مارکس و ئەنارکیزم*-8- و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

بەشی هەشتەم

هەر وەک چۆن سەرکەوتنی ئەڵمانیا لە ساڵی 1871 و ڕووخانی کۆمۆنەی پاریس هێماکانی (ئیشارەتەکانی) نەمانی نێونەتەوەیی ( ئەنتەرناسیۆنالی) کۆن بوو، بە هەمان شێوەش شەڕی گەورەی ساڵی 1914 ئاشکرابوونی مایەپوچیی سۆسیالیزمی سیاسی بوو.
پاشان شتێکی شاز ڕویدا و هەندێکجاریش شتی نامۆ ڕوویانداوە ڕاستیشە، کە تەنها لەڕووی نەفامی ( جەهل) تەواوەوە و بە ئاگا نەبوون لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی کۆن دەتوانرێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە.
بەلشەفیکە سەربەخۆکان، کۆمۆنیستەکان و ئەوانی دیکە، بە بەردەوامیی میراتگرانی سۆسیال دیموکراتە کۆنەکانیان بە گزیکەرێکی شەرمەزارکەرانە بە بنەماکانی مارکسیزم تۆمەتبار دەکرد. ئەوانیان تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە بزووتنەوەی سۆسیالیستییان لەناو زەلکاوی پارلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا گیر کردووە، هەڵوێستی مارکس و ئەنگڵسیان بەرامبەر بە دەوڵەت بە هەڵە لێکداوەتەوە، ئا لەم جۆرە قسانە. لینین، سەرکردەی ڕۆحی بەلشەفیکەکان، هەوڵیدا بنەمایەکی تۆکمە بە تۆمەتەکانی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی ‘دەوڵەت و شۆڕش’ بدات، کە بە بڕوای قوتابییەکانی لێکدانەوەیەکی ڕاستەقینە و پاك و پەتی بووە بۆ مارکسیزم. لینین بە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی تەواو ڕێکوپێک لە وەرگیراوەکان بانگەشەی ئەوە دەکات و نیشانی بدات کە “دامەزرێنەرانی سۆسیالیزمی زانستی” لە هەموو کاتێکدا دوژمنی دیموکراسی و زەلکاوی پەرلەمانی بوون و ئامانجی هەموو هەوڵەکانیان نەمانی دەوڵەت بووە.
مرۆڤ نابێت لەبیری بکات کە لینین تەنیا لەم دواییانەدا ئەمەی زانی ئەویش کاتێک پارتەکەی بە پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکانەوە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر، خۆی لە کەمینەدا بینیەوە. تا ئەو کاتە بەلشەفیکەکان هەر وەک پارتەکانی دیکە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا بە وریاییەوە کردبوو تاکو لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسیدا ناکۆك نەبن. ئەوان لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر-ی ساڵی 1917دا بە بەرنامەیەکی گەورەوە بەشدارییان کرد بەو هیوایەی زۆرینەیەکی گەورە بەدەستبهێنن. بەڵام کاتێک بۆیان دەرکەوت کە سەرەڕای هەموو ئەوانە، لە کەمینەیەکدا ماونەتەوە شەڕیان دژی دیموکراسی ڕاگەیاند و ئەنجوومەنی دامەزرێنەریان هەڵوەشاندەوە، ئەو کاتە لینین کتێبی ‘دەوڵەت و شۆڕشی’ بۆ پاساودانی هەڵوێست و کەسایەتی خۆی ، دەرکرد.

درێژەی هەیە..
………………………..
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .




شۆڕش و حیزبایەتی.. وەرگێڕانی: کاوە عومەر

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئەنجامدراوە کۆکراوەتەوە

حەسەن ساڵحی: لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا ، ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک و سەلەبرێتیەکان و کەسایەتییە ناودارەکان، هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتیە جۆراوجۆرەکان و حیزبەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات چالاک بوون و دژی حکومەت هاتوونەتە مەیدان. لەم چاوپێکەوتنەدا دەمانەوێت بە تایبەتی باس لە ڕۆڵی حیزبەکان بکەین لە شۆڕشی ئێستادا.
سەرنجی یەکەم ئەوەیە کە لە شۆڕشی ئێستادا حیزبە چەپ و ڕاست و ناوەندەکان ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان نەبووە لە دامەزراندنی شۆڕشدا. هەرچەندە ڕەنگە چالاکی حزبەکان ڕۆڵی هەبێت لە بناغەی شۆڕشدا، بەڵام لە پێشهاتەکانی هەشت مانگی ڕابردوودا نابینین خەڵک ڕوو لە حزبەکان بکات. لە ناوخۆی وڵات بێگومان هەلومەرجی ئەمنی ڕێگە بە حزبەکان نادات بە ئاشکرا کاربکەن، بەڵام لە دەرەوەی وڵات حزبەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بانگەوازکردن و ڕێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی جەماوەریدا نییە. بە تایبەتی ئەو کردەوانەی کە بە قەبوڵکردنی تاڕادەیەک بەرفراوانی خەڵک بەرەوڕوو دەبنەوە، لە بنەڕەتدا لەلایەن ئەو کەسایەتیانە یان ڕێکخراوانەوە ناودەبرێن کە لە دڵی ئەم شۆڕشەدا پێکهاتبوون. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان تا ئێستا ڕۆڵێکی لەو شێوەیەیان نەگێڕاوە. بەڕای ئێوە هۆکاری ئەمە چییە؟
حەمید تەقواییی: خاڵی یەکەم ئەوەیە نەک هەر ئەم شۆڕشە، بەڵکو هیچ شۆڕشێک لە جیهاندا بە بانگەوازی هیچ لایەنێک دەست پێناکات. شۆڕش شەڕێکی سەربازی نییە کە پێشوەختە پلانمان هەبێت و بەرنامەی هەبێت و هێزەکان بجوڵێنین. شۆڕش تەقینەوەیەکە و بەزۆری هەموان تووشی سەرسوڕمان دەکات. ئەزموونی هەموو شۆڕشەکان هەمان شت نیشان دەدات.
ئەو خاڵەی پێویستە ڕوون بکرێتەوە، ڕۆڵی حزبەکان نییە لە سەرەتای شۆڕشدا بەڵکو لە پرۆسەی ئەم شۆڕشەدا. وەک خۆت وتت پێدەچێت حیزبەکان ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە جموجۆڵی شەقامەکاندا نەبینێت. ئەوەندەی پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەوە هەیە، دیارە بەهۆی بارودۆخی نهێنیەوە ڕۆڵی حزبەکان نابینرێت، بەڵام لە دەرەوەی وڵات، کە چالاکی گشتی تێیدا مومکینە، وەک خۆت گوتت زۆربەی کەس و کەسایەتییەکان هاتوونەتە پێشەوە نەک لایەنەکان.
بەڕای من هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە حزبەکان نوێنەرایەتی ستراتیژی و ئامانج و پلانێکی هەمەلایەنە دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و حکومی و مەسەلە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و هتد نەیانکردووە شۆڕش بزووتنەوەیەکی نەرێنی و کۆتایی پێهێنەر و ڕەخنەگرانەیە دژی دۆخی ئێستا. لەکاتێکدا حزب، لە چەپ و ڕاستەوە، لە بنەڕەتدا بەو ئامانج و بەرنامەی سەلماندنەوە کە بۆ سیستەمی ئایندە هەیانە دەناسرێنەوە.
لە دڵی ئەو جۆرە هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەدا، حزبە چەپ و ڕادیکاڵەکانی وەک حزبی ئێمە، کە دەیانەوێت دەیانەوێت هەموو ئەو نیزامەی کە هەیە و گۆڕانکاری بنەڕەتی دروست بکەن، تەنیا دەتوانن نوێنەرایەتی ڕەخنەیەکی ڕیشەیی و هەمەلایەنە بکەن بەرامبەر بە تەواوی حکومەت و سیستەمی هەبوو، یان لەگەڵ ئەو دەستەواژەی کە لە ئەدەبیاتی حزبی ئیمەدا بەکار بەکاردێت بە قوڵکردنەوەی “نا”ی خەڵک، بۆ بەرجەستەکردنەوەی خۆیان و هاتنە پێشەوە و ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە پرۆسەی شۆڕشگێڕیدا بەکاردەهێنرێت. لە پڕۆسەی شۆڕشدا کۆمەڵگە بەدژی حکومەت و تەواوی نەزمی هەبوو دێت و لە بنەڕەتدا بە هەمان پێوەر حزبەکان هەڵدەبژێرێت. لە شۆڕشی ئێستادا هێشتا ئەم هەڵبژاردنە نەکراوە، چونکە پێویستی بەکاتی زیاتر و خاڵی وەرچەرخانی زیاتر و پاڵاوتنی زیاتر لە ڕیزەکانی شۆڕشدا، بەڵام ئەم پرۆسەیە لە ئێستاوە دەستی پێکردووە و دۆخەکە بەم ئاراستەیە دەڕوات.
خاڵێکی دیکە کە پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە کە تا ئێستا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، لە ڕووی ئەو دروشمانەی کە خەڵک دەیدەن، لە ڕووی وەک دەڵێن ناوەڕۆکی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، دەبینین کە هێڵێکی دیاریکراو زاڵە. هێڵ و سیاسەتێکی نەرێنی و ناڕەزایەتییەکی تەواو قووڵ و ڕەگداکوتاو دژ بە لەسێدارەدان، دژی بێمافی ژنان، دژی ئایین، دژی زیندان و گرتن و هەموو هێزە ستەمکارەکان و…هتد.
هەر ئەم دروشمە سەرکیەی ژن ژیان ئازادی خۆی، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئێمە لەبەردەم شۆڕشێکی مۆدێرن و ئینسانیداین کە دژی بێمافی ژنان و ئاپارتایدی جێندەرییە، نەک تەنها دژی حکومەتی ئایینی بەڵکو دژی خودی ئایین و پیرۆزی و تابوە ئایینیەکانە، دژی ئەو کەڵینە گەورەیە کە لە نێوان هەژاری و ساماندایە و بە تەواوی دژی هەر جۆرە پیرۆزی و بەهایەکە جگە لە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ. ئەمە لە ناوەرۆکی ئەم بزووتنەوەانەدا دەبینین. ئەم مەرجانە ئاماژەن بۆ ئەوەی شۆڕش ئەو حزبانە دەباتە پێشەوە کە زۆر پێش ئەم شۆڕشە ئاڵای هەمان داواکاریان هەڵکرد. بۆ نموونە ئێستا هەموو جیهان باس لە شۆڕشی ژنان لە ئێران دەکات. هەم خواستی ئازادی ژن و هەم ناڕەزایەتی بە حیجاب و ئاپارتایدی جێندەری و هەم ڕۆڵی کردەیی ژن لەم شۆڕشەدا دیارە. هەموو دونیا ئەمەی بینیوە. ئەم مەرجانە زەمینەی بۆ حیزبێکی وەک حیزبی ئێمە داڕشت، کە لە مێژە ئاڵای شۆڕشی بەرزکردۆتەوە و ساڵانێک لەمەوبەر پێشبینی ئەوەی کردووە کە شۆڕش لە ئێراندا ژنانە دەبێت. یان هەمیشە لە پێشەنگی خەباتی دژی لەسێدارەدان و ئاپارتایدی سێکسی و حیجاب و ئیسلامی سیاسی و هتددا بووە.
دەمەوێت بڵێم تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە سەردەرهێنانی شۆڕش و ناوەرۆک و ئامانج و دروشمی ناڕەزایەتییەکانەوە هەیە، دەکرێ بڵێین کۆمەڵگا بۆ ئێستا هەڵیبژاردووە، بەڵام ئەوەی کە بەمانای ڕاستەوخۆی وشەکە ئەوە حزبێک هەڵبژێردرا بێت و ڕێکخراو ڕابەریەکەی بەدەستەوە بێت ئەم ئەم ڕوداوە هێشتا ڕووی نەداوە و پێموایە لەدرێژەی ڕەوەندی شۆڕشدا ئەمە ڕووبدات.
حەسەن ساڵحی: هەندێک پێیان وایە کەسایەتی و کاریگەرییەکانی سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت ڕۆڵێکی بەرچاوتریان هەیە لە حزب و تەنانەت جێگەی حزبیشیان گرتووە. نموونەی ئەوان ئەزموونی شۆڕشی میسر و بزووتنەوەی داگیرکاری لە وڵاتانی ڕۆژئاوایە. چۆن بیر ئەکەیتەوە دەربارەی ئەمە؟
حەمید تەقوایی: گومانی تێدا نییە ئەمڕۆ سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت ڕۆڵێکی زۆر بەرچاو دەگێڕن، بەڵام ئەو نموونانەی ئاماژەت پێدا، ئەوە دەردەخەن کە بەڕاستی ڕۆڵی حزبەکان چەندە گرنگە. چ لە شۆڕشی میسر و بە گشتی لە شۆڕشی بەناو بەهاری عەرەبی و چ لە بزووتنەوەی دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژئاوادا، لاوازییەکی بنەڕەتی ئەوە بوو کە حیزبێکی شۆڕشگێڕ پێشەنگایەتی نەکرد و ڕێکخەری نەبوو و کارێگەریەکی نەبوو. تا ڕادەیەکی زۆر ئەم جوڵانەیە خۆبەخۆ و لەسەر شانی تاک و کەسایەتییەکان ڕوویان دەدا. لە بزووتنەوەی دەستبەسەرداگرتندا هێڵی ئەنارکیستی زاڵ بوو، کە دەیگوت ئێمە بە هیچ شێوەیەک پێویستمان بە حیزب نییە و تەنانەت سەرکردایەتی بە هیچ جۆرێکیش بە پێویستی نەدەزانی. لە شۆڕشی میسر و شۆڕشەکانی تردا کە بە “بەهاری عەرەبی” ناسراون، ئەو جۆرە حیزبە شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵانە لەو وڵاتانەدا بوونیان نەبووە، یان لە هەر حاڵەتێکدا، ئەوەندە نفوز و کاریگەرییان نەبووە. ئەم ئەزموونانە گرینگی و هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیی حیزب نیشان دەدەن.
بەڵام تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ڕۆڵی سۆشیال میدیاوە هەیە لە پێشهاتەکاندا، پێویستە دوو لایەن لەبەرچاو بگیرێت. یەکەم: بە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، کەسانێک کە ئەندامی هیچ حزبێک نین دەتوانن زۆر کاریگەر بن. چل ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی شۆڕشدا ٥٧ شتێکی لەو جۆرە مومکین نەبوو. ئەگەر ویستت چالاکیەکی سیاسی دیاریکراوت هەبێت و بۆچوون و پەیامی خۆت بە خەڵک بگەیەنیت، دەبوو ببیتە ئەندامی حیزب. بۆ نموونە کاتێک خوێندکار بووم، دەبوو ببمە ئەندامی گروپێک بۆ ئەوەی بتوانم نامیلکەیەک یان ڕاگەیاندنێک بنووسم و بابەتێک بنووسم و ئاسانکارییەکانی ئەو حزبە یان گروپە بەکاربهێنم بۆ ئەوەی پەیامەکەم بگەیەنم بە.خەڵک. بابەتی گرنگتر ئەوەیە کە میدیا و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەگەری یان بە تەواوی قۆرخکرابوون لەلایەن حکومەتەوە یان بە توندی لەلایەن حکومەتەوە کۆنترۆڵکرابوون. ئەمڕۆ سۆشیال میدیا ئەو سنوورانەی شکاندووە. هەر کەسێک دەتوانێت لە ماڵەوە دابنیشێت و لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە کارلێک لەگەڵ کۆمەڵگا بکات و هەزاران و ملیۆنان هەوادار و فۆڵۆوەری هەبێت. کە ئێمە دەیبینین ئەمانە پێیان دەوترێت کاریگەر، واتە ئەوانەی کاریگەرن.
بەڵام لایەنەکەی تر ئەوەیە کە تاکەکان ناتوانن لە هیچ بارودۆخێکدا جێگەی حزبەکان بگرن. وەک لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، کاری حیزبەکان بە پێچەوانەی تاک و چالاکوانان، تەنیا ناڕەزایەتی دەربڕین لەم یان ئەو مەسەلە، یان هەڵاواردن و سەرکوت و هتد نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی پلان و هێڵ و سیاسەتێکی دیاریکراویش بۆ ئەو سیستەمە دەکەن کە دەبێ جێگەی کۆماری ئیسلامی بگرێتەوە. بۆیە بەکارهێنەران و کاریگەرەکان لە سۆشیال میدیادا دواجار دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ئایندەی کۆمەڵگا هەبێت کاتێک چالاکییەکانیان پەیوەستە بە لایەنێکی دیاریکراوەوە و نوێنەرایەتی ڕەوتێکی دیاریکراوی حزبی بکەن. مەرج نییە مەبەستم ئەندامێتی لە حزبێکی دیاریکراودا بێت، بەڵکو تەوەر و ئامانجی چالاکییەکانی خەڵکە. بە واتایەکی تر باسەکە تایبەتە بە حزبایەتی و حزبایەتی لە کۆمەڵگایەکدا. بۆ نموونه له کۆمه ڵگه ی ئێراندا کوردستان به به راورد له گه ڵ ناوچه کانی دیکه زیاتر حزبییه و هەر بۆیه تەنانه ت چالاکیی که سانێک که ئه ندامی حیزب نین ده خرێنه چوارچێوه ی هێڵ و سیاسه تی ئه م حیزبه یان ئه و حیزبه و به م شێوه یه ، چالاکیی تاک و لایەنەکان کاریگەریی هاوبەشیان لەسەر یەکتر هەیە. ئەمەش بۆ حزبە پەرلەمانییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواش ڕاستە.
لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستە بڵێین تەنانەت لە سەردەمی سۆشیال میدیاشدا، حزبایەتی هێشتا ڕۆڵێکی جەوهەری لە پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت لە هەلومەرجی شۆڕشدا دەبینێت. دواجاریش شۆڕش دەبێت سیستمی هەنووکەیی بڕوخێنێت و سیستمێکی دیکە لە شوێنیدا بگرێتەوە و ئەم هەنگاوە دووەمیش ١٠٠٪ بەستراوەتەوە بە حزبەکانەوە. ڕەنگە شۆڕشێک لە ڕووخاندنی حکومەتێک سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئەگەر لایەنە شۆڕشگێڕەکان لاواز بن و کاریگەرییان نەبێت، شۆڕش ناتوانێت بگاتە سەرکەوتنی کۆتایی و وەڵامی خواست و داواکاریە ئینسانیەکانی خەڵک بداتەوە. هەموو ئەزموونەکان لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیەوە تا شۆڕشی ١٣٥٧ و بزووتنەوەی داگیرکاری و هتد، ئەمە نیشان دەدەن.
لە هەر حاڵەتێکدا پوختەی ئارگیومێنتەکەم ئەوەیە کە لە کاتێکدا سۆشیال میدیا قۆرخکاریی حکوومەتی لەسەر میدیا شکاند و ڕێگەی بە چالاکوانان دا وەک تاک کاریگەر بن، ئەمە نکۆڵیکردن یان بەدیلێک نییە بۆ ڕۆڵی حیزبەکان و تەنانەت ڕۆڵی تاکەکان کاتێک چارەنوسساز و زۆر گرنگە کە لەگەڵ سیاسەتی لایەنێکی دیاریکراودا بگونجێت.
حەسەن ساڵحی: ساڵانێکی زۆرە بەھۆی ھەوڵەکانی حیزبەوە لە دەرەوەی وڵات دامەزراوە و ڕێکخراوەکان دامەزراون و ھەڵمەتێکی زۆر ئەنجام دراون، کە مێژوویەکی دوورودرێژی خەباتیان لە بوارە جیاجیاکاندا ھەیە و تاڕادەیەک جێ متمانە و ناسراون. دامودەزگا و هەڵمەتەکانی دژی ئێعدام، دژی حیجاب و ئاپارتایدی سێکسی، دژی ئیسلامی سیاسی، بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و کرێکارانی زیندانیکراو، بۆ پشتیوانی لە ئاوارەکان، بۆ بەرگریکردن لە منداڵان و هتد. تەنانەت ساڵانێک لەمەوبەر حیزب بانگەوازکارو مزگێنی دەری شۆڕشی ژنان بووە و لەژێر ئەو ناوەوە دامەزراوەیەک دروست بووە، کە چالاکی و بانگەوازەکانی لە کەناڵ جەدیدا ڕووماڵ دەکرێت. وا دیارە لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشدا ئەم چالاکییانە کەوتونەتە ژێر تیشکی بزووتنەوە جەماوەرییەکانی دەرەوەی وڵات. دەربارەی ئەوە چۆن بیر دەکەیتەوە؟ چۆن دەتوانرێت ئەم دووانە بەیەکەوە ببەسترێنەوە؟
حەمید تەقوایی: هەروەک ئاماژەت پێدا،حزبی ئێمە زۆر لە پێش دەستپێکردنی شۆڕشەوە چالاکیی بەرفراوانی لە بوارە جیاجیاکانی خەباتدا هەبووە. هەروەها چالاکانی ناحیزبی هاوبەش و بەشدار بوون لەم دامەزراو و هەڵمەتانەدا، دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی وەک فیدراسیۆنی پەنابەران، کۆمیتەی نێودەوڵەتی دژ بە لە سێدارەدان،کۆمیتەی ئازادی زیندانیانی سیاسی، ئازادی هەر ئێستا، منداڵانی یەکەمینن، ئێکس- موسلیم، شۆڕشی ژنانە، نە بە تابۆ و هتد، لەوانە ئەم دامەزراوەو گۆڕەپانانە هەن. هیچ کام لەمانە حزبی نین. بەڵام ئەوان پاڵپشتی حیزبیان هەیە، ئەندامانی حیزب تێیاندا کار دەکەن و چالاکییەکانی ئەو دامودەزگایانە لە کەناڵ جەدیدەوە ڕووماڵ دەکرێن.
ئەم جۆرە چالاکییە تەنیا بۆ ئێران یان تەنانەت ڕێکخراوە نهێنی و شۆڕشگێڕەکان نییە. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا حیزبەکان بەشێکی زۆر لە چالاکییەکانیان لە ڕێگەی دامەزراوە مەیدانییەکانەوە ئەنجام دەدەن، کە پێیان دەوترێت ڕێکخراوی Front،واتە ڕێکخراوەکانی هێڵی پیشەوەی بەرە ناودەبرێن لە سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکانەوە بگرە تا ڕێکخراو و ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ژنان تا بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە و بەرگریکردن لە کەوانە و هتد. حیزبەکان ڕێکخراو و دامودەزگا و هەڵمەتی جیاواز لەو بوارانەدا دروست دەکەن بۆ ئەوەی ئەو چالاکوانانەی کە ئارەزووی ئەو بوارە تایبەتەیان هەیە، بتوانن لەو چوارچێوەیەدا ئازادانە کار بکەن. چونکە ڕەنگە تۆ لە بوارێکی دیاریکراودا لەگەڵ سیاسەتی حزبەکان ڕازی بیت بەبێ ئەوەی مەرج بێت بەرنامە یان سیاسەتی ئەو حزبە لە بوارەکانی تردا قبوڵ بکەیت. بۆیە لایەنەکان هەوڵ دەدەن دامەزراوە و ڕێکخراو و کەمپینەکان ڕێکبخەن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی لەو مەسەلە و بوارەدا لەگەڵیان هاوڕان، بتوانن بە ئاسانی کار بکەن.
میتۆدی حزبی ئێمە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەر بەو شێوەیە بووە. هەر لە ئەمڕۆوە دەبێت ئەم چالاکییانە لەسەر بنەمای شۆڕشێک ئەنجام بدرێن و تایبەتمەندی شۆڕشیش ئەوەیە کە نەک هەر هەڵسوڕاوانی بوارە جیاوازەکان بەڵکو خەڵکی ئاساییش دێنە سەر شەقامەکان. ئەمڕۆ دەبینین نەوەی هەشتاکان لە وڵاتدا چالاک بوون، گەنجان و قوتابیان هاتوونەتە مەیدانەکە کە بەزۆری مێژووی شەڕکردنیان نییە و تەمەنیان ئەوەندە نییە کە ئەزموون و مێژووی شەڕکردنیان هەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا چالاک بوون و دەزانین ئەوانیش هێزێکی یەکلاکەرەوەن. جگە لە گەنجان، ژنان، کرێکاران، دوکاندارەکان و هتد ڕوویان لە مانگرتن و گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کردووە.
لە دەرەوەی وڵاتیش نەوەی دووەم و سێهەمی کۆچبەرانی ئێرانی دێنە سەر شەقامەکان، تەنانەت بە زەحمەتیش بە زمانی فارسی قسە دەکەن، بەڵام هێشتا حەزیان لە پرسەکانی ئێرانە و ئێستاش دەبینین ئەم نەوەیە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپا و ئەمریکای باکووردا هاتۆتە پێشەوە.
هەربۆیە لەم دۆخەدا پەیوەندی حیزب و دامەزراوە مەیدانیەکان لەگەڵ خەباتی شەقام و مەیدانیدا زۆر گرنگ و چارەنووسساز دەبێت. ئەمەش ئەڵقەی سەرەکییە. ئه مڕۆ چالاکی و داموده زگا مه یدانیەکان له هه موو کاتێک گنگتر و پێویستترن، بۆیه بۆ ئه وه ی سەرکه وتوو بن، پێویسته هه موو ئه و چالاکیانه له ده وری یەک مەسەلەی بنچینه یی، ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و ئه و هێزه جه ماوەرییە به یه کەوه گرێ بدرێت که خوازیاری ڕوخاندنن، کە لە ئێستادا لەسەر شەقامەکانە بۆ ڕاکێشێت.
بە واتایەکی تر، بەو پێیەی ئامانج و نەزمی شۆڕش ڕووخاندنە، پێویستە ڕێکخراوە مەیدانییەکانی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای کۆمەڵگایەکی ڕاپەڕیو و بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە دژی تەواوی حکومەت و سیستەمی هەبوو بنیات بنێن. ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە حزبی ئێمە چالاکانە پەیڕەوی لێدەکات.
حەسەن ساڵحی: با بە تایبەتی بچینە نێوخۆی وڵات. لە ناوەوە چالاکبوونی زۆرێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و هەروەها کەسایەتییە وەرزشی و فەرهەنگی و هونەریەکان دەبینین. هەروەها لە دڵی شۆڕشدا ڕێکخراو و گروپ دروست بوون. هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی دادگەری سەبارەت بە شۆڕش و دژی کۆماری ئیسلامی لێدوان و جاڕنامەیان بڵاو کردۆتەوە. ڕۆڵی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەم پێشهاتانەدا چی بوو و چۆن دەتوانێت ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت؟ ڕات چییە لەسەر هەڵوێست و کاریگەری لایەنەکانی تر؟
حەمید تەقوایی: تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ڕۆڵ و کاریگەریی حزبی ئێمەوە هەیە، پێویستە گرنگی بە ناوەڕۆکی ئەو چالاکیی و دروشم و داواکاری و لێدوان و بانگەواز و کەمپینانە بدەن کە لە دڵی شۆڕشی ئێستادا پێکهاتوون. دەبینیت لەم کاتەدا بزووتنەوەیەکی فراوان دروست بووە، یەکەمیان دژی لەسێدارەدان و دووەمیان لەگەڵ دروشمی “هەموومان پێکەوەین”. دەتوانیت شوێنپێی حیزب لە هەردوو ئەم لایەنەدا ببینیت.
دوایین کۆنگرەی حیزب کە نۆ مانگ پێش شۆڕش بەسترا، پەیام و لێدوانەکەی ئاراستەی هەموو خەڵک کرابوو، ئەوە بوو کە “هەموومان پێکەوەین”. ئەمڕۆ ئەم دروشمە لە دڵی بزووتنەوەی سەرتاسەری دژی لەسێدارەدان بڵاوبووەتەوە. لە بزووتنەوەی دژە سزای لەسێدارەدان دەزانن کە حزبی ئێمە بەو دروشمەی کە سزای لەسێدارەدان کوشتنی دەوڵەتییە لە پێشەنگدا بووە و بە چالاکییەکانی، لەوانەش لە ڕێگەی کۆمیتەی نێودەوڵەتی دژ بە سزای لەسێدارەدان، توانیویەتی ژمارەیەک لەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوەڕزگار بکات.
بۆیە دەکرێ بڵێین ئەمڕۆ دروشمی “هەموو پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان” بووەتە گوتار و بزووتنەوەیەکی گەورە لە سۆشیال میدیا و لەسەر ئاستی مەیدان و سیاسەت و چالاکییە بەردەوامەکانی حیزب هاتۆتە ئاکام و دەستکەوتی بەدەستهێناوە ڕەهەندە کۆمەڵایەتیان وەرگرتووە.
نموونەیەکی دیکەش جاڕنامەی٢٠ ڕێکخراوە. جاڕنامەی ڕێکخراوە پیشەییە مەدەنییەکان کە چەند مانگێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە؛ یان جاڕنامەی داواکارییە پێشکەوتوخوازەکانی ژنان کە ڕاگەیەندرابوو لە لایەن چالاکانی ئەو بوارەوە لە ناوخۆی ئێران واژۆ کرابوو. یان لەم دواییانەدا، ئەو سکاڵانامە یان بەیاننامەی بنەماڵەی دادخوازان و ئازیزانی ئێعدامکراو، کە بە واژۆی زیاتر لە ٨٠ دایک و بنەماڵەی قوربانیانی ڕێژیم لە شەستەکانەوە تا ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە.
ئەگەر ناوەڕۆکی ئەمانە لەبەرچاو بگرین، بۆت دەردەکەوێت کە بەتەواوی لە ئاراستە و لە چوارچێوەی سیاسەت و گوتار و پڕوپاگەندە و هەوڵی چەند دەیەی حیزبدایە. ئەم بەڵگەنامانە لە کۆمەڵگاوە دێن، لە دڵی شۆڕشەوە دێنە دەرەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، نیشان دەدەن کە کۆمەڵگا ڕەنگێکی دیاریکراوی وەرگرتووە. هەر ئەو ڕاستییەی کە شۆڕشێک بە دروشمیسەرەکی ژن ژیان ئازادی دەستی پێکرد، خۆی پشتڕاستکردنەوەی ئەو چارەسەرە بوو کە حزبی ئێمە هەمیشە جەختی لەسەر کردووەتەوە، لە سەرەتای پێکهاتنیەوە تا ئەمڕۆ، واتە ئەو گوتارەی کە ڕێگای ڕزگاربوونی کۆمەڵگا شۆڕشە.
دەزانی ڕێگای تریش هەبووە. باس لە ڕژێم گۆڕین کرا، ڕوخاندن واتە گۆڕانکاری لە سەرووی خەڵکەوە، ڕیفراندۆم، دەستووری بزووتنەوەی سەوز و وەنەوشەیی و پەیوەستکردنی هەندێک هێزی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ چاکسازیخوازانی حکومەت و هتد. هەموو ئەمانە بە لایەکدا ڕژان و کۆمەڵگا ڕووی لە شۆڕش کرد. کۆمەڵگاکە خۆی ڕایگەیاند کە ئەمە ئیتر ناڕەزایەتی نییە، پێی دەوترێت شۆڕش. ئێمە ساڵەهای ساڵە دەڵێین خەڵک ڕێگەچارەی شۆڕشە، هیچ ڕێگایەکی تر نییە. بە گۆڕانکاری و هێڵی دوو خوردادی ناتوانیت بگەیتە هیچ شوێنێک. وە ئەمڕۆ کۆمەڵگایەکی ڕاپەڕیوو بە یەک دەنگ هەمان شت دەڵێت. هەموو ئەمانە ڕۆڵی حیزب لە پێکهێنانی شۆڕشی ئێستادا دەردەخەن.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆڵی حزبە ڕاستڕەوەکان ئاشکرا بووە. هەرچەندە لەژێر فشاری شۆڕشدا، دواجار ناچاربوون قسە لە شۆڕش بکەن، بەڵام کاتێک گرنگی بە ناوەڕۆکی سیاسەت و چالاکییەکانیان دەدەیت، دەبینیت بەردەوام وەک سوکان مامەڵە دەکەن. بۆ پاراستنی بەرژەوەندی چینایەتی خۆیان هێڵێکی تر پەیڕەو دەکەن. ئۆپۆزسیۆنی ڕاست لە ڕووی تیۆری و عەقیدەی سیاسییەوە هەمیشە دژی شۆڕش بووە. ئێستا کە دواجار هەلومەرجەکە ناچاری کردووە بە شێوەیەکی زارەکی بەرگری لە شۆڕش بکات، هەوڵدەدات شۆڕشەکە بشێوێنێت و پاڵی پێبدات و بابەتی دیکەی وەک گەڕانەوە بۆ ٥٠ ساڵ لەمەوبەر و ئاڵا پەرستی و هتد بوروژێنێت، کە من لێرەداناچمە ناو ئەو باسەوە.
دەمەوێت بڵێم هەموو لایەنەکان بە پێی هێڵ و سیاسەتی خۆیان هەوڵ ئەدەن کاریگەرییان دانێن، بەڵام لێواری زەوی لە بەرژەوەندی هێزی چەپی شۆڕشگێڕی وەک حزبی ئێمەدایە، چونکە گوتار و ستراتیژیان و هێڵی ئاسایی خۆیان بۆ جەختکردنەوە لەسەر شۆڕش بووە ئێستا دەبێتە پرسێکی ڕاستەقینە و کۆمەڵایەتی، ئەم هەلومەرجانە بە تەواوی زەمینە بۆ چالاکییە زیاتر و فراوانترەکانمان دابین دەکەن.
حەسەن ساڵحی: لە ئاستێکی گشتیدا، میتۆدوو سیاسەتی حیزب سەبارەت بە ناڕەزایەتی جەماوەری و جوڵانەووەکانی شەقام چییە؟ ئایا شێوازی چالاکی حزبی لە ناوەوە و دەرەوە جیاوازە؟
حەمید تەقوایی: ئەگەر بمەوێت بە شێوەیەکی زۆر پوخت میتۆدی حیزب ڕوون بکەمەوە، پێویستە جەخت لەسەر “بەشداری چالاکانە” بکەمەوە. ئێمە هەمیشە لایەنێکی چالاک و بەشدار بووین لە ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە جیاکاری و بێ مافیەک. وە لەم ڕوانگەیەوە جوگرافیای خەبات، لە ناوەوە یان دەرەوەی وڵات، بۆ ئێمە جیاواز نییە. ئەگەر تەوەر و ئامانجی ئاکسیۆنێکی خەباتکارانە، لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە تا مانگرتن و هەڵمەت و کۆنفڕانس و هتد، لە لایەن حیزبەوە قبوڵکراو بێت، واتە ئازادیخوازانە و دژە جیاکاری و دژە نادادپەروەری بێت، ئێمە پشتگیری لەو بزوتنەوەیە دەکەین چالاکانە بەشداری تێید دەکەین.
ئەم شێواز و سیاسەتە پراکتیکییە تایبەت نییە بە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ئێستا. تەوەر و ئامانجی پراکتیکی خەباتکارانەی هەمیشە پێوەری سەرەکی بووە بۆ ئێمە و بە بڕوای من ئەمە پێوەری کۆمەڵگایە لە هەڵسەنگاندنی حیزبەکاندا. پێوەرەکە ئیدیعاکان نییە بەڵکو ئەنجامدانە. وەک نموونەیەکی نەرێنی، ئەدای شاخوازەکان ئەمڕۆ لەبەرچاو بگرن. زۆر باسی یەکگرتوویی دژی کۆماری ئیسلامی دەکەن، بەڵام کاتێک لە خۆپیشاندانێکی وەک شەعبان بێ مۆخ هێرش دەکەنە سەر نەیارەکانیان، هەموو ئەو بانگەشانە بەتاڵ دەبنەوە.
بەشداری کارا و بەردەوام لە ناڕەزایەتی و خەباتەکاندا، بە تایبەت لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدا کە جەماوەری خەڵک دێنە گۆڕەپانەکە، دوو هێندە گرنگ و پێویست دەبێت. لێرەدا خەڵک ئیتر تەنیا چاودێر و دادوەری چالاکییەکانی حیزبەکان نین، بەڵکووکاراکتەر و هێزی بزوێنەری بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانن و هەر بۆیەش پشتیوانی و بەشداری چالاکانەی حیزب لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا گرنگتر و چارەنووسسازتر دەبێت .
پێشینەی حیزبەکەمان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئێمە لە هەر بارودۆخێکدا حزبێکی پراکتیکی وکردارخواز بووین و لە هەر شوێنێک بچوکترین ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەر جۆرە هەڵاواردنێکی نایاسایی و بابەتی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی هەبێت، دەمانزانی ئەرکی سەرشانی خۆمانە ئامادە بین و بەشداری کارا بکەین . ئەوەی کە حیزبی ئێمە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە بوارە جۆراوجۆر و بەرفراوانەکاندا چالاک بووە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، دەرئەنجامی ئەم میتۆدەیە.
بێگومان بارودۆخی خەباتکردن لە خەباتە ناوخۆییەکاندا جیاوازە. لەوێدا چالاکی حزبی ناتوانرێت ئاشکرا بێت و پراکتیکی حزبی نابینرێت. بوونی حیزب لە چالاکییە ناوخۆییەکان، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، تەنیا لە ڕێگەی کاریگەریی هێڵ و سیاسەت و دروشمەکانی حیزبەوە لەسەر تەوەر و ناوەڕۆکی بانگەشەکان تێدەگەین. هەروەها پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە چالاکی ئاشکرای حزب و هەروەها چالاکییەکانی ئەو دامەزراوانەی کە حیزب پشتیوانیان دەکات لە دەرەوەی وڵات، هەر لە ڕێکخستن و بانگەواز و ڕێکخستنی کەمپین تا دەگاتە سیمینار و پانێڵ و کەمپین و چالاکی لۆبی کردن و هتد، ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی وڵاتدا.هەروەها کاریگەری لەسەر چالاکییە مەیدانییەکانمان لە ناوخۆی وڵاتیشدا هەیە و ڕێگە خۆش دەکات. ئێمە هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکی دوولایەنە و کارا لە نێوان خەباتەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا دروست بکەین، لەوانەش لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی کەناڵ جەدیدەوە.
دەکرێ بگوترێ کە تەواوی پراکتیک و ئەدای حیزب تاقمێکی تاک و بەیەکەوە گرێدراو پێکدەهێنێت کە پرەنسیپی ڕێنماییکاریان زۆرترین بەشداریکردنە لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان.
٣١ی ئایاری ٢٠٢٣




مامۆستا عەزیز گەردی ..زانایەک لە ژیانێکی سادەیی دا.. مەولود ئبراهیم حەسەن

بمبوورن بەڕێزان بمبوورن بەڕاستی .. بۆ من ئاسان نیە ، باسی مەرگی خۆم بکەم ؛ ئەوەی ئێوە دەتانەوێ من باسی بکەم ، من خۆمم خۆم ، ئەو خۆمە برای ڕوحیمە .. برای ڕوحی منە ! من ئێستا نیوەی ڕوحم کۆچی کردووە !؟ کەس و کاری زۆرم مردوون ، دۆست و ناسیاوی زۆرم مردوون ، هیچ مەرگێک وەک مەرگی ئەو زاتە ، ڕوحی نە تاساندووم !؟ بە مەرگی ئەو برا ڕوحییەم .. بەشێک لە یادو مێژووم مرد! بەشێک لە هیواو ئاواتم مرد !؟ بەشێک لە ڕابردوو و داهاتووم مرد !؟ لەو ڕؤژەوە ئەو زاتە مردووە ، بەردەوام دەستێکی مەرگ هێن ها وەسەر شانمەوە ! من لەو دەستە مەرگکارە ناترسم .. چؤن تا ئێستا چەندین جار لە مەرگی مسۆگەر ڕزگارم بووە ! ئەوەش دەزانم ڕؤژی هەر دەمرم !! ئێمە هەموومان بەردەوام لە ناو بازنەی مردن دا دەسوڕیینەوە ، بەردەوام مەرگی کەس و کارو ئازیزان دەبینین !! بەڵام ، بۆ من مەرگی ئەو ئازیزە ، مەرگێکی تر !! ئێستا من بە ڕوحێکی نیوە ڕوحەوە دەژیم .. بە ڕوحێکی نیوە وڕوح کار دەکەم ! کەسانێ هەن لە ژیاندا ماڵ لە گەڵ یەک بەش دەکەن ؛ من براکەم ڕوحی لە گەڵ دابەشکردووم ! بمبوورن من ئێستا بە ڕوحێکی نیوە ڕوحەوە دەنووسم !!

لە کوێ دەستپێبکەم و لە کوێ کۆتایی پێبێنم ؟!
ڕێککەوتنامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ دیوارێکی ڕەق بوو ، سەری نازکی کەم ئەزموونی پڕ لە (هیوای ئازادی) ئێمەی گەنج و قوتابی بەرکەوت ! گەڕاینەوە ..بووین بە – عائدون – هەموو هیواو خواستێکمان سەراو بن بوو بوو ؛ بێ سەر دەهاتین و دەچووووین ، بێ سەر دەڕؤیشتین و دەگەڕاینەوە ، ڕۆژانێکی زۆر گۆڕەو شار بوو ! هیچ شتێک تام و ڕەنگ و بۆنی خۆی نەمابوو ، هەر ئێمە وانە بووین کە بە هیوایەک هەڵفڕێن و بە شکستێک نیشتینەوە ! کەسانی هەبوون نە هاتبوونە دەرەوە .. ئەوانیش وەک ئێمە ، وەک گەڕاوە کان سەری نازکی پڕ لە هیوای ئازادییان بەر دیواری ڕەقی ڕێککەوتننامەی جەزائیر کەوتبوو ! هەموومان بۆ ماوەیەکی زۆر بەو ژانە سەروە دەژییاین ، ڕێک لەو ڕۆژانە من و (مامۆستا عەزیز گەردی ) قۆناغێکی تازەی برادەرایەتیمان دەستی پێکرد ، هاو خەم بووین .. ئەو نە هاتبووە دەرەوە ، بەڵام ، ژانە سەرەکەی لە ئێمە کەمتر نەبوو ، پێشتر من و مامۆستا چاک و چۆنیمان لە گەڵ یەک هەبوو ، دوای ئەم ژانە سەرە ڕؤژ بە ڕۆژ چاک و چؤنی بەرەو برادەرایەتی دەچووو.. تا گەیشتە برایەتی و دوا جار گەیشتینە برایەتی ڕوحیی ! برایەتیەک لەسەر بنەمای خوێندنەوەو کتێب دامەزرا و لەسەر خۆشەویستی و ڕێز لێکگرتن بە هێز دە بوو ، بەرە بەرە باشتر لێک نزیک دەبووینەوەو چاکتر تێکدەگەیشتین و زۆر تر بڕوامان بە یەک دەکرد ؛ مامۆستا عەزیز دۆست و برادەری زۆری هە بوون ، برادەری چاکیشی هەبوو .. ئەو .. ئەوان ڕؤژان ڕووی خۆی لە کەس وەرنەدەگێڕاو دڵێ هەمووانی ڕادەگرت ؛ پیاوێکی خۆشەویست و ڕوو خۆش بوو هەموو کەس حەزی دەکرد بیناسێ و برادەرایەتی لە گەڵ دا بکات ، ئەویش بێ سنوور مامۆستاو نووسەرێکی خاکی بوو ، بەرە بەرە کتێب و نووسینەکانی بڵاو دەبوونەوەو توانا کانی دەرکەوتبوون ، هەر زوو وەک نووسەرێکی گەورە کەوتە بەر چاوان و سەرزاران ، ئیدی مامۆستا بوو نووسەرە هەڵکەو تووەکەی شاری هەولێرو کوردستان .
مامۆستا عەزیز گەردی جگە لە وتارو ڕەخنەکانی سەرەتا سێ بەرگ کتێبی ڕەوانبێژی بڵاو کردەوە ، هەر زووش ڕووی لە وەرگێڕانی ئەفسانە کرد ،ئەفسانەی میللەتانی دەکردە کوردی ، ئەفسانەی کۆن و نوێ و دوورو نزیک ، زۆر کەس پێیان وابوو مامۆستا کە ئەو زمانە گرنگ و کوردیە ڕەوانە دەزانێ باشترە کتێبی فەلسەفە وەربگێڕێ ، ئەوان نەیاندەزانی هەموو ڕەهەندە هزریەکان لە ئەفسانەوە سەرهەڵدەدەن ، مامۆستا بەردەوام بوو لە وەرگێڕانی ئەفسانە جیهانیەکان ، ئەوە بوو بەرە بەرە خەڵک تێگەیشتن کە ئێمە خۆشمان ئەم جۆرە ئەفسانانەمان هەیە ، ئەمە وایکرد کە نووسەرانی کورد گرنگی زۆر تر بە ئەفسانەو کلتوری خۆمان بدەن ، ئەوەی من بزانم تا ئێستا دەورو بەری چل کتێبی لە ئەفسانەی جیا جیای جیهانی وەرگێڕاوەو بڵاو کردووتەوە، جگە لە مە خۆشی حەکایەت و گۆرانی و فۆڵکڵۆرو پەندو ڵاوک و ئەفسانەی کوردی کۆکردووتەوەو هەندێکی لێ چاپکردوون ، من خۆم دیان کاسێتی تۆمارکراوم لە ماڵەکەی دا بینیوە .
مامۆستا عەزیزگەردی لە نووسین و وەرگێڕان و دا لە سنوورێکی دیاری کراوو لە پسپۆریەک دا جێگیر نە بوو ، ئەگەر سەیری لیستی ناوی کتێبە چاپکراوەکانی بکەین ..دەبینین باخچەیەکە لە ڕەنگاوڕەگی بەرهەمی جۆراوجۆر .. لەوەرگێڕانی ئەفسانەوە بۆ ورگێڕانی لێکۆڵێنەوەو مێژوو و ڕەخنەو شێعرو ڕۆمان و چێڕۆک و گەشت و چاو پێکەوتن و زۆری تر ..
مامۆستا بە هۆی لێهاتوویی و زمانڕەوانی و تایبەتمەندی خۆی لە وەرگێڕانی کتێب و نووسین و لیکۆڵێنەوە دا بەرهەمەکانی زۆر چاک دەخوێندرانەوەو بڵاو دەبوونەوە ، دەتوانم بە دڵنیاییە وە بڵێم پێنج نەوە زیاتر لە کچ و کوڕوگەنجەکانمان تا دەگاتە بەتەمەنەکانیش لە پەنا زمانی ڕەوان و کوردیە خۆش و وەرگێڕانە گرنگەکانی مامۆستا عەزیز پێگەیشتن و زمانی نووسینی خۆیان دەمەزەرد کردەوە .
مامۆستا عەزیز کوڕێ خانوادەیەکی بەڕێزی کوردەواری خۆمان بوو ، کوردێکی ڕەسەن و پاک و یەکڕەنگ بوو ، هەتا پێتخۆشە کورد بوو ، بەڵام ، بە قەد کورد بوونەکەی دوورە سیاسەت بوو ! ئەو سیاسەتی نەدەکرد .. بەڵام ؛ لە وەرگێڕاندا سیاسەتی خۆی هەبوو ، دەیزانێ چی وەرگێڕێ و چی بڵاو بکاتەوە ، وەرگێڕانی دوو بەرگی ( داغستانی من ) کارێکی سەر پێی نەبوو ، ئەو لە ڕؤژگارێک دا داغستانی بڵاو کردەوە ، کە هێشتا تەپەسوڕەی کارەساتی ڕێککەوتننامەی جەزائیری نێوان ئیران و عێراق میللەتەکەمانی بەرنەدابوو ، داغستان وەک ڕاپەڕێنێکی کتێب .. نێوەندی کۆمەڵگەی کوردەواری هەژاند..چ هەژاندنێک ! بێ دوو دڵێ( داغستانی من ) ی مامۆستا عەزیز گەردی زۆر ترین کەس خوێندیانەوەو زۆر ترین جاریش خوێندرایەوە ،هەرکەسێکیش لە جارێک و دوو جار زیاتری خوێندوویانەتەوە ، کتێبەکە دەستاو دەست دەکراو سنووری وڵات و شارەکانی بەزاند ، گەیشتە نیو کوڕانی چیاو لەوێ بە کۆمەڵ دەیانخوێندەوە ، هەڵە نەبم زۆر گەنجیشی هەناردە چیا ، ئەوە جگە لە کاریگەریە زمانی و ئەدەبی و کلتوریەکەی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەدەبێکی کتوری خۆماڵێ ، چۆن داغستان کوردستان و کلتورەکەی خۆشەویست تر کرد ، هەر بۆیە زۆر کەس بە (کوردستانی من ) ناویان دەبرد . بە دڵنیاییەوە داغستانی من کتێبێک بوو لەو ڕؤژگاری دوای ڕێککەوتننامەی عێراق و ئێران زۆر ترین و گەورە ترین کاریگەری ئەدەبی و سیاسی هەبوو بە سەر گەنجانی ئەوسای کوردەوە ، بۆ ئەوەی لە پاش نائومیدی بە هیواوعەشقەەو ڕوو لە خاک و نیشتمان بکەن .
مامۆستا زۆر بە نووسینەکانی خۆیەوە ماندوو دەبوو بە ئاسانی کتێبی بڵاو نە دەکردەوە ، هەر کتێب و نووسێنێکی چەند جار دەنووسیەوە ، لە بارەی داغستانەوە ڕؤژێ گوتی : من شەش جار لەسەری تا بنی هەردوو بەرگە کەم نووسیوەتەوە ! ئەو لە وەرگێڕانەکانی دا دەکۆشا بۆ بابەتە وەرگێڕدراوەکە بە کوردی بیر بکاتەوە ، لە نێو زمانی کوردی بیر بکاتەوە ، بە کلتوری کوردی بیر بکاتەوە و کتێبەکە بکات بە کوردی..هەر ئەم کارەش بوو داغستانی منی گەیاندە لوتکە ، زۆر گەنج لە داغستانەوە دەستیان پێکرد و بەردەوام بوون لە خویندنەوەو دوا جار بوون بە نووسەر ! وەرگێڕانی دا غستان بۆ مامۆستا عەزیز قۆناغێکی گرنگ بوو لە کاری وەرگێڕاندا ، هەر بۆیە داغستانی من لە نێو کورد دا هێندەی بە ( داغسانی عەزیز گەردی ) ناسرا .. هێندە بە هی ( هەمزە تۆف ) نە دە ناسرا !

مامۆستا عەزیز گەردی و خوێندن..
من وەک لە خۆیم بیستووە ، سەرەتا لە لای مامۆستای ئایین خوێندووەو لەم خوویندنەش لێهاتوو بووە ، لەوێوە زمانی عەرەبی بە چاکی فیر دەبێت و شارەزایی لە قورئان و ئایین پەیدا دەکات ، هەر لەم قۆناغەش خەریکی خەتخۆشی دەبێت و دواجار خەتخۆشێکی باشی لێ بەرهەم دێت ، لە کۆتایی حەفتاکانی سەتەی ڕابدوو من لە ماڵە کەیان لە گوندی ( بەحرکە ) ی ئەوسا خەتخۆشی مامۆستام لەسەر کارتۆنێکی گەورە بینیوە ، جگە لەمەش دەس و خەتی نووسینی ئاساییشی زۆر جوان و تایبەت بوو ، پاشان کە دەچیتە قوتابخانە قوتابیەکی زیرەک و هوشیار بووەو بەردەوام لە هەموو قۆناخەکان یەکەم بووە ، نەک تەنیا بە نمرە یەکەم بووە ، بەڵکو بە تێگەیشتن و زانینی بابەتەکە بەتەواوی هۆی ئەوە بووە نمرەی بەرز بەدەست بێنێ ، کە قۆناغێ سێی ناوەندی تەواو دەکات دەچێتە خانەی مامۆستایان و لەوێش بەردەوام لە قوتابیە زیرەک و یەکەمەکان دەبێت ، من خۆم وێنەی مامۆستام بە – لوحة الشرف – ی قوتابخانەەوە بینوە ، ئەم لێهاتوویە مامۆستا دەباتە – خانەی مامۆستایان – لەوێش وەک مامۆستایان نووسەرو شاعیری ناوداری کورد مامۆستایان ( حەمەکەریم هەورامی وڕەحمەتی مەجید ئاسنگەر ) باسیان کردووە ، مامۆستا عەزیز لە قوتابیە بەرچاوو زیرەک و لێهاتوو و یەکەمەکان بووە ، دواجار لە سەرئاستی عێراق یەکەم دەبێت و هەر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە نێو شاری هەوڵێر وەک مامۆستا دادە بمەزرێ .
مامۆستا عەزیز هەر لەسەرەتاوە مامۆستایەکی لێهاتوو و زانا بوو ، ئەوەش وای کردووە لە هەموو قۆناخەکانی خوێندن .. لە سەرەتاییەوە تا خوێندنی باڵاو ماستەرو دکتۆرا وانەی گوتووەتەوە ، لە هەر قۆناغێکیش وانەی گوتبێتەوە قوتابیەکانی وا دەرز داوە کە ئاستی هەمووانی لەو بابەتە بەرزکردووتەوە کە وانەی پێگوتوون ، من قوتابیم بینیوە گوتوویەتی : من پێش ئەوەی مامۆستا عەزیز بناسم ودەرزمان پێ بڵێ لەو بابەتە تەقەی سەرم دەهات و هیچێ لێ تێنەدەگەیشتم ، بەڵام ، لە گەڵ هاتنی مامۆستا عەزیزو دەرز گوتنەوەی ئێستا خۆم بە پسپۆری ئەو بابەتە دەزانم ! مامۆستا هەر لەسەرەتاوە هەر بابەتێکی دەخوێندەوە بەوردی و بە تێگەیشتنەوە دەیخوێندەوە ، بە تەنیا کتێبێک و سەر چاوەیەک وازی لە هیچ بابەتێک نەدەهێنا ، دەتوانین بڵێن .. مامۆستا هەموو بابەتەکانی بە لێکۆڵێنەوە دەخوێندەوە ، بە ڕەخنە لێگرتن دەخوێندەوە ، ئەمە وای دەکرد هەر بابەتێک بخوێنێتەوە ، بتوانی بە زانستیەوە قسەی لە بارەوە بکات .
مامۆستا عەزیز مەیلی بەردەوامی خوێندنی هەبوو ، خۆی گواستەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بتوانێ لە زانکۆ بخوێنێ ، بەداخەوە وەر نەگیرا .. دووساڵ بە خۆڕایی لە بەغدا ماوەتەوە ، پاشان بە گۆڕینەوە دەگەڕیتەوە هەولێر ، ئەمجارە تاقیکردنەوەی دەرەکی کرد لە پۆڵی دوازدە و لە ئەنجام لە زانکۆی موسل لە بەشی ( فەڕە نسی ) وەردەگێرێ ، لەم بەشە هەر چوار ساڵ بە سەرکەوتوویی و ئاستێکی بەرز خوێندن تەواو دەکات و هێشتا قوتابی بوو لە بەشی فەڕە نسی مامۆستا لە مەلزمەیەکدا – چۆن فێری زمانی فەڕەنسی دەبیت – ئامادەکردو زۆر کەس سودی لێبینیوە ، کە لە زانکۆی موسل وەر گیرا .. ئەوو چەند مامۆستایەکی تر بەشەو لە هەوڵێر وانەیان دەگوتەوەو بە ڕۆژ لە هەوڵێرەوە دەچوون بۆ زانکۆی موسل ودیانخوێند ، ئەوەی باش بوو دەستەیەک مامۆستای هاوتەمەنی مامۆستا عەزیز پێکەوە لە زانکۆی موسل و بەشە جیا جیاکانی وەرگیران هەموویان نووسەرو وەرگێڕ بوون .. لەوانە ڕۆماننووسی ناسراوی کورد مامۆستا حسام بەرزنجی و حاجی ئەحمەدی نووسەرو وەرگێر و دکتۆر حسێن عەلی وەلی و دکتۆر عەلی جوکل و مامۆستا تاهیر ..کە هەموویان پێکەوە لە هەوڵیرەوە بەیانیان دەچوونە زانکۆی موسل و ئێواران لە هەوڵێر لە قوتابخانەکانیان دەرزیان دەگوتەوە ،پاش تەواو کردنی زانکۆ مامۆستا لە موسل و من لە زانکۆی بەغدا خوێندنمان تەواوکرد ، ئەوە بوو هەردوو کمان پێکەوە داوای خوێندنمان پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کۆماری عیراقی ئەو سەردەم کرد ، مامۆستا عەزیز ناوی بۆ وڵاتی فەڕەنسا دەرچووو ، تا دکتۆرای زمان و ئەدەبی فەڕەنسی بخوێنێ ، منیش ناوم بۆ تاجیکستانی سۆڤیەتی ئەوکات دەرچوو بۆ ئەوەی دکتۆرای زمان و ئەدەبی فارسی بخوێنم ، بەڵام ؛ ئەمنی عێراقی ڕەزامەندی نەدا بۆ چوونە دەرەوەی ئێمە ، کە هەردوکمان یەکەمی سەر هەموو عیراق بووین ! کەچی خەڵکانێک بە نمرەی زۆر کەم توانیان بچنە دەرەوەو خوێندن تەواو بکەن .

خوێندنی باڵاو مامۆستا عەزیز گەردی ..
گەیشتینە سەردەمی دەسەڵاتی کوردی و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت ، زانکۆکان دەرگایان کرایەوەو خوێندن لە هەموو ئاستەکان دەستی پێکرد ، ڕؤژێک پاش نیوە ڕۆ چوومە ماڵی مامۆستا عەزیز .. بینیم زۆر بێ تاقەت بوو ، پرسیم : خێرە مامۆستا ؟ یەکسەر گوتی : من لە خوێندن وەر نەگیرێم شیت دەبم ؟! مامۆستا هیچ جارێک بۆ خواستی خۆی کە هەمیشە خواستەکانی ڕەوا بووە ، ئاوا بەم زمان و بەم حەسرەتەوە قسەی نەکردووە ! ئەوکات ئەو ڕۆژانە بوو کە خەڵک بە – وەرەقەیەک ! – لە زانکۆ ولە خوێندن ەردەگێران و هەمووانیش دەزانن چ کەسانێک لە زانکۆکان و خوێندنی باڵا لە دەرەوەی زانست و یاسا چوونە نێو زانکۆکان ! مامۆستاش بەم هەموو زانست و ڕەوایەتی و لێهاتوویی و خزمەتەوە ئاوا لە ماڵ دانیشتبوو ؟ لە کاتێک دا دەبووایە ئێـە هەردووکمان من و ئەو بە – قەربوو – وەربگیرێنەوە ، چۆن پێشتر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراقی وەک و یەکەمی سەر عێراق هەردووکمان ناومان دەرچووبوو ! بەڵام ، بە هۆی نە بوونی – پشتگیری ئەمنی عێراقی – ڕێگای چوونەدەرەوەیان پێ نەداین ! کە ئەمەم لە مامۆستا بیست زۆر دڵتەنگ بووم چۆن مامۆستا لەو کەسانە نە بوو بۆ کارەکانی خۆی ڕوو لە کەس بنێ و داوای یارمەتی بکات ، ئەو دەبووایە برایەک دۆستێک بۆی داوا بکات ، منیش گوتم : مامۆستا من هەوڵێک دەدەم . هیچ دەنگی نەکرد . من ئەو دەم:( سکرتێری نووسین گۆڤاری هەنگ )ی منداڵان بووم لە وەزارەتی ڕؤشنبیریی ، کە بەڕێز مامۆستا ( شێرکۆ بێکەس ) شاعیری گەورەی کورد وەزیر بوو ، چۆن هەر لە گەڵ بوونی بە وەزیر ، لەدوای ناردم و گوتی : کاک مەولود ئێمە لە وەزارەت نیازمان وایە سێ گۆڤار بڵاو بکەینەوە ، یەکەم گۆڤاری کاروان . دووەم : گۆڤارێکی عەرەبی ئەدەبی . سێیەم : گۆڤارێکی منداڵان .. گۆڤاری منداڵان پێمخۆشە ئێوە کاری تیدا بکەن ! ئەوە بووبە دڵخۆشیەوە من بووم بە – سکرتێری نووسین – ی گۆڤاری هەنگی منداڵان و مامۆستا شێرکۆ بێکەس سەرنووسەر بوو. بەو هۆیەوە لە وەزارەت دەوامم دەکرد . کە مامۆستا عەزیزم بە جێهێشت ، لە دڵی خۆم دا گوتم : دەچمە لای مامۆستا شێرکۆ بێکەس ، بەیانیەکەی چوومە لای مامۆستا شێرکۆ بێکەس و چێڕۆکی دوورو درێژ و پڕ زەحمەتی وهەوڵدانی خوێندن و سەرنەگرتنی مامۆستا عەزیز گەردیم بەتەواوی بۆ گێڕایەوەو گوتم : ئێستآس خەڵک بە ئاسانی وەردەگیرێن کەچی مامۆستا عەزیز ئاوا ماوەتەوە ؟ مامۆستا شێرکۆ گوتی : کاک عەزیز برادەری خۆمەو چاکی دەناسم . گوتم : جا زەحمەت نەبێت هەوڵێکی بۆ بدەی ئەو حەز دەکات بخوێنێ ؛ گوتی: بەسەر چاو با بەیانی بێتە پەرلەمان من هەوڵی بۆ دەدەم . گوتم : سوپاست دەکەم . فەرمووی : سوپاسی ناوێ کاک عەزیز هەرچی بۆ بکەین کەمە ! من لێر باسی خۆمم بۆ مامۆستا شێرکۆ نە کرد ، ئەگەر چێڕۆکی وەرنەگیرانی خۆم وەک چێڕۆکی مامۆستا عەزیز بۆ مامۆستا شێرکۆ باسکردبا .. بە دڵنیاییەوە هەوڵێ بۆ منیش دەدا ، بەڵام ، من مامۆستا عەزیزم پێ لە خۆم لە پێشتر بوو ، گوتم.. با کاری مامۆستا تەواوا بێت من جارێ قەیدی ناکا ! ئەم قەیدی ناکایە حەوت ساڵی تر منی لە خوێندن دواخست ، تا مامۆستا عەزیز کۆچی دواییشی کرد ، ئەمەم لا باس نەکرد . کە مامۆستا شێرکۆ ڕەزامەندی دەربڕێ و قسەی پێدام هەوڵ بۆ مامۆستا عەزیز بدات ، بەدڵێکی خۆش و هیوایەکی گەش پاش نێوەڕۆ زوو چوومە ماڵێ مامۆستا عەزیزو گوتم : قسەم لەگەڵ مامۆستا شێرکۆ کردووەو مامۆستا شێرکۆ گوتی : بەیانی بێتە پەرلەمان من هەوڵی بۆ دەدەم . مامۆستا گەشایەوە ، بەیانیەکەی چووە پەرلەمان و مامۆستا شێرکۆ بێکەس هەوڵێ بۆ دابوو ..هەوڵە کە سەری گرت و لە بەشی زمانی کوردی لە ماستەر وەرگیرا ! دیارە وەرگرتنەکەی مامۆستا بە زۆر قۆناغ تێپەڕێ ، خۆشبەختانە هەمووان یارمەتی دەرو هاوکاری بوون . دوا جار دکتۆراشی تەواوکرد ، بە ماستەرو دکتۆراکەی مەسەلەی – کێش و قافیەی شێعری کلاسیکی کوردی تەواو ساغ کردەوە ، پاش ئەمە لە زانکۆی کۆیە یارمەتیان داو لە بەشی ئینگلیزی وەر گیرا ، وەرگێرانەکەی بە هۆی دکتۆر نەبەز بو دکتۆر نامیق عوسمان بوو، دکتۆر نە بەز ئەودەم سەرۆکی زانکۆی کۆیە بوو، دکتۆرای دووەمی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر مەم و زین نووسی ، مامۆستا پیاوێکی زاناو لیهاتوو بوو ، ئەگەر فرسەتی تەواوی بۆ ڕەخسا بوایە ، لە هەموو ئەو زمانانەی کە دەیزانین ..دەیتوانی هەر دوو ساڵ جارێک دکتۆرایەک لە زمانێک وەربگرێ ! مامۆستا کەدەیخوێند بۆ بەدستهێنانی – بڕوانامە – نە یدەخوێند ، ئەو توانای خوێندن و لێکۆڵێنەوەی هەبوو ، ئەو هەموو ژیانی خۆی بۆ خوێندنەوەو نووسین و لێکۆڵێنەوە تەرخان کرد بوو، ئەو بەڕاستی سەرکردەی ی خوێندنەوەو نووسین و وەرگێڕان بوو !
بڵاوکراوەی ئەدەبی بێگانان..
کە مامۆستا عەزیز لە زانکۆی موسل وەرگێرا ، سەر ڕای ئەوەی ئەوو هاوڕێکانی بەیانیان لە هەولێرەوە ذەچوونە موسل و بەشەو لە هەولێر مامۆستا بوون و وانەیان دەگوتەوە بە ڕؤژ قوتابی زانکۆ بوون و دەیانخوێند ؛ هەر زوو بیری لە کارێکی ئەدەبی کردەوە ، سەرتا ویستی وەک – گۆڤار – دەست پێبکات ، بەڵام ، بە ناوی گۆڤار نەیتوانی ڕەزامەندی وەرگرێ ، هەر بۆیە کردی بە بڵاوکراوەی – ئەدەبی بێگانان – کە تایبەت بوو بە وەرگێڕان ، وەرگێڕان لە زمانە بیانیەکان ، ئەم بڵاو کراوەیە بەسەرپەرشتی مامۆستا عەزیز گەردی توانی شەش ژمارە بڵاو بکاتەوە و بابەتێکی زۆری لە شێعرو چێڕۆک و بابەتی تر بڵاوکردەوەو خوێندەواران پێشوازیەکی گەرمیان لێکرد ، ئەرکی چآپکردنیشی لە ڕووی داراییەوە هەر لەسەر مامۆستاو ئەو بەڕێزانە بوو کە لەسەرەتاوە مامۆستا پرسی پێکردن و ئەوانیش ڕەزامەند بوون وهاوکاریشیان دەکرد بە وەرگێڕانی دەقی ئەدەبی لە زمانە جیا جیاکان و هاوکاری دەرچووونی بڵاوکراوەکە بوون ، وابزانم ژمارەیک دوو ژمارە لەسەر ئەرکی کتێبخانە مامۆستا ( مومتاز حەیدەری ) بڵاو کرایەوە ! ، بەڵام ؛ ئەرکی زۆروگران لەسەر شانی مامۆستا عەزیز خۆی بوو ، خۆی دەیگوت: من بە هەموو نووسیەکان دادیمەوەو چاکیان دەکەمەوەو زۆر بەشیان جارێکی تر دەنووسمەوە ! بۆ چاپکردن.. ئەدەبی بێگانانی دەهێنا بەغدا ، ئەوکات ئێمە لە بەغدا دەمانخوێند ، من و مامۆستا نەژاد عەزیز سورمێ و مامۆستا کەریم سۆفی و قوتابیە کوردەکانی سەر بە نووسین و ئەدەب یارمەتیمان دەدا .

مامۆستا عەزیز گەردی و قەڵای نووسین ..
مامۆستا ئەگەر لەسەرتاوە بە وتارو نووسین و ڕەخنە لە ڕؤژنامەو گۆڤارەکانی سەرە تای ساڵانی حەفتاکانی سەتەی ڕابردوو دەستی پێکرد .. بەڵام ؛ دوایی ڕووی لە وەرگێڕانی کتێب و نووسینی کتێب کردوو چێتر لە ڕؤژنامەو گۆڤارەکان بابەتی بڵاو نەکردەوە ، ئێستا ژمارەی کتێبەکانی ..هەندێک دەڵێن (١٤٠) کتێبەو هەن دەڵێن 🙁 ١٦٠) و ئیواش هەن دەڵێن :(٢٠٠) کتێبە بەوەرگێڕان و نووسین و لێکۆڵێنەوە ، دەشگوترێ ( ٤٠) کتێبی دەسنووسی لە نێو کۆمبیوتەرەکەی ئامادەیە بۆ چاپ ! من دەزانم مامۆستا بەردەوام خەریکی نووسین و وەرگێڕان بوو ، هەر بۆیە هەر ژمارەیەک باسبکرێ ، من بە زۆری نازانم ! بەداخەوە بە هۆی ژیانی ئەم ساڵانەی دوایی مامۆستا دەرگای ماڵی خۆی لە منیش نەدەکردەوە ، بەو هۆیەوە ناتوانم بە دڵنیاییەوە باسی ژمارەی کتێبەکانی بکەم!؟
مامۆستا عەزیز گەردی خۆشەویستی هەمووان ..
مامۆستا عەزیز گەردی وەک مامۆستایەک و نووسەرێک پیاوێکی هەتا بڵێی خۆشەویست بوو ، هەمووان خۆشیان دەویست گەورەو بچووک ، خوێندەوارو نە خوێندەوار هەژارو دەوڵەمەند ، چەپ و ڕاست ، نەتەوەیی و ئایینی ، ئاغاو کرمانج .. ئەویش ڕێزی لە هەمووان دەگرت ، لە گەڵ هەمووان بەیەک دڵ و بەیەک ئاست هەڵس و کەوتی دەکرد ، مامۆستا لە گەڵ هیچ کەسێک .. بە هیچ هۆیەک نەدەچووە نێو ململانێوە ! هەرکەسی قبووڵ بوو وەک خۆی ڕێزی لە هەموو جۆرە بیرو باوەڕو ڕەنگ و ڕوێک دەگرت ، هیچ ڕؤژێک وای نەدەکرد بەرامبەرەکەی هەست بەوە بکات کە خۆی لەو بەرزتر دەزانێ ، ئەگەر بە هەر هۆیەکیش کەسێکی بە دڵ نە بووایە ! نە باسی دەکرد و نە دەیشکاندەوە ، لە گەڵ زۆر کەس یەکماڵ بوو ، دەرگای ماڵەکەی هەردەم کراوە بوو ، زۆر بە سادەییش داوەت و فەرمووی برادەرانی قبووڵ دەکرد ، کە دەچوویتە ماڵێ بە خۆی چی خوارد با ، ئەوەشی لە پێش تۆ دادەنا ؛ کە دەچووە هە ر ماڵێکیش ىە ‌هیچ شێوەیەک نەیدەویست بارگرانی بێت بە سەر ئەو ماڵە ، کە دەچوو هەر ماڵێک هەر زوو لە گەڵ منداڵەکان دەبوو بە برادەر.. زۆر زوو دەبوو بە ئەندامێکی خۆشەویستی ئەو ماڵە ، زانایەک بوو لە هەڵس و کەوتی سادەیی .. بە پۆشاکی سادەیی ، سادەیی ناوەوەی هەمان سادەیی بەرچاو بوو ، بە دڵخۆشی برادەرانی دڵ خۆش دەبوو ، هاو بەشی خەم و دڵتەنگی هەمووانیش بوو ، سەردانی نەخۆشەکانی دەکردو هیچ تازیەیەکیشی نە دەبوارد ، زۆر دەستکراوەو یەکباخەڵ بوو ، زۆر جار دوو دوو و سێ شێ و چوارو پێنج دەچووینە کەبابخانە ، کە زۆری مەیل لە کەباب بوو ، کە هەڵدەستیان هەریەکەو دەچووە پێش و دەیویشت میوانداری برادەران بکات .. دەبوو بە پڕکێش پڕکێش ..ئەو لەدوورەوە دەوەستاو خۆی تێکنەدەداو بە هێمنی ڕادوەستا .. تا وەستاکە دەیگووت : پارەکەی دراوە ! کێ داویەتی ؟ دەستی بۆ مامۆستا درێژ دەکرد ، هەموو بەسەرسامیەوە سەیری یەکمان دەکردو بە چاو لێکمان دەپرسی کەی و چۆن پارەکەی داوە ؟ هیچمان هەستمان پێنەدەکرد ! ئەمە زۆر دوو بارە دەبووە وە !
مامۆستا جگە لەوەی نووسەرو وەرگێڕیک زۆر گەورەو سەرکەوتوو بوو ، وەک مامۆستاو دەرزگوتنەوش کەم هاوتا بوو ، لە هەر قتابخانەو کۆلیژێک دەرزی گوتبێتەوە ، ئاستئ ئەو قوتابخانەو کۆلیژو قوتابیەکانی بەرز کردووتەوە ، هەر کەسێک بۆی ڕێکەوتبێ قوتابی مامۆستا عەزیز بووبێ ؛ مامۆستای لە بیر نەکردووەو هەستی بەوە کردووە کە مامۆستا لەو بابەتە ئاستی ئەوی بردووەتە ئاستێکی بەرز تر ، ئەو سەرکەوتنەی لە مامۆستایەتی وای کرد بوو زۆر دایک و باوک ڕووی لێبنێن و داوای لێبکەن دەرز بە منداڵە کانیان بڵێ ، بەتایبەت لە قۆناغی دووازدە .. ئێستا زۆر کچ و کوڕی ئەو دایک و باوکانە دەتوانین بڵێین مامۆستا ئاستی خوێندن و نمرە وەرگرتنی بەرزکردنەوەو ئێستا زۆر بەیان مامۆستان و سەرکەوتوون لە مامۆستایەتیەکەیان ، هەر باوک و دایکێکیش کە داوای لە مامۆستا دەکرد .. مامۆستا بە خۆشیەوە قبووڵی دەکردو بە پێی خۆی دەچووە ماڵێان و ئەوەندەی پێویست بوو دەرزی بە کچ و کوڕەکانیان دەگوت و هاوکاری دەکردن ، ئەمەش هەمووی بە خۆبەخشێ و بێ بەرامبەر بوو ، مامۆستا لەم ڕووەو بۆ ئەم ئەرک و ماندوو بوونە هیچی لە هیچ کەس قبووڵ نەدەکرد . ژمارەی ئەو کچ و کوڕانەی مامۆستا دەرزی تایبەتی پێگوتوون .. ژمارە یەکی کەم نین !؟
سەردەمی دەرگا داخستنی مامۆستا عەزیز گەردی ..
برادەرایەتی من و مامۆستا عەزیز .. برادەرایەتی نە بوو ؛ برایەتی ڕوحی بوو ، لەم ماویەی ئێمە پێکەوە بووین مامۆستا چاکەو پیاوەتی و برایەتی وای لە گەڵ من کردووە ، هیچ یەک لە براکانم بۆیان هەڵنەکەوتووە ئەمەم لەگەڵ دا بکەن ! لە برایەتی ڕوحی دا سنووری نە بوو ، منیش ئەوەی بۆم کرابێ ..چ مامۆستا خۆی داوای کرد بێت ، چ من خۆم پێ حەسیابم درەنگم نەکردووەو درێخیم نە کردووە و کەمم نەکردووە ، خۆشەویستی من بۆ مامۆستا عەزیزی برای ڕوحیم .. سنووری نە بوو ! گێڕانەوەی مێژوو و چێڕۆکەکانی ئەم برایەتیە ڕوحیە بەئاسانی تەواو نابێت . من لە ساڵی (١٩٩٩ – ٢٠٠١) دا قۆناخی ماستەرم بە نێو تونێلێکی دۆزەخ ئاسادا تەواو کرد و ماستەرەکەم بەراوردی ئەفسانە بوو لە نێوان ئەفسانەی کوردی و فارسی بە تیمەی گەڕان بە دوای نەمریی دا ، هێندەی پێ نە چوو هەستم کرد مامۆستا بوو بە کەسێکی تر ! سڵاو وەرناگرێتەوە ، سڵاو ناکات و ڕووم ناداتێ ! هەرچێم کرد بێ فایدە بوو ! من لە ژیانما زۆر کارەساتی گەورە م بەسەر هاتووە ، زۆر جار لە مەرگی مسۆگەر گەڕاومەتەوە ، داو وفاق و شۆکی وام بۆ داندراوەتەوە کە یەکسەر توشی دڵوە ستان ومێشک لە کار کەوتنبم ! هیچ یەک لەم ئازارانە وەک ئازاری قسە نەکردنی مامۆستا پڕ ئازار نە بوو !! ئێستاش نازانم چۆن توانیم بەرگەی ئەو قسە نەکردنەی مامۆستا عەزیز برای ڕوحیم بگرم ؟! هیچ کارێکی مامۆستا هیچ قسەیەکی خەڵک وێنەی جوانی مامۆستا عەزیز گەردی و خۆشەویستیە ڕوحیەکەی برای ڕوحیمی لای من نەگۆڕیوە !؟ وازم نە هێنا دوازدە جار من خۆم و هەوڵم دا ، زۆر جاریش برادەرانی دڵسۆز بێ ئەوەی من ئاگادار بم هەوڵیان داوە مامۆستا لە گەڵ من ئاشت بکەنەوە ! بێ ئەنجام بوو ، تا من نامەیەکم بۆ نووسی بە هۆی برای بەڕێزم ڕۆماننوس و ڕەخنەگری ناسراوو ناودار مامۆستا ( سابیر ڕەشید ) بۆم نارد . بەداخەوە نامەکەی وەر نەگرتبوو !؟
من نازانم مامۆستا بۆچی لە من ڕەنجا بوو ! ئایا منیش هەر ئاوا ڕەگەڵ ئەی حەمکە خەڵکە کەو تبووم کە مامۆستا بێ ئەوەی گوناهێکیان هەبێت لێیان کەوتبووە گومان و قسەی لە گەڵ نە دەکردن و دەرگای بەڕوودا داخستبوون ؟! یان کەسانێک بە مەبەست و بە ئەنقەست و بە تایبەت ئێمەیان لێککرد !؟ تێکچوونی نیوانی من و مامۆستا بە هەر هۆیەکیان بێت ؛ گەورە ترین زیان بوو لە دوو برای ڕوحی کەوت .. کە جگە لە خۆشەویستی روحی هیچ بەرژەوەندیەکی تایبەتمان لە گەڵ یەک دا نە بوو ! جگە لەمەش وەک دەزانن مامۆستا عەزیز گەردی هەر زوو لە کارە ئەدەبیەکانی دەستی بە وەرگێڕانی – ئەفسانەی گەڵان – کرد و بەردەوام بوو و تێدا کوڵا بوو ، منیش کە بە درەنگەوەو بە زەحمەتی زۆرەوە ڕێم کەوتە زانکۆو تازە بە تازە کارم لە سەر ئەفسانە دەکرد و وەک جوجەلە ڕوو لە گوڵی ئەفسانە دەمچریکاند؛ نیازمان وابوو پێکەوە کار لەسەر ئەفسانەی کوردی بکەین ! سەت مخابن ئەو دەرگا داخستنەی مامۆستا ئەو پێکەوە کار کردنەی لە بار برد ؛ بە لە بار چوونی ئەم فرسەتە گەورە ترین زیانیش بە نێوەندی ئەدەب و لێکۆڵێنەوەی کورد کەوت ، بە تایبەت لە بابەتی فۆلکڵۆرو ئەفسانەو کلتورەوە ، زیانێک کە هەرگیز مێژوو بۆی قەرە بوو ناکرێتەوە !؟ سەرباری ئەوەش ئەگەر هاتبا لەم قۆناغەی ژیانی مامۆستا عەزیز چەند برادەرێک پەیوەندیان بە مامۆستاوە نە پجڕا بوا ؟! بەتایبەت لە گەڵ من زۆر بە دڵنیاییەوە دەیڵێم .. مامۆستا ئەو ئەنجامەی نە دەبوو کە تێیکەوت ! نێوەندی کوردیش ئەو زیانە گەورەیەی نەدەکرد !؟!
نەک هەر لە گەڵ من ، بەردەوام دە مبینی و دە مبیستەوە کە مامۆستا قسە لە گەڵ فلان و فلان ناکات لە گەڵ فلان و فالانیش تێکی داوە .. بەرە بەرە دەرگای بە ڕووی هەرە زۆری برادەرانی تەمەن و بەڕێز خۆشەویستانی خۆی داخست ، نەک هەر دەرگە داخستن ، زۆر جار بە توندی و ڕە قی و دڵ شکاندنەوە وەڵامی دەدانەوە ! هەتا دەهات حاڵەتی مامۆستا دەبوو بە گشتی و هە میشەیی !؟ مامۆستا عەزیز تەواو گۆڕابوو ، بە هیچ شێوەیەک مامۆستا عەزیز گەردیکەی پێشان نە بوو ! ئەم گۆڕانە هەر لە پەیوە ندیە فراوانەکەی دانە بوو لە گەڵ خەڵک و دۆستانی ! مامۆستا لە ڕووی هەڵس و کەوت و باری دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتیش تەواو گۆڕا بوو ، بە ئاشکرا پێیەوە دیار بوو ، هەمووان باسیان دەکرد ، خەڵکانی بەڕێزو دۆست لە گەڵ مامۆستا لە دوورەوە دەهاتن و دەچوون بیبێنن ، بە داخەوە دەرگای بە ڕوودا نە دەکردنەوە ! بەڕێزی وا هەبوون لە دەرەوە ی وڵات دەهاتنەوە بە خۆشەویستیە دەچووون تا وەک جاران مامۆستا ببێنن و لەگەڵی دانیشن و بیدوێنن ! نە خێر مامۆستا عەزیز مامۆستا عەزیزی جاران نە بوو کە ڕوو خۆش و قسە خۆش و دانیشتن خۆش بوو!
هەرچێ سەرم دەهێناو دەبرد .. نەمدەزانی مامۆستا لە سەرچێ لە من حادزە ! زۆرم مەبەست بوو دانیشین و قسە بکەین ؛ ئەو بڵێ : مەولود بۆچی واتکردووە یان واتگوتووە ؟! تا من بۆی ڕوون بکەمەوە ، ئەگەر توانیم ڕازی بکەم..کەمن کارێکم نەکردووەو وتەیەکم نە گوتووە کە دڵی مامۆستا گەرد بگرێ ؟ مامۆستا هاتە قەناعەت ئەوا هەردووکمان ئاسودە دەبین ، ئەگەر زانیم لە چێ دڵی ڕەنجاوەو نەشهاتە قەناعەت ! ئەوا لای کەم من دەزانم مامۆستا بەچێ و لە چی لەمن ڕەنجاوە ؟ نە خێر ماموستا ئەو فرسەتەی نەدامێ گوێم لێ بگرێت و گوێی لێڕبگرم ! زۆرم لا گران بوو دوو کەس زیاتر لە پەنجا ساڵ هاوڕێ و برای ڕوحی یەکتر بن نەتوانن دە دەقیقە لە گەڵ یەک دانیشن و ئەگەر کێشەیەک لە نێوانیان هە بێت ڕا بگۆڕنەوە چارە سەری بکەن !؟ بەڵێ مامۆستا ئەو دەرگای دایخست دایخست و نە یکردەوە تا نەخۆش کەوت لە نە خۆشخانەیان خەواند ! ڕۆژی یەکەمی نەخۆشخانە برای بەڕیزم ( دکتۆر عەبدوڵڵا خدر مەولود ) تەلەفۆنی کردوو فەرمووی مامۆستا لە نە خۆشخانەی ( ژینی نێو دەوڵەتی )یە ئەمڕۆ من چووم سەرم لێ داوە .. دکتۆریش وەک من مامۆستا عەزیز قسەی لە گەڵ نەدەکرد ! کە دکتۆر عەبدوڵڵا گوتی نەخۆشەو لە نەخۆشخانە خەوتووە ..یەکسەر چوومە دیدەنی ، کە چووم ..چ ببێنم !! مامۆستا پێستی ڕووی بەسەر ئێسکی ڕوومەتی دا کەوتبوو ، چاوەکانی کرابوونەوە .. بۆی چووم و دەستی بەرزکردەوە ، من دەستم گرت و ماچم کرد .. لەو دەم دا هیچ قسەیەک نەدەکرا بەو دە ست ماچکردنە هەموو شتێکم پێ گوت ، دانیشتم گوتی : بە خێر بێیت ..چاوەکانم پڕ فرمێک ببوون ! چل ساڵ پێکەوەیی و دەساڵ لێکدابڕانم لە یەک چرکەدا هاتنەوە بەرچاوم ؛ مامۆستا عەبدوڵقەهارو مامۆستا کوردۆی برای و پوورزاکانی و چەند بەڕێزێک لەوێ بوون . مامۆستا عەبدولقەهار گوتی : دکتۆر دوێنی کە هێنامانە نەخۆش خانە گوتی:( قەهار ئەوە لۆ برادەرکانم کەس دیار نیەو سەرم لێنادەن ؟! گوتی منیش گوتم برادەرەکانت زۆر هاتنە لات و ئەتۆ دەرگات لێ نەدەکردنەوە ! مامۆستا عەزیز دەڵێ : چۆن من دەرگا لە برادەرەکانم ناکەمەوە ؟! ) کە ئەمەم لە مامۆستا عەبدولقەهار بیست ،،گوتم : ئێستا مامۆستای عەزیز مامۆستا عەزیزی جارانە بەدڵ و هەست و هەڵس و کەوتەوە ؛ ڕاستە ئەوە مامۆستا عەزیز نە بووە ، ئەوەی دەرگای لە برادەرەکانی نەدەکردەوە ، ئەوە عەزیز گەردییەکی دی بووە ! ئەوەی دەرگای لە برادەرەکانی نەدەکردەوە .. کەسێکی تر بوو عەزیز گەردی نە بوو !؟!

ئەو عەزیز گەردییە کێ بو کە دەرگای لە دۆست و برادەرانی نەدەکردەوە ؟!
من بۆ خۆم دەتوانم ..ئەو عەزیزگەردییەی کە دەرگای لە دۆست و برادەرانی نە دەکردەوە ، ئاوای بناسێنم و هۆکەی بدۆزمەوە ولە چەند خاڵێک دا باسی بکەم !!
یەکەم : مامۆستا عەزیز هەر ئەوساڵەی کە لە خانەی مامۆستایان وەردەگیرێ ، دێتە هەولێرو خانووێکی خۆیان دەبێت و بەتەنیا لە خانەی مامۆستایان دەخوێنێ ، ئەو تەنیاییەی نێو ماڵ لەوێوە دەستی پێکردو تا کۆچی دوایی کرد درێژەی کێشاو هەربە نەتەنیا دەژیا . !
دووەم: ئەو تەنیا ییە وای کرد بوو لە هەر کارو بڕیارێکی خۆی ..هەر خۆی بیری لێبکاتەوەو هەر خۆشی بڕیار بدا و واتە زۆر کەم وتووێژو ڕاگۆڕینەوەی بۆ هیچ کێشەیەک لە گەڵ هیچ کەسی ترنە دەکرد .
سێیەم: مامۆستا گەنج و تەنیا بوو .. ژنی نە هێنا بوو ، زۆر کەس لێرەوە دەچوونە نێو ژیانی تایبەتی ئەوو زۆر بەیان بە دڵسۆزیەوە پێیان دەگوت : بۆچی ژن ناهێنی ؟ تاکەی بەتەنیا بیت و ئەوە پیربووی وەرە فلان کچی بخوازەو من بۆت ڕێک دێخم و .. زۆری تر لەم جۆرە قسانە ، کەسانێک بە وەخت و ناوەخت ئەم پرسیارو پێشنیارانەیەن دەخستە بەردەم مامۆستا ..ئەم بابەتە هێندە دوو بارە دەکرایەوە کەسانی جۆراو جۆرو لە وەخت و ناوەخت و بە شێوازی توندو نەرم و لە ناکاووبەردەوام مامۆستایان زۆر ئازار دەداو بریندارو هەستیارتر دەکرد !! ئەوەش بڵێم ..هێندەی من ئاگادر بم مامۆستا خۆی یەک دوو هەوڵی ژنهێنان و ڕێکەوتنی هە بوو لە گەڵ یەک دوو خاتوونی بەڕێز ، بە داخەوە هەوڵەکان سەریان نەگرت ، دەکرێ ئەم هەوڵە کە سۆنیەی خۆشی کەسەریان نەگرت هۆیەك بێت لە بێ تاقەتی و برینداری و هەست ناسکی مامۆستا !
مامۆستا ئەم هەستیارو برینداریەی خۆی دەرنەدەبڕی و بەردەوام خۆی دەخواردەوەو دەیهاویشتەوە هەناوی خۆی ؛ لە دەروونەوە لە ڕووحەوە ئەم بابەتە تەواو ماندووی کرد بوو ! ناخۆش ترین ئازاری دەروونیش ئەوەیە ، کە لە ناوەوە ئازارت بدات و تۆش بە ئاشکرا دەری نە بڕیت و وەک گرێیەک بیخەیتەوە نێو دەروونت ، مامۆستا ئاوای لێهاتبوو! ئەم پرسیارو پێشنیارە هەست بریندارە کەرە بەردەوام بوو تا لە ژیان دابوو !
چوارەم : گەییشتینە سەردەمی دەسەڵاتی کوردی ، دیسان زۆر خەڵک کە مامۆستایان دەبینی پێیان دەگوت : ئەوە بۆچی ناتکەن بە وەزیر ؟ ئەوە بۆ حیزبەکان ئاوڕت لێنادەنەوە و هیچ یارمەتیەکت نادەن ؟! زۆر پرسیاری تر بەردەوام ڕوو بە ڕووی مامۆستا دەکرایەوە ؛ ئەمە هێندەی تر مامۆستای هەستیارو ماندوو و بریندار تر دە کرد ! لە نێو حکومەت و حیزبەکانیش کەسانی هەبوون بە دڵسۆزیەوە پێشنیاری کارو یارمەتیان بۆ مامۆستا دەکرد ، مامۆستا هەموو ئەمانەی ڕەت دەکردەوە ، ئەو تەنیا وەزیرو سەرکردەی مەیدانی خوێندنەوە و بیرکردنەوەو نووسینی خۆی بوو ، مامۆستا پیاوی ئەوە نە بوو پێی بڵێی وەرە ئەم کارە بکەو بەم جۆرە کار بکە ! ئەو پاڵەوانی مەیدانی خۆی بوو .. ئەوکارەی دەکرد کە خۆی پێی خۆش بوو ، بەم جۆرەی دەکرد کە خۆی دەیویست ! باشترین یارمەتی بۆ مامۆستا عەزیز گەردی ئەوە بوو .. لێی گەڕێی ئەو دەیەوێ چێ بکات و چۆن بکات با ئاوا بکات ! ئەم پرسیارو پێشنیارەی بۆ ژن ناهێنی و بۆ ناتکەن بەوەزیر هەردووکیان لێکیان داو مامۆستایان تەواو هیڵاک و بێ تاقەت کرد ، دە مبیستەوە ، بەداخەوە ! تاک تاک نووسەرو مامۆستای زانکۆش هەبوون بەم بابەتانە برینی مامۆستایان دەکوڵاندەوەو دەماریان دەگرت .. ئیتر لێرەوە و دەکرێ شتی تریش هەبێت من نەیزانم ! مامۆستا خۆی پێنەگیراو تەقیەوە ..زۆر خراپ تەقیەوە ! دۆست و نادۆستی لێ تێکەڵ بوو لە هەموو کەس کەوتە گومان !؟ قسەی چاک و خراپی دۆست و دڵسۆزی بە خراپ وەر دەگرت و بە توڕە یی و هەڵچوونەوە وەڵامی دەدایەوە ! ئیتر قۆناغێکی تازەو توند لە ژیانی مامۆستا دەستی پێکردو مامۆستا عەزیزی لە ژیانی هێمنی و ئاسودەیی دابڕێ و خستیە نێو توڕەیی و بەدگومانی ونیگەرانی وتەنیایی و هەڵچوونەوە ! بە داخەوە لەم کاتانە دا کە هەڵدەچوو مامۆستا بەتەواوی دەبوو بە کەسێکی دی ! نزیک ترین برادەرو خۆشەویست ترین برادەرو کۆنترین برادەری نەدە پاراست و بە توند ترین شێوەو بە ڕەق ترین وشە ڕوو بە ڕووی دەبووەوە ! جێی داخە..! لێرە بەدواوە دە مبیستەوە و دەیانگوت : عەزیز گەردی تێکچووە ! عەزیز گەردی شێت بووە !!؟
کۆمەڵگەی کوردەواری کۆمەڵگەیەکە ، تاکەکانی زۆر بە بێ باکی دەست لە ژیانی تایبەتی کەسەکان وەردەدەن ، بە تایبەت کەسانی دەستەبژێرو دیارو ناسراو ، هەندێکێس لەززە ت لە ئازار دانی کەسانی تر دا دەبینن ! هەر هێندە بەسە برینێکت کەوتە دەرەوە هەمووان ئەو برینە گەورە دەکەن و بەردەوام دەیکوڵێننەوەو ئەو ئازارە زۆر تر زۆر تر دەکەن ؛ کەسیان بیری لە چارە سەری و تیمار کردنی برینەکە نەدەکردەوە ! ئیتر لە ئەنجامی ئەم بەردەوامیە ، کەسانی وەک مامۆستا توانای تێکەڵێ ئەو تاک و کۆمەڵگەیان نامینێ و تەنییایی و گۆشەگیری هەڵدەبژێرن و دەرگا بەسەر خۆیان دادەخەن و دەرگا لە کەم کەس دەکەنەوە ! ئەو تاک و لوکەی کە مامۆستا لەم کاتەدا دەرگای بەڕوو دا دەکردنەوە ، ئەوانیش کەسی وایان تێدان دا هەبوو کە هەر ئەوان بەشێک بوون لە دروست بوونی ئازارو بەدگومانی و توڕەیی و هەڵچوونی مامۆستا ، مامۆستا پێشتر خۆی پێناسەی تەواوی ئەم کەسانەی بە دروستی کرد بوو ، بەڵام ، لەم کاتەدا مامۆستا بە تەواوی بیردۆزەکەی لێ سەراو بن بوو بوو.. دوژمنی لێ بوو بوو بە دۆست و دۆستی لێ بوو بووبە دوژمن !؟ بەدگومانی ونیگەرانی و ڕەشبینیەکی لا دروست بوو بوو کە دۆست و دوژمنی بۆ لێکجیا نە دەکرایەوە ، ئەم قۆناغەی ژیانی مامۆستا پێویستی بە کەسانی دڵسۆزو دۆست هەبوو ، دۆستێک لای کەم مامۆستا لێێ بە گومان نە بێت و ئەو دۆستەش بە زانایی و دڵسۆزیەوە هەوڵێ چارە سەری نە خۆشیەکەی مامۆستا بدات !! بە داخەوە ئەو دۆستە نە بوو ، یان ڕاستتر ڕێگای بە کەس نەدەدا ..ئیتر ئەم بارە دەروونیە توندە باری جەستەییشی گرتەوەو نە خۆشیەکانی تریشی دەستیان لێساندوو بەرە بەرە مامۆستایان بەرەو ئەو شووێنە برد ، کە دواجار هەموومان بۆی دەچین !؟
بەڵێ دەیانگوت .. عەزیزگەردی تێکچووە ! عەزیز گەردی شێت بووە !؟ بیستوومەو خوێندووتمەوە زانایەکی فەرەنسی .. کە ئێستا ناوەکەیم لە بیر نەماوە..هێندە بە گەرمی وبە ڕشتی و بەردەوامی بەزانستیەوە لە نێو تاقیگەکەی دا کاری دەکرد ، شەوو ڕؤژ ، تا باری دەروونی و کۆمەڵایەتی تێکچووو ..تێکچوو و کەوتە سەر شەقام ! کەوتە سەر شەقام ئەوەی لە کوردەواری پێی دەڵێن: شیت ..هەر شێت بوو ! ئەو زانایە شیت بوو ، بەڵام ؛ نە ژنەکەی و نە دەزگا زانستیەکان و نە حکومەت ..وازیان لێ نەهێناو پشتیان بەر نەداو یارمەتینداو تا گەڕاندیانەوە نێو تاقیگەو سەرکارە زانستیەکەی ، دوا جار کارێکی کردو داهێنانێکی داهێنا خەڵاتی نۆبلی پێ وەرگرت ، ئێستا فەرەنسا لە سای ئەو شێت بووە ، خەڵاتێکی تری نۆبلی بۆ زانستی خستە سەر خەڵاتەکانی تری خۆێ ! بەڵام ؛ لە کوردەواری ئەگەر نۆبلی وەربگری شێتت دەکەن ؛ وات شێت دەکەن هەرگیز چاک نەبیتەوە ! مامۆستا عەزیز گەردی ئەو زانا کوردە ی شایان بە خەڵاتی نۆ بل بووە ، ئێمە شیتمان کرد ! شیتمان کردو وازمان لێ‌هێنا !؟ گۆشەگیرمان کردو تەنیا تر مان کرد ، لە تەنیایی دەروونەوە بۆ تەنیایی نێو ماڵەوە بۆ تەنیایی نێو کۆمەڵگە ، تەنیاییەکی کوژە ر و لە نێو ئەم تەنیاییە دا بە جێمان هێشت !؟!
دیارە نابێ هەوڵێ خانوادە بەڕێزەکەی و برا و خزمە دڵسۆزاکانی لە بیر بکەین ، کە ئەوەی لەدەستیان هات بۆیان کرد ، بەڵام ؛ لە ڕاستی دا خزمەتکردنی مامۆستا عەزیز تەنیا ئەرکی کەس و کارو براو خزمەکانی نە بوو .. ئەرکی دەزگا زانستی و پەروەردەییەکانی وەک زانکۆی سەلاحەدین و وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی ڕؤشنبیریی و دۆست و برادەرەکانیشی بوو ، ئەو ئەرکەش دەبووایە زۆر زوو دەستپێبکرێ ، نەک کاتێک کار لە کار دەترازێ و چارە سەری ئەستەم دەبێت ! دواجار میللەتی کورد (مامۆستا عەزیز گەردی ) یەکی لەدەست چوو کە هەرگیز مێژوو ناتوانی جارێکی تر عەزیز گەردیەکی ئاوامان بۆ دووبارە بکاتەوە ! بەداخەوە.بە هەزار داخەوە …
وە ک پێشتر نووسیم کە چوومە خزمەت مامۆستا لە نەخۆشخانە ، ڕۆژی دووەمیش ئێوارەو بەیانیەکەی دەچوومەوە لای ، هەرچەندی بۆم دەکرا دەکۆشام دڵی بدەمەوەو ورەی بەرز بکەمەوەو تارمایی مردنی لەبەر چاو بڕەوێنمەوە ، هەستم دەکرد مامۆستا گەڕاوەتەوە سەر ڕەوشێ ژیانە ئاساییەکەی پێشان ، بە خێرهاتنی هەمووان دەکات و هەوڵدەدات بەم نە خۆشیە هەستی هەمووان ڕابگرێ و سۆزی خۆی دەرببڕێ ؛ بەداخەوە ئەم گەڕانەوەیە لە کاتێک دا بوو کە مامۆستا چارە سەریە جەستەییەکانی ببوو بە ئەستەم ! ئێوارە بوو درەنگ داهاتبوو دوو برادەر چاوەڕێ بوون من بیانبەمەوە ماڵ . گوتم : مامۆستا ئیزنم دەدەی ؟ گوتی دانیشە بۆچی دەڕۆی ؟ دانیشتم زۆرم پێخۆش بوو .. دوو جار تەلەفۆنم بۆ هات ، ئەو بەڕێزانە بوون کە چاوە ڕێی منیان دەکردم . پێمگوتن مامۆستا ئیزنم نادات ! گوتم : مامۆستا هەموو نە خۆشیەک چارەسەری هەیە ، من چاوەڕێم چاک بیتەوەو وەک جاران خەریکی ژیان و نووسین بین پێکەوە ! گوتی : من لە مردن ناترسم ! مردن ئاساییە ..هێندە هەیە من و شەقاوەیەک وەک یەک دەمرێن ! تۆو شەقاوەیەکیش وەک یەک دەمرن !! لەم کاتە دا پزیشکەکان هاتنە ژوورەوەو دەبوایە بچینە دەرەوە !! بەیانیەکەی تەلەفۆنم بۆ مامۆستا عەبدولقەهاری برای مامۆستا کرد تا هەواڵێ بپرسم ؛ جێی داخەوە ..وەڵامەکە یەکجار ناخۆش بوو…بەدەست خۆم نە بوو هەتا دەنگم تێیدا بوو لە برا ڕۆم دا ..گریام ..گریام ..گریام ..

مەولود ئبراهیم حەسەن
هەوڵێر – نەورۆزی ٢٠٢٣


پاڵەوانێک لە دەرەوەی مێژوو…
شیعر: مەولود ئیبراهیم حەسەن
دەردە دڵێک .. بۆ گیانی پاکی ( مامۆستا عەزیز گەردی ) مامۆستاو برای ڕوحیم .
سەرەتای مانگی /٧ /٢٠٢٢ هه ولێر

لە ئەفسانەیەکی هاوبەشی ئازەری وکوردی دا پاڵەوانێک هه یە بە ناوی ( دومرلە سەرشێت ) ، ئەو پاڵەوانە وەختی مردنی دێت ، عیزرائیل لە شێوەی کۆتر لێی دێتە ژوورێ ، دومرلەسەرشیت دەیناسێتەوە و ڕادەکێشێتە شیمشێری و دەڵی : هێی ..عزرائیل نەکەی لێم بێیتە پێش دەنا بەم شمشێرە باڵت دەپەڕێنم ، من هێشتا زۆرکارم ماوە بیانکەم ! تۆ بڕو ڕوحی ئەوانە بکێشە کە کارناکەن ! یان کاردەکن و زیان بە مرۆڤ دەگەیێنن ! بڕۆ ..بڕۆ ڕوحی ئەوانە بکێشە کە خۆشی خۆیان لە بەد بەختی کەسانی تردادە بێنن !! ! مامۆستا ( عەزیز گەردی ) زۆر کاری مابوو بیانکات و وەک هەمیشە بە نووسینەکانی دڵی میللەتەکەی خۆش کات ، منیش زۆر کارم ماوە بیانکەم!! بەڵام ؛ ……
پاڵەوانێک لە دەرەوەی مێژوو…
**

پاڵەوانێک لەدەرەوەی مێژوو..
مێژووێک
ڕووی نەداوەو نە نووسراوەتەوە
مێژووێک
نە بیستراوەو نە خوێندراوەتەوە
مێژووێک
لە هیچ مێژووێک ناکات
لەو مێژووەوە دا
پاڵەوانێک هه ڵکەوتووە
لە هیچ پاڵەاوانێک ناکات
پاڵەوانێک
نە شمشێری دەم تیژی هه یە
سەران بپەڕێنێ
نە ڕمی نوک تیژی هه یە
ئەسپ و سوار پێکەوە بسمێ
نەگورزی گرانی هه یە
دیواری قەڵایان بڕوخێنێ و وڵاتان داگیر بکات
پاڵەوانێک
نە کیشوەران گەڕاوەو
نە لە دەریایان پەڕیوەتەوە
پاڵەوان چەندین قەڵای داگیرکرد
**
پاڵەوانێک
لەماڵێکی سادە
لەدایک و باوکێکی سادە
لە گوندێکی سادە
لە( بە حرکە )یەکی سادە تر(١)
بە سادەیی پێی خستە سەر زەوێ
بەسادەیی زمانی گرت
بە سادەیی گەورەبوو
بەسادەیی زمانی دایک و باوکە سادەکەی فێر بوو
هه ر بە سادەیی
بە بەرزترین پلەی بەرزیی گەیی
**
پاڵەوانێک
زمان..نا
بنزاری بنزار
بنزاری دایک و باوکە سادەکەی
کرد بە چەکی ژیا ن
بە چەکی بەرگری
بە چەکی تێکۆشان
پاڵەوان ئەم چەکەی کرد
بە چەکی بەرگری لە میللەتەکەی
بەو چەکە بەگژ داگیرکەر داهاتەوە
**
پاڵەوان ..ئەو زمانە بنزارەی کرد
بەزمانی شیعر
بەزمانی ئەدەب
بەزمانی زانست و لێکۆڵینەوە
لەو زمانە قەڵایەکی دروستکرد
قەڵایەک بەکەس داگیرناکرێ
قەڵایەک بە هیچ کەس ناڕوخێ(٢)
قەڵایەک.. ئیتر بوو بە مێژوو
مێژووێک لەدەرەوی مێژوو
قەڵایەک دەستکردی پاڵەوانێک
پاڵەوانێک لە هیچ پاڵەوانێک نەچوو
پاڵەوانێک لەدەرەوی مێژوو
مێژووێک لە دەرەوەی ڕوودان


پاڵەوانێک
لەسەرەتاوە پرسی بەکەس نەکرد
چاوی لە کەس نەکرد
پشتی بەکەس نە بەستا
پاڵەوانێک لە کەسی نەدەکرد
هه ر خۆی خۆی بوو پاڵەوان
پاڵەوان
پاڵەوانی مێژووێک بوو
لە هیچ مێژووێکی نەدەکرد


پاڵەوانێک
پاڵەوانێکی ئەفسانەیی نەبوو
پاڵەوانێکی بەرچاو بوو(٣)
ئەفسانەیەکی پاڵەوان بوو
پاڵەوانێکی بەرچاو
پاڵەوانێک لە دەرەوەی مێژوو
بەرچاوێک لە دەرەوەی ئەفسانە


ئەو پاڵەوانە
مرۆڤێک بوو لە پاڵەوانیەتی دا
ئەو پاڵەوانە
پاڵەوانێک بوو ڵە مرۆڤایەتی دا
ئەو پاڵەوانە
پاڵەوانێک بوو لە خزمەتکردن دا
ئەو پاڵەوانە
خزمەتکارێک بوو لە پاڵەوانیەتی دا
**
پاڵەوانێک
بەتەنیا هات و
بەتەنیا کاری کردو
بەتەنیاش ڕۆیشت
تەنیاتر لە تەنیایی
جێی هێشتین
بەرەو تەنیاییەکی تر
**
پاڵەوانێک تەنیاو تەنیا
نا .. پاڵەوانێک لەشکری وشەی لەبەردەست بوو
کێوی زمانی لە پشت بوو
پاڵەوانێک خاوەنی دەریای کلتوور بوو
پاڵەوانێک لە خەلوەتی خوێندنەوەو
لە کێڵگەی نووسینە وە
لە خەرمانەی بڵاوکردنەوە دابوو


پاڵەوانێک بەسادەیی ژیا
بە سادەیی دەیخوارد
بە ساەیی دەیپۆشی
بەسادەیی دەژیا
بەسادەیی کاری دەکرد
بەسادەیی داهێنانی دەکرد
بە سادەیی قەڵای وشەی هه ڵنا
قەڵایەک بە هیچ دیکتاتۆرێک داگیرناکرێ
بە هیچ بۆ مبێک ناڕوخێ


پاڵەوانێک چەندین قەڵای داگیرکرد
قەڵای زمان .. بەسادەیی
پاڵەوان پردی لە نێوان زمانەکان دروستکرد
پردی وشە
پردی کتێب ..
پردی وەرگێڕان
پاڵەوانێک بەسادەیی
وەرگێڕانی کرد بە وەرگێڕان
لێکۆڵینەوەی کرد بە لێکۆڵینەوە
پاڵەوانێک .. کۆکردنەوەی کرد بە کۆکردنەوە
پاڵەوانێک .. کۆکردنەوەی کرد بە کتێب


پاڵەوانێک
کە دەچووە مەیدان
لەسەر لبادێکی ڕووت
شانی دەخستە سەر بالیفێکی تووک
لاپەڕەی سپی نە نووسراو
خۆی لە بەردەم نەدەگرت
وەک لە شکرێکی هه ر گیز نە شکاو
**
پاڵەوانێک
پێش ئەوی بمرێ
ئەو مەرگی کوشت
ئەگەر مردن نەمانی – جەستە – یە
ئەو ئاوی زیندووێتی – ناو – ی ڕشت
پالەوانێک پێش ئەوەی بمرێ ئەو مەرگی کوشت
**
پاڵەوانێک
عاشق .. عاشق تر لە هه رچی عاشق هه یە
عاشق بە وشە
عاشق بە کلتوور
عاشق بە زمان
پاڵەوانێک
عاشق ..عاشق تر لە هه رچی عاشق هه یە
عاشق بە نووسین
عاشق بە کتێب
عاشق بە وەرگێڕان
پاڵەوانێک یەکەمجارە- داستانی عەشقی وشە – ی داهێنا
**
پاڵەوانێک
مامۆستای هه موو پاڵەوانان
مامۆستای هه موو مامۆستایان
مامۆستای هه موو نەوەکان
پاڵەوانێک
مامۆستای هه موو پاڵەوانەکان
پاڵەوانی هه موو مامۆستایان


پاڵەوانێک
کۆمەڵگا
مەدالیای شێتی کردە مل
عاقڵانە بەردەوام کاری داهێنانی دەکرد
کۆمەڵگا
گۆشەی تەنیایی بۆ هه ڵبژارد
عاشقانە بەردەوام بە کۆمەڵ کاری دە کرد
**
پاڵەوانێک
مێژوو دروستی نە کرد
ئەو مێژوی دروستکرد
مێژووێک
لە هیچ مێژووێک نەدەچوو
مێژووێک ڕووی نەداوە
مێژووێک نە نووسراوەتەوە
مێژووێک نەخوێندراوەتەوە
مێژووێک لە دەرەوەی مێژوو
**
پاڵەوانێک
چاوی بەسەر لاپەڕەی خوێندنەوە بوو
پەنجەی بە سەر وەرگێڕانی لاپەڕە بوو
دەستی لە گەرمەی چاپ دا بوو
عێزڕائیل بە شێوەی کۆتر نا
بە هه ناسەیەک هه ناسەی مەرگ
لە دەمیەوە چوو
لە لووتیەوە هاتەدەرەوە
پاڵەوانێک هێشتا کاری زۆری مابوو
ئەو پاڵەوانە عەزیزێکی بێگەرد بوو
(گەردی )یەکی پڕ عەزیز بوو(٤)
ئەو پاڵەوانە عەزیز بوو
ئەو پاڵەوانە لەدەرەوەی مێژوو بوو
ئەو پاڵەوانە ( عەزیز گەردی ) بوو
ئەو پاڵەوانە هه ر خۆی خۆی بوو
ئەو پاڵەوانە لە هیچ پاڵەوانێک نەدەچوو
**
تێبینی :
(1) بەحرکە .. زێدی لە دایکبوون و ژیان و نووسین و مەرگی مامۆستایە .
(2) لەم دێرە شێعرەدا بۆنی شیعرێکی (فیردەوسی) دێت کە لە پەسنی ( شاهنامە ) دا دەنووسێ : ( قەڵایەکم لە وشە دروستکردوە بە باوباران لە نیو ناچێ )
(3) بەرچاو : من ساڵانێکە ( بەرچاو ) لە بەرامبەر وشەی (واقیع) دا بەکاردەهێنم .
(4) عەزیزگەردی : مامۆستا هه رچەندە نازناوی ( گەردی) لە ناوی ئەو عەشیرەتەوە وەرگرتووە کە خۆی سەربەو عەشیرەتەیە ، بەڵام؛ بە هیچ شێوەیەک لە ژیانی دا (خانی) مەزن گوتەنی: ( تەعەسوبی عەشیریی ) نەبووە، هه میشە مرۆڤێکی کورد بووە .
(5)
**




بۆ دایکم سەفەری نەکرد بۆ کەنەدا.. چرۆ زەند

پاش کۆچی باوکم، ماڵ چۆڵ وخامۆش بوو. هەرکەس گەڕایەوە ماڵی خۆی. منیش گەڕامەوە بۆ کەنەدا، پاش ئەو لەدەستچوونە. ویستم داوەتنامە بۆ دایکم جێبەجێ بکەم تا بێت بۆ کەنەدا بۆ ماڵەکەم، بۆ ئەو ماڵەی دایک وباوکم نەیان دیوە. دایکم سێ جار ڕەفزی وەرگرت. دایکم هەرگیز نەی توانی سەفەر بکات

دایکم نەی ویست سەفەر بکات. لە سەرەتای ساڵەکانی دووهەزاردام خوازیار بووم دایکم وباوکم نیشتمانی دووەمم ببینن، بێنە ئەو ماڵەی بەتەنێ بنیاتم ناوە، بەڵام کەسیان نەیان دیت. باوکم نەیویست سەفەر بکات، نەوەک لە وڵاتێکی بیانی کۆچ بکات. باوکم ویستی لە زێدی خۆی چاو لێک بنێ. باوکم ویستی چیای گۆیژە شایەتی کۆچی بێت. ئەو چرکەساتەی تەرمەکەی لەباخچە گەورەکەدا ڕابوورد، دوا ماڵئاوایی گۆیژە شایەت حاڵی بێت، ئەو چیایەی کە هەموو گۆشەنیگایەکی ماڵەکەدا لووتکەیەکی بەدی دەکرا، خۆر لە ناوەندی گۆێژەوە تیشکەکانی بەخش دەکرد بە حەوش وبانەکەدا. دوا جار ئەو ماڵئاوای لە مێژوو نووس ونووسەرە نەمرەکەی گەل بکات. ئەو سات ویستی باوکم بوو نیشتمان جێنەهێڵێ. سلێمانی دوا مەزاری بێ. ئەو ڕۆژگارانە، دایکم نەیویست هاوڕێ وهاوینەکەی جێبێڵێ. لەدوا ڕۆژەکانی ژیانی ئەو لە لای نەبێ. دواجار هەم خۆی هەم مێژوو لۆمەی بکات.

دایکم دەیویست سەفەر بکات: لە سەرەتای ساڵەکانی دووهەزار، نامەی داوەتم بۆ دایکم پڕکردوە، دایکم ڕەفز کرا. ئەوکاتانە قوتابی بووم، بەپاسکیل هاتووچۆم دەکرد، دایکێکی تەنهابووم بۆ دوو منداڵەکەم، ساڵانێکی زۆری برد پاش یەکەم گەڕانەوەم بۆ نیشتمان. هێندە سەخت بوو ئەو دووریە پاش گەڕانەوەم من نەخۆش کەوتم و لەنەخۆشخانە کەوتم بێ تەما لەژیان. دایکم دەیویست سەفەر بکات زۆر بەپەرۆش بوو بۆ دیتنم. کۆنسوڵی کەنەدا ڕەفزی داواکەی منی کرد، دایکم قبووڵ نەکرا. نە کەیسی مرۆڤایەتی نە ویستی منداڵەکانم نە باری خراپی تەندروستیم کۆنسوڵیەتی کەندا ڕەچاوی نەگرت. دایکم پریاسکەکەی هەڵڕشت، ئەو نەیتوانی سەفەر بکات.

دایکم ویستی سەفەر بکات، سەفەری بۆ زۆر شوێن کرد لەناو وڵات. چڵە ڕیحانەکانی حەشوبانی دەگرت بەدەستەوە و دەچوو بۆ هەرماڵی بەدوایخۆیدا بۆنێ چلە ڕیحانەکانی جێدەهێشت. سەفەری دەکرد بۆ مەزاری هەر مەردومێ بڕی لە گووڵی باخەکەی جێدەهێشت، لەو مەزارە دوای وی گووڵ دەڕوا .دایکم سەرفەری کرد بۆ شادی وخۆشی، هاوسەرگیری گەنجان، بە دەنگە خۆشەکەی یادگارێکی خۆشەویستی جێدەهێشت. پاشان گەنجەکان بە ساواکانیانەوە دەهاتنەوە بۆلای. دایکم سەفەری کرد بۆ باشوورو باکوورو خۆرهەڵات وخۆرئاوای وڵات لەدوای سەفەرەکەی ڕێچکەیەک لە مەردووی ئەو دەڤەرەی بەدوای پێکانی ئەودا دەهاتنەوە بۆ ماڵ. دایکم هێندە پەیوەست بوو بە مرۆڤەکان نە ئەوان دەست بەرداری دەبوون، نە ئەویش دەستبەرداری وان. دایکم بوو بازنەیکی ڕێگەیی ناوەندی شار، هاوڕێکانی بەڕۆژ بەشەو دەهاتن بۆ دیدار. دایکم خوێنی بدە بوو، خوێنی دا بە خوشکی کە لە بەرەی بابی نەبوو، خوێنی دا بەدراوسێکەک کە خەڵکی شار نەبوو. گەر بچووبا بۆ سەفەر بۆ ماڵ پێشمەرگەیەک فریشتەکانیش دوای ئەو، دەستی بەرگی جوانیان دەکردە دیاری منداڵە بێیاوکەکان. دایکم سەفەری زۆری کرد، بەڵام تەنها جارێک نەکرا سەفەر بکات بۆ دەرەوەی وڵات. گەر سەفەری کردبا، گوڵەکان وشک دەبوون، ڕیحانەکان دەوەرین، میوانەکان دەگەڕانەوە، چۆلەکەکان هێلانەکانیان دەگواستەوە، دراوسی هەژارەکانیش بێ شێو سەریان دەنایەوە. ژنە بەد بەختەکانی پیاوەکان بە گۆچان ڕاویان دەنان دەبا لەگوڕەپانی شەقام بمابانایەوە. دەرگای ماڵ دادەخرا. جووڵە لەو گووزەرەدا کەم دەبوو.

دایکم نەیتوانی سەفەر بکات، باوکم چیدی بە کلێتەکەیەوە بە زەردەخەنە شادەکەی بەماڵدا ڕانەدەبوورد. منداڵیش هەریەک بەدوای چارەنووسی خۆیدا ڕۆی. من دۆکیومەنەت و پاسپۆرت ولاپەڕەکانی کارم کۆکردەوە، وەرەقە یاساییەکان بۆ سەفەری دایکم ئامادەکرد. ڕۆژگارێکی زۆر کارم لەسەر کرد، بە پەلە پۆست دەمناردەوە، بڕێ جاریش خوشکم و ئامۆزا وخاڵوزاکانم کارەکانیان بۆ ئەنجام دەدام لە وڵات لە دوو شاری هەوڵێر و سلێمانی. دایکم ڕەفزکرا. دواجار داوام لە کچەکەم کرد وەک پارێزەر پاڵپشتی داوەتنامەکەم بکات، داوام لە هاوڕی پارێزەرەکەم کرد جارێکی دی چاو بخشێنێ بە بەڵگەنامەکانمدا. لە کۆنسۆڵی جوداوە داوەت نامەم نارد، ئەمان، ترکیا، وە پاڵپشتی وسوێند نامەی گەڕانەوەی دایکم مسۆگەر کرد بە بەڵگەمامەوە. ماڵ وکار، وپارە بە بارمتە دامنا لە بانکدا. دوا ڕەفزی دایکم لە ساڵی ٢٠٢٠ بەدەست گەیشت. ناڕەزایی خۆم دەربڕی لەلای جەنابی قازی. چەندە ساڵ من کار دەکەم بۆ کۆچ وپەنابەران، وەلی داوای خۆم زەفز بوو. قازی فەرمووی دایکت فیزەی هیچ وڵاتێک لە پاسپۆرتیدا نیە، ئەو سەفەری نەکردوە بۆ دەرەوەی وڵات، وڵاتێکی ئەوروپا، واتە کە هات ناگەڕێتەوە. سەرم سوڕما لە وەڵام، سێ جار دایکم ڕەفز بوو چونکە ڕەنگە نەگەڕێتەوە لەگەڵ ئەو هەموو بەڵگەنامەی موسۆگەری گەڕانەوە. گەلێ نیگەران بووم بەو وەڵامە، پێم وابوو مرۆڤەکان وەک ژمارە هەژمار دەکرێن نەک وەک مرۆڤ.

هەواڵەکەم بەدایکم گەیاند. ئەو جارەش دایکم پریاسکە پێچراوەکانی بۆم ئامادە کردبوو کردنیەوە لەسەریان نووست. منیش نامەی ڕەفەزەکانی دایکم دانا وێنەیەکی نائومێدیم لەگەڵ گرتن، ژوورەکەی بۆم ئامادەکردبوو جارێکی دی چۆڵم کرد. ئیدی دایکم چاوێکی نابینا بوو، سەفەر بکات یان نەکات ، وەک یەکە. ئستا دیوارەکانی ماڵ گۆچانیەتی، هەر ژوورە کورسیەکی وچانیەتی، باخچەکەش مەزاری و، چاوەڕوانی دەرگاش بینایی سپێدەکانی.
دایکم وتی ئەوە چارەنووسی من بوو، ویست ونەویستم وەک یەک بوو نەدەبوو سەرفەر بکەم بۆ کەنەدا.




شیعر\ ئێوارانە ٣٥.. سەردار جاف

تێشووی ديققە, تيشکی نيگا, دەشێوێنێ ئەندێشەی چاو لە ديدەتا دەسکنێم و دڵ زەليلە لە بێشەی چاو شنەی سۆمات بە خەمزەوە وا غەمڵيوە لە ئاستۆنما زبان هەودا و هەوتاشييە، هەدادانمە* بۆ گۆشەی چاو
بەس بە تيڕۆژی نيگاکەت تيغ تيغ بکە نەزەربازيم
رۆچووی باڵاتە هەستی من خليسکامە نێو کێشەی چاو
شەپۆلی گۆمی لوونسەيە* يا لەرەی پێڵوی خۆشی هێن
نيگام وەبەر کافرمان* دە، هەر پڕ ئازارە رێشەی چاو
پشتم کۆم و روانين کز، چەمی بازت گڕنايەکە
ژانداری ئاوێزانت و راموسانم بە چەشەی چاو
کەنگێ نيگات دێتە دەنگ و ئاهێ بە سۆماما دەکا
خۆ من وێرانەی تيلەتم حاڵ شێواوم لە پرشەی چاو
ژوانی ژان، کۆڵێ خەم و ئەشک وناسۆريم بۆت ڕێژا
سارا جێمە شەهلا رێمە، ئەوەيش رۆحمە پراشەی چاو
شەوبينينی چاوەکانت ئەوينمی گڕ دايەوە
پۆشينی روو لە رۆژگاران هەر دەخزێنێ تڵيشەی چاو
حونجە دێڕی چاو و برۆت، خامە و بيرم يەخسير دەکا
شەڕانگێزيم مەيلی ئيشقە، کە لا دەبا رووپۆشەی چاو
لە بن ساباتی هەورێکا بارانی نيگات دەبارێ
ئاقيبەت هەر نوقمم دەکەی لە ناو تەليسمی شووشەی چاو


ديققە :لێرە بە مانای ئيشق دێت
ئاستۆن : بەردەرگا
هەودا : تاڵ ، داو ، چەند وشەيەک بە يەک هەناسە دەگوترێ
هەوتاش : سەرۆکی ئێشکگران
هەدادان : داسەکنين ، ئارامگرتن
لوونسە : گۆمێکە لە شارۆچکەی فايخن لە نێدرلاند
کافرمان : گوێزان ، موس
14- 5 – 2023




پیاوی ناو فەرش.. چیرۆک/ نەوزاد بەندی

بۆ ئەوەی بتوانی لەو شارەدا بژیت ئەبوو یان لە دوورەوە تەماشای بکەیت ، یان لە نزیکەوە لووتت توند بگریت و سێ لەسەر چواری چاوەکانیشت دابخەیت ..
ساڵانە لە ئاهەنگەکانیدا ، چەند جارێک لەسەر سەرچۆپی ئەبوو بە شەڕە تەقە و قوربانیی هەبوو ..
کەمترین موچە ئەدرا بە کرێکاری خۆڵ و خاشاک ، هێندە کەم ، تەنانەت بەشی ئەوەی نەدەکرد ڕۆژانە خۆیان وپۆشاکەکانیانی پێپاک بکەنەوە، دوای ئەوەی بۆگەنترین شار و بۆگەنترین میللەتیان بەو حاڵە پاک دەکردەوە ..
یەکێک لە ووتاربێژەکانی ، کە دواتر شوێنبزر کراو کەس نەیزانی چی لێ بەسەر هات ، لە ووتارێکی هەینیدا هاواری کرد : ( خەڵکینە ! بە ڕاستی سوپاستان ئەکەم ! کە ڕۆژانە هەر هەمووتان بە بێ ئیش دێنە ناوبازاڕ و .. لە دەبە و تف و ئاغزە جگەرە زیاتر ، فڕێ نادەنە سەر شەقامەکان .. جارێکی تر و تر ، سوپاستان ئەکەم و دەستتان ئەگوشم کە میز و پیسایی ناکەنە سەر شەقامەکان ، چونکە واتانبکردایە ، شارەکە ئەبوو بە ژێر پیساییەوە و.. بە هیچ جۆرێکیش وازتان لەو کارە نەدەهێنا ، وەک چۆن بە هیچ جۆرێ واز لە براکوژی و پیس کردنی سەیرانگا و ناو شارەکان و ..ئازاردانی گیاندار و دار و درەخت ناهێنن ..هەر بۆیە لە ناخی دڵمەوە ، دەستخۆشیتان لێ دەکەم و ..مژدەی ئەوەتان ئەدەمێ تەنها سەبر بگرن و .. میز وپیسایی مەکەنە سەر شەقامەکان ، بەهەشت بۆ خۆتان ئەبەنەوە ..چونکە بە ڕاستی ئەو سەبر و تەحەمولەتان ئەجری گرانە و .. خوای گەورە تەفر و توناتان بکات ، وەچە و بنەچەتان نەمێنێ ، وەک گەل و وەک حوکمەت، وەڵاهیی شایانی سووتاندن و کیمیایی و ئەنفالکردنی سەرتاسەرین . .. توخوا چی هەیە ئێوە شانازیی پێوە بکەن و ..ڕووتان بێ بە هۆیەوە لە بارەگای خوادا ڕاوەستن ؟
ڕووتان ڕەش بێ ..بە نەفرەت بن .. بە نەفرەت ـــ)
ئەڵێن گوایا ، هەندێ کارمەندی دەمامکدار ، بە پۆستاڵەوە دێنە ناو مزگەوتەکە و ناهێڵن ووتارەکەی تەواو بکا ، لەگەڵ خۆیاندا ئەیبەن .. ئەڵێن ئەوەندەی لە توانایدا بووە ، دەمامکدارەکانی شەقباران و تفباران و جنێوباران کردووە ، کەچی هەزاران نوێژخوێن ، وورتەیان لێوە نەهاتووە ، بەشێکیان داڵغەیان ڕۆیشتووە و بەشێکیان خەوتوون و بەشێکیشیان بە کاوەخۆ خەریکی چڵم دەرهێنان بوون ..ئەم چڵم دەرهێنانە لەو دواییەدا زۆر پەرەی سەندبوو ، تەنانەت هەندێکیان وەک گوڵەبەڕۆژە ئەیخوارد دوای ئەوەی پزیشکێکی ئەڵمانی سەلماندبووی کە چڵم ، پڕ پڕە لە مادەی سوودبەخش و دژە بەکتریا و ..دەرمانخانەیەکە بۆ خۆی ، تەنانەت داوای کردبوو بکرێ بە دەرمانی ددان ..ئەم هەواڵە ، کاردانەوەیەکی گەورەی لەو شارەدا هەبوو ، هەرچەندە هیچیان ئەڵمانییان نەدەزانی ..پێشبینی ئەوەیان لێدەکرا ، نرخی چڵم لە بازاڕەکانیاندا وەک نرخی گۆشت و دۆلار بفڕێت ..
بەڵام بابەتەکەی ئێمە هیچ شتێ لەوانە نەبوون کە باسمان کردن ..
کوڕێک لەو شارەدا ئەژی ، تەمەن 27 ساڵ ، زیرەک ، چوارشانە ، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یاساکاندا .. بەڵام بێ عەشیرەت بوو ..واتا ئەیویست وەک کەسێکی مۆدێرن بژی ..ڕەنگە بڵێم تاقە کەس بوو ، کە ناوی تیرە و خێڵ بە ناوەکەیەوە نەبوو ..ئەوەیش وایلێکردبوو لە بەڕێوەبەرێتیەکانی باج و ناسنامە و پاسپۆرت و کوتان و خۆراک و خوێندنی باڵادا توشی دەنگە دەنگ و تەنانەت شەڕیش بێ .. ئەڵێن سەرۆکی زانکۆیەک پێی وتووە : باشە گریمان دکتۆرایشت تەواو کرد ، خزمەتی کێ ئەکەی ؟ تۆ کە بێ عەشرەت لێخوڕی ، بە تەمای ئیش بۆ کێ بکەی ؟
لە حاڵێکدا ویستی یەخەی سەرۆکی زانکۆ بگرێ ، چونکە بە پێی یاسا ئەو قسەیە ،دژی کومەڵگای شارستانی و هاوچەرخ و ئەو جۆرە شتانەیە ..گەڕانەوەیە بۆ کاتێ کە مرۆڤ گونی خۆی و گێزەری لێک جیا نەئەکردەوە و بە بەرد ڕاوی ئەکرد و لە ئەشکەوتا ئەخەوت ..بەڵام عەشرەتی سەرۆکی زانکۆکە ، بەعزێکیان لەوێ بوون و ..هەتا خوا حەزکا ، کوتیبوویان ..
دوای ساڵێ ، ویستبووی درێژە بە خوێندن با ، لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە داوای خوێندنی باڵای پێشکەش کرد، لە کۆتا هەنگاوی پێشکەش کردنەکەیدا ، حەزی لە کچێک کرد ..واتا لەو دوا هەنگاوەدا ، لە رێی مەسنجەرەوە ، نامەیەکی عاشقانەی بۆ هات .. بەڵام هەر بەردەوام بوو لە پڕ کردنەوەی داوای خوێندنی باڵا ، لەو دوا هەنگاوەدا ، لەگەڵ ئەوەی حەزی چوبووە سەر کچێک ، بەڵام لە لیستەکەدا ناوی ئەو زانکۆیەی تێدا نەبوو کە ئەم ئەیویست .. لە بەشی ناڕەزایی و پرسیاردا ، ناڕەزاییەکی لە دێڕێکدا نوسی ، ئاخۆ بۆ چی ناوی زانکۆی کەرکوک لە لیستی زانکۆکاندا نییە ؟
دوای سێ ڕۆژ ، بە نامەیەکی ئەلکترۆنی وەڵامەکەی هاتبۆوە ، کە تەنها ووشەیەک بوو ، نوسرا بوو : ( بە هەوەس ) ..
عەشقی کچەکە نەبووایە ، هەر ئەو شەوە وڵاتی جێدەهێشت ..دایک و باوکیشی پێیان خۆش بوو ، ئەیانزانی کوڕەکەیان زۆر سەرەڕۆیە و..ڕەنگە خێزان پێک بێنێ ، فەرق بکا ..ئەم فەرق کردنە لەو شارەدا زۆر بەکار ئەهات ، به بێ ئەوەی هیچ کەسێ بە موو فەرقی کردبێ ..
پڕۆسەکەیان زۆر خێرا گەیاندە ئەنجام .. کچەکە خراپ نەبوو ، دوو نەشتەرگەریی جوانکاریی کردبوو ، بە چوارساڵ پەیمانگایەکی ناحوکومیی تەواو کردبوو .. ئەم هێشتا لێی نەپرسیبوو ئاخۆ بۆچی لەو شەوەدا ئەو نامە عاشقانەیەی بۆ ئەم نارد ..ڕاستتر نەیئەویست لەو خەیاڵە خۆشە دەربچێ ..تۆ بە ڕێدا بڕۆی ، پارچە ئاڵتونێ بدۆزیتەوە ، ئەگەر زۆر ووردی بکەیتەوە ، هیچ خۆشییەکی لێ نابینی ، تەنانەت کە خاوەنەکەیشی ئەدۆزیتەوە ، ڕەنگە پیاو خراپت بکا و بڵێ سێ پارچە بوو ، کوا دووانەکەی تر ؟
مانگی یەکەم ڕای ماڵە خەزوورانی بەم جۆرە بوو :
٭ کوڕێکی قۆز و چوارشانە ، بە ئەدەب و بەڕێز ، ئیشکەر و ئازا ..
مانگی دووەم داتاکان گۆڕانکاریی بەسەرهات :
٭ کوڕێکی زرتە بۆز‌ ، قسە لەڕوو ، ڕاشکاو ، ئیشکەری بێ ئیش .
مانگی سێیەم ، ووردەکارییەکانیان گۆڕی :
٭ کوڕێکی فیلە قوڕینە ، قسەزل ، زۆر بڵێ ، تەمەڵ ..
مانگی سێیەم ، ماڵە خەزوورانی لە بنی هەمانەکەیان دا و بەم جۆرە وەسپیان دا :
٭ شێتێکی زلە حۆتە ، بەکاری هیچ نەهاتوو قسە دەرپەڕێنەر و بێ متمانە ، وەک مانگا خۆی ئەلێسێتەوە ..

ئەمیش ، عەسرێکیان سێ بە سێ ژنەکەی تەڵاق دا ..ئەو بە گریانەوە ڕۆیشتەوە ماڵە باوانی و ئەمیش ڕۆی بۆ کەباب نادر ..
شەوێکی درەنگ نامەیەکی بۆ هات ، لە ماڵە خەزوورانیەوە بوو ، یەکپارچە جنێو بوو ..گەڕا ، زۆر بە ووردیی بە ناو جنێوەکانیانا گەڕا ، هیچ زانیارییەکی نەدۆزییەوە ، تەنها جنێو بوون ..
بڕیاری دا بوو بە دایک وباوکی نەڵێ ..ماڵەکەی هەڕاج کرد و .. داواکاریی ڤیزەی پێشکەش کرد .. لە ئوتێلێکی هەرزان بەهای قەراغ شاردا ، شەو و ڕۆژ خەوی ئەبینی ..یان ڕاستتر زۆربەی کاتەکانی بە خەو بەسەر ئەبرد ..وەک ئەوەی لەسەر پشتی کەشتییەک هەموو جیهان ئەگەڕێ و.. لە شەقامە پڕ درەختەکانی ووڵاتێکا کە نازانێ چییە ، بە لای درەختێکی سەوزدا تێدەپەڕێ ، کە نازانێ چی پێ دەڵێن ..کورسیەک کە نازانێ لە چ دارێ دروستکراوە ، داوەتی دانیشتنێکی دەکا و ..کیژۆڵەیەک لەو سەری شەقامەکەوە ، دێت ، ئەویش لە ووڵاتێکی وەک ئەمەی ئەم ڕایکردووە …
ئیتر بەو جۆرە ، هەر جارەی لە ووڵاتێک خۆی دەبینییەوە کە نەیدەزانی چی پێ دەڵێن و .. میوەیەکی دەخوارد بێ ئەوەی بزانێ ناوی چییە ..
پۆلیسەکان پێش ڤیزەکەی گەیشتن ..قۆڵبەستیان کرد و بردیان .. بە هۆی خۆ وونکردن لە دادگا ، دوو هەفتە کردیانە ژوورەوە ، ڕۆژی حەوتەم دایک و باوکی هاتن بۆ لای ..هیچیان پێ نەووت ، ئەمیش هیچی پێ نەووتن ..نیوسەعات لەگەڵیدا دانیشتن و هەستان ڕۆیشتن …
ئەم ناخۆشتر لە زیندان ، نەمانی خەونەکانی بوو .. ئیتر نەیدەتوانی سواری پشتی کەشتیەک بێ کە نەزانێ ناوی چییە و .. بە دەریایەکدا بڕوا ، نەزانێ چی پێ دەڵێن ..لە چێشتخانەیەکدا کە دیار نییە چەند ئەستێرەیە ، خۆر لەچیایەکەوە ئاوا بێ ، هێشتا نە چیای وای بینیبێ و ..نە بزانێ ناوی چییە ..
بەڕێوەبەری زیندانەکە ، بەسەر پۆلیسی ئێشکگردا نەڕاندی :
( چۆن نازانی ؟ ئەی تۆ ئێشکگری چیت ؟ )
پۆلیسەکە لە دۆخێکدا تەنگە نەفەس بوو بوو ، لێوی خوارەوەی ئەلەرزی ، ووتی : ( گەورەم ، من چوزانم ، وامزانی خەوتووە . . کەکاتی نانی بەیانی هات ، لاشەیەکی سارد و سڕ بوو .. ئێ خۆ هێشتا حوکم نەدراوە ، بە تەنیا ، لە ژوورێکدا بوو ..کێ ئەتوانێ بزانێ دۆخی تەندروستی تێکچووە ؟؟)
کاغەزێکی دەرهێنا :
( ئەمە لە ژێر سەرینەکەیدا بوو )
— هەرگیز من خەڵکی ئێره نەبووم .. لەم دۆرگە چۆڵەدا ، کە نازانم ناوی چییە . ، ڕۆژ نییە سەد جار ، بە بینینی حاڵی خۆم ، توشی لەرز و تا نەبووبم .. لەو کەناراوەدا، ساڵەهای ساڵ ، کەشتییەک نەهات هەڵمبگرێ .ڕزگارم کا لە خۆم .. حەزم ئەکرد ووڵاتێک تەڵاق دەم ، کەچی کچێکم تەڵاقدا ، کە سووکایەتی نەما پێمی نەکا … لەو هەموو شەو و ڕۆژە شێدارەدا ، چاوەڕوانی کلیلێ بووم ، ئەو هەموو تەم و دوکەڵەی ناخم بۆ بکاتەوە .. هەر هیچ نەبێ بزانم لە چ ساڵ و .. لە چ مانگ و.. لە چ ڕۆژێکدام ….ناوی هیچ شتێکم نەزانی .. لەگەڵ هیچیاندا نەمتوانی دوو هەنگاو بڕۆم …باشترین کاتەکانم ئەوانە بوون لە بێ ئاگاییدا بەسەرم بردن ..ئێستایش ، لەم تۆپەڵە خوێن و پیسایی و چەوری و گۆشتە ، چاوەڕێی چین لەکاتێکدا من خۆم چاوەڕێی هیچی لێ ناکەم ــــ

پزیشکی دادوەر ڕاپۆرتێکی نوسی لە چەند ووشەیەکی تێکەڵ و پێکەڵدا ، دەری دەخست ئەم کورە چوارشانەیە ، هەر لەمنداڵییەوە لە ناخدا مردووە ..هەر بۆیە خۆشترین کاتی ئەو کاتە بووە کە زیندانکراوە ..چونکە لەوێدا ئیتر توانیویەتی مردنە له مێژینەکەی خۆی ڕابگەیەنێ ..
لێرەدا پزیشکی دادوەریش ، لاشەیەکی سارد و سڕی حەوت زەمانمردوو بوو ..
بەڕێوەبەری تەندروستی بە پەلە پەیوەندیی بەوەزیری تەندروستیەوە کرد ، داوای لێکرد لەگەڵ بەڕێوەبەری پرۆگرامی تەندروستی جیهانییدا کوبێتەوە ، لەوە ئەچێ ڤایرۆسێکی تازە هاتبێتە شارەکەمان ..لەماوەی کەمتر لە دوانزە کاتژمێرا دوو قوربانی هەبووە ..یەکێکیان پزیشک بووە ..
بەڕێوەبەر قسەی تریشی زۆریکرد ، پێش ئەوەی توشی دڵەکوتە بێت و ..لەسەر مێزەکەی سارد بێتەوە …




ناوی كتێب: ناسنامه، تواناكانی بوونی مرۆڤ.. نووسینی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

  • ناوی كتێب: ناسنامه ، تواناكانی بوونی مرۆڤ
  • نووسەر: عه بدولموته ڵیب عه بدوڵاڵ
  • تایپ: نووسه ر
  • هه ڵه بڕ: زه هرا مه ده نی
  • دیزاینی ناوه وه : ده زگای ڕۆسا
  • بەرگ: ده زگای ڕۆسا
  • چاپ: یەكەم 2

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




جێهێشتن.. پێشانگاى تایبەتى هونەرمەند (قەرەنى جەمیل)

رۆژى سێشەممە 6/6/2023 لە -گەلەرى میدیا- هەولێر

هونەرمەند (قەرەنى جەمیل) لەو پێشانگایەدا پێش ئەوەى جێمانبهێلێت جوانى و چێژى روانین بۆ هەمووان دەگوازێتەوە، هەر یەکە و شتێکى لەو پێشانگایەدا دەست دەکەوێت. بۆیە دەشێ (جێهێشتن) وەک (شێوازى هونەرى) دەلالەت لە بەجێهێشتنى شوێن بکات، نەک وەرگر و بینەرى پێشانگاکە، بەو مانایەش کارى هونەرى لاى هونەرمەند وێناکردنى بێشوێنییە، وێناکردنى کۆمەڵێ شتە لە دەرەوەى شوێنى ئاسایى خۆى و پەیوەندى ئاسایى خۆیدا. لە هونەرى هاوچەرخدا دیمەنى راستەقینە نییە! چێژ و جوانى روانین ئیشى بیرکردنەوەیە، نەک چاو… بۆیە لێرە لە کارە هونەرییەکانى (قەرەنى جەمیل)دا جوانى باکى بە چاو نییە؟!
(قەرەنى جەمیل) کارى هونەرى وەک شتەکانى دیکە ناگوازێتەوە، چونکە ئەگەرچى ناونیشانى پێشانگاکەى (جێهێشتن)ە، بەڵام ئەو لە کارە هونەرییەکانیدا بەردەوام دەمێنێتەوە، بەو ئامانجەى ئەو شتەمان بۆ بگەڕێنێتەوە، کە ئەوێ رۆژێ روویانداوە، ئەوەش دەنگدانەوەى هونەرە بەسەر نەوەکانى داهاتوودا! واتە وەرگر و بینەر لەو کارە هونەرییانەدا لە رێگاى بەدواداچوون و بیرکردنەوەوە، شیاوى بەشداریکردن و گۆڕین و گواستنەوە دەبێت.