مارکس و ئەنارکیزم*/2.. و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

بەشی دووەم :

مانیفێستی کۆمۆنیستیی کە وەک یەکێک لە بەرهەمە سەرەتاییەکانی سۆسیالیزمی زانستی دادەنرێت و ناوەڕۆکەکەی لە نووسینەکانی “یۆتۆپیا”یەکەوە وەرگیراوە، چونکە مارکسیزم فۆریەی (Fourier ) لەگەڵ سۆسیالیستە یۆتۆپیاکان پۆلێن کردووە. ئەم پێچواندنە یەکێکە لە بێ بەزەییترین پەرادۆکەسەکانە، ئەمەش بە دڵنیاییەوە بەزەحمەت شایەتحاڵی بەهای زانستی مارکسیزمە. ڤیکتۆر کۆنسیدرانت یەکێک بوو لە باشترین نووسەرانی سۆسیالیستیی کە مارکس پێی ئاشنا بوو: تەنانەت لە ڕۆژانی پێش ئەوەشی ببێتە سۆسیالیست ئاماژەی پێدەکرد . لە ساڵی 1842دا ڕۆژنامەی Allgemeine Zeitung هێرشی کردە سەر Rheinische Zeitung کە مارکس سەرنوسەری بوو و تۆمەتباری کرد بەوەی کە خۆشیی بە کۆمۆنیزمدا دێت. پاشان مارکس لە مانشێتی ڕۆژنامەکەدا وەڵامی دایەوە و بەم شێوەیە ڕایگەیاند: “کارەکانی وەک ئەوانەی لیرۆکس، کۆنسیدەرانت (Leroux, Considerant ) و لە سەرووی هەمووشیانەوە کتێبە دزەپێکراوەکەی پرۆدۆن، (Proudhon ) ناتوانرێت بە هیچ مانایەکی ڕووکەشانە ڕەخنەیان لێ بگیرێت؛ پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی درێژخایەن و ورد هەیە پێش ئەوەی مرۆڤ دەست بکات بە ڕەخنەگرتنیان” [3]
گەشەسەندنی فیکری مارکس زۆر لە ژێر کاریگەری سۆسیالیزمی فەرەنسیدا بوو؛ بەڵام لە نێو هەموو نووسەرانی سۆسیالیستی فەرەنسا، ئەو کەسەی کە بەهێزترین کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەکانی هەبوو، پی.جەی پرۆدۆن (P. J. Proudhon ) بووە، تەنانەت ئاشکرایە کە کتێبی پرۆدۆن ‘موڵکایەتی چییە**؟’ (What is Property? ) وایکرد مارکس پێشوازی لە سۆسیالیزم بکات. تێبینییە ڕەخنەگرانەکانی پرۆدۆن لەسەر ئابووری نەتەوەیی و مەیلە جۆراوجۆرەکانی سۆسیالیستیی جیهانێکی تەواو نوێی بەڕووی مارکسدا کردەوە و مێشکی مارکس-ی زۆرتر سەرسام کرد، لە سەرووی هەمووشیانەوە، بە تیئیۆری زێدەبەها وەک ئەوەی سۆسیالیستی ئیلهامبەخشی فەرەنسی داینابوو. دەتوانین سەرچاوەی عەقیدەی [دۆکتەریین] زێدەبەها، ئەو “دۆزینەوە زانستییە” گەورەیەی کە مارکسیستەکانمان زۆر شانازی پێوە دەکەن، لە نووسینەکانی پرۆدۆندا بدۆزینەوە. لە سایەی ئەوەوە بوو کە مارکس بەو تیئیۆرییە ئاشنا بوو کە مارکس لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکانی دواتری سۆسیالیستەکانی ئینگلیز: برەی (Bray ) و تۆمپسۆن (Thompson ) گۆڕانکاری تێدا کرد.
تەنانەت مارکس بە ئاشکرا گرنگیی زانستییە گەورەکەی پرۆدۆنی ناسی و لە کتێبێکی تایبەتدا، کە ئەمڕۆ تەواوی کۆپیی ئەو چاپە نەماوە، بەرهەمەکەی پرۆدۆن کە ‘موڵکییەت چییە؟’ ناودەبات بە” یەکەم مانیفێستی زانستی پرۆلیتاریای فەرەنسی” ئەم بەرهەمە لەلایەن مارکسیستەکانەوە چاپ نەکرایەوە، وەریشنەگێڕدرایە سەر زمانەکانی تر، گەر چی نوێنەرانی فەرمی مارکسیزم هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ پەخشکرنی نووسینەکانی مامۆستاکەیان بە هەموو زمانێک. ئەم کتێبە لەبیر کراوە و هۆکارەکەشی ئەمەیە: چاپکردنەوەی دووبارە ئەو قسە بێمانا و بێ پەیوەندییەی هەموو ئەو شتانەی کە مارکس دواتر لەبارەی ئەو بیرمەندە (پرۆدۆن) دیارەی ئەنارکیزمەوە نووسیویەتی، بۆ جیهان ئاشکرا دەکات.

مارکس نەک هەر لە ژێر کاریگەری بیرۆکە ئابوورییەکانی پرۆدۆن بوو، بەڵکو هەستیشی بە هەژموونی تیئیۆرییە ئەنارکیستەکانی سۆسیالیستی گەورەی فەرەنسییش کرد و لە یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەو سەردەمەدا بە هەمان شێوەی پرۆدۆن هێرش دەکاتە سەر دەوڵەت.
درێژەی هەیە
…………………………..
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

و: زاهیر باهیر

——————————–

**موڵکییەتت چییە؟ ناوی کتێبە مەشوورەکەی پرۆدۆنە . موڵکییەت لێرەدا بە مانا کوردییەکەی نایەت کە تەنها بە زەوی و خانو دەوترێت ، بەڵکو لای پرۆدۆن وشەیەکی گشتگیرە و هەموو چەشنەکانی موڵك و موڵکایەتی دەگرێتەوە بە سامان و سەرمایە و …. واتە هەموو خاوەندارێتییەکی تایبەت .

[3] Rheinische Zeitung, number 289, 16 October 1842.




مایکل ڕۆبن: دوانزە پرسیار کە ڕۆژنامەنووسانی تورکیا ناوێرن بیکەن..

“ئەم ئارتیکڵە کە ٣ سێ مانگ دوای کودەتاکەی ١٥/٧/٢٠١٦ تورکیا بڵاوکراوەتەوە. بەڵام لەبەر بەپێزی بابەتەکە، ووردی شرۆڤەکە و دەوڵەمەندی زانیاریەکانی، وە لەبەرئەوەی کە تاکو ئێستایش ئازادی ڕۆژنامەوانی لە تورکیادا خراپتر بووە، بە پێویستم زانی کە لە زمانی ئینگلیزیەوە وەریبگێڕمە سەر زمانی کوردی بۆ ئەوەی خوێنەری کورد هەندێک لایەنی شاراوەی ئەردۆگان بزانن و بیناسن بە تایبەتی کە پرسیارگەلێک دەوروژێنێت کە وەڵامەکانی لە خودی پرسیارەکاندایە. بە دڵنیاییەوە ئەو پرسیارانە لە نێو مەحفەلی دەوڵەتیدا سەنگیان هەیە و حسابیان بۆ دەکرێت، بەتایبەتی لە ئەمریکادا. ئەو زانیاریانەی لەم ووتارەدان، لە کەناڵە میدیا باوەڕپێکراوەکانی ئەمریکا و ئەوروپا بڵاوکراوەتەوە و لینکەکانی لە ووتارە ئینگلیزیەکە و وەرگێڕانە کوردیەکەدا هایپەرلینک کراون.” “لوقمان ئابڵاخی”

    د. مایکل ڕۆبن    ٢٥/١٠/٢٠١٦

ئازادی ڕۆژنامەگەری یەکێکە لە قوربانییە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیا.
ئەو بە بەردەوامی دەستی بەسەر ڕۆژنامەکاندا گرتووە، سکاڵای لەسەر سەرنوسەرەکانیان تۆمارکردووە و ڕۆژنامەنووسانی زیندانی کردووە.
بە گوێرەی ئەو ڕیزبەندیەی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور، لە کۆی ١٨٠ دەوڵەت لە جیهاندا، ئازادی ڕۆژنامەوانی لە تورکیادا لە ڕیزبەندی سەدوپەنجاو یەکەم (١٥١) هەمینە ، لە خوار ڕوسیای ڤلادیمێر پوتینەوە.
لە ساڵانی داهاتووشدا، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو باری نائاسایی، ڕەشبگیری و پاکتاوکردنەی ئەردۆگان دەیکات، پێدەچێت ڕیزبەندی تورکیا زیاتر دابەزێت و تەنانەت ڕەنگە بێتە خوار کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە.
دەربارەی کاریگەری ڕۆژنامەگەری چاپ و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی تورکی لەسەر پشتیوانی ژیان، ئەو پرسیارانە چین کە ڕۆژنامەنووسان لە پشت پەردەوە باسیدەکەن (بەڵام ڕێگەیان پێنادرێت ڕووماڵیان بکەن یان ڕاپۆرتیان لەسەر بنووسن و بڵاویان بکەنەوە)؟
ئەمانەی خوارەوە تەنها مشتێکن لە خەرواری ئەو پرسیارانە:
١-ئەردۆگان چۆن بوو بە ملیاردێر؟
ئەردۆگان لە خێزانێکی تا ڕادەیەک هەژار لە شاری (ڕیزە)ی سەر کەنارەکانی دەریای ڕەش لەدایکبووە. باوکی لە پاسەوانی کەناراوەکان بووە و لە دەریادا کاری کردووە. هەندێکجار ئەردۆگان بۆ وەدەستهێنانی داهاتی زیاتر تەنانەت خواردنی لەسەر شەقامەکانیش فرۆشتووە.
لە ساڵی ١٩٧٣ خوێندنگەیەکی ئایینی تەواو کردووە و هەر زوو چۆتە دنیای سیاسەتەوە. لە کۆتاییدا بووەتە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و دوای ماوەیەکی کورت لە زیندان بەهۆی هاندانی ئایینی، بووە بە سەرۆکوەزیران و ئێستا سەرۆک کۆمار. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن سامانی پیاوێکی وەک ئەردۆگان ئەوەندە زیادیکرد کە ببێت بە ملیاردێر؟
تورکەکان بیرۆکەیەکی زۆر باشیان هەیە لەو بارەیەوە. ئەردۆگان لە ئەنجامی ماوەی سەرۆکایەتی شارەوانیدا ڕووبەڕووی ١٣ سیازدە کەیسی لێکۆڵینەوەی گەندەڵی بۆتەوە؛ بەڵام بەهۆی پارێزبەندی پەرلەمانیەوە، ئەمانە هەرگیز چارەسەر نەکراون. باڵیۆزخانەی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە ئەو بە لایەنی کەمەوە هەشت هەژماری(ئەکاونتی) بانکی سویسرای هەیە.
ڕوونیشی کردەوە کە بەشێکی ئەو سامانە لە ڕێگەی (دیاری) هاوسەرگیری بۆ کوڕەکەیەوە بووە. تۆمارە شریتییەکان کە ڕاستەقینەن بەڵام بە شێوەیەکی نایاسایی دزەپێکراون، دەریدەخەن کە باس لە چۆنیەتی تەسفیەکردنی نزیکەی ملیارێک دۆلاری کاش دەکات. ئەردۆگان دەسەڵاتی خۆی بەسەر دادگاکاندا بەکارهێنا بۆ هەڵوەشاندنەوەی دۆسیەکە و دەستگیرکردنی ئەو داواکاری گشتی و دادوەرانەی کە هەوڵیان دەدا بەدواداچوون بۆ ئەو مەلەفانە بۆ بکەن.
پێویستە پرسیاری هاوشێوە سەبارەت بە دەستکەوتە نهێنییەکان لە بارەی بیلالی کوڕیەوە بکرێت.
بەڕاست بیلال لە ئیتاڵیا چی بەسەر هاتووە؟ هەروەها بوراک کە شوێنی نهێنییە و وونە.
هەر ڕۆژنامەنووسێک کە لە تورکیا دەژی و هەوڵی بەدواداچوون یان گەڕان بە دوای سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی ئەردۆگان و ئەندامانی بنەماڵەکەی بکات، بۆ دەیان ساڵی داهاتووی ژیانی، خۆی لە زینداندا دەبینێتەوە.

٢- کوا بڕوانامە زانکۆییەکەی ئەردۆگان؟
لە ژیاننامەی فەرمی ئەردۆگاندا هاتووە کە لە ساڵی ١٩٨١ بڕوانامەی لە بەشی زانستە ئابووری و بازرگانییەکان لە زانکۆی مەڕمەڕە وەرگرتووە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە: تا ئەو کاتە هیچ بەشێکی لەو جۆرە لە زانکۆی مەڕمەڕە بوونی نەبووە.
لە ساڵی ١٩٨٢ دا زانکۆکە بەشی زانستە ئابووری و کارگێڕییەکانی زیادکرد بۆ زانکۆکە، بەڵام هیچ تۆمارێک نییە کە ئەردۆگان هەرگیز بەشداری تێدا کردبێت. لە دەستووری تورکیادا، بڕوانامەی تەواوکردنی چوار ساڵەی زانکۆ مەرجی پێشوەختە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە تورکیادا.
ئەگەر ئەردۆگان درۆی لەسەر هەبوونی بڕوانامە کردبێت، ئایا دەتوانێت وەک سەرۆک کۆمار بمێنێتەوە؟
بێگومان ئەو گریمانەیە تەنها لە کاتێکدایە کە ئەگەر سەروەری یاسا لە تورکیادا بوونی هەبێت. جەنگیز چاندار، پاساوهێنەر بۆ ئەردۆگان و دوایی بوو بە ڕەخنەگری ئەردۆگان.
لێرەدا ، ئەلمۆنیتەر، زانیاری زیاتری هەیە.

٣-ئایا چیرۆکێکی تر لە پشت هەوڵی کودەتاکەوە هەیە؟
هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمموز کە ئەردۆگان بە “دیاری خودا” وەسفیدەکرد، تا ئێستاش وەک گەورەترین هەواڵەکانی ئەمساڵی تورکیا دەمێنێتەوە. ئەردۆگان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا شوێنکەوتوانی فەتحوڵڵا گولەن، کە بیرمەندێکی ئیسلامیە کە ئەردۆگان تا ساڵی ٢٠١٣ دۆزی هاوبەشی لەگەڵیدا هەبوو، بە ڕێکخستنی هەوڵی کودەتاکە تۆمەتباری کرد.
هەندێک لە شوێنکەوتوانی گولەن لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە بەشدارییان کردووە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی تورکیا بە فەرمی نەیتوانیوە بەڵگەی تێوەگلانی گولەن بۆ دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بخاتەڕوو. دژایەتی فەتحوڵڵا گولەن و ناڕەزایی لە بزووتنەوەکەی شتێکە؛ بەڵام ناوزەدکردنی بە گروپێکی تیرۆریستی لە ئاستی داعش یان قاعیدە شتێکیترە.
زۆر پرسیار هەن کە ئاماژە بە بەشداربوون و تاوانباری خەڵکیتریش دەکەن. زۆرێک لە بەرپرسە باڵا سەربازییە بەشداربووەکان، شوێنکەوتووی گولەن نەبوون؛ لەڕاستیدا هەندێکیان زۆر لە پارتی دەسەڵاتدار(ئاکەپە)ەوە نزیکبوون.
هەروەها شوێنی ئەردۆگان خۆی لە نێوان کاتژمێر ٥ی ئێوارەدا کاتژمێر ١:٣٠ بەیانی ڕۆژی کودەتاکە نازانرێت و ئەردۆگان خۆیشی باسینەکردوە کە لە کوێ بووە. بەڕاستی پێدەچێت ئەردۆگان پێشوەختە بەو هەوڵەی زانیبێت و تەنانەت ڕەنگە هانی دابێت بۆ ئەوەی بیکاتە بیانوو بۆ سەرکوتکردن. لە وڵاتێکی ئاساییدا ئەمە دەبێتە بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەوانی؛ بەڵام لە تورکیادا ڕۆژنامەنوسان تەنها قسەکانی ئەردۆگان دووبارەدەکەنەوە.
بابەتگەلێکی دیکەی پەیوەست بە کودەتاکە لە ڕۆژنامەکانی تورکیا قەدەغەکراوە بریتین لەوەی کێ بەرپرسیار بووە لە کوژرانی خەڵکی سڤیل لە ئێوارەی کودەتاکەدا. بەڵگەی حیکایەت ئامێز هەیە کە زۆرێک لە هاوڵاتیە مەدەنیە کوژراوەکان پێدەچێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە لایەن یەکەیەکی تایبەتەوە تەقەیان لێکرابێت کە لە ژێر فەرمانی پێکهاتەی سەربازی ئاساییدا نەبوون.
لێرەدا پرسیاری زۆر هەن لەسەر ڕەفتار و کردەوەکانی کۆمپانیای ڕاوێژکاری بەرگری نێودەوڵەتی(سادات)، کە هاوتایەکی تورکیە لەگەڵ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، کە هەندێک لە تورکەکان باسیان لەوە کردووە کە گوایە پێش هەوڵی کودەتاکە بۆ خزمەتکردنی ئەردۆگان، مەشق و ڕاهێنانیان بە سوپایەکی نهێنی کردووە. دوای ئەوە، کردنی عەدنان تەنریڤێردی، سەرۆکی ڕێکخراوی سادات، بە ڕاوێژکاری سەربازی لەلایەن ئەردۆگانەوە، پرسیار و گومانەکان زیاتر دەکەن.
تانریڤێردی لە کاتی کودەتا نەرمەکەی ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن ئەرکانی گشتیی تورکیاوە لە کارەکەی دوورخرایەوە و پێدەچێت ئەویش لەو کاتەوە لەسەر چز بووبێت بۆ تۆڵەسەندنەوە لە سیستەمی عەلمانیەت.

٤- ئەگەر( فیتۆ) هەبێت، ئایا (ئیتۆ)یش هەیە؟
دژایەتی فەتحوڵڵا گولەن و ناڕەزایی لە بزووتنەوەکەی شتێکە؛ بەڵام ناوزەدکردنی بە گروپێکی تیرۆریستی لە ئاستی داعش یان قاعیدە گەمژانەیە.
گۆڕینی ناوی (بزووتنەوەی خزمەت) لە لایەن ئەردۆگانەوە بە ڕێکخراوی تیرۆری فەتحوڵڵا(فیتۆ) ڕاست نیە وە ڕازیبوونی ڕۆژنامەنووسانیش بەو ناوزەدکردنە، ناپیشەییانەیە. بەڵام با بە گریمانە وای دابنێین کە پێناسەی تیرۆر ڕەوایە بۆ فیتۆ. پاساوی ئەردۆگان بۆ ئەو ناوزەدکردنە ئەوەیە کە ئەندامانی فیتۆ بەیعەت بە گولەن دەدەن و تۆڕێکی خۆبەخۆییانەیان بۆ بەرژەوەندی و دەسەڵاتی خۆیان پێکهێناوە. ئەگەر وابێت، ئەوە چ جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ شوێنکەوتوانی ئەردۆگان؟
ئەگەر ناساندنی فیتۆ دروست و ڕێپێدراو بێت وەک گروپێکی تیرۆریستی، ئایا ئاماژەکردن بە ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەردۆگان(ئیتۆ)یش دروست و ڕێپێدراو نیە؟ ئەگەر وانیە، ئایا دوو پێوەری جیاواز یان فلتەرێکی سیاسی هەیە کە پێویستە هەموو ڕاپۆرتە تورکییەکان پیایدا تێپەڕن؟
*Fethullahist Terror Organization (FETO) *فیتۆ – ڕێکخراوی تیرۆری فەتحوڵایی
*Erdoganist Terror Organization (ETO) *ئیتۆ – ڕێکخراوی تیرۆری ئەردۆگانی

٥-ئەگەر گولەن تیرۆریستە، بۆچی ئەردۆگان هەتا پێش ساڵی 2013 کاری لەگەڵدا کردووە؟
کە باس لە تۆڕ و فەلسەفەی ئایینی دەکرێت، جیاوازیەکی کەم لە نێوان گولەنی پێش ٢٠١٣ و گولەنی دوای ٢٠١٣دا هەیە. هەروەها جیاوازی لە نێوان ئەردۆگانی پێش و دوای ٢٠١٣دا نییە. تاکە شتێک کە لە نێوان پێش و دوای ٢٠١٣دا جیاوازە، هاوپەیمانی سیاسی بوو. ئەردۆگان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە گولەن تیرۆریستێکی کارامەیە.
ئەگەر وایە و بەو پێیەی ئێستا گولەن هەمان ئەو پیاوەیە کە لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتی ئەردۆگاندا بوو، بۆچی ئەردۆگان ئەو هەموو ماوەیە ئەو هاوپەیمانیە توندوتۆڵەی لەگەڵ گولەن هەبوو؟

٦-بۆچی ڕاپۆرت یان ڕووماڵکردن لەسەر هێرشەکانی پەکەکە قبوڵکراوە بەڵام لەسەر داعش نا؟
تورکیا ڕووبەڕووی تەحەددای هەردوو یاخیبووان، پەکەکە (پارتی کرێکاری کوردستان) و گروپە چەپەکانی وەک پارتی بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی شۆڕشگێڕ (دی.ئێچ.کەی.پی-سی*)، وە هەروەها گروپە ئیسلامیە تیرۆریستەکانی وەکو داعش.
سەیر لەوەدایە کە کاتێک پەکەکە یان گروپە کوردییە پەراوێزخراوەکان هێرشدەکەن، هەواڵی ئەو هێرشە زۆر جار بۆ چەند ڕۆژێک لە تورکیادا دەبێت بە سەردێڕی( هەواڵەکان)، مانشێتەکانی ڕۆژنامەکان، لەگەڵ بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان لەو ڕووداوانەدا، هەمان شت بۆ (دی.ئێچ.پی.کەی.)یش ڕاستە کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا هێرشیانکردە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ئەنکەرە.
بەڵام کاتێک داعش هێرشدەکات، حکومەتی تورکیا بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانە و لێکۆڵینەوە لەو هێرشانەی داعش قەدەغە دەکات.
ئایا هۆکارێک هەیە کە حکومەتی تورکیا هەوڵی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ووشەی توندوتیژی ئیسلامییەکان دەدات بەڵام ڕێگە بدات کە ڕاپۆرتەکانی توندوتیژی کورد زاڵ بن بەسەر مانشێتەکاندا؟
*Revolutionary People’s Liberation Party/Front (DHKP-C):پارتی بەرەی ڕزگاریخوازی گەلی شۆڕشگێڕ (دی.ئێچ.کەی.پی-سی*)

٧-بۆچی دەزگای هەواڵگریی تورکیا(میت) یارمەتی بەرەی نوسرە و داعشیاندا؟
لەم بارەیەوە بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکان زۆرن کە هەم بەرەی نوسرە کە سەر بە قاعیدەیە لە سوریا، وە هەم داعشیش چەک و پشتیوانی و کەرەستەیان لە دەسەڵاتدارانی تورکیا وەرگرتووە.
کاتێک کە ڕۆژنامەنووسەکان ئەو چیرۆکەیان بڵاوکردەوە و بابەتەکەیان وروژان وە بەڵگەی فۆتۆگرافییان پێشکەش کرد، وەڵامی ئەردۆگان ئەوە بوو کە سەرنووسەری ئەو ڕۆژنامەیەی زیندانیکرد.
بەهەمان شێوە کاتێک سەربازە تورکەکانی سەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا، بارێکی چەکیان بۆ ناو سوریا ڕاگرت، ئەردۆگان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەربازەکان دەرکرد نەک بۆ قاچاخچییەکان. سانسۆرکردنی چیرۆکێک نایکاتە چیرۆکێکی درۆ یان هەواڵێکی درۆ؛ بەڵکو تەنها پرسیاری زیاتر دەوروژێنێت.

٨- ئایا یەکەیەکی مەرگی تورکیا لە پشت تیرۆرەکانی پاریسەوە بوو؟
ساڵی ٢٠١٣ دا سێ چالاکوانی کورد لە ئۆفیسەکەیان لە پاریس تیرۆرکران. هەرسێکیان ئەندامی پەکەکە بوون. لە کاتێکدا ئەمریکا و تورکیا پەکەکەیان وەک گرووپێکی تیرۆریستی پۆلێن کردووە، ئا لەو کاتەدا تورکیا لە ئاستێکی باڵادا لە گفتوگۆی ئاشتی و دانوستاندا بوو لەگەڵ پەکەکەدا.
فەرەنسییەکان ئۆمەر گونێییان دەستگیرکرد کە تەمەنی ٣٢ ساڵە و لە تەمەنی ٩ ساڵیدا گەیشتبووە فەرەنسا.
دوای کوشتنەکان، پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان عومەر و هەواڵگرێکی سەر بە دەزگا هەوڵگریەکەی تورکیا لەلایەن فەرەنسیەکانەوە پێزانرا کە دەیسەلمێنێت کە عومەر پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگری تورکیاوە کردووە ، ئەمەش پرسیارێک دەوروژێنێت:
ئایا تورکیای ئەندامی ناتۆ تیرۆرکردنی ئۆپۆزیسیۆنەکانی لە پایتەختی هاوئەندامێکی ناتۆ ئەنجامداوە؟

٩-بۆچی ئەردۆگان زاواکەی خۆی کرد وەزیری نەوت ؟
بێرات ئەلبەیرەق، کە تەمەنی ٣٧ ساڵە و زاوای ئەردۆگانە، لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ بوو بە وەزیری وزەی تورکیا، ئایا باشترین و شایستەترین بوو؟ یان هۆکاری تریش لە ئارادایە؟
بە لەبەرچاوگرتنی مەیلی ئەردۆگان بۆ دانوستاندن لەسەر گرێبەستەکان یان دیڵەکانی وزە و دانیشتن لەگەڵ سەرکردەکانی وەک پوتین و مەسعوود بارزانی سەرۆکی دیفاکتۆی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی فەرمانبەرانی حکومی لە ژوورەکەدا هەبێت، ئایا دامەزراندنی ئەلبەیرەق ڕێگەیەک بوو بۆ ڕێکخستنی پارەی بەرتیل و هێشتنەوەی ئەو نهێنیانە لەناو خێزانەکەیدا؟
یان لە کاتێکدا ئەردۆگان کە لە ساتی توڕەیی پارانۆیا یان گوماندا هاوپەیمانەکانی پێشووی لە پۆستی سەرکردایەتی لە پارتە سیاسییەکەیدا دەردەکات، ئایا ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەندامانی خێزانەکەی وەرگرتنی پۆستەکانیان؟ ئەگەر وایە، ئایا ئەگەری هەیە کە ئەلبەیرەق سەرۆک وەزیرانی چاوەڕوانکراو بێت؟ ئایا تورکیا دەبێتە کۆمارێکی بۆماوەیی وەک حافز ئەسەدی سوریا و وەک ئەوەی کە حوسنی موبارەکی سەرۆکی پێشووی میسر دەیویست؟

١٠-ئایا دەتوانین باسی (هاوکار)هاوڕێکانی ئەردۆگان بکەین؟
هاوڕێکانی ئەردۆگان مایەی فزول یان جێگەی پرسیارن.
لەوانەیە ئەردۆگان لەسەر فەرشی سوور پێشوازی هاوڕێکانی بکات، بەڵام بۆ زۆربەی کەسانی دیکە، ئەوان تەنها “دوژمن”ن.
یەکەم: یاسین قازی، بازرگانێکی سعودیەیە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تا ساڵی ٢٠١٤ بە پەیوەندی بە ئوسامە بن لادن، سەرۆکی ئەلقاعیدە، دەستنیشانی کردبوو، کەچی ئەردۆگان دەیگووت: “من بەڕێز قازی دەناسم. من باوەڕم پێی هەیە وەک چۆن باوەڕم بە خۆم هەیە. مەحاڵە بەڕێز قازی پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەبێت، یان پشتگیری لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بکات.”
بە وەلانانی مشتومڕ لەسەر قازی، ڕەنگە شایانی ئەوە بێت کە بزانین ئەردۆگان چۆن لە سەرەتاوە ئەوی ناسی و سروشتی پەیوەندی نێوانیان چیە و چۆنە. ئەو پرسیارانە دوو هێندە زیاترن کاتێک دێتە سەر پەیوەندیی بیلاڵی کوڕی ئەردۆگان لەگەڵ قازی لەو کاتانەدا کە سزا نێودەوڵەتیەکان لەسەر قازی هێشتا کارا بوون. بەڵام ئەوە تەنها مشتێکە لە خەرواری ئەو جۆرە پەیوەندیانە.
گوڵبەدین حیکمەتیار لە خراپترین کارەکتەرەکانی ئەفغانستانە کە لە سەردەمی خەباتی سەرەتایی موجاهیدەکاندا وەک تاکە سەرکردەی جەنگی ئەفغانی ناوبانگێکی پەیدا کرد کە لە هیچ شەڕێکدا دژی سۆڤیەت سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. بەڵکو لەجیاتی شەڕ دژی سۆڤیەت، تەنها هێرشی دەکردە سەر هەر ڕکابەرێکی ئەفغانی کە لە لوتکەدا بوو.
ئەوە حیکمەتیار بوو کە لە ساڵی ١٩٩٢ دوای کشانەوەی سۆڤیەت شەڕی ناوخۆی دەستپێکرد. لەم ساڵانەی دواییدا هاوپەیمانی لەگەڵ تاڵیبان و قاعیدە و ئەردۆگان(لەم ڤیدیۆیەدا ئەردۆگان لەگەڵ ئەو سەرۆک چەتە(لۆردی شەڕە) گەنجەدا دەردەکەوێت) کردووە.
چۆن ئەردۆگان چاوی بە حیکمەتیار کەوت و ئەوی ناسی، تەنانەت لەو کاتەیشدا کە تورکیا بە تیرۆریست ناوی بردووە؟
بێگومان خالید میشعەل (توندڕەوترین سەرکردەی حەماس)، و عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران، ئنجا گرێبەستە بازرگانییە کەسییەکانی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین دیسانەوە بەشێکن لەو پەیوەندیانە.
بە کورتی پێدەچێت ئەردۆگان کۆمەڵێک هاوڕێی هەبێت کە جیاوازی ڕیشەییان هەیە لەگەڵ هەر سەرکردەیەکی ئاسایی ناتۆ.
کەی دەستی بەم پەیوەندیانە پێکرد؟ چۆن ئەو جۆرە هاوڕێیەتییانە پەرەیان سەند؟ ئایا پەیوەندییەکە پەیوەندی سیاسیە، بازرگانییە یان هەردووکیان؟

١١- چ(دییڵ) گرێبەستێکتان لەگەڵ پوتین کردووە؟
ساڵێک لەمەوبەر پەیوەندییەکانی ڕوسیا و تورکیا لە نزمترین ئاستدا بوو لەدوای جەنگی ساردەوە، بەڵام دوای کۆبوونەوەی مانگی ئاب، هەردوو سەرکردە بڕیاریاندا ئەو ڕق و کینەیە بنێژن. دوابەدوای ئەوە ڕێککەوتنی ڕاکێشانی بۆری و وتووێژ لەسەر کڕینی سیستمی مووشەکی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە بەڕێوەچوو.
ئایا هەر ئەمەندەیە یان شتی زیاتر هەن؟
ئایا ئەردۆگان باسی لە ئەگەری ڕێکەوتن لەسەر دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی ڕووسی لەگەڵ پوتین کردووە، بۆ نموونە لە شاری مێرسین لە تورکیا؟ لە کاتێکدا ڕەنگە ئەمە شتێکی دوور بێت و ڕوودانی ئاسان نەبێت، بەڵام ئایا پوتین پێشنیازی ئەوەی کردووە کە بە شێوەیەکی تاکتیکی چەکی ئەتۆمی ڕووسی لە سەر خاکی تورکیا دابنێت؟
لەسەر ئاستی کەسی ئەردۆگان خۆیدا، ئایا ئەردۆگان هیچ پارەیەکی لە بانکەکانی ڕووسیا هەیە؟ ئایا ئەو سەروەت و سامانانە هی ئەردۆگان خۆیەتی یان هی تورکیایە؟
ئایا کاریگەری دەستڕاگەیشتنی ڕووسیا بەو پارانە ڕۆڵی هەبووە لە مامەڵەکردن دەربارەی ڕێکەوتنەکانی لەگەڵ ئەردۆگان؟

١٢-بۆچی دادگا داخستنی ئاکەپەی لە ساڵی ٢٠٠٨دا ڕەتکردەوە؟
دادگای دەستووری تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٨دا سزاکانی دژی پارتی داد و گەشەپێدان(ئاکەپە)، پارتەکەی ئەردۆگانی، تاوتوێ کرد کە ڕەنگە ببوایە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە. بەڵام گۆڕینی دادوەرێک لە دوا ساتدا هۆکاری مانەوەی ئاکەپە بوو وەکو حیزبێک.
زۆرێک لە تورکەکان باس لەوە دەکەن کە چۆن بازرگانێک(بزنسمانێک) کە ماوەیەکی زۆربوو لەلایەن ئەردۆگانەوە ڕاوەدوونرا بوو، تەنها پێش دەنگدانەکە پارەی خستە ناو ئەکاونتی ئەو دادوەرەوە.

بەڕاستی ئەو ڕۆژە چی ڕوویدا؟
ئایا پارە، دەستەکە یان بڕیارەکەی گۆڕی؟ ئەگەر وایە بۆچی؟ وە ئایا بۆچی ئەردۆگان دواتر نەیهێشت دەسەڵاتدارانی تورکیا لێپێچینەوە لە کارەکانی ڕابردووی ئەو بازرگانە بکەن؟
پرسیارکردنەکە وەک وەڵامدانەوەکەی نییە. دیموکراسییەتی تەندروست پێویستی بە پرێس و چاپەمەنییەکی تەندروست هەیە. بەڵام پێچەوانەی ئەمە لە تورکیادا دەگوزەرێت کە ڕەنگدانەوەی خراپی هەیە لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەریی تورکیا بەشێوەیەک کە ئەو پرسە گرنگانەی پەیوەندیدارن بە گەندەڵی، ئاسایش و ئابووریەوە، بڤە و یاساغن.
بێگومان ئەگەر هیچ شتێک لە ئارادا نیە کە ترسی شاردنەوەی هەبێت، بۆچی نابێت ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسانی تورکیا بدرێت لێکۆڵینەوە لەم پرسانە و زۆر شتی تر بکەن؟
دکتۆر مایکل ڕوبین بیرمەند و ئەندامی باڵا لە پەیمانگای ئەمریکی ئینتەرپڕایز. ئەو بەرپرسێکی پێشووی پنتاگۆنە و بوارە سەرەکییەکانی توێژینەوەکانی و شارەزاییەکانی بریتین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی ئێرانی دوای شۆڕش و یەمەن و هەردوو عێراقی پێش جەنگ و دوای جەنگ، تورکیا، هەروەها پێش ١١ی سێپتەمبەر کاتێکی لەگەڵ تاڵیبان بەسەر بردووە. بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵ لە دەریادا وانەکانی سەبارەت بە ململانێکانی قۆچی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کولتوور و تیرۆر وتەوە، بۆ یەکەکانی هێزی دەریایی و دەریایی ئەمریکا کە جێگیرکراون.
دکتۆر ڕوبین نووسەر و هاونوسەر و هاوسەرنووسەری چەندین کتێبە کە بەدواداچوون بۆ دیپلۆماسی، مێژووی ئێران، کولتوری عەرەبی، دیراساتی کورد و سیاسەتی شیعە دەکەن، لەوانە “حەوت پایە: بەڕاستی چی دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟” (چاپخانەی ئەی.ئی. ئای، ٢٠١٩)؛ “سەرهەڵدانی کوردستان” (چاپخانەی ئەی.ئی. ئای ، ٢٠١٦)؛ “سەماکردن لەگەڵ شەیتان: مەترسییەکانی بەشداریکردنی ڕژێمە سەرکوتکەرەکان” (کتێبی بەریەککەوتن، ٢٠١٤)؛ و “ئێرانی ئەبەدی: بەردەوامی و ئاژاوە” (پاڵگرەیڤ، ٢٠٠٥).

دکتۆر ڕوبین خاوەنی دکتۆرا و ماجستێرە لە مێژوودا لە زانکۆی یەیڵ، هەروەها خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بایۆلۆجیدا.




ناساندن/ (٧) نامیلکە، شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ بۆ منداڵان.. ئەرسەلان حەسەن

هەگبەیەکی پڕ
(٧) نامیلکە، شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت بۆ منداڵان، هەگبەیەکی پڕی مامۆستا (زارا ئەحمەد جاف)ە بۆ منداڵانی نووسیووە و دیارە نووسین بۆ منداڵان لە هەر بوارێکدا هەستیارە و پێویستە نووسەر کۆمەڵێک بنەماو مەرج ڕەچاو بکات تا نووسینەکەی بەدڵی منداڵان بێت و منداڵان بتوانن سوودی لێوەربگرن و لە ئاست خواست و ویستییاندا بێت، چونکە دەمێکە گووتوویانە منداڵ لەم تەمەنەدا پەڕە کاغەزێکی سپی پاکوبێگەردەو چتبووێ و چۆنتبووێ دەتوانی لە سەری بنووسی و هەر منداڵیش بۆ خۆی باشترین خووێنەر و ڕەخنەگری ئەو بەرهەمانەیە بۆی دەنووسرێن.

(٧) نامیلکە، شیعر، چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ بۆ منداڵان، کۆمەڵە بەرهەمێکی مامۆستای نووسەر (زارا ئەحمەد جاف)ە و لە ماوەی ئەزموونی تەمەنی نووسەری بۆ منداڵان نووسیوونی، کە دەتوانین بڵێین مامۆستا زارا لە زۆربەی بوارەکانی منداڵان قەڵەمی تاوداوە و بەرهەمی قەڵەمەکەی ئەم هەگبە پڕەیە.
هەگبە پڕەکەی مامۆستا زارا بریتییە لە سێ کۆمەڵە و کۆمەڵەی یەکەم بریتییە لە ( ٣ ) نامیلکەی شیعری و کۆمەڵەی دووەمیش لە ( ٣ ) کۆمەڵە چیرۆک و کۆمەڵەی سێیەم کە نامیلکەیەکە، بریتییە لە ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان و (ئەمین محەمەد)ی نووسەری بواری منداڵان دوو پێشەکی جیاوازی بۆ هەر دوو کۆمەڵەی (شیعر و چیرۆک)ەکان نووسیووە.

شیعر بۆ منداڵان
(٣) نامیلکەی یەکەمی ئەم هەگبەیە تایبەتە بەشیعر بەناوەکانی (ورچەکەی هاوڕێم، کەشتی، بێچووە فیل). هەر سێ نامیلکەکە بریتییە لە (٧٠) شیعر بۆ منداڵان.
بێگومان دەزانین شیعر پانتاییەکی زۆری لەبواری نووسین بۆ منداڵان بۆخۆی گرتووەو گومانیشی تێدانییە دەبێت شیعر نووسین بۆ منداڵان بە زمانێکی پاراو، ڕەوان و لە ئاست خواست و ئارەزوو و ویستی منداڵاندا بێت و زادەی ژینگەو دەوروبەر بێت و منداڵ بەرەو خەیاڵ و بیرکردنەوە بەرێت و بتوانێ بە ئاسانی بیانخووێنێتەوە و ئەزبەریان بکات، بێئەوەی هەناسە سواری بێت یان کاتێک بۆیان دەخووێندرێتەوە بە پەرۆشەوە گوێی لێ بگرن، بێئەوەی هەست بە بێزاری و بێ تاقەتی بکەن..، چونکە شیعر کاریگەریی بەرچاوی بە سەر کەسایەتی، ژیان و داهاتووی منداڵەوە هەیە.

چیرۆک بۆ منداڵان
(٣) نامیلکەی دووەمی ئەم هەگبەیە تایبەتە بە چیرۆک و سەرجەمییان (٣١) چیرۆکن. چیرۆک، بە باشترین ڕێگاو سەرمەشق بوون بۆ بیرکردنەوەی منداڵ دانراوە. منداڵ بەهۆی چیرۆکەوە ئاشنای فەرهەنگە کۆمەڵایەتییەکان و ئاگاداری جیهانی دەوروبەری دەبێت و دەرک بەواقیعییەتەکان دەکات. خووێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵ پێش نووستن، یاریدەدەری منداڵەو ڕۆڵی گرینگی لە ڕۆشنبیری و زیرەکی و کرانەوەی مێشک و ئاسوودەیی دەروونی منداڵدا هەیەو ئەگەر دیقەتیش بدەین دەبینین زۆر لەمێژە ژنی کورد کۆرپەکەی بە لایلایەو گێڕانەوەی حیکایەت و سەربووردەی خۆش خەواندووە.

ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان
ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان، نامیلکەی سێیەمە لە سێ کۆمەڵە ( ٧ ) نامیلکەکەی مامۆستا زارا و کۆمەڵێک ئۆپەرێت و تێکستی شانۆیی بۆ منداڵانی تێدایە. ئەم نامیلکەیە ناوی (بووکەڵەکان)ەو ناوی ئەمیش وەک هەموو نامیلکەکانی تر، لە ناوی یەکێک لە دەقەکانی دووتووێی بەرگەکەیان هاتووە، دیارە ئەزموون سەلماندوویەتی پەروەردەکردن بە بووکەڵە، کاریگەری زۆر و بەردەوامی لە سەر مێشکی منداڵ هەیە، چونکە بووکەڵە بە زۆری سەرنجی منداڵ بۆخۆی کێش دەکات و چیرۆکی نمایش، کاریگەری قووڵ و بەردەوام لە سەر مێشکیدا دەنێت.
ئەگەر ئاوڕێک لەبواری نووسینی منداڵان بدەینەوە، دەبینین ئۆپەرێت و تێکستی شانۆیی و ڕۆمانی تایبەت بەمنداڵان زۆر کەمە و نووسەران کەمتر ئاوڕییان لەم بوارە داوەتەوە و ئەمەش بەو مانایە نییە کە نەک ئۆپەرێت یان تێکستی شانۆیی و ڕۆمان کەمە، بەڵکو هەوڵەکانیش کەمن. ئەرستۆ دەڵێت: “شانۆ هونەرێکی شانۆییە کە زیاتر لەهەموو هونەرەکان مرۆڤی سەرسامی خۆی کردووەو کاتێک مرۆڤەکان کۆدەبنەوە بۆ سەیرکردنی شانۆیەک، لەخۆوە پەیوەندییان بە پاڵەوانەکانی بۆ دروست دەبێت و چۆن کارەکتەرەکان لە سەر شانۆ بەگژ ناخۆشییەکانی چارەنووسدا دەچنەوە، بینەرانیش گیرۆدەی شەڕی دەروونی دەبن”. کەوایە دەبێت نووسەران زۆرتر ئاوڕ لەم بوارە بدەنەوە و هەوڵەکانیان زیاتر چڕبکەنەوە تا بتوانن خزمەتێکی باش بە منداڵان بکەن.

وێنەکانی ئەم هەگبەیە
پەیوەندی دەق و وێنە لە ئەدەبی منداڵاندا پەیوەندییەکی تایبەتە و هەندێک جار وێنە ناڕوونیەکانی دەقەکە ڕووندەکاتەوە. بۆیە کاتێک وێنەکێش وێنە بۆ چیرۆکێک یان شیعرێک یان هەر دەقێک دەکێشێت، پێویستە زۆر بەوردی و باش لە دەقەکە ڕامابێت ئەوجا وێنەکە بکێشێت، چونکە ئەگەر وێنەکە زادەی دەقەکە نەبێت یان لەگەڵ دەقەکە نەیەتەوە، هاوسەنگی نێوان خۆی و دەقەکە لاسەنگ دەکات و دوور نییە سەر لە منداڵ تێک بدات یان بشێوێنێت. لەم بەرهەمانەشدا، هەر بابەتێک وێنەی تایبەت بەخۆی هەیە و بە جوانی و سەردەمیانە وێنەکان کێشراوون، کە بێگومان چێژو جوانی تایبەت بە منداڵان دەدەن.




ئێمەیان هەڵخەڵەتاند.. رەسوڵ بەختیار

نازانم چ ناوێکی لێ دەنێن چیرۆک یان یاداشت یاخود سەر بوردە، بەڵام ژیانی گەنجێکی تەمەن 10-15 ساڵە لەهەشتاکانی سەدەی رابردوو بەو شێوەیە بوو.
،ئێمە لەسەرەتاوە هەڵخەڵەتاوین، باوک و باپیرانمان باسیان لەکورد دەکرد، ئێمەی منداڵ گۆێمان دەگرت بەتاسەوە گوێمان لەشیعرە کوردییەکان دەگرت کاتێک باسیان لەکوردایەتی دەکرد، خەممان دەخوارد کاتێک یەکێک بڕوای بەو دۆزە نەبوو، کاتێک تەمەنم 10-15 ساڵان بوو، بەشداریمان لەو خۆپیشاندانە دەکرد، کە گەنچە خوێن گەرمەکانی زانکۆ لەشەقامەکانی هەولێر سروودی ئەی رەقیبیان دەگوتەوە، ئای چەند شاگەشکە دەبووین، کاتێک بەعس بەو هەموو توند و تیژییەی هەترەشی لەو سروودە دەچوو، لەوەش گەڕێ کاتێک خۆپیشاندەران دەکەوتنە نێو کۆڵانەکان دایک و خوشکان چۆن بەهەلهەلەوە دەهاتنە نێو کۆڵان هاواریان دەکرد بژی پێشمەرگە …بژی کوردستان، …ئەوانەی بڕواشیان پێ نەبوو، بەمەلوولییەوە لەلایەک دەوەستان و سەریان دەلەقاند، دەیانزانی هەر یەک لەو مێرد منداڵ و گەنجانە لەلایەن بەعس بگیرێن، بێگومان لەسێدارە دەدرێن.
چەند مەزن لام چەند گەنجێک هەڵیانکوتایە سەر بانی قوتابخانەی رووناکی کچان و ئاڵای عێراقیان دابەزاند و دواتر سووتاندیان، لەبیرم ناچێ، چۆن ئەمنەکان تەقەیان دەکرد، باشبوو کەس نەکوژرا، کاتێک گەیشتینە جادەی سەرەکی رووناکی – ئیسکان، خۆپیشاندەرەکان هێرشیان کردە سەر پاسێکی -ئامانەیەکی- مەسڵحە و سووتاندیان چەند دڵمان پێخۆشبوو، گرنگ ئەوەیە زیانێک بەحکومەت بگەیەنین، تەقەی ئەمن و پۆلیس زیاتر بوو، هەر یەک بەلایەکدا پەرتەی کرد، کەوتنە ناو کۆڵانان.
گوێمان لەئێزگەی سەرەوە – کورد- دەگرت، چەند پێی شاگەشکە دەبووین، چۆن باسی ئەو خۆپیشاندانەی دەکرد..بەبەرگری و بەرەنگاربوونەوەی نەتەوەیەک هاواری دەکرد و دەیگوت: ئەوەتا کوڕان و کچانی کورد.
سەیرە کاتێک پۆلیس و ئەمنەکان بدوای پێشمەرگە دەگەڕان لەناو شارە پەیڕەوی گرتنی -كمل اربعین- چل کەسیان سواری دەستگیر دەکرد، بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی لێ بپرسن، ئەو گەنجانەی دەخرانە نێو ئەو پاسەوە وەک ئەوەی بچنە سەیران تا سەرا گۆرانیان دەگوت، نەێاندەزانی ئەوان گیراون، ئەوکاتە ئاگادار دەبوونەوە، ئەوان گیراون، کە خۆیان لەنێو تەلەبەندا دەبینیەوە، درەنگ لەسەعات 9ی شەو پێیانگوتین ریزبن، کاتێک گەیشتە من پێیگوتم : ناوت چییە، منیش گوتم ناوم رەسووڵ عەزیز-ە

  • باشە جارێکی دیکە نامەوێ چڕوچاوت ببینمەوە، رووخسارت بەپێشمەرگە دەچێ.
    (سەیری وێنەیەکی دەکرد) بەڵام ئەوە تەمەنی لەتۆ گەورەترە، دەموچاوت بەو پێشمەرگەیە دەچێ، بەڵام ئەو تەمەنی زۆر لەتۆ؟گەورەترە، بڕۆ جارێکی دیکە نەتبینمەوە.
    لەبیرمە کاتێک پێشمەرگە لەو پەڕی هێزدا بوو، لەدرەنگانی شەو دەهاتنە ناو شار وەک گەڕەکەکان باداوە و مەنتکاوە و 92، چەند دڵمان پێخۆشبوو، ئەوکاتەی چوونە ناو مزگەوت سروودی ئەی رەقیب و ئ یان ئەی شەهیدان.- لە بڵندگۆیی مزگەوتەکان پەخش دەکرد، ئێمەی گەنج و هەرزکار باڵامان زیاتر دەبوو.
    ئەمە بەشی یەکەمە، لەوانەشە دوا بەش بێ، لەبارەی چۆنیەتی هەڵخەڵەتاندنی هەرزەکاڕ و گەنجی کورد لەساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو.



تێكست و په‌راوێز.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

یه‌كێك له‌و تونێڵانه‌ی‮ ‬فه‌رهه‌نگ و چاندی‮ ‬كوردی‮ ‬تێكه‌وتووه ‌،‮ ‬به‌ پاشدانی‮ ‬واقیع و شوێنهه‌ڵگریی‮ ‬لێكدانه‌وه‌ و ڕوانینی‮ ‬مۆدی‮ ‬خواستراوه ‌؛ كه‌ له‌ واقیعێكی‮ ‬نامۆدا سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌‮..‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ئه‌مه‌ وایكردووه‌ كاردانه‌وه‌ی‮ ‬بزاوتی‮ ‬نووسین به‌گشتی‮ ‬و كاری‮ ‬ڕۆژنامه‌نووسی‮ ‬به‌تایبه‌تی‮ ‬زۆرجار به‌كه‌ناری‮ ‬پرسه‌كاندا به‌ڕێوه‌ بێ و ئه‌و دیوه‌ی‮ ‬نه‌بینێ ‌ پێویسته‌ بیبینێ‮..‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
له‌ نێوان خوێندنه‌وه‌ی‮ ‬واقیع و خواستنی‮ ‬واقیعێكی‮ ‬خوێندراوه‌ی‮ ‬نامۆ به‌دیدی‮ ‬تر،‮ ‬كه‌ ده‌رهاورده‌كانی‮ ‬زاده‌ی‮ ‬په‌روه‌رده‌ و لێڕوانینی‮ ‬كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‮ ‬جیاوازه‌ و بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‮ ‬داخراوی‮ ‬وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی‮ ‬ئێمه‌ له‌ جێوه‌ڕێی ‮(مراوحة‌) ‬زیاتری‮ ‬به‌رهه‌م نه‌هێناوه ‌،‮ ‬كه‌ نه‌ زه‌ینڕوونی‮ ‬و نه‌ پێشزانی‮ ‬تێدا به‌دی‮ ‬ناكرێ‮.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
تۆ ته‌ماشا‌‮!‬ هه‌موو ئه‌و هه‌ستانه‌وه‌ و دابڕانان له‌ چه‌قبه‌ستووی رۆژگارێكی دیاریكراو‮ ‬ كه‌ دراونه‌ته‌ پاڵ ئه‌و زاتانه‌ی‮ ‬خزمه‌تی‮ ‬مرۆڤایه‌تییان كردووه ‌،‮ ‬له‌ چه‌ق و ناوه‌ندی‮ ‬واقیعی‮ ‬خۆیانه‌وه‌ ده‌ستیان پێكردووه‌ و به‌چاوی‮ ‬واقیعخوێنی‮ ‬له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‮ ‬خۆیان ڕوانیوه‌ و پرس و كێشه‌كانیان داوه‌ته‌ به‌ر شه‌وقی‮ ڕوناهی‮ ‬و لێی‮ ‬خوردبوونه‌ته‌وه‌ و هێزی‮ ‬بینینی‮ ‬ئاینده‌یان تێدا ورووژاوه‌ ،‮ ‬چونكه‌ واقیعی‮ ‬خۆیان خوێندۆته‌وه‌ ،‮ ‬نه‌ك كولتووری‮ ‬واقیعێكی‮ ‬دیكه‌ی‮ ‬نامۆیان به ‌نابه‌ڵه‌دی‮ ‬بۆ داڕشتبێته‌وه‌‮.. ‬ئه‌مه‌ له‌ژێر هه‌ر ناوێك و به‌هه‌ر نیازێك بێ ڕێ پێ هه‌ڵه‌كردن و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌و هزر و دیتنانه‌ی‮ ‬زۆرجار به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان له‌زه‌ینی‮ ‬میللی‮ ‬و خه‌ڵكی‮ ‬جاده‌ ده‌یانبیستین و حسابێكیان بۆ ناكه‌ین‮..‬ ئه‌و له‌ گرێژنه‌چوونه‌ش به‌هیچ نایه‌ته‌وه‌ جێ ئه‌گه‌ر پشتیوانی‮ ‬خوێندنه‌وه‌ و خۆپێگه‌یاندن و ئه‌زموونی‮ تاقیكراوه‌ی ‬له‌گه‌ڵدا نه‌بێت‮.‬ ‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ئه‌و هه‌وڵانه‌یش كه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی‮ ‬واقیعێكی‮ ‬جیاوازه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن بێهووده‌ ده‌بن ئه‌گه‌ر ده‌قه‌به‌ری‮ ‬واقیعی‮ ‬خۆمان نه‌كرێن ،‮ ‬كه‌ سه‌ره‌نجام چه‌ندی‮ ‬بڕۆین ئه‌وسه‌ری‮ ‬تونێڵمان لێ ده‌رناكه‌وێ‮..‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬




چاوخشاندنێک به کۆنسیڕتی “شە‌هرام نازری” له کۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی ژینۆسایدی کوردی فه‌یلی

مەنسوور جیهانی ـ

“حەمید‌ڕه‌زا عاتفی” ڕۆژنامه‌نوووس و ئه‌ندامی لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بنکه‌ی توێژه‌رانی مۆسیقای ئێران له وتارێکدا به ناوی “ده‌ردێک به‌رانبه‌ر به هه‌زاران ده‌رمان”، چاوی خشاندووه به کۆنسێڕتی مامۆستا “شه‌هرام نازری” له کۆنفڕانسی زانستی نێوده‌وڵه‌تی ژینۆسایدی کوردی فه‌یلی که له شاری هه‌ولێر به‌‌ڕێوه‌چوو.

یه‌که‌مین کۆنفڕانسی زانستی نێوده‌وڵه‌تی به بۆنه‌ی چل و سێیه‌مین ساڵیادی ژینۆسایدی Genocide گه‌لی کوردستان به ناونیشانی “ژینۆسایدی کوردی فه‌یلی” به ئاماده‌بوون و ئاخاوتنی که‌سایه‌تییه‌ به‌رچاوه سیاسی و زانستییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و وڵاتانی جۆراوجۆر، به هه‌وڵی زانکۆکانی سه‌لاحه‌دینی هه‌ولێر، دهۆک و سۆران و هه‌روه‌ها به ده‌نگی گۆرانیبێژی ناوداری کورد مامۆستا‌ “شه‌هرام نازری” به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ گروپی موزیکی “سانیار” به سه‌رپه‌ره‌ستی موزیکزانی بەئەزموونی کورد “فەرید ئیلهامی” له ڕۆژانی ٢ تا ٥ی مایی ٢٠٢٣ له هۆڵی “سه‌عد ئه‌بدوڵڵا” له شاری هه‌ولێر پێته‌ختی هه‌رێمی کوردستان به‌‌ڕێوه‌چوو.

له‌م کۆنفڕانسه زانستییه‌دا، نوێنه‌ری ناوه‌نده جۆراوجۆره‌کان، به‌رپرسانی باڵای سیاسی و که‌لتووری هه‌رێمی کوردستان و وڵاتانی جۆراوجۆر تیایدا ئاماده‌بوون و سه‌باره‌ت به‌م کاره‌ساته دڵته‌زێنه و کۆمه‌ڵوژی دڕندانه‌ی هه‌شتاکانی زایینی هاتنه ئاخاوتن که وێرانبوونی سه‌دان گوندی کوردستان و هه‌روه‌ها شه‌هیدبوونی ده‌یان هه‌زار که‌س له مرۆڤه بێتاوانه‌کانی لێکه‌وته‌وه و له کۆتایی قسه‌‌کانیاندا ئه‌و ڕووداو دڵته‌زێنه‌یان مه‌حکووم ده‌کرد.

به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م جۆره به‌رنامانه که له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، کاریگه‌ری به‌رچاو و هه‌رمانی له ڕوونکردنه‌وه‌ی زه‌ینی بیره گشتییه‌کانی خه‌ڵکی جیهان داده‌نێت و باشترین کار و شێوازێکی شارستانییه بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م جۆره کاره‌ساته دڵته‌زێنانه دووباره نه‌بنه‌وه‌.

بێگومان ته‌نیا به گه‌شه‌‌کردنی که‌لتوور و بردنه‌سه‌رێی ئاستی زانسته مرۆییه‌کانه که ده‌توانین به‌رده‌وام هیوامان به ئاسایش و پێشکه‌وتوویی گه‌له‌که‌مان بێت و به‌رپرسانی که‌لتووری هه‌رێمی کوردستان به باشی هه‌ستیان به‌م کاره گرینگه کردووه که هیچ هێزێک به‌رزتر له هێزی که‌لتوور نییه وه‌کوو ژێرخانێکی بنه‌ڕه‌تی بۆ گه‌شه‌کردنی و به‌ره‌وپێشچوون له هه‌موو کۆڵه‌که گرینگه‌کانی حکومڕانی له‌وانه؛ ئابووری، سیاسه‌ت و زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه.

به‌لام له ته‌نیشت به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م کۆنفڕانسه گرینگه‌دا، ڕووداوێکی به‌نرخ و سرنجڕاکێش هاته ئاراوه که جێی ڕامانه و ئه‌ویش به‌ڕێوه‌چوونی مۆسیقای کوردی بوو له لایه‌ن گرووپی موزیکی “سانیار” به سه‌رپه‌ره‌ستی “فه‌رید ئیلهامی” و به‌ ده‌نگی هه‌رمانی مامۆستا‌ “شه‌هرام نازری”.

“شه‌هرام نازری” بێگومان، یه‌کێک له ڕوخساره هه‌رمانه‌کانی مۆسیقای کوردی دێته‌ ئه‌ژمار و پێگه‌یه‌‌کی تایبه‌تی له ناو خه‌ڵکانی به‌شه‌ جۆراوجه‌ره‌کانی کوردستاندا هه‌یه.

شاره‌زاییه‌کی ئه‌وتۆی له مۆسیقای ئێران هه‌یه‌، بیرکردنه‌وه، خوێندنه‌وه و ئاگادارییه‌کی باشی له شیعر و ئه‌ده‌بی فارسی هه‌یه و هه‌روه‌ها ئه‌زموونی هاوکاری له‌گه‌ڵ موزیکزانانی گه‌وره و به‌رجه‌سته‌ی ئێرانیدا هه‌یه و به‌رهه‌می هه‌رمان و مه‌قامی بێوێنه‌ی له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ره‌وه‌ی ئێراندا بڵاوکردۆته‌وه و کاریگه‌ری به‌رچاویی داناوه و جێی په‌نجه‌ی به‌م هونه‌ره ڕه‌سه‌نه‌وه دیاره. هه‌مووی ئه‌م کارانه نازری گه‌یاندۆته لووتکه‌یه‌ک که بۆته شانازی هه‌موو ئێرانییه‌ک و هه‌مووی ئه‌مانه وه‌کوو کانیاوێکی بێوێنه، بنچینه‌ی ئه‌م نه‌مامه جوانه له داوێنی نه‌ته‌وه‌ی کۆنی کورد په‌روه‌رده بووه و به‌سه‌ر ئاسمانی که‌لتوور و هونه‌ری کوردستان باڵی کێشاوه.

نازری وه‌کوو کانزایه‌کی هونه‌ری به هه‌ر دوو زمانی کوردی و فارسی به‌رهه‌می دره‌وشاوه و به‌وپه‌ڕی جوانی و ئاست به‌رزی خوڵقاندووه و ئه‌وه گه‌وره‌ترین و نایابترین تایبه‌تمه‌ندی هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌نده به‌رچاوه‌ی سه‌رده‌می ئێمه‌یه.

لێهاتوویی جوان و خوڵقێنه‌ری نازری له ئاوازدانان و سازکردنی مێلۆدی و ته‌نانه‌ت ژه‌نیاریی، یه‌کێکی دیکه له تایبه‌تمه‌‌ندییه‌کانی ئه‌م گۆرانیبێژه ناوداره‌‌یه‌.

بێجگه له ته‌واوی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه هونه‌ریانه که تا ڕاده‌یه‌کی که‌م ئاماژه‌ن پێکردن؛ که‌سایه‌تی هونه‌ری نازری که‌سایه‌تییه‌کی ته‌واوکه‌ر و هه‌مه‌ لایه‌نه‌یه‌ و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی چه‌ندین ده‌یه‌ چالاکی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی و زه‌‌ینی وریا و سروشتی ڕخنه‌گرانه‌ی که هه‌یه‌تی له تێکه‌ڵاوکردنی شیعر و مۆسیقا، وردبینییه‌کی زۆر ژیرانه، ڕازاندنه‌وه و جوانکردنی مێلۆدی و هه‌روه‌ها له چاککردن و چنینی پارچه موزیکه‌کان، شاره‌زاییه‌کی بێوێنه‌ی هه‌یه‌.

وه‌کوو نووسه‌ری ئه‌م وتاره، به‌خته‌وه‌رم و له هه‌ندێک هاوکارییه‌کانی نازری له‌گه‌ڵ ئاوازدانه‌ره به‌ناوبانگه‌کاندا له نزیکه‌وه ئاماده‌بووم و به‌م بۆنه‌یه‌وه له ده‌ربڕینی زۆر ورد و مامۆستایانه‌ی نازری به باشی ئاگادارم.

ئه‌م ده‌سپێکه کورته ئاماژه به‌م خاڵه بوو که هه‌ڵبژاردنی پارچه مۆسیقای “زامی ده‌رد” بۆ پێشکه‌ش کردن له کۆنفڕانسی زانستی نێوده‌وڵه‌تی ژینۆسایدی کوردی فه‌یلی، به‌و په‌ڕی مامۆستاییه‌وه ده‌ستنیشان کراوه. به پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی که به ده‌ستمان گه‌یشتووه، پلانی به‌ڕێوه‌چوونی مۆسیقای کۆنفڕانس له ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مدا مسۆگر بووه و پێشکه‌ش کردنی پارچه مۆسیقایه‌ک له‌ لایه‌نی هاوچه‌شنی و په‌یوه‌ندی که له بنه‌ڕه‌تدا وه‌کوو ئه‌وه ده‌چێت که بۆ ئه‌م بۆنه‌یه سازکراوه و مۆسیقای بۆ دابه‌شکراوه، جێگای ڕێز و پێزانینه. له هه‌مان کاتدا، هه‌ڵبژاردن و پێشکه‌ش کردنی ئه‌م پارچه مۆسیقایه شاکارێکی بێخه‌وش دێته‌ ئه‌ژمار.

پارچه مۆسیقای “زامی ده‌رد” به ئاوازدانه‌ری “شه‌هرام نازری” به پێی مه‌قامی “مه‌جنوونی”یه که ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا به دابه‌شکردنی موزیکزانی کورد “عه‌لیڕه‌زا فه‌یز به‌شی پوور” له ئه‌ڵبوومی “ئاوازی ئه‌ساتیر” واته “مه‌قامه‌ ئه‌فسانه‌ییه‌کان” له ئێران بڵاوبۆته‌وه و زۆر سه‌یره که تاکوو ئێستا له هیچ کۆنسێڕتێک له ناوخۆی ئێران پێشکه‌ش نه‌کراوه.

ده‌قی شیعره‌که کاریگه‌ره‌ و له هۆنراوه‌کانی سه‌ید‌ “ساڵح ماهیده‌شتی”یه که له خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆشه‌ویستێکدا نووسیوییه‌تی؛ زۆر جوان و له ڕاستیدا وشه‌کان، وشه‌ی دیمه‌نییه. سووتانی ناخی به‌جێماوێک که له زوڵم و زۆری زاڵمانی ڕۆژگار، سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێت و ده‌چێت بۆ بیابان و به هۆی کۆچی یار و دیاره‌که‌یدا هاوار ده‌کات، شایه‌د ڕاڤه‌ی ناڵاندنی هونه‌رمه‌ندانه، ڕاڤه‌یه‌کی دوور له زه‌ین نه‌بێت. ئه‌و نه‌وا ئاسمانییه و ئه‌و سۆزه‌ی مێلۆدییه‌که و ئه‌و دابه‌شکردنه‌ی “فه‌رید ئیلهامی” و پێشکه‌ش کردنی بێوێنه‌ و مامۆستایانه‌ی “شه‌هرام نازری” که دزه‌ی ده‌کرده سلوولی تاک تاکی گوێگرانه‌وه‌؛ ته‌لاری “سه‌عد عه‌بدوڵڵا”ی بردبووه بێده‌نگییه‌کی پڕماناوه. به وته‌ی ئه‌دیبان، شه‌پۆلی مۆسیقا له بن ددانه‌وه تا ناخی گیان، بیسه‌ران و ئاماده‌بووانی داگرتبوو.

پارچه مۆسیقای “زامی ده‌رد”، ده‌ردی کاره‌ساتی کۆمه‌ڵکوژی کورده‌کان له دوای ٣٥ ساڵ له ناخی هه‌موو ئاماده‌بوواندا زیندوو کرده‌وه و تا ئه‌و ڕاده‌یه سه‌رسامی کردن که وه‌سف ناکرێت.

له به‌شێکی دیکه‌ له پێشکه‌ش کردنی مۆسیقای ئه‌م کۆنفڕانسه‌دا، گروپی موزیکی “سانیار” به بێی بوونی مامۆستا نازری چه‌ندین پارچه مۆسیقای ماته‌مین، تایبه‌ت به ڕێوڕ‌‌‌ه‌سمی کوردی فه‌یلیان پێشکه‌ش کرد. شیعری جوانی “بێهرووز تاهیری” و تێکه‌ڵاوکردنی ده‌نگه چه‌ند هه‌زار ساڵه‌کانی هۆره و مۆر، به وردبینی و شاره‌زاییه‌وه پێکه‌وه چندرابوون که بۆ ساته‌وه‌ختێک هه‌ناسه‌ی هه‌موانی له سینگدا به‌ند ده‌کرد. په‌خشی دیمه‌ن گه‌لێک له ئه‌رشیڤی ژینۆسایدی کوردی فه‌یلی وه‌رگیراو له ئه‌رشیڤی تایبه‌تی توێژه‌ری کورد خاتوو “عه‌داڵه‌ت عومه‌ر” که له لایه‌ن “فه‌رید ئیلهامی” مۆنتاژ کرابوو، ئه‌وه‌نده‌ی دیکه قه‌واره‌ی زام و ده‌ردی کۆمه‌ڵکوژی فه‌یلییه‌کانی بۆ ئاماده‌بوانی بیانی به شێوه‌ی وێنه ده‌گێڕاوه.

بێگومان پێشکه‌ش کردنی ئه‌م مۆسیقایه له‌م کۆنفڕانسه‌دا، خاڵێکی گرینگ و به‌رچاو بۆ هه‌موو کاربه‌ده‌ستانی به‌ڕێوه‌به‌ری ‌ڕێوڕه‌سمه‌که بوو و ده‌بێت سوپاسی تاک تاکی ئه‌ندامانی گروپی موزیکی “سانیار” و “فه‌رید ئیلهامی” سه‌رپه‌ره‌سته هه‌ست ناسک و چالاکه و هه‌روه‌ها به‌رپرسانی ئه‌م ساڵیاده بکه‌ین.

ئه‌ندامانی گروپی موزیکی “سانیار” له کۆنفڕانسی زانستی نێوده‌وڵه‌تی ژینۆسایدی کوردی فه‌یلی بریتی بوون له: “فەرید ئیلهامی” سه‌رپه‌ره‌ستی گرووپ، گۆرانیبێژ و ژه‌نیاری ته‌نبوور، “سابیر نه‌زه‌رگاهی” ژه‌نیاری دیوان، “فه‌ڕنوود ئیلهامی” ژه‌نیاری ته‌نبوور، “ئه‌مین حه‌یده‌ری” ژه‌نیاری عوود، “ئیحسان عه‌بدی پوور” ژه‌نیاری که‌مانچه و زوڕنا، “نه‌بیل یۆسف شه‌ریداوی” ژه‌نیاری ده‌ف، “سپێهر زولنووری” ژه‌نیاری ته‌نبوور، “سه‌عید ئیمامی” ژه‌نیاری ئامێره کوتراوه‌کان، “غه‌زاله شیرازی” ژه‌نیاری چه‌لۆ، “سه‌با محه‌مه‌دی” ئاواز، “سه‌روه‌ناز عاتفی” ژه‌نیاری ته‌نبوور و “دیانا مورادی” ژه‌نیاری ته‌نبوور.

لینکی دانلۆدی کۆنسێڕتەکانی گروپی موزیکی “سانیار” له کۆنفڕانسی ژینۆسایدی کوردی فه‌یلی:
https://we.tl/t-XNYJn6hVxL