ڕەخنەی ژینگەیی بە پێی ئاڕاستەی ئیکۆ شوانکاری (ژینگەیی شوانکاری)، بە نموونەی چەند شیعرێکی جەمیل ڕەنجبەر.. ئینداد عیسا

ژینگە پێدراوێکی یەزدانی مەزنە بۆ سەرجەم بوونەوەران لەم شوێنە مرۆڤایەتی ژیان بکات و لەسەری بسازێن، لە هەمان کاتدا گەوهەرێکی تری بە مرۆڤ بەخشیووە، بۆ ئەوەی بەکاری بێنێت، ئەویش پێ دەوترێت ئەقڵ، ئێمەی نەوەی ئادەمیزاد لە ڕێگەی بەکار هێنانی ئەقڵەوە، زۆر شت دەگرینە ئەستۆی خۆمان بە نموونە ژینگە پارێزی، جا چۆن مرۆڤایەتیی لە زۆرێکی لە شتەکان جیاوازن لە گرتنە ئەستۆی شتەکان. ڕەخنەی ژینگەیی خۆی لە چەند ئاڕاستەیەک دەبینێتەوە، یەکێک لەو ئاڕاستانە ئیکۆ شوانکارییە، کە باسی ژیانی لادێکان دەکات، له ڕووی گوزەران و پیشەی شوانکارییەکان چۆن بووە، بۆیە لێرەدا بە پێویستمان زانی ئەو ئاڕاستەیە، له چەند نموونەی شیعری جەمیل ڕەنجبەر جێبەجێ بکەین، ئاخۆ چۆن ڕەنگی داوەتە له شیعرەکانی.

ئەگەر سەرەتا بێین، وەک زاراوە بزانین، ئیکۆڵۆژی بە چ شێوازێک لای زمانەکانی تر ناسێندراوە، هەر وەک سۆران لە بارەیەوە دەڵێت: “ڕەخنەی ژینگەیی(ئیکۆلۆژی) له ڕووی زاراوە، ڕەخنەی ئیکۆلۆژی زاراوەیەکی ئینگلیزیە، وشەی (ئیکۆکریتیزم) (Ecocriticism) بۆ بەکارهاتووە، لە لایەن (ارنست هایگل) زیندەوەرناسێکی ئەڵمانی بوو. لە ساڵی (١٨٦٦)”. (سۆران مامند عبد️ اللّٰه ، ٢٠٢٢: ٦٠). سەرەتایی هەموو زاراوەیەک بۆ ئینگلیز و یۆنان دەگڕێتەوە، چونکە وەک لایەنی مەعریفی لە ئاستێکی بەرز دان. “ڕەخنەی ژینگەیی مامەڵە لەگەڵ پەیوەندی زیندووی نێوان ئەدەب و ژینگەی سروشتدا دەکات، و بەم شێوەیە تێگەیشتنێکی قوڵتر لە کارلێکی نێوان هەردوو زمان و ژینگە لە ئەدەبدا دابین دەکات. ڕەخنەی ژینگەی وەک بوارێکی مەعریفی دەوڵەمەند، چونکە یارمەتیمان دەدات له ڕووی تیگەیشتن و هەڵسەنگاندن بۆ ئەدەب و هەر شتێکی تری ناو دەق. ئەدەبی کوردیش هەڵکەوتووە بۆ ئەوەی ئەدەبی ژینگەی لەسەر جێبەجێ بکرێت. ڕەخنەی ژینگەی وا لە مرۆڤ دەکات بە دووربینییەکی سەوزەوە بڕوانێتە ژینگە، ڕەخنەی ژینگە بەدوای ژینگەیە بۆ نموونە: هەر کام لە گەشەی خێزان و دانیشتوان و پیسبوونە ژینگەیەش، کە بەهۆیەوە سەرهەڵدەدات”.(ملکۆ ئەحمەد، ٢٠٢٢: ٣). کەواتە، ژینگە ڕۆڵێکی بەرچاو دەبینێت، مرۆڤ تێدا هەست بە خۆی دەکات، بەرپرسیار دەبێت لەو شتانەی کە لەناو سروشت و ژینگەدا هەیە. پێشتر ئیکۆ شوانکاری بەو شێوەیە له سروشت دەڕوانێت پێی وایە، ئەوە مرۆڤ دەبەستێتەوە بە خۆی ژینگە و سروشتەکەیە، بێگومان سروشتیش ڕەنگدانەوەی مرۆڤە لە بەر ئەوەی تێدا ژیان دەکات و خۆی بەرجەستە دەکات، بۆیەش شاعیران ئیلهام و خەیاڵ بۆ ناو شیعره کانیان لە سروشت وەردەگرن، چونکە وەک ئاوێنە وایە مرۆڤ خۆی تێدا دەبینێتەوە. شوانکارەیی وەکو خاڵێکی دژی تێکدان و کاوڵ کردنی سروشت دەبینرێت، بە تایبەتی هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ دەستخستنی وزە. شوانکارەیی پشت بە هەبوونی هاوسەنگی لە سروشت دەبەستێت، پشت بە نموونەی بوونی سروشت دەبەستێت، کە ئەم نموونەی بوونەی سروشت له سەردەمی هاوچەرخدا شکستی هێناوە و ڕووبەڕووی ڕەخنەیی ژینگەیی بووەتەوە.

ڕەخنەی ئیکۆ شوانکاری/ ژینگەی شوانکاری

“شیعری شوانکاری چەشنێکی ئەدەبییە، کە باس لە ژیان و گوزەرانی لادێ و دێهاتەکان دەکات. لە سەرەتادا ئەم چەشنە وا ناسندرا بوو، کە تایبەت باسی شوانکاری بکات، بەڵام دواتر گۆڕانی بەسەر داهات، زاراوەکە لە ڕووی مێژووییەوە هەمە چەشن کرا. بەسەر ژیانی ئەو کاتی لادێکان دابەشکرا، جا هەر پیشەیەک بێت.” ( سۆران مامند عبد️ اللّٰه، ٢٠٢٢: ٩٦). هەر وەک ئاماژەی بۆ کرایە، پێشتر خەڵک له گوندەکان بژێوی ژیانیان لە سەر کارکردن بووە، بە تایبەت ئەو جۆرە پیشانە کە زیاتر باو بووە. کاری هەرەوەزی و جووتیاری و شوانکاری، … بەڵام بە حوکمی پێشکەوتنی سەردەم، کزی و لاوازی پێوە دیارە، وەک پێشتر نەماوە. ئەم ڕەخنەیە کار لەسەر ئەوە دەکات، کە سروشت لەو دەقە تەنها وەکو وەسیلەیەک ئامادە نییە، بەڵکو نیشاندەری ئەوەیە، کە میژووی مرۆڤ لەگەڵ مێژووی ژینگەیە و لە ناوی بووە، بەتەنها گرنگی دان نییە، بە کێشەکانی مرۆڤ ڕەوا نییە، واتە پێویستە گرنگی بە کێشە سروشتیەکانیش بدرێ، لە ئیکۆڵۆژی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە بەرامبەر بە ژینگە لە نێو جەرگەی ڕەوای دەقدا، ئەوە دەقانەی شاراوەو نادیارن دەبێت هەستی ئیکۆڵۆژی تێدابێت.(قەرەداغی، ٢٠٢٠: ٣٥). بێگومان مرۆڤ دەرخەری زۆر شتە لە ناو سروشت کاتێک سروشت لە خزمەت مرۆڤ دەبێت، گەر پارێزگاری لێ بکات و هەوڵی لە ناو بردنی نەدات، تەنیا کار و باری خۆی تێدا جێبەجێ بکات. وەک پیشەکانی کە پێشوو دەی کرد، ئەمەش دەبێتە هۆی سروشت جوانی خۆی لە دەست نەدات. پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە: “پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان مرۆڤ و ژینگەدا هەیە، ئەم پەیوەندیەش بۆ سەرەتایی هاتنە سەر زەوی مرۆڤ دەگەڕێتەوە.

کە هەڵسوکەوتی لەگەڵ پێکهێنەرەکانی ژینگەیی دەوروبەری خۆیکردووە، توانیویەتی سوود لە دەرامەتە ساده و ساکارەکانی ژینگەی سروشتیی خۆیببێنێت”.(مهدی أحمد محمود، ٢٠٢٢: ل٢٩). پێشوو ژیانی لادێ زۆر ساکار بووە، وەک ئێستا کە سەردەم پێشکەوتووە، تەکنەلۆژیا بالی کێشاوە بەسەر دنیا مرۆڤی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەمەش وای کردووە، مرۆڤ وەکو پێشی ڕوو له شاخ و سروشت نەکات، ئەگەرچی بۆ لایەنی بژێوی و ڕۆژانەیان ڕووی تێدەکەن.
چەند نموونەیەکی شیعری بە پێی ئاڕاستەی ئیکۆ شوانکاری لە شیعرەکانی جەمیل ڕەنجبەردا

ئەی خەڵکینە…
دۆڵ و چیا و دەشت و زەوی
هی کەسێکە بۆی ناخەوی
هی کەسێکە خۆی دەیچێنێ
لە پێناویا ماندوو دەبێ، بەرهەم دێنێ

من جووتیارم… لەسەر کێوی بڕوای بەتین
خۆم داوێمە باوەشی ژین
بەزبارەی، بیری جوتیاری جحێڵم
زەوی و خاکی باپیرانم ورد دەکێڵم.

منی جوتیار
کرێکاری برای گەورەم… ئاگای لێمە
ئامێرم بۆ دروست دەکا
بۆ کێڵان و دروێنەوەی سوودی ئێمە
جەرگی سروشت بست بست دەکا
_ لەم شیعرەدا بە ئاشکرا شاعیر سروشت و ژینگەی بەرجەستە کردووە، له خۆیدا باسی پیشەی جووتیاری دەکات، لە بەر ئەوەی پیشەی لادێکان ژیانێکی سادە و ساکار بووە، خۆیان مەشغووڵ دەکرد، بە ڕەنجبەری و کۆڵ نەدان و ماندوو بوون بۆ بژێوی ژیان. وشەکانی کە لە شیعرەکە دا ئاماژەی بۆ کردووە، دۆڵ، چیا، دەشت، زەوی، ئەمە ڕەنگدانەوەی سروشتە. دەڵێت من جووتیارم باسی خۆی دەکات کە چۆن هەوڵ و تێکۆشان دەدات، له پێناو ژیان. لە دێرێکی تر باسی زبارە دەکات، واتە هەرەوەزی لە کاتی گەنجی خۆی. بۆ کێلانی زەوی باب و باپیرانی.

لە نموونەیەکی تری شیعری باسی شوانکاری دەکات:
کاکەی شوانی چاپووک و دلێر
دڵسۆزی بلیمەت بۆم لێدە بلوێر
بیلاوینەوە جیهان بێنە جۆش
بە «لاوک» و «حەیران» لابەرە خامۆش
بەرامبەری دێ سۆزت ببەخشە
بۆ ڕاو شوێن دابنێ نەخشە
بۆ ڕووبارێ لەوەڕگەی جاران
دانیشە لە ژیر سێبەری داران
هەڵکێشە «ئاهی دەردی دڵداری»
ڕووکەرە کێو و لوتکەی هەزاری
ئەم خاکە جوانەی سروشتی ژیان
دەنگی ئاگرین هەڵدە بۆ گیان!
دەم دەم ئەگۆڕی شوێنی ئاژەڵت
هەست و هیوای نوێ ئەچێتە دڵت

_شاعیر بە شێوەیەکی وەسف باسی شوان دەکات، کە چەند بوێر و ئازایە، بە شمشاڵی دەستی، بۆی لێ بدات نەغمەی ئاواز و دەربڕینی دەنگە زوڵاڵەکەی، ئەو قسانەی لە ناو سروشت دەکرێت، چونکە شوانکارەکان لەگەڵ مەڕوماڵاتیان شمشاڵ بەکار دێنن. بە بەسەر بردنی کات و ڕۆژەکەیان دەی ژەنن. سروشت و ژینگەی بێ بەش نەکردووە، کە دەڵێت بۆ ڕاو شوێن دابنێ نەخشە بۆ ڕووبارێ لەوەڕگەی جاران دانیشە لە ژیر سێبەری داران، ئەم دێرە دەرخەی ئەو ڕاستییە، کە لە ئیکۆ شوانکاری باسی لێوە کراوە. لە ڕێگای گێڕانەوەی بەسەرهات و ئەو ڕووداوانەی کە ڕووبەڕوویان دەبوویەوە، لە ژیانی ڕۆژانەیاندا. ئەمەش هەوڵێکە بۆ دیاریکردنی لایەنی بەرجەستە کردنی سروشت.

لە کۆتاییدا بۆمان دەرکەوت، شاعیران بە گرینگی لە سروشت و ژینگەیان دواینە. چونکە سەرچاوەی ئیلهام داڕشتنی خەیاڵەکانیان بووە. ئەگەر باسی جەمیل ڕەنجبەریش بکەین، لەو دوو نموونەی شیعرەدا یەکێک لە ئاڕاستە ژینگەیەکانی بەرجەستە کردووە، کە ئیکۆ شوانکارییە، باسی ژیانی لادێ و بژێوی و بەسەرهات و ڕووداوەکان دەکات. خۆیان بە پیشە هەمە جۆرەکان خەریک کردووە، وەک جوتیاری و کاری زەوی کێڵان، شوانکاری ،…هتد. گەیشتن بەوەی کە ڕەخنەی ژینگەیی چەندە گرینگ و بایەخ دارە، لە ژیانی مرۆڤدا بۆیە، بە چاوێکی بەرز لێی دەڕوانن، هەموو ئاڕاستەکانی نێو ڕەخنەی ژینگەیی بۆ کات و سەردەمێک دەگەڕێنەوە، باسی ئەو هەلومەرجە دەکەن، کە ڕووی داوە.

------------------------------------- 

سەرچاوە:

  1. سۆران مامند عبداللّٰه،(٢٠٢٣)، ڕەخنەی ئیکۆلۆژی له شیعری هاوچەرخی کوردیدا، بە نموونەی شیعره کانی شێرکۆ بێکەس و سەباح ڕەنجدەر، نامەی دکتۆرا، کۆلێژی زمان، زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر.
  2. دلاوەر قەرەداغی، (٢٠٢٠)، لێرەو لەوێ باران، دووراودوور هەتاو، چاپی یەکەم، تاران.
  3. گۆڤاری کوردستانی نوێ، پ.ی.د.ملکۆ ئەحمەد، ڕەخنەی ژینگەیی وەک ڕێبازێکی ڕەخنەی سەربەخۆ پێنجشەممە، ٢٩٩٢٠٢٢
  4. ئـ. جەوهەر کرمانج، (٢٠٠٧)، دیوانی شیعر (جەمیل ڕەنجبەر)، سلێمانی.
  5. مهدی أحمد محمود، (٢٠٢٢)، ڕەخنەی ژینگەیی لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، زانکۆی ڕاپەڕین، کۆلێژی پەروەردە_ قەڵادزێ، بەشی کوردی.



فەلسەفە چی بەخشیوە بە مرۆڤ؟.. نووسینی: یووسف ئیسماعیل

پێشەکی:
کاریگەری بەردەوامی فەلسەفە لەسەر مرۆڤایەتی

فەلسەفە دیسیپلینێکی تەمەن درێژە و لە سەرەتای شارستانیەتەوە هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤی گرتۆتەوە. لە یۆنانی کۆنەوە تا سەردەمی مۆدێرن، فەلسەفە چاویلکەیەکی بۆ دابین کردووە کە لە ڕێگەیەوە سەیری جیهان و بیرکردنەوە لە مانای بوون بکرێت و مانای ئەو پرسە ئاڵۆزانەی مرۆڤ ڕووبەڕووی دەبێتەوە. سەرەڕای ئەو گۆڕانکاری و گۆڕانکارییە زۆرانەی کە بە درێژایی مێژوو ڕوویانداوە، فەلسەفە وەک بەردی بناغەی گەڕانی فیکری و کولتووری بەردەوام بووە. لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێین فەلسەفە کاریگەرییەکی بەردەوامی لەسەر مرۆڤایەتی هەبووە و نۆرم و بەها کولتوورییەکانی داڕشتووە و کاریگەری لەسەر لێکۆڵینەوەی زانستی هەبووە و بناغەیەکی بۆ بڕیاردانی ئەخلاقی و ئەخلاقی دابین کردووە. لەم وتارەدا بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێگایە زۆرانە دەکەین کە فەلسەفە ژیانی مرۆڤی دەوڵەمەند و زیندوو کردۆتەوە، هەروەها پەیوەندی بەردەوامی لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا لەبەرچاو دەگرین.
گەشەی کەسی:
هێزی گۆڕینی بیرۆکە فەلسەفییەکان جگە لەوەش بیرۆکە فەلسەفییەکان هێزی گۆڕانکارییان هەیە بۆ یارمەتیدان لە گەشەکردنی کەسیدا. لێکۆڵینەوە لە فەلسەفە ڕێگە بە تاکەکان دەدات بیر لە بەها و بیروباوەڕ و هەڵبژاردنەکانی خۆیان بکەنەوە. تەحەدای گریمانەکانی پێشوویان دەکات و هانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەدات. تاکەکان لە ڕێگەی پشکنینی تیۆری و سەلماندنە ئەخلاقییەکانەوە توانای ئەوەیان هەیە چوارچێوەی ئەخلاقی خۆیان دابڕێژن و هەستێکی ڕوونتر بۆ ئامانج و ئاراستە لە ژیانیاندا پەرەپێبدەن. سەرەڕای ئەوەش، لێکۆڵینەوەی فەلسەفی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چاندنی هاوسۆزی و پێزانینی زیاتر بۆ جۆراوجۆری دیدگا و ئەزموونە جیاوازەکان. بە گشتی لێکۆڵینەوە لە فەلسەفە توانای ئەوەی هەیە کە گۆڕانکاری و گەشەکردنی قووڵی کەسی بهێنێتە ئاراوە.

دادپەروەری کۆمەڵایەتی:
چۆن فەلسەفە تێگەیشتنمان لە ئەخلاق و یەکسانی لە قاڵب داوە فەلسەفە تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانەی بۆ چەمکی دادپەروەری کۆمەڵایەتی دابین کردووە، کە تێڕوانینمان بۆ ئەخلاق و یەکسانی گۆڕیوە. لە ڕووی مێژووییەوە فەیلەسوفەکان مشتومڕیان لەسەر باشترین ڕێباز بۆ گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی کردووە، لە تیۆری ئەفلاتون بۆ کۆمەڵگەی ئایدیاڵەوە تا ئەخلاقی فەزیلەتی ئەرستۆ. فەیلەسوفە مۆدێرنترەکان، لەوانە جۆن ڕاوڵز و مارتا نوسبام، هەوڵیان داوە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بخەنە پێشەوەی گوتاری سیاسییەوە. چەمکی “پەردەی نەزانی”ی ڕاولز دەڵێت کۆمەڵگا دەبێت هەوڵبدات سیستەمێک دروست بکات کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان پێشکەش بکات، بەبێ گوێدانە تایبەتمەندییە تاکە کەسییەکانیان. بە هەمان شێوە ڕێبازی تواناکانی نوسبام ستانداردێک بۆ یەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێشنیار دەکات کە لەسەر بنەمای کۆمەڵێک توانای مرۆیی گشتگیر دامەزراوە. ئەم ڕێبازە فەلسەفییانە هاندەری ڕەچاوکردنی قووڵترن بۆ ئەو نایەکسانیانەی کە لە کۆمەڵگادا باون و چوارچێوەیەک بۆ گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی زیاتر لە داهاتوودا دەڕەخسێنن.

پێشکەوتنی زانستی:
ڕۆڵی فەلسەفە لە داڕشتنی تێگەیشتنمان لە گەردوون فەلسەفە ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە داڕشتنی تێگەیشتنمان لە گەردوون، بەتایبەتی کاتێک باس لە پێشکەوتنی زانستی دەکرێت. بۆ نموونە فەلسەفەی زانست یارمەتیدەرمانە بۆ ئەوەی تێبگەین کە زانیاری زانستی چۆن دروست دەبێت و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. سەرەڕای ئەوەش، مشتومڕە فەلسەفیەکان تێگەیشتنمان لە چەمکە زانستییەکانی وەک کات، هۆکار و فەزا لە قاڵب داوە، کە کاریگەری گرنگیان لەسەر تێگەیشتنمان لە گەردوون هەیە. جگە لەوەش، پرسیارە فەلسەفییەکان تەنانەت بووەتە هۆی دۆزینەوەی زانستی، وەک تەنۆلکەی هیگز بۆسۆن کە بۆ یەکەمجار لەلایەن فەیلەسوفێکەوە گریمانە کرا پێش ئەوەی لەلایەن فیزیای ئەزموونییەوە پشتڕاست بکرێتەوە. بەم شێوەیە ڕۆڵی فەلسەفە لە پێشکەوتنی زانستیدا زۆر گرنگە، چونکە چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ زاناکان دابین دەکات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەیدا کاربکەن و یارمەتیان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری نوێ سەبارەت بە گەردوون.

تیۆری سیاسی:
بەشدارییەکانی فەلسەفە لە گەشەپێدانی دیموکراسی و حوکمڕانیدا تیۆری سیاسی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە پەرەپێدانی دیموکراسی و حوکمڕانیدا. بیرۆکەی ئەوەی کە پێویستە سیستەمێکی دادپەروەر و دادپەروەرانەی حکومەت هەبێت، دەتوانرێت بگەڕێتەوە بۆ یۆنانییە کۆنەکان، بەتایبەتی بۆ بەرهەمەکانی ئەفلاتون و ئەرستۆ. ئەم فەیلەسوفانە جەختیان لەسەر گرنگی سەقامگیری سیاسی و سەروەری یاسا و مافی هاووڵاتیان دەکردەوە. هەروەها تیۆریستەکانی سیاسی ڕۆڵێکی چارەنووس سازیان هەبوو لە داڕشتنی سیستەمی دیموکراسی مۆدێرن. بیرمەندانی وەک جۆن لۆک و ژان جاک ڕۆسۆ دەیانگوت تاکەکان مافی سروشتییان هەیە کە دەبێت لەلایەن حکومەتەوە بپارێزرێن. هەروەها پێیان وابوو دەسەڵاتی حکومەت سنووردار بێت و هاووڵاتیان لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنیاندا قسەیان هەبێت. بە گشتی فەلسەفە چەمک و ئارگیومێنتی چارەنووسساز لە دروستکردن و پاراستنی سیستەمی دیموکراسی لە سەرانسەری جیهاندا دابین کردووە.

ئەنجام:
ئەگەرە بێ کۆتاکانی فەلسەفە بۆ پێشکەوتنی مرۆڤ لە کۆتاییدا فەلسەفە ئەگەری بێ کۆتایی بۆ پێشکەوتن بۆ مرۆڤ دابین کردووە. فەلسەفە بە پرسیارکردن لە بیروباوەڕی تەقلیدی و گەڕان بەدوای بیرۆکەی نوێدا، ئاسۆی ئێمەی فراوانتر کردووە و ڕێگەی پێداین چەمک و شێوازی بیرکردنەوەی نوێ پەرەپێبدەین. بە درێژایی مێژوو فەلسەفە ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لە داڕشتنی کۆمەڵگا و پێشخستنی زانستی مرۆڤ. لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەی فەلسەفیەوە تێگەیشتنێکی قووڵترمان لە خۆمان و جیهانەکەمان و شوێنی خۆمان تێیدا بەدەستهێناوە. فەلسەفە چوارچێوەیەکی بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و چارەسەرکردنی کێشەکان دابین کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی پێشکەوتنی زۆر لە زانست و تەکنەلۆژیادا. بە کورتی فەلسەفە ئەو ئامرازانەی پێبەخشیوین کە بتوانین قفڵی تواناکانمان بکەینەوە و شتە گەورەکان بەدەست بهێنین. تەنها بە بەردەوامبوون لە بەشداریکردن لە لێکۆڵینەوەی فەلسەفیدایە کە دەتوانین هیوای بنیاتنانی جیهانێکی باشتر بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوومان هەبێت.

————————–

• بۆ بابەتەکەم پشتم بەو سەرچاوانە بەستووە:
• John RAWLS. ‘A Theory of Justice.’ Original Edition, Harvard University Press
• Seyyed Hossein Nasr. ‘The Heart of Islam.’ Enduring Values for Humanity, Zondervan




ڕەنگدانەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە فیلمی ڕزگاربوون.. ڕێباز مجید

پۆست کۆڵۆنیالیزم لە فیلمی ڕزگاربوون

“تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم کە لە بارودۆخێک دەکۆڵێتەوە کە لە هەناوی داگیرکاریدا دێتەکایەوە. هەموو ئەو بارودۆخ و هەڵومەرجانەی کەلە ئەنجامی کارلێکی داگیرکەر و داگیرکراو دێنە کایەوە پێی دەگوترێت پۆست کۆڵۆنیالیزم.” ( نادر، ٢٠٢٠: ٥)
واتە تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لە داگیرکار دەکۆڵێتەوە، چۆن کاریگەری هەیە لەسەر جیهان و نەتەوەکان داگیرکەر چۆن کاریگەری لەسەر داگیرکراو دروست دەکات، لەهەموو لەمانە دەکۆڵێتەوە.
کەواتە ئەوەی لەم بارودۆخەش دەکۆڵێتەوە پێی دەگۆتێرێت تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم.
پۆست کۆڵۆنیالیزم شەپۆڵیکی دیکەی بیرکردنەوەیە لە پاش کۆڵۆنیالیزم( داگیرکاری).
کە خەڵکانێک بینیان داگیرکاری ڕۆژهەڵاتی فەوتاند و ناتوانن بیربکەنەوە. گروپێک تیۆرێکیان دروست کرد کە ئەدەبی نەبوو هێنایانە نێو ئەدەب، ئەوی پۆست کۆڵۆنیالیزم بوو، کە لە داگیرکاری دەکۆڵیتەوە.
پێیان وابوو داگیرکاری کۆمەڵە شواینەوارێکی نەگبەتی دروستی کردووە، پێچەوانەی کۆڵۆنیالیزمە، کە دەیانەوێ دووبارە وێنەیەکی تر بۆ ڕۆژهەڵات دروست بکەن. دەیانویست ئەو داگیرکارییە نەهێڵن و ڕۆژهەڵات ڕزگار بکەن.
لەڕووی مێژوو و چێوارچێوەی جوگرافی پۆست کۆڵۆنیالیزم ئەوا داگیرکەری پڕۆسەیەکی بەرفراوانە و لەهەمان کاتیشدا چەندین شێوەی ئاڵوگۆڕی کەلتووری هەیە. بەمەش ئیشکال لە سنوور و چوارچێوەی مێژووی و جوگرافی دروست دەبێت، چونکە لە ڕووی مێژووییەوە، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و لەسەرەتای دەستپێکی داگیرکەریدا کۆ دەنگییەک هەیە، ئەمەش لە ڕووی مێژوویەوە چەند پرسیارێکی کردووە، لەسەر چ بنەمایەک و پێوەرێک مێژووی لێکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم دیاریبکەین؟ یایە داگیرکەری ئانگۆنورمانەکان لە سەدەکانی ناوەڕاست و لەدوای ئەویش داگیرکردنی ئیرلەند لە چوارچێوەی نەریت و ڕێوڕسمەکانی داگیرکاری جێگەیان دەبێتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری تری لەم شێوەیە بەردەوام لە چوارچێوەی ئەم تیۆرە دووبارە خراونەتەڕوو. دواجاریش ئەمە وەک ئیشکالێک لە بواری مێژوو و جوگرافیای لێکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزمدا ماوەتەوە ( نادر، ٢٠٢٠ : ٢٢).
لەڕووی جوگرافیای لۆکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم بیر و بۆچوونی جیاوازی لەسەرە. چونکە زەمینەکانی پڕۆسەی داگیرکاری جیاوازن، هەر ئەمەشە جیاوازی بۆچوونی لە نێوان لێکۆلەران سەبارەت بەم تیۆرەدا هەبێت.
لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوە پۆست کۆڵۆنیالییەکاندا دوو ڕوانگە هەن: هەندێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە، کە دەبێت خورتنیشنگە سپیپێستەکانی وەک کەنەدا و نیوزلەندا و ئوستڕاڵیا لە سنووری پۆست کۆڵۆنیالیزم هەژمار بکرێن، بە بەڵگەی ئەوەی کە دانیشتوانی ئەم وڵاتانە لەلایەن ئیمپریالیزمەکان پەراوێزخراون و ناچارکراون کە لێکچوونی کەلتووری پەیڕەو بکەن.

هەندێکیتریشیان پێیان وایە ناکرێت خورتنشینگە سپیپێستەکان لە هەمان گوتار جێ بکەینەوە کە هیندستان و کینیا تێدا جێگیر دەبن، چونکە خاڵی سەرەکی لە لێکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم بریتییە لە نەژاد، بۆ نموونە لە داگیرکردنی هیندستاندا بابەتی نەژاد ڕوونە، کە هیبدستان لەلایەن بەریتانیا داگیردەکرێ، پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو نەژادە، کە نەژادی هیند و بەریتانییە، بەڵام سپیپێستەکان نەژادی نییە، چونکە خورتنشینگە سپیپێستەکان هەم دەبنە داگیرکەر هەم دەبنە داگیرکراو( نادر، ٢٠٢٠: ٢٣ ). واتە ڕەشپێستەکان نابن بە داگیرکرای، چونکە دەسەڵاتی ئەوەیان نییە، سپیپێستەکان داگیر بکەن، بەڵام سپیپێستەکان هەم دەبنە داگیرکەر هەم دەبنە داگیر کراو، چونکە توانا و دەسەڵاتییان هەیە تا ڕەشپێستەکان داگیر بکەن، وە سپیێستەکانی ناوچەیەکی تریش دەتوانێت ئەو سپیپێستانە داگیربکات، بەمەش بابەتی نەژادی ڕوون نابێت.
لێکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم مێژووییەکی دوور و درێژی هەیە، بەو پێیەی پەیوەستە بە بابەتەکانی وەک ستەم و زوڵم و داگیرکەر و وڵاتی داگیرکرا و ئاڵوگۆڕی زمانی و کەلتووریی و … هتد، ئەم نابەتانەش خودی خۆیان مێژووییەکی دوور و درێژیان هەیە، کە هێندەی مێژوویی مرۆڤایەتی کۆنن، چونکە داگیرکەر لەدوای خۆی ئاڵوگۆری زمانی و کەلتووری و زوڵم و ستەم و ڕووبەروو بوونەوەی داگیرکرا دێنێتە کایەوە.
ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزمیش خەریکی لێکۆڵینەوەی داگیرکارییە. دەیەوێت ئەو لێدکانەوە و دەرهاوێشتانە ڕەتبکاتەوە کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لێک جیاکردۆتەوە کە بووەتەهۆی دروستبوونی چەق و پەراوێز.( نادر، ٢٠٢٠ : ٢٥). واتە نووسەران و ڕەخنەگرانی ئەم تیۆرە دەیانەوێت ئەو بیرکردنەوەی ڕۆژئاوا نەهێڵێت سەبارەت بە ڕۆژئاوا هەیان بوو، پێیان وابوو ڕۆژئاوا باشترن و پێشکەوتووترن و ڕۆشنبیر ترن. هەوەروەها دەیانویست ڕەگەزپەرستیش نەهێڵن.
سینەماش ئامرازێکی هونەرییە، بۆ نیشاندانی دیاردە و ڕووداوە مێژووییەکان و کەلتوورەکان. لەمڕۆدا دیاردەیەکی شارستانییە و لە جیهاندا بایەخی زۆری پێدەدرێت. بینەرانی سینەما پەیام و زانیاری و وێنە و جوڵە دەبینن و بەشێوەیک لە شێوەکان تێی دەگات(خدر، ٢٠٢١: ٨). خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا سەیری سینەما دەکات، زۆر لە دەرهێنەرانی سینەما ئەو پەیامە و مەبەستانەیان لە دونیای سینەمادا دەگەیەنن. دەرهێنەران لە ڕێی سینەماوە بنەماکان و پەیامی پۆست کۆڵۆنیالیزم دەگەینن، هەروەک فیلمی ( ڕزگاربوون) هی ئەنتۆنی فاکوا بە نموونە هێناوەتەوە، باس لە پۆست کۆڵۆنیالیزم دەکات.
ئامانجی ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم لێکۆڵینەوەیە لە دید و بۆچوونەکانی ڕۆژئاوایە کە چۆن سەیری ئەو وڵاتانە دەکەن و چۆن بەردەوامی بەو سەیرکردنە دەدەن و تاکوو درێژە بە داگیرکاری خۆی بدات. نووسەرانی پۆست کۆڵۆنیالیزم پێیان وایە دەکرێت دووبارە لە بەرهەمە کلاسیکییەکان جارێکی تر تاوتوێ بکرێتەوە و پەراوێزخراوەکان بکرێنەوە بە سەنتەر و جارێکی تر پێگەی خۆیان لە جیهاندا بەدەستبهیننەوە( نادر، ٢٠٢٢: ٣٨). واتە تیۆرستان و ڕەخنەگرانی ئەم تیۆرە ئامانجیان ئەوەیە لە بیر و هزر و بۆچوونی ڕۆژئاواییەکان بکۆڵنەوە، کەچۆن سەیری ڕۆژهەڵات دەکەن.
هەوەها نووسەرانی ئەم ئەدەبە دەیانەوە بیر و زەینی خەڵک و بینەران لە داگیرکاری دابماڵن و پەراوێز بکەنە سەنتەر و ڕۆژئاوا لە چەق بخەن. هەروەها ڕۆژهەڵاتییەکان متمانەیان بەخۆ هەبێت و واز لە لاساییکردنەوەی کەلتووری ڕۆژهەڵات بهێنێت. ئامانجێکی تری نووسەرانی ئەم ئەدەبە ئەوەیە کە کەلتووری نەتەوە داگیرکراوەکان بکەنە چەقی نووسینەکانیان و چەخت لە زیندووکردنەوە و بەرەپێدانی ناسنامەی نەتەوەیی دەکەنەوە. ( نادر، ٢٠٢٢: ٣٩).

واتە ئامانجێکیتری ئەم تیۆرە ئەوەیە ئەو بەهایەی چەق وپەراوێز پێشتر هەیبوو، نەیهێڵێت، دەیەوێت بڵێت بەهای پەراوێز کەمتر نییە لە بەهای چەق و ڕۆژهەڵات واز لە لاساییکردنەوەی ڕۆژئاوا بهێنێت.
فیلمی ڕزگاربوون ( ‏emancipation) لە ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن ئەنتۆنی فاکوا دەرهێنراوە. باس لە ڕووداوێکی مێژووی دەکات.
ئەم فیلمە باس لە ڕووداوێکی مێژووی ئەکات، باس لەوە ئەکات کە ڕەشپێستەکان کراون بە کۆیلە لە لایەن سپیپێستەکان، واتە کراون بە ئاسنگەر و کۆیلە. سەرەڕای ئەوەی ڕەشپێستەکان کاریان بۆ سپیپێستەکان دەکرد، ئەشکەنجەش ئەدران و ئازاریان دەدان. پیتەریش یەکێک بوو لەو ڕەشپێستانە، پیتەر کە کەسێکی چاونەترس و بەهێز بوو. کە دیبینی ئەم ڕەشپێستانە ئازار دەدران و کرابوون بە کۆیلە پێی قبول نەدەکرا و پەرپەرچدانەوەی هەبوو بۆ سپیپێستەکان. پیتەر هەوڵیدا ڕابکات بۆ لای سوپای کلینۆت، لەوێوە ڕووبەرووی سپیپێستەکان ببنەوە و جەنگ لە بەرامبەریان بەرپا بکەن. چونکە ڕەشپێستەکان داگیرکرابوون لەلایەن سپیپێستەکان و بە کۆیلە کراون. بۆیە پیتەر هەوڵیدا ڕووبەرووی بێتەوە ئەویش بە یارمەتی سوپای کلینۆت، بۆئەوەی ڕەشپێستەکان ڕزگار بکات و بگەڕێتەوە بۆ ناو خێزانی خۆی، بۆ ئەمەش گەشتێکی مەترسیدار و پڕ سەرکێش لەڕێگای زولکاوەکان کرد، بۆ ئەوەی بگاتە سوپای کلینۆت.

ڕەنگدانەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە فیلمی ڕزگاربوون

١_ سەنتەری و پەراوێز

لەم فیلمەدا سپیپێستەکان سەنتەر بوون و ڕەشپێستەکانیش پەراوێز بوون. چونکە ڕەشپێستەکان کرابوون بە کۆیلە لەلاین سپیپێستەکانەوە.

٢_ بەهای پەراوێز کەمتر نییە لە چەق

کە ئەوڕووپا( ڕۆژئاوا) سەنتەر بوو، ڕۆژهەڵاتیش پەراوێز بوو، ڕۆژهەڵات بە ناڕۆشنبیر و دواکەوتوویان دادەنا و داگیرکراو بوون، بەمەش ببوون بە کۆیلە و ژیانیان دەخستە مەترسییەوە لەپێناو پەیدا دەکردنی پارە، نموونە لەم فیلمەدا ڕەشپێستەکان خەریکی کاری ئاسنگەری بوون، تا پارە پەدا بکەن، ئەم کارەش زۆر مەترسیدا بوو، چونکە لەلایەن سپیپێستەکان ئازار و ئەشکەنجە دەدران و کرابوون بە کۆیلە، بەڵام دواتر کە ڕەشپێستەکان لە کۆتاییدا ڕووبەرووی سپیپێستەکان بوونەوە و جەنگیان لەگەڵ پەپا کرد، ڕەشپێستەکان سەرکەوتن و ڕزگار بوون. بەمەش پەراوێز بەو جۆرە نەما کە پێشتر هەبوو، پێشتر بەهای پەراوێز کەمتر بوو لە بەهای چەق و بە دواکەوتوویان دادەنا. چەق بەبێ پەراوێز نابێت بە چەق و پەراوێزیش بەبێ چاق نابێت بە پەراوێز، واتە تەواوکەری یەکترن و بەهای هیچیان لە ئەویتر کەمتر نییە، ئەمەش پۆست کۆڵۆنیالیزم وا ئەڵێ، یەکێک لە پەیامەکانی ئەم فیلمەش ئەم خاڵە گرینگەی پۆست کۆڵۆنتالیزمە.

٣_ پۆست کۆڵۆنۆلیزم باس لە جەنگ و داگیرکاری دەکات.
ئەم فیلمەش باس لە داگیرکاری و جەنگ دەکات، ئەمەش وایکردووە خەڵکی ڕەشپێست ببێت بە کۆیلە و لەناو ژیانێکی ناخۆشدا بژین. بۆ نموونە سپیپێستەکان ڕەشپێستەکانتان داگیرکردبوو و کردبوویانە ئاسەنگەر و کۆیلەی خۆیان، کاریان بە ڕەشپێستەکان دەکرد و ئەشکەنجەیان دەدا و بە بەردەوامی هەوڵی کوشتن و ئازادانی ڕەشپێستەکانیان دەدا، لە کۆتایشدا جەنگ لە نێوان ڕەشپێست و سپیپێستدا ڕوویدا، کە لەم فیکمەدا هەبوو.

٤_ لایەنی خوێندن و ڕۆشنبیری پشتگوێ خراپوو.
لەم فیلمەدا لایەنی خوێندن بە تەواوی بشتگوێ خرابوو و ڕەشپێستەکان لەبڕی ئەوەی لەبەر خوێندن بن، خەریکی ئاسەنگەری بوون و کرابوون بە کۆیلە.

٥_ ڕەنگدانەوەی ئەوڕوپا سەنتەری لەم فیلمەدا
لەم فیلمەدا سپیپێستەکان کە ڕۆژئاوایین، سەنتەر بوون و ڕەشپێستەکانیان داگیرکردبوو و کردبویانە بە کۆیلەی خۆیان، ڕەشپێسەتاکنیش کە ئەفریقی بوون، کرا بوون بە پەراوێز و لەلایەن سپیپێستەکان حوکم دەکران و داگیرکرابوون.
٦_ لاساییکردنەوە
لەم فیلمەدا ڕۆژهەڵات ( ڕەشپێستەکان) وەک داگیرکرا لاسایی ئەوڕوپایان کردووە، ئەویش لە بەکارهێنانی چەک و سیلاح و دروستکردنی سوپا، ئەمەش وایکردبوو بیر و هزری ڕەشپێستەکان داگیر بکەن.

٧_ ڕەنگدانەوەی ئەویتر لەم فیلمەدا
لەم فیلمردا منداڵەکان کرابوون بە ئەویتر، مینیان کۆدەکردەوە، ئەمەش مەترسیدار لەسەر ژیانیان دروست دەکەن و پێیان دەتەقێایەوە و کەم ئەندام دەبوون.

٨_ڕەنگدانەوەی ژێر دەست لەم فیلمەدا
لەم فیلمەدا ڕەشپێست ژێر دەستەیە و خاوەن هێز و دوڵەتێلی سەربەخۆ نییە. ڕەشپێستەکان ژێر دەستەی سپیپێستەکان بووینە و لەلایەن ئەوڕوپا بەردەوام هەوڵی داگیرکردنیان داوە و ببوون بە کۆیلە.

٩_ ڕەنگدانەوەی نەژاد لەم فیلمەدا

سپیپێستەکان خۆیان سەپاندبوو بەسەر ڕەشپێستەکان و حوکمیان دەکردن، کە ئەم بیرۆکەیەش لە لە ڕەگەزپەرستییەوە سەرچاوە دەکرێ، نەژداێک خۆی بەسەر نەژادێکی تر دەسەپەنێتێت.

ڕێباز مجید
ئەم باسە لە ژێر سەرپەرشتی (مامۆستا چاوەڕێ نیعمەت) ئامادەکراوە لە زانکۆی سۆران

—————————————-

سەرچاوەکان:

١_ نادر: کوردستان عبولوهاب ، ٢٠٢٢، ڕەنگدانەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە ڕۆمانەکانی فەرهاد پیرباڵدا، تێزی دکتۆرا، زانکۆی سۆران، فاکەڵتی ئاداب، بەشی زمانی کوردی.
٢_ خدر: ئاریان سەلیم ، ( ٢٠٢١)ز، پەیوەندی نێوان شوناس و خەباتی نەتەویی لە باکوری کوردستان : فیلمی زەڕ بە نموونە، زانکۆی سۆران، فاکەڵتی ئاداب، بەشی کۆمەڵناسی.




پۆستکۆڵۆنیالیزم لە فیلمی ئاڵای بێ وڵات.. ڕزگار حزێر عبدالله

تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لەو هەڵومەرج و بارودۆخی داگیرکەر دەکۆڵێتەوە.

مێژووی ئەم تیۆرەش دیاری کراو نییە، بەڵکو لەگەڵ سەرەتای هەبوونی داگیرکاری ئەم تیۆرەش هەبووە، واتە مێژووییەکی دوور و درێژی هەیە. وە داگیرکاریش پڕۆسەیەکی بەرفراوان و چەندین شێوەی ئاڵوگۆری هەیە وەک زمان و کەلتوور و زمان و خاک و ئاین …هتد هەیە. لەڕووی جوگرافیاشەوە بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێکیان پێیان وایە کە دەبێت خورتنشینگە سپیپێستەکانی وەکو ئوستڕاڵیان و نیوزلەندا و کەنەدا لە سنووری جوگرافیای لێکۆڵینەوە پۆست کۆڵۆنیالییەکان هەژمار بکرێت. بە بەڵگەی ئەوەی خەڵکی نیشتەجێبووی ئەم وڵاتانەش لەلایەن ئیمپریاکیزمەوە پەراوێزخراون و ناچارکراون کە لێکچوونی کەلتووری پەیڕەو بکەن.
هەندێکیتریشیان پێیان وابوو ناکرێت خورتنشینگە سپیپێستەکان لە هەمان گوتار جێبکەینەوە کە هیندستان و کینیا تێیدا جێگیر دەکرێن چونکە خاڵی سەرەکی لە لێکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم بریتییە لە بابەتی نەژاد، لە داگیرکردنی هندستان و کینیا بابەتی نەژاد ڕوونە، بۆ نموونە لە داگیرکاری هیندستان پەیوەندی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو بریتییە لە نەژادی هیندی و بەریتانی. بەڵام
لە خورتنشینگە سپیپێستەکاندا بابەتی نەژاد ڕوونە.

بەم پێیەش بێت لە ڕووی جوگرافی لێکۆڵینەوەی تیۆری پۆستکۆڵۆنیالیزم گشت جیهانە
ئەوەی گشت ڕەخنەگرانی تیۆری پۆست کۆڵۆنیالیزم لەسەری کۆکن دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی پەیوەندی نەریتی نێوان گەورە شارەکان و دانیشتوانی داگیرکەرەکان و هەروەها هەڵوەشاندنەوەی شێوەکانی ئیمپریالیستی لە ڕەگ و ڕیشەوە. ئەوان هاوڕان لەسەر لێکۆڵینەوەکردن لە زوڵمی داگیرکاری و داگیرکاری نوێ، بەرگری کردن لە بەرانبەر داگیرکاری. شوناسی داگیرکەر و داگیرکراو، نموونەکانی ئاڵوگۆری نێوان ئەم شوناسانە و کۆچکردن بۆ گەورە شارەکان. نموونەکانی ئاڵوگۆری کەلتووری نێوان داگیرکەر و داگیرکراو، ئەنجامی تێکەڵبوونی هەردووک کەلتوورەکە.
تیۆری پۆستکۆڵۆنیالیزم مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە بەو پێیەی پەیوەستە بە بابەتەکانی وەک داگیرکاری، وڵاتە داگیرکراوەکان زوڵم و ستەمی داگیرکاری، ئاڵوگۆڕی کەلتووری … هتد. ئەم بابەتانەش لە خودی خۆیاندا مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە، کە هێندەی مێژووی مرۆڤایەتی کۆنن. چونکە داگیرکاری لە سەردەم و کاتێکدا بێت ئاڵوگۆڕی کەلتووری و زوڵم و ستەمی داگیرکاری و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکراوی بەرانبەر بە داگیرکەر بە دوای خۆیدا هێناوە. مێژووی ئەم تیۆرەش دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێشوو، کە لەوکاتەدا پڕۆسەی داگیرکاری گەیشتبووە لوتکەی خۆی، کۆمەڵێک بابەتی وەک بەرەنگاربوونەوەی وەک بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری، قسەکردن لەبارەی ئاڵوگۆری کەلتووری، نەژادی، سپیپێست و ڕەشپێست و ڕەتکردنەوەی کەلتووری داگیرکەر… هتد. ئەم بابەتانە دەکەنە ڕەگ و ڕیشەی پۆست کۆڵۆنیالیزم.
ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم دەرخەری لێکەوتەکانی داگیرکارییە و دەیانخەتە ژێر پرسیارەوە. هەروەها ئەدەبیاتی پۆستکۆڵۆنیالیزم باس جەنگ و داگیرکرای و شێوازەکانی ئاڵوگۆڕی کەلتووری و زمانی و ئاین و …هتد نێوان وڵاتی داگیرکەر و داگیرکراو دەخاتە ڕوو. وە ئەدەبیاتی پۆست کۆڵۆنیالیزم دەیەوێت پەراوێز نەهێڵیت. وە ئامانجی پۆست کۆڵۆنیالیزم ئەوەیە جیاوازی نەهێڵێت لە نێوان شەرقی و غەربی، چونکە ڕۆژئاوا بەردەوام هەوڵی داگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی داوە و بە دواکەوتووی و نا ڕۆشنبیری دادەنێن، هەروەها پێیان وایە ئەوان لە ڕۆژهەڵاتییەکان باشتر و بە دەسەڵاتترن، بۆیە ئامانجی ئەدەبی ئەم تیۆرە نەهێشتنی ئەم خاڵەیە.
وە ئەو بنەمایانەی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە بەرهەمە ئەدەبییەکان ڕەنگ دەداتەوە ئەمانەن، سەنتەری و چەق، دوو ڕەگی بوون، نەژادی، لاساییکردنەوە، سەنتەر بوونئ ئەوڕوۆی، ڕەشپێست و سپی پێست…هتد.
فیلمی ئاڵای بێ وڵات، هی بەهمەنی قوبادی، لە ساڵی ٢٠١٥ بەرهەم هیناوە.
ئەم دوو کەسە بەردەوام لە هەوڵی کۆمەک کردن بە کۆمەڵگاکەیانن: کۆمەڵگایەک کە هه‌مووکات له‌گه‌ڵ بارودۆخی سه‌ختی ژیان، جه‌نگ و هێرشی داعش پەیوه‌ندی هه‌یه.
(هێلی لۆڤ) گۆرانیبێژێکی بە شێوازی پاپە کە دەیەوێت کوردستان بە جیهان بناسێنیت و سەرنجی کۆمەڵگای جیهانیش بۆ کوردستان ڕابکێشێت و هەروەها هەستی کۆمەڵگابوون بە خەڵکی کورد بدات.
نەریمان فڕۆکەوانە، ئەو بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی پێیەکی شکاوە، بۆیە ناتوانێت فڕۆکەوانی بکات. نەریمان فێرگەیەکی فڕۆکەوانی بۆ منداڵانی کوردستان ڕیکخستووە بەڵام باوک و دایکی هەندێک لە منداڵەکان دوای بیستنی ئەو ڕووداوەی نەریمان، چیتر منداڵەکانیان نانێرن بۆ فێرگەکە بەڵام نەریمان سوورە لەسەر کارەکەی خۆی و لەگەڵ منداڵەکان نەخشەیەکی سەربازی بۆ کوردستان دادەنێن.
ئەم دوو بەشە وەک دوو چیرۆک، هاوشانی یەکتر و هاوکات گرێدراوی یەکترن. دۆخی ئاڵۆز و ناخۆشی کوردستان وا لە هێلی لۆڤ و نەریمان دەکات کە پشتیوانی و یارمەتی کۆمەڵگاکەیان بکەن.
ڕەنگدانەوەی پۆست کۆڵۆنیالیزم لە فیلمی ئاڵای بێ وڵات. ١-ژێردەستە داگیرکردنی خاکی کورد لەلایەن داعشەوە لەم فیلمەدا.
هەروەها بەردەوام کورد ژێردەستە بووە لەلایەن عرب و تورک و ئێران.
٢- جەنگ لەم فیلمەدا باس لە جەنگ و داگیرکردنی دەکرد ئەمەش خالێکی گرینگی پۆست کۆلۆنیالیزمە کە پۆستکۆلۆنیالیزم ئەنجام و لێکەوتەکانی جەنگ و داگیرکاری دەخاتە ڕوو
٣-لاسایکردنەوە لەم فیلمەدا کورد لاسایی ڕۆژئاوای دەکردەوە لە بەکار هێنانی چەک و دروستکردنی تەیارە و بەرهەمهێنانی گۆرانی بۆ نموونە هونەرمەند هێلی لۆڤ دەیەوێت وا لە کورد بکات لاسای ئەوڕوپا بکاتەوە.
٤- بوونی ئەوی تر لەم فیلمەدا کورد کراوەتە ئەوی تر
٥- سەنتەرو پەراوێز لەم فیلمەدا ئەوڕوپا بەستەر و ڕۆژهەلاتیش پەراوێزە.

ئەم نووسینە بەسەرپەرشتی:
‎م. چاوەڕێ نیعمەت سالح لە زانکۆی سۆران ئامادەکراوە




پۆستکۆڵۆنیالیزمی کلتوری لە ڕۆمانی( قەبرێکی سێگۆشە لەسەر ڕێگەی نوسەیبین ) ی فەرهاد پیرباڵدا.. ئامادەکردنی: خێراللە دەحۆ عبداللە

‎پۆستکۆڵۆنیالیزمی کلتوری لە ڕۆمانی (قەبری سێگۆشە)ی فەرهاد پیرباڵدا

‎بەدرێژای مێژووی ئەدەبییات لە مامەڵەکردن و ڕاڤەکردنی دەق لە ئەدەبییاتدا، ئەدەبییات کۆمەڵێ تیۆری ڕەخنەیی لەخۆ گرتووە، هەر تیۆرێکیش لە چوارچێوەی کۆمەڵێ بنەما و ڕەهەند و ڕوانگەی جیاوازەوە قسەیان لەسەر دەق کردووە و دەقییان ڕاڤە کردووە. یەکێک لە تیۆرە ڕەخنەییەکان، تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزمە. تیۆری ڕەخنەیی پۆست کۆلۆنیالیزم لە بارودۆخێک دەکۆڵیتەوە، ئەمەش لە ناو جەرگەی داگیرکاری دێتە ئاراوە.
‎دکتۆر کوردستان عبدالوەهاب لە بارەی وشە و زاراوەی کۆلۆنیالیزم دەڵێت: ((کۆلۆنیالیزم وەکو وشە و زاراوە دوو واتای تا ڕادەیەک جیاوازی هەیە. وەکو وشە بە واتای “ئاوەدانکردنەوە، ئاوەدانی ویستن” دێت. ئەو واتایەی یەکسانە بە واتا سەرەتاییەکەی (کۆلۆنیزاسیۆن).(کوردستان عبدالوەهاب، ٢٠٢٢: ٥).
‎بە بڕوای (کیس گرین و ژێل لبیها) ((وشەی پۆست کۆلۆنیالیزم دەرخەری تێکڕای کلتورێکە، کە پرۆسەی ئیمپریالیستی لە سەرەتای داگیرکارییەوە تاوەکو ئێستا خستویەتیە ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆلی خۆیەوە))(هیمداد حوسێن و سەنگەر نازم: ٢٦٩).
‎ڕۆمانی قەبری سێگۆشە باس لە گەنجێک دەکات بەناوی (فەرەیدوون) کە دوای لەدەستدانی دایک و باوکی خۆی لە دونیایی دەرەوە و مرۆڤەکان دوورخستۆتەوە لە ئەشکەوتێکی کوردستان ژیان بەسەر دەبات، دوای چەند ساڵێک بڕیار دەدات بەدوای باوکیدا بگەڕێت و بیدۆزێتەوە، کە تەنها زانیاریێک لەسەری بیزانیت گۆڕەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستانە واتە تورکیا، گۆڕەکەشی بە سێگۆشەی هەڵکەنراوە، لێرەدا کاتێک فەرەیدوون دەست دەکات بە ڕۆیشتن بۆ تورکیا هەر لەگەڵ ڕۆیشتنیدا توشی چەندین بەربەست و ناخۆشی دەبێت، ئەوەی گرفتی سەرکیش بوو، ڕۆیشتن بوو بۆ شوێنێکی دژ بە نەژاد و نەتەوەکەی خۆی، لە بناغەشەوە ئامانج و کاری فەرەیدوون کارێکی ئاسان نابێت، کە بە ڕەهایی و چاونەترسی لە خاکی نەیاری نەژادەکەی بەدوای ڕوح و جەستەی باوکی بگەڕێ، بۆیە لە ترسی دوژمنداری تورک بەڕامبەر بە کورد لە بناغەوە نەژاد و ئامانجەکەی حەشار دەدات، کە ئەمەش وایکردووە ئەم هزر و ڕەفتارە بیرێکی پۆست کۆڵۆنیالیزمی لەخۆیدا بەرجەستە بکات، لە دژایەتی تورک بەرامبەر کورد، ئەناشیزمیەتی تورکی بەدرێژایی مێژوو لە ڕوحێکی شەڕانگێزی و داگیرکاری دابوونە بەرامبەر بە کورد هەر وەک لە قەبری سێگۆشە فەرەیدوون دەڵێت کاتێک باوکم کتێبێکی بەناوی (سوڵتان عوسمانییەکان) بەرچاوکەوت تیایدا نووسرابوو “سوڵتانە عوسمانییە لەکاتی داگیرکردنی وەڵاتانی کورداندا، هەمیشە ژنە ئەرمەن و ئاشووری و ئافرەتە کوردەکانیان بە ئەسیر گرتووە، وەک کەنیزەک بە دیاری بۆ ئەمیر و پاشا و والییەکانیان ناردووە، یانش وەکو کۆیلە لە بازاڕی کۆیلەفرۆشان، لە بازاڕی مافوورفرۆشان، ئەو کەنیزەکانەیان فڕۆشتووە!!” (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠١٩: ١٤٣)، ئەم مامەڵەکردنەی تورک بەرامبەر کورد بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هەوڵی چەوساندنەوەی کوردی پێوە دیارە، دوای هەوڵی داگیرکاری نەتەوە، هەوڵی زڕاندنی شەڕەف و ئابڕووی کورد و ژنی کوردیش دراوە، فەرەیدوون بەردەوامی پێدەدات، کە لەدوای خوێندنەوای ئەم کتێبە لەلایەن باوکییەوە “حیزبی یەکگرتووی ئیسلامی چونکە سەر بە میتی تورکیا بوون، شکایەتیان لە باوکم کردبو، ئیدی باوکم حوکمی سێ ساڵ و شەش مانگی بۆ دەرچوو” (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠١٩: ١٤٣) بەم هەڵسوکەوتەی تورکیا بەرامبەر کورد دەردەکەوێت تاکی تورک چاوکوێرانە ناکۆکە لەگەڵ میلەتی کورد.
ناهەمووارکردنی فەزای دەروون لای تاکی کورد لەلایەن نەیاربوونی نەتەوەی توڕک هێشتا خاڵی نەبووە، بەجۆرێ ئەوکاتەی فەرەیدوو دەیەوێ خۆی ئامادە بکات لە چوون بۆ گەڕان بەدوای باوکیدا، کە لە شوێنکە باغستان لە ڕۆژئاوا، ئیبراهیمی هاوڕێی لەناو ئەشکەوتەکەدا، بە وردی ئامۆژگاری فەرەیدوون دەکات لەوەی ناسنامەی خۆی حەشار بدات وەک فەرەیدوون دەگێڕێتەوە دەڵێت ” ئیبراهیم دەیگووە هەمان جۆری جلوبەڕگی ئەوان بپۆشە، بۆ هەر کوێیەک چووم، وەک ئەوان ڕەفتار بکەم و قسە بکەم و نان بخۆم و بجوڵێمەوە، زمانی ئەوانش_ بە هەر زمانێک قسە بکەن، دەبێ بەتەواوی وەک خۆێان فێرببم، ئەگەر خوانەخواستە بتناسنەوە، ئەوا ئیدی هەرگیز لە دەستیانا ڕزگارت نابێت و تێدەچی!” (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠١٩: ٢٣) بە سەرنجدان لەم دەقەدا، مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئازاد لەدایک بووە، هەمیشە ناسنامەی جێگەی شانازیمەندیەتی، بەڵام هەوڵدان بۆ حەشاردانی ناسنامەکەت و ئازاد نەبوون لەوەی وەک خۆت بژیت، گرفتێکی ناهەمووار لە ئارادایە، ئەمەش نائارمی بوونی تاکی کوردە لەنێو خاکی ڕۆژئاوادا، کە ئەناشیزمی نەتەوەی کورد، بە توندیەوە ڕاسیزمیەتی خۆی دەسەپێنێێت بەسەر تاکی کوردا، هەر ئەم مامەڵەکردنەی ڕۆژئاوای تورکیاش وایکرد، فەرەیدوون لەکاتی گەڕان بەدوای باوکیا، بە نهێنی بهێڵێتەوە، لە بناغەی چوونێ بۆ ڕۆژئاوا لەسەی بنەمای درۆ ڕێگای بڕی و بەجۆرێ ترسی دەبڕین قسەی دڵی هەبوو، هەرچەندە عاشقی ڕەندان دەبێت و چەندین جار دەیەوێ قسەی دڵی خۆی و ئامانجی هاتنی بۆ ڕۆژئاوا پێ بڵێت، بەڵام ترسی جەندەرمەکانی ترکیا ئەژنۆی شکاندبوو بە بێدەنگی مایەوە.

نائارامی دەروونی فەردەیدوون لەنێوان دوو دڵی و دڵڕەوکێ مانەوەی، کاریگەری ئەناشیزمی ڕۆژئاواییە، کە دۆخێکی ناهەموواری بۆ تاکی کورد دروست کردووە، لەجێگەی دۆخێکی ئیمپریشنیزمی، هەر وەک فەرەیدوون دەڵێت “من هێندەی لە کۆنتڕۆڵی جەندرمە تورکەکانی سەر ڕێگە دەترسام، هێندە لە ڕەندان و ئەو خێزانە کوردە بەلەنگازەی هاوسەفەرم نەدەترسام” (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠١٩: ٦٣)، بە تیشک خستنە سەر ئەم گوتەیە، ناهەموواری دەروونی فەرەیدوون بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەرەکەوێت، ترسی مەسەلەی خێزانێکی کوردی، ترسی خەڵکی کورد، نییە بەڵکو ڕۆژئاوا بەجۆرێ باوڕی فەرەیدوونیان کوشتووە، هەتا ترسی لە کوردی ڕۆژئاوایش بۆ دروست بووه، کە هەڵگری هەمان بیروباوڕی تورک بن. دوای ئاشکرابوونی فەرەیدوون، لەلایەن دەستەیەکی جەندەرمەکانی تورک دەگیرێت و دەست و چاو بەستراوانە دەیگرن لە شوێنێکی پڕ لە پیسی و بۆن ناخۆشدا، بە توندیەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و ناسنامەی ئاشکرا دەکەن، بە درۆزن ناوی دەبن، وەک فەرەیدوون وتی” بە توڕەییەوە وتی درۆ دەکات… درۆ دەکات” پاشان لە شوێنێکی دیکە یەکێکی پێی دەڵێت “ــ واتە باوکیشە هەر فەرەیدوون پیرداود سلێمانە؟ // فەرەیدوون: بەڵێ // زلەیەک لە فەرەیدوون دا // ــ بڵێ ‘گەورەم’ هەی بەچکە بەراز! هەی درۆزنی کەران باوک. … ڕاست قسا بکە” (فەرهاد پیرباڵ، ٢٠١٩: ٨٣) لە ڕاستیدا لە بناغەوە فەرەیدوون درۆزن نەبوو، بەڵام ترسی فەرەیدوون لە تورک وای لێکرد ناسنامەکەی حەشاربدات و درۆ بکات، هەر ئەمەش وایکرد ناهەموواری لە دەروونی فەرەیدووندا دروست بکات، لە دیوێکشەوە سووکایەتی کردن بە کەسایەتی و بەشێوەیەکی زاڵ توندوتیژی و دزێوی تاکی ڕۆژئاوای تورک بەرامبەر کورد دەردەکەوێت.

ئەم نووسینە بەسەرپەرشتی:
‎ئاشنا فەرزندە خدر ئامادەکراوە
2023 – 2022


لیستی سەرچاوەکان:

د. کوردستان عبدالوەهاب نادر (٢٠٢٢) رەنگدانەوەی پۆست کۆلۆنیالیزم لە ڕۆمانەکانی فەرهاد پیرباڵ، دکتۆرانامە، زانکۆی سۆران.
هیمداد حوسێن و سەنگەر نازم، ڕێبازە ئەدەبییەکان، هەولێر، ناوەندی ئاوێر.
فەرهاد پیرباڵ (٢٠١٩) قەبرێکی سێگۆشە، هەولێر، چاپخانەی شەهاب.




لە ناوەڕاستی شەقامێ.. نەوزاد بەندی

وەک سەربازێ ، لە بەرەکانی جەنگ گەڕابێتەوە و ..

ماڵێ شک نەبا  دەرگای بۆ بکاتەوە ..

کەسێ نەبێ باسی ئەو ساتانەی بۆ بکا

مەرگ نمایشی جل و بەرگی لە پێش چاویا ئەکرد ..و ئیغرای ئەکرد هەتا بیبا ..

وەک ئەو کرێکارە ئاوارەیەی لە تەقینەوەیەک،

قوتاری بووە و .. کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پیرۆزبایی لێ دەکەن ، کە لە مردن ڕزگاری بووە و به ئاوارەیی وبرسێتی و بێکەسیی شادبۆتەوە ..

وەک ئەو منداڵەی لە هەتیوخانە چاو ئەکاتەوە و ..بەتانییەک ئەبێ بە باوکی و .. باڵیفێکیش بە دایکی …

لەناوەڕاستی شەقامێ ، ڕائەوەستم ،

بە لەشێکی تەندروستەوە پێشوازیی لە دنیایەک خەم و دڵتوندیی ئەکەم ..

ئاوڕ بەملاولادا نادەمەوە ، چونکە ئەزانم هیچ شتێ نابینم  دڵم خۆش کا ..

ڕاوەستان ، ئینزارێکی زەردم بۆ دەردێنێ و

ئەبێ بڕۆم .. بەڵام بۆ کوێ ؟

لە دەفتەرەکەی بەر باخەڵما ، ناوی ئەو شوێنانەی تیایە ، بۆیان چووم و قۆڵیان بڕیم ..

ناوی ئەو کەسانەی تیایە ، تەوقەیان لەگەڵ کردم و   نینۆکەکانیان هەڵکێشام ..

ناوی ئەو وەرزانەی تیایە ، بارانی ڕەشیان

باراند و ..

ڕاویان نام تا گەیشتمەوە ناو زیندانەکەم ..

پێخەفەکەم ، ئەوەی کە هەزاران جار بە خەونی ناخۆش گوللەباران کراوە ..

سەرینەکەم ، ئەوەی هەزاران جار بە فرمێسکی ناگەهان ، خنکاوە …

لەناوەڕاستی شەقامەکە ڕائەوەستم ..ئەمەوێ بە هەنگاوەکانم بڵێم : بە تەمان بچن بۆ کوێ ؟

ئەمەوێ بە خۆر بڵێم : بە تەمایت ئەمڕۆ چی ڕوناک کەیتەوە ؟ چی ووشک کەیتەوە ؟ ڕۆشنە پێکهاتن بە کام درەخت بکەی ؟

چاوم ئەڵێ  :  لەوە زیاتر چیت پیشان دەم ؟ دوکەڵ ئەڵێ : ئەگەر لەگەڵما دێی ، وەرە ..من دوو خولەکی تر ئەڕۆم …

بە تەمام بە خۆڵ بڵێم : ئەمڕۆ باوەش بۆ چ ماتۆڕ سوارێکی دێلیڤەری ئەکەیتەوە ؟ ئەمڕۆ پەنجەرەی چەند ماڵ سواغ ئەدەی ؟ چەند پیرەژن ، تەنگەنەفەس ئەکەیت و ئەیبەی بۆ قاوشی چاودێری وورد ؟

درەخت پێم ئەڵێ : بجوڵێ ، تۆیش ئیشەکەمان لێ مەدزە .. پێنج خولەکی تر ، خولێکی تازەی  جەنگ دەست پێ ئەکا ..

سواڵکەرێ دێتە ڕێگام و بە گریانەوە پێم ئەڵێ : یەک لەسەر ملیۆنێکی خۆش بەختی خۆتم بدەرێ …نزای وات بۆ ئەکەم خوا ، گەڕەکێ دارخورمات لە بەهەشتا بۆ بڕوێنی ..

بە شاگرد مەتعەمێ ئەڵێم : لێرەوە تا مردن ، چەند نانخواردنی پێ ئەچێ ؟

سێ چوار تەکسی ، لە چواردەورم ڕائەوەستن ، لە نێوان خۆیاندا ، لەسەر من ، ئەبێ بە شەڕیان ..لەسەر ئەوەی کامەیان من هەڵگرن و بمبەنەوە بۆ موجەمەع دەوائیری مناڵیی ؟

مزرە سێوێ ، پێم ئەڵێ : بە قسەم بکە ، سەیارەکەت بە هەرچەنێ بێ بیفرۆشە و

وەرە لەگەڵ فەریکە نۆکێکا ئەڕۆین بۆ جێگایەک هێشتا فیشەک لێی نەداوە .. هێشتا کۆمپانیای حیزبەکان موساتەحە و ئیفرازیان نەکردووە ..هێشتا وشکە ساڵیی نەیپەرژاوە ئەشکەنجەی با ..هێشتا کوللە  سەرخەوی تیا نەشکاندووە ..دوپشک چزووی تیا تاقی نەکردۆتەوە ..

بە کۆترە باریکەیەکی پێکراو ئەڵێم : بۆچی لێرە ئەنیشیتەوە لێت بدەن ؟ خۆ ئاسمان یەکێتی و پارتی و مەرزی باشماخ و خاپووری لێ نییە ..خۆ باڵ بە بەنزین ئیش ناکا .. خۆ ڕەگەز پەرستیی لە بەینی کۆترا نییە ..بۆچی تا هێزت تیایە هەڵنافڕی ، تا دۆرگەکانی کەناری ؟ تا ئەوپەڕی ملپێچی شینی زەریاکان ..کڵاوی سپی چیاکان ..؟ بۆ  هەڵنافڕی ؟

کادیرێکم لێ  پەیا ئەبێ و گیرفانم پڕ ئەکا لە ڕەسمی ئەو پیاوانەی ئەم بەهەشتەیان دروست کرد ..پڕیان ئەکا لەو سروودە درێژانەی ئێرەیان کرد بە دێراوی تۆلیپ و .. ئەو خەڵکەیان بەختەوەر کرد … گیرفانم پڕ ئەکا لە سویچی وەنەوشەی کیلۆمەتر سفر ..ئەو حۆرییانەم پیشان ئەدا لە قوتابخانەی شۆڕش دەرچوون و بوون بە ئارایشتی تیڤییەکان ..

بە کۆڵبەرێکی ئێرانیی ئەڵێم : گەلۆ !  ئێوە نەوەکانی کیسران ، ئەمە کەی ئیشی ئێوەیە ؟

کیسرا ئەمەی لەبەرچاو بێ ، بێ شەڕ تەسلیمی سوپاکەی عومەر ئەبێ .. گوڵسورخی بەمە بزانێ ، پێش  گوللەبارانکردنی ، خۆی ئەکوژێ .. خەییام و سەعدی بزانن ، ڕوباعیات و گوڵستان گڕ تێ بەر ئەدەن ..

— ئەچی‌ بۆ کوێ  ؟

جێگایەکم بۆ دیاری کە تا بڕۆم بۆی ..

ڕێگایەکم بۆ دیاری کە ،

لەم ڕێیانەی لێرەیە ، نەچێ هات و چۆی ..

ــبۆ کوێ ئەچی ؟

دژە تیرۆرێ ئەو پرسیارەی لێ دووبارە ئەکردمەوە .. سوپایەکیش ئامادە باش ..سیلاح .. ڕاجیمە ..ئەمبوڵانس ..

سوپایەکیش پەیامنێر و مایک و کامێرا و

لۆگۆی هەموو ڕەنگەکان و لا ئیلاهە ئیلا ڵا و

چەکوش و داس ..

لە کۆترە باریکەیەکی تیرۆریست کۆبووبوونەوە ،

بە فیشەک کرا بوو بە بێژنگ .

هەتا دوایی …….

شیعری / نەوزاد بەندی …21/مایسی 2023




خەونەکانم پڕن لە ئاشتی.. ئیلهام مورادی

ژنە کوردێکی لاوم و
هەڵواسراو بە هەناسەی شەونم و
مێرگ و زار
دووراو بە ڕۆحی دەشت و چیاکانی نیشتمان
ڵێوڕێژ لە وەفا و
ئەستوورتر لە قامەتی چیاکان و
سەرکەشتر لە دوندی ئارارات
دڵم کانگای ئەڤین و
چاوم تاسەمەندی بەژنی دوولبەر
چرکە چرکە کاتەکان لە تەمەنم تێ دەپەرێ و
ئەزمونەکانم فیلمێکی تگزازی لە بەرە
شەڕ بە باڵای شەودا دەلوورێنێ
کە چی خەونەکانم پڕن لە ئاشتی
من بەلێنم داوە کە داهاتوو بۆنی گەنم دەدا
من شاژنی دلێری ئەم جێژوانەم
شەیدایی بە ڕووخسارما دەپێورێ و
تا گەیشتن بە ئامانج
کورتە چیروکێ خۆی حەشار داوە.

سنە
ئیلهام موراد