جەنگ… تێکشاندنى خەونى عەشق لەتفەنگە ژەنگاوییەکاندا.. یوسف محەمەدبەرزنجى

تێوەردان (مداخلە)
ژانەرى چیرۆک و ڕۆمان نووسین لەنێو ئەدەبیاتى جیهاندا مێژووییەکى دێڕێن ودەوڵەمەندو پڕئەزمۆنى هەیە، بەڵام لە ئەدەبیاتى کوردیدا تەمەنى زۆر نییەو پڕئەزمۆن نییە، ڕۆمانى نووسەرانى نێو ئەم بووارە دیارن و بەپەنجەکانى دەست دەژمێردرێن، وەک نووسەرى خۆماڵى دیارن، زۆرێکییش لەم نووسەرانە لە نووسەرانى جیهانى دەرکەوتوو لە بوارى ژانەرى رۆمان نووسیندا تێنەپەڕیوون، واتە ئەزمۆنێکى کامڵ و تەواویان نیە،یان بەواتاى وشەى ڕۆمان نووسین نێوەندى ئەدەبیى ڕۆمان نووسینیان ئاوێتەى دەرەوەى خۆیان بەرفراوان و کامڵ نەکردووە، بەڵام ڕاچەنین و ژانەرى ڕۆمان نووسین لە هەنگاوناندایە و لەملە قوتێى نووسیندا هەوڵەکانى لە سەردەستى نووسەرانى بوارو نێوەندەکە دیارەو ژانەرى ڕۆمان نووسین هەنگاوى دەسپێکى ناوە، بە هەموو کەموو کورتیى و کەلێنەکانیەوە، بوارى ڕۆمان نووسین لەدەرەوەڕا، یان لە سنوورى دەرەوەى جوگرافیاى ئەدەبیاتى کوردى گەشەى دیارو هەنگاوى گرنگ و بەهێزى لە جۆرە جیاکەرەوەکانى ڕۆماندا دەسپێکردووەو پانتاییەکى باشى لەجۆرەکان و نێوەرۆکە جیاوازەکانى ڕۆماندا بۆخۆى دابین کردووە، دەرفەتى چاپ وگرنگى نوسین و نووسەران لەم دەڤەرەدا جارێ بەتەواوى ئاسۆکانى دەرنەکەوتوون و لەتەموژدا هاژەى سەردەرهێنانى هەیە، بەڵام وەک پێویست وگرنگى خوێندنەوە بەگشتى نەبۆتە کلتوور و لەدابوو نەریتە لۆکاڵییەکانى کۆمەڵگەى ئێمە دەرنەچووە، ناشتوانین دۆخ وهەلومەرج و پانتاییە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانیش بەهەند وەرنەگرین و کۆمەڵگە بەتەواوى فەرامۆش بکەین، تائێستاش لە ناو پانتایى نووسیندا ڕۆمان بەتەواى کەرەسەکانى تەکنیک و زمانى لاى ئێمەو نووسەرەکانى بەتەواوى لەبوارە ڕۆشنبیرییەکەدا نەچۆتە پێشەوە،بەڵکو لە سەرەتایى هەنگاوەکانیدایە، یان لە چاولێکەرى و ساکاندایە بە لەبەرچاوگرتى ئەدەبیات و ڕۆمانى دەرەوەو شوێن هەنگاوى کلاسیکى دەرەوە کەوتووە، هەمووشى نا؟ بەڵام هەنگاوەکانى باشن و خەریکە جوغزى بڕینى بەرەو تازەگەرى هەنگاو هەڵدەگرێ و شتێکى جوانى پڕئومێدو ئایندەى ڕون بۆ خۆى دەدۆزێتەوە.

ڕۆمان نوسى کورد، بوارى ڕۆشنبیرى:
نووسینى ڕۆمان وبوارەکەى زۆرپێویستى بەئەزمۆن وباگراوندو پێشینەى ڕۆشنبیرى بەرفراوان هەیە، جگە لە پەلوپۆى ڕۆماننووسین و هونەرەکەى، کەواتە ڕۆمانووس دەبێت لە هونەرى ڕۆمان نووسین شارەزایى وتاقیکردنەوەو تواناکانى لەهونەرى ڕۆمانووسیندا بەرجەستەوەو پڕبەهرەوکامڵ بێت. تواناى بەسەر هونەرەکدا بشکێت و کاتێک دەست بۆئەم هونەرە بەرفراوانە دەبات و ردەکارى و قوڵبوونەوەو شەنوکەو لەپاڵ بەهرە هونەرییەکەیدا لە بەرچاو بگرێ، ڕۆمانى کوردى قوڵایى وڕاڤەى بۆبابەتەکان سادەیە و شۆڕبوونەوە بەناخى بابەتەکان ودەوڵەمەندى پێزى لاوازى پێوەدیارەو لە هەندێک ڕۆمانە کوردییەکاندا دەبینرێت، جوینەوەى زۆرى تێدایە، بۆیە شۆڕبوونەوەو قۆڵبوونەوە لە بابەت و ڕایەڵەکانى ڕۆماندا پێویستە وە دەبێت ڕۆماننوس وردەکارى و چڕبوونەوەى هەبێت و تێپەرین و لەکۆڵکردنەوە لە نووسینى ڕۆماندا نەکات، بەرهەمەکە نەخاتە ئامێزى چاپەوەو خوێنەر بەبابەتە سادەو خەیاڵە لاوازەکەیەوە سەرقاڵ نەکات، بەڵکو لە خەیاڵى قوڵو بابەتى چڕدا خوێنەر نقوم و پەلکێش بکات و دەرفەتى سادەیى و فەرامۆشکردن نەگرێتە بەر، چڕبوونەوەو قوڵبوونەوەى هونەرى لەڕۆماندا باگراوندو پێشینەى ڕۆشنبیرى ڕۆمان نووس دەخاتە ڕوو، پیشانى خوێنەرى نێوەندەکەى دەدات.

عەبدولقادر سەعید:
ئەم ناوە بۆکتێبخانەى کوردى و نێوەندى ئەدەبیات و خوێندنەوە ئاشنایە، هەوڵەکانى لەنێوەندى شیعردا لەنیوەى ساڵەکانى حەفتا بەدواوە تا ئێستا دیارە، وەک کەسێکى چالاک لەنوسیندا بەتایبەتى شیعرى کورت وقەسیدەى درێژدا دەبینرێت و خاوەن ئەزمۆن و تاقیکردنەوەى زۆرە، عەبدولقادر خوێنەرێکى باشە شیعرەکانى وەک شیعر جێگەى گرنگى پێدانەو لەنێوەندەکەدا بەسەرکەوتووى خۆى نمایش کردووەو چەندین دیوانى بەرهەمهێناوەو چاپى کردووە، زۆرى خوێنەران باش دەیناسن، ژیانى عەبدولقادر لە منداڵى و مێردمنداڵیدا بە ناو ئازارو برین و خەوندا گوزەرى کردووە، بنەماڵەکەى و خۆشى لە خەم وئازارى وڵات و هۆزو خێزانەکەى لەناو هەلومەرجە ناخۆشەکانى گەل و وڵاتەکەیاندا ژیاون. نەبوونى و فرمێسک ڕشتن وقوربانى بۆ عەبدولقادروخێزانەکەى مێژوویەکى پڕئەزمۆن و تاقیکراوەى ڕۆژگارە، خوێنى لە بەر ڕۆیشتووى براىشەهیدى سەنگەرو خانەوادەکەى هەمیشە ئەم نووسەرەى ڕاچڵەکاندووەو بزواندووە، ئەنفال و هەڵەبجەو وێرانکردنى گوندەکان و سوتماکردن وشەهید بوون و بەرگرى ومانەوەى گەلەکەى وخۆڕاگرى، هەوێنى بەرهەمەکانێتى ئەوکۆڵە ئازارەى لە ناخیدایە لە دایک بوونى سەر لە نوێیى بەرهەمەکانێتى، ئەم جگە لە شیعر دەست بۆ چیرۆک و ڕۆمانیش دەبات و چەندین بەرهەمى وەک پاکیزەکانى بیابان2014،ل219،فرمێسکى بەفر ٢٠١٩،ل١٧٠…. پێشکەش کردووەو لەنێوەندو ژانەرى هونەرى ڕۆماننوسیندا خۆى تاقیکردۆتەوەو بناغەى مێژووییەکى داناوەو جار جار دەست بۆ بابەتە مێژووییەکان دەبات، دەیانخاتە ناو ئامێزى ئەم هونەرە بەرزەوەو دەیخاتە بەردیدەى خوێنەرەکانى،عەبدولقادر خۆى بە ناو مێژووى گەل ودەڤەرەکەدا دەکات،وەک شاهید دەبینرێت کارەسات و ڕوداوەکان نزیکە لە خۆیەوەو دەست بۆباتەکانى دەبات و سەرلەنوێ داى دەڕێژێتەوەو بابەتەکان هەڵچن دەکات و وەک ئازارى نزیک لە خۆیى وگەلەکەى تعبیرى لێدەکات. بەرهەمى دەهێنێت، بۆ نووسەر هەلومەرج و قۆناغى مێژوویى و ڕووداوەکان گرنگن وباگراوند وپاشخانى ڕۆشنبیرى و خوێندنەوەش گرنگترلەوان و بەکەڵکن بۆ بەرهەمهێنانى بەرهەمەکان و سەر لەنوێ لەداڕشتنەوەو خستنەسەرى بەرهەمهێنان بەشێوەیەکى ئیستاتیکاى ئەدەبى وهونەرى تازە، کە لەگەڵ تازەگەرى هاوچەرخدا بگونجێت. بابەت و ڕووداو کارەسات لەدەڤەرکەدا زۆرە، بەڵام گرنگ هەڵبژاردنى بابەت و سەلیقەى نووسەرە لەبەرهەمەکانیدا کە چۆن بەرهەمى دەهێنێت و هونەرەکە بەرجەستە دەکات. زمانى نووسەر زمانێکى ئەدەبى پەخشان ئامێزوسادەو ساکارو بێئەملاو ئەولاو پڕخەیاڵ وبێگرێ وگۆڵەو زوو خوێنەر بۆ ئامێزى خوێندنەوەى بەرهەمەکەى پەلکێش دەکات و لەبۆتەى خوێندنەوەدا وونى دەکات.

تفەنگە ژەنگاوییەکان
ئەم بەرهەمە وەک ڕۆمان دوا بەرهەمى (عەبدولقادر سەعید)ە ١٣٢لاپەڕەى نیو ئەى فۆڕە، لەچاپخانەى کارۆ لە سلێمانى ساڵى ٢٠٢٣چاپکراوە، ڕۆمانێکە لەئازارو خەمى شەڕ دەدوێت، بەڵام بەقوڵى تەژى و چڕى نەچۆتە ناو شەڕو جەنگەوە، ئەو لە ناو جەنگدا گوزەردەکات، کە شەڕى ئێران عێراقە، تەنیا لەخۆشەویستى و عەشقێکى مەجازى و کلاسیکى دەدوێت، ئەو لە ناو گڕى شەڕو ماڵوێرانى و کاولکاریدا دەستى بۆ عەشق و خۆشەویستى عومەر-و سارا بردووە و لە ناو دورکەوتنەوەو بەیەک نەگیشتندا بەیەکترى جیابوونەوەو فەرامۆشکردنى ئاوێزانى یەکترى کردووە، شەڕو یەخسیرى جەنگ هەردوو کەسایەتییە خوێندەوارەکەى لە دوورکەوتنەوەیەکى جوگرافیدا، دوور لەچاوەڕوانى و ئەوینێکى قوڵدا لە یەکترى دابڕیوەو ئەوەینەکەى نێوان عومەرو مامۆستا ساراى لە بەریەک هەڵوەشاندۆتەوەو لە نائارامیدا ئەو ئەوینەى نێوان ئەم دوکەسایەتییە دوور لە چاوەڕووانى ڕۆژگار لە بار براوەو دوورى عومەر لە ئۆردووگاى یەخسیراندا نزیک کەرەج لە وڵاتى ئێران مامۆستا ساراى لەبێهیوایى و بێئومێدى زەمەنیدا هێشتۆتەوەو عومەرى فەرامۆشکردووە، ئەوین وقوڵبوونەوەى پەراوێز خستووە. عومەر بەهۆى نەبوونى هەواڵ و ونبوونى عومەر لەبەرەى جەنگدا، بێئومێدى بێهیواى بە سەر مامۆستا سارادا باڵ دەکێشێت و لە عومەرى کڵۆڵى گۆشەى دیلى و دەستبە سەرى جیادەکاتەوە، هاوسەرگیرى لەگەڵ یەکێکى تردا هەڵدەبژێرێت.
بەڵام بەهۆى تێپەڕینى کاتەوە عومەر لەنامە ئەویندارییەکانیدا دەردەکەوێتەوەو بەهیواى گەیشتنەوەى بە سارا نامەکان و ئاوێتە بوونى بەخۆشەویستى وئەویندارى پردى دابڕاوى خۆشەویستى و ئەوینى دوور لە یەکترى دروستدەکاتەوەو مامۆستا ساراش تووشى شۆک و پەشیمانى دەکات لە ناو ئامێزى خێزانە نوێکەیداو لە ناو گێژاوى ڕابردوو ئایندەدا وێران و سەرگەردانى دەکات، بەڵام پاش ئەوەى لەکۆتادا عومەر بەهۆى ئازارو ئەوین و داڕمانى دەرونییەوە لەدوور وڵاتى هەناسەکانى دەسپێرێت و بەتەواى لەخۆشەویستى و ئەوین دادەبڕێت وجەستەى تێکەڵ بەخاکێک دەبێت کە بەرئەنجامى خۆشەوییستى وئەویندارى لێنەچنییەوەو بەسەرگەردانى ڕۆژگارى تێپەڕاند.

جەنگ و ئەوین
ئەم ڕۆمانەى(عەبدولقادر سەعید)، پێمان دەڵێت: باجەنگیش هەبێت و مرۆڤایەتى قەڵاچۆبکات،خاک سوتماک بکات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت بەچەکە ژەنگاوییەکان خۆشەویستى و ئەوین لە ناو ببرێت، بەڵکۆ ئەوین وعەشق وەک چەمک و بەهاى نەمرى هەر بەزیندوى دەمێنێتەوە، باجەنگیش تەواوبێت یان بەردەوامى هەبێت، ئەوین هەرچەمکێکى نەمرە و ئەو هەربەردەوامى دەبێت، تفەنگە ژەنگاوییەکان قوڵبوونەوە لەدۆخى جەنگ و وردەکاریى وشرۆڤەکانى ناخاتە ڕوو، بەڵکو ئازارەکانى ڕۆحى مرۆڤ کەبەشێکى لە ئەویندا بەرجەستەیە خۆى دەبێنێتەوە، لەڕۆمانەکەدا دەخاتە ڕوو لێیدواوە، ئەوقوربانى وخۆشەویستى دەخاتە بەردیدەى مرۆڤ و وەفاى بەشێک لەمرۆڤەکان وڕاستگۆیان بۆ ئەوین پێشان دەدات. بە سەروەرى وسەخاوەتەوە نمایشى دەکات ، ئەوئەوینەش لە سەرەتاى ڕۆمانەکە دەستپێناکات خوێنەر تا نامەکانى عومەرو ئازارەکانى لە دوور وڵاتیدا نەخوێنێتەوە کە بۆ ئەوینەکەى نووسیووە نازانیت ئازارى دابڕان و بۆشایى دەرونى و ڕۆحى، بوونى بیرەوەرى ئەویندارى چییە؟ کەواتە ئەم ئەوینەش بووە بیرەوەرى مرۆڤ و ناتوانێت دابڕان ودوورکەوتنەوە دروست بکات.
چاوەڕوانى
کارەکەتەرى سەرەکى ڕۆمانەکە عومەر وسارایە، هەردوکیان لە ناو جەنگ وقۆناغێکى مێژوویدان، کاتێک خەڵکى کوردستان هەر لەهەمان قۆناغى جەنگدا ئەنفالیان بە سەردا هات و گوندەکان وێران وسوتماک کران و زیندەوەرەکانیش وەک مرۆڤەکان لە ناوبران،ئەوانەى بەر شاڵاوەکانى ئەنفال و جەنگ کەوتن، لەزێدى خۆیان دوورخرانەوەو بەکۆمەڵ لە ناو بران، ئەوانەى مانەوە هەمیشە بەدرێژى مێژوو کات چاوەڕێى ئازیزانیان بوون کەبگەڕێنەوەو پێکەوە شاد ببنەوە، بەڵام ئەوە تائێستا ڕووى نەداوە کەیەکتر لەئامێز بگرن و بەیەکتر شادمان ببنەوە، ڕۆمانى تفەنگە ژەنگاوییەکانى، عەبدولقادر سەعید هەمان بیرۆکەو هەمان ستایل و دابڕانى لە بۆتەى ئەوینداریدا بەرجەستە کردووە، کەجەنگ هۆکارى سەرەکییەتى بەشێوەیەکى جیاوازتر لە ئەنفال، بەڵام جەنگ و شەڕ هۆکارى دورکەوتنەوەو دابڕانێتى، دەڤەرکەش بەشەڕەکان هەمیشە ئاوسەو دورکەوتنەوە، دابڕانی مرۆڤەکان لەیەکتر هەرهەیە بەکۆچکردن بێت یان شەڕو جەنگ وکاولکارى وسڕینەوەى یەکتر، بەڵام ئەوەى ئەمێنێت چاوەڕوانى و ئەوینە، دوور لەبێئومێدى وهیوا، ئەمە کاکڵەى ڕۆمانى( تفەنگە ژەنگاوییەکان)ە، هیواخوازم هاوڕێى لەمێژینەم(عەبدولقادر سەعید) بەردەوامبێت و بەرهەمى جوانترمان بخاتە بەردیدەو سەرکەوتنى زیاترى بەئاوات دەخوازم.

٢٠|٥|٢٠٢٣





مارکس و ئەنارکیزم*.. نوسینی : Rudolf Rocker.. بەشی یەکەم.. و: زاهیر باهیر

I

بەشی یەکەم:

چەند ساڵێک لەمەوبەر پاش ماوەیەکی کەم لە کۆچی دوایی فرێدریک ئەنگلس، ئێدوارد بێرنشتاین، یەکێک لە دیارترین ئەندامانی کۆمەڵەی (کۆمۆنێتی) مارکسیستی ، بە چەند دۆزینەوەیەکی سەرنجڕاکێش، هاوەڵەکانی سەرسام کرد. بێرنشتاین گومانەکانی خۆی سەبارەت بە دروستی لێکدانەوەی ماتریالیستی بۆ مێژوو هەروەها لە تئیۆری مارکسیستی زێدەبایی/ زێدەبەها و چڕبوونەوەی سەرمایە ئاشکرا کرد. ئەو تا ئەو شوێنە هێڕشی کردە سەر شێوازی دیالێکتیکی و بەو ئەنجامە گەیشت کە قسەکردن لەسەر سۆشیالیزمێکی ڕەخنەگرانە مەحاڵە. بێرنشتاین پیاوێکی وریا بوو، تا دوای مردنی ئەنگلسی بەساڵاچوو، دۆزینەوەکانی لای خۆی دەهێڵایەوە و بڵاوی نەدەکردنەوە، تەنیا ئەو کاتە ئاشکرای کردن کە ئەنجامی ترسناکی لەسەر گوێ لەمشتەکانی مارکسیستی هەبوو. تەنانەت لەگەڵ ئەو خۆ پاراستنەشدا هەر نەیتوانی ڕزگاری بێت، چونکە لە هەموو ئاراستەیەکەوە هێرشی دەکرایە سەر. کاوتسکی کتێبێکی دژی گومڕابوونی جیاوازی ڕا و بۆچوونی بێرنشتاین نوسی و لە کۆنگرەی هانۆڤەردا ئێدوارد بێرنشتاینی هەژار ناچار بوو ڕایبگەیەنێت کە گوناهبارێکی لاواز و مردووە و ملکەچی بڕیاری زۆرینەی زانستی دەبێت.

هەموو ئەوانەی بێرنشتاین وتبوونی هیچ ئاشکراکردنێکی نوێی نەهێنابووە ئاراوە. ئەو، ئەو سەرەنجامانەی کە لە بەرامبەر بناغەکانی فێرکاری مارکسیستیدا داینابوو، پێشتر بوونیان هەبووە کە کاتێک هێشتا خۆی نێردراوێکی دڵسۆزی کەنیسەی مارکسیستی بوو. ئارگیومێنتەکانی کە باسی لێوە دەکرا لە ئەدەبیاتی ئەنارکیستییەوە تاڵان کرابوون، بەڵام تاکە شتێک کە شایەنی سەرنج بوو ئەوە بوو کە یەکێک لە ناسراوترین سۆسیال دیموکراتەکان بۆ یەکەمجار بەکاریان بهێنێت. هیچ کەسێکی ژیر نکۆڵی لەوە ناکات کە ڕەخنەکانی بێرنشتاین لە ئۆردوگای مارکسیزمدا نەیتوانی کاریگەرییەکی لەبیرنەکراو دروست بکات: بێرنشتاین لە گرنگترین بناغەکانی ئابووری میتافیزیکی کارل مارکسی دابوو و سەیر نییە کە بەڕێزترین نوێنەرانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس تووشی شڵەژان بوون .
هیچ کام لەمانە ئەوەندە جددی نەدەبوون ئەگەر وەکو ڕاستییەك لە ناوەڕاستی قەیرانێکی گرنگتردا نەهاتنایە. نزیکەی سەدەیەك مارکسیستەکان لە پێشنیارکردنی ئەو بۆچوونە نەوەستاون کە مارکس و ئەنگڵس دۆزەرەوەی ئەو شتە بوون کە پێی دەوترێت سۆسیالیزمی زانستی. هەر ئاوا جیاوازییەکی دەستکرد لە نێوان ئەو کەسانەی کە پێیان دەوترێت سۆسیالیستی یۆتۆپیایی/خەیاڵیی و سۆسیالیزمی زانستی مارکسیستەکان داهێنرا، جیاوازییەك کە تەنها لە خەیاڵەکانی ئەمانەی دووەمیاندا، ماکسیستەکان، بوونی هەبوو. لە وڵاتانی ئەڵماندا ئەدەبیاتی سۆسیالیستی لەلایەن تیئیۆری مارکسیستییەوە قۆرخ کراوە، کە هەموو سۆسیال دیموکراتێک ئەوە بە بەرهەمی پوخت و تەواو ڕەسەنی دۆزینەوە زانستییەکانی مارکس و ئەنگڵس سەیری دەکات.
بەڵام ئەم وەهمەش لەبەرچاو ون بوو : لێکۆڵینەوە مێژووییە مۆدێرنەکان لە دەرەوەی هەموو پرسیارێک ڕوونیان کردەوە کە سۆسیالیزمی زانستی تەنیا لە سۆسیالیستە کۆنەکانی ئینگلیز و فەرەنسییەوە هاتووە و مارکس و ئەنگڵس تەبەنییان کردووە کە لە هەڵبژاردنی مێشکی ئەوانی دیکەدا شارەزا بوون. دوای شۆڕشەکانی ساڵی 1848 کاردانەوەیەکی ترسناک لە ئەوروپادا هاتە ئاراوە: ‘هاوپەیمانیی پیرۆز’ دەستی کرد بە نواندنی تۆڕەکانی لە هەموو وڵاتێکدا بە مەبەستی هەناسەچنینی ( خنکاندنی) بیری سۆسیالیستیی، کە ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەندی وای لە فەرەنسا، بەلجیکا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا و ئیتالیا بەرهەمهێنابوو. ئەم ئەدەبیاتە نزیکەی تەواو لەم سەردەمە تەمومژاویەدا فەرامۆشکراو لەبیرچوونەوە. زۆرێک لە بەرهەمە گرنگەکان لەناوبران تا کورتکرانەوە بۆ چەند نموونەیەك کە پەناگەیەکیان لە ئارامیی هەندێک کتێبخانەی گشتی گەورە یان کۆکراوەی هەندێك کەسی تایبەتدا دۆزیەوە.

ئەم ئەدەبیاتە تەنها لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دۆزرایەوە و لەم سەردەمەدا ئەو بیرۆکە بەپیتانەی کە لە نووسینە کۆنەکانی ئەو قوتابخانانەدا دەبینرێن کە دوای فۆریە و سانت سیمۆن (Fourier ، Saint Simon ) هاتوون، یان بەرهەمەکانی کۆنسیدرانت، دیماسی، مێی (Considerant, Demasi, Mey) و چەندانی دیکە ، مایەی سەرسوڕمانن. ئەوە هاوڕێی کۆنمان دبلیو تچەرکێسۆف (W. Tcherkesoff) بوو کە یەکەم کەس بوو کە نەخشێکی سیستماتیکی بۆ هەموو ئەم ڕاستیانە هێنایە ئاراوە: ئەو نیشانیدا کە مارکس و ئەنگڵس داهێنەری ئەو تیئۆریانە نین کە لە مێژە بە بەشێک لە وەصیەتنامەی فیکری خۆیان دادەنرێت . [1] تەنانەت لەوە زیاتریش ڕۆیشت کە بیسەلمێنێت کە هەندێک لە بەناوبانگترین بەرهەمە مارکسییەکان، بۆ نموونە وەکو مانیفێستی شیوعیی /کۆمۆنیست، لە ڕاستیدا تەنیا وەرگێڕانی ئازادانەیە لە فەرەنسییەوە لەلایەن مارکس و ئەنگلسەوە. تچەرکێسۆف (Tcherkesoff ) سەرکەوتنێکی بەدەستهێنا کاتێک بانگەشەکەی سەبارەت بە مانیفێستی کۆمۆنیستەکان لەلایەن ئاڤانتی،( Avanti ) ئۆرگانی ناوەندی سۆسیال دیموکراتەکانی ئیتالیا،[2] دانیان پێدا نا، دوای ئەوەی نووسەر دەرفەتی ئەوەی هەبوو کە بەراوردکاری لە نێوان مانیفێستی کۆمۆنیست و مانیفێستی دیموکراسیدا لە نووسینی ڤیکتۆر کۆنسیدرانت (Victor Considerant) بکات، کە دەرکەوتنی پێنج ساڵ پێش بڵاوبوونەوەی نامیلکەی مارکس و ئەنگڵس بوو.

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

………………………………….

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

[1] W. Tcherkesoff: Pages d’Histoire socialiste; les precurseurs de l’lnternationale.
[2] The article, entitled “Il Manifesto della Democrazia”, was first published in Avanti! (Year 6; number 1901, of 1902).
درێژەی هەیە
……………………………………………………………




خوێندنەوەی كتێبی (هێزی بیر كردنه‌وه‌)ی پۆڵا سه‌عید.. جه‌وده‌ت سۆفی

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كم خوێنده‌وه‌ له‌ كتێبی (هێزی بیر كردنه‌وه‌)، هه‌ستم كرد به‌ دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌رده‌شت بۆ نێو كوردان بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌نگاونان به‌ره‌و مرۆڤی باڵا. به‌ڵام با جارێ ئه‌وه‌تان بۆ باس بكه‌م كه‌ من چۆن پۆڵا سه‌عیدم ناسی.
تا دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێستا پۆڵا سه‌عیدم نه‌ده‌ناسی. ته‌نها چه‌ند ئارتیكلێكی ئه‌و پیاوه‌م خوێندبۆوه‌ له‌ سایته‌ كوردیه‌كان. به‌ڵام به‌ ڕێكه‌وت هه‌ردووكمان خۆمان له‌ گرووپێكی واتساپی نزیكه‌ی 80 كه‌سی دا دۆزیه‌وه‌ كه‌ هاوڕێیه‌كمان بۆ گفتوگۆكردن و ڕا گۆڕینه‌وه‌ له‌ دۆزی كورد درووستی كردبوو. له‌و گرووپه‌ دا من پرسیارێكم كرد كه‌ بریتی بوو له‌ : ئایا له‌مه‌ودوا كورد ده‌ بێ چ شتێكی جیاواز بكات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ خه‌باتی ئاینده‌مان سه‌ركه‌وتوو بین؟ وه‌ڵامێكی، به‌بۆچوونی من، زۆر خێرا له‌لایه‌ن یه‌كێك له‌ هاوڕێیانی گروپه‌كه‌ كه‌ ناوی پۆڵا سه‌عید بوو هات كه‌ بریتی بوو له‌ : (ئه‌گه‌ر ئیراده‌مان هه‌بێت! ئیراده‌!). منیش له‌و وه‌ڵامه‌ خێرایه‌ زۆر په‌ست بووم. چونكه‌، به‌بۆچوونی من، ئێمه‌ ده‌مێكه‌ گوێمان له‌ وشه‌ی ئیراده‌ بووه‌. دوای ئه‌وه‌ كورد ئیراده‌ی سه‌ركه‌وتنی هه‌یه‌ و سه‌دان قوربانیشی بۆ داوه‌. به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئایا چ شتێكی جیاواز ده‌بێ بكه‌ین جگه‌ له‌ ئیراده‌؟ ئیتر له‌یه‌ك تێنه‌گه‌یشنێكی وا رووی دا كه‌ من دڵم له‌و براده‌ره‌ی كه‌ نه‌مده‌ناسی‌ خه‌ریك بووبشكێ. بۆیه‌ بۆ یه‌كه‌مجا په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵدا به‌ست به‌ ته‌له‌فۆن و هه‌وڵم دا هۆكاری دڵ ئێشیه‌كه‌م تێبگه‌م. هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ بۆچوونی خۆم وام لێك ده‌دایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر له‌ خۆیه‌وه‌ و به‌بێ بیر كردنه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌ ناوه‌رۆك و ئامانجی پرسیاره‌كه‌ی من وه‌ڵامێكی زۆر خێرای داومه‌ته‌‌وه‌ كه‌ ئیتر مه‌جالی بیر كردنه‌وه‌ی نه‌هێشت بۆ هاوڕێیانی تر كه‌وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كه‌ی من بده‌نه‌وه‌. ئیتر كه‌ به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌مان به‌یه‌كه‌وه‌ كرد و گوێم بۆی شل كرد، تێگه‌یشتم من چه‌نده‌ به‌ هه‌ڵه‌ له‌و پیاوه‌ تێگه‌یشتووم. بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ من وا خه‌ریكه‌ له‌ لایه‌كه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه‌كی ڕۆشنبیر و ده‌روونناسێكی باڵا و شاره‌زا له‌ فه‌لسه‌فه‌ و له‌ تیۆریه‌ كۆمه‌ڵناسیه‌كان، له‌لایه‌لی تره‌وه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی ناسك و به‌ڕێز و له‌سه‌رخۆ و گوێگر و موته‌وازیع له‌په‌یوه‌ندی دام. ئیتر‌ دوای ئه‌وه‌ زانیم كه‌ چه‌ندان كتێب و ڕۆمان و لێكۆڵینه‌وه‌شی نووسیوه‌ به‌ كوردی. له‌و كاته‌وه‌ بووین به‌ هاوڕێ و به‌رده‌وام به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ ده‌كه‌ین و بیرو ڕای خۆمان له‌سه‌ر بابه‌ته‌ گرنگه‌كان ده‌گۆڕینه‌وه‌. ئه‌و ته‌جروبه‌یه‌ ئه‌وه‌ی نیشان دام كه‌ من وه‌كو كوردێك چه‌نده‌ دڵ شكاوم و دڵ بریندار و هه‌ستیارم به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌م و به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانم بۆ؟ خه‌ریك بوو پۆڵا سه‌عید له‌ بیر كردنه‌وه‌ی خۆم دا بكه‌م به‌ دووژمنێكی خۆم! سه‌یره‌! كه‌چی دوای دیالۆگ و گوێ له‌یه‌كتر گرتن ئه‌و ده‌عبا زله‌ی له‌ خه‌یاڵی خۆم درووستم كردبوو ته‌نها ئه‌نجامی په‌روه‌رده‌ و برینه‌ قووڵه‌كانی ناخم بوون كه‌ هه‌ندێكیان له‌ باب و باپیرانمه‌وه‌ بۆم ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مرم پێ ده‌كه‌ن: (هه‌ر كاتێ كه‌سێك لێت تێنه‌گه‌یشت یان هاوڕات نه‌بوو ئه‌وا دووژمنته‌!).
ئه‌مڕۆ له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌‌ کتێبه‌كانی كاك پۆڵا سه‌عید ته‌واو بووم‌، كه‌ بریتیه‌ له‌ (هێزی بیر كردنه‌وه)‌‌. ئه‌و كتێبه‌ كارڵ گوستاڤ یوونگ ی به‌ بیر هێنامه‌وه‌ كه‌ چۆن هه‌موو ژیانی خۆی ته‌رخان كرد بۆ گه‌ڕان به‌دوای خۆ یان خود یان من، پۆڵاش وه‌كو وێڵ و دێوانه‌ ده‌گه‌ڕیت به‌ دوای خۆی دا و وه‌كو ده‌روێشێك له‌ هه‌موو ده‌رگاكانی سپیریتوال و فه‌لسه‌فه‌و ده‌روونناسی و كۆمه‌ڵناسی و نێورۆساینس و هتد ده‌دات و به‌ دوای وه‌ڵامی پرسیارێك، ته‌نها یه‌ك پرسیار دا ده‌گه‌ڕێت، كه‌ بریتیه‌ له‌ (من كێم؟).
به‌ر له‌ هه‌موو شتێك، ده‌بێ دان به‌وه‌ دا بنێم كه‌ فیدباك یاخود نووسینی ڕایه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و كتێبه‌ كارێكی ئاسان نیه‌، هه‌روه‌كو خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه‌ كارێكی ئاسان نیه‌. چونكه‌ هه‌روه‌كو نووسه‌ر خۆی به‌ته‌له‌فۆن پێی گوتم: (من بۆ نووسین ده‌نووسم نه‌ك بۆ خوێنه‌ر. بۆیه‌ من چۆن بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ ئاواش ده‌نووسم. دوای ئه‌وه‌ ده‌ڵێ: من به‌ دوای بیر كردنه‌وه‌ی خۆم كه‌وتووم نه‌وه‌ك دوای خوێنه‌ر)!!!!!
پۆڵا به‌دوای بیر كردنه‌وه‌ دا وێڵ بووه‌. بۆیه‌ سه‌خته‌ بۆ من كه‌ بتوانم بچمه‌ نێو جیهانی ئه‌و و به‌ ته‌وازوعه‌وه‌ شتێك بنووسم له‌ سه‌ر كتێبێك كه‌ شه‌ونخوونی و ماندووبوونێكی زۆری پێوه‌ دیاره‌. كتێبێك كه‌ پڕه‌ له‌ كۆڵانی ته‌سك و تاریك و كون و قوژبنی شه‌وه‌زه‌نگی قووڵایی ناخ و ده‌ده‌روونی پۆڵا سه‌عید؛ كه‌سێك كه‌ ده‌گه‌ڕێت به‌ گه‌یشتن به‌ ئاستی مرۆڤی باڵا!
به‌ ڕاستی كه‌م كتێبی كوردیم خوێندۆته‌وه‌ كه‌ به‌ قه‌د ئه‌و كتێبه‌ چڕ و پڕ بێت و سوودی وه‌رگرتبێت له‌و هه‌موو سه‌رچاوانه‌، نه‌ك ته‌نها له‌ یه‌ك گۆشه‌نیگاوه‌. ئه‌و كتێبه‌ هه‌وڵی داوه‌ له‌ ده‌رگای‌ هێز و توانای بێسنووری بیر كردنه‌وه‌ی مرۆڤ بدات بۆ هه‌نگاو نان به‌ره‌و جیهانی تاریكی تاك. پۆڵا سه‌عید وه‌كو ده‌روونشیكه‌ره‌وه‌یه‌ك نه‌هاتووه‌ كار ئاساییمان بۆ بكات و ڕاوێژمان بكات ته‌نها له‌ ده‌روازه‌ی ده‌روونناسی و بۆچوونه‌كانی فرۆید و ژان پیاژێ و كارڵ رۆجه‌ر و ئێریكسۆن سه‌یری بابه‌ته‌كان بكات. به‌ڵكو هه‌وڵی زۆری داوه‌ و زه‌حمه‌تی زۆری كێشاوه‌ كه‌ دڵسۆز بێت بۆ كه‌راكته‌ری ئاڵۆزی باباته‌كه‌ كه‌ كه‌سایه‌تی و كاراكته‌ری تاكی مرۆڤه‌. بۆیه‌ هاتووه‌ سوودی له لێكۆڵینه‌وه‌‌ زانستیه‌كانی تریش وه‌رگرتووه‌ وه‌كو بۆچوون و بنه‌ماكانی فه‌لسه‌فی و كۆماڵناسی و كولتووری و سیاسی و ئابووری و نێورۆلۆگی و هتد. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌ به‌ڕاستی جێگه‌ی وه‌ستان و پرسیار كردنه‌ كه‌ نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ خۆی له‌ بابه‌ته‌كه‌ تێبگات، چه‌نده‌ زه‌حمه‌تی كێشاوه‌ و چاند كاتی به‌سه‌ر بردووه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی چڕ و به‌ زه‌ینانه‌ی ده‌یان كتێب و نووسرا و و لێكۆڵینه‌وه‌ و جگا له‌ ئۆبسێرڤایشنی خودی خۆیشی له‌ ڕێگه‌ی كاره‌كایه‌وه‌ وه‌كو ده‌روونشیكه‌ره‌وه‌ له‌و‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌روونیه‌ی دانیمارك كه‌ كاری تێدا ده‌كات. ئینجا نووسه‌ر هاتووه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ورد و پرۆفیشیۆنالانه‌ و ئه‌كادیمیانه‌ سوود وه‌رده‌گرێت له‌ تیۆریه‌كان بۆ شیكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌و هه‌ڵسوكه‌وتی تاك به‌ گشتی و تاكی كورد به‌ تایبه‌تی. ئه‌وه‌ش هه‌وڵێكی زۆر بوێرانه‌یه‌. چونكه‌ نووسه‌ر ته‌نها وه‌كو ئۆبسێرڤه‌ر نه‌وه‌ستاوه‌ وێنه‌ی شته‌كانمان بۆ بگوێزێته‌وه‌. به‌ڵكو هاتوه‌ ده‌ست و پێیه‌كانی خۆی خستۆته‌ نێو قوڕێكی خه‌سته‌وه‌ و هه‌ڵوێستێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌ وه‌رده‌گرێ و هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ چه‌ندێ پؤڵا سه‌عید تاك و كۆمه‌ڵ و نیشتمانی خۆی خۆش ده‌وێ و بۆی ده‌سووتێ و هه‌وڵ ده‌دات كه‌ تاكی كورد له‌ كۆت و به‌ندی بۆماوه‌یی هه‌ستكردن به‌ بچووكی و كه‌متر له‌وانی تر و نه‌مانی هیوا به‌‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ڕزگار بكات و وه‌كو ئه‌وه‌ی زه‌رده‌شت دووباره‌ گه‌ڕابێته‌وه‌ خۆی ده‌كات به‌ مۆم بۆ ڕووناك كردنه‌وه‌ی ڕێگا تاریكه‌كان بۆ‌ تاكی كورد كه‌ چۆن ببن به‌ مرۆڤی باڵا. ئه‌و مرۆڤه‌ی كه‌ به‌ بۆچوونی نیچه‌ به‌رپرسیارێتی فه‌وزا و بێسه‌روبنی ناوه‌وه‌ی خۆی ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی و به‌بێ ئه‌وه‌ی بیانشارێته‌وه‌ جله‌وی ئه‌سپی لایه‌نه‌ تاریكه‌كانی ده‌روونی خۆی ده‌گرێته‌ ده‌ست، وه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌بێ به‌ مرۆڤی باڵا كه‌ توانی لا‌یه‌نه‌ دژ به‌یه‌كه‌كانی ناوه‌وه‌ی خودی خۆی كۆنترۆڵ بكات و خاڵی هاوسه‌نگیان بۆ بدۆزێته‌وه‌.
پۆڵا سه‌عید هه‌وڵ ده‌دات له گه‌ڵ خۆیدا بمانبات بۆ سه‌فه‌رێكی هات و نه‌هاتی‌ نێو پڕۆسه‌ی گه‌ڕان به‌دوای خۆدا،یان به‌دوای خود، بۆ گه‌یشتن به‌ خود و به‌ تاكه‌كانی ده‌ورووبه‌ر و به‌ كۆمه‌ڵ. داوه‌تمان ده‌كات بۆناو جه‌هه‌ننه‌مێك كه‌ به‌ بێ ئاگایانه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ین كه‌ خۆمان له‌ ناوی دا ده‌ژین! چونكه‌ نووسه‌ر پێی وایه‌ و ده‌شیسه‌لمێنیت كه‌ ته‌نها به‌ قبووڵكردنمان به‌ چوونه‌ ناو ئه‌و جه‌هه‌ننه‌مه‌ و پێ خستنه‌ ناویه‌وه‌ ده‌توانین بگه‌ڕێین به‌دوای (من) دا.چونكه‌ ئه‌نستانسی (من) وون بووه‌ و پڵێشاوه‌ته‌وه‌ له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی ئه‌نستانسی (منی باڵا) كه‌ بریتیه‌ له‌ پاڵه‌په‌ستۆ و چاوه‌ڕوانی ناهۆشیاری ده‌سته‌‌ جه‌مع كه‌ كولتوری ده‌ورو به‌رو‌ په‌روه‌رده‌ و ته‌جروبه‌كانی تاك له‌ منداڵیه‌وه په‌یكه‌ری ده‌روونی تاكیان وێنه‌ كردوه‌‌‌. چونكه‌ دۆزینه‌وه‌ی (من) ڕووبه‌ڕووی ئاوێنه‌ی خودی خۆمی ڕاسته‌قینه‌م ده‌كاته‌وه‌و، ئه‌و‌ كاته‌، ته‌نها ئه‌و كاته‌ ڕێگه‌م بۆ ئازاد ده‌بێ كه‌ چه‌ند سه‌ره‌داوێك بدۆزمه‌وه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ بمبه‌ن به‌ره‌و ناسینی خود، خۆ، من!
پؤڵا سه‌عید، پشت ده‌به‌ستێت به‌ نیچه‌ و كانت، هه‌روه‌كو زه‌رده‌شت بانگهێژمان ده‌كات كه‌ ویسته‌كانمان (ئیراده‌كانمان) یاسایه‌كی بنچینه‌ییان بێت ، وه‌ك پره‌نسیپێكی یونیڤێرسال. واته‌ ویسته‌كانمان له‌ قازانجی هه‌موو مرۆڤایه‌تی دا بن.
به‌ بروای من ئه‌گه‌ر هه‌موو تاكێكی كورد به‌ زه‌ینه‌وه‌ (هێزی بیر كردنه‌وه‌) بخوێننه‌وه‌ ئه‌وا ڕه‌نگه‌ جموجۆڵێكی ده‌روونی تیایان دا درووست ببێت كه‌ ببێته‌ هۆی بیر كردنه‌وه‌یه‌كی جیاواز. بیركردنه‌وه‌ی جیاوازیش به‌ره‌و ووشه‌و كرداری جیاوازمان ده‌بات.
من زۆر سوپاسی كاك پۆڵا سه‌عید ده‌كه‌م. چونكه‌‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام توانی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و كتێبه‌ی دا وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌م بداته‌وه‌ كه‌ له‌ جیهانه‌ جه‌هه‌ننه‌میه‌كه‌ی ناخم له‌جیاتی ئه‌وه‌ی‌ دڵخۆش بم به‌ وه‌ڵامه‌كه‌، خه‌ریك بوو دووژمنێكی وه‌همی بۆ خۆم درووست بكه‌م و كاك پۆڵا بكه‌م به‌ هۆكار و سه‌به‌ب كاری ناڕه‌حه‌تیه‌كه‌م. چونكه‌ به‌ڕاستی خۆخستنه‌وه‌ ژێر پرسیار كارێكی سه‌خته‌. شه‌ڕ كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ دژ به‌یه‌كه‌كانی قووڵاییه‌ تاریكه‌كانی ناخی خودی خۆت زۆر ئازایاتی و بوێری زیاتری ده‌وێت له‌ شه‌ڕ كردن له‌گه‌ڵ دووژمن. به‌ڵام كتێبی هێزی بیر كردنه‌وه‌ سه‌ره‌داوی چۆنێتی شه‌ڕكردن و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر كۆت و به‌نده‌ نائاگاییه‌كان ده‌داته‌ ده‌ست خوێنه‌ر. ئیتر تاك ئازاده‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێ یان نایه‌وێ ئه‌و شه‌ڕه‌ بكات.
من وه‌كو شاره‌زایه‌كی په‌روه‌رده‌یی، پێشنیاری ئه‌وه‌ ده‌كه‌م بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ كتێبی هێزی بیركردنه‌وه‌ی پۆڵا سه‌عید كاری له‌سه‌ر بكرێ و ببێت به‌ سه‌رچاوه‌ی وانه‌ی په‌ره‌پێدانی كه‌سی له‌ قوتابخانه‌كانی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی كوردستان بۆ قوتابیه‌كان و هه‌روه‌ها بۆ مامۆستایه‌كانیش. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ تۆوی بیری جیاواز له كێلگای‌ مێشك و ده‌روونی مناڵه‌كانمان دا بڕوێنین، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ داهاتوویه‌كی جیاواز چاوه‌ڕوانیان ده‌كات.

جه‌وده‌ت سۆفی
ڕاوێژكاری كۆمەڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی
20.05.2023 ژنێڤ




دەستنیشانکردنی شێواز لە ڕیتمی ناوەوەی کورتە چیرۆکی ‘گیاندان’.. عبدالسلام اسماعیل صادق

شێواز style)):
ئەگەر بە گشتی باسی شێواز بکەین، دەتوانین بڵێین: هەر کەسێک کۆمەڵێک شێوازی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆ نموونە: شێوازی نانخواردن، قسەکردن، بە ڕێگادا ڕۆیشتن، سەیرکردن… بە گشتی هەر مرۆڤێک شێوازی هەڵسوکەوتکردنی خۆی هەیە لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا، دەشکرێت شێوازی کەسێک بە شێوازی کەسێکی تر بچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر کەسێک بەهۆی چەند شتێکەوە کە دەکرێ بڵێین شێوازی ئەو کەسەیە، دەتوانرێت بناسرێتەوە. ئەگەر لە ڕووی ئەدەبەوە سەیری شێواز بکەین و هەوڵبدەین پێناسەیەکی بۆ بکەین، دەتوانین بەو جۆرە پێناسەی بکەین و بڵێین: شێواز بریتییە لە شێوە جیاوازەکانی مامەڵەکردنی زمان (٢). شێواز لە ئەدەبدا سەروکاری لەگەڵ زمانە، ئەو زمانەی کە ئەدیب بەکاریدێنێت، شێواز لەو زمانە دەردەهێنرێت (شێوازی ئەدیبەکە لە زمانەکەیەوە دەردەکەوێت).
دەتوانرێت شێواز لە سێ ڕوانگەوە دیاری بکرێت، ئەوانیش بیتیین لە: نووسەر، خوێنەر و دەق (٢). ئەوەی کە پێویستە لەبارەی نووسەرەوە بیزانین، فکری نووسەرەکەیە، مارکسی، ئیسلام، بێدینە، لە چ ڕوانگەیەکەوە سەیری ژیان دەکات…تاد. ئەوەی ڕاستی بێت لە پۆست مۆدێرنیزم، نووسەر لە دەق دادەبڕێنرێت و هیچ پەیوەندی بە دەقەکەوە نامێنێت. هەرچی خوێنەرە، پێگەیەکی گرنگی هەیە لە دیاری کردنی شێواز، لە پۆست مۆدێرنیزمدا دۆخێکی نوێ دێتە پێش، ئەویش گرنگیدانە بە خوێنەر؛ خوێنەر بۆیە گرنگە، چونکە ئەگەر دەقێک بێنین و کۆمەڵێک خوێنەر شێوازی ئەو دەقە دیار بکەن، دەبینین جیاوازی هەیە لە نێوان هەموو ئەو شێوازانەی کە خوێنەرەکان دەستنیشانیان کردووە و دەریانهێناوە. لەگەڵ ئەوانەشدا لەڕێی دەقیشەوە دەتوانین شێواز دیاری بکەین، وەکو: زمانی دەق، ڕستەکان لادانەکانیان چین و چۆنن، وەسفەکان چۆنن و واتاکانی چین، هەموو ئەوانە دەچنە ناو ڕوانگەی دەقەوە.
دەشێت شێواز بەپێی ڕەگەزەکانی ئەدەب-یش دەستنیشان بکرێت، کە بریتیین لە ڕەگەزەکانی: زمان، بیر، سۆز و جوانکاری (٣).
شێواز سێ ئاستی هەیە، کە بەهۆی ئەو ئاستانەشەوە دەتوانین شێواز دیاریبکەین، کە ئەوانیش ئاستەکانی ڕیتم، پێکهاتە و دیلال-ە (٤). لە ئاستی ڕیتم، ڕیتمی دەرەوە و ناوەوە هەیە. ڕیتمی دەرەوە بە زۆری خۆی لە کێش و سەروا دەبینێتەوە؛ ڕیتمی ناوەوە-ش پەیوەندی بە دەنگ، بڕگە، وشە، دەستەواژە و ڕستەوە… هەیە. لە دوای ئاستی ڕیتم ئاستی پێکهاتە هەیە، کە بە گشتی ڕێخستنی ڕستەکان، کورتبڕی، درێژدادڕی، پێش و پاش خستنی وشە، پەیوەندی نێوان ڕستەکان و هاوئاهەنگی نێوان ناونیشان و کۆی گشتنی دەقەکە… دەگرێتەوە. ئاستی دیلال کە کۆتا ئاستە، هەرسێ ئاستەکەی ڕەوانبێژی دەگرێتەوە، کە بریتیین لە: ڕوونبێژی، واتاناسی و جوانکاری، لەگەڵ لادانەکان و لایەنی هزری و دەرونی ئەدیب… ئەوەی گرنگە بیڵێم، ئەو ئاستانە لەیەکتر دابڕاو نین، بەڵکو پەیوەندیێکی تەواویان بە یەکترەوە هەیە و تێکەڵ بە یەکتر دەبن.
ڕیتمی ناوەوە لە کورتە چیرۆکی ‘گیاندان’؛ ئەدیب باسی پەیوەندی عاشقانەی نێوان دوو دڵدار، ژوانی نێوانیان، لەیەک دابڕانی ئەو دوو عاشقە دەکات، کە چۆن سەربازەکان دێن و بەسەر گوندەکەیاندا دەدەن و تاڵانکاری و کاولکاری دەکەن و کچانی ئەو گوندەش دەبەن و دەستدرێژیان دەکەنە سەر و لە بیابان زیندە بە چاڵیان دەکەن، کە یەکێک لەو کچانە فاتم-ی مەعشوقە. بەو جۆرە ئەو دوو عاشقە بەیەکتر ناگەن و دیداریان دەچێتە قیامەت.
لەم کورتە چیرۆکەدا، ڕێژەیەکی زۆر ڕیتمی ناوەوە لە هەردوو ڕیتمی دەنگ و وشە بەدی دەکرێت. لە ڕیتمی دەنگییدا دووبارەبوونەوەی دەنگ و دووبارەبوونەوەی بڕگە لە سەرەتا و کۆتایی وشەکان بەدی کرا، وە لە ڕیتمی وشەدا دووبارەبوونەوەی وشە و پێش و پاشکردنی وشە بەدی کرا. لەگەڵ ئەوانەشدا، دووبارەبوونەوەی دەستەواژە و ڕستەش بوونی هەیە.
لە دووبارەبوونەوەی دەنگدا، چەند نموونەیەکمان هەیە، کاتێک ئەدیب دەڵێت: ”من تەنها لەبەر بێ کەسی دایکم بوو دواکەوتم، دەنا ئارەزووم دەکرد منیش دوای ئەو کۆچەت دواتکەوتبام“. دووبارەبوونەوەی دەنگی ‘د’ لەسەرەتای وشەکانی: دایکم، دواکەوتم، دەنا، دەکرد، دوای، دواتکەوتبام، ڕیتمی دروست کردووە.” نەمدەتوانی باوەڕبکەم تۆ کوژراوی، ئاوەزم توانای قبوڵکردنی ئەوەی نەبوو کە دەستانێ هەبن بتوانن تۆی فریشتە بخەنە چاڵێکەوە و بە زیندوێتی داتپۆشن. نەمدەتوانی هەرچەندم دەکرد نەمدەتوانی باوەڕ بکەم تۆ نەماوی، ڕەنگە هۆی ئەوەبێت کە ڕۆحت هەمیشە لەگەڵمدا بووە“. دوازدە جار دووبارەبوونەوەی دەنگی ‘ت’ ڕیتمێکی جوانی بەم پەڕەگرافە بەخشیوە. ”فاتم گیان ئەگەر ئەو ڕۆژە دایکانت دەدی چۆن باوەش بە ئێمەدا دەکەن، هەرچی برینت هەیە ساڕێژ دەبوو، تەمەنێکی درێژ بوو“. دووبارەبوونەوەی دوو دەنگی کۆتایی وشەکانی: ساڕێژ و درێژ، ڕیتمێکی جوانی بەو دێڕە بەخشیوە.” تفێکم لەو تفەنگە بێ دەسەڵاتەی خۆم کرد“. دووبەرەبوونەوەی دوو دەنگ لە سەرەتای وشەکانی: تفێک و تفەنگ، ڕیتمی بەم ڕستەیە بەخشیووە.
هاوپێچ لەگەڵ دەستنیشان کردنی ڕیتمی دەنگی ئەو کورتە چیرۆکە، ئامارێک بۆ پەڕەگرافەکان وەردەگرین، کە چ دەنگێک لە چ پەڕەگرافێکدا زۆرترینجار دووبارە بوەتەوە. کورتە چیرۆکەکە بە گشتی لە ١٤ پەڕەگراف پێکدێت، هەر پەڕەگرافەی دەکرێت لە ١ دەنگ یاخود زیاتریش وەکو ڕیتمی ناوەوە تێیدا دەرکەوتبێ:
١. پەڕەگرافی یەکەم: لەم پەڕەگرافەدا دوو دەنگ زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە، ئەوانیش بریتیی بوون لە دەنگەکانی ‘ت’ ٨جار و ‘د’ ٩جار.
٢. پەڕەگرافی دووەم: لەم پەڕەگرافەشدا بەهەمان شێوە، هەر دوو دەنگی ‘ت’ ٢٧جار و ‘د’ ٢١جار زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە.
٣. پەڕەگرافی سێیەم: لەم پەڕەگرافەدا سێ دەنگ زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە، ئەو دەنگانەش بریتیی بوون لە ‘ت’ ٧٧جار، ‘د’ ٦١جار و ‘ن’ ٦٨جار.
٤. پەڕەگرافی چوارەم: لەم پەڕەگرافەدا دەنگەکانی ‘ن’ ١٩جار و ‘ت’ ٣١جار، زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە.
٥. پەڕەگرافی پێنجەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگی ‘ک‘ ٣٢جار دووبارە ببووەوە.
٦. پەڕەگرافی شەشەم: لەم پەڕەگرافەدا دەنگەکانی ‘ت’ ١٠جار و ‘ک’ ١٢جار زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە.
٧. پەڕەگرافی حەوتەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگی ‘م’ ٣٧جار دووبارە ببووەوە.
٨. پەڕەگرافی هەشتەم: لەم پەڕەگرافەدا دەنگەکانی ‘ت’ ١٨جار، ‘م’ ١٦جار و ‘ن’ ٢٣جار، زۆرترینجار دووبارە ببوونەوە.
٩. پەڕەگرافی نۆیەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگی ‘ن’ ٢٤جار دووبارە ببووەوە.
١٠. پەڕاگرافی دەیەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگەکانی ‘د’ ٢٠جار و ‘ب’ ١٩جار دووبارە ببوونەوە.
١١. پەڕەگرافی یازدەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگی ‘م’ ٣٥جار دووباره ببووەوە.
١٢. پەڕەگرافی دوازدەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگی ‘ن’ ٤٠جار دووبارە ببووەوە.
١٣. پەڕەگرافی سێزدەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگەکانی ‘م’ ١١جار و بزوێنی کورت ‘ە‘ ٢٢جار دووبارە ببوونەوە.
١٤. پەڕەگرافی چواردەم: لەم پەڕەگرافەدا زۆرترینجار دەنگەکانی ‘ن’ ٢١جار، ‘م’ ٢٣جار و بزوێنی کورت ‘ە’ ٤٥جار دووبارە ببوونەوە.
• ئەگەر سەیر بکەین دەبینین لە زۆربەی پەڕەگرافەکاندا دەنگی ‘ت’ زۆرترینجار دووبارە بووەتەوە. کەواتە دەنگی ‘ت’ شێوازی ڕیتمی دەنگیی ئەم دەقەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕیتمە لەخۆوە دروست نەبووە، ئەگەر دیقەت بدەین، دەنگی ‘ت’ بە زۆری لە وشەکانی: تۆش، ئەوانی تریش، خۆشەویستم، تف، تفەنگ، نەمدەتوانی… هەموو ئەو وشانە پەیوەندی بە گێڕەڕەوەی دەقەکە (گێڕەڕەوەیەکی هەمان شت زانە)، مەعشوق و لایەنی سێیەمەوە هەیە، بۆیە لێرەدا ڕاستەوخۆ ئاستی ڕیتمی دەچێتە نێو ئاستەکانی پێکهاتە و دیلال و تێکەڵ بە هزر و دەرونی ئەدیب دەبێت.
دوای دووبارەبوونەوەی دەنگ، دووبارەبوونەوەی بڕگە هەیە، هەم لە سەرەتا، ناوەند و کۆتایی وشەکان: ”بۆیە کڕنۆشم دەبرد و دەگریام“. دووبارەبوونەوەی بڕگەی سەرەتای وشەکانی: دەبرد، دەگریام. ”من تەنها لەبەر بێ کەسی دایکم بوو دواکەوتم، دەنا ئارەزووم دەکرد منیش دوای ئەو کۆچەت دواتکەوتبام“. دووبارەبوونەوەی بڕگەی ناوەڕاستی وشەکانی: دواکەوتم، دواتکەوتبام. ”هەر تۆزقاڵێ ئۆقرە بگرە“. بڕگەی کۆتایی وشەکان ‘رە، رە’ دووبارە بووینەوە.
چەند نموونەیەک لەسەر دووبارەبوونەوەی وشە: ”من تەنها لەبەر بێ کەسی دایکم بوو دواکەوتم دەنا ئارەزووم دەکرد منیش دوای ئەو کۆچەت دواتکەوتبام“. دووبارەبوونەوەی وشەی ‘دواکەوتن’، کە دەڵێ ‘دواکەوتم، دوای ئەو کۆچەت دواتکەوتبام’، لێرەدا ڕیتمێکی جوانی دروستکردووە بە دووبارەکردنەوەی ئەو وشەیە.” وایان فێرکردبووم کە خۆشەویستی پاک پەیوەندی نێوان ڕۆح و ڕۆحە نەک جەستە و جەستە“. دووبارەکردنەوەی دوو وشەی جیاواز ‘ڕۆح، جەستە’ ڕیتمێکی ناوازەی دایتە ئەو دێڕە. ”تۆ دەتویست دەستم بگریت و چێژی ماچ و پێکەوە نووسانی جەستە و جەستەم فێربکەی“. لێرەدا نووسەر دەیتوانی تەنیا بڵێت ”پێکەوە نووسانی جەستەم فێربکەی“ بەڵام درێژدادڕی کردووە (کە لێرەشدا دەچێتە نێو ئاستی پێکهاتە)، لەگەڵ ئەوەشدا ڕیتمێکی جوانی بەخشیوەتە ئەم دێڕە. ”من سەختیم زۆر کێشا، بەڵام دەزانم هەموو ئەو سەختیانەی کە من کێشاومە ناگاتە چرکەیەکی سەختیەکانی تۆ، چونکە هەر چۆنێ بوو من خۆم ئەو سەختیەم هەڵبژارد“. بە چوارجار دووبارەکردنەوەی وشەی ‘سەختی’، ڕیتمی بەو ڕستەیە بەخشیووە.” هیوادارم ئەو جەستە پاک و ڕوونەت کە من نەمدەوێرا پەنجەی بۆ بەرم، ئەو جەستە پیرۆزەت بە جەستەی ئەوان لێخن نەبووبێ“. دووبارەکردنەوەی وشەی ‘جەستە’ بووەتە هۆی پێدانی ڕیتم بەم ڕستەیە. ”پێم وابوو ئەو دەنگە تەنها دەنگی خۆی نییە، بەڵکو دەنگی هەموو دایکان ئاوێتەی دەنگی بووە و گوزارشت لەو سەرکەوتنە دەکات“. چوار جار دووبارەکردنەوەی وشەی ‘دەنگ’ ڕیتمێکی جوانی بەخشیووە.
هەروەک باسمان کرد، دووبارەبوونەوەی ڕستە و دەستەواژەش لەم دەقەدا هەیە؛ کە ئەدیب دەڵێت: ”من دەزانم بە دەستی تۆ بوایە بە دووی من بکەوی و بڕۆین، بەڵام بە دەستی خۆت نەبوو، بە دەستی براکانیشت نەبوو، فاتم گیان ئەوجارە بە دەستی کەسانێ بوو کە هیچ مافێکیان بەسەرتەوە نەبوو“ لە دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی ‘بە دەستی’ ڕیتمی ناوەوەی دروست کردووە؛ کە دەشڵێت: ”لە دڵی خۆمەوە دەمووت خۆزگە ڕاست بوایە و ئاگاداری نهێنی و غەیب بوایە بۆ ئەوەی ئەم عەشقە خوداییەی منیشی پێ درک بکردایە، دەمووت بریا ڕاست بوایە“، لێرەدا نووسەر دووجار ڕستەیەکی دووبارە کردۆتەوە، کە دەڵێت ‘دەمووت‘ واتە ‘من دەمووت’، سینتاکسییە، جا دووجار دووبارەی کردۆتەوە، بەوەش ڕیتمی دروستکردووە.
بە گشتی دەتوانین بڵێین: کورتە چیرۆکی ‘گیاندان’ یەکێکە لەو دەقانەی کە بۆ کارکردن لەسەر شێوازەکەی، دەتوانرێت ڕیتمی ناوەوە بەکاربهێنرێت، واتە لەڕووی ڕیتمی ناوەوە شێواز دیاریبکەین، چونکە ڕێژەیێکی زۆر ڕیتمی ناوەوەی تێدایە.

————————

سەرچاوەکان:
١.مەرگی مرۆڤ و نیوێک ”ڕۆمانی کۆچ و ١٥ کورتە چیڕۆک“، مەهاباد قەرەداغی، بڵاوکراوەی ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤.
٢.شێواز لە شیعری کلاسیکیی کوردیدا، حەمە نوری عمر کاکی، چاپخانەی تیشک، چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٨.
٣. شێواز و شێوازگەری، د.ئیدریس عەبدوڵڵا، هەولێر، ٢٠١٠-٢٠١١.
٤.تیۆری ئەدەبی و شێوازناسی، پیتەر هاڵبێرگ و دانەرانی تر، و: ئەنوەر قادر محەمەد، مەڵبەندی کوردۆلۆجی، سلێمانی، ٢٠١٠.




ناوى کتێب: درەختی مەرگ.. نوسینی: سەڵاح جەلال عەبدوڵا

بابەت: شانۆنامە
دیزاین: بەرگ و کاری هونەری: سەرکەوت پێنجوێنی
ساڵى چاپ: 2023سلێمانی
چاپخانەی جارانی سلێمانی
نرخ: 2000 دینارە
چاپ : چاپی یەکەم
لە بەرێوەبەرێتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەى سپاردنی( 997) 10/5/ 2023ى پێدراوە ..

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ڕەنگدانەوەی پۆست کۆلۆنیالیزم لە ڕۆمانی پەناهەندە.. کوردۆ نزار ئەحمەد

پۆست کۆلۆنیالیزم تیۆرێکی نێوان پسپۆری و چالاک ڕوو لە گەشەیە، چونکە لە لایەکەوە ڕەگ و ڕیشەکانی لەنێو تیۆر و قوتابخانە جۆراوجۆرەکانی وەک مارکیسیزم، پۆست مۆدێرنیزم، پاش بونیادگەری، دەرونشیکاری…هتد هەیە. لەلایکی تریش کاریگەرە بە زانست و بابەتە جیاوازەکانی سیاسەت و ئابوری، فەلسەفە ، مرۆڤناسی، جوگرافیا و مێژوو. پۆست کۆلۆنیالیزم گشت کلتورەکانی ژێر کاریگەری پرۆسەی ئیمپراتۆریەت لە یەکەم ساتی داگیرکردنەوە تا ئێستا لەخۆ دەگرێت، چونکە داگیرکردنی ئەو وڵاتانەی کە بە هێرشەکانی ئیمپراتۆریەتیەکانی ئەوروپا دەستی پێکردبوو تا ئێستاش بە پێی ڕەوتێکی مێژووی بەردەوامە، کە ئەویش ڕەوتی ئیمپریالیزمە.

ئەشکرافتیش لە پێناسەکردنی پۆست کۆلۆنیالیزم دەڵێت: “پۆست کۆلۆنیالیزم پەیوەندی بە سەردەمی پێش سەربەخۆی هەیە و پیشاندەری گشت کلتورانەیە، کە پرۆسەی ئیمپریالیزم لە دەسپێکی داگیرکاری تا ئێستا دەستی بەسەرداگرتوون. لەم ڕوانگەیەوە پۆست کۆلۆنیالیزم گوزارشتە لەو بارودۆخەی کە لە ژێر هەیمەن و دەسەڵاتی پرۆسەی داگیرکاری دێتە ئاراوە، چونکە لە پرۆسەی داگیرکاریدا ئاڵوگۆری کلتوری لە نێوان داگیرکەر و داگیرکراو دێتە ئاراوە، بەو پێیەی لە داگیرکاریدا کاتێک داگیرکەر دەست بەسەر خاک و زەمینەی نەتەوەیەک دا دەگرێ هەوڵدەدات لە هەموو ڕوێکەوە خۆیی زاڵ بکات بەسەر داگیرکراودا” (هیمداد حوسێن و هاوکارانی، ئەدەبی بەراورد).
ئەتوانیین بڵێن پۆست کۆلۆنیالیزم ناڕونیکی زۆر و ئالۆزی تێدایە، کە ئەم ناڕونی و ئالۆزیەش بۆ ئەو بوارە فراوانەی لێکۆلنەوە پۆست کۆلۆنیالیزمەکان دەگەڕیتەوە، چونکە هەر لە تیۆر و ڕەخنەی ئەدەبی تا زانست و بابەتە جۆراوجۆرەکان لەخۆدەگرێ لە بنەڕەتەوە بوارێکە چوارچێوەدار نیە و پێناسە کردنی سەختە.
لە پڕۆسەی داگیرکاریدا پەیوەندییەکی دوولایێنی هەیە، واتە زۆر جار داگیرکەریش دەکەوێتە ژێرکاریگەری داگیرکراو، بەڵام زیاتر داگیرکەر زاڵترە، چونکە داگیرکەرەکە بەهۆی باڵا دەستی بە زۆر هەوڵدەدات کە دەسەڵاتی خۆی و کلتوری خۆی بە زۆر بسەپێنێ بەسەر وڵات و نەتەوە داگیرکراوەکە و لە هەموو ڕوێکەوە وڵاتە ژێر دەستەکە بگۆڕێ لە ڕوی سیاسی و ئابوری، کۆمەڵایەتی، خێزان، زمان، ئەدەبیات، تەنانەت شێوازی ژیانکردنیش کاریگەری خۆی جێدێڵێت؛ دواجار ئەمەش ئەبێتە هۆی دروست بوونی دژایەتی لە نێوان داگیرکەر و داگیرکراو، چونکە دەست بردن بۆ گۆڕینی ژیان و کلتوری و کۆمەڵگەی خەڵکە داگیرکراوەکە دەبێتە هۆی درووست بوونی ڕقێکی زۆر لایەن خەڵکە ژێردەستەکەوە، لەبەر ئەوەی لەم پەیوەندییە دوو لایەنەدا داگیرکەر بە نەژادی باڵاتر، پێشکەوتووی خاوەن شارستانیەت من، هەروها داگیرکراویش بە مرۆڤێکی کێوی و دوور لە شارستانیەت و ئەوەی تر، دەناسێنرێت لەوکاتەشدایە کە پۆست کۆلۆنیالیزم سەرهەڵدەدات.
ئەگەر پۆست کۆلۆنیالیزم گوزارشت کردن بێت لەو ئاڵوگۆڕە کلتورییەی، کە لە ژێر پڕۆسەی داگیرکاریدا لە نێوان داگیرکەر و داگیرکراو دێتە کایەوە، ئەوا تیۆرێک، کە لەم بابەتە دەکۆڵێتەوە تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزمە، تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم کۆمەڵێک تێروانینی تیۆری و ڕەخنەیە، کە لە کاریگەریەکانی جێگۆرکێی کلتوری دەکۆڵنەوە گرینگی بە تێڕوانینەکانی پەیوەست بە خۆڕاگری و بەرگریی لە ناسنامەی کلتوری خۆیان دەکەن یان دەتوانین بڵین، کە چەند تیۆرێکی جۆراوجۆر و ڕەخنەیە لە یەکەم ڕۆژی داگیرکردن دا بە دیدی ڕەخنە گرانەوە تاوتوێی پەیوەندی ئەو نەتەوانە دەکات، بابەتی کۆلۆنیالیزم و پۆست کۆلۆنیالیزم لە هەموو ئەو تێروانینە تیۆری و ڕەخنەییانە بابەتی سەرەکین.
تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم تیۆرێکی فراوان و بەربڵاوە و لە زۆربەی بوارەکان خۆی دەبینێتەوە، یەکێک لەو بوارانە ئەدەبیاتە، چونکە ئەگەر تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم لێکۆڵینەوە لە کاریگەریە کلتوریەکان بکات ئەوا ئەدەبیات وەکو بەشێک لە کلتوری هەر نەتەوەیەک زۆرترین ئەو کاریگەریانەی تێدا ڕەنگدەداتەوە، بۆیە ئەدەبیات دەبێتە بواری لێکۆڵینەوە لەم تیۆرە؛ واتا پۆست کۆلۆنیالیزم لێکۆڵینەوە لە ئەدەبیات و بەرهەمی ئەو نوسەرانە دەکات، کە بۆ ماوەی چەندان ساڵ لە وڵاتە داگیرکەر و داگیرکراوەکان ژیاون، چونکە ئەو نوسەرانە پێیان وایە نوسینی مێژوو و بیرەوەری خۆجێی ئەدەبیاتی کلتوری باشترین ڕێگایە بۆ بەرنگاربوونەوە و وەستان دژی داگیرکاری، ئەوەی تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم لە بواری ئەدەبیدا دەیەوێت و بانگەشەی بۆ دەکات هەڵوەشاندنەوە و ڕەتکردنەوەی ئەو گوتار و بانگەشەی نادادپەروەرانە و نایەکسانیەیە، کە وڵاتانی کۆڵۆنیکەر بەسەر تێکڕای ئەدەب و زمان و کلتوری نەتەوە داگیرکراوەکانیان سەپاندووە (هیمدام حوسین و هاوکارانی، ئەدەبی بەروارد).

ئەگەر وڵاتە داگیرکەرەکان بە درێژای مێژووی داگیرکاریان لە هەوڵی بەرهەم هێنانی گوتارێک دا بووبن سەبارەت بە ڕۆژهەڵات، ئەوا ئامانجی سەرەکی ئەدەبیاتی پۆست کۆلۆنیالیزم هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بەرهەم هێنانی ئەو گوتارە و ڕەتکردنەوەی، بە واتایەکی تر ئامانجی ئەدەبیاتی پۆست کۆلۆنیالیزم لێکۆلینەوەیە لە دید و بۆچوونەکانی ڕۆژئاوایەکان، کە چۆن سەیری ئەو میللەتانە دەکات و چۆن بەردەوامی بەو سەیرکردنە دەدات و بە جیهانی دەکات تاوەکو درێژە بە داگیرکاریەکی خۆی بدات، لە سیستەمی نوێی جیهاندا میللەتە ڕزگاربووەکان لە داگیرکاری تا ئێستاش بە جۆرێک لە جۆرەکان داگیرکراون، چونکە ناسنامە ماف، ماڵ، دارایان کراوەتە ئامانج تا ئێستاش بیری ڕۆژئاوا سەنتەری بڵاو و باوە.
بۆ ئەم مەبەستەش نوسەرانی پۆست کۆلۆنیالیزم لەو باوڕەدان، کە دەکرێت بەرهەمە کلاسیکیەکان جارێکی دیکە تاوتوێ بکرێنەوە و پەراوێزخراوەکان بکرێنە سەنتەر و جارێکی تر پێگەی خۆیان لە مێژووی جیهاندا بەدەست بێنەوە. بەرهەڵستی ئەو جۆرە شارستانیەتە ببنەوە، کە ڕۆژئاوایەکان پێناسەیان کردوە، هەروها ئەو نوسەرانە باوڕیان وایە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە سەرەتا دەبێ ڕۆژهەڵاتیەکان باوەڕ بە خۆبونیان هەبێ و متمانە بەخۆیان بکەن پشت بە کەلتوری ڕەسەنی خۆیان ببەستن و واز لە لاسایکردنەوەی کلتوری ڕۆژئاوایەکان بێنن”(کوردستان عبدالوهاب نادر، ڕەنگدانەوەی بیری پۆست کۆلۆنیالیزم لە ڕۆمانەکانی فەرهاد پیرباڵ).
دەکرێت بگوترێت ئامانجی ئەدەبیاتی پۆست کۆلۆنیالیزم بریتیە لەوەی کە ئەو ئەدەبیاتە لە هەوڵی خوێندنەوەی تێگەیشتنی شێواز و ڕێگاکانی ڕووبەڕوبوونەوە و چۆنیەتی بەرگریکردنی داگیرکراوان لە بەرامبەر داگیرکەران لە بەرهەمی ئەدەبی هەدوولادا، واتە داگیرکەر و داگیرکراو، هەروها ئەوەی چۆن بگەڕێنەوە بۆ ناسنامە کولتورییە گۆڕاوەکەیان، بۆیە نوسەران و هزمەندان لە هەوڵی ئەوەدان، کە بە ڕەچاوکردنی شێوازەکانی گوتاری پشت ئەستور بە هزر و بیر و شارستانیەتی خۆماڵی لە بەرهەمە ئەدەبیەکاندا دژی گوتارەکانی پەیوەست بە داگیرکاری بوەستنەوە، تا لە کۆتاییدا بتوانن ناسنامە و پێگەی مێژووی و کلتوری و ئابوری و سیاسیی خۆیان بەدەست بهێنەوە.

هەر ئەدەبیاتێک بابەتێکی تایبەت بەخۆی هەیە، بابەتی سەرەکی ئەدەبیاتی پۆست کۆلۆنیالیزمیش خەریک بوونە بەدەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی پرۆسەی داگیرکاری، نوسەرانی ئەم ئەدەبیاتە لەو باوڕەدان، کە ئەم دابەشکاریە بێ واتا و بێ بنەما و نا دادپەروەرانەیە و شێوەیەکی ترە لە داگیرکاری لەئەنجامدا گرژی دەخاتە نێوان رۆژهەلات و ڕۆژئاوا، ئەم نوسەرانە لە رێگەی بەرهەمەکانیانەوە داوای مافی خۆیان دەکەن ولەهەمانکاتدا رەگەزپەرستی لە وڵاتە داگیرکەرەکان دەخەنە ژێرپسیارەوە، “دەقی ئەدەبی شتی زۆر نەگۆڕ و چەسپاو نین، بەڵکو پەیوەستن بە بارودۆخ و هەڵومەرجە سیاسییە گەورە و بچووکەکانەوە، نووسین و خوێندنەوەی دەقەکان هەرگیز بابەتێکی بێسوود نیە. دەقەکان بەرژەوەندی باڵادەستەکان و هەست و سۆز و ئامانجەکانی تری خۆیان دەسەپێنن (ئیدوار سەعید، ڕۆژهەڵاتناسی).
پۆست کۆلۆنیالیزم، خۆی خەریک دەکات بەو نەتەوانەی، کە کاری داگیرکاری یاخود له ژێر کاریگەری داگیرکارین، لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکاریەشدا ئەدەبیات فراوان دەبێت، هەوەها پەیوەندی کەلتووری دروست دەبێت لە نێوان نەتەوەکاندا.

ڕەنگدانەوەی بنەمایی ڕۆژهاتناسی لە ڕۆمانی پەناهەندە

تیۆری پۆست کۆلۆنیالیزم لەخۆگری چەند بنەماییەکە، ئێمە لێرەدا هەوڵی ئەوە دەدەین، کە ڕەنگدانەوەی بنەمایی ڕۆژهەڵاتناسی لە ڕۆمانی پەناهەندە دیار بکەین.
ڕەنگدانەوەی ڕۆژهەڵاتناسی لە ڕۆمانەکەدا
دنیای ڕۆژئاوا هەوڵدەدات پێناسەی ڕۆژهەڵات بکا، لەگەڵ ئەوەشدا پێناسەی خۆی دەکات و خۆی بە ئەرێنی وەسف دەکات و ڕۆژهەڵاتیش بە نەرێنی. لێرەدا ئەو ڕوانگە ڕۆژهەڵاتناسیانەی، کە لە ڕۆمانەکەدا هەبوون دەیانخەینە ڕوو:

أ‌- بەرامبەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا:
یەکێک لە کارە سەرەکی و بنەڕەتیەکانی گوتاری ڕۆژهەڵاتناسی، درووستکردن و بنیاتنانی دوو جەمسەری دژ بە یەکە، کە ئەوانیش دنیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوان، ئەم گوتارر نوێنەرایەتی دوو کلتوری جیاواز دەکات، کە ڕۆژهەڵات بە نەڕێنی نیشان دەدات و ڕۆژئاواش بە ئەرێنی. نموونە لە ڕۆمانەکە: “ئەو ڕۆژهەڵاتەی، کە وزەی تیا نەماوە تەنیا لە لاسایکردنەوە و ئافراندنێکی بێ مەودا نەبێت، ڕۆژهەڵات تەنیا لە پاڵ ئەوی دیکە دا دەژێت، ڕۆژئاوا هۆی سەرکوتکردن و سەربەرزیمان، ڕۆژئاوا ئاوێنەیەکە باڵای کورتی خۆمانی تێدا دەبینن” ئەگەر سەیری ئەم نموونەیە بکەین دەبینن، کە دوو دنیایی بەرامبەر یەکی درووست کردووە ئەویش ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوان، کە نوێنەرایەتی دوو کلتور و خاکی و خەڵکی..هتد جیاواز دەکەن. لە شوێنێکی تری ڕۆمانەکدا تێگەیشتنێکی نزیک لەمە هەیە دەڵێت: ” من لە تەمەنی بیست و چوار ساڵیدا بە فەڕەسنی جارێکی دیکە لە دایکبوومەوە، با بە ڕەچەڵەک خەڵکی کوردستان بم، بەڵام باوڕم بە ڕەگ نیە من باوڕم بە ڕێگاکانە، چونکە ڕەگی تەواو هەمیشە چەقیوەتە نێو قوڕێکی خەست و ناوچەیکی تاریک، بەڵام ڕێگا بەرەو جوڵان و ڕۆشنای دەچێت”.

ب‌- ڕۆژئاوای هونەردۆست ڕۆژهەڵاتی بێ هونەر
یەکێک لەو دووانە لێکدژانەی بەرهەم و لێکەوتەی گوتاری ڕۆژهەڵاتناسین، وێناکردنی ڕۆژئاوایە وەک سەرزەمینی هونەر و ئەدەب و ڕۆشنبیری، خەڵکی ڕۆژئاوا خەڵکانێکن هونەر دۆستن و نرخ و بەهای هونەر لایی ئەوانە و ئەوان لە هونەر تێدەگەن، لە بەرانبەریشدا وا وێنای ڕۆژهەڵات دەکەن، کە بێ هونەرن و نرخ و بەهای هونەر نازانن. لە ڕۆمانی پەناهەندەش ئەوە دەردەکەوێ، کە خەڵکی ڕۆژئاوا هونەر دۆستن و خەڵکی ڕۆژهەڵاتیش بێ هونەرن، نموونە: ” شانۆی کوردی لە ئاستی بنێشتی کوردیە” لە شوێنکی تر دەردەکەوێ سایق تەکسیکی ئیرانی دەڵێت: “ئێمە و گریک جوداوازین، شانۆ لە عورف و عاداتی ئێمە شومە ها” لێرەدا ئەوە دەردەخات، کە خەڵکی ڕۆژهەڵات هونەر دۆست نیە و بەهای هونەر نازانێ، لە شوێنیکی تری ڕۆمانەکە نموونەیکی تر هەیە دەڵێت: “مێزێکی قاچ کورت و دیکۆری تەلەفیزیۆن و دیکۆرەکانی لە دیوخانێکئ هاوچەرخ هیچ جیاوازی نەبوو، فەرشە ئیرانیەکە بڵحەکە بینەری بێزار دەکرد، هیچ دەستێکی هونەری پێوە دیار نەبوو” لێرە مەبستی ئەوەیە کە خەڵکی ڕۆژهەڵات لە هونەر نازانن و نرخ و بەهای لای ئەوان نیە.

ت‌- ڕۆژئاوای دیموکراسی و ڕۆژهەڵاتی دیکتاتۆر
لە ڕوانگەی ڕۆژ ئاواوە، ڕۆژهەڵات سەرزەمینی نادادی و نایەکسانی و سیستەمی حوکمڕانی دیکتاتۆر و زاڵمانە و توندڕەوە، لەبەرامبەر ڕۆژهەڵاتی دیکتاتۆر ڕۆژئاوای دیموکراسی هەیە کە هەموو تاکێک تێدا ئازاد و سەربەخۆییە، ڕۆژئاوا سەرزەمینی عەدالەت و دەسەڵاتێکی حەکیمانە وڵات بەڕێوە دەبات، نموونە لە ڕۆمانەکە: “لجوئی سیاسیشی دەدەنێ لە سویسرایک کە باشترین پەیوەندیی لەگەڵ دیکتاتۆری عێراقی سەردەمی شەرێ عێراق و ئیران دا هەبوو” ئەگەر سەیری ئەم نموونەیە بکەین دەبینن کە ڕۆژهەڵاتی بە دیکتاتۆر داناوە، لە شوێنکی تری ڕۆمانەکە دەڵێت: “ئەی اشە شەو ڕۆژ باسی دیموکراسی ناکەن! لرە هەموو سلێمانییە چوار دەنگ گڕێ دیکە نیە، بە حەقی خوای واستەی هەیە”.

ث‌- ڕۆژئاوای مرۆڤدۆست و ڕۆژهەڵاتی مرۆڤکوژ

لە تێڕواڕینی ڕۆژئاواییەکانەوە ڕۆژهەڵات سەرزەمینی بێنرخکردن و بێ بەهاکردنی مرۆڤە، سەرزەمینی کوشتنی خەونەکانە، لە ڕۆژهەڵاتدا مرۆڤەکان خاوەنی شکۆ و کەڕامەت نین، لە ڕوانگەی ڕۆژئاوایەکانەوە لەبەرانبەر ڕۆژهەڵاتی مرۆڤکوژ ڕۆژئاوای مرۆڤدۆست هەیە، کە سەرزەمینی بەدی هاتنی خەونەکانی مرۆڤە، نموونە لە ڕۆمانی پەناهەندە”جەرجیس زۆر شتی دەزانی زۆر شتی دەزانی لە کۆمەڵگایەکی جاهیل و نەفامدا، ئەوەی زیاد بزانێت دەبێ لەناو ببرێت” لێرەدا مەبەستی ئەوەیە، کە مرۆڤ ئازاد نیە لە بیرکردنەوە و ناتوانێ بە ئازادی بیروڕای خۆی دەربڕێت، لە شوێنکی تر دەڵێت: “کاتێ ڕەمزی هەولێری جێهێشت سێ مانگ بوو جەرجیسان کوشتبوو بە چەقۆ سەریان پەڕاندبوو”.

ج‌- ڕۆژئاوای پێشکەوتوو و ڕۆژهەڵاتی دواکەوتوو
بەشێک لە گوتاری ڕۆژهەڵاتناسی وێناکردنی ڕۆژئاواییە وەک سەرزەمینی پێشکەوتوو، کە بەردەوام لە گەشکردن و گۆڕان دایە، ڕۆژهەڵاتیش بە پێچەوانەی ئەوە بە سەرزەمینێکی دواکەتوو و چەقبەستوو، کە هیچ کات ناتوانێ گەشەبکات، نموونە لە ڕۆمانی پەناهەندە: “سویسرا چۆنە؟
کاتێک کوردێک پرسیاری وا لە کوردێکی دیکە دەکات مەبەست ونیازەکانی دیارن، هەرگیز سویسریک پرسیاری وا لە سویدیەک ناکات، چونکە پرسیاری وا لە عەقڵیەتی ڕۆژئاوایەکان هیچ مانایەکی نیە، نەک ئەمە بەڵکو گەلحۆی ئەوەیدیکەش ڕوون دەکاتەوە” لە شوێنیکی تر دەڵێت: “تەنها حەوت هەشت کەپرەکە و بردە زلەکانی و مەنجەڵە دۆڵمەکەی کەمە، کورە بەڕاست هیچ پەیوەندیەک لە نێوان دەریاچەی جنێڤ و دوکان نییە، زەڵەتە زەلامیش بە فانیلەوە خۆیان هەڵنادەنە ناوی کەسیش سینیەی لەبە ناشوات”.

ح‌- ڕۆژهەڵاتی ئاڵوشی و خورافی
جگە لەو وێنانەی سەرەوە ڕۆژئاوا کۆمەڵێک وێنای تریشیان بۆ ڕۆژهەڵاتییەکان بەرهەمهێناوە، وەک ئاڵوشی و خورافی لەلای ئەوانەوە خەڵکامی ڕۆژهەڵات خەڵکانێکی ئاڵوشین، لەهەمان کاتدا سەرزەمینی خوارفی و سیحر و جادووە، نموونە لە ڕۆمانی پەناهەندە” ئێوارەیەک لە ژوورە بچووکەکەی پاسدارخانەکە چەند پاسدارێ دەوریان لە سۆپە نەوتیەکە داوە، لە پڕێکدا خۆیان دەکوتییە سەر مەسیفی و دەستیان ماچ دەکرد، چونکە بە درۆ وتبووی زیارەتی نەجەفم کردووە و ئیتر بۆ ئەو بەچکە حەجەمانە مەسیفی لە حاجی حاجی تر بوو”.

———————————

سەرچاوە

  1. کوردستان عبدالوهاب نادر (٢٠٢٢) ڕەنگدانەوەی بیری پۆست کۆلۆنیالیزم لە ڕۆمانەکانی فەرهاد پیرباڵ، زانکۆی سۆران.
  2. هیمداد حوسێن و سەنگەر نازام و ڕێزان ساڵح (٢٠٢١) ئەدەبی بەراود، چاپی یەکەم، هەولێر.
  3. ئەحمەدی مەلا (٢٠٠٦) شەپتۆ یا دەوەری برۆکسل(پەناهەندە).
  4. ئیدوارد سەعید (٢٠١٨) ڕۆژهەڵاتناسی، وەرگێڕانی محمد موحسین عومەر، چاپی یەکەم.

ئەم نوسینە بە سەرپەرشتی:
م. چاوەڕێ نیعمت سالح لە زانکۆی سۆران ئامادەکراوە ٢٠٢٢




سیستەمی دادەوەری کۆماری ئیسلامی ماکینەی تاوانکارییە.. وەرگێڕانی :کاوە عومەر

چاوپێکەوتنی کەناڵی جەدید لەگەڵ حەمید تەقوایی سەبارەت بە سیستەمی دادوەری ئیسلامی
دیمانەی کازم نیکخواە

کازم نیکخواە: تا ئێستا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بانگەشە و هەڵمەتی جۆراوجۆری دژ بە سزای لەسێدارەدان هەبووە. لەوانە پاڵپشتی کارای حیزب بۆ بانگەشەی ئازادکردنی کوبرا ڕەحمانپوور، یان خەبات بۆ ئازادکردنی فاتمە حەقیت پژوە کە بەداخەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە درا، یان ئەو چالاکیی و تێکۆشانانەی کە حیزب بە گشتی بەڕێوەی دەبات دژی لەسێدارەدان. وتووێژی ئێمە لەسەر تەواوی سیستمی دادوەری کۆماری ئیسلامییە، بەڵام لە پرسی لەسێدارەدانەوە باسەکە دەست پێدەکەین. حیزب دژی لە سێدارەدانە، بەڵام تەنیا لە کۆماری ئیسلامیدا نییە کە لەسێدارەدان هەیە. هەرچەندە لە زۆرێک لە وڵاتان لەسێدارەدان قەدەغە کراوە، بەڵام هێشتا لە زۆرێک لە ویلایەتەکانی وڵاتێکی وەک ئەمریکا لەسێدارەدان یاساییە. حەمید تەقوایی، ئایا ڕەخنە و ناڕەزایەتی و دژایەتی ئێمە لەدژی لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامی و لە وڵاتانی دیکەش لە هەمان جۆردایە؟

حەمید تەقوایی: دژایەتی ئێمە بۆ لەسێدارەدان لە سەرەتاییترین ئاستدایە، چونکە لەسێدارەدان لە هەر بارودۆخێکدا بە هێرشکردنە سەر ژیان و کەرامەتی مرۆڤ دەزانین. بۆیە گرنگ نییە کام وڵات سزای لەسێدارەدان بە کام کەیس و بە کام سیستەمی یاسایی دەردەکات. لە سێدارەدان خۆی لە خۆیدا کوشتنە. لە سێدارەدان کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتییە. بۆیە پێویستە لە هەموو شوێنێکی جیهان لەسێدارەدان قەدەغە بکرێت بەبێ گوێدانە جۆری تاوان و جۆری یاسا و سیستەمی دادوەری. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دژایەتی ئێمە بۆ لەسێدارەدان دژایەتییەکی پرەنسیپی و پایەییە لە هەڵوێستێکی ئینسانی و ڕێزگرتن لە ژیان و بوونی مرۆڤ و مافی ژیانی ئینسانە. لەم ڕوانگەیەوە گرنگ نییە حوکمی لەسێدارەدانەکە لەلایەن دادوەرێکی شەریعەتەوە دەرچووە یان لەلایەن هەندێک دادوەری ئەمریکی یان ئەوروپیەوە.
به ڵام دژایه تیی بنه ڕه تی ئێمه له به ڕامبه ڕ لەسێدارەداندا به مانای لەسێدارەدان به واتای ئه وه نییه که پێمان وایه که دیارده ی لەسێدارەدان له کۆماری ئیسلامیدا هه مان شتە و هه مان جێگه ی هه یه که له هه ندێ ده وڵه تی ئه مریکا یان له وڵاتانی دیکه دا هه یه . لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە. بەڕای من لە کۆماری ئیسلامیدا نەک هەر لەسێدارەدان هەیە کە وەک وتم جێگای سەرزەنشتە و پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە، بەڵکو لە سەدا نەوەد و نۆی حاڵەتەکاندا کەسانی بێتاوان لەسێدارە دەدرێن. وە ئەم بابەتە بە تەواوی دەباتە ڕەهەندێکی تر. بەشێکی زۆری ئەوانەی لەسێدارە دەدرێن، نەیارانی سیاسیی ڕێژیمن. هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە. یان ئاین و باوەڕێکی تریان هەیە، بۆ نمونە بەهایی بوون، یان دژایەتی فیقهی ئیسلامی دەکەن، یان تەنانەت ڕەخنە لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی حکومەت دەگرن. لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا هەزاران کەس لە دادگاییکردنیکی ٥ خولەکیدا سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و تەنها لەبەر ئەوەی نوێژیان نەدەکرد یان باوەڕیان بە خودا نەبوو، هەڵواسران. هەموو ئەم لەسێدارەدانانە تەنانەت بەپێی یاسای ئەو وڵاتانەش کە لەسێدارەدانیان قەدەغە نییە، بە تاوان دادەنرێت. لە کۆماری ئیسلامیدا دەیان هەزار کەس بە هۆی دژایەتی سیاسی، بە هۆی لادان و وەک دەڵێن “دەرچوون لە ئایین”، بە هۆی شەڕکردن لەگەڵ خودا و هتد لە سێدارە دراون، تەنانەت ناو و ناسنامەکانیان نادیارە، هەروەها نەزانراوە تاوانەکەیان چی بووە، لە کوێ دادگایی کراون.. و تەنانەت لە کوێ نێژراون و ئەم دیاردەیە لە سێدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا دەکاتە کۆمەڵکوژییەکی تەواو.
لە بارەی تاوانبارانی ناسیاسی، سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامی کارەساتبارە. ئەگەر دۆسیەی سزادراوانی ئاسایی، تەنانەت ئەگەر بەڕاستی تاوانێکیشیان ئەنجامدابێت، ببەیتە هەر دادگایەک کە بون وبەرامەیەکی لە دادپەروەری و یاسای دادوەری جیهانی شارستانی هەبێت، ئەوا سزاکەیان ڕەتدەکرێتەوە. تا ئێستا تاوانەکە نەسەلمێنراوە. تا ئێستا نازانرێت چۆن دانپێدانانەکە بەدەست هێنراوە، چۆن پارێزەرەکەی دانراوە، پێوەرەکانی دادگاکەی چین، ئایا داواکاری گشتی و دادوەر و دەسەڵاتی دادوەری کارامەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکە یان نا، ئایا مافی تۆمەتبار ڕێزی لێ گیراوە یان نەگیراوە و هتد و هتد. لە کۆماری ئیسلامیدا ئەمانە هەمووی لەسەر بنەمای یاساکانی شەریعەت و تێڕوانینی ئایینی بۆ تاوان و حوکم و…هتد کە هیچ پەیوەندییەکیان بە دادپەروەری و حوکمدان بە مانا شارستانی و سەردەمیانەکەیەوە نییە. بە بڕوای من بنەمای کێشەکە سیستەمی دادگایی کۆماری ئیسلامییە و نەک ئەم حاڵەتە و ئەو دۆسیەیە و تەنانەت سیاسی و ئاساییبوونی تۆمەتبار. ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای دادپەروەری دانەنراوە و هیچ نیشانەیەکی دادپەروەری لە هیچ لێکدانەوەیەکدا نییە کە نیشانەی شارستانیەت بێت لەم سیستەمەدا. لە پرۆسەی دەستگیرکردنی تۆمەتباردا، لە دانپێدانانەکاندا، لە دادگا و دادگایی کردنەکاندا، لە پێناسەکردنی تاوان و تاوانناسی، لە لێهاتوویی دادوەر و داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری، لە پێناسەکردنی سزا و سزادان، لە هیچ کام لەم بوارانەدا تۆ نیشانەیەک لە دادپەروەری و حوکمدان بە تێگەیشتنێک کە مرۆڤی ئەمڕۆلەم چەمکانەی هەیتی نابینیت.
بۆیە کاتێک دەڵێین کەسانی بێتاوان لە سێدارە دەدرێن یان سزا دەدرێن، ئەوە تەنیا لە تۆمەتباری سیاسیدا سنووردار نییە. بێگومان کوشتنی چالاکانی سیاسی لایەنێکی گرنگی مەسەلەکەیە و تەنانەت لە زۆر حاڵەتدا نەیارانی سیاسی لەژێر ناوی تاوانباری باو و بە دروستکردنی کەیس لەسێدارە دەدرێن. بەڵام مەسەلەکە لەوە بنەڕەتیترە. کێشەکە لەوەدایە کە تەنانەت تاوانبارانی باو لە کۆماری ئیسلامیدا بە پشتبەستن بە سەرەتاییترین پێوەرەکانی دادوەری لە هەر وڵاتێکدا کە تۆڵەسەندنەوە و یاسا ئیسلامییەکان زاڵ نەبێت، لە ڕووی یاساییەوە بێتاوانن. تاوانەکەیان نەسەلمێنراوە و مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا بێ تاوانن تا تاوانەکەیان نەسەلمێنرێت. هیچ دادگایەکی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا ناتوانێت تاوانی هیچ کەسێک بسەلمێنێت، چونکە تەواوی سیستمی ئایینی دژ بە پێوەرە دادوەریەکانی مرۆڤایەتییە ئەم سەردەمەیە.
لە سێدارەدان لەم جۆرە سیستەمە چ بۆ تۆمەتبارانی سیاسی و ناسیاسی، دوو تاوانە. پێویستە بگوترێ هەموو ئەوانەی لەسێدارەدراون چ سیاسی یان ئاسایی بێ ئەوەی تاوانەکەیان بسەلمێنن کوژراون.
لایەنێکی ناڕەزایەتی ئێمە بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان ئەوەیە کە بەر بەحکومەتێکی دڕندە و خوێنڕێژ بگرین، کە لە ڕووی سیاسییەوە دەبێت بەردەوام لە کۆمەڵگە بدات وسەرکوتی بکات بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی. ئەگەر لە جیهاندا لە سێدارەدان بکەوتایە، وەها دڕندەییەک نەیدەتوانی ماف بەخۆی بدادت ملیۆنان کەس لە سێدارە بدات و بڵێت دەیباشە لە وڵاتانی دیکەشدا لە سێدارەدان هەیە. کاتێک لە سیستمە دادوەرییەکاندا لەسێدارەدان هەبێت، تەنانەت لە سیستەمی مۆدێرنیشدا، ئەوا سیستەمێکی دادوەری کە لە گۆڕەوە هەڵسابێت، وەک شەریعەتی ئیسلامی، شمشێری خۆی دەکێشێت و لێدەدات و دەکوژێت و پاساو بۆ تاوانەکانی خۆی دەهێنێتەوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی دژایەتیکردنی بنچینەیی ئێمە بۆ لەسێدارەدان ئەوەیە کە دەمانەوێت کە بەر بەئەو جۆرە دەسەڵاتە مرۆڤخۆرانە بگرین. ژمارە و ڕادەی لەسێدارەدانەکان، لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسی، لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی تاوانەکانیان نەسەلمێنراوە، لەسێدارەدانی گشتی لەچوارچێوەی سیستەمی دادوەریی ئایینی و دواکەوتوو و نامرۆڤانەدا، هەموو ئەمانە هەموو لەسێدارەدانەکان دەکەنە دیاردە و شتێکی ترسناک ، ئامرازێکە بۆ کوشتنی بێتاوانەکان لە کۆماری ئیسلامیدا.
کازم نیکخواە:ئەگەر مۆڵتم بدەی ئەم پرسیارە بکەم. کاتێک دەڵێیت بێتاوانەکان لە سێدارە دەدرێن، دەتوانی بە هەمان ئارگیومێنت بڵێیت ئەو سزادراوانەی کە حوکمی لە سێدارەدانیان بەسەردا نەسەپاوە، ئەو دەیان هەزار کەسەی کە بە تاوانی جۆراوجۆر لە زینداندان، هەموویان بێتاوانن؟ ئایا ئەبێت ئەوانە ئازاد بکرێن؟
حەمید تەقوایی: کاتێک لە هەموو سیستمی دادوەری کۆماری ئیسلامی دەکۆڵینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە مەسەلەکە تەنیا لەسێدارەدان نییە. هەر جۆرە تۆڵەو سزایەکی تاوانکاری کە لەلایەن ئەوانەوە دەربچێت، بە پشتبەستن بە سەرەتاییترین پێوەرەکانی یاسایی ئەمڕۆی جیهان، ڕەوا و دادپەروەرانە نییە. دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەبێ هەموو دۆسیەکان بکرێتەوە و دادگاییکردنەکان نوێ بکرێنەوە. بەداخەوە بۆ ئەوانەی لەسێدارە دراون هیچ ناکرێ، بەڵام بۆ ئەوانەی لە زینداندان، دەبێت هەر دۆسیەیەک بپشکنرێتەوە. چونکە دادگا ئیسلامییەکان بە هیچ شێوەیەک کارا نین. هیچ شتێک نەسەلمێنراوە. دەیان هەزار زیندانی هەن کە لە ڕووی یاساییەوە بێتاوانن، واتە تاوانەکەیان نەسەلمێنراوە. ئەگەر بەڕاستی کەسێک تاوانێکی کردبێت، دەبێت بیسەلمێنرێت. پێویستە ڕێز لە هەموو مافەکانی تۆمەتبار و تاوانباران بگیرێت. سیستەمی دادوەری دەبێت لەسەر بنەمای یاسا و ستانداردی مۆدێرن و ئینسانی و پڕۆسەی کارگێڕی بێت و هەموو کەیسەکان لەم چوارچێوەیەدا دووبارە بخرێنە بەر لێکۆڵینەوە. پێویستە زۆر کەس ئازاد بکرێن، کەرامەتی خۆیان بۆ بگەڕێندرێتەوە و کۆمەڵگا داوای لێبوردنیان لێبکات، چونکە یان ئەو تاوانەی بە پێی یاسای شەرع بەسەریاندا سەپێنراوە بە هیچ شێوەیەک بە تاوان حساب ناکرێت، یان ناتوانرێت تاوانەکەیان بسەلمێنرێت. تەنانەت بۆ ئەوانەی بەڕاستی تاوانبارن، پێویستە سزاکەیان بگۆڕدرێت. سزادان لەسەر بنەمای شەریعەت و تۆڵەسەندنەوە دڕندانە و نامرۆڤانەیە و پێویستە بەتەواوی وازی لێبهێنرێت.
زۆرێک لە سزاکان، و نەک تەنیا سزای لەسێدارەدان، لە کۆماری ئیسلامیدا دڕندانە و تاوانکارانەن و پێویستە هەڵبوەشێنرێنەوە. لە کۆماری ئیسلامیدا لە لەسێدارەدانەوە نەگەیت بە زیندان. سزاکانی وەک بەردبارانکردن، قامچی لێدان، بڕینی دەست وقاچ، چاو دەرهێنان هەیە – لەم دواییانەدا، لە حاڵەتی گەنجێکدا کە کچێکی کوێر کردووە کە تێزابی بەسەریدا ڕشتووە، بڕیاریانداوە کە بە ڕشتنی تێزاب کوێر بکرێتەوە – فڕێدانی لە بەرزاییەوە، هتد و هتد بەتەواوی قێزەون و دڕندە و دژە ئینسانیە و نابێت لە هیچ سیستەمێکی یاساییدا بەفەرمی بناسرێت. ئەم بەناو سزایانە زۆر لە خودی تاوانەکە تاوانکاریتر و دژە ئینسانیترن و دادوەر و دادگا و سیستەم و دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی دادوەری کە ئەو جۆرە حوکمە بەربەرییانە پەسەند دەکەن و دەردەکەن و جێبەجێی دەکەن و ئەبێت دادگای بکرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. تاوانی ئەوان زۆر قورسترە لە قوربانیانی ئەم سیستەمە.
کازم نیکخواە: بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چاوێک لە بەرامبەر چاوێکدا جێبەجێکردنی وردی دادپەروەرییە. چۆن بیر ئەکەیتەوە دەربارەی ئەمە؟
حەمید تەقوایی: باس لەوەش دەکەین کە بەڕاستی چاوێک لەبەرانبەر بە چاوێکدا چەندە دادپەروەرانەیە، بەڵام پێویست ناکات بچیتە ناو ئەم جۆرە باسانە و شارەزایەکی یاسایی یان پارێزەر بیت بۆ ئەوەی بزانیت بەردبارانکردن بەربەرییەتە. بەردبارانکردن زۆر قێزەونتر و دڕندانەترە لەو تاوانەی کە بەڕواڵەت ئەنجام دەدرێت. تاوانی ئەوانەی سزای بەردبارانیان بەسەردا سەپێنراوە چییە؟ سێکس لە دەرەوەی هاوسەرگیری یان ئەم جۆرە پەیوەندییە تایبەتەی مرۆڤەکان، کە لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە کۆمەڵگا و حکومەتەوە نییە. ئەمە تاوانە و دواتر سزاکە بەردبارانکردنە! تاوانباری ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە فەرمانی بەردبارانکردنی داوە نەک قوربانییەکە. مەرج نییە مرۆڤ شارەزای یاسایی بێت بۆ ئەوەی ئەمە وەک ئەهریمەنیی ببینێت. هەرکەسێک دیمەنی بەردبارانکردن بینیبێت دەزانێت تاوانێکی دڕندانەیە. یان بڕینی ئەندام و کوێرکردنی چاو و هتد.
ئەم هەموو سیستەمی تۆڵەسەندنەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بە دادپەروەری و وێژدان و پاراستنی کۆمەڵگا لە تاوان و هتدەوە نییە. ئەم بنەمایەی چاوێک لە بەرامبەر چاوێکدا چەندین سەدەیە لە مۆزەخانەکەدا دانراوە. سەر بە سەردەمی بەربەرییەت و سەردەمی عەشیرەت و کۆمەڵگە خێڵەکیەکانە. کۆماری ئیسلامی ئەم سیستەمە کۆنەی لە گۆڕ دەرهێنا و کردوویەتی بە یاسای هەنووکەیی لە کۆمەڵگادا. مەسەلەکە تەنها لەسێدارەدان نیە و بەردبارانکردن و ئەشکەنجەدان و قامچی لێدانیش تاوانن و ڕۆژانە ئەم تاوانە ڕوودەدات. کرێکاران بە تاوانی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی کرێکاران، بە قامچی لێدان سزا دەدرێن. جەوهەری ئەم کردەوەیە تاوانە. دیسانەوە پێی سیاسەت و تۆمەتبارکردن بە بێتاوانەکان دەکێشرێنە ناوەوە، بەڵام ئەگەر تاوانێکیش ئەنجامدرابێت، ڕۆحی ئەم جۆرە سزایە لە هەر تاوانێکی خەیاڵی یان ڕاستەقینە کە بۆ تاوانباران بگێڕدرێتەوە، قێزەونتر و نامرۆڤانەترە، و خۆی شایەنی سزایە. ئەم سزا تاوانکاریانە پێویستە لە سیستەمی دادوەری هەر کۆمەڵگایەک کە ڕێز لە مرۆڤ بگرێت، دوور بخرێنەوە. ئەم سزا ئیسلامیانە وەک نموونەی دڕندەیی و سەردەمی نیشتەجێبوونی ەشکەوت و سیستەمی قەبیلەیی و خێڵەکی لە مۆزەخانەدا بەجێبهێڵرێن. ئایین وەک وەسیلە و هەڵگرێک وایە کە کاردانەوەی سەدە و سەردەمەکانی بەستەڵەکە و بە جلوبەرگی پیرۆزی و فەرمانی ئیلاهی دایپۆشیوە و لە خۆیدا پاراستویەتی. هەموو ئایینەکان یەک ڕۆڵ دەگێڕن. ئەو قۆناغەی کە ئایینەکان تێیدا لەدایک بوون، سەردەمی کۆمەڵگای خێڵەکی و قەبیلەیە، کە تەنها وەک تۆڵەکردنەوە لە دادپەروەری تێدەگەن، هەروەها خوێن و تۆڵەی خێڵەکی. خوێن بە خوێن دەشۆن و چاوێک لە بەرامبەر چاوێکدا دەردەهێنن و خەڵکی عەشیرەتەکان شەڕی یەکتر دەکەن. ئایین، وەک خەرمانەیەکی پیرۆز، ئەم ڕوانینەی ئینسانە سەرەتاییەکانی لە عەدالەت و دادپەروەری لە خۆیدا بەستووە و گواستیوەتەوە بۆ سەردەمی ئێمە و لە هەر شوێنێک گەیشتبێتە دەسەڵات، وەک کۆماری ئیسلامی حوکمڕانی کۆمەڵگای کردووە. ئەوانەی لە گۆڕ دەرهێناوە، وەک ئایەتوڵڵا شەهرودی و ڕۆیشەهری و…هتد، دەسەڵاتیان بەدەستهێناوە و ئەم دڕندەیی و تاوانکارییە لە کۆمەڵگادا ئەنجام دەدەن.
کازم نیکخواە: بە هەر حاڵ ڕەوتگەلێک هەن دەڵێن بەردبارانکردن، تۆڵەسەندنەوە و… ئیسلامی نین. وەک بزووتنەوەکانی دووی خورادی کە پێیان وایە پێویستە خوێندنەوەیەکی جیاواز و وێنەیەکی جیاواز لە ئیسلامدا هەبێت، کە بەردبارانکردن دەبێ وازی لێبهێنرێت- بێگومان هێشتا دژی لەسێدارەدان نین، تەنیا دەڵێن لەبری ئەوەی لە شوێنە گشتیەکاندا ئەنجامی بدەن با لە پشت دیوارەوە لەسێدارەدانەکە ڕووبدات – بەڵام بەهەر حاڵ ئەگەر وا گریمانە بکەین کە لە سێدارەدان و بەردبارانکردن و قامچی لێدان و هتد دەستبەرداربن، ناڕەزایی ئێوە چییە؟ ئاخر نابێت کەسێک کە دزی دەکات یان تاوانێک دەکات سزا بدرێت؟ لە قسەکانت تێدەگەم کە تۆ هیچ جۆرە سزایەکی ئیسلامی قبوڵ ناکەیت.
حەمید تەقوایی: بەڵێ زیاتر باسی سزا ئیسلامیەکانم کرد، بەڵام مەسەلەکە لە زۆر لەوە زیاترە کە تەنها لیستی سزاکان بێت. لەم بارەیەوە ڕوونی دەکەمەوە، بەڵام سەرەتا با شتێک لەسەر ئەم تێڕوانینە بۆ دوو خوردادی بڵێم. ئەوان پێیان وایە “ئیسلام لە خۆیدا هیچ عەیبێکی نییە”. کێشەکە لای دەسەڵاتە، بەردبارانکردن و حیجابیش لە قورئاندا نییە و هتد. ئێمە ناچینە ناو مشتومڕی خوێندنەوەی جیاوازەکانی ئیسلامەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە کە ئایینەکە، بە هەر جۆرە لێکدانەوە و خوێندنەوەیەک، وەک وتم، دواکەوتوویی مێژوویی و دواکەوتوویی سەردەمی بەردینی کردووەتە نەگۆڕو، کردوویەتی بە کەلامواللە ، پیرۆزی کردوە و لە ئەنجامدا پاراستوویەتی. زۆرێک لەم دواکەوتووییە مێژووییانە کە پیرۆزی ئایینییان وەرنەگرتووە چارەسەر کراون و ئێستا پێویستە لە مۆزەخانەکاندا بەدوایاندا بگەڕێن. لە شۆڕشی دەستووریدا زاڵبوونی ئایین بەسەر کاروباری دادوەریدا دەردێک بوو و بابەتی ناڕەزایەتی خەڵک بوو. خەڵک عەدالەتخانەیان دەویست چونکە قاجار هەمان سیستەمی تۆڵەسەندنەوە و قامچی لێدان و بڕینی بەشەکانی جەستەی دامەزراندبوو. ئێستا دوای سەد ساڵ گەڕاینەوە بۆ تۆڵەسەندنەوە و هتد. لێرەشدا دیسان ڕۆڵی ئیسلام دەبینیت وەک وەسیلەیەک کە بەبەرد بوون پیرۆز دەکات و دەیپارێزێت.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە تا ئەو شوێنەی قورئان خۆیەوەیەتی، سورەتی قەساس سەرچاوەی زۆرێک لەو یاسا دژە ئینسانانەی شەریعەتە. یەکێک لە ئایەتەکانی سورەتی قیساس ئەوەیە کە دەبێت ژن لەبەرانبەر ژن ، پیاو بەرانبەر پیاو،کۆیلە بەرامبەر بە کۆیلە و پیاوی ئازاد لە پیاوی ئازاددا تۆڵەیان لێبکرێتەوە. ئەمە فەلسەفەی دادپەروەری ئیسلامییە. باسەکە لەسەر بکوژەکە نییە بەرامبەر بە قوربانییەکە. ژنێک دژی ژن واتا ئەگەر ژنێک لە عەشیرەتێک یان بنەماڵەیەک بکوژرێت، هەرکەسێک بکوژ بێت، دەبێت ژنێک لە عەشیرەتی بکوژەکە بکوژرێت! ئەگەر ئازادکراو کۆیلەکەی کوشت، دەبێت کۆیلەیەکی بنەماڵەی بکوژەکە بکوژیت! ئەمانە نیشان دەدەن کە تۆڵەسەندنەوە و یاساکانی شەریعەت لەسەر بنەمای خوێن و خێڵ و پەیوەندی خێزانییە. چونکە جۆرێکی دیاریکراو لە سزا لە قورئاندا هەیە یان نا، کێشەکە چارەسەر ناکات. ئەمە تەواوی فەلسەفە و جەوهەری حوکمی ئیسلامییە کە لە ڕادەبەدەر کۆنەپەرستانە و دڕندەیە. هەموو کەسێک ئازادە هەر خوێندنەوەیەکی بۆ بۆقورئان هەبێت، بەڵام پرسی سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی دین لەگەڵ هەر خوێندنەوەیەکدا ئەبێت بچێتە ناو یاسا و ڕێسا و دادوەریەوە ؟ ئایا نابێ دین بخەینە مۆزەخانە و یاسا لەسەر بنەمای مرۆڤ و مرۆڤایەتی و پاراستنی کەرامەت و مافی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا بنووسین؟ پێوەرەکە چییە؟ قسەی خودا یان پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ؟ ئەم دووانە وەک یەک نین. جا ئیسلام بێت، جولەکە، مەسیحی یان هەر ئاینێکی تر، هەرکاتێک دەسەڵاتیان هەبووبێت، زۆرترین تاوانیان بە مۆڵەتی فەرمانە ئیلاهییەکان ئەنجامداوە. کۆمەڵگە مرۆییەکان کە دوای سەدەکانی ناوەڕاست چوونەتە سەردەمی شارستانیەت، یەکەم کاریان دەرکردنی ئایین بوو لە حکومەت و یاسا و سیستەمی دادوەری. دەیانگوت هەر لێکدانەوە و خوێندنەوەیەکت هەیە بۆ ئایین کاری تایبەتی خۆتە، دوور بکەوەرەوە و شوێن کەسایەتی خۆت بکەوە، بەڵام کۆمەڵگا لە دەوری ئایین بەڕێوە ناچێت.
بەڵام لە دیوەکەی تری پرسیارەکەتدا، ئەگەر وا گریمانە بکەین کە بەردبارانکردن و قامچی لێدان و سزا قێزەونەکانی تر وازیان لێ هێنراوە و کەسێک بڵێ سیستەمی دادوەری شەرعی لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە، بەڵام پڕۆژە یاسای تۆڵەسەندنەوە و بەردبارانکردن و لەسێدارەدان و هتد. لادەبرێت، ئایا هێشتا ناڕەزایەتی هەیە؟ وەڵامەکە بەڵێیە، چونکە ئەمانە بەس نین. بنەمای کێشەکە ئەوەیە کە هەموو سیستەمەکە شەریعەتییە. سزاکان تەنها بەشێکن لەم سیستەمە. پرۆسەی لێپێچینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبار، پرۆسەی دادگاییکردن، مافی تۆمەتبار و تاوانباران، تاوانناسی، چۆنیەتی دانانی دادگاکان، تایبەتمەندی پێویست بۆ دادوەر و داواکاری گشتی و پارێزەرانی بەرگری، جیاکردنەوەی تاوانی کەسی و مەدەنی و سیستەمی تاوان بەپێی پۆلێنکردنی تاوانەکان و لە هەمووی گرنگتر فەلسەفە و ئەو بۆچوونەی کە هەیە سەبارەت بە حوکمدان و دادپەروەری، ئەگەر هەریەکێک لەم لایەنانە لەسەر بنەمای ئایین و شەریعەت بێت، هیچ پەیوەندییەکی بە دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤەوە نییە. بۆ نموونە مافی تاوانباران لەبەرچاو بگرن. لە هەندێک حاڵەتدا کۆماری ئیسلامی بە ملی تاوانباران هەڵدەواسێت و لە شاردا دەیانگێڕێتەوە. ئەمە کۆتایی زەلیلکردن و سوکایەتیکردنە بە خەڵک، لەگەڵ هەر تاوانێک. ئەمە وردکردن و تێکشکاندنی کەسایەتی تاکە. هەرکەسێک هەر تاوانێکی کردبێت لە ئەنجامدا مافی دیاریکراوی هەیە. دەبێت ڕووبەڕووی سزایەکی دیاریکراو بێتەوە، بەڵام سوکایەتیکردن و زەلیلکردن و شکاندنی کەسایەتی مرۆڤەکان سزا نییە، بەڵکو تاوانێکە کە دەتوانرێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت. لەم سیستەمەدا وەک ئەوە وایە کەسێک کە تاوانێکی ئەنجامداوە ئیتر مرۆڤ نەبێت و دەکرێت بە شێوەیەک لێبدرێت و سووکایەتی پێبکرێت و گاڵتەیان پێبکرێت و بێشەرەفی پێبکرێت کە تەنانەت دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکەیشی ئیتر نەتوانێت لە کۆمەڵگادا بژی .
کازم نیکخواە: بۆ ئاگاداریتان بینەرێکی تەلەفزیۆنی دەڵێت، براکەیان لەسەر تاوانێکی سادە قامچی لێدراوە و دواتر بۆ ماوەیەکی زۆر لە ماڵەوە نەهاتۆتە دەرەوە و دواجار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
حەمید تەقوایی: بەڵێ بەداخەوە لەم نموونانە کەم نییە. مەبەستی من ئەوەیە کە کەرامەتی مرۆڤ و دادپەروەری بەتەواوی لەم سیستمە دادوەرییەدا غایبە هەیە و مەسەلەکە تەنها لەسەر جۆری سزاکان نییە. تەنانەت ئەگەر تەواوی پڕۆژە یاسای تۆڵەسەندنەوەش وەلا بنێن، ئاخر هەمان فەلسەفەی یاسایی کە باوەڕی بە تۆڵەسەندنەوە و چاوێک لە بەرامبەر چاوێکدا هەیە، دادوەریش فێری دەکات، دادگاییکردن ئەنجام دەدات، دەستگیر دەکات، دانپێدانان و هتد. ئەم سیستەمە سەراتا پای دژی ئینسانیە. هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی مۆدێرنی ئەمڕۆوە نییە. هیچ پەیوەندییەکی بە تێگەیشتنی مرۆڤی ئەمڕۆوە نییە بۆ خۆی و ئەو ڕێزەی کە بۆ خۆی هەیەتی. یاساکانی سەردەمی کۆنی قەبیلەیی و خێڵەکی کە لەسەر بنەمای پەیوەندی خوێن و پەیوەندی کۆیلایەتی و پەیوەندی نێوان “موسڵمان و کافر” دەیانەوێت لە جیهانی ئەمڕۆدا ڕەواج پێبدەن. ئێستا وای دابنێین واز لە بەردباران بهێنن، ئەی چی لەگەڵ هەموو ئەو سیستەمە دەکەی کە ڕێگە بە بەردبارانکردن دەدات؟ لەم سیستەمەدا شتێک نییە بە ناوی مافی تاوانکارەوە.
کازم نیکخواە: با لێرەدا کەمێک بوەستین. بەڕای ئێوە مافی تاوانباران ئەبێت چی بێت؟
حەمید تەقواییی: لە بەرنامەی دونیایەکی باشتردا (بەرنامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری)، بەشێکی بە وردی تایبەتە بە مافی تاوانباران. بێگومان نەک هەر لە کۆماری ئیسلامیدا، بەڵکو لە هەموو ئەو دیکتاتۆریەتانەی کە تا ئێستا لە ئێران دامەزراون، مافی تاوانباران دانیان پێدا نەنرا، بەڵام جیاوازی کۆماری ئیسلامی لەوەدایە کە فۆرماڵیزم و شەرعیەتی بەم بێ یاساییە بەخشیوە .
مافی یەکەمی تۆمەتبار ئەوەیە کە لە کاتی دەستگیرکردنیان لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا تاوانەکەی بۆ ڕوون دەکرێتەوە و تۆمەتبار مافی ئەوەی هەیە دەستبەجێ پارێزەر وەربگرێت و مافی ئەوەی هەیە تەنها بە ئامادەبوونی پارێزەر قسە بکات . یاساکانی تاوانکاری مۆدێرن دەڵێن تەنانەت تۆمەتبار مافی ئەوەی هەیە لە دژی خۆی شایەتی نەدات. دانپێدانان بە هۆی هەر جۆرە فشارێکی دەروونی یان جەستەییەوە دروست نییە. و دووەم: تەنها دانپێدانان بە تاوانەکەدا بەس نییە. دانپێدانان کاتێک ڕەوایە کە بە هۆکاری بابەتیی پشتڕاست بکرێتەوە. تۆمەتبار دەتوانێت بە هەر هۆکارێک دان بە تاوانێکدا بنێت، بەڵام بە هۆکاری بابەتیی دیکە دانپێدانانەکە ڕەت بکاتەوە. بەڵام لە یاساکانی شەریعەتدا دانپێدانان بەسە بۆ سەلماندنی تاوانێک. هەمان ئەو دانپێدانانە کە لە ژێر هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی دەروونی و جەستەیی ئەنجامدراوە.
مافی هەبوونی پارێزەر، مافی سەردانیکردن و پەیوەندیکردن بە جیهانی دەرەوە، قەدەغەکردنی دەستگیرکردن بەبێ ڕوونکردنەوەی تاوان بۆ تۆمەتبار و هتد و هتد، لایەنەکانی تری مافی تاوانبارانن. لە سیستەمی ئیسلامیدا پێشێلکردنی مافی تۆمەتبار و تاوانباران هەر لە هەنگاوی یەکەمەوە دەست پێدەکات، واتە کردەوەی پۆلیس و هێزی جێبەجێکردن کە تۆمەتبار دەستگیر دەکات. خەڵک دەگرن بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوە بۆ کەس بدەن. بەسە بۆ ئەوان بانگەشەی ئەوە بکەن کە تۆ سوکایەتیت بە پێشەنگی ئایینی کردووە یان تۆ سیخوڕی ئیسرائیلیت و دەستگیرت بکەن. ئەشکەنجە، کە لەم سیستەمەدا پێی دەوترێت تەعزیر، بە تەواوەتی بە حەڵاڵ و شەریعی دادەنرێت.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئەوان بەبێ ئەوەی ناوی لەسێدارەدراوەکە ڕابگەیەنن لەسێدارەی دەدەن. نەک هەر دادگاکان کراوە و شەفاف نین و کەس ئاگاداری پرۆسەی دادگاییکردنەکە نییە، بەڵکو تەنانەت لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ناوی لەسێدارەدراوەکان ڕاناگەیەنرێت. هەرچی بیر لە سزای لەسێدارەدان دەکەینەوە، ئەمە سروشتی تاوانکاریی سیستەمی دادوەری ئیسلامی نیشان دەدات. تەنانەت ئەگەر ڕێگە بە سزای لەسێدارەدان بدەین، حکومەت ناتوانێت کەسێک لەسێدارە بدات بەبێ ئەوەی کۆمەڵگا بزانێت تاوانەکە چی بووە و تۆمەتبار کەی دەستگیرکراوە و بۆچی دەستگیرکراوە و هتد. لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکانی ئەمڕۆدا، کاتێک کوشتنێک یان تاوانێکی گرنگ ڕوودەدات، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە ڕای گشتی لە ڕێگەی ڕۆژنامەگەرییەوە ئاگادار دەکرێتەوە و ئیجرائاتی دادگا لە لایەن پەیامنێرانەوە ڕاپۆرت دەکرێت. تەنانەت ئەگەرزەڕەیەکیش ماف حەق بکرێتە ناحەق و بۆ نموونە ئەگەر پارێزەری بەرگری بیسەلمێنێت کە لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتباردا، ئەم مافە یان ئەو مافە ڕەچاو نەکراوە، دادگا دەسەڵاتی لێپرسینەوە لە کەیسەکەدا لەدەست دەدات و تەواوی دۆسیەکە بە نادروست ڕادەگەیەندرێت. ئەوەندە وەسوەسە و وردبینی لە ڕەچاوکردنی مافی تۆمەتبارەکاندا هەیە. لە کۆماری ئیسلامیدا نەک تەنیا بە کردەوە بەڵکو لە ڕووی ڕەسمی و یاساییشەوە مافێکی لەو شێوەیە شوێنێکی لە ئیعرابدانیە.
خاڵێکی گرنگ سەبارەت بە سیستەمی دادوەریی ئیسلامی ئەو جیاکاری و هەڵاواردنەیە کە بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی لە نێوان موسڵمانان و کافرەکاندا هەیە. کافرەکان تەنانەت نیوەی مافی موسڵمانانیان نییە. لایەنێکی دیکە جیاکارییە لە نێوان ژن و پیاودا. لە زۆر بواردا ژنان یان مافیان نییە یان نیوەی مافی پیاوان هەیە. بۆیە لەم سیستەمەدا هاووڵاتی یەکسان نین. بنەمای دادپەروەری لە کۆمەڵگا مەدەنییەکاندا مافی هاووڵاتیبوونە. هاووڵاتیان مافی یەکسانیان هەیە بەبێ گوێدانە ئایین و ڕەگەز و هەردوو ئەم لایەنانە لە یاساکانی شەریعەتدا پێشێل دەکرێن.
بنەمای سیستەمی دادوەری ئیسلامی مافی موسڵمانانە. وە دووەم: پیاوی موسڵمان مافی زیاتری هەیە لە ژنان. بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئەگەر کەسێک موسوڵمانێک بکوژێت تاوان و سزاکە زۆر قورستر و توندترە لەوەی کە کەسێک کەسێکی ناموسڵمان بکوژێت. لە هەندێک حاڵەتدا دروستە کە غەیرە موسڵمانەکان بکوژرێت، بۆ نموونە لە حاڵەتی لادەرەکان واتە ئەوانەی لە ئایینی ئیسلام دەرچوون. بەهاییەکان حاڵەتێکی تایبەتی ئەم جۆرە لە لادەرانەن. لە پێوەندی لەگەڵ ژنان، حاڵەتەکانی کوشتن سزا نادرێن. وەک کوشتنی شەرەف، واتە کوشتنی ژنێک کە سێکس لەگەڵ کەسێکی تر دەکات لەکاتێکدا “تاوانێک دەکات” لەلایەن هاوسەرەکەیەوە. بەپێی یاساکانی شەریعەت ئەم جۆرە تاوانانە بە کوشتن نازانرێت. لە پڕۆژەیاسای تۆڵەسەندنەوەدا بابەتی کوشتنی شەریعی هەیە کە هیچ سزایەکی تێدا نییە.
لێرەدا دێینە سەر پێناسەی تاوان و تاوانناسی. لە سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامیدا، کوشتنی کافرێک بەدەستی موسڵمان بە کوشتن نازانرێت. یان مردنی ژنێکی “خائین” لەلایەن مێردەکەیەوە. یان کچێکی “خیانەتکار” بەدەستی براکەی یان باوکی. جگە لەوەش هەندێک کوشتن داشکاندنی بۆ دەکرێت! بۆ نموونە لە پڕۆژە یاسای تۆڵەسەندنەوەدا دەوترێت ئەگەر باوکێک منداڵەکەی بکوژێت، تۆڵەسەندنەوەکە کەمترە لە کوشتنێکی ئاسایی. دەتوانێت بەخشین بدات و گوناهەکەی پاک دەبێتەوە!
بۆیە تێگەیشتن و هەڵسەنگاندن لە تاوان لە یاساکانی شەریعەتدا بە تەواوی پەیوەستە بە ئایین و ڕەگەز و پەیوەندی خێزانی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتردا. چەمکی هاووڵاتیبوون و مافی یەکسانی هاووڵاتیان لەم سیستەمەدا بوونی نییە. نموونەیەکی دیکە کە ئەم ڕاستییە دەردەخات، مافی منداڵانە. له کۆمه ڵگه کانی ئه مڕۆدا، منداڵان یان که سانی خوار تەمەنی یاسایی کە تاوان ئەنجام دەدەن، مافی تایبەتیان هەیە، بەڵام لە سیستمی دادوەریی ئیسلامیدا، ئەو جۆرە مافانە دانیان پێدا نانرێت و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت پێچەوانەکەیشە. باوکێک منداڵەکەی بکوژێت مافی تایبەتی هەیە! منداڵ و هەرزەکار تا دەگەنە تەمەنی یاسایی لە زینداندا دەهێڵرێنەوە، ئەوەش لەبەردەم یاساکانی ئەمڕۆدا، ئینجا لەسێدارە دەدرێن! موسڵمان مافی تایبەتی هەیە، پیاو مافی زیاتری هەیە، بەڵام منداڵ مافی نییە.
هەموو ئەم حاڵەتانە ئەوە دەردەخەن کە باسەکە لە یاسا بەربەریەکانی وەک لە سێدارەدان و بەردبارانکردن و هتد تێدەپەڕێت. ئەم یاسایانە بەرهەمی سیستەمێکە کە ئەگەر بیبڕیت و لە چنگە خوێناوییەکانیش بدەیت، لە بنەڕەتدا دژە مرۆڤ و دواکەوتوو و بەربەرییە لە سروشتی خۆیدا. نە تاوانناسییەکەی کاریگەرە، نە پرۆسەی دەستگیرکردن و دانپێدانانەکەی، نە دادگاکەی دادگایە، نە دادوەرەکەی دەسەڵاتی دادوەرییان هەیە. بەڕای من دادوەری شەریعەت لە پۆلی یەکەمی یاسا لە هەر کۆلێژێک ڕەت دەکرێنەوە. بەهیچ شێوەیەک تێگەیشتن و بیرۆکەی ئەو لە دادپەروەری و حوکمدان لە پشتی مرۆڤێکی ئاساییەوەیە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا چونکە لە فەیزەی قوم پەروەردەکراوە.
با نموونەیەک بهێنمەوە بۆ ئەوەی زیاتر ڕوون بێتەوە کە سیستەمی دادوەری ئیسلامی چ جۆرە دیاردەیەکە. بەپێی ئەم سیستەمە کەسێک زینا بکات – زینا ناوێکی نەرێنییە کە ئایین بە پەیوەندییە سێکسییە غەیرە شەریعەتییەکانی مرۆڤەکان دەیدات- تاوانێکی گەورە ئەنجام دەدات، لەکاتێکدا سێکس بابەتی تایبەتی تاکەکانە و نابێت بە هیچ شێوەیەک بە تاوان هەژمار بکرێت. بەپێی یاساکانی شەریعەت، ئەگەر ژنێک لە دەرەوەی هاوسەرگیری سێکسی کرد، تەنانەت ئەگەر مێردەکەی هیچ ناڕەزایەتییەکی نەبێت، حکومەت بەسەریدا تێناپەڕێت؛ تاوانێکی کردووە کە شایەنی بەردبارانکردنە! ئەبێت تا نیوەی بە خۆڵ داپۆشرێت و ئەوەندە بەرد سەری لێبدات کە ئازاری بچێژێت! بەڵام ئەگەر کوشتنێک ڕووبدات، ڕەزامەندی بنەماڵەی قوربانییەکە مەرجە! واتە کوشتن بابەتێکی تایبەتە، بەڵام سێکس بابەتێکی کۆمەڵایەتییە! ئەم سیستەمە بەتەواوی سەرەوە و خوارە! ئەم پێچەوانەبوونەوەیە لەوەدا دەبینیت کە پەیوەندی سێکسی تاوانە، بەڵام ئازاردان بە بەرد بارانکردن تاوان نییە!
بنەمای کێشەکە لەوەدایە کە فەلسەفە و خاڵی دەستپێکی ئەم سیستمە دادوەرییە لە بنەڕەتدا کۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەندی مرۆیی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو کۆمەڵگەی خێڵەکی و قەبیلەیی. شێوازی تێڕوانینی ئیسلام لە کۆمەڵگا و سەیرکردنیچەمکی تاوان و سزا و ماف و بەرپرسیارێتی تاکەکان بەرامبەر بە یەکتر و پەیوەندی تاکەکان لەگەڵ یەکتردا بە تەواوی ڕەگ و ڕیشەی لە سەردەمی کۆیلایەتی و کۆمەڵگا خێڵەکییەکان هەیە. هەموو ئەمانە پەیوەندییان بە 1400 ساڵ لەمەوبەرەوە هەیە، سەر بە سەردەمی حوشترن و هیچ پەیوەندییەکیان بە سەردەمی ئەمڕۆوە نییە. ئەم هەموو سیستەمە پێویستە گسک بدرێت و بخرێتە لاوە.
کازم نیکخواە: ئەوژاتەش لە هەمان ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەریش ئەم جۆرە یاسایە لە پشت کۆمەڵگا شارستانییەکانی سەردەمی خۆیەوە بوو.
حەمید تەقوایی: ڕاستە. ئایینی ئیسلام لە یەکێک لە دواکەوتووترین کۆمەڵگاکانی ئەو قۆناغەدا دروست بووە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تەنانەت نوێنەری پێشکەوتن و شارستانیەتی سەردەمی خۆی نییە.
کازم نیکخواە: بەڵێ. بە گشتی باسەکە بۆ فەلسەفەی یاسایی سیستەمی دادوەری ڕاکێشرا. بەڕای ئێوە فەلسەفەی سیستەمی دادوەری دەبێ چی بێت؟ وە لەم ڕوانگەیەوە هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ سیستەمی ئیسلامی چییە؟
حەمید تەقوایی: لەو کۆمەڵگە مرۆڤدۆستانەدا کە ئێمە دەمانەوێت و کۆمەڵگایەکی وامان لە بەرنامەی دونیایەکی باشتردا ناساندووە، فەلسەفە و بنەمای سیستەمی دادوەری و سزای دوو لایەنی هەیە: یەکەم: پاراستنی کۆمەڵگە لەو تاوانانەی کە دەیگرنەبەر و دووەم پەروەردە.کردنی تاوانباران و گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوان. با ئەوەش بڵێم زۆرینەی ئەو تاوانانەی لە کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆدا ڕوودەدەن، ڕەگ و ڕیشەی ئابووری و کۆمەڵایەتییان هەیە. تاوانەکان ڕەگ و ڕیشەی لە سیستەمی چینایەتی سەرمایەداریدا هەیە. بۆیە کاتێک باس لە کۆمەڵگەیەکی ئایدیاڵ دەکەین، وا گریمانە دەکرێت کە بەستێنە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تاوان نەماون یان بۆ کەمترین ئاست کورت کراونەتەوە. ئه مڕۆ ئه گه ڕ تاوان و تاوانه کانی هه موو وڵاتان بکه یته وه ، ته نانه ت له پێشکه وتووترین کۆمه ڵگه پیشه سازییه کانی وه ک ئه مریکا، ئینگلتەرا، فه ڕه نسا و هتد، بۆت ده رکه وێت که زۆرینه ی ڕه هایان له هه ژاری و بێکاری و نه بوونی ئاسایشی کۆمه ڵایه تی و ئابووریدان ، یان ، ڕەگ و ڕیشەی لە دەمارگیری ئایینی، میللی، نەتەوەیی، ئەخلاقی و “شەرەف”یدا هەیە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن حکومەت و چینی دەسەڵاتدار لە کۆمەڵگادا سووتەمەنی پێ دەدرێت. ئەگەر ئەم دەزگایە لە کۆمەڵگە دوور بخرێتەوە، ئەگەر هەژاری و جیاکاری نەمێنێت، ئەگەر خورافات و دەمارگیریە قەومی و ڕەگەزییەکان بنبڕ بکرێن، وە ئەگەر شەرەفپەرستی و ئەخلاقی ئایینی ڕزیو و دواکەوتوو حوکمڕانی کۆمەڵگە نەکات، تاوان ڕوونادات. بۆیە خاڵی یەکەم ئەوەیە کە دەبێت زەمینە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تاوان نەهێڵرێت. بەڵام تا نەگەینە ئەو جۆرە کۆمەڵگا مرۆڤانە و لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە ڕەنگە بە هۆکارێک لەم کۆمەڵگایانەدا ڕوو بدەن، پێویستە فەلسەفەی یاسایی و دادوەری لە لایەک بۆ پاراستنی کۆمەڵگا بێت و لە لایەکی ترەوە بۆ پەروەردەکردنی تاوانباران و گەڕانەوەیان بێت بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی ئاسایی. کۆمەڵگە تۆڵە لە کەس ناکاتەوە، تاوانبارانیش بە سروشت بە گوناهبار و ستەمکار و نەگۆڕ دادەنرێت. هەر لەبەر ئەمەشە ئێمە پێمان وایە نەک تەنها سزای لەسێدارەدان بەڵکو زیندانی هەتاهەتایی هەڵبوەشێنرێتەوە. زیندان لە ڕاستیدا شوێنێکە بۆ ڕاهێنانی خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی.
یاساکانی شەریعەت ڕێک سەد و هەشتا پلە لە بەردەم ئەم فەلسەفە و تێڕوانینە ئینسانیەدایە بۆ سیستەمی دادوەری. نەک هەر یاساکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو هەر ئایینێکیش. هەرکاتێک ئایینەکانی تر سەرچاوەی شتێک بوون، هەمان جۆری کارەساتیان ئەنجامداوە کە کۆماری ئیسلامی سەرقاڵی ئەو کارەساتەیە. وەک مەسیحیەت لە سەدەکانی ناوەڕاستدا. مرۆڤایەتی شارستانی ڕاپەڕیوە و ئایینی مەسیحی خستۆتە ناو چاڵێکەوە، ئاین پاشەکشە پێکردوەو کردویەتی بە بە پرسێکی تایبەت و دەستی لە حکومەت و یاساکان بڕیوە. و بە پێچەوانەوە هەر ئایینێک لە دەسەڵاتدا دەبێت، هەمان شێوازی تاوانکاری لە کۆماری ئیسلامیدا دەخولقێنێت.
یاسا و فەلسەفەی یاسایی کۆماری ئیسلامی، وەک وتم، لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای پەیوەندیی خوێن و بنەماڵەیی، ڕەگەز و بیروباوەڕی ئایینی مرۆڤەکان دامەزراون و هەر بۆیە بە سروشت، نامۆن بە دادپەروەری و ویژدان و یەکسانی لە نێوان مرۆڤەکاندا. لە یاساکانی شەریعەتدا پێش هەموو شتێک موسڵمانان بە تەواوی لە یەکتر جیان. دووەم: پیاوان مافیان زیاترە لە ئافرەتان و سێیەم: سزا و تاوان لەسەر بنەمای خوێن و پەیوەندی خێزانی پێناسە دەکرێت. کۆمەڵگەی مەدەنی بە گشتی لەم سیستەمەدا غایبە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لەم سیستەمەدا باسی میراتگرەکان، خوێن بایی، و هتد دەکەین. خاوەنی خوێنی ئەو کەسەی کە دەکوژرێت – واتە بنەماڵە و خێڵی پەیوەندیدار – دەتوانێت ڕەزامەندی بدات یان نا و بە خۆی لە سێدارەی بدات. لە حاڵەتی تاوانی تردا، ئەندامی خێزانی قوربانییەکە دەتوانێت هەمان زیان بە تاوانبارەکە بهێنێت کە بەسەر ئەندامی خێزانەکەیدا هاتووە. وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، سورەتی قساس بە ڕوونی باس لە کۆیلە دژی کۆیلە، پیاو لە دژی پیاو و ژن لە دژی ژن دەکات.
کازم نیکخواە: ئاخر هەندێک ئەم تۆڵەسەندنەوەیە و تۆڵەسەندنەوەی بنەماڵەیی بە جێبەجێکردنی دادپەروەری دەزانن.
حەمید تەقوایی: دەزانی بۆچی؟ ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی بە تەواوی لەم سیستەمی بیرکردنەوەیەدا غائیبە. لە سیستەمی شەریعەتدا موسڵمان و کافر هەیە. هەروەک چۆن لەم سیستەمە کۆمەڵگە و حکومەتی ئیسلامی هەیە، دادپەروەریش ئیسلامییە؛ پەیوەندی بە موسڵمانانەوە هەیە. لە قورئاندا بنچینەی مافی مرۆڤەکان ئایینەکەیانە، پاشان ڕەگەز و خوێن و پەیوەندی عەشیرەتیان. ئەمڕۆ بەهۆی ئەوەی جیهان بەرەو پێشەوە چووە و خێڵ و عەشیرەتەکان بێمانا بوون، کۆماری ئیسلامی ناچار بووە تۆڵەی ئەندامانی بنەماڵە کوژراوەکان و پرەنسیپی “ژن دژی ژن” و “پیاو لە دژی پیاوکورت بهێنێ بەڵام بنەمای باڵادەستی موسڵمان بەسەر کافر و باڵادەستی پیاو بەسەر ژندا بە تەواوی پاراستووە. تەنانەت پەیوەندییە خێزانیەکانیش هێشتا پارێزراون. یاساکانی کۆماری ئیسلامی باس لەوە دەکەن کە کەسوکارە پلە یەکەکانی بکوژ دەبێ فیدیە بدەن و ئەگەر نەیانتوانی بیدەن، ئەوا لەکەسوکاری پلە دوو فیدیە وەربگرن. واتە یەکەم: هەموو بنەماڵەی قوربانییەکە ستەم و تەعەدایان لێ کراوە و مافی خۆیانە لە بکوژەکە خۆش بن یان لێی خۆش نەبن، دووەمیش هەموو بنەماڵەی بکوژەکە بەرپرسیارن و پێویستە سزا بدرێن! واتە بنەمای تۆڵەسەندنەوە تۆڵەی عەشایەری و بنەماڵەیە!
ئەگەر بە هەر ئەندامێکی ئاسایی کۆمەڵگەی ئەمڕۆ، کە مەرج نییە زانیاری یاسایی و دادوەری زۆری هەبێت، بڵێی دادپەروەری واتە پاراستنی کۆمەڵگە لە تاوان و پەروەردەکردنی تاوانباران، ئەوا بە تەواوی لەگەڵت هاوڕان. بەڵام ئیسلام دەڵێت دەبێت خوێن بە خوێن بشۆردرێت، تۆڵەکردنەوەش بکرێت و تۆڵەکردنەوە هیچ مانایەکی تری نییە جگە لە تۆڵە بە تۆڵە.
لە لایەکی تریشەوە بناغەی پەیوەندی خوێن و خێزانی لەوەدا دەبینیت کە باوک یان باپیری باوک دەتوانێت منداڵەکەی یان نەوەکەی بکوژێت و تەنها فیدیەیەک بدات. بۆچی؟ چونکە خۆی خاوەنی خوێنەکەیە!چونکە میراتگرەکان دەتوانن لە کوشتن ڕزگاریان بێت و باوکیش خۆی میراتگرە!
لەم پەیوەندییە خوێن و خێزانییەدا ژن و پیاو پێگەی تەواو جیاوازیان هەیە. شایەتحاڵی ژن یەکسانە بە نیوەی شایەتحاڵی پیاو، ژنیش نیوەی پیاو میرات وەرگرێت و کوشتنی ژنێکی “خائین” بە هیچ شێوەیەک بە تاوان نازانرێت، لەکاتێکدا ژن ناتوانێت دەستی بەرز بکاتەوە بەرامبەر پیاوێکی “خائین”. بەهیچ شێوەیەک ڕێگای ئایینی وەک سیغە و فرەژنی هەیە کە لە بنەڕەتدا چەمکی “خیانەتی پیاو” بێ مانای دەکات.
لایەنێکی تر و ڕەنگە گرنگترین لایەنی باڵادەستی موسڵمان بەسەر کافرەکاندا. یاساکانی شەریعەت ئاماژە بە هاوڵاتی ناکەن، ئاماژە بە موسڵمانان دەکەن. لە گەڵاڵەی تۆڵەسەندنەوەی کۆماری ئیسلامیدا باس لەوە کراوە کە ئەگەر موسڵمانێک بکوژرێت، بکوژەکە شایەنی لە سێدارەدانە. واتە ئەگەر کەسێکی غەیرە موسڵمان بکوژرێت سزاکەی جیاوازە. یاسای تۆڵەسەندنەوە باس لەوە ناکات کە دەبێت چی بکرێت سەبارەت بە کوشتنی ئەندامانی کۆمەڵگا. چەمکی ئەندامانی کۆمەڵگا سەربەخۆ لە ئایینەکەیان هیچ جێگەیەکی لەم سیستەمەدا نییە.
بەشێکی دیکەی پڕۆژەیاسای قەساس سەبارەت بە یاساکانی پەیوەست بە کوشتنی کافرەکان لەلایەن یەکترەوە. بەڵام لە هیچ شوێنێک نەگوتراوە چی بکرێت ئەگەر موسڵمان کافرێک بکوژێت، چونکە لە شەریعەتی ئیسلامیدا ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە کوشتن نازانرێت. واتە یەکەم، یاساکانی پەیوەست بە کوشتن جیاوازن لە یاساکانی پەیوەست بە موسڵمانان ئەگەر بکوژ و قوربانییەکە کافر و ناموسڵمان بن، دووەمیش کوشتنی کافر بە هیچ شێوەیەک بە کوشتن نازانرێت. ئەم بیرکردنەوەی ئایینییە ناتوانرێت بە تێگەیشتن و فەلسەفەی مۆدێرن و فەلسەفەی دادپەروەری و حوکمدان بە هیچ جۆرە لێکدانەوە و خوێندنەوەیەکەوە ببەسترێتەوە.
لە پڕۆژەیاسای تۆڵەسەندنەوەدا حاڵەتی دیکەش هەن کە لە فاشیزمەوە نزیکن. لە پڕۆژە یاسای تۆڵەسەندنەوەدا هاتووە، ئەگەر کەسێکی عاقڵ شێتێک بکوژێت، تەنها دەبێت فیدیەیەک بدات. واتە ئەگەر دەوڵەمەند بیت دەتوانی شێتەکان بکوژیت و فیدیە بدەیت و ژیانی خۆت بژیت. فاشیزمی هیتلەر بەتەواوی هەمان کاری کرد. لایەنگری مرۆڤە تەندروست و بەهێزتر و باڵادەستەکان بووە و کەمئەندام و دواکەوتووی دەروونی بە شایستەی مردن دەزانی. لە ئیسلامدا مرۆڤ بە شێت نازانرێت. دەکرێت شێتەکان بە دانی فیدیەیەک، کە کەمترە لە هی کەسێکی عەقڵ، بکوژرێت و سزا نەدرێت.
کۆی ئەم یاسایانە وێنەیەکی کارەساتبار لە سیستەمی دادوەری شەریعەت دەدات بەدەستەوە. لەسەر بنەمای خوێن و تۆڵەی خێزانییە. سزای بکوژەکە بە ڕەزامەندی بنەماڵەی قوربانییەکە دەبێت. بنەماڵەی قوربانییەکە دەتوانن ڕەزامەندی بدەن و تەنانەت واز لە فیدیەکەیان و لەم حاڵەتەدا بکوژەکە لە هەر سزایەک بێبەرییە. باوک دەتوانێت منداڵەکەی بکوژێت و دۆسیەکە بە فیدیەیەک یەکلایی بکاتەوە. کەسێکی عاقڵ دەتوانێت شێتێک بکوژێت و بە پێدانی فیدیەیەک دۆسیەکە یەکلایی دەبێتەوە. مێرد مافی ئەوەی هەیە ژنە “خیانەتکار”ەکەی بکوژێت. ئەگەر موسوڵمانێک لەلایەن کەسێکی بێباوەڕەوە کوژرا، ئەوا دەبێت بێباوەڕەکە بکوژرێت، و فیدیە و ڕەزامەندی میراتگران و هتد، ئیتر هیچ ئیعتیبارێکی نابێت، بەڵام کوشتنی بێباوەڕ لەلایەن موسڵمانێکەوە نەک تەنها بە کوشتن نازانرێت، بەڵکو لە هەندێک حاڵەتدا ئەرکی موسڵمانانە، وەک کوشتنی لادەرەکان، کە واجبێکە لە ئیسلامدا. وە لیستی سزاکانی شەریعەت بریتییە لە لەسێدارەدان و قامچی لێدان و بەردبارانکردن و بڕین و کوێرکردن و فڕێدان لە بەرزاییەوە.
ئەم سیستەمە خۆی سیستەمێکی بەرهەمهێنانی تاوانە. سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامی ماشێنێکی ئینسان کوشتنە. ئامێرێکی تاوانکارییە. ئامێری تاوانە بە مانا فراوانەکەی وشەکە. هەرکەسێک لەم سیستەمەدا ڕۆژێک لە زیندان بەسەر ببات، تاوانی لە دژ ئەنجامدراوە. ڕاست بۆتە هەڵە. نادادپەروەرانە بووە. ئەی ئەگەر کەسێک لە سێدارە بدرێت، بەردباران بکرێت، یان قامچی لێ بدرێت، یان ئەندامەکانی جەستەی ببڕن. هەروەک وتم دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی، پێویستە سەرلەنوێ لە هەموو کەیسەکان پێداچونەوەیان بۆ بکرێتەوە. بەڵام ئەو تاوانەی لە دۆسیەی ئەو کەسانەدا ئەنجامدراوە کە سزای لەسێدارەدان و بەردبارانکردنیان بەسەردا سەپێنراوە، بەهیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە. ئەمانە تاوانن کە بۆ هەمیشە لە مەلەفی ڕەشی ئەم دەسەڵاتەدا دەمێننەوە.
بەڕای من یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەتی ئینسانی کە جێگای ئەم دەسەڵاتە دەگرێتەوە ئەوەیە کە هەموو ئەو دادوەرە کانی شەریعەت و هەموو ئەوانەی بەشدارن لە پەسەندکردن و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەدا دادگایی بکات. ئەمە وانەیەکە بۆ مرۆڤایەتی ئەمڕۆ. دڕندەترین، قێزەونترین، بەرفراوانترین لەسێدارەدان لە کۆماری ئیسلامیدا ڕوویانداوە و بەڕای من ئەگەر بمانەوێت ئەو لەسێدارەدان لە هەموو جیهاندا هەڵبوەشێنینەوە، پێویستە ئەم نموونەیە بخرێتە بەر چاوی جیهان. لە هەموو شوێنێکی جیهان بە بێ ئابڕوکردنی کۆماری ئیسلامی لەسێدارەدان قەدەغە بکرێت. پێویستە ئەم نموونەیە لەقاوبدرێت و بە هەموو لایەک نیشان بدرێت کە تاوان نەک بە لەسێدارەدان بەڵکو بە بنبڕکردنی هەژاری و نایەکسانی ڕادەگیرێت. نەک هەر لە ئێراندا، بەڵکو لە خودی ڕۆژئاوای پیشەسازیدا، هەر ئەم سەرمایەدارییە کە نائەمنی ئابووری، هەژاری، بێبەشی، خورافاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەرهەم دەهێنێتەوە و بنەمای تاوانکاری دابین دەکات. بە نموونەی کۆماری ئیسلامی کە دڕندەترین و دژە ئینسانیترین سیستەمی یاسایی سەردەمی ئێستایە، دەتوانین پێشکەوتووترین سیستەمی یاسایی ئەمڕۆ بخەینە ژێر پرسیارەوە و ڕایبگەیەنین کە نەک تەنیا سیستەمی یاسایی و دادوەری، بەڵکو هەموو کۆمەڵگا دەبێ وابێت لەسەر بنەمای کەرامەتی ئینسانی بەڕێوەدەچێت. وە هیوادارم کاتێک کۆماری ئیسلامی دەڕوخێنین، نموونەیەک لە کۆمەڵگایەکی ئینسانی و تێگەیشتن و هەڵوێستێکی نوێ لە یاسا و چەمکی تاوان و سزا و دادپەروەری، کە چەندین کیلۆمەتر لە پێشەوەیە و لە پێشکەوتووترین کۆمەڵگە سەردەمیەکان مرۆڤدۆستانەترە، بەدەست بهێنین. بەداخەوە کۆمەڵگای ئێران لە بنی ڕیزەکەدایە. نەک خەڵک بەڵکو حکومەتی ئیسلامی ئەم دۆخەی دروست کرد. تێگەیشتنی خەڵک لە دادپەروەری و تاوان و سزا، ئەوە نییە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەیدا سەپاندووە. بە ڕوخاندنی ئەم حکومەتە، سیستەمی دادوەری کۆمەڵگەی ئێران لە کۆماری سۆسیالیستیدا دەبێتە نموونە و مۆدێل بۆ هەموو کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکانی سەردەمی ئێستا.*
٢٢ی ئایاری ٢٠١١
ڕوونکردنەوە: ئەم گفتوگۆیە بۆ یەکەمجار لە ١٢ی ئازاری ٢٠٠٨ لە کەناڵ جەدید ئەنجامدراوە.