مارکس و ئەنارکیزم*-4- نوسینی : Rudolf Rocker

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر

بەشی چوارەم

مارکس وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕینیش زایتونگ، (Rheinische Zeitung ) کە یەکێکە لە ڕۆژنامە پێشەنگەکانی دیموکراسی ئەڵمانیا، لەو ڕێگایەوە بە گرنگترین نووسەرانی سۆسیالیستیی فەرەنسا ئاشنا بوو ، هەرچەندە خۆی هێشتا پشتگیری لە دۆزی سۆسیالیستی نەکردبوو. پێشتر باسمان لەوە کردووە کە لە نوسێنێکیدا ئاماژە بە ڤیکتۆر کۆنسیدرانت و پیێر لیرۆکس و پرۆدۆن (Victor Considerant ، Pierre Leroux ، Proudhon) دەکات و گومانی تێدا نییە کە کۆنسیدرانت و پرۆدۆن ئەو مامۆستایانە بوون کە ئەویان بۆ سۆسیالیزم ڕاکێشاوە. بێ هیچ گومانێک، کتێبی موڵکیەت چییە؟ کاریگەرییەکی سەرەکی بوو لەسەر گەشەکردنی مارکس وەك سۆسیالیستێك. بەم پێیە لە گۆڤاری دەوریدا باسی پرۆدۆنی ئیلهامبەخش بە “خۆڕاگرترین و ژیرترین نووسەرانی سۆسیالیستی” ناودەبات[7 ] . لە ساڵی 1843دا کە سانسۆری برۆسسیا ‘ ڕینیشە زایتونگی’ (Rheinische Zeitung) بێدەنگ کرد، مارکس وڵاتی بەجێهێشت و هەر لەو قۆناغەدا بوو کە بەرەو سۆسیالیزم هەنگاوی نا. ئەم گۆڕانکارییە لە نامەکانیدا بۆ نووسەری بەناوبانگ ئارنۆڵد ڕوج (Arnold Ruge) تێبینی کراوە و تەنانەت زیاتریش لە بەرهەمەکەیدا بە ناوی “خێزانی پیرۆز، ڕەخنەیەك لە ڕەخنەی ڕەخنەگرانە” کە بەیەکەوە لەگەڵ فرێدریك ئەنگڵس بڵاویکردووەتەوە، تەواو دیار و بەرچاوە. کتێبەکەی ساڵی 1845 ی بە ئامانجی جەدەلکردن لە دژی ئەو مەیلە دەرکەوت کە بیرمەندی ئەڵمانی برۆنۆ باوەر (Bruno Bauer ) [8 ] سەرۆکایەتی دەکرد. سەرەڕای بابەتە فەلسەفییەکان، کتێبەکە باسی ئابووری سیاسی و سۆسیالیزمیشی کردووە و بە تایبەتیش ئەم بەشانەن کە لێرەدا پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە.

لە هەموو ئەو بەرهەمانەی مارکس و ئەنگڵس چاپیان کردووە، ‘ خێزانی پیرۆز’ [The Holy Family ] تاکە بەرهەمە کە وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی دیکە و سۆسیالیستە ئەڵمانییەکان چاپیان نەکردووەتەوە. ڕاستە، فرانز مێهرینگ، [Franz Mehring ] جێبەجێکاری ئەدەبییاتی مارکس و ئەنگڵس، بەهاندانی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانی، لەگەڵ نووسینەکانی دیکەی ساڵانی سەرەتای خۆیان وەك سۆسیالیستە چالاکەکان ‘خێزانی پیرۆزیان’ بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمە دوای شەست ساڵ لە دەرچوونی بۆ یەکەمجار ئەنجامدرا. هەروەها هۆکارێکی دیکەش بڵاوکردنەوەکەیان بۆ کەسانی موتەمەکین و پسپۆڕان بوو، بەو پێیەی کڕینی بۆ کرێکار زۆر گران بوو. جگە لەوەش، پرۆدۆن ئەوەندە نەناسراو بوو لە ئەڵمانیادا، تەنیا زۆر کەم کەس دەرکیان بەوە کردووە کە کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئەو بۆچوونانەی کە مارکس لە یەکەم جاردا لە سەر ئەو و نوسینەکانی دەریبڕیون و ئەو بۆچوونانەی کە دواتر هەیبێ.
لەگەڵ ئەوەشدا کتێبەکە بە ڕوونی گەشەسەندنی سۆسیالیزمی مارکس و ئەو کاریگەرییە بەهێزە نیشان دەدات کە پرۆدۆن بەسەر ئەو گەشەسەندنەدا هەیبوو. لە کتێبی ‘خێزانی پیرۆزدا’ مارکس دان بەوەدا دەنێت کە پرۆدۆن هەموو ئەو شایستەیانەی/ تایبەتمەندییانەی هەیە، کە دواتر دەکرا مایەی بایاخ و ڕینمایی بێت بۆ مارکسییەکان.

با بزانین لەم بارەیەوە لە لاپەڕەی 36دا چی دەڵێت:
“هەموو دیراسەکان لەسەر ئابووری سیاسی، موڵکییەتی تایبەتی بە شتێکی ئاسایی وەردەگرن و حاشا هەڵنەگرە، ئەم بنەما بنەڕەتییە بۆ ئەوان ڕاستییەکە جێی مشتومڕ نییە کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زیاتری بۆ تەرخان ناکەن، لە ڕاستیدا ڕاستییەکەی کە قسەی لەسەر دەکرێت تەنها “ڕێکەوتە ” ، وەک ئەوەی’سەی’ (Say ) ساویلکانە دان بەوەدا دەنێت [9 ] . بەڵام پرۆدۆن لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەگرانە دەکاتە یەکەم لێکۆڵینەوەی یەکلاکەرەوە و بێبەزەیی و لە هەمان کاتدا زانستیی لەسەر بنەمای ئابووری سیاسیی، موڵکییەتی تایبەتیی. ئەمە ئەو پێشکەوتنە زانستییە گەورەیە کە کردوویەتی، پێشکەوتنێک کە شۆڕشێک لە ئابووری سیاسیدا دەکات و بۆ یەکەمجار زانستێکی ڕاستەقینەی ئابووری سیاسی دەکاتە مومکین . کتێبەکەی پرۆدۆن ‘ موڵکییەت چییە’ بۆ ئابووری سیاسی مۆدێرن هێندەی کارەکانی’ سێیس’ گرنگە کە ‘ سێیەم ئیستەیتە’*** (The Third Estate )بۆ سیاسەتی مۆدێرن”.
جێگای سەرنجە کە ئەم قسانە بەراورد بکەین لەگەڵ ئەوەی کە مارکس دواتر لەبارەی بیرمەندی گەورەی ئەنارکیستەوە دەیگوت. لە کتێبی ‘خێزانی پیرۆزدا’ سەبارەت بە کتێبەکەی پرۆدۆن ‘موڵکییەت چییە؟’ دەڵیت یەکەم شیکاری زانستییە بۆ مەڵکییەتی تایبەتیی و ئەوەی کە ئەگەری دروستکردنی زانستێکی ڕاستەقینەی لە ئابووری نیشتمانییەوە کردەوە. بەڵام لە نامە مەشوورەکەی کە بۆ مردنی پرۆدۆن بۆ سۆزیالدێمۆکرات-ی نوسی ،( Sozialdemokrat ) هەمان مارکس ئیدعای ئەوە دەکات کە لە مێژوویەکی زانستی تەواوی ئابووریدا ئەو کارە بەدەگمەن باسکردنێک هەڵدەسەنگێنێت.

درێژەی هەیە..
…………………………..
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .

*** پێش شۆڕش، کۆمەڵی فەرەنسی بەسەر سێ ڕیزبەندی / پۆلینە یان ئیستەیتەکانی پاشایەتیدا دابەش بوو بوو – ئیستەیتی/ پۆلینەی یەکەم ( قەشە و کاهین و ڕۆحانییەکان)، ئیستەیتی/ پۆلینەی دووەم ( نوبەلاکان / ئەشراف) و ئیستەیتی/ پۆلینەی سێیەم( خەڵکانی ئاسایی ) کە دژ بە پاشایەتی و دەسەڵاتداران بوون کە نزیکەی 27 ملیۆن کەس ژمارەیان بوو، واتە لەسەدا 98ی دانیشتوانی فەرەنسای ئەو کاتە. ئەم ئیستەیتە کە لەو دوانەی تر ژمارەیان زیاتر بوو بەڵام لەبەرچاو ون بوون واتە لە ڕوی سیاسییەوە حسابیان بۆ نەدەکرا، نوێنەرایەتی نەبوو لە حکومەتدا و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر حکومەت نەبوو. ئەندامانی ئیستەیتی سێیەم لە سواڵکەر و کۆڵبەری تێکۆشەرەوە تا دەگاتە پیشەکاران و کرێکارانی شار؛ لە دوکاندار و چینی ناوەندی بازرگانییەوە تا دەوڵەمەندترین جوتیاران و دوکانداران و بازرگانانی بچوك. سەرەڕای قەبارەی گەورەی ئەم بەشە و گرنگی بینینی ڕۆڵیان لە ئابووریدا، تاڕادەیەك هیچ ڕۆڵێکی لە حکومەت یان بڕیاردانی ڕژێمی ئەو کاتەدا نەبوو. بێزاری و ناڕەزایی و ئازارەکانی ئەم بەشە لە خەڵکی، بوونە هۆکاری سەرەکی شۆڕشی فەرەنسا.
[7] Rheinische Zeitung, 7 January 1843.
[8] B. Bauer : بی.باوەر یەکێک بوو لە ئەندامە بەئەمەکەکانی بازنەی بەرلین “ئازاد”، کە کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی بیری ئازادی ئەڵمانی (نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم) لەوێدا دەبینرا. کەسایەتییەکانی وەک فۆیەرباخ، نووسەری کتێبی جەوهەری مەسیحیەت، کە بەرهەمێکی قووڵی بێدینیە، یان ماکس ستێرنەر، نووسەری کتێبی ئیگۆ و خۆی. بیری پاوانخوازانەی کارل مارکس لەگەڵ بیرکردنەوەی ئازادی بی.باوەر و هاوڕێکانیدا لە بەیەکداداندا بوو. لە نێویاندا نابێت ئی.باوەر لەبیر بکەین، کە کتێبەکەی Der Kritik mit Kirche und Staat [ڕەخنەیەک لە کەنیسە و دەوڵەت] بوو بە تەواوی، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە چاپی یەکەم 1843 دەستی بەسەردا گیرا و سووتێنرا . چاپی دووەم (بێرن، 1844) بەختی باشتری هەبوو. بەڵام نووسەر خۆی نا، بەهۆی بیرۆکە دژە دەوڵەت و دژە کڵێساکانیەوە تەنها سزای بەسەردا سەپێندرا و زیندانیکرا. (تێبینی سەرنوسەر.)
[9] J. B. Say, ئابووریناسێکی ئینگلیزی ئەو سەردەمەیە کە بەرهەمە تەواوبووەکانی ماکس ستێرنەر وەریگێڕاوە بۆ زمانی ئەڵمانی. فۆبیای کارل مارکس بۆ بیرمەندی ئەنارکیستی فەرەنسی (وەک دەزانین هەژاری فەلسەفەی ڕەخنەیەکی بەردەوامە لە فەلسەفەی هەژاری پرۆدۆن) یان بۆ ئازادبیرانی ئەڵمانی (کتێبی بەرفراوانی بەڵگەنامەکانی سۆسیالیزم هەوڵێکی بێهودە و پێکەنیناوییە بۆ ئەوەی کەمێک لە(زە ئیگۆ و خۆی – ماکس شتێرنەر)، هەروەها دژی ئەم کۆمەڵناسە ڕاپەڕیوە، کە لەو کاتەدا زۆر باسی لێدەکرا لەلایەن هەر کەسێکەوە کە ڕەخنەی لە دەوڵەت بوو و هەوڵی ڕزگاربوون لە ستەمکارییەکەی دەدا.
(تێبینی سەرنوسەر)
………………………………




شانۆیی: مریریدا لەکوێیە؟.. نووسینی: زاهیر عەبەڕەش و لاسی فرانزین

کۆریۆگراف: ئۆسە ئێن ئۆستریۆم
دانس: ئۆسە ئێن ئۆستریۆم
لویس کڤاربی
موسیک: العاطي اللە حسن
دەرهێنانی: زاهیر عەبەڕەش
ئەکتەرەکان:
لاسێ فرانزین
لویس کڤاربی
ماجدولین الیوسفي
نسرین اسموني
اسامە الهواویر
عزیزلحسایني
سفیان انغور
المهدي عبد الجلیل نعیمي
ئەم بەرهەمە بە هاوکاری کۆمەڵەی Zåll Kultur Förening و جمعيه فضاء الإبداع للسينما والمسرح. بوو
بەرێوەبەری بەرهەم: عبدالفتاح الديوري
بەرێوەبەری هونەری: فاطمه الزهره الهبطي
بەرێوەبەری ڕاگەیەندان: سارة السفياني

شانۆییەکە لە شاری فاس لە وڵاتی مەگریب نمایشکرا. ئەم شانۆییە، نمایشكی سەما و گۆرانی ئامێز بوو، بە هەر سێ زمانی عەرەبی مەگریبی، فەرەنسی وئینگلیزی دیالۆگەکان دەوترا.
ناوی شانۆییەکە لە خاتوونێکی شاعیرەوە وەرگیراوە، مریریدا خاتوونێکی بەربەری بووە. هەر زوو بە منداڵی داویانەو بەشوو، بەڵام پاش ماوەیەک لە مێردەکەی جیا دەبێتەوە.
لە سۆزانیخانەیەک سەرەتا گۆرانی دەڵێت و، دەبێت بە گۆرانی بێژێکی گەڕۆک و هۆنراوە دەهۆنێتەوە. شاعیرێکی نەخوێندەوار، بەڵام لە ئاستی باڵادا، بەدەماو دەم وبەزارەکی شیعری دەگوت. زۆر بەووردی وەسفی سروشتی کردووە لە هۆنراوەکانیدا.
مەملەکەتی مەغریب ئەوسا لە ژێر کۆڵۆنیالی فەرەنسادا بوومامۆستایەکی وانەی زمانی فەرنسی بە نێوی ڕۆنی ئۆلۆج، کە دەوڵەتی فەرەنسا لە شاری دمنات دایمەزراندبوو.هاتوو چۆی خانەکە دەکات، عاشقی میریریدا دەبێت، هەر بەهۆی بەهۆی عەشقی ئەوەوە خۆی فێری زمانی زمانی ئەمازیغ دەکات. لەبەر ئەوەی ئۆلۆج مامۆستای زمانی فەرەنسی و شاعیر و توێژەر بووە، سەر سام بووە بە شیعرەکانی مریریدا هەندێک لە هۆنراوە زارەکیەکانی مریریدا کۆدەکاتەوە وەریدەگێڕێتە سەر زمانی فەرەنسی و لە دیوانێکدا چاپی دەکات بە نێوی گۆرانیەکانی تاسوت
مریریدا بەرگریکارێکی تەواوی مافەکانی ژنان بوو، هەوڵی بەرز ڕاگرتنی کولتوری بەربەری دابوو، ئەو داوای ئەوەی دەکرد با ژنان داوای مافی خۆیان بکەن. بە گژ کولتوری داگیری کاری و باوک سالاریدا بوەستنەوە، بەڵام جۆری هەوڵدان و خەباتی ئەو زۆر جیوازتربوو. ئەو بانگەشەی ئەوەی دەکرد با ژنان هەوڵ نەدەن بچن بۆ قوتابخانە، و فێری زمانی داگیرکەران ببن، ئەو بە ژنانی دەوت دەبێت ئێوە تەنها بەزاری ئەمازیغی بدوێن، ئەگەر بچنە قوتابخانەو زمانی عەرەبی و فەرەنسی فیر بن ئەوا کاریگەری لەسەر ئێوە دەبێت و فەرهەنگی خۆتان بیر دەچێتەوە.
هاوکات لە لەگەڵ باسکردنی ژیانی مریریدا، باس لە کارین بۆیی Karin Boye دەکرا ئەو بەشەی ژیانی کە ئەویش شاعیرێکی بەناوبانگی سویدی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بوو، هەردووکیان هەم مریریدا و هەم کارین بۆیی، لە هەمان ساڵدا لەدایکبوون، مریریدا لە هەمان ساڵدا کارین بۆیی خۆی دەکوژێت و مریریدا دایارنامێنیت و کەس نازانێت چی بەسەر هاتووە.
کۆتایی نمایشەکەش هەم مرییردا و هەم کارین بۆیی لەگەڵ دەستەخۆشکەکانیدا گۆرانی ژن ژیان ئازادی دەڵێنەوە.
شایەنی باسە، زۆرێک لە هونەرمەندە ناودارەکانی وڵاتی مەگریب ئامادەی نمایشەکە بوون، بووە جێی ڕەزامەندیان.




لە پەراوێزی پێشنیاری یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتیدا!.. عوسمانی حاجی مارف

هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمان کە بڕیارە لە ١٨/١١/٢٠٢٣دا بەڕێوەبچێت، لە هەلومەرجێکی تایبەتیدا لایەنە سیاسیەکان ناچارکراون کەخۆیان ئامادەبکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێداویستیەکانی ئەم هەڵبژاردنەدا، کە بۆ خۆشیان ڕۆشن نیە دەرگیری کام بەڵای سیاسی دەبن و ئایندەی پێگەی سیاسیان لە کوێدا دەگیرسێتەوەو چییان بەسەر دێت. ئەم دۆخە لەو شوێنەوە ناچاریە بۆیان کە هەنگاو بەداوی هەنگاودا، دەبینین پێگەی حکومەتی هەرێم لە سایەی حکومەتی عێراقدا بێدەسەڵات ترو بچوکتر دەبێتەوە، واتە هەڵبژاردنی ئەمجارە هەوڵدانێکە بۆ بەڕێکردنی ئەو دۆخە نالەبارەی دەرگیری لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بووە، دەبێت کاردانەوەیەکیان هەبێت.
ئەم ڕۆچونەی هاوسەنگی هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، پاش ٣٠ساڵ زیاتری رۆڵی نەرێنیانە، لە هێژمۆنی کۆمەڵگە بە بیری دەمارگیری نەتەوەیی و داگیرکردنی کوردستان بە دەسەڵاتی میلیشیایی، کە جۆرێک نمونەی ڕەنگدانەوەی ئەزمونێکی بن بەست و شكستخواردو بون لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، نەیان ویست و نەیان توانی دابینکەری دۆخێک لە ئارامی و ئاسودەیی سیاسی فەراهەم بهێنن.
گەورەترین کێشەیەک کە لە هەگبەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا نەگەیشتە ئاکامێکی یەکلایی کەرەوە، هەرگیزیش یەکلایی کەرەوەنابن، نەتوانین و نەویستنی دامەزراندنی “دەوڵەتە”،دەوڵەت لە جوگرافیایەکدا کە سی ساڵ زیاترە حوکمرانی تێدا دەکەن. ئەم حاڵەتە گەورەترین گرێ کوێرە و ئاستی نزمی تەواوی مێژوی هەڵسورانی سیاسی بۆرجوازی کوردە، هەر بۆیە هەمیشە زەلیل و پاشکۆ و ملکەچی بەرژەوەندی سیاسی دەوڵەتانی تر بون.
ئەم واقعیەتە لاسەنگە، پێگەو پراتیک و سونەتی تەواوی حزبە ناسیۆنالستەکانی کوردستانی خستۆتە ناو یەک چوارچێوەوە، کە لە هەمان کاتدا هەمیشە کاریگەری تەواویان لەسەر بەجێ نەگەیاندنی حەتمیەتی یەکڕیزی وپەرشوبڵاوی خۆیان و گێژاوی سیاسی داناوە.
گەورەترین پاڵەوانی ئەزمونی مەیدانی فەراهەم هێنانی ناجێگیری و گێژاوی سیاسی لە کوردستاندا، ئاشکرایە کە بەمۆری جێگا پەنجەی پارتی و یەکێتی، بە مۆری بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، لەسەر تەواوی کارەسات و ڕوداوە دژی ئینسانیەکاندا واژۆکراوەو مێژویەکی تەڵخە بە ناوچەوانیانەوە.
جیابونەوەی گۆڕان لە یەکێتی و دواتر هەڵسورانی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، نمونەیەکی ترە لە بەرجەستەکردنەوەی درێژەدان بەهەمان هەڵڕشتنی تورەکەی خوڵقاندنی کارەساتەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە گۆڕان جگە لە پێکهێنانی دۆخێکی تەماوی ناڕۆشنی کاتی بە ئومێددان، شتێکی تریان نەکرد، دواتر دیمان کاریگەری بەڵاو مەینەتیەکان بەسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستاندا تیژترو قوڵتر بونەوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان جگە لەوەی لە دایک بوی ڕیزی هەمان چوارچێوەی نەوەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیە، لە هەمان کاتدا نمونەیەکی کۆنەپەرستترو مەترسیدارترە لە ناو پێکهاتەی ناسیۆنالستی کورددا، هەر بۆیە خەڵکی کوردستان شانسی باشیان هێنا کە ئەم ڕەوتە بە زویی دامرکایەوە و شکستی خۆی سەلماند.
یەکێتی نیشتمانی کە ئێستا لە لوتکەی قەیرانی سیاسی و دۆخێکی نالەباردایە، لە چوارچێوەی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیانەی لە ناوچەکەو کێشەکانی لە گەڵ پارتیدا دەرگیرە، کەوتۆتە بەردەم پێگەیەکی زۆر نزمتر لە نێو هاوکێشە سیاسیەکاندا، بەتایبەتی کەوتۆتە نێو دوڕیانێکەوە لە پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقدا، زەحمەتە بتوانێت جێگایەکی سەربەخۆی گونجاو بۆ هەر بڕیارێکی سیاسی و پەیوەندی دیبلۆماسی لە گەڵ پارتی و حکومەتی عێراقدا پەیدا بکات، بە کوردیەکەی لە حاڵەتێکی دۆشداماندا چاوەڕوانی ئەوەیە لەوە زیاتر بچوک بونەوەی خۆی قەبوڵ نەکات، گەر دۆخەکە یارمەتی بدات.
هەروەک لەسەرەتادا دەربارەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ١٨/١١/٢٠٢٣ ئەوەمان دەستنیشان کرد کە لە دۆخێکی تایبەتدا لایەنە سیاسیەکان ناچارکراون خۆیان ئامادەکەن، ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەکێتی نیشتمانی بارگرانیەکی زیاتر دەخاتە سەر دەورو پێگە سیاسیەکەی، گەر نەزانێ و نەتوانێ بۆ پاراستنی پێگەی سیاسی لە بەرامبەر پارتی و گەمەی سیاسی لەگەڵ ڕوداوەکاندا باش بجوڵێتەوە، یان بە مامەڵەیەکی گونجاوتر ڕوبەڕوبونەوەی هەلومەرجێکی تازە لە خۆی نیشان نەدات، ئەوە حەتمیە کە دەکەوێتە بەردەم ئایندەی خەسارەتێکی زیاترو مەترسیدارترەوە، لەم سۆنگەیەوە یەکێتی کەوتۆتە بەردەم حاڵەتێک، نە بەشداری لە هەڵبژاردن و نە بایکۆت بەرامبەر هەڵبژاردن، ئاسۆیەکی ڕون ناخاتە بەردەم ئایندەی پێگەی سیاسی و ڕۆڵی لە نێو ئاڵوگۆڕەکاندا. هەر بۆیە بڕیاردان لەسەر بەشداری لە هەڵبژاردندا بەبێ ئامادەبونێک کە نیشانی بدات هاوکێشەکە تا ئاستێك ئەتوانێ زیانی تیا نەکات، دەکەوێتە بەر چارەنوسێکی نادیار و دۆڕاندنێکی گەورەوە.
ئەم هەوڵەی سەرۆکی ئێستای یەکێتی نیشتمانی بانگەوازی بۆ دەکات کە دەڵێت”یەکیتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو ڕێکەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان”، فڕێدانی ئەم کارتەو کردنەوەی ئەم دەرگا سەوزە، هەرچەندە قسەی سەرپێی و نافەرمیە،لەو هەوڵانەیە کە بافڵ دەیەوێت هاوسەنگی هێزەکەی لەو هەڵبژاردنەدا بەهەر شێوازو بەهایەک بووە ساغکاتەوە، بۆ ئەمەش پەنا بۆ گۆڕان دەبات، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردودا پێگەیەک کە گۆڕان لە ئاستی ڕۆڵی هێزەکەی نیشانیداین، جگە لە گەڕانەوەی بەردەوام بۆ دواوە ڕوخسارێکی گەشبینی بۆ لایەنگرانی نیە، گۆڕان ئێستا جگە لە کاریکاتۆری هەرەس و پەرشوبڵاوی شتێکی تری پێوە دیارنیە.
بە مانایەک ئەو بانگەوازەی بافل دەیەوێت ڕێگەیەک بۆ ڕزگاری یەکێتی لەو قەیرانەی دەرگیری بوە پەیداکات و پێداچونەوە بە دۆستە کۆن و تۆڕەو تۆراوەکانی یەکێتیدا بکات، هەر لەسەرەتاوە ئاشکرایە خەریکە پاڵ بە دیوارێکەوە ئەدات، کەبناغەکەی سەرئاوی لافاوێکی لیخن کەوتوە، گۆڕان کاتی خۆی توانی هاوسەنگی یەکێتی بشکێنێ، بەڵام گۆڕانی ئێستا ناتوانێ هاوسەنگی یەكێتی ڕاست کاتەوە.
بەجیا لەوەش پێناچێت گۆڕانیش بەنیاز بێت خۆی بخاتە ناو گێژاوی ئایندەیەکەوە، کە ناڕۆشنە، لە کاتێکدا یەکێتی ناڕۆشنە چۆن لەو زەلکاوەی تێیکەوتوە بێتە دەرەوە، ئیترئەم بانگەوازەی بافڵ بۆ یەکگرتنەوەیان هیچ کەڵکێکی بۆ گۆڕان نابێت جگە لە کۆتایی هێنان بەتەمەنی هەڵسورانی سیاسیان بە ناوی گۆڕانەوە.
یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی لەهەر ئاستێکدا ڕێک بکەوێت، بەجیا لەوەی کاریگەری لەسەر هەڵسانەوەی هاوسەنگی یەکێتی نابێت، لەلایەکی ترەوە ئایندەیەکی تەواو تەڵخ دەخاتە بەردەم ئەو هەڵسوراوانەی تا ئێستا لە گۆڕاندا کارێک دەکەن. لەهەمان کاتدا یەکێتیش دەکەوێتە ناو قەیران و گێژاوێکی زیاتر لەوەی کە ئێستا تیایدا دەژی، کەسەری خۆی و گۆڕانیش دەکات بە قورا.
یەکێتی نیشتمانی لەم دۆخەی ئێستادا یەک ڕێگە لە بەردەمیدایە کەئەگەری فرسەتی پاراستنی مانەوەی خۆی بپارێزێت، جا گۆڕان لەگەڵیا پێک دێت یان نا، قەبوڵ کردنی ئەو قەدەرانەیە کە پارتی لە ئێستادا مامەڵەی لە گەڵ حکومەتی عێراق و هەلومەرجی پاراستنی سەرمایەگوزاری و جۆرێکی تر لەتاڵانچێتی خۆی ڕێکدەخات، چونکە یەکێتی هاوشان وهاوکاری تەواوی پارتیە لە داسەپاندنی حکومەتی دژی خەڵکیدا، هەر بۆیە ناچارە پێشوازی لە پەیامەکەی بارزانی بکات و بڕواتە ناو هۆڵی کۆبونەوەکانەوەو پێویست ناکات پۆزی بەرژەوەندی خەڵک بجونەوە.




کۆمۆنیزمی کرێکاری و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان.. دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگیڕانی کاوە عومەر
ئەم بابەتە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید وەرگیراوە

خەلیل کەیوان: سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی کە لەلایەن حکومەت و پەتای کۆرۆناوە دروستکرا، ئەمساڵ بەبۆنەی ٨ی مارسەوە کار و چالاکیی بەرفراوان ئەنجامدرا. هەواڵ و ڕاپۆرتەکان ئەوە دەردەخەن کە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و جەماوەری خەڵک ڕێزیان لەم ڕۆژە گرتووە و پیرۆزبایی یەکتریان کردووە. چالاکیی جۆراوجۆر و زۆر لە دەرەوەی وڵات و هەروەها لە فەزای مەجازی و لە شەقامەکاندا ئەنجامدرا. لە ڕۆژی جیهانی ژناندا جارێکی دیکە پرسی چەوساندنەوەی ژنان لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەرفراوان تیشکی خرایە سەر. دۆخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە ئێران چۆنە؟

حەمید تەقوایی، ئەمساڵ چەند لێدوانێک لەلایەن ڕێکخراوە کرێکارییەکان، مامۆستایان، خانەنشینان، و ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی ژنان بڵاوکرایەوە. چالاکوانان و کەسایەتییە ناودارەکانی ئەو بزووتنەوانە پەیامیان بڵاو دەکردەوە. کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمەکان لە تاران، مەشهەد، کەرەج، بەندەری ئەنزەلی، کرماشان، ئەهواز، شارەکانی کوردستان و ژمارەیەک لە شارەکانی دیکە بەڕێوەچوو. لە تاران لە پارکی ساعی کۆمەڵێک لە ژنان سرودی یەکسانییان دەوتەوە و لە مەشهەدیش کۆمەڵێک لە ژنان بە لافیتە دژ بە هەڵاواردنی جێندەری هاتنە سەر شەقام. چەندین کلیپ لە سۆشیال میدیا بڵاوکرانەوە و چەندین سیمینار و مێزگەرد بەڕێوەچوو. من ویستم پرسیارتان لێ بکەم سەبارەت بەم چالاکییە بەرفراوانانەی کە تەنها بەشێکیانم باس کردووە، هەڵسەنگاندنتان بۆ ٨ی مارسی ئەمساڵ چییە و تایبەتمەندییەکانی چۆن دەبینن؟

حەمید تەقوایی: بەڕای من ٨ی ئازاری ئەمساڵ تەواو جیاواز بوو لە ساڵانی پێشوو. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەکرێ بڵێین ڕۆژی جیهانی ژنان لە ئێران بۆتە ڕۆژی ناڕەزایەتی سەرتاسەری و ئاهەنگگێڕانی گشتی و جەماوەری، جگە لەو چالاکییانەی کە ئاماژەت پێدا، پەیامی دایکانی دادخواز و دایکانی قوربانیانی هێرشی تێزاب پرژزاندن ، هەروەها کەسوکاری قوربانیانی فڕۆکەکە،کە کە پەیام و کلیپێکی شۆککەریان بڵاوکردەوە،ئاماژە پێ بدەم هەروەها گرووپە داکۆکیکارەکانی مافی ژنان لە سنە و سەقز لە بڕیارنامەی ڕوون و ڕادیکاڵدا خوازیاری نەهێشتنی هەڵاواردنی جێندەری بوون و چەندین داواکاری یەکسانیخوازانەیان وروژاند.

بەڵام ئەمساڵ نەک هەر چالاکوانان، بەڵکو خەڵکی ئاساییش بەخێرهاتنی ٨ی مارسیان کرد و پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی ژنیان لە یەکتر کرد. هەروەها دامەزراوەی شۆڕشی ژنان و تێکۆشەرانی حیزبەکەمان چەندین پەیامی پیرۆزبایییان پێگەیشت. بەم مانایە ٨ی مارس نەک هەر وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی بەرامبەر هەڵاواردن، بەڵکو وەک ڕۆژی ئاهەنگگێڕانی سەراسەی و یادکردنەوەی پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا جێگیر بووە و دامەزرا.
ساڵانێکی زۆرە کۆماری ئیسلامی هەوڵی سەپاندنی ڕۆژی لەدایک بوونی فاتیمەی وەک ڕۆژی ژنان بەسەر کۆمەڵگە داوە. لە لایەکی دیکەوە هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت ڕۆژی لەچک پێ فڕیدانی ڕەزاخانی بکەنە ڕۆژی ژنان. ٨ی مارسی ئەمساڵ هێندەی تر نیشانی دا کە ئەو هەوڵانە بێ ئاکام بوون و ٨ی مارس بۆنەیەکە کە لەگەڵ مێژووی چەپ و سۆسیالیستیدا بە تەواوی لە کۆمەڵگادا جێگیر بووە.

ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەو هەوڵانەی دەیانەوێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان بشێوێنن و بەلاڕێدا ببەن بۆ بەرگریکردن لە دەسەڵاتی پاشایەتی یان ئیسلام، لەسەر ئاستێکی کۆمەڵایەتی فراوان ڕەتکراونەتەوە.
هەشتی مارس لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی سۆسیالیستی تێکەڵ بووە. هەشتی مارس ئەو ڕۆژەیە کە ئاڵای ڕزگاریخوازی ژنان لە لایەن بزووتنەوەی کرێکارییەوە هەڵکرا و ئەم ڕۆژە لەلایەن سۆسیالیستەکانەوە وەک ڕۆژی جیهانی ژن ناسێندرا. قبوڵکردنی ئەم ڕۆژە لەلایەن کۆمەڵگاوە، ئاماژەیەکی تری فراوانبوونی گوتاری ڕادیکاڵ و چەپ و ڕەخنە و ناڕەزایەتیە لە کۆمەڵگادا.

لە ئێران ئەمڕۆ لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە، ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە ژنکوژیی حکوومەت بووەلە گۆشەنیگای چەپ و ڕادیکاڵەوە. به تایبه تی ئه مساڵ سەرە ڕای پرسی کۆرۆنا و ده ستگیری و سه ڕکوتکردنی کۆماری ئیسلامی شا هیدی چالاکییه کی به ڕفراوان بووین و ئه مه ده بێ به هه نگاوێکی گه وره بۆ پێشه وه هه ژمار بکرێت. هەنگاوێک بۆ پێشەوە نەک تەنیا لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان بەڵکو لە بزووتنەوەی جەماوەری بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی.

خەلیل کەیوان: جگە لەو چالاکییە بەرفراوانەی کە لە کۆمەڵگادا ڕوویاندا، ئەمساڵ حیزب زۆر چالاکتر بوو لە ڕابردوو. چ چالاکیەکی مەیدانی لە ئێران و دەرەوەی وڵات و چ چالاکییەکی سۆشیال میدیا وەک کلیپ، بەیاننامە، سیمینار، مێزگەردو هتد. ئایا حیزب چالاکتر بووە یان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەشوهەوای گشتی کۆمەڵگا؟
حەمید تەقوایی: بەرفراوانبوونی چالاکییەکانی حیزب بەهۆی هەردوو فاکتەرەوەیە. لە لایەک کۆمەڵگا خەریکەڕادکاڵتر و ناڕازیتر دەبێت. خەڵکێکی زۆرتر و زیاتر لە هەموو دەرفەتێکدا دێنە گۆڕەپانەکە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەڵاواردن و نایەکسانی و یەکێک لە بێ ئابڕوترین و گەرەترین جیاکارییەکان بێ مافی ژنانە لە کۆمەڵگادا. ٨ی مارس دەریخست کە بەشێکی زۆری خەڵک چالاکتر و ڕادیکاڵتر بوون و شیعر و داواکاری ڕادیکاڵ و تەواو ئینسانی و بنەڕەتی وروژێنران بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردنی جێندەری. ئه مه بۆ حیزبی ئێمە که هه میشه خه باتکارێکی چالاک بووه له دژی ئاپارتایدی سێکسی و هه موو جۆره جیاکارییه کی دژ به ژنان و هه میشه له ڕێپێوانی هەشتی مارسەکاندا ئاڵای ڕزگاریخوازی ژنانی هه ڵکردووه و ناڕه زایه تیی ده ربڕیوە له به ڕامبەر ئه و نادادپەروەرییه له ڕادەبەدەرە ی که له لایه ن ئیسلام و کۆماری ئیسلامیه و تەواوی سیستەمی سەرمایەداری وه به سەر ژناندا سەپێنراوه، هەلومەرجی لەباری بۆ فراوانکردنی چالاکییەکان دابین کرد. نەبزی حیزب لەگەڵ نەبزی کۆمەڵگا لێدەدات. حزبی ئێمە بەردەوام مەودای کاری خۆی لەڕووی چالاکیی تەبلیغی و چالاکیی سۆشیال میدیا و چالاکیی مەیدانییەوە فراوانتر دەکات و چەندین کەمپەینێکی زۆر سازدەکات و دەستپێشخەری نوێ بەکاردەهێنێت.

ئەمساڵ لە ٨ی مارسدا ئەم جۆرە چالاکییە حیزبییانەمان بینی. من زۆر بە چڕی باسی ئەم چالاکییانە دەکەم چونکە لەم بەرنامەیەدا کات نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموویان. بەشێک لەو چالاکی و ڕێوشوێنانە سیمینار و وتارەکانی ئۆنلاین بوون کە لە لایەن حیزب و ئەو دامەزراوانەی کە حیزب پشتیوانیان کردبوو ڕێکخرابوو. مینا ئەحەدی چەندین سیمیناری ئەنجامدا، شۆڕشی ژنانە، ئێکس موسلیم، کۆمیتەی خەبات بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و شیوا مەحبووبی سیمیناریان ئەنجامدا کە پێشوازییەکی باشیان لێکرا. سیمینارێک لە لایەن یەکەی حیزبەوە لە شاری ڤانکۆڤەر بە زمانی ئینگلیزی ڕێکخرا و تێیدا زیاتر لە هەشتا چالاکوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد. عەبدوڵڵا ئەسەدی و فیدراسیۆنی پەنابەران لە سۆشیال میدیا لەگەڵ ئامادەبوونی پەنابەرانی ئێرانی لە تورکیا وتووێژێکیان ئەنجامدا کە لە لایەن پەنابەرانی ئێرانیشەوە پێشوازی لێکرا. لەم سیمینارانەدا ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربووان و وتاربێژان و نێردراوانی ئێران و دەرەوەی ئێران غەیرەحزبی بوون و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی چالاکیی و پەیوەندییەکانی حیزب و ئەو دامەزراوانەی کە حیزب پشتیوانییان لێدەکەن.

ئەمە لایەنێکی چالاکیی بوو کە زۆر بەرفراوانتر بوو لە ساڵانی پێشوو. لایەنێکی دیکە دەستپێشخەرییەکانی وەک پاسکیلسواری بوو وەک ناڕەزایەتییەک لە دژی مافەکانی ژنان لە ئێران کە لە لایەن کادیرانی حیزبەوە لە شارەکانی سوید و دانیمارک ڕێکخرابوو. ئەم چالاکییە زۆر سەرکەوتوو بوو، بەتایبەتی لە شاری کۆپنهاگن و چالاکانی غەیرە ئێرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لەم شارەش پەیوەست بوون بەم بزووتنەوەیە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە نەبوونی مافی ژنان لە ئێران. به هه مان شێوه چه ند کلیپێک له نێویاندا کلیپی سروودی یه کسانی، که له لایه ن هه ڵسوڕاوانی کۆمیته ی خه بات بۆ ڕزگاری زیندانیانی سیاسییه وه ئاماده کرابوو، به شێوه یه کی به ڕفراوان له سۆشیال میدیا بڵاوکرایه وه و له لایه ن هه زاران که س پێشوازییان لێکرا.

من ئیتر ناچمە ناو باسی ئەو چالاکییە مەیدانییانەی کە لە ئێراندا دەکران، وەک کۆبوونەوە و لەدیوار نوسین و هتد،. کۆکردنەوەی ئەمانە دەریدەخات کە حیزب لەگەڵ نەبزی کۆمەڵگادا نەبزی لێ دەدات و هاوشان و لە چوارچێوەی ئەو بزووتنەوە مەزنەدا کە ئەمساڵ لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە مافەکانی ژنان لە ٨ی مارسدا پێکهێنرا، ڕۆڵێکی کارای هەبووە.

خەلیل کەیوان: بەڵێ بەم وەسفەی ئێوە کردتان، خەڵکی ئێران وەڵامێکی توندیان دایەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە کۆمەڵگای ئێران بە ئیسلامی دەزانن. زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر کاتێک دەگوترا ئێران وڵاتێکی ئیسلامی نییە، بەڵکو حکومەتەکەی ئیسلامییە، یان دەگوترا شۆڕشی ئێران ژنانەیە ، زۆر کەس ئەو قسانەیان بە زیادەڕەوی و ناواقیعی دەزانی. ئەمانە بۆ یەکەمجار لەلایەن مەنسور حیکمەتەوە باس کران – وەک زۆرێک لەدەستەواژە نوێیەکانی تر. ئێستا بازنەی بەکارهێنانی شۆڕشی ژنان زۆر فراوانە. کەس بە بیستنی ئەم وشەیە توشی سەر سوڕمان ناێت، بەڵام بۆتە بەشێک لە فەرهەنگی کۆمەڵگا و بە شتێکی ئاسایی وەردەگیرێت. شۆڕشی ژنان مانای چییە؟ ئایا بەو مانایەیە کە ژنان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشداری تێدا دەکەن؟ ئایا داواکارییەکانیان بەرجەستەیە یان ڕۆڵی ڕابەرایەتیان هەیە؟ مەبەستت چیە؟

حەمید تەقوایی: دەمەوێت بڵێم کە مەنسوور حیکمەت ئەمەی وروژاند، زۆرێک لە چەپەکان دژایەتیان کرد و بەو دەرئەنجامە گەیشتبوون کە شۆڕش شۆڕشی کرێکاری یان سۆسیالیستی نییە، بەڵکو شۆڕشی ژنانە. لە کاتێکدا واتاکە ئەوەیە کە شۆڕشی سۆسیالیستی، شۆڕشی دژە سەرمایەداری لە ئێراندا سیمایەکیژنانەی هەیە. ئەمڕۆش ڕەنگە هەندێک لە هێزە چەپەکان کێشەیان لەگەڵ ئەم دەستەواژەدا هەبێت، بەڵام خۆشبەختانە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی مێینەیی شۆڕش تا ڕادەیەک قبوڵ کراوە کە ڕێکخستنی لاوانی ئەو حیزبە لە ژێر ئەم ناوەدا بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی و دامەزراوەیی ڕێکخستووە ، و چەندین چالاکوان لە ئێران و دەرەوەی ئێران لەم ڕێکخراوەدا کار دەکەن. هەروەک ئاماژەم پێدا، یەکێک لە سیمینارەکانی ڕۆژی ٨ی مارس لە لایەن ئەم دامەزراوەیەوە ڕێکخرابوو، زۆرێک لە چالاکانی ئێران و دەرەوەی وڵات پەیامی دەنگی و ڤیدیۆیییان نارد و بەشداریان لەم سمینارەدا کرد و تەنانەت کلیپێکی تایبەتیشیان بۆ ئەم سیمینارە ئامادە کرد. دەمەوێت بڵێم ئەمڕۆ شۆڕشی ژنان وەک چەمک و بزووتنەوە و دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی جێکەوتووە.
پرسیارت کرد دەربارەی مانای شۆڕشی ژنان. ئەوە ڕاستییەکە کە ژنان لە خەباتی خەڵکی ئێراندا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن و لە زۆر حاڵەتدا لە پێشەنگی ناڕەزایەتییەکانن، یان بۆ نموونە دایکانی ڕۆژهەڵاتان و بزووتنەوەی دادگاییکردن و دایکانی زیندانیانی سیاسی وەستاون زۆر بوێرانە دژی کۆماری ئیسلامی. لە لایەکی دیکەوە، پرسێکی گرنگ کە شۆڕش لە ئێران دەبێ چارەسەری بکات، چەوساندنەوەی ژنانە و هیچ گومانێک لەوەدا نییە. ڕاستییەکی دیکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتکردنی ژنان، بە ئاپارتایدی سێکسی و بە جێبەجێکردنی گەورەترین هەڵاواردنەکانی دژی ژنان، لە ڕاستیدا هەموو کۆمەڵگای زیندانی کردووە و خۆی لە سەر پێ ڕاگرتووە. ئێمە هەمیشە گوتوومانە ژیانی حکومەت بەستراوەتەوە بەتاڵە مووی قژی ژنانەوە. بە شێوەیەکیخوازراو و تەنانەت بە واقیعی وشەکە. کۆماری ئیسلامی بە حیجابەوە هات و بێ حیجاب دەڕوات.

ئەم ڕاستیانە لایەنە جیاوازەکانی شۆڕشی ژنان نیشان دەدەن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ژنان دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی دژی هەموو سیستەمەکە و ئەو حکومەتە دەجەنگن کە ئەم جیاکارییەی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە ئێراندا بە قووڵی سیاسییە، بە قووڵی دژە ئایینییە، بە قووڵی سەرنگونی خوازە، بە قووڵی داوای بەها مرۆییەکان دەکات و ئاڵای خۆیان هەڵکردووە. بە قووڵی مۆدێرن و مەدەنییە. نەک تەنها داوای یەکسانی ژن و پیاو دەکات، بەڵکو داوای کۆمەڵگایەکی دوور لە خورافات و ئەخلاقی داڕزیو لە دژی ژنان دەکات. ئەمانە خەسڵەتەکانی شۆڕشن. شۆڕشێک کە لە ڕیشەی چەوساندنەوەی ژنان و ئایین و ئەخلاقدا دەدات.

ئەگەر حکومەت پشت بە بێمافی ژنان ببەستێت، بەرەنگاربوونەوەی ئەم بێمافییە هێرشکردنە سەر ڕەگ و ڕیشەی حکومەت، ئەمە بەو مانایە نییە کە شۆڕش ئامانج و داواکاریی دیکەی نییە، و تەنیا پێویستە هەڵاواردنی ڕەگەزی چارەسەر بکات. بەڵکو بەو مانایەیە کە شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئێراندا سیمایەکیژنانەی هەیە.
هەر شۆڕشێک کە بیەوێت بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان بەو خەسڵەتانەی کە باسم کرد، نەک هەر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەڵکوو لەگەڵ تەواوی سیستەم و حکومەتی چینی سەرمایەداری مفتەخۆردا تەکلیفی خۆی یەکلایی بکاتەوە. بەم مانایە شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئێراندا ژنانەیە، یان بە واتایەکی تر شۆڕشی ڕزگارکەری ژنان لە ئێراندا تەنیا دەتوانێت سۆسیالیستی بێت. بۆ ئەم شانازییە، دەسەڵاتی ژنان لە کۆمەڵگادا، واتە ٥٠%ی کۆمەڵگا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە هێزێکی گرنگە بۆ پێشخستنی شۆڕشی سۆسیالیستی لە ئێراندا

خەلیل کەیوان: ئێوە بۆچوونی هاوشێوەتان لە سمینارێکدا سێ ساڵ لەمەوبەر و لەم دواییانەدا لە وتارێکدا لە ژێر ناوی “تایبەتمەندییە سۆسیالیستییەکانی بزووتنەوەی نوێی ڕزگاریخوازی ژنان ” تان خستەڕوو و وتتان کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە ئێران دژی ئایین و دژە ئەخلاق و تابۆی دواکەوتووانەیە. دژی پۆستمۆدێرنیزم و گشتگیرییە، دژی ئیسلامی سیاسییە. لە کاتێکدا ڕەوتە فێمینیستە باڵادەستەکان لە جیهاندا ئەم تایبەتمەندیانەیان نییە. ئەم جیاوازییە لە چیەوە سەرچاوە دەگرێت؟

حەمید تەقوایی: لە ئێراندا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان ئەو تایبەتمەندیانەی هەیە، چونکە زیاتر لە چل ساڵە حکومەتێک هەیە کە هەژموونی ئایدۆلۆژی، سیاسی و فیکری، کولتووری و ئەخلاقی لەسەر بنەمای تابۆ، ئەخلاقی کەڕوو هاوردووی پیاوسالاری ، ئایین و یاسا دژە ئینسانیەکانی ئایینی دامەزراوە. و بەگشتی سەیرکردنی ژن وەک کاڵایەکی سێکسی و ئامرازێک بۆ چێژوەرگرتنی پیاو. لە ئێراندا ژنکوژی فەلسەفە و سیاسەتی فەرمی حکومەتە. تۆ تەنها ئەمە لە یاساکاندا نابینیت. لە یاساکاندا ژن یان هیچ مافێکی نییە یان بە نیوەی پیاو دادەنرێت، بەڵام مەسەلەکە زۆر لەوە زیاترە. کۆماری ئیسلامی حکومەتێکە کە بەرپرسان و ئیمامەکانی هەینی ڕۆژانە لە مینبەر و میحرابەکانیانەوە خراپترین سووکایەتی و بێڕێزی بە ژنان بڵاودەکەنەوە، حکومەتێک کە دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێکی نۆ ساڵان لە ژێر ناوی هاوسەرگیری شەریعەت بە یاسایی دەکات، ئا حکومەتێک کە لە ژێر ناوی زەواجی سیغەدا شەرعیەت بە لەشفرۆشی دەدات ، حکومەتێک کە نەک هەر ڕێگری لە کوشتنی شەرەف ناکات، بەڵکو تەنانەت لە کۆمەڵگەدا بەرەوپێشیان دەبات. بەپێی یاساکانی تۆڵەسەندنەوە و ئەخلاقی ئیسلامی، پیاو مافی ئەوەی هەیە ژن یان کچەکەی بکوژێت کە بە بۆچوونی ئەو “بێ ئەخلاقی” یان پەیوەندیەکیان هەیە کە ئیسلام پەسەندی نەکردووە.
خەڵکی ئێران لەگەڵ حکومەتێکی لەو جۆرەدا بەرەوڕوون. حکومەتێکی لەم جۆرە بزووتنەوەیەکی لە دژی خۆی ڕێکخستووە کە مشتێک لە ئاسمان دەدات. لە نووسینەکەمدا ئەم نموونەیەم هێناوەتەوە کە کاتێک فشار دەخەیتە سەر ئیسپرینگێک، ئەگەر دەستی لەسەر لابەریت، لە پلەی یەکەمدا ناوەستێت، بەڵکو چەندین جار باز دەداتە پێشەوە. دۆخی ژنانیش لە ئێران هەر بەو شێوەیە. حکومەت، ئایدۆلۆژیای فەرمی، یاسا، پڕوپاگەندەی حکومەت، و سەرکوتکردن، زیندان و ئەشکەنجە و هتد، هەموو ئەمانە بێ مافییەکی یەکجار زۆر و دەکرێ بڵێین، سوکایەتی و بێڕێزیەکی یەکجار زۆریان بە سەر ژناندا سەپاندووە لە کۆمەڵگای ئێراندا. ژنان لە دژی ئەم بارودۆخە ڕاپەڕیون و هەر بۆیەش وزەیەکی زەبەلاح کەڵەکە بووە کە کاتێک ئازاد دەکرێت، کە لەدژی کۆماری ئیسلامیدێتە مەیدان، کۆمەڵگا دەکێڵێت و داوای دوا دەستکەوتەکانی بۆ ئازادی ژنان دەکات. چیتر ڕازی نابێت بەو ئاستەی مافەکانی ژنان کە بۆ نمونە لە سەردەمی شادا هەبووە. یان تەنانەت تا ئەو ڕادەیەی کە ئەمڕۆ لە وڵاتانی ئەوروپادایە. ژنانی ئێران خوازیاری ئازادی بێ چەندو چۆن و تەواو و کامڵیان دەوێت. وە ئەم ئازادییە لەسەر بنەمای بەها مرۆییە گشتگیرەکان دامەزراوە. ژنان لە ئێراندا ئەوە قبوڵ ناکەن وەک ئەوەی کەلتووری ئیسلامی داوایان لێ بکات کە ڕەچاوی “پێوەرەکان”ی ڕێژیم بکەن. ئەم پێوەرانە هەمان تابۆی ئیسلامی ڕزیو و دژە ژنن. لە ئێستادا ژنان ئەم پێوەرانە دەشکێنن. پرسی تابۆ بوونی پەیوەندی سێکسی لەلایەن ئەو ژنانەی کە هاوسەرگیری سپیان کردووە شکێنراوە. ناڕەزایەتی تەنانەت بەرامبەر بەو نادادپەروەرییانەی لە ئاستی بنەماڵەدا هەن، ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو ئەخلاقە ڕزیوانەی کە ژن بە شەرەفی پیاو دەزانن و بە “پاک و پاکیزەیی” ناوی دەبەن، ناڕەزایەتی دژی حیجاب و ئاپارتایدی سێکسی و هتد و هتد. ژنان لە ئێراندا خوازیاری فەرهەنگێک و پەیوەندیەکی ئینسانی و مۆدێرن، جیهانی و بە قووڵی لەسەر بنەمای یەکسانی هەمەلایەنەی نێوان ژن و پیاو دامەزرا بێت و لە هەر شوێنێکدا توانایان هەبووە، لە جێبەجێکردنی ئەو پەیوەندیانەدا بەشدار بوون. هەر لەبەر ئەمەشە کە بە بڕوای من بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە ئێران دژە مەزهەبی و دژە ئەخلاقی و پیاوسالاری، گشتگیر و تابۆ شکێنە و پێشکەوتنخوازانەترین و پێشڕەواانەترین تێگەیشتن و لێکدانەوە لە ئازادی و یەکسانی و بەدیهێنانی لە ئێراندا دەخوازێت .
بەداخەوە ئێمە ئەم تایبەتمەندیانە لە بزووتنەوەی فێمینیستی باڵادەست لە جیهاندا نابینین. چونکە، لە بنەڕەتدا، ئەو بۆچوونانەی کە بەسەر ئەم بزووتنەوەیەدا زاڵ بووە، کە زۆر لە دواوەی ئەو داواکاری و ئەو ئاڵایەی کە ڕۆژگارێک لەلایەن بۆرژوازی لیبراڵ و دیموکراتەوە بەدەستەوە گیرا بوو. ئەمڕۆ پۆستمۆدێرنیزم لە فەزای فیکری ڕۆژئاوادا باڵادەستە. واتە تیۆرێک کە باوەڕی بە بەها مرۆییە گشتگیرەکان نییە و تەنانەت باوەڕی بە پێشکەوتنیش نییە و پێی وایە بەها لۆکاڵی و نەتەوەییەکان لەسەر بنەمای ئایین و میللەتە و نەتەوەیی پێناسە و دیاری دەکرێن. ئه مه ش له سەر ئه وەی که زۆرێک له فێمینیسته کان و ته نانه ت ئه و بزووتنه وه یەی که خۆیان به چه پ داده نێن حیجاب و بورقا به به شێک له کولتوری “ژنانی موسڵمان” ده زانن و چاویان دەبەستن له ئاست کوشتنی نامووسی ته نانه ت له وڵاتانی ئه وروپیشدا. ئەم مەیل و هەڵوێستە ژن ئازاد ناکات، ملکەچکردنی بۆ یاسا ئایینییە دژە ژنەکان، نەتەوەیی و خێڵەکییە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە بە تەواوی لە خاڵی پێچەوانەی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی ڕزگاریخوازی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندایە.

خەلیل کەیوان: لە قسەکانی ئێوە دەتوانین بڵێین کە تاکە وەڵام بۆ کێشەی چەوساندنەوەی ژنان سۆسیالیزمە. وەک لە سیمینارەکە و ئەو بابەتەدا کە باسم کرد بە ڕوونی باست کردووە. تۆ وتت فێمینیزم لەم سەردەمەدا تەنیا دەتوانێت فێمینیزمی سۆسیالیستی بێت. وە ڕەوتە سیاسییە دەسەڵاتدار و باڵادەستەکانی جیهان، حکومەت و حزبەکان و تەنانەت ڕەوت و بزووتنەوە تەقلیدییەکانی ئێستاش وەڵام و چارەسەرێکیان نییە بۆ ئەو نایەکسانیانەی بەسەر ژناندا دێت. بۆچی وا بیر دەکەیتەوە؟ مەبەستت ئەوەیە ژن تەنها لە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستیدا دەتوانێت ئازاد بێت؟

حەمید تەقوایی: بەشێک لە هێزە چەپەکان پێیان وایە تەنها سۆسیالیزم دەتوانێت ژنان ئازاد بکات. بەڵام بەڕای من لە ڕووی تیۆریەوە ئەمە وا نییە. لە ڕوانگەی شیکاری و ئەبستراکتەوە ژن لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا ئازاد دەکرێت، بەڵام لە پراکتیکدا ئەمە ڕوونادات و ڕزگاری ژن بە کردەیی بەستراوەتەوە بە ڕزگاربوونی کۆمەڵگا لە هەژموونی سەرمایە. بۆچی وایە ؟بە دیاریکراوی لەبەر ئەوەی کە بۆرژوازی دەستی لە شارستانیەت و بەهاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی شۆردووە کە پێشتر شانازی پێوە دەکرد.

ئەمڕۆ نەک هەر لایەنگرێکی ڕزگاریخوازی ژنان و هەر فێمینیستێک کە بەڕاستی دەیەوێت ژن ئازاد بکات، دەبێت سۆسیالیست بێت، بەڵکو دەبێت هەموو دیموکراتێک شێلگیر بێت، دەبێت سۆسیالیست بێت، هەموو لایەنگرێکی ڕاستەقینەی مافەکانی مرۆڤ دەبێت سۆسیالیست بێت، هەرکەسێک دژایەتی هەر جۆرێک بێت لە جیاکاری دەبێت سۆسیالیست بێت. چونکە بۆرژوازی بە هیچ شێوەیەک دان بە جیاکاریدا نانێت. جیاکاری پێی دەوترێت جیاوازی کولتووری! جیاوازی شارستانیەتەکان و شەڕی شارستانیەتەکان! دیارە ئیسلام کە ژن بە موڵکی پیاو دەزانێت، شارستانیەتێکە، ئایینی هیندۆسیش کە پێی وایە ژن دەبێت لەگەڵ مێردەکەیدا بسوتێنرێت، شارستانیەتێکە، هەروەها کولتوری پێشکەوتوو و مۆدێرنیش شارستانیەتێکە!
ئەمە ئەو دۆخەیە کە بۆرژوازی دروستی کردووە. لینین دەیگوت هەموو دیموکراتێک پێویستە سۆسیال دیموکرات بێت. ئەمڕۆش پێویستە ئەمە درێژبکرێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەڵاواردنێک. هەر چالاکوانێکی ڕاستەقینە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان دەبێ سۆسیالیست بێت. هیچ ڕێگایەکی تر نییە. هەر کەسێک بیەوێت هەسارەی زەوی و ژینگە بپارێزێت، دەبێت سۆسیالیست بێت. ئەمڕۆ تەنانەت کاک بیل گەیتس سەرمایەدارە بەناوبانگ و خاوەنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتیش ئەمە دەڵێت. ئەو دەڵێت تاکە چارەسەر بۆ گەرمبوونی جیهان سۆسیالیزمە. پێویست ناکات مارکسیست بیت، تەنها پێویستە واقیعبین بیت بۆ ئەوەی بزانیت وەڵامی پرسی ژن، پرسی تێکدانی ژینگە، پرسی سەرکوت و دیکتاتۆری، تەنانەت نکۆڵیکردنی مەدەنیەت و کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمڕۆ هەروایە لە دەستی سۆسیالیستەکاندا. لە ڕووی فەلسەفی و ئایدۆلۆژی و کۆمەڵایەتی-سیاسیەوە بۆرژوازی دەستی خۆی لە کۆمەڵگەی مەدەنی شۆردووە. ئەوان کۆمەڵگەی مۆزایکی خێڵەکی ئایینییان تیۆریزە کردووە و بانگەشەی بۆ دەکەن.

بۆیە تەنانەت هەموو چالاکێکی مەدەنی شێلگیر دەبێت سۆسیالیست بێت. هەرکەسێک کە بەها بۆ شارستانیەت و پێشکەتوخوازی لا گرنگە و هەرکەس پێی وایە کە خەڵکی گۆی زەوی ئارەزووی بنەڕەتی هاوبەشیان هەیە و ئازادی بۆ هەموو دانیشتوانی گۆی زەوی یەک مانای هەیە؛ هەرکەسێک پێی وایە ئازادی ڕێژەیی نییە، خۆشگوزەرانی ڕێژەیی نییە، یەکسانی ڕێژەیی نییە، دەبێت سۆسیالیست بێت. زۆرینەی ڕەهای خەڵکی جیهان بەم شێوەیە بیردەکەنەوە، بە پێچەوانەی پۆستمۆدێرنیزمی لەسەدا یەکەکانەوە. وە تەنها سۆسیالیزم دەتوانێت ئەم ئایدیاڵ و خواستەی خەڵکی جیهان بەدیبهێنێت.

بێگومان مەبەستم سۆسیالیستەکانی جۆری کۆمۆنیزمی کرێکارییە. هەندێک چەپگەرا هەن خۆشەویستی پۆستمۆدێرنیزمیان قووت داوە. لە نێو چەپەکانی ڕۆژئاوا کە ئەمڕۆ لە تەنیشت حەسەن نەسروڵڵا وەستاون. پێویستە وازیان لێ بێنن، بەڵام سۆسیالیست و کۆمۆنیستە واقیعیەکان نەک هەر ئاڵای ڕزگاری ژنیان بەدەستەوەیە، بەڵکو ئاڵای شارستانییەت و مۆدێرنیزم و پێشکەوتوخوازی و پێوەرەکانی ئینسانیەکانیشیان بەدەستەوەیە. بۆیە پێویستە بگوترێ بەو هەلومەرجەی کە بۆرژوازی لە دونیادا دروستی کردووە، بەم ڕەوتە پاشەکشەیەی کە بۆرژوازی بەسەر جیهانیدا سەپاندووە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان تەنیا دەتوانێت بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی بێت.

١١ی مارسی ٢٠٢١




راپەڕ مەحمود، بریکاری پیشەیی خانووبەرە

بەخێربێیت!

من راپەڕ مەحمود بریکاری پیشەیی خانووبەرەم..

خاوەن ماڵ بیت، یەکەمجار کڕیار بیت، فرۆشیار بیت، یان وەبەرهێنەرێکی بە ئەزموون بیت – تۆ لە شوێنی گونجاودایت!
من هەموو جۆرە زانیارییەکی یارمەتیدەر و سەرنجڕاکێشم هەیە بۆ هەموو پێداویستییەکانی خانووبەرە.
هەر کەسێک ئارەزووی کڕین و فرۆشتن یان وەبەرهێنان لە بواری خانووبەرەدا هەیە! دەتەوێ بزانی چۆن کاردەکات؟ یەکەمجار کڕیارە؟ بێ دوودڵی! هەموو وەڵام و یارمەتییەکانمان لەبەردەستە کە ئێوە پێویستتانە.

ئامانجمان: ١.

پابەندبە بە مامەڵەکردن لەگەڵ پێداویستییەکانی خانووبەرەت بەوپەڕی چاودێری و پیشەیی. بە باشترین شێوە خواست و پێداویستییەکانتان بۆ فەراهەم دەکەین، وە دڵسۆزی و متمانەی درێژخایەنتان بەدەست بهێنن.

پەیوەندیمان پێوەبکە:

416-230-0431
905-915-9503
905-225-6502
Rapar.mahmood@gmai.com
www.flagshiphomes.ca
2970 Drew RD, 214A
Mississauga, ON
L4T 2H3




فەرمانبەر.. پشکۆ ناکام

…..لە ووتارێکی پێشووترما باسم لەوە کردبوو کە تەسلیم بوونی حکومەتی بە ناو قەوارەی هەرێم بە ئەمری واقیع ، وەک تەسلیم بوونە لە شەڕا و لایەنی براوەی بەرامبەر هەر بە چەک کردنی لایەنی دۆڕاو واز ناهێنێ ، بەڵکو ئەتوانێ پارچە بە پارچەی جلەکانیشی پێ دابکەنێ ، ئەمە لۆژيکی شەڕە ، ڕۆستەمیش بیت کە تەسلیم بوویت دەسەڵاتت سفر هیچ بەدەستەوە، ، هەر چەنە لەوەتەی ئەم هەم بە ناو قەوارەیە بۆ کاری تایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا دروست کراوە هەر خروقاتێکی کرد بێ”کە لە ژماردن نایەن” و هێنرابێتەوە سەرخەت هاواری کردوە کە “قابیلی قبوڵ کردن نیە”!!! بەڵام لە پەناوە بە تەشەبوز بەم لایەن و ئەو لایەن خۆی گەیانۆتە بەغا و گوێ ڕایەڵی خۆی ڕاگەیانوە وەک ئەوەی لەسەر فرۆشتنی نەوت ڕووی یا و بە ناچاری ئەوەی قابیلی قبوڵ نەبوو بە مەمنونیەوە قبوڵ کرا.، چونکە ڕژێمەکەی هەولێر کە پشتی بە تورکیا بەستوە بە هانایەوە نەهات نەک هەر پشتی تێکرد و بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتەکە مەرجی خۆی هەیە کە ئەکرێ بڵێین ئەو مەرجانە بۆ دەسەڵاتی هەولێر وەک”شەق” وایە و زەحمەتە خۆی لەبەریا بگرێ…
دوای گۆڕانکارییەکانی پڕۆژەی بودجەی عێڕاق ، ئەوەنەی تر دەسەڵاتدارانی هەولێر دەست بەسراو ئەکا ولە ڕووی بژێویەوە بۆ خەڵک دەروو کردنەوەیەکە و ڕێگا نایا “کالعادة” کە هەر پارە گەشتە هەولێر یەکسەر خەشنۆش بکرێ و بۆ مووچەش عەینەن تاس و عینەن حەمام چاوەڕێ ی پارەکەی بەغا بن..!! دەسەڵاتدارەکانی هەولێر دەماری ملیان وەک وایەری موەلیدە ئەستوور بوە و هاواریان ئەگاتە عەرشی ئاسمان : ئەی هاوار ، بەغا قووت و مافی خەڵکی کوردستان ئەخوا،، ، بەڵام تا ئێستا خەڵک ئەوەی بەغای بە ئاسایی وەرگرتوە و یەک ملیگرام ناڕەزا نیە بگرە زۆریشیان پێخۆشە کە بارگرانی ئابووری لە سەرییان سووک ببێ ، ناڵێين هەموو بارەکە چونکە دەسەڵاتی کوردی کارێکی وای بە بژێوی خەڵک نەکردوە وا بە ئاسانی بێتەوە مایەی خۆی، وای لێ هاتوە بێزاری و تۆڕەیی خەڵک وا ئەکات کە داپڵوسینی دەسەڵاتی کوردی لە لایەن هەچ کەس و لایەکەوە بێ خەڵک پێ ی خۆشە و وا ئەزانێ بۆ تەسکینی خۆی ئەوە دەسەڵات دائەپڵۆسێ ، نوکتەش ئەوەیە کە بە ناو حکومەتی هەولێر باس لە قووتی خەڵک ئەکا ، دیارە مەبەستی لەو قووتەیە کە لە خەڵک ئەدزرێ و بەرپرسی واش هەیە تەیارەی تایبەتی خۆی هەیە !! ئەو قووتەی مۆزەخانەی خانەوادەیی پێ دروست ئەکرێ!! جگە لەوەش سەرانی هەولێر باس لە “ماف”ی خەڵک ئەکەن!! ئەو مافەی کە بتەوێ چی بڵێيت ئەبێ وەک فرێزەر هەر لە مێشکتا بێ و نەیدرکێنی دەنا هەر ڕستەیەکی سەدان شەق و چەن ساڵێک گرتنی بە دواوەیە ، لە کاتێکا دەسەڵاتی بەناو هەرێم بەغا بە شۆڤێنیست و .. و.. تاوانبار ئەکا بەڵام خەڵکی کوردستان هەنگاوەکانی بەغای پێ خۆشە و دەستخۆشیشی لێ ئەکا ، تۆ بڵێ ی دەسەڵات ئەو خەڵکەش بە شۆڤێنی لە قەڵەم بات ! دەسەڵات ئەبێ باش لەوە تێبگات کە تێوەگلانی ماف و قووتی خەڵک لە هاوارەکانیانا موزایەدەیە نەک خەم خواردن ، گەر لای خەڵک خەم خواردن بوایە هەڵبەتە پشتگیری لە هاوارەکان ئەکرد ، خەڵک ئەونە یاغنیش نیە جیاوازی نێوان موزایەدە و پەرۆشی نەکات کە وەک جیاوازی میوان ی تورکی و سوپای تورکی وایە..
كار وا بڕوا قەوارە و بەناو هەرێمەکە وا بچووک ئەکرێتەوە تا ئەگاتە ئاستی هەردوو مەجلیسەکەی “تشریعی”و”تنفیذی” ی ئەیام زەمان ، ئەو کاتەش دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ ئیش نابن چونکە ئەوەنە کۆنە جاش و ئەمین عام و موستەشاریان لە ناویانا هەیە کە پێوستیان بە هەڵبژاردن نابێ بۆی خەڵکی بە ئەزموونیان لەو بارەیەوە زۆر هەیە کە ببنە ئەندامی هەردوو مەجلیسەکە و کوردیش دەسەڵاتی هەر ئەمێنێ وەک “فەرمانبەر”
“”””””””””””””




ئێران.. داواکاری لە دیکتاتۆرییەت یان نەهێشتنی دیکتاتۆرییەت؟.. عەبدولڕەحمان گەورکی

لە سەرەتای مانگی نۆیەمی راپەڕینی ئەم دواییەی خەڵکی ئێراندا، دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران، مانەوەی خۆی لە چڕکردنەوەی لەسێدارەدانی گەنجانی ئێراندا بینیوە! چونکە لاواز بووە و لە لاوازترین دۆخی مانەوەدایە. ئەم دەسەڵاتە بۆ مانەوە خەڵک لەسێدارە دەکات. دەزانێت خەڵکی ئێران ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت و پێیان لەسەر رێگای رووخاندنی دەسەڵاتدایە و بڕیاریان داوە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی بخەنە خوارەوە!
بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٢٩ی بانەمەڕ (گوڵان)ی ئەمساڵ، جەللادەکانی دەزگای نادادوەری بە فەرمانی عەلی خامنەیی و سەرەڕای ناڕەزایەتی بەربڵاوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە کردەوەیەکی تاوانکاریدا، سێ بەندکراوی راپەڕین، ساڵح میرهاشمی (٣٦ ساڵ)، مەجید کازمی (٣٠ ساڵ) و سەعید یەعقوبی (37 ساڵ)یان، دوای چەند مانگێک ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، بە تۆمەتی محاربە(دژایەتیکردنی خودا) لە سێدارە دا. فاشیزمی مەزهەبیی دەسەڵاتدار، هۆی لەسێدارەدانی ئەم سێ کەسەی بەوە راگەیاند کە لە کاتی راپەڕینی گەل لە شاری ئیسفەهان و لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی رابردوودا! ژمارێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانیان سزا داوە!
بە پێی هەواڵ و زانیارییە بڵاوکراوەکان، رێژیمی دەسەڵاتدار لە مانگی دووەمی ساڵی نوێی ئێرانیدا زیاتر لە ١١٢ کەسی لە سێدارە داوە. لە سەردەمی حوکمڕانی دیکتاتۆری ئایینی، “ئیعدامکردن” بەشێکی دانەبڕاو بووە لە بوون و مانەوەی ئەم دەسەڵاتە تا ئەمڕۆ. بە وتەی شارەزایانی کاروباری ئێران، ئەم رژیمە ئەگەر “تەنها بۆ یەک رۆژ” دەستبەرداری لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدان و سەرکوتکردن بێت، دەستبەجێ دەڕوخێت. چونکە سەرکوتکردنی خەڵک لەلایەن حکومەتەوە و ناڕەزایەتی خەڵک بەرامبەر بە حکومەت لە لوتکەدایە. ئەم سەرکوتکردنە لە هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا بوونی هەیە. نزیک بە نیوەی دانیشتوانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان. زیاتر لە 120 هەزار کەس لە خەڵکی ئێران بە دەستی ئەم حکومەتە کوژراون و هیچ بنەماڵەیەک لە ئێراندا نابینی کە لە ستەمی ئەم دەسەڵاتە سەلامەت دەرچووبێت!
لە لایەکی ترەوە “موقاومەتێکی رەسەن” لە دژی ئەم دەسەڵاتە بوونی هەیە کە خاتوو (مریەم رەجەوی) سەرکردایەتی دەکات. نەیارانی رەسەنی دەسەڵات، خەبات دەکەن لە پێناو رووخاندنی ئەم رژێمە. هەرچەندە لە سەردەمی راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێراندا، بە وتنەوەی دروشمی لادەرانە و جێبەجێکردنی پڕۆژەی جۆراوجۆری کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیزم، هەوڵی بێدەنگکردنی راپەڕین دراوە، بەڵام خەڵکی ئێران، لە پێوەند لەگەڵ دەزگای رێبەرایەتی راپەڕین، توانیویانە کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن و رێگاکان بەسەر پلانی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیزمدا دابخەن.
ئەم موقاومەتە کە هێزە سەرەکیەکەی. (سازمانی موجاهیدینی خەڵکی ئێران)ە و لە (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران)دا دەرکەوتووە، ئێستا زیاتر لە جاران توانیویەتی مەیدانەکە لە سەرانسەری ئێران و دەرەوەی ئێراندا، (لە رووی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەوە) گەورەتر بکاتەوە و تەنگ بە رژێم هەڵبچنێت و خواستی سەرەکی خەڵکی ئێران (واتە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران)، لە (سەرو)وی داخوازییەکاندا بپارێزیت.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران هاوپەیمانییەکی سیاسیی هەرە دێرینە لە مێژووی ئێراندا کە لەسەر دوو بناغەی “ئازادی” و “سەربەخۆیی” دامەزراوە، ئەم ئەنجومەنە لە هاوینی ساڵی ١٣٦٠ لە تاران و لە لایەن بەڕێز (مەسعوود رەجەوی)ەوە دامەزراوە و خاوەن پێکهاتەی “دەسەڵاتی سێبەر(دوورخراوە لە ئێران)”ە کە “دابینکردنی ئازادییەکان” و “وەدیهێنانی مافە رەواکانی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران” لە بەرنامەیدا. ئەو بەرنامە و پلاتفۆرمە کە تا ئەمڕۆ لە مێژووی ئێراندا ناوازەیە، بناغەکانی ئەم ئەنجومەنە لەسەر بنەمای فرەیی، کۆماری، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و سکۆلاریسم دامەزراوە و بە درێژایی پێشهاتە سیاسییەکانی پەیوەست بە ئێران تاقیکراوەتەوە و دەوڵەتمەند کراوە و متمانەی خەڵکی ئێرانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و رێژەیەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەی جیهانیش پشتیوانیەتی. هەر بۆیە ئەو ئەڵتەرناتیڤە ساختانەی کە لە چەند مانگی رابردوودا نێردرابوونە گۆڕەپانی راپەڕین، زۆر بە خێرایی کاڵبوونەوە و توانەوە!
ئێستا کە لە مانگی نۆیەمی راپەڕینداین، کۆمەڵێک راستی حاشا هەڵنەگر هەیە:
یەکەم. دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینیی ئێران، سەرەڕای ئەو گەمە و مانۆڤرە جۆراوجۆرانەی کە تا ئەمڕۆ نیشانی داوە، گەیشتووەتە کۆتایی هێڵی مانەوەی خۆی و خەڵکی ئێرانیش سوورن لە رووخاندنی. کۆدەنگییەکی روونی بۆچوون هەیە کە ئاماژەیە بۆ “رووخاندنی”. چاوخشاندنێک بەسەر راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێراندا، راستییەکی وەهای تۆمار کردووە!
دووەم. روانینێکی راستەقینە بۆ سەر مێژووی ئێران و ئەوەی لە راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێراندا بەدیکرا، بەتایبەتی ئەوەی لە شارەکانی ئێراندا بینرا و وەک لە دروشم و داخوازییەکانی خەڵکی ئێراندا دەرکەوت، ئاماژەیە بۆ ئەو راستییەی کە “دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو”. خەڵک نە دیکتاتۆرییەتی ئایینی دەسەڵاتداریان دەوێت و نە ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ دیکتاتۆرییەتی پێشووی شاپەڕستی. لە ژێر رۆشنایی ئەم راستیەدایە کە هەوڵی کۆنەپەرستانە و کۆلۆنیالیزم بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی بۆ ئێران لە تراویلکە بەدەر نییە و ناتوانێ بکەوێتەوە سەر پێ!
سێیەم: لەسەر ئەرزی واقیع و لە گۆڕەپانی کردەی کۆمەڵایەتیدا، دیکتاتۆری لە ئێران، جگە لە “ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران” هیچ بەدیلێکی دیکەی نییە. واتا ئەم ئەنجوومەنەی نوێنەرایەتی خواستی خەڵکی ئێران دەکات. واتا بەدیلێکی راستەقینە کە خاوەن “پێگەی کۆمەڵایەتی”، “دەزگا و پێکهاتەی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی دواڕۆژ”، “مێژووی کردەیی و متمانەپێکراوی خەڵک”ە و خاوەن “بەرنامە و پلاتفۆرم”ێکە لەسەر بنەمای “ئازادی” و “جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت” و سەربەخۆیی” و پێکهاتەیەکی “دیموکراتیکی و کۆماری” کە لە لایەن جەماوەری خەڵكی ئێران و کۆمەڵگای جیهانییەوە ناسراوە.
لە کۆتاییدا، دوابەدوای لەسێدارەدانی سێ گەنجی خەڵکی ئیسفەهان، خانمی مریەم رەجەوی رایگەیاند: رۆژێک نییە زوحاکی مار لەسەر شان لە ئێران، بەمەبەستی پاراستنی دەسەڵاتی رەش و لەسەرەمەرگی ویلایەتی فەقیهی، و لە ترسی راپەڕینی گەل، خوێنی گەنجان نەڕێژێت. رژێمی ئاخوندی بە بێ سەرکوت و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان توانای یەک رۆژ حوکمڕانی نییە و تاکە رێگای رزگاربوون لە رژێمی خاوەن ئەشکەنجە و لەسێدارەدان، “راپەڕین” و “خۆڕاگری”یە. خانمی رەجەوی وتیشی: بێکردەوەیی لە دژی دەسەڵاتێک، کە شەرمەزارییە بۆ مرۆڤایەتی هاوچەرخ، بە زەقی، بە پێچەوانەی بنەما ناسراو و گشتگیرەکانی مافەکانی مرۆڤە لە جیهاندا.
هەر رۆژێک کە تێدەپەڕێت، ئەم راستییە زیاتر و زیاتر دەنگ دەداتەوە کە “سەردەمی داواکردن لەم دەسەڵاتە، کۆتایی هاتووە” و ئەوەی کە دەبێ ببێت، “خەبات و تێکۆشانە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران” و هیچ رێگەیەکی دیکە نەماوەتەوە!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی




کەسی نەشـیاو لە شـوێنی شـیاودا.. رەزا شـوان


 


لەوتەی دەوڵەتێک بە ناوی عـێراق لە
(١٩٢١) دا، لە لایـەن بەریتانیـاوە دروستکـرا و باشـوری کوردستانیـش بە زۆر خـرایە سەر ئـەم عـێراقـە. تا ئەمـڕۆش لەسەر بنەمـای (کەسی نەشـیاو لە شوێنی شـیاودا) عـێراق بەڕێـوەدەبـرێت. ئەگـەر کەسی شـیاویش لە شـوێنی شیاودا هـەبـووبـن یا هـەبـن زۆر دەگەمـەنـن. هـیچ سـوودێکـیشیان بۆ کـورد و کوردستان نەبووە لە کورد کوشـتن و کوردستان کاولکـردن زیـاتر. نەبوونی پـرەنسیـپی ” کەسی شـیاو لە شـوێـنی شـیاودا” لە حوکـمـڕانی دەوڵـەتی عـێراقـدا، شـوێنەوارێـکی کـاولـکەر و مـاڵـوێـرانی و تـرسـنـاکی دروسـتکـردووە. سـامـانـێکی زۆری عـێـراق بە فـیڕۆچـوون. باجی ئەم هـەڵانە و سیاسەتە چەوتـانەش، بە تایبـەتی گـەلی کورد داوێـتی و دەیـدات و بـۆتە قـوربـانی. بـۆ نمـوونە لە رژێـمی بەعـسی رەگـەزپەرسـت و شۆڤـێنی عەرەبـدا، چەقـۆوەشـێن و سەرسەرییـەکی وەکوو (سـەدام حوسـێن) بـوو سەرکـۆماری عـێراق، بێڕەوشت و ناڕەسەن و چاوشۆڕێکی وەکوو عـەریف (عەلی کـیمیاوی) کـرایە وەزیـری بەرگـری. چیـان بەسەر گـەلی کوردمـان بە تایبـەتی و گەلی عـێراق بە گـشتی هـێـنا؟ ئەمـەش بۆ گەنـدەڵـیی (کـەسی نەشـیاو لە شـوێـنی شـیاو) دەگـەڕێتەوە. چـونکە ئەمانە و زۆربـەی وەزیـرەکـانیان و کاربەدەستە باڵاکـانیان، هـیچ خەسـڵەت و مـەرج و پێـویستییەکی سـەرکـردەیی و و بەڕێـوەبـردنی، ئـەو پۆست و شـوێـنـە هەسـتـیارانەیان تـێـدا نەبوو. وەنەبی دەسەڵاتـدارانی ئێستای عـێراق لە دارودەستەکەی سەدام باشتربن. هەڵگـری هەمان ڤایرۆسی رەگەزپەرستی و دژەکوردن. کۆمەڵێک میـلیـشیای چەکـداری لە یاسا دەرچـوو و بەکـرێگـیراو، دەستـیان بەسـەر دەسەڵاتی عـێراقـدا گرتـووە.         

گەندەڵیی بۆتە شـێرپەنجەیەکی کوشندەی ئـەم سەردەمە، بەتایبەتیش لەو وڵاتـانەی کە لەلایـەن چەنـد کەسێکەوە، یا پـارتییەکەوە دەسەڵات و پـۆسـت و پـایە گـرنگ و بـاڵا و هەستیارەکانیان، لە بنەماڵە و کەسوکاری خۆیان و خزمانیان قورخکـردوون. دەستیان بەسەر ئابووری و دارایی و کۆمپانییەکان و سەرچاوەی داهـاتـدا گرتوون، فەرمانگە و دەزگاکانی حکومەت لەژێـر رکێف و کـۆنترۆڵی خۆیانـدایە. هـێزی چەکـداری داپـڵۆسین و سەرکوتکردن و دەمکوتکـردنیان هـەیە. لە زمانی هـێز زیاتر هیچ زمانێکـیتر نازانن.

قـورخکـردن و دەساودەسکـردنی دەسـەڵات لە بنەمـاڵەدا و بـوونی (کەسـی نەشـیاو لە شوێـنی شیاودا) لە باشووری کوردستانـدا، گەورەتـرین هـۆکـاری شکـستی دەسـەڵات و دواکـەوتـن و تەشەنەکردنی گـەنـدەڵی و وێـرانـکـردنی ژێـرخـانی ئابـووری و سـتـەم و چەوسانەوە و نایەکـسانی و نادادپەروەریی کۆمـەڵایـەتی و ئیـفـلـیجکـردنی پـێشکەوتـن و گەنـەشەکـردنی ئـابـووری و پێـشـێـلکـردنی یاسـا و رێسا و دەسـتـوور و بـێکـاری و کـوێـرەوەری و هـەژاری و بـرسـێـتی و دزیـکـردن و بەرتـیـل وەرگـرتن و پاشاگەردانی و بەفـێڕۆدانی سامـانی گەل و کاڵبوونەوەی سۆز و خـۆشـەویستی و هـاوبەستەبوون بۆ کورد و کوردسـتان و بەفـیڕۆدانی خوێـنی هـەزاران شەهـیدی گەلەکـان و بێ هـیوایی و بـێـزاری و رەشـبـیـنی و کـۆچـکـردن و نەبـوونی خـزمـەتـگـوزاری، دەزانـرێـت. هـۆی هەموو ئەم نەهـامـەتیـانەی گەلەکەمان بۆ نابەڵەدی و نەشیاوی و خۆسەپێنی دەسەڵاتی ئەمـڕۆی هـەرێـمی کوردستان دەگەڕێتەوە. تا دێت قـەوارەی هەرێـم بچـووکـتر دەبێـت.

پێشتر دەوتـرا (کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا) ئەم قـسە نەسـتەقـە، جـوانتریـن رستەیە لە مێـژووی مـرۆڤـدا، ئەم قـسەیەش پـڕ بە پێستی ئـەم پەنـدە کوردییە رەسەنەمانە، کە دەڵێت (نـان بۆ نانەوا و گۆشـت بۆ قـەساب). بەڵام لە ئەمڕۆدا بە پێچەوانەوەیە، کەسی نەشـیاو لە شـۆێـنی کەسی شـیاو دایـە. نـان لەلای قەسـاب و گۆشـت لە لای نانـەوایە.

زانای بە ڕێـوەبـردن (جـۆن ماکـسوێـل) دەڵـێت:” گـەر کەسێک لە شـوێنـیکـدا دابنرێـت کە لە کـارەکەیـدا نـابەڵـەد بێـت، کـارەکەی ئەنجـامـێکی بـاشی نـابێـت”.

گەر گەل و نیشـتمانێک، نەزان و هـیچ لەبار و هەگـبە بەتـاڵی رۆشـنبـیری و سـیاسی و ئیداری بەڕێوەی بەرێت، دەبێت پێشبینی چی لە داهاتووی ئەو گەل و نیشتمانە بکەین؟؟

(سـوکـرات) دەڵێت: “دەسـەڵات پیـاوان گەنـدەڵ ناکـات.. بەڵکوو گەر هاتـوو گەمـژەکـان بخـرێـنە دەسـەڵاتـەوە، ئەوان دەسـەڵات گـەنـدەڵ دەکـەن”.

گـرنگـتریـن ئەو مەرج و خەسـڵەتە سەرەکـییانەی پێـویستە لە سەرکـردەی لـێهـاتـوو و شـیاو و دڵسـۆزدا هـەبن (پسپۆری، رۆشنبیریی گـشتی، توانای سەرکـردەیی، رەوشـت، خۆنەسەپێن، بەرژەوەنـدی نەویستی تایبەتی) بەڵام بەداخەوە سەرکردەکانی کورد، هـیچ لەو مەرجانەیان تێـدا نییە. چونکە لەسەر بنەمـای بنەماڵـەیی و عـەشـرەتی و حـیزبی و دەڵەچـەیی و خـزمێـنە و تەشی رێستن و پێـڵاودانان و مەسینە بۆ هـەڵگـرتـن، پۆست و دەسەڵاتیان وەرگرتووە. زۆربەشیان پایە بە پایەی ئیـداری و سیاسیدا سەرنەکەوتوون.

دانانی کەسی نەشیاو لە شوێنی شیاودا، کارەسات و تاوانە دەرهـەق بە گەل و نیشتمان. نهـێنی سەرکەوتن و پێشکەوتن و بەختەوەریی گەلان و وڵاتان، دەگەڕێتەوە، بۆ بوونی سەرکـردە و بەرپـرسانی دڵسـۆز و خـۆبەخـتکەر و پسپوری شـیاو لە شـوێنی شـیاودا.

بەداخەوە نە کاربەدەستانی بـاڵای دەسەڵات، نە سەرکردەکانی حـیزبە دەسەڵاتـدارەکان، هەرگیز ئامادەنین دەست لە پۆسـت و لە کورسییەکانیان هەڵبگرن. ئەوان وەکوو قـیر و زفـت بە کورسی و پـۆسـتەکـانیـانەوە نووسـاون و بە هـیچ کـلـۆجـێک بەریـان نـادەن.

بێگومان شوانی دڵسۆز و وریا و بەئاگا، مەڕەکانی بە جوانی دەلەوەڕێنێ و لە گورگ و لە دەعبا دەیانپارێزێت. بەڵام گەر هاتوو شوانەکان خۆیان گورگبـن، ئەوسا چارەنووسی مەڕەکـان چیـدەبێـت ؟؟ چونـکە شـوانی ناپـاک زۆر لە گـورگ خـراپتـر و دڕنـدەتـرە.

کورد وتەنی (تا رەجـەب سەرپاڵـەمـان بێـت.. حـاڵـمان لەمـە باشـتر نابێـت) بارودۆخی کورد و کوردستان تابێـت خـراپتـر دەبێـت باشـتـر نابێـت. چونـکە سەرکـردەکـانی کورد کاڵـفامی سیاسی و بەڕێوەبردنن، هـیچ ماستەرپلانێکی ستراتـیژیی نەتەوەیی کوردییـان نیـیە. لە هەمـوو گـەمە سـیاسییەکان و دیـپلـۆمـاتییەکانـدا دۆڕاون. نابەڵـەدن و تـوانای پێشبینی و خوێنـدنەوەی ورد و گـریمانەیـان بۆ داهـاتـوو نییە. ناتـوانـن بە وردی ناخی بەرانبەرەکانیان و نەیاران بخـوێننەوە. بۆێە هەمیشە خەڵـەتـاو و دۆڕاون و شکـستیان هـێـناون. بـەڵام بـێـباک بـوونە و بـێـباکـن، وەک ئـەوەی نـە بایـان دیبـێـت و نە بـاران. زۆر بەداخـەوە رۆژێـك لە رۆژان بەخویانـدا نەچـوونەتەوە، پەنـد و وانەیـان لە هەڵە و دۆڕانـدن و شکـستییەکـانیـان وەرنەگـرتـوون. تادێـت خـراپتـر تێـدەکەون. بێـئاگـان لـەو پیـلان و تـۆڕانـای داگـیرکەرانی کوردسـتان بە گەلەکـۆمەیی بۆ سـڕینەوەی ناسـنامـەی کورد دایانـڕشتوون. هـەمـان سیاسەتی (پەرتکە و زاڵـبە) لەگـەڵ کـوردا بەکاردەهـێـنن.

جارێکـیان سـەدام حوسێـنی گـۆڕبەگـۆڕ، لە دیـوەخـانەی سەرۆکەکـانی عـەشـیرەتەکانی شاری رەمـادی، لە رۆژئـاوای عـێراق دانیشتـبوو. سەرۆکەکانی عەشـیرەتە عەرەبەکان داوایان لە سەدام کـرد چەکیـان بـداتی، ئەمـانیـش و وەکوو سەرۆک عـەشیرەت و خێـڵە کوردەکـان، فـەوجی خەفـیـفە (جاشـایەتی) دەکەنەوە. سەدام پێـیووتـن: ئەوەی بە کـورد دەکـرێت بە ئێـوە ناکـرێـت. سەرۆکەکـانی عـەشـیرەتە عـەرەبەکـان گـرژبـوون و وتیـان: چـۆن پێـمان ناکـرێـت؟! سـەدام بە یەکـێک لە پاسەوانەکانی وت: کـڵاشینکۆفـەکەت بـدە بە دەسـتی ئـەو سـەرۆک عـەشـیرەتە عـەرەبـەوە. ئەویـش چـەکـەکـەی داپـێی. سـەدام پێیـووت: فەرمـوو ئەوە چـەکە و بـراکەتی پێ بکـوژە. سەرۆک عەشیرەتەکە وتی: مـن چـۆن دەسـتـم لە بـراکـەی خـۆم دەچـێـت و بـیکـوژم؟! ئەمـە بە مـن نـاکـرێـت. سـەدام حوسـێـن وتی: بەڵام ئەمـە بـە کـورد دەکـرێـت و ئـامـادەیە بـراکـەی خـۆی بکـوژێـت.

زۆرم پێ سەیـرە کە لە تەلەفـزیـۆنەکـاندا قـسە دەکەن و خۆیـان هـەڵـدەکـێشـن و باسی چـاکسـازی دەکـەن و منـەت بەسەر خـەڵکـیدا دەکـەن. کـام چـاکـسازیتان کـردووە؟ بـۆ وادەزانن خەڵکی هـێندە گـێلـن هـیچ نازانن و هـیچ نابینن؟ چـاکسازی بە موزایـدەکردن و بە قـسە ناکـرێـت بە کـردار ئەنجـام دەدرێـت.   

لە هەموو ئەمانەش خراپـتر و قـێزەوەنـتر، ناڕێـک و خۆخـۆرن، هـەمیشە شەرەکانیان لەسەر قورخکـردنی دەسەڵات و ئاغایەتی و کورسی و پۆست و پارە و جانتاپڕکردن و بەرژەوەنـدیی کـەسی و حـیزبیتـانە، نەک لەسـەر بەرژەوەنـدیی نەتەوەییـمان. هەمـوو شـتەکانیـشیتان کردوون بە دوو بەشەوە، دوو ئیـدارەیی، دوو هـێزی پـێـشـمەرگە، دوو ئـاسایش، دوو… دوو… گەر وا بـڕوات، بە دووری نازانین، کە لە چوونە ژوورەوە بۆ ناو شارەکانی هەولـێر و بۆ سلـێمانی، لە بازگەکـانـدا بەبێ پاسـپۆرت و ڤـیـزە، رێ بە هـیچ کوردێـکی دانیشـتووی شـارەکانی ژێـر دەسەڵاتی یەکـتری نـەدەن، تەنـانەت گەر بـۆ سەردانـیش بـێـت.     

سەد کـۆبـوونەوە و دانشتنیان پێکەوە کـرد. بەڵام هەمـوویان بە (هـیچ) کۆتـاییان هـات. چونکە دڵسۆز و راستگـۆنیـن، نێـوان ناخـتان و زمـانتانن، پـردێکە لە درۆ و رق و بێ مـتـمانـەیی و بێ بـڕوایی و …هـتد. هـەر لایـەکـتان بـوونە بـە نـۆکـەری، دەوڵـەتـێکی داگیرکەری کوردستان. بە کورتی ئێوە (لەسەر ئـەوە رێکەوتـوون.. کە رێـکـنەکـەون).

کەی جارێک لە جـاران بە دڵپـاکی و نیەتبـاشی و دڵسـۆزییـەوە پێکەوە دانیـشتـن؟؟ کەی جارێک لە جاران بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەمانتان خستە سەرووی بەرژەوەندیی کەسی و حـیزبایەتیـتانەوە؟ کەی.. کەی.  باجی ئـەم هەموو کارەسات و نەهـامەتییانەش، گەلە داماوەکەمـان داوێـتی و دەیـدات. ئەوانە راسـتیـیەکـانـن، ئەگـەرچی وتـنی راسـتی تـاڵە.




بۆ ئەوانەی هەڵە تێگەیشتوون، یان بە هەڵە تێدەگەیەندراون.. هوشیار برایم

درۆ، یان نەفامیەکی زەقە کە دەڵێن ئەردۆغان لە تورکیا و باکوری کوردستان لە نێو کوردان دەنگی لە هەدەپە زیاترە، (وانییە).

هەدەپە و پەکەکە کە تەمەن و هێزیان بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتێکی 700 ساڵی و سوپایەکی 600 ساڵی ناهاوسەنگە، بە خۆڕاگریەکی گەورە و قوربانیەکی زۆرەوە، ئینجا توانیویانە ئەوەندە کوردەی لایەنگریانن بێننەوە بارێک کە بەرگری لە هەبوونی خۆیان بکەن، ئەوەی تا ئێستا کردوویانە و بەو ئاستەیان گەیاندووە، وەک ئەوەیە بە دەرزی بیر-یان کۆڵیبێت، بۆیە ئەگەر ئەو ڕاستیانە لەبەرچاو نەگیرێن، بێگومان دەکەوینە هەڵسەنگاندنێکی سەقەت و بێ واتا!.

هەر بۆ زانیین:

– ژمارەیەک لەو 27 شارە کوردستانیەی باکوور، ئێستا زۆرینەی دانیشتوانەکەی کورد نەماون، لە هەندێکیان نیوەن، یان ئەو بە ڕەچەلەک کوردانەن، لە ئەنجامی سیاسەتی 100 ساڵەی نکۆڵی و قڕکردن، دروشمی(چەند بەختەوەرم کە تورکم)یان قبوڵکردوە.“

– دەنگدەرانی شارە کورستانیەکان تەنیا خەڵکی شارەکە نیین، بەڵکو سەرباز و پۆلیس”کە سوپایەکن” و فەرمانبەرانی دەرەوەش کە لەوێن، لای ئەوان دەنگ دەدەن و لەسەر شارەکە حساب دەکرێن.

– بەشێک لەو کوردانەش کە ناوکیان لە جاشێتی بڕاوە، وەک پیشەی کۆنی خۆیان، دەنگ بە حزبی دەسەڵات-سیستەم دەدەن، پێش ئەردۆغانیش دەنگیان بە ئەجەوید و تانسۆ و دیمیرەیل دەدا، هەمیشە خۆیان فرۆشتووە.

– شەڕ و ڕوداوە وێرانیەکانی 30 ساڵی ڕابردوو، هەروەها نەداریی و هەژاری، ناچاریکردوون بۆ دۆزینەوەی کار، کۆچی گەورەشارەکانی تورکیا بکەن.

– سەیری ئیستەنبۆل بکەن، هەدەپە تەنیا لەوێ 11 پەرلەمانتاری بردۆتەوە، بۆ ناڵێن هەدەپە چۆن توانیویەتی 10%ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی ئەو شارە تورکیە بباتەوە !

– رەوشی جوگرافیی باکووری کوردستان بە هەرێمی کوردستان مەچوێنن، هەڵەیەکی گەورەیە، ئاخر لەخۆڕانییە کە هەدەپە بەرنامەکەی بۆ تەواوی تورکیایە و هاوپەیمانییش لەگەڵ چەپ و دیموکراتە غەیرە کورد دەکات.

لێرە لە هەرێم، هەندێ بە ناو شرۆڤەکار، ڕاگەیاندنەکانی دەربار و ئیسلامی سیاسیش، هەرچی ڕاستدەبێتەوە، شەلم کوێرم حوکمی ناڕاست و بێوێژدانانە دەدات، بە نەزانی بێت یان بە ئەنقەست، دەکەونە خزمەتی نەیار و دەزگا دڕندە و چەواشەکارەکانی دەوڵەتی تورک و شەڕە تایبەتەکەی و بەشداردەبن لە هەوڵی سڕینەوەی رۆحی ئازادی و لاوازکردنی متمانە بەخۆبوون.

جا ئەگەر بەراوردێکیش بکرێت، فەرموون ئەوە هەرێمێکی فیدرالی، بە دەستوور چەسپاو و دانپێدانراو ناتوانن بپارێزن، دە خۆتان بخەنە شوێنی هەدەپە و ئینجا دەزانن بەرخودان و فیداکاری چییە و قسە و حوکمی بندیوار و بێ مەسرەف چییە!




كورتەچیرۆك/ قوزلقورت.. عبدالرحمن بامەرنی

ئەڤە رۆژا بێھنژی و گوتیێ قوزلقورت، ئێدی خەو نەكەفتیە چاڤان و ئەو قوزلقورتە ژ مەژیێ وی دەرناكەڤیت. چەند سەرێ خوە دانیتە سەر بالیفكێ، ھێشتا تەمارا خەوێ چاڤێن وی نەگرتین، دەنگەك دێ جرفەكێ ڤێئێخیت و ئێكسەر بەژنی خوە رابیتەڤە و چ نەفرەتەكا ھەی، لخوە بارینیت، ژبەر وێ بێھنژینا، نە ل دەم و جھێن خوە یێن گونجایی.
چیرۆكا وی و خەوێ بێ رامان بوو، جامێرەكی گوتێ: “پێدڤی چ دەرمان و چارەسەریان ناكەت، خوە ب تشتەكی ڤە مژویل بكە”. ل چەند شەڤێن ئێكێ، ل عەسمانەكێ رەشێ تاری، ستێر دئینانە بەرچاڤێن خوە و ئەڤە ستێرەك و ئەڤە دوو ستێر و ئەڤە سێ ستێر و ب ھژمار سیھـ ستێر دخاندن و بیرا وی ناھێت جارەكێ ژی گوتبیت، ئەڤە ستێرا سیھـ و ئێكێ و دا خەو چاڤێن وی گریت. لێ دگەل دەربازبوونا حەفتیەكێ، ئێدی شوینا عەسمانی، كوتانا پەزێ جیرانێ وان دھاتە بەرچاڤێن وی و دا دەرێ كوتانێ ڤەكەت و دەست ب داكرنا وان كەت، ئەڤە بزنەك و ئەڤە دوو بزن و ئەڤە سێ بزن و ئەڤە بوونە سیھـ بزن و ئێدی دا نقومی خەوێ بیت و حەفتیەكێ ژی ب ھژمارتنا بزنان ڤە، دەرباز كر. د شەڤەكێ دا دیت، یێن بوینە سیھـ و ئێك بزن و جارەكا دی پەرێ وەكی بەرێ، خەو ژ چاڤێن وی زیزبوو. رۆژا پاشتر قەستا جیرانێ خوەكر، بزنێن وی ھژمارتن و بزنا سیھـ و ئێكێ ژێ كری و بزن ڤەكوشت و بزن گورا و گوشتێ بزنێ پارچە پارچە كر و ھەر پارچەك بۆ ئێكی وەك خێر فرێكر و بتنێ سەرێ بزنێ ما. ب شەڤێ قارقارا سەرێ بزنێ، نە بتنێ خەو ژ چاڤێن وی ڤەرەڤاند، بەلكو ژ نڤینێن خوە ژی رەڤی.
ئەڤ ئێكە درێژ بوو و مەزنترین كێشا وی بۆ نڤستن، بیر ل وی كەسی كر، ئەوێ گوتیێ قوزلقورت. لبەر مێزا وی راوەستیا، تبلا خوە درێژكرە ناڤ چاڤێن وی و گوتێ: “قوزلقورت بۆ تە و ھندی ئێكێ تەبیت”، دەنگێ وی نە بتنێ د ئاڤاھیڤە دەنگڤەدا، بەلكو خوە یێن ل سەر جادێ، كولانێ، ل تاخی و ل باژێری ھەمیێ ل بەر مێزا سەیدای خرڤەكرن و ھەمیان گوتنێ: “تە عافیەت بیت، ئەو قوزلقورتە…” و ژ ھینگێ وەرە، ئەڤێن ل سەر جاددێ، ئەڤێن ل كولانێ، ئەڤێن ل تاخی و ئەڤێن ل باژێری ب شەڤێ تێر دنڤن و سەیدا ژی پەیڤا قوزلقوتێ، دگەل تفا خوە دادعویریت..!




بنەمای سیاسەتی ئێمەئینسانە.. حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی: کاوە عومەر

بنەمای سۆسیالیزم ئینسانە. ئەم ڕستە کورتەی مەنسوور حیکمەت تەنها دروشمێک یان حوکمێکی تیۆری نییە، بەڵکو گوزارشت لەو ڕاستییە دەکات کە لە بەرنامەی دونیایەکی باشترەوە بۆ هەموو سیاسەت و بزووتنەوە و کردەیەکی تاکتیکی حیزبی ئێمە نیشان ئەدات. بناغەی بەرنامە دنیایەکی باشتر، بە بەشایەتی هەر بڕگە و پەڕەگرافێکی، ڕزگاری و یەکسانی و خۆشگوزەرانی مرۆڤە و فەلسەفە و بنەمای هەر بزووتنەوە و خەباتێکی کردەیی حیزب جگە لەمە هیچی تر نییە. ئێمە لە هەموو بوارەکانی خەباتدا بەشدارین، لە خەباتی ڕشتەیی و هەموو ڕۆژەی کرێکارانەوە تا هەڵمەتی دژ بە بەردبارانکردن، لە بەرگریکردن لە مافی پەنابەران و کۆچبەران تا ڕووبەڕووبوونەوەی کوشتنی شەرەف لە ئەوروپا و لە ڕەخنەگرتن لە یاسای کار سەبارەت بە “کاری هەرزان و کرێکارانی بێدەنگ”. ” بۆ بەرگریکردن لە ماف و ڕێزگرتن لە منداڵان، ئێمە لە هەموو شوێنێک ئاڵای ئینسان و ڕزگاری ئینسانمان بەرزکردۆتەوە.” وە لە هەموو ئەو بوارانەدا ئێمە لە دژی کۆنەپەرستی سەرمایەداریی هاوچەرخ لە فۆرمە سیاسی و تایبەتەکانیدا وەستاوین، دژی نەزمی نوێ جیهانی و دیموکراسی بازاڕی ئازاد و ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیزم و نەتەوە پەرستی. داکۆکیکردن لە ماف و کەرامەتی ئینسان نەک هەر لە بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزبدا، بەڵکو لە باشترکردن و باشترکردنی ژیانی خەڵکیدا هەر ئەمڕۆ، لە وەدیهێنانی کردەیی جیهانێکی باشتر لە هەموو ئاست و بوارێکی مومکین، هاوکات بنەما و… ڕێبەری کارەکانمان. ئێمە تاکە لایەنین کە لە ئۆپۆزسیۆندا سەرچاوەی کاریگەری بووین. هەزاران پەنابەر و کۆچبەری ئێرانی لە ئەمریکا و ئەوروپا، هەزاران ژنی چەوساوەی دەستی ئایین و ناسیۆنالیزمی کۆنەپەرستی کورد لە سلێمانی، ئازادیخوازانی ناڕازی دژی بە کوشتنی شەرەف و کچانی گەنج کە قوربانی ڕێژەگەرایی فەرهەنگین لە سوید و دانیمارک، هەزاران ئازادیخواز لە دەوروبەری جیهان لە هەڵمەتەکەمانەوە دژی بەردبارانکردنمان.ئەوان پشتگیریان کردوەو دەیکەن و شایەتی ئەو ڕاستییە دەدەن. ئێمە ئەوەندەی حزبێکی ئۆپۆزسیۆن بتوانێت ژیانی خەڵکمان باشتر کردووە.

بەڵام ئەم دەستکەوتانە هەموویان سنووردار و کاتین و قابیلی لێسەندنەوەن. ناکرێ گۆڕانی قووڵ و بەردەوام لە ژیانی ملیۆنان کەس لە ئۆپۆزسیۆندا دروست بکرێت. ئەمەش، بەدیهێنانی تەواوەتی پلانی دنیایەکی باشتر و خۆشگوزەرانی و یەکسانی و ئازادی مرۆڤەکان لە هەموو کۆمەڵگەدایە، تەنها بە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی مومکین دەبێت. دەسەڵاتی سیاسی کلیلێکە بۆ ئەوەی لە ڕەخنەگرتن لە جیهانی هەبووەوە بچین بۆ گۆڕینی جیهان، ئێمە دەمانەوێت دەسەڵاتی سیاسی کۆمەڵگەی چینایەتی بڕوخێنێت و مرۆڤایەتی ڕزگار بکات، بەڵام ئەمە تاکە حزب نییە کە خەبات دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی. ئەمە ئامانجی هەر حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی جدییە کە بگاتە دەسەڵات. ئەوەی ئێمە لە هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆن جیا دەکاتەوە، ئامانجمانە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و ناوەرۆکی ئەو ڕژێمەیە کە دەمانەوێت لە ئێراندا دایمەزرێنین. هەر لایەنێکی دەسەڵاتدار چی دەکات و چ جۆرە ڕژێمێک بنیات دەنێت، زیاتر لە هەموو شتێک، لە ناوەڕۆکی ئەو ناڕەزایەتی و ئەو ڕەخنانەی کە لە ئۆپۆزسیۆندا وروژاندوویەتی دەتوانی تێبگەی. ئەو کەسەی کە بەیەک دەستی ناکۆکی لەگەڵ وەلی فەقیە هەیە و دژایەتی لە سێدارەدان و بەردبارانکردن دەکات بەهۆی ئاشکرای بوونی ئەو تاوانانە، ئەوەی کە بە لابردنی شیروخورشید لە ئاڵای سێڕەنگ تێکدەچێت و نیگەرانە لە یەکپارچەیی خاک و گەڕانەوەی ئەو سێ دوورگەی لە کەنداو بۆ “دایکی نیشتیمان”، نیمچە شێخێک، کە تەواوی ڕادیکالیزمەکەی لە “سنووردارکردنی پاشا و شێخ”دا کورتکراوەتەوە، ئەم جۆرە ڕەخنەگرانە گۆڕانکاری لە ژیانی خەڵکدا بەدی ناهێنن. نە ڕەخنە و ناڕەزایی ئەوان پەیوەندی بە ئازاری خەڵکەوە هەیە، نە پلان و بەرنامەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایان پەیوەندی بە هیوای خەڵکەوە هەیە. بنەمای کارەکانیان ئینسان نییە، چین و سیستەمێکە کە بەرژەوەندی لە ژێردەستەیی ئینساندایە. پاراستنی سیستەمی هەبوو. دۆزینەوەی شوێنێک لە نەزمی جیهانی نوێدا. گەڕانەوەی ئێران بۆ بانکی جیهانی و سندوقی نێودەوڵەتی پارەیە.

ڕەخنەی حیزبی ئێمە لە کۆماری ئیسلامی لە ڕاستیدا ڕەخنەشە لەم جۆرە ئۆپۆزۆسیۆنە. مەحاڵە ڕەخنەی قووڵ و ڕادیکاڵ لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی بەڵام ڕەخنە لە نەیارانی ناشێلگیری کۆماری ئیسلامی نەگریت، ئەو هێزانەی کە هەریەکەیان بەجۆرێک دەیانەوێت پایەکانی سیستەمی هەبوو بپارێزن. پێوەر و مەحەکی ئێمە لە ڕەخنەگرتن لەو هێزانە، لەو ئایدیاڵ و بەرنامە و سیاسەتانەی کە خستوویانەتە پێشەوە، لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ خەڵکدا، هەمیشە ئینسان، کەرامەت و شکۆی ئینسانی و ئازادیی و یەکسانی و خۆشگوزەران ئینسان بووە و دەبێت..
ئەمڕۆ بە ئاسۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، پرسی جێگرەوەی ڕێژیم لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا بووەتە پرسێکی سەرەکی و هەموو حیزبەکان و هێزە سیاسییەکان هەڵوێستیان لەو بارەیەوە گرتووە. لەم بوارەشدا پێوەرمان دەنگ و ئیرادە و بەرژەوەندی خەڵکە. لە ڕوانگەی حیزبی ئێمەوە، شێوازی تەقلیدی، کردەیی، ڕاستگۆ و خێرای جێبەجێکردنی دەنگ و بۆچوونی خەڵکە لە دیاریکردنی سیستەمی ئایندەی شۆڕشدا. شۆڕش دەرکەوتنێکی ڕاستەوخۆ و ڕوونی عەزم و ئیرادەی جەماوەری مەزنی خەڵکە بۆ دیاریکردنی حکومەت. ئەمە پراکتیکترین و لە هەمان کاتدا دیموکراسیترین ڕێگایە بۆ لابردنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی سیستەمی خوازراوی خەڵک و ڕێک هەمان هۆکارە بۆ میتۆدی خوازراوی حیزبی ئێمە لە دیاریکردنی سیستەمی ئایندەی شۆڕشدا . تا ئیرادەی خەڵک و بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵک لە پڕۆسەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا فراوانتر و ڕێکخراوتر و هەمەلایەنەتر بێت، زیاتر دەتوانرێت ئەرکی ڕادیکاڵ و تەواو لەگەڵ سیستەمی هەبوو و دامەزراندنی کۆماری سۆسیالیستی دیاری بکرێت. و دیسانەوە، بەتەواوی بە هەمان هۆکار، ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست، وەک ئۆپۆزیسیۆنی دووی خۆرداد، دژی شۆڕش وەستاوە. ئەم هێزانە لە ڕاستیدا نەک هەر لە پلانی ڕیفراندۆمدا، بەڵکو بە تێزی نافەرمانی مەدەنی و ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە توندوتیژی لە شەڕی کۆماری ئیسلامیدا دژی شۆڕش ڕاپەڕیون و تەواو سروشتییە و چاوەڕوانکراوە کە ئەمە ڕووبدات. ئەو خەڵکەی شۆڕشیان بۆ ئازادی و ڕزگاری کرد، ناکرێ بە پاشایەک، بە یەکپارچەیی خاک، بە ئاڵای سێ ڕەنگ، ئیسلامی سووری ڕەجەوی، یان سیستەمی ئایینی نەتەوەیی کە کەمێک لە دۆخی ئێستا باشتر بن، بنێردرێنەوە ماڵەوە. سروشتییە ڕێگای گەیشتن بەو ئامانجە ئایدیاڵ و سیاسیانەی کە مرۆڤایەتی لەدەستیدایە، هێزی هۆشیار و ڕێکخراوەی خەڵک نییە، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێزەیە.

لە بەرانبەردا حزبی ئێمە هەمیشە جەخت و پشتی بە هێزی وشیار و ڕێکخراوی خەڵک بەستووە. پەسەندکراوەکانی ئەم دواییەی دەفتەری سیاسی، بڕیارنامەی مافی خەڵک بۆ دیاریکردنی سیستەمی ئایندە و جاڕنامەی ئازادییە سیاسییەکان، پشتبەستن بە کەسانی ئاگا و ڕێکخراو وەک بنەمایەک بۆ دیاریکردنی سیستەمی حکومەتی داهاتوو لە ئێراندا دادەنێت.

ئەم بەڵگەنامانە ڕایدەگەیەنن کە نوێنەری شوراکان و جاڕنامەی ئازادییە سیاسییەکان مەرجی پێشوەختەن بۆ زامنکردنی مافی خەڵک بۆ دیاریکردنی سیستەمی داهاتوو. لەم بەڵگەنامانەدا پرسی دیاریکردنی حکومەتمان لە ناوەڕۆکی حکومەت جیاکردۆتەوە. بێگومان لە دنیای واقیعدا، وەک لە سەرەوە ڕوون کراوەتەوە، ئەم دووانە بەتەواوی پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بەڵام دیزاینە جیاجیاکەی ڕێگەمان پێدەدات باوەڕی خۆمان لەلایەک و بە دەنگ و بۆچوونی خەڵک لە دیاریکردنی حکومەت، لەلایەکی دیکەشەوە بە قبوڵکردنی جەماوەری خەڵک، ئامانج و ئایدیاڵە مرۆییەکانی حیزب و کۆماری سۆسیالیستی ڕادەگەیەنین. ئێمە بە قووڵی باوەڕمان وایە کە خەڵک کۆماری سۆسیالیستی لەو هەلومەرجەدا هەڵدەبژێرێت کە بڕگەکانی جاڕنامەی ئازادییە سیاسییەکان بە شێوەیەکی یاسایی یان دیفاکتۆ لە کۆمەڵگادا جێبەجێ کرابێت. بۆیە بڕگەکانی جاڕنامە و پشتبەستنمان بە نوێنەرانی شوراکانی خەڵک تەنها تاکتیکێکە کە بە پێی هەلومەرجی ڕۆژ هەڵنەبژێردرێت، بەڵکو بەشێکە لە ستراتیژ و پلانی بەردەوامی بانگەشەی هەڵبژاردنمان. بەهۆی ئامانج و سیاسەتەکانمانەوە، بەهۆی تەوەر و ناوەڕۆکی ئەو حکومەتەی کە پێشنیاری دەکەین، پێویستمان بە ئازادی و دبەشداری هۆشیارانە و ئازادی کەسانی ڕێکخراو هەیە. و هەربۆیە پابەندبوونمان بە جاڕنامەی ئازادییە سیاسییەکان و بە شوراکانەوە بەرنامە و پرەنسیپێکە. شورا و جاڕنامەی ئازادییە سیاسییەکان خەڵک لە گۆڕەپانەکەدا دەهێڵنەوە و لە سەرەوە ڕێگا لە کودەتا و ئابڵوقە دەگرن و ڕێگری لە بە لوبنانکردنی کۆمەڵگا دەگرن.

بانگەوازی ئێمە بۆ حزبەکانی دیکەش لەسەر ئەو پرەنسیپ و چوارچێوە بنەڕەتییە دامەزراوە. هەر هێزێکی سیاسی بانگەشەی ڕێزگرتن لە بۆچوونی خەڵک بکات، دەبێت پێشوازی لە جاڕنامەی ئازادییە سیاسییەکان بکات. هەموو هێزێکی سیاسی ئۆپۆزسیۆن، بەبێ گوێدانە جۆری حکومەت و ڕژێمێک کە دەیەوێت، دەبێت پابەند بێت بە هەلومەرجی ئازادی خەباتی سیاسی. ئەگەر هەمووان بڵێن خەڵک دەبێ هەڵیبژێرن، ئەوا ڕوونە کە ئازادییە سیاسییەکان دەبێ هەمووان قبوڵیان بکەن. لەگەڵ بڵاوبوونەوەیجاڕنامەکەدا،حزبی ئێمە جارێکی دیکە خەڵکی خستە ناوەندی سیاسەتەوە.

ژانویەی ٢٠٠٣ – هەفتەنامەی نئینتەرناسیۆنال ١٤١