قوربانی و قوربانیدان لە کۆمەڵگەی کوردیدا.. عومەر عادل عەبدوڵڵا

ڕۆمانی “(ژنێک بەسەر مەنارەوە)ی شێرزاد حەسەن بە نموونە”

ناونیشانی توێژینەوەکە:

ئەگەر ورد ببینەوە لە کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانی(ژنێک بەسەر مەنارەوە) ئەوە دەبینین هەموو کارەکتەرەکان ڕۆڵی قوربانی دەگێڕن بۆیە بە باشمان زانیوە”قوربانی و قوربانیدان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ڕۆمانی (ژنێک بەسەر مەنارەوە)ی شێرزاد حەسەن بە نموونە” وەکو ناونیشانی توێژینەوەکە هەڵبژێرین

ئامانجی توێژینەوەکە:

ئامانجی ئێمە لەم توێژینەوەدا، باسکردنی ئەو کارەکتەرانەیە، کە ڕۆماننووس وەکو قوربانی لە نێو ڕۆمانەکەیدا بەرجەستەیی کردووە، چونکە هەموو کارەکتەرەکانی نێو ئەم ڕۆمانە قوربانین.

پێکهاتەی توێژینەوەکە:

لەسەرەتادا چەمکی کارەکتەرمان ڕوون کردۆتەوە و پاش پێناسەی کارەکتەرەکانمان کردووە. بۆ زیاتر شارەزابوونی خوێنەر کورتەیەک لە ڕۆمانەکەمان باس کردووە، لە کۆتایدا باسمان لەو کارەکتەرانە کردووە، ڕۆڵی قوربانییان گێڕاوە لە نێو ڕۆمانەکەدا.

سنووری توێژینەوەکە:

سنووری توێژینەوەکە، لە نێوان وێژەوانی و کۆمەڵایەتی دایە، چونکە ڕۆماننووس باس لەو تاکانە دەکات، کە لە نێو کۆمەڵگەی کوردییدا بوونەتە قوربانی دەستی ئەو ژینگەی کە تێدا ناچار کراون.

گرنگی توێژینەوەکە:

ئەم توێژینەوە، تەنها دەرخستن و دیاریکردنی قوربانی نییە لە نێو پانتایی ڕۆمانێکدا،
بەڵکو جگە لەوە توێژینەوە بێت لەسەر ڕۆمانێک، بۆ خۆی وەستانێکە لەسەر دیاردەیەکەی دیار و درککپێکراو لە کۆمەڵگەی کوردییدا، کە ئەوەیش قوربانی بوونی تاکەکانئ کۆمەڵگەیە

پێشەکی:

(شێرزاد حەسەن)یەکێکە لەو نووسەر و ڕووناکبیرانەی، بیرۆکە و نووسین و کۆڕ و دانیشتەکانی شایەنی تێڕامانن. ئەم نووسەرە، یەکێکە لە دیارترین ئەو نووسەرانەی کە داکۆکی لە مافەکانی منداڵان و ژن و خوێندکاران کردووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بەرهەمەکانی، ئەم تەمی گومانە لە ئاسۆی بینینماندا دەڕوێتەوە. لەم ڕۆمانەشدا، ڕۆماننووس ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی لە یاد نەکردووە و وەک هەمیشە ژنی لە نێو ڕۆمانەکەیدا وەکو قوربانییەک وێنا کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا پێنووسی ڕەخنەگرتنی بەکار بووە بەرانبەر دەسەڵات و هەموو ئەوانەی پشکییان هەیە لە تێکدانی کۆمەڵگەی کوردیدا و شێواندنی لایەنە جوان و بەهادارەکانی. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، خۆمخۆری ڕۆماننووس بۆ تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی و هەستکردن بە قوربانی بوونی هەندێک لە تاکەکان، پاڵنەرێکی گرنگ بووە بۆ نووسینەوەی ئەم ڕۆمانە.

زاراوە و چەمکی کارەکتەر:

“کەسێتی هاوتای وشەی ‏(Kharassein)ئینگلیزییە”(رضا براهني،١٣٦٢:٢٥٠) بەشێوەییەکەی دیار نووسەران و ڕەخنەگرانی فارس، زۆرجار زاراوەی (شخصيت) بەکاردەهێن، کە بەرانبەر بە زاراوەی(شخصية) خۆی دەنوێنێت، لە زمانی عەرەبیدا. هەروەها لە زمانی کوردیدا جگە لە کارەکتەر (کەسایەتی،کەسێتی) پێدەوترێت، بەڵام ئەوەی زیاتر پای خوێنەران ئاشنا و دیار بێت، وشە خواستراوەکەیە.

”کارەکتەر ڕەگەزێکی دیار و گرنگ و پڕ بایەخی نێو دەقی ڕۆمانە. بۆیە ڕەخنەگران و نووسەرانی ڕۆمان بەجدی ئاوڕییان لەم سوژەیە داوەتەوە لە پاڵ ڕەگەزەکاتری ڕۆماندا”(هەردی حەسەن مەولود، عماد شوکور،٢٠٢١:٣٧) بێگومان ڕەگەزەکانی تری ڕۆمان بریتیین لە: شوێن و کات و ڕووداو و گێڕانەوە و …، کە هەموویان پێکەوە کۆشکی ڕۆمان بنیاد دەنێن. هەر ئەوە نییە، کە کارەکتەر لە ڕۆماندا گرنگ خۆی هەبێت، بەڵکو”یەکێکە لە پایە گرنگەکانی چیرۆک و چیرۆکنووسین، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ڕەخنەگران و شارەزایانی بواری چیرۆک، کارەکتەر وەک یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی چیرۆک دادەنێن گرنگییەکی تایبەتی هەیە”(مهسا کمارج،ميثم مهاجر، ١٣٩٢:٦٢)

کارەکتەر بنچینەی هەموو گێڕانەوەیەکەی وێژەئامێزە و بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکان دادەنرێت لە نووسینەوەی ڕۆماندا. واتا نەبوونی کارەکتەر لە ڕۆمان کێشەیەکەی گەورەیە و ئەو دەقە وێژەیە دەخاتە بەردەم پرسیارێکی پڕ گفتوگۆ و ڕەخنەییەوە. چونکە هەر لە ڕێی کارکتەرەوە گفتوگۆ لە نێو ڕۆمانەکاندا دروست دەبن و پانتای و سنووری دەقە پەیتا پەیتا بەرفراوان دەکەن، تەنانەت زۆرێک لە ڕۆماننووسان پەنا دەبنە بەر کارەکتەرەکان لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا و پاش لە ڕێگەی زمانێکی وێژەیی بەرزەوە دادیدەڕێژن.

“بوونی کارەکتەر لە ڕۆماندا بەندە بەو وشە و ڕستانەی ڕۆماننووس لە چوارچێوەی ڕۆمانەکەدا دەردەبڕێت، چونکە بوونەوەرێکی ئافرێنراوی سەر کاغەزە، ژیانیشی بەندە بەو تێکستەی تێدا بەرهەم هاتووە چونکە لە دەرەوەی تێکستدا بوونی نییە”(عەونی ئەمین عومەر، ٢٠١٥:١٣)واتا نووسەر دروستکەری کارەکتەری ناو ڕۆمانەکەیە و بە کۆتایی هاتنی ڕۆمانەکە، کۆتایی بە ژیانی کارەکتەرەکە دەهێنێت.

دەستنیشانکردنی کارەکتەر پەیوەندی بەو ئەزموونەوە هەیە، ڕۆماننووس لەگەڵ ئەو ڕووداوەکانی ژیانی خۆی و ئەو ڕووداوانەوە هەیە.”هەر کاتێک نووسەر کارەکتەرێک هەڵدەبژێرێت یان دروستی دەکات لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەو بیرۆکانە دەگونجێنێ کە لە هزری خۆیدان و لە ڕێگەی دەقەوە دەریاندەبڕێ، ئەو هزرانەش لە ڕێگەی قسەکردنی ڕاستەوخۆ دەردەبڕێن یان لە ڕێگەی ئەو هەڵسوکەوت و کردارانەی لە دەقەدا دەدەن و لە ڕێگەی ئەو ئەنجامانەی کە لە کۆتایی دەقەکەدا پێی دەگەن”(سەنگەر قادر،٢٠٠٩؛١٧٣)لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەبێت نووسەر زۆر وردبین بێت، لە هەڵبژاردنی تایبەتمەندی کلتووری و نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی کارەکتەرەکان، بۆ نموونە کە چێرۆکێک بە تام و چێژی کلتوور و نەریتی کوردەواری دەگەڕێتەوە، نابێت کارەکتەرەکان هەڵگری بەها و نەریتی کۆمەڵگەیەکەی تر بن.

داڕشتنی کارەکتەر بە دوو شێوەیە، یەکەمییان دەکرێت خەیاڵت بێت و بەرهەمی بیرۆکە و خەیاڵەکانی خودی نووسەر بێت، بۆیە لێرەدا دەکرێت کارەکتەرەکان نامرۆڤبن وەکو ئاژەڵ و جنۆکە و بوونەوەری نادیار، یان ئەو نامرۆڤانە خواستراوی مرۆڤێکی دیاریکراوی ڕۆژانەبن و نووسەر بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە نەتوانێت لە ڕێگەی مرۆڤەوە بەرجەستەییان بکات، بەڵکو بەشێوەیەکەی ناڕاستەوخۆ ئاماژەییان پێبدات. دووەمییان دەکرێت کارەکتەرێکی ڕاستی بێت و ژیانی ڕۆژنەدا بوونی هەبێت. هەرچەندە کارەکتەرە لە ڕاستییەوە وەرگیرا بێت و پەیوەندی بە واقیعەوە هەبێت، ئەوە نووسەر دەتوانێت بە پێی ئارەزووی خۆی دەستکاری لە کەسایەتییان بکات و هەندێک تایبەتمەندییان لێ زیاد و کەم بکات.

کارەکتەر ڕۆڵ و پێگەی خۆی هەیە لە نێوان ڕۆماندا و” کەسایەتی بە گوێرەی کات و شوێن دەگۆڕێت، ڕۆڵیش دەبینیت لە دروستکردنی شوێن، چونکە شوێن بوونی نابێت، ئەگەر کەسایەتی بوونی نەبێت، لەبەر ئەوەی تەواوکەری یەکترن، هەروەها ڕووداویش لە ئەنجامی ئەو کارەی کەسایەتی ڕۆڵی تێدا دەبینێت و دروستی دەکات”( سنوور قادر فەرەج،٢٠١٢:٤٩)لەگەڵ ئەوەشدا ئاساییە هەندێک لە کارەکتەرە لاوەکییەکان گەردوونی ڕۆمانەکە بەشێوەیەکەی کات یان بۆ هەمیشەیی بەجێبهێڵن، بەڵام کارەکتەری سەرەکی ناکرێت بۆ تەنها ساتێکیش لە ڕووداو و گێڕانەوەکانی نێو چیرۆک و ڕۆمانەکان دابڕێت، چونکە هەموو ڕووداوەکان لە دەوری ئەو شاکەسە دەخوڵێنەوە.

هەروەها دەکرێت کارەکتەرەکان مرۆڤ نەبن، چونکە” مەرج نییە کارەکتەر تەنها مرۆڤ بێت، نووسەر وا هەیە بایەخ بە کەسێتی زیندوو دەدات(سەگ، کەو، پشیلە، کۆتر) یان ڕووەک و درەخت و شتی بێگیان(الجماد)، وەکو درختێ بپەرسترێ، یان پردێک، یان گیانەوەرێکی میتالۆژی کە بۆ مەبەستی دیاریکراو، تەوزیفیان بکات.”(عەبدوڵڵا سەڕاج،٢٠٠٧:١٣) بە هەمان شێوە(حوسێن عارف)ی چیرۆکنووس جەخت لەسەر ئەمە دەکاتەوە و دەڵێت”
هیچ چیرۆکێک بێ کەسانێک نابێت، کە باسیان لێوە دەکات، بەڵام با پێشەکی ئەوە بڵێم مەبەست لە کەسان تەنها ئادەمیزاد نییە، بگرە هەموو گیاندارێک و بگرە بێگیانیش دەگرێتەوە، ئەگەرچی لە ئەنجامدا گیاندار و بێگیانیش بە پێوەندی لەگەڵ ئادەمیزادا باس دەکرێن. چونکە هیچ ئادەمییەکیش لە چێرۆکەکەدا لە ئارا نەبێت
خۆ ئەوەی باس لە گیاندار و بێگیانەکانی تر دەکا نووسەرەکەییە، هەر ئادەمییە و هەر زادەی بیر و هۆش و نەستی و هەستی ئەوە، دادڕێژێتە سەر کاغەزی سپی و دەبێ بەو چێرۆکە.”(حسێن عارف،٢٠١١:٢٦٥)کەواتە ڕۆمانووس دەتوانێت گەڵێک تایبەتمەندی مرۆڤانەیان تێدا بەرجەستە بکات، بە شێوەیەک تایبەتمەندی ئەو ئاژەڵ و بونەوەرانە، لەگەڵ تایبەتمەندی مرۆڤدا بتوانێت شڕوڤە بکرێت و سەر لە خوێنەر نەشێوێنێت، بۆ نموونە؛ کە وتراو کۆتر و کەروێشک خوێنەر بزانێت هێمایە بۆ قوربانی و بێدەسەڵاتبوون و کە وترا ڕێوی بزانرێت ئاماژەییە بۆ فێڵکردن و فریودان.

“بەشێوەیەکی گشتی، دەکرێ چەمکی کەسێتی لەوەدا کورت بکەینەوە، کە: بریتییە لە سەرجەم ئەو ڕەمەك و حەز و ئارەزوو و ڕەوشت و ڕەفتار و هەڵوێستە جیاجیایانەی کە لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە بەشێوە ماددیی یان مەعنەوییەکەی، تاکەسی پێ دەناسرێتەوە، ئەمەش بە پێی جیاوازیی هەڵوێستە مرۆییەکان و بە پێی کات و شوێنەکان گۆڕانی بەسەردا دێت”(ئاری عوسمان خەیات،٢٠١٨:١٨)

کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە:

ڕۆمانی ( ژنێک بەسەر مەنارەوە) یەکێکە لە بەرهەمە دیار و بەرچاوەکانی نووسەری ناوبراو. ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە، تەواو ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی کوردین و بەشێکن لەو ستەم و نادادیانەی بەرانبەر بە ژن و ئاژەڵ دەکرێت. ڕۆمانەکە سێ کەسێتی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، کە ئەمانەی خوارەوەن:

١.شادی: کەسێتی سەرەکی و پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە و لە هەمان کاتدا قوربانییە، واتا لەسەرەتاوە ڕۆڵی قوربانی دەگێرێت، چونکە لایەنە بەهرام خاڵۆزاییەوە پەردەی کچینێ لە دەست دەدات و پاشان بەهرام بێباکانە پشتی تێدەکات. لە قۆناغی دواتردا، لەبەر ئەوەی بەرانبەر بەو هێز و دەسەڵاتەی پیاو دەوستێتەوە لە کۆمەڵگەدا، کە هەموویان دەیانەوێت ئەو منارە بروخێنن، وەک پاڵەوانێک دەردەکەوێت.

٢.بەهرام: خاڵۆزای شادییە و وێنەی نێری بێباک و هەوەسبازی نێو کۆمەڵگەی کوردییە. بەهرام دوای ئەوە شادی لە کچەوە دەکات بە ژن، بەهۆی هەڵەیەکی هەرزەکارییەوە، کە دووچاری هەردووکییان دەبێت، بێ ئەوەی گوێ بدات بەوەی کە نەمامێکی چاوەڕوانی ڕواندووە، لە خاکی پڕ وشکەڵان و قەیرانی سۆزدا بەجێدەهێڵێت و کۆچ دەکات بەرەو ئەوروپا. دوای ماوەیەک مانەوەی لە هاندەران، دەگەڕێتەوە، بەڵام پاش چی؟! هاتنەوەیەک کە تامی نامۆیی لێ دێت و تفی چاوەڕوانی لە دەمی ئەڤیندا دەمێکە وەکو کانییەکەی مردوو وشکی کردووە.

٣.هۆمەر: پیاوێکی بە تەمەن و شۆڕشگێرێکی جەربەزە و دەست بە چەکی سەردەمی خۆی بووە. بەڵام ئەم کەسێتییە، لە کۆندا ئەو کاتانەی لە شاخ بووە، ژەهرخوارد کراوە. ئەم پیاوە بەتەمەن دەکەوێتە داوی خۆشەویستی (شادی)یەوە، بەڵام خۆشەویستییەکی پاک و بێگەرد، هەربۆیە (هۆمەر) نموونەی پیاو عاشق و ڕاستگۆ و نهێنیپارێزە، چونکە ئەو دەمەی شادی ڕاستییەکانی بۆ ڕوون دەکات و پێ دەڵێت ئەو کچ نییە و ژنە, سەرەڕای ئەوەش هەر ڕازی دەبێت و ئامادەییە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات.

٥.پەری: ئەم کەسێتییە، خوشکی بچووکی (شادی)یە و کەمترین ڕۆڵی هەیە، لە چاو کەسێتییەکانی تر. زۆرتر لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا دەردەکەوێت.

کورتەی ڕۆمانەکە:

کچێک بە ناوی (شادی)یەوە بەهۆی هەڵەیەکی سەردەمی هەرزەکارییەوە پەردەی کچێنی لە دەستدەدات و ئەوەی کەسەی کە پەردەی کچێنی پێ لە دەستداوە، (بەهرام)ی خاڵۆزایەتی و بە هەر هۆکارێک بێت، ئامادە نییە هاوسەرگیری بکات، پاش ئەم ڕووداوە، ئیتر (شادی) لە نێو دۆزەختێکی تەژی لە توانج و قسە بۆ هەڵبەستن و بوختان بۆ کردن بەڕێ دەکات، ژیانێک، کە مردن سەدکەڕەت لەو بە بەزەیتر و بەسۆزترە. (شادی) بۆ هەڵهاتن لەو برینە هەمیشەیی و نەبڕاوەکەی، جار ناجارێک بە بیانووی میزپێکردنەوە دەستی (پەری) خوشکی دەگرت و لە چۆڵاونەیەکدا، تێر دەگریا و بەزەیی بە چارەنووسی خۆی دەهاتەوە. هەروەها بە ناچاری بۆ ئەوەی هەندێک لە خەم و شکستەکانی بڕوێنێتەوە، پەنای بردە بەر وێنەکێشان و وێنەی هەموو ئەو پەپوولە و باڵدارانەی دەکێشا، کە بە دەستی بەهرام و ڕاوچییەکانیتر ڕاو دەکران. هەر بۆیە هەندێکجار هونەر دەبێتە دەرچەکەیەک بۆ بەرەڵابوونی خەم و ئازارە پەنگخواردووەکانی مرۆڤی هونەرمەند؛ (شادی) هەمیشە وێنەی ئەو پەپوولە و مەلانەی دەکێشا و سوودی لە ئەزموونە ئازاراوییەکانی خۆی وەردەگرت و برینی خۆی لە نێو برینی باڵندە پێکراوەکان دەدۆزییەوە و دەیکردن بە تابلۆ.

دوای چەند ساڵێک مانەوە لە نێو گۆشەی تەنیایی و کولانەوەی دەروون و دادوبێدادی کپ و بێسروە و ناڵەی نەبیستراودا، دوای ئەو هەموو خولانەوە لە بۆشایی بێئومیدی و تاریکی چارەنووسدا، (هۆمەر) وەک فریشتییەکی ڕزگاکەر پەتی خۆشەویستی شۆڕ دەکات و (شادی) لە دۆڵی تاریکی و شکست و بێکەسیدا دەکێشنێتە سەرەوە و دەیگرێتە خۆی و بەڵێنی پێ دەدات، ئەم نهێنیە لە سینەیدا نقوم بکات بۆ هەتاهەتاییە. تاکە هۆکار وایکردبێت کە (هۆمەر) بە (شادی)ڕازی بێت و هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، خۆشەویستییە. هەر وەک هۆمەر خۆی دەڵێت: (عەفووم کە خودا شاهیدو خۆشەویستی ئەوەم پێ دەکات) لێرەدا، گەورەی و مەزنی خۆشەویستی دەردەکەوێت، کە دەتوانێت مرۆڤێك لە مردن و ئابڕووچوو ڕزگار بکات. (هۆمەر) کە پێشمەرگەیەکی دیرێنی سەردەمی شاخ بوو، کاتی خۆی ژهرخوارد کرا بوو، ئەم ژەهرە کوشندەییە، بە تەواوی لە جەستەیدا بڵاوبوویەوە و پزیشکەکان، پێیان ڕاگەیاند بوو، کە چارەسەری نییە. پاش ماوەیەک (هۆمەر) دەمرێت و (شادی) بە تاقی تەنیا لەو حەسارە گەورەیەدا دەمێنێتەوە و شادی بەهێزیکی ژنانەوە، بەرانبەر ئەو هەموو شۆڤڵ و دەوڵەت و دەسەڵاتەوە دەوستێتەوە و شەڕی ڕووخان و نەڕووخانی ئەو مەنارەییە دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا، لەم شەڕەدا شکست دەهێنێت و دەکەوێتە ژێر زبر و زلە و زەنجیری نەیارەکانیی.

پێویستە ئەوەش زیاد بکەین، کە ڕۆماننووس لە کۆتایی ڕۆمانەکەیدا ئاماژەی بە ماوەی نووسینەکە کردووە، کە لە نێو ساڵانی(٢٠٠٥-٢٠١٠) ڕۆمانەکەی نووسیوەتەوە، واتا ماوەی نووسینەکەی پێنج ساڵی خایاندووە.

قوربانی و قوربانیدانی کارەکتەرەکان لە (ڕۆمانی ژنێک بەسەر منارەوە):

قوربانیدان بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی کۆمەڵگەکانی جیهاندا، بە تایبەتی ئەو کۆمەڵگانەی کە قوربانی دەستی سەرکوتکردن و داگیرکاری بوونەتەوە، چونکە کۆمەڵە کەسانێک لەو کۆمەڵگەیانەدا، لوتبەلوتی ئەو داگیرکارییە وەستاوەنەتەوە و قوربانییان داوە لە پێناویدا، لە ئەنجامدا هەم خۆیان دەکەنە قوربانی، هەم دەوربەرییان، بەتایبەتی خێزانەکانیان، چونکە هەمیشە دژەشۆڕشەکان، بۆ توانەوەی شۆڕشەکان خێزانەکانی شۆڕشگێرەکان وەکو قەڵغانێک بەکاردەهێنن.

جگە لەمەش، کۆمەڵێک نەریت و کلتووری چەوت و خراپ هەن لە نێو کۆمەڵگەدا، کە تاکی یاخی یان ئەو تاکەی خووی یاخیبوون لە گیانی دایە، هەوڵ دەدات، ئەو نەریتە خراپ و زیانبەخشە کاڵ بکاتەوە، کە زۆرێک لە تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەری ڕێککەوتووە، جا لەم دۆخەدا تاکی یاخی هەڵوێست وەردەگرێت و دژی ئەو نەریتە دەوستێتەوە و بۆچوونەکانی دەردەبڕێت، لە بەرانبەر ئەمەشدا، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە ڕەزامەند نابن نەو بۆچوونانەی کە کەسی یاخی بە نێو کۆمەڵگەدا بڵاوی دەکاتەوە، دووچاری سزای کۆمەڵگە دەبێتەوە و دەبێت بە قوربانی بۆچوونە جیاوازەکانی.

زۆرێک تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردییدا، هەمیشە ڕۆڵی قوربانییان بینیوە، چ لە ژێر کاریگەری کۆمەڵگەدا، یان لە ژێر کاریگەری زبروزەنگی بێگانەدا بێت. لە هەندێک کۆمەڵگەدا، بێهێزی و بەهێزی ڕۆڵ دەبینێت لە قوربانیبوون، واتا ئەو کەسەی خاوەن پێگە و توانا و هێزێکی کەم و لاواز بێت، دەکرێت لە بچووکترین دەرفەتدا بکرێت بە قوربانیی. لە کۆمەڵگەی ئێمەش، ژن بەهۆی ئەو پێگە لاوازەوە پێی دراوە، هەمیشە ڕۆڵی قوربانی بینیوە. (شادی)یش وەک هەندێک نموونەی قوربانی ژن دەردەکەوێت لە ڕۆمانەکەدا، چونکە هەمیشە وەک نێچیرێک سەیر دەکرێت لەلایەن نێرەکانەوە, بە تایبەتی ئەو دەمەی (هۆمەر) لەسەر جێگەیە و هاوڕێیانی سەردەمی شاخی دێنە سەردانی هۆمەر و بە چاوێکی هەوەسبازانەوە لێی دەڕوانن، کەواتە (هۆمەر) لەبەر لاوازبوونی پێگەکەی لە سەردەمی شاخ و شۆڕشەوە ژەهرخوار کراوە. هەروەها(بەهرام)یش بۆ خۆی قوربانی ئەو دۆخ سیاسییە بوو، کە لەو ماوەیەدا هاتە پێشەوە و بەهۆی بێدەسەڵاتی ونەبوونی توانایی گۆڕانکاری کۆچی کرد. بەشێوەیەکەی گشتی دەتوانین قوربانییەکان لەم چەن خاڵەی خوارەوە ڕوون بکەینەوە:

١.ژن وەکو قوربانی:

“ژن وەکو یەکێک لەو بونەوەرە کۆمەڵایەتییە گرنگانەی، کە بەدرێژایی مێژوو زیاتر لە پیاو جێگای مشتومڕە لە ڕووی جیاوازی و ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەکەی دیکەش ئافرەت دەبێت پێکهاتەیەکەی جیاواز لە کۆمەڵ، لەوانە قەیرە کچ و بێوەژن، کە هەریەک لەوانە وێنەی جۆری تێڕامان و دیدی جیاوازی پێویستە، زیاتر لە پێکهاتە و توێژەکانی تری مرۆڤ”(هەڵمەت بایز ڕەسوول،٢٠١٢:١٩٩)
هەر لەبەر ئەم گرنگیدانەیە چەمکی فیمنێزم وەک چەمکێکی ڕزگارکەری ئافرەت خۆی ناساند و هاتە پێشەوە. ئەم چەمکە بە مەبەستی”جەختکردن لەسەر دیاردەی شوێنەواری بن دەستی ژن لە کۆمەڵگەدا و ئەو جیاوازیەی کە ژنان لە بەرژەوەندی خۆیان لەگەڵی بەرانبەر دەکرێتەوە. دەکرێ وا دابنێین کە تەواوی چەشنەکانی فیمینزم مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو جیاوازیانەیە و لە ئاکامدا زاڵبوون بەسەریدا, خوازیاری گۆڕانکاری گەلێ لە سیستەمی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ڕامیاری و کەلتووری دایە”(عەباس ساڵح عەبدوڵڵا،٢٠٠٧:٤٦)

لە ڕابردوودا تاڕادەیەک ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕۆڵی قوربانی دەگێڕا.” چونکە ئێمە لەو باوەڕداین، کە ژن لە کۆمەڵگەی کوردییدا ڕۆڵی نەرێنی هەیە، بەداخەوە ئەمەش بەهۆی کۆمەڵێ کاریگەری ناکوردییەوە, کە لە بنەڕەتدا لە شارستانییەت و گەلانی ترەوە سەرچاوەی گرتووە، دیارە ئەمەش بەهۆی هاوسێتی نێوان ئەو نەتەوانەیە”(د.بدرخان السندي،٢٠٠٢،١١٧).دیارە (شادی)ش وەک قوربانی دەستی کۆمەڵگە و قوربانی دەستی خاڵۆزاکەی کە بۆ چێژ وئارەزوویەکی کاتی بە ژنی کرد، یەکێکە لە دیارترین کارەکتەرەکان کە ڕۆڵی قوربانی بینیوە، (شادی) لەم ڕۆمانەدا، بە سێ قوناغدا تێپەڕیوە: کچێتی و ژنێتی و بێوەژنی. پێش ئەوەی پەردەی کچێنی لە دەستبدات لەلایەن (بەهرام) خاڵۆزاییەوە کرا بە ژن، هەروەها بە هاوسەرگیریکردن لەگەڵ هۆمەر و پاش ماوەیەک لە مردنی هۆمەر بێوەژن دەکەوێت. (شێرزاد حەسەن) لەم ڕۆمانەدا، دەیەوێت ئەوەمان پێبڵێت:(تەنها ئەوە نییە ئافرەتی کورد لە قۆناغێکی تەمەندا داماو و قوربانییە، بەڵکو دەکرێت لە هەموو قۆناغەکاندا ڕۆڵی قوربانی بگێرێت). چونکە کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی لەبارترین کەشوهەوایە بۆ دروستکردنی قوربانی و کەوتنە ژێر خۆڵوخاشاکی ئەوانی ترەوە.

٢.گەنج و لاو وەکو قوربانی:

“دیاردەی کۆچکردن یەکێکە لەو دیاردە دێرینانەی کە بە درێژایی سەدەکان لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکانی مرۆڤایەتیدا لەگەڵ مرۆڤدا بەردەوام بووە. جۆرێکە لە چالاکی سروشتی مرۆڤ لە کۆنەوە و دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکار، لەوانە سیاسی، ئابووری ، هۆکاری ئایینی، ئاسایش، زانستی، یان بەهۆی ململانێی تائیفی، ئەو، لە کاتی کردەی تیرۆر، یان کەمکردنەوەی ئێمە، پەیوەندی بە هەڵاتن، ململانێ، شەڕ، کارەساتی سروشتی، دروستکراوی مرۆڤ، ستەم، ستەم و دڕندەیی هەیە.”(ا د جبار علی جمال الدين،٢٠٢١:١٦٥). زۆرجار دۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دێتە پێشەوە، وا لە گەنجان دەکات کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی وڵات. (بەهرام)یش، قوربانی ئەو دۆخە ڕامیارییە بوو، کە لەو سەردەمدا هاتە پێشەوە و زۆرێک لە گەنجانی کورد ملییان نا بە ڕێگەی کۆچەوە و لە هەواری بێکەسی و نامۆیدا گیرسانەوە. کەواتە جگە لەوەی (بەهرام) (شادی) کردۆتە قوربانی، لە هەمان کاتدا خۆی قوربانی ئەو باردۆخێک خراپتر بووە. ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە زۆرێک لەو کەسانەی لە کۆمەڵگەی کوردییدا دەوربەرەکانیان دەکەن قوربانی، بەهۆی نائاگایی و ساویلکەییانەوە، بۆ نموونە لە بابەتی دوژمنداریدا ئەندامی خێزانێک دەکوژرێت بە هەر هۆکارێک بێت، ئەو خێزانەش لە تۆڵەکردنەوە خۆیاندا، ئەندامی خێزانەکەی تر دەکوژن، کە ڕەنگە هیچ پەیوەندی بەو تاوانەوە نەبێت.
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، کە پاڵنەری کۆمەڵایەتییەکان زیاتر کاریگەرییان لە بونیادنانی کەسێتی قوربانی هەیە، وەکو لە هۆکارە خودییەکان. بێگومان هەر دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بووە، کە بەهرامی ناچار کردووە کۆچ بکات، نەک بۆ ئارەزوو و هەوەسی خۆی کۆچی کردبێت.

٣.قوربانی دەستی شۆڕش:

کەم نووسەر هەیە وەک (شێرزاد حەسەن)لە دونیای نووسیندا ئەوەنە خۆڕاگر و بێباک بێت بەرانبەر بە سیاسییەکانی وڵاتەکەی و لێیان سڵ نەکاتەوە.وەکو نووسەر خۆی دەڵێت” هەمیشە وابووە کە نووسەری کورد لەبەردەم دەسەڵاتی سیاسیدا خۆی بچووک بینیتەوە، لەت و پەت بوونی هەر پابەستی عەقڵی خێلەکی یە، حیزبیش لێرە هەمان پێکهاتەی خێڵە، ڕۆشنبیری نەیوێراوە بە تەنها لە دەرەوەی خێڵ بە تەنیا لەسەر پێی خۆی بوەستێ، هەمیشە لەبەردەم سیاسی دا پاشکۆ و شەرمن بووە”(هیوا قادر،٢٠٠٢:٣٣)

شۆڕش لە ئاستی نەتەوەیی و ڕامیاریدا، ڕابوونێکە یان هەستانێکە کە بەرانبەر بە دەسەڵاتێکی داگیرکەر یان دەسەڵاتێکی خۆسەپێن دەیکەن. ئەو کەسانەی کە شۆڕش دەکەن، پێیاندەوترێت شۆڕشگێر، لە هەمان کاتدا قوربانیدەرن، چونکە قوربانی دەدەن لە پێناو ئازادییەک کە پێویست بۆ کۆمەڵگو و نەتەوەکەیان هەبێت. لەم ڕۆمانەدا (هۆمەر) وێنەی قوربانی نەتەوایەتی و دروشمە فریودەرکانی سەردەمی شاخ و شۆڕش و شکۆمەندی و شەڕەفە، چونکە ئەو هەر لەوێدا ژەهرخوار کراوە لە ڕاستیدا، ڕۆمانەکە بازنەیەکە لە دەوری قوربانی و قوربانیدا دەخوڵێتەوە، تەنانەت پەپوولە و مەلە کوژراوەکانیش قوربانی دەستی ڕاوکردنن و لە هەمان کاتدا، مەنارەکەش وەک شوێنەوارێک قوربانی دەستی ئەو پشتگوێخستن و نۆژەن نەکردنەوەیە، کە دووچار بۆتەوە.

ئەنجامی توێژینەوەکە:

١.لە باسکردنی بابەتی یەکەمدا، گەیشتین بەو ئەنجامەی کە کارەکتەر ڕۆڵ و گرنگییەکە بێ ئەندازەی هەیە لە بونیادی ڕۆماندا، بە جۆرێک هیچ ڕۆمانێک بەردەر نییە، لە بوونی کارەکتەر.

٢.لەم توێژینەوەدا، گەیشتین بەوەی بەهۆی ئەو ئەزموونە خراپەی ڕۆماننووس لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردییدا هەیەتی و ڕەچاوی ژیانی پڕ ناهەمواری کردووە، تایبەتمەندییەکەی قوربانی داوەتە پاڵ سەرجەم کارەکتەرەکان.

———————————————-

سەرچاوەکان:

١.هەردی حەسەن مولود، عماد شوکور محمود، ٢٠٢١، بنیاتی کارەکتەر لە چیرۆکی(کوتری سپی)ی فرات جەواهیری و ڕۆمانی(بووە کوێر)ی سادق هیدایەت، ournal of the University of Garmian 8 (1), 2021J.

٢.عەونی ئەمین عومەر،٢٠١٥، بنیاتی کارەکتەر لە دوو ڕۆمانی (فەرهاد پیرباڵ) بە نموونەی(مولازم موحسين و شتی تریش)و(هۆتیل ئەوروپا) نامەی ماستەر، زانکۆی سەڵاحەدین، هەولێر.

٣.عەبدوڵڵا سەڕاج،٢٠٠٧،بەرەو ئاستانەی ڕۆمان و گۆشەنگیاکان،چاپی یەکەم دەزگا و پەخشی سەردەم، هەولێر.

٤.سەنگەر قادر شێخ محەمەدحاجی،٢٠٠٩، بنیاتی گێڕانەوە لە داستانی(مەم و زین)ی ئەحمەدی خانی و ڕۆمانی(شاری مۆسیقا سیپیەکان)ی بەختیار عەلی دا، چاپی یەکەم، دەزگای چاپی موکریانی، دهۆك.

٥.هیوا قادر،٢٠٠٢، «ئەو پیاوەی لە توڕەشیدا جوانە»گفتوگۆ لەگەڵ شێرزاد حەسەن، چاپی یەکەم گۆڤاری ڕەهەند، ستۆکهۆڵم.

٦.هەڵمەت بایز ڕەسووڵ،٢٠١٢، ڕەهەندی دەروونی لە چیرۆکەکانی شێرزاد حەسەندا،چاپی یەکەم، دەزگای چاپی موکریانی، هەولێر.

٧.سنوور قادر فەرەج، ٢٠١٢تەکنيک لە کۆمەڵە چیرۆکی گوڵی ڕەشی شێرزاد حەسەندا، نامەی ماستەر، زانکۆی سلێمانی.

٨.حسەێن عارف، ٢٠١١نووسینەکانم لە بواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا،چاپی یەکەم چاپخانەی ئاراس، هەولێر.

٩.شێرزاد حەسەن، ٢٠١٥، ژنێک بەسەر منارەوە، چاپی یەکەم چاپمەندی مانگ،بانە.

١٠.ئاری عوسمان خەیات،٢٠١٩، ڕوانگەی ڕەخنە و ڕوانینی تێوریی،هەولێر

سەرچاوە عەرەبییەکان

١. م.د. جبار علي جمال الدين، ٢٠٢١،الهجرة الدولية وآثارها على العراق،کلية العلوم السياسية/ جامعة الكوفة

٢.د.بدرخان سندي، ٢٠٠٢، المجتمع الکردي،مطبعە الاولی، منشورات ئاراس، هەولێر.

سەرچاوە فارسییەکان

١. مهسا کمارج، ميثم مهاجر، ١٣٩٦شخصیت پردازی در داستان فرود، فصلنامهی تخصصی تحلیل و نقد متون زبان و ادبیات فارسی.

٢.رضا براهنی،١٣٦٨،قصە نویسی، چاپ چهارم, تهران.




با ڕێگەنەدەین تەرۆرکردنی خواناس وەک تاوانەکانی ڕابردوو بێدەنگی لێ بکرێت.. گۆران هەڵەبجەیی

لەدوای ڕاپەڕینەوە و تا ئەمڕۆ ڕشتنی خوێنی مرۆڤە بێ تاوانەکان لەژێر پاساوی جۆراوجۆردا بەردەوامە،هاوکات هەڕەشەو سوکایەتی و لێسەندنەوەی مافی ڕادەربڕین لە زۆرێک لە ڕووناکبیران و ژنانی چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی درێژەی هەیە.
ڕەوشەکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو خراپترو مەترسیدارتر دەڕوات ،بەجۆرێک هیچ ئاسۆیەک بۆ باشبوون یا بەلای کەمەوە کەمبوونەوەی تووندووتیژی بەدی ناکرێت.گەر ڕەوشەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت ئەوە دۆزەخێک بەڕێوەیە کە بەئاسانی هەست بە سەرەتاکەی دەکرێت.
هۆکاری ئەم ڕەوشە مەترسیدارە دەگەڕێتەوە بۆ گەشەکردنی خێرای ڕەوتی تووندڕەوی ئیسلامی و باڵادەستی حیزب وگرووپ و مەلاو کەسە تووندڕەو و تەرۆریستەکان لە نێو کۆمەڵگادا. ئەم ئیسلامیانە بەجۆرێک کۆنترۆڵی کۆمەڵگایان کردوە کە هەر کارێک جوڵەیەک چالاکیەکی مەدەنی بەدڵیان نەبێت بەئاسانی ڕێگری لێدەکەن و شاڵاوێکی بەربڵاوی میدیایش دەکەنە سەر خاوەنەکانیان.
لە بەرامبەردا سوپایەک لە گەنجی تووندڕەو و مێشک ڕەقیان پەروەردەکردوە و بەریان داونەتە گیانی خەڵک .هەندێک لەو مەلایانە[ بە نمونەی مەلا هەڵۆ،مەلا عەبدول لەتیف سەلەفی،مەلا مەزهەر و مەلا عادل و چەندین مەلای تر ]بەردەوام ژەهر دەڕژن و گەنجەکانی بەردەستیان هاندەدەن بۆ ئەنجامدانی دژیاتی و تاوان .
لەهەر کیان و دەوڵەتێدا گەر یاسا غایب بوو، ئەودەمە گروپ و تاقمی دەرەوەی دەسەڵات و یاسا سەرهەڵدەدەن و بۆشاییەکە لەبەرژەوەندی خۆیان پڕدەکەنەوە و ئەجندای خۆیان دەسەپێنن. لە مێژە گووتوومەو ئێستەش دووبارەی دەکەمەوە کە لە مێژە ڕێکەوتنێکی واژۆنەکراو لە نێوان دەسەڵاتی کوردی[یەکێتی و پارتی] لەلایەک و ڕەوت و حیزب و بانگخوازە تووندڕەوەکان لەلایەکی تر لە هەرێم ئەنجامدراوە،ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە ئەوەیە ،کۆمەڵگاو شەقام بۆ ئیسلامیەکان ،دەسەڵات و پارەش بۆ یەکێتی و پارتی.
ئەم ڕێکەوتنە دەڵێت هەرلایەک چی دەکات ئازادە ،بەمەرجێک تووخنی کاروبەرژەوەندی یەکتر نەکەون ،جا تا ئێستا بەو جۆرە بەڕێوە چووە ،ئیسلامیەکان لە تاوان و ناعەدالەتی و دزی و گەندەڵی جوت حیزب بێدەنگن و مێش میوانیان نیە،[گەر تاک و ترا مەلایەک لەوبارەوە قسەی کردبێت و پشتگیری خەڵکی کردێت ،ئەوە گەر لەنێونەبرابێت بەدڵنیاییەوە لەئەرکەکەی دوورخراوەتەوە بێدەنگ کراوە].لەبەرامبەردا پارتی و یەکێتیش هیچ کردەو هەڵوێستێکیان نیشان نەداوە و نایدەن بەرامبەر بە چالاکی و ڕەفتاری ئیسلامیەکان بەهەموو ڕەوت و ڕەنگەکانیانەوە . هەندێک جار ئەم هاوپەیمانیە لە کۆبوونەو دیداری سەرانی دەسەڵات و سومبوڵی ئەو ڕەوتە تووندڕەوانە بەرجەستەدەبێت.
ئەم بێدەنگی و خەمساردیەی دەسەڵات وای کردوە تاوانی کووشتنی ڕەگەزی مێینە بەپاساوی شەرەف بەهاندانی ئەم مەلاتووندڕەوانە بەردەوام لەهەڵکشاندابێت،هاوکات پانتایی ڕادەربڕین و باسکردنی ژیانی مەدەنیەت بەرتەسک بکرێتەوە.
دەمێک ژنێک کچێک خوشکێک لە لایەن کەسە نزیکاەکانیەوە بەشێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێت، زۆر جار تاوانبار لای سەرانی هەردووحیزب داڵدەدەدرێت،پاشان هەر داڵدەدەر لەژێر فشارو هەڕەشەدا هەوڵی چارەسەر بەڕێگەی سوڵحی عەشایەری دەدات، خۆگەر لەژێر فشاری ئازادیخوازاندا ڕادەستی دادگا بکرێت، ئەو دەمە بەفشاری سیاسیەکان ئازاد دەکرێت یاخود حوکمێکی سوکی دەدەن و پاش بەسەربردنی ماوەیەک ئازاد دەکرێت.
ئەم دۆخە وای کردوە دەستی تاوانباران ئاوەڵابێت و تاوانیش لە هەڵکشاندابێت. خۆگەر دەسەڵاتداران دەستنەخەنە نێوکاری دادگاکانەوە،هاوکات دادگاکانیش بەپێی یاسا نێو دەوڵەتیەکان تاوانباران سزای قورس بدەن ، ئەو دەمە کەسەکە بەر لە ئەنجامدانی تاوانەکەی بیر لەسزاقورسەکەی دەکاتەوە،بەڵام بەهۆی زەمینەلەباریەوە و بێدەنگی دەسەڵاتداران و لاوازی ڕۆڵی داگاکان، ئەم تاوانانە بەردەوام دەبێت.
ئەز دڵنیام یەکێتی و پارتی بێدادگا خەڵکیان بەنهێنی لەسێدارە داوە کە لەوانەیە مەترسیان بۆ سەر بەرژەوەندی حیزبەکانیان هەبووبێت، لەوبارەوە نمونەم لایە بەڵام ئێرە شوێنی باسکردنی نیە. دەی با بۆ چاوترساندن و ڕێگەگرتن لەتاوانی کووشتنی بەناهەق یەک دوو قاتل لەسێدارە بدەن و لەمیدیاکاندا ئاماژەی پێ بدەن،دڵنیام ئەودەمە ڕێژەی تاوانی کووشتنی مێینە گەر نەمێنێت بەدڵنیاییەوە زۆر دەگمەن دەبێت .
کووشتنی خواناس دوا تاوان نابێت کە تووندڕەوێکی تەرۆریستی پەروەردەی دەستی مەلاهەڵۆ ئەنجامی داوە،ئەو تاوانەی کۆمەڵگای ڕانەچڵەکاند و جگە لە توێژێکی ڕۆشبیر کە ئیدانەیان کرد ،لەلایەن زۆرینەوە بەئاسایی وەرگیرا،لەوە خراپتریش زۆرێک لەهاوڵاتیان خۆشحاڵیان دەربڕی و بەئاشکرا لەسۆشیال میدیاوە دەستخۆشیان لەتاوانبار کرد.
لەڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر تاوانی کووشتن بەهاندانی وەکیلەکانی خوا لەسەر زەوی ئەنجامدراون ،پاش هەر تاوانێک بۆ چەندڕۆژیک میدیاکانیان پێوە خەریک کردوە، داوای سزای تووند بۆتاوانبار کراوە،ئیدی پاش ماوەیەک بەسوڵحی عەشایەری یا بەسوکە سزایەک کۆتایی بە مەسەلەکە هێنراوە و باسەکە ساردبووەتەوە ،لەئاکامدا لەبیرکراوەتەوە و تاوانباریش وەک هیچ ڕووینەدابێت ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێ کردوە.
ئەوەی جێگەی سەرسووڕمانە زۆربەی تاوانباران نەک پەشیمانیان دەرنەبڕیوە بەڵکو بەئاشکرا شانازیان بەو تاوانەوە کردوە، بەنمونەی بکوژی ماریاو خواناس و چەندینی تر . جابۆئەوەی تاوانی کوشتنی خواناس وەک تاوانەکانی ڕابردوو لەیاد نەکرێت ،بۆئەوەی ببێتە وێستگەیەکی ڕاوەستان وڕامان و هەڵوێست وەرگرتن لەمەڕ تاوانی کووشتن ، گرنگەو زۆریش پێویستە ئەم تاوانە بەگەرمی بمێنێت،فشار بۆسەردەسەڵات زیاد بکرێت،سنوورێک بۆ مەلاتووندڕەوەکان دابنرێت،بەدواچوونی بۆ بکرێت،دوای تووندترین سزا بۆ بکووژ و هاندەری بکوژ بکرێت کە مەلاهەڵۆیە.




ئێران .. راپەڕینێکی بەهێزتر لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری!.. عبدولڕەحمان گەورکی

هەرچەند راپەڕین لە وڵاتێکی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت، رووبەڕووبوونەوەیەکی نایەکسانی نێوان ئەم دوو هێزەیە، بەڵام لە کۆتاییدا سەرکەوتن بۆ گەلە و رووخاندنی دیکتاتۆرییەت مسۆگەر و بێ مشتومڕە. خەڵکی ئێران لە راپەڕینی ساڵی رابردوو (نا)یەکی گەورەیان بەسەر تەواوەتی رژیمی ئێراندا نووسی!
ئێستا لە سەروبەندی هەنگاوێکی مێژوویی و چارەنووسسازداین کە دەتوانێ راپەڕینی جەماوەری خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی بە ئەنجام بگەیەنێت! ئەوەش وەک هەنگاوێک کە دەوری یەکلاییکەرەوەی هەیە لە گەیاندنی خەڵکی ئێران بە ئاواتە لە مێژینەکانی، واتە روخاندنی رژێمی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی لە ئێران و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتیک، کە خۆی نموونەیەکە لە درووشمی (دەکرێت و دەبێ) و کێشانی هێڵی کۆتاییە بەسەر ناباوەڕی و تەلیسمی جۆراوجۆری کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی لەم ناوچەیە لە گۆی زەویدا.
رۆژئاوابوونی پیلانگێڕییەکان!
هەموو جیهان بە چاوەی خۆیان بینیان کە رێگەچارەی کۆنەپەڕستی و کۆلۆنیالیستی، کە (بەدیلی ساختە و دەستکرد)، دەرهاویشتەکەیەتی، جارێکیتر لە رەوتی راپەڕینی خەڵکی ئێراندا دۆڕاندی و لە گۆڕەپانەکە دەرچوو. لەبەر ئەوەی نە بۆ گەل بووە و نە هەڵقوڵاوی جەماوەر بووە و هەر لە بنەڕەتدا، جۆرێکیترە لە هێشتەوە و سەپاندنی دیکتاتۆرییەت کە لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە بە نەفرەت کراوە!
دەرکەوتنی چارەسەر!
ئەوەی لە رەوتی راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێراندا بۆ جارێکیتر دەرکەوت و درەوشایەوە و رەوایەتی خۆی سەلماند، چارەسەریکی جەماوەرییە. واتە (بەدیلێکی هەڵقوڵاوی گەل و بایەخە دیمۆکراتییەکان و دژ بە دیکتاتۆرییەت). چونکە سەردەمی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بە سەر چووە و دۆخەکە بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە!
(بەدیل دیموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) کە بۆ زیاتر لە چوار دەیەیە لە گۆڕەپانەکەدا هەبووە و بۆ روخاندنی دیکتاتۆرییەتی ئایینی زۆر چالاکانە لە خەباتدا بووە، رێکە لەسەر ئەم راستییە کە بێ بەرخۆدان و دانی قیمەتی خەبات، دیکتاتۆرییەت مەحاڵە لە ئێران رێشەکێش بکرێت و گەل بە ئازادی و مافە رەواکانی خۆی بگات.
تایبەتمەندییەکانی خەبات!
ئێستا لە مانگی دەیەمی راپەڕینداین و لە سەروبەندی هاویشتنی هەنگاوی هەرەگەورەی موقاومەتی ئێرانداین. ئەم هەنگاوە کە هەموو ساڵێک لە ناوەڕاستی ساڵی زایینیدا بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵ تایبەتمەنییەکی جیاوازی هەیە لە چاو ساڵانی رابردوو.
یەکەم و گرینگترین هۆکار، ئەو راپەڕینەیە کە بە شەهیدبوونی کچە کورد سەقزی، ژینا ئەمینی لە تاران و لە رۆژی 25ی خەرمانانی ساڵی رابردوو دەستی پێکرد و باڵی کێشا بەسەر هەموو هاوکێشەکانی تایبەت بە ئێراندا. هەربۆیە دەستکەوتی هەرە گەورەی ئەم راپەڕینە، دەستپێکی کۆتایی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران و بەرجەستەکردنی (تاکە بەدیلی بەردەست و گونجاو) بۆ رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆریی مەزهەبی و بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتیک بۆ ئێرانی ئازاد دوارۆژدا.
ئێستا بە تێپەڕبوونی 9 مانگ بەسەر دەستپێکی راپەڕینی ئەمدواییەی گەل لە ئێراندا، راست و درووستبوونی هەڵوێست و روانگەی موقاومەتی ئێران و رەوایەتی نەخشەرێگای راگەیاندراو بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، بەر لە هەر کاتێکیتر دەرکەوتووە و ئەوەی (نەدەبوا ببێت) و (نەدەبوا بکرێت)، هەروەک بڵقی سەر ئاو لە ناو چوو و نەما! چون راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستیی لە پشت بوو.
هەبوونی هێڵی سوور، رەمزی سەرکەوتنە!
لە سەرەتای مانگی دەیەمی راپەڕیندا، هێڵی سووری (نا بۆ شاپەڕستی و نا بۆ رژێمی ئاخوندی) و پێویستبوونی پێکهێنانی بەرەیەکی جەماوەر لە بەرانبەر دیکتاتۆرییەت و هەروەها توندکردنی درووشم و خواستەکان و سازدانی بەستێنیکی پراکتیکانە بە مەبەستی بەرەوپێشەوەچوون و لە کۆتاییدا (نەخشە رێگایەک بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت) و دانپێدانان بە (بەدیلێکی دیموکراتیک و جەماوەری) بەر لە هەر کاتێکیتر ئامادەیە و بۆ هەمووان بەردەستە.
لەم هەلومەرجە ناسکەی هەنووکەییدا، هاوتەریب لەگەڵ رێکبوونی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی ئێران، لە دەرەوەی سنوورەکانیشدا، ئەم راستییە لەبەردەم هەموو تاک و لایەنانی نەیاری دیکتاتۆرییەتە لە ئێران کە لە ژێر چەتری وەها بەدیلێکدا کار بکەن و بەرەنگاری بەرەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران ببنەوە و بۆ چەسپاندن و تۆمارکردن لە مێژوودا وەک هەنگاوێکی چارەنووسساز کاری بۆ بکەن.
دژایەتیکردنی کردەیی ئەم هەنگاوە، لە ژێر هەر ناوێکدا بێت، راستەوخۆ، رێڕەوی گەیشتن بە ئازادی و مافەکانی خەڵکی ئێران درێژ دەکاتەوە. مێژوو تاقیگەیەکە بۆ تۆمارکردنی رووداوەکان لە سەر هێڵی زەمان! هەموو شتێکی دیار و نادیاری تێدا تۆمار دەکرێت.
تێڕوانینێک بەسەر دەستکەوتەکانی راپەڕین و بەرخۆدانی دژ بە دیکتاتۆرییەت!
ئێستا لە دەستپێکی مانگی دەیەمی راپەڕینی خەڵکی ئێراندا ئێمە شایەدی چەند گۆڕانکاریی گەوەرین:
یەکەم. رژێمی ئێران لە ناوەوە و دەرەوەی خۆیدا ڕزیوە و بە شێوازێکی بێ هاوتا لاوازە و کۆڵەکەکانی کەوتۆنەتە لەرزین.
دووەم.بەدیلی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران زیات لە هەر کاتێکیتر، وەک رکابەری سەرەکی و تاکە بەدیلی دیموکراتیک لە بەرانبەر رژێمی ئێراندا دەرکەوتووە و رەوایەت و جێگە و پێگەی خۆی لە هاوکێشە سیاسییەکاندا تۆمار کردووە.
سێیەم. راپەڕینی خەڵکی ئێران هاوکێشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بە سوودی خۆی و لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری گۆڕیوە.
چوارەم. موقاوەمەتی ئێران پەرەی بە چالاکییەکانی خۆی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران داوە و تەنگی بە رژێمی ئێران هەڵچنیوە. دەستبەسەرداگرتنی ناوەندە سیاسی و دیپلۆماتییەکانی هەرە نزیکی رژێم و لەوانە وەزراتی دەرەوەی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی لە لایەن (گروپی راپەڕین تا رووخاندنی رژێم) و ئاشکراکردنی بەڵگە شاراوەکانی پیلانگێڕان و بەرنامە و پرۆژەکانی رژیم بۆ سەرکوتکردنی راپەڕین و بە تایبەتی، لە دژی هێزی سەرەکیی موقاومەت و داننان بە هێز و توانای ئەو هێزە رووخێنەرەی کە خاوەن رێکخستن و پونانیسەلی زۆرە، لە ریزی ئەم چالاکییانەی موقاوەمەتی ئێراندایە،.
پێنجەم. خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەت بە ئامادەبوونی لە پەرلەمانی ئەوروپا، هەنگاوێکی نوێی دەست پێکردووە بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵکی ئیران بە جیهان کە لە لایەن نوێنەرانی گەلانی جیهانەوە پێشوازیی لێکراوە و بووەتە هۆی ترسی دەسەڵاتی مەزهەبی لە ئێران لە رووخاندنی رژێمەکەی.
شەشەم. پشتیوانیکردنی هەزاران پەرلەمانتاری وڵاتانی جیاجیا و هەروەها بەیاننامەی زیات لە 117 کەس لە رێبەرانی پێشووی جیهان (سەرکۆمار و سەرۆک وەزیران و وەزیران) لە راپەڕینی خەڵکی ئێران و پلاتفۆرمی خانمی مریەم رەجەوی بۆ ئێرانی ئازادی دواڕۆژ بە درووشمی (نا بۆ شا ، نا بۆ ئاخوند) بەڵگەی ئەم راستیەیە کە موقاومەتی ئێران لە بواری دیپلۆماسی و سیاسی زەبری زۆر گەورەی لە سیاسەتی (سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی) وەشاندووە و سازشتکارانی رۆژئاوایی کە زۆربەیان لە دەوڵەتاندا خاوەن دەسەڵاتن و نفۆزی زۆریان هەیە تووشی شکستی سەخت بوون و راپەڕینی خەڵکی ئێران بە پشت بەستن بە رێبەرایەتییەکی لەمجۆرەیە کە بەرەو پێش ملی ناوە و ناکشێتەوە.
حەوتەم. هەنگاوی تیرۆریستیی رژێمی ئاخوندی لە دژی موقاومەتی ئێران لە فەڕانسە کە بە مەبەستی چاوترسێنکردن و بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و پیلانگێڕان و سات و سەوداکردن لەگەڵ سازشتکارانی رۆژئاوایی بە مەبەستی رێگریکردن لە سازدانی خۆپیشاندانی ساڵانەی موقاومەت لەم وڵاتە دەکرێت، نیشانەگەلێکن لە داماوی و لاوازیی دیکتاتۆرییەتی ئایینی و بە هیچ ناگات و رەوتی بەرەوپێشەوەچوون و دەستکەوتەکان، مۆرکی باتڵبوونیان بەسەر هەوڵی نزۆکانەی دیکتاتۆرییەت و سازشتکارانی رۆژئاواییدا کێشاوە.
هەشتەم. لەسەر داخوازیی دەسەڵاتی فاشیزمی ئایینی لە ئێران، سەر لە بەیانیی رۆژی 30ی جۆزەردان نزیکەی 1200 پۆلیسی ئاڵبانی لە هەنگاوێکی تاوانکارانە و سەرکوتکەرانەدا هێرشیان کردە سەر ئەشڕەفی3 لەو وڵاتە و هەڵس و کەوتیان، بیرهێنەوەی هێرشی تاوانکارانەی هێزەکانی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی چڵکاوخۆری پێشووی ویلایەتی فەقیهی لە عێراق بوو بۆ سەر ئەشڕەف لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2015 دا و پێشێلکەری زۆرێک لە هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان بوو. بەیاننامەی بێشەرمانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەمان رۆژدا، پەردەی لەسەر سیاسەتی موداراکردن و سازانی رۆژئاوا لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران لادا کە لەوە بەدەر نیە کە رۆژئاوا تیشکی سەوز بۆ دیکتاتۆریی ئاخوندی لێدەدا و پشتیوانیکەری پەلاماردەرانی ئەم هەنگاوەی پۆلیسی ئاڵبانی بوون. ئەوەیش زۆر جار لە سیاسەتی ناسراوی دەوڵەتانی ئەمریکا لە دژی بەدیلی راستەقینەی رژێمی ویلایەتی فەقیهی بینراوە و خەڵک و موقاومەتی ئێران بە خوێنی خۆیان پووچەڵیان کردۆتەوە و زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا و زۆرینەی زۆری زیات لە 30 پەرلەمانی وڵاتانی جیهان و لەوانە فەڕانسە، بە پشتیوانیکردن لە راپەڕینی خەڵکی ئێران و پلاتفۆڕمی خانمی مریەم رەجەوی بۆ ئێرانی ئازادی دواڕۆژ، ئەم سیاسەتە دزێو و نگریسەیان رەت کردووەتەوە.
نۆیەم. بەرەپێشەوەچوون و گەشەسەندنی راپەڕین و موقاومەتی ئێران ماوەیەکە دەستی پێکردووە و بەرەو ئەوە دەچێت کە مافە رەواکانی خەڵکی ئێران لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا تۆمار و، دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینیی لەم ناوچەیە لە جیهان ناچار بکات سڵاو لە کۆتایی خۆی بکات!
دەیەم. هێڵی سووری (نا بۆ شا، نا بۆ ئاخوند) وەک هێڵی سووری خەوشهەڵنەگری خەڵک و موقاومەتی ئیران، ئێستا لە لایەن بەشێکی زۆری هێزەکان و بیروڕای گشتی لە جیهان پشتگیری کراوە و خۆی (نا)یەکی گەورەیترە لە دژی رژێمی دیکتاتۆرەکان لە ئێران.
دەرەنجام!
لە ناوخۆی ئێران، راپەڕینی گەل لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، بەهرەمەندە لە رێکخستنەکان و رادیکاڵیزم و رابەرایەتیکردنی زیاتر و خەڵک لە پێوەند لەگەڵ (دەزگای سەرکردایەتیی راپەڕین)، زیات لە هەر کاتیکیتر، خۆی بۆ هاویشتنی دواهەنگاو ئامادە کردووە و بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت کە کۆتایی بهێنێت بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لە ئێران.
لە دەرەوەی ئێرانیش، موقاوەمەتی ئێران توانیویەتی لە هەموو بوارەکانی یاسایی و دادوەریدا (دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ئەشکەنجەدەرانی وەک حەمید نوری لە سوید و تیرۆریستی وەک ئەسەدوڵڵا ئەسەدی لە برۆکسێل)، رژێمی ئاخوندی لە هەناسە بخات و رێگە بە رووی سازشتکارانی جیهان لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە ئێران سەخت بکات و ریسوابوون و ناڕەوابوونی باجدانی بەو رژێمێ دیکتاتۆرییە بکاتە وێردی سەر زومانی هەمووان. جا لە ژێر هەر ناوێکدا کە ببێت. وەک (گۆڕینەوەی زیندانییەکان) یاخود (ئازادکردنی داراییەکان) ، … هتد.
سەربەخۆیی لە بەرخۆدانێکی رەوادا!
خەڵک و هێزە جەماوەرییە رەسەنەکان لە هەر کوێیەکی ئەم زەوییەدا بژین، چاویان نەبڕیوەتە دەوڵەتانیتر کە بێن و چارەنووسیان بگۆڕێت. گۆڕانکاریی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی لە هەر وڵاتێک بێت، تەنها بە دەست خەڵکی ئەو وڵاتە دەکرێت. موقاوەمەتی ئێرانیش بە پشت بەستن بەو پرەنسیبە زێڕینەیە کە بەردەوام رایگەیاندووە (رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران) کاری خۆی و گەلەکەیەتی.
(وەرچەرخان لە سیاسەتی دەوڵەتان) دوایین هەنگاوە لە بەرەوپێشەوەچوونی موقاومەتێکی سەربەخۆ لە دژی دیکتاتۆرییەت. ئەم وەرچەرخانە لە پێوەند لەگەڵ ئێران، بە هۆی بەردەوامبوونی راپەڕینی گەل و دەوری ناوازەی بەدیلی دیموکراتیک لە سەروبەندی رووداندایە.
دوا وتە!
ئەمڕۆ زیات لە هەر کاتێکیتر، تاکە بەدیلی بەردەست و شیاو بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری، واتە ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران، میداڵیای براوەی بە سینگەوەیە. لەبەر ئەوە کە، رەگ و ریشەی، نەک لە دەرەوەی ئێران، بەڵکو لە ناوخۆی ئێران داکوتیەوە و لق و پۆی بەرەو هەموو شوێنێک هاویشتووە و توانیویەتی نەک هەر راپەڕین لە دەست و هەڕەشەی دیکتاتۆرییەت بپارێزێت، بەڵکو بەرەپێشەوەی ببات و ئاسۆی رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و مێژووی ئیراندا بخاتە بەر دیدی هەموو گەلانی جیهان.
پێداگری لەسەر هێڵی سووری بنەڕەتی (نا بۆ شا، نا بۆ ئاخوند)، رەمزی تێپەڕبوونی راست و درووست و سەرکەوتوانەیە لەم قۆناغەدا. بۆ ئەم رەمزە، زۆرێک خۆین دراوە و زۆرێک رەنج و ئازار و ئەشکەنجە و زۆریک ئازایەتی و قارەمانێتی پێشکەش کراوە. لە خۆڕا نیە کە دوو دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی، بە بەردەوامی، موقاومەتی ئێرانیان بە تاکە رکابەر و بەدیل و هەڕەشە بۆ سەر خۆیان زانیوە. ئەوان دەزانن کە موقاومەتی ئێران کۆڵنەدەرە و سازشت قبوون ناکات و پاشەکشە لە مافەکانی گەل ناکات!

کۆتایی

عبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی




ئێوارانە ٣٩.. سەردار جاف

ئێوارەيەک
لە گوڵدانی نزاکانمەوە ئامێزی ئاوابوون واڵا دەبێ و
لە بێشەی مژدەکانيا
نغرۆی ماچم دەکا
لە گوڵە گەنمێکەوە وەريوم
دەبمە چيرۆکی دەماودەم و
پەيام دەبێتە مۆتەکە و نەفەسبڕی ئيشق دەکرێم
هێندە تامەزرۆی دووريمە
دەمکاتە عيسا و لە خاچم دەدا
دە تۆ وەرە و با راموسانی چاوەکانت
فرمێسکی دوورييم هيشک کاتەوە
تێر گوێ لە ترپەی حەسرەتەکانت بگرم
هەناسەم بخنکێنێ و
بە بارانە متبووەکانی ناخت تەڕتەڕم بکاتەوە
دە تۆ وەرە و با ئیتر گۆشەی تەنهایی و
شۆک بوونەکانی هاوشێوەييمان
مينا نەمامێ ئاو بدەينەوە
لێرە لە نێو پێخەفی يادەکانم گەرم گەرم داتپۆشم و
کانياوی حەرفەکانم ببنە کارێز
شەرابێ بە جووت بخۆينەوە
سياچەمانە بە هەستێکی ناسکی شەهلاييا گوزەر بکا
باڵا گەڵای کوڵمەکانت
بمڕەنگێنێ
با دارهەنجيری ئۆخژنی
شيلەی نووسينم دەربدا
من نازانم
کەنگێ ستران،لە دوای دارستانی سوتاو کەمانجەکەی خۆی ژەنيوە
ئەوە لەرەی بزەی لێوی تۆيە دەمخنکێنێ
نيگای نێوانمان چەن دوور بێ
پڕ لە سيحری شەپۆلی شينی راينە
بانگ و سەڵای شين و هاواری بێ تۆييم
سەرە ڕێ لە ماشێن دەگرێ
بۆ سۆراغی نيگای پەرتت
گشت لەرەيەکی تەزيوم
نوقمی ئيکۆنۆمی ماينە
خەمەکانم لە سۆراغن
سۆراغی تۆ
سۆراغ لە شێواوی خۆم
سۆراغ لە وڕیم ، لە کاسە سەری تەقيو
لە زاکيرەی ونبووم
لە ژوانە شينەکانی لوونسە
تا هەناسەم بێ هی تۆم
بۆ نازانی
کەپری سنووری نێوان تۆ و شيعرەکانم پەشمەکين
هەناسە بۆتە ژوانی فريشتەیی و
دوا دەروازەمە هەڵواسين
ئەوە نييە تا دوا ترپەی دڵ فرياد رەسم
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

١٤/ ٦ / ٢٠٢٣




مرۆڤ به‌ گریان پێکه‌نینی دێ.. فه‌رهاد که‌ریم

مرۆڤ به‌ ئاسنی مرۆڤ ده‌شکێت
به‌ دلۆڤانی ئه‌وین ئاسن ره‌نگ ده‌کاو‌ ده‌مانێژێت
کوشتارگه‌یه‌کی چۆڵه‌ ژیان ‌
چه‌قۆ ماچ ده‌کا و به‌ چرای کۆر‌ رێ
ئاینده‌ خۆکوژیه‌
ئاورێکی تاریک و سارد به‌ربۆته‌ ئه‌وین و ژیان
به‌خشنده‌یی ئاوێنه‌ نیه‌
ئاسن نابێ به‌ ئاو‌
له‌ رق و خوێن ژیان و ئه‌وین خنکان
گۆرستانێکی گه‌وره‌یه مرۆڤی ئاسن ‌
پژمینی ده‌مانکوژێ
له‌ ئاوه‌دانی ته‌م و مژ
‌چۆته‌ ناو رۆشنایی مار
وه‌رزی روخانه سه‌ر پڕ‌‌ ته‌رم
گۆڕ نیه بۆ ته‌رم ژیان
‌پێوه‌دان چێژه‌ له‌ تارمایی هه‌تاو
ئاوێنه‌ پڕبووه‌ ده‌رناکه‌وێ له‌ خه‌ون
گوڵ ناڕوێ له‌ ناخی مرۆڤ
تاریکی رێگره‌ له‌ روانین
ژیان هه‌ڵکۆڵینی مردن
‌ئاو ژیان نیه‌ چیتر
به‌ مردن ژیان چێژی نه‌دا
به‌خشنده‌یی تۆیه‌ گه‌نم ده‌گرێ باڵنده‌
باڵنده‌ هێڵانه‌ چێناکا له‌ بینین
په‌شیمانه‌ له‌ پێستت مه‌ڕ
مردنی دا به‌ با
با ی پڕ کرد له‌ مردن
ماسی بچووک ماسی گه‌وره‌ راو
روناکی برین،
ئه‌و‌ین ده‌مامکی شه‌رم
بزه‌ی سه‌وزه‌ فڕێدانی ژیان نه‌رم
له‌ تاریکی ئه‌ستێره دوور
شێر له‌ ویژدانی نوستووه
میهره‌بانی خوێنه‌ روبار‌
هه‌ناسه‌ قورسه‌ بۆ ژیان
مرۆڤ به‌ پێکه‌نین گریانی دێ
کرم لێیدا
له‌ ئاسن
مرۆڤی گرت
به‌ خوێن پێده‌که‌نێ
ئاگر رێنادا تێپه‌ڕین
ئه‌ستێره‌ دوور

فه‌رهاد که‌ریم
ئه‌مه‌ریکا




ده‌رچوانی زانكۆكان و(فاگنه‌ر).. سه‌لام عه‌بدوڵڵا

6 رۆژه‌(فاغنه‌ر) به‌ 25 هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌، هه‌موو جیهانی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌، به‌ڵام ده‌بینین نزیكه‌ی 15 هه‌زار ده‌رچووی زانكۆ و نزیكه‌ی 2 هه‌زار خوێندكاری زانكۆی گه‌رمیان، ئاماده‌ نین رۆژانه‌ دژ به‌ دانپێنه‌نانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق به‌ بڕوانامه‌كانیان ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن.
شایانی باسه:1- ‌ هه‌ڵویستی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای عیراق هه‌ر زانكۆی گه‌رمیان ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌رچووانی زانكۆكانی(راپه‌ڕین)،(هه‌ڵه‌بجه)و(چه‌رموو)ش.
‌2- ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ جۆره‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی ده‌كات دژ به‌ دانپێنه‌نانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای كوردستان‌ به‌ بڕوانامه‌كانی زانكۆی(قلم) و(كتاب) له‌ كه‌ركوك كه‌ له‌ دواییدا ته‌نها خوێندكاران باجی قورسی ئه‌و سه‌وداكارییه‌ ده‌ده‌ن.
جێی داخه‌ دوێنی ته‌نها نزیكه‌ی 100 ده‌رچوو و خوێندكار دژ به‌و بڕیاره‌ له‌به‌رده‌م كۆلیژی ئاداب له‌ خانه‌قین ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی. بۆچی؟ ئه‌وانیتر به‌شداریان نه‌كرد؟!
هۆكاری ئه‌م كه‌مته‌رخه‌مییه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆیه‌ك له‌وانه‌(ره‌شبینی، كه‌سوكاره‌ پیاوسالاره‌كان(باوك، برا یان مێردهی ژنه‌كان قبووڵ ناكه‌ن به‌شداری ناڕه‌زایه‌تی بكه‌ن یان هه‌ر پێیان باشتره‌ كاری ماڵه‌وه‌ بكه‌ن)و هه‌ندێ له‌ ده‌رچووه‌كان باكیان نیه‌، چونكه‌ كارێك ده‌كه‌ن یان توانای دارایی خێزانه‌كانیان زۆر باشه‌ یان هه‌ندێكیش به‌ به‌رتیل كاریان ده‌ستكه‌وتووه‌.
له‌ولاوه‌وه‌ مامۆستاكانی ئه‌و زانكۆیانه‌ كه‌مته‌رخه‌من، چونكه‌ ماوه‌ی 10 ساڵ زیاتره‌ هه‌ر پشتیان به‌ بیروكراتی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای كوردستان به‌ستووه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌‌ و بۆ جارێكیش ئاماده‌نه‌بوون ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن. هۆكاری ئه‌م هه‌ڵویسته‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی و حزبیان، چونكه‌ موچه‌كانیان وه‌رده‌گرن و زۆربه‌شیان سه‌ر به ‌حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانن‌‌.
له‌پاڵ ئه‌م سته‌مكاریه‌، هه‌زاران ده‌رچووی زانكۆكانیتریش به‌هۆی سیاسه‌تی بازاڕی ئازاد و به‌رنامه‌ڕێژی راویژكارانی صندوقی دراوی جیهانی‌، بێكاركراون و حكومه‌تیش له‌دژیاندا په‌یڕه‌وی ده‌كات:
ده‌مێكه‌ به‌رپرسانی هه‌رێم به‌ ده‌رچووان ده‌ڵێن(بۆ دامه‌زراندن مه‌یه‌ن بۆ لای ئێمه‌، بڕۆن له‌ كه‌رتی تایبه‌تی كاربكه‌ن).
قوربانیانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ بریتین له‌ ده‌رچوو و خوێندكاره‌ هه‌ژاره‌كان كه‌ هه‌موو ده‌رگاكان به‌ روویاندا داخراوه‌، ته‌نها كاركردنی نامۆ له‌ پسپۆڕیان و به‌ كرێی هه‌رزان نه‌بێت.
ئه‌م كێشه‌ و سه‌وداكارییه‌ لێكه‌وتێكی تری قه‌یرانی گشتی حكومه‌تی كه‌رتی تایبه‌ت و ئابووری لیبڕالیزمی نوێیه له‌ بواره‌كانی به‌ ئه‌هلیكردنی ته‌ندرووستی، په‌روه‌رده‌، داینگه‌، نه‌وت، گاز، كاره‌با، ئاو، ئینته‌رنێت، ته‌له‌فۆن، سیكورتی، بانق و خزمه‌تگوزارییه‌كانیتر‌.
‌له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌، تاقه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌رگای خه‌بات بده‌ن و گه‌شبینبن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ره‌واكانیان و خوێندكارانی فه‌ره‌نسا بكه‌ن به‌ نموونه‌ی باڵایان.
ئه‌گه‌ر فاغنه‌ر له سه‌ركێشییه‌كه‌ی به‌‌ 25 هه‌زار سه‌ربازه‌وه‌ دنیای هه‌ژاند، ئه‌وا‌ ئێوه‌ سوپایه‌كی مه‌ده‌نی له‌بننه‌هاتوون و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانن مافی خۆتان و هه‌موو بێكاركراو و سته‌ملێكراو و كویله‌ هاوچه‌رخه‌كانی بازاڕی سه‌رمایه‌‌ دژ به‌ به‌رنامه‌ی نیولیبڕالیزمی ده‌سه‌ڵاتداران و حزبه‌كانیان به‌ده‌ست بهێنن.

سه‌لام عه‌بدوڵڵا




جەلالی میرزا کەریم: ده‌نگێکی نوێخواز له‌ناو بێده‌نگیدا.. سامی شۆڕش

سەرەتای ساڵی 1970 جەلالی میرزا کەریمم ناسی، ئەوسا من قوتابی ساڵی یەکەمی زانکۆ بووم لە بەغدا. دەستی شیعرنووسینیشم هەبوو، بەڵام زۆر تازە بووم لە شیعرنووسین. ئەوسا بەغدا ناوەندێکی گەورەی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی کوردی بوو، بەتایبەتی دوای ڕێککەوتننامەی یانزەی ئازار جموجۆڵێکی ڕۆشنبیری ء ئەدەبی ء هونەریی فراوانی کوردی کەوتە بەغدا، لەناو گەرمەی ئەو چوست ء چالاکییە رۆشنبیری ء ئەدەبییەی بەغدا، هەر زوو جەلالی میرزا کەریمم ناسی، چونکە ئەوسا شاعیرێکی تازەخواز و کارا و چالاک بوو. ناسینی بۆ یەکێکی وەکو من کە تازە دەستم دابووە شیعرنووسین، کارێکی گەورە و سەرەتای ئەزموونێکی گەورەی دروست دەکرد. ئەوکات هێشتا (شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف)م نەناسیبوو. تازە ڕۆژنامەی هاوکاری دەستی بە دەرچوون کردبوو، چەند ژمارەیەکی لێ دەرچووبوو، ئەوەبوو من لەگەڵ ئەزموونی خوێندنم لە زانکۆ، یەکەم بەرهەمی شیعریی خۆمم لە هاوکاری بڵاوکردەوە، یەکسەریش دوای بڵاوبوونەوەی شیعرەکە، کەوتمە ئیش لەناو ستافی رۆژنامەکەدا. جەلالی میرزا کەریم ئەوسا سکرتێری نووسینی رۆژنامەی هاوکاری بوو، ئەو کارکردنەی من لە رۆژنامەی هاوکاری زەمینەی ئەوەی لەبەردەم خۆش کردم، کە زۆرتر بیناسم و دواتر (شێرکۆ بێکەس ء حوسێن عارف)یشم ناسی، ئەوانیش دوو هەڵگری ئەزموونی نوێخوازی بوون لەناو رۆشنبیریی کوردیدا، بۆیە بۆ من لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی یەکەمی خوێندنی زانکۆم، دەستپێکی گەورەی رۆشنبیریش کرایەوە لە رێی جەلالی میرزا کەریم، ئەوەندەی من ناسیم بیروڕایەکی زۆر قووڵ ء گەرمی هەبوو لەبارەی نوێخوازی، ئەوسا بەغدا ببووە مەڵبەندی نوێخوازی نەک هەر لەناو شیعر و ئەدەبیاتی کوردیدا، بەڵکو لەناو شیعر و ئەدەبیاتی عەرەبیش. عەرەبی عیراق بەتایبەتی شاعیرانی ئەدەبی عیراقی: (سەرگۆن پۆڵس و فازل عەزاوی ء ئەنوەر غەسانی ء سەڵاح فایەق)ء کۆمەڵێکی دیکە، ئەوانیش لە باری خۆیانەوە خەریکی داڕشتنی سەرەتای شیعرێکی تازەبوون، دەستپێکی شیعری تازە لەناو شیعری عەرەبی، ئەوانیش پەیوەندی ء یەکتردیتن ء گفتوگۆی هاوچەرخانەیان هەبوو لەگەڵ ئەو کۆمەڵە نوێخوازەی مەیدانی شیعری کوردیدا کە جەلالی میرزا کەریم دیارترینیان بوو، ئەوەی زۆرتریش ئەو پردەی دروست کردبوو لە بەینی هەردوولا، هەر ئەوبوو، چونکە لە وەزارەتی راگەیاندنی بەغدا لە بەشی وەرگێڕان کارى دەکرد، ، لە رێی وەزارەتی راگەیاندنەوە پەیوەندی ء هاموشۆ ء یەکتردیتنی لەگەڵ شاعیرە نوێخوازە عەرەبەکان زۆر گەرم بوو. من لە رێی جەلالی میرزا کەریمەوە تێکەڵاوی ئەو ئەزموونە بووم، تێکەڵاوییەکەش تێکەڵاوییەکی ڕاستەقینەبوو، چونکە جەلال پیاوێکی زۆر خۆڕسک ء دڵسۆز بە شیعر و ڕۆشنبیری ء خوێنگەرم بوو. لە رۆژنامەی هاوکاری بووە سکرتێری نووسین، دواتر ئەو رۆژنامەیە چەندین هەنگاوی گەورەی بەخۆیەوە دی، وای لێهات لە ماوەی ساڵێکدا بووە قیبلەی رۆژنامەگەریی لاوانی کورد. ئەوکات رۆژنامەکە هەفتانە بوو، کە دەهاتە بازاڕ خەڵک ریزیان بۆی دەگرت، لە سەعاتی یەکەمی بڵاوبوونەوەیدا نەدەما، بێگومان ئەوەش پەیوەندی بەوەوە هەبوو کە جەلالی میرزا کەریم هەوڵی بۆ دەدا، بەرهەمی ئەدەبی لاوان ئاسۆ و ڕەهەند نوێخوازی لەبەردەم رۆژنامەکە بکاتەوە، هەرچی زۆرترین خەڵکی لاو هەبوو لە دەوری رۆژنامەکەدا کۆی دەکردنەوە، باسی شیعری تازە و ئەزموونی تازەی بۆ دەکردن، هەوڵی دەدا لە خەڵک بگەیەنێ کە شیعری تازە زادەکی خۆرسک و سروشتى گۆڕانە کۆمەڵایەتی ء رۆشنبیرییەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردییە، شتێکی نامۆ نییە سەپێندرابێ بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا، وەک ئەوسا رێچکەیەکی دیکەی کۆنخواز هەبوو، هەموو دەم هەوڵیان دەدا ئەوە لە خەڵک بگەیەنن کە ئەو نوێخوازییەی تازە داهاتووە شتێکی هێنراوە، شتێکی سەپێنراوە لە دەرەوە بەسەر ئەدەبیات ء شیعری کوردیدا، بەڵام جەلالی میرزا کەریم زۆر بە زمانێکی پاراو، بە بەرهەمی بەهێز و کاریگەر، بە تاقیکردنەوەی قووڵ ء رەسەن، بە کاری رۆژنامەگەری، بە نووسین و شیعر و چالاکی هەوڵی دەدا ئەوە بگەیەنێ، نەخێر ئەو نوێخوازییە شتێکی سەپێنراو نییە، بەڵکو شتێکی خۆڕسکە و کارێکی سروشتییە لەناو هەموو کۆمەڵگایەک، کە ڕووەو گۆڕان ء بەرەوپێشچوون بچێت، شیعری تازەش دێتەپێش، زۆر شتی تازە دێنە پێش لە مەیدانی ژیاندا و ئەو شیعرە نوێیەش یەکێکە لەو شتە تازانە. من ئەوە لەوەوە فێربووم. من زۆر نزیکی جەلالی میرزا کەریم بووم، نەک هەر لە رۆژنامە کارم لەگەڵی دەکرد، بەڵکو بەیەکەوە لە یەک خانوودا دەژیاین. بۆ ماوەی چەندین ساڵ، لەڕێی ئەو تێکەڵاوییەم زۆر شتی لێوە فێربووم، یەک لەو شتە باشانەی کە فێری بووم ئەوەبوو، تێکەڵاوی ژیانی رۆشنبیری ببم. من ئەو کات کە تازە چووبوومە بەغدا، زۆری نەبرد کەوتمە ژیانی رۆژنامەگەرییەوە، لە ئەنجامیشدا هەر ئەو بوو زۆر هەوڵی لەگەڵم دەدا، هانی دەدام کە کاری گەرم بکەم لەناو رۆژنامەکەدا، وای لێهات ساڵێکی نەبرد منی تازە دەست پێ کردوو بوومە لێپرسراوی لاپەڕەی (ئەدەب ء ژیان) لە هاوکاری و هەتا ساڵی 1974 بەڕێوەم دەبرد. ئەو کات هاوکاری ببووە مەڵبەندی نوێخوازی لەناو رۆشنبیری ء کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەو هەوڵ ء تەقەلایانەی جەلالی میرزا کەریم لە حەقیقەتدا زۆر قووڵتر بووەوە، کاتێک توانی لەگەڵ (شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف) بەیەکەوە هاوکارییەکی ئەوتۆ بکەن کە بزووتنەوەی (روانگە) دروست بکەن، ئەو نوێخوازییەیان لە قاڵبی پەرت ء بڵاوی دەرهێنا، خستیانە ناو قاڵبێکی گونجاو، قاڵبێکی بەبەرنامە. جەلالی میرزا کەریم زۆر کارا و چالاک بوو لەناو بزووتنەوەی روانگەدا. لە دەوری ئەو شاعیر و ئەدیب ء چیرۆکنووسە گەورانەدا، ئێمەش کۆمەڵێَک لاو بووین دەورمان دابوون. (من و سەڵاح شوان و رەفیق سابیر و ئەنوەر قادر محەمەد و سەلام محەمەد) بووین، لەولاوەش: (لەتیف هەڵمەت و فەرهاد شاکەلی) ئەوانە هەر هەموومان هەریەک بەشێوەیەک دەوری ئەو بزووتنەوەی روانگەیەمان دابوو، بە بەرهەم و نووسین و ئیشی رۆژنامەگەری هەوڵمان دەدا پەیامەکەی بگەیەنین، لەو پانتاییەدا جەلالی میرزا کەریم بەخۆی ء ئەزموون ء بەرهەمە شیعرییەکانییەوە مامۆستایەکی زۆر گەورەبوو، کار و کاریگەرى ئەو قەت لە بیر ناکرێ لەناو تاقیکردنەوەی نوێخوازیی شیعری کوردیدا. هەرچەندە جەلالی میرزا کەریم یەکێکە لە داهێنەرانی گرووپی روانگە، یەکێکیشە لە داینەمۆکانی ئەو گرووپە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ (شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف)دا کەمتر ناوی دێت، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە، هۆکاری یەکەم ئەوەیە، کە جەلالی میرزا کەریم بەپێچەوانەی شێرکۆ بێکەس و حوسێن عارف، ئەو کات لە سەرەتای دروستبوون ء گەڵاڵەبوون ء خەمڵانی بزووتنەوەی روانگەدا چەند کارێکی دیکەشی دەکرد، کەسێکی سەرقاڵ بوو، لە وەزارەتی رۆشنبیری (راگەیاندن)ی بەغدا کاری دەکرد، ئیشی وەرگێڕانی کوردی ء عەرەبیی دەکرد، سەرباری ئیشی وەزیفی، سکرتێری نووسین بوو لە ڕۆژنامەی هاوکاری، کە ئەوەش وەختێکی زۆری دەویست، بەڵام لە بەرامبەردا حوسێن عارف ء شێرکۆ بێکەس دەستبەتاڵتربوون، هەر خەریکی یەک ئیش بوون ء خەریکی شیعر و چیرۆکنووسین بوون. جگە لەوە جەلالی میرزا کەریم زۆرتر خەریکی رێکخستنی بزووتنەوەکە بوو، کۆبووونەوە کردن، لە کوێ دادەنیشن؟ باسەکان چین؟ چی بنووسرێتەوە؟ بەیانەکان چۆن بنووسرێن؟ واتا وردەکاریی روانگەی دەکرد، بێجگە لە ئیشە رۆژنامەگەرییەکەی خۆی، هەروەها ئیشێکی گرنگی دیکەشی لە ئەستۆ بوو، ئەویش ئەوە بوو، دەربڕینى پەیامى بزووتنەوەی روانگەبوو لە رووی رۆژنامەی هاوکارییەوە. ئەوسا مەیدانی بڵاوکردنەوە لەبەردەم بزووتنەوەی روانگە زۆر تەسک بوو، بەتەنیا رۆژنامەی هاوکاری هەبوو، دەبووایە کارێک بکرێ ئەو ڕۆژنامەیە دەرگایەک بکاتەوە بەسەر ئەو بزووتنەوەیەدا هەتا ڕوانگە بتوانێ دەنگی خۆی بگەیەنێ، ئەوەی زەمانەتی بەردەوامبوونی کرانەوەى ئەو دەرگایەی هاوکاری دەکرد لە بەردەم روانگەدا، جەلالی میرزا کەریم بوو، ئەوەش کارى کردەنى و ماندووبوونی دەویست، لەبەر ئەمانە کەمتر کاتی هەبوو خەریکی شیعرنووسین بێت. لەو رووەوە جەلالی میرزا کەریم داینەمۆ بوو. بیرم دێ شێرکۆ بێکەس لە سلێمانی بوو، لەوێوە جارجار دەهاتە بەغدا، بۆ ئەو ئیشوکارانەی روانگە، حوسێن عارف لە بەغدا بوو، بەڵام بارودۆخى سیاسی رێگربوو کە بتوانێ بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو کارا و چالاک بێَ لەناو بزووتنەوەکەدا، ئەوەی مابووەوە لە بەردەست کە زۆر کارا و چالاکانە دەجووڵایەوە و ئیشەکانی رادەپەڕاند، جەلالی میرزا کەریم بوو. نابێ ئەوەمان لە بیرچێ کە هەردوو برادەرەکەی تر (حوسێن عارف ء شێرکۆ بێکەس) دوو ئەدیبی گەورە بوون، شێرکۆ شاعیرێکی گەورە بوو، حوسێن چیرۆکنووسنێکی گەورە بوو، ئەوانیش لە مەیدانی ئیشەکانی خۆیاندا هەوڵیان دەدا لە رێی بەرهەمەوە پەیامی روانگە بگەیەنن، لە رێی شیعر و چیرۆکەوە پەیام بگەیەنن، بەڵام جەلالی میرزا کەریم دەیویست لە رووی شیعر و ئیشی رۆژانە و خۆشکردنی زەمینە و رێگا لە بەردەم بزووتنەوەی روانگەدا ئەو پەیامە بگەیەنێ.
پێم وایە جەلالی میرزا کەریم لە ماوەی ئەو نوێخوازییەی لە قۆناغی روانگەدا توانی کەسایەتییەکی شیعریی کاریگەر و زۆر سەربەخۆ بۆ خۆی دابمەزرێنێ، پێش روانگە جەلال شاعیرێکی دیار نەبوو، شاعیرێک نەبوو دەست ء پەنجەی خۆی بەسەر پانتایی بزووتنەوەی شیعرەوە زەق کردبێتەوە، بەڵام لە قۆناغی ڕوانگەدا ئەوەی پێ کرا، لەبەر کۆمەڵێک هۆ.
یەکەم: توانی زمانێکی شیعریی تایبەتی بۆ خۆی دابڕێژێ، ئەگەر بەرهەمەکانی جەلالی میرزا کەریم بخوێنینەوە دەبینین ئەو تاقیکردنەوە شیعرییە، خاوەنی زمانی تایبەتی خۆیەتی، بۆ نموونە زمانێکی زۆر راستەوخۆ بوو، بەڵام راستەوخۆیەکی قووڵ و ڕوون، کە عەرەب پێی دەڵێن (السهل الممتنع).
دووەم: ئەو زۆرتر بایەخی بەوە دەدا لە خەم ء ئازار و ژانی سیاسیی میللەتەکەی خۆی نزیک بێتەوە، لەناو روانگەدا هەوایەک دروست ببوو، کە ئەویش ئەوەیە دەکرێ شاعیر و ئەدیب ء چیرۆکنووس زۆرتر خەریکی خەمە تایبەتییەکانی خۆیان بن، خەریکی خەمە مرۆییەکانی خۆ بن، خەریکی وردەکارییەکانی پانتایی ژیان بن، نەک هەر سیاسەت. جەلالی میرزا کەریم خەسڵەتەکەی ئەوەبوو لە رێی شیعری تازەوە هەوڵی دەدا لە ژان ء خەمی کۆمەڵگە نزیک بێتەوە. ئەگەر شیعرەکانی ئەو قۆناغە بخوێنینەوە، دەبینین هەمووی باسی بارودۆخ ء حاڵی میللەتەکەیەتی، بەڵام بە زمانێکی تازە، ئەوەش زۆر سەخت بوو، بە کەم کەس دەکرا، لەبەر ئەوەی شیعری تازە دوورکەوتبووەوە لە ژانی کۆ و کۆمەڵگا، زیاتر خۆی نزیک کردبووەوە لە ژانی تاکە کەسى، بەڵام جەلالی میرزا کەریم توانی ئەو پەیوەندییە بپارێزێ.
سێیەم: توانی شتێکی زۆر گەورە بکات، ئەویش ئەوەیە، بێگومان شێرکۆ و حوسێن عارفیش پێیان کرا، بەڵام جەلال زۆر بەزەقی توانی بیکات، تێکەڵاوکردنی تاقیکردنەوەی تازەگەریەتی لەناو عەرەب لەگەڵ شیعری کوردیدا، چونکە جەلالی میرزا کەریم لەناو رۆشنبیرانی عەرەبدا بوو، زۆر ئاگاداری تاقیکردنەوەکانی ئەوان بوو، زۆر ورد و وردەکار بوو، بەدواى کار و داهێنانیانەوە دەچوو، دەیزانی وردەکارییەکانی تاقیکردنەوەی نوێخوازی لەناو شیعری عەرەبیدا چییە و چی نییە، بۆیە ئەو ئەزموونەی بەشێوەیەکی زۆر کوردییانە دەگواستەوە ناو شیعری نوێی کوردی، ئەوەش تایبەتمەندییەکی جەلالی میرزا کەریم بوو. ئەگەر تەماشا بکەین لە ماوەی روانگەدا، جەلالی میرزا کەریم چەندین شیعرى نووسی، ئەو شیعرانەی ئەو دەینووسین جێپەنجەیان دیاربوو، لە بەرهەمی کەڵە ئەدیبەکانی ناو روانگە کاریگەر و باڵاتربوو، بەڕاستی جەلالی میرزا کەریم تاقیکردنەوەیەکی زۆر قووڵ ء بەرفراوانی بزووتنەوەی روانگە بوو. هەر کاتێک، هەر کەسێک بیەوێت لە بزووتنەوەی روانگە تێ بگات، یان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بنووسێت، لە ئاسۆکانی وردبێتەوە، بەبێ وردبوونەوە و خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی شیعرەکانی جەلالی میرزا کەریم، ئەو کارە ناکرێ و مەحاڵە، چونکە ڕوانگە لە شیعرەکانی جەلالی میرزا کەریمدا زۆر بەزەقی ڕەنگی دابووەوە، لە هەمووان زیاتر ئازاری لەپێناویدا چەشت، بەڵام پشوو درێژ بوو، کارێکی کرد ڕوانگە هەتا ئێستا بەزیندوویی بمێنێتەوە، ئەگەرچی ئێستا ئێمەومانان بەشکڵێکی پێویست هەقی خۆی نادەینێ، بەڵام جەلالی میرزا کەریم لە رێی بەرهەمەکانییەوە قۆناغێکی زۆر گرنگە لە شیعر و ئەدەبیاتی تازەی کوردیدا.

سەرچاوە:
گۆڤارى ئایندە، ژمارە (79) 2008، ل: 19- 22.




کەموکورتی سەرەکی گۆرانی کوردیی.. نووسینی: شێمحەمەد باڵەک

بابەت: وتار
کەموکورتی سەرەکی گۆرانی کوردیی

دەڵێن زانا و ڕۆشنبیرێکی گەورەی ئەرمەنیی ئەرمەنستان گوتوویە کوردستان وەڵاتی شاعیرانە. بەڵام من دەڵێم پێش ئەوەی وەڵاتی شاعیران بێ وەڵاتس گۆرانی بێژانە. چونکە گۆرانی سادەتر و ئاسانتر و بەردەستترە لە شێعر. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کورد نەتەوەیێکی هەستیار و هەست ناسک و دڵناسکە. وێڕای ئەوەش ئەو کاتەی ڕۆشنبیرە ئەرمەنیەکە ئەو قسەیەی کردوە کورد نەتەوەیێکی تاڕادەیێک نەخوێندەوار بووە. هۆنەرەوە (نازم)ی هەبوون بەڵام هەڵبەستوان (شاعیر)ی کەمبوون. نەخوێندەواری دەنگ خۆشیش دەروەستی گۆرانی دێ بەڵام دەروەستی هەڵبەست نایێ؛ هەڵبەست بەمانای وشەی خۆی. کورد گۆرانی بێژی دەنگخۆشی یەکجار زۆرن، کورد ئەگەر نەتەوەیێکی جیهانی بایە چەند ئەستێرەیێکی گۆرانی جیهانی دەبوون.
گۆرانی بێژانی کورد کەرستەیێکی خاوی بێ ئەندازەیان لەبەردەستدایە ئەویش ئاوازە کۆنەکانن کە وەکو پێویست کەڵکیان لێوەرنەگیراوە. حەسەن زیرەک زۆربەی هەرە زۆری ئاوازەکانی لکەزمانی کرمانجی ناوەڕاست و باشوور و بەشێک لە ئاوازەکانی گۆران و لوڕ و کرمانجی باکووری پاراستوون و لە فەوتان ڕزگاری کردوون. چونکە ئەو ئاوازانە ئەگەر بەدەنگە خۆشەکەی ئەو نەگوترابان خەڵک ئەوەندە گوێی لێڕانەدەگرتن و لەبیران دەچوونەوە. حەسەن زیرەکیش کەموکورتی شێعری گۆرانی هەیە شێعرە میللیەکان ئەوەندە دووبارە دەکاتەوە لەم ئاوازەوە بۆ ئەو ئاواز ئەگەر دەنگە خۆشەکە و ئاوازە ڕەسەنەکانی ئەو نەبوونایە بۆگە (بۆژۆ) دەبوون و تامیان نەدەما. لێشی ناگیری چونکە نەخوێندەوار بوو و هەڵبژاردنی شێعری گۆرانی و یەکەتی بابەت لە گۆرانیدا لە توانای ئەو بەدەربوو. شێعریش بۆ گۆرانی نانووسرێ و شتێکی زڕ دەردەچێ ئەگەر شێعرەکە بەخۆی سیفەتی گۆرانی تێدا نەبێ. شێعری گۆرانی دیوار نییە تا وەستای خانوو بچێ لەسەر نەخشەی ئەندازیار دایبنێ.
زۆربەی دیوانی شێعری شاعیرە کلاکسیکیەکان سیفەتی گۆرانییان تێدایە هۆیەکەشی ئەوەیە ئەو شاعیرانە مەلا بوون و لە حوجرەی فەقێیان خوێندووویانە. لە قۆناغی فەقێیایەتیش گۆرانی نەک هەر قەدەغە نەبووە بەڵکو هاندان و ڕشتکردنی تێدابووە و شەوانی هەینی و سێشەم لە حوجرەدا گەڕەلاوژە هەبوو، ئامادەبوانی مەجلیسەکە هەرکەس کە گەڕ (نۆبەت)ی دەگەییشتێ لاوژە (گۆرانی)ێکی نەگوتبایە سزا دەدرا. – لاوژە هاوتا وشەی لاوک – ە بەڵام لە وشەی لێکدراوی گەڕەلاوژەدا مەبەست لە گۆرانییە بەهەموو جۆرەکانیەوە – ئیدی فەقێیە گۆرانی بێژەکە کە بۆتە مەلا عەیب و شوورەیی بووە بە مەندیل و شاقەلەوە گۆرانیان بڵێ بە بێ دینیش ژمێردراوە. ئەو سۆز و ئەوینەی نێو دڵی کە جاران بە گۆرانی دەری دەبڕی ئێستا بە شێعر بەری بەرەڵڵا دەکا و بەتاڵی دەکاتەوە. شێعرەکە شەرمی تێدا نەبووە وەک گوتراوە (ئەوەی بۆ شاعیر درووستە بۆ غەیری وی درووستنییە). شێعرەکان بە شێوەیێکی خۆبەخۆ بوو ون بە شێعری گۆرانی. دیوانی مەلای جزیری و وەفایی و مەولەوی بە نموونە دێنینەوە: هێمنی موکریانی لەو پێشەکییەی بۆ دیوانی وەفایی نووسیوە لە لێکۆڵینەوە و ساغکردنەوەی مەلا عەلی قەرەداغی دەڵێ: (کوڕەکانی ماملێ زۆربەی دیوانی وەفاییان کردووە بە گۆرانی – ئەم ڕستەیەم لەبەر نووسیەوە و ڕەنگە جیاوازی لە داڕشتندا هەبێ دەگەڵ دەقەکەی –). ئێستا هێندێک گۆرانی لە موکریان هەن دەڵێن یەکەم جار وەفایی گوتوونی بەخۆی. بۆ مەلای جزیریش من زۆر گۆرانی کرمانجیم گوێ لێبوو ون لە شێعری مەلای جزیرین. شێعرەکانیشی پاراون و بۆنی گۆرانیان لێدێ. شێعرەکانی مەولەویش هەروان بێجگە لەوە مەولەوی لەشێعرەکانیدا زۆر باسی دەف و نەی و شمشاڵ و ئامرازە مۆسیقاییەکانی تری کوردی دەکا.
بە کورتی کورد شێعر و ئاوازی ئامادە و بەردەستی گۆرانی هەن بەڵام گۆرانی بێژانی کورد نەیانتوانیوە کەڵکیان لێوەربگرن. حەسەن زیرەک و هاوشێوەکانی نەخوێندەواربوون، گۆرانی بێژە خوێندەوارەکان تاک و تارایان نەبێ شارەزای فەرهەنگ و میراتی فەرهەنگی و هونەری ڕەسەن و وێژەی کوردی نین و لەژێر کاریگەریی هونەری بێگانەدان.
تایێر تۆفیق زۆرباش کەڵکی لە شێعر و ئاوازی ڕەسەنی کوردی وەرگرت و پێکەوە گونجاندنی ئاوازی مەقامە بێگانەکانیشی وادەکردن بە کوردی دەتگوت لە بنەڕەتدا کوردی بووون و شێوەی بێگانەیان پێوە نەدەما. گۆرانی بێژانی کورد بە پێچەوانەوە ئێستا ئاوازی کوردی دەکەن بە بێگانە.
ژنێکی گۆرانی بێژی مەهابادی پەیدابووە بەنێوی زارا ڕۆژهەڵات، دەنگێکی سێحراوی هەیە، ئەو ژنە ئەگەر بتوانێ واز لەو شێعرانە بێنێ کە گۆرانی بێژانی تر گوتوویانن و بەخۆی شێعری گونجاو بۆ گۆرانی لەنێو دیوانی شاعیرە ڕەسەن و چاکەکانی کلاسیکیدا بدۆزێتەوە یان یارمەتی لە شارەزایانی ئەو بوارە بخوازێ و بە ئاوازی ڕەسەنی کوردی بیانڵێتەوە نەک ئەو ئاوازە ناکوردییاانەی ئێستا دایاندەنێن و هەڵبدا بەبێ هەڵەیی بیانڵێتەوە – چونکە شێعری گۆرانی لە کاتی گوتنی ئەگەر هەڵەی تێکەوت گۆرانیەکە تامی نامێنێ – ئەوا نێوی زارا تا هەتایە دەچێتە نێو مێژووەوە.
ڕاگەیاندن و تەلەفزیۆنە کوردییەکان داهێنانیان نییە هەرشتی باوو بۆگە بڵاودەکەنەوە و بەدوای مۆدەوەن. سەید محەمەد سەفایی دەبوو هەمیشە کامیرایێکی تەلەفزیۆنی لە دەورە بایە و دەگەڵ گەڕابا و سووڕابا هەرچی دەیگوت و گشت هەڵسوکەوت و بەشداربوونی لە شایی و زەماوەند و ئاهەنگان گشتی تۆمار کرابا. تۆ ئەگەر جوڵەکانی نەبینی و هەر گوێت لە گۆرانیەکان بێ گۆرانیەکان ئاسایین و زۆر سەرنج ڕاکێش نین، بەڵام کە جوڵەکانی ببینی لەکاتی گۆرانی گوتندا ناتوانی چاویان لێ وەربگێڕی، گشت زەین و هۆشت دەچێتە سەر گۆرانیەکانی و وەپێکەنینت دەخا. گۆرانی بێژی وا سەیر و حەنتیکەی سرووشتی و خۆڕسک پێموایە لە جیهاندا دەگمەنە و لە کوردستانیشدا وێنەی هەر نییە.
گۆرانی بێژانی کورد وەکو حەسەن زیرەک دەبێ شارەزای ئەو زاراوایانە بن کە گۆرانیان پێدەڵێن. ئەو شێعرانەی دەشیانکەن بە گۆرانی دەبێ دەمانای وشەکانیان بگەن دەنا گۆرانیەکەیان سەقەت دەبێ. سەفایی دەستەڵاتی تەواوی بە سەر ئەو زاراوەیەدا هەیە کە گۆرانیەکانی پێدەڵێ ئەویش زاراوەی ناوچەی خۆیەتی.
دەنگی مۆسیقاکەی حامید ژەنیار زۆر کار دەکاتە سەر هەستم و من پێی سەرسامم. کەموکورتیێک کە لە ئاهەنگەکانیدا هەیە ئەوەیە ئەو گۆرانی بێژانەی من دیونم مۆسیقایان بۆ لێدەدا کەمی وایان هەن لە ئاستی مۆسیقاکەی ئەودابن. کاتی خۆی محەمەدی ماملێ گوتی ئێوە – باشووری کوردستان –موسیقارتان هەن و گۆرانی بێژتان نین ئێمەش – ڕۆژهەڵاتی کوردستان – گۆرانی بێژمان هەن و مۆسیقارمان نین.
گۆرانی بێژی چاک و دەنگ خۆش هەن و گۆرانیەکانیان پوخت و ڕێک و پێکن، بەڵام زۆربەی ڕاگەیاندنکارانی باشووری کوردستان دەبێ لێمببورن کە پێیان دەڵێم نازانن گوێ لە گۆرانی ڕابگرن و مێوژ و قالۆچان لێک جیا ناکەنەوە. ئەو نەزانینی گوێ ڕاگرتنەیان بەنێو خەڵکیش وەرکردووە و جەماوەری باشووری کوردستان گوێ لەو گۆرانیانە ڕادەگرێ کە ڕاگەیاندن بایەخیان پێدەدا نەک ئەوانەی خۆیان پێیان خۆشن. تا ئێستا گوێم لە گۆرانیێکی حەسەن زیرەک نەبووە خراپی گوتبێ، گۆرانی وای هەن وشەکانی سادە و بێهێزن و هەر بۆ مەبەستی کێش و سەروا وشەکانی ڕێکخستوون بەڵام بەهۆی وەستاییەکەی لەبواری گۆرانیدا ناهێڵێ ئەو بێهێزیەیان پێوەدیاربێ. تاکە یەک گۆرانی خراپی هەیە کە بەڕای من شایەنی ئەوە نەبوو هەر بڵاوکرابایەوە ئەویش گۆرانی نەورۆزە. حەسەن زیرەک ئەو شێعرە جوان و مێژوویەی پیرەمێردی ناشیرن و کاول و وێران کردووە. ڕاگەیاندنی باشووری کوردستان بەو سروودەی زیرەکیەوە گرتووە و پێی سەرسامە و چەند ڕۆژێک پێش و پاش نەورۆز لە هەموو ڕادیۆ و تەلەفزیۆنان لێدەدرێ و خەڵکیش بەچاولێکەری ئەوان لە هەموو کوچە و کۆڵانە و چاخانە و ماخانە و نێو سەیاران لێیدەدەن. لەکاتێکدا ئەو سروودە بەڕێک و پێکی لەلایەن گۆرانی بێژانی ترەوە تۆمارکراوە. شێعرەکانی زەوق سز –ی گۆڤاری سیخورمە زۆر بە وردی وەسفی ڕاگەیاندنی باشووری کوردستان دەکەن.




بە چ شێوەیەک دەتوانریت داعش تێکبشکێنرێت؟.. حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی:کاوە عومەر

بە چ شێوەیەک داعش تێکبشکێنرێت؟ ئەمە پرسیارێکە کە بە تایبەتی دوای هێرشی تیرۆریستی پاریس لە ناوەندی سەرنجی حکومەت و میدیاکان و ڕای گشتی لە ڕۆژئاوا و لە جیهاندا بووە. حکومەت و سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا وەڵامی جیاوازیان هەیە بۆ ئەم پرسیارە: ئۆباما و حکومەتی ئەمریکا و حکومەتەکانی ئەوروپا زیاتر و زیاتر جەخت لەسەر ڕۆڵی سەربازی حکومەت و هێزە ئیسلامییە “میانڕەوەکان”ی سەر بە ئۆردوگای ڕۆژئاوا دەکەنەوە لە ستراتیژی خۆیاندا دژی داعش؛ حکومەتە ڕۆژئاواییەکان و میدیاکانی پشتیوانیان، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر چڕبوونەوەی شەڕی داعش، هەوڵدەدەن ئیسلامی سیاسی لە ژێر تیغی هێرشەکە دووربخەنەوە و بە وەسوەسەیەکی سەیرەوە خۆیان لە دژایەتیکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی “تیرۆریزمی ئیسلامی” و تەنانەت بەکارهێنانیان بەدوور دەگرن ئەم زاراوەیە; دۆناڵد ترەمپ و کاندیدەکانی تری ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا لە پارتی کۆمارییەکان باس لە بۆردومانی بەربڵاو و ناوچەیی دەکەن فەرشی بۆمب ڕێژکراو- carpet bombing – هاوشێوەی هێرش بۆ سەر عێراق و بۆردومانی بەغدا لە ساڵی ٢٠٠٣دا، هێرشکردنە سەر بنەماڵەی تیرۆریستان و قەدەغەکردنی هاتنە ناوەوەی موسڵمانان بۆ ئەمەریکا ; دوای هێرشی پاریس، حزب و ڕێکخراوە ڕەگەزپەرستەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا تەپڵی دژە کۆچبەری لێدەدەن و بەتایبەتی ڕق و کینە لە دژی پەنابەرانی وڵاتانی ئیسلامی بڵاو دەکەنەوە. هتد و هتد.

ئەم سیاسەتانە بەشێکن لە کێشەکە نەک چارەسەر. ئەم جۆرە سیاسەت و “چارەسەرانە” کە لە لایەن میدیای دەوڵەتی و نادەوڵەتی لە ڕۆژئاوا پێشدەخرێن و دەدرێنە ڕای گشتی، نەک هەر نوێنەرایەتی خواست و بەرژەوەندیی خەڵک ناکەن- لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، بەڵکو ئەوان بەتەواوی دژی بەرژەوەندی و خواستی خەڵکن.وە هیوای جەماوەری خەڵک لەوێیە. ئەم فەزایە دەبێت بشکێنرێت. بەبێ ڕەخنەی هەمەلایەنە لەو سیاسەت و گوتارانە و بەبێ لەقاودانی ئەو حکومەت و لایەن و میدیایانەی کە بانگەشەی بۆ دەکەن و بەرگری لێدەکەن، ناتوانرێت مامەڵەیەکی کاریگەر و هەمەلایەنە لەگەڵ داعش و هەموو هێزە ئیسلامییەکان بکرێت.

پێکهاتەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی چەپ وئینسانی لەگەڵ داعش

داعش تەنیا دەتوانرێت بە پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی چەپ و ئینسانی و ڕادیکاڵ لە ڕۆژئاوا و ناوچەکەدا شکستی پێبهێنرێت. بزووتنەوەیەکی ڕەخنەیی قووڵ بەم تایبەتمەندیانەی خوارەوە:

١-ڕەخنەگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش وەک هێزێکی ئیسلامی. داعش هێزێکی ئایینی سەر بە بزووتنەوەی ئیسلامییە، چ لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە (دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر بنەمای ڕێساکانی قورئان و حوکمی ئیسلام) و چ لە ڕووی سیاسییەوە (بەشێکە لە بلۆکی تورکیا-سعودیە-ئیمارات دژی کۆماری ئیسلامی- بلۆکی سوریا-ڕووسیا). بۆ ڕەخنەگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش ناتوانێت پشت بە هێزەکانی تری ئەم بزووتنەوەیە ببەستێت. داعش ناتوانرێت لە شەڕی ناوخۆی نێوان هێزە ئیسلامییە جیاجیاکان و دەوڵەتە ڕۆژئاوایی و هەرێمایەتیە پشتیوانەکانیاندا تێکشکێندرێن. ئەم مامەڵە وئاراستەیە، کە تەرکیزی کاری حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا و هاوپەیمان و هاوبەشە ناوچەییەکانیانە، خۆی فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی سەری هێزێکی وەک داعش و تەنانەت ئەگەر بتوانێت داعش پاشەکشە پێبکات ، ئەوە داعشەکانی دواتر دەهێنێتە پێشەوە.
یەکەم هەنگاو لە مامەڵەکردن لەگەڵ داعش ڕەخنەگرتنە لە ستراتیژی و سیاسەتە ئیسلامییەکانی. ئیسلام وەک هێزێکی سیاسی، چ لە حکومەتدا بێت یان لە ئۆپۆزسیۆندا، بەهۆی ئایدۆلۆژیا و عەقیدەی ئایینی و ڕێسا و یاساکانی پەیمانی کۆن و بەردبووی- لە یاساکانی تۆڵەسەندنەوە تا یاساکانی دژی ژنان و دژی “کافر و لادەرەکان”. ” و تا دژایەتی مۆدێرنیزم و ئازادی. و بیرکردنەوەی ئازاد و هتد و هتد – هێزێکی تەواو سەروو کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانیە.” داعش و خەلافەتە ئیسلامییەکەی دوایین و دیارترین نموونەی ئەم دڕندەیی و کۆنەپەرستیەن، بەڵام بە هیچ شێوەیەک تاکە نموونە نییە. هەروەها سیاسەت و ئەدای هەموو حکومەتە ئیسلامییەکان، لە کۆماری ئیسلامی و سعودیەوە تا ئیسلامی “میانڕەو”ی حکوومەتەکەی ئەردۆغان، هەمان کاردانەوە و دڕندەیی لە ڕەهەند و پلەی جیاوازدا نیشان دەدات. لەم ڕوانگەیەشەوە دابەشکردنی هێزە ئیسلامیەکان بەسەر میانڕەو و توندڕەو و لەوەش خراپتر ، پشتبەستن بە میانڕەوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوەکان، تەنها ڕێگا بۆ فراوانکردنی کاریگەری و ڕەهەندی تاوانەکانی ئەو هێزانەیە لە دژی خەڵک لە وڵاتانی ئیسلامی و لە ئاستی جیهانیدا.

پێشکەوتن و سەرکەوتن لە شەڕی داعشدا پێش هەموو شتێک پەیوەستە بە ڕەخنەگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و هەموو حکومەت و هێزە ئیسلامییەکان لە ڕوانگەیەکی چەپ و ئینسانییەوە.

٢- ڕەخنەگرتن لە تیرۆریزمی داعش نەک تەنها لە پێوەندی لەگەڵ کارە تیرۆریستیەکانی لە ڕۆژئاوا بەڵکو لە خودی ناوچەکە و دژی موسڵمانان. بەگشتی حکومەت و میدیاکانی ڕۆژئاوا تاوانەکانی هێزە ئیسلامیەکان تەنها کاتێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕووبدەن بە تیرۆر ناودەبەن و ئیدانە دەکەن. بە وتەی ئەوان تاوانی ڕۆژانەی هێز و حکومەتە ئیسلامییەکان لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان بە تیرۆر نازانرێت. ئێعدام و بەردباران و تەمێکردن و هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکی ئیسلامی و کوشتنی لادەر و کافر و هاوڕەگەزباز و هەزاران تاوانی تری یاسایی و ئایینی دژی ژنان و گەنجان و خەڵکی ناڕازی لە وڵاتانی وەک ئێران و سعودیە و عێراق و هتد. نەک هەر پشتگوێ دەخرێن، بەڵکو هەندێک جار وەک بەشێک لە کولتوری ئیسلامی خەڵک پاساو ئەدرێت. ئه مانه هه مووی به شێکن له تیرۆریزمی ئیسلامی و ئه و تاوانانه ی ڕۆژانه له لایه ن حکوومه ت و هێزه ئیسلامییه کانەوە به رامبەر به خه ڵکی وڵاتانی ئیسلامی ئه نجامی دەدە ن. ئیسلامگەرایی و بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی ئەبێت بە هەموو ڕوو و ناسنامە دژە ئینسانیەکەیەوە لە ڕۆژئاوا و لە ڕۆژهەڵات بناسرێت.

٣- ڕەخنە لە داعش (و هەموو هێزەکانی ئیسلامی سیاسی) وەک بەرهەمی سیاسەتی نەزمی نوێی وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەو هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کەداعش و هێزە ئیسلامییەکانی وەک ئەوانی هێناوەتە ئاراوە، بەرهەمی بۆرژوازی جیهانی و ناوچەییە. داعش لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە ڕەگ و ڕیشەی لە ئیسلامی ١٤٠٠ ساڵەدا دایە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە دەرئەنجامی پێگەو بارودۆخ و قەیران و بنبەستی بۆرژوازی جیهانی و ناوچەیی لەم سەردەمەی ئێمەدا.

پێویستە ڕەخنە لەو سیاسەتانە بگیرێت و لەقابدرێن. پێویستە نیشان بدرێت کە چۆن لەشکرکێشی سەربازی دەوڵەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان و عێراق زەمینەی پێکهێنان و فراوانبوونی کاریگەریی هێزە ئیسلامییەکانی وەک داعشی فەراهەم کردووە. پێویستە نیشان بدرێت کە چۆن لە چوارچێوەی قەیرانی بۆرژوازی جیهانیدا، ئیسلامی سیاسی وەک ئاڵای بۆرژوازی عەرەبی و پشکی وڵاتانی ئیسلامی دروست بووە و براوەتە پیشەوە. پێویستە نیشان بدرێت کە چۆن سیاسەتەکانی بۆرژوازی ڕۆژئاوا لە دونیای تاک جەمسەری دوای جەنگی سارد زەمینەی بۆ شکۆمەندکردنی هێز و حکومەتە قەومی-ئاینییە ڕەگەزپەرستەکان دەستەبەر کردووە، سەرەتا لە یوگۆسلاڤیا و کۆمارەکانی پێشووی سۆڤیەت و دواتر لە عێراق و ئەفغانستان و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. پێویستە نیشان بدرێت کە چۆن تیۆرییەکانی وەک پۆست مۆدێرنیزم و تێزی کۆمەڵگا مۆزایکییەکان و دەوڵەتە نەتەوەیی-ئاینییەکان کە خۆیان دەرئەنجامی قەیرانی حکومی و فەلسەفی-ئایدیۆلۆژیی بۆرژوازی جیهانییە، دەرگا بۆ مەیدانی هێزە ئیسلامییەکان دەکەنەوە و پێکهێنانی بزووتنەوەیەک لە ژێر ئاڵای “دەوڵەتی ئیسلامی”، کۆمەڵگەی ئیسلامی و کولتوور و یاسا ئیسلامییەکان بە کراوەیی جێیان هێشتووە. ئەم مەرجانە بە هیچ شێوەیەک پاساو بۆ دڕندەیی و تاوانەکانی هێز و دەوڵەتە ئیسلامییەکان ناداتەوە- تاوانەکانی هەر بزووتنەوە و هێزێک دەبێت لەسەر ئەستۆی خۆی بنووسرێت- بەڵام زانینی ئەو بنەمایانە بۆ ڕەخنەی بنەڕەتی داعش، و سروشت و ڕەگ و ڕیشەی چینایەتییەکەی پێویستە .

٤- ڕەخنە لە سیاسەتی ئیسلام داڵدەدەرانەی حکومەت و بزووتنەوە و حزبە ڕاست و چەپەکانی بۆرژوازی لە ڕۆژئاوا. حکومەتەکانی ڕۆژئاوا سیاسەتی هێورکردنەوە و سازشکردن بەرامبەر بە ئیسلامی “میانڕەو” و “بێگەرد” پەیڕەو دەکەن. لە لایەکی ترەوە هێز و لایەنە چەپ و لیبراڵە تەقلیدییەکان بە تێزە پۆست مۆدێرنەکانیانەوە کە بریتین لە ڕێزگرتن لە ئایینەکان و دژایەتیکردن لەگەڵ “ئیسلامۆفۆبیا” و هتد، بە کردەیی ئاو دەکەنە ئاشی سیاسەتی لایەنگری ئیسلامیی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا. بۆ ئەم کۆمەڵەیە، پێویستە پاڵپشتی ئاشکرای هێزە چەپە “دژە ئیمپریالیست”یەکان بۆ حکومەت و هێزە ئیسلامییە “دژە ئەمریکییەکان” زیاد بکات. هەڵتۆقینی قارچک ئاسای مزگەوت و قوتابخانە ئیسلامییەکان و دادگا و یاساکانی شەریعەت لە وڵاتانی ئەوروپا و ناساندنی ئیمام و موفتی هەینی و سەرکردە خۆبەخۆکانی “کۆمەڵگەی موسڵمان” وەک نوێنەری موسڵمانانی کۆچبەر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و هتد و هتد هەموو دەرئەنجامەکانی ئەم سیاسەتی لایەنگری ئیسلامیانەی حکومەتەکان و هێزە لیبراڵە پۆستمۆدێرنیست و چەپی تەقلیدیە دژە ئەمریکیەکانن. ئیسلامی سیاسی و هێزە تیرۆریستییەکانی وەک داعش سوود لەم سیاسەتانە وەردەگرن و نفوزی خۆیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا فراوانتر دەکەن.
٥- ڕەخنە لە ڕەگەزپەرستی و فاشیزم لە ڕۆژئاوا. دیوەکەی تری سیاسەتەکانی لایەنگری ئیسلامی و پێشکەوتنی پۆستمۆدێرنیستی و “دژە ئیمپریالیستی”ە بۆ هێزە ئیسلامییەکان چالاککردنی هێزی ڕەگەزپەرستانە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا. ناتوانیت لەگەڵ لیبرالیزم و چەپی پۆستمۆدێرنیستدا لەگەڵ ڕەگەزپەرستیدا بچیتە شەڕەوە. ڕەگەزپەرستی و پۆستمۆدێرنیزمیش ڕەگ و ڕیشەی هەیە. ڕەگەزپەرستی لە ڕاستیدا پۆستمۆدێرنیزمە کە تەحەمولی “ئەوانی تر” ناکات. تەنیا بە بەرگریکردن لە ناسنامەی هاوبەش و گشتگیری مرۆڤەکان دەتوانین بەرەنگاری هەردوو ڕەگەزپەرستی و پۆستمۆدێرنیزم ببینەوە.

لە ماوانەی دواییدا و دوای هێرشی پاریس، هێزە ڕەگەزپەرستەکان موسڵمانان و پەنابەرانی وڵاتانی ئیسلامی کراونەتە ئامانج. وەڵامی ڕەگەزپەرستی دژە موسڵمان و دژە پەنابەری ڕەگەزپەرستان لیبرالیزم و چەپی پۆست مۆدێرنیستی نییە، بەڵکو جیاکردنەوەی حیسابی ئیسلام و ئیسلامیزمە لە موسڵمانان و داکۆکیی چالاکانە لە مافە مرۆیی و مەدەنییەکانی پەنابەران و کۆچبەرانی وڵاتانی ئیسلامی لە هەمان کاتدا ڕەخنەی قووڵ و هەمەلایەنەیە لە ئایینی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی.

٦- ڕەخنە لە ئاشتیخوازی چەپی نەریتی. ئەو ئاشتیخوازییەی کە هەندێک هێزی چەپی تەقلیدی لە ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی دەکەن، چارەسەری کێشەی داعش نییە. ئەم هەڵوێستە بە ڕواڵەت لە دژایەتیکردنی دەستێوەردانی سەربازی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە سوریا و لە هەموو ناوچەکە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ئەو ڕاستییە نابینێت کە پێش هەموو شتێک بنەمای مەسەلەکە هێرشی سەربازی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا نییە بۆ سەر داعش ، بەڵکو پشتیوانی دیفاکتۆی ئەم حکومەتانە بۆ داعش. لە لایەکی دیکەوە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان (وەک تورکیا، سعودیە و ئیمارات) و ڕووسیا لە باشترین حاڵەتدا سیاسەتێکی دوو لێوار و یەکلاکەرەوەیان هەیە لە پێوەندی لەگەڵ داعشدا. ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی بە بیانووی داعش بەرگری لە ئەسەد دەکەن و لە نەیارەکانی دەدەن، سعودیە و تورکیا و میرنشینەکان لە ڕاستیدا پاڵپشتی داعش دەکەن و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایش پشتیوانی داعش دەکەن بۆ ئەوەی هاوسەنگی ناوچەکە بە قازانجی خۆیان بگۆڕن سیاسەتەکانی خۆیان (بەردی هاوسەنگی یەکەم لە دژی حکومەت مالیکی و کاریگەریی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و تا ئەمڕۆش دژی ئیسلامی سیاسی لایەنگری ڕووسیا و کۆماری ئیسلامیی) کەڵک وەردەگرن. بە هۆکاری جیاجیا، هیچ کام لەو حکومەت و هێزانە ئیرادەی سیاسییان نییە ناوچەکەلە داعش پاک بکەنەوە. هاوپەیمانی نزیک بە شەست وڵات کە حکومەتی ئەمریکا لە دژی داعش بانگەشەی بۆ دەکات، زیاتر هەڵوێستێکی سیاسی-دیپلۆماسییە ونەک هاوپەیمانیەکی کردەیی- سەربازی. ئەگەر تەنانەت نیوەی ئەم حکومەتانەش بەڕاستی و بە کردەیی بیانویستایە ناوچەکە لە داعشپاک بکەنەوە ، نەک هەر داعش بە خێرایی تێکدەشکاا، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە نەیدەتوانی دەسەڵات و کاریگەرییەکی لەو شێوەیە لە عێراق و سوریادا بەدەستبهێنێت.

دووەم: لایەنگرانی دروشمی ئاشتی تێناگەن ئەگەر هەموو حکومەتەکانی ڕۆژئاوای و ناوچەییەکان ئاشتیشیان بوێت، داعش دەستبەرداری شەڕی پیرۆزی خۆی نابێت بۆ دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی. لە هەلومەرجێکی وادا “ئاشتیخوازی” کۆتایی بە شەڕی چەپگەرایی تەقلیدی و خوێنڕشتنی داعش و هێزە ئیسلامییەکانی دیکە دژی یەکتر و کوشتن و تاوانەکانیان بەرامبەر بە خەڵکی ناوچەکە ناهێنێت، بەپێچەوانەوە چڕتری دەکاتەوە. شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ داعش و هەموو هێزەکانی ئیسلامی سیاسی، ئاشتیخوازی نییە.

شەڕی سەربازی دژ بە داعش پێکهاتەیەکی پێویستە بۆ لاوازکردن و دواجار تێکشکاندنی. ئەو خەباتە سەربازییەی ئێمە پشتیوانیان لێدەکەین، نموونەی بەرەنگار بوونەوەی قارەمانانە و شەڕی سەرکەوتنی خەڵکی کۆبانییە، بەڵام ئێمە دژایەتی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ داعش ناکەین لەلایەن هیچ هێزێکەوە کە بیەوێت بەڕاستی لەگەڵ داعش شەڕ بکات- نەک لەگەڵ خەڵک یان هێزە سیاسیەکانی دیکە بە بیانووی داعش. ڕەخنەی ئێمە لە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا هێرشی سەربازی نییە بۆ سەر داعش – بە هەر ڕادەیەک و تا ڕادەیەک کە بەڕاستی شەڕی داعش دەکەن – بەڵکو تەواوی ئەو ستراتیژ و سیاسەتانەیە کە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی هێزێکی فاشیستی وەک داعش.

٧- ڕەخنەی شەقام لە داعش. لە چەند مانگی ڕابردوودا بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە عێراق لە دژی هێزەکانی سوننە و شیعە، دژی حکومەتی قەومی-ئاینی و بۆ بەرگری لە عەلمانیەت و مەدەنیەت و کۆمەڵگەی مەدەنی سەریهەڵدا. ئەمە بزووتنەوەیەکە نەک تەنها بە ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ دژ بە داعش و هێز و دەوڵەتە ئیسلامیەکانی دیکەیە ، بەڵکو لە ڕاستیدا ناڕەزایەتییە لە دژی سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی کۆمەڵگە و شارستانیەت و مەدەنیەت لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەدا. ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی خەڵکی عێراق لە چەند مانگی ڕابردوودا، تەحەدای تەواوی عەقیدەی “نەزمی نوێ”ی بۆرژوازی جیهانی و هێزە ئیسلامیی- نەتەوەییە خێڵەکیەکان دەکات کە لە قەفەسەکەی ڕزگاری کردووە. ئەم تەحەدای سەرشەقامانەی باری ئێستا و حکومەتەنەتەوەیی-ئاینییەکان لە ڕەهەندەکانی دیکەدا لە شەڕی خەڵکی کۆبانی دژی داعش، لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ژنان و گەنجانی ئەفغانستان بە دروشمی “بزووتنەوەی نوێ و نەزمی نوێ”، لە ناڕەزایەتییە سکۆلاریستی خەڵکی لە تورکیا و لە کوردستانی سوریا و لەلوبنان کەئێمە شاهیدی بووین. لە ئێراندا بزووتنەوەیەکی گەورەی دژە مەزهەبی و عەلمانی ساڵانێکە بەردەوامە. ئەم بزووتنەوە عەلمانییەی خەڵکی ناوچەکە، شێوازی ڕاستەقینە و ئینسانیانەی مامەڵەکردن لەگەڵ داعش پیشانی هەمووان دەدات. ناساندن و ڕوونکردنەوە و پاڵپشتیکردنی چالاکانە و جیهانیی ئەم بزووتنەوەیە – کە لە بنەڕەتدا ڕووبەڕووی بێدەنگی میدیایە – و هەوڵدان بۆ بەهێزکردن و فراوانکردنی کار و ئەرکێکی سەرەکی هێزە کۆمۆنیست و ئازادیخواز و شۆڕشگێڕەکان و فاکتەری یەکلاکەرەوە بۆ تێکشکاندنی داعش و… هەموو بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسییە.
ب- بنەماکانی ڕەخنەی کۆمۆنیستی لە داعش

بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕەخنەی ڕیشەی لە هێزو دەوڵەتە ئیسلامیەکان،ڕەنە لە ڕاسیزم و ڕەخنەی ڕادیکاڵ لە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا نانوانرێت پاشکشە بەداعش بکرێت وتێکبشکێنرێت ، هێزێکی دیکەی ئیسلامی سەرهەڵدەدات (وەک چۆن لە دوای تاڵیبان و قاعیدە سەرەکە گەشتە داعش).

ئەرکی ئێمەی کۆمۆنیست پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتییە لە دەوری ئەو پلاتفۆرمە ڕەخنەگرانەی سەرەوە. ئەم بزووتنەوە ڕەخنەگرانەیە و ئەو چوارچێوە گشتییەی کە کۆمەڵە پێکهاتە ڕەخنەییەکانی ئەم بزووتنەوەیە بە یەکەوە دەبەستێتەوە، لەسەر سێ بنەمای سکۆلاریزم، جیهانگیری و ئاتەئیزم دامەزراوە.

١- سکۆلاریزم. جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەت و کۆمەڵگە، جەختکردنەوە لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی و مەدەنیەت و مامەڵەکردن لەگەڵ ئایین وەک بابەتی تایبەتی تاکەکان، بنەمای ڕەخنەی ئێمەیە لە حکومەت و هێزە ئیسلامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا. ئەمە یەکەم قەڵای خەباتی ئێمەی کۆمۆنیستەکانە لە دژی هێزە ئیسلامییەکان و دژی دەوڵەت و لایەنگرانی پۆستمۆدێرنیستی و “دژە ئیمپریالیست”ی ئیسلامیزم.

ئەمڕۆ سێکۆلاریزم بنکەیەکی فراوانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. ڕەخنەی سەرشەقام لە داعش لەلایەن جەماوەری خەڵکی ناوچەکەوە کە باسی لێوەکرا، ڕادەی قبوڵکردنی گشتی و گۆڕینی بۆ سکۆلاریزم و بنکە جەماوەری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕەخنەگرتن لە دۆخی ئێستا لە هەڵوێستێکی چەپ و ئینسانی لەم وڵاتانەدا نیشان دەدات. لە هەمان کاتدا ئەم بزووتنەوە سکۆلاریستیە بە مانای ڕەخنەگرتن لە هەموو حکومەتە ئایینی-نەتەوەییەکان و تێزی کۆمەڵگە مۆزایکییەکان دێت. ئەمە بە ڕوونی بزووتنەوەیەکی دژ بە نەزمی نوێی جیهانی و مۆدێلی جێبەجێکراوی ئەم نەزمەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەرکێکی سەرەکی کۆمۆنیستەکان و هێزە عەلمانیەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا ناساندن و بەهێزکردن و پاڵپشتیکردنی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییە سکۆلاریستیەیە لە وڵاتانی ئیسلامیدا.

٢- جیهانگیری. جەختکردنەوە لەسەر بەها جیهانداگرە ئینسانیەکان و هەمان شناسی یەکسانی هەموو ئینسانەکانی سەر زەوی، ڕیشەی ڕەخنەی ئێمەیە لە ڕەگەزپەرستی و دابەشبوونی مرۆڤ و کۆمەڵگاکان لە خودی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە و ڕەگەز (کۆمەڵگەی مۆزایک و گێتۆیی) و لە بەرگریکردن لە مافی مرۆیی و یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتیان و تێکەڵکردنی کۆچبەران لە کۆمەڵگە میواندارەکاندا. ئێمە لە بنەڕەتدا دژایەتی تێزی پۆستمۆدێرنیستی شارستانییەتە جیاوازەکان و بەو هۆیەوە دیالۆگی شارستانیەتەکان یان شەڕی شارستانیەتەکان دەکەین. شارستانیەتی ئینسانی یەکگرتوو و جیهانداگرە (هەرچەندە دەستکەوتە ماددییەکانی ئەم شارستانییەتە: کارەبا، کۆمپیوتەر، ئۆتۆمبێل و هتد جیهانداگرە و بەشێکن لە کولتوور و شێوازی ژیانی خەڵکە لە هەموو وڵاتان).

ئەوەی پێی دەوترێت شارستانیەتی ڕۆژئاوایی لە ڕاستیدا دوا قۆناغی گەشەسەندنی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و دەستکەوتی مێژوویی هەموو کۆمەڵگا ئینسانیەکانە بە درێژایی مێژوو. مەدەنیەت وسکۆلاریزم دەستکەوتی هەموو مرۆڤایەتییە. ئەمڕۆ بۆرژوازی جیهانی بە تەواوی پشتی کردوەتە ئەم دەستکەوتانە. مەدەنیەت و سکۆلاریزم و مافی یەکسانی هاووڵاتیبوون و ڕۆحی کۆمەڵگەی مەدەنی نەک هەر لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان بە تەواوی نکۆڵی و ئینکاری لێدەکرێت، بەڵکو لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاواشدا تا ڕادەیەکی زۆر، بە کردەیی کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە. باوەڕ و فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم بۆداوەگەڕانەوەیە، پۆستمۆدێرنیزم و ڕێژەگەرایی کولتوورییە و گشتگیری بە ڕەخنەیەکی ڕیشەیی لەم عەقیدەیە بەرگری لە مرۆڤایەتی و شوناس و ماف و بەها گشتگیرەکانی مرۆڤ دەکات.

٣- ئاتەئیزم. ئیسلام وەک هەر ئایینێکی تر، تەنانەت وەک ئایدۆلۆژیایەک، ستەمکار و دژە مرۆڤە. تاوانی داعش و کۆماری ئیسلامی و حکومەت و هێزە ئیسلامییەکانی دیکە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و تیۆریەوە لەسەر بنەمای ڕێساکانی ئیسلام دامەزراوە. وەک چۆن تاوانی کڵێسا لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لەسەر بنەمای ئایینی مەسیحی و فەرمانەکانی ئینجیل بوو. لە ڕوانگەی سیاسییەوە داعش و تەواوی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی بەرهەمی پێویستییەکانی جیهانی سەرمایەداریی ئەمڕۆیە، بەڵام لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە ڕەگ و ڕیشەی لە ڕێسا و فەلسەفە و بەها سەروو کۆنەپەرستیە ئیسلامیەکاندا هەیە. هەروەها ڕەخنە و ڕۆشنگەری بەرامبەر بەم بناغە تیۆرییانە پێکهاتەیەکی گرنگی خەبات لەگەڵ هەموو بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدایە. ئاتەئیزم ئەمڕۆ تەنیا وەک تەحەدایەکی فیکری-تیۆری نییە لە ڕەتکردنەوەی خورافاتی خودا و ئایین، بەڵکو وەک مەیدانیکی خەباتی سیاسییە لە دژی بزووتنەوەیەک کە بە فەرمانی ئیلاهی پاساو بۆ دڕندانەترین تاوانەکانی دەهێنێتەوە و ڕوون دەکاتەوە، جیگایەکی بەرجەستە لە خەباتی دژی داعش و هێزەکانی تر و دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا دەدۆزنەوە. لە هەمان کاتدا ئاتەئیزم چەکێکی کاریگەرە لە بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی هاوسۆزی ئیسلامی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و پۆستمۆدێرنیزم و چەپی تەقلیدی لە ڕۆژئاوایە.
لە ڕووی مێژووییەوە هیچ کام لەم سێ پرەنسیپە تایبەتمەندی کۆمۆنیستەکان نەبووە، بەڵام ئەمڕۆ ئەم ئاڵایە تەنها بەدەست ئێمەی کۆمۆنیستەوەیە.. هتد –(ئەمڕۆ نەک تەها هیچ دەوڵەتێکی بۆرژوازی بەڵکو هیچ حزبێکی لیبریاڵ ودیموکرات و تەنانەت هیچ هێزێکی چەپی تەقلیدی-هێزە کۆمۆنیستیە تەقلیدیەکان وئۆرۆکۆمۆنیزم و هتد- بەرگری لەم سێ پرەنسیپە ناکات). بۆ تێکشکاندنی نەک هەر داعش بەڵکو تەواوی بزووتنەوەی دژە ئینسانی ئیسلامی سیاسی گرنگترین بەرەی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی چینایەتی ئەمڕۆی کۆمۆنیزمە. ئەم هێزە گەورەیە بنکە و خاڵی پشتیوانی کۆمەڵایەتی ئێمەی کۆمۆنیستەکانە لە شەڕی ئیسلامی سیاسی و بە گشتی ئەو پاشەکشە و دڕندەییە کە بۆرژوازی جیهانی بەسەر خەڵکی جیهانیدا سەپاندووە.

٢٣ی دێسەمبەری ٢٠١٥





عەلاگەیەک دەرمانی دڕاو.. چیرۆکی: نەوزاد بەندی

بە هەتاوەکە بووایە ، عەسر نەبوو ، نیوەڕۆ بوو ..کۆمەڵێک عەلاگە هەڵیانگرتبووم یان هەڵمگرتبوون ؟ نازانم ، بە هەورازەکەی مزگەوتی گەورەدا ، عەرەبانەکان ڕێڕەویا ن بۆ دیاری ئەکردم ..ڕۆژی عەرەفەیه و خەڵک تێکڕا پەلاماری کاڵاکان ئەدەن .. لە بزماری کەوشەوە هەتا تاقمی قەنەفە …ئیتر لەوەدا بوو بکەوم ..سێ کیلۆ ترێ ، سێ کیلۆ برمە و پاقلاوە ..دوو کیلۆ مۆز ..کیلۆیەک کولەکە ..کیلۆیەک گێلاس .دوو کیلۆ هەڵوژە ..مەکینەیەکی ڕیش تاشین و جووتێ پێڵاوی مارکەی کلارک ..چوار دەسک سەوزە و پاکەتێ سبوغی قاوەیی کاڵ …ڕۆژووی عەرەفە زمانی کردبووم بە پەڵاس ، ئیتر سێ ڕۆژی تر مانگی تەموز دێ .. هێشتا ئوتومبیلەکەم دوور بوو ..
لەناکاو وەک تیسکەی تفەنگ کیژۆڵەیەک بە تەنیشتمدا ڕەت بوو ، بیئاتێی عەبدوڵا پەشێوی بیر خستمەوە .. زۆر خێرا هەنگاوەکانی ئەنا ، هێندەم زانی کچێکی کاڵ بوو ..عەلاگەیەک دەرمان و شاش و پێداویستی پزیشکی بە دەستەوە بوو ، زۆر خێرا شەقامەکەی ئەبڕی ..منیش وەک کەسێک گوێی لە ئاگادارکەرەوەی بۆردومان بوو بێ ، هەنگاوەکانم لە پڕ خێرا بوون ..نازانم خۆم بووم یان عەلاگەکانی دەستم خولیای ئەوەمان بوو ئاخۆ ئەم کیژۆڵەیە بەم خێراییە ئەم هەموو عەرەبانە و ..وەرنەوە بۆ خەیاری گوڵ بەدەم و ..بامێی حلە و ..هەڵوژەی شارباژێر و سەوزەی کەلار و شوتی عوزێمە ئەبڕێ ..ئەبێ چی ڕووی دابێ؟ چ نەخۆشێ .. بریندارێ چاوەڕێی بێ ؟ وەک ئەوەی منیش هەمان بریندار چاوەڕێم بێ ، نازانم من پاڵم بە عەلاگەکانەوە دەنا یان عەلاگەکان پاڵیان بە منەوە ئەنا ، بەڵام هەردووکمان لە هەوڵی زانینی هەواڵێکدا بووین کە هیچ لێکدانەوە و ڕوونکردنەوەیەکی بۆ نەبوو.. ئەو هەر خێرای ئەکرد و منیش خێرا .. وەک ئەوەی عەلاگە پڕ دەرمان و شاشەکەی دەستی هاوسۆزی بۆ عەلاگەکانی دەستم نیشاندا بێ ، بەرکەوتەیەکی لەگەڵ گۆشەی عەرەبانەیەکدا بۆ دروستبوو ، دڕا ..دەرمان و شاش کەوتنە سەر زەوی ، ئەو لە کۆکردنەوەیاندا بوو ، من گەیشتم یان عەلاگەکانم گەیشتن ؟ نازانم .. پێم ووت : ڕاوەستە ! عەلاگەکەت دڕا ..
ووتی : ئەزانم ..بۆ عەلاگەیەک ئەگەڕێم ..
ووتم : بۆستە ..من عەلاگەیەکت بۆ دابین ئەکەم ..
مەکینەی ڕیش تاشینم کردە ناو سەوزەکەوە و عەلاگەیەکی سپیم دایە دەستی ، ئەوەندە شڵەژا بوو ، چاوەڕێ بوو لایەکی عەلاگەکەی لەگەڵدا بگرم ، تا دەرمان و شاش و شتەکانی تێبکا ..
یەک چرکە چاوەڕێی کرد ..هیچم نەووت ..ووتی : زۆر سوپاس ..
لە پێشووتر ، خێراتر کەوتە بڕینی شەقامی کاک ئەحمەدی شێخ ، تا گەیشتە لای تەکسییەکان .. بە خێرا ، بە زمانێکی تێکەڵ و ماندوو ، بە شۆفێرێکی ڕیشنی زەبەلاحی ووت ، تکایە ، زۆر خێرا ..دەرگای پشتەوەی کردەوە و .. ئیدی بۆ هەتا هەتایە وون بوو ..خۆم و عەلاگەکان و ماندوێتیی و تەنیاییەکی کوشندە و تینوێتییەکی تاکو سەر ئێسقان ماینەوە .. ئەو چرکەیە بۆچی وەستا ؟ وەستا تا بزانێ ئایا من بێجگە لە عەلاگەکە شتێکی ترم پێیە ، پێی بڵێم ..منێک کە لەو کاتەدا هیچ شتێکم پێ نەبوو ، تەنها لە خەیاڵی ئەوەدا بووم ئاخۆ مەکینەی ڕیش تاشین لەناو کەرەوز و تەڕەتیزە و کەوەردا کارلێک ناکەن ..
سێ کیلۆ مۆز ..دوو کیلۆ هەڵوژە .. سێ کیلۆ پاقلاوە و برمە.. کیلۆیەک گێلاس ..سێ کیلۆ ترێ ..کیلۆیەک کولەکە ..جووتێ پێڵاو ، مارکەی کلارک ..قوتویەک بۆیەی قاوەیی کاڵ ..
ئەو خولەکە بۆیە وەستا ئاخۆ هیوایەک ..شتێکم پێیە بۆی ؟ دڵدانەوەیەک ..قسەیەک ..هەر شتێ کە کەسێکی وا ، لەو ساتی عەلاگەی دەرمان دڕانەدا بیەوێ پێی بڵێ .. بەڵام من زمانم چووە کلیلە .. ئەو عەلاگەی منی بۆچی بوو ؟ بۆچی وەریگرت ؟ سەدان عەرەبانچی هەزاران عەلاگە لە خزمەتیا بوون ، بەڵام ئەو تەنها عەلاگەی منی وەرگرت.. من نەمزانی لەوێدا ئەو تەنها عەلاگەی لە من وەرگرت بۆ ئەوەی چرکەیەک ڕاوەستێ و تەماشام بکا ..من بێ ئەوەی تەماشای بکەم ، بیرم لای ئەوەبێ ئاخۆ مەکینەی ڕیش تاشین و کەرەوز و کەوەر و تەڕەتیزە دانولەیان پێکەوە ئەکوڵێ یان وەک حیزبە کوردستانییەکان بەر ئەبنە سەر و پۆتەڵاکی یەکتر و ..ئەویان پڕ دەمی ئەمیان ئەکا لە ژەنگ و ..ئەمیان پڕ گەڵای ئەویان ئەکا لە ڕۆن و تەپ و تۆز …تەنانەت تەماشایەکم نەکرد بزانم چۆنە ..
عەلاگەی دەرمانی دەستی ، یەخەی خۆی دڕی ، تا وێستگەیەکمان بۆ دروست بکا ، ئەو بریندارێکی بە جێهێشتبوو ، لەگەڵ ئەوەیشدا چرکەیەک وەستا ، هەستم کرد چاوی تێبڕیوم ، وەک ئەوەی بڵێ خۆم عەلاگەکەم دڕاند ، ئەمزانی تۆ کە منت بینی زیندوو بوویتەوە ..فەرموو ، قسە بکە .. قسەم نەکرد .. وەک هەموو ئەو باڵندانەی لە مناڵیمدا ئەمتوانی بیانگرم و نەمگرتن ..هەموو ئەو گەشتانەی ئەمتوانی بیانکەم و نەمکردن ..هەموو ئەو ئیش وپڕۆژانەی ئاوەڵابوون لە بەردەممدا و کەچی پشتم تێکردن..
لە کوشنەکانی پشتەوەی تەکسییەکەدا وون بوو ، شوفێرێکی زەبەلاحی پڕ لە توانا و ووزە ، بێ ئەوەی وەڵامی نرخی بداتەوە ، ووتی سەرکەوە .. ئەو چۆن چرکەکانی بە هەدەر ئەدا ..ئەو چۆن گوڵەبەهاری و دەنکە تووەکان ناچنێتەوە ؟
هەستم کرد عەلاگەکانی دەستم چەندین ئەوەندە قورستر بوون .. هەموو لاشەم شەڵاڵی عارەقە بوو .. وەک کەسێکم وونکردبێ ، یان هاوڕێیەکی گیانی بە گیانییان لێ فڕاندبم .. ئەبوو تەلەفۆن بۆ 114 بکەم ، حاڵەتێکی فڕاندن هەیە گەورەم ! بەڵام نازانم کێیە و چۆنە و ناوی چیە و تەمەنی چەندە ..ئێ خۆ هیچ کەسێ نازانێ دڵ و جگەری خۆی چۆنە و چیە ، بەڵام بێ ئەوان ناژی ..
بەڵام نا .. ئەو خێرایی ئەوەی بوو زوو بگاتە لای نەخۆشەکەی ، خۆزگە ئەو چرکەیە نەوەستایە و یەکسەر عەلاگەکەی لە دەستم ڕاپسکاندایە و بڕۆشتایە ..
ئەو ئەیویست بڵێم منیش لە خەستەخانە کار دەکەم ، ئوتومبیلەکەم زۆر دوور نییە ، با بچین بزانین وەزعی نەخۆشەکەت لە چیدایە ..
ڕەنگە وایش نەبێ .. عەلاگەکە خۆی دڕا بێ یان ئەم خۆی دڕیبێتی..یان عەرەبانەیەک خۆی لێ دابێ.. ئیتر ئەوەندە هەیە ، ئەو ڕۆیشت و من مامەوە .. هێندەی فەرهاد و کێوی بێستوون ماندوێتیی .. لە بیابانەکان تینووتر .. هەزار کیلۆ مۆز .. دوو هەزار کیلۆ
Nawzad Bandy
برمە و پاقلاوە ..هەشت سەد کیلۆ هەڵوژە ..شەش سەد کیلۆ گێلاس ..چوارسەد کیلۆ کولەکە ..چوار فەردە سەوزە ..پێنجسەد کیلۆ ترێ ..چوارسەد جووت پێڵاوی بڕاندی کلارک ..چوار ڕەفە سبوغی قاوەیی کاڵ …هەموو خوێی دنیا لەسەر لێو و گەرووم کەڵەکە بوو بوون ..هەموو پەشیمانیی مێژووی مرۆڤایەتی لە دێراوەکانی ناخما ڕووا بوون ..شکم نەما ، ئەو بە ئارەزوو عەلاگەی دەرمانەکەی دڕی !




ئیمانی فاشیستانه‌.. به‌ختیار محه‌مه‌د

گوتاری ئیسلامی سیاسی (به‌ هه‌موو باڵه‌كانیه‌وه‌) كاره‌كته‌ره‌كانی (ئه‌ندام و لایه‌نگرانی) ده‌كاته‌ قێزه‌ونترین و درۆزنترین و دووڕووترین و دڕه‌نده‌ترین كاره‌كته‌ر؛ ده‌یانكاته‌ ((گورگ له‌ پێستی مه‌ڕدا)).

گوتاری ئیسلامی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای ڕق (ڕقێكی فاشیستانه‌) دروست بووه‌. ئه‌م ڕقه‌ نزیكه‌ له‌ ڕقی نازیزم. ئێستا ڕقی فاشیستانه‌ی ئیسلامییه‌كان – ئه‌گه‌ر نازی له‌ به‌رانبه‌ر جووله‌كه‌ بوو – ئه‌وا ئه‌وه‌ی ئه‌وان، وه‌ك خۆیان پێی ده‌ڵێن، له‌ به‌رانبه‌ر ئیلحاده‌.

ئه‌م گوتاره‌ له‌به‌رچاوی لایه‌نگران و خه‌ڵكی سۆزداری ساده‌ی موسڵمان، مولحید ده‌كاته‌ قێزه‌ونترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌ و مێشكیان پڕ ده‌كا له‌وه‌ی، كه‌ ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ (مولحید) تاوانبارترین و مه‌ترسیدارترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌یه‌، بۆیه‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ ده‌بێ له‌ناو ببردرێ. لێره‌وه‌ پره‌نسیپێكی سه‌ره‌كی گوتاری ئیسلامی سیاسی – چ به‌ تیۆر، چ به‌ پراكتیك – تیرۆره‌. ڕاستییه‌كه‌ی ئیسلامی سیاسی و تیرۆر هاوزا و تێكبه‌سته‌ن (متلازم). دوو ڕووی ڕه‌سه‌نی یه‌ك دراون. ئیسلامی سیاسی به‌بێ تیرۆر، ڕق، فریودان… هه‌ڵناكا. هه‌موو ئه‌مانه‌ مه‌رجی بوون و مانه‌وه‌ و گه‌شه‌كردنی هه‌موو ڕێكخراوێكی سیاسی ئیسلامییه‌.

ئه‌م گوتاره‌ ئیسلامییه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕق ئیش ده‌كا، بۆیه‌ هه‌موو دنیای مۆدێرن – ئه‌وه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌بێ و له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیای خۆی نه‌گونجێ – ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و هه‌وڵی له‌ناوبردنی ده‌دا، تا ته‌نها خۆی هه‌بێ و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی ئێمه‌ و له‌ هه‌موو دنیادا هه‌بێ و بسه‌پێنێ. له‌ناو ئه‌م گوتاره‌دا زه‌ڕه‌یه‌ك هه‌ست به‌ بوونی چه‌مكی خۆشه‌ویستی ناكه‌ی. له‌ فه‌رهه‌نگی ئه‌م گوتاره‌دا زه‌ڕه‌یه‌ك چه‌مكی خۆشه‌ویستی بوونی نییه‌؛ به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ڕق و ته‌كفیركردنه‌: هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ مێژووی ئیسلامدا به‌ ده‌ستی تیرۆری ئیسلامی سیاسی تیرۆركراون، ده‌ستی ئه‌م گوتاره‌ پڕ له‌ ڕق و ته‌كفیریه‌یان له‌ پشت بووه‌. ئه‌و گه‌نجه‌ی مێشكی ده‌شوورێته‌وه‌ و ده‌بێته‌ كه‌سێكی بكوژی تیرۆریست، ڕاسته‌وخۆ له‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌م گوتاره‌دایه‌ و په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی ئه‌م گوتاره‌ پڕ له‌ ڕقه‌ فاشیستانه‌یه‌. هه‌ربۆیه‌شه‌ ئه‌وان ده‌بنه‌ بكوژی وه‌ها، كه‌ له‌به‌رچاوی هه‌موو دنیا شانازی به‌ كوشتن و خوێنڕشتن و سه‌ربڕینه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌م هه‌وه‌سی كوشتنه‌، هه‌وه‌سی فاشیسته‌كانه‌. هه‌روه‌ك چۆن نازییه‌كان هه‌وه‌س و عه‌شقی بێ سنووری كوشتنیان هه‌بوو به‌رانبه‌ر به‌ جووه‌كان. ئه‌م عه‌شق و هه‌وه‌سی كوشتنه‌ی ئیسلامییه‌كان – خۆیان گوته‌نی – له‌ به‌رانبه‌ر كافره‌كانه‌ (بێ دین و یه‌هودی و نه‌ساڕا). ئیسلامی سیاسی دوژمنی زۆره‌؛ له‌ پشت په‌رده‌ی به‌هانه‌ی ((دوژمنانی ئیسلام))ـه‌وه‌، دوژمنه‌كانی ئیسلامی سیاسی: مولحیده‌كانن، بێدینه‌كانن، یه‌هوودی و نه‌ساڕه‌ن، وه‌رگه‌ڕاوه‌كان له‌ دین، ئیمانداره‌ نوێژنه‌كه‌ره‌كانن… تاد.

ڕاستییه‌كه‌ی ئیسلامی‌ سیاسی – هه‌روه‌ك نازییه‌كان – دژی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌، بۆیه‌ جه‌نگی تاریكپه‌رستانه‌یان دژی هه‌موو لایه‌كه‌ و دژی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه‌؛ چونكه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێ وه‌ك نازییه‌كان هه‌موو سه‌رزه‌مین داگیر بكه‌ن، تا خه‌ونی نه‌زۆكی حوشترانه‌ی ئه‌وه‌یان بێته‌ دی، كه‌ گۆیا ده‌بێ هه‌موو دنیا ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ببێته‌ موسڵمان.

به‌ختیار محه‌مه‌د




پەندوەرگرتن لە ڕابردوو!.. عوسمانی حاجی مارف

لەم دۆخەی ئێستادا، کە بینەری زیاتر ئاڵۆزبونی پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقین، بەدوای بیست ساڵ لە ئەزمونی پێکهێنانی دەسەڵات، بە پێگەو ڕۆڵی هێزی میلیشیای تائفی و نەتەوەپەرستی، بەدەستەوەگرتن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە چوارچێوەیەکی میلیتاریستیدا، درێژەکێشان و زاڵبونی ناسەقامگیری سیاسی، خەریکە بەئاسانی ڕێڕەوی ڕوداوەکان کێشمان دەکات بۆ ئایندەیەکی نادیارتر لە کێشمەکێشی نێوان هێزەکانی شیعەو هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.
دوو ئاراستەو دوو وتاری جیاواز دەخوێنینەوە. یەکەمیان وتاری نوری مالکیە دەڵێت؛ “پێویستە قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێنینەوە و کوردستان بچووک بکەینەوەو کوردەکان بگەڕێنینەوە بۆ سنوری پێش ٢٠٠٣ پێش ڕوخانی ڕژێمی سەدام”، لەلایەکی ترەوە مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، خەریکە عێراق بەرەو ئاڕاستەی ئەزمونە تاڵەکانی ڕابردو دەبرێت و داوایان لە دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەوەیە کە ڕێز لە دەستور بگرن. دەشڵێت، “پێویستە نەیارانی کوردستان پەند لەڕابردوو وەربگرن”.
وتارەکانی مالکی و مەسرور ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێن، کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند پێویستە بەئاستێکی تر لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئایندەی پەیوەندی نێوان خۆیان وەک پێشهاتێک بخەینە بەر چاو. مالکی لەلایەک، پارتی دیموکراتی کوردستانی کردۆتە شەیتانێک و لە خەمی ئەوەدایە کە بەرزبونەوەی زیاتری پێگەی بارزانی و پارتی، ببێتە بەربەستێک لە بەرامبەر ئەو نەخشانەی مالکی لە پەیوەند بە رۆڵ و دەخالەتی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا پیادەی دەکات، هەر بۆیە خەریکە بانگەوازی خواستی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم دەکات. لەلایەکی ترەوە سوپاسگوزاری یەکێتی نیشتمانی و بنەماڵەی تاڵەبانیە کە ١٦ی ئۆکتۆبەر کۆمەکی دڵسۆزانەیان بە هێزی سەربازی حکومەتی عێراق کرد، لە گرتنەوەی کەرکوک و دەرپەڕاندنی هێزە میلیشیاکانی پارتی و یەکێتی!
ئەم پاشەکشەیەی هێزەکانی پارتی و یەکێتی لە کەرکوک لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، دەورانێکی وەها تازەی خستە بەردەم بزوتنەوەی کوردایەتی، کە نەتوانن نەک باس لەسەربەخۆیی کوردستان و “دەوڵەتی کوردی” بکەن، بەڵکو نەتوانن پرۆژەی سەربەخۆیی ئابوری هەرێمیش بخەنە بەرنامەی کاریانەوە. ناچاربوون دانوسان لە ئاستێکی نزمتردا بە مانای ملکەچی گەڕانەوە بۆ بەغدا جێبەجێ بکەن.
ئەتوانین بڵێین دۆخی ئێستا و کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند، خەریکە دەورانێک بە پاشەکشەی زیاترەوە لە دەورانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر دەگوزەرێنێت. بە مانایەک پارتی و یەکێتی هەریەکەیان بەجۆرێک لە پەیوند بە ئایندەی هەرێمەوە دەرگیرو و سەرگەردانن. گەر بەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەو پێگەیەی لە ناوچەکێشە لەسەرەکان هەیانبوو وە شانازیان پێوە دەکرد، بووە مایەی شەرمەزاریان، لەهەمانکاتدا بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێمیشیان لە ئاستێکی دیاریکراودا قەبوڵکرد. هەر بۆیە دروشمی سەربەخۆیی بۆتە پاراستنی قەوارەی هەرێم لەم ئاستەی ئێستایدا! بەڵام ئایندەیەک یەکێتی نیشتمانی بەدوای زیاتر دابەزینی پێگەی هێزەکەی دەیەوێت پیادەی بکات، هەروەها لە هەوڵی ئەوەشدایە بیکاتە فشار لەسەر پارتی، هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی ناوچەی سەوزو دوو ئیدارەییە. هەوڵ و پەیامی مالکیش بەهەمانشێوە لەڕێگەی پێشنیار بۆ دوو ئیدارەیی دەیەوێت قەوارەی هەرێم بەرتەسکتر کاتەوە یا کۆتایی پێ بهێنرێت. لەهەمانکاتدا مەرکەزیەتی عێراق بەم ڕێچکەیە بەرجەستەکەنەوە.
یەکلایکردنەوەی ئەم پلان و هەوڵانە لە کێشمەکێشی نێوان هێزە میلیشیاکانی هەرێم و عێراق کارێکی ئاسان نیە، چونکە لە لایەک ئاستی هاوسەنگی تەواوی هێزەکان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی هیچ لایەنێکیان بتوانێ باڵادەستی خۆی بەسەر تەواوی عێراق، یا تەواوی کوردستاندا ببڕێتەوە. لەلایەکی ترەوە رۆڵ و دەخالەت و بەرژەوەندی دەوڵەتی ئەمریکا و ووڵاتانی ناوچەکە و کێشمەکێشی نێوانیان، کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لە چۆنیەتی مامەڵەکردن بە دیاریکردنی هەر ئایندەیەک کە پەیوەست دەبێت بە هەرێم و ناوەندەوە. هەروەها ئەو وڵاتانە دەوریان لەسەر کێشکردنی هێزو لایەنەکانی عێراق و کوردستان ڕەخساندوە، لە بەکارهێنان و بەستنەوەیان بە کێشمەکێش و پلان و بەرژەوەندیەکانیان، هەر ئەم دۆخەیە کە عێراق و کوردستانیان لە ناسەقامگیری سیاسیدا راگرتوەو رادەگرێت.
بەشێکی تری زەقبونەوەی ئەم دۆخەی ئێستا، ئەو ڕاگەیاندنەی مەسرور بەرزانیە کە بەجۆرێک نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر وتارەکەی مالکیدا دەخاتە ڕوو. لەهەمانکاتدا مالکی بەوە تاوانبار دەکات کە “خەریکە عێراق بەرەو ئاڕاستەی ئەزمونە تاڵەکانی ڕابردوو دەبات”، هەروەها داواش دەکات؛ “پێویستە نەیارانی کوردستان پەند لەڕابردوو وەربگرن”.
ئەم وتارو بانگەوازەی مەسرور، بەهەمانشێوە بەشێکە لە چۆنیەتی ئەو پێگەیەی پارتی کە لەم دۆخەی ئێستای عێراق و کوردستاندا، جێگاوڕێگایەک بۆ خۆی قایلە کە دوای ئەو شکستەش لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا بەسەریدا سەپێنرا، تەنها قەوارەیەک بەدەسەڵاتی رەهای خۆی بۆ هەرێم بپارێزێت. واتە بەهەر بەهایەک و بە خولقاندنی هەر کارەساتێک و شەقوشری و نەهامەتی بۆ خەڵک و نابەرپرسیاریەکەوە بێت، هەرێمێکی یەک ئیدارەیی ڕاگرێت. لەلایەک یەکێتی بچوکتر کاتەوەو بەشە داهاتی کوردستانیش لە سامانی عێراق لە گەنجینەی دەسەڵاتی بارزانیدا کەڵەکە بکرێت و کۆنترۆڵ بکرێت. لەلایەکی تریشەوە هاوسەنگی پێگەی سیاسی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا بکاتە سەرچاوەی سەرەکی. بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد پێشهاتەکان لە دەورو دەخالەتی ئەمریکاو ووڵاتانی ناوچەکە، تا ئێستا شانسی بە هیچ لایەک نەداوە کە بتوانێ بەڕەی هاوکێشەکە بە قازانجی خۆی ڕاکێشێت. واتە لەم نێوەدا مانایەک نامێنێتەوە بۆ دەستەواژەی “پەند وەرگرتن لە ڕابردوو”، یان گەڕانەوە بۆ “ئاراستە تاڵەکانی ڕابردوو”، چونکە ئەوەی ڕۆشنە پێش هەمو شتێک تائێستا پارتی و بارزانی کام پەندەیان لە ڕابردوو وەرگرتوە، لە کام شوێن و کاتدا خاوەنی وەرگرتنی ئەزمونن، تا بوێرن ئەوە بسەلمێنن ئەتوانن ڕێگە نەدەن کوردستان ڕوبەروی کارەساتی چەندبارە نەبێتەوە!؟ مێژوی ئەزمونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، بێپەردە، لێوان لێوە لە کارەسات و ڕوداوی دڵتەزێن، ئەو پەندانە چین تا ئەو کارەساتانە ڕونەدەنەوە.
هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفیەکان بەدوای ٢٠٠٣ وە خاوەنی دڕندەترین کارەساتی نائینسانی و شەڕی تائیفین. هۆکاری ئەوپەڕی وێرانکاری وداڕمانی عێراق بون، کە کەم وێنەیە لە مێژوی ڕوداوە سیاسیەکانی عێراقدا. گەر لەسەردەمی سەدام زیاتریان نەکردبێت، ئەوە کەمتر نەکراوە. کە بەهەمانشێوە حزبەکانی کوردایەتی هاوبەشی تەواوی ئەو تاوانانەن، کە هێزە ئیسلامی و تائیفیەکان ئەنجامیان داوە. ئاخۆ بە چ ڕویەکەوە مەسرور ئەو ئەزمونە فەرامۆش دەکات و دەڵێت خەریکە عێراق بەرەو ئاڕاستەی ئەزمونە تاڵەکانی رابردوو دەبات!؟ کام ڕابردوو، کام تاڵی، ئەو تاڵیەی ڕێکەوتن لەگەڵ سەدام، بۆ گرتنەوەی هەولێر ئەنجامدراو بەلەشکرکێشی سوپای عێراقی پێش خۆیدا، یا ڕێکەوتن لە گەڵ هێزە شیعەکان بۆ پێکهێنانی گاڵتەجاری حکومەتی عێراقی فیدراڵ!؟
ئەوەی پێویستە لەم دۆخەدا بە هەند وەرگیرێ بەهەر وتار و ئاراستەو بانگەوازێک، ئەو ئاڵوگۆڕانەیە کە پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، ئەگەری پەڕینەوە لەدەورانی نائارامی، بۆ بەدەستهێنانی دەورانێک لە سەقامگیری، لەپێناو کەشێکی ئارام بۆ سەرمایەگوزاری و کەڵەکەی سەرمایە، کە کاریگەری ئەم ئاراستەیە کەم تازۆر لەسەر مامەڵەو چۆنیەتی هێز و لایەنەکان و ئایندەیان لەئێستاوە ڕەنگی داوەتەوە. بۆیە کێشەکان لەوە واوەترە کە مەسەلەکان تەنها بچێتە بواری بودجەو موچە و پاشەکەوتی موچەوە. هەڵبەتە ئەو بوارانە بۆ فەرمانبەران و باری ئابوری جێگاوڕێگاو گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام پێویستە ئەوە باش درک بکەین کە کێشەکان زۆر لە دابەشکردنی بودجەو موچەو پاشگرەکانی واوەترە. واتە لە گێژاوی ئەو واقعیەت و ئاراستەیەیە کە هێزە میلیشیاکانی عێراق و کوردستان لەبەرامبەر ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەدا دۆشداماون و لە ناچاری چاوەڕوانی ئایندەی نادیاری حکومەتەکانی ئێستای عێراق و کوردستانن. لەناو هاوکێشە سیاسیەکاندا خەریکی مامەڵەیەکی هەرزان بازاڕی و قومارکردنن! ئەبێ کێ بن ئەوانەی ئەتوانن بەربەو شەپۆلە بگرن، تا لەو بازاڕەدا شکست نەخوات و مایە پوچ و شەرمەزار نەبێت؟ ئاکامی ئەمەش لە سایەی تەواوی ئەم هێزە ملیشیایانەدا ئەگەری ئایندەیەکی تاریکترە کە کاریگەریەکانی بەسەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا دەشکێتەوە.




عەلاگەیەک دەرمانی دڕاو.. شیعری: نەوزاد بەندی

ئەو تەوژمی پڕ لە ڕەنگ و
پڕ وەرزش و ..
پڕ قوڵپەی کانیاوە چی بوو ،
کە ڕژاندتە ناو بینین و
یەک بە یەک جومگەکانمەوە ..؟
ئەو هەموو تەمەنەی کە ڕۆیشت ..
لاوی و ئێوارانی زانکۆ ،
لەپڕ بوون بە نەمامگەلێ ،
بە ساتێکیش ڕوانمەوە ..
عەلاگەیەکی پڕ دەرمان ،
بە پێنج پەنجەی پەمەییەوە ،
جۆلانێیان ئەکرد وەک من ..
هێندە خێرا ،
نەمئەزانێ ئاخۆ قاچەکانت دووان بن یاخود یەک بن ؟
من وەک ئەو ماسییەی
جێ پێی گەشتیارێ هەڵئەگرێ ،
جێ پێی عەلاگەیەک دەرمان ،
لەگەڵ جوانێکی کەس نەدیو ..
من نەمئەویست تەماشات کەم ،
سێبەرێکی فێنک و بۆنخۆشم ئەدی ،
وەک سێبەری ژێر دارتوویەکی
پڕ لە تووی شیرین -شیرین و هەڵوەریو ..
لەناکاو عەلاگەی دەرمان ،
دڕا و ..دەرمان بڵاو بۆوە ..
هاوارم کرد ڕاوەستە ..ڕا ..
دەرمانەکانت پیس نەبن ..
بە پانتۆڵێکی کاوبۆوە ..
عەلاگەکانم زۆر زۆر بوون ،
دانەیەکیانم دا بە تۆ ..
وەرت گرت و .. چرکەیەک ،
لای دیلێکی دێرین ڕاوەستای ..
کە گوێت لە هیچ شتێ نەبوو ،
ووتت زۆر سوپاس و
ڕۆیشتی و زوو دیارنەمای
من لەناو خۆما نوقووم بووم
باڵدارێکی ناو زوقووم بووم
من لەناو خۆما بزر بووم ..
کاتێ گەیشتمە کەناراوەکانی ناخم ،
سەرم هەڵبڕی ، ڕۆیشتبووی ..
تاکسییەک هەڵیگرتبووی ..
من مامەوە ،
وەک مانەوەی ئەو ژمارە نابووتانەی
کە هیچ کەرتێ ، وەریانناگرێ ..
وەک مانەوەی ئەو پێشمەرگە زامدارانەی
هیچ حیزبێ دڵیان ڕاناگرێ ..
وەک ئەو مناڵە کەمئەندامە هەژارانەی ،
موچە نایانگرێتەوە ..
چیرۆکێکی دوو خولەکیی ،
کە ئیتر ناگەڕێتەوە ..
تازە وون بووی ..
هیچ ڕێکەوتێ ،
عەلاگەیەک دەرمان نادڕێ ..
جارێکی تر جومگەکانم ناکەونە بەردەم تەوژمی لێزمەی جوانی ..
گەڕامەوە ژێر کەڵەکەی خەمەکانم ..بەئاسانیی ..
لێڵایی دایپۆشیمەوە ،
وەک ساتە گرانبەهاکان ،
تۆیش کەوتیتە
ناو بۆشایی و تەمەکانم .




من لەکوێم و چی دەکەم؟.. نیهاد جامی

لەئێستادا لەکوێیت؟ پرسیارێک ساتی وا مرۆڤ ڕووبەرووی دەکرێتەوە، ئەوە گەڕان نیە بەدوای بوونی تۆ لەشوێندا، هێندەی پرسێکی کۆمەڵایەتیە بۆ زانینی بوونت لەجوگرافیای گەردووندا، دەشێت بتوانین مانایەکی فراوانتر بەو پرسیارە بدەین، بەوەی بوون لە ئاستی زانینی جوگرافیەوە بگۆڕین بۆ بوونی کولتووریی، ڕەنگە بپرسین ئەوەیان چۆن ڕوو دەدات، بابەتەکە هێندە نابێتە تیۆریی، بەقەد ئەوەی هەوڵێکە بۆ نووسینەوەی ساتی ئامادەبوونی کولتوریی تۆ لەشوێندا، ئەوە بیرکردنەوەیە لەو رۆژانەی تێدەپەڕن، بێ ئەوەی لەناو تۆڕی کۆمەلایەتی ئاگاداری دۆستەکانت بکەیتەوە تۆ خەریکی چیت، هەر بەڕاست گرنگە مرۆڤ لەناو تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەو هەموو بانگەشەیە بۆ هەر کارێک بکات کە ئەنجامی دەدات؟
رەنگە گرنگیەکەی لەوەدا بێت تۆ خەریکی کاری کولتوریی و پێویستە ئەوانیتر هەواڵت بزانن، بەلام ئەو قسەیە بۆ نوسەر و هونەرمەندەکان ڕاستە، نەک بۆ مرۆڤێکی وەک من کۆی ژیان ئەدەب وهونەر تەنیا هەوڵێکی چێژبەخشی خودگەرایانە بووە، ساتی گوزارشت کردن بووە لە خۆم، بەدەگمەن ژانرێک هەبووە ئەزموونم نەکردبێت، پەیوەندی بە هونەرمەندبوون و نوسەر بوونەوە نەبووە، بەقەد ئەوەی گەڕان بووە بەناو زمانە جیاوازەکان لەپێناو ئەوەی چۆن دەتوانم ساتەکانی خۆم بنیات بنێمەوە، هەندێک دڵخۆشبوونە پێی، ئەوانە وەک من گیرۆدەی زمانیتر بوون بۆ گوزارشت کردن لەخۆیان، بەشەکەی تریان توڕە بوون کە ئەو کارانەیان بە دڵ نیە، ئەوانە بریتی بوونە لەنوسەرو هونەرمەندەکان، پسپۆڕانی ئەو بوارە کە دەتوانن ناوی مەزن بن، بەلام بە بڕوای ئێمە مەرج نیە ناوە مەزنەکان بتوانن ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان بژین، ڕاستە سەرەنجام ئەدەب و هونەر لەپێناو ئاسوودەیی مرۆڤدایە، ئاسودەییەک دانەرەکان بیری لێ ناکەنەوە، بەلام خوێنەرو بینەر بۆیان گرنگە گوزارشت لەوان بکات، منیش بەهەمان شێوە کاتێک کامێرام بەدەستەوە بێت یاخود وەک دەرهێنەر لەشانۆ بم، وەک ئەو بینەری فیلم و شانۆیانە بەدوای چێژ و ئارامی گەڕاوم، نەک بەدوای ناوی دەرهێنەر بوون.
ئەو دەمەی کتێبێکم نووسیوە، من وەک خوێنەر بیر لەچێژی خوێندنەوە دەکەم، نەک خولقێنەری شاکار، هەر بۆیە لایکی تۆڕە کۆمەلایەتیەکان هیچ کاتێک بۆم گرنگ نەبوون، کاتێکیش بەکاریان ناهێنم خۆشترین ساتەکانی خۆم دەژیم، بەتایبەت لەئەزموونکردنی ژیانی خۆرئاوایی، گێڕانەوەی ڕووداو ئەو چیرۆکانەی هەرگیز ڕوویان نەدا، ئارەزووی گێڕانەوەیانم دەکرد، ئەوانەی کە لەژیانمدا ڕوویاندا هیچ کاتێک بیر لەنووسینەوەیان ناکەمەوە، چونکە من بۆ خۆم تاقەتی گێڕانەوەی ژیانم نیە، ئەوە وایکرد ڕۆمان بنووسم، چێژی زۆری بە خۆم و خوێنەرێک بەخشی، بەڵام ئەوانەش کە توڕە دەبن، پێمناخۆشە دەبمە هۆی ناڕەحەتیان، لەکاتێکدا نووسەرانی ئەو بوارە گەر هەراسان بن وا تێدەگەن عەرشی بوارەکەیان دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە، لەکاتێکدا من لەوە بێتواناترم کاریگەریم بۆ سەر خۆشم هەبێت نەوەک بۆ مامۆستایانی ئەدیب.
چێژی خوێنەر بوون هەمان چێژی بینەر بوونە، کاتێک کامێرا بەدەستەوە دەگریت ئەو وێنە و فیلمانەی هەست دەکەیت دواتر لەرێکخستنەوەیان مانایەکتر دەخولقێنێت، ئەوە بیرکردنەوە نیە لەدرووست کردنی فیلم، هێندەی وەک بینەرێک بەدوای چێژی بینینەوە ئەنجام دەدرێت، ئەوەی لەپشت ئەو بیرکردنەوەیە من نیم، من تەنیا بۆ خۆم و ئاسودەییەکانم کار دەکەم، ئێستاش چەندین کتێب و فیلم و وێنەم لە لایە بە پێویستم نەزانیوە جارێ ببینرێن و بەدڵنیاییەوە لەداهاتوودا ئەوانەی ئارەزووی بکەن هەموویان دەخوێننەوەو دەبینن، ئەوەش وەڵامی پرسیارەکەی سەرەتا بوو، کە من لەئێستادا چیدەکەم، لەئێستابوونی من واز لەشوێن بێنە، گرنگ ئەوەیە لەهەر شوێنێک بم، من بەدوای هۆڵی شانۆو کتێبخانەکان دەگەڕێم، ئەو دوو شوێنە ماڵی ڕاستەقینەی منە، کاتێکیش بیر لەخۆم دەکەمەوە، بۆ ئەوەی پشوویەک بە خۆم بدەم، کامێراکەم بەدەستەوە دەگرم و خەریکی وێنەگرتنی چرکەیەکم کە ڕەنگە ساتی بینینی نەک مرۆڤەکانی ناو وێنەکە لەژیاندا نەمابن، بەڵکو لەوانەیە منیش چیتر لێرە لەسەر ئەم زەویە لەگەڵ ئێوە نەبم، دووریش نیە، هەندێک بێ ئاگایی یەکتری باس لەوە بکەن ئەوان لەناو ئەو وێنەیە دەرکەوتوون، خۆ ئەو کات هەر یەکتریشیان نەناسیبوو، ئەوە ساتە ڕاستەقینەکەی چێژی ئێستا بوونە بۆ من، کە شوێنەکان تەنیا ماڵێکن بۆ گوزارشت کردن لەهەستی ئاسودەیی خوێنەربوون و بینەربوونت لەبەردەم کتێب و لەناو هۆڵی شانۆ، ئەو دەمەی کامێراکەت بەدەستەوەیە، دەتەوێت هەموو ئەوانە وەک چیرۆکێکی وێنەیی یاخود وەک دیمەنی فیلمێک تۆمار بکەیت، دڵنیام ئێستا ئەزانیت من لەکوێم و خەریکی چیم لەم ژیانەدا.




بەر لە دووژمن ناپاکان لەناوبەرن.. گۆران هەڵەبجەیی

{گەر دە فیشەکم پێبێت نۆی دەنێم بە ناپاکانەوە و تەنها یەکێکی دەنێم بەدوژمنەوە / چیڤارا}
ناپاک تاک یا کۆ گەورەترین زیانی بە دۆزی گەلی کورد گەیاندوە،ئیدی لە دیرۆکی کۆندابووبێت یاخود لەسەردەمی پەیدابوونی حیزب و سەرهەڵدانی شۆڕشی چەکداریدابووبێت.
مەسەلەی بوونی ناپاک شتێکی نوێ نیە ، هەر لە دەمی پەیدابوونی شەڕو ناکۆکی و ململانێی نێو شارستانیەکان و مرۆڤەکان لەپێناوی کۆنترۆڵکردنی خاک و شوێنی ستراتیژی هەبووە و تا ئێستاش درێژەی هەیە.
لەمێژوودا چەندین شارستانی،ئیمپراتۆریەت،دەوڵەت،حکومەت،جەنگ بەهۆی کاری ناپاکانەوە زیانیان پێگەشتوە، یاخود شکستیان هێناوە.
ناپاکی یا سیخوڕی کردارێک نیە تایبەت بێت بە نەتەوەیەک یا دەسەڵاتێک بەڵکو زۆربەی نەتەوەکان ناپاکیان تێدا هەبووەو هەیە.
گەر کوردستان بەنمونە بگرین بۆمان دەردەکەوێت هەرگیز ناپاکی لێ نەبڕاوە ،بەتایبەت لەدەمی پەیدابوونی حیزب و سەرهەڵدانی شۆڕشی چەکداریەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ .
ئەو پێشمەرگانەی بۆ سەردانی خێزان و کەسوکاریان دەهاتنەوە نێو شارەکان و پاشان دەستگیر دەکران،ئەوانەی خەبەریان لێدەدان کوردبوون و لە پێناوی بڕێک پارەدا ئەو کارەیان دەکرد و پشمەرگەکانیان بە سێدارە دەگەیاند.یاخود ئاشکراکردنی شانە حیزبیەکانی نێو باژێرەکان و دەستگیرکردنیان ،دیسان هەرئەوانەش کاری سیخوری کوردبوون.پێدانی زانیاری هەستیار دەربارەی هێزی پێشمەرگە بە ئەمن و ئیستیخباراتی بەعس ،ئەوەش کاری کوردی ناپاک بوو.
گەر ناپاک و سیخور و جاش و بەعسی کورد نەبایە دەزگا سەرکووتکەرەکانی ڕژێم هیچیان پێ نەدەکرا .ئەم ناپاکە کوردانە مەزنترین خزمەتیان بەڕژێمی بەعس کرد ،هاوکات مەزنترین زیانیان بە دۆزی کورد گەیاند.
ئەوەی جێگەی ئەسەفە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لەو سیخوڕو سەرۆک جاش و کوردە بەعسیانە لەکن یەکێتی و پارتین و پلەوپایەو مووچەو ئیمتیازاتیان بۆ دابین کراوە و شاهانە دەژین.
لەدوای ڕاپەڕینەوە دەزگا سیخوریەکانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیاو ئێران[میت و ئیتلاعات] دەستیان بە چالاکی کردوەو چەندین بنکەوبارەگایان لەژێر جۆرەها ناودا لەباشوور دامەزراندوە، بەجۆرێک خۆیان جێگیرکردوە کە دەتوانم بڵێم هەرێم لەژێر هەژموونی ئەواندایە،کێیان مەبەست بێت و لەهەر شوێنێک بێت بەئاسانی[ بەهۆی سیخوری کودەوە] دەستیان پێی دەگات و لەناوی دەبەن.
جا بۆ ئەوەی ئەم دەزگا سیخوڕیانە کارەکانیان بەرهەمداربێت ،پێویستیان بە چاوساغ هەیە تا ڕێگەنیشاندەرو هاوکاریان بن،دەنا ئەوان دەستەپاچە دادەنیشن و هیچیان بۆناکرێت .لەو ڕووەوە هەردوو دەزگای سیخوڕی سەرکەوتووبوون لە تەجنیدکردنی ژمارەیەکی زۆر لەکوردی باشوور.هەر لەڕێگەی چاوساغەکانەوە توانیان ژمارەیەک لەسەرکردەو کادێرو ئەندامی چالاکی کوردانی ڕۆژهەڵات و باکوور بکوژن.
زۆربەی هەرەزۆری ئەو ناپاکانە لەپێناوی پارەدا ئەوکارە قێزەوەنە دەکەن و حسابی بزنس بۆ ناپاکیە دەکەن . لەبەرامبەردا خەڵکانێکی دیکە هەن کە بەهۆکاری جیاواز ئەو کارە دەکەن،بۆ نمونە پارتیەکان بەهۆی دژایەتیانەوە بۆ پێ کا کاو هەدەپە ئەو خزمەتە پێشکەش بە میتی تورکیا دەکەن و بەردەوامیشن لەو خزمەتە.یەکێتیش بەهۆی هەڕەشەو فشاری هەردوو دەزگاوە چاوپۆشی دەکەن و هەندێک جاریش هاوکاریان دەکەن بۆ پێدانی زانیاری دەربارەی ئەو کەسانەی سەرەی کووشتنیان هاتوە.
سەیر لەوەدایە لەهەردوو زۆنەکە گەر بکوژەکان دەستگیربکرێن هەرگیز نیشانیان نادەن وەک لەگەڵ سادەترین تاوانباردا دەیکەن.جگەلەمە پاش مانەوەی بکوژ لەبەندیخانە بۆیەک دوورۆژ ، بەفشاری هەردوولا بێ دادگایی ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئێران یا تورکیا.
مەسەلەی ناپاکی هەر لە باشوور نەوەستاوە ، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ ڕۆژئاواش،دەبیسین بەردەوام میتی تورکیا بە درۆن کادێرو بەرپرسە مەدەنی و سەربازیەکانی [قەسەد] دەکەنە ئامانج.لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی [قەسەد] بەردەوام ئەو تۆڕە سیخوریانە ئاشکرا دەکەن و بە سزایان دەگەیەنن ،بەڵام بەزەبری پارە میت بەردەوام خەڵکانی نوێ بەکرێ دەگرێت بۆ پێدانی زانیاری.
نوێترین کاری سیخوری، پێدانی زانیاری بوو دەربارەی دووکادێری باڵای[قەسەد] ئەوانیش ( یوسرا دەروێش ) هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ و( لیمان شوێش ) نوێنەری پێشووی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان، کەلە ڕێگای نێوان تربەسپی و قامیشلۆ لەلایەن فروکەکانی دەولەتی تورکیای فاشیەوە بەدرۆن کوژران.

دەپرسم گەر کوردی ناپاک زانیاری ورد نەداتە میت ئەوان چۆن دەزانن ئەو دووبەرپرسە دەرچوونیان هەیەو بەرەوکوێ دەرۆن؟
وەک بیستوومە یەکێک لەو سیخوڕانەی کە چەند مانگێک لەمەوبەر دەستگیرکراوە ،کەسێکە سێ برای شەهیدی ڕێزەکانی [قەسەدە]،ئەمە ئەوپەڕی داڕمانی ئەخلاق و هەستی نەتەوایەتیە کەسێک بۆپارە سێ برا لەبیربکات و هاوکاری دەوڵەتێکی فاشی بکوژی براکانی بکات.
دەزانم کە تورکیا لەڕووی سەربازی و تەکنەلۆجیای زانیاری و درۆنەوە بەتوانایەو قەسەد بەپێی پێویست ناتوانێت بەرەنگاری ببێتەوە ،بۆیە پێویستە باشتر ئاگایان لە جوڵەی خۆیان و دەوروبەربێت و زۆر زۆر بەنهێنی کارەکانیان ئەنجام بدەن،دەنا بەئامانج گرتنیان بەردەوام دەبیت و زیانی زیاتریان پێدەگات.
ئەرکێکی تریان وەک ئەولەویەت مامەڵەی تووندو بێ بەزەییانە لەگەڵ ناپاکاندا ،چونکە پاسیڤ کردنیان یانی شکاندنی باڵی درۆنەکانی تورکیایە.




دیاردەی تیرۆر لە کۆمەڵگای عێراقی وهەرێمی کورداندا!.. سابیر . م

سەرەتا ئەوە بڵێین کە خودی زمانحاڵی مێدیا بۆرژوازیەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و هەموو لایەنەکانی تر کە ماهیەتی چینایەتیان دژ بە کارگەران و کۆمۆنیزمە ، دان بەوەدا ئەنێن کە ڕەنگە ڕۆژێک نیە بە بێبیستنی هەواڵی تیرۆرکردنی گەنجێک یان ژنێک یان کچێک یان چالاکەوانێک ڕۆژ بەرینە سەر .
تیرۆرکردنی ( خواناس وریا) یەکەمین تیرۆر نیە و دوایەمین تیرۆریش نابێت لەم کۆمەڵگایاندا.
بابزانین هۆی ئەم دیاردەیە چیە ؟ ئایا تەنها کێشەی کەسایەتی و نەخۆشی دەرونی …هتد سەرچاوەکەتی یان بنەمایەکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیە کەلە کۆمەڵگای عێراقی بگرە ناوچەکەو بەدیاریکراویش کۆمەڵگای کوردیدا هەیە .
کۆمەڵگای ئەم وڵاتە دواکەوتوانە لە ڕوی گەشەی سەرمایەداریەوە بەهەمان پڕۆسەی گەشەی سەرمایەداری لە وڵاتانی ئەوروپاو دەوڵەتە سەرمایەداریە گەورەکاندا نەچۆتە پێشەوە.
( پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان ) لەم وڵاتاندا پەیوەندیەکی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارانەیە ، بەڵام تازەپیاکەوتوویی ئەم کۆمەڵگایانە بۆ ناو بازاڕی سەرمایەداری و هاتنی لە پڕتاوو بەرفراوانی سیستەمی بازاڕی ئازاد و نیولێبڕالیزم وەک بازدانێکی ناسروشت و گواستنەوەیەکی لە پڕتاو لە هۆیەکانی بەرهەمهێنانی دەرەباگایەتیەوە بۆ هۆیەکانی بەرهێنانی سەرمایەداری نەیتوانیوە داب و نەرێتی ئاینی، و عەشیرەتی ، و خێڵەکی ، تائیفی ، پیاوسالاری دژ بەژنان …هتد کۆتایی پێبهێنێت بەو شێوەیەی کە لە وڵاتانی ئەوروپادا شانبەشانی گەشەی سەرمایەداری دابو نەرێتە ئاینی و کۆمەڵایەتی و مافی ژنان و فەرهەنگیە مەدەنیەکانی تر گەشەیان کردوە کە بگونجێت لەگەڵ کەڵکەی سەرمایەو لابردنی ڕێگریەکانی بەردەم ئەم گەشەکردنە، بۆ نمونە مارتن لۆتر چاکسازی بەسەر ئاینی مەسیحدا کرد لەپێناو ئەوەی کە سەرمایەی نیشتمانی گەشەبکات و لایەنە ڕێگریەکان وەک ڕێگری لە ژنان و هەر فەرهەنگێکی تر کەمبکاتەوە.
هەروەها گۆڕانکاریەکی گەورەی شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس کە بڕیاڕی جیاکردنەوەی ( ئاینی لە دەوڵەت ) دەرکردو وە کۆتایی بە دەسەڵاتداریەتی هزری دەرەبەگی و بەکارهێنانی ئاین و ڕەواجپێدانی لەلایەن دەوڵەت و دامودەزگا ئاینیەکانی و کەنیسە وە هێنا.
لە ووڵاتانی دواکەوتوی ناوچەکەو عێراق و هەرێمی کورداندا ( ئاین) سەرچاوەی بنەڕەتی دەستورو یاسایە ، هەمو سێکتۆرەکانی کۆمەڵگا لە هەمو مەیدانەکاندا وەک پەروەردەو فێرکردن ……هتد پێویستە وە بەناچاری وە بەزۆرەملی ئەبێت لەسەر ئەم دەستورەو ئەم یاسایە بڕوات وە کۆمەڵگا پەیڕەوی بکات .
واتە لێرەدا وە لەم کۆمەڵگایانەدا نە یاساکان مەدەنین وە نەیاساکان و دامودەزگا یاساییەکان ئازادن لە بڕیاڕدان بەدەر لە کارکردی دابونەرێتی عەشیرەتی و خێڵەکی و ئاینی و ە هەرهەمویان لە پێناو ڕاگرتنی ئەم سیستەمە کۆنەپەرستەو دواکەوتوەی حوکومڕانی چەند چەمکیەی ( ئاین ، عەشیرەت، خێڵ ، پیاوسالاری ..) بە زەبری چەک و باندی چەکدار و میلیشیاکان پارێزگاریان لێدەکرێت.
یەکێک لە و دامودەزگا فەرهەنگیانەی کە ئەرکیان گومڕاکردن و ساردکردنەوەی خەباتی چینە چەوساوەکان دژ بە دەسەڵاتداران و چینە داراکان و سەرمایەداران کە لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکانی وەک عێراق و ناوچەکەو هەرێمی کورداندا هەیە بریتیە لە ( وەزارەتی ئەوقاف) ، هەر بۆ ئەم مەبەستە ئەم دەستورو دەسەڵاتە سیاسیانە ملیۆنەها دۆلاریان بۆ درێژەدان بە فەرهەنگی ئاینی و چەواشەکردنی جەماوەری چەوساوەی خەڵک داناوە کە هۆو بنەما ئابوری و فەرهەنگی و فیکریەکانی چەوساندنەوەی چینایەتی پەردەپۆش بکەن وە هەرهەموو نادادی و چەوساندنەوەیەک بگێڕنەوە بۆ بڕوابوون و نەبوون بە ئاین یان دژ وەستانەوەی .
مارکس و لێنین هەڵوێستی پڕۆلیتاریا و کۆمۆنیستەکانیان ڕۆشنکردۆتەوە بەرامبەر ئاین ، کە ئاین چ ڕۆڵێکی سەرکوتگەرانە و چەواشەکارانە ئەبینێت لە خەفەکردنی خەباتی چینایەتی چینە چەوساوەکان .
وە خودی ( ئیلحاد ) بە هەنگاوێکی سەرەتایی ئەزانن لە چونە پێشەوە لە خەباتیاندا دژ بە سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیاندا ، بەڵام ئەوەی شایانی باسە کۆمۆنیستەکان نابێت لە چوارچێوەی ( ئیلحاد) دا قەتیس بمێننەوە بەڵکە یەکگرتوویی پڕۆلیتاریا لە خەباتیاندا بە خاڵی سەرەکی لەبەرچاوبگرن بە جیا لە باوەڕی ئاینی و قەومی و ڕەگەزی وە ڕەنگی پێست و …هتد ، بەڵام لەهەمان کاتیشدا پڕۆسەی ڕۆشنکەرەوانەی سیاسی و فیکری خۆیان درێژە پێبدەن دژ بە هەرجۆرە چەواشەکاریەکی ئاین لەسەر خەباتی یەکگرتوانەی چینە چەوساوەکان .
لەبەر ئەوەش کە (وەزارەتی ئەوقاف) بەشێکی سەرەکیە لەم دامودەزگا و سیستەمە سەرمایەداریە دواکەوتوەی کە لەم وڵاتانادا هەیە هەربۆیە هەمیشە ئیمکانیاتێکی ماڵی گەورەیان لەبەردەستدایە هەم بۆ کردنەوەو نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکان وە هەم بۆ پەروەردەو دروستکردن و هێنانە ئاراوەی سەدەها بگرە هەزارەها مەلای ئاینی کە پیشەکەیان پاراستنی ئەم دامودەزگا و سیستەمەیەو هەروەها پاراستنی دەسەڵات و دامودەزگاکانیانە ، وە بەم شێوەیە گوتاری توندوتیژی سیاسی و ئاینی تێکەڵ بەیەککراون لە لایەن ئەم دامودەزگا زەبەلاحەی ( وەزارەتی ئەوقاف) وە بەیاننامەی سەرکۆنەو ئیدانەی کوشتن و تیرۆرکردنی گەنجانێکی وەک ( خواناس وریا ) بە ڕاشکاوی نابینرێت وە ناتوانن دژ بەو تاکە مەلاو کەسایەتیە ئاینیانەش بوەستنەوە ئەگەر گوتارێکی جیاوازی توندتر یان سەلەفیانەتر هەبێت .
بۆچی ( خواناس وریا) تیرۆرکرا؟
کۆمەڵگای عێراق و کوردی لەم چەند دەیەی دواییدا دەرگیری پەیوەندیە زاڵمانەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بوونەتەوە ، وەلە بەرامبەر ئەمەشدا سەدان هەزار گەنج و لاوی وریاو هزر فراوان و تێگەیشتوو لە سەرچاوەکانی چەوساندنەوەی سەرمایەداری هاتوونەتە گۆڕەپانی سیاسی و فەرهەنگی و هونەریەوە کە تەواوی ئەم سیستەمە بە نەفرەت ئەکەن ، ڕاپەڕینەکانی تەشرینیەکان نمونەیەکی بەرچاوی ئەم دیاردەیەن.
تیرۆرکردنی ( خواناس وریا) بۆ ترساندن و تۆقاندن و ڕێگە گرتن لە گەشەکردنی بۆچون و تێڕوانینی زانستی و دیالۆگی چینایەتی دژ بە ئاینەکان وە دواتر ڕێگەکرتن لە گەشەی هزری خەباتی چینایەتی و دژایەتی کۆمۆنیستەکان و ئازایخوازان و بەرەی ڕادیکاڵی ناو کۆمەڵگایە.
ئازادی بیرو ڕا و ئازادیەکانی تاکە کەس کاتێک مسۆگەر ئەبێت کە مرۆڤ دڵنیا بێت لەوەی کە تەنانەت لەسەر هەردیاردیەکی کۆمەڵایەتی ،سیاسی ، ئاینی، وە فەلسەفی ، بتوانێت جیهانبینی خۆی ڕۆشنبکاتەوە کەسیش هەڕەشەی کوشتن و مەرگی لێنەکات .
ئاین و باوەڕبوون بە ئاینەکان کارێکی شەخسی و تاکەکەسەکان خۆیانە ، هیچ هێزێک و دەوڵەت و یاسایەک بۆی نیە پیرۆزبوونی ئاینێکی بەسەریدا فەرزبکات و بسەپێنێت ، ئەمە تەنها ڕێگایەکە ئەگەر لەم کۆمەڵگایاندا هاتە دی ئەوکاتە ئەتوانین بڵێن مرۆڤەکان ئازادن و ئازادی ڕادەربڕین مانای تەواوی خۆی وەرئەگرێت .
تێکۆشەرانی ڕێبازی خەباتی چینایەتی و کۆمۆنیستەکان بەم جۆرە تیرۆرانە ناسڵەمنەوە وە ئەوەندەی تر پێداگری لەسەر ڕێکخستنی سیاسی و فەرهەنگی چینە چەوساوەکان ئەکەن وەک بزاڤێکی گەورەتر بۆ دەرکێشان و ڕزگارکردنی کۆمەڵگا لەم بەربەریەتیەی کوشتنی کچان و ژنان و لاوانی چالاک و هونەرمەندو ڕۆژنامەوانانی سیاسی شۆڕشگێڕ وە دواتریش سەرکوت و کوشتنی کۆمۆنیستەکان .
هەروەها ئەم دیاردەی تیرۆرو (خفقان) و ڕەشەکوژیەی کەلەم کۆمەڵگایانەدا هەیە کە لەپێناو بەرتەسکردنه وەی دیالۆگ و صراعی فکری و سیاسی و چینایەتی و فەلسەفی لەناو کۆمەڵگادا کە بە قازانجی چینی کرێکارو چەوساوەکانی تری کۆمەڵگا ئەچێتە پێشەوە ، ئەوەندی تر هزری شۆڕشی سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی لەناو کۆمەڵگادا گەشە پێئەدات وە لەهەنگاوی دوایی خۆیان نزیکیان ئەخاتەوە کە ئەویش شۆڕشی سۆسیالیستیە هەم لە ناوچەکەو هەم لە عێراق و دەڤەری کورداندا.

سابیر . م
بزاڤی مارکسیستی کرێکاران !
٢٥ / ٦ / ٢٠٢٣




دەبوایە من قەرەج بام.. سەدیق سەعید ڕواندزی

شەڕی کۆمەڵە کەسێک لە شاری سلێمانی و لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، شیعرە جوان و بەناوبانگەکەی ئیسماعیل بەرزنجی شاعیری بیر هێنامەوە، بە ناوی (دەبوایا من قەرەج بام). بەرزنجی لەو شیعرە سادەو قووڵ و فەلسەفییەدا دەڵێت:_
دەبوایا من قەرەج بام
لە هەر کوێیەک هەوەسم لێبا سازەکەم بژەندبا
گۆسکەیەک شەڕابم فڕکردبا
دەبوایا من قەرەج بام
هەرچی سنور هەیە بمبەزاندبا
ئەوەی مۆر و قامچی بە دەستەوەیە بە نەعلەتم کردبا
دەبوایا من قەرەج بام
نەمزانیبا جنسییە و نفوس چییە
ناوم لە هیچ دۆسییەکەی دەوڵەت نەبا
بێگومان ئەم شیعرە قەسیدەیەکی درێژە و لە ڕێزی شیعری شاعیرە بە ناو بانگەکانی جیهانی دایە. ئێمە لە بارەی ئەو شیعرەوە هیچ ناڵێین و نووسینێکی درێژدا بە قووڵیی دێینەوە سەری. تەنێ دەمانەوێ ئاماژە بەوە بدەین کە ئایا قەرەجەکان مرۆڤ نین؟ شیاوی ژیان وەک هەر کەسێکی ئاسایی نین؟ شیاوی شوناسی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و خێزانی نین؟ بۆ چی دەبێ قەرەجبوون هێما بێت بۆ پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی نزم و میدیاکانی ئێمە کە گوایا ئیتیکییانە و پرۆفیشناڵانە ڕووماڵی هەواڵ دەکەن، مرۆڤ لەسەر بنەمای شوناسی کۆمەڵایەتییانە پۆلێن بکەن و لە یەکترییان هەڵاوێرد بکەن. بە داخەوە میدیاکانی ئێمە بە هەموو کەناڵەکانییەوە، لە ڕووماڵکردنی ئەم هەواڵەدا، بەبێ ئەوەی بیریان بێت دەستەواژەی (قەرەج) یان بۆ ئەو کۆمەڵە هاووڵاتییە، کە ڕووشانێکی کۆمەڵایەتی و بریندارکردنێکی کەسی تێدایە بەکار هێنا. ڕاگەیاندنەکان بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ ئەم ڕووداوە کرد، وەک ئەوەی قەرەجەکان مرۆڤ نەبن و شیاوی ژیان و ناسنامەی کۆمەڵایەتی نەبن و هەرچەندێک لە یەکتری بکوژن ئاسایی بێت. بێگومان ئەوانیش کۆمەڵە کەسێکن وەک هەر مرۆڤێکی دیکەی ئاسایی و لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بوونییان هەیە و خاوەنی کولتوور و نەریت و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی خۆیانن. ئەوان زۆرتر کەسانێکی کۆچەرین و هەموو دنیا بە نیشتمانی خۆیان دەزانن. فۆلکلۆر و ئەدەب و شیعری تایبەت بە خۆیان هەیە. ئەوانیش وەک ئێمە مرۆڤن و هەرگیز نابێت ناسنامەی کۆمەڵایەتی ئەو تێگەیشتنە لای کەسێک دروست بکات، کە بە چاوێکی نزمتر بڕوانێتە ئەویتری مرۆڤ. ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، ئەگەرچی لافی دیدگای مرۆیی و نیشتمانی لێ دەدەن و گوایا پێوەرەکانی مرۆڤ و شکۆی کەسی و کۆمەڵایەتی، لە میانەی ڕوومالکردنی هەواڵ و ڕووداوەکاندا دەکەنە پێوەر ، ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی کە دیارترین بەهای ڕێزگرتنە لە ناو و کەسیەتی و شوناسی مرۆڤ ڕەچاو دەکەن، کەچی هێندە نەزانانە سووک و ئاسان دەستەواژەی قەرەج بەکاردێنن. بەمەش هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو ئەقڵەی میدیا ئاراستە دەکات و ئەو ئەقڵە خێڵەکی و میللییە نییە، کە ئێستاش بڕوای وایە قەرەجەکان جیان لە مرۆڤی ئاسایی. ڕۆژنامەنووسی پرۆفیشناڵ و میدیای ئیتیک و بە سەنگ، هەرگیز نابێتە مینبەرێک بۆ پۆلێنکردنی پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و پێگەی جەماوەریی و کەسی. لای ئەو، وەزیرێک و ژینگە دۆستێک بە جیاوازیی پیشەیانەوە وەک یەکن، چونکە دواجار هەردووکیان هەر مرۆڤن. ڕووماڵکردنی هەواڵ، ڕێساو ئیتیکی خۆی هەیە و ئەوە نییە ڕووداوێک بە بێ لە بەرچاوگرتنی هیچ لایەنێکی بابەتی و هەواڵی و زمانەوانی، بکرێتە هەواڵ. بەڵکو دەبێ دابڕێژرێتەوە و ڕەچاوی هەموو بوارێکی تێدا بکرێت. بە تایبەتیش لە پەیوەندی بەناو و شوناسی مرۆڤەکان و پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریان. هەواڵ نابێت بەجۆرێک بێت، ڕووشان و لێدانی کۆمەڵایەتی تێدا بێت و ئەوانەی پەیوەستن بەڕووداوەکانی نێو هەواڵەکەوە، هەست بەکێماسی و شکان و کەمکردنەوە بکەن. دەکرا میدیاکانی ئێمە، لە بری دەستەواژەی (قەرەج) گوزارشتی خەڵک و هاووڵاتی و کەس بە کاربێنن ودوورکەونەوە لەم وشە بریندارکەرە، ئەگەر گریمان ئەوان خۆشیان بەو ناوە بناسرێنەوە. ئەگەر ئەمە شێوازی هەواڵ و مامەڵەی میدیا بێت لەگەڵ مرۆڤەکان، دەبێ خەڵکی ڕەشۆکی و ئاسایی چۆن بیر بکاتەوە و ڕووداوەکان ببینێت؟ دواجار پڕ بەدڵ لەگەڵ بەرزنجی شاعیر دەڵێم دەبوایە منیش قەرەج بام، هەرچی قامچی بەدەستە بە نەفرەتم کردبا، کە کوردستان پڕە لە مانە.

• ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی (ڕێگای کوردستان) ژمارە ( 1345) لە 20/6/2023 بڵاوکراوەتەوە.




تیرۆر.. لەتیف ئەمین

کاروانی کۆمەڵگەی کوردی، ئەگەر ڕاستەڕێ نەکرێتەوە، لە ئێستادا بەرەو تاریکی و شەوەزەنگێک هەنگاودەنێ، کە تروسکاییەک ئارامی تێیدا شک نابرێ، بەرەو گەرداو و گێژاوێک سەوڵ لێدەدات، کە لە هیچ کەنارێکی ئارام لەنگەر ناگرێ، بەرەو ئەشکەوتێکی تاریکی ئەنگوستەچاو ڕادەکات، کە هاتنەدەرەوەی بۆ نییە، بەرەو چاڵێکی قووڵ خلۆر دەبێتەوە، کە گەڕانەوەی بۆ نییە.
وەهم و خورافیات و گەمژەیی، جێی بە عەقڵ و لۆژیک و زانست لەق کردییە. تیرۆر و تۆقاندن و بڵاوکردنەوەی بیری توندڕۆیی و تەکفیر، ڕووبەرێکی بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و ئارامی و دڵنیایی نەهێشتۆتەوە. (تەکفیر) شوێنی(تەفکیر)ی گرتۆتەوە. مرۆڤ لەسەر بیروباوەڕی جیاواز تیرۆر دەکرێت. لەسەر ڕای جیاواز، دەنگی جیاواز، دینی جیاواز، مرۆڤ ژیانی لێ دەسەنرێتەوە. بۆچی دەبێ هەموو یەک ڕەنگ و یەک دەنگ و یەک ڕا و یەک دید و یەک دین و یەک بیروباوەڕ بین، ئەگینا مافی ژیانمان نییە؟ جۆن ستیوارت میل لە کتێبەکەی(لەبارەی ئازادییەوە)، دەڵێت”ئەگەر مرۆڤایەتی هەموو لەسەر یەک ڕا و بۆچوون بوون، تەنها کەسێک ڕایەکی جیاوازی هەبێت، نابێ ڕێ لەو کەسە بگیرێت بۆئەوەی ڕای خۆی بە ئازادانە دەرببڕێت”
هیچ کەسێک بۆی نییە کەسێکی دیکە ناچار بکات بۆئەوەی بڕوا بە بیروباوەڕ و ئایین و ئایدیۆلۆژیاکەی ئەو بێنێت. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بەناوی ئایین و ئاسمانەوە، ڕێ لە ڕۆشنگەران و ئازادیخوازان بگرێت.
ئەرکی حکوومەت و دامەزراوەکانیەتی، بەر لەو تەوژمە توندڕۆ و تاریکپەرستییەی ئیسلامییەکان بگرێت، کە دەیانەوێ هەناسەی ئازادی لەم وڵاتە نەمێنێت، کە دەست بۆ هەموو قۆڕگێک دەبەن، ئەگەر دەنگێکی دلێر و جیاوازی لێوە دەربێت. ئیسلامییەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە، نەوەیەکیان پەروەردەکردووە و پێگەیاندووە، کە تەنها بە دەستلێدانێک لە پشتیان، بە تەکبیر و ئەلڵاهو ئەکبەرێک، بە هاندانێک، ئامادەنە سەری هەرکەسێک ببڕن، کە لەسەر ئایینی ئەوان نەبێت، ئامادەنە هەرکەسێک تیرۆر بکەن، کە بیروباوەڕێکی جیاواز لە هی ئەوانی هەبێت. گەنجێک، هەرزەکارێک، کە هیچ زانیارییەکی لەسەر ئایینەکەی خۆیشی نییە، تەنها بە گوێگرتنی وەعز و وتاری پڕ لە ڕق و کینە و توند و تووڕەی چەند مەلایەکی تاریکبیری مەرگدۆستی ژەهرڕێژ، فتوای کوشتن بۆ ئەوانە دەردەکەن، کە نایانەوێ بەگەل مەڕ و مێگەل و عەوام و حەشامات بکەون، بەئاسانی فتوای کوشتن و لەناوبردنی ئەوانە دەدەن، کە سەرچاوەی بڕیاردانیان عەقڵە نەک نەقل.
دەپرسین، ئەوانەی دەوڵەتی سیوکراتی و حوکمی شەریعەتییان دەوێت، خۆ خەلافەتەکەی داعش زۆر دوور نەبوو، بۆ نەچوونە ناویان و بەیعەتیان پێ بدەن و چەکیان بۆ هەڵگرن و جیهاد بکەن؟ ئەوە ئەڤغانستان، خۆ حکوومەتی تاڵیبان کار بە شەریعەتی ئیسلامی دەکات، بۆ کۆچ ناکەن بۆ ئەوێ؟
بەڵێ، دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) لەڕووی سەربازییەوە تێکشکێنرا، ڕاستە ئەوان لە ئێستادا هیچ شار و شارۆچکە و جوگرافیایەکی دیاریکراویان بەدەستەوە نەماوە، بەڵام داعشییەت کۆتایی پێ نەهاتووە، فیکر و عەقیدەی داعشی هێشتا هەر ماوە و وا بە ئاسانیش کۆتایی پێ نایەت. داعش لە پزدانی سەلەفییەتەوە بەربۆتەوە، داعش لە هەناوی دونیای ئیسلامی سوننییەوە چەکەرەی کردووە. داعش ئەو دڕکەیە، کە لە کێڵگەی ئیسلامی سیاسییەوە سەری دەرهێناوە. داعش لەنێو دەقی کتێبەکانی عەقیدە و شەریعەتەوە هەناسەدەدات. داعش لە هەموو شوێنێک گەرای داناوە و ڕۆژانە دەترووکێن. بەڵێ داعش ماوە و بە ئازادییەکی ڕەهاوە لەناومان دەژین و دێن و دەڕۆن و هیچ بەربەست و لەمپەرێک لەبەردەمیان نییە، بوونیان هەیە و کار و چاڵاکی و قسەی خۆیان دەکەن، تەنیا ئەوەیە چەکدار نین.
داعشەکان لێرە ڕاگەیاندن و ڕادیۆ و کەناڵی تەلەفزیۆنی و دەستگای چاپ و پەخشی کتێبیان هەیە، داعشەکان لێرە لەسەر مینبەری مزگەوتەکانن و بەردەوام خەڵکی گۆش دەدەن، خەڵکی پەم دەدەن و پڕ دەکەن. داعش و تیرۆرستەکان بە ئاشکرا لەسەر لاپەڕەکانی سۆشیال میدیا دەبینرێن و پەیامی گلاو و خوێناوی خۆیان بڵاودەکەنەوە. داعشەکان لەناو قوتابخانەکانن و بوونەتە ڕابەر و مامۆستا. زۆر ساویلکانەیە ئەگەر پێمانوابێ داعش کۆتایی پێ هاتووە. داعش تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی لەڕووی سەربازییەوە وەستێنرا. ئەوان خۆیان مەڵاس داوە، هەر کاتێک و لە هەر شوێن و جوگرافیایەک دەرفەتیان بۆ بڕەخسێ، مانیفێستی خۆیان ڕادەگەیەنن. کەمێک بارودۆخەکە بۆیان لەباربێ، ئیعلانی خەلافەتەکەیان دەکەنەوە و شمشێری ژەنگاوی و ژەهراوییان دەردێنن.
لەناوبردنی داعش پێویستی بە شۆڕشێکی فیکری و فەرهەنگی هەیە، پێویستی بەپێداچوونەوەی سیستەمی پەروەردە هەیە. دەبێ ئاو لە ڕەگیان ببڕدرێت، پێویستە سەرچاوە فیکری و مەعنەوییەکانیان وشک بکرێ، دەبێ بەریان لێ بگیرێت. بەڕاستی نابێ بەم شێوەیە بەرەڵابکرێن و ئەو ئازادییە ڕەهایەیان پێ بدرێت. وەک نووسەری فەرەنسی(ئۆلیڤەر ڕوا) لە کتێبی عەلمانیەت لەبەرامبەر ئیسلامدا دەڵێت”ئازادی بۆ ئەو کەسانە نییە، کە دوژمنی ئازادین”. ئیسلامییەکان دوژمنی ئازادی و هەموو کەسێکی ئادیخوازن، دوژمنی ئەوکەسانەن کە بڕوایان بە عەقڵانییەت و مەدەنییەت و ئینسانییەت هەیە. ئەوان بڕوایان بە جیاوازی و فرەیی و پلورالیەت و کرانەوەی عەقڵ و مرۆڤدۆستی نییە. بیرکردنەوەی چەقبەستوو و دۆگم و داخراوی ئایینی، دونیا دابەشی سەر دوو بەرە دەکات، کوفر و ئیسلام، ئیمان و ئیلحاد، دیندار و بێدین، ڕەش و سپی. ئەوە ئەو ئایین و ئایدیۆلۆژیا و بیروباوەڕەیە، کە لە میسر(فەرەج فۆدە)ی پێ تیرۆرکرا و (نەجیب مەحفووز)ی پێ خەڵتانی خوێن کرا و لێرەش(خواناس وریا). لەپاڵ دەزگاکانی حکوومەت، ئەرکی نووسەر و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازانیشە، هەڵوێستیان هەبێ و بێدەنگ نەبن لەبەرامبەر تیرۆرستان و تاریکبیران، پێویستە هەڵوێست و ناڕەزایەتی دەربڕن و ئەم شەپۆڵی توندڕۆیی تیرۆر و تۆقاندنە بوەستێنن.

۲۰۲۳/٦/۲٤
لەتیف ئەمین




ژن.. شوان عەباس بەدری

ڕووبار خوڕ خوڕ ئەگریا
شەرمەزار بوو كە نەیتوانی
ئاگری جەستەی ژنێكی
گوندنشینی
قوربانی زەبری پیاو بكوژێنێتەوە
پەلكە زێرینەی دوای باران
ڕووی خۆی وەرگێرا لە ئاسمان
شەرمەزار بوو
كە لە دوای
ئەسری چەندین ساڵەی
ژنانی كورد
هێشتا نەیتوانیوە
لە ناو چاوە
فرمێسكاوییەكانیان
ڕەنگی ژیان و ئاسوودەیی بنەخشێنێت
هاوار لە شەرما بێدەنگ بووە
شەرمەزارە
هێشتا لە گەرووی پڕ ئازاری ژنان
گرمە ئەكات و
جگە لە خۆی
كەس گوێ لە ناخە داڕماوەكەی ژنان ناگرێت و
ژیان و ئاسمانیش وەك هەمیشە
بێ هەستانە
چێژی لە دەستدرێژی و ئازار و ناڵەی
مێینەكانی سەر زەوی دەبینی !
تاوان…تاوان
بەو هەموو زەبروزەنگی و سادییەتەی خۆی
تاوان
ڕووی خۆی ڕەش كرد بوو كاتێ
گوێی لە قریشكەی ژنێكی چەرمەسەر بوو
كە بە قامچی شەرەف
ژیانیان كردبوو بە جەهەنەم
پێكەنینیش
ڕووی خۆی لە شەرما داپۆشیبوو
كاتێ بینی
كچۆڵەیەكی هەرزەكار
بە تاوانی خۆشەویستی
باوەشی بە مێشكە پژاوەكەیدا كردبوو!!!




شەش بروسكه چیرۆک.. هێدی گەڵاڵی

                                ئیجە

هەرچی ئاڵتون و كەلوپەلی ماڵەوەیان بو لە پێناو گەیشتنی كوڕەكەیان بە هەندەران فرۆشتیان! ئەوەی كۆیان كردبۆوە بڕێک پارە بو. لێرەوە كوڕەكەیان بە پیر مەرگەوە بەڕێكرد لە دەریای ئیجەدا بو بە خۆراكی نەهەنگ و ماسی…!!

                                 قەرز 

بەرلەوەی بچێتە هەندەران هەمو رۆژێ لە دوكانی دراوسێكەیاندا پاكەتێكی بە قەرز دەبرد! كاتێك گەیشتە هەندەران بە ماوەیەكی كەم بە ئۆتۆمبێلێكی دوا مۆدێل گەڕایەوە .. لە پیاسەكانیدا بە بەردەم دوكانی هاوسێكەیاندا تێدەپەڕی زۆر بە خێرایی لێی دەخوڕی بۆئەوەی نەیناسنەوە كە ئەو كوڕە قەرزارەکەیە!

 نهێنی 

یەكەمجاری بو پێی نابوە زانكۆ كە هاتە حەوشەكە بە شەرمەوە تەماشایەكی ئەملاو ئەولای دەكرد! بە سیمایەكی شێواوەوە دەردەكەوت. پاش چەند ڕۆژو مانگێك لە خوێندندا دەركەوت لە دنیای سۆزداریدا گورگەو لە پێستی مەڕدایە!.

                           ژیان 

ئەو بە بەردەوامی گلەیی لە ژیانی خۆی دەكا. بێزاری حەوسەڵەی لا نەهێشتبو ، رۆژانە لەگەڵ بونی خۆیدا لە دیالۆگدایە .بۆ وایە بە ئاسانی خۆم تەسلیمی ئەو بەقەدەربونە بكەم؟ با كۆڵنەدەم ململانێی ژیان بكەم.
چەند سەیرە مادام ژیان بونی هەیە كەواتە بەربەرەكانێ لەو ژینەدا شتێكی دابڕاو نیە!!

                           هاوڕێ 

بۆئەوەی راستگۆ بێت بە خۆشەویستیە ئەبەدیەكەی ئەو هەمو رۆژێ بە بەردەوامی سەردانی هاوڕێكانی دەكرد لە كتێبخانەكەدا. بە درێژایی ئەوكاتانەی پێویست بو سەردانی دەكردن لە دواجاردا راستگۆترین و خۆشەویسترین هاوڕێ كە هۆگری بو كتێب بو…!!

 سوتان 

ئەڤینی رۆمانسیانەی پەپولە بۆ چرا بە چركەساتی مەرگ دەستپێدەكا ،چونكە لە چركەساتی یەکەم ژوانگە گیانی بێگەردو جەستە ناسكەكەی دەسوتێت!! بۆیە بۆ هەمیشە پێناسەی ڕۆشنایی بۆ پەپولەكان سوتانە!!




سێ ڕوبع.. پشکۆ ناکام

                                            

(( دیکتاتۆرییەتی ئایینی زۆر لە دیکتاتۆرییەت و ئیرهابی عەسکەری مەترسیدار ترە..))

“ئەدۆنیس”

……وا بزانم ئیتر پێویست ناکا کەس بەهانەیەک بهێنێتەوە بۆ ئارایشت کردنی “ئیسلام” بەوەی ئایینی ئاشتی و یەکتر قبوڵکردنە ، ئەم قسەیە کورد ووتەنی یەک فلسی قەڵب ناهێنێ و ئەم ڕاستییەش هیچ کام لە دواکەووتوانی ئایینەکە  لێێ بێ بەری نیە و “حاشا حازر”ی شمولی ناکا…

” ئیخوان ، داعش ، سەلەفی ، قاعیدە ” وەک یەکن لە جێبەجێ کردنی ئەوەی خۆیان ناویان ناوە ” جیهاد ” بەرامبەر بەوانەی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە چونکە یەک سەرچاوەیان هەیە بۆ جیهادەکەیان کە ئەویش ” شەریعەت” و کتێبە پیرۆزەکەیانە..!!! هەممو جیهادەکەش کوشتنی ئەو کەسانەیە کە نەک هەر ئایینەکەیان ڕەت ئەکاتەوە بەڵکو ڕەخنە گرتنیش تاوانە و پەیجی زۆربەیان بە ووتەکانی پێغەمەرەکەیان و هەڕەشە کردن لەوانەی قاچ خوار دائەنێن یان جورئەت بکەن بەرامبەر ئیسلام بکۆکن ڕازاوەتەوە….

گەنجێکی خێر نەدیو تەنیا لەبەر ئەوەی ڕەنگە بەجۆرێک قسەی کردبێ کە هاوڕێ ئیسلامییەکەی وای لێک یاوەتەوە کە ئەچێتە قاڵبی “کفر” و دژایەتی کردنی خوا و پێغەمەر و ئیسلام و .. هتد ، بڕیارە ئەزەلییەکەی قوڕەیش جێ بە جێ ئەکا  ، زۆر بە ئاسانی و زۆریش بێ منەتانە ..!! ئەم تیرۆر و ئیرهابە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ و هیچ پۆزشێک ناچێتە گیرفانی هەچ کەسێ کە ئەقڵی بە دونیا بشکێ ، ناکرێ بووترێ ئەم کارە دژە ئینسانیە هیچ باک گراوندێکی ئایینی لە پشتەوە نیە ، خۆی لە پەیجەکەی خۆیا ئەڵێ: هەچ کەسێ دژی پێغەمەرەکەم بێ تا قیامەت وازی لێ ناهێنم..ئەم قسەیە گۆرابی گەعدە و سەیران نیە ، بەڵکو زادەی شەریعەتی ئیسلامە ، خۆ گەر بووترێ ئەم تیرۆرە دژی ئاشتی خوازیی ئیسلامە ، ئەمە جێ ی پێکەنینە ، کەسێک بە بنەمایەکی ئیسلامی پەروەردە کرابێ ئەونەی لێ تێگەیشتوە  وەک “جیهاد” ئەبێ هەرکەسێ قسەیەکی خواری کرد ئەم ئەبێ لەناوی بەرێ گەر هاوڕێ ی خۆشی بێ !

دیکتاتۆرییەتی عەسکەری ڕەنگە دژی یان لەگەڵیا نەبی ناتکوژێ تا ئەو کاتەی بە کردوە دژی دەسەڵاتەکەی ئەبی، بەڵام لە دیکتاتۆرییەتی ئایینا لەگەڵ نەبوون و بێ لایەنی نیە و یۆخ ، یان ئەوەتا ئیسلامت قبوڵە وەک خۆی یان لە بەرەی مورتەد و مونافیقەکانی و بەو سزایە ئەگەی کە سەرچاوەکەی شەریعەتە جگە لەو دەیان ئایەت و حەدیسانەی تەبەنی ئەو سزایە ئەکەن….

جا نەهامەتییەکە ئەوەیە ئەمانە بەم بیرکردنەوەیە بێنە سەرحوکم ئەبێ چیمان پێ بکەن ؟ ئەو کاتە دەیان سزا و پەڕەگرافی جیهادی چاوڕێمانە ، سزای : نوێژ نەکردن ، ژنی سفوور ، ئاهەنگی سەری ساڵ ، گۆرانی ووتن و خواردنەوە ، ڕۆژوو نەگرتن ، ڕەخنە گرتن لە ئایین و پێغەمەرەکەی و ووتنەوەی “ئەی ڕەقیب ” و سەدان تاوانی تر.. ڕەنگە هەمووشمان بە زۆر و وەک “زی الموحد”ی ووڵات شەرواڵی “سێ ڕوبع” یمان پێ لەبەر کەن..




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا.. 67 .. شەماڵ بارەوانی

بەشی(٦٧)

یەعنی مەلا سەیری فیلمی خیلاعی ناکەن؟

لە بەشی پێشوودا گوتم هێندە توندڕۆبووم، تەنانەت پەیکەری کەلەشێریشم شکاند و گوتم شیرک و کفر و بت پەرستییە!
نەک هەر ئەوە، بیرمە سەتەلاییتێکمان هەبوو، گوتم سەتەلاییتیش بێ شەرعی و بێ دینی و گوناحە، ڕێک فرۆشتم.

زاواکەمان(ن…)ڕۆحی شاد، زۆر شۆخی لەگەڵ دەکردم و تا بڵێیت منی خۆش دەویست.
بیرمە ئەوڕۆژەی گوتم سەتەلاییت دەفرۆشم. تازە فەقێ بووم و لە لوتکەی توندڕۆییدابووم.

جا کە گوتم: سەتەلاییت بێ دینی و شتێکی بێ شەرعی و پیلانی جولەکەیه، گوتی: یەعنی مەلا سەیری فیلمی خیلاعی ناکەن؟
کەوای گوت: ڕێک دەهری بووم. هەڵبەت ئەو بۆ شۆخی وای دەگوت و دەویست دەمارم بگرێت و تووڕەم بکات.
هەمووجار بۆ شۆخی، قسەی بە مەلا و فەقێ و شت دەگوت و بە شتێکی لەو جۆره تووڕەی دەکردم.
سەتەلاییتەکەیش هەر ئەو کڕییەوە.
گوتم: بەلاش بۆخۆت ببە. گوتی: نەخێر، نامەوێ. شتە پارەیەکی دا و بردی.

کە دەڕۆیشتمە ماڵیان لەکاتی فەقێیاتی، دەیگوت: دیسان مەلای بەڵا هات و لێناگەڕێ لۆخۆمان سەیری گۆرانی و شت بکەین. کە وای دەگوت، من تووڕە دەبووم و هەمووان دەیاندا قاقا.

شتێکی تر هەبوو، ئەو زاوایەمان زۆر جەوی پێ دەگرتم.
دەیگوت: کورە دەبڕۆ، یەعنی مەلا و فەقێ نەزەری ژن و کچان ناکەن؟

ئەدی ئەو پێغەمبەره(ناوی پەیامبەرێکی دەهێنا) لۆ پیاوەکانی دەناردنە شەڕ و جیهاد تا بکوژرێن و ژنەکانیان لەخۆی مارەببڕێت؟
ئەو پەیامبەرە کامە ژنی جوان بایه، دڵی دەچوویێ و مێردەکەی دەناردە جەنگ و جیهاد و فەقیرەی بە کوشتن دەدا و دواتر ڕێک ژنەکەی لەخۆی مارەدەبڕی.

کە وای دەگوت، وای باوکەڕۆ، کە قەڵس دەبووم. زاوامان نەبوایە و تەمەنێکی نەبوایە، ڕێک خۆم لەنێو چاوی دەدا.

زاواکەمان وەنەبێت بێ دین وشت بێت، بەڵام کەسێکی ناخپاک و سادەبوو و وەک من و ئەو ئیسلامییانە ئایینداری بە توندڕۆیی نەگرتبوو.
هەر سەبارەت بەو سەتەلاییت و شتە، بەسەرهاتێکی تر هەیە، هەر لەم بەشە بۆتان لێی دەدوێم.
زۆر بەر لەو ڕێکەوتەی ئێمە سەتەلاییت بکڕین، مەبەستم ساڵانی زۆر زووتر و بەرتر، تازە سەتەلاییت هاتبوو و خەڵکی تاک و تەرا هەیان بوو.
دەیانگوتیش لە سەتەلاییت فیلمی خیلاعی دێتە سەر.
من نەمدەزانی خیلاعی یانی چی!
دواتر زانیم مەبەستیان فیلمی(پۆڕن)ە.
پیاوێک هەبوو لە دێیەکەمان، کە تووڕەدەبوو، کفری زۆر گەورەی دەکرد.
ئەوە پیاوەکان و خەڵک باسیان دەکرد.
پیاوەکە، کاری کشتوکاڵی و دەغڵودان و شتی دەکرد.
هاوڕێیەکم هەبوو، منداڵ بوو و لە تەمەنی خۆم بوو، دەیگوت: کە باران نابارێت، یان (کیسەلە) لە گەنم دەدات، یان ئەوساڵە مشک زۆر بێت و مشکەکان گەنم وێران بکەن، ئەو پیاوە کفری زۆر دەکات. دەیگوت: دەڵێن کە لەوەهاشتێک تووڕەبێت، دەڵێتەکوڕەکەی: ئا… لە داخی خوای گەورە، سەتەلاییتەکە بخەرەسەر مەجموعەی هۆتبێرت(ئۆروپا) و فیلمی خیلاعی.

هەر سەبارەت بەو سەتەلاییتە، بیرمە ڕۆژێک سەتەلاییتەکەمان تێک چووبوو. پیاوێک، کاکە(ع…)م بانگ کرد تا بێت و چاکی کاتەوە. مەسەلەی ئەو لەمپە و شتەی سەتەلاییتەکە بوو.
پیاوێکی بە تەمەن لەوێ بوو، (لە ماڵی خۆمان) پیاوەکە گوتی: بۆی چاکەوە و بۆیشی بخەرە سەر سێکس! کەوای گوت، شۆک بووم!
کە ئەوباسەم بۆ هاوڕێیەکم گێڕایەوە، هاوڕێیەکەم گوتی: وا سەیری ئەو پیاوە مەکە دێتە مزگەوت و خۆی وەک ڕۆحانی و شت پیشان دەدات، وانییە، زۆر دووڕوو و خوێڕییه، من زانیاری تەواوم لەسەری هەیه و لە ماڵەوە بەردەوام سەیری فیلمی خیلاعی دەکات.
لەوساتەوە من ڕوانگەیەکی خراپم سەبارەت بە سەتەلاییت لا دروست بوو.
مامۆستایەکمان هەبوو لەسەرەتایی. پۆلی(پێنجی سەرەتایی) بووم کە ئەو هاتە دێیەکەمان، ئەو مامۆستایه دواتر بە تۆمەتی(ئیسلامی ڕادیکاڵ) و شت، چەندساڵێک دەستگیرکرا.
دوای ئەوەی خۆی گواستەوە بۆ دەڤەرێکی تر و دێیەکی تر(دەمێکی کورت بەرلەوەی بگیرێت) ڕۆژێک گوتی: وەرە سەردانیم، منیش سەردانیم کرد.
لەو دێیەی ئەو بۆی چووبوو، ئێوارەکە پیاسەیەکمان کرد. گوتی شەماڵ سەیرکە، ئەوماڵە دەبینیت؟
ئەوە ماڵی مەلایه و مەلا سەتەلاییتی داناوە!
من و ئەو مامۆستایە پێمان تاوان و شتێکی زۆر سەیربوو مەلابیت و سەتەلاییتت هەبیت!




شیبوونه‌وه‌.. عەبدولڕەحمان فەرهادی


هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌وێ ڕۆژێ بوو
خۆم و پێڵاوی لاستیكی پینه‌كراوم
ڕۆژم تا تاقی هێواره‌
له‌ سه‌ره‌نوێڵك و گوفه‌كان به‌سه‌ر ده‌برد.
هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌وێ ڕۆژێ بوو
خۆم و ده‌سته‌یێ منداڵی چه‌توونی
مناره‌ی چۆلی
شلپوهۆڕ به‌نێو زه‌لكاوی
قامیشه‌ڵانان غارغارێمانبوو
قەلۆغانمان دەخوارد و
ده‌هاتین كونه‌ مێرووستانمان كوێر ده‌كرده‌وه‌
شانه‌ زه‌رگه‌ته‌مان ئاگر ده‌دا
داروچكه‌مان له‌ كلكی ته‌یارۆكان ده‌خست و
ده‌وبه‌ست و ده‌وبه‌ست دوایان ده‌كه‌وتین
هه‌تا ده‌گه‌یشتینه‌ سه‌ر گه‌راكانیان.
هێوارانیش وه‌ك سمۆره‌
به‌ قه‌دی دره‌خته‌كاندا هه‌ڵده‌گه‌ڕاین
ساقه‌ته‌ سۆره‌ی
سه‌ر تازه‌ جوقاو له‌ هێلكانمان
له‌ سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی دار سه‌رووه‌كانه‌وه‌
بۆ یه‌كتری هه‌ڵده‌دا خوار.
داردوولكه‌كانمان
له‌ په‌نجه‌وانه‌ لاستیكه‌كانی
سیسته‌ر سه‌بیحه‌ی دراوسێمان
دروست ده‌كرد
ڕۆژانه‌ پاساری و سوێسكه‌ و تفتیلك و
ڕه‌نگاڵه‌ و مەلیچک و تیترواسك و قومری و كۆتره‌شینكه‌مان
زۆر بێڕه‌حمانه‌ جووكه‌ و گمه‌بڕ ده‌كرد.
وای خوایه‌ گیان چ شێت و هار و ده‌به‌نگ بووین!..
هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌وێ ڕۆژێ بوو
مه‌لا عوسمانی برا گه‌وره‌م
له‌ به‌ڕه‌ڵایی ده‌یگرتینه‌وه‌ و
ده‌یبردینه‌ لای ناسیح حه‌لاق و
سه‌روپۆته‌لاكی وه‌كو كودوو
لێ لووس ده‌كردین.
كه‌ هه‌راش بووین
سۆز و گریه‌ و هه‌ڵقرچانمان بۆ ڕابردوو
كێوێ خه‌می خستینه‌ كۆڵ
وه‌ی لێلێ.. وه‌ی لێلێ.. وه‌ی لێلێ
خه‌ممان كرد به‌
پیت و وشه‌.. ڕسته‌ و كتێب
سۆز و گریه‌ و هه‌ڵقرچانمان
بۆ ساڵانی ته‌مه‌نی زوو
گۆچانیشی خستینه‌ مست،
ئێستاكێ.. من
چاوه‌ڕێی ڕۆژانی ترم
له‌دوای هه‌ڵفڕینی ڕووحم،
له‌دوای ته‌سلیم بوونی جه‌سته‌ به‌ وێرانه‌خاكی ئه‌وێ
كوڕه‌كه‌م دێ..
ئه‌نگوستیله‌ پڕ له‌ نقێمه‌كه‌ی ده‌ستی چه‌پم
گشت پاندانه‌ پاركه‌ر و شیڤه‌ره‌كانم
جانتا چه‌رمه‌ پڕ له‌ نامه‌ كۆنه‌كانم
بۆینباخه‌ نارنجی و مارۆنییه‌كه‌م
قاته‌ ئوتووكراوه‌كانم
چاویلكه‌كانی خوێندنه‌وه‌م.. ئایفۆنه‌كه‌م
میدالیا و كلیله‌كانم
سه‌عاته‌ زنجیره‌داره‌ سێ قورمیشییه‌كه‌ی مەچەکم
سیدییه‌ پڕ له‌ گۆرانییه‌كانی ناو قه‌مه‌ره‌كه‌م
ڕادیۆ گرۆندیكه‌ دیجیتاڵه‌كه‌ی كه‌
مەجیدی هاوڕێم به‌دیاری پێشكێشی كردبووم
لاپتۆپەكه‌م.. كه‌ پڕه‌ له‌ نهێنیی پیره‌مێردانه‌
پڕاوپڕه‌ له‌ چاتی هه‌ڵگیراو
له‌گه‌ڵ ئه‌م نێر، ئه‌و مێ
تژی له‌ وێنه‌ی ده‌گمه‌ن و بیره‌وه‌ری،
له‌ به‌رده‌م باخی شار
به‌ به‌رچاوی خانه‌نشینانی هاوڕێم
له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌یه‌كی شه‌قوشلۆق
مه‌زاد ده‌كا.
ئه‌رشیفی وێنه‌ زه‌وه‌نده‌كانم
كه‌ لێوانلێون له‌ ژیاننامه‌ی
ئیسماعیل گه‌یلانی و
مه‌هدی خۆشناو و
پیرباڵ مه‌حموود و
دوكتۆر مارف خه‌زنه‌دار و
ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی و
كه‌ریم شاره‌زا و
جه‌وهه‌ر غه‌مگین،…
له‌و گۆڕه‌پانه‌ ڕاده‌خا
كه‌ هه‌ر هه‌مووی بۆ ماوه‌ی ده‌ ده‌قیقه‌یێ
ده‌بن به‌ ئاردی ناو دڕك،
ده‌بنه‌ تۆزی ده‌م ڕه‌شه‌با.

◾️هەولێر ٢٠١٦▪️




گرنگییەکانی هـاوڕێیەتی بۆ منـداڵان.. رەزا شـوان

هـاوڕێیەتی بریتییە لە پەیوەندیی ئارەزوومەنـدانە لە نێوان دوو کەس یا زیاتردا، لەسەر بنەمـای رێـز و خۆشەویسی و دڵسۆزی. بە زۆریش لە نێـوان ئەو کەسانەی کە هەمـان گرنگـیدان و هەستـیان هـەیە. هـاوڕێیەتی بەشـێکی گرنـگە لە ژیـانمـان، ناتـوانین بەبێ هـاوڕێ هـەڵـبکەیـن. چونکە لە هـاوڕێتیـیەوە زۆر وانـە و پەنـد فـێردەبین وەردەگـرین. بە دێـژایی ژیانمان کەسانێکی زۆر دەناسیت و دەبـین بە ئاشـناو و بە ناسیاوی یەکتری. بەڵام تەنیا هـەنـدێکیان بۆ هـەمیشە لەگەڵمانـدا دەمێننەوە. ئەوانەش هـاوڕێ دڵسـۆز و راستییەکانمانن. کە لە شێنەیی و تەنگانەدا، لە خۆشی و ناخۆشیدا، لە شایی و شینـدا، لەگەڵـمانـن و بەسەرمانـدەکەنەوە و پـشـتـمان بەرنـادەن. ئـەم هـاوڕێ دڵسۆزانەشـمان گرنگـترین سەرەوەت و سامـانـن. دەتـوانـین متـمـانەیان پـێبکەیـن. بەخـتەوەریش ئەو کەسانەن کە هـاوڕێی دڵسـۆز و بە ئەمـەک و متـمانەپـێکـراویـان هـەیە.
بیـرمەنـدی یۆنـانی (ئەرستۆ) دەڵێـت:”گـەر دەربـارەی هـاوڕێیـەتی لە من دەپـرسیت، ئەوەیـە کە گـيانـێـكە و لە دوو جەســتە دایـە”.
بیـرمەنـدی کوردیـشمان (پـیرەمـێرد) دەڵـێت:
هـەزار دۆسـتـت بێ هـێـشـتـاکو کـەمـە
تـەنهـا دوژمــنـێ زۆر زۆر ســــتـەمـە
(شکـسپـیر) یش دەڵـێـت:”هـاوڕێـکانـم هـەژار بـوون.. بـەڵام راسـتگـۆ بـوون”.
(دیـل گـارنـگی) یش دەڵـێت:”تا دەتـوانیـت هـاوڕێیـانی دڵسـۆز پەیـدا بـکە، چونـکە تا هـاوڕێـت زیـاتـربێـت.. لە ژیـانـدا سـەرکەوتـووتـر دەبـيـت”.
هـاوڕێیەتی راسـتەقـینە، پـیرۆزتـرین و جـوانـترین و پاکـترین و بەرزترین پەیوەندیی کۆمەڵایـەتییە لە نێـوان مـرۆڤـدا. هاوڕێیەتی راستەقـینە رووەکـێکە بە دڵسۆزی و بە خۆشەویستی و بە هاوڕێزی و نیازپاکی ئاودەرێت و لەسەر خۆ دەڕوێت و باڵا دەکات.
تـوێـژێنەرەکان بە لێکـۆڵینەوە، گەیشتوون بەو ئەنجامەی، کە هاوڕێیەتی لە ژیانماندا، ئەگـەری تـووشـبوونی دەزگـاکـانی بەرگـری و نەخـۆشـیـیەکـانی دڵ کەمـتر دەکـاتـەوە. پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتی، بۆ هـەمـوو قـۆنـاغـەکـانی ژیـانی مـرۆڤ پێـویست و گرنـگە. تەنانەت بۆ منداڵانی ساواش، کە پێکەوە یاری دەکەن و هەست بە هـاوڕێیەتی دەکەن.

پاڵـنەر بۆ پەیـوەنـدیی هـاوڕێیـەتی، لە زۆربـەی منـداڵانـدا زگـماکـییە. بە زۆریـش لە رێی پێکەوە یاریکردن دروست دەبێـت. هـاوڕێیەتی لەلای منـداڵان خەونێکی جـوانە، پەیـوەندییەکی ساکار و پاک و گونجاو و راسـتە. هـیچ بەرژەوەنـدییەک لەخۆناگرێـت. بـەڵام لە رووی تەنـدروسـتی جـەسـتەیی و دەروونی و سـۆزداری و کـۆمـەڵایـەتی و پەروەردەییـەوە، کاریـگەرییـەکی گـەورەی لەسـەر ژیـانی منـداڵان هـەیە و دەبـێـت.
منـداڵان هـەیە بە سـروشـتی کـراوەن و کۆمـەڵایەتـین و حـەز بە تێکەڵبـوون دەکـەن. بە ئاسانی دەتـوانن پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتی دروست بـکەن. بەڵام هـەنـدێ لە منداڵان، پەیوەندیی هـاوڕێیەتی بە بەرەنگاربوونەوەیەکی گەورە دەزانن و ناتـوانن هاوڕێیەتی پـێکـبهـێـنن. هـۆیـەکی ئـەم تـرس و کـێـشەیەش بـۆ دایـکان و باوکـان دەگـەڕێتـەوە.
پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتی لە قـۆنـاغی منـداڵیـدا، کارێکی گرنـگ و تەنـدروستە. چونکە پێکهـێنانی هـاوڕێیەتی، لەوە زیـاترە تەنیا پێکەوە چـێژ و خۆشی لە یاری وەربگـرن.
لێکـۆڵـینەوەکـان ئەوەیـان سەلـمانـدووە، کە منـداڵانی گـۆشـەگـیر، کە هـاوڕێیـان نییە، هەمیشە هەست بە کەم متمانە بەخـۆبـوون دەکەن. سەرەڕای ئەوەی کە لە داهـاتوودا تووشی ئەقـڵی و سـۆزداری و خەمـۆکی دەبـن.
(پـۆل سـوارتـز) دەڵێـت:”زیـاتر لە نیـوەی ئـەو منـداڵانـەی، کە بۆ پـزیـشکی دەروونی دەنـێرێـن، بۆ چارەسەری کێـشەی رەفـتاری سـۆزداری. لەوانەن کە هیچ هـاوڕێیەکیان نییە یا بە زەحمـەت دەتـوانـن تـێکەڵ منـداڵانی هـاوتەمـەنیـان ببـن”
پەیـوەنـدیی هـاوڕێیـەتی، گـرنگـییەکی زۆری بـۆ منـداڵان هـەیە، یارمـەتیـان دەدات بۆ ئـەوەی لە داهـاتـوودا، تـوانـای پێکهـێـنانی پەیـوەنـدی و پێکەوەهـەڵکـردنیـان بـبێـت.
زانایـانی دەروونناسی و پسپۆرانی پەروەردە لە بارەی پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتی نێـوان منـداڵان، هـاواڕان و جەخـت لەسـەر گرنـگی هـاوڕێیـەتی بۆ منـداڵان دەکەنـەوە و بە پێویستیـیەکی بایـۆلـۆژی و سایکـۆلـۆژیی منـداڵانی دەزانـن.
لە دیـدی منـداڵانـەوە، هـاوڕێ کەسـێکی نـزیـکە لە دەروونیـانەوە. دەکـرێت پێکەوە بسازێـن و یـاری بکەن و گـفـتوگـۆ بکەن و رێـز لە را و بۆچـوونی یەکـتری بگـرن.

گـرنگی و سوودەکـانی هـاوڕێیەتی بۆ منـداڵان:
هـاوڕێیەتی زۆر گرنگە بۆ منداڵان و سوودی ئەرێنی زۆری بۆیان هەیە. بە کورتی و بە چـڕی باس لە بەشێک لە گرنگییەکانی پەیوەندیی هاوڕێیەتی نێوان منداڵان دەکەین:
١ـ هاوڕێیەتی یارمەتیی گەشەکردنی دەروونی و جووڵەیی و کۆمەڵایەتیی منداڵ دەدات.
٢ـ هـاوڕێیەتی یارمەتیی منـداڵ دەدات، بۆ ئـەوەی کەسـایەتییەکی بەهـێز و دروسـت و هاوسەنگ و دادپەروەر و یەکسانخواز و گەشبین و هـیواخواز و خاکی و مـتمانەبەخۆ و ئیـرادە بەهـێز بێـت لە ژیـانیدا. بتوانێت بەسەر شەرمکـردن و تـرس و دڵـەڕاوکی و هـەر کـێـشەیەک بێتـە رێی، ژیـرانە زاڵـبـێـت بە سەریـانـدا.
٣ـ هـاوڕێیەتی منـداڵ لە نەخۆشییە ئـۆرگانییەکان و لە گۆشـەگـیری دوور دەخـاتـەوە. گۆشـەگیریش مەتـرسـیدارە. چـونکە منـداڵ لاواز و بێ متـمـانە دەکـات و هـەسـت بە تەنیایی و دڵتەنگی و خەمۆکی و ترس و تووڕەیی و دڵەڕاوکی و نائاسوودەیی دەکات.
٤ـ هـاوڕێیەتی یارمەتیی منداڵ دەدات، بۆ دروستکردنی پەیـوەندیی کۆمەڵایەتی. هـەر منـداڵێک هـاوڕێی هەبێـت، دەتـوانێت تێکەڵ بە کۆمەڵـگا ببێت و لەگەڵ کەسانی تردا هـەڵـبکات و رۆڵ و کـارلێکـردنی لە هـاوڕێـکانی هـەبێـت.
٥ـ هـاوڕێیەتی هـەستی دڵـنیایی بە منـداڵ دەبـەخـشـێـت. منـداڵ لـە دەرەوەی ژیـنگەی خـێزانیـدا، هەسـت بە تـرس و دڵـەڕاوکێ دەکـات. بـەڵام لە ژیـنگەی قـوتابخـانەدا، کە پەیـوەندیی هـاوڕێیەتی بنیات دەنێت، هەست بە دڵـنیایی و ئاسوودەیی دەکـات، چونکە وا هەسـت دەکـات، کەسـانـێک هـەن دەیپـارێـزن و بەرگـریی لـێـدەکەن لـە دژی هـەر شـتـێک کە لـێی بتـرسێـت.
٦ـ منـداڵ لە رێی پەیـوەندیی هاوڕێیەتییەوە، فـێری بەهـای یارمەتیـدان و هـاوکاری و هەمـاهەنـگی و هـەرەوەزی و کاری خـێرخـوازی و پیـاوەتی دەبـێـت.
٧ـ هـاوڕێیەتی، یارمـەتیی منـداڵ دەدات بـۆ زاڵـبوون بەسـەر کێـشەکـانی قـسەکـردن، ئەگـەر هـەبێت. زانستـیی زمـانەوانی بەدەسـت دەهـێنـێـت.
٨ـ هـاوڕێیـەتی دروسـت و بتـەو، تەنـدروستی و هـاوسەنـگـیی دەروونی و شـادی و چـالاکی بە منـداڵ دەبەخـشـێت، هـەستکـردنی منـداڵ بە خـۆشـەویستی و دلـۆڤـانی و گـرنگـیپێـدانی لەلایـەن کەسـانێکی دڵسـۆزی دەوروبەریـیەوە، دەبـێـتە هـۆی ئەوەی کەسایەتیـیەکی دەروون گەشـبـین و هـزر و بیـرکـردنەوەی ئەرێـنی لـێـبـێـتە ئـاراوە. هەست بەوە دەکات، بە هـەنـدی دەزانـن و پـێگە و سەنـگ و رۆڵی لە لایـان هـەیە.

٩ـ هـاوڕێیـەتی منـداڵ لە خۆپـەرستی و نێرگـزی و خـۆبەزیاتـرزانـین رزگـار دەکات. فـێری لـێـبووردن و ئـاشـتەوایی و پـێکەوەهـەڵـکـردنی، لەگـەڵ کەسـانی تـر دەکـات.
١٠ـ هاوڕێیەتی وا لە منداڵ دەکات، کە کەمتر ئامـێرە ئەلیکـترۆنییەکان بەکاربهـێـنن.
١١ـ منـداڵ لە رێی پەیـوەندیی هـاوڕێیەتییەوە، زیاتر قسە و باس دەکات و گوزارشـت لە خـۆی لە خەون و لە هـیواکانی دەکـات. بەمـەش ئاسۆی خەیـاڵی فـراوانـتر دەبێـت.
١٢ـ هـاوڕێیەتی یارمەتیی منـداڵ دەدات بۆ کراونەوە و بۆ رزگاربـوونی و لە شەرمی کۆمـەڵایـەتی. بـۆ دەرخـسـتـنی بەهـرە و وزەی پەنـگخـواردووی دەروونی.
١٣ـ لە رێی هـاوڕێیەتییەوە، لـێهـاتـوویی و شارەزایی تـوانای سەرکـردایەتـیکـردن و رابـەری لە لای منـداڵ گەشـەدەکـات.
١٤ـ هـاوڕێیـەتی ئـەو دەرفـەتە بـۆ منـداڵ دەرەخـسێـنـێـت، بە تایبـەتیـش بۆ منـداڵانی کوردمان لە هەنـدەراندا، کە شارەزای ژینگە و کولتـوورە جیـاوازەکان بن، لە هەمـان کاتیـشدا کولتـووری کوردیمـان بە هـاوڕێکانیـان لە نەتـەوە جیـاوزەکان، ئاشـنا بکەن.
١٥ـ پەیوەندیی هاوڕێیەتی یارمەتیی منداڵ دەدات، بۆ باشترکردنی بارودۆخی لە رووی تەندروستیی بایـۆلـۆژییـەوە. ئەوەش لە رێـگەی یاریکـردن و پـراکتیزەکردنی چالاکییە بە کۆمـەڵـیـیەکانـیان لەگـەڵ هـاوڕێـکانـیـدا. رێـکەوتـنیـان لەسـەر پـلانی خـوێـنـدنیـان، هـاوبەشیکـردنیان لە کـێـبڕکـێی ئەرێـنیـدا بە رۆحـێکی وەرزشـیـیەوە.
١٦ـ هـاوڕێیەتی یارمەتیی منداڵ دەدات بۆ تێکەڵبـوون بە کۆمەڵگاکەی لە قوتابخانەدا.
١٧ـ هـاوڕێیەتی، پـەرە بە چەمکی سەربەخـۆیی منـداڵ دەدات، لە جیهـانێکی تایبەتی خـوێـدا، کە لەو منـداڵانە پێکهـاتـووە کە خـۆی هـەڵـیانی بـژاردوون.
١٨ـ منـداڵ لە رێی هـاوڕێیـەتـیـیەوە، شـارەزایی لە چـۆنـیـیەتی مـامـەڵـەکـردن لەگـەڵ کەسـایەتییە جیـاوازەکان دەبـێـت.
١٩ـ منـداڵ شانازی بەوەوە دەکات کە هـاوڕێی باش و دڵسۆزی هەیە، خۆشیانی دەوێن و ئەوانیش ئەمیان خۆشدەوێـت. لە کاتی تەنگانە و کێـشەکانیـدا، هـاوڕێـکانی دەبـن بە فـریـادڕەسی و لەگەڵـیـدان دەبـن و بەرگـریی لێـدەکەن. هەستکـردنی منـداڵ بـەوەی کە تەنیـا نیـیە، ئازایـەتی و هـێز و بـوێـری و دڵخـۆشیی پـێـدەبەخـشـێـت.
٢٠ـ لە سایـەی پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتیـدا، منـداڵ هـەوڵی پـێـشکەوتـن دەدات. هـەوڵی ئەوەش دەدات لە کێـشەگەلـێک رزگاری بێـت، وەک: تەنیایی و دڵەڕاوکێ و دابـڕان و لە دایک و باوکی و لە قوتابخانەکەی. راز و نیازە پاکەکانی بۆ هاوڕێکان باس دەکات.
٢١ـ هاوڕێیەتی راستەقـینە لە نێوان کچـان و کوڕاندا، لە هەستی جیاوازی رەگەزی و کوڕسـالاری دووریـان دەخـاتـەوە. لـەم رووەوە قـوتـابخـانە تـێکەڵاوە بنـەڕەتـییەکـان رۆڵـێکی گـرنـگـیان هـەیە، بـۆ هـەرەسهـێـنان بە جیـاوزی رەگـەزی.
دایـکان و باوکـانێکی زۆر، رێگـری لە منـداڵەکـانیـان دەکەن، بۆ ئـەوەی کە پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتی لەگەڵ منداڵانی تردا دروست بکەن، لە تـرسی ئەوەی نەک تێکەڵی منـداڵانی خراپ و بەدرەفتار و ناپەسەنـد ببن و لەڕێ دەریان بکەن. تا رادەیەک ئەم نیگەرانییەی دایکان و باوکان لەجـێی خۆیـدایە. بەڵام نابێت هـێـندەش زیـادەڕۆیی لە تـرسـدا بـکەن و منـداڵەکانیان گـۆشـەگـیربکەن و هەمـوو شتێکـیان لـێبکەن بە نەکـەیـت بـڤـەیـە. بەڵکـو پێویستە منـداڵەکانیان، ئازادیی پـێکهـێنانی پەیـوەنـدیی هـاوڕێیەتییان هەبێت، لەگەڵ ئەو منـداڵانەی هـاوتـەمەنی خـۆیـانـن ببـن بە هـاوڕێ. ئـەرەکی پێـویـستی ئێـوەی دایـکان و باوکـانیـشە، کە لە نـزیـک و دوورەوە، چـاودێـریی منـداڵـەکـانتـان بـکەن و رێـنـمایی و ئامـۆژگـاریی پێـویستیان بکەن و ناسـنامـەی هـاوڕێـکانیـان بـزانـن. دەشـتوانـن سـوود لـەو چـیرۆکـانە وەربـگـرن کـە بـۆ منـداڵان نـووسـراون و بـابـەتـەکـانـیـان، دەربـارەی هـاوڕێی دڵسۆزی رۆژانی شـێـنەیی و تەنـگانـەن. دەشـتوانـن سەردانی مامۆستاکانیان بکەن و بـزانن منداڵەکانتان لە قـوتابخانەدا هـاوڕێیەتی کێ دەکەن. دەشتوانن لە دەمی منـداڵەکانتـانەوە، بـزانن هـاوڕێـکانیـان کـێن و تا چ رادەیـەک لە گەڵـیانـدا ئاسوودەن.
ئەرکی ئێوەی دایکان و باوکان لە هـاوڕێیەتی منـداڵەکانتان:
ئێـوەی دایـکان و باوکـان، چـۆن دەتـوانـن یارمـەتـیی منـداڵەکـانتـان بـدەن، بـۆ ئـەوەی لە هەڵـبژاردنی هـاوڕێی باشدا سەرکەتـووبـن. هـیوادارم سـوود لەم خـاڵانە وەربگـرن:
١ـ پێویستە ئێوەی دایکان و باوکان لە پەیـوەندیییەکانی نێوانتان، نموونە و پێشەنگ و سەرمەشقی پەیـوەنـدیی باشبن، کە پـڕبێـت لە خۆشەویستی و رێـز و لەیەکـتـێگەیشتن. ئەمەش هاندەر و پاڵنەرە، بۆ ئەوەی منـداڵەکانتان چاو لەم پەیوەندییە باشانەتان بکەن. بە چـاولـێکـردن لە ئێـوە، بتـوانـن پەیـوەنـدییـەکی هـاوڕێیـەتی دروســت دروسـتـبکەن.
٢ـ گرنگە کە ئێوەی دایـکان و باوکـان، ببن بە هـاوڕێی یەکەمی منـداڵەکانتـان، لەسەر بنەمای خۆشەویستی و رێـز و سۆزداری و هەستکردن بە ئاسوودەیی دروست ببێـت. بۆ ئەوەی بتـوانن ئامۆژگاری و ئاراستەیان بکەن. بێ ئەوەی هەست بە خۆسەپاندنی ئێوە بکەن. ئەمەش هانیان دەدات کە بۆ چارەسەری کێشەکانیان داوای ئامۆژگاریتان لـێبکەن و ئێـوە بە پشـت و پەنـا و فـریـادڕەس بـزانـن.
٣ـ پێویستە خەسڵەتە بـەد و خـراپەکـانی هـاوڕێی خراپیان فـێربکەن. کە گرنـگە لـێیان دووربکەونەوە. هـاورێی خراپێش لە هەڵـوێستەکانیدا دەردەکەوێت. گاڵتە و مـووبە بە هاوڕێکەی دەکات، ئیرەیی بە سەرکەوتن و باڵابوونی دەبات، رێز لە تایبەتمەندییەکانی ناگرێـت. هەست بە دڵنیایی و ئاسوودەبـوون ناکات کە کاتێک مامەڵەی لەگەڵـدا دەکات.
٤ـ کە زانیتان منداڵەکەتان کەم قسەدەکات و باسی هەڵـوێستەکانی لەگەڵ هـاوڕێکانیـدا ناکات. دەتوانن بۆ میوانـداری، بانگی هاوڕێکانی بۆ ماڵەوە بکەن، لە کاتی بۆنەیەکدا، وەک: جـەژنی رۆژی لەدایکبـوونی. یا بۆ یاریکـردن و خۆشی پێکەوە بانگیان بکەن. بە ناڕاسـتەوخـۆ چاودێـریی منـداڵەکەتـان بـکەن. بـزانـن چـۆن هـەڵـسوکەوت لەگـەڵ هـاوڕێکانیـدا دەکـات تا چ رادەیـەک هـاوبەشـییان دەکـات؟
٥ـ فـێری منـداڵەکەتـان بـکەن کە گرنگە یاریی ئامانجـدار لەگـەڵ هـاوڕێکانـیدا بکات. چونکە یارمەتیی دەدەدەن، بۆ دەستهـێنانی شارەزایی و فـێربوونی هـونەری دیالـۆگ.
٦ـ هـانی منـداڵـەکەتـان بـدەن، کـە بە پـێی بەهـرە و ئـارەزووی خـۆی بەشـداری لە چالاکـییە جیاوازییە بە کۆمـەڵـییەکانی قـوتـابخـانەکەی بـکات و بەهـرە و توانـاکانی خـۆێ دەربخـات.
٧ـ کـاتێک هـەسـت بـەوە دەکـەن کە منـداڵـەکـەتـان، لە لایـەن هـاوڕێـیـەکـیـیەوە لە قـوتابخـانەکەیـدا، ئـازاری جەستەیی و دەروونی دەنـۆشـێـت و مـووبـەی لێـدەکـات. پێـویسـتە بە خـێرایی بـێـنـە دەنـگ و لـەو هـاوڕێـیـەی دووریـبخـەنـەوە. سـەردانی قوتـابخـانەکەی بـکەن و لەگـەڵ بەڕێـوەبـەر و مامـۆسـتاکـانی قـسە بـکەن و داوای چاوپێکەوتنی دایک و باوکی ئەو هـاوڕێیەی بکەن و بگەنە چارەسەری کـێشەکەی.
٨ـ گەر منـداڵەکەتـان هـاوڕێی نەبێت و حەز بە هـاوڕێیەتی هـیچ منـداڵـێک نەکـات، دەشێت کێشەیەکی دەروونی هـەبێـت. دەتـوانن بیبەن بـۆ لای پـزیـشکی دەروونی و لەوانەیە هـۆیەکـەیتـان بـۆ باس بـکات و سـوود لە رێـنمـاییەکـانی وەربگـرن.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣
(*) تا رادەیەک سوود لە چەند سایتێکی ئینگـلیزی و نەرویجی و عەرەبی وەرگرتووە.




گۆڤارو ڕۆژنامه‌، دونیایێك، دوو دونیا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

یه‌كێك له‌و دابه‌شبه‌ندیانه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراوی تێدا كۆده‌كرێته‌وه ‌، ئه‌و دابه‌شبه‌ندیه‌یه‌ كه‌ به‌پێی (كات)ی ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌كرێ…
له‌مه‌شدا ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ بۆ ڕۆژنامه‌ جگه‌ له‌ ڕۆژانه ‌، به‌هه‌ردوو جۆری به‌یانی و ئێوارانی و حه‌فتانه‌ له‌قاوخی ڕۆژنامه‌دا نابینین و پێمان وایه‌ ڕۆژنامه‌ كه‌ ده‌رچوونی له‌ حه‌فتانه‌ی زیاتر پێ بچێ له‌سنووری ڕۆژنامه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ ، به‌ڵام ڕای وا هه‌یه‌ ڕۆژنامه‌ی نیومانگی و مانگانه‌ و ته‌نانه‌ت وه‌رزیش ده‌به‌نه‌وه‌ ناو قاوخی ڕۆژنامه‌. ڕه‌نگه‌ هه‌ر لێره‌‌ش ئاقاری ڕۆژنامه‌ وگۆڤار تێكه‌ڵ ببن كه‌ ‌ له‌وه‌دا بچینه‌وه‌ ناو یه‌ك دونیا ، دونیای ڕۆژنامه‌گه‌ریی نووسراو…، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ زۆر ئه‌گه‌ری دیكه‌ش دوو دونیای لێك جودا پێك دێنن… به‌مه‌ش هه‌ریه‌ك له‌ هه‌ردوو چه‌شن (ڕۆژنامه) و (گۆڤار) جیهانبینی و ئه‌ركی خۆی ده‌بێ و ‌به‌پێی وه‌ختی ده‌رچوون و بڵاوبوونه‌وه‌یان ده‌گۆڕێ…
به‌ نموونه‌: ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژنامه‌دا به‌تایبه‌تیش ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ هه‌واڵی گه‌رماوگه‌رم و ده‌ستبه‌جێ گرنگ بێ ، له‌ گۆڤاردا (مه‌گه‌ر هه‌واڵێكی نائاسایی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێ) زیاتر به‌دواداچوونی هه‌واڵ و ده‌رهاوێشته‌كانی وه‌ك ڕاپۆرتی هه‌واڵئامێز و ڕیپۆرتاژی تێروته‌سه‌ل جێگای بایه‌خ پێدان ده‌بێت ، دیاره‌ سرووشتی ئه‌و بڵاوكراوه‌یش ، جۆر و چۆنییه‌تی ئه‌و ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژ و به‌دواداچوونانه‌ دیاری ده‌كا .
له‌نووسین و داڕشتنیشیدا هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌ ، نووسین له ‌ڕۆژنامه‌دا هه‌میشه‌ وا ده‌خوازێ چڕ بێت وبه‌ڵگاوه‌ر و ڕوونبینی و لایه‌نی لاپرسه‌نی و به‌دواداچوونی ڕۆژنامه‌نووسی تیا ڕه‌نگ بداته‌وه .
له‌حاڵێكدا نووسین له‌ گۆڤاردا ، وه‌ك د . مه‌حمود ئه‌دهه‌م ده‌ڵێ ڕه‌گه‌زی گونجانی پتر تێدا ده‌بێ و به‌ڵگه‌دار ده‌بێ به‌ وێنه‌ و نه‌خشه‌ی پێویست … د. مه‌حمود پێی وایه‌ گۆڤار به‌بێ وێنه‌ مه‌حاڵه‌ بڕوانه‌ (د. محمود ادهم التعریف بالمجلة‌- دار الثقافة‌ للطباعة‌ والنشر قاهیره‌ 1985) له‌كاتێكدا له‌وانه‌یه‌ له‌ ڕۆژنامه‌دا به‌و جۆره‌ نه‌بێ هه‌رچه‌نده‌ وێنه‌ به‌شێكی گرنگ له‌ماكێتی ڕۆژنامه‌یش پێك ده‌هێنێ ، د. محمود كه‌ ده‌ڵێت بۆ گۆڤار بێوێنه‌یی مه‌حاڵه‌ ڕاست ده‌كا ، چونكه‌ هه‌رچی نه‌بێ به‌هۆی ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی جیاوازه‌ و به‌رگی هه‌یه‌ بێگومان بێ ‌وێنه‌ زیاتر له‌كتێب ده‌چێ تا گۆڤار…
له‌سه‌ره‌كه‌ی تره‌وه‌ ده‌بینین زۆر گۆڤاریش هه‌بوون و هه‌ن له‌ قه‌باره‌ی نه‌ك كتێبی ئاسایی به‌ڵكو كتێبی گیرفانیش ده‌رچوون ، كه‌ به‌ش به‌بار له‌ ڕۆژگارێكی تیژڕۆی وه‌ك ئه‌مڕۆ پێموایه‌ قه‌باره‌یه‌كی له‌بار بێ وه‌كو گۆڤاری (كتابی) میسری و (طبیبك)ی لوبنانی…

له‌ كاتێكا ڕۆژنامه‌ نه ‌به‌رگی هه‌یه‌ و نه‌قه‌باره‌یشی تاكو ئێستا له‌ (تابلۆید) بچوكتر بووه‌ و پێی گوترا بێ‌ ڕۆژنامه‌… ئه‌گه‌ر باسی ئه‌وه‌یش نه‌كه‌ین كه‌ ده‌كرێ گۆڤار هه‌بێت تایبه‌ت به‌ بابه‌تێك كه‌ به‌گۆڤاری یه‌ك بابه‌ت (متخصص) ده‌ناسرێنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ ڕۆژنامه‌ مومكین نییه‌… ( هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ له‌ ڕۆژنامه‌نووسیی دوای ڕاپه‌ڕین هه‌بووه‌ ، به‌ نموونه‌ – ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی و ڕۆژنامه‌ی (ستایل) ئه‌ده‌بی – دیسان سیسته‌می ده‌رهێنانیش له‌ به‌كارهێنانی ستوون و وێنه‌ و تایپۆگرافیا و وێنه‌ و كاریكاتێر و مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ بۆشاییدا له‌گۆڤار و ڕۆژنامه‌دا جیاوازه‌… له‌ ڕووی چاپ و تیراژ و كاغه‌ز و ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌ و قه‌باره‌ و ناوه‌رۆكیشه‌وه‌‌ هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌…

ڕۆژنامه‌ وه‌كو حاڵه‌تێكی گشتی وه‌ك وتمان زیاتر عه‌وداڵی هه‌واڵه‌ ، به‌ڵام گۆڤار ده‌توانێ به‌هۆی وه‌ختی ده‌رچوونی زیاتر له‌ ئینسكلۆپیدیایه‌كی كورتكراوه‌ بچێت…
یاخود له‌چاپدا له‌وانه‌یه‌ ڕه‌نگ و جۆری كاغه‌ز وه‌كو ڕه‌گه‌زی له‌پێش بن له‌ به‌كارهێناندا له‌گۆڤار حسابی بۆ بكرێ ، به‌تایبه‌تیش ئه‌و گۆڤارانه‌ی تایبه‌تن به‌ مۆده‌ی جلوبه‌رگ و یا ئه‌وانه‌ی تایبه‌تن به‌ ئافره‌تان یا هونه‌ری شێوه‌كاری
هه‌روه‌ها ..
له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕیكلامی جۆراوجۆر ، كه‌چی ڕۆژنامه‌ ده‌گونجێ یه‌ك ڕه‌نگ بێت و بازاڕیشی هه‌بێت… ئه‌گه‌ر بێینه‌ سه‌ر كرۆكی ناوه‌رۆكیش ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر گۆڤاره‌، له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌ نییه‌ و پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاسته ‌به‌ نموونه‌ توێژینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ ئه‌ده‌ب و زمان و مێژوو ئاركیۆلۆژیا و فه‌لسه‌فه‌ و كۆمه‌ڵناسی و قانوون و زانستیی دیكه‌ كه‌ زۆرجار ده‌بینین گۆڤاری تایبه‌ت به‌خۆیان ده‌بێت ئه‌مه‌ له‌ ڕۆژنامه‌دا په‌سند نییه‌ و ناشكرێ ،( مه‌گه‌ر هه‌ندێ ڕۆژنامه‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكه‌ن) ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ له‌و بابه‌تانه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ گۆڤاری سیاسیی گشتیشدا جێگایان بێته‌وه‌ ، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا هه‌ندێك له‌وانه‌یش دوورنییه‌ له‌ ڕۆژنامه‌دا بایه‌خیان پێ بدرێت به‌تایبه‌تیش له‌ هه‌ندێ هه‌ل و مه‌رجی پێویستدا.
له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا ڕۆژنامه ‌و گۆڤار ئه‌گه‌ر خاڵی هاوبه‌شیشیان هه‌بێ و بچنه‌وه‌ یه‌ك ڕێگا ، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین به‌ دوو ڕه‌هه‌ندی جیاوازدا ده‌ڕۆن…




سەلام عومەر‌و شیعری نیشتمان.. زیرەك كەمال

بەڕێز سەلام عومەر نیشتەجێی ماڵی ئەدەبە هەر لەو ماڵەشەوە نامەی ئەوین‌و خۆشەویستی بۆ مانگ‌و خۆر‌و ئەستێرەكان دەنێرێت‌و باوەش بە جوانیدا دەكات، هاوڕێ‌ سەلام عومەر سەر بەنەوەیەكە كە لەناو دنیای تاریك‌و نوتەكی تراژیدیادا چاوی هەڵهێناوە‌و بە گەوەو پێچ‌و هەورازە سەخت‌و دژوارەكاندا سەركەوتووە‌و لەناو شەوە زەنگی غوربەت‌و غەریبی‌و تەنیایی‌و رۆژگاری پڕ لە تۆقاندن‌و ئازاراوی بەعسدا پێڕەوكەو بووە، بۆیەش دەبینین خەم‌و ناسۆری‌و تەمی غوربەت‌و فیراق‌و خەم هێڵە گشتییەكانی بەشی هەرەزۆری دەقە ئەدەبییەكانی سەلام عومەر پێك دەهێنێت.
لەو رۆژانەی دوایی شیعرێكی ئەو شاعیرەم خوێندەوە كە تەنها كۆپلەیەك بوو بەناوی نیشتمان، بەڵام لەناخەوە هەژاندمی، رایچەڵەكاندم دەستی گرتم دەوانە‌و دەوەن گرد بە گر‌و یاڵا بە یاڵا سەری خستم بەناوبژوێن‌و قەدپاڵ‌و بەسەر لوتكەی چیاكانداو بە ناو چەم‌و دێبەر‌و چۆم‌و چۆمبار‌و رەز‌و باغ‌و بێستان‌و وەرد‌و كێڵگە‌و پاوان‌و كەناری رووبار‌و گوێی چەم‌و چاوی قرژاڵی كانیە روون بەردەكاندا بردمی‌و دواتر لەنێو مێرگێكی غەریبیدا داینام‌و تێر‌و پڕ گریاندمی، گریان بۆ خۆم بۆ نیشتمان بۆ جوانی بۆ شیعر بۆ هونەر‌و كوڕ‌و كچە خەمبار‌و نائومێدەكان چونكە لە ئێستا سیاسەت هەموویانی خستۆتە نێو بەرداشی خۆی‌و وردە وردە دەیانهاڕێت.
شیعری نیشتمان چەند وشەو بڕگەو خاڵێكە، بەڵام بە زمانێكی ئەدەبی بەرز‌و مانادار‌و قووڵا باسی قۆناغێكی سیاسی وڵاتەكەمان دەكات، ئەگەر لەسەر سێو ئادەم لە بەهەشت دەركرابێت‌و كەوتنە خوارەوەی لەدار نیوتنی سەرسام كردبێت‌و دواتر كردبێتی بەداهێنەر، ئەوا سێو لە شیعری سەلام عومەر مانای مرۆڤ دەگەیەنێت، پێم باش بوو سەلام عومەری شاعیر ئەو شیعرەی بۆ سیاسییەكان بنێرێت، بەڵام دواتر پەشیمان بوومەوە چونكە بەشی هەرەزۆریان شیعر ناخوێننەوە.

)نیشتمان(

وەك سێوێكی قەپاڵ لێدراو
لایەكی جەستەم گەنیوە
كەسێك تفم دەكاتەوەو
كەسێكیش دەمكاتە نیوە

  • * *
    درەختێكی رۆخ روبارم و
    لافاو دەورەمی تەنیوە
    خاوەنەكەم لە دوورەوە
    چاوی لە كەوتنم بڕیوە
  • * *
    وەكو سێوێ‌ وەك درەختێ‌
    قەت رەشەبا نەیكەواندووم
    وەلێ‌ ئێستا شلوشەكەت
    هەستدەكەم گەلێ‌ ماندووم
  • * *
    دەستاڕێكی لێكەوتووم و
    هەرتایەم لەنێو دەستێكە
    لەنێو دوو زۆندا كەوتووم و
    پێویستیم بەتوانای كەسێكە



چایچی.. چیرۆکی/ نەوزاد بەندی

ـــ ـــــ

واتا ئەگەر لات وابێ بارودۆخ ناگۆڕێ ، ئەگۆڕێ .. خانووە تازەکان ، بەرە بەرە کاڵ ئەبنەوە و کلس و خۆڵ و قەوزە دایانئەپۆشێ …کەنارییەکان پیر ئەبن و .. ئیتر قەفەزەکان خاڵی ئەبن ..سەرۆکەکان، کۆڵهەڵگرەکان ..ئەوانەی لەسەر ئاستی ووڵات یەکەم بوون..ئەوانەیشی هیچ زانیاریی و زیرەکییەکیان لە خۆیاندا شک نەبرد ، لە شەقامەکاندا هاتن و چوون و خەوتن ..تێکڕایان پیر بوون و مردن ..واتا پیر ئەبن و ئەمرن ..
دڕکێک سەری لێتێکچووبوو لە تەنیشت سنەوبەرە هۆڵەندییەکەی بەردەرگاکەیدا ڕووا بوو ..سەرەتا بینی و بە ئاگا نەبوو ، لەپڕ ڕاوەستا و ئاوڕی دایەوە ..وەک ئەوەی ئاوڕ لە یەکێک لەوانە بداتەوە کە بابیان کوشتووە ..دڕکەکە زۆر بە کز و لاوازیی لە گۆشەیەکی تەنیشت سنەوبەرەکەدا ، ئەیویست ئەو تەمەنە کورتەی خۆی لەوێ تەواو بکا ..بەڵام ئەم خێراتر بوو ، گەیشتە سەری و بە نوکە شەقێک ، بە پێڵاوی گرانبەهای بوگاتی ، دڕکەی له بێخ دەرهێنا و هەڵیدایە ناوەڕاستی گەڕەک ..خستیە ژێر هەتاوە گەرمەکە و.. ژێر ڕەحمەتی هەزاران هەزار پێچکەی ڕەشی ئوتومبیلەوە ..
وەک یاریزانێک له گۆشەیەکی تیژەوە گۆڵێکی کردبێ ، ئاوا چەند چرکەیەک ڕاوەستا ، چاوەڕێی چەپڵە و هات و هاواری جەماوەر بوو ، ( چایچی ..چایچی .. چایچی ) ..بەڵام هەر زوو بە ئاگا هاتەوە و لەگەڵ دەستلێدانێکی خێرا لە سنەوبەری هۆڵەندیی ، تەماشایەکی دڕکە لە بێخ هەڵکێشراوە کوردییەکەی کرد ، وەک ئەوەی پێی بڵێ : نەخەڵەتابیت توخنی باخ و باخات و ..شاخ و شاخاتی من بکەوی ..
هەروایشی ووت ..پێیشی داهێنان بوو ، وشەی شاخات .. کەس نەیوتبوو بێجگە لە خۆی ..وەک چۆن وەزیر ، جارێکیان ووتی تەندروست باش بن !! ..لە کاتێکدا تەندروست خۆی واتا باش ، ئیتر لکاندنی ئەم( باش )بە تەندروستەوە ، لە زیاد مەسرەفیی زیاتر شتێکی تر نییە ، کەچی سەرتاپای خەڵکەکە ، پێشوازییەکی زۆریان لەو داهێنانە ووشەسازی و زمانەوانییە گەورەیه کرد ..تەنانەت وەک دیارییەکی لێ هات کاتێ بە کەسێ ئەڵێی تەندروست باش بی ، ڕەنگی سوور هەڵئەگەڕێ و هەناسەی سوار ئەبێ و زۆری پێ خۆشە ..وائەزانی دەعوەتێکت بۆ کردووە ..بە جۆرێ ئەو کەسە نازانێ چۆن حەقت بۆ بکاتەوە ..
لە دڵی خۆیدا ووتی : ( منیش چیم لە وەزیر کەمترێکە ؟ هەرچییەک وەزیرێ هەیبێ ، هەمە.. بیبێ ، ئەمبێ ..هەیبووبێ ، هەمبووە .. ئیتر بۆچی شاخات وەک تەندروستباش دەنگ نەداتەوە ؟ )
ئوتومبیلە لەگزسە سوپەر سپۆرتە درعە ڕەشەکە ، وەک مانگایەکی بێتاقەت هاتە بەرچاوی ..ئەتووت ها ئێستا ها تۆزێکی تر بەلەسە ئەبێ و لە دەست ئەم کابرایە ڕائەکا ..
پێش گۆڕینی بار و دۆخ ، چایچی بوو ..چایچییەکی هەتا خوا حەزکا ، چایچی ..وەک پولی دۆمینە ، ژێرپیاڵە و پیاڵە چای لە مەچەکییەوە هەتا ئانیشکی ڕیز ئەکرد ، لەگەڵ ئاواز و گۆرانی و نوکتە و تەنانەت جنێو و وردە جڕت و ئەو شتانەدا ، پیاڵەکانی بەسەر چاخۆرەکاندا دابەش ئەکرد ..واتا چۆن ئەو هەموو شتە ؟ ..ئاخر بە پێی چاخۆرەکە بوو ، چاخۆر هەبوو حەزی لە دەنگی حەسەن بوو ، ئەمیش دێڕێ ( نامدوێنی ئاخ نامدوێنی ) حەسەنی بۆ ئەووت جا ، شڵپ ، چاکەی ئەکێشا بە تەپڵەکەکەی بەردەمیدا ، کابرا خەریک بوو ڕاستەپێ بۆی دەردەچوو لە ترسی ئەوەی نەبادا شوێنێکی بەو چا گەرمە سووتا بێ ، یان کراسە سپیەکەی پیس بوو بێ ، بەڵام ئەو بە تەنزێکەوە ئەیووت دانیشە ، ناکۆک ! ..سەعەی چایچی بۆی داناویت ..حەیفت نەکرد ، ئەگەر یەک دڵۆپەی لێ ڕژابوو ، وەعد هەتا ماوی چاکانت خۆڕایین ..
چاخۆر هەبوو ، حەزی لە نوکتە بوو . . تیایانا بوو حەزی لە یانەی ڕیاڵ مەدرید بوو .. حەزی لە نرخی دۆلار بوو ..حەزی لە زانینی هەواڵی نەوتەکە .. هەبوو حەزی لە جڕت بوو ..ئیتر هەر چاخۆرێک و خوا بە جۆرێ دروستی کردبوو یان خۆی بە جۆرێ پەروەردە کرد بوو ، لە ساتی دانانی چاکەیدا ، سەعەی چایچی هاوخەمیی خۆی بۆ ئەو چاخۆرە نیشان ئەدا ..ئیتر کابرا چاکەی لا ئەبوو بە هەنگوین و گرانبەهاترین دیاری ..( ڕیاڵ چاک مەلەگەی ئوتوو کرد …نەوتەکە تەواو ، هی خۆمانە ..دوێنێ گرانترین کۆتر فرۆشرا ..پیاوکوژەکەیان دۆزیەوە، خزمی خۆی بوو …)
ئەمانە زۆربەیان چایان نەدەخواردەوە …وایان نیشان ئەدا چاخۆرێکن نەبێتەوە ، بەڵام چاخۆر نەبوون ، لەبەر دڵی ئەو قومێکیان لێ ئەدا ..یان به دزی ئەوەوە ئەیانڕشتە ناو ئینجانەیەک ..یان ناو گڵەکەی پشت کورسییەکان ..هەندێکیشیان هەر بەجێیان دێڵا ، بەڵام سەرجەمیان پارەیان دەدا ..چونکە لە ماڵەوە هیچ کەسێکیان شک نەدەبرد قسەی دڵی خۆیان بۆ بکا ، ئەم قسەی دڵی خۆیانی بۆ ئەکردن ..ئەوەیش کەم نییە ..یان تەنانەت زۆریشە و .. هەر زۆر زۆریشە ..تۆ بڕۆیتە جێیەکەوە ، شڵپ ، پیاڵە چایەک ، لە بەردەمتا فڕێ بدەن ، بێ ئەوەی دڵۆپەیەکی لێ بڕژێ و..بێ ئەوەی هیچ شوێنێکت بسووتێ و .. بێ ئەوەی کراسە سپییە تازە ئوتوکراوەکەیشت پیس بێ ، جا لە هەمان کاتدا ، کچێکی چاو سەوز کە هەزارساڵ پێش ئێستا خۆشت ویستووە و بۆت نەبووە ، بێنێتەوە بەرچاوت بە دێڕێکی خێرا ، وەک :
چاو سەوز هێشتاکە من ئینتیزارم ..
خۆم بارهەگر و هەر خۆیشم بارم ..!!
ئێ ئیتر چۆن هەموو ڕۆژێ نایەیتەوە و لە جیاتی چایەک ، سێچوار چا و .. لە جیاتی هەزار دینار ، دە هەزار دینار ناکەیت بە بەر پشتوێنەکەیدا ؟
ئەیکەیت ..چۆن نایکەیت ..ئەمیش ئەیزانی ئەیکەیت ، هەر بۆیە زۆری نەبوو .. وەک چۆن خاوەن تەریقەتێکی لێهاتبوو ، بە تاپڕیش خەڵکی دەرکردایە هەر ئەهاتنە کنی ..
هەڵبەت ئەم بار و دۆخە گۆڕا ..وەک گۆڕانی هەموو شتەکان ..هەموو سیستمەکان .. هەموو خاوەن بڕیار و ..خاوەن زەبر و زۆرەکان . . ئەوەندە سەیر گۆڕا ، تەنانەت بۆ خۆیشی بڕوای نەدەکرد ..خەڵکەکەی چوار دەوری زۆربەی زۆریان چوون بۆ هەندەران ..واتا شتێ نەمایەوە بە ناوی چاخۆر ..واتا تۆ دێیت بۆ لای من بۆ ئەوەی پێکەوە باسی عیار ڕۆتی ئوتومبیل بکەین ، بەڵام لە پڕێکا من کۆمەڵێ بڵندگۆ و ڕوژنامەنووس و چەکدار چوار دەوریان تەنیوم ، تۆ ئامادە نابیت نەک هەر لەگەڵما باسی عیار ڕۆت بکەیت ،
شوێنێک کە تەنانەت یادگارییەکانیشم نەتگەنێ .. کاتێ سەعە بوو بە حەمە سەعید و .. چایچی بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی ، کۆڕەو لەناو چاخۆرەکاندا دروست بوو..یان هەر لە بنچینەدا خزمەتگوزارییەک نەما بەناوی چا و گۆرانی حەسەن زیرەک و نوکتە و جڕت و دوا گۆڵەکانی ڕیاڵ مەدرید ..لەوەیش ناخۆشتر یان ترسناکتر ئەوە بوو ، ئەگەری کوشتنی هەر چاخۆرێک لە ئارادا بوو ..ئێ ئەوە کەم نییە تۆ هەستیت باس لەو چایانە بکەیت کە ئەندامێکی سەرکردایەتیی بۆی تێکردوویت بە جڕت و چەقەنە وە ..ئەمە ئەگەر تۆ کەسیش لێت نەبیستێت ، هەر بینینی تۆ ، ئەبێتە هۆی بێزار بوونی ئەو ..ئەوێکی خاوەن ملیۆنەها دۆلار ..ڤێلا..کۆمپانیا .. کەناڵ و پڕۆژەی زەبەلاح، چۆن ئەبێ دەم و قەپۆزی پاکەتفرۆشێکی بێتە بەرچاو کە هەر دوێنێ ، شڵپ ، چایەکی لە بەردەمیدا داناوە ، بێ ئەوەی یەک دڵۆپەی لێ ڕژا بێ و ..یەک پاکەتی زەرد بووبێ و..یەک نوقتە لە کراسە خامەکەیدا دروست بووبێ ، سەرباری ئەوەیش ، ئەم دێڕەیشی بە دەنگی بەرز بۆ ووتبێ :
( پاکەتفرۆشم ، خاوەن دڵیشم..
بۆ وەفا و پەیمان ، بیانوو بڕیشم ..)
ناکرێ .. بار و دۆخەکە زۆر ناسک و هەستیار بوو .. چاخۆرەکان تێگەیشتن ، زۆربەیان لە ڕێی وانەوە خۆیانکرد به تورکیادا و .. لەوێوە بۆ یونان و ..ئەڵمانیا و سوید و بەریتانیا .. تیایشیاندا بوو ، ڕایکرد بۆ بەغا ، لەو شۆرجە و شێخ عومەرەدا خۆی وونکرد .. تیایاندا بوو بە نەشتەرگەریی جوانکاریی ڕوخساری خۆیان گۆڕی .. تاک وتەرایشیان شیری خاویان خوارد بوو ، هەر لە شاردا مانەوە ، شار خۆ شاری هەمووانە ، بووە بە ملیاردێر و ئەندام سەرکردایەتی ، جار بە جەهەننەم .. خوای ئەکرد ئەبوو بە نەهەنگی شین و ڕۆژانە سێ چوار تەن شتی ئەخوارد ، بەمان چی یان ئەمان بەو چی ؟ هەر یەکەمان بە ڕێی خۆیدا ..ئەو با لە کۆشک و باڵەخانە و پڕۆژەی خۆیدا بلەوەڕێ ، ئەمانیش لە کوچە و کۆڵانە داڕوخاوەکاندا سێکشنە قورسەکانی کۆتایی تەمەنیان بەسەر ببەن ..
چاخۆریش هەبوو هەر لە شاردا مابۆوە و هەوڵی دنیای دابوو لێی نزیک بێتەوە و ببێتە خزمەتکاری یان بە لایەنی کەمەوە وێنەیەکی فۆتۆگرافیی لەگەڵدا بگرێ .
حەمە سەعید ئەو شتانەی ئەزانی بە تایبەت وای لێهاتبوو لە هەندێ بۆنەی جەماوەریدا هەندێ لەو چاخۆرانەی ئەبینی ، به چاوێکی سووک و قێزهاتنەوەوە تەماشایان ئەکرد ، یان ئەم وای هەست ئەکرد ئەوان بەو جۆرە تەماشای ئەکەن کە لە ڕاستیدا بە ڕێز و شانازییەکی زۆرەوە تەماشایان ئەکرد ..واتا چاکیشی به خراپ ئەبینی ، وای لێ هاتبوو هەموو ئەو دەسەڵات و ماڵ و سامانەی کە هەیبوو ، نەیدەبینی و تامی لێ نەدەبینی ، ئەوەندەی چاخۆرەکانی لە مێژینی ئەکەوتە بەرچاو ، وەک تارمایی و خێو ، گاڵتەیان پێ ئەکرد ، چاکەیان لێ وەرئەگرت و ئەیانکرد بە سەریدا ..بەوەیشەوە نەدەوەستان ، قۆرییە چای لە کوڵی سەر خەڵوزیان بە سەر و ڕدێنیدا قڵپ ئەکردەوە .. جۆرەها جنێویان وەک خۆی بە شیعر پێ ئەوت :
سەعە چا پیسی گەندەڵی قەڵەو ..
چی ئەکەی مردن ، کە بۆت هات بە شەو ؟
٭ ٭ ٭
سەعە مەسڵەحچی ..لە پڕ پیاکەوتوو ..
چا لێت حەرام بێ ، وا لێت حەرام بوو …
جۆرەها شیعر و جنێو و جڕت و شتی ئەهاتە بەرچاو ، بە جۆرێ ناچاری چوونە دەرەوەی ووڵات بوو ، سەردانی گەوره پزیشکانی دەروونیی کرد ، دەرمانیان بۆ نەنووسی ، تەنها ڕێنمایی کۆمەلایەتییان کرد ، چونکە ئەم لە پڕێکا لە چاچێچتیەوە بووە بە گەورەپیاوێکی وا ، ئەمە گەر بارودۆخ و سیاسەت قبوڵی بکەن ، ڕۆتینی ڕۆژانە و خانەکانی مێشکت پێیان قبوڵ ناکرێ .. هەستی ترس و شۆک و ئەم شتانەت تیا دروست ئەکەن ..دوور کەوتنەوە لەو وڵاتە چارەسەرێکی ڕەنگە باش بێ و ..ڕەنگیشە خراپتر بی ..
چییە پێم ڕائەبوێرن ؟ یەعنی چی ڕەنگە باش بی و ڕەنگە خراپتریش بی ؟ کە جوانتر سەرنجی پزیشکە ئینگڵیزییەکەی دا ، وای هەستکرد یەکێک بێ لە چاخۆرەکانی لە مێژینی ..هەر بۆیە دەستی بەرز کردەوە پیایا بماڵێ ، یاریدەدەرەکانی پزیشک فریای کەوتن و هەڵیانگرت و فڕێیا دایە دەرەوە ..
یەک بە دەم هاواری ئەکرد ، وەڵاهیی ئەتانکوژم .. هەمووتان ئەکوژم .. با بگەڕێمەوە ..دایکی خێوتان ئەسوتێنم ..
شانە نهێنییەکانی چاخۆرەکانی دروستکرد .. ڕۆژانەلێره و لەوێ گەنج خەڵتانی خۆێن دەکران و کەس نەیدەزانی یان ڕاستتر کەس نەیدەوێرا بپرسێ ئەمە کێیە کوژراوەکە و کێیە بکوژەکە ..
کاتێ دڕکەکە بەهۆی پێچکەی ئوتومبیلەکانەوە وەک تاتۆیەکی زەردی لێهات بە شەقامە ڕەشەکەوە کە دوێنێ لەسەر داوای خۆی ، شارەوایی بۆی قیرتاو کردبوو ، تەماشای لەگزسە درعە ڕەشە سوپەر سپۆرتەکەی کرد ، هەستی کرد مانگایەکی گەورەیە و ..لەوەدایە هێرش بکاتە سەری …..
(ئاڕبییجێکەم فریا خەن ..)
بۆی دانیشت ، لەبەر خۆیەوە ئەیووت و ئەیووتەوە : ( ئەو هەموو چاخۆرەم وەک سەگ تۆپاند ، ئێستا ماوەتەوە سەر مانگایەکی مالۆسی وەک تۆ )
کە لێی دا ، لەگزس بوو بە تۆپێک لە ئاگر و دامردەوە .. خەڵکەکە لە خەو ڕاپەڕین .. خەڵکێکی زۆر .. هەتا بێ زۆر ئەبوون .. ئەو هەموو چا خۆرە .. باشە تۆ بڵێی ئەم خەڵکە هەر هەموو چاخۆری ئەم بوو بن ؟ واتا ملیۆنان خەڵک .. ئەمانە بە چی لەناو ئەچن ..؟
ــقوربان کار لەکار ترازا ــ
ئەمە دوا دێڕی خوشکەزاکەی بوو کە لە ژێر پێی خەڵکەکەدا وەک دڕکەزییەک ئەشکا و وورد ئەبوو .. خەڵکەکە خۆیشیان نەیاندەزانی ئەم هەموو ئازایەتی و غیرەتە چیە ..وەک ئاگراوی گڕکان ، بەسەر هەر شتێکا ئەچوون ، مەحفیان ئەکردەوە ..ئابڵۆقەی سەعەی چایچیان دا ..لە هەر چوار لاوە ..وەک مامە فەرخە ووتی ..شڵپ ، مەحف بۆوە ..بە جۆرێک یەک دڵۆپ خوێن نەڕژا.. یەک پەڵەیش لەسەر ئەو هەموو کراسە سپیە دروست نەبوو ..بە جۆرێک ، زۆرینەی ئەوانەی ئاگاداری بابەتەکە بوون ، نەیاندەزانی ئایا ئەم کابرایە هەر لە بنچینەدا پیاڵە چایەک بوو ..یان چایچی بوو ..
ئیتر بار ودۆخەکان زۆر خێرا ئەگۆڕێن ..ئەوەندە خێرا ، هەمووان ئەم شتانەیان لە بیر چۆوە .. ئێستا لای هەرکەسێ باسی دڕکی تاتۆی شەقام و سنەوبەری هۆڵەندی و چاخۆر و ئەم جۆرە شتانە بکەیت ، ڕەنگە شکیان لە عەقڵت هەبێ و …شتی تریش .




باجی ئەو بێموبالاتییەتان دەدەن.. شەماڵ بارەوانی

قسەیەکی قۆڕ هەیه دەڵێت: تیرۆر ئایینی نییە.
بێگومان تیرۆر ئایینی هەیه و ئیمانی لە هی من و تۆش بەهێزترە و دکتۆراشی لە شەریعەت هەیە.
کابرا لائیکێک دەکوژێت، لەژێر کاریگەری دەقێکی دینی یان قسەی مەلا و بانگخوازێکی توندڕۆ، پەنا بۆ ئەوکارە قێزەونە دەبات. قابیلە خۆ بەهۆی سەیرکردنی کلیپی گۆرانییەکی هەیفاوەهبی یان خوێندنەوەی شیعرێکی شێرکۆبێکەس یان گوێگرتن لە مۆسیقایەکی ڕۆمانسی نابێت بە توندڕۆ و بکوژ.
کوشتنی گەنجێک، تەنها لەسەر ئەوەی دەستبەرداری ئایین بووە و ئەوهەموو دەستخۆشیکردن و پشتگیریکردنە لەو کارەقێزەون و تیرۆرستییە، زەنگێکی زۆر مەترسیناکە و ئەوەشمان پێ دەڵێت، کە کۆمەڵگای کوردی و تاکی کورد چۆن بەرەو داعشبوون هەنگاو دەنێت.
بەوردی سەیری کومێنتەکانم دەکرد لە سۆشیال چاڵەوێن(میدیا)ی کوردی، زۆربەی نووسیبوویان: ئەوە کۆتایی هەموو مولحیدێکه، مولحیدەکانی کوردستان ئیتر بترسن، شایەنی، کافری لە دین هەڵگەڕاوە، قسە به دین دەڵێیت؟ دەبیخۆ.
دانەیەکیان کە خەڵکی شارەکەی خۆمە و هەرزەکارێکی دەم ڕووتە، لە وڵامی کۆمێنتێکی من، بۆی نووسیبووم:سڕەی تۆش دێت 😈
یەکێتریان دەستخۆشی ئەو کوشتنەی کاکە خواناسی کردبوو.
ڕۆیشتمە سەر پرۆفایلی، ئەمیش منداڵێکی هەرزەکار، تەمەنی دەوری پازدە شازدە ساڵێک دەبوو و لەکۆمێنتێک نووسیبووی:
دەلێن جوێنی بە دین و پەیامبەر داوە(دەڵێن) مادام وای گوتووە دەبێ بکوژرێت.
ئەو ئەقڵییەتەی ئێستای کۆمەڵی کوردی و تاکی وێرانبووی کوردی، ڕێک هەمان ئەو کارەساتی کوشتنی (فەرەج فۆدە)مان بیر دێنێتەوە، کاتێک دادوەر لە دادگا لێی دەپرسێت: بۆچی کوشتت؟ بکوژەکە لە وەڵامدا گوتی: کوفری کرد.
دادوەرەکە گوتی لەکوێ؟
بکوژەکە گوتی: لە کتێبەکانی.
دادوەرەکە لێی پرسی: لە کامە کتێبی؟
بکوژەکە گوتی: نازانم، من هەر خوێندەواریم نییە، بەڵام وادەڵێن!
بەڵێ، کۆمەڵگای کوردی ئێستا لەو دووڕیانەی جەهالەت و وەک لە وتارێکی تریشم پێشووتر گوتوومه(لە لێواری قەندەهاربوون)دایه.
من گلەییم لە ئەندام و لایانگرانی حیزبه ئیسلامییەسیاسییەکان و سەلەفیگەراکان نییە، کە توندڕۆ و داعشبیرن. ئەوان دۆکترین و نەهج و ئیدەلۆژیایان وایه.
بەڵکو مەهزەلەکە لەوەدایە، تۆ ئێستا لە سۆشیال میدیا ناتوانیت ئەندامێکی یەکێتی یان پارتی لە ئەندامێکی کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوە، یەکگرتوو و سەلەفییەک جیابکەیتەوە و هەمووی هەڵگری فیکری توندئاژۆیین و دژی پێکەوەژیان، تۆلەرانس، عەلمانییەت، کرانەوە و ئازادی تاکن. هەمووی دژی ئازادیخوازان، لە یەک سەنگەردان لە سۆشیال میدیا.
وەرنەوە هۆش خۆتان و قسەی ئێمه بەهەند وەربگرن. ئێوە وەک ئێمە ئیسلامی سیاسیتان نەناسیوە و هەستتان بە مەترسییەکانی تیرۆر و تارمایی ئەو هێزه بناژۆخواز و داعشبیرانە نەکردووە. وەک ئەوەی من و کۆمەڵێک نووسەری تر، کە پێشووتر هەموومان ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەتی دینی بووین و لە منداڵدانی ئەو هێزە کۆنەخوازانە هاتووینەتە دەر و دەمێکە لە ڕێگای نووسینەکانمانەوە هاوار دەکەین: تا زووە و لەدەست نەچووەتە دەر، فریای کۆمەڵگە بکەون، خەریکه هەمووی دەبنە داعش.
کادری حیزبێک لەو حیزبە بەناو عەلمانییانە بەمن دەڵێت: تۆ مورتەدی و حوکی مورتەدیش کوشتنە. جا ئەو پیاوە(ماستەر)ی لە یاساش هەیە!
ڕادیۆ هەیه سەربەحیزبێکی(گوایە) عەلمانییە و ڤیتۆی خستووەتە سەر کتێب و نووسینەکانم و بەڕێوەبەرەکەی ئاگادار کراوەتەوە کە نابێت لە پەیجی ڕادیۆکە ڕێکلام بۆ کتێبه چاپکراوەکانی من بکرێت و چاوپێکەتن لەسەر کتێبەکانم لەگەڵدا بکەن. گوتوویانە خەتەرە و مەڕ و مێگەل لێمان دەتورێن.
کەچی هەمان ڕادیۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ مەلا و کەسی بیرداعشی وا دەکات، کەسی نزیک نزیکی چووەتە ناو داعش.
دڵتان بەوە خۆش نەکەن، کە ئیسلامی سیاسی لە دەسەڵات نین و لە سیاسەت لاوازن. لەسەر ئاستی کۆمەڵ، ئەقڵی مێگەلی کوردی ئێستا لەدەستی ئەوانە.
نێنەوە هۆش و قسەی ئێمەمانان بەهەند وەرنەگرن، زوو یان درەنگ، باجی ئەو بێ موبالاتییەتان دەدەن.
(ئەنوەر سادات)یش وا بێموبالاتانە دەرگای کۆمەڵی بۆ ئەو هێزە بناژۆخوازانە خستە سەرپشت، سەرەنجام سەری خۆی و کۆمەڵی میسرییان خوارد.
ئەمڕۆ، کاکە خواناس بوو، لەوەدەچێ بەیانی من بم، دڵنیابن سەرەی ئێوەش هەمووتان دێت.
من نە کۆمپانیا و بیرە نەوتم هەیە و نە بازرگانیشم.
جگە لە پێنوسەکەم، هیچی ترم نییە تا لەدەستی بدەم.
(۱۰)ساڵە زانکۆم تەواوکردووە و وانەبێژم و دامەزراندنیشتان پێ ڕەوا نەبینیم. وەک هەزاران گەنجی دیکەی ئەم وڵاتە، بێناز و کوڕەهەژارێک زیاتر نیم و بۆ لەچاپدانی کتێبێکم پارە قەرزدەکەم.
خۆتان زەرەردەکەن و هەموو شتێک لەدەست دەدەن و کۆمەڵی کوردیش بەو ژەهرەی فیکری سەلەفییەتی دینی و ئیسلامی سیاسی وێران دەکەن.




یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە.. عوسمانی حاجی مارف

ئەوەی پێویستی بە بیرکردنەوە و سەلماندن نییە، یەکلایی نەکردنەوەی پێشنیار و خواستی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەیە. چونکە واقعیەتی دەسەڵاتی دوو ئیدارەیی لە کوردستان – دەسەڵاتی زۆنی زەرد و زۆنی سەوز – ئەوەیان بڕاندۆتەوە، کە دەسەڵاتی حزبی و دەسەڵاتی بنەماڵە لە پێکهاتەی شێوازی دەسەڵاتی داگیرکاری و تاڵاچێتی و دابەشکردنی سەروەتوسامانی کوردستاندا وەها خەرق بووە، کە زەمینەی هیچ جۆرە بوار و هەلێکی وایان نەڕەخساندووە، تا دەرفەتی ئەوە هەبێت حکومەتی هەرێم نەک بتوانێت دامەزراوەیەکی سەراسەری سەربازی یەکگرتووی بۆ پێکبهێنرێت، بەڵکو دەورانی هاژوهوژی یەک ئیداریەکەشیان بە بنبەست گەیشتووە.
جا هەر هۆشداریەک درابێت لە لایەن هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە، هەروەها ماوەی ٩٠ ڕۆژیان دابێت بە پارتی و یەکێتی تاکو هێزەکانی پێشمەرگە یەکخەن، پێم وایە زۆر زەحمەتە پڕۆژەیەکی لەم چەشنە کاری لەسەر بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێ بوونەوە. چونکە ئەزموونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و پێکهێنانی چۆنیەتی دەورانی پێکهێنانی هەر حکومەتێکی هەرێم ئەوەیان سەلماندوە، کە هەر جۆرە ئاڵوگۆر و دەست تێوەردانێك لە هێزی چەکداریدا، لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەربەخۆی بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، بڤەیە و هێڵی سوورە و نەگونجاوە و ناکرێت.
لە لایەکی ترەوە وەفدی وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی داوایان کردووە پڕۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر بكرێت، لەبەر ئەوەی وڵاتەكەیان خواستی ئەوەیە هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بن. قوباد تاڵەبانیش ئامادەیی بۆ خێراتركردنی پڕۆسەكە دەردەبڕێت و دەڵێت “پێویستە بە زووترین کات وەزیرێک بە وەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێت”.
دەتوانین بڵێین هەر ئەو وەڵامەی قوباد کە “پێویستە وەزیرێک بە وەکالەت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەستنیشان بکرێت”، مانای سوڕانەوەیە لە هەمان بازنەی خستنەڕووی ناڕۆشنی بۆ هەر “چاکسازیەک”، کە داوایان لێ دەکرێت، یان بە جۆرێکی تەماویی دۆخەکە تێپەڕێنێت. ئاخۆ دەبێت ئەو وەزیرە کێ بێت، کە دەتوانێت توانایی خۆی بخاتە سەرو توانایی دەسەڵاتی بنەماڵەکانەوە؟ هەر کەسێک لە هەرێم ئەزموونی نمونەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بەهەند وەرگرتبێت، درکی ئەوەی هەیە گەر بە فەرز دایبنێن هێزی پێشمەرگە لە دەسەڵاتی ئەو دوو بنەماڵیە دەربهێنرێت، مانای پوکانەوەی نەک دەسەڵاتی بنەماڵەکانە، بەڵکو پوکانەوەی مەوجودیەتی ئەو دوو بنەماڵیەشە. واتە نەک ئەو دوو بنەماڵیە ملکەچی داوا و پێشنیارێکی لەو چەشنە نابن، بەڵکو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکاش، بە هەر پێشنیار و داوایەک، کە قسەی لەسەر دەکەن، بەڵام پلانی لەم جۆرە لە ئێستادا ناکەنە فشارێک ئاکامەکەی کۆتایی پارتی و یەکێتی بێت. چونکە هێشتا نەخشە و سیاسەت و کێشمەکێشی وڵاتانی زلهیزی دنیا لە ناوچەکەدا پێویستیان بە پارتی و یەکێتی و بارزانی و تاڵەبانی ماوە، تا بە هەر شیواز و ڕێکەوتنێک بێت لە گەڵیاندا دۆخەکەیان بۆ بەڕێوە بەرن. بۆ ئەزموونی بارزانی و تاڵەبانیش زەحمەت نییە داوایەکی لەم چەشنە بەهەر پێچوپەنایەک بێت تێیپەڕێنن.
بۆیە ئەو کەس و لایەنانەی ئومێدی خۆیان لەسەر ئەو داوایەی وەفدی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هەڵچنیوە و خۆشحاڵن بە هەواڵێکی لەم چەشنە بۆ ئاڵوگۆر لە حکومەتی هەرێمدا، یان کۆتایی دەسەڵاتی پارتی ویەکێتی، نایانەوێت، یان درک ناکەن بەوەی، کە واقعیەتی ڕووداوەکان و هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە نەگیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی بەم شێوەیە ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتی سیاسیدا بکرێت. گەر بشکرێت، ڕێگایەک نییە بۆ گۆڕینی ژیانی خەڵک بەرەو ژیانێکی باشتر.
هەنگاونان بەرەو دنیایەکی باشتر، ئەوە گەڕانەوەیە بۆ دابینکردن و چەسپاندنی ئیرادە و دەور و دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسدا. لە ڕێگەی خرۆشانی جەماوەری و ڕیکخستنی ناڕەزایەتی و ڕاپەرینەوە بۆ کۆتایی هێنان بە هەر دەسەڵاتێکی ستەمگەر.




نێزیکترین ڕێگە دوورترین سنوور.. ژیڤان بەکر

نێزیکترین ڕێگە دوورترین سنوور

من دەمویست وەک تۆبم، هەرچی کۆتە، تێکی بشکێنم
ژیانم بخەمە دەست تاریکی
زووقم بخۆمەوە لەناو ڕووناکی
هەمووم بە تۆ بدەم
تا، تۆ خۆت بی…
بەڵام، تۆ
بەدبەختترین مرۆڤی دنیا
شانازی بەو ڕستەیەت دەکەیت:
دەریشم کەی، لە سنوورت دەرناچم!
ڕوانینت:
کەوتنی کۆلارەی بەختە بەسەر منارەی فیراقەوە
ئەمە، بەخشندەیی نییە، فێڵە!

چی ناچاری کردوویت؟
کەم بینین یان زۆر بینیییییین
بیرتە ئەو شەوەی ڕات دەکرد؟
بەپێخاوسی هەموو شەقامەکانی گەردوونت تەی کرد
هەڵدەهاتی و ئاوڕت نەدەداوە
لە دەست مرۆڤێکی پۆستمۆدێرنێتێی هیۆمانیزم
ناڵەت دەگەیشتە عەڕشی خودا!
بیرتە بێ پەڕوباڵ و داماو
لە بن ساپیتەکەدا، دەگریایت
دەگریایت و دەتگوت: گەردوون هی درۆزنەکان نییە
منیش، سەرباری هەڵکڕووزانی شاباڵی خۆم
پێتم گوت:
(دەستت بێنە، ئەم دنیایە
تەمەنێکە و دەڕوات و دێ
وەرە هەتا هەموو عومرم
لەژێر پێی تۆدا هەڵوەرێ)*

پێتم گوت:
با بفڕین
یەک یەک شاپەڕی خوێناویتم
دانە دانە فرمێسکی ئاگراویتم
گشت سڕین.
بیرت ماوە
ئەو شەوەی بەدەم ڕێگاوە
گوتت: تازە چرای دڵم کوژاوە؟
بیرت ماوە
دەتگوت فرمێسکم خوێناوە!
شاپەڕی باڵی شووشەم
وردوخاش بووە و شکاوە؟
بیرت ماوە
باڵی خۆمم پێت بەخشی
بەخۆشەویستی و سەماوە،
دەمگوت نا، عەسرت شۆراوە!

تۆ ئەی شازادەی دەستەمۆ، لەگەڵ تۆمە!
باش دەتزانی، نەک باڵێکم
بەڵکە هەردووکیان پڕ گڕن
باش دەتزانی تۆ بۆ من خوا و
بۆ ئەوانیش لەشولارت، پڕن.

بۆ ئەوان:
بووکەڵەی هەوەس و
ژێری ژێرەوەی سفڕی
سفڕی شەوانی بێکەسی و
مۆمی تاریکی و تەنیایی
مۆسیقای بەدمەستی و گڕی


ئەی فریشتەی دەستەمۆ
دوورترین ڕێگە بۆ کێ دەبڕی؟
لە سنووری کام یاریدا قەتیس ماویت؟
مرۆڤێ بووی،
لە شەوانی بێمنی دەترسایت
گوێت لە هەناسەم نەبووایە
دەڕووخایت.

پیرۆزت بێت
ئەو یارییە منداڵانەیەی
خۆتت تێدا بواردووە!
خۆتت تێدا ون کردووە
تۆ دوور بڕۆ دڵ و چاوم
منیش بەتەنێ بەرەو ئاسۆ
بەردەوامە هەنگاوم!

ژیڤان بەکر

*دێڕێکە لە گۆرانییەکی ھەردی سەڵاح.




فیدراسیۆن ئاماری شەش مانگی ڕابردووی پەنابەران بڵاو دەکاتەوە

لەناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆنەوە:
لەڕۆژی جیهانی پەنابەراندا
فیدراسیۆن ئاماری شەش مانگی ڕابردووی پەنابەران بڵاو دەکاتەوە

بەپێی ئاماری فەرمی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR کۆی گشتی ئەو کەسانەی بەهۆی نائارامیوپشیوی سیاسی و جەنگ و کیشەی ئاینیەوە بەناچاری ئاوارەو پەنابەربوون 110 سەدو دە ملیۆن کەسی تێپەڕاند .واتا لە هەر 74 کەس لە جیهاندا زیاتر لەیەك کەس بەزۆرە ملێ ئاوارەو پەنابەر بوون.
62،500،000 شەست و دوو ملیۆن و پێنچ سەد هەزار پەنابەر ئاوارەی ناوخۆی ووڵات بوون ،هەروەها لە 70% پەنابەران ڕوویان لە ووڵاتانی دراوسێی ووڵاتانی خۆیان کردووە .
شایەنی باسە بەپێی ئاماری UNHCR ژمارەی پەنابەران سەر بەهەمان ڕێکخراو کە داوای مافی پەنابەرێتیان کردبوو تا کۆتایی ساڵی 2021 بریتی بووە لە 27،100،000 بیست و حەوت ملیۆن و سەد هەزار پەنابەر بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2022دا ژمارەکە بەرزبویەوە بۆ 35،300،000 سی و پێنچ ملیۆن و سێ سەد هەزار پەنابەر
هەروەها لە کۆی زیاتر لە 35 سی و پێنچ ملیۆن پەنابەر سەر بەرێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارەی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق تەنها لە پێنچ ووڵاتدا وەك تورکیا ، ئوردن ، میسر ، لوبنان سوریا ، بەپێی ئاماری هەمان ڕێکخراو لەساڵی پاردا بریتیە لە زیاتر 276،000 دووسەدوو حەفتاوشەش هەزار پەنابەر ئە ژمارەیەش ڕۆژانە زیاد دەکات وە زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە بەس لەتورکیان کە بەپێی ئاماری فەرمی سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا ژمارەی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە داوای مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتیان کردووە زیاتر لە 147،000 سەدوو چل و حەوت هەزار پەنابەرە ژمارەکە ڕۆژ بەڕۆژیش زیاد دەکات.

هاوکات لە کۆی گشتی ئەو کەسانەی ئاوارەو پەنابەربوون کە ژمارەیان نزیکی 110ملیۆن کەسە 43،300،000 چل و سێ ملیۆن و سێ سەد هەزاریان منداڵانی خوار تەمەن هەژدەساڵن واتا لە 40% کۆی گشتی پەنابەران پێک دەهێنن ،هەروەها کۆی گشتی ئەو منداڵانەی لەنێوان ساڵی 2018 و 2022دا لەژیانی پەنابەرێتیدا لەدایک بوون بریتیە لە 385،000 سێ سەدوو هەشتاو پێنچ هەزار،هەروەها لە کۆی 35،300،000 پەنابەر سەر بەڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان UNHCR بۆکاروباری پەنابەران 17،900،000 حەڤدە ملیۆن و نۆسەد هەزاریان پێک دێن لەسێ ووڵات کە لە 52% پەنابەران پێك دەهێنن بەم شێوەیە،
یەکەم:سوریا 6،500،000 شەش ملیۆن و پێنچ سەد هەزار پەنابەر.
دووەم: ئۆکرانیا 5،700،000 پێنچ ملیۆن و حەوت سەد هەزار پەنابەر.
سێیەم: ئەفغانستان 5،700،000 پێنچ ملیۆن و حەوت سەد هەزار پەنابەر.

ئاماری ئەو کەسانەی لەسەراسەری جیهان بێبەش کراون لە ڕەگەزنامە:
بریتیە لە 4.400،000 چوار ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس کە دابەش بوون بەسەر 95 ووڵاتدا بەڵام ئاماری ڕاستەقینە زۆر لەوە زیاترە .
ئاماری ئەو پەنابەرو ئاوارانەی لەساڵی2022دا گەڕاونەتەوە ووڵات و شارو ناوچەکانی خۆیان:
بریتیە لە 339،300 سێ سەدوو سی و نۆ هەزارو سێ سەد پەنابەر .

ئاماری ئەو پەنابەرانەی ڕەوانەی ووڵاتانی سێیەم کراون :

لەسەرەتایی ساڵی 2022 تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022 لەڕێگای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان UNHCR بۆ کاروباری پەنابەران و سەرجەم ڕێگاکانی تر وەك سپۆنسەری بریتیە لە 114،300 سەدوو چواردە هەزارو سێ سەد پەنابەر ،بەپێی ئاماری فەرمی ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش iom
ژمارەی ئەو پەنابەرانەی گەیشتوونەتە ووڵاتانی ئەوروپا لەڕێکەوتی 1/1/2023 تاوەکو ڕێکەوتی 12/6/2023 بریتیە لە 77،548 حەفتاو حەوت هەزارو پێنچ سەدوو چل و هەشت پەنابەر ، 70،587 حەفتا هەزارو پێنچ سەدوو هەشتاو حەوت پەنابەریان لەڕێگای دەریاوە گەیشتونەتە ئەوروپا وە 6،961 شەش هەزارو نۆسەدوو شەست و یەک پەنابەریشیان لەڕێگای ووشکانیەوە گەیشتونەتە ئەوروپا.

ئاماری قوربانیەکان:

ئاماری ئەو پەنابەرانەی لەو ڕێگای پەنابەریدا ژیانیان لەدەستداوەو بێ سەرو شوێن بوون بۆ گەیشتن بە ووڵاتانی ئەوروپا لەڕێکەوتی 1/1/2023 تاوەکو ڕێکەوتی 12/6/2023 بریتیە لە 1،257 هەزارو دووسەدوو پەنجاو حەوت پەنابەر بەڵام ژمارەکە لەوە زیاترە چونکە لەدوای ئەو ڕێکەوتەوە سەدان پەنابەر ژیانیان لەدەستدا لە دەریایی سپی ناوەڕاست بەهۆی ژێرکەوتنی بەلەمەکەیانەوە جگە لەو پەنابەرانەشی تۆمار نەکراون ، ئەو پەنابەرانەی ژیانیان لەدەست داوە بەم شێوەیە:
دەریایی سپی ناوەڕاست 1039 هەزارو سی نۆ پەنابەر.
ڕۆژئاوای ئەفریقیای ئەتڵەسی 89 هەشتاو نۆ پەنابەر.
ڕۆژئاوای دەریایی سپی ناوەڕاست 80 هەشتا پەنابەر.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 49 چل و نۆ پەنابەر.

ئاماری گەیشتن بە ئەوروپا:

لەساڵی 2014 وە تاوەکو ناوەندی ساڵی 2023 ژمارەی ئەوپەنابەرانەی بۆ گەیشتن بە ووڵاتانی ئەوروپا ژیانیان لەدەستداوەو بێ سەروشوێن بوو لە 49،275 چل و نۆ هەزارو دووسەدوو حەفتاو پێنچ پەنابەر بەرزبویەوە بۆ زیاتر لە 56،000 پەنجاو شەش هەزار پەنابەر .

ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەڕیتانیا:

ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەڕێگای دەریاوە بە بەلەمی بچووك گەیشتونەتە بەڕیتانیا لەڕێکەوتی مانگی 6ی 2022 تاوەکو ڗێکەوتی مانگی 3 2023 بریتیە لە 45،000 پەنابەر کە ژمارەکە کەمیکردووە لەئاست ساڵی پار لەهەمان کاتدا کە بریتی بوو لە 55،146 پەنجاو پێنچ هەزارو سەدوو چل و شەش پەنابەر ، هەروەها لەڕێکەوتی مانگی 1ی 2023 تاوەکو مانگی 3ی 2023 ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەدەریاوە بەبەلەمی بچووك گەیشتونەتە بەڕیتانیە بریتیە لە 3،793 سێ هەزارو حەوت سەدوو نەوەت و سێ پەنابەر .

وڵاتی ئەڵمانیا:

هەروەها ئەو پەنابەرانەی لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا گەیشتونەتە ئەڵمانیا بریتیە لە 54،333 پەنجاو چوار هەزارو سێ سەدوو سی و سێ پەنابەر کە ژمارەکە لەئاست ساڵی پار لەهەمانکاتدا کەمی کردووە کە بریتی بوو لە 65،707 شەست و پێنچ هەزارو حەوت سەدوو حەوت پەنابەر .
لەو ئامارە ژمارەی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە ساڵی پار گەیشتبوونە ووڵاتی ئەڵمانیاو داوای مافی پەنابەریان کردبوو بریتیە لە 15،175 پانزە هەزارو سەدوو حەفتاوپێنچ پەنابەر وە لە پلەی چوارەمدابوون .

وڵاتی یونان:

سەبارەت بە ئاماری ئەو پەنابەرانەی لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە یۆنان داوای مافی پەنابەرێتیان کردووە بریتیە لە 10،111 دەهەزارو سەدوو یانزە پەنابەر کە پەنابەرانی ئەفغانی بەڕێژەی 11.9% لەپلەی یەکەمدان وە پەنابەرانی فەڵەستینی بەڕێژەی 9،5% لە پلەی دووەمدان وە پەنابەرانی سوری بەڕێژەی 7،8% لەپلەی سێیەم دان وە ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر لە نیوە کەمی کردووە لەئاست ساڵی پاردا لەهەمان کاتدا کە بریتی بوو لە 35،729 سی وپێنچ هەزارو حەوت سەدوو بیست و نۆ پەنابەر هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یۆنان جگە لەتوندوتۆڵکردنی سنورەکانی زۆر نامرۆڤانەو دوور لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و ماڤەکانی پەنابەران مامەڵە لەگەڵ پەنابەرەکاندا دەکات و دوور لە ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکان پەنابەران لەساتی گەیشتنیان دیپۆرتیان دەکاتەوە ،

سەبارەت بە پەنابەرانی ئۆکرانی لەدوای هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەرئۆکرانیا زیاتر لە 14 ملیۆن ئۆکرانی ئاوارەو پەنابەربوون وە زیاتر لە 8 ملیۆن ئۆکرانی لەسەراسەری ووڵاتانی ئەوروپا مافی مانەوەی کاتیان پێدراوە و تۆمارکراون .

ئامارەکانی تورکیا:

بەپێی ئاماری فەرمی سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیاش ، لەڕێکەوتی 1/1/2023 تاوەکو ڕێکەوتی 8/6/2023 ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لەسنورە ووشکانی و ئاویەکانی تورکیا دەستگیرکراون بریتیە لە 63،458 شەست و سؽ هەزارو چوارسەدوو پەنجاو هەشت پەنابەر ،.
ڕێژەکە زۆر کەمی کردووە لە ئاست ساڵی پاردا لەهەمان کاتدا کە بریتی بوو لە 100،974 سەد هەزارو نۆسەدوو حەفتاو چوار پەنابەر هۆکارەکەش ئەوەیە کە تورکیا سنورەکانی تەواو کۆنترؤڵکردووەو پێدانی ڤیزای بۆ هاووڵاتیانی چەند ووڵاتێک قورس و ئاستەم کردووە بەتایبەتی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق .
بەڵام ژمارەی دەستگیرکراوانی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر زیادی کردووە لەئاست ساڵی پاردا لەهەمان کاتدا سەرەڕای بەربەستە قورسەکانی گەیشتنیان بە تورکیا لەڕێکەوتی 1/1/2023 تاوەکو ڕێکەوتی 8/6/2023 بریتیە لە 2،310 دوو هەزارو سێ سەدوو دە پەنابەر بەڵام ساڵی پار لەهەمان کاتدا بریتی بوو لە 1،737 یەک هەزارو حەوت سەدوو سی و حەوت پەنابەر ، وە پەنابەرانی ئەفغانی لە پلەی یەکەمی دەستگیرکراوەکاندا بە 19،886 نۆزدە هەزارو هەشت سەدوو هەشتاو شەش پەنابەر.

دەستگیرکردنی ئەوانەی بازرگانی بەژیانی پەنابەرانەوە دەکەن:

لەڕێکەوتی 1/1/2023 تاوەکو ڕێکەوتی 9/6/2023 3،178 سێ هەزارو سەدوو حەفتاو هەشت قاچاخچی بەتۆمەتی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بەژیانی پەنابەرانەوە دەستگیرکراون .

ئاماری قوربانیەکان:

سەبارەت بەو پەنابەرانەی لەسنورەکانی تورکیا ژیانیان لەدەستداوە لەڕێکەوتی 1/1/2023 تاوەکو ڕێکەوتی 17/6/2023 بریتیە لە 117 سەدوو حەڤدە پەنابەر ئەم ژمارەیە لە ئاست ساڵی پار لە هەمانکاتدا نزیکی نیواو نیو کەمی کردووە کە بریتی بوو لە 200 دووسەد پەنابەر ژیانیان لەدەست دابوو.
سەبارەت بە ژیان لەدەستدانی پەنابەرانی هەرێمی کوردستان نزیکی دە پەنابەر ژیانیان لەدەستداوەو
هه‌واڵی زیاتری په‌نابه‌ران له‌ ماڵپه‌ری فیدراسیۆن بخۆێنه‌وه‌:.
www.federastionifir.com


Dashty Jamal
Secretary
International Federation of Iraqi Refugees-IFIR
Tel:07856032991 Fax:08712664391
www.federationifir.com
www.csdiraq.com




ئێوارانە.. ٣٨.. سەردار جاف

ئێوارەيە و
تادێ، بۆنی ماندووبوونی
کۆڵانە پێچاوپێچەکانی ئۆس دێ
نەرمە غارێکە بە پێدەشتە کاکی بە کاکييەکە
شەوانە چرا لە ئۆغرە
تۆفانێکی نوقم بوو لە خود
لە تاو هيجرەتی پشوو هيجرتی شەکەت هيجرەتی کردبوو
بە ئارامييەوە
ماندوێتی هەناسە تەنگی بەر لە ماندووبوونی مەحوو کردبۆوە
هێشتان ترس
دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەی پێدەچێ ترس ئۆغر نەکا
ترس لە ژوان، لە ديقەتی چاوان، لە خود، ترسێکی نەگبەت
ترس لە بەخت و بەدبەختی ،
ترس لە من لە تۆ لە دۆراندۆری بێ مروەت
ترس کراسێکە و کۆڵانەکانی شاريشی تەنيووە
لە منی منا نوقم بووە
لە ئەوی رابردووی تاريکی تۆخ تۆخ بۆتەوە
من چی بڵێم ئەم ئێوارە
قسان نازانم و لە پەلوپۆی حەرف کەوتووم
هيچ هيچم بۆ ناوترێ
چپەکانی بە گوێمدا دا
زوو زوو بيرم دەچوونەوە
خەياڵدانم هەر لە کن شەپۆلە دەرياييەکەدا ئاڵۆسکا بوو
ماندوويەک لە سۆراغی ماندوو
پێکەوە چرا کزکزەکەمان دادەگيرسان
سوتانێکی لە سەر خۆ بووم
ئاگرێکی ژيلەمۆیی تێم بەر ببوو
هەتوانێ لە تەک شنەبايەکی دەم فايخنەوە هەڵیکرد و بوومە پەڕەسێلکە و کوليتەيەکی پيرۆزيم دەکردە هێلانە و ئەويش لێم ياخی
شەکەتيم لە ريزبەندی پەنا و پەسيوی رێچکە رێدا
بە زەييەکانی ئاوێزانم ببوو
بوخچە ماچێکی رەنگاورەنگی بن سێبەری گەڵاڕچيوەکانی زمستانی پێدامەوە
پەنجەکان ئاوێتەی يەکدين
بە فڕکردنی قاوەوە مژول
نيگاکان لە بەر پەنجەرەی دەرياکەوە پشوو دەدەن
هەروەک چۆن ڤۆڵتێرس چيرۆکەکەی نووسيەوە
ئۆخەيەک لە ئاوێزان
چاوەنواڕييەکی رەش
سبەی شەوێکی سەهۆڵبەدان چاوەنواڕە
ئەوا سبەی منيش دەڵێم بێکەسم
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

٢ / ٦ / ٢٠٢٣




بانگم کە.. شيعر: فریدون شهبازیان.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

……….بانگم کە
تا ڕێبوارێکی شەکەتی شەوێکی باراناوی
ئەمان بدۆزێتەوە
بانگم کە
تا لە شەبەقەوە تا گزنگ
سەر بڵند بم
لەو بەرەی خۆرەوە
لەو بەرەی دەریاوە
بانگم کە…بانگم کە…بانگم کە
دوای شەوی یەڵدا
تۆ خەندەی بەیانیت
لەم تاریکییە ڕزگارم کە
دەنگی باران… نەوای یاران
بێ ڕەنگی گوڵاڵە سوورەکان
..لەم وێرانییە
غەمی شاراوەی نیگای ئێمە
لەم سەرسووڕمانیە
گۆرانی بڵێ
لەو بەرەی خۆرەوە
لەو بەرەی دەریاوە
بانگم کە…بانگم کە…بانگم کە
بە ئاوازی تۆ
” کپ “ی شەو لە کێو و بیابانا
…..نامێنێ
دەنگی گەرمی تۆ
لە تاریکایی جەنگەڵا
یەتە بەر گوێ
جگە لە تۆ
كەس نهێنی گوڵ نازانێ
بۆ بەهار بخوێنە
بە “ساز”ی باران
كەس وەک تۆ گۆرانی ناڵێ
بانگم کە…بانگم کە…بانگم کە
“”””””””””””””””
June 2023




رانانی کتێبی “کاتی خەیانەت کردن هاتووە،” لە نووسینی رەزا خەلیلی.. ئیدریس ئەحمەدی

لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە..

رانانی کتێب: “کاتی خەیانەت کردن هاتووە”

Reza Khalili, A Time to Betray: The Astonishing Double Life of a CIA Agent inside the Revolutionary Guards of Iran (New York: Threshold Editions, 2010), pp. 340.
ماوەیەک بوو تامەزرۆی خوێندنەوەی ئەم کتێبەی رەزا خەلیلیم دەکرد. چەند مانگێک لەمەوپێش، بۆ ئەوەڵ جار رانانی ئەم کتێبەم لە رۆژنامەی واشنتن پەۆستدا خوێندەوە. لە بەر دوو هۆ سرنجی ڕاکێشام. لە بەر ئەوەی باس لە ژیانی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسدارنی ئێران دەکا، کە دواتر دەبێ بە سیخوڕی ئاژانسی هەولڵگری ئەمریکا (CIA)، لە خۆیدا کتێبێکی بێ وێنەیە. هەروها ویستم بزانم هیچ باسێکی سەبارەت بە تیرۆری رێبەرانی کوردی تێدایە.
“رەزا خەلیلی” ناوێکی خۆازراوە، چوونکە نووسەر لە ترسی کۆماری ئیسلامی ئێران، نەیوێراوە ناوی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا بکا. چەند ساڵێک پێش بەرپابوونی شۆرشی ئێران، باوکی رەزا، بە مەبەستی خوێندن، ڕەوانەی ئەمریکای دەکا. رەزا لەوێ شەهادەیەک لە زانستی کۆمپیوتەردا وەدەست دێنێ و دواتر، کاتێک کە دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، دەست دەکا بە ئیش کردن بۆ سوپای پاسداران.
ئەم کتێبە تایبەتمەندی باشی زۆرن. یەکێکیان بریتییە لە خستەنە ڕووی پەیوەندی چینایەتی لە سەردەمی حکومەتی رەزا شادا. نووسەر تابلۆیەک لە بەسەرهاتی سێ دۆست و چارەنووسی سیاسییان دەکێشی، کە لەوێدا مەسەلەی چینایەتی بە ڕوونی دیارە. رەزا سەر بە بنەماڵەیەکی مامناوەندی ئەو کاتی ئێران بووە. یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی دەورانی منداڵی رەزا، کە لە کتێبەکەدا ناوی “ناسری” بۆ داناوە، لە یەک گەڕەک گەورە دەبن. دۆستێکی دیکەی نزیکی رەزا و ناسر، بە ناوی “کازم،” سەر بە بنەماڵەیەکی دەست کورت و لە گەڕەکێکی هەژاری تاراندا ژیان بە سەر دەبا، بەڵام هۆگریی هەرسێکیان بە فوتباڵ، دەیانکا بە دۆست. هەر لە منداڵییەوە سۆز دەدەن کە هەمیشە دۆست بمێننەوە.
ناسر لە رێکخراوەی ئیسلامی-مارکسیستی موجاهدینی خەڵک نزیک دەبێتەوە و دواتر، پاش دەستگیرکرانی و ئەشکەنجەیەکی زۆر لە زندانی ئەڤیندا، ئێعدام دەکرێ. خوشکێک و برایەکی ناسر، بە هۆی چالاکی سیاسی برا گەورەکەیان، بەرەوڕووی هەمان چارەنووس دەبن. پێش ئێعدامکرانی خوشکەکەی ناسر، لە زیندانی ئەڤین تەجاوەزی پێ دەکرێ بۆ ئەوەی، بە پێی روانینی ئیسلامی رێژیمی تازە لە ئێراندا، ڕێگای ڕوویشتنی بەرەو “بەهەشت” لێ ببڕن. ئەم ڕووداوانە ئەوەڵین و گرنگترین هۆکار دەبن کە پاڵ بە رەزاوە بنێن کە، وەک لە سەردێری کتێبەکەیدا هاتووە، بەو قەناعەتە بگا کە ئیدی کاتی خەیانەتکردن بە کۆماری ئیسلامی هاتووە.
کازم، بە پێچەوانەی رەزا و ناسر، دەبێتە ئیسلامییەکی رادیکال. ناوبراو هەروها دەبێ بە ئەندامی سوپای پاسداران و بە هۆی باوەڕی قوڵی بە شۆرشی ئیسلامی، دەبێ بە جێگای متمانەی بەرپرسانی و دواجار لە بەشی هەوڵگری سوپادا کار دەکا.
کاتێک کە رەزا بڕیاری هاوکاری لە گەڵ CIA دەدا، کازم دەبێ بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە چالاکی نه‌هێنی و تیرۆریستی سوپا و هەروها پاڵپشتێک بۆ ئەوەی بتوانێ چەند جارێک سەفەر بکا بۆ ئەمریکا و بریتانیا.
کازم دواتر لە لایەن موجاهدینی خەڵکەوە تیرۆر دەکرێ و رەزا دەڕوا بۆ لەندەن بۆ سەردانی ژن و منداڵەکەی، کە پێشتر، بە مەبەستی پاراستنیان لە هێرشە موشەکییەکانی عێراق بۆ سەر تاران، ڕەوانەی بریتانیایانی کردبوو. سەفارەتی ئێران لە لەندەن داوا لە رەزا دەکەن کە لەوێ هاوکارییان بکا. بە دوای ئەوەدا، کازم و ژن و منداڵەکەی، لە کۆتایی ساڵانی هەشتا، دەڕۆن بۆ ئەمریکا و لەو کاتەوە لەوێ دەژین.
ئەوەی کە لەم کتێبەدا لە هەموو شتێک زیاتر سرنجراکێشە بۆ خوێنەرێکی کورد، باس کردنی تیرۆری د. قاسملووە، هەر چەند بە کورتیش بێ. یەکێک لەو ئەرکانەی کە سەفارەتی ئێران لە لەندەن بە رەزای دەسپێرن، چاوەدێری کردنی ئیرانییەکە کە لەوێ مامۆستای زانکۆیە. سەفارەت ئەو مامۆساتایە بە دژی شۆرشی ئیسلامی لە قەڵەم دەدەن و دەیانهەوێ رەزا و کەسێکی دیکە بە ناوی “رەسوڵ،” چاوەدێری بکەن بۆ ئەوەی بزانن لە گەڵ چ کەسانێکدا پەیوەندی هەیە. لەو کاتەیدا کە لە شوێنێک بەرانبەر بە ماڵی مامۆستا ئێرانییەکە خەریکی چاوەدێرکردنی دەبن، رەسوڵ بە کازم دەڵێ سیاسەتی تیرۆرکردن لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەڵەیە. رەسوڵ لەو پەیوەندییەدا دەڵێ: “دەزانی کە حکومەتی خۆمان بە سیخوڕەکانمانیان راسپاردبوو کە پەیوەندی لە گەڵ قاسملوو، رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، بگرن بۆ گرتنی کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی پێشنیارکردنی ئاشتی؟ ئەوجار خۆی و هاوکارانیان کوشت.” (لا. ٣٠٠-٣٠١)
بێ گومان، بۆ حیزبی دێموکرات و ڕای گشتی کوردی، ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە کۆماری ئیسلامی د. قاسملوویان تیرۆر کرد. گرنگی باس کردنی تیرۆری د. قاسملوو لەم کتێبەدا لەوەدایە کە لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئینکاری ئەوە دەکا د. قاسملووی تیرۆر کردبێ، ئێستا لە زمانی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسدارانەوە، دان بەم مەسەلەیەدا دەنرێ و ڕای گشتی رۆژئاوا لێ ئاگادار دەبن.
مەسەلەیەکی دیکەی سرنجراکێش ئەوەیە کە رەزا ئاشکرای دەکا کە “ڕێکەوتنێکی نەنووسراو” (unwritten pact) لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ئەوروپی، بە تایبەتی فەرەنسە، بریتانیا و ئاڵمان، هەبووە کە، بە مەرجێک ئێران هاووڵاتی ئەوروپی نەکوژن، بۆیان هەیە لە سەر خاكی ئەوروپا، بە بێ ئەوەی دەزگا ئاسایشییەکانی ئەو وڵاتانە دەستتێوەردان بکەن، رێبەران و ئەندامانی ئوپۆزیسیۆن تیرۆر بکەن. رەزا دەڵێ کە بە دوای ئەم ڕێکەوتنەدا، سوپای پاسداران دەستیان کرد بە کوشتنی سەدان کەس لە رێبەران و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن لە ئەوروپا و لە وڵاتانی دیکەدا. (لا. ٢٢٥-٢٢٧)
بێ گومان، ئەم زانیاریانەی رەزا خەلیلی تیشکی تازە دەخەنە سەر تیرۆری د. قاسملوو، چوونکە پۆلیسی ئوتریش نەک تەنها تیرۆریستەکانیان رەوانەی ئێران کردەوە، بەڵکوو وا پێ دەچێ کە، ئێستاشی لە گەڵ بێ، بڕیارێکی سیاسی هەبێ کە ڕێگا نەدەن بە کردنەوەی کەیسی تیرۆری د. قاسملوو. لە گەڵ ئەوەی پاش تیرۆری د. شەرەفکەندی کوشتنی رێبەرانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ئەوروپا راگیران، بەڵام مەرج نییە کە وڵاتانی ئەوروپی دیسان “رێکەوتنی نەنووسراو” لە گەڵ کۆماری ئیسلامی نەبەستن و چاوپۆشی لە تیرۆری ئەندامانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی نەکەن. هەروها لە جێی خۆیەتی بگوترێ کە ڕوون نییە کە هۆی ڕاگرتنی تیرۆر لە ئەوروپا پەیوەندی بەوەوە بوو کە بکوژانی د. شەرفەکەندی دەستگیر کران و درانە دادگا، یان ئەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ خۆی، بە هەر هۆیەک بێ، تیرۆری لە ئەوروپا ڕاگرتووە؟ هەرچۆنێک بێ، رێبەرانی کورد و باقی رێبەرانی ئوپۆزیسیۆن، دەبێ، لە کاتی سەفەرکردنیان بۆ ئەوروپا، زۆرتر پەرۆشی ئاسایشی خۆیان بن.

ئیدریس ئەحمەدی


سه‌رچاوه‌:
http://atimetobetray.com




کتێب\ ئەزمون و شیعری بێگەرد.. سەباح رەنجدەر

بابەت: گوتار و بیروڕای ئەدەبی..

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




نوشتکردنی تەمەن.. شیعری: ئاسۆ چاوشین

ئەستێرەکان
بەبێ درەوشانەوە
لەدایک دەبن
هەرچی جارێ
تیشک ببینن ئەمرن..
گوڵەکان..
لەکۆتایی هەناسەیان دەگڕێن
چونکە بەهەڵوەرینیان
شار پڕ دەبێ، لەگوڵاو..!
مۆمەکان،
بەگەرمایی خەمەکانیان
ئەتوێنەوە
خۆیان.. خۆیان دەخۆنەوە
برسێتیم بینی..،
دەرگای لەسەڕ خۆی کلۆمداو
کلیلەکەی،
لەپەنجەرەکەوە فڕێدا
ژنانی گەڕەک دەبینم
تەمەنیان،
لەسەرکۆڵانەکە نوشت دەکەن
چەند شەوێکی درێژەو
ڕێگایەکی هەڵدێرە
دەمانباتەوە،
بۆ توونێڵە تاریکەکان و
هیچ شتێک لەدایک نابێ و
هەموو شتێکیش دەمرێ.

ئاسۆ چاوشین




باسی کۆمۆنیزمی کرێکاری ولێکدابڕانی چینایەتی.. وەرگێرانی کاوە عومەر

مەنسور حیکمەت
وەرگێرانی کاوە عومەر
له کۆبوونەوەی ‌ ڕادیۆ
دەقەکە لە کاسێت وەرگیراوە

من ئامادەم ئەوەندەی ئێوە بتانەوێت باسی کۆمۆنیزمی کرێکاری بکەم. بەڵام نازانم سەری ئەوانی تر چەندە دەئێشینم. گرەنتی ئەوە نییە کە ئەم باسە ئێوە بجوڵێنێت، ڕەنگە لەبەر ئەوەبێت کە پێشتر جووڵاون… بۆ خودی من بەو شێوەیە کە دەیبینم تا ئەو شوێنەی کەپەیوەندی بە من و پرۆسەی چالاکییە سیاسییەکانم و ئەو ڕەوتانەوە هەیە کە لەگەڵیاندا بووم…
پرسیار: یەکێک لەو پرسیارانەی کە لە قوتابخانەی حیزبدا کرابوو ئەوە بوو کە پەیوەندی نێوان کۆمۆنیزمی کرێکاری و مارکسیزمی شۆڕشگێڕ چییە؟ ئایا ئەمە ناوێکی ترە بۆ مارکسیزمی شۆڕشگێڕ؟ دەگوترا مارکسیزمی شۆڕشگێڕ دەربڕینی تیۆری ئەم ڕەوتە و کۆمۆنیزمی کرێکاری دەربڕینی بنکە و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆیەتی لە کۆمەڵگادا. ئەمە لەلایەن هەندێک کەسەوە گوترا و منیش خۆم لەگەڵیدا نەبووم. بەڵام بەهەر حاڵ زیاتر ڕوانینێکی لەو شێوەیەش دەبێت.

من خەریک بووم دەمگوت تا ئەو جێگەی کە نزیکایەتیەک دەبینم، لەوێش بەدواوە دەبینم کە ئەم نزیکایەتیە کەمترە و جیاوازییەکان زیاترن لە نزیکایەتیەکانی پێشوو.هەتا ئەگەر ئاوڕێک لە سەردەمی پێکهێنانی ئەو حیزبە بدەیتەوە، بۆت دەردەکەوێت کە ڕەخنەیەک هەبووە ئەگەر سەیری مێژووی ئەو قۆناغەی ئێران بکەیت، هێشتا ئەم ڕەخنەیە لە لاپەڕەیەکی دیاریکراودایە. ئەم لاپەڕەیە لاپەڕەی شرۆڤەی بارودۆخ و پێشهاتەکان و گۆڕانکارییەکانی ئۆپۆزسیۆنی چەپ لە ئێران دەکات. بە بڕوای من ئەو دواین ڕۆژانەی کە حیزبی کۆمۆنیست پێکدەهات .خاڵی وەرچەرخانە لە پێشهاتە چەپگەراییەکانی ئێراندا. ئەو شتەی کە وردە وردە سەرنجمان ڕادەکێشێت و لە شەوێکدا ڕوونادات، ئەوەیە کە پێشهاتە چەپەکانی ئێران بۆ خۆی تەرخانکراوە، کە ئایدۆلۆژی، شێوازی کار، سیاسی، دیدگا و…هتد، بەڵام چینی کرێکار بە چ قۆناغێکدا تێپەڕیوە لەم پرۆسەیەدا و یان چی دەکات؟

ڕاستیەکەی، بۆ من پرسیارەکە بەشێوەیەک هاتە پێشەوە کە، لەوانەیە کۆمۆنیستێکی باش بم و سەرم بخەمە سەر زەوی و بمرم، دوای ماوەی ئەم ساڵانە، منیش کۆمۆنیستێکی باشیش ببم،لە تەواوی ئەوو مایەدا بەرگریم لە ئامانجە سۆسیالیستییەکان کردبێت و هەرگیزیش ئامادە نەبووبم بڵێم، پشتی برۆی فڵان تێز و تیۆری مارکسیستی برۆیە، و قەڵەمێکم بەدەستەوە گرتبێت و باسم کردبێت و ڕازی نەبووم بە هیچ ڕیڤیزیۆنیزمێک… ئایا کاتێک کە مردم دەنووسن ئەمڕۆ یەکێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی چینی کرێکار گیانی لەدەستدا ؟! قبوڵم نەدەکرد کە بەم شێوەیە ڕووبدات. مارکسیزمی شۆڕشگێڕ گۆڕانکارییەکی ئایدیۆلۆژی لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا دەهێنێت، بەڵام باسی کۆمۆنیزمی کرێکاری، هەڵوێستێکی جیاواز بۆ مێژووی زیندوو و ڕۆڵی مرۆڤ لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا دروست دەکات. وەک درێژەپێدەری ڕادیکاڵبوونی چەپی ئێران، کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات، وەک ڕۆشتنی بۆسەر هێڵی مارکسیزمی ڕاستەقینە ، کەس ناتوانێت نکۆڵی لەو پرۆسەیە بکات. بەڵام لە هەمان هەلومەرجدا دەتوانرا نیشان بدرێت کە لە ئەنجامی ئەم کارلێکانەدا چالاکیی سۆسیالیستی چینی کرێکار لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟ کەس ناتوانێ نکوڵی لەوە بکات کە تواناکان هەن کە دواتر خزمەتی ئەو بکەن، بەڵام ئایا هەمان پرۆسە پرۆسەیەکە لە مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری ئێراندا؟

بەپێی پێناسەی بەناو “مێژووی کورت”، کۆمۆنیزم لە سەرەتاوە کرێکاریە، کرێکاریش کۆمۆنیستە، سۆسیالیستەکان ئەوانەن کە خۆیان بە سۆسیالیست ناودەبەن، بزووتنەوەی سۆسیالیستیش بزووتنەوەی حزبە سۆسیالیستیەکانە و بەم مانایە، ناومان لە مێژووی بزووتنەوەی سۆسیالیستیدا هاتووە.ئەوان دەنووسن بەڵام کاتێک ئاماژە بە مارکس و ئەنگڵس و بیرکردنەوەی خۆت دەکەیت سەبارەت بە خەباتی چینایەتی و کاتێک ئەم ڕستەیەت بیر دێتەوە کە “مێژووی کۆمەڵگاکانی تا ئێستا مێژووی خەباتی چینایەتییە”، دەپرسیت لە مێژووی ئەم خەباتی ئەم چینانەدا چ جیاوازییەک دروست بووە ؟ من لە مێژووی خەباتی هزری سیاسی تێدەگەم، لە کاریگەرییەکەی لەسەر مێژووی پەرەسەندنی حزبە سیاسییەکان تێدەگەم، بەڵام ئەی مێژووی خەباتی چینایەتی چی؟

چەپەکانی ئێران بەزۆری سۆسیالیزم بۆ حیزبەکان بەجێدەهێڵن و بزووتنەوەی کرێکاری هەروەک دەزانن بە “خۆبەخۆی” ناودەبەن. بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی سۆسیالیستی؛ ئەمانە دەبێت بەیەکەوە ببەسترێنەوە. بزووتنەوەی سۆسیالیستیشە بزووتنەوەی حزبە سۆسیالیستیەکانە. کاتێک دەگەڕێیتەوە بۆ مارکس، بۆت دەردەکەوێت کە ئەمە وا نییە. لای ئەوان کۆمۆنیزم هەر لە سەرەتاوە ناڕەزایەتی چینایەتییە، تەنانەت ئەگەر ئەو بیرۆکە کۆمۆنیستیانەی کە دەیخاتە ڕوو، ناڕون بن. واتە کاتێک باسی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە ئەڵمانیا دەکات، لە ناڕەزایەتی کرێکارانەوە دەست پێدەکات. مێژووی ئەوانەی پێشنیاری سۆسیالیزمی یۆتۆپییان کرد، نابێت وەک مێژووی سۆسیالیزم هەژمار بکرێت. لەو جێگەیەدا کە حسابی دەکردن، دەڵێت سۆسیالیزمی خەیاڵی؛ ڕوونکردنەوەی مێژووی کۆمۆنیزمی زانستی و سۆسیالیزمی زانستی لەگەڵ مێژووی ناڕەزایەتیە کرێکارییەکاندا دەست پێدەکات. بڕگەی یەکەمی مانیفێستیەکە بە “پرۆلیتاریا و بۆرژوازی” دەست پێدەکات.
ئەگەر ئەو دینامیزمەی کە مێژوو دەباتە پێشەوە، خەباتی چینایەتییە، کوا بوونی من و بوونی ئێوە لەم ململانێ چینایەتییەدا هەست پێدەکرێت؟ ڕاستیەکەی ئەمە دەمهەژێنێت. من نامەوێت وەک هەڵسوڕاوێکی حزبی سیاسی بمرم، لە هەمان کاتدا مێژوونووسێک دەتوانێت بێت و مێژوویەکی جیاواز بۆ بزووتنەوەی کرێکاری بنووسێت. هەرچەندبەشداری لەمێژووی حزبە سیاسییەکەتدا کردبێت، ڕۆڵت هەبووبێت، ئەرکت خستبێتە سەرشانی خۆت و چالاک بووبیت، لە گۆشەنیگای ئەو چینەوە کە سەیری دونیا دەکەیت بەهیچ شێوەیەک ناکرێت ناوت بهێنرێت. تۆ پەیوەندیت بەوەوە نییە! من دەڵێم، مێژووی سۆسیالیستی چینی کرێکار دواجار لە کوێدا دەنوسرێتەوە؟

لەم پرۆسەیەدا شتێک سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشێت. ئارگومێنتی من ئەوەیە کە مێژووی سۆسیالیستی کرێکاریش گەیشتە دروستبوونی حزبە کۆمۆنیستەکان و پێویست بوو بگات . بەڵامن لە لەو بەروارەدا پێم نەخستە سەر مەیدان. من لە مێژووی حزبە سیاسییە چەپەکاندا پێم خستووەتە مەیدانەکە، وەک تاک، تۆ وەک تاک. ئەمە چۆن دەتوانێت ببێتە ئەو بەروارە؟ من و تۆ چۆن دەتوانین دەست بکەین بە هاوبەشی لە دینامیزمی پەرەسەندنی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا کە بە بۆچوونی من مێژووی خەباتی چینایەتییە؟ مێژووی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا و شێوازی ژیانی مرۆڤ بە خەباتی چینایەتی دیاری دەکرێت.ڕاستیەکەی من ناتوانم ئەوە بەخۆم بڵێم لەبەر ئەوەی من سۆسیالیستم و لەبەر ئەوەی سۆسیالیزم ئایدۆلۆژیای پرۆلیتاریایە، بۆیە من بەشێکم لە بزووتنەوەی پرۆلیتاریا و شەوانە بەم بیرکردنەوە دڵنەواییە بخەوم. ڕاستگۆیانە تا ئێستا نەمتوانیوە. بزووتنەوەی سۆسیالیستی گارگەر مانای خۆی بەخۆیەوەیەتی، بزووتنەوەی سۆسیالیستی کرێکارییە، نەک بزووتنەوەی سۆسیالیستی هەرکەسێک کە باسی کرێکاران یان بزووتنەوەی سۆسیالیستی حیزبەکان بکات کە بتوانن بچنە لای کرێکاران و بەڵێنی کرێکاری بدەن- بزووتنەوەی سۆسیالیستی کرێکاران خۆیان.

با ئەمە بڵێم: من و تۆ لە ساڵی ١٣٥٧ تا ١٣٦٣ لە کام ناڕەزایەتی ڕاستەقینەی کرێکاریدا چالاک بووین؟ خەریک بوو هەژار دەبوون، خەریک بوون دەیانبرنە شەڕەوە، خەریک بوون بەکوشتیان ئەدان، دیسانەوە تووشی مەلاریا دەبوونەوە، دوای ماوەیەک دووبارە تووشی پەتا دەبوونەوە… ئێمە لە کوێی ئەم خەباتەدا بووین؟! دەتوانین نیشان بدەین کە لە پێوەرێکی مێژوویی فراواندا، سەرەتا دەبێت بیرۆکەکان دروست بکرێن، حیزبەکان دروست بکرێن و بناغەی کۆمەڵایەتی بدۆزرێتەوە و هتد. ئەمانە بەناو ئامادەکارییەکانن بۆ بەشداریکردن لە خەباتی چینایەتیدا. بەڵام ئەی بەشداریکردن لە خودی خەباتی چینایەتیدا؟ هەرگیز وەک کۆمۆنیستێک کە لە پێش چاوت چینی کرێکار سەردەبڕن، وەسوەسەت بۆ دروست بووە کە بە خۆت بڵێی من لە با لەجیاتی ئەم کارە بڕۆم لە مانگرتندا بەشداربم؟ لەبری ئەوەی ئەم کارە بکەم، دەبێ لەگەڵ هەندێک کرێکار قسە بکەم و پێیان بڵێم ئەم دۆخە قبوڵ مەکەن؟… بۆچی ئەبێت سەرەتا بێم و تاقمی چەپی غەیرە کرێکاری کۆمەڵگایەک قەناعەت پێبکەم لە ڕاستی ئایدۆلۆژیای کرێکاری، ئینجا ڕازی ببن بەکۆمەڵ بچینە لای کرێکاران و ڕایانکێشینە مەیدانەکە؟! بۆچی ئەم کارە بکەم؟ ئێستا وەڵامێکم هەیە بۆ ئەوەی بۆچی ئەم کارە بکەم. دەمەوێت بڵێم کاتێک ئەم پرسیارە دەکرێت وەڵامەکەی شۆکهێنەرە. ئەگەرنەخرایە ڕوو و ئەگەر دڵخۆشین بە مێژووی سیاسی حزبە چەپەکان، با پەنجا حزبی سیاسی چەپی تر لە ئێران دروست بکەین، کە هێشتایەک دانەشیان نوێنەرایەتی ناڕەزایەتی کرێکاری ناکات، دەستی لە ناڕەزایەتی کرێکاریدا نییە، کرێکار نایەوێت و ناتوانێ لە ڕێگەی ئەم حیزبەوە ناڕەزایەتی خۆی دەرببڕێت. و نەوەیەکی کرێکار لەدایک دەبێت و ئازار دەچێژێت و دەمرێت و ئەم سیستەمە هەر لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و بەردەوامە لە گەشەکردن، بەڕای من ئیترئەمە بەس نییە و ئەمەیش ئەو وەڵامە نییە کە لانیکەم من ویستم لە مارکسیزمەوە وەریبگرم. سەیر دەکەم و دەبینم کە ئەمە واقیعەکەیە.

ئەمە بۆ سەردەمی مارکس و ئەنگڵس وا نەبوو. نموونەیەکم هێنایەوە، ئەنگڵس دەڵێت: ئەگەر من هەفتەی دە ڕۆژ لێرە کار بکەم، کرێکاران کۆمۆنیزم دەکەنە ناڕەزایەتی خۆیان. چۆنە بۆ ئێمە ئەم کارە پێویستی بە حیزب هەیە،بە شێوازێکی کارکردن هەیە، بەرنامەی دەوێت، شتێکی سەیر و سەمەرەی دەوێت! ئەنگڵس لە وێستفالیا لە ساڵی ١٨٤٨، کاتێک کرێکارەکانی دە ڕۆژ لە کارگەیەکدا بوون کە خەریکی دورین بوون، ئاردی دروستکردن، نازانم چیتریان بە تەکنەلۆجیای ئەو سەردەمە دەکرد، دەیتوانی کۆمۆنیزم بکەنە ناڕەزایەتی خۆیان. هەشت ساڵە لێرە دەژیم، ناتوانم کۆمۆنیزم بکەم بە جۆرێک لە ناڕەزایەتی بۆ یەک کەس. کەواتە باسەکە شتێکی ترە! جگە لەو فۆرمولە تیۆرییەی کە لە مارکسیزمەوە وەک تیۆرێک بەدەستی دەهێنیت، واقیعەکە ئەوەیە کە هەر جارێک کرێکار بجوڵێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە دژی سەرمایەداری دەجوڵێت. مەحاڵە لە بەرژەوەندی سەرمایەداریدا بجوڵێت، بە دڵنیاییەوە دژی سەرمایەداریی ڕاستەقینەی هەبوو و داتاکانی سەردەمی خۆی دەجووڵا. ئەگەری ئەوە هەیە بزووتنەوەکەی و لۆژیکەکەی و بەرجەستە بونێک کە لە هەیەتی لەکۆتاییدا ئەو دەگەیەنێت بە جۆرێکی تری سەرمایەداری. با ئەوە بێت کە هێشتا سەریهەڵنەداوە. سەرمایەدارییەک هەیە لە فۆرمێکی دیاریکراودا لە ساڵی ١٨٤٨دا، کاتێک کرێکار ناڕەزایەتی لە بەرامبەریدا دەردەبڕێت، واتە ناڕەزایەتی لەبەرامبەر ئەودا دەردەبڕێت.

بۆیە بزووتنەوەی سۆسیالیستی کرێکاران بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئەوانە لە پێگەی بابەتیی و کۆمەڵایەتی خۆیانەوە. بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئەوانەن کە بەهۆی ئەوەی هێزی کاری خۆیان دەفرۆشن و ناڕەزایەتی بەرامبەر سەرمایەداری دەردەبڕن، ئازاریان هەیە. کاتێک ناوی کۆمۆنیزمیان لەسەر دادەنێن – واتە ئەو کۆمەڵە سیستمە بیرکردنەوە کە ئێمە باسی دەکەین و ئەو داواکارییە کۆتایی و بنەڕەتییەی کە ئێمە دژی سەرمایەداری دەیکەین – کرێکاران دەیخەنە ناو ئامێری خەباتگێڕیی خۆیانەوە و دەبێتە یەکێک لە ئامانجەکان لەو خەباتە. لەوانەیە ئێستا مووچەکەی بەرز بکاتەوە، بەڵام وەک بزووتنەوەیەکی کۆمۆنیستی ناو کۆمەڵگا ئێستا هەوڵی بەرزکردنەوەی مووچەی خۆی دەدات.
لە کۆتاییدا، کەی کرێکارانی ئێران کۆمۆنیزم دەکەنە خەباتی ناڕەزایەتی خۆیان؟ تا کەی وەک سندیکالیست ناڕەزایەتی دەردەبڕن، وەک شورای ئیسلامی ناڕەزایەتی دەردەبڕن، بەناوی بژی پاشاوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن، وەک هەموو شتێک ناڕەزایەتی دەردەبڕن جگە لە کۆمۆنیزم؟! ئاخر من و تۆ دەمانەوێت بەچی بگەین لەم دونیایەدا؟ وەڵامەکەی ئەوە بوو کە لە ماوەیەکی دوورودرێژدا بە شتێکی تر جگە لەمە ڕوویداوە: دوای ئەزموونی سۆڤیەت، دوای بوونە ناوەندی قورسایی سۆسیالیزمی جیهانی سێیەم و بوو بە تیۆری بە زۆر دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بۆ سەربەخۆیی، بە زەبری هێز دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات بۆ چاکسازییە سەرەتاییەکان لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، بۆ گۆڕینیان بۆ کۆمەڵگە شارستانییەکان مارکسیزمی کارپێکراو، تیۆری چینە پێشکەوتووەکانی کۆمەڵگە دواکەوتووەکانە، یان لە ڕووسیادا مارکسیزم تیۆری بنیاتنانی کۆمەڵگە و گەیاندنی بۆ ئاستی تەکنیکی ڕۆژئاوایە. دوای قۆناغێک کە سۆسیالیزم لە دەستی کرێکاران ون بوو و بوو بە ئاڵای هەندێ کاری تری مێژووی کۆمەڵایەتی و بە ناچاری خەباتی چینایەتی وازی لێ هێنرا و لە سۆسیالیزم وەک شێوازێک لە ناڕەزایەتی بێ بەشکرا و کەوتە دەستی سندیکالیزم و هتد. ، ئێستا بە بڕوای من قۆناغێکە کە خەباتی چینایەتی دەگاتە ئاستێک کە کرێکار بتوانێت ئامرازەکانی خۆی، ئایدۆلۆژیاکەی لە بۆرژوازی وەربگرێتەوە و بتوانێت وە دەتوانێت وەریبگرێتەوە. سۆسیالیزم دەتوانێ جارێکی تر وەک ئامرازی ناڕەزایەتی کرێکاران بێت چونکە ئێستا وەک ئامرازی ناڕەزایەتی نەتەوەیی، وەک ئامرازی ناڕەزایەتی ڕەگەزی، وەک ئامرازی ناڕەزایەتی سەربەخۆییخوازانە، وەک ئامرازی ناڕەزایەتی ڕیفۆرمخواز و هتد، داویەتی لە بنەکەی. ئەو سۆسیالیزمانەی بەم شێوەیە بەکارهێنراون، گەیشتوونەتە کۆتایی. لە چین وازی لێدەهێنن. لە ڕاستیدا دەڵێن ئەمە کار ناکات. لە ڕووسیادا بە شێوەیەکی جیاواز دەیخەنە لایەک یان مانایەکی دیکەی پێدەدەن. زۆر کەس وازی لێدەهێنن و زۆریش بوونەتە دژە کۆمۆنیست. ئەوانەی دوو سێ دەیە پێش ئێستا شانازیان بە کۆمۆنیست بوونیانەوە دەکرد، ئەمڕۆ شانازی بە دژە کۆمۆنیست بوون دەکەن. واتە وازی لێ دەهێنێت و دواجار، ئەو چەکەی کەکرێکار خۆی بەدەستیەوە گرت بوو ئەوان بە شێوەیەکی چەوت و بۆ ئامانجی چینەکانی دیکە بەکاریان هێنابوو.چینی کرێکار خۆی دەیەوێت بەدەستیەوە بگرێت. ئەمەش بەو مانایەیە ئەو سۆسیالیزمەی کە بەڕاستی هەیە لەم پەنجا شەست ساڵەدا لە گۆڕەپانی خەباتی چینایەتیدا لە دەستی کرێکاردا نەبینیوە، بەڵکو لە دەستی نەیاری کرێکاردا بینیومە. بەڵام وەک حیزبێک ڕاستیەکەی ئەوەیە کە من لەم لاوە پێم نەگرتووە ، لەو لاوە پێم گرتووە.

کاتێک من و تۆ وەک مرۆڤە ناڕازیەکان “ناخۆش” (وەک مامۆستاکانی قوتابخانە دەڵێن)، دەستمان کرد بە ناڕەزایەتی دەربڕین ئازاری ئێمە چی بوو؟! ئەگەر تەماشای دەردی بەشێکی ئێمە بکەیت، لەوانەیە ئازاری کرێکاران بێت، بۆچی یەکسانی نییە… ئازاری زۆر کەس بەو شێوەیە بووە، ئێستا، ڕەنگە لە هزری تەواوەوە بێت یان لە سەر ژیانی کرێکاریمان هاتبین ، کەسانێک کە لەوێوە هاتبوون، بەڵام کێشەی چەپێک کە ئایدۆلۆژیای خۆی دادەنا و سیاسەتی دیاری کرد و پێشتر مارکسیزمی بۆ من و تۆ مانادار کردبوو، لە ئێراندا سەربەخۆیی هەبوو. تیۆری “سەگی زنجیرکراو” هەبوو. “بۆچی ئێمە هەژارین و ئەمریکا دەوڵەمەندە”، “بۆچی تەنانەت ناتوانین دەرزیش دروست بکەین”، “دواجار کەی توێنەری ئاسن دێتە ئەم وڵاتە؟” ئەمانە ئەو شتانەن کە من وەک بۆچوونی خەڵکی ناڕازی سەردەمی خۆم کە خۆیان بە سۆسیالیست ناودەبرد لەگەڵیاندا گەورە بووم. مێژووی حیزبی تودە و چیریکە فەدایەکان بخوێنەرەوە بۆ ئەوەی بزانی بەچیان دەگوت سۆسیالیزم! حیزبی دێموکرات ئێستا دەیەوێت بەچی بڵێت سۆسیالیزم ؟ ئەو “پەیکار”کە لە ئاسمانەوە نەهاتە خوارەوە، بەڵکو باڵی چەپی سۆسیالیزمە، کە بەشێکە لە هەر لە ئەوان خۆیان وەک کۆمەڵە مرۆڤێکی دیاریکراو ڕەوتێکی ئایینی دیاریکراون، سەربەخۆیی نەتەوەیی و شوناسی ئایینی پرسی ئەوانە، و دەیانەوێت بەم چەکە لەدژی ئیمپریالیزمی ئەمریکی بوەستن. ئێستا ڕوون نییە مەبەستیان لە ئیمپریالیزم چی بوو. ئەوان بوونەتە سۆسیالیست و ڕادیکال بوونەتەوە – ڕەخنەیان گرت کە ڕادیکاڵ بوونەتەوە، ئەمە ڕوونە.

لە کۆتاییدا دوا سنووری سۆسیالیزمی ناپرۆلیتاریای ئێران دەگاتە ڕێکخراوی ڕەزەمەندەگان و پەیکار کە ئیترباشترینەکانین. ڕێکخراوێک کە کرێکاران تیایدا غیاب بن و داخوازییەکانی کرێکاران لاواز بن و ڕوون نییە کە ئایا ئەمانە کاریان سەربەخۆیی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی ستەمکاری و شەڕی ئیمپریالیزمە یان داواکاری کرێکاران و سۆسیالیزم و هەڵوەشاندنەوەن کاری بە کرێ و دامەزراندنی جیهانێکی ئازاد کە تێیدا مرۆڤەکان دوور بن لە هەر سنووردارکردنێکی ستەمەکارانە.وە دەتوانن پێکەوە بژین!ئەوانە کامەیان؟ ڕۆژنامەکانیان بخوێنەرەوە!

ئێمە ئیتر لەم دەور کەوتینە دەرەوە… کاتێک دامان لە ژێر هەمان پرسی نەتەوەیی. کاتێک گوتمان “نا بۆ بۆرژوازی نیشتمانی” ماناکەی بۆ ئەو کاتە تاکتیکێک بوو ، کەبە دوای بازرگاندا مەڕۆ، بە دوای لیبراڵەکاندا مەڕۆ، ئێمە لەو کاتەدا بەو مانایە بەکارمان هێنا. بەڵام لە پێوەرێکی مێژووییدا، ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو کە لە بنی ئەو سۆسیالیزمە حیزبییە ناپرۆلیتاریایەدا، بزووتنەوەگەلێک هەبوون کە دواجار یان بە ئازارەکانی خۆیان یان بۆ بیرکردنەوەی خۆیان، یان بە ئاماژەدان بە تیۆرییەکان یان بە نیازپاکی مێژوویی خۆیان، درکیان بەوە کرد کە چیتر ناتوانن سۆسیالیست بن و لە هەمان کاتدادرێژە پێدەری ئەم ڕەوتە حزبییەبن لە کۆمەڵگادا. ئەبێت حیزبی شتێکی تر بێت.
ئێمە گاڵتەمان بە خەباتی دژە ڕژێم دەکرد، گاڵتەمان بە گەیشتن بە ئابوورییەکی نەتەوەیی دە کرد کە گوایە ا خۆشگوزەرانی خەڵکیتێید بەدەست دێت، گاڵتەمان بە لەناوچوونی بێکاری و هەژاری و سەختی لە لەسیستەمێکی نا وابەستەدا دەکرد. ئێمە گوتمان ئەم ئازارانە بەهۆی سەرمایەدارییەوە بووە، نەک بە هۆی سەربەخۆیی ئابووریی ئێران و سەربەخۆیی نەبوون، بەم کارە خۆمان هەنگاوێک لە کرێکاران نزیکتر کردەوە، ئەمە ئارگومێنتی منە. بەڵام هێشتا هەنگاوێک لە پێکهێنانی حیزب نزیکتر بوومەوە! کۆتایی مەسەلەکە چییە؟! بۆچی هەرچەند ڕادیکاڵ ببمەوە، ئازاری کرێکاران دیاردەیەکە کە پێویستە سەرنجی لەسەر بدەم نەک خۆم هەستی پێبکەم!؟ چەند؟ بۆچی من لەو شوێنە ئامادە نیم کە چەوسانەوە و ئازار هەیە؟ ئێمە وەک حزبێکی سیاسی دەڵێین نەک وەک تاک. من و تۆ دەتوانین وازی لێ بێنین، زۆر کەس وازی لێ بێنین، ئەوان ئەم کارە دەکەن. کرێکاران تێکەڵاو دەبن و هەوڵی پێکهێنانی سەندیکا دەدەن. بەڵام وەک کەسانێک کە پێیان وایە کرێکار لە کۆتاییدا لەگەڵ حیزبەکەیدا سەردەکەوێ، بۆچی کرێکار و ئازارەکانی و چارەسەرەکەی هێشتا توخمێکی نامۆیە بۆ حیزبەکەت؟! بۆچی “تیۆری پەیوەند”مان هەیە؟! “سۆسیالیزمی زانستی دەبێت لە شوێنێکدا بچێتە ناو بزووتنەوەی کارگەرییەوە”!؟ من دەڵێم ئەگەر ئەو سۆسیالیزمە پەیوەست نەبێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک زانستی نییە. چونکە بنەمای ئارگومێنتەکەی مارکس ئەوە بوو کە سۆسیالیزم کاتێک دەبێتە زانستێک کە وەک بزووتنەوەی چینێک دیاری دەکرێت. ئەگەر وا نەبوو، ئەوا ئەنجامێکی زانستیشی نییە. ئەم تیۆریانە هەبوون کە ئێمە لەگەڵیاندا خەبات دەکەین، چییان لێ بکەین؟ چۆن خۆمان بیکەینەوە؟ لە کۆتاییدا دوای پێکهێنانی ئەو حیزبە دەبینیت کە ئێمە حیزبێکی ڕادیکاڵین، حیزبێکی زۆر باشین، زۆر لەسەر خەت و زۆر مارکسیستی ئۆپۆزسیۆنیڕۆشنبیری ئێرانین. کەسێک دەڵێت لە شوێنێک بابەگیان ڕەنگە بچم. ئەم جەماعەتە تا کەی دەبێت بەم پرۆسەیەدا تێپەڕێت بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجام؟ پاشان بۆ؟ ئایا کرێکارەکەیان لە شوێنێکدا قفڵ کردووە؟ دەڕۆم تێکەڵی دەبم.

بۆ من یەک شت کە ئەم باسە لە باسەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە کاتی مشتومڕەکانی مارکسیزمی شۆڕشگێڕدا هەموو هەوڵەکانمان ئەوە بوو کە مارکسیستێکی باشتر بین و بۆ ئەوەی مارکسیستی باشتر بین، بە دڵنیاییەوە دەبێ کرێکار بین. چونکە مارکسیزم پەیوەندی بە کرێکارو حکومەتی کرێکاریەوە هەیە. دەڵێم خاڵێک دێتە ئاراوە کە خەڵک دەڵێن من دەمەوێت لە خەباتی مێژوویی سەردەمی خۆمدا بەشدار بم، واتە لە خەباتی چینایەتی بۆ بەرژەوەندی چینایەتی. نامەوێت باسی هەمووی بکەم. من نامەوێت لەبەردەستیدا بم، دەمەوێت خۆی بم. تۆ سەیر دەکەیت و دەبینیت بەربەست چییە. پاشان ئاستەنگ نە “پەیکارە”ە نە “ڕەزمەندەگان” و نە یەکێتی سۆڤیەت. بەربەستلەبەردەم هەمان بزوتنەوەی خۆتدا، کە دروستت کردووە و دەڵێی وەرە بڕۆ لە نێو کرێکاران بانگەشە بکە، لە جیاتی ئەوە سەری خۆی دەخوات. دەڵێی وەرە بڕۆ ڕێکی بخە، دەبینیت، ئەو پێی وایە دەبێت گروپی خۆی لە نێوانیاندا دروست بکات و کرێکاران بکاتە حەفتا و دوو گروپ و یەکێکیان خۆی بێت، کر مێشکی کرێکار فیشەکەی لێدەدات و لە لە سۆسیالیزمیش بێزار دەبێت. .. بەم شێوەیە دەگەیتە کۆتایی ئەو هێڵەی کە تەنها بە پاکی ئایدیۆلۆژی بەدەست دێت. دوا وێستگەی هێڵەکە هەیە. دەبێت دابەزیت بۆ ئەوەی سواری پاسێکی تر ببیت، کە ئێمە دەڵێین کۆمۆنیزمی کرێکارییە.

دەگاتە ئەو ئاستەی کە ئارگومێنتەکە دەگاتە ئەوەی کە یان ئێمە وەک کرێکار لەم کۆمەڵگایەدا ناڕەزایەتی دەردەبڕین، یان هەرچەند ناڕەزایەتی دەرببڕین، کەس هیچ سوودێکی لێ نابینێت و ئێمەش هیچ سودێکیش نابینین. لە کۆتاییدا دەمەوێت لە کۆمەڵگایەکدا بژیم و دەمەوێت ئێوە و نەوەکانتان لە کۆمەڵگایەکدا بژین کە مرۆڤە ئازادەکان پێکەوە بژین بەبێ ئەوەی هیچ دەرکەوتنێکی ستەمکاری تێدا دەربکەوێت. من نامەوێت مرۆڤەکان زنجیر بکرێن. ڕێگاکەی ئەوەیە کە کرێکاران دەست بەسەر حکومەتدا بگرن. بۆیە دەبێت کارێک بکەم تا کرێکار دەست بەسەر حکومەتدا بگرێت. پرسیار ئەوەیە ئایا ئەوەی دروستمان کردووە بۆ ئەم پرۆسەیە بەسوودە؟! وەڵامەکەم ئەرێنییە و تەنها شتێک کە من دەهەژێنێت و گەشبینم دەکات ئەوەیە کە دەتوانم وەڵامێکی ئەرێنی بدەمەوە و بڵێم ئێمە ئەمەمان کردووە و دەتوانین بیخەینە بەردەستی هەموان. بە مەرجێک لەو نەهامەتیەدا بڕۆین بەلایەوە. واتە تۆ تا ڕادەیەک حیزبیت و بیر لە کرێکاران دەکەیتەوە. من دەڵێم لەجێگایەکدا دەبێت کە تۆ فەرمانبەری کرێکاری بیت کە بیر لە حزبی کۆمۆنیست دەکەیتەوە… تۆ دەڵێی بابە گیان وەرە ئەم [حیزبە] بخەرە ئیختیاری کرێکارەوە، دەرگاکانی بکەرەوە. ئەمە چ جۆرە خەباتێکی چەکدارییە کە من ناتوانم بەشداری تێدا بکەم؟ ئەمە چ جۆرە خەباتێکی تەشکیلاتییە کە من ناتوانم بەشداری تێدا بکەم؟! ئەمە چ جۆرە بانگەشەیەکە کە ناتوانم بەشداری تێدا بکەم؟! ئاخر ئەمە چ حزبێکە، کە بڕیارە هەموو شتێکی کرێکار بێت، بەڵام نەگونجاوترین کەس بۆ کارکردن تێیدا کرێکارە؟! هەر ئەوەبەسە کە تۆ لە زانکۆی هارڤارد دەربچیت بۆ ئەوەی باشترین کەس بیت بۆ ئەوەیببیتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییەکەی ، بەڵام ئەگەر کرێکار بیت بە هیچ شێوەیەک ناتوانیت ببیتە ئەندامی حەوزەکەی! دەرگاکان بکەرەوە. دەرگای ئەم حیزبە کە تا ئەوئەندازەی لێمان نزیک بووەتەوە بەڕوماندا بکەرەوە! بە بڕوای من کۆمۆنیزمی کرێکاری ئاڵای ئەم هێرشەیە بۆ سەر حیزبی کۆمۆنیست.
با لێگەڕین حیزبی کۆمۆنیست یان تا ئەو شوینەی کەچەپێکی تەقلیدی لەم حیزبەدا هەبێتبەرگری بکات، دواجار دەبێت دەرگاکانی بکەیتەوە و کرێکاران بهێنیتە ناو حیزبەوە. من دەڵێم کرێکارەکەش بخەیتە ناوەوە. دەڵێن ئەندام ئەبێت تیۆری بێت، منیش دەڵێم بیکەنە ئەندام! شەش مانگی تر دیسان لە کۆبوونەوەیەکدا دەچینەوە، سیمینارێک ئەنجام دەدەین، دیسان باس لەوە دەکەینەوە کە ئەندامێتی بۆ کرێکاران ئاسانتر بکرێت. لێرەدا هاوڕێیەکم لە باسێکی پێشوودا وتی “چەند کاتمان دەوێت بڵێین کرێکاری ببینەوە؟” من دەڵێم هەتا ئەو کاتەی کەببین،بەکوتی ئێمە هیچ زیانێکمان نەکردووە. ئەگەر کەسێک قسەی حسێبی نابیسێت ئەبێت بە فشاری سیاسی دەرگای حزبەکەی بەڕووی کەسانی تردا بکاتەوە. ئەو ڕاستییە هەیە کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە یەکتربڕینی دوو سەردەمدایە. کۆتایی هاتنی قۆناغی ڕادیکاڵبوونی حیزبە چەپەکان، نەک هەر لە ئێران بەڵکو لە جیهاندا. بەڕای من ناکرێ حیزبێکی کۆمۆنیستی لەگەڵ دایک و باوکی تر دروست بکرێت بەڵکو لە بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازەوە. حزبی کۆمۆنیستی ڤێتنام چیتر ناتوانرێت دروست بکرێت وبۆ ماوەی بیست ساڵ لەگەڵ ئەمریکادا – بەناوی حزبی کۆمۆنیستەوە شەڕ بکەیت. ئێستا بزووتنەوەی سەربەخۆیی لە جیهاندا کەوتۆتە دەستی تەنانەت کۆنەپەرستانیش. واتە کاتێک دەیەوێت نیشتمانە نوێیەکەی بنیات بنێت، وەک ئەو کەسە کۆنەپەرستانەیە کە دەیەوێت وڵاتەکەی لێ بسەنێتەوە. ئیمپریالیستەکان و دژە ئیمپریالیستەکان بە یەکسانی کونەپەرستن. ئەفغانستان ئەمە بە باشی نیشان دەدات.

واقیعیەتی ئەمڕۆیی هەلومەرجێک دروست دەکات کە سوودی نییە بۆ بەکارهێنانی سۆسیالیزم بۆ بەرژەوەندییەکانی دیکە. سوودی زۆری نییە. کاری خۆی کردووە، بەکارهێنانی خۆی گەیاندووەتە بۆرژوازی و ئێستا فڕێی دەدەن. تەنانەت بزووتنەوەی حزبی لە هەموو جیهاندا، هاوشێوەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، خەریکە بنکەکەی لەدەست دەدات، دەنگەکان لەدەست دەدات و لە هەڵبژاردنەکاندا ناگاتە هیچ شوێنێک، تەنانەت کاتێک شۆڕشێک لە پورتوگالدا ئەنجام ئەدات، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەو کەسەی ڕابەرایەتی ئەم شۆڕشەی کردووە، کەسێکی تر بخەنە سەر کار. حەفتا ساڵە چاوەڕێی ئەوەن کەئەمانە بێنە سەر کار. لە ئیسپانیاش بە هەمان شێوە. ئاژیتاتۆرەکانی شۆڕشی فەرەنسا دوبارە “خوان کارلۆس”یان خستە سەر کار. حزبی مەسیحی دیموکراتی ئیسپانیاش لە کاردایە و کۆمۆنیستەکانیش دەستیان بەهیچ جیگایەک ناگات. ئەو ئامانجە مامناوەند و بۆرژوازی و ڕیفۆرمخوازانە بەم جۆرە سۆسیالیزمە بەدی ناهێنرێن. باشترە لەهەندێک شوێن فڕێی بدەیت؛ ئەوان دەبێ سەوزەکان بن و هەمان ئەو ئامانجە کۆنانەی کە ڕەنگە سۆسیال دیموکراسی ئەڵمانی داینابوو و ئێستا بە سەوز ناوی دەبات، ڕاستن. سەوز ئاسانترە، هەر کەسێک دەتوانێت بچێتە ژوورەوە.

لەم دۆخەدا کەسێک کە دان بە لۆژیکی یاسایی مێژووی هاوچەرخی خۆیدا نەنێت، ناتوانێت هیچ خزمەتێک بەو مێژووە بکات. شەرعیەتی مێژووی هاوچەرخمان ئەمەیە: کرێکار دێتە پێشەوە و ئاڵای سۆسیالیزم بەرز دەکاتەوە و ناڕەزایەتی نوێی کرێکاری لە جیهاندا ڕوودەدات و جارێکی دیکە سۆسیالیزم خەریکە دەبێتە ئاڵای کرێکاران و دەبێ ئێمە چالاک بین توخمێک لەم پرۆسەیەدا. تەنانەت ئەگەر حیزبێک دروست بکەن کە لە حیزبە ئێرانیەکەی پەنا دەستی گەورەتر بێت، من ڕازی نابم. با بڵێین ئەندامەکانمان سەد و پەنجا هێندەی ڕێگای کرێکار (راە کارگر) ن! لە مێژوودا لەمە گەورەتر بووە و نەگەیشتووەتە هیچ شوێنێک. تایبەتمەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئەوەیە کە خەریکە کلیلی کردنەوەی دەرگای سەردەمێکی نوێ لە جیهاندا بەدەستەوەیە. زیادەڕەوی ناکەم، منیش نامەوێت خۆم بێ هیوا بکەم. منیش نامەوێت شوتی بخەمە ژێر قۆڵی کەس. من خۆم بەم شتانە ناوروژێم.

ئەمە واقیعە و ئەگەر واقیع شوێنێکی گەورەیە، دەبێ گەورەیەکەشی بوترێت. کۆمۆنیستەکانی ئێران بەڕاستی لە قۆناغێکدا وەستاون کەتێیدا دۆسیەی سەردەمانێک کە لە پەنجا و سێ کەسەوە دەست پێدەکات تا حیزبی توودە و دواجار چریکە فیداییەکان و پەیکار ببینن و کۆمۆنیزمێکی کرێکاری لە ئێران دامەزرێنن کە هەرکاتێک لەو بدەن لە کرێکاران درابێت و هەرکاتێک گەشە دەکات، کرێکاران گەشەیان کردبێت. نابێت شتێکی جیاوازتر لەمەی هەبێت!
لە باسەکەی پێشوودا وتم کە باسەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە دواجار کرێکاران ڕووبەڕووی ئەم دۆخە دەبنەوە کە دەبێت لە چوار ساڵی داهاتوودا چەند دەیان ڕابەری کۆمۆنیست و حیزبی خۆیان پەروەردە بکەن و خەریکن بەدەستیان دەهێنن. ئێمە کەسانێکی زۆر و حزبی کۆمۆنیستمان لێرە نزیک کردووەتەوە. کرێکاران گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە بۆ یەکەمجار بۆ ماوەیەکی زۆر بە چەکی خۆیان لەگەڵ بۆرژوازی کەوتنە شەڕەوە. پێش ئەوەی کابرا تەنانەت بکات، وتی من لە کوردستان لێت دەدەم. تفەنگەکەی گرت بە دەستەوە، بەناوی کرێکارەوە چووە شەڕ و بەناوی کرێکارەوە لەشەڕەکەدا سەرکەوت سەرکەوت. پێم وایە ئەمە زۆر گرنگە. ئەمەش یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ئەم قۆناغە. ئەگینا لە قۆناغی پێشوودا تەنانەت بەرەی نەتەوەیی دەلەرزی و سۆسیالیستی ئێرانی تاکەی بەرز دەبوویەوە. تەنها باسیان لەوە کرد کە بۆچی تا ڕادەیەکی کەم پشتیوانیمان لە دکتۆر موسەدیق کردووە. هەموو بەدبەختیەکانمان لەوە سەرچاوەی گرتووە کە ئێمە پشتیوانی دوکتور موسەدیقمان نەکرد! نەیدەوێرا سیاسەتێکی سەربەخۆ لە بۆرژوازی لیبڕاڵ بگرێتەبەر. نەیدەوێرا سیاسەتێکی سەربەخۆ لە بورژوازی بچووکی دژە ئیمپریالیستی گەندەڵی ئێرانی بگرێتەبەر.

هەر لەم ماوەیەدایە کە نەک هەر جورئەتی ئەوە دەکات کە لەحزبێک بدات کە تا ئێستاش ئیعتیباری هەیە، چونکە حزبێکی بۆرژوازییە، و دەڵێت ئەگەر دەستی لە دژی من بەرز بکاتەوە، من لێی دەدەم. ئەو قۆناغەی سۆسیالیستەکان سەریان دانەوێنن و قەرزاری ناسیۆنالیزم بن لە کۆمەڵگادا تێپەڕی. دەڵێ ئێستا کرێکار دێتە مەیدان و ئێمە لە تۆدەدەین و حساب بۆ کاروکردوەکانی خۆت بکە. دەتەوێت لەگەڵمدا بڕۆیت، منیش لەگەڵتدا دەڕۆم. بە بڕوای من ئەم وشەیە مانای هەیە و نیشاندەری دۆخی خەباتی چینایەتییە لە سەردەمی ئێمەدا. ئەوەی من دەجوڵێنێت ئەوەیە کە دەرفەتێکم بۆ ڕەخسا کە لەم قۆناغەدا ئامادە بم، بتوانم لەم پرۆسەیەدا بم. وە ئەگەرنا، هیچ بەرژەوەندییەکم نییە کە من یەکێک بووم لەو پەنجا و سێ کەسە و ئێستا مردبووم. چى ڕووى دا لە كۆتايىدا؟ ئەو ڕوداوەچی بوو؟!ئەوان چیان کرد؟! چ خشتێک چووە سەر چ خشتێک؟ لە کۆتاییدا دەمەوێت بزانم کام منداڵی کرێکار، لە ئەنجامی چالاکیەکانی ئەو ژمارە ئینسانە زۆرەدا ، پۆلێکی زیاترتر بۆ خوێندنەکەی زیاد کرا، ڤاکسینێکی زیاتریان لێدرا؟! کامە؟ ئێستا کۆمەڵگای کرێکاری و حکومەتی کرێکاری باشن!

لە ئەنجامی چالاکی هەموو سۆسیالیزمی ئێرانی هەتا ئێستادا، کام پاروە خواردنی زیادە لەسەر سفرەی کرێکاران دۆزراوەتەوە؟ ئێمە ئێستا گەیشتوینەتە خاڵێک کە دەتوانین دەستکەوتی زۆرمان هەبێت و ئەمە گرنگی ئێمەیە نەک پاکی ئایدیۆلۆژیمان کە دەکرێت بابەتی شەخسی من بێت و بکەوێتە چوارچێوەی ئازادی ئایین. ساڵانێکی زۆرە ئێمە زۆر بە باشی لە تیۆری بەها تێگەیشتووین و زۆر بە وردی دەزانین شەڕی ئێران و عێراق لە کوێوە سەرچاوەی دەگرت و پەیوەندییە ئیمپریالیستیەکان چین، بەڵام ئەمانە نابێت ئیمتیازێک بن بۆ من و تۆ. تۆ دەپرسیت کە جیاوازی بابەتەکە ئەوەیە کە دەبێت کرێکار بهێنین؟ من دەڵێم کە ڕەنگە لە ڕووی ماددییەوە، ئەگەر سەیری بکەیت، من ناتوانم زۆر شتی جیاواز پیشان بدەم، تەنانەت لەو شتانەی کە پێشتر هەبوو – بە بۆچوونی من، توانیومە و نیشانیشم داوە، لە سیاسەتی ڕێکخستنی ئێمەدا، لەباسی ئاژیتاتۆردا، لە بوژانەوەی ڕێکخراوی کۆمۆنیستی دوای توندترین لێدانی پۆلیس، پێموانییە ئایدیۆلۆژیای ڕێگای کرێکاران(راە کارگر) توانیبێتی دروستی بکات، لە هێنانی ژمارەیەک کۆمۆنیست لەم قۆناغەدا، هەر یەکێکیان ، ئەگەر دکتۆر ئارانی لەبەردەمیدا زیندوو بکەیتەوە، پەڕوباڵی دەکات و دەیخەیتە لاوە – لەمانەدا، شتگەلێکمان بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا بەس نییە. بەڕای من ئەم هەڵوێستە ڕێگەمان پێدەدات سەردەمێکی نوێ دەست پێ بکەین نەک پێشبڕکێیەک بە سەرکەوتن تەواو بکەین. با پێشبڕکێیەکی نوێ دەست پێ بکەین.

من بە هیچ شێوەیەک نامەوێت لەکۆمۆنیزمی کرێکاری وشەیەک دروست ببێت. ئەگەر کۆمۆنیستەکان بەڕاستی ئەو شتە بوونایە کە بە شێوەیەکی نەریتی هەبوون ، واتە ئەگەر لە ناڕەزایەتی کرێکاری و سۆسیالیستیدا بوونایە لە کۆمەڵگادا، ئەم وشەیە دەبووە توتۆلۆژی و دووبارەکردنەوە. کۆمۆنیزم واتە کرێکار، کرێکار بە واتای کۆمۆنیزم. بەڵام لەبەر ئەوەی وا نییە، ئەم وشەیە بۆ من مانای هەیە. من دەڵێم هەست بە هیچ نزیکبوونەوەیەک ناکەم لەگەڵ ئەو سۆسیالیستەی کە کتێبی مارکسی بردووە، بەڵام هەست بە نزیکیی دەکەم لەو کرێکارەی کە مانگرتووە و دەڵێت منداڵەکەم برسییە. تۆ دەڵێی تودەییە، با بێت! هەست بە نزیکایەتی دەکەم. دواجار هەست بە شتێک دەکەم. بەڵام لەگەڵ ئەو کەسەی کە دەربارە “چی بکرێت؟” دەتوانێت پەنجا و سێ وتار بدات، بەڵام کاری ئەوەیە ئێران سەربەخۆ و ئاوەدان بکات و هتد، هەست بە هیچ هاوڕیەتی و نزیکایەتییەک ناکەم، هیچ تێکەڵاویەکم لەگەڵیدا نییە و سەر بە بزووتنەوەکەمی نازانم. پێم وایە کە پێویستە بە تەواوی لە گۆڕەپانەکە دوور بخرێتەوە. پێویستە ئەم ڕێکخراوانە هەڵبوەشێنرێنەوە. سەد هەزار سندیکالیست بهێنە، دەڵێم ئەمە خەباتی ڕاستەقینەی چینەکەمە. دەمەوێت بڵێم نزیکبوونەوەیەک [وشەی کوردی بە بەمانای دەقاودەقی وشەکە “چوون بۆ شتێک”، هاوتا لەگەڵ approach ئینگلیزی] دیکە دەهێنێتە ناو ژیانی سیاسی و بانگەشەی مرۆڤەوە، لە هەڵوێستی ئینسان بەرامبەر بە خۆی و لە ڕازیبوون بە چالاکییەکەی و شێوازی گەڕانەوەی بۆ کۆمەڵگا دەربارەی خودی مرۆڤ تۆ قسە دەکەیت… بەڕای من ئەوانە جەیوازی ئەوەیە . لەوانەیە کەسێک ئەم پرسیارانەی بۆ خۆی نەوروژاندبێت و تەنانەت ئەم باسانەش زۆر بە ئەبستراکت بزانێت. چونکە زۆر مادی نایەتە بەرچاوی مرۆڤ جێی نابێتەوە. بتوانین بڵێین وا دیارە گریمانەکانی کەسێکە سەبارەت بە مێژوو، زیاتر لەوەی کە مێژوو خۆی بابەتی بێت. بەڵام هەر ئەمە بۆ من کە وا گریمانە دەکات کە بابەتی بێت شۆکهێنەرە و تایتڵێکی نوێ بدۆزێتەوە.
با بڵێین من دوو قۆناغی چالاکی سیاسی لە ژیانمدا دەزانم: قۆناغێکی پەیوەست دەبێت بە شۆڕشی١٣٧٩، کە تیایدا من سۆسیالیستێکی ڕادیکاڵی ئێرانی بووم و ڕۆڵم هەبوو لە پاڵاوتنی ئایدۆلۆژیای چەپی ئێراندا و لەوێ بووم و بینیم؛ وە قۆناغێکی تر دەست پێدەکات کە من وەک تێکۆشەرێکی بزووتنەوەی چینی کرێکاری ئێران بەشداری تێدا دەکەم. وە هەموو هەم و خەمی من ئەوەیە کە یەکگرتووی بکەم و هێنانی بۆ سەر تیۆری شۆڕشی خۆی، بۆ بەهێزکردنی لە ناڕەزایەتی خۆیدا، ڕێگە نەدان بەوەی کە بچێتە ژێر باری هیچ کەسەوە، ڕێگە نەدان بەوەی کە کەسێک بێدەرەتانیەکی بەسەردا بسەپێنێت و ئەوانەیە.

بەڕای من لۆژیکی ئەم سەردەمە نوێیە کۆمۆنیزمی کرێکارییە. لۆژیکی ئەم قۆناغە نوێیە هیچ جۆرە دژە لادەرییەک نییە. چونکە تاکە دژە لادەریی ڕاستەقینەی سەردەمی ئێمە، بە بڕوای من، کۆمۆنیزمی کرێکارییە. هەر کەسێک بچێتە ناو مارکسەوە و بێتە دەرەوە و کرێکار وەک پێکهاتەیەکی بنچینەیی بوونی کۆمەڵایەتی خۆی وەک حزبێکی سیاسی نەدۆزێتەوە، پێموایە هیچ لە مارکس تێنەگەیشتووە، چونکە لە دوو دێڕی یەکەمی مانیفێستی کۆمۆنیستی تێنەگەیشتووە. دەمەوێت بڵێم دژە لادەری ڕاستەقینە ئەوەیە ئەگەرکەسانێک نایانەوێت مەکتەب دابنێن و ململانێی مەکتەبەکانیانلەجێگەی تێکۆشانی چینایەتی دابنێن، ودڵخۆش بن بە مەکتەبەکەی خۆیان و دواجار وەک کەسایەتی پایەبەرزی مەکتەبێک لەسەرسەریان دانێن ، ئەگەر کەسێک نایەوێت ئەمە بکات، ئەوە دەیەوێت خەباتکاری ڕێگای ڕاستەقینەی ئازادی مرۆڤە ڕاستەقینەکان و باشترکردنی دۆخی ڕاستەقینەی خۆیان و دواجار ڕزگارکردنی یەکلاکەرەوەی مرۆڤەکانی سەردەمی ئێمە بێت ، من دەڵێم کە ئایدۆلۆژیای پرۆسەیەکی لەو شێوەیە، کۆمۆنیزمی کرێکارییە نەک خەباتی دژی لادەری(ڕویزیۆنیستی) و هتد.

بە بۆچوونی من کۆمۆنیزمی کرێکاریەکی لەم جۆرە تەنیا دڵسۆزانە مارکسیستییە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دژە لادەری و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بەڕاستی لە پەیوەندی نێوان لادەرخوازی و گۆڕینی کۆمۆنیزم بۆ ئامرازێک بۆ ئامانجەکانی دیکەی کۆمەڵگا تێگەیشتووە. ئەگینا من ناچار نیم بەرگری لە فۆرمولەکانی مارکس بکەم. ئەو گۆڕانکاریانەی پێم دەبەخشێت: چیتر لە هیچ وتارێکدا وتەیەک بەکار ناهێنمەوە، مەگەر ئارگومێنتەکەم بەهێز بکات. مارکس هەرچی وتبێت، ڕەنگە کەسێک بێتەوە و بڵێت مارکس بۆ بارودۆخێکی تر ئەمەی وتووە. دەمەوێت بڵێم تەنانەت جیاوازی هەیە لە هەڵوێست و ئارگومێنتی تیۆری و تۆ چ جۆرە کەسێکیت و چی بە کێ دەڵێیت و چۆن خەبات دەکەیت…

ئەمە درێژەی قسەوباسی کۆبوونەوەکەی پێشوو بوو. من لەگەڵ “تۆدا بە خودا” ناتوانم [پێکەنینێکی گاڵتەئامێز] کاریگەری لەسەر کەس دروست بکەم کە کاکە ئەمە گرنگە، بجوڵێ و… بنەماکە ئەمەیە و پوختەی من ئەمەیە: کۆمۆنیستی ئێرانی تا ئێستا مارکسیزمی وەک هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆژی قبوڵ کردووە .. ماوەیەکە بەدوایدا دەگەڕێت وەک زنجیرەیەک ئایدیاڵ و بیروباوەڕ سەبارەت بە داهاتووی کۆمەڵگا. بنەمای بنچینەیی مارکس، هەڵوێستێکە بەرامبەر بە دۆخی کۆمەڵگا و ڕوونکردنەوەی مێژووی ڕاستەقینە، مێژووی بەردەوامی کۆمەڵگا. ئەگەر کەسێک ئەو مێژووە نەبینێت، هەرچەند سوێند بە ئاینی سۆسیالیزم بخوات و ئایەت بهێنێتەوە، بڕوای پێ ناکەم چونکە مارکسیزم خەریکی ڕەخنە و دابەشکردنی یاسایی بوونی بزووتنەوەی کۆمەڵگەیە لە هەمان ئەوکاتەدا کە بەرەو پێشەوە دەڕوات، ئەو… یاسایی بوونی هاوچەرخی کۆمەڵگەیە. هەموو ئەو مارکسیزمە شۆڕشگێڕانەی بوو کە پێش پێکهێنانی حیزب و دوای ئەوە هەبووین ئەو پارچەیە مارکسیزمە. ڕوانگەی مێژوویی ئێمە کۆمەڵێک کەموکوڕی بنەڕەتی هەیە. لە نێوان شتەکانی تردا، لەبری مێژووی خەباتی چینایەتی، مێژووی خەباتی حیزبی و مێژووی خەباتی ئایدیۆلۆژیی هەبووە. ڕاستە لە پڕۆسەی خەباتی چینایەتیدا جێگایەک هەیە بۆ خەباتی بیرۆکەکان، بەڵام پێچەوانەی ئەمە جێگرەوەی ئەو دووانە قبوڵکراو نییە. لە هەمان کاتدا کە ئێمە بۆ ئایدیا خەبات دەکەین، خەباتی چینایەتی لە فۆرمێکی ڕووتی خۆیدا لە فۆرمێکی تردا بەرەو پێشەوە دەچێت. لە شێوەی هەڵهاتنی چینی کرێکار، کرانەوە و سووتانی لە بەرامبەر بۆرژوازی… شۆڕشێکی کردبوو بۆ ئەوەی بگاتە خاڵێک، ئێستا لە هەمان کاتدا کە ئێمە ئایدۆلۆژیایەک لە بەرژەوەندی چینی کرێکار بەرەوپێش دەبەین، ئەوان گەڕاونەتەوە و ئەژدادی دەربهێنن. ئەمە کرۆکی خەباتی کرێکارانە لە بەرە جۆراوجۆرەکانیدا. پەیوەندی بەمەوە هەیە. ڕێگە دەدات هێرش بکرێتە سەر ئەمە، ڕێگە دەدات ئەمە پێشبکەوێت… بەڵام مەرج نییە هەمیشە بەناچاری بەوشێوەیەسەیرمان نەکردووە. ئێمە کە جارێکی تر باشتر لێمانڕوانیەوە، چریکی فیدایی کە لە خەیاڵی خۆیدا پرۆلیتاریایە، لەبنەڕەتداخۆی پرۆلیتاریایە! کاتێک هێرش دەکەیتە سەر ڕادیۆکەی، خەریکیت هێرش دەکەیتە سەر پرۆلیتاریا! ئەم ڕەگانە لە ئێمەشدا هەبوون – بێگومان بە پشوودرێژیەکی زیاتروە. من دەڵێم ئەگەر قبووڵی بکەین کە بنەمای باسەکەی مارکس لەسەر ماتریالیزمی مێژوویی لەسەر سەیرکردنی چینی زرپ وزیندوو و خەباتی زیت وزیندووی و یاسای گۆڕینی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و دانانی لە بەر چاوی چینی کرێکار بووە ، و ئەگەر سەیری مێژووی ڕاستەقینە بکەین – مێژووی ڕاستەقینە – دەڵێم پێویستمان بە شێوازێکی بیرکردنەوە هەیە کە پشت بە ململانێی ڕاستەقینەی چینەکان ببەستێت و نەک بە ڕەوایەتی مێژوویی بیرۆکەکان، کە تایبەتمەندی ناسینەوەی هێڵەکەی ئێمەیە- بەبێ گوێدانە ئەوەی کە خۆمان چ باسێکی تری نەگوتراومان هەبووە و هەرگیز ئینسان گەلێکی زهنگەرا نەبووین وهتد،ئەوانە با لەشوێنی خۆیاندا بمێنێت،مێژووی ئەو قوناغەی چالاکی ئێمەیە مێژووی پاڵاوتنی بیروباوەڕی چەپە،مێژووی پێکهاتنی ڕێکخراوە مارکسیستییە دوورەکان لە ناسیۆنالیزم. ڕێکخراوە مارکسیستەکان کە ئامادەیی جددییان هەیە بۆ مەیلی کۆمۆنیزمی کرێکاری و تێکەڵبوون لەگەڵ بزووتنەوەی چینایەتیدا. بەڵام بە بڕوای من مێژووی ئەم قۆناغە کە دەبێ بە حیکمەت و لۆژیک بەڕێوە بچێت و وشەیەکی بۆ بەکار بهێنین، مێژووی سەرهەڵدانی کۆمۆنیزمی کرێکارییە لە ئێراندا. کۆمۆنیزمی کرێکاری لە دەستکەوتەکانی قۆناغی پێشووەوە دەست پێدەکات، بەڵام ناتوانێت بە هەمان ئاڵای قۆناغی پێشووەوە بەردەوام بێت، ئەو ئاڵایە بەس نییە. ئەو ئاڵایەی تر لەو دەرکەوتانەی کە لە باسە کرێکاریەکانماندا باسمان کرد،لەوێدالێدەدات – لەسکتاریزم، لە ئایدۆلۆژیگەری، لەلە مەکتەب گەرایی… ئەگەر بتەوێت هەمان ئاڵا بهێڵیتەوە، ئەوا لە هەموو ئەمانەدا دایدەنێیت. ئەو ئاڵایە ئاڵای ئەم سەردەمە نییە. باسەکەی من ئەمەیە.
بنەمای ئەم بابەتە زارەکییە. دەقی سەرەوە ئەو دەقەیە کە لە کاسێتەوە وەرگیراوە.
لە بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانی مەنسوور حیکمەت، پاشکۆی ژمارە ٢ – نیسانی ٢٠٠٧ بڵاوکراوەتەوە
هەم لەلایەن فواد عەبدوڵڵاهییەوە بۆ بڵابوونەوە لە هەڵبژرێردراوی بەرهەمەکان و هەم لەلایەن دێنیس ئازادەوە بۆ بڵاوکردنەوەی لەم سایتەدا دەستکاری ئەم دەقە کراوە.
دەقی سەرەوە کە هەندێک جار دەستکاری کراوە، لە هەڵبژاردەی بەرهەمەکان، پاشکۆی ٢ وەرگیراوە.

hekmat.public-archive.net #3968fa.html




سەبارەت بە “جەنگی ژەنەراڵەکان” لە سودان.. عەبدوڵڵا ساڵح

ڕۆژی ١٥ – ٤ – ٢٠٢٣، شەڕێکی توند لە سودان لە نێوان هێزەکانی بەناو پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ (محەممەد حەمدان دەگەلۆ)، نازناوی “حەمیدتی” و سوپای سودان بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ عەبدولفەتاح ئەلبورهان سەریهەڵدا، کە تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە، زیاتر لە لە دوو هەزار کەس کوژراوە و هەزاران کەس بریندار بوون، و نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی سودان ئاوارە بوون، و ە بەپێی خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان، 25 ملیۆن کەس پێویستیان بە یارمەتی هەیە لە وڵاتێکدا کە ژمارەی دانیشتووانی 45 ملیۆنە و یەکێکە لە هەژارترین وڵاتانی جیهان.
ئەم شەڕە بە ڕێکەوت هەڵنەگیرساوە، بەڵکو دەمێکە چاوەڕوان دەکرێ وەک دوا فیشەک بە دەستی هێزەکانی دژە شۆڕش بەرەو دڵی بزووتنەوە جەماوەریە فراوانەکەی ئەو وڵاتە کە داوای حکومەتێکی مەدەنی و دوورخستنەوەی هێزەکانی سوپا لە دەسەڵاتی سیاسی دەکرد.
ئەم هێزانە، لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی عومەر ئەلبەشیرەوە لە مانگی نیسانی ٢٠١٩، بەردەوام لە هەوڵدابوون بەدەوری ئەم بزووتنەوە جەماوەریە مەدەنیەوە بەشێوازی جۆراوجۆر تا لەباری بەرن و کۆتایی پێبێنن، سەرەتا لە ڕێگای دانوستاندن و دەرکردنی بەڵگەنامەی لێکتێگەیشتن ، وەک ئەوی ڕوویدا لەگەڵ هێزەکانی ئازادی و گۆڕانکاری ( قوى الحرية والتغيير ) ، دواتر لەڕێی کۆمەڵکوژیەکەی شاری خەرتوم دژی خۆپیشاندەران لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩ لەلایەن میلیشیای جەنجاوید (هێزەکانی پشتیوانی خێرا) لەبەردەم بینای فەرماندەیی سەربازی، ئەمجا کودەتاکەی ئەم دواییەی دژی دەسەڵاتی مەدەنی لەلایەن فەرماندەی سوپا عەبدولفەتاح ئەلبورهان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١.
ئەلبورهان، لە یەکێک لە قۆناغەکانی شەڕی پاکتاوکردن لە دارفور، فەرماندەی هێزی زەمینی بوولە سودان کاتێک میلیشیاکانی جەنجاوید بە سەرۆکایەتی (حەمێدتی) و بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی سوپا ئەم کۆمەڵکوژییانەیان ئەنجام دەدا، جگە لەوە ئەم دوو کەسە کەلە پێشەنگی بەرپرسیارێتیدا بوون لەسودان کاتێک هێزەکانیان بەشدارییان لە شەڕی یەمەندا کرد شانبەشانی هێزەکانی سعودیە و ئیمارات لە ژێر ناوی “هاوپەیمانی عەرەبی” لە ساڵی ٢٠١٥، دواتر لە دوای کودەتاکەی دژی ئەلبەشیر هەردووک ئەم جەنەراڵە یەکیان بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری ( رئاسة مجلس السيادة) و ئەوی تریان جێگرەکەی، و دوای ئەوەی هێزەکانیان هەموو ئەو شەڕانەیان پێکەوە کرد و کاریگەری هاوبەشیان پێکەوە هەبوو، هەروەها دوای هەوڵە زۆرەکانیان بۆ لەباربردنی ئەم بزووتنەوەیە بە هەموو شێوەیەک، هیچ ڕێگەیەکیان نەمابوو بۆ دامرکاندنەوەی و سەرکوتکردنی جگە لە ڕاگەیاندنی شەڕ لە نێوانیاندا… بەم جۆرە جەماوەری ئەو وڵاتەیان خستە بەردەم دوو بژاردە، یان داسەپاندنی حوکمڕانی بەزۆر یان ئاگربەردانە وڵات!
بەم شێوەیە شاهیدی پرۆسەی کۆتایی هێنان بە “بەهاری عەرەبی” ین لەسەر دەستی هێزەکانی دژە شۆڕش، وەک ئەوەی لە تونس، میسر، یەمەن، لیبیا، سوریا، جەزائیر، بەحرەین، عێراق و کوردستانی عێڕاق ، ئوردن، مەغریب، عومان، لوبنان، سعودیە ڕویاندا هەریەکەیان بەشێوەیەک، لێرەش ڕۆڵی سودان هات، ئەو سودانەی کە لە باقی ئەو وڵاتانە جیادەکرێتەوە بەهۆی کاریگەری هەلومەرجەکانی لەسەر وڵاتانی دراوسێی سودان، کە خاوەنی سیستمێکی سیاسی لەرزۆکن و باری ئابووری و کۆمەڵایەتیەکەیان شەق وشڕە.
دەستێوەردانەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە سودان کاری ئەمڕۆ نیە، بەڵکو لە دوای سەربەخۆیی سودان لە ساڵی ١٩٥٦ەوە دەستی پێکردوە، حوکمڕانی سەربازی لە ژێر ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیدا لەو کاتەوە دیارترین سیمای حکومەتەکان و فەرمانڕەواکانی ئەم وڵاتە بووە. سودان بە وڵاتێکی فرە نەتەوەیی گەورە و لەرزۆکی دامەزراوەکانی و سامانە ئابوورییە زەبەلاحەکانی دەناسرێتەوە، هەروەها بەهرەمەندە لە شوێنێکی جیۆپۆلەتیکی گرنگ، جگە لە پێگەی ستراتیجی لەسەر دەریای سوور، ئەمەش وای لێدەکات لەبەردەم تەماحی وڵاتانی ناوچەکەو زلهێزە نێودەوڵەتییەکاندا بێت و ببێتە ژینگەیەکی بەپیت بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئەم لایەنە دەرەکیانە، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی قەڕنی ئەفریقی لەگەڵ بەندەر و کەناراوەکانی، ئەمەش گەرەنتی کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتی زامن دەکات. یەکێک لەو ئامرازانەی کە هەندێک لەو لایەنانە پەنای بۆ دەبەن بریتییە لە پاڵنانی ئەم شەڕە بەرەو پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانی ئیخوان موسلیمین لەلایەن ژەنەڕاڵەکانی سوپاوە بە هیوای زیندووکردنەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییە ئیسلامییەکانی لە شێوەی “داعش و تاڵیبان” و ئەوانی تر، و دوورخستنەوەیان لە وڵاتانی تر بەرەو گۆڕەپانی سودان، کە تیایدا دەرگاکان بۆ دەستێوەردانی سەربازی لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکان بکرێتەوە بە بیانووی شەڕی دژ بە تیرۆر.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم شوێنە ستراتیژییە گرنگە، سودان بووەتە خاڵێکی بەردەوام گرژو ئاڵۆز، ئەمەش وایکردوە کە بێبەش بێ لە ئاسایش و سەقامگیری هەر لەو کاتەی سەربەخۆیی لە بەریتانیا وەدەستهێنا تا ئەمڕۆ بەردەوام لەوێ خوێن ڕژاوە و سەروەت و سامانەکەی بەتاڵان براوە و ژیانی سودانییەکان گۆڕاوە بۆ دۆزەخێکی بەردەوام، برسێتی و هەژاری و نەداری و نەخۆشی وپەراوێزخستنی سیستماتیکی سیمای ئەو وڵاتە بوون .
ئەمڕۆ زیاتر لە حەوت ملیۆن منداڵ و شانزە ملیۆن هاوڵاتی لە کۆی چل و پێنج ملیۆن هاوڵاتی بەدەست برسێتی دەناڵێنن لە وڵاتێکدا کە بەو هەموو سەروەت و سامانەوە بەناوبانگە و توانای دەستەبەرکردنی خۆراکی نەک تەنها بۆ دانیشتوانەکەی هەیە، بەڵکو بۆ دەیان وڵاتی دەوروبەریشی هەیە. “سەبەتەی خۆراکی عەرەبی” ئەمە نازناوەکەی سودان بوو بە هۆی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکان و بوونی سامانی سروشتی زەبەلاحەوە ، بۆ نموونە زێڕ کە بەرهەمی ساڵانەی بە نزیکەی ٩٠ تۆن (لە ساڵی ٢٠١٩) دەخەمڵێندرێت، کە یەکسانە بە پێنج ملیار دۆلار، لەلایەن دەسەڵات و دەسەڵاتدارانەوە تاڵان دەکرێت و ناگاتە دەستی دانیشتوانەکەی جگە لە بەشێکی کەمی کە دەچێتە گەنجینەی دەوڵەت.
بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەموو ئەو ڕاستیانەی پێشتر باسمان کرد، ناکرێ ئەم دۆخە لە بازنەی ململانێی نێوان دوو ژەنەراڵدا کورت بکرێتەوە و وەک کودەتایەک لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە کودەتایەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت کە لە سەرەتای سەربەخۆیی ئەم وڵاتە بە بەردەوامی ڕویداوە، بە پێچەوانەوە ئەمە بەرهەمی ململانێیەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی یە لە ژینگەیەکی “عەرەبی / ئەفریقی/ نێودەوڵەتی” پڕ لە ململانێ و بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی لە نێوان تەماحی ئەم وڵاتانەدا لە سامانی زەبەلاحی سودان.
ئێمە لێرە باسی دەرئەنجامی ئەم شەڕە ناکەین لە ئەگەری سەرکەوتنی هەریەکێک لەو دوو لایەنە یان وەستانی شەڕی نێوانیان و گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان، بەڵام ئەوەی بەدڵناییەوە باسی لێوە دەکەین ئەوەیە کە گەورەترین دۆڕاو لەم نێوەدا ئەو جەماوەرەیە لە سودان.
لای ئێمە شاراوە نییە کە یەکێک لەو هۆکارانەی کە سودانیان بەرەو ئەو دۆخە ناهەموارە برد، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لاوازییانەی کە ئەم بزووتنەوەی جەماوەرییە دوچاریان ببو کە دیارترینیان نەبوونی ئاسۆیەکی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕانە و سەرکردایەتییەکی شۆڕشگێڕ کە پێداگر بێ لەسەر پرەنسیپەکان و هێڵێکی سوری جیاکەرەوە بکێشێ لە نێوان هێزەکانی شۆڕش و هێزەکانی دژە شۆڕشدا بەبێ هیچ سازشێک. سەرەڕای ئەوەش، ئەوەی باس کراوە ئەوەیە کە ئیرادەی جەماوەر و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆیان تەنیا وتەنیا ئومێدێکەبۆ ڕاگرتنی ئەم کۆمەڵکوژیە بە یەکجارەکی و گەڕاندنەوەی ڕەوتی ئەم بزووتنەوەیە بۆ ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی خۆی لە پێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر بۆ دانیشتوانەکەی.

19/6/2023




كچه‌ ئه‌ڵوه‌نزاده‌ سه‌ركێشه‌كه‌: ده‌سه‌ڵاتی كوردی منی به‌ سه‌گ داناوه‌.. سەلام عەبدوڵڵا

ئیمڕۆ یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد پاش تێپه‌ڕبوونی 10 ساڵ به‌سه‌ر ماڵئاوایی د. ئه‌حلام مه‌نسوور، به‌ناویه‌وه‌ خه‌ڵاتیان به‌خشی به‌ چه‌ند ژنێكی نووسه‌ر و ئه‌كادیمی شاره‌كه‌مان. دكتۆره‌ باجی خۆی دا وه‌ك خاوه‌ن كه‌سایه‌تی زانستی نه‌ك خۆفرۆش، رۆژنامه‌نووسێكی به‌جه‌رگ نه‌ك وه‌ك رۆژنامه‌فلوسه‌كان، رۆشنبیرێكی ئۆرگانی نه‌ك وه‌ك قه‌ڵه‌مفرۆشه‌كانی سوڵتانه‌كان و حزبه‌كانیان كه‌ به‌رده‌وام به‌روویانا ه‌وه‌ستا و به‌ دز و سته‌مكار و گه‌نده‌ڵ و كرێگرته‌ ده‌زانێ. به‌م بۆنه‌یه‌ به‌ كورتی باسی گه‌وره‌یی و گرنگی به‌رهه‌مه‌كانیم پێشكه‌ش كرد:
ئه‌حلام له‌ چیرۆكی (وێنه‌) كه‌ به‌ عه‌ره‌بی نووسیویه‌تی، ئه‌ڵێ‌(من مردوویه‌كم له‌ناو ماڵه‌كه‌م، وه‌ك شه‌هیدێك ده‌مرم.). به‌ڕاستی هه‌ر به‌و شێوه‌یه، به‌ ته‌نهایی و به‌ خه‌مباری و دنیایه‌ك دڵشكاوی‌ ماڵئاوایی كرد له‌ ژیان: (مانگ هه‌موو چركه‌یه‌ك ده‌ست به‌ گریان ده‌كات. ئایا چاوم ئه‌شكه‌وته‌؟). نا ئه‌شكه‌وت نیه‌، ناڕه‌زایه‌تیی دژ به‌ سه‌رشێتی سیستێمی نامۆبوونی مرۆڤ، ژانی له‌دایكبوونه‌ بۆ ژیانێكی نوێ.
به‌خۆی له‌وپه‌ڕی ئازاری مرۆیی هاتۆته‌وه‌ و له‌ وڵامی پرسی ته‌ناییه‌كه‌ی، ده‌ڵێ: ره‌نگه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ بڵێن: له‌ماڵه‌وه‌ دانیشتووه‌ و تێگه‌یشتووه‌ كه‌ روحی ماندووه‌ و بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه‌، هیچ كارێكی نیه‌، بێجگه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌، هیچ كارێكی تری نیه‌. من وڵامیان ناده‌مه‌وه‌، چونكه‌ عیشقم خۆشه‌ویستیی له‌گه‌ل عیشقدا ده‌كا.)
ئه‌ڵوه‌نزاده‌كه‌مان‌ له‌راده‌به‌ده‌ر متمانه‌ی‌ به‌خۆ هه‌بووه‌: (ئه‌زموونه‌كه‌م وه‌ك چیایه‌كی به‌رزه‌ و گه‌ردوون به‌ردی بناغه‌ی له‌ناو دڵی روحم داناوه‌، بۆیه‌ خوێنبه‌ره‌كانم بوون به‌ رووبار و دڵم كانزایه‌كی ئاڵتوونه‌، ژه‌نگی پێی ناوێرێ).
به‌خۆی وه‌ك رۆشنبیرێكی ئۆرگانی ده‌یزانی وشه‌كانی به‌ ئاره‌ق و شكستی هه‌ژاران ئامێته‌ بووه‌ و به‌ڕووی دووڕووه‌كان ده‌ته‌قێته‌وه‌: (پێموابێت مانگ مه‌یی بێهوایی ده‌نۆشێت و لاپه‌ڕه‌كانم خوێن….ئێوه‌ به‌رده‌وام ده‌مامكتان داناوه‌ و ناتوانن وێنه‌كه‌ به‌باشی ببینن. من له‌ هیچ هه‌نگاوێكی رابردووم په‌شیمان نیم).
هه‌ر له‌ هه‌مان وتار رووی قیزه‌وه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارن پیشانده‌دا و ده‌ڵێ: (له‌نێوچه‌وانم درووشمی ئازادی و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی درۆینه‌كانی سیاسه‌تمه‌داره‌كانی كوردستان لێ نه‌نووسراوه‌).
دكتۆره‌ زاده‌ی خۆشه‌ویستی مرۆڤ بۆ مرۆڤه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سه‌رتاپا ساخته‌ كه‌ قینه‌یان له‌ سه‌رڕاستی هه‌ستاوه‌: (چونكه‌ من خۆشتانم ده‌وێ و ئێوه‌ش رقتانه‌ له‌ من و به‌ردتان تێده‌گرتم. ئێستا میژووی مرۆڤایه‌تی به‌ردتان تێده‌گرێ) و رووبه‌ڕوو به‌ به‌ پۆلیسیان ده‌شوبهێنێ: خۆتان ماندوو نه‌كه‌ن وله‌ییرتان نه‌چێت، ئێوه‌ پۆلیسن).
گریان بۆ ئه‌حلام سه‌فه‌رێكی له‌ مێژینه‌ی مرۆڤه‌، خۆیشی گریانه‌كانی جارێ به‌ مانگ و جارێ به‌ خدری زینده و باڵنده‌كان‌ ده‌سپێرێ: (ئه‌وه‌ته‌ خدری زینده‌ به‌ كوڵ ده‌گرێ تا كات، ئه‌ستێره‌ و په‌یگه‌ر و باڵنده‌ و داره‌كان ده‌گرین، به‌ڵام نه‌ من ده‌گریم و نه‌ وێنه‌كه‌ی نێوچه‌وانم…)یان(له‌ رۆژێكی ترسناك، سه‌رماوسۆڵدا، مانگ بێداریكردمه‌وه‌ و له‌پێناومدا ده‌ستی به‌ گریان كرد و وتی: ئه‌وانه‌ گاڵته‌یان پێكردی…من له‌پێناو ره‌نجه‌ به‌باچوو و ئاه وناڵه‌كانت ده‌گریم.)
هه‌ر وه‌ك چۆن كه‌س نازانێ خانه‌قین(شارێكه‌ لوناو باخ یان باخێكه‌ له‌ناو شار)، به‌هه‌مان شێوه‌ نازانین ئه‌حلام ئه‌ڵوه‌نه‌ یان ئه‌ڵوه‌ن ئه‌حلامه‌: (له‌ گۆرانییه‌كی رووسی(هه‌ردومان كناری رووبارێكین قه‌ت یه‌ك ناگرنه‌وه‌ و له‌یه‌كجیانابنه‌وه). به‌و شێوه‌یه‌ من و عیشق كناری رووبارێكی خوێناوین.).
‌له‌ كتێبه‌كه‌ی(ئه‌زموون). لێره‌ ئه‌م دیالۆكه‌ گه‌وره‌یی هه‌ڵویست و بڕوای وه‌ك ژنێكی نوێ ده‌رده‌كه‌وێت، چه‌نده‌ هیوای به‌رزه‌، به‌ڵام وه‌ك هه‌ر مرۆڤێك هه‌ندێ جار بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێری و بێزاری داگیریكردووه‌: (

  • روحت و ده‌روونت ده‌گۆڕمه‌وه‌
  • نامه‌وێ. ده‌مه‌وێ هه‌ر خۆم بم و وه‌كو خۆم بمێنمه‌وه‌.
  • بۆ؟
  • وا له‌دایكبووم، وا ژیام و به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌مرم
  • چیته‌؟ بۆچی بێده‌نگی؟
  • هیچ
  • ئه‌ی بۆ بێزار دیاری؟
  • بێزاری بۆته‌ پێستم)
    ئه‌حلام به‌وپه‌ڕی بڕواوه‌وه‌ بێمنه‌تی خۆی له‌ ئاست مردن و خودی ژیان و ته‌نانه‌ت یه‌كانگیری له‌گه‌ل خودا پیشانده‌دا: (گه‌یشتمه‌ حاڵه‌تی نیرڤانا، به‌رزترین پله‌ی بوون و له‌حاڵه‌تی یه‌كێتی بووندام له‌گه‌ل خودا…. چی دی هیچم ناوێ. ئه‌گه‌ر گیانیش له‌ده‌ست بده‌م. گوێی ناده‌مێ، چی ده‌بێ با ببێ.)
    هه‌روا دكتۆره‌ به‌ نه‌پساوی خاوه‌ن هه‌ڵویستی خۆی بووه‌ و سازشی نه‌ناسیوه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێ: (ده‌سه‌ڵاتی كوردی منی به‌ سه‌گ له‌ قه‌ڵه‌م داوه‌)
    لێره‌ش ده‌بینین به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو تاڵی و وێرانی دۆخی خه‌ڵكه‌كه‌،‌ ره‌شبینی رووی تێده‌كات و ده‌كه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خودا: (نه‌ مردن و نه‌ خه‌و ده‌مباته‌وه‌، نازانم كه‌ی رۆژده‌كاته‌وه‌. ژیانی من ته‌نیا شه‌و ده‌یكاته‌وه‌ و رۆژیشم تاریكه‌….تاریكستان له سیخوڕیستانی كوردستانی ژێر به‌ ژێر فرۆشراو.
  • خودایه‌ له‌ زمانم تێده‌گه‌یت؟
  • به‌ڵێ تێده‌گه‌م. ئێوه‌ ده‌سه‌تدارانتان هه‌میشه‌ نۆكه‌ر بوون
  • به‌داخه‌وه‌ ده‌زانم ده‌مێكه‌ ئه‌م راستیه‌م به‌دیكردووه.

ده‌بوو ئه‌م ئه‌ڵوه‌نزاده‌ یاخییه‌ پاش 100 ساڵ له‌دایك ببێت: ئه‌حلام ‌وه‌ك گوڵێكی سووره‌ له‌ناو وێرانی، خۆشه‌ویستیه‌ له‌ناو فه‌زای جه‌نگ و خوێنڕشتن، سه‌رڕاستیه‌ له‌ناو دنیایه‌ك له‌ دووڕوویی، له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا تێڕوانینی نه‌ریت و مه‌زهه‌ب وه‌ك مڵۆزه‌م یه‌خه‌ی گرتووه‌‌.
لێره‌ ژنانی چینێكی دیاریكراو دێنه‌ گۆ، ئامه‌ ره‌شه‌ ده‌بێته‌ ده‌نگی چه‌وساوه‌كان له‌ شۆڕشی 1958 له‌ شاره‌كه‌. ئه‌حلام هاواری ژنه‌ ژێرده‌سته‌كانه‌ دژ به‌ جیهانگیری سه‌رمایه‌داری و ئابووری و كلتووری نامۆیی لیبڕالیزمی نوێ و نموونه‌ه‌كانیان له‌ ریزی ژنان و دژ به‌ ژنان: ئه‌م سیستێمه‌یه‌ كه‌ فێمیساید، چه‌وساندنه‌وه‌ و ئاواره‌یی و بێكاری و زه‌وتكردن و لاقه‌ و كچه‌ مۆدێل و له‌شفرۆشی له‌ دنیا به‌رفراوانتر كرددوه‌!
به‌شی دووهه‌م دوایی

له‌ په‌راوێزی خوێندنی رۆمانی(ئه‌ڵوه‌ن)
له‌سه‌رده‌می به‌درخانییه‌كانه‌وه‌ هیچ نوسینێكی فێمنستی به‌ ره‌هه‌نده‌ سۆسیالیست و واقیعییه‌كه‌ی به‌ زمانی كوردی نه‌نووسراوه‌ به‌تایبه‌تی به‌ زاراوه‌ی كه‌ڵهوڕی تێكه‌ڵ به‌ سۆرانی). له‌بواری رۆماندا( ئه‌ڵوه‌ن) ده‌نگی ژنه‌ هه‌ژار و په‌راوێزخراو و زه‌وتكراو و لێقه‌وماو و ماندووكانه‌. پاش نووسینی ئه‌م رۆمانه‌ به‌ 27 ساڵ، به‌ڕێز خه‌نده‌ مه‌حه‌ممه‌د جه‌زا كتێبێكی بڵاوكرده‌وه‌ به‌ناو(ئۆقیانووسێك له‌ تاوان) كه‌ هیچی له‌م رۆمانه‌ كه‌متر نیه‌.
راسته‌ دكتۆره‌ وێنه‌ی( كامۆ)ی له‌ ژووره‌كه‌ی هه‌ڵواسیوه‌ و راستیشه‌ له‌ هه‌ندێ نووسین مۆركی بێهوده‌ییان هه‌یه‌، ئه‌ی چاوه‌ڕوانی چی له‌ ژنه‌ یاخییه‌ك بكه‌ین له‌ناو ئه‌م زبڵخانه‌ كه‌رپیاوسالارییه‌؟
په‌یامی رۆمانی ئه‌ڵوه‌ن ریچكه‌یه‌بێهوده‌یی نه‌گرتووه‌‌ و نموونه‌ی ئه‌ده‌بی ریالیستی سۆسیالیستیه‌، قاره‌مانی رۆمانه‌كه(‌ئامه‌ ره‌ش) باوشی ژن و مناڵه‌(ئه‌حلام)‌ تۆقێنراو و هه‌ڕه‌شه‌لێكراو و به‌ زۆره‌ملی له‌شفرۆش و هه‌ژاره‌كانه‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م.‌
ئامه‌ ره‌ش(دایه‌نی ئه‌حلام)له‌گه‌ل‌ هه‌ژاری و بێده‌ربه‌ستییه‌كه‌ی ئاگای له‌ ده‌وری خۆی هه‌بوو.
كه‌سایه‌تی حه‌سه‌ن توتنچی و دوكانداره‌كانی ده‌وربه‌ری دوكاتی باپیره‌ی، یه‌كه‌م نموونه‌ی سته‌مكاری پیاوسالارانه‌یه‌ له‌ ژیانی ئه‌حلامی هه‌رزه‌كار كاتی ده‌چێته‌ سه‌ر دوكانی باپیره‌ی تا له‌ نوێژ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌حم رووبه‌ڕوویان ده‌وه‌ستێته‌وه‌: (ئه‌ی دوێته‌ فره‌ جه‌ربه‌زه‌س…ئاخر چوین وه‌ئیمه‌ ئویشد گه‌واد…درووكه‌ن…دووفاقی و دوو به‌ره‌كی و درۆده‌كه‌ن)
نه‌ك هه‌ر دوكانداره‌، مالی ره‌شید به‌گ به‌ هۆلاكۆ و ته‌یمورله‌نگ و ره‌به‌نه‌كانی سه‌ده‌ی ناوه‌راست و ره‌شید به‌گیش به‌ راسپۆتین شوبهاند. له‌گه‌لیدا كاتێ زوڵمكاری حاجییه‌ك ده‌بینێ پێی ده‌ڵێ: تاوان خوداس… تو حاجید،له‌ خوددا پاڕێده‌و، وه‌ شورته‌ و كه‌له‌پچه‌ عاله‌مه‌گه‌ خاس كه‌ید؟) هه‌روا ئه‌كبه‌ر سه‌گكوژ بوو و سه‌عه‌ ده‌هۆڵچی قه‌له‌ره‌شه‌كانی ده‌كوشت)
گه‌رچی ئامه‌ ره‌ش ژنێكی نه‌خوێنده‌وار و هه‌ژار و چاره‌ڕه‌شه‌، كه‌سایه‌تییه‌كی ئاشتیخوازی دژ به‌ جه‌نگ و كوشتنیشه‌‌: (چه‌ند جار وتمه‌سه‌ پیان: خوین مه‌رژنن).
ئێستا مناڵ فڕێدان زیاتر بووه‌ له‌ جاران ، له‌ رۆمانه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر زه‌ق ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌، بۆ نموونه‌ وه‌ك هه‌واڵ ده‌گات ئامه‌: (مناڵیگ له‌به‌رده‌م مزگه‌وت فڕێدانه‌) و له‌وه‌ش تراژیتر ئه‌وه‌یه‌، هه‌ر كچێك یان ژنێك مناڵی سرووشتی ببێت، به‌نهێنی له‌لایه‌ن ئامه‌وه‌: (شوین گومیان كه‌م..قه‌حرخۆم، به‌س چه‌ بكه‌م).
ئه‌حم خۆڵ ناكاته‌ چاوكان و هه‌ر باسی ژن وه‌ك به‌ شێوه‌ی ئه‌رینی ناكات و راشكاوه‌ باسی فه‌ریده‌ به‌ربووك و ئه‌نه‌ ئه‌ڵماس چۆن قه‌واده‌یی بۆ حه‌سه‌ن ئاغا كردووه‌: (حه‌سه‌ن ئاغا دۆست نه‌نه‌ ئه‌لماس بی،‌ ژ‌ن جوانیش ئه‌رای ئه‌هاورد).
له‌ رۆمانه‌كه‌، ئه‌ڵوه‌ن رۆڵی فریادره‌س ده‌بینی له‌ ژیانی ئامه‌ و خودی ئه‌حلام، نه‌ك ته‌نها له‌م به‌رهه‌مه‌، به‌ڵكو له‌ چه‌ندین به‌رهه‌م و وتاری تر، هه‌ر چۆن په‌نای بێ ناهانه‌، ئه‌ڵوه‌نیش به‌هه‌مان شێوه‌: (ئامه‌ هه‌ر كه‌ خه‌م دایده‌گرت، ده‌ستمی ده‌گرت و ده‌یبردم بۆ سه‌ر ئه‌ڵوه‌ن و خه‌مه‌كانی ده‌دا به‌ ده‌م رووباره‌كه‌وه‌).
خه‌مه‌كانی زیاتر خه‌می ژنان و كچانی شار بوو، بۆ نموونه‌: ( فه‌یمه‌ 3 رۆژ بوو له‌ناو خانه‌كه‌ مردبوو، بونی كردبوو….بووكه‌كه‌ی شه‌فه‌ بنی نیه‌)
ئه‌حلام دیارده‌ی كوشتنی بووك به‌ هۆی جیاواز پیشانده‌دا و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی ئامه به‌ ده‌م تلیاق خواردن و جگه‌ره‌كێشان یان سه‌رخۆشییه‌وه‌ دنیا ده‌گرته‌وه‌‌: (ئای كه‌ وێنه‌یه‌كی سامناك بوو…له‌توپه‌تیان كرد. ئامه‌ هه‌زار جوێنی دا به‌ شه‌فه‌ و سه‌ید زاده‌ و دایكی باوكی و هه‌موو خانه‌قین، به‌ مه‌ و شه‌رع و مه‌رع، به‌ نێر و مێ).
هۆكاری فێمیساید له‌ رۆمانه‌كه‌ حه‌سه‌ن ئاغای ده‌ره‌به‌گ و هاوڕێی قائمقام و به‌ڕێوبه‌ری پۆلیس و به‌رپرسسه‌كانی تر بوو: ( حه‌سه‌ن ئاغا ئه‌مر كرد بكوژنه‌ی).
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رووداوه‌كانی رۆمانه‌كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی (چایلغ)ه‌، ئه‌حلامیش رۆڵی چاودێریش ده‌بینی و ده‌نووسێت : (ئیتر چایلغ له‌و رۆژه‌دا نه‌ك ته‌نیا نموونه‌ی هه‌موو جیهان بوو، به‌ڵكو مێژووی هه‌موو مرۆڤایه‌تی له‌ چاو ئه‌و چه‌ند سه‌د مناڵه‌ به‌ وردی دیار بوو.)
هه‌ر له‌ مناڵییه‌وه‌ ئه‌لفوبێی دركی به‌ جیاوازی چینایه‌تی كردووه‌و رۆڵی پێشره‌وایه‌تی بینیوه‌ له‌ناو مناڵه‌كان. ئه‌حلام ئه‌مه‌ له‌ بیروه‌رییه‌كانی له‌باره‌ی رۆژانی جه‌ژن ده‌رخستووه‌ : مناڵه‌ هه‌ژاره‌كان له‌ رۆژی جه‌ژن: (رۆژی جه‌ژن بۆ مناڵه‌ هه‌ژاره‌كان ده‌بوو به‌ هه‌زار سه‌عات……ئه‌گه‌ر گه‌وره‌ بید چه‌ كه‌ی. گه‌وره بید سێ حكومه‌ت ده‌یده‌ یه‌كه‌و)
شانازی و سه‌رسامی ئه‌حلام به‌ كه‌سایه‌تی (ئامه‌ ره‌ش)ی دایه‌نی و باوه‌شی میهره‌بانی و دڵنه‌وایی گه‌یشتۆته‌ ئه‌و راده‌یه‌ كه‌ له‌ وڵامی پرسیاری(تو دوێت كید؟): ده‌مویست بڵێم ئامه‌ ره‌ش…له‌ سینه‌ما له‌ باوه‌شی ئامه‌ خه‌وی لێده‌كه‌وت.)
له‌ رۆمانه‌كه‌ زۆر به‌ ده‌گمه‌ن باسی هاوسه‌ری ئامه‌ حاجی بیسمیلا) ده‌كرێ، ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی ‌رووكه‌ش.‌ دایكی 3 كچ بووه‌(سه‌عدیه‌ و سعاد و وه‌جیهه‌). سه‌عدیه‌ له‌لایه‌ن ره‌حیمه‌ كه‌چه‌ڵ زه‌وتكرا و كه‌ناسه‌كه‌ ده‌ستی راستی به‌ خوێنه‌كه‌ی وه‌ردا و به‌سه‌ر وچاوی ره‌حیمه‌ كه‌چه‌ڵ هێنا. ره‌حیمه‌ به‌خۆیشی گه‌وادی له‌سه‌ر سه‌عدیه‌ ده‌كرد: ( ره‌حیمه‌ كه‌چه‌ڵ پیاوهكانی ده‌هێنا و مراقب به‌له‌دیه‌كه‌ش و به‌ هه‌ڕه‌شه‌ ….وووو)
سه‌عدیه‌ له‌پێناو ئه‌وه‌ی ئازار دایك و باوكی نه‌بینێ: (نه‌وتی رژانه‌ سه‌ر خۆی و به‌ شخارته‌ ئاگری خۆی دا.
له‌ناو خه‌ڵك باسی (بێ بنه‌یی سه‌عدیه)یان ده‌كرد‌: (دوێته‌گه‌ی گان ئه‌یا….ئامه‌ خۆیشی).
ئه‌حلام له‌م باره‌یه‌‌ ئه‌ڵێ: (دوێتم لای خوداش شكات نێكه‌م…ئامه‌ ماڵ به‌ ماڵ و دوكان به‌ دوكانی ده‌كرد و زیاتر تلیقاقی ده‌كێشا و چاكتر مه‌ست ده‌بوو…زۆرجار له‌ چه‌ڵپاوی رێگاكاندا ده‌كه‌وت ئه‌وجا نه‌ك هه‌ر مناڵه‌كان، پیاوه‌ گه‌وره‌كان و ئه‌فندیه‌كانیش گاڵته‌یان پێده‌كرد و خۆیشی وڵامی كه‌سی نه‌دایه‌وه‌ و گاڵته‌ی به‌وان و دنیا ده‌كرد).

ئامه‌ی هه‌ژار(هاوڕێ فاتمه‌ گوێری بێوه‌ژن و پاقڵه‌فرۆش بوو و پێكه‌وه‌ سه‌ردانی پرسه‌كانیان ده‌كرد).
ئه‌حلام‌ لێره‌وه‌ هه‌نگاویكی تر ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ خستنه‌رووی گرێ و ململانییه‌كان:
مچه‌ تورشیفرۆش، به‌یانیان خایه‌ و نیوه‌ڕوان تورشی و شه‌ویش پاره‌كه‌ی ده‌دا‌ عه‌ره‌ق. ئه‌ی چی به‌ پاره‌كه‌ی بكات؟
گرنگی مچه له‌ گرنگی ئامه‌ كه‌متر نیه‌، كه‌سایه‌تییه‌كی تری تراژیدی ‌رۆمانه‌كه‌یه‌، كوڕی باوكێكی هه‌ڵهاتوو له‌ شاره‌زوور و هه‌ژاره‌، له‌لای حه‌سه‌ن ئاغا كاری ده‌كرد و ئه‌م له‌بری خوداوه‌ند چاره‌نووسی ره‌شی بۆ ئه‌به‌د دیاری كرد. ئه‌و كاته‌ مچه‌ دركی به‌ دنیا كرد، به‌ چاوی خۆی ده‌یبینی دایكی چۆن له‌شفرۆشی ده‌كات و رقی له‌ باوكییه‌، به‌ڵام نه‌یده‌زانی دایكیشی له‌لایه‌ن دڕنده‌كه‌وه‌ به‌ زۆره‌ملی زه‌وتكراوه و به‌خۆیشی مناڵێكی سرووشتیه‌. لێره‌و و له‌وێ گوێ له‌ قسه‌ی خه‌ڵك ده‌بوو، ئه‌مه‌ بوو به‌ گرێ كوێره‌ و دوای وڵام ده‌گه‌ڕا: كوڕی كێیه‌؟
له‌ گفتوگۆیه‌ دڵته‌زێن له‌نێوان مچه‌ و ئامه‌ ئاراسته‌ی رۆمانه‌كه‌ دیاری ده‌كرێت. ‌
ئامه‌ جێگای متمانه‌ بوو، بۆیه‌ مچه‌ باسی هه‌ستی خۆی بۆ فاتمه‌ی له‌لادا كرد، به‌و ته‌مایه‌ بیگه‌یه‌نێت به‌ دڵبه‌ره‌كه‌ی: ئامه‌ باسی هه‌ستی خۆشه‌ویستی مچه‌ی تورشی و خایه‌فرۆشی بۆ فه‌یمه‌ زۆر به‌ جوانی كرد.
گه‌وره‌ترین سوێندی ره‌مه‌زان (وه‌ پاكی ئامه‌ قه‌سه‌م) بوو. ره‌مه‌زان له‌گه‌ل سه‌به‌ كچی و پیرۆزی ژنی خێزانێكی تری هه‌ژاری چایله‌غ بوون له‌گه‌ل پوره‌ سوڵتانه‌ی كوێر و سواڵكه‌ر.
ره‌مه‌زان وه‌ك پیاوێك كه‌سایه‌تی ئیجابی ناو رۆمانه‌كه‌ی و ئه‌حلام هاوڕێتی سه‌به‌ی كچی كرد و یاری له‌گه‌ل ده‌كرد و دڵیده‌دایه‌وه‌، چونكه‌ به‌رده‌وام به‌ هۆی كاری باوكییه‌وه‌ سووكایه‌تی پێده‌كرا: (زۆربه‌ی ئێواران ده‌چووم بۆ كه‌لاوه‌ شڕه‌كه‌ی ماڵ سه‌به‌ و پێكه‌وه‌ به‌ لۆكه‌ و په‌ڕۆ كۆن بووكه‌شووشه‌مان ده‌رووست ده‌كرد. ئه‌وه‌نده‌ سه‌به‌م خۆشده‌ویست ناتوانم باسی ئه‌و سۆزه‌ پاكه‌ بكه‌ كه‌ هیچ لافاوی قینی چینایه‌تی بیڕوخێنێ. ده‌ربه‌ستی لێدان نه‌هاتم ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر حه‌ق و ناحه‌ق لێیاندام. پاش هه‌موو تێهه‌ڵدانێك ئامه‌ له‌باوه‌شی ده‌گرتم و فرمێسكه‌كانمی ده‌سڕیه‌وه‌:
(هیچ شتێك تامی ئه‌وه‌ی نه‌بوو سه‌ر له‌‌ سه‌ر سنگی ئامه‌‌ بنێم).
مه‌لیحه‌ ناوی یه‌كێك بوو له‌ كڵۆڵه‌كانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان، به‌بێ دایكی گه‌وره‌ بوو. باوكی دایكی كوشتووه‌، هه‌ر جارێ پرسیاری دایكی بكربا، یه‌كسه‌ر وه‌ك جانه‌وه‌ر پێ ده‌وت: (جاریكی تر بپرسید سه‌رت بڕم). مه‌لیحه‌ی به‌دبه‌خت له‌ مناڵانی گه‌ڕه‌ك و له‌ ته‌نانه‌ت له‌ كچ و ژنه‌ گه‌وره‌كانیش گوێ له‌ قسه‌ی و قسه‌لۆك ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ته‌ فریادره‌سی ژانی سته‌ملێكراوان وه‌م فریشته‌ په‌یدا بوو: (ئامه‌ ناخی خۆی ده‌كرده‌ گۆڕستان تا خه‌م و په‌ژاره‌ی ئه‌و كچه‌ به‌سته‌زمانه‌‌ تێدا بشارێته‌وه‌). ئه‌حلام به‌م شێوه‌یه‌ كاره‌كته‌ری باوكی مه‌لیح ه‌ وه‌سف ده‌كات: (باوكی مه‌لیحه‌ باوك نه‌بوو، هیچ نه‌بوو جیای بكاته‌وه‌ له‌ هه‌ر جانه‌وه‌رێك.
باوك مه‌‌لیحه‌ خه‌ریك بوو مه‌لیحه‌ به‌ شوو بدا، به‌ڵام به‌كێ؟ به‌ كه‌سێكی قیزه‌وه‌ن، بۆیه‌(مه‌لیحه‌ په‌نای بۆ ژنه‌ پیره‌كه‌ی دراوسیان ده‌برد كه‌ هه‌موو پێان ده‌وت میمی….میمی كه‌سی به‌ پیاو نه‌ده‌زانی). میمی دیسان به‌خۆیشی قوربانی ده‌ستدرێژی سێكس بوو له‌لایه‌ن قه‌ساوێكه‌وه‌.
میمی له‌باره‌ی پلانی به‌شوودانی مه‌لیحه‌ زۆر به‌ توڕه‌یی هه‌ڵده‌چێ و ده‌ڵێ: گوی وه‌ روح خاوه‌نیان توان بێنه‌ده‌ حوسه‌ قاچاخچی، ئه‌یه‌ خوداش قبووڵی نێكه‌د، به‌س دنیا نه‌ وه‌ حه‌ز منه‌ نه‌ وه‌ حه‌ز تو. ئه‌ی سه‌ك باوگه‌ وه‌ عومر باباده‌.
مه‌لیحه‌ بیر له‌ هه‌ڵهاتن ده‌كاته‌وه‌ و لێی ده‌پرسێ: (ئه‌ڕا كوره‌ هه‌ڕا بكه‌م، خودا له‌ كوره‌س تا بچمه‌ لای. تو جاری ئه‌ڕام په‌یای بكه‌. له‌ كوره‌ خۆم بشارمه‌وه‌. بچمه‌ ناو ته‌نویره‌گه‌ یان ناو كولانه‌گه‌؟
میمی: هههههه فه‌رقی نیه‌، ده‌ست گرن و خه‌نه‌ده‌ ناو ته‌نویره‌گه‌.
ئه‌حلام به‌شێوه‌یه‌كی ئۆستادانه‌ زۆری تاوانی ده‌ستدرێژی سێكسی به‌م شێوه‌یه‌ ده‌خاته‌ روو:
(میمی هاواری له‌ده‌ستدانی كچێنییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن فه‌تاح قه‌ساب له‌گه‌ل هاواری مه‌لیحه‌ تێكه‌ڵ كرد) و پێی وت بۆ فریادڕه‌سه‌ بلیمه‌ته‌كه‌یان بۆ بانگ بكات: (خۆم چاره‌د كه‌م، خۆم چاره‌د كه‌م بچیده‌ كوره‌، بكه‌فیده‌ی ده‌س گورگه‌یل تر فایده‌ی نیه‌. بچووه‌ لای ئامه‌ ره‌ش بانگی بكه‌ ئه‌ڕام ئامه‌ ره‌ش وه‌ك فریادره‌سێك)
مچه‌ ئێستا تێگه‌یشت له‌ مه‌به‌ستی ره‌فه(باوكی مه‌لیحه‌) كاتێ ده‌هات بۆ ماڵیان، جگه‌ره‌ی له‌گه‌ل خۆی نه‌ده‌هێنا و ئه‌وه‌یشی بۆ روونبووه‌وه‌ كه‌ ره‌فه‌ گوادیشی ده‌كرد، بۆیه‌ بیر له‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ ره‌فه‌ ده‌كاته‌وه‌: (ئیمرو منیش مه‌مگ دوێته‌گه‌ی ره‌فه‌ فلیقانم و حه‌ق خۆم سه‌ندم)
دایك و باوكی مچه‌ له‌ ماڵ حه‌سه‌ن ئاغا كاریان كرد و پێیان باس كردبوو كه‌(حه‌سه‌ن ئاغا وه‌ دایگد كرد و دویاخر وه‌ زوور دانه‌ی باوگد).
نووسه‌ری رۆمانه‌كه‌ به‌ زمانی كچێكی جوان) هاوسۆزی خۆی له‌گه‌ل مچه(مناڵێكی سرووشتیه‌)‌ ده‌رده‌بڕێ پێی ده‌ڵێ: (گویزه‌ل ئۆغڵان). ئیتر مچه‌ه‌ شیره‌مه‌نیفرۆش و ناتر و بار هه‌ڵگر، ئاشقی كچه‌كه‌ ده‌بێ.
كه‌سایه‌تی مچه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا رۆڵی زیاتر ده‌بینێ له‌ په‌ڕه‌سه‌ندنی رۆمانه‌كه‌:(مچه‌ راهاتووی ئازار بوو، خۆی ئازار بوو)
له‌ناو خه‌م و په‌ژارو سووكایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌ژاری و گۆمانه‌كانی گه‌نجێك نازانێ كێ باوكێتی و بۆی ده‌گه‌ڕێ، له‌ شه‌وێكدا‌ دایكی خۆیی كوشت( وای ده‌زانی ئه‌و لكانه‌ له‌ نه‌وچه‌وانی بوو ئه‌گه‌ر به‌ر تفی مه‌لیحه‌ نه‌كه‌ون سپی نابنه‌وه‌) و بردی بۆ سه‌ر قه‌بری”باوكی”. له‌م كاته‌ ترسناكه‌دا ئامه‌ ره‌ش په‌یدا ده‌بێ و دیالۆكێكی هه‌ژێنه‌ر و دڵته‌زێن دێته‌پێش:
(مچه‌: ئامه‌ ئه‌ڕا كه‌ كۆرپه‌ بیم زینده‌ وه‌چاڵ نه‌كردیده‌م ئه‌ڕا هیشتیده‌م له‌ی دنیا پیسه‌ تا ئه‌ی كرده‌وه‌یله‌ گشتی بانه‌ سه‌رم. مچه‌ هه‌مان قسه‌كانی دایكی دووباره‌ كرده‌وه‌ كه‌ هیواداربووه‌ لافاوه‌كه‌ بیبات و نه‌جاتی بێت و ئه‌م هه‌موو ده‌رده‌سه‌ری و به‌ده‌به‌ختیه‌ نه‌بینێ)
ئامه‌ قسه‌كانی فاته‌ی دایكی مچه‌ وه‌بیرهاته‌وه‌ كه‌ چۆن هاوار و تكاكردنیشی به‌هانای نه‌هاتن و حه‌سه‌ن ئاغا به‌پلان و به‌زۆره‌ملی زه‌وتی كردووه‌. هه‌روا باوكی(مچه)ش‌ باسی شه‌وی زه‌وتكردنی فاته‌ی بۆ ئامه‌ ره‌ش گێڕاوه‌ته‌وه.‌
حه‌سه‌ن ئاغا له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی دڕنده‌یه‌كی بێبه‌زه‌یی بووه‌، له‌گه‌ل ژنه‌ یاساییه‌كانیشی درۆزنی كردووه‌ و دووڕوو بووه‌ له‌گه‌لیان.
كاتێ كرێگرته‌ و خزمه‌تكاره‌كان له‌نێو خۆیان باسی كوشتنی ئاغاكه‌یان و كوشتنیان كردووه‌؟ له‌وڵامدا وتویانه‌(كی ئیوه‌تمان كه‌د؟) و هه‌ندێكیان ده‌ڵێن(خۆمان زه‌ویه‌گه‌ی له‌ناو خۆمان به‌ش كه‌ین)، یه‌كێكیتر وتوویه‌تی(ئینجا حكومه‌ت چوین ری ده‌د. كشتمان گرێین و حه‌بس كرێین و ماڵ و مناڵمان له‌ وه‌رگی مرن).
هوشیاری ئه‌و زوڵملێكراوانه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ ده‌ڵێن: (قه‌در سه‌گه‌كان له‌لای ئاغا له‌ ئیمه‌ زیاتره)‌ و ئه‌حلام به‌م شێوه‌یه‌ باسیان ده‌كات: (ره‌نجبه‌ره‌كان هه‌موو شتێكیان ده‌زانی…ده‌یانزانی ئاغا هیچ نیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مان نه‌بن، باوه‌ڕیان به‌خۆیان هه‌بوو. له‌ناو یه‌كدا پشتگیری یه‌كتریان ده‌كرد و بۆ یه‌ك ده‌سووتان و یارمه‌تی یه‌كتریان ده‌دا). ئه‌مه‌ راسته‌ به‌ڵام به‌كرده‌وه‌ رارا و بێهه‌ڵویست بوون و هیچیان نه‌كرد و كه‌ په‌یدا ده‌بوو سه‌ریان بۆ داده‌نواند:
(له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێكیان ده‌زانی و له‌ناخه‌وه‌ رقیان له‌ ئاغا بوو، كه‌چی هیچیان نه‌ده‌كرد. كه‌ ئاغا ده‌رده‌كه‌وت، ره‌نگیان زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕا وهیچیان پێنه‌ده‌وترا جگه‌ له‌(ئاغا ئه‌مر كه‌ید…به‌ڵێ ئاغا..)

دیداری مچه‌ و ئامه‌ له‌سه‌ر قه‌بران تروپكی رۆمانه‌كه‌یه‌:
(ره‌نگه‌ هیچ ساتێك ته‌مه‌نی تاریكی و بێده‌نگی له‌ ژیانی ئامه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و شه‌وه درێژ نه‌بووبێت). ئامه‌ له‌ خۆڕا فێری تلیاقخواردن نه‌بووه‌و، ویستویه‌تی كاره‌ساته‌كانی بیربچێته‌وه‌. یه‌كێك له‌وانه‌ وه‌ك نموونه‌ كاتی له‌دایكبوونی مچه‌یه‌: (هه‌موو رۆژه‌كه‌ ده‌گریا). ئه‌حلام وه‌ك بڵێی قه‌ده‌ری مچه‌ هه‌ر له‌ كاتی له‌دایكبوونیه‌وه‌ دیاربووه‌: (هیچ كاتێ رۆژێ له‌ ته‌مه‌نم وه‌ك ئه‌و رۆژه‌ نه‌گریاوم. مچه‌ بۆ شیر و منیش مه‌گه‌ر خوا به‌ گه‌وره‌یی خۆی بزانێ چه‌ند به‌ كوڵ و بۆچی ده‌گریام.)
دكتۆره‌ وێنای تراژیدی تاوانی زه‌وتكردنه‌كه‌ ده‌كات و كاریگه‌ری له‌سه‌ر باوكی مچه‌ و له‌ زمانی ئامه‌وه‌ ده‌نووسێت: ده‌روونی ئاگری ئه‌گرد وه‌ك ئاگری‌ كادانه‌كه‌. ئه‌و ئاگره‌ له‌ كادانه‌كه‌ قژ سه‌ری چه‌رمی كرد‌. ئه‌و دویكه‌له‌ له‌ یاروو له‌ كادانه‌كه‌ ده‌رچی بییه‌ په‌رده‌ییگی ره‌ش وه‌ر چاوه‌گانی پووشی و كووری كرد).
ئامه‌: (سه‌رم بێسه‌ قه‌ورستان). ئامه‌ دیداری خۆی له‌گه‌ل مام سه‌مین گۆڕهه‌ڵكه‌ن باس ده‌كات كه‌ چۆن هه‌ر له‌و دیداره‌ كۆرپه‌ی(نایاسایی) لوتفیه‌ی كچی مكاك سه‌مین پێیه‌ و ده‌یه‌وێ له‌گۆڕی بنێ. له‌لایه‌كه‌وه‌ ئامه‌ ده‌ترسێ و له‌ولاوه‌ سۆزی مام سه‌مین بۆ كۆرپه‌كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بزانێ.
شۆڕشی 1958 لایه‌نی تری رۆمانه‌كه‌یه‌ و دكتۆره‌ له‌ دیدی ژنانی هه‌ژار و زۆرلێكراوان دژ به‌ سته‌مكاری حكومه‌ت و په‌یمانی به‌غدا، ده‌خاته‌ روو و ئامه‌ ره‌ش وه‌ك پێشه‌نگی ژنان پێمان ده‌ناسێنێت:
دایكی : عنقلابه‌
(ده‌شێ هۆی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ گه‌وره‌یه‌ی خانه‌قین ئه‌و هه‌مكه‌ زوڵم و زۆره‌ بێ كه‌ ببوه‌ كۆت و ده‌م و زمانی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ستبووه‌وه‌ . به‌راستی رۆژی هه‌ژار و ئاواره‌ و لێقه‌وماو و به‌شخوراوان بوو. كه‌ بینیان ئامه‌ ره‌ش له‌ پێشی خۆپیشاندانه‌ گه‌وره‌كه‌ی شاره‌وه‌، هه‌ژار پێویستی به‌وه‌ نه‌ما كه‌سێكی مانای شۆڕشیان بۆ روون بكاته‌وه‌.
پیرۆز بێ حلفی به‌غدا روخا…ئیستعمار و كلكه‌كانی گۆڕبه‌گۆڕ كران…)

  • ئامه‌ كۆڕی بۆ ژنان و پیاوان ده‌به‌ست. هه‌رچی هه‌ژار هه‌یه‌ به‌ده‌وری كۆبوونه‌وه‌
  • ئامه‌ زۆر به‌ گه‌رمییه‌وه‌ داوای خۆشه‌ویستی و یه‌كگرتنی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی ده‌كرد…شۆڕش هی ئێوه‌یه‌ و بۆ ئێوه‌یه‌ و ..بیپارێزن…رۆژی شه‌ره‌ف و گه‌رامه‌تی هه‌ژارانه‌)
  • هه‌موومان تاوانیارین(بێده‌نگی …نه‌زانین..قایل بوون…ملكه‌چی)… (داوای لێبووردنی ده‌كرد)
  • ئامه‌: موسته‌شاری هه‌ژاران و ده‌نگی راسته‌قینه‌یان…كۆتری ئاشتی…شاژنی شار
  • به‌داخه‌وه‌ حه‌سه‌ن ئاغایشی له‌ كوشتن رزگار كرد
  • ئامانجی خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ شۆڕشه‌كه‌ به‌دی نه‌هات.
    پاشان هه‌ر بۆ ئامه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و دۆخیه‌كه‌ی پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕش، روون ده‌كاته‌وه‌: (جار جار ده‌بینرا، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ به‌ مه‌ستی به‌ رێگه‌دا ده‌ڕۆیشت، له‌تری ده‌دا..تومه‌ز ئه‌وی بێچاره‌ش له‌ وه‌ڕه‌سی رووی كردۆته‌ هه‌مان به‌زمی تلیاكێشانه‌كه‌ی جاری جارانی)
    ئه‌وجا باسی زه‌وتكردنی ژنێكی حه‌سه‌ن ئاغا ده‌كرێ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بۆگه‌نی خێزانی خه‌سه‌ن ئاغا: (زه‌ینه‌ب ژنی حه‌سه‌ن ئاغا له‌لایه‌ن كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌وه‌ زه‌تكرا)
    كاتی خۆی حه‌سه‌ن ئاغا‌ له‌سه‌ر رووبار كچێكی جوان وه‌ك(زه‌ینه‌ب) ده‌بینی چۆن له‌گه‌ل خۆشه‌ویسته‌كه‌ی(عه‌لی) به‌نهێنی یه‌كتریان له‌ ئامێز گرتووه‌. ئاغا ده‌كه‌وێته‌ داڕشتنی پیلانێك: كوشتنی عه‌لی(دۆستی زه‌ینه‌ب) به‌ده‌ست نوور(پیاوی حه‌سه‌ن ئاغا) بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ینه‌ب بخوازێ
    زه‌ینه‌بیش پاش زه‌وتكردنی: (خۆیی خنكاند)
    حه‌سه‌ن ئاغا ته‌نها شێوه‌ی له‌ مرۆڤ ئه‌چێ. ئه‌م جاره‌یان كچی برای(مه‌ریه‌م) زه‌وتده‌كات و ده‌ی‌كوژێ و براكه‌ی خۆی سه‌عدی(باوك مه‌ریه‌م)یش ده‌رمانخوارد ده‌كات.
    حه‌سه‌ن ئاغا پرسیار له‌ ئامه‌ ئه‌كات:
  • ئامه‌ چوین بچمه‌ لای خودا؟ چه‌ بویشمه‌ پی؟
  • جه‌نه‌ت!! هه! جه‌نه‌ت ها له‌ كوره‌؟ وه‌ ده‌س كی كه‌فد؟ دنیا خۆی قیامه‌ته‌
    حه‌سه‌ ئاغا چوو بۆ لای ئامه‌ ره‌ش به‌و مه‌به‌سته‌ بیكوژێ، چونكه‌ سوور ده‌زانێ به‌وه‌ی كه‌ ئامه‌ ئاگای له‌ هه‌موو تاوانه‌كانی هه‌یه‌. داوای ئاوێنه‌ی كرد له‌ ئامه‌ تا پڕ به‌دڵ سه‌یری خۆی بكات….ئاوێنه‌كه‌ی شكاند به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان بێته‌ ده‌نگ، ویستی سه‌ری ئامه‌ی پێ ببڕێت به‌ڵام نه‌یتوانی له‌ شوێنی خۆی هه‌ستێته‌وه‌، پارچه‌یه‌كی تری له‌ ئاوێنه‌كه‌ شكاند و چه‌قاندی سه‌ر دڵی خۆی.
    جا كێ بڕوا ده‌كات به‌وه‌ی حه‌سه‌ن ئاغا خۆیی كوشتووه‌؟ له‌ كوێش؟ له‌ماڵی ئامه‌ ره‌ش.
  • میمی تو باوگم كوشتی؟
    كچه‌كانی حه‌سه‌ن ئاغا له‌ پۆلیسخانه‌ په‌نجه‌ بۆ ئامه‌ درێژ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئامه‌ وڵامی هیچ پرسیارێك ناداته‌وه‌. خه‌ڵكه‌ بوون به‌ دوو به‌ره‌. به‌ره‌یه‌كیان ده‌یانوت ئامه‌ ده‌مێكه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی داوه‌ و به‌ره‌كه‌ی تر به‌رگریان له‌ ئامه‌ ده‌كرد.
    زۆری نه‌برد له‌شار هه‌واڵێكی تر بڵاوبووه‌وه‌ و سه‌چاوه‌كه‌ی پۆلیسێك بوو به‌ناو(ئه‌مین هیتله‌ر) گوایه‌ مچه‌ به‌خۆی له‌ پۆلیسخانه‌ ئاماده‌ بووه‌ و وتوویه‌تی: ( من وه‌ ده‌س خۆم له‌ ماڵه‌گه‌ی ئامه‌ حه‌سه‌ن ئاغا كوشتمه‌). هه‌ندێ له‌وانه‌ی چڵكاوخۆری ماڵ حه‌سه‌ن ئاغا بڕوایان به‌ قسه‌كه‌ی مچه‌ كرد و ده‌یانوت(مچه‌ گه‌وره‌ بیه‌ و زاند حه‌سه‌ن ئاغا چه‌نی ته‌عدا له‌ دایكی ئه‌كرد. دی حه‌ق خۆی و دایگی له‌لی سه‌ند).
    مچه‌ هه‌ندێ جار له‌ناو خه‌ڵك هاواری ئه‌كرد و ده‌یوت: (نه‌ نه‌ ئامه‌ حه‌سه‌ن ئاغا نه‌كوشتیه‌. ئامه‌ پیاوكوژ نیه‌).
    مچه‌ له‌ بارودۆخێكی ده‌روونی خراپ چوو بۆ لای مه‌لیحه‌ له‌شفرۆش، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان مه‌لیحه‌ قایل نه‌بوو خۆیی بۆ رووت بكاته‌وه‌، له‌به‌رده‌می دانیشت و پێیوت: ئامه‌ حه‌سه‌ن ئاغا كوشت. عاله‌م وه‌ها ئویشن.)
    مه‌لیحه‌ به‌ هێمنی خه‌تای له‌شفرۆشییه‌كه‌ی له‌ئه‌ستۆی مچه‌ هه‌ڵده‌گرێ(خه‌تای تو نه‌وی…من هه‌ر چاره‌ ره‌شه‌گه‌م ئه‌هاوردمه‌ بان ئه‌ی كاره‌…تاوان تو نه‌وی، تاوان باوه‌ ژنم بی و خۆشم ترنۆك بیم و ئه‌ی كاره‌ قبووڵ كردم. ئه‌گه‌ر خاس بیاتام خۆم ئه‌كوشتم….گشت روژیك و گشت شه‌ویگ عاله‌م وسن ئه‌ڕام…هه‌ر ده‌قیقه‌ییگم مردنه‌…روژی هه‌زار جار مرم و زینگه‌و بووم….)
    مه‌لیحه‌ هه‌ست و بیری خۆی وه‌ك سۆزانییه‌ك به‌ ژان و خه‌مباری و گریانه‌وه‌ بۆ مچه‌ ئه‌گێڕێته‌وه و پاشان ئه‌ڵێ كێ ناڵی تۆ له‌من به‌دبه‌ختتری، به‌ڵام تۆ پیاوی ئه‌توانی قسه‌ بكه‌، من ناتوانم قسه‌ش بكه‌م. گاڵته‌ی به‌ خوداش دێ و ئه‌ڵێ هه‌ر ئه‌وه‌‌ مابوو مه‌لایكتان بێن بۆ لام، ته‌نانه‌ت حاجی و مه‌لا و فه‌قیه‌كانیش ده‌چوون بۆ لای.
    مچه‌ ئه‌م جاره‌یان بێده‌نگ نه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئینسانبوونی خۆی بسه‌لمێنێ و به‌ مه‌لیحه‌ی وت:
    ‌(گوش مه‌ته‌كن، مه‌ترس، هه‌ر چوینیگ بوو من قوتارد كه‌م و خوازمه‌د، سه‌ر هه‌ڵگرین، ئه‌ڕا شاریكی تر چیمن و…له‌ی جه‌هه‌نمه‌ قوتار بووین…دوویر، فره‌ دوویر كه‌فیمن. باوه‌ڕ بكه‌ وه‌ فقه‌وره‌گه‌ی…)
    له‌م كاته‌ ئیتر مه‌لیحه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی برینداركردنی مچه‌ی هه‌بێت باسی حه‌سه‌ن ئاغای(سه‌گ باوگ)ی بۆ كرد و چۆن ده‌ستی نه‌پاراستووه‌ له‌ هیچ كژ و ژنێك و (10 مناڵ دیرد، مناڵه‌گان نێزانن كی باوگیانه‌).
    مچه‌ دیالۆكی خۆی و ئامه‌ی بیركه‌وته‌وه‌ له‌سه‌ر قه‌بران: ( ئامه‌ بویش كوڕ باوگ خۆمم یا نه‌؟)
    و رۆیشت.
    ئیتر مچه‌ تا به‌یانی خه‌وی لێنه‌كه‌ت و سبه‌ی چوو بۆ پۆلیسخانه‌ و به‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی وت( من حه‌سه‌ن ئاغا كوشتم)و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قسه‌كه‌ی نه‌گۆڕی و دوا داوای ئه‌وه‌ بوو بیبه‌ن بۆ لای ئامه‌ ره‌ئ و داوای لێبووردنی لێ بكات، چونكه‌ بێتاوانه‌ و بووه‌ به‌ هۆی زیندانكردنی و پاشان پۆلیس هه‌رچی لێ ئه‌كه‌ن با بیكه‌ن.
    هه‌ر كه‌ گه‌یشته‌ لای ئامه‌، یه‌كسه‌ر به‌ده‌م گریانه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌ر ده‌ستو قاچی و وتی: ئه‌ڕا كوشتیده‌ی؟ من بكوشتامه‌ی خاستر نه‌وی؟ حه‌ق ئه‌ی عاله‌مه‌ له‌لی بسه‌ندام…ئاخر ئه‌ڕا؟ ئه‌ڕا؟
    لێره‌ ئه‌حلام دوا گرێی رۆمانه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه و به‌ده‌م ئامه‌ ره‌شه‌وه‌ ده‌ڵێ:
    (نه‌ كوڕم. چوین بود كوڕ باوگ خۆی بكوژد. هه‌ر چه‌ بوود باوگیه‌)
    له‌م رسته‌ دنیا له‌به‌رچاوی مچه‌ ره‌ش بووه‌وه‌، ده‌یویست حه‌قیقه‌تی خۆی بزانی:
    یه‌كسه‌ر مچه‌ وه‌ك پڵنگ ده‌ستی خسته‌ بینا قاقای ئامه‌ و خنكاندی به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی بێت، مچه‌ رێ له‌ ‌قسه‌كه‌ی ئامه‌ بگرێ، نه‌یویست بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌روونی وێرانی…..ه‌ده‌میه‌وه‌ هاواری ده‌كرد: ئامه‌ بیژ ئامه‌، من كوڕ باو‌گ خۆمم یا ….؟ بیژ
    ‌یاساوڵه‌ چه‌نده‌ به‌ قۆناغه‌ تفه‌نگ به‌ربووه‌‌ گیانی مچه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌ستی پێنه‌كرد تا ئامه‌ له‌به‌رده‌ستی ساردبووه‌وه‌. ئه‌وجا هه‌ستی كرد هێزێكی زۆر سه‌یر له‌ په‌نجه‌ی ده‌ستییه‌وه‌ بۆ سه‌ری هه‌ڵده‌كشێت، دڕندانه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر پۆلیسه‌كه‌ و تفه‌نگه‌كه‌ی له‌ده‌ستی سه‌ند، هێنایه‌ سه‌ر پێ و فیشه‌كێكی نایه‌ نێوچه‌وانی خۆی و په‌له‌ خۆێنی سوور و گه‌رمی خۆی پژانده‌ سه‌ر ته‌رمه‌كه‌ی ئامه‌.
    (رێككه‌وت نه‌بوو سه‌ری مچه‌ له‌سه‌ر سنگی ره‌شی ئامه‌دا‌ دوا ئارامی گرتبوو و هه‌رچی خه‌م و په‌ژاره‌ و ئاواره‌یی هه‌بوو له‌رێی خوێنه‌كه‌ی سه‌ریه‌وه‌ ده‌تكایه‌ ‌سه‌ر سنگی ئامه‌ و كراسه‌ شڕه‌كه‌ی ئامه‌ خوێنه‌كه‌ی ده‌مژی.)
    ئه‌حلام به‌م شێوه‌یه‌ كۆتایی هێنا به‌ رۆمانی ژنانی سته‌مدیده‌ و خه‌ڵكی هه‌ژار و په‌راوێژخراوه‌كان، به‌ڵام هێشتا هه‌ر ته‌سكینی به‌دڵ نایه‌ت و ئه‌م جاره‌یان راسته‌وخۆ و به‌ روونی دێته‌ گۆ:
    وێنه‌كه‌ی ئامه‌ ده‌دڕێ و ده‌ڵێ: بمبووره‌ هه‌ی پیرۆزتر له‌ دایك….چیت بۆ بنووسم…ئاممه‌ گه‌وره‌تری له‌ نووسین
    ئه‌حلام پارچه‌ شیعره‌كه‌ش ده‌دڕێ و ده‌یخاته‌ سه‌ر پارچه‌ وێنه‌ دڕاوه‌كه‌ی ئامه‌، په‌نا بۆ حه‌پی تروپ تیزۆل ده‌بات بۆ خه‌وتن، گڵۆپه‌كان ده‌كوژێنێته‌وه‌ به‌ره‌و جیهانی خه‌و چاوه‌كانی له‌یه‌ك ده‌نا، به‌ڵكو سنگه‌ ره‌شه‌كه‌ی ئامه‌ وه‌ك چۆن له‌ مناڵی فرمێسكه‌كانمی هه‌ڵده‌مژی، ئه‌م جاره‌یان خه‌م و په‌ژاره‌ییم هه‌ڵمژێ و ده‌سته‌ زبره‌كانی به‌ میهره‌وه‌ بهێنێته‌وه‌ به‌ سه‌رما.
    دكتۆره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و وه‌ك بڵێ كورتی هێنابێت له‌ وه‌سفر ئامه‌، هه‌ر تینوێتی پێی ناشكێ و دووباره‌ به‌ پارچه‌ شیعره‌ك ئامه‌ ره‌شمان پێده‌ناسێنێ:
    ئه‌ی ئامه‌ی سه‌ر گۆڕستان
    ئه‌ی گۆڕستانی گه‌ڕۆك و ئاواره‌
    سه‌رت
    نه‌زرگای خۆت بوو
    سه‌رت
    ئیمام و پیر و پیاوچاكان بوو
    سه‌رت
    دۆزه‌خی هه‌میشه‌یی گیانی وێڵت بوو
    ئامه‌ سه‌رت
    له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی گۆڕستان بوو
    هه‌رچی نزای مرۆڤ هه‌بوو
    هه‌رچی نوێژی ئێواران هه‌بوو
    ئا له‌وێوه‌
    بۆ باره‌گای یه‌زدان ئه‌چوو……
    خه‌ڵكت فێركرد
    سه‌ربه‌رز بژین
    خه‌ڵكت فێركرد
    بۆ سه‌ربه‌ستی خۆبه‌خت كه‌ن
    ئه‌ی ئامه‌ ره‌ش
    ئه‌ی مرۆڤی راستگۆ و یه‌ك روو
    ئه‌ی چاوتێری خاوێن و پاك
    ئه‌ی سه‌ربه‌رز
    ئه‌ی سه‌ربه‌ست
    ئه‌ی ئامه‌ ره‌شی دایه‌ن
    ئه‌ی مامۆستای نه‌خوێنده‌وار
    ئه‌ی تێكۆشه‌ر
    هیچ كه‌متر نیت له‌ راهیبه‌یه‌كی ده‌ربه‌ده‌ر
    هیچ كه‌متر نیت
    له‌و كه‌سانه‌ی وه‌كو پێغه‌مبه‌ر
    نامه‌ی خۆیان
    به‌ مرۆڤفی كڵۆڵ وڕنده‌ ئه‌گیه‌اند
    ئه‌ی ئامه‌
    ئه‌ی دایه‌ن
    پێغه‌مبه‌ران نامه‌ی خوایان پێ بوو بۆ ژیان
    تۆیش نامه‌ی مرۆڤڤت پێ بوو بۆ یه‌زدان….

كۆرپه‌ی مرۆڤ ده‌كوژن
تا ئێره‌ به‌ هه‌موو خستنه‌ڕوو و هه‌ڵسه‌نگاندنی رۆمانه‌كه‌ به‌ كه‌مووكوڕییه‌وه‌، ئێستا ده‌بێ ئه‌م پرسیاره‌ كه‌ین: ئایا ئێمه‌ له‌ به‌ پێی چ یاسایه‌كی نووسراو و نه‌نووسراوی دڕنده‌ ده‌ژین؟
ئه‌مه‌ چ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌ به‌ ئاشكرا یان نهێنی رێگه‌ به‌ كوشتنی كۆرپه‌ی مرۆڤ ده‌دا چونكه به‌ گوێره‌ی تێگه‌یشتن و یاسا و رێسا و نه‌ریتی نه‌هاتۆته‌ دنیا؟
له‌گه‌ل هه‌موو به‌رزی ئاستی رۆمانه‌كه‌ و بیانووه‌كان بۆ پاراستنی ژیان و ئابرووی ژنان و كچان و خێزانه‌كانیان‌ له‌و سه‌رده‌مه، ئایا‌ رێگه‌یه‌كی تر نه‌بووه‌ بۆ پاراستنی كۆرپه‌كان؟ ئایا هوشیاری نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستیانی چاره‌سه‌رێكی ئینسانیتر؟
ئه‌وه‌ چ ئینسانییه‌ت و كه‌رامه‌ت و شه‌ره‌ف و سه‌ربه‌زییه‌كه‌ خۆی له‌ كوشتنی كۆرپه‌ ده‌بینێته‌وه‌؟
نه‌خێر، ئه‌و قۆناغه‌ به‌ ئێستاشه‌وه‌، په‌ڵه‌یه‌كی ره‌شه‌ به‌ نێووچه‌وانی هه‌ر یه‌كێك له‌ ئێمه‌ و مرۆڤایه‌تی. هیچ هۆیه‌ك قابیلی قبووڵ نیه‌ بۆ ئه‌م دڕندایه‌تییه‌ نیه‌: به‌ڵێ چاره‌سه‌ری ترشایان به‌ مرۆڤ هه‌یه‌:
له‌م چه‌ند ساڵه‌ دیارده‌ی كۆرپه‌ فڕێدان له‌سه‌ر(زیڵخانه‌، به‌رده‌م مزگه‌وت و كناری شه‌قام و سه‌رڕێگاكان) زیاتر به‌رچاوده‌كه‌ون، به‌ڵام هه‌وڵی تری مرۆڤدۆستانه‌تریش هه‌بوو: كاتێ كچێك رووبه‌ڕی ده‌ستدرێژی ده‌بێته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا مناڵی ده‌بێ. ئه‌م رووداوه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڕه‌شه بۆ كوشتن، به‌ڵام به‌ ده‌ستوه‌ردان و هه‌وڵی هاوڵاتییه‌ك، چاره‌سه‌رێك دۆزرایه‌وه‌، نه‌ كچه‌كه‌ و نه‌ كوڕه‌كه‌ و نه‌ كۆرپه‌كه‌ تیرۆركران.
له‌ زۆربه‌ی وڵاتان مافی مناڵی یاسایی و مناڵی سرووست یه‌كسان كراون. كاتی ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان له‌م وه‌حشیگه‌رێتیه‌ رزگار بكه‌ین و چیتر كۆرپه‌ی مرۆڤ زینده‌به‌چاڵ، فڕێدان و كوشتن نه‌بنه‌وه‌.

له‌ وتاره‌كانی:
1- له‌ وتاری(ده‌سه‌ڵات) ناڕه‌زایه‌تی خۆی ده‌رده‌بڕی دژ به‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێم و ده‌نووسێت( ئیمرۆ رۆژی قومار و قاچاخچێتیكردنه‌ به‌ نه‌وت و ئه‌تك به‌ یه‌كتری كردن و بێ وه‌فایی و بێ كاری و بێ كه‌لتوور سالاریه….ده‌عوه‌تی سه‌رمایه‌داره‌ كورده‌كان له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌ بۆ دوورگه‌ی هاوای…‌ و بۆ جیڤارایه‌ك ده‌گه‌ڕێ وڵامی ئه‌م بارودۆخه‌ بداته‌وه‌…بۆشایی روحی…..ئێستاش سه‌رمایه‌داری سالارییه…سه‌رلێشێواوی: قه‌یرانه‌كه‌ ته‌نها قه‌یرانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی نیه‌، به‌ڵكو قه‌یرانی وره‌ دابه‌زین و رووخان و كۆس كه‌وتنه‌ و ره‌نج بێوه‌ری و هه‌ناسه‌ ساردی میلله‌ته‌‌)…
2- بۆ ریش چوو، سمێڵیشی نایه‌ سه‌ر: باسی له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك ده‌كات و نه‌فره‌ت له‌رووی داگیركه‌ری به‌ریتانیای داگیركه‌ر تا هه‌تا هه‌تایه‌ ره‌ش بێت)
3- هۆ گه‌رلیاكان هۆ: چیم ده‌وێ؟ ئێوه‌م ده‌وێ. ئێوه‌ كێن؟ ئێوه‌ منن
4- میلله‌ته‌كه‌م: ئینتما بۆ مناڵان و هه‌ژارانی میلله‌ته‌كه‌م ئه‌تپه‌ره‌ستم گیانم فیدات بێت، هه‌میشه‌ داده‌ی مناڵانت له‌ ئۆغردایه‌. ویژدان بۆ تۆ چاو بۆ تۆ و ئه‌خلام مه‌نسووریش بۆ تۆ.
5- خه‌ونێكی ره‌ش و خوێناوی: به‌ ره‌شبینی باسی قه‌یره‌كان ده‌كات و له‌دواییدا ده‌نووسێ: چاره‌نووسمان هه‌ر بێده‌نگییه‌ و به‌س! مردنێكی هه‌میشه‌یی و بێ هیواین له‌ ژیان. ئه‌مه‌ راستی چاره‌نووسی ژنی كورده‌.
6- منیش له‌ زیندانم له‌ كوردستانێكی ئازاد: گه‌نجان، بێوه‌ژنه‌كانی ئه‌نفال، هه‌ڵه‌بجه‌، زیندانییه‌كانة قه‌یره‌ كچان ، پێشه‌رگه‌، گه‌ریلا
7- كرێكاره‌كان، بێكاره‌كان، برسیه‌كان….ئه‌مرۆ به‌‌ره‌تان ده‌كه‌مه‌وه‌ وه‌ك هه‌موو رۆژێك، ئێوه‌ نه‌بوونایه‌ وه‌كو سادق هیدایه‌ت خۆمم ده‌كوشت. من له‌ پێناو ئێوه‌دا بووم به‌ ویژدان، پێنووسه‌كه‌م هه‌ر ئه‌مانه‌تی ئێوه‌یه‌ و له‌ گیرفانمدایه‌، نایفرۆشم، نه‌مفرۆشتووه‌، ئه‌یبه‌م به‌ ژێر گڵه‌وه‌….بڕوام به‌ حزبه‌كان نیه‌..منیش ئۆپۆزیتسیونێكی ته‌نیام، گوێم هه‌یه‌ به‌ڵام كلكم نیه، ناشبمه‌ كلكی كه‌س. من تۆم، تۆ منیت. مه‌ده‌د!‌
8- ئه‌ی شۆڕشگێڕانی جیهان مه‌ده‌د: له‌ به‌غدا هاوڕێی شه‌هید ئارام و ره‌فیق سابیر بووم. ئه‌م دووانه‌ رێگای راستیان پیشاندام و قاچم نه‌خلسكیا، ته‌سلیمی راگه‌یاندنی به‌عس نه‌بووم….به‌تاقی ته‌نیا وه‌ك شیوعییه‌ك تا ئه‌م ساته‌ ماومه‌ته‌وه. هیچم نیه‌، ته‌نها خۆم و پێنووسه‌كه‌م. له‌ هیچ ده‌زگایه‌ك كار ناكه‌م، چونكه‌ جێگه‌م نیه‌…زۆر به‌خته‌وه‌رم چونكه‌ پێنووسه‌كه‌م نه‌فرۆشته‌ هیچ جزبێك:
من چی بكه‌م به‌م سه‌ره‌، فێر بووه‌ به‌ ناعه‌داڵه‌تی بڵێ نا)!….

روونی له‌ خۆشاردنه‌وه‌یه‌ نه‌ك له‌ وشه‌كان‌،
‌حه‌قیقه‌تمان له‌ سات و چركه‌كانی‌ جێژوانی بێده‌نگیمانه‌،
له‌ ‌پاڵ ئاوازێك، كناری شعرێك یان له‌ قه‌دو باڵای گۆرانییه‌كه‌‌‌
له‌وانه‌یه‌
له‌سه‌ر باڵی په‌ڵه‌ هه‌ورێك یا سێبه‌ری نه‌مامێكه‌:
باران ئه‌بارێ،
ده‌نگی ئه‌بیستم و بۆنی ئه‌كه‌م
چاو بۆ ئاسوو هه‌ڵده‌بڕم،
روخساری ئه‌بینم
كه‌ هاوه‌ڵی مۆسیقا ئه‌كه‌م
له‌گه‌ل بێده‌نگی ئه‌و،
په‌نگ ئه‌خۆمه‌وه‌.
هه‌رچی ئه‌كا یا نه‌كا
بۆ هه‌ركوێ بچی یا نه‌چی
هه‌ر له‌ مه‌ودای هه‌ناسه‌مه‌
كه‌چی نه‌ ئه‌و دیاره‌ و
نه‌ منیش ئوقره‌ ئه‌گرم
هه‌ر هێنده‌ ئه‌زانم
له‌ گه‌ل نه‌مام و
تۆنی(سیمفونیای بێده‌نگی)م
له‌گه‌ل بێزاری و سه‌رسامی و پرسه‌ بێ وڵامه‌كانمان
پیاسه‌ئه‌كه‌م‌.
ئێمه‌ خۆشه‌ویستیمان راده‌ستی بێده‌نگی و دووری كردووه‌:
من هێز و چێژ له‌ بوونت وه‌رده‌گرم، بوون
(دادگاكانی پشكنین)هێشتا حاكمن
به‌ڕێزه‌كان: من باسی قومری ناو لانه‌كه‌ی پشت ماڵه‌كه‌‌م ئه‌كه‌م!




چیرۆک\ کورسی پارکەکە.. نووسینی: شیکە

لە ڕۆژێکی باراناوی وەرزی زستاندا کە سەرما سەرپەنجەکانی وەک چلوورە دەبەست لەژێر بارانەکەدا بە هێواشی بێ ئەوەی ئاگای لە هەنگاوەکانی بێ کە بەرە و کوێ ئەڕوا هەنگاوی ئەنا وەکو ئەو کەشتیوانەی چارۆگەی کەشتیەکەی هەڵکردووە و داویتە دەست با ئیتر بۆکوێ ئەیبا با بیبات، هەنگاوەکانی گەرچی کورت و لەسەر خۆ بوون، بەڵام بۆ ئەو قووڕس بوون، چونکە لەگەڵ هەر هەنگاوێکی حەسرەتێکی دا ئەنا، لەگەڵ هەرهەنگاوێکی خەونێکی لە گۆڕ ئەنا وەک بڵێ هەنگاوەکانی بۆ ڕۆشتن نا، بەڵکە بۆ بەتاڵکردنەوەی ناخی ئەنێ. لەو کاتەدا ژیان بۆ ئەو گرنتی هەنگاوێکی تری نەبوو فرمێسکەکانی لەگەڵ دڵۆپی باران تێکەڵ ببوون و ئەوانەی بە لایدا ئەڕۆشتن وایان ئەزانی کە ئەوە بارانە بە سەر ڕوومەتییەوە، هەمووان لە تاو باران و سەرما ڕایان ئەکردو وم و هەندێکیان چەتریان هەڵدا بوو تا تەڕ نەبن، تەنها ئەم نەبێ نە سەرما و نەبارینی باران و نە تەڕ بوونی لا گرنگ نەبوو، زۆرێک لەوانەی کە ئەگەشتن پێی ڕۆشتنی خۆیان هێواش ئەکردەوە و بەسەرسووڕماوی سەریان ئەکرد و بەردەوام دەبوون لە ڕۆشتن. هەندێکیان لەبەر خۆیانەوە ئەیان وت: تۆ سەیری ئەم شێتە بکە هەموو جەستەی تەڕ بووە و خەریکە بیبەستێ، بەڵام ئەو هەر بە لاشییەوە گرنگ نییە. ئەوان ڕاستیان ئەکرد جەستەی تەڕ بوو سەرماش بوو، بەڵام بۆ ئەم کاریگەری نەبوو، چونکە لە ناخیدا ئاگرێک ئەسوتا گەر هەموو بارانەکەش لێی بدایە نەئەکوژایەوە.
هەنگاوەکانی بەردەوام بوون هەر بە هەمان چەشن هەتا بایەکە کەشتییەکەی لە کەنارێک لەنگەر کرد، کاتێ دوای ئەو هەموو ڕۆشتنە بۆ یەکەم جار سەری هەڵبڕی و سەیری کرد لە پێش پارکێکە، سەیرێکی ئەملاو ئەولای خۆی کرد بە سەر سوڕمانەوە وەک ئەوەی بە خۆی بڵێ من چۆن گەشتمە ئێرە و یان پرسیاری ئەوەی من چی ئەکەم لێرە؟ ئەو کاتە وەڵامەکەی دەست نەکەوت، لەگەڵ هەموو بیرکردنەوە ئاڵۆز و زۆرەکەی مێشکی هەنگاوی نا بەرەو پارکەکە و ڕۆشتە ناوی، هەنگاوەکانی خێراتر بوون لە هی پێشووتری وەک ئەوەی شتێک قاچەکانی ڕا بکێشێ و بیەوێ بیبا بۆ شوێنێکی دیاری کراو. پاش کەمێ ڕۆشتن گەیشت بە کورسییەکی ناو پارکەکە کاتێک گەشتە لای کورسییەکە وەستا و کەمێک لێی ڕاما دواتر وەکوو ئەوەی یەکەم جاری بێ کورسی ببینێ و دانیشێت لەسەری دانیشت، وەک منداڵ کاتێک کە بۆ یەکەم جار شتێک ئەبینی چەند سەرسام ئەبێ، ئیتر بەو سەرسامییە یان ئەگری یان پێئەکەنێ، بەڵام نە پێکەنی نە گریا. لە پڕ دەستی کرد بە گەڕان وەکو ئەوەی شتێکی ون کرد بێت. دوای کەمێ گەڕان وەستا نووسینێکی هەڵکۆراوی دۆزییەوە کە بەروارێک بوو، بەرواری ئەو ڕۆژەی کە بۆ کۆتا جار لەگەڵ دایک و باوکی سەردانی ئەو پارەکەیان کرد بوو. نزیکی 10 ساڵ تێپەڕی بوو بە سەر ئەو ڕۆژەدا بۆ ساتێ گەڕایەوە هەمان ڕۆژ بۆ ئەو کاتەی کە ئەم لە سەر خلیسکێنەکە یاری ئەکرد و دایک و باوکی لە بەرامبەر ئەو لە سەر ئەو کورسییە دانیشتبوون سەیری ئەویان ئەکرد و پێئەکەنین، بەڵام کاتێ ئەم سەرقاڵی یاریکردن ئەبوو ڕوویان گرژ ئەبوو بێزار دەرئەکەوتن و پێیان وابوو کە نایانبینێ، بەڵام کاتێ ئەوانی بە گرژی و بێزاری ئەبینی، هەستی ئەکرد کە شتێک هەیە و خەریکە شتێک ڕووئەدا، بەڵام نەیئەزانی چییە! لە یاریکردن هیلاک بوو ڕۆشتەوە بۆ لای دایک و باوکی لە نێوانیاندا دانیشت پێیان گوت: بۆ هاتیتەوە؟

ئەویش گوتی: هیلاک بووم ئەوەنە بەسە بۆ ئەمڕۆ ئەگەر دووبارە حەزم لێی بێ ئێوە من ئەهێننەوە ئێرە؟
هەردووکیان پێکەنین و بە لە قاندنی سەریان ڕازەمەندیان نیشان دا بۆ قسەکەی. دواتر ڕووی کردە باوکی و گوتی: بابە ئەزانی چی؟
باوکی گوتی:چی ئەزیزم؟
گوتی: حەز ئەکەم کە گەورە بووم وەکو تۆ کار بکەم تۆش لە ماڵەوە بی ئیتر ماندوو نەبی وە ئەمەوێ سەیارەیەکی زۆر جوانت بۆ بکڕم تا ئیتر گەر ویستت بچی بۆ شوێنێ ناچار نەبی بە پاس بڕۆیت و قاپ شۆرێک و جل شۆرێکیش بۆ دایکم ئەکڕم تا چیتر دەستەکانی نەقڵیشێن و تێک نەچن. کاتێ گوێیان لەم قسانە بوو تێگەشتن کە ئەویش لە هەموو شتەکان تێئەگا و بیر لە چارەسەرکردنیان ئەکاتەوە. دوای کەمێ لە بێدەنگی و سەیرکردنی یەک، باوکەکە سەیری کرد گوتی: ئای لە تاقانەکەی من بیری لە چی کردۆتەوە، من قوربانی تۆ بم، بەڵام گیانی بابە ئەو شتە نابێ تۆ پێویستە لە ماڵەوە یارمەتی دایکت بدەی کاتێ گەورە بووی خواردن بۆ من ئامادە بکەی و کاتێ لە کار ئەگەڕێمەوە لە پێش دەرگا بیت و پێشوازیم لێ بکەی. تۆ ئەزانی ئەوە بۆ من لە هەموو دونیاش زۆر زیاترە و بینینی تۆ و زەردەخەنەکەت هەموو ماندووبوون و هیلاکیەکم لە بیرئەبەنەوە. ئەزیزەکەی بابە من کار ئەکەم بۆ ئەوەی تۆ لە هیچت کەم نەبێ، بۆیە پێویست ناکا تۆ بیر لەو شتانە بکەیتەو. کاتێک باوکی وای گوت خەمبار بوو سەری بۆ خوارەوە کرد و بە خەمباری گوتی: ئاخر من نامەوێ تۆ هیلاک ببیت. باوکی گوتی: هەموو هیلاکییەکانم قوربانی تۆ بێ تۆ جارێ مناڵی بیر لەو شتانە مەکەرەوە، تۆ جارێ مناڵی بیر لەو شتانە مەکەرەوە لە ناو مێشکی دووبارە و دووبارە ئەبۆیەوە وەکو ئەوەی توتیەک لە ناو مێشکی بێت جگە لە توتیی وەک زیندەوەرێکی مشەخۆر وابوو خەریک بوو مێشکی ئەخوارد. لەگەڵ بیرکەوتنەوەی ئەو قسەیە بزەیەکی تاڵی کرد وەکو ئەوەی بڵێ ئاخۆ نازانن کە مناڵ و مێشک وەکو یەکن کاتێ شتێکیان لێ قەدەغە دەکرێت زیاتر حەزیان لێیە بیکەن. فرمێسکەکانی وەکو پاشماوەی گڕکانێکی تەقیەوە کە بە خامۆشی کە بە سەر خاکەکەی دەوریدا ڕێچکەیەک بۆ خۆی دروست ئەکا و هێواش هێواش دێتە خوارەوە و شوێنەواری خۆی بە سەر زەوییەکەوە جێ ئەهێڵێ ناخی ئەویش وەکو گڕکانێک تەقیبۆیەوە و فرمێسکەکانی وەکو پاشماوەی بە سەر ڕوومەتیدا ئەهاتنە خوارەوە و شوێنەواری جێ ئەهێشت. دووبارە گەڕایەوە بۆ هەمان ڕۆژ. کاتێ باوکی قسەکانی تەواو بوو و خەریکی هەڵکەندنی بەروارەکە بوون پەیوەندییەکی بۆ هات، کاتێ سەیری کرد کەمێ پەشۆکا و هەستا و گوتی ئێستا دێمەوە کەمێ دوورکەوتەوە و وەڵامی دایەوە. لە کاتی وەڵامدانەوە پەشۆکاوی و خەم بە ڕوخسارییەوە دیار بوو وەکو ئەوەی کێشەیە هەبێ و بیەوێ چارەسەری بکا عوزر بۆ شتێ بهێنێتەوە. ئەم ئاوا سەیری باوکی ئەکرد دایکی بۆ ئەوەی سەرنجی لای باوکی نەمێنێ ڕوخساری بۆ لای خۆی سوڕان گووتی :
ئای لە ڕۆڵەکەی من چەند گەورە بووە تا بیر لەو شتانە بکاتەوە! ئادەی پێم بڵێ بەتەمای چ جۆرە جل شۆرێکم بۆ بکڕی؟ کاتێ گوێی لەو قسەیە بوو بزەیەک کەوتە سەر لێویی و گوتی:ئەها ئەو جۆرانەی کە خۆیان جلەکان ئەشۆن، ئەزانی کامە ئەوەی کە بەس جلەکە ئەکەیتە ناوی و ئیتر خۆی ئەیشوا؟ ئەها ئەوانەی ناو ڕیکلامەکان. ئەمەوێ لەوانەت بۆ بکڕم. دایکی گوتی:ئای لە نازدارەکەی من جا ئەوانە زۆر گرانن تۆ چۆن پێت ئەکڕدرێت؟ ئەویش گوتی :ئاخر کاری زۆر زۆر ئەکەم تا بتوانم پارەی ئەوەم هەبێ. قسەکانیان تەواو نەبوو باوکی بە پەشۆکاوی هات و گوتی :دەبێ بڕۆین ئێوە دەبەمەوە ماڵ و خۆم کارم هەیە، هەستن زوو بکەن لەوێ هەستان و ڕۆشتن. ئیتر ئەوە کۆتا جار بوو کە سەردانی ئەوێ بکەن. لە کاتی ڕۆشتن ئاوڕی بۆ دواوە دایەوە و سەیرێکی پارکەکە و کورسیەکە و خلیسکانییەکەی کرد وەکو ئەوەی بزانێ و هەستی کردبێ کە کۆتاجارە کۆتا هەنگاوی ناو لە پارکەکە دەرچوو، ڕۆژێ دوای ڕۆژی پارکەکە ویستی ئەو شتانە بکا کە باوکی پێی وت بۆیە ڕۆشت بۆ چێشتخانە و بە دایکی گوت :دایکە حەز ئەکەم فێری خواردن دروستکردن ببم وەکو ئەوەی باوکم گوتی ئەبێ خواردنێکی زۆر خۆش بۆ باوکم دروست بکەم، تا کە خواردنی ماندوو بوونی نەمێنێ. دایکی کەمێک پێکەنی و گوتی :زۆر باشە وەرە با پێکەوە خواردن دروست بکەین. لەگەڵ دایکی سەرقاڵی خواردن دروستکردن بوو ، تا کاتی هاتنەوە باوکی هات بەپەلە ڕایکرد بۆ دەرگاکە و چاوەڕێ بوو باوکی بدات لە دەرگاکە و ئەم بیکاتەوە. هات و دەرگای بۆ کردەوە باوکی بە بینینی دڵخۆش بوو و پێکەنی و لە باوەشی کرد و بەیەکەوە ڕۆشتنە ژوورەوە و هەر لە باوشی باوکیدا بە باوکی گوت :بابە ئەزانی ئەمڕۆ لەگەڵ دایکم خواردنم دروست کرد ئەو خواردنەی کە تۆ حەزت لێیە؟ئەویش گوتی :توخوا بەڕاست ئای خواردنێک تۆ دروستت کردبێ ئەبێ ئێستا چەند خۆش بێت،دڵنیام پەنجەی خۆمی لەگەڵ ئەخۆم! ئەویش پێکەنی و باوکی ماچێکی نێوچەوانی کرد و لەگەڵ ئەو قسانە گەشتن بە چێشتخانەکە و سفرە ئامادە بوو، دانیشتن بۆ نانخواردن و دوای ئەوەی باوکی یەکەم پاروی خوارد یەکسەر گوتی :باوکە چۆنە خۆشە بە دڵتە؟ ئەویش گوتی :زۆر زۆر خۆشە تا ئێستا شتی ئاوا خۆشم نەخواردووە و خەریکە پەنجەی خۆمی لەگەڵ بخۆم ئەوەنە خۆشە.
ئیتر بەبیستنی ئەو قسانە زۆر دلخۆش بوو وەکو ئەوەی ئەڵێن دەمی تا گوێی ڕۆشت بوو لە خۆشیدا. ئەویش ئاوا بوو ئەو ڕۆژە ئاوا لەگەڵ کەمێ یاریکردن لەگەڵ باوکی و بەسەربردنی کاتێکی خۆش تەواو بوو.
ڕۆژی دواتر هەمان شتی کرد بەڵام باوکی وەکو ڕۆژی پێشوو نەبوو. ئەمڕۆ لە باوشی نەکرد تەنها ماچی کرد و ڕۆشتە ژوورەوە خواردنەکەی خوارد و تەنها گوتی خۆشە! دوای تەواو بوونی لە نانخواردن ڕۆشتە هۆڵەکە و سەرقاڵی کارکردن بوو. ئەمیش ڕۆشتە هۆڵەکە و لە تەنیشت باوکی وەستا، بەڵام باوکی نەک ئەوەی هیچی نەوت بەڵکو هەستی بە بوونیشی نەکرد! ئەویش بێ هیوا بوو ڕۆشتەوە ژوورەکەی خۆی.
ڕۆژی دواتر بە هەمان شێوە بوو. ڕۆژی دوایی ئەویش هەر ئاوا بوو ئەوەی جیا بوو نە ماچی کرد نە لە خواردنەکەی خوارد! ڕۆژەکانی تریش هەر بە هەمان شێوە بوو. دوای تێپەڕینی هەفتەیەک ئیتر بێ هیوا بوو. ئیتر نە چۆیە چێشتخانە تا لەگەڵ دایکی خواردن دروست بکا و نە لە پێش دەرگە چاوەڕێی باوکی ئەکرد، تەنانەت هەندێجار بۆ خواردنیش نە ئەهاتە سەر سفرە،

ئەو 10 ساڵە ئاوا تێپەڕی ئەو کاتەی چووە قوتابخانە هیوایەکی بۆ دروست بوو و گوتی لەوانەیە ئەگەر نمرەی بەرز بە دەست بهێنم و سەرکەوتوو بم، باوکم دڵخۆش ببێت. قۆناغی یەکەمی بە نمرەی بەرز بڕی و کارتەکەی برد بۆ لای باوکی گوتی :بابە سەیرکە بە پلەی یەکەم دەرچووم! ئەویش کە سەرقاڵی کارکردن بوو و بێ ئەوەی سەیری کارتەکەشی بکا گوتی :ئافەرم ڕۆڵەکەم، دواتر پارە بە دایکت ئەدەم تا بە دڵی خۆت شتێکت بۆ بکڕێت. بە بێ هیوایی و خەمباری ڕۆشتەوە ژوورەکەی خۆی.

ساڵی دواتریش هەر بە هەمان شێوە بوو هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بە پلەی یەکەم بڕی، بەڵام هیچ کات ئەو شتەی کە لە باوکی چاوەڕێی ئەکرد نەیبینی هەموو جارێ کەمێ پارەی ئەدا پێی تا بەدڵی خۆی شتی پێ بکڕێت. دیارییەکان زۆر بوون، بەڵام بۆ ئەو هیچ نەبوون، وەکو ئەوەی ناوچەیەک دەریایەکی گەورەی لێ بێت، بەڵام لە بەر ئەوەی ئاوەکەی سوێرە ناتوانرێ سودی لێ ببینرێت.
هەموو ساڵەکان و ڕۆژەکان ئاوا ڕۆشتن ژوورەکەی خۆی و ئەو چوار دیوارەی کە تیای بوو نیشتمانی ئەو بوو، تا ئەو ڕۆژە تەنها ئەو کاتانەی کە قوتابخانەی هەبوو ئەهاتە دەرەوە و شتانێکی زۆر لە ماڵەکە گۆڕابوون، بەڵام ئەم بە هیچیانی نەزانی بوو، وەکو ئەو ورچەی لە سەرەتای وەرزی زستان سڕ ئەبێ سەرەتای وەرزی بەهار لە کوخەکەی خۆی دێتە دەرەوە و ئەبینێ وەرزەکە زۆر جیاوازە لەو کاتەی کە ئەم کۆتا جار ڕۆشتە کوخەکەی خۆی. بەڵام ناشپرسێ کە ئەمە چۆن ڕوویداوە، ئەو ڕۆژەی کە ناخی تەقیەوە و پێش ئەوەی لە ماڵ بچێتە دەرەوە لە ژوورەکەی هەموو هێزی خۆی کۆکردەوە و لە ژوورەکە ڕۆشتە دەرەوە بەو هیوایەی شتەکان گۆڕابن. چووە لای باوکی دووبارە سەرقاڵی کارکردن بوو لێی نزیک بۆیەوە بانگی کرد و گوتی :بابە ئەویش گوتی : بەڵێ چیت ئەوێ؟ بەو وەڵامدانەوەیە ئەو هیوایەی کە وەکو شاخێک دروست ببوو، لایەکی ڕووخا و ویستی پەشیمان بێتەوە هیچ نەڵێ.باوکی کاتێ هەستی کرد خەریکە پەشیمان ئەبێتەوە، دەستی لە کارکردن هەلگرت گوتی:بڵێ ڕۆڵە چیت ئەوێ؟ ئەتەوێ شتێ بکڕی و داوای پارە ئەکەی؟ دەستی برد بۆ جزدانەکەی گوتی: ها ڕۆڵە چەندت ئەوێ بیبە ئەویش گوتی :
نا بابە پارەم ناوێ گوتی: ئەی چیت ئەوێ بڵێ بزانم، زۆر لە کاتم مەگرە کارم هەیە ئەبێ تەواوی بکەم؟ ئەویش کە سەری داخست بوو و بە دەنگێکی نزم گوتی :بەیانی لە قوتابخانە چالاکییەک هەیە مامۆستاکان داوایان لێمان کرد کە پێویستە هەموومان باوکمان لەگەڵ خۆمان ببەین بۆ قوتابخانە، ئەگەر تۆش بتوانی لەگەڵم وەرە و ئەگەر تۆ نێیت، من ناتوانم بەشداری چالاکییەکە بکەم و زۆریشم حەزم لێیە کە بەشداری بکەم. باوکی کەمێ بیری کردەوە و گوتی :ئمم بەڕاستی بەداخم زۆر حەزم ئەکرد کە بێم، بەڵام ببورە ناتوانم، بەیانی کارێکی زۆر گرنگم هەیە پێویستە بڕۆم ئەو کارە بکەم. زۆر ببورە ئەتوانی لەگەڵ دایکت بڕۆیت، ئەویش سەری بەرز کردەوە و گوتی :ئاخر نابێ ئەوان وتیان هەر ئەبێ باوکتان بهێنن. بەیانی هەموو هاوڕێکانم لەگەڵ باوکیان ئەبن. ئەگەر من لەگەڵ دایکم بم زۆر عەیب ئەبێ ودواتر ئەوان چیم پێ ئەڵێن؟ باوکە چی ئەبێ جارێک لە بەر من واز لە کارەکەت بهێنیت و لەگەڵم بێیت، تەنها بۆ یەک جار؟ کاتێ وای گوت قوڕگی پڕ گریان بووو و چاوەکانی وەکو کانی هەڵقوڵا، بەڵام کە وای گوت باوکی توڕەبوو گوتی :یانی چی تەنها جارێ بۆ تۆ واز لە کارەکەم بهێنم؟ من هەموو ئەوەی کە ئەیکەم بۆ تۆیە، بۆ ئەوەمە کە تۆ لە هیچت کەم نەبێ. ئەگەر من کار نەکەم تۆ چۆن ئەتوانی بڕۆی بۆ قوتابخانە؟ کێ خەرجییەکانت بۆ ئەدا؟ تۆ نازانی من چەند هیلاک ئەبم لە بەر تۆ، کەچی هێشتا پێی نازانی و هاتووی ئاوام پێ ئەڵێی؟ ئەویش بە گریانەوە گوتی : بەخوا مەبەستم ئەوە نەبوو، تەنها ویستم بۆ جارێک لەگەڵم بی و لە لای هاوڕێکانم بڵێم کە منیش باوکم هەیە و ئەمە باوکمە. باوکە من ناڵێم هیچت بۆم ناکردوە و هەرگیز وا ناڵێم. من هەموو شتم لە بەرچاوە و ئەزانم کە چەند ماندووی، چەند هیلاکی. هەموو شتێک ئەزانم، بەلام من هەرگیز نەمویستوە ئاوا خۆت ماندوو بکەی. من تەنها ویستومە لەگەڵم بیت. باوکی کە گوێی لەو قسانە بوو زیاتر توڕە بوو و بە توڕەیی پێی گوت :بڕۆ ژوورەکەت با نەتبینم! تۆ لە کەیەوە ئەوەنە بێ چاو ڕوو بوویت؟ ئیتر بەو دڵە پڕ و چاوە پڕ فرمێسکەی ڕۆشت، بەڵام بۆ ژوورەکەی نا، بۆ سەر شەقامەکان و بۆ بەر بارانەکە، چونکە ئەوکاتە نەک ژوورەکەی، بەڵکو ماڵەکەشی لێ ببوو بە شوێنێک کە هەناسەی تیا تەنگ بوو، وەکو ئەوەی لە ناو شوشەیەک دابێت. هەر بۆیە شەقام و باران بۆ ئەو باش بوون، شەقامەکان بەر فراوان و هیچ دیواریکیان نییە و بارانەکەش بۆ گڕکانی هەڵقوڵاوی ناخی باش بوو.




لە مردن بەر دەمبەوە.. شیعر/ عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ثیۆریی ئەوەلیی گازە تێکەڵەکان و قانونی پەستانی جوزئیی.. رەهەند سابیر

ثیۆریی ئەوەلیی گازە تێکەڵەکان و قانونی پەستانی جوزئیی The first theory of mixed gases and law of partial pressures

لەو چەرخەی نیوتن و زانست تێیدا ئەگوزەرا، لە لایەن زۆریینەی فەیلەسوفانی سروشتیی، وەها گریمانە ئەکرا تەنیا یەک شلەی گازیی gaseous of fluid هەیە، واتە هەوای چواردەورمان Common air کە بەهۆی چوونیەکییەکەیەوە homogeneity وەکو توخمێک دەرئەکەوێت. پاش سیلسیلەیەک دیراسە لە لایەن کیمیاگەرانی نیووماتیک pneumatic chemists، پێشنیاریان کرد کە ئاتمەسفیر لە چەند جۆرێک ماددە پێکهاتووە. سەرەنجام، مۆدێڵێکی نەوا بۆ شەرحی ئەم ظاهیرە هەمەجۆرییە، بووە پێویستییەک ( thackray 1970). لە مەقالەی پێشوودا، ئاماژەمان پێدا کە لە کۆتاییەکانی صەدەی هەژدە، داڵتۆن، خەریکی تەحقیقە تەرکیبی ئاتمەسفیر بوو investigating the composition of the atmosphere . لە ئەنجامگییرییەکەیدا، پێشنیاری کرد کە گازەکانی ئاتمەسفیر، میکس( تێکەڵ) بوونە و بە شێوەی کیمیاویی تێکەڵ نەکراون!!!

پاشان داڵتۆن، تەفسیرێکی بۆ ئەو حەقیقەتە گەشە پێدا کە ئاتمەسفیر تێکەڵەیەکی چوونیەکە homogeneous، هەروەها هیچ جیابوونەوەیەک لە توێژاڵەکانی گازە جیاوازەکاندا، نییە، لە ئاکامی ئەم ئەندێشە سەواد و بێسەودایەدا، ” بووە گۆڕانکارییەکی عەقڵانیی و تەکویز لەسەر مۆدێڵی نیوتنیی” ( Fleming 1974, p.563). دیارە ئەمە لە لێکدانەوەی پرسیاری ٣١ ئۆبتیک٢ ، پرۆپەزیشنی ٢٣ی پرینسیپاوە سەرچآوە ئەگرێ:
لە تێکەڵەیەکدا، هەر گازێک، وەکو شلەیەکی لاستیکیی نیوتنیی، رەفتار ئەکات Newtonian elastic fluid وەکو ئەوەی گازەکانی تر، غەیر مەوجود بێ لەناو دەفرەکەدا.
بە گوتەی داڵتۆن ” کاتێ دوو شلەی لاستیکیی elastic fluid کە بە A و B تەعبییری لێئەکەین، پێکەوە تێکەڵ ئەکرێن، هیچ ریپەڵشنێک لە مابەیینی تەنۆلکەکانیان روونادات، بە واتایەکی تر، تەنۆلکەکانی A بەرپەرچی تەنۆلەکانی B نادەنەوە! ( Dalton 1082, p.540)

بە کورتییەکەی، ئەمە کاکڵی ئەو مەسئەلەیە کە رەنگە ناوی لێ بنرێت ” یەکەم ثیۆریی گازە تێکەڵەکان- The first theory of mixed gases) ی داڵتۆن.
داڵتۆن مولاحەظەی ئەوەی کرد، کاتێ گازە جیاوازەکان لە دەفرێکی داخراودا تێکەڵ کراون، کۆی گشتیی پەستانەکە، یەکسان بووە بە سەرجەمی پەستانەکانی گازە جیاوازەکان کە بە تاک وەرگییراون. ئەم فاکتە، ئێستا بە ” قانونەکانی پەستانی جوزئیی- Dalton’s law of partial pressure” ناسراوە کە پێش ئەم مۆدێڵە بە ثیۆریی ئەوەلیی گازەکان First theory of gases بەیانی حاڵ کرا بوو، ئەگەر ئینسان دان بەوەدا بنێت کە تەنۆلکەکانی گازی پوخت pure gas ، بەرپەرچی یەکتر ئەدەنەوە، ئەوا بە شیوەیەکی چوونیەک، تەوزیع ئەبن، ئەگەر دواتر گازی تر لەگەڵ گازی سەرەتای دەفرەکە تێکەڵ بکرێ و هیچ کارلێکێک لە نێوان تەنۆلکەکانی روونەدات، ئەوا ئەم گازە دووەمییەیش، بە شێوەیەکی چوونیەک، تەوزیع ئەبێت، هەروەها کۆی پەستانەکە وەکو ئەوە ئەبێت کە قانونەکانی داڵتۆن تەخشانی کردوون.

لە کۆتاییدا، ئەم ثیۆرییەیش، بەدڕەخنە نەبوو، تەنانەت جان گاف John Gough، مامۆستای پێشووی داڵتۆن لە کێندەڵ، نەقدی بنەماکانی ثیۆرییەکەی کرد. هاوکات، ولیام هێنری Wiliam henry ( 1774-1836)، ثیۆرییەکەی داڵتۆنی بە موفید لە قەڵەم دا!

————————————-

سەرچاوە:

The Development of Dalton’s Atomic Theory as a Case
Study in the History of Science: Reflections for Educators
in Chemistry
He´lio Elael Bonini Viana Æ Paulo Alves Porto
Published online: 4 February 2009
_ Springer Science+Business Media B.V. 2009




لەدژی جیاکاری کولتووری.. دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی: کاوە عومەر
ئەم بابەتە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە

خەلیل کەیوان: هەڵاواردنی کولتووری لە ئێران چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی و چ لە ڕژێمەکانی پێشوودا، ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە. ئەم بابەتە هەندێک جار دەبێتە بابەتی مشتومڕی چڕ و تەنانەت ناڕەزایی دەربڕین. بۆ نموونه، بڵاو کردنەوەی کارتۆنێکی مشتومڕاوی ڕۆژنامەی ئێران (کە خاوەندارێتی ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی) لە ساڵی ١٣٨٥دا بووە هۆی خۆپیشاندانی بەربڵاو لە تەورێز و زۆرێک لە ناوچە تورکییەکانی دیکەی ئێران، هەروەها ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران لە شارەکانی… نەقدە، ورمێ، تەورێز، ئەردەبیل و مێشکین شار. وە نموونەیەکی ئەم دواییەی ئەوە پەخشکردنی ڤیدیۆیەک بوو لە یەکێک لە بەرنامە ڕادیۆییەکانەوە، کە جل و بەرگی کوردی پێی دەگوترا جلی شوان، هەروەها بە گاڵتەجاڕیەوە گوترا کە ژنانی کورد قسەش دەکەن. ئەم بابەتەش بوو بە بابەتی گفتوگۆ.
حەمید تەقوایی، پرسیاری یەکەمم ئەوەیە، پێت وایە لە ئێراندا هەڵاواردنی کولتووری هەیە؟ ئەگەر وەڵامەکەت بەڵێ بێت، پرسیاری دواتر ئەوەیە، لە چ بوارێکدا و سەرچاوەی چییە؟

حەمید تەقوایی: ئاشکرایە کە هەڵاواردنی فەرهەنگی لە ئێران لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا هەیە. نموونەی ئەوەت باس کرد، بەڵام لە ژیانی ڕۆژانەدا دەبینرێت. بۆ نموونە نوکتەی سوکایەتی ئامێز بە تورک زمانەکان یان لوڕ زمانەکان لە کۆمەڵگادا یەکێکە لە دەرکەوتە تایبەتەکانی چەوسانەوەی کولتووریە. پرسێک کە هەندێک جار وەک ئەو نموونانەی باست کرد پەرەدەستێنێت و ناڕەزایەتی جەماوەری لێدەکەوێتەوە. پایەیەکی تری چەوسانەوەی کولتووری، بێبەشکردنی پەروەردە و چالاکییە کولتووری و هونەرییەکانە بە زمانی دایک، کە پێشتر لەم بەرنامەیەدا باسمان کرد.

هەڵاواردنی کولتووری بەشێکە لە چەوساندنەوەی نەتەوەیی و خەڵکی تورک و کورد زمان و عەرەب زمان لە خوزستان، هەروەها ئەو هاووڵاتیانەی کە زمانی دایکیان فارسی نییە و خاوەنی زمان و ئەدەب و شیعر و مۆسیقای تایبەت بە خۆیانن، هەمیشە هەیانبووە لە ژێر ستەمی مللیدا بووە. هۆکاری ئەم هەڵاواردنانە حکومەتی ناوەندی و ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی چینی دەسەڵاتدارە کە هەمیشە خەڵکی “غەیرە فارس”یان بە هاوڵاتی پلە دوو زانیوە و زۆرترین جار بە پاسەوانی سنووری بە پەرۆش ناویان دەبردن؛ واتە ئەوانەی سنوور و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەپارێزن کە پرسێکی ناسنامەی ناسیۆنالیزمی فارسە. هەرکاتێک ئەم “سنوورپارێزە پەرۆشانە” ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی و هاتنە گۆڕەپانەکە، بە دارێکی جوداخوازی و یەکپارچەیی خاکی خستۆتە مەترسییەوە. ناسیۆنالیزمی فارس و بە پێچەوانەی ئەوانەوە، هێزە ناسیۆنالیستییە قەومییەکان، ئەو جیاکاری و جیاوازییە نەتەوەیییانە دەگەشێننەوە و لە بنەڕەتدا یەکێک لە پایە عەقیدەی و دونیابینیەکانی هێزە ناسیۆنالیستەکان، شوناسسازیە نەتەوەیی و قەومییەکانە لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا . سەرچاوەی ناسیۆنالیزم و قەومگەرایی، پاراستنی بەرژەوەندی چینی سەرمایەدارە، کە لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە پێویستی بە ناسنامەی ناسیۆنالیستی هەیە. بنەمای پێکهێنانی وڵاتان و دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە سەردەمی ئێمەدا، لە ڕاستیدا دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی چینی سەرمایەدارە لە ژێر پەردەی بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە نەتەوەیی-نیشتمانییەکاندایە.
یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم واقیعە بنەڕەتییە جیاکاری و چەوساندنەوەی کولتوورییە کە ئێمە لە پێوەندی لەگەڵ زمان و مۆسیقا و سەما و جل و بەرگ و…. بۆیە گومانی تێدا نییە کە چەوساندنەوەی کولتووری هەیە. بابەتەکە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵیدا و چاککردنیەتی.
خەلیل کەیوان: بابەتێکی دیکە کە هەر لە پێوەند لەگەڵ هەڵاواردنی کولتووریدا دەوروژێنرێت، پرسی ئازادیی قسەکردنە. هەندێک پێیان وایە کە ڕۆژنامەکان ڕێگەیان پێدەدرێت لەسەر بابەتی جۆراوجۆر بنووسن، لەوانەش کۆمێنت لەسەر پرسە ڕۆشنبیرییەکان و ڕەخنەگرتن و تەنانەت گاڵتەکردن. ئەوان دەڵێن، سنووردارکردنی ئەو جۆرە دەربڕین و بۆچوونانە سەبارەت بە کەمینەکان و نەتەوەکان پێچەوانەی پرەنسیپی ئازادی ڕادەربڕین و ناڕەزایەتی دەربڕین لەم جۆرە حاڵەتانەدا نەشیاوە. پێت وایە ئەم جۆرە سنووردارکردن و ناڕەزایەتیانە دژی پرەنسیپی ئازادی ڕادەربڕینن؟

حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم ئەوەیە کە ئازادی ڕادەربڕین شەقامێکی یەکلایەنە نییە. تۆ ئازادیت هەرچیت بوێت بیڵێیت، ئەوانی تریش ئازادن کە ناڕەزایەتیت بەرامبەر دەربڕن. هەروەها ئازادی ناڕەزایەتی بەشێکی گرنگی ئازادی ڕادەربڕینە. کەوایە، ئەم تیۆرییەی کە مرۆڤ نابێ ناڕەزایەتی دەربڕێت بەرامبەر بە بۆچوون و لێدوانی جیاکاری، بەرگری نییە لە ئازادیی قسەکردن، پێشێلکردنی ئازادییە. ئەم تیۆرە پێشێلی ئازادی قسەکردنی ناڕازییان دەکات.

بە گشتی ئەمە لێکدانەوەیەکی سەیرە بۆ ئازادی دربڕین،کە ئازادی دەربڕینی بیروڕای جیاکاری ئامێزی نەتەوەیی و میللی و کولتووری بە فەرمی بناسین، بەڵام ڕێگە نەدان بە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەو بۆچوونانە بە مۆڵەت پێدراو نەزانین! وا دیارە لەم نێوەندەدا شتێک سەروخوار بوەتەوە! هەمیشە ئەوانەی تەپڵی ڕق و کینەی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی و ئایینییان لێداوە ئازاد بوون و ئەوانەی ناڕەزایەتیان بەرامبەر بەو هەڵاواردنانە هەبووە، سەرکوت کراون. سەرەتا ئازادی قسەکردن واتە ئازادی ڕەخنەگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئایین و ناسیۆنالیزم و ڕق و کینە و دابەشکاری نەتەوەیی و کولتووری و میللی و ڕەگەزی و ئایینی.

خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئازادی قسەکردن هیچ شتێک لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو بۆچوونانەی کە دەربڕدراون نادات بەدەستەوە ، بەڵکو ڕایدەگەیەنێت کە هەموو کەسێک ئازادە لە قسەکردن لەسەر بیروڕای خۆی. ئێمەش هەمان شت دەڵێین. هەموو ڕۆژنامەکان دەتوانن هەرچییەکیان بوێت بڵاوی بکەنەوە و هەر تیۆرێکی جیاکاری بخەنە ڕوو، بەڵام ئەمە بە مانای پشتڕاستکردنەوەی هەموو بۆچوونەکان نییە. ئێمە نەک هەر مافمان هەیە، بەڵکو خۆمان بە پابەند دەزانین کە ڕەخنە لە بۆچوون و پراکتیزە کۆنەپەرستانە و هەڵاواردن ئامێز و دژە ئینسانییەکان بگرین و ڕێکخستن و بانگەوازی ناڕەزایەتی لە دژی ئەو بۆچوون و کردەوانە و دژی دۆگما و خورافات و قسەی ناشرینە نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزیانە بکەین .وە بە بەشێک لە ماف و ئەرکی خۆمان دەزانین.

لە ڕوانگەی یاساییەوە دەتوانرێت بابەتەکە ڕوون بکرێتەوە کە یاسا نابێت تەنها بەرگریکاری ئازادی قسەکردن بێت، بەڵکو بەرگری لە پیرۆزی و کەرامەتی مرۆڤەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵاواردنی کولتووری و بوختان و ناوزڕاندن و مامەڵەکردن لەگەڵ بێڕێزی وسوکایەتی و هتد ئەرکێکی تری یاسایە. بۆیە ئەگەر کەسێک لە ڕووی یاساییەوە ئازاد بێت هەر شتێک لە دژی خەڵکی تورک یان کورد زمان یان هەر بەشێکی کۆمەڵگا بڵێت، دەتوانێت لە بەردەم خەڵکدا وەک کردەوەی هەڵاواردن یان ناوزڕاندن و بوختان و سوکایەتی و هتد سکاڵای لەسەر تۆمار بکات. ئەمە لە بواری ئازادی قسەکردندا نەماوە، بەڵکو مافی هاوڵاتیانە کە دەبێت لە دادگا یەکلایی بکرێتەوە. تۆ ئازادیت هەر شتێک بڵێیت، بەڵام کاتێک بوختان و درۆی بێ بنەما بەرامبەر کەسێک یان بەشێک لە کۆمەڵگا دەکەیت و لە دادگادا سکاڵات لەسەر تۆمار دەکرێت، ناتوانیت وەک ئازادی قسەکردن بەرگری لە کارەکەت بکەیت. ئەمە باسێکە دەربارەی پێشێلکردنی مافی هاوڵاتیان نەک ئازادی ڕادەربڕین.

خاڵی دواتر سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین، وەک پێشتر لەم بەرنامەیەدا باسمان کرد، ئەوەیە کە ئازادی ڕادەربڕین لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە پەیوەندی نێوان حکومەت و خەڵکەوە هەیە، نەک پەیوەندی نێوان تاکەکان یان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا. پێویستە حکومەت و یاسا بەبێ مەرج دان بە ئازادیی ڕادەربڕینی هەموو کەسێکدا بنێت و بیپارێزێت، بەڵام تاک و دامەزراوە و ڕاگەیاندن و ڕێکخراوە ناحکومییەکان مافی خۆیانە هەر سیاسەتێکیان هەبێت و هیچ بۆچوونێک بڵاوبکەنەوە یان بڵاونەکەنەوە. ئەگەر تۆ سەرنووسەری ڕۆژنامەیەکی پێشکەوتنخواز و ئازادیخواز بیت، ڕەنگە بابەتێکی وەک ئەو بابەتەی کە باست کرد سەبارەت بە سووکایەتیکردن بە خەڵکی ئازەربایجان بڵاو نەکەیتەوە. ئەمە سەرکوتکردنی ئازادی قسەکردن نییە. سیاسەتی ڕۆژنامەکەت ئەوەیە کە ڕق و کینەی نەتەوەیی و میللی بڵاو ناکاتەوە. نووسەر دەتوانێت سەکۆیەکی تر بدۆزێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی بۆچوونەکانی. حکومەت لێرە دەستوەردانی نەکردووە، میدیایەک بڕیاری داوە. ئەمەش لایەنێکی تری کێشەکەیە.

بەهەر حاڵ هەر لێکدانەوەیەکمان هەبێت بۆ ئازادی ڕادەربڕین، دەبێت بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین بەتواوەت بەرگری بکەین. هەم ئازادی دەربڕینی هەر بۆچوونێک و هەم ئازادی ناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی هەر بۆچوونێک. پێویستە هەردووکیان بەفەرمی بناسرێن.
خەلیل کەیوان: هەندێ بارودۆخ دێتە پێشەوە وەک ئەو دوو حاڵەتەی کە باسم کرد کاتێک میدیای دەوڵەتی بۆچوونێک بڵاودەکاتەوە. لەبارەی ئەو دۆسیەی کە لە ساڵی ١٣٨٥ ڕوویدا، ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی کێشەکە بووە و لە حاڵەتی ئەم دواییەشدا ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە. ئایا ئەوەی کەحکومەت خاوەندارێتی ئەو میدیایانە دەکات کاریگەری لەسەر ئەم بابەتە هەیە؟

حەمید تەقوایی: بەڵێ لەم حاڵەتانەدا پرەنسیپ ئەوەیە کە حکومەت نابێت ببێتە هۆکاری پڕوپاگەندەی جیاکاری و بڵاوکردنەوەی دەمارگیری و گەشانەوەی دووبەرەکی و هەڵاواردنی نەتەوەیی. چ لە ڕووی کولتوورییەوە و چ لە ڕووی نا کولتوورییەوە. ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە سروشتی حکومەت و پەیوەندی نێوان خەڵک و حکومەتەوە هەیە. دەشێ حکومەتێک فاشیست بێت یان بەرگریکاری ناسیۆنالیزمی فارسی بێت، یان حکومەتێکی ئایینی وەک کۆماری ئیسلامی بێت و میدیاکانی بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و بۆچوون لە دژی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا کەڵک وەربگرێت. ئەمە چیتر باسێک نییە لەسەر دەربڕینی بیروڕا، بەڵکو مەسەلەکە لەسەر سیاسەت و ئەدای کۆنەپەرستانە و هەڵاواردنی دژی ئینسانی حکومەتەکانە. کۆمەڵگا دەبێت دژی حکومەتێکی لەو شێوەیە بوەستێت. جگە لەوەش لە هەلومەرجی ئێستادا شاهیدی دروستبوونی چەندین بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی زۆر و بەربڵاو لە دژی ئەم جۆرە بانگەشە و سیاسەت و پراکتیکەکانی کۆماری ئیسلامیین. کۆمەڵگا دژی سیاسەتی دژە ژن، دژە بەهایی، دژە مولحید، پڕوپاگەندە و یاساکان دەجەنگێت و بەرەنگاربوونەوەی پڕوپاگەندە و سیاسەتی هەڵاواردن دژی خەڵکی سەر بە هۆز و نەتەوەکانی “غەیرە فارس”یش لقێکی ئەم خەباتەیە.ئەبێت بە هەموو هێزمانەوە دژی ئەو سیاسەت و کردەوانە بوەستین. کاتێک بڵاوکراوەیەکی تایبەت بابەتێک لە دژی بەشێک لە خەڵک بڵاودەکاتەوە، بابەتەکە بە شێوەی داوای یاسایی و سکاڵایەکی یاسایی لە دژی ئەو بڵاوکراوە دەهێنرێتە ئاراوە، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ حکومەتدا، پرسێکی سیاسییە و بە ناڕەزایەتییەکی سیاسی دژی حکومەت وەڵام دەدرێتەوە. لە حاڵەتی دەسەڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی کە یاساکانی دژە ئینسانی و هەڵاواردن ئامێزن، پێویستە هەم لە دژی حکومەت و هەم لە دژی یاساکان بجەنگی. لەم ڕوانگەیەوە تێکۆشانی دژ بە چەوساندنەوەی نەتەوەیی لە ئێران بەشێکە لە خەبات لە دژی تەواوی سیستمی هەنووکە حساب دەکرێت.

خەلیل کەیوان: بەزۆری لەو ناڕەزایەتییانەی کە دژی هەڵاواردنی کولتووریەوە ڕووئەدەن ناسیۆنالیستەکان و نەتەوە چیەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە ڕەخنەگرانی هێزە ناسیۆنالیستە قەومیەکان پێیان وایە کە نەتەوەپەرستان و ناسیۆنالیستەکان ئەم بابەتانە بۆ گەرمکردنی تەنوری سیاسەتەکانیان بە کاری دەهێنن. ئەوان دەڵێن، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو جۆرە پرسانە لە لایەن هێزە پێشکەوتنخواز و کۆمۆنیستەکانەوە، واتە قبوڵکردنی ئەجێندای ناسیۆنالیستەکان و دابەشکردنی کۆمەڵگا و لادان لە پرسە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا.ڕای ئێوە لەم بارەیەوە چیە‌؟

حەمید تەقوایی: ئەوەی کۆمەڵگە دابەش دەکات، خەبات دژی هەڵاواردنی کولتووری و چەوساندنەوەی نەتەوەیی نییە، بەڵکو بێدەنگییە لەبەردەمیدا و سپاردنیەتی بە ناسێۆنالیست و نەتەوەپەرستەکان. گومانی تێدا نییە کە هێزە ناسیۆنالیستەکان پرسی هەڵاواردنی نەتەوەیی و کولتووری بەرجەستە دەکەن و سەرمایەی سیاسی لێ دروست دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، بەڵام شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە ئەوەیە کە پرسی چەوساندنەوەی نەتەوەیی بۆ ناسیۆنالیستەکان جێنەهێڵن و تەنیا مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانە بکەن کە پەیوەندی بە هەموو لایەکەوە هەیە، پەیوەندی بە خەڵکی ئێرانەوە هەیە. ئەمەش بەهێزکردنی ناسیۆنالیزمە و بەرەنگاربوونەوەی نییە. بزانە بۆ هەر بەشێکی کۆمەڵگا، ئەو جیاکاری و ستەمکارییە تایبەتەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، گرنگترین پرسە. بۆ نمونە بۆ بەهاییەکان یان خەڵکی پەیوەست بە بەهاییەت، ستەم و بێ مافییە و دەبێت بگوترێ تاوان دژی بەهاییەکان ئەنجام ئەدرێت، گرنگترین بابەتە. جگە لەوەی کە وەک هەموو خەڵکی بەدەست بابەتگەلێکەوە دەناڵێنن، وەک نادادپەروەری سیاسی و مەدەنی، هەژاری، گرانی نرخ، بێکاری و هتد، وەک بەهایش تووشی هەموو جۆرە ستەم و هەڵاواردن و فشارێک دەبنەوە. ناکرێ بگوترێ چارەسەری ئەم پرسە بۆ خودی بەهاییەکان یان پێشەوا ئایینییەکانیان جێبهێڵرێت. نموونەیەکی دیکە پرسی ژن و ئاپارتایدی سێکسییە. هەندێک کەس ناڕەزایەتی بەرامبەر بەحیزبی ئێمە هەیە کە بۆچی مەسەلەی حیجاب ئەوەندە بەرجەستە دەکەینەوە، دەڵێن خەڵکی ئێران بابەتی گرنگتریان هەیە؛ یان خەبات دژی حیجاب و ئاپارتایدی سێکسی بە ئەرکی فێمینیستەکان دەزانن و پێیان وایە نابێت بچیتە ناو ئەم بوارەوە! ئێمە چەندین جار وەڵامی ئەم جۆرە ڕەخنانەمان داوەتەوە. جگە لە لایەنی مرۆیی و بەهای لە خەبات دژی هەر جۆرە ستەم و هەڵاواردنێک، پێویستە جەختیش بکرێتەوە کە لە سەردەمی ئێمەدا هەموو هەڵاواردن و ئازارەکان دەرئەنجام و پێشهاتە تایبەتەکانی هەژموونی سیستەم و چینی سەرمایەدارن، و خەبات لەم بوارانەدا لە ڕاستیدا بەرە جۆراوجۆرەکانی خەباتە لە دژی دەسەڵاتی یەک لەسەدەکان. بۆیە لەم ڕووەوە هیچ ستەم و هەڵاواردن و نادادپەروەریەک نییە کە پەیوەندی بە ئێمەی کۆمۆنیستەوە نەبێت. خەبات لەدژی چەوساندنەوەی نەتەوەیی و بەتایبەتی ستەمکاریی کولتووری بەرەیەکی دیاریکراوی خەباتە لەدژی تەواوی سیستەمی سەرمایە و سیستمی هەبوو. ئێمە لە هەموو ئەو بوارانەدا دژی نادادپەروەری و هەڵاواردن دەوەستینەوە و بەرەنگاری دەبینەوە و هەڵاواردنی کولتووریش یەکێکە لەو بوارانە. بەڕاستی بۆ ئەوەی بتوانیت لەبەردەم ناسیۆنالیست و نەتەوەگەراکان و ڕەگەزپەرستەکاندا بوەستیت و پوچەڵیان بکەیتەوە، دەبێت ئاڵاهەڵگری نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی بیت بە ڕەخنەگرتن و ڕوونکردنەوەی ئەو چارەسەرە ئینسانی و تەواو پێشکەوتنخوازانە و ئازادیخوازانەی کە کۆمۆنیستەکان پێشنیاریان کردووە. ئەمە تاکە ڕێگایە. جێهێشتنی ئەم مەیدانە هیچ مانایەکی نییە جگە لە بەهێزکردنی هێزە ناسیۆنالیستی و نەتەوەچیەکان.
خەلیل کەیوان: دوا پرسیارم ئەوەیە کە سیاسەتی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بەرامبەر بە هەڵاواردنی کولتووری چییە و چ سیاسەتێکی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە هەڵاواردنی کولتووری؟ ئەگەر حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی سۆسیالیستی بێت، چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی هەڵاواردنی کولتووری دەکات بەجۆرێک کە ئازادی قسەکردن و مافەکانی تری خەڵک پێشێل نەکرێت؟

حەمید تەقوایی: وەک ئاماژەم پێدا، هەڵاواردنی کولتووری بەشێکە لە چەوساندنەوەی نەتەوەیی، کە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی هەیە. لەم بەرنامەیەدا ئێمە سەرنجمان خستە سەر هەڵاواردنی کولتووری، بەڵام چارەسەرەکەمان هەڵاواردنی میللی بە تەواوی دەکاتە ئامانج. چارەسەری ئێمە بۆ تەواوی کێشەی ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی، داننانە بە مافی یەکسان لە هەموو بوارەکاندا بۆ هەموو هاووڵاتیان: دەستەبەرکردنی مافی یەکسان بەبێ گوێدانە ئەوەی هەرکەسێک بە چ نەتەوە و میللەتێکەوە خۆی دەناسێنێت، یان بە چ زمانێک قسە بکات، چ ئایینێکی هەیە.یان هیچی ئایینێکی نییە ، و بەبێ گوێدانە ڕەگەز یان ئاراستەی سێکسی و هتد و هتد. مافی یەکسانی هەموو مرۆڤەکان لە هەموو بوارەکاندا، بەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بە گفتوگۆکەمانەوە هەیە، وەک مافی پەروەردە و چالاکییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بە زمانی دایک، ئازادی جل و بەرگ، ئازادییە کولتووری و هونەرییەکان لە بواری ئەدەب، مۆسیقا و شیعر و سەما و چالاکییە کولتوورییەکانی دیکەدا نەک تەنیا لەلایەن حکومەتەوە و لە ڕووی یاساییەوە دانپێدانانیان پێدانانرێت، بەڵکو حکومەت پابەندە بە دابینکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ بەدیهێنانی.

دەبینیت ئێستا خەڵکی ئیسفەهان یان مەشهەد و کرمان کێشەی کولتوورییان نییە. چونکە بە “فارس” دادەنرێت. بەڵام خەڵکی شارەکانی ئازەربایجان، لە شارەکانی کوردستان، یان خەڵکی عەرەب زمان لە خوزستان بەردەوام لە ژێر فشاری هەموو جۆرە جیاکارییەکی کولتووریدان. کۆماری سۆسیالیستی ئەم جیاکارییە لەناو دەبات. ئەگەر خەڵکی شیراز، ئیسفەهان و مەشهەد مافی خوێندنیان بە زمانی دایکی یان هەبی چالاکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی هەبێت، پێویستە خەڵکی ئازەربایجان، کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش هەمان مافیان هەبێت. چارەسەری ڕاستەقینە و ئینسانی بۆ هەڵاواردنی کولتووری، داننانە بە مافی یەکسان بۆ هەمووان.
لایەنێکی دیکە کە بەشێکە لە نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی و لەم چاوپێکەوتنەدا نەچووینە ناویەوە ئەوەیە کە لە بوارە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیەکاندا مافی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدا بناسرێت و دەرفەتی یەکسانیان بۆ دابین بکرێت پێویستە دابین بکرێت. بنەمای ئەم سیاسەتە ناسنامەی ئایینی-نەتەوەیی-میللی-نەژادی-ڕەگەزی نییە، بەڵکو نکۆڵیکردن و پوچەڵکردنەوەی ئەم جۆرە ناساندنانە. خاڵی دەستپێک و ئامانجمان جەختکردنەوەیە لەسەر مافە گشتگیرەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئەو مافانە بۆ هەموو هاووڵاتیان. کۆماری سۆسیالیستی گەرەنتی ئەوە دەکات.
٢٨ی ژانویەی ٢٠٢١




کوردستان لە هـۆنـراوەکانی هـۆزانـڤـانـانی منـداڵان.. رەزا شـوان

کوردسـتانی رەنگـین و جـوان، لە ئەوپـەڕی باکـوورییەوە تـا ئەوپـەڕی باشـووری، لە ئەوپەڕی رۆژهـەڵاتییەوە تا ئەوپـەڕی رۆژئـاوای، نیشتـمانی پیـرۆز و شـیرینی ئـێمەی کورد و هـەموو ئەو کەمـایەتییە نەتـەوانـەشە، کە لە کـوردسـتانـدا وەکـو بـرا دەژیـن و خـۆیـان بە کوردستانی دەزانـن و هـاوبەسـتەبـوونیـان بـۆ کـوردسـتان هـەیە.

کوردسـتان جـێی هـەزاران هـەزار سـاڵەی بـاوک و بـاپیـرانـمـانە، لانـکەی یەکـەمـین و کـۆنترین و رەسەنترین شارستانییە لە جیهـانـدا. کوردستان جـوانترین و پیـرۆزتـرین و شیرینـترین وشـەیە، کە بۆتـە وێـردی هـەمیشەی سـەر زمـانی هەموومـان. کوردسـتان جـوانترین هـۆنراوەی ناو دیوانی ناخـی دڵ و دەروونمانە. کوردستان خۆشترین سروود و ئـاواز و بەستە و گۆرانـیمـانە. کوردسـتان شابـووکی بـووکـانە، فـیردەۆسی جـیهـانە. کوردسـتان دڵـمانە، چـاومـانە، هەنـاسەمـانە، گـروپی خوێـنـمانە، ژیانـمانە. کوردسـتان جـوگـرافـیا و مـێـژوو و پێـناسـەمـانە، رابـردوو و ئـێـسـتا و داهـاتـوومـانـە. ئـابـڕوو و شکـۆمەنـدی و سەروەری و شانـازیمـانە. خـاک و خـۆڵی، دەشـت و دۆڵـی، گـوڵـزاری، نێـرگـزەجـاڕی، چـیمەنی سەوزی، قـاسپە قـاسپی کـەوی، چیـای سەركەشی، دارسـتانی، چەم و باخ و رەز و بێستانی، گەرمیان و کوێستانی، بەهار و هـاوین و پاییز و زستانی، کانی و تاڤگە و جـۆگەلە و رووبـاری، گـونـد و شارۆچـکە و شـاری، کوچـە و کـۆڵانی، خـۆری گەشی و مانـگی تابـان و ئەستێرە و ئاسـمانی، …هـتد. هەموویـان بەشێکـن لە ژیانمـان. کوردستان دایـک و بـاوک و خـوشـک و بـرا و کەسوکـار و خـزم و هـاوڕێ و هەمـوو کـەسـمـانە. کوردسـتان خـۆشـتـریـن خـەون و بەرزتـریـن هـیوا و، پیـرۆزتـرین ئامـانجی هەموومـانە. کوردستان گـوڵی چـوار وەرزەی ساڵـمـانە، رەگی لەناو ئیـنجانەی دڵـمانە. بـێ کـوردسـتان گـیانی بـێ دڵـین، باڵـندەی بـێ بـاڵـین، مـاسی بـێ ئـاویـن. هـیچ وشەیەک نیـیە، بە قـەی وشەی کوردسـتان، هـێـندە شـیریـن و بەچـێژ بێـت لە دڵـمان و لەسـەر زمـانمـان. راسـتە مـاڵ و سامـانـمان، خـوێـن و گیـان و ژیـانمـان، زۆر شـیریـن و بەنـرخـن. بەڵام لەمـانە زۆر شــیرینـتر و بەنـرخـتر کـوردســتانە. هـەسـت و سـۆز و پـەرۆش و خـۆشـەویستـیـمان بـۆ کوردسـتان، ماکــییە و تـێکەڵی خـوێـنمـان بـووەە.
هـۆزانـڤـانی گەورەی گەلەکەمـان، رابـەری نـوێخـوازی (عـەبـدوڵـڵا گـۆران) دەڵـێـت:
کوردســتان : جــێگامی جـێی هــەزار سـاڵەم
پەروەردەی ئەم دۆڵ و سەر لـووتکە و یاڵەم
عەشقی تۆ ، ئەی دایکی خـۆم و هـاوخـوێـنم
هـەر لە پشــــتی باوکـــا چـــــووە خــــــوێـنم
ئەشـچـێــتـە هــــــەوێـنی کــــوڕ و کــــوڕەزا
تا تــاقـێ کـــورد مـــابێ لە چـیـــای بـــــەرزا
بێگـۆمان هـۆزانـڤـانـانی منـداڵانی کوردمان، رۆڵـێکی گـرنگ و کاریگەریـان هەبـوو و هەیە، لە شیرینکردن و لە رواندنی سۆز و پەرۆش و خۆشەویستی و هـاوبەستەبوون بۆ کوردستانی نیشتمانمان، لە دڵ و دەروونی منداڵانی کوردمانـدا. بە زاخاودانی خەیال و هـۆش و ویـژدانیـان، لە میـانەی هـۆنـراوە نـاسک و شـیرینەکـانیـانـەوە، کە بەسـەر کوردستانـدا هـەڵیان داون و هـەڵیانـدەدەن. ئەمـەش رەهـەنـد و ئامانجـێکی سەرەکی و ستراتیژیی نەتەوەیی و نیـشـتمـانییە، لە رەهـەنـدەکانی هـۆنـراوەی منـداڵانی کوردمان.
ئەم کۆپـلە هـۆنـراوە جـوانە ـ هـۆزانڤانەکەی نەناسراوە ـ جەخـت لەسەر ئەوە دەکات، پێویستە هـەر لە منـداڵـییەوە، منـداڵەکـانمان بە کوردستان پەروەری پەروەردەبکەیـن:
خـەریـتــەی هـەمــوو خــــاکـی کوردســــتـان
دایـــک بـە دەرزی و دەزوو و دروومـــــــان
بـکـێـشـێـت لەسـەر سـەربـێـشکـەی مـنـــــاڵ
هـەر بـە کـوردســــتـان بـێــــتـە گــڕوگــــــاڵ
لـە بـێـشـکـەی وایـا چــــاو هـەڵــنـەهــــێـنـێ
درۆیـــە هــەســــــتـێ و تـــــۆڵـە بـســـــێـنـێ
زۆرن ئەو هـۆزانڤـانانەی کە هـۆنـراوە و سـروودیان بۆ منداڵانی کوردمان نووسیون و بەسەر کوردستانـدا هـەڵـیانـداوە. هـۆنـراوە و سـروودەکـانیـش زۆرن. بە زۆریـش ئـەم ژانـرە هـۆنـراوەیە دەچـێتە نـاو چـوارچـێوەی سـروودەوە. بەشێکـیش لـەو سروودانەی کـە هـۆزانـڤـانـانی گـەورەکـان، بەسـەر کوردسـتانـدا هـەڵـیان داوە و بـۆ گـەورەکـانیـان نووسـیون، بۆ منـداڵانی هـەراشـیـش گـونجـاون و بـوونـەتە سـروودی قـوتـابخـانەکان.
وەکـو نمـوونە، دێـڕێک یا دوو دێـڕ، کـۆپـلـەیەک یا دوو کـۆپـلـەمـان لە هـۆنـراوەکـانی کۆمەڵێک لە هـۆزانـڤـانانی ناسراوی کوردمان لە بواری نووسینی هـۆنراوە بۆ منداڵان، گـوڵـبژێـرمـان لەو هـۆنـراوانە کـردووە، کە نـاوی کوردسـتان یا نیـشــتـمان یا وڵاتـیـان لەخـۆگـرتـوون. لە سـەرەتا یـان ناوەڕاسـت یان لـە کـۆتـایی هـۆنـراوکـانـیاندا وەریـانـم گـرتـوون. ئەگـەر تەواوی هـۆنـراوەکـانیان بنووسین و لـێکـۆڵـینەوەیان لەسەربکەیـن، بە پەرتـووکـێکی گەورەش تـەواو نـابێـت. ئەو خوێنەرانەی کە هـۆگـری خـوێنـدنەوەی هـۆنـراوەی منـداڵانن، گـەر دەیانەوێـت تـەواوی هـۆنـراوەکانی هـۆزانـڤـانـانی منـداڵان بخـوێنـنەوە. دەتـوانـن پەرتـووکەکانی ئـەو هـۆزانـڤـانـانە بەسـەربکەنەوە، کە نـاویـان لەم نووسـینەدا هـاتـوون.
١ـ مامۆسـتا (کاکـەی فـەللاح) لە هـۆنـراوەی (خۆشـم ئەوێ وڵاتـەکەم) دا، دەڵێـت:
کوردســــتـانـە خـۆشـــەویـســتـم
هـەتـــا مــــاوم ئـەیـپــــەرســـتـم
هـاوار ئـەکـا هـۆش و هـەســـتـم
بـە جـــوانی دیـمـــەنی مـەســـتـم
دڵـــــــم ئـەڵـێ نــەک زوبـــــــانـم
خـۆشـــم ئـەوێ کوردســـــــتـانـم
خـۆشــەویـسـتـیی نـیـشــــتـمـانـم
بـۆتــە لـەوحــــــەی ئـیـمـــــــانـم
٢ـ مامۆسـتا (عـەبـدوڵڵا زێـوەر) لە هـۆنـراوەی (وەتـەنی مـن) دا، دەڵـێـت:
وەتــــەنی مـن کوردســـتـانە، یـادگــاری ئـەجــــدادمـــانـە
بـەهەشـتی رووی سەر زەمیـنە، خاکی پاکی کوردسـتـانـە
هـەر مامۆستا زێـۆەر بە دەمی منـداڵان و نەوجـەوانـانەوە، دەڵـێـت:
ئـێـمــە کـە مـنـــداڵ و نـەوجـەوانـانـیـن
هـەمــوو بـە قـوربــانی کوردســـتـانـیـن
٣ـ مامۆستا (فـایـق بـێکەس) لە هـۆنراوەی (خـوایە وەتـەن ئاواکەی) دا، دەڵـێت:
خــوایـە وەتــــەن ئـاواکـــەی، چــەنــد دڵـگــــیـر و شــــیـریـنــە
دەشـتی خـۆش و رەنگـیـنە، ئـاوی کەوسەرە، خـاکی گـەوهـەرە
پـڕ لـە گــوڵ و نـەســــریـنـە
هـەر مامۆسـتا فایـق بـێکەس، دەڵـێـت:
ئـەبـێ تـێکـۆشــــیـن ئـەمــڕۆ مــەردانـە
چـونـکـە کـوردســتـان چــاوی لـێـمــانـە
٤ـ پارێـزەر (یـونـس دڵـدار) لە هـۆنـراوەی (رۆڵـەی تـازە) دا، دەڵـێـت:
مـن رۆڵــــەی کـوردســـــتـانـم
تـــازە رۆڵـــــەی کـــــــوردانـم
تـاکــــو وڵات ســـــــەرکـــەوێ
فـیـــــدایـە رۆح و گـــــــــیـانـم
٥ـ مامـۆسـتا (هـێـمـن مـوکـریـانی) لە چـوارینـە هـۆنـراوەیـەکـدا، دەڵـێـت:
چــیــم پـێ دەڵــــێـن لــێـرە و لـــەوێ
مــن کوردســــــتـانـم خـــــۆش دەوێ
پـێـشــــم بـڵــــێـن جـــــن و دێــــــوی
دەیـپــەرســـــــتـم چـــــڕ و کـــــێـوی
هەر مامـۆسـتا هــێمـن مـوکـریـانی لە هـۆنـراوەی (تـۆم هـەر لەبیـرە) دا، دەڵـێـت:
لـە شـــایـی دا لـە وەخـــتی هـەڵــــــپـەڕیـنـا
لـە خـۆشــــیـدا لـە کــــــاتی پـێــــــکـەنـیـنـا
لـە کـــۆڕی مــاتــــەم و گـریـــان و شـــیـنـا
ئـەمـن ئـەی نیـشـتـمـان تـۆم هـەر لە بـیـرە
٦ــ مامـۆسـتا (جـگـەرخـوێـن ـ شـێخ مـوس حـەسـەن محـەمـەد) لە هـۆنـراوەی
(شـام شـەکـرە، بـەڵام وڵات شــیرینـترە) دا، دەڵـێـت:
وەڵاتــێ مـــن تـــووی بـووکـــــا جـیـهـــــــانـی
هـەمی بــاغ و بەهـەشــت و مــێـرگ و کـــانـی
شـەپــال و شـەنـگ و شـۆخ و نــاز و گــەوری
گـەلــەک شـــیـریـن و رنــــد و پـــــڕ جـــوانـی
هـەر مامۆستا جـگەرخـوێـن لە هـۆنـراوەی (کوردســتان) دا، دەڵـێـت:
کوردســـــتـانـێ ، کوردســــــتـان
بـەخــــچـێ گــــــولا ، دەردێ دلا
ئـیـــرۆ مــــایـە بــن دەســــــتـان
کوردســــــــــــتـان بـلـــــــــــنـدی
هــەمی بـــــــاژار و گـــــــونــدی
هــــــەچـی کـــەس بـخـــــــوازی
دڤــــێ جــــانـێ خـــۆ بـتــــەدنـی

٧ـ مامۆسـتا (محمەد ساڵح دیلان) لە هـۆنـراوەی (کوردستان بەهەشتی زەمین) دا:
کوردســـتـان بـەهـەشـتـی زەمــیـن
جـێـی تـێـکـۆشـــان و راپـــــەڕیـن
مـەڵـبـەنـدی کــــاوەی قـارەمـــــان
کـوردســـــــتـان ، کـوردســـــــتـان
٨ـ مامۆستا (هـەژار موکریانی) لە هـۆنـراوەی (کوردستان نیشتمانی کورد) دا، دەڵێت:
کوردســــــــتـان ، نـیـشــــــتـمـانـی کـورد
بـەرز و پـیرۆزی سـوێـنـدت پـێ ئـەخـۆم
بە سـەربـەخـۆیـی بە خـوێـن و بە گـیـان
کوردســـــــــــــتـان ، کوردســـــــــــــتـان
٩ـ مامۆسـتا (عـەبـدوڵڵا گـۆران) لە هـۆنـراوەی (کوردستان) دا، دەڵـێـت:
کوردســـتـان، کوردســـتـان، نـیـشـتـمـانی جــوان
هـەر بــژی بـە شــادی سـەربـەســتی و ئـــازادی
هــــەر بـــــژی ، هــــەر بــــژی ، هـــــەر بــــژی
١٠ ـ مامۆستا (محەمەد رەسووڵ هاوار) لە هۆنراوەی (دیمەنی کوردستان) دا، دەڵێت:
کوردســـتـان جـێـــگـای بـەچـــکـە شـــێـرانـە
جـێــگـای هــەوارگــــەی کـــورد و گــــۆرانـە
خـوایـە هـەر خـۆش بـێ بـۆمـان تـا سـەر بـێ
پـاشــــمـاوەی خـــاکـی مـــــــاد و بـابــــــــانـە
خـۆشــتـریـن جـێـگـای رووی سـەر زەمـیـنـە
بـەهــەشـــــتی ئـــــــاوای رۆژی دوایـیــــــنـە
١١ـ مامـۆسـتا (ئـەحـمـەد هـەردی) دەڵـێـت:
ئـەی قـوتــابی خــاکی کـوردســــتـانــەکـەم
لاوی لـوڕســــــتـان و بـادیـنـــــنـانـــەکـەم
رۆڵــەی دەرســــیـم و هـەورامــــانــەکـەم
هـەر لە دیـمــگـری هـــەتـا بـارزانــەکــەم
خــاکـی کوردســتـانی تـۆ یـــەک لانــــەیـە
بـەشـکـراوی نـاحــــەز و بــێـــــگـانـــەیـە
١٢ـ مامۆستا (شـێـخ سـەلام) لە هـۆنـراوەی (هـەسـتە لەخـەو) دا، دەڵێت:
وامـــەزانـە خـــــاکـی وەتـــــــــەن
ئـــــاو و گـــــــــڵـە و دار و دەوەن
ئـــەم وەتـــــەن و ئــــــاو و گـــڵـە
پـشــت و ئـەژنـۆ و جـەرگ و دڵـە

١٣ـ مامۆستا (کامـەران مـوکـری) لە هـۆنـراوەی (وڵاتـی مـن) دا، دەڵێت:
وڵاتـــــــی مـــــــن شـــــــیـریـنــە
خــــــــاکــێـکی نــازەنـيـــــــــــنـە
بەهــار، دەشــتی زەرد و ســوور
ئـەبـێــت بـە کـۆمـــەڵـی نـــــوور
١٤ـ کاک (لەتـیـف هـەڵـمەت) چەند هـۆنـراوەیەکی لەسەر کوردستان و نیـشتمان بۆ منـداڵان نووسـیـوە. (کوردسـتان و نیشـتـمان لە هـۆنـراوەکانی لـەتـیـف هـەڵـمەت بۆ منـداڵان) ناونیشانی نووسینێکـمە، کە لە (ینایـر/٢٠١٤) دا، لە سـایتە کوردییەکانـدا بڵاوکردەوە. کە دەربارەی کوردستان و نیشتمانە لە هـۆنراوەکانی لەتیف هەڵمەت دا.
کاک لەتیـف هەڵـمەت لە هـۆنـراوەی (دایـک و نیشـتـمان) دا، دەڵـێـت:
گــــــەڕام سـەرانـســــــەری زەوی
پـشـــــکـنـیـم لـووتـــــکـە و نـەوی
نـەمـدی شـوێنێکی خۆش و جـوان
دڵـگـــیـر بـێ وەک نـیـشـتــمــــــان
هەر کـاک لەتیـف هـەڵـمەت لە هـۆنـراوەی (نیـشـتـمان) دا، دەڵـێـت:
وەک چــــــــــــــۆن بـاڵــــــــــــــــــــدار
لانــــــەی هــــــەیـە لـە ســــــــــەر دار

وەک چـۆن پەپــوولـەی جــوان جــوان
لانــــــــە دەکــــــەن لـەنـــاو گـــــــوڵان
وەکـو چـــــــۆن مـانـــــگـی تـابــــــــان
مـــــاڵی هــــــــەیـە لـە ئـاســـمـــــــــان
وەکـو چــــۆن مـــــاسـی و حـــــــەزیــا
مـاڵــیـــــان هــــــەیـە لـەنــــــاو دەریــا
مـنیـش نیــشـتـمانـم هـەیـە نـیـشـتـمـان
نیـشـتـمـانـم کوردســتـانـە کوردســتـان
١٥ـ مامۆستا (عـەلی عـەبـدوڵڵا شەونـم ) لە هـۆنـراوەی (وڵاتـەکەم) دا، دەڵێت:
وەڵاتــــــــــەکــەم ژیـــــــــانـمـە
چــاوگـی بـەهـــرەی جــــوانـمـە
خـۆم و سـەرم هـەرچـیـم هـەیـە
بـەرووبـــوومی ئـەم خــــاکـەیـە

١٦ـ خـاتـوو سەبـریە نـوری قـادر کە بە (دایـکی سـۆلاڤ) ناسـراوە، دەڵـێـت:
کـــوردم رۆڵــــەی کوردســــتـانـم
خـۆشــــم ئـــەوێ نـیـشـتـــــمـانـم
هـەر دایکی سـۆلاڤ دەڵـێـت:
لـە گـوێـمــــایـە بـە لای لایـــــــە
بـە دەنـــــگـی خـــۆشی دایـــــــە
کـە پــــێـی وتــــم نـیـشــــــتـمـان
شـــــــــیـریـنـتـرە لـە گـــــــــیـان

١٧ـ مامۆستا (فـەرەیـدون عـەلی ئەمـین) لە هـۆنـراوەی (نەوەی کـاوە) دا، دەڵێت:
نـــــەوەی كـــــاوەی کوردســــــتـانـم
چـقـــــڵـی چـــــــاوی دوژمــــــــنـانـم
١٨ـ مامۆسـتا (کـازم کۆیی) لە هـۆنـراوەی (کوردستان) دا، دەڵـێـت:
کوردســـتـان جـێــگـەی ژیــــانـم
زێـــدی بـــاوک و بـاپــــــــیـرانـم
هــێـزی دڵـــم سـۆمـــای چــــاوم
پـێـشـمەرگەی تـۆم هـەتـا مـــاوم
مامۆستا کازم کۆیی لە هـۆنـراوەیەکی تری، هەر لەژێر ناوی (کوردستان) دا، دەڵێت:
کوردســــــتـانـم شــــــــیـریـنـە
زۆر دڵـگـــــیـر و رەنــــگـیـنـە
شــاخـی بــــەرز و بەفــــریـنـە
١٩ـ مامۆستا (عـەلی حەمەڕەشـید بەرزنـجی) لە هـۆنـراوەی (کوردستان) دا، دەڵـێـت:
ئـەی کوردســتـان ، ئـەی کوردســـتـان
نـیـشـــتـمـــــانـە قـەشــــــــەنـــگـەکـەم
ئـەی ئـاوێـنــــەی بـــــاڵای نـومـــــــای
ئـەویـنــــە رەنــــــــگـاوڕەنــــگـەکــەم
بـۆ ئـێـمـــــــەی بـچـــــــــــــکـۆلانـــــە
خـۆشـتـریـن جــێـی لـەم جـیهــــــانــــە
مامۆستا عـەلی بەرزنجی لە هـۆنـراوەیەکی تری هـەر بە نـاوی (کوردستان) دەڵـێـت:
کوردســــــتـانـە ، کوردســــــــــتـان
خـــــاکـە پـــــــیـرۆزەکــەی مـــــــن
خـۆشـــــەویـســــت و بـێ وێــــــنـە
نـیـشــــــــــتـمــانــێـــکـە مـــــــەزن
٢٠ـ هۆزانڤانی ئەنـدازیـار (محـەمـەد بـەرزی) لە هـۆنـراوەی (سـوێنـد) دا، دەڵـێـت:
بـە خــــوای گـــەورە ســـوێـنــدەخـــۆم
دڵـســـــــــۆزبـــم بـۆ خـــــــاکـی خــــۆم
تـێـکـۆشـــــــــم بـە رۆژ و شـــــــــــەو
بـۆ بــــــەرزێـــتـی نـــــاوی ئـــــــــــەو
هەر کاک محـەمەد بـەرزی لە هـۆنـراوەی (وڵاتـەکـەم) دا، دەڵـێـت:
وڵاتـــــــــەکـەم شــــــاخ و دەشـــــــتـە
جـوانـــــــــــە وەکـــو بـەهــەشــــــــتـە
بـاخـــــی گـــــــوڵ و گـــــــــــــوڵـــزارە
هـەمــــــوو وەرزێ بـەهـــــــــــــــــارە
٢١ـ هـۆزانـڤـان و رۆمـانـنـووسی منـداڵان مـامـۆسـتا (ئـەمـین محـەمـەد) لە (ئـۆپـەرێـتی دایـک) دا، دەڵـێـت:
بـەڵـێ وایـــــە دایـــــــە گـیـــــان
خـۆشـەویـســـتـیی کوردســــتـان
کـارێــــکـی زۆر پــــــــــــیـرۆزە
هـەردەم وا لـە پـێـش چـاومـــان
هـەر مامـۆستا ئەمـین محـەمـەد لە هـۆنـراوەی (سـێ وشـە) دا، دەڵـێـت:
نـــەورۆز ، نـێـرگـز ، کوردســتـان
ســێ وشـــەی نـاســک و جــــوان
وزەمــــــــان پـێـــدەبـەخــشـــــــــن
وەکــو پـرشـــــــنـگـی خـــــۆر وان

٢٢ـ مامۆستا (جگـەرسـۆز پێـنـدرۆیی) لە هـۆنـراوەی (کوردسـتان) دا، دەڵـێـت:
کـوردســــــــــــــتـانێ دەلالـێ
خــــودان کــــانـیـێـن زەلالـێ
هـۆگـــرێ خــۆش هـەڤــالـێ
بـهــــارا وەرزێــــــن سـالـێ
بـێن خـۆشـە وەک هــەلالـێ
بـۆ نـەیــــــــــــــارا زەوالـێ
٢٣ـ کاک (رۆسـتـەم خـامـۆش) لە هـۆنـراوەی (وڵاتی مـن) دا، دەڵـێـت:
خـۆشــــم دەوێ کوردســـتـانـم
لە نـێـو دڵـمـــە نـیـشـتــــمـانـم
شـــوێـنی بــاب و بـاپــــیـرانـم
جــێی ئــارامی دڵ و گـیـــــانـم
هەر کاک رۆستەم خامـۆش لە هـۆنـراوەی (واری مـە) دا، دەڵـێـت:
وارێ مـە گـەلــەک جـــوانـە
نــــاڤـێ وی کـوردســـــتـانـە
وارێ مـە جـهــــێ ژیـنــــــە
قـەشـەنـگ و پـڕ ئـەڤـیـــنـە
٢٤ـ مامۆستا (عەبـدۆلـڕەحـمان فـەهـیمی) لە هـۆنـراوەی (وڵاتـەکەم) دا، دەڵـێـت:
مـنــــداڵـەکــان ئــەم وڵاتــــــــە شــــــیـریـنـە
ئــەم بــــــاخ و بـێـســـــــتـانـە رەنــگــــــیـنـە
بـسـت بـە بـسـتی خـاکی ئـەم نـیـشــــــتـمـانـە
هـەمــوو مـــــاڵ و جــێــــگـەی خــۆمــــــانـە
٢٥ـ مامۆسـتا (زارا ئەحـمـەد جـاف) لە هـۆنـراوەی (نیشــتـیمـان) دا، دەڵـێـت:
نـیـشــتـیـمــــانـم کـوردســــتـانـە
پـــــڕ لـە خــــێـرە و ئــــاوەدانـە
کــەش و دیـمــەنـی ســروشــتی
کە خـۆشـە سەیـران و گـەشـتی
٢٦ـ مامۆسـتا (فـەرهـاد ئەحمـەد بەرزنـجی ) لە هـۆنـراوەی (وڵات) دا، دەڵـێت:
نـیـشــــــــتـمـانـی شــــــــیـریــنـم
زێــــــــدی بــاب و بـاپــــــــــیـرم
هـەمـیـشــــە خـۆشـــــەویـســتـی
هـەرگــیـز نـاچـــیـت لەبــــــــیـرم
٢٧ـ مامۆسـتا (عـوسـمان دەروێـش) لە هـۆنـراوەی (کوردستان) دا، دەڵـێـت:
چــەنـد جـــوانی کوردســــــتـانـم
ئـەی خـــــــــاکی نـیـشـــــتـمـانـم
تـۆ بـەهـەشـــتی ســەر زەویــت
هـەوارگــــــــەی بـاپـــــــــیـرانـم
٢٨ـ مامۆسـتا (سـەردار قـادر) لە هـۆنـراوەی (کوردسـتان) دا، دەڵـێـت:
بەیـانـیـت بـاش کوردســــــتـان
خـۆشـتـریـن جـێـــگـای ژیـــان
ئـاســــودەم بـە نـیــــــــــگـارت
بـە کــــانـی و بـە روبــــــــارت
بـســت بـە بـسـتی نـیـشــتـمـان
دەیـپـــارێـزیـن وەک چـاومــان

٢٩ـ مامۆستا (بەخـتـیـار کەڵـهـۆڕی) لە هـۆنـراوەی (سروشی کوردستان) دا، دەڵـێـت:
ئــای لـە ســروشــتی کوردســـتـان
شـوێـــنی خـۆشـی دڵ مـەســـــتـان
بـە تـاڤــــگـە و کـانـیــاوی جـــوان
دەبــــزوێ بــــــیـر و هـەســــــتـان
٣٠ـ مامۆستا (سـەلاح نـیـساری) لە هـۆنـراوەی (نـیشـتـمـان) دا، دەڵـێت:
نـیـشـــــــتــمــانــم ئــــــەی دڵ و گــیـــــــــان
بــە مــــــــــــــــەرگـی خــــــــــــــــــــــــــــۆم
بــە دوو چــــــاوی خـۆشـــــــــەویـســــــتـان
لە نـاخەوە خۆشـمان ویستـبای هـەمـوومـان
یــا ئـێـــــمـە فـیــــــــدای تـــۆ دەبــــــــوویـن
یـا تـــۆ دەبـــــــووی بـە کوردســــــــــــــتـان
٣١ـ مامۆستا (ستار ئەحمەد عـەبـدولڕەحمان) لە هـۆنـراوەی (کوردستان) دا، دەڵـێت:
وشــەی کوردســتـان شــیـریـنـە
بـەفـــر بـۆ چـیـــا هـەنـگـــويـنـە
بـەهــــار بە گـوڵـــــەوە جــوانـە
قـوتـــابـیـش بـە قـوتـابـخــــــانـە
دایـکی هـەمـووش کوردســتـانـە
داڵـدە و هـەوارگە و پـشـتــمـانـە
٣٢ـ کاک (مـحـەمـەد پـاکـژ) لە هـۆنـراوەی (کوردسـتان) دا، دەڵـێـت:
ئـەم کوردســــــتـانـە جــــــوانـە
خـــــوێـن و دڵ و چــاومــــــانـە
خـۆشــــــم دەوێ پـــــــڕ بـە دڵ
ئـەیـپـارێــــــزم وەکـو گــــــــوڵ
٣٣ـ خـاتـوو (جــوانـە کـاکـەیی) لـە هـۆنـراوەی (کوردسـتان) دا، دەڵـێـت:
کوردســـتـان نـیـشــتـیـمـــــانـمـە
گـلـێــــنـەی دوو چــــــــــاوانـمـە
ئـەیـپــارێـــــــــزم پـــــــڕ بـە دڵ
ئــــــاو و ئـــــــاڵا لـەگــــەڵ گــڵ
٣٤ـ مامـۆستا (مەدحـەت بـێـخـەو) لە هـۆنـراوی (ئـەی وڵاتـم) دا، دەڵـێـت:
ئـەی وڵاتـــــــم ئـەی وڵاتـــــــم
بـیـــــر و ئـایــیـــــــنـی مــــنـی
تـۆ بەهـەشـتی سـەر زەمـیــنی
خـــــــاکـی زێـــــڕیـنـی مــــنـی
٣٥ـ مامۆستا (محـەمـەد کەساس) لە هـۆنـراوەی (خۆشەویستیی نیشتمان) دا، دەڵێت:
خـۆشـــەویـسـتـم نـیــشــــتـمـان
خــــــاکـی بــــاو و بـاپـــــــیـران
تـا خــوێـن لـە لـەشــمـا مـــابـێ
تــا دڵ لـە لــــــــێــدانـــــــدا بـێ
ئـەتـپـــــارێـــزم وەک چـــــــاوم
هــــــەتـا لـە ژيـــــــنـا مـــــــاوم
ســەر و مــاڵـم فـیــدا ئـەکـــــەم
بـۆ تـــۆ ئـــــــەی وڵاتــەکـــــەم
٣٦ـ هـونەرمەنـد، کاک (بەهـجـەت یەحـیا) لە هـۆنـراوە و لە ئاوازی و گـۆرانیی خـۆی لەژێـر نـاوی (کوردسـتان گـەر تـۆ نـەبی) دا، دەڵـێت:
کوردســتان گـەر تـۆ نـەبی تەیـرێــکـم بـێ ئـاســمـان
بـە نـاوی تــۆی پـــــیـرۆز ســەربـڵـــنـدم لـە جـیهــان
کوردســتان گـەر تـۆ نـەبی گـیـان و ژیـنـم بـۆ چـیـیـە
دیـمـەنی روخساری تـۆم بێ تـاجی شاهـیم بـۆ چـیـیـە

٣٧ـ مامۆسـتا (خـالـید عـەبـدل) لە هـۆنـراوەی (کوردسـتانەکەم) دا، دەڵـێـت:
کـوردســــتـانـە ئـاخــا دێــــریـن
خـــاکـی دڵـگـــــیـر و شـــیـریـن
خـۆشـــــم دەوێـی وەک چــــاوم
دەتـپـــارێـــــــــــــزم تـا مـــــاوم
٣٨ـ مامۆسـتا ( کـاروان عـەلی ) لە هـۆنـراوی (کوردسـتانەکـەم) دا، دەڵـێـت:
کـوردســــــتـانـی جــــــــــــوانـم
روونــــــاکـی دوو چــاوانــــــــم
مـایــەی شـانــــازی ژیــانـــــــم
هـۆی سـەربـەرزی کوردانــــــم
٣٩ـ مامۆســتا (تەهـا بـیـلال) دەڵـێـت:
مـامـۆســـــتـا فــــێـری کــــردم
هـەســتـم بنـووســـــم کـــوردم
نووسـیـم کورد و کوردســتـان
پــۆل بـوو بـە چــەپـڵەڕێـــزان
٤٠ـ مامـۆسـتا (رەزا شـوان) لە هـۆنـراوەی (سـروودی مـن) دا، دەڵـێـت:
کــــوردە گــــەلـی قـــارەمــــــانـم
کـوردســـــتـانـە نـیـشــتــمـــــانـم
پـێـشــمـەرگــــەیـە پـاســـــەوانـم
ئـازادیـیــــە هـیــــوای ژیـــــــانـم
کـوردســتـانـم سـۆمـــای چــــاوم
دڵ و هــەنــاســـــە و هــەنــــاوم
هـێـــزی گــوڕی تــیــن و تــــاوم
هــۆگــری تــــۆم هــــەتـا مــــاوم
کـوردســــتـانـم ، بـە یــــــەزدانـم
هــەردەم وێــردی سـەر زمـــانـم
دروشــم و بەڵــێـن و پـەیـمـــانـم
کوردســــــتـانـم یـا نـەمـــــــــانـم
هـەر مامۆسـتا رەزا شـوان لە هـۆنـراوەی (کوردسـتان) دا، دەڵـێـت:
کوردســـتـانـمــان بـەهـەشـــــتـە
شـوێـنی سـەیـــران و گـەشـــتـە
شــوێـنـێـک نـیـیە لـە جــیهــــان
جـوانــتـربـێـت لـە کوردســــتـان
دیـــارە هـــــەر کـوردســــــتـانـە
شــابــــووکـی ئـەم جـیـهـــــــانـە
بـــژی.. بـــژی.. کوردســــــتـان
نـیـشـــــتـمـانی پــيـرۆزمــــــــان
٤١ـ ئەم سروودە کوردییە خۆشە (ئێمە منداڵـین جوانین) زۆر گەڕام و زۆر پرسیارم کرد، ناوی هـۆزانڤانەکەیم نەدۆزیەوە. کاتی خۆی رەوانشاد مامۆستا (رەمـزی قەزاز) لە رادیۆی کوردی بەغـدا، بەم سروودە بەرنامەی (باخچەی مـنداڵان) ی دەستپێدەکرد. منیش (رەزا شـوان) کە لە ساڵی (١٩٨٤ ـ ١٩٩٤) ئامـادەکەری بەرنامەی هەفـتانەی (جیهـانی منـداڵان) بووم لە تەلەفـزیـۆنی کەرکووک. تایـتلی بەرنامەکەمان بەم سرودە دەسـتـپـێـدەکـرد. دوو جـاریش بەڕێـوەبـەری تەلـەفـزیـۆن (عـەرەبـێکی بەعـسی بـوو. خراپیش نەبوو) بەڵام کوردێکی بەعـسی کارمەنـدی تەلەفـزیۆنی کەرکووک پێی وتبوو با ئـەو سـروودەی تـایتـلی بەرنامـەکەی بکـۆڕێـت. کە بەڕێـوەبەی تەلەفـزیـۆن داوای لـێمکرد کە ئەم سروودە بە پارچـە موزیکـێک بگـۆڕم. پێیموت: تا مـن ئەم بەرنامەیە ئامـادەبـکەم. هـەر ئـەم سـروودە دەبێ تـایتـلی بەرنـامەی (جـیهـانی منـداڵان).
ئــێـمـە مـنــداڵــیـن جـــوانـیـن ….. ئـــــــاواتـی نـیـشــــــتـمـانـیـن
کـامـــەرانـیـن ، شـادمــــانـیـن ….. کـە نــــەوەی کوردســـتـانـیـن
رۆڵـــەی خـــاکی پــــیـرۆزیـن ….. بـۆیــە هـێـنـــدە بـەســــۆزیـن
شــەو و رۆژ تـێـدەکــۆشـــیـن ….. بــۆ وڵات بـــە پــەرۆشـــــیـن

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




ئێزدیەکان لەنێوان مەنگەنەی مۆدێل و ڕەوشتلێژیی دوکتۆر عبدالواحدەکان دا.. هیوا محەمەد ئەمین

لە دونیا و ئەدەبیاتی فەلسەفە دا ، دوو دیاردە ، خەسڵەت و تایبەتمەندیی ، دوو بنەما و کۆڵەکە ی بنچینەیی هەن ، کە ڕۆڵێك ی گرنگ لە فراوانکردن و قوڵکردنەوە ی دنیا ی مەعریفە ، ڕاستیی ( حەقیقەت ) ، دیدگە ، بیرکردنەوە ، تێڕامان و جیهانبینیی کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دەگێڕن ، ئەویش دیاردە ی گومان و پرسیارە ! گومان فەلسەفە ی بەردەوامیدان بە ژیان و گەیشتن بە ڕاستییە ، مرۆڤ تاکو خاوەن ی گومان نەبێت ، ناتوانێت ڕابپسکێت و لە بەستەڵکبوون ی بیرکردنەوە ڕزگاری ببێت ، دواجار ئەوە گومانە کە هێزێك بە مرۆڤ دەبەخشێت کە بتوانێت بەهۆیەوە دەستی بە ڕاستییەکان بگات . پرسیار بەڵام ڕەنگدانەوە ی جۆرێك لە هۆشمەندیی و پێداویستیی فیکریی ، زیهنیی و هەرقۆناخێك ی ژیان ی مرۆڤایەتییە ، قوڵترکردنەوە و فراوانترکردن ی دنیا ی گومانە . لەم ڕۆژنە و دەروازەیەوە ، دەمەوێت بچمە نێو ڕوداو ی ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکان ی 27 . 4 . 2023 ی شار ی ( شنگال ) ەوە ، بەڵام پێش ئەوەی پەیڤێك لەوبارەیەوە بدەم ، پێم باش و پێویستە کە لە ڕۆشنایی دنیا ی ئیمان ، گومان و پرسیارەوە تیرۆژە تیشكێک بخەمە سەر ئەو ڕوداو و پرسیارانە ی کە پەیوەستن بەم بابەتە ، تاکو وێنەیەك ی گەشتر و ڕوناکتر بدەین بەو دیمەنانە ی کە زۆرێك لە مەلا ، بانگخواز و ئیسلامیستەکان هەوڵ ی شێواندن ی دەدەن .
کەسێك دەشێت ئاییندار بێت ! بەڵام مەرج نیە ئیماندار بێت ، پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە . جیهان ی ئیمان و ئایین لە زۆر ئاست و ڕوبەر دا دوو دنیا ی ئاراستە و ئاقارجیاوازن ، کە هەریەکەیان بەشێوازێك ی جیاواز کاریگەریی دەنوێنن و مرۆڤ دەگەێننە دوو ئامانج ی جیاواز . ئیمان لە پانتایی ئامانج ، چەمك ، مانا و دنیابینیی خۆی دا بۆ بوون ، ڕەوشت ، نرخ ، شکۆ و پایە ی مرۆڤ ، بەرفراوان و بێکۆتایە کە سیفاتێك ی سروشتیی وگەردونیی تێدا بەرجەستەدارە کە لەوێدا دۆزی مرۆڤ و زاتی مرۆڤ دەبێتە ناوەند ، چەق ( سەنتەر ) ێك ی گرنگ و مانادار بۆ ژیان ، بۆبوون و کۆی دۆز و فەلسەفە مرۆڤایەتییەکان ، لەوێدایە ، کە مرۆڤ لە ڕامان ، تێڕامان و بوونێك ی ناوچەییەوە دەبێتە بونەوەرێك ی گەردونیی و پاشان ئاودیو ی پڕۆسە ی بەدنیابوون دەبێت ، واتا گەڕانەوە بۆ سروشتی خۆی کە فەلسەفە ی مرۆڤبوونە . ڕێگە ی ئیمان ڕێگەیەکی دورودرێژ ی پڕ لە گومان ، دڕدۆنگیی ، پرسیار ، سەختیی ، دژواریی و هەڵدێرانە ، هەروەها ڕێگەیەکی پڕلە ئازار ، ڕەنج و ماندوبوونێك ی زۆرە کە مرۆڤ لەپێناو ی بەدەستهێنان ی حەقیقەت ، ڕەوشت و ویژدانێكی باڵاتر، ژیانێك ی ڕوناکتر و ڕامانێك ی باشتر دا بەپێویست ئازار دەکێشێت و دەچێژێت ، واتا ئیمان لەڕێگەی ئەزمونکردن ی عەقڵ و گۆشکردنی دنیای گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانیی ) ە وە دەگاتە دوالوتکە ی بەرزترین ڕەوشت ، ویژدان ، ڕاستیی و دواجار بوون بە بەشێكە لە کۆی سروشت و سیستەمێك ی گەردونیی ، واتا لەوێ دایە کە مرۆڤ ئاودیو ی دنیا ی ئاژەڵیی خۆی دەبێت و لە دواهەمین وێستەگە دا فەلسەفە ی مرۆڤبوون لە ناخ و زات ی مرۆڤ خۆی دا ئەزمون ی مرۆڤایەتیی خۆی دەکات . کۆی ئەو ڕەگەزە گرنگ و بابەتییانە ی کە ئاماژەم پێیان دا ، دنیا ی بوون و وێنا ی خۆیان لەسەر پەیژەیەك ی شەقوشڕ ی دنیایی و غەریزەی ئاژەڵیی بەرجەستە یان بینا کردووە . مرۆڤ بە مەبەستی گەیشتن بە دنیا ی ئیمان و ئامانجێك ی باڵاتر لە فەلسەفەی ڕەوشت ” ئێتیك ” ، هەست ی مرۆڤایەتیی وفەلسەفە ی مرۆڤبوون ، لێبڕاوانە ولەژێر سێبەرو پەیڕەویی ژیریی ( عەقڵ ) و ئیرادەیەك ی ئازادانە دا ئەو پلانە دەبڕێت و لە دواهەمین پلە دا ئاودیو ی دنیایەك ی نوێتر دەبێت ، دنیایەك کە تیای دا دەستی لە فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی ، جوانترین و باڵاترین ڕەوشت و ویژدان گیردەبێت ، واتا پڕۆژە ی ئیمان پڕۆژەیەکە بۆ باڵابردن ی هۆش ، بیر ، ڕەوشت و ویژدانی مرۆڤ ، کە لەدواجاردا کار بە دۆزینەوە ی یەزدان و دروستکردنی مرۆڤ ی یەزدانیی کۆتایی دەهێنێت ٠ لەدواجار دا ئیمان پرۆسەیەك ی درێژخایان ی تاکەکەسیی و جۆرێك لە دیاردە ی هوشیاریی و خواست ی بنیاتنان ی ئیرادە ی باڵا و ئازادە لە مرۆڤ دا ، سەرئەنجام ئیمان هێزێك ی ڕوناکییبەخش و توانابەخشە کە تەکانێك بە مرۆڤ دەدات تاکو ئاودیوی دنیایەك ی فراوانتر ، ڕوناکتر ، نوێتر ببێت ! لەم بازدان و ئاودیوبوونە دایە کە سەرەتا ی چیرۆك ی فەلسەفە ی مرۆڤبوون و مرۆڤ ی ڕاستەقینە سەرهەڵدەدات و دەستپێدەکات . لەم دەستپێکەوە ، واتا لە دەروازە ی گەیشتن بە فەزیڵەت ی ئەخلاقیی و ویژدان و ڕەوشت ی بەرز و باڵاوە کە تەنیا پێناسەیەکە بۆ جیاکردنەوە ی مرۆڤ ی باش یان خراپ ، دەخوازم چەند وشەیەك سەبارەت بە ڕوداوەکە ی شار ی شنگال بنووسم .
شاراوە نیە ، کە لە سەردەم ی دروستبوون و سەرهەڵدان ی یەکەمین فەرمانڕەوایی خەلافەت لە ئیسلام ، واتا سەردەم ی خەلیفەکانی ڕاشیدین ، و بەتایبەت و بەدیاریکراویی لە سەدەی ١٧ ی کۆچیی ، واتا لەسەردەم ی خەلیفە عمر ابن خطاب دا یەکەمین کۆمەڵکوژیی ئێزدیەکان ئەنجامدراوە ، تاکو دەگاتە ڕۆژگاری دەوڵەت ی عوسمانیی و دەوڵەت ی ئیسلامیی لە عێراق و شام ” داعش ” و ئیخوان ی ئۆردوگانیی و تەنانەت کوردان ی موسوڵمانیشەوە ، کوردان ی ( ئێزدیی ) ڕوبەڕوی ڕاستەوخۆ ی چەوساندنەوە ، ئازار ، سوکایەتیپێکردن ، ناهەقیی ، کۆچپێکردن ، کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە ، لەدواجار دا و لەسەردەم ی خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ و ڕەققە ی سوریا ، کچان و ژنان ی ئێزدییەکان تاڵان کران و کرانە سەبایا و لە بازاڕەکان ی نوخاسە ی شارەکان ی موسڵ و ڕەققە دا مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە ، کراونەتە کۆیلە و زنجیر ی ئاسنینان لە دەست و پێیان کراوە و دەستدرێژیی ناموسیان کراوەتەسەر. داعش لە ژمارە یەك ی گۆڤار ی ( دابق ) ی سەر بە ڕێکخراوەکەیان نوسینێك بەناوی { احیاء العبودیە قبل اوان الساعە } بڵاودەکاتەوە ، و تیای دا باس لەوە دەکات کە چۆن بەپێی ئەحکام ی شەرعی ئیسلام کۆیلەکردن ی کچان و ژنان ی ئێزدیی ڕەوایەتیی و شەرعیەت ی پێدەدرێت ، و پاشان چۆن پێشکەش و دابەشیان دەکەن بەسەر ئەمیران و موجاهیدانی سوریی ، عێراقیی ، چیچانیی ، سعودیی ، ئێرانیی ، تورکیی ، ئەفغانیی ، لیبیی ، میسریی و موسوڵمانان ی تری نیشتەجێ ی ئەوروپا ، ئەمریکا و …. تاد ی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام و بەتاڵکردنەوەی نیکاح و هاوسەرگیرێتیی پێشویان وهاوجێییکردن لەگەڵیان دا بەبێ نیکاح و زەواج ؟ !! چەکدارێك ی داعش بەناوی ئەسعەد ئەڵمانیی لە فێسبوك ی خۆی دا وێنە ی کچێك ی هەژدە ساڵ ی ئێزدیی بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت : { ئەم کچە بۆفرۆشتن ، نرخەکە ی هەشت هەزار دۆلارە } ، هەمان ئەم کەسە پاش چەند کاتژمێرێك وێنە ی کچێك ی تری ئێزدیی کە چاوەکان ی لەتاو گریان سورهەڵگەڕاون بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت : { ئەمەش کچێك ی ترە بۆفرۆشتن ئەمیش نرخەکەی هەشت هەزار دۆلارە } ، بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڤیدیۆییە بۆ کۆمپانیا ی فێسبوك بووە سکانداڵێك ی یاسایی و ئەخلاقیی و دوایی لە لاپەڕەی فێسبوك دا سڕایەوە . ئەو دەستدرێژیی ، بێویژدانیی و بێڕەوشتییە ی کە بە کوردان ی ئێزدیی کرا ، هۆلۆکۆستێك ی نوێی تربوو کە لەسەدە ی بیست و یەکەمین دا دەرهەق بە مرۆڤ ی کورد و مرۆڤایەتیی ئەنجام دراوە . ئەم بارە کارەساتبارە دنیا ی ویژدان و ئەخلاق ی جیهان ی ئیسلامیی ، رابطە ی ئیسلامیی لە مەککە ، جامیعە ی ئەزهەر، حەوزیە ی قوم ، کۆمەڵگە ی ئیسلامیی و نمونەکان ی محمد علی قەرەداخیی ، بانگخوازی وەکو دوکتۆر عبدالواحید ، مەلا و مینبەرەکانیان و ئیسلام ی سیاسیی کوردیی لە ئیخوان و سەلەفییەکان ی نەهەژاند ، بەڵام محمد علی قەرەداخیی بۆ سەرخستنی ئۆردوگان لە هەڵبژاردنەکان ی ئەم دواییە ی تورکیا دا ، بەئاشکرا و بێ شەرم بۆ پشتیوانیی ئەو کۆششی زۆر ی کرد ؟ !
ئایین ی ئێزدیی ئایینێك ی هەرەکۆن ی گەل ی کورد بووە کە سەدان ساڵ پێش زایین لەسەر خاك ی کوردستان سەریهەڵداوە ! باوەڕ ی ئێزدییەکان لەبنەچە دا لە فەلسەفەی (ئەزدایی ) ەوە سەرچاوەی گرتووە . ئەزداێتیی باوەڕ ی بە یەکتاپەرستیی یەزدان هەبووە ، زەردەشتیش سەرچاوە ی فەلسەفە و بیری خۆی لە ئەزداییەوە وەرگرتووە . ئەزدایی باوەڕی بە هێزی چاکە و خراپە هەبووە ، دژی درۆ ، فێڵ ، ناپاکیی و پەیمانشکێنیی بووە ، لە بنەڕەت دا ئەزداێتیی باوەڕبوونە بە مرۆڤدۆستیی ، خۆشەویستیی ، ڕێزگرتن لە خاك ، ژینگە و ڕێزگرتن لە ئافرەت و … فەلسەفە ی ئەزدایی خاوەن ی هیچ نێوەندگیر یان پەیامبەرێك نین ، و باوڕیان بەوەیە ، کە مرۆڤ لەڕێگە ی ئیرادەیەك ی ئازادانەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی خۆی بە یەزدان دەبەستێت و سەرئەنجام توانایی ئەوە بەدەستدەهێنێت کە ڕوناکایی یەزدان بەدەستبهێنێت و دواجار ببێتە هەڵگر ی هێز ی چاکە . ئێزدایی خاوەن ی هیچ ڕوگە ( قیبلە ) یەك نیە ، لەکوێ دا ڕۆژ هەبێت ، بۆ نوێژکردن و ستایشکردن ی یەزدان ڕوودەکەنە خۆر ، خۆریش لەلایان جێگە ی ڕێز و ستایشە ، و شەقڵ ، دەرکەوتە و بەرجەستەیەکە لە مەزنیی و شکۆمەندیی یەزدان . لەو ڕۆژگارەوە ی کە ئیسلام وەك هێزێك دەرکەوت ، ئێزدییەکان جگەلەوەی کە چەوسێنراونەتەوە ، بەهەمانشێوەش سیاسەت ی بەزۆرکردنە ئیسلام ، بەئیسلامییکردن و عەرەباندن ی باوەڕ و ئیمان ی ئەزدایی ، بەعەرەبکردنی نەتەوەییان ، سەنداندن ی باج و جزیەش بەسەریان دا سەپێنراوە ، لەڕێگە ی سیاسەت ی چەواشەکاریی ، ڕق ، کینە ، بوغز ، درۆ و بوختان ی وەك ئاگرپەرست ، شەیتانپەرست ، نەوەی جنۆکە و شەیتان ، نەوەی نەهەنگ و یەزید ی مەعاویە و … تاد دژایەتیی ئێزدیەکانیان کردوە و مێژو و فەلسەفە ی باوەڕ ی ئێزداێتیی ئەوان شێوێنراوە . پەیڕەوکردن ی ئەم سیاسەتە ڕەگەزپەرست و فاشیستییە ی ئیسلام دەرهەق بە ئێزدییەکان ، بووەتە هۆکار و پاڵپێوەنەرێك ، کە لەڕێگە ی شەرعەوە ڕەوایەتیی بدرێت بە سوکایەتیی ، کۆمەڵکوژیی و لەناوبردنیان ، ئەمەش تاکو ڕۆژگار ی ئەمڕۆ کە ڕۆژگار ی ئیسلام ی داعشیی ، سەلەفیی و ئیخوانییە بەردەوامە . قۆناخ ی دەوڵەت ی ئیسلامیی لە عێراق و شام دواقۆناخ نیە لە کۆتاییهێنان بە سوکایەتیی ، غەدر ، ناهەقیی ، زوڵم ، چەوساندنەوە و پیادەکردن ی سیاسەت ی تەکفیرکردن ی ئێزدییەکان بەناو ی خوا ، عەدالەتی ئیلاهیی و شەریعەتی ئیسلامییەوە ، بەڵکو ئێستا قۆناخێك نوێی مەترسیدارتر بەڕێوەیە بۆ هەڵتەکاندن ، لەباربردن ، سڕینەوە ی تەواوەتیی باوەڕی ئەزدایی و بوون ی ئێزدیەکان لە کوردستان و مێژویش دا ، ئەویش قۆناخ ی بانگخوازی نوێ ی ئیسلامیی و ئیسلام ی سیاسیی کوردە لە باشور ی کوردستان دا . ئەم قۆناخە زۆر مەترسیدارترە لەوان ی پێشوتر ، کە پێویستە هەموو تاک و ڕوناکبیرێك ی کورد تێیڕابمێنێت و لێی ئاگاداربێت ، ئەم قۆناخە سەرەتا ی ترازاندن و جوقاندن ی هێلکە ی فاشیستێتیی ئیسلامیی کوردییە لەنێو کۆمەڵگە ی کوردستان دا ، قۆناخێك ی زۆر نامۆ، ترسناك و مەترسیدارە لە جێبەجێکردن و بەتەواوگەیاندن ی ئەو پەیامە ی کە سڕینەوە و قبوڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیە . ئەوەی لە شار ی شنگال ڕووی دا دژایەتییکردن ی ئیسلام و سوتاندنی مزگەوت نەبوو ، بەڵکو قبوڵنەکردن و بەگژداچوونەوەیەك ی ئازایانە بوو بەڕووی سیاسەت ی تەعریب و سوکایەتییپێکردن ی کوردان ی ئێزدیی ، ناڕەزاییدەربڕین بوو بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژیە ی ئێزدیەکان کە لەساڵ ی ٢٠١٤ دا لەلایەن ئەو عەرەبە فاشیست و شۆڤێنیە عێراقیانە ی ناو ڕیزەکان ی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ئەنجامدرا بوو ، ئەو ئیسلامیانە ی کە بەناوی اللە و عەدالەتی ئیلاهیەوە زیاتر لە سێ هەزار ئافرەت ی ئێزدیان کردە کەنیزەك ، سەبایا و بەناوی دەسکەوت ی جەنگ لە بازاڕەکان ی موسڵ دا مامەڵە ی ساخکردنەوە ، کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردبوون ؟! کوشتن ، بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردن ی شەش هەزار پیاو و کوڕ ی ئێزدیی . تاوان ی جینۆساید و پاکتاوکردن ی ڕەگەزیی و ئایینیی کوردان ی ئێزدیی لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام و بەپشتیوانیی ئیخوانی تورکیی و ئۆردوگانیی ئێجگار زۆرن و لەئەژماردن نایەن ، بەڵام لێرە دا چەند نمونەیەك ی بچوك دەهێنینەوە تاکو ئیسلامیە سەلەفیی ، جیهادیی ، ئیخوانیی ، کرێکاریی ، عومەریی ، ئیسلامیستەکان ی دی و هەموو موسوڵمانێك ی کورد بزانن کە چ کارەساتێك بەسەر کوردان ی ئێزدیی دا هاتووە ؟ ! لەیەکەم هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕ ی بەکۆمەڵ ی ئێزدییەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە موسڵ ، ٢٨ تەرم لە گوند ی ( کۆچۆ) ی باشور ی شنگال دۆزرایەوە ، بەدوای دا حەفتاویەك گۆڕ ی تر ی بەکۆمەڵ ی ئێزدییەکان کە خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ ئەنجام ی دابوون دۆزرانەوە ، سیانزدە گۆڕیان لە دەوروبەر ی گوند ی کۆچۆ بوون و گەورەترین کۆمەڵکوژیش لە شار ی شنگال ئەنجامدراوە . بەگشتی نەوەد گۆڕ ی بەکۆمەڵ ی ئێزدیەکان هەیە ، لە عین الفتح پێنج گۆڕ ی بەکۆمەڵی ئێزدیەکان ی قوربانیان ی دەستی خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ دۆزراونەتەوە ، و بەرگری شارستانیی شار ی شنگالیش دە تەرم ی ئێزدییانیان لە زێرابێك دا دەدۆزنەوە ، تاکو ئێستاش زیاتر لە هەزاروسێسەد ئافرەت ی ئێزدیی بێسەروشوێنن و نەگەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان . ئەگەرچی وتەبێژ ی سوپا ی عێراق لەبەردەم مێدیاکان دا وڕێك لەبەردەم مزگەوت ی ( رحمان ) لە شار ی شنگال و هەروەها فەرمانگە ی ئەوقاف ی شاری موسڵ بەئاشکرا دانیان بەوەدا نا کە هیچ دەستدرێژیی ، بێڕێزیی یان هێرشێك بۆسەر مزگەوت ی ناوبراو لە شار ی شنگال کرابێت ، بەڵام هەرزوو مەلا و بانگخوازە ئیسلامییەکان کانگای دڵ ی پڕ لە ڕق ، کینە بوغزیان بەرامبەر ئێزدیی و ئەزدایی ئۆقرەی نەگرت و لە مینبەرەکانیانەوە کەوتنە هەڕەشە ، هۆنینەوەی درۆ ، هێرشکردن و سوکایەتییکردن بە ئێزدییەکان . بێدەنگبوون و خەمساردیی مێدیا ی کوردیی لە ڕوماڵکردن و بەدواداچوون ی ڕاستییەکان ، هان ی زیاتری بانگخواز و ئیسلامییەکان ی کوردستان ی دا ، کە لە مینبەر ی مزگەوت و سۆشیال مێدیاکانیانەوە بکەونە هێرش ، سوکایەتییپێکردن و گاڵتەپێکردن ی باوەڕ ، ئایین و نەریت ی ئێزدییەکان . کۆمەڵ ی دادگەریی بە هێنانەوەی ئایەتێك ی قورئان کەوتە ناڕەزایی و هێرشکردنە سەر ئێزدیەکان ، مەلایەك لە دهۆك و لە مینبەر ی مزگەوتەکەیەوە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەك ی ساختە کەوتە بانگەشە ی درۆ ، هەڕەشە و هاندانی خەڵکیی دژی ئێزدیەکان . بانگخوازێك ی ڕەگەزپەرست و فاشیستێكی ئیسلامیی بەناوی دوکتۆر عەبدولواحد لە وتاردانێك ی زۆر توندئامێز ، توندئاژۆ و تەوسئامێزدا و لەبەردەم ی خەڵکان و گەنجانێك ی زۆر ی موسوڵمان کەوتە گاڵتەپێکردن و سوکایەتییکردن بە باوەڕ ، نەریت ، بنەچە و ئایین ی ئێزدیەکان ؟! ! ئەو بەئاشکرا هان ی گەنجان ی موسوڵمانانی دا بۆ ئەنجامدان ی توندوتیژیی ، تێکدان ی ئاسایش و شێواندن ی نەریت ی قبوڵکردن ، ڕێزگرتن و پێکەوژیان بەبێ ئەوە ی وەزارەت ی ئەوقاف یان داد بکەونە هەڵوێستوەرگرتن و گرتنەبەری ڕێوشوێن ی ئەخلاقیی ، یاسایی و فەرمیی بەرانبەریان ؟ ! بەڕاستی ئەوەی لە سۆشیال مێدیا ی ئیسلامیی و مینبەر ی مزگەوتەکانەوە دەگوزەرێت و ئەنجام دەدرێن ، دەربڕ و نیشانیەکن لە پڕکردن و ئاژواندنی ویژدان و ڕەوشتی مرۆڤ ی کورد و دەرونناسێتیی ( سایکۆلۆژیا ) ی مرۆڤ ی کورد بەرە و دنیا ی دڵڕەقیی ، بێبەزەیی و بەربەرێتیی ، سیخناخکردن ی دەرون و ویژدان ی مرۆڤ و تاك ی کورد لە گاڵتەجاڕیی ، توندوتیژیی ، درۆ ، دەمپیسیی ، ڕەتکردنەوەی ئەوانی دی ، ڕق ، کینە ، بوغز ، خورافات ، ئەفسانەگەرێتیی ، شتنی مێشک و … تاد . مرۆڤ کاتێك ئەو کۆمێنتانە ی سەر ڕوپەڕی مێدیا ی ئیسلامییەکان ، بانگخوازەکان و مرۆڤی موسوڵمان ی کورد دەخوێنێتەوە هەست بەجۆرێك لە شەرم ، حەپەسان ، شەرمەزاریی و بێئومێدیی دەکات . نابێت بەلامانەوە سەیربێت لە هەل و مەرجێك ی وەها دا ، کە بانگخواز و ئیسلامیستەکان بەسەر کۆمەڵگە ی کوردی لە باشور ی کوردستان دا دەستڕۆیشتوون ، هەندێك مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد هەست بە جۆرێك لە دەرونئاسودەیی ، ویژانئاسودەیی ، دڵشادیی و دڵسەکنین بکات لە دیتنی تەرمی سەربڕاو، گوێبڕاو و چاودەرهێنراوی ئەو پێشمەرگانە ی کە لە گوند ی خێڵ ی حەمەی شارەزور بەدەستی چەکدارانی انصار الاسلام ئەنجامدران ! هەناسە ی شادیی و چێژبەخشیی هەڵدەمژێت ، کاتێك دەبینێت کوردان ی ئێزدیی کوشتوبڕ دەکرێن ، و کچان و ژنانیان دەکرێنە کۆیلە ، سەبایا و کەنیزەك و دەستدرێژیی ناموس دەکرێتەسەریان . سەرهەڵدانی مۆدێل ی نوێ ی موسوڵمانێتیی دوکتۆرعەبدولواحیدەکان لە کۆمەڵگە ی کوردی دا ، سەرەتا ی کارەسات و سەرهەڵدان ی کۆمەڵگەیەك ی هەستسارد ، بێڕەوشت ، بێبەزەیی ، دڕندە ، دەروننەخۆش و بەمێگەلکردنە ، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکە کە بناغە ی شارستانێتیی و مرۆڤدۆستیی خۆی لەسەر بنچینە ی ڕق ، کینە ، کوشتن ، تۆڵە ، تەکفیر ، دژایەتیی ڕەنگ ، هونەر ، مۆسیقا و ڕەتکردنەوە بنیاتدەنێت ، شارستانێتییەك دوور لە هەموو بەها و نرخێك ی مرۆڤایەتیی و ئەخلاقیی ، دوور لە فەلسەفەی جوانناسییانە ی ئەو ئیمانە ی کە پێشتر ئاماژەم پێی دا ، کۆمەڵگەیەك کە بنچینە ی مەعریفە و بیرکردنەوەی خۆی لەسەر درۆ ، خورافات ، ئەفسانە ، شەریعەت ، نەقڵ و دەقێك ی چەقبەستوو دادەمەزرێنێت . سەردەم و مۆدێل ی عەبدولواحیدەکان سەردەمی بێڕەوشتیی ، پوچیی ، پوچگەرایی ، بێناوەڕۆکیی ، ڕەشبینیی ، تەسلیمبوون ی ڕۆح و ئیرادە ی ئازادە ، کوشتن ی گومان و هەموو ئەو پرسیارانەیە ، کە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی هەنگاوێك لە حەقیقەت نزیك دەکاتەوە ، واتا سەردەمی مەرگ ی ئیمان و یەزدانە . دوکتۆر عەبدولواحید لە وتاردانێكی دا سەبارەت بە ئێزدیەکان ؛ بەدیدێك ی ئیخوانیی و ڕۆحێك ی ڕەگەزپەرستیی و فاشیستیانە ی ئیسلامیی و دوور لە هەموو بەها و مەعریفەیەك ی ئەخلاقیی ، مرۆڤایەتیی ، ئەتەکێت ، نەزاکەت ، ویژدان و فەلسەفەیەك ی ڕەوشتەوە بەمجۆرە باس و پێناسە ی ئێزدیەکان لای گەنجان ی کورد دەکات * :
یەزیدیی ( ئێزدیی ) کورد نین ، شەیتانپەرستن ، سەرلێشێواو داماو و جاهیلن ، تەوسکردن بە ڕەنگ ی شین و باڵندە ی تاوس ، ناڕۆشنبیر ، پیسوپۆخڵ ، خوای ئەوان عەد ی کوڕی سافیلە ، واتا موشریکن ، ئافرەت لایان نرخ ی نیە و وەکو سەیارە و گوێدرێژ دەیكڕن و دەیفرۆشن ، گاڵتەکردن بە ووشەی یەزدان و پیرۆزکردن ی وشەی ( اللە ) ، یەزیدیی ڕقی لە موسوڵمانە ، مرۆڤکوژن ، گاڵتەکردن بە پیت ی ( ش ) وەکو هێمایەك بۆ یەکەمین پیت ی شەیتان ، لە دواهەمین ڕستە دا مرۆڤ ی کورد فێری فێڵ ، درۆکردن و نادادپەروەریی دەکات و دەڵێت { ئەگەر یەزیدییەك لای تۆ ئیشی کرد ، و داوای هەقدەستی خۆی کرد ، و تۆش ویستت پارەی نەدەیتێ پێی بڵێ ئاه شەیتان بەرلەعنەت بێ ( وەڵاهی ) بیرم چوو پارە لەگەڵ خۆم بهێنم ، و بەدوای دا هاڕەپێکەنین ی ئامادەبووان } .
ئەم جۆرە لە پەیڤین و دیالۆگانە جگە لە سازکردنی زبڵدان و سەرەنوێلکێك ی بۆگەنبوو لە ناخ ، بیرکردنەوە ، ڕەوشت ، کردار ، ڕۆح و ویژدان ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد و بنیاتنان ی ی پاشخانێك ی ڕەگەزپەرستیی ، فاشیستێتیی ، نامرۆڤانە و نا ئەخلاقیانە ی ئیسلامییانە هیچ ی دی سەوز ناکات ، و دواجار مرۆڤ و کۆمەڵگە ی کوردیی دەگەێنێتە چارەنوس و کەناری بێئارامیی ، لەنێوچوون ، داڕوخان و لێژبوونەوە بەرەو شیو و دۆڵ ی تاریکیی ، ڕەوشتلێژیی ، بێویژدانیی ، ناعادلیی ، نامیهرەبانیی و نابەخشندەیی ، دڵڕەقیی ، برەودان بە دنیا ی ئاژەڵیی و … . من لێرە دا بۆئەوەی دنیا ی گومان لە ژیان ی داخراو و چەقبەستووێتیی کۆمەڵگ ی ئێمە دا قوڵتر بکەمەوە ، دەخوازم ئەو پرسیارانە بهێنمە گۆڕێ ، تاکو لە ڕۆژنەیانەوە بتوانین کۆمەڵگەیەكی تەندروست و مرۆڤدۆست بەرهەمبهێنین : گەلۆ تاك و مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لەکوێ و لە چ ئاستێك ی پلە و پایە ی دنیا ی ڕەوشت و فەلسەفە ی ڕەوشت دایە ؟ ئایا مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لە چ پلەیەك ی ئەو پەیژە ئیمانییە دا وەستاوە کە ئامانج تیای دا دەربازبوونە لە دنیا ی ئاژەڵیی و ئاودیوبوونێك ی ئەخلاقییانە و گەیشتنی مرۆڤ ی کوردە بە ڕەوشت ی بەرز یان یەزدان و ڕوناکایی ئەو ؟ ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ی کورد گەیشتووەتە ئاستێك لە بڕوابوون ، قبوڵکردن و ئامێزگرتنەوە بە فەلسەفە ی مرۆڤ بوون و ئەزمونکردن ی هەستی مرۆڤایەتیی ؟ ئایا دەتوانێت ببێتە بوونەوەرێك ی مرۆڤدۆست ، ئاشتیخواز ، دڵفراوان ، بەخشندە ، دلۆڤان ، ژینگەدۆست و ئاژەڵدۆست ؟ ئایا هەربەڕاستیی کولتور ی تێکۆشانیی مەعنەویی و گۆشکردنی گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانییەت ) لای مرۆڤ و تاك ی کورد نزیكبوونەوە و گەیشتنە بە یەزدان ، ڕوناکیی ، حەقییقەت ، بەختەوەریی ، بەخشندەیی ، میهرەبانیی و خۆشەویستیی یان خۆقەتیسکردن وخۆسنوردارکردنە لە چوارچێوەی فەلسەفەیەك دا ، کە تەنیا مرۆڤی دەروننەخۆش بەرهەمدەهێنێت : { قاتلوهم یعذبهم اللە بایدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مومنین } ؟ ! ئایا بەڕاستیی ئامانج ی مەلا و بانگخواز ی ئیسلامیی ، گەیاندن و ئاشناکردن ی تاك ی مرۆڤ ی کوردە بۆ گەیشتن بە فەزیڵەتێك ی یەزدانپەروەریی ( ئیلاهیی ) ، ئەخلاقیی و ویژدانێك ی باڵاتر و زیندوتر ؟ ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ی کورد دەتوانێت بونەوەرێك ی ئەخلاقیی بێت ؟ گەلۆ مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لەنێو سەوا و مامەڵە ی بازاڕ ی ئایین و ئایینچێتیی دا خۆی بەرجەستە دەکات یان ئیماندارێکە و دەخوازێت لەڕێگە ی ئیمان و عەشقێك یەزدانییەوە خۆی لە دنیا ی ڕق ، کینە ، تۆڵە ، بوغز ، درۆ ، تەکفیکردن و …. پاكبکاتەوە و دواجار ناخ و ویژدان ی خۆی لێوانلیو لە ڕێز ، داوێنپاکیی ، دەم و دەستپاکیی ، خۆشەویستیی ، پاکێتیی ، ڕاستگۆیی ، میهرەبانیی ، بەخشندەیی و وەفاداریی بکات ؟ ئایا بەڕاستیی موسوڵمان ی کورد خۆی ڕادەست ( تسلیم ) بە ئایین ی ئیسلام کردووە ، تاکو لێوەی فێر ی دادپەروەریی ، قبوڵکردن ی بەرامبەر ، ڕەتکردنەوە ی نادادیی و نادادپەروەریی …. بێت یاخود تەنیا گەیشتنە بە دنیا ی دامرکاندنەوە ی ئاڵۆشیی سێکس ، چوارژنەیی ، ڕووتکردنەوە و چێژوەرگرتن لە جووتبوون لەگەڵ حورالعین ، هەفتا حۆریی ، غیلمان المخلدین و کوڕی منداڵکاری جوان و ساف و بێمو؟ ئایا ئامانج ی موسوڵمان ی ئەمڕۆ ی کورد سوڕانەوە ی بەردەوام و بێسود ، و توانەوەیە لەنێو دنیا ی تاریکیی خورافات ، چیرۆك و ئەفسانە ، نەزانیی ، بێئاگایی ، وەهم و سێبەری نێو دنیا ی وەحیی ئەشکەوتەکان ؟ یان گەیشتن بەدنیا ی ڕوناکیی ، ژیریی ، مەعریفە ، زانست و لۆژیك ! پێویستە هەر تاکێك ی مرۆڤ ی کورد ئەو پرسیارە لەخۆی بکات ، کە ئایا بۆچی کۆمەڵگە ی موسوڵمان ی کورد هێند شێواو ، توڕە ، دەمارگیر ، توندوتیژ ، نادادپەروەر ، دواکەوتوو ، دوڕوو ، گەندەڵ ، بێبەهرە ، ڕەق و وشکهەڵهاتوو ، تەسکبین و … تادە ؟ پرسیار و گومانەکان ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد دەبێت بچێتە نێو هەموو وردەکاریەکان ی ژیان ی عەقیدەیی ، ئیمان ، ئایین ، نەریت ، بۆنەکان وتەنانەت دەقی قورئان و هەموو فەرمودەکان ی پێغەمبەریشەوە ! دەبێت لەڕێگە ی گومان و پرسیارەکانەوە بگەینە ئەو ڕاستییە ی کە هیچ کەس ، کەسایەتیی ، ئایین ، شەریعەت ، دەقێك لە ژیان دا پیرۆز نیە ! گەلۆ بەڕاستیی محەمەد هەڵگری پەیامێك ی یەزدانیی و دادپەروەریی بووە کە لەکاتێك دا : { من بدل دینە فاقتلوە } ئایا بەڕاستیی ئەو { وما ارسلناك إلا رحمة للعالمین } ێكە بۆ هەموو مرۆڤایەتیی یان تەنیا بۆ موسوڵمان و نەتەوەیەك ی دیاریکراو یان دەستنیشانکراو{ انما المؤمنون اخوة } ؟ ئایا بەڕاستیی ژیرانە و لۆژیکییە ، کە کەسایەتیی عمر ابن خطاب بکەین بە مۆدێل ، نمونە و پێشڕەوی بەرجەستە و دیاری مرۆڤایەتیی بۆ ئەم ڕۆژگار و سەردەمە ، لەکاتێك دا بانگخواز ی ئیسلامیی دوکتۆر عبدالواحد لە وتاردانەکەی دا وتەیەكی خەلیفە عومەردەهێنێتەوە وەکو بەڵگەیەك بۆ ناوزەدکردن ی ئێزدییەکان وەكو بێباوەڕ و کافر: { اللهم لاتجعل کافر علیە نعمة حتی لا احب } ؟ ئایا هەر بەڕاستیی ئایینی ئیسلام ئایین ی { المحبة والسلام } ە ؟ ! لەکاتێك دا دوکتۆر عبدالواحد بە ئاراستە و ڕۆحێك ی فاشیستیی ئیخوانییەوە ڕوودەکاتە کۆمەڵ ی گەنجان ی کورد و داوای دوعایان لێدەکات کە بڵێن : { ئەوەی موسوڵمانە خۆشمبوێت ، و ئەوەی موسوڵمان نیە لەدڵم دەریبکەیت }؟ ! موسوڵمان ی کورد دەبێت ئەو پرسیارە بکات کە ، ئایا بەڕاستیی کافر کێیە ، و بە چ پێوانەیەك ی یاسایی ، ویژدانیی و ئەخلاقیی ماف و مۆڵەت بەخۆمان دەدەین کە کەسێك بەناوی کافر وبەناو ی خوا بکوژین یان بیخەینە پەراوێز ی ژیان و کۆمەڵگەوە ؟ ! دەبێت پرسیار بکەین و بڵێین کە ، ئایا بەڕاستیی اللە حەز و خواستی لە کوشتن ی مرۆڤ { فاقتلوا المشرکین حیث وجدتموهم وخذوهم واحصروهم واقعدوا لهم کل مرصد فان تابوا و اقاموا الصلوة و ….. } هەیە ؟ ئایا بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام دەستی ڕێزوحورمەتی خستووەتە سەرئافرەت و پێگە ی ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە ی موسوڵمان و کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دا ، یان دەبێت تاکو ماوین هەر باوەڕمان بەو پەیامە پەیامبەرییە هەبێت کە دەڵێت : ( المرأة عورة فإذا خرجت استشرفها الشیطان ) یان ( یقطع الصلاة ، المرأة والحمار ، والکلب ) ؟ دوور لە ئاداب و ئینساف نابێت ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان و ئایینەکەمان بکەین کە ، ئایا هەر بەڕاستیی ئیسلام دژی کۆیلایەتیی بووە { الحر بالحر والعبد بالعبد } ؟ پرسیارێك ی ناڕەوا و دزێو نابێت ، ئەگەر پرسیاری ئەوە بکەین کە ، ئایا بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام ئایین ی ئاشتیی و پێکەوە ژیانە { قاتلوا الذین لایؤمنون باللە ولا بالیوم الاخر ولا یحرمون ماحرم اللە و رسولە …. } ؟ پێویستە و زۆر لەجێگە ی خۆیدایە ئەو پرسیارە لە ڕەوشت و ویژدانی خۆمان بکەین کە ، ئایا بەڕاستیی ئێزدییەکان وەکو ئایین و باوەڕێك ی جیاواز ، شایان و شایستە ی ئەو هەموو سەنگەرگرتن ، سوکایەتیی ، گاڵتەپێکردن و دژایەتییکردنانەن کە بانگخواز ی ئیسلامیی دوکتۆرعەبدولواحید و مەلا و ئیسلامگەراکان ڕوبەڕویان دەکەنەوە ؟ لەکاتێك دا قورئان پێیان دەڵێت : { یاأیها الذین آمنوا لایسخر قوم عسی أن یکون خیرا منهم ولا نساء من نساء عسی أن یکن خیرا منهن ، ولا تلمزوا أنفسکم ولاتنابزوا بالالقاب بئس الاسم فسوق بعد الایمان ، ومن لم یتب فأولئك هم الظالمون } ! ئایا هەر بەڕاستیی دوکتۆر عبدولواحد ئەو زاڵم و ڕۆحە ئەهریمەنیی و شەڕخوازە نیە کە ئەو ئایەتە ی سەرەوە لە کۆتایی دا ئاماژە ی پێدەدات ؟ ئایا بەڕاستیی موسوڵمان ی کورد قبوڵی ئەو کۆیلایەتیی و بێحورمەتییە دەکات ، کە عەبدولواحید ، مەلا ، بانگخواز ، ئیخوان ، سەلەفیست و ئیسلامگەراکان ی دی عەقڵ ، بیرکردنەوە و ئیرادە ی ئازاد ی ئەوان داگیربکەن و لەجیاتی ئەوان بپەیڤن و بیربکەنەوە ؟ ! ئایا کات ی ئەوە نەهاتووە ، کە موسوڵمان ی کورد چید ی لە بیرکردنەوە دا ئازاد بێت و گوێکانی خۆی قەرزار و قەرزاربار ی ئامۆژگاریی ، وتە پوچ و پڕ لە گاڵتەجاڕیی و درۆکانی عەبدولواحیدەکان نەکەن ، و بیر و عەقڵ ی خۆیان لەو مۆتەکەیە ئازاد بکەن ؟ ! مرۆڤ ی کورد نابێت ڕێگەبدات و ئەو مافە بە عەبدولواحیدەکان ببەخشێت کە خۆیان لە هەموو کاروبارێك ی یاسایی ، پەروەردەیی ، خێزانیی و ئەخلاقیی هەڵبقورتێنن ، پێویستە هەر تاک و موسوڵمانێك ی کورد لەڕێگە ی ئیمان ، بیرکردنەوە ، عەقڵ و دنیا ی گیانپەرۆشیی و دوور لە نێوەندگیریی و پابەندبوون بە هیچ دەقێك ی ئاسمانیی هەوڵی دۆزینەوەی ڕاستیی ، یەزدان و ڕوناکایی ئەو بدات ! مرۆڤ ی کورد دەبێت خۆی لەو تەونە جاڵجاڵۆکەیی و شەیتانییە ی دوکتۆرعەبدولواحید ، مەلا ، بانگخوازە ئیسلامیی و چەرچیە سیاسیە ئیسلامیەکان ڕزگار بکات و بەدوا ی چاکسازیی و دۆزینەوە ی بەرزترین ڕەوشت و فەلسەفە ی ڕەوشت دا بگەڕێت ، لەدوای دۆزینەوە ی یەزدان وێڵ بێت ! ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ، بانگخواز ، ئیسلامگەرا و ئیسلامیستە سەلەفیی و ئیخوانییەکان ی کورد کێشەیان لەگەڵ ئەم سەردەمە ، عەلمانییەت ، لیبرالیزم ، مارکسیسزم ، فێمینیزم ، ئافرەت ، داروینیزم ، جەندەر ، مۆدێرنیزم ، ڕۆژئاوایی ، ئازادیی ، سەربەستیی ، جولەکە ، مەسیحێتیی ، کاکەیی ، ئێزدیی ، یارسانیی ، عەلەویی ، بەهائیی و …. چیە ؟ ئایا بەڕاستیی ئیسلام چاکترین ی هەمو ڕێباز و ئایینەکان ی ترە ؟ { ان الدین عند اللە الاسلام } ! ! موسولمان ی کورد پێویستە ئەو پرسیارە لە دوکتۆرعبدالواحد بکات ، کە ئایا هەر بەڕاستیی ئێزدیەکان نەفرەتلێکراو ، ئەهریمەنیی ، شەڕخواز، پیس و بۆگەنن ؟ لەکاتێك دا لە دەق ی قورئان دا : { ولقد کرمنا بنی آدم …. } ؟ پرسیارێك ی ناشایستە نیە کە ، ئەگەر موسوڵمان پرسیار بکات و بڵێت کە ، ئایا بەڕاستی مرۆڤ و مرۆڤایەتیی لە ئایین ی ئیسلام دا جێگە ی شایستە و ڕێزە : { قل هل انبئکم بشر من مثوبە عند اللە من لعنە اللە و غضب علیە و جعل منهم القردة و الخنازیر…. ؟ ! دوا پرسیار ئەوەیە کە ، ئایا بۆچی ئێمە ی موسوڵمان ناتوانین ئاسۆیەك ی فراوانتر لە ژیان و دنیا ی بیرکردنەوە ، گوتار ، کردار ، بەڕووی خۆمان دا بکەینەوە ، ئایا بەڕاستی هێشتا کات ی ئەوە نەهاتووە ، کە واز لە بەپیرۆزکردن ی کەسایەتییە ئیسلامیی و بانگخوازەکان بهێنین ، واز لە توندوتیژیی ، دەمارگیریی ، لوتبەرزیی ئایینیی بهێنین و ڕوو لە ئاشتیی ، دادپەروەریی ، قبوڵکردن و ڕێزگرتنی ئایین و باوەڕەکان ی دی بکەین ؟ ئێمە ی موسوڵمان ی کورد هیچ هەڵبژاردە ، چارە و ڕێگەیەك ی دی لەبەردەممان دا نیە و نەماوە ، جگەلەوەی ، کە پێویستە بەرامبەر یەکدی میهرەبان ، بەخشندە ، لێبوردە بین ، هێز و وزەی خۆمان بخەینەگەڕ بۆ پتەوکردن ی گیان ی تەبایی ، مرۆڤدۆستیی ، ژیاندۆستیی ، یەزدانپەروەریی لەنێو دڵ ی منداڵ و ویژدان ی هەر تاکێك ی مرۆڤ ی کورد دا . دەبێت دەستبەردار و ڕێگری ئەوە بین ، کە چیتر نمونە ی دوکتۆر عبدالواحدەکان ببنە پێشرەو و نمونە ی باڵا بۆ کۆمەڵگە ی ئێمە ! دەبێت موسوڵمان ی کورد ئیدی بیر لەوە بکاتەوە و بگاتە ئەو باوەڕە ی کە جێبەجێکردن ی فەریزە ئیسلامییەکان ، دروستکردن ی مزگەوت و دانانی کابینە ی مزگەوت لە قوتابخانەکان ، سەنگ ی مەحەك نین بۆ ڕاستیی ، پاکیی و ڕەوشتبەرزیی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد ! باڵاپۆشیی ، نیقاب و حیجاب نیشانە و سیمبول ی ڕاستەقینە نین بۆڕەوشت ی باڵا ، داوێنپاکیی و ئافرەت ی نمونەیی ! لەبەرکردنی تەواوی قورئان مانای ئیعجاز ، داهێنان ، کامڵیی مرۆڤ وناسینی فەلسەفەی جوانناسیی نیە ! دەبێت مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد خۆی لەو باوەڕە هەڵەیە بەدوربگرێت کە تەنیا خۆی و ئایینەکە ی خۆی دەتوانن ببنە جوانترین و شایستەترین ئایین ، باڵاترین ڕەوشت ، ڕاستترین مرۆڤ و باشترین پیشرەوایەتیی بۆ جیهان و مرۆڤایەتیی ، بەڵکو مرۆڤ ی مولحید ، موشریك ، کافر ، عەلمانی و ناموسوڵمان و هەموو ئایینێك ی دیش دەتوانن ببنە پێشڕەو ، مرۆڤ ی ئەخلاقیی و کەسایەتیی بەسود بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیی ! نمونە ی عبدالواحدەکان ناتوانن ببنە پێناسە ، سەنگ ی مەحەك ومرۆڤ ی بەرجەستەبوو بە ڕەوشتی بەرز و فەزیڵەتی ئەخلاقیی و مرۆڤ ی ئیماندار ، بەڵکوئەوە ڕەوشتی باڵا و فەلسەفە ی بیر ی چاك ، گوتاری چاك ، کردار ی چاكە کە دەبێتە پێوانە بۆ چاکترین مرۆڤ و بەرزیی باڵا ی ڕەوشت لە هەر مرۆڤێك دا ، واتا ئەو ڕەوشتە ی کە فەیلەسوف ی مرۆڤایەتیی ئێمانۆئیێل کانت باسی لێکردووە ، باشترین پێوانەیە بۆ گەیشتن بەو ڕێگەیە ی کە تیای دا مرۆڤ و هەر تاکێك ی کۆمەڵایەتیی توانای ئەوە بەدەستدەهێنێت ، کە بتوانێت دەستی لە فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی ، یەزدانپەروەریی ، دادپەروەریی و فەلسەفەی مرۆڤبوون گیربکات .

هیوا محەمەد ئەمین
17 . 6 . 2023
*
بۆوەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەبارەی وتاردانەکەی دوکتۆر عبدالواحد ، فەرمون ئەم لینکە ببینن !




قاوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پیاوكوژدا.. عەزیز رەئوف

لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە.. ٢٠١٠*

ده‌ستێك هه‌یه‌ له‌ناوماندا تیرۆرمان ده‌كات. ئه‌م ده‌سته‌ ده‌ره‌كی نیه‌ و له‌ ماڵه‌كانی خۆمانه‌وه‌ دێته‌ ده‌ر. ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌شی هه‌یه‌ له‌ ئۆفیسه‌ حكومیه‌كانی خۆماندابن و هه‌ستیان پێنه‌كه‌ین. كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ پیاوكوژێكی تیایه‌ له‌خۆمان ده‌چێت. هه‌مان جل ده‌بۆشێت. خۆی ناته‌قێنێته‌وه‌ و ژیانیشی خۆشده‌وێت. پیاوكوژێك له‌ناوماندایه‌ به‌یانیان خۆی ده‌گۆڕێت و دێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ ئاشكرا ئینسان ده‌ڕفێنێت و به‌ بازگه‌كانی حكومه‌تیشدا ده‌یانبات و كه‌سیش قسه‌ ناكات.
پیاوكوژێك له‌خۆمان ده‌چێت. ئه‌و وه‌ك تیرۆریستی ئیسلامی له‌شه‌ودا خۆی پڕ چه‌ك ناكات و ده‌مو چاوی هه‌ڵناپێچێت. به‌ڵكو به‌ ڕوخسارێكی جوان و به‌ ده‌مێكی پڕ خه‌نده‌وه‌ تیرۆرمان ده‌كات و ناشیناسین.
پیاوكوژێك له‌ناوماندایه‌. ئه‌و وه‌ك تیرۆرستانی ئیسلامی له‌سه‌ر سفوری و بێدینی تیرۆرمان ناكات، ئه‌و خۆی به‌ فۆرم له‌ ئێمه‌ ده‌چێت، به‌ڵام به‌ ئه‌خلاق جیاواز. ئه‌م پیاوكوژه‌ كاره‌كته‌ری بێدین ناكاته‌ ئامانج، به‌ڵكو ڕقی له‌ قه‌ڵه‌م و ڕۆژنامه‌ و قسه‌یه‌. گه‌ر تیرۆریستی ئیسلامی بیه‌وێت موقه‌ده‌س بێنێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌و دێت و ده‌یه‌وێت موقه‌ده‌سه‌كان تێكنه‌شكێن و كه‌س قسه‌ نه‌كات و هه‌موو به‌به‌شی خۆمان ڕازی بین، ئیدی چۆن بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌ و چی ده‌پۆشین و سه‌ر به‌ كام مه‌زهه‌بین ئه‌وه‌ ئاساییه‌.
ئه‌زمونی ده‌سه‌ڵاتی كوردی چه‌نده‌ بوونی تیرۆریستی ئیسلامی كردۆته‌ بوونێكی حاشاهه‌ڵنه‌گر ئاواش تیرۆرستێكی تری له‌ فۆرمی عه‌لمانیدا به‌رهه‌م هێناوه‌. گه‌ر ئێمه‌ گروپگه‌لی تیرۆرسی وه‌ك ئه‌نسار ئیسلام و ئه‌نسار سوننه‌مان هه‌بووبێت ئه‌وا ده‌ستێكی تیرۆریستی سێكولاریش هه‌بووه‌ كه‌ ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ كوشتنی ڕۆژنامه‌نوسان و نوسه‌راندا، به‌جۆرێك ئه‌م جۆره‌ له‌ تیرۆریست له‌ناو خۆماندایه‌ و قات له‌به‌رده‌كات و بۆینباخ ده‌به‌ستێت و ئێوارانیش له‌ نادی سه‌ری گه‌رم ده‌كات.
ئه‌م جۆره‌ له‌ تیرۆریست هه‌ڵگری مانا و ده‌لاله‌تێكی جیاوازتره‌ له‌ تیرۆریزمی ئیسلامی. بێشك كاره‌كته‌ری سێكولار وه‌ك كاره‌كته‌ری ئاینی سه‌رگه‌رمی شه‌ڕی موقه‌دده‌س نیه‌، به‌ڵكو كاره‌كته‌ری سێكولار زیاتر ده‌ست به‌ جیهانه‌وه‌ ده‌كرێت و سه‌رگره‌می خۆخه‌ریكردنه‌ به‌ پێدراوه‌ جیهانیه‌كانه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ له‌ تیرۆریست له‌ تیرۆریستی ئیسلامی جودا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ تیرۆریستی ئیسلامی فۆرم و ئاكار و قسه‌كردنی له‌ زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ ناچێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ مرۆڤكوژ له‌ ئێمه‌ ده‌چێت و له‌ناوماندایه‌ و بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ین پلانی تیرۆر داده‌ڕێژێت و له‌ پرسه‌كانیشماندا ئاماده‌ ده‌بێت.
ئه‌م جۆره‌ له‌ تیرۆریست هه‌ڵگری فێڵێكی گه‌وره‌تره‌ له‌ تیرۆریستی ئیسلامی. گه‌ر تیرۆریستی ئیسلامی سه‌رگه‌رمی گه‌ڕانه‌وه‌ی موقه‌ده‌سی ئاینی بێت بۆ كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌وا ئه‌م فۆرمه‌ی تیرۆریست سه‌رگره‌می موقه‌دده‌سكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ به‌ناوی ئایدیایه‌كی دیاریكراوه‌وه‌. گه‌ر تیرۆریستی ئیسلامی به‌ڕوخساردا بناسرێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌م مرۆڤكوژه‌ بێ ده‌مامكه‌ زیاد له‌ ڕوخسارێكی هه‌یه‌ كه‌ ناسینه‌وه‌ی زه‌حمه‌ته‌.
ئه‌م تیرۆرسیسته‌ بێ ڕیش و بێ ده‌مامكه‌ گومان ده‌كرێت له‌ منداڵدانی ده‌سه‌ڵاته‌ سیكولاره‌كانه‌وه‌ بێته‌ ده‌رێ. ئه‌م جۆره‌ تیرۆریسته‌ ئه‌و كاركته‌ره‌ بێ ئاینه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ئێستای خۆی پیرۆز بكات. گه‌ر تیرۆریستی ئیسلامی بیه‌وێت موقه‌ده‌س بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا، ئه‌وا ئه‌و ده‌یه‌وێت ئێستا موقه‌ده‌س بكات ئه‌مه‌ش به‌ناوی پاراستنی ئازادیه‌وه‌.
له‌ دوای كوشتنی سه‌رده‌شت عوسمان و پێشتریش له‌ كوشتنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و عبدلستار تاهیر شه‌ریف، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ به‌ئاشكرا جۆرێكی تری تیرۆریست له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌و تیرۆریسته‌ی كه‌ هێنده‌ لێمانه‌وه‌ نزیكه‌ ڕه‌نگه‌ی قاوه‌شی له‌گه‌ڵ بخۆینه‌وه‌ و هه‌ستی پێنه‌كه‌ین. ئه‌و تیرۆرسته‌ درۆزنه‌ی كه‌ ده‌تكوژێت و فرمێسكیشت بۆ ده‌ڕێژێت.
به‌ هه‌ر پێوه‌رێك بێت ئه‌م جۆره‌ له‌ تیرۆر له‌ تیرۆری ئیسلامی ترسناكتره‌. به‌و پێیه‌ی ئه‌م ده‌م و چاوانه‌ نادۆزینه‌وه‌ و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جارێكی تر تیرۆرمان بكه‌نه‌وه‌ و بێئه‌وه‌ی بیاندۆزینه‌وه‌. ئه‌م كاره‌ته‌ره‌ ڕوخسارێكی هه‌یه‌ به‌ زه‌حمه‌ت ده‌ناسرێته‌وه‌، ڕوخسارێك كه‌ ده‌یه‌وێت دۆخێكی نائارام دروست بكات و ئینجا چالاكیه‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات و دواجاریش خۆی به‌ فریشته‌ی هێنانی ئارامی وه‌سف ده‌كات.
پیاوكوژێك لێره‌یه‌ و ته‌نها شمشێره‌كه‌ی ده‌بینین. ئه‌و جارجار شمشێره‌كه‌یمان پیشان ده‌دات وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت پێمان بڵێت ئه‌وه‌ی بیه‌وێت قسه‌ له‌ موقه‌ده‌سه‌كانی من بكات ئه‌وا چاره‌نوسی وه‌ك چاره‌نوسی زه‌رده‌شتی لێدێت. سێبه‌ری شمشێرێك دیاره‌ و هه‌موومان ده‌یبینین به‌ڵام شمشێروه‌شێنه‌كه‌ دیار نییه‌ و به‌هه‌رچی پۆلیس و ئاسایشی ئه‌م وڵاته‌ هه‌یه‌ نادۆزرێته‌وه‌. ئه‌م شمشێره‌ پێشتریش به‌ خوێنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ و شێخ ستار سور بووه‌ و ڕه‌نگه‌ خوێنی چه‌ندانی تریش سور بكات گه‌ر شمشێروه‌شێنه‌كه‌ نه‌دۆزرێته‌وه‌.
پیاوكوژێك له‌ناوماندایه‌ و نازانین كێیه‌. ئه‌و پیاو ده‌كوژێت و ڕه‌نگیشی تێكناچێت تا بیناسینه‌وه‌. ئه‌و چه‌قۆ له‌ملی وشه‌ ده‌سوێت و به‌رامبه‌ر به‌ نه‌وتفرۆش و گه‌نده‌ڵ و فایلچی و ئه‌نفالچییه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ بێده‌نگه‌. پیاوكوژێك له‌ناوماندایه‌ و دۆزینه‌وه‌ی زۆر زه‌حمه‌ته‌.

azizrauf2003@yahoo.com

  • http://www.dengekan.com/doc/2010/5/azizRaouf30.htm
  • http://www.dengekan.com/nwseran/azizRawf.htm



مشتوومڕ لەسەر جەوهەری فەلسەفەی ئیسلامی.. نووسینی: دڵشاد کاوانی

پوختە
لەم بابەتەدا سەرنجەکان لەسەر فەلسەفەی ئیسلامی دەخرێنەڕوو، مشتومڕ و ناکۆکی لەسەر جەوهەری فەلسەفەی ئیسلامی و دەستەواژەی فەلسەفەی ئیسلامی دەخەینە بەر باس. هەروەها “فەلسەفەی ئیسلامی ئایە عەقیدەی ئیسلامییە یان تێگەیشتنی فەلسەفەیە؟” مەبەست لە فەلسەفەی ئیسلامی چییە؟ پەیوەندی فەلسەفەی ئیسلامی و ئیسلام چییە؟ فەیلەسووفە ئیسلامییەکان کێن؟ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارەکانی وەک… وشەی سەرەکی: فەلسەفە، فەلسەفەی ئیسلامی، زاراوەی فەلسەفی، فەیلەسووف. ڕوون دەکەینەوە.

جەوهەری فەلسەفەی ئیسلامی

فەلسەفەی ئیسلامی بەشێکە لەو گەنجینەیەی فەلسەفە و حیکمەت، کە موسڵمانان پێشکەشی جیهانی دەکەن. بە واتایەکی تر فەلسەفەی ئیسلامی ناوی گشتی چەمکە فەلسەفییەکانی بیرمەندانی موسڵمانە و هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ فەلسەفەکانی تری دا نییە. چونکە فەیلەسووفە موسڵمانەکان بە دەستەواژەی فەلسەفەی ئیسلامی ناویان بردووە بەو چەمک و بوارانەی لێکۆڵینەوە کە پێشکەشیان کردووە وەک ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە دەیکەین؛ ئەگرچی لای هەندێک بیرمەندانی ئیسلامی فەلسەفە وەک زاراوە، بەکارنەبراوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە هەر لەسەرەتاوە پێیان وابووە کە خەریکی دروستکردنی فەلسەفیین؛ چونکە ئەوان حەقیقەتەکانی فەلسەفە و ئەو حەقیقەتانەی کە بۆ مرۆڤ ئاشکرا دەکران، بە هەمان ڕاستیان دەزانی. بەم مانایە، دەستەواژەی فەلسەفە لە فەلسەفەی ئیسلامیدا ئاماژەیە بۆ چەمکی فەلسەفە بە مانا ڕەهاکەی. هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ فەلسەفەی یۆنانی، میسری، هیندی و هیتی تا دوایی. زاراوەی فەلسەفی لەم فەلسەفانەدا گوزارشت لە هەر چەمکێک دەکات زاراوەی فەلسەفی لە فەلسەفەی ئیسلامیدا هەمان چەمک دەرببڕێت و لە ڕووی بابەت و میتۆدەوە جیاوازی نییە.

فەلسەفەکان بە هۆی کاریگەری کێشە ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە پێی جوگرافیا و ناوچەکانی تیایدا خەسڵەت و تایبەتمەندی جیاوازیان دەبێت، هەرچەندە فەلسەفەی ئیسلامی بە مانای ڕەهای فەلسەفە هەمان ڕێچکەی فەلسەفەکانی ترە، بەڵام جیاوازە لە فەلسەفەکانی تر لە ڕووی تایبەتمەندی و دەڕبڕینەوەیە. بۆ ئەوەی نموونەیەکی سادە بهێنینەوە، فەلسەفەی ئیسلامی هەڵوێستێکی ئەرێنی لەسەر پرسی ئایین و فەلسەفە، مەعریفە و ئایین هەیە و لەجیاتی ململانێی نێوان ئایین و مەعریفە، یان ئایین و فەلسەفە، پەیوەندی نێوان ئایین و فەلسەفەی زۆر نزیکە، وەک ئیبن ڕوشدی ئەندەلوسی دەڵێت: “دین و فەلسەفە هەردووکیان لە شیرن” ئەوە برایە.

هەموومان ئەوە دەزانین لە مێژووی فەلسەفەدا کاتێک فەلسەفەکان ناوی دەهێنرێن لەسەر چەندین فاکتەری وەک ناوی شوێنێکی جوگرافی، ناوی نەتەوەیەک، ناوی ئایینێک، ناوی تاکێک و هتد. هەروەها ناوی فەلسەفەی ئایینی لە ناوی ئایینەوە هەڵێنجراوە و ناونراوە، یاخود وەک قوتابخانەکانی دیکە بە تاکی بیرمەندەوە دەناسڕێت “فەلسەفەی ئەلفارەبی، فەلسەفەی ئیبن سینا”. واتە دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی” زاراوەیەکی هاوشێوەی ئەو زاراوانەی سەرەوەیە و دەکرێت بڵێین ناوێکە کە بۆ کۆکردنەوەی بیرۆکەی فەلسەفی فەیلەسووفە موسڵمانەکان، کە لە کولتووری ئیسلامی و جوگرافیای ئیسلامیدا ژیاون.

مشتومڕی جیاواز سەبارەت بە زاراوەی “فەلسەفەی ئیسلامی”.

لە فەرهەنگی ئیسلامی سەدەی ناوەڕاست و جوگرافیای ئیسلامیدا چەمکی حیکمەت بە هەمان مانای چەمکی فەلسەفە بەکارهێنراوە، هەرچەندە فەیلەسووف و نووسەران لە زۆربەی بەرهەمەکاندا دەستەواژەی “فەلسەفە”یان بە حیکمەت یان دەستەواژەی “ویزم” دەربڕیوە، بەڵام پرسیارێکە لە ناونانی سیستەمێک یان کۆمەڵە بیرۆکەیەک کە لە وڵاتانی ئیسلامی لە دوای سەدەکانی ناوەڕاست و سەردەمی عوسمانییەوە سەریان هەڵداوە، بۆچوون و مشتومڕی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە و هەوڵدەدەین لە خوارەوە کورتیان بکەینەوە.

زاراوەی فەلسەفەی ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم، سەرەتا لە ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە دەستی پێکرد کە هەوڵیان دەدا لە ئیسلام تێبگەن. مشتومڕە سەرەکییەکانی ناونانی سیستەمەکانی بیرکردنەوەیە، کە بیرمەندانی موسڵمان پێشنیاریان کردووە بریتین لە “فەلسەفەی ئیسلامی”، “فەلسەفەی عەرەبی”، “فەلسەفەی عەرەبی”، “فەلسەفەی موسڵمان”، “فەلسەفەی ئیسلامی”، “فەلسەفە لە ئیسلامدا”، “فەلسەفەی ئیسلامی عەرەبی” ، “فەلسەفەی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی”.
ستێنبێرگن، کرامر، تەها حوسێن و مەحمود ئەلحودەیری لەو کەسانەن کە پێشنیار و پێداگری لەسەر ناونانی ئەو بیرۆکانە دەکەن کە لە ئەنجامی بزووتنەوەی کولتووری و فەلسەفی ئیسلامی لە ژێر ناوی “فەلسەفەی عەرەبی” سەریان هەڵداوە. هۆکاری ناونانی ئەوان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فەلسەفەی ئیسلامی بە زمانی عەرەبی نووسراوە. بەم شێوەیە لای ئەوان هەرکەسێک فەلسەفەی عەرەبی بنووسێت، جا موسڵمان بێت، چ مەسیحی بێت، یان جوولەکە، بەو کەسانە دادەنرێت کە بەشدارن لە دروستکردنی “فەلسەفەی عەرەبی”. ئەو زانایانەی کە دژایەتی زاراوەی “فەلسەفەی عەرەبی” دەکەن، پرسگەلێکی وەک ئەوەی کە فارابی یەکێک لە دامەزرێنەرانی فەلسەفەی ئیسلامی تورک بووە و ئیبن سینا فارس بووە، ئەم بۆچونە دەوروژێنن بە تایبەتی بۆچوون هەیە کە ناسیۆنالیزمی نووسەرانی عەرەبی وەک تەها حوسێن بووە هۆی ئەوەی کە فەلسەفەی ئیسلامی ناوی “فەلسەفەی عەرەبی” هەڵبگرێت.

جگە لەمەش، کەسانێک هەن کە دژایەتی دەستەواژەی “فەلسەفەی عەرەبی” دەکەن و بە فەلسەفەی ئیسلامی یان “فەلسەفەی موسڵمان” ناوی دەبەن، لەوانە مێژوونووسانی فەلسەفەی ئیسلامی وەک هێنری کۆربین و مەجید فەخری، کە بۆ ئەوان گرنگ نییە فەلسەفەکە بە چ زمانێکە لە… هەرچەندە زۆربەی دەقە فەلسەفییەکان بە زمانی عەرەبی نووسراون، بەڵام ئاماژەی بە بوونی زۆرێک لە دەقی فەلسەفی بە زمانی تورکی و فارسیش کردووە و پێی وایە کە گونجاوترین زاراوە فەلسەفەی ئیسلامییە و ئەم فەلسەفە تەنیا فەلسەفەی فەیلەسووفە موسڵمانەکان دەگرێتەوە، هەرچەندە فەیلەسووفی جوولەکە و مەسیحی کە لە جیهانی ئیسلامیدا ژیاون بە زمانی عەرەبی نووسیوویانە. ئەو دەقە فەلسەفیانەی کە هەیە جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەشیاوە هەڵگری ئایینی جیواز لە نێو فەلسەفەی ئیسلامیدا هەژمار بکرێن. تەنانەت ئەگەر ناوی “فەلسەفەی ئیسلامی تورک، یان فارس و هند”یش بێت، هەر فەلسەفەکە دەگەڕێنرێتەوە بۆ موسڵمانانی نەتەوەکان، چەمکێکی پێچەوانەی واقیع و پراکتیکیش دروست دەبێت. بە پێی ڕوانگەیەکی تر، دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی” ناتوانێت مانای تەواوی چەمکی فەلسەفە لە دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی”دا بە گشتی بدات، هەروەها ناتوانێت گوزارشت لە فەلسەفەیەکی ڕەها بکات.

زانایانی وەک القیتفی، ئیبن ئوسەیبە، بەیحاقی و ئەلئیلشتانی، لە مێژوونووسە کلاسیکییەکانی موسڵمانانی تەزکیردا، فەیلەسووفەکانیان بە “الفلەسیفەت الاسلامیە” و “فەلسیفەتول ئیسلام” ناوبردووە، کە بە واتای “فەیلەسووفە ئیسلامییەکان” دێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش گونجاوترە فەلسەفەی ئەو فەیلەسووفانەی باوەڕیان بە ئیسلام هەیە، بەبێ گوێدانە وڵات و زمان، یان نەتەوە، لە ژێر پۆلی “فەلسەفەی ئیسلامی”دا وەک فەیلەسووفی ئیسلامی پۆڵین بکرێت. لە لایەکی ترەوە فەلسەفەی فەیلەسووف و بیرمەندانی موسڵمان ناوی “فەلسەفەی ئیسلامی”یان پێدەدرێت، دەچێتە خزمەتی دەوڵەمەندکردنی فەلسەفەی جیهانی ئیسلامییەوە.

دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی” بە شێوەیەکی بەرفراوان لە وڵاتانی وەک هیندستان، ئێران، پاکستان، تورکیا بەکاردێت و هەروەها مێژوونووسانی فەلسەفی میسری وەک ئەهوانی و ئیبراهیم مەدکور، بەرهەم و بابەتەکانیان سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی لە جیهانی سەدەی ناوەڕاستی ئیسلامیدا بە “فەلسەفەی ئیسلامی” ناوزەد کردووە ” یان ناویان لێنراوە “فەلسەفەی ئیسلامی” لە بەرهەمەکانیاندا. ” ئەو زاراوەیەیان بۆ بەکارهێناوە. بەکارهێنانی دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی” بۆ قۆناغەکانی دوای پچڕانی یەکڕیزی سیاسی موسڵمانان وازی لێ هێنرا و هەر جوگرافیایەک دەستی کرد بە ناونانی ئەو بیرۆکە فەلسەفی و چەمکە فەلسەفیانەی کە لەناو ئەواندا سەریان هەڵدا بە ناوی ناوچەیی گۆڕدرا. نموونەی فەلسەفەی میسری، فەلسەفەی ئێرانی، فەلسەفەی هیندی، تورکی. هەندێک کێشە، وەک ناسیۆنالیزمی مۆدێرن و تایفەگەری، وایکردووە فەلسەفەکانی گەلانی ئیسلامی بە ناوی قەومی و جوگرافیای خۆیانەوە ناوزەد بکرێن. بەڵام فەلسەفەی بیرمەندانی موسڵمانی ئەمڕۆ یان ئەو کۆمەڵە فەلسەفانەی کە لەناو گەلانی ئیسلامیدا سەرهەڵدەدەن، نەک هەر ڕاستن کە بە “فەلسەفەی ئیسلامی مۆدێرن” یان “فەلسەفەی ئیسلامی” بە گشتی ناوببرێن، بەڵکو لە ڕوانگەی پەرەپێدانی بەرهەمەکەوە لە دووبارە دروستکردنەوە و زیندووکردنەوەی چەمک و سیستەمی بیرکردنەوەی ئیسلامی ڕۆڵێکی گرنگی تایبەت دەگێڕێت.

پەیوەندی فەلسەفەی ئیسلامی بە ئیسلامەوە

سەبارەت بە دەستەواژەی ئیسلام لە زاراوەی “فەلسەفەی ئیسلامی”دا بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک لە نووسەرانی وەک هێنری کۆربینیش قورئان بە سەرچاوەی سەرەکی فەلسەفەی ئیسلامی دەزانن، دەڵێن کە زۆربەی ئیلهامەکانی لە قورئانەوە وەرگرتووە. یان وەک ئان. لای. ئەو وەک جوولەکە، جولەکەیەک یان مەسیحییەک، هەرچەندە بەرهەمی فەلسەفی عەرەبی بنووسێت، بە فەیلەسووف نازانرێت. لەبەرئەوەی فەلسەفەی ئیسلامی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئیسلامدا هەیە، نەشیاو ناموسوڵمانەکان بخرێتە ناو پۆلی فەلسەفەی ئیسلامییەوە، چونکە ئەوان لە دروستکردنی فەلسەفی خۆیاندا سەرچاوە ئیسلامیەکان بەکارناهێنن.

بەگوێرەی ڕوانگەیەکی تر، “فەلسەفەی ئیسلامی” بە ئیسلام تێدەگەین و بەپێی ئەم بۆچوونەش فەلسەفەی ئیسلامی بریتییە لە شیکردنەوەی فەلسەفیی ئەو مانایانەی لە قورئان و فەرموودە دەرهێنراون یان خستنەڕووی فەلسەفەی قورئان و فەرموودەیە، بە جۆرێکی دیکە واتە ڕۆحی قورئان و فەرموودەیە. بۆ ئەوانەی فەلسەفەی ئیسلامی وەک فەلسەفەی ئیسلام یان وەک ئایین سەریهەڵدا. نەیارانی ئەم بۆچوونە دەڵێن، ئیسلام فەلسەفە نییە، و مەبەست لە فەلسەفەی ئیسلامی ئەوە نییە فەلسەفەی ئیسلام بێت وەک ئایین، بەڵکو “فەلسەفەی کولتووری ئیسلامی” ییە بە مانای سەرچاوە و سەربەخۆییەکەی.

قبوڵکراوترین ڕوانگەی ئەو بۆچوونانەی سەرەوە ئەوەیە: “فەلسەفەی ئیسلامی” ئەو بۆچوونە فەلسەفیانەیە کە فەیلەسووفە موسڵمانەکان لەسەر پرسە فەلسەفییەکان دەریدەبڕن، فەلسەفەی ئیسلامیش وەک فەلسەفەکانی تر چەمکێکی فەلسەفی بە مانایەکی ڕەها ڕوون دەکاتەوە.

مانای گشتی فەلسەفەی ئیسلامی

ئەگەر تەماشای تەفسیری مێژوونووسە فەلسەفییە موسڵمانەکانی وەک ئیبن نەدیم و القیتفی و ئیبن ئەبی ئوسەیبە بکەین، ئەو ڕوانگە فەلسەفییەی کە بە دەستەواژەی “فەلسەفەی ئیسلامی” خستووەتە ڕوو، لەسەر بنەمای ناوی فەیلەسووفە موسڵمانەکانە کە لە ژێر کاریگەری ئەرستۆ و ئەفلاتون بوون، وەک کیندی و فارابی و ئیبن سینا، لە بابەتەکانی فەیلەسووفانی ئیسلامیدا، ڕاستتر دەبێت، بڵێین بۆچوونەکان مەبەستن. بەڵام بەم شێوەیە، زانسته بنەڕەتییەکانی وەک کەلام، سۆفیزم و فیقهی ئیسلامی که دەستکەوتێکی گرنگی مێژووی فیکری ئیسلامین، له فەلسەفەی ئیسلامی دوور دەخرێنەوه .

مێژوونووسانی هاوچەرخی فەلسەفە وەک هێنری کۆربێن و ئەلقودەیری و ئیبراهیم مەدکور باسیان لەوە کردووە کە فەلسەفەی ئیسلامی دەبێ فەلسەفەی ئیسلامی و عیرفان و فیقهی ئیسلامی لەخۆ بگرێت، دەتوانین بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەم ئارگیومێنتە بۆ دوو لق دابەش بکەین.
یەکەم: فەلسەفەی ئیسلامی فەلسەفە بە مانا ڕەهاکە دەگرێتەوە، واتە ئەو سیستەمە فەلسەفییەی کە زانایانی موسڵمان پێشنیاریان کردووە.
دووەم: فەلسەفەی ئیسلامی فەلسەفەی ڕەها و کەلام و عیرفان و زانستە ئیسلامییەکانی تر لەخۆ دەگرێت. ڕوانگەی دووەم لە سرووشتی گەنجینەیەکی و کۆکردنەوەی داتا و زانیارییە کە لە دەوری هۆشی ئیسلامی و تێگەیشتنی ئیسلامی کۆکراونەتەوە و بۆچوونێکە کە لە لایەن بەشێک لە مێژوونووسانی فەلسەفەی ئیسلامییەوە پشتیوانی لێکراوە. لە خوارەوە با پۆلێنکردن یان جۆرەکانی فەیلەسووفی ئیسلامی جیا بکەینەوە، لەوانە ڕوانگەی دووەم بە گشتی و ڕوانگەی یەکەم بە تایبەتی؛ هەروەها با ڕوون بکەینەوە کە کام گروپی ڕەوتی فەلسەفی ئیسلامی لەسەر ڕوانگەی دووەم دامەزراون.

فەیلەسووفانی ئیسلامی

١- ڕەوتی فەلسەفە (فەیلەسووفان) : ئەم ڕەوتە دابەش دەبێت بەسەر گروپە جیاوازەکاندا لەوانە مەششاییەکان و ئیخوان سەفا و ئیشراقی و گروپەکانی تر.
٢- موتەکلیمون (ئەهلی کەلام): لە چەمکی موعتەزیلە و ئەشعەری و ماترودی دروست دەبن. نووسەران وەک فەیلەسووفەکان بیرمەندن کە لەسەر تەواوی بوارەکانی فەلسەفەی سەرەکی دەنووسن، وەک زانین، بوون، گەردوون و بەهاکان.
٣- موتەسەویفون (ئەهلی تەسەوف): یەکێکە لە گرنگترین بزووتنەوە فەلسەفیەکان لە جیهانی ئیسلامدا، بە فەلسەفەی تەسەوفیش ناودەبرێت. بزووتنەوەیەکی فەلسەفی ئیسلامی گرنگە کە لە دەوری فەلسەفەی وەحدەت الجود (یەکێتی بوون)ی ئیبن عەرەبی دابەش بووە بەسەر گروپە جۆراوجۆرەکاندا و بە کارە بەرفراوانەکانی لە بوارەکانی مەعریفە، بوون، گەردوون، فەلسەفەی مرۆڤ و… فەلسەفەی ئەخلاقی.
٤- زانایانی فیقهی (فیقه ناسانی ئیسلامی): ئەوان دامەزرێنەری فیقه، یان زانستی یاسایین له فەرهەنگی زانستی ئیسلامیدا، هەروەها ئەوانەن له ئه نجامی به کارهێنانی عەقڵ سەبارەت به کێشه کردارییەکان تیۆری دروست دەکەن. لە ئەنجامی خستنەڕووی چەندین تیۆری لە بوارەکانی فەلسەفەی یاسا، فەلسەفەی لێکدانەوە، فەلسەفەی ئەخلاق، فەلسەفەی مەعریفە، قوتابخانەی فیقهی وەک حەنەفی و شافیعی و مالیکی و حەنبەلیزم سەریان هەڵداوە و دەتوانین وەک قوتابخانەی تایبەت بانگەشەی بۆ بکەین، چونکە ئەوانیش تیۆریست نووسەکانی ئیسلامین. بەڵام تا ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەیکی ورد لەسەر تێڕوانینه فەلسەفییەکانیان کەم تا زۆر وەک قوتابخانەی فەلسەفیی لایان لێ نەکراوەتەوە و ماوەتەوه بڵێین، تەنیا وەک ڕێچەکەیەکی فیقهی ماونەتەوە، ئەوە ئەرکی توێژەران و پسپۆڕانی زانسته فەلسەفییەکانە لێکۆڵینەوەیان لەبارەیانەوە بکەن.
٥- زمانناسان: دامەزرێنەری نەحوی (ڕێزمان) و بەلاغەت (جوانکاری) زمانن لە جیهانی ئیسلامدا، ئەو بیرمەند و فەیلەسووفانەن کە بە گەڕان بە دوای پرسەکانی وەک پەیوەندی نێوان زمان و عەقڵ، زمان و لۆژیک، و زمان و مانا وەن.
ئەنجام

بە کورتی “فەلسەفەی ئیسلامی” ناوی سیستەمێکی بیرۆکە و ئەو فەلسەفەیە لەسەر بنەمای چەمکی ئیسلامی و لەسەر بنەمای بیرۆکەی فەیلەسووفانی پێش ئیسلام بەتایبەتی ئەفلاتون و ئەرستۆ، سەری هەڵداوە. چونکە گەرانە بە دوای زانین و زانست زانستە مەعریفییە لێکنەدراوەکان لەڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا. سیڕینەوە و نەفی کردنی فەلسەفە لە ئیسلامدا، لەناوبردنی ڕابردووە و لەناوبردنی زانست و مێژووە، ئەمەش پێچەوانەی ڕێزگرتنی ئیسلامە بۆ ڕۆح و مەعریفە، و مەترسیدارە بۆ کوشتنی ئەزموونی حیکمەت و هەژموونی بیری ئیسلامیی. کەواتە فەلسەفەی ئیسلامی هەم سیستەمێکی بیرکردنەوەی ئەزموونییە، کە بە ئەزموونی ڕابردوو پەرەی پێ دراوە و هەم ڕۆحی تێگەیشتنی وەحییە لە ئیسلام.

—————————————————————

سەرچاوەکان
عەرەبی

  • عنوان الكتاب: الفلسفة الإسلامية. المؤلف: الشيخ كامل محمد محمد عويضة. الناشر: دار الكتب العلمية. الطبعة: الأولى 1995 م.
  • عنوان الكتاب: معجم مصطلحات الفلسفة في النقد والبلاغة العربيين. المؤلف : سلام أحمد إدريسو. الناشر : عالم الكتب الحديث. الطبعة : 2015.
  • عنوان الكتاب : تهافت الفلاسفة. المؤلف : أبو حامد الغزالي. الناشر : دار كيرانيس للطباعة والنشر. الطبعة : 2014. الصفحات : 335. المجلدات : 1.
  • كتاب الفلسفة والدين في مدينة الفارابي الفاضلة. المؤلف: دكتورعزمي طه السيد أحمد. دار النشر: عالم الكتب الحديث. سنة النشر : 2015. عدد الصفحات : 185.
    فارسی
  • کتاب فلسفه اسلامی از الف تا ی. نویسنده: پیتر اس گراف پیتر اس گراف. مترجم : سعید شفیعی. انتشارات: مولی. تعداد صفحه : 192. سال انتشار. شمسی : 1400. سال انتشار میلادی : 2007. سری چاپ : 3.
  • کتاب تاریخ فلسفه اسلامی. از آغاز تا درگذشت ابن رشد ـ نویسنده : سیدحسین نصر، عثمان یحیی ، هانری کوربن. مترجم : سیداسدالله مبشری. ناشر: فیدی‌پلاس. سنە: ١٣٨٨.
    ئینگلیزی
  • History of Islamic Philosophy. Edited By Oliver Leaman, Seyyed Hossein Nasr. Copyright 2001.
  • The Biographical Encyclopedia of Islamic Philosophy. Oliver Leaman (Anthology Editor). 2008. https://www.routledge.com/.



مامۆستا عەزیز گەردی لە نێوان داغستان و بەحرکەدا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

بۆ یەکەمجار ئەوم بینی لە کافتریای کۆلێژی ئاداب، بە جلێکی کوردی سادەوە، بەرەو ڕارەوەکە بۆ دەرەوە دەڕۆیشت، وام لێکدایەوە کە یەکێک بێت لە کارگوزارەکانی کۆلێژ، بە تایبەتی ناو کۆلێژو زانکۆ چەند کارگوزارێکی کوردی شەبەکی لێ بوو، کە شەرواڵێکی کوردی و چاکەتێکیان لەبەردەکرد، وای بۆچووم کە ئەم پیاوە چاکەتەکەی کردووە بە چۆغەو پشتوێنیشی بەستووە، بەڵام هەر زوو ئەم بۆچوونەم هەڵوەشایەوە، کاتێ بینیم بندەستێک کتێبی پێیە. پاش کەمێک لە نەزەند حەمە سەدیق- کە ئیستا نەزەند بەگیخانیە و شاعیرو نووسەرێکی دیارە-م پرسی ئەو پیاوە کێیە بە جلی کوردیەوە لە ناو کۆلێژدا دێت و دەچێت، وەڵامی دامەوە چۆن نایناسیت، ئەوە مامۆستا عەزیز گەردیە. من تا ئەو کاتە نەمدەزانی کە مامۆستا عەزیز گەردی خوێندکاری بەشی زمانی فەرەنسیە، چونکە من پێشتر چەند نووسینێکی ئەوم بینیبوو بە تایبەتی ئەدەبی بەراوردکاری و چەند ژمارەیەکی ئەدەبی بێگانان و ئافرەتی کورد. ئەوە یەکەمجار بوو من ئەم پیاوە بە جەستە لاوازو سادەو ساکارو کەسایەتی گەڵەگەت و پایە بڵندە لە دوورەوەو بێ قسەکردن ببینم.
دواتر من لە نزیکەوە مامۆستا عەزیزم ناسی، ئەوکاتە ئەو لە پۆلی سێیەمی بەشی زمانی فەرەنسی بوو، ئەوەی بەلامەوە سەیربوو ئەم پیاوە گەورەیە کە پێشتر پەیمانگای مامۆستایانی تەواوکردبوو، نزیکەی پانزە ساڵ مامۆستای سەرەتایی بوو، منداڵانی کوردی فیرکردبوو، ئێستا وەکو خوێندکاریک سادەو ساکار دەهاتوو دەچوو، کە جارجاریش دەمبینی لەگەڵ هەندێ لە مامۆستاکانیدا قسەی دەکرد، وەکو منداڵێکی سەرەتایی و بە ئەدەب و پەیوەستبوونێکی زۆرەوە رادەوەستاو قاچەکانی جووت دەکردو رێک رادەوەستا، هەرچۆن مامۆستا لە قۆناغی سەرەتایی پێی دەگووتین وریابە، ئەو لەباری وریابووندا ڕادەوەستا.
ئەو زمانی فەڕەنسی دەخوێند، بەڵام پێشتر چەند بابەتێکی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕابوو. دیارە ئەو خۆی فێری زمانی ئینگلیزی کردبوو، لە راستیشدا ئینگلیزییەکەی لە زۆربەی دەرچووانی بەشی ئینگلیزی باشتر بوو، زۆر جار دەمبینی خوێندکارانی کوردی زمانی ئینگلیزی لێی کۆدەبوونەوەو پرسیاریان لێ دەکرد. ئەو بەبێ ئەوەی بڵێت ئیوە خوێندکاری بەشی ئینگلیزین و من فەرەنسی دەخوێنم، وەڵامی دەدانەوەو هەندێجار بابەتەکانی بۆ باس دەکردن بە تایبەتی بابەتی ئەدەب، کە دیاربوو ئەو زۆرێک لەو رۆمان و دراماو شیعرانەی خوێندبووەوە کە ئێمە وەکو پرۆگرامی خوێندن دەبوو بمانخوێندنایە.
من یەکەمجار لە کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی وەرگیرام و دواتر گواستمەوە بۆ بەشی ئینگلیزی، هەندێ کەس پێیان دەگووتم بێ عەقلیەکی گەورەت کردووە، هەندێکی تر دەیانگووت تۆ چۆن تەنازولت کردووە، بەلام مامۆستا عەزیز هەمیشە دەیگووت ئەو کاک عەتایەی کە لە کۆلێژی ئەندازیارییەوە بەرزبووەتەوە بۆ بەشی زمانی ئینگلیزی، هیوادارم هەمیشە لەبەرزبوونەوەدا بێت ، هەرگیز تەنازول لە هیج شتێکدا نەکات. دواتر وەرگێڕانە نایابەکەی” داغستانی من”ی رەسوڵی هەمزەتۆفی پێشکەش کردم و لێی نووسیبوو: ئەم کتێبە کە رێنومایی ژیانە و هەمزاتۆف وەکو پەخشانێکی هونەری نووسیوویەتیەوەو تێکەلاوی چیرۆک و ئەفسانەی داغستانی کردووە کە چیرۆک و ئەفسانەی مرۆڤایەتین، بەو گەنجانە پێشکەش دەکرێت کە بەڵین بەخۆیان دەدەن لە دوارۆژدا خزمەتگوزاری میللەتەکەیان بن و چیان لە دەست دێت لەو بوارەدا کەمتەرخەمی نەکەن”.
ئەوەی کە بە کەم کەس دەکرێت ئەوە بوو کە مامۆستا عەزیزو هاوەڵەکانی کە ئەوانیش مامۆستای سەرەتایی بوون، دەوامی مامۆستایەتیان گواستبووەوە بۆ خویندنگای ئێواران لە هەولێرو رۆژانە بەیانی زوو لە هەولێرەوە دەهاتنە موسڵ و دوای تەواوبوونی وانەکانیان دەگەڕانەوە بۆ هەولێرو فریای دەوامی ئێوارانیان دەکەوتن، واتە لە هەمان کاتدا مامۆستاش بوون و خوێندکاریش، خوێندنی زانکۆی ئەوساش وەکو ئێستا نەبوو بە تایبەتی لە زانکۆی موسڵ کە نەهاتن بگەیشتایەتە رێژەیەکی دیاری کراو خوێندکار ئەو ساڵە بە کەوتوو دادەنرا. ئەوەی جێگای سەرنج بوو مامۆستا عەزیز هەرگیز ناوی لە لیستی خوێندکارانی نەهاتوودا نەدەبینرا.
من ساڵی یەکەمی خوێندنم بوو لە بەشی زمانی ئینگلیزی، نزیکی نیوەی ساڵ بوو، چوومە کتێبخانەی کۆلێژ، مامۆستا عەزیز لەگەڵ مامۆستا حسەین عەلی وەلی و مامۆستا عەلی جوکل دانیشتبوو، سڵاوم لێکردن، وتی وەرە کارم پێتە، لیڤاکسەکەی کردەوەو چەند پەڕەیەکی کۆپی کراوی پێدام و گووتی ئەوانەم بۆ وەرگێڕە، من زۆر بە لامەوە سەیر بوو، وتم مامۆستا چۆن وەری بگێڕم ؟ ئەو گووتی ئەوە چیرۆکێکە قورس نیە، ئاسانە چەند جارێک بیخوێنەوە، بۆ ئەوەی لێی تێبگەیت، هەر وشەیەکت نەزانی لە فەرهەنگ ماناکەی بدۆزەوەو بزانە ئەو مانایە لە رستەکەدا گونجاوە، ئەگەر نەگونجا بە دوای مانایەکی تری وشەکەدا بگەڕێ، دیارە ئاشکرایە کە وشەی وا هەیە لە زمانی ئینگلیزیدا چەند مانایەکی هەیە. من چیرۆکەکەم لێوەرگرت و بەو ئینگلیزیە کەمەی کە ئەو کاتە دەمزانی و دیارە بە کوردیەکی خراپیش چیرۆکەکەم کرد بە کوردی و پاشی چەند رۆژێک کوردیەکەو ئینگلیزیەکەم بۆ بردەوە. لە کتێبخانە لەگەڵم دانیشت رستە بە رستە بەراوردی کوردی و ئینگلیزیەکەی کردو کوردیەکەی من پڕی بوو لە هەڵە، رستەکانی بۆ راستکردمەوەو ئینگلیزی و کوردیەکەی دایەوە دەستم و گووتی دەستخۆش زۆر باشە، جارێکی تر وەرگێڕانەکەت بنووسەوەو بیر لەوە بکەرەوە کە خۆت ئاسایی کاتێ قسە دەکەیت چۆن رستەکان دەڵێیت، ئەم رستانەش بخەرە سەر شێوەی قسەکردنەکەی خۆت. جارێکی تر کوردیەکەی خۆمم نووسیەوەو بردمەوە بۆ مامۆستا، پاش ماوەیەک بەیانیەکی رۆژی شەممە کە چووم بۆ کۆلێژ، مامۆستا لەبەردەم دەرگای هۆڵی ژمارە حەڤدە وەستابوو کە من وانەم لەوێ هەبوو، گووتی وەرە، لیڤاکسەکەی کردەوەو دوو ژمارەی رۆژنامەی هاوکاری پێدام و وتی سەیرکە ئەوە چیرۆکەکەیە کە وەرتگێڕابوو، بۆم ناردویت بۆ هاوکاری و لێرەدا بڵاوکراوەتەوە. لە راستیدا من کە ناوی خۆمم بینی نووسرابوو وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە وام دەزانی خەون دەبینم. من زۆربەی کات لەبەر ئەوەی چاوم کزبوو، لە پۆلدا، لە ریزی پێشەوە دادەنیشتم، بەڵام ئەو وانەیە کە بابەتی وتار- ئیسەی-مان هەبوو، دکتۆر دنحە تۆبیا گۆرگیس کە مامۆستایەکی هێجگار لێهاتوو بوو پێی دەگووتین، لە ریزی دواوە دانیشتم، هەر تاوناتاوێ لە ژێردەستمەوە سەیرێکی هاوکارییەکەم دەکرد. هیواخوازبووم چی زووترە وانەکە تەوابێت بۆ ئەوەی بچمە کتێبخانە وەرگێڕانەکەم لە رۆژنامەکەدا بخوێنمەوە.
بەلام دواتر کە وەرگێڕانەکەم خوێندەوە، بۆم دەرکەوت کە مامۆستا زیاتر دەستکاری کردووەو کوردیەکەی بۆ چاک کردوم. دوای چەند رۆژێک مامۆستا لە کتێبخانە وتی وەرە شتیکت بدەمێ، کە چووم دیوانی هێمن و هەواری خاڵی پێدام، وتی پێشەکی دیوانەکەو ئەم پەخشانە درێژە بخوێنەوەو سەرنجی وشەکان و رستەکانیشی بدە. پاش چەند رۆژێک کە ئەوانەم خوێندەوە بردمەوە بۆ مامۆستا، دوای ئەوە “پێکەنینی گەدای حەسەنی قزڵجی و دارەکەی بەرمالمان-ی ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل و پایزەخەونی محەمەد مەولود مەمی بۆ هێنام…بەمجۆرە مامۆستا بەردەوام بوو. دواتر تێگەیشتم مامۆستا دەیەوێت لە رێگای ئەمانەوە کوردیەکەم باش بێت.
مامۆستا عەزیز دوو خاسێتی زۆر هەستیاری هەبوو، کە دەبوو زۆر بە وریایانە هەڵس و کەوتی لەگەڵ بکەیت، یەکەمیان ئەوە بوو کە زۆر دڵی ناسک بوو، دەبووا بزانیت چۆن لەگەڵی دەدوێیت و چۆن هەڵس و کەوتی لەگەڵ دەکەیت. دووەم هەرگیز حەزی نەدەکرد نزیک بیتەوە لە وردەکاری و نهینیەکانی ژیانی. بۆ نموونە هەتا ئێستاش بە تەواوەتی ئاشکرا نیە کە مامۆستا لە دایکبووی چ ساڵێکە. رۆژێک لەناو زانکۆ من و ئەو و کاک حەمید عەبدوڵاو عارف عومەر گوڵ برای رەوانشاد دکتۆر مارف گوڵ، لە ناو زانکۆ پیاسەمان دەکرد، مامۆستا خلیسکاو کەوتە سەر زەوی پێکەوە هەڵمانساندەوە، پارەو ناسنانمەی زانکۆی کەوتە سەر زەویەکە، من کۆمکردنەوەو بەدەستمەوە بوو، دەستبەجێ شتەکانی لە دەست وەرگرتم و وتی خۆ سەیری ناسنامەکەمت نەکرد، لە راستیدا زانیم لە دایکبووی چ ساڵێکە، بەڵام هەرگیز باسم نەکرد، دواتریش چەند جارێک لێی پرسیم ئایا سەیری ناسنامەکەیم کردووە، هەر بە هەمان شێوە وەڵامم دایەوە کە نەخێر، چونکە دەمزانی لێم زویر دەبێت. خاڵیکی تر کە زۆر هەستیار بوو بەرامبەری ئەگەر باسی هاوسەرگیری لەگەڵ بکرایە. هەرچەندە ئەو بەردەوام نوکتەی خۆش و پێکەنیناوی بۆ دەگێڕاینەوە، لەو رووەوە ئەگەر ئەوەی دەیزانی بینووسیایەتەوە، دەبووە عەلادین سەجادیەکی تر. بەڵام ژیان نهێنی سەیری تێدایە. ئەم پیاوەی کە هەرگیز حەزی نەدەکرد باسی هاوسەرگیری لەگەڵ بکەیت، سەرئەنجام من بۆم دەرکەوت کە لای خۆیەوە عەشقی یەکێک لە کچە خوێندکارە کوردەکان بووە، من وای بۆ دەچووم کە هەرگیز بوێری ئەوەی نەبێت کە هەستی خۆیی بۆ دەرببڕێت، بەڵام دواجار زانیم کە ئەو بابەتەی لەگەڵ کچەکەدا کردبووەوە، بەڵام دیاربوو کچەکە وەڵامێکی ئەرێنی نەبوو، بە تایبەتیش ماوەی نێوان تەمەنیان زۆر بوو، من وام هەست دەکرد پاساوی کچەکە بۆ وەڵامە نەرێنیەکەی ئەوە بووبێت. ئەوەش پێموابوو زیاتر دەوری هەبوو لە زیاتر ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی مامۆستاو زیاتر بەسەرخۆدا شکانەوەیدا.
خاسێتێکی دیاری تری مامۆستا سادەیی و بێ باکی بوو لە دنیا. ئەو لەگەڵ زۆرینەی خوێندکارانی کوردی کۆلێژی ئاداب پەیوەندی هەبوو بە ئاستی جیاواز، دیارە هەمووانیش هەر یەکە بە ئاستێک ئەویان دەناسی چونکە ئەو دەمە مامۆستا نەک هەر لە خوێندکاران بەڵکو لە ناوەندی رۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا ناوێکی درەوشاوە بوو، زۆرینەی هاوتەمەنەکانی ئێمە شانازیمان بەوەوە دەکرد کە مامۆستا بەیانی باشمان لێ بکات، بەڵام وەکو گووتم ئەو ئاستی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشێکمان بەهیزتر بوو بە تایبەتی ئەوانەی کە بایەخێکیان بە ئەدەب و خوێندنەوەو نووسین هەبوو، بەردەوامیش هەستمان دەکرد ئەو پێیوایە بەرپرسیارێتی هەیە بەرامبەر بەوانەی کە دەزانێت ئارەزووی بایەخدانیان بە ئەدەب و رۆشنبیری کوردی هەیە.
لە راستیدا کاتێ من سەیری کەسێتی مامۆستا عەزیزم دەکرد، بەردەوام ئەو بۆچوونەم لا زیاتر جێگیر دەبوو کە ئەم پیاوە بە سرووشتی بۆ ئەوە خوڵقێنراوە خەریکی ئەدەب و رۆشنبیری بێت، لە راستیدا ئەو بێجگە لەو حەزو ئارەزووە سۆفیانەی بۆ ئەدەب و رۆشنبیری هەیبوو، لە رووی خۆناسینیشەوە زۆر بە جوانی خۆی ناسیبوو، دەیزانی ئەو بۆچی ئەفرێندراوە. هەربۆیە راستگۆیانە هەموو ژیانی بۆ ئەو عەشقە سەرەکیەی خۆی تەرخان کرد کە لە راستیدا ئەو نەک هەر عەشقی ئەدەب و رۆسنبیری بوو، بەڵکو هەم دڵداری لەگەڵ نووسین و وەرگێڕاندا دەکرد، هەم سەئەنجام هاوسەرگیری لەگەڵ کتێب و قەڵەمدا کردو لەو رووەشەوە ئەو ژمارەیەکی لە ئەندازە بەدەر نەوەی خستەوەو گەورەترین خێزانی هەیە، خێزانی کتێب و گەورەترین ماڵی هەیە کە ماڵی کتێبخانەیە. تەنانەت عەشقی مامۆستا بۆ کتێب، بۆ نووسین، بۆ وەرگێڕان لە ماوەی بیست ساڵی دوایی تەمەنیدا وای لێکردبوو، کە نووسین و وەرگێڕان و قەڵەمەکانی و پاشانیش کۆمپیوتەرەکەی شوێنی هاوڕیکانی بۆ بگرنەوەو ئەوەیش وای لێکردبوو، تا ئەندازەیەکی زۆر خۆی لە زۆرینەی هاوڕی و دۆستەکانی و ئەو رووبەرە فراوانەی نووسەرانیش داببڕێت کە زۆرینەیان مامۆستایان خۆش دەویست و بەڕێزەوە سەیری هەوڵ و کۆشش و کەسێتی نەفس بەرزو هەڵوێست جوان و کارەکا نایابەنیان دەکرد.
کارو بەرهەماکانی مامۆستا عەزیز هەم لە رووی چەندێتیەوە زۆرن، هەم لە رووی چۆنیتیەوە گرنگن، چونکە ئەو دیدو تێڕوانینی دیاری خۆیی هەبوو بۆ رۆشنبیری و کەلتووری کوردی و باش دەیتوانی ریزبەندی ئەوە بکات کە چی پێویستترەو پێویستە چی لە پێشەوە ئەنجام بدرێت، بە مانایەکی تر لە بارودۆخێکدا کە وەزارەتی رۆسنبیری و دامەزراوە ئەکادیمیەکانی کوردستان و زۆربەی دەزگا کەلتووریەکان سیاسەت و ستراتیژی کەلتوورییان نەبوو، مامۆستا لەسەر ئاستی تاکەکەسی خۆی سیاسەت و ستراتیژی جێگیرو چەسپاوی کەلتووری خۆیی هەبوو، لە راستیشدا بەپێی ئەو سیاسەتە جێگیرەی خۆی کاری دەکردو گوێی بەوە نەدەدا کە دەرەوەی خۆی چۆن سەیری کارەکانی دەکەن، چونکە ئەو دەیزانی چی پێویستەو دەبێ چی بکات.
بەرهەمەکانی مامۆستا عەزیز زۆرو فرە چەشنن، کە لە نێوان نووسین و وەگێڕاندا دابەش بوون. ئەو یەکەم بەرهەمی لە شێوەی کتێبدا لە ساڵی ١٩٦٨-١٩٦٩دا نووسیووە، کە هێشتا لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا بووە کە ئەویش کتێبی (رەوانبێژی)ە لە ئەدەبی کوردیدا، کە لە سێ بەرگ پێکهاتووە. لە راستیدا ئەم کتێبەی مامۆستا هەوڵێکی جدیە بۆ دانانی کتێبی شێوە پرۆگرامی بۆ لێکۆڵینەوەی ئەدەبی. لەم کتێبەدا مامۆستا سەرباری سوودوەرگرتنی لە رەوانبێژی عەرەبی، سوودی لە رەوانبێژی زمانی ئینگلیزیش وەرگرتووەو ئەم کتێبە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ خوێندکارانی بەشی زمانی کوردی و ئەدەبی کوردی.
لە کتێبە نووسراوە دیارەکانی تری مامۆستا ئەو بەرهەمەیەتی بە ناوی ئەدەبی بەراوردکاری، کە ئەویش دیسان کتێبێکە سوودی زۆری هەیە بۆ خوێندکارانی بواری ئەدەبی بەراوردکاری. هەر لە راستیدا مامۆستا خۆی دوای ئەوەی کە تێزی دکتۆرای لە بواری شیعری کوردیدا نووسی، دواتر تێزیکی تری لە بواری ئەدەبی بەراورددا نووسیووە کە بەراوردی نێوان ” رۆمیۆو جولێت”ی شکسپیرو ” مەم و زین”ی ئەحمەدی خانیە. بێجگە لەو لێکۆڵینەوە قوڵەی کە بە میتۆدی نوێی ئەدەبی بەراوردکاری نووسیووێتی، وەکو تەواوکەری تێزەکەی، هەم رۆمیۆ و جولیتی لە ئینگلیزیەوە کردووە بە کوردی، هەم مەم و زینی لە کوردیەوە بە ئینگلیزیەکی بەرزو دەوڵەمەندو بە زمانێکی شاعیرانە کردووە بە ئینگلیزی. وەکو ئاشکریە پێشتریش مامۆستا عەزیز فەرهەنگی بۆ مەم و زینی ئەحمەدی خانی کردبوو.
هەروەک لە بەرهەمە ناوازەکانی تری مامۆستا عەزیز کتێبی” رابەری شیعری کلاسیکی کوردی”و کتێبی” رابەری کێشی شیعری عەروزی کوردی”ن . مامۆستا لەم دوو بەرهەمە گەورەو دەوڵەمەندەدا کێشەکانی شیعری کلاسیکی کوردی لەسەر بەحرەکانی خەلیلی ئەحمەدی فەراهیدی دیاری کردووەو بنەمایەکیشی داناوە کە بەو پێیە دەتوانرێت کێشەکانی شیعری کلاسیکی کوردی دیاری بکرێت، کە ئەوەش بایەخێکی زۆری هەیە بۆ لێکۆڵینەوەی شیعری کلاسیکی کوردی. هەوەک بە جیاش کتێبێکی لەسەر کێشی شیعری شێخ رەزای تالەبانی نووسیووە. ئەمە بێجگە لەوەی کە کتێبێکی لەسەر کێشناسی نووسیووە بەناوی ” فەرهەنگی کێشناسی” کە ئەمەش وەکو یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ لێکدانەوەی کێشی شیعری کوردی. کتێبەکانی بەناوی” پەخشانی کوردی و چەشەی ئەدەبی” دوانی ترن لە کتێبە پڕ بایەخەکانی مامۆستا عەزیز، کە لە یەکەمیاندا باسی نووسینی پەخشان و هونەری پەخشاننووسین و رەگەزو بنەماکانی دەکات، کە تیایدا ناڕاستەخۆ باسی چۆنێتی بە دەقبوونی نووسراو دەکات و لەو رووەشەوە دوو پایە دیاری دەکات، یەکەمیان زمان یان پیکهاتەو بنیادی نووسینە، دووەمیان ئەو ماناو دەلالات و جیهانبینیەیە کە پارچە نووسراوێک هەڵیدەگرێت. لە کتێبی دووەمدا “چەشەی ئەدەبی” باسی جوانی دەق و چێژی دەق دەکات لەگەڵ ئەوەی چۆن دەقێک یان نووسراوێک هەر ژانرێک بێت لە رێگای بەرهەمهینانی ئاستەکانی ئێسەتیکی دەقەوە دەبێتە سەرچاوەی زانین یان چێژ.
بەشێکی تر لە کارەکانی مامۆستا عەزیز ئەو زنجیرە کتێبەیە کە لەسەر ئەفسانەی میللەتانی تر وەریگێڕاون لە ناویاندا ئەفسانەی ئەرمەنی، تورکیای، سلاڤی، فیرعەونی و مازەندەرانی… دیارە زۆرینەی خوێنەری کورد لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا مامۆستا عەزیزیان لە رێگای وەرگێڕانی کتێبە ناوازەکەی رەسوڵی هەمزاتۆڤەوە ناسی، واتە ” داغستانی من” کە دوو کتێبە. چیرۆک و بەسەرهات و ئامۆژگاری و پەندو قسە نەستەقەکانی ناو کتێبی داغستانی من بەو زمانەی کە مامۆستا عەزیز بابەتەکەی پێ داڕشتووەتەوە، هێندە جوان و چێژبەخشە خوێنەر کە دەستی دایە کتێبەکە ناتوانێت دەستبەرداری بێت هەتا نەگاتە کۆتایی. هەرکاتێ ئێمە لە کاتی زانکۆدا باسی قسەیەکی ناو “داعستانی من”مان بکردایە، دەمانگووت ئەمە قسەی ناو داغستانی تۆیە، یان لە داغستانی تۆدا شامیل وادەڵێت، ئەویش راستەوخۆ دەیگووت لە داغستانی ئەودا، واتە داغستانی رەسوڵی حەمزاتۆف، دەستبەجێ ئەوەشی بۆ زیاد دەکرد ” داغستانی من بەحرکەیە”. هەندێجار لەسەری دەرۆیشت و دەیگووت ” بەحرکە زۆر گرنگە، بەحرکە پایتەختی هەموو، جیهانە. منیش بە گاڵتەوە پێم دەگووت راستە، بەڵام مێژووی بەحرکە لە بەڕێزت و مامۆستا رەسوڵ بێزار گەردیەوە دەست پێدەکات. کە ئەمەی گوێ لێ دەبوو هەمووجارێ ئەم قسەیەی دووبارە دەکردەوە کە مامۆستا رەسول گەردی پێی گوتبوو: کورە ئەوە تۆ کتێبان دەنووسیت، لۆ کتیبێک لەسەر من نانووسیت، لۆ کتێبێک لەسەر عەیران نانووسیت؟”
بێگومان بێجگە لەم بەرهەمانەی ناومان بردن و دەیان بەرهەمی تریش، مامۆستا عەزیز کارێکی هێجگار بە نرخ و گرانی لە بواری وەرگێڕاندا ئەنجامداوە، ئەویش وەرگێرانی” کۆمیدیای ئیلاهی” نووسەرو شاعیری بەناوبانگی ئیتالی دانتێیە “. بێگومان ئەم کتێبە یەکێکە لەو کتێبە پڕ بایەخانەی کتێبخانەی جیهانی کە نەبوونی لە کتیبخانەی کوردیدا ناتەواوییەکی لەبەرچاو بوو. مامۆستا ئەو بۆشاییەو چەندین بۆشایی تری لە کتێبخانەی کوردیدا پڕکردۆتەوە.
بێگومان هێشتا زوو بوو بۆ ئەوەی مامۆستا بەجێمان بهێڵێت و هێشتاش کتێبخانەی کوردی و ناوەندی رۆشنبیری و کەلتووری کوردی پێویستی بە مامۆستا عەزیزو هاوشێوەکانی مامۆستا هەیە. گیانی بەرزەفڕی مامۆستا عەزیز شاد بێت، بەڵام دیارە ئەو هەر بە جەستە ناوەندی رۆشنبیری و کەلتووری و کتیبخانەی کوردی بەجێهێشتووە، ئەگینا لە رووی مەعنەویەوەو بەرهەمەکانیشی بە زیندووی لە یادەوەری ئێمەدا دەمێننەوە.




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا-66.. شەماڵ بارەوانی

بەشی(٦٦)

ئەوەی وا بڵێت و تێڕوانینی وابێت، لەناو ئێمە جێگای نابێتەوە

هەرسەبارەت بەو فەقێ شەشڕووەی لەبەشەکانی پێشوو باسم کرد، بەسەرهاتێکی دیکە هەیه، لەم بەشەدا لێی دەدوێم.
بیرمە، تازە ببووم بە هەڵگری بیری توندئاژۆیی و کەوتبوومە ژێر کاریگەری فیکری توندئاژۆیی ڕێکخراوی(قاعیدە)، کۆمەڵێک نامیلکۆکە و کتێبی سەلەفیگەرا و فێندەمێنتالیستەکانم لابوو و دەمخوێندنەوە.
یەکێک لەو نامیلکۆکە و کتێبانە، باسی لە حەرامێتی وێنە و پەیکەر و شت دەکرد و زۆر نەزانانە، دۆ و دۆشاو تێکەڵ کرابوو. پەیکەر بە بتی پەرستن دانرابوو و دروستکردنی وێنەی مرۆڤ و گیانداران و وێنەی فۆتۆگرافیش حەرام و تابوو کرابوو.
لە ماڵەوە بۆفیەیەکمان هەبوو، دوو کەلەشێری لەشێوەی پەیکەرم کڕیبوو و لە ناو بۆفیەکەم دانابوو.
کە ئەو فەتوا و شتەی ناو نامیلکۆکەی کتێبەکانم خوێندەوە، یەکسەر پەیکەری دوو کەلەشێرەکەم لە بۆفیەکە هێنایە دەر و وردوخاشم کردن.
ئەلبوومی وێنەکانیشم هێنا، ویستم هەمووی گڕ تێ بەردەم.
دەمێک سەیری وێنەکانم کرد و نەمتوانی بیانسووتێنم، گوتم: ئەو هەموو یادگارییانەی خۆم، چۆن بە دەستەکانی خۆم بسووتێنم؟
دەی با جارێ لێیانگەرێم، کاتێکی تر دەیانسووتێنم.
ئەوە هێشتا هیچ کۆنتاکێکی حیزبیم لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی دروست نەکردبوو.
دواتر کە ڕۆیشتم بۆ حوجرە و فەقێیاتی، بیرمە ساڵی یەکەمی حوجرە و قوتابخانەی ئایینیم بوو، ڕۆژێک مەلاکان گوتیان دەڕۆین گەشتێک دەکەین و جەوێک دەگۆڕین. پاسێکیان هێنا و هەموو مەلا و فەقێکان ڕۆیشتینە ناو پارکی (سامی عەبدوڵڕەحمان). من ئەوکاتە فەقێیەکی فێندەمێنتالیست بووم و باوەڕم بە وەها کارێک(گەشت و چوونە پارک و جەوگۆڕین و شت)نەبوو.
له تێڕوانینی ئەوکاتەم، پارک و مەلها یەک شت بوون، قەناعەتم وابوو کە پارکەکانیش شوێنی بەرەڵایی و ڕابواردنن!
ئەو فەقێ شەشڕووە فێڵباز و تاکتیکبازەی کە هێشتا نەمناسیبوو و مەعدەنی ئاشکرا نەببوو، زانی کە من توندئاژۆم و باوەڕم بەو شتانە نییە و لە ناچاری هاتووم، خۆی لێ نزیککردمەوە و لەژێر گوێچکەکانم چرپاندی: مەلاشەماڵ، توخوا کەی ڕەوایە ئێمەیان هێناوەتە ئەو بەرەڵاخانەیە؟ ولڵاهی ئێمە و ئێرەیان نەگوتووە.
ئەو یەکگرتووانە بەس مایه زینای حەڵاڵ بکەن.
وەلڵاهی حوجرە و فەقێ و مەلای تر بەمە بزانن کە هاتووین بۆ پارک، ئابڕوومان دەچێت.
گوتم: زۆر ڕاستە، بەڕاستی نەدەبوو بێینە وەها فەسادخانەیەک!
ئەوڕۆژە من و ئەو فەقێ شەشڕووە لەژێر لێوەوە هەر گلەییمان دەکرد و دەمانگوت و دەمانگێڕاوە.
کاتی نانخواردن هات و مەلاکان کامێرایەکیشیان هێنابوو و گوتیان دەی با کۆمەڵێک وێنە بۆ یادگاری بچرکێنین.
ئەو فەقێ شەشڕووە خۆی شازکرد و خۆی جیاکردەوە و گوتی: من وێنە ناچرکێنم، وێنەچرکاندن حەرامە.
مەلاکان کە هەموویان یەکگرتووی ئیسلامی بوون، زۆر بەو هەڵسوکەوت و قسەی ئەو فەقێ شەشڕووە قەڵسبوون و گوتیان: ئەوەی وا بڵێت و تێڕوانین و فیکری وابێت، لەناو ئێمە جێگای نابێتەوە.
جا ئەو فەقێیه ڕاستە ئەو ڕۆژە هیچ وێنەیەکی نەچرکاند (وێنەکانم هەمووی لە حوجرەکەی مزگەوتی: ڕەحمە لەکاتی فەقێیاتیم بردوو و لە ئەلبوومەکەمم وەک یادگاری پاراستووە).
وەلێ دواتر و دوای چەند مانگێک لە حوجرەکەی محەمەدییە، مەلا و فەقێکان کۆمەڵێک وێنەی تری یادگاریمان چرکاند. ئەو فەقێ شەشڕووە هات لەگەڵمان دەستی بە وێنە چرکاندن کرد(ئەو وێنانەشم هەموو لایە و لە ئەلبوومی وێنەکانم پاراستوومن).
ئەو فەقێ شەشڕووە، لە بەشەکانی پێشوو گوتم: خۆی لەو مەلا کۆنەبزووتنەوە و جیهادییە، مەلا(ع. مەمک)نزیک کردبووەوە و مەلای کۆنەجیهادیش دەیگوت: هەموو جۆرە وێنە و پەیکەر و تابلۆ و شتێک حەرامە!
ئەوڕۆژەی لە پارکی سامی عەبدوڵڕەحمان ئەو فەقێ شەشڕووە کە گوتی وێنە ناگرم، درۆی دەکرد و وەک من بیروباوەڕ جیهادی و ڕادیکاڵ نەبوو، بەڵکو مەکر و نازی دەکرد و لای من خۆی وا نیشان دەدا کە لەژێر کاریگەری مەلای کۆنەبزووتنەوە و کۆنە جیهادییە و ئێستاش هەر قەناعەت جیهادییە. دواتر هەر زوو ئەو شەشڕووەی خۆی بیرچووەوە و ماوەیەکی کەم دوای ئەو ڕێکەوتە، یەک دنیا وێنەی چرکاند. هاهاها.
من ئەوڕۆژەی ناو پارک و دواتریش، وێنەم چرکاند و سەرەڕای ئەوەی دەمگوت: وێنەچرکاندن حەرامە، وەلێ نە دەستم ڕۆیشت ئەلبومی وێنەکانم بسووتێنم و نەیش هیچ جارێک گوتم: وێنە ناچرکێنم. دەمگوت: ڕاستە وێنە چرکاندن گوناحە، بەڵام گوناحی زۆر گەورەتر هەیە، کە دەبێ خۆمانی لێ دوورخەینەوە.




تیشكباران.. ستار ئه‌حمه‌د

(1)
دڵم پڕبووه‌ له‌نوور
عه‌شقێك ده‌فی دڵم ده‌كوتێ‌
چاوانم شه‌هیدبوون به‌چاوه‌ڕوانی
نیگایه‌ك بسكی هه‌نگاوه‌كانت ده‌دزێ‌
(2)
خه‌مێك سیا
ناخم ده‌كاته‌ سۆفی
شه‌وانه‌ ده‌ستنوێژی
سۆزێك پاك هه‌ڵده‌گڕم
ده‌رونم ده‌بێته‌ مه‌زرایه‌ك
ده‌سته‌كانم به‌ڕویه‌كی بناركێو
له‌جیاتی گوڵاڵه‌ .. هێشووی شیعرده‌گرم
(3)
هه‌نسكم
دڵۆپه‌ی ماڵه‌ نه‌داره‌
ده‌ستێك به‌ په‌رچه‌می خه‌ما ده‌هێنم
چاوه‌ڕوانیه‌ك وه‌كوو چاوانت گۆشه‌گیر
له‌كسپه‌ی هه‌ناوما ده‌مرێنم
(4)¬¬
ئاسمان تیشك بارانم ده‌كا
گوڵه‌ئه‌ستێره‌ی یادوه‌ریت كۆده‌كه‌مه‌وه‌
په‌نجه‌كانم داده‌گیرسێن
ده‌لكێن به‌ڕوحی هه‌ناسه‌ی خۆمه‌وه‌

(5)

مه‌مكێكی رووت
خۆی له‌گه‌ڵای دارسێوێك ده‌سوێ‌
دارێك گه‌ڵا ده‌بارێنێ‌
سنگێگ شیری ئه‌وینی لێده‌تكێ‌

(6)
شنه‌ی بایه‌ك
به‌دوای هه‌ناسه‌ی ره‌زێكا راده‌كا
گوڵێك به‌رده‌بێته‌وه‌
زریانێك داده‌كا

(7)
دڵێك لاپه‌ڕه‌ی دالیایه‌ك هه‌ڵَده‌گرێ‌
خوێناوێك ده‌بێته‌ خه‌نه‌ی روومه‌تی گه‌ڵایه‌
به‌رامه‌یه‌ك تیشكده‌داته‌وه‌
په‌روانه‌یه‌ك ماچی ناكات و
دڵخوازێك شه‌وانه‌ به‌لایدا نایه‌

ستار ئه‌حمه‌د




جاکۆپ مۆرینۆ و سایکۆدراما.. نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

سایکۆدراما یەکێکە لە چوار شێوازی چارەسەری دەروونی لە ڕێگەی هونەرەوە، جگە لە چارەسەری وێنە و سەما و مۆسیقا، چارەسەر بە شێوەی دراما هەیە ، کە پرۆسەی چارەسەرەکە بە شانۆ پێی دەوترێت سایکۆدراما.

سنورەکانی شانۆ:
بەدرێژای مێژوو، رۆژگار لە پێشکەوتنێکی خێرادا بووە، ئەم پێشکەوتنەش هەموو بوارەکانی ژیان، زانست، ئابوری، ئەدەب، هونەر، فەلسەفە، کۆمەڵناسی و پەیوەندیەکانی مرۆڤیشی گرتۆتەوە، هیچ زانستێکش سەربەخۆ نەماوەتەوە و سنوری هەموویان تێکەڵ بەیەکتری بوون. ئەو دوو زانستەی کە دەمەوێت لێرەدا باسی لێوەبکەم شانۆ و بواری پزیشکی (دەرونزانی) یەکە ئەم دوانە تێکڵ بوون لە ژێر ناوی سایکۆ دراما کە زانستێکی تری پێک هێناوە، ئێستا لە دونیادا چەندەها ناوەند و خوێندنگا هەیە توێژینەوە لەم زانستە نوێیە دەکەن، بابەتێکی سەرەکی و گرنگی بواری پەروەردەشە، لە پەیمانگا وکۆلیژەکانی پێگەیاندنی مامۆستیان وانەیەکی گرنگ و سەرەکیە و، سەرچاوەی کارکردنیشیان کۆمەڵناسیە. جا بە چەند پرسیارێک دەست پێدەکەین سایکۆ دراما چیە؟ دامەزرێنەری سایکۆدراما کێیە؟ لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ سایکۆ دراما چۆن دەتوانێت هاوکاری خەڵک بکات؟ میتۆد و ئامڕازەکانی کارکردنی چین؟ چۆن بەکار دێت؟ سایکۆدراماتیست کێیە؟ تۆ ئەگەر بوویت بە سایکۆدراماتیست و ئەگەر ڕۆژێک لە رۆژان وارکشۆپێکت کردەوە چۆن بەرنامەی کارکردنت ڕێک دەخەیت لەگەڵ بەشداربوانی وارکشۆپەکەت؟ چیاوازی نێوان سایکۆدراماو سۆسیۆ دراما چییە؟ ئەم دوو جۆری کارکردنە چۆنە؟ لە درێژەی نووسیەنەکەمدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەمەوە.
چارەسەری دەروونی چییە؟
کاتێک کە تۆدەچیت بۆ چارەسەری دەروونی، ئەوە مانای ئەوەیە کە تۆ لێکۆڵینەوە لە ناوەوەی خۆت ئەو ئەزموونانەکانی ژیانت کە هەڵت گرتوون. یارمەتی دەدرێیت کە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕابردوو دەکەیت کە کاریگەرییان لەسەر ئێستا هەیە بە شێوەیەکی نەرێنی.
کاتێکیش لە خۆت و بیرکردنەوەکانت تێدەگەیت، ئەوکات پەیوەندیت باشتر دەبێت لەگەڵ هەستەکانتدا و دەرفەتێک بۆ داڕشتنی ژیانێکی پڕمانا دروست دەکەیت. بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکی باشترت لەگەڵ خودی ناوەوەت هەیە ئەوا پێویستییەکانت بە ڕوونتر دەبینیت و دەتوانیت بڕیاری گرنگ لە ژیانتدا بدەیت.
شێوازی چارەسەری دەروونیش جۆراوجۆری هەیە بۆ گەڕان بەدوای خۆتدا. ڕەنگە باوترینیان ئەوەبێت لە ڕێگەی گفت وگۆوە بێت، کەسێک یان نەخۆشێک کە زەبری دەروونی هەیە دەچێت بۆ لای سیکۆلۆگێک دروونزانێک و چەند دانیشتنێک وەردەگرێت بۆ قسەکردن لەگەڵیدا، مەرجیش نییە ئەوانەی دەچن بۆ لای سیکۆلۆگێک نەخۆشی دەروونیان هەبێت یان زەبرێکی دەرونیان بەرکەوتبێت. لە کوردستان یاخود بەگشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین باوترین چارەسەری دەروونی ئەوەیە کە تۆ دەچیت بۆلای دەروونزانەکەو چارەسەر وەردەگریت، تەنها قسەکردنەوە و چەند جارێک ئەو دانیشتنە دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئێمە باس لە جۆرێکی تری دەکەین لە مەسافەیەکی فروانتردا، لەگەڵ بەکارهێنانی هونەری شانۆدا کە ئەویش سایکۆ درامایە. ڕێگەیەکی نوێیە بۆ چارەسەری دەروونی، لێرەدا شانۆ و نواندن ڕۆڵێکی کاریگەر دەبیننن.
دامەزرێنەری سایکۆدراما
جاکۆب لیڤی مۆرینۆ

دامەزرێنەری سایکۆدراما ( جاکۆب لیڤی مۆرینۆ ) Jacob Moreno بوو ( 1889 – 1974 ) لە بوخارێست لە بنەماڵەیەکی کۆنی جولەکە سەفاردیەکان، لە خێزانێکی زەنگینی پڕنازو نیعمەت لە دایکێکی بولگاری و باوکێکی ڕۆمانی لە دایک بووە، باوکی ناوی مۆرێنۆ نیسیم لیڤی بوو، باوکی مۆرینۆ بازرگانێکی جولەکە سێفاردی بوو، لە ساڵی ١٨٥٦ لە شاری پلێڤنا لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ( پلێڤن لە بولگاریا) لەدایکبووە. دایکی جاکۆب مۆرێنۆ، پاولینا ئیانکو یان وۆڵف، هەروەها ئەویش جولەکەیەکی سێفاردی بووە، لە ساڵی ١٨٧٣ لەدایک بووە و لە شاری کالاراشی لە بنەچەدا خەڵکی ڕۆمانیا بوو.
لە ساڵی ١٨٩٥ و لە سەردەمی داهێنەری فیکریی گەورە و گێژاوی سیاسیدا، خێزانەکە ڕوویان لە ڤیەننا کرد. لەبەر شکستی باوکی لە بازرگانیدا بۆ وڵاتانی وەک هەنگاریا، ڕۆمانیا، ئەڵمانیا، کۆچ دەکەن و لە دواجاردا لە نەمسا نیشتەجی دەبن، لە زانکۆی ڤیەنا پزیشکی و بیرکاری و فەلسەفەی خوێندووە، لە ساڵی ١٩١٧ بڕوانامەی پزیشکی بەدەست دێنێت. بووەتە دکتۆری پزیشکی، لە کاتێکدا هێشتا خوێندکاری پزیشکی بووە، ، تیۆریەکانی فرۆید ڕەت دەکاتەوەو بە بەرهەڵستکارێکی سەرسەختی فرۆید دەناسرێت و حەزی لە توانای ژینگەی گروپی بۆ پراکتیکی چارەسەری بووە.
مۆرێنۆ لەو شوێنەی کە فرۆید وازی لێهێنابوو، بە تیۆری پەیوەندییە نێوان کەسییەکان و پەرەپێدانی کارەکانی لە بواری سایکۆدراما، سۆسیۆمێتری، چارەسەری دەروونی گروپی، سۆسیۆدراما و دەستی پێکرد.
شارەزایی زۆری لە هەردوو بیری لاهوتی جولەکە و فەلەسەی یۆنانیدا هەبووە. پاشان لە ساڵی ١٩٢٥ ڕوودەکاتە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە شاری بیکۆن نیشتەجێ دەبێت.
بەڵام کاتێک کۆچ دەکات بۆ ئەمریکا ڕای دەگەیەنێت کە سێ ساڵ لەو بەرواری لەدایکبوونە گەنجترە، واتە لە ساڵی 1892 لەدایکبووە. بەڵام لە هەموو دۆکۆمێنتەکاندا لە بەرواری 1889 دا تۆمارکراوە.
لە شاری نیویۆرک دەستی بە کارکردن کرد. لە ژیاننامەی خۆیدا باس لەوە دەکات کە، لە هەموو شوێنەکانی جیهان تەنها لە نیویۆرک، مەنجەڵی توانەوەی گەلانە، شارە گەورەکە، بە هەموو ئازادییەکەیەوە لە هەموو تێڕوانینە پێشوەختەییەکان، دەتوانم ئازاد بم. نیویۆرک مەڵبەندی گەشەکردنی کارکردن و لێکۆڵینەوەیە لە چەمکی سۆسیۆمێتریدا”. ئەو شێوازە گەورەیەی کە ئەو پێشبینی کردبوو”.دواتر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا پۆستی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی وەرگرتووە.
مۆرینۆ بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٣٢ چارەسەری دەروونی بە کۆمەڵی بە کۆمەڵەی دەرووناسانی ئەمریکی ناساند. پاش ئەوە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ تیۆری پەیوەندییی نێوان کەسییەکان هۆکارەکای پەیوەندیان بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکانی پەرەپێدا و ناوی لێنابوو سۆسیۆدراما، سایکۆدراما و سۆسیۆمێتری. لە توێژینەوە ئەکادیمیەکەیدا بەناونیشانی “داهاتووی جیهانی مرۆڤ” باس لەوە دەکات کە چۆن پەرەی بەو زانستانە داوە بۆ بەرپەرچدانەوەی “ماتریالیزمی ئابووریی مارکس و ماتریالیزمی دەروونی فرۆید و ماتریالیزمی تەکنەلۆژی” سەردەمی پیشەسازیی مۆدێرنمان، مۆرینۆ بە تیۆریەکەی فرۆیدیش دەڵێت ماتریالیزمی دەروونی فرۆید.
سێ جار هاوسەرگیری کردووە، دواهەمین خێزانی زێرکا مۆرینۆیە کە بوو بە خوێندکاری مۆرینۆ و پاشان هاوسەری، و پاڵپشتێکی تەواوی مۆرینۆ بوو، دوای مردنی مۆرینۆش بەردەوامی بە کارەکانی مۆرینۆ دا.
لەگەڵ حەزکردنی بۆ شانۆ وای لێکرد گرنگی بەو ئەگەرانە بدات بۆ دەڕبڕین کە دراما پیشکەشی دەکات، بیری کردەوە کە چۆن بتوانێت سود لە شانۆ وەربگرێت بۆ چارەسەرکردنی دەروونی، بەدوای شێوازێکی نوێدا گەڕا، لەساڵی ١٩٢٠ دا شانۆیەکی ئەزمونکاری دروست کرد. بانگهێشتی بەشداربووانی دەکرد کە بە نۆرە ڕۆڵی هەمە چەشنە و جیاواز ببینن. مەبەستیشی لەم “ڕۆڵگێرانە” هەستکردنی هەرمرۆڤێک بوو بەرامبەر بە لایەنە جیاوازەکانی کەسایەتی خۆی هاوبەش و کەسە نزیکەکانی، ئەوەش ڕێگەیەکی زۆر هونەری داهێنەرانەبوو بۆ دەربڕینی توانای سەست و سۆزەکانی بە شێوەیەکی سپۆنتانێتی ــــ العفویة.
مۆرینۆ بەردەوام دەبێت لە لە تاقیکردنەوەکانی، سەرنجمان بۆ پەیوەندی خێزانی، پەیوەندی کەسەکان و داینامیکەتی گرووپ ڕادەکێشێت. ئەم لێکۆڵینەوەیەی لەسەر بنەمای سۆسیۆمەتری داهێنا. لە کتێبێکدا بە ناوی کێ لە ژیاندا بمێنێتەوە پەرەی پێبدا؟ لە ساڵی ١٩٣٤ دا بڵاوی کردۆتەوە. هەندێک لە یاداشتەکانی خۆی تێدا تۆمار دەکات، کە چۆن لەگەڵ منداڵان و پاشان لەگەڵ لەشفرۆشەکانی ڤییەنا کاری کردووە.
کاتێک مرۆڤ ناوی مرۆینۆ دەهێنێت، دەبێت وەک کۆمەڵناس، شاعیر، شانۆکار، دەرووناس، فەیلەسوف، بیرمەند و پیداگۆگ باسی بکەین، لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگ بووە.
مۆرینۆ خاوەنی داهێنانی چەمکی سۆسیۆمەتریە، کە تەکنیکە سۆسیۆمێتریەکان ئامانجیان پێشکەشکردنی وەسفێکی بابەتیانە بوو بۆ ئەو کارلێکانەی کە لەناو گروپەکاندا کاردەکەن، و تیۆریزەکردن سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی کارلێکی گروپی.
لە ساڵی ١٩٥٠ لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ گروپی سایکۆتراپی لە پاریس دروستکرد، و یەکەمین کۆنفرانسی جیهانی سایکۆدرامای لەوێ لە ساڵی ١٩٦٤ ڕێکخست، ئەمەش ڕێگەی بۆ ئاڵوگۆڕی نوێی نێوان سایکۆدرامیسیتەکان، دەروونشیکاران و پسپۆڕانی پزیشکی دەروونی کردەوە، کە زانیارەیکانی ئاڵوگۆڕ بکەن. دوای ئەوە شێوازەکانی لە ئەمریکا و ئەوروپادا سەرکەوتنی زیاتریان بەدەستهێنا.
مۆرینۆ وەک پزیشکی دەروونی حەزی لە کردەوەی ڕۆژانەی مرۆڤ و توانای پێکەوە ژیان هەبوو. سەرنجی زۆر دەخستە سەر ئەو کەسانەی کە نەیاندەتوانی ژیانی سادەی رۆژانەی خۆیان ببەن بەڕێوە و لەگەڵ ژیانی سادەی خۆیاندا هەڵبکەن. ئەو پابەندیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزی هەبوو، هەروەها کارکردن لەگەڵ لەشفرۆش و پەناهەندەکان ئیلهام بەخشی جۆری کارکردنی ( چارەسەرکردنی دەروونی بەکۆمەڵ) بوو لەپاشاندا بایەخی بە داینامیکی گروپی دا لەبواری دەرونزانیدا. مۆرینۆ زۆر جار لە باخچەکانی ڤییەنا لەگەڵ منداڵان کۆدەبووە و چیرۆکی بۆ دەخوێندنەوە، بەدەم چیرۆک خوێندنەوەوە نمایشی بۆدەکردن ڕۆڵی کارەکتەرانی حیکایەتەکەی بۆ بەرجەستە دەکردن. ئەم چیرۆک خوێندنەوەیە و نمایشکردنە، تۆو و سەرچاوەی دروستبوونی میتۆدی سایکۆدرامایە. جیاواز لەوجۆری چیرۆک گێرانەوەکەو شێوازی زارەکی دەڕبڕین، مۆرینی فۆکەسی دەخستە سەڕ ڕوداوی ناو چیرۆکەکە، واتە ئەو زیاتر سەرنجی لەسەر ڕوداوەکان بوو نەک گێڕنەوە بەزارەکیی وەک گیرانەوەیەکی ئاسای. باکگراوندو و ئەزموونەکانی کارکردنی مۆرینۆ لە شانۆدا لە شاری ڤییەنا، پەیوەندی و یاریکردنی لەگەڵ منداڵاندا و کارکردن لەگەڵ لەشفرۆشەکانی ڤیەنا کۆڵەکە بنەڕەتەتیەکانی ئەو شتەن کە پێی دەڵێین سایکۆدراما Psychodrama.
یاریکردن و خۆبەخۆی (العفویة ــSpontaneity )، داهێنان و پێکەوە بوون لەگەڵ کرداردا ڕێگەی گۆڕانن. مەبەستی ئەوەیە کە ڕوداو و کردار پێش گەشەکردنی زمان دەکەوێت. لە ڕێگەی میتۆدی سایکۆدراماتیکەوە، مرۆڤ دەتوانێت لە ڕەهەندی دەرووناسیەوە توێژینەوە لە کێشەکانی خۆی بکات و بیاندۆزێتەوە و یارمەتی بدات کە کێشەکانی خۆی وێنا بکات ، لەبری ئەوەی تەنها قسەیان لەبارەوە بکات. ڕیشەی کایەبازی، تێبینی و دیقەتی ئەو بۆ یاری منداڵان، کە چۆن بە شێوەیەکی خۆبەخۆیی و داهێنان ” گەمەی خۆیان دەکەن لێرە و لە ئێستادا” ئەوەش ئامرازێکی گرنگی سایکۆدرامایە. مۆرینۆ لەشاری ڤییەنا شانۆی خۆبەخۆیی ( the spontaneity theater) دامەزراند لە پاشاندا گەشەی کرد بوو شانۆی چارەسەری دەرونی واتە سایکۆدراما، هەرخۆشی پێشەنگ بوو لە دانانی گروپی چارەسەری دەرونی بەکۆمەڵ، هەروەها سۆسیۆمێتری دامەزراند sociometrin کە بەمانای رێگەیەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە مەوداو پەیوەندی گروپ لە نێو خۆیاندا. لە سۆسیۆدراما لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری گروپەکان دەکات
لە ماوەی ژیانیدا وەک یەکێک لە پێشەنگی زانایانی کۆمەڵایەتی ناسێندرا، لە ژیانامەکەیدا باسی دەکات: سپۆنتانێتی spontaneity و داهێنان هێزی پاڵنەرن لە بەرەو پیشەوەچوونی مرۆڤدا، لە پشت ئەو سەربەخۆیی بوون و پاڵنەرە ئارەزووە کۆمەڵایەتییە ئابووریانە، کەوا زۆر جار سپۆنتانێتی و داهێنان تێکەڵاون. مۆرینۆ لە ساڵی ١٩٧٤ لە شاری نیویۆرک لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، دوای نەخۆشییەکی درێژخایەن بە دوورکەوتنەوە لە هەموو خواردن و ئاوێک مردنی هەڵبژارد، لەسەروەسێتی خۆی، دەڵێت “ئەو پیاوەی کە پێکەنینی هێنایە دەرووناسییەوە”
دوای مردنی مۆرینۆ، زێرکای هاوژینی بەردەوامی بەکارەکانی مۆرینۆ دەدات، لە هەموو کیشوەرەکاندا نزیکەی هەزارەها سەنتەر سەداها هەزار خوێندکار هەن کە خەریکی فراوانکردن و پەرەپێدانی ڕاهێنان و فێرکردنی هونەر و زانستە مۆرێنییەکان بەشێوەیەکی دیسپلین.
مۆرینۆ ساڵی 1941 (زێرکە تۆمان- Zerka Toeman) دەناسێت، هاوسەرگیری دەکەن، لە وەڵامی پرسیارێکدا کە (واڵت ئەنردسن) ی رۆژنامەنووس لە مۆرینۆی دەکات پێی دەڵێت گرنگترین ڕوداوی داهێنانەکانی ژیانت چی بووە؟. مۆرینۆش وەڵامی دەداتەوە دەڵێت: هاوبەشی کردنی ژیانمە لەگەڵ خاتوو زێرکا. پرسیارێكی تری لێدەکات بەدەڵێت: چ شتێک هەیە کە حەز بکەیت بتەوێت لە پیشەو کارەکانتدا بیگۆڕیت؟ مۆرینۆ لە وەڵامدا دەڵێت: تەمەنام دەکرد 15 ساڵ پیشتر ئەوم بناسیایە. زێرکاو مۆرینا لە کوڕێکیان هەیە بە نێوی جۆناتان مۆرینۆ کە کتێبێکی لەسەر ژیانی باوکی نووسیوە بە نێوی The Impromptu Man پیاوە ڕاگوزەرەکە.
ڤیەنا
مۆرینۆ و چارەسەرکردنی بەکۆمەڵ:
ڤیەنا ئەو کاتە پایتەختی ڕۆشنبیری بوو، خاڵی دەست پێکی کراوەی مۆرینۆبوو لە زۆر بوارەکانی کولتوری و ڕۆشبیری بوو هەر لە ڤیەننا دەستی کرد بە نووسین و بڵاوکردنەوە لە بواری وێژە و هونەردا، هەر لەوێش گروپی شانۆیی بەخۆی دادەمەزرێنێت، مۆرینۆ خۆی لە نێو کافێتریاو هۆڵەکان دەبینیەوە، ئەندامێکی چالاکی بزاوتی ژیانی ڕۆشببیری بوو، هەم بەنووسین و هەم بە ووتاردان بیرۆکەکانی خۆی تاقی دەکاتەوە، مۆرینۆ سەرەتا فەلسەفەی خوێند پاش ساڵێک لە خوێندنی فەلسەفە چووە بەشی دەرمان سازی. مۆرینۆ شێتانە منداڵی خۆش دەویست، دەچووە باخچەو پارکەکانی ڤیەنا و لەژێر دارێکدا دەدەنیشت و بەشێوەیەکی دراماتیکی و بەجوڵەوە چیرۆکی بۆ منداڵان دەخوێندەوە، منداڵەکانیش بە لێشاو دەهاتن بۆ لای و بەدەوریدا دەدەنیشتن و گوێیان لێدەگرت، لەکاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکاندا هەڵدەستایە سەرپێ و یان بەدارەکەدا هەڵدەزنا، یان لەسەر لقێکی دارەکە دادەنیشت، ناوەڕۆکی چیرۆکەکەی دەکرد بە ڕوداو بۆ منداڵەکان.
مۆرینۆ لە ساڵەکانی 1908 تا 1918 چەندین دەقی ئەدەبی و هونەری شێعری نووسیوە.
لەگەڵ هەندێ خوێندکاری تردا ماڵی بێ نەوایانی (House of Encounter) دامەزراند، کە هاوکاری ئەو کەسانی نوێ کە داهاتن بۆ ڤیەنا و کۆمەکیان بکەن بۆ وەرگرتنی مافی مانەوەو یان ئەوانەی بێکار بوون ، هاوکاریان دەکردن و کاریان بۆ دەدۆزینەوە، بەشێوەیەکی کردەیی هاوکاری ئەوکەسانەیان دەکرد کە پێویستیان بە یارمەتیە، ماڵێک بوو بۆ هاوکاری خەڵک.
مۆرینۆ لە هۆنراوەیەکدا، چەمکی دیدار دەکات بە ناوەندی هۆنراوەکەی، پاشان دەبێتە یەکێک لە مەشقەکانی بەناوی ڕۆڵ گۆڕین، کە کڕۆکی سایکۆدرامایە.
Then I will look at you with your eyes.
And you will look at me with mine
ئەوکاتە من بە چاوی تۆ لێت دەڕوانم
تۆش بە چاوی من لێم دەڕوانیت.
هەرچەندە کۆپلەیەکی تەواو رۆمانسیانە دەردەکەوێت، بەڵام لە راستیدا ئەو مەبەستێکی تەواو دەروونزانی و درامیانەی هەبوو.
لەوکاتەدا ڤینا پڕ بوو ژنانی لەشفرۆش، مۆرینۆش حەزی دەکرد لە بارو دۆخ هەلو مەرجی ژیانی ئەوان بکۆڵێتەوە، ئەوانە لە خواری خوارەی چینە کۆمەڵایەتیەکان بوون، لە دەوروبەری قەراخ شاردا لە شوێنە هەرە ژارنشینەکاندا دەژیان، کەس حەزی بە تێکەڵاوبونیان نەبوو کەس نەیدەویست لەوشوێنانە بژی، کەسانێكی نەفرەت لێکراو بوون لە چاوی کۆمەڵگەوە، بەڵام مۆرینۆ لەگەڵ پزیشکێک و رۆژنامەنوسێکدا بۆ ئەوێ ڕۆیشت و پاش ماوەیەک لەوێ مانەوە مۆرینۆ توانی باوەڕ و متمانەی ئەو ژنانە بەدەست بهێنیت. ئەوان سەرسام بوون بە رۆیشتنی مۆرینۆ بۆ ئەوێ، چونکە ئەو ژنانە ڕاهاتن کە بەوەی یارمەتی دەدرێن. مۆرینۆ هەفتەی سێ ڕۆژ هەموو عەسرێک لە کاتژمێر چواری پاشنیوەڕوە دەچوو بۆلایان، ژنان هاوکاری دەکران و پشکنینی ژینۆكۆلۆگیان بۆدەکرا (gynecological – ژینۆكۆلۆگ ،ئه‌و نه‌خۆشی و ناڕه‌حه‌تیانه‌ی كه‌ پێوه‌ندیان به‌ ئامرازی زاووزێ و منداڵدانه‌وه‌ هه‌بێت) هەروەها پارێزەری بۆ کێشەکانیان دەگرت، پێکەوە لەگەڵ ئەواندا گروپێکی دروست کرد بەناوی خۆ یارمەتی (en själv-hjälp) المساعدة الذاتية، کە ئامانجیان ئەوەبوو ئەو ڕەوشەی کە تێیکەوتبوون بە شێوەیەکی بنجبڕ بگۆڕدرێ
ئەمەش بووە بەردی بناخەی چارەسەری بەکۆمەڵ و سۆسیۆدرامی کە مۆرینۆ چەندین ساڵ دواتر پەرەی پێدا، کۆمەڵە خەڵکێک دەتوانێت کە هێزی خۆیان هەبێت و پیکەوە کاربکەن و خۆیان ڕێکبخەن، ئەوەش پێویستی بە ستروکتورێک هەیە، مرۆڤ پێویستی بەوە هەیە شتێک دەربارەی ئەویتر وەک هاومرۆڤی و هاوهەستی بزانێت، پاشخانی کۆمەڵایەتی، پاشخانی خێزانی و ڕوداوەکانی ژیان و هتد. بە هەمان شێوە مۆرینۆ هاوکاری زیندانیەکانی جەنگی جیهانی یەکەمی کرد لە کەمپی میتندۆرف.
زێرکا مۆرینۆ Moreno Zerka لەدوای مردنی مۆرینۆی هاوژینی بەردەوامی بەم میتۆدەدا، زێرکا دەستی کرد بە وانە وتنەوە لەبارەی سایکۆدراما وە، هەروەها گەشتێکی زۆری بە وڵاتاندا کرد بۆ ناساندنی سایکۆ دراما و رێچکەی مۆرینۆی بەرنەداو بەردوامی بە کارەکانی مۆرینۆی مێردی دا. لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئەم چیرۆکەدەگێڕێتەوە کە هەرخۆشی جاکۆب لێڤی مۆرینۆ لە یاداشتەکانیداباسی دەکات دەڵێت: ساڵی 1912 مۆرینۆ چاوی بە فرۆید دەکەوێت، فرۆید ئەو کات تەمەنی 56 ساڵان بوو، کە لەبواری دەروونزانیدا ناوبانگێکی زۆر و درەوشاوەی هەبوو، مۆرینۆش ئەودەمە تەنها 23 ساڵ دەبوو دوای پێنج ساڵ لەو بەروارە بڕوانامەی پزیشکی وەرگرت، ئەوکات مۆرینۆ خوێندکار بوو، دەڵێت جارێک لە یەکێک لە وانەکانی فرۆید ئامادەبووم و دوای تەواو بوونی وانەکە لە ڕوبەڕوبونەوەیەکدا فرۆید بەدەر لە قوتابیەكانی تر جیایکردمەوەو ليی پرسیم چ كارەیت ؟ منیش لەوەڵامدا بە فرۆیدم ووت: دکتۆر فرۆید من بۆ ئەو شوێنە دەرۆم کە تۆ تێیدا دەوەستیت، تۆ لەکەشوهەوایەکی ناسروشتی نوسینگەدا چاوت بەخەڵک دەکەوێت، بەڵام من لە سەر جادەو کۆڵانەکان لە ماڵەکانیان لە ژینگە سروشتیەکی خۆیاندا دەیانبینم. (تۆ شیكاری بۆ خەونی خەڵكی دەكەیت و منیش هانیان دەدەم سەرلە نوێ خەو ببینن. تۆ شییان دەكەیتەوە و دەیانكەیت بە چەندین وردە كەرتی دەروونی منیش یارمەتیان دەدەم ئەو كەرتانە سەر لە نۆێ پێكەوە بلكێننەوە،. فێریان دەکەم چۆن رۆڵی خودا ببین و گەمەی خودا بکەن) . فرۆید زۆر بەسەرسوڕمانەوە سەیری ئەو لاوە دەکات، وەڵامەکەی بەلاوە سەیر دەبێت.

مۆرینۆ و شانۆ.
مۆرینۆ ڕکابەرێکی سەرەکی هونەری شانۆی نەریتی بوو، پێی وابوو شانۆی سونەتی شانۆیەکی کۆن، نامۆدرێن و كۆنسه‌رڤاتیڤە، لە گیانەڵادایە و خەریکە دەمرێت. ئەو دەیوت من تێناگەم و چ مانایەکی هەیە کە تێکستێک سەدەها ساڵە نوسراوە، پاش چەندەها مانگ پرۆڤە، نمایشی دەکەن بەڵام ئێوارە دوای ئێوارە هەمان شت دوبارە دەکەنەوە. بۆچی تێکستێکی خەیاڵی نمایش بکرێت ئەی بۆ تێکستەکە ژیانی ئەکتەرەکان خۆیان نەبێت؟. لەبەر ئەوە بڕیاری دا کە لە ساڵی 1921 بە ئامانجی شۆرشکردن لە ڤیەنا شانۆی خۆبەخۆیی (مسرح العفوية) (The theater of spontaneity) ی دەمەزراند

کارەکەش بەم جۆرە دەکرێت:
1- وەلانانی دەقی شانۆو نووسەر
2- بینەر وەک بەشداربوو. شانۆیەک بێ بینەر، هەموو بەشداری دەکەن، هەموو ئەکتەرن.
3- هەموو شتێک لەپڕداکردنە، ڕاگوزەرە، ئیرتیجالە ( ئیمپرۆڤیسیونە). هەموو پێکەوە، تێکست، ڕووداو، وەڵام، بینین و بەیەکگەیشتن و ناکۆکیەکان دروست دەکەن .

شانۆی کۆن گۆڕدرا بە شانۆیەکی کراوە، شوێنی کراوە، دیمەنێکی کراوە، ژیانێکی کراوە. لەو دەمەدا کە مۆرینۆ جاڕی ئەو جۆرە تەکنیکەی لە شانۆدا، لەو کاتەدا هەم خەڵک و بینەران و هەم رۆژنامەکان بەچاوێکی وگومانەوە دەیانڕوانییە مۆرینۆ، چونکە ئەوان چاویان، بیستنیان، بینینیان و تێگەیشتنیان بەو کلتورە نەریتئ کۆنەپارێزی و لە قوتونراوە ڕاهاتبوو، باوەڕیان بە داهینانە سپۆنتانێتیەکەی (العفویة) ی مۆرینۆ نەبوو.
مۆرینۆ بۆ بەرێوەبردنی شانۆ نوێیەکەی تووشی قەیرانی دارایی دێت کاتێک کە یەکێک لە ئەکتەرە نزیکەکانی بۆ کارکردن لە شانۆی نەریتیدا بەجێیدەهێڵێت لە شوێنێکی تردا کار دەکات، مۆرینۆش توشی قەیرانێکی دارایی دێت، لە سەروەختی ئەوەدا دەبێت کە شانۆکەی مایە پوچ بێت، بەڵام مۆرینۆ ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە دەردەکات بە ناوی ڕۆژنامەی زیندو، کە ڕوداوەکانی ڕۆژانەی لەسەر شانۆ نمایش دەکرد، ڕوداو هەواڵەکانی ڕۆژنامەکە دەبوونە بابەت و ناوەڕۆکی نمایشەکەی، هەڵبەت شانۆکەی تەکنیکێکی جیاوازتری هەبوو، وەک ئەوە نەبوو کە پێشتر خەڵک پێی ئاشنابوون.
“ڕۆژنامەی زیندو” هەنگاوێک بوو بۆ پێشەوە بەڵام ئەو پێی وابوو کە رۆژنامەکە ئەو کاریزما و مانا قوڵەی نیە کە ئەو دەیویست، هەستی کرد شتێکی نوقسانە، بیری کردەوە و رێچکەیەکی تری دۆزیەوە، شانۆ وەک ئامرازێک بۆ چارەسەر بەکاربهێێنێ، هەواڵەکانی ناو ڕۆژنامەکەی وەربگێڕیتە سەر ئاکت و ڕووداو لەسەر شانۆ پیشانی بدات، لەبەر ئەوە درکی بەوە کرد کە شانۆی سپۆنتانیتیەت ــ ( العفویە) سەدەرسەت ئەو شتەیە کە پێی بگات.
ئەوەش بە قازانجی مۆرینۆ گەرایەوە کاتێک دامەزراندنی شانۆ نوێیەکەی بوو بەهەواڵی ڕۆژنامەکان. ڕەخنەگرەکان بەم شێوەیە لەسەریان نووسی:
(Giacomo Boni, Il Sereno, Rome, Nov 26, 1924.، ئەوان شانۆ وەک ڕۆژنامە بەکاردێنن! ڤیەنا گروپێکی شانۆی بەسەرپەرشتی مـۆرینۆ هەیە، لەبری ئەوەی ئەوان دووبارە خەریکی بەرهەم هێنانەوەی ووشە نووسراوەکان بن، لەوشوێنەدا خەریکی ڕاگوزەرین ( ئیمپرۆڤیسەسیون)، دڵنیاتان دەکەم کە ئەمە دەتوانرێت، کەیف خۆش و سەرنج ڕاکێشترو کاریگەرتربێت لە بەرهەمە کلاسیکیەکانی وەک ستریندبێرگ و پاوڵ ستێفان.
ڤیەنا 24 ی مایسی 1924. ئەوە چ دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشە خوێنەری ئازیز بیهێنە پێش چاوی خۆت کە بینەران پێشنیار بۆ ئەکتەر دەکات، بینەر دەتوانێت نمایش بکات Haagsche Courant, The Hague, February 27, 1925..
بەهۆی ئەم نووسینانە لەسەر شانۆکەی مۆرینۆ تیشک کەوتە سەر جۆری شانۆکە و شێوازی کارکردنی، بەهۆی ئەو دوو نووسینە کورتەی کە لەسەر مۆرینۆ نووسراوە، ئەوەمان لا کەشف دەبێت کە شانۆی ئیمرۆ بەو کامڵیی و تەکنیکەی کە ئێستا هەیە کە خاوەندارێتی بۆ مۆرینۆ دەگەرێتەوە و بەر ڤیۆلا سپۆلین و کتیس جۆنستۆن، ئەو بەو شێوازە کاری کردووە.
ڕەنگە کارێکی دژوار بێت کە چاو بپۆشین لە جوانی، دەنگ و ڕەنگ، هەروەها ڕەهەندە دەرونی و دەرەکیەکانی ئەکتەرێکی ئاسایی، لە شانۆیەکی نەریتی یاخود هەر پێرفۆرمانسێک، دەرهێنەر کۆمەڵێک مەرجی جواناسی و دەروونی بۆ هەڵبژاردنی ئەکتەر هەیە. بەڵام لە شانۆکەی مۆرینۆ (شانۆی خۆبەخۆی – سپۆناتیتی) سایکۆدرامادا، یاخود وەک دکتۆرێک بۆ چارەسەرکردنی دەروونی نەخۆش تۆ ئەو مەرجانەت نیە، بەڵکو تۆ تەواو نەخۆشەکە یان کەسەکەت قبوڵە وەک ئەوەی خۆی کە هەیە. سەرجەم ئەو ئەکتەرانەی تر بەشداری دەکەن وەک هاوکارێک بۆ یارمەتی دانای پاڵەوانەکە و کەشو هەویەکی بۆ دەخوڵقێنن بۆ چارەسەرکردنی.
مۆرینۆ فۆرمێکی تری لە بناغەی شانۆی سپۆنتانیتێت العفویة پەرەپێدا بە نێوی شانۆی کاتاریسیس (Theatre of catharsis)
کاتێک مۆرینۆ بۆ ئەمریکا کۆچ دەکات و لە نیۆرک نیشتەجێ دەبێت، ئەزمونەکانی لە شانۆکانی Carnegie Hall و Civic Repertory بەردەوام دەبێت، لە شانۆی The Guild Theatre دەبێتە رێکخەری بەرنامەکانی دەرهێنان و رۆژنامەی The Living Newspaper ڕۆنامەی زیندو ئامادەی دەکرد، هەروەها لە شانۆی The Mansfield Theatre چەند جۆرێک بەرهەمی شانۆیی خۆبەخۆی (العفویة) ی نمایش کرد. بیرۆکەکانی مۆرینۆ وردە وردە کاریگەری لەسەر گروپی شانۆو the Group Theatre و خوێندارەکانی ستانسڵاڤسکی دانا، the Group Theatre ئەو گروپە لە ساڵی 1931 لەسەر دەستی لی ستراسبێرگ- وە دەمەزرا خوێندکارەکان لەسەر مەنهەجیێکی دیسپلینی ساتانسلاڤسکی پەروەردەدەکران. کە بەر لەوان ئیلیان کازان و لی سترانبێرگ ئەوانیش میتۆدی سایکۆدرامایان تاقی کردەوە. هەروەها ستودیۆی ئەکتەری The Actors Studio میتۆدی سایکۆدرامایان ئەزموون و ڕاڤەدەکرد و بەکاریان دەهینا لە مەشقەکانیاندا چونکە باوەڕیان وابوو کە لینکیكی هاوبەش هەیە لە نێوان ستۆدیۆی ئەکتەرو مەشقەکانی سایکۆدرامادا. مۆرینۆ پیی وابوو لەگەڵ ئەوەشدا (ڕاگوزاریەکەی)ئیمپرۆڤیسەشونەکەی ستانسڵاڤسکی کامڵ بوون دروست دەکات، بەڵام ئیمرۆڤیسەشوینەکەی خۆی دژە کامڵ بوونە و تەواو لەسەر بناغەی خۆبەخۆی (اڵعفویە – سپۆنتانیتی) دروست بووە. ساڵی 1936 دەگوێزێتەوە بۆشاری بەیکۆن لە نیۆرک لەوێ نەخۆشخانەیەک (سەنەتوریۆم) دەکاتەوە کە پەیوەندی بە شانۆوە هەیە. ئەوەش دەرفەتێک بوو کە هەم نەخۆشەکان و هەم چەندین ئەکتەرەی ناودار ئەزموونی خۆیان بکەن لە شانۆ.
ساڵی 1942 لە شەقامی ئەڤینیۆ پارک شانۆی نیۆرکی سایکۆدرامای New York Theatre of Psychodrama کردەوە، دوای دەساڵ ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پەیمانگای مۆرینۆ. ئەم پەیمانگایە هەموو دانیشت و کۆر و کۆبوونەوەکان کراوەبوون بەردەوام بوون تا سەرەتای ساڵەکانی حەفتاکان، ئەکتەرێکی بەناوبانگی وەک دۆستین هۆفمان لە سەر شانۆکەی ئەو کاری دەکرد.
مۆرینۆ کەسێکی زۆر چالاک بووهەروەها بەرهەمەکانی فرە ڕەنگ بوو، چەندان کتێبی نووسیوە، تێکستی ئەدەبی، تێکستی شانۆیی، سیناریۆی زنجیر تەلەفیزیۆنی، لەهەمان کاتیشدا پرۆفیسۆر بوو لە کۆمەڵناسیدا. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی دەڵێت بێگومان حەزم دەکرد ببم بە کەسێکی نائاسایی بونموونە پێغەمبەرێک یان دۆن جوان، بەڵام ئەگەر ڕازیبوومایە بەوەی بەوە و کەسێکی قەناعەتکار بوومایە شتێکی نوێم بۆ تێگەیشتن و زیاد نەدەکرد لەبارەی سپۆنتانیتی و داهێنان چیەو چۆنی بەئەنجام بگەیەنین.
زۆر شت هەیە کە لەبارەی مۆرینۆە بوترێت، بەڵام لە هەمووی گرنگتر عەشقی ئەو منداڵ، خێزان، ئەوکەسانەی لە پەراوێزدا بوون بۆ مرڤدۆستی ئەمە وایکرد ببێت بە کەسێکی هەمە ڕەنگ و فرە جۆر. کاتێک دواتر.کاتێک ئەو دیمەنە کانی بەرهەم دەهێنا لە پرۆسەی چارەسەریەکان و هەم لە شانۆکەشیدا هەمیشە یەک شێوە بوو دەستپێکی جوڵاندنەوەکەی لە ناوەندەوە بووە. ئەو پشتی کردە هەموو شانۆ سونتەتی و جوانکاری دیمەنە شانۆیەکان، بەڵام یەک ڕێگای هێشتەوە ئەویش ڕێگای بەرەو بینەر بوو. بەدیدی مۆرینۆ لەویاندا مەودایەکی دووری و پەرستن دروست دەکات، بەڵام لەمیاندا ژیان، نزیکایەتی و هاودەمی دەخوڵقێنێت. مرۆینۆ گرنگی دەدا بەو تاکەکان لە گۆمەڵگا بچوکەکاندا، تەواو قەناعەتی وابوو کە ژیانیان لە ئێستادا زۆر سەرج ڕاکیشتر و بزوێنەرترە. بۆچی ژیان دووبارە دەکەینەوە لە کاتێکدا ئێرەو ئێستامان هەبوو؟ بۆچی ژیان پاشەکەوت بکەین کاتێک زیندوێتی هەیە؟

سایکۆ دراما چییە؟
جۆرێک لە چارەسەری دەروونییە بە شێوەیەکی داهێنەرانە بە خۆبەتاڵکردنەوەی هەست هەڵچونەکانی نەخۆش/ پاڵەوان و ئەو هۆکارانەی کە بۆتە هۆی ناڕەحەتکردنی ئەویش لە ڕێگەی نواندن و بەرجەستە کردنی نمایشێکی شانۆیی. وشەی سایکۆدراما لێکبدەینەوە (Psychodrama) لە دوو ووشەی سایکۆ Psyche واتە دەروون یان رۆح هەروەها وشەی دراما Drama واتە ڕوداو یان کردار پێک دێت، کە بەمانای وشە واتا (درامای دەروونی) دێت، بەڵام لەبەکارهێناندا شێوەیەکی ترە و بۆ چارەسەری دەرونی بەکاردێت ئەویش لە ڕێگەی بەکارهێنای تەکنیکی شانۆ و دراماوە، بەکارهێنانی ئەم میتۆدە وەک ناوەندێکی پەروەردەیی و تێکەڵاوکردنی دەرونزانی و شانۆ و دراما پێکەوە بۆ چارەسەرکردنی رۆحی، دەرونی و هاوکاریکردنی کەسەکە بۆ بەتاڵکردنەوەی هەست و سۆزەکانی، چارەسەرکرنی تەنگەژە ڕۆحیەکان، ئەویش بەئەنجامدانی ڕۆل بینین کە پەیوەستە بەو بارودۆخەی کە لەئێستادا کەسەکە ئەزمونی دەکات یان لە ڕابردوودا ژیاوە یان دەشێت لە داهاتودا تێیدا بژی.
لێرەدا من ووشەی پاڵەوانم لەبەرامبەر نەخۆشدا نووسی، ئەویش بۆ ئاسان تێگەیشتن لە بابەتەکە، چونکە مەرج نییە ئەوکەسە نە خۆش بێت کە دەچێتە لای سایکۆدراماتیستێک بۆ ئەوەی چەند دانیشتنێک بۆ چارەسەرکردن بە سایکۆ دراما وەربگرێت. جاکۆپ مۆرینۆ کە دامەزرێنەری سایکۆدرامایە و هەموو سایکۆدراماتیستەکانی تریش بەو کەسانە دەڵێن پاڵەوان، منیش بۆ بەرچاو ڕوونی لە درێژەی باسەکەماندا هەر بە پاڵەوان ناویان دەهێنم.
زێرکا مرینۆ کە هاوکار و هاوسەری دامەزرێنەری سایکۆ درامابوو لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە سایکۆ دراما چییە دەڵێت: ( ئاسانترین ڕێگا بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکردنەوەیە لەوەی “عەقڵ لە جووڵەدا ـ لە کرداردا ” یە. لەبری ئەوەی باسی نیگەرانیەکانین بکەن، دەڵێین “پێم مەڵێ، نیشانم بدە!” نیشاندان واتە مامەڵەکردن لە ناوەوە ” واتە نواندنی، بەو شێوەیە دەتوانیت پیشانم بدەیت کە خەمی تۆ چییە. باسی ئەوە بکە چی نیگەرانت دەکات، ئەوە کورترین رێگایە بۆ وەسفکردنی)
گەر بەشێوەیەکی وردتر سەرنجی بدەین پیناسەیەکی ورتری بکەین دەتوانێن بڵێین سایکۆدراما شیوازێکە ـــ میتۆدێکە، کە توخمەکانی هونەر و زانست و فەلسەفەی تێدایە و بە ڕێگەی دراما لە ڕەهەندە دەروونییەکانی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە. سایکۆدراما چارەسەرکردنی کێشەیە بە شێوەیەکی سیستماتیکی و ئامانجدار، خەسڵەتەکانی ئەوەیە کە تاک بە هۆی جوڵە و ئاماژەی درامی، کە ش و هەوای شانۆیی لەو دیمەنە درامیەدا کە نمایش دەکرێت مامەڵە لەگەڵ گرفتەکانی خۆی دەکات. میتۆدێکی تایبەتە لە بوارێکی بەرفراواندا دەتوانرێت پیادەبکرێت. مرۆڤ بە پاڵپشتی سایکۆدراماتیستەکان و گروپەکە و بە بەکارهێنانی میتۆدی سایکۆدراما، تاک هەوڵدەدات بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردنی زیاتر ی هەبێت بەسەر دۆخی ژیانی خۆیدا، توانایەکی باشتری هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەرێنی لە ژیانیدا. باسکردنە لەوەی مەساحەیەکی زیاتر بدەین بە سپۆنتانێتی (spontaneity) لە ژیاندا، نەهڵین کاردانەوەکان و بەسەرهاتە کۆن و بەسەرچووەکان ئێستامان داگیر بکات و ئێستای ژینمان بەڕیوە ببات. سایکۆدراما لەسەر بنەمای میتۆدی دیالۆگ لە ڕێگەی گۆڕینی ڕۆڵەوە دامەزراوە، دەتوانرێت وەک میتۆدێکی دیالۆگی وەسف بکرێت.
میۆدێکە لەسەر بنەمای ئەزموونکردن دامەزراوە، لە پرۆسەیەکدا مرۆڤەکان وشەکان دێدەپەڕێنن و دەیانباتە ناو کردارەوە. لەمەوە ڕا دەڵێین کردار جەوهەری سایکۆدرامایە.
ئەگەر باس لە مێژووی زانستی دەرونزانی بکەیت ناتوانیت باسی مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شانۆ بکەیت هەروەها ناتوانیت ناتوانیت ئاماژە بە مۆرینۆ نەکەیت، ئەگەر باسی شیعر بکەیت ئەو بەشێکی زۆر دنیای شیعری ئەمریکی داگیر کردووە. مۆرینۆ (سایکۆدراما) بە هەنگاوێکی لۆژیکی دەبینێت دوای لێکدانەوەی دەروونی. کارکردن لەم نۆرینگەیەدا بەوشێوەیە هەلێک بوو بۆ بەکردارکردن لەبری قسەکردن.
هەندێک کەس لە ژیانماندا گرنگن بۆ ئێمە بەڵام دووچاری حاڵەتی ناجۆر و دەرونی هاتوون، جا بۆ ئەوەی بتوانین ڕۆڵی ئەو کەسە گرنگ و نزیکانەی کە لە ژیانماندان لە ژینگەیەکی پڕ دڵنیای بیانبینین و لێانتێبگەین، چۆن ئەو کەسانە بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵ؟ چۆن بتوانین هاوڕێکانمان لەدەست نەدەین؟ چۆن بتوانین لە خوێندگەدا کەشێکی ئارام دروست بکەین؟ ئێمە کورد بە درێژی مێژوومان لە حاڵەت و دۆخێکی تراومادا دەژین، لەم بەشەدا داوادەکەم هەموو ئەو ژنە ڕزگاربوانەی دەستی داعش هاوکاریان بکرێت بە میتۆدی سایکۆدراما جارێکی دی بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناو ژیان … جا بۆ ئەوەی لەو کابوسە ڕزگارمان بێت چی بکەین؟ باشترین میتۆد سایکۆ درامایە هاوکارمانە ئەو کەشە هێمن و دڵنیایەمان بۆ دەخوڵقێنێت ، لەوەش گرنگتر ئەو کەسانە دەتوانن بگەڕێنەوە کۆمەڵگاو ببنە کەسانێکی بەهرەمەند و خۆبەخۆ و داهێنەر. سیکۆ دراما یان چارەسەری دەرونی بەدراما، جۆرێکە لە چارەسەری دەرونی. بەڵام جیاوازە لە چارەسەری دەرونی کە زۆر کەس وە لە سەرجەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێی ئاشنان، زۆربەی خەڵک و دەرونزانەکان تەنها بەو ڕێگەیە ئاشنان کە نەخۆش قسە بکات و دەرونزان گوێبگرێ، بەڵام سایکۆدراما تەنها قسەکردن و گفتوگۆی نێوان سیکۆلۆژێک (دەرونزانێک)و نەخۆشێک نیە کە تەنها وشە بەکاربهێن، نەخۆش قسە بکات و دەرونزان گوێی لێبگرێت، ئەوەی ڕوبدات لە نێوانیان تەنها قسەبێت. بۆ چارەسەری دەرونی قسەکردن لەگەڵ نەخۆشێک بەکاربهێنرێت. ڕەنگە تەنها قسەکردن، رێژەیەکی کەم لە نەخۆش کەڵکی لێببینێت.دەشێت بۆ گشت نەخۆشیە دەرونیەکان تەنها قسە کەڵکی نەبێت. بەڵکو مرۆڤ بۆ چارەسەرکردن پێویستی بە داهێنانی میتۆدی ترە. لەم حاڵەتدا دەکرێت سایکۆدراما بژاردەیەکی تربێت، فۆرمێکی تری چارەسەری دەرونی بێت کە جەستە، هەناسە، دەنگ، رۆڵ بینین، ئازار و فشاری دەرونی دەورێکی کاریگەر دەگێڕێت. بۆ ئەوەی مرۆڤ تێگەیشتینی لەخۆی هەبێت و خۆی باشتر بناسێت دەتوانێت لە سیکۆدراماد، خۆبەخۆی (عفويةــــ spontaneity)و ، گەمەکردن، رۆڵ بینین و خۆنمایشکردن هەموو ئەمانە بەکاری بهێنێت. ئەوەش رێگایەکە بەکاردەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆش. سیکۆدراما جۆرێکە لە چارەسەری دەرونی کە ناوەرۆکەکەی بریتیە لە بەرکارهێنای شانۆ. واتە شانۆ بەشێکە لەچارەسەری دەروونی. لە سایکۆدرامادا شانۆ دەبێت بە بەشێک بە ئامرازێکە بۆ ئاشبوونەوەی تاکەکان لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ دەوروبەریاندا، دەبێت بە مەساحەیەک بۆ لێبوردەیی و تێکشکانی مەنەلۆگ و لەبری ئەەی پەرە بە دیالۆگ بدەین، شانۆ دەبێت بە ئاوێنەیەک و خۆمان و پاشەڵمانی تێدا دەبینین، بێگومان ئەمەش لەسەر تەختەی شانۆ یان شوێنێک کە بەشێوەی شانۆ بچێت، کە هەموو ئیکسسوار و دیکۆر و روناکی و موسیک بەکاردێت. سایکۆدراما جۆرێکی چارەسەری دەروونیە کە کە نەک تەنها وشە، بەڵکو، جەستە، هەناسەدان، مەشق، هەڵسەنگاندن دەنگ و رۆڵبینین بەکاردێت و ڕێگایەکە بۆ زاڵبوون بەسەر سنوورداریاکانی دنیای زمانەوانیدا خۆی لە هەموو کۆت و بەندەکانی زمان ڕزگار دەکات دەکەوینە ناو ئەو هەست و سۆزە ڕاست و دروستەی کە نەخۆش لەو حاڵەتەی کە بەسەریدا هاتووە، زمانێک دەدۆزێتەوە گوزارشت لە دۆخی ڕاستەقینەی خۆی دەکات.
یەکێک لە ڕۆژنامە نووسەکان پرسیار لە زێرکا دەکات و پێی دەڵێت دەتوانیت پێم بڵێیت سایکۆ دراما چییە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: ئاسانترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە سایکۆدراما ئەوەیە کە بیرکەرەوە هۆشت و عەقڵت لە جوڵەدایە، لەبری ئەوەی بە قسە باس لە کێشەکانت بکەیت، پیشانمان بدە بۆمان باس مەکە،” پیشاندان ” واتە ڕەفتاربکە، نواندنی ناو ناخت بکە، بەوشیەوەیە بجوڵێرەوە، لە چ شتێک نیگەرانیت بە هەڵسو کەوت پیشانمان بدە نەک بەقسە. کارکردنی پرۆسە دەرونیەکان خۆیان لە کاردانەوە جەستەیەکاندا بەرجەستەدەکەن.




گۆڕینی پڕۆگرامەکانی خوێندن یان ئاڵۆزکردنیان؟!*.. سەدیق سەعید ڕواندزی

                                              

گۆڕانکاریی لە هەر پڕۆگرامێکی خوێندن، لە بازنەی یەکەمی قۆناغی بنەڕەتیدا، کە پۆلەکانی یەک تاکو سێ دەگرێتەوە، بە تایبەتیش لە بابەتەکانی زمان و خوێنەوەدا، کە بناغەی فێرکاریین بۆ خوێندکارانی ئەو قۆناغە، دەبێ بە جۆرێک بێت کە بگونجێنرێت لەگەڵ لایەنی هزریی و دەروونی خوێندکار لەو پۆلانەدا. ئاستی تەمەن، ڕادەی وەرگرتن و پاشان تێگەیشتن و فێربوونییان، بکرێتە پێوەر. کەچی زۆر جار لە پەراوێزی ئەو گۆڕانکارییانە نەک هەر ڕەچاوی ئەم لایەنانە ناکرێت، بەڵکو دانەرانی کتێبێکی خوێندن، بیریان دەچێت کە ئەوان بابەت بۆ منداڵێکی تەمەن هەفت ساڵان، یاخود تەمەنێکی دیاریکراو دادەنێن، بەمەش دەبێ بە ئەقڵیەت و تێگەیشتن و دنیابینی ئەو منداڵانە، بابەتەکان دابنێن نەک بە تێگەیشتنی خۆیان. خوێندنەوەی کوردی، یەکێکە لەو میتۆدانەی لە نێوەندەکانی خوێندن بایەخی خۆی هەیە، چونکە لەلایەکەوە بنەماکانی فێربوونی زمانی دایکە، لەلایەکی دیکەشەوە ڕێگەیەکە بۆ فێربوون و نووسین و خوێنەوە بە گشتی. گەلێک جار، گۆڕانکاریی لە بابەتی خوێندنەوەی کوردی دەکرێت، وەک ئەوەی ئەلف و بێ باڵدار چەند ساڵێک لەمەو بەر و بەک تێبێکی دیکەی دوو وەرزی گۆڕدرا. زۆربەی هەرە زۆری ئەو مامۆستایانە وانەی ئەلف و بێی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی دەڵێنەوە و ئەزموونێکی زۆریان لەگەڵ ئەو بابەتە هەیە، بڕوایان وایە کە کتێبەکەی باڵدار بۆ فێربوونی خوێندکاران سەرکەوتووتر و پەروەردەییتر بوو، لە بابەتی خوێندنەوەی کوردی ئێستا کە دەخوێنرێت. بابەتەکانی زمان، بڕگەکانی خوێنەوە و نووسین وهاواتا و لایەنە ڕێزمانییەکان لە خۆ دەگرێت. بێگومان هەموو ئەمانەش پێویستیان بە ڕێگەیەکی وانەوتنەوەی سادە و دیار، هاوکات زانستی و گونجاوە، بۆ ئەوەی خوێندکار بە تایبەتیش لە سێ پۆلەکانی یەکەمدا، بە ئاسانی فێری زمانی کوردی بکرێن. ئەمساڵی خوێندن، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی ساڵانە لە هەر بابەتێک دەکرێن، گۆڕانکاریی لە خوێندنەوەی کوردی پۆلی دووەمی بنەڕەتی کراو ئەمیش وەک پۆلی یەکەم، کرایە دوو کتێب و بە سەر دوو وەرزی خوێندن دابەشکران. واتا لە هەر وەرزێکی خوێندن، کتێبێک دەخوێنرێت. لە کتێبی وەرزی دووەمدا، کە دوانزە مامۆستا و پسپۆڕی پڕۆگرامەکان دایانناوە، چەندین کەموکورتی زانستی و پەروەردەیی و دەروونی هەن، کە پێ دەچێت دانەرانی ئەم پڕۆگرامە، بیریان چووبێت کە ئەوان کتێب بۆ منداڵێکی تەمەن هەفت ساڵ دائەنێن. بۆیە بە جۆرێک بابەتەکانیان داڕشتووە، کە نەک هەر لەگەڵ بیری خوێندکارێکی پۆلی دووەمی بنەڕەتی ناگونجێت، بەڵکو لە ئاست خوێندکارێکی پۆلی نۆی بنەڕەتیش نییە، چونکە بابەتەکان ئەوەندە قوڕس و ئاڵۆزن و لەگەڵ توانستی هزریی و جەستەیی منداڵێکی تەمەن هەفت ساڵان ناگونجێن. یەکێک لە خەوشە هەرە دیار و ناپەروەردەیەکانی ئەم کتێبە، درێژی بابەتەکانی خوێنەوەیە. بێگومان لە پۆلەکانی بازنەی یەکەمدا، دەبێ بابەتی خوێنەوە ئاسان و سادە بێت و نابێ لە چەندڕستەیەکی کورتیش تێ پەڕێت، کەچی لەم کتێبەدا، بە هیچ شێوەیەک ڕەچاوی ئەمە نەکراوە. بۆ نموونە: وانەی (پەڕەسێلکە و بۆق) 27 دێڕە. ئایا بابەتێکی لەم شێوەیە، لە ئاست هزری منداڵێکی هەفت ساڵانە؟ ئەم بابەت درێژە چۆن دەخوێنرێتەوە؟ چۆن دەنووسرێتەوە؟ من برازایەکی پۆلی دووم هەیە، یەکێکە لەخوێندکارە هەرە زیرەکەکان و هەموو نمرەکانی نایان بوون، کەچی بە دەست خوێنەوە و نووسینەوەی ئەم بابەتە دەگریا. بە هەمان شێوە بابەتی (مریشکە سوور) 26 دێڕ خوێنەوەیە، بابەتی خێزانەکەم (21) دێڕە. لە کاتێکدا لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، بابەتی خوێنەوە هەیە کە ژمارەی دێڕەکانی تەنها هەشت دێڕە، وەک بابەتی (بە سەرهاتی گوڵەگەنمێک ، حەپسەخانی نەقیب). درێژی بابەتەکانی خوێنەوە، کە دواتر دەبێ بنووسرێنەوەش، هەڵەیەکی پەروەردەیی گەورەیە، چونکە لە توانای منداڵێکی ئەو پۆلە نییە. بڕگەیەکی دیکەی کنێبەکە، بڕگەی هاو واتای وشەکانە، کە ئەمیش لێکدانەوەی واتایانەی وشە دەگرێتەوە. ئەم بڕگەیە، بە هیچ شێوەیەک بۆ خوێندکارێکی پۆلی دووەمی بنەڕەتی، پەروەردەیی و لۆژیکی و زانستی نییە، چونکە هاوواتای وشەکان، کردەیەکی هزریی و واتایانەیە و پێویستی بە زمانزانی و زانینی فەرهەنگ و ئاستی گوزارشت و دەربڕینی زمان هەیە. کەچی دانەرانی کتێبەکە، بە بێ ئەوەی ڕەچاوی هزری منداڵێک لەم ڕووە و بکەن، هاتوون چەندین وشەی قوڕسی وەک وشەکانی (کل ، کولو ، خلەخل، بزڤرینەڤە، دەستەمۆ، خەرتوم، قورتم، خەملاندن، ماف ، هاوچەرخ، چاودێری ) ئەمانە و چەندین وشە و چەمکی ئاڵۆزی تر، وەک نموونەی لێکدانەوەی هاوواتای وشەکان لەو کتێبەدا داناوە. ئایا خوێندکارێکی پۆلی نۆش دەزانێت چەمکەکانی ( ماف و هاوچەرخ و چاودێری و خەمڵاندن) مانایان چییە؟ چۆن دەبێ ئەم چەمکە فیکریانە، بۆ خوێندکارێکی تەمەن هەفت ساڵ باس بکرێن و ئەمیش ناوەڕۆکەکەیان لێکبداتەوە؟ مەگەر ئەمە خۆی لە خۆیدا، ئاڵۆزکردن و شێواندنی هزریی منداڵێک نییە، کە تەنها ساڵێکە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بڕیوە؟ دانەرانی کتێبەکە، چۆن ڕەچاوی ئەوەیان نەکردووە، کە نابێت هزری منداڵ ئاشنای چەمکێک بکرێت، کە لە توانای کەسێکی گەورەش نییە، چونکە بە هەزاران کەس نازانن مانای ئەم چەمکانە چییە؟ لە بڕگەی گفتوگۆدا، بەهەمان شێوە ڕەچاوی توانستی هزری منداڵ نەکراوە. بۆ نموونە: پرسیار لە خوێندکاران کراوە، کە زۆری ژمارەی ئوتومبێل چییە؟ زیانی پاڵاوگەکان چییە؟ چۆن منداڵێک دەزانێت پاڵاوگە چییە؟ بۆ دەبێت لە کۆی ملیۆنان وشە و هەزاران پرسیاری سادە و جوان و پەروەردەیانەی تر، بێن پرسیار لە بارەی پاڵاوگەی نەوت بکرێت؟ زۆری ژمارەی ئوتومبێل، هەر تەنها پرسیارێکی سادەی زمانەوانی نییە، بەڵکو هزریشە و پێویستی بە لێکدانەوەی هزرییانە هەیە تاکو کاریگەریەتی پاڵاوگە و ئوتومبێلەکان، لە سەر ژیان دەربخرێن. ئەم پرسیارانە، چەندین لایەنی تەندروستی، ژینگەیی، بازرگانی، مرۆیی، پیشەسازیی و کارگێڕیان هەیە. بۆیە نەک نالۆژیکییە پرسیاری لەو شێوەیە لە منداڵ بکرێت، بەڵکو ئەو پەڕی ناپەروەردەیی و نادەروونیشە. لە چەندین شوێنی ئەم پڕۆگرامەدا، هەڵەی زەق کراوەو لیژنەی دانان کە دەرزەنێکن، درکیان پێ نەکردووە. لە بابەتی ( من هەنار) م هەڵەیەکی زەق کراوەو نووسراوە (دەگوشرێم و خۆشاوم لێ دروست دەکرێت). بەمەش دانەرانی ئەم کتێبە (خۆشاو) و (سرکەیان) لە یەکتری جیا نەکردۆتەوە، چونکە خۆشاو لە ترێ دروست دەکرێت، نەک هەنار وەک ئەوەی ئەوان تێی گەیشتوون. لە بڕگەی ئایا دەزانیت، دوو زانیاریی یەکجار دوورو نا ئۆرگانیکی و نا فەرهەنگی و ناپەروەردەیان هێناوەتەوە پیشانی خوێندکارانی دەدەن کە ئەوانیش (شەمشەمەکوێر) و (بڵندگۆن). باشە هیچ شتێک ئەم دووانە بە یەکتری دەبەستێتەوە؟ ئایا هیچ پەیوەندییەکی فەرهەنگی، زمانی، واتایی، پەروەردەیی و هزری لە نێوان ئەو دوو شتە هەیە؟ ئەگەر دانەرانی کتێبەکە مەبەستیان شتە زیندوو نازیندووەکان بێت، ئەوا لە زانستی پۆلی دوو ئەم بابەتە دەخوێنرێت، کەواتا پێویست ناکات دوو چەمکی یەکجار دوور لە یەکتری، بە یەکەوە لە چوارچێوەی پرسیاری ئایا دەزانیت، لە خوێندکاران بکرێت. سەیر و سەمەرەیە، لە کۆی ملیۆنان زانیاریی هەمەجۆری ژیان، دانەرانی کتێبەکە دێن شەمشەمە کوێر و بڵندگۆ، بە یەکەوە دەبەستنەوە، کە ئاسمان و ڕێسمان دوورن لە یەکتریی و سەر لە خوێنکاران دەشێوێنن. بڕگەیەکی دیکەی ئەم کتێبە، خاڵبەندییە. بێگومان گرنگە خوێندکار هەر لە سەرەتاوە، فێری بنەماکانی خاڵبەندی بکرێت، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک نابێ لە پۆلی دووەمی بنەڕەتییەوە دەست پێ بکات، بەڵکو دەبێ لە پۆلی پێنجەمەوە بێت. تا ئێستاش، بە سەدان نووسەرهەن، کتێبیان نووسیوە و چاپکردوە، بەردەوامیش دەنووسن، کەچی هێشتا شارەزایەکی بنەڕەتییان لە ڕێسکانی خاڵبەندی نییە، ئیدی نازانم چۆن خوێندکارێکی تەمەن هەفت ساڵ، نیشانەکانی پرسیار و سەر سوڕمان و جوت خاڵ و چەندانی دیکەش، لە یەکتری جیا دەکاتەوەو دەزانێت پەیڕەیان لێوە بکات. خاڵبەندی، لایەنێکی گرنگی زمانە، بەڵام دوای فێربوونی زمان و نووسین و داڕشتن، دەبێ پەیڕەوەی لێوە بکرێت. بە پێچەوانەوە لەو پۆلانەدا، دەبێ تەنێ جەخت لەوشە بەتەنها بکرێتەوە. لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە وێرای ئەم هەڵانە، تەنانە لە ناونیشانی کتێبەکەش هەڵە کراوە، چونکە نووسراوە (خوێندنی کوردی) لە کاتێکدا دەبوو بنووسرێت (خوێندنەوەی کوردی)، چونکە خوێندنی کوردی، بەرامبەر الدراسە الکوردییە. داواکارم وەزیری پەروەردە، لە ڕێگەی پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە، ئەم کتێبە ڕەت بکاتەوە بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن، کتێبێکی سادە و ئاسانی یەک بەرگی بۆ خوێنکارانی پۆلی دوو دابنێن.

————————————————

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە (8937 ) ڕۆژی 11/6/2023 بڵاوکراوەتەوە.




گەمەی هەڵبژاردنی پاکوبێگەرد.. عوسمانی حاجی مارف

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق “جەخت لە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم دەکات کە پێویستە لە زوترین کاتدا ئەنجام بدرێت”!، بافڵ تاڵەبانیش سەرۆکی یەکێتی دەڵێت ” لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین، بەڵام هەڵبژاردنێکی بێگەردو دوور لە دەستوەردان”!
ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەمریکا بۆچی پێداگری لەسەر ئەم هەڵبژاردنەی هەرێم دەکات؟ ئایا بۆ چارەسەری کێشەی ژیان و پێداویستی خەڵکی کوردستانە دوای سی ساڵ زیاتر، لەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، کە وادەخوازێ ئەمریکا پێداگری لەوە بکات هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت؟ دیمان کە چەندین خولی پەرلەمان و هەڵبژاردن لە کوردستان ئەنجامدرا و دواتریش بەهەزار بێنەوبەرە توانییان حکومەت پێک بهێنن. لەهەمانکاتدا هیچ ئاڵوگۆڕێک بەقازانجی خەڵک و کۆتاییهێنان بە گێژاو و ناجێگیری سیاسی دۆخی کوردستان نەک بەدەست نەهات، بەڵکو دۆخی سیاسی کوردستان ڕوبەروی ئاڵۆزی زیاترو ناسەقامگیری زیاتر بۆتەوە.
هەڵبژاردنی ئەم جارەش هەرکاتێ ئەنجام بدرێت، جگە لە زیادبونی گرفت و کێشەکانی نێوان بنەماڵەی بەرزانی و بنەماڵەی تالەبانی، هیچ بەرهەمێکی تری نابێت. دۆخەکەش ئاڵوزی و نالەباری زیاتری لێدەکەوێتەوە. بۆیە سوڕانەوەو بیرکردنەوەو هەڵچنینی هەر جۆرە ئومێدێک بەم هەڵبژاردنە، نەهامەتی و بەدبەختی خراپتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەمریکا کاری بە هەڵبژاردن تەنها بۆئەوەیە کە لە چوارچێوەی ئەو نەخشەدایە کە ئەمریکا هەیەتی، جۆرێک لە مەرکەزیەت بۆ حکومەتی عێراق دابین بکاتەوە و یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت. لەهەمانکاتدا، حکومەتی هەرێم و حزبە کوردیەکان ملکەچی ئەو نەخشانە بکات کە ئەمریکا ئێستا لە ناوچەکەدا دەیەوێت پیادەی بکات، بەتایبەتی لە پەیوەند بە ئێرانەوە. لەلایەکی تریشەوە هەڵبژاردن دەتوانێ فرسەتێکی زیاتر بڕەخسێنێ بۆ بەرزبونەوەی هاوسەنگی هێزی بنەماڵەی بارزانی و پارتی بەرامبەر بە یەکێتی و نابودکردنی زیاتری یەکێتی، تا سەوداومامەڵەی سیاسی یەکلانەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا ئاسانتر بکرێت. ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێشهاتانە گرنگە کە بەئاراستەی ئاڵوگۆر لە ریکخستەوەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هەوڵی بۆ دەدرێت. رێکخستەوەی مەرکەزیەتی حکومەتی عێراقیش بەشێکە لەو پرۆسەیە.
ئەوەی لێرەدا سەیروسەمەرەیە، بۆچی سەرۆکی یەکێتی مەرجی هەڵبژاردنی پاکو بێگەرد دەکاتە پێشمەرجی ئەم هەڵبژاردنە؟ پرسیارێک پێویستە بیخەینە روو، ئایا ئەو خولانەی پێشوتری هەڵبژاردنەکان ئەو مەرجەی تیا مسۆگەر کرابو؟ ئاشکرایە کە ئەو مەرجە هیچکات پەیرەوی نەکراوە. هیچ هەڵبژاردنێکی کوردستان پاکوبێگەرد نەبوەو بێ دەستتێوەردانیش نەبووە، بەلام بۆچی لە ئێستادا ترسی یەکێتی چۆتە سەر ئەو خاڵە؟ ئاشکرایە لەم هەڵبژاردنەدا هاوسەنگی هێزو چۆنیەتی بەشداری یەکێتی، ئەو فرسەتەی ناداتێ تا هێندەی پارتی بە ساختەکاری لەم هەڵبژاردندا دەستکەوتی باش بەدەست بهێنێت. بۆیە بەشداری یەکێتی لەم هەڵبژاردنەدا قومارێکی مایەپوچەو بۆخۆشیان دەزانن کە باش دەدۆرێن. ناچارن گەمەی سیاسی و بێنەوبردە بکەنە بیانوی دواخستنی هەڵبژاردن، یان نەکردنی! وەک خۆشیان دەڵێن دەبێت پارتی پێشوەخت لە گەڵیان ڕێکەوێت، ئەمەش تاچەند لە رەحمەتی پارتی دەوشێتەوە، ئەوە دیارە کە یەکێتی و سەرۆکەکەی لە چاوەروانیدان.




دوو دیمەن و دوو پەرەگراف.. نەوزاد بەندی

ـ1ـ

کەسێکی نەناسراو ، پاسکیلێک بە ئەمانەت لای پیاوێکی دوکانداری شاری زنجانی ئێرانیی دادەنێ و دەڕوات ، کەسەکە نایەتەوە ، دوکاندارەکەیش کاتی داخستنی دوکان ، پاسکیلەکە ئەباتە دوکانەکەیەوە وبۆ سبەینێ دووبارە پاسکیلەکە لەبەردەم دوکانەکەیدا دادەنێ تا خاوەنەکەی بێتەوە ، بەڵام نایەتەوە .. بەم جۆرە ئەم دوکاندارە بۆ ماوەی 45 ساڵ هەموو ئێوارەیەک پاسکیلەکە دەباتە ناو دوکانەکەی و هەموو بەیانییەک پاسکیلەکە لە دوکانەکەی دێنێتە دەر لە چاوەڕوانیی خاوەنەکەیدا ، بەڵام خاوەنەکەی دیار نییە ..
کابرای دوکاندار ئەمرێت و ..دەوڵەت پەیکەرێکی بۆ دروست ئەکات وەک کەسێکی دڵسۆز و وەفادار بەرامبەر ئەمانەتەکانی .
ـــبە ڕاستی دڵم پڕ بوو ، حوکمەتی هەرێمم بیر کەوتەوە ، کە وەکو ئەو دوکاندارە ، حەوت هەشت ساڵە هەموو ڕۆژێ پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران لەبەردەم بانکەکاندا دادەنێ ، کەچی فەرمانبەران ناڕۆن وەریبگرنەوه و ..ئەمیش ناچار هەموو ئێوارەیەک پاشەکەوتەکە ئەباتەوە ناو بانکەکان ـــ

ـ2ـ

ئەم مناڵە لە شاری هرات ی ئەفغانی ، گورچیلەیەکی خۆی داوە بە براکەی هەتا لە مردن ڕزگاری بکا .. وێنەگرێکی گۆڤاری تایمزی بەریتانیی وێنەیەکی ئەگرێت و بڵاوی دەکاتەوە ، لە هەموو جیهاندا دەنگدانەوەی ئەبێ و خەڵاتی باشترین وێنەی ساڵ دەباتەوە ..
شاعیری ئەفغانیی ئیلیاس علێوی ئەڵێ : ئێمە ئەمرین بۆ ئەوەی ئەوان خەڵات بکرێن .

لە ڕاستیدا من ڕای ئەو شاعیرە ئەفغانییە به تەواوەتیی ڕەت دەکەمەوە ..چونکە بەخشندەیی ئەومنداڵە ، ژیانی براکەی پاراستووە ، نەک کوشتبێتی ..واتا ئەوەی ڕوویداوە دەستگرتن بووە بە ژیانەوە نەک مردن ..
ئەو وێنەکێشەی تایمز ، وەفاداری و ئازایەتی ومرۆڤایەتیی منداڵێکی ئەفغانیی وێنە گرتووە و بڵاوکردۆتەوە ، بۆیە لە جیهاندا دەنگدانەوەی هەبووە و خەڵاتی وەرگرتووە ..
لە ڕاستیدا ئەو شاعیرە ئەفغانییە زۆر هەڵە بووە و .. بە هۆی ئێرەیی و چاوچنۆکییەوە بابەتەکەی شێواندووە .. خۆی عەقڵ و هەستی ئەوەی نەبووە بابەتێکی وا گرنگ و مرۆیی ، بنوسێ و بڵاوبکاتەوە ، لە بەرامبەریشدا ڕق وئێرەییەکەی وایلێکردووە بابەتەکە بە لاڕێدا ببات و.. لە جیاتی دەستخۆشیی ، هاتووە وەک بازرگانێکی مردن ، باسی لە کابرای وێنەگری تایمز کردووە ..لە جیاتی ڕێز و وەفای نیشان بدات ، کە بابەتێکی وا جوان وپڕ لەمرۆڤایەتیی به تەواویی جیهاندا پەخش کردووە.. ڕاستێکەی ئیلیاس علێوی بۆ خەڵاتەکە ئەگری نەک بۆ بابەتەکە ، بۆ هەریسەکە دڵی توند بووە نەک بۆ ئیمامی عەلی ..




مرۆڤی به‌ر سێبه‌ر خوار ده‌ڕوا.. فه‌رهاد که‌ریم

‌‌‌مه‌پرسه‌ باران بۆ ده‌بارێ
چه‌ترپه‌پوڵه‌ نیه‌ له‌ باران
فرمێسک رووبار ده‌ناسێت
بێده‌نگی چرایه‌کی جوانه‌ له‌ ناو کۆران
ژن دایکی رووباره‌
ماندووتره‌ له‌ ئاو
گۆرانی خه‌می که‌ڕان زیاد ده‌کا
گۆچان به‌ڵه‌م نیه‌ له‌ په‌ڕینه‌وه‌ی زێ
گێژاوی شێڵو مه‌ترسیداره
نامۆتره‌ له‌ ئازادی
له‌ ده‌می گه‌وره‌ی ئاسمان
بێده‌نگی چاو گوتنه‌
به‌ باڵی ئاو ده‌گه‌یته‌ ژیان
رێمه‌ده‌ مرۆڤ پیستکا
به‌ دوای ده‌نگی خۆتدا بڕۆ
هاتی و ده‌ڕۆی ئه‌ستێره‌به‌
مرۆڤی سێبه‌ر نه‌رمیت ده‌با
ده‌ڕژێنێ سپێده
رقتینووه‌ له‌ ژیان
ماندووه‌ له‌ ناو دیزاینی خراپ
چۆته‌ ناو بینین ده‌فرێ به‌ردو گاشه‌ ئاو
به‌ ژانه‌وه‌‌ ژیان چێژینه‌دا
تاریکی تێپه‌ڕی به‌ روناکی ژیانه‌وه‌
دووربه‌ له‌ دورینه‌وه‌ی زه‌وی
فڕین بیرچوونه‌وه‌یه‌ له‌ دڕانی ئاسمان
زه‌وی دڵۆپه‌ بکا رێون
مردن نزیکتر له‌ جاران
پێکه‌نین گرژتر له‌‎ ژان
ئاوڕمه‌ده‌وه‌ رۆژ گه‌رمای ده‌بێت
ژیان سارد
ئاگر ده‌کاته‌وه‌ مردن
گریان تینوێتی ژیان ناشکێنێ
قسه‌ بۆ مرۆڤ مه‌که له‌ پشووی بیرچوونه‌وه‌ی ژیاندایه‌ ‌
گیرفانی پڕه‌ له‌ مردن
ترسی له‌ هه‌تاو
به‌ چه‌تر و چاویلکه‌ی ڕه‌ش خوار ده‌ڕوا مرۆڤی به‌رسێبه‌ر
مرۆیه‌تی گۆرانیه‌کی خۆشه‌ بۆ که‌ڕ بیڵێیت دوور له‌ هه‌تاو

ون بوون له‌ ئاپۆرەدا
ونبووم
نه‌دۆزرێمه‌وه باشتره‌
له‌ شوێنێ ئۆقره‌ ناگرم
هه‌میشه‌ گۆڕین
ونبوون چێژه‌
هاتوومه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ مێژوو
له‌چوونه‌ کات ده‌ترسم
ئاوه‌دانيیه‌کی چۆڵه کات
به‌ ئاپۆڕه‌ی خاڵی شکان
قووتی ده‌دا مێژوو
ده‌ترسم له‌ کات بمرم
هاتومه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ کات
نازانم – با- بم یا باران
باران بم ده‌وه‌ستم

  • با- ون
    مێژوو قووتمان ده‌دا
    به‌زه‌یی
    بوونی دا
    حه‌زم له‌ بوونێکه‌ نه‌بینرێم
    بینین کێشه‌ ده‌خاته‌ کات
    برسییه‌ مێژوو
    قووت ده‌دا کات
    هه‌ناسه‌ی ماسی و رووه‌ک و ئه‌سپ و چۆڵه‌که‌م
    ده‌چمه‌ هه‌ناسه‌ی بوونه‌وه‌ری ‌ده‌ره‌وه‌ی کات
    کات نه‌یبینێ
    مێژوو نه‌یناسێ
    بینین و ناسین کێشه‌ ده‌خاته‌ هه‌ناسه‌
    ئاینده‌ جێبێڵه‌
    له‌ ناو ئاسن و به‌رددا
    کات و مێژوو به‌سه‌رچووه‌
    ئاینده‌ کۆر ده‌بێ له‌ چاوه‌ڕوانی
    له‌ بۆشایی شه‌وی شینی تاریک
    مه‌ڕۆ ناو کۆران
    ده‌ست به‌ چاوته‌وه‌ مه‌گره‌
    ‌تاریکی چرای ده‌وێ
    ژیان بینین
    له‌ ناو کات و مێژوو وه‌ره‌ ده‌رێ
    له‌ ناو بینین بۆنی هه‌ناسه‌ت دێ
    مێژوو سیخوڕيی کاته‌
    له‌ ده‌ره‌وه‌ی کات و مێژووبه‌
    دووربه‌ له‌ بۆنی میژوو و کات با نه‌خنکێی
    له‌ مێژه‌ ده‌مه‌وێ ئه‌و مردنه‌ جێبێڵم
    کات نووستبێ
    مێژوو دوا هه‌ناسه‌
    نه‌چمه‌ ناو کات و مێژوو
    برینی مردن قوڵه‌
    له‌ ناو ئاپۆره‌ی مردن
    شه‌قامی چۆڵی ژیان.

فه‌رهاد که‌ریم
ئه‌مه‌ریکا




تەنیایی.. شیعر: محمود درویش.. وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

                    

وەک ئەوەی دڵخۆش بووبم
چەن جارێک لە جەڕەسی دەرگاکەم یا
…..چاوەڕێم کرد
لەوانەیە درەنگ کەووتبم
کەس نایکاتەوە
…مێشولەش بە هۆڵەکەیا هات و چۆ ناکا
بیرم کەوتەوە، كلیلەکە وا لای خۆم
داوای لێبوردنم لە خۆم کرد
ببورە، لەبیرم چوویتەوە، فەرموو :
خۆمان کرد بە ژوورا
من هەم میوان و هەم خاوەن ماڵ
سەیری هەموو شتەکانم کرد
هیچ پاشماوەیەکی منی پێوە دیار نەبوو
…” لەوانەیە لێرە نەبوو بم !!”
ئەوەی ناو ئاوێنەکە لە خۆم نەئەچوو
من لە کوێم..!
هاوارم کرد تا لەو سەرلێتێکچوونە بێمەوە سەر خۆم
بەڵام هیچم پێ نەکرا
وەک گرمەی هەرەس تێک شکام
… كەواتە بۆ گەڕامەوە !!
داوای لێبوردنم لە خۆم کرد
لە بیرم کردی ، بچۆ دەرەوە
نەمتوانی..
چووم بۆ ژووری نووستن
” خەو ” پەلاماری یام و باوەشی پیا کردم
:گۆڕاوی..
بەڵێ گۆڕاوم
مردن باشترە لەوەی لە چۆڵاییەکا
بەر ئۆتۆمبیلێک کەوی

گەر پێم ووترا
ئەم ئێوارەیە “لێرە” ئەمری
چی ئەکەی..؟

  • سەیرێکی سەعاتەکەم ئەکەم
    پەرداخێ ئاوی مێوە ئەخۆمەوە
    گاز لە سێوێک ئەگرم
    سەیری مێروولەیەک ئەکەم کە :
    ڕزقی خۆی دۆزیوەتەوە
    دیسان سەیری سەعاتەکەم ئەکەم
    هێشتا کات ماوە بۆ ڕیش تاشینێک
    پاشان حەمام کردنێک
    لەبەر خۆمەوە قسە هەڵئەپرزکێنم
    بۆ نووسین ئەبێ ڕازاوە بم
    با کراسەکەم “شین” بێ
    لای مێزی نووسینەکەمەوە
    تا نیوەڕۆ بە “زیندوویی” دائەنیشم
    ..”ڕەنگەکە لە ووشەکانا نابینرێ”
    سپی…سپی…سپی

خەریکی دوا ژەمی خواردنم ئەبم
دوو پێک شەراب تێ ئەکەم
پێکێ بۆ خۆم
و
پێکێک بۆ میوانی نا وەخت
دواتر لە نێوان دوو خەوا
نێرگەلەیەک ئەکێشم
بەڵام” پرخە “م بە خەبەرم ئەهێنێ
دیسان سەیری سەعاتەکەم ئەکەم
هێشتا کات بۆ خوێننەوە ماوە
“دانتی ” ئەخوێنمەوە
و
ئەبینم چۆن ژیانم تێکەڵ بە ژیانی خەڵکی تر ئەبێ
و
پرسیاری ئەوە ناکەم:
كێ کەم و کورتییەکان پڕ ئەکاتەوە

  • ئاوا…؟
  • یان ..ئاوا..؟
  • ئەی دوایی..؟
    -… قژم دائەهێنم
    ئەم قەسیدەیە فڕێ ئەیەمە ” تەنەکەی فڕێڕاوەکان”
    تازەترین کراس لەبەر ئەکەم : ئیتالی
    لە گەڵ کۆمەڵێک کەمانچەی ئیسپانی
    ئەچم بۆ گۆڕستان



ئێوارانە ٣٧.. سەردار جاف

ئەم ئێوارە
بەرەو گەمژەیی دوێنێم هەنگاوم دەنا
ئەو ساتانەی ليمۆ زەردە کاڵکاڵەکان
هێشتان لە پەناوپەسێوی شەرما ئاڵا بوون
پياوە جەللادەکان، غەريزە لە نيگا
شۆڤێرە چاو بەرەڵاکان
حەزيا حەزەکانيان
لە شەقاوەکانی سەر شەقام دەچوون
پێکڕا راوە مادۆنايان بوو
ئەوی رۆژێ من بە نێو گەمژەیی خوما مەلەم دەکرد
بە نێو رەزەکانی دەستەمۆیی و
شەوە رچيوەکانی هەتيويم و
بارانە حەرفی ريسوایی و
ڤيلا کاوڵاشەکانی زريان و
گلەييەکانی بنکۆڵيمەوە
دەتلامەوە
تەرمێک بووم لە حەپەی سەگوەڕ
مێژوويەک بووم لە هەڵوەرينی ديد و گڕ
کاسە بەتاڵی کەللەسەر
ئەو لە گەڵ ترپە هەنگاوەکانی لەرزين و ترسيدا
لە بن چەکمەی چاوچاوێنی شۆڤێرە بەرەڵاکان هەڵدەهات
بە چەقۆيەکی کولەوە بەربوونەتە وێزەی هەستەکانی و
ترازانی سينەی بۆتە مەرگ و
بە فيڕۆ چوونە بۆ کات
ژيال لەوديو پەردەی مناڵييەوە چاوەنواڕی دەکا
شمشێری غەدری بە بيناقاقای خۆ دووری
مەلەوانێکی نەزانە و
بە نێو دەريای مەنگی تەمەن
باڵەکانی فڕينی دەشکێ
وێڵی شوناسی خودە و ون بووە
نيگاکانی نامۆ بە دووری
گەروويەک پڕ لە سڵاو
چاوێ رەش رەش بە ئيشق
هەستێ لێوڕێژ بە ئاسۆ
زمانێ گيربوو لە تەڵەی تەقيوی حەرفەکان و
وشە و رستەکان دەجوێتەوە
لە سورەتی سەرگەردانی مردن دەچێ و
هاکە بە سەر پردی ئاونگی سپێدانا پەڕييەوە
گۆرانی و جرپەکانی دەبنە ئايەت بە ئايەت و
ئيشق بۆ ژيان دەڵێتەوە
لەوبەری رووبارەکە ژيان و
لەم ديويشەوە من و هەستم
بوومە تخوبی غوربەت و
تەنها لە ژوانتا مەستم
ئيدی بۆ دەڵێی بێکەسم
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

٢٧ / ٥ / ٢٠٢٣




ئاژەڵەکان و مرۆڤەکان.. زانا ڕەزاق

هیچ ئاژەڵێک خراپ نیە بەڵکو ئەوە مرۆڤەکانن بەهەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانیان ئاژەڵیان خراپ کردووە ،دەشکرێ مرۆڤ بەشێوەیەکی زانستی ئاژەڵەکان باش پەروەردە بکات .

سەرەتا کە ئەو دونیایە هاتۆتە ئاراوە نەک ئاژەڵەکان بەڵکو مرۆڤەکانیش دژی یەکتر نەبوونە بەڵکو سەرەتا باش بووە دواتر بەهۆی ئامرازەکانیان بەتایبەت ڕاوکردن بەکارهێناوە ،ئەمە هۆکارێکی سەرەکی بووە کە ئاژەڵانێک لە مرۆڤ بترسن ،یانی بەهۆی ڕاوکردنی ئاژەڵانێک ترسێکی پێشوەختە لای ئاژەڵاکان لە مرۆڤەکان هەبووە ،ئەم ترسەش نەوە دوای نەوە بۆ ئاژەڵەکان ماوەتەوە تەنانەت بۆ مرۆڤەکانیش. یانی کاتێک مرۆڤێک لەدایک دەبێ سەرەتا مێشکی هیچ شتێکی وای تێدانیە بەڵکو بەهۆی ئەوەی کە پێی دەوترێت ئاژەڵ هەیە دڕندەیە هەیە فێڵبازە هەشە جۆری ترە ئەمە دەچێتە مێشکیەو پێشوەختەیە بۆ هەڵسوکەوتەکانی بەتایبەت ترس،

لەهەمان کاتدا لەوانەیە ئاژەڵێک پەلاماری ئەو مرۆڤە بدات کە بۆی دەچێت بەس چونکە ئاژەڵەکەش پێشوەختە زانیویەتی مرۆڤی خراپ هەیە بۆیە لەگەڵی وا دەبێ جا ئەو زانینە خۆی بینیویەتی یان بۆیان باسکردووە یان بینیویەتی ئاوا لەکاتی برسیەتی پەلاماری مرۆڤ بدات بۆیە دەکرێ ئەوانەی لەو بوارە کار دەکەن بەجدی کار لەسەر ئەمەش بکەن چونکە لام وایە بنەڕەت و بناغەیە…

14 6 2023
زانا ڕەزاق




ڕۆژنامه‌نووسیی وه‌ك پیشه‌، ڕۆژنامه‌نووسیی وه‌ك ئایدیۆلۆژیا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

• ڕۆژنامه‌نووسیی كوردی ڕه‌نگه‌ زیاتر له‌ ڕێگای ئه‌ده‌بیات و سیاسه‌تدا سه‌ری هه‌ڵدابێ و هێز و گوڕی له‌و ده‌ره‌تانانه‌وه‌ وه‌رگرتبێ.. سیاسه‌ت به‌و مانایه‌ی ده‌چێته‌وه‌ قاوخی خه‌بات له‌ پێناوی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی زوڵم و زۆرداری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ناهه‌قیانه‌ی وه‌ك نه‌ته‌وه‌ له‌ كورد كراون و ده‌كرێن ‌..

بۆیه‌ خۆڕایی نه‌بووه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاو دوور له‌ نیشتمان بێ ، كاتێ به‌درخانیه‌كان له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی (كوردستان) ده‌ستیان پێ كرد.
له‌و ڕۆژه‌وه‌ ڕۆژنامه‌نووسیی كوردی وه‌ك بیرێك به‌ ده‌رزی لێ بدرێ ، به‌هه‌موو ئه‌و هه‌وراز و نشێوانه‌ تێپه‌ڕیوه‌ كه‌ به‌ هۆ و بێ هۆ كه‌وتوونه‌ته‌به‌ر ڕه‌وتی به‌ڕێوه‌چوون و پێشكه‌وتنی.. سه‌یریش ده‌كه‌ی هه‌ر ڕۆژگارێ له‌و مێژووه‌ پڕ له‌ كه‌ندو كۆسپه‌ ئادگار و سیمای سه‌رده‌مه‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌ ، وه‌ختێ خه‌باتی سیاسیمان هه‌ناسه‌یه‌كی هاتبێته‌وه‌ به‌ر ، ڕۆژنامه‌نووسیمانی لێ بێ به‌ش نه‌بووه ‌و به‌هره‌ی له‌ هه‌ردوو لایه‌نی ئازادی نووسین و ته‌كنیكی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ لێ وه‌رگرتووه‌؛ ئه‌گه‌رچی ئه‌و به‌هره‌ وه‌رگرتنه‌یش له‌ كاریگه‌ریی ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ده‌ر نه‌بووبێ كوردستان و كوردیان به‌سه‌ر دابه‌شكراوه ‌، له‌وانه‌یش به‌نموونه‌ به‌شی خوارووی كوردستان كه‌ زیاتر به‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی عه‌ره‌بیه‌وه‌ په‌یوه‌ست بووه‌ ، ڕۆژنامه‌گه‌ریی عه‌ره‌بیش له‌ خۆیدا و به‌شایه‌دی و دانپێدانانی خودی خۆیان به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی دونیا تاڕاده‌یه‌كی زۆر به‌هۆی گه‌لێك ئه‌گه‌ر دواكه‌وتوو بووه ‌و زیاتر به‌ لۆژیكی سه‌ركوتكردن و سانسۆركردنه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كراوه‌ و به‌عه‌قڵیه‌تێك كه (تاڕاده‌یه‌ك ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ) گۆڕان و كه‌شوهه‌وای گۆڕان ڕه‌ت ده‌كاته‌وه ‌و هیچ حسابێكی بۆ ڕای گشتی و ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ (بێ لایه‌نی ڕوانین) نه‌كردووه .

له‌ سه‌ره‌كه‌ی تریش ڕۆژنامه‌نووسیی عه‌ره‌بی ده‌چێته‌وه‌ ناو ڕۆژنامه‌نووسیی ئه‌وه‌ی به‌ (جیهانی سێ یه‌م) ناسراوه ‌، كه‌ هه‌میسان ڕۆژنامه‌نووسیییه‌كی دواكه‌وتوو بووه‌ له‌ چاو ڕۆژنامه‌نووسیی ئه‌ورووپا و وڵاتانی دیكه‌ كه‌ به‌ سیسته‌می دیموكراسیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن.

داخۆ ڕۆژنامه‌نووسیی كوردی له‌ چ ئاستێكدا بوو بێ كه‌ هه‌ر له‌ خۆیدا دووچاری گه‌مارۆی كولتووری له‌سه‌ر بووه ‌، كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ خۆیشی گه‌فی له‌ناوبردن و جینۆسایدكردنی له‌سه‌ربێت؟

• ڕاپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١ وه‌ك چۆن كوردستانی خسته‌ قۆناخێكی نوێ ، به‌ هه‌موو چاك و خراپییه‌وه‌( كه‌ ئێره‌ و سرووشتی ئه‌م نووسینه‌ جێی كولاندنه‌وه‌ی برینان نییه‌) ، ڕۆژنامه‌نووسیی كوردیش له‌ هه‌ردوو ڕووی چلۆنایه‌تی و چه‌ندایه‌تیه‌وه‌ به‌هره‌یه‌كی باشی له‌و قۆناخه‌ وه‌رگرت كه‌ به‌ڕاستی ده‌توانین به‌قۆناخی زێڕینی دابنێین له‌ هه‌موو مێژووی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی … به‌ڵام !
ئه‌و (به‌ڵام)ــه‌یش بێ ده‌ستی مرۆڤ دێته‌پێش به‌وه‌ی كه‌ش وهه‌وای ڕاپه‌ڕین و تاقیكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ سی ساڵ ، به‌هه‌موو تاڵی و شیرینیه‌كانییه‌وه‌ هێشتا ئه‌وه‌ی فێرنه‌كردین بتوانین وتارێكی ڕۆژنامه‌نووسیی پێكبهێنین و په‌رده‌كان لابده‌ین و په‌نجه‌ره‌ داخراوه‌كان بكه‌ینه‌وه ‌، هه‌نگاو له‌ مه‌مله‌كه‌تی وه‌ستاو و دۆگمای ئایدیۆلۆژیاوه‌ ، به‌ ده‌رهاوێشته‌ قێزه‌وه‌نه‌كانییه‌وه‌ به‌ره‌و ئاقاری سه‌ربه‌ستی و ئازادی باوێین ، به‌و ئاراسته‌یه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی وه‌ك پیشه‌ چاو لێ بكه‌ین ،
پیشه‌ی ماندوو بوون و گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و ڕاستیانه‌ی ڕێگایان ڕۆشن ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌مانخه‌نه‌‌ سه‌ر ڕاسته‌ شه‌قامی ئه‌وه‌ی هه‌ر خۆمان پێشتر نوقڵانه‌مان بۆ لێ ده‌دا ..
به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ نه‌مانتوانی ڕۆژنامه‌نووسیی وه‌كو پیشه‌ بناسین و بناسێنین، به‌ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێ له‌و ڕۆژنامانه‌ی به‌ناوی ئه‌هلی و سه‌ربه‌خۆیش بڵاوكراونه‌ته‌وه ‌، باوه‌كو له‌ وێنه‌ی ئه‌زموونێكی تازه‌ له‌ مێژووی ڕۆژنامه‌نووسیی كوردیدا ده‌ركه‌وتبن ، ئه‌وانیش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌واڵ و ده‌رهاوێشته‌كانی هه‌واڵ له‌ مه‌داری وروژاندن نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ و نه‌گه‌یشتووه‌ به‌وه‌ی به‌هێزی بابه‌تیی بوون و به‌رپرسیاریه‌تیه‌وه‌ گرفت و برینه‌كان بخه‌نه‌ به‌ر ڕووناهی…

هه‌میشه‌ ده‌بینین پرسیاره‌ وروژێندراوه‌كانیش له‌وچه‌شنه‌ ڕۆژنامانه‌دا دوور نین له‌ دنه‌دان و ئه‌نگیزه‌ی به‌سیاسه‌ت و جیهانی ڕكابه‌ری سیاسه‌ته‌وه‌ داپۆشراو.. (هه‌ریه‌ك بۆ له‌یلای خۆی)..

دیاره‌ ڕۆژنامه‌كانی تریش كه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان چاپیان ده‌كه‌ن لێره‌دا جێی باس نابن ، به‌وپێیه‌ی هه‌ر ڕۆژنامه‌یه‌ك له‌و ڕۆژنامانه‌ یا هه‌ر كه‌ناڵێكی میدیای زمانحاڵ كه‌ له‌و لایه‌نانه‌وه‌ باروبوو ده‌كرێن بێگومان په‌یوه‌ست ده‌بن به‌ سیاسه‌تی ڕه‌نگ بۆ ڕێژراویان كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ڵێین هه‌رگیز مه‌به‌ستمان له‌وه‌ نیه‌ بڵێین ڕۆژنامه‌ یا میدیای حزبی خزمه‌تی ڕۆژنامه‌نووسیی كوردی نه‌كردووه ‌، یاخود له‌و ڕه‌وته‌دا كورتی هێناوه‌ كه‌ ده‌چێته‌وه‌ ناو ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه‌ به‌جۆش و خرۆشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی دوای ڕاپه‌ڕین.

به‌ڵام كه‌ ده‌ڵێین جێ ی باس نیه ‌، له‌و ڕوانگه‌ و جیهانبینی یه‌وه‌ بۆی ده‌چین كه‌ ئاسان نییه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی مولته‌زیم ، پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی وه‌ك پیشه‌ ببینێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ته‌ ڕه‌نگ بۆ ڕێژراوه‌كان.

• پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی وای نابینم كاری گۆڕینی كۆمه‌ڵگه‌ بێ ، هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی به‌ په‌رۆشی و مه‌سئوولیه‌ته‌وه‌ پرسیاران بوروژێنێ .. لێره‌شدا ڕۆژنامه‌نووس پیشه‌ی به‌ته‌نیا وه‌ك سه‌رچاوه‌ی بژێوی چاو لێ ناكا كه‌ ده‌سكه‌وتێكی كاتی تێدایه‌، به‌ڵكو به‌ نیشانه‌ی په‌یوه‌ندی خۆی به‌خوێنه‌ر و به‌ به‌خت و ویژدانی خۆی له‌ گه‌یاندن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕووداو و پێشهاتان ، به‌تایبه‌تی له‌وه‌ی به‌چه‌ندین په‌ڵپ و بیانوو ، له‌ پێشه‌وه‌شیان بیانووی (به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكان)، كه‌ هه‌میشه‌ سه‌رپۆشكردنی پرسیاره‌كانی پێ ده‌سپێرێ..

مه‌سه‌له‌كه‌ له‌و هاوكێشه‌یه‌ش له‌ تركزه‌تره‌ كه‌ له‌ پێشدا له‌ مه‌سه‌له‌ی (ئازادی و مه‌سئوولیه‌تدا) خستمانه‌ڕوو..
مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی سه‌رپۆش لادان بۆ سه‌لماندنی پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی وه‌ك پرۆژه‌یه‌كی په‌یوه‌ست به‌ پرۆسه‌ی ده‌ركه‌وتنی ڕۆژنامه‌نووس له‌ قاڵبی پیشه‌وه‌رێكی مرۆڤانه‌ و دوور له‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك و بایه‌خدان به‌ هه‌واڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و ده‌رهاوێشته‌كانی به‌گوڕوتینی بایه‌خدان به‌هه‌واڵه‌كانی ناوخۆ و به‌وپه‌ڕی ڕاستگۆیی و په‌یوه‌ندیداری به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمان ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووس ده‌یبینێ نه‌ك …

باس له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمان ده‌كرێ ، نموونه‌یه‌كم لێره‌دا دێته‌وه‌ بیر له‌ نموونه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی ڕۆژنامه‌نووسێك بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ هه‌واڵێكی بڵاوكرده‌وه‌ له‌وه‌ی به‌كێشه‌ی (نایجیریا)ی چه‌ندساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ، كه‌ ڕووكاری داڕشتنی هه‌واڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌نووسێكه‌وه‌ بوو به‌هۆی كوژرانی زیاتر له‌ 200 كه‌س و برینداربوونی سه‌دانی تر..
پرسیار لێره‌دایه ‌، ئایا ڕۆژنامه‌نووس له‌ كوێی ویژدان و مه‌سئوولیه‌تی ڕۆژنامه‌نووسیدا ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ی به‌كوشتن دا؟!

وه‌كی دی ، چاوت لێیه‌ ڕۆژنامه‌نووس زۆر هه‌واڵی گرنگ به‌قوربانی خواستی ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن ده‌كا و خوێنه‌ر له‌ ڕاسته‌قانیی هه‌واڵه‌كه‌ بێ خه‌به‌ر ده‌مێنێته‌وه‌.

• له‌ ڕاست بارودۆخی ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و ڕۆژنامه‌نووسی كورد، وا پێ ناچێ هه‌وڵێكی جیدی درابێ ڕۆژنامه‌نووسیی وه‌ك پیشه‌ چاو لێ بكرێ ، به‌وه‌ی نه‌ریتێكی ڕۆژنامه‌نووسیانه‌ له‌ كایه‌ی ڕۆژنامه‌نووساندا ده‌ربكه‌وێ كه‌ ڕه‌هه‌ند و مه‌ودایه‌كی وای پێ بدا له‌ بواری جێوه‌ڕییدا ببزوێ و له‌ مه‌داری دۆگمای ئایدیۆلۆژیا و ده‌رهاوێشته‌كانیدا و به‌هه‌ند نه‌زانینی خوێنه‌ر و بینه‌ر و گوێگر بترازێ و ببێ به‌ به‌شدارێكی كارا و متمانه‌ پێكراو له‌ پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێسه‌ندنی شارستانی و چه‌كێكی كاریگه‌ر له‌به‌رامبه‌ر لاده‌ران و ڕێپێهه‌ڵه‌كردن و په‌رده‌پۆش كردنی ڕاستییان .

نه‌ژاد عزیز سورمێ




مارکس و ئەنارکیزم.. بەشی یازدەیەم و کۆتایی.. و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

VI
بەشی یازدەیەم و کۆتایی

کاتێک شۆڕش لە ئیسپانیا لە ساڵی 1873دا هەڵگیرسا، ئەندامانی نێونەتەوەیی کە نزیکەی هەموویان ئەنارکیست بوون، داواکاریی حزبە بۆرژوازییەکانیان پشتگوێ خست و ڕێڕەوی خۆیان بەرەو دەستبەسەراگرتنی زەوی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانیان بە ڕۆحییەتی شۆڕشی کۆمەڵایەتییەوە پەیڕەو کرد. مانگرتنی گشتی و یاخیبوون لە ئەلکۆی، سان لوکار دی بارامێدا، سێڤییل/ ئەشبیلییە ، کارتاجێنا (Alcoy, San Lucar de Barrameda, Seville, Cartagena ) و شوێنەکانی دیکە سەری هەڵدا، کە هەر دەبوایە بە خوێنڕشتن کپبکرێنەوە. بەندەری کارتاجێنا زیاتر درێژەی کێشا بە مانەوەی لە دەستی شۆڕشگێڕاندا تا دواجار کەوتە ژێر هێڕشی ئاگرینی کەشتییە جەنگییەکانی پرۆسیا و ئینگلیز. لەو کاتەدا ئەنگڵس هێرشێکی توندی کردە سەر باکونینیستەکانی ئیسپانیا لە ڤۆڵکسستات (Volksstaat ) و بەهۆی ئامادەنەبوونیان بۆ یەکخستنی هێزەکانیان لەگەڵ کۆمارییەکان. ئەگەر ئەنگلس تەمەنی بواری بدایە ، دەبوایە چۆن ڕەخنەی لە قوتابییە کۆمۆنیستەکانی لە ڕووسیا و ئەڵمانیا بگرتایە!!
دوای کۆنگرەی ئاهەنگگێڕانی ساڵی 1891 کاتێک سەرکردەکانی بەناو “گەنج/لاو” لە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی دەرکران، بە هەمان تۆمەت کە لینین دەبوو بیکات، دژی “هەلپەرستەکان” و “کاوتسکییەکان”، پارتێکی جیاوازیان لەگەڵ ڕۆژنامەکەیان دێ سۆسیالیست (Der Sozialist ) لە بەرلین دامەزراند. لە سەرەتادا بزووتنەوەکە لە ڕادەبەدەر دۆگماتیک بوو و بیرکردنەوەی نزیك بوو لە بیرکردنەوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمڕۆ. بۆ نموونە ئەگەر کەسێك کتێبی پارلەمانتاریزم و چینی کرێکاری تێستلەر (Teistler ) بخوێنێتەوە، ئەوا هەمان بیرۆکەکانی کتێبی ‘ دەوڵەت و شۆڕشی’ لینین-ی دێنە سەر ڕێی. وەك بەلشەفییکە ڕووسییەکان و ئەندامانی پارتی کۆمۆنیسی ئەڵمانی، سۆشیالیستە سەربەخۆکانی ئەو سەردەمە بنەماکانی دیموکراسییان ڕەتکردەوە، هەروەها بەشداریکردنیان لە پەڕلەمانە بورژوازییەکانا لەسەر ئەساسی بنەما ڕیفۆرمخوازەکانی مارکسیسزم، دایەدواوە.
کەواتە ئەنگڵس چی دەگوت سەبارەت بەم “گەنجانە/لاوانە” کە وەک کۆمۆنیستەکان دڵخۆش بوون بە تۆمەتبارکردنی سەرکردەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات بە خیانەت لە مارکسیزم؟ لە نامەیەکی بۆ سۆرجی (Sorge ) ، ئەنگڵسی بەساڵاچوو لە ئۆکتۆبەری 1891 بەم شێوە میهرەبانییە بۆی دەنوسێت “بەرلینییە نەخۆشەکان لەبری ئەوەی وەک تۆمەتکار بمێننەوە، تۆمەتبار کراون، و وەک ترسنۆکە بێ هوودەکان ڕەفتاریان کردووە، ئەگەر بیانەوێت هەر کارێک بکەن، ناچاربوون کە لە دەرەوەی حیزب کار بکەن. بێ گومان لە نێویاندا دەستە و دیمەنی پۆلیس و کریپتۆئانارکیست هەن کە دەیانەوێت لە نێو گەلەکەماندا کار بکەن. هاوشان لەگەڵ ئەوان ژمارەیەک گەوج و خوێندکاری هەڵخەڵەتێنراو و کۆمەڵێکی جیاوازی بێ ئەدەب لە جادووگەر هەن . بە گشتی نزیکەی دوو سەد کەسن.”
بەڕاستی سەرنجڕاکێش دەبێت بزانین ئەنگڵس بە چ وەسفێکی جوان ڕێزی لە “کۆمۆنیستەکانی” ئەمڕۆمان دەگرت، لەگەڵ ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن “پارێزەری بنەما مارکسیستەکانن”.

VII
تایبەتمەندیکردنی / کاراکتەرایزکردنی میتۆدەکانی سۆسیال دیموکراسی کۆن مەحاڵن. لەو بارەوە لینین یەک وشەی نییە بیڵێت و هاوڕێ ئەڵمانییەکانیشی تەنانەت کەمتریان هەیە. دەبێ زۆربەی سۆسیالیستەکان گێڕانەوەی ئەم وردەکارییەیان لەبیر بێت بۆ ئەوەی نیشانی بدەن کە ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی مارکسیزمن؛ هەرکەسێک زانیاری لەسەر مێژوو هەبێت لەگەڵیان هاوڕا دەبێت. ئەوە مارکسیزم بوو کە کاری پەرلەمانیی بەسەر چینی کرێکاردا سەپاند و ئەو ڕێگایەی دیاری کرد کە پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانی پەیڕەوی لێکرد. تەنها کاتێك کە تێگەیشتن لەمە هەبوو، مرۆڤ تێدەگات کە ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵایەتی وێڕای دژایەتی مارکسیزم دەمانگەیەنێتە خاکی بەختەوەری ئەنارکیزم.

تەواو

و: زاهیر باهیر




رزگارکـردنی چـوار منـداڵ دوای چـل رۆژ.. و: رەزا شـوان

چـوار منـداڵی کـۆڵـۆمبی، دوای کەوتنـەخـوارەوەی فـڕۆکـەکەیـان، چـۆن دوای (٤٠) رۆژ لە جەنگەڵە چڕەکانی ئەمازۆنی کۆڵـۆمبیادا بە زیندوویی مانەوە ڕزگاریـان بوو؟
چـوار منـداڵی کـۆلـۆمبی کە (٤٠) ڕۆژ لەمـەوبەر، لە کەوتـنەخـوارەوەی فـڕۆکەیـەکی بچـووک، کە هـەڵـیگرتبـوون ڕزگاریان بـوو. لە جەنگەڵەکانی کـۆڵـۆمبـیا بە زینـدووی دۆزرانەوە، ئەمەش ڕووداوێکە کە زۆرێک بە پەرجـۆ”موعجـیزە” وەسفیان کردووە.
لـێسلی (١٣ ساڵ)، سۆلـینی (٩ ساڵ)، تیـێن نوریێـل (٤ ساڵ) و کریستین (١ ساڵ) لە جەنگەڵ ڕزگارکران و ئێستا لە نەخۆشخانەی سەربازیی (بۆگۆتا) چارەسەر وەردەگرن.
منـداڵەکان سەر بە هـۆزی ڕەسەنی ویتۆتـۆن و لە دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جۆری (سیسنا ٢٠٦ ) کە ئەوان و دایک و باوکـیان وئامۆزایەکـیان و فـڕۆکەوانەکەی هـەڵگـرتبـوو، کەوتە خوارەوە و تێکشکا. لە دارستانـەکەدا ون بوون. ئەو سێ کەسە پـێگەیـشـتووە مـردبـوون و تەرمەکـانیـان لە شـوێـنی ڕووداوەکە دۆزراونـەوە. بـەڵام چـوار منـداڵـەکە، نە بە زینـدوویی و نە بە مـردوویی دیـارنەبـوون و نەدۆزرانـەوە.
هـێزێک سەربـازی کە لە (١٠٠) سەربـاز پـێکهاتبوون، چەنـدیـن سـەگی راهـێنراوی پـۆلـیسی، چەنـد هـێـلیکـۆپتـەری سەربـازی، خـەڵکـیـیەکی زۆری نـاوچـەکە، بـە نـاو دارسـتانەچـڕەکانی ئەمـازۆنـدا دەگـەڕان کە نـاویـان لـێنابـوو ” گـەڕانی هـیوا” کە بۆ دۆزینـەوەی چـوار منـداڵـەدا دەگـەڕان. کە ناوچەیەکی پـڕ لە مەتـرسی و دژوارە. پـڕە لە پـڵـنگ رێـوی و ئـاژەڵی دڕنـدە و لە جـانـەوەری زیـانبەخـەش. تێکـڕاش (٢٦٥٦) کیلـۆمەتـر بەم دارستانـدا گەڕان، رۆیشتنی نـاو دارستانیش زۆر زەحمەت و سامناکە.
زۆر کەس پرسیاری ئەوەیـان کرد، کە چـۆن ئـەم منـداڵانە تـوانیویانە بۆ ماوەی (٤٠) ڕۆژ لە جەنـگەڵـدا بـمێنـنەوە و بـژیـن.
لەو چـوارچێـوەیەدا تـۆڕی “فـۆکس نیـوز”ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسان و ئەندامانی بنەمـاڵەی ئەو منـداڵانەوە بڵاویکردەوە، بە خواردنی ئاردی کاساوا و میـوە و میوەکانی نـاو دارسـتانەکە تـوانیـویـانە بـۆ مـاوەی (٤٠) ڕۆژ بـژیـن.
مامی منـداڵـەکان (فـیدنسیۆ ڤالـێنسیا) بە ڕۆژنـامەنووسانی ڕاگەیـاند: “کاتێک فـڕۆکەکە کەوتە خوارەوە، برازاکانم ئاردی (کاسوایـان) لە پاشـماوەی فـرۆکە تێکشکاوە دەرهـێنا بوو و بەم شـێوەیە ڕزگـاریـان بـوو.
ڤـالـێـنسیا زیـاتر لەسەری رۆیی و وتی:”دوای ئەوەی ئاردەکەیـان تەواو بوو، دەستیان بە خـواردنی تـۆو و میـوە کـردبوو”.
(ئاسـتریـد کاسـێـریـس) سـەرۆکی پەیـمانـگای کـۆڵـۆمـبی بـۆ خـۆشگـوزەرانی خـێـزان، ڕایگەیـانـد، منـداڵەکان بەخـتیان باش بـووە، چونکە ڕووداوەکە لە کۆتاییەکانی بەهاردا ڕوویـداوە کاتـێک دارسـتانەکە ” لە کـاتی دروێـنـەکـردنـدایـە.”
هەرچەنـدە ئەم رووداوە لە (١) مانـگی مایـۆدا رووی دا، لە شوێنی کەوتنەخـوارەوەی فـڕۆکەکەدا، ئەو منـداڵانە نەدۆزرانـەوە، بەڵام تـیمی ڕزگارکەران هـەنـدێک بەڵگەیـان لەسـەر مـانـەوەیـان دەسکـەوت، لـەوانـەش: دۆزیـنـەوەی شـوێـن پـێـیـان و دایـبی و شـووشەیەکی منـداڵ و میـوەی ددانی منـداڵ.
منـداڵەکان نـزیـکەی پـێـنج کیلـۆمەتـر لە دووری شوێـنی کەوتنەخوارەوەی فـڕۆکەکە دۆزراونـەوە.
ژەنـەڕاڵ (پـێـدرۆ سـانچـێـز) کـە سەرکـردایـەتی گـەڕانـەکەی کـردووە، سـەبـارەت بە ڕزگـارکـردنیان وتی: کاتێک کە ئێمە ئەم منـداڵانەمان دۆزینەوە زۆر لاواز ببـوون. بە دڵـنیاییـەوە هـێزیـان تەنهـا ئەوەنـدە مابـوو، کە بتـوانـن هـەنـاسە بـدەن یان دەسـت بۆ میـوەیەکی بچووک بۆ خۆاردن بەرن یا بۆ خواردنەوەی دڵـۆپێک ئاو لە دارستانەکەدا.
وتـیشی:” منـداڵەکـانمان دۆزییـەوە، ئەمـە پەرجـۆیـە، پەرجـۆیـە، پەرجـۆیـە”. ئەمـە “رۆژێـکی جادوویـیە”.
خاڵـۆزاى منـداڵەکان بە ڕادیـۆیەکی کـۆڵـۆمبـیاى ڕایگەیانـد، کە ئاوچەوانی منداڵەکان پـڕن لە بـریـنی شـوێـنی پێـوەدانی مێـشـوولە، بـەڵام بە پـێـچـەوانـەوە “باشـن”.
داپیـرەی منـداڵەکـان (فـاتـیمە ڤـالـێـنسیا) ش لای خـۆیەوە ئامـاژەی بـەوەدا، کە ئەوە سـروشتی “جـەنـگاوەری” لـێـسلی خـوشـکە گـەورەیـان بـووە، کـە ڕێـگەی داوە لە ژیـانـدا بمـێنـنەوە.
داپیـرەیان ئاماژەی بەوەشکـرد:” لـێسلی بەزۆری ئاگاداری خوشک و بـراکانی بووە، کـاتـێک دایـکی کـاردەکـات. ئەو (کاساوا) و میـوەی دارسـتـانی پـێـدەدان”.
دوای راگەیـاندنی ڕزگـارکردنی ئەو منـداڵانە ، سەرۆکی کۆڵـۆمبـیا (گـوستاڤـۆ پێـترۆ) ئـەو منـداڵانـەی بە “نمـوونەی مـانەوە” وەسفکـرد و پـێـشبینیکـرد کە داسـتانەکەیان “لە مێـژوودا دەمێـنـێـتـەوە” وتیشی:”منـداڵەکان بە تەنیـا بـوون، توانیویانە بە تەنیا بـژیـن.. بە خـۆڕاگـرییان و میهـرەبـانی دارسـتانەکە رزگـاریان بـوو “.

https://www.nst.com.my/world/world/2023/06/919086/im-hungry-colombia-child-tells-rescuers-after-40-days-jungle




پێگە و ئاسۆی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی.. دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقواییدا

وەرگێڕانی:کاوە عومەر
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە
حەسەن ساڵحی: لەگەڵ کوشتنی مەهسا، بزووتنەوەیەکی بەرفراوان دەستی پێکرد، کە لە هەفتەی یەکەمدا چالاکوانەکانی بە شۆڕش ناساند. وتیان “مەڵێ ناڕەزایەتی پێی دەوترێت شۆڕش”. ئەم ڕاپەڕینە هەلومەرجی سیاسی ئێرانی بەتەواوەتی گۆڕی و سەرنجی جیهانی ڕاکێشا. بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بزووتنەوەکە کەم بووەتەوە. ئاماری گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کەمی کردووە، ژمارەی ئێعدامەکان زیادی کردووە، حکومەتەکانی ڕۆژئاوا گەڕاونەتەوە بۆ پەیوەندییە ئاشتەواییەکانی پێشوویان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و پێدەچێت دۆخەکە ئاسایی بێتەوە. ڕای ئێوە چییە؟ ئایا دەتوانین هێشتا باسی بەردەوامی شۆڕش بکەین؟
حەمید تەقوایی: ئەو خاڵانەی باست کرد ڕاستن، بەڵام ئەمانە بە مانای ڕاوەستان یان کۆتاییهانی شۆڕش نیە .
هەرچەند خۆپێشاندان و گردبوونەوە و مانگرتن لە هەر شۆڕشێکدا پایە و شێوازی سەرەکی ناڕەزایەتین، بەڵام شۆڕش تەنیا بەمەوە سنووردار نییە. شۆڕش گۆڕانکارییەکی فرەلایەنتر و هەمەلایەنەترە و ئێمە ئەم گۆڕانکارییە لە ئێراندا لە ڕەهەندی جیاوازدا دەبینین. بارودۆخی سیاسی ئێستای ئێران بە ڕوونی نیشان دەدات کە کۆمەڵگە لە ئاستێکی بەرفراوان و لە لایەنی جۆراوجۆرەوە دژی کۆماری ئیسلامی هەڵسوکەوتی کردووە و ئەم ڕەوتە تا دێت بەرفراوانتر دەبێت. زۆر هەڵسوڕاوانی پیشەی و مەدەنی و سیاسی و تەنانەت هونەری و وەرزشی کە پێشتر بەشداریان لە سیاسەتدا نەکردووە، بوونەتە جێی شانازی و ڕۆژانە تەحەدای حکومەت دەکەن لەسەر ئاستێکی فراوانتر، بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە و ئاشکرا بە ناو و وێنەی خۆیانەوە. لە لایەکی تریشەوە دەبینیت کە بێ حیجابی بەربڵاو و سەرتاسەری بووتەوەە. بەپێی ئامارەکانی خۆیان، ٢٠%ی ژنانی تاران دەستبەرداری حیجاب بوون. ئامارە ڕاستەقینەکان لەمانە زیاترن، بەڵام تەنانەت ئەم ٢٠٪ە، واتە زیاتر لە یەک ملیۆن ژن لە تاران بەبێ حیجاب لە شەقام دەردەکەون. بارودۆخەکە لە زۆرێک لە شارەکانی تریش هەر بەو شێوەیە.
پێشهاتێکی دیکەی گرنگ بریتییە لە زیادبوونی بڵاوبوونەوەی جاڕنامە، بەیاننامە، بانگەواز و داواکاری دژ بە کۆماری ئیسلامی و سیاسەت و سەرکوتەکانی حکومەت. ئەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن ڕێکخراوە ناسراو و جەماوەریی و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان، گەنجان و قوتابیان، مامۆستایان، خانەنشینان، بزووتنەوەی دادگاییکردن و هتد بڵاو دەکرێنەوە و داواکاری و ئامانجەکانی شۆڕش ڕادەگەیەنن. ناوەڕۆکی ئەم جاڕنامە و بەیاننامانە زۆر لەوە زیاترە کە داواکاری و داخوازیەکی پیشەیی و بژێوی ژیان و لە ڕاستیدا ئامانج و داخوازییەکانی شۆڕش ڕادەگەیەنێت و لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ڕوخاندنخوازی هەموو کۆمەڵگا دادەنرێت.
هەروەها جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێمە هەمیشە جیاوازیمان لە نێوان شۆڕش و بزووتنەوەی ڕووخاندن کردووە. ڕووخاندن ڕەوتێک و بزووتنەوەیەکی بەردەوامە کە ماوەیەکی زۆرە (لە ڕاپەڕینی ١٨ی تیری ١٣٧٨ەوە) لە دڵی کۆمەڵگادا، و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی وەک ڕاپەڕینی ١٣٨٨، ١٣٩٦، ١٣٩٨ و شۆڕشی ئێستا لە ڕاستیدا خاڵی لوتکەیە لە بزووتنەوەی ڕووخاندن. ئەمڕۆ بەبێ گوێدانە هەوراز و نشێوی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری، دەکرێ بڵێین بزووتنەوەی ڕووخاندن چالاکتر و فراوانتر و بەهێزترە لە جاران.
لە بارودۆخی ئێستادا ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک و حکومەت بە ڕوونی لەسەر مان و نەمانی کۆماری ئیسلامییە. تەنانەت لە وەرزشوانان و هونەرمەندان و سینەماکاران و خەڵکی ئاساییشەوە، هەموو ڕۆژێک تەحەدای حکومەت دەکرێت. دوانموونەی هەڵپەڕکێ و دڵخۆشی خەڵک لە شەقامەکاندا لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی خومەینی بوو. دەتوانن لە سۆشیال میدیا کلیپەکان ببینن کە خەڵک لە شەقامەکاندا سەما دەکەن و شادی دەکەن و بە مۆسیقا و سەمای سەر شەقامەکان “ماتەمینی” خۆیان بۆ کۆچی دوایی خومەینی ڕادەگەیەنن! یان لە وەڵامی قسەکانی خامنەیی، دروشمی “خامەنەی بۆگەن، بکەری هەموو تاوانێک” دەڵێنەوە.
هەموو ئەمانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە کۆمەڵگە عەزمی جەزم کردووە کە خۆی لە شەڕی ئەم حکومەتە ڕزگار بکات و ئەمە نەک تەنها لە بیرکردنەوە و ئارەزووەکانیدا بەڵکو لە کردەوە و چالاکییەکانی ڕۆژانەیدا دەبینن.
بە کورتی خۆپیشاندان و گردبوونەوەکانی سەر شەقامەکان بە بەراورد بە ٤ مانگ لەمەوبەر کەمی کردووە، بەڵام لە ئاستی سەرتاسەریدا کردەوە و چالاکییە ڕوخاندنخوازانەکان لە زیادبووندایە. شۆڕش بە قۆناغ و شێواز و فۆڕمی خەباتی جیاوازدا تێدەپەڕێت، بەڵام بە هێزەوە بەردەوامە.
حەسەن ساڵحی: تایبەتمەندی و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ئێستا چین؟ وە چۆن جیاوازە لە ئەزموونەکانی ڕابردووی وەک ڕاپەڕینی ١٣٩٦ و ١٣٩٨؟
حەمید تەقوایی: بارودۆخی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە. خاڵی یەکەم ئەوەیە کە ئەم شۆڕشە هەر لە سەرەتاوە پرۆسەیەکی وەرگرتووە کە لە ئەزموونەکانی ڕابردوودا بوونی نەبووە. هەر لە هەفتەکانی یەکەمی پێکهێنانی ئەم بزووتنەوەیە، وەک لە پێشەکیدا ئاماژەت پێدا، خەڵک و گەنجانی بەشدار لە ناڕەزایەتییەکاندا ڕایانگەیاند کە ئەمە شۆڕشە. ئەمە تەنها ناوێک نییە، بەڵکو گرنگیی تێکۆشەرانی شۆڕش و پێگەی خەباتیان نیشان دەدات و لەوەش گرنگتر ڕاگەیاندنی ئەم ئامانج و ئیرادەیە کە دەمانەوێت شۆڕشێک بکەین و هەموو ئەم سیستەمە لە ڕیشەی خۆیان هەڵبکەنین. وە تا ئەمڕۆش دەڵێن تا کۆتایی ڕاوەستاوین.
دەبینیت ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٣٩٦ و ١٣٩٨ لەلایەن ئێمە واتە حزبی حزبی کرێکارییەوە بە شۆڕشگێڕانە دادەنرا، بەڵام کەس لە شەقامەوە هاوارێکی نەکرد کە ئێمە شۆڕش دەکەین یان دەمانەوێت شۆڕش بکەین. و دوای ئەوە هیچ بزووتنەوەیەک دروست نەبوو کە بەم شێوەیە لە سەرانسەری ئێران و لەسەر ئاستی جیهانیدا خۆشەویستی و ئیعتیبار پەیدا بکات.
لەبیرت نەچێت بەشێکی زۆری ئۆپۆزسیۆن، هەموویان جگە لە کۆمۆنیستە شۆڕشگێڕەکانی وەک حزبی ئێمە، لە بنەڕەتدا دژی دیاردە و چەمکی شۆڕش بوون. لە ژینگەی سیاسیدا، بۆ ماوەیەکی زۆر باس لە گۆڕانکاری لە سەرەوە و ڕژێمی چنچ و هەڵوەشانەوە و… دەکرا. تەنانەت ئەو هێزانەی دەیانویست بڕوخێنن باسی شۆڕشیان نەدەکرد، بەڵکو باسیان لە ڕووخان و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵات و هاوشێوەکانی دەکرد. ئه مڕۆ ئه م گوتارانه به ته واوی گسکدراون و جێگه یان به شۆرشێکی شکۆدار و به ڕفراوان داوه .
خاڵێکی تر ئەوەیە کە سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانە بوەتە خاوەنی سەروەریەکی زۆرتر. ئەو مانگرتنانەی کە ئەمڕۆ لە پیشەسازی نەوتدا بەڕێوەدەچن، ڕێکخراو و ڕێکخستن، شورای ڕێکخستنی کرێکارانی گرێبەستی نەوتمان هەیە، شورای کرێکارانی لایەنی سێیەمیشمان هەیە، هەروەها شورای هاوئاهەنگی پەروەردەکارانیشمان هەیە، کە ڕۆڵی زۆر گرنگی لە ناڕەزایەتی مامۆستایانداهەیە، لەوانەش لە ناڕەزایەتی دژی ژەهراویبووندا… هەروەها نزیکەی ٥٠ ڕێکخراو لە زانکۆ جیاوازەکان و شارە جیاوازەکان پێکهێنراون و لە ڕاستیدا بەشدارن لە جوڵەی شەقامەکاندا. ئەوان تەنها بانگەواز ناکەن، بەڵکو ڕێکدەخەن، ئامادەکاری دەکەن و دەبینن وهتد.
جگە لە چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوانەی کە مێژوویەکیان لە بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکەدا هەیە، ڕێکخراوەکانیش لە دڵی شۆڕشدا دروست بوون. ڕاپەڕینەکانی ساڵانی ١٣٩٦ و ١٣٩٨ تا ڕادەیەکی زۆر خۆبەخۆ بوون. بەڵام ئەم شۆڕشە دوای چەند هەفتەی یەکەم خۆی ڕێکخست. مانگرتن، خۆپیشاندانی سەرشەقام، دروشمی شەوانە، گرافیتی، دڕاندن و سووتاندنی لافیتە و تابلۆی حکومی و هتد، ئەمانە هەمووی ڕێکدەخرێن. وە بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو ڕێکخراو و کۆڕ و کۆبوونەوانە کە لە دڵی شۆڕشدا پێکهێنراون، بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی خوێندکاری و لاوان، ئەنجامدەری لەم بزووتنەوەیانەن.
بە گشتی کۆمەڵگە شێوە و پێکهاتەیەکی وەرگرتووە، کە پێم وایە تایبەتمەندی شۆڕشەکانە لە هەموو شوێنێکی تری دونیادا.
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، جاڕنامەکان بڵاوکراونەتەوە کە بە ڕوونی و ڕاشکاوی ئامانج و داواکارییەکانی شۆڕش دەخەنە ڕوو. لەوانەش جاڕنامەی کەمترین داواکاریەکان لەلایەن ٢٠ ڕێکخراوی کرێکاری ناسراو و متمانەپێکراو، مامۆستایان و خانەنشینان، کە پشتیوانییەکی بەرفراوانی لەلایەن زۆرێک لە حزب و چالاکانی ئۆپۆزسیۆنەوە وەرگرتووە. هه روه ها به شێک له هه مان واژۆکارانی جاڕنامه که له به یاننامه و بانگه شه کاندا له دژی ژه هراویکردنی قوتابخانه کان و شه پۆلی ئێعدامه کان ڕاوهستاون. هەروەهاجاڕنامەی داواکاری پێشکەوتنخوازانەی ژنان لە سەروبەندی ٨ی مارسدا لە لایەن ژمارەیەک لە چالاکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنانەوە بڵاوکرایەوە، ڕاگەیاندنی دیکەش بە ناوی چالاکوانان و دامەزراوە ناسراوەکانی چالاک لە ناوخۆی وڵاتدا بڵاو کراوەتەوە.
دەمەوێت ئەوە بڵێم، هەم لەڕووی ناوەڕۆک و گوزارشتێکی ڕوونی ئامانج و داواکارییەکانەوە، چ لەڕووی ئاستی ڕێکخستن و ڕێکخستنەوە، چ لەڕووی خۆئاگاداری کۆمەڵگا، کە خەریکی بەرەوپێشبردنی شۆڕشێکی سەروژێرکەرە، شۆڕشی ئێستا زۆر زیاتر و پێشکەوتووترە لە ڕاپەڕینەکانی وەک ساڵی ١٣٩٦ و ١٣٩٨.
ئەم دەستکەوتانە ناتوانرێت لێسەندنەوە نین. ناتوانێت کۆمەڵگا بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ٩ مانگ پێش ئێستا، هەلومەرجی پێش شۆڕشی ئێستا. وەک نموونە، حکومەت ناتوانێت جارێکی تر حیجاب بەسەر ژناندا بسەپێنێت. ئەویش ئەمە دەزانێت. ئەم یەک گۆڕانکارییە بەو مانایەیە کە یەکێک لە هێماکانی بەها ناسنامەییە-ئایدیۆلۆژییەکانی حکومەت لەلایەن خەڵکەوە تەحەدای کراوە و سەرکەوتوو بووە.
حەسەن ساڵحی: کاریگەرییەکانی شۆڕش لەسەر پێگە و ڕیزەکانی حکومەت چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
حەمید تەقوایی: یەکێک لە دەرەنجامەکانی شۆڕشی ئێستا، بێ ئابڕوویی و ڕسوایی بێوێنە و جیهانیی کۆماری ئیسلامییە.کۆماری ئیسلامی هەمیشە بە سەرکوتکەر و دیکتاتۆر دەناسرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ دۆسیەی نوێ لە دژی ئەم حکومەتە کراوەتەوە کە لە جۆری خۆیدا بێ وێنەیە. پێشتر باس لە دۆسیەی تەقەکردن لە فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر کرا، ئەمڕۆ دۆسیەی هێرشی کیمیاوی بۆ سەر قوتابخانەکان زیادکراوە، دۆسیەی لەسێدارەدانی بێ حساب وکیتاب و پەرەسەندویش کراوەتە، دۆسیەی تەقەکردن لە چاوی خۆپیشاندەران و کوێرکردنیان بەهەمان شێوە باسی لێوە کراوە، و هەموو ئەو تاوانە شۆککەرانەی کە بەهۆی هەوڵی هەڵسوڕاوانی مەیدانی، شۆڕش هەموو ڕۆژێک لە سۆشیال میدیا لەبەردەم چاوی جیهاندایە. ئەم تاوانە بەڵگەدار و ئاشکرایانەی حکومەت لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا، هەموو جیهانی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و دژ بە کۆماری ئیسلامی کۆکردەوە. بە واتایەکی تر فەزیحەی کۆماری ئیسلامی لە سەربانی جیهانەوە کەوتووەتە خوارەوە و ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ هەلومەرجی پێش شۆڕش. ته نانه ت لۆبیسته کانی کۆماری ئیسلامی که پێش ئه م شۆڕشه له ئه مریکا و ئه وروپا چالاک بوون، خۆیان خزاندووهتە ناو گۆشه یه ک و به ته واوی دام ودەزگایان کۆکراوەتەوە.
خاڵی دواتر سەرلێشێواوی و داڕمانی ڕیزەکانی حکومەتە. تەنها هەفتەی ڕابردوو بوو کە حوسێن مورتەزەوی، بەرپرسی زیندانی ئەوین لە ساڵی ١٣٦٧دا، دان بە تاوانەکانی خۆی و حکومەتەکەیدا لەو ماوەیەدا دەنێت و وتی گوناهەکانم تەنانەت بە ئاوی زەمزەمیش ناشۆردرێت. تەنیا یەکێک لە پارچە گرنگەکانی ماشێنی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامییە کە تا ئەمڕۆ کەوتووەتە خوارەوە. تا دێت ژمارەی بەرپرسان و خاوەن پێگە ئەمنیەکانی حکومەت هەمان دۆخیان هەیە. ڕاپۆرتە نهێنییەکانی دیدارەکانی ڕێبەرانی هێزە سەرکوتگەرەکانی حکوومەت لەگەڵ خامنەیی ئاشکرا کران و بەڵگەنامەی دیکە لەوانەش ئەو ئاگادارکردنەوە نهێنیانەی کە ئاشکرا بوون یان هاک کرابوون، ئاماژەن بۆ ترس و نیگەرانی ئەوپەڕی ڕێبەرانی حکوومەت و جیاوازییە بنەڕەتییەکانی بیروڕا لە نێوان بەرپرسانی باڵای بەسیج و سوپای پاسداران و لاوازی و سەرلێشێواویان. ئەم هەڵوەشانەوەیە لە ئاستەکانی دیکەشدا تەواو دیارە، وەک مامەڵەی حکومەت لەگەڵ بزووتنەوەی بێ حیجابیدا. سەبارەت بە پرسی حیجاب، چەندین بۆچوون و سیاسەتی جیاواز و دژ بەیەک لە نێوان حکومەتەکاندا هەیە، ئەمەش بەهۆی بێدەسەڵاتی ئەوانەوەیە لە بەرامبەر ئەو جموجۆڵە بەربڵاوەی بێ حیجابدا. بەگشتی شۆڕشی ئێستا بەشێوەیەکی بێ وێنە ڕیزەکانی حکومەتی پەکخستووە.
لە لایەکی ترەوە دەبینین کەسایەتییە باڵاکانی دووی خرداد وەک میرحوسێن مووسەوی بە ئاشکرا دەڵێن بە چاکسازی و گۆڕینی دەستوور و هتددا تێدەپەڕینن و داوای ڕیفراندۆم دەکەن بۆ گۆڕینی سیستمەکە. تەنانەت قوتابیان و بەشێک لە ئیمامەکانی هەینی شەرعیەتی نیزام دەخەنە ژێر پرسیارەوە. هەموو ئەمانە دەریدەخەن کە حکومەت خەریکە دەڕوخێت.
ئەم بارودۆخە قەیراناوییەی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە شۆڕشی ئێستا هاوسەنگی هێزی نێوان خەڵک و حکوومەتی بە شێوەیەکی بێ وێنە و نەگەڕاوە بە قازانجی خەڵک و بە زیانی حکوومەت گۆڕیوە.
حەسەن ساڵحی: ئایندەی ئەو ئاڵوگۆڕانە چۆن دەبینن؟ ساڵی ڕابردوو کاتێک شۆڕش لە شەهریوەر دەستی پێکرد، خێرایی گۆڕانکارییەکان بە جۆرێک بوو کە زۆر کەس پێیان وابوو حکومەت تا کۆتایی ساڵی ١٤٠١ بەردەوام نابێت. ئێستا شۆڕش چ پێگە و ئاسۆیەکی هەیە ؟
حەمید تەقوایی: پێشبینی ناکرێت کەی حکومەت دەڕوخێت، بەڵام ئەوەی زۆر بەدووری دەزانرێت ئەوەیە کە حکومەت لەم شۆڕشەی ئێستا ڕزگاری بێت. خەڵک باش دەزانن کە حکومەت ڕوەوو نشێوی کەوتن بەڕیکەوتووە. هەروەها دروشمی “ئەمساڵ ساڵی خوێنە سەید عەلی دەڕوخێت” گوزارشت لە هیوا و ئیرادەی خەڵک دەکات بۆ ڕووخاندنی حکومەت، و مەرج نییە وادەیەکی دیاریکراو بۆ ڕووخاندنی حکومەت هەبێت.
ئەوەی گرنگە پێشکەوتنی کۆمەڵگایە بە ئاراستەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. وەک ڕوونم کردەوە شۆڕش ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر و ئیرادەتر و ڕێکخراوتر دەبێت و حکومەت سەرەڕای سەرکوتکردن و لەسێدارەدان نەیتوانیوە ڕێگری لەم پرۆسەیە بکات.
بەگشتی کاتێک حکومەتەکان شۆڕشێک تێکدەشکێنن، دۆخەکە بۆ خەڵک قورستر دەبێت. دیکتاتۆری و سەرکوت توندتر دەبێت، تیرۆر و ترس کۆمەڵگا دەگرێتەوە و نەک تەنها شۆڕش، بەڵکو هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک تەنانەت بە بەراورد بە قۆناغی پێش شۆڕش، هێور دەبێتەوە و کەم دەبێتەوە. ئەمڕۆ ڕەوتی ڕوداوەکان پێچەوانەکەیە. حکومەت لەسێدارەدان ئەنجام دەدات و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە لەسێدارەدانەکان بەرز دەبنەوە و دەبنە سەرتاسەری، حکومەت بە کیمیایی هێرش دەکاتە سەر قوتابخانەکان، بەڵام زۆرتر خۆی ڕسواتر و گۆشەگیر و قەیراناویتر دەکات، دژیبێ حیجابی دەوەستێت و هێڵێک دەکێشێت و بزوتنەوەی بێ حیجابی زیاتر سەرتاسەری دەبێتەوە و هتد هتد. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ پێشکەوتنی شۆڕش.
بەڵام سەبارەت بە ڕەوتی داهاتوو و ڕوانگەی شۆڕش، بەڕای من خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە شۆڕش پاڵاوتەتر دەبێت و لە درێژەی ئەم پڕۆسەیەشدا حزب و هێزە شۆڕشگێڕ و چەپەکان قورسایی زیاتر پەیدا دەکەن.
بە گشتی لەم شۆڕشەدا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ١٣٩٨ و ڕاپەڕینەکانی پێشوو، حیزبەکان پێگەیەکی بەرچاوتریان هەیە. ڕێکخراو و حزبە سیاسییەکان، هەرچەند ئامادەبوون و چالاکییە گشتییەکانیان تەنیا لە دەرەوەی وڵات مومکینە، بەڵام ڕۆڵ و کاریگەرییان لە کۆی پڕۆسەی دۆخەکەدا تەواو دیارە. بەڕای من ئەم ڕۆڵە زیاتر دەبێت، پاڵاوتنی ڕیزەکانی شۆڕش زیاتر دەبێت، جیاوازیی ڕاست و چەپ زیاتر ڕوون دەبێتەوە، ڕووخانیش بەپێی گێڕانەوەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و گێڕانەوەی حیزبەکەمان جیا دەکرێنەوە و پێچەوانە دەکرێنەوە لەگەڵ بۆچوونەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست کە دەیانەوێت دۆخەکە بە کەمترین گۆڕانکاری دەستپێبکەن.
هەر لە سەرەتای ئەم شۆڕشەوە، هەمیشە جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە میحوەری یەکگرتوویی خەڵک، میحوەری هاوپشتی و تەبایی ڕیزەکانی شۆڕش، خواستی قووڵ و جیهانداگری ئینسانیە. بەم مانایە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە ئامانج و خواست و مانای ڕووخاندن ڕوونتر و مرۆڤدۆستانەتر و قوڵتر دەبێتەوە و تا زیاتر دروشمی “ژن ژیان ئازادی ” پێناسە بکرێت و خەڵک زیاتر تێگەیشتنێکی ڕوونتریان دەبێت کە لە ڕاستیدا ئازادی مانای چیە، پارێزگاری لە ژیان، مانای چییە و ڕزگاری ژن مانای چییە، یەکڕیزی و یەکگرتوویی ڕیزەکانی شۆڕش زیاتر دەبێت و ئەمەش دواجار بەو مانایەیە کە حزب و هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەکانی وەک حیزبی ئێمە، کە نوێنەرایەتی خواستە مرۆییەکانی هەموو خەڵک دەکەن، جێگەیەکی گەورەتریان دەبێت لە کۆمەڵگادا و ئەمەش لە بەرامبەردا هەلومەرج و کەشوهەوای سیاسی بۆ فراوانکردنی گردبوونەوە و خۆپیشاندان و مانگرتن و دواجاریش ڕاپەڕینێکی جەماوەری بۆ ژێرەو ژوورکردنی کۆماری ئیسلامی دابین دەکات.
حەسەن ساڵحی: دوا پرسیارم سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی حیزبە لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا. حیزب چ ڕۆڵێک بۆ خۆی دیاری دەکات و چ سیاسەت و ئەرکێک دادەنێت بۆ ئەوەی پرۆسەی شۆڕش بەرەوپێش ببات؟
حەمید تەقوایی: سەرەتا دەبێت بە هەموو توانامانەوە هەوڵبدەین شۆڕش لە دەوری داخوازییە جیهانیە ئینسانیەکان و لە دەوری لێکدانەوەیەکی ڕادیکاڵ و ڕزگارکەری ڕاستەقینە بۆ ڕووخاندنی حکومەت و سیستەم و لە دروشمی سەرەکی “ژن ژیان ئازادی”ەوە بەرەو پێشەوە بچێت ، و لەم ئاراستەیەدا، زیاتر پاڵاوتەتر دەبێت پێویستە هەوڵ بدەین ڕیزەکانی شۆڕش ڕادیکاڵتر و چەپتر بکەین و لە ئەنجامدا یەکگرتووتر و یەکپارچەتر و بەهێزتر بکەین.
شۆڕش بزووتنەوەیەکی نەرێنییە، بزووتنەوەیەک دژ بە بارودۆخی هەبووە، بەڵام لێکدانەوە و پێناسەی جیاواز بۆ ئەم دژایەتییە بۆ دۆخی هەبوو هەیە. چین و توێژە جیاوازەکان و بزووتنەوە و حزبە چینایەتییە جیاوازەکان لێکدانەوە و مانای جیاوازیان بۆ ڕوخاندن دەخەنە ڕوو. لە ڕوانگەی ئێمەوە ڕووخاندن واتە ڕووخاندنی تەواوی ئەو حکومەت و سیستەمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە هەیە ، واتە هەڵوەشاندنەوە و سڕینەوەی هەر جۆرە هەڵاواردنێکی نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزی و ئابووری و چینایەتی، واتە لەناوبردنی چەوسانەوە و کۆیلایەتی کرێ ، واتە سڕینەوەی ئایین.و خورافات و پیرۆزییە ئایینیەکان لە حکومەت و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان. بە بۆچوونی ئێمە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا، ڕێنێسانسێکی دژە ئایینییە کە دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ڕیشەی هەموو هەڵاواردن و نایەکسانییەکان.
هەوڵ دەدەین ئەم ئاراستەکردنە بکەینە دروشمی شەقام و هەڵمەتی مەیدانی و چالاکیی تایبەت. ئەم ئاراستەکردنە لە ئێستادا لە خەباتی خەڵکدا دیارە. وەک نموونە، حیزبی ئێمە خوازیاری حکوومەتی شوراییە و دژی هەر جۆرە حکوومەتێکی سەروو خەڵکیە و ئەمڕۆ ئیدارەی شورایی بۆتە گوتارێکی گشتی، بە تایبەت لە بزووتنەوەی کرێکاریدا. هەروەها لە جاڕنامەی بیست ڕیکخراوەکەشدا بڕگەیەک هەیە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی شورایی. نموونەیەکی دیکە ئەوەیە کە ئێمە نەک هەر دژی سزای لەسێدارەدانین بەڵکو دژی خودی سزای لەسێدارەدانیشین، ئەمڕۆش دەبینین خەڵک هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ هەر تاوانێک ڕادەگەیەنن و بزووتنەوەیەکی فراوان لە دەوری ئەم داواکارییە بە دروشمی ” هەموومان پێکەوەین”.
ئەمانە نیشانەی قووڵبوونەوە و شەفافیەت و ڕادیکاڵبوونی ڕیزەکانی شۆڕشن. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەم پرۆسەیە بەهێزتر بکەین، حزبایەتی زیاتری پێ بدەین. ڕێکخستنی زیاتری پێ ببەخشن و بڕبڕەی پشت و چوارچێوەی شۆڕش بەهێزتر بکەین.
سەیرکەن هاتنی خەڵک بۆ سەر شەقامەکان و ڕاپەڕین و تەنانەت خۆپیشاندانی جەماوەری و چەند ملیۆنییش دروستکراوی هیچ لایەنێک نیە، بەڵکو ئەو ڕۆڵەی کە حزبە شۆڕشگێڕەکان دەتوانن و دەبێ بیگێڕن، قووڵکردنەوەو بەهێزکردنی شۆڕشە لە ناوەڕۆک و شێوەدا، ئەوە بریتییە لە بەهێزکردنی بڕبڕەی پشت و چوارچێوەی ڕێکخراوەیی شۆڕش بە جۆرێک، بە پشتبەستن بەو شۆڕشە، کۆمەڵگا دەتوانێت مانگرتنی گشتی دەستپێبکات، خۆپیشاندانی چەند ملیۆنی دەستپێبکات، دواجاریش ڕاپەڕین دەستپێبکات. ئێمە ئەو بڕبڕەی پشتە دروست دەکەین. تا ئێستا ئێمە بەو ئاراستەیە پێشکەوتووین و بەو هەلومەرجە لەبارە کە ئەمڕۆ ڕوویدا، بە خێرایی زیاتر ئەم بابەتە بەرەو پێش دەبەین.
٧ی جون ٢٠٢٣




ئیسماعیل خه‌یات.. شیعری: سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

ژیان هه‌رچوارده‌وری ڕووگه‌نمایه‌
چاوم له‌سه‌ر هه‌ست ده‌ڕوانێ و قه‌ت له‌ نوێژ بۆ كردنی ماندوونابم
* * *
په‌نجه‌ره‌ چاڵێكی دوور نییه‌
پاش خۆر و با
خوداوه‌ند لێی دێته‌ده‌رێ
په‌نجاوچوار شوێنپێ له‌سه‌ر قوماشێكی سپیدا
چاوی سه‌رسامیی ده‌ترووكێنن
له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می هه‌مه‌جۆری یه‌زدان
ته‌ورات و
ئینجیل و
قورئان و
خاڵی بێده‌نگییان دانیشتووم
هاواریش له‌ ده‌ورم ده‌ڕژێ
بووه‌ته‌ ئاوێكی خۆڵه‌مێشی
بچمه‌ ناوی هه‌موو نینۆكه‌كانی ده‌ست و پێم به‌رده‌ده‌ن
به‌هێزێكی زۆریشه‌وه‌ حه‌زی مه‌له‌ تا ئه‌وپه‌ڕی دڵی پشكواندووم
به‌ڵێ تریفه‌ی مانگ بزربوو
مووسا و
عیسا و
محه‌مه‌د
به‌ ئاوازێكی سه‌ره‌تایی
به‌سه‌ر شه‌قامی ناوداری شار
ده‌گه‌ڕێن و به‌ئومێد سڵاو ده‌كه‌ن و ئاهه‌نگ ده‌گێڕن
ڕۆژی خۆیانی پێ پیرۆزده‌كه‌ن و ته‌واوی ژیانیان برده‌وه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌هه‌شت له‌دایكبووبن
* * *
به ناوی دایك و باوكم گه‌رم ده‌بمه‌وه‌
وێنه‌یه‌كی بچووكیانم خسته‌ مه‌دالیایه‌كی شووشه‌ی ڕوونه‌وه‌
هێڵی ناو ده‌ستیان دووباره‌بووه‌وه‌
وه‌ك دوو كه‌وانه‌ی ڕووبه‌ڕوو حیكمه‌تێكیان ده‌ستنیشان كرد
دڵت هه‌ڵبگره‌ و له‌ خۆت مه‌تۆرێ
ڕوونترین شێوازی باڵ له‌ شان ڕوانه‌
* * *
بۆ مردووان گریاوم و زیندووانیش ماچ ده‌كه‌م
* * *
چرایه‌كم به‌ ناوچه‌وانی ماڵه‌كه‌مدا هه‌ڵواسیوه‌
گه‌رمی و مه‌ی شووشه‌كه‌یان سڕیوه‌ته‌وه و منداڵانم پرشه‌ین‌
* * *
به‌لاڕێدا ڕێم نه‌كردووه‌
ئه‌ستێره‌ و كلیلی شووشه‌ییم به‌سه‌ردا به‌ربووه‌ته‌وه
زه‌وی و ئاسمان به‌سه‌ریه‌كدا هاواریان نه‌كرد
لانه‌ولان بوون
* * *
دڵی هه‌زار په‌ڕی كێڵگه‌ زۆر به‌جه‌رگ‌ و له‌خۆبوورده‌یه‌
له‌ناویدا له‌پێشوازیی ده‌وه‌ستم و ڕه‌نگی خۆشیی ده‌ناسم
براده‌رانیشم كه‌ میراتی ڕه‌سه‌نن به‌ره‌و لام دێن
بیر له‌ زه‌وی ده‌كه‌مه‌وه‌
داوای لێبووردنیشی لێ ده‌كه‌م
به‌پێی سووك و گران به‌سه‌ریدا چوومه‌ته‌ سه‌نگه‌ر و ژوان
چیم بینی سه‌رنجم دا
تا توانیم بانگی ناو خه‌ونی سه‌ره‌تام كردن
كردمن به‌ بۆنێك له‌ گوڵی زمان
بزه‌یه‌كم به‌سه‌ر شوێنپێكان ڕشت
پشوویه‌كم دا و له‌ گه‌نجینه‌ی قووڵایی و برووسكه‌ی ئاسمان مه‌له‌م كرد
دنیام لێ ئاشكرابوو
* * *
دنیا دوو مانگ له‌ من منداڵتره‌
شیری ڕووه‌كمان خوارد
بۆ هه‌بوونی هه‌موو ژیان لانه‌ولان بووین
ئاسمان دوو خۆری نییه‌
چاو به‌ ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه‌
* * *
به‌ زمانێك بۆ هه‌میشه‌ شاد ده‌مێنێته‌وه‌
چرپه‌یه‌ك ده‌كه‌م
له‌ ماوه‌ی گۆڕه‌شارم ته‌واوی فریوی ده‌مامكه‌كان ده‌نووسم
چیشم بینی بۆتان ده‌گێڕمه‌وه‌
چه‌په‌ڵان ده‌هێنمه‌ پێش چاوی ڕوونمه‌وه‌
دوای دوو خوله‌ك ده‌یانبه‌خشم
مانگ ئه‌و كاته‌ی خه‌مگینه‌
پڕه‌
وه‌ختێكیش ده‌فڕێ باڵی ڕووناكی ده‌به‌نه‌‌ ماڵان
* * *
خۆر هێلكه‌ی ترووكاند
كاتی دانپیانانه‌
ته‌په‌ی باڵ له‌ سینگمدا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌
زایه‌ڵه‌یه‌كی دوور نییه‌ و ڕووگه‌نما بێسوود نامێنێته‌وه‌
* * *
دره‌ختی ئاده‌م و حه‌وا دڕك ناگرێ
بێ سه‌ره‌تا و كۆتایی و هێڵی ته‌واوبوونه‌
به‌ نه‌رمی له‌ ڕه‌گ و چڵیه‌وه‌ سه‌ماده‌كات
له‌و شادمانییه‌ ده‌گات كه‌ ئێمه‌ تێی ناگه‌ین
باڵنده‌ هاوڕێی منداڵیمه‌
هاوڕێی نه‌مریی و
ته‌نیایی‌ سارد و
ئاگری تووڕه‌یی و
سڵاوی ئومێد‌
له‌ به‌رزایی دڵه‌ڕاوكێی سروشت به‌ره‌و بلیمه‌تی فڕیوه‌
به‌ ئاوازی خوێندنی گوتی
ده‌نگێك قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ چاندن و په‌یام و نهێنی ناڵه‌ی كۆڕاڵی زه‌وی كرد
بیستت
شووره‌ شه‌ڕانگێزه‌
خدری زینده‌ له‌ نیوه‌ی ڕێیه‌ و به‌تاو پێ هه‌ڵد‌ێنێ
كلیلی شووشه‌یی
هه‌ڵده‌داته‌ ناو ده‌ستت و ئه‌ستێره‌ی به‌سه‌ردا سه‌یوانه‌
هه‌سته‌ بڕۆ گه‌رمیی سینگی هه‌ویرێكی نه‌رم و شله‌
ده‌نگی وێرد و ڕۆشنایی هه‌وای بۆنخۆش كردووه‌
چوار توخمی گه‌ردوون
گۆزه‌ی كتێبیان پڕكردووم
كه‌ له‌ ئه‌فسوون و ئه‌فسانه‌ی ئه‌وان نووسیومن
یه‌ك له‌ یه‌كتری ڕاده‌مێنن و سه‌رسامن
كێ یه‌كه‌مه‌
ئه‌وانی تر له‌ خوێنی ئه‌ون
* * *
ئه‌و پرسیاره‌ گومانێكی گه‌رمه‌
ده‌با بیربكه‌ینه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌ ناته‌واوه‌كان گومانن
یاده‌وه‌رییمان زیندوو ده‌كه‌نه‌وه‌
دره‌خت كه‌ میوه‌ی پێ ده‌گات له‌ هه‌موو كاتێكی هه‌ستیارتره
دایكه‌ منداڵی لێ نزیك بوونه‌ته‌وه‌
* * *
من پاڵه‌وانی ئه‌لفوبێم
زۆران له‌گه‌ڵ كێدا بگرم
په‌یكه‌رێكم بۆخۆم داڕشت
كاتژمێرێكی ڕه‌وانبێژم كرده‌ مه‌چه‌كی
ڕه‌نگی گه‌رمی به‌سه‌ردا ڕژا
شكۆ و نان و ئاو ده‌به‌خشێ به‌ هه‌ژاران
* * *
ئه‌شق ده‌بووایه‌ بتكوژم
پاشان بپاڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاسۆیان بتبینمه‌وه‌
هه‌بوو و نه‌بووی ئه‌م دنیایه‌
به‌ ده‌نگێكی مات په‌یكه‌ری نه‌مران ده‌دوێنێ
خانه‌ و پێستیان ڕۆشنایی ده‌ده‌ن
له‌سه‌رزه‌مین ده‌بنه‌ ڕه‌نگی به‌رده‌ ملوانكه‌ له‌ مله‌كانی پیره‌ر
مه‌سیحی تابلۆش چاوی داخستووه‌ تا ڕوون ببێنێ
‌داوی فڵچه‌ی په‌رۆشی یه‌كترن و زایه‌ڵه‌ ناده‌نه‌وه‌
ڕه‌نگ پێشتر چاوی ناسیون بۆ ڕوون نابینن
* * *
ناخی ئاگاداركرایه‌وه‌م وه‌ك چرا به‌ده‌سته‌وه‌ گرت
تا داگیرسا بووه‌ ئاوێنه‌ و ده‌موچاو
هه‌بوونه‌بوو له‌ ئه‌ستێره‌یه‌كدا خۆی داڕشت
له‌ شه‌و جێما و هاته‌ ناو ڕۆژ
* * *
تیشكی شێدار باڵی ماندووكرد
كێلێكی به‌تاڵ چاوه‌ڕوانی هه‌ڵكۆڵینه‌
ڕوخساری هه‌ولێر تێر ڕه‌نگ ده‌بێت كه‌ تێیدا ژیاوم
ڕوخساری شاری‌ خانه‌دان
مه‌ی خه‌مڵیوی ناو خانه‌ و پێستی كه‌ڵه‌كێوییه‌
بۆنوبه‌رامه‌ی كه‌لله‌ ده‌باته‌ هه‌واری پڕ
كاتژمێریشی كه‌س فریو نادا
* * *
به‌خت ڕێگایه‌كی دوورودرێژه‌
به‌ناو درزی ویستم تێده‌په‌ڕێ
كه‌شتی بچووكی مه‌ی
له‌ تێلدڕ گیرنابێت
ئه‌شق ده‌بووایه‌ بتكوژم
پاشان بپاڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئاسۆیان بتبینمه‌وه‌
دڵ خۆی به‌ندكردووه و خۆی ناداته‌ به‌ر پاراوی خۆر
په‌راسووش خه‌ته‌جووته‌ و گه‌نم و جۆی لێ سه‌وز ده‌بێ
* * *
گوناهباری یه‌كه‌م
فرمێسك چاوی گرتووه‌ ده‌چێته‌ وانه‌ خوێندن
ئێستا نابینام له‌ پۆل ناچمه‌ ده‌رێ
ئاده‌م و حه‌وا میوه‌ بۆ خانمی هه‌ست لێ ده‌كه‌نه‌وه‌
* * *
شۆڕه‌بییه‌كی پرچ خومار سه‌ری شۆڕكردووه‌ته‌وه‌ ناو ئاو
چاوبازیی له‌گه‌ڵ ماسی ده‌كات
ترسنۆك و
خۆپارێز و
ڕیاكار و
هه‌لپه‌رسته‌
خۆی له‌ قرش و حووت ده‌دزێته‌وه‌ و پرچی هه‌ڵده‌كێشێته‌وه‌
ماسی به‌ گومانه‌ نه‌كا سیخوڕی ماسیگران بێت
ئاوی ساكاریش نه‌رم نه‌رم ده‌ڕوانێ و ده‌ڕوات
له‌ نیازی شۆڕه‌بی و تۆقینی ماسی ناگات
له‌ ماڵ هاتوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ و دوو شه‌ونم
له‌سه‌ر ناوچه‌وانم ماوه‌ته‌وه‌
گه‌یشتوومه‌ته‌ كه‌ناری ئاو و سه‌یری ئه‌وبه‌ری ده‌كه‌م
قاز و قورینگ ده‌ستێكیان خستووه‌ته‌ سه‌ر شانم
ته‌ماشای شوێنێكی دره‌وشاوه‌ ده‌كه‌ن
ئه‌سپه‌كه‌م ئاوی لێ ده‌خواته‌وه‌
هه‌وا له‌سه‌ر ده‌ریا
ده‌جووڵێته‌وه‌ و بیره‌وه‌ری كۆن مه‌ستی كردووه‌
* * *
بۆ ئه‌وه‌ی بچمه‌ خه‌وێك باران به‌ توندی
نه‌بارێ و لافاو دروست نه‌كات
ده‌بێ خانه‌ و پێستی نواڵه‌ به‌ شیعری كێڵگه‌ و وێنه‌ به‌راورد بكه‌م
هێشتان نیوه‌م به‌ئاگایه‌
شیعر له‌ نیوه‌ی ڕسته‌یدا داكه‌وت و خانه‌ و پێستی داماڵدرا
وه‌ك نه‌خۆشێكی سڕكراو لێوی بۆ گفتوگۆ وشك بوو
هه‌موومان به‌ هه‌ڵه‌ ته‌ماشای
شیعرمان كرد و ئازاری ترپه‌ و ئاوازیمان دا
ده‌ماری به‌رده‌ ملوانكه‌ له‌ مله‌كانی پیره‌ر
به‌ سووكی لێ ده‌ده‌ن و كۆبوونه‌ته‌وه‌
له‌پێشبڕكێدان ڕێیان به‌ره‌و
گه‌رماوێكی بێ قاو و قریشك دۆزیوه‌ته‌وه‌
خودایه‌ بێویستیان نه‌كه‌ی ویستیانه‌ په‌ڵه‌ و له‌كه‌یان بشۆن
ته‌واو شێتییه‌ ئه‌گه‌ر خانه‌ و پێستیان دانه‌ماڵن
به‌رد سووپه‌رێكی كردارجوانه‌ له‌ دایكه‌ ساده‌ و ماته‌كه‌ی ده‌چێت
ستایشی ئارایشی ناوێ
زه‌ویه‌كیان ده‌ستنیشان كردووه‌
شوێنپێی تێدا ده‌ستنیشان بكه‌ن و له‌و شه‌ونمه‌ بپرسن
له‌سه‌ر ناوچه‌وان ماوه‌ته‌وه‌
* * *
ژیان هه‌رچوارده‌وری ڕووگه‌نمایه‌
چاوم له‌سه‌ر هه‌ست ده‌ڕوانێ و قه‌ت له‌ نوێژ بۆ كردنی ماندوونابم

ئه‌یلوولی 2019 هه‌ولێر




سه‌رابێك له‌ خه‌یاڵ ناسكتر.. ستار ئەحمەد

چاكی شاعیر و نووسه‌ر به‌ زۆری و بۆری نییه‌، دیاره‌ هه‌ندێكجار ته‌نها به‌رهه‌مێكی زیندوو خاوه‌نه‌كه‌ی به‌ نه‌مری ده‌هێڵێته‌وه‌، هه‌ندێك له‌ شاعیران كه‌مده‌نووسن، به‌ڵام جێپه‌نجه‌یان له‌ مێژووی ئه‌ده‌بدا دیاره‌، ره‌نگه‌ هه‌شمانبێ زۆریشی نووسی بێ، لێ دیسانه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كانی به‌پێزن و ده‌چنه‌ خانه‌ی داهێنانه‌وه‌.
لێره‌دا مه‌به‌ستمانه‌ هه‌ندێك له‌ شیعره‌كانی دیوانی (ئێواره‌ سه‌رابییه‌كان)ی سه‌راب هه‌ڵسه‌نگێنین، كه‌ له‌ كتێبێكی (175) لاپه‌ڕه‌ییدا له‌سه‌ر ئه‌رك و ماندووبوونی خۆی چاپكراوه‌.
سه‌رابی شاعیر ده‌ڵێت:
ئه‌و شه‌وانه‌ی بێ ئافره‌تین
ئه‌و شه‌وانه‌ی كه‌ بێ مێژووین
هه‌موو شانه‌كانی مێشكمان خاڵی ده‌بن له‌ سه‌رنج و..
پڕ ئه‌بن له‌ كوێربوونی له‌ش

ئافره‌تی به‌ رووناكی و نوور چواندووه‌ و.. له‌ تاریكیدا ئاسمان و زه‌وی جوانده‌كه‌ن، گه‌ر دونیایه‌ك خاڵیبێت له‌وان، ئه‌وه‌ تاریكستانه‌ و هزری ئینسانه‌كان ده‌بنه‌ خاڵێكی ڕه‌ش درك به‌ سپێده‌ی بزاو و جوانكاری ناكه‌ن، هه‌روه‌ها مێژوویشی به‌ خاڵی بنه‌ڕه‌تی داهێنان و زانست ناساندووه‌. په‌یوه‌ندی نێوانی ژن و مێژوو.. كلتوورێكی فره‌ ڕه‌هه‌نده‌ و یاسا و ڕێسای به‌ پێشكه‌وتن و خه‌مڵاندنی ئه‌وانه‌وه‌ به‌نده‌.
له‌ جێگه‌یه‌كی دیكه‌دا سه‌راب ده‌ڵێت:

نه‌ورۆزه‌كه‌م
تۆ ده‌زانی زه‌مانێكه‌
حه‌رف.. حه‌رف
رسته‌ رسته‌ بۆت ئه‌سووتێم و..
به‌گڕی نێوته‌وه‌ ئیدمانم
هه‌ڵمگره‌ و بمگره‌خۆ
به‌ ئازاری هه‌ره‌ گه‌وره‌ و
به‌ برینی گشت ده‌زانم
زۆرجار شیعر و شاعیر هه‌ڵوێستن، دیاره‌ نووسینێك كلتووری میلله‌ته‌كه‌ی هه‌ڵنه‌گرتبێت، ره‌سه‌نایه‌تی له‌ده‌ستده‌دا و ده‌چێته‌ خانه‌ی (هونه‌ر بۆ هونه‌ر)ه‌وه‌، یاخود بێده‌ربه‌ستی ئه‌و شاعیره‌ ده‌رده‌خا له‌ ژان و سۆی میلله‌ته‌كه‌ی، سه‌رابی شاعیر به‌جۆرێك ده‌هزرێ، بۆنه‌یه‌كی وه‌كو نه‌ورۆز دێنێته‌ ئاراوه‌، له‌گڕیا ده‌توێته‌وه‌، ئه‌و به‌ ژانه‌كانی خۆی و نه‌ورۆز و میلله‌ته‌كه‌ی ڕاهاتووه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ توێی لاسكی گڕ و ئه‌ڤینا چرۆ بكا و بچێته‌ نیشتمانێكی هه‌ره‌ مه‌زنی ئه‌ندێشه‌ و خه‌یاڵه‌وه‌، زیاتر ئه‌مه‌ش وایلێده‌كات شیعره‌كه‌ی به‌هایه‌ك په‌یدا بكا و ناسكی و توندوتۆڵی له‌ ترپه‌ی دڵه‌ ڕاستگۆكه‌ی وه‌رگرێ.. ببێته‌ كێش و سه‌روای قه‌سیده‌یه‌كی كورتی قه‌شه‌نگ.
ئه‌وه‌ ده‌ڵێت:

دانیشتووم و
خه‌مه‌كانی خۆم ده‌ژمێرم
ئه‌مه‌ سه‌ردێڕی شاعیرێكه‌
تا ئێستا چاوی رووناكی نابینێ‌
به‌ڵێ، ئه‌مه‌ (مانشێتی)
قه‌سیده‌یه‌كی لاڵه‌ و..
پیته‌كانی ناتوانێ‌ چیا حاڵیكا

له‌م دیوانه‌یدا كه‌مكه‌م به‌ ئارامی هه‌ندێكجار په‌شێوییه‌وه‌ ده‌چێته‌ جیهانێكی پڕ له‌ حه‌رف و دونیایه‌كی نازدار به‌ ترپه‌ی ناخ و وشه‌ی ره‌نگاڵه‌یی، دانیشتووه‌ خه‌مه‌كانی ده‌ژمێرێت، سه‌رباری ئه‌وه‌ كه‌س له‌ زمانی حاڵینابێ، ده‌ست ناخاته‌ ژێر لاسه‌نگی باره‌كانی، ئه‌و ده‌رفه‌ت له‌ هه‌نیه‌ی زه‌مین ده‌خوازێ‌، بارگاوییه‌ به‌ ته‌لیسمی جوانكیله‌ وێنه‌ی شیعری ناسك و قووڵیش، لێ به‌رگه‌ی بێده‌ره‌تانی ناگرێت، قوڵپی وشه‌ له‌ بازنه‌ی دڵیه‌وه‌ سه‌رده‌كا به‌ره‌و گوێی ناوینی هزر و خه‌یاڵ و مێشكی. ئه‌و له‌ سێبه‌ری دارچنارێكا، له‌ چیا ده‌دوێ‌، لوتكه‌ و رموزنه‌كان لێیحاڵینابن، خه‌می كه‌سكی زه‌رد هه‌ڵده‌گه‌ڕێنن، به‌دوای ئه‌ندێشه‌یه‌كا وێڵه‌ زه‌ینی دانه‌خا و هه‌له‌كانی بۆ قۆستنه‌وه‌ی خه‌مه‌كانی چێده‌كا.
له‌ شوێنێكی تردا ده‌ڵێت:

ئای كه‌ خۆشه‌
هه‌موو كه‌سێ وه‌كو (شێواو) دڵی ساف بێ و..
بێگه‌ردانه‌
ده‌ستخاته‌ گه‌ردنی هاوڕێیه‌تی
ئه‌وجا ئا ئه‌م دیوانه‌ی.. من..
گه‌ر بچووبایه‌ شاری دووز
هه‌ر له‌ نیگای حه‌مرینه‌وه‌
سترانی خۆی
بۆ هه‌نسكی ژانێكی نوێ ده‌وته‌وه‌..!!
سه‌راب هه‌ر له‌مه‌یانی ئه‌م شیعره‌یه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، به‌سۆزه‌ بۆ هاوه‌ڵانی و هه‌رگیز یاد و ئه‌دگاریان له‌ ناخا ناسڕێته‌وه‌، بۆیه‌ له‌م دیوانه‌یدا
باس له‌ شێواوی شاعیر ده‌كا و دڵسافی و بێگه‌ردی، له‌ توێی كۆپله‌یه‌كی ناسكدا ده‌خاته‌ به‌ر دیدی خوێنه‌ران، ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ بگا به‌ شوێنه‌زای كۆمه‌ڵێك شاعیر و نووسه‌ر و كوردزاده‌ی ناوچه‌ی گه‌رمیان، سه‌راب نه‌ك لاپه‌ڕه‌ی ئه‌لبوومی خه‌مێكی سركی خۆیه‌تی، به‌ڵكو هه‌موو یادگاره‌ خۆش و ناخۆشه‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی به‌ هه‌موو چین و توێژێكه‌وه‌، له‌ بوخچه‌یه‌كی كراوه‌دا هه‌ڵگرتووه‌ و هه‌رجاره‌ی كۆپله‌یه‌ك یان شیعر و خه‌مێكی هاوده‌ردانی، لێده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌. سه‌راب دیرۆك و سه‌ربرده‌ی كوردستانه‌كه‌ی وه‌ده‌رده‌خا.
هه‌ر له‌ جێگه‌یه‌كی دیكه‌دا، سه‌رابی شاعیر ده‌ڵێت:
من دڵنیام له‌ شێتی خۆم
دڵنیاشم
له‌ شێتی (حه‌مه‌ سه‌عید و به‌كر ده‌روێش)..!
ئێمه‌ ئێسته‌
له‌ دوا قۆزاخه‌ی ئه‌م زه‌وییه‌دا
له‌ دوا ژانی مه‌ودایه‌كی فیكری تردا.. ئاگر ده‌گرین..
شاعیر به‌م شێوه‌یه‌ ناخی خۆی تاوتوێ ده‌كا و په‌نجه‌ بۆ دێوانه‌یی (حه‌مه‌ سه‌عید)ی چیرۆكنووس و (به‌كر ده‌روێش).. چه‌ندینی وه‌كو خۆی درێژده‌كا، ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌دا، كه‌ هه‌ر هه‌موویان له‌نێو ئازاری بیرێكا ده‌ژین، كه‌ هه‌موو ده‌روازه‌كان گیراون و به‌ربه‌سته‌كان رووناكییان ده‌شێلن و شه‌پۆله‌كان ده‌یانه‌وێ‌ بیانخنكێنن و ئاوازه‌كانی شه‌ڕه‌نگێزیش مێشكی جه‌نجاڵیان ده‌سمن.
ئا ئه‌وه‌یه‌ پێناسه‌ی قه‌سیده‌یه‌كی گوڵڕه‌نگ نیازێكی ئاشتیخوازانه‌، كه‌ له‌ زۆر شاعیر و نووسه‌ری كه‌ركوكدا ده‌رده‌كه‌وێت. (سه‌راب)یش یه‌كێكه‌ له‌و هۆزانڤانانه‌ی، دركی به‌ راستییه‌كان كردووه‌ و ئایدیایه‌كی نۆرماڵی پاشه‌ڕۆژی له‌ مێشك و هزردا شاردۆته‌وه‌، دیاره‌ ڕژێمه‌ بۆگه‌نه‌كان نه‌یانهێڵاوه‌.. به‌ كاوه‌ژوو بپه‌ڤێت و مه‌لۆتكه‌ی حه‌سره‌ته‌كانی به‌هاوخه‌م و هاوشاری بگه‌یه‌نێ‌.

ستار ئەحمەد




گەشەپێدانی مرۆڤ چییە؟.. زانا رەزاق

سەرەتا گەشەپێدانی مرۆڤ زۆر ڕووەوە دەگرێتەوە
ڕووەکانیشی,
یەکەم جەستەیی
دووەم ئەقڵی
سێیەم بەشەکانی تری مرۆڤ
جا هەموو گەشەپێدانەکان بە ڕاهێنانە ،هەیە وەرزشییە هەشە خوێندنەوەیە هەشە جۆری ترە.

لێرەدا ئێمە باسی یەکێک لەو جۆرانە دەکەین ئەویش گەشەپێدانی ئەقڵییە و مێشکفراوانییە ئەویش بە خوێندنەوەی بابەتە فکرییەکانە بەتایبەت فەلسەفە و دەروونناسی و کۆمەڵناسی هەروەها خوێندنەوەی ڕۆمانی مێژووویی جۆرەکانی ترە

خۆشی ئەوەی لەو ووڵاتەو ووڵاتەکانی تر هاتووە گەشەپێدان نیە بەڵکو دژە گەشەپێدانە یانی وەکو قوتابی و مامۆستا وان مامۆستا شتەکان بۆ قوتابی باس دەکات تا ئەو کاتەی دەمێنێت یانی وەکو پارەیەک وایە بیداتە بەکوڕەکانی کاتێکیش پارەکە نامێنێت یان پێی نادات دەبێ کوڕەکە بچێتە کار بکات. ڕێک ئەو گەشەپێدانەی ناسراوە ئاوایە بەڵام گەشەپێدانی ئەقڵی و مێشکی جیاوازترە و خۆی دەبێتە خاوەن شتەکان و دەبڕینەکان تەنانەت ئەزموونەکانیش

لەکۆتاییدا ئەوەی ماوە بڵێم ئەوەیە ئەو گەشەپێدانە لەو ووڵاتەو ووڵاتەکانی ترە گواسترایتەوە لە هەندێک ووڵاتی ئەوڕوپی بەڵام نەتوانراوە سودێکی وای هەبێت کە بەو جۆرە تاکێکی لەڕووی مێشک و ئەقڵەوە پێبگەیەنێت بەڵکو هەروەکو خاوەن پارەکەو کەسەکە وایە تا ئەو کاتە سودی پێدەگەیەنێت پێی بدات بەڵام کە نەما دەبێ بچێتە کارکردن بۆ پەیداکردنی پارە ئەوجا دەبێ ئەزموونی پارە پەیداکردنیش پەیدا بکات ڕێک گەشەپێدانەکەش وایە.

تێبینی ساڵی ڕابردووش بە کورتەیەک باسم کردووە لە ئەکاونتم

12 6 2023




پەرەپێدانی ثیۆریی ئەتۆمیی داڵتۆن.. رەهەند سابیر

The development of Dalton’s atomic theory

جۆن داڵتۆن (١٧٦٦-١٨٤٤) لە ئیگڵسڤێل Eaglesville لەداییکبووە، هەوەها وەکو ئەندامێكی دۆستانی کۆمەڵە Society of friends پەروەدە بووە، لە سەرەتای تەمەنی دووانزە ساڵییدا، لە ژێر تەئثیری مامۆستاکەی Elihu Robinson (کویکەرێک کە ئارەزووی فەلسەفەی سروشتیی و کەشناسیی هەبوو)، دەستی کرد بە خوێندنی ماثماتیک. داڵتۆن، هیچ خوێندنێکی رەسمیی لە بواری کیمیادا نەبوو، بەڵام رەنگە لەم قۆناغەدا بووبێت کە یەکەم پێوەندیی لەگەڵ کتێبە باوەکانی نیوتنیزمدا هەبووبێت کە لەم رێگەیەوە، دەستی کرد بە تەبەنیی ئایدیا زانستییەکانی.

لە ساڵی ١٧٨٠، داڵتۆن، رووی لە کێندەڵ Kendal کرد، لەوێ بوو بە مامۆستا لە مەدرەسەیەکی کیوکەر Quaker school، هاوکات، بەیانی گوتارەکانی لەسەر زانست، بۆ عامی خەڵقیی ئەکرد. لە کێندەڵ، مەیلی ظاهیرە کەشناسییەکانی هەبوو، مەیلێک کە بۆ هەموو ژیانی ئەیهێڵێتەوە. دواتر، داڵتۆن لە ساڵی ١٧٩٣، ئۆغر بۆ مانچستەر ئەکات، لەوێ نیشتەجێ ئەبێ بۆ فێربوونی ماثماتیک و فەلسەفەی سروشتیی، هەر لە هەمان ساڵدا، یەکەم کتێبی لە بارەی توێژیینەوەکانی لەسەر ئاتمەسفیر، بە ناوی ” مولاحەظات و مەقالاتی کەشناسیی- Meteorology observations and essays” تەخشان ئەکات. لە کۆتاییدا، ئیهتیمامەکانی دالتۆن، لەبارەی میتیۆرۆلۆجی(کەشناسیی)، طەڕحی زنجییرەیەک پرسیاری کرد. بەر لە کۆتاییەیەکانی چەرخی هەژدە، پێکهاتەی ئاتمەسفیر (بە شێوەیەکی سەرەکیی پێکهاتووە لە نایترۆجین، ئۆکسجین، کاربۆن دایئۆکساید و هەڵمی ئاو) دیارییکرابوو. لەگەل ئەوەیشدا، دیبەیتێک لە مابەیینی فەیلەسوفە سروشتییەکان هەبوو، ئاخۆ گازەکانی ئاتمەسفیر، کیمیاوییانە پێوەندکراون، یاخود تەنیا میکانیکییانە بۆند بوونە. سەرەڕای ئەوەیش، ئەگەر ئینسان، گریمانەی ئەوە بکات ئاتمەسفیر، میکسچەرێک (تێکەڵەیەک) بووە و نەک ئاوێتەیەک ( Compound)، ئەوا ئاسان نەبووە بۆ باحیثانی ئەو سەردەمە کە بۆچی گازەکان بە پێی چڕییەکانیان جیا نابنەوە؟ داڵتۆن حەزی لەو پرسیارە بوو، تاقییکردنەوەکانی ئەنجامدا بۆ تەحقیق و تەحلیلی پرسیارەکە. لە لێکۆڵیینەوە سەرەتاکانی لەسەر ئاتمەسفیر، داڵتۆن دەستی کرد بە کڵێشە و داڕشتنی ثیۆریی ئەتۆمیی Atomic theory!

داڵتۆن، بە بەکارههێنانی فیکرەی کۆپەسکیوڵەر Corpuscular idea کە لە پاشخانی نیوتن خۆیەوە سەرچاوە ئەگرێ، نزییک بووەوە لە موشکیلەکە. بەپێی ئەندێشەکانی نیوتن (١٦٤٢-١٧٢٧)، ماددە، لە چەندیین جۆری تەنۆلکە پێکهاتووە کە بە شێوەیەکی هەڕەمیی، نەظم بوونە. بچووکترەکان پێاینئەگوترێ تەنۆلکە بنچیینەییەکان ultimate particles، یەکخستنی ئەمانە تەرکیبی ئەوەلیی تەنۆلکەکانمان ئەداتێ First composition particles کە بەرپرسیارە لە تایبەتمەندییە ماکرسۆکۆپییەکانی تەنەکە ( مایکرۆسکۆپیی، مەقصەد لەو تەنۆلکانەیە کە بە چاو دیدەنیی ئەکرێن).

ئەم تێگەیشنتنە لە ژێر کارییگەریی کارەکانی رۆبەرت بۆیڵ Robert boyle (١٦٢٦-١٦٩١) بوو کە تێیدا ئایدیاکانی ئەتۆمیزمی کۆن ancient atomism ( بییرۆکەیەکە پێیوایە ماددە لە تەنۆلکەی دابەشنەکراو پێکهاتووە) و ثیۆریی ئەریستۆAristotelian theory لەبارەی Mnima naturalia (رێبازێکە ئەڵێ تەنۆلکە بچووکەکانی ماددە، تایبەتمەندیی بەشە گەورەکانی ماددە ئەهێڵنەوە) تێکەڵکرا، ئەنجامگییرییەکەیشی ثیۆریی کۆپەسکیوڵەری لێکەوتەوە کە تایبەتمەندیی سەمەرەی هەبوو.

نیوتن، بە پشتبەستن بە ئادیاکانی بۆیڵ، هەوڵیدا قانونە گشگییرەکانuniversal laws ی خۆی بۆ جوڵە و راکێشان interaction ی مابەیینی تەنۆلکەکان بەکاربهێنێ بۆ شەرحی دیارەکانی وەکو رەوشتی گازەکان the behaviour of gases ، بۆ نموونە لە کتێبی دووەمی پرینسیپا، سێکشنی پێنجەم، پرۆپەزیشنی ٢٣ ، نیوتن روونکردنەوەیەکی بۆ قانونەکانی بۆیڵ پێشنیار کرد کە لەسەر ئەساسی ریپەڵشن( بەرپەرچدانەوە- Repulsion )ی تەنۆلکەکان بوو، بە پێی هێزێک کە لەگەڵ چوارگۆشەی مەودای نێوانیان کەم ئەبێتەوە:

[P]articles flying each other, with forces that are reciprocally proportional to the distances of their centres, [will] compose an elastic fluid, whose density is as the compression [i.e., the fluid will obey Boyle’s Law] (Newton 1848, p. 301).

هەرچەندە ئەم بییرۆکانە بۆ نیوتن، سەرەتایی بوون، هەروەها فەیلەسوفانی سروشتیی، ئەبوو ئیثباتی بکەن کە ئایا ئەم گریمانە راستە یان هەڵە! داڵتۆن، کە نقوم بوو بوو لەم ترادیشنە ئینگلزییەی ثیۆریی کۆپەسکیوڵەر، مولزەم بوو بە رەبطکردنی ئەو بییرۆکە نوێیانەی کە لە لایەن کیمیاگەرەکانەوە ، لە دەیەکانی کۆتایی صەدەی هەژدەدا، پەرەیان پێدرابوو

سەرچاوە:

The Development of Dalton’s Atomic Theory as a Case
Study in the History of Science: Reflections for Educators
in Chemistry
He´lio Elael Bonini Viana Æ Paulo Alves Porto




مارکس و ئەنارکیزم*.. 10.. و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر
V
بەشی دەیەم
لینین شتێکی تری لەبیر کرد، شتێک کە بە دڵنیاییەوە گرنگییەکی سەرەکی هەیە لەو بابەتەدا. ئەویش ئەمەیە: کە ڕێک مارکس و ئەنگڵس بوون کە هەوڵیان دا ڕێکخراوەکانی ئینتەرناسیۆنالی کۆنیان ناچارکرد بەرەو چالاکیی پەرلەمانی بڕۆن، بەمەش خۆیان ڕاستەوخۆ بەرپرسیار کرد لە فرۆشتنی بە جوملەی بزوتنەوەی کرێکاری سۆسیالیستی لە زەلکاوی پەرلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا. نێونەتەوەیی، یەکەم هەوڵێك بوو بۆ کۆکردنەوەی کرێکارە ڕێکخراوەکانی هەموو وڵاتێک بۆ یەک سەندیکای گەورە کە ئامانجی کۆتایی ڕزگارکردنی ئابووریانەی کرێکاران بوو. لە کاتێکدا جیاوازیبوونی بەشە جیاوازەکان لە بیرکردنەوە و تاکتیکەکانیاندا، زۆر گرنگ بوو کە مەرجەکانی پێکەوە کارکردنیان دابنرێت و دان بە ئۆتۆنۆمی تەواو و دەسەڵاتی سەربەخۆی هەریەک لە بەشە جیاوازەکاندا بنرێن . ئەو کاتەی ئەمە دەکرا نێونەتەوەیی بە گەورەیی و بەهێزەوە گەشەی کرد و لە هەموو وڵاتێکدا پەرەی سەند. بەڵام ئەمە هەمووی لەو ساتەدا بە تەواوی گۆڕا کە مارکس و ئەنگڵس دەستیان کرد بە هاندانی فیدراسیۆنە نەتەوەییە جیاوازەکان بەرەو چالاکیی پەرلەمانیی مل بنێن، کە بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسی خەماویی لەندەن لە ساڵی 1871 ڕوویدا، کە تێیدا ڕەزامەندییان لەسەر بڕیارێك بەدەستهێنا کە بەم مەرجانەی خوارەوە کۆتایی هات:
“بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە بەرامبەر ئەم دەسەڵاتە بەکۆمەڵەی چینە موڵکدارەکاندا چینی کرێکار ناتوانێت وەک چینێک چالاکی / کار بکات . تەنها بەوە نەبێت کە خۆی لە حزبێکی سیاسیدا پێکبهێنێت، جیاواز بێت لە هەموو ئەو حزبە کۆنانەی کە لەلایەن چینە خاوەندارەکانەوە پێکهێنراون و دژایەتییان دەکات؛ کە ئەم یەککەوتنەی چینی کرێکار بۆ حزبێکی سیاسی زەروورییە، بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایی، لە هەڵوەشاندنەوەی چینەکان، کە شتێکی حەتمییە؛ لە پێکەوەگرتنی هێزەکان کە چینی کرێکار پێشتر بەهۆی خەباتە ئابوورییەکانیەوە کاریگەرییان لەسەر بووە، دەبێ لە هەمان کاتدا ببێتە ئامرازێک بۆ خەباتەکانی دژی دەسەڵاتی سیاسی خاوەنزەوی و سەرمایەدارەکان. کۆنفرانسەکە ئەندامانی نێونەتەوەیی ( ئینتەرناشناڵ) بە ئاگا دێنێتەوە: کە لە دەوڵەتی ڕادیکالی ( میلتانت) چینی کرێکار، بزووتنەوە ئابوورییەکەی و چالاکییە سیاسییەکەی بە شێوەیەك یەکگرتوون کە جیا ناکرێنەوە”.
ئەو کارە دەکرێت و دەبێت کە هەر بەشێك/کەرتێك یاخود فیدراسیۆن لە نێونەتەوەییدا بڕیارنامەیەکی لەو شێوەیە پەسەند بکات، چونکە ئەوە تەنها ئەرکی یاخود وەزیفەی ئەندامەکانێتی کە کاری ئاوا بکەن. بەڵام ئەوەی کە ئەنجومەنی/ لیژنەی جێبەجێکار دەبێ بیسەپێنێت بەسەر ئەندامانی گروپەکانی نێودەوڵەتیدا، بە تایبەتیش پرسێک کە نەخراوەتە بەردەم کۆنگرەی گشتی، کارێکی سەپێنراو بوو کە بە ئاشکرا پێچەوانەی ڕۆحی نێونەتەوەیی بوو و بە زەروورە دەبێتە هەژاندنی ناڕەزایەتی وزەبەخش لەلایەن هەموو تاك و توخمە شۆڕشگێڕەکانەوە.
کۆنگرەی شەرمەزارکەری لاهای لە ساڵی 1872 تاجی نایە سەر ئەو کارانەی مارکس و ئەنگڵس ئەنجامیاندا، بە گۆڕینی نێونەتەوەیی بۆ ماشێنێکی/ئامرازێکی هەڵبژاردن، لەنێویاندا بەندێکی کارا بە پابەندکردنی بەشە جیاوازەکان بە خەباتکردن بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی. کەواتە مارکس و ئەنگڵس تاوانبار بوون بە کەرتکردنی نێونەتەوەیی لەگەڵ هەموو دەرئەنجامە زیانبەخشەکانی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و هەر ئەوان بوون کە لە ڕێگەی چالاکی سیاسییەوە چەقبەستن و شێواندنی سۆسیالیزمیان هێنایە ناوەوە.
درێژەی هەیە
………………………………..
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .




ناکۆکی نێوان دادگای فیدراڵی و هێزی میلیشیا.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو دادگایەی دەسەڵاتی بەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزی میلیشیادا نەبێت، ناتوانرێت بڕیارەکانی بەهەند وەربگیرێن و جێگای متمانەبن. یان ئەتوانین بڵێین ئەو دادگایە بەناچاری دەبێتە پاشکۆ بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەکانی ئەو حزب و لایەنانە کە خاوەنی دەسەڵاتن لە پێگەو توانایی هێزی میلیشیاکەیانەوە. ئەمەش لۆژیکی ئەو جۆرە دەسەڵاتانەیە کە بە هیچ جۆرێک ڕێگا نادەن دادگاو هەردامودەزگایەکی تری حکومی سەربەخۆبێت. بۆیە هەر ڕۆژە یاسا و بڕیار و ڕێسایەک بەڕێوە دەبەن. لەلایەکی تریشەوە هاوکێشەکە تەواو پێچەوانەیە. لەبری ئەوەی ئەو دادگایە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هێزی میلیشیا بدات، بەڵکو ئەوە هێزی میلیشیایە هەرکات زانی ئەو دادگایە پێچەوانەی بەرژەوەندیە سیاسیەکانی بڕیار دەردەکات، نەک ئەو دادگایە هەڵدەوەشێنێتەوە، دادوەرەکانیشی سزا دەدات.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو جۆرە دادگایانەیە کە لە خزمەت بەرژەوەندی سیاسی هێزە میلیشیا شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراقدا پێکهێنراوە. حزبە میلیشیاکانی هەرێمی کوردستانیش لەسەر بنەمای رێکەوتن لەگەڵ ئەو هێزانەداو بەشدارییان لە نوسینی دەستوردا ئەم دادگایەیان قەبول کردووە.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی سێشەممە٣٠ی مانگی پێنجی ساڵی٢٠٢٣بڕیاریداو ڕایگەیاند کە درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نادەستورییە. ئەوە ئاشکرایە بەگوێرەی دەستور و ڕێکەوتنی نێوان هێزە میلیشیاکان لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، دەبێت ئەم بڕیارە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵام گرفتەکە لەسەر تایبەتمەندی ئەو بڕیارەو جێبەجێکردنی نیە، هەروەها لەسەر دروستی و نادروستی بڕیارەکەش نیە، بەڵکو کێشەکە لەسەر خودی پێکهاتەی ئەو هێزە ناسیۆنالست و ئیسلامیە میلیشیاییانەیە کە پێکهێنەری حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمن. ئەم هێزانە باندی مافیایی و جەردەی دوای جەنگی داگیرکاری ئەمریکان، کە تاڵانچی و کۆکردنەوەی پاشماوەکانی دوای کۆتایی جەنگن، لەسەر بنەمای داگیرکاری و بێئیرادەکردنی خەڵک، بەزۆرەملێ و گوندەیی هێزی میلیشیا، عێراق و کوردستانیان لەسەر بنەمای نفوزو پێگەی سیاسیان دابەشکردووەو ناویان ناوە حکومەتی فیدراڵی عێراق. هەربۆیە پێش هەر دەستورو یاساو بڕیارێک، ناکرێ خودی پەرلەمانەکەیان شەرعی و فەرمی و موعتەبەر بێت. پەرلەمان ئەو دەزگا بێبایەخەیە لە ئاستی دەسەڵاتی میلیشیادا کە شایستەی هیچ جێگاو ڕێگایەک نیە. بێئۆتۆریتەترین و ناموعتەبەرترین و ڕیسواترین دەزگایە لە پێکهاتەی دەسەڵات و حکومەتی عێراق و هەرێمدا.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیار لەسەر نایاسایی درێژکردنەوەی پەرلەمانێک ئەدات کە ئەو پەرلەمانە بۆخۆی هەر لە بنەڕەتدا لە ئاست بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، جێگاوڕێگایەکی نیە تا پۆشاکی شەرعی بون بکرێت بە بەریدا. بەجیا لە ناشەرعی بوونی پەرلەمان، لەهەمانکاتدا، جێگای مامەڵەی هەرزان بازاڕی نێوان پارتی و یەکێتی و هەر لایەنێکی ترە کە کورسیان لە ناو پەرلەماندا بە کرێ گرتووەو کرێشی لێوەردەگرن. لەلایەکی ترەوە هەر بەو هەرزان بازاڕیە، دەورێکی چەواشەگەرانەیان لە دروستکردنی وەهم و ئومێد بە ئاڵوگۆڕ لەو دەسەڵاتەدا لە ڕێگەی هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە، پەخشکردۆتەوە.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی، پرۆسەی هەڵبژاردنی کوردستان و چارەنوسی پەرلەمان بەهەر کوێیەک دەگەیەنێت، نابێت مەسەلەیەکی جدی و قابیلی هەر جۆرە ئومێدو چاوەڕوانیەک بێت لای خەڵکی ناڕازیەوە.
ئەم جۆرە بڕیارانەی دادگای فیدراڵی کە گوایە لایەن و کەسانێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە پۆزو دەورو دەخالەتی خۆیانی تیا بەرجەستە دەکەنەوە، جگە لە چەواشە کاری و پاشەکشە بە ناڕەزایەتی خەڵك، هیچ ڕۆڵێکی ئەرێنی نەدیوەو نابینێت. پێویستە لە ئەزمونی چەندین ساڵەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و هاوکارەکانیان لە هەرێم، دەسەڵاتی حزبە ناسیۆنالست و تائفیەکانیش لە عێراق، ئەوەندەی حاڵی کردبین، کە هەر هێنانوبردن و کەیس دروست کردنێک و سکاڵانامەو پەنا بردن بۆ هەر دادگایەک، کارێکی گەوجانەی ساختەبازیانەیە کە هەندێ لایەن و کەسانێک بەدوای دەکەون و وەها نیشان ئەدەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بە قازانجی خەڵکە. لەهەمانکاتدا وانیشان ئەدەن پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی ڕێگای فشارێکی جدیە بۆسەر پارتی و یەکێتی لە پرۆسەی گۆڕینی هاوکێشەی سیاسی و ئاڵوگۆر لە دەسەڵاتی سیاسیدا. ئەوەی ئێستا دادگای فیدراڵی بوێری هەیە بڕیارێکی لەو چەشنە دەربکات، ئەوە پێگەی دادگای فیدراڵی نیە، بەڵکو پێگەو هاوسەنگی هێزە شیعەکانە لە حکومەتی عێراقدا لەبەرامبەر حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمدا کە پێویستیان بەوەیە دادگای فیدراڵی بەکاربهێنێت بۆ پاشەکشەی زیاتر بە پێگەی پارتی و یەکێتی و ریسواکردنی حکومەتەکەیان. جوڵاندنی ئەم کەیسەش لەلایەن چەند ئەندام پەرلەمانێکی کوردەوە لە بەغداد، تەنها کارێکی گەوجانەی خزمەتکردنە بە هێزە شیعەکانی حکومەتی عێراق.
دواتریش ئەو لایەن و کەسانە کە دەبنە بەر لەشکری جێبەجێکردنی هەڵبژاردن، بەلیستێکی دروستکراوی تازەوەو خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئایندە ئامادە دەکەن کە لە چوارچێوەو فەلەکی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارازنی و بنەماڵەی تاڵەبانیدایە، بەدروشمی گاڵتەجاریانەی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردەوە، بەڵام هەرئەوەندەیان پێ دەبڕێت کە چەند کورسیەک بۆ لیستەکەیان زیاد بکەن و هیچی تر! ناتوانرێ هیچ ئاڵوگۆڕێک بە قازانجی خەڵک بەدەست بهێنرێت، چونکە لە دواجاردا ئەوە ئاشکرایە کە دروستکردنی قاڵبی کورسیەکانی پەرلەمان تەنها بۆ مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی دەنگی ئەندام پەرلەمانەکانە لەبازاڕی پارتی و یەکێتیدا.
پەرلەمان لە کوردستان و عێراقدا بەهیچ جۆرە کردارو مانایەک، نەیتوانیوەو ناتوانێ پێگەی سیاسی هێزەکان و توانای پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی یەکلابکاتەوە، بەڵکو دەسەڵاتی سیاسی بنەماڵەیی میلیشیا و هێزی تائفی میلیشیا، پێشوەخت هەموو کەینوبەین و مامەڵەیەکیان بڕیوەتەوە! پەرلەمان دەکەنە کاریکاتورێکی گاڵتەجاری دەستکەلای نەخشە سیاسیەکانیان. وەک چەواشەکاری لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، ئەم هاوکێشەیە لە عێراقدا وەها ڕیزبەندی دەکرێت، کە”دەسەڵات دواتر پەرلەمان، نەک پەرلەمان دواتر دەسەڵات”! ئەو کەس و لایەنانەش کە تەنها ئومێد بە پەرلەمان دەکەنە بنەمای هەڵسورانی سیاسیان، ئاشکرایە جگە لە ئارایشدانی جوانکاری لە پێکهاتەی دامودەزگاکانی دەسەڵاتی ئێستای گەندەڵ و تاڵانچیدا، شتێکی تریان بۆ ناکرێت. ئەتوانین بەسادەیی بەو کەسانەی ئومێدیان لەسەر ئەم دادگای فیدراڵیە هەڵچنیوەو خۆیان بە دڵسۆزی خەڵک دەناسێنن، بڵێین؛ فەرمون سکاڵایەک لەو دادگایە تۆمار بکەن با لە عێراق و کوردستان کۆتایی بە هێزی میلیشیا بهێنرێت! ئایا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەتوانێ سکاڵایەکی لەو چەشنە بخاتە ناو جەلسەکانیەوە؟




ئێوارانە ..٣٦.. سەردار جاف

ئەم ئێوارە
بانێژەيەکی سوتماک
پڕ لە چۆڵەوانی
تاريکی کزکز باڵ دەکێشێ بە سەر گەڵا بە گەڵای دارەکە
مانگ بە پێپليکانەی رۆشناييدا دێتە خوارەوە
لە پەيژەی قرچەقرچی دڵمدا هەڵدەخزێ
پێيەکانی بە سەر لەشمدا دەترازێنێ
هەنسکی خۆر
دوا ترپەی ماڵئاوایی بە نێو چەوانی شەبەقی رۆژدا دا
ئيدی چۆلەکەی سەردارەکەی دراوسێی ناجريوێنێ
تەنها زەنگی مۆبايلەکە نەبێ
بە داڵانی ماڵە تەنهاييەکە دێ و دەچێ
پياسەيەک بە بەر دەرگا بە دەرگای ژوورەکانا دەکا
هاوارێک لە پەنهانی
سوورمەی سوخمەکەی دەترازێنێ و رۆژ دەبريسکێنێ
ئەو لەو ديو هاوار و ناڵينە
من لێرەی گڕگرتنا تاڵاويم لە جێی شيرينە
هەناسەم داوەتە بەر گڕی ئاگرەکەی
دەسوتێم گڕ بە جەستەمەوە ديار نييە
گڵۆڵەی بەن
لە زەمەنە ئاوەژووەکانەوە هەڵدێ
پێکەنينەکانی دوێنێم بە گريانەکانی ئەمڕۆم سڕی
چارۆکەيەک خەمم بۆ هات
لە سندوقی پۆستەکەمدايە
پڕ بوو لە فرمێسک و تاريکی شەهلا
تەنهایی منی پێويست بوو
دەرۆزەکەرێکی دەروازەی دەزووی گرێدانی بووم
شەو منی لە تەليسمی تاريکی ئاڵاند
کەچی گڕوگاڵی گريانێکم بوو
حەسرەتەکانمی بە خۆوە گرێ دابوو
تۆ هێشتان
لە دەرۆزەکردنەکەی من ناگەی
من سواڵی بزەی لێوت و
نيگای تيلە و
ماچی گۆنا و
شەرابی سينە و
مەستبوونی خەرەندی توانەوەی تۆمە
هەر وێڵ و لە سۆراغی
کۆتا تاريکی و تەنهایی و
بە ئاگابوونەوەی مەستی و
سەمای لێو و
ماچی تەڕ و
تێربوونی نيگا و
دارەدارەی ئيشقی بی حەوسەڵەیی خۆمە
ئیتر نازانم بۆ دەڵێی بێکەسم
ئەوە نييە هەر لە ناو چاومی و
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

٢١/ ٥ / ٢٠٢٣




دڕۆن، بەرەو کوێمان دەبات؟.. فـازیـل شـەوڕۆ

ئەگەر پێش حەفتا ساڵێک، لە کۆیە، کە ماڵە دەوڵەمەند و ئاغاکان ژنیان دەهێنا، دەبووایە دەستە دەستە خەڵک لە سەر ڕێگا و لە سەربانان ڕاوەستن بۆ تەماشاکردنی کەژاوەی بووکێ کە دەیان ئەسپی شێی کوردی لە دوای یەکدێ ڕێیان دەکرد، سەرکەللـەیان بە دەسرۆکەی ئاڵ و سەوز و زەرد دەڕازاندرایەوە و جۆرەها گوڵینگە و ڕیشمە و تاڵایان تێدەئاڵاندن، ئەوا هەر چەند ساڵێکی دیکەیە، نەوەکان، دەبێ پۆل پۆل ڕاوەستن بۆ تەماشاکردنی کەژاوەی بووکێ کە بە دڕۆن بەرەو هەواری مانگی هەنگوین دەفرێت و بەڕی دەکەوێ!
لە ساڵی ١٩٧٢- کە لە زانکۆ دەمخوێندن، لە پێشەنگای نێو دەوڵەتیی بەغدا، لە هۆبەی وڵاتی هیندستان، کیژۆڵەیەکم بینی لەو دەشتە، فڕۆکەیەکی، بە ئاسماندا دەخولاندەوە کە وەک کۆلارە بە داوێکەوە بەسترابۆوە، من لە خەیاڵی خۆمدا دەگوت، چەند خۆش دەبێ ئەگەر فڕۆکەکە ئەو داوەی پێوەنەبێ و بە ئازادی بتوانرێت بفرێندرێت!
مێژووی درۆن (فرۆکەی بێفڕۆکەوان)، دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نوزدەم، کاتێک نەمساوییەکان لە ساڵی ١٨٤٨ بە بەکارهێنانی ٢٠٠ بالوونی بێ سەرنشین هێڕشیان کردە سەر شاری ڤینسیا لە ئیتاڵیا. پاش ١٤ ساڵان ئەمریکا یەکەم داهێنانی لە درووستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تۆمارکرد. لە ساڵی ١٨٩٨ ەوە ئەمریکا کامێرای لە باڵندە خستوە و بۆ چاودێری و سیخۆڕی بەکاری هێناوە، وەک لە شەڕەکەی نێوان ئیسپانیا و ئەمریکا . لە ساڵی ١٩١١ ەش ئیتاڵیا لیبیای بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردومان کرد. لە شەستەکانی سەدەی ڕابروودا، بەو جۆرە فڕۆکەیە، ئەمریکا پتر لە ٣٥٠٠ هێڕشی کردە سەر ڤێتنامییەکان. ئەوە بوو ئەمریکا و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٨٦ یەکەم فڕۆکەی (Pioneer)یان درووست کرد و دوای چوار ساڵ، سوپای ئەمریکا جبەخانەی خۆی پێدەوڵەمەند کرد. لە ساڵی ١٩٩٩ ئەو فڕۆکە وەک چەکێکی کاریگەر لە شەڕی کۆسۆڤۆ و ئەفغانستان بەکارهاتوو و لە ساڵی ٢٠٠٧ لە عێراقیش ڕۆڵی خۆی بینی. لە ساڵی ٢٠١٤ ئەمریکا بڕی ٢٤ ملیار دۆڵاری بۆ پێشخستنی پیشەسازیی ئەو جۆرە فڕۆکەیە دانا. ١١ ملیار دۆلاری دیکەش بۆ لێکۆڵینەوە لە فڕۆکەی بیفڕۆکەوانی بازرگانی خەرج کرا. بەمشێوەیە ئەو داهێنانە نوێیە وردە وردە پەرەیسەند و پێشکەوت و پەل و پۆی گەیشتە زۆربەی بوارەکانی ژیانی سەردەم، وەک دەیبینین.
دڕۆن ــ کە ناوەکەی لە زمانی ئینگلیزیدا، لەو وینگە وینگەوە هاتووە کە پەروانەکانی دروستی دەکەن، ئیمڕۆ بووەتە زانستێکی بەربڵاو بە ناوی (درۆنۆلۆژی)، نەک هەر لە زانکۆی سەربازی و زانکۆ پێشکەتووەکاندا دەخوێندرێت، بەڵکوو زانکۆی تایبەت بە خۆی هەیە، وەک لە هیندستان، کە چەندها ڕشتە و بەش و هۆبەی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت.
بە گوتەی پسپۆڕێکی ئەو زانستە و ئەو سنعەتە،:”هیچ کەسێک ناتوانێ پێشبینیی ئایندەی دڕۆن بکات، چونکە عەمبازەکانی هێندە گەورەن هەر لە خەیاڵ دەچن، ئێمە هەر دەتوانین وێنای ئەو دڕۆنە بهێنینە بەرچاوی خۆمان کە لە ساڵی ٢٠٣٠ بەئاسماندا دەفڕێت، دوای ئەوە نازانین چ جورە داهێنان و پێشکەوتنێک دێتە ئاراوە، هەر ئەوەندە دەزانین، کە دێ دڕۆن ببێتە ئامێرێکی سیحریی دەستی مرۆڤ، وەک چرایەکەی دەستی عەلائەدین، بتوانێ هەموو شتێکت بۆ دەستەبەر بکات!”
ئەوەی دەروازەی داهێنانە خەیاڵییەکانی بۆ پیشەسازیی دڕۆن خستووەتە سەرپشت، ئیمڕۆ، ئەو زانست و ئامرازانەن:
o زیرەکیی دەستکرد (AI):
ئەو ڕەووتە پێشکەتووەی زانستیی زیرەکیی دەستکرد کە دێ ڕۆژ بە ڕۆژ پتر پەرپسێنێت و داهێنانی نوێتر بهێنێتە ئاراوە، یارمەتیدەری نمرە یەکە لە پێشخستنی پیشەسازیی دڕۆن و بارگاویکردنی بە ئاڵۆزترین و مەترسیدارترین بەرنامە و کار و چالاکی کە لە ئەقڵی مرۆڤ بەدەرن. تەیارکردنی ئەو ئامێرە بە زانست و بەرنامەی ورد و درووست و کاریگەر، وادەکات ئاکام و دەستکەوت و کاردانەوەکانی یەکجار سەرنجڕاکێش و سەرسورهێنەر و بەتوانا بن.

o زانستی نانۆ(Nanoscience):
ئەم زانستە کە بە وردترین وردترین شێوە و ئامێر و کەرەستە، شیکاری و لێکۆڵینە لە شتەکانی ئەم گەردوونە دەکات و لە پیشەسازی و تەکنەلۆژیای سەردەمدا، پشکی شێری هەیە، گەورەترین شۆڕشی لە هەموو بوارەکاندا بەرپاکردوە. خودی زاراوەی نانۆ کە بە ڕەچەڵەک گریکی دێرینە، واتا یەک بەش لەسەر یەک بلیۆن لە مەترێكدا ـ (١/١+ ١٢ سفر). ئەمەش یارمەتیدەرە کە بتوانیت بە بچووکترین و سووکترین ئامێر، کار و ئیشی مەزن ئەنجام بدەی، هەرچەند دڕۆنەکە بچووکیش بێ.

o تەکنەلۆژیای ڕەو (Swarm):
ـ وەک شەرغەی هەنگ کە هەزاران هەنگ یان زەردەواڵە بەیەکەوە دەفڕن، ئەم سیستەمە کە بەشێوەیەکی خودیی، لە یەک بنکە و پنتدا، فرمانی بێتەلی بەسەر هەزاران بنکە و خاڵی دیکەدا پەخش دەکات و کاریان لەگەڵدا دەکات بە شێوەیەک کە یەک تاکە کەس بنتوانێ ئیشی چەند هەزار کەسێک بکات لە هەمان دەمدا. ئەمەش بەرهەمهێنەری جیهانێکی ئاڵۆز و پاڵۆزی سەرسورهێنەرە کە پێشتر مرۆڤ پێی ئاشنا نەبووە.

o بەکارهێنانی هایدرۆجین وەک سووتەمەنی:
تا ئەم دواییە زۆربەی دڕۆنەکان بە پاتری جۆری (LiPo) کاریان دەکرد، ئیمڕۆ، گازی هایدرۆجین، کە وزەبەخشێکی بێ ئەندازایە، وەک سووتەمەنی ئەو فڕۆکەیە بەکار دێ. بەوەش دەتوانن چەندان بار کاتی مانە و فڕینیان لە ئاسمان درێژبکرێتەوە. دووریش نییە لە ئایندە وزەی ئەتوومیش لەو پێشەسازییەدا بەکار بێ.
o بەرزکردنەوەی تایبەتمەندی سەلامەتی و ئاسایش:
چونکە پێشکەوتن و داهێنان لە هەموو زانستەکان بەردەوامە، زامنکردنی باشترین و گونجاوترین سەلامەتی لە هەموو بوارەکان لەو دڕۆنانەدا پەیڕەودەکرێ، وەک دوور کەوتنەوە لە بەربەست و کۆشک و باڵەخانە بەرزەکان، ئاگرنەگرتن و نەتەقینەوە، تانپۆن نەکردن لەگەڵ دڕۆنی دیکە یان لەگەڵ پەڕەشووت و فڕندەکانی دیکە کە بە ئاسمانەوەن، هەرەوها فڕین و نیشتنەوە بە سەلامەتی… تاد.

o ئاوێتەبوونی زانستەکانی دیکە: چەندان زانست و تەکنەلۆژیایی دیکە هەیە، کە لە پیشەسازیی ئەو جۆرە فڕۆکەیەدا بەکاردێن و سوودیان لێوەردەگیرێت، لە جۆری ماددەکان و توخم و پێکهاتە و بەکارهێنانیان… تاد. ئەم توخم و کەرەستانەش ڕۆژ بە ڕۆژ گۆڕانکارییان تێدا دەکرێ بە مەبەستی باشتر کردنیان. ئەمانە هەموو ڕێخۆشکەرن بۆ درووستکردنی درۆنی پێشکەوتووتر.
ئیمڕۆ نزیکەی ١٠٠ وڵات، درۆنی سەربازیی وەک چەک هەیە و بەلانی کەم ١٧ وڵات بە کرداریی لەبەرەکانی شەڕدا بەکاریان هێناوە. وڵاتە بەرهەمهێنەرەکانی دڕۆن لە جیهاندا، بە گوێرەی ڕێزبەندیان لە زۆری بەرهەم ئەمانەن: ئەمریکا ، چین، ئیسرائیل، تورکیا، ئێران. لە ساڵی ٢٠١٤ ئیسرائیل بە تەنیا لە٦٠٪ی دڕۆنی جیهانی هەناردەکردوە و ئەمریکاش لەو ساڵەدا ٩هەزاری لێ درووست کردوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ نزیکەی ٩٠٠ هەزار دڕۆنی گەورە و گچکە لەو وڵاتەدا تۆمارکراوە، کە نرخی هەرزانەکەیان ٥٠٠ دۆلار بووە.

دڕۆن، ئیمڕۆ لە چ بوارێکدا بەزۆری بەکاردێ:
یەک: بواری کشتوکاڵ:
فەڕەنسا یەکەم وڵاتە کە بەم دواییە، زۆر زانستییانە سوودی لە دڕۆن وەرگرتووە لە کەرتی کشتوکاڵی و ـ تەنانەت ئاژەڵداریشدا. ئەمەش لە چەندان بوار و بە چەندان شێوە، هەر بۆ نموونە، بۆ ڕووماڵکردنی ئەو زەووییانەی کە دەیانەوەی دایچینن و نەخشەکێشانی تۆبۆگرافی شوێنەکان، هەرچەند سەخت و عاسێش بن. چاککردنی ئیکۆسیستمی ژینگە، کاتێک لەبەر هەر هۆ و شتێک ئەو ژینگە زیانی پێبگەیبێ. ئاودێریکردن و بینینی ڕۆڵی میراو و هەڵبەستنی جۆبار و جۆماڵکردنی جۆگەکان و ڕێڕەوەکانی ئاو. قڕکردنی مێشوولە و زیندەورە بە زەڕەکانی وەکو قڕگە و سنوکیسەڵ و خۆرکە و …تاد. نەخشەکێشانی ڕێگەی هاتووچۆ بۆ جوتیار و ئامێرەکانیان. وەرگرتنی وێنەی سێڕەهەندی و دەیان جۆری سکانی پشکەوتووی جۆری خاک و خۆڵ و بەرهەم و دار و درەخت وسەوزایی. چاودێریکردنی ئاژەڵ و ماڵاتەکانیان. ئەوجا جگە لە کەمکردنەوەی زەرەوروزیانی لافاو و ئاو هەڵسان و بەنداوشکان… تاد. ــ (نامانەوێ لێرە مێشکی خوێنەر بە ناوی ئەو ئامێرانە بهێشینین کە لەو دڕۆنانە بەکاردێن.)

دوو: کەرتی گواستنەوە:
ئەمەیان بەرفراونترین بەکارهێنانی دڕۆنە لە بوای بازارگانیدا، سەدان کۆمپانیای زەبەلاح کێبڕکێیانە لە درووستکردنی دڕۆنی تایبەت بۆ خزمەتکردنی ئەم بوارە. دوو دەزگا زەبەلاحەکەی جیهان: گوگوڵ و ئەمەزۆن، شۆڕشێکیان لە لۆجیستیی گواستەنەودا بەرپاکرد، بەتایبەتی لە سەردەمی پەتای کۆڤید-١٩ کە خەڵک ئۆنلاین شتومەکەکانیان دەکڕی. لە هێندێ وڵاتدا، گواستنەوە بە دڕۆن لە بواری ئەزموونیی دەرچووە و چووەتە بواری کرداریی، ئاساییە دڕۆنێک لەسەر بان یان لە حەوشەی ماڵەکەتان بنیشێتەوە و نان و کەباب و پیتزەت بۆ بێنی کە داوت کردوە.
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خزمەتگوزاریی جۆری (DaaS) مۆدێلێکی بازرگانییە کە کۆمپانیاکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان پێشکەش بە کڕیارەکان دەکەن لەسەر بنەمای بەشداریکردن یان پارەدان بۆ هەر بەکارهێنانێک. ئەم ڕەوتە خەریکە جێگەی خۆی دەگرێتەوە چونکە ڕێگە بە بازرگانەکان دەدات دەستیان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بگات بەبێ وەبەرهێنانی پێشوەختە لە ئامێر و ڕاهێناندا. لەم ساڵدا (٢٠٢٣)، پێشبینی دەکەیرێت کە دابینکەرانی زیاتری DaaS سەرهەڵبدەن، کە خزمەت بە کۆمەڵێک پیشەسازی و بەرنامەی بەرفراوان دەکەن.
هەر لە بواری گواستنەوەدا، ئێستا ئەمریکا و ژاپۆن و چین، مەشق و ڕاهێنان لەسەر دڕۆنەتاکسی دەکەن. ‘تاکسی ئاسمانی’ ئەم فڕۆکە کارەباییە پێشکەوتووانە دەتوانن ئەرکی بەرزبوونەوە و نیشتنەوەی ڕاست (VTOL) ئەنجام بدەن؛ و توانای هەڵگرتنی ١ ـ ٥ سەرنشینیان هەیە. مەودای فڕینیان بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان ٢٥-١٠٠ کم دەبێت، هەرچەندە مەودای هەندێک مۆدێل لە ٢٥٠ کم زیاترە. پێشهاتەکانی ئەم دواییە نەک تەنها خاڵی وەرچەرخانێکی مێژووییە لە فڕۆکەوانیدا، بەڵکوو سەرەتای سەردەمێکی نوێیە کە تێیدا ئاسمانی ئاستی نزم لەوانەیە ببێتە ‘ڕەهەندی سێیەم’ی گواستنەوە.
بێگومان ئەم بوارە پۆست و گەیاندیش دەگرێتەوە کە هەزاران کۆمپانیا لەسەر ئاستی جیهان کێبڕکێیانە و خەریکی ئەو پیشەیەن.

سێ: بواری سـەقا:
نەک هەر بۆ چاودێرکردن و کۆکردنەوەی زانیاری، بەڵکوو بۆ دیاریکردنی گۆڕانەکانی سەر شوێن و ژینگە و گیاندار و دار و درەختەکانیش سوود لە دڕۆن وەردەگیرێت.
بەپێی توێژەرانی زانکۆی کۆرنێل، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەوەی تێبگەین کە پارچە زەوییەک چەند وزەی خۆر هەڵدەمژێت یان ڕەنگدانەوەی هەیە. بەم شێوەیە پلاندانەرانی دیمەنی سروشتی دەتوانن بەکارهێنانی زەوییەکانیان بە باشترین شێوە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی سوود بە خۆیان و کەشوهەوا بگەیەنن. هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەتوانن چاودێری کوالیتی هەوا و دانیشتوان و گیانلەبەرە کێوییەکان و ڕووپۆشی دارستانەکان و زۆر شتی تر بکەن. دڕۆن چاودێرە بەسەر ڕێژەی پیسبوون و پاکی ژینگەی شارەکانیش.
چوار: بواری ڕووداوە سرووشتییەکان:
چونکە دڕۆن دەتوانی بگاتە هەموو خاڵێک هەرچەندە دژوار و سەختیش بێ، لە کاتی لافاو و گڕکان و بوومەلەرزە و زەوی ڕووچوون و هەرەسی بەفر و ئاگرکەوتنەوە، دڕۆن هەم دەتوانرێت ڕووماڵی شوێنەکان بکات بۆ وەرگرتنی زانیاری و هەم خزمەتگوزاریی فریادگوزاریش بگەێنێتە لێقەوماوان. لە زۆرە ڕووداوی سرووشتی، دڕۆن کۆمەک و یارەمەتی گەیاندووەتە لێقەوماوان یان یاردەربووە بۆ کوژانەوەی ئاگر.
دوای لافاو، دڕۆن، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ڕووپێویکردنی زیانەکان و تەنانەت ناسینەوەی ئەو کەسانەی کە لە ناوچە عاسێیەکاندا گیریان خواردووە. لە ساڵی ٢٠٠٥ دوای زریانی کاترینا، بۆ یەکەمجار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازیی ئەمریکا بۆ گەڕان بە دوای گیرخواردوو و زامدارەکانی بەکارهێنرا.
پینج: لە بواری تەندرووستی و پزیشکیدا:
لە زۆربەی بنکە و مەڵبەندە تەندرووسیتەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو، لە ڕێی دڕۆنە و کۆمەک و یارمەتی و داودەرمان و کەرەستەی پزیشکی و خۆراک و جل و بەرگ و زۆر شتی تر دەگەێینە نەخۆش و کەسانێک لە شوێنی دوورەدەست تووشی ڕووداو و سووتان و شکان و زامداربوون…تاد بوون. لە سەردەمی پەتای کۆڤید – ١٩ دڕۆن رۆڵی باشی هەبێ لەم بوارەدا.
شەش: لە بواری فیلمۆگرافیدا:
ئیمڕۆ فۆتۆ و فلیم و گرتەی ڤیدیۆیی بووەتە پیشەسازییەکی جیهانی زۆر پڕ داهات، بۆیە ئەوانەی لەو بوارانەدا کاردەکەن هەوڵدەن هەموو تەکنەلۆژیا بەردەسەتەکان بۆ جوانترتین و باشترین تۆمار و فۆتۆ بەکار بێنن. ئەمەش بوارەکانی فلیمسازی و سینەما و میدیاکاری و فۆتۆگرافی و هەر پیشەسازییەک پەیوەست بێ بەکارهێنانی کامێرا، دەگرێتەوە، جا بۆنەکان هەر جۆر و تەرز و شێوەیەک بن.
حەوت: لەدەرەوەی بەرگەی هەوا:
لە سەرەتای ئەمساڵدا(٢٠٢٣)، ناسا بە سەرکەوتوویی فڕۆکەی ڕۆڤەری Perseverance ی ناردە سەر مەریخ و توانرا بنیشێتەوە لەکاتێکدا بارێکی قورسی لە کەرەستەی و ئامێری پێویستی هەڵگرتبوو و هێلیکۆپتەری مەریخ، Ingenuity لەگەڵ خۆی بردە ئەوەێ. ئەمە یەکەمجار بوو کە تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەسەر جیهانێکی تر تاقی بکرێتەوە. گەشتی Ingenuity کورت بوو بەڵام ساتێکی پڕ بایەخ بوو لە مێژوودا، توانرا لە بەرگەهەوای زۆر تەنکتری مەریخدا چەندین جار بە سەرکەوتوویی بفڕێت و بنیشێتەوە بۆیە تاقیگەی جێت پاڵنەرەکانی ناسا، گەشتەکانی بۆ مانگێکی دیکەی تاقیکردنەوە درێژکردەوە. ئەمە تەنها هەنگاوێکی بچووکە بەڵام پڕ بایەخە، لە پەرەپێدانی پیشەسازیی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیدا.
هەشت: لە بوارەکانی گەشتوگوزار و بیناسازی و پەروەردە:
نەک هەر لەم سێ کەرتە هەستیارەدا بەڵکوو لە زۆربەی کەرتەکانی دیکەشدا، بە شێوەیەک لە شێوەیەک دڕۆن ڕۆڵی پڕ خزمەتگوزاری دەبینی و سوودی لێوەردەگیڕێ. وەک نەخشەکێشان، دانانی ماستەرپلان، گواستنەوە، تاقیکردنەوە…تاد.
نۆ: لە بواری سەربازی و ئاسایشدا:
ئێمە، زانیارییەکانمان دەربارەی دڕۆن، پتر لەسەر بەکارهێنانە سەربازییەکەیەتی ـ کە ڕۆژ بە ڕۆژ پتر پەرەدەسێنێت و داهێنانی نوێی تێدا دەکرێ.
لە بواری سەربازیدا دڕۆن ئیمڕۆ بەکاردێت لە هۆبەی هەواڵگری، چاودێریکردن، بە ئامانجگرتن، سیخوڕیکردن و هەڵگرتنی تەقەمەنی و هێرشکردن و بەرگریکردن و تەقاندنەوەی مین، هەرەوەها لە یارمەتیدانی ئۆپەراسیۆنە تاکتیکی و ئۆپەراسیۆنی و ستراتیژییەکان بەکاردەهێنرێت ئەوا جگە لە پێشکەشکردنی پشتگیریی لۆجستی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەپێی قەبارە و تواناکانیان. ئیمڕۆ کۆمپانیایەکانی سنعەتی دڕۆنی سەربازیی پێشبڕکێیانە لە داهێنان و درووستکردنی نوێترین و باشترین جۆریان. لە بازاڕی چەکفرۆشاندا، لە پێشەنگای نمایشکردندا، دەیان جۆریان دەبینرێن. هەر بچووکەیان هەر ٥٠ سم دەبێ و هەرە گەورەکەیان ـ تا ئێستا، درێژییەکەی نزیکەی ١٠ مەتر دەبێ.
دڕۆنی (RQ-4 Global Hawk) گەورەترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لە جبەخانەی ئەمریکادا. نزیکەی ١٣٠ پێ درێژە و ٤٧ پێ پانە و کێشی کۆی گشتی ١٤٩٥٠ پاوندە و دەتوانێت چاودێری ١٠٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە بکات لە ڕۆژێکدا و لەلایەن تیمێکی سێ کەسییەوە دەفڕدرێت و مەودای ٢٣ هەزار کیلۆمەتری هەیە. لە بەرزایی ١٨ هەزار پێدا دەفڕێت. دەتوانێت بۆ ماوەی ٤٢ دەمژمێر بفڕێت. لە ٢٠/٦/٢٠١٩ سوپای ئێران توانی درۆنێکی لەو جۆرە بپێکێت و بخاتە خوارەوە.
دڕۆن هەیە تا ٥٠ هەزار پێ بەرزدەبێتە و هیچ ڕادارێک ناتوانی بیدۆزێتەوە و بیگرێ. لە ساڵی ٢٠١٨ ئیسرائیڵ بووەتە سەر تۆپی وڵاتان لە دروستکردنی باشترین جۆری درۆن. لە بارەی نرخەکانیانەوە هەرزانیان هەیە و گرانیان هەیە وەک:
جۆری (Black Hornet) بە ١٩٥ هەزار دۆلارە، (FULMAR) بە ملیۆنێک و ١٠٠ هەزار دۆلارە، (Global Hawk) بە ٢٢٠ ملیۆن دۆلارە. ئەو دڕۆنانەی لە عێراق و ئەفغانستان بەکار هاتن جۆری (Predator) بوو نرخەکەی ٤٠ ملیۆن دۆلارە سنعەتی ئەمریکا و ئیسرائیلە. (ناکرێ لێرە مۆدیل و پێناسەی هەموو جۆرەکان بکەین.)
ئایندەی دڕۆن بەرە کوێ؟
وەک لە سەرەتادا، ئاماژەمان پێدا، لەبەر خێرایی گەشەکردنەکانی زانستی و تەکنەلۆژی، زەحمەت بتوانرێت سنووری ئایندەی ئەو داهێنانە دەست نیشان بکرێت. لە لایەکی دیکە هەر کۆمپانیایەک، بەو پەڕی سڕرقایمی و نهێنیی کارەکانیان ئەنجام دەدەن، دوور لە چاوی میدیا و دەزگاکانی دیکە.
وامەزەندەدەکرێ، کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، لە هێزەکانی ئەمریکا، هەر سەربازێک، دڕۆنێکی تایبەت بەخۆی هەبێ، قەبارەکەی هەر بە قەد چۆلەکەیەک بێ و پێدەگوترێ دڕۆنی زەردەواڵەیی، کە لە چەندان بواری سەربازییدا یارمەتی سەربازەکان دەدات.
وامەزەندە دەکرێت، کە لە چەند ساڵێکی دیکەدا تابلۆ ئۆتۆمبیل لە ئەمریکا و ئەوروپا بکرێتە دیجیتەڵی، تا دڕۆن بتوانێت هەر ئۆتۆمبیلێکی کە بێەوێت یەکسەر بیدۆزێتەوە ـ بە تایبەتی لە کاتی ئەنجامدانی تاوان و کاری تیرۆریستی و قاچاغچییەتیدا.
وامەزەندە دەکرێ، هەموو دەزگا فریادگوزارییەکانی وەک تەندرووستی و ئاگرکوژاندنە و پاراستنی دارستان، دڕۆنی تایبەت بەخۆیان هەبێ.
چەند مانگێک پێش ئێستا، سوپای چین، مەشق و ڕاهێنانێکی تایبەتی ئەنجامدا، کە یەک سەرباز بە بەکارهێنانی یەک ڕیموتکۆنتڕۆڵ، توانی ئیش بە یەک هەزار دڕۆن بکات و بەگەڕیان بخات و نیشانە و ئامانجە دیارکراوەکانیان بە وردی بپێکن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
لە ئایندەی نزیکدا، لە ئاهەنگ و گۆبەندەکانی وەکو جەژنی سەری ساڵ و لە دایک بوونی مەسێح، دەکرێ بە هەزاران دڕۆن، لە شەودا، نمایشی هونەری جوان جوان لە ئاسماندا ئەنجام بدەن. تاکسی ئاسمانیش ئێستا ئەوا مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر دەکرێ.
لایەنی خراپی و مەترسییەکانی دڕۆن چین؟
زۆرن… .
هەموو ئەو وڵاتانەی نیازیانە دڕۆن لە بەرنامەی ئایندەیان بە زۆری بەکار بێنن، پێویستیان بە دەستوور و یاسایی نوێ هەیە، بۆ مۆڵەت و سزا و چۆنیەتیی بەکارهێنانی، ئەمە یاسای هاتووچۆی ئاسمانییش دەگرێتەوە. چونکە ئەم سنعەتە نوێیە، سەدان جۆر پێشە و پیشەوەری نوێش لەگەڵ خۆیدا دادەهێنی، کە پێویستان بە یاسا و ڕێسا هەیە بۆ ڕێکخستنی کارەکانیان. پارەکە ئەمریکا هەر بە بڕی یەک ملیار و نیو دۆلار دڕۆنی بازرگانی فرۆشتەوە، مەزەندە دەکرێ داهاتەکەی لەو سنعەتە، لە ساڵی ٢٠٢٦ بگاتە نزیکەی ٥٥ ملیار دۆلار!
بەکارهێنانی دڕۆن لە لایەن تاقم و گرووپە تیڕۆرستییەکان، مەترسییەکی جددیە، کە کێشە و گرفتی زۆر بۆ ئاسایشی نەتەویی وڵاتان درووست دەکات. ئێستا ماددەی هۆشبەر و شتومەکی قاچاغ، لە سەر سنووی زۆر وڵاتان قاچاغچییەتی پێدەکرێ و ڕەواجی زۆری هەیە، تەنانەت لە باشووری عێراق لە نێوان ئێران و عێراق، بەڵگە هەیە، کە بە درۆن قاچاغچییەتی دەکرێ!
لە نێو شارەکان، تەنانەت لە نێو بەندخانەکانیش، دڕۆن بۆ دزەپێکردنی ماددەی هۆشبەر و داودەرمان و شتی دیکە بەکار دێ. دەکرێ هێرشی بە ئەنقەست یان لە ڕێگەی سەرقاڵکردنی فڕۆکەوانان یان کۆنترۆڵکەرانی فڕین دڕۆن بەکار بێت، وەک یەکەم ڕووداوی پێکدادانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ لە شاری کیوبیک لە کەنەدا ڕوویدا. لە ١٠ی ئابی ٢٠١٨ لە شاری دریگز لە ویلایەتی ئایداهۆ لە ئەمریکا، دڕۆنێک خۆی کێشا بە بالوونێکی گەرم.
مەترسییەکی دیکەی دڕۆن ئەوەیە، کە لە شارەکان هەمیشە هێندێ شوێن هەیە کە بایەخی ئیستراتیژی و سەربازیی و ئاسایشییان هەیە، نابێ بەهیچ جۆرێک فڕۆکە و دڕۆن لێیان نزیک ببنەوە، ئەو جۆرە شوێنانە پێویستیان بە دژە دڕۆنی پێشکەوتوو هەیە بۆ بەرگریکردن و پاسەوانی. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێویستی بە چارەسەری دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ پاراستنی شوێنە هەستیارەکان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی بێ مۆڵەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە زیادبووندایە.
ئێستا لە ئەوروپا و ئەمریکا دا، مشتوموڕی گەرم لە میدیاکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا لە ئارادایە، ژینگەپارێزان و کۆمەڵەی سەوزی هەسارە و زۆر لە ئەدیب و فەیلەسوف و ڕۆشنبیران، دژی ئەوەن کە ژینگەی ئاست نزمی ئاسمان (بەرگەی هەوا) بەکاربێت بۆ هاتووچۆی دڕۆنەتاکسێ، بە توندی دژی ئەوەن کە ئاسمانیش وەک سەر زەوی بە تاکسی و ئۆتۆمبیلی ئاسمانی تێکبدرێت و ببێتە مایەی مەرگ و زامدار بوون خەڵک و پیسکردنی ژینگە.
شەڕی ئۆکڕاین و ڕوسیا، یەکەمین شەڕە کە زۆرترین دڕۆنی تێدا بەکارهاتبێ، ئەگەرچی ژمارەی تۆپارانکردن بە مووشەک و تۆپ و تەیارە چەندا بار پترە لە هێڕشی دڕۆنەکان، بەڵام کاریگەریی دڕۆنەکان زۆرتر و کووشندەتر و بە زەبرترن.
سنعەتی دڕۆن و بەکارهێنانی لە کوردستاندا:
بەڕاستی، بەبێ دەمارگیریی نەتەوەیی و ڕەگەزپەرستی، ئەگەر داهێنان و باری ئابووری بەم ئاست و ئارستەیەی ئیمڕۆ بەردەوام بێ، ئەوا بەو نزیکانە، جیهان دەبێتە دوو جیهان: جیهانی پێشکەوتوو و جیهانی دواکەوتوو. جیهانی سەرمایەداریی و جیهانی چەوساوەکان. بەداخەوە، ئەگەرچی ئێمرۆ لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ٣٤ زانکۆ هەیە، سنعەتی درۆن و بوارەکانی، هیچ حزوور و پێگەیەکیان نییە. بۆچی؟ بەرنامەی وەزاڕەتی خوێندنی باڵا و وەزاڕەتی پەروەردە لەو بارەیەوە چییە؟ نازانرێت. ئاخۆ پلانی داهاتووی نزیکمان چییە؟ نازانرێت.
کاتی ئەوە هاتووە، کە ئەم بابەتە بە جددی وەرگیرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و کاریشی بۆ بکرێ و ئێمەش بتوانین هەنگاوێک بنێن لەم بوارەدا، گەر وەک سەرەەتاش بێ!
وانەکەین، شەرمەزاری نەوەی ئیمڕۆ و ئایندە دەبین و هیچ پاساوێکێشمان نییە!




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا..65.. شەماڵ بارەوانی

بەشی(٦٥)

دوو فەقێی گچکە و درۆیەکی گەورە!

لە بەشی ڕابردوو باسم لەوە کرد، کە فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، لای مجێوری مزگەوت سکاڵای لێ کردم، کە من هۆکاری دەرکردنی ئەوم لە قوتابخانەی محەمەدییە. سەرەنجام و بەهۆی ئەمەوە، من و کۆمەڵێک فەقێی دیکە، لە هەولێری پایتەخەتەوە، گواستراینەوە بۆ شارەحەیاتەکە(سلێمانی) و مزگەوتی(حەمەی حاجی ڕەشید)و قوتابخانەی ئیسلامی(غەزالی).
حوجرە و قوتابخانەی(غەزالی)یش سەر بە یەکگرتوو بوو.
ماوەیەک لەوێ ماینەوە، دواتر من و سێ فەقێی دیکە بووین. مەلاکان پێیان گوتین کە بڕۆین بۆ حوجرەکەی مزگەوتی سەیوانی دوو، لە سابوونکەران.
بەو شێوەیه ڕۆیشتین بۆ ئەوێ. بەڵام بۆ وانەخوێندن هەردەهاتینەوە بۆ قوتابخانەکەی غەزالی لە مزگەوتی حەمەی حاجی ڕەشید.
لە حوجرەی سەیوانی دووش، ئیزافه وانەی فیقهـ و نەحو و سەرفم لای مەلای مزگەوتەکە، مەلا(عەبدولڕەحمان سەجادی )دەخوێند، کە لە قوتابخانەی غەزالیش وانەی پێ دەگوتینەوە و ئەمیش مەلایەکی سەربە یەکگرتووی ئیسلامی بوو.
لە حوجرەکەی سەیوانی دوو، دوو فەقێی تریشی لێ بوو کە هەمان شێوەی ئێمە، لە قوتابخانەی غەزالی دەیانخوێند.
فەقێ یاسین و فەقێ(کۆ….). فەقێ (کۆ…) فەقێیەکی زۆر جاڕسکەر و تەبیعات ناشیرین و زۆر دەستناخۆش بوو.
چیمان بکردبایە و بگوتبایە، ڕێک دەڕۆیشت هەمووی لە مشتی مامۆستا مەلا عەبدولڕەحان سەجادی دەنا.
زۆر تەعامولی ناخۆش بوو و وەک براگەورەی ئێمە دانرابوو.
تا بڵێیت ناحاڵی و مامەلەبێتام بوو. وەک دکتاتۆرێک فەرمانی بەسەردا دەکردین.
من ئەوەم زۆر لەسەر دڵ گران و بەلاوە ناخۆش بوو و قەت نەمدەتوانی قبووڵی شتێکی وا بکەم. چەندین جار لە ڕووی ئەو فەقێیه وەستامەوە.
ئەو فەقێیه، دووزمانی و سیخوڕی بەسەرەوە دەکردین. کورد گوتەنی تڕێکمان بکردبایە، ڕێک دەچوو هەمووی بە نهێنی لای مەلاعەبدوڵڕەحمان سوجادی باس دەکرد.
هەر بەهۆی ئەویشەوەبوو کە مەلا عەبدولڕەحمان لێم تووڕە و زویربوو و هەڕەشەی دەرکردنی لە حوجرەکەی مزگەوتی سەیوانی دووی لێ کردم، کاتێک کتێبێکی پیاوەئایینییە سەلەفییەکانم کڕی. تەفاسیلی ئەو چیرۆکە، لە بەشێکی تری بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕادا باس دەکەم.
کاتێک مەلا هەڕەشەی دەرکردنی لێ کردم، من ئیتر دڵم لەو مزگەوت و حوجرەیە شکا. من و فەقێیەکی تر، فەقێ هەیاس، کە خەڵکی دێیەکەی من بوو و من کردبووم بە یەکگرتوو و بردم بۆ فەقێیاتی. ئێمە زۆر هۆگری یەکتری بووین و وەک دوو برای دووانە وابووین و لە هەموو شوێنێک هەر پێکەوە بووین.
بە فەقێ هەیاسم گوت من ئیتر لێرە دەڕۆم. ئەو گوتی منیش لەگەڵ تۆم، بۆ هەرکوێ بڕۆیت.
ڕێک ڕۆیشتینە لای مەلا(ناسیح شارباژێڕی)ی بەڕێوەبەرمان و گوتمان: بمانگوازەوە بۆ حوجرە و مزگەوتێکی تر و ئێمە یەک چرکەی تریش لە حوجرەی مزگەوتەکەی(سەیوانی دوو)نامێنینەوە.
گوتمان یان مزگەوتەکەی (عەلی کەمال)، یان مزگەوتێکی تر، کە ئەویش لە گەڕەکی زەرگەتە بوو و ناوەکەیم بیرنەماوە.
ئەو دوو مزگەوتە کۆمەڵێک فەقێی تێدا دەمانەوە، فەقێکان هەمووی یەکگرتوو بوون. ناوی مزگەوتێکی تریشمان پێی دا. هەڵەنەبم مزگەوتی(عەبدولقادری گەیلانی)بوو، باشم بیرنەماوە.
وەلێ ئەو ڕازی نەبوو و گوتی: زەوی و ئاسمان بگەن بەیەک، ئەوە ناکەم.
کە مەلا گوتی هەرگیز ئەوە نابێت، مەلا ناسیح بەڕێوەبەرێکی زۆر وشک و توند تەبیعات و مامەڵە زبر و ناخۆش بوو.
کە بە ڕوویەکی ناخۆش و زمانێکی زبر گوتی: ناڕۆن بۆ هیچ حوجرەیەکی تر و دەبێت لەوێ بمێننەوە.
من و فەقێ هەیاس، زۆر بەوە پەست و نیگەران بووین.
سەرەنجام من و فەقێ هەیاسی هاوڕێم، بڕیارمان دا سلێمانی جێ بێڵین و بڕۆینە قوتابخانەی ئیسلامی لە ئاکرێ. بەڵام چۆن و بە چی ڕێگایەک بڕۆین؟
پلانمان دانا، کە بڵێین کەسوکارمان گوتوویانە: هەرگیز قبووڵ ناکەین لە سلێمانی بخوێنن، بەدواتاندا دێین و دەبێ بێنەوە لەگەڵمان.
فەقێ لوقمان برادۆستی کە ئەویش لەگەل ئێمە لە حوجرەکەی مزگەوتی سەیوانی دوو دەمایەوە و ئێستا مامۆستایە لە کولێژی زانستەئیسلامییەکانی زانکۆی سەلاحەددین.
گوتمان ئێمە کارێکی وا دەکەین و بە درۆ وا بە مامۆستاکان دەڵێین، تکایە بە هیچ کەسێک نەڵێیت.
فەقێ لوقمان فەقێیەکی زۆر ڕاستگۆ و جێگای متمانەبوو. فەقێیەکی تا بڵێیت ڕێزدار و ڕەفتارجوان بوو.
سەرەنجام بە مامۆستا مەلاکانمان گوت، کە بابەتێکی وا هەیه، تەواو ئێمە دەڕۆین لێرە. کەوامان گوت، گوتیان بە هیچ شێوەیەک نابێت لێره بڕۆن، ئێوە دوو فەقێی زۆر زیرەک و ڕەوشتبەرزن.
مەلا ناسیح شارباژێڕی بەڕێوەبەر گوتی: بەس نەڕۆن، کامە حوجرە و مزگەوتتان دەوێت، بەڵێن بێت بتاننێرم بۆ ئەوێ.
گوتمان کەسوکارمان فشار دەکەن و دەڵێن: گەر سلێمانی جێ نەهێڵن و نەگەڕێنەوە هەولێر، دێین و بە زۆر لە حوجرە و فەقێیاتی دەرتان دێنین.
گوتیان: زۆرمان لەسەر دڵ گرانە، مامۆستا عەبدولڕەحمان سوجادی گوتی: خۆزگە هەموو فەقێکانی تر بڕۆیشتبوانە، بەس ئەم دووەتان نا.
ئەو مەلایە کە پێشووتر(مەلا عەبدولڕەحمان سوجادی) هەڕەشەی دەرکردنی لێ کردم، هەرچەند زۆریشی کەیف بە من دەهات. مەلاکان بۆمن بەگشتی وا بوون، هەم زیرەک و هەم حافزولقورئانیش بووم، ‌ئەوە زیاتر خۆشەویستی کردبووم لای مەلاکان و وای کردبوو کە بەگشتی ڕێزێکی تایبەتم بگرن.
جا کە وامان گوت، مەلا عەبدولڕەحمان گوتی: قەدەری خوایە و دەستی کرد بە گریان. هەموو مەلا و فەقێکانی تریش هەمان شێوە، وەک بڵێیت دوو ئازیزترین کەسیان دەڕۆن و بە یەکجاری لێیان دوور دەکەونەوە. دەستیان کرد بە گریان و هەمووان ئێمەیان ماچ کرد و ئێمەش بە قەست دەگریاین و فرمێسکی تیمساحیمان دەڕشت.
کە هاتینە دەر، تێرتێر پێکەنین و کلاومان کردە سەری هەمووان و دوو فەقێ بچووکەکە، درۆیەکی گەورەمان کرد و هەموومان لەخشتە برد!
دواتر گوتیان بوەستن، مامۆستا سەید سەعید، بەڕێوەبەری قوتابخانەی(محەمەدییە) هاتووە بۆ ئێره و لە مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی سلێمانییە، لەگەڵ ئەو بڕۆنەوە.
ڕۆیشتینە مەڵبەند و لەوێ لەگەڵ مامۆستا مەلا سەید سەعید و مەلایەکی تریشی لەگەڵدابوو نازانم کامە مەلا بوو،

بیرم نەماوە، هاتینەوە بۆ هەولێر. لەڕێگا من و فەقێ هەیاس هەر پێدەکەنین.
بیرمە کە چووین بۆ مەڵبەندی یەکگرتووی سلێمانی، شتێکمان زۆر لا سەیر بوو. من و ئەو فەقێیەی هاوڕێم، بینیمان کۆمەڵێک کچ دەهاتن بۆ مەڵبەندەکە، هەموویان کابۆ و پانتۆڕیان لەبەربوو. ئەوە شۆکی کردین. ئێمە ئەوکات، هەم من و هەم ئەو فەقێیەی هاوڕێشم، توند بووین و باوەڕمان بە جۆرە لەچک و حیجابێکی تر هەبوو، دامانە قاقا و بە تەنز بە یەکتریمان دەگوت: وەی وەی، کچەیەکگرتووەکانی ئێرە زۆر مۆدێرنن، بە ئەتەک(جلی ژێرەوە)دێن بۆ مەڵبەند. بەو شێوەیە سلێمانیم جێ هێشت.
دواتر ڕۆیشتینە ئاکرێ. لەوێ گوتیان: ئێوە بڕوانامەی پۆلی سێی ناوەندی قوتابخانەی حکوومی و ئەوقافتان نییە و ئەو سێی ناوەندییەی ئێوە، هی ئیسلامییەکانە و لای ئێمە ناخوات.
دواتر لە هەولێر مامۆستاکان بڕیاریان دابوو بە هەرشێوەیەک بێت، من و فەقێ هەیاس ببەنەوە قوتابخانەی محەمەدییە.
گوتیان ئەو دوو فەقێیەمان زۆر زیرەکن، ئەگەر بڕۆنە قوتابخانەی ئەوقاف و حکوومی، دەبن بە دوو فەقێی تری زۆر جیاواز، سەرەنجام دەفەوتێن. ئێوە بڕۆنە قوتابخانەی ئەوقاف فێری جگارە کێشان دەبن و گێولتان لەگەڵ خوێندن و فەقێیاتی نامێنێت، دەبێت بێنەوە ئێرە و دوووبارە لای ئێمە بخوێنن.
مەلایەک بە پێکەنینەوە وای پێ گوتین.

کە ڕۆیشتینەوە بۆ ئەو قوتابخانەیەی کە پێشووتر لێی دەرکرابووم، مەلاکان گوتیان خۆت بە حاجی جاسم پیشان مەدە و با نەزانێت تۆ هاتوویتەوە بۆ ئێرە.
بەو شێوەیە بە قاچاغی ڕۆیشتمەوە قوتابخانەی محەمەدییە.
بۆ ئەو درۆ و پلانەش، گوتم کە تەنها بە فەقێ لوقمانمان گوت، دواتر لە باکووری کوردستان و لە شاری(وان) هەردووکمان دوای تەواوکردنی قوتابخانەی ئیسلامی و کۆلێژی زانستەئیسلامییەکان، ئەو لە سلێمانی و من لە هەولێر، هەردووکمان ڕۆیشتین بۆ ماجستێر. لە ماجستێرەکە، ئەو دوو کۆرس لەپێش من بوو.
ئەو فەقێیەی تریش(فەقێ هەیاس) دواتر لەگەڵ یەکتری کۆلێژی زانستەئیسلامییەکان(شەریعە)ی زانکۆی سەلاحەددینمان لە ساڵی(٢٠١٤) تەواوکرد. پاشان ئەویش ڕۆیشتە ماجستێر. ئێستا لەناو هەولێر لە مزگەوتێک مەلایە و لەوەتەی تووشی گۆڕانی فیکری بوومە، هاوڕێیەتی و برایەتیمان وەک جاران نەماوە.
ئەو دوو فەقێیەی پێشووتر، کە وەک دوو برای دووانە وابوون و لە هەموو شوێنێک هەر پێکەوەبوون، ئێستا بە چەندین ساڵ جارێک، مەگەر یەکتری ببینن!




دکتۆر عەزیز گەردی لە زاری کورد و ڕۆژئاوا وە.. نووسینی: یووسف ئیسماعیل

پێشەکی:
ژیان و کاری عەزیز گەردی ژیان و کارەکانی بابەتێکی گرنگە بۆ ئەوانەی ئارەزووی ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردی دەکەن. عەزیز گەردی لەدایکبووی ساڵی 1944 لە کوردستان، لە ڕێگەی کارەکانی وەک نووسەر و وەرگێڕ و لێکۆڵەر بەشدارییەکی بەرچاوی لە ئەدەبی کوردیدا کردووە. نووسینەکانی گوزارشت لە قەدرزانییەکی قووڵ بۆ زمان و کولتووری کوردی دەکەن و تێڕوانینێکی ناوازە لە ژیانی خەڵکی کوردستان بە خوێنەران دەبەخشن عەزیز گەردی چەندین ڕۆمان و کورتەچیرۆک و وتار و وتارێکی نووسیوە کە زۆربەیان بۆ چەند زمانێک وەرگێڕدراون. عەزیز گەردی جگە لە کارە ئەدەبییەکانی، لە ڕێگەی کارەکانی وەک توێژەر و مامۆستای زمان، کاری بۆ پاراستن و پێشخستنی زمان و کولتووری کوردی کردووە. عەزیز گەردی لە ڕێگەی کارە بەرفراوانەکانی لە بواری ئەدەبی کوردیدا جێگای خۆی وەک کەسایەتییەکی بەڕێز و کاریگەر لە نەریتی ئەدەبی کوردیدا چەسپاندووە.

ئەدەب وەک دەربڕینێک بۆ شوناس و کولتوور:
مامۆستا عەزیز گەردی لە وەسفی ئەدەبدا جەخت لەسەر ئەو ڕۆڵە ڕەخنەگرانە دەکاتەوە کە لە دەربڕینی شوناس و کولتووردا دەیگێڕێت. ئەدەب وەک پردێک کاردەکات کە تاکەکان بە ڕەگ و ڕیشە و مێژوو و بیروباوەڕەکانیانەوە دەبەستێتەوە، بەمەش دەتوانن لە شوێنی خۆیان لە جیهاندا تێبگەن و ئەزموونەکانیان بە مانای خۆیان بزانن. مرۆڤەکان لە ڕێگەی ئەدەبەوە دەتوانن بیر و سۆز و ئەزموونەکانی خۆیان دەرببڕن و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بیانگوازنەوە. جگە لەوەش دەتوانرێت ئەدەب وەک ئامرازێک بۆ شکاندنی چەشنە کۆنەپەرستانەکان و تەحەدای گێڕانەوەی باڵادەست و بەرەوپێشبردنی هەمەجۆریی کولتووری بەکاربهێنرێت. وەک مامۆستا عەزیز گەردی دەڵێت “بەبێ ئەدەب، ناتوانین تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەمان پێ بگەێنێت لە خۆمان و شوناس و دواجاریش کولتوورەکەمان”. بەڕاستی ئەدەب تەنها جۆرێک نییە لە کات بەسەربردن یان هەڵهاتن، بەڵکو ئامرازێکی بەهێزە بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و جیهانی دەوروبەرمان.

ڕۆڵی سۆز لە ئەدەبدا بە گوێرەی عەزیز گەردی:
جگە لەوەش عەزیز گەردی جەخت لەسەر ڕۆڵی ژیانی هەست لە ئەدەبدا دەکاتەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە ئەدەب پێویستە ئەو هەستانە ورووژێنێت کە گرنگن بۆ گەشەکردن و گەشەکردن، وەک هاوسۆزی و بەزەیی و تێگەیشتن. گەردی دەڵێت ئەدەب ڕێگە بە تاکەکان دەدات دەستیان بەو هەستانە بگات و تێبگەن کە ڕەنگە بۆیان نامۆ بن، ئەمەش لە بەرامبەردا ڕێگە بە گەشەکردنی کەسی دەدات و هاندەری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە. گەردی وەک نووسەرێکی لێهاتووی کورد پێیوایە ئەدەب دەتوانێ وەک پردێک لە نێوان کولتوور و پێکهاتەکاندا بێت و ڕێگە بە تاکەکان بدات باشتر لە یەکتر تێبگەن و هاوسۆزی بکەن. بەم شێوەیە بۆچوونەکانی گەردی ئەو ڕۆڵە گرنگە دەردەخەن کە ئەدەب دەتوانێت بیگێڕێت لە فراوانکردنی زیرەکی سۆزداریمان و کۆکردنەوەی ئێمە وەک مرۆڤ.

ئەدەب وەک ئامرازێکی شرۆڤەی کۆمەڵایەتی:
باوەڕێکی پڕ لە گەرمی عەزیز گەردی بە هێزی گۆڕینی ئەدەب، ڕەگ و ڕیشەی لە قەناعەتەکەیدایە کە ئەدەب وەک ئامرازێک بۆ شرۆڤەی کۆمەڵایەتی کاردەکات. ئەدەب بە بڕوای گەردی توانای وروژاندنی پرسیار و تەحەدای نۆرم و وروژاندنی بیرکردنەوە لە نێو خوێنەراندا هەیە. لە ڕێگەی ئەدەبەوە دەتوانرێت بابەتی کۆمەڵایەتی وەک چەوساندنەوەی سیاسی، ناسنامە و سەربەخۆیی، و خراپبوونی کولتووری چارەسەر بکرێت و شیکاری ڕەخنەگرانەیان بۆ بکرێت. بەم مانایە ئەدەب سەکۆیەک بۆ دەنگ و ڕوانگە پەراوێزخراوەکان دابین دەکات کە زۆرجار لە میدیای سەرەکیدا بێدەنگ دەکرێن یان پشتگوێ دەخرێن. جگە لەوەش ئەدەب هاوسۆزی و تێگەیشتن پەروەردە دەکات، ڕێگە بە خوێنەران دەدات جیهان لە چاویلکەی جیاوازەوە ببینن و ئاسۆی خۆیان فراوانتر بکەن. بۆ گەردی ئەدەب زیاترە لە تەنها کات بەسەربردن یان هەڵهاتن، ئامرازێکی بەهێزە کە دەتوانێت چالاکانە کۆمەڵگاکان لە قاڵب بدات و بیگۆڕێت.

گرنگی بەها ئەخلاقییەکان لە ئەدەبدا بە بڕوای عەزیز گەردی:
عەزیز گەردی دەڵێت بەها ئەخلاقییەکان لە ئەدەبدا جەوهەرین، چونکە ڕێنمایی و تێڕوانین بۆ خوێنەران بۆ ڕەفتاری ئەخلاقی دەبەخشن. ئەو پێی وایە ئەدەب توانای ئەوەی هەیە تاکەکان فێری ئاڵۆزییەکانی سروشتی مرۆڤ بکات، و هاوسۆزی لە خوێنەراندا بەرەوپێش ببات. چیرۆکەکان توانای پێشکەشکردنی ئەزموونی جێگرەوەیان هەیە کە خوێنەران دەتوانن لەوە تێبگەن کە ئەوانی دیکە چۆن بیردەکەنەوە و چۆن هەست دەکەن. نوێنەرایەتیکردنی دووڕیانەکانی ئەخلاقی لە ئەدەبدا دەتوانێت یارمەتی خوێنەران بدات کە پێوەرەکانی ئەخلاقی خۆیان بناسن و هانیان بدات بیر لە ڕەفتاری خۆیان بکەنەوە. بە بڕوای گەردی ئەدەب تەنها ئامرازێک نییە بۆ کات بەسەربردن بەڵکو ئامرازێکە بۆ گواستنەوەی بەهاکان کە بۆ گەشەسەندنی کۆمەڵگا چارەنووسسازن. بەها ئەخلاقییەکانی ناو ئەدەب دەتوانن یارمەتیدەر بن لە باشترکردنی ئەخلاقی تاک و کۆمەڵایەتی، چونکە خوێنەران زیاتر کاریگەرییان لەسەر ئەو وانانە دەبێت کە لە ڕێگەی ئەم گێڕانەوەیانە فێری دەبن. بۆیە گەردی پێی وایە بەها ئەخلاقییەکان لە ئەدەبدا نەک هەر گرنگن بەڵکو پێویستن بۆ ڕێنمایی ئەخلاقی و گەشەسەندنی خوێنەران.

هێزی زمان و سیمبۆلیزم:
لە ئەدەبدا زمان و سیمبۆلیزم ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە داڕشتن و گەیاندنی بەرهەمە ئەدەبییەکان. نووسەران زمان بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی وێنەی زیندوو و وروژاندنی هەست و گەیاندنی پەیامەکەیان. لە بەرامبەردا هێماسازی ڕێگە بە نووسەران دەدات کە لە ڕێگەی ئۆبژە یان کردارە کۆنکرێتییەکانەوە نوێنەرایەتی بیرۆکە ئەبستراکتەکان بکەن. بەکارهێنانی زمان و هێماسازی لە ئەدەبدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر خوێنەران هەبێت لەسەر هەردوو ئاستی هۆشیاری و نائاگایی. دەتوانێت تەحەدای بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیاکانیان بکات، ئیلهامبەخش بێت بۆ هاوسۆزی و تێگەیشتن و کاریگەرییەکی بەردەوام دروست بکات. بەم پێیە نووسەری لێهاتوو دەبێت فەرمانڕەوایی بەسەر زماندا هەبێت و توانای بەکارهێنانی هێماسازی بە شێوەیەکی کاریگەر بۆ داڕشتنی شاکارێکی ئەدەبی هەبێت. مامۆستا عەزیز گەردی، وەک نووسەرێکی گەورەی کورد، هێزی زمان و سیمبۆلیزم لە ئەدەبدا دەناسێت و ئەو کەرەستانە بەکار دەهێنێت بۆ داڕشتنی چیرۆکەکانی خۆی بە شێوەیەک کە خوێنەرانی سیحراوی بەجێدەهێڵێت.

ئەدەب وەک ڕەنگدانەوەی بارودۆخی مرۆڤ:
ئەدەب، لە ناوەڕۆکەکەیدا، ڕەنگدانەوەی بارودۆخی مرۆڤە. لە قووڵترین و تاریکترین گۆشەکانی دەروونی مرۆڤدا ورد دەبێتەوە و ڕووناکییەک لەسەر خەبات و سەرکەوتن و ئاڵۆزییەکانی ئەزموونی مرۆڤ دەدرەوشێنێتەوە. وەک م. عەزیز گەردی ئاماژەی پێکردووە، ئەدەب وەک ئاوێنەیەک کاردەکات کە لە ڕێگەیەوە دەتوانین تێگەیشتنێکی قووڵتر لە خۆمان و جیهانی دەوروبەرمان بەدەست بهێنین. لە ڕێگەی چاوی کارەکتەرێکەوە دەتوانین خۆمان ببینین کە ڕەنگدانەوەی بۆ دەگەڕێتەوە و بەم کارەش دەتوانین تێڕوانین و هاوسۆزی بۆ ئەوانەی لە دەوروبەرمانن بەدەست بهێنین. چ بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی خۆشەویستی، لەدەستدان، یان توڕەیی وجودی، ئەدەب هێزی ئەوەی هەیە کە کات و شوێن تێپەڕێنێت، لە یەکتر و لە ئەزموونی مرۆڤ بە گشتی نزیکمان دەکاتەوە.

لەکۆتایدا: میرات و کاریگەریی عەزیز گەردی لەسەر ئەدەبی کوردی
لە کۆتاییدا دەڵێین میرات و کاریگەریی عەزیز گەردی لەسەر ئەدەبی کوردی حاشا هەڵنەگرە. ناوبراو بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی سەدەی بیستەمی کورد دادەنرێت و بەشدارییەکی بەرچاوی لە پەرەپێدانی ئەدەبی کوردیدا کردووە. بەرهەمەکانی بۆ زۆر زمان وەرگێڕدراون و لەلایەن خەڵکی سەرتاسەری جیهانەوە خوێندراونەتەوە و قەدریان زانیوە. جەختکردنەوەی عەزیز گەردی لەسەر گرنگی پاراستن و بەرەوپێشبردنی کولتوور و نەریتی کوردی لە ڕێگەی ئەدەبەوە ئیلهامبەخش بووە بۆ زۆرێک لە نووسەرانی گەنجی کورد. نووسینەکەی گوزارشت لە خەباتی گەلی کوردە بۆ مافە سیاسی و کولتوورییەکان و ڕۆڵێکی گرنگی لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە دۆزی کورد گێڕاوە. گەردی لە ڕێگەی بەرهەمە ئەدەبییەکانییەوە کاریگەرییەکی هەمیشەیی لەسەر ئەدەبی کوردی بەجێهێشتووە و ڕێگەی خۆشکردووە بۆ نەوەکانی داهاتووی نووسەرانی کورد کە درێژە بە میراتەکەی بدەن.




ڕه‌خنه‌ ئاوێنه‌یه‌ *.. به‌ختیار محه‌مه‌د

تا ئێستا ئه‌دیب و نووسه‌ری كورد له‌ به‌های ڕاسته‌قینه‌ی ڕه‌خنه‌ تێناگه‌ن: ئه‌وانیش ڕه‌خنه‌ به‌ جنێو تێده‌گه‌ن، نه‌ك به‌ خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌هێزكردنی ده‌ق؛ بۆیه‌ ڕه‌خنه‌یان قبووڵ نییه‌ و به‌ ڕه‌خنه‌ بێزار و نیگه‌ران ده‌بن. هه‌ر ده‌قێك ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێ، واته‌ خه‌ڵاتی خوێندنه‌وه‌ی پێ به‌خشراوه‌؛ واته‌ ده‌قێكه‌ خوێنه‌ری هه‌یه‌: خوێنه‌رێكی چۆنایه‌تی؛ ئه‌مه‌ش ڕێز و به‌ها و خه‌ڵاتێكی گرنگه‌ بۆ ده‌ق.

نووسه‌ر و شاعیر و ئه‌دیبی كورد ده‌بێ بزانن، تا ڕه‌خنه‌یه‌كی به‌هێز نه‌بێ، ئه‌ده‌بێكی به‌هێزیشمان نابێ. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیمان نه‌بوو، ئه‌وا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێز و پێشكه‌وتوو و كراوه‌مان نابێ. ڕه‌خنه‌ پێمان ده‌ڵێ، كه‌ ئه‌م ده‌قه‌ شایانی خوێندنه‌وه‌یه‌، بۆیه‌ خاوه‌ن ده‌ق ده‌بێ دڵخۆش بێ به‌ ڕه‌خنه‌، نه‌ك تووڕه‌ و بێزار و نیگه‌ران بێ؛ چونكه‌ ده‌بێ ئه‌و شته‌ ساده‌یه‌ بزانین، كه‌ ده‌قی كامڵ نییه‌، به‌ڵكو ده‌قی ته‌واونه‌كراو هه‌یه‌: ڕه‌خنه‌گر ده‌چێته‌ فه‌زای ئه‌م‌ ته‌واونه‌كراوه‌ و قسه‌ی خۆی ده‌كا. هه‌موو ده‌قێكی باش به‌ ڕه‌خنه‌ باشتر ده‌بێ، خراپتر نابێ؛ بۆیه‌ ڕه‌خنه‌ خه‌ڵاته‌، كه‌ به‌ نووسه‌ری ده‌ق ده‌به‌خشرێ. ئه‌و خه‌ڵاته‌ی هه‌موو ده‌قێك شایانی نین پێیان ببه‌خشرێ؛ بۆیه‌ ڕه‌خنه‌ خوێندنه‌وه‌یه‌، جنێو نییه‌، ئێوه‌ش قبووڵی بكه‌ن!

ڕه‌خنه‌ ئاوێنه‌یه‌، ده‌ق خۆی تێدا ده‌بینێ. سا چ عه‌یبه‌یه‌كی تێدایه‌، كه‌ ده‌ق له‌ ئاوێنه‌دا سه‌یری خۆی بكا و خۆی ببینێ؟ ئێ باشتر نییه‌‌ ده‌ق خۆی ببینێ، له‌وه‌ی‌ كه‌ خۆی نه‌بینێ؟ ئا ئه‌مه‌ ئامانجی ڕه‌خنه‌یه‌، كه‌ ده‌ق له‌ ئاوێنه‌كه‌یدا حه‌قیقه‌تی خۆی ببینێ.

به‌ختیار محه‌مه‌د




ڕۆبێرت دیسنۆس، یه‌کێک له‌ شاعیره‌ پێشه‌نگه‌کانی سوریالیزم.. له‌ ئینگلیزیه‌وه‌ : ناڵە حەسەن

  • کورته‌یه‌ک له‌ ژیاننامه‌ی ڕۆبێرت دیسنۆس

ڕۆبیرت دیسنۆس ، کوڕی کابرایه‌کی خاوه‌ن قاوه‌خانه‌ بوو ، له ٤ی ته‌مووزی ١٩٠٠ له‌ پاریس له‌ دایک بووه‌ . سه‌ره‌تا ده‌چێته په‌یمانگای بازرگانی ، پاشان به‌رله‌وه‌ی ببێته‌ گۆشه‌نووسی ئه‌ده‌بی له‌ ڕۆژنامه‌ی پاریس سۆییر ، له‌ ساڵی ١٩١٩ شیعره‌ به‌راییه‌کانی له‌ گۆڤاری ( ئه‌ده‌ب )ی داداییه‌کان بڵاوده‌کرده‌وه‌ . پاشان له‌ ساڵی ١٩٢٢ یه‌که‌مین دیوانه‌ شیعری خۆی به‌ چاپ ده‌گه‌یه‌نێت . ئه‌م هه‌ڵبژارده‌ شیعریه‌ی ده‌بێته‌ بنه‌ما و ده‌رکه‌وته‌یه‌کی باش بۆ سوریالیزم . بۆ خزمه‌تکردنی سه‌ربازی ده‌چێته‌ ڕیزی سوپای فه‌ڕه‌نسی . به‌ناچاری بۆماوه‌ی دوو ساڵ ده‌بێ بچێته‌ مۆراکۆ له‌وکاتانه‌دا ده‌بێته‌ براده‌ری ” ئه‌ندێری بریتۆن ” که ‌له‌گه‌ڵ ” لویس ئه‌راگۆن ” و ” پۆل ئیلوار ” به‌یه‌که‌وه‌ ده‌بن ، بریتۆن و دیسنۆس ده‌بنه‌ دوو سیمای دیار و پێشڕه‌وانه‌ی سوریالیزم ، دیسنۆس له‌ به‌رئه‌نجامی پراکتیزه‌کردنی تەکنیک و فۆرم و شێوازێکی ناوازە به‌ داهێنانی گه‌وره‌ گه‌یشتبوو ، ” بریتۆن ” له‌ مانیفێستی سوریالیزمی ساڵی ١٩٢٤ ستایشی ئه‌م پراکتیزه‌ و داهێنانه ده‌کات . ئه‌مجۆره‌ ستایل و ته‌کنیکه‌ ده‌بێته‌ هۆی ده‌رهاویشته‌ی ئه‌فراندن و بازدان به‌نێو ڕووبه‌ره‌کانی هه‌سته‌ نه‌ستیه‌کاندا واتە ڕووبەرە ناخودئاگاییەکان . له‌نێو شیعره‌کانی دیسنۆس ئه‌وکاتانه‌ یاریکردن به‌ وشه‌ و به‌کارهێنانی وشه‌ی هاوشێوه‌ و دووباره‌کردنه‌وه‌ی وشه‌کان ‌هه‌روه‌ها ، جدیه‌ت و زمانێکی شه‌هوانی و ئیرۆسی ده‌بیندرا . ساڵی ١٩٢٠ تا ساڵی ١٩٣٠ ئه‌م ماوه‌یه‌ دره‌وشاوه‌ترین قۆناغ بووه بۆ داهێنانه‌ قووڵه‌کانی له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا زیاتر له‌ هه‌شت کتێبی به‌ چاپگه‌یاندووه‌ . له‌ ساڵی ١٩٣٠ دیسنۆس که‌مێک سارد ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوریالیزم و هاوشانه‌کانی ، بریتۆن له‌ مانیفێستی سوریالیزمی ١٩٣٠ ڕه‌خنه‌ له‌ دیسنۆس ده‌گرێت ده‌رباره‌ی گومڕابوون و خۆ دوورخستنه‌وه‌ی له‌ بزووتنه‌وه‌که‌ و له‌ کاره‌ ڕۆژنامه‌نووسیه‌کانی . دیسنۆس به‌ خێرایی گه‌شه‌ی ده‌کرد و هه‌وڵی ده‌دا به‌رگری له‌‌ داهێنانه‌کانی بکات و‌ ده‌ستیان پێوه‌‌ بگرێت ،‌ هاوکات به‌ ژیانی تایبه‌تی و تاکه‌که‌سیشی ڕابگات . له‌وکاته‌دا زه‌ماوه‌ند له‌گه‌ڵ ( Youki Foujita ( ده‌کات ، ژیانی تازه‌یان وا ده‌خوازێت که‌ به ‌نووسینه‌کانی زیاتر گرنگی به‌لایه‌نی بازرگانیش بدات له‌ ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کان و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی فه‌ڕه‌نساویدا . شیعره‌کانی دیسنۆس به‌تایبه‌ت ستایله‌کانی به‌رایی زیاتر مۆسیقی بوون . دیسنۆس له‌ شیعر نووسین به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ ساڵی ١٩٣٦ له‌وده‌مه‌دا ده‌ ساڵ زێتره‌ خه‌ریکی شیعر نووسینه‌ وه‌ هه‌ر له‌و ساڵه‌دا وەک ئەزموونێکی نوێ ، ( بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ هه‌ر ڕۆژه‌ی شیعرێک ده‌نووسێت ) له‌وکاته‌دا به‌رهه‌مه‌کانی به‌چاپ دەگه‌یه‌نێت ، له‌ ساڵی ١٩٣٩ له‌گه‌ڵ ده‌سپێکی جه‌نگی جیهانی دووه‌م دیسنۆس دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ سه‌رباز له‌ڕیزی سوپای فه‌ڕه‌نسادا . له‌کاتی زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ڵمانیا له‌ژێر ناوێکی خوازراو وه‌ک لۆسین گالۆیس ، پێری ئه‌ندییر دەنووسێت ، دیسنۆس له‌وده‌مه‌دا کۆمه‌ڵه‌ وتارێک ده‌نووسێت تیایدا گاڵته‌ به‌ بلیمه‌تی نازیزم ده‌کات . ئه‌م وتارانه‌ و له‌گه‌ڵ ئیشه‌کانی تری که‌ به‌هۆیانه‌وه‌ به‌رگری له‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌کرد ده‌سگیرده‌کرێت و ده‌گیرێت . دیسنۆس یه‌که‌مجار بۆ Auschwitz ده‌نێردرێت پاشان ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ که‌مپی Czechoslovakia له‌ ساڵی ١٩٤٥ له‌و که‌مپه‌ ئازاد ده‌کرێت ، دواتر تووشی گرانه‌تا ده‌بێت ، وه‌ لە ‌٨ی مایسی ١٩٤٥ کۆچی دوایی ده‌کات و کۆتایی بە ژیانی دێت .

  • هه‌ڵبژارده‌یه‌ک‌ له‌ شیعرەکانی ڕۆبێرت دیسنۆس
  • گۆرانی ئاسمان

گوڵێکی سه‌ر چیایه‌ به‌رزه‌کان به‌ سه‌ده‌فی گوت ” تۆ ده‌دره‌وشێیته‌وه‌ “
سه‌ده‌ف به‌ ڕووباری گوت ” تۆ زایه‌ڵه‌ی “
ڕووبار به‌ به‌له‌می گوت ” تۆ ده‌له‌رزیت “
به‌له‌م به‌ ئاگری گوت ” تۆ پرشنگانه‌ کڵپه‌ ده‌که‌یت “
ئاگر به‌ منی گوت ” من که‌متر کڵپه‌ ده‌که‌م له‌ پرشنگی چاوه‌کانی ئه‌و “
به‌له‌م به‌ منی گوت ” من که‌متر له‌ دڵی تۆ ده‌له‌رزم کاتێک که‌ ئه‌و ده‌رده‌که‌وێت “
ڕووبار به‌ منی گوت ” زایه‌ڵه‌ی من که‌متره‌ له‌ ناوی ئه‌و له‌نێو عه‌شقی تۆدا “
سه‌ده‌ف به‌ منی گوت ” دره‌وشانه‌وه‌ی من که‌متره‌ له‌ بریسکانه‌وه‌
فسفۆریه‌کانی شه‌یداییت له‌ نێو ڕووبه‌ری خه‌ونی تۆدا “
گوڵێکی سه‌ر چیایه‌ به‌رزه‌کانیش به‌ منی گوت ” ئه‌و جوانه‌ “
منیش گوتم ” ئه‌و جوانه‌ ” ، ” زۆریش جوانه‌ ” ئه‌و دەم بزوێنێ

  • ڕۆژباش ئێواره‌ باش

شه‌وێک‌ گڕی گرتووه‌ وه‌ک ژیله‌مۆ
هه‌وره‌کانیش سوور ده‌چنه‌وه‌
ڕۆژباش به‌ڕێزم ئێواره‌باش خانم
تۆ هه‌رگیز بیر له‌ ته‌مه‌نی خۆت مه‌که‌ره‌وه‌
چ ده‌بێت ئه‌گه‌ر له‌ شه‌رمان ده‌موچاوت سوور هه‌ڵگه‌ڕێت
جمکه‌ ئەستێره‌یه‌ک دروست بکه‌ خوێنیان له‌به‌ر بڕوا
چ ده‌بوو ئاگه‌ر ڕووخساری تۆ ڕه‌نگ کرابا
ئه‌گه‌ر کڕێوه‌ سپیه‌کانیش بدره‌وشابانه‌وه‌ له‌سه‌ر لقه‌کان
ته‌مه‌نی تۆ ده‌رکه‌وتایه‌
له‌سه‌ر تاشه‌به‌ردێکی خۆڵه‌مێشی یان کریستالی
سێبه‌ری داره‌ گه‌وره‌کانیش
به‌سه‌ر گۆڕت بڕۆیشتبا .

  • ئه‌دگاره‌کانی ئاسمان

ئه‌و ئاگره‌ی سه‌ما ده‌کات
ئه‌و چۆڵه‌که‌یه‌ی گۆرانی ده‌ڵێت
ئه‌و بایه‌ی ده‌مرێت
شه‌پۆله‌ به‌فریکینیەکانیش
وه‌ک زایه‌ڵه‌ باو‌ه‌کان
له‌ نێو گوێدا ،
ڕووبه‌رێکی خه‌مناک و حه‌سره‌ت
له‌و ڕۆژه‌ی که‌ تێده‌په‌ڕێ
هه‌موو به‌رگی گڕیان پۆشیوه‌
ده‌نگی گه‌شتیارێک
تۆز و غوبارەکانی ئاسمان
هه‌موو گرده‌کانی سه‌ر زه‌وی
ئه‌و چاوه‌ی به‌ده‌م ڕێگاوه‌ ده‌ڕوانێ و
هه‌نگاوه‌کان ده‌نووسێته‌وه‌
ئه‌و ژماره‌ لوولنه‌کراوانه‌ی
بۆ ناوه‌کان به‌ جێماون
له‌نێو گرمۆڵەبوونی هه‌وره‌کان
ڕووگه‌یه‌کی نه‌ناسراوه‌
بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ڕوانێ و ئه‌وه‌یش هێشتا نه‌هاتووه‌ .

  • له‌ژێر به‌رگی شه‌ودا

بۆ خه‌وتن له‌نێو سێبه‌ری تۆ
له‌ژێر به‌رگی شه‌ودا
بۆ هه‌ڵگرتنی شوێن پێیه‌کانی تۆ ، تارمایی تۆ له‌ په‌نجه‌ره‌که‌دا
ئه‌وە تارمایی تۆیە لە پەنجەرەکەوە نه‌ک هی که‌سێکی تر
ئه‌وه‌ تۆی ،
ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ مه‌که‌ره‌وه‌ ، له‌ پشت په‌رده‌کانی کێ ده‌جولایته‌وه‌
چاوه‌کانت دامەخه‌
من حه‌زده‌که‌م به‌ لێوه‌کانم دایان بخه‌م
به‌ڵام په‌نجه‌ره‌که‌‌ ده‌کرێته‌وه‌ و سروه‌ی با
ئه‌و سروه‌یه‌ی به‌هێزه‌وه‌ شێوه‌ی گڕوو ئاڵای چوارده‌وری
ڕاکردنه‌کانم ڕاده‌گرێ
له‌گه‌ڵ تێپەڕینی کات
په‌نجه‌ره‌که‌ دەکرێتەوە‌ و ئه‌وه‌ تۆنیت
من دەمێکە ئه‌وه‌م ده‌زانی .

  • من زۆر خه‌ون به‌ تۆوه‌ ده‌بینم

من زۆر خه‌ون به‌ تۆوه‌ ده‌بینم که‌ تۆ ئیتر ڕاسته‌قینه‌ نیت
ئایا له‌وێدا هێشتا کات بۆ من ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی
به‌ جه‌سته‌ زیندووه‌که‌ی تۆ بگه‌م ، هه‌تا نێوده‌مت ماچ بکه‌م و
ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌که‌ت وا لێبکه‌م هەر هاژەی بێ
من زۆر خه‌ون به‌ تۆوه‌ ده‌بینم که‌ قۆڵ و باسکه‌کانم له‌وه‌ته‌ی پێگه‌ییون
وا ڕاهاتوون به‌ ده‌وری سینگما بیان ئاڵێنم
وه‌ک ئەوه‌ی سێبه‌ری تۆم له‌ باوه‌ش گرتبێ ، که‌ بێگومان
بچه‌مێنه‌وه‌ بۆ شێوه‌ و قه‌د و باڵای تۆ
بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شێوه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌ی تۆ
که‌ چۆن ڕاوی کردووم و به‌ڕێوه‌ی بردووم
بۆ چه‌ندین ڕۆژ و چه‌ندین ساڵ
من به‌ دڵنیایه‌وه‌ بووم به‌ سێبه‌ر
ئۆف پێوه‌ری هه‌سته‌کان
من زۆر خه‌ون به‌ تۆوه‌ ده‌بینم که‌ دڵنیام له‌وێدا
کات بۆ من نه‌ماوه‌ته‌وه‌ تا به‌ ئاگابێمه‌وه‌
من له‌سه‌ر پێیه‌کانم خه‌وتووم ، نوێژ بۆ هه‌موو شێوازه‌کانی
ژیان و عه‌شق ده‌که‌م ، ‌هه‌روه‌ها بۆ تۆش
که‌ ته‌نها که‌سێک گرینگی بە ئەمڕۆم دەدات ، که‌ چیتر من ناتوانم
ده‌ست له‌ ڕوخسار و لێوه‌کانت بده‌م وه‌ک ده‌ستلێدانی
ڕوخسار و لێوه‌کانی ڕێبوارانی تر
من زۆر خه‌ون به‌تۆوه‌ ده‌بینم ، زۆر پیاسه‌ ده‌که‌م
قسان زۆر ده‌که‌م ، زۆریش ده‌خه‌وم له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ و وه‌همه‌کانی تۆ
به‌ دڵنیا‌یه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ ته‌نها شتێکه‌ بۆمن مابێته‌وه‌
که‌ ببێته‌ ئه‌ندێشه‌ و وه‌هم ، له‌نێو ئه‌ندێشه‌ و وه‌همه‌کاندا ، سێبه‌رێک
سه‌د هینده‌ی سێبه‌ر ، به‌ ده‌وری سێبه‌رێکی تر بخولێته‌وه‌ و
بڕواته‌ نێو خولانه‌وه‌ ، بدره‌وشێته‌وه‌ بە دەوری
سێبه‌رەکانی نێو ژیانی تۆ .

  • سه‌رچاوه‌کان : له‌ ئینته‌رنێته‌وه‌

1- Robert Desnos – poems, Biography , Quotes
2- A sampling of French surrealist poetry




ڕەوشتلێژیی لە دنیا ی عەبدولواحیدەکان دا.. هیوا محەمەد ئەمین

لە دنیا و ئەدەبیات ی فەلسەفە دا ، دوو خەسڵەت و تایبەتمەندیی ، دوو بنەما و کۆڵەکە ی بنچینەیی هەن ، کە ڕۆڵێك ی گرنگ لە فراوانکردن و قوڵکردنەوە ی دنیا ی مەعریفە ، ڕاستیی ( حەقیقەت ) ، دیدگە ، بیرکردنەوە ، تێڕامان و جیهانبینیی کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دەگێڕن ، ئەویش دیاردە ی گومان و پرسیارە ! گومان فەلسەفە ی بەردەوامیدان بە ژیان و گەیشتن بە ڕاستییە ، مرۆڤ تاکو خاوەن ی گومان نەبێت ، ناتوانێت ڕابپسکێت و لە بەستەڵکبوون ی بیرکردنەوە ڕزگاری بێت ، دواجار ئەوە گومانە کە هێزێك بە مرۆڤ دەبەخشێت کە بتوانێت بەهۆیەوە دەستی بگاتە ڕاستییەکان . پرسیار بەڵام قوڵترکردنەوە و فراوانترکردن ی دنیا ی گومانە . لەم ڕۆژنە و دەروازەیەوە ، دەمەوێت بچمە نێو ڕوداو ی خۆپێشاندانەکان ی 27 . 4 . 2023 ی شار ی ( شنگال ) ەوە ، بەڵام پێش ئەوەی پەیڤێك لەوبارەیەوە بدەم ، پێم باش و پێویستە کە لە ڕۆشنایی دنیا ی گومان ، پرسیار و ئیمانەوە تیرۆژە تیشكێک بخەمە سەر ئەو ڕوداو و پرسیارانە ی کە پەیوەستن بەم بابەتە ، تاکو وێنەیەك ی گەشتر و ڕوناکتر بدەین بەو دیمەنانە ی کە زۆرێك لە مەلا ، بانگخواز و ئیسلامیستەکان هەوڵ ی شێواندن ی دەدەن .
کەسێك دەشێت ئاییندار بێت ! بەڵام مەرج نیە ئیماندار بێت ، پێچەوانەکەیشی هەر ڕاستە . جیهان ی ئیمان و ئایین لە زۆر ئاست و ڕوبەر دا دوو دنیا ی ئاراستە و ئاقارجیاوازن ، کە هەریەکەیان بەشێوازێك ی جیاواز کاریگەریی دەنوێنن و مرۆڤ دەگەێننە دوو ئامانج ی جیاواز . ئیمان لە پانتایی چەمك ، مانا و دنیابینیی خۆی دا بۆ بوون ، ڕەوشت ، نرخ ، شکۆ و پایە ی مرۆڤ بەرفراوان و بێکۆتایە کە سیفاتێك ی سروشتیی وگەردونیی هەیە ، لەوێدا ، دۆزی مرۆڤ و زاتی مرۆڤ خۆی دەبێتە ناوەند ، چەق و ( سەنتەر ) ێك ی گرنگ و مانادار بۆ ژیان ، بوون و کۆی دۆز و فەلسەفە مرۆڤایەتییەکان ، لەوێدایە ، کە مرۆڤ لە ڕامان ، تێڕامان و بوونێك ی ناوچەییەوە دەبێتە بونەوەرێك ی گەردونیی و پاشان ئاودیو ی پڕۆسە ی بەدنیابوون دەبێت ، واتا گەڕانەوە بۆ سروشتی خۆی کە فەلسەفە ی مرۆڤبوونە . ڕێگە ی ئیمان ڕێگەیەکی دورودرێژ ی پڕ لە گومان ، دڕدۆنگیی ، پرسیار ، سەختیی ، دژواریی و هەڵدێرانە ، هەروەها ڕێگەیەکی پڕلە ئازار ، ڕەنج و ماندوبوونێك ی زۆرە کە مرۆڤ لەپێناو ی بەدەستهێنانی حەقیقەت ، ڕەوشت و ویژدانێك ی بەرزتر و باڵاتر، ژیانێك ی ڕوناکتر و ڕامانێك ی باشتر دا ، بەپێویست ئازار دەکێشێت و دەچێژێت ، واتا ئیمان لەڕێگە ی پڕۆسە ی

ئەزمونکردن ی عەقڵ و گۆشکردن ی دنیا ی گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانیەت ) ە وە دەگاتە دوالوتکە ی بەرزترین ڕەوشت ، ویژدان ، ڕاستیی و دواجار بوونە بە بەشێك لە کۆی سروشت و سیستەمێك ی گەردونیی ، واتا لەوێ دایە کە مرۆڤ ئاودیو ی دنیا ی ئاژەڵیی خۆی دەبێت و لە دواهەمین وێستەگە دا فەلسەفە ی مرۆڤبوون لە ناخ و زات ی مرۆڤ خۆی دا ئەزمون ی مرۆڤایەتیی خۆی دەکات . کۆی ئەو ڕەگەزە گرنگ و بابەتییانە ی کە ئاماژەم پێیان دا ، دنیا ی بوون و وێنا ی خۆیان لەسەر پەیژەیەك ی شەقوشڕ ی دنیایی و غەریزەی ئاژەڵیی بەرجەستە یان بینا کردووە . مرۆڤ بە مەبەستی ، گەیشتن بە دنیا ی ئیمان و ئامانجێك ی باڵاتر لە فەلسەفەی ڕەوشت ” ئێتیك ” ، هەست ی مرۆڤایەتیی وفەلسەفە ی مرۆڤبوون ، لێبڕاوانە ولەژێر سێبەر و پەیڕەویی ژیریی ( عەقڵ ) و ئیرادەیەك ی ئازادانە دا ئەو پلانە دەبڕێت و لە دواهەمین پلە دا ئاودیو ی دنیایەك ی نوێتر دەبێت ، دنیایەك کە تیای دا دەستی لە فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی ، جوانترین و باڵاترین ڕەوشت و ویژدان گیردەبێت ، واتا پڕۆژە ی ئیمان لەدواجاردا کار بە دۆزینەوە ی یەزدان و دروستکردنی مرۆڤ ی یەزدانیی کۆتایی دەهێنێت ٠ لەدواجار دا ئیمان پرۆسەیەك ی درێژخایان ی تاکەکەسیی و جۆرێك لە دیاردە ی هوشیاریی و خواست ی بنیاتنان ی ئیرادە ی باڵا و ئازادە لە مرۆڤ دا ، سەرئەنجام ئیمان هێزێك ی ڕوناکییبەخش و توانابەخشە کە تەکانێك بە مرۆڤ دەدات تاکو ئاودیوی دنیایەك ی فراوانتر ، ڕوناکتر ، نوێتر ببێت ! لەم بازدان و ئاودیوبوونە دایە کە سەرەتا ی چیرۆك ی فەلسەفە ی مرۆڤبوون و مرۆڤی ڕاستەقینە سەرهەڵدەدات و دەستپێدەکات . لەم دەستپێکەوە ، واتا لە دەروازە ی گەیشتن بە فەزیڵەت ی ئەخلاقیی و ویژدان و ڕەوشت ی بەرز و باڵاوە کە تەنیا پێناسەیەکە بۆ جیاکردنەوە ی مرۆڤ ی باش یان خراپ ، دەخوازم چەند وشەیەك سەبارەت بە ڕوداوەکە ی شار ی شنگال بنووسم .
شاراوە نیە ، کە لە سەردەم ی دروستبوون و سەرهەڵدان ی یەکەمین فەرمانڕەوایی خەلافەت لە ئیسلام ، واتا سەردەم ی خەلیفەکان ی ی ڕاشیدین ، و بەتایبەت و بەدیاریکراویی لە سەدەی ١٧ ی کۆچیی ، واتا لەسەردەم ی خەلیفە عمر ابن خطاب دا یەکەمین کۆمەڵکوژیی ئێزدیەکان ئەنجامدراوە ، تاکو دەگاتە دەوڵەتی عوسمانیی و دەوڵەت ی ئیسلامیی لە عێراق و شام ” داعش ” و ئیخوان ی ئۆردوگانیی و تەنانەت کوردان ی موسوڵمانیشەوە ، کوردان ی ( ئێزدیی ) ڕوبەڕوی ڕاستەوخۆ ی چەوساندنەوە ، ئازار ، سوکایەتیپێکردن ، ناهەقیی ، کۆچپێکردن ، کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە ، لەدوجار دا و لەسەردەم ی خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ و ڕەققە ی سوریا ، کچان و ژنانی ئێزدییەکان تاڵان کران و کرانە سەبایا و لە بازاڕەکان ی نوخاسە ی شارەکان ی موسڵ و ڕەققە دا مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێکراوە ، کراونەتە کۆیلە و زنجیر ی ئاسنیان لە دەست و پێیان کراوە و دەستدرێژیی ناموسیان کراوەتەسەر. داعش لە ژمارە یەك ی گۆڤار ی ( دابق ) ی سەر بە ڕێکخراوەکەیان نوسینێك بڵاودەکاتەوە بەناوی { احیاء العبودیە قبل اوان الساعە } تیای دا باس لەوە دەکات کە چۆن بەپێی ئەحکام ی شەرع ی ئیسلام کۆیلەکردن ی کچان و ژنان ی ئێزدیی ڕەوایەتیی و شەرعیەت ی پێدەدرێت ، و پاشان چۆن پێشکەش و دابەشیان دەکەن بەسەر ئەمیران و موجاهیدانی سوریی ، عێراقیی ، چیچانیی ، سعودیی ، ئێرانیی ، تورکیی ، ئەفغانیی ، لیبیی ، میسریی و موسوڵمانان ی تری نیشتەجێ ی ئەوروپا ، ئەمریکا و …. تاد ی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام و بەتاڵکردنەوەی نیکاح و هاوسەرگیرێتیی پێشویان وهاوجێییکردن لەگەڵیان دا بەبێ نیکاح و زەواج ؟ !! چەکدارێك ی داعش بەناوی ئەسعەد ئەڵمانیی لە فێسبوك ی خۆی دا وێنە ی کچێك ی هەژدە ساڵ ی ئێزدیی بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت : { ئەم کچە بۆفرۆشتن ، نرخەکە ی هەشت هەزار دۆلارە } ، هەمان ئەم کەسە پاش چەند کاتژمێرێك وێنە ی کچێك ی تری ئێزدیی کە چاوەکان ی لەتاو گریان سورهەڵگەڕاون بڵاودەکاتەوە و دەنووسێت : { ئەمەش کچێك ی ترە بۆفرۆشتن ئەمیش نرخەکەی هەشت هەزار دۆلارە } ، بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڤیدیۆییە بۆ کۆمپانیا ی فێسبوك بووە سکانداڵێك ی یاسایی و ئەخلاقیی و دوایی لە لاپەڕەی فێسبوك دا سڕایەوە . ئەوەی بە کوردان ی ئێزدیی کراوە ، هۆلۆکۆستێك ی نوێی ترە کە لەسەدە ی بیست و یەکەمین دا دەرهەق بە مرۆڤ ی کورد و مرۆڤایەتیی ئەنجام دراوە . ئەم بارە کارەساتبارە دنیا ی ویژدان و ئەخلاق ی جیهان ی ئیسلامیی ، رابطە ی ئیسلامیی لە مەککە ، جامیعە ی ئەزهەر، حەوزیە ی قوم ، کۆمەڵگە ی ئیسلامیی و نمونەکان ی محمد علی قەرەداخیی ، بانگخوازی وەکو دوکتۆر عبدالواحید ، مەلا و مینبەرەکانیان و ئیسلام ی سیاسیی کوردیی لە ئیخوان و سەلەفییەکان ی نەهەژاند ، بەڵام محمد علی قەرەداخیی بۆ سەرخستنی ئۆردوگان لە هەڵبژاردنەکان ی ئەم دواییە ی تورکیا دا ، بەئاشکرا و بۆ پشتیوانیی ئەو کۆششی زۆر ی بۆکرد ؟ !
ئایین ی ئێزدیی ئایینێك ی هەرەکۆن ی گەل ی کورد بووە کە سەدان ساڵ پێش زایین لەسەر خاك ی کوردستان سەریهەڵداوە ! باوەڕ ی ئێزدییەکان لە فەلسەفە ی ( ئەزدایی ) ەوە سەرچاوەی گرتووە . ئەزداێتیی باوەڕ ی بە یەکتاپەرستیی یەزدان هەبووە ، زەردەشتیش سەرچاوە ی فەلسەفە و بیری خۆی لە ئەزداییەوە وەرگرتووە . ئەزدایی باوەڕی بە هێزی چاکە و خراپە هەبووە ، دژی درۆ ، فێڵ ، ناپاکیی و پەیمانشکێنیی بووە ، لە بنەڕەت دا ئەزداێتیی باوەڕبوونە بە مرۆڤدۆستیی ، خۆشەویستیی ، ڕێزگرتن لە خاك ، ژینگە و ڕێزگرتن لە ئافرەت و … فەلسەفە ی ئەزدایی خاوەن ی هیچ نێوەندگیر یان پەیامبەرێك نین ، و باوڕیان بەوەیە ، کە مرۆڤ لەڕێگە ی ئیرادەیەك ی ئازادانەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی خۆی بە یەزدان دەبەستێت و سەرئەنجام توانایی ئەوە بەدەستدەهێنێت کە ڕوناکایی یەزدان بەدەستبهێنێت و دواجار ببێتە هەڵگر ی هێز ی چاکە . ئێزدایی خاوەن ی هیچ ڕوگە ( قیبلە ) یەك نیە ، لەکوێ دا ڕۆژ هەبێت ، بۆ نوێژکردن و ستایشکردن ی یەزدان ڕوودەکەنە خۆر ، خۆریش لەلایان جێگە ی ڕێز و ستایشە ، و شەقڵ ودەرکەوتە و بەرجەستەیەکە لە مەزنیی و شکۆمەندیی یەزدان . لەو ڕۆژگارەوە ی کە ئیسلام وەك و هێزێك دەرکەوت ، ئێزدییەکان جگەلەوەی کە چەوساونەتەوە ، بەهەمانشێوەش سیاسەت ی بەزۆرکردنە ئیسلام ، بەئیسلامییکردن و عەرەباندن ی باوەڕ و ئیمان ی ئەزدایی ، بەعەرەبکردنی نەتەوەییان ، سەنداندن ی باج و جزیەش بەسەریان دا سەپێنراوە ، لەڕێگە ی سیاسەت ی چەواشەکاریی ، ڕق ، کینە ، بوغز ، درۆ و بوختان ی وەك ئاگرپەرست ، شەیتانپەرست ، نەوەی جنۆکە و شەیتان ، نەوەی نەهەنگ و یەزید ی مەعاویە و … تاد دژایەتیی ئێزدیەکانیان کردوە و مێژو و فەلسەفە ی باوەڕ ی ئێزداێتیی ئەوان شێوێنراوە . پەیڕەوکردن ی ئەم سیاسەتە فاشیستییە ی ئیسلام دەرهەق بە ئێزدییەکان ، بووەتە هۆکار و پاڵپێوەنەرێك ، کە لەڕێگە ی شەرعەوە ڕەوایەتیی بدرێت بە سوکایەتیی ، کۆمەڵکوژیی و لەناوبردنیان تاکو ڕۆژگار ی ئەمڕۆ کە ڕۆژگار ی ئیسلام ی داعشیی ، سەلەفیی و ئیخوانییە . قۆناخ ی دەوڵەت ی ئیسلامیی لە عێراق و شام دواقۆناخ نیە لە کۆتاییهێنان بە سوکایەتیی ، غەدر ، ناهەقیی ، زوڵم ، چەوساندنەوە و پیادەکردن ی سیاسەت ی تەکفیرکردن ی ئێزدییەکان بەناو ی خوا ، عەدالەتی ئیلاهیی و شەریعەتی ئیسلامییەوە ، بەڵکو ئێستا قۆناخێك نوێی مەترسیدارتر بەڕێوەیە بۆ هەڵتەکاندن ، لەباربردن ، سڕینەوە ی تەواوەتیی باوەڕی ئەزدایی و بوون ی ئێزدیەکان لە کوردستان و مێژویش دا ، ئەویش قۆناخ ی بانگخوازی نوێ ی ئیسلامیی و ئیسلام ی سیاسیی کوردە لە باشور ی کوردستان دا . ئەم قۆناخە زۆر مەترسیدارترە لەوان ی پێشوتر ، کە پێویستە هەموو تاک و ڕوناکبیرێك ی کورد تێیڕابمێنێت و لێی ئاگاداربێت ، ئەم قۆناخە سەرەتا ی ترازاندن و جوقاندن ی هێلکە ی فاشیستێتیی ئیسلامیی کوردیە ، قۆناخێك ی زۆر نامۆ، ترسناك و مەترسیدارە لە جێبەجێکردن و بەتەواوگەیاندن ی ئەو پەیامە ی کە سڕینەوە و قبوڵنەکردن و ڕەتکردنەوەی ئەوانی دیە . ئەوەی لە شار ی شنگال ڕووی دا دژایەتییکردن ی ئیسلام و سوتاندنی مزگەوت نەبوو ، بەڵکو قبوڵنەکردن و بەگژداچوونەوەیەك ی ئازایانە بوو بەڕووی سیاسەت ی تەعریب و سوکایەتییپێکردن ی ئێزدیەکان ، ناڕەزاییدەربڕین بوو بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژیە ی ئێزدیەکان کە لەساڵ ی ٢٠١٤ دا لەلایەن ئەو عەرەبە فاشیست و شۆڤێنیە عێراقیانە ی ناو ڕیزەکان ی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ئەنجامدرا بوو ، ئەو ئیسلامیانە ی کە بەناوی اللە و عەدالەتی ئیلاهیەوە زیاتر لە سێ هەزار ئافرەت ی ئێزدیان کردە کەنیزەك ، سەبایا و بەناوی دەسکەوت ی جەنگ لە بازاڕەکان ی موسڵ دا مامەڵە ی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردبوون ؟! کوشتن ، بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردن ی شەش هەزار پیاو ی ئێزدیی . تاوان ی جینۆساید و پاکتاوکردن ی ڕەگەزیی و ئایینیی کوردان ی ئێزدیی لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام و بەپشتیوانیی ئیخوانی تورکیی و ئۆردوگانیی ئێجگار زۆرن و لەئەژماردن نایەن ، بەڵام لێرە دا چەند نمونەیەك ی بچوك دەهێنینەوە تاکو ئیسلامیە سەلەفیی ، جیهادیی ، ئیخوانیی ، کرێکاریی ، عومەریی ، ئیسلامیستەکان ی دی و هەموو موسوڵمانێك ی کورد بزانێت کە چ کارەساتێك بەسەر کوردان ی ئێزدیی دا هاتووە ؟ ! لەیەکەم هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕ ی بەکۆمەڵ ی ئێزدییەکان لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە موسڵ ، ٢٨ تەرم لە گوند ی ( کۆچۆ) ی باشور ی شنگال دۆزرایەوە ، بەدوای دا حەفتاویەك گۆڕ ی تر ی بەکۆمەڵ ی ئێزدییەکان کە خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ ئەنجام ی دابوون دۆزرانەوە ، سیانزدە گۆڕیان لە دەوروبەر ی گوند ی کۆچۆ بوون و گەورەترین کۆمەڵکوژیش لە شار ی شنگال ئەنجامدراوە . بەگشتی نەوەد گۆڕ ی بەکۆمەڵ ی ئێزدیەکان هەیە ، لە عین الفتح پێنج گۆڕ ی بەکۆمەڵی ئێزدیەکان ی قوربانیان ی دەستی خەلافەت ی ئیسلامیی لە موسڵ دۆزراونەتەوە ، و بەرگری شارستانیی شار ی شنگال دە تەرم ی ئێزدییانیان لە زێرابێك دا دەدۆزنەوە ، تاکو ئێستاش زیاتر لە هەزاروسێسەد ئافرەت ی ئێزدیی بێسەروشوێنن و نەگەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان . ئەگەرچی وتەبێژ ی سوپا ی عێراق لەبەردەم مێدیاکان دا وڕێك لەبەردەم مزگەوت ی ( رحمان ) لە شار ی شنگال و هەروەها فەرمانگە ی ئەوقاف ی شاری موسڵ بەئاشکرا دانیان بەوەدا نا کە هیچ دەستدرێژیی ، بێڕێزیی یان هێرشێك بۆسەر مزگەوت ی ناوبراو لە شار ی شنگال کرابێت ، بەڵام هەرزوو مەلا و بانگخوازە ئیسلامییەکان کانگای دڵ ی پڕ لە ڕق ، کینە بوغزیان بەرامبەر ئێزدیی و ئەزدایی ئۆقرەی نەگرت و لە مینبەرەکانیانەوە کەوتنە هەڕەشە ، هۆنینەوەی درۆ ، هێرشکردن و سوکایەتییکردن بە ئێزدییەکان . بێدەنگبوون و خەمساردیی مێدیا ی کوردیی لە ڕوماڵکردن و بەدواداچوون ی ڕاستییەکان ، هان ی زیاتری بانگخواز و ئیسلامییەکان ی کوردستان ی دا ، کە لە مینبەر ی مزگەوت و سۆشیال مێدیاکانیانەوە بکەونە هێرش ، سوکایەتییپێکردن و گاڵتەپێکردن ی باوەڕ ، ئایین و نەریت ی ئێزدییەکان . کۆمەڵ ی دادگەریی بە هێنانەوەی ئایەتێك ی قورئان کەوتە ناڕەزایی و هێرشکردنە سەر ئێزدیەکان ، مەلایەك لە دهۆك و لە مینبەر ی مزگەوتەکەیەوە بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەك ی ساختە کەوتە بانگەشە ی درۆ ، هەڕەشە و هاندانی خەڵکیی دژی ئێزدیەکان . بانگخوازێك ی ڕەگەزپەرست و فاشیستێكی ئیسلامیی بەناوی دوکتۆر عەبدولواحید لە وتاردانێك ی زۆر توندئامێز ، توندئاژۆ و تەوسئامێزدا و لەبەردەم ی خەڵکان و گەنجانێك ی زۆر ی موسوڵمان کەوتە گاڵتەپێکردن و سوکایەتییکردن بە باوەڕ ، نەریت ، بنەچە و ئایین ی ئێزدیەکان ؟! ! ئەو بەئاشکرا هان ی گەنجان ی موسوڵمانانی دا بۆ ئەنجامدان ی توندوتیژیی ، تێکدان ی ئاسایش و شێواندن ی نەریت ی قبوڵکردن ، ڕێزگرتن و پێکەوژیان بەبێ ئەوە ی وەزارەت ی ئەوقاف یان داد بکەونە هەڵوێستوەرگرتن و گرتنەبەری ڕێوشوێن ی ئەخلاقیی ، یاسایی و فەرمیی بەرانبەریان ؟ ! بەڕاستی ئەوەی لە سۆشیال مێدیا ی ئیسلامیی و مینبەر ی مزگەوتەکانەوە دەگوزەرێت و ئەنجام دەدرێن دەربڕ و نیشانیەکن لە پڕکردن و ئاژواندن ی ویژدان و ڕەوشتی مرۆڤ ی کورد و دەرونناسێتیی ( سایکۆلۆژیا ) ی مرۆڤ ی کوردە بەرە و دنیا ی دڵڕەقیی ، بێبەزەیی و بەربەرێتیی ، سیخناخکردن ی دەرون و ویژدان ی مرۆڤ و تاك ی کورد لە گاڵتەجاڕیی ، توندوتیژیی ، درۆ ، دەمپیسیی ، ڕەتکردنەوەی ئەوانی دی ، ڕق ، کینە ، بوغز ، خورافات ، ئەفسانەگەرێتیی ، شتنی مێشک و … تاد . مرۆڤ کاتێك ئەو کۆمێنتانە ی سەر ڕوپەڕی مێدیا ی ئیسلامییەکان و بانگخوازەکان دەخوێنێتەوە هەست بەجۆرێك لە شەرم ، شەرمەزاریی و بێئومێدیی دەکات . نابێت بەلامانەوە سەیربێت لە هەل و مەرجێك ی وەها دا ، کە بانگخواز و ئیسلامیستەکان بەسەر کۆمەڵگە ی کوردی لە باشور ی کوردستان دا دەستڕۆیشتوون ، مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد هەست بە جۆرێك لە دەرونئاسودەیی ، ویژانئاسودەیی ، دڵشادیی و دڵسەکنین ، لە دیتنی تەرمی سەربڕاو، گوێبڕاو و چاودەرهێنراوی ئەو پێشمەرگانە ی کە لە گوند ی خێڵ ی حەمەی شارەزور بەدەستی چەکدارانی انصار الاسلام ئەنجامدران ، دەکات ! هەناسە ی شادیی و چێژبەخشیی هەڵدەمژێت ، کاتێك دەبینێت کوردان ی ئێزدیی کوشت وبڕ دەکرێن و کچان و ژنانیان دەکرێنە کۆیلە ، سەبایا و کەنیزەك و دەستدرێژیی ناموس دەکرێتەسەریان . سەرهەڵدانی مۆدێل ی نوێ ی موسوڵمانێتیی دوکتۆرعەبدولواحیدەکان لە کۆمەڵگە ی کوردی دا ، سەرەتا ی کارەسات و سەرهەڵدان ی کۆمەڵگەیەك ی هەستسارد ، بێڕەوشت ، بێبەزەیی ، دڕندە ، دەروننەخۆش و بەمێگەلکردنە ، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکە کە بناغە ی شارستانێتیی و مرۆڤدۆستیی خۆی لەسەر بنچینە ی ڕق ، کینە ، کوشتن ، تۆڵە ، تەکفیر ، دژایەتیی ڕەنگ ، هونەر ، مۆسیقا و ڕەتکردنەوە بنیاتدەنێت ، شارستانێتییەك دوور لە هەموو بەها و نرخێك ی مرۆڤایەتیی و ئەخلاقیی ، دوور لە فەلسەفەی جوانناسییانە ی ئەو ئیمانە ی کە پێشتر ئاماژەم پێی دا ، کۆمەڵگەیەك کە بنچینە ی مەعریفە و بیرکردنەوەی خۆی لەسەر درۆ ، خورافات ، ئەفسانە ، شەریعەت ، نەقڵ و دەقێك ی چەقبەستوو دادەمەزرێنێت . سەردەم و مۆدێل ی عەبدولواحیدەکان سەردەم ی پوچیی ، پوچگەرایی ، بێناوەڕۆکیی ، ڕەشبینیی ، تەسلیمبوون ی ڕۆح و ئیرادە ی ئازادە ، کوشتن ی گومان و هەموو ئەو پرسیارانەیە ، کە مرۆڤ و مرۆڤایەتیی هەنگاوێك لە حەقیقەت نزیك دەکاتەوە ، واتا سەردەمی مەرگ ی ئیمان و یەزدانە . دوکتۆر عەبدولواحید لە وتاردانێكی دا سەبارەت بە ئێزدیەکان ؛ بەدیدێك ی ئیخوانیی و ڕۆحێك ی ڕەگەزپەرستیی و فاشیستیانە ی ئیسلامیی و دوور لە هەموو بەها و مەعریفەیەك ی ئەخلاقیی ، مرۆڤایەتیی ، ئەتەکێت ، نەزاکەت ، ویژدان و فەلسەفەیەك ی ڕەوشتەوە بەمجۆرە باس و پێناسە ی ئێزدیەکان لای گەنج ی کورد دەکات :
1- یەزیدیی ( ئێزدیی ) کورد نین ، شەیتانپەرستن ، سەرلێشێواو داماو و جاهیلن ، تەوسکردن بە ڕەنگی شین و باڵندە ی تاوس ، ناڕۆشنبیر ، پیسوپۆخڵ ، خوای ئەوان عەد ی کوڕی سافیلە ، موشریکن ، ئافرەت لایان نرخ ی نیە و وەکو سەیارە و گوێدرێژ دەیكڕن و دەیفرۆشن ، گاڵتەکردن بە ووشەی یەزدان و پیرۆزکردن ی وشەی ( اللە ) ، یەزیدیی ڕقی لە موسوڵمانە ، مرۆڤکوژن ، گاڵتەکردن بە پیت ی ( ش ) وەکو هێمایەك بۆ یەکەمین پیت ی شەیتان ، لە دواهەمین ڕستە دا مرۆڤ ی کورد فێری درۆکردن و نادادپەروەریی دەکات و دەڵێت { ئەگەر یەزیدییەك لای تۆ ئیشی کرد ، و داوای هەقدەستی خۆی کرد ، و تۆش ویستت پارەی نەدەیتێ پێی بڵێ ئاه شەیتان بەرلەعنەت بێ ( وەڵاهی ) بیرم چوو و بەدوای دا هاڕەپێکەنین ی ئامادەبووان }* . ئەم جۆرە لە پەیڤین و دیالۆگانە جگە لە سازکردنی زبڵدانێك لە ناخ ، ڕۆح و ویژدان ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد و بنیاتنان ی پاشخانێك ی ڕەگەزپەرستیی ، فاشیستێتیی ، نامرۆڤانە و نا ئەخلاقیانە ی ئیسلامییانە هیچ ی دی سەوز ناکات ، و دواجار مرۆڤ و کۆمەڵگە ی کوردیی دەگەێنێتە چارەنوس و کەنار ی لەنێوچوون ، داڕوخان و لێژبوونەوە بەرەو شیو و دۆڵ ی تاریکیی ، ڕەوشتلێژیی ، بێویژدانیی ، دڵڕەقیی و برەودان بە دنیا ی ئاژەڵیی . من لێرە دا بۆئەوەی دنیا ی گومان لە ژیان ی داخراو و چەقبەستووێتیی کۆمەڵگ ی ئێمە دا قوڵتر بکەمەوە ، دەخوازم ئەو پرسیارانە بهێنمە گۆڕێ کە ، گەلۆ تاك و مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لەکوێی دنیا ی ڕەوشت و فەلسەفە ی ڕەوشت دایە ؟ ئایا مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لە چ پلەیەك ی ئەو پەیژە ئیمانییە دا وەستاوە کە ئامانج تیای دا دەربازبوونە لە دنیا ی ئاژەڵیی و ئاودیوبوونێك ی ئەخلاقییانە و گەیشتنی مرۆڤ ی کوردە بە ڕەوشت ی بەرز یان یەزدان و ڕوناکایی ئەو ؟ ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ی کورد گەیشتووەتە ئاستێك لە قبوڵکردن و ئامێزگرتنەوە بە فەلسەفە ی مرۆڤ بوون و ئەزمونکردن ی هەستی مرۆڤایەتیی ؟ ئایا دەتوانێت ببێتە بوونەوەرێك ی مرۆڤدۆست ، ئاشتیخواز ، دڵفراوان ، بەخشندە ، دلۆڤان ، ژینگەدۆست و ئاژەڵدۆست ؟ ئایا هەربەڕاستیی کولتور ی تێکۆشانیی مەعنەویی و گۆشکردن ی گیانپەرۆشیی ( ڕۆحانییەت ) لای مرۆڤ و تاك ی کورد نزیكبوونەوە و گەیشتنە بە یەزدان ، ڕوناکیی ، حەقییقەت ، بەختەوەریی ، بەخشندەیی ، میهرەبانیی و خۆشەویستیی یان خۆقەتیسکردن و خۆسنوردارکردن لە چوارچێوەی { قاتلوهم یعذبهم اللە بایدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مومنین } ؟ ! ئایا بەڕاستیی ئامانج ی مەلا و بانگخواز ی ئیسلامیی گەیاندن و ئاشناکردن ی تاك ی مرۆڤ ی کوردە بۆ گەیشتن بە فەزیڵەتێك ی یەزدانپەروەریی ( ئیلاهیی ) ، ئەخلاقیی و ویژدانێك ی باڵاتر و زیندوتر ؟ ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ی کورد دەتوانێت بونەوەرێك ی ئەخلاقیی بێت ؟ گەلۆ مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد لەنێو سەوا و مامەڵە ی بازاڕ ی ئایین و ئایینچێتیی دا خۆی بەرجەستە دەکات یان ئیماندارێکە و دەخوازێت لەڕێگە ی ئیمان و عەشقێك ی یەزدانییەوە خۆی لە دنیا ی ڕق ، کینە ، تۆڵە ، بوغز ، درۆ ، تەکفیکردن و …. پاكبکاتەوە و دواجار ناخ و ویژدان ی خۆی لێوانلیو لە ڕێز ، داوێنپاکیی ، دەم و دەستپاکیی ، خۆشەویستیی ، پاکێتیی ، ڕاستگۆیی ، میهرەبانیی ، بەخشندەیی و وەفاداریی بکات ؟ ئایا بەڕاستیی موسوڵمان ی کورد خۆی ڕادەست ( تسلیم ) بە ئایین ی ئیسلام کردووە ، تاکو لێوەی فێر ی دادپەروەریی ، قبوڵکردن ی بەرامبەر ، ڕەتکردنەوە ی نادادیی و نادادپەروەریی …. بێت یاخود تەنیا گەیشتنە بە دنیا ی دامرکاندنەوە ی ئاڵۆشیی ئاژەڵیی ، چوارژنەیی ، ڕووتکردنەوە و چێژوەرگرتن لە جووتبوون لەگەڵ حورالعین ، هەفتا حۆریی ، غیلمان المخلدین و کوڕی جوان و ساف و بێمو؟ ئایا ئامانج ی موسوڵمان ی ئەمڕۆ ی کورد سوڕانەوە ی بەردەوام و بێسود ، و توانەوەیە لەنێو دنیا ی تاریکیی خورافات ، چیرۆك و ئەفسانە ، نەزانیی ، بێئاگایی ، وەهم و سێبەری نێو دنیا ی وەحیی ئەشکەوتەکان ؟ یان گەیشتن بەدنیا ی ڕوناکیی ، ژیریی ، مەعریفە ، زانست و لۆژیك ! پێویستە هەر تاکێك ی مرۆڤ ی کورد ئەو پرسیارە لەخۆی بکات ، کە ئایا بۆچی کۆمەڵگە ی موسوڵمان ی کورد هێند شێواو ، توڕە ، دەمارگیر ، توندوتیژ ، نادادپەروەر ، دواکەوتوو ، دوڕوو ، گەندەڵ ، بێبەهرە ، ڕەق و وشکهەڵهاتوو ، تەسکبین و …ە ؟ پرسیار و گومانەکان ی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد دەبێت بچێتە نێو هەموو وردەکاریەکان ی ژیان ی عەقیدەیی ، ئیمان ، ئایین ، نەریت ، بۆنەکان وتەنانەت دەقی قورئان و هەموو فەرمودەکان ی پێغەمبەریشەوە ! ! دەبێت لەڕێگە ی پرسیارەکانەوە بگەینە ئەو ڕاستییە ی کە ، گەلۆ بەڕاستیی محەمەد هەڵگری پەیامێكی یەزدانیی و دادپەروەریی بووە کە لەکاتێك دا : { من بدل دینە فاقتلوە } ئایا بەڕاستیی ئەو { وما ارسلناك إلا رحمة للعالمین } ێكە بۆ هەموو مرۆڤایەتیی یان تەنیا بۆ موسوڵمان و نەتەوەیەك ی دیاریکراو یان دەستنیشانکراو{ انما المؤمنون اخوة } ؟ ئایا بەڕاستیی ژیرانە و لۆژیکییە ، کە کەسایەتیی عمر ابن خطاب بکەین بە مۆدێل ، نمونە و پێشڕەوی بەرجەستە و دیاری مرۆڤایەتیی بۆ ئەم ڕۆژگار و سەردەمە ، لەکاتێك دا بانگخواز ی ئیسلامیی دوکتۆر عەبدولواحید لە وتاردانەکەی دا وتەیەك ی خەلیفە عومەر دەهێنێتەوە وەکو بەڵگەیەك بۆ ناوزەدکردن ی ئێزدییەکان وەك و بێباوەڕ و کافر: { اللهم لاتجعل کافر علیە نعمة حتی لا احب } ؟ ئایا هەر بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام ئایین ی { المحبة والسلام } ە ؟ ! لەکاتێك دا دوکتۆر عەبدولواحید ڕوودەکاتە کۆمەڵ ی گەنجان ی کورد و داوای دوعایان لێدەکات کە بڵێن : { ئەوەی موسوڵمانە خۆشمبوێت ، و ئەوەی موسوڵمان نیە لەدڵم دەریبکەیت }؟ ! موسوڵمان ی کورد دەبێت ئەو پرسیارە بکات کە ، ئایا بەڕاستیی کافر کێیە ، و بە چ پێوانەیەك ی یاسایی ، ویژدانیی و ئەخلاقیی ماف و مۆڵەت بەخۆمان دەدەین کە کەسێك بەناوی کافر وبەناو ی خوا بکوژین ؟ ! دەبێت پرسیار بکەین و بڵێین کە ، ئایا بەڕاستیی اللە حەز و خواستی لە کوشتن ی مرۆڤ { قاتلوهم یعذبهم اللە بأیدیکم و یخزهم و ینصرکم علیهم و یشف صدور قوم مؤمنین } هەیە ؟ ئایا بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام دەستی ڕێزوحورمەتی خستووەتە سەرئافرەت و پێگە ی ئافرەت لەنێو کۆمەڵگە ی موسوڵمان و کۆمەڵگە ی مرۆڤایەتیی دا ، یان دەبێت هەر باوەڕمان بەو پەیامە پەیامبەرییە هەبێت کە دەڵێت : ( المرأة عورة فإذا خرجت استشرفها الشیطان ) یان ( یقطع الصلاة ، المرأة والحمار ، والکلب ) ؟ دوور لە ئاداب و ئینساف نابێت ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان و ئایینەکەمان بکەین کە ، ئایا هەر بەڕاستیی ئیسلام دژی کۆیلایەتیی بووە { الحر بالحر والعبد بالعبد } ؟ پرسیارێك ی ناڕەوا و دزێو نابێت ، ئەگەر پرسیاری ئەوە بکەین کە ، ئایا بەڕاستیی ئایین ی ئیسلام ئایین ی ئاشتیی و پێکەوە ژیانە { قاتلوا الذین لایؤمنون باللە ولا بالیوم الاخر ولا یحرمون ماحرم اللە و رسولە …. } ؟
پێویستە و زۆر لەجێگە ی خۆیدایە ئەو پرسیارە لە ڕەوشت و ویژدانی خۆمان بکەین کە ، ئایا بەڕاستیی ئێزدییەکان وەکو ئایین و باوەڕێك ی جیاواز ، شایان و شایستە ی ئەو هەموو سوکایەتیی ، گاڵتەپێکردن و دژایەتییکردنانەن کە بانگخواز ی ئیسلامیی دوکتۆرعەبدولواحید و مەلا و ئیسلامگەراکان ڕوبەڕویان دەکەنەوە ؟ لەکاتێك دا قورئان پێیان دەڵێن : { یاأیها الذین آمنوا لایسخر قوم عسی أن یکون خیرا منهم ولا نساء من نساء عسی أن یکن خیرا منهن ، ولا تلمزوا أنفسکم ولاتنابزوا بالالقاب بئس الاسم فسوق بعد الایمان ، ومن لم یتب فأولئك هم الظالمون } ! ئایا هەر بەڕاستیی دوکتۆر عبدولواحد ئەو ظالم و ڕۆحە ئەهریمەنیی و شەڕخوازە نیە کە ئەو ئایەتە ی سەرەوە لە کۆتایی دا ئاماژە ی پێدەدات ؟ ئایا بەڕاستیی موسوڵمان ی کورد قبوڵ ی ئەو کۆیلایەتیی و بێحورمەتییە دەکات ، کە عەبدولواحید ، مەلا ، بانگخواز ، سەلەفیستەکان و ئیسلامگەراکان ی دی عەقڵ ، بیرکردنەوە و ئیرادە ی ئازاد ی ئەوان داگیربکەن و لەجیاتی ئەوان بیربکەنەوە ؟ ! ئایا کات ی ئەوە نەهاتووە ، کە موسوڵمان ی کورد چید ی لە بیرکردنەوە دا ئازاد بێت و گوێکانی خۆی قەرزار و قەرزاربار ی ئامۆژگاریی ، وتە پوچ و پڕ لە گاڵتەجاڕیی و درۆکانی عەبدولواحیدەکان نەکەن ، و بیر و عەقڵ ی خۆیان لەو مۆتەکەیە ئازاد بکەن ؟ ! مرۆڤ ی کورد نابێت ڕێگەبدات و ئەو مافە بە عەبدولواحیدەکان ببەخشێت کە خۆیان لە هەموو کاروبارێك ی یاسایی ، پەروەردەیی ، خێزانیی و ئەخلاقیی هەڵبقورتێنن ، پێویستە هەر تاک و موسوڵمانێك ی کورد لەڕێگە ی ئیمان ، بیرکردنەوە ، عەقڵ و دنیا ی گیانپەرۆشیی و دوور لە نێوەندگیریی و پابەندبوون بە هیچ دەقێك ی ئاسمانیی هەوڵی دۆزینەوەی ڕاستیی ، یەزدان و ڕوناکایی ئەو بدات ! مرۆڤ ی کورد دەبێت خۆی لەو تەونە جاڵجاڵۆکەیی و شەیتانییە ی دوکتۆرعەبدولواحید ، مەلا ، بانگخوازە ئیسلامیی و چەرچیە سیاسیە ئیسلامیەکان ڕزگار بکات و بەدوا ی چاکسازیی و دۆزینەوە ی بەرزترین ڕەوشت و فەلسەفە ی ڕەوشت دا بگەڕێت ، لەدوای دۆزینەوە ی یەزدان وێڵ بێت ! ئایا بەڕاستیی تاك ی موسوڵمان ، بانگخواز ، ئیسلامگەرا و ئیسلامیستە سەلەفیی و ئیخوانییەکان ی کورد کێشەیان لەگەڵ ئەم سەردەمە ، عەلمانییەت ، لیبرالیزم ، مارکسیسزم ، فێمینیزم ، ئافرەت ، داروینیزم ، جەندەر ، مۆدێرنیزم ، ڕۆژئاوایی ، ئازادیی ، سەربەستیی ، جولەکە ، مەسیحێتیی ، کاکەیی ، ئێزدیی ، یارسانیی ، عەلەویی ، وەهابیی ، بەهائیی و …. چیە ؟ ئایا بەڕاستیی ئیسلام چاکترین ی هەمو ڕێباز و ئایینەکان ی ترە ؟ { ان الدین عند اللە الاسلام } ! ! موسولمان ی کورد پێویستە ئەو پرسیارە لە دوکتۆرعبدالواحد بکات کە هەر بەڕاستیی ئێزدیەکان پیس و بۆگەنن ، لەکاتێك دا لە دەق ی قورئان دا : { ولقد کرمنا بنی آدم …. } ؟ پرسیارێك ی ناشایستە نیە کە ، ئەگەر موسوڵمان پرسیار بکات و بڵێت کە ، ئایا بەڕاستی مرۆڤ و مرۆڤایەتیی لە ئایین ی ئیسلام دا جێگە ی شایستە و ڕێزە : { قل هل انبئکم بشر من مثوبەعند اللە من لعنە اللە و غضب علیە و جعل منهم القردة و الخنازیر…. ؟ ؟ دوا پرسیار ئەوەیە کە ، ئایا بۆچی ئێمە ی موسوڵمان ناتوانین ئاسۆیەك ی فراوانتر لە ژیان و دنیا ی بیرکردنەوە ، گوتار ، کردار ، بەڕووی خۆمان دا بکەینەوە ، ئایا بەڕاستی هێشتا کات ی ئەوە نەهاتووە ، کە واز لە بەپیرۆزکردن ی کەسایەتییە ئیسلامیی و بانگخوازەکان بهێنین ، واز لە توندوتیژیی ، دەمارگیریی ، لوتبەرزیی ئایینیی بهێنین و ڕوو لە ئاشتیی ، دادپەروەریی ، قبوڵکردن و ڕێزگرتنی ئایین و باوەڕەکان ی دی بکەین ؟ ؟ ئێمە ی موسوڵمان ی کورد هیچ هەڵبژاردە ، چارە و ڕێگەیەك ی دی لەبەردەممان دا نیە و نەماوە ، جگەلەوەی ، کە پێویستە بەرامبەر یەکدی میهرەبان ، بەخشندە ، لێبوردە بین ، هێز و وزەی خۆمان بخەینەگەڕ بۆ پتەوکردن ی گیان ی تەبایی ، مرۆڤدۆستیی ، ژیاندۆستیی ، یەزدانپەروەریی لەنێو دڵ ی منداڵ و ویژدان ی هەر تاکێك ی مرۆڤ ی کورد دا . دەبێت دەستبەردار و ڕێگری ئەوە بین ، کە چیتر نمونە ی دوکتۆر عەبدولواحیدەکان ببنە پێشرەو و نمونە ی باڵا بۆ کۆمەڵگە ی ئێمە ! ! دەبێت موسوڵمان ی کورد ئیدی بیر لەوە بکاتەوە و بگاتە ئەو باوەڕە ی کە جێبەجێکردن ی فەریزە ئیسلامییەکان ، دروستکردن ی مزگەوت و دانانی کابینە ی مزگەوت لە قوتابخانەکان سەنگ ی مەحەك نین بۆ ڕاستیی ، پاکیی و ڕەوشتبەرزیی مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد ، باڵاپۆشیی ، نیقاب و حیجاب نیشانە و سیمبول ی ڕاستەقینە نین بۆ ئافرەت ی نمونەیی ، ڕەوشتی بەرز وداوێنپاکیی ! دەبێت مرۆڤ ی موسوڵمان ی کورد خۆی لەو باوەڕە هەڵەیە بەدووربگرێت کە تەنیا خۆی و ئایینەکە ی خۆی دەتوانن ببنە جوانترین و شایستەترین ئایین ، ڕاستترین مرۆڤ و باشترین پیشرەوایەتیی بۆ جیهان و مرۆڤایەتیی ، بەڵکو مرۆڤ ی مولحید ، موشریك ، کافر ، عەلمانی و ناموسوڵمان و هەموو ئایینێك ی دیش دەتوانن ببنە پێشرەو ، مرۆڤ ی ئەخلاقیی و کەسایەتیی بەسود بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیی ! نمونە ی عەبدولواحیدەکان ناتوانن ببنە سەنگ ی مەحەك ومرۆڤ ی بەرجەستەبوو بە ڕەوشتی بەرز و فەزیڵەتی ئەخلاقیی و مرۆڤ ی ئیماندار ! بەڵکوئەوە فەلسەفە ی بیر ی چاك ، گوتاری چاك ، کردار ی چاكە کە دەبێتە پێوانە بۆ بەرزیی باڵا ی ڕەوشت لە هەر مرۆڤێك دا ، واتا ئەو ڕەوشتە ی کە فەیلەسوف ی مرۆڤایەتیی ئێمانۆئیێل کانت باسی لێکردووە ، باشترین پێوانەیە بۆ گەیشتن بەو ڕێگەیە ی کە تیای دا مرۆڤ و هەر تاکێك ی کۆمەڵایەتیی توانای ئەوە بەدەستدەهێنێت ، کە بتوانێت دەستی لە فەزیڵەتێك ی ئەخلاقیی ، یەزدانپەروەریی ، دادپەروەریی و فەلسەفەی مرۆڤبوون گیربکات !

هیوا محەمەد ئەمین
٢٩٠٥٠٢٠٢٣
کۆتایی




مارکس و ئەنارکیزم*-9-.. و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر
IV
بەشی نۆیەم

بە دڵنیاییەوە ئەرکی لینین کارێکی ئاسان نەبوو: لە لایەکەوە ناچار بوو سازشی بوێرانە بەرامبەر بە مەیلی دژە دەوڵەتی ئەنارکیستەکان بکات، لە لایەکی دیکەشەوە دەبوو نیشانی بدات کە هەڵوێستەکەی بە هیچ شێوەیەک ئەنارکیستی نییە، بەڵکو تەنیا مارکسیستییە. وەک دەرئەنجامێکی حەتمی ئەمە، لای هەموو مرۆڤێکی خاوەنلۆژكی دروستبیرکەرەوە، کارەکانی پڕن لە هەڵە. نموونەیەك نیشان دەدات کە جەختکردنەوەیە لەسەر خواستێك ئەوەندەی بکرێت تاکو مەیلێکی گوایە دژە دەوڵەت لە مارکسدا بخاتە بەرچاو. بۆ ئەمەش لینین ئەو بڕگە بەناوبانگەی مارکس کە لە ‘ شەڕی ناوخۆ لە فەرەنسادا’ نوسیوێتی دەهێنێتەوە کە مارکس پەسەندی ئەوە دەکات کە کۆمۆن دەستی کردووە بە لە ڕەگ هەڵکێشانی دەوڵەتی مشەخۆر. بەڵام لینین ئەوەی بە بیر نەهێنایەوە کە مارکس بەو قسەیەی کە بە ئاشکرا لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە پێشتر وتوویەتی، ناچار بووە بۆ لایەنگرانی باکونین سازش بکات، کە ئەو کاتە لە دژی ئەوان سەرقاڵی خەباتێکی زۆر سەخت بوو.
تەنانەت فرانز مێهرینگ (Franz Mehring ) کە ناتوانرێت گومانی هاوسۆزی لەگەڵ زۆرینەی سۆسیالیستەکاندا لێ بکرێت، لە دوایین کتێبی کارل مارکسدا ناچار بوو دان بەوەدا بنێت کە ئەمە سازشێك بوو ، کە دەڵێت: “ بە هەر حاڵ چەندێك هەموو وردەکارییەکانی ئەم بەرهەمە ڕەنگە دروستی تیدا بێت ، بەڵام گومانی تیا نیە فکری ناوەرۆکەکەی ناکۆکە بە هەموو ئەو بۆچوونانەی کە مارکس و ئەنگڵس چارەکە سەدەیەك پێشتر لە دوای مانیفێستی کۆمۆنیستەوە بانگەشەیان بۆ دەکرد.”
باکۆنین ڕاست بوو کاتێ کەو وتی ” دیمەنی راپەرینە شۆڕشگێریە چەکدارییەکەی بزوتنەوەی کۆمیۆن هێندە کاریگەر بوو تەنانەت بیرو باوەڕی مارکسییەکانیش کەوتبووە ژێر پرسیارەوە، بۆیە ناچاربوون دان بە کار و ڕەفتارەکانی کۆمیۆندا بنێن و پشتیوانی لێبکەن ، بگرە لەوەش زیاتر لە دژی قەناعەت لۆژیك و باوەڕی خۆیان وەستانەوە و خۆیان دایە پاڵ کۆمیۆن و ڕێباز و ئامانجەکانیان پەسەند کرد. ئەمە گەمەیەکی کەڕنەڤاڵی کۆمیدی بوو کە وەك کارێکی گەوجانە و و نا ئاسایی هاتبێتە پێش چاو بەڵام پێویست بوو، چونکە شۆڕشەکە جۆش و خرۆشێکی ئاوای هێنابووە کایەوە ئەگەر مارکسییەکان هەوڵیان بدایە دەست بە بیرو باوەڕی ڕەق و تەقیانەوە بگرن و خۆیان پەراوێز دەکرد و دەکەوتنەبەر تانە و پشتتێکردنی خەڵک و دادەبڕان دەچوونەوە ناو خەڵوەتگەی ئایدۆلۆژیای خۆیانەوە. “**

درێژەی هەیە
………………………………..
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .
**باکۆنین لێردا وتویەتی ” They tried to retreat into the ivory tower of their dogma ” لەبەر ئەوەی ئەمە تێرمێکە ، منیش بەو شێوەیە سەرەوە وەرمگێڕاوە.




فەیسبووکەچیرۆك.. بەشی هەژدەم.. فەتاح حەسەن

جیم

ڕۆژی گرێدەدا لەشەو هەردەم خەریکی کارکردن بوو، لە حەفتەیەکدا تەنها ڕۆژێك دوکانی داخرابوو، ئەیش بڕیاری سندیکا بوو دەنا ئەو ڕۆژەش داینەدەخست، ناوبەناو دەچوو بۆ ( جیم ) بۆ پارێزگاری لە لەشولاری، پێنج شەش مانگێك دەبێ ڕووگیردەبێت بچێت بۆ ( جیم ) ، هەردوو باڵی دەرزی ئاژن بوە و شین و مۆر بۆتەوە بەدەرکەوتی هەر لەدورەوە خەڵکیی دەزانن ئالودەی مادەی هۆشبەرە هەر بۆیە ئێستا وەك ئەسپی عەرەبانە بەتەنها ڕێگەی ماڵ و ئیش دەگرێتەبەر.

دوانە

ئەوە دوەمجارە دێنە خوازبێنی، بۆ یەکەمیان قروقەپی لێکرد بەڵام دوەمیانی بە دڵ بوو هەربۆیە بەڕووی دایكوباوکیدا دەمی دا لە چەرخ، بۆ ڕازی نەبوون لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبێلی کەشخە و خانوی خۆی نییە ، دەتانەوێت منیش بەدەردی ( .. ) ی خوشکم بەرن ئەوەتا ڕازییە سەربەهەوێش شووبکات کەس لای لێناکاتەوە ، دەتانەوێت شەمەندەفەری تەمەنی منیش تیپەڕیت، نا.. نا ، ناهێڵم ئەوە ڕووبدات، خۆشیتان بێ و ترشیتان بێت شووی پێدەکەم. دوای سێ چوار ڕۆژ هەردووکیان لەبەردەم دادوەردا لە دادگا مارەبڕدران و ئێستا خاوەنی دوانەیەکی نەشمیلن.

بەنزینی محەسەن

سکاڵانووس چەند حەزی بەیەکەم ڕۆژی دەوامی حەفتەیە، فەرمانبەر سەد ئەوەندە رقی لێیەتی، ڕۆژەکەی بە وەنەوزو باویشکەوە بەسەربرد، سلفی لە ئۆتۆمبیلەکەیدا و ڕیی ماڵەوەی گرتە بەر، باوکی خۆی تاس و لوس کردبوو قژی جوان جوان بۆیاخ کردبوو لەسەر قەنەفەی هۆڵەکە کۆنترۆڵی تەلەفیزیۆنەکەی لە مشتا بوو،، دوای ئەوەی بەخێرهاتنەوەی کرد، بەدەنگێکی گڕ وتی وەستا تەڕەماش پێی وتم ئۆتۆمبیلەکەت ئیشی ماوە سبەینی تەواو دەبێت منیش دەبیت سەرێك لەو برادەرەم بدەم لەنەخۆشخانە کەوتوە، ناچارم ئەوەی تۆ بەرم، ئەویش سویچەکەی لەسەر قەنەفەکە بۆ دانا و چوو دوشێك بکات. شەوگار ئەڵێی ڕێگای بەسرەیە هەر تەواو نابێت، چاکتر وایە ئەم ئێوارەیە لەگەڵ (.. ) نەختێك سەری خۆمان گەرم بکەین، کە، چوو هاوڕێکەی لەبەری هەستا پاش تەوقەکردن، گارسۆنەکە سەر و چارەك ئارەق و چوار مەزەی بۆ هێنان، دوا پێکیان هەڵدا خۆیان کۆکردەوە بۆ گەڕانەوە، درگای هۆڵەکەی کردەوە باوکی بە ڕویدا تەقیەوە، دیسانەوە شتە پیسەکەت خواردۆتەوە، ئەوە سویچەکە بۆشم پڕکردوی لە بەنزینی محەسەن هەرچەندە ئەوەش ناهێنی.

فەتاح حەسەن
دانیمارك/ ڤالبی




وشە.. جەلال عەبدوڵا ساڵح(حەمە)

نەوەستاوم بە بەردەوام بەخۆم دا دەچمەوە دەزانم لە پشتی هەر وردبینییەکەوە هۆشمەندیەک هەیە وام لێدەکات جیاواز بیربکەمەوە و باشتر بنووسم. ئەوانەی ئەمڕۆ و دوێنێ وەکوو یەک بەراورد دەکەن هەتاوی سبەی نابینن و شمشێری جەهل تیژ دەکەن.
جوانترین داهێنەرەکان ئەوانەن کۆڵنادەن و بەردەوامی بە خۆپێگەیاندن ئەدەن خوێندنەوە دایکی مەعریفەیە ڕۆشنبیر سواڵکەرو و هەتیوی هیچ حیزبێک نییە ئەمەش هیوا و ئازادی ئەداتێ جوان بنووسێت و ئاگای لە مێژووی خۆی بێت.

بەهۆی ڕۆمانەوە زانیم لینین و ستالین درندەن نەک بەهۆی هێزی سووپای سوورەوە. تۆلۆستۆی بازی دا بەسەر پشتی باوکی دا و شەڕ و ئاشتی نووسی و سامانی باوکی دابەش کرد و هەڵهات لە یاسای خێزان، داب و نەریت بەڵام خودا ئاگادارە بەهۆی هۆشمەندی چینایەتییەوە ئەو کارەی نەکرد. دەبوایە پۆشکین لە پێناوی شیعر دا بکوژرایە نەک شەرەف! چونکی قورسایی زمانی ڕووسی لەسەر شانی بوو.
هیچ شوێنێکی دنیا هێندەی گوندەکەی خۆم خۆشەویست نییە لەلام بەڵام هەموو شار و مرۆڤ و شارستانییەتی مرۆڤایەتی لای من جوانن و قورسایی مێژووی خۆیان هەیە.
لەلای ژن خەیاڵی سپی ئەگەر دەنگی ئاو نەبێت گۆرانی کۆترە.

جەلال عەبدوڵا ساڵح(حەمە)

خەیاڵی سپی

لە بەردی سێبەرت هەڵکەوتم
درەختی سێو پێکەنی
کۆتر گریا
دوو دڵم لە هەڵوێستیان

لە ناوکی سێو دەچیت
کاتێک دەیکەنە چوار بەش
ناچیتە لای کەسییان
حەزدەکەیت تەنها
هەناسەیان هەڵبمژیت

هەموو ڕۆژێک دەبمە دوو بەش
دڵم لەوێ
لەلای دایکم گۆرانی دەڵێ
لێرەش لەبەرچاوی ڕێبوارەکان
لەشەقامەکانی تۆرۆنتۆ
پارچەکانی لەشم
بەدووای خۆم دا ڕادەکێشم

کاتێک دەمان نێرن بۆ جەنگەکان
یان کاتێک دەمرین
پێش ئاو
با
ماچی تەرمەکانمان دەکات

پێ درۆی کرد
قاچ درۆی کرد
هەنگاو درۆی کرد لەگەڵ ڕێگا
کەچی ئەو نەگۆڕا
نەخۆی لوول کرد
نە هەڵکشا

هەنگوێن دەڵێت
خۆشەویستی شیرینە
زوو تامی دەمرێت

هەژاری
عەیبەی کۆمەڵایەتی نییە
بەڵکوو سەرشۆڕی
سەرۆکایەتییە

لە بازار
پێش کەلووپەڵ
هێزی کار
خۆی دەفرۆشێت

پەتێک وا لە ملی
هەموو جیهان دا
هێزی پارە ڕای دەکێشێ
دەپچڕێ
هۆشمەندی لەدایک دەبێ

جوانترین مناڵی ئاو
خۆشيویستییە
ئادەم بە زەوی وت!

دوور مەڕۆ
گوڕێک لێرە چاوەڕێتە
هێندەی باڵای ژیانە

لێرە هەموو ڕۆژێ
چوار جار هەڵدەکەوم
لە بەردی ئەوێ
هەورازی لێژ
باشترە لە دەشتی دڕکاوی

شیعر تەمەن کورتە
پۆشکین چووە جەنگەوە
لەبەر شەرەف کوژرا
نەک هۆنراوە

تۆرۆنتۆ گەڕام
بە شەقامی یانگ دا تێپەڕیم
چەپکێک پیچکم لە دووکانی ژنێک بینی
وامزانی لەپاڵ دایکمم




ئێران .. ڕاپەڕینێکی بەردەوام و ئومێدبەخش و ئایندەدار!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

ئاوڕدانەوەیەک لە پێگە و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆریەت!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

بە شەهیدبوونی کچە کوردی تەمەن ٢١ ساڵ، ژینا ئەمینی (مەهسا) لە تاران لە رۆژی ٢٥ی خەرمانانی ساڵی رابردوو لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە، قۆناغێکی نوێیی خەباتی خەڵکی ئێران لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئایینی دەستی پێکرد کە تا لەناوچوونی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بەردەوام دەبێت. پرسیار ئەوەیە ئێستا دەبێ چی بکرێت؟!
ئەستێرەیەک بە ناوی ژینا ئەمینی (مەهسا)!
ژینا زۆر بە بێتاوانی شەهید کرا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بوو کە خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دادخوازی خوێنی ئەم شەهیدە و جیهان ڕاپەڕی بۆ پشتگیریکردنی. شەهیدبوونی ژینا بوو بە پێشهاتێکی گرنگ، کە زۆر بە خێرایی بوو بە سیاسی و سەرەتای ڕاپەڕینێکی خوێناوی خەڵکی ئێران ، کە تیایدا لانیکەم ٧٥٠ کەس لە سەرتاسەری ئێران گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناو ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری!
بۆیە بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەر حیساباتێک، وانەی یەکەم لەم ڕووداوە ئەوەیە کە ژینا ئەمینی شەهیدی هەموو خەڵکی ئێرانە و ڕژیمی دیکتاتۆری ئایینییش دوژمنی هەموو خەڵکی ئێرانە. واتە ئەو خەڵکەی کە لە هەموو ئێران دژی دیکتاتۆرییەت خرۆشان و راپەڕین. لە کوردستانەوە تا بەلوچستان. لە خوزستانەوە تا خوراسان و لە تارانی پایتەختەوە تا هەموو پارێزگاکانی وڵات!
کەوایە دادخوازی بۆ خوێنی شەهید مەهسا ئەمینی تەنها بە کوردستان سنوردار ناکریت. لەسەر گۆڕی ژینا ئەمینی نوسرابوو: “ژینا تۆ نامریت. ناوەت ئەبێتە رەمز”! بەڵێ ناوەکەی بوو بە رەمزێک، کە نەک هەر خەڵکی ئێران، بەڵکو خەڵکی هەموو جیهانیشی، لە دژی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی هان دا. ڕۆحی مەهسا و شەهیدانی تری ئەم ڕاپەڕینە شاد و هەرمان!
سەیرێک بۆ پشتەوە!
دوابەدوای شەهیدبوونی ژینا، کەم نەبوون ئەوانەی “بە درۆ” هاتنە سەر شانۆ و خۆیان بە دادخوازی خوێنی ئەو شەهیدە نیشان دا، بۆ ئەوەی هەلپەرستانە خۆیان دەرخەن و بگەن بە دەسەڵات! ئەوانەی کە نەک هەر دەستیان لە خەبات و شۆڕش دژ بە دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا نەبوو، بەڵکو تەنانەت دەست و پێوەندی دیکتاتۆرییەتیش بوون. ئەوان نەک هەر دەستیان هەبوو لە رشتنی خوێنی ژینادا و بە شەهیدکردنی نەوەستان، بەڵکو پەلاماری دادخوازانی خوێنی ئەم شەهیدەشیان دا!
دەست و پێوەندەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی و پاشماوەکانی دیکتاتۆری شا کە خۆیان بەشێک بوون لە دیکتاتۆرییەت بە ئیستایشەوە، بە نازناوی جیاواز و بە دروشمی جیاوازەوە خۆیان خزاندبووە ناو ڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆنی دیکتاتۆرییەت و بە درووشمی جیاجیاوە دەیانویست رێبەڕایەتیی شۆڕشەکە بگرنە دست و بە کوژاندنەوەی راپەڕین، دیکتاتۆرییەت لە ئێران لەسەر پێ بهێڵنەوە!
بەڵام راستییەکان زۆر سەرسەختتر بوون لەوەی ئەوان بتوانن ئەمکارە بکەن کە دەیانویست بیکەن. چونکە دۆخەکە ناگەڕێتەوە دواوە و خەڵک بە هیچ شتێک کەمتر لە ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەی خۆیان ڕازی نەبوون و نابن!
ڕاپەڕین لە دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بەردەوامە!
ئێستا بە سەیرکردنی ئەو ڕێگایەی خراوەتە پشت سەر، بە روونی دیارە کە چ هێز و بەدیلێکی “رەسەن” و “ئامادە” لە مەیداندا هەبووە و هەیە و لە کۆتاییشدا چ هێزێک ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە دەخاتە خوارەوە!
زۆرێک وشە و دروشم و ئیدیعا و تەنانەت هاوپەیمانی و ئەڵتەرناتیڤی دەستکردی کۆنەپەرەستان و کۆلۆنیالیزم هاتن و لەبەر ئەوەی “ناکارامە” و “هەلپەرست” بوون، هەروەک بڵقی سەر ئاو ون بوون! لە ڕوانگەی زانستیشەوە، هەر لە سەرەتاوە ئەم شتە روون بوو. چونکە “هاتنە ناو ریزی خەبات” و بە تایبەت”مانەوە لە ریزی خەبات”دا، پێویستی بە تەیاربوون بە “زانستی خەبات” و هەبوونی شەرعییەتی خەباتی جەماوەری و باوەڕمەندی بە زانستی خەبات هەیە. لە گۆڕەپانی خەباتدایە کە “قسە” و “کردە” لێک جیادەکرێنەوە و دەخرێنە بەر تاقیکردنەوە. بە گوتەی خەباتکاری ناوداری ئیرانی (عەلی ئەسغەر بەدیعزادەگان) کە بە دەستی دیکتاتۆری شا لەسێدارەدرا، “قەبارەی هەر کەس و بزووتنەوەیەک، بە رادەی ئەو نرخەیە کە لە خەباتدا دەیدات”. ئەو هێزانەی مردن لە ناخیاندایە لە گۆڕەپانەکەدا نامێنن!
هێڵی سوور!
لەوانەیە هەمووان بینیبێتیان کە لەم دواییانەدا، ئەو وەرزشوانە ئۆکراینییە، لەسەر سەکۆی پاڵەوانێتی، ڕەتیکردەوە تەوقە بکات لەگەڵ وەرزشکارێکی سەر بە ڕژێمی ئاخوندی! کردارێک کە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرم بیردەخاتەوە. هەبوونی “هێڵی سوور” لەدژی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە، کە چالاکانە بەشداریی کردووە لە کوشتنی خەڵکی ئێران و شەڕی دەستدرێژیکارانە بۆ سەر ئۆکرانیا. سازشتکردن و سازان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە، بە هەر شێوەیەک بێت، لێخۆشبوون هەڵناگرێت و بەزاندنی هێڵی سوورە. هەرچەندە خەڵکی ئێران قوربانیی سەرەکی سیاسەتی سازان بووە لەگەڵ ئەم ڕێژیمەدا، بەڵام تاوانەکانی حکوومەتی ئێران سنوورە نێودەوڵەتییەکانیشی بەزاندووە تا دوورترینی شوێنی ئەم جیهانە و، دەبێ ئەو وەرزشوانە ئۆکراینییەیش پشتی بە ڕاستییەکی وەها بەستبێت کە ڕەتی کردبێتەوە بۆ تەوقەکردن لەگەڵ وەرزشکاری ڕژێمی ئاخوندی!
بۆیە هەبوونی هێڵی سوور، رەمزی تێپەڕبوونی سەرکەوتوانەیە بە ناو رووداو و تاقیکردنەوە مرۆییەکاندا. هەروەک چۆن نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت و دۆستایەتیکردنی، بە واتای دوورکەوتنەوە دێت لە خەڵک و لەدەستدانی شەرعییەتی جەماوەری لە سەر هەردی واقیع. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، ئۆقیانووسێکی خوێن رژاوە لە نێوان “دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی” و “خەڵکی ئێران”دا. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی داواکاری سەرەکی خەڵکی ئێران “ڕوخاندنی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی” بێت و خەڵک بە هیچ شتێکی کەمتر لەوە ڕازی نەبێت و ڕازی نابێت!

دوا وشە!
هێز و لایەنەکان لە مەیدانی کردەی کۆمەڵایەتی و شۆڕشدایە هەڵدەسەنگێندرێن و تاقی دەکرێنەوە. لەم مەیدانەدایە کە سنووربەندی و سەنگەر و بەرە، وەک بوونەوەرێکی زیندوو دەکەونە سەر پێ و بەردەوامی و پتەوبوون بە خۆیانەوە دەگرن. هێز و لایەنی هەلپەرست و بەستراوەی دیکتاتۆرییەت دەتوێنەوە و لە ناو دەچن. “سەنتەرفیۆژەکانی مێژوو” بەردەوام لە کاردان بۆ ئەوەی “لایەنی ڕەگداکوتاو” و “بەرحەق ” لە مێژوودا بمێنێتەوە و ئەوانیتر فڕێداتە زبڵدانی مێژووەوە. راستییەکان زۆر سەرسەختانە و بێڕەحمانە کاری خۆیان هەر دەکەن و هەر شتێک هەڵقوڵاوی گەل و نیشتمان نەبێت، لەناو دەچێت!
موقاومەتی ئێران بە کۆڵێک ئەزموونی ڕابردوو و شارەزایی لە ئاست راستییەکاندا بووە، کە هەر لە سەرەتاوە بە هێڵ سووری “نا بۆ شا، نا بۆ خومەینی و ئاخوندان”، هاتە ناو گۆڕەپانەکەوە و “مانەوە و ئایندەداربوونی خۆی” و “بەردەوامیی ڕاپەڕینی گەل”ی پاراستووە و پێداگرە لەسەر ئەوە کە مافەکانی خەڵکی ئێران لە قوڕگی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و کۆلۆنیالیزم دەربکێشێتە دەرەوە! لەم ئاڕاستەیەدایە کە موقاومەتی ئێران و موجاهیدینی خەلقی ئێران ئاڵاهەڵگر و بێ هاوتان و زۆر جار ڕایانگەیاندووە کە خۆیان بە پشتیوانی وەها لایەن و رەوتێک دەزانن، کە گەر هەیە، با بفەرمون پێشمان کەون. ئەگەریش نیە با دوور بکەونەوە!

کۆتایی




یەکەمین دیمانەی شانۆیی کوردی دیاسپۆرا لەوڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.. ئا- کامەران حاجی ئەلیاس

بەئامانجی پردی پەیوەندی و تێکەڵبوونی کلتورەکان ، ناساندنی ھونەری شانۆیی کوردی، یەکەمین دیمانەی شانۆی کوردی دیاسپۆرا
لەژێر دروشمی”بیرەوەری، گێرانەوە،گەڕانەوە بۆ نیشتیمان،بۆشانۆ” لە وڵاتی ئەڵمانیا یەکەمین دیمانەی شانۆی کوردی بەرێوە دەچێت
لە ڕۆژانی 16، 17، 18ی ئەم مانگە، بەم ناونیشانە:
Theaterverin Teutschenthal
Maerkertraase 30A
06179Teutschenthal
کاتژمێر 18:00 ئێوارە.
دیمانەکە وەک دەستپێک و ھەنگاوی یەکەمە بۆ زیاتر ناساندن و لێکنزیکبوونەوەی کلتورە جیاوازەکان و چێژ بینین لەھونەری شانۆیی.
سەبارەت بەم دیمانەیە بەڕێز “کاروان عەلی مەجول “وەک سەرۆکی دیمانەکە وتی” شانۆ ئەو ھونەر زیندوەیە کە ھەموومان کۆدەکاتەوە، بۆیە ئێمەی گروپی هونەریی کابارێتی کوردی ، یەکەم ھەنگاومان بەرەو ڕێکخستنی یەکەمین دیمانەی شانۆیی نا”.
هەروەها وتی “خۆشحاڵم کە دەبینە مایەی کۆکردنەوەی چەند شانۆکارێکی بە ئەزموون کە سەردەمانێک ئێمەیان فێری خۆشویستنی شانۆ دەکرد ،با ئەم بەیەکگەیشتنە بکەینە دیمانەی جوانی و ئازادی و پەیامی مەزنی شانۆ ھیواخوازیشم کەئەم دیمانەیە بکەینە نەریتێکی ساڵانە”.

ڕۆژی یەکەم 16ی 6 دەستپێکی دیمانەکە بەمشێوەیە دەبێت:
یەکەم پێشانگەی نیگارکێشی لەلایەن ھونەرمەند شیلان ڕەشیدو چەند پارچە میوزیکی کوردی لەلایەن ھونەرمەندان ( فاروق میرزا سدیق ) . پاشان وتەی سەرۆکی دیمانەکە پێشکەش دەکرێت لەلایەن ھونەرمەند : کاروانی عەلی مەجۆلەوە. پاشان وتاری گروپی کابارێی کوردی کەڕێکخەری دیمانەکەیە لەلایەن ھونەرمەند ڕزگار مونزیرەوە پێشکەش دەکرێت. پاشان دوو بەرھەمی شانۆیی پێشکەش دەکرێن . ئەوانیش بریتین لە :
یەکەم : مۆنۆدرامای( فرمێسک لە چاوی رۆژگاردا).نوسینی مەهاباد قەرەداخی و
دراماتورگی دەهەب باولۆس و
وەرگێڕانی بۆ زمانی ئەڵمانی (د.نیگار حەسیب قەرەداغی) و
ئامادەکردن و نواندنی ھونەرمەند (فرمێسک مستەفا). ھەروەھا میوزیکی بەرھەمەکەش لەلایەن ھونەرمەند فاروق میرزا سدیقەوە ئامادەکراوە. ئەم نمایشە لەکاتژمیر:19:00ی ئێوارە بەزمانی ئەڵمانی پێشکەش دەکرێت.
نمایشی دووەم : کە بەرھەمی گروپی کابارێی کوردییە بەناوی ( لایکچی)، نوسین و دەرهێنانی ھونەرمەند( ڕزگار مونزیر )ەو
نواندنی ھەر یەک لە ھونەرمەندان (ھیوا عەونی و فاروق میرزا سدیق)ە.ئەم بەرھەمە کارێکی کۆمیدییەو لەکاتژمێر: 20:45ی شەو بەزمانی کوردی نمایش دەکرێت.

ڕۆژی دووەمی دیمانەکە 17ی 6 کە پێکھاتووە لە دوو بەرھەمی شانۆیی بەمشێوەیە :
یەکەم : شانۆی ڕێحانە ، لەنوسین و دەرهێنانی ھونەرمەند گەزیزە عومەرو
نواندنی ھەر یەک لە ھونەرمەندان: بێگەرد ئەحمەدو بڕیار ڕەشید و
فرمێسک مستەفا. ئەم کارەش بەرھەمی تیپی هاوڕیانی گەزیزەیەو لەکاتژمێر: 19:00 بەزمانی کوردی نمایش دەکرێت.
بەرھەمی دووەمی ئەم ئێوارەیە، بەرھەمێکی لابوری شانۆی لالشە لەوڵاتی نەمسا.کە بریتییە لە
پیرفۆرمانسێکی فیدیۆی بەناوی (یادەوەری)
کۆنسێپت و کامێراو دەنگ و میلۆدی و ئامادەکاری ڤیدیۆی و پیرفۆرمەر ھونەرمەند( د.نیگار حەسیب قەرەداخی) یە ، کەکاتژمێر:21:00 شەو پێشکەش دەکرێت.

ڕۆژی سێھەمی دیمانەکە 18ی 6 بەم شێوەیە دەبێت :
یەکەم : سیمینارێک بۆ نوسەرودەرهێنەر میرزا مەتین لەژێر ناونیشانی (جوڵە شانۆییەکانی باکوری کوردستان لە نێوان لاسایکردنەوە و گێڕانەوەدا).
رێکخەری سیمینارەکە لەلایەن شانۆ مەتۆوە بەڕێوە دەچێت.
کاتژمێر : 14:00ی پاش نیوەڕۆ
پاشان تیپی نواندنی سلێمانی ،
مۆنۆدرامای ( ژنێکی تەنیا) لە
نوسینی( فرانکۆڕاماو داریۆفۆ ) و وەرگێڕان و دەرهێنانی: فازیڵ قەساب. لەنواندنی ھونەرمەند (نەشمیل غەریب) ، لەکاتژمێر:18:00 ی ئێوارە بەزمانی کوردی نمایش دەکرێت.
جێگەباسە لەکاتژمێر : 20:00 ی شەو وتاری کۆتایی دیمانەکە لەلایەن کاروان عەلی مەجۆلەوە پێشکەش دەکرێت.
جێگەی باسە لەدوای ھەر نمایشێک لە نمایشەکانی ئەم دیمانەیە گفتوگۆیەکی کراوە لەلایەن ھونەرمەند بورهان قەرەاخیەوە بۆ ھونەرمەندان و بینەران ڕێک دەخات.
دەستەی باڵای ئەم دیمانەیەش لەم ھونەرمەندانە پێکھاتوون :
کاروان عەلی مەجۆل: سەرۆکی دیمانە.
ڕزگارمونزیر: بەڕیوبەری هونەری
هیوا عەونی: کارگێڕی
فرمێسک مستەفا: ڕێکخستن و پەیوەندیەکان.
بورهان قەرەداخی : وتەبێژی دیمانەکە، ھەربۆیە ئەویش ڕایگەیاند” :
جێگەی خۆیەتی کە بڵێین کەکەسانێکی زۆر لە ھونەرمەندان و میدیاکاران و کەسانی خۆبەخش لەپشت دیمانەیەوەن تا کارەکانی بەسەرکەوتویی ئەنجام بدەن. لەپێناو ئاڵوگۆڕی کلتوریدا”.




ئاڵای کوردستان لە هـۆنـراوەکانی هـۆزانڤـانـانی منـداڵان.. رەزا شـوان

ئـاڵا هـێمای شکـۆداری هـەر گـەل ونیشـتـمانێکە و ناسـنامەی نەگـۆڕی گـەلە. ئـاڵا ئەو چەترە نیشتمانییەیە کە لە سایەیدا، هاونیشتمانیان هەست بە خۆشەویستی و هاوسۆزی و یەکـێـتی و هـاوبەستـبـوون بـۆ نیشـتـمانـەکەیـان دەکـەن. شـانـازیی پێـوە دەکەن و لە خـۆشی و ناخـۆشی و لە بۆنـە نەتـەوەیی و نیشـتمانییەکـانیـانـدا، بەڕێـزە لە بەردەمیـدا دەوەسـتن و لەگـەڵ بەرزکـردنەوەیـدا سـڵاوی لێـدەکـەن و مارشی نەتەوەییـان دەچـڕن.
لـە زمـانی کـوردیـدا بـێـجگـە لـە وشـەی ئـاڵا، وشـەی “بـەیـداخ” و ” پـەرچـەم” یـش بەکاردەهـێنرێـن. وەک خۆشەویستییەکیش بۆ ئاڵا، بە سەدان کچی کورد ناونراون ئاڵا.
رێکخراوی نەتەوە یەکگـرتـووەکان، بەم شێوەیە پێناسەی بۆ ئـاڵا کـردووە:”ئـاڵا واتە هـێما و ناسـنامە و نەتـەوە و دەوڵـەت و هەرێـم و حـیزب و گـروپـەکان، شانـازییەکی بەرجەسـتە کـراویـانە”.
ئـاڵای پیـرۆز و رەنگـینی کوردستان، کە لە ئاسمانی کوردستانـدا دەشەکـێتەوە، ئـاڵای گەلی کوردمانە و هـێمای شکۆمەندی و یەکـێتیمانە، مایەی شانازی و سەربەرزیمانە.
ئاڵای کوردستان، پـێگەیەکی پیـرۆز و رێـزێکی تایبـەتی و خۆشـەویستییەکی زۆری لە دڵماندا هـەیە. ئامادەین لە پێناوی پاراستن و بەرزڕاگـرتنیـدا، گیانی خۆمان ببەخـشـین. ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی و رەوشتیمانە. بە هەزاران پێشمەرگەی قـارەمانمان، لە پێناوی بەرگـریکـردن و رزگـارکـردنی خـاکی کوردستان لە داگیرکەران لەژێر ئاڵای کوردستاندا شەهیدبوون. ئاڵاکەمان هێمای بوون و مانەوەمانە.
کـەس نـەڵی کورد مـردوە، کورد زیـنـدووە
زیـنـدووە قــەت نـانـــەوێ ئـاڵاکـەمــــــــان
بەپـێی بەڵـگە مێـژووییەکـان، گـەلی کوردمـان، خـاوەنی کـۆنـترین ئـاڵایـە لە جـیهانـدا.
یاساناس و مێـژوونووسی کوردمـان، دکـتۆر (عـەبـدوڵڵا دارتـاش) لە پەرتـووکەکەیـدا (میژووی بنەچەی کورد) کە لە ساڵی (٢٠١٧) دا چاپیکـرد، دانەیەکی پێشکەشـم کرد.
مێـژووی ئـاڵای کوردستان بـۆ (٧٠٠٠) هـەزا ساڵ پێـش ئێستا دەگـەڕێنێـتەوە، کە لە لایەن ئیمپراتۆریەتی گۆدییەکانەوە دروستیان کرد. گۆدییەکان (٥٠٠٠ ـ ١١٥٧) پێش زایینی دەسەڵاتداری ناوچەی کوردستان بوونە. شاری ( کارگـود ـ کارکـۆ : کارکۆک : کەرکـووک) بە قـەڵا سەرکەشـەکەشـیەوە، گـۆدییـەکـان دروسـتـیان کـرد و کـردیـان بە پایتـەخـتی ئیـمبـراتـۆرییـە مـەزنـەکـەیـان. گـۆدیـیەکـان بـە بـاپیـرانی کـورد دادەنـرێـن.
دکتۆر دارتاش دەڵێت:” پێویستە ئەوە بڵـێین و ئەو راستییە مێـژووییە بیخەینەوە یادی گـەلی کوردی شۆڕشگـێڕ و کۆڵـنەدەر و قارەمان، کە هـێمای (٢١) تیشکەکەی خـۆری ئـازادی لە نـاو ئـاڵای کوردسـتان، هـێمـای ئەو (٢١) پاشایەی گـۆدیانی بايپرانمانە. کە حوکمڕانی یەکەمین دەوڵەتی (گودی/ گودیا/ گودیۆمی) ی گودی/ گوردی/ کوردی بوونە لەسەر زەمینی کوردستانـدا لە هـەزارەی پـێـنجەمی پێش زاییـن. بەڵام هـەر لە کـۆنەوە وتـراوە، ئـاڵای کوردسـتان لە رەنـگی (سـوور و سـپی و سـەوز و زەرد) پێکهاتـووە”.
لە دوای گۆدییەکان، دەوڵەتی کـاسییەکـانیش هـەر کوردبـوون و خـاوەنی ئـاڵای تایبەتی دەوڵەتەکەیان بوون. دەوڵەتی کوردی میتـانییەکان، کە فەرمانڕەوای بەشی هەرە زۆری کوردستان بـوون، لە ساڵی (١٥٠٠) ی پێش زاییـنیدا، ئاڵای کوردستانیان بەکارهـێناوە. لە دوای ئەوانـیـش ئیـمـپـراتـۆریەتی مـاد، ئاڵای تایبەتیـیان هەبووە. کە لە رەنگی زەرد و سوور و سەوز پـێکهـاتـبوو. کـاوەی ئاسنگەریش، چەرمەکەی بەرۆکی کـرد بە ئاڵای شۆڕش و راپەڕینەکەی. ئاڵاکەی کـاوەی ئاسنگەر بایەخـێکی مێـژوویی گـرنگی هـەیە.

لە ساڵی (١٩١٨) دا، کوردێـک بە نـاوی (خـەلـیل بـەگ) سـەرۆکی رێـکـخـستی ئـازاد ئاڵایەکی دروستکرد. لە ساڵی (١٩٢٠) دا، سەرکردەی کورد (ئەمـین عـالی بەدرخـان) داوا لە (زینـەل عـابـدیـن) دەکات کە کەسایەتییەکی کورد بـوو، ئاڵایـەک بـۆ کوردسـتان دروست بکات. ئـەو ئـاڵایە تا ئەمـڕۆش لە مـاڵی (سیـنەم بەدرخـان) پارێـزراوە. پـارتی (خۆیبـون) ئاڵای هەبـوو. شۆڕشـەکەی سـمکـۆی شکاکیش ئـاڵای هەبـوو. لە شۆڕشی ئاگری (شۆڕشی ئارارات: ١٩٢٩ـ ١٩٣٢) بە سەرکردایەتی (ئـیحسان نوری پاشـا) ی رابـەری شـۆڕشـەکە، بە فـەرمی ئـاڵای کوردستانی لەسـەر چیـای ئـاگـری، بەرزتـرین لـووتکە چیـای کوردستان هـەڵـدا. شـێخ مەحمـودیـش نەمریش لە (١٩١٩) دا، ئـاڵای کوردسـتانی بۆ شـۆڕشەکەی دانـا، کە گـوزارشـتی لە دەوڵـەتی کوردی دەکـرد. لەسەر باڵەخـانەی ئەفــسەری سیاسی بەریتـانیـا هـەڵکـرا.

ئـاڵای فـەرمی ئەم سەردەمەی کوردسـتان، لە چـوار رەنگی گەش و جـوان پێکهاتـووە، هـەمان رەنگەکانی ئاڵاکانی پێشـترن. گوزارشت لە خەبات و شۆڕش و لە بەرخودانی و قارەمانـێـتی و ئـازادی و لە نـەورۆز و سەری ساڵی کوردی و لە سـروشـتی رەنگـین و ئەفـسووناوی کوردستان دەکەن. رەنگەکانی ئـاڵای کوردستان پەیـوەندییەکی بەهـێزیان بە مێـژووی رابـردوو و ئێستا و بە هـیوای داهـاتـووی کـورد و کوردسـتانـەوە هـەیـە.

رەنـگی سـوور، لە سەرەوە دایە: هـێمـای ئازایـەتی و قـارەمانێتی و گیان بەخـشیـنە لە پێناوی کوردسـتانـدا. هـێـمای شـۆڕش و بەرخـودانی و خـوێنی شەهـیدە نەمرەکـانمانە.
ئـێـمـە رۆڵـەی رەنـگی ســوور و شـۆڕشــیـن
سـەیـــری کە خـوێـنـــاویـیـە رابـــــردوومــان

رەنـگی زەرد:. خـۆرە زەردەکـەی نـاو رەنگە سـپیـیەکـە، کە لە (٢١) تـیـشکی یەکـسان پێکهاتـووە، نیشانەی ئاگر و رووناکی و دروشانەوەیە. ئاماژەی بۆ یەکەم رۆژی سەری ساڵی نـوێی کوردی کە دەکەوێتە رۆژی (٢١/ ئـادار) ی هەمـوو ساڵـێکی زایـنی. یەکەم رۆژی مانـگی نەورۆزیشە، یادی ساڵـڕۆژی راپەڕیـن و شـۆڕش و سەرکەوتـنی کـاوەی ئـاسـنگەرە. نـەورۆز کـۆنتـریـن و پیـرۆزتـریـن جـەژنـی رەسـەنی نەتـەوەیی کـوردە.
رەنگی سـپی کە لە ناوەڕاستـدا: هـێمـای پاکی، ئارامی، راستگـۆیـی. ئاشـتی و تەبـاییە، کە گـەلی کوردمـان هـەمـیشە ئاشـتـیخـواز بـووە.
رەنگی سـەوز: هـێمـای سـروشتی سـەوز و جـوان و قەشەنگ و ژینگەی کوردسـتانە. رەنـگی هـیوا، خـۆشـەویسـتی، گـەشـبـیـنی و لاوێـتـی، بـوژانـدنـەوە و ژیـانە.
لە ساڵی (١٩٩٩) دا، ئەم ئـاڵایەی ئێستا، بـوو بە ئـاڵای فـەرمیی هەرێـمی کوردستان، لەسـەر هـەمـوو دامـودەزگـاکـانی هـەرێـمی کوردسـتـانـدا هـەڵـدرا و هـەڵـدەدرێـت.
لە رۆژی (٢٧/ ئـادار/ ٢٠١٧) دا، بـۆ یەکـەم جـار، بە فـەرمی لە لایـەن ئەنجـوومەنی پارێـزگـای کەرکـووک و پارێـزگـاری کەرکـووک، رەوانشاد (د. نەجمەدین کەریـم) ەوە، ئـاڵای کوردسـتان لەسـەر بینـای پـارێـزگـای کەرکـووک هـەڵـدرا. دوایـش لەسـەر قـەڵا سەرکەشـەکەی کەرکـووکـیش لەگـەڵ ئـاڵای عـێـراقـدا هـەڵـدرا.
لە رۆژی (١٩/٦/ ٢٠٠٩) دا، پەرلەمانی باشووری کوردستان بە تێکـڕای دەنگەکان، رۆژی (١٧/ ١٢) ی هەموو ساڵێک وەکوو (رۆژی ئاڵای کوردستان) ی پەسەنـد کرد. لەو ساڵەوە هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، بە جلـوبەرگی کوردییـەوە ئاهـەنگی شـیاو لە کوردستانـدا سازدەکـرێـت. بە فـەرمیش لە هـەمـوو قـوتـابجـانەکـان و لە زانکـوکـان و دایـرەکان و لە هەمـوو دەزگـاکـان و بـازاڕەکـان، لە هـەمـوو شـار و شـارۆچـکەکان و لە گوندەکانیشدا، ئاڵای کوردستان بەرزدەکرێتەوە. هەڵـبژاردنی ئەم رۆژەش، بۆ یادی هـەڵکـردنی ئـاڵای کوردسـتان، لە شـاری مەهـابـادی پـایتـەخـتی کـۆمـاری کوردسـتان دەگـەڕێتـەوە، کە لەلایـەن سـەرۆک کـۆمـاری کوردسـتان، پـێـشەوای نـەمرمان قـازی مـحـەمـەدەوە، لە ئاهـەنگـێکی میـژوویی زۆر گەورەی حکـوومی و جەمـاوەریـدا، بە هەڵهەڵەلـێدان و چەپـڵەڕێـزان و بە چـڕینی مارشی نەتەوەییمان ئەی رەقـیب هەڵکـرا. ئەو رۆژە بـۆنەیەکـی بەرزی نەتـەوەیی و نیشـتمانـیمانە و هەرگـیز لە یـادی ناکـەین. مەبەستـیش لە یـادکـردنەوەی ئـاڵای کوردسـتان لـەم رۆژە پیـرۆزەدا، جـەخـتکـردن و دووپـاتکـردنەوەی خۆشـەویـستـیـمانە بـۆ ئـاڵای کوردستان و هـاوبەستەبـوونمـانە بۆ کوردستانی نیشـتمانی شـیرینمان. بۆ نوێکـردنەوەی بەڵـین و پەیمانە بۆ درێـژەدان بە خەبات و تێکۆشان لە پێناوی رزگارکردنی خاکی کوردستان، لەژێـر ئاڵای کوردستاندا. کە سـومـبـلی نەتـەوەیی و یەکگـرتـن و ناسـنامەمـانە.
شایەنی باسیشە، وەکوو کولتوور و رێـوڕەسمێکی فەرمی قـوتابخـانەکان لە باشووری کوردستانـدا، هەموو رۆژانێ پێـنج شەمـمە، پێش دەستپێکـردنی خوێنـدن، قـوتـابیان و مامۆستایان بە ریـزەوە دەوەستن. سێ قـوتابی دەچنە بەردەم ئاڵای کوردستان، ئەوەی نـاوەڕاستەوە پێشدەکەوێت و تا لووتکە ستوونی ئاڵا، ئاڵای کوردستان بەرزدەکاتەوە. دەگەڕێتەوە شوێنی خـۆی و هەمـووان لەگەڵ چـڕینی سـروودی (ئـەی رەقـیب) دا. بە ئەوپەڕی رێـزەوە، دەستی راستیان دەخەنە پێـش گـوێی راستیانەوە و سـڵاو لە ئـاڵای پیـرۆزی کوردستان دەکەن. دوایی یەکـێک لە مامۆستاکان وتەیەـک پێشکەش دەکات.
چەند قـوتابییەکـیش چەند هـۆنـراوەیەکی نیشـتـمانی پـێـشکەش دەکـەن.
زۆربـەی هـۆزانـڤـانـانی کـوردمـان، هـۆنـراوە و سـروودیـان، بەسـەر ئـاڵای پیـرۆزی کـوردستانـدا هـەڵـداوە. ئـەوەی ئیـمە لـەم نووسینەمانـدا مەبەسـتمانە، هـۆزانـڤـانـانی ناسـراوی بـواری هـۆنـراوی منـداڵانی کوردمـانە. کە زۆربەیـان هـۆنـراوەی جـوانیـان بەسەر ئاڵای کوردستانـدا هەڵـداوە، کە بە تایبەتی بۆ منـداڵانی کوردیان نووسـیون. بۆ ئەوەی لە منـداڵـییەوە، رێـز و خۆشەویستییان بۆ ئاڵای کوردستان و هـاوبەستەبـوون بۆ کورد و کوردستان لە دڵە قـنجەکانی منـداڵە چاوگەشەکانی گەلی کوردمـان بڕوێـنن. ئەمـەش ئامـانجـێکی سەرەکی و سـتراتـیژییـە لە ئامـانجـەکـانی هـۆنـراوە بۆ منـداڵان.
گوڵـبژێـرێک لە هـۆنـراوەکانی هـۆزانـڤـانـانی بواری نووسینی هـۆنـراوە بۆ منـداڵان، دەخـەینـە بەر دیـدی خـوێنـەران، کـە بە شـێوازێـکی سـووک و ئـاسـان و بە زمـانی شـیرینی کوردی بەسەر ئـاڵای کوردستانـدا هـەڵیـانـداوە. هـیوادارم بۆ منـداڵەکـانتـان بیانخوێننەوە. بەشێکی زۆریان شایەنی ئەوەن، کە ئاوازدانەران ئاوازیان بۆ دابنێن و بکـرێـن بە سـروود بۆ منـداڵان. بە تـاک یا بە کـۆمـەڵ منـداڵان بیـان چـڕن.
مامـۆسـتا (زارا ئەحـمـەد جـاف) لە پەرتـووکی (ورچـەکەی هـاوڕێـم، لەژێـر نـاوی (ئـاڵاکـەم) دا، نووسیویەتی:
جــــــوانی ئـــــاڵای کـوردســـــتـان
هـێـمـــای خـــاک و نـیـشــــــتـمـان
دەتـبــــــیــنـم وا لـە بــــــــــەرزیـی
بــۆ مـــن بـوویــــە شـــــانـــازیـی
وەکــــو تـابـلــــۆ لــە ئـاســـــــمـان
روونــاکـیی چــــاوی هــەمــــووان
بـشــەکــێــــــــوە لــەگــــــــەڵ بــــا
وا مـنـــــــداڵ ســـــــەیـــرت دەکـــا
پـەیـــــــــــامـێــکـت هـێــــــــێـنـاوە
وەکــو تـیـشــــــکـی هــەتـــــــــاوە
چــوار رەنـــگـت پـــڕ بـە هـــــایـە
نـەخـشـــانــدت ئـــەو ئــــــــــاڵایـە
ئەنـدازیـاری هـۆزانـڤـان (محەمـەد بـەرزی) لە پەرتـووکی (بەرخەکەی لانـە) لەژێـر ناوی (ئـاڵا) دا، نووسـیویەتی:

ئــــاڵای بـــــەرزی کوردســـــتـانـم
چــــوار رەنــــگـە چــــاکی دەزانـم
ســــور و ســـپـی بــێـــــــــگـەردە
ســـــەوزی خـــــــــۆرێــکی زەردە
جــــــێـی شــانـازی و شــــــکـۆیـە
ئــــــــــــازادی مــــــن و تـــــــۆیـە
لـــە ســــــایــەیـــدا دەوەســــــــتـم
پــــــــیـرۆزە دەیـــــــپـەرســــــــتـم
کـــاتـی تـــــرس و تـەنـــــــــگـانـە
دەیــپــــــــارێــزم شـــــــــــــێـرانـە
مامـۆسـتا (ئـەمیـن سـەبـان) لە پەرتـووکی (کـۆلارەکـەی باڵـدار) لەژێـر نـاوی (ئـاڵاکـەمـان) دا، نووسیویەتی:
ئـاڵای کوردســتان جـوان و قـەشـەنــگە
سەربـەرزی لامان هـێمات چـوار رەنگە
رەنـگی سـووری تـۆ خـوێنی شـەهــیـدە
ســەوزی قـەرسـیـلی روونــــاکی دیـــدە
ســپـی نـیـشـانـەی بەئـاشــتی ژیــــــــان
زەردی ئـاڵـتونی ئـاسـۆی بـەربـەیــــــان
گـیـانـفـیــداکـاری و خـەبــاتی دێـــــريــن
لەبــــەرزی تـــۆدا دواڕۆژ دەبـــــــیــنـن
ئـــاواتی مـێـــژووی کـوردایـــــەتی تـــۆ
پـرشـــــنگ دەداتــــــە دامـێـــنی ئـاســۆ
مامۆسـتا (کـازم کـۆیی) لە پەرتـووکی (نەوەکـانی چـریـکەی دواڕۆژ) لەژێـر نـاوی (ئـاڵا) دا. نووسـیویەتی:
ســەر بـڵـنـــــــــدکـە و بـــــــــڕوانـە
ئــاڵام چـــەنـد بــــــەرز و جـــــوانـە
لاکـێـــشـەیـە و چـــــــوار رەنـــــگـە
شـەکــــــاوەیـە و قـەشـــــــەنـــــگـە
ســـوور هـێـمــــای شـەهــیـــــــدانـە
گـیـــــــان بـەخــــشـی مــــــــەردانـە
ســــــپـی هــێـمـــــای ئـاشــــــتـیــیـە
کـــورد هــەر ئـاشـتـی ویـســـتـیــیـە
ســـــەوز بــــــــاخ و بـێــســــــتـانـە
ســروشــــــــتی کـوردســـــــــــتـانـە
خــــــــۆری زەردی گـەشـــــــــــاوە
هـێـمـــای نـــــــەورۆز و کــــــــــاوە

پـاراســــــتــنی ئــەم ئـــــــــــــــاڵایـە
لـە ئـەســــتـۆی هــەمــــــــوان دایـە
ئـاڵاکـــــــەم تـیـــــشـکی چــــــــــاوم
قـوربـــــانـی تـــــۆم تـا مــــــــــــاوم

مامۆستا (عـەلی حەمـەڕەشــید بەرزنـجی) بە کـورتە چـیرۆکەهـۆنـراوەیەکی جـوان، لەژێـر نـاوی (ئاڵایەک لە پەپولە) کە لە ژمارە (٢٢٩) ی گۆڤاری (پەپولە) دا بڵاوی کردۆتەوە، بە شێواز و شێوەیەکی جـوان، گوزارشتی لە ئـاڵای کوردستان کـردووە، نووسیویەتی:
پــۆل پــۆل پـەپـولــــەی رەنـگــیـن
نـاسـک نـاسـک بــــاڵ نەخـشـــیـن
ســـەوز و ســپی و زەرد و ســـور
دەدرەوشــــــــــــــــانـەوە لــــەدور
کـۆمــەڵ کـۆمــەڵ رەنــگـەکـــــــان
دەتــــــوت لـە دڵـــــــی مـنــــــــدان
زۆر بەبـاشــــی و دەســــتـوبـــــرد
تـابـلـۆیـەکــــیـان دروســـــتـکــــرد
ئـیـتـــر مـنـیــش تـا تــوانـیـــــــــــم
بـە ئـــــــارەزوی دڵ روانـیـــــــــــم
تـابـلـــۆکـە زۆر زۆر جـــــوان بــو
هـی ئــــــاڵای کـوردســـــــتـان بــو
مامـۆسـتا (رەزا شـوان) لە پەرتـووکی (خـونچـەگـوڵـەکـان) لەژێـر نـاوی
(ئـاڵای کوردسـتان) دا، نـووسـیویەتی:
ســڵاو .. ســڵاو.. ئــــاڵای جـــــوانـم
ئـــــاڵای بـــــەرزی کـوردســـــــتـانـم
ئــــاڵای رەنـگـــــیـن و پـــــــــیـرۆزم
مـایــەی شـادی هـەســـت و ســـوزم
کـۆنـتـریـن ئــاڵای هـەمـوو جـیــهـان
بەڵـگـەی مـێژووی کـۆن و نـوێـمـان
بشـەکـێــــــوە لـە ئـاســــــــــــــمـانـدا
لـەسـەر خـوێـنــدنــگـا و مـــــــاڵانـدا
ئـاڵاکـەمــــــــان ، نـاســــــنـامـەمــان
تـۆی هـۆی رێـز و سـەربـەرزیـمــان
هــێـمــای شــکـۆی نـیـشــــــــتـمـانـم
پـێــشـکـەشـت بـێـت رۆح و گـیـــانـم
رەوانشاد مامۆستا (عـوسمان محەمەد هـەورامی) لە پەرتـووکی (خـونچـە گـوڵ) لەژێـر ناوی (ئـاڵای کوردستان) دا، نووسیویەتی:
ئــــاڵای بــــاڵای کوردســـــتـان
بـیـنـــایـی هــەردوو چــــــاوان
ئـۆخــەی چـەنــدە گـەشـــاوەی
لـەســەر دونـــدان شـەکـــاوەی
سـوور هـێـمــای تـێـکـۆشــانـە
مـــژدەی ئـاســـۆی کــــوردانـە
ســـپی هـــەردەم ئـاشــــــتـیـیـە
بـێـگــــــەردی و دڵـپــــــاکـیـیـە
لـە ســەوزیـــــشـا دیـــــــــــارە
کوردســــــــــتـان لالــــــــەزارە
خـەنــدەی خـــۆری وڵاتـمـــــان
گـەشــــەیـە بـۆ خـەبــاتـمـــــان
ســــــڵاوی دڵ و رەوانـــــــمـان
بـۆ ئـاڵای بـەرز و جـوانــــمـان
مامۆستا (فەرهـاد ئەحمـەد بەرزنـجی) لە پەرتووکی (خەیـاڵی کـۆتـرەکان) لەژێـر ناوی (رۆژی ئـاڵا) دا، نووسـیویەتی:
ئـەمــــڕۆ زۆر شـــــــادمــانــم
رۆژی ئــاڵاکـەمــــــــــــــــانــە
جـلــی کوردیــــم پـۆشــــــیـوە
هـاتــووم بـۆ قـوتـابخـــــــانــە
دیـمــەنـێکی زۆر جـــــــوانــە
ئـاهــــەنـگـیان سـازکــــردووە
یــــــادی رۆژی ئـاڵایـــــــــــان
بە بــــەرزی راگـرتـــــــــــووە
ئـاڵا هـێـــــمای بـوونـمـــــانــە
ســەروەری گـــەل و هـــــۆزە
شـــکـۆی نەتــەوەی کــــوردە
بـۆیــە لامــــــان پـــــــــیـرۆزە
دەبـا هـەمــوو یـەکــبـگــریـن
تـا سـەرکــەوێ نـیـشـــــتـمـان
بـا ئـێـمــــەش وەک وڵاتـــــان
شــەکــــــــــاوەبـێ ئــاڵامــــان
هـۆزانڤانی گەورەی گەلەکەمان، مامۆسـتا (لەتـیـف هەڵـمـەت) لە چیرۆکەهـۆنـراویەکی کـورتـدا، لەژێـر نـاوی (مـیوان) دا، بە گـوڵ وێـنـەی ئـاڵای کوردســتان دەکـێـشـێـت، بە شـێوازێکی نـوێ، نووسیویەتی:
دایـــــــــکــم دەڵـــــێ ســــــبـەیـــــــــــنـێ
لـە نـیـشــــــــــتـمـانـی خـۆمــــــــــــانـەوە
لـە کـوردســــــــــــــــــــــــــــــــــــتـانـەوە
مـیـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــوانـمـــــان دێ
هــەر ئـێـســتـا لەگـەڵ دایـــــە گـــــــــیـان
دەچــم بـۆ بــازاڕی گــــوڵـفــرۆشـــــــــان
چــــوار دەســـك گـــــــــــــــــوڵ دەکـــــڕم
دەسـکـێ ســــــــوور وەکـو خـوێـنــــــــاو
دەســکـێ ســـــــــــپـی وەکـو بـەفــــــــــر
دەسـکـێ کەســـــــک وەک دارســـــــتـان
دەسـکـێ زەرد زەرد وەکـو هـەتـــــــــــاو
لـە ژووری مــيـــــــــــــــــــــــــــــــــــوان
دەیـانـخـــــەمـە نـاو چــــوار گـوڵــــــــدان
کـە مـیــــــــــــوانـەکــــــــــــان هــــــــاتـن
دوای رۆژ بـــاش و بـەخـــــێـرهــــــــاتـن
دەڵـێــم سـەیـرکــەن بـۆ پـێـشـــوازیـتـــان
بە گوڵ کێشاومە وێنەی ئاڵای کوردستان
مامۆستا (رۆستەم خامـۆش) لە پەرتووکی (هـاوڕێی پێنووس) لەژێـر ناوی (ئـاڵا) دا،
نووسیویەتی:
ئــەو ئـاڵایـــــەی کـوردســــــــتـان
هـێـمــــــای گـــەل و نـیـشـتــــمـان
خـۆشـــەویـســـتـە لـە دڵـــــــــمـان
رێـــزی دەگـــــریـن هــەمــــــووان
ئـاڵاکـەمــــان هــەردەم بــــــــەرزە
دوو رەنــگی ســـوور و ســــەوزە
ســپـيــــش لـە نـاوەڕاســـــــــــتـی
تـیـشـــکی خـــۆر لـە نـاویـــــەتـی
یـاخــــوا هــەر شـەکــــــــــاوە بـێ
وەکــو گــــــوڵ گـەشــــــــــاوە بـێ
ماماوستا (سـەلاح نـیساری) لەژێـر نـاوی (ئـاڵای کوردسـتان) دا، نـووسـیویەتی:
ئـــاڵای ئـاشـــــتــیــم هـەڵــــــداوە
نـیـشـــــــانـەی خـــــــۆرەتــــــاوە
هـێـمـــــای ئـــــــازادی ژيــــــــنـە
ســــــوور ە ســــپي رەنــگــيـــنـە
ســــــروەی بــا دەیـشــــــەکـێـنـێ
بـە نــــــــەرمـی رایـــــــــدەژێـنـێ
داوێـــنـی ســـــەوزی جـــــــوانـی
نـیـشــــــــــانـەی ئـــــــــــاوەدانـی
ئـەم رەنـــگـە ســوورە جـــــوانـە
یـادگــــــــــاری شــەهــیــــــــدانـە
نـیـشــــــانـەی سـوورخـــــــەڵاتـە
ســــەرچــــــاوەی خـەبـــــــــــاتـە
خــوێـنی خـوشـــــک و بــــــرایـە
یـادگـــــــاری چــــــــوارچـــــرایـە
بــــۆوەی نـەفـــەوتـێ نـاومـــــان
دەیـپـــارێــزیـن وەک چـاومـــــان
مامۆستا (موحـسین حەمەد ئەمین زینەددین ) لەژێـر ناوی (ئاڵامـان) دا، نووسیویەتی:
ئـاڵامــــــــــان شـەکــــــــــــــاوەیـە
قـەشــــــەنــگ و رازاوەیــــــــــــە
چــوار رەنــــگی جـــوان گـەشــــە
هـی خـــاکـێـکـی چـــوار بـەشـــــە
سـپی و زەرد ، سـەوز و ســوورە
هـیــــــــوای نـزیـــــــــک و دوورە
زەردی رۆژی روونــــــــــــــــاکـە
ســپـيی ئـاشــــتـیـیە و پــــــــــاکـە
ســـەوزی هـێـــــــمـای ژیـــــــانـە
ســوور خــوێـنی شـەهــیـــــــدانـە
با هـەمـوومــان یـەکـــدەنـگ بـیـن
یـەک گـوتـــار و یەکـڕەنــگ بـیـن
یـەک بـخـــــەیـن تـەقــــــــەلامــان
تـا هــــــەر وابــێ ئـاڵامـــــــــــــان
هـەر جــــوان و گـەشــــــــاوە بـێ
بــــــەرزبـێ، شـەکـــــــــــــاوە بـێ
مامۆستا (تەهـا بیلال) لە پەرتووکی (بووکەشووشە) لەژێر ناوی (ئاڵای کوردستان) دا، نووسیویەتی:
ئـــاڵای بـــەرزی کوردســـتـانـە
شـەکــاوە و رازاوە وجـــــوانـە
سـووری خوێـنی شـەهـیـــدانـە
سـپی ئـاشـتیی بـۆ هـەمــووانـە
سـەوزەکــەی واتـای ژیــــــانـە
رۆژیــش لـە نـاوەڕاســتـیـیـانـا
پـەخـشـە بـەسەر هـەمـوویـانـا
مامۆستا (شـوان ئەحـمەد) لە پەرتووکی (بەرەو هـیوا) لەژێـر ناوی (ئـاڵای کوردستان) دا، نووسیویەتی:
ئـــاڵای ئـێـمـــــە چــــوار رەنــــــگـە
شــەکــــــاوەیـە و قـەشــــــەنــــــگـە
بــــەرز، لەســـەر ســـــەرمـــــــــانـە
پـــــــیـرۆز ، لـەنـــــاو دڵــمـــــــــانـە
ســـەوز و ســپی ، زەرد و ســــوور
دیـــــــــــارن لـە نـزیـــــــک و دوور
تـيـشـکی خــــــۆری زێـــــــــڕیـنـــە
بـــە شـانــــــــــــازی بـیـبـيـــــــنـــە
مامۆستا (عـوسـمان دەروێـش) لەژێـر نـاوی (ئـاڵا) دا، نووسـیویەتی:
ئــــــەم ئـــــــاڵایـە، ئــــــــاڵایـە
جـــوان و بـــەرز و بـــــــاڵایـە
ئـــــاڵای مـیـلـلــــەتـی کــــوردە
ئـــــاڵای جــوامـێـر و مـــــەردە
هـەرچـــــەن دەشــــــەکـێـتـەوە
دڵــــــمـان دەگــــــەشـــــێـتـەوە
بـەڵــێـن دەدەیــن تـا دەمـــریـن
هـەمـیـشــە ڕێــــزی دەگـــریـن
دەســـتـی بـۆ بــــێـنـێ دوژمــن
بـــــاڵی دەردێـــــــنــیــن لـەبــن
چـونـــکـە پــــــیـرۆزە لامــــان
ئـــــاڵا شـــــــــکـۆیـە بـۆمــــان
مامۆستا (خالـید عـەبـدول) لە پەرتووکی (شـەڕە بەفـر) لەژێـر ناوی (ئـاڵای وڵاتـم) دا، نووسیویەتی:
ئــەی ئـــــاڵای بــــــــەرزی وڵات
جـێی شانـــازیـت هـەمــوو کـــات
ئـێـمــــە بـە تـــۆ بـە نـــــــــاویـن
لـە جـیـهـــــــانـدا نـاســـــــراویـن
تـۆ بە رەنـگی کـەسـک و سـوور
زەرد، ســپی دیــــــاری لـە دوور
ســوورت نـیـشـــانـەی خـوێـنــــە
خـوێـنی خـەڵـکی ئـەم شــوێـنــــە
شـاهــێـد هـــەوڵ و خـەبــــــــاتـە
لـە مـێــــــــــژووی ئــــــەم وڵاتـە
رەنــگی ســــپـي بـێــــــــــگـەردە
نـیـشــــانـەی پــــاکـی کــــــــوردە
هـەردەم ئـاشــتـیـی ویـســـــتـووە
دژی زۆرداری بـــــــــــــــــــــووە
ســــەوزت نـیـشــانـەی بـەهـــــار
بـووژانـــەوەی دەشـــت و شــــار
زەردت خــــۆری نـــــــــــەورۆزە
جــێـی شـانـــــازیی دڵــــــــسـۆزە
مامۆستا (بەخـتیـار کەڵهـوڕی) لە پەرتـووکی (کـێ حـەزی لە فـڕینـە) لە ژێـر نـاوی (ئاڵاکـەمـان) دا، نووسیویەتی:
ئــای کـە ئــاڵاکـەمـان جـــــوانـە !
تــــاج و شــکـۆی سـەرمـــــانـە
بـە چــــوار رەنــگـی گـەشــــاوە
لـەسـەر سـەرمـــان شـەکــــــاوە
بـە رەنــگـی ســــوور و ســـپـی
مـافــەکـانـمــان پـێ چـــەســـپـی
ئـەوەیـــــتـر زەرد و ســــــەوزە
گــــڕی ئـاگــــری نــــــــەورۆزە
خـــاوەن دیـــرۆک و داســـــتـان
هـەر تــۆی ئــاڵای کـوردســتـان
مامۆستا (کـاروان عـەلی) لە هـۆنـراوەی (ئـاڵاکـەمـان) دا، نووسـیویەتی:

ئـێـمــــــە خـــــاوەن وڵاتــــــیـن
خـــاوەن ئـــــاڵا و خـەبــاتــــیـن
بــژی ئـــــاڵای کوردســــــــتـان
نەفــرەت لە دوژمــن دۆســتـان
کـۆڵـنـــادەیـن ، رانـاوەســـتـیـن
بـەهــێــزیـن و سـەربـەســتـیـن
ســوور خـوێــنی شـەهـیــــدانـە
مـانـــای هـــــێــزی ژیـــــــــانـە
ســـپـی دڵـپـــــــاک و پـاکـــــیـن
وەک تـیـشـکی خــۆر چـالاکـیـن
زەردیـش تـیـشـکی زێــــــڕیـنـم
روونـاکــــــیـتـان بـۆ دێـــــــــنـم
ســــەوز واتــا ژیـــــــــــــانـەوە
ئــــــارامی و بــووژانــــــــــەوە

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




مارکس و ئەنارکیزم*-8- و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

بەشی هەشتەم

هەر وەک چۆن سەرکەوتنی ئەڵمانیا لە ساڵی 1871 و ڕووخانی کۆمۆنەی پاریس هێماکانی (ئیشارەتەکانی) نەمانی نێونەتەوەیی ( ئەنتەرناسیۆنالی) کۆن بوو، بە هەمان شێوەش شەڕی گەورەی ساڵی 1914 ئاشکرابوونی مایەپوچیی سۆسیالیزمی سیاسی بوو.
پاشان شتێکی شاز ڕویدا و هەندێکجاریش شتی نامۆ ڕوویانداوە ڕاستیشە، کە تەنها لەڕووی نەفامی ( جەهل) تەواوەوە و بە ئاگا نەبوون لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی کۆن دەتوانرێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە.
بەلشەفیکە سەربەخۆکان، کۆمۆنیستەکان و ئەوانی دیکە، بە بەردەوامیی میراتگرانی سۆسیال دیموکراتە کۆنەکانیان بە گزیکەرێکی شەرمەزارکەرانە بە بنەماکانی مارکسیزم تۆمەتبار دەکرد. ئەوانیان تۆمەتبار دەکرد بەوەی کە بزووتنەوەی سۆسیالیستییان لەناو زەلکاوی پارلەمانتاریزمی بۆرژوازیدا گیر کردووە، هەڵوێستی مارکس و ئەنگڵسیان بەرامبەر بە دەوڵەت بە هەڵە لێکداوەتەوە، ئا لەم جۆرە قسانە. لینین، سەرکردەی ڕۆحی بەلشەفیکەکان، هەوڵیدا بنەمایەکی تۆکمە بە تۆمەتەکانی لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی ‘دەوڵەت و شۆڕش’ بدات، کە بە بڕوای قوتابییەکانی لێکدانەوەیەکی ڕاستەقینە و پاك و پەتی بووە بۆ مارکسیزم. لینین بە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی تەواو ڕێکوپێک لە وەرگیراوەکان بانگەشەی ئەوە دەکات و نیشانی بدات کە “دامەزرێنەرانی سۆسیالیزمی زانستی” لە هەموو کاتێکدا دوژمنی دیموکراسی و زەلکاوی پەرلەمانی بوون و ئامانجی هەموو هەوڵەکانیان نەمانی دەوڵەت بووە.
مرۆڤ نابێت لەبیری بکات کە لینین تەنیا لەم دواییانەدا ئەمەی زانی ئەویش کاتێک پارتەکەی بە پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکانەوە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر، خۆی لە کەمینەدا بینیەوە. تا ئەو کاتە بەلشەفیکەکان هەر وەک پارتەکانی دیکە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا بە وریاییەوە کردبوو تاکو لەگەڵ پرەنسیپەکانی دیموکراسیدا ناکۆك نەبن. ئەوان لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر-ی ساڵی 1917دا بە بەرنامەیەکی گەورەوە بەشدارییان کرد بەو هیوایەی زۆرینەیەکی گەورە بەدەستبهێنن. بەڵام کاتێک بۆیان دەرکەوت کە سەرەڕای هەموو ئەوانە، لە کەمینەیەکدا ماونەتەوە شەڕیان دژی دیموکراسی ڕاگەیاند و ئەنجوومەنی دامەزرێنەریان هەڵوەشاندەوە، ئەو کاتە لینین کتێبی ‘دەوڵەت و شۆڕشی’ بۆ پاساودانی هەڵوێست و کەسایەتی خۆی ، دەرکرد.

درێژەی هەیە..
………………………..
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .




شۆڕش و حیزبایەتی.. وەرگێڕانی: کاوە عومەر

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئەنجامدراوە کۆکراوەتەوە

حەسەن ساڵحی: لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا ، ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک و سەلەبرێتیەکان و کەسایەتییە ناودارەکان، هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتیە جۆراوجۆرەکان و حیزبەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات چالاک بوون و دژی حکومەت هاتوونەتە مەیدان. لەم چاوپێکەوتنەدا دەمانەوێت بە تایبەتی باس لە ڕۆڵی حیزبەکان بکەین لە شۆڕشی ئێستادا.
سەرنجی یەکەم ئەوەیە کە لە شۆڕشی ئێستادا حیزبە چەپ و ڕاست و ناوەندەکان ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان نەبووە لە دامەزراندنی شۆڕشدا. هەرچەندە ڕەنگە چالاکی حزبەکان ڕۆڵی هەبێت لە بناغەی شۆڕشدا، بەڵام لە پێشهاتەکانی هەشت مانگی ڕابردوودا نابینین خەڵک ڕوو لە حزبەکان بکات. لە ناوخۆی وڵات بێگومان هەلومەرجی ئەمنی ڕێگە بە حزبەکان نادات بە ئاشکرا کاربکەن، بەڵام لە دەرەوەی وڵات حزبەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بانگەوازکردن و ڕێکخستنی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی جەماوەریدا نییە. بە تایبەتی ئەو کردەوانەی کە بە قەبوڵکردنی تاڕادەیەک بەرفراوانی خەڵک بەرەوڕوو دەبنەوە، لە بنەڕەتدا لەلایەن ئەو کەسایەتیانە یان ڕێکخراوانەوە ناودەبرێن کە لە دڵی ئەم شۆڕشەدا پێکهاتبوون. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان تا ئێستا ڕۆڵێکی لەو شێوەیەیان نەگێڕاوە. بەڕای ئێوە هۆکاری ئەمە چییە؟
حەمید تەقواییی: خاڵی یەکەم ئەوەیە نەک هەر ئەم شۆڕشە، بەڵکو هیچ شۆڕشێک لە جیهاندا بە بانگەوازی هیچ لایەنێک دەست پێناکات. شۆڕش شەڕێکی سەربازی نییە کە پێشوەختە پلانمان هەبێت و بەرنامەی هەبێت و هێزەکان بجوڵێنین. شۆڕش تەقینەوەیەکە و بەزۆری هەموان تووشی سەرسوڕمان دەکات. ئەزموونی هەموو شۆڕشەکان هەمان شت نیشان دەدات.
ئەو خاڵەی پێویستە ڕوون بکرێتەوە، ڕۆڵی حزبەکان نییە لە سەرەتای شۆڕشدا بەڵکو لە پرۆسەی ئەم شۆڕشەدا. وەک خۆت وتت پێدەچێت حیزبەکان ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە جموجۆڵی شەقامەکاندا نەبینێت. ئەوەندەی پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەوە هەیە، دیارە بەهۆی بارودۆخی نهێنیەوە ڕۆڵی حزبەکان نابینرێت، بەڵام لە دەرەوەی وڵات، کە چالاکی گشتی تێیدا مومکینە، وەک خۆت گوتت زۆربەی کەس و کەسایەتییەکان هاتوونەتە پێشەوە نەک لایەنەکان.
بەڕای من هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە حزبەکان نوێنەرایەتی ستراتیژی و ئامانج و پلانێکی هەمەلایەنە دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و حکومی و مەسەلە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان و هتد نەیانکردووە شۆڕش بزووتنەوەیەکی نەرێنی و کۆتایی پێهێنەر و ڕەخنەگرانەیە دژی دۆخی ئێستا. لەکاتێکدا حزب، لە چەپ و ڕاستەوە، لە بنەڕەتدا بەو ئامانج و بەرنامەی سەلماندنەوە کە بۆ سیستەمی ئایندە هەیانە دەناسرێنەوە.
لە دڵی ئەو جۆرە هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەدا، حزبە چەپ و ڕادیکاڵەکانی وەک حزبی ئێمە، کە دەیانەوێت دەیانەوێت هەموو ئەو نیزامەی کە هەیە و گۆڕانکاری بنەڕەتی دروست بکەن، تەنیا دەتوانن نوێنەرایەتی ڕەخنەیەکی ڕیشەیی و هەمەلایەنە بکەن بەرامبەر بە تەواوی حکومەت و سیستەمی هەبوو، یان لەگەڵ ئەو دەستەواژەی کە لە ئەدەبیاتی حزبی ئیمەدا بەکار بەکاردێت بە قوڵکردنەوەی “نا”ی خەڵک، بۆ بەرجەستەکردنەوەی خۆیان و هاتنە پێشەوە و ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە پرۆسەی شۆڕشگێڕیدا بەکاردەهێنرێت. لە پڕۆسەی شۆڕشدا کۆمەڵگە بەدژی حکومەت و تەواوی نەزمی هەبوو دێت و لە بنەڕەتدا بە هەمان پێوەر حزبەکان هەڵدەبژێرێت. لە شۆڕشی ئێستادا هێشتا ئەم هەڵبژاردنە نەکراوە، چونکە پێویستی بەکاتی زیاتر و خاڵی وەرچەرخانی زیاتر و پاڵاوتنی زیاتر لە ڕیزەکانی شۆڕشدا، بەڵام ئەم پرۆسەیە لە ئێستاوە دەستی پێکردووە و دۆخەکە بەم ئاراستەیە دەڕوات.
خاڵێکی دیکە کە پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە کە تا ئێستا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، لە ڕووی ئەو دروشمانەی کە خەڵک دەیدەن، لە ڕووی وەک دەڵێن ناوەڕۆکی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات، دەبینین کە هێڵێکی دیاریکراو زاڵە. هێڵ و سیاسەتێکی نەرێنی و ناڕەزایەتییەکی تەواو قووڵ و ڕەگداکوتاو دژ بە لەسێدارەدان، دژی بێمافی ژنان، دژی ئایین، دژی زیندان و گرتن و هەموو هێزە ستەمکارەکان و…هتد.
هەر ئەم دروشمە سەرکیەی ژن ژیان ئازادی خۆی، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئێمە لەبەردەم شۆڕشێکی مۆدێرن و ئینسانیداین کە دژی بێمافی ژنان و ئاپارتایدی جێندەرییە، نەک تەنها دژی حکومەتی ئایینی بەڵکو دژی خودی ئایین و پیرۆزی و تابوە ئایینیەکانە، دژی ئەو کەڵینە گەورەیە کە لە نێوان هەژاری و ساماندایە و بە تەواوی دژی هەر جۆرە پیرۆزی و بەهایەکە جگە لە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ. ئەمە لە ناوەرۆکی ئەم بزووتنەوەانەدا دەبینین. ئەم مەرجانە ئاماژەن بۆ ئەوەی شۆڕش ئەو حزبانە دەباتە پێشەوە کە زۆر پێش ئەم شۆڕشە ئاڵای هەمان داواکاریان هەڵکرد. بۆ نموونە ئێستا هەموو جیهان باس لە شۆڕشی ژنان لە ئێران دەکات. هەم خواستی ئازادی ژن و هەم ناڕەزایەتی بە حیجاب و ئاپارتایدی جێندەری و هەم ڕۆڵی کردەیی ژن لەم شۆڕشەدا دیارە. هەموو دونیا ئەمەی بینیوە. ئەم مەرجانە زەمینەی بۆ حیزبێکی وەک حیزبی ئێمە داڕشت، کە لە مێژە ئاڵای شۆڕشی بەرزکردۆتەوە و ساڵانێک لەمەوبەر پێشبینی ئەوەی کردووە کە شۆڕش لە ئێراندا ژنانە دەبێت. یان هەمیشە لە پێشەنگی خەباتی دژی لەسێدارەدان و ئاپارتایدی سێکسی و حیجاب و ئیسلامی سیاسی و هتددا بووە.
دەمەوێت بڵێم تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە سەردەرهێنانی شۆڕش و ناوەرۆک و ئامانج و دروشمی ناڕەزایەتییەکانەوە هەیە، دەکرێ بڵێین کۆمەڵگا بۆ ئێستا هەڵیبژاردووە، بەڵام ئەوەی کە بەمانای ڕاستەوخۆی وشەکە ئەوە حزبێک هەڵبژێردرا بێت و ڕێکخراو ڕابەریەکەی بەدەستەوە بێت ئەم ئەم ڕوداوە هێشتا ڕووی نەداوە و پێموایە لەدرێژەی ڕەوەندی شۆڕشدا ئەمە ڕووبدات.
حەسەن ساڵحی: هەندێک پێیان وایە کەسایەتی و کاریگەرییەکانی سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت ڕۆڵێکی بەرچاوتریان هەیە لە حزب و تەنانەت جێگەی حزبیشیان گرتووە. نموونەی ئەوان ئەزموونی شۆڕشی میسر و بزووتنەوەی داگیرکاری لە وڵاتانی ڕۆژئاوایە. چۆن بیر ئەکەیتەوە دەربارەی ئەمە؟
حەمید تەقوایی: گومانی تێدا نییە ئەمڕۆ سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت ڕۆڵێکی زۆر بەرچاو دەگێڕن، بەڵام ئەو نموونانەی ئاماژەت پێدا، ئەوە دەردەخەن کە بەڕاستی ڕۆڵی حزبەکان چەندە گرنگە. چ لە شۆڕشی میسر و بە گشتی لە شۆڕشی بەناو بەهاری عەرەبی و چ لە بزووتنەوەی دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژئاوادا، لاوازییەکی بنەڕەتی ئەوە بوو کە حیزبێکی شۆڕشگێڕ پێشەنگایەتی نەکرد و ڕێکخەری نەبوو و کارێگەریەکی نەبوو. تا ڕادەیەکی زۆر ئەم جوڵانەیە خۆبەخۆ و لەسەر شانی تاک و کەسایەتییەکان ڕوویان دەدا. لە بزووتنەوەی دەستبەسەرداگرتندا هێڵی ئەنارکیستی زاڵ بوو، کە دەیگوت ئێمە بە هیچ شێوەیەک پێویستمان بە حیزب نییە و تەنانەت سەرکردایەتی بە هیچ جۆرێکیش بە پێویستی نەدەزانی. لە شۆڕشی میسر و شۆڕشەکانی تردا کە بە “بەهاری عەرەبی” ناسراون، ئەو جۆرە حیزبە شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵانە لەو وڵاتانەدا بوونیان نەبووە، یان لە هەر حاڵەتێکدا، ئەوەندە نفوز و کاریگەرییان نەبووە. ئەم ئەزموونانە گرینگی و هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیی حیزب نیشان دەدەن.
بەڵام تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ڕۆڵی سۆشیال میدیاوە هەیە لە پێشهاتەکاندا، پێویستە دوو لایەن لەبەرچاو بگیرێت. یەکەم: بە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، کەسانێک کە ئەندامی هیچ حزبێک نین دەتوانن زۆر کاریگەر بن. چل ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی شۆڕشدا ٥٧ شتێکی لەو جۆرە مومکین نەبوو. ئەگەر ویستت چالاکیەکی سیاسی دیاریکراوت هەبێت و بۆچوون و پەیامی خۆت بە خەڵک بگەیەنیت، دەبوو ببیتە ئەندامی حیزب. بۆ نموونە کاتێک خوێندکار بووم، دەبوو ببمە ئەندامی گروپێک بۆ ئەوەی بتوانم نامیلکەیەک یان ڕاگەیاندنێک بنووسم و بابەتێک بنووسم و ئاسانکارییەکانی ئەو حزبە یان گروپە بەکاربهێنم بۆ ئەوەی پەیامەکەم بگەیەنم بە.خەڵک. بابەتی گرنگتر ئەوەیە کە میدیا و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەگەری یان بە تەواوی قۆرخکرابوون لەلایەن حکومەتەوە یان بە توندی لەلایەن حکومەتەوە کۆنترۆڵکرابوون. ئەمڕۆ سۆشیال میدیا ئەو سنوورانەی شکاندووە. هەر کەسێک دەتوانێت لە ماڵەوە دابنیشێت و لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە کارلێک لەگەڵ کۆمەڵگا بکات و هەزاران و ملیۆنان هەوادار و فۆڵۆوەری هەبێت. کە ئێمە دەیبینین ئەمانە پێیان دەوترێت کاریگەر، واتە ئەوانەی کاریگەرن.
بەڵام لایەنەکەی تر ئەوەیە کە تاکەکان ناتوانن لە هیچ بارودۆخێکدا جێگەی حزبەکان بگرن. وەک لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، کاری حیزبەکان بە پێچەوانەی تاک و چالاکوانان، تەنیا ناڕەزایەتی دەربڕین لەم یان ئەو مەسەلە، یان هەڵاواردن و سەرکوت و هتد نییە، بەڵکو نوێنەرایەتی پلان و هێڵ و سیاسەتێکی دیاریکراویش بۆ ئەو سیستەمە دەکەن کە دەبێ جێگەی کۆماری ئیسلامی بگرێتەوە. بۆیە بەکارهێنەران و کاریگەرەکان لە سۆشیال میدیادا دواجار دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ئایندەی کۆمەڵگا هەبێت کاتێک چالاکییەکانیان پەیوەستە بە لایەنێکی دیاریکراوەوە و نوێنەرایەتی ڕەوتێکی دیاریکراوی حزبی بکەن. مەرج نییە مەبەستم ئەندامێتی لە حزبێکی دیاریکراودا بێت، بەڵکو تەوەر و ئامانجی چالاکییەکانی خەڵکە. بە واتایەکی تر باسەکە تایبەتە بە حزبایەتی و حزبایەتی لە کۆمەڵگایەکدا. بۆ نموونه له کۆمه ڵگه ی ئێراندا کوردستان به به راورد له گه ڵ ناوچه کانی دیکه زیاتر حزبییه و هەر بۆیه تەنانه ت چالاکیی که سانێک که ئه ندامی حیزب نین ده خرێنه چوارچێوه ی هێڵ و سیاسه تی ئه م حیزبه یان ئه و حیزبه و به م شێوه یه ، چالاکیی تاک و لایەنەکان کاریگەریی هاوبەشیان لەسەر یەکتر هەیە. ئەمەش بۆ حزبە پەرلەمانییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاواش ڕاستە.
لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستە بڵێین تەنانەت لە سەردەمی سۆشیال میدیاشدا، حزبایەتی هێشتا ڕۆڵێکی جەوهەری لە پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت لە هەلومەرجی شۆڕشدا دەبینێت. دواجاریش شۆڕش دەبێت سیستمی هەنووکەیی بڕوخێنێت و سیستمێکی دیکە لە شوێنیدا بگرێتەوە و ئەم هەنگاوە دووەمیش ١٠٠٪ بەستراوەتەوە بە حزبەکانەوە. ڕەنگە شۆڕشێک لە ڕووخاندنی حکومەتێک سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئەگەر لایەنە شۆڕشگێڕەکان لاواز بن و کاریگەرییان نەبێت، شۆڕش ناتوانێت بگاتە سەرکەوتنی کۆتایی و وەڵامی خواست و داواکاریە ئینسانیەکانی خەڵک بداتەوە. هەموو ئەزموونەکان لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیەوە تا شۆڕشی ١٣٥٧ و بزووتنەوەی داگیرکاری و هتد، ئەمە نیشان دەدەن.
لە هەر حاڵەتێکدا پوختەی ئارگیومێنتەکەم ئەوەیە کە لە کاتێکدا سۆشیال میدیا قۆرخکاریی حکوومەتی لەسەر میدیا شکاند و ڕێگەی بە چالاکوانان دا وەک تاک کاریگەر بن، ئەمە نکۆڵیکردن یان بەدیلێک نییە بۆ ڕۆڵی حیزبەکان و تەنانەت ڕۆڵی تاکەکان کاتێک چارەنوسساز و زۆر گرنگە کە لەگەڵ سیاسەتی لایەنێکی دیاریکراودا بگونجێت.
حەسەن ساڵحی: ساڵانێکی زۆرە بەھۆی ھەوڵەکانی حیزبەوە لە دەرەوەی وڵات دامەزراوە و ڕێکخراوەکان دامەزراون و ھەڵمەتێکی زۆر ئەنجام دراون، کە مێژوویەکی دوورودرێژی خەباتیان لە بوارە جیاجیاکاندا ھەیە و تاڕادەیەک جێ متمانە و ناسراون. دامودەزگا و هەڵمەتەکانی دژی ئێعدام، دژی حیجاب و ئاپارتایدی سێکسی، دژی ئیسلامی سیاسی، بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و کرێکارانی زیندانیکراو، بۆ پشتیوانی لە ئاوارەکان، بۆ بەرگریکردن لە منداڵان و هتد. تەنانەت ساڵانێک لەمەوبەر حیزب بانگەوازکارو مزگێنی دەری شۆڕشی ژنان بووە و لەژێر ئەو ناوەوە دامەزراوەیەک دروست بووە، کە چالاکی و بانگەوازەکانی لە کەناڵ جەدیدا ڕووماڵ دەکرێت. وا دیارە لەگەڵ دەسپێکی شۆڕشدا ئەم چالاکییانە کەوتونەتە ژێر تیشکی بزووتنەوە جەماوەرییەکانی دەرەوەی وڵات. دەربارەی ئەوە چۆن بیر دەکەیتەوە؟ چۆن دەتوانرێت ئەم دووانە بەیەکەوە ببەسترێنەوە؟
حەمید تەقوایی: هەروەک ئاماژەت پێدا،حزبی ئێمە زۆر لە پێش دەستپێکردنی شۆڕشەوە چالاکیی بەرفراوانی لە بوارە جیاجیاکانی خەباتدا هەبووە. هەروەها چالاکانی ناحیزبی هاوبەش و بەشدار بوون لەم دامەزراو و هەڵمەتانەدا، دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی وەک فیدراسیۆنی پەنابەران، کۆمیتەی نێودەوڵەتی دژ بە لە سێدارەدان،کۆمیتەی ئازادی زیندانیانی سیاسی، ئازادی هەر ئێستا، منداڵانی یەکەمینن، ئێکس- موسلیم، شۆڕشی ژنانە، نە بە تابۆ و هتد، لەوانە ئەم دامەزراوەو گۆڕەپانانە هەن. هیچ کام لەمانە حزبی نین. بەڵام ئەوان پاڵپشتی حیزبیان هەیە، ئەندامانی حیزب تێیاندا کار دەکەن و چالاکییەکانی ئەو دامودەزگایانە لە کەناڵ جەدیدەوە ڕووماڵ دەکرێن.
ئەم جۆرە چالاکییە تەنیا بۆ ئێران یان تەنانەت ڕێکخراوە نهێنی و شۆڕشگێڕەکان نییە. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا حیزبەکان بەشێکی زۆر لە چالاکییەکانیان لە ڕێگەی دامەزراوە مەیدانییەکانەوە ئەنجام دەدەن، کە پێیان دەوترێت ڕێکخراوی Front،واتە ڕێکخراوەکانی هێڵی پیشەوەی بەرە ناودەبرێن لە سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکارییەکانەوە بگرە تا ڕێکخراو و ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی ژنان تا بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە و بەرگریکردن لە کەوانە و هتد. حیزبەکان ڕێکخراو و دامودەزگا و هەڵمەتی جیاواز لەو بوارانەدا دروست دەکەن بۆ ئەوەی ئەو چالاکوانانەی کە ئارەزووی ئەو بوارە تایبەتەیان هەیە، بتوانن لەو چوارچێوەیەدا ئازادانە کار بکەن. چونکە ڕەنگە تۆ لە بوارێکی دیاریکراودا لەگەڵ سیاسەتی حزبەکان ڕازی بیت بەبێ ئەوەی مەرج بێت بەرنامە یان سیاسەتی ئەو حزبە لە بوارەکانی تردا قبوڵ بکەیت. بۆیە لایەنەکان هەوڵ دەدەن دامەزراوە و ڕێکخراو و کەمپینەکان ڕێکبخەن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی لەو مەسەلە و بوارەدا لەگەڵیان هاوڕان، بتوانن بە ئاسانی کار بکەن.
میتۆدی حزبی ئێمە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەر بەو شێوەیە بووە. هەر لە ئەمڕۆوە دەبێت ئەم چالاکییانە لەسەر بنەمای شۆڕشێک ئەنجام بدرێن و تایبەتمەندی شۆڕشیش ئەوەیە کە نەک هەر هەڵسوڕاوانی بوارە جیاوازەکان بەڵکو خەڵکی ئاساییش دێنە سەر شەقامەکان. ئەمڕۆ دەبینین نەوەی هەشتاکان لە وڵاتدا چالاک بوون، گەنجان و قوتابیان هاتوونەتە مەیدانەکە کە بەزۆری مێژووی شەڕکردنیان نییە و تەمەنیان ئەوەندە نییە کە ئەزموون و مێژووی شەڕکردنیان هەبێت. بەڵام لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا چالاک بوون و دەزانین ئەوانیش هێزێکی یەکلاکەرەوەن. جگە لە گەنجان، ژنان، کرێکاران، دوکاندارەکان و هتد ڕوویان لە مانگرتن و گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کردووە.
لە دەرەوەی وڵاتیش نەوەی دووەم و سێهەمی کۆچبەرانی ئێرانی دێنە سەر شەقامەکان، تەنانەت بە زەحمەتیش بە زمانی فارسی قسە دەکەن، بەڵام هێشتا حەزیان لە پرسەکانی ئێرانە و ئێستاش دەبینین ئەم نەوەیە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپا و ئەمریکای باکووردا هاتۆتە پێشەوە.
هەربۆیە لەم دۆخەدا پەیوەندی حیزب و دامەزراوە مەیدانیەکان لەگەڵ خەباتی شەقام و مەیدانیدا زۆر گرنگ و چارەنووسساز دەبێت. ئەمەش ئەڵقەی سەرەکییە. ئه مڕۆ چالاکی و داموده زگا مه یدانیەکان له هه موو کاتێک گنگتر و پێویستترن، بۆیه بۆ ئه وه ی سەرکه وتوو بن، پێویسته هه موو ئه و چالاکیانه له ده وری یەک مەسەلەی بنچینه یی، ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و ئه و هێزه جه ماوەرییە به یه کەوه گرێ بدرێت که خوازیاری ڕوخاندنن، کە لە ئێستادا لەسەر شەقامەکانە بۆ ڕاکێشێت.
بە واتایەکی تر، بەو پێیەی ئامانج و نەزمی شۆڕش ڕووخاندنە، پێویستە ڕێکخراوە مەیدانییەکانی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای کۆمەڵگایەکی ڕاپەڕیو و بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە دژی تەواوی حکومەت و سیستەمی هەبوو بنیات بنێن. ئەمە ئەو سیاسەتەیە کە حزبی ئێمە چالاکانە پەیڕەوی لێدەکات.
حەسەن ساڵحی: با بە تایبەتی بچینە نێوخۆی وڵات. لە ناوەوە چالاکبوونی زۆرێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و هەروەها کەسایەتییە وەرزشی و فەرهەنگی و هونەریەکان دەبینین. هەروەها لە دڵی شۆڕشدا ڕێکخراو و گروپ دروست بوون. هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی خوێندکاری، بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی دادگەری سەبارەت بە شۆڕش و دژی کۆماری ئیسلامی لێدوان و جاڕنامەیان بڵاو کردۆتەوە. ڕۆڵی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لەم پێشهاتانەدا چی بوو و چۆن دەتوانێت ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت؟ ڕات چییە لەسەر هەڵوێست و کاریگەری لایەنەکانی تر؟
حەمید تەقوایی: تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە ڕۆڵ و کاریگەریی حزبی ئێمەوە هەیە، پێویستە گرنگی بە ناوەڕۆکی ئەو چالاکیی و دروشم و داواکاری و لێدوان و بانگەواز و کەمپینانە بدەن کە لە دڵی شۆڕشی ئێستادا پێکهاتوون. دەبینیت لەم کاتەدا بزووتنەوەیەکی فراوان دروست بووە، یەکەمیان دژی لەسێدارەدان و دووەمیان لەگەڵ دروشمی “هەموومان پێکەوەین”. دەتوانیت شوێنپێی حیزب لە هەردوو ئەم لایەنەدا ببینیت.
دوایین کۆنگرەی حیزب کە نۆ مانگ پێش شۆڕش بەسترا، پەیام و لێدوانەکەی ئاراستەی هەموو خەڵک کرابوو، ئەوە بوو کە “هەموومان پێکەوەین”. ئەمڕۆ ئەم دروشمە لە دڵی بزووتنەوەی سەرتاسەری دژی لەسێدارەدان بڵاوبووەتەوە. لە بزووتنەوەی دژە سزای لەسێدارەدان دەزانن کە حزبی ئێمە بەو دروشمەی کە سزای لەسێدارەدان کوشتنی دەوڵەتییە لە پێشەنگدا بووە و بە چالاکییەکانی، لەوانەش لە ڕێگەی کۆمیتەی نێودەوڵەتی دژ بە سزای لەسێدارەدان، توانیویەتی ژمارەیەک لەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوەڕزگار بکات.
بۆیە دەکرێ بڵێین ئەمڕۆ دروشمی “هەموو پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان” بووەتە گوتار و بزووتنەوەیەکی گەورە لە سۆشیال میدیا و لەسەر ئاستی مەیدان و سیاسەت و چالاکییە بەردەوامەکانی حیزب هاتۆتە ئاکام و دەستکەوتی بەدەستهێناوە ڕەهەندە کۆمەڵایەتیان وەرگرتووە.
نموونەیەکی دیکەش جاڕنامەی٢٠ ڕێکخراوە. جاڕنامەی ڕێکخراوە پیشەییە مەدەنییەکان کە چەند مانگێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە؛ یان جاڕنامەی داواکارییە پێشکەوتوخوازەکانی ژنان کە ڕاگەیەندرابوو لە لایەن چالاکانی ئەو بوارەوە لە ناوخۆی ئێران واژۆ کرابوو. یان لەم دواییانەدا، ئەو سکاڵانامە یان بەیاننامەی بنەماڵەی دادخوازان و ئازیزانی ئێعدامکراو، کە بە واژۆی زیاتر لە ٨٠ دایک و بنەماڵەی قوربانیانی ڕێژیم لە شەستەکانەوە تا ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە.
ئەگەر ناوەڕۆکی ئەمانە لەبەرچاو بگرین، بۆت دەردەکەوێت کە بەتەواوی لە ئاراستە و لە چوارچێوەی سیاسەت و گوتار و پڕوپاگەندە و هەوڵی چەند دەیەی حیزبدایە. ئەم بەڵگەنامانە لە کۆمەڵگاوە دێن، لە دڵی شۆڕشەوە دێنە دەرەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا، نیشان دەدەن کە کۆمەڵگا ڕەنگێکی دیاریکراوی وەرگرتووە. هەر ئەو ڕاستییەی کە شۆڕشێک بە دروشمیسەرەکی ژن ژیان ئازادی دەستی پێکرد، خۆی پشتڕاستکردنەوەی ئەو چارەسەرە بوو کە حزبی ئێمە هەمیشە جەختی لەسەر کردووەتەوە، لە سەرەتای پێکهاتنیەوە تا ئەمڕۆ، واتە ئەو گوتارەی کە ڕێگای ڕزگاربوونی کۆمەڵگا شۆڕشە.
دەزانی ڕێگای تریش هەبووە. باس لە ڕژێم گۆڕین کرا، ڕوخاندن واتە گۆڕانکاری لە سەرووی خەڵکەوە، ڕیفراندۆم، دەستووری بزووتنەوەی سەوز و وەنەوشەیی و پەیوەستکردنی هەندێک هێزی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ چاکسازیخوازانی حکومەت و هتد. هەموو ئەمانە بە لایەکدا ڕژان و کۆمەڵگا ڕووی لە شۆڕش کرد. کۆمەڵگاکە خۆی ڕایگەیاند کە ئەمە ئیتر ناڕەزایەتی نییە، پێی دەوترێت شۆڕش. ئێمە ساڵەهای ساڵە دەڵێین خەڵک ڕێگەچارەی شۆڕشە، هیچ ڕێگایەکی تر نییە. بە گۆڕانکاری و هێڵی دوو خوردادی ناتوانیت بگەیتە هیچ شوێنێک. وە ئەمڕۆ کۆمەڵگایەکی ڕاپەڕیوو بە یەک دەنگ هەمان شت دەڵێت. هەموو ئەمانە ڕۆڵی حیزب لە پێکهێنانی شۆڕشی ئێستادا دەردەخەن.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆڵی حزبە ڕاستڕەوەکان ئاشکرا بووە. هەرچەندە لەژێر فشاری شۆڕشدا، دواجار ناچاربوون قسە لە شۆڕش بکەن، بەڵام کاتێک گرنگی بە ناوەڕۆکی سیاسەت و چالاکییەکانیان دەدەیت، دەبینیت بەردەوام وەک سوکان مامەڵە دەکەن. بۆ پاراستنی بەرژەوەندی چینایەتی خۆیان هێڵێکی تر پەیڕەو دەکەن. ئۆپۆزسیۆنی ڕاست لە ڕووی تیۆری و عەقیدەی سیاسییەوە هەمیشە دژی شۆڕش بووە. ئێستا کە دواجار هەلومەرجەکە ناچاری کردووە بە شێوەیەکی زارەکی بەرگری لە شۆڕش بکات، هەوڵدەدات شۆڕشەکە بشێوێنێت و پاڵی پێبدات و بابەتی دیکەی وەک گەڕانەوە بۆ ٥٠ ساڵ لەمەوبەر و ئاڵا پەرستی و هتد بوروژێنێت، کە من لێرەداناچمە ناو ئەو باسەوە.
دەمەوێت بڵێم هەموو لایەنەکان بە پێی هێڵ و سیاسەتی خۆیان هەوڵ ئەدەن کاریگەرییان دانێن، بەڵام لێواری زەوی لە بەرژەوەندی هێزی چەپی شۆڕشگێڕی وەک حزبی ئێمەدایە، چونکە گوتار و ستراتیژیان و هێڵی ئاسایی خۆیان بۆ جەختکردنەوە لەسەر شۆڕش بووە ئێستا دەبێتە پرسێکی ڕاستەقینە و کۆمەڵایەتی، ئەم هەلومەرجانە بە تەواوی زەمینە بۆ چالاکییە زیاتر و فراوانترەکانمان دابین دەکەن.
حەسەن ساڵحی: لە ئاستێکی گشتیدا، میتۆدوو سیاسەتی حیزب سەبارەت بە ناڕەزایەتی جەماوەری و جوڵانەووەکانی شەقام چییە؟ ئایا شێوازی چالاکی حزبی لە ناوەوە و دەرەوە جیاوازە؟
حەمید تەقوایی: ئەگەر بمەوێت بە شێوەیەکی زۆر پوخت میتۆدی حیزب ڕوون بکەمەوە، پێویستە جەخت لەسەر “بەشداری چالاکانە” بکەمەوە. ئێمە هەمیشە لایەنێکی چالاک و بەشدار بووین لە ناڕەزایەتی و بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە جیاکاری و بێ مافیەک. وە لەم ڕوانگەیەوە جوگرافیای خەبات، لە ناوەوە یان دەرەوەی وڵات، بۆ ئێمە جیاواز نییە. ئەگەر تەوەر و ئامانجی ئاکسیۆنێکی خەباتکارانە، لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە تا مانگرتن و هەڵمەت و کۆنفڕانس و هتد، لە لایەن حیزبەوە قبوڵکراو بێت، واتە ئازادیخوازانە و دژە جیاکاری و دژە نادادپەروەری بێت، ئێمە پشتگیری لەو بزوتنەوەیە دەکەین چالاکانە بەشداری تێید دەکەین.
ئەم شێواز و سیاسەتە پراکتیکییە تایبەت نییە بە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ئێستا. تەوەر و ئامانجی پراکتیکی خەباتکارانەی هەمیشە پێوەری سەرەکی بووە بۆ ئێمە و بە بڕوای من ئەمە پێوەری کۆمەڵگایە لە هەڵسەنگاندنی حیزبەکاندا. پێوەرەکە ئیدیعاکان نییە بەڵکو ئەنجامدانە. وەک نموونەیەکی نەرێنی، ئەدای شاخوازەکان ئەمڕۆ لەبەرچاو بگرن. زۆر باسی یەکگرتوویی دژی کۆماری ئیسلامی دەکەن، بەڵام کاتێک لە خۆپیشاندانێکی وەک شەعبان بێ مۆخ هێرش دەکەنە سەر نەیارەکانیان، هەموو ئەو بانگەشانە بەتاڵ دەبنەوە.
بەشداری کارا و بەردەوام لە ناڕەزایەتی و خەباتەکاندا، بە تایبەت لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدا کە جەماوەری خەڵک دێنە گۆڕەپانەکە، دوو هێندە گرنگ و پێویست دەبێت. لێرەدا خەڵک ئیتر تەنیا چاودێر و دادوەری چالاکییەکانی حیزبەکان نین، بەڵکووکاراکتەر و هێزی بزوێنەری بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانن و هەر بۆیەش پشتیوانی و بەشداری چالاکانەی حیزب لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا گرنگتر و چارەنووسسازتر دەبێت .
پێشینەی حیزبەکەمان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئێمە لە هەر بارودۆخێکدا حزبێکی پراکتیکی وکردارخواز بووین و لە هەر شوێنێک بچوکترین ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەر جۆرە هەڵاواردنێکی نایاسایی و بابەتی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی هەبێت، دەمانزانی ئەرکی سەرشانی خۆمانە ئامادە بین و بەشداری کارا بکەین . ئەوەی کە حیزبی ئێمە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە بوارە جۆراوجۆر و بەرفراوانەکاندا چالاک بووە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، دەرئەنجامی ئەم میتۆدەیە.
بێگومان بارودۆخی خەباتکردن لە خەباتە ناوخۆییەکاندا جیاوازە. لەوێدا چالاکی حزبی ناتوانرێت ئاشکرا بێت و پراکتیکی حزبی نابینرێت. بوونی حیزب لە چالاکییە ناوخۆییەکان، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، تەنیا لە ڕێگەی کاریگەریی هێڵ و سیاسەت و دروشمەکانی حیزبەوە لەسەر تەوەر و ناوەڕۆکی بانگەشەکان تێدەگەین. هەروەها پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە چالاکی ئاشکرای حزب و هەروەها چالاکییەکانی ئەو دامەزراوانەی کە حیزب پشتیوانیان دەکات لە دەرەوەی وڵات، هەر لە ڕێکخستن و بانگەواز و ڕێکخستنی کەمپین تا دەگاتە سیمینار و پانێڵ و کەمپین و چالاکی لۆبی کردن و هتد، ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی وڵاتدا.هەروەها کاریگەری لەسەر چالاکییە مەیدانییەکانمان لە ناوخۆی وڵاتیشدا هەیە و ڕێگە خۆش دەکات. ئێمە هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکی دوولایەنە و کارا لە نێوان خەباتەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا دروست بکەین، لەوانەش لە ڕێگەی تەلەفزیۆنی کەناڵ جەدیدەوە.
دەکرێ بگوترێ کە تەواوی پراکتیک و ئەدای حیزب تاقمێکی تاک و بەیەکەوە گرێدراو پێکدەهێنێت کە پرەنسیپی ڕێنماییکاریان زۆرترین بەشداریکردنە لە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان.
٣١ی ئایاری ٢٠٢٣




مامۆستا عەزیز گەردی ..زانایەک لە ژیانێکی سادەیی دا.. مەولود ئبراهیم حەسەن

بمبوورن بەڕێزان بمبوورن بەڕاستی .. بۆ من ئاسان نیە ، باسی مەرگی خۆم بکەم ؛ ئەوەی ئێوە دەتانەوێ من باسی بکەم ، من خۆمم خۆم ، ئەو خۆمە برای ڕوحیمە .. برای ڕوحی منە ! من ئێستا نیوەی ڕوحم کۆچی کردووە !؟ کەس و کاری زۆرم مردوون ، دۆست و ناسیاوی زۆرم مردوون ، هیچ مەرگێک وەک مەرگی ئەو زاتە ، ڕوحی نە تاساندووم !؟ بە مەرگی ئەو برا ڕوحییەم .. بەشێک لە یادو مێژووم مرد! بەشێک لە هیواو ئاواتم مرد !؟ بەشێک لە ڕابردوو و داهاتووم مرد !؟ لەو ڕؤژەوە ئەو زاتە مردووە ، بەردەوام دەستێکی مەرگ هێن ها وەسەر شانمەوە ! من لەو دەستە مەرگکارە ناترسم .. چؤن تا ئێستا چەندین جار لە مەرگی مسۆگەر ڕزگارم بووە ! ئەوەش دەزانم ڕؤژی هەر دەمرم !! ئێمە هەموومان بەردەوام لە ناو بازنەی مردن دا دەسوڕیینەوە ، بەردەوام مەرگی کەس و کارو ئازیزان دەبینین !! بەڵام ، بۆ من مەرگی ئەو ئازیزە ، مەرگێکی تر !! ئێستا من بە ڕوحێکی نیوە ڕوحەوە دەژیم .. بە ڕوحێکی نیوە وڕوح کار دەکەم ! کەسانێ هەن لە ژیاندا ماڵ لە گەڵ یەک بەش دەکەن ؛ من براکەم ڕوحی لە گەڵ دابەشکردووم ! بمبوورن من ئێستا بە ڕوحێکی نیوە ڕوحەوە دەنووسم !!

لە کوێ دەستپێبکەم و لە کوێ کۆتایی پێبێنم ؟!
ڕێککەوتنامەی جەزائیری ساڵی ١٩٧٥ دیوارێکی ڕەق بوو ، سەری نازکی کەم ئەزموونی پڕ لە (هیوای ئازادی) ئێمەی گەنج و قوتابی بەرکەوت ! گەڕاینەوە ..بووین بە – عائدون – هەموو هیواو خواستێکمان سەراو بن بوو بوو ؛ بێ سەر دەهاتین و دەچووووین ، بێ سەر دەڕؤیشتین و دەگەڕاینەوە ، ڕۆژانێکی زۆر گۆڕەو شار بوو ! هیچ شتێک تام و ڕەنگ و بۆنی خۆی نەمابوو ، هەر ئێمە وانە بووین کە بە هیوایەک هەڵفڕێن و بە شکستێک نیشتینەوە ! کەسانی هەبوون نە هاتبوونە دەرەوە .. ئەوانیش وەک ئێمە ، وەک گەڕاوە کان سەری نازکی پڕ لە هیوای ئازادییان بەر دیواری ڕەقی ڕێککەوتننامەی جەزائیر کەوتبوو ! هەموومان بۆ ماوەیەکی زۆر بەو ژانە سەروە دەژییاین ، ڕێک لەو ڕۆژانە من و (مامۆستا عەزیز گەردی ) قۆناغێکی تازەی برادەرایەتیمان دەستی پێکرد ، هاو خەم بووین .. ئەو نە هاتبووە دەرەوە ، بەڵام ، ژانە سەرەکەی لە ئێمە کەمتر نەبوو ، پێشتر من و مامۆستا چاک و چۆنیمان لە گەڵ یەک هەبوو ، دوای ئەم ژانە سەرە ڕؤژ بە ڕۆژ چاک و چؤنی بەرەو برادەرایەتی دەچووو.. تا گەیشتە برایەتی و دوا جار گەیشتینە برایەتی ڕوحیی ! برایەتیەک لەسەر بنەمای خوێندنەوەو کتێب دامەزرا و لەسەر خۆشەویستی و ڕێز لێکگرتن بە هێز دە بوو ، بەرە بەرە باشتر لێک نزیک دەبووینەوەو چاکتر تێکدەگەیشتین و زۆر تر بڕوامان بە یەک دەکرد ؛ مامۆستا عەزیز دۆست و برادەری زۆری هە بوون ، برادەری چاکیشی هەبوو .. ئەو .. ئەوان ڕؤژان ڕووی خۆی لە کەس وەرنەدەگێڕاو دڵێ هەمووانی ڕادەگرت ؛ پیاوێکی خۆشەویست و ڕوو خۆش بوو هەموو کەس حەزی دەکرد بیناسێ و برادەرایەتی لە گەڵ دا بکات ، ئەویش بێ سنوور مامۆستاو نووسەرێکی خاکی بوو ، بەرە بەرە کتێب و نووسینەکانی بڵاو دەبوونەوەو توانا کانی دەرکەوتبوون ، هەر زوو وەک نووسەرێکی گەورە کەوتە بەر چاوان و سەرزاران ، ئیدی مامۆستا بوو نووسەرە هەڵکەو تووەکەی شاری هەولێرو کوردستان .
مامۆستا عەزیز گەردی جگە لە وتارو ڕەخنەکانی سەرەتا سێ بەرگ کتێبی ڕەوانبێژی بڵاو کردەوە ، هەر زووش ڕووی لە وەرگێڕانی ئەفسانە کرد ،ئەفسانەی میللەتانی دەکردە کوردی ، ئەفسانەی کۆن و نوێ و دوورو نزیک ، زۆر کەس پێیان وابوو مامۆستا کە ئەو زمانە گرنگ و کوردیە ڕەوانە دەزانێ باشترە کتێبی فەلسەفە وەربگێڕێ ، ئەوان نەیاندەزانی هەموو ڕەهەندە هزریەکان لە ئەفسانەوە سەرهەڵدەدەن ، مامۆستا بەردەوام بوو لە وەرگێڕانی ئەفسانە جیهانیەکان ، ئەوە بوو بەرە بەرە خەڵک تێگەیشتن کە ئێمە خۆشمان ئەم جۆرە ئەفسانانەمان هەیە ، ئەمە وایکرد کە نووسەرانی کورد گرنگی زۆر تر بە ئەفسانەو کلتوری خۆمان بدەن ، ئەوەی من بزانم تا ئێستا دەورو بەری چل کتێبی لە ئەفسانەی جیا جیای جیهانی وەرگێڕاوەو بڵاو کردووتەوە، جگە لە مە خۆشی حەکایەت و گۆرانی و فۆڵکڵۆرو پەندو ڵاوک و ئەفسانەی کوردی کۆکردووتەوەو هەندێکی لێ چاپکردوون ، من خۆم دیان کاسێتی تۆمارکراوم لە ماڵەکەی دا بینیوە .
مامۆستا عەزیزگەردی لە نووسین و وەرگێڕان و دا لە سنوورێکی دیاری کراوو لە پسپۆریەک دا جێگیر نە بوو ، ئەگەر سەیری لیستی ناوی کتێبە چاپکراوەکانی بکەین ..دەبینین باخچەیەکە لە ڕەنگاوڕەگی بەرهەمی جۆراوجۆر .. لەوەرگێڕانی ئەفسانەوە بۆ ورگێڕانی لێکۆڵێنەوەو مێژوو و ڕەخنەو شێعرو ڕۆمان و چێڕۆک و گەشت و چاو پێکەوتن و زۆری تر ..
مامۆستا بە هۆی لێهاتوویی و زمانڕەوانی و تایبەتمەندی خۆی لە وەرگێڕانی کتێب و نووسین و لیکۆڵێنەوە دا بەرهەمەکانی زۆر چاک دەخوێندرانەوەو بڵاو دەبوونەوە ، دەتوانم بە دڵنیاییە وە بڵێم پێنج نەوە زیاتر لە کچ و کوڕوگەنجەکانمان تا دەگاتە بەتەمەنەکانیش لە پەنا زمانی ڕەوان و کوردیە خۆش و وەرگێڕانە گرنگەکانی مامۆستا عەزیز پێگەیشتن و زمانی نووسینی خۆیان دەمەزەرد کردەوە .
مامۆستا عەزیز کوڕێ خانوادەیەکی بەڕێزی کوردەواری خۆمان بوو ، کوردێکی ڕەسەن و پاک و یەکڕەنگ بوو ، هەتا پێتخۆشە کورد بوو ، بەڵام ، بە قەد کورد بوونەکەی دوورە سیاسەت بوو ! ئەو سیاسەتی نەدەکرد .. بەڵام ؛ لە وەرگێڕاندا سیاسەتی خۆی هەبوو ، دەیزانێ چی وەرگێڕێ و چی بڵاو بکاتەوە ، وەرگێڕانی دوو بەرگی ( داغستانی من ) کارێکی سەر پێی نەبوو ، ئەو لە ڕؤژگارێک دا داغستانی بڵاو کردەوە ، کە هێشتا تەپەسوڕەی کارەساتی ڕێککەوتننامەی جەزائیری نێوان ئیران و عێراق میللەتەکەمانی بەرنەدابوو ، داغستان وەک ڕاپەڕێنێکی کتێب .. نێوەندی کۆمەڵگەی کوردەواری هەژاند..چ هەژاندنێک ! بێ دوو دڵێ( داغستانی من ) ی مامۆستا عەزیز گەردی زۆر ترین کەس خوێندیانەوەو زۆر ترین جاریش خوێندرایەوە ،هەرکەسێکیش لە جارێک و دوو جار زیاتری خوێندوویانەتەوە ، کتێبەکە دەستاو دەست دەکراو سنووری وڵات و شارەکانی بەزاند ، گەیشتە نیو کوڕانی چیاو لەوێ بە کۆمەڵ دەیانخوێندەوە ، هەڵە نەبم زۆر گەنجیشی هەناردە چیا ، ئەوە جگە لە کاریگەریە زمانی و ئەدەبی و کلتوریەکەی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەدەبێکی کتوری خۆماڵێ ، چۆن داغستان کوردستان و کلتورەکەی خۆشەویست تر کرد ، هەر بۆیە زۆر کەس بە (کوردستانی من ) ناویان دەبرد . بە دڵنیاییەوە داغستانی من کتێبێک بوو لەو ڕؤژگاری دوای ڕێککەوتننامەی عێراق و ئێران زۆر ترین و گەورە ترین کاریگەری ئەدەبی و سیاسی هەبوو بە سەر گەنجانی ئەوسای کوردەوە ، بۆ ئەوەی لە پاش نائومیدی بە هیواوعەشقەەو ڕوو لە خاک و نیشتمان بکەن .
مامۆستا زۆر بە نووسینەکانی خۆیەوە ماندوو دەبوو بە ئاسانی کتێبی بڵاو نە دەکردەوە ، هەر کتێب و نووسێنێکی چەند جار دەنووسیەوە ، لە بارەی داغستانەوە ڕؤژێ گوتی : من شەش جار لەسەری تا بنی هەردوو بەرگە کەم نووسیوەتەوە ! ئەو لە وەرگێڕانەکانی دا دەکۆشا بۆ بابەتە وەرگێڕدراوەکە بە کوردی بیر بکاتەوە ، لە نێو زمانی کوردی بیر بکاتەوە ، بە کلتوری کوردی بیر بکاتەوە و کتێبەکە بکات بە کوردی..هەر ئەم کارەش بوو داغستانی منی گەیاندە لوتکە ، زۆر گەنج لە داغستانەوە دەستیان پێکرد و بەردەوام بوون لە خویندنەوەو دوا جار بوون بە نووسەر ! وەرگێڕانی دا غستان بۆ مامۆستا عەزیز قۆناغێکی گرنگ بوو لە کاری وەرگێڕاندا ، هەر بۆیە داغستانی من لە نێو کورد دا هێندەی بە ( داغسانی عەزیز گەردی ) ناسرا .. هێندە بە هی ( هەمزە تۆف ) نە دە ناسرا !

مامۆستا عەزیز گەردی و خوێندن..
من وەک لە خۆیم بیستووە ، سەرەتا لە لای مامۆستای ئایین خوێندووەو لەم خوویندنەش لێهاتوو بووە ، لەوێوە زمانی عەرەبی بە چاکی فیر دەبێت و شارەزایی لە قورئان و ئایین پەیدا دەکات ، هەر لەم قۆناغەش خەریکی خەتخۆشی دەبێت و دواجار خەتخۆشێکی باشی لێ بەرهەم دێت ، لە کۆتایی حەفتاکانی سەتەی ڕابدوو من لە ماڵە کەیان لە گوندی ( بەحرکە ) ی ئەوسا خەتخۆشی مامۆستام لەسەر کارتۆنێکی گەورە بینیوە ، جگە لەمەش دەس و خەتی نووسینی ئاساییشی زۆر جوان و تایبەت بوو ، پاشان کە دەچیتە قوتابخانە قوتابیەکی زیرەک و هوشیار بووەو بەردەوام لە هەموو قۆناخەکان یەکەم بووە ، نەک تەنیا بە نمرە یەکەم بووە ، بەڵکو بە تێگەیشتن و زانینی بابەتەکە بەتەواوی هۆی ئەوە بووە نمرەی بەرز بەدەست بێنێ ، کە قۆناغێ سێی ناوەندی تەواو دەکات دەچێتە خانەی مامۆستایان و لەوێش بەردەوام لە قوتابیە زیرەک و یەکەمەکان دەبێت ، من خۆم وێنەی مامۆستام بە – لوحة الشرف – ی قوتابخانەەوە بینوە ، ئەم لێهاتوویە مامۆستا دەباتە – خانەی مامۆستایان – لەوێش وەک مامۆستایان نووسەرو شاعیری ناوداری کورد مامۆستایان ( حەمەکەریم هەورامی وڕەحمەتی مەجید ئاسنگەر ) باسیان کردووە ، مامۆستا عەزیز لە قوتابیە بەرچاوو زیرەک و لێهاتوو و یەکەمەکان بووە ، دواجار لە سەرئاستی عێراق یەکەم دەبێت و هەر ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە نێو شاری هەوڵێر وەک مامۆستا دادە بمەزرێ .
مامۆستا عەزیز هەر لەسەرەتاوە مامۆستایەکی لێهاتوو و زانا بوو ، ئەوەش وای کردووە لە هەموو قۆناخەکانی خوێندن .. لە سەرەتاییەوە تا خوێندنی باڵاو ماستەرو دکتۆرا وانەی گوتووەتەوە ، لە هەر قۆناغێکیش وانەی گوتبێتەوە قوتابیەکانی وا دەرز داوە کە ئاستی هەمووانی لەو بابەتە بەرزکردووتەوە کە وانەی پێگوتوون ، من قوتابیم بینیوە گوتوویەتی : من پێش ئەوەی مامۆستا عەزیز بناسم ودەرزمان پێ بڵێ لەو بابەتە تەقەی سەرم دەهات و هیچێ لێ تێنەدەگەیشتم ، بەڵام ، لە گەڵ هاتنی مامۆستا عەزیزو دەرز گوتنەوەی ئێستا خۆم بە پسپۆری ئەو بابەتە دەزانم ! مامۆستا هەر لەسەرەتاوە هەر بابەتێکی دەخوێندەوە بەوردی و بە تێگەیشتنەوە دەیخوێندەوە ، بە تەنیا کتێبێک و سەر چاوەیەک وازی لە هیچ بابەتێک نەدەهێنا ، دەتوانین بڵێن .. مامۆستا هەموو بابەتەکانی بە لێکۆڵێنەوە دەخوێندەوە ، بە ڕەخنە لێگرتن دەخوێندەوە ، ئەمە وای دەکرد هەر بابەتێک بخوێنێتەوە ، بتوانی بە زانستیەوە قسەی لە بارەوە بکات .
مامۆستا عەزیز مەیلی بەردەوامی خوێندنی هەبوو ، خۆی گواستەوە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بتوانێ لە زانکۆ بخوێنێ ، بەداخەوە وەر نەگیرا .. دووساڵ بە خۆڕایی لە بەغدا ماوەتەوە ، پاشان بە گۆڕینەوە دەگەڕیتەوە هەولێر ، ئەمجارە تاقیکردنەوەی دەرەکی کرد لە پۆڵی دوازدە و لە ئەنجام لە زانکۆی موسل لە بەشی ( فەڕە نسی ) وەردەگێرێ ، لەم بەشە هەر چوار ساڵ بە سەرکەوتوویی و ئاستێکی بەرز خوێندن تەواو دەکات و هێشتا قوتابی بوو لە بەشی فەڕە نسی مامۆستا لە مەلزمەیەکدا – چۆن فێری زمانی فەڕەنسی دەبیت – ئامادەکردو زۆر کەس سودی لێبینیوە ، کە لە زانکۆی موسل وەر گیرا .. ئەوو چەند مامۆستایەکی تر بەشەو لە هەوڵێر وانەیان دەگوتەوەو بە ڕۆژ لە هەوڵێرەوە دەچوون بۆ زانکۆی موسل ودیانخوێند ، ئەوەی باش بوو دەستەیەک مامۆستای هاوتەمەنی مامۆستا عەزیز پێکەوە لە زانکۆی موسل و بەشە جیا جیاکانی وەرگیران هەموویان نووسەرو وەرگێڕ بوون .. لەوانە ڕۆماننووسی ناسراوی کورد مامۆستا حسام بەرزنجی و حاجی ئەحمەدی نووسەرو وەرگێر و دکتۆر حسێن عەلی وەلی و دکتۆر عەلی جوکل و مامۆستا تاهیر ..کە هەموویان پێکەوە لە هەوڵیرەوە بەیانیان دەچوونە زانکۆی موسل و ئێواران لە هەوڵێر لە قوتابخانەکانیان دەرزیان دەگوتەوە ،پاش تەواو کردنی زانکۆ مامۆستا لە موسل و من لە زانکۆی بەغدا خوێندنمان تەواوکرد ، ئەوە بوو هەردوو کمان پێکەوە داوای خوێندنمان پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کۆماری عیراقی ئەو سەردەم کرد ، مامۆستا عەزیز ناوی بۆ وڵاتی فەڕەنسا دەرچووو ، تا دکتۆرای زمان و ئەدەبی فەڕەنسی بخوێنێ ، منیش ناوم بۆ تاجیکستانی سۆڤیەتی ئەوکات دەرچوو بۆ ئەوەی دکتۆرای زمان و ئەدەبی فارسی بخوێنم ، بەڵام ؛ ئەمنی عێراقی ڕەزامەندی نەدا بۆ چوونە دەرەوەی ئێمە ، کە هەردوکمان یەکەمی سەر هەموو عیراق بووین ! کەچی خەڵکانێک بە نمرەی زۆر کەم توانیان بچنە دەرەوەو خوێندن تەواو بکەن .

خوێندنی باڵاو مامۆستا عەزیز گەردی ..
گەیشتینە سەردەمی دەسەڵاتی کوردی و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت ، زانکۆکان دەرگایان کرایەوەو خوێندن لە هەموو ئاستەکان دەستی پێکرد ، ڕؤژێک پاش نیوە ڕۆ چوومە ماڵی مامۆستا عەزیز .. بینیم زۆر بێ تاقەت بوو ، پرسیم : خێرە مامۆستا ؟ یەکسەر گوتی : من لە خوێندن وەر نەگیرێم شیت دەبم ؟! مامۆستا هیچ جارێک بۆ خواستی خۆی کە هەمیشە خواستەکانی ڕەوا بووە ، ئاوا بەم زمان و بەم حەسرەتەوە قسەی نەکردووە ! ئەوکات ئەو ڕۆژانە بوو کە خەڵک بە – وەرەقەیەک ! – لە زانکۆ ولە خوێندن ەردەگێران و هەمووانیش دەزانن چ کەسانێک لە زانکۆکان و خوێندنی باڵا لە دەرەوەی زانست و یاسا چوونە نێو زانکۆکان ! مامۆستاش بەم هەموو زانست و ڕەوایەتی و لێهاتوویی و خزمەتەوە ئاوا لە ماڵ دانیشتبوو ؟ لە کاتێک دا دەبووایە ئێـە هەردووکمان من و ئەو بە – قەربوو – وەربگیرێنەوە ، چۆن پێشتر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی عێراقی وەک و یەکەمی سەر عێراق هەردووکمان ناومان دەرچووبوو ! بەڵام ، بە هۆی نە بوونی – پشتگیری ئەمنی عێراقی – ڕێگای چوونەدەرەوەیان پێ نەداین ! کە ئەمەم لە مامۆستا بیست زۆر دڵتەنگ بووم چۆن مامۆستا لەو کەسانە نە بوو بۆ کارەکانی خۆی ڕوو لە کەس بنێ و داوای یارمەتی بکات ، ئەو دەبووایە برایەک دۆستێک بۆی داوا بکات ، منیش گوتم : مامۆستا من هەوڵێک دەدەم . هیچ دەنگی نەکرد . من ئەو دەم:( سکرتێری نووسین گۆڤاری هەنگ )ی منداڵان بووم لە وەزارەتی ڕؤشنبیریی ، کە بەڕێز مامۆستا ( شێرکۆ بێکەس ) شاعیری گەورەی کورد وەزیر بوو ، چۆن هەر لە گەڵ بوونی بە وەزیر ، لەدوای ناردم و گوتی : کاک مەولود ئێمە لە وەزارەت نیازمان وایە سێ گۆڤار بڵاو بکەینەوە ، یەکەم گۆڤاری کاروان . دووەم : گۆڤارێکی عەرەبی ئەدەبی . سێیەم : گۆڤارێکی منداڵان .. گۆڤاری منداڵان پێمخۆشە ئێوە کاری تیدا بکەن ! ئەوە بووبە دڵخۆشیەوە من بووم بە – سکرتێری نووسین – ی گۆڤاری هەنگی منداڵان و مامۆستا شێرکۆ بێکەس سەرنووسەر بوو. بەو هۆیەوە لە وەزارەت دەوامم دەکرد . کە مامۆستا عەزیزم بە جێهێشت ، لە دڵی خۆم دا گوتم : دەچمە لای مامۆستا شێرکۆ بێکەس ، بەیانیەکەی چوومە لای مامۆستا شێرکۆ بێکەس و چێڕۆکی دوورو درێژ و پڕ زەحمەتی وهەوڵدانی خوێندن و سەرنەگرتنی مامۆستا عەزیز گەردیم بەتەواوی بۆ گێڕایەوەو گوتم : ئێستآس خەڵک بە ئاسانی وەردەگیرێن کەچی مامۆستا عەزیز ئاوا ماوەتەوە ؟ مامۆستا شێرکۆ گوتی : کاک عەزیز برادەری خۆمەو چاکی دەناسم . گوتم : جا زەحمەت نەبێت هەوڵێکی بۆ بدەی ئەو حەز دەکات بخوێنێ ؛ گوتی: بەسەر چاو با بەیانی بێتە پەرلەمان من هەوڵی بۆ دەدەم . گوتم : سوپاست دەکەم . فەرمووی : سوپاسی ناوێ کاک عەزیز هەرچی بۆ بکەین کەمە ! من لێر باسی خۆمم بۆ مامۆستا شێرکۆ نە کرد ، ئەگەر چێڕۆکی وەرنەگیرانی خۆم وەک چێڕۆکی مامۆستا عەزیز بۆ مامۆستا شێرکۆ باسکردبا .. بە دڵنیاییەوە هەوڵێ بۆ منیش دەدا ، بەڵام ، من مامۆستا عەزیزم پێ لە خۆم لە پێشتر بوو ، گوتم.. با کاری مامۆستا تەواوا بێت من جارێ قەیدی ناکا ! ئەم قەیدی ناکایە حەوت ساڵی تر منی لە خوێندن دواخست ، تا مامۆستا عەزیز کۆچی دواییشی کرد ، ئەمەم لا باس نەکرد . کە مامۆستا شێرکۆ ڕەزامەندی دەربڕێ و قسەی پێدام هەوڵ بۆ مامۆستا عەزیز بدات ، بەدڵێکی خۆش و هیوایەکی گەش پاش نێوەڕۆ زوو چوومە ماڵێ مامۆستا عەزیزو گوتم : قسەم لەگەڵ مامۆستا شێرکۆ کردووەو مامۆستا شێرکۆ گوتی : بەیانی بێتە پەرلەمان من هەوڵی بۆ دەدەم . مامۆستا گەشایەوە ، بەیانیەکەی چووە پەرلەمان و مامۆستا شێرکۆ بێکەس هەوڵێ بۆ دابوو ..هەوڵە کە سەری گرت و لە بەشی زمانی کوردی لە ماستەر وەرگیرا ! دیارە وەرگرتنەکەی مامۆستا بە زۆر قۆناغ تێپەڕێ ، خۆشبەختانە هەمووان یارمەتی دەرو هاوکاری بوون . دوا جار دکتۆراشی تەواوکرد ، بە ماستەرو دکتۆراکەی مەسەلەی – کێش و قافیەی شێعری کلاسیکی کوردی تەواو ساغ کردەوە ، پاش ئەمە لە زانکۆی کۆیە یارمەتیان داو لە بەشی ئینگلیزی وەر گیرا ، وەرگێرانەکەی بە هۆی دکتۆر نەبەز بو دکتۆر نامیق عوسمان بوو، دکتۆر نە بەز ئەودەم سەرۆکی زانکۆی کۆیە بوو، دکتۆرای دووەمی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر مەم و زین نووسی ، مامۆستا پیاوێکی زاناو لیهاتوو بوو ، ئەگەر فرسەتی تەواوی بۆ ڕەخسا بوایە ، لە هەموو ئەو زمانانەی کە دەیزانین ..دەیتوانی هەر دوو ساڵ جارێک دکتۆرایەک لە زمانێک وەربگرێ ! مامۆستا کەدەیخوێند بۆ بەدستهێنانی – بڕوانامە – نە یدەخوێند ، ئەو توانای خوێندن و لێکۆڵێنەوەی هەبوو ، ئەو هەموو ژیانی خۆی بۆ خوێندنەوەو نووسین و لێکۆڵێنەوە تەرخان کرد بوو، ئەو بەڕاستی سەرکردەی ی خوێندنەوەو نووسین و وەرگێڕان بوو !
بڵاوکراوەی ئەدەبی بێگانان..
کە مامۆستا عەزیز لە زانکۆی موسل وەرگێرا ، سەر ڕای ئەوەی ئەوو هاوڕێکانی بەیانیان لە هەولێرەوە ذەچوونە موسل و بەشەو لە هەولێر مامۆستا بوون و وانەیان دەگوتەوە بە ڕؤژ قوتابی زانکۆ بوون و دەیانخوێند ؛ هەر زوو بیری لە کارێکی ئەدەبی کردەوە ، سەرتا ویستی وەک – گۆڤار – دەست پێبکات ، بەڵام ، بە ناوی گۆڤار نەیتوانی ڕەزامەندی وەرگرێ ، هەر بۆیە کردی بە بڵاوکراوەی – ئەدەبی بێگانان – کە تایبەت بوو بە وەرگێڕان ، وەرگێڕان لە زمانە بیانیەکان ، ئەم بڵاو کراوەیە بەسەرپەرشتی مامۆستا عەزیز گەردی توانی شەش ژمارە بڵاو بکاتەوە و بابەتێکی زۆری لە شێعرو چێڕۆک و بابەتی تر بڵاوکردەوەو خوێندەواران پێشوازیەکی گەرمیان لێکرد ، ئەرکی چآپکردنیشی لە ڕووی داراییەوە هەر لەسەر مامۆستاو ئەو بەڕێزانە بوو کە لەسەرەتاوە مامۆستا پرسی پێکردن و ئەوانیش ڕەزامەند بوون وهاوکاریشیان دەکرد بە وەرگێڕانی دەقی ئەدەبی لە زمانە جیا جیاکان و هاوکاری دەرچووونی بڵاوکراوەکە بوون ، وابزانم ژمارەیک دوو ژمارە لەسەر ئەرکی کتێبخانە مامۆستا ( مومتاز حەیدەری ) بڵاو کرایەوە ! ، بەڵام ؛ ئەرکی زۆروگران لەسەر شانی مامۆستا عەزیز خۆی بوو ، خۆی دەیگوت: من بە هەموو نووسیەکان دادیمەوەو چاکیان دەکەمەوەو زۆر بەشیان جارێکی تر دەنووسمەوە ! بۆ چاپکردن.. ئەدەبی بێگانانی دەهێنا بەغدا ، ئەوکات ئێمە لە بەغدا دەمانخوێند ، من و مامۆستا نەژاد عەزیز سورمێ و مامۆستا کەریم سۆفی و قوتابیە کوردەکانی سەر بە نووسین و ئەدەب یارمەتیمان دەدا .

مامۆستا عەزیز گەردی و قەڵای نووسین ..
مامۆستا ئەگەر لەسەرتاوە بە وتارو نووسین و ڕەخنە لە ڕؤژنامەو گۆڤارەکانی سەرە تای ساڵانی حەفتاکانی سەتەی ڕابردوو دەستی پێکرد .. بەڵام ؛ دوایی ڕووی لە وەرگێڕانی کتێب و نووسینی کتێب کردوو چێتر لە ڕؤژنامەو گۆڤارەکان بابەتی بڵاو نەکردەوە ، ئێستا ژمارەی کتێبەکانی ..هەندێک دەڵێن (١٤٠) کتێبەو هەن دەڵێن 🙁 ١٦٠) و ئیواش هەن دەڵێن :(٢٠٠) کتێبە بەوەرگێڕان و نووسین و لێکۆڵێنەوە ، دەشگوترێ ( ٤٠) کتێبی دەسنووسی لە نێو کۆمبیوتەرەکەی ئامادەیە بۆ چاپ ! من دەزانم مامۆستا بەردەوام خەریکی نووسین و وەرگێڕان بوو ، هەر بۆیە هەر ژمارەیەک باسبکرێ ، من بە زۆری نازانم ! بەداخەوە بە هۆی ژیانی ئەم ساڵانەی دوایی مامۆستا دەرگای ماڵی خۆی لە منیش نەدەکردەوە ، بەو هۆیەوە ناتوانم بە دڵنیاییەوە باسی ژمارەی کتێبەکانی بکەم!؟
مامۆستا عەزیز گەردی خۆشەویستی هەمووان ..
مامۆستا عەزیز گەردی وەک مامۆستایەک و نووسەرێک پیاوێکی هەتا بڵێی خۆشەویست بوو ، هەمووان خۆشیان دەویست گەورەو بچووک ، خوێندەوارو نە خوێندەوار هەژارو دەوڵەمەند ، چەپ و ڕاست ، نەتەوەیی و ئایینی ، ئاغاو کرمانج .. ئەویش ڕێزی لە هەمووان دەگرت ، لە گەڵ هەمووان بەیەک دڵ و بەیەک ئاست هەڵس و کەوتی دەکرد ، مامۆستا لە گەڵ هیچ کەسێک .. بە هیچ هۆیەک نەدەچووە نێو ململانێوە ! هەرکەسی قبووڵ بوو وەک خۆی ڕێزی لە هەموو جۆرە بیرو باوەڕو ڕەنگ و ڕوێک دەگرت ، هیچ ڕؤژێک وای نەدەکرد بەرامبەرەکەی هەست بەوە بکات کە خۆی لەو بەرزتر دەزانێ ، ئەگەر بە هەر هۆیەکیش کەسێکی بە دڵ نە بووایە ! نە باسی دەکرد و نە دەیشکاندەوە ، لە گەڵ زۆر کەس یەکماڵ بوو ، دەرگای ماڵەکەی هەردەم کراوە بوو ، زۆر بە سادەییش داوەت و فەرمووی برادەرانی قبووڵ دەکرد ، کە دەچوویتە ماڵێ بە خۆی چی خوارد با ، ئەوەشی لە پێش تۆ دادەنا ؛ کە دەچووە هە ر ماڵێکیش ىە ‌هیچ شێوەیەک نەیدەویست بارگرانی بێت بە سەر ئەو ماڵە ، کە دەچوو هەر ماڵێک هەر زوو لە گەڵ منداڵەکان دەبوو بە برادەر.. زۆر زوو دەبوو بە ئەندامێکی خۆشەویستی ئەو ماڵە ، زانایەک بوو لە هەڵس و کەوتی سادەیی .. بە پۆشاکی سادەیی ، سادەیی ناوەوەی هەمان سادەیی بەرچاو بوو ، بە دڵخۆشی برادەرانی دڵ خۆش دەبوو ، هاو بەشی خەم و دڵتەنگی هەمووانیش بوو ، سەردانی نەخۆشەکانی دەکردو هیچ تازیەیەکیشی نە دەبوارد ، زۆر دەستکراوەو یەکباخەڵ بوو ، زۆر جار دوو دوو و سێ شێ و چوارو پێنج دەچووینە کەبابخانە ، کە زۆری مەیل لە کەباب بوو ، کە هەڵدەستیان هەریەکەو دەچووە پێش و دەیویشت میوانداری برادەران بکات .. دەبوو بە پڕکێش پڕکێش ..ئەو لەدوورەوە دەوەستاو خۆی تێکنەدەداو بە هێمنی ڕادوەستا .. تا وەستاکە دەیگووت : پارەکەی دراوە ! کێ داویەتی ؟ دەستی بۆ مامۆستا درێژ دەکرد ، هەموو بەسەرسامیەوە سەیری یەکمان دەکردو بە چاو لێکمان دەپرسی کەی و چۆن پارەکەی داوە ؟ هیچمان هەستمان پێنەدەکرد ! ئەمە زۆر دوو بارە دەبووە وە !
مامۆستا جگە لەوەی نووسەرو وەرگێڕیک زۆر گەورەو سەرکەوتوو بوو ، وەک مامۆستاو دەرزگوتنەوش کەم هاوتا بوو ، لە هەر قتابخانەو کۆلیژێک دەرزی گوتبێتەوە ، ئاستئ ئەو قوتابخانەو کۆلیژو قوتابیەکانی بەرز کردووتەوە ، هەر کەسێک بۆی ڕێکەوتبێ قوتابی مامۆستا عەزیز بووبێ ؛ مامۆستای لە بیر نەکردووەو هەستی بەوە کردووە کە مامۆستا لەو بابەتە ئاستی ئەوی بردووەتە ئاستێکی بەرز تر ، ئەو سەرکەوتنەی لە مامۆستایەتی وای کرد بوو زۆر دایک و باوک ڕووی لێبنێن و داوای لێبکەن دەرز بە منداڵە کانیان بڵێ ، بەتایبەت لە قۆناغی دووازدە .. ئێستا زۆر کچ و کوڕی ئەو دایک و باوکانە دەتوانین بڵێین مامۆستا ئاستی خوێندن و نمرە وەرگرتنی بەرزکردنەوەو ئێستا زۆر بەیان مامۆستان و سەرکەوتوون لە مامۆستایەتیەکەیان ، هەر باوک و دایکێکیش کە داوای لە مامۆستا دەکرد .. مامۆستا بە خۆشیەوە قبووڵی دەکردو بە پێی خۆی دەچووە ماڵێان و ئەوەندەی پێویست بوو دەرزی بە کچ و کوڕەکانیان دەگوت و هاوکاری دەکردن ، ئەمەش هەمووی بە خۆبەخشێ و بێ بەرامبەر بوو ، مامۆستا لەم ڕووەو بۆ ئەم ئەرک و ماندوو بوونە هیچی لە هیچ کەس قبووڵ نەدەکرد . ژمارەی ئەو کچ و کوڕانەی مامۆستا دەرزی تایبەتی پێگوتوون .. ژمارە یەکی کەم نین !؟
سەردەمی دەرگا داخستنی مامۆستا عەزیز گەردی ..
برادەرایەتی من و مامۆستا عەزیز .. برادەرایەتی نە بوو ؛ برایەتی ڕوحی بوو ، لەم ماویەی ئێمە پێکەوە بووین مامۆستا چاکەو پیاوەتی و برایەتی وای لە گەڵ من کردووە ، هیچ یەک لە براکانم بۆیان هەڵنەکەوتووە ئەمەم لەگەڵ دا بکەن ! لە برایەتی ڕوحی دا سنووری نە بوو ، منیش ئەوەی بۆم کرابێ ..چ مامۆستا خۆی داوای کرد بێت ، چ من خۆم پێ حەسیابم درەنگم نەکردووەو درێخیم نە کردووە و کەمم نەکردووە ، خۆشەویستی من بۆ مامۆستا عەزیزی برای ڕوحیم .. سنووری نە بوو ! گێڕانەوەی مێژوو و چێڕۆکەکانی ئەم برایەتیە ڕوحیە بەئاسانی تەواو نابێت . من لە ساڵی (١٩٩٩ – ٢٠٠١) دا قۆناخی ماستەرم بە نێو تونێلێکی دۆزەخ ئاسادا تەواو کرد و ماستەرەکەم بەراوردی ئەفسانە بوو لە نێوان ئەفسانەی کوردی و فارسی بە تیمەی گەڕان بە دوای نەمریی دا ، هێندەی پێ نە چوو هەستم کرد مامۆستا بوو بە کەسێکی تر ! سڵاو وەرناگرێتەوە ، سڵاو ناکات و ڕووم ناداتێ ! هەرچێم کرد بێ فایدە بوو ! من لە ژیانما زۆر کارەساتی گەورە م بەسەر هاتووە ، زۆر جار لە مەرگی مسۆگەر گەڕاومەتەوە ، داو وفاق و شۆکی وام بۆ داندراوەتەوە کە یەکسەر توشی دڵوە ستان ومێشک لە کار کەوتنبم ! هیچ یەک لەم ئازارانە وەک ئازاری قسە نەکردنی مامۆستا پڕ ئازار نە بوو !! ئێستاش نازانم چۆن توانیم بەرگەی ئەو قسە نەکردنەی مامۆستا عەزیز برای ڕوحیم بگرم ؟! هیچ کارێکی مامۆستا هیچ قسەیەکی خەڵک وێنەی جوانی مامۆستا عەزیز گەردی و خۆشەویستیە ڕوحیەکەی برای ڕوحیمی لای من نەگۆڕیوە !؟ وازم نە هێنا دوازدە جار من خۆم و هەوڵم دا ، زۆر جاریش برادەرانی دڵسۆز بێ ئەوەی من ئاگادار بم هەوڵیان داوە مامۆستا لە گەڵ من ئاشت بکەنەوە ! بێ ئەنجام بوو ، تا من نامەیەکم بۆ نووسی بە هۆی برای بەڕێزم ڕۆماننوس و ڕەخنەگری ناسراوو ناودار مامۆستا ( سابیر ڕەشید ) بۆم نارد . بەداخەوە نامەکەی وەر نەگرتبوو !؟
من نازانم مامۆستا بۆچی لە من ڕەنجا بوو ! ئایا منیش هەر ئاوا ڕەگەڵ ئەی حەمکە خەڵکە کەو تبووم کە مامۆستا بێ ئەوەی گوناهێکیان هەبێت لێیان کەوتبووە گومان و قسەی لە گەڵ نە دەکردن و دەرگای بەڕوودا داخستبوون ؟! یان کەسانێک بە مەبەست و بە ئەنقەست و بە تایبەت ئێمەیان لێککرد !؟ تێکچوونی نیوانی من و مامۆستا بە هەر هۆیەکیان بێت ؛ گەورە ترین زیان بوو لە دوو برای ڕوحی کەوت .. کە جگە لە خۆشەویستی روحی هیچ بەرژەوەندیەکی تایبەتمان لە گەڵ یەک دا نە بوو ! جگە لەمەش وەک دەزانن مامۆستا عەزیز گەردی هەر زوو لە کارە ئەدەبیەکانی دەستی بە وەرگێڕانی – ئەفسانەی گەڵان – کرد و بەردەوام بوو و تێدا کوڵا بوو ، منیش کە بە درەنگەوەو بە زەحمەتی زۆرەوە ڕێم کەوتە زانکۆو تازە بە تازە کارم لە سەر ئەفسانە دەکرد و وەک جوجەلە ڕوو لە گوڵی ئەفسانە دەمچریکاند؛ نیازمان وابوو پێکەوە کار لەسەر ئەفسانەی کوردی بکەین ! سەت مخابن ئەو دەرگا داخستنەی مامۆستا ئەو پێکەوە کار کردنەی لە بار برد ؛ بە لە بار چوونی ئەم فرسەتە گەورە ترین زیانیش بە نێوەندی ئەدەب و لێکۆڵێنەوەی کورد کەوت ، بە تایبەت لە بابەتی فۆلکڵۆرو ئەفسانەو کلتورەوە ، زیانێک کە هەرگیز مێژوو بۆی قەرە بوو ناکرێتەوە !؟ سەرباری ئەوەش ئەگەر هاتبا لەم قۆناغەی ژیانی مامۆستا عەزیز چەند برادەرێک پەیوەندیان بە مامۆستاوە نە پجڕا بوا ؟! بەتایبەت لە گەڵ من زۆر بە دڵنیاییەوە دەیڵێم .. مامۆستا ئەو ئەنجامەی نە دەبوو کە تێیکەوت ! نێوەندی کوردیش ئەو زیانە گەورەیەی نەدەکرد !؟!
نەک هەر لە گەڵ من ، بەردەوام دە مبینی و دە مبیستەوە کە مامۆستا قسە لە گەڵ فلان و فلان ناکات لە گەڵ فلان و فالانیش تێکی داوە .. بەرە بەرە دەرگای بە ڕووی هەرە زۆری برادەرانی تەمەن و بەڕێز خۆشەویستانی خۆی داخست ، نەک هەر دەرگە داخستن ، زۆر جار بە توندی و ڕە قی و دڵ شکاندنەوە وەڵامی دەدانەوە ! هەتا دەهات حاڵەتی مامۆستا دەبوو بە گشتی و هە میشەیی !؟ مامۆستا عەزیز تەواو گۆڕابوو ، بە هیچ شێوەیەک مامۆستا عەزیز گەردیکەی پێشان نە بوو ! ئەم گۆڕانە هەر لە پەیوە ندیە فراوانەکەی دانە بوو لە گەڵ خەڵک و دۆستانی ! مامۆستا لە ڕووی هەڵس و کەوت و باری دەروونی و جەستەیی و کۆمەڵایەتیش تەواو گۆڕا بوو ، بە ئاشکرا پێیەوە دیار بوو ، هەمووان باسیان دەکرد ، خەڵکانی بەڕێزو دۆست لە گەڵ مامۆستا لە دوورەوە دەهاتن و دەچوون بیبێنن ، بە داخەوە دەرگای بە ڕوودا نە دەکردنەوە ! بەڕێزی وا هەبوون لە دەرەوە ی وڵات دەهاتنەوە بە خۆشەویستیە دەچووون تا وەک جاران مامۆستا ببێنن و لەگەڵی دانیشن و بیدوێنن ! نە خێر مامۆستا عەزیز مامۆستا عەزیزی جاران نە بوو کە ڕوو خۆش و قسە خۆش و دانیشتن خۆش بوو!
هەرچێ سەرم دەهێناو دەبرد .. نەمدەزانی مامۆستا لە سەرچێ لە من حادزە ! زۆرم مەبەست بوو دانیشین و قسە بکەین ؛ ئەو بڵێ : مەولود بۆچی واتکردووە یان واتگوتووە ؟! تا من بۆی ڕوون بکەمەوە ، ئەگەر توانیم ڕازی بکەم..کەمن کارێکم نەکردووەو وتەیەکم نە گوتووە کە دڵی مامۆستا گەرد بگرێ ؟ مامۆستا هاتە قەناعەت ئەوا هەردووکمان ئاسودە دەبین ، ئەگەر زانیم لە چێ دڵی ڕەنجاوەو نەشهاتە قەناعەت ! ئەوا لای کەم من دەزانم مامۆستا بەچێ و لە چی لەمن ڕەنجاوە ؟ نە خێر ماموستا ئەو فرسەتەی نەدامێ گوێم لێ بگرێت و گوێی لێڕبگرم ! زۆرم لا گران بوو دوو کەس زیاتر لە پەنجا ساڵ هاوڕێ و برای ڕوحی یەکتر بن نەتوانن دە دەقیقە لە گەڵ یەک دانیشن و ئەگەر کێشەیەک لە نێوانیان هە بێت ڕا بگۆڕنەوە چارە سەری بکەن !؟ بەڵێ مامۆستا ئەو دەرگای دایخست دایخست و نە یکردەوە تا نەخۆش کەوت لە نە خۆشخانەیان خەواند ! ڕۆژی یەکەمی نەخۆشخانە برای بەڕیزم ( دکتۆر عەبدوڵڵا خدر مەولود ) تەلەفۆنی کردوو فەرمووی مامۆستا لە نە خۆشخانەی ( ژینی نێو دەوڵەتی )یە ئەمڕۆ من چووم سەرم لێ داوە .. دکتۆریش وەک من مامۆستا عەزیز قسەی لە گەڵ نەدەکرد ! کە دکتۆر عەبدوڵڵا گوتی نەخۆشەو لە نەخۆشخانە خەوتووە ..یەکسەر چوومە دیدەنی ، کە چووم ..چ ببێنم !! مامۆستا پێستی ڕووی بەسەر ئێسکی ڕوومەتی دا کەوتبوو ، چاوەکانی کرابوونەوە .. بۆی چووم و دەستی بەرزکردەوە ، من دەستم گرت و ماچم کرد .. لەو دەم دا هیچ قسەیەک نەدەکرا بەو دە ست ماچکردنە هەموو شتێکم پێ گوت ، دانیشتم گوتی : بە خێر بێیت ..چاوەکانم پڕ فرمێک ببوون ! چل ساڵ پێکەوەیی و دەساڵ لێکدابڕانم لە یەک چرکەدا هاتنەوە بەرچاوم ؛ مامۆستا عەبدوڵقەهارو مامۆستا کوردۆی برای و پوورزاکانی و چەند بەڕێزێک لەوێ بوون . مامۆستا عەبدولقەهار گوتی : دکتۆر دوێنی کە هێنامانە نەخۆش خانە گوتی:( قەهار ئەوە لۆ برادەرکانم کەس دیار نیەو سەرم لێنادەن ؟! گوتی منیش گوتم برادەرەکانت زۆر هاتنە لات و ئەتۆ دەرگات لێ نەدەکردنەوە ! مامۆستا عەزیز دەڵێ : چۆن من دەرگا لە برادەرەکانم ناکەمەوە ؟! ) کە ئەمەم لە مامۆستا عەبدولقەهار بیست ،،گوتم : ئێستا مامۆستای عەزیز مامۆستا عەزیزی جارانە بەدڵ و هەست و هەڵس و کەوتەوە ؛ ڕاستە ئەوە مامۆستا عەزیز نە بووە ، ئەوەی دەرگای لە برادەرەکانی نەدەکردەوە ، ئەوە عەزیز گەردییەکی دی بووە ! ئەوەی دەرگای لە برادەرەکانی نەدەکردەوە .. کەسێکی تر بوو عەزیز گەردی نە بوو !؟!

ئەو عەزیز گەردییە کێ بو کە دەرگای لە دۆست و برادەرانی نەدەکردەوە ؟!
من بۆ خۆم دەتوانم ..ئەو عەزیزگەردییەی کە دەرگای لە دۆست و برادەرانی نە دەکردەوە ، ئاوای بناسێنم و هۆکەی بدۆزمەوە ولە چەند خاڵێک دا باسی بکەم !!
یەکەم : مامۆستا عەزیز هەر ئەوساڵەی کە لە خانەی مامۆستایان وەردەگیرێ ، دێتە هەولێرو خانووێکی خۆیان دەبێت و بەتەنیا لە خانەی مامۆستایان دەخوێنێ ، ئەو تەنیاییەی نێو ماڵ لەوێوە دەستی پێکردو تا کۆچی دوایی کرد درێژەی کێشاو هەربە نەتەنیا دەژیا . !
دووەم: ئەو تەنیا ییە وای کرد بوو لە هەر کارو بڕیارێکی خۆی ..هەر خۆی بیری لێبکاتەوەو هەر خۆشی بڕیار بدا و واتە زۆر کەم وتووێژو ڕاگۆڕینەوەی بۆ هیچ کێشەیەک لە گەڵ هیچ کەسی ترنە دەکرد .
سێیەم: مامۆستا گەنج و تەنیا بوو .. ژنی نە هێنا بوو ، زۆر کەس لێرەوە دەچوونە نێو ژیانی تایبەتی ئەوو زۆر بەیان بە دڵسۆزیەوە پێیان دەگوت : بۆچی ژن ناهێنی ؟ تاکەی بەتەنیا بیت و ئەوە پیربووی وەرە فلان کچی بخوازەو من بۆت ڕێک دێخم و .. زۆری تر لەم جۆرە قسانە ، کەسانێک بە وەخت و ناوەخت ئەم پرسیارو پێشنیارانەیەن دەخستە بەردەم مامۆستا ..ئەم بابەتە هێندە دوو بارە دەکرایەوە کەسانی جۆراو جۆرو لە وەخت و ناوەخت و بە شێوازی توندو نەرم و لە ناکاووبەردەوام مامۆستایان زۆر ئازار دەداو بریندارو هەستیارتر دەکرد !! ئەوەش بڵێم ..هێندەی من ئاگادر بم مامۆستا خۆی یەک دوو هەوڵی ژنهێنان و ڕێکەوتنی هە بوو لە گەڵ یەک دوو خاتوونی بەڕێز ، بە داخەوە هەوڵەکان سەریان نەگرت ، دەکرێ ئەم هەوڵە کە سۆنیەی خۆشی کەسەریان نەگرت هۆیەك بێت لە بێ تاقەتی و برینداری و هەست ناسکی مامۆستا !
مامۆستا ئەم هەستیارو برینداریەی خۆی دەرنەدەبڕی و بەردەوام خۆی دەخواردەوەو دەیهاویشتەوە هەناوی خۆی ؛ لە دەروونەوە لە ڕووحەوە ئەم بابەتە تەواو ماندووی کرد بوو ! ناخۆش ترین ئازاری دەروونیش ئەوەیە ، کە لە ناوەوە ئازارت بدات و تۆش بە ئاشکرا دەری نە بڕیت و وەک گرێیەک بیخەیتەوە نێو دەروونت ، مامۆستا ئاوای لێهاتبوو! ئەم پرسیارو پێشنیارە هەست بریندارە کەرە بەردەوام بوو تا لە ژیان دابوو !
چوارەم : گەییشتینە سەردەمی دەسەڵاتی کوردی ، دیسان زۆر خەڵک کە مامۆستایان دەبینی پێیان دەگوت : ئەوە بۆچی ناتکەن بە وەزیر ؟ ئەوە بۆ حیزبەکان ئاوڕت لێنادەنەوە و هیچ یارمەتیەکت نادەن ؟! زۆر پرسیاری تر بەردەوام ڕوو بە ڕووی مامۆستا دەکرایەوە ؛ ئەمە هێندەی تر مامۆستای هەستیارو ماندوو و بریندار تر دە کرد ! لە نێو حکومەت و حیزبەکانیش کەسانی هەبوون بە دڵسۆزیەوە پێشنیاری کارو یارمەتیان بۆ مامۆستا دەکرد ، مامۆستا هەموو ئەمانەی ڕەت دەکردەوە ، ئەو تەنیا وەزیرو سەرکردەی مەیدانی خوێندنەوە و بیرکردنەوەو نووسینی خۆی بوو ، مامۆستا پیاوی ئەوە نە بوو پێی بڵێی وەرە ئەم کارە بکەو بەم جۆرە کار بکە ! ئەو پاڵەوانی مەیدانی خۆی بوو .. ئەوکارەی دەکرد کە خۆی پێی خۆش بوو ، بەم جۆرەی دەکرد کە خۆی دەیویست ! باشترین یارمەتی بۆ مامۆستا عەزیز گەردی ئەوە بوو .. لێی گەڕێی ئەو دەیەوێ چێ بکات و چۆن بکات با ئاوا بکات ! ئەم پرسیارو پێشنیارەی بۆ ژن ناهێنی و بۆ ناتکەن بەوەزیر هەردووکیان لێکیان داو مامۆستایان تەواو هیڵاک و بێ تاقەت کرد ، دە مبیستەوە ، بەداخەوە ! تاک تاک نووسەرو مامۆستای زانکۆش هەبوون بەم بابەتانە برینی مامۆستایان دەکوڵاندەوەو دەماریان دەگرت .. ئیتر لێرەوە و دەکرێ شتی تریش هەبێت من نەیزانم ! مامۆستا خۆی پێنەگیراو تەقیەوە ..زۆر خراپ تەقیەوە ! دۆست و نادۆستی لێ تێکەڵ بوو لە هەموو کەس کەوتە گومان !؟ قسەی چاک و خراپی دۆست و دڵسۆزی بە خراپ وەر دەگرت و بە توڕە یی و هەڵچوونەوە وەڵامی دەدایەوە ! ئیتر قۆناغێکی تازەو توند لە ژیانی مامۆستا دەستی پێکردو مامۆستا عەزیزی لە ژیانی هێمنی و ئاسودەیی دابڕێ و خستیە نێو توڕەیی و بەدگومانی ونیگەرانی وتەنیایی و هەڵچوونەوە ! بە داخەوە لەم کاتانە دا کە هەڵدەچوو مامۆستا بەتەواوی دەبوو بە کەسێکی دی ! نزیک ترین برادەرو خۆشەویست ترین برادەرو کۆنترین برادەری نەدە پاراست و بە توند ترین شێوەو بە ڕەق ترین وشە ڕوو بە ڕووی دەبووەوە ! جێی داخە..! لێرە بەدواوە دە مبیستەوە و دەیانگوت : عەزیز گەردی تێکچووە ! عەزیز گەردی شێت بووە !!؟
کۆمەڵگەی کوردەواری کۆمەڵگەیەکە ، تاکەکانی زۆر بە بێ باکی دەست لە ژیانی تایبەتی کەسەکان وەردەدەن ، بە تایبەت کەسانی دەستەبژێرو دیارو ناسراو ، هەندێکێس لەززە ت لە ئازار دانی کەسانی تر دا دەبینن ! هەر هێندە بەسە برینێکت کەوتە دەرەوە هەمووان ئەو برینە گەورە دەکەن و بەردەوام دەیکوڵێننەوەو ئەو ئازارە زۆر تر زۆر تر دەکەن ؛ کەسیان بیری لە چارە سەری و تیمار کردنی برینەکە نەدەکردەوە ! ئیتر لە ئەنجامی ئەم بەردەوامیە ، کەسانی وەک مامۆستا توانای تێکەڵێ ئەو تاک و کۆمەڵگەیان نامینێ و تەنییایی و گۆشەگیری هەڵدەبژێرن و دەرگا بەسەر خۆیان دادەخەن و دەرگا لە کەم کەس دەکەنەوە ! ئەو تاک و لوکەی کە مامۆستا لەم کاتەدا دەرگای بەڕوو دا دەکردنەوە ، ئەوانیش کەسی وایان تێدان دا هەبوو کە هەر ئەوان بەشێک بوون لە دروست بوونی ئازارو بەدگومانی و توڕەیی و هەڵچوونی مامۆستا ، مامۆستا پێشتر خۆی پێناسەی تەواوی ئەم کەسانەی بە دروستی کرد بوو ، بەڵام ، لەم کاتەدا مامۆستا بە تەواوی بیردۆزەکەی لێ سەراو بن بوو بوو.. دوژمنی لێ بوو بوو بە دۆست و دۆستی لێ بوو بووبە دوژمن !؟ بەدگومانی ونیگەرانی و ڕەشبینیەکی لا دروست بوو بوو کە دۆست و دوژمنی بۆ لێکجیا نە دەکرایەوە ، ئەم قۆناغەی ژیانی مامۆستا پێویستی بە کەسانی دڵسۆزو دۆست هەبوو ، دۆستێک لای کەم مامۆستا لێێ بە گومان نە بێت و ئەو دۆستەش بە زانایی و دڵسۆزیەوە هەوڵێ چارە سەری نە خۆشیەکەی مامۆستا بدات !! بە داخەوە ئەو دۆستە نە بوو ، یان ڕاستتر ڕێگای بە کەس نەدەدا ..ئیتر ئەم بارە دەروونیە توندە باری جەستەییشی گرتەوەو نە خۆشیەکانی تریشی دەستیان لێساندوو بەرە بەرە مامۆستایان بەرەو ئەو شووێنە برد ، کە دواجار هەموومان بۆی دەچین !؟
بەڵێ دەیانگوت .. عەزیزگەردی تێکچووە ! عەزیز گەردی شێت بووە !؟ بیستوومەو خوێندووتمەوە زانایەکی فەرەنسی .. کە ئێستا ناوەکەیم لە بیر نەماوە..هێندە بە گەرمی وبە ڕشتی و بەردەوامی بەزانستیەوە لە نێو تاقیگەکەی دا کاری دەکرد ، شەوو ڕؤژ ، تا باری دەروونی و کۆمەڵایەتی تێکچووو ..تێکچوو و کەوتە سەر شەقام ! کەوتە سەر شەقام ئەوەی لە کوردەواری پێی دەڵێن: شیت ..هەر شێت بوو ! ئەو زانایە شیت بوو ، بەڵام ؛ نە ژنەکەی و نە دەزگا زانستیەکان و نە حکومەت ..وازیان لێ نەهێناو پشتیان بەر نەداو یارمەتینداو تا گەڕاندیانەوە نێو تاقیگەو سەرکارە زانستیەکەی ، دوا جار کارێکی کردو داهێنانێکی داهێنا خەڵاتی نۆبلی پێ وەرگرت ، ئێستا فەرەنسا لە سای ئەو شێت بووە ، خەڵاتێکی تری نۆبلی بۆ زانستی خستە سەر خەڵاتەکانی تری خۆێ ! بەڵام ؛ لە کوردەواری ئەگەر نۆبلی وەربگری شێتت دەکەن ؛ وات شێت دەکەن هەرگیز چاک نەبیتەوە ! مامۆستا عەزیز گەردی ئەو زانا کوردە ی شایان بە خەڵاتی نۆ بل بووە ، ئێمە شیتمان کرد ! شیتمان کردو وازمان لێ‌هێنا !؟ گۆشەگیرمان کردو تەنیا تر مان کرد ، لە تەنیایی دەروونەوە بۆ تەنیایی نێو ماڵەوە بۆ تەنیایی نێو کۆمەڵگە ، تەنیاییەکی کوژە ر و لە نێو ئەم تەنیاییە دا بە جێمان هێشت !؟!
دیارە نابێ هەوڵێ خانوادە بەڕێزەکەی و برا و خزمە دڵسۆزاکانی لە بیر بکەین ، کە ئەوەی لەدەستیان هات بۆیان کرد ، بەڵام ؛ لە ڕاستی دا خزمەتکردنی مامۆستا عەزیز تەنیا ئەرکی کەس و کارو براو خزمەکانی نە بوو .. ئەرکی دەزگا زانستی و پەروەردەییەکانی وەک زانکۆی سەلاحەدین و وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی ڕؤشنبیریی و دۆست و برادەرەکانیشی بوو ، ئەو ئەرکەش دەبووایە زۆر زوو دەستپێبکرێ ، نەک کاتێک کار لە کار دەترازێ و چارە سەری ئەستەم دەبێت ! دواجار میللەتی کورد (مامۆستا عەزیز گەردی ) یەکی لەدەست چوو کە هەرگیز مێژوو ناتوانی جارێکی تر عەزیز گەردیەکی ئاوامان بۆ دووبارە بکاتەوە ! بەداخەوە.بە هەزار داخەوە …
وە ک پێشتر نووسیم کە چوومە خزمەت مامۆستا لە نەخۆشخانە ، ڕۆژی دووەمیش ئێوارەو بەیانیەکەی دەچوومەوە لای ، هەرچەندی بۆم دەکرا دەکۆشام دڵی بدەمەوەو ورەی بەرز بکەمەوەو تارمایی مردنی لەبەر چاو بڕەوێنمەوە ، هەستم دەکرد مامۆستا گەڕاوەتەوە سەر ڕەوشێ ژیانە ئاساییەکەی پێشان ، بە خێرهاتنی هەمووان دەکات و هەوڵدەدات بەم نە خۆشیە هەستی هەمووان ڕابگرێ و سۆزی خۆی دەرببڕێ ؛ بەداخەوە ئەم گەڕانەوەیە لە کاتێک دا بوو کە مامۆستا چارە سەریە جەستەییەکانی ببوو بە ئەستەم ! ئێوارە بوو درەنگ داهاتبوو دوو برادەر چاوەڕێ بوون من بیانبەمەوە ماڵ . گوتم : مامۆستا ئیزنم دەدەی ؟ گوتی دانیشە بۆچی دەڕۆی ؟ دانیشتم زۆرم پێخۆش بوو .. دوو جار تەلەفۆنم بۆ هات ، ئەو بەڕێزانە بوون کە چاوە ڕێی منیان دەکردم . پێمگوتن مامۆستا ئیزنم نادات ! گوتم : مامۆستا هەموو نە خۆشیەک چارەسەری هەیە ، من چاوەڕێم چاک بیتەوەو وەک جاران خەریکی ژیان و نووسین بین پێکەوە ! گوتی : من لە مردن ناترسم ! مردن ئاساییە ..هێندە هەیە من و شەقاوەیەک وەک یەک دەمرێن ! تۆو شەقاوەیەکیش وەک یەک دەمرن !! لەم کاتە دا پزیشکەکان هاتنە ژوورەوەو دەبوایە بچینە دەرەوە !! بەیانیەکەی تەلەفۆنم بۆ مامۆستا عەبدولقەهاری برای مامۆستا کرد تا هەواڵێ بپرسم ؛ جێی داخەوە ..وەڵامەکە یەکجار ناخۆش بوو…بەدەست خۆم نە بوو هەتا دەنگم تێیدا بوو لە برا ڕۆم دا ..گریام ..گریام ..گریام ..

مەولود ئبراهیم حەسەن
هەوڵێر – نەورۆزی ٢٠٢٣


پاڵەوانێک لە دەرەوەی مێژوو…
شیعر: مەولود ئیبراهیم حەسەن
دەردە دڵێک .. بۆ گیانی پاکی ( مامۆستا عەزیز گەردی ) مامۆستاو برای ڕوحیم .
سەرەتای مانگی /٧ /٢٠٢٢ هه ولێر

لە ئەفسانەیەکی هاوبەشی ئازەری وکوردی دا پاڵەوانێک هه یە بە ناوی ( دومرلە سەرشێت ) ، ئەو پاڵەوانە وەختی مردنی دێت ، عیزرائیل لە شێوەی کۆتر لێی دێتە ژوورێ ، دومرلەسەرشیت دەیناسێتەوە و ڕادەکێشێتە شیمشێری و دەڵی : هێی ..عزرائیل نەکەی لێم بێیتە پێش دەنا بەم شمشێرە باڵت دەپەڕێنم ، من هێشتا زۆرکارم ماوە بیانکەم ! تۆ بڕو ڕوحی ئەوانە بکێشە کە کارناکەن ! یان کاردەکن و زیان بە مرۆڤ دەگەیێنن ! بڕۆ ..بڕۆ ڕوحی ئەوانە بکێشە کە خۆشی خۆیان لە بەد بەختی کەسانی تردادە بێنن !! ! مامۆستا ( عەزیز گەردی ) زۆر کاری مابوو بیانکات و وەک هەمیشە بە نووسینەکانی دڵی میللەتەکەی خۆش کات ، منیش زۆر کارم ماوە بیانکەم!! بەڵام ؛ ……
پاڵەوانێک لە دەرەوەی مێژوو…
**

پاڵەوانێک لەدەرەوەی مێژوو..
مێژووێک
ڕووی نەداوەو نە نووسراوەتەوە
مێژووێک
نە بیستراوەو نە خوێندراوەتەوە
مێژووێک
لە هیچ مێژووێک ناکات
لەو مێژووەوە دا
پاڵەوانێک هه ڵکەوتووە
لە هیچ پاڵەاوانێک ناکات
پاڵەوانێک
نە شمشێری دەم تیژی هه یە
سەران بپەڕێنێ
نە ڕمی نوک تیژی هه یە
ئەسپ و سوار پێکەوە بسمێ
نەگورزی گرانی هه یە
دیواری قەڵایان بڕوخێنێ و وڵاتان داگیر بکات
پاڵەوانێک
نە کیشوەران گەڕاوەو
نە لە دەریایان پەڕیوەتەوە
پاڵەوان چەندین قەڵای داگیرکرد
**
پاڵەوانێک
لەماڵێکی سادە
لەدایک و باوکێکی سادە
لە گوندێکی سادە
لە( بە حرکە )یەکی سادە تر(١)
بە سادەیی پێی خستە سەر زەوێ
بەسادەیی زمانی گرت
بە سادەیی گەورەبوو
بەسادەیی زمانی دایک و باوکە سادەکەی فێر بوو
هه ر بە سادەیی
بە بەرزترین پلەی بەرزیی گەیی
**
پاڵەوانێک
زمان..نا
بنزاری بنزار
بنزاری دایک و باوکە سادەکەی
کرد بە چەکی ژیا ن
بە چەکی بەرگری
بە چەکی تێکۆشان
پاڵەوان ئەم چەکەی کرد
بە چەکی بەرگری لە میللەتەکەی
بەو چەکە بەگژ داگیرکەر داهاتەوە
**
پاڵەوان ..ئەو زمانە بنزارەی کرد
بەزمانی شیعر
بەزمانی ئەدەب
بەزمانی زانست و لێکۆڵینەوە
لەو زمانە قەڵایەکی دروستکرد
قەڵایەک بەکەس داگیرناکرێ
قەڵایەک بە هیچ کەس ناڕوخێ(٢)
قەڵایەک.. ئیتر بوو بە مێژوو
مێژووێک لەدەرەوی مێژوو
قەڵایەک دەستکردی پاڵەوانێک
پاڵەوانێک لە هیچ پاڵەوانێک نەچوو
پاڵەوانێک لەدەرەوی مێژوو
مێژووێک لە دەرەوەی ڕوودان


پاڵەوانێک
لەسەرەتاوە پرسی بەکەس نەکرد
چاوی لە کەس نەکرد
پشتی بەکەس نە بەستا
پاڵەوانێک لە کەسی نەدەکرد
هه ر خۆی خۆی بوو پاڵەوان
پاڵەوان
پاڵەوانی مێژووێک بوو
لە هیچ مێژووێکی نەدەکرد


پاڵەوانێک
پاڵەوانێکی ئەفسانەیی نەبوو
پاڵەوانێکی بەرچاو بوو(٣)
ئەفسانەیەکی پاڵەوان بوو
پاڵەوانێکی بەرچاو
پاڵەوانێک لە دەرەوەی مێژوو
بەرچاوێک لە دەرەوەی ئەفسانە


ئەو پاڵەوانە
مرۆڤێک بوو لە پاڵەوانیەتی دا
ئەو پاڵەوانە
پاڵەوانێک بوو ڵە مرۆڤایەتی دا
ئەو پاڵەوانە
پاڵەوانێک بوو لە خزمەتکردن دا
ئەو پاڵەوانە
خزمەتکارێک بوو لە پاڵەوانیەتی دا
**
پاڵەوانێک
بەتەنیا هات و
بەتەنیا کاری کردو
بەتەنیاش ڕۆیشت
تەنیاتر لە تەنیایی
جێی هێشتین
بەرەو تەنیاییەکی تر
**
پاڵەوانێک تەنیاو تەنیا
نا .. پاڵەوانێک لەشکری وشەی لەبەردەست بوو
کێوی زمانی لە پشت بوو
پاڵەوانێک خاوەنی دەریای کلتوور بوو
پاڵەوانێک لە خەلوەتی خوێندنەوەو
لە کێڵگەی نووسینە وە
لە خەرمانەی بڵاوکردنەوە دابوو


پاڵەوانێک بەسادەیی ژیا
بە سادەیی دەیخوارد
بە ساەیی دەیپۆشی
بەسادەیی دەژیا
بەسادەیی کاری دەکرد
بەسادەیی داهێنانی دەکرد
بە سادەیی قەڵای وشەی هه ڵنا
قەڵایەک بە هیچ دیکتاتۆرێک داگیرناکرێ
بە هیچ بۆ مبێک ناڕوخێ


پاڵەوانێک چەندین قەڵای داگیرکرد
قەڵای زمان .. بەسادەیی
پاڵەوان پردی لە نێوان زمانەکان دروستکرد
پردی وشە
پردی کتێب ..
پردی وەرگێڕان
پاڵەوانێک بەسادەیی
وەرگێڕانی کرد بە وەرگێڕان
لێکۆڵینەوەی کرد بە لێکۆڵینەوە
پاڵەوانێک .. کۆکردنەوەی کرد بە کۆکردنەوە
پاڵەوانێک .. کۆکردنەوەی کرد بە کتێب


پاڵەوانێک
کە دەچووە مەیدان
لەسەر لبادێکی ڕووت
شانی دەخستە سەر بالیفێکی تووک
لاپەڕەی سپی نە نووسراو
خۆی لە بەردەم نەدەگرت
وەک لە شکرێکی هه ر گیز نە شکاو
**
پاڵەوانێک
پێش ئەوی بمرێ
ئەو مەرگی کوشت
ئەگەر مردن نەمانی – جەستە – یە
ئەو ئاوی زیندووێتی – ناو – ی ڕشت
پالەوانێک پێش ئەوەی بمرێ ئەو مەرگی کوشت
**
پاڵەوانێک
عاشق .. عاشق تر لە هه رچی عاشق هه یە
عاشق بە وشە
عاشق بە کلتوور
عاشق بە زمان
پاڵەوانێک
عاشق ..عاشق تر لە هه رچی عاشق هه یە
عاشق بە نووسین
عاشق بە کتێب
عاشق بە وەرگێڕان
پاڵەوانێک یەکەمجارە- داستانی عەشقی وشە – ی داهێنا
**
پاڵەوانێک
مامۆستای هه موو پاڵەوانان
مامۆستای هه موو مامۆستایان
مامۆستای هه موو نەوەکان
پاڵەوانێک
مامۆستای هه موو پاڵەوانەکان
پاڵەوانی هه موو مامۆستایان


پاڵەوانێک
کۆمەڵگا
مەدالیای شێتی کردە مل
عاقڵانە بەردەوام کاری داهێنانی دەکرد
کۆمەڵگا
گۆشەی تەنیایی بۆ هه ڵبژارد
عاشقانە بەردەوام بە کۆمەڵ کاری دە کرد
**
پاڵەوانێک
مێژوو دروستی نە کرد
ئەو مێژوی دروستکرد
مێژووێک
لە هیچ مێژووێک نەدەچوو
مێژووێک ڕووی نەداوە
مێژووێک نە نووسراوەتەوە
مێژووێک نەخوێندراوەتەوە
مێژووێک لە دەرەوەی مێژوو
**
پاڵەوانێک
چاوی بەسەر لاپەڕەی خوێندنەوە بوو
پەنجەی بە سەر وەرگێڕانی لاپەڕە بوو
دەستی لە گەرمەی چاپ دا بوو
عێزڕائیل بە شێوەی کۆتر نا
بە هه ناسەیەک هه ناسەی مەرگ
لە دەمیەوە چوو
لە لووتیەوە هاتەدەرەوە
پاڵەوانێک هێشتا کاری زۆری مابوو
ئەو پاڵەوانە عەزیزێکی بێگەرد بوو
(گەردی )یەکی پڕ عەزیز بوو(٤)
ئەو پاڵەوانە عەزیز بوو
ئەو پاڵەوانە لەدەرەوەی مێژوو بوو
ئەو پاڵەوانە ( عەزیز گەردی ) بوو
ئەو پاڵەوانە هه ر خۆی خۆی بوو
ئەو پاڵەوانە لە هیچ پاڵەوانێک نەدەچوو
**
تێبینی :
(1) بەحرکە .. زێدی لە دایکبوون و ژیان و نووسین و مەرگی مامۆستایە .
(2) لەم دێرە شێعرەدا بۆنی شیعرێکی (فیردەوسی) دێت کە لە پەسنی ( شاهنامە ) دا دەنووسێ : ( قەڵایەکم لە وشە دروستکردوە بە باوباران لە نیو ناچێ )
(3) بەرچاو : من ساڵانێکە ( بەرچاو ) لە بەرامبەر وشەی (واقیع) دا بەکاردەهێنم .
(4) عەزیزگەردی : مامۆستا هه رچەندە نازناوی ( گەردی) لە ناوی ئەو عەشیرەتەوە وەرگرتووە کە خۆی سەربەو عەشیرەتەیە ، بەڵام؛ بە هیچ شێوەیەک لە ژیانی دا (خانی) مەزن گوتەنی: ( تەعەسوبی عەشیریی ) نەبووە، هه میشە مرۆڤێکی کورد بووە .
(5)
**




بۆ دایکم سەفەری نەکرد بۆ کەنەدا.. چرۆ زەند

پاش کۆچی باوکم، ماڵ چۆڵ وخامۆش بوو. هەرکەس گەڕایەوە ماڵی خۆی. منیش گەڕامەوە بۆ کەنەدا، پاش ئەو لەدەستچوونە. ویستم داوەتنامە بۆ دایکم جێبەجێ بکەم تا بێت بۆ کەنەدا بۆ ماڵەکەم، بۆ ئەو ماڵەی دایک وباوکم نەیان دیوە. دایکم سێ جار ڕەفزی وەرگرت. دایکم هەرگیز نەی توانی سەفەر بکات

دایکم نەی ویست سەفەر بکات. لە سەرەتای ساڵەکانی دووهەزاردام خوازیار بووم دایکم وباوکم نیشتمانی دووەمم ببینن، بێنە ئەو ماڵەی بەتەنێ بنیاتم ناوە، بەڵام کەسیان نەیان دیت. باوکم نەیویست سەفەر بکات، نەوەک لە وڵاتێکی بیانی کۆچ بکات. باوکم ویستی لە زێدی خۆی چاو لێک بنێ. باوکم ویستی چیای گۆیژە شایەتی کۆچی بێت. ئەو چرکەساتەی تەرمەکەی لەباخچە گەورەکەدا ڕابوورد، دوا ماڵئاوایی گۆیژە شایەت حاڵی بێت، ئەو چیایەی کە هەموو گۆشەنیگایەکی ماڵەکەدا لووتکەیەکی بەدی دەکرا، خۆر لە ناوەندی گۆێژەوە تیشکەکانی بەخش دەکرد بە حەوش وبانەکەدا. دوا جار ئەو ماڵئاوای لە مێژوو نووس ونووسەرە نەمرەکەی گەل بکات. ئەو سات ویستی باوکم بوو نیشتمان جێنەهێڵێ. سلێمانی دوا مەزاری بێ. ئەو ڕۆژگارانە، دایکم نەیویست هاوڕێ وهاوینەکەی جێبێڵێ. لەدوا ڕۆژەکانی ژیانی ئەو لە لای نەبێ. دواجار هەم خۆی هەم مێژوو لۆمەی بکات.

دایکم دەیویست سەفەر بکات: لە سەرەتای ساڵەکانی دووهەزار، نامەی داوەتم بۆ دایکم پڕکردوە، دایکم ڕەفز کرا. ئەوکاتانە قوتابی بووم، بەپاسکیل هاتووچۆم دەکرد، دایکێکی تەنهابووم بۆ دوو منداڵەکەم، ساڵانێکی زۆری برد پاش یەکەم گەڕانەوەم بۆ نیشتمان. هێندە سەخت بوو ئەو دووریە پاش گەڕانەوەم من نەخۆش کەوتم و لەنەخۆشخانە کەوتم بێ تەما لەژیان. دایکم دەیویست سەفەر بکات زۆر بەپەرۆش بوو بۆ دیتنم. کۆنسوڵی کەنەدا ڕەفزی داواکەی منی کرد، دایکم قبووڵ نەکرا. نە کەیسی مرۆڤایەتی نە ویستی منداڵەکانم نە باری خراپی تەندروستیم کۆنسوڵیەتی کەندا ڕەچاوی نەگرت. دایکم پریاسکەکەی هەڵڕشت، ئەو نەیتوانی سەفەر بکات.

دایکم ویستی سەفەر بکات، سەفەری بۆ زۆر شوێن کرد لەناو وڵات. چڵە ڕیحانەکانی حەشوبانی دەگرت بەدەستەوە و دەچوو بۆ هەرماڵی بەدوایخۆیدا بۆنێ چلە ڕیحانەکانی جێدەهێشت. سەفەری دەکرد بۆ مەزاری هەر مەردومێ بڕی لە گووڵی باخەکەی جێدەهێشت، لەو مەزارە دوای وی گووڵ دەڕوا .دایکم سەرفەری کرد بۆ شادی وخۆشی، هاوسەرگیری گەنجان، بە دەنگە خۆشەکەی یادگارێکی خۆشەویستی جێدەهێشت. پاشان گەنجەکان بە ساواکانیانەوە دەهاتنەوە بۆلای. دایکم سەفەری کرد بۆ باشوورو باکوورو خۆرهەڵات وخۆرئاوای وڵات لەدوای سەفەرەکەی ڕێچکەیەک لە مەردووی ئەو دەڤەرەی بەدوای پێکانی ئەودا دەهاتنەوە بۆ ماڵ. دایکم هێندە پەیوەست بوو بە مرۆڤەکان نە ئەوان دەست بەرداری دەبوون، نە ئەویش دەستبەرداری وان. دایکم بوو بازنەیکی ڕێگەیی ناوەندی شار، هاوڕێکانی بەڕۆژ بەشەو دەهاتن بۆ دیدار. دایکم خوێنی بدە بوو، خوێنی دا بە خوشکی کە لە بەرەی بابی نەبوو، خوێنی دا بەدراوسێکەک کە خەڵکی شار نەبوو. گەر بچووبا بۆ سەفەر بۆ ماڵ پێشمەرگەیەک فریشتەکانیش دوای ئەو، دەستی بەرگی جوانیان دەکردە دیاری منداڵە بێیاوکەکان. دایکم سەفەری زۆری کرد، بەڵام تەنها جارێک نەکرا سەفەر بکات بۆ دەرەوەی وڵات. گەر سەفەری کردبا، گوڵەکان وشک دەبوون، ڕیحانەکان دەوەرین، میوانەکان دەگەڕانەوە، چۆلەکەکان هێلانەکانیان دەگواستەوە، دراوسی هەژارەکانیش بێ شێو سەریان دەنایەوە. ژنە بەد بەختەکانی پیاوەکان بە گۆچان ڕاویان دەنان دەبا لەگوڕەپانی شەقام بمابانایەوە. دەرگای ماڵ دادەخرا. جووڵە لەو گووزەرەدا کەم دەبوو.

دایکم نەیتوانی سەفەر بکات، باوکم چیدی بە کلێتەکەیەوە بە زەردەخەنە شادەکەی بەماڵدا ڕانەدەبوورد. منداڵیش هەریەک بەدوای چارەنووسی خۆیدا ڕۆی. من دۆکیومەنەت و پاسپۆرت ولاپەڕەکانی کارم کۆکردەوە، وەرەقە یاساییەکان بۆ سەفەری دایکم ئامادەکرد. ڕۆژگارێکی زۆر کارم لەسەر کرد، بە پەلە پۆست دەمناردەوە، بڕێ جاریش خوشکم و ئامۆزا وخاڵوزاکانم کارەکانیان بۆ ئەنجام دەدام لە وڵات لە دوو شاری هەوڵێر و سلێمانی. دایکم ڕەفزکرا. دواجار داوام لە کچەکەم کرد وەک پارێزەر پاڵپشتی داوەتنامەکەم بکات، داوام لە هاوڕی پارێزەرەکەم کرد جارێکی دی چاو بخشێنێ بە بەڵگەنامەکانمدا. لە کۆنسۆڵی جوداوە داوەت نامەم نارد، ئەمان، ترکیا، وە پاڵپشتی وسوێند نامەی گەڕانەوەی دایکم مسۆگەر کرد بە بەڵگەمامەوە. ماڵ وکار، وپارە بە بارمتە دامنا لە بانکدا. دوا ڕەفزی دایکم لە ساڵی ٢٠٢٠ بەدەست گەیشت. ناڕەزایی خۆم دەربڕی لەلای جەنابی قازی. چەندە ساڵ من کار دەکەم بۆ کۆچ وپەنابەران، وەلی داوای خۆم زەفز بوو. قازی فەرمووی دایکت فیزەی هیچ وڵاتێک لە پاسپۆرتیدا نیە، ئەو سەفەری نەکردوە بۆ دەرەوەی وڵات، وڵاتێکی ئەوروپا، واتە کە هات ناگەڕێتەوە. سەرم سوڕما لە وەڵام، سێ جار دایکم ڕەفز بوو چونکە ڕەنگە نەگەڕێتەوە لەگەڵ ئەو هەموو بەڵگەنامەی موسۆگەری گەڕانەوە. گەلێ نیگەران بووم بەو وەڵامە، پێم وابوو مرۆڤەکان وەک ژمارە هەژمار دەکرێن نەک وەک مرۆڤ.

هەواڵەکەم بەدایکم گەیاند. ئەو جارەش دایکم پریاسکە پێچراوەکانی بۆم ئامادە کردبوو کردنیەوە لەسەریان نووست. منیش نامەی ڕەفەزەکانی دایکم دانا وێنەیەکی نائومێدیم لەگەڵ گرتن، ژوورەکەی بۆم ئامادەکردبوو جارێکی دی چۆڵم کرد. ئیدی دایکم چاوێکی نابینا بوو، سەفەر بکات یان نەکات ، وەک یەکە. ئستا دیوارەکانی ماڵ گۆچانیەتی، هەر ژوورە کورسیەکی وچانیەتی، باخچەکەش مەزاری و، چاوەڕوانی دەرگاش بینایی سپێدەکانی.
دایکم وتی ئەوە چارەنووسی من بوو، ویست ونەویستم وەک یەک بوو نەدەبوو سەرفەر بکەم بۆ کەنەدا.




شیعر\ ئێوارانە ٣٥.. سەردار جاف

تێشووی ديققە, تيشکی نيگا, دەشێوێنێ ئەندێشەی چاو لە ديدەتا دەسکنێم و دڵ زەليلە لە بێشەی چاو شنەی سۆمات بە خەمزەوە وا غەمڵيوە لە ئاستۆنما زبان هەودا و هەوتاشييە، هەدادانمە* بۆ گۆشەی چاو
بەس بە تيڕۆژی نيگاکەت تيغ تيغ بکە نەزەربازيم
رۆچووی باڵاتە هەستی من خليسکامە نێو کێشەی چاو
شەپۆلی گۆمی لوونسەيە* يا لەرەی پێڵوی خۆشی هێن
نيگام وەبەر کافرمان* دە، هەر پڕ ئازارە رێشەی چاو
پشتم کۆم و روانين کز، چەمی بازت گڕنايەکە
ژانداری ئاوێزانت و راموسانم بە چەشەی چاو
کەنگێ نيگات دێتە دەنگ و ئاهێ بە سۆماما دەکا
خۆ من وێرانەی تيلەتم حاڵ شێواوم لە پرشەی چاو
ژوانی ژان، کۆڵێ خەم و ئەشک وناسۆريم بۆت ڕێژا
سارا جێمە شەهلا رێمە، ئەوەيش رۆحمە پراشەی چاو
شەوبينينی چاوەکانت ئەوينمی گڕ دايەوە
پۆشينی روو لە رۆژگاران هەر دەخزێنێ تڵيشەی چاو
حونجە دێڕی چاو و برۆت، خامە و بيرم يەخسير دەکا
شەڕانگێزيم مەيلی ئيشقە، کە لا دەبا رووپۆشەی چاو
لە بن ساباتی هەورێکا بارانی نيگات دەبارێ
ئاقيبەت هەر نوقمم دەکەی لە ناو تەليسمی شووشەی چاو


ديققە :لێرە بە مانای ئيشق دێت
ئاستۆن : بەردەرگا
هەودا : تاڵ ، داو ، چەند وشەيەک بە يەک هەناسە دەگوترێ
هەوتاش : سەرۆکی ئێشکگران
هەدادان : داسەکنين ، ئارامگرتن
لوونسە : گۆمێکە لە شارۆچکەی فايخن لە نێدرلاند
کافرمان : گوێزان ، موس
14- 5 – 2023




پیاوی ناو فەرش.. چیرۆک/ نەوزاد بەندی

بۆ ئەوەی بتوانی لەو شارەدا بژیت ئەبوو یان لە دوورەوە تەماشای بکەیت ، یان لە نزیکەوە لووتت توند بگریت و سێ لەسەر چواری چاوەکانیشت دابخەیت ..
ساڵانە لە ئاهەنگەکانیدا ، چەند جارێک لەسەر سەرچۆپی ئەبوو بە شەڕە تەقە و قوربانیی هەبوو ..
کەمترین موچە ئەدرا بە کرێکاری خۆڵ و خاشاک ، هێندە کەم ، تەنانەت بەشی ئەوەی نەدەکرد ڕۆژانە خۆیان وپۆشاکەکانیانی پێپاک بکەنەوە، دوای ئەوەی بۆگەنترین شار و بۆگەنترین میللەتیان بەو حاڵە پاک دەکردەوە ..
یەکێک لە ووتاربێژەکانی ، کە دواتر شوێنبزر کراو کەس نەیزانی چی لێ بەسەر هات ، لە ووتارێکی هەینیدا هاواری کرد : ( خەڵکینە ! بە ڕاستی سوپاستان ئەکەم ! کە ڕۆژانە هەر هەمووتان بە بێ ئیش دێنە ناوبازاڕ و .. لە دەبە و تف و ئاغزە جگەرە زیاتر ، فڕێ نادەنە سەر شەقامەکان .. جارێکی تر و تر ، سوپاستان ئەکەم و دەستتان ئەگوشم کە میز و پیسایی ناکەنە سەر شەقامەکان ، چونکە واتانبکردایە ، شارەکە ئەبوو بە ژێر پیساییەوە و.. بە هیچ جۆرێکیش وازتان لەو کارە نەدەهێنا ، وەک چۆن بە هیچ جۆرێ واز لە براکوژی و پیس کردنی سەیرانگا و ناو شارەکان و ..ئازاردانی گیاندار و دار و درەخت ناهێنن ..هەر بۆیە لە ناخی دڵمەوە ، دەستخۆشیتان لێ دەکەم و ..مژدەی ئەوەتان ئەدەمێ تەنها سەبر بگرن و .. میز وپیسایی مەکەنە سەر شەقامەکان ، بەهەشت بۆ خۆتان ئەبەنەوە ..چونکە بە ڕاستی ئەو سەبر و تەحەمولەتان ئەجری گرانە و .. خوای گەورە تەفر و توناتان بکات ، وەچە و بنەچەتان نەمێنێ ، وەک گەل و وەک حوکمەت، وەڵاهیی شایانی سووتاندن و کیمیایی و ئەنفالکردنی سەرتاسەرین . .. توخوا چی هەیە ئێوە شانازیی پێوە بکەن و ..ڕووتان بێ بە هۆیەوە لە بارەگای خوادا ڕاوەستن ؟
ڕووتان ڕەش بێ ..بە نەفرەت بن .. بە نەفرەت ـــ)
ئەڵێن گوایا ، هەندێ کارمەندی دەمامکدار ، بە پۆستاڵەوە دێنە ناو مزگەوتەکە و ناهێڵن ووتارەکەی تەواو بکا ، لەگەڵ خۆیاندا ئەیبەن .. ئەڵێن ئەوەندەی لە توانایدا بووە ، دەمامکدارەکانی شەقباران و تفباران و جنێوباران کردووە ، کەچی هەزاران نوێژخوێن ، وورتەیان لێوە نەهاتووە ، بەشێکیان داڵغەیان ڕۆیشتووە و بەشێکیان خەوتوون و بەشێکیشیان بە کاوەخۆ خەریکی چڵم دەرهێنان بوون ..ئەم چڵم دەرهێنانە لەو دواییەدا زۆر پەرەی سەندبوو ، تەنانەت هەندێکیان وەک گوڵەبەڕۆژە ئەیخوارد دوای ئەوەی پزیشکێکی ئەڵمانی سەلماندبووی کە چڵم ، پڕ پڕە لە مادەی سوودبەخش و دژە بەکتریا و ..دەرمانخانەیەکە بۆ خۆی ، تەنانەت داوای کردبوو بکرێ بە دەرمانی ددان ..ئەم هەواڵە ، کاردانەوەیەکی گەورەی لەو شارەدا هەبوو ، هەرچەندە هیچیان ئەڵمانییان نەدەزانی ..پێشبینی ئەوەیان لێدەکرا ، نرخی چڵم لە بازاڕەکانیاندا وەک نرخی گۆشت و دۆلار بفڕێت ..
بەڵام بابەتەکەی ئێمە هیچ شتێ لەوانە نەبوون کە باسمان کردن ..
کوڕێک لەو شارەدا ئەژی ، تەمەن 27 ساڵ ، زیرەک ، چوارشانە ، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یاساکاندا .. بەڵام بێ عەشیرەت بوو ..واتا ئەیویست وەک کەسێکی مۆدێرن بژی ..ڕەنگە بڵێم تاقە کەس بوو ، کە ناوی تیرە و خێڵ بە ناوەکەیەوە نەبوو ..ئەوەیش وایلێکردبوو لە بەڕێوەبەرێتیەکانی باج و ناسنامە و پاسپۆرت و کوتان و خۆراک و خوێندنی باڵادا توشی دەنگە دەنگ و تەنانەت شەڕیش بێ .. ئەڵێن سەرۆکی زانکۆیەک پێی وتووە : باشە گریمان دکتۆرایشت تەواو کرد ، خزمەتی کێ ئەکەی ؟ تۆ کە بێ عەشرەت لێخوڕی ، بە تەمای ئیش بۆ کێ بکەی ؟
لە حاڵێکدا ویستی یەخەی سەرۆکی زانکۆ بگرێ ، چونکە بە پێی یاسا ئەو قسەیە ،دژی کومەڵگای شارستانی و هاوچەرخ و ئەو جۆرە شتانەیە ..گەڕانەوەیە بۆ کاتێ کە مرۆڤ گونی خۆی و گێزەری لێک جیا نەئەکردەوە و بە بەرد ڕاوی ئەکرد و لە ئەشکەوتا ئەخەوت ..بەڵام عەشرەتی سەرۆکی زانکۆکە ، بەعزێکیان لەوێ بوون و ..هەتا خوا حەزکا ، کوتیبوویان ..
دوای ساڵێ ، ویستبووی درێژە بە خوێندن با ، لە ڕێی ئەنتەرنێتەوە داوای خوێندنی باڵای پێشکەش کرد، لە کۆتا هەنگاوی پێشکەش کردنەکەیدا ، حەزی لە کچێک کرد ..واتا لەو دوا هەنگاوەدا ، لە رێی مەسنجەرەوە ، نامەیەکی عاشقانەی بۆ هات .. بەڵام هەر بەردەوام بوو لە پڕ کردنەوەی داوای خوێندنی باڵا ، لەو دوا هەنگاوەدا ، لەگەڵ ئەوەی حەزی چوبووە سەر کچێک ، بەڵام لە لیستەکەدا ناوی ئەو زانکۆیەی تێدا نەبوو کە ئەم ئەیویست .. لە بەشی ناڕەزایی و پرسیاردا ، ناڕەزاییەکی لە دێڕێکدا نوسی ، ئاخۆ بۆ چی ناوی زانکۆی کەرکوک لە لیستی زانکۆکاندا نییە ؟
دوای سێ ڕۆژ ، بە نامەیەکی ئەلکترۆنی وەڵامەکەی هاتبۆوە ، کە تەنها ووشەیەک بوو ، نوسرا بوو : ( بە هەوەس ) ..
عەشقی کچەکە نەبووایە ، هەر ئەو شەوە وڵاتی جێدەهێشت ..دایک و باوکیشی پێیان خۆش بوو ، ئەیانزانی کوڕەکەیان زۆر سەرەڕۆیە و..ڕەنگە خێزان پێک بێنێ ، فەرق بکا ..ئەم فەرق کردنە لەو شارەدا زۆر بەکار ئەهات ، به بێ ئەوەی هیچ کەسێ بە موو فەرقی کردبێ ..
پڕۆسەکەیان زۆر خێرا گەیاندە ئەنجام .. کچەکە خراپ نەبوو ، دوو نەشتەرگەریی جوانکاریی کردبوو ، بە چوارساڵ پەیمانگایەکی ناحوکومیی تەواو کردبوو .. ئەم هێشتا لێی نەپرسیبوو ئاخۆ بۆچی لەو شەوەدا ئەو نامە عاشقانەیەی بۆ ئەم نارد ..ڕاستتر نەیئەویست لەو خەیاڵە خۆشە دەربچێ ..تۆ بە ڕێدا بڕۆی ، پارچە ئاڵتونێ بدۆزیتەوە ، ئەگەر زۆر ووردی بکەیتەوە ، هیچ خۆشییەکی لێ نابینی ، تەنانەت کە خاوەنەکەیشی ئەدۆزیتەوە ، ڕەنگە پیاو خراپت بکا و بڵێ سێ پارچە بوو ، کوا دووانەکەی تر ؟
مانگی یەکەم ڕای ماڵە خەزوورانی بەم جۆرە بوو :
٭ کوڕێکی قۆز و چوارشانە ، بە ئەدەب و بەڕێز ، ئیشکەر و ئازا ..
مانگی دووەم داتاکان گۆڕانکاریی بەسەرهات :
٭ کوڕێکی زرتە بۆز‌ ، قسە لەڕوو ، ڕاشکاو ، ئیشکەری بێ ئیش .
مانگی سێیەم ، ووردەکارییەکانیان گۆڕی :
٭ کوڕێکی فیلە قوڕینە ، قسەزل ، زۆر بڵێ ، تەمەڵ ..
مانگی سێیەم ، ماڵە خەزوورانی لە بنی هەمانەکەیان دا و بەم جۆرە وەسپیان دا :
٭ شێتێکی زلە حۆتە ، بەکاری هیچ نەهاتوو قسە دەرپەڕێنەر و بێ متمانە ، وەک مانگا خۆی ئەلێسێتەوە ..

ئەمیش ، عەسرێکیان سێ بە سێ ژنەکەی تەڵاق دا ..ئەو بە گریانەوە ڕۆیشتەوە ماڵە باوانی و ئەمیش ڕۆی بۆ کەباب نادر ..
شەوێکی درەنگ نامەیەکی بۆ هات ، لە ماڵە خەزوورانیەوە بوو ، یەکپارچە جنێو بوو ..گەڕا ، زۆر بە ووردیی بە ناو جنێوەکانیانا گەڕا ، هیچ زانیارییەکی نەدۆزییەوە ، تەنها جنێو بوون ..
بڕیاری دا بوو بە دایک وباوکی نەڵێ ..ماڵەکەی هەڕاج کرد و .. داواکاریی ڤیزەی پێشکەش کرد .. لە ئوتێلێکی هەرزان بەهای قەراغ شاردا ، شەو و ڕۆژ خەوی ئەبینی ..یان ڕاستتر زۆربەی کاتەکانی بە خەو بەسەر ئەبرد ..وەک ئەوەی لەسەر پشتی کەشتییەک هەموو جیهان ئەگەڕێ و.. لە شەقامە پڕ درەختەکانی ووڵاتێکا کە نازانێ چییە ، بە لای درەختێکی سەوزدا تێدەپەڕێ ، کە نازانێ چی پێ دەڵێن ..کورسیەک کە نازانێ لە چ دارێ دروستکراوە ، داوەتی دانیشتنێکی دەکا و ..کیژۆڵەیەک لەو سەری شەقامەکەوە ، دێت ، ئەویش لە ووڵاتێکی وەک ئەمەی ئەم ڕایکردووە …
ئیتر بەو جۆرە ، هەر جارەی لە ووڵاتێک خۆی دەبینییەوە کە نەیدەزانی چی پێ دەڵێن و .. میوەیەکی دەخوارد بێ ئەوەی بزانێ ناوی چییە ..
پۆلیسەکان پێش ڤیزەکەی گەیشتن ..قۆڵبەستیان کرد و بردیان .. بە هۆی خۆ وونکردن لە دادگا ، دوو هەفتە کردیانە ژوورەوە ، ڕۆژی حەوتەم دایک و باوکی هاتن بۆ لای ..هیچیان پێ نەووت ، ئەمیش هیچی پێ نەووتن ..نیوسەعات لەگەڵیدا دانیشتن و هەستان ڕۆیشتن …
ئەم ناخۆشتر لە زیندان ، نەمانی خەونەکانی بوو .. ئیتر نەیدەتوانی سواری پشتی کەشتیەک بێ کە نەزانێ ناوی چییە و .. بە دەریایەکدا بڕوا ، نەزانێ چی پێ دەڵێن ..لە چێشتخانەیەکدا کە دیار نییە چەند ئەستێرەیە ، خۆر لەچیایەکەوە ئاوا بێ ، هێشتا نە چیای وای بینیبێ و ..نە بزانێ ناوی چییە ..
بەڕێوەبەری زیندانەکە ، بەسەر پۆلیسی ئێشکگردا نەڕاندی :
( چۆن نازانی ؟ ئەی تۆ ئێشکگری چیت ؟ )
پۆلیسەکە لە دۆخێکدا تەنگە نەفەس بوو بوو ، لێوی خوارەوەی ئەلەرزی ، ووتی : ( گەورەم ، من چوزانم ، وامزانی خەوتووە . . کەکاتی نانی بەیانی هات ، لاشەیەکی سارد و سڕ بوو .. ئێ خۆ هێشتا حوکم نەدراوە ، بە تەنیا ، لە ژوورێکدا بوو ..کێ ئەتوانێ بزانێ دۆخی تەندروستی تێکچووە ؟؟)
کاغەزێکی دەرهێنا :
( ئەمە لە ژێر سەرینەکەیدا بوو )
— هەرگیز من خەڵکی ئێره نەبووم .. لەم دۆرگە چۆڵەدا ، کە نازانم ناوی چییە . ، ڕۆژ نییە سەد جار ، بە بینینی حاڵی خۆم ، توشی لەرز و تا نەبووبم .. لەو کەناراوەدا، ساڵەهای ساڵ ، کەشتییەک نەهات هەڵمبگرێ .ڕزگارم کا لە خۆم .. حەزم ئەکرد ووڵاتێک تەڵاق دەم ، کەچی کچێکم تەڵاقدا ، کە سووکایەتی نەما پێمی نەکا … لەو هەموو شەو و ڕۆژە شێدارەدا ، چاوەڕوانی کلیلێ بووم ، ئەو هەموو تەم و دوکەڵەی ناخم بۆ بکاتەوە .. هەر هیچ نەبێ بزانم لە چ ساڵ و .. لە چ مانگ و.. لە چ ڕۆژێکدام ….ناوی هیچ شتێکم نەزانی .. لەگەڵ هیچیاندا نەمتوانی دوو هەنگاو بڕۆم …باشترین کاتەکانم ئەوانە بوون لە بێ ئاگاییدا بەسەرم بردن ..ئێستایش ، لەم تۆپەڵە خوێن و پیسایی و چەوری و گۆشتە ، چاوەڕێی چین لەکاتێکدا من خۆم چاوەڕێی هیچی لێ ناکەم ــــ

پزیشکی دادوەر ڕاپۆرتێکی نوسی لە چەند ووشەیەکی تێکەڵ و پێکەڵدا ، دەری دەخست ئەم کورە چوارشانەیە ، هەر لەمنداڵییەوە لە ناخدا مردووە ..هەر بۆیە خۆشترین کاتی ئەو کاتە بووە کە زیندانکراوە ..چونکە لەوێدا ئیتر توانیویەتی مردنە له مێژینەکەی خۆی ڕابگەیەنێ ..
لێرەدا پزیشکی دادوەریش ، لاشەیەکی سارد و سڕی حەوت زەمانمردوو بوو ..
بەڕێوەبەری تەندروستی بە پەلە پەیوەندیی بەوەزیری تەندروستیەوە کرد ، داوای لێکرد لەگەڵ بەڕێوەبەری پرۆگرامی تەندروستی جیهانییدا کوبێتەوە ، لەوە ئەچێ ڤایرۆسێکی تازە هاتبێتە شارەکەمان ..لەماوەی کەمتر لە دوانزە کاتژمێرا دوو قوربانی هەبووە ..یەکێکیان پزیشک بووە ..
بەڕێوەبەر قسەی تریشی زۆریکرد ، پێش ئەوەی توشی دڵەکوتە بێت و ..لەسەر مێزەکەی سارد بێتەوە …




ناوی كتێب: ناسنامه، تواناكانی بوونی مرۆڤ.. نووسینی عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

  • ناوی كتێب: ناسنامه ، تواناكانی بوونی مرۆڤ
  • نووسەر: عه بدولموته ڵیب عه بدوڵاڵ
  • تایپ: نووسه ر
  • هه ڵه بڕ: زه هرا مه ده نی
  • دیزاینی ناوه وه : ده زگای ڕۆسا
  • بەرگ: ده زگای ڕۆسا
  • چاپ: یەكەم 2

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




جێهێشتن.. پێشانگاى تایبەتى هونەرمەند (قەرەنى جەمیل)

رۆژى سێشەممە 6/6/2023 لە -گەلەرى میدیا- هەولێر

هونەرمەند (قەرەنى جەمیل) لەو پێشانگایەدا پێش ئەوەى جێمانبهێلێت جوانى و چێژى روانین بۆ هەمووان دەگوازێتەوە، هەر یەکە و شتێکى لەو پێشانگایەدا دەست دەکەوێت. بۆیە دەشێ (جێهێشتن) وەک (شێوازى هونەرى) دەلالەت لە بەجێهێشتنى شوێن بکات، نەک وەرگر و بینەرى پێشانگاکە، بەو مانایەش کارى هونەرى لاى هونەرمەند وێناکردنى بێشوێنییە، وێناکردنى کۆمەڵێ شتە لە دەرەوەى شوێنى ئاسایى خۆى و پەیوەندى ئاسایى خۆیدا. لە هونەرى هاوچەرخدا دیمەنى راستەقینە نییە! چێژ و جوانى روانین ئیشى بیرکردنەوەیە، نەک چاو… بۆیە لێرە لە کارە هونەرییەکانى (قەرەنى جەمیل)دا جوانى باکى بە چاو نییە؟!
(قەرەنى جەمیل) کارى هونەرى وەک شتەکانى دیکە ناگوازێتەوە، چونکە ئەگەرچى ناونیشانى پێشانگاکەى (جێهێشتن)ە، بەڵام ئەو لە کارە هونەرییەکانیدا بەردەوام دەمێنێتەوە، بەو ئامانجەى ئەو شتەمان بۆ بگەڕێنێتەوە، کە ئەوێ رۆژێ روویانداوە، ئەوەش دەنگدانەوەى هونەرە بەسەر نەوەکانى داهاتوودا! واتە وەرگر و بینەر لەو کارە هونەرییانەدا لە رێگاى بەدواداچوون و بیرکردنەوەوە، شیاوى بەشداریکردن و گۆڕین و گواستنەوە دەبێت.




(هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ)م خوێندەوە!.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کاتێک دەست دەکەین بە خوێندنەوەی کتێبی هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ لەنووسینی بیرمەند یوڤاڵ نوح هەراری(*) سەرەتا ڕووبەڕووی دیاردەیەکی سەیر دەبینەوە. ئەویش شێوازی نووسینی کتێبەکەیە. یوڤاڵ ئەم کتێبەی بە ستایڵێکی زۆر سادە نووسیوە. ئەویش لەلایەکەوە لەبەر ئەوەی خوێنەرە ئاست جیاجیاکانی کۆمەڵگە تێی بگەن و لەلایەکی تریشەوە هەڵبژاردنی ئەو شێوازی نووسینە ئەو نووسەر و بیرمەندەی خستۆتە بەر دڵان. ئەم سادەییە لە نووسین وا دەکات خوێنەر تووشی بێزاربوون نەبێت و بەدوای زنجیرەی بیرۆکەکان بڕوات بێ پچران و پسانەوە. کتێبەکە بە قەبارەی ٦٣٠ لاپەڕەی پر لە زانیارییە، کە بە ڕاستی خوێنەر سەرسام دەبێت لەو زەخیرە ڕۆشنبیری و مەعریفییەی ئەو بیرمەندە و ئەو نووسەرە ئیسرائیلییە کە هێشتا تەمەنی نەگەیشتۆتە پەنجا ساڵ لە تەمەن؛ چلۆن توانیویەتی ئەو هەموو سەرچاوانە و ئەو هەموو زانیارییانە و ئەو هەموو لاپەڕانەی مێژوو و زانست بخوێنێتەوە و ئەنجامگیریشی لێ بەدەست بهێنێت. لێرە با گومانەکانم بخەمە لاوە، ئەوەی بۆم مەبەستە ئامانجی کتێبەکەیە. ئەو ئامانجەی کە کتێبەکەی لەپێناودا نووسراوە. یوڤاڵ نوح هەراری بیرمەندێکی لیبڕاڵە و تێدەکۆشێت هەموو نووسینەکانی بکاتە خزمەت ئەو ئایدیا لیبراڵەوە کە بڕوای پێیەتی. لێرەشەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێت دژایەتی گەلێ بیر و بۆچوون بکات بۆ ئەوەی مەبەستەکەی بپێکێت. یەکێک لەو ئایدیانە بیروبۆچوونی مارکسیزم و کۆمۆنیزمە کە زیاد لە جارێک و زیاد لە جێگایەک دەچێتە سەریان و قسەیان لەبارەوە دەکات. ئەم بیرمەندە لێبڕالە لەبارەی چەمکی یەکسانییەوە دەڵێت ( بەگوێرەی زانستی بایۆلۆژی، خەڵکی دروست نەکراون بەڵکو پەرەیان گرتووە. بەدڵنیاییشەوە بەشێوەیەک پەرە ناگرن کە (یەکسان )ببن. هەموو کەسێک کۆدێکی جێنەتێکی جیاواز هەڵدەگرێت و لە ساتە وەختی لەدایکبوونەوە دەکەوێتە بەر کاریگەرییە ژێنگە جیاجیاکان. ئەمە سەردەکێشێت بۆ گەڵاڵەبوونی تایبەتمەندی جیاواز کە چانسی زیندوومانەوەی جیاواز لەگەڵ خۆیاندا دەهێنن. لێرەوە پێویستە (یەکسان دروستبوون) بۆ (پەرەگرتن بەشێوەی جیاواز) تەرجەمە بکرێت.)(١)لێرە باسکردن لەچەمکی یەکسانی بە موجەريددی و لەدەرەوەی کۆمەڵگە و ململانێێ چینەکان و قەتیسکردنەوەی تەنها لە جوغزی زانستدا ڕێک دژ بە لێکدانەوەی ماددییانەیە بۆ کۆمەڵگە. ئەمەش ڕێکهاتنەوەیە لەگەڵ خواست و لێکدانەوەکانی بۆرژوازی بۆ چەمکە کۆمەڵایەتییەکان و خاڵیکردنەوەیان لە ناوەڕۆکە شۆڕشگێرانە و ئینسانییەکەیان. چونکە هەم یوڤال و هەم تەواوی بیرمەندانی بۆرژوازی دەزانن کە (مێژووی هەرچی کۆمەڵی تا ئێستا بووە، بریتییە لە مێژووی کێشە چینایەتییەکان.(٢) بەڵام یۆڤاڵ ئاگایانە دەیەوێت ئەو ڕاستییە فەرامۆش بکات و ئینسان و کۆمەڵگە و ژیان بە ئەبستراکت وەربگرێت. یوڤاڵ دەڵێت ( ئازادیش شتێکە کە خەڵکی دایانهێناوە وتەنیا لە خەیاڵیاندا بوونی هەیە.)(٣)ئەم لێکدانەوە ئایدیالیستانەیە پێموانییە لە چوارچێوەی لاپەڕەی کتێبەکە زیاتر بڕ بکات، لەکاتێکدا مێژووی مرۆڤایەتی پرە لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو ئازادی و پچراندنی زنجیری کۆیلەتی و ژێردەستەیی کە ئەم بیرمەندە لەم کتێبەیدا هەر بەلایاندا نەچووە و ئاوڕی لێ نەداونەتەوە. بیرمەندەکەمان دەڵێت(چۆن وا لە خەڵکی دەکەیت بڕوا بە سیستەمێکی وێناکراوی وەکو مەسیحییەت، دیموکراسی یان سەرمایەداری بێنن؟)(٤) ئەم بیرمەندە سەرمایەداری بە سیستەمێکی وێناکراو و خەیاڵی دەبینێت کە دوور بێت لە واقیع. هەربۆیەش مادام سەرمایەداری واقیع نییە و لە دونیای واقیعدا بوونی نییە، بۆیە خەبات کردنیش دژ بەو سیستەمە بێمانا و بێبەها و کات بەفیڕیدان و خۆهەڵخەڵەتاندنە. تێڕوانینەکانی یوڤاڵ لەڕووی فەلسەفییەوە ئایدیالیستی و میتافیزیکن و لەڕووی سیاسیشەوە لێبراڵ و لەڕووی چینایەتییەوە بۆرژوازین. داخی یوڤاڵ لە کۆمۆنیزم و نیشاندانی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بە ئەلگۆ و مۆدێڵی بێگەردی کۆمۆنیزم تا لەبەرچاوی خوێنەرەکانی، کۆمۆنیزم ناشرین نیشان بدات و ئەو تێروانینە چینایەتییەی مارکس بە فاشیل لە قەڵەم بدات. یوڤاڵ کۆمۆنیستەکان بە سۆفی لە قەڵەم دەدات و دەڵێت ( سۆڤیەتییەکان هەستیان بە ئەرکێک کرد لەسەر شانیان بۆ زەمینەسازی ڕێکردنێکی مێژوویی نەپساوە لە کەپیتاڵیزمەوە بەرەو دیکتاتۆریەتی یۆتۆپیایی پرۆلیتاریا.)(٥) ئەم نووسەرە لێبراڵە بۆرژوازییە ئیشی لەسەر تێکدانی ناوەڕۆکی چەمکەکان و بەتاڵکردنەوەیان لە ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی و چینایەتییان بە ئەرکێکی گرنگی خۆی زانیوە و دەزانێت و لەم کتێبەیدا درێغی نەکردووە. یوڤاڵ چەمکەکانی ( بابەت، خود، زێدەبایی، خەبات، ئازادی و بیرکردنەوە و تەنانەت زانستیش بەر هەڵمەتی دەکەون و بە تەجریدکراوی باسیان لێوە دەکات. نەک هەر ئەمەش ئەم بیرمەندە لەهیچ جێگەیەک و لە هیچ لاپەڕەیەک یەک سەرچاوە باس ناکات و ئاماژەی زانستی بە هیچ سەرچاوەیەک ناکات. دیارە ئەمەش لەڕووی بابەتی و زانستییەوە نیشانەی پرسیارێکی گەورەیە لەسەر لێکدانەوە و توێژینەوە و تەنانەت ڕەخنەکانیشی دژ بە نەیارەکانی. یوڤاڵ لەبارەی شۆڕشەوە دەڵێت ( بەڵام بیرۆکەی ئەمەی کە تۆ دەتوانیت بونیادی ڕیشەیی سیستەمەکە بگۆڕیت، نامۆیە. خەڵکی خۆیان لەگەڵ دۆخی هەنووکەییدا ئاشت دەکەنەوە، ڕایدەگەێنن کە هەمیشە هەر بەو شێویە بووە و هەر بەو شێوەیەش دەبێ)(٦) دیسانەوە ڕەتکردنەوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی پرۆلیتاریا و نیشاندانی بێباکی خەڵک لەو ستەمەی لێیان دەکرێت و ئەو چەوسانەوەیەی دەرهەقیان ئەنجام دەدرێت جگە لە فێڵێک هیچی تر نییە و شۆڕش ناتوانێت هیچ بکات ئەگەر مرۆڤ کۆنتڕۆڵی کیمیای بایۆلۆژی خۆی نەکات. واتە گێرانەوەی تەواوی دەرد و نەگبەتییەکانی مرۆڤایەتی بۆ خودی پێکهاتەی کیمیای بایۆلۆژی مرۆڤ، نەک کۆمەڵگەی چینایەتی و ستەمی دەسەڵاتدارانی چەوسێنەر. یۆڤاڵ پێیوایە (مادام شۆڕشکردن ناتوانێت کیمیای بایۆلۆژی بگۆڕێت، ئیتر مرۆڤ بەختەوەر نابێت.)(٧) بە وشەیەکی تر یەکێک لە داهێنانەکانی یوڤاڵ ئەوەیە هاتووە کیمیای بایۆلۆژی لەجێی تێکۆشانی چینایەتی بەخوێنەری سەدەی بیست و یەک دەفرۆشێت.
بەکورتی کتێبی هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ کتێبێکی پڕ زانیاری و مەعریفەیە، خوێندنەوەی دەروازەی بیرکردنەوەت واڵاتر دەکات و گەشتی کونج و کەلەبەری ئەم جیهانە ئاڵۆزەت پێدەکات، بەڵام زیرەکانە و دڵسۆزانە و وەفادارانە بە کێشە چینایەتییەکەی وەک نووسەر و بیرمەندێکی لیبراڵی ئایدیالیستی تێڕوانینەکانی خۆی دەخاتە بەردەم خوێنەر و خوێنەریش گەر زۆر شارەزا و بە ئەزموون نەبێت، دەکەێتە نێو ئەو تەڵەیەی کە یوڤاڵ نوح هەراری بۆ خوێنەری داناوەتەوە.(٨)

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
٨ ی ئایاری ٢٠٢٣

—————————————

(*)دەربارەی بیرمەند و فەیلەسوف و مێژوونووس یوڤاڵ نوح هەراری : ئەم بیرمەندە بەڕەچەڵک ئیسڕائیلییە لە ٢٤ی شوباتی ساڵی ١٩٧٦ لە ئیسرائیل لەدایک بووە. مێژوونووسە و مامۆستای بەشی مێژووە لە لەزانکۆی عیبری لە ئۆرشەلیم. بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا لە ٢٠٠٢ وەرگرتووە. ئەم فەیلەسوفە ناو و ناوبانگێکی زۆری لەڕێگەی کتێبەکانییەوە بەدەست هێناوە. کتێبەکانی بۆ گەلێ لە زمانە زیندووەکانی جیهان(زیاتر لە ٣٠ زمان) وەرگێڕدراون و جێی ئاماژەشە بۆ سەر زمانی کوردیش تەرجەمە کراون.
پەراوێزەکان :
(١)هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ لەنووسینی بیرمەند یوڤاڵ نوح هەراری و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە کارزان کاوسێن. لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنمایە و چاپی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ لاپەڕە ١٧٤.
(٢)مانیفیستی حیزبی کۆمۆنیست کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس وەرگێرانی بۆ کوردی موسڵح شێخولئیسلامی(ڕێبوار) چاپی دووەم لاپەڕە ١٧.
(٣)هۆشمەندەکان؛ پوختەیەک لە مێژووی مرۆڤ لەنووسینی بیرمەند یوڤاڵ نوح هەراری و وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە کارزان کاوسێن. لە بڵاوکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنمایە و چاپی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ لاپەڕە ١٧٥.
(٤)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ١٨٠.
(٥)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕەکانی ٢٠١ و ٢٠٢.
(٦)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٥٤٩.
(٧)هەمان سەرچاوەی پێشوو لاپەڕە ٥٨٧.
(٨)لێرەدا نابێت ڕۆڵی وەرگێڕی کوردی لەبەرچاو نەگرم کە من خۆم نازانم کە ئایا وەرگێرانەکە لەزمانی ئینگلیزییەوە وەک هونەری وەرگێران بێ هەڵە و کەموکوڕییە یان نا، بەڵام هەست دەکەم لەڕووی زمانەوە وەرگێرانێکی بێ گرێ و گۆڵەی ئەنجامداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێرە و لەوێ هەڵەی ڕێنووست بەرچاو دەکەوێت.




دڵۆپێک لە دەریای وشە وێرانکراوەکانی زمانی کوردیی.. نووسینی: شێمحەمەد باڵەک

ئەگەر ئەنفالی گەرمیان و شنگال و قوشتەپە و چەند ناوچەیێکی تری کوردستان پەیوەندییان بە چەند هۆز و ناوچەیێکی دیاریکراوەوە هەیە ئەوا ئەنفالی زمانی کوردیی پەیوەندیی بە سەرتاسەری کوردستان ٦٠- ٧٠ ملیۆن کوردەوە هەیە لە کوردستان و جیهاندا. سووکایەتی کردن بە زمان سووکایەتی کردنە بە ئاوڕوو و کەڕامەتی سەرلەبەری نەتەوەیێک و نیشتیمانەکەی.
ئەی هاوار ئەنجومەنی نائاساییش، نەتەوە یەکنەگرتوەکان، یەک خۆرەکان، مرۆڤ خۆرەکان، لە هاوارمان وەرن لەدەست ئەو نەمەچاتر و شەیاتینانە ڕزگارمانکەن و خۆتان بمانخۆن.
شاعیری گەورەمان کاک عەبدوڵڵا پەشێو غەدری لە ماکەر کرد کە لە کۆڕێکی شێعر خوێندنەوەدا لە شاری هەولێر وشەی (ماکەرسیتی) بەکارهێنان بەرامبەر وشەی (سیتی)کە وێرانکەرانی زمانی کوردی بۆ نێوی شار و کۆمەڵگای نیشتەجێبوون و گەڕەکانی بەکاردێنن. ئەم وشەیە بۆ زمانە ئەسڵیەکەی خۆی وشەیێکی پیرۆزە و ناشێ بە سووکی نێوی بهێندرێ بەڵام لە نێو زمانی کوردیدا وشەیێکی گڵاو و سووک و چرووکە گوناحە خۆی و خاوەنە کوردەکانی وە ماکەر بچوێندرێن. ماکەر هیچ کارێکی نایاسایی و بێ شەرعی نەکردووە و نایکات. کە منداڵی کوردیش دەسدرێژی دەکەنە سەر نامووسی ئەو بەستەزمانە هیچ گوناحێکی نییە و منداڵەکان زیناکەرن. ئەوانەی تەختەنووسی سەر سەردەرەی دووکان و میوانخانە و نووسینگە و شەریکە و شوێنە جۆراوجۆرەکانی نێو بازاڕ و نێوی کاڵا و نرخیان بە زمانی بێگانان دەنووسن؛ دەبێ نووسین و خاوەنەکانیان وە ماری ژەهراوی و داعش و تیمساح و دوژمنانی ئازادی و سەربەخۆیی کورد بچوێندرێن. هەروەها ئەوانەش کە ئەو هەموو زەویە کشتوکاڵیانە و حەردی شارەوانیان داگیرکردن و کردنیان بە سیتی و (پڕۆژەی وەبەرهێنان؟) و نێوی بە زمانی بێگانانیان لەسەر نووسین و بە خەڵکیان فرۆشتنەوە؛ دەبێ ئەوانەش لە لیستی ماری ژەهراوی و داعش و تیمساح و دوژمنانی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دابندرێن.
ئەو زمانە بە خوێنی ئەو سەتان هەزار شەهید و قوربانیانە ئازادیی بەکارهێنان و خزمەتکردنی پێدراوە کە ئێوە ئێستا بازرگانی بەو خوێنەوە دەکەن. لەسەر هەموو شتێک چاوپۆشیتان لێبکرێ ناکرێ لەسەر تێکدانی زمانی کوردیی چاوپۆشیتان لێبکرێ. دەبێ ڕۆژگارێک بەرتووش (جیل)ێک پەیدابێ بێتە سەر گۆڕەکانتان و لەنێو گۆڕدا دادگاییتان بکا و نەحلەتی مێژوو لەسەر کێلەکانتان بنووسێ.
سەیری ئەو کۆمەڵگا هوشیار و ڕۆشنبیرەکە لەسەر ئاو و کارەبا و سووتەمەنی و مووچە و (دەرماڵە؟) و جاری وا هەیە خۆشی نازانێ لەسەرچی دێتە سەر شەقام و خۆپێشاندان دەکا. کە ئەم گیروگرفت و قەیرانانە کاتین و هەر کاتێک چارەسەرکران شوێنەوار و کاریگەرییان بۆ دواڕۆژ نامێنێ. بەڵام لەسەر وێرانکردنی ئەو زمانەی کە چاککردنەوەی زۆر ئەستەم دەبێ لە دواڕۆژدا و وەکو خۆی لێنایێتەوە و پتر لە سەت ساڵە خوێنی بۆ دەڕێژرێ و خوێنی لەسەر دەڕژێ، خۆی بێدەنگ کردووە و وەک بڵێی هیچ پەیوەندیێکی بەوەوە نییە.
ئەگەر ئێستا چارەسەرێک بۆ ئەو وێرانکردنەی زمانە نەدۆزرێتەوە دوایی خەڵک دەق بەو زمانە شێواوە وەدەگرن و پێی ڕادێن و بەدەرسیش زمانە ڕاستەکەیان پێبگوترێ هەرسی ناکەن و پێی ڕازی نابن و دەڵێن ئەمەی خۆمان زمانی (زانکۆ)یە و زانستی و پێشکەوتووە. دەربارەی وشەی زانکۆ مامۆستا تۆفیق وەهبی لە گفتوگۆیێکی دوور و بەردرێژیدا کە ئەمیری حەسەن پوور دەگەڵی کردووە و لەسەر دەنگ وەرگر تۆمارکراوە، (زانکۆ بە نێوێکی ڕاست نازانێ). دیارە زانکۆ وەرگێڕدراوی (جامعە)ی عەڕەبیە، عەڕەبی و کوردیی هەر یەکەو تایبەتمەندی خۆیان هەیە و قاڵبەکانیان بۆ یەکدی دەستنادەن. من پێموایە بۆ ئەو مەبەستە (زانستگا) لەبارترە.
منداڵێکم پۆلی سێ یان چواری سەرەتایی بوو، خەریکی دەورکردنەوەی دەرسی زمانی عەڕەبی بوو، دەستی لەسەر وێنەی گاجووتێکی بەڵەک دانا لەنێو پەرتووکەکەیدا کە لەژێری نووسرابوو ثور (گاجووت)، گوتی ئەوە چێڵە (مانگا). گوتم بابە ئەو چێڵ نییە و گاجووتە. گوتی نا چێڵە. چەند جارێک بۆم دووبارە کردەوە ئەو هەر لەسەر قسەی خۆی ڕۆیی. ئەنگوستی منداڵەکەم گرت و لەسەر گونی گاجووتەکەم دانا گوتم ئەوە نییە گونی پێوەیە؟ ئەمجارەیان بە تووڕەییەوە گوتی تۆ لە مامۆستا چاکتر دەزانی؟ قسان قسە لێپەیدا دەبن؛ سەعات هەشتی نوێژی شێوان پەیامنێرێکی ڕووداو لە وەڵاتێکی ئەمریکای باشوور لە ئاهەنگێک بەشداربوو خەڵکەکەی گشتیان گونی ئاژەڵانیان دەبرژاندن، پەیامنێر نێوی گونی ئەو ئاژەڵانەی هێنا کە گونیانن برژابوو لەوانەش گونی مانگا. کاک (من شاهۆ ئەمینم)-یش بۆی ڕاستنەکردەوە بڵێ مانگای هەورامان گونی نییە و گوانی هەیە.
ئێستا ئەو نووسەر و دەزگایانەی ڕاگەیاندن بوو ون بە مامۆستا و بەلای خوێندکار و گەنجانەوە کەس لەوان چاکتر نازانێ. ئیدی گۆران و پیرەمێرد و شێخ محەمەدی خاڵ و ئیبڕاهیم ئەحمەد و هەژار و هێمن و عەبدوڵڵای حەسەن زادە و تۆفیق وەهبی و مەسعوود محەمەد و – ڕەنگە بەلاتانەوە سەیر بێ ئەگەر نێوی حەسەن زیرەکیش لەڕیزی کوردیزانەکاندا بنووسم – دەیان کوردی زانی تریش کە بێگومانم نێوی زۆرانم وەبیر نییە و نێوی زۆرانم هەر نەشبیستووە، با هەر بدەن بە تەوقی سەری خۆیاندا؛ ئەوان (لە مامۆستا چاکتر نازانن).
ئەو کوردیزانانەی نێوم هێنان و نێوم نەهێنان لە خوێندنگایان فێرە کوردیی نەبوون بۆیێ کوردییەکەیان چاک بوو. وەک مامۆستا عەبدوڵڵای حەسەن زادە دەڵێ (لەپیرێژن و پیرەمێردی کورد فێرە کوردیی بووم). ئەوانی تریش هەر بەو جۆرە بوون. کوردیی خوێندنگا و زانستگایان لەژێر کارتێکردنی زمانی بێگاناندایە بەتایبەتی زمانی عەڕەبی. دەبێ نووسەرانی زمانی کوردیی خوێندوو خۆیان لەو شێوازە کوردییە ڕزگارکەن.
تۆ سەیری وشەگەلی ژیان کردن و بازاڕکردن و هاوردەکردن و هەناردەکردن و نازانم چی کردن بکە کە لە سەرەتاوە پێشکەوتن خوازەکانی دەزگاگەلی ڕاگەیاندن بەکاریان دەهێنان و ئێستا بوو ون بە مۆدە و خوێندکاران و نووسەران و مامۆستایانی زانکۆش بەکاریان دێنن. من کە تورکی نازانم زانیم ئەم بەکارهێنانە تورکییە و کوردیی نییە چونکە یەکەمجار لە ڕاگەیاندنی pkk وشەی ژیان کردنم بینی و بیستم دواتر لە برادەرەکەم میر ئال زیلانی وێکەتم کە کوردیزانێکی شارەزای زاراوەکانی باکووری کوردستان و زمانی تورکییە پرسیم ئەم جۆرە داڕشتنە تورکی نییە؟ گوتی با پشتڕاستی کردەوە کە ئەم داڕشتنە تورکییە و کوردیی نییە. ئێستا ئەگەر مامۆستا ئیبڕاهیم ئەحمەد زیندوو بێتەوە دێرە شێعری:
مەژی بۆ مردن بمرە بۆ ژیان
چۆن قازانج ئەکەی تا نەکەی زیان
دەبێ ئاوای لێبکا:
ژیان کردن مەکە بۆ مردن کردن مردن کردن بکە بۆ ژیان کردن
چۆن قازانج کردن ئەکەی تا نەکەی زیان کردن
دەبێ ڕیشی خۆشی وەکو زڕە فەیلەسووفان بەرداتەوە و هاوسەرەکەشی لێوەکانی بکا بە ئەنگوتکە هەویر.
لەم سەردەمەدا کە ڕۆژ نییە بەلای کەمی داهێنانێکی نوێ دانەهێنرێ کۆمەڵگاکەمان خەریکە دەبێ بە مەیموونێ چاوەشان هەر خەریکی لاسایی کردنەوە و چاو لێکەرییە و زەینی لەسەر هیچ شتێکی تر نییە.
ژنی سلێمانی ئەڵێ چووم بۆ بازاڕ گۆشت و گەڵا مێوم کڕی، ناڵێ چووم (بازاڕم کرد). کاورای گەرمیانی ئێژێ چووم بۆ بازیان برنجم هاورد ناڵێ (هاوردەم کرد). هاوردەکردن و هەناردەکردنیش هاوردن و هەناردن –ە. وێڕای ئەوەش (هێنان) و (ناردن)ی جاران چ خەوشێکیان هەبوو بۆ لاتان بردن؟.
با ئەوەش بڵێین کوردانی باکوور سەت ساڵە قسەکردنیشیان بە زمانی کوردی لێ قەدەغە کراوە ئەوان ناهەقیان نییە کەوا زوو بەزوو لەژێر کارتێکردنی زمانی تورکی نەیێنەدەر، بەڵام ئێمە بۆ؟ چ بیانوویێکمان بەدەستەوەیە بۆ لاسایی کردنەوەی زمانی بێگانان؟
ژەمی ڤاکسین: لە زمانی کوردیاد شتی وانییە. ژەم لێرەدا وەرگێڕانی وەجبە –ی عەڕەبییە. لە زمانی عەڕەبیدا وەجبە وشەیێکی گشتییە نێوی نەکیرە (نەناسراو)ە. بۆ هەموو شتێک دەبێ یەکێک لەو شتانە ژەم – ە بە نموونە: وەجبەی خواردن، وەجبەی پێشمەرگە، وەجبەی مریشکی پێگەییوو لە جووجەڵەخانەدا تاد… بەڵام لە زمانی کوردییدا ژەم تەنیا بۆ خواردنی سێ ژەمەیە لە ڕۆژدا. کە گوتت ژەمی ڤاکسین واتا یەکێک لە ژەمە خواردنەکانت نان و دەرزی دەستکوتانە. لەجیاتی ژەمی ڤاکسین دەکرێ بڵێین جاری دەسکوتان یان کەڕەتی دەستکوتان. کەڕەتی یەکەمی دەسکوتان. جاری دووەمی دەسکوتان. زمانی کوردی زمانێکی ڕستەییە – تاکو ئێستا – . تۆ بێی بۆ هەموو دەربڕینێک وەزارگراو (مصطلح)ێک بەکاربێنی دەبێ بۆ هەر شوێنێک بچی وەرگێڕێکت دەگەڵدابێ کوردیت بۆ بکاتەوە بە کوردیی. بڕوانە کە پەرتووکێکی ٣٠٠ لاپەڕەیی زمانی عەرەبی یان فارسی وەردەگێڕییە سەر زمانی کوردیی کوردیەکەی ٤٠٠ لاپەڕە یان پتر دەردەچێ. بەشێکی هی ئەوەیە کوردیی زمانێکی ڕستەییە، بەشەکەی تری دەگەڕێتەوە بۆ ڕێنووسی کوردی. ڕێنووسی کوردی ڕێنووسێکی پێشکەوتووە و تا ڕادەیێک بەشێوەیێکی زانستی داڕێژراوە و دەنگەکانی لێک جیاکراونەتەوە، ئیدی وێنەی وشان درێژ بووە. دکتۆرەکانمان ئەوەندە سەرقاڵن لێیان ناگیرێ کە کوردییان لەبیر چووبێتەوە. کارتی دکتۆرێکم لەلایە لێی نوسراوە: پزیشکی ددانی پسپۆڕ.
هەتایە: ئەم وشەیەش هەتا هەتایە – یە بە دووبارە کردنەوە نەبێ مانای نامێنێ. ئەم وشەیەشیان وێران کردووە.
پارچەکردن: ئەمەش پارچە پارچەکردن – ەو پارچە پارچەیان کردووە. دەست و قەڵەمیان وەکو ئەم وشەیەی لێبێ.
سەرم سوڕماوە ئەو نەخوێندەوارانە چ دوژمنایەتیێکیان دەگەڵ ئەم زمانە هەیە.
زاراوەگەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر ڕەوان و خۆشن بەتایبەتی زاراوەی موکریان بەڵام ئێستا گەنجانی ئەوێش لاسایی گەرمێنیان دەکەنەوە و (ماموەستایان چاکتر دەزانێ).
چەند نموونەیێکی دی لە وشە شێوێندراوەکان:
بەهەند وەرگرتن: کورد دەڵێ بەهەند یان بەهێند هەڵگرتن واتا بە قوڕسی هەڵگرتنی قسەی قسەکەری بەرامبەر یان بابەتێکی دیاری کراو و بایەخ پێدانی.
نۆژەن کردنەوە: کورد دەڵێ لە نۆژەن دەسپێکردنەوە نەک نۆژەنکردنەوە. بۆ نموونە: ١- خوێندکارێک لە قۆناغی دووەم وازی لە خوێندن هێناوە و دەچێ سەرلەنوێ لە قۆناغی یەکەم دەست بە خوێندن دەکاتەوە. ئەوە لە نۆژەن دەست بە خوێندن کردنەوەیە. سەرلەنوێ دەگوترێ و لە نۆژەنیش دەگوترێ ڕەنگە زۆر هاوتا وشەی تریشیان هەبن لە نێو زمانی کوردیدا. ٢- خانووی خەزووری بەرپرس – باوکی ژنی ئەم دواییەی – کەلاوەیە، بەرپرس دەچێ شۆفڵی لێدەدا و لە بناغەوە دەری دەهێنێ و شوێنەواری ناهێڵێ. لە نۆژەن خانوێکی خۆشی بۆ درووستدەکا و پاشماوەی خانووەکەش بە کەل و پەلەوە بە گەڵڵابان باردەکا و دەچێ لە شوێنێکی تەلان هەڵیاندەڕێژێ و بێژینگ و باگوردان (باگردێن) بەسەر ماڵە هەژاراندا تلۆر دەبنەوە. کەواتە نۆژەنکردنەوە نییە و (لەنۆژەن)ە. بۆ تەعمیرکردنەوەش بەکار نایێ وەکو نووسەران بەکاری دەهێنن بۆ سەرلەنوێ درووستکردنەوە بەکاردێ. تەعمیرکردن جودایە، خانووی نەخۆشخانەیێک کەموکورتی لێپەیدا دەبن خانووەکە هەر لە شوێنی خۆیەتی و بەپێوەیە، وەستا کەموکورتیەکان چاک دەکاتەوە ئەوە تەعمیرکردنە. نۆژەن وشەیێکی لێکدراوە نۆ (نوێ)، ژەن (زەن – لێدان) واتا لە نوێ لێدان. وشەیێکی کوردی و فارسی تێکەڵ و پێکەڵ کراوە و نۆژەنی لێدەرچووە. بەرامبەر وشەی تەعمیریش – تەعمیر بەمانا کوردییەکەی – من وشەیێکی گشتگیر پێنازانم کە گومانم نییە هەیە لە نێو زمانی کوردیدا و من پێی نازانم، بەڵام کۆمەڵە وشەیێک هەیە بەرامبەر وشەی تەعمیر بۆ شتی جیاجیا بەکاردێن بۆ هەندێک شت دەست پێداهێنان بۆ هەندێک شت پینەکردن بۆ هەندێک پینەوپەڕۆ بۆ پەرژین کەلێن گرتن بۆ کورتان هەڵاخنینەوە، تاد….
زریان: چەند جارێک باسی ئەم وشەیەم ڕوونکردۆتەوە و بڵاوکردۆتەوە هەستدەکەم بێتامم کردووە، بەڵام نالی فەرموودەنی (زۆرم گوت و کەس تێنەگەیی) زریان ئەو بایەیە کە لە سیبریاوە دێ لەو زنجیرە چیایەی دەدا کە لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوای ئەوڕووپا درێژبۆتەوە بە تەڕی دێ و بەشی زۆری بەفر و بارانەکەی لەو زنجیرەیە و دەوروبەرەکەی بەجێدێڵێ ئەو بەشەش لە بەفر و باران کە پێیەوە دەمێنێ لە زنجیرە چیای تۆڕۆسی دەدا و لەوێ دەبارێ تا دەگاتە کوردستان یاخود باشوری کوردستان وشک دەبێ و تەڕایەتی پێوەنامێنێ – بڕوانە پەرتووکی جوغرافیە العامە للقارات، چاپی زانستگای سەڵاحەدین – . لە پەرتووکەکەدا باسی نێوی زریان نەهاتووە بەڵام باسی چۆنایەتی بایەکەی تێدایە لەوەوە دەردەکەوێ کە باسی زریانی خۆمانە، ئەو بایە لە کوردستان لە هەر وەرزێکدابێ وشکە، وەکو بای پانکە وایە مرۆڤ تەمبەڵ و خەواڵۆ دەکا. هاوینان گەرمە و زستانان ساردێکی نائاساییە تەنانەت لە هێندێک دێدا کراوە بە کینایەت بۆ مرۆڤی ڕەزا قوڕس و خوێن تاڵ. کاتی هاتنی بایەکە ئاسمان هەوری پێوە نامێنێ و ساف و جوان دەبێ و بەشەو ئەستێرە دەجریوێنەوە، قەت هیچ جۆرە بارینێکی دەگەڵدا نییە نە بەفر و باران و نە خۆڵبارین. بەگوێرەی ناوچە نێوی دەگۆڕێ لە سلێمانی و هێندێک شوێنی دی پێیدەڵێن ڕەشەبا. لە دەوروبەری هەولێریش نێوی هوڕەبا هەیە وابزانم مەبەست لە زریانە. ئەو ڕوونکردنەوەیەم بۆیە کرد ئێستا ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان – کە من بڕوام بە وشەی باشوور نییە بۆ ئەم بەشەی کوردستان و بە ناوەندی کوردستانی دەزانم – ئەگەر لافاو لە ئەندەنووسیا هەڵبستێ نێوی زریانی لێدەنێن، کڕێوە لە ئەمریکا بێ پێی دەڵێن زریان. یەکەم زریان نێوێکی کوردستانییە و لە هەموو کوردستانیش بەکارنایێ و لە ناوچەیێکی سنوورداردا بەکاردێ و ناوچەییە، بۆیە نابێ ئەو نێوە بێجگە لەو بایە بۆ شتێکی تر بەکاربێنی. دووەم ئەو بایە یەکجار وشکە و چۆن کردتان بە لافاو و بەکڕێوە و شڵێوە؟ لێرەش نا لە ئەندەنووسیا و لە هیند و چین و لە ئەمریکا.
چیدی: ئێستا زۆر لە نووسەران بەتایبەتی لە سلێمانی لە جیاتی (ئیتر) چیدی بەکاردێنن (چیدی) لە هەموو شوێنێک بەرامبەر وشەی (ئیتر) ناوەستێ بۆ نموونە دەکرێ بڵێی: چیدی نایێم، چیدی ناڕۆم، چیدی ناخۆم، لێرەدا بەرامبەر ئیتر نایێم ئیتر ناڕۆم، ئیتر ناخۆم دەوەستێ. بەڵام ناکرێ بڵێی چیدی دێم، چیدی دەڕۆم، چیدی دەخۆم. لەکاتێکدا دەکرێ بڵێی: ئیتر دێم، ئیتر دەڕۆم، ئیتر دەخۆم. شەماڵ سائیب ناکرێ بڵێ: چەند جارم وت تۆم ناوێ، چیدی بەسیە و پێی ناوێ. ئەگەر وابڵێ گۆرانیەکەی بۆگەن دەبێ وەکوو نووسینی ئەو نووسەرانەی چیدی لەجیاتی ئیتر بەکاردێنن. وشەی (ئیتر) هیچ کەموکورتیێکی نییە بۆ لەناوی دەبەن؟ زاراوەی سلێمانی بۆتە بناغەی زمانی ڕەسمی کوردیی بناغەیێکی بە پتەویی داڕێژراوە و کەس ناتوانێ تێکیبدا. نووسەرانی (چیدی)یش لەجیاتی (ئیتر)؛ ئەگەر دەیانەوێ خۆیان بەوە هەڵبکێشن کە شارەزای زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردین با لە بەرامبەر وشەی (ئیتر) وشەی (ئیدی) بەکاربێنن. ئیتر و ئیدی لە هەموو شوێنێک یەک مانایان هەیە و هاوتا وشە(مرادف)ی یەکن.
کۆڕەک: چیای کوڕەکی بێ ٧ی ڕۆژئاوای ڕواندز هەیە کە بەهۆی جەنگە دژوارەکانی بزووتنەوەی ئەیلوولەوە ناوبانگی دەرکرد. نەمبیستووە شوێنێک لە کوردستان هەبێ بە نێوی کۆڕەک بە (ۆ)ی سەر بە حەوتەوە (٧). شەریکەی کۆڕەک شاخیش دەدزێ.
دا: ئێستا نووسەران فێربوو ون ئەو وشانەی دا –یان بەدواوەیە دایەکەی لێ دەقرتێنن وەک: بەدواداچوون دەکەن بە بەدواچوون، بەبێ هیچ پاساوێک وشەکە سەقەت دەکەن. ئەمە کوردیی تورکمانییە. لەجیاتی ئەوە هەستاون زڕە وشەی لە ئێستادایان داهێناوە کە من لە هیچ زاراوەیێکم نەبیستووە بڵێن لە ئێستادا، دەڵێن ئێستا. من نەمبیستووە جا ئەگەر لە ناوچەیێک وا بڵێن پێم خۆشە منیش بیزانم؟
بزنی نێر، مەڕی نێر، ئەسپی مێ: چەندان جار ئەم وشانەم خوێندوونەتەوە، جاری یەکەم بزنی نێرم لە حەفتە نامەی ڕووداودا خوێندەوە زۆر پێی قەڵس بووم و تەلەفۆنم بۆ بەڕێوەبەری دەزگای ڕووداو کرد، بەڵام دوای ئەوە بوو بە باو و لە شوێنگەلی تریش بینیم و دەگەڵی ڕاهاتم، قەزاو قەدەری خوایە و زۆر شوکر. هەر لەو نووسینەی بزنی نێرم تێدا دی (سێکسی زیندوو)شی تێدا نووسرابوو، دیارە سێکسی مردوو هی خەڵکی گۆڕستانە کە شەو داهات لەنێو گۆڕان دێنە دەر و لێک بڵند دەبن.
ئەو سێ ئاژەڵەی لە پێشەوە نێویان هات ئەگە بە کردەوەی پزیشکیش ڕەگەز یان بگۆڕدرێ نێوی پێشوویان پێوە نامێنێ. بزنی نێر دەبێ بە سابرێن، نێری، تەگە. مەڕی نێر دەبێ بە بەران، قۆچ(قۆچی قوربانم وەرە). ئەسپی مێ دەبێ بە مایین. بێگومانم نێوی دیشیان لەنێو زمانی کوردیدا هەن و من نایانزانم. جا ماوەتەوە سەر ئەوەی شوانی مێ و بێری نێریشیان بۆ درووستکەین. ئێستا کە ئەم نووسینە دەنووسم ٥/٤ی ساڵی ٢٠٢٣ی عیساییە، لەبەر سەرمای ناوەخت ساڵ وەپاشکەوت دەنا دەبوو شوان و بێری ڕەگەز گۆڕاو ئاژەڵە ڕەگەز گۆڕاوەکانیان بۆ بانەمەڕ دەرکردبان و قۆناغ بە قۆناغ بەرەو هاوینە هەواری کوێستانێ بزووتبان.
بوونی نییە: ئەم زڕە وشەیە لە (وجوود نەدارەد)ی فارسییەوە وەرگیراوە وەڵڵاهی لەنێو زمانی کوردیدا دەعبای وا وجود نەدارەد.
کاژێر: بەوخوایە کە گوێم لەو وشەیە دەبێ یان دەیخوێنمەوە دەڵێی گوللەم بە کاژێری سەریەوە دەنێن. بێویژدانیش بەو ئەندازەیە؟
گا، گاڕەش، ڕەشەوەڵاخ: لە هەندێک ناوچە بۆ نێر و مێ ڕەشەوەڵاخ گا یان گاڕەش بەکاردێنن بەڵام هەردوو نێوەکە کەموکورتیان تێدایە چونکە نێوی تایبەتی نێرینەن و ژن بەنێوی مێردییەوە تۆمارکراوە وەکو خانمی ئەندێرا گاندی – کە بۆمبای دەناردن بە کوردانیان دادەن –. ڕەشەوەڵاخ نێوێکی گشت گیرە بۆ نێرومێ و گەورە و بچووکی ئاژەڵی نێو هاتوو دەبێ.
کێڵگەی نەوت: کاکە بۆ نانووسی چاڵە نەوت، چاڵە نەوتەکان، چاڵگەلی نەوت، چاڵێن نەفتێ، زۆر وشەی تریش. جووتیاری بەستەزمان لەنێو ئەو ئاگر و دووکەڵ و مەنجەنیقەدا جووتی دابەستن چما بە تەرەکتۆر و گاجووتەکانیانەوە نابرژێن و نابن بە کەباب.
کێڵگەی ماسی: ئاو چۆن بکێڵدرێ؟ بێنە پێش چاوی خۆت جووتیاری قوڕوەسەر دەناو گۆمی ماسیان – دا جووتی دابەستێ چ فیلمێک درووستدەبێ!
کێڵگەی پەلەوەر: بۆ (جووجەڵەخانە)نەبی؟ یان جوچکەخانە؟ مریشک حەرد ناکێڵێ پێکنە دەکا.
نەخۆشخانەی هەولێری کۆماری، نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاریی، نەخۆشخانەی ڕەسوڵی تایبەت، خوێندنگای (نازانم کوێی) دوا ناوەندیی: بەگوێرەی ئەوە دەبێ هەولێری مەلەکی و هەولێری فیدڕاڵی و کاڕەسوی گشتیش هەبن. کە نێوت لە نەخۆشخانەکە ناوە کۆماریی پێویست ناکا هەولێر بنووسی نەخۆش دەزانن کە ئەم شوێنە لە هەولێرە. بنووسە (نەخۆشخانەی کۆماریی) و تەواو. ئەگەر هەولێرەکەش هەر دەنووسی ئاوای بنووسە:
نەخۆشخانەی کۆماریی – هەولێر، نەخۆشخانەی ڕەسول – تایبەتی، خوێندنگای دوا ناوەندیی حەفرین. نەک حەفرینی دوا ناوەندیی. بۆ بەراواژوویان دەکەیەوە! خۆتۆ دەرسی زمانی عەرەبیمان پێناڵێی.
بەروبووم. ڕاستەکەی بەروبوو – وە، (م) ی پێوە نییە.
گێرمە و کێشمە: ڕاستەکەی گێرە و کێشە – یە کە ناخۆشترین کاری وەرزێرین. کاتی خۆی ڕەحمەتی محەمەدی مەلا کەریم ئەم دوو وشەی سەرەوەی ڕاستکردبوونەوە لە (جملە)ی زۆر وشەی شێوێندراوی تردا. بەڕاستی کارامەبوو لەو بوارەدا.
چرکاندن: ئێستا بۆتە باو بۆ وێنە گرتنی بەکاردێنن. مرۆڤی خوێندەوار ئەم جۆرە وشە بازاڕی و گەلایی (شەعبی)یانە بەکار ناهێنێ. لەم وڵاتەی خۆماندا مەرج نییە ئەوەی بڕوا نامەی هەبێ خوێندەواربێ. دکتۆر عەزیز گەردی یادی بەخێر پیاوێکی زۆر خوێندەوار بوو کوردیێکی باشیشی دەنووسی، گوتی چووم بۆ پێ پیرۆزانەی مامۆستایێکی زانستگا بەبۆنەی وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرای، چاوم گێڕان پەرتووکێکم لە مالەکەیدا نەدی، لێمپرسی پەرتووک خانەکەت لەکوێیە؟ گوتی وەڵامی دایەوە: تازە من بڕوانامەی خۆم وەرگرت کارم بە پەرتووکان نەما.
کۆچبەر: من نازانم ئەم وشەیە بەم شێوەیە لە زمانی کوردیدا هەیە یان نا و ڕەتی ناکەمەوە بەڵام دەزانم کە کۆچکردن هەیە و کۆچ بردن نییە، کۆچەریش نێوە بۆ پیشەی ڕەوەندایەتی. کۆچەر بە یەکجاری کۆچ ناکا، زستان و هاوینان دەچێتەوە هەواری ساڵانی پێشووی. بکەری وشەی کۆچکردن –یش دەبێتە کۆچکەر.
زەمەن: وشەی زەمان بە تێپەڕینی زەمان و لە ماوەی سەتان ساڵدا دەتوانین بڵێین بۆتە کوردی، ڕەنگە بەهۆی وشەی زەمانیشەوە زۆر وشەی هاومانای خۆی لە زمانی کوردیدا لەبیر چووبنەوە و لەناوچووبن، لەبەر بەکارنەهێنانیان. ئیدیی لەبەرچی وشەی زەمەن –یش بە تۆبزی و بەشەق بێنین بە زمانی کوردییەوە بلکێنین جێگە بە وشەیێکی تری ڕەسەنی زمانی کوردی چۆڵکا و خۆی جێگەی بگرێتەوە، مادام هیچ جیاوازیێکیشی لەگەڵ زەماندا نەبێ لەڕووی ماناوە؟ هەر بۆ ئەوەی بڵێین عەڕەبی دەزانین؟
کۆچی قوربانی: ئەو نووسەرانەی وای دەنووسن خۆشیان دە مانای قسەی خۆیان ناگەن. کۆچ نییە و قۆچ – ە، قۆچ لێرەدا بە مانای بەران دێ. بەرانی قوربانی. لە (کبش الفدا)ی چییرۆکی حەزرەتی ئیبڕاهیمەوە وەرگیراوە. دەنگە خۆشەکەی سەید عەلی ئەسغەڕی کوردستانی زیاتر ئەم دەستەواژەیەی بەنێو زمانی کوردیدا بڵاوکردەوە کە شێعرە ناسکەکەی تاهیر بەگی جافی کردووە بە گۆرانی:
(ڕۆژی جەژنە چاوەکەم موسیمی ئازادییە
بۆ بەڵا گەردانی باڵات قۆچی قوربانم وەرە).
کۆچاندن: لە گۆڤارێکدا ئەم وشەیان لەنێو نووسینێکی مندا دانابوو و لەسەر من حیساب بوو. زۆرم پێناخۆشبوو. چوارچێوەی قەواعیدی عەڕەبی بۆ ڕێزمانی کوردی دەستنادا و داناندرێ. شکاندن و شێواندن و پساندن و ڕەڤاندن و سووتاندن و چەماندن و ڕەتاندن و قەوماندن و تاد… لەوانەیە بەسەتان وشەی تر هەبن دەچنە نێو ئەم قاڵبەوە و هیچ گرفتێکیان نییە. بەڵام کۆچاندن لە نێو زمانی کوردیدا نییە و ناچێتە نێو ئەم قاڵبەوە. بۆ ئەو مەبەستە ڕاگواستن و دەرکردن هەیە کۆچ پێکردنیش بۆ ئەو مەبەستە دەستدەدا. ڕەنگە وشەی تریش هەبن. ناکرێ بەسەفەر پێکردن بڵێی سەفەراندن و بە بووک گواستنەوە بڵێی بووکاندن و بە نانکردن بڵێی ناناندن و بە شتن بڵێی ششتاندن و تاد…
سەردانی کردن: ئەم وشەیەش بەو جۆرە نییە کە حیزبگەل بەکاریدێنن. سەردان کردنە و (ی)یەکەی پێوە نییە و بە چەقبەستووییش نامێنێتەوە و لە هەر جێیەی بەجۆرێک بەکاردێ. ئەو قاڵبەی بۆی داندراوە بەرتەسکە و ناچێتە نێو قاڵبەکەوە کە قاڵبی (کردن)ە.
کورد دەڵێ: چووم بۆ سەردانی خزمان. چووم سەرم لە کارگەی ئاوە تەماتەدا. چووم بۆلای شوان کارەکەم مێگەلەکەممم بەسەرکردەوە. ئەرێ بۆ سەرێکمان لێنادەی؟ دە سەردانێکمان بکە.
لای چەپ و لای ڕاست: کە لەجیاتی باکوور و باشووریان بەکاردێنن ئەمە هیچ پەیوەندیێکیان بە زمانی کوردی و جوگڕافیای کوردستان و خەڵکی کوردەوە نییە و کورد لە مەبەستەکەیان تێناگا. لە زمانی کوردیدا کوێ کەوتە لای دەستە ڕاستت ئەوێ لای ڕاستە و کوێ کەوتە لای دەستی چەپت ئەوێ لای چەپە. ئەم تێکەڵوپێکەڵیە لە زمانی عەڕەبیەوە هاتۆتە نێو زمانی کوردیی. لە زمانی عەڕەبیدا وشەی شیمال مانای لای چەپیش دەگەیێنێ و مانای باکووریش دەگەیێنێ. ئیدی عەڕەب بۆ هەردوو مەبەستەکەی بەکاردێنێ. ئەو کاتەی کە بۆ مەبەستی باکووری بەکاردێنێ پێچەوانەکەی دەبێتە یەمین (لای ڕاست) واتا باشوور.
ساواک: ڕاستەکەی ساڤاک – ە. فارسەکانی ئێران (و) بە (ڤ) دەخوێننەوە. ئەم ئایەتەی قورئانی پیرۆز ئاوا دەخوێننەوە (لەم یەلید ڤەلەم یولەد ڤەلەمیەکون لەهو کوفو ڤەن ئەهەد). جا ئێستا زۆر لە خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زمانیان لێڕاهاتووە لە قسەکردندا (و) کوردییەکە دەکەن بە (ڤ)ی فارسی. زۆر لە نووسەرانیشیان (ڤ)ی فارسی بە (و)ی کوردی دەنووسن. کورد گوتەنی خمیان لێشێواوە. (لەو بوارەدا).
سۆپەر مارکێت: باشە بۆ فرۆشگا نەبێ؟ دوکانداری کورتاندار؟ تا پێت بڵێن ئینگلیسی دەزانی؛ چڵکن؟
کێشمەکێش: ڕاستیەکەی کێشەکێش – ە.
فرۆش: فرۆش کوردیی نییە و فرۆشتن کوردییە. لە زمانی کوردیدا دەبێ فرۆش تەواوکەرێکی دەگەڵدابێ وەک: گوڵفرۆش، فرۆشگا، فرۆشراو، تاد… ئەم فرۆش –ەش داهێنانی کوڕە لیو سوور و کچە لێو ئەستوورەکانی نێو تەلەفزیۆنانە.
بووڵتەنی هەواڵەکان: توخوا ئەوە ویژدانە وشەی وا ئێسک گران دێننە نێو زمانی کوردییەوە، دەڵێی دێوی نێو هەقایێتانە. بەکارهێنەر خۆشی نازانێ بووڵتەن چ جانەوەرێکە.
دەسبەسەر… : دەسبەسەرکردن خستنە نێو گرتووخانە نییە. سنووردارکردنی جوڵانەوەیە لەژێر چاودێریدا. بۆ نموونە یەکێک دەگرن و بۆ ماوەیێکی کاتی لەنێو بنکەی پۆلیسانی دادەنێن دەگەڵ ئەوان نان و چا دەخوا و دەخەوێ بەڵام بۆی نییە بەبێ پرسی ئەوان بۆ هیچ لایێک بڕوا. ئەمە دانیشتنی بەتۆبزیش دەگرێتەوە لە ماڵی خۆی یان لە شوێنێکی تر.
زیندان: لە زمانی فارسیدا زیندان گرتووخانەی ئاساییە بەڵام لە زمانی کوردیدا – لە هەقایێتاندا هاتووە باوەڕەکەش بە نێو مێشکی کورددا چەسپیوە – جۆرە گرتووخانەیێک بووە پاشا یان دێو لە ژێر زەویندا درووستی کردووە. بە پێ پلەکاناندا بۆی چوونەتە خوارەوە و ڕۆناکایی نەداوە. بەڵام لە ڕاستیشدا ئەم جۆرە زیندانانەی ژێر زەوین هەبوو ون لە ڕۆژگاری کۆندا. من خۆم یەکێکیانم دیوە لە شاری شوێنەواریی جەڕش لە ئەردەن شارەکە ڕۆمانییە و حەوتسەت ساڵی پێش لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا بە بوومەلەرزە وێران بووە. وەک لە تەختە نووسیی مێژووی شارەکەدا نووسراوە. شوێنەوارە سەرنج ڕاکێش و پەڕجوو ئاساییەکانی بابەتی ئەم نووسینە نین و لێرەدا جێیان نابێتەوە. زیندانەکە بەپێ پلەکاندا پێیدا دەچیە خوارەوە چەند پێ پلەکانەیێک بۆ خوارەوە دەرگایێکیان وێ خستووە، بەرینایی دەرگاکە نیو میتر یان تۆزێک زیاتر دەبێ و درێژاییش نزیکەی میترێک دەبێ و گاڵەدراوە.
بەدەر لە …: ئەم وشەیەش بەراوپشت کراوە و کورد دەڵێ لە …. بەدەر، (لەو دوو کەسە بەدەر کەسی تریان نەهات).
سەرچاوە دەگرێ: ئەمەش سەرچەشمە میگیرەد –ی فارسیە و لە زمانی کوردیدا شتی وانییە. کورد دەڵێ: بناوانی دەچێتەوە سەر… سەرچاوەی دەچێتەوە سەر….
زێ: ئەم وشەیە وەکو نێوێکی پەردەپۆش کورد بۆ ئەندامی زاوزێی ئاژەڵی مێیینەی دۆدەری بەکاردێنێ(مانگا و گامێش و بزن و مەڕ). بۆ هی مرۆڤ بەکار نایێ وەکو ئێستا بۆتە باو و ڕاگەیاندنی حیزبان و نووسەران و دکتۆران بەکاری دێنن. تەنانەت بێجگە لە ئاژەڵی دۆدەر بۆ ئاژەڵی نا دۆدەریش بەکارنایێ وەکو ئێک سم و سەگ و پشیلە و گورگ و ورچ و تاد… مرۆڤ و ئاژەڵانی نادۆدەر هەر یەکە و نێوی پەردەپۆشی تایبەتی بەخۆیان هەیە بۆ نێوی پەردەپۆشی ئەندامی زاوزێی نێرو مێی مرۆڤ شەرمگا و ئالەت و ناوگەڵ و تاد… بەکاردێنن یان بەکارهێنانی ئەندامی زاوزێ –ێش هەر لەجێی خۆیدایەو ڕاستە. بۆ هی نێرینەی مرۆڤ لەش و سیڕەت –یش بەکاردێ. بۆ ئەندامی زاوزێی مێینەی ئاژەڵانی دۆدەر زێ بەکاردێ. بۆ ئەندامی زاوزێی مێینەی وەڵاخی ئێکسم (بەرزە وەڵاخ و ئێستر و کەر) (ماڵ) بەکاردێ بۆ ئەندامی نێرینەی وەڵاخی ئێکسم نێوە ڕاستەقینەکەی دەگوترێ بەبێ پەردە. ئاژەڵە گۆشت خۆرەکان چ ماڵی بن چ کێوی بۆ ئەندامی زاوزێی نێر و مێیان نێوی ڕاستەقینەی ئەندامەکەیان دەگوترێ. جا ئەوە بڕیاری کۆتاییم نییە بۆ نێوەکان چونکە لەناوچەیێکەوە بۆ ناوچەیێکی تر و لە مەڵبەندێکەوە بۆ مەڵبەندێکی تر نێوەکان دەگۆڕێن و لەوانەیە ئەو نێوانەی من نووسینم چەندان هاوتا وشە (مڕادف)ی تریان هەبن. من ئەمانەم بیستوون کە نووسینم. بە کورتی زێ بۆ مرۆڤ بەکار نایێ و یەکێکە لە سەتان وشەی وێرانکراو و هەتککراو.
بانگهێشت: ڕاستەکەی بانگهێشتن –ە و تەنیا بۆ بانگکردن (دەعوەت)ی نان خواردن دەگوترێ. نەک وەکو ئێستا کە بۆ بانگکردن بۆ کۆبوونەوەی سیاسی و دیپلۆماسی و کاروباری نێودەوڵەتی و نێو حیزبی و کۆمەڵایەتی و تاد…. بەکاریدینن. بۆ ئەو مەبەستانەی لە پێشەوە نێویان هات وشەی (لێگێڕانەوە) هەیە، وەک: بۆ بووکێیان لێگێڕامەوە، بۆ مەولوودێیان لێگێرامەوە، بۆ مەسڵەت (پێکهێنانەوە)یان لێگێڕامەوە، بۆ خێر و شەڕ و تاد…
چەند حەوتوویێک بەر لە نووسینی ئەم دێرانەم گوێم لە گفتوگۆیێکی تەلەفزیۆنیی بەڕێز عەبدوڵڵای موهتەدی بوو بۆ ئەو مەبەستەی سەرەوە ئەویش وشەی لێگێڕانەوەی بەکارهێنا، کە گوێم لەم وشەیە بوو پتر زەینم خستە سەر قسەکانی پیاوێکی زۆر خوێندەوار و ڕۆشنبیر و کوردیزان و قسەڕەوان دیاربوو. بۆکان و دەوروبەرەکەشی بەناوبانگن لە زمان ڕەوانی و کوردییە خۆشەکەیان.
خاڵ، خاڵۆ: ئەم وشەیە جاران بۆ ئەوپەڕی ڕێزگرتن و خۆشەویستیی دەربڕین بەکاردەهات بەرامبەر یەکێکی لەخۆت بە تەمەنتر. بەڵام ئێستا بۆتە وشەی بەچاوی سووک تەماشاکردنی بەرامبەرەکەت. پیرەمێردێک کە ئەستۆبێنەی لە مل بەستووە و چاکەت و پانتۆڵی ئەوڕووپی ئوتووکراوی قەدنەشکاوی دەبەردان و قۆندرەی بریقەداری دەپێدایە، کە گەنجێکی شاڵوار لەپێی زەحمەتکێش دەدوێنێ بە خاڵە یان خاڵۆ نێوی دێنێ. لەوانەیە گەنجە دەمووچاو بەتۆزەکەش دە ئەوەندەی ئەفەندی دێمەکاریی ڕێشمە لەمل خوێندەوار و ژیر و ڕۆناکبیربێ و خاوەن کەسایەتی بەڕێز و گران و سەنگین بێ. هەر ئەم خۆ هەڵکێشانەی ئەفەندیی کارتۆنی نیشانەیە بۆ نەزانی و سووکی و ناکەس بەچەیی و هەتیو چەییەکەی. قۆناغی بۆرجوازیەتی وەڵاتان شۆڕشی ڕزگاریی نەتەوەیی و نیشتیمانی لێوەپاشکەوت، بەڵام قۆناغی بۆرجوازیەتی لای خۆمان بەرهەمەکەی شۆڕشی کەرانە.
سوپاس، شوکر، تەشەکور: ئەم سێ وشەیە هەرسێکیان هی زمانی بێگانانن هاتوونەتە نێو زمانی کوردییەوە. لە سەردەمی بزووتنەوەی ئەیلوولدا شەوێکیان گوێمان لە ڕادیۆی ئیزگەی دەنگی کوردستان ڕاگرتبوو، بێژەری نێو ڕادیۆیەکە لە نێو قسەکانیدا گوتی (سوپاس بۆ خوا) پیرەمێردێکی زمان شڕ بە کابرای نێو ڕادیۆکەی گوت دایکت (والێبکەم) خوا سوپاسی بۆچییە؟ ژوورەکە دیواخان بوو و مەجلیسێکی قەڵەباڵغ بوو. هێندێک پشتگیری قسەی پیرەمێردی زمان شڕیان کرد و هێندێکیش پێی پێکەنین و گاڵتەیان بە جنێوەکەی کرد. منیش یەکێک بووم لەوانەی پێی پێکەنیم و دە دڵی خۆمدا پیرەمێردم بە نەزان و دواکەوتوو دایە قەڵەم. بەڵام دوای ساڵەهای ساڵ بۆم دەرکەوت کە تێبینی پیرەمێردەکە لەجێی خۆیدا بوو و من تێینەگەییشتبووم. وشە هەیە تەنیا دنیاییە، وشە هەیە تەنیا دینییە، وشە هەیە دینی و دنیاییە. ئەوە لەنێو زمانی کوردیدا وایە نازانم لە نێو زمانەکانی دیدا چۆنە. سوپاس وشەیێکی دنیاییە بەرامبەر مرۆڤان بەکاردێ کە بۆ خوا –شی بەکاربێنی وەکو ئەوە وایە خوا بێنیە ئاستی مرۆڤان. کورد وشەی شوکر تەنیا بۆ خوا بەکار دێنن و لەنێو زمانی کوردیدا بووە بە وشەیێکی دینی. تەشەکور بەرامبەر سوپاس دەوەستێ بەڵام بۆ لایەنی دینیش دەستدەدا.
پشکی شێر: ئەم وشە لێکدراوە تەنیا بۆ مەبەستی ئیجابی بەکاردێ و بۆ مەبەستی سەلبی بەکار نایێ، ناگوترێ لە زیان و ماڵوێرانی پشکی شێری بەرکەوتووە. دەگوترێ لە قازانج پشکی شیری بەرکەوتووە. چەندان جار دیومە و بیستوومە پەیامنێری تەلەفزیۆنان و بێژەران بۆ زیان دەڵێن پشکی شێری بەرکەوتووە. ئەوەی جێگەی سەرنجە هێندێک لە خاوەن دکتۆرایان و مامۆستایانی زانستگاش لاسایی پەیامنێر و ڕۆژنامەنووسان دەکەنەوە لە بەهەڵە بەکارهێنانی ئەم جۆرە وشانە. ئەم لاقەدی (کینایەت)ە لەسەرە دوولکەیێک وەرگیراوە – ئەگەر بەهەڵە نەچووبم وابزانم ئەسڵەکەی فارسییە – : شێر و گورگ و ڕێوی نێچیرێک ڕاودەکەن. شێر بە گورگ دەڵێ دابەشی بکە. گورگ بەشی هەرە زۆری بۆ شێر دیاری دەکا و بەشی ناوەندیی بۆخۆی و بەشی هەرەکەمی بۆ ڕێوی. شێر چەپەڵۆکێک لە گورگ دەدا و تێکی دەشکێنێ و دەیکوژێ. ئەم جار بە ڕێوی دەڵێ تۆ دابەشی کە، مام ڕێوی دەڵێ: لای پێشەوە بۆ ژەمی چێشتت (نانی بەیانی)، ناوەڕاستەکەی بۆ فراوین (ژەمی نیوەڕۆ)، ڕانەکانی بۆ ژەمی شێوانت. شێر ئافەرینی لێدەکا و پێی دەڵێ ئەم دادگەرییە لەکێ فێربووی مام ڕێوی؟ مام ڕێوی دەڵێ: لە گورگ فێربووم. تێبینی: یەکەم جار ئەم سەرە دوولکەیەم لە عەونی یوسف گوێ لێبوو خوا لێی خۆشبێ. ساڵی ١٩٦٦ هاتبوو بۆ سەردانی بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی (هەمەدانیەکان) کە لەو دێیەی ئێمە دەسبەسەر کرابوون، شەو بوو بە میوانی ئێمە، جار جارەش لە قسەکردن زمانی دەگیرا، ڕێک ئەو ڕۆژەبوو کە عەبدوسەلام عارف لە فڕۆکەدا سووتا. جا نازانم ئێستا سەرە دوولکەکەی عەونی یوسف کۆن بووە یان هەر بە نوێیی ماوەتەوە و تا چ ڕۆژگارێک بە نوێی دەمێنێتەوە؟
شایێر: نووسینی خاوەن دوکتۆرایێکی بواری فەلسەفەم دیوە لە لێکۆڵینەوەیێکی فەلسەفیدا نێوی شاعیرانی بە شایێر نووسیبوو. با بزانین تاخۆ شایێر چییە؟ شایێر ئەو گۆرانی بێژەیە کە گۆرانی بۆ شایی دەڵێ و هەڵیدە سووڕێنێ، لەو ماوە دوور و بەردرێژەدا لە چێشتەنگاوەوە تا دەمی ماڵ خەوتنان دەبوو هەرگوتبای – جاران – جا زەمانی جاران کە ڕەنگە تا ساڵی ١٩٥٨ درێژەی هەبووبێ شایی وا هەبووە حەوت شەو و حەوت ڕۆژان گەڕاوە، دواتر ماوە هەرە درێژەکەی بوو بوو بە سێ شەو و سێ ڕۆژ ئەوەی من وەبیرم بێ. شایێری وام دیوە لە ئەنجامی زەماوەندەکە بە تەواوەتی دەنگی نووساوە و خەڵک لە غەڵدەغەڵدەکەی تێنەگەییوە و بە ئاماژە قسەی کردوون. جا تۆ بێنە پێش چاوی خۆت لەو ماوە دوور و بەردرێژەدا بەو ماندوێتیەو بێ پسانەوە شایێر ئەگەر هەر ژمارە بژمێرێ یەک دوو سێ تا هەزار و ملیۆن و ملیار چەند هەڵە و پەڵەی تێدا دەکا و چەند شتی بێ سەروبەر دەڵێ: لە بەندی شایێرانم سادەتر و بێ سەروبەرتر و گەلایی (شەعبی)تر نەدیون. کاتی خۆی بەرهەڵستکاران نێوی شایێری دەرباریان لە یەکێک لە شاعیران نابوو و وەکو جنێو بەکاریان دەهێنا.
دەوەرە کاکی فەیلەسووف تۆ نالی و جزیری و مەولەوی و گۆرانت دەگەڵ شایێران لێ تێکەڵ بن و نەزانی کامیان کامەیە.
نێوی مانگان: ئایا درووستە لە نێو زمانی کوردیدا نێوی مانگان بنووسرێ؟ نەخێر. لە هەموو پارچەکانی کوردستان نێوی مانگەکانی ساڵی عیسایی و ساڵی نەتەوەی داگیرکەر جودان – بێجگە لە ساڵی کۆچی مانگی – ئەو کوردانەی لە دەرەوەی کوردستانیش دەژین نێوی مانگی ئەو وەڵاتانە بەکار دێنن کە تێیدا دەژین. ئەو نێوی مانگانەی لە پارچەیێکی کوردستان بەکاردێن لە پارچەکانی تر خەڵک تێیناگەن. بۆ نێوی مانگە کوردییەکانیش هەر پارچەی نێوی خۆی جودان تەنانەت لە یەک پارچەی کوردستانیشدا هەر مانگەی پتر لە نێوێکی هەیە. جا ئەو سەر لێشێواندنەی پێناوێ لە جیاتی بنووسی ١ی نیسان/ ئپریل، بنووسە ١/٤ هەموو خوێندەوارێک تێیدەگا.
دار یان درەخت: یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبێک لە دەهۆک کۆڕێکی دەگێڕا، ئەو برادەرە پیاوێکی قسەزان و زۆر بەزاروکارە زۆر خوێندەوار و ڕۆناکبیریشە. (ڕۆشنگەر)یشە. من پەرتووکێکی ئەوم خوێندۆتەوە کوردیێکی ڕەوانیش دەنووسێ. بەڵام دەست بۆ هێندێک کون و کەلێنی زمان دەبا پێم وایە دەبێ بە پارێزەوە ئەو کارە بکا و بەبێ باکی نەیکا. دیاربوو لەکاتی گفتوگۆیدا لەگەڵ خەڵکەکە کەسێک قسەی دەگەڵ دەکردن و وشەی (دار)ی بە دەمدا هات. برادەری سەرکردە گوتی (دار هەڵەیە ڕاستەکەی درەختە، بەوە دەڵێن دار ئەوەی بۆ سووتان بەکاریدێنن). یەکەم: لە باکووری زێی بچوکەوە یاخود زێی دوکانەوە تا دەگاتە قاڕس و ئەسکەندەروونە کورد هەمووی یان زۆربەی هەرە زۆری وشەی دار بەکاردێنێ بۆ داری ڕواو و داری سوتان یاخود داری زیندوو و مردوو، بە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە. دووەم: دار ئەوەی من ئاگاداربم تەنیا ماڵی زمانی کوردییە. نەمزانیوە بەشی هیچ زمانێکی تری پێوەبێ ئەگەر شتێکی واش هەبێ من ئاگادار نیم. لە زمانی فارسیدا وشەی دار تەنیا بە داری سێدارە و بەو دارانە دەڵێن کە بۆ پشتەبانی خانوو بەکاریان دێنن. بە داری سووتانیش ناڵێن دار. (بڕوانە فەرهەنگی فارسی – عەمید لاپەڕە ٦٥٣ ستوونی یەکەم). ڕەنگە فارسیش داری سێدارە و دارەڕایان لە زمانی کوردی وەرگرتبێ، چونکە فارس لە فەرهەنگەکانیاندا ئاماژە بۆ وشەی هەموو ئەو زمانانە دەکەن کە وشەکەیان لێوەرگرتوون تەنیا ئاماژە بۆ زمانی کوردیی ناکەن، چونکە بە تۆبزی دەڵێن دەبێ زمانی کوردی زاراوەیێکی زمانی فارسی بێ. فەرهەنگە عەڕەبیەکانیش لەژێر ئەو وشە کوردییانە دەنووسن فارسی کە فارس هەر نەشی بیستوون. سێیەم: وشەی درەخت هاوبەشە لەنێوان زمانی فارسی و کوریدا و بەشی فارسی پتر پێوەیە کەواتە دار کوردیترە لە درەخت. چوارەم: ئەو بەڕێزە سی ساڵ زیاترە لە سلێمانی دەژی چۆن جارێک (داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێ)ی فایەق بێکەس و (داری بەردار بۆ لق و دار)ی پیرەمێردی بەرچاو نەکەوتن و گوێی لە سروودی ئەو شێعرەی گۆران نەبوو کە دەڵێ: (دارستانانی زەبەند و چڕت بەهەشتی سەر زەمینن هێلانەی خۆشی ژینن)؟ ئەدی گوێی لەنێوی دارەبەن و داربەڕوو و دارگوێز و دارسێو و هەموو جۆرە دارەکان نەبووە؟
جاش: ڕوونکردنەوەیێک دەربارەی وشەی جاش.
لە شوینی تریش دەربارەی ئەم وشەیە دواوم. زۆر کەس لە کوردستان و جەماعەتی حیزبی کەران و کەرکراوان و کەر مەزەبان ڕەخنە لە وشەی جاش دەگرن، تەنانەت بیستوومە ڕۆژنامەنووسی ڕۆژئاواییش هەبووە کە هاتۆتە کوردستان ئەو ڕەخنەیەی گرتووە کەوا خائینان وەبەچکەی ئەو گیانەوەرە دڵسۆزە خزمەتگوزارە نیشتیمانپەروەرە چەوساوەیە دەچوێنن. بەڵام پێویست دەکا ڕوونی بکەینەوە کە جاش بەچکەی کەر نییە بەڵکو ئێستری بەچکەیە، ناشێ بشگوترێ بەچکە ئێستر چونکە ئێستر نازێ و بەچکەی نابێ دەبێ بگوترێ ئێستری بەچکە یان ئێستری جاش یان هەر جاش بەتەنێ. بەچکەی کەر پێی دەگوترێ جاشک یان جاشەکەر نەک جاش. تازە لەدایک بووەکانیش پێیان دەگوترێ جاشوولە، منداڵیش بۆ خۆشەویستی پێیدەڵێن حاشوولە. جاشک یاخود جاشەکەری یەک ساڵە پێیدەڵێن یەکبڕ، دووساڵە دووبڕ، سێ ساڵە بەرپشت، واتا لە ڕووی تەمەنەوە ئامادەیە بۆ پشتکردن، بارکردن، بارخستنە سەر پشتی. دیارە بەگوێرەی زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردیش ڕەنگە زۆر نێو وەزارگراو(مصطلح)ی تریش هەبن بۆ ئەو نێو و وەزارگراوانەی کە من نووسینم.
دەمێنێتەوە سەر ئەوەی بۆچی جاشی کورد وە ئێستری جاش دەچوێنن. ئێستر دایک و باوکی لە دوو نەتەوەی جیاوازن. جووتبوونی دایک و باوکیشی بەشێوەیێکی ناسرووشتی و ناشەرعی و زینایە. مرۆڤ بە تۆبزی ماینە بەستەزمان و بێگوناح و بێدەستەڵاتەکە دێنن بۆ نێرەکەری هەوەسبازی ڕادەگرن و مرۆڤەکان نێرەکەرەکە وەکو ئامراز بەکاردێنن بۆ دەسدرێژی کردنە سەر نامووسی ئەو مااینە بەستەزمانە. ئیدی ئاوس دەبێ و زۆڵە جاشی بیژمۆتی حەرامزادەی لێوەپاشدەکەوێ. لەکاتی کا و ئالیک پێدانیان لەقەو جووتە لەدایک و خوشک و برا و خاڵ و مام و پوور و خاڵۆزا و ئامۆزا و پورزاکانی خۆی دەدا و ئێستری شەمووس یان چەمووش بەناوبانگە لە دڕی و مەترسیداریی.
دیاسپۆرا: لەوەتەی کورد هەیە هەر لە دەربەدەری و کۆچ و ڕەو و نیشتەجێبوون و دەربەدەربوونەوە و ڕەوتێکەوتنەوە و نیشتەجێبوونەوەدایە. بۆ دەبێ وشەی وا لە زمانەکەیدا درووست نەبووبن کە بۆ ئەم حاڵەتانەی دەستبدەن؟ من بە وردی مانا و مەبەستی وشەی دیاسپۆرا نازانم تا بەدوای وشەیێکدا بگەڕێم لە زمانی کوردیدا و لەجێگەی ئەوی دابنێم، بەڵام دەزانم پەیوەندی بەوانەوە هەیە کە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وەڵات. دەشزانم کە ئەم جۆرە وشە ناپێویستانە زمانی کوردییان پێ بێ هێز دەبێ و جێگە بە وشەی ڕەسەنی کوردیی چۆڵ دەکەن و خۆیان جێگەی دەگرنەوە. بۆچی عەڕەب زمانی خۆیان بەم جۆرە وشانە ناشێوێنن و پیس ناکەن؟
پارساڵ: بۆچی پار –ی کوردیی بەکار ناهێنی و بۆچی پارسالی فارسی بەکاردێنی؟ پاساوت چییە؟ چونکە چەند پارسالێک لەنێو فارسان خەباتت کرد؟ وشەیێک یان وەزارگراوێک کە لە زمانی کوردیدا وەدەستنەکەوێ کێشە نییە کە لە فارسی وەریانبگرین چونکە بڕوا وایە ئەو دوو زمانە ڕۆژگارێک یەک زمان بوون و لێک جودا بوونەتەوە. بەڵام بە هیچ شێوەیێک درووست نییە دەستووری زمانی فارسی بەسەر زمانی کوردیدا بسەپێنین. وشە وەرگرتنیش لە زمانی بێگانان دەبێ زانا و پسپۆڕانی زمان وەریانبگرن نەک کۆلکە خوێندەوارێکی وەکو من و تۆ بچین لەنێو جامی تەلەفزیۆن خۆی پێهەڵکێشین و دەرسی کەرایەتی بە خەڵکی بڵێین و مێشکی کۆمەڵگای پێ بۆگەن کەین.
تۆ سەیری ئەو وشە ناقۆڵاو ئێسک قوڕسانە بکە بەبێ ئەوەی زمانی کوردیی هیچ پێویستیێکی بەوان هەبێ بەزۆر دەناو زمانەکەیان ئاخنیون: ئەکتیڤ، پاسیڤ، ئۆپۆزیسیۆن، غورفەی عەمەلیات، شەفافییەت، سیاسەتمەدار، هەماهەنگی، هوشداریی، ئامادەباشی و دەیانی تر.
نۆژدار: نۆژدارەکەی بادینان زۆر حاجباتییە، دەڵێی تەجاڵە شالوشاپکی خەتخەت و دەلینگ بەرینی دەبەرکردوون و بە سواری کەرەکەی دە ئاوەدانیەکانی بادینان دەگەڕێ و نەخۆشانیان بۆ چارەسەر دەکا.
دەزانن نۆژدار چییە؟ لە ئەفسانەی ئێرانیدا هاتووە کەیکاوس – ی شای ئێران دەرمانێکی هەبووە بە نێوی نوشداروو. ئەو دەرمانە تەنانەت لەکاتی گیانەڵادا بە نەخۆش و بریندار درابا چاکدەبۆوە و یەک بەڵای لێنەدەما. ڕۆستەم کە فەرماندەی لەشکری کەیکاوس بووە زۆراب (سوهراب)ی کوڕی خۆی نەناسی و بەدەستی خۆی برینداری کرد. داوای لە شاکرد دەرمانی نووشدارووی بۆ بنێرێ بۆ بڕینی زۆرابی کوڕی. کەیکاوس بێنمەکی کرد و نووشدارووی بۆ نەنارد و زۆرابی پاڵەوان مرد – ئەمە کورتەیێکی سەربردەکەیە – دکتۆر نافیع ئاکرەییش خوا لێی خۆشبێ هەستا دەرمانی نووشدارووەکەی کردە مرۆڤ و گیانی وەبەرهێنا و کۆلێجی پزیشکیشی پێ تەواوکرد و بوو بە دکتۆر ئێستا نۆژدار لە بادینان دوختۆرە. یاخود دوختۆری بادینان نۆژدارە. (بڕوانە داستانی ئەفسانەیی ڕۆستەم و زۆراب بە شێعر وەرگەڕاوەتە سەر زمانی کوردیی).
مزگەوتی چوار خولەفا: مزگەوتێک لە پیرمام هەیە ئەم ناوەی سەرەوەی لەسەر سەردەرەکەی نووسراوە. لێرەدا مەلا لێیان ناگیرێ چونکە تەنیا ٢٥ ساڵ دەرسی سەرف و نەحوی عەڕەبی دەخوێنن. کە چوارت نووسی نابێ بنووسی خولەفا، دەبێ بنووسی خەلیفە. کە خولەفات نووسی نابێ چوارەکەی دەگەڵدابێ دەنا خەلیفە ئەوەندە زۆر دەبن لە مزگەوتەکەدا جێگەیان نابێتەوە دەبێ بچن بۆ سەری ڕەش.
خوێندن لە زانکۆیان بکرێ بە ئینگلیسی: ئێستا باسی ئەوە لە گۆڕێیە. بەوە حکومەتی هەرێم یاخود ئەوانەی ئەو پێشنیازەیان کردووە دەیانەوێ ئیسپاتی بکەن لەسەر نەخشەیێک دەڕۆن کە بۆ لەناوبردنی زمانی کوردیی ئامادەکراوە. بۆ ئەوەی کورد بڕوای بەخۆی نەمێنێ کە نەتەوەیێکی سەربەخۆیە چونکە زمانەکەی گەواهییە لەسەر نەتەوەبوونی.
هۆڵ و مۆڵ: داوای لێبوردنم هەیە لە سەرمایەدارە خاوەن هۆڵ و مۆڵەکان بەخوا ئەم دوو وشەیە لە زمانی کوردیدا هەردووکیان شوێنی ئاژەڵن. زمانی کوردیش من درووستم نەکردووە تا خەتای ئاژەڵ تێکردنیان بخەنە سەر ملی من. شارەزایانی زمانی کوردیش دەتوانن نێوی بەرامبەر بۆ هەردووکیان پەیداکەن. زمانی کوردی لە وشەدا ئەوەندە دۆڵەمەندە – لە هەندێک بواردا – بەهۆی جۆراوجۆریی زاراوەکانییەوە وشەیێک لە کوردی ناوەڕاستدا دەستنەکەوێ بۆی بگەڕێ بەشێوەیێکی بیاژ (حەتمی) لە یەکێک لە زاراوەکانی لوڕ و گۆران و کوردانی قەفقاس و خوڕاسان و ئەفغانستان هەر دەستدەکەوێ. ئەنتەرنێت و مۆبایلیش هەیە و پەیوەندیی کردن ئاسان بووە.
با عایدی من بێ: ئەم دەستەواژەیە سادە و بازاڕییە کاریگەریی لەسەر زمانی نووسین نییە. بەڵام کاریگەریی لەسەر نەفسییەت و سووککردنی کەسایەتی کۆمەڵگا و درووستکردنی کەسایەتی تەزویر و ساختە هەیە. فارس کە دەتەوێ پارەی هەقی خۆی بدەییێ هی شت لێکرین یان هەقی سەیارە یان هەر شتێکی تر دەڵێ قابیل نەدارەد واتا شایانی ئەوە نییە بمدەییێ یاخو مەیدە، بەڵام ئەگەر تمەنێکی کەمتر بدەیێ دەیکا بە شەڕ لەگەڵت. ئەم وشەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە بە (قابیلی نییە) ئەوانیش وەکو فارسان ئەگەر نەیاندەییێ دەگەڵت بەشەڕدێن. لەوێشڕا هاتۆتە خوارێ بۆ گەرمێنێ. لێرە بووە بە (با عایدی من بێ). لێرەش هەر بەو جۆرەیە ئەگەر نەیدەیێ دەیکا بە شەڕ. ئەمە هەرچەند قسەیە بەڵام هەر لەو کاتەدا بەکردەوە ئەو کەسەی ئەم دەستەواژەیە بەکاردێنێ دەبێ بە کەسێکی دووڕوو و گفتار پێچەوانەی ڕەفتار و قوللابی و ساختەچی. بۆ نموونە ئەو ئایەت و نزایانەی لە نوێژدا دەیانخوێنیەوە ئەگەر دە مانایان بگەی و بە تەواوەتی بڕوات پێیان هەبێ سەت لە سەت کار دە کردەوەکانی ڕۆژانەت دەکەن. چونکە هەموویان تەڵقینن. با عایدی من بێ –ش تەڵقینە بەڵام تەڵقینێکی سەلبی.
بارەگای یەکەتی نووسەران: جاری وا هەیە و نووسەری وا هەیە لە حەوتوویێکدا بۆی ڕێکناکەوێ حەوت قسان بکا. دەگەڵ قەڵەم و قاقەزەکانی خۆی لە گفتوگۆدایە لە ژووری تاکەکەسیدا و لە گرتووخانەی خۆکردیدا دەژی، خوا خوایەتی مانگی جارێک هاو سەلیقە و هاوبیر و هاوپیشەیێکی مەعنەوی خۆی ببینی و چەند سەعاتێک پێکەوە گفتوگۆ دەربارەی ئەو بابەتانە بکەن کە حەزیان لێیە و جێگەی بایەخیانن. جارێکیان بەڕێککەوت ڕێگەم کەوتە بارەگای یەکەتی نووسەران، وەبیرم نەماوە چ کارێکم هەبوو. بینیم لایێکی کراوە بە مەیخانە و لایێکی کراوە بە یاریخانە، ناڵێم قومارخانە چونکە پێموایە نووسەر ئەگەر پارەداریش بێ قومار لەسەر پارە و مادە ناکا. بێجگە لەوەش قومارخانە نێوێکی سووکە و من ڕێگە بەخۆم نادەم بۆ ئەو شوێنە بەکاری بێنم. بەڵام کات بەفیڕۆدان لە پارە بەفیڕۆدان بە زیانترە بەتایبەتی بۆ نووسەران و بیرکەرەوان. وێڕای ئەوە تۆ کە بە مانگ و ساڵ سەر بە سەر پەرتووک و پەڕاواندا شۆڕ دەکەیەوە لەش ساغیت وا دەخوازێ کە جاروبار سەرت قیت ڕابگری و گونجەکانی سەر ڕوخسار و چاو و برۆیانت کەمێک تەخت و لێک بڵاوبن و گوێ لە قسە و باس و گۆرانی و مۆسیقای دڵخوازی خۆت ڕابگری. تۆ کە لەسەر پەرتووک و پەڕاوان هەستای یەکسەر بچییە سەر کاغەزێنە و نەردێن و تاوڵە و نازانم چی و چی ڕێگە بەخۆت نادەی هەناسەیێکی بە ئارامی و خۆشی هەڵبکێشی. وەرزش بە مێشکت بکەی و وزەی پێبدەیەوە و دووبارە ئامادەی بکەیەوە بۆ بەکارهێنان. دەبێ ئەوەش بزانی ئەو دەزگایەی ئەو شوێنەی بەو شێوەیە بۆ درووستکردووی ئەوە بە مەبەست وایکردووە و بۆ هەڵفریواندنی تۆیە. مەبەستیەتی سڕ و سەرقاڵت بکا و زەینت لەسەر پۆخڵەواتەکانی نەبێ. هەروەها بەرمنەتی خۆت بکا و هەوڵێکە بۆ ئەوەی بتکا بە دارەدەستی خۆی یان بەلای کەمی بێدەنگت کا و لە کردەوە ئاوڕووبەرەکانی وەدەنگ نەیەی. لە چەکی تۆ دەترسێ کە قەڵەمەکەتە، چونکە قەڵەم لە توانایدا هەیە چەکدار درووستبکا بەڵام ملیۆنان چەکدار قەڵەم بەدەستێکیان بۆ درووست نابێ. مەبەستیشم ئەوە نییە نووسەران خەڵک بۆ کاری تووندوتیژی و وێرانکاریی هانبدەن چونکە ئەو کارە تاڵان و بڕۆ و ماڵوێرانی گەل و هەژارتربووونی هەژارانی لێوەپاشدەکەوێ و بەرەڵڵا و ڕووتە و تاڵانکەر و پاتاڵخۆران دەرفەتەکە دەقۆزنەوە و بەسەر پردی پشتی ئەواندا تاقمە بازرگانێکی تری خوێن دێتە سەرکار.




مارکس و ئەنارکیزم*-7- و: زاهیر باهیر

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

III
بەشی حەوتەم

لە 20ی تەمموزی 1870 کارل مارکس بۆ فرێدریك ئەنگڵس-ی نووسی ” فەرەنسییەکان پێویستیان بە لێدانێك/زەربەیەك هەیە. ئەگەر پرۆسییەکان سەرکەوتوو بن ناوەندگەرایی دەسەڵاتی دەوڵەت یارمەتیدەر دەبێت بۆ ناوەندگەرایی چینی کرێکاری ئەڵمانی. زیاتریش لەوە، باڵادەستی ئەڵمان ناوەندی کێشکردنی بزووتنەوە کرێکارییەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە فەرەنساوە دەگۆڕێت بۆ ئەڵمانیا. هەروەها مرۆڤ دەبێت بزووتنەوەکە لە ساڵی 1866 بە ئەمڕۆ بەراورد بکات بۆ ئەوەی بزانێت چینی کرێکاری ئەڵمانی لە ڕووی تئیۆری و ڕێکخستنەوە لە فەرەنسییەکان باڵاترە. باڵادەستبوونی بەسەر فەرەنسییەکان لەسەر شانۆی جیهانی بە هەمان شێوە بە مانای زاڵبوونی تئیۆری ئێمە بەسەر تئیۆری پرۆدۆن و هتد دێت”.
مارکس ڕاستی دەکرد: سەرکەوتنی ئەڵمانیا بەسەر فەرەنسادا بۆ مێژووی بزووتنەوەی کرێکاری ئەوروپی بە مانای ڕێڕەوێکی نوێ بوو. سۆسیالیزمی شۆڕشگێڕ و لیبڕاڵی وڵاتانی لاتین فڕێدرا و جێگایان بۆ دەوڵەتگەرایی وتئیۆرییەکانی مارکسیزمی دژە ئەنارکیستی جێهێشت. بەمەش گەشەسەندنی ئەو سۆسیالیزمە زیندووە و داهێنەرەی ڕاگرت، ئەوەش بەهۆی دۆگماتیزمێکی گاڵتەجاڕی نوێوە ڕوویدا کە ئیدیعای زانینی تەواوی واقیعی کۆمەڵایەتی دەکرد، لە کاتێکدا ئەم ئیدیعایە زیاتر نەبوو لە تێکەڵەیەکی دەستەواژەی تیۆلۆژی/ لاهوتیی و زۆربڵێیی قەدەریانە/ جەبریانە و دەرکەوت کە گۆڕی هەموو بیرکردنەوەیەکی سۆسیالیستی ڕاستەقینە بوو.
هاوکات لەگەڵ بیرۆکەکاندا، شێوازەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستیش گۆڕانکارییان بەسەردا هات. لەبری گروپە شۆڕشگێڕەکان بۆ پاگەندە و ڕێکخستنی خەباتی ئابوریی، کە لەوەدا نێونەتەوەییەکان کۆرپەی کۆمەڵی ئایندە و ئۆرگانە گونجاوەکانیان بۆ بەکۆمەڵایەتیکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕکردن دەبینی، کەچی بووە هاتنی سەردەمی حزبە سۆسیالیستەکان و نوێنەرایەتی پەرلەمانیی پرۆلیتاریا. وردە وردە پەروەردەی سۆسیالیستیانەی کۆن کە کرێکارانی بەرەو داگیرکردنی زەوی و وەرشەکانی کارکردن ( وۆرک شۆپەکان) دەبرد لەبیرکرا، جێگەی بە دیسیپلینێکی نوێی حزبیی کە وەك باڵاترین ئایدیالی خۆی سەیری گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی دەکرد گیرایەوە.
نەیاری گەورەی مارکس، میخایل باکونین، بە ڕوونی گۆڕانی لە هەڵوێستەکەدا بینی و بە دڵێکی گەورەی خەمبارەوە پێشبینی ئەوەی کرد کە لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی ئەوروپادا بە سەرکەوتنی ئەڵمانیا و ڕووخانی کۆمون دەستپێدەکات. باکۆنین لە ڕووی جەستەییەوە ماندوو بوو، ڕەنگی مردوو لە دەم و چاوی نیشتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم چەند دێڕە گرنگانەی لە 11ی تشرینی دووەمی 1874: بۆ ئۆگارێڤ (Ogarev ) نووسی:
“بیسمارسکیزم کە میلیتاریزم و دەسەڵاتی پۆلیسی و قۆرخکاری داراییە لەژێر ناوی دەوڵەتی نوێدا لە یەك سیستەمدا خۆی گرتۆتەوە ، هەموو شوێنێك داگیر دەکات. بەڵام ڕەنگە لە دە یان پانزە ساڵدا پەرەسەندنی ناجێگیریی ڕەگەزی مرۆڤ جارێکی دیکە ڕۆشنایی بخاتە سەر ڕێگاکانی سەرکەوتن. ” لەم بۆنەیەدا باکونین هەڵەی کرد، نەیتوانی حیساب بکات کە نیو سەدە دەخایەنێت تاوەکو بیسمارکیزم لەناو کارەساتێکی ترسناکی جیهانیدا تێدەشکێت.

درێژەی هەیە
……………………………………
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .




هاوپەیمانییەک کە شکستی هێنا!.. وەرگێڕانی :کاوە عومەر

دیمانەی سیما بەهاری لەگەڵ حەمید تەقوایی

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدیدکۆکراوەتەوە

سیما بەهاری: هاوپەیمانییەک بە ناوی هاوپشتی و ڕێکخستن بۆ ئازادی ئێران چەند مانگ لەمەوبەر لە لایەن ڕەزا پەهلەوی، مەسیح عەلی نەژاد، شیرین عیبادی، نازەنین فەنادی، عەبدوڵڵا مێهتەدی و حامید ئیسماعیلیون پێکهێنرا. ئەم هاوپەیمانییە بە ڕۆیشتنی پراکتیکی ڕەزا پەهلەوی و جیابوونەوەی حامید ئیسماعیلیون و پاشان نازەنین فەنادی لەبەریەک هەڵوەشا. گەیشتە ئاستێک کە لایەنگرانی توندڕەوی ڕەزا پەهلەوی بە گاڵتەجاڕانەترین شێوە هێرش دەکەنە سەر ئەندامانی دیکەی ئەم هاوپەیمانییە. بەم شێوەیە بە کردەوە هیچ شتێک لەم هاوپەیمانییە نەماوەتەوە و پڕۆژەیەک شکستی هێناوە. پرسیاری یەکەمم ئەوەیە، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم پڕۆژەیە چییە؟
حەمید تەقوایی: ئەم پڕۆژەیە هەر لەسەرەتاوە مەحکوم بوو بە شکست، نەک لەبەر ئەوەی پێکەوە کاریان نەکرد یان پێکدادان لە نێوانیاندا هەبوو، بەڵکو بەهۆی پێکهاتەی بەشداربووان و ناوەڕۆکی سیاسی ئەو جاڕنامەیەی کە بڵاویان کردەوە، و بەگشتی پێگەی شاخوازەکان لە دۆخی ئێستادا.
ئەگەر مۆڵتەم بدەن سەرەتا لە بەشداربووانەوە دەست پێ بکەم. سەیرکەن سەرچاوەی ئەم بەناو هاوپەیمانییە شازادەیەکی لەدەسەڵات کەوتووە. شۆڕشی پێشوو بنەماڵەکەی لەدەسەڵات خست و تەواوی سیستەمی شاهانەی ڕادەستی مۆزەخانەکە کرد، بەڵام ئەمڕۆ هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەو دۆخە دەدات کە کۆمەڵگا حسابی خۆی لەگەڵیدا یەکلایی کردووەتەوە. ڕوونە کە ئەم سیاسەتە بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات. زیاتر لە ٤٠ ساڵ بەسەر ئەو گۆڕانکارییە و کاتێک شۆڕشێکی گەورە بەقەد شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دروست بووە و لە کۆمەڵگای ئێراندا بەردەوامە، پاشایەتیش ناتوانێت جێگەی خۆی لەم بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا هەبێت. شۆڕشەکان ناگەڕێنەوە دواوە. ناتوانیت بەڵێنی ڕابردوو وەک ئایندە بە خەڵک بدەیت و لە کۆمەڵگادا جێگات هەبێت. ئه م هاوپه یمانییه له ده وری که سێک دروست بوو که نه ک ته نها هیچ جێگه یه کی له شۆرشدا نییه ، به ڵکو هه موو ژیانی و مێژوی و بیرکردنه وه و ئایدۆلۆژیاکه ی دژی شۆڕش و لەبه رانبەر ئه م شۆڕشەدا بووه .
خاڵی دواتر تەوەری ئەم هاوپەیمانییە. ئەگەر ئاماژە بەوجاڕنامەیە بکەیت کە لە کۆبوونەوەی جۆرج تاون ڕایانگەیاندبوو، بۆت دەردەکەوێت کە پەیوەندی بە خواستی خەڵکەوە نییە. بانگەشە بۆ پابەندبوون بە کۆمەڵێک پەیماننامە و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و پەیوەندی نێوان حکومەتەکان و هتد دەکات، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و داواکاری و دروشم و خواستەکانی ئەم شۆڕشەوە نییە. ئەمە زیاتر جاڕنامەی دیپلۆماسییە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتەکان نەک جاڕنامەی شۆڕش. تەنانەت کاتێک دەیەوێت لێدوانێکی دیاریکراویش بدات، جەخت لەسەر یەکپارچەیی خاک و ئەرکی سوپا بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاک دەکاتەوە، یان باس لە تێکەڵکردنی “پسپۆرەکانی” سوپای پاسداران دەکات بۆ ناو سوپا. مانای پراکتیکی ئەم جەختکردنەوانە ئەوەیە کە ئەگەر کەسێک یان هێزێکی سیاسی بوێری قسەکردن لەسەر لابردنی ستەمی نەتەوەیی و دژی هەڵاواردنی نەتەوەیی بکات، ئێمە لەگەڵ سوپادا بەدوایدا دەڕۆین. واتە وەک چۆن حکومەتە ناوەندەکان تا ئێستا، لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەڵسوکەوتیان کردووە. لەمەودوا ڕایدەگەیەنن کە ئێمە پەنجە دەکەین بەچاوی جیاخوازەکاندا ، و لێدەدەین و دادەخەین و ڕێگەی پێنادەین. ئەمە ناوەڕۆکی ئەم بەناو جاڕنامەیە. نەهیچ ڕوونکردنەوەیەک بۆ دروشمی ژن ژیان ئازادی داوە بەدەستەوە ، نە باسێکی لە دژی هەژاری و نەهامەتی هەیە، نە چی بکرێت بەرامبەر بە دیکتاتۆریەتی ستەم و زیندان و ئەشکەنجە. بەکورتی هەر لە سەرەتاوە ناوەڕۆکی ئەم جاڕنامەیە تا پێکهاتەی بەشداربووانی دەریخست کە ئەم هاوپەیمانییە هیچ جێگایەکی لە شۆڕشدا نییە و هەر بۆیەش هەڵدەوەشیتەوە و ڕێک ئەوەش ڕوویدا.
سیما بەهاری: با کەمێک باسی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی ئەم پڕۆژەیە بکەین. کاتێک حامید ئیسماعیلیون ئەم هاوپەیمانییەی بەجێهێشت، ڕەخنەکانی لە بنەڕەتدا ئەوە بوو کە پەیوەندییە ناوخۆییەکان باش نین و ڕەزا پەهلەوی دەیەوێت بۆچوونەکانی خۆی بسەپێنێت. هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە؟
حەمید تەقوایی: هەروەک ڕوونم کردەوە، مەسەلەکە زۆر لەوە زیاترە، بەڵام ئەوەی کە ڕەزا پەهلەوی دەیەوێت بۆچوونەکانی خۆی بسەپێنێت، پشتڕاستکردنەوەی ئەوەیە کە دامەزراوەی دەسەڵاتی پاشایەتی هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادی و دیموکراسیەوە نییە. بەپێی پێناسە شازادەیی پێگەیەکی بۆماوەیی و خوێنییە و دەرئەنجامی دیموکراسی و دەنگی خەڵک نییە. هەڵوێستی سیاسی ڕەزا پەهلەوی، ئەو هەڵوێستەی کە بۆ خۆی یان لایەنگرانی پێناسەی دەکات، لەگەڵ سەرەتاییترین پێوەرەکانی دیموکراسی و تەنانەت لیبڕیاڵیدا ناگونجێت. بڕیارە ئەو پاشا بێت و پاشاش بڕیار نییە دەسەڵاتی خۆی لەگەڵ کەسدا دابەش بکات. تەنانەت لە ئۆپۆزسیۆنیشدا قسەکانی بەناو قسەی شاهانە و بە بۆچوونی هەوادارەکانیشی نابێ بە هیچ شێوەیەک پرسیاری لێ بکرێت و نە ڕەخنەی لێ بگیرێت. زۆرێک لە نەیارانی کۆبوونەوەی جۆرج تاون کە لە ڕیزی شاهانەی ئەو دوو توندڕەو بوون، باسیان لەوە دەکرد کە بۆچی شازادە لە تەنیشت کەسانی ئاسایی وەک حامید ئیسماعیلیون و مەسیح عەلی نەژاد و نازەنین فەنادی دانراوە. ئەگەر لەبیرتان بێت، دوای کۆبوونەوەی جۆرج تاون، کاتێک خاتووعەلی نەژاد وتارێکی پێشکەش دەکرد، شاهانەییەکان هاواریان دەکرد بڵێن جاڤید شا. یەکێک لە تاوانەکانی خاتوو عەلی نەژاد ئەوە بوو کە ئەم دروشمەی نەگوت. باشە بژی شا و بژی ئاڵای ئیمپراتۆری و بنەماڵەی پەهلەوی و هتد، پێکهاتەی شوناس و پایەی سیاسی پاشایەتین. بە واتایەکی تر ئەو بۆچوونەی کە پەیوەندییە ناوخۆییەکان دیموکراسی نەبوون و نەدەکرا لە پێگەیەکی یەکسانەوە قسە بکرێت و هتد، پەیوەندییەکی کەمی بە تاک و ئەخلاق و ئەخلاقی کەسییەوە هەیە، بەڵکو تایبەتمەندییەکی شوناس-سیاسیی خانەدانەکەیە .
ئەمڕۆ لە ئێراندا شۆڕشێک بەڕێوەیە، کە دەیەوێت کۆمەڵگا لە هەر جۆرە دیکتاتۆریەت و هەژموون و تاکگەرایی ڕزگار بکات. لەم نێوەندەدا کەسێک کە پێگەی خۆی لە سیاسەتدا لەسەر بنەمای خوێن و پەیوەندییە بۆماوەییەکان دیاری بکات و لەبری داهاتوو بەڵێنی ڕابردوو بە خەڵک بدات، بەشێکە لە کێشەی خەڵک نەک چارەسەری خەڵک.
بەڕای من مەسەلەکە تەنها شکستی پڕۆژەی هاوپەیمانی نییە، بەڵکو تەواوی پڕۆژەی پاشایەتی گەیشتووەتە کۆتایی خەتەکە.
سیما بەهاری: سەبارەت بە پرسی شاخوازەکان و هەڵوێستیان، بە دڵنیاییەوە دێمەوە و پرسیارێک دەوروژێنم، بەڵام با سەبارەت بە ئاڕاستەی بۆچوونی خاتوو مەسیح عەلی نەژاد قسەبکەین کە دەڵێت فشاری دەرەکی ڕۆڵی هەبووە لە شکستی ئەم پڕۆژەیەدا. لەم بارەیەوە چی دەڵێی؟
حەمید تەقوایی: ئەم فشارە دەرەکییە مانای چییە؟ ڕوونە کە مەبەستیان لە شاخوازە تونڕەوەکانە.ئەو شاخوازە شێلگیرانە کە پشتیوانی ڕەزا پەهلەوی دەکەن، دژی ئەم هاوپەیمانییە بوون. بەڕای من لە ڕوانگەی شاخوازەکانیشەوە، پێویستە دژی بن. وەک وتم بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ناسنامەی پاشایەتیدا ناگونجێت کە کەسێک کاندیدی پاشایەتی بێت لە تەنیشت کەسانی ئاسایی بوەستێت کە سوێندی پێی ناخۆن. بۆ نموونە، گریمان حمید ئیسماعیلیون لە کاتێکدا کە هێشتا ئەندامی هاوپەیمانی بووە، ڕایگەیاندووە کە من کۆماریخوازم و ئەوەندەی لەبیرمە هەرگیز نازناوی “شازادە”ی نەگوتووە. باشە ئەمە بۆ هەوادارانی ڕەزا پەهلەوی زۆر گرانە. ئەوان ئەمە بە دژبەیەک و دژ بە ئامانجەکانی خۆیان دەزانن و بەم مانایە ڕاست دەکەن.
دەمەوێت بڵێم کە وا نییە هەندێک لە پاشاپەرستە توندڕەوەکان فشاریان خستۆتە سەر. کێشەکە لەوەدا بوو کە هەموو دامەزراوە و هێڵی پاشایەتی لەگەڵ ئەم هاوپەیمانییەدا نەگونجێت. بەڕای من ئەوانەی بە بەردەوامی فشار و بەدواداچوونیان دەکرد نوێنەرایەتی هێڵی شاهانە دەکەن. تەواوی بانگەشەی هاوپەیمانییەک لەمانە دژ بە پرۆژەی پاشایەتی بوو و هەر بۆیەش لەبەریەک هەڵوەشا.
سیما بەهاری: باشە کەمێک زیاتر باسی ئەم بزووتنەوەی شاخوازی بکەین. بەدەر لەم مەسەلەی هاوپەیمانی، پێگەی شاخوازەکان بەگشتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ مەبەست و ئامانجی ڕاستەقینەی ئەوان لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا چییە و دەتوانن چ پێگەیەکیان هەبێت؟
حەمید تەقوایی: هێڵی شاخوازەکان و دەستووریخوازی بە گشتی و بە مانایەکی گشتیتر تەواوی ئۆپۆزسیۆنی ڕاست بە کۆمارییەکانیشەوە هەرگیز لەگەڵ شۆڕش و شێوازی شۆڕشگێڕانەی دیاریکردنی ئەرکە سیاسییەکان هاوڕا نەبوون.
پاشایەتیخوازەکان کە بەتەواوی دژی شۆڕشن. ئەوەی کە ئەوان شۆڕشی ١٣٥٧ بە یاخیبوون و فیتنە ناودەبەن، تەنیا لەبەر ئەوە نییە کە ئەوانی لە تەختی پاشایەتی فڕێیدایە خوارەوە، بەڵکو لە بنەڕەتدا و ناسنامەییانە لەدژی هەر جۆرە شۆڕشێکن. بە گشتی شۆڕش بە دەستێوەردانی “خەڵکی ئاسایی” لە سیاسەت و ئاژاوە و توندوتیژی دادەنرێت. شۆڕشی ڕژێم و سیستمی حکومی خوازراویان ئەوان دەبێتە هۆی لەناوبردنی بیرۆکراسی و هێزە چەکدارەکان و “یاسا و ڕێسا” و لە ئەنجامدا بە بۆچوونی ئەوان بزووتنەوەکە شیاوی پشتگیری نیە.
کاتێک هێشتا شۆڕشی ژن ژیان ئازادی پێکنەهاتبوو و هەلومەرجەکە ئاساییتر بوو، ئەوان پڕۆژەی وەک ڕژێم گۆڕین، گۆڕانکاری لە پشت سەری خەڵکەوە، پشتبەستن بە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا، ڕیفراندۆم، گۆڕانکاری لە دەستوور، هاوڕێیەتیان لەگەڵ هێڵی گۆڕانکاری و بزووتنەوەی سەوز و وەنەوشەیی و هتددا هەبوو. تەنانەت کاتێک کەسێکی وەک قاسم سولەیمانی کوژرا، ڕەزا پەهلەوی بێدەنگ بوو و زۆرێک لە شاخوازەکانی وەک ئەردەشیر زاهیدی قاسم سولەیمانییان بە “سەرکردەی نەتەوەیی” ناوبرد. وە کاک ڕەزا پەهلەوی خۆی نیگەرانە لە هەڵوەشاندنەوەی سوپای پاسداران و دەیەوێت دڵی “سەرکردە سەربازی و نیشتمانیەکان” بەدەست بهێنێت.
لەبەر ئەم هۆکارانە، پاشایەتیگەرایی پێچەوانەی بزووتنەوەیەکی وەک شۆڕشی ژن، ژیان ئازادییە. لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و عەقیدەی و ستراتیجییەوە، پاشایەتی دژی هەر جۆرە شۆڕشێکە. ئەگەر بمەوێت ستراتیژی ئەوان لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ئێستا بە یەک وشە بڵێم، ئەوە ئەوەیە کە بە کەمترین گۆڕانکارییەوە بەم شۆڕشەدا تێپەڕن. واتە گریمان خامنەیی و بەشێک لە مەلاکان وازبهێنن، بەڵام ماشێنی حکومەت پارێزراوە، سوپا و هێزەکانی سەرکوت، زیندان و بیرۆکراسی پارێزراون. تەنانەت پێویستە سوپای پاسداران و بەسیج و هتد بپارێزرێن. وە بەم شێوەیە سیستەمی حکومەتی سەروو خەڵکی بە کەمترین گۆڕانکاری دەمێنێتەوە.
لە ڕووی ڕێباز و شێوازی کارکردنەوە، پاشایەتیخوازەکان هەمیشە پشتیان بە حکومەت و ڕێڕەوی دەسەڵات بەستووە. هەوڵی ئەوان هەمیشە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات بووە لە سەرووی خەڵکەوە، ئێستاش کە شۆڕش بە پێچەوانەی ویستی ئەوانەوە دروست بووە، دەیانەوێت بەم ئاراستەیە بیشێوێنن. پرسی “داکۆکیکردن” و بانگەشەی نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران لە مەجلیسەکانی ڕۆژئاوا، هەروەها گڵۆپی سەوز بۆ سوپا و سوپای پاسداران و “ڕۆحانیەتی باش” و پیاوماقوڵانی وڵات و سوپا، و حکومەت بەرپرسان، هەموو هەوڵێکن بەم ئاراستەیە.
ئەگەر لەبیرتان نەچووبێت، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترەمپدا، چ لە خولی یەکەم یان دووەمدا، شاهانەخوازەکان بە توندی لەگەڵ ترەمپ بوون. هەندێک لە چاودێران پێیان وابوو کە ئەمە تاکتیکێکە. ئەوان پێیان وابوو ئۆپۆزسیۆنی شاهانە بەرگریکاری ترەمپە، چونکە ترەمپ زیاتر لە حزبی دیموکرات لە ئەمریکا ناکۆکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە یان زیاتر فشاری دەخاتە سەر. بەڵام بەڕای من مەسەلەکە لەوە زیاترە. لە هەمان کاتدا لە یەکێک لە هەمان چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکاندا ڕوونم کردەوە کە پشتگیریکردنی ترەمپ جۆرێکە لە پشتیوانیکردن لە دەسەڵاتێکی ڕەهای تاکەکەسی، لە بەهای دەسەڵات و بێبایەخکردنی دیموکراسیەوە. وە بەم مانایە ترامپیزم زۆر هاوبەشی لەگەڵ پاشایەتیدا هەیە.
خۆبەسەنتەرکردن و گەورەیی ترەمپ و تەنانەت پشتبەستنی بە لۆمپن و چەقۆکێشی زۆر لە بۆچوون و کردەوەی پاشایەتیخوازان دەچێت. ئەمڕۆ دەبینین بەشێک لە هەوادارانی سیستەمی شاهانە بوونەتە گۆپاڵ بەدەست. هەندێک کەس دەڵێن تێڵاوەشێنەکان کەمینەیەکی توندڕەون، بەڵام مامەڵەی کاک پەهلەوی لەگەڵیاندا بەتەواوی پشتیوانییە، هەروەک چۆن مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ فاشیستەکانی لایەنگرانی کە هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا. ترامپ لەبارەی قمەکێشانی لاینگری لە دژی خەڵک ڕایگەیاند کە هەردوولا تاوانبارن و ڕەزا پەهلەوییش هەمان شت دەڵێت.
ئەمڕۆ شەعبان، بێ مێشکە شا پەرست شتەکانیان کاریان بەجێگایەک گەیاندوە کە هەندێک لە خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی وڵاتیان تێکدەدەن، دەستدرێژی جەستەیی و دەستدرێژی سێکسی بۆ کاک عالی پەیام، شاعیری تەنزئامێز دژ بە نیزام. پاشان لە فەزای مەجازیدا بەرگری لە کردەوە قێزەونەکەیان دەکەن و داری ئاڵا دەدەنە نەیارەکانیان. ئەمەش بە شێوەیەکی ڕەمزی بەکارهێنانی ئاڵای شاهەنشاهی نیشانی دەدات. یان بیپەرستە یان بە داری ئاڵاکە دێینە سەروکارتان! ئەمە سروشتی ڕاستەقینەی پاشایەتییە.
لە دیوەکەی تری ئەم هاوپەیمانییەدا، وادیارە ئەم پڕۆژەیەی جۆرج تاونە لە دەوری هاودەنگی لە دژی کۆماری ئیسلامی پێکهاتووە. ئێستا بزانە چی دەڵێن. ئەمڕۆ خەڵک لەدژی لەسێدارەدان دروشمی “هەموومان پێکەوەین” دەڵێنەوە و ئەم هاشتاگەش لە سۆشیال میدیا پێشوازییەکی بێ وێنەی لێکراوە. بەڵام هاشتاگە پەسەندکراوەکانی بەکارهێنەرانی لایەنگری شاهانە بریتین لە: “ئێمە پێکەوە نین”، “ئێمە لەگەڵ پاشاین”، “ئێمە لەگەڵ پاشا دەمێنینەوە” و هاوشێوەکانی. خەڵک ئەمانەیان لە ئۆپۆزسیۆن و لە دژایەتی گشتیدا بۆ “هەموومان پێکەوەین” وروژاندووە. واتە تەنانەت بە وشەش نەک هەر وازیان لە ئیدیعای هاودەنگی لە دژی حکومەت هێناوە، بەڵکو لەبەردەم ڕیزە یەکگرتووی خەڵکدا وەستاون. ئێمە هەر لەسەرەتاوە گوتمان ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو هۆکاری دووبەرەکییە و هاودەنگی نییە، ئێستاش بە ئاشکرا هەمان شت ڕادەگەیەنن.
ئەو گۆپاڵ بەدەستانەی کە ئێستا کەوتوونە گیانی خەڵکی، هەر لە ئەمڕۆوە نیشانی دەدەن کە ئەگەر دەستیان لە جێگایەک گیر ببێت چۆن مامەڵە دەکەن.
ئەم جۆرە هەڵوێست و ئەدایەی لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشایەتی کە بە تایبەتی لە دوای هاوپەیمانی جۆرج تاون لە شەقام و لە سۆشیال میدیادا تەشەنەی کردووە، بە شێوەیەکی کردەیی و ڕاشکاوانە، ئەوە دەردەخات کە ئیدیعای ئەوان نەک تەنها لەسەر هاودەنگیی لە بەرامبەر بە حکومەت، بەڵکو لە بەرگریکردن لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و هتد بە تەواوی بێمانا و پڕو پوچ و بێ بەقا و دەستکردن. پڕوپاگەندەیەکە کە دەیانەوێت هەمان سیستمی شاهانە کە پێشتر لە ئێراندا هەبوو، بە هەمان دیکتاتۆریەت و هەمان گۆڕستانی ئاریامیهری زیندوو بکەنەوە. لە ڕەزا پەهلەویەوە بگرە هەتا هەموو پاشایەتیخوازێکی تر، ئەوان بە تەواوی بەرگری لەو قۆناغە دەکەن کە ساواک بێدادی دەکرد، لە سێدارەدان، زیندان، ئەشکەنجە، خنکاندن، سانسۆرێکی توند هەبوو، ئازادی ڕۆژنامەگەری نەبوو، ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی قەڵەم نەبوو.؛ لە لایەکی ترەوە ئەوە هەژاری و برسێتی بوو کە دواجار بووە هۆی یاخیبوونی خەڵکی قەراغ شارو هەژار نیشینەکان لە شۆڕشی ١٣٥٧دا.
لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ڕاستیدا دەیانەوێت سیستەمێک زیندوو بکەنەوە کە لە تەختی پاشایەتی کەوتووە، کە خەڵک بە شۆڕشێک کاری خۆیان لەگەڵی یەکلایکردوەتەوە. بۆیە پێویستە بگوترێ بە مانای ڕاستەوخۆ و ئاشکرای وشەکە، ئەمە بزووتنەوەیەکی دواکەوتوو و کۆنەپەرستانەیە.
سیما بەهاری: لەکۆتایی گفتوگۆکەماندا باس لەوە بکەین کە یەکڕیزی بابەتی گەلە. ئەم پڕۆژەیە شکستی هێنا، بەڵام هێشتا خەڵک یەکڕیزییان دەوێت. لە زۆرێک لە خۆپیشاندانەکاندا دەبینین کە ئەوان هاوار دەکەن ئیتیحاد و ئیتیحاد و هەموومان پێکەوەین. بەڕای ئێوە هاوپەیمانی چییە کە بتوانێت بنەمایەکی پرەنسیپی و بنەمایەکی هەمیشەیی هەبێت و تەنانەت دەکرێت؟
حەمید تەقوایی: بەڕای من مەسەلەکە لە بنەڕەتدا دێتە خوارەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە کام هێز لە دەوری کام هێڵ یەکگرتوون؟ هەمووان باسی هاوپەیمانی یان یەکگرتوویی لە دەوری ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەکەن، بەڵام سەرەتا پێویستە بزانین مەبەست لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی چییە.
وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ڕوونم کردەوە، لە ڕوانگەی هێزە ڕاستڕەوەکانەوە، ڕوخاندن بە واتای جێ گۆڕکێی بەرپرسەکانە نەک گۆڕینی تەواوی سیستەمەکە. تەنانەت شاخوازەکان دەیانەوێت سوپا و بەسیج لە ژێر ئاڵای شازادەدا بپارێزن. ئەوان دەیانەوێت عەمامە بە تاج بگۆڕن و سیستەمی هەبوو بهێڵنەوە. بەڵام خەڵک ڕاپەڕیوو، بەپێچەوانەوە دەیانەوێت هێرش بکەنە سەر ڕیشەی حکومەت و سیستمی هەبوو. لە ڕوانگەی جەماوەرەوە ڕوخاندنی ڕژیم بەو مانایەیە کە تەواوی سیستمی هەبوو بڕوخێنرێت، هێزە سەرکوتکەرەکان هەڵبوەشێنرێنەوە، سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێنرێتەوە، سانسۆر و سەرکوتکردنی بۆچوونەکان نەبێت، دەبوو هەژاری و نەداری و نائەمنی ئابوری نەبێ، بۆشاییەکی گەورە لە نێوان کێوی سامان و دۆڵی هەژاریدا لە نێوان “موچەی گەردونی و نەهامەتی گشتی”دا، پێویستە نەمێنێت، نابێت دەسەڵاتی سەروو خەڵکیمان هەبێت و تەنانەت هێمای دەسەڵاتی سەروو خەڵکی، لەوانەش دەسەڵاتی ولایەتی فەقێ و پاشا و هتد و هتد. نەخێر بۆ کۆماری ئیسلامی، واتە نەخێر بۆ هەموو ئەمانە.
تەنها یەکگرتوویی لە دەوری ئەم جۆرە داواکاریانە دەتوانێت بەڕاستی سەقامگیر بێت و خزمەت بە پێشکەوتن و سەرکەوتنی شۆڕش بکات.
سەیرکەن لە ئاستێکی بنەڕەتیدا یەکگرتوویی نێوان خەڵک و لە ڕیزەکانی شۆڕشدا تەنیا لە دەوری خواست و هیوای هاوبەشی هەموو مرۆڤەکان پێکدێت و بەشە هاوبەشەکەی هەموو مرۆڤەکان ئینسانیەتە و هیوای ئینسانیە. جەختکردنەوە لەسەر ئایین ومیللەت و نەتەوە و ڕەگەز و ئەم جۆرە پێناسانە تەنها دەتوانێت فاکتەری دابەشبوون بێت بۆ مرۆڤەکان. وە هێزە نەتەوەیی و ئایینی و نەتەوەیی و ڕەگەزییەکان بە وردی وەبەرهێنان لەسەر ئەم تایبەتمەندییانە دەکەن. لە دەوری ئەمانە یەکگرتوویی نییە، تەنیا دابەشبوون دروست دەبێت.
ئەگەر تیشک بخەیتە سەر هەر بابەتێکی دیکەی وەک ئێرانیبوون، ئیسلامیزم، ڕەگەزی فارسی، نەتەوەیی بەهێز یان کورد، بەلووچ و هتد، ئەوە زۆر ڕوونە کە ئێوە دووبەرەکی دروست دەکەن. خەڵکی ئێران بە حەق لە شەقامدا دروشمی بەلوچ وکورد و ئازەری ئازادی و یەکسانی دەڵێنەوە. تەنها ئەم جۆرە دروشمانە دەتوانن فاکتەری یەکگرتوویی بن.
مرۆڤەکان تەنیا لە دەوری ئارەزووە ئینسانییەکانیان دەتوانن یەکبگرن و ئەو خواستەئینسانیانەی ئێستا لە دەستی هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەکاندایە. لە دەستی ئەو هێزانەدایە کە لەم دواییانەدا جاڕنامەی کەمترین داواکارییەکانی شۆڕشیان بە واژۆی ٢٠ ڕێکخراوی پێشەیی و ڕێکخراوی مەدەنی بڵاوکردەوە. نموونەیەکی دیکە جاڕنامەی داواکاری پێشکەوتنخوازانەی ژنانە کە لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی ژناندا بڵاوکرایەوە. حیزبی ئێمە لە نێوان شتەکانی تردا، لە ڕێگەی ئەم تەلەفزیۆنەوە، بەردەوام هەمان داواکاری و جاڕنامەی ئینسانی دەخاتە ڕوو و دەیگەیەنێتە خەڵک.
یەکگرتوویی یان هاوپەیمانی نێوان حیزبەکان تەنیا لە دەوری ئەو جۆرە جاڕنامانە دەتوانێت بەردەوام بێت ڕیزەکانی هەموو خەڵکی شۆڕشگێڕ نوینەرایەتی و یەکگرتوو بکەن.

٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣، ٩ی خوردادی ١٤٠٢




وتاری ڕۆژنامه‌نووسیی كوردی، ون كردنی باڵانس یا وانه‌دان.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

خودناسی میتۆدێكی هه‌ڵبژارده‌یه له‌سه‌ره‌ڕێی ڕاستكردنه‌وه‌ی لاسه‌نگی و دیتنه‌وه‌ی ئه‌و مانا و چه‌مكانه‌ی ژیانی كوژاوه‌ هه‌ڵده‌كه‌نه‌وه ‌، ڕوو له‌ ئاراسته‌یێكی به‌گه‌ڕ و به‌بزاوت و پڕاوپڕ له ‌ژیان…
دیاره‌ پێچه‌وانه‌یشی هه‌ر ڕاسته ‌، به‌و ڕووكاره‌ی باڵانس ون ده‌كه‌ین و له‌ منایه‌تیه‌كی خودنه‌ناسدا ، چرا هه‌ڵكراوه‌كانیش ده‌كوژێنه‌وه ‌و ژیان كه‌ مانایه‌كی نامێنێ…
ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌نووسیی كوردی له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خته‌ ترازانیشی له‌ هه‌لومه‌رج ؛ ڕۆڵی به‌ قه‌د خۆی له‌و نێوانه‌دا ده‌گێڕێ ، ئه‌گه‌ر وه‌ك پێویست به‌خۆیشی نه‌وه‌ستابێ به‌هه‌ر فاكته‌رێك هه‌یه‌ كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر دووڕیانێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌، له‌سه‌ریه‌تی له‌ هه‌ڵكه‌وتێكی له‌و ڕه‌نگه‌دا وتارێكی بارته‌قای هه‌لومه‌رجی هه‌بێت كه‌كێشه‌ به‌هه‌سته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ له‌ دواكه‌وتوویی ژێرخان و بنیاتی كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری و په‌روه‌رده‌ ته‌نانه‌ت سیاسیش، بكاته‌ كانگه‌ و نموونه‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی هاوكێشه‌ لاسه‌نگه‌كان ، وتارێك له‌ ئاینده‌یێكی نزیكدا ئاسۆیێك ده‌ربخا و میتۆدێكی باڵانمای سه‌رده‌می لێبكه‌وێته‌وه‌…
ئه‌وه‌ی تا ئێستا سه‌رنج به‌لای خۆیدا ڕاناكێشێ ئه‌و وتاره‌یه‌ كه‌ ده‌بووایه‌ هه‌بێ و كه‌چی نییه‌! ئه‌گه‌ر ئه‌و چڵه‌تیشكه‌ی قه‌ومایه‌تی هه‌ندێ ڕۆژنامه‌ و بڵاوكراوه‌ی لێك نزیكییش كردووه‌ته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ناگه‌یێنێ وتارێكی نه‌ته‌وه‌یی ئینسانی دوور له‌ ده‌مارگیری به‌پێی میتۆدێكی زانستی و سه‌رده‌م‌ دروست بوون.
ئه‌م ڕاستیه‌ وامان لێ ده‌كا ، به‌خۆماندا بچینه‌وه‌ و خۆمان بناسین و له‌ هه‌وڵی دروستكردنی وتاری رۆژنامه‌نووسیمان به‌هه‌ستتر بین و له‌و منایه‌تییه‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌ ڕووته‌ دووركه‌وینه‌وه‌ كه‌ به‌ته‌نیا سۆزێكی هه‌ژارانه‌ ده‌روه‌ستی دێت و هیچیتر…
له‌گه‌ڵ یه‌كه‌مین پێشڕه‌وی ڕاپه‌ڕین ساڵی ١٩٩١ پێت سه‌یر نه‌بێ سه‌ره‌ڕای له‌ گرێژنه‌چوونی جه‌وسه‌رگه‌لێك ، خۆڕسك ڕۆژنامه‌نووسانی ئه‌وسای ده‌سپێكی ڕاپه‌ڕین كه‌ زیاتریش له‌ ڕۆژنامه‌نووسی بیستراودا خۆی ده‌نواند ، وتارێكی ناوكۆی دیاریكراوی هه‌بوو ، كه‌ ئه‌گه‌ر چی به‌پێی میتۆدێك دانه‌ڕێژرابوو و وه‌ك وتمان خۆڕسك دروست ببوو ، به‌ڵام وتارێك بوو جگه‌ له‌وه‌ی هه‌بوو كه‌ له‌ خۆیدا سه‌ركه‌وتنێك بوو ، ده‌قه‌به‌ری هه‌لومه‌رجه‌كه‌یش ببوو.
به‌ ‌تێپه‌ڕبوونی كات و هه‌ڵاتنی هه‌ویران له‌لایه‌ك وتاره‌ خۆڕسكه‌كه‌ به‌ره‌و كاڵ بوونه‌وه‌ چوو ، له‌لایه‌كه‌ی دیش وتارێك ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ دروست نه‌بوو جێی بگرێته‌وه ‌و كۆڕ گه‌رم بكا و ڕوونبینی و كاربرایێك پێك بهێنێ… به‌پێچه‌وانه‌وه ‌، بوو به‌ مه‌زرای هه‌رتیره ‌و له‌كه‌نداڵێك … ئه‌وه‌ی ده‌یڵێین ئه‌وه‌نییه‌ ده‌یزانین… نابه‌ڵه‌دییه‌كی دیار و به‌رباد له‌ڕووی هزر و سیاسه‌ت و كلتووردا وێنه‌ی چه‌ترێكی هه‌ناسه‌بڕ به‌سه‌رماندا كێشراوه‌… له‌په‌راوێزی زۆربه‌ی كێشه ‌و مه‌سه‌له‌كانی دونیای تازه ‌، دونیای ئه‌مڕۆی تاكجه‌وسه‌ری و هه‌وڵه‌كانی دیكه‌ی لێره‌ و له‌وێی نموونه‌ی وه‌ك ئه‌ورووپا و ژاپۆن و چین داین… په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانمان ، بێ ئه‌وه‌ی په‌ره‌سه‌ندنێكی به‌ ڕووكاری ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هاویشتبێ ڕوواڵه‌تی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و نوقمی به‌خۆوه‌ژیی و منایه‌تیه‌.. جیددیه‌ت بوونه‌وه‌رێكی ناشیرینی ناقبوڵی ناهه‌مووشته‌‌…
وتاری ڕۆژنامه‌كانمان ، یا میدیای كوردی به‌ گشتی له‌وانه‌دادان و مامۆستاكاری به‌ده‌ر، هه‌وڵی به‌شداری پێكردنی به‌رامبه‌ری لێ ناخوێندرێته‌وه‌ نه‌وه‌ی نوێ داماوه‌ ، نازانێ ڕووی له‌ كام ڕووگه‌ بێت…له‌وڵاتی خۆیدا هه‌ست به‌غه‌ریبی ده‌كات ، بۆیه‌ ده‌بینێ چاره‌سه‌ر له‌ هه‌ڵاتندا ، له‌ به‌جێهێشتنی زێدو نیشتماندا ده‌بینێ…
هه‌نگاوه‌كان له‌ میدیادا به‌و ئاراسته‌یه‌نین ته‌نانه‌ت له‌ ئاینده‌ی نزیكیشدا وتارێك دروست بكه‌ین هاوتای ئه‌و گۆڕانكارییه‌ تیژڕۆیانه‌ بێت له‌ دونیای ئه‌مڕۆدا به‌ڕێوه‌ن…
هه‌میشه‌ پرسێك هه‌یه‌ نزیك خۆ به‌كه‌مگرتن… ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر له‌ خودناسیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ ڕه‌نگه‌ نوقڵانه‌ی كه‌وتنه‌وه‌ی سه‌ر ڕاسته‌ شه‌قام بێت…
به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌و ڕاسته‌دا نییه‌ ، ئێمه‌ تا ئێستا له ‌قۆناخی ئه‌زموون و ئه‌زموونداری تێپه‌ڕیبین…
ئێمه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی په‌راوێزكراودانین ، وڵاتی ئێمه ‌، وڵاتێك نییه‌ وشكه‌ڵان و له‌تراویلكه‌ زیاتری لێ نه‌بینرێ…
هه‌قه‌ هه‌نگاوه‌كانمان بارته‌قای وڵاته‌كه‌مان بێت… هه‌قه‌ له‌و كانگه ‌و له‌ژێر بنمیچی ئه‌و ئاسمانه‌یه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین وتارێكی یه‌كخراومان هه‌رچی نه‌بێ بۆ به‌رامبه‌ر هه‌بێ ..
له‌سه‌رده‌مێكدا ، كه‌ جیهانایه‌تی ڕه‌نگڕێژی چه‌هره ‌و سیمای كردووه‌ ده‌خوازێ ڕووبه‌ده‌رتر و ڕوونتر بین و چاتر به‌رپێی خۆمان ببینین تا له‌وه‌ حاڵی بین چیمان ده‌وێ ..،
له‌تێگه‌یشتنی ئه‌و كه‌شوهه‌وایه‌دا مه‌حاڵ نییه‌ بتوانین وتاری خۆمانمان هه‌بێ…




سواوەکان.. شیعر: محمود درویش.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

                          

ڕێبوارانی ناو ووتە سواوەکان
ناسناوەکانتان هەڵگرن و بڕۆن
سەعاتەکانتان بخەنە سەر زەمەنی ئێمە
…..و بڕۆن
چیتان لە شینایی دەریا و “لم”ی یادەوەری ئەوێ
…..بیبەن
و
چیتان لە “وێنەکان” ئەوێ بیبەن
تا بزانن
كە:
ئێوە نازانن
كە چۆن بەردی خاکمان،
بنمیچی ئاسمان دروست ئەکا
ڕێبوارانی ناو ووشە سواوەکان
لە ئێوە شمشێر و لە ئێمە خوێن
لە ئێوە پۆڵا و ئاگر و لە ئێمە گۆشت
لە ئێوە تانکێکی تر و لە ئێمە بەرد
لە ئێوە قومبەلەی گاز و لە ئێمە باران
ئەوەی ئێوە لە ئاسمان و هەوا لەسەر ئێمەیە
بەشەکەی خۆتان لە خوێنمان بەرن
…..و بڕۆن
بچنە ئاهەنگی هەڵپەڕکێ و خواردن
…..و بڕۆن
ئێمە ئەبێ پاسەوانی گوڵی شەهیدەکان بین
ئەمانەوێ وەک “خۆمان ئەمانەوێ” بژین
وەک تۆز و خۆڵی تاڵ کوێتان حەز لێیە بڕۆن
بەڵام وەک ” مێروو”ی فڕیو
بە ناومانا تێمەپەڕن
چونکە بە خاکمانەوە سەرقاڵین
و
” گەنم”مان هەیە بە “تەڕایی” لەشمان
ئاوی بەین..و..گەورەی کەین
لێرە شتێکمان نیە ئێوە پێ ی قایل بن
نە بەرد….نە شەرم
گەر ئەتانەوێ “مێژوو” بەرن بۆ بازاڕی توحەفیاتەکان
گەر ئەتانەوێ لەسەر قاپێکی سیرامیک
كەللە سەری “توتی”ە کە بگێڕنەوە
ئەوەی هەمانە ئێوە پێ ی قایل نین
پاشەڕۆژمان هەیە
و
سەرقاڵی کارکردنین لە خاکمان
ڕێبوارانی ناو ووشە سواوەکان
وەهمەکانتان لە چاڵێکی بە جێهێڵراوا بخەنە سەر یەک
…..و بڕۆن
و
میلی زەمەن بگێڕنەوە سەر شەرعییەتی “ڕەوتە” پیرۆزەکە
یان
بۆ سەر تەوقیت کردنی مۆسیقای چەکێک
لێرە شتێکمان نیە ئێوە پێ ی قایل بن
….. بڕۆن
ئەوەی هەمانە ئێوە نیتانە
نیشتمانێک خوێنی لێ ئەڕژێ
و
میللەتێک خوێنی لێ ئەڕژێ
نیشتمانێک بۆ لە بیربردنەوە یان بەبیر هاتنەوە بشێ
ڕێبوارانی ناو ووشە سواوەکان
كاتی ئەوەیە کە بڕۆن
جگە لە ناو ئێمەیا لە کوێتان ئەوێ جێنشین بن
كاتی ئەوەیە کە بڕۆن
و
لە کوێتان ئەوێ بمرن ، بەڵام لە ناو ئێمەیا مەمرن
لە خاکەکەمانا کارمان زۆرە
و
مێژوومان لێرەیە
و
یەکەم “دەنگی” ی “ژیان”مان لێرەیە
و
ئایندە و پاشەڕۆژمان هەیە
و
دونیا و کۆتاییمان لێرەیە
لە خاکمان بچنە دەرەوە
لە خاکمان…لە جۆگە و ڕووبارەکانمان
لە”گەنم”مان..لە “خوێ”مان….لە “زام”مان
لە هەموو شتێ
و
لە ووشەکانی بە بیر هێنانەوەمان
بچنە دەرەوە
ڕێبوارانی ناو ووشە سواوەکان
…………………………………………………….

Dec /2022




شیعری مناڵان\ وانەکانی سروشت.. محەمەد بەرزی

سروشت پڕە لە وانە
بیرکەرەوە و بیزانە

شاخ دەڵێ سەرشۆڕمەکە
بڕوانە بەرەو لوتکە

ڕووباریش دەڵێ نەکەی
تەماشای دواوە بکەی

درەختیش هاوار دەکا
هەمیشە چاکە بکە

هەرچۆن گەڵا دەوەرێ
دوێنێ بخەرە پشتگوێ

خۆریش دەڵێ : تاریکی
بگۆڕە بە ڕووناکی

تێبینی : بیرۆکەی ئەم هۆنراوەیە لە هۆنراوەیەکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە




مێگەلی پاقلەخۆر.. نەوزاد بەندی

وڵاتێکی نەوتیی دەوڵەمەند ، دوای تێپەڕبوونی 25 ساڵ بەسەر لابردنی ئابڵوقەی ئابوریدا هێشتا بەشە خۆراکیان بەسەردا دابەش بکەن ، میللەت نین ، مێگەلن .کێڵکەی مریشکن .

کە خواردنیان بەسەردا دابەشکردیت ، واتا تۆ هاووڵاتیەکی نۆرماڵ نیت ، لە زینداندایت ، لە ئۆردوگادایت ، بومەلەرزە و لافاو وێرانیان کردوویت ، لە کۆڕەودایت ، لە باخچەی ئاژەڵاندایت .. هێشتا ئازادی و مافی ئەوەت نییە گیرفانت هەبێ و خۆت خواردن بۆ خۆت بکڕیت ..
ئینجا کاتێ بە نەتەوە یەکگرتووەکان (بە پارە و سامانی خۆت) ، ئارد و برجت بۆ بکڕێ و دابەشی بکاتەوە بەسەر خۆتا ، کارەساتێکی گەورەیە ، چونکە دابەشکردنی ئەو شتانە بۆ ئەو گەلانەیە کە هەژارن و توشی کارەسات بوون و لە سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆیان خەرج ئەکرێت نەک لە داهاتی ووڵاتەکە خۆی .. ئەمە هیچ نەگەیەنێ ، ئەوە ئەگەیەنێ کە ووڵاتەکە کێشەی ئابووریی نییە بەڵکو کێشەی عەقڵیی هەیە و..ئەمریکای داگیرکەریش لەم کەیسەدا کێشەی ئەخلاقیی هەیە .
هەروەها ئەم خواردن دابەشکردنە باشترین ڕێگایە بۆ ئەوەی هەر ژەهر و مادەیەکی گەمژەکردنت بوێت ، دەرخواردی میللەتەکەی بدەیت ..
تۆ ناپرسی بۆچی میللەت وا گەمژە و بێ جوڵە و بێ هەڵوێستە ؟ ناپرسی بۆچی میللەتی پێش بایعیی زۆر جیاوازن لە میللەتی دوای بایعیی ؟ ناپرسیت ئەم هەموو پەتا و شێرپەنجەیە چییە ؟
ئەوان لە تورکیا بچن هۆرمۆنی گەمژەکردنی منداڵی کورد بکەنە نەستەلە و نوقوڵەوە ، چۆن نایکەنە ئارد و برنج و زەیتەوە ؟
لەوەیش ناخۆشتر ئەم دۆخە ، لێکەوتەی تریشی لێ دەکەوێتەوە ،وەک ئەوەی بازرگانە چاوچنۆکەکانمان حازر و ئامادە دەکات کە ئەگەر بایعی وەستا ، یەکسەر ئیحتیکاری بازاڕی خواردن بکەن و هەژارەکان لە برساندا بکوژن ..
سەردەمێکی دوورە هیوادارم پەرەگرافێک نوسین بخوێنمەوە پەنجا هەڵەی چاپی تیا نەبێ .. نییە ..ئەمانە هەڵەی چاپ نین ، بەڵکو بەرهەمی میللەتێکن هەست و هۆشی لێبراوە و سەرخۆش کراوە ..




کورد و زمانی کوردی.. زانا ڕەزاق

یەکەم داگیرکردن لەزمانەوەیە..

سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم داگیرکاری لەزمانەوەیە، چونکە کاتێک نەتەوەی سەردەست بیەوێ نەتەوەی ژێردەست بتوێنێتەوە یەکەم شت دەیکات کارکردنە لەسەر زمان ، چونکە لەزمانەوە دەچیتە نێو شتەکانی تری نەتەوەی تر نموونەش وەکو گۆرانی و فلیم و تێکەڵبوون لەگەڵ خەڵکیتر…
هەروەها هاتنەوەش بۆ نێو نەتەوە هەر لەزمان و فێربوونی زمانەوەیە ئەوجا دواتر شتەکانی ترە

دووەم
چۆن بەرەو پێش دەچێت؟

بۆ ئەوەی زمانی کوردی سەرەتا پاکبکرێتەوە لەووشەو هەموو شتەکانی تری زمانی تر لەهەمان کاتدا ووردە ووردەش بەرەو پێشبچێت ، برەوی پێبدرێت ، دەبێ سەرەوە بەرەو خوارەوە جێبەجێ بکرێت ،
مەبەستیشم لەسەرەوە بۆ خوارەوە ئەوەیە .
نموونەش :

وەکو میدیا ، زانکۆ و میدیا هەموو شتەکانی تر ئەوجا بۆ خوارەوە دەچێت و ئەوانیش وەکو سەرەوە دەکەن هەروەک ووتەیەکیش هەیە دەڵێ گەورە دەڕێژێت بچووک پێی تێوەردەدات.

5 6 2023




نووسین ئازایەتی نییە!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لە سەردەمێکدا، کە مرۆڤ بە یەک کلیک، هەر زانیارییەک لە هەر ڕووێکەوە بێت، مەبەستی بێت دێتە بەردەستی، ئەوا نووسین ئەگەر بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز و تازە و داهێنەرانەی تێدا نەبێت، نەک هەر هیچ بەهاو حیکمەت و ئازایەتییەکی تێدا نییە، بەڵکو کاویژکردنەوە و لاساییکردنەوەیەکی زەقیشە. مرۆڤ بە سرووشت و خۆرسکانە، ئارەزووی زانین دەکات، بەڵام هەرگیز نایەوێت شتێک بزانێت کە پێشتر زانیویەتی، بەڵکو دەیەوێت بەر زانین و مەعریفەی نوێ بکەوێت، کە ئەمە بۆ دۆخی نووسین ودنیای ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتیش هەمان شتە. ئێمە وەک خوێنەرێک، ڕۆژانە بەر سەدەها نووسین و وتار و کتێب دەکەوین، بەڵام چەندیان مەعریفەی نوێ و شاراوەیان تێدایە، چەندیان تازە و نوێ و جیاوازن، ئەمە پرسیارە سەرەکیەکەیە. بێگومان گەر بە وردی سەرنج لە دنیای نووسینی کوردی و نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی بدەین، ئەوا دەبینن هاوشێوەبوون، لێکچوون و کاوێژکردنەوە، وەک یەکی و نەبوونی دیدگاو گوتارێکی تازە، لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی گوتاری نووسین و ڕۆشنبیری کوردین. ئێمە بە جۆرێک دنیا دەبینین و بیردەکەینەوە، وەک توتییەک هەمان شت دەڵێینەوە، لە کاتێکدا نووسین و بیرکردنەوە، هیچ بەهایەکیان نییە ئەگەر جیاواز و دابڕاو نەبن و هوشیاریی و ئاگایەکی قووڵییان لە پشت نەبێت. هاودەم و هاوسەردەمی گۆران، شاعیرانی وەک قانح و بێکەس و دڵدار و شێخ نوری و پێرەمێردیش دەژیان و شیعریان دەنووسی، بەڵام بۆچی تەنها گۆران بووە نوێکەرەوەی شیعری کوردی. بێگومان چونکە جیاواز بیری کردەوە، جیاواز دەیڕوانیی و ئاگاییەکی شیعرییانەی قووڵتری لەوانیتر هەبوو. بۆیە بە ئێستاشەوە، کەس ئەوانە بە نوێخواز و نوێکەرەوەی شیعری کوردی نازانێت، بەڵام بۆ هەتا هەتایە، مەدالیای داهێنان و نوێخوزای بە بەرۆکی گۆرانی شاعیرەوە دەمێنێتەوە. بۆیە هەمیشە جیاواز ڕوانین و دنیابینی تازە و نوێ، بەهایەکی ئەدەبی و مەعریفی زیاتریان هەیە، وەک لەوەی شتێک بڵێین و بنووسین، کە سەدان جار پێشووتر نووسراوە و قسەی لە بارەوە کراوە. بە گشتی، دنیای نووسینی ئێمە، هەمیشە هاوشێوەو هاوبیر و ڕوانین بووە. بە دەگمەن ڕێکدەکەوێت، خوێنەر بەر تێکستێکی نوێ، کتێبێکی نوێ، ڕوانینێکی نوێ، کە پێشتر نەگوترابن و نە نووسرابن دەکەوێت. لەبەر ئەوەی هەموو ژیانم لەگەڵ خوێندنەوە و کتێیبە، ئیدی بڕوام وایە ئێمە وێرای ئەو هەموو پێشکەوتن و کرانەوەش، وەلێ هێشتا دنیابینی و تێگەیشتنێکی تازەمان لە هیچ ڕووێکی زانستی و ئەدەبی و هونەری بۆ دنیا و بۆ ڕووداوەکان نییە. زۆرجار، لە ژێر یەک ناونیشان، دەیان کتێب و نووسین دەنووسرێن و شتێکی نوێیان تێدا نییە. لەو ماوانەی ڕابردوودا، سەدان وتارم لە بارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاو ناپاکی حەسەن خەیری، کوردە ناپاکەکەی سەردەمی ئەتاتورک خوێندنەوە. چەندین وتارم هەر لەو ماڵپەڕە، لە بارەی پۆست مۆدێرنە لە فیلم، ڕەخنەی ژینگەیی لە شیعر، قەیرانی شانۆ و دراما خوێندنەوە، کە شتێکی ئەوتۆی جیاوازیان لە یەکتری تێدا نەبووە. زۆرتر لە دە کتێبم، هەر لەو ماوانەی ڕابردوو، لە سەر گۆرانی شاعیر خوێندنەوە، جگە لەکتێبەکەی مامۆستا (ڕێبوار سیوەیلی)، لە هیچ کام لە کتێبەکانی دیکە، بەر زانیارییەکی تازە و نوێ لە بارەی گۆرانی شاعیرەوە نەکەوتم. مەگەر هەموومان نازانین کە گۆران شاعیرێکی جواندۆست و سرووشت دۆست بووە؟ گەر سەرنج لە ناونیشانی نامە ئەکادیمییەکانی زانکۆ، ئەوانەی وەک تێزی ماستەر و دکتۆرا دەنووسرێن بدەین، ئەوە وێرانەیەکە هەر مەپرسە. وەک ئەوەی قەیرانی ناونیشان بێت. سەدان نامەی ئەکادیمی لە ژێر یەک ناونیشانی هاوشێوە و کاوێژکەرەوەدا وەک (وێنەی هونەری لە شیعردا ، بونیادی ڕووداو لە ڕۆماندا، گێڕانەوە لە ڕۆماندا، ئستاتیکی شیعریی، فەلسەفەوشیعر، ڕۆڵی ڕوانگە لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا) ئەمانە و دەیان ناونیشانی دیکە دەنووسرێن. ئەمە وێرای ئەو هەموو هەڵە مێژوویی و بابەتییانەی لەو نامانە دەکرێن و دەنووسرێن. لە کاتێکدا ئەگەر لە زانکۆدا کە نێوەندێکی پڕ بەهای زانستی و داهێنانە، بیر و ڕوانین و نووسینی تازە و نوێ نەبێت، بۆچی گازاندە لە نێوەندی نووسین و ڕۆشنبیری دەرەوەی زانکۆ بکەین؟ کەسانێک هەن، هێشتا تەمەنیان لە بیستەکانە، کەچی لە بارەی ڕۆشنگەری، فەلسەفە، ئەقڵانییەت، زانست و لاهوتیەت دەنووسن. من نازانم ئەوانە لە چەند ساڵییەوە دەستیان داوەتە خوێندنەوەی کتێب، چونکە نووسین بەرمەبنای ئەزموونێکی دوور و درێژ و شەونخونییە لەگەڵ کتێب و خوێنەوەدا، ئیدی نازانم ئەوانە چۆن بوێری ئەوەیان هەیە، بە خوێندنەوەی یەک دوو کتێبۆکە، دەم لە بابەتی وەها گەورە بژەنن؟ کەسانێک هەن، زۆرتر لە زمانێک دەزانن، ئیدی بیرۆکە و تیمای نووسینێک بەو زمانانە وەردەگرن کۆپی دەکەن بە نێوی خۆیانەوە دەیکەنە کوردی و بڵاویدەکەوەنەوە. خوێنەری کوردیش، چونکە بیر کورت و ڕاگوزەرە، قووڵ نییە و هەڵوەستە ناکات، ئیدی بە سەریدا ڕاگوزەرانە تێ دەپەڕێت. شاعیری کورد هەیە، دوای نیو سەدە لە ئەزموونی شیعری، شتێکی نوێی پێ نەماوە و خۆی کاوێژ دەکاتەوە. چیڕۆکنووس هەیە، پەنجا ساڵ لەمەو بەر، باسی باوکسالاری و چەوسانەوەی ژنی دەکرد، کەچی ئێستاش هەر ئەو قەوانە لێ دەداتەوە و وا دەزانێت ژنی کورد، هەمان ژنی ساڵانی هەفتاو هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە. کەم کەس هەیە (یاخود هەر نییە) بیرەوەرییەکانی ڕۆژگاری شاخی سەردەمی خۆی نووسیبێتەوە و خۆی بە پاڵەوان نەکردبێت. بە یەک دێرێش هەڵەو لادانێکی خۆی باس نەکردووە. تۆبڵێی بەرپرسێک لە کۆی ژیانی شاخدا، هەڵەیەکی ئەگەر بچووکیش بێت نەبووبێت؟ ئەگەر ئێمە خاوەنی ئەو هەموو پاڵەوانانەین، بۆچی تا ئێستا هەر ژێر دەستەو چەوساوەین؟ بۆ هونەریش هەمان دۆخی ئەدەبییە. سەرنج بدەن، گەنجێکی شانۆکاری دوای ڕاپەڕین، تازە بە تازە، لە نەبوونی ئایدیا و بیرکردنەوەی نوێ، دێت لە ڕێگەی درامایەکی تیڤیدا، دەمانگێڕێتەوە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق. ئەمە ئەگەر هەژاری هونەریی، هەژاری بیرکردنەوە و ڕوانین نەبێت چیترە؟ بۆچی ژنێکی نەخوێندەواری تەمەن شەست ساڵ، سەلیقەی ئەوەی هەیە، سەیری سێ سەد ئەڵقە لە درامایەکی تورکی بکات، بەڵام بە دیار درامای کوردی دانانیشێت؟ هەڵبەتە وەڵامەکەی ڕوونە، چونکە هونەرمەندی کورد، ئەو توانا هونەریی و ئیبداعییەی نییە بتوانێت بینەری کورد ڕازی بکات. هەموو کاتێک بژاردەی ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان، دەبێ دنیابینی و ئەقڵیەتێکی جیاوازیان لە ئەقڵی گشتی هەبێت، هەرکاتێک سنوورێک لە نێوان ئەقڵی نوخبە و عەوام نەماوە، ئیدی هەزاران نووسین و تێکست و کتێبیش، ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر هزر و دنیابینی مرۆڤ دابنێن، دروست وەک ئەوەی ئێستا لە نێو ئێمە هەیە.




لەبارەی دادگەییکردنمەوە: خه‌باتی چینایه‌تی یا نه‌فره‌تی چینایه‌تی.. ئێریکۆ مالاتێستا

لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە-٢٠١٠*

و. لە فارسییەوە: هەژێن

له‌بەردەم لێژنه‌ی سوێندخۆران (بڕیاردانی)ی میلان‌دا تێڕوانینگه‌لێكم له‌مه‌ڕ خه‌باتی چینایه‌تی و پرۆلیتاریا ده‌ربڕین، كه‌ ڕه‌خنه‌ و سه‌رسوڕمانێكی زۆریان وروژاند. وا لێرەدا بە ورده‌كارییه‌كی زیاتره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و تێڕوانینانه‌.
لەوێدا زۆر بە توڕه‌ییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ تۆمه‌تبارکردنم بە هەڵخڕاندنی نەفرەت ناڕه‌زایه‌تیم ده‌ربڕی؛ ڕوونم كرده‌وه‌، كه‌ له‌ پاگه‌نده‌كه‌مدا هه‌رده‌م ویستوومه‌ بیسه‌لمێنم، كه‌ تاوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پەیوەندییان به‌ شەڕەنگێزی سه‌رۆكێك یا سه‌رۆكێكی تر، فه‌رمانڕوایه‌ك یا فه‌رمانڕوایه‌كی ترەوە نییە، به‌ڵكو سەرچاوەیان بۆ میرییه‌كان و ده‌زگەکان دەگەڕێتەوە؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌، ڕێگه‌چاره‌ له‌ گۆڕینی دانه‌ دانه‌ی ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایانه‌دا نییه‌، لەبری ئەوە پێویسته‌ ئه‌و بنچینه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ بەسەر مرۆڤدا سەروەر دەکات، له‌ناو ببرێت؛ هه‌روا هەردەم ڕوونم كردووەته‌وه‌، که‌ پڕۆلیتێره‌كان، وه‌ك تاك، له‌ بۆرژواكان باشتر نین، به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌ بەڵگەکان نیشانی ده‌دەن، کاتێك کە كرێكارێك بەڕێکەوت بە ڕێوشوێنی دەوڵەمەندی و فەرماندان دەگات، وه‌ك بۆرژوازییه‌كی ئاسایی ڕه‌فتار ده‌كات، بەڵکو خراپتریش.

وه‌ها ده‌ربڕینگه‌لێك شێوێنراون و هه‌ڵگێردراونه‌ته‌وه‌، له‌لایه‌ن چاپه‌مه‌نییه‌كانه‌وه‌ خراپ لێكدرانه‌وه‌ و هۆی ئەوەش ڕوونه‌. ئه‌ركی چاپه‌مه‌نی بەکرێگیراو، پارێزگارییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پۆلیس و چەپاولگەران، شاردنه‌وه‌ی سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌ناركیزمه‌ له‌ خه‌ڵك و هەوڵدان بۆ متمانەدان بە داستانگەلێك لەمەڕ ئه‌ناركیسته‌كان کە بە ڕکاوی و تێکدەریان دەچوێنن؛ چاپه‌مه‌نییه‌کان ئه‌وە وه‌ك ئه‌ركێك ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ دەبێت دان بەوەدا بنێین، كه‌ ئه‌وان زۆر جار له‌ نیازپاكییەوە، لە نەزانی و سادەیی دیارەوە ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری، وەك پیشەییەك، تا ئاستی كار و كاسبی دابه‌زیوە، ڕۆژنامه‌گه‌ران نه‌ك ته‌نیا هه‌ستە مۆڕاڵییەکانیان له‌ده‌ست داون، به‌ڵكو، هه‌روا پاکی هزرییشیان لەدەستداوە، ئەوەی کە بابەتێك نەزانن، لەبارەیەوە نەدوێن.

با واز لە نووسه‌رانی پێنووس بەکرێگریراو بهێنین و له‌مه‌ڕ كه‌سانێك قسه‌ بكه‌ین، كه‌ هزریان له‌ته‌ك ئێمه‌ جیاوازە و زۆر جار ته‌نیا له‌ شێوازی ده‌ربڕینی باوه‌ڕدا، بەڵام هێشتاكه‌ دۆستی ئێمەن، چونكه‌ ئه‌وانه‌ ڕاستگۆیانه‌ ئامانجیان هه‌مان ئامانجه‌ كه‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌.

سه‌رسوڕمان له‌و کەسانەدا نابەجێیە، ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ بیری لێده‌كه‌مه‌وه‌ ساخته‌یه‌. ئه‌وان ناتوانن له‌به‌رچاوی نه‌گرن كه‌ په‌نجا ساڵه‌ من له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسانه‌ ده‌ڵێم و ده‌نووسم و له‌مه‌ڕ ئه‌م پرسانه‌ سه‌دان و هه‌زاران ئه‌ناركیستی تر هاوكات له‌ته‌ك من و پێش منیش قسه‌یان كردووه‌.
با فرەتر لەمەڕ جیاوازی بیروباوەڕ قسە بکەین.
ئه‌وان كه‌سانیێكن لایه‌نگری كرێكار، كه‌ لە ده‌ستانی قڵیشاو و زەخمیندا بوونێكی خوایی به‌هره‌مه‌ند له‌ هه‌موو شایانداریی و باشییه‌ك وێنا ده‌كه‌ن؛ ئه‌گه‌ر کەسێك بوێریت له‌مه‌ڕ مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی قسه‌ بكات، ئەوان وه‌ك تێکشکاوێك به‌ناوی پیرۆزی پرۆلیتاریاوه‌، ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر ده‌رده‌بڕن.

هه‌نووكه‌، ڕاستییەکەی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مێژوو پرۆلیتاریای كردووه‌ به‌ ئامرازی بنه‌ڕه‌تی ئاڵوگۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی داهاتوو؛ ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌نگ له‌پێناو جێگیری كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه‌ ته‌واوی نه‌وه‌كانی مرۆڤ تێیدا ئازاد و له‌ گشت ئامرازەکانی ئازادی ڕاده‌ربڕین به‌هره‌مه‌ندبن، ده‌بێت له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ پشت به‌ پرۆلیتاریا ببه‌ستێت.

هه‌روا ئه‌وڕۆكه‌ که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان و سه‌رمایه‌ به‌رهه‌می كاری نه‌وه‌كانی ڕابوردوو و ئێستایه‌، که‌ هۆكاری بنچینه‌یی ملکەچی جەماوەر و ستەمە كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانە؛ سروشتییە بۆ كه‌سانێك كه‌ هیچ شتێكیان نییه‌، هەر لەبەر ئەوەشە ڕاستەخۆ و ئاشکراتر هۆگرییان بۆ هاوبه‌شکردنی ئامرزاه‌كانی به‌رهه‌مهێنان هه‌یە و دەبنە هۆكاری سه‌ره‌كی لەناوبردنی پێداویستی خاوه‌ندارێتی. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یە کە ڕووی قسه‌ و پاگه‌نده‌ی ئێمه‌ فره‌تر له‌ پڕۆلیتاریایه‌، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌لومه‌رجی ژیانیان به گشتی بۆیان دژوار ده‌كات، كه‌ پێش بكه‌ون و داخواسته‌ باڵاکانیان به‌ده‌ستبهێنن. به‌ڵام ئه‌مه‌ نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی، كه‌ ئێمه‌ بتێك له‌ هه‌ژار، له‌به‌ر هه‌ژاربوونی دروست بكه‌ین؛ هه‌روه‌ك هۆیه‌كیش نییە بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ وی به‌و باوه‌ڕه‌ هان بده‌ین، كه‌ ئەو خۆی له‌ خۆیدا لەپێشترە، ئه‌وه‌ی كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕێوشوێنی وی له‌ شایاندارییه‌وه‌ نایێت یا ویستی ئه‌و مافه‌ به‌و نادات، كه‌ له‌ته‌ك كه‌سانی تردا خراپ ڕه‌فتار بكات، به‌ هه‌مان شێوه‌ كه‌ كه‌سانی تر بەرامبەر بە ئەو خراپ ڕه‌فتاریان كردووه‌. سه‌ركوتگه‌ری ده‌سته‌ قڵیشاوییه‌كان ( كه‌ به‌كرده‌وه‌ هێشتاكه‌ سه‌ركوتگه‌ری كه‌سانێکی ده‌سته‌بژێره‌ و چیتر ده‌ستانی قڵیشاوییان نییه‌، ئه‌گه‌ر پێشتریش هه‌یان بووبێت)، كه‌متر توندوتیژ و ترسناکتر نابێت و به‌ به‌راورد به‌ سه‌ركوتگه‌ری ده‌ستانی دستكێشپۆش كه‌متر شه‌ره‌نگێزانه‌تر نابێت. ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ كه‌متر ڕوون و زیاتر بێبه‌زییانەتر بێت: ئەمە تەواوی شتەکەیە.

هه‌ژاری كاتێك له‌ نه‌وه‌یەکەوە بۆ نه‌وه‌یەکی تر درێژه‌ی دەبێتەوە، شتێكی ترسناكتر نەدەبوو، لەوەی کە هەیە، ئه‌گه‌ر خوی دڕندانه‌ی مۆڕاڵی و زیانی مادی و ناله‌باری جه‌سته‌یی بەرهەم نەهێنایە. هه‌ژاران كه‌موكورتی جیاوازتریان له‌ كه‌موكورتی چینه‌ به‌رته‌ره‌کان هەیە، كه‌ له‌ دەوڵەمەندی و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتووه‌، به‌ڵام لەوەی ئەوان باشتر نییە.

ئه‌گه‌ر چی بۆرژوازی كه‌سانی وه‌ك Giolitti و Graziani و ته‌واوی لیستی دوورودرێژی ئه‌شكه‌نجه‌ده‌رانی مرۆڤایه‌تی، له‌ داگیرکه‌رانی گه‌وره‌ و خاوه‌نكارانی بچووكی زالووئاسا و چاوچنۆك، پێك بهێنیت، كه‌سانی وه‌ك Reclus، Cafiero و Kropotkine و زۆرێكی تریش بەرهەم دەهێنێت، كه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا به‌رته‌رییه‌ چینایه‌تیشان ده‌كه‌نه‌ قوربانی ئامانجیك. هەروا ئەگەر چی پڕۆلیتاریا پاڵه‌وانان و گیانبه‌خشانی زۆری به‌ بزاڤی ڕزگاری مرۆیی به‌خشیوه‌ و ده‌به‌خشێت، هەرواش پاسه‌وانان، بكوژان و دژه‌خونان له‌ هاوچینانی خۆشییەوە له‌ خودی پرۆلیتاریاوه‌ سه‌ر ده‌رده‌هێنن، كه‌ به‌بێ ئه‌وانه‌ سه‌ركوتگه‌ری بۆرژوازی ته‌نانه‌ت بۆ ڕۆژێكیش نه‌یده‌توانی به‌رده‌وام بێت.

چۆن ده‌توانرێت نه‌فره‌ت بگۆڕدرێت به‌ بنه‌مای دادوه‌ری و گیانی فێریاریی ئه‌م پێداویستییه‌، له‌ كاتیكدا ئاشكرایه‌ كه‌ توندوتیژی له‌ هه‌موو جێیه‌ك هه‌یه‌ و به‌ هۆگه‌لێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، كه‌ واوه‌ترن له‌ ویست و لێپرسراوه‌تی تاكه‌كه‌سیی؟

ئه‌گه‌ر خه‌باتی چینایه‌تی به‌ واتای خه‌باتی به‌هره‌كێشكراو له‌ دژی به‌هره‌كێشگه‌ر بۆ له‌ناوبردنی به‌هره‌كێشی بێت، بهێڵن خه‌باتی چینایه‌تی وه‌ك ئاره‌زووه‌كانی ئێمه‌ بێت. ئه‌م خه‌باته‌ ڕێگه‌یه‌كه‌ بۆ هه‌ڵخڕانی مادی و ئاكاری و هەروەها بنه‌ڕه‌تیترین هێزی شۆڕشە، کە دەکرێت پشتی پێبەسترێت.

بوار مه‌ده‌ن نه‌فره‌ت له‌ ئارادا بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ خۆشه‌ویستی و دادوه‌ری ناتوانن له‌ نه‌فره‌ته‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ن. نه‌فره‌ت تۆڵه‌ به‌ دوای خۆیدا ده‌هێنێت، حه‌زی زاڵبوون به‌سه‌ر دوژمندا، پێویستی به‌ زاڵبوونی به‌رته‌ریی تاكه‌. نەفرەت تەنیا دەتوانێت پایەی میرایەتییە (حکومەتە) تازەکان بێت، ئەگەر کەسێك سەربکەێت، بەڵام ناتوانێت پایەی ئەنارکی بێت

بەداخەوە، ده‌ركردنی نه‌فره‌تی جه‌ماوه‌ری به‌هره‌کێشیکراوانێك كه‌ جه‌سته‌ و هه‌ستییان له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ و به‌هره‌كێشی كۆمه‌ڵگه‌دایه‌، زۆر ئاسانە: بەڵام هەر کات ئەو دۆزه‌خەی كه‌ تێیدا ده‌ژین به‌ ڕۆشنایی ئامانجێك ڕۆشن بێته‌وه‌، ئیتر نه‌فره‌ت لەنێودەچێت و حه‌زی کڵپه‌سه‌ندنی تێكۆشان بۆ چاكه‌ گشتگیر دەبێت.

له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌، كه‌سانی كینه‌دۆز له‌ نێوان هاوڕێیانی ئێمه‌دا په‌یدا نابن، سەرەرای زۆری پاگه‌نده‌گه‌رانی نه‌فره‌ت. ئه‌وان وه‌ك هۆنه‌رێك وان، كه‌ باوكی ئاشتی و چاكه‌یه‌، به‌ڵام چریكه‌ی نه‌فره‌ت ده‌خوێنیت، چونكه‌ ئه‌مه‌ ئاسانکاری هۆنینه‌وه‌ی هۆنراوه‌ی باش (له‌وانه‌شه‌ خراپ) پێده‌بەخشێت. ئه‌وان له‌ نه‌فره‌ت ده‌دوێن، به‌ڵام نه‌فره‌تیان له‌ خۆشه‌ویستی چێ بووە.
له‌به‌ر ئه‌مە، من خۆشه‌ویستیم بۆ ئه‌وانه‌ هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناو و ناتۆرەشم لێبنێن.

ئێریکۆ مالاتێستا
٢٠ی سێپتەمبەری ١٩٢١

„Umanità Nova“ , n. 137, September 20, 1921
ئەرشیڤی نووسەر:
http://dwardmac.pitzer.edu/anarchist_archives/malatesta/Malatestaarchive.html

—————————

  • http://www.dengekan.com/doc/2010/6/hazhen1.htm



مارکس و ئەنارکیزم*.. و: زاهیر باهیر- بەشی شەشەم

مارکس و ئەنارکیزم*

نوسینی : Rudolf Rocker
ساڵی 1925

و: زاهیر باهیر
III
بەشی شەشەم :

بۆ نموونە نووسینە سیاسییەکانی مارکس لەم قۆناغەدا، ئەو بابەتەی کە لە ڤۆروارتس (Vorwaerts ) ی پاریس بڵاوی کردووەتەوە، نیشانی دەدات کە چۆن لە ژێر کاریگەری بیرکردنەوەی پرۆدۆن و تەنانەت بیرۆکە ئەنارکیستەکانیشیدا بووە.
ڤۆروارتس (Vorwaerts ) گۆڤارێکی دەوری بوو کە لە پایتەختی فەرەنسا لە ساڵی 1844 لە ژێر سەرپەرشتی هاینریش بێرنشتاین (Heinrich Bernstein ) دەردەچوو، سەرەتا تەنیا لە دیدی تێڕوانینییەوە لیبڕاڵ بوو، بەڵام دواتر دوای بزربوونی ئانالێس جێرمانۆفرانسایز، (Anales GermanoFrancaises ) بێرنشتاین (Bernstein ) پەیوەندی بە بەشداربووانی کۆنەوە کرد بەم جۆرە هاوکارانی پێشوی ڕازی کرد بە پەیوەندیکردن بە بزوتنەوەی سۆشیالیستییەوە. ئیتر لەو کاتەوە ڤۆروارتس (Vorwaerts ) بوو بە زمانی فەرمی سۆسیالیزم و بەشداربووانی زۆر لە دوا بڵاوکراوەکەی ئەی ڕوج (A. Ruge ) لە نێوانیاندا باکونین، مارکس، ئەنگڵس، هاینریچ هاین، (Heinrich Heine ) جۆرج هێرویگ (Georg Herwegh ) و هتد بە بەشداریکردنیان نوسینەکانیان بۆ نارد.
مارکس لە بڵاکراوەی ژمارە 63 دا (7 August 1844) بەرهەمێکی جەدەلسازیی بەناوی “تێبینی ڕەخنەیی لەسەر وتارەکەی ‘پاشای پرۆسیاو و چاکسازی کۆمەڵایەتی’ ’” بڵاوکردەوە. لەوێدا لێکۆڵینەوەیەکی لە سروشتی دەوڵەت کرد و بێتوانایی تەواوەتی دەوڵەتی نیشاندا لە کەمکردنەوەی نەهامەتی کۆمەڵایەتی و سڕینەوەی هەژاریی. ئەو بیرۆکانەی کە نووسەر لە ڕەوتی وتارەکەیدا دەیخاتە ڕوو، بە تەواوی ئەنارکیستن و بە تەواوی لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەدا دەگونجێن کە پرۆدۆن و باکونین و بیرمەندەکانی دیکەی ئەنارکیزم لەم پێوەندییەدا خستوویانەتە ڕوو. خوێنەران بۆ خۆیان دەتوانن لەم بڕگەیەی خوارەوە لە لێکۆڵینەوەکانی مارکس حوکم بدەن:
” دەوڵەت …. هەرگیز سەرچاوەی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان لە ‘دەوڵەت و سیستەمی کۆمەڵگەدا’ دا نابینێت. لە و شوێنەی حیزبە سیاسیەکان هەبن، لە ڕاستیدا هەر حیزبێک ڕەگی هەموو خراپەیەک لە حیزبە موعاریزەکەدا دەبینێت لەبری خۆی ، کە حزبێکی دژبەرە و لە حوکمڕانی دەوڵەتدا وەستاوە. تەنانەت سیاسەتمەدارە ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکان نەک لە سروشتی جەوهەریی دەوڵەتدا ئەو خراپەیە دەبینن بەڵکو لە فۆرمێکی دەوڵەتی دیاریکراودا بەدوای ڕیشەی خراپەکاریدا دەگەڕێن، کە ئارەزووی ئەوە دەکەن بە فۆرمێکی دەوڵەتی جیاواز جێگەی بگرنەوە.
” لە ڕوانگەی سیاسییەوە دەوڵەت و سیستەمی کۆمەڵگە دوو شتی جیاواز نین. دەوڵەت سیستەمی کۆمەڵگەیە. ئا لەو بارەدا دەوڵەت دان بە بوونی کەموکوڕی کۆمەڵایەتیدا دەنێت، هۆکارەکانیان یان لە یاساکانی سروشتدا دەبینێت، کە هیچ دەسەڵاتێکی مرۆیی ناتوانێت فەرمانی پێبکات/ دەستی تێوەردا، یان لە ژیانی تایبەتدا کە وابەستەی دەوڵەت نییە، یان لە چالاکییە نابەجێیەکانی ئیدارەدا، کە وابەستەی ئەوە نییە. بەم شێوەیە ئینگلتەرا هۆکاری هەژاریی لە یاسای سروشتدا دەبینێت کە بەهۆیەوە ژمارەی دانیشتووان دەبێت هەمیشە لە سەرچاوەکانی بژێوی ژیانیان، زیاتر بن. لە لایەکی ترەوە ئینگلتەرە هەژاری بە ئیرادەی خراپی هەژارانەوە دەبەستێتەوە، هەروەک چۆن پاشای پرۆسیا بە هەستی نامەسیحی دەوڵەمەندەکان ڕوونیدەکاتەوە و هەر وەک چۆن ڕیکەوتنامە/پەیمان بە عەقڵیەتی دژە شۆڕشگێڕانەی گوماناوی خاوەن موڵکەکان لێکیدەداتەوە یاخود دەیبەستێتەوە . بۆیە ئینگلتەرە سزای هەژاران دەدات، پاشای پرۆسیا ئامۆژگاری و لۆمەی دەوڵەمەندەکان دەکات و ڕێکەوتننامەکە سەری خاوەن موڵکەکان دەبڕێت.
“لە کۆتاییدا، هەموو دەوڵەتێک لە کەموکوڕییە بەڕێکەوتەکان یاخودلە کەمووکوڕییە ئەنقەستەکانی[ بە مەبەست] ئیدارەدا بەدوای هۆکارەکەدا دەگەڕێن، هەر بۆیەش بەدوای چارەسەری نەخۆشییەکانیدا لە ڕێوشوێنەکانی ئیدارە و ئیدارەداندا دەگەڕێت. بۆچی؟ ڕێک لەبەر ئەوەی ئیدارە و ئیدارەدان ڕێکخستنی چالاکی دەوڵەتن.”

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی ئێرەبکەن..
درێژەی هەیە
………………….

*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا.. 64.. شەماڵ بارەوانی


(٦٤)
گواستنەوەم بۆ سلێمانی

با بێینەوە سەر بەسەرهاتی فەقێ شەشڕووەکە!
گوتم فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، هەرسەعاتە و خۆی بە ڕەنگێک دەگۆڕی، بە شێوازێک دەردەکەوت و بە زمانێک دەدوا!
ئەو فەقێیە ماوەیەک بەرلەئێستا لە مزگەوتێکی سنووری هەولێرمەلابوو. ئێستا نازانم لە کوێیە و چیدەکات. بیرمە ئەو فەقێیە ڕۆژێک ناسنامەی یەکێک لە حیزبەکانی تری لە بەڕکی دەرهێنا و پیشانمی دا، من شۆک بووم کە ئەوەم بینی!
ناسنامەکە هی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. من ئەوکات بە حوکمی ئەوەی فەریکە فەقێیەکی فێندمێنتالیست بووم، هەموو حیزبە کوردییە نائیسلامییەکانم بە عەلمانی و کافر و لادەر و گومڕا دەزانی. زۆرم پێ سەیربوو، فەقێ بێت و لە حوجرەی ئیسلامییەکان بێت و ناسنامەی حیزبێکی کافر و عەلمانی و گومڕای پێ بێت!
لە دڵی خۆمدا گوتم: وەی وەی لەو فەقێ دووڕووەی! تۆ سەیرکە، لە ڕووی مامۆستاکانمان(مەلاکان)خۆی وەکو یەکگرتوویەکی تەمام عەیار و ئیخوانییەکی دلسۆزی ڕێبازی حەسەن بەننا و دەروێشێکی سەلاحەددین بەهائەددین پیشان دەدات، کەچی لەژێرەوەش ناسنامەی حیزبێکی عەلمانی لە گیرفاندایە!
دەردت لە گیانم، خۆت بگرە، بەڵێن بێت لەنزیکترین کاتدا، ماسکی دووڕووییت بۆ هەمووان ئاشکرا بکەم و ڕیسوات بکەم.

کە ئەوەم بینی و فەقێیەکە خۆیشی دانی پێدانا و بە پێکەنینەوە گوتی: فەقێ شەماڵ، من لەگەڵ ئەو حیزبەدام.
لە حوجرە ڕۆیشتم و ڕێک بە دوو فەقێی ترم گوت.
ئەو دووفەقێیە ئێستا دانەیەکیان لە زانکۆ وانە دەڵێتەوە و ئەوەی دیکەشیان لە مزگەوتێک لە هەولێر مەلایه. ئەوان گوتیان ئێمەش شتمان لێ بینیوە. ڕێک هەرسێکمان ڕۆیشتین بۆ کارگێڕی قوتابخانە و بە بەڕێوەبەر و مەلاکانمان گوت.
حوجرەکەی ئێمە، وەک گوتم لەڕووی سیاسی و ئیدەلۆژییەوە یەکگرتووی ئیسلامی سەرپەرشتی دەکرد، لە ڕووی ئابووریشەوە، پیاوێکی تورکمان(حاجی.ج)سپۆنسەری دەکرد و ئازووقە و شتی بۆ دەهێناین.
ئەو فەقێ شەشڕووەش زۆر فێڵباز و لێزان بوو، بەینی لەگەڵ ئەو پیاوە زۆر خۆش کردبوو و موو بە بەینیان وەنەدەچوو و وەکو باوک و کوڕیان لێ هاتبوو.
دواتر کاتێک مەلا یەکگرتووەکان بە تاوانی سیخوڕی بۆ حیزبێکی عەلمانی(pdk) ئەو فەقێیەیان لە حوجرە دەرکرد، فەقێیەکە ڕۆیشتبوو هەواڵی دەرکردنی خۆی بە حاجی(ج-تورکمان)گوتبوو و خۆی وەک ستەملێکراوێک پیشان دابوو. گوتبووی، ئەوە هەموو لەژێر سەری فەقێ شەماڵییه.
حاجی(ج، تورکمان)ی لێ هار کردم و حاجی گوتی:
یان حوجرە دادەخەم یان فەقێ شەماڵ لەو حوجرەیه دەڕوات.
بەڕێوەبەرەکەمان(مەلا سەید سەعید) ئەوەی زۆر پێ ناخۆش بوو، کە من دەبێ لەو حوجرەیە نەمێنم و بڕۆمە سلێمانی، مەلاکانی تریش هەروا. بەڕێوەبەر بانگی کردم و گوتی: چارمان نییە، خۆت دەزانی سکاڵاتان لێ کراوە و دەسەڵاتمان نییە.
جا ئەو فەقێ شەشڕووە شکاتی لە دژی یەک دوو فەقێی تریش کردبوو. بە حاجی(ج. تورکمان)ی گوتبوو: ئەوانیش دژایەتییان کردووە.
بەو شێوەیە، لە حوجرە و قوتابخانەی ئایینی محەمەدییە، من و ئەو دوو فەقێیە و چوار فەقێی تریشیان لەگەڵ نەقڵ کردین بۆ سلێمانی. تا ئێمە هەست بە بێزاری نەکەین و ئەو نەقڵە لەسەرمان قورس نەبێت.
بەو شێوەیە، من و ئەو کۆمەڵە فەقێیە، ئیتر ڕۆیشتین بۆ شارە حەیاتەکە.




ڤیستیڤاڵی کتێب لە تۆرنتۆ بە ناوی: وشە لەسەر شەقام

چرۆ زەند..

وشەی سەر شەقام ئاهەنگێکی ساڵانەیە بۆ چیرۆکگێڕان و بیرۆکە و خەیاڵ، ساڵانە لە ساڵی ١٩٩٠ەوە میوانداری گەورەترین فێستیڤاڵی کتێب و گۆڤاری خۆڕایی کەنەدا دەکات و کتێبە نایابەکانی نووسەرانی کەنەدی و ڕەسەن بە درێژایی ساڵ بەرەوپێش دەبات. وشە لەسەر شەقام، ناوی فیستڤاڵی پەڕتووک وگۆڤار. زیاد لە سی هەزار کەس بەشداری تێدا دەکەن. وجوڵەی ئوتۆمبیل قەدەغە دەکرێ لەشەقامی کوێن پارک. ڕۆژی یەک شەمە ڕێکەوتی ٢٨\٥\ ٢٠٢٣ ، من چرۆ زەند ژمارەی کوشکەکەم ٨٥ ب. لەگەڵ نووسەرانی کەنەدا، نمایشتی پەڕتووک دەکەم، وەک نووسەرێکی کوردی کەنەدی، یەکەم جار دەبێت لە لیستی نمایشکەران. یەکەم وشەم لەسەر شەقام.
https://chrozandauthor.com/

Book Festival

1- THE WORD ON THE STREET
Toronto Book& Magazine Festival
Date: Sunday, May 28, 2023
My Booth Number: 85B
QUEEN’S PARK
Hosted annually in 1990
The Word On The Street is an annual celebration of storytelling, ideas, and imagination, hosting Canada’s largest FREE book and magazine festival annually since 1990 and promoting great books by Canadian and Indigenous authors year-round.
As a Kurdish Canadian author, my name is on the list of participants with Canadian authors and exhibitors. My first word on the street, my first time participating as a Kurdish Author.

  1. Book Festival
    Date: Sunday, June 4, 2023
    Place: Aurora Street Festival
    Address: 2023 Aurora Chamber Street Festival
    Opening time: 11:00 a.m. to 5:00 p.m.
    Booth No. 13
    As a Kurdish Canadian Author, I will exabit
    فێستڤاڵی سەرشەقام، لە ئەڕۆرا، نمایشتی پەڕتووک لەسەر شەقام،
    ڕۆژی یەکشەممە ٤\٦\٢٠٢٣
    کات: ١١ بەیانی بۆ ٥ ئێوارە
    شوێن: ٢٠٢٣ ئەڕوڕا
    ژمارۆری کوشک: ١٣
    وەک نووسەرێکی کوردی کەنەدی بەشداری دەکەم
  2. Book Shelf (Book Festival)
    Date: Saturday, June 10, 2023
    Place: The Riverwalk Commons Public Park, Downton Newmarket Main Street, North of Fairy Lake.
    Time: 8:00 a.m. to 3:00 p.m.
    As a Kurdish Canadian Author, I will participate.

کێێبخانە ( فیستڤاڵی پەڕتووک)
ڕۆژی : ١٠\٦\٢٠٢٣
کات: ٨ ی بەیانی
شوێن: پارکی ڕیڤەرواک، نیومارکێت، باکووری دەریار فایری.
وەک نووسەرێکی کوردی کەنەدی بەشداری دەکەم.




گەلەری ئەنفالی هونەرمەندی جیهانی: (عوسمان قادر ئەحمەد).. نوسینی: سەلاح جەلال

چۆن زمانی پرسیار بدۆزینەوە؟ لەکوێوە دەست پێ بکەین؟ بەچی زمانێک رۆمانی کەوتنە خوارەی رۆحی هەزارەها زیندەبەچاڵی بەر ئاگرو خۆڵ و خەردەل بنوسینەوە؟
چی کامێراو وێنەیەکی فۆتۆیی دەتوانێت ئەو دیمەنە نەبینراوانەمان نیشان بداتەوە؟ وێنەی ئەو ساوایانە وێنا بکاتەوە بەمژینی مەمکی وشکی دایکیانەوە چڵمی مەرگیان هەڵدەمژییەوە، ئەو ژن و پیاوانەی لەناو هاواری تێزاباوی دەروندا لاڵ ببون، چی ئامێرێکی گەردونی دەبێت هاوارو نوزەو گریان و لاڵانەوەو دەنگی مەرگەساتی هەزارەها جیابکاتەوەو ئەو وێنانە فۆتۆ بکاتەوە؟
ئەم مەنفای بەخۆڵ خۆڵێنەی خۆڵەپەتانێی گیانی سەدو هەشتاو دو هەزار مرۆڤی سپیلی بۆ ئاسمانەکان هەڵفڕاند، دەنگ و نوزەشیان بەڕەگ و تیرەی زەوییەوە بڵاوبوەوە. ئەو فیلمە کتوپڕیانەی بە گەردەلولی زەمەنەوە نەتەوەیەکی داپۆشی و جیهانی سەرسام کرد نانوسرێنەوە، جیمیس یۆب و مانگی دەستکرد و میکرۆسۆب وێنەی نەگرتن و کاغەزو قەڵەم و تەکنەلۆژیا ناتوانن ئەو سیناریۆیانە وێنا بکەنەوە، بەحەقیقەتی خۆیانەوە بەبیستن و وێناکردنی فەلسەفییەوە بەهۆکاری تەکنیکی گەڕانەوەو ئامارو دابەشبون و جێگۆڕکێ منی بیرکەرەوەی دیکارتیان گۆڕی بۆ ئێمە تواینەوەو ئێوە بیر بکەنەوە.
ئەم منە لێرە گۆڕدرا، بەمێژو فەلسەفەی جینۆسایدی سپیلەوە دەنگی منیان لەبیرکردنەوەی خۆیانەوە خنکا، بون بە ئێمەی بیرکەرەوە لەبیرەوەریدا تۆڕی ئاماژەیی و سونبل و رەمزی نەمری.

ستۆدیۆی گەلەری هێڵکاری( عوسمان قادر ئەحمەد)
زەمەنی نوسینەوەی مێژویەکە لەخوێن و رۆح و روانیندا ناونیشانیان ماوە، خومخانەو تیشکی تەلێکسی زەمەنێکی زیندە بەچاڵی مەرگەساتی رژێمی خوێن رێژی بەعس بو لە(نوگرە سەلمان و بیابانی عەرعەر)کاروانی سەردەمێکی شوم.
لەبری چاوی کامیراو بەشەکانی میدیا وێنە و فیلم و ڤیدیۆو دیکۆمینتاری لەچاوی هونەرمەند(عوسمان قادر)دا وێنا کران، بەو ژانە سەختەوە توانی بەکۆڵنەدان لەرۆحەوە ئەو وێنانە لەهێڵکارییەکانیدا بکێشتەوە، بەتێکەڵابونیان بەناخ و هەست و نەستی مرۆڤایەتییەوە، بەجیهانیان بناسینێت. لەوێنەی تەعبیرییەکی هەستیارەوە باس لە گێڕانەوەی ئازاری خەڵک دەکات، لەیادەوەرییەوە بۆ وێنە بۆ ئەو وێنانەی تر هیچ وێنەیەکیان بۆ نییە.
ئەم ژورە ستودیۆ گەلەری هێڵکاری(عوسمان قادر ئەحمەد) لەبەکرەجۆ لەگۆگڵ ماپڕجستەر کراوە(studio gallery osman ahmed)
ئەو گەلەریەیە وێنەی واقیعی مەرگەساتی ئەو سەردەمەی کیشایەوە، بەپیشاندانی کاری هونەری و ئەزمونی دۆکمەنتکردنی نەهامەتییەکانی جەنگ. یەکەمین پیگەی گرنگیدانە بەهونەری هێڵکاری لەناوچەکەدا بەگشتی.
فەزای ژوری هونەری لەروانینی من و تۆو ئەوانەوە فراوان دەبێتەوە بۆ سنوری بەرەو بێ کۆتایی، بەرەو کوژاندنەوەی روناکی و بینین. ژورێک فەزای جەنگی جیهانی سێیەم و پانۆرامای بون دەکات، یاخود چرۆی زیندو بونەوەی هەناسەکانی تێکەڵ بەخۆڵ دەبنەوە بەهۆمیرۆس و جارێکی تر هاوار دەکەن.
چۆن بتوانین بەوشە باس لە پیرۆزییەکانی گەلەرییەکی خۆبەخش بکەینەوە وێنەی سەردەمی مەرگەساتی میللەتێک بکێشێتەوە؟ چۆن روبەڕوی ئەو هەمو رۆحە هەڵفڕیوانە ببینەوەو بچینە ناو ئەم گەلەریەوەو سەیری وێنە هێڵکارییەکان بکەین؟ دەبێت بەشیعرەکەی سالمەوە چرایەکی رۆحی دابگیرسێنین:
(بەحەیا بیرە حزورو بەئەدەب سوژدە بەرە
خەڵوەتی دولبەرە سالم ئیرە مەیخانە نییە؟)

هونەری هێڵکاری چیە؟
هێڵکاری هونەرێکی میم ڕێژکراوە، بەو رەنگە تەلەسکۆبە فیزیاویانەی هەیەتی، لەزمانی شاراوەی فەزای وێنەییدا ئیستا دەباتەوە ناو رابردویەکی ئامادەو روداوە دڵ تەزێنەکان زیندو دەکاتەوە، رابردویەک ناتوانین لێی جیاببینەوە، لەگەڵ بیرو هۆش و نەست و هەستماندا تێکەڵاو بووە. وەک پەلکە زیرێنەی هونەری بەڕەنگەکانیەوە فەزا دەگرێت و زمانی سیمۆلۆژی بەروی جیهاندا دەکاتەوە، وێنەکان شارێکی رابردویی لە روانیندا دروست دەکەنەوە. ئەوە ئێمەین، ئەوە باب و باپیرانن، ئەوە ئەو کارەسات و جینۆسایدەیە لەزەمەنێکدا کراوە بۆتە هەوینی زەمەنەکان، بەبێ کۆتایی لەگەڵ نەوەکانی ئایندەدا زیندو دەبنەوە.
ئەم هونەرە زەمەنێکی دریژی لە مێژوی جیهاندا هەیەو سەرەتا ریشەی لە زانستەکاندا هەبووە بە وێنەی درەخت و رەگ و ئەستێرە ناسی و دوایی هێڵکاری سەرکردەو پاشاکان و سەدە بەسەدە فراوانتر بووە.
زیاتریش پێشکەوتنی زۆری لەکلتوری ئیسلامیەوە ماوەتەوە، سەرەتا بەنەخشەسازی دەستی پێکردووەو نوسراوە، لەقورئانی پیرۆزدا کلتورێکی گەورەیان بەجێهیشت، هەتا ئەم شێوە کلتورە ئیسلامییە لەمۆزەخانەو کتێبخانەکانی جیهاندا پارێزراون، زیاتر لە سەدو بیست و چوار هەزار هێڵکاری لە شاری ئیستانبوڵدا هەیەو لەمیسرو تونس و مەغریب و هیندستان و ئێران و زۆربەی وڵاتانی تری جیهانیشدا داندراون. هەتا ئێستا زیاتر جێگەی بایەخن(اڵایسیسکۆ) هەوڵدانی گرنگی زۆر دەزگای نیشتمانی و نێودەوڵەتی و رێکخراوی جیهانی ئیسلامی و یۆنسکۆیە بۆ پاراستنی هەمو هێڵکارییەکان.
ئەم هونەرەیش جیاواز لەهونەرەکانی تر، لای هونەرمەندانی ئیسلام زۆر پێشکەوت و داهێنانیان لەسەر کرد، لەرێی رازاندنەوەی رەنگی ئاڵتونی و رەنگەکانی ترو جوانی و قەشەنگی ئەم هێڵکارییەیان گەشە پێدا بۆ وڵاتانی تر گوازرایەوە. یەکەم جاریش خەلیفەی موسڵمانان(المستنێر بالله)لە ساڵی 302_366 نوێنەری خۆی ناردووە بۆ رۆژهەڵات بۆ کڕینی پێویستی ئەم هونەرەو کۆمەڵەیەکیشی بۆ نوسەرانی ئەم هونەرە کردۆتەوە. هەمو هێڵکاران و وێنەگران و نوسەرانی گرتۆتەوەو چالاکی و گەشەیەکی گەورەیان دەست پێکردووە.
سەرەتایش هێڵکارییەکان زیاتر لە زەخرەفەو یەکەی نەخشەکیشانی جیاواز لە زەخرەفەی رووەکی و نوسراوەیی ئەندازیاری منمنمات و وێنەو شیوازی تر دەستی پێکردووە. بەدەست لەسەر کاغەز یان گەڵای زەل یان لاپەڕەو سیرامیک و شوشەو منمنمات ەوە دروست کراوە.
لەکۆندا دیاریکردنی مانای هێڵکاری لەتەنەکاندا یان شێوەکاندا هەڵگری ئەوە بون واتای هێڵکاری نزیک دەبوەوە لەو واتایانەی ئاسانن .
بەڵام لەچەرخی نویدا هێڵکاری لە دەرفەتی هونەریدا دیاری دەکرێت، لەرەنگەکانی تەڵایی وەک زەێتی و تامبراو ئەکریلیک و کۆمی تواوەو فرمێسک و رۆنە پێکهاتەییەکان . زیاتر فڵچەی رەنگ کردن و چەقۆو سکب و پەڕ بەکار دەهێنرێن.
هونەری هێڵکاری الرسومات دەستەواژەیەک بو بۆ خزمەت گەیاندن بەهونەری شێوەکاری، لە چەرخی نۆزدەدا وەک هۆنەرێکی سەربەخۆ ناسرا، وەک بەشێکی بنەڕەتی تابلۆ دادەنرێتـ، لە رەنگە ئاویەکان و هەمو شێوەکانی باستیل و یان قەڵەمدانی مۆم بن.
وشەی وێنەگرتن التێویر واتایەکی دیاریکراو فراوانی هەیە، بەگشتی هێنانی وێنەی فیکرییە لە هۆکارە دروست کراوەکانەوە، دیسان وێنە واتایەکی فراوانتر دیاری دەکات، بەگشتی هێنانێکی ئاڵۆزە ئەگەر دروست کراو یان سروشتی یان خەیاڵ کراوبێت، وێنەی زیهنی بن یان وێنەی خەیاڵی یان مەجازی بن، وێنەگرتنی ئەو خەیاڵ کردنەیە بۆ ئیدای وێنەگرتنی فۆتۆگرافی، کامێرا وێنەیەکی فیکری یان جوڵاو وێنە دەگرێت لەڕیی ڤیدیۆوە دەبێت. وشەی وێنە بەوشەی فۆتۆگرافییەوە دەلکێت شێوەی وێنەکە دیاری دەکات.
هونەری هێڵکاری لەناواخنی ئەم فەرهەنگەوە لەماوەی هونەریەوە خراوەتە سەر هونەری تەشکیلییەوەو واتای فەرهەنگی بۆ هێڵکاری (الرسم)ناونراوە. هێڵکاری بەبەکارهێنانی پێکەوە لکاندن و پێکهاتەیی الفسیفساء(مۆزاییک رەنگاڵەیی) و کۆلاج و شوشەیی المعشق، بەڵام هێڵکاری لە زەمانی جێماوەیەکی زیادەڕۆییە لەدیاریکردنی ئەرکی جیماوەکە و لەسەرتەختەکان ناو دەنرێن بەلابردنی جێماوە دەست نوسەکە بەبەکارهێنانی فەزا.

عوسمان ئەحمەد قادر کیییە؟
کاراکتەری کارەساتە سەختەکانی ئەنفال و تاریکی ئەو رۆژگارانەیە لە شەپۆلی توانەوەی رۆح ەو جەستەدا بە دوربینێکی تەلێکسی ئەفسانەییەوە چاوی لەو وێنە ترسناکانەدا بو زرێ پۆش و ستونی ئۆتۆمۆبیلە سەربازییەکان بەزەبری چەک منداڵ و ژن و ساواو شیرە خۆرەو پیرو لاویان دەپێچایەوەو راپێچیان دەکردن بۆ ناو زیلی سەربازی، ئەو وێنانە هەر لە روانیندا نین کاتێک تێکەڵ دەبن بە چیرۆک و رۆمان و ئۆپیراو موزیکی جۆراو جۆر لەوشەو رستەو هاواری ناخ و تەقینەوەی دەروندا وەک بورکانێک لەو چرکەساتانەی بەرەو مەرگ دەبرێن، ئەو فیلمە ترسناکانەی رەوی ئەو رێبوارانەی مەرگ بون لە فیلمەکاندا جیگەیان نابێتەوە، چۆن شەڕواڵ و مراد خانی و جلی ژنانەی کوردەواری بە تێکەڵی گەردەلولی تەپو تۆزی ئەو سوپا بێ شومارەوە بڵاو دەبونەوەو تێکدانی گوندو خانوبەرەو رەزو باخ و هەمو شوێنەوارو پاشماوەیەک دەسوتیندران و هەزاران سڤیل دەکرانە خۆراکی زیندویی تاریک ترین زەمەن و بون بە فۆڕمێکی سروشتی و سروشیان دەدا بۆ بینەران.
ئەم وێنەو فیلمە سینەماییانە لە شەپۆلەکانی بونەوە دێن تێکەڵی هەست و نەست دەبن ، کێ دەتوانێت جارێکی تر وێنایان بکاتەوە؟
ئەوە ئەو دەفتەرە ونەی مێژووە، (عوسمان ئەحمەد قادر) لەبری کامیرا و هەمو هۆکارەکانی میدیا بو بەدەریالوشی ئەو فیلم و وێنانە. هەڵمژینی کیمیاوی و بۆنی باروت و ئاسن و فیشەک و خوێن و عارەق و شەونخونی رۆژانی مەرگەسات بون بەهەوێن و خامەی خاوی واقیعی و روانین و هەست و نەستی بەوێنەی ئەنفال مۆمیا ببو. وەک وێنەی کۆتایی بون تابلۆی مەرگەساتیان کیشاوە وەک چاودیری هەمو روداوەکان لەگەڵ ئەو پۆلە پیشمەرگە گیانبازانەدا گەڕاوەو وێنەی رۆحی ئەو مەرگەساتەیان بەچاو گرتووەو لە رۆحدا شۆردویانەتەوە بە وێنەو فیلمی تراژیدی جینۆسایدی سەدەی بیست و یەک. سەرتاپای سێکچ و کانڤاس و کارتۆن و ماتریالەکانی تریان داگیر کردووەو ژینگە بۆتە فۆڕمێکی شویندراو هەوڵی زیندوبونەوەی ئەو جەستە بێ گیانیانە دەدات چۆن زیندە بەچاڵ کران؟
هونەرمەند پێشمەرگەیەکی بێ چەک بووە.
ئەو وێنانەبون بەمۆمیای کارەساتەکان و کامێرایەکی خۆکردیان دروست کرد لە روانینی و نیگای هونەرمەند لەتافی لاویدا بووە بەکامێرا.
ئەو رۆژانە هونەرمەند پێشمەرگەیەکی بێ چەک بووە، لە مەڵبەندی رێکخستنی یەکی سلێمانی، وەک مورویەکی ئاوداری چاخەکان ویستویەتی رەشەباو گەردەلولێکی گەردونی هەڵبکات و ئەو رژێمە دیکتاۆرە بڕوخێنێت، رۆژانە بەفرمێسک چاوی شتووەو گریەو هاواری لەناخیدا کردۆتە بورکان و بڕیاری داوە ئەو فیلمانە وێنا بکاتەوەو بە جیهانیان بناسێنێت.
بەو هیوایەوە لە قەندیلەوە بۆ بەشی راگەیاندن دەگوازرێتەوە لە سەقز لەگەڵ هونەرمەندان و نوسەرانی تری وەک( رەمزی قوتبەدین) و(رێبوار خالید)و( رێبوار سەعید)دەست بە کاری ئەدەبی و هونەری دەکەن. وەک کارمەند لە گۆڤاری رەنگاڵە و کەلتور لە بەشە ئەلبومەکانیان هێڵکاری بڵاودەکاتەوە. لە شاری سەقزیش بەمامۆستای هونەر دامەزراوە، بەو هۆیەوە ناسنامەی بۆ دروست کراوەو توانیوێتی بۆ هەمو شارەکان بڕوات و چالاکی بکات و پەیوەندی بەگەلەرییەکان و دام و دەزگاکا هونەرییەکانەوە بکات. بیرۆکەی دیکۆمینتەری لەسەر کەمپی منداڵانی هەڵەبجە لە زێوێ نزیک سەقز دەکاتەوە. لە تارانیش پێشانگایەکی تایبەت بە منداڵانی هەڵەبجە دەکاتەوەو هونەرمەند(عەباس عەبدولڕەزاق) وێنەی پێشانگاکە دەگرێت، ئەم ڤیدیۆیە دەبێت شوناسێکی گرنگ بۆ کورد، لەگۆگڵ بڵاودەبێتەوەو زۆر کاریگەری دەبێت، دوای ساڵانێکی زۆر دواجار پرۆڤیسۆر زیلان فەڕەنسی پەیوەندی بە هونەرمەند(عوسمان قادر)ەوە بەمەبەستی دانانی کتێبێک لەسەر گێڕانەوەی جەنگ لەچاوی منداڵانەوەکاریگەری جەنگ لەسەر منداڵ لە سەد ساڵی رابردودا.

لەو کاتەیشدا ئێرانیش لە رێی کاک(حسێن سنجاری) نوێنەری یەکێتی لە تاران دانیشتنیان لەگەڵ کردووە لەسەر ئەوەی بەهۆی کیمیا بارانی هەڵەبجەوە رژێمی سەدام بۆ چەواشەکردنی رای جیهانی دەیەوێت حکومەتی ئێرانی پێ تاوانبار بکات و بەم کارە هونەریانەی هونەرمەندانی کورد ئەو دەستەواژەیە سفر دەبێتەوەو جیهان دەزانێت تاوانباری سەرەکی رژێمی عێراقە.
بەو مەبەستەیش وێنەو تابلۆو هێڵکاریەکانیان بەملوێنانی لێ چاپ بکرێت و ژێر نوسی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر چاپ بکەن و لە رێگەی قونسوڵ گەرییەکانیانەوە بە جیهاندا بڵاو بکرێنەوەو پەیمانیشیان دەدەنێ هاوکاریان بکەن هەتا بچنە وڵاتانی ئەوروپی.
ئەمەیش دەرفەتێک بۆ ئەم هونەرمەندانە دەکاتەوە، هەتا دواتر بەهۆی ئەوەی هاوڕێکانی فەڕەنسا هەڵدەبژێن و ئەمیش سوید، بەهۆی شانسەوە ئەوان فیزە وەردەگرن و ئەم دەمێنێتەوە.

کاک(رێبوار سەعید) و (مامۆستا نازم) و (رەمزی قوتبەدین)و(ئەبو شەهاب)دەگەنە پاریس.
رێبوار سەعید و رەمزی قوتبەدین پێشانگا دەکەنەوە بەئامادە بوونی بەرێز(مام جەلال) و (فرانسۆ مێتەران)، بەرێز (مام جەلال) پرسیاری لێکردون عوسمان بۆچی نەهاتووە؟ کاتێک هۆکارەکەی زانیوە پەیوەندی پێوەکردووە بچێتە سوریا.
بەرەو سوریا دەچێت لەدیمەشق چاوی بە مام جەلال دەکەوێت و لە رێی ناوەندی رۆشنبیری کوێتەوە لەهوتێل شیراتۆن پێشانگایان بۆ دەکاتەوە بۆ کۆمەڵێک هونەرمەند و زیاتریش زۆربەی کارەکان هی ئەو بوون. لەگەڵ ئەوەیشدا تابلۆی هاوڕێکانی شاخ و ئاوارەیی ئێرانیشی نمایشت کردووە. بەرێز مام جەلال وەک هەمیشە پشتیوانی بووە، لەو کاتەیشدا نوێنەری یەکێتی ئاگادار دەکات بەپەلە کاری بۆبکەن هەتا بچێتە لەندەن.

هێڵکارییەکانی لە مۆزەخانەی بەریتانیا دادەنرێن.
دوای ئەوە لەلەندەنی پایتەختی بەرێتانیا نیشتەجی دەبێت و لە رێگەی تابلۆکانییەوە دەناسرێت و لەپێشانگایەکی تایبەت بە مێژوی ئەوروپی لەسەر جەنگ بەشداری دەکات و هەوڵدەدات کارە هونەرییەکانی بچنە بواری توێژینەوەو ئەکادیمییەوە و دەست بە خوێندنی ماستەر دەکات بەناونیشانی (یادەوەرییەکانی خۆم لە جەنگدا) دەتوانێت رێچکەی خۆی لە هێڵکاریدا بدۆزێتەوە. هەتا تابلۆکەی لە ژوری(ولیم تێرنەر) هونەرمەندی بەناوبانگی بەریتانی و جیهان دادەنرێت. لەمۆزەخانەی بەرێتانیا تابلۆکانی دادەنرێت ودەچێتە قۆناغێکی نوێوە لە هونەری هێڵکاری. پاش ماوەیەک هەواڵی پێدەدەن لە مۆزەخانەی(جەنگی ئیمپریالی بەریتانی) لەگەڵ دو گەلەری تردا بایەخیان پێداوەو دانراوە.
دوای ئەوە زۆریان هانداوە لەیادەوەری خۆی دەربچێت بۆ یادەوەری نیشتمان، بەو مەبەستەوە دەست بە دیکۆمێنت کردنی قوربانییەکانی ئەنفال دەکات، ئەوانەی لە نوگرە سەلمان رزگاریان بووە، لەماوەی پێنج ساڵدا تێزی دکتۆراکەی تەواو دەکات بەناونیشانی(دۆکمەنتکردنی یادەوەرییەکانی ئەنفال بەهێڵکاری) بە زیندوکردنەوەی یادەوەری پانزە کەسی رزگاربوی ئەنفال.
وێناکردنی ئازارو زوڵم.
لەزانکۆی پر برس لە ئۆسترالیا رێزلێنان و بڕوانامەی باشترین هونەرمەندی وەرگرتووە کاری کردبێت لەسەر وێنا کردنی ئازار و زوڵم و ستەمدیدە لە جەنگدا.
لەدوای پانزە ساڵ گەڕانەوەی لە بەریتانیاوە بەو هیوایەی خەونی بیست و سێ ساڵ ژیانی دەربەدەری سەنتەرێکی رۆشنبیری بکاتەوە ببێتە جێگەی وتوێژو نیشاندانی کارەسات و جینۆساید و ئەنفالەکانی گەلێکی ژیر دەستە. پەیامێک لە رێی هێڵەکانەوە گێڕانەوەی چیرۆکی مەرگەساتەکان و زیندو کردنەوەی بەهای جوانی لەفۆڕمێکی سەردەمیانەی وێنەی هونەریدا، لەم ستۆدیۆ گەلەریەدا نیشان بداتەوە. هەتا لە روی مێژوییەوە بمێنێتەوە بۆ نەوەکانی ئایندە. مەڵبەندی کوردۆلۆژی بکاتە ناوەندێک نەهامەتییەکانی گەلی کورد بخاتە بەردەمی جیهان، وەک ئەو پرۆژە تایبەتیانەی لە بەیەک گەیشتنی کەلتورەکان لەگەڵ هونەرمەندانی جیهانیدا بە هاوبەشی ئەنجامیان داوە. هەمو ئەو هەوڵانە لای کەسانی رۆشنبیری رەسمی و لایەنی پەیوەندیدارەوە بووە بەخەونی زڕو بەناچاری خۆی ئەم پرۆژەیەی کردەوە.
ئەم هێڵکاریانە وێنە تەعبیریەکی هەستیارن لەهەموو زەمەن و گۆڕانێکی هونەریدا نوێن، لەگەڵ هەست و سۆزو ناخ و بیرکردنەوەی خەڵکەکەدا دەبنە تازە لەدایک بویەک، دەبنە زمانی وەرگێڕانی خەون و هیواو ئازارو ژانی مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی، پێکهاتەی تیشکی فیزیایی و تورەکەی گەردونی شتنەوەی فۆتۆی هەزاران هەزار وێنەی تەلێکسی جەستەیی ئەو مرۆڤانەیە پێکەوە لەساتێکدا زیندە بەچاڵ کران، لەوێنەیەکەوە گڕکانێکی گەردونی دەردەخات، لەفەزای ناشیوەیی روانینەوە کراونەتەوە بەهێڵکاری و لەم ژورەدا بە واقیعی وێنەییەوە جارێکی تر بەئاماژەو نیشانەو ئیقونەی زەمەنی سفرەوە دوا فیلمی جیهان تەواو دەکەن.
لەرۆژنامەی کوردستانی نوێ پاشکۆی ئەدەب و هونەر ژمارە1275 لە25/5/2023 و ژمارە(8931)لە1/6/2023=ا بڵاوبۆتەوە.




مارکس و ئەنارکیزم*.. 5- نوسینی : Rudolf Rocker.. و: زاهیر باهیر

ساڵی 1925

بەشی پێنجەم

چی لە پشت ئەم جۆرە پەرادۆکسەوەیە؟ ئەوە شتێکە کە نوێنەرانی بەناو سۆسیالیزمی زانستی هێشتا ڕوونیان نەکردووەتەوە. لە زاراوەی واقیعیدا تەنیا یەک وەڵام هەیە: مارکس ویستی ئەو سەرچاوەیە بشارێتەوە کە خۆی تێیدا نوقم بووە. هەموو ئەوانەی لێکۆڵینەوەیەکیان لە پرسەکە کردووە و هەست بە زەبری وەلای حیزبی [ پارتیزان] ناکەن، دەبێ دان بەوەدا بنێن کە ئەم ڕوونکردنەوە خەیاڵیی نییە.
با دووبارە گوێبیستی ئەوە بین کە مارکس سەبارەت بە گرنگی مێژوویی پرۆدۆن دەیڵێت. دەتوانین ئەمە لە لاپەڕەی 52ی هەمان بەرهەمدا بخوێنینەوە:
“پرۆدۆن نەک هەر لە بەرژەوەندی پرۆلیتاریاکاندا دەنووسێت، خودی خۆی پرۆلیتاریایە، کرێکارە . کارەکەی مانیفێستێکی زانستی پرۆلیتاریای فەرەنسییە”.
لێرەدا، وەک دەبینرێت، مارکس بە تەواوی و بە دەقیقی دەڵێت کە پرۆدۆن لایەنگر و بانگدەری سۆسیالیزمی پرۆلیتاریایە و کارەکانی نوێنەرایەتی مانیفێستێکی زانستی لە پرۆلیتاریای فەرەنسی دەکەن. لە لایەکی ترەوە لە ‘مانیفێستی کۆمۆنیستدا’ دڵنیامان دەکاتەوە کە پرۆدۆن جەستەیەکی کۆنەپەرستی سۆسیالیزمی بۆرژوازییە. ئایا دەکرێت پارادۆکسێکی تیژتر هەبێت؟ ئێمە کێین باوەڕ بە مارکسی ‘خێزانی پیرۆز’ یان نووسەری’ مانیفێستی کۆمۆنیست’؟ بکەین ، وە چۆن ئەم ناکۆکییە / ناتەباییە ڕوودەدات؟ ئەوە پرسیارێکە کە ئێمە دووبارە لە خۆمانی دەکەینەوە و بە سروشتیش وەڵامەکەی وەک پێشووترە: مارکس ویستی تەنها ئەوەی قەرزاری پرۆدۆن بوو لە هەمووانی بشارێتەوە و هەر وەسیلەیەك بۆ پاساوی ئەو مەبەستە قبوڵکراو بوو. ناتوانرێت گریمانی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکە هەبێت؛ ئەو وەسیلانەشی کە مارکس دواتر لە کێبڕکێی خۆیدا لەگەڵ میخایل باکونین بەکاری هێنان، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە ئەو لە هەڵبژاردنەکەیدا زۆر وردبین نەبووە .
“ ناکۆکی یا پارادۆکسی نێوان ئامانج و نیازپاکی ئیدارە، لەلایەک و ئامراز و گریمانەکانی، لە لایەکی ترەوە ناتوانرێت لەلایەن دەوڵەتەوە هەڵبوەشێنرێتەوە بەبێ ئەوەی ئەمەی دووەمیان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە لەسەر بنەمای ئەم ناکۆکییە دامەزراوە. دەوڵەت لەسەر ناکۆکی ژیانی گشتی و تایبەتی، لەسەر ناکۆکی نێوان بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی تایبەت دامەزراوە. لێرەوە ئیدارە دەبێت خۆی لە چالاکیەکی فەرمی و نەرینیدا قەتیس بکات، لە کاتێکدا ژیانی مەدەنی و کارەکەی دەست پێدەکات ئا لەوێدا دەسەڵاتی ئیدارە کۆتایی دێت. بەڕاستی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەرئەنجامانەی کە لە سروشتی ناکۆمەڵایەتی ئەم ژیانی مەدەنییەوە سەرهەڵدەدەن، ئەم خاوەندارێتییە تایبەتە، ئەم بازرگانییە، ئەم پیشەسازییە، ئەم یەکدی تاڵانکردنانەی بازنە جیاوازەکانی هاووڵاتییان، لە لایەن ئەم هەموو دەرئەنجامانەوە ڕووبەڕوو دەبنەوە کە بێ توانایی یاسای سروشتیی ئیدارەکەن. بۆ ئەم پارچە پارچەبوونە، ئەم نامۆراڵییە، ئەم کۆیلایەتییەی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەو بناغە سروشتیەیە کە دەوڵەتی مۆدێرن لەسەری وەستاوە، هەروەک چۆن کۆمەڵگەی مەدەنی کۆیلایەتی ئەو بناغە سروشتییە بوو کە دەوڵەتی کۆمەڵگەی کۆن لەسەری وەستابوو. بوونی دەوڵەت و بوونی کۆیلایەتی لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. دەوڵەتی کۆن و کۆیلایەتی کۆن ئەم دژبەرە کلاسیکە ڕاست و ڕێکانە لە یەکترەوە نزیکتر نەبوون لەوەی کە دەوڵەتی مۆدێرن و جیهانی بازرگانی مۆدێرن بوویانە، ئەمانە ناکۆکن لەگەڵ باوەڕی مەسیحییەتدا” ****these hypocritical Christian opposites.
ئەم لێکدانەوەیە کە لە بنەڕەتدا ئەنارکیستییە بۆ سروشتی دەوڵەت، کە لە چوارچێوەی پەروەردەیییدا دواتر لە مارکسدا زۆر سەیر دەردەکەوێت، کە بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەنارکیستی پەرەسەندنی سۆسیالیستی سەرەتایی مارکس. ئەو بابەتەی کە باسی لێوە دەکرێت ڕەنگدانەوەی چەمکەکانی ڕەخنەی پرۆدۆنە لە دەوڵەت، ڕەخنەیەک کە بۆ یەکەمجار لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا هاتووە کە ‘ موڵکییەت چییە؟’ ئەو کارە نەمرە کاریگەری یەکلاکەرەوەی لەسەر پەرەسەندنی کۆمۆنیستیی ئەڵمانەکان هەبوو، بەبێ گوێدانە ئەو ڕاستییە مارکس هەموو هەوڵێک دەدات لە بەکارهێنانی شێوازە بێ نرخەکان بۆ نکۆڵیکردن لە ڕۆژانی سەرەتای چالاکییە سۆسیالیستییەکەی. بێگومان لەمەدا مارکسیستەکان پاڵپشتی مامۆستاکەیان دەکەن و بەم شێوەیە ڕوانگەی مێژوویی هەڵە بۆ پەیوەندییە سەرەتاییەکانی نێوان مارکس و پرۆدۆن وردە وردە بنیات دەنرێت.
بە تایبەتی لە ئەڵمانیا کە لەوێ پرۆدۆن تاڕادەی نەناسراو وابوو، تەواوی چەواشەکارییەکان لەم ڕووەوە توانای بڵاوبوونەوەیان هەیە. بەڵام تا مرۆڤ زیاتر بەرهەمە گرنگەکانی نووسەرانی سۆسیالیستی کۆن بناسێت، زیاتر تێدەگات کە سۆسیالیزمی زانستی چەندە قەرزاری ئەو “یۆتۆپیاییانە”ن کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەبیرکرابوون بەهۆی “ناوبانگ”ی گەورەی قوتابخانەی مارکسی و هۆکارەکانی دیکە کە لە سەرەتاوە بێ ئاگایانە ئەدەبیاتی سۆشیالیستی لەبیرکران. یەکێک لە گرنگترین مامۆستاکانی مارکس و ئەو کەسەی کە بناغەکانی گەشەسەندنی دواتری ئەوی دانا، کەسێکی تر نەبوو جگە لە پرۆدۆن، ئەو ئەنارکیستەی کە لەلایەن سۆسیالیستە یاساییەکانەوە ئەوەندە سووکایەتی پێکرا و بە هەڵە تێیگەیشتبوون.

بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تر کلیکی ئێرەبکەن..
درێژەی هەیە
…………………………………….
*وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە . بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی ، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات .
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت .
…………………………………
**** These hypocritical opposites [ ئەمانە ناکۆکن لەگەڵ باوەڕی مەسیحییەتدا] ئەمە دەستەواژەیەکە ، تێرمێکە کە مارکس لە کاپیتاڵدا بەرانبەر دەزگەکانی سەرمایەداری بەکاریهێناوە، پێیان دەڵێت ئەو باوەڕ و دڵسۆزی و یەکسانی و بایاخە ڕەوشتیانەی کە لە ئاینی مەسیحیدا هاتوون و ئێوە باوەڕتان پێیەتی و بانگەشەیان بۆ دەکەن لەتەك کار و رەفتارتاندا نایەنەوە بۆیە بە بێ هەڵوەشاندنەوەی ئێوە هیچ یەکێك لەوانە بەدینایەت .




ژەهراویکردن لەبری بەکارهێنانی فیشەک.. عوسمانی حاجی مارف

گەر بەچاوخشاندنێک،بە تەواوی مێژووی هەڵسوڕانی سیاسی حزب و لایەنە سیاسیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بچینەوە، حاڵەتێکی سەرسام و نامۆ نیە، گەر گەواهی لەسەر ئەوە بدەین کە لە مامەڵەی کێشە سیاسی و فکریەکانی نێوانیاندا، هەمیشە پەنایان بۆ زیندان و ئەشکەنجەو تیرۆر و شەڕی چەکداری بردووە، ئەم حاڵەتە کە سونەت و نەریت و هزری سیاسی سەرکردەو بەرپرسەکانەو تا ئێستاش هەر لەو ڕوانگەیەو بەو چاویلکەیەوە دنیای کێشمەکێشی سیاسی دەبینن، کە بۆ یەکلایی کردنەوەی بۆچونەکان و جیاوازی سیاسی و کێشەکانیان، تەنها ئەو ڕێگایە دەزانن، کە کۆتایی بە ژیانی بەرامبەرەکەیان بهێنن، لە هەمان کاتدا بەهێزی چەکداری بڕیار لەسەر کۆتایهێنان بەلایەنی بەرامبەریان ئەدەن، هەڵبەتە بۆ ئەم حاڵەتە، لایەنەکانی ئیسلامی سیاسیش نەک کەمیان نەکردووە، جگە لە پاکسازی ژیانی رەقیبەکانیان، شتێکی تر نازانن و هیچی تریان پێ ناکرێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە لە پێداچونەوە بەو مێژووە ڕیسواو چەپەڵەی ناسیۆنالستەکانی کوردستاندا، گەر دادگایەک هەبێت لەم تاوانانە بپرسێتەوە، هیچ پێویستیەکمان بە بەڵگەو سەلماندن نابێت، چونکە بۆ خۆیان لەوبارەیەوە لەبەرامبەر یەکدا چەندین کتێب و وتارو بەرنامەیان تۆمار کردووە، کە دەگێڕنەوەو دەیسەلمێنن چەندە ڕۆڵیان لە بەجەنگەڵستان کردنی کوردستاندا بینیوە، تاوان بەدوای تاوان و زنجیرەیەک لە چیرۆکی کارەساتباریان داڕشتوە، ئەم حاڵەتە بە جۆرێك سایەی کردوە لە کوردستاندا، کە بۆتە هەوێن و هەستێک بۆ نوسینی درامای تراژیدی بۆ ئەو چیرۆک نوسانەی بە زمانی کوردی دەنوسن.
مەسەلەیەک پێویستە ئاماژەی پێبدەین، پاش گێڕانەوەو نوسینەوەی ئەو هەموو ڕۆمانە ڕاستیانە دەربارەی پێشلکردنی ئازادی سیاسی و لێدان لە ئازادی بیروباوەر، جگە لەپیادەکردنی کوشتن و ڕفاندن و زیندانی کردن، لە ئێستادا دیاردەی “ژەهراوی کردن” وەک هونەرێکی تازەی بەکارهێنان بۆ تیرۆری خاوەن هزری سیاسی جیاواز، وەک ئەزمونێک سایەی بەسەر مامەڵەی لایەنە سیاسیەکاندا کردووە، لە هەواڵەکاندا وەک کردارێکی ئاسایی باسی لێوە دەکرێت، کە فڵانە کەس بە خواردن ژەهراوی کراوە، یان کەسێک بۆ خۆی ڕایدەگەیەنێت کە ژەهراوی کراوم، هەڵبەتە ئەم دیاردەیە لەو شوێنەوە سەرچاوەی گرتووە، ئاشکرایە هەر لەو سونەت و نەریتەوەیە کەهێزە میلیشیاکان لە بەجێگەیاندنی تیرۆر و شەڕی چەکداری بۆ پاکسازی یەکتر بەکاریان هێناوەو بەکاری دەهێنن، بەڵام دۆخی سیاسی ئێستای کوردستان و پێگەو ئاستی هاوسەنگی هێزە میلیشیاکان، لە نێو ئەو دۆخە سیاسیەدا توانای ئەو هەلەیان کەمتر بەدەستەوەیە کە بەشەڕی چەکداری و تیرۆری راستەوخۆ بە فیشەک بتوانن کێشەکانی نێوانیان مامەڵە بکەن. بەڵام کەسان و لایەنی دژی ئازادی بیروڕاو دژی ئازادی سیاسی، پەکیان لە هەوڵی داهێنانی نەخشەو پلانی پاکسازی یەکتر ناکەوێت، ژەهراویکردن کە دیاردەیەکی زۆر مەترسیدارە، بە نهێنی و هێمنی ئەنجام ئەدرێت، تائێستاش سەلماندنی تاوانبارکردنی هیچ کەیسێک لەو بارەیەوە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام وەک تارماییەک بەسەر ژیانی هەر کەسێکی سیاسی لە کوردستاندا وەستاوەو لە چاوەڕوانی ئەو ساتەدایە کەبەو ڕێگەیە کۆتایی بە ژیانی بهێنرێت.
کاتێک باس لە هەر ئێوارە خوان و نیوەڕۆ خوان، یا قاوە خواردن و چا خواردنەوە دەکرێت، کە لە میوانداری نێوان ئەو لایەن و حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بەڕێوەدەچێت، پێموایە هیچ بوارێک بۆ متمانەکردن بەیەکتر لەو کۆبونەوەو میوانداریەدا مانای نەماوە، کەسیان دڵنیا نین لەوەی ئەو خواردن و خواردنەوانەی دانراون، ئاخۆ ژەهری تێدایە یان نا، بەڕاستی ئەم دۆخە مەترسیدارەو ئەوپەڕی ڕیسوایی و شەرماوەرە، چونکە تەنها وێنایەک نیە کە بوترێت پێموابێت لەوانەیە ژەهراوی بێت، بەڵکو بەداخەوە ئەوە ڕاستیەکە کە بۆ خۆیان لە چەندین بۆنەدا ڕایان گەیاندووە و باسی خراپی باری تەندروستی خۆیان کردوە.
پێموانیە هیچ متمانەو ڕێگایەک مابێت بۆ چارەسەری ئەم دەردە کوشندەیە، چونکە واقعیەتی هەڵسورانی بزوتنەوەی کوردایەتی خاوەنی چەندەها گرێوگۆڵ و پێچوپەنای لەم جۆرەیە، ئەوەی پێویستە کە تا ماڵئاوایی ئەم بزوتنەوەیە ڕادەگەیەنرێت، تەنها ئەو ئامۆژگاریەیە کە پێوست ناکات لە هیچ کۆبونەوەو میوانداریەکدا خواردن و خواردنەوە دابنرێت، یان گەر دانراب و پێوێست ناکات فشار بۆ کەس بهێنرێت کە بخوات و بخواتەوە.




بارودۆخی جیهان ٣٠ ساڵ پاش لە ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت.. دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی:کاوە عومەر
ئەم بابەتە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید وەرگیراوە

خەلیل کەیوان: سی ساڵ بەسەر ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتدا تێدەپەڕێت. لە سییەمین ساڵیادی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتدا، لە چاپەمەنی، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و میدیاکانی دیکە لە سەرانسەری جیهاندا، لەوانەش لە میدیا جیهانییە فارسی زمانەکان ، شاهیدی چەندین مشتومڕ، وتار و شرۆڤە بووین. بەم بۆنەیەوە لەگەڵ حەمید تەقواییین و پرسیارەکانمان لەو بارەیەوە لەگەڵیدا دەخەینە ڕوو.

بۆچی دوای سی ساڵ لە ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، ئەم بابەتە ئەوەندە بۆتە جێی سەرنجی میدیا و شرۆڤەکاران و ڕاڤەکاران؟

حەمید تەقوایی: پێموایە هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە جیهان لەم سی ساڵەدا بە تەواوی پاشەکشەی کردووە. دۆخەکە بە هەموو شێوەیەک خراپتر بووە، لە ئەنجامدا میدیاکانی دەستەی دەسەڵاتدار، تریونەکانی ئەو چینە سەرمایەدارەی کە حوکمڕانی جیهان دەکەن، خۆیان بە ناچاری دەبیننەوە کە بە جۆرێک بەرگری لە و دۆخەی کە هەیە بکەن. چونکە بەرگری لەم دۆخە ناکرێ، هێرش دەکەنە سەر یەکێتی سۆڤیەت کە سی ساڵ لەمەوبەر ڕووخا. ئەگەر بەڕاستی جیهان بەو ئاراستەیەی کە خەیاڵیان دەکرد دەڕۆیشت، پێویستی نەدەکرد جارێکی دیکە پرسێکی کۆنی ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بخەنە سەر مێز. هێشتا هەست بە “مەترسی” چەپ دەکەن.

ئامانجخوازی، شۆڕشەکان، ناڕەزایەتییەکان، خەبات هەموو جیهانی گرتۆتەوە. لەم سەدەیەدا، لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا، چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشمان لە جیهاندا بینی. ناڕەزایی زۆرە. بە گشتی مەسەلەی ئابووری، خۆپارێزی، قووڵبوونەوە و فراوانکردنی بۆشایی نێوان هەژاری و سەروەت و سامان، پرسی پەنابەران و کۆچبەری لە پرسە درێژخایەنەکانی سەردەمی ئێمەن. کارەساتی کۆرۆنا بەربڵاوە. ژینگە لە مەترسی لەناوچووندایە و زەوی دەڕوخێت. کەواتە وەڵامی هەموو ئەمانە چییە؟ کێ بەرپرسە لەم دۆخە؟ لە سەردەمی کێبڕکێی نێوان دوو جەمسەری بلۆکی سۆڤیەت و ڕۆژئاوادا، ئەم دەیخستە ئەستۆی ئەو ئەویش دەیشت ئەوستۆی ئەویتر. ئێستا کە جیهان یەک جەمسەرییە، دەبێت سەرمایەداری بازاڕی ئازاد وەڵامەکە بێت. وە چونکە ناتوانن بەرگری لە تۆماری خۆیان بکەن، ناچارن بەردەوام بن لە تاوانبارکردنی ئەو دەسەڵات و حکومەتەی کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر هەرەسی هێناوە.

بەڕای من ئەمە جۆرێکە لە هێرش بەهۆی لاوازی و چەقبەستووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئایدیۆلۆژی سەرمایەداری جیهانیە. سەرمایەداریی بێ بەرهەڵستکار و لە فۆڕمی کلاسیکی سەرمایەداری بازاڕی ئازاددا لە هەموو شوێنێکدا حوکم دەکات و سەرەڕای هەموو ئەمانە، نەک هەر ناتوانێت وەڵامی توندترین پرسەکانی بەردەم هەموو مرۆڤایەتی وگۆی زەوی بداتەوە، بەڵکو خۆی سەرچاوە و هۆکاری سەرەکییە ئه‌م بارودۆخه‌. پێم وایە ئەمە بنەمای کێشەکەیە.

خەلیل کەیوان: قەبارەی بەرنامەی دەزگاڕاگەیاندنە فارسی زمانەکانیش لەم ڕووەوە کەم نەبوو. زۆرێک لە میدیا جیهانییە فارسییەکان ئەم بابەتەیان ڕووماڵ کرد. بۆچی ئەم میدیایە ئەوەندە گرنگی بە پرسی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت دەدات؟

حەمید تەقوایی: هۆکارەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە داڕماندایە. دەزانن کە بەردەوام نابن. لەگەڵ قەیرانێکی هەمەلایەنە دەست وئێخەی گرتووە. لە ئاستی جیهانیدا بە تەواوی ڕسوا و ئابڕو بووە. لە ناوچەکەشدا بەهەمان شێوە و بە تایبەتی لە خودی ئێراندا خەڵک بە ژمارەیەکی زۆر هاتوونەتە گۆڕەپانەکە و بە ئاشکرا و بە ڕاشکاوانە هاوار بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەکەن. بارودۆخی ئێران بە جۆرێک تایبەتە. سیستەم و حکومەتێکی هەیە کە لە لێواری کۆتاییدایە. خەریکە دەڕوخێت. خەریکە هەرەس دەهێنێت و ئەمەش بۆ هەمووان ڕوونە، بە خودی بەرپرسانی حکومەتیشەوە.
لەم هەلومەرجەدا میدیای زمانی فارسی کە بەزۆری نوێنەرایەتی سیاسەتی ڕاستڕەوی، سیاسەتی حکومەتەکانی خۆیان، یان دواجار پارتە حکومییەکان و بلۆکە نێودەوڵەتییەکان دەکەن، نیگەرانن لە دۆخی دوای کۆماری ئیسلامی. ئەوان نیگەرانن لەوەی چەپ دەسەڵات بەدەستبهێنێت. وەک چۆن لە شۆڕشی ١٣٥٧دا خومەینییان لەبەردەم چەپدا گەورە کرد، ئێستاش خوویان گرتووە بە لێدان و ڕەخنەگرتن لە چەپ لەبەردەم خەڵکدا لە بیروڕای گشتیدا. بە ڕوانگەی ئەوانەوە، یادی ٣٠ ساڵەی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، بیانوو و دەرفەتێکی باشی داوەبەستیانەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە.

بەڵام بارودۆخی سیاسی ئێران بەجۆرێکە کە ئەم جۆرە بانگەشەیە ئیتر سوودی نییە. ئێستا تەنانەت هێزە ڕاستەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن داهاتووی ئێران سۆسیالیستی دەبێت. خۆیان لە تەنیشت کرێکارانی هەفت تەپە دادەنێن. دەڵێن ئەڵتەرناتیڤی ئێمە هەفت تەپەیە. ئەو دروشمانەی کە خەڵک دەیدات، لە بنەڕەتدا دژی هەژارییە، دژی بێمافیەکانە، دژی هەڵاواردن و ئازاری ئەو چین و توێژانەیە کە هەموو کۆمەڵگا دەگرێتەوە.

هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە چەپێکی کۆمەڵایەتی بەهێز لە ئاستی مەیدان و شەقامدا بەرزبووەتەوە و تەحەدای ئەم هەموو سیستەمە دەکات. حیزبی ئێمە یەکێکە لە هێزە چالاکەکانی ئەم بزووتنەوەیە. هەمووان دەتوانن ئەمە ببینن.

هەر لەبەر ئەم هۆکارانەشە کە ئەم جۆرە بانگەشانە جێگەیەکی گرنگ لە میدیای ڕاستڕەوی زمانی فارسیدا دەدۆزێتەوە. ئەوان زۆر نیگەرانن لەوەی جەماوەری خەڵکی خاوەن ئامانجێکی یەکسانیخوازانە و ئاراستەیەکی گشتی، دژی کەلێنی گەورەی نێوان هەژاری و سەروەت و سامان و دژی کۆی سیستم و نەک تەنیا دژی کۆماری ئیسلامی، دژی هەڵاواردنی چینایەتی و کرێکاریی کرێ و سەختی ئابووری کێشان و هتد. بچێتە سەر شەقامەکان.ئەم نیگەرانیەیە وایکردوە کە ئەو میدیایانە بە بیانووی سی ساڵەی ڕووخانی سۆڤیەتەوە ناچاربن پڕوپاگەندەی دژە کونیستی بڵاو بکەنەوە.

خەلیل کەیوان: ئایا ئەو بەشە لە سەرمایەداریی ئێرانی کە هەوڵی دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤێک بۆ کۆماری ئیسلامی دەدات، بەڕاستی پێی وایە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەزموونی شکستخواردووی یەکێتی سۆڤیەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ مەیلە سۆسیالیستیەکان و بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کۆمەڵگادا سەرکەوتوو دەبێت؟

حەمید تەقوایی: لەم قۆناغەشدا هەروەک چۆن لە کاتی کەوتنی سۆڤیەت هێزە ڕاستەکان زۆر هەڵەن. سەیرکەن کێشەکە پەیوەندی بە ئایدۆلۆژیاکانەوە نییە. مەسەلەکە پەیوەندی بە بزووتنەوە ڕاستەقینەکان و مەسەلە ڕاستەقینەکانی خەڵکەوە هەیە. بەڕاستی خەڵک چییان ئەزموون کردووە؟ خەڵک بینیویانە کە چۆن سیستمی ئێستا هەژاری و بێ یاسایی و چەوساندنەوەی بەسەر هەموو کەسێکدا سەپاندووە و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگە، کرێکاران، ژنان، گەنجان، خانەنشینان، مامۆستایان و هتد، دەمێکە دژی ئەو هەلو مەرجانە هاتوونەتە دەرەوە.
بە بڕوای من زریانێک و بزووتنەوەیەکی بنیاتنەر دەستی پێکردووە کە تەنها بۆ لابردنی مەلاکان ڕازی نابێت. خەڵک مشتێک لە ئاسمان دەدەن. ئەوان سیستەم و کۆمەڵگایەکیان دەوێت کە تەواو یەکسان بێت و دوور بێت لە هەموو جۆرە جیاکارییەک. کۆمەڵگایەکی تەواو ئینسانی، بە ئاوەدانی، بە ئازادییە بەرفراوان و بێ کۆت و مەرجەکەی، بە یەکسانی و دژی هەر جۆرە هەڵاواردنێک، هەڵاواردنی ئایینی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، هەڵاواردنی میللی و نەتەوەیی و هتد و هتد، کە لە کۆماری ئیسلامیدا پەرەی سەندووە. خەڵک ئەمەیان دەوێت. هەمیشە وتوومە کۆماری ئیسلامی خراپترین، دواکەوتووترین، کۆنەپەرستترین حکومەتی سەرمایەدارییە لە ئێران و لە جیهانی هاوچەرخدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە و لەبەردەمی خۆیدا کۆمەڵگایەک، بزووتنەوەیەک، جوكانەوەیەکی کۆمەڵایەتی زەبەلاحی هێناوەتە مەیدانەکە، کە زۆرترین ئازادی و بەرزترین ئاستی شارستانیەت و مۆدێرنیزم و زۆرترین دەستکەوتی پێشڕەوی ئینسانیە. بەم مانایە کۆمەڵگای ئێران بە چاوەڕوانییەکی بەرزی ئینسانیەوە هەنگاوی ناوە بۆ خەبات. هەرئەمە خۆی ڕێگە دەدات کە چەپ، کۆمۆنیزم، سۆسیالیزم، جۆری کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمێک کە ئێمە نوێنەرایەتی دەکەین، نەک ئەوەی لە یەکێتی سۆڤیەتدا شکستی هێنا، بناغەیەکیان هەبێت، داهاتوویەکی سۆسیالیستی بۆ کۆمەڵگای ئێران لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە بهێنن.

ئایندەی ئێران سۆسیالیستییە. ئەم ڕاستییە ئەوەندە ئاشکرایە کە تەنانەت هێزە ڕاستڕەوەکانیش دان بەوەدا دەنێن. گومانم نییە کە کۆمەڵگای ئێران بەرەو کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستی ئازاد، ئاوەدان و مرۆڤدۆست هەنگاو دەنێت.

خەلیل کەیوان: یەکێتی سۆڤیەت یەکەم ئەزموونی شۆڕشی سۆسیالیستی بوو لە جیهاندا. پێت وایە یەکێتی سۆڤیەت سیستەمێکی سۆسیالیستی بوو؟

حەمید تەقوایی: بە هیچ شێوەیەک وا نەبوو. تەنانەت شارەزایان و ئابووریناسان و تیئۆریسێنانی جیهانی ڕۆژئاواش ئەمەیان دەزانی. ئەوەی کە بەردەوام لە ڕیکلام و پڕوپاگەندە بۆ بیروڕای گشتی یەکێتی سۆڤیەت بە سۆسیالیست و کۆمۆنیست ناودەبەن، تەنها کردەیەکی پڕوپاگەندەییە. لە ڕاستیدا ئەکادیمیستەکان و توێژەرانیان دەزانن کە سیستەمی سۆڤیەت هیچ پەیوەندییەکی بە سۆسیالیزمەوە نەبووە. هەر بەوجۆرەی کە بۆ چاینە ئەمڕۆ ناتوانێت هیچ کەس بدۆزێتەوە ، هیچ کەسێکی جدی، بیرمەندێکی جدی چاینە وەک سیستەمێکی کۆمۆنیستی دابنێت. ئەمە تەنیا لە پڕوپاگەندەی بەتاڵی ڕاستڕەوی توندڕەودا دەبینرێت.

سەبارەت بە سۆڤیەتیش هەر بەوجۆرە بوو. بەڕای ئێمە ئەوەی لە یەکێتی سۆڤیەتدا شکستی هێنا، سیستەمێکی سەرمایەداریی دەوڵەتی بوو. وە ئەزقەزا ئەگەر بمانەوێت لە قووڵتر ببینەوە، قەیرانەکەی، ئەوە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە دەیانویست سیستەمێکی سەرمایەداری لەژێر ناوی کۆمۆنیزم و لەژێر ناوی سۆسیالیزمدا بهێڵنەوە. ئەمەش نەدەکرا. ئەم دژایەتییە دەبوو لە لایەکەوە بشکێنرێت. یان دەبوو بە قازانجی سۆسیالیزم چارەسەر بکرایە یان بە قازانجی سەرمایەداریی بێ پەردە. دواجار ئەم دژایەتییە بە شێوەیەک چارەسەر کرا کە سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی لە یەکێتی سۆڤیەت دەستبەرداری ڕواڵەت و توێکڵی سۆسیالیستی بوو و بە فەرمی پەیوەندی بە سەرمایەداریی بازاڕی ئازادەوە کرد. ئەم گۆڕانکارییە لە ناو خودی یەکێتی سۆڤیەتەوە دەستی پێکرد. وا نەبوو کە بلۆکی ڕۆژئاوا لە شەڕی سارددا بلۆکی سۆڤیەتی شکست پێهێنابێت. سۆڤیەت لەسەر دژایەتییەکانی خۆی تێکچوو و ئەم دژایەتییە لە بنەڕەتیترین ئاستدا دژایەتییەک بوو لە نێوان ئیدیعای سۆسیالیستی و واقیعی سەرمایەداریی سیستەمی سۆڤیەتدا.

ئەزموونی سۆڤیەت لە ڕاستیدا پێچەوانەی ئەوەی کە میدیای لایەنگری سەرمایەداری دەیڵێن نیشان دەدات. ئەم ئەزموونە ئەوە نیشان نادات کە سۆسیالیزم سەرکەوتوو نابێت. بە پێچەوانەوە قەیران و داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت دەریخست کە ناکرێت سەرمایەداری لە ژێر ناوی سۆسیالیزمدا بەسەر خەڵکدا بسەپێندرێت. ئەگەر یەکێتی سۆڤیەت سەرکەوتوو بوایە لە ڕاماڵینی سەرمایەداریدا، نەک هەر تووشی قەیران نەدەبوو، بەڵکو دەبووە نموونە و مۆدێلێک بۆ هەموو جیهان. بەداخەوە ئەمە ڕووی نەدا و وەک وتم دواجار ئەم دژایەتییە لە یەکێتی سۆڤیەتدا بە قازانجی باڵادەستی تەواوەتی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد چارەسەر کرا.
خەلیل کەیوان: لە سەروبەندی کەوتنی شوری و ساڵانێکی زۆر دوای ئەوە، لە دونیادا هات وهاوارێکیان بەرێخستبوو. ڕاڤەکار و شرۆڤەکار و ئایدیۆلۆگەکانی سەرمایەداری باسیان لە نەزمی نوێی جیهانی و سەرکەوتنی دیموکراسی و باشترکردنی جیهان دەکرد، بەڵێنی جیهانێکی باشتریان دا، ئایا ئەوە ڕوویدا؟ جیاوازیەکانی جیهانی ئەمڕۆ و سەردەمی شەڕی سارد چین؟

حەمید تەقوایی: نەک هەر باشتر نییە، بەڵکو زۆر خراپترە. ئاماژەت بە هەندێک لە ئیدیعاکانیان کرد. خاڵێک کە بیرمەندان و شارەزایان لە سەردەمی ڕووخانی سۆڤیەتدا ئیدیعایان دەکرد، ئەوە بوو کە خەباتی چینایەتی کۆتایی هاتووە! ڕایانگەیاند کە بڕیارە لە هەموو شوێنێک ئاشتی و ئارامی و ئاسایش بگرێتەوە و لە ژێر یاقوتی ئەڵقەی نەزمی جیهانی نوێ و سەرمایەداری بازاڕی ئازاددا هەموو شوێنێک دەبێتە گۆڵستان. نەک هەر ئەمە ڕووی نەدا، بەڵکو چڕترین و دڕندانەترین شەڕی نەتەوەیی-ئاینی لەو کاتەدا دەستی پێکرد. ئەگەر لەبیرتان بێت، لە یوگۆسلاڤیای پێشوو شەڕی دراوسێ کوشتن ڕوویدا. لە باکووری ئەفریقاش هەر بەوجۆرە و پاشان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاشان لە هەموو جیهاندا.

خەلیل کەیوان: لە کۆمارەکانی پێشووی سۆڤیەتیشدا.

حەمید تەقوایی: بەڵێ دڕندانەترین شەڕەکان لە دەوڵەتانی سۆڤیەتی پێشوودا ئەنجامدراون.

لە شەڕی سارددا دواجار دوو جەمسەری سەرەکی دژی یەکتر بوون. جەمسەری بلۆکی ڕۆژهەڵات و جەمسەری بلۆکی ڕۆژئاوا. بە جۆرێک لە جۆرەکان یەکتریان کۆنترۆڵ کرد. سەرمایەداریی بلۆکی ڕۆژهەڵات کە خۆی بە ئۆردوگای سۆسیالیزم ناودەبرد، لەبەرانبەر سەرمایەداریی بازاڕی ئازاددا بوو کە هەڵگری نازناوی ئۆردوگای دیموکراسی بوو. ململانێیان هەبوو. ئەوان خەریکی ئەنجامدانی کودەتا بوون. ئەوان دژی کودەتایان دەکرد. ئەگەر لە شوێنێکدا شۆڕشێک هەبوایە، یەکێکیان پاڵپشتی دەکرد و ئەوی دیکەشیان پشتگیری لە دەسەڵاتی کۆنەپەرست دەکرد. بەڵام دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، ئەوە ڕوون بووەوە کە ئەگەر جیهان بدەیتە سەرمایەداریی ئۆردوگای ڕۆژئاوا، جیهان دەکاتە گێژاو. چ چڵپاوێک دروست دەکات. هەمووان بە چاوی خۆیان ئەمەیان بینی. هەر بۆیەش لە چەند ساڵێک زیاتری نەخایاند کە هەموو ئەو جەنجاڵییەی کە دونیادا دەبێتە گۆلستان و پێدەچێت بلۆکی سۆڤیەت هۆکاری هەموو بەدبەختییەکانی جیهان بووبێت و بەبێ بلۆکی ڕۆژهەڵات مرۆڤایەتی بە ئازادی و هتد دەگات و ئەوە کۆتایی هات و گۆڕا بۆ پێچەوانەکەی. خەڵک بینییان چ جیهانێکی ڕەشتر و پیستر و دژە مرۆڤتریان بەدیاری هێناوە.

جیاوازییەک لە نێوان ئەم قۆناغە و سەردەمی جەنگی سارددا ئەوەیە کە ئۆردوگای ڕۆژئاوا بە تەواوی و ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لەم دۆخە. پێش ئەوە لە هەر شوێنێک دیکتاتۆرییەت هەبوو نیشانی یەکتریان دەدا. ئەوان دەیانگوت لە هەر شوێنێک دیکتاتۆری هەبێت، لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤیەتدایە، وەک چیکۆسلۆڤاکیا کە کودەتا و دژە کودەتای تێدا کراوە. لە لایەکی تریشەوە ئۆردوگای ڕۆژهەڵات دەیانگوت لە هەر کوێیەک دیکتاتۆریەت هەبێت وەک ئەمریکای لاتین خەتای ئۆردوگای ڕۆژئاوایە. کاتێک ئۆردوگای ڕۆژئاوا دەستی بەسەردا گرت، ئەم ململانێ و بیانوو و پاساو و پڕوپاگەندەیە نەما و لە ئەنجامدا بەناو شازادە ئاشکرا بووەوە. دەرکەوت کە سەرمایەداری بەرپرسیارە لە هەموو بەدبەختییەکان. ئەوە سەرمایەدارییە لە فۆڕمی کلاسیکی و بێ مشتومڕی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاددا.

لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتوەکانی شەڕی سارد چەندین شەڕی خوێناوییان – ڕاستەوخۆ یان بە وەکالەت – بەڕێوەبرد و زەمینە و مەیدانیان بە هەموو جۆرە هێزی قەومی و ئایینیەکان بەخشی، لەوانەش بزووتنەوەی هاری ئیسلامی سیاسی. خۆیان دەیانخەنە سەر کار. لە ئەفغانستان، لە ئێران و لە شوێنەکانی تری جیهان. وە ئێستا دەبینین بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی چ جۆرە دۆخێکی لە جیهاندا دروست کردووە. وە لە دیوەکەی تریشەوە لافاوی کۆچەکان لە ناوچە جەنگاویەکانەوە دەستی پێکرد. هۆکاری ئەم لافاوی کۆچکردنە شەڕی نێوماڵی و ناوخۆی و ناوچەییە. لە لایەکی ترەوە پەتاکە و شەپۆلی دووەم و سێیەم و چوارەمی کە بە ڕواڵەت ئێستا تەواو ناکرێن، بوونەتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی. هۆکاری ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسێکە، بەڵام قەیرانی جیهانی کۆرۆنا پرسێکی تەواو سیاسی و کۆمەڵایەتییە. ئەم بەرهەمی “سیستمی نوێی جیهانی “ە. نەیانتوانی نەخۆشییەک کۆنتڕۆڵ بکەن کە بە تەواوی قابیلی پێشبینی و قابیلی ئەوە بوو ڕێگری لێ کرێت. نەک هەر نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی بکەن، بەڵکو کاتێک هۆشدارییان پێدرا، لەبەرئەوەی پێنج شەش ساڵ لەمەوبەر و پێش ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەست بەسەر جیهاندا بگرێت، گوێیان لێدنەگرت و پشتگوێیان خست، چونکە پێچەوانەی قازانجیان بوو. کارەساتێکیان بەسەر دونیادا هێنا کە کەس نازانێت کەی کۆتایی دێت و تەنانەت کەی کەمیش دەبێتەوە.
پرسی ژینگەش هەر بەو شێوەیە. دوای کۆنفڕانس و گردبوونەوە و هتد سیمینار و کۆنفڕانس ئەنجام دەدەن، بەڵام کێشەی ژینگەیی هێشتا خەریکە توندتر دەبێت. سەرمایەداری خەریکە گۆی زەوی وێران دەکات و ڕۆژانە ئەم پرۆسەیە خێراتر و فراوانتر دەبێت.

ئەم مێژووە سی ساڵەی جیهان لە ژێر یاقوتی ئەڵقەییەکەی “نەزمی نوێی جیهانی”دایە. ئەمە ئەو دۆخەیە کە بۆ جیهان دروستیان کردووە. هەر ئەمەش وایکردووە، وەک لە سەرەتاوە گوتم، هەست بە ناچاری دەکەن کە سێ دەیە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، تەپڵی شکستی کۆمۆنیزم لێبدەن، وەک هێمایەک بۆ هەر جۆرە یەکسانیخوازییەک، هەر جۆرە ئازادیخوازییەک، هەر جۆرە ئایدیالی مرۆیی.

دەبێت لە کۆمۆنیزم بدەن بۆ ئەوەی بە جۆرێک پاساو بۆ ئەم جیهانە بهێننەوە کە کێشراوەتە ناو قوڕەوە. پێم وایە تاکە ڕێگە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لە سەردەمی ئێمەدا سەرهەڵدانی سۆسیالیزمە. سەرهەڵدانی بزووتنەوە سۆسیالیستیەکان و حیزبە کۆمۆنیستەکان و حیزبەکانی جۆری کۆمۆنیزمی کرێکاری، کە بەڕاستی چالاکییەکانیان لەسەر بنەمای ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی هەموو مرۆڤەکانە. ئەمە تاکە ڕێگایە کە جیهانی ێمە ڕووبەڕووی بووەتەوە.

خەلیل کەیوان: باست لە لێکەوتەکانی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت کرد لەسەر بارودۆخی جیهان. چ دەرئەنجام و کاریگەرییەکی لەسەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی هەبوو. هەڵوێستی ئەم بزووتنەوانە لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت چی بوو؟

حەمید تەقوایی: بە لە دوو لایەنەوە کە بە ڕواڵەت دژ بەیەکن کاریگەری دانا. یەکێکیان ئەوەیە کە یەکێتی سۆڤیەت هەرچییەک بووبێت، لەژێر ناوی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمدا کۆمەڵگەی بەڕێوەدەبرد. یەکێتی سۆڤیەت و بلۆکەکەی ئیدیعای سۆسیالیستییان هەبوو. بۆیە شکستی یەکێتی سۆڤیەت بە جۆرێک لێدانێک بوو لە دۆزی سۆسیالیستی. وە بۆرژوازی جیهانی، وەک وتم، زۆرترین سوودی لێ وەرگرت بۆ ئەوەی ئەمە بدەنەپاڵ ئامانجی، یەکسانیخوازی، ئازادیخوازی کۆمۆنیزمی ڕاستەقینەدا بنووسێت و بڵێت سۆسیالیزم ئەوەیە کە یەکێتی سۆڤیەت بوو. شکستی هێنا و کۆتایی هات.

کاتێک دەیانگوت کۆتایی خەباتی چینایەتی، مەبەستیان ئەوە بوو کە چەپ و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و مارکسیزم هیچ جێگایەکیان لەم جیهانەدا نییە. تەواو بووە. خراوەتە پەراوێزەوە. لەم ڕوانگەیەوە زەربەیەک بوو.لە ئامانجە ڕاستەقینەکان بە ئاماژەدان بە یەکێتی سۆڤیەت کۆمۆنیزمی ڕاستەقینەیان مەحکوم دەکرد. وە ڕایانگەیاند کە سەرمایەداری ئەبەدییە و هیچ ڕێگایەکی تر نییە. لەم ڕوانگەیەوە هەرسهێنانی “سۆسیالیزمی هەبوو” زەربەیەک بوو لە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی.

بە ڕویەکەوە ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت شتێکی ئەرێنی بوو. ئەمەش بەو مانایەیە کە نموونەی ناوەرۆک بەتاڵ و پووچی سەرمایەداریی دەوڵەتی کە بەناوی سۆسیالیزمەوە حوکمڕانی دەکرد، مەلەفەکەی داخرا. هەرکەسێک خۆی بە کۆمۆنیست ناو ببات، هیچ قەرزاری کەس نەبووە. کەس ناچار نەبوو ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی یەکێتی سۆڤیەت پەیوەندی بە کۆمۆنیزمەوە نییە و کۆمۆنیزمی من کۆمۆنیزمێکی ترە.

ئەو هات وهاوارە تەبلیغاتیەی کە باسم کرد لە دوو سێ ساڵ زیاتر نەخایاند. و پاشان زەمینە بە تەواوی ئامادەکرا بۆ ئەوەی کۆمۆنیزمی ڕاستەقینە، کۆمۆنیزمی کرێکاری سەرهەڵبدات. جگە لەوەش حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە هەمان کاتدا لەگەڵ داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵات پێک هات و ئەمڕۆ دەبینین کە هێزێکی زۆر چارەنووسسازە لە هەلومەرجی سیاسی کۆمەڵگای ئێراندا. هێزێک کە بەو ئاڵایەی کە هەڵیکردوە لە جیهاندا هەڵساوەتەوە، بۆ نموونە دژی ئیسلامی سیاسی، دژی ڕێژەگەرایی کولتووری، کە دەکرێ بڵێین ئایدۆلۆژیای نەزمی نوێی جیهانییە، دژی کۆنەپەرستی لە جیهان و لە ناوچەکەدا .

ئەم جۆرە کۆمۆنیزمە، کۆمۆنیزمی کرێکاری، چونکە جۆری کۆمۆنیزمی سۆڤیەت بە تەواوی لە مێژوو دوور خرایەوە، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە بە جیهان بناسێنێت کە کۆمۆنیزمی ڕاستەقینە چییە. وە لە کۆمەڵگەی ئێران کە ناوەند و کایەی چالاکیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە، دەتوانین ببینین کە چۆن لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە وەڵامێکی ئەرێنی وەرگرتووە. چۆن مرۆڤەکان جۆرێکی تری کۆمۆنیزم دەناسنەوە و جیاوازییە ڕاستەقینەکانی نێوان ئەم کۆمۆنیزمە و کۆمۆنیزمی سەرمایەداری دەوڵەتی جۆری سۆڤیەت درک دەکەن و ڕووی تێدەکەن.

پێم وایە لە هەموو جیهاندا دۆخێکی وا هەیە و هەموو جیهانەکان تینووی جۆرێک لە کۆمۆنیزمن کە بەڕاستی بتوانێت ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانییان بەدیاری بۆ بهێنێت.

خەلیل کەیوان: دەتوانرێت چ وانەیەک لە ئەزموونی سۆڤیەت وەربگیرێت؟
حەمید تەقوایی: چەندین وانەی لێ وەردەگیرێت. وانەی یەکەم ئەوەیە کە پێویستە سەرنج بدەین کە چ جۆرە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەشدارن. بێ گوێدانە ئەوەی کە خۆیان بە چی ناودەبەن، ئامانج و پێگەی ڕاستەقینەیان چییە.

ئێمە زۆر پێش ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ئەم باسەمان هەبوو کە هۆکاری زاڵبوونی سەرمایەداریی دەوڵەتی لە ڕووسیا لە جیاتی سۆسیالیزم لەبەر ئەوە نەبووە کە کەسێک لە ڕووی هزر و ئایدۆلۆژیاوە هەڵەی کردووە، یان وەک دەڵێن بوو بە ڕیڤیزۆنیست و بیرکردنەوەی خۆی گۆڕی. ئەمە دەرکەوتنی کەیسەکەیە. لە ڕاستیدا بزووتنەوەیەک لە یەکێتی سۆڤیەت دژی تزاریزم هەبوو، بزووتنەوەی پیشەسازیکردنی ڕووسیا. بزووتنەوەیەک کە دەیویست ڕووسیا – ڕووسیا لە بنی ڕیزی ئەوروپای ڕۆژئاوادا بوو – بکاتە هێزێکی گرنگی ئابووری جیهانی. بزووتنەوەیەکی پیشەسازی و گەورەی ناسیۆنالیستی ڕووسی کە خۆی بە چەپیش دەزانی. لقی مەنشەڤیکی پارتی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیا نوێنەرایەتی ئەم ڕەوتەیان دەکرد؛ لە ململانێ لەگەڵ بەلشەفیزمدا، واتە ئەو لقە سۆسیالیستییەی ئەو حیزبەی کە بەڕاستی ویستی کاری کرێ و ئیستغلال هەڵبوەشێنێتەوە. شۆڕش لەلایەن بەلشەفییەکانەوە سەرکردایەتی دەکرا، بەڵام دواتر ئەو بزووتنەوەیەی دیکە توانی نوێنەری چالاکی هەبێت، دەستی باڵا لە حیزب و حکومەتدا پەیدا بکات و بەم شێوەیە ئاسۆی پیشەسازیکردنی ڕووسیا زاڵ بوو. وە سەرکەوتوو بوو. ڕووسیا لە ڕووی پیشەسازی و سەربازییەوە بوو بە یەکێک لە دوو زلهێزی جیهان. بەم مانایە سەرکەوت، بەڵام هیچ شتێک لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی نەمایەوە. هیچ لەو ئامانجانە نەما کە بەلشەفییەکان پێشنیاریان کردبوو. بێگومان نەخێر، چونکە ستالین بە هەڵە لە کۆمۆنیزم تێگەیشت و بوو بە ڕیڤیزیۆنیست و هتد. ئەمە پرسی ئێمە نییە. ئێمە دەڵێین کە ستالین لە ڕاستیدا نوێنەرایەتی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی دیکەی دەکرد، ئەویش بزووتنەوەی پیشەسازیی ڕووسیا بوو.

ئەمڕۆ لە دۆخی ئێراندا ئەوەی گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە، نوێنەرایەتیکردن و بەهێزکردنی بزووتنەوەی چەپ، بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، بزووتنەوەی یەکسانیخوازیە، کە ئامانجە ئینسانیەکانی ناخاتە ژێرسێبەری هیچ ێکەوە. سەربەخۆیی، دژە ئەمریکایی، دژە نیولیبرالیزم، پیشەسازی، شانازی نەتەوەیی، گەورەیی و هتد، ئەمانە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆمۆنیزمەوە نییە و پێویستە بەردەوام ڕەخنەیان لێ بگیرێت و ئاشکرا بکرێن. کۆمۆنیزم بزووتنەوەیەکە کە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی کرێیە. ئەو یەکسانی دەوێت. دەیەوێت هەر جۆرە جیاکارییەک نەهێڵێت. ئازادی دەوێت. خۆشگوزەرانی دەوێت. کۆمۆنیزمی کرێکاری لەم بزووتنەوەیەدا سەری هەڵداوە و پشت بەم بزووتنەوەیە دەبەستێت.

ئەو وانەیەی لە یەکێتی سۆڤیەت فێربووین ئەوەیە کە هێڵی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی سەربەخۆ لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە بپارێزین. خاڵی یەکەم ئەوەیە کە کۆمۆنیزم خۆی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە نەک تەنها لە کتێب و ئایدۆلۆژیدا. کۆمۆنیزم تەنیا لە حیزب و بیرۆکەکاندا سنووردار نییە. بەڵێ حیزب پێویستە. تیۆری پێویستە. هەموو ئەمانە جێگەی خۆیان هەیە، بەڵام بنەمای کۆمۆنیزم بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی ناڕەزایەییە لە دژی سەرمایەداری و دژی چەوسانەوە. ئەمە بنەمای کۆمۆنیزمە. بزووتنەوەیەک دژی هەر جۆرە نایەکسانییەک و نەک هەر دژی نایەکسانی چینایەتی، بەڵکو دژی نایەکسانی جێندەری، نەتەوەیی و ئایینییە کە لە ئێراندا پەرەی سەندووە. ئەمە ئەو بزووتنەوەیەیە کە حزبی ئێمە پشتی پێ دەبەستێت. وە بەهێزی ئەم بزووتنەوەیە باشترین گەرەنتییە بۆ ئەوەی ئەزموونێکی دیکەی وەک یەکێتی سۆڤیەت لە ئێرانی سۆسیالیستیدا دووبارە نەبێتەوە.

ئێمە ئەو لە پێشریەمان هەیە کە ئەزموونی سەرمایەداری دەوڵەتیمان کردووە لە ژێر ناوی کۆمۆنیزمدا. بەلشەفییەکان ئەم ئەزموونەیان نەبووە. بزووتنەوەی کۆمۆنیستی هێشتا گەنج بوو. ئەمڕۆ جیاوازی نێوان سەرمایەداری دەوڵەتی و سۆسیالیزم دەزانین. ئێمە باش ئاگادارین لە جیاوازی نێوان کۆمۆنیزمی کرێکاری و کۆمۆنیزمی نەتەوەیی- پیشەسازی. لەمڕۆوە ڕێگە نادەین جێگەیان بگۆڕدرێن و خەبات بۆ پیشەسازیکردن و سەربەخۆیی و شانازی نەتەوەیی لەژێر ناوی کۆمۆنیزمدا دیسان بیەوێت مەیدانێک بەدۆزێتەوە.

بەم مانایە، گرنگترین وانە کە فێری بووین ئەوەیە کە کۆمۆنیزم، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیستی، ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەی کە بنکەی حیزبەکەمانە، بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەبێت چاوەڕوانییەکانی، دیدگا، دروشمەکانی، ئامانجە تایبەتەکانی لەسەر بگۆڕێت فراوانترین ئاست چاوەڕوانی و ئامانج و دروشمی جەماوەر. ته نیا به م شێوه یه کۆمۆنیزم ده توانێت سەرکه وتوو بێت و به ڕاستی کۆمه ڵگه یه کی سەرفراز، ئازاد و یه کسانی سۆسیالیستی له ئێراندا جێبه جێ بکات.

٣٠ی دێسەمبەری ٢٠٢١




لێگەڕێن.. شوان عەباس بەدری

لێگەرێن
با ڕووبار دیسان باوەش بۆ خوڕی ئاوی چیاكان بكاتەوە
لێگەرێن با خاكی نیشتمان
دووبارە ببێتەوە بە سەوزایی و
لە زیندانی تەلبەند ئازادی بكەن
لێگەڕێن
با چولەكە و ڕیشووڵەكانی ووڵات
دووبارە لەگەڵ ئاسمانە بێ ڕەنگەكەی نیشتمان
ئاشت ببنەوە و
دیسان
كۆڵان و گەڕەك و شەقامە بێ ڕۆحەكانی شار
بزەیەكی یادگارییان بێتەوە سەر لێو
لێگەڕێن
دەشت و دۆڵ بەرگی پاكی لەبەر بكاتەوە و
بەرگە نەوتاوی و ڕەشپۆشەكەتان دادڕێنێت
لێگەڕێن
لێگەڕێن
دووبارە مرۆڤە چەرمەسەرەكانی ناو ووڵات
بە مژۆڵەیەك
خەونەكانیان شیرین بكەنەوە و
بە باگردێنێكی دەسك ژەنگاوی پیر و ماندوو
دووبارە سەربانە گرنج گرنجە ژەهراوییەكەی نیشتمان
هەر وەك جاران
بكەن بە ڕاستەڕێیەك و
لەمەودوا لە جیاتی شیوەن و چاوەڕوانی و دابڕان
دڵۆپ دڵۆپ ئومێد ببارێنێت
لێگەڕێن
لێگەڕێن
نیشتمانە بێ سەرپەرەستە هەتیوەكەم
هەناسەیەك بدات و
ئێمەش لەگەڵیا
هەناسەیەكی پاك هەڵمژین
ئاە ئەی نیشتمانە
هەتیوە بەرگ دادڕاوە
فرۆشراوەكەم
لەبەر قاپی كام لەشكڕە سادییە كەوتوویت
كە دێرزەمانە
جەستەتی بە قامچی دابەشبوون
شەقار شەقار كردووە و
وەك سۆزانییەكی بێ دەرەتان
هەر ڕۆژە و
لەتاو ئازار و بێكەسی
بە بێ دەنگی لە ناخەوە ئەگریت؟
لێگەڕێن
لێگەڕێن
بازرگانەكانی تەمەن و ژیان و هیوا و قوت
چی ئەبەن ببەن
تەنها پارچە پەڕۆوە سپییە خوێناوییەكەی
شەوی فرۆشتنی كچێنی نیشتمانم بۆ بهێڵنەوە
تا لە بەرزترین لووتكەی مێژوو هەڵیواسم و
شەرمەزارییەكی ئەبەدی
لەسەر نێوچەوانی تاك بە تاكمان و
تاتەقوڕینەكانی هەزار ساڵی داهاتوو
بنەخشێنم
لێگەڕێن
لێگەڕێن
لێگەڕێن !




رۆژنامەی بۆپێشەوە ژمارە-١٤٥-

بۆ خوێندنەوەی ئەم ژمارەیەی بۆپێشەوە کلیکی ئێرەبکەن..




مناڵان\ هاوڕێ ئێسک سووک و گوڵڕووەکانم.. عەلی حەمەڕەشید

ئای کە ئەم ژیانە بە ئێوەوە جوان و ڕەنگین و ڕازاوەیە، ئێوە پڕن لە هەموو جوانییەکان، بناغە دانەری کۆمەڵگەن، ڕوناکییەکی خۆر ئاسای نەکوژاوەن بۆ شانۆی ژیان.

چەندە سەرنجڕاکێشە کە دەبینین بە پەنجە نەرم و ناسک و وردیلەکانتان تابلۆی دڵگیری سروشتی کوردستان دەکێشن، بە کەمانچە و پیانۆ و گیتار ئاوازی خۆش خۆش لێدەدەن، لەسەر دەفتەرەکانی بەردەستتان بە وشەی گوڵهەناریی هیوا و حەز و خەون و ئەندێشەکانی ناختان وێنا دەکەن بەڕاستی و ڕاستگۆیی.

چەندە خۆشە لە ڕۆژی جیهانیی منداڵانیشدا ئێوەی منداڵانی کوردیش وەکو منداڵانی جیهان خەونەکانتان باڵاتر و گوڵی هیواکانتان گەشاوەتر و خۆشییەکانتان بێسنورتر بێت. چونکە زیاتر هەست بە بوونی خۆتان و ڕۆژی خۆتان و دونیا ڕەنگاڵەییەکەی خۆتان دەکەن. خونچەی لێوەکانتان بە نمەی زەردەخەنە و دڵە ناسک و بچکۆلەکانیشتان بە شنەی شادی زیاتر دەگەشێتەوە..

پیرۆزە ئەو ڕۆژە لە ئێوە.

عەلی حەمەڕەشید

نوسەری بواری منداڵان سەرپەرشتیاری پەروەردەیی