جەلالی میرزا کەریم: ده‌نگێکی نوێخواز له‌ناو بێده‌نگیدا.. سامی شۆڕش

سەرەتای ساڵی 1970 جەلالی میرزا کەریمم ناسی، ئەوسا من قوتابی ساڵی یەکەمی زانکۆ بووم لە بەغدا. دەستی شیعرنووسینیشم هەبوو، بەڵام زۆر تازە بووم لە شیعرنووسین. ئەوسا بەغدا ناوەندێکی گەورەی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی کوردی بوو، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتننامەی یانزەی ئازار جموجۆڵێکی ڕۆشنبیری ء ئەدەبی ء هونەریی فراوانی کوردی کەوتە بەغدا، لەناو گەرمەی ئەو چوست ء چالاکییە رۆشنبیری ء ئەدەبییەی بەغدا، هەر زوو جەلالی میرزا کەریمم ناسی، چونکە ئەوسا شاعیرێکی تازەخواز و کارا و چالاک بوو. ناسینی بۆ یەکێکی وەکو من کە تازە دەستم دابووە شیعرنووسین، کارێکی گەورە و سەرەتای ئەزموونێکی گەورەی دروست دەکرد. ئەوکات هێشتا (شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف)م نەناسیبوو. تازە ڕۆژنامەی هاوکاری دەستی بە دەرچوون کردبوو، چەند ژمارەیەکی لێ دەرچووبوو، ئەوەبوو من لەگەڵ ئەزموونی خوێندنم لە زانکۆ، یەکەم بەرهەمی شیعریی خۆمم لە هاوکاری بڵاوکردەوە، یەکسەریش دوای بڵاوبوونەوەی شیعرەکە، کەوتمە ئیش لەناو ستافی رۆژنامەکەدا. جەلالی میرزا کەریم ئەوسا سکرتێری نووسینی رۆژنامەی هاوکاری بوو، ئەو کارکردنەی من لە رۆژنامەی هاوکاری زەمینەی ئەوەی لەبەردەم خۆش کردم، کە زۆرتر بیناسم و دواتر (شێرکۆ بێکەس ء حوسێن عارف)یشم ناسی، ئەوانیش دوو هەڵگری ئەزموونی نوێخوازی بوون لەناو رۆشنبیریی کوردیدا، بۆیە بۆ من لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی یەکەمی خوێندنی زانکۆم، دەستپێکی گەورەی رۆشنبیریش کرایەوە لە رێی جەلالی میرزا کەریم، ئەوەندەی من ناسیم بیروڕایەکی زۆر قووڵ ء گەرمی هەبوو لەبارەی نوێخوازی، ئەوسا بەغدا ببووە مەڵبەندی نوێخوازی نەک هەر لەناو شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا، بەڵکو لەناو شیعر و ئەدەبیاتی عەرەبیش. عەرەبی عیراق بەتایبەتی شاعیرانی ئەدەبی عیراقی: (سەرگۆن پۆڵس و فازل عەزاوی ء ئەنوەر غەسانی ء سەڵاح فایەق)ء کۆمەڵێکی دیکە، ئەوانیش لە باری خۆیانەوە خەریکی داڕشتنی سەرەتای شیعرێکی تازەبوون، دەستپێکی شیعری تازە لەناو شیعری عەرەبی، ئەوانیش پەیوەندی ء یەکتردیتن ء گفتوگۆی هاوچەرخانەیان هەبوو لەگەڵ ئەو کۆمەڵە نوێخوازەی مەیدانی شیعری کوردیدا کە جەلالی میرزا کەریم دیارترینیان بوو، ئەوەی زۆرتریش ئەو پردەی دروست کردبوو لە بەینی هەردوولا، هەر ئەوبوو، چونکە لە وەزارەتی راگەیاندنی بەغدا لە بەشی وەرگێڕان کارى دەکرد، ، لە رێی وەزارەتی راگەیاندنەوە پەیوەندی ء هاموشۆ ء یەکتردیتنی لەگەڵ شاعیرە نوێخوازە عەرەبەکان زۆر گەرم بوو. من لە رێی جەلالی میرزا کەریمەوە تێکەڵاوی ئەو ئەزموونە بووم، تێکەڵاوییەکەش تێکەڵاوییەکی ڕاستەقینەبوو، چونکە جەلال پیاوێکی زۆر خۆڕسک ء دڵسۆز بە شیعر و ڕۆشنبیری ء خوێنگەرم بوو. لە رۆژنامەی هاوکاری بووە سکرتێری نووسین، دواتر ئەو رۆژنامەیە چەندین هەنگاوی گەورەی بەخۆیەوە دی، وای لێهات لە ماوەی ساڵێکدا بووە قیبلەی رۆژنامەگەریی لاوانی کورد. ئەوکات رۆژنامەکە هەفتانە بوو، کە دەهاتە بازاڕ خەڵک ریزیان بۆی دەگرت، لە سەعاتی یەکەمی بڵاوبوونەوەیدا نەدەما، بێگومان ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە جەلالی میرزا کەریم هەوڵی بۆ دەدا، بەرهەمی ئەدەبی لاوان ئاسۆ و ڕەهەند نوێخوازی لەبەردەم رۆژنامەکە بکاتەوە، هەرچی زۆرترین خەڵکی لاو هەبوو لە دەوری رۆژنامەکەدا کۆی دەکردنەوە، باسی شیعری تازە و ئەزموونی تازەی بۆ دەکردن، هەوڵی دەدا لە خەڵک بگەیەنێ کە شیعری تازە زادەکی خۆرسک و سروشتى گۆڕانە کۆمەڵایەتی ء رۆشنبیرییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردییە، شتێکی نامۆ نییە سەپێندرابێ بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا، وەک ئەوسا رێچکەیەکی دیکەی کۆنخواز هەبوو، هەموو دەم هەوڵیان دەدا ئەوە لە خەڵک بگەیەنن کە ئەو نوێخوازییەی تازە داهاتووە شتێکی هێنراوە، شتێکی سەپێنراوە لە دەرەوە بەسەر ئەدەبیات ء شیعری کوردیدا، بەڵام جەلالی میرزا کەریم زۆر بە زمانێکی پاراو، بە بەرهەمی بەهێز و کاریگەر، بە تاقیکردنەوەی قووڵ ء رەسەن، بە کاری رۆژنامەگەری، بە نووسین و شیعر و چالاکی هەوڵی دەدا ئەوە بگەیەنێ، نەخێر ئەو نوێخوازییە شتێکی سەپێنراو نییە، بەڵکو شتێکی خۆڕسکە و کارێکی سروشتییە لەناو هەموو کۆمەڵگایەک، کە ڕووەو گۆڕان ء بەرەوپێشچوون بچێت، شیعری تازەش دێتەپێش، زۆر شتی تازە دێنە پێش لە مەیدانی ژیاندا و ئەو شیعرە نوێیەش یەکێکە لەو شتە تازانە. من ئەوە لەوەوە فێربووم. من زۆر نزیکی جەلالی میرزا کەریم بووم، نەک هەر لە رۆژنامە کارم لەگەڵی دەکرد، بەڵکو بەیەکەوە لە یەک خانوودا دەژیاین. بۆ ماوەی چەندین ساڵ، لەڕێی ئەو تێکەڵاوییەم زۆر شتی لێوە فێربووم، یەک لەو شتە باشانەی کە فێری بووم ئەوەبوو، تێکەڵاوی ژیانی رۆشنبیری ببم. من ئەو کات کە تازە چووبوومە بەغدا، زۆری نەبرد کەوتمە ژیانی رۆژنامەگەرییەوە، لە ئەنجامیشدا هەر ئەو بوو زۆر هەوڵی لەگەڵم دەدا، هانی دەدام کە کاری گەرم بکەم لەناو رۆژنامەکەدا، وای لێهات ساڵێکی نەبرد منی تازە دەست پێ کردوو بوومە لێپرسراوی لاپەڕەی (ئەدەب ء ژیان) لە هاوکاری و هەتا ساڵی 1974 بەڕێوەم دەبرد. ئەو کات هاوکاری ببووە مەڵبەندی نوێخوازی لەناو رۆشنبیری ء کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەو هەوڵ ء تەقەلایانەی جەلالی میرزا کەریم لە حەقیقەتدا زۆر قووڵتر بووەوە، کاتێک توانی لەگەڵ (شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف) بەیەکەوە هاوکارییەکی ئەوتۆ بکەن کە بزووتنەوەی (روانگە) دروست بکەن، ئەو نوێخوازییەیان لە قاڵبی پەرت ء بڵاوی دەرهێنا، خستیانە ناو قاڵبێکی گونجاو، قاڵبێکی بەبەرنامە. جەلالی میرزا کەریم زۆر کارا و چالاک بوو لەناو بزووتنەوەی روانگەدا. لە دەوری ئەو شاعیر و ئەدیب ء چیرۆکنووسە گەورانەدا، ئێمەش کۆمەڵێَک لاو بووین دەورمان دابوون. (من و سەڵاح شوان و رەفیق سابیر و ئەنوەر قادر محەمەد و سەلام محەمەد) بووین، لەولاوەش: (لەتیف هەڵمەت و فەرهاد شاکەلی) ئەوانە هەر هەموومان هەریەک بەشێوەیەک دەوری ئەو بزووتنەوەی روانگەیەمان دابوو، بە بەرهەم و نووسین و ئیشی رۆژنامەگەری هەوڵمان دەدا پەیامەکەی بگەیەنین، لەو پانتاییەدا جەلالی میرزا کەریم بەخۆی ء ئەزموون ء بەرهەمە شیعرییەکانییەوە مامۆستایەکی زۆر گەورەبوو، کار و کاریگەرى ئەو قەت لە بیر ناکرێ لەناو تاقیکردنەوەی نوێخوازیی شیعری کوردیدا. هەرچەندە جەلالی میرزا کەریم یەکێکە لە داهێنەرانی گرووپی روانگە، یەکێکیشە لە داینەمۆکانی ئەو گرووپە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ (شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف)دا کەمتر ناوی دێت، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە، هۆکاری یەکەم ئەوەیە، کە جەلالی میرزا کەریم بەپێچەوانەی شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف، ئەو کات لە سەرەتای دروستبوون ء گەڵاڵەبوون ء خەمڵانی بزووتنەوەی روانگەدا چەند کارێکی دیکەشی دەکرد، کەسێکی سەرقاڵ بوو، لە وەزارەتی رۆشنبیری (راگەیاندن)ی بەغدا کاری دەکرد، ئیشی وەرگێڕانی کوردی ء عەرەبیی دەکرد، سەرباری ئیشی وەزیفی، سکرتێری نووسین بوو لە ڕۆژنامەی هاوکاری، کە ئەوەش وەختێکی زۆری دەویست، بەڵام لە بەرامبەردا حوسێن عارف ء شێرکۆ بێکەس دەستبەتاڵتربوون، هەر خەریکی یەک ئیش بوون ء خەریکی شیعر و چیرۆکنووسین بوون. جگە لەوە جەلالی میرزا کەریم زۆرتر خەریکی رێکخستنی بزووتنەوەکە بوو، کۆبووونەوە کردن، لە کوێ دادەنیشن؟ باسەکان چین؟ چی بنووسرێتەوە؟ بەیانەکان چۆن بنووسرێن؟ واتا وردەکاریی روانگەی دەکرد، بێجگە لە ئیشە رۆژنامەگەرییەکەی خۆی، هەروەها ئیشێکی گرنگی دیکەشی لە ئەستۆ بوو، ئەویش ئەوە بوو، دەربڕینى پەیامى بزووتنەوەی روانگەبوو لە رووی رۆژنامەی هاوکارییەوە. ئەوسا مەیدانی بڵاوکردنەوە لەبەردەم بزووتنەوەی روانگە زۆر تەسک بوو، بەتەنیا رۆژنامەی هاوکاری هەبوو، دەبووایە کارێک بکرێ ئەو ڕۆژنامەیە دەرگایەک بکاتەوە بەسەر ئەو بزووتنەوەیەدا هەتا ڕوانگە بتوانێ دەنگی خۆی بگەیەنێ، ئەوەی زەمانەتی بەردەوامبوونی کرانەوەى ئەو دەرگایەی هاوکاری دەکرد لە بەردەم روانگەدا، جەلالی میرزا کەریم بوو، ئەوەش کارى کردەنى و ماندووبوونی دەویست، لەبەر ئەمانە کەمتر کاتی هەبوو خەریکی شیعرنووسین بێت. لەو رووەوە جەلالی میرزا کەریم داینەمۆ بوو. بیرم دێ شێرکۆ بێکەس لە سلێمانی بوو، لەوێوە جارجار دەهاتە بەغدا، بۆ ئەو ئیشوکارانەی روانگە، حوسێن عارف لە بەغدا بوو، بەڵام بارودۆخى سیاسی رێگربوو کە بتوانێ بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو کارا و چالاک بێَ لەناو بزووتنەوەکەدا، ئەوەی مابووەوە لە بەردەست کە زۆر کارا و چالاکانە دەجووڵایەوە و ئیشەکانی رادەپەڕاند، جەلالی میرزا کەریم بوو. نابێ ئەوەمان لە بیرچێ کە هەردوو برادەرەکەی تر (حوسێن عارف ء شێرکۆ بێکەس) دوو ئەدیبی گەورە بوون، شێرکۆ شاعیرێکی گەورە بوو، حوسێن چیرۆکنووسنێکی گەورە بوو، ئەوانیش لە مەیدانی ئیشەکانی خۆیاندا هەوڵیان دەدا لە رێی بەرهەمەوە پەیامی روانگە بگەیەنن، لە رێی شیعر و چیرۆکەوە پەیام بگەیەنن، بەڵام جەلالی میرزا کەریم دەیویست لە رووی شیعر و ئیشی رۆژانە و خۆشکردنی زەمینە و رێگا لە بەردەم بزووتنەوەی روانگەدا ئەو پەیامە بگەیەنێ.
پێم وایە جەلالی میرزا کەریم لە ماوەی ئەو نوێخوازییەی لە قۆناغی روانگەدا توانی کەسایەتییەکی شیعریی کاریگەر و زۆر سەربەخۆ بۆ خۆی دابمەزرێنێ، پێش روانگە جەلال شاعیرێکی دیار نەبوو، شاعیرێک نەبوو دەست ء پەنجەی خۆی بەسەر پانتایی بزووتنەوەی شیعرەوە زەق کردبێتەوە، بەڵام لە قۆناغی ڕوانگەدا ئەوەی پێ کرا، لەبەر کۆمەڵێک هۆ.
یەکەم: توانی زمانێکی شیعریی تایبەتی بۆ خۆی دابڕێژێ، ئەگەر بەرهەمەکانی جەلالی میرزا کەریم بخوێنینەوە دەبینین ئەو تاقیکردنەوە شیعرییە، خاوەنی زمانی تایبەتی خۆیەتی، بۆ نموونە زمانێکی زۆر راستەوخۆ بوو، بەڵام راستەوخۆیەکی قووڵ و ڕوون، کە عەرەب پێی دەڵێن (السهل الممتنع).
دووەم: ئەو زۆرتر بایەخی بەوە دەدا لە خەم ء ئازار و ژانی سیاسیی میللەتەکەی خۆی نزیک بێتەوە، لەناو روانگەدا هەوایەک دروست ببوو، کە ئەویش ئەوەیە دەکرێ شاعیر و ئەدیب ء چیرۆکنووس زۆرتر خەریکی خەمە تایبەتییەکانی خۆیان بن، خەریکی خەمە مرۆییەکانی خۆ بن، خەریکی وردەکارییەکانی پانتایی ژیان بن، نەک هەر سیاسەت. جەلالی میرزا کەریم خەسڵەتەکەی ئەوەبوو لە رێی شیعری تازەوە هەوڵی دەدا لە ژان ء خەمی کۆمەڵگە نزیک بێتەوە. ئەگەر شیعرەکانی ئەو قۆناغە بخوێنینەوە، دەبینین هەمووی باسی بارودۆخ ء حاڵی میللەتەکەیەتی، بەڵام بە زمانێکی تازە، ئەوەش زۆر سەخت بوو، بە کەم کەس دەکرا، لەبەر ئەوەی شیعری تازە دوورکەوتبووەوە لە ژانی کۆ و کۆمەڵگا، زیاتر خۆی نزیک کردبووەوە لە ژانی تاکە کەسى، بەڵام جەلالی میرزا کەریم توانی ئەو پەیوەندییە بپارێزێ.
سێیەم: توانی شتێکی زۆر گەورە بکات، ئەویش ئەوەیە، بێگومان شێرکۆ و حوسێن عارفیش پێیان کرا، بەڵام جەلال زۆر بەزەقی توانی بیکات، تێکەڵاوکردنی تاقیکردنەوەی تازەگەریەتی لەناو عەرەب لەگەڵ شیعری کوردیدا، چونکە جەلالی میرزا کەریم لەناو رۆشنبیرانی عەرەبدا بوو، زۆر ئاگاداری تاقیکردنەوەکانی ئەوان بوو، زۆر ورد و وردەکار بوو، بەدواى کار و داهێنانیانەوە دەچوو، دەیزانی وردەکارییەکانی تاقیکردنەوەی نوێخوازی لەناو شیعری عەرەبیدا چییە و چی نییە، بۆیە ئەو ئەزموونەی بەشێوەیەکی زۆر کوردییانە دەگواستەوە ناو شیعری نوێی کوردی، ئەوەش تایبەتمەندییەکی جەلالی میرزا کەریم بوو. ئەگەر تەماشا بکەین لە ماوەی روانگەدا، جەلالی میرزا کەریم چەندین شیعرى نووسی، ئەو شیعرانەی ئەو دەینووسین جێپەنجەیان دیاربوو، لە بەرهەمی کەڵە ئەدیبەکانی ناو روانگە کاریگەر و باڵاتربوو، بەڕاستی جەلالی میرزا کەریم تاقیکردنەوەیەکی زۆر قووڵ ء بەرفراوانی بزووتنەوەی روانگە بوو. هەر کاتێک، هەر کەسێک بیەوێت لە بزووتنەوەی روانگە تێ بگات، یان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بنووسێت، لە ئاسۆکانی وردبێتەوە، بەبێ وردبوونەوە و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی شیعرەکانی جەلالی میرزا کەریم، ئەو کارە ناکرێ و مەحاڵە، چونکە ڕوانگە لە شیعرەکانی جەلالی میرزا کەریمدا زۆر بەزەقی ڕەنگی دابووەوە، لە هەمووان زیاتر ئازاری لەپێناویدا چەشت، بەڵام پشوو درێژ بوو، کارێکی کرد ڕوانگە هەتا ئێستا بەزیندوویی بمێنێتەوە، ئەگەرچی ئێستا ئێمەومانان بەشکڵێکی پێویست هەقی خۆی نادەینێ، بەڵام جەلالی میرزا کەریم لە رێی بەرهەمەکانییەوە قۆناغێکی زۆر گرنگە لە شیعر و ئەدەبیاتی تازەی کوردیدا.

سەرچاوە:
گۆڤارى ئایندە، ژمارە (79) 2008، ل: 19- 22.




کەموکورتی سەرەکی گۆرانی کوردیی.. نووسینی: شێمحەمەد باڵەک

بابەت: وتار
کەموکورتی سەرەکی گۆرانی کوردیی

دەڵێن زانا و ڕۆشنبیرێکی گەورەی ئەرمەنیی ئەرمەنستان گوتوویە کوردستان وەڵاتی شاعیرانە. بەڵام من دەڵێم پێش ئەوەی وەڵاتی شاعیران بێ وەڵاتس گۆرانی بێژانە. چونکە گۆرانی سادەتر و ئاسانتر و بەردەستترە لە شێعر. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کورد نەتەوەیێکی هەستیار و هەست ناسک و دڵناسکە. وێڕای ئەوەش ئەو کاتەی ڕۆشنبیرە ئەرمەنیەکە ئەو قسەیەی کردوە کورد نەتەوەیێکی تاڕادەیێک نەخوێندەوار بووە. هۆنەرەوە (نازم)ی هەبوون بەڵام هەڵبەستوان (شاعیر)ی کەمبوون. نەخوێندەواری دەنگ خۆشیش دەروەستی گۆرانی دێ بەڵام دەروەستی هەڵبەست نایێ؛ هەڵبەست بەمانای وشەی خۆی. کورد گۆرانی بێژی دەنگخۆشی یەکجار زۆرن، کورد ئەگەر نەتەوەیێکی جیهانی بایە چەند ئەستێرەیێکی گۆرانی جیهانی دەبوون.
گۆرانی بێژانی کورد کەرستەیێکی خاوی بێ ئەندازەیان لەبەردەستدایە ئەویش ئاوازە کۆنەکانن کە وەکو پێویست کەڵکیان لێوەرنەگیراوە. حەسەن زیرەک زۆربەی هەرە زۆری ئاوازەکانی لکەزمانی کرمانجی ناوەڕاست و باشوور و بەشێک لە ئاوازەکانی گۆران و لوڕ و کرمانجی باکووری پاراستوون و لە فەوتان ڕزگاری کردوون. چونکە ئەو ئاوازانە ئەگەر بەدەنگە خۆشەکەی ئەو نەگوترابان خەڵک ئەوەندە گوێی لێڕانەدەگرتن و لەبیران دەچوونەوە. حەسەن زیرەکیش کەموکورتی شێعری گۆرانی هەیە شێعرە میللیەکان ئەوەندە دووبارە دەکاتەوە لەم ئاوازەوە بۆ ئەو ئاواز ئەگەر دەنگە خۆشەکە و ئاوازە ڕەسەنەکانی ئەو نەبوونایە بۆگە (بۆژۆ) دەبوون و تامیان نەدەما. لێشی ناگیری چونکە نەخوێندەوار بوو و هەڵبژاردنی شێعری گۆرانی و یەکەتی بابەت لە گۆرانیدا لە توانای ئەو بەدەربوو. شێعریش بۆ گۆرانی نانووسرێ و شتێکی زڕ دەردەچێ ئەگەر شێعرەکە بەخۆی سیفەتی گۆرانی تێدا نەبێ. شێعری گۆرانی دیوار نییە تا وەستای خانوو بچێ لەسەر نەخشەی ئەندازیار دایبنێ.
زۆربەی دیوانی شێعری شاعیرە کلاکسیکیەکان سیفەتی گۆرانییان تێدایە هۆیەکەشی ئەوەیە ئەو شاعیرانە مەلا بوون و لە حوجرەی فەقێیان خوێندووویانە. لە قۆناغی فەقێیایەتیش گۆرانی نەک هەر قەدەغە نەبووە بەڵکو هاندان و ڕشتکردنی تێدابووە و شەوانی هەینی و سێشەم لە حوجرەدا گەڕەلاوژە هەبوو، ئامادەبوانی مەجلیسەکە هەرکەس کە گەڕ (نۆبەت)ی دەگەییشتێ لاوژە (گۆرانی)ێکی نەگوتبایە سزا دەدرا. – لاوژە هاوتا وشەی لاوک – ە بەڵام لە وشەی لێکدراوی گەڕەلاوژەدا مەبەست لە گۆرانییە بەهەموو جۆرەکانیەوە – ئیدی فەقێیە گۆرانی بێژەکە کە بۆتە مەلا عەیب و شوورەیی بووە بە مەندیل و شاقەلەوە گۆرانیان بڵێ بە بێ دینیش ژمێردراوە. ئەو سۆز و ئەوینەی نێو دڵی کە جاران بە گۆرانی دەری دەبڕی ئێستا بە شێعر بەری بەرەڵڵا دەکا و بەتاڵی دەکاتەوە. شێعرەکە شەرمی تێدا نەبووە وەک گوتراوە (ئەوەی بۆ شاعیر درووستە بۆ غەیری وی درووستنییە). شێعرەکان بە شێوەیێکی خۆبەخۆ بوو ون بە شێعری گۆرانی. دیوانی مەلای جزیری و وەفایی و مەولەوی بە نموونە دێنینەوە: هێمنی موکریانی لەو پێشەکییەی بۆ دیوانی وەفایی نووسیوە لە لێکۆڵینەوە و ساغکردنەوەی مەلا عەلی قەرەداغی دەڵێ: (کوڕەکانی ماملێ زۆربەی دیوانی وەفاییان کردووە بە گۆرانی – ئەم ڕستەیەم لەبەر نووسیەوە و ڕەنگە جیاوازی لە داڕشتندا هەبێ دەگەڵ دەقەکەی –). ئێستا هێندێک گۆرانی لە موکریان هەن دەڵێن یەکەم جار وەفایی گوتوونی بەخۆی. بۆ مەلای جزیریش من زۆر گۆرانی کرمانجیم گوێ لێبوو ون لە شێعری مەلای جزیرین. شێعرەکانیشی پاراون و بۆنی گۆرانیان لێدێ. شێعرەکانی مەولەویش هەروان بێجگە لەوە مەولەوی لەشێعرەکانیدا زۆر باسی دەف و نەی و شمشاڵ و ئامرازە مۆسیقاییەکانی تری کوردی دەکا.
بە کورتی کورد شێعر و ئاوازی ئامادە و بەردەستی گۆرانی هەن بەڵام گۆرانی بێژانی کورد نەیانتوانیوە کەڵکیان لێوەربگرن. حەسەن زیرەک و هاوشێوەکانی نەخوێندەواربوون، گۆرانی بێژە خوێندەوارەکان تاک و تارایان نەبێ شارەزای فەرهەنگ و میراتی فەرهەنگی و هونەری ڕەسەن و وێژەی کوردی نین و لەژێر کاریگەریی هونەری بێگانەدان.
تایێر تۆفیق زۆرباش کەڵکی لە شێعر و ئاوازی ڕەسەنی کوردی وەرگرت و پێکەوە گونجاندنی ئاوازی مەقامە بێگانەکانیشی وادەکردن بە کوردی دەتگوت لە بنەڕەتدا کوردی بووون و شێوەی بێگانەیان پێوە نەدەما. گۆرانی بێژانی کورد بە پێچەوانەوە ئێستا ئاوازی کوردی دەکەن بە بێگانە.
ژنێکی گۆرانی بێژی مەهابادی پەیدابووە بەنێوی زارا ڕۆژهەڵات، دەنگێکی سێحراوی هەیە، ئەو ژنە ئەگەر بتوانێ واز لەو شێعرانە بێنێ کە گۆرانی بێژانی تر گوتوویانن و بەخۆی شێعری گونجاو بۆ گۆرانی لەنێو دیوانی شاعیرە ڕەسەن و چاکەکانی کلاسیکیدا بدۆزێتەوە یان یارمەتی لە شارەزایانی ئەو بوارە بخوازێ و بە ئاوازی ڕەسەنی کوردی بیانڵێتەوە نەک ئەو ئاوازە ناکوردییاانەی ئێستا دایاندەنێن و هەڵبدا بەبێ هەڵەیی بیانڵێتەوە – چونکە شێعری گۆرانی لە کاتی گوتنی ئەگەر هەڵەی تێکەوت گۆرانیەکە تامی نامێنێ – ئەوا نێوی زارا تا هەتایە دەچێتە نێو مێژووەوە.
ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنە کوردییەکان داهێنانیان نییە هەرشتی باوو بۆگە بڵاودەکەنەوە و بەدوای مۆدەوەن. سەید محەمەد سەفایی دەبوو هەمیشە کامیرایێکی تەلەفزیۆنی لە دەورە بایە و دەگەڵ گەڕابا و سووڕابا هەرچی دەیگوت و گشت هەڵسوکەوت و بەشداربوونی لە شایی و زەماوەند و ئاهەنگان گشتی تۆمار کرابا. تۆ ئەگەر جوڵەکانی نەبینی و هەر گوێت لە گۆرانیەکان بێ گۆرانیەکان ئاسایین و زۆر سەرنج ڕاکێش نین، بەڵام کە جوڵەکانی ببینی لەکاتی گۆرانی گوتندا ناتوانی چاویان لێ وەربگێڕی، گشت زەین و هۆشت دەچێتە سەر گۆرانیەکانی و وەپێکەنینت دەخا. گۆرانی بێژی وا سەیر و حەنتیکەی سرووشتی و خۆڕسک پێموایە لە جیهاندا دەگمەنە و لە کوردستانیشدا وێنەی هەر نییە.
گۆرانی بێژانی کورد وەکو حەسەن زیرەک دەبێ شارەزای ئەو زاراوایانە بن کە گۆرانیان پێدەڵێن. ئەو شێعرانەی دەشیانکەن بە گۆرانی دەبێ دەمانای وشەکانیان بگەن دەنا گۆرانیەکەیان سەقەت دەبێ. سەفایی دەستەڵاتی تەواوی بە سەر ئەو زاراوەیەدا هەیە کە گۆرانیەکانی پێدەڵێ ئەویش زاراوەی ناوچەی خۆیەتی.
دەنگی مۆسیقاکەی حامید ژەنیار زۆر کار دەکاتە سەر هەستم و من پێی سەرسامم. کەموکورتیێک کە لە ئاهەنگەکانیدا هەیە ئەوەیە ئەو گۆرانی بێژانەی من دیونم مۆسیقایان بۆ لێدەدا کەمی وایان هەن لە ئاستی مۆسیقاکەی ئەودابن. کاتی خۆی محەمەدی ماملێ گوتی ئێوە – باشووری کوردستان –موسیقارتان هەن و گۆرانی بێژتان نین ئێمەش – ڕۆژهەڵاتی کوردستان – گۆرانی بێژمان هەن و مۆسیقارمان نین.
گۆرانی بێژی چاک و دەنگ خۆش هەن و گۆرانیەکانیان پوخت و ڕێک و پێکن، بەڵام زۆربەی ڕاگەیاندنکارانی باشووری کوردستان دەبێ لێمببورن کە پێیان دەڵێم نازانن گوێ لە گۆرانی ڕابگرن و مێوژ و قالۆچان لێک جیا ناکەنەوە. ئەو نەزانینی گوێ ڕاگرتنەیان بەنێو خەڵکیش وەرکردووە و جەماوەری باشووری کوردستان گوێ لەو گۆرانیانە ڕادەگرێ کە ڕاگەیاندن بایەخیان پێدەدا نەک ئەوانەی خۆیان پێیان خۆشن. تا ئێستا گوێم لە گۆرانیێکی حەسەن زیرەک نەبووە خراپی گوتبێ، گۆرانی وای هەن وشەکانی سادە و بێهێزن و هەر بۆ مەبەستی کێش و سەروا وشەکانی ڕێکخستوون بەڵام بەهۆی وەستاییەکەی لەبواری گۆرانیدا ناهێڵێ ئەو بێهێزیەیان پێوەدیاربێ. تاکە یەک گۆرانی خراپی هەیە کە بەڕای من شایەنی ئەوە نەبوو هەر بڵاوکرابایەوە ئەویش گۆرانی نەورۆزە. حەسەن زیرەک ئەو شێعرە جوان و مێژوویەی پیرەمێردی ناشیرن و کاول و وێران کردووە. ڕاگەیاندنی باشووری کوردستان بەو سروودەی زیرەکیەوە گرتووە و پێی سەرسامە و چەند ڕۆژێک پێش و پاش نەورۆز لە هەموو ڕادیۆ و تەلەفزیۆنان لێدەدرێ و خەڵکیش بەچاولێکەری ئەوان لە هەموو کوچە و کۆڵانە و چاخانە و ماخانە و نێو سەیاران لێیدەدەن. لەکاتێکدا ئەو سروودە بەڕێک و پێکی لەلایەن گۆرانی بێژانی ترەوە تۆمارکراوە. شێعرەکانی زەوق سز –ی گۆڤاری سیخورمە زۆر بە وردی وەسفی ڕاگەیاندنی باشووری کوردستان دەکەن.




بە چ شێوەیەک دەتوانریت داعش تێکبشکێنرێت؟.. حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی:کاوە عومەر

بە چ شێوەیەک داعش تێکبشکێنرێت؟ ئەمە پرسیارێکە کە بە تایبەتی دوای هێرشی تیرۆریستی پاریس لە ناوەندی سەرنجی حکومەت و میدیاکان و ڕای گشتی لە ڕۆژئاوا و لە جیهاندا بووە. حکومەت و سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا وەڵامی جیاوازیان هەیە بۆ ئەم پرسیارە: ئۆباما و حکومەتی ئەمریکا و حکومەتەکانی ئەوروپا زیاتر و زیاتر جەخت لەسەر ڕۆڵی سەربازی حکومەت و هێزە ئیسلامییە “میانڕەوەکان”ی سەر بە ئۆردوگای ڕۆژئاوا دەکەنەوە لە ستراتیژی خۆیاندا دژی داعش؛ حکومەتە ڕۆژئاواییەکان و میدیاکانی پشتیوانیان، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر چڕبوونەوەی شەڕی داعش، هەوڵدەدەن ئیسلامی سیاسی لە ژێر تیغی هێرشەکە دووربخەنەوە و بە وەسوەسەیەکی سەیرەوە خۆیان لە دژایەتیکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی “تیرۆریزمی ئیسلامی” و تەنانەت بەکارهێنانیان بەدوور دەگرن ئەم زاراوەیە; دۆناڵد ترەمپ و کاندیدەکانی تری ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە پارتی کۆمارییەکان باس لە بۆردومانی بەربڵاو و ناوچەیی دەکەن فەرشی بۆمب ڕێژکراو- carpet bombing – هاوشێوەی هێرش بۆ سەر عێراق و بۆردومانی بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٣دا، هێرشکردنە سەر بنەماڵەی تیرۆریستان و قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی موسڵمانان بۆ ئەمەریکا ; دوای هێرشی پاریس، حزب و ڕێکخراوە ڕەگەزپەرستەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا تەپڵی دژە کۆچبەری لێدەدەن و بەتایبەتی ڕق و کینە لە دژی پەنابەرانی وڵاتانی ئیسلامی بڵاو دەکەنەوە. هتد و هتد.

ئەم سیاسەتانە بەشێکن لە کێشەکە نەک چارەسەر. ئەم جۆرە سیاسەت و “چارەسەرانە” کە لە لایەن میدیای دەوڵەتی و نادەوڵەتی لە ڕۆژئاوا پێشدەخرێن و دەدرێنە ڕای گشتی، نەک هەر نوێنەرایەتی خواست و بەرژەوەندیی خەڵک ناکەن- لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، بەڵکو ئەوان بەتەواوی دژی بەرژەوەندی و خواستی خەڵکن.وە هیوای جەماوەری خەڵک لەوێیە. ئەم فەزایە دەبێت بشکێنرێت. بەبێ ڕەخنەی هەمەلایەنە لەو سیاسەت و گوتارانە و بەبێ لەقاودانی ئەو حکومەت و لایەن و میدیایانەی کە بانگەشەی بۆ دەکەن و بەرگری لێدەکەن، ناتوانرێت مامەڵەیەکی کاریگەر و هەمەلایەنە لەگەڵ داعش و هەموو هێزە ئیسلامییەکان بکرێت.

پێکهاتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی چەپ وئینسانی لەگەڵ داعش

داعش تەنیا دەتوانرێت بە پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی چەپ و ئینسانی و ڕادیکاڵ لە ڕۆژئاوا و ناوچەکەدا شکستی پێبهێنرێت. بزووتنەوەیەکی ڕەخنەیی قووڵ بەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە:

١-ڕەخنەگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش وەک هێزێکی ئیسلامی. داعش هێزێکی ئایینی سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامییە، چ لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە (دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر بنەمای ڕێساکانی قورئان و حوکمی ئیسلام) و چ لە ڕووی سیاسییەوە (بەشێکە لە بلۆکی تورکیا-سعودیە-ئیمارات دژی کۆماری ئیسلامی- بلۆکی سوریا-ڕووسیا). بۆ ڕەخنەگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش ناتوانێت پشت بە هێزەکانی تری ئەم بزووتنەوەیە ببەستێت. داعش ناتوانرێت لە شەڕی ناوخۆی نێوان هێزە ئیسلامییە جیاجیاکان و دەوڵەتە ڕۆژئاوایی و هەرێمایەتیە پشتیوانەکانیاندا تێکشکێندرێن. ئەم مامەڵە وئاراستەیە، کە تەرکیزی کاری حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا و هاوپەیمان و هاوبەشە ناوچەییەکانیانە، خۆی فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی سەری هێزێکی وەک داعش و تەنانەت ئەگەر بتوانێت داعش پاشەکشە پێبکات ، ئەوە داعشەکانی دواتر دەهێنێتە پێشەوە.
یەکەم هەنگاو لە مامەڵەکردن لەگەڵ داعش ڕەخنەگرتنە لە ستراتیژی و سیاسەتە ئیسلامییەکانی. ئیسلام وەک هێزێکی سیاسی، چ لە حکومەتدا بێت یان لە ئۆپۆزسیۆندا، بەهۆی ئایدۆلۆژیا و عەقیدەی ئایینی و ڕێسا و یاساکانی پەیمانی کۆن و بەردبووی- لە یاساکانی تۆڵەسەندنەوە تا یاساکانی دژی ژنان و دژی “کافر و لادەرەکان”. ” و تا دژایەتی مۆدێرنیزم و ئازادی. و بیرکردنەوەی ئازاد و هتد و هتد – هێزێکی تەواو سەروو کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانیە.” داعش و خەلافەتە ئیسلامییەکەی دوایین و دیارترین نموونەی ئەم دڕندەیی و کۆنەپەرستیەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک تاکە نموونە نییە. هەروەها سیاسەت و ئەدای هەموو حکومەتە ئیسلامییەکان، لە کۆماری ئیسلامی و سعودیەوە تا ئیسلامی “میانڕەو”ی حکوومەتەکەی ئەردۆغان، هەمان کاردانەوە و دڕندەیی لە ڕەهەند و پلەی جیاوازدا نیشان دەدات. لەم ڕوانگەیەشەوە دابەشکردنی هێزە ئیسلامیەکان بەسەر میانڕەو و توندڕەو و لەوەش خراپتر ، پشتبەستن بە میانڕەوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوەکان، تەنها ڕێگا بۆ فراوانکردنی کاریگەری و ڕەهەندی تاوانەکانی ئەو هێزانەیە لە دژی خەڵک لە وڵاتانی ئیسلامی و لە ئاستی جیهانیدا.

پێشکەوتن و سەرکەوتن لە شەڕی داعشدا پێش هەموو شتێک پەیوەستە بە ڕەخنەگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و هەموو حکومەت و هێزە ئیسلامییەکان لە ڕوانگەیەکی چەپ و ئینسانییەوە.

٢- ڕەخنەگرتن لە تیرۆریزمی داعش نەک تەنها لە پێوەندی لەگەڵ کارە تیرۆریستیەکانی لە ڕۆژئاوا بەڵکو لە خودی ناوچەکە و دژی موسڵمانان. بەگشتی حکومەت و میدیاکانی ڕۆژئاوا تاوانەکانی هێزە ئیسلامیەکان تەنها کاتێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕووبدەن بە تیرۆر ناودەبەن و ئیدانە دەکەن. بە وتەی ئەوان تاوانی ڕۆژانەی هێز و حکومەتە ئیسلامییەکان لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان بە تیرۆر نازانرێت. ئێعدام و بەردباران و تەمێکردن و هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی ئیسلامی و کوشتنی لادەر و کافر و هاوڕەگەزباز و هەزاران تاوانی تری یاسایی و ئایینی دژی ژنان و گەنجان و خەڵکی ناڕازی لە وڵاتانی وەک ئێران و سعودیە و عێراق و هتد. نەک هەر پشتگوێ دەخرێن، بەڵکو هەندێک جار وەک بەشێک لە کولتوری ئیسلامی خەڵک پاساو ئەدرێت. ئه مانه هه مووی به شێکن له تیرۆریزمی ئیسلامی و ئه و تاوانانه ی ڕۆژانه له لایه ن حکوومه ت و هێزه ئیسلامییه کانەوە به رامبەر به خه ڵکی وڵاتانی ئیسلامی ئه نجامی دەدە ن. ئیسلامگەرایی و بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی ئەبێت بە هەموو ڕوو و ناسنامە دژە ئینسانیەکەیەوە لە ڕۆژئاوا و لە ڕۆژهەڵات بناسرێت.

٣- ڕەخنە لە داعش (و هەموو هێزەکانی ئیسلامی سیاسی) وەک بەرهەمی سیاسەتی نەزمی نوێی وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەو هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کەداعش و هێزە ئیسلامییەکانی وەک ئەوانی هێناوەتە ئاراوە، بەرهەمی بۆرژوازی جیهانی و ناوچەییە. داعش لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە ڕەگ و ڕیشەی لە ئیسلامی ١٤٠٠ ساڵەدا دایە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە دەرئەنجامی پێگەو بارودۆخ و قەیران و بنبەستی بۆرژوازی جیهانی و ناوچەیی لەم سەردەمەی ئێمەدا.

پێویستە ڕەخنە لەو سیاسەتانە بگیرێت و لەقابدرێن. پێویستە نیشان بدرێت کە چۆن لەشکرکێشی سەربازی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان و عێراق زەمینەی پێکهێنان و فراوانبوونی کاریگەریی هێزە ئیسلامییەکانی وەک داعشی فەراهەم کردووە. پێویستە نیشان بدرێت کە چۆن لە چوارچێوەی قەیرانی بۆرژوازی جیهانیدا، ئیسلامی سیاسی وەک ئاڵای بۆرژوازی عەرەبی و پشکی وڵاتانی ئیسلامی دروست بووە و براوەتە پیشەوە. پێویستە نیشان بدرێت کە چۆن سیاسەتەکانی بۆرژوازی ڕۆژئاوا لە دونیای تاک جەمسەری دوای جەنگی سارد زەمینەی بۆ شکۆمەندکردنی هێز و حکومەتە قەومی-ئاینییە ڕەگەزپەرستەکان دەستەبەر کردووە، سەرەتا لە یوگۆسلاڤیا و کۆمارەکانی پێشووی سۆڤیەت و دواتر لە عێراق و ئەفغانستان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پێویستە نیشان بدرێت کە چۆن تیۆرییەکانی وەک پۆست مۆدێرنیزم و تێزی کۆمەڵگا مۆزایکییەکان و دەوڵەتە نەتەوەیی-ئاینییەکان کە خۆیان دەرئەنجامی قەیرانی حکومی و فەلسەفی-ئایدیۆلۆژیی بۆرژوازی جیهانییە، دەرگا بۆ مەیدانی هێزە ئیسلامییەکان دەکەنەوە و پێکهێنانی بزووتنەوەیەک لە ژێر ئاڵای “دەوڵەتی ئیسلامی”، کۆمەڵگەی ئیسلامی و کولتوور و یاسا ئیسلامییەکان بە کراوەیی جێیان هێشتووە. ئەم مەرجانە بە هیچ شێوەیەک پاساو بۆ دڕندەیی و تاوانەکانی هێز و دەوڵەتە ئیسلامییەکان ناداتەوە- تاوانەکانی هەر بزووتنەوە و هێزێک دەبێت لەسەر ئەستۆی خۆی بنووسرێت- بەڵام زانینی ئەو بنەمایانە بۆ ڕەخنەی بنەڕەتی داعش، و سروشت و ڕەگ و ڕیشەی چینایەتییەکەی پێویستە .

٤- ڕەخنە لە سیاسەتی ئیسلام داڵدەدەرانەی حکومەت و بزووتنەوە و حزبە ڕاست و چەپەکانی بۆرژوازی لە ڕۆژئاوا. حکومەتەکانی ڕۆژئاوا سیاسەتی هێورکردنەوە و سازشکردن بەرامبەر بە ئیسلامی “میانڕەو” و “بێگەرد” پەیڕەو دەکەن. لە لایەکی ترەوە هێز و لایەنە چەپ و لیبراڵە تەقلیدییەکان بە تێزە پۆست مۆدێرنەکانیانەوە کە بریتین لە ڕێزگرتن لە ئایینەکان و دژایەتیکردن لەگەڵ “ئیسلامۆفۆبیا” و هتد، بە کردەیی ئاو دەکەنە ئاشی سیاسەتی لایەنگری ئیسلامیی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا. بۆ ئەم کۆمەڵەیە، پێویستە پاڵپشتی ئاشکرای هێزە چەپە “دژە ئیمپریالیست”یەکان بۆ حکومەت و هێزە ئیسلامییە “دژە ئەمریکییەکان” زیاد بکات. هەڵتۆقینی قارچک ئاسای مزگەوت و قوتابخانە ئیسلامییەکان و دادگا و یاساکانی شەریعەت لە وڵاتانی ئەوروپا و ناساندنی ئیمام و موفتی هەینی و سەرکردە خۆبەخۆکانی “کۆمەڵگەی موسڵمان” وەک نوێنەری موسڵمانانی کۆچبەر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و هتد و هتد هەموو دەرئەنجامەکانی ئەم سیاسەتی لایەنگری ئیسلامیانەی حکومەتەکان و هێزە لیبراڵە پۆستمۆدێرنیست و چەپی تەقلیدیە دژە ئەمریکیەکانن. ئیسلامی سیاسی و هێزە تیرۆریستییەکانی وەک داعش سوود لەم سیاسەتانە وەردەگرن و نفوزی خۆیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا فراوانتر دەکەن.
٥- ڕەخنە لە ڕەگەزپەرستی و فاشیزم لە ڕۆژئاوا. دیوەکەی تری سیاسەتەکانی لایەنگری ئیسلامی و پێشکەوتنی پۆستمۆدێرنیستی و “دژە ئیمپریالیستی”ە بۆ هێزە ئیسلامییەکان چالاککردنی هێزی ڕەگەزپەرستانە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا. ناتوانیت لەگەڵ لیبرالیزم و چەپی پۆستمۆدێرنیستدا لەگەڵ ڕەگەزپەرستیدا بچیتە شەڕەوە. ڕەگەزپەرستی و پۆستمۆدێرنیزمیش ڕەگ و ڕیشەی هەیە. ڕەگەزپەرستی لە ڕاستیدا پۆستمۆدێرنیزمە کە تەحەمولی “ئەوانی تر” ناکات. تەنیا بە بەرگریکردن لە ناسنامەی هاوبەش و گشتگیری مرۆڤەکان دەتوانین بەرەنگاری هەردوو ڕەگەزپەرستی و پۆستمۆدێرنیزم ببینەوە.

لە ماوانەی دواییدا و دوای هێرشی پاریس، هێزە ڕەگەزپەرستەکان موسڵمانان و پەنابەرانی وڵاتانی ئیسلامی کراونەتە ئامانج. وەڵامی ڕەگەزپەرستی دژە موسڵمان و دژە پەنابەری ڕەگەزپەرستان لیبرالیزم و چەپی پۆست مۆدێرنیستی نییە، بەڵکو جیاکردنەوەی حیسابی ئیسلام و ئیسلامیزمە لە موسڵمانان و داکۆکیی چالاکانە لە مافە مرۆیی و مەدەنییەکانی پەنابەران و کۆچبەرانی وڵاتانی ئیسلامی لە هەمان کاتدا ڕەخنەی قووڵ و هەمەلایەنەیە لە ئایینی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی.

٦- ڕەخنە لە ئاشتیخوازی چەپی نەریتی. ئەو ئاشتیخوازییەی کە هەندێک هێزی چەپی تەقلیدی لە ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی دەکەن، چارەسەری کێشەی داعش نییە. ئەم هەڵوێستە بە ڕواڵەت لە دژایەتیکردنی دەستێوەردانی سەربازی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە سوریا و لە هەموو ناوچەکە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ئەو ڕاستییە نابینێت کە پێش هەموو شتێک بنەمای مەسەلەکە هێرشی سەربازی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا نییە بۆ سەر داعش ، بەڵکو پشتیوانی دیفاکتۆی ئەم حکومەتانە بۆ داعش. لە لایەکی دیکەوە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان (وەک تورکیا، سعودیە و ئیمارات) و ڕووسیا لە باشترین حاڵەتدا سیاسەتێکی دوو لێوار و یەکلاکەرەوەیان هەیە لە پێوەندی لەگەڵ داعشدا. ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی بە بیانووی داعش بەرگری لە ئەسەد دەکەن و لە نەیارەکانی دەدەن، سعودیە و تورکیا و میرنشینەکان لە ڕاستیدا پاڵپشتی داعش دەکەن و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایش پشتیوانی داعش دەکەن بۆ ئەوەی هاوسەنگی ناوچەکە بە قازانجی خۆیان بگۆڕن سیاسەتەکانی خۆیان (بەردی هاوسەنگی یەکەم لە دژی حکومەت مالیکی و کاریگەریی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و تا ئەمڕۆش دژی ئیسلامی سیاسی لایەنگری ڕووسیا و کۆماری ئیسلامیی) کەڵک وەردەگرن. بە هۆکاری جیاجیا، هیچ کام لەو حکومەت و هێزانە ئیرادەی سیاسییان نییە ناوچەکەلە داعش پاک بکەنەوە. هاوپەیمانی نزیک بە شەست وڵات کە حکومەتی ئەمریکا لە دژی داعش بانگەشەی بۆ دەکات، زیاتر هەڵوێستێکی سیاسی-دیپلۆماسییە ونەک هاوپەیمانیەکی کردەیی- سەربازی. ئەگەر تەنانەت نیوەی ئەم حکومەتانەش بەڕاستی و بە کردەیی بیانویستایە ناوچەکە لە داعشپاک بکەنەوە ، نەک هەر داعش بە خێرایی تێکدەشکاا، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە نەیدەتوانی دەسەڵات و کاریگەرییەکی لەو شێوەیە لە عێراق و سوریادا بەدەستبهێنێت.

دووەم: لایەنگرانی دروشمی ئاشتی تێناگەن ئەگەر هەموو حکومەتەکانی ڕۆژئاوای و ناوچەییەکان ئاشتیشیان بوێت، داعش دەستبەرداری شەڕی پیرۆزی خۆی نابێت بۆ دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی. لە هەلومەرجێکی وادا “ئاشتیخوازی” کۆتایی بە شەڕی چەپگەرایی تەقلیدی و خوێنڕشتنی داعش و هێزە ئیسلامییەکانی دیکە دژی یەکتر و کوشتن و تاوانەکانیان بەرامبەر بە خەڵکی ناوچەکە ناهێنێت، بەپێچەوانەوە چڕتری دەکاتەوە. شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ داعش و هەموو هێزەکانی ئیسلامی سیاسی، ئاشتیخوازی نییە.

شەڕی سەربازی دژ بە داعش پێکهاتەیەکی پێویستە بۆ لاوازکردن و دواجار تێکشکاندنی. ئەو خەباتە سەربازییەی ئێمە پشتیوانیان لێدەکەین، نموونەی بەرەنگار بوونەوەی قارەمانانە و شەڕی سەرکەوتنی خەڵکی کۆبانییە، بەڵام ئێمە دژایەتی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ داعش ناکەین لەلایەن هیچ هێزێکەوە کە بیەوێت بەڕاستی لەگەڵ داعش شەڕ بکات- نەک لەگەڵ خەڵک یان هێزە سیاسیەکانی دیکە بە بیانووی داعش. ڕەخنەی ئێمە لە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا هێرشی سەربازی نییە بۆ سەر داعش – بە هەر ڕادەیەک و تا ڕادەیەک کە بەڕاستی شەڕی داعش دەکەن – بەڵکو تەواوی ئەو ستراتیژ و سیاسەتانەیە کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی هێزێکی فاشیستی وەک داعش.

٧- ڕەخنەی شەقام لە داعش. لە چەند مانگی ڕابردوودا بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە عێراق لە دژی هێزەکانی سوننە و شیعە، دژی حکومەتی قەومی-ئاینی و بۆ بەرگری لە عەلمانیەت و مەدەنیەت و کۆمەڵگەی مەدەنی سەریهەڵدا. ئەمە بزووتنەوەیەکە نەک تەنها بە ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ دژ بە داعش و هێز و دەوڵەتە ئیسلامیەکانی دیکەیە ، بەڵکو لە ڕاستیدا ناڕەزایەتییە لە دژی سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی کۆمەڵگە و شارستانیەت و مەدەنیەت لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەدا. ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی عێراق لە چەند مانگی ڕابردوودا، تەحەدای تەواوی عەقیدەی “نەزمی نوێ”ی بۆرژوازی جیهانی و هێزە ئیسلامیی- نەتەوەییە خێڵەکیەکان دەکات کە لە قەفەسەکەی ڕزگاری کردووە. ئەم تەحەدای سەرشەقامانەی باری ئێستا و حکومەتەنەتەوەیی-ئاینییەکان لە ڕەهەندەکانی دیکەدا لە شەڕی خەڵکی کۆبانی دژی داعش، لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ژنان و گەنجانی ئەفغانستان بە دروشمی “بزووتنەوەی نوێ و نەزمی نوێ”، لە ناڕەزایەتییە سکۆلاریستی خەڵکی لە تورکیا و لە کوردستانی سوریا و لەلوبنان کەئێمە شاهیدی بووین. لە ئێراندا بزووتنەوەیەکی گەورەی دژە مەزهەبی و عەلمانی ساڵانێکە بەردەوامە. ئەم بزووتنەوە عەلمانییەی خەڵکی ناوچەکە، شێوازی ڕاستەقینە و ئینسانیانەی مامەڵەکردن لەگەڵ داعش پیشانی هەمووان دەدات. ناساندن و ڕوونکردنەوە و پاڵپشتیکردنی چالاکانە و جیهانیی ئەم بزووتنەوەیە – کە لە بنەڕەتدا ڕووبەڕووی بێدەنگی میدیایە – و هەوڵدان بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی کار و ئەرکێکی سەرەکی هێزە کۆمۆنیست و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەکان و فاکتەری یەکلاکەرەوە بۆ تێکشکاندنی داعش و… هەموو بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسییە.
ب- بنەماکانی ڕەخنەی کۆمۆنیستی لە داعش

بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕەخنەی ڕیشەی لە هێزو دەوڵەتە ئیسلامیەکان،ڕەنە لە ڕاسیزم و ڕەخنەی ڕادیکاڵ لە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا نانوانرێت پاشکشە بەداعش بکرێت وتێکبشکێنرێت ، هێزێکی دیکەی ئیسلامی سەرهەڵدەدات (وەک چۆن لە دوای تاڵیبان و قاعیدە سەرەکە گەشتە داعش).

ئەرکی ئێمەی کۆمۆنیست پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە لە دەوری ئەو پلاتفۆرمە ڕەخنەگرانەی سەرەوە. ئەم بزووتنەوە ڕەخنەگرانەیە و ئەو چوارچێوە گشتییەی کە کۆمەڵە پێکهاتە ڕەخنەییەکانی ئەم بزووتنەوەیە بە یەکەوە دەبەستێتەوە، لەسەر سێ بنەمای سکۆلاریزم، جیهانگیری و ئاتەئیزم دامەزراوە.

١- سکۆلاریزم. جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت و کۆمەڵگە، جەختکردنەوە لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی و مەدەنیەت و مامەڵەکردن لەگەڵ ئایین وەک بابەتی تایبەتی تاکەکان، بنەمای ڕەخنەی ئێمەیە لە حکومەت و هێزە ئیسلامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا. ئەمە یەکەم قەڵای خەباتی ئێمەی کۆمۆنیستەکانە لە دژی هێزە ئیسلامییەکان و دژی دەوڵەت و لایەنگرانی پۆستمۆدێرنیستی و “دژە ئیمپریالیست”ی ئیسلامیزم.

ئەمڕۆ سێکۆلاریزم بنکەیەکی فراوانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. ڕەخنەی سەرشەقام لە داعش لەلایەن جەماوەری خەڵکی ناوچەکەوە کە باسی لێوەکرا، ڕادەی قبوڵکردنی گشتی و گۆڕینی بۆ سکۆلاریزم و بنکە جەماوەری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕەخنەگرتن لە دۆخی ئێستا لە هەڵوێستێکی چەپ و ئینسانی لەم وڵاتانەدا نیشان دەدات. لە هەمان کاتدا ئەم بزووتنەوە سکۆلاریستیە بە مانای ڕەخنەگرتن لە هەموو حکومەتە ئایینی-نەتەوەییەکان و تێزی کۆمەڵگە مۆزایکییەکان دێت. ئەمە بە ڕوونی بزووتنەوەیەکی دژ بە نەزمی نوێی جیهانی و مۆدێلی جێبەجێکراوی ئەم نەزمەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەرکێکی سەرەکی کۆمۆنیستەکان و هێزە عەلمانیەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا ناساندن و بەهێزکردن و پاڵپشتیکردنی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە سکۆلاریستیەیە لە وڵاتانی ئیسلامیدا.

٢- جیهانگیری. جەختکردنەوە لەسەر بەها جیهانداگرە ئینسانیەکان و هەمان شناسی یەکسانی هەموو ئینسانەکانی سەر زەوی، ڕیشەی ڕەخنەی ئێمەیە لە ڕەگەزپەرستی و دابەشبوونی مرۆڤ و کۆمەڵگاکان لە خودی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە و ڕەگەز (کۆمەڵگەی مۆزایک و گێتۆیی) و لە بەرگریکردن لە مافی مرۆیی و یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتیان و تێکەڵکردنی کۆچبەران لە کۆمەڵگە میواندارەکاندا. ئێمە لە بنەڕەتدا دژایەتی تێزی پۆستمۆدێرنیستی شارستانییەتە جیاوازەکان و بەو هۆیەوە دیالۆگی شارستانیەتەکان یان شەڕی شارستانیەتەکان دەکەین. شارستانیەتی ئینسانی یەکگرتوو و جیهانداگرە (هەرچەندە دەستکەوتە ماددییەکانی ئەم شارستانییەتە: کارەبا، کۆمپیوتەر، ئۆتۆمبێل و هتد جیهانداگرە و بەشێکن لە کولتوور و شێوازی ژیانی خەڵکە لە هەموو وڵاتان).

ئەوەی پێی دەوترێت شارستانیەتی ڕۆژئاوایی لە ڕاستیدا دوا قۆناغی گەشەسەندنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و دەستکەوتی مێژوویی هەموو کۆمەڵگا ئینسانیەکانە بە درێژایی مێژوو. مەدەنیەت وسکۆلاریزم دەستکەوتی هەموو مرۆڤایەتییە. ئەمڕۆ بۆرژوازی جیهانی بە تەواوی پشتی کردوەتە ئەم دەستکەوتانە. مەدەنیەت و سکۆلاریزم و مافی یەکسانی هاووڵاتیبوون و ڕۆحی کۆمەڵگەی مەدەنی نەک هەر لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان بە تەواوی نکۆڵی و ئینکاری لێدەکرێت، بەڵکو لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاواشدا تا ڕادەیەکی زۆر، بە کردەیی کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە. باوەڕ و فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم بۆداوەگەڕانەوەیە، پۆستمۆدێرنیزم و ڕێژەگەرایی کولتوورییە و گشتگیری بە ڕەخنەیەکی ڕیشەیی لەم عەقیدەیە بەرگری لە مرۆڤایەتی و شوناس و ماف و بەها گشتگیرەکانی مرۆڤ دەکات.

٣- ئاتەئیزم. ئیسلام وەک هەر ئایینێکی تر، تەنانەت وەک ئایدۆلۆژیایەک، ستەمکار و دژە مرۆڤە. تاوانی داعش و کۆماری ئیسلامی و حکومەت و هێزە ئیسلامییەکانی دیکە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و تیۆریەوە لەسەر بنەمای ڕێساکانی ئیسلام دامەزراوە. وەک چۆن تاوانی کڵێسا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لەسەر بنەمای ئایینی مەسیحی و فەرمانەکانی ئینجیل بوو. لە ڕوانگەی سیاسییەوە داعش و تەواوی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی بەرهەمی پێویستییەکانی جیهانی سەرمایەداریی ئەمڕۆیە، بەڵام لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە ڕەگ و ڕیشەی لە ڕێسا و فەلسەفە و بەها سەروو کۆنەپەرستیە ئیسلامیەکاندا هەیە. هەروەها ڕەخنە و ڕۆشنگەری بەرامبەر بەم بناغە تیۆرییانە پێکهاتەیەکی گرنگی خەبات لەگەڵ هەموو بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدایە. ئاتەئیزم ئەمڕۆ تەنیا وەک تەحەدایەکی فیکری-تیۆری نییە لە ڕەتکردنەوەی خورافاتی خودا و ئایین، بەڵکو وەک مەیدانیکی خەباتی سیاسییە لە دژی بزووتنەوەیەک کە بە فەرمانی ئیلاهی پاساو بۆ دڕندانەترین تاوانەکانی دەهێنێتەوە و ڕوون دەکاتەوە، جیگایەکی بەرجەستە لە خەباتی دژی داعش و هێزەکانی تر و دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا دەدۆزنەوە. لە هەمان کاتدا ئاتەئیزم چەکێکی کاریگەرە لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی هاوسۆزی ئیسلامی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و پۆستمۆدێرنیزم و چەپی تەقلیدی لە ڕۆژئاوایە.
لە ڕووی مێژووییەوە هیچ کام لەم سێ پرەنسیپە تایبەتمەندی کۆمۆنیستەکان نەبووە، بەڵام ئەمڕۆ ئەم ئاڵایە تەنها بەدەست ئێمەی کۆمۆنیستەوەیە.. هتد –(ئەمڕۆ نەک تەها هیچ دەوڵەتێکی بۆرژوازی بەڵکو هیچ حزبێکی لیبریاڵ ودیموکرات و تەنانەت هیچ هێزێکی چەپی تەقلیدی-هێزە کۆمۆنیستیە تەقلیدیەکان وئۆرۆکۆمۆنیزم و هتد- بەرگری لەم سێ پرەنسیپە ناکات). بۆ تێکشکاندنی نەک هەر داعش بەڵکو تەواوی بزووتنەوەی دژە ئینسانی ئیسلامی سیاسی گرنگترین بەرەی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی چینایەتی ئەمڕۆی کۆمۆنیزمە. ئەم هێزە گەورەیە بنکە و خاڵی پشتیوانی کۆمەڵایەتی ئێمەی کۆمۆنیستەکانە لە شەڕی ئیسلامی سیاسی و بە گشتی ئەو پاشەکشە و دڕندەییە کە بۆرژوازی جیهانی بەسەر خەڵکی جیهانیدا سەپاندووە.

٢٣ی دێسەمبەری ٢٠١٥





عەلاگەیەک دەرمانی دڕاو.. چیرۆکی: نەوزاد بەندی

بە هەتاوەکە بووایە ، عەسر نەبوو ، نیوەڕۆ بوو ..کۆمەڵێک عەلاگە هەڵیانگرتبووم یان هەڵمگرتبوون ؟ نازانم ، بە هەورازەکەی مزگەوتی گەورەدا ، عەرەبانەکان ڕێڕەویا ن بۆ دیاری ئەکردم ..ڕۆژی عەرەفەیه و خەڵک تێکڕا پەلاماری کاڵاکان ئەدەن .. لە بزماری کەوشەوە هەتا تاقمی قەنەفە …ئیتر لەوەدا بوو بکەوم ..سێ کیلۆ ترێ ، سێ کیلۆ برمە و پاقلاوە ..دوو کیلۆ مۆز ..کیلۆیەک کولەکە ..کیلۆیەک گێلاس .دوو کیلۆ هەڵوژە ..مەکینەیەکی ڕیش تاشین و جووتێ پێڵاوی مارکەی کلارک ..چوار دەسک سەوزە و پاکەتێ سبوغی قاوەیی کاڵ …ڕۆژووی عەرەفە زمانی کردبووم بە پەڵاس ، ئیتر سێ ڕۆژی تر مانگی تەموز دێ .. هێشتا ئوتومبیلەکەم دوور بوو ..
لەناکاو وەک تیسکەی تفەنگ کیژۆڵەیەک بە تەنیشتمدا ڕەت بوو ، بیئاتێی عەبدوڵا پەشێوی بیر خستمەوە .. زۆر خێرا هەنگاوەکانی ئەنا ، هێندەم زانی کچێکی کاڵ بوو ..عەلاگەیەک دەرمان و شاش و پێداویستی پزیشکی بە دەستەوە بوو ، زۆر خێرا شەقامەکەی ئەبڕی ..منیش وەک کەسێک گوێی لە ئاگادارکەرەوەی بۆردومان بوو بێ ، هەنگاوەکانم لە پڕ خێرا بوون ..نازانم خۆم بووم یان عەلاگەکانی دەستم خولیای ئەوەمان بوو ئاخۆ ئەم کیژۆڵەیە بەم خێراییە ئەم هەموو عەرەبانە و ..وەرنەوە بۆ خەیاری گوڵ بەدەم و ..بامێی حلە و ..هەڵوژەی شارباژێر و سەوزەی کەلار و شوتی عوزێمە ئەبڕێ ..ئەبێ چی ڕووی دابێ؟ چ نەخۆشێ .. بریندارێ چاوەڕێی بێ ؟ وەک ئەوەی منیش هەمان بریندار چاوەڕێم بێ ، نازانم من پاڵم بە عەلاگەکانەوە دەنا یان عەلاگەکان پاڵیان بە منەوە ئەنا ، بەڵام هەردووکمان لە هەوڵی زانینی هەواڵێکدا بووین کە هیچ لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەیەکی بۆ نەبوو.. ئەو هەر خێرای ئەکرد و منیش خێرا .. وەک ئەوەی عەلاگە پڕ دەرمان و شاشەکەی دەستی هاوسۆزی بۆ عەلاگەکانی دەستم نیشاندا بێ ، بەرکەوتەیەکی لەگەڵ گۆشەی عەرەبانەیەکدا بۆ دروستبوو ، دڕا ..دەرمان و شاش کەوتنە سەر زەوی ، ئەو لە کۆکردنەوەیاندا بوو ، من گەیشتم یان عەلاگەکانم گەیشتن ؟ نازانم .. پێم ووت : ڕاوەستە ! عەلاگەکەت دڕا ..
ووتی : ئەزانم ..بۆ عەلاگەیەک ئەگەڕێم ..
ووتم : بۆستە ..من عەلاگەیەکت بۆ دابین ئەکەم ..
مەکینەی ڕیش تاشینم کردە ناو سەوزەکەوە و عەلاگەیەکی سپیم دایە دەستی ، ئەوەندە شڵەژا بوو ، چاوەڕێ بوو لایەکی عەلاگەکەی لەگەڵدا بگرم ، تا دەرمان و شاش و شتەکانی تێبکا ..
یەک چرکە چاوەڕێی کرد ..هیچم نەووت ..ووتی : زۆر سوپاس ..
لە پێشووتر ، خێراتر کەوتە بڕینی شەقامی کاک ئەحمەدی شێخ ، تا گەیشتە لای تەکسییەکان .. بە خێرا ، بە زمانێکی تێکەڵ و ماندوو ، بە شۆفێرێکی ڕیشنی زەبەلاحی ووت ، تکایە ، زۆر خێرا ..دەرگای پشتەوەی کردەوە و .. ئیدی بۆ هەتا هەتایە وون بوو ..خۆم و عەلاگەکان و ماندوێتیی و تەنیاییەکی کوشندە و تینوێتییەکی تاکو سەر ئێسقان ماینەوە .. ئەو چرکەیە بۆچی وەستا ؟ وەستا تا بزانێ ئایا من بێجگە لە عەلاگەکە شتێکی ترم پێیە ، پێی بڵێم ..منێک کە لەو کاتەدا هیچ شتێکم پێ نەبوو ، تەنها لە خەیاڵی ئەوەدا بووم ئاخۆ مەکینەی ڕیش تاشین لەناو کەرەوز و تەڕەتیزە و کەوەردا کارلێک ناکەن ..
سێ کیلۆ مۆز ..دوو کیلۆ هەڵوژە .. سێ کیلۆ پاقلاوە و برمە.. کیلۆیەک گێلاس ..سێ کیلۆ ترێ ..کیلۆیەک کولەکە ..جووتێ پێڵاو ، مارکەی کلارک ..قوتویەک بۆیەی قاوەیی کاڵ ..
ئەو خولەکە بۆیە وەستا ئاخۆ هیوایەک ..شتێکم پێیە بۆی ؟ دڵدانەوەیەک ..قسەیەک ..هەر شتێ کە کەسێکی وا ، لەو ساتی عەلاگەی دەرمان دڕانەدا بیەوێ پێی بڵێ .. بەڵام من زمانم چووە کلیلە .. ئەو عەلاگەی منی بۆچی بوو ؟ بۆچی وەریگرت ؟ سەدان عەرەبانچی هەزاران عەلاگە لە خزمەتیا بوون ، بەڵام ئەو تەنها عەلاگەی منی وەرگرت.. من نەمزانی لەوێدا ئەو تەنها عەلاگەی لە من وەرگرت بۆ ئەوەی چرکەیەک ڕاوەستێ و تەماشام بکا ..من بێ ئەوەی تەماشای بکەم ، بیرم لای ئەوەبێ ئاخۆ مەکینەی ڕیش تاشین و کەرەوز و کەوەر و تەڕەتیزە دانولەیان پێکەوە ئەکوڵێ یان وەک حیزبە کوردستانییەکان بەر ئەبنە سەر و پۆتەڵاکی یەکتر و ..ئەویان پڕ دەمی ئەمیان ئەکا لە ژەنگ و ..ئەمیان پڕ گەڵای ئەویان ئەکا لە ڕۆن و تەپ و تۆز …تەنانەت تەماشایەکم نەکرد بزانم چۆنە ..
عەلاگەی دەرمانی دەستی ، یەخەی خۆی دڕی ، تا وێستگەیەکمان بۆ دروست بکا ، ئەو بریندارێکی بە جێهێشتبوو ، لەگەڵ ئەوەیشدا چرکەیەک وەستا ، هەستم کرد چاوی تێبڕیوم ، وەک ئەوەی بڵێ خۆم عەلاگەکەم دڕاند ، ئەمزانی تۆ کە منت بینی زیندوو بوویتەوە ..فەرموو ، قسە بکە .. قسەم نەکرد .. وەک هەموو ئەو باڵندانەی لە مناڵیمدا ئەمتوانی بیانگرم و نەمگرتن ..هەموو ئەو گەشتانەی ئەمتوانی بیانکەم و نەمکردن ..هەموو ئەو ئیش وپڕۆژانەی ئاوەڵابوون لە بەردەممدا و کەچی پشتم تێکردن..
لە کوشنەکانی پشتەوەی تەکسییەکەدا وون بوو ، شوفێرێکی زەبەلاحی پڕ لە توانا و ووزە ، بێ ئەوەی وەڵامی نرخی بداتەوە ، ووتی سەرکەوە .. ئەو چۆن چرکەکانی بە هەدەر ئەدا ..ئەو چۆن گوڵەبەهاری و دەنکە تووەکان ناچنێتەوە ؟
هەستم کرد عەلاگەکانی دەستم چەندین ئەوەندە قورستر بوون .. هەموو لاشەم شەڵاڵی عارەقە بوو .. وەک کەسێکم وونکردبێ ، یان هاوڕێیەکی گیانی بە گیانییان لێ فڕاندبم .. ئەبوو تەلەفۆن بۆ 114 بکەم ، حاڵەتێکی فڕاندن هەیە گەورەم ! بەڵام نازانم کێیە و چۆنە و ناوی چیە و تەمەنی چەندە ..ئێ خۆ هیچ کەسێ نازانێ دڵ و جگەری خۆی چۆنە و چیە ، بەڵام بێ ئەوان ناژی ..
بەڵام نا .. ئەو خێرایی ئەوەی بوو زوو بگاتە لای نەخۆشەکەی ، خۆزگە ئەو چرکەیە نەوەستایە و یەکسەر عەلاگەکەی لە دەستم ڕاپسکاندایە و بڕۆشتایە ..
ئەو ئەیویست بڵێم منیش لە خەستەخانە کار دەکەم ، ئوتومبیلەکەم زۆر دوور نییە ، با بچین بزانین وەزعی نەخۆشەکەت لە چیدایە ..
ڕەنگە وایش نەبێ .. عەلاگەکە خۆی دڕا بێ یان ئەم خۆی دڕیبێتی..یان عەرەبانەیەک خۆی لێ دابێ.. ئیتر ئەوەندە هەیە ، ئەو ڕۆیشت و من مامەوە .. هێندەی فەرهاد و کێوی بێستوون ماندوێتیی .. لە بیابانەکان تینووتر .. هەزار کیلۆ مۆز .. دوو هەزار کیلۆ
Nawzad Bandy
برمە و پاقلاوە ..هەشت سەد کیلۆ هەڵوژە ..شەش سەد کیلۆ گێلاس ..چوارسەد کیلۆ کولەکە ..چوار فەردە سەوزە ..پێنجسەد کیلۆ ترێ ..چوارسەد جووت پێڵاوی بڕاندی کلارک ..چوار ڕەفە سبوغی قاوەیی کاڵ …هەموو خوێی دنیا لەسەر لێو و گەرووم کەڵەکە بوو بوون ..هەموو پەشیمانیی مێژووی مرۆڤایەتی لە دێراوەکانی ناخما ڕووا بوون ..شکم نەما ، ئەو بە ئارەزوو عەلاگەی دەرمانەکەی دڕی !




ئیمانی فاشیستانه‌.. به‌ختیار محه‌مه‌د

گوتاری ئیسلامی سیاسی (به‌ هه‌موو باڵه‌كانیه‌وه‌) كاره‌كته‌ره‌كانی (ئه‌ندام و لایه‌نگرانی) ده‌كاته‌ قێزه‌ونترین و درۆزنترین و دووڕووترین و دڕه‌نده‌ترین كاره‌كته‌ر؛ ده‌یانكاته‌ ((گورگ له‌ پێستی مه‌ڕدا)).

گوتاری ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای ڕق (ڕقێكی فاشیستانه‌) دروست بووه‌. ئه‌م ڕقه‌ نزیكه‌ له‌ ڕقی نازیزم. ئێستا ڕقی فاشیستانه‌ی ئیسلامییه‌كان – ئه‌گه‌ر نازی له‌ به‌رانبه‌ر جووله‌كه‌ بوو – ئه‌وا ئه‌وه‌ی ئه‌وان، وه‌ك خۆیان پێی ده‌ڵێن، له‌ به‌رانبه‌ر ئیلحاده‌.

ئه‌م گوتاره‌ له‌به‌رچاوی لایه‌نگران و خه‌ڵكی سۆزداری ساده‌ی موسڵمان، مولحید ده‌كاته‌ قێزه‌ونترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ و مێشكیان پڕ ده‌كا له‌وه‌ی، كه‌ ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ (مولحید) تاوانبارترین و مه‌ترسیدارترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌یه‌، بۆیه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ ده‌بێ له‌ناو ببردرێ. لێره‌وه‌ پره‌نسیپێكی سه‌ره‌كی گوتاری ئیسلامی سیاسی – چ به‌ تیۆر، چ به‌ پراكتیك – تیرۆره‌. ڕاستییه‌كه‌ی ئیسلامی سیاسی و تیرۆر هاوزا و تێكبه‌سته‌ن (متلازم). دوو ڕووی ڕه‌سه‌نی یه‌ك دراون. ئیسلامی سیاسی به‌بێ تیرۆر، ڕق، فریودان… هه‌ڵناكا. هه‌موو ئه‌مانه‌ مه‌رجی بوون و مانه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی هه‌موو ڕێكخراوێكی سیاسی ئیسلامییه‌.

ئه‌م گوتاره‌ ئیسلامییه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕق ئیش ده‌كا، بۆیه‌ هه‌موو دنیای مۆدێرن – ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌بێ و له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیای خۆی نه‌گونجێ – ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌دا، تا ته‌نها خۆی هه‌بێ و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌ و له‌ هه‌موو دنیادا هه‌بێ و بسه‌پێنێ. له‌ناو ئه‌م گوتاره‌دا زه‌ڕه‌یه‌ك هه‌ست به‌ بوونی چه‌مكی خۆشه‌ویستی ناكه‌ی. له‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌م گوتاره‌دا زه‌ڕه‌یه‌ك چه‌مكی خۆشه‌ویستی بوونی نییه‌؛ به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ڕق و ته‌كفیركردنه‌: هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ مێژووی ئیسلامدا به‌ ده‌ستی تیرۆری ئیسلامی سیاسی تیرۆركراون، ده‌ستی ئه‌م گوتاره‌ پڕ له‌ ڕق و ته‌كفیریه‌یان له‌ پشت بووه‌. ئه‌و گه‌نجه‌ی مێشكی ده‌شوورێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ كه‌سێكی بكوژی تیرۆریست، ڕاسته‌وخۆ له‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م گوتاره‌دایه‌ و په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی ئه‌م گوتاره‌ پڕ له‌ ڕقه‌ فاشیستانه‌یه‌. هه‌ربۆیه‌شه‌ ئه‌وان ده‌بنه‌ بكوژی وه‌ها، كه‌ له‌به‌رچاوی هه‌موو دنیا شانازی به‌ كوشتن و خوێنڕشتن و سه‌ربڕینه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌م هه‌وه‌سی كوشتنه‌، هه‌وه‌سی فاشیسته‌كانه‌. هه‌روه‌ك چۆن نازییه‌كان هه‌وه‌س و عه‌شقی بێ سنووری كوشتنیان هه‌بوو به‌رانبه‌ر به‌ جووه‌كان. ئه‌م عه‌شق و هه‌وه‌سی كوشتنه‌ی ئیسلامییه‌كان – خۆیان گوته‌نی – له‌ به‌رانبه‌ر كافره‌كانه‌ (بێ دین و یه‌هودی و نه‌ساڕا). ئیسلامی سیاسی دوژمنی زۆره‌؛ له‌ پشت په‌رده‌ی به‌هانه‌ی ((دوژمنانی ئیسلام))ـه‌وه‌، دوژمنه‌كانی ئیسلامی سیاسی: مولحیده‌كانن، بێدینه‌كانن، یه‌هوودی و نه‌ساڕه‌ن، وه‌رگه‌ڕاوه‌كان له‌ دین، ئیمانداره‌ نوێژنه‌كه‌ره‌كانن… تاد.

ڕاستییه‌كه‌ی ئیسلامی‌ سیاسی – هه‌روه‌ك نازییه‌كان – دژی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌، بۆیه‌ جه‌نگی تاریكپه‌رستانه‌یان دژی هه‌موو لایه‌كه‌ و دژی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌؛ چونكه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێ وه‌ك نازییه‌كان هه‌موو سه‌رزه‌مین داگیر بكه‌ن، تا خه‌ونی نه‌زۆكی حوشترانه‌ی ئه‌وه‌یان بێته‌ دی، كه‌ گۆیا ده‌بێ هه‌موو دنیا ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ببێته‌ موسڵمان.

به‌ختیار محه‌مه‌د




پەندوەرگرتن لە ڕابردوو!.. عوسمانی حاجی مارف

لەم دۆخەی ئێستادا، کە بینەری زیاتر ئاڵۆزبونی پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقین، بەدوای بیست ساڵ لە ئەزمونی پێکهێنانی دەسەڵات، بە پێگەو ڕۆڵی هێزی میلیشیای تائفی و نەتەوەپەرستی، بەدەستەوەگرتن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە چوارچێوەیەکی میلیتاریستیدا، درێژەکێشان و زاڵبونی ناسەقامگیری سیاسی، خەریکە بەئاسانی ڕێڕەوی ڕوداوەکان کێشمان دەکات بۆ ئایندەیەکی نادیارتر لە کێشمەکێشی نێوان هێزەکانی شیعەو هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.
دوو ئاراستەو دوو وتاری جیاواز دەخوێنینەوە. یەکەمیان وتاری نوری مالکیە دەڵێت؛ “پێویستە قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێنینەوە و کوردستان بچووک بکەینەوەو کوردەکان بگەڕێنینەوە بۆ سنوری پێش ٢٠٠٣ پێش ڕوخانی ڕژێمی سەدام”، لەلایەکی ترەوە مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، خەریکە عێراق بەرەو ئاڕاستەی ئەزمونە تاڵەکانی ڕابردو دەبرێت و داوایان لە دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوەیە کە ڕێز لە دەستور بگرن. دەشڵێت، “پێویستە نەیارانی کوردستان پەند لەڕابردوو وەربگرن”.
وتارەکانی مالکی و مەسرور ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێن، کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند پێویستە بەئاستێکی تر لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئایندەی پەیوەندی نێوان خۆیان وەک پێشهاتێک بخەینە بەر چاو. مالکی لەلایەک، پارتی دیموکراتی کوردستانی کردۆتە شەیتانێک و لە خەمی ئەوەدایە کە بەرزبونەوەی زیاتری پێگەی بارزانی و پارتی، ببێتە بەربەستێک لە بەرامبەر ئەو نەخشانەی مالکی لە پەیوەند بە رۆڵ و دەخالەتی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا پیادەی دەکات، هەر بۆیە خەریکە بانگەوازی خواستی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم دەکات. لەلایەکی ترەوە سوپاسگوزاری یەکێتی نیشتمانی و بنەماڵەی تاڵەبانیە کە ١٦ی ئۆکتۆبەر کۆمەکی دڵسۆزانەیان بە هێزی سەربازی حکومەتی عێراق کرد، لە گرتنەوەی کەرکوک و دەرپەڕاندنی هێزە میلیشیاکانی پارتی و یەکێتی!
ئەم پاشەکشەیەی هێزەکانی پارتی و یەکێتی لە کەرکوک لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، دەورانێکی وەها تازەی خستە بەردەم بزوتنەوەی کوردایەتی، کە نەتوانن نەک باس لەسەربەخۆیی کوردستان و “دەوڵەتی کوردی” بکەن، بەڵکو نەتوانن پرۆژەی سەربەخۆیی ئابوری هەرێمیش بخەنە بەرنامەی کاریانەوە. ناچاربوون دانوسان لە ئاستێکی نزمتردا بە مانای ملکەچی گەڕانەوە بۆ بەغدا جێبەجێ بکەن.
ئەتوانین بڵێین دۆخی ئێستا و کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، خەریکە دەورانێک بە پاشەکشەی زیاترەوە لە دەورانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەگوزەرێنێت. بە مانایەک پارتی و یەکێتی هەریەکەیان بەجۆرێک لە پەیوند بە ئایندەی هەرێمەوە دەرگیرو و سەرگەردانن. گەر بەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەو پێگەیەی لە ناوچەکێشە لەسەرەکان هەیانبوو وە شانازیان پێوە دەکرد، بووە مایەی شەرمەزاریان، لەهەمانکاتدا بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمیشیان لە ئاستێکی دیاریکراودا قەبوڵکرد. هەر بۆیە دروشمی سەربەخۆیی بۆتە پاراستنی قەوارەی هەرێم لەم ئاستەی ئێستایدا! بەڵام ئایندەیەک یەکێتی نیشتمانی بەدوای زیاتر دابەزینی پێگەی هێزەکەی دەیەوێت پیادەی بکات، هەروەها لە هەوڵی ئەوەشدایە بیکاتە فشار لەسەر پارتی، هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی ناوچەی سەوزو دوو ئیدارەییە. هەوڵ و پەیامی مالکیش بەهەمانشێوە لەڕێگەی پێشنیار بۆ دوو ئیدارەیی دەیەوێت قەوارەی هەرێم بەرتەسکتر کاتەوە یا کۆتایی پێ بهێنرێت. لەهەمانکاتدا مەرکەزیەتی عێراق بەم ڕێچکەیە بەرجەستەکەنەوە.
یەکلایکردنەوەی ئەم پلان و هەوڵانە لە کێشمەکێشی نێوان هێزە میلیشیاکانی هەرێم و عێراق کارێکی ئاسان نیە، چونکە لە لایەک ئاستی هاوسەنگی تەواوی هێزەکان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی هیچ لایەنێکیان بتوانێ باڵادەستی خۆی بەسەر تەواوی عێراق، یا تەواوی کوردستاندا ببڕێتەوە. لەلایەکی ترەوە رۆڵ و دەخالەت و بەرژەوەندی دەوڵەتی ئەمریکا و ووڵاتانی ناوچەکە و کێشمەکێشی نێوانیان، کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە دیاریکردنی هەر ئایندەیەک کە پەیوەست دەبێت بە هەرێم و ناوەندەوە. هەروەها ئەو وڵاتانە دەوریان لەسەر کێشکردنی هێزو لایەنەکانی عێراق و کوردستان ڕەخساندوە، لە بەکارهێنان و بەستنەوەیان بە کێشمەکێش و پلان و بەرژەوەندیەکانیان، هەر ئەم دۆخەیە کە عێراق و کوردستانیان لە ناسەقامگیری سیاسیدا راگرتوەو رادەگرێت.
بەشێکی تری زەقبونەوەی ئەم دۆخەی ئێستا، ئەو ڕاگەیاندنەی مەسرور بەرزانیە کە بەجۆرێک نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر وتارەکەی مالکیدا دەخاتە ڕوو. لەهەمانکاتدا مالکی بەوە تاوانبار دەکات کە “خەریکە عێراق بەرەو ئاڕاستەی ئەزمونە تاڵەکانی ڕابردوو دەبات”، هەروەها داواش دەکات؛ “پێویستە نەیارانی کوردستان پەند لەڕابردوو وەربگرن”.
ئەم وتارو بانگەوازەی مەسرور، بەهەمانشێوە بەشێکە لە چۆنیەتی ئەو پێگەیەی پارتی کە لەم دۆخەی ئێستای عێراق و کوردستاندا، جێگاوڕێگایەک بۆ خۆی قایلە کە دوای ئەو شکستەش لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بەسەریدا سەپێنرا، تەنها قەوارەیەک بەدەسەڵاتی رەهای خۆی بۆ هەرێم بپارێزێت. واتە بەهەر بەهایەک و بە خولقاندنی هەر کارەساتێک و شەقوشری و نەهامەتی بۆ خەڵک و نابەرپرسیاریەکەوە بێت، هەرێمێکی یەک ئیدارەیی ڕاگرێت. لەلایەک یەکێتی بچوکتر کاتەوەو بەشە داهاتی کوردستانیش لە سامانی عێراق لە گەنجینەی دەسەڵاتی بارزانیدا کەڵەکە بکرێت و کۆنترۆڵ بکرێت. لەلایەکی تریشەوە هاوسەنگی پێگەی سیاسی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا بکاتە سەرچاوەی سەرەکی. بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد پێشهاتەکان لە دەورو دەخالەتی ئەمریکاو ووڵاتانی ناوچەکە، تا ئێستا شانسی بە هیچ لایەک نەداوە کە بتوانێ بەڕەی هاوکێشەکە بە قازانجی خۆی ڕاکێشێت. واتە لەم نێوەدا مانایەک نامێنێتەوە بۆ دەستەواژەی “پەند وەرگرتن لە ڕابردوو”، یان گەڕانەوە بۆ “ئاراستە تاڵەکانی ڕابردوو”، چونکە ئەوەی ڕۆشنە پێش هەمو شتێک تائێستا پارتی و بارزانی کام پەندەیان لە ڕابردوو وەرگرتوە، لە کام شوێن و کاتدا خاوەنی وەرگرتنی ئەزمونن، تا بوێرن ئەوە بسەلمێنن ئەتوانن ڕێگە نەدەن کوردستان ڕوبەروی کارەساتی چەندبارە نەبێتەوە!؟ مێژوی ئەزمونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، بێپەردە، لێوان لێوە لە کارەسات و ڕوداوی دڵتەزێن، ئەو پەندانە چین تا ئەو کارەساتانە ڕونەدەنەوە.
هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفیەکان بەدوای ٢٠٠٣ وە خاوەنی دڕندەترین کارەساتی نائینسانی و شەڕی تائیفین. هۆکاری ئەوپەڕی وێرانکاری وداڕمانی عێراق بون، کە کەم وێنەیە لە مێژوی ڕوداوە سیاسیەکانی عێراقدا. گەر لەسەردەمی سەدام زیاتریان نەکردبێت، ئەوە کەمتر نەکراوە. کە بەهەمانشێوە حزبەکانی کوردایەتی هاوبەشی تەواوی ئەو تاوانانەن، کە هێزە ئیسلامی و تائیفیەکان ئەنجامیان داوە. ئاخۆ بە چ ڕویەکەوە مەسرور ئەو ئەزمونە فەرامۆش دەکات و دەڵێت خەریکە عێراق بەرەو ئاڕاستەی ئەزمونە تاڵەکانی رابردوو دەبات!؟ کام ڕابردوو، کام تاڵی، ئەو تاڵیەی ڕێکەوتن لەگەڵ سەدام، بۆ گرتنەوەی هەولێر ئەنجامدراو بەلەشکرکێشی سوپای عێراقی پێش خۆیدا، یا ڕێکەوتن لە گەڵ هێزە شیعەکان بۆ پێکهێنانی گاڵتەجاری حکومەتی عێراقی فیدراڵ!؟
ئەوەی پێویستە لەم دۆخەدا بە هەند وەرگیرێ بەهەر وتار و ئاراستەو بانگەوازێک، ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، ئەگەری پەڕینەوە لەدەورانی نائارامی، بۆ بەدەستهێنانی دەورانێک لە سەقامگیری، لەپێناو کەشێکی ئارام بۆ سەرمایەگوزاری و کەڵەکەی سەرمایە، کە کاریگەری ئەم ئاراستەیە کەم تازۆر لەسەر مامەڵەو چۆنیەتی هێز و لایەنەکان و ئایندەیان لەئێستاوە ڕەنگی داوەتەوە. بۆیە کێشەکان لەوە واوەترە کە مەسەلەکان تەنها بچێتە بواری بودجەو موچە و پاشەکەوتی موچەوە. هەڵبەتە ئەو بوارانە بۆ فەرمانبەران و باری ئابوری جێگاوڕێگاو گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام پێویستە ئەوە باش درک بکەین کە کێشەکان زۆر لە دابەشکردنی بودجەو موچەو پاشگرەکانی واوەترە. واتە لە گێژاوی ئەو واقعیەت و ئاراستەیەیە کە هێزە میلیشیاکانی عێراق و کوردستان لەبەرامبەر ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەدا دۆشداماون و لە ناچاری چاوەڕوانی ئایندەی نادیاری حکومەتەکانی ئێستای عێراق و کوردستانن. لەناو هاوکێشە سیاسیەکاندا خەریکی مامەڵەیەکی هەرزان بازاڕی و قومارکردنن! ئەبێ کێ بن ئەوانەی ئەتوانن بەربەو شەپۆلە بگرن، تا لەو بازاڕەدا شکست نەخوات و مایە پوچ و شەرمەزار نەبێت؟ ئاکامی ئەمەش لە سایەی تەواوی ئەم هێزە ملیشیایانەدا ئەگەری ئایندەیەکی تاریکترە کە کاریگەریەکانی بەسەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا دەشکێتەوە.




عەلاگەیەک دەرمانی دڕاو.. شیعری: نەوزاد بەندی

ئەو تەوژمی پڕ لە ڕەنگ و
پڕ وەرزش و ..
پڕ قوڵپەی کانیاوە چی بوو ،
کە ڕژاندتە ناو بینین و
یەک بە یەک جومگەکانمەوە ..؟
ئەو هەموو تەمەنەی کە ڕۆیشت ..
لاوی و ئێوارانی زانکۆ ،
لەپڕ بوون بە نەمامگەلێ ،
بە ساتێکیش ڕوانمەوە ..
عەلاگەیەکی پڕ دەرمان ،
بە پێنج پەنجەی پەمەییەوە ،
جۆلانێیان ئەکرد وەک من ..
هێندە خێرا ،
نەمئەزانێ ئاخۆ قاچەکانت دووان بن یاخود یەک بن ؟
من وەک ئەو ماسییەی
جێ پێی گەشتیارێ هەڵئەگرێ ،
جێ پێی عەلاگەیەک دەرمان ،
لەگەڵ جوانێکی کەس نەدیو ..
من نەمئەویست تەماشات کەم ،
سێبەرێکی فێنک و بۆنخۆشم ئەدی ،
وەک سێبەری ژێر دارتوویەکی
پڕ لە تووی شیرین -شیرین و هەڵوەریو ..
لەناکاو عەلاگەی دەرمان ،
دڕا و ..دەرمان بڵاو بۆوە ..
هاوارم کرد ڕاوەستە ..ڕا ..
دەرمانەکانت پیس نەبن ..
بە پانتۆڵێکی کاوبۆوە ..
عەلاگەکانم زۆر زۆر بوون ،
دانەیەکیانم دا بە تۆ ..
وەرت گرت و .. چرکەیەک ،
لای دیلێکی دێرین ڕاوەستای ..
کە گوێت لە هیچ شتێ نەبوو ،
ووتت زۆر سوپاس و
ڕۆیشتی و زوو دیارنەمای
من لەناو خۆما نوقووم بووم
باڵدارێکی ناو زوقووم بووم
من لەناو خۆما بزر بووم ..
کاتێ گەیشتمە کەناراوەکانی ناخم ،
سەرم هەڵبڕی ، ڕۆیشتبووی ..
تاکسییەک هەڵیگرتبووی ..
من مامەوە ،
وەک مانەوەی ئەو ژمارە نابووتانەی
کە هیچ کەرتێ ، وەریانناگرێ ..
وەک مانەوەی ئەو پێشمەرگە زامدارانەی
هیچ حیزبێ دڵیان ڕاناگرێ ..
وەک ئەو مناڵە کەمئەندامە هەژارانەی ،
موچە نایانگرێتەوە ..
چیرۆکێکی دوو خولەکیی ،
کە ئیتر ناگەڕێتەوە ..
تازە وون بووی ..
هیچ ڕێکەوتێ ،
عەلاگەیەک دەرمان نادڕێ ..
جارێکی تر جومگەکانم ناکەونە بەردەم تەوژمی لێزمەی جوانی ..
گەڕامەوە ژێر کەڵەکەی خەمەکانم ..بەئاسانیی ..
لێڵایی دایپۆشیمەوە ،
وەک ساتە گرانبەهاکان ،
تۆیش کەوتیتە
ناو بۆشایی و تەمەکانم .