی ھەیە، بەو پێیەی ئەوا بابەتانەی کە پێشتر باسمان کرد، کە پۆست کۆڵۆنیالیزم لە پرۆسەی داگیرکاری و ئاڵوگۆڕی کەلتوری دێتەکایەوە، پۆست کۆڵۆنیالیزم باس لەو بارودۆخە دەکات کە دوای داگیرکاری دروست دەبێت، کە داگیرکەر چۆن بەردەوامی بە داگیرکردنەکەی دەدات، چۆن بیری تاکەکانی داگیرکراو داگیردەکات، چۆن بیریان کۆنتڕۆڵ دەکات و گوتاری خۆی لە مێشکیاندا ئەچەسپێنێ.
لە سەرەتادا ئەم ئەدەبیاتە ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمانی پێگوتراوە، کە وەکو دیاردەیەکی نوێ لە ئەدەبیاتی جیهاندا لە ساڵی (١٩٦٠) دا سەری هەڵداوە، ئەوەش لە کاتێکدا بووە کە نەتەوە داگیرکراوەکان دەستیان کردوە بە نووسینی ئەدەبیاتی خۆیان و زۆر بەشی بە زمانی ئینگلیزی بووە ئەو بەرهەمانەش کە لە لایەن خەڵکی نەتەوە داگیرکراوەکانەوە نووسراونەتەوە، لە ئەدەبیاتی ئینگلیزی لە ڕووی بەهاو گرنگییەوە کەمتر نەبووە، بۆیە ناونراوە ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمان ، واتا لە سەردەمی دوای جەنگ زاراوەی (ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمان) جێگەی (ئەدەبیاتی ئینگلیزی )و( ئەدەبیاتی ئەمریکایی) گرتەوە. ئەوان دەیانویست بە پێشنیاز کردنی زاراوەی (ئەدەبیاتی ئینگلیزی زمان ) پێکهاتەی فرە کولتوری و فرە نەتەوەیی ئەو ئەدەبیاتانەی ئەمڕۆ بە زمانی ئینگلیزی دەنوسرێن پێشان بدەن، دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ (ئەدەبیاتی وڵاتە هاوبەرژەوەندی خوازەکان) ئەم ناونانەش ناولێنانێکی سیاسیە، بۆ ئەدەبیاتی ئەو وڵاتانە بەکار دەهات کە کەوتبونە چوار چێوەی ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیای پێشوو، لە کۆتاییدا ئەم زاراوەیەش گۆڕاو بوو بە (ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم) وە بە باوەڕی هەندێك لە بیرمەندان پۆست کۆڵۆنیالیزم هەمان ئەدەبیاتی وڵاتە هاوبەرژەوەندی خوازەکانە تەنیا لە ڕووی ڕواڵەتەوە پۆست کۆڵۆنیالیزم زاراوەیەکی نوێیە.
لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم و دوای کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی زۆربەی ئە وڵاتانەی داگیرکراوی وڵاتی بەریتانیا بوون ، دژی داگیرکارییەکە جەنگان و سەربەخۆییان بەدەست هێنا، لەو کاتەدا ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە پێکهاتەی ئەو وڵاتە داگیرکراوانەی لە داگیرکاری بەریتانیا ڕزگارییان ببوو هاتەکایەوە، چونکە ئەوان بەدوای جۆرێك لە سڕینەوەی داگیرکاری لە کولتوور و مێژووی ئەدەبیات و لە هەمووی گرنگتر ناسنامەی خۆیان کەوتبوون، کەواتە دەتوانین بڵێین ڕەگ و ڕیشەی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم بۆ شکستهێنانی ئایدۆلۆژیای ڕۆژ ئاوا لە جەنگی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە، لەبەر ئەوەی لە دوای جەنگەکە خەڵکەکە بە تایبەتی گەنجەکان و خەڵکی کەمینە لەو هەلومەرج و بارودۆخەی کە تێیدا دەژیان ماندوببوون خوازیاری چاکسازی و گۆڕنکاری بنەڕەتی بوون، ئەوان داواکارییەکانی خۆیان لە چوارچێوەی ئەدەبدا دەخستە ڕوو، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی حکومەتە داگیرکەرەکان هەڵوەشانەوە و لەوکاتەدا بوو کە تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لە بواری لێکۆڵینەوە کلتووری و ئەدەبییەکاندا جێگایەکی تایبەتی بۆ خۆی تەرخان کرد.

هەر ئەدەبیاتێك بابەتی تایبەت بەخۆی هەیە، بابەتی سەرەکی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزمیش خەریکبوونە بە دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی پڕۆسەی داگیرکاری، بە واتایەکی دیکە ئەو ئەدەبیاتە لە بابەتی سەرەکی خۆیدا هەوڵدەدات ئەو دەرهاویشتە و ئاسەوارانە تاوتوێ و ڕەتبکاتەوە کە جیهانی دابەشی سەر ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کردووە و هەروەها بووەتە هۆی دروست بوونی دوانە لێکدژەکانی وەك پەراوێز و سەنتەر یان ئەوروپاسەنتەری و سەنتەرییەتی ئەوروپا بە ڕەسمی دەناسێنێت، چونکە نوسەرانی ئەم ئەدەبیاتە لەو باوەڕەدان کە ئەم دابەشکارییە بێ واتا و بێ بنەما و نادادپەروەرانەیە و شێوەیەکی ترە لە داگیرکاری، لە ئەنجامدا گرژی دەخاتە نێوان ڕۆژ هەڵات و ڕۆژئاواوە، ئەم نووسەرانە لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە داوای مافی خۆیان دەکەن و لە هەمان کاتدا ڕەگەزپەرستی لە وڵاتە داگیرکەرەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، کە یەکێکە لە پرسە هەرەگرنگەکان لە بواری ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزمدا، بە جۆرێک کە ئەم ( ئەدەبیاتە خاوەن دیدێکی ڕەخنەگرانەیە بۆ ئەو دەقانەی کە ڕەگەزپەرستانە و بۆ ئاڕاستە کردنی داگیرکاری نووسراونەتەوە ) و هەوڵی سڕینەوەی دەدات.
ئەگەر وڵاتە داگیرکەرەکان بە درێژایی مێژووی داگیرکارییان لە هەوڵی بەرهەمهێنانی گوتارێك دابوبن سەبارەت بە داگیرکراو، ئەوا ئامانجی سەرەکی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئەم گوتارە و ڕەتکردنەوەی، بە واتایەکی دیکە، ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم لێکۆڵینەوەی دید و بۆچوونەکانی ڕۆژئاوایە، کە چۆن سەیری ئەو میللەتانە دەکات و چۆن بەردەوامی بەو سەیرکردنە دەدات و بە جیهانی دەکات، تاکو درێژە بە داگیرکارییەکەی خۆی بدات، لە سیستەمی نوێی جیهاندا میللەتە ڕزگاربووەکان لە داگیرکاری تا ئێستاش بەجۆرێك لە جۆرەکان داگیر کراون، چونکە (ناسنامە، ماف، ماڵ و داراییان)کراوەتە ئامانج ، تا ئێستاش بیر و پەیڤی ڕۆژئاوا باو و باڵا دەستە، بۆ ئەم مەبەستەش نوسەرانی پۆست کۆڵۆنیالیزم لەو باوەڕەدان کە دەکرێت بەرهەمە کلاسیکیەکان جارێکی دیکە تاوتوێ بکرێنەوە و پەراوێز خراوەکان بکرێنەوە سەنتەر و جارێکی دیکە پێگەی خۆیان لە مێژووی جیهاندا بەدەست بهێننەوە، بەرهەڵستی ئەو شارستانیەتە ببنەوە کە ڕۆژئاواییەکان پێناسەیان کردووە، ئەو نووسەرانە باوەڕییان وایە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دەبێت سەرەتا ڕۆژهەڵاتییەکان باوەڕ بە خۆیان بکەن و متمانەیان بەخۆیان هەبێت و پشت بە کەلتووری ڕەسەنی خۆیان ببەستن و واز لە لاسایکردنەوەی کولتووری ڕۆژئاوا بهێنن، ئامانجێکی تری ئەم ئەدەبیاتە بریتییە لەوەی کە نووسەرانی ئەم ئەدەبیاتە ناسنامەی کولتووری کۆمەڵگا داگیرکراوەکان دەکەنە چەقی نووسینەکانیان و جەخت لە زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی دەکەنەوە، ئەمەش واتا ئەو نووسەرانە کار لەسەر زیندووکردنەوەی کولتوری ڕەسەنی وڵاتەکەی خۆیان دەکەنەوە.
لە درێژە و زیاتر ڕوونکردنەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم فیلمێکم وەکو نموونە وەرگرتووە، لە تێیدا ڕەھەندی پۆست کۆڵۆنیالیزم دەردەکەوێ، فیلمی (١٤ی تەموز) کە دەرھێنەرەکەی (ھاشم ئایدەمیر)ە، کاتی فیلمەکە (٢:٢٦)ە، لە ساڵی (٢٠١٧) بەرھەم ھاتووە نمرە (ڕەتینگ)ی (٤.٤) وەرگرتووە، زمانی فیلمەکە لە تورکی و کوردی پێکھاتووە.
چیڕۆکی ئەم فیلمە لە ڕووداو و بەسەرھاتێکی ڕاستەقینە وەرگیراوە، فیلمەکە باس لە زیندانی دیاربەکر دەکات لە ساڵی ١٩٨٠ بە دواوە، کە چەند چالاکخواز و شۆڕشگێر دەستگیر کراون لەلایەن سوپای تورکیاوە، ئەم چیڕۆکە باس لە کۆمەڵە کەسانێک دەکات کە تا دوا ساتی گیان بەخشینیان ئاشقی ژیانکردن بوون.
ئەم فیلمە بیری کۆڵۆنیالیزمی تورکیا بەرامبەر بە کورد دەخاتەڕوو، بیری ئەم فیلمە بۆ ئەو سەردەمانە دەگەڕێتەوە کە دەوڵەتی عوسمانی کوردستانی داگیرکردووە، پاشان دەسەڵاتەکەی نەماوە و دەیەوێت بەو شێوەیە بەردەوامی بە داگیرکارییەکەی بدات، ئەم فیلمە باس لە کوردانی باکور دەکات، لە چۆن تووشی ستەم و نەھێشتنی شوناسی بوونەتەوە لەلایەن تورکیاوە.
ئەگەر سەرنج لە ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە بدەین بۆ دەستنیشانکردنی خاڵەکانی پۆست کۆڵۆنیالیزم، لە زۆربەی ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە بە نھێنی زمانی کوردی بەکاردەھێنرێت، چونکە بەکارھێنانی زمانی کوردی قەدەغەیە، بێگومان کەلتوور بە گرینگترین و دەوڵەمەندترین سەرچاوەی نەتەوە و شوناس دادەنرێت، زمانیش بەشێکە لە کەلتوور، زمانی کوردی لەلایەن تورکیا بە ناشارستانی دواکەوتویی و بێ نرخ دانراوە و قەدەغەی کردووە، بۆ نموونە لەو دیمەنەی کە کەس و کاری زیندانیان سەردانی زیندانیەکان دەکەن، دایکی زیندانیێک بە کوردی قسەدەکات، لەو کاتەدا سەربازێکی تورک ھاواری بەسەردا دەکات و دەڵێت قسەکردن بە کوردی قەدەغەیە و بە پرچ لە دوای خۆی ڕایدەکێشێتە دەرەوە، قەدەغەکردنی زمانیش لە پێناو بنەبڕکردنی زمانی کوردی بووە و بۆ ئەوەی نەوەکانی داھاتوو فێری زمانەکە نەبن و بنەبڕ بێت.

زیندانەکەدا ئەشکەنجەی نامرۆڤانەی زیندانیەکان دەدرا، ئەشکەنجەکان لێدانی نامرۆڤانە و سوکایەتی کردن بە کەسایەتی و شوناس بوو، بە لێدان و ئەشکنجەدان کوردەکان ناچاردەکران کە بڵێن تورکم و سرودی تورکی بڵێن.
ژن و خزمەکانی چالاکخوازانیشیان ئەشکەنجە دەدا و لێیان دەدان و دەستدرێژیان دەکردنە سەر و شکۆی ئافرەتەکانیان دەشکاند، بۆ نموونە پرچیان دەبڕین و پیساییان دەکردە ناو خواردنەکانیانەوە.
یەکێکی تر لە کارە کۆڵۆنیالیزمەکانی تورکیا ئەوەبوو کە زیندانیەکان لە کاتی دادگایی کردنیاندا مۆڵەتی بەرگریکردن لە خۆیان پێنەدەدرا و نەیاندەھێشت قسە لەگەڵ پارێزەردا بکەن، مۆڵەتی سکاڵاکردنیان لە زیندان و سەرۆکی زیندانەکە نەدەدا و دەیان وت ئێرە دادگایە و پەیوەندی بە زیندانەوە نیە، لە کاتێکدا لە جاڕنامەی مافی مرۆڤدا ھاتووە کە ھەموو تاوانبارێک مافی بەریگری کردن لە خۆی و ئەشکەنجە نەدانی نامرۆڤانەی ھەیە، جگە لەوەش ھەندێک زیندانیان تووشی دانپێنانی زۆرە ملێ کرد، کارێک کە نەیانکردووە بە زەبری ئەشکەنجەدان ناچاریان دەکردن کە بیکەنە ئەستۆی خۆیان و لە دادگا لە دژی شۆڕشگێڕان قسەیان پێبکەن.
سەربازانی تورک فێڵ و تەڵەی جۆراوجۆریان بەکاردەھێنا بۆ ئەوەی بیری ئازادی لەلای کوردەکان دروست نەبێ و بیرە کۆڵۆنیالیزمەکەی خۆیان بەردەوامی ھەبێ، بۆ نموونە کاتێک زیندانیەکان بڕیاری مانگرتنیان دا، بە فێڵ و تەڵەکە ئەیانویست مانگرتنەکە پوچەڵ کەنەوە، چونکە ئەگەر کەسێک بە مانگرتنەکە گیانی سپاردبا، ئەوە پاڵەوان دروست دەبوو، (مەزڵوم دۆغان) کە کەسایەتێکی ناو فیلـمەکە بوو، خۆ سوتاندنی ئەو لە شەوی نەورۆزدا لە زیندانەکەدا ئێستاش لە دڵی کوردانی باکور سیمبولی ئازادی و کوردایەتیە، سەربازانی تورکیا ڕێگریان لەو بوونە پاڵەوانە دەکرد بە فێڵ و تەڵەکە.
تورکەکان بە وردی بە دوای تاوانی کوردەکاندا نەدەچوون، لە زیندانی دیاربەکردا تایبەتبوو بە ئەو کەسانەی لە دژی دەوڵەتی تورکی دەوەستانەوە و ئەیانویست شۆڕش بکەن بوون، بەڵام ئەوان بە ھەنجەت بوون بەرامبەر بە کوردەکان و تەنیا زانیبایە کە کەسێک کوردە بیانونیان بۆ گرتنی دەدۆزیەوە، بۆ نموونە لە فیلمەکەدا پیاوێکی بەساڵاچوویان دەستگیرکردووە بە بیانووی ئەوەی پەکەکەکان بە ناو زەویەکەی ئەودا ڕۆیشتوون، کە پیاوەکە بە ھۆی ئەشکنجەی زۆرەوە تووشی نەخۆشی دەروونی بوو و سەرەنجام گیانی دا.
سەربازانی تورکیا سیاسەتی (پەرتکە—زاڵبە) یان لە دژی زیندانیەکان بەکاردەھێنا، ئەم سیاسەتە وادەکات کە نەتەویێک تووشی داڕمانی کەلتوور و زمانی بێت، وڵاتانی داگیرکەر بەکاریدەھێنن لە پێناو درێژەدان بە داگیرکاریەکەیان، یەکێک لە میکانیزمەکانی ئەو سیاسەتە دانانی سیخورە لە ناو تاکەکانی داگیرکراوەکان، بۆ ئەوەی ئاگاداری پەیوەندی نێوان تاکەکان بن و دووبەرەکی و لێکترازان لە ناویان دروست بکەن، سەربازە تورکەکان سیخوڕیان لە ناو زیندانیەکان دادەنا و بۆ ئەوەی ئاگاداریان بن و ڕێگری بکەن لە پەیوەندی نێوانیان، بۆ نموونە لە نێوان قاوشی ژنان و پیاوان سیخوڕیان دادەنا و ڕێگریان دەکرد لە پەیوەندی نێوانیان و ھەواڵی درۆیان پێڕادەگەیاندن بۆ ئەوەی لێکترازان دروست ببێت لە نێوانیاندا.
لەم فیلمەدا ھەوڵدراوە ڕووە ناشرین و قێزەونەکەی داگیرکاری و نەژاد پەرستی بخرێتەڕوو و باس لە سیاستە کۆڵۆنیالیزمەکەی تورکیا کراوە بەرامبەر بە کوردان و خەبات و تێکۆشانی کوردانیشی خستۆتەڕوو.
شایانی باسە من لەو وتارەمدا ویستوومە بابەتیانە پۆست کۆڵۆنیالیزم ڕوون بکەمەوە و پڕاکتیزەی بکەم لەسەر فیلمی (١٤ی تەمووز) بێگومان پۆست کۆڵۆنیالیزم بابەتێکی فراوانە و ناکرێت بە وتارێک تەواوی بابەتەکە باسی لێوە بکرێ، بەڵام من ھەوڵمداوە بابەتە گرینگ و دیارەکانی کۆڵۆنیالیزم باس بکەم و لە فیلمێکدا پڕاکتیزەی بکەم، لە فیلمەکەشدا تەنیا سەرنجم لەسەر ئەو ڕووداوانە داناوە کە پۆست کۆڵۆنیالیزم تێیاندا دەرکەوتووە و بابەتەکەم پاراستووە لە بابەتی دەرەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم.

ئەم بابەتە لە ژێر سەرپەرشتی مامۆستا چاوەڕێ نیعمەت ئامادەکراوە\ زانکۆی سۆران

————————-

سەرچاوەکان:
١- ڕەنگدانەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە ڕۆمانەکانی فەرھاد پیرباڵدا، کوردستان عبدالوھاب نادر، نامەی دکتۆرا، ٢٠٢٢.
٢- پەیوەندی نێوان شوناس و خەباتی نەتەوەیی لە باکووری کوردستان: فیلمی زەر وەک نموونە، ئاریان سەلیم خدر، توێژینەوەی بەکالۆریۆس، ٢٠٢١.
٣- کوردستان کۆڵۆنییەکی نێودەوڵەتی، ئیسماعیل بێشکچی،وەرگێڕان: حەمە ڕەشید، سلێمانی، ٢٠٠٢.
٤- فیلمی (١٤ی تەمووز)، دەرھێنەر: ھاشم ئایدەمیر، ٢٠١٧.




فرمێسکی فریشتەیەک.. شیعر/ کاوە عوسمان

تۆ لە سەرابا تێپەرەو،،

منیش پریاسکەیەک..

 لە ئەستێرە فرمێسک..و..

زەنگۆڵە خوێنی ئەو وشە شیعرانەی..

بۆنی جەستەی کوژراوی ..

گوڵە سەوسەنی غوربەتی لێدێ،،

ئەکەمە ملوانکەی خەمت،،

گوێت  لەدەنگمە،،

تۆ ئەی فریشتە،،

لەم وێڵبونە تاریکەی..

دنیایەک لە ئازار و برین،،

ئەی فریشتەی کۆچی خەم،،

تۆ گوێت لە هەنسکی..

 شەوە نشێوە ماندوەکانی سەفەرمیت،،

ئەم ڕێگایە..

چی دژوارە، چی جەنگەڵیە،

مانەوەش ، لە ژێر..

 تەرزە لمی تەنیایی،،

توانەوەیە ، پەرتبوونە،،

چی ئەستەمە هەڵبژاردن

لە نێوان گیای شینی ..

هەڵپروسکاوی یادەوەری و..

تیغی خەنجەری غوربەت،،

چی تەمتومانێکە..

شاری کاتژمێرە شکاوەکانی نەهات،،

لەم وشکە تەمەنی زڕ بە هاتنت،،

چی بارانێکی شینت بۆ بهێنم،،

تا گوڵە لێو خوێناویەکانی..

 لێوت بپوشکێ،،

چی ڕوبارێکت ،،

لە تەمی بەسەرچوی ڕابردودا،،

 سەر لەنوێ،،

بۆ زیندوکەمەوە،،

تا زەمینی وشکبوی…

 دڵت ئاوترین  بێ،

هەر کات لە ژێر کڕێوەی وشە شیعری..

سەرمابوردەی ڕێگە بەردەڵەکەکانا،،

کە دەنگت نەدەهات،،

بە هەورم ئەوت،،

تێکە جامی دڵ ..

لە بارانی خوێن،،

ببروسکێنە قەڵای جەستەی قەقنەز،،

لە نێو گڕکانە سیحری وێڵبوون،،

سەرکێشەییم ئەی فریشتەی وون،،

 بۆ هێنانی تیشکی چاوت بوو،،

ماندوویم، بۆ هێنانی ئاگری..

 نێو خەڵوەتی سۆفیەکانی عیشقت بوو،،

تا کۆسارانی سەوزی ڕۆحت،،

ئە گاتەوە ترۆپکی ..

زەردەخەنەی زەردەپەڕێک،،

من بۆ خواوەندی فرمێسکێکت بە چۆکا دێم،،

ئیتر با شەرابی تەمەنیش هەربڕژێ،،

کە سەر پەنجەکانم،،

بۆ نوسینی شیعرت بدرەوشێنەوە،،

ئەبێت لە ڕۆحما چی بگوزەرێت،،

گەر تا بەیان..

کۆچی قازو قوڵنگی ڕەشی بەدبەختی،،

بە گوڵبارانی نێو سیحری نەبونتا دەنگ بداتەوە،،

گەر تۆش ڕێژنە نمەت،،

کێڵگە ی زەربووی دڵێک سەوزنەکاتەوە،،

وەک مانگە شەوی ئەفسونبەخشی..

 سەرکەناری ئەوسا،،

بۆ حزورم نەدرەوشێیتەوە،،

ڕەنگە ئیدی منیش بە کوچەکانی..

 بیرەوەریتا تێپەڕنەکەم،،

بە تاڤگەی خۆرا نەتوێمەوە،،

بۆ چنگە کازیوەی بریسکاوەی..

سپێدەیەک لە نوورت،،

چیترنە بریسکێمەوە،،

شوێن لای من،،

ئۆقیانوسی برینی تۆیە،،

لە سەر ڕێگای هەر شارێک

لە یادگاریت،،

بێ سڵەمینەوە ، خۆم..

هەزاران جار ووندەکەمەوە!

وەک مەشخەڵیک،،

وەک دوو هەتاوی چاوت،،

ئەبمە گڕکان،،

لە ئاگرو کڵپەی خوێنا ،،

ئەگەشێمەوە،،

هەندێک جاریش،،

دەستم ئەچیتەوە ڕۆحی خۆم،،

بە پرچی ئەستێرە دڵشکاوەکان..

جەستەی دڵم،،

 هەڵئکێشمە خاچی داخان،،

سەدان جار لە خاچ ئەدرێم..و..

و بە دیمەنی دۆزەخی …

ڕۆحێکی ووردو خاشبوو،،

زیندوو ئەبمەوە،،

و هەزاران جار ئەمرمەوە!

با ڕەنگی مەرگ لە سیمام بلکێ،،

چی باکم بە ڕەوە قەڵە رەشی ..

خۆشبەختی درۆی سەردەمێکە،،

لە مەملەکەتی تەرمی هەزاران دڵی لەخاچدراو،،

گەر تۆ دەنگی منت نەگاتێ،،

ترپەی دڵی خونچەکانیش..

لە من بێ بەری بێ،،

……………………………………………………………….

وێنەکە کارێکی هونەری فۆتۆگرافەری ئەڵمانی

Stefan Keller

بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی خۆی وەرگیراوە




پۆست کۆڵۆنیالیزم لە فیلمی کیسەڵەکان دەفڕن.. ڕێباز مجید

تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم کە لە بارودۆخێک دەکۆڵێتەوە کە لە هەناوی داگیرکاریدا دێتەکایەوە. هەموو ئەو بارودۆخ و هەڵومەرجانەی کەلە ئەنجامی کارلێکی داگیرکەر و داگیرکراو دێنە کایەوە پێی دەگوترێت پۆست کۆڵۆنیالیزم.
هەروەها ئەوەی لەم بارودۆخەش دەکۆڵێتەوە پێی دەگۆتێرێت تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم.
پۆست کۆڵۆنیالیزم شەپۆڵیکی دیکەی بیرکردنەوەیە لە
پاش کۆڵۆنیالیزم( داگیرکاری).
کە خەڵکانێک بینیان داگیرکاری ڕۆژهەڵاتی فەوتاند و ناتوانن بیربکەنەوە. گروپێک تیۆرێکیان دروست کرد کە ئەدەبی نەبوو هێنایانە نێو ئەدەب، ئەوی پۆست کۆڵۆنیالیزم بوو، کە لە داگیرکاری دەکۆڵیتەوە.
پێیان وابوو داگیرکاری کۆمەڵە شواینەوارێکی نەگبەتی دروستی کردووە، پێچەوانەی کۆڵۆنیالیزمە، کە دەیانەوێ دووبارە وێنەیەکی تر بۆ ڕۆژهەڵات دروست بکەن. دەیانویست ئەو داگیرکارییە نەهێڵن و ڕۆژهەڵات ڕزگار بکەن.
لەڕووی مێژوو و چێوارچێوەی جوگرافی پۆست کۆڵۆنیالیزم ئەوا داگیرکەری پڕۆسەیەکی بەرفراوانە و لەهەمان کاتیشدا چەندین شێوەی ئاڵوگۆڕی کەلتووری هەیە. بەمەش ئیشکال لە سنوور و چوارچێوەی مێژووی و جوگرافی درودت فەبێت، چونکە لە ڕووی مێژووییەوە، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لەسەرەتای دەستپێکی داگیرکەریدا کۆ دەنگییەک هەیە، ئەمەش لە ڕووی مێژوویەوە چەند پرسیارێکی کردووە، لەسەر چ بنەمایەک و پێوەرێک مێژووی لێکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم دیاریبکەین؟ یایە داگیرکەری ئانگۆنورمانەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست و لەدوای ئەویش داگیرکردنی ئیرلەند لە چوارچێوەی نەریت و ڕێوڕسمەکانی داگیرکاری جێگەیان دەبێتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری تری لەم شێوەیە بەردەوام لە چوارچێوەی ئەم تیۆرە دووبارە خراونەتەڕوو. دواجاریش ئەمە وەک ئیشکالێک لە بواری مێژوو و جوگرافیای لێکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزمدا ماوەتەوە.
لەڕووی جوگرافیای لۆکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم بیر و بۆچوونی جیاوازی لەسەرە. چونکە زەمینەکانی پڕۆسەی داگیرکاری جیاوازن، هەر ئەمەشە جیاوازی بۆچوونی لە نێوان لێکۆلەران سەبارەت بەم تیۆرەدا هەبێت.
لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوە پۆست کۆڵۆنیالییەکاندا دوو ڕوانگە هەن: هەندێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە، کە دەبێت خورتنیشنگە سپیپێستەکانی وەک کەنەدا و نیوزلەندا و ئوستڕاڵیا لە سنووری پۆست کۆڵۆنیالیزم هەژمار بکرێن، بە بەڵگەی ئەوەی کە دانیشتوانی ئەم وڵاتانە لەلایەن ئیمپریالیزمەکان پەراوێزخراون و ناچارکراون کە لێکچوونی کەلتووری پەیڕەو بکەن.
هەندێکیتریشیان پێیان وایە ناکرێت خورتنشینگە سپیپێستەکان لە هەمان گوتار جێ بکەینەوە کە هیندستان و کینیا تێدا جێگیر دەبن، چونکە خاڵی سەرەکی لە لێکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم بریتییە لە نەژاد، بۆ نموونە لە داگیرکردنی هیندستاندا بابەتی نەژاد ڕوونە، کە هیبدستان لەلایەن بەریتانیا داگیردەکرێ، پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو نەژادە، کە نەژادی هیند و بەریتانییە، بەڵام سپیپێستەکان نەژادی نییە، چونکە خورتنشینگە سپیپێستەکان هەم دەبنە داگیرکەر هەم دەبنە داگیرکراو، واتو بابەتی نەژادی ڕوون نییە. لەڕووی جوگرافیایەوە گشت جیهان لە باری پۆست کۆلۆنیالیبوون دان سنوری لێکۆڵینەوەی پۆست کۆلۆنیالییەکان گشت جیهانە.
لێکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم مێژووییەکی دوور و درێژی هەیە، بەو پێیەی پەیوەستە بە بابەتەکانی وەک ستەم و زوڵم و داگیرکەر و وڵاتی داگیرکرا و ئاڵوگۆڕی زمانی و کەلتووریی و … هتد، ئەم نابەتانەش خودی خۆیان مێژووییەکی دوور و درێژیان هەیە، کە هێندەی مێژوویی مرۆڤایەتی کۆنن، چونکە داگیرکەر لەدوای خۆی ئاڵوگۆری زمانی و کەلتووری و زوڵم و ستەم و ڕووبەروو بوونەوەی داگیرکرا دێنێتە کایەوە.

ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزمیش خەریکی لێکۆڵینەوەی داگیرکارییە. دەیەوێت ئەو لێدکانەوە و دەرهاوێشتانە ڕەتبکاتەوە کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لێک جیاکردۆتەوە کە بووەتەهۆی دروستبوونی چەق و پەراوێز. نووسەرەکانی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم داوای مافی خۆیان دەکەن و ڕەگەزپەرستی لە وڵاتە داگیرکەرەکان دەخەنە ژێر پرسیار. ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم ڕووبەرووی کردار و ئەنجامەکانی داگیرکاری دەبێتەوە. هەروەها خاڵێکی تری ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم ئەوەی کە ( ئەویتر) لە پەراوێز دەگۆڕێ بۆ خود.
سینەماش ئامرازێکی هونەرییە، بۆ نیشاندانی دیاردە و ڕووداوە مێژووییەکان و کەلتوورەکان. لەمڕۆدا دیاردەیەکی شارستانییە و لە جیهاندا بایەخی زۆری پێدەدرێت. بینەرانی سینەما پەیام و زانیاری و وێنە و جوڵە دەبینن و بەشێوەیک لە شێوەکان تێی دەگات. خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا سەیری سینەما دەکات، زۆر لە دەرهێنەرانی سینەما ئەو پەیامە و مەبەستانەیان لە دونیای سینەمادا دەگەیەنن. دەرهێنەران لە ڕێی سینەماوە بنەماکان و پەیامی پۆست کۆڵۆنیالیزم دەگەینن، هەروەک فیلمی ( کیسەڵەکان دەفڕن) هی بەهمەنی قوبادمان بە نموونە هێناوەتەوە، باس لە پۆست کۆڵۆنیالیزم دەکات.

ئامانجی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم لێکۆڵینەوەیە لە دید و بۆچوونەکانی ڕۆژئاوایە کە چۆن سەیری ئەو وڵاتانە دەکەن و چۆن بەردەوامی بەو سەیرکردنە دەدەن و تاکوو درێژە بە داگیرکاری خلی بدات. نووسەرانی پۆست کۆڵۆنیالیزم پێیان وایە دەکرێت دووبارە لە بەرهەمە کلاسیکییەکان جارێکی تر تاوتوێ بکرێتەوە و پەراوێزخراوەکان بکرێنەوە بە سەنتەر و جارێکی تر پێگەی خۆیان لە جیهاندا بەدەستبهیننەوە. هەوەها نووسەرانی ئەم ئەدەبە دەیانەوە بیر و زەینی خەڵک و بینەران لە داگیرکاری دابماڵن و پەراوێز بکەنە سەنتەر و ڕۆژئاوا لە چەق بخەن. هەروەها ڕۆژهەڵاتییەکان متمانەیان بەخۆ هەبێت و واز لە لاساییکردنەوەی کەلتووری ڕۆژهەڵات بهێنێت. ئامانجێکی تری نووسەرانی ئەم ئەدەبە ئەوەیە کە کەلتووری نەتەوە داگیرکراوەکان بکەنە چەقی نووسینەکانیان و چەخت لە زیندووکردنەوە و بەرەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی دەکەنەوە.
فیلمی ( کیسەڵەکان دەفڕن ) ئەو فیلمە لە ساڵی ٢٠٠٤
لەلایەن بەهمەن قوبادییەوە بەرهەمهێنراوە، فیلمێکی زۆر تراژیدیایە و هەست بزوێنە و چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێناوە. باس لە داگیرکاری و لێکەوتەکانی دەکات. فیلمی کیسەڵەکان دەفڕن باس لە ژیان دەکات لە سەردەمی جەنگ و ژیانی منداڵان لەسەر سنورەکان، چیرۆکی فیلمەکە کاتی هێرشی ئەمریکایە بۆ عێراق و دەربارەی سێ منداڵی پەنابەرە، کە لەسەر سنووری عێراق-تورکیا، چاوەڕێی ڕوخانی سەدام حسێن دەکەن. کە لەسەر سنوورەکە خەریکی کۆکردنەوەی مینن بۆ نەدەسیهێنانی بژێوی ژیان و پارە و بەم جۆرە ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە. لەم فیلەمەدا منداڵێک ڕۆڵ دەبینێت کە پێی دەڵێن کاک سەتەلایت پاڵەوانی سەرەکی فیلمەکەیە.

ڕەنگدانەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە فیلمی کیسەڵەکان دەفڕن

١_ دووبارە وێناکردنەوەی ڕۆژهەڵات

دیمەنێک لەم فیلمەدا ئەوەبوو کە ئەمریکییەکان نووسراوێکی ئاگەدارکردنەوەیان دایە خەڵک، کە ئایندەیەکی زۆر باشیان لە پێشە و باشترین دۆستان ئێمەیین، ئێمە بەهەشت بۆ ئێوەمان هێناوە. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە دەیانەوێت لەو زوڵم و ستەمە و ناخۆشییە تێدانە دەربهێنرێن، دووبارە ژیانێکی نوێ و ئاسودەیان بۆ دەستەبەر بکەن. ئەو وێنە کۆنەی بۆ ڕۆژهەڵات دروستکرابوو، هەڵیبوەشێننەوە و ئەوانیش مافی ژیانکردنیان هەیە و شار ڕزگار کرا. خەڵک لە گوندەوە ڕویانکردەوە شار، لە شار نیشتەجێبوون و شار قەڵەپارخ بوونەوە.

٢_ بەهای پەراوێز کەمتر نییە لە چەق

کە ئەوڕووپا( ڕۆژئاوا) سەنتەر بوو، ڕۆژهەڵاتیش پەراوێز بوو، ڕۆژهەڵات بە ناڕۆشنبیر و دواکەوتوویان دادەنا و داگیرکراو بوون، بەمەش ببوون بە کۆلبەر و ژیان دەخستە مەترسییەوە لەپێناو پەیدا دەکردنی پارە، نموونە لەم فیلمەدا منداڵان خەریکی کۆکردنەوەی مین بوون، تا پارە پەدا بکەن، ئەم کارەش زپر مەترسیدا بوو، بەڵام دواتر کە شار ئازادکرا خەڵک گەڕایەوە شار و لەوێ کاری کرد تا پارە پەیدا بکات. بەمەش پەراوێز بەو جۆرە نەما کە پێشتر هەبوو، پێشتر بەهای پەراوێز کەمتر بوو لە بەهای چەق و بە دواکەوتوویان دادەنا. چەق بەبێ پەراوێز نابێت بە چەق و پەراوێزیش بەبێ چاق نابێت بە پەراوێز، واتە تەواوکەری یەکترن و بەهای هیچیان لە ئەویتر کەمتر نییە، ئەمەش پۆست کۆڵۆنیالیزم وا ئەڵێ، یەکێک لە پەیامەکانی ئەم فیلمەش ئەم خاڵە گرینگەی پۆست کۆڵۆنتالیزمە.

٣_ پۆست کۆڵۆنۆلیزم باس لە جەنگ و داگیرکاری دەکات.

ئەم فیلمەش باس لە داگیرکاری و جەنگ دەکات، ئەمەش وایکردووە خەڵکی ئەم ناوچانە ببنە کۆلبەر و لەناو ژیانێکی ناخۆشدا بژین و منداڵان بەشێوەی منداڵان نەتوانن بژین. بۆ نموونە شەەڕی سوونی و سووپای ئەمریکی، کە لەم فیکمەدا هەبوو.

٤_ لایەنی خوێندن و ڕۆشنبیری پشتگوێ خراپوو.

لەم فیلمەدا لایەنی خوێندن بە تەواوی بشتگوێ خرابوو و منداڵان لەبڕی ئەوەی لەبەر خوێندن بن، خەریکی کۆکردنەوەی مین بوون.

٥_ دوو ڕەگی بوونی ناسنامە

لەم فیلمەدا ئەمریکییەکان نووسراوێکی ئاگەدارکردنەوەیان دایە خەڵک، کە ئایندەیەکی زۆر باشیان لە پێشە و باشترین دۆستان ئێمەیین، ئێمە بەهەشت بۆ ئێوەمان هێناوە. و پاسەپۆرتی ئەمریکایان بەسەردا بڵاو کردەوە.
لێرەدا دووڕەگی بوونی ناسنامە دروست دەبێت، خەڵک کە ناسنامەی عێراقی هەیانە، وەرگرتنی پاسەپۆرتی ئەمریکاش وادەکات دوو ناسنامەیان هەیبێت.

٦_ ڕەنگدانەوەی ئەوڕوپا سەنتەری لەم فیلمەدا
لەم فیلمەدا وای لە منداڵان کردبوو مین کۆبکەنەوە لەسەر سنووری تورکیا و عێراق.

٧_ لاساییکردنەوە
لەم فیلمەدا کورد وەک داگیرکرا لاسایی ئەوڕوپایان کردەوە، ئەویش لە بەکارهێنانی چەک و سیلاح لەگەڵ ستەلایت، ئەمەش وایکردبوو بیر و هزری کورد داگیر بکەن.

٨_ ڕەنگدانەوەی ئەویتر لەم فیلمەدا

لەم فیلمەدا منداڵەکان کرابوون بە ئەویتر، مینیان کۆدەکردەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکرد و پێیاندا دەتەقییەوە و کەم ئەندام دەبوون.

٩_ ڕەنگدانەوەی ژێر دەست لەم فیلمەدا

لەم فیلمەدا کورد ژێر دەستەیە و خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، کوردستان ژێر دەستەی عێڕاقە و لەلایەن تورکیا و ئێران و ئەوڕوپاوە بەردەوام هەوڵی داگیرکردنیان داوە و کورد بووەتە کۆڵبەر.

—————————-

سەرچاوەکان:

١_ کوردستان عبولوهاب نادر، ٢٠٢٢، ڕەنگدانەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە ڕۆمانەکانی فەرهاد پیرباڵدا، تێزی دکتۆرا، زانکۆی سۆران، فاکەڵتی ئاداب، بەشی زمانی کوردی.
٢_ ئاریان سەلیم خدر، ( ٢٠٢١)ز، پەیوەندی نێوان شوناس و خەباتی نەتەویی لە باکوری کوردستان : فیلمی زەڕ بە نموونە، زانکۆی سۆران، فاکەڵتی ئاداب، بەشی کۆمەڵناسی.
٣_ https://ckb.m.wikipedia.org/wiki/%DA%A9%DB%8C%D8%B3%DB%95%DA%B5%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C%D8%B4_%D8%AF%DB%95%D9%81%DA%95%D9%86
کیسەڵەکان دەفڕن
٤_ سوود وەرگرتن لە وانەکانی د. سیروان زەند، لە بابەتی ڕەخنەی تیۆری، زانکۆی سۆران – بەشی زمانی کوردی، ٢٠٢٢_ ٢٠٢٣.




کۆڕی زمانی کوردی.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

زمان هۆكارێكه‌ بۆ گوزارشت له‌ هه‌ست و نه‌ست و بیركردنه‌وه‌ و گوتاردان و گفتولفت، هۆكارێكی گرنگیشه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی زانین(مه‌عریفه‌)، هه‌روه‌ها ئامرازێكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ له‌ هه‌ردوو بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووریدا ڕۆڵی كاریگه‌ری هه‌یه‌، ئه‌م دوو ئاسته‌ش له‌ یه‌كتر جیاوازن، ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیی زمان له‌نێو میلله‌تانی دواكه‌وتوو و زمانه‌ لاواز و كه‌م خزمه‌تكراوه‌كاندا، زۆر به‌رزتره‌ له‌ ئاستی کولتووری و ڕۆشنبیری، به‌ڵام ئه‌م دوو ئاسته‌ له‌ زمانه‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا تا ڕاده‌یه‌ك له‌ یه‌كتر نزیكن، ئه‌م دوو ئاسته‌ به‌ڵگه‌ن بۆ ناسنامه‌ی هه‌ر میلله‌تێك كه‌ هه‌ر ده‌سته‌ و گرۆیه‌ك پێی ده‌ناسرێنه‌وه‌. ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی زمان كه‌ له‌ بنه‌چه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌وه‌ هاتوون، ده‌بنه‌ بنه‌مای زمانی خێزانێكی زمان له‌ چه‌ندین میلله‌تدا، وه‌ك خێزانی زمانه‌ هیندوئه‌وروپییه‌كان كه‌ له‌ هه‌موو خێزانی زمانه‌كان به‌ربڵاوتره‌ و زمانه‌كانی ئینگلیزی و هیندی و فارسی و كوردی و زۆری دیكه‌یشی تێدایه‌. زمان و بیركردنه‌وه‌ وه‌ك دوو ڕووی قاقه‌زێكن، هه‌رگیز له‌ یه‌كتر جیا ناكرێنه‌وه‌، چونكه‌ له‌ زماندا هه‌مووكات بیركردنه‌وه‌ ئاماده‌یه‌. وه‌ك گوتراوه‌ زمان بوونه‌وه‌رێكی زیندووه‌، هه‌ر بوونه‌وه‌رێكیش بۆ خۆشگوزه‌رانیی، پێویستیی به‌ ژیان و خزمه‌ت و ته‌ندروستی هه‌یه‌، بێگومان زمانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌نێو كۆمه‌ڵگادا، بوونه‌وه‌ری زیندوو و بزۆز و چالاكن، ڕۆڵی گرنگ و كاریگه‌ریان له‌ خزمه‌تی مرۆڤایه‌تیدا هه‌یه‌.
زمانی ئینگلیزی كه‌ بەهێزترین و پێشكه‌وتووترین زمانی دونیایه‌، له‌ سه‌ره‌تادا بریتی بوو له‌ زمانی هۆزه‌ دواكه‌وتووه‌كانی چاخی ئاسنین له‌ دانیمارك و ئه‌و ناوچانه،‌ كه‌ ته‌نیا قسه‌ی پێ ده‌كرا و شێوه‌ی نووسینی نه‌بوو، به‌ڵام دواتر به‌شێوه‌یه‌ك خزمه‌ت كرا، وه‌ك ئێستا ده‌یبینین‌ ساڵانه‌ سه‌دان وشه‌ی تازه‌ دێنه‌ ناو فه‌رهه‌نگه‌ ستاندارده‌كه‌ی ئۆكسفۆرده‌وه‌. بەتەنیا داهێنه‌رێكی گه‌وره‌ی وه‌ك شه‌كسپیر، حه‌فت سه‌د وشه‌ی بۆ ئه‌م زمانه‌ داهێناوه‌. به‌ درێژایی مێژوو ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ زمانان به‌ تێپه‌ڕبوونی ڕۆژگار به‌هۆی كاریگه‌ریی مرۆڤ و ڕووداوه‌كانه‌وه، له‌ناوچوون و نه‌ماون. له‌ دنیادا نێزیكه‌ی شه‌ش تا حه‌فت هه‌زار زمان هه‌ن كه‌ زۆریان زمانی ناوچه‌یه‌كی بچووكن و ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ مرۆڤ قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن، مه‌ترسیی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌، ئەگەر ئێمەی کوردیش خەمخۆر و دڵسۆزی زمانەکەمان نەبین، زمانەکەمان تا دێ لاواز دەبێت و ئاوامان بەسەر دێ‌. زۆر زمان هه‌ن به‌هۆی خزمه‌تكردنیانه‌وه‌، بەهێز و پێشكه‌وتوون و مه‌ترسییان له‌سه‌ر نییه‌. بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌م هەست و مەترسییەی زیاتر لاوازبوونی زمانه‌كه‌مان له‌ دواڕۆژدا، پێویسته‌ ئێمه‌ له‌ نووسەر و بنووس و ڕۆژنامەنووس و پەروەردەکاران، هەروەها داوودەزگاکان، لەخه‌مدا بین و زۆر به‌ بایه‌خه‌وه‌ بڕوانینه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ خه‌می گه‌وره‌ی حكوومه‌ت بێت و كار بكات بۆ دامه‌زراندنی چه‌ندین لیژنه‌ی تایبه‌ت بۆ ڕێكخستنی كاروباره‌كان. پێشنیاز ده‌كه‌م (كۆڕی زمانی كوردی) یان (ئەکادیمیای زمانی کوردی) دابمه‌زرێت،‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ئه‌م ده‌زگایه‌ بریتی بێت له‌ بایه‌خدان به‌ زمانی كوردیی پڕۆگرامه‌كانی خوێندن له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆكان و كه‌ناڵه‌ جۆراوجۆره‌كانی میدیا (کە وێرانەن!)، بێگومان ئه‌م جۆره‌ ده‌زگایانه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتاندا هه‌ن، بۆ نموونه:‌ (كۆڕی زمانی عاره‌بی) له‌ میسر و ئوردن و سووریا و لیبیا و تەنانەت لە سوودانیش هه‌ن،‌ خه‌می گه‌وره‌یان ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر زمانه‌كەیانە و توانیویانه‌ كاری گه‌وره‌ش‌ بكه‌ن. لێرەدا بە مافی ڕەوای خۆم دەزانم،‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ش بکە‌م كه‌ (ئه‌كادیمیای كوردی)‌ بگۆڕرێت بۆ (كۆڕی زمانی کوردی) یان (ئەکادیمیای زمانی كوردی)بە شێوەیەک بێت، کارەکانیان تەنیا پابەست بێت بە زمانەکەمان، به‌مه‌ ئه‌ركه‌كه‌یان زۆر له‌وه‌ی ئێستا پیرۆز و گه‌وره‌تر ده‌بێت و با په‌یڕه‌و و پڕۆگرامه‌كه‌شیان تایبه‌ت بكرێت به‌ زمانی كوردی له‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و میدیاكان و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ زمان و زۆر شتی تری تایبه‌ت به‌ زمانه‌كه‌مان. پێموایه‌ دره‌نگیشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان له‌و پاشاگه‌ردانییانه‌ ده‌رباز بكه‌ین.




ئێوارانە ٣٣.. سەردار جاف

ئێوارانێ
بوخچەيەکی بچوک
ناسۆری لەم ديوە دەرياوە هەڵڕژا
لەو ديو ژوانەوە
زەردەپەڕێ لە چاوەنواڕييە
کەسەرباری دەبارێ
فوارەيەکە خوێنی پژا
چل خەم چل خەياڵ چليش واسواسە ”

  • “ سێ چل چۆن دەرکەم بە يەک هەناسە
    نيگای چاوەکانی مينا گزنگی بەيان روون روون
    شەو بێداریيەکی بێکۆتا
    لەو ديو باخچەی ماڵانەوە
    چارۆکەيەک گەڵاوەريوەکانی شۆڕەبی
    بە سەر شاباڵی بازەوە
    لە تروسکەی بزەيەکدا نوقم بووە
    شەقام و سەرە رێ شەرابی ژوانی درەنگانێ دەنوسن و نۆش دەکەن
    ديقەتدانەکان لە جاران نەدەچوو
    لە بن کەپری دارستانەکە گۆرانی ماچ دەچڕا
    تير و دڵەکە لە قريوەن
    لە سۆراغی کوليتەيەکی جريکەبازی
    ئەم ماڵ و ئەو ماڵ کرا
    سەراپا ئاپۆڕايەکی دڕکەزين و دەئاژنرێنە خەونەکان
    شەکەتی لە قووڵایی خەونی بێداريدا نغرۆ ببوو
    ميلی کاتژمێرەکە بە تيژڕەوی بە زەييەکانی لوول دابوو
    خانمە شەهلاييەکە
    بە سەر باڵی مەسيحەوە رووەو ئاسمان سەرەو ژێر ببۆوە
    هێڵنجەکان بەدەم فوارەی بيرکردنەوە قوڵپی دەدا
    دەرگاکانی ماڵان چرای تەنهاييان لە خۆ شەتەک دابوو
    زەردەپەڕ لە ماڵئاوایی نزيک دەبۆوە
    تەنهاییش وڕکی سارد و سڕی داڵانێکی گرتبوو
    ئەم ئێوارە
    من و ئەو پێکەوە پەنجەکانی يەکمان دەژمارد
    کزە سەرمايەکيش باوەشێنی بێدەرەتانی دەکردين
    ئەو هەر دەيگوت من بێکەسم
    منيش دەمگوت:
    خۆشم دەوێیت خۆشەويسترين کەسم

  • * بەيتێکی فۆلکلۆری کوردييە

١٢ / ٥ / ٢٠٢٣




لە سەفەراین.. شیعر: نزار قبانی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

لە سەفەراین ، لە ناو پاپۆپۆڕی غەما
سەرکردەکەمان بە کرێ گیراو
ڕیش سپییەکەمان چەتە
هاووڵاتی بێ ووڵاتین
لەسەر نەخشەی زەمەنا
وەک چۆلەکە ڕاوئەنرێین
ئێمە قەحبەی سەردەمین
هەر حوکمدارێ ئەمانفرۆشێ
و
بەهاکەی وەرئەگرێ
ئێمە کەنیزەی کۆشکێکین
لە ژوورێکەوە بۆ ژوورێک
لە باوەشێکەوە بۆ باوەشێک
لە دەوڵەمەنێکەوە بۆ دەوڵەمەنێک
دەستاودەستمان پێ ئەکرێ
لە “بت”ێکەوە بۆ “بت”ێک
لە باشوورەوە بۆ باکوور
لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا
بە دوای خەڵکێکا ئەگەڕێین
….قبوڵمان بکا
بۆ پەردەیەک ئەگەڕێین
…دامانپۆشێ
بۆ ماڵێکی نیشتەجێ بوون ئەگەڕێین
مناڵەکان لە دەورمانا
قەمور و بە ساڵا چوون
لە فەرهەنگە کۆنەکانا
بە دوای درۆیەکی گەورەیا ئەگەڕێین
پێ ی ئەووترێ “نیشتمان”
ناوەکانمان دوورە لەناو
ئەوانەی نەوت ئەخۆنەوە نامانناسن
ئەوانەی فرمێسک و نەهامەتی ئەخۆنەوە نامانناسن
زیندانی ئەو “دەقە”ین
حوکمڕانەکان ئەینووسنەوە
لە ماڵەوە بۆ دەرەوە
زیندانی “غەم”ین
لە ناو ڕەحمی دایکمانا
چاودێری ئەکرێین
سەرمان بڕاوە
نانمان بە ترس و فرمێسک تەڕ کراوە
پەنا بردن بۆ هەر کەسێ :قەدەغەیە
لە خوا پاڕانەوە :قەدەغەیە
داد بۆ پێغەمەر بەرین
بلیتێکی یەک سەرە وەرئەگرین
گەر بۆ نووسینەوەی دوا قەسیدە
یان دوا وەسیەتی پێش لە سێدارەیان
داوای قەڵەمێک بکەین
كەیسەکەمان گۆڕاوە

ئەی نتشتمانی هەڵواسراو بە دیواری ڕقا
ئەی تۆپی ئاگری ڕوو لە کۆتایی
هیچ کەس لە ڕابردوومانا
شووشەیەک لە خوێن و میزی موبارەکی
نەیاوە بەم ووڵاتە غەرق بووەی خوێنا
لەوەتەی ئەم جبە کاغەزییە هەیە
كەس هیچ ڕۆژێ
پاڵتۆ یا کڵاوێکی پێ نەیاوی
ئەی نیشتمانی وەک “هێلانەی پاییز” تێکشکاو
وەک درەخت لە شوێنی خۆمانا هەڵکەنراوین
لە یادگاری و ئومێدەکانمان
كۆچ پێ کراوین
چاومان لە دەنگمان ئەترسێ
حوکمدارەکان خودان
خوێنی شین بە دەماریانە ئەگەڕێ
و
ئێمەش نەوەی خزمەتکارین
دەر و دراوسێ نامانناسن
هیچ خێڵێک میواناریمان ناکا
گەر ستەمکارێک ڕۆشت
ئەمانەن بە ستەمکارێکی تر
كۆچەری بەندرەکانی ماندوو بوونین
كەس ئێمەی ناوێ
لەم شار بۆ شارێکی تر
نە مەلائیکەت ، نە شەیتان
كەس ئێمەی ناوێ
لەو شارانەی ئاسایش بۆتە “ڕیش سپی” ئەدەب
كەس نامانخوێنێتەوە
وەک مشکی ناو قەفەس
چووینەتە ناو یەک
هیچ بەندەرێ…هیچ مەیخانەیەک
قبوڵمان ناکا
هەرچییەک ئەنووسین
بە دڵی سولطان نیە
لە دەرەوەی زەمان و شوێن
لە سەفەراین
بێ پارە و بێ جانتا
لە سەفەراین
ئێمە لە سەفەراین کە :
وەچەکانمان..ناوومان..ئینتیمامان وون کردوە
هەست کردنمان بە ئارامی وون کردوە
دەور و پشتمان نامانناسن
ئەی نیشتمان
هەموو چۆلەکەیەک هێلانەی هەیە
جگە لەو چۆلەکانەی
پیشەیان “ئازادی” یە
چونکە ئەوان
لە دەرەوەی ووڵات ئەمرن