مارکس و ئەنارکیزم*.. نووسینی : Rudolf Rocker.. ٣..و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

بەشی سێیەم:

هەموو ئەوانەی بە جددی لە گەشەکردنی مارکس وەک سۆسیالیستێک لێکۆڵینەوەیان کردووە، دەبێت دان بەوەدا بنێن کە کارەکەی پرۆدۆن ” موڵکییەت چییە؟” ئەوە بوو کە مارکسی بۆ سۆسیالیزم قەناعەت پێکرد.  ئەوانەشی کە زانیارییەکی وردیان لەسەر وردەکارییەکانی ئەو پەرەسەندنەی مارکس نییە، هەروەها  ئەوانی دیکە کە دەرفەتی خوێندنەوەی بەرهەمە سۆسیالیستییە سەرەتاییەکانی مارکس و ئەنگڵسیان نەبووە، ئەم بانگەشەیە لە شوێنی خۆیدا نییە و دوورە لە ڕاستییەوە.  چونکە مارکس لە نووسینەکانی دواتریدا بە توندی و بە گاڵتەجاڕیەوە باس لە پرۆدۆن دەکات و ئەمانە هەر ئەو نووسینانەن کە سۆسیال دیموکراتەکان جار دوای جار هەڵیانبژاردوون بۆ بڵاوکردنەوە.

لەم ڕێگایەوە وردە وردە ئەو باوەڕە دروست بوو کە مارکس هەر لە سەرەتاوە نەیارێکی تیئیۆری پرۆدۆن بووە و هەرگیز هیچ خاڵێکی هاوبەش لە نێوانیاندا نەبووە.  ئەگەر ڕاستی بڵێین، مەحاڵە باوەڕ بەوە بکرێت، ئەگەر نا هەرکاتێک مرۆڤ سەیری ئەوەی مارکس بکات کە دەربارەی پرۆدۆن لە بەرهەمە بەناوبانگەکەیدا ” هەژاری فەلسەفە” لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا، یان لە نامەی کۆچی دوایی پرۆدۆندا کە لە سۆزیالدێمۆکرات (Sozialdemokrat ) لە بەرلین بڵاوکراوەتەوە، ماوەیەکی کەم دوای مردنی پرۆدۆن، لەسەر پرۆدۆن نووسیویەتی،جێی سەرنجن.

مارکس لە کتێبی (هەژاری فەلسەفە)دا بە خراپترین شێوە هێرش دەکاتە سەر پرۆدۆن، بچووکی دەکاتەوە بۆ هیچ، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە بیرۆکەکانی پرۆدۆن بێ بەهان و نە وەک سۆسیالیستی و نە وەک ڕەخنەگرێکی ئابووری سیاسی ناویان دەبات.

مارکس نوسیوێتی “مۆنسیۆر پرۆدۆن، بەدبەخت بووە کە لە ئەوروپادا بە شێوەیەکی تایبەت بە هەڵە لێی تێگەیشتوون.  لە فەرەنسا هەقێتی کە ئابووریناسێکی خراپ بێت، چونکە بە فەیلەسوفێکی باشی ئەڵمانی ناوبانگی دەرکردووە. لە ئەڵمانیا هەقێتی فەیلەسوفێکی خراپ بێت چونکە ناوبانگێکی زۆری هەیە کە یەکێکە لە بەتواناترین ئابووریناسەکانی فەرەنسی.  ئێمە وەکو ئەڵمانیەك و هاوکاتیش ئابووریناس، خوازیارین ناڕەزایەتی  بەرامبەر بەم دوو  هەڵەیە دەربڕین.” 4]]

مارکس لەوە زیاتریش ڕۆیشت بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، پرۆدۆنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە بیرۆکەکانی ئابووریناسە ئینگلیزییەکەی ‘برەی’ (Bray)دزیوە، نووسیوێتی:

” ئێمە باوەڕمان وایە کلیلی هەموو کارەکانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی مۆنسێۆر پرۆدۆنمان لە کتێبەکەی برەی (Bray ) دا [5 ] دۆزیوەتەوە”

جێگای سەرنجە کە مارکس ، خۆی کە زۆرجار بیرۆکەی ئەوانی دیکەی بەکارهێناوە و مانیفێستی کۆمۆنیستەکەی’ لە ڕاستیدا تەنها کۆپییەکیمانیفێستی دیموکراسی’ ڤیکتۆر کۆنسیدرانتە کەچی کەسانی دیکە بە دزیکردن  تۆمەتبار بکات.  بەڵام با بەردەوامبین. لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا’ مارکس پرۆدۆن وەک کارەکتەری کۆنەپەرست و بۆرژوازی وێنا دەکات [6]. هەروەها لە پرسەنامەکەی کە بۆ سۆزیالدێمۆکرات (1865) نووسیویەتی، دەتوانین ئەمانەی خوارەوە بدۆزینەوە:

 لە مێژوویەکی زانستی پوختی ئابووری سیاسیدا، ئەم کتێبە ، واتە( موڵکییەت چییە؟) بەدەگمەن شایەنی باسکردنە.  بە کارە هەژێنەرەکانی وەك ئەمە،  بەتەواوی هەمان ڕۆڵ لە زانستەکاندا دەگێڕن کە لە جیهانی ڕۆماندا دەیگێڕن.”

مارکس لە  نامەکەی کە سەبارەت بە مردنەکەی نوسیوێتی هەمان ئیدیعا دووپات دەکاتەوە کە پرۆدۆن وەک سۆسیالیست و ئابووریناسێک بێ بەهایە، بۆچوونێک کە پێشتر لە کتێبی هەژاری فەلسەفەدا’ دەنگی دابوووە.

تۆمەتەکانی کە لە لایەن مارکسەوە  ئاراستەی پرۆدۆن کراون تێگەیشتنیان  زەحمەت نییە، تەنیا دەتوانن ئەو باوەڕە بڵاوبکەنەوە، یان باشتر ئەو قەناعەتە، کە بە هیچ شێوەیەک هیچ زەمینەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەو و ئەو نووسەرە گەورە فەرەنسیەدا نەبووە.  لە ئەڵمانیا پرودۆن تا ڕادەیەکی زۆر نەناسراو بووە.  چاپە ئەڵمانییەکانی بەرهەمەکانی پرۆدۆن کە لە دەوروبەری ساڵی 1840 دەرچوون کۆپی چاپکراویان نەماون.  تاکە کتێبی پرۆدۆن کە بە زمانی ئەڵمانی دووبارە چاپکراوەتەوە، کتێبی موڵکییەت  چییە؟ و لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت دەستاو دەست پێکردنیشی سنوردار بوو.  ئەمەش توانای مارکس دەگەیەنێت لەسەر سڕینەوەی هەموو شوێنەواری گەشەسەندنی سەرەتایی خۆی وەک سۆسیالیستێك.  لە سەرەوە بینیمان کە چۆن هەڵوێستی مارکس بەرامبەر بە پرۆدۆن لە سەرەتاوە تەواو جیاواز بووە و ئەنجامگیرییەکانی کە دواتر دێن  پشتگیری ڕاگەیاندنەکانمان دەکەن.

درێژەی هەیە..

و: زاهیر باهیر

……………………………………

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە .  بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات . 

بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

[4] Marx: The Poverty of Philosophy, foreword.

[5] Bray: Labour’s Wronszs and Labour’s Remedy, Leeds, 1839.

[6] Marx and Engels: The Communist Manifesto, page 21.




وه‌رزی مردنه‌… ماناكانی ژیان ته‌واو بوون، ته‌واو!.. عەلی سدیق

لە ئەرشیڤەوە.. *

هه‌موومان له‌سه‌ری دێرێكی نوێین، هێشتا دوو وشه‌مان نه‌نووسیه‌ خالی كۆتاییمان بۆ داده‌نێن!

له‌ ئه‌فسانه‌یه‌ك ره‌قی به‌ردم بۆ بگێڕنه‌وه‌
وه‌رزی مردنه‌، ماناكانی ژیان ته‌واو بوو، ته‌واو!
ئێوه‌ په‌یامی “زه‌رده‌شت”تان، سور كرد!
ئێوه‌ خه‌ڵكی “سۆران”نتان، تاساند!
ئێوه‌ په‌یامبه‌رێك و نه‌ته‌وه‌یه‌كتان زینده‌ به‌چاڵكرد
دوو قه‌ڵه‌م نا، دوو هیوا نا، دوو لاو نا
به‌ دوو گوله‌ ویژدانی نه‌ته‌وه‌یه‌كتان كپ كرد!
وه‌رزی مردنه‌… ماناكانی ژیان ته‌واو بوون، ته‌واو!
به‌ ئاسپایی بمبه‌رنه‌وه‌ بۆ هێمنی ئاو…
رزگارمكه‌ن له‌ به‌ركه‌وتنی ویژدانی پایز!
ده‌رفه‌تمده‌ به‌ ماچێك و بمبه‌ره‌وه‌ هه‌ناسه‌ت!
با وشه‌یه‌ك له‌ رۆحت بچرپێنم، سوڕه‌تێك له‌ توانه‌وه‌ی به‌ردم بۆ بچڕه‌!
خۆشتر له‌ ده‌نگی ئه‌و بانگانه‌ی له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌وینی ناكامم ده‌خوێندرێ، پێبكه‌نه‌!
وه‌رزی كۆچه‌، ماناكانی ژیان ته‌واو بوون، ته‌واو!
ده‌رفه‌تمده‌ به‌ ماچێك و بمبه‌ره‌وه‌ ئه‌ودیو برژانت!
با قه‌تره‌یه‌ك ئاو له‌سه‌ر لێوانت هه‌ڵگرم و
شیرینتر له‌و ماسیانه‌ی به‌ده‌م قولابه‌وه‌ پێده‌كه‌نن
رۆحم له‌ تۆدا سه‌رچاوه‌ بگرێت و له‌تۆدا ته‌واو بێت!
ده‌رفه‌تمده‌ به‌ ماچێك و بمبه‌ره‌وه‌ ئه‌ودیو لێوانت!
با كه‌شتی كه‌ناری دلت بم
ئارامتر له‌ سوتانی مناڵه‌كانی بابه‌گوڕگور و هه‌لكوروزانی رۆژگار!
تۆفانی هه‌ستم له‌ رۆحتدا له‌نگه‌ر بگرێ..
وه‌رزی مردنه‌، لێره‌ ماناكانی ژیان ته‌واو بوون، ته‌واو!
دێمه‌وه‌ هاوڕێ… سوێنَد به‌ قه‌ده‌ر دێمه‌وه‌!
وه‌ك ماسیه‌كی تێنوو، سێبووریم به‌ ئاو نایه‌ت
رۆحم له‌ به‌ردێكی گه‌وره‌ ده‌چێت، هه‌رگیز به‌ سه‌حرا رانایه‌ت!
ئێستا چاوه‌كانم له‌ ئاسماندا وێلن به‌دوای ده‌رفه‌تی هه‌ساره‌یه‌ك!
ئای چه‌ند زوو، ژیان لێره‌ ته‌واو بوو!
تێناگه‌م به‌ردی ئه‌م ولاته‌ بۆ هێنده‌ ره‌قن؟
شوێن پێی په‌نچه‌كان بۆ هێنده‌ قوڵن؟
ئاگری ئه‌م نیشتمانه‌ بۆ هێنده‌ به‌ تین ده‌سووتێ؟
ده‌نكه‌ گه‌نمه‌كان له‌ناوه‌راستی شه‌قام رژاون!
ئێمه‌ تاوانبارین له‌ كوژرانی باڵنده‌كان
تاوانبارین له‌ساردی زستان و ره‌قبوونه‌وه‌ی سه‌گه‌كان
ده‌بێ گوناحی ئه‌م پیره‌ پیاوه‌ چی بێ به‌ بۆنی به‌هار نه‌گه‌یشت
بۆچی خودا سێ مانگ ته‌مه‌نی پێنه‌دا
هه‌م ده‌بوو به‌ سه‌ده‌یه‌ك و هه‌میش دواگوله‌كانی بۆن ده‌كرد
هه‌موومان تاوانبارین له‌ بێ ئومێد بوونی پیره‌كان!
ئای كه‌ تۆش شوێنت ته‌نها نێو میمۆریه‌كه‌؟
ده‌بوو زوو زوو نیشتمانمان بكوشتایه‌!
له‌م رۆژانه‌ منالیمان كۆتایی پێ دێت

تۆ ره‌نگت له‌ گوڵه‌ سیسبووه‌كانی سه‌ر گۆڕی باوكم ده‌چێت
له‌م رۆژانه‌ به‌خته‌وه‌ریمان له‌ په‌نچه‌ره‌وه‌ ده‌فڕێت
تۆ ئه‌وینت له‌ بۆنی باڵنده‌ سه‌ر بڕاوه‌كانی چه‌ژنی قوربان ده‌چێت!
له‌م رۆژانه‌ له‌گه‌ڵ ئێواره‌ مردنمان ئه‌وه‌رێت!
تۆ هاتنت له‌ فریشته‌ رۆح كێشه‌كان ده‌چێت!
به‌م عیشقه‌وه‌ هێنده‌ی یه‌كه‌م دلۆپه‌ بارانی پایز ته‌نیام!
له‌نێو خۆلی وه‌رزێكی قه‌ره‌ج ون ده‌بم و
له‌ خودا ئه‌چم، تك تك میهره‌بانیم لێ ده‌رژێت
من به‌م عیشقه‌وه‌ له‌ جه‌لادێك ده‌چم
له‌به‌رده‌م ئه‌وینی باڵنده‌یه‌ك، بمرێ!
ده‌بێ دڵه‌كان هه‌راج بكرێن؟!
ده‌مرین.!
به‌م عیشقه‌وه‌ هێنده‌ی یه‌كه‌م مرۆڤی دنیا وێلم!
دنكه‌ ته‌زره‌یه‌كم كه‌وتومه‌ته‌ هاوینی تۆ و ده‌توێمه‌وه‌
شتێكم فێركه‌، به‌رگه‌ی گوێگرتنم له‌ رۆمانه‌كانی بوون بمێنێ
شتێكم فێركه‌، توانای ناولێنانی مناله‌كانی به‌هه‌شتم بمێنێ
ئه‌ی دۆست عیشق به‌ دلی خێرام راناگات، ئه‌مرم!
له‌م خاكه‌ دله‌كان خێراترن له‌ عیشق، ئه‌مرین!

له‌ نووسینه‌وه‌ی عیشق هێنده‌ ئازاری په‌نچه‌ ده‌ده‌م
تا نینۆكه‌كان سپی ده‌بنه‌وه‌ له‌ گریان!
بیر له‌ دنیا جوانه‌كه‌ی تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌!
تۆ، ئه‌ی فریشته‌!
قه‌له‌مه‌كان هێنده‌ی من تۆیان خۆش ناوێ نا
ئه‌وان له‌ نووسینه‌وه‌ت هه‌میشه‌ راست ئه‌وه‌ستن
من كڕنۆش ده‌به‌م!
كاتێك بیر له‌تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌ لار ده‌بمه‌وه‌!

په‌نجه‌كانم له‌ منالێكی نه‌فام ده‌چن بۆ هه‌ڵوه‌رینی وشه‌كان
خودا له‌گوناحه‌كانی ئه‌م ده‌سته‌ خۆش به‌!
من چ گوناحم له‌ توانه‌وه‌ی هه‌سته‌كان
له‌بارینی ئه‌وین و كێشانی تابلۆیه‌كانی ژیان
چ گوناحێكم له‌ میكیاژی وه‌سف و تێكه‌لكردنی ره‌نگه‌كان
ئه‌ی دۆست!
به‌م عیشقه‌وه‌ من ناتوانم!
ناتوانم تابلۆیه‌كی دیكه‌ی ژیان بنه‌خشێنم!

به‌ ژیان بلێن “لانه‌”یه‌كم له‌ دنیاكه‌ی خۆی پێ بدات
با خه‌مه‌كانم بۆ مردن ئاماده‌كات و
له‌سه‌ر ئه‌م شاخانه‌ هه‌ڵیرێژێت
“با” جارێكی دیكه‌ هه‌ڵ ناكاته‌وه‌
به‌ ژیان بڵێن چاوه‌رێی به‌یانیه‌ ئاله‌كان نه‌كات
جارێكی دیكه‌ خۆری كاڵ هه‌ڵناكاته‌وه‌
پێی بلێن په‌نچه‌كانی له‌ نه‌ورۆزی ئه‌م نامه‌یه‌ بسوتێنێ
تا عیشق هه‌میشه‌ له‌ خۆله‌ مێشی حه‌رفه‌كان بڕوێته‌وه‌
با گوناحه‌كانی ئه‌م ئێواره‌یه‌ له‌ژێر بالی هه‌ور بڕوێنێ
به‌ر له‌وه‌ی ئاوی موحیبه‌ت به‌ر زه‌وی كه‌وێت، ئه‌و پاككاته‌وه‌
عیشق له‌ بێگه‌ردی كلوه‌ به‌فرێك ده‌كه‌وێته‌ زه‌وی
به‌ر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ نوێژی سپیبوونه‌وه‌ ده‌كات
له‌ نووسینه‌وه‌ی عیشق هێنده‌ ئازاری به‌نجه‌ ده‌ده‌م تا نینۆكه‌كان سپی ده‌بنه‌وه‌ له‌ گریان!
بیر له‌ دنیا جوانه‌كه‌ی تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌!
تۆ، ئه‌ی جوانترین!
نهێنیه‌كانی موحیبه‌ت له‌دامێنی گوناحه‌كانه‌وه‌ ده‌ڕژێن
تۆ ده‌فریت و
لێره‌ عیشقت له‌ خوداوه‌ بۆ دێت
هێشتان له‌ سه‌ری دێرێكی نوێین
خاڵی كۆتاییمان بۆ داده‌نرێت!

  • http://www.dengekan.com/doc/2010/5/aliSdiq10.htm



بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا-63.. شەماڵ بارەوانی..

(٦٣)
ڕێکخراوی قاعیدە و بن لادنم زۆر خۆش دەویست

لە بەشی پێشوو گوتم: ئەو مەلایانەی وانەیان بە ئێمە دەگوتەوە، هەموویان یەکگرتووبوون، تەنها دانەیەکیان نەبێت، کە کۆنەبزووتنەوەی ئیسلامی بوو.
مامۆستاکانمان، کە هەموویان مەلا و یەکگرتووبوون، کێرڤی دەمارگیری ئایدیۆلۆژی و حیزبییان زۆر بەرز بوو، ڕێگەیان نەدەدا ئێمە گوێ لە وتاری مەلای سەربە کومەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی بگرین یان سەرەدانی ئەو دوو حیزبە بکەین. جا بەو بۆنەیەوە، بیانزانیبایە فەقێیەک فوول یەکگرتووە، زۆریان خۆش دەویست.
بەپێچەوانەشەوە، بیانزانیبایە فەقێیەکی دیکە مەیلی تری هەیە و ئینتیمای بۆ حیزبی تری ئیسلامی سیاسی یان سەلەفییەت یان هەر حیزبێکی تری نا ئیسلامی هەیە، ئەوە لە حوجرە دەریان دەکرد.
یان دەرکردنێکی ئاشکرا یان دەرکردنێکی تاکتیکاوی و فێلبازانە! چۆن؟ دەهاتن سیناریۆیەکیان بۆ دروست دەکرد، ئینجا دەریان دەکرد. چەندین فەقێ لەسەر ئەوە لە حوجرەکەی ئێمه ئاشکرابوون کە سەربە یەکگرتوو نین، لەسەر ئەو یەکگرتوونەبوونە دەرکران. لەبەشەکانی داهاتوو لەسەر ئەوە دەدوێم.
من و فەقێیەکی تر، کە هەردووکمان لەژێرەوە مەیلمان زۆرتر بۆ عەلی باپیر و بزووتنەوەی ئیسلامی هەبوو، لەبەر ئەو مەلا دەمارگیرانەی یەکگرتوویش نەماندەتوانی ئەوە بدرکێنین.
دەمانزانی ڕووبەڕووی چی لێپێچینەوەیەک دەبینەوە.
بۆیە ناچار ڕۆژانی هەینی، بە نهێنی دەڕۆیشتین بۆ وتاری ئەو مەلایانەی کە ئێمە بە کۆمەڵی ئیسلامیمان دادەنان و دەمانگوت: وتارەکانیان ئاگرین و توند و بەهێزن.
پێکەوە بە نهێنی، بۆ مزگەوتی ڕووناکی بۆ گوێگرتن لە مەلا(عەبدولخالق ڕووناکی) یان بە پاس دەڕۆیشتینە مزگەوتی(عوسمانی کوڕی عەفان) بۆ وتاری مەلا(مەحمود فەقێ).
ئەو دوو مەلایە، هەردووکیان بە ئاڕاستە و ئنتیما لە کۆمەڵی ئیسلامی نزیک بوون.
من ئەوکاتە فەقێیەکی زۆر فێندەمێنتالیست و دۆگمایی بووم.
ڕاستە بەناو یەکگرتووم، وەلێ لە هەمان کاتدا، هێشتا مەیلم بۆ ئیسلامی ڕادیکاڵ هەبوو و عەلی باپیرم زۆر خۆش دەویست.
جا مەلاکانی یەکگرتوو، ئەوەیان بزانیبایە، هێمای پرسیار و گومانیان دەخستە سەرم.
گوتم هێشتا مەیلم بۆ ئیسلامی ڕادیکاڵ هەبوو، چونکە پێشووتر من زۆر کاریگەربووم بە ئیسلامی ڕادیکاڵ و ڕێکخراوی قاعیدە و بن لادنم زۆر خۆش دەویست.
ئەو فەقێیەش کە پێکەوە دەڕۆیشتین بۆ وتاری مەلا نا یەکگرتووەکان.
زۆر منی خۆش دەویست و زۆر هاوڕێ و تێکەڵ بووین. دواتر و لەپڕ، زۆر گۆڕا و بەرەو توندڕۆیی زیاتر پەلی هاوێشت و گەیشت بە پۆپەی ڕادیکاڵییەت و ماوەیەک لەلایەن ئاساییشەوە بە تۆمەتی تیرۆر گیرا و زیندانی کرا.
ئەو فەقێیە زۆر بە مەلاکرێکار کاریگەربوو. دوای ئەوەی کە گۆڕاش، لە حوجرەکەی ئێمە نەما، وەکو شێتی لێهات، قسەی لەگەڵ هیچ کەسێک نەدەکرد.
کۆتاییەکەی حوجرەکەی ئێمەی جێ هێشت و باوەڕی بە یەکگرتووی ئیسلامی و ئیدەلۆژیاکەی نەما.
ڕۆژێک چووم بۆ سەرەدانی ئەو و فەقێیەکی تری هاوڕێم، کە ئەویش پێشووتر لە حوجرەکەی ئێمەبوو. بەڵام لەسەر ئنتیما و مەیلی بۆ کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیر، مەلاکان لەحوجرە و قوتابخانەی محەمەدییە لەگەڵ فەقێیەکی تر دەریان کردن.
کە چووم بۆ سەردانییان، ئەوکات ئەوان لەناو بینای(زانایانی کۆمەڵی ئیسلامی) لەسەر سەت مەتری دەمانەوە. بیرمە من و ئەو فەقێیەی هاوڕێم، بەتەنها بووین لە ژوورەکە، سیدییەکی لا بوو، وتاری مەلاسەربازی بۆ خستمە سەرسیدییەکە و گوتی: گوێی بۆ بگرە، ئەو وتارە زۆر کاریگەر و بەهێزە.
مەلاسەرباز، کەسێکی فێندەمێنتالیست بوو و کاتی خۆی جەماعەتی مەلاکرێکار و لە گرووپی ئەنسارولئیسلام و جوند و لئیسلام و ئەوانە بوو. بە کەیسی تیرۆر تۆمەتبار بوو، ڕایکردبوو بۆ ئوروپا و ئێستاش هەر لەوێیه.




شیعر- ئێوارانە ٣٤.. سەردار جاف

ئەم ئێوارە و دوێ ئێوارە لە يەک دەچن
قاوەکانی ڤۆڵتێرس بە تاڵييەوە شيرين بوون
چاوەکان رێی سۆراغيان بەر نەدابوو
ماڵی پوورە مەنيج
دوو ژووريان چۆڵ و حۆڵ بوو
هەنگاوەکان کارمامز مينا دەرپەڕين
پشوو لە فايخن دەدەن
ناڤيگاسيۆنەکە بە هەڵەی دەبا
چاو لە گۆمی لوونسە نابڕێ
ئیوارەيەک
خەمەکان مەحوو دەبنەوە
پوورە مەنيج لەو ديو پەنجەرەکەوە
بانگ و سەڵای غەريبانی بوو
ئارەقەی بە ژوورە تەنهاييەکانی هووخيرد هەڵواسراو
باران و لوونسە
شنەی ئێوارانيان بە گۆنا و سەر و شان و مل دەسپارد
کەشتييەکە تەڕتەڕ ببوو
رۆخی دەرياکە بێ سەوڵ جوانتر بوو
چارۆکەی بەلەمەکە
فرمێسکەکانی بەر لە زەردەپەڕيان دەسڕی
شەرابێکی سوورسوور خۆی بەوديوی پەنجەرەکەدا کرد
شەو و بەفر تابلۆيەکی کلاسيکی بوون
لە يەک نەدەبوونەوە
تا دەهات گەرمتر و ساردتر دەبوونەوە
ناو بە ناو
ئەم تابلۆ رەش و سپييە دەبوونەوە فريشتە
دەبوونەوە پەلکەزێڕينە و
لە شەوا هەڵدەکران
گەڵا سەوزەکانی سەر شەقام
لە ئاسمانا ئامێزيان بۆ يەک دەکردەوە
لاسایی ئێمەيان دەکرد
بۆ دەم شنە بای لوونسە دەبران
کە خۆر هەڵهات
کليلەکان بوونە بزە و قاقا
لاڵ بوون ديسان هاتە گۆڕێ
پاڕانەوە خەمێ تر بوو
لەنجەی زمانيان دەکرد
ئەمجارەيان من وتم بێکەسم
ئەويش وتی :
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

١٢ / ٥ / ٢٠٢٣




له نێوان دوو عەرەبانەدا.. نەوزاد بەندی

شار پڕ بووە لەو کوڕانەی
شەوان ناگەڕێنەوە ماڵ ..
لە دەوری عەرەبانەیەک ،
چا ئەکڕن یان چا ئەفرۆشن ..
یان لە تەنیشتی سنوورێ ،
سەیری ئەوروپا ئەکەن و
جەندرمه و پۆلیس ناهێڵن..
پڕە لە کۆلکە سیاسی ،
قسەی وا ئەکەن ،
سەربەقوڕ
دێنێتە قاقای پێکەنین ..
شارێ ، پڕ بێ لەو کچانەی
شوکردن پشتی تێکردوون ..
پڕ بێ لەو بڕوانامانەی
هیچ کارێ ..
هیچ پارچە نانێ ،
بزەیەکی تێ نەگرتوون ..
پڕ پڕ بێ لەو زەوییانەی سەوزاییان لێ سەنراوە و
وەکو دیل تەلبەنکراون ..
ئەم شارە چۆڵ چۆڵ کراوە
لەو ئێوارە زیوییانەی
خەڵک باسی
ڕەوتی شۆڕش و ..
ئاڵوگۆڕی بەیاننامە و
فیشەک ئەکرا ..
شار چۆڵ بێ لەو مراوییانەی ،
بە پۆل ئەفڕین بۆ گەرمیان ..و
شەپۆلیان ئەخستە ئاسمان .. پڕ بێ لەو دەوڵەمەندانەی
به قۆڵبڕین دەوڵەمەند بوون ..
پڕ لەو شاعیرە گەمژانەی
وشە و میز پێکەوە ئەکەن ..
گەر دادگای ئەدەبیی هەبێ ،
هەموو لە سێدارە ئەدرێن …
ئەم شارە بۆچی چۆڵ چۆڵ‌بوو لەو کەسانەی
لەگەڵ باران و درەختا ، پێخاوس بوون ؟
بۆچی پڕ بوو لەو دزانەی
لەگەڵ دۆلار و یۆرۆدا ،
ساڵی هەزارجار ئاوس بوون ؟
ئەم شارە بۆچی وا پڕ بوو ،
لە بێ ئاوی و
بێ ڕوناکی و
لە بێ نانیی ؟
کێ پڕی کرد لە بیانیی ؟

ــنەوزاد بەندی ـــ