مەترسیدارترین چەک ( بیدعەچی و زەندیقبوون ).. أحمد عفیفي

(تۆمەتی بیدعەچی و زەندیقبوون ترسناکترین چەکە لە دژی هەر کەسیک کە عەقڵی بەکاربهێنێت!)
وەرگێڕانی : حەسەن ڕازانی
سەرچاوە: الحوار المتمدن

تۆمەتی بیدعەچیەتی، زەندیق بوون، هەرتەقەبوون، بێدینیی و گومڕایی ئامادەیە بۆ هەر کەسێک کە عەقڵی بەکاربهێنێت!
ترسناکترین چەک، لە سەدەکانی پێش ڕۆشنگەریی، لەوانەیە لە وەڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامیدا هەتاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، تۆمەتی بیدعەچیەتی و زەندیق بوون، ئەو چەکە ترسناکە دینیە بووە کە دوژمنانی ڕاستی و لۆجیک لە دژی زانایان و بیرمەندان، لە هەموو کات و شوێنێکدا، بەکاریان دەهێنا! ئەو زاناو بیرمەندانەی کە هەوڵیان دەدا تۆوی گومان و دەرەنجام و شیکردنەوەو ڕاڤەکرن و بە بەڵگە کردن و ژیرییش بچێنن لە نێو ئەو کۆمەڵگایانەی کە لە گەشەکردندان! ئەو چەکە ترسناکە لە ژێر سایەی زاناو پیاوانی دینی و پاپاکانی تاریکیدا گەشەی کردووەو هەربۆیەش ئەو کۆمەڵگایانەی بۆ چەندین سەدە لە دواکەوتوویی و نەزانی وتاریکیدا هێشتۆتەوە!
تۆمەتی بیدعەچیەتی و زەندیق بوون، بە کافرکرنی زانایان و دانایان و ژیرو بیرمەندانی هەمیشەو بە بەردەوامی، لە کاتی ئێستاو ڕابردووشدا، بە ئامانج گرتووە. لە ڕاستیدا ئامانجی ئەوئاراستەیە لە هزری بە زەندیق کردن و کافراندن بریتیبووە لە هێشتنەوەی کۆمەڵگا لە دواکەوتوویی و نەزانی و چەقبەستوویدا! هەروەها لە پێناو دەستبەسەردا گرتنی هۆیەکانی داهێنان دا بووە لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە دایان ناون لە ڕیزی بیدعەو داهێنانی خەراپ و هەروەها مافە مرۆییەکانشیان لێ زەوتکردوون! ئیتر ئاراستەی دووەم کە بریتیبووە لە ئاراستەی زانست و پێشکەوتن و داهێنان وای لێهاتووە نەتوانێت بەرەنگاری بەربەستەکان و سەردەمی باو ببێتەوەو ئەمەش پاڵی بە ئاراستەی ڕاستی و بیرمەنداندا ناوە ڕووەو دواوە پاشەکشە بکەن! ئیترلێرەوە بەرەو سەدە توندوو ڕەقەکان و بەرەو ئاراستەی سەرکوتی ئازادی بیرکردنەوە هەنگاو نراوەو پاڵی پێوەنراوە بەرەو ناوجەرگەی سەدەی حەوتەمی زایینیەوە!
زووربەی بڕیارو فەتواکان لە دژی نەوەی یەکەمی زاناو بیرمەنداندا بوون ، ئەو کات زانا و بیرمەند تەنها ئەو کەسانەی گرتۆتەوە کە لە بواری ئایینی و فیقهو وتاربێژیدا کاریان کردووەو زانا بەو کەسانە گوتراوە کە تێکست و دەقە ئایینیە دۆگماو بەستووەکانیان لەبەرکردووەو لەو بوارەدا خۆیان خەریک کردووە، ئەو تێکست و نووسینانەی کە ڕێک لەو پاشماوەو هەڵکۆڵراوانە دەچن کە هی چاخەکانی پێش مێژوون!
دەبێ کێ لە ئێمە ڕازی و خواریزمی و کەنەدی و فاڕابی و بەیرونی و ئیبنوسیناو ئیبنوهەیسەم نەناسێت؟ ئەدی باشە دەبێ کێ لە ئێمە ناوی غەزالی و ئیبن و ڕوشدو عەسقەلانی و سەهرەوەردی و ئیبن و حەیان ونەوەوی و ئیبنوموقەفەع و تەبەری نەبیستبێ؟
ئەدی باشە کەس دەبێ هەبێ ئەو لافیتانەی نەخوێندبێتەوەو نەدیتبێ کە خوێندنگاو پەیمانگاو ناوەندە زانستی و وێژەییەکان هەڵیان واسیون و ناوی خۆیان ناوە بە ناوی کەواکیبی و موتەنەبی و بەشار بن بەرد و لیسان الدین خەتیب و ئیبنولفاریز و جاحیزو موجریتی و ئەلمیعەڕی و ئیبن و توفەیل و توسی و ئیبن و بەتوتە و ئیبن و ماجەو ئیبن و خەلدون و سابتی بن قوڕە و تەوحیدی) یەوە ؟ یان ناوی ئەو زاناو بیرمەندانەیان لەسەر بووەو لافیتەکانیش ناوی ئەوانیان لەسەرنووسراوەو ناوی ئەو شوێنانەش بە ناوی ئەو زاناو بیرمەندو فەیلەسوفانەوە بووە!
بەڵام جێگەی داخە کە هەتا ئێستاش نازانین کە ئەو زاناو بیرمەندە دیارو باوانە زنجیرەیەک لە بڕیارو حوکمی بە زەندیق کردن و وبەکافرکردنیان لە دژ دەرکراوە، ئەو بڕیاری بە کافرکردن و بە زیندەقی کردنانە هەمان شێوەو ناوەڕۆکی دادگاکانی پشکنین (محاکم التفتیش.INQUISITION) یان هەبووە کە زاناو بیرمەندی وەک گالیلۆ، کۆبەرنیکس، نیوتن، دیکارت، ڤۆلتێریان پێ بە زیندەق کردووەو کافراندوویانن! هەروەها خوێندنەوەی نووسراوو کتێبەکانیشیان حەرام کراوە و تا ئەوپەڕیش ئەو زاناو بیرمەندانە سوکایەتییان پێکراوە و ڕاوەدوونراون و ئەشکەنجەش دراون!
جا بۆیە هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوانی ئەو بریارو حوکمە ستەمکارانەو نادادپەروەرانە لەگەڵ ئەو حوکمە توندڕەوییەو بە ئارەزووەی کە هەرلەخۆوە خەڵکی بەلاڕێدا دەبردوو هانی خەڵکی دەدا کە هەستن و وەخۆ کەون تاکو تەبەری بکوژن، یان بچن هەللاج لە خاچ بدەن، یان برۆن ئەبو عەلای میعەڕی بخەنە زیندانەوە، یان برۆن خوینی ئیبن و حەیان بڕێژن یان ئیبن و مەنمەر دەربەدەربکەن و کتێبەکانی غەزالی و ئیبن و ڕوشد و ئەسفەهانی بسووتێنن! ئینجا هەر بەوەشەوە نەوەستان، بەڵک و بێنە سەر بەکافرکردن و بە زەندیقکردنی فاڕابی و ڕازی و ئیبن و سیناو کەنەدی و غەزالیش.
هەروەها ڕەنگە ئێمە ئەو زانیاریەمان نەبێ کە سەهرەوەردی کوژرا وەو ئەوانیش کوشتویانە، هەروەها ئەندامەکانی لەشی ئیبنوموقەفع یان بڕین وهێشتا گیانی لەبەردا مابوو کە لەبەرچاوی خۆی برژاندیانن و لەبەردەمیان دانان تا لێیان بخوات پێش ئەوەی کە گیانی لە ئەنجامی پیسترین و بێوێنەترین ئەشکەنجە بە تەواوی دەرچێت! هەروەها جەعد بن درهەم یان سەربڕی و (ئەحمەد بن نەسری) شیان سەر بڕی و دوایی سەرەکەیان هەڵواسی وبە کۆڵاناندا دەیان گێڕا، هەروەها چوونە سەرلیسانول دین بن خەتیب و خنکاندیان و دوای ئەوەش لاشەکەیان سوتاند، ئینجا هاتن ئیبن فاریزیان کافراند و بە بیدعەچی و زەندیق ناساندیان و دەستیان کرد بەڕاوە دوونانی و لە هیچ کات و شوێنێک نەیان دەهێشت بحەجمێت!
زۆر رێی تێدەچێت کە خەڵک بە گشتی ئەوە نەزانن کە چیان دەربارەی فەیلەسوف و بیرمەندو پزیشک و زانای وەک ئیبنوسینا گوتووەو کردووە! هەروەها ئەوەش نازانن کە ئیبنولقیم لە کتێبی إغاثة اللهفان دا بە ئیبنو سینا دەڵێت: ” ئیبنوسینا ئیمام و پێشەوای بێدینەکانە کە باوەڕیان نیە بە اللە و بە مەلائیکەتەکانی و بە پێغەمبەرەکانی وبە ڕۆژی دواییش” هەروەها ئەلکەشمیری لە کتێبی فیض الباري دا بە ئیبنوسینا دەڵێت:” ئیبنوسینا کەسێکی بێدین و بیدعەچی و زەندیق وقوڕموتیە! لە لایەکی تریشەوە ئەلشێخ سالح ئەلفەوزان بە ئیبوسینا دەڵێت:” ئیبنوسینا کەسێکی باتینیەوفەیلەسووفێکی بێباوەڕو بێدینە”
دیسان خەڵک ئەوەش نازانن کە چیان گوتووە دەربارەی فەیلەسوف و بیرمەندو پزیشکی بەناوبانگی مێژوو ئەبوبەکری ڕازی! ئەوەتە ئیبنولقیم لە کتێبی إغاثة اللهفان دا دەربارەی ئەبوبەکری ڕازی دەڵێت:” ڕازی مەجوسی و ئاگرپەرستەو کەسێکی گومڕاو لادەرەو لە ڕێ لایداوە”. هەروەها لە کتێبی شذرات الذهب دا إبن العماد دەربارەی فاڕابی دەڵێت:” تەواوی زانایان کۆکن لەسەر ئەوەی کە فاڕابی کافرو زەندیقە”. هەروەها دەربارەی محمد بن موسا ئەلخواریزمی دەڵێن:” جا با زانستەکانی خواریزمی ڕاست و درووستیش بن، بەڵام زانستەکانی شەڕیعتی ئیسلامی سەربەخۆن لە خواریزمی و لە کەسانی تریش. واتە زانستی ئەو شتێکەو هی شەڕیعەتیش شتێکی تری سەربەخۆیە”.
هەروەها دەربارەی عومرو بن بەحرول جاحیز گوتوویانە:” ئەو کەسێکی زانست گەیەنەری خەراپە، باوەڕدارێکی خەراپە، بیدعەچی و زەندیقەو گومڕایی ئەو پەیوەستە بە جاحیزەوە”. یان ئەوەتە خەتیب لە سەنەدەکەی خۆیدا بە جاحیز دەڵێت:” جاحیز کەسێکی زەندیق و بیدعەچی و درۆزنە لەگەڵ اللە و لە گەڵ نێرراوو پێغەمبەری اللە و هەروەها لەگەڵ خەڵکیشدا”. دەربارەی ئیبنول هەیسەم کەمتریان نەگوتووە ، ئەوەتە بەویش دەڵێن:” ئیبن ولهەیسەم یەکێک بووە لە مولحیدو بێباوەڕەکان کە لە دینی ئیسلام لایداوەو دەرچووە، ئەویش هەر وەک فەیلەسوفەکانی تری هاوشێوەی خۆی کەسێکی گەمژەو زەندیق و کافرو بیدعەچی بووە!”
ئینجا هاتوون دەربارەی أبي العلاء أحمد بن عبداللە المعري دەڵێن :” ئەلمیعەڕی یەکێک بووە لە زەندیق و بیدعەچیە بەناوبانگەکان، ئەوەتە لە شێعرەکانیدا زەندیق بوون و بیدعەچیەتی خۆی دەیسەلمێنێت و دەری دەخات کە فڕی بەسەر دینەوە نەماوە”. لەسەر نصیر الدین الطسی دەڵێن و گوتراوە کە :” نەسیر کەسێکە کە پشتی کافرو موشریک و زەندیق و بیدعەچیەکانە”.
هەروەها دەربارەی محمد بن عبداللە بن بطوطة گوتوویانە:” ئیبنول بەتوتە کەسێکە موشریکێکی بێباوەڕی درۆزنە”. لەولاوە دەستیان کردووە بە جنێودان بە یعقب بن الاسحاق الکندی و پێیان گوتووە:” کەنەدی کەسێکی زەندیق و بیدعەچی و گومڕایە”. هەر بۆیەش کەنەدی دەربارەی ئەوان درێغی نەکردووەو لە بەرامبەردا پێیان دەڵێت:” ئەوانە لە بەرامبەر ڕاستی و حەقیقەتدا نامۆن و ئەگەریسش تاجی حەقیقت و ڕاستییان بکەیتەسەر شایستەی نابن وئەوان بۆیە دوژمنایەتی فەلسەفەو زانست دەکەن چونکە لە شوێن و کورسیەکانیان دەترسن کە لەدەستی بدەن و ئەوانە دەستیان کردووە بە بازرگانی کردن بە دینەوەو هیچ پەیوەندیشیان بە خواپەرستی و ئایینەوە نیەو تەنها بازرگانن و بەس”
ئیبنول بەتوتە پێی وابوو هەبوونی زانست و زانیاری بە شتەکان وات لێدەکات زانست و زانیاریت دەربارەی خودا زیاتر بێت و زانینیشت دەربارەی یەکتاپەرستی و زانستی چاکەخوازی ڕوو لەزیادبوون دەکات و زانستیش سوودبەخشە! هەروەها ئیبنول بەتوتە پیی وابوو کە هەوڵدان و کۆشش بۆ گەییشتن بە ڕاستی و حەقیقەت مەبەست و نیەتی هەموو پێغەمبەران بووەو هەموو نێڕراوانیش هەر ئەو مەبەستەیان هەبووە. گەییشتن بە حەقیقەت و ڕاستی تەنها مەبەست و کاری فەیلەسوفەکان نەبووە و هەر بۆیەش نابێت وای لێکبدەیەنەوە کە فەلسەفە کارێکی دژە ئایینییەو کوفرە ، ئەمەش پێچەوانەی ویستی بازرگانانی ئایین و خوداپەرستیە!
جا با ئێستا بێین ئەو زاناو بیرمەندو فەیلەسوفانە بناسین و بزانین ئەوانە کێبوون؟ با بێین و بزانین ئەوانە چیان پێشکەش بە جیهان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی کردووە، با بزانین ئەوانە چیان گوتووە دەربارەی حەقیقەت و ڕاستی و عەقڵ ؟ ئینجا دوای ئەوەش دەبێ بزانین کە بەو کارەیان چ نەگبەتی و دەردەسەرییەکیان بەسەر ژیاندا هاتووە!
یەکەم: ئیبن ڕوشد: (١١٢٦-١١٩٨ز). ئیبن ڕوشد ناوی محمد بن ئەحمەد بن محمد بن ڕوشدی ئەندەلوسیە! ئیبن ڕوشد خوێندنی فیقهو ئسوڵی دینی تەواو کردووەو دواییش زانستی پزیشکی وبیرکاری وفەلسەفەی خوێندووە، چەندین ساڵیش لە قورتوبەو ئیشبیلیە کاری دادوەری کردووە. ئیبنو ڕوشد لە ژێر سایەو دەسەڵاتی دەوڵەتی الموحدون دا گەورە بووە، کە پادشاکەیان ئەوکات بریتیبووە لە یوسف یعقوب المنصور بن عبد المومن، پادشاش لە ژێر کاریگەریی و داخوازی ڕای گشتیدا فەرمانیکردووە بە دوورخستنەوەی ئیبن ڕوشد بۆ ئەلیسانە لە نزیکی غەرناتە ئینجا دوای ئەوەش بەرەو وەڵاتی مەغریبیان ڕاوناوە.
ئیبن ڕوشد لە لایەن پیاوانی دینی و دام و دەزگای دینییەوە زۆر سوکایەتی پێکراوەو تا کار گەییشتۆتە ئەوەی کە دەستیان کردووە بە سوتاندنی نووسراوو کتێبەکانی ئەو زاناو بیرمەندە! ئیبن ڕوشد، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە شاری مەڕاکیش لە مەغریب کۆچی دوایی کردووەو دواییش لاشەکەی گواسترایەوە بۆ شاری قورتوبە. هەر کە ئیبن ڕوشد کۆچی دوایی کرد موریدو خوێندکارەکانیشی بڵاوەیان لێکردو لە یەکتر دابڕان و ئینجا ئەلمەنسور یەعقوبی پاشا مەڕسومێکی دەوڵەتی دەرکرد کە ئیتر نابێ لەمەودوا کەس بە فەلسەفەوە خۆی خەریک بکات و خوێندنی فەلسەفەی لە وەڵاتدا تەحریم و یاساغ کرد!
دووەم : فاڕابی: ( ٨٧٠- ٩٥٠ ز). فاڕابی ناوی تەواوی بریتیە لە ئەبو نەسر محمد بن محمد بن ئوزڵاغ بن تەرخان، لە شاری فاڕابی کە شارێکی تورکانە لە دایک بووە. فاڕاب شارێکە لە وەڵاتی تورکان لە ناوچەی خوڕاسان و لە ڕۆژئاوادا بە Alpharabyus ئەلفەڕابیوس ناسراوە. ئینجا بەرەو عێڕاق ڕۆییشتووە بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا تەواو بکات، هەر لەوێدا فەلسەفەو مەنتیق وخوێندنی پزیشکیی تەواو کردووە لەسەر دەستی دوکتۆرێکی مەسیحی بە ناوی یوحەنا بن حیلان، هەروەها زانستەکانی زمانی عەڕەبی و مۆسیقاشی هەر لەوێ خویندووە!
ئیترفاڕابی لە عێڕاقەوە بەرەو شام و میسر ڕۆییشتووەو لە شامدا و لە شاری حەڵەب چووەتە کۆشکی سەیفول دەولە. لەوێدا لە شاری حەڵب شوێن و پێگەیەکی زۆر بەرزو دیاری لە نێو زانایان و ئەدیبان و فەیلەسوفاندا داگیرکردووە، هەروەها فاڕابی هەوڵیدا بیسەلمێنێت کە هیچ جیاوازییەک نیە لە نێوانی فەلسەفەی یۆنانی و بیروباوەڕی شەڕیعەتی ئیسلامیدا! بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت ئەو شکەستی هێنا لەو کارەیدا، هەر بۆیەش الذهبی لە کتێبی في سیر الاعلام دەرباری فاڕابی دەڵێت:” فاڕابی خاوەنی چەندین کتێبی بەناوبانگەو هەر کەسێکیش پەنا بەە کتێبانە بەرێت ئەوا هەم گومڕابووەو هەمیش بە دەرچوو لە دین دادەنرێت، جێگەی باسە کە چارەنووسی ئیبنو سیناش هەروا دەرچوو.
دیسان ئەوەتە ئیبن عیماد لە کتێبی شذرات الذهب دا دەربارەی فاڕابی دەڵێت:” فاڕابی لە هەموو زانایان و بیرمەندان زیاتر زەندیق و بیدعەچیە” هەتا غەزالی لە کتێبەکەیدا بە ناوی المنقذ من الضلال دا دەربارەی فاڕابی دەڵێت:” هیچ گومان نیەو نەماوە لە کافربوونی فاڕابی و ئیبن سینا”. تۆمەتەکەش بریتیبوو لەوەی کە فاڕابی دانی نەدەنا بە ڕۆژی قیامەت و هەروەها فاڕابی زیندووبوونەوەی پێ شتێکی ڕاست نەبووە!. یان فاڕابی دەیگووت وە پێی وابووە کە خودا تەنها شتە گشتی و گەردوونیەکنی مەبەستەو ئاگادارەو هەقی بەسەر شتە تایبەتی و بچوکەکانەوە نیە! فاڕابی دیسان پێی وابووە کە گەردوون نە درووستکراوەو نە درووستیش دەکرێت بەڵک و گەردوونیش هەر وەکو خوا ئەزەلییەو هەر هەبووە !
سێیەم: الکندي: ئەلکەنەدی (٨١١-٨٦٦ ز). ناوی تەواوی ئەلکەنەدی بریتیە لە یعقوب بن إسحاق بن الصباح بن عمران بن إسماعیل بن محمد بن الاشعث الکندي و ڕەچەڵەک و بنەچەکەی دەگەڕێتەوە سەر پادشاکانی کەنەدەو بە بنەچە سەر بە نەتەوەی عەڕەبە و هەر لەبەر ئەوەش نازناوی فەیلەسوفی عەڕەبیان لێناوە!
ئەلکەنەدی لە نێو وەڵاتانی ڕۆژئاواییدا بە ئەلکەندوس Al Kindus ناسراوە. ڕەزامەندی باشی لە لای مەئمون وموعتەسەم و واسیق بەدەست هێناوەو جێگەو پێگەی لە لای ئەوان بەرز بووەتەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کەنەدی ڕێبازی موعتەزیلەی هەڵبژاردووە بۆیە بە دەستی متوەکیلەوە زۆر ئێش و ئازاری چێشتووەو متوەکیل فەرمانی دەرکردووە کە لیی بدرێت و دەست بەسەر تەواوی نووسراوو کتێبەکانی دا بگیرێت! ئەلکەندی تۆمەتی زەندیق بوون و بیدعەچیەتی درایەپاڵ و ئەویش بەرەنگاری لەخۆی دەکردو دەیگوت دوژمنانی فەلسەفە خەڵکی گەمژەو مێشک پوووچ و نەزان و بازرگانانی دینن!
چوارەم : الجاحظ: جاحیز( ٧٦٧ – ٨٦٨ ز). ناوی تەواوی جاحیز بریتیە لە عمرو بن محبوب الکناني اللیثي کە بە جاحیز ناوی دەرکردووە. یەکێک بووە لە گەورە ڕابەرانی ئەدەب و وێژە. جاحیز زۆرترین تەمەنی خۆی لە شاری بەسرەی عێڕاق بەسەربردووەو بەرەو بەغداش چووە لە سەر بانگهێشتی ئەلمەئمون و لەوێ لە دیوانی پەیامەکانی دایمەزراندووەو کردوویەتی بە سەرۆکی ئەو شوێنە! بەڵام هەر دوای سێ ڕۆژ لەو پیشەو شوێنەی لابراو ئەویش بۆ خەلیفە مەئمون هەر بە دڵسۆزی مایەوە! جاحیز بەرهەمێکی زۆری لە کتێب و نووسراو هەبوون، لە سەرووی ٢٠٠ دوو سەد کتێبەوە هەر کتێبی هەبوون، جا هەروەک و ئیبنول عەمید دەربارەی جاحیز دەڵێت :” جاحیز لە پێشدا عەقڵ و ژیری فێربووە ئینجا ئەدەب و وێژە”
لە کتێبە بەناوبانگ و دیارەکانی بریتین لە الحیوان، البیان و التبیین، البخلاء و کتێبی الحیوان بریتیە لە حەوت بەش . جاحیز لە کتێبی الحیوان دا باسی سرووشت و هەڵس و کەوتی ئاژەڵ دەکات ، هەروەها هەر لەو کتێبەدا لایەنەکانی زانست و تاقیکردنەوەکان و تایبەتمەندیەکانی پیشانداوە، ئینجا ڕووی کردۆتە سرووشت و پەیڕەوی لە مەنهەجی گومان و دوودڵی درووست کردن کردووە، هەروەها لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانی دا پەیڕەوی لە F-Bacon کردووە، ئینجا دڵنیاییشی داوە لە درووستی و ڕاستی دەرەنجام و بەڵگەکان، وە لەو ڕووەوە پێش دیکارت R Descartesکەوتووەوگەییشتە ئەو بڕوایەی کە قورئان ڕوویداوە و درووستکراوە ، لەبەر ئەوەی قورئانیش شتێکە لە شتەکانی دەوروبەرمان! لەو بارەوە خەلیفە مەئمونیش باوەڕی بەو بۆچوونەی جاحیز هەبووە. جاحیز لە یەکێک لە کتێبەکانیدا بە ناوی خلق القران دا ئەو بابەتە بە باشی ڕوون دەکاتەوەو قسەی لەسەر دەکات و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە تەواوی ئەهلی سوننەو ئیسلام بە کۆمەڵ لە جاحیز وەخۆبکەون و دەستیان کردە هاوارو نەڕە کە قورئان درووست نەکراوەو دەستکرد نیەو ئینجا هاتن لە تۆڵەی ئەوەدا جاحیزیان خستە لیستی بێدینەکان وزەندیقەکان و بیدعەچیەکان و کافراندیشیان!
پێنجەم : بشار بن برد: (٧١٠ – ٧٨٤ ز) . بەشار بن بەرد ناوی تەواوی بریتیە لە بشار بن برد بن یرجوخ العقیلي و ڕەچەڵک و بنەچەکەی لە (توخارستان)ەوە هاتووە کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕوباری جەیحونەوە. بەشار بن بەرد لە نێو خێڵی بەنو عوقەیل دا گەورە بووەو جیاوازیش بووە لەگەڵ ئەو عەڕەبە بەدەویە چادر نشینانەی کە لە دەوروبەری بەسڕەدا نیشتەجێ بوون و لە نێویاندا زمانێکی پاراوو قسەکردنی باش فێربووە. بەشار بە کوێری لە دایک بووەو هیچی نەبینیوە! هەر بۆیەش لە هۆنراوەکانیدا شتێکی بە شتێکی ترلێکچواندووە! بەشار بەجۆرێک هۆنراوەکانی دادەڕێژێت کە خەڵکی تر بە دووچاوەوە ناتوانن وا دایان بڕێژن. بەشار لەو ڕووەوە لە هەموویان شاعیرتر و پێشکەوتووترە! لە هەموو دەرگاکانی و بەشەکانی شێعری داوەو تێیدا سوارچاکێکی شارەزا بووە، بەشار بە شێعری گاڵتە ئامێزو تەنزو غەزەل و هەجو ناوی دەرکردووە، بەشار بن بەرد تۆمەتی زەندیق و بیدعەچی و بێدینی درایە پاڵ و هەر بۆیەش خەلیفە مەهدی فەرمانی کرد لێی بدەن و بەشاریش لە ژێر ئەشکەنجەو قامچی و لێداندا بەرگەی نەگرت و مرد و لاشەکەشیان لە شاری بەسڕە بەخاک سپارد! بەشار بن بەرد کەسێکی زەندیق و پۆیولیستی خاوەن ئۆتۆریتەی جەماوەری بووە.
بەشار بن بەرد لە یەکێک لە هۆنراوەکانیدا دەڵێت:
تێبینی: من هەر بە شێوەی هۆنراوەی کوردی هەوڵم داوە هۆنراوەکەی بەشاربن بەرد بکەمە کوردی بە کێش و قافیەی کوردیەوە بێ ئەوەی بهێڵم ماناو ناوەڕۆکی هۆنراوەکەی بەشار تێک بچێت .(ح، ڕ)

لە باوکە ئادەم ، باشترە ئیبلیس ….با لاتان ڕوون بێت، گەلۆی هیچ و پیس
توخمی ئەو ئاگرە، هی ئادەم خۆڵە….ئاگرهەربەرزەو، خۆڵیش وەک دۆڵە!
زەوی تاریکەو، ئاگریش هەر ڕووناک ..ئاوریان پەرستووە، بە کۆمەڵ و تاک

دیسان بەشار بن بەرد بە تەنزو گاڵتەجاڕییەوە دەربارەی نوێژ دەڵێت:

من کاتێک دەچمە، نوێژلە گەڵ هەموان….پێکەنینم دێت ، کە دێنن شادمان
کاتێک هەموویان، دەچنە سەر ئەژنۆ ……من دادەنیشم، بێ ورتەو ڕۆڕۆ
هەر کاتێک سەریان، برد بەرەو سوجدە… من دادەنیشم ، بێ شەرم و پەردە!
بێ خەبەریشم ، لە سڵاوی ئیمام…. بە ژمارە چەند بووە، بە خوا بێ ئاگام

شەشەم : أبو علاء المعري: ( ٩٧٩ – ١٠٥٨ ز). أحمد بن عبداللە بن سلێمان المعري، لە موعەڕەت ئەلنوعمان لە وەڵاتی شام لە دایکبووە. میعەڕی هەر کە گەییشتە تەمەنی چوار ساڵی تووشی نەخۆشی ئاوەڵە بوو، بەو هۆیەشەوە هەردووک چاوی لەدەست دان و کوێربوو. بەڵام ئەو کوێریە نەیتوانی ئەو بوەستێنێت کە لە ڕێگەی کتێبەکانیەوە ئەو فرە چەشنیە پیشان بدا لە گەڵ ئەو تواناو زانینە زۆرەی ئەو هەیبوو دەربارەی زانست کە لەودەمەدا هاوشێوەی ئەو کەم بوون!
وا باوبوو کە میعەڕی زانایەکی وەک دەریا وابوو، هەروەها دەگوترا کە لە شێعرەکانیدا کاریگەریی شێوازی موتەنەبی لەسەر بووە! ئەو ئاستە باڵاو بەهرەیەی لەو کتێبانەدا دەرکەوت کە لە دوایدا نووسینی پاش ئەوەی کە گەڕایەوە بۆ ئەلمیعڕە. لەوانە کتێبی اللزومیات و کتێبی رسالة الغفران. بەڵام کاتێک کە خەبەری مردنی دایکیان پێدا زۆر کاری تێکراو ئەمەش زیاتر پاڵی پێوەنا کە بڕیاری ئەوە بدات لە خەڵک دووربکەوێتەوەو بە دوورەپەرێزی و دوور لە خەڵک بژیت. وەک دەگوترێت لەو کاتەوە کە دایکی مردووە ئیتر لە ئەشکەوتێکدا ژیاوە و خۆی لەسەر کەمخواردن ڕاهێناوەو ئیترنە گۆشتی ئاژەڵی خواردووەو نە هێلکەو شیریشی خواردووە! ئا لێرەوە نازناوی بارمتەی زیندانی بەدەست هێناوە! بە واتای کوێری و ماڵەوە دێت!
لە کتێبە هەرێ بەناوبانگەکانی ئەلمیعەری بریتیە لە کتێبی اللزومیات، ئەو لەو کتێبەیدا توانی خۆی لەکۆت و بەندی باوەڕی دین ڕزگار بکاو لێی بێتە دەر و هەروەها خۆی گواستەوە بۆ ئاستێکی باڵاتر! کتێبێکی بەناوبانگی تریشی هەیە بە ناوی رسالة الغفران. ئەو کتێبەی بە شێوازێکی زۆر جوان نووسیوەو کردووشیەتی بە دیاری بۆ پیاویک بە ناوی علی بن منصور الحلبي! لەو کتێبەدا ئەو شاعیرە زەندیقانەی خستوونەتە ڕوو کە ئەو لێیان خۆشبووە، ئاوی ئەو کتێبەش هەر لەو لێخۆشبوونەوە هاتووە! هەروەها ئەوانەی کە بۆ بەهەشت بەرزکراونەتەوە، زۆرێکیش لە هاوچەرخەکانی بە زەندیقیان حساب کردووە، هیچ باوەڕێکی ئیسلامیی نیە کە ئەو گاڵتەی پێنەکردبێت! بۆیە ئێمە هیچمان لەبەردەم دانیە بێجگە لەوەی کە بڵێین ئەو کەسێکی بە گومانی گەورە بووە ! ئەبو عەلاء ئەلمیعەری باوەڕی بە یەکتا پەرستی هەبووە بەڵام خودای ئەو هیچ نەبووە بێجگە لە چارەنووسێکی نادیار، هەروەها ئەو لائەنگری بیرۆکەی سرووش و هاتنە خوارەوەی وەحی خودایی نەبووە، بۆیە بەلای ئەوەوە دین درووستکراوی دەستی مڕۆڤ خۆیەتی! هەر بۆیەش ئەو هەمیشە هێرشی دەکردە سەر ئەو کەسانەی کە ئیرادەی خەڵکیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێناو وایان لەخەڵک دەکرد کە باوەڕ بە خوڕافات بهێنن تاکو ئەوان بتوانن دەست بە دەسەڵات و پارەوە بگرن!
ئەوەتا المعري لە کتێبی اللزومیات دا دەڵێت:
غروور مەیلی بەلای گەندەڵیدایە هەمیشە ……یەکسانە بە چەواشەکاری هەرچی دینیشە
ئەگەر لە خەڵکانی سەر بە دینێ و پرسیوە …بە لێکچوون ئەوەی کەڕێکیان خستووە گۆڕیوە
لە ڕێی لۆجیک و عەقڵەوە ناکەن ئیدانە …..لەبۆ شکاندنی عەقڵ بە درۆ و دەلەسە نیازیانە

حەوتەم: الحلاج: ( ٨٥٨ – ٩٢٢ ز). لە نێو کوردا بە هەللاج ناسراوە . هەللاج ناوی تەواوی بریتیە لە : الحسین بن منصور بن محمی، نازناوەکەی بریتی بووە لە هەللاجی کوڕی موغیس، هەلاج فەیلەسوفێکی عیڕفانی بووە، هەندێک لە مێژوونووسان دەیخەنە ڕێزی ئەوکەسانەوە کە شتی پەنهان و نادیاریان زانیوەو هەست پێکردووە و خوا ناسیش بووە، هەندێکی تر لە مێژوونووسان هەللاجیان خستۆتە ڕیزی زەندیق و بێدینەکانەوە. باپیری هەللاج کەسێکی مەجوسی ئاگر پەرست بووەو دوایی بووەتە موسڵمان، لە سەرەتادا لە شاری البیضاء بووە لە وەڵاتی فارس،بەڵام لە شاری واسیت لە عێڕاق گەورە بووەو دوایی ڕۆییشتووە بۆ شاری بەسڕە.
هەللاج هەندێک شتی لێ باس دەکەن و دەگێڕنەوە کە بە کاری موجیزە حیساب دەکرێن. ئەوەتە الذهبي لە کتێبەکەیدا بە ناوی “العبر في خبر من غبر” دا دەربارەی هەللاج دەڵێت:” هەلاج یاوەرو هاوڕێی تەستەری و جونێد وئەبو حوسێنی نەوری بووە و ئەوانیش ڕابەران و پێشەوایانی عیڕفانی و سۆفیگەریی بوون ، ئەوان هێندە لەگەڵ خوادا تێکەڵ بوون کە خۆیان و خودایان تێکەڵ بەیەک کردووەو وەک یەک شت بینیویانە” ئینجا هەلاج بەرەو هیندوستان ڕۆییشت و لەوێش سێحرو جادووی خوێندو بەو هۆیەشەوە تووشی حەڵەتێک بوو کە شەیتان بەسەریدا زاڵبوو، ئیتر ئیمان و باوەڕی ئایینی لە لا نەما. بیروباوەڕی ئایینیی هەلاج گەییشتە ئەو ئاستەی کە ئیتر هەلاج باوەری بە یەکبوونی بوون هەبوو( وحدة الوجود). ئەو پێی وابوو مڕۆڤ لە خودی خوادا تێکەڵ بووە! هەلاج شاعیرێکی بەتواناو شکۆمەند بووەو لە شێعرەکانیدا باوەڕی سۆفیگەریی و عیڕفانی خۆی ڕوونکردۆتەوەو پەیوەندی خۆشی لەگەڵ خوادا نیشانداوە.
بۆ نموونە ئەوەتە لە شێعرێکیدا پەیوەندی خۆی لەگەڵ خوادا نیشان دەدا:
هەلاج دەڵێت:
منم کە خۆشم دەوێت و ئەوەی کە خۆشیشم دەوێ منم
هەردووکمان دوو گیانین و شوێنیشمان یەکەو منم !

لە شوێنێکی تردا هەللاج دەڵێت:

هەر کە منت بینی، وا دابنێ ئەو دەبینی
کاتێکیش ئەو دەبینی، تۆ پێکەوەن دەبینی

دەگوترێت بۆیە هەللاج بەو ناوەوە بانگکراوە چونکا توانای ئەوەی هەبووە کە زانیویتی چی هەیەو چی دەگوزەرێت لە ناو دڵاندا! دەڵێن هەلاج توانیویەتی ناوەڕۆک و هەناوی قسە دەربێنێ و لێی تێبگات و شی بکاتەوە، وەک چۆن هەلاج کە لۆکە شەی دەکاو ناوەڕوک و باشیەکەی دەردێنێت! کاتێک زانیاری دەربارەی هەلاج بە خەلیفە ئەلموقتەدیر گەییشت و پێیان گوت کە هەلاج چ کارەیەو چۆن بیر دەکاتەوە، ئەویش فەرمانی کرد بە ئەبا ئەلحەسەن علی بن احمد ئەلڕاسیبی کە بەرپرسی کۆکردنەوەی باج و خەراجی ناوچەی ئەهواز بووو تاکو هەلاجی بۆ پەلبەستوو بکات و بیهێنێت بۆ بەغدا! ئەویش فەرمانی خەلیفەی تەواو بەجێ گەیاندو هەلاجی لەگەڵ کوڕێکیدا گرت و هەردووکیانی بە پەلبەستوویی لە ساڵی ٣١٠ی کۆچیدا گەیاندە بەغدا. لەوێ لە بەغدا خەلیفە فەرمانی کرد کە هەلاج بە قەدی دارێکەوە هەڵواسن وەک ئەوەی لە خاچ بدرێت و ئینجا دوایی خستیە زیندانەوە بۆ ماوەی هەشت ساڵ و دوایش ئەنجومەنێکی دادوەری و فەقێکانی بۆ ئامادەکردو لەو دادگایەدا ئینجا خەڵکیان لەسەر کردە شاهیدو بەو هۆیەشەوە بە تۆمەتی زەندیق بوون و بیدعەچیەتی و گومڕایی و لە دین دەرچوون ئەنجومەنی دادوریەکەو فەقێکان بڕیاریان دا کە بیکوژن و خوێنی حەڵاڵ کرا. ئینجا بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی کوشتنەکەی دایانە دەست نازوک، بەرپرسی پۆلیسی ئەوکات، ئینجا لەوێ لە لایەن ئەشکەنجە دەەرانەوە هەزار قەمچی لێدراو ئینجا هەرچوار پەلیان برین و سەریشیان لیکردەوەو دواییش هێشتا ئەوەندە لەشەی کە پەلوپۆی پێوەنەمابوو هەر دەجولاو گیانی تێدا دەهات و دەچوو کە فڕێیان دایە ناو ئاگرەوەو سوتاندیان!
هەشتەم: إبن الراوندي ( ٨٢٥ – ٩١١ ز). ئیبن ڕاوندی ناوی تەواوی بریتیە لە احمد بن یحیی بن إسحاق ابو الحسن الراوندي .. ناوی ڕاوندی لە ناوی یەکێک لە دێهاتەکانی ئیسفەهانەوە هاتووە. ئیبن ڕاوندی فەیلەسوفێکی خاوەن نفوس و جێ ئیعتیبارو بەڵام بە بێدین ناسرابوو، لە گەڵ کۆمەڵێک لە زانایانی کەلام وئیلاهیات دانیشتن و دیبەیت و مونازەرەی کردووە، ڕاوەندی کەسیکی تایبەت و بێوێنەو بە توانابوو، ڕێبازی تایبەت بەخۆی هەبوو لە ڕووی باوەڕی ئایینیەوە، وەک و ئەوەی کە لە کتێبەکانیانەوە هاتووەو لێی باس دەکەن یەکێک لە بۆچوونەکانی بریتی بووە لە توانەوەو سەرهەڵدانەوەی ڕوحی خودا لە ئیمامەکاندا ( ڕابەران و پێشەوایانی ئایینی). ڕاوندی لە سەدەی سێهەمی کۆچیدا یەکیک بووە لە کەسە ناودارو بەهێزەکانی گروپ و ڕێبازی موعتەزیلە، لەو بارەوە ڕاوندی دەستی کردووە بە نووسینی کتێب لە دوای کتێب بۆ ڕێبازی موعتەزیلە تاکو بتوانن بەرەنگاری لە خۆیان و لە ڕێبازەکەشیان بکەن، بەڵام لە دواییدا لێیان جیابۆوەو دەستی کرد بە ڕەخنە لیگرتن لە موعتەزیلەو بەرنامەو ڕێبازەکەیان ودەستی کرد بە وەڵامدانەوەیان، وە لەو بارەوە بە ناوبانگترین کتێب کە لە وەڵامی موعتەزیلەکاندا نووسیویتی بریتیبووە لە کتێبی فضیحة المعتزیلة. لەو بارەوە ئیبن عیماد ئەلحەنبەلی خاوەنی کتێبی شذرات الذهب دەڵێت:” باوکی ڕاوندی کەسیکی بە ڕەگەز جولەکە بووە هەر بۆیەش شت لەسەر ئیسلام هەڵدەداتەوە، هەر دەربارەی ڕاوندی ئەوەتە ئیبن کسیر دەبێژێت:” ڕاوندی یەکێکە لە زەندیق و بێدینە هەرێ بەناوبانگ و گەورەکان” .
هەر بۆیەش لە لایەن سوڵتانەوە داواکراوەو ئەویش لە ترسان بەرەو ئێران ڕایکردووەو بۆی دەرچووە. لە ئێران لە شاری ئەهواز پەنای بۆ ئیبن لاوی بردووە کە کەسێکی جولەکە بووە! لەو ماوەیەی کە لە لای ئیبن لاوی بوو کتێبێکی بۆ نووسی بە ناوی الدامغ للقران، کە بە مانای نەفرەتکردنی قورئان دێت.لەوەوە ناوی لێنا کە بەهۆی ئەو کتێبەوە بوو کە قورئانە ئەو حاڵی بەو مەرەدەبراوە! لەو بارەوە دەربارەی ئیبن ڕاوەندی ئیبن حەجەری عەسقەلانی دەڵێت:” ئیبن ڕاوەندی زەندیق و بێباوەڕو کافرێکی گەورەو بەناوبانگە، یەکەم جار یەکێک بوو لە کەسە بەناوبانگەکانی ڕێبازی موعتەزیلەو دواییش ڕووی کردە بێدینی و بوو بە زەندیق”
دەگوترێت کە ئیبن ڕاوەندی کەسێکی هەتا بڵێی زیرەک و بیرتیژ بووەو خاوەنی بۆچوونی بەهێزو ژیرانە بووە، هەر بۆیەش ئەبوعەلاء ئەلمیعری لە کتێبی رسالة الغفران دا دەربارەی ڕاوەندی دەڵێت:” من بیستوومە کەسێک دەیگووت ڕاوەندی خەڵکی بەدەورەوەیە کە چاکەکانی کورت دەکەنەوە” یەکێک لە کتێبە هەرێ مەترسیدارەکانی بۆ ئیسلامیەکان بریتی بووە لە کتێبی الزمرد. ڕاوەندی لەو کتێبەیدا بوێری ئەوەی هەبووە کە ڕێک و ڕاستەوخۆ لە پایەکانی ئیسلام بدات و لە یەکێ لە هەرێ پایە گەورەو بنچینەکانی ئیسلامی دا کە پێغەمبەرایەتیە!
ڕاوەندی باوەڕی بە پێغەمبەرایەتی و وەحی نەبووە و هەرچی دەربارەی موعجیزاتی پێغەمبەر باس دەکرێت ئەو پێی درۆ بووە! ئینکاری موعجیزەی قورئانیشی کردووە. ڕاوەندی بە باشی ڕوونی کردۆتەوە کە قورئان و شەریعەتی ئیسلام لەگەڵ عەقڵ و مەتیق نایەنەوەوەو دژایەتیان لەگەڵ لۆجیک هەیە! ڕاوەندی لە چەند کتێبێکیدا بە ناوی فضیحة المعتزیلة ، التاج، الزمرد و هەروەها لە نعت الحکمة و قضیب الذهب و الدامغ دا بە باشی هێرش دەکاتە سەر شەریعەت و بە ناڕاستی دادەنێت. بە داخەوە نەیان هێستووە هیچ کام لەو کتێبانە بمێنن و بگەنە دەست خوێندەوارانی ئێستا. ئیسلام هەموو ئەوانەشی سوتاندووە!
ئەوەی کە ئیمە دەربارەی ڕاوەندی دەیزانین هەر ئەوەیە کە وەختی خۆی شێخە گەورە ئیسلامیەکان لەسەریان نووسیوەو وەڵامیان داوەتەوە بەڵام نەیان هێشتووە نووسینەکانی ئەو بەدەستمان بگەن!! ڕاوەندی لە ژێر سایەو بەزەیی مالیک بن تۆق دا مردووە لە نێوانی ڕەقەو بەغدا. دەشگوترێت کە لە لایەن یەکیک لە سوڵتانەکانی ئەودەمەوە لە خاچ دراوە! بەڵام ئیبن کەسیر لە کتێبەکەیدا بە ناوی البدایة و النهایة دا دەڵێت ” ڕاوندی لە ئەهوازدا مردووە لە لای ئیبن لاوی کە وەختی خۆی کە لە ترسی خەلیفە ڕای کردووەو پەنای بۆ ئیبن لاوی بردووە لە شاری ئەهواز”
نۆیەم: آلرازي (٨٦٤ – ٩٢٥ز). ناوی تەواوی ڕازی بریتیە لە : محمد بن زکریا الرازي. ابوبکر الرازی. یەکێک بووە لە بەناوبانگترین و دیارترین و داهێنەرترین پزیشکەکانی ئەوسەردەمە و هەروەها یەکیک بووە لە فەیلووسەفە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە. خەڵکی ڕەی بووەو هەر بە ناوی ئەو ناوچەیەشەوە ئەو نازناوەی وەرگرتووە کە هەم تێدا لەدایک بوەو تێیدا گەورە بووەو هەر لەو ناوچەیەشدا خوێندوویەتی و لە دوای تەمەنی ٣٠ سی ساڵیەوە بەرەو بەغدا رۆییشتووەو لە سەرەتای تەمەنیدا شەیدای گۆرانی و مۆسیقا بووەو هەر منداڵیش بووە کە هۆنراوەی داناوە، دوایی زۆری نەبردووە کە وازی لەو کارە هێناوەو روی کردۆتە بواری پزیشکیی و فەلسەفە! ئینجا بووە بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕەی و دواییش سەرۆکایەتی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی عەزدی لە بەغدا وەرگرت.
ڕازی یەکێک بووە لە زانا دیارو گەورەکانی خوێندنگای مۆدێرن لە بواری پزیشکیدا. ئاوارەبووە بۆ بەغداو لەوێش دەستی بەخوێندن کردووە لەسەر دەستی پزیشکێکی مەسیحی بەناوی حەنین بن ئیسحاق. ڕازی لەگەڵ خوێندنی پزیشکیدا خۆشی خەریکردووە بە خوێندنی فەلەکناسی و بیرکاری و هەروەها ناوبانگێکی باشیشی هەبووە لە بواری موسیقاداو یەکێکیش بووە لە تیۆریستەکانی بواری مۆسیقاداو تەواوی ئەوانەی کە لەدوای ئەو بوون ستاییشی بیردۆزەکانی ئەویان کردووە کە لە بواری مۆسیقادا هەیبوون! سەرباری ئەوە ڕازی خۆی زۆر بۆ فەلسەفە تەرخان کردووەو ئەو پێی وابووە کە دەروون یان نەفس دەبێ بابەتی یەکەمین بێت و کە پەیوەندی هەیە لە نێوانی دەروون و جەستەدا. هەروەها ئەوەی کە لە نەفس و دەرووندا دێت و دەچێت و بوونی هەیە لە نموونەی هەست و بیر لە لە ڕواڵەت و دیوی دەرەوەی جەستەدا خۆی نیشان دەدات، هەر بۆیەش لە سەر پزیشک پێویستە کە لە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانی دا خۆی قەتیس نەکات تەنها بە بابەت و لایەنی جەستەوەو نابێت هەر جەستەی لە لا یەکەمین بێت، بەڵک و دەبێ لە هەمان کاتدا پزیشکیکی دەروونی و ڕوحییش بێ .
لە گرنگترین نووسراوو کتێبەکانی ڕازی بریتین لە: الاسرار( نهێنیەکان) کە G Garmana وەری گێڕاوەتە سەر لاتینی و بووە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی وگرنگی بواری کیمیا، هەروەها کتێبی المنصوري کە بە ناوی ئەمیری ڕەی یەوە ناوی لە کتێبەکە ناوە کە ناوی بریتیبووە لە محمد بن اسحاق بن احمد بن اسد الساماني بووە، هەروەها کتێبی (الفصول في الطب)یشی نووسیوە، ئینجا بابەتێکی نووسیوە لە ژێر ناوی بەردو گورچیلەو میزڵدان، هەروەها کتێبی ( تقسیم العلل، و المدخل الی الطب، و منافع الغذیة و دفع مضارها) و لەگەڵ چەندین کتێب و نوسراوی تریش.
هەروەها ڕازی چەندین نامیلکەو بابەتیشی نووسیوە بۆ نموونە : کتێبی الجدري و الحصبة، کە بە یەکێک لە کتێبە باشەکانی بواری پزیشکی دادەنرێت کە بۆچەندین زمانی زیندووی جیهانی وەرگێڕراوە و ناو و ناوبانگێکی باشیشی بۆ ڕازی پەیدا کردووە، بەڵام یەکێک لە کتێبە هەرێ بەناوبانگەکان ە دیارەکانی بریتیە لە کتێبی الحاوی فی الطب، ئەو کتێبە هەموو ئەو بابەت و بابەتانەی لەخۆ گرتووە کە ئەوکات زانستی پزیشکی سریانی و عەڕەبی پێی گەییشتووە. جێگەی باسە کە فراج بن سالم الاسرائیلی لە ساڵی ١٢٧٩ی زائینی ئەو کتێبەی بۆ لاتینی وەرگێڕاوە.
لە لایەکی ترەوە ڕازی یەکێک بووە لە گەورە زەندیقەکانی ئیسلام، کە پێی وابووە اللە درووستکەری چاکەیەو باشە لە خواوەیەو شەیتانیش درووستکەری کاری خەراپەیە و خەراپە هەر لە شەیتانەوەیە! بیروباوەڕی مەسنەوی فارسی کۆن! هەروەها گوتراوە کە پێنج شت ئەزەلی و هەر دەمێنن لەوانە اللە، شەیتان، زەمان و کات، بۆشایی و نەبوون، و ڕووح و گیان. ڕازی پێکهاتەیەکی پێکهێناوە لە نێوانی ڕێبازەکانی سابیئەو دەهریەو فەلسەفەو بەراهیمەی هیندیەکان. هەروەها ڕازی کتێبی لەسەر باتڵ بوون و ناڕاستیی پێغەمبەرایەتی نووسیوە و هەروەها کتێبیشی لەسەر باتڵ بوون و ناڕاستی ڕۆژی قیامەت و ڕۆژی دوایی نووسیوە. ئەمەش وای کردووە کە زاناو پێشەواو ڕابەرانی ئایینی لە خۆی تووڕە بکات و بە کافرو زەندیق و بێدین ناوزەدی بکەن!
دەیەم: التوحیدی: ( ٩٢٣ – ١٠٢٣ز). ناوی تەواوی تەوحیدی بریتیە لە علی بن محمد بن العباس التوحیدی ابو حیان. دەگوترێ بۆیە ئەو نازناوەی لینراوە چونکە باوکی جۆرە خورمایەکی فرۆستوە کە ناوی تەوحیدی بووە! یان ئەوەتە کاتێک تەوحیدی لە نێو گروپی موعتەزیلەدا بووە سەربە ئەهلی دادپەروەری و تەوحید بووە هەر بۆیەش ئەو نازناوەی بەسەردا بڕاوە. تەوحیدی فەیلەسوف و کەسێکی موعتەزیلەی عیڕفانی بووە. لە نیشابوور لە دایک بووە، بەڵام زووربەی ژیانی لە بەغدا بەسەر بردووە، لەوێ لە بەغدا لەسەر دەستی زاناو شێخە بەناوبانگەکانی ئەوێ زانستەکانی فیقهو نەحوی خوێندووەو هەروەها زانستی مەتیق و زمانیشی تەواو خوێندووە.
ئەبو حەیانی تەوحیدی چەندین کتێبی بەناوبانگی نووسیوە لەوانە کتێبی المقابسات کە بریتیە لە بیرەوری و هی ئەو کاتانەی نووسیوە کە لەگەڵ ئەدیب و بیرمەندو کەسانی بەناوبانگدا دانیشتووە! لە دوای ئەوە کتێبی الامتاع والموانسی نووسیوە کە بریتیە چەند بابەتێک کە ابا عبد الحسین بن احمد بن سعدان وەزیری سەمسامی دەوڵەتی بوەیهی لە ماوەی ٣٧ شەودا قسەی لەسەر کردوون و دواییش لە کتێبێکدا هەموو قسەوباسەکانی ئەو ماوەیەی کۆکردوونەتەوە! کتێبی تریشی نووسیوە بەناوی رسالة في علم الکتابة، هەروەها ئەم کتێبانەشی نووسیوە بۆ نموونە : کتێبی بصائر القدماء، سرائر الحکماء، کتێبی الاشارات الالاهیة لانفاس الروحیة، رسالة في الاخبار الصوفیة، کتاب ریاض العارفین، ورسالة في الامامة، هەروەها کتێبی الهوامل و الشوامل.
جێگەی داخە کە تەوحیدی لە کۆتایی تەمەنیدا کتێبەکانی سووتاندن، کە لێشیان پرسیوە بۆچی وای کردووە ئەو گوتوویەتی :” کوڕێکی خۆشەویست و هاوڕێیەکی خۆشەویست و هاوەڵێکی نزیک و شوێنکەوتوویەکی ژیر و سەرکردەیەکی تەوبەکارم لەدەستداوە” بۆیە بۆمن زۆر سەخت بوو کە لە دوای خۆم بەجێی بهێڵم بۆ کەسانێک تا دەستکاریی بکەن و گەمەی پێبکەن و کەسایەتی و شەڕەف و نامووسم لەکەدار بکەن! وە من چۆن بۆ کەسانیکی بەجێی بهێڵم کە هاوسێیەتیم کردوون بۆ ماوەی ٢٠ بیست ساڵان و لە هەموو ئەو ماوەیەدا من مافی ئەوەم نەبووە کە خۆشەویستی و هاوسەرگیریی لەەگەڵ یەکێک لەوانە بکەم و لە لایەن کەسیشیانەوە نەپارێزراوم، هەروەها چەندین جاران لە نێویاندا ناچارکراوم کە گیاوگۆڵ بخۆم لە بیابانەکاندا سەرباری ئەوەی کە کەسیکی بەناوبانگیش بووم. وە بۆخۆبەدوورگرتن لە فەزیحە لە لایەن کەسان و لە لایەن گشتیشەوە وە بۆ فرۆشتنی دین و پیاوەتیش! ئەو کەسیکی موعتەزیلە بوو لە سەر ڕێبازی جاحیز و لەگەڵ ئەوەی کە مەیلێکیشی بەللای سۆفیگەریەتیدا هەبوو. ئیتر تەوحیدی بە زەندیق ناسراو لەوبارەشەوە دەربارەی تەوحیدی ئیبن و جەوزی دەڵێت:” زەندیقەکانی نێو ئیسلام سێ کەسن کە بریتین لە ئیبن و ڕاوەندی و تەوحیدی و ئەلمیعەڕی.”
یازدەیەم: ابن سینا:( ٩٨٤ – ١٠٣٧ز). ئیبن سینا ناوی تەواوی بریتیە لە الحسین بن عبداللە بن الحسن بن علی بن سینا، لە دوای ڕازی ئیبن سینا بەناوبانگترینە لە مێژووی پزیشکیی عەڕەبیدا. ڕازی لە پێش ئیبن سیناوە بووە لە بواری پزیشکییداو ئیبن سیناش لە پێش ڕازی یەوە بووە لە بواری فەلسەفەدا. لە ڕاستیدا ئیبن سینا سیفاتی پزیشکیی و فەیلەسوفیی و فیقهیی و شاعیریی تێدا هەبووە. ئیبن سینا لە وەڵاتانی ڕۆژئاواییدا بە Avicenne ناسراوە، لە ئەفیشنە کە یەکێکە لە دێهاتەکانی بوخارایە لە دایک بووە، باوکیشی لە بەڵخ بووەو دوایی ڕووی کردۆتە بوخارا. لە بوخارادا کاری ئاڵو وێری پارەوپووڵی کردووە!
لە بوخارادا باوکی ئیبن سینا دەنێرێت بۆ خوێندن و قورئان تەواو دەکاو دواییش ئاشنایی پەیدا دەکات لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامی و ئایین و دواییش دەست دەکات بە خوێندنی زانستە سرووشتیەکان و پشتی سرووشت و بیرکاری و مەتیق، ئینجا لەسەر دەستی پزیشکێکی مەسیحی بە ناوی عیسا بن یەحیا هونەرو وانەی پزیشکی خوێندووەو فێر بووە! شەیدای فەلسەفە بووەو خۆی بە فەلسەفەی میتافیزیکی پشتی سرووشتەوە خەریک کردووە و هەروەها کتێبەکەی ئەرستۆی خوێندووەو سوودیشی لە کتێبەکەی فاڕابی دەربارەی ئەودیوی سرووشت وەرگرتووەو کە تێیدا زانستەکەی ئەرستۆی ڕوونکردۆتەوە! لێرەدا ئەوەی کە بەڕووی ئیبن سینادا داخرابوو کرایەوە، لەو بارەوە ئیبن سینا رێبازێکی فەلسەفیانەی لە یەکتاپەرستیدا دامەزراند کە ویستی ئیسلام و بۆچوونەکانی ئەرستۆ لێک نزیک بکاتەوە.
لە کتێبە بەناو بانگەکانی ئیبن سینا بریتین لە کتێبی الشفاء کە مەبەستی چاککردنەوەی دەروون و گیان بووە لە نەخۆشیەکان و هەڵەکان. ئیبن سینا گرنگی بە چارەسەرکردنی دەروونی و ڕوحیی داوە هەروەک و چۆن کە گرنگی بە چارەسەری جەستەیی داوە. هەروەها کتێبی النجات کە ئەویش بریتیە لە کورتەی کتێبی الشفاء. وە بەناوبانگترین کتێبی لە بواری پزیشکیدا بریتیە لە کتێبی القانون کە پوختەی بیروڕای پزیشکیانەی ئیبن سینا یە لەوانەش بەرهەمەکانی یۆنانی و عەڕەب! ئەو کتێبە لە سەدەی دوازدەی زایینیدا بۆ زمانی لاتینی وەرگێڕڕاو لە سەدەی پازدەهەمیشدا شازدە جار چاپکرایەوە!هەروەها هەتا کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەیەم ئەو کتێبە وانەیەکی فێربوون بوە لە زانکۆکانی ئەوروپادا.
ئیبن سینا هەمان پڕەنسیب و بنەمای فاڕابی هەبووە ک لە پێش خۆیدا بووە و کە گوتوویەتی جیهان ئەزەلیەو هەر هەبووەو درووست نەکراوە، هەروەها گوتووەیەتی و پێی وابووە کە اللە لە شتە گەردوونی و گشتیەکان ئاگادارەو گوێ بە شتە بچووک و تایبەتمەندیەکان نادات و لای گرنگ و یەکەمین نین. ئەو پێی وا نەبووە کە جەستە لە گەڵ ڕوح لە ڕۆژی قیامەتێدا زیندوو دەبێتەوە! هەر بۆیەش غەزالی لە کتێبەکەیدا بە ناوی المنقذ من الضلال دا ئیبن سینای کافراندووەو بە زەندیقی کردووە، ئیبن کەسیر لە کتێبەکەیدا بە ناوی البدایە و النهایە دا هەمان شی غەزالی پشتڕاست کردۆتەوە! هەروەها ئیبن عماد لە کتێبی شذرات الذهب دا دەڵێت :” کتێبەکەی ئیبن سینا بە ناوی الشفاء فەلسەفەیەکی لە خۆگرتووە کە دڵێکی ئایینی بۆ ڕەت ناکرێتەوە” هەروەها شێخی ئیسلام ئیبن و تەیمییە پشت ڕاستی ئەوەی کردۆتەوە کە ئیبن سینا سەر بە ڕێبازی ئیسماعیلی باتینیی بووە کە ئەوانیش نە لە موسڵمانان و نە لە ئایینی جولەکانن و نە مەسیحیشن،
هەروەها دیسان دەربارەی ئیبن سینا لە شوێنێکی تردا ئیبن تەیمییە دەڵێت:”کەسانی خەیاڵ و وەهمن وهەر ئەوانەشن کە دەڵێن پێغەمبەران دەربارەی خوا زانیاریان پێداوین هەروەها دەربارەی ڕۆژی قیامەتێ وهەروەها دەربارەی بەهەشت و دۆزەخ و مەلائیکەتیش ئەمەش لەگەڵ بابەتەکەدا ناگونجێت! بەڵک و بە شێوەیەک قسەیان لەگەڵ کراوە کە لە خەیاڵ و وەهم نزیکە لە بۆچوون و دیدی خۆیانەوەو لەوێشەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئیبن سیناو پێڕەکەی پێیان وایە خودا جەستەیەکی گەورەیەو جەستەش دەگەڕێتەوە بۆ سزاو بەختەورییەکی بەرجەستە.ئیبن سینا لەو بارەوە و لەسەر ئەو بنچینەیە یاسایەکی بۆ داناون و ئەو یاسایەی کە ئاماژەی پێداوە لە کتێبێکیدا بەناوی الاضحویة. ئەوانە دەڵێن پێغەمبەران بەو دەربڕینانە مەبەستیان ڕواڵەت و دیوی دەرەوەیەو مەبەستیشیان ئەوە بووە کە جەماوەر لێیەوە ئەو ڕواڵەتانە تێبگات! جا ئەگەر ئەو ڕواڵەتانە لە خۆیدا درۆو دەلەسەو توڕەهات بن ئەوا بۆ بەرژەوەندی یەو بەس. ئینجا کێن ئەوانەی کە دەڵێن:” پێغەمبەر ڕاستی دەزانێت بەڵام پێچەوانەکەی نیشانداوە لە پیناوی بەرژەوەندیدا؟ تێشیاندا هەیە کە دەڵێت:” پێغەمبەر ڕاستیی نەزانیوە وەک ئەوەی کە فەیلەسوفان زانیویانە! هەر بۆیەش ئەوانە فەیلەسوفێکی تەواو پێگەییشتویان بەلاوە باشترە لە پێغەمبەرێک..هەروەک فاڕابی و موبەشیر فاتک و ئەوانەی ترتیش فەیلەسوفیان پێ باشترە لە پێغەمبەر!
شازدەیەم: عومر الخیام ( ١٠٤٨ – ١١٣١ ز). ناوی تەواوی بریتیە لە عمر بن ابراهیم غیاث الدین ئەبو الفتح. عومەر الخیام خەڵکی نیشابورە. شاعیر و فەیلەسدوفە، هەروەها زانایەکی بەناوبانگی بواری فەلسەفەو بیرکاریی و فەلەکناسی و زمان و فیقهو مێژووە. زووربەی هۆنراوەکانی خەیام بە چواردەوری مەیی و خۆشەویستیدا دەخولێنەوە.
ئەوەتە خەیام دەربارەی بەهەشت دەێت:

بیستوومە بەهەشتێ هەیە حۆری تێدا
ڕووباری شەڕابی پاکی دەڕوا پێدا!
من لێرە مەی و یارێ پەیاکەم چ دەبێ؟
دەستکەوتەکە هەر یەکن بە هەردووک ڕێدا
چوارینەکانی خەیام …..وەرگێڕانی هەژار موکریانی

هەروەها ئەوەتە خەیام ڕوو دەکاتە خوداو قسەی لەگەڵ دەکات ودەڵێت:

دنیایە لە کەودە بێ گوناهێکی نیە
کەس بێ هەڵە نەژیاوە لەسەر ئەو زەویە
من کردە خەراپ و تۆش خەراپەم تووشکەی
جیاوازی لە نێوان من و تۆدا خوایە چیە؟
چوارینەکانی خەیام …….وەرگێڕانی هەژار موکریانی

خەیام دیسان پرسیار دەکاو دەڵێت:
کێ لە هاتندا پرسی پێ کرا
خۆ لە مردندا هەر بەزۆر برا
نامەرد هەی ساقی شەڕابێ تێکە
بۆ دنیای تاریک هەر مەبە چرا
چوارینەکانی خەیام ……وەرگێڕانی شێخ سەلام
حەڤدەیەم: إبن عربي (١١٦٥ -١٢٤١ز). ناوی تەواوی ئیبن عەڕەبی بریتیە لە محمد بن علی بن محمد الحاتمي الطائي، المرسي الاندلسي محي الدین ابوبکر ناسراو بە ئیبن عەڕەبی”بە بێ ئامڕازی ناساندنە ئەویش بۆ جیاکردنەوەیەتی لە دادوەر ئەبوبەکربن عەڕەبی”یە . ئیبن عەڕەبی لە شاری المرسی لە ئەندەلوس لە دایک بووە لە تەمەنی لاویەتیدا ڕۆییشتووە بۆ شاری ئیشبیلیەو لەوێدا دەستی بە خوێندن کردووە، دوایی گواستوویەتیەوە بۆ قورتوبە. لە شاری قورتوبەدا دەستی کردووە بە خوێندنی زانستەکانی قورئان و زانستەکانی فیقهو حەدیس. ئینجا ئیتر ئیبن عەڕەبی بەرەو ڕێبازی بیروباوەڕی (زاهیری) کە ڕێبازی ئیبن حەزم بووە ڕووی وەرگێڕاوە وە.
لەوێ لە قورتوبە ئیبن عەڕەبی پەیوەندی کردووە بە زاناکانی ئەودەڤەرەوە لە نموونەی ئەبی ئەلوەلید بن ڕوشد و ئەبی ئەلقاسم بن بشکوال وچەندین زانای تر. ئیتر لێرەوە بیروڕای خەڵک جیاوز بوو سەبارەت بەو بابەتە و خەڵک هەبووە ئیبن عەڕەبی یان بە وەلی و پیاوچاک و لەخوا ترس و کەسێکی نوورانی زانیوەو خەڵکیش هەبووە بە بێدین و کەسێکی ماریق و ناپاک و زەندیقیان زانیوەو حیسابی کافریان بۆ کردووە. دەگونجێت بۆچوون و بینینی ئەوانە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێ کە ئیبن عەڕەبی ڕەنگە بە ڕواڵەت هەندێک زیادەڕەوی کردبێ کە لادانی گەیاندبێ لە شەڕیعەتی ئیسلامیدا. ئیبن عەڕەبی یەکیکە لەو کەسانەی کە پێی وابووە و گوتوویەتی :” خوداو سرووشت هەر یەک شتن و گەردوونی مادەو مڕۆڤیش هیچ شتێک نین بێچگە لە دەرکەوتنی ڕووکارو جەوهەری خودی خوداوەند.”
دەگوترێت ئیبن عەڕەبی لەسەرووی ٤٠٠ چوارسەد کتێبی نووسیوە لە بەناوبانگترینیان بریتین لە ” الفتوحات المکیة، فصوص الحکمة، مفتاح السعادة، محاضرة الابرار و مسامرة الاخیار”. کتێبی (فصوص الحکمة)ی لە شاری دیمشق نووسیوە بە ١١ ساڵ پێش مردنی. مەبەستی ئیبن عەڕەبی بەو کارەی بریتی بووە لەوەی کە ژیان و مێژووی ئەو پێغەمبەرانەی کە ناویان لە قورئاندا هاتووە بخاتەڕوو لەبەر ڕۆشنایی عەقیدەو بیروباوەڕی یەکتاپەرستی، ئەو کارەی ئیبن عەڕەبی یەکسان بووە لە گەڵ کتێبی پیرۆزدا یەکیان گرتۆتەوە. ئیبن عەڕەبی لەو کتێبانەیدا هەستاوە بە ڕوونکردنەوەی ڕێبازەکەی خۆی کە بریتیبووە لە رێبازی ٠وحدة الوجود) واتە یەکیەتی بوون. ئەم ڕێبازە بریتیە لە تێکەڵکردنی خودایەتی و مڕۆڤ و کردنیان بەیەک شت. هەروەک چۆن ئاو تێکەڵ بە مەی دەکرێت و بەجۆرێک کە ناتوانرێت لێک جیا بکرێنەوە. ئەو عەقیدەو باوەڕە هەر ئەو شتە بوو کە وەختی خۆی پێش ئیبن عەڕەبی هەللاج لەسەری بووەو ڕایگەیاندبوو!
چواردەیەم : إبن عفیفي : ( ١٩٧٤- … ز) . بریتیە لە ئەحمەد عەفیفی، کەسێکی بەتواناو ڕۆمان نووسێکی خاوەن بەهرەی باڵایە، کەسێکی زەندیق وکافرو بێدین و هەرتەقەیە. ئەو دەستی بە ترووسکەیەک لە ڕووناکیەوە گرتووە لە جیهانێکی عەڕەبی وادا کە تاریکی باڵی بەسەردا کێشاوە!

https://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=348245




پەیوەندی نێوان ماهاتما گاندی و تۆڵستۆی.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

کاتێک سەیری مێژووی مرۆڤە مەزنەکانی جیهان دەکەین، هەمیشە خۆمان لەبەردەم دوو کەسایەتی مەزندا دەبینینەوە، کە رۆڵیان لە بواری فیکری هومانیستی و ناتوندوتیژیدا هەبووە، ئەوانیش نووسەری ناوداری روسیا و جیهان « لیۆ تۆڵستۆی» کە ساڵی 1828 لەدایک بووە و ساڵی 1910 کۆچی دواییکردووە. ئەو تەنها ئەدیب و رۆماننووسێكی ناودار نەبووە، بەڵکو بیرمەند و فەیلەسوفێکی مەزن بووە، تەنها لە بواری ئەدەبدا نا، بەڵکو لە بواری فیکر و فەلسەفەشدا رۆڵی هەبووە، وەکو یەکێک لە باوکەکانی فیکری هومانیستی و فکری ناتوندتیژی دادەنرێت.
لە بەرامبەریشدا «ماهاتما گاندی» کە ساڵی 1868 لەدایک بووە و لە ساڵی 1948 دا لە لایەن هیندووییەکی توندڕەوە بە ناوی «گودز» تیرۆر کرا، کە نەک تەنها سەرکردەیەکی سیاسی مەزن بوو، بگرە ئەویش بە یەکێک لە باوکە مەزنەکانی فیکری ناتوندوتیژی دادەنرێت. هەر یەکەشیان لە کات و شوێنێکی تەواو جیاواز بوون. هیچ کاتێک نەمدەزانی ئەم دوو کەسایەتییە پەیوەندیی تایبەتییان هەبووە. لە ماوەی پێشوودا وتارێکی نووسەر و رەخنەگری عیراقی د. زیاء نافیعم خوێندەوە باسی پەیوەندی و نامەگۆڕینەوەی نێوان تۆڵستۆی و گاندی دەکات. لە نێوان هەردووکیاندا چەندین نامە هەبووە. تێیدا باسی بابەتی فیکریی و سیاسییان کردووە. وەکو لە نامەکانیشدا دەردەکەوێت، گاندی زۆر سەرسامی فیکری تۆڵستۆی بووە.

لەوانەبێت بپرسین ئاخۆ چ شتێک ئەم دوو کەسایەتییەی پێکەوە بەستۆتەوە، تۆڵستۆیەکی روسی، کە خەریکی نووسین و ئەدەب بووە، لەرووی فیکریشەوە، باوەڕی تەواوەتی بە مەسیحیەت و پەیامی پیرۆزی مەسیح بووە، لەکاتێکدا گاندی بە هەزاران کیلۆمەتر لێوەی دوور بووە، لە رووی ئاینیشەوە دوو ئایینی جیاواز بوون، گاندییەکی هیندۆسی و تۆڵستۆیەکی مەسیحی، بەڵام خۆشەویستیی و ئاشتیخوازیی و دژایەتییکردنی توندوتیژی، دەبنە پردێکی پتەو بۆ بەستنەوەی ئەم دوو کەسایەتییە مەزنە.

نامەگۆڕینەوە
یەکەمین نامەی نێوان ئەم دوو کەسایەتییە دەگەڕێتەوە بۆ ئۆکتۆبەری ساڵی 1909، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە کۆتایی نامەکەیدا گاندی بۆی نووسیوە: (خزمەتکاری گوێڕایەڵتان)ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، گاندی چەندە لەژێر کاریگەریی و سەرسامی فیکری ناتوندتیژی و هومانیستی تۆڵستۆیدا بووە. پاشان تۆڵستۆی لە هەمان مانگدا وەڵامی نامەکەی دەداتەوە. نامەی دووەمیش لە 4 ئەپریلی 1910 بووە، لە 25 ئایاریشدا وەڵامی دەداتەوە. دوایین نامەش لە نێوانیاندا، لە 15 ئاب گاندی نامەی بۆ دەنووسێت و لە 7 ئەیلولیش تۆڵستۆی وەڵامی دەداتەوە.

کتێبی شانشینی خودا لە ناختاندایە

گاندی زۆر سەرسام بووە بە کتێبی «شانشینی خودا لە ناختاندایە» ئەم کتێبە زیاتر دەچێتە قاڵبی فیکریی و فەلسەفییەوە، تێیدا تۆڵستۆی باس لە گرنگی چەمکی ناتوندوتیژیی دەکات و داواش دەکات لە رێگەی دانوستان و دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن و زۆر دژی شەڕەنگێزیی و بیری توندوتیژیش دەوەستێتەوە. ئەم کتێبەش پاش ئەزموونێکی 30 ساڵە لەگەڵ فیکری مەسیحی لەدایکبووە، کتێبەکە بۆ یەکەمجار ساڵی 1894 لە ئەڵمانیا چاپ و بڵاوکرایەوە، چونکە لە روسیا حکومەت ئەم کتێبەی قەدەغە کردبوو، نەیهێشت لە روسیا بڵاوبێتەوە، هەرچەندە لەم کتێبەدا تۆڵستۆی باسی فیکری ئاشتیی و ناتوندوتیژی دەکات و داوای دیالۆگ و دانوستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام حکومەتی ئەوسای روسیا دژی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە دەوەستێتەوە.
ئەم کتێبە زۆر بە قووڵی ناخی گاندی گەنجی هەژاندووە، بەتایبەتی ئەو کاتەی لە باشووری ئەفریقا دەبێت. گاندی سوودێکی زۆری لە تێڕوانینە فیکریی و فەلسەفییەکانی تۆڵستۆی وەرگرتووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە فیکری ئاشتیخوازیی و ناتوندوتیژیی و دژایەتییکردنی شەڕەنگێزییەوە هەیە.
خۆشەویستی، تاکە شەریعەتی ژیانە

لە 7 ئەیلولی 1910 دا تۆڵستۆی لە نامەیەکدا کە بۆ گاندی نووسیوە دەڵێت:

(خۆشەویستی، تاکە شەریعەتی ژیانە و مەزنترینیشیانە، ئەم شەریعەتەش هەموو حەکیمەکانی جیهان لەسەری رێکەوتوون باوەڕیشیان پێیەتی، پێموایە جوانترین فۆڕمی ئەم شەریعەتەش لەلایەن مەسیحەوە هاتووە، هەموو مرۆڤێکی عاقڵیش ئەوە دەزانێت کە مومارەسەکردنی توندوتیژیی لەگەڵ خۆشەویستیدا نایەتەوە، خۆشەویستیش بنەمایەکی بنەڕەتی ژیانە.)

ئەوەی مایەی سەرنجە گاندی هێندە بە تۆڵستۆی سەرسام بووە، کاتێک لە باشووری ئەفریقا بووە، لە ساڵی 1910 بۆ 1913 ئەشرامێکی بەناوی تۆڵستۆییەوە ناوە. ئەشرام،، گوندێکی سەربەخۆییە کە تێیدا خەڵکی ئازادن و هەموویان پێکەوە بەشێوەیەکی ئازادانە دەژین و کار دەکەن و پێدویستییەکانیان بەرهەم دەهێنن بۆخۆیان، ئەشرام سیستمێکی کۆمەڵایەتییە کە لە کۆنەوە لە هیندستان هەبووە و بەشێکی گرنگیشە لە ئایینی هیندۆسی و نەریتی عیرفانی گەردوونیی هیندستان.
گاندی لە رێگەی فیکری ناتوندوتیژییەوە توانی گەورەترین شۆڕش لە دژی بەهێزترین زلهێزی جیهانی بەرپابکات بکات لە سەدەی بیستەمدا، ئەویش بەریتانیا بوو. کاتێک گاندی شۆڕشی دەستپێکرد، چ خۆی چ هاوڕێکانی، خاوەنی هیچ هێزێکی سەربازیی و دارایی نەبوون، بەڵام توانییان لە رێگەی فیکری ناتوندوتیژییەوە، مەزنترین سوپا دروست بکەن و لە رێگەی ئەم چەکە مەزنەشەوە بتوانن بەسەر سوپای پڕ چەک و تۆکمەی بەریتانیادا سەربکەون و وڵاتی مەزنی هیندستانیش رزگار بکەن.
بەدڵنیاییەوە چ تۆڵستۆی چ گاندی دوو کەسایەتی مەزنن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، تۆڵستۆی تەنها ئەدیب و نووسەرێکی ئاسایی نەبوە، بگرە داهێنەرێکی مەزن بووە لە بواری رۆمان نووسیندا، بەتایبەتی هەردوو رۆمانە ناودارەکە (جەنگ و ئاشتی)، (ئانا کارنینا) لەهەمانکاتیشدا ئەو باوکێکی مەزنی فیکری هومانیستی روسیا و جیهانیشە، ئەو لەکاتێکدا لە روسیادا داوای مرۆڤدۆستیی و دژایەتی فیکری توندوتیژیی و شەڕەنگێزی کردووە، کە فیکری شەڕەنگێزی و توندوتیژی هەموو روسیا و جیهانی گرتبۆوە.

گاندیش بەهەمانشێوە لەکاتێکدا داوای ئاشتیی و فیکری ناتوندوتیژی دەکرد، کە فیکری توندوتیژیی و تۆڵەسەندنەوە و جەنگ باڵی بەسەر هیندستان و جیهاندا کێشابوو، لەکۆتایشدا هەرخۆشی بوو بە شەهیدی ئەو رێگە پیرۆزە، بەڵام لەپاش خۆی بووە بە رابەر و مامۆستایەکی مەزنی فیکری ناتوندوتیژی، کە زۆر گەلانی تر توانییان لەرێگەی فیکری ئەوەوە رزگاریان بێت لەپێش هەموویانەوە رەشپێستەکانی ئەمریکا و باشووری ئەفریقا.

سەرچاوە:
www.almothaqaf.com
أ.د. ضياء نافع.غاندي و تولستوي.




رۆشنبیر لە تۆڕی شۆڕش و پرسیاری رۆشنبیریدا.. سەلاح جەلال

پەیوەندی (شۆڕش و رۆشنبیر) نهێنیەكی دوانی بەر جەستە دەكات وەك هەنگ و كورە، ئایا رۆشنبیر چی شوناس و رۆڵ و كاریگەری و بەرهەمهێنانی لەسەر شۆڕش هەیە؟ چۆن سیاسی و رۆشنبیری جیا بكەینەوە؟ كامەیە ستراتیژ و پەیام و ئەركەكانیان؟ پەیوەندی و پانتاییەكانی كاركردن؟
پەیوەندی رۆشنبیر و سیاسی لە هەمو كاتێكدا ئایدۆلۆژیە، دورخستنەوەی روشنبیرە لەبیری پارێزگاری لە بون و ژینگە و رای گشتی و هێزی رەمزی و شێوەكانی شوناس و مێژو دەسەلات و سەربەستی و ماف و پەیوەندی و ئەوانی تر. لای (ئیدوارد سەعید) گڕی هیچ شۆڕشێكی سەرەكی لە مێژوی نوێدا بەبێ رۆشنبیر داناگیرسێت، بگرە بەدایك و باوكی شۆڕشەكانی دەزانێت، زۆر لە تێوریستەكان رۆشنبیر بە چینێكی نوێ دەزانن توانای گۆڕانی ریشەیی هەیە لە فەزای داهێنان و گۆڕاندا، بەرهەمهێنان لەپانتایی بەتاڵەدا دەكەن و پەنجەرەی نوێ دەكەنەوە. ئەمەیش لای (غرامشی) ریشەی گرت، شۆڕشیش مانای گۆڕان، لابردنی سیستەمی باوو هێنانە كایەی سیستەمی نوێ، مانای كردنەوەی دەرگا و پەنجەرەی نوێ، گۆڕینی زمان لە جوینەوەوە بۆداهێنان، كار كردن بۆ خستنە سەر و داهێنانی نوێ.
شۆڕش لەهۆشیاریەوە دروست دەبێت، لە رێی میدیا و بواری رۆشنبیری گشتی (پزیشك، مامۆستا، پیاوانی ئاینی، پیشەییەكان، رۆژنامەنوس، نوسەران، رێكخراوە جەماوەریەكان توێژەكان، تاد…. هەر دەستەیەكی رۆشنبیری كاری خۆی دەكات.
شۆڕش رەگ و ریشاڵی بە مەعریفە ئاو دەدرێت، ئەویش بەرهەمهێنانی دەستەی رۆشنبیرانە، لەو ئەركەی خۆیەوە بۆ هۆشیاری نەتەوایەتی، ئایا چۆن گۆڕانكاری دەكات؟ كامەیە ئاراستە و خاڵی وەرچەرخان؟ مانا و واتا و دەستەواژەكانی چین؟ ئەو پەنجەرە و دەرگایانەی دەیانكاتەوە چی رۆشناییەك دەبەخشن؟ رۆشنبیر لەزەریای پرسیار و گوماندایەو ئەمەش كاركردنە لە ناو فیكردا، روبەڕو بونەوەی دژە لێكچونەكان، هەمو ئەوانەی ناچنە ناو تۆڕی بیركردنەوەی بیركەرەوەوە، كاركردنە بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە.
ئەمانەش جێگەی تێڕامان و دو دڵین، لە ناو گەردەلولی گۆڕانكاریەكاندا گێژمان دەكات، لە درخستنی پرسیار و رەنگدانەوەی، ئەوانی تر دەخاتە بەر پرۆسەی ئەگەرەكان و سەرسوڕمان و گومان و دو دڵی و رارایی فەزای روانین دەگرێتەوە، كەسی پرسیاركەر مەترسی لەبەرجەستەكردنی پرسیارەكانیدا هەیە، چارەسەری بارو دۆخ چۆن دەكرێت، ئەوە كاری كێیە؟ كام چین و توێژە ئەو شۆڕشە دەكەن؟ كامەیە جیاوازی چینایەتی و كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاڵو گۆڕو خستنە سەر؟ دەربارەی شۆڕش و پۆلینكاری لە نێوان شۆڕشی نەتەوەیی و چینایەتیدا؟ كام ململانێ و دژە فیكر و روانینێك جیاوازی دەردەخات و لەچی چاوگەیەكی ئەم سەردەمەوە هەڵدەقوڵێن؟ ئایا ئاستی دەرخستنی جیاكاری فیكر و مەعریفەیە. باری سیاسی شۆڕش و مانگرتن و دژە وەستانە، هەوڵدانی هۆشی ئەوانی ترە بۆ شۆرش و نزیك بونەوە لە جوڵاندنی جەماوەری دەستە و گروپە جۆراو جۆرەكانە؟
ئایا چۆن بیر بكەینەوە؟ كام شۆڕشە بكەین؟ چی تیورێكی جێگرەوەمان هەیە؟ ئەوانە دەتوانن هۆشیاری شۆڕش بنوسنەوە و لە بەردەم ناونیشانەكانی شۆڕشدا بوەستن بە روانین و جیهانبینی و پێدراوو ئەو ئەركانەی هەڵیان گرتووە؟ یان گێڕەرەوەی روداوی شۆڕشن و پرسیارەكانی مەعریفە بەناو پانتاییەكانی ئەو هێڵانەدا دەگەڕێتەوە، ئێمەیان كەڕو لاڵ كردووە.
شۆڕش مانای چیە؟ جگە لە گۆڕانكاری جێگرتنەوەی مەعریفە باوەكان و تیۆری مەعریفی لە بواری فیكر و ئازادی و سەربەستی و كۆمەڵایەتی و شارستانی لەناو كۆمەڵگادا.
دیكارت گوتی: من بیر دەكەمەوە كەواتە من هەم، دایەلۆگێكی كردەوە بۆ فیكر، بۆ ڕوانینە جیاوازەكان بو بەتۆڕێكی بێ كۆتایی لە مێژووی فەلسەفەدا. شۆڕش بو لە فیكرو روانیندا، تێكشكاندنی سیستە باوەكانی خوێن رشتنە لە شۆڕشداو كەسی بەرهەمهێن بەبێ بەشداری شۆڕش بە بیری پڕ شۆڕش دەكات.
لەگڕوگاڵی مەعریفەدا چۆن زمان بكەینەوە؟ راپەڕین لە پاشخانێكی فیكری بە هێزەوەیە زەمینەیەكی فیكری هەیەو كپ ناكرێتەوە.
شۆڕش مانای پڕ بونەوەی بەتاڵاییەكان و گۆڕینی باو و لە كەڵك كەوتووەو وزە لە دینامیكیەتی هێزێكی مەعریفییەوە وەردەگرێت، خوێندنەوەی بۆ بەهاكان كردووە؟ بۆ دارشتنی سیستەم و جیهانبینیەكی نوێ. گۆڕینی ئەم سیستەمانەش بەبیرمەند دەكرێت، كێشەی لەگەڵ فیكری خۆیدا هەیەو بە فیكرەكەی ئێمە و ئەوان دەگۆڕێت و نوسینەكانی زۆرینە ملكەچ دەكات.
هۆشیاری گۆڕانكاری زۆر گرنگە لایەنی چاك و خراپی هەیە، ئەگەر لەفیكری بەرهەمهێنەوە سەرچاوە نەگرێت دەبێتە كارەسات.
ئێمە لە ڕوی زانست و فەلسەفەوە پێویستیمان بەو پرسیارانە هەیە كەڕو لاڵمان دەكەن، چی هەیە لە زانستەكان و فەلسەفە و چۆن بیر بكەینەوەو دەست پێبكەین؟ یان دەبێت خوێندنەوەیەك بكەین و پانتایە مەعریفیەكانمان پڕ بكەینەوە؟
ڕۆشنبیری كوردی لەم ئاستەدا ئیفلیجەو ناتوانن لەو وتراوانە كار لەهێڵی مەعریفەدا بكەن، چۆن (عەلی حەرب) لەسەر كەلتوری عەرەب دەیكات. پرسیاری جەوهەریش ئەوەیە ئایا كۆمەڵگەیەك بەبێ‌ زانست و فەلسەفەو پۆلین كردنی ئەو پانتاییانە بۆ ناو كەلتوری خۆی لەچ خاڵێكەوە دەست پێدەكات؟ كامەیە هێڵی جیاوازی و لە كوێوە خستنە سەر و پێدراوەكان دەردەكەون ؟ مانای جیاوازی چیە؟ ئەوەی بیریارانی جیهان كردیان، ایبەت (ریجس دوبریە و غرامشی).
غرامشی بە تەنیا ئامانجی ئەوە نەبو بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی دابڕێژێت بۆ ئیتالیا، بەڵكو دیسانەوە بونیەیەكی رۆشنبیری تەواوی بۆ دروست بكات، ئەوەی پەیوەندی بەم بزوتنەوەیەوە هەیەو ببێتە پرۆژەیەك بۆ رۆشنبیری و پۆلینیان بكات، ئەوانەی ئەركی فیكری لە كۆمەڵگادا دەگەیەنن، وەك رۆشنبیری تەقلیدی، مامۆستا و پیاوانی ئاینی و بەڕێوەبەر ، لە نەوەیەكەوە بۆ یەكێكی تر یەك ئیدا دەگەیەنن، دووەمیش رۆشنبیرانی ئەندامیە بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەیوەندن بە چینەكان، یان دەزگای بازرگانی، ئەم دەستەیە جیاوازن بەردەوام ئەو شتانە ئەڵێنەوە، پێشتر ووتویانە لێرەشدا دەستەیەكی تر لە ڕۆشنبیران دێنە كایەوە دیسان وتراو دەڵێنەوە بەبێ‌ ئەوەی بتوانن گۆڕانێك دروست بكەن. غرامشی رۆشنبیری ئەندامی بەو كەسە دەزانێت لەهەر پانتاییەكدا كار بكات پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی مەعریفە یان بڵاوكردنەوەیەوە هەبێت، لێرەدا جیاوازی لەگەڵ هەموو دەستە ڕۆشنبیریەكانی تردا دروست دەكات بە داهێنان و خستنە سەرو دۆزینەوەی ئەو دەرگاو پەنجەرانەی لەوەو بەر نەبینراون، ئەم ستراتیژەش لە شۆڕشی ڕزگاری نەتەوەدا جیاوازە لەوەی لە شۆڕشەكانی تردا دەكرێت، ئەوەش دەستە ڕۆشنبیرەكان ئەو هێڵە ئاسۆییانە دەكێشن.
ئەوەی جێگەی مشتو مڕە وشەی رۆشنبیر بۆتە ئیمپریالیەتی كێشەكان، بەبێ پۆڵینكردن، رۆشنبیر چیە و كێیە، جیاوازیەكان چین. رۆشنبیر دەسەڵاتدارێتی بۆ خوێنەرێكی بەر فراوان دەكات، لای ئیدوارد سەعید خەڵكی هەمو رۆشنبیرن، بەڵام هەمویان ئەو توانایەیان نیە، ئەركی رۆشنبیر لە ناو كۆمەڵگەدا بگەیەنن. بڕوانە(صور المپقف) ل21.
پرسیارەكان لە ونبونی فیكر و پۆلین نەكردنی رۆشنبیرەوە دەست پێدەكات، دەبێت بۆ چەمكی شۆڕشی ڕاستەقینە گەڕانێكی قوڵ بكەین، بۆ گەڕان بە دوای شوناسێكدا لەكوێوەوە دەست پێبكەین؟ ئەمەش دایەلۆگێكی فراوانی دەوێت، پێویستە پرسیار لەسەر جیگرتنەوەی شۆڕش و تێور و پرنسیپی شۆڕش چۆنێتی و ئاكامی بكەین؟ ئایا كۆمەڵگە لە چی ئاستێكدایە؟ كامەیە بەرهەمە گەشە كردووەكانی؟ چۆن گۆڕانكاری و بەرەو پێشچونی بۆ دەكرێت؟ كامەیە ئاست و خۆدۆزینەوەی تاك لە فەزای روانینی ئێستایدا.
لەچی پێگەیەكی ناوخۆیی و جیهانیدا خۆی دەدۆزێتەوە؟ تەنیا لە دیكتاتۆری و دیموكراسیەوە بگوێزێتەوە بۆ گۆڕانی ریشەیی لە یاسادا، ئەوەی ئێستا لەو رابردووە جیا دەكاتەوە گۆڕینی نوسراوەكانی دەسەڵاتە.
ئەمەش كاركردنێكی ڕیشەیی لە ناو زانستەكاندا هەیە، دەبێت خاڵێكی ریشەیی دابنێین بۆ ئەوەی بگەینە گڕوگاڵ لە سفرەوە دەست پێبكەین بە تێكدانی سیستەمە باوەكان، بەتیۆرەی جێگرەوەی كۆمەڵگەی مەدەنی.
دەكرێت سود لەتیۆری جیهانی وەربگرین، لەروی مەعریفیەوە، واتا مەعریفە لە نامەعریفە جیا بكەینەوەو لە بێدەنگیەوە بۆ دایەلۆگ بچین، كەسانی تایبەتمەند بەو بوارە كاری لەسەر بكەن و بە ڕوانینێكی نوێوە بگەڕێینەوە بۆ چەمكی ڕۆشنبیری.
ئەمەیش كاری هەڵبژاردەی ڕۆشنبیریە دوور لە دەمارگرژی حیزبی، ئەوسا هێلێك بەرجەستە دەبێت، شۆڕشی ڕۆشنبیری لەهەموو شۆڕشەكان گرنگ ترە. كۆمەڵگەیەك خاوەنی ئەو وتووێژە ڕۆشنبیرە نەبێت جگە لەخوێن ڕشتن چرا نابینێت.
پێویستە رۆشنبیر خۆی بدۆزێتەوە، لە نێوان كاری حیزبی و داهێنانداو فەزای رۆشنبیری بە روی یاخی و هەڵبژاردەی رۆشنبیریدا بكرێتەوە، نەك داگیركاری رەمزەكانی رۆشنبیری هەمو پێگە ترسناكەكانیان گرتووەو توانیویانە حیزبەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە، بە دەمامكی جۆراو جۆرەوە دەبنە پاڵەوانی ڤیستیڤاڵا و كار و چالاكی و چاپەمەنی و فەزای رۆشنبیریان گرتووە.
پارتی سیاسی كوردی ئەم گۆڕانەی بۆ ناكرێت، ئەی كاری نەوەی نۆێ چیە نەتوانێت ئەو شانۆگەریەیان كۆتایی پێ بهێنێت و هەنگاو بەرەو شۆڕش بنێن.
شۆڕش مانای خوێن رێژی نیە، شێوازی نوێ هەیە بكرێت، زەمینەیشی رەخساندووە بۆ شۆڕش، لە گەڵای درەختەوە هەتا بەرگ و سێبەر دوای گۆڕانكاری دەكەن، ئەمەیش بەو كاركردنە دەكرێت نەوەی نوێ بە عەقڵێكی نوێوە بیكەن، نەك بەو شێوازەی هیچ ئاسۆیەكی بۆ دامەزراندنی زەوی شۆڕش تیا نەبێت.
دیسانەوە دەپرسینەوە، ئێستا پرسیارەكان لەگەندەڵیەوە دروست دەبن، دەكرێت چی ناونانێكی بۆ بكرێت؟ یان چی ئایندەیەكی هەبێت؟ لەو تێكەڵی و فرە هەژاریەی لە كەلتور و پانتاییە جیاوازەكاندا دروست بووە، یان راپەرینێك ستراتیژێكی نادیارە و بە ڕاو بۆچون و دەست تێوەردان و پرنسیپ و پرۆسیسی وروژێنەر و دەمارگیریەوە، لە خوێندنەوەی جیاواز جیاوازەوە، تێكەڵ بووە، بەبێ تێوری گۆڕانكەر ناكرێت.
ئەم هەوڵانە كەشەی هەورێكی تاڵە و لە ئاسماندا كۆ دەبێتەوە بۆ شۆڕشێكی رۆشنبیری لەئایندەدا، مانای دەبێتە پاشخانێك رۆژ بەرۆژ خەرمانەی گۆڕانكاری كۆدەكاتەوەو پێویستە بە جۆرێك ریشەی مەعریفی دابڕێژێت، نەك ببێتە كارەسات بۆ كورد.
ئەم گۆڕانكاریانە شۆڕشێكە بەمانای گۆڕان كۆمەڵگە بگرێتەوە، پێویستی بە كردنەوە هەیە، شۆڕشی راستەقینە هەمو یاساكانی گۆڕیوە، لە كایەو شێوازێكەوە بۆ شێوازێكی تر، شۆڕش مانای گۆڕانی ریشەییە بتوانێت سەرخان و ژێرخانی كۆمەڵگا بگۆڕێت لە چەمكی سواوەوە بۆ چەمكی نوێ.
لێرەدا دەیان پرسیاری جەوهەری دروست دەبن بۆچی كوردستان چەقی گەندەڵی و بەستووییە؟ بۆچی گۆڕانكاری ناكرێت؟ ئەمە دەكرێت لە دەیان دەلاقەوە تێڕوانینی لەسەر بكرێت، بە داخەوە لە ڕۆشنبیری كوردیدا خوێندنەوەكان بەو ئاقارەدا ناچن، ئەو چەمك و مانایانە هەڵبگرن و لە خۆبەستنەوە بە لایەنێكی تایبەتیەوە بچنە ناو بوارەكانی فیكر، ئەمەش ونبونی فیكرە تایبەتە بە ستراتیژی شۆڕشەكان ئەوەی ڕاپەڕینی جەماوەری لە كوردستان دەیكات جیاوازە لە ناكۆكیەكانی نێوان (لینین و پلیخانۆف) یاخود صین و بولغاریا، ستراتیژی هەر شۆڕشە تایبەتمەندی زەمینی و زەمانی هەبووە لە ناكۆكی و كێشە فیكری و سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیەوە سەریان هەڵداوە.
ستراتیژی (جۆز جۆز تیتۆ) جیاواز بوو لە (ماوتسیتۆنگ)، بەم شێوەش پرسیارەكان ئەوەندە زۆرن خاڵی كۆتاییان نییە.
دەكرێت بپرسین تیوری ئەم ستراتیژە چییە بۆ نەوەی ئایندە؟ ئایا دەبێتە هۆكاری گۆڕانكاری و شكاندنی بەربەستەكانی فیكر و زانیاریە هەواڵگریەكان و سیستەمی ئابوری و بوارەكانی تەكنەلوژیا و پەیوەندیە جیهانیەكان؟. ئایا ئەركەكانی ڕۆشنبیر لەم قەیرانەدا لە پڕكردنەوەی پانتاییەكانی مەعریفەدا چی بوون؟! ناكرێت ڕۆشنبیر تەنیا بانگەوازی ئەوە بكات خەڵك ڕابپەڕێت، لە كاتێكدا ستراتیژی ئەو ڕاپەڕینە نەزانرێت و تیورێكی جێگرەوە نەبێت ببێتە ئەڵتەرناتیڤی ئەو شتە باوانە، ئەمەش سەرەتا پێویستی بە داڕشتنەوەی یاسا هەیە، مێژووی ئێمە تەنیا لەسەر یاسا باوە كۆنە وەرگیراوە كاری كردووە، ناكرێت تۆ یاسایەكی تایبەتت نەبێت؟ ئەمەش كاری كێیە؟! جگە لە كەسەكانی فیكر هەریەكە لە بواری تایبەتمەندێتی خۆیەوە تێورێزەی بواری یاسایی بكەن. جگە لەوەش جیاكردنەوە و پۆلینی ئاست و قۆناغە جیا جیاكان لە زەمەنی مۆدیرنیتە و پۆست مۆدێنیتەو دوای ئەوان، ئێستا ئایا دەكرێت بپرسین چی زەمەنێك شوناسی كورد دیاری دەكات لە پرۆژەی لێكۆڵینەوەی كوردیدا خوێندنەوەی بۆ كرابێت؟ ئایا ئێمە لە چی قۆناغێكی پێشكەوتەنەكانداین؟ جگە لەوەش چۆنیەتی سیستەم و بەڕێوەبەری دەسەڵاتدا ڕەگی گەندەڵی چییە چۆن چارەسەر دەكرێت؟ مەترسی گەندەڵی رۆشنبیری لەگەندەڵی سیاسی گرانتر و مەترسیدارترە، ئەگەر كۆمەڵگەیەك خاوەنی چینی رۆشنبیری راستەقینە بێت بە واتای غرامشی ئەوە ئەگەر دەسەڵاتیش راست نەكاتەوە رەگ و ریشاڵی دەهێنێتە دەرەوە، دەشێت بپرسین، بڵاوكراوە و راوێژ و كارە گرنگەكان جگە لە رۆشنبیران كێ بون؟ لەكاتی دەسەڵاتی شۆڕش بۆ ناو شار جگە لە نەبونی رۆڵی رۆشنبیر چیتر هەبو؟ بۆ ناو پارتەكان جێگەیان خۆشدەكرد، ئەمەش كارەساتی نایەوە و پۆڵین نەكردنی سەنتەریالیزمی دیموكراتی شار و شاخ بناغەی گەندەڵی دروست كرد، ڤێتنام دوای سەركەوتنی شۆڕش چۆن مامەڵەیان لەگەڵ شۆڕشگێڕاندا كرد، پاڵەوانیان نەهێشت و بەرێوەبردن درایە دەست نەوەی نوێ.
كوردستان پڕ بوو لە پاڵەوانی شاخ و هەموو جێگە ترسناكەكانی دەسەڵاتیان گرت، ئەمە گەورەترین هەڵەی مێژوویی ئێمە بوو، لەبری ئەوەی دەسەڵات بدرێتە دەست نەوەی نوێ‌، لە لایەكی تر چۆنیەتی كاركردنی ئۆپۆزسوێن ڕووبەڕووی دەیەها پرسیاری سەرسوڕهێنەر دەبنەوە، لەو ستراتیژەی لە بەردەمیاندایە ڕوون نییە، جگە لە بانگەشەی گەندەڵی هیچ نامەیەكی تێوری گۆڕانكاریەكان نابینینەوە، پرسیارەكانیش لە ئیسلامی سیاسی و ڕەوتە عەلمانیەكە زۆرە تەنیا لەسەر ستراتیژێكی سیاسی تێكەڵاو بوون، ئەویش گەندەڵییە، لە كاتێكدا ستراتیژی شۆڕشی جەماوەری جیاوازە لەمە, شێوازێكی تر وەردەگرێت لەوەی جەماوەر دەیەوێت لاپەڕەیەكی سپی بە داوا و حەزەكانی پڕ بكاتەوە، نەك بكەوێتەوە ناو ئەو تراژیدیایەی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە. بەردەوام ئەو ناكۆكیانەی هەبوون لەشەڕی براكوژیدا دووبارە دەبنەوە و هێزو دەسەڵات بۆ لایەنەكان دەگەڕێتەوەو دەبێتەوە بە شەڕی بەرەكانی جەنگ رۆشنبیرانیش ئەو جەنگە لە سەنگەرە جیاوازەكانەوە دەكەنەوە.
كارە سات لێرەوە دەست پێدەكات، چینی سەربەخۆی رۆشنبیری بونی نیە و چۆن لەو رەوتە كۆنە دەربچین و بەرەو هێڵی ئاسۆیی بچین، نەهێشتنی بە رەمز بو پاڵەوانەكانی سیاسی و رۆشنبیری خاڵی گرنگ و ئامانجی سەرەكی بزوتنەوەیە، ئێستا پێگەیەكیان بۆ تاكی كوردی نە هێشتۆتەوە، بۆیە پێویستە بپەڕینەوە بۆ ئەوەی سەرەتا پرسیارەكانمان لە رەمزبووەكانەوە دەست پێبكەین، لەكاتێكدا نەگوێی پرسیار و نەمەنتیقی پرسیاریان هەیە، ئەمانە هەرە پێگە ترسناكەكانیان پۆڵین كردووە بۆ بەرەمز بونی خۆیان، ئەم خوێندنەوەیە پێویستی بە بەسەرا چونەوەیەكی گشتگیری كۆمەڵگەی كوردی هەیە لە هەمو بوارەكاندا، ئەمەش كاری شۆڕشێكی رۆشنبیری نوێیە ئێستا لە توانایدا نیە ئەو شۆڕشە بكات، بەڵكو دەبێت هەنگاوی بۆ بنێت، بەردەوام نەوەی نوێ هەڵدەستێت بە گۆڕانكاری لەبەر تیشكی ئەو بوارە رۆشنبیریەی ئاستی كۆمەڵگای گرتۆتەوە، ئەمەش توانای كەلتوری نەتەوەیە، ئێمە دەخاتە بەردەم دەیەها پرسیاری سەرسوڕهینەر!!

——————

لەژمارە(32٩لە2٧/6/2011 )لە رۆژنامەی چاودێر بڵاوبۆتەوە.
لێردا كەمێك دەستكاری لە كورت بونەوەدا كراوە. لە گۆڤاری ڕێبەر ژمارە(16)ی هاوینی 2023 دا جارێكی تر لەبەر گرینگی بڵاو بۆتەوە.




شۆڕشی ئێستا و کێشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ.. حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی: کاوە عومەر

دەقی وتارەکە لە پانێڵێکدا بە هەمان ناونیشان لە ٢٤ی حوزەیران لە تۆرۆنتۆ پێشکەش کراوە
تەوەری ئەم پانێڵە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤە. ڕوونە کە کۆماری ئیسلامی بە کیلۆمەترات لە دواوەی تەنانەت لە خراپترین دیموکراسیەکانی جیهانەوەیە. لە پشت زۆرترین پێشێلکاری مافی مرۆڤەوەیە. بەڵام دیموکراسی و مافی مرۆڤ بەس نییە. باشە بەڵام بەس نییە. شۆڕش لە پێناو ژن ژیان ئازادییدایە. وە دیموکراسی وەک ئازادی نییە. خۆشگوزەرانی و بژێوی ژیان مافی مرۆڤ نین. دیموکراسی و مافی مرۆڤ زۆر شت لەبارەی مافی ژنانەوە ناڵێن.
با سەرەتا لەسەر ئاستی گشتی قسە بکەم و دواتریش بێمە سەر هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەو باسەی کە لە پانێڵەکەدا وروژێنرا کە بۆچی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
جاڕنامەی مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگرن. دوو بابەتی هەرە گرینگی کۆمەڵگای ئێران، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و عەلمانییەت، لە مافی مرۆڤدا نین. هه موو ئه وانه ی باس له مافی مرۆڤ ده که ن ئاماژه به جاڕنامه ی جیهانی مافه کانی مرۆڤ ده که ن و ئه م جاڕنامه یه له به ڕامبەر ئه م دوو مه سه له سەرەکیەی ی کۆمه ڵگه ی ئێران بێده نگه . واتە کەسێک دەتوانێت باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ هەبێت بەڵام ناڕەزایی دەرنەبڕێت بەرامبەر دەستوەردانی ئایین لە حکومەتدا و دژی سزای لەسێدارەدان نەبێت. وەک حکومەتی ئەمریکا کە هێشتا لە زۆربەی ویلایەتەکانیدا سزای لەسێدارەدانی هەیە و بانگەشەی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دەکات.
بۆ کۆمەڵگای ئێران مافی مرۆڤ سەقفێکی کورتی هەیە. کۆمەڵگای ئێران هەڵدەستێت و مشتێک لە ئاسمان دەدات. بزووتنەوەی ئێستای ئێران بە یەکەمین شۆڕشی ژنان لە جیهاندا ناودەبرێت. ئەو نە بەندەی خودایە، نە خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ئاڵا و یەکپارچەیی خاکەکەی هەیە. خۆشەویستی بۆ ئازادی هەیە، خۆشەویستی بۆ ژیان هەیە، خۆشەویستی بۆ ڕزگاری هەیە، خۆشەویستی بۆ یەکسانی نێوان ژن و پیاو هەیە، تۆش بڕیارە مافی مرۆڤ بخەیتە بەردەمی؟ ئایا بەڵێنی دیموکراسی و پەرلەمانتاریزم دەدەیت؟ کۆمەڵگا دەڵێت من دەمەوێت ڕۆڵێک لە چارەنووسی خۆمدا بگێڕم. کاکە من نامەوێت. سەد ساڵ و چەند ساڵ لەمەو بەر لە ئێستا دەرئەنجامی خەبات بۆ دیموکراسیمان لە شۆڕشی دەستوریدا بینی. پەرلەمانمان هەبوو. بۆ نموونە ئێمە هەڵبژاردنمان هەبوو. هەروه ها له کۆماری ئیسلامیدا هه ڵبژاردن هه یه . هەموو دیکتاتۆرییەکانی جیهان دواجار ئەمڕۆ پەرلەمانێک ڕێکدەخەن و هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن. کێشەکە تەنها لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا نییە، کێشەکە لەوەدایە، بە قەولی بزووتنەوەی دەست بەسەرداگرتن هەر لەم ڕۆژئاوای لانکی دیموکراسیەدا، ئازادی لە سندوقی دەنگداندانەوە نایەتە دەرەوە.خەڵک لە ئەو ناڕازی دەبن، دەنگ بەئەم دەدەن و لەئەم ناڕازی دەبن دەنگ بەئەو دەدەن. و پاشان بۆچوار ساڵ دەچنەوە ماڵەوە و حکومەتەکان شەڕ دەکەن، ئاشتی دەکەن، باج زیاد و کەم دەکەنەوە، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەبڕن، لەباربردنی منداڵ قەدەغە دەکەن و هتد.. هتد. ئیتر ئەوان سوارو خەڵک پیادە چوارساڵی تر
ئەمەش پێی دەوترێت دیموکراسی. ئایا خەڵکی ئێران شۆڕش بۆ ئەمە دەکەن؟ خەڵک جارێک بۆ ئەمە وەستانەوە، لە شۆڕشی دەستووریدا، ئێمە گەیشتینە ئێرە. ئەمڕۆش دەبینین هەمان گوتارەکان دووبارە دەوروژێنرێنەوە. مافی مرۆڤ و دیموکراسی. ئەمانە قسەی سەرەکی حکومەتەکانی جیهانن، بەتایبەتی لە دۆخی ئەمڕۆدا. ئەم چەمکانە لە بنەڕەتدا لە دژی ئۆردوگای سۆڤیەت لە سەردەمی جەنگی سارددا وروژێنراون. لە دیموکراسی جەنگی سارددا پینۆشە بەشێکە لە ئۆردوگای دیموکراسی چونکە بەشێکە لە بلۆکی ڕۆژئاوا. حوسنی موبارەک بەشێکە لە کەمپی دیموکراسی، شای ئێران بەشێکە لە کەمپی دیموکراسی. بۆچی؟چونکە هەر کەسێک دژی یەکێتی سۆڤیەت بێت، خۆبەخۆ دەخرێتە ئۆردوگای دیموکراسی. من هەرگیز لایەنگری سۆڤیەت نەبووم. یەکێتی سۆڤیەت جگە لە سەرمایەدارییەکی سەرکوتکەر لە ژێر ئاڵای سۆسیالیزمدا هیچی تر نەبوو. بەڵام دژی یەکێتی سۆڤیەت، کەمپێک وەک کەمپی دیموکراسی دروستکرا، کە هەموو خونتا
( (junta سەربازییەکانی ئەمریکای لاتینی لەخۆگرتبوو. وە هێشتاش هەر هەن.
مافی مرۆڤیشیان لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ڕاگەیاند، دیسانەوە دژی ئۆردوگای سۆڤیەت، چونکە لەو سەردەمەدا سۆسیالیزم بە شێوەیەکی بەرفراوان لە جیهاندا باو بوو. ئەوان عەلمانیەتیان نەخستە نێو مافی مرۆڤەوە، چونکە خۆیان پێویستیان بە ئایین هەبوو لە بەرامبەر “مەترسی سوور”دا لە وڵاتەکەی خۆیاندا. بێدەنگکردنی عەلمانیەت بەهەڵەدا چونێکی واتایی نەبوو، پێویستیان پێی نەبوو. ئۆردوگای ڕۆژئاوا پێویستی بە ئایین هەبوو. هەر ئەمڕۆ، دەبینیت بەڕێز ترەمپ دەچێت وێنەیەک بە کتێبی پیرۆزەوە – کە سەروبن گرویەتی بەدەستیەوە – وێنە دەگرێت بۆ ئەوەی خۆشیان بوویت. ئەمەمان بە چاوی خۆمان بینی. قسەی هەموویان” “God bless America “خوای گەورە ئەمریکا بەختەوەر بکات”. ئەم بەکارهێنانەی خودا و نیشتمان شتێکی جیهانیە.
لە سەرەتای ئەم دیدارەدا، یەکێک لە دۆستەکان، کە ویستی بە ئاڵاوە بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، پێی وتم بەڕێز تەقوایی، یەک خودا، یەک ئاڵا، یەک نیشتیمان، ڕاستە؟ وتم خودا قبوڵ ناکەم، خۆت حساب بۆ باقیەکەی تر بکە!
دەمەوێت بڵێم سیستەمێک هەیە، سیستەمێکی سیاسی پێشوەختە دیاریکراو هەیە بە هەمان ئایکۆنەکان، بە هەمان زاراوە، بە هەمان وشەی سەرەکی کە کاتێک دەڵێت دیموکراسی و مافی مرۆڤ، مانای لایەنگری حکومەتەکانی ڕۆژئاوایە! ئەمڕۆ مانای سیاسی ڕاستەقینەی ئەم وشانە ئەمەیە.
ئەگەر لە فەرهەنگەکەدا سەیر بکەیت، دیموکراسی واتە حوکمڕانی خەڵک. کاتێک کۆمەڵگا لە شۆڕشێکەوە سەرهەڵدەدات، هەمان تێڕوانینی بۆ ئازادی هەیە. بۆ نموونە دوای شۆڕشی ئەمریکا، “Bill of Rights””پرۆژە یاسای مافەکان” دەنووسرێت و ڕادەگەیەنرێت
” “Of the people, by the people, for the people”
لە گەلەوە، لەلایەن گەلەوە، بۆ گەل،
لە خەڵکەوە، لەلایەن خەڵکەوە، بۆ خەڵک. ناڵێت دیموکراسی، تەنانەت ناڵێ میللەتی ئەمریکی، دەڵێت خەڵک! دروشمی سەرەکی شۆڕشی قەرەنسا، ئازادی و یەکسانییە. ئازادی و یەکسانی مرۆڤەکان. کام شۆڕش لە جیهاندا ئایدیالی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بوو؟ بەڵام ئەمڕۆ بووەتە مۆدە. لە نێوان کێدا؟ لە نێوان ئەوانەی سەرەوە
بەڵام شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەسەر ئەمە نییە. ئەمە سەقفێکی کورتە. دەبێت خۆت بچەمێنیتەوە بۆ ئەوەی بچیتە ناو ئەم کونە. ئەگەر بەرز ڕاوەستیت، دەگەیتە ئاسمان، دەگەیتە ئازادی و یەکسانی. لە ئێران خەریکن دروشمی کورد بەلوچ ئازەری ئازادی و یەکسانی دەڵێنەوە. بەڵام بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو دەڵێن کورد جوداخوازە و دڵیان بۆ ئەو سەربازەی کە لە ڕوبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ بەلووچەکاندا کوژرا دەسوتێ. هەرکەسێک بڵێت لایەنگری حزبێکم لەکوردستاندا، بە جوداخوازێک تاوانبار دەکرێت. بەڵام خەڵکی ئێران ڕادەگەیەنن کورد بەلوچ ئازەری ئازادی و یەکسانی.
دۆستان ئەم شۆڕشە بەم کونەدا تێناپەڕێت! ئەم شۆڕشە لەم گۆڕەدا ناڕوات. ئەم شۆڕشە لە بەرامبەر سەد ساڵەی دیکتاتۆرییەتدا هەڵساوە. سەد ساڵە لەگەڵ “خودا شا نیشتیمان”دا ئەژدادی خەڵکیان دەرهێناوە. ئەم شۆڕشە خوای ناوێت، پاشای ناوێت، نیشتیمانی ناوێت. گوتاری دیموکراسی و مافی مرۆڤ هی ئەوانە. ئازادی و یەکسانیمان دەوێت. ئێمە ڕزگاریمان دەوێت. ئەمە شۆڕشێکی ژنانەیە. ئەیەوێتجیهان بگۆڕێت،ئەم شۆڕشە دەیەوێت جیهانێک سەرلەنوێ بنیات بنێتەوە لە مرۆڤی نوێ. دەتەوێت دیموکراسی و مافی مرۆڤێکم پێ بفرۆشیت، کە بێدەنگە لە بەرامبەر لەسێدارەدان و دەستوەردانی دین لە دەوڵەتدا؟ من نایکڕم! ئەو کلیلە لەگەڵ ئەم قوفڵەدا ناگونجێت. وەڵامی خەڵک ئەوانە نین. جیاکاری دەخەنە نێوان مرۆڤەکانەوە،کە خستویانە. وە ئێوەش ئەمە دەبینن.
بەشێوەیە نییە کە گوایە پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەگەڵ شۆڕش بوون. وا نەبوو. ئەمڕۆ شۆڕش بۆتە مۆدە. شۆڕش خۆی دەسەپێنێت.
کەسانێک هەبوون وەک حیزبی ئێمە کە چوار دەیە پێش ئێستا ئاڵای شۆڕشیان هەڵکرد. هێز هەبوون چوار دەیە لەمەوبەر دەیانگوت لێبوردن. گوتیان ڕژێم گۆڕین. ووتیان دروستکردنی قەیران لە سنوورەکان. گوتیان ڕیفراندۆم. ئەوان گوتیان دەستوور. چوون و لەگەڵ بزووتنەوەی وەنەوشەیی وێنەیان گرت. لەگەڵ بزووتنەوەی سەوز وێنەیان گرت. بەڵام کاتێک شۆڕش ڕوویدا، ئەوانیش لە شەوێکدا بوون بە “شۆڕشگێڕ”! پێویستی کاتە. ئەوان کەوتوونەتە ژێر فشاری شۆڕشگێڕانە. باشە ئەمە شۆڕشگێڕیی قەرزکراوە. ئەم جۆرە شۆڕشگێڕییە تەنیا دەتوانێت شۆڕشەکە پاشەکشە پێبکات و بیباتە دواوە. ئەم شۆڕشگێڕییە ستراتیژەکەی بریتییە لە گۆڕینی دۆخەکە بە کەمترین گۆڕانکاری. بە کەمترین گۆڕانکاری! ئەو دەیەوێت تا دەتوانێت زۆرترین لەسیستەمی هەبوو بهێڵێتەوە.
ئێوە ناوی ئەم هێزەتان نەهێناوە، با ناوی بهێنم: شاخوازەکانن. جاڕنامەی جۆرج تاون مەهسانەبوو، جاڕنامە بوو بۆ چەسپاندنی شۆڕش لە کۆریدۆرە تەسکەکانی دیپلۆماسی جیهانیدا. لەسەدا نەوەدی جاڕنامەکە سەبارەت بەم پەیماننامەیە و ئەو ڕێککەوتننامەیە و پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکانە. وەک ئەوەی خەڵک شۆڕشێکیان کرد بۆ ڕاگەیاندنی دڵسۆزی بۆ کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان! ئایا ساڵانی هەشتاکان شۆڕشێکی کردووە بۆ پەیوەست بوون بە کۆنوانسیۆن و پەیماننامەکانی نێوان حکومەتەکانەوە؟! ئەو پەیماننامانەی کە زۆربەیان دژی ئۆردوگای سۆڤیەت بوون؟ وە لە باشترین مافەکانی مرۆڤدا، بە هیچ شێوەیەک باس لە پرسە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگای ئێران نەکراوە؟
پاشایەتیخوازەکان بەڵێنی سیستەمێک بە خەڵک دەدەن کە نزیکەی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر هەربەم داواکارییەکانی ئەمڕۆیانەوە ڕووخاندیان. وە دواتریش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پشتگیری لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن.
دیموکراسی و مافی مرۆڤ سەرەڕای هەموو ئەو کەموکوڕی و ناتەواویانەی کە من ڕوونم کردۆتەوە، سەدان جار لە کۆماری ئیسلامی باشترە، بەڵام بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵک لە ئێستادا داواکاری زۆر پێشکەوتنخوازانەتری بەرزکردۆتەوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر کرێکاری مانگرتووی هەفت تەپە پێشنیاری ئیدارەی شورای کرد و زانکۆکان پێشوازییان لێکرد. ئەمڕۆش لە جاڕنامەی بیست ڕێکخراودا باس لە لێدانی هەر دەسەڵاتێکی سەرو خەڵکی دەکات. کۆمەڵگا، لە ١٠٠ تێپەڕیوەو تۆ بەڵێنی ٥٠ی پێ دەدەیت ؟! بەڵێنی پەرلەمانێک دەدەیت کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بینیمان چۆن کار دەکات؟ بەڵێ تورکیا لە کۆماری ئیسلامی باشترە، مەغریبیش باشترە، بەڵام ئەوە باس نەکرا. ئێمە شۆڕشێک ناکەین بۆ ئەوەی دۆخەکە کەمێک باشتر بکەین. ئەگەر کەمێک باشتریش بێت، وەک کشانی کورت دەگەڕێتەوە بۆ پلەی یەکەم. پەرلەمانتان هەیە. ڕەنگە ساڵێک یان دوو ساڵ بخایەنێت، بەڵام لە ساڵی سێیەمدا “ڕابەرێک” دەدۆزرێتەوە کە بە ناوی ڕێکوپێکی و ئاسایشی نەتەوەیی، یەکپارچەیی خاک و…، پەرلەمان دەکاتەدیوی دراوێک! ئەوان ئەم کارەیان کرد.
بەڵام ئەو هێزە ڕاستڕەوەی کە وتم پاشایەتییەکان بەشێکن لێی تەنانەت ئەم دیموکراسی و مافی مرۆڤیش قبوڵ ناکات. بۆ قبوڵ ناکات؟
سەیرکەن، یەکپارچەیی خاک بۆ دیموکراسی لیبڕاڵی ڕۆژئاوا تابۆ نییە. هەر لەم کەنەدا حزبی “پارتی کیوبیکوا” دوو ڕیفراندۆمی بۆ جیابوونەوەی هەرێمی کیوبیک ئەنجامداوە و زۆر جێی ڕێز و حورمەتە.لە چالاکی خۆی بەردەوامەو ئەندامی لە پەڕلەماندا هەیە لەوانەیە بۆ جاری سێهەمیش ڕیفراندۆم ئەنجام بداتەوەو کەسیش وەک خائین و وەک تێکشکێنەری هێڵی سووری سنوورەکان و ئەم پڕوپوچیانە هێرش ناکاتە سەری. ئەمە لیبرالیزمی ڕۆژئاوایە. ئەمە دیموکراسی ڕۆژئاوایە.
ئایا دەزانن دیموکراسی ڕۆژئاوا سوپا چۆن پێناسەی ناکات؟ هێزێکە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی وڵات لە بەرامبەر دوژمنی دەرەکیدا. لانی کەم ئەمە پێناسەی فەرمی سوپایە. بەڵام بڕۆ جاڕنامەی جۆرج تاون بخوێنەرەوە. ڕایگەیاندوە کە هێڵی سووری ئێمە یەکپارچەیی خاکە. وە ئەرکی سوپا – کە دەیەوێت بچێتە ناو بەشە تایبەتمەندەکەی سوپاوە – بۆ بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاک دیاری دەکات. واتە هەرکەسێک هێڵی سووری یەکپارچەیی خاک ببڕێت، من لەشکرکێشی لە دژ ئەنجام ئەدەم.واتە ئەو کارەی کە ڕەزا شا و محەممەد ڕەزا شا و کۆماری ئیسلامی کردیان.
ئەمە دیموکراسی نییە، لە تەنیشت لیبرالیزمی ڕۆژئاواوە ناوەستێت. لە تەنیشت فاشیستەکانی ڕۆژئاوا دا دەوستێت. ڕاستترین هێزەکانی ئێرە دەیانەوێت “پارتی کیوبیک” سەرببڕن . فاشیستەکانن! ئەو لایەنە لە ئێراندا ئیدیعای دیموکراسی دەکات و لە پاڵ فاشیستەکانی ڕۆژئاوادا وەستاوە. کاتێک دەڵێن ئەرکی سوپا بەرگریکردنە لە یەکپارچەیی خاک، ئەوە مانای ئەوەیە کە من دەمەوێت سوپا لە دژی کورد و بەلووچ ڕێکبخەم. ئەگەر کوردێک ڕێگە بەخۆی بدات و بڵێت من دەمەوێت جیاببمەوە لەبەر هەڵاواردنی نەتەوەیی، ئەوان شەڕی لەگەڵ دەکەن. تۆ دیموکرات نیت، تۆ فاشیستیت! بەپێی پێناسەی فەرهەنگی دیموکراسی، تۆ فاشیستی، و تەنها چەپ نییە لە ڕوانگەی منەوە. لەسەر بنەمای نەریتی لیبراڵ دیموکراسی ڕۆژئاوا، تۆ فاشیستی. ئازیزم تۆ هیچ پەیوەندیت بە دیموکراسیەوە نییە.
باسی مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام لە ڕستەی داهاتوودا دەڵێن باوکی مافی مرۆڤ کوروشی گەورە بووە! ئایا ئەمە بەرگریکردنە لە مافەکانی مرۆڤ یان بەرگریکردنە لە کوروشی گەورە؟! ئەوەی مافی مرۆڤ بە کوروشی حەخامەنشییە وە دەبەستێتەوە، بەرگری لە مافی مرۆڤ ناکات، ئیمپراتۆریەتێکی سەردەمی کۆیلایەتی گەورە دەکات. بۆچی کورد زمان مافی مرۆڤی ئێوە قبووڵ بکات؟ ئەو کوردانەی کە پەیوەندییان بە کوروشی حەخامەنشییەکانەوە نییە. کورد باوباپیرانی خۆی بە ماد دەزانێت. عەرەب زمانەکان لە ئێران ڕەچەڵەکی خۆیان دەگەڕێننەوە بۆ حەمورابی. پاشان دەتەوێت بە مافی مرۆڤی کۆرۆشی نوێنەرایەتی هەموو مرۆڤەکان بکەیت؟!
ئەم پێناسەیە بۆ مافەکانی مرۆڤ تەواوکەری هێڵی سووری یەکپارچەیی خاکە. هێڵێکی سور بەرامبەر هەموو غەیرە فارسەکان کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کوروشی گەورەوە نییە. شانازیی بە باوک و باوباپیرانەوە پێویستە لە کۆمەڵگا بە گشتی کۆبکرێنەوە، بەڵام کاتێک تیشک دەخەیتە سەر یەکێک، ئەوا دژی ئەوانی تر هاتوویت.
ئەمە تەنانەت ناسیۆنالیزمی ئێرانیش نییە، گەورەیخوازی فارسییە. لە ڕۆژئاوا ئەم بۆچوونە لە تەنیشت کەسێکی وەک ترەمپ دادەنرێت، کە پاشایەتیخوازەکان خۆیان بە ئاشکرا بەرگری لێدەکەن. ترەمپ ویستی مەکسیکییەکان لە ئەمریکا دەربکات. هەروەها دەڵێن هەرکەسێک بیەوێت جیاببێتەوە من لەگەڵ سوپادا دەچمە سەروکاری. ئێستا لە ئێران یەک هێزی جوداخوازمان نییە. کۆماری ئیسلامی وەک چۆن هەر یەکێک لە نەیارەکانی بە سیخوڕی ئیسرائیل ناودەبات، هەریەک لە نەیارەکانیشیان بە جوداخواز ناودەبەن. هەر ئەوەندە بەسە بۆ ئێوە بە زمانی کوردی ناڕەزایەتی دەرببڕن و بە “تۆمەتی” جوداخوازی دێنە لات، کە لە بنەڕەتدا تاوان نییە. وەک ئەوە وایە کەسێک لێرە بڵێت “ئەمە ئەندامی پارتی کیوبیکوایە، دەستگیری بکە”! بە پێوەرەکانی کەمڕەنگترین لیبرالیزمی ڕۆژئاوایی، ئەمە فاشیزمی گەورەییخوازە.
لە مانگەکانی یەکەمی شۆڕشدا هێزێکی لەو شێوەیە دەچێتە پشت ستاندەکانەوە و بانگەشەی یەکڕیزی دەکات، وەک حکومەتەکان و میدیاکان باسی دەکەن. وە بینیمان کارەکانیان بۆ کوێ ڕۆیشت. کاتێک جاڕنامەی جۆرج تاون بڵاوکرایەوە و ڕەزا پەهلەوی هەمووانی بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی سواری پاسەکەی بن، بابەتێک لەژێر ناوی پاسێک بۆ دۆڵەکەدا نوسی. ئێستا پاسێک لە دۆڵەکەدا نییە. بوو بەدوکەڵ و و چووە هەوا. ئەوان لەگەڵ خراپترین قێزەونەکان کۆبوونەتەوە. ئەوانەی لە جۆرج تاون لە دەوری مێزێک دانیشتبوون، توندترین هێرشیان کرایە سەر لەلایەن شاخوازەکانەوە. سەیر بکەن شەعبانە بێ مۆخەکانیان چییان کردووە. لە سۆشیال میدیا و لەسەر شەقامی شارەکانی دەرەوەدا.
پرسیاری من بۆ شاپەراک شەجەریزادە (کەقسەکەرێکی تری پانێڵەکەیە) ئەوەیە، بۆچی ئەم دۆخە دەگەڕێننەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن؟ ئایا ئۆپۆزسیۆن تەنها ئەمانەن؟ لقێکی تری ئۆپۆزسیۆن هەیە کە لە هەمان کاتدا لەگەڵ جۆرج تاون، خەڵکی ئاگادار کردەوە کە وریا بن، ئەم پاسە بەرەو بنی دۆڵەکە دەڕوات. ئەم وەشانەی دابەشکراوە. جاڕنامەکە کە ئەرکی سوپا بۆ ڕێگریکردن لە “جیاخوازی” دیاری دەکات و لەبری ئازادی و تەنانەت لەبری دیموکراسییە گوماناوییەکەی پەنا بۆ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ببات، زیاتر دیپلۆماتکارێکە کە خۆی لەگەڵ حکومەتدا تێکەڵ کردووە. ئەگەر دەتەوێت وەک حکومەت قسە بکەیت، پێویستە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵێیت عەلمانیەت و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بخەنە ناو مافەکانی مرۆڤەوە کە پەیوەندییان بە خەباتەکانی کۆمەڵگای ئێرانەوە هەیە. ئەوان هیچ ناڵێن، مافی مرۆڤی هەنووکەیی لەگەڵ گەورەییخوازی فارسدا تێکەڵ دەکەن و دەیکەن بە ئاڵای ترەمپ و ترامپگەرایی لە ئێراندا!
خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە ئایا کێشەی ئێران تەنها پەیوەندی بە مافی مرۆڤ و دیموکراسیەوە هەیە؟ ئەی گرانی و تسونامی و هەڵاوسان چی؟ هەژاری چییە؟ مووچەی یەک لەسەر پێنجی هێڵی هەژاری چەندە؟ ئەی منداڵانی کار و سەرشەقام؟ ئەی زبڵ کۆکەرەوەکان؟ ئەرکی ئەمانە چی دەبێت؟ مافی مرۆڤ هیچ لەبارەی بارودۆخی ئابووری و ژیانەوە ناڵێت. هیچ لەبارەی دیتەرمینیزمی ئابوورییەوە ناڵێت. هیچ لەبارەی ئەو کەلێنە قووڵەی نێوان هەژاری و سامان، لە نێوان “مافی فەلەکی و نەهامەتی گشتی”دا ناڵێت. هیچ شتێک ناڵێت کوڕی ملیاردێر دەتوانێ بۆ دە نەوەی داهاتوو بخوات و بخەوێت، کوڕی کرێکارێکی بێ دبلۆم دەبێت بچێتە بازاڕی کار و دوو شفت کار بکات و هێشتا هەشتیشی بە نۆ نەبێت.
ئایا دەزانن خۆپاراستنی ئابووری لەو وڵاتەدا مانای چییە؟ خۆپارێزی پرسێکی جیهانییە، سیاسەتی بانکی نێودەوڵەتییە. گریمان شۆڕشێک لە ئێران ڕوویدا و حکومەتێک لە ژێر ئاڵای دیموکراسی و مافی مرۆڤ هاتە سەر کار. دامەزراوەکانی سەرمایەی جیهانی دەڵێن ئەگەر دەتەوێت ئابوورییەکەت دەست پێ بکات، ئەوا نوسخەی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکە. وەک چۆن بە فەرەنسا و ئینگلتەرا و ئەوانی تریان وتووە. بەڵام ئێران نابێتە فەڕەنسا. لە فەرەنسا بۆ جێبەجێکردنی خۆپارێزی ئابووری دەبێت دەستکەوتەکانی چینی کرێکار وەربگرنەوە. لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا کرێکاران و جەماوەری خەڵک بە نەریتی دیموکراسی ڕۆژئاوا شۆڕشیان کردووە و خەباتیان کردووە و دەستکەوتی وەک بیمەی بێکاری و خزمەتگوزاریی خۆشگوزەرانی و …هتدیان هەیە. سیاسەتی خۆپاراستنی ئابووری لە ڕۆژئاوا بە واتای وەرگرتنەوەی ئەم دەستکەوتانە دێت. بیمەکان دەشکێنن، تەمەنی خانەنشینی وەک لە فەرەنسا بەرز دەکەنەوە و هتد. پشتێنەکان توند دەکرێنەوە و ئەمەش بە واتای خۆپارێزی ئابووری لە ڕۆژئاوا دێت. بەڵام لە ئێراندا لە ئێستادا کەمەر بە پشتەوە بەستراوەتەوە. پێویست بە توندکردنەوە ناکات! بۆیە دەبێت لە بیکوتیتەوە . دەبێت بیکوتیتەوە گرنگ نییە لەسەر کاغەز سوێند بە دیموکراسی بخۆیت. کرێکارێک کە هەڵدەستێت و دەڵێت خۆپارێزی ئابووری قبوڵ ناکەم، پێویستە لێی بدرێت چونکە سەرمایەی ناوخۆیی و دەرەکی لەوێ کار بکات و قازانج بکات. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە لە ئێراندا دیکتاتۆری دوای دیکتاتۆریەتمان هەیە. لە ڕووی بەرهەمهێنانی کارەوە، لە ڕووی ئاستی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنانەوە، لە ڕووی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی چینی کرێکارەوە، لە ڕووی کەڵەکەبوونی سەرمایە، کۆمەڵگای ئێران لە بنی هێڵدایە. ئەم کۆمەڵگایە بە دیموکراسی چارەسەر نابێت. نەک ئەوەی دیموکراسی بێت، هەژاری بمێنێتەوە. دیموکراسیش نایەت. چونکە ئەو بەرهەمهێنانە لە ئێراندا بەو ئاستە هێزی بەرهەمهێنەرەوە و بەو ئاستە گەشەسەندنی سەرمایەداری جیهانی دووسەد و سێ سەد ساڵ لەدوای ڕۆژئاوایە. خۆپاراستنی ئابووری، ئەگەر لە ڕۆژئاوا بە مانای بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و لێدان لە بیمەی کۆمەڵایەتیەکان بێت، لە ئێراندا بە مانای بڕینی تۆزی چینی کرێکار دێت. چونکە بیمەی کۆمەڵایەتی نییە. چونکە لە ئێستادا تەمەنی خانەنشینی زۆرە. بۆیە پێویستە لێدان و کوتین ئەنجام بدەیت و مافی سەندیکای کرێکاری و مافی ڕێکخستن و حزبایەتی و مافی ناڕەزایەتی بە کرێکاران نەدەن و ئەگەر دەتەوێت دەمی کرێکارەکە دابخەیت، ئەوا پێویستە دەمی نووسەرانیش دابخەیت، دەمی ڕۆشنبیران و خوێندکاران دابخەن. چونکە ناتوانرێت بەشێکی کۆمەڵگا بچەوسێنرێتەوە و بەشەکەی تریشی ئازادە بێت. بۆ ئەوەی لە چینی کرێکار ڕزگارت بێت، دەبێت دیکتاتۆریەتێک بەسەر هەموو کۆمەڵگادا بسەپێنی.
دوا قسەم ئەوەیە کە خۆشەویستان منیش هەروەها پێم وایە شۆڕش لە ئێران بەردەوامە، من پێم وایە ئەم شۆڕشە ڕێنێسانسێکی دژە ئایینییە. ڕێنێسانسێکی دژە دەسەڵاتە. هەر جۆرە دەسەڵاتێک. بزووتنەوەیەک دژی تابۆیە. نەک هەر تابۆی ئایینی بەڵکو تابۆی ئەخلاقی، تابۆی سێکسی، تابۆی نەتەوەیی-نیشتمانی، بەم تابۆ و شتە پیرۆزانە سەد ساڵە مرۆڤ دەکوژن. ئەم شۆڕشە دژی “خودا شا نیشتیمان”ە. سێ تابۆی پیرۆز کە ساڵانێکە خوێنی خەڵکی ئێرانیان کردۆتە شوشەوە. ئەم شۆڕشە بۆ ئازادی و یەکسانییە. بێ یەکسانی هیچ ئازادییەکمان نییە. ئەگەر ڕێگری ئابووری ناچارت بکات هەفتەی ٨٠ کاتژمێر کار بکەیت، دوو شفت و سێ شفت، ناتوانیت هەناسە بدەیت، ناتوانیت چێژ لە هونەر وەربگریت، ناتوانیت سەفەر بکەیت و ناتوانیت وەک مرۆڤ بژیت. ئێمە بە زۆرەملی ئابووری ئازادیمان نییە.
شۆڕشی ئێران لەسەر ئەوانەیە یان ئێمە دەمانەوێت لەسەر ئەمانە بێت. با بڵێین شۆڕشی ئێران لەسەر هەموو ئەمانە دامەزراوە و هەوڵی ئەوە دەدەین بیکەین بە واقیعی. ئەمە کاری حزبەکانە و حزبی ئێمەش دەیەوێت ئەمە بکات. ئەمە پلانەکەیەتی، ئەمە ئامانجەکەیەتی. ڕێگە نادەین بەناوی شۆڕشەوە، بەناوی یەکڕیزی خەڵکەوە، لە نێوان کورد و بەلوچ و ئازەری و فارسدا دابەشبوون بکەن. وە بەناوی مافی مرۆڤەوە با گەورەیخوازی فارس تێپەڕێنن. با ژن ژیان پەهلەوی بڵێن. خەڵک دروشمیان دەدا، هەموومان پێکەوەین، شاهانە دروشمیان دەدا، ئێمە لەگەڵ پاشاین، لەگەڵ پاشا دەمێنینەوە. هەمان هاشتاگی دوو هەفتە لەمەوبەر لە وەڵامی ” دژی لەسێدارە هەموومان پێکەوەین” بڵاویان کردەوە. ئەمانە چەقۆکێشەکانی شۆڕشن.
سروشتییە کاتێک سەیری ئەمانە دەکەیت نائومێد دەبیت. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن ئاوا بوایە، دەچووم و خۆمم دەکوشت. بەڵام ئۆپۆزسیۆن وەک یەک نییە.
ئەم شەڕە شەڕێکی ترە. ئایا دەزانن ئاڵای ئێران چییە؟ جاڕنامەی بیست ڕێکخراو. جاڕنامەی ١٢ مادەی بیست سەندیکا و ڕێکخراوی مەدەنی. بڕۆ بیخوێنەوە ئاڵای شۆڕشی ئێرانە. بڕۆ جاڕنامەی دادخوازی پێشکەوتنخوازانەی ژنانی ئێران بخوێنەرەوە، ئاڵای شۆڕشی ئێرانە. بڕۆ جاڕنامەی دادخوازان بخوێنەرەوە کە دوو هەفتە لەمەوبەر لەدژی ئەو لەسێدارەدانانەی واژۆی ٨٢ دایک و کەسوکاری قوربانیانی کۆماری ئیسلامی لە شەستەکانەوە تا ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە. ئەمانە زمانی شۆڕشی ئێرانن.
ئه م شۆڕشه هه ڵسوڕاوانی خۆی هه یه ، ڕێکخراوی خۆی هه یه ، جاڕنامەی خۆی هه یه ، شۆڕش پاڵاوته وه . ڕاست لە هەڵە جیا دەکرێتەوە. نزیکەی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر ڕوون بوو کە بزووتنەوەی وەحدەت ناگاتە هیچ شوێنێک و نەگەیشتە هیچ شوێنێک و شکستی هێنا. ئەوانەی هیوایان بەم شتە هەبووە، بێ هیوا دەبن، بەڵام نەدەبوو هەر لەسەرەتاوە هیوایان هەبێت. من هەمیشە وتوومە ئەوانەی بەڵێنی ڕابردوو بە خەڵک دەدەن هیچ داهاتوویەکیان نییە. وە ئەمڕۆش ڕوون بووەتەوە.

حامید تەقوایی
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ٨ی تیری ١٤٠٢




فاکسە شیعرێک بۆ شەهیدی نەمر (ئاسۆی دەلاک).. سەلاح جەلال

ئێرە کوێیە؟! ئەوێ کوێ بو؟!
ئەم هێمایانە لەسڕینەوەی بونەوە رەنگ کراون
فەزا شێوەی ساوای گۆڕستانی تۆفانێکە
زەمەن بون و ناونیشانی ونکردووە؟
لەچی نەفخێکایە گەردون ؟
دەست و پەنجە هەوری هەتاییان پێکهێناوە
ئێرەو ئەوێ بانگەشەی گریەو گڕوگاڵە
موروی ئاوداری وێنەو روخسارو مۆرەغەیە
ئێرەو ئەوێ دەیان سەدەی چرکەییە
پانۆرامای فیلمێکە سەدان هەوری تیا گڕاوە
ئەو ساتەیە بورکانەکان تەقینەوە
ئەستێرە رەشە رەمزی مەرگی ناکاتی گرتەوە..


هاتین هاتین ئێرەو ئەوێ ناونیشانی ئەوانە بو
ئێستاو سبەی شقارتەیەکی ئەتۆمی بون
درەخت بە رۆحەوە گەڵای دەگرت
بەدەم گەردەلولی زەمەنەوە پیت پیت هات و
لەجوگرافیای شارە هەنگی گەردونەوە
خوێن و عارەق و فرمێسک و تێکەڵاو بون
بەشارای هەزارەها جەستەی سور پۆش
ناوی یەکیتیان مۆر کرد


هاتین لەخەڵوزانی کەوتنە خوارەوەی ئەستێرەوە
بەسیبریای شەوەزەنگی زەمەنەوە کەوتینە رێَ
ئێرەو ئەوێ زمانی دڵدارانی خۆڵەمێش بو
ئێسک و پروسک بون بە بێزمانی بون و نەبون
لەسەر تاشەبەرد و کانی و لوتکە بون بەدەنگێک
مۆسیقای(کوردوستان) یان خستە لێدان


هاتین هاتین لەو زەمەنەی با رەمزی دڵداری بو
فەزا بەبونی مەرگەوە عیشقی پەپولەی دەکێشا
هەزاران شەو شەوێک بونە هێلکە
وێنەی بونیان بۆ رێی مەرگەسات رەنگ دەکرد
مەل و دڵدار بەشەپۆلی گەردەلولەوە کەوتنە سەر کۆج
خۆڵ و جەستە بون بەکافرۆشی گەردون
فەزا بە ئەتۆمی هەناسەوە تابلۆی مردنی دەکێشا


هاتین لەسەفەرێک ئەفسانەی بونمان شتەوە
سروشت بەتەنافی تەرمی باوە ئاواڵە بو
دەسرازەو گەلای مەرگ نیشانە بون
ئاسمانی بون بەخوێن چڕان شەفەقی گرت
رۆح دۆژە تونێلی بونی دەبڕی
لقو چڵی درەخت بەبانگەشە سەوز ببون..
بەگەڵاوە دۆڵ و دەشت و کۆڵانی شاریان پڕدەکرد :
شۆڕشی نوێ بێشکەی کۆرپەڵەی رادەژەند !!


هاتین هاتین لەجێماوەو رەمزو نیشانەی بێ زمانی
تا زمانێک لەسڕینەوە وەربگرین
تەن و مادەو ئاماژەو بون خۆڵەمێش بون
رۆژو شەوو چرکە بە مەرگەسات گرێ دەدرا
خۆر لەسپێدەو ئاوابونا تێکەڵ ببو
زمانمان گەڵای سەوزی یەکێتی بو
حەرف و وشەیش نیشتمانی کوردستان بو


هاتین هاتین لەتونێلی هەزار شەوە
بۆ زمانێک لە خۆڵەمێشی ئەوو ئەوانەوە
لەجێماوەی هەمو سەراب و وێنەیەک
لەکوژاوەی هەمو هەناسەو جەستەیەک
گەردەلولی مێژوی بونمان لەتونێلەکانا بڕی
تا رۆمانی شیرە خۆرەی شیمیا باران لە چاپ بدەین


هاتین..هاتین لە رۆژگاری قفڵە بونا..
زمەن بەگڕی رۆح ئەڵقە دەدراو!!
تیشکی ئەتۆم جەستەو زمانی دەپۆشی
هەتاو لەژێر هەوری مەرگەوە دەردەکەوت
وڵات پۆپەشمینی رۆحبارانی لەخۆ دەگرت
هەمو تەن و مادەو بونێک دەتوایەوە
رەگ و شوێنەوار و ناوو نیشان
روپۆی فەزا ببوە سنوری ناکاتە
چاو بەروانین کوێر دەبووەوەو
هەناسەیش لەژیانەوە دەکوژایەوە
دایک بەکۆرپە نامۆ بو
کۆرپە بۆنی دایکی بە خەردەلەوە دەدیەوە
زمان لەبورکانی وشەی مەرگا بو بەمێژو
رەمزی ئەوان زەمەنی لە نازەمەنا نوسیەوە


هاتین هاتین لەو رۆژگارە ئەفسونیەوە
بۆ خۆڵە پەتانێی گزنک
پیتی ناومان بە توێخە پێ بەردی سەرە رێی مۆر دەکرد
ئێسک بە ژەنگی بزمارەوە ببووە بورجێکی ناوەختە
جەستە بە تیزابەوە یاقیق دەبو
ژەنگە بزماری سەر ئێسک کوژاوەکانی نوسییەوە
هەزارەها تاشەبەردی رەنگە مێشک
ملوێنەها دەست و پەنجەو و مۆرەغە و چاو
بەئاپورای مەلی تراژیدیا زمانیان گرت:
رۆمانی بون لەتاریکخانەی مەرگەوە بو بە وێنە
بەدرەختی مۆرەغەوە گەلای گزنگ لەچاپ درا
وێنەی پۆلێک پێشمەرگەی سیبریا بون


هاتین هاتین لەدارستانی رۆحەوە زمانمان گرت
حەرف و وشە لەتوانەوەو مەرگەساتا نیشانە بون
زمان لەمەرگەوە نوسرا:
زەریای وێنە روخساری بەر تەلێکسی شۆریەوە
ساتەوەختێکی ناوەختە زەمەنی گۆڕی بەتەلێکس
قەسابخانەی کارەبایی جەستەمی گرت
کەلەبچەکەم بو بە مقەستی مێژوبڕ
زەریای روانینی کردەوە:
دەستم بەگۆچانەکەی مام جەلالەوە مۆمیا بو..
بەبانگەشە هەمو گوێیەکی پڕ دەکرد:
تێکۆشەران بۆ رزگاری گیان بەخت کەن.
چاوم لێ بو وێنەی تۆفانی وەک جاران دەگرتەوە
لەقەندیلەوە بریسکەی دا
بەرۆحی هەزارەهاوە موتوربە بو
بەدەشت و کێوو سارایا تۆوچەن کرا
بو بە هەزارەها داری سێوو سیدرەو زەیتون


فەزا لە هەورێکی ئەفسانەیی بو بە چیا
بو بەدەشتێک لە تۆوی روحی هەڵوەریو
پێشمەرگەی شاخ زمانی هەنگیان داهێنا
داستانی ئەلیازەو هۆمیرۆسیان دەنوسییەوە
پەتی سێدارەم پەلکە زێڕینەی زەمەنی گرت
گیانم بەقەندیلەوە مۆمیا بو
رۆح و جەستە بەگڕی فڕۆکە دەسوتان
ئەوە جەستەی شەهیدێک بو
ئەوەیش هۆمیرۆسێکە لەناو گۆڕەپانی شارا
مێشکی بەزرێپۆشەوە رەنگ بووە


ئێرەو ئەوێ بون بە مۆسیقای گەردونی
رۆحم بوبە موتوربەی هاوارو دەنگ
روانین لەلوتکەی نەمرانەوە هەڵدەفڕی:
گوێم بەئێزگەی دەنگی کودستان سیواخ درا
هۆرەو بانگەشەی دواهەناسە فەزای پۆشی
جەللادەکان لە شەپۆلی گریەو ئەسرینا دەتوانەوە
پەتی سێدارەم بو بە یاقیق و مرواری
لەگەڵ دوا ساتی جیڤارا رۆحم تەریبی مەرگ کرد
ئەوە غاندی و ماندێلا بون سڵاویان کرد
تابوتەکەم بە خۆرێکی ناوەختەوە رەنگاڵە بو
ئاوێنەی مەرگ پیت پیت نوسی
ئا س ۆ ی دە لا ک


ئەو ساتە بو مێژو گێژاوێکی لە پشتە مێژووەوە هێنا
هەناسەی با هەوری یەکێتی رەنگاڵە کرد
فۆتۆی تێزابی سەرجەستەم هەڵدەکفاو
بون بە زەریای تاریکخانەی سەدان فیلمی گەردەلول
جامانەکەم پێشمەرگایەتی مۆرکردو
رەنگو روانین بو بە چیایەکی سەوز…..
لەناو فەزای رۆح چڕانا
خوێنی مێژو رەنگاڵە بو
لە زێر تیزابی شۆڕشدا توایەوەو
لەگەڵ سەدان جەستەی تەریوی رێبەندان
وەک کەفی رۆح شورای رۆحبارانیان سازاند
بۆ یەکیتی نیشتیمانی بون بە هەورو
لەقەندیل و جافایەتی و خاکی توانەوە رۆحا
لەتۆو بارانی شۆڕشەوە بون بە مۆمدان
مۆمدان بو بە گزنگێکی خۆکرد
بەرۆمانی وێنەییەوە جوگرافیای گرت
ئێرەو ئەوێ بون بە تاریکخانەی وێنە
وێنەی من و هەزارەها گەڵای بەربای
لەگزنگی نەخشەی بونی نەتەوەیا شۆرییەوە

سەلاح جەلال

—————————————

بەشێکی لەرۆژنامەی کوردستانی نوێ پاشکۆی ئەدەب و هونەر ژمارە 7580 لە رۆژی پێنج شەمە 26/5/2018دا بلاوبۆتەوە. هەردو بەشەکەی لەکوفاری دیوان ژمارە 25 لە 26/6/2023 دا بلاوبۆتەوە.




شیعر/ ئێوارانە 40 .. سەردار جاف

ئەم ئێوارە
فڕينی خەياڵ بەفرە بارينێکە لە هاوين
شێتێ لە من دەچێ
ئەمێستاکە
ژوان چەترێکی نەکراوەيە
چاوەنواڕی سيمامانی گەمارۆ داوە
لەو ديو جامی کافييەکەوە
شێتێ لە سۆراغمە
نۆبەرەی ژوانە
پەتو دەبێتە تابلۆيەکی جاڕدان
پەنجەکانی بۆ ئەڵقەبەندييەکە گوژم دەخوا
فێری درۆکانی ئيشق نەبووين
دەرزييەک کراسی يەک نيگاييمان دەدوورێتەوە
بينایی لە نێو تابووتی چاويلکە مەڵاس دراوە
سانا رێڕەوييەک
جوانی بە مێزی قاوە خواردنەوەکە داوە
شەرم دەمگرێ بڵێم لە خۆم دەچـم
بوومە دێوانەيەک و
شێتەکەی بەر جامخانەی کافييەکە منم من
شەهلا تۆ هێشتان نەتديوم
پەتووەکەم بووە بە باليفێک و لە بن هەنگڵم ناوە
سڵم لێ مەکەوە
چاوەکان زيت نەبنەوە
بە فريشتەیی خۆتەوە رووم لێ بنێ
من هەر دەنگە شلوێکەی جاران و
يەکەم رۆژی جەنگەڵم ناوە
بەو شێت بوونييەی خۆمەوە چاوم تێ بڕيوی
چاو ناتروکێنم
تۆ لەو ديو شوشەکەوە دەبينم
يەکەم ژوان خەرابستانێ خوڵقا
دەممان بە ماچەکان ناگا و شێت بوون سڕی کردووين
دووخەياڵدانی جوايەز
ئەوە لە پشتەوە قژە سوورە ئاگرينەکەت دەبينم
من دەتناسمەوە
تا نها مرۆڤێکين خێر لە خۆ نەديوو
سروشێکی خودایی بووی
لە مەملەکەتی پەژمووردەييەوە هەڵهاتووم
لە نيشتيمانی مەمکەکانت دەگيرسێمەوە
خۆم لەدێر بە دێری ئەو کتێبە پيرۆزانە نووسييەوە
پەيامی نێردەی ئيشقێکی خوداییم
نە گوتراوە نە جاڕ دراوە
خەياڵەکانم هەر دێن و
بە بەر نيگای ئەو شێتەی تر رادەبوورێ کە منم
ترپەيەکی نەرم نەرم
با لە خەياڵی نە ترازێ
تا دەگەمە بەر باڵاو خۆ بە سينەيەوە دەلکێنم
ئیتر بڵێ ئەمە چ ئافاتێکە
ئەی پێم نەوتی من فرياد رەسم
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

١٥ / ٦ / ٢٠٢٣




جاشکەکە دەبێتەوە بە کەرەکەی جاران.. شەماڵ بارەوانی

دەڵێن جاران کوێخایەک هەبوو ناوی(کەرۆ)بوو. ئەو ناوە ببوو بە هۆی ئیحراجی و بێزارییەکی زۆر بۆ جەنابی کوێخا.
کوێخا نەیدەزانی چۆن و بە چی ڕێگایەک ئەو ناوە نەفرەتی و ناشیرینە لەخۆی بکاتەوە.
تا ڕۆژێک خزمەتکارێکی پێی گوت: گەورەم، من ڕێگایەکی زۆرباشم دۆزیتەوە تا ئەو ناوە بەڵایەت لەسەر لابەرین.
کوێخا لەخۆشییان شاگەشکەبوو و گوتی: چۆن؟
خزمەتکارەکە گوتی: مەپرسە، تۆ یەک شتم بۆ بکە و خەمی هیچت نەبێت.
هەموو ئاوایی و مەملەکەتم بۆ کۆبکەوە و دەعوەتێکی باشیان بکە، ئەوەی تر عایدی خۆم.
لە ڕۆژی دیاریکراودا هەرچی عێڵ و عەشیرەت و ڕیشسپی و پیاوماقووڵان و خەڵکی ئاوایی و مەملەکەت هەبوو، هەموویانی کۆکردەوە و لەسەر ئەرکی کوێخا، زیافەتێکی چاکیان کردن.
ئینجا خزمەتکاری کوێخا هەڵساوە و گوتی: خەڵکینە، یاخوا عافیەتتان بێت و گۆشتی پێ بگرن.
شتێک هەیه دەمانەوێ بەناوی گەورەم کوێخاوە پێتانی ڕابگەیەنم.
بڕیارمان داوە ناوی کوێخامان لە(کەرۆ)وە بۆناوێکی تر بگۆڕین.
جا یارمەتیمان بدەن و هەریەکە و ناوێکی جوانتر و گونجاوترمان بۆ پێشنیازکەن.
یەکێک گوتی ئەمە و یەکێ تر گوتی نەوەلڵا ئەوە خۆشترە.
ئەوڕۆژە زۆر ناو پێشنیازکران وەک ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوە بۆ ناوەکەی جەنابی کوێخا.
جەنابی کوێخا هیچیانی نەچوو بەدڵەوە.
ئاخرییەکەی خزمەتکارەکە گوتی: ئێستا نۆرەی منە ناوێکی شایستە و جوان بۆ گەورەم بدۆزمەوە.
گوتی: بەڕێزان، من ناوێکی زۆرباشم دۆزیتەوە و پێم باشە ناوی گەورەم لە(کەرۆ)وە بکەین به(جاشکۆ).
هەمووان گوتیان: ئەی ئافەرین، وەلڵاهی ناوێکی زۆر خۆش و گونجاو و جوانە.
هەمووان ڕێککەوتن کە ناوی کوێخاکەرۆ بکەن بە جاشکۆ.
پیاوێک دەستی بەرزکردەوە. کوێخا گوتی: فەرموو قسەیەکت هەبوو؟
گوتی: ئەزبەنی، ئەو جاشکە ماوەیەکی تر گەورە دەبێت و دەبێتەوە بە کەرەکەی جاران!
مەسەلەی پشتگیریکردن و ڕێگەبۆخۆشکردنی سەلەفیزمیش وەک جێگرەوە( ئەلتەرناتیڤ)ی ئیسلامی سیاسی و لێدانێک لە ئیسلامی سیاسی، هەمان شێوەی ئەو چیرۆکەیە و لە داهاتوودا ئەو (جاشکۆ) سەلەفییەیە گەورە دەبێت و دەبێتەوە بە هەمان کەرەکە (ئیسلامی سیاسی و ئیخوانی جاران) و وەک چۆن لە میسر و ئوردن و لیبیا و کوێت و شوێنانی تر لە دژی پەتای ئیسلامی سیاسی و ئیخوانییەت، سەلەفییەکان پشتگیری کران و بەکارهێنران. گوترا ئەوانە سیاسەت ناکەن و حیزب دروست ناکەن و مەترسییان لەسەر کورسی و دەسەڵات نییە. بینیمان کاتی ئەو پاییزەی کە بەهەڵە پێی گوترا: بەهاری عەرەبی! چۆن هاتنە ناوسیاسەت و دەیان حیزبیان دروست کرد و ئەوجارە نەک تەنها لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و کولتووری و فەرهەنگییەوە چی داخرانێک و کارەساتێک و تاکێکی تاکڕەهەند و تۆتالیتاریان دروست کرد و بوون به مەترسی لەسەر چەمکی پێکەوەژیان و فرەیی و یەکترقبووڵکردن. بەڵکو ڕۆیشتنە ناو پەڕلەمان و لەوێ جارێکی تر بوون بە بەڵا و کارەساتێکی گەورەتر لە دژی هەرپڕۆژەیەک کە بۆنی مۆدێرنێتە و یەکسانی جێندەر و ئازادییەکانی تاکی لێبێت و شەڕی گەورەیان لەپێناو فرەژنی و چەسپاندنی بیروباوەڕ و ئیدەلۆجیاکەیان لەوێوە دەستپێکرد.
ماوەتەوە بڵێم: لێدان لە ئیسلامی سیاسی لەڕێگای سەلەفییەتی دینییەوە، هەڵەیەکی ستراتیجی و گێلایەتییەکی زۆرگەورەیە و لە هەمان کاتدا نەزانی و نەخوێندنەوە و تێنەگەیشنە لەو دوو ڕەوتەی کە ئەگەر لە فرتوفێل و شێواز و تاکتیک و گوتار، دیسکۆرس(discurrere)یش جیاوازبن، لە حەقیقەتدا هەردووکیان دوو ڕووی یەک دراون و داعشی بێ چەکن.
ئەوە ئێستا وادەبینن لەسایەی بوون و هەژموونی ئەو دوو هێزەکۆنخوازە، چۆن فیکری داعشگەرێتی خزاوەتەوە هەموو کونج و کەلەبەرێکی ئەم وڵاتە.
بەدڵنیاییەوە بەرلەوەی تاوانبار و هۆکاری سەرەکی(ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەتی دینی)بن، ئەو بەرپرس و لایەن و کەسانەن کە چاوپۆشی لەو دوو هێزه دەکەن، بە تایبەتی سەلەفییەتی دینی.
ئەو دوو هێزه تاریکبیرەی کە دوو گەورەترین مەترسی و هەڕەشەن لەسەر ئێستا و ئاییندەی کۆمەڵ و مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان و فرەیی و یەکتری قبووڵکردن.
ئەگەر زوو پێشیان پێ نەگیرێت و سنووریان بۆ دانەنرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەساتی زۆر گەورەتر بەڕێوەیە.




رۆژنامەی دەنگی کرێکار.. ژمارە ٤٧

بۆ خوێندنەوەی ئەم ژمارەیە کلیکی ئێرەبکەن..




یەکەمی سەر ئاستی هەرێم لەچی؟.. لەتیف ئەمین

یەکێک لە ئامانجەسەرەکییەکانى پرۆسەى پەروەردە، فێربوونە، پێگەیاندن و ئامادەکردنى قوتابى بیرکەرەوە و هزرمەندە. ئەرکی سیستەمی پەروەردە ئەوەیە، کە قوتابییەک پێبگەیەنێت، خاوەن عەقڵێکی کراوە و بیرکردنەوەیەکی ڕۆشن بێت و توانای ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم کۆمەڵگە و ژیانی هەبێت. پەروەردەی باش و پێشکەوتوو ئەو پەروەردەیەیە، کە مرۆڤ فێری بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و تێڕامان بکات، مرۆڤێک ساز و ئامادە بکات، کە عەقڵێکی کراوەی هەبێ و مرۆڤ لە چەقبەستوویی و داخران و دواکەوتوویی ڕزگار بکات. باشترین پەروەردە و سیستەمی فێرکاری ئەوەیە، کە قوتابی فێری پرسیار و گەڕان و گومان و لێکۆڵینەوە و بنکۆڵکاری بکات.
دەرچوون و پەڕینەوە لە پۆلێکەوە بۆ پۆلێکى تر و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى تر، بەبێ فێربوون و تێگەیشتن، دوورە لە ئامانج و پرەنسیپەکانى پەروەردە. دەرچوونى لەم چەشنە، جگە لە تەمبەڵکردنی قوتابی، لە ئاییندەدا کێشە و گرفتى گەورە بەدواى خۆیدا دێنێت. هەموو کاتێ بەدەستهێنانى بڕوانامەى بەرز و باڵا و گەیشتن بە کۆتا قۆناغەکانى خوێندن، بە ماناى سەرکەوتن و پێشکەوتن نایەت، بەماناى زیرەکى و ئاستبەرزى نایەت. ئێمە دەبێ سەیرى بەرهەم و ئەنجام و دەستکەوتەکانى ئەم دەرچوون و بڕوانامە و خوێندنانە بکەین، داخۆ هیچ سوود و قازانجیان بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتى هەیە؟ دەبێ بپرسین، هەڵگرانى ئەم بڕوانامانە توانیویانە کێشە ئابوورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و تەندروستى و پیشەسازى و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگەکەی خۆیان چارەسەر بکەن؟
ساڵانە هەزاران قوتابی لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەبنەوە بەهۆی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، نەوەک نمرەی بەرز بەدەست نەهێنن و لە کۆلێژەکان وەرنەگیرێن. لە کۆلێژەکانیش هەموو چاویان لە پزیشکییە! خێزانەکانیش تووشی ترس و تازیەباری دەبن. لەکۆتاییدا و لەکاتی ئاشکراکردنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکان، هەزاران قوتابی بێئومێد دەبن و تووشی لۆمە و سەرکۆنەی خێزان و کۆمەڵگە و مامۆستاکانیان دەبنەوە، لەبەرئەوەی نمرەی بەرزیان بەدەست نەهێناوە. زۆرجار بینیومانە قوتابی لەبەرئەوەی نەیتوانیوە نمرەی بەرز بەدەست بێنێت، پەنای بۆ خۆکوشتن بردووە. قوتابی هەیە پەنا بۆ گزیکردن(غەش) دەبات. لەلایەکی دیکەش، چەندین مامۆستا و خێزان و خوێندنگە، شاگەشکە دەبن و لەخۆشییان باڵ دەگرن، لەبەرئەوەی قوتابییەکانیان نمرەی بەرزیان هێنایە، یان یەکەمی سەر ئاستی هەرێمن. ڕاگەیاندنەکان بەگەرمی ڕووماڵی ئەم بابەتە دەکەن و ماڵ بە ماڵی ئەو قوتابییانە دەگەڕێن، گوایە بەرزترین نمرەیان بەدەست هێناوە و یەکەمی سەر ئاستی هەرێمن! یەکەم لەچی؟ لە دەرخکردن و نووسینەوەی بابەتەکان وەکو خۆی. چی پێ گوتراوە و چی خوێندووە و بیستووە، تووتی ئاسا، وەکو خۆی دەیڵێتەوە. کوا داهێنان و دۆزینەوەی ئەو یەکەمانە؟ مەبەستی ئێمە سیستەمی فێرکاری و ئەو دید و دونیابینییەیە کە دەستکەوت و سەرکەوتن تەنها لە بڕوانامە و نمرەی بەرز دەبینێتەوە.
لە ڕاستیدا، هەتا ئێستا سیستەمى فێرکارى و وانەگوتنەوە لە هەرێمی کوردستان، زۆر کۆن و کلاسیکییە، هاندەر و هاوکار نییە بۆ ئەوەى قوتابى بیربکاتەوە و تێڕامان و تێگەیشتنى بۆ بابەت و پرۆگرامەکانى خوێندن هەبێ. خودى پرۆگرامەکانیش بە ڕادەیەکى زۆر، بیرکردنەوەى قوتابى پەک دەخەن، قوتابى سست و ناچاڵاک دەکەن.
لە سیستەمى فێرکارى قوتابخانەکانى ئێمەدا، تێگەیشتن گرنگ نییە، فێربوون ئامانجە سەرەکییەکە نییە، بەڵکو دەرچوون و دەربازبوون خەمە گەورەکەیە. بۆ دەرچوونیش پشت بە لەبەرکردن(دەرخکردن) دەبەسترێت.
لەلاى ئێمە، تێگەیشتن و فێربوون شتێکى لاوەکییە، گرنگ ئەوەیە دەربچى و نمرەى بەرز بەدەست بێنى، بڕوانامەى باڵات هەبێ. لێرە لە کۆتایی ساڵ، کەس بە قوتابى ناڵێ ئەرێ چی فێربووى؟ چى تێگەیشتى لەماوەى ئەو ساڵەى خوێندنت؟ هەموو پرسیارى دەرچوونى لێ دەکەن، داوای نمرەی بەرزی لێ دەکەن.
سروشتى مرۆڤ وایە، مێشکى مرۆڤ تواناى هەڵگرتن و هێشتنەوەى ئەو هەموو زانیارییەى نییە کە تێی ئاخنراوە. ئێمەى مرۆڤ کە هەر زانست و زانیارییەک وەردەگرین، ئەگەر بۆ ماوەیەکى زۆر لە یادگەمان بمێنێتەوە و کارى پێ نەکەین و لە ژیانى ڕۆژانەماندا بە کاری نەهێنین، بەرەبەرە ئەو زانیارییانە لەبیردەکەین و لە هزرماندا نامێنن.
ئێمە هەر لە سەرەتاى قۆناغەکانى خوێندنمان تا زانکۆشمان تەواو کرد، زۆر بابەت و زانیارى جیاوازمان لەبەرکرد، زۆر پێناسە و ژیاننامەى کەسایەتى و نووسەر و شاعیرانمان لەبەر کرد، بەڵام زۆربەیانمان لەبیرکرد. لە وانەى عەرەبى، زۆر دێڕە شیعرى شاعیرانی کلاسیکمان لەبەرکرد، بێئەوەى لێیان تێبگەین، هەمووشمان لەبیر کرد. تەنانەت مامۆستاکان ئینشای عەرەبییان بۆمان دەنووسییەوە دەیانگوت لەبەری بکەن، دایەلۆگی ئینگلیزیمان لەبەردەکرد، بێئەوەی لێی تێبگەین! چ پێویست دەکات، قوتابى لە قۆناغى بنەڕەتى و ئامادەیی، ئەوهەموو بابەتە وشک و ڕەقانە لەبەربکات، کە ڕەنگە هەر لێی تێنەگات؟
لەبەرکردن بێ تێگەیشتن، هیچ سوودێکى نییە، تەنها بەدەستهێنانى نمرەى بەرز و ڕەزامەندى مامۆستا و دەرچوون لە تاقیکردنەوە نەبێ. زۆر لە مامۆستاکان دڵخۆش دەبن، کاتێک قوتابییەکانیان بەباشى وانەکانیان لەبەر دەکەن. کاتێک مامۆستا پرسیار لە قوتابییەک دەکات، سەبارەت بەو بابەتەى کە خوێندوویانە، بۆئەوەى هەڵسەنگاندنى بۆ بکات، کاتێک قوتابییەکە وەکو بولبول بۆى دەخوێنێ، پیت بە پیت و خاڵ بە خاڵى بۆ دەڵێتەوە، مامۆستاکەى زۆر ئاسوودە و ئارام دەبێ، نمرەى هەڵسەنگاندنى قوتابییەکەش بەرز دەکاتەوە. لە ڕاستیدا، ئەمە فێرکردن نییە، بەڵکو ئەمە تەمبەلکردنى قوتابییە، ئەمە تێنەگەیاندنى قوتابییە، ئەمە نەوروژاندن و نەهەژاندنى عەقڵی قوتابییە، ئەمە پووکاندنەوەی مێشکی قوتابییە، ئەمە تواندنەوەی تواناکانی قوتابییە. بە لەبەرکردن قوتابى ناتوانێ پێش بکەوێ، قوتابى فێرە داهێنان نابێ. لەم جۆرە سیستەمەدا.
قوتابى ئەو وزە و توانا و بەهرە و سەلیقەیەى کە هەیەتى، هەمووى بۆ لەبەرکردنى بابەتەکان و ڕەزامەندى مامۆستاکان بەکاردێنێ. هەر کاتێکیش قوتابى بابەتەکان باش لەبەر نەکات، یان وەکو خۆیان نەیاننووسێتەوە لە تاقیکردنەوەکان، بە دڵنیاییەوە، ڕووبەڕووى ڕەخنە و هەڕەشە و لۆمە و سەرکۆنەى مامۆستا دەبێتەوە، لەوانەیە تووشى توندوتیژى و ئازاردانى جەستەیی و دەروونیش بێتەوە.
هەر لەبەر ئەوەیە، زۆر جار قوتابى هەوڵى قۆپیەکردن(غەش) دەدات. کاتێک داواى شتێک لە قوتابییەک دەکرێ، لە کاتێکدا ئەو شتە لە دەرەوەى سنوورى تواناکانى ئەودایە، بۆى هەیە ئەو قوتابییە تووشى لادان و سەرپێچى بێتەوە، بە هەر شێوەیەک و بە هەر ڕێگایەک بێ، هەوڵى خۆ دەربازکردن دەدات. لەبەرئەوەى هەموو مرۆڤەکان تواناى لەبەرکردنیان وەکو یەک نییە، ئەوەش شتێکى زۆر ئاساییە و تایبەتمەندى کەسەکانە. ئەو قوتابییانەى ناتوانن بابەتەکان بەباشى لەبەر بکەن، بۆئەوەى لە تاقیکردنەوەکان دەربچن و خۆیان دەرباز بکەن، بە ناچارى پەنا بۆ غەش دەبەن. دواجار، دوور نییە، ئەو قوتابییەى کە غەش دەکات و دەردەچێ و بڕوانامە بەدەست دێنێ و دێتە ناو کۆمەڵگا و ئەرک و بەرپرسیارێتی پێ دەسپێردرێت، ببێ بە مرۆڤێکى ساختەچى و فێلباز و قۆڵبڕ و گەندەڵ. قوتابییەک، هەر بە فێل و تەلەکەبازى دەرچووبێ، ڕەنگە لەسەر ئەم ڕەفتارە ڕابێ و ببێتە بەشێک لە خوو و ڕەوشتى، دواجار دەبێتە مایەى سەرئێشە و بەڵا بۆ کۆمەڵگەکەى. لەبەرئەوە، هەڵەیەکى گەورەیە، قوتابی ناچار بکرێ وانەکان لەبەر بکات. هەتا ئەم جۆرە سیستەم و پرۆگرامەمان هەبێ و هەر چاومان لە نمرەی بەرز و پلەی یەکەم بێت، نابێ چاوەڕێى پێشکەوتن و گۆڕان و داهێنان بکەین، نابێ بەتاماى ئەوەش بین بگەین بە ئاستی وڵاتە پێشکەوتووەکان. وڵاتانى پێشکەوتوو، ئەو وڵاتانەن، کە گرنگى بە عەقل و تێگەیشتن دەدەن، بە پێچەوانەى ئێمە، کە گرنگى بە نەقل و لەبەرکردن دەدەین.

لەتیف ئەمین




چیـرۆکی ریالـیزمی لە وێـژەی منـداڵان.. رەزا شـوان

وێـژەی ریالیزمی رەوتـێکی وێـژەییە. گوزارشت لە راستییەکان دەکات، وێنای ئەزموون و رووداوەکانی ژیـانی رۆژانـەی مـرۆڤـەکان دەکـات. وەک ئەوەی کە لە ژیـانی راستیـدا هـەن. وێـژەی ریالـیزمی بەشـێکە لە بـزووتنەوەی هـونـەری ریـالـیزمی، کە لە سـەدەی نـۆزدەیـەم لە فەرەنسادا سەری هـەڵـدا، دوایش لە هەمـوو جـهـانـدا بڵاوبـۆوە. هـۆکاری سەرهـەڵـدانی ریالـیزمی وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە رۆمـانسـیزم و ئایـدیالـیزم، کە لە سەدەی هـەژدەمـدا دەسـتیان پـێکـرد. وێـژەی ریالـیزمی شـێوازێکی نـوێی نـووسـینە. نـەوەیـەکی نـوێی نووسـەرانی ناسانـد، کە کـاریگەرییـان لە وێـژەدا هـەیە.
لە سەرەتای وێـژەی منـداڵانـدا، چـیرۆکی فـۆلکلۆری و مـیللی و ئەفـسانە و داستانەکان کە پـڕن لە کـاری لە توانـابەدەری، سەرەکـێشی، جـادوویی، نـامـۆیی، زاڵـبوون بەسـەر وێژەی منداڵاندا. دوایش حیکایەت و چيرۆکی چەڤەنگی بە زمانی ئاژەڵان و باڵندەکان و رووەکەکان و شتە بێگـیانەکان، کە وەکو چـیرۆکی هـێمایی و ئەنـدێشەیی و خۆشنوودی دەرکەوتـن. وردە وردەش چـیرۆکی ریالـیزمی کە بە ئینگـلیزی (ریالیستس فـیکشون)ە بۆ منـداڵان دەرکـەوت و بـڵاوبـۆوە. کە بـابـەت و رووداو و کارەکـتەرەکـانی لە راسـتی و لە ژیـانی بـاوی رۆژانـەدا وەرەگـرێـت.
چـیرۆکی ریالـیزمی منـداڵان (چـیرۆکی رووداوی راستی) ئـەو چـیرۆکانەن کە روودا و بەسەرهـاتەکانی منـداڵان، دەبـن بە ئیـلهـام بۆ چـیروکنووسانی منـداڵان. دەبنە هەوێنی بابەتـەکـانی چـیرۆکەکانیان. بیـرۆکـەکـانی چـیرۆکەکـانیان لـە ژیـان و ژیـنگەی راسـتی منـداڵانەوە وەردەگرن. ئەو بابەتانە لەخـۆدەگرن، کە پەیوەنـدییان بە ژیانی منـداڵانەوە هـەیە، منـداڵان لە ژیانی رۆژانەیاندا لەگەڵـیانـدا دەژین. چـیرۆکنووسان تەنیا هەنـدێک رووداوی سادەیـان بـۆ زیـاد دەکـەن، لـە فـۆرمێکی وێـژەیی هـونەریـدا دایان دەڕێـژن. ریـالـیزمی لـێرەدا، ریالـیزمیـیەکی فـۆتـۆگـرافـیـیە. نـەک تەنیا ریـالـیزمی رووداوەکـان. کـە تـێیـدا نووسەر رواڵـەتێک لە رواڵـەتەکـان لە سنووری تـوانا ئاساییەکـانی منـداڵان وێنەدەکات. یا لە ژینگەی منـداڵانەوە رووداوەکان سەرچـاوە دەگرن. دەشێـش هەنـدێ لە چیرۆکە ریالیزمییەکان بۆ منداڵان، زادەی ئەندێشە و بیرۆکەکانی چیرۆکنووسان بن. و بە خـەیـاڵ چـیرۆکـە ریالـیزمییەکانیان بۆ منداڵان داڕشتووبـن، بە شـێوەیەکی ئەوتـۆ کە منداڵانی خوێنەر وا هـەست دەکەن کە رووداوەکان و پاڵەوانەکان و کارەکتەرەکانی چـیرۆکـەکان راستـین. ئەمـەش دەکـەوێـتـە سـەر تـوانـا و لـێهـاتـوویی و ئەزمـوون و داهـێنانی چـیرۆکنووسان. کەواتە ئەوە ناگەیەنێـت کە ئەندێشە و خەیـاڵ لە چـیرۆکە ریالیزمییەکاندا شوێنیان نەبێت. بەڵکو خەیـاڵ هەوێنی هەمـوو بابەتە وێـژەییەکان و زانستییەکان و داهـێنانەکانە.
ئەم کورتە چـیرۆکە ریالـیزمییانە بۆ منـداڵان، لە ناوەڕۆکـیانـدا چەنـدیـن شـتی باش و جـوان و ئامانج و مەبەست و پەنـدی سوودبەخشیان لەخۆگرتوون. کە منـداڵان فێری رەفتار و هەڵسوکەوتی دروست دەکەن، تا لە ژیـانیانـدا بەکرداری جـێبەجـێیان بکەن. دەکـرێـت ئـەم چـیرۆکە ریالـیزمیـیانە، وەک مامـۆسـتایەکی باش بۆ منـداڵانی تـەمـەن بچـووک هـەژمـار بکـرێـن. لە راستیـشدا، بەشـێکی زۆری چـیرۆکـنووسانی منـداڵان، مامـۆسـتا و پەروەردەکـارن و ئاشـنای ئـارەزووەکـان و جـیهـانی بەریـنی منـداڵانـن.
شایەنی باسیشە چیرۆکە ریالیزمییەکانی منداڵان، تەنیا لە بابەتگەلـێک پێکـنەهـاتوون کە پەیـوەنـدییان بە ژیـانی راستیی مـرۆڤ و کەسایەتییە مرۆڤـییەکانەوە یا پاڵـەوان و کارەکتەرەکانیان هـەبێت، یا دەبێت تەنیـا مـرۆڤـبن، ئەمە مەرجـێکی سـنووردار نیـیە. بەڵکـوو هـەنـدێک جـار وا روودەدات کە نـووسـەرانی وێـژەی ریالـیزمی منـداڵان، بۆ نووسینی چـیرۆک بـۆ منـداڵان، پەنـا بـۆ فـێـڵە وێـژەیـیەکـان و بۆ شـێوازه هـونەرییە رێـککەوتـووەکان بـەرن. وەک بەکـارهـێنانی ئـاژەڵ و بـاڵنـدە و رووەک یان شـتە بێ گیـانەکـان، وەک هـێمـایەک لـە بـری مـرۆڤـەکـان و کـێـشـە و پـرسـە راستـیـیەکـان و خەسـڵەتە جـوان وناشـیرینەکـانیان، کە بە شـێوەیـەکی نـاڕاسـتەوخـۆ، گـۆزارشـت لە مەبەستەکانیان دەکـەن. بۆ نمـوونە: گـۆرگ هـێمای دڕنـدەیی چـاونـەزێـڕییـە، رێـوی هـێمای فـێـڵـبازی و زۆرزانییە، شـێر هـێمـای زۆردارییە، چەقـەڵ هـێمای چـڵـێسییە، سـەگ هـێمـای بە ئـەمـەکـیـیە، کـونـدەپـەپـوو هـێـمـای دانـایـیـە، مـەڕ هـێـمـای بـێ دەسـەڵاتـیـیە، مـار هـێمای بەدکـارییە،….هـتـد.
پاڵەوانی لە توانابەدەریش، تەنیا لە چـیرۆکە ئەنـدێشەیی و فـۆلکلـۆری و لە چـیرۆکە وێنەدارەکانـدا ناژیـن. لە هەمـوو شـوێنەکـانی ژیـانی رۆژانـەی دەوروبـارەمـان هـەن.
سەرهەڵـدانی وێـژەی ریالیزمی لە وێـژەی منداڵاندا، رەنگە لە بنەڕەتـدا وەرچەرخان و شۆڕشێک بێت، لە دژی لافاوی زاڵبوونی چیرۆکە ئەفـسانەییەکان و داستانەکان و ئەو چـیرۆکانە بێـت، کە بابـەتەکـانیـان، بە دەوری شـا و شـازادەکان و میـر و میـرزادەکان یان بە دەوری جنـۆکە، دێـوودرنـج، مەڕنەمووکە، رمووزن، لـۆژەند، شەوە، شومقـار، ئەژدیهـا، جادۆگەران، چەرخوفـەلەکی ئەفـسووناوی، شتی پـڕوپـوچ، دەعـبای سەیری خـەیـاڵـیدا دەسـووڕێـنـەوە. بـانـگەوازێـکە بۆ گـۆڕیـنی ئـەو چـیرۆکـانە، بـەو چـیرۆکە راستییانەی کە بابەتەکـانیان بە دەوری خەڵکی ئاسایی و چینە میللیەکاندا دەسوڕێنەوە. باس لـەو بابەتـانە دەکـەن، کە لە ژیـانی رۆژانـەی راستی و رووداوە بەردەوامەکـانی ئێستا وەرگیراون. ئەوەی کە زیاتر ئەم بـزووتنەوە ریـالـیزمییەی شیرینتر و بەهـێـزتر کردووە، بوونی رەخنەی وێژەییە لە ناوەڕۆکی لەو چیرۆکە فۆلکلۆری و ئەفسانەیی و داستانەکانە، کە بەشێکی زۆریـان بۆ ئەم سەردەمە ناگونجـێن و مەبـەست و بایەخـیان کـاڵـبوونـەتـەوە. بـۆیـە بەشـێکی زۆری نـووسـەرانی وێـژەی منـداڵانی ئەم سەردەمـە، پێیانوایە، کە ئەڵـتەرناتیـڤی ئەو چـیرۆکانە، چـیرۆکی ریالـیزمییە بۆ منداڵان. کە لەگەڵ رەوتی ژیـانی ئەم سەردەمـەدا گـونجـاون و بەهـا و پـرەنسیـپی بەرزیان لەخۆگرتـوون. نـوانـدنی ژیـان و ژینگەی منـداڵان وەکـو چـۆن لە راسـتیدا هـەن. منـداڵان دەتـوانـن بە ئاسانی لـێـیان تـێـبگەن.
بەشێکی زۆری ئەو چـیرۆکە ریالـیزمییانە، رەنگـدانەوە و کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر کەسـایـەتی منـداڵان هـەیـە یا دەبـێـت. بـە پـێچـەوانـەی بەشـێکی زۆری ئـەو چـیرۆکـە ئەفـسانەیـیانەوە، کە رەنگە کاریگەریی نەریـنی و رەنـگـدانـەوەی خـراپـیـان لە ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـوویانـدا هـەبێـت. وەک پشتبەستن بە میـتافـۆر و چارەسەری نەبـینراو، مـەیـلی تـونـدوتـیژی و شـەڕانـگـێـزی، تـەم و مـژ، ئـاڵـۆزی و خـەیـاڵـڕێـسی تـێـیانـدا. لەوانەشە تێـڕوانین و تێگەیشتنەکانی منـداڵان بۆ راستییەکان بشێوێنن. لە کاتێکـدا کە چیرۆکە ریالـیزمییەکان بەشداری لە ئامادەکردنی منـداڵان بۆ ژیان دەکەن و یارمەتییان دەدەن کە بە راستییەکان ئاشنابن و بیانگونجـێنن بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگاکەیاندا.
ئەمەش ئـەوە ناگـەیـەنـێـت، کە هـێـڵی راسـت و چـەپ بەسـەر چـیرۆکە فـۆلکـلۆری و ئەفسانەیی و داستان و چـیرۆکە میلـلییەکـانمانـدا بۆ منـداڵان بهـێنـین. کە بەشـێکـن لە سامانێ کەلەپـووری وێـژەیی نەتەوەییمان و شانـازییان پێوەدەکەین. بێگـومان وێـژەی تـازەی کوردیـمانـن. لەسەر پەرگەمـای وێـژەی کـلاسـیکـی کوردیـمـان چـنراوە.
چـیرۆکی ریالیزمی گرنگـترین جـۆرە لە جۆرەکانی چـیرۆکی منداڵان. هەموو رەهەنـدە پەروەردەیی و فـێرکاری و نیشـتمانی و کومەڵایەتی و زمانی و رەوشتی لەخۆدەگرێـت.

زمـان و خەیـاڵ دوو رەگەزی گرنگـن، لە رەگەزەکانی چـیرۆکی ریالـیزمی. زمان وەک کەرەسـتەیـەکی دەربـڕیـن و گـوزارشـتکـردن و داڕشـتـن. خـەیـاڵـیش دەبـێـتە رشـتەی بەیـەکەوە بەستـنی رووداوەکـان و پەیـوەنـدیی نێـوان کارەکـتەرەکـانی چـیرۆکەکـان.
لە وێـژەی منـداڵانی کورد دا، نموونەی چـیرۆکی ریالـیزمیـمان زۆرە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە چـیرۆکـنووسانی منـداڵانی کوردمـان، درکـیان بـە گـرنـگی ئـەم جـۆرە چـیرۆکە لە وێـژەی منـداڵانـدا کـردوون.
چـیرۆکی ریالیزمی بۆ هەموو قـۆنـاغـە تەمەنییەکـانی منـداڵی دەگونجـێت. بە مەرجێک توانا و زمـان و فـێـربوون و وەرگرتـن و ئارەزووەکان و سایکـۆلـۆژی قـۆنـاغـانی ئەو تەمـەنە منـداڵـییە لەبەرچـاو بگـیرێـن، کە چـیرۆکە ریـالـیزمییەکـانیان بۆ دەنـووسرێـن. بەڵام زیـاتر بۆ دوا قـۆناغی منـداڵی و سەرەتای هەرزەکاری گۆنجاوترە. کە حەزدەکەن دەربـارەی ژیـانی دەوروبەریـان و سـروشت و ئـاژەڵان و زانیـاریی جیـاوازتـر بـزانـن.
یەکـێک لە گەورەتـرین بەهـاکانی چـیرۆکی ریالـیزمی بۆ منـداڵان، ئەوەیە کە زۆرێک لە چـیرۆکە ریالـیزمییەکـان، رێـگە بە منـداڵان دەدەن کە کارەکـتەرەکـانی هـاوتـەمەنی خـۆیـان بنـاسـن کـە ئـارەزوو و کـێـشەی هـاوشـێوەیـان هـەیە. منـداڵان زۆر حەز بە خوێنـدنەوە دەربـارەی کەسانێک دەکـەن، کە بتـوانـن لـێـیان تـێـبگەن و لە کەسایەتی خـۆیـانەوە نـزیکـبـن.
چـیـرۆکی ریـالـیزمی بـۆ منـداڵان، هـۆکـارێکی گـرنـگە بـۆ بەرفـراوانکـردنی ئاسـۆی ئەنـدیـشە و بـیر و هـزری منـداڵان، بـۆ فـێربـوون و بـۆ نـوێـخـوازی و بـۆ داهـێـنان.
پێـویستە ئـەوەش بـزانیـن، مـەرج نیـیە کە هەموو چـیرۆکـێکی ریالـیزمی نـووسـراو، گـونجاوبـێـت بۆ منـداڵان. پێـویسـتە نـووسـەرانی چـیرۆکی ریـالـیزمی بۆ منـداڵان، لە گواسـتـنەوەی رووداو تـونـد و تیـژی و کەلـەڕەقی و لەخـۆبایـیـبوون و لە کـارەساتی ئازاردەر و کۆتـایی تـراژیـدیـای تـاڵ و لە بێ هـیوای و لە رەشـبیـنی دووربـکەونەوە. چـونـکـە کاریـگـەری و رەنـگـدانـەوەی خـراپیـان لەسـەر دەروونی منـداڵان دەبـێـت. پێویستە لە شێوازی ئامۆژگاری وشک و پەنـدێـری و رێنمایی تەڵـقـین ئاسایش نەبـن. کە منـداڵان وەرسـت و بـێـزار دەکـەن و هـیچ چـێژ و خۆشـیـیەکـیان لـێوەرناگـرن.
لە کاتی نووسینی ئەم بابەتەمـدا، چەنـد چـیرۆکێکی ریـالـیزمی چەنـد چـیرۆکنووسێکی ناسراوی کوردمان لە بواری نووسینی چیرۆکی منـداڵان خوێندەوە. بەداخەوە کە پـڕن لـە هـەڵـەی زەق و لە وشـەی نەشـیاوی وەک: دزی، درۆ، فـێـڵ، ساخـتە،..هـتـد. مـن پێموایە، بەکارهـێـنانی ئەم جـۆرە وشەگـەلە لە چـیرۆکی ریـالـیزمی منـداڵان نابەجـێـن.
پێـویستیشەە کۆتایی چـیرۆکە ریالـیزمییەکان بۆ منـداڵان، بە کۆتاییەکی تـراژیـدییا و بە ناخـۆشی و رەشـبـینی و بێ هـیوای و شکـستی کۆتـاییان نەیـەن. بەڵکـو بە خـۆشی و شـادی و بە سەرکەوتـن و هـیوا و گەشـبیـنی و گەیشـتن بە ئامـانج کۆتـاییـان بێـت.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




ماڕشی سپی.. شیعری دڵکەش قادر

ماڕشی من تۆ
کە هەموو ڕۆژێ لە خەیاڵما چرۆ دەکەی
سترانی من تۆی
کە هەموو چرکەیەک دەمخەیتەوە سەما و
لە تەنیایی تاقەتپڕووکێنم دادەبڕی
ئەی سروودی نەوتراوی سەر زمانی من
تۆ چ مەعشەرێکی کە لە دەریای مندا شێتانە سەما دەکەی
جوانی سپیپۆشیم
ئاوازێک بوو
لەسەر ستەیج سەمای بالییەمان دەکرد
بە میلۆدییەک قوربان پیرۆز دەکەین و
تەوافی دڵی یەکری دەکەین
چ شێتییەکی پاییزانەیە دڵی تۆ
لە حەوشەی پشتەوەی خانەقای مەولا
ماچبارانی یەکتر دەکەین
تووند ڕامووسانی هەنگوینی شەومان دەبەینەوە نێو
پێکێ شەڕابی سەر سینە و
کاڵییەکان تۆخ دەکەین و
سپییەکان مۆر دەکەین.
سلێمانیی
دڵکەش قادر