بە تابۆبوونی چەمکی ئازادی، لە کۆمەڵگەی کوردییدا.. عومەر عادل عەبدوڵڵا

ناونیشانی توێژینەوەکە:

ئازادی، وەک چەمکێک لە کۆمەڵگەی کوردییدا، لە لێواری بەتابۆبوون و نامۆبوون دایە، ئێمەش بەهۆی درککردنمان بەو دیاردە، هەستاوین بە ئەنجامدانی توێژینەوەیەک و ئەو هۆکارەکان بخەینەبەر تیشک لێکۆڵینەوە و (بە تابۆبوونی چەمکی ئازادی، لە کۆمەڵگەی کوردییدا) وەک ناونیشانێک بۆ توێژینەوەکە هەڵبژاردووە.

گیروگرفتی توێژینەوەکە:

لە راستیدا، توێژینەوە خستەڕووی چارەسەرە، بۆ گرفتێک یان چەند گرفتێک و لە ئەنجامی هەوڵدان و گەڕان و لێکوڵینەوە، چەند گرفتێکی چاوەڕوانکراومان دێتە پێشەوە. لە دیارترین گرفتێک کە کە دووچارمان بۆتەوە، تازەی بابەتەکە بوو، چونکە بابەتی تازە شتی نوێ دەهێنتەوە و لە ئەنجامدا گرفتی نوێمان بۆ پەیدا دەبێت، لە هەموو ڕوویەکەوە.

ڕێبازی توێژینەوەکە:

ڕێبازی توێژینەوەکە ڕێبازی پەسنی – شیکارییە، لە ڕێگەی پەسنکردنی چەمکی ئازادییەوە، ئەو هۆکارانەمان شیکردۆتەوە، کە ڕەگەزی تابۆ بوونیان پێبەخشیوە.

پێشەکی:

کۆمەڵگەی کوردی، وەکو زۆرێك لە کۆمەڵگەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئەنجامی ئەوە جیهانگیری هاتە ئاراوە، کۆمەڵێ ئاکار و چەمک و هەڵسوکەوت، جا شیاو بێت، یان نەشیاو لە کۆمەڵگەی کوردییدا جێی خۆیان کردەوە، بۆیە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی, بەهۆی نەگونجانی ئەو هەڵسوکەوت و ئاکارانە، لە بازنەیەکی تردا، لە دەرەوەی کۆمەڵگەدا جێیان کردەوە، بازنەیەکی قەدەغەکراو و حەرامکراو. دیارە چەمکی تابۆ یەکێکە لە گرنگترین ئەو چەمکانەی، کە لە ئەنجامی کرانەوەی نووسەران و ڕووناکبیران بە ڕووی ئاسۆی فراواندا خوێنەرانی کورد ئاشنای بوون، بە تایبەتی دوای وەرگێڕانی پەرتووکی

(تەوتەم و تابۆ)ی فرۆید کە تێدا باس لە مێژووی تابۆ و دروستبوونی تابۆ دەکات. هەروەها زیاتر ئاشنابوونی خوێنەران بە بابەتە دەرووناسی و کۆمەڵایەتێیەکان، یەکێکیتر بوو، لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە تابۆ(قەدەغەکراو) ببێتە ناوەند و چەقی زۆرێک لە باسەکان.

چەمکی ئازادی:

ئازادی، یەکێکە لەو چەمکانەی زیاتر لە نێو بابەتە یاسایی و کۆمەڵناسیەکاندا خۆی دەبینێتەوە، لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی هەموو دەوڵەتێکدا، بە پێی یاسا بازنەی دیاری کراوە و لە نێو کۆمەڵگەشدا تاکەکان چەند بنەمایەکییان سەبارەت بە ئازادی داناوە و لەسەری ڕێکەوتوون، بەڵام ئەم ئازادییە، بە پێی تێپەڕبوونی کات بەرز و نزمی تێدەکەوێت، واتا ڕەنگە لە کۆمەڵگەیەکدا لە ڕابردوو شتانێک هەوێنی ئازادی بن و بەکارهێنان ڕێگەپیداو بێت، بەڵام ئێستا نائاسایی و قەدەغەکراون.

وەستان و نووسین لەسەر چەمکی ئازادی و کارکردن لەسەری، کارێکی ئاسان نییە، چونکە ” ئازادی لە مێژە وەک بابەتێکی مشتومڕاوی باس دەکرێت و لە سەردەمی هاوچەرخیشدا ئازادی لە نێو هەموو گەلاندا باس دەکرێت، بەها و پێگەیەکی تایبەتی هەیە و هەموو نەتەوەیەک خۆی بە ئازاد و بە قازانجی دەزانێت و شانازی پێوە دەکات. هەروەها هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە ئەمڕۆ پرسی ئازادی گرنگترین داواکاری سەردەمی نوێیە”(فرهاد طهماسبیپور، ١٣٩٠، ٢) و هاوڵاتیانی هەموو وڵاتێک لە چوارچێوەی هاوڵاتیبوونیاندا، دەتوانن داوای ئەو مافە سەرەتاییە دەکەن.

جا ئەگەر بمانەوێت بە یەک وشە پەسنی ئازادی بکەین، ئەوە دەڵێن: مافە، واتا مافێکە هەموو مرۆڤێک دەتوانێت دەستی پێبگات، بێ جیاوازی ئاین و ڕەنگ و نەتەوە و…،” بە گشتی، ئازادی دۆخێکە هیچ شتێک پابەند و دەربەستی شتێکی تر و بتوانێ لە گەردووندا جێبەجێ بکرێت. لە پێوەندی لەگەڵ مرۆڤدا، ئازادی، دۆخێکە کە هیچ شتێک ڕێگر نەبێت لە بەردەم ئیرادەی تاك بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی.”( ئەحمەد شەبانی، ٢٠١٠، ١١) نووسەر زۆر بە بەرفراوانی گشتاندنی بۆ ئازادی کردووە و کە ئەمەش لەگەڵ ئازادیدا یەک ناگرێتەوە و دەڕواتە نێو چەندین ڕێڕەوی ترەوە, یان ئەگەر لە ڕووی سیاسیەوە باسی ئازادی بکەین ئەوە دەڵێن:” ئازادی مافێکی بنچینەیە لە مافەکانی مرۆڤ و دەبێ سیستەمە سیاسیەکان، هەر لە ستەمکاری دادپەروەرەوە تا دەگاتە سیستەمی کۆماری و دیموکراسیە هاوچەرخەکان، پەرۆشی چەسپاندنی ئەو مافە بن و ئەوەش گرنگترین بنەمایە لە بنەما دەستوورییەکانی تیوۆری هاوچەرخ.”( رۆبێرت دال، ٢٠١٢، ١٣) ئەوە پێڕەو ڕامیاریەی کە بەرهەڵستی لە هاتنە کایەی ژینگەیەکی ئازاد دەکات بۆ هاوڵاتیانی، بەشێوەیەکی ناڕاستەخۆ دەیەوێت ئەوەمان پێبلێن: کۆشکی دەسەڵات و هێزی لەسەر ستەم و نادادی بنیادنراوە و ئازادیش وەک بومەلەرزەیەک وایە، کە کۆشکی ستەمم دەروخێنێت.

لەبەر ئەوەی ئازادی چەمکێکی فرەڕەهەندە و لە نێو زۆرێک لە باسەکاندا، لێکوڵینەوەی لەسەر کراوە، هەر بوارێک و بە سروشت زانستیانەی خۆی چەمکی ئازادی ڕوون کردۆتەوە، بۆ نموونە:”پوختەی چەمکی ئازادی لە ڕووی شەریعەتەوە، لە دوروبەری ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی دەخوڵێتەوە”(علی بن حسين بن احمد فيقهی،١٤٣٢، ١٢) چونکە پێش هاتنی ئیسلام، لە نیمچەدوورگەی عەرەبی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە شتێکی ئاسایی بوو، بەڵام پاش هاتنی ئیسلام ئەم دیاردە هەڵوەشایەوە و لە ڕووی دینیەوە، ئەم جۆرە مامەڵەیانە قەدەغەکرا. هەروەها ئازادی ” لە فەلسەفەی لاسایکەرەوەدا، بریتییە لە هەڵبژاردنی مرۆڤ بۆ ئەوەی بە ئەنقەست مامەڵە بکات لەگەڵ توانای جێهێشتنی کردارێک یان توانای هەڵبژاردنی دژ بەو کارە بکات”(م.د علاء شنون مطر،٢٠٢١، ٦)واتا مرۆڤ لە نێوان دوو هەڵبژاردەدا، لە نێوان ڕۆشتن و مانەوەدا، کردن و نەکردندا، لە نێوان ڕاست و چەپدا، لە نێوان هەڵسان و دانیشتندا، سەربەستییەکی تەواوی هەیە و ئاوەزووی خۆیەتی هەویری خۆی دەخاتە کام تەنوورەوە.

لە سیاسەتیشدا، ئازادی وەکو مافێکی یەکلاکەرەوە باسی لێوە کراوە و هەموو مرۆڤەکان مافی بەشداری کردنییان لە پرۆسە سیاسیەکاندا هەیە، لەگەڵ ئەمەش هەموو گەلێک مافی ئەوەی هەیە چ دەسەڵاتێک هەلبژێرێت، بۆ ئەوە فەرمانڕەوای بکات، بەڵام لە هەندێک پێڕەوی ڕامیاریدا ئەم مافە بە هاوڵاتییان نەدراوە، بۆ نموونە: لە فەرمانڕەوای دیکتاتۆریدا، چونکە”حکومەتی دیکتاتۆری حکومەتێکی تاکەکەسییە، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە کەسایەتی دیکتاتۆر و ئەوەی چێژی لێ وەردەگرێت لە هێز و توانا و لێهاتوویی کەسی دەبەستێت، هەر ئەویش یەکەم و کۆتا جووڵێنەرە بۆ هەموو لایەنەکانی دەوڵەت، بەبێ گەڕانەوە بۆ خواستەکانی گەل”(اسعد طارش، ٢٠١٥، ٤٣) ئەم تاکڕەوایی فەرمانڕەوایەتییە، کە لەلایەن دیکتاتۆرەکانەوە دەسەپینێرێت، جورێکە لە قڕکردنی ئازادییەکان.

لە سەرووی هەموو ئازادییەکانەوە، ئەو ئازادییەی کە زۆر گرنگی پێدەدرێت و تیشکی دەخرێتە سەر، ئازادی ڕادەبڕینە.”ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین یەکێکە لە ئازادییە بنەڕەتییەکان لە ڕوانگە جیاوازەکانی ئایینی، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، یاسایی و نێودەوڵەتی و تاوتوێ و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و لە یاسا ناوخۆییەکان و بەڵگەنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دامەزراوە و پشتگیری کراوە”. (سید حسین رضوانی، ١٣٩٥، ٦٧) چونکە ئازادی ڕادەربڕین دەرگاییەکە بۆ ئەوە بتوانین ئەزموونمان تاقی بکەینەوە و بێگومان مرۆڤ تاکو بیری ئازاد نەبێت و نەتوانێت بیروبۆچوونەکانی بە ئازادی دەربڕێت، ئەوە ئەستەمە بتوانێت بۆ ئازادییەکانی تر بجەنگێت و ململانێ لەگەڵ ئەو ژینگە و دوربەرە بکات، کە ئازادییەکانیان لێ بەرتەسک کردۆتەوە. واتا هەموو ئازادییەکانی تر، دەرهاویشتەی ئازادی ڕادەربڕینن.

دەبێت ئەوەش بزانین، کە ئازادی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر لە ئاینێکەوە بۆ ئاینێکی تر، لە
کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕێت، چونکە لە هەندێک شوێندا ئازادی ئەوەندە بەرفراوان دەبێت، هەموو کەس دەتوانێت ئەزموونی بکات، بە پێچەوانەوە، لە هەندێک شوێندا ئەوەندە بەرتەسك دەبێتەوە، تەنها کەسانێکی کەم دەتوانن ئەزموونی بکە، کە ئەوانیش ڕەنگە خاوەن پلە و پایەیەکی بەرزی ئاین یان سیاسی و کۆمەڵایەتی بن.

پرۆسەی بەتابۆبوونی چەمکی ئازادی:

تابۆ” مەبەست لە سەرجەم ئەو دەربڕاوە زمانییانەن، کە دەربڕینیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە، لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کلتوورییەوە ڕێگەپێدراو نییە”(د. هێمن عەبدولواحید شەمس،٢٠١٨، ١٤٢)واتا تابۆ هەموو ئەو دەڕبرینانە دەگەرێتەوە، کە لە کۆمەڵگەدا هێلی سوورن و وتنیان دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە، جا ڕەنگە ئەم تابۆیە لە ژێر کاریگەری هەر ئایندا بێت، یا ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی بێت لە نێو تاکەکانی کۆمەڵەدا.

مێژووی دروستبوونی تابۆ زۆر دوور و درێژە و “فرۆید بۆ باسکردنی(تابۆ) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاتیرین کۆمەڵی مرۆڤ کە بە(تەوتەم) ناویان دەبات، کە(کڵانەکان) ئەمانە لە خێزان گەورتر و لە هۆز بچووکترن، ئەم تەوتەمانە سەرەتاییترین کۆمەڵی مرۆڤ بوون و خاوەنی کۆمەڵێك تابۆی هەمیشەیی و کاتی بوون، کە بریتیی بوون لە کۆمەڵێک حەرام کە ئەندامانی ئەو تەوتەمە نەدەبایە ئەم حەرامانە(تابۆیانە) سنوور بشکێنن و بیخەنە لاوە.”(پێشڕەو عەبدوڵڵا،٢٠١٣، ٤٢) لەمەوە دەگەین بەو ڕاستیەی کە تابۆ چەمکێکی کۆمەڵایەتییە و لە ئەنجامی گردبوونەوەی مرۆڤەکان لە دەوربەری یەکتردا ئەم چەمکە دروستبوو. تابۆ دەتوانێت لە بچوکترین بازنەی گردبوونەوە مرۆڤەکانەوە کە خێزانە، بیتە ئاراوە، چونکە ئەو کاتە لەلایەن سەرکردەکانی خێزانەوە، کە دایک و باوکن، کۆمەڵێک بڕیارێك لە بارەی قەدەغەکراوەکانەوە دەدرێت و بە ئەندامەکانی خوارەوەی خێزان ڕادەگەنرێت، کە ئەم وشە و هەڵسوکەوتە بەکارهێنانیان و ئەنجامدانیان قەدەغەیە.

“لە زمانی کوردیدا، زۆربەی دەربڕاوە قەدەغەکراوەکان پەیوەندییان بە(مردن، سێکس، نەخۆشی کوشندە، کفر)ەوە هەیە، کە ناوهێنانیان بە بڕوای زۆرینەی کۆمەڵی کوردی کاریگەری دەروونیی نێگتیڤانە لەسەر قسەکەر و گوێگر دروست دەکەن و تاڕادەیەک قەدەغەکردنی سەرتاسەی قەدەغەکراون و بەدەبڕینیتری هاوواتا جێگەیان پڕکراوەتەوە و زیاتر لە چەند دەربرینێک بۆ هەر یەکێکیان بەکادەهێنرێت”(هێمن عەبدولواحید شەمس، ٢٠٠٦، ١٢٨)ئەم دیاردە، دیاردەیەکی جیهانییە و هەموو کۆمەڵگاکان بە پێی هەڵکەوتەی ژینگەی و کۆمەڵایەتی خۆیان، کۆمەڵە وشە و هەڵسوکەوتێکیان وەک تابۆ دەستنیشان کردووە. هەروەها بوون و نەبوونی تابۆ پەیوەندی بە پێشکەوتن و دواکەوتووی نییە، بەڵکو لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا ئەم دیاردە بەدی دەکرێت، تەنها ئەوە هەیە، جیاوازی تێدەکەوێت، واتا ڕەنگە تابۆیەکی ئاینی لە کۆمەڵگەیەک بوونی هەبێت و بە پێچەوانەوە، لە کۆمەڵگەیەکی تردا بوونی نەبێت.

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دروستبوونی تابۆ کۆمەڵگەیە و دروستبوونی تابۆ بەستراوەتەوە، بە دروستبوونی کۆمەڵگە، لە ئەگەری تیاچوونی کۆمەڵگەشدا، ڕاستەوخۆ ئەو تابۆش لە ناو دەچێت، کە کۆمەڵگە ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردن و ڕازاندنەوەی ئەو تابۆیەدا, هەروەها” هەموو کۆمەڵگەیەک لە سنووری سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیدا پێویستی بەبوونی کۆمەڵێك تابۆ هەیە، تا بتوانێت ئەو کۆبوونەوە پێدەڵێن کۆمەڵگە بپارێزێت”( پێشڕەو عەبدوڵڵا، ٢٠١٩، ١٥) ئەم جگە لەوەی کۆمەڵێک تابۆ هەن لە نێو هەموو کۆمەڵگەکاندا هاوبەشن, بۆ نموونە هەندێک لە تابۆ سێکسی و ئاینیەکان، کە دەربڕینیان لە نێو زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا قەدەغە و ڕێگە پێنەدراوە، چونکە ئەو کۆمەڵگەیانە خاوەن دابونەریت و ئاینی هاوبەشن.

کەواتە دەتوانین بڵێن: پرۆسەی بە تابۆبوون، بریتییە لەو پرۆسەی کە کە وشەیەک یان ڕستەیەکی ئاساییە و ڕێگە پێدراو، دەبێتە چەمکێکی قەدەغەکراو و نائاسایی. جا لەبەر ئەوەی پرۆسەی بە تابۆبوون لە نێو کۆمەڵگە ڕوودەدات، تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە ڕۆڵیان هەیە لە چاندنی ئەو تابۆیە و بزوێنەری سەرەکی ئامێری دروستکردنی تابۆن، واتا تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی، کاتێک ڕۆڵی گوێگر دەبینن و ناوی ئازادییان بەرگوێ دەکەوێت، بەهۆی ئەو ئەزموونە خراپی لەگەڵ ئازادیدا پێدا تێپەڕیون، ڕاستەوخۆ لە بیری مرۆڤەکاندا کۆمەڵە وێنە و مانایەکی تر دەهێنێت، کە دواجار ئەم وێنە و بیرانە، خۆی لە نێو چەندین تابۆی سێکسی و ئایندا خۆی دەبنێتەوە.

بەشێوەیەکی گشتی، ئەم پڕۆسییە هەرەمەکی و دوور لە چاودێری گەشە دەکات و دوای ماوەیەک درک بە پاشماوەی ئەم جۆرە پرۆسییە دەکرێت، دەتوانین بڵێن: ئەم پرۆسەیە لەژێر کاریگەری مرۆڤدایە و لە هەمانکاتدا مرۆڤەکان درکی پێناکەن، چونکە وەک کێشە جەستەیی و تەندروستییەکان، ڕاستەوخۆ جێپەنجی خۆی دیاری بکەن، بەڵکو پاش ماوەیەک و دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە و بڵاوبوونەوەی بە نێو جومگەکانی کۆمەڵگەدا هەستی پێدەکرێت.

وەک هەمووان دەزانین هەمیشە لە نيوان زمان و بیردا پەیوەندیەک هەیە، بۆ نموونە قسەکەر قسەیەک دەر دەبرێت، ئەو گوێگر لەگەڵ ئەو ئەزموونە گەنجکراوەی هەیەتی و پێدا تێپەڕیوە لێکی دەداتەوە و لە تەرازووی بیریدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات،واتا” دەربڕینە زمانییەکانمان هەڵگری بیرەکانمانن زادە و ڕەنگدانەوە و گوێزەرەوە و دەربڕ و هەڵگری ئەو تێگە (چەمک) و بیروبۆچوون و تێروانینانەن کە لە هزرماندان.”( د.هێمن عەبدولحەمید شەمس، ٢٠١٨، ١٣٩) بۆیە کە گوێگر گوێی لە چەمکی ئازادی دەبێت، ڕاستەوخۆ لە بیر و مێشکی مرۆڤدا بەشێوەیەکی پیلەکانی کۆمەڵە تابۆیەکی سێکسی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆید دێنێت.

بێگومان هەر باردودۆخە کۆمەڵاتییەکەیە، کە چەمکی ئازادی بەرەو لێواری بە تابۆبوون بردووە و چوارچێوەیەکی تابۆیانەی پێبەخشیوە، چونکە” تابۆی کۆمەڵایەتی بە پێی پێوەر و پرەنسپیەکانی دینیی و سێکسیەوە داتای تابۆیی دروست دەکەن”(م. سیروان سمين احمد، ٢٠٢١، ٤٥٦)بۆ نموونە: کەسێک باس لە ئازادی ئافرەت یان ئافرەتی ئازاد دەکات، ئەو کەسەی کە گوێگرە، بەهۆی ئەو ئەزموونە خراپەی لەگەڵ ئازادی ئافرەت هەبووە، یان هەڵە تێیان گەیاندووە، ڕاستەوخۆ دوای شڕۆڤەکردنی ئەو دەستەواژە لە ئاوەزیدا دیدگایەکی خراپی بۆ دروست دەبێت.

“ئەو کەرەستە و دەربڕینە زمانیانەی، ڕووی وتنیان نییە و هەڵگری واتای نەشیاو و ناپەسەندن و ناوهێنانیان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەپێی هەندێک ئاین و کەلتوور و دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە و ڕێگە پێنەداوە، یاخود مایەی نەنگی و شەرمەزاری و بێئەدەبی و پێچەوانەی ڕەفتار و ڕێسا و ئاکارەکان پیشاندەدات، بۆیە بۆ دوورکەوتەوە لە وشە تابووەکان و پیشاندانی خۆڕەوشت و دەربڕینی شیاو و جوان کۆمەڵێک وشەی سینۆنیمی لە بەرامبەر ئەو وشانە دێنە کایەوە، کە تاڕادەیەک گوتن و بەکارهێنانیان ڕێگە پێدراوە.”(ڕۆستەم محەمەد ئەحمەد، ٢٠١٦، ٥٤) بۆیە ئەوانەی وەها پێیان وایە، کە چەمکی (ئازادی) تابۆیە و سیمایەکی تابۆیە بە باڵادا کردووە، وای بۆ ئەچن، کە ئازادی هاوواتایی هەندێک لە تابۆ سێکسی و ئاینی کۆمەڵایەتییە و کەسێک گەر بیەوێت هێرش بکاتە سەر پیرۆزییە کۆمەڵایەتی و ئاینیەکان، دێت لە ژێر ڕەشماڵی ئازادییەوە کار بۆ مەرامەکانی دەکات. واتا وشەی ئازادی وشەیەکی سادە و ڕێگە پێداوە، بەڵام لە ئەو چەمکانەی خۆیان بە ئازادیدا هەڵواسیوە، زیاتر ڕەگەزی تابۆبوونیان پێبەخشیوە.چەند هۆکارێک هەن، کە چەمکی ئازادییان بەرەو تابۆبوون بردووە، کە دەتوانین لە خوارەوە ئاماژەی پێبکەین:

١.تێنگەیشتن لە ئازادی:

زۆرجار تێنەگەیشتمان بەرانبەر بە هەندێک چەمک و مانا، وا دەکات تێگەیشتنێکی خراپمان بۆی هەبێت، نەک هەر چەمکەکان، بەڵکو ئەمە بۆ گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی ڕۆژانەشمان تەواو دروستە، چونکە ڕەنگە گوێگر بەهۆی تێنەگەیشتنی لە قسەکەر, جۆرە تێگەیشتنێکی تری لا دروستبێت، دوور لەو مەبەستەی کە قسەکەر ویستویەتی وەک پەیامێک بە گوێگری بگەیەنێت. هەروەها هەر تێنەگەیشتن لە ئازادییە، وا دەکات ئەوانەی کار لەسەر ئازادی دەکەن، بە شێوەیەکی هەڵە بەکاربهێنن.

٢.قۆستنەوەی ئازادی، بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکان:

کۆمەڵە کەسانێك هەن، جا لە هەر پلە و پایەکەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بن, هەمیشە چەمکەکان و ماناکان، بەو شێوەیە دەخەنەڕوو، کە سوودی بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان هەبێت، دیارە ئازادیش وەک یەکێک لەو چەمکانە بووە بە قوربانی کۆمەڵێك بەرژەوەندی کەسی و بە پێی ویست و ئارەزووی خۆیان کاری لەسەر دەکەن.

٣.فۆبیای ئازادی:

“فۆبیا لە وشەیەکی یۆنانی وەرگیراوە، بە واتای (ترس) و گوزارشت لە کۆمەڵێک حاڵەتی تیرۆر و دڵەڕاوکێ و ترس و دڵەڕاوکێ دەکات کە پەیوەندییان بە شت و شوێن و ئەزموون و بارودۆخی تایبەتەوە هەیە.”(ارثر بيل،٢٠١١، ٧). فۆبیا ترسێکی ئاسایی و سادەی ڕۆژانە نییە، بەڵکو ترۆپکی ترسە، چونکە ترسی ئاسایی جۆرێکە لە ئامادەباشی بەرانبەر هێرشەکان، کەچی فۆبیا ترسێکی دۆخییە و لە دۆخە تایبەتەکاندا دروست دەبێ. فۆبیای ئازادی، یەكێکە لە تێکچوونە دەگمانەکان، کە زیاتر دووچاری ئەو کەسانە دەبێت، کە ئازادی کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر بەرژەوەندییەکانیان، بۆ نموونە وەک دەسەڵاتدارەکان، بە تایبەتی ئەو دەسەڵاتدارانەی کە بناغەی دەسەڵاتەکانیان لەسەر ناهۆشیاری و سەرکوتکردنی هاوڵاتیان بنیادناوە، چونکە ئازادی بەلای ئەوانەوە وەک گڕکانێکی بە ئاگابوونەوە وایە، کە لە دڵ و دەروونی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەوە هەڵدەقوڵێت.

ئەنجامی توێژینەوەکە:

لە ئەنجامدا، گەیشتین بەوەی, کە چەمکی ئازادی لە قۆناغی بە تابۆبوونی دایە لە کۆمەڵگەی کوردی، لەبەر ئەوە هۆکارانەی کە لەسەرەوە خستومانەتەڕوو و ئەگەریش ئەم پرۆسەیە درێژە بکێشێت، ئەوە لە داهاتوودا کاریگەرییەکان زیاتر و زۆرتر دەبن.

———————————-

سەرچاوە کوردییەکان:

١.پێشڕەو عەبدوڵڵا، ٢٠١٣، دەروونشیکاری شیعری کوردی، ئەکادیمیای کوردی، هەولێر.

٢.پێشڕەو عەبدوڵڵا، ٢٠١٩، تابۆشکێنی لە موفتی پێنجوێنی، گۆڤاری باران گۆڤارێکی وەرزی ئەدەبییە.

٣.هێمن عەبدولواحید شەمس، ٢٠٠٦، شێواز و دەربڕین لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا، نامەی ماستەر کوڵێژی پەروردە، زانکۆی کۆیە.

٤.هێمن عەبدولواحید،٢٠١٨، پەیوەندی و کارلێکی زمان و بیر(تابۆی سێکسی بە نموونە) گۆڤار زانستە مرۆڤایەتییەکان، بەرگی ٢٢، ژمارە٣، کوڵێژی پەروردە زانکۆی کۆیە.

٥.ڕۆستەم محەمەد ئەحمەد، ٢٠١٦، سینۆنیم لە زمانی کوردی ناوچەی گەرمیاندا، نامەی ماستەر، کوڵیژی زانستە مرۆڤایەتییەکان، زانکۆ سلێمانی.

٦.م. سیروان سمین، (تابۆ لە پەندی پێشینان)دا، ٢٠٢١، مجلە جامعة کرکوک للدراسات الانسانية، مجلد:١٦، عدد:٢، زانکۆی کەرکوک.

٧.ئەحمەد شابانی، ٢٠١٠، فەرهەنگی سياسی، چاپی یەکەم، دانشگاە کردستان، سنە.

٨.ڕۆبێرت دال،و:د.سمیر ئیبراهیم حەسەن، ٢٠١٢، دیموکراسی ئازادی تاک و کۆمەڵگە، دەزگای واڵا، چاپخانەی کارۆ.

سەرچاوە عەرەبییەکان:

١.علي بن حسين بن احمد، ١٤٣٢ هـ مفهوم الحريةـ دراسة تاصيلية-، بحث ماجستير، الرياض.

٢.م.د . علاء شنون مطر،٢٠٢١، مفهوم الحرية و الحتمية فی فکر الفلسفي الیوناني، HOME / ARCHIVES / VOL. 1 NO. 34/35 (2021): مجلة كلية الفقه.

٣. م.د أسعد طارش عبد الرض، النظم الديكتاتورية قراءة في المضامين النظرية،مجلة تكريت للعلوم السياسية مجلة علمية دورية محكمة المجلد/3 السنة/3 العدد/6 حزيران 2016 – رمضان 1437 ISSN: 2073 _ 1140.

٤.ارثر بيل، ترجمة:عبدالحكم الخزامي،٢٠١١، فوبيا، دار الاكاديمية علوم،طبعة الاولى،قاهرة.

سەرچاوە فارسییەکان:

١. سیدحسین رضوانی، فصلنامه سیاست خارجی سال سیام، شماره 4، زمستان 5931، صص 39-51،حق آزادی بیان و مسئولیت بینالمللی کشورها در قبال آن.

٢. فرهاد طهماسبیپور, حق آزادي عقيده و وجدان، تاریخ دریافت: 1331/2/3 تاریخ پذیرش: 1331/4/22
٭ دانشجوی دکتری(( نظریهی حقوق و تاریخ دولت و حقوق»، آکادمی حقوق و علوم سیاسی دوشنبه- تاجیکستان.

ئەم توێژینەوەیە، لە ژمارە٢٣ی (گۆڤاری شارباژێر)دا بڵاوبۆتەوە.




سۆسیۆمەتری چیە؟.. زاهیر عەبەڕەش

ڕەنگە زۆربەمان لە نێت فلیکس فیلمی نوسەرانی ئازادی Freedom Writers ـ بینیبێت، ئەم فیلمە، فیلمێکی درامی ئەمریکییە لە ساڵی ٢٠٠٧ بەرهەم هێنراوە لە نووسین و دەرهێنانی ڕیچارد لاگراڤینیز Richard LaGravenese و هیلاری سوانک Hilary Swank ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە. فیلمەکە ڕوداوێکی راستەقینەیەو باس لە شێوازی ناوازەی ئیرین گروێڵ Erin Gruwell دەکات، کە بووە هۆی بڵابوونەوەی کتێبی ڕۆژنامەی نووسەرانی ئازاد، کە چۆن مامۆستایەک و ١٥٠ هەرزەکار نووسینیان وەک ئامڕازێک بەکار هێنا بۆ گؤرینی خۆیان و دەوروبەریان. : فیلمکە جەوهەری ئەو ئەو کتێبەیە کە ئیرین و خوێنداکرەکان نووسیان.
ئیرین لە سەرەتادا بەنیازی ئەوە بووە بچێتە قوتابخانەی یاسا بۆ ئەوەی ببێتە پارێزەر نەک مامۆستا. دوای ئەوەی لە ڕووماڵی هەواڵەکاندا سەیری ئاژاوەییەکانی لۆس ئەنجلۆسی ساڵی ١٩٩٢ی کرد، بڕیاریدا پیشەکەی بگۆڕێت بۆ مامۆستایی، چونکە پێیوابوو پەروەردەکردنی خوێندکاران دەتوانێت جیاوازییەکی زیاتر دروست بکات. ئەو هۆکارەکەی بوو و وتی: “من بیرم لەوە کردەوە خودایە، تا ئەو کاتەی تۆ بەرگری لە منداڵێک دەکەیت لە هۆڵی دادگا، شەڕەکە پێشتر دۆڕاوە. پێموایە کە شەڕی ڕاستەقینە دەبێ لێرە، لە پۆلی خوێندندا ڕووبدات
بەواتای پێش ئەوەی کەسەکە کەتنەکە بکات و تۆ بەرگری لێ بکەیت دەبا لە پۆلی خوێندندا کەسەکە دروست بکەیت، پێویستی بەدادگا نەبێت.
ڕوداوی فیلمەکە لە ساڵانی نەوەدەکاندا لە ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕوودەدات، کە هێشتا هەست بە کاریگەرییەکانی ئاژاوەگێڕییەکانی ساڵی ١٩٩٢ی لۆس ئەنجلۆس دەکات،
لە دوای بڵاوبوونەوەی نووسەرانی ئازادی بووەتە بابەتی گفتوگۆ لە دووبارە داڕشتنەوەی شێوازەکانی وانەوتنەوەدا، بەتایبەتی لە پۆلەکاندا کە منداڵانی جەربەزە، سەرچڵ و مەترسیداری دێدایە ئەو شوێنانەی سەر بەکیشەن و ئە ناوچانەی کە گروپ گروپێن و بە گێتۆ ناسراون،
فیلمەکە باس لەوە دەکات کە مامۆستایەکی ژن ناچاربوون لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری توندوتیژی ئامادەیی کاربکەن کە بەردەوام ململانێیان، ئەو دامەزراوە پەروەردەییەی کە قەدریان نازانێت و هیچ نیازێکی نییە وەبەرهێنانیان تێدا بکات، پشگوێ خراون. شەڕانگێزی خوێندکاران بە شێوەی جۆراوجۆر تەنها لە دژی مامۆستایە هەروەها گرژی لە نێوان خوێنداراندا، لە نێوان گروپە نەتەوەییە جیاوازەکانیشدا هەیە.
پۆلەکە لە (ئیسپانی، ئەفریقایی-ئەمریکی، ڕۆژهەڵاتی) پێکهاتووە. هیچ شتێک پێکەوە نایان بەستێتەوە.
لێرەدا دەرهێنەر نوسەری فیلمەکە و تەنانەت خاوەنی بیرۆکەکەش ئێرین گورێل پەنا دەبەنەوە بەر چەمکەی سۆسیۆ مەتری لای مۆرینۆ، باشترین شت ئێمە کە لە چەمکی سۆسیۆمێتری جاکۆپ مۆرینۆ بگەین بینینی ئەو فیلمەیە.

مامۆستا وەک پارچە گۆزەیەکی تەنێکی شکاو پارچە شکاوەکانی خوێنداران هەڵدەگرێتەوەو پێکیانەوە دەنێتەوە، سۆسیۆمێتری خوێندکاران بەم شێوەیە پیشان دەدات کە بەراوردیان دەکات کێ ( دایک و بابی مردووە، کێ خزم و کەس و کاری بێ کارە، کێ خوشک و برای دەستگیر کراوە، چەند کەس لە پێکدادانی باندەکان کەسی نزیکی لە دەست داوە، کێ لەسەر یاسا شکێنی دەستگیر کراوە؟) کێ سەر بە هەمان نەتەوەیە، کێ ماڵیان لەیەک گەڕەکە، کێ لە یەک کیشوەرەوە هاتوون. سۆسیۆمێتر خوێندکارەکان چەند شتێکی هاوبەشیان هەیە. ئەڵقەی هاوبەشیان لێ دروست دەکات، دەکەونە دۆزینەوە شتی هاوبەش لەگەڵ یەکتردا، پاشان دۆزینەوەی جیاوازی.
ئەم بەراوردکردنەی سۆسیۆمێتری دەبێتە بنەما بۆ دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری نوێ و گەڕان بەدوای زانیاری ڕاستەقینە لە نێو منداڵانی قوتابخانەدا، کە لەوێوە دەست پێدەکەن
ساتێک بۆ هاوکاریکردن لەسەر بابەتەکانی بەرژەوەندی هاوبەش، لەوانەش نووسینی داهێنەرانە. لێرەدا کە باسی سۆسیۆدراما کرا، ئەی سۆسیۆ دراما چیە؟
سۆسیۆدراما شێوازێکی نەرم و نیان بۆ کارکردن لەگەڵ تاک و گروپەکان و پشکنینی ئەو سیستەمە جیاوازانەی تێیدا دەژین و کاری تێدا دەکەن، گرنگی کاری سۆسیۆدراماتیک لەسەر پەیوەندییەکانی ناو تاکەکانی ناو گروپ ، پەیوەندی گروپەکان لەگەڵ گروپەکانی تردا و هەروەها نێوان گروپ و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگایە. ئەمەش لە ڕێگەی تەکنیکە چالاک و داهێنەرەکانەوە دروست دەبێت کە بەشداربووان سەرقاڵی کارکرنی هەردوو جەستەیی و ڕۆحن. بە پێچەوانەی سایکۆدراما کە گرنگی بە تاک و کێشە ناو دەروونییەکانی دەدات، تەرکیزی سۆسیۆدراما لەسەر گروپە بەگشتی.
زۆر گرنگە بزانین ئێمە چۆن سەیری یەک دەکەین، چ تیڕوانینێکمان بۆ یەکتری هەیە، چ ڕۆڵیکمان پێدەدرێت کاتێک دەچینە کۆمەڵگایەکی گەورەترەوە. هەندێک جار پێدەچێت هەمان کەس تەواو هەمان کەسایەتی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام بۆچی؟ ئەوە چیە کەوا دەکات مرۆڤ هەست بە دڵنیای بکات، زیتەڵ بیت، بەدەستەڵات بیت یان گەوج و نەدیوبدی بیت لە کۆمەڵەو یەکێتیەکاندا؟ ئەم پرسیارانەیە کە بۆنەتە هۆی سۆسیۆمێتری بەردەوام بەکار دەهێنرێت و پەرەی پێدەدرێت.
سۆسیۆمەتری میتۆدێکە بۆ پێوانەکردنی هەموو جۆرە پەیوەدنیەکی کۆمەڵایەتی بەکاردێت، یەکێکە لە میتۆد و لێکۆڵینەوەکانی مۆرینۆ لە بارەی کۆمەڵناسیەوە، ئەو دەیوست ڕێیەک بدۆزێتەوە کە لێکۆڵینەوە لەوە بکات کە پەیوەندی نێوان خۆشبەختێتی رۆحی (باشبوونی دەروونی) و سترکتوری مرۆڤی کۆمەڵایەتی چۆنە. ئەو خۆی کاتێک پێناسەی سۆسیۆمەتری دەکات بە لێکۆڵینەوە لە گەشەسەندن و رێکخستن لە نێو کۆمەڵە جیاوازاکاندا باسی دەکات، هەروەها چۆن تاک سەیری ڕۆڵی خۆی دەکات لەناو گروپدا. لەڕێگەی سۆسیۆمەتریەوە مرۆڤ دەتوانێت شێوەو هەیکەلی گروپەکانمان لا ئاشکرا بێت، چونکێ لەدەرەوە ڕا بینینی گروپ شتەکان شاراوەن ونابینرێن. لە ژێرباڵی ئەو گروپانەی کە سەرهەڵدەدەن، ڕێککەوتنی ئاییدۆلۆژیانە هەیە، کێ بریاردەرو ناوەند بێت، پەیامانی ژێربەژێر و شارە هەن.
کرداری سۆسیۆمێتری بریتییە لەوەی کە بە پشت بەستن بە چ مەرج و پێوەرێکی جیاواز یەکتری هەڵدەبژێرین. ئەوەش دەتوانێت ئاگاهی وشیاری فەردی زیاد بکات بەرامبەر بەو بژاردانەی هەڵیدەبژێرین. ئێمە لەگەڵ هەڵوێستی هەڵبژاردن و تەنگی و دوڕیان و جۆراوجۆر کاردەکەین بۆ ئەوەی بزانین تا چەند خۆمان چالاکانە هەڵوێستێک دەگرینە بەر و بەرپرسیارێتی لە ژیانماندا دەگرینە ئەستۆ بۆ ئەوەی خۆمان لەو قسە هەڵبەستراو و بێ مانەیە بەدوور بگرین کە دەڵێت “شتەکان تەنها ڕوودەدەن و من لە هیچ تێناگەم”. ئەوەش تەواو رێک وە فیلمەکە کە دەسەڵاتدارانی پەروەردە هیچ دەربەست نین بە گۆڕانکاری لە فیلمەکەداو دەڵێن، ئێرە خۆی هەروایەو چاک نابێت بۆیە هیچ سەرمەیەگوزاریەکی تێدا ناکەن. هەروەها پەیوەندی بەوەوە هەیە کە مرۆڤ جێگایەک بدۆزێتەوە لە ناو کۆمەڵ و گروپداو لێکۆڵینەوە لەوە بکەیت و تێیبڕوانیت کە بە چ شتێک بەوانەوە دەمانبەستێتەوە، چۆن پەیوەندیم پێیانەوە هەبێت، کە بەو شێوەیە بیرمان کردەوە نەرم و نیانیانمان زیاد دەبێت ڕۆحی گونجاندنمان پەرە پیدەدەین. هەموو دۆخ و هەڵوێستێکی هەڵبژاردن پەیوەستە بە ” لێرە و لە ئێستادا” لەسەر پێوەرێکی دیاری کراو جێبەجێ دەکرێت.
سپێکترۆگرام: کاتێک بە پێی پێوەرەکان بوونی تۆ لەویدا هەیەو بە گویرەی پێوەرەکان دوور و نزیکیت لە سەنتەرەوە کە سەرکەردەی لێیە، سەرکردە وات لی دەکات کە بەڵگە بهێنیتەوە لەوەی کە چەند لە ناوەندی گروپەوە نزیکیت. بە پێی ئەو پیوەرانە.
لۆکۆگرام: وجودی تۆ پەیوەستە بەوەی لەچ گروپێکدا هەیت.




ڕەوەندی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بە خەباتی چینایەتیـیەوە.. موئەیەد ئەحمەد

خەباتی سەربەخۆی چینایەتی کرێکاران بە چ مانایەک؟

بە شیوەیەکی گشتی، ڕەوەندی سیاسی هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە سەرتاسەری عێراقدا، لەدەرەوەی کاریگەری و دەخالەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ستەملێکراون بەڕیوە ئەچێ، چونکە جومگە سەرکیـیەکانی ژیانی سیاسی کۆمەڵگە و دەسەڵاتداریەتی و دەوڵەتبەڕیوەبردن و ئۆپۆزسیەنی پەرلەمانیش، قۆرغکراوی دەستی حزب و هێزە بورژوا ئیسلامی و قەومی و نیولیبراڵەکانە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی پلەیەکی دیاریکراوە لە هاوسەنگی هێز لەنیوان چینەکان کە لە بەرژەوەندی بورژوازی و ڕژێمەکەیە لە ئیستادا، و هەروەها نیشاندەری دوورخستنەوەی چینی کرێکارە لەم داینامیزمە سیاسیـیانەی کۆمەڵگە، بەزەبری سەرکوت و کاریگەری ئایدیۆلۆژی و سیاسیی ناسیونالیزم و ئێسلامیزم و نیولیبرالیزم لە سەر ئەم چینە و خەباتی.
بەڵام ئەو واقیعە بەو مانایە نیـیە کە چینی کرێکار و تۆیژە چەوساوەکان، دەستبەرداری خەباتی ئابووری و سیاسیـیان بووبن، و یان بورژوازی دەستبەرداری چینی کرێکار بووبێت، و سیاسەت و ئایدیۆلۆژی خۆی بەدوور لێیان و تەنها لەناو چواردیواری كێشمەکێشەکانی دەروونی کەمپی بورژوازی و ڕەوت و هێزەسیاسیـیەکانیدا قەتیس بکات.
کرێکاران و تۆیژە نەدار و زەحمەکێشەکان لە عێراقدا، بەهەرێمی کوردستانیشەوە، وەک هەر وڵاتێکی سەرمایەداری دیکەی جیهان، هەمیشە لەناو سیاسەت و داینامیزمی کێشمەکێشی چینایەتیدان، چونکە، لە لایەک، خۆیان سەرقاڵی خەباتی ئابوری و سیاسیـین بۆ باشترکردنی ژیانیان و هەلومەرجی کاریان و بەدەستهێنانی بژێویەکی باشتر، وهەروەها بۆ پتەوکردنی ڕیزی خەباتیان و بەئاکامگەیاندنی ئامانجی سیاسیـیان، و لە لایەکی ترەوە، بورژوازی ئەیانهێنێتە ناو بازنەی سیاست و ڕەوەندە سیاسیـیەکانەوە.
ئەوە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کە نۆینەرانی سیاسی و فیکری بورژوازی و ڕژێمی ئەم چینە هەردەم کارئەکات لەسەر چینی کریکار و زەحمەتکێشان، و خەریکی مشغوڵکردنیانە بەکاری سیاسیـیەوە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە سیاسی و ستراتیژیەکانی خۆی وەک چینی دەسەڵاتدار. لە بارودۆخی ئاسایی و نۆرماڵ و جێگیریی ڕێژەیی دەسەڵاتی بورژوازیدا، ئەوە بەڕوونی بەدیئەکرێت کە چۆن نۆینەرانی بورژوازی لە هەوڵی بەشداریپێکردنی كرێکاراندان لە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنەکان، ڕیفراندۆمەکان، و یان سەرقاڵی ئەندامگیرین لە نیوانیاندا و پەیوەستکردنیان بە حزب و تۆڕە کۆمەڵایەتی و فیکری و سیاسیـیە جۆراوجۆرەکانی خۆیانەوە. ئەمە جگە لەوەی کە سوپا و هیزە چەکدارەکانی دەسەڵات بەپلەی سەرەکی لە تۆیژە جۆراوجۆرەکانی پرۆلیتاریا پێکهاتوون، و سەربازەکان لە ژێر فەرمانی ئەفسەر و ڕابەر و دەستەودایرەی ڕژیم و چینی سەرمایەداراندان، و لەکاتی کێشمەکێش و جەنگی دەوڵەتییدا یان شەر و پێکدادانی نیوان لایەنکانی بورژوازیدا، ئەوە هەر پرۆلیتاریا و زەحمەتکێشان و چەوساوەکانن کە بە پلەی سەرەکی ڕاپێچ ئەکرین بۆ ناو دۆزەخی جەنگ، هەر ئەوانیشن کە زۆربەی کارەساتە ئینسانی و ئابووری و کۆمەڵایەتیـیەکانی سیاسەتی بورژاوزی لە فۆرمی جەنگدا ئەشکێنڕیتەوە بەسەریاندا.
لەناو ئەم بارودۆخ و ڕەوەندانەدا و بەشیوەی جۆراوجۆر خەبات و کێشمەکێشی جەماوەری کریکاران و چەوساوەکان بەڕووی شکاندنەوەی باری قورسی ڕەوەندە سیاسی و سەربازی و کەلتوریەکان بەسەریاندا، بەردەوامە، بەڵام، لە هەمانکاتدا ئەوە واقعیـیە کە چینی کرێکار و تۆێژە کۆمەڵایەتیـیەکانی؛ زەحمەتکێشان، ژنانی کرێکار و ستەملێکراو، گەنجانی بێکار، هەر لەسەرتاوە لەژێر ڕکێفی مەجبوریی ئابووریدان و پێویستیانە ژیانی ڕۆژانەیان بەڕێبکەن. هەر بەم پێیەش لە ژێر ڕکێفی مالکیەتی ئیحتیکاری سەرمایە و دەوڵەتدان بەسەر سەرچاوەکانی بژێوی ماددی ئینسانەکان و پرۆسەی کار و ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا، و وەک کۆیلەی هاوچەرخ و دیلکراوی سیستمی سەرمایەداری دێنە ناو ڕەوەندی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و كێشمەکێشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەوە.
سیاسەت و ترادسیۆن و پراتیکی سیاسی، کەلتور و فیکر و ئایدیا و موراڵەکان و بەهاکان هەر لەسەرەتاوە مۆرکی چینایەتیـیان لەخۆگرتووە، و جیاناکرێنەوە لەم دابەشبونەی کۆمەڵگە بە دارا و نەدار، پرۆلیاریا و بورژوازی، و دانابڕێن لە ستراکچەری ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و ‌پەیوەندیـیەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی. هەر بۆیە مۆرکی چینەکان و خەباتی چینایەتی سێبەری خۆی ئەکێشێ بەسەر پانتایی ڕەوندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژی و کەلتوری کۆمەڵگەدا، و هەردەم ئەم مۆرکە چینایەتیـیە دووبار بەرهەم ئەهێنرێتەوە.
هەر لەم ڕاستایەشدا، ئەوە ئاشکرایە کە چینی کرێکار و تۆیژە کۆمەڵایەتیـیە ستەملێکراوەکان، بەتەنیا نین و لە بۆشاییدا ناژین، بەڵکو لەناو کۆمەڵگەدان و لەناو فۆڕماسیۆنێکی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سوپەرسترەکچەرێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و حقوقی و کەلتوریدان، و بە بەردەوام لە لێکەوتدان لەگەڵ چین و تۆیژەکانی تری کۆمەڵگە لە بورژوازی و وردە بۆرژوازی. هەر وەک لینین ئاماژەی پێداوە دیوارێکی ئاسن نیـیە لە کۆمەڵگەدا لە نێوان چینەکاندا، هەروەها، مارکس لە پەرتوکی “ئایدیۆلۆژی ئەڵمانی” دا ئەڵی: “بیروباوەڕە زاڵەکانی ناو کۆمەڵگە بیر و باوەرەکانی چینی دەسەڵاتدارە”، وە ئەنگڵزیش جەخت لەسەر خەباتی تیوری وەک لایەنێکی خەباتی چینایەتی سەربەخۆی کرێکاران ئەکات.
کاتێک باس لە بەرجەستەبوونی خەباتی سەربەخۆی چینایەتی کریکاران ئەکەین، باس لە پرۆسەی سەرهەڵدان و چوونەپێشەوەی ئەم خەباتە ئەکەین، واتە باس لە پەرسەندنی ئەکەین لە دەروونی هەموو ئەو دینامیزم و کێشمەکێشە سیاسی و ئابوری و فیکریـیانە و ئەو ڵیکەوتە چیانیەتیانەدا لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، و هەر بەوپێیەش باس لە ڕەچاوکردنیان ئەکەین لە بەرنامە و ئەجیندە و پڕاتیکی کۆمۆنیستیدا. هەر بۆیە جەختکردن لەسەر ئەو ئەرکە بناغەیـیە کۆمۆنیستیـیە کە مەسەلەی گرنگ بۆ چینی کریکار و ئینسانی زەحمەتکێش بەئاکامگەیاندنی سەربەخۆیی سیاسی چینایەتیـیەتی و بەرەوپێشبردنیەتی بەدژی سەرمایە و سەرمایەداری، وەک گشتێک و کۆمەڵگەیەک، و وەک سیستم و سترەکچەرێکی ئابوری – کۆمەڵایەتی، سیاسی و فیکری و بە ئاڕاستەی ڕزگاربوونی کۆتایی لە کۆتوبەندی سیستمی چینایەتی کۆمەڵگە.
بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی ئەم چینە هەردەم لە هەوڵی بەدەستهێنانی ئەم سەربەخۆیـیە چینایەتیـیەی کرێکاران و زەحمەتکێشاندایە، بەڵام ئەنجامدانی ئەم ستراتیژە لە سەر شەقامێکی ڕاست و قیرتاوکراو بەرەوپیش ناچیت، بەڵکو بە ڕەهەند و ڕەوەندێکی هەمەلایەنەی پڕ لە کێشمەکێش بەرەوپێش ئەچیت.
ئاشکرایە سیاسەت و پڕاتیکی سەربەخۆی چینایەتی کرێکاران و نەداران بە دیماگۆجی و ڕستەی شۆرشگێرانەی دوور لە بزوتنەوەی کرێکاری و خەباتی زەحمەتکێشان بەدینایەت، بەڵکو لەناو جەرگەی ئەم بزووتنەوە و خەباتەدا و لە ململانێ بەڕووی ئایدیۆلۆژی و تیۆری و سیاسەت و پڕاتیکی چینەکانی تردا بەدیدێت. هەربەم پێیەش ئەنجامدانی ئەم سەربەخۆییە وەڵامی چینایەتی کرێکارانە بە کێشە ماکرۆکانی خەباتی چینایەتی و مەسەلە سەرەکیـیەکانی کۆمەڵگە و چارەنوسی لە هەموو وەرچەرخان و پێچوپەناکانی پرۆسە و ڕەوەندی خەباتی چینایەتیدا. ئەمانەش هەمووی یانی ئەنجامدانی ئەم سەربەخۆییە چینایەتیـیە خۆی لە خۆیدا مێژوویەکی زیندووی نەپچڕاو و گەشەسەندووی پێکهێنابێ.

ئایدیۆلۆژی بورژوازی و خەباتی سەربەخۆی کرێکاران
بورژوازی و وردە بورژوازی، و هەروها ڕۆشنبیرانیان، بە هەزار و یەک شێوە، لەهەوڵی ڕێگرتنن بە کریستەڵایزەبوونی ئەم سەربەخۆییە سیاسی – چینایەتی و فیکریـیەی کریکاران لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە لەوانە: پروپاگەندە و ‌‌هێنانەوەی بڕوبیانوی پوچ ‌و فۆڕمۆڵەی تیۆری ئاڵۆز و سەرگێژکەر بەناوی بەرگری لە تاک، بەڵام بە بەکارهێنانی تیۆری تاکگەرایی بورژوازی کە لەسەر ئەنتی-تێزی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگە و پچراندنی تاک و کۆمەڵگە لە یەکتر داڕیژراوە، ڕەتکردنەوەی هەبوونی چینەکان و كێشمەکێشی چینایەتی، جێگرتنەوەی چین بە ملتیتیود (حەشامات)ی سەروو چینایەتی، پروپاگەندەی نەبوونی شتێک بەناوی گۆرانکاری سۆشیالیستی و ئایدیاڵی کۆمۆنیستی، و گاڵتەجاری بە ئەجیندەی گەورەی کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاری شۆڕشگێرانەی سەرجەم سترکچەری کۆمەڵگە و سیستم، و هەر لەم ڕاستایەشدا، پاکانە بۆ هەر شتێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژی دابڕاو لە ناوەڕۆکە كۆمەڵایەتی و چینایەتیـیەکەی، لەوانە پیا‌هەڵخواندان و ستایشی ئایدیۆلۆژی ناسیونالیزم، سێکیولاریزمی بورژوازی، نیو لیبرالیزم، دیمکراسی بورژوازی و پەرلمانی، سیاسەت لەسەر بنەمای شوناس و دەوڵەتی مەدەنی، ئەمە سەرباری ئایدیۆلۆژی کۆنەپەرستانە و دیلهێنەرانەی دینی و ئیسلامیزم.
هەر لەم بارەیەشەوە بەڕێخستنی پروپاگەندەی ژهراوی بەدژی ڕێکخرابوونی حزبیی پرۆلیتاریا بەبیانوی ڕێگەگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی ئەزمونی دکتاتۆریەتی ستالینیزم و ماویزم و سەرمایەداری دەوڵەتیی سۆفیەت، و بەمجۆرەش هەوڵ و تەقەلا بۆ بێبەشکردنی کرێکاران و ئینسانی چەوساوە و ستەملێکراوی کۆمەڵگە لە دەستڕاگەیشتنیان بە ئامڕازی حزبی و ڕێکخراویی خەباتی سەربەخۆی خۆیان، و ئەمانەش بۆ ئەوەی شەقام و شار و کارگە و خۆیندگاکان چۆڵ ببن بۆ ڕمبازی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و پڕاتیکی حزب و‌ هێزەکانی چینی دەسەڵاتدار و یاریکردن بە ژیان و چارەنوسی چەوساکان و سەرجەم کۆمەڵگەوە.

ناکامیـیەکانی ڕژێمی بۆرژا ناسیۆنالیستی کورد
و مەسەلە زیندووەکانی خەباتی چینایەتی

ڕەخنەی ڕادیکاڵ و شۆرشگێڕانە لە سەرجەم بارودۆخی سیاسی کوردستان و دەرخستنی ناکۆکیـیە بێچارەسەرەکانی ڕژێمی بورژا ناسیونالیستی کوردی و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، و ناکامیـیەکانی قەوارەی سیاسی و ڕژێمە گەندەڵ و سەرکوتگەرە میلیشیاییەکەی، هەروەها ڕیسواکردنی هاوپەیمانیی ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیزم لەم ڕژێمەدا، و ڕۆلی دژە شۆرشی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی دەرون- ڕژێمی نیولیبرال و قەومی، و ڕیسواکردنی پەیوەندی کۆنەپەرستانەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕژێمەکەی و هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی) و (یەکێتی) بەهێزە ئیمپریالیستەکان و دەوڵەتە سەرکوتگەرەکانی ناوچەکەوە، هەموو ئەمانە کار و ئەركێکی گرنگن لە ڕاستای خستنەڕووی ناکۆکیـیەکانی ڕەوەندی سیاسی ئەم قەوارەیە و دژایەتیی لە بەرامبەر بەرژەوەندی زۆربەی دانیشتوانی هەرێمدا.
بەڵام باسکردنی ئەمانە بەبێ دەستنیشانکردنی گڕێوگۆڵەی دۆخەکە و کێشەی ئەسڵی کۆمەڵگەی کوردستان کە وەڵامدانەوەیە بە كێشەکانی بەردەم ڕەوەندی بەرەوپێشچوونی خەباتی چینایەتی کرێکاران و نەداران، تەنها ئەبێتە خولانەوە لە بازنەی ڕەخنەگری لە هەمان ئەو واقعەی کە هەیە و ئەو ڕەوندە سیاسیـیەی کە زاڵە لە کوردستاندا، بە واتایەکی تر ئەبێتە گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ باری ناهەمواری کۆمەڵگە لە دەرەوەی خەباتی چینی کریکار و تۆیژە زەحمەتکێشەکان و بەرەوپێشچوونی خەباتی چینایەتی سەربەخۆیان.
دەرچوون لەو بارودۆخە نائاسایی و کارەساتبارەی کە کۆمەڵگەی کوردستان دەرگیریبووە بۆ خۆی مەسەلەیەکی چینایەتیـیە و زیاتر لەهەر کات ئەنجامدانی ئەم وەڵام و ڕێگەچارە چینایەتیـیە بوەتە پێداویستیەکی ئەمرۆ و پەیوەست بوەتەوە بە وەڵام بە ڕێگریـیەکانی بەردەم پێشڕەوی خەباتی کرێکاران و زەحمەتكێشان و نەداران. هەر کەسێکی ئازادیخواز و بە پەرۆشی یەکسانی و عەدالەتخوازی و هەر كرێکاریکی کۆمۆنیست و ئازادیخواز کە بە دوای فەراهەمهێنانی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و پێشکەوتنخوازنەوەیە لە هەرێمدا ناکرێ خۆی لەم فاکتە چینایەتیـیە بەدووربگرێ. وەڵام بە کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان گرێدراوەتەوە بە وەڵام بە کێشە و بەربەستەکانی بەرەوپێشچووونی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان، و ژنانی کریکار و ستەملێکراو، و گەنجانی بێکار و ئازدیخواز.
هەموو تەیفی (سپێکترەمی) بزووتنەوە و حزب و ڕەوتە بورژوا ناسیونالیستەکان بە ڕادیکاڵ و مەدەنیانەوە، بە سێکیولار و دینیانەوە، لە دەسەڵاتدا بن یا لە ئۆپۆزسیۆن، هەردەم ئەم فاکتە چینایەتیـیە بە هەزار و یەک شیوە پەردەپۆش ئەکەن، و بە سروشتی لەناو پراتیک و سیاسەت و تیۆری بورژوا ناسیونالیزم و ئایدیاڵەکانی و ئامانجەکانیدا بەدوای چارەسەری ناکامیـیەکانی دەسەڵاتی ناسیونالیزمدان و ئیتر پاساو بۆ دوژمنکاریـیەکانی بورژا ناسیۆنالیزم و ڕژێمەکەی ئەکەن لە بەرامبەر ئینسانی کرێکار و چەوساوەی کۆمەڵگەدا.

مەسەلەی نەتەوەیی کورد و خەباتی چینایەتی کرێکاران
لیرەدا من ناچمە سەرباسی مەسەلەی قەومی لە کوردستان و شیوەی چارەسەری ئەم مەسەلەیە وەک کێشەیەکی سەرەکی کۆمەڵگە و کاریگەریی لەسەر شکاندنەوەی پارسەنگی هێزی چینایەتی بەلای ناسیونالیزم لە هەرێمدا، و ناچمە سەر لێدوانی ئەوەی کە بزووتنەوەی سۆشیالسیتی کرێکار چ ستراتیژێک ئەگرێتەبەر بۆ چارەسەریی، چونکە ئەمە باس و خواسێکی تر هەڵئەگرێ، بەڵام لێرەدا زەرورە بەکورتی ئاماژە بەوە بدەم کە لە بەرامبەر كێشەی قەومیی کوردیـیدا کە لە پرۆسەیەکی مێژوویدا شکڵی گرتووە، ستراتیژی پرۆلیتاریای سۆشیالیست لە بەرامبەر ستراتیژی بورژوا ناسیۆنالیستی هەم مەرکەز و هەم هەرێمدایە و وەک دوو لایەنی بورژوازی یەک سیستمی چینایەتی سەرمایەداری ئەیانـناسێ، کە بریتیین لە بورژا ناسیونالسیتی کوردی و بورژوا ناسیۆنالسیتی عەرەبی، و لەسەربنەمای پاراستنی بەرژوەندی خەباتی چینایەتی و ئامانجی سۆشیالیستی و ئینتەرناسیونالیستی چینی کرێکار لە سەرتاسەری عێراقدا بەدوای چارەسەری ئەم مەسەلەوەیە، هەر ئەمەشە کە ئەتوانی ڕێگە بکاتەوە تا دانیشتوانی هەرێم ئازادانە بریاربدەن لەسەر جۆری ئەو نیزامە سیاسیـیەی کە ئەیانەوێت لە کوردستاندا بەرقەرار بێت، لە ناو عیراقدا بێت یا لە دەرەوەی.
تێزی دیموکراسی کۆنفیدراڵی ئۆجەلان هەر چەندە چوارچێوەی مۆدێلی کلاسیکی بورژا ناسیونالیستی کوردی بۆ پێکهینانی دەوڵەتی سەربەخۆ بەجۆرێک تیپەڕاندووە، بەڵام لە دوا شیکردنەوەدا ئەم تێزەش هەر لە چوارچێوەی ئاسۆی نەتەوەیی و تیوری سەرووچینایەتیدایە و کارێکی بەسەر وەلانانی ستراکچەری چینایەتی دژبەیەکی کۆمەڵگەکانەوە نیە هەر بەوپێـیەیش کەوتۆتە بەرامبەر ستراتیژی چینایەتی پرۆلیتاریای سۆشیالسیت بۆ چارەسەری کێشەی قەومی.

هەڵوێستی بەشیک لە کریکاران و زەحمەتکێشان، لە پەیوەند بە بودجەوە
دەسەڵاتی بورژوا ناسیونالیستی کورد و دوو حزبە میلیشیایەکەی بەگرتنەبەری سیاسەتی سەرمایەداری نیولیبرالی ئابوری، و فراوانکردنەوەی هەرچی زیاتری گەندەڵی و تاڵانی، و بەڕێخستنی پرۆژەی شکستخواردوی بونیاتنانی “ئابووری نەتەوەیی” و دەستبەرداربوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتیی تەندروستی و خوێندن و خزمەتگوزاریـیەکانی تر، پشتی چینی کرێکار و نەداران و گەنجانی کچ و کوڕی بێکاریان شکاندوە. ئەمە سەرباری ئەوەی کە دەسەڵات و‌ هێزەکانی، سەرکوتیان ئەکەن، و ڕاپەرین و خۆپیشاندانەکانیان بە وەحشیـیانە دادەمرکێننەوە، و موچەکانی کرێکاران و کارمەندان ئەبڕن، و هەوڵوتەقەلاکانیان بۆ خۆڕێکخستن و سەندیکا پێکهێنان قەدەغە ئەکەن، و فشاری ئابووری لەسەر جەماوەری بەرینی دانیشتوان تابێت توندوتیژتر ئەکەنەوە بە چەندەها باجوخەراج، و بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و نەوت و چەندین فشاری ئابووری تر، ژیانیان هەرچی سەختترئەکەن، کەچی هێشتا هەموو کەمپی بورژوازی بەهەمان ئاسۆ و تیۆری و سیاسەتی بورژوازی ناسیونالسیتی و ناسیونال ئیسلامی دێنەسەر باسی چارەسەرکردن. هەربۆیە ئەوانیش، واتە بورژوازی و نۆینەرانی سیاسی ئەم چینە، ئەو ڕاستیـیە ئەسەلمـیننەوە کە لە دیدگای بەرژەوەندی چینایەتی خۆیانەوە سەیری کێشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و چارەسەریان ئەکەن.
شانبەشانی سەرهەڵدانی جموجووڵی کرێکاران و کارمەندانی بەشەکانی تری عێراق، لە کاتی ململانێی لایەنە سیاسیـیەکان و پەرلەمانتارەکانیان لەسەر بوجە و دابەشکردنی، کرێکاران و کارمەندانی هەرێم جارێکی تر هاتنەوە دەنگ لەسەر مووچە بڕاوەکانیان، و هەروەها بێکاران و لاوان و جەماوەری ناڕازی لە دەسەڵاتی هەرێم کەوتنەوە دەربڕینی بێزاریان بەدژی هەژاری و بیکاری و گەندەڵی.
لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم شەپۆلە لە بێزاری و توڕەیی جەماوەر لە هەرێم شکڵیگرت، بەڵام چەشنی زۆربەی جارەکانی تر، هەم تەبلیغی ژەهراوی ناسیونالیستانە و ناوچەگەریانەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی)، و هەروەها پڕوپاگەندەی هەڵخەڵەتینەرانەی بۆرژوا ئۆپۆزسیۆنی چەشنی (نەوەی نۆی) و (حزبە ئیسلامیەکان)، و لەسەرووی هەمووشیانەوە بەهۆکاری پەرژوبڵاوی ڕیزەکانی خەباتی كرێکاران و زەحمەتکێشان، نەگۆڕا بۆ بزوتنەوەیەکی جەماوەری کاریگەر.
ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەم لیرەدا، ئاستی ئەم بیزاری و تۆڕەیـیە بە شیوەیەک بوو کە، وەک جارانی پێشوو، بەشیک لە کرێکاران و کارمەندان و بەهەژارکراوان بەڕوونی باسیان لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ناسیونالیستی کوردە بە سەر ژیان و بژیوی و چارەنوسیانەوە، و داواکاری ئەوەن کە دابەشکردنی موچە، و تەنانەت بەشی بودجەش بۆ خزمەتگوزاریـیەکان، ڕاستەوخۆ لە لایەن حکومەتی ناوەندیـیەوە بیت، و ئەمە جگە لە کۆمەڵە داوکاریکی تر کە مانا کرداریەکەی کەمکردنەوەی دەور و نەخشی سیاسی هەرێمە وەک حکومەتێکی فیداراڵ.
لە واقعدا، ئەم دیاردەیە شیوەی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەشێکی کرێکاران و بەهەژارکراوانی هەرێمی کوردستانە کە ئەیانەوێت هەر چۆن بێت هەندی لە ئازاری برسیەتی و نەداری و بیکاریان کەمبکەنەوە، دیارە پاش بێئۆمیدیان لە فەرزکردنی هەر ڕیفورمێک بەسەر دەسەڵاتدا لە هەرێم. لەم نێوەدا (یەکیەتی) بەشێکی ئەم ناڕەزایەتیانەی لە قاڵبدا بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی و کێشمەکێشەکانی لەگەڵ (پارتی)دا بەڵام ئەمە هەموو چیرۆکەکە نیە چونکە ناڕەزایەتیەکان فراونترن لەوەی ئاوا ڕامبکرێن. ڵە ڕاستیدا، ئەم جۆرە ناڕەزایەتی دەربڕین و داواکارایانە شێوەیکی دیاریکراوی دەخالەتکردنی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتكشیانە لە دەرەوەی بازنەی کاریگەریی ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیزم، هەروەها گەڕانە بەدوای وەڵام لە دیدگای سەربەخۆی چینایەتی خۆیانەوە.
لە کۆتاییدا، ئەبینین کە دوو وەڵامی چینایەتی جیاواز ئەدرێتەوە بە ڕیگەی دەرچوون لە بارۆدۆخی ناهەمواری کوردستان، وەڵامی پرۆلیتاریا و وەڵامی بورژوازی. ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە وەڵامی بەشیک لە چینی کرێکاران و نەداران و زەحمەتکێشان هێشتا نەیتوانیوە هەڵوێستی چینایەتی خۆی بە دوور لە هەردوو کەمپی بورژوازی، واتە دەسەڵاتی هەرێم و ناوەند نمایش بکات. ئەویش لە بەر ئەوەی ‌هێشتا چاوەڕوانیی هەیە لە بورژا ئیسلامی و قەومی دەسەڵاتدار لە عێراق کە یارمەتی بدات لە بەرامبەر ناسیونالیزمی کورددا. ئەمە لە کاتێکدا کە چینی کرێکار و تۆێژە کۆمەڵایەتیـیەکانی، بەر لەهەر شتێک پێویستیان بە یەکخستنی ڕیزەکانی خەباتی خۆیانە لە کوردستان و هەم لەسەر ئاستی عیراق بە ئاسۆی چینایەتی و ستراتیژ و سیاسەتی سەربەخۆی خۆیانەوە، و بەدیهێنانی هاوخەباتی یەکگرتوویان بۆ ڕزگاڕبوون لە سیستمی سەرمایەداری و ڕژێمەکەی هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لە عێراقدا، و هەنگاونان بەرەو بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و ئازاد و یەکسان.

٢/٧/٢٠٢٣




کاتی هاتووە، دەستەکان ببن بە تیشک.. ڕزگار شێخانی

وەرگری خەڵاتی: تەرجەمەی ئەدەبی سوێدی بۆ زمانی بێگانە ـ ئەکادیمیای سوێدی ٢٠١٨

    ـ کاتی هاتووە، دەستەکان ببن بە تیشک ـ ئەمە دوادێڕی شیعری (کۆڕۆنا) ی دڵشاد عەبدوڵڵایە لە دیوانی ـ کات زۆرە، بەڵام چی لە کات بکەم ـ کە لە سەردەمی پەتای کۆڕۆنادا بە یادی ـ پاول سێلان ـ ـەوە (١٩٢٠ ـ ١٩٧٠) نووسیویەتی.

      پاول سێلانیش شیعرێکی بەم ناوەوە هەیە، کە شیعرێکی خۆشەویستییە و بۆ ئینگێبێرگ باخمانی نووسیوە. باخمان لە نەمسا لە دایک بووبوو. باوکی ئەندامێکی چالاکی نازییەکان بوو، سێلان ـیش پەناهەندەیەکی جووی ڕوومانیا بوو. باخمان لە ڤییەنا دەژیا، لەوێ بەشی فەلسەفەی دەخوێند و خەریکی نووسینی دکتۆرانامەکەی بوو لەسەر هایدگەر و هەر لە ڕێگەی ئەویشەوە سێلان ئاشنای فیکری هایدگەر دەبێت و دەست بە خوێندنەوەی بەرهەمانی دەکات و پاشان دەبن بە هاوڕێی یەکتر.

      من ئەم دێڕەم (کاتی هاتووە، دەستەکان ببن بە تیشک) کردووە بە ناونیشانی بژاردەی شیعرەکانی دڵشاد عەبدوڵڵا بە سوێدی و شیعرەکەیشم وەک دوا شیعری بژاردەکە داناوە. واتە، بژاردەکە بە هەمان دێڕەشیعر دەست پێ دەکات و کۆتایی دێت.

      ناونانی بژاردەکە بەم ناوەوە ـ کاتی هاتووە، دەستەکان ببن بە تیشک ـ لای من ڕەهەندی ئەدەبی، زمانەوانی و سیاسی هەیە.

      سەرنجی وشەی کات  Tid لەسەر بەرگی کتێبەکە بدە، کە بە تیپی گەورە نووسیومە، بەڵام بە ڕێنووسی ستاندارد بە تیپی بچووک دەنووسرێ. لێرەدا کات وەک شتێکی ئەبستراکت نامێنێت و ئەم (کات) ـە ئەبستراکتە نییە کە ئێمە لە ناویدا دەژین. نا، لێرەدا کات دەبێت بە بوونەوەرێکی زیندوو و ڕۆلی دەبێت. کتێبەکە هەر لە سەرەتاوە سەرنجی خوێنەر بۆ وشەی کات ڕادەکێشێت.

ئەم بەبوونەوەرکردنەی شتی ئەبستراکتی وەک کات، لە شیعردا زۆر باوە و زۆر شاعیر وایان کردووە. پاول سێلانیش، کە دڵشاد شیعرەکەی بە یادی ئەوەوە نووسیوە، لە زۆربەی شیعرەکانیدا وای کردووە، کە هەم دڵشاد عەبدوڵڵا و هەم منیش زۆر بەم شاعیرە سەختە سەرسامین.

      کات لای سێلان، کاتی سەردەم و ڕووداوەکانی جەنگی دووەمی جیهانییە، کە لەناویدا دایکی و نزیکەی پەنجا میلیۆن مرۆڤی تر کوژران، یان لەبرسان مردن. ئینسان لەناو کاتێکدا دەژیا، کە هەمیشە مرۆڤی دەکوشت. دڵشاد عەبدوڵڵایش، هەم شیعرەکە و هەم دیوانەکەیشی ـ کات زۆرە، بەڵام چی لە کات بکەم ـ لە سەردەمی پەتای کۆڕۆنادا، نووسیوە، کە ئەم سەردەمەی پەتاکە زێتر لە شەش میلیۆن مرۆڤی کوشت. نووسیمە: شەش میلیۆن مرۆڤی کوشت، چونکە لە سەردەمی پەتاکەدا، شەڕی مرۆڤ بوو لەگەڵ کات، کە لە ئەنجامدا مرۆڤ سەرکەوت.

      ناونانی کتێبەکە بە سوێدی بەم ناوەوە، (کاتی هاتووە، دەستەکان ببن بە تیشک) وەڵامدانەوە و دیالۆگیشە لەگەڵ دیوانی ـ کات زۆرە، بەڵام چی لە کات بکەم ـ ی دڵشاد عەبدوڵڵا. دیالۆگە لەبارەی ڕووداوەکانی سەردەممان. ئەم سەردەمە زۆر ناخۆش و تاریکەی ئێستا لەناویدا دەژین، کە لە زۆر ڕووەوە لە سەردەمی چاخەکانی ناوەڕاست و سەردەمی جەنگەکانی جیهانی دەچێ. مەترسی جەنگی جیهانی، کارەساتی سروشتی، گرانی و برسێتی زۆر زیادیان کردووە. مرۆڤ زۆر لەم دۆخانە نیگەرانە و کاریگەریی دەروونی و ئابوورییان لەسەر مرۆڤ هەیە. بۆیە پێموایە ئێستا ـ کاتی هاتووە، دەستەکان ببن بەتیشک ـ و ئەم نیگەرانی و تاریکییەی جیهانی داپۆشیوە، ڕووناک بکەنەوە.

ڕزگار شێخانی ـ سوێد

——————-




وشە و بەرپرسیارەتی.. شوان حەسەن

ئەمن زمانزان و زمانناسنیم، ھێشتا لە ڕێنووس و خاڵبەندی دنیایەک ھەڵەم ھەیە. بەشێکی بۆ کەم خەمی خۆم دەگەڕێتەوە و بەشێکیش بۆ ئەو پەرشوبڵاوییەی زمانناسان دەگەڕێتەوە کە کۆک و ھاوڕانین. بەڵام زۆر گرنگی بە زانستی (مەعریفە) زمان دەدەم، حەز بە بەدواچوون دەکەم، کارێکی ھزرییە و چێژی لێ وەردەگرم و لێیەوە فێردەبم، بەکارھێنانی وشە بە بەرپرسیاریەتیکی گرنگ دەزانم.
گرنگی بەوە دەدەم لایەنە مرۆڤایەتیەکی نەکەمە قوربانی نەتەوایەتیەکەی. مرۆڤم پێ لەسەرەوەی نەتەوە، حزب و ئایدلۆژیادا ھەیە( ئاینیش لە لای من ھەر دەچێتە خانەی ئایدلۆژیا) لەبەر ئەوەی دەمەوێت بابەتەکە بکەمە گشتی، ئەگەرنا ئەوەی ئێمە زۆربەی کات، نەگەیشتۆتە قۆناغە نەتەوایەتییەکە، بەڵکو کوردایەتیەکی ماوە بەسەرچووە. زانیارییە مێژوویەکان پێمان دەڵێن، کە ئەو کوردایەتیە تەنھا لە جێگۆڕکێ لەگەڵ وشەی” عروبە” کەوتۆتە فەرھەنگی ئێمە، ھەڵگرانی گواستنەوەی ئەو بیرۆکەیە، گروپی ( کاژیک) یان پێ دەگوترێت، ڕاستە لە ڕووی سیاسیەوە کاریگەرییان زۆر کەم بووە، لە خەباتی سیاسی و چەکداری لە ناو پارتی دیموکراتدا دەتوێنەوە، بەڵام لە ڕووی ئەدەبیەوە توانیووانە، یاری بە ھەست و سۆزی زۆرێنە بکەن.
دەکرێت بۆ تێگەیشتن لە کوردایەتی سەیرێکی ئەو دوو کەسایەتیە بکەن ( ساطع الحصري ) بە ژمارەیە یەک و ( عبدالڵە عبدالدائم) ئەوانە بیروڕای تورک و نازیەکانیان گواستەوە ناو بەشێکی گەورە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئەوان پێیان ڕاستتر بوو بگوترێت (نیشتیمانی عەرەب) ئەقڵیەتی یەک نەتەوە ویەک ئاین بە ئامرازێکی گرنگ دادەنا بۆ درووستبوونی یەکگرتنەوەی عەرەب.
بەشێک لە نووسەر و سیاسیەکانی کوردیش ئەو ژەھرەیان خستە ناو ھزری شەقامی کوردی، ماوەیەک نیازیان وابوو لە ڕێگەی ئاینی زەردەشتیەوە کورد ڕزگار بکەن، خۆیان لەو خاڵە سەرەکی و گرنگە لادەدا، کە ئاینەکان بەگشی لە خاڵە سەرەکییەکان لێک نزیکن و لە ووردەکارییەکان لێک جیادەبنەوە، بیانووی زۆر لاواز و سۆزدارییان دەھێنانەوە،گوایە ئاین ئامرازێکی زۆر گرنگە بۆ یەکگرتن، لەبەر ئەوەی عەرەب، فارس و تورک سوودیان لێ وەرگرتووە، کەواتە ئێمەش دەکرێت سوود لە ئاینەکەی خۆمان وەرگرین. سەبارەت بە زمانیش تێڕوانینان زۆر توندڕوانەیە، ھەر وشەیەک، مادام کوردی بێت، دەبێت لە فەوتاندن ڕزگاری بکەین. پێویست ناکە لە زمانیتر بیخوازین(دەتواندرێت لێرە ئەقڵانیەتی جیاوازی نێوان نەتەوایەتی و کوردایەتی بەزەقی ببیندرێت، سەیری نەتەوە زیندووەکان بکە، کەمتر کێشەیان لەگەڵ وشەکە ھەیە، وشەکە بەس لە ڕووی فۆنەتیکەوە دەسکاری دەکەن، بەڵام کار لەسەر تێگەیشتنەکەی دەکەن، کەچی ھەتا ئێستاش لای ئێمە ئیش لەسەر ڕووتکردنەوەی وشەکە دەکەن) زۆر جار دەبن بە ڕێگری پێشکەوتنیش لە پێناو مانەوەی زمانە خێڵەکیەکە، لە کاتێکدا ھەموو زمانێک لەگەڵ پێشکەوتنی ،کۆمەڵێک وشەی لە ناو دەچێت و بەخۆشی ھەندێک وشە لەناوی دەبات. ئەوە پەیوەندی بە مان و نەمانی نەتەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە پێشکەوتنیەوە ھەیە.لەڕووی مرۆڤدۆستی و ئاژەڵدۆستی.
بەھۆی ئەوەی ئەمن بۆ خۆم ئەو تێڕوانینە زۆر بە مەترسیدار دەبینم، کەمێک خراپتریش دەبینم بەشێک لە نووسەرانی کورد شەڕی شار و کۆڵان دەکەن، مادام لە شارەکەی ئەوان وادەگوترێت، کەواتە پێویست ناکات سوود لە ناوچەکانیتر وەرگرێت، چونکە بەخەیاڵی ئەو، ئەو لە ناوەندە دەژی، لە کاتێکدا ئێمە یەکێکین لە نەتەوە ھەرە بێ ناوەندەکان.
جارێک برادەرێک شیعرێکی خوێندەوە، بە وشەیەک ھەرچی جوانی ھەیە لەناو شیعرەکە ڕەشبۆوە لە پێش چاوم، لە جیاتی ناشیرین وشەی ( قەزم) ی دانابوو، گوتم:” بۆ قەزم؟” گوتی:” ئێمە بۆ وشەی ناشیرین وشەی قەزم بەکاردەھێنین. گوتم:” ئێوە کێن؟ وشەی قەزم واتە ( کورتەباڵا) کورتەباڵاش پرۆسەیەکی سروشتیە، کورت و درێژی مرۆڤیش ، لە ڕووی مرۆڤایەتیەوە ناکرێت بچێتە خانەی ناشیرینی، کورد یەک دنیا وشەی ھەیە بەس بۆ ناشیرینی، ناشیرینەکە لەو شوێنە دەست پێدەکات، کە ئێمە مرۆڤەکان لەسەر ڕوخسار و جەستە ناشیرین بکەین، زمان لە لوکاڵی دەرکە و بەدوای وشەدا بگەڕێ، بیانووش بۆ ھەڵە مەھێنەوە، لەبەر ئەوەی خەڵکی شارەکەی ئێوە وادەڵێن”.بەداخەوە شیعرەکەی ھەر بڵاوکردەوە و وشەی قەزمەکەشی ھەر بەکارھێنا، چونکە ڕەوایەتی لە شارەکەی خۆیەوە وەردەگرێت، ئەو بڕیاریداوە کار لەسەر ئەوە بکات کە ئەوان جیاوازن و وەھمێکی بۆ دروستبووە، کە ئەوان سەرچاوەی مەعریفە و شۆڕشن. ئەمن ئەو ڕستەیەم ئەگەر شوێنیشی نەبێتەوە ھەر دەیڵێم” گەورەترین کێشەی یەکنەبوونی کورد، لەوە دەست پێدەکات، خاڵە جیاوازییەکانی پێ گرنگترە لە خاڵە ھاوبەشەکان، بە بەردەوامیشی کاری بۆ دەکات، لە ھەموو بوارێکەوە، لە زمان، لە خواردن، لە داب و نەریت،… ئەگەر بۆشی بسەلمێنی ھەر بەلایەوە گرنگ نییە، چونکە لە ناو خاڵە جیاوازەکان خۆی بە بەختەوەرتر دەزانێت. سەیرەکە لەوەیە ناوە ناوەش لێت دەپرسێت، ئەرێ ئێمە بۆ نابین بە نەتەوە؟
بۆیە کە نووسینێک دەخوێنمەوە، زۆر بێ تاقەت دەبم کە وشەیەکی نەشیاو ببینم. ھەندێک جار دەکرێت بیانووێک بۆ مێژووەکەی بھێندرێتەوە، بەڵام کە دووبارە چاپدەکرێتەوە، دەکرێت ڕاست بکرێتەوە. مەرج نییە نووسەر دژ بێت، بەڵام ھەندێک جار لەگەڵ زەمەن و زمانی باو دەڕوات، بۆیە گرنگە مرۆڤ ئاگاداری لایەنە مرۆڤایەتیەکەی وشەکە بێت.
( مارک تووین) کەیەکێکە لە ڕۆماننوسە ناودارەکانی ئەمەریکا و جیھانە، لە ھەردوو ڕۆمانی سەرکێشیەکانی تۆم سوێر و تەواوکەرەکەی “سەرکێشیەکانی ھاکلبێری فین،
( ٢١٩) وشەی نەشیاو بۆ ئێستا، بەڵام باو و ڕێگەپێدراو بۆ ئەو کات بەکار دەھێنێت کە ببوورن ناچارم لێرە بەکاری بھێنم، ئەویش وشەی ( نیگرۆ- Negro)ە ، بەڵام دەنگە ناڕازییەکان ناچاریانکردن لە چاپە نوێیەکە، لە جیاتی ئەو وشەیە ڕەگەزپەرستییە بەگوێرەی پێویستی ڕستەکە، وشەی ( کۆیلە) و ( ڕەشپێست) یان بۆ دابنێن. لە ئەدەبی گەلان نموونە زۆرە، بەڵام دەنگێکی بەھێزیش ھەیە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵەیانە. بۆیە چەند نموونەیەک لە نووسینەکانی نووسەرەکانی خۆمان دەھێنمەوە. تایبەت بەو وشەیە، کە ھەتا ئێستاش بەکاری دەھێنن. زۆر بە ناشیرنتریش، وشەیەکی زۆر ناڕێک و نامرۆڤانەیان داھێناوە، ئەویش وشەی” قوڵەڕەشە” ھەتا ئێستا لە لایەن چەند نووسەرێکی دیاریش بەکارھاتووە و بەکاریش دێت.
پەشێو کە یەکێکە لە خەمخۆرانی زمانی کوردی، کەچی ئەو وشەیە بەکاردەھێنێت.
لە شیعری ” لەبەر دەرگە” دەڵێت”
کات لەژێرباڵی ئاسماندا
خەریکە باوێشک دەدات
شوێن ـــ قوڵە ڕەشێکی کپە
دەرگەکەتم لێ بکەوە
شتێک نییە شیرینتربێ
لە خشپەی پێ وچرپەی چپە
سەیری ئەو شیعرە ناسک و جوانە بکە، کەچی” شوێن قوڵەڕەشێکی کپە” جوانییەکە ووشک دەکاتەوە، کاتی خۆی بیانووی ئەوەم بۆ دەھێناوە، دەمگوت:” لەبەر ئەوەی شیعرەکە کۆنە، بۆیە تاڕادەیەک ئاساییە” بەڵام ڕاستیەکەی ئەو ” تاڕادەیەک ئاساییە” م لەبەر ئەوە دەگوتەوە چونکە بێ سنوور خۆشم دەوێت، بەڵام لەو ساڵانەی دوایش چاپیکردەوە و ئەو وشەی ھەر ڕاست نەکردەوە( کۆی بەرھەمەکانیم لە لایە، کە بەڕەزامەندی خۆی چاپکرایتەوە ٢٠٠٥) لەبەر ئەوەی پەشێو،بەسەرچاوەیەکی گرنگی زمانیش دادەنرێت، ئەگەر قسە لەسەر مەعریفەی وشەکە نەکرێت، ئەوە زۆر ئاساییە خەڵکانێکیش بین بە شیاو و ڕێگەپێدراوی بزانن، ھیوادارم ئەو شیعرە جوانە چیتر نەکاتە قوربانی ئەو وشەیە، وشەیەک وەک سووکایەتی بۆ مرۆڤ، لە دەرفەتێک ڕاستی بکاتەوە.
لە یەکێک لە گەڕانەوەکانم بۆ نیشتمان،کۆمەڵێک وەرگێڕانی مامۆستا ( عەزیز گەردی) م کڕی ، ڕاستیەکەی ئامانجی سەرەکیم بەھێزکردن و دەوڵەمەندکردنی کوردییەکەم بوو، لە یەکێک لە کتێبەکان بەناوی ( ھەقایەتی بەغدایی) ھەر لە چیرۆکی یەکەم بەناوی ( سوڵتان نەسیم) لە لاپەڕە ٦ دەڵێت:

  • پیاویژگە، سەیرکە ئەم دوو ڕەنگە؛ سپی و ڕەش، چەند جوان لێک دێن!!
    پێی گوتم:
  • مانای وایە تۆ ئەشقی قوولەڕەشێک بووی!
    ئەمن زۆر جار کە ڕووبەڕووی ئەو کێشە زمانیە دەبمەوە، زۆربەی کات ئەو وەڵامەم وەرگرتیتەوە” چۆن ھەڵەیە؟ کورد ھەروا دەڵێت” یاخود ناوچەکەی خۆی زۆر بەلاوە گرنگە دەڵێت” ئێمە وا دەڵێن” وەڵامی منیش ھەر ئەوەبووە:” لەوە دەگەم تۆش کوردی، بەڵام تۆ نووسەری، دەبێت زمانت جیاواز بێت لەگەڵ زمانی بازاڕ” مامۆستا عەزیز گەردی دەیتوانی بنووسێت” مانای وایە تۆ ئەشقی کەسێکی ڕەشپێست بووی!”
    لە پێشمەرگایەتی ھاوڕێیەکی عەرەبم ھەبوو، زۆر لێک نزیکبووین، بە ناو( یوسف) لە یوگسلافایی کۆن گەڕابۆوە کوردستان، لەبەر ئەوەی بەشی نەتەوە و کێشەکانی خوێندبوو، سەرنجێکی زۆر جوانی ھەبوو، لەو کاتانەی باسی کێشەیەکی کوردمان دەکرد، دەیگوت:” بەداخەوە ئەوەی زیاتر گرنگی پێدەدرێت، لایەنە تیئورییەکەیە، لایەنی ھەست فەرامۆش دەکرێت، بۆیە بۆ من گرنگە لێت بپرسم و لێت بگەم ھەستی تۆ چۆن سەبارەت بەو پرسە) بۆیە ئەمنیش ھەر ڕستەی یوسفی ھاوڕێم دەڵێمەوە، کە وشەیەک بە کاردەھێنین بەرانبەر ھەر گروپێک، نەتەوە، ئاین، ڕەگەز… پێویستە ڕەچاوی ھەستی ئەوان بکەین، ئایە ئەوان ئەو وشەیان پێ خۆش و گونجاوە؟ ئەگەر وەڵامەکەیان ” نەخێر” بێت ئەوە دەبێت لابدرێت. ئاخر ھەندێک وشە، ئەو ھەموو لێکدانەوەی ناوێت، سەیرم پێ دێت ھەتا ئێستاش، بەشێک لە نووسەران وشەی ” خاچپەرست” بە کاردەھێنن لە جیاتی” خاچھەڵگران” ، کە جیاوازییەکەیان بە زەقی دیارە.
    دلاوەر قەرداغی ڕۆمانێکی لەسویدی وەرگێڕایە، بەناوی ( دکتۆر گلاس) لە لاپەڕە ٩٧ ئەوھا نووسرایە” وێنەی سێ کەللـەسەر بوو کە تاڕادەیەک لەیەک دەچوون-: کەللـەسەری ئورانگۆتانێک(*) ێک ، قولەڕەشێکی ئۆستۆڕاڵی و ئیمانۆیل کانت” با ئەوەش بڵێم لە سویدیەکەش نووسرایە” نێگرێکی ئوستراڵی” بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەکرا، ھەڵەی نووسەر دووبارە نەکرێتەوە، ئەوە پەیوەندی بە دەستپاکیەوە نییە، بەڵکو وشەیەکی نامرۆڤانەیە، وەک چۆن ئەوەی ( مارک تووین) ڕاستکراوە دەکرا ئەویش ھەڵەکەی نووسەر ڕاست بکاتەوە و لە پەراوێز ئاماژە بە ناشیاوی وشەکە بدات، نەک بێت ئەویش وشەی ” قولەڕەش” بە کاربھێنت، ئەو ڕۆمانە لە (١٩٠٥) نووسراوە لە سوید زۆر درەنگ دەست بە لادانی ئەو وشەیە کرد، بە بیرم دێت چەند ساڵێک بەر لە ئێستا جۆرێک لە شیرینیان ھەیە خڕە و ڕەنگێکی قاوەیی تاریکی ھەیە، پێیان دەگوت( Negerboll – تۆپی نێگر ) لەبەر ئەوەی ڕەشپێستەکان پێیان وشەیەکی جوان نەبوو، گۆڕیان بۆ (Chokladboll – تۆپی شوکلات) سەیری گوگلم کرد( ٢٠١٥) ی دامێ.
    ئەمن دەزانم پەشێو، گەردی و قەرەداغی ئازاری مێروولەیەکیش نادەن، بەڵام ھەڵبژاردنی ئەو وشەیان ڕەشپێستەکان ئازار دەدات.
    بۆ ئەوەی نووسینەکەم، تووشی دووبارە بوون و وەڕسی نەبێت، ھەر ھێندە دەڵێم ئەو جۆرە وشانە، کە دەکەونە ناو بازاڕ ، پاش ئەوەی بە فیلتەری نووسەرەکاندا دەڕوات و بەکاری دەھێنن، بەرھەمێکی وەک ئەوەی ( ڕۆژ کەریم) ی لێدەردەچێت، کە مرۆڤ شەرم دەکات گوێ لێ بگرێت
    ریتا، ڕیتا
    تۆ پێستڕەشی
    تۆ قولەڕەشی
    قەدباریکی
    قەیناکە
    مەگەر لە ئەدەبی ڕەگەزپەرستەکان، گۆرانی ئەوھا ھەبێت، ئاخر دەڵێت تۆ ئەوھاشی ” قەیناکە” سووکایەتی پێکردن لەوە زیاتر.
    ئێستاش نازانم چۆن وشەی ( قژنیگرۆ) کەوتە ناو زمانی کوردی ( قژم نیگرۆ دەکەم، قژی نیگرۆبوو،…) لە کاتێکدا سەرچاوەی وشەکە ئیسپانیە و ھەڵگری روحیەتێکی ڕەگەزپەرستیە، ئێمە وشەیەکی زۆر جوانمان ھەیە، ئەویش( قژلوول- پرچلوول) ە، داکۆکی لە خۆمان ناکەم، بەڵام باوەڕناکەم بەکارھێنانی کۆمەڵێک وشە و دەستەواژەی ھەڵە، پەیوەندی بە ڕەگەزپەرستی، بریندارکردنی و سووکایەتیکردن بێت، بەرانبەر بە ئەوانیتر، بەڵام مانەوەکەی زیاتر پەیوەستە بەوە کە، دەسەڵاتە سیاسی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتیەکەمان لە گۆڕان دەترسێن، ڕێگرن بۆ ئەوەی نەوەیەکی جیاواز لەوان دروست نەبێت.
    بەو توانەیە کەمەی کە ھەمە، لە ڕۆمانی ( جارێکیتر ھاوسەرگیری ناکەم) کە شەش ساڵی زیاتر خایەند، کارێکی زۆرم لەسەر ئەو وشە، چەمک، دەستەواژە، …کرد.
    دەزانم ھێزێکی گەورە دژی ئەو گۆڕانکارییە، بەرانبەر بە زمان و شێوازی بیرکردنەوە بەگشتی، بەڵام …
    بۆ ئەوەی بە ھەڵە تێم نەگەن، ئەدەبی ئێمە دەیان شیعر و پەخشانی جوانی تێدایە، وەک ھاوسۆزییەک لەگەڵ گەلانیتر، بەڵام کۆمەڵێک وشە ھەیە، گرنگە لە فەرھەنگ بسڕدرێتەوە و منداڵەکانمان فێری وشەی مرۆڤدۆستی ، ئاژەڵدۆستی و ژینگەدۆستی بکەین.
    داوای لێبووردن، لە ڕەشپێستەکان دەکەم کە ناچاربووم، ئەو وشانە بەکاربھێنم



کتێبی فەلسەفی ئازادی لێپێچینەوەی دڵشاد کاوانی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

کتێبی ئازادی لێپێچینەوە، لە فەلسەفەی ژان پۆڵ سارتەردا، کتێبێکی سەت لاپەڕەیی ڕەخنەیی فەلسەفییە، شەشەمین کتێبی چاپکراوی نووسەر و ڕەخنەگر دڵشاد کاوانییە، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، لە دووتوێی بەرگێکی قەشەنگدا دەکەوێتە بەردیدی خوێنەران.
ئەم کتێبە، شیکاری و ڕاڤەکردن و ڕەخنەگرتنە لە هەندێک لە فۆرم و دیدگا و بۆچوونەکانی ژان پۆل سارتەری گەورە فەیلەسووفی جیهان، بەتایبەتی لە کتێبی بوونگەرایی جۆرێکە لە مرۆڤگەرایی. سەبارەت بە ڕوئیا و بینینی بۆ ئێگزستانسیالیستی و چەمکەکانی بوون و خودا، ئازادی، لێپێچینەوە و بەرپرسیارییەتی هەڵنەهێندراو، نۆرمە ئەخلاقییەکانی پەیوەست بە سەربەستی و نا سەربەستی، لە دیارکردنی هەڵبژاردە ئەخلاقییەکانی مرۆڤ باسکراوە.
دڵشادکاوانی سەبارەت بە لایەنە ڕەخنەیەکەی کتێبەکە ڕایگەیاند: لە کتێبەکەمدا، خاڵم خستۆتە سەر هاودژییەکانی بۆچوونەکانی ژان پۆل سارتەر لە بوونگەرایی ڕێژەیی و پەشیمنابوونەوەی لە ڕوانینەکانی پێشووتری.
هەروەها گووتی: وەک چۆن سارتەر هەر جۆرە ڕەهاگەرایییەکی پێشوەختە دیاریکراو ڕەتدەکاتەوە، کارەکانی سارتەر تێگەیشتنێکی کۆتایی یەکلاکەرەوە لە بوونگەراییمان بۆ دابین ناکەن. بوونی فرە بۆچوونی ئایدیۆلۆژی سەبارەت بە بوونگەرایی، لەوانەش پووچەڵکردنەوەی ئەم بۆچوونانە لەلایەن سارتەرەوە کتێبخوێنان هان دەدات بۆ بانگەوازکردن بۆ ئیرادەی ئازادبوون. ئەمەش مانایەکی تری ئازادییە کە لە کتێبەکە باسی دەکەین.
دیدە ڕەخنەیەکەی کتێبی ئازادی لێپێچینەوە، لەسەر هەرسێ پایەکانی ڕەخنەگری سارتەر ڕەخنەی مارکسیست و کۆمۆنیستەکان، ڕەخنەی ئایینی مەسیحی کاسۆلیکەکان، ڕەخنەی دیاردەناسیی. ڕاڤەی بۆ کراوە و جارێکی دیکە خراوەتە بەر ڕەخنە.
لە کتێبی ئازادی لێپێچینەوە گەڕان بەدوای مانای بوونی مرۆڤ لەم جیهانەدا- بە واتایەکی تر، ڕاستی بوونی مرۆڤ، خراوەتە بەر باس. بەتایبەتی لێکدانەوەکان و ڕەخنەکانی سارتەر، لە کتێبەکانیدا بۆ مەرگی خودا لە دروستکردنی مرۆڤی باڵا لای فریدیش نیچە. جارێکی دیکە بە زمانی کوردی و بۆ خوێنەری کوردی لەم کتێبەدا لێکدراونەتەوە.
کتێبی ئازادی لێپێچینەوەدا لە پاڵ وتارە فەلسەفییەکەیدا چەمکە زانستی و فەلسەفییەکانی بە سی یەک پەڕاوێز لێکدانەتەوە و پانزە کتێبی بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی وەک سەرچاوە، بۆچوونەکانی پێ پپشت ڕاست کراوەنەتەوە.




له‌ كناری ئه‌ڵوه‌نه‌وه‌ بۆ كناری ئه‌ڵوه‌ن.. سه‌لام عه‌بدوڵڵا

به‌م به‌یانیه‌ ئه‌م شیعره‌م بیرهاته‌وه‌:
(ئه‌ڵوه‌نه‌ شیته‌ بگه‌ بگارم…با سه‌ری بیه‌م له‌ قه‌وم و كارم)
خاڵۆ ره‌شید كه‌ ده‌كاته‌ برای(حوسێن)ی دراوسێم، پێشی كۆچیدوایی، سه‌ره‌تا به‌ روویه‌كی خۆشه‌وه‌ و پاشان ئه‌و كۆپڵه‌ شیعره‌ به هۆره‌ بۆمی چڕی، كه‌ لێی بووه‌وه‌، نازانم چۆن پێكه‌نینه‌كه‌ی بزربوو، له‌گه‌ل هۆره‌كه‌ی چاوی پڕ فرمێسك بوو.
پله‌ی گه‌رمی هاوینی گه‌رمه‌سیر، ئاره‌ق له‌ به‌رد ده‌رده‌هێنێت‌، چین چین ئاره‌قه‌ ده‌كه‌ین و له‌ولایشه‌وه‌ كاره‌با وه‌ك ترافیكی لێهاتووه، ماڵه‌كانمان ده‌بێته به‌ كووره‌‌‌. له‌ڕاستیدا كۆڵانه‌كه‌مان له‌م كاته‌ وه‌ك شه‌قامه‌كانی كناری شاره‌كانی ئه‌ڵمانیایه‌‌، هاتووچووی لێده‌بڕێ، بێجگه‌ له‌ هاواری(مای فلته‌ر)و ده‌نگی بڵندگۆی میوه‌فرشه‌ گه‌ڕۆكه‌كان(ئه‌و رۆژه‌ به‌ده‌نگ هاواری شوتی به‌شه‌رتی چه‌قۆ، چوومه‌ ده‌ره‌وه. شووتییه‌كم هه‌لبژادر و وتم بێزه‌حمه‌ت بیشكێنه‌، كه‌چی فرۆشیاره‌كه‌ وتی: چه‌قۆم پێ نیه‌!) ئیتر منیش ته‌ریقم نه‌كرده‌وه‌.
نزیكه‌ی 18 ساڵه‌ كاك حوسێن دراوسێمه‌، گه‌رچی له‌ناو خێزانێكی گه‌وره‌ ژیا، به‌ڵام هاوسه‌ر و مناڵی نه‌بوو. پیاوێكی سووركه‌ڵه‌ی به‌خۆ‌، هێمن، بێوه‌ی و قسه‌له‌ڕوو بوو. هه‌ندێ جار گوێم لێ ده‌بوو كه‌ كه‌سێكی توڕه‌یه‌، منیش ئه‌و خه‌سله‌ته‌‌ تا دوا رۆژی ژیانی لێیم نه‌بینی. گه‌رچی رووی خۆشی پیشان ده‌دا، وه‌لێ مرۆڤ هه‌ستی ده‌كرد له‌به‌رامبه‌ر كه‌سێكی دڵشكاو راوه‌ستاوه‌، خه‌مباری لێ ده‌باری، تاقه‌تی كێشمه‌كێش و هه‌راوهوریا و جه‌نجاڵی نه‌بوو، وه‌ك بڵێی ده‌ستی شۆردووه‌ له‌ ململانی، خۆیی به‌ رتمی بێتام و وه‌ڕه‌سئامێزی رۆژگار داوه‌: سه‌ڕه‌ڕای كات به‌سه‌ربردن له‌گه‌ل په‌زه‌كه‌ی، ماڵئاوایی له‌ ژیان كردبوو پێش ئه‌وه‌ی ماڵئاوایی‌ ئه‌به‌دی بكات.
من ئه‌و كاته‌ هێمنی و له‌سه‌رخۆیه‌كه‌ی و رێزداریم بۆ ده‌ركه‌وت، كاتێ یه‌كه‌م جار به‌شه‌و ده‌نگی بڵندگۆ بۆ بانگی چاوه‌ڕوان نه‌كراو بۆ نویژ له‌ مزكه‌وته‌كه‌وه‌ به‌رزبووه‌وه، ‌خه‌وحه‌رامبووم و به‌ توڕییه‌وه‌ چووم بۆ ناو مزكه‌وته‌كه‌ و پێیانم وت: ده‌نگی بڵندگۆیه‌كه‌ زۆر به‌رزه‌، كه‌می بكه‌نه‌وه‌. سێ كه‌س نوێژیان ده‌كرد، له‌ناویاندا كاك حوسێن له‌ نویژه‌كه‌ی بووه‌وه‌، لای لێكردمه‌وه‌ و به‌ ده‌نگێكی هێمن وتی: باشه به‌سه‌رچاو. ‌
چه‌نده‌ سه‌ره‌نجم ده‌دا، جیاوازییه‌كی گه‌وره‌م ده‌بینی‌ له‌ نێوان ئه‌م و زۆرێك له‌ دانیشتوانی ئاواییه‌كه‌، ئێواران زۆربه‌یان له‌لای دوكانه‌كانی ئاواییه‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌، به‌ ده‌مه‌ته‌قه‌ی بێبایه‌خ و دووباره‌كراو، بوختان و هه‌ندێ جاریش خه‌ریك شۆخی و ده‌مه‌قاڵی كاته‌كانیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. دنیا به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ بڕۆخێ، ئاگایان لێ نیه( وه‌ من چه‌؟ موشكیله‌ی من نیه‌‌…خودا خاسی كه‌د…خودا كه‌ریمه‌. ئینشه‌ڵڵا…)
به‌م دواییانه‌ ده‌مبینی حوسێن له‌ پشت ماڵیانه‌وه‌‌ به‌ گۆچانێكه‌وه‌ شۆڕده‌بووه‌وه‌ بۆ گه‌وڕی په‌زه‌كانی كه‌ تێدا چه‌ند سه‌ر مه‌ڕێكی به‌خێوده‌كرد و هه‌ر به‌ خۆیشی شوانیانی ده‌كرد تا بوون به‌ 40 سه‌ر مه‌ڕ، ئه‌وه‌ نه‌بێت به‌یناوبه‌ین برازایه‌كی هاوكاری ده‌كرد. حوسێن ئه‌م كاره‌ی نه‌كرد له‌به‌ر هه‌ژاری، به‌پێچه‌وانه‌كه‌ كرێكارێكی خانه‌نشینی بوو و توانای دارایی باش بوو. ‌‌
به‌یانییه‌كی سه‌یره‌، له‌ به‌یانیانی رۆژه‌كانی تر ناچێت، جووڵه‌یه‌كی نائاسایی شه‌قامه‌كه‌ی گرتووه‌‌‌.

  • هیچ بووه‌؟
  • كاك حوسێن كۆچی دوایی كردووه‌!
  • چۆن؟
  • به‌ڵێ، ئه‌م به‌یانیه‌ په‌زه‌كانی دیار نه‌ماون و له‌وه‌ ترساوه‌ دزرابن، ئیتر به‌ ته‌مه‌نی 72 ساڵیدا به‌ گۆچانه‌كه‌ی و شه‌له‌شه‌له‌وه‌ له‌ كناری ئه‌ڵوه‌ن تا یاڵه‌كانی میلكان، به‌دوایان گه‌ڕاوه‌ و نه‌یانیدۆزیوه‌ته‌وه‌.
    خاوه‌ن په‌زه‌كانیتر له‌ خوار ئاوایی و كه‌سوكاره‌كه‌ی هه‌ستیان به‌ دیارنه‌مانی كرد و نه‌یانزانی چی لێهاتووه‌ و له‌ كوێیه‌‌. ئیتر ئه‌مانیش به‌دوای گه‌ڕاون. له‌ دواییدا به‌ مردوویی له‌ كناری ئاوه‌كه‌ دۆزیانه‌‌وه.
    چ سه‌فه‌رێكی سه‌خت و چاره‌ڕه‌شی به‌سه‌ر برد: پاش دیپۆرتی زۆره‌ملێی ساڵی 1975 له‌ كناری ئه‌ڵوه‌نه‌وه‌ بۆ شاری سامه‌ڕا، به‌ خانه‌نشینی گه‌ڕایه‌وه‌‌‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیمڕۆ به‌ ته‌نهایی له‌ باوه‌شی ئه‌ڵوه‌ن سه‌ربنێته‌وه‌. ته‌رمه‌كه‌ی هه‌ر له‌ نزیك ئه‌و شوێنه‌ ‌دۆزرا‌یه‌وه‌ ‌كه‌ پێشی 48 نیشته‌جی بوو‌.
    كۆچكردوو له‌ سامه‌ڕا وه‌ك كرێكارێك له‌ كۆمپانیای ده‌رمان كاری ده‌كرد. كاتێ خانه‌نشین كرا، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ میلكان، بۆ ئه‌و شوێنه‌ كه‌ دڵی پێده‌كرایه‌وه‌. گه‌رچی ته‌نهایی لێده‌چۆڕا، به‌ده‌گمه‌ن ده‌چوو بۆ ناو شار، هه‌ر پێویستی پێنه‌مابوو. ئه‌و18 ساڵه‌ هه‌ر له‌ خوار ئاوایی ژیانی به‌سه‌ر برد، وای ده‌زانی له‌ناو به‌هه‌شته، ئه‌گه‌ر لێی دوور بكه‌وێته‌وه‌، ون ده‌بێت یان ژیان كۆتایی پێدێت، له‌وانه‌یشه‌ جۆره‌ په‌رچه‌ كرداری ده‌روونی ناخی بێت له‌به‌رامبه‌ر دیپۆرتكردنی زۆره‌ملێی یان ترسی هه‌بێت له‌وه‌ی‌ به‌ دووركه‌وتنی‌، هاژه‌ و سێبه‌ری داره‌كانی ئه‌ڵوه‌ن له‌ده‌ستده‌دا. ‌
    دوا هه‌واڵی ئه‌م شه‌و: مه‌ڕه‌كان به‌خۆیان گه‌ڕانه‌وه‌.
  • ئه‌ی به‌خێر نه‌یه‌نه‌وه‌…ده‌ وه‌ره‌ له‌داخاندا شه‌ق مه‌به‌….به‌نه‌عله‌ت بن….خۆزیا دزرابان یان گورگ سه‌رتاپایانی شه‌لوپه‌ت بكردبا… تازه‌ كار له‌ كار ترازاوه‌ و جه‌نابیان به‌ باعه‌ باعه‌وه‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌…ئه‌بینن چۆن ئه‌م سه‌گ بابانه‌ چونه‌ خوێنی حوسێن. ئاخر بۆچی هاتونه‌ته‌‌وه‌؟ خێره‌؟ ملیان بشكێنن و بڕۆن گه‌شته‌ڵی خۆیان بكه‌ن…هاتنه‌وه‌یان پوشێك ناهێنێ. ئه‌رێ ئێوه‌ مه‌ڕی عه‌جولی واتان بینیوه‌؟
    ئیمشه‌و شوێنه‌كه‌ی له‌بان زه‌وی گۆڕی بۆ ژێر زه‌وی، جیاوازییه‌كه‌شیان هێنده‌ زۆر نیه‌…رۆژگاره‌كانی له‌ جیهانێكی نامۆ و پڕ ژان و ته‌نهایی، خاڵی له‌ سۆز و دڵنه‌وایی و بایه‌خدان به‌سه‌ر برد…18 ساڵ له‌ دراوسێتیمان به‌ قه‌ت نیوه‌ی ئه‌م نووسینه‌ له‌گه‌ل یه‌كتر قسه‌مان نه‌كرد.
    ئه‌وه‌تا ئێستا ئه‌و رۆی و ئاگای له‌ دنیا نه‌ماوه‌ و منیش گه‌رچی له‌گه‌لی براده‌ریم نه‌بوو یان بۆ جارێك پێكه‌وه‌ چایه‌كمان نه‌خوارده‌وه‌‌، خه‌وم لێبڕاوه‌و بیر له‌ ژیانی غه‌ریب و تایبه‌تی ئه‌و ده‌كه‌مه‌وه‌: به‌ته‌نیا ژیا و به‌ته‌نیا ملی رێگای گرته‌به‌ر و رۆی،
    ماڵیئاوا و یادی به‌خێر.

    سه‌لام عه‌بدوڵڵا




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا-69.. شەماڵ بارەوانی

بەشی(٦٩)
وا حیساب کە ئەو خەڵکە هەموو بزنن

یەکەم وتارم لە بادینان و لە دێی(دەربێسان)ی بچووک بوو.
بیرمە ساڵی یەکەمی فەقێیاتیمان بوو، نزیکەی مانگێک ئاوا ڕۆیشتینە فەقێیاتی، یەکسەر ڕەمەزان هات. مەلاکان و ئیدارەی قوتابخانەی ئایینی(محەمەدییە)گوتیان بڕۆنەوە تا دوای جەژن.
کە هاتمەوە، بە سەردانێک ڕۆیشتمە ماڵی باپیرەم لەو دێیەی دەربێسان.
لەوێ بۆ نوێژ ڕۆیشتم بۆ مزگەوتی دێیەکە. موختاری دێ(مام ئیبراهیم زێباری)کە منی بینی، گوتی: خودێ فەقێی بچیک مە چ مەڵا نینە و لازم تو خوتبەی بۆمە بدەی. گوتم بلا.
هەرچەندە لەو بڕیاری وتاردانەم زۆر دوودڵ بووم. ترسێکی زۆرم هەبوو لەوەی نەوەک نەتوانم وتارەکە بدەم.
ئاخر من تازە ڕۆیشتبوومە فەقێیاتی و پێشووتر هیچ جارێک وتارم نەدابوو و نەڕۆیشتبوومە سەرمینبەر.
تازەش قسەم بە موختاردابوو و دەبوا هەر وتارەکەیان بۆ بدەم.
بەهەرحاڵ، بۆ ئامادەکردنی وتارەکە گوێم لە وتارێکی مەلا(شێرزاد عەبدولوەهاب)گرت به ناونیشانی(تەوبە) ڕێک ئەو وتارەم لەکاتی گوێگرتنەکە هەمووی لای خۆم لەسەر وەرەقەیەک نووسییەوە و دووسێ جار بە تەنها وەک بڵێیت لەسەر مینبەرم و خەڵکێکی زۆر ئامادەی وتارەکەمن، دووبارەم دەکردەوە. ئایەت و ڕیوایەت و قسەکانی مەلاشێرزادم هەمووی باش باش ئەزبەرکرد و خۆم باش بۆ وتارەکە ئامادەکرد.
ڕۆژی جومعە هات و ڕۆیشتمە مزگەوت، بەرلەوەی بڕۆمە سەرمینبەر، دڵم سەدوبیستی لێدەدا و ترسێکی بێئەندازە هەموو بوونی داگرتبووم و لە دڵی خۆم هەر قسەم بەخۆم دەگوت و بە خۆمم دەگوت: باشە هەی فەریکەفەقێی نەزان، تۆ جارێ قول و فول لێکتری جیاناکەیتەوە، بۆچی خۆت تووشی ئەو بابەتی وتاردانە کرد؟
بەخوا ئەوڕۆ لەبەردەم ئەو هەموو خەڵکەی ئابڕووت دەچێت و وتارەکەت پێ تەواو نابێت.
کاتی وتاردانێ هات و بەسەر مینبەرەکە کەوتم. لۆ بەلایێ خاڵۆم(زرار)هاتبوو بەردەمم و لەسەرەتای وتارەکە تا کۆتایی، دیقەتم دا، لە تۆقی سەرم تا بنی پێیەکانم هەمووی سەیردەکرد.
جا خاڵۆم چەند تەنزاوی و شێوە کۆمێدییە.
ترسی بەردەم ئەو خەڵکە هەمووی لەلایەک، هی خاڵۆشم به تەنها لەلایەک.
لە دڵی خۆم دەمگوت: بەوخوایه یەک هەڵە بکەم، خاڵۆم بە تەعلیق و شۆخییەکانی دەمکات بە فیلم.
سەرتان نەیەشێنم، بە هەزارحاڵ تا ئینەلحەمدەکەم کرد.
هەستم کرد دەم و گەرووم وشک دەبێت و چاوەکانم تاریک دادێن و سەرم دەسووڕێت.
ئای خوایە من چی بکەم؟ وەلڵاهی ئەوەی لێی دەترسام ئێستا ڕوودەدات و ئابڕووم دەچێت.
زمانم کەوتە تەتەڵە و هەردووک قاچەکانیشم وەک بی ناو ئاو دەلەرزین. چ لەرزینێک، دەتگوت سەما دەکەم. هاهاها.
دەمگوت هەر ئێستا لە هۆش خۆم دەچم و دەکەوم.
بەو مانگی ڕەمەزانەی خەریکبوو هاوارکەم و بڵێم: خێرا پەرداخێک ئاوم بۆ بێنن، خێرا کاکە من خنکام.
وتارەکەم نزیکەی نیوسەعاتی خایاند. تا دەدەقەی سەرەتا بە هەزار تکا و بەو ڕەزاڵەتی و ترس و سەما و شتە قەتاندم. دواتر هێدی هێدی ترسەکەم نەما و زاڵ بووم.
ئینجا گەرووم بووەوە و کەوتمە لاساییکردنەوەی مەلاشێرزاد و دەستم کرد بە شیڕەشیڕ و خۆگوشین و قسەی زل.
دواتر کە وتارەکە تەواوبوو و ڕۆیشتمەوە ماڵی باپیرەم، خاڵۆم دەستی کرد بە شۆخیکردن و پێکەنین و تەعلیقلێدان و گوتی: وەلڵاهی دەمگوت ئێستا دەبوورێتەوە. کوڕە تۆ ڕەنگت لە ڕوو نەمابوو لە ترسان.
ئەوە قاچەکانت بۆ وا دەلەرزێن؟ دەتگوت ڕەقس دەکەیت. وای پێ دەگوتم و قاقای دەکێشا.

دواتر کە ڕۆیشمەوە بۆ حوجرە، ئەوبەسەرهاتەم بۆ فەقێکان دەگێڕایەوە و هەمووان پێدەکەنین. دەمگوت: بەخوا هەر یەکەم لەحزە زەحمەتە، دواتر زۆر ئاسان دەبێت.
گەر فەقێیەک لێیپرسیبام: چۆن بتوانم خۆم کۆنترۆڵ بکەم و نەترسم لە کاتی وتاردانێ؟
دەمگوت: یەک شت بکە. وا حیساب بکە ئەو خەڵکە هەمووی بزنن. ئەوکاتە هیچ ترسێکت لا نامێنێت. من هەر وادەکەم.
کە وام دەگوت، دەبوو بە قاقا.
لە دێیەکەمان، دێی(بارەوان) زۆرجار دەڕۆیشتمە چۆڵایی و دارێکم لە شێوەی مایک لە عەرد دەچەقاند و عەلەساس ئەوە مایکی مزگەوتە و یەک دنیا خەڵکیش لەبەردەمم ئامادەن و من وا خەریکم وتاریان بۆ دەدەم. بەو شێوازه پڕۆڤەم دەکرد.
یەکەم وتار کە باسم کرد، ئاوا بە ترس و لەرزەوە دەستم پێ کرد.
دواتر لێی ڕاهاتم و ماوەی چەندین ساڵ و لەچەندین دێ و دەڤەر و شوێنی جیاوازی وەک: دەڤەری کەندیناوە، دەڤەری کەرکووک، دەڤەری خۆشناوان و بلباسان و لای شەقلاوە، دەڤەری کۆیە، دەڤەری بادینان و دهۆک، لەناو سەنتەری شاری هەولێریش لە چەندین مزگەوت وتارم دا و خەڵکێکی زۆر ئامادەی مزگەوتەکە و وتارەکە دەبوون و هەر فشەشم پێ دەهات و زۆر سەرکەوتووانە وتارم دەدا.




”من ڕاستیی ڕووناکیم له‌ تیشکدا”.. ڕزگار شێخانی

ئێواره‌ی 26/10/2007 ، له‌ کتێبخانه‌ی کوردی له‌ ستۆکهۆلم، دڵشاد عه‌بدولڵا کۆمه‌ڵێک شیعری بۆ کوردی ئه‌م شاره‌ خوێنده‌وه‌. من به‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه‌، باسی شیعر و ئه‌زموونی ئەوم کرد.

ده‌کرێ تێگه‌یشتن و شیکردنه‌وه‌ی شیعرێک، له‌ خوێنه‌رێکه‌وه‌ بۆ یه‌کێکی تر جودا بێت و ئه‌م هه‌موو تێگه‌یشتن و شیکردنه‌وانه‌یش جودابن له‌ هی شاعیر. بۆیه‌ ڕێگه‌ به‌ خۆم ده‌ده‌م، بۆ نزیکبوونه‌وه‌ له‌ فه‌زا و مێتودی نووسینی دڵشاد، له‌سه‌ر قه‌سیده‌ی ”شه‌وه‌کانی ئامیتا به‌درێژایی بابل”، که‌ ئه‌مساڵ چاپی کردووه‌، بوه‌ستم و زۆر به‌ کورتی و به‌ چڕی ئاماژه‌ به‌ لایه‌نێکی گه‌ش و باشی شیعره‌که‌ بکه‌م. ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ مێژوو. مێژوویه‌کی زۆر کۆن. نزیکه‌ی 600 ساڵ پێش له‌دایکبوون، سه‌رده‌می حکومڕانی ”نه‌بوخه‌زنه‌سیری دووه‌م” و هێرش و په‌لاماره‌کانی بۆ سه‌ر سوریا، فه‌له‌ستین و میسر. له‌ هه‌مان سه‌رده‌مدا، دروستکردن و نوێکردنه‌وه‌ی ”بابل”، که‌ له‌م واقیعه‌ سه‌خته‌دا جێگه‌ی ئه‌شق و جوانییش هه‌بوو. ئه‌م ئه‌شق و جوانییه‌یه‌، ئه‌مڕۆ دڵشادی شاعری، نزیکه‌ی 2600 ساڵ به‌ناو کۆڵانه‌کانی مێژوودا گه‌یاندۆته‌ ”بابل” و له‌وێ ‌ له‌ چاوی ئه‌وه‌وه‌، شته‌ ورده‌کانی ئه‌و سه‌رده‌م ده‌بینین و به‌ ده‌نگی ئه‌ویش گوێمان له‌ گۆرانییه‌کانی ئه‌شق ده‌بێت‌.
ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم و ئاگام لێی بێت، پێشتر چاوی شیعری نوێی کوردی تا ئه‌وێ بڕی نه‌کردووه‌.

له‌م شیعره‌دا دوعا و نزا هه‌یه‌ بۆ ”مه‌ردۆک”ی شای خوداکانی بابل و شا ”شه‌مش”. شیعره‌که‌ به‌ قه‌ڵه‌می ڕه‌ش نووسراوه‌، به‌ڵام، له‌ سپیێتی نێوان دێڕه‌کاندا شیعرێکی تر هه‌یه‌، جوولانه‌وه‌ و وێنه‌ی تیایه‌، چاو نایانبینێت، به‌ڵام هه‌ستیان پێده‌کرێ.
”من ڕاستی ڕووناکیم له‌ تیشکدا
به‌چاوی کوێره‌وه‌ ته‌ماشای چیم ده‌که‌ن؟
بوکی ده‌ریام له‌ خه‌یاڵی هه‌ر یه‌کیکتاندا.” ل/52
من وه‌ک خوێنه‌ر، له‌م سێ دێڕه‌دا‌ وێنه‌ و جولانه‌وه‌ی جوانیان تێدا ده‌بینم. که‌ ده‌ڵێ: ”من ڕاستی ڕووناکیم له‌ تیشکدا” ئه‌مه‌ ده‌ربڕینێکی ته‌واو سوفیانه‌یه و ”بووکی ده‌ریا”یش یه‌کسه‌ر زه‌ینم بۆ ئه‌فسانه‌ی ”ئه‌فرۆدیت”ی خواوه‌ندی خۆشه‌ویستی ده‌با، ئه‌و ده‌مه‌ی ”ئه‌فرۆدیت” وه‌کو بووکێکی جوان له‌ که‌فوکوڵی ده‌ریا له‌دایک بوو.
نووسینی شیعری مێژوویی، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک کارێکی زۆر سه‌خته‌. ڕه‌نگه‌ یه‌کێکیان ئه‌وه‌ بێت، هه‌تا دوورتر به‌ره‌و ئاسوی مێژوو برۆین، ئه‌وا که‌سه‌کان، ڕووداو و شوێنه‌کان زێتر تێکه‌ڵی ئه‌فسانه‌ ده‌بن و سنووره‌کانیان کاڵده‌بنه‌وه‌. لێره‌دا تێگه‌یشتنی شاعیر و مێژوونووس جیاده‌بێته‌وه‌. مێژوونووس سه‌‌رگه‌ردانی ئه‌وه‌یه‌ رووداوه‌کان، کات و شوێنه‌کان وه‌کو خۆیان بنووسێته‌وه‌ و وه‌سفیان بکات.، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆی بکرێ له‌ ئاووهه‌وای ئه‌و سه‌رده‌میش ده‌پێچێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م تێگه‌یشتنه‌، ‌ له‌ دنیای داهێنای ئه‌ده‌بی و هونه‌ریدا ‌زۆر بایه‌خیان نییه‌. ئه‌وه‌ ته‌نیا نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندانن ده‌توانن له‌ سه‌فه‌ری وا دا سه‌رده‌مێکی کۆنکریتی میژوویی، له‌ گۆشه‌یه‌کی تره‌وه‌ ببینن و له‌گه‌ڵ خۆیاندا بهێنێته‌وه‌ ئێستامان. سه‌رسام نابین، ئه‌گه‌ر له‌ سه‌فه‌ری وا دا، ببینین مناره‌ی بابل ده‌جوولێ. سه‌رسام نابین ئه‌گه‌ر ببینین شاعیر له‌ باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌که‌دا، له‌ به‌ر سێبه‌ری دار زه‌یتونێک له‌ نێوان حامۆڕابی و نه‌بوخه‌زنه‌سیردا دانیشتووه‌ و باسی هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌مڕۆی تورکیا بکه‌ن. ئه‌مانه‌ و دروستکردنی ”که‌س”ی تر و ڕووداوی تریش، له‌ دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا جێگه‌یان ده‌بێته‌وه‌.
له‌ڕاستیدا سه‌ختیی نووسینی شیعری مێژوویی لێره‌وه‌ ده‌سپێده‌کات. چۆن دتوانرێت له‌ فۆڕمێکی هونه‌ریدا مێژوو بهێنرێته‌‌ ئێستامان، که‌ ڕه‌ش و سپی نه‌بێت، به‌ڵکو ڕه‌نگین بێت؟
با ئه‌م چه‌ند دێڕه‌، هه‌وڵدانێک بێت له‌ نزیکبوونه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌ فه‌زای شیعری دڵشاد عه‌بدوڵڵا، که‌ 30 ساڵ زێتره‌
ده‌نووسێت. سی ساڵیش زێتره‌ له‌ناو کۆڕی خه‌باتی کوردایه‌تییه‌. له‌ کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، ئه‌و ده‌مه‌ی که‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری، شه‌ڕێکی کولتووری، سیاسی و سه‌ربازی له‌ دژیدا ده‌کرا، ئه‌و ده‌م زۆر سه‌خت بوو بۆ نووسه‌ران، هاوسه‌نگی له‌ نێوان ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تدا ڕابگرن. ره‌نگه‌ زۆر سه‌خت بێت نووسه‌رێک بدۆزیته‌وه‌، که‌ شیعری بۆ ئایدیۆلۆژیا، بۆ حیزب، بۆ سه‌رکرده‌، بۆ جه‌نگاوه‌ر نه‌نووسیبێت. ئه‌م ئه‌زموونه‌ی خۆمان و ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیی ئه‌ورووپایش، به‌تایبه‌تی له‌ نێوان هه‌ردوو جه‌نگی جیهانی و شه‌ڕی ساردیشدا، ڕاستییه‌کی ساده‌مان پێده‌ڵێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: که‌ بۆ نووسه‌ر زۆر سه‌خته‌ هاوسه‌نگی له‌ نێوان ئه‌ده‌ب و سیاسه‌تدا ڕابگرێت و ماڵی شیعر وێران نه‌کات.
به‌ڵام، له‌ ئه‌زموونی نووسه‌رایه‌تی دڵشاد دا ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون و ئاشکرایه که‌ ئه‌و، ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ی ڕاگرتووه‌ و ماڵی شیعری ئاوه‌دان کردووه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ زۆر گرنگ نه‌بێت، که‌ شاعیر چ کاره‌یه‌ و له‌کوێ و چۆن ده‌ژی، ئه‌وه‌ی که‌گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ چی به‌رهه‌مدێنێت. چونکه‌ له‌ ئاکامدا، هه‌ر به‌رهه‌مه‌کان ده‌مێننه‌وه‌ و له‌ ئه‌وانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شاعیر و سه‌رده‌مه‌که‌ی.
من ئه‌زموونی دڵشاد وا ده‌بینم، که‌ به‌ زمانی ناخ ده‌دوێت. ئێمه‌ گوێمان لێیه‌تی، زمانێکی‌ چه‌ند هێمن و له‌سه‌رخۆیه‌‌، وه‌ک که‌ خۆیشی که‌سێکی هێمن و له‌سه‌رخۆیه‌. گوێمان لێیه‌ به‌م زمانه‌ هێمنه‌ی ناخ، باسی ئه‌و شته‌ وردانه‌ و ئه‌و جووڵانه‌وانه‌ بکات، که‌ ئێمه‌ هه‌ندێجار ده‌یانبینین و هه‌ستیان پێده‌که‌ین، به‌ڵام ناتوانین باسیان بکه‌ین.

٢٦/١٠/ ٢٠٠٧ ستۆکهۆلم




مه‌رگ گۆرانیی دۆزه‌خه‌.. به‌ختیار محه‌مه‌د

مه‌رگ سێبه‌ری مانگی ڕوخساره‌كانه‌
مه‌رگ گۆرانییه‌كه‌ له‌ دۆزه‌خ
ژیان حه‌قیقه‌تێكه‌
له‌ناو زبڵخانه‌كان و
له‌ناو شوێنه‌واره‌ ونبووه‌كان
هه‌موومان به‌شێكین
له‌ جنسی قه‌له‌ڕه‌شكه‌ و
به‌شێكیشین له جنسی كۆتری سپی.
خواش ده‌ره‌قه‌تی مه‌رگ نایێ
ئه‌و ده‌سه‌ڵاتێكه‌ له‌ ئه‌زه‌ڵه‌وه‌
جه‌سته‌ ده‌مرێ
ڕۆح ده‌چێته‌ ناو باخچه‌ی وشه‌كان
ئازادی چه‌ند جوانه،‌
كه‌ به‌سه‌ر مه‌رگ سه‌رده‌كه‌وێ!
له‌ كوێ؟ له‌ دڵی جه‌نگاوه‌رێك.
له‌ناو گۆڕدا مه‌رگ هه‌یه‌
خواش هه‌میشه‌ ده‌چێته‌ ئه‌وێ
ئه‌وه‌ ئاسمان نییه‌ كه‌ ماڵی خوایه‌،
به‌ڵكو گۆڕه‌‌ ماڵی ئه‌و.
مه‌رگ وه‌ك چپس
ساڵه‌كان ده‌خوا.
مه‌رگ هه‌ژارانی
خۆشتر ده‌وێ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندان
مه‌سیح وای گوت.
فریشته‌ و مه‌رگ له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ دۆستن
مه‌سیح كه‌ له‌ گۆڕدا هه‌ستایه‌وه‌
وای گوت.
هه‌موو پێغه‌مبه‌ره‌كانیش ده‌ڵێن:
فریشته‌ و مه‌رگ دۆستن،
نه‌ك شه‌یتان و مرۆ
له‌ به‌هه‌شتی خاپووركراوی عه‌ده‌ن.

به‌ختیار محه‌مه‌د




نان گۆڕستانی ورگه‌.. فەرهاد کەریم

ویژدان چۆته‌ ناو سه‌رم، ورگی مر‌ۆڤم پڕ کردووه‌ له‌ پیاسه، له‌ ناو ورگی مرۆڤ مه‌گری، گوو ده‌بارێ به‌ گریان، ده‌می پڕه‌ له‌ چه‌قۆی شه‌ڕ، ئاشتی ئاوده‌ست، برسی مردن و تینوه‌ خوێن، سه‌ری ئه‌شکه‌وت پڕله‌ ترس، دۆزه‌خ و به‌هه‌شتی بێ چراو شه‌وه‌ زه‌نگ چاو، له‌ ناو با و باوه‌ڕ شکاوه‌و مردووه‌، ده‌ست و پێی درێژ بووه‌، پێشبڕکێیه‌کی قۆڕه مردن، ژیان له‌ ناو ورگیدا روخاوه خراپ،‌
ژیان له‌ ناو ورگیدا بریندار
له‌ ناو ورگیدا مردووه ژیان ‌‌‌‌
ده‌ستی درێژ بووه‌ بۆ ورگی
بۆ ورگی پێی درێژ بووه
‌ورگی پڕ سه‌ری بووه
سه‌ری بۆته‌ ورگ
ورگی مرۆڤ له‌ مه‌یدانی جه‌نگ ده‌چێت له‌ گۆرستانێکی خاپور، جه‌نگ گۆرستانیش وێران ده‌کا،
ورگی مرۆڤ گۆڕی ناو گۆرستانی وێرانی دوای جه‌نگه‌،
گۆڕت له‌ ناو ورگتدایه‌ چ وێرانه‌یه‌که‌ ورگت، له‌ ناو ورگت وه‌ره‌ ده‌رێ پێش مردنت خۆت مه‌نێژه‌، ده‌سته‌کانت کورت که‌وه‌ بۆ سه‌ر دڵت، هه‌نگاو بنێ بۆ ویژدان له‌ ناو ورگت وه‌ره‌ ده‌رێ، برسیبه‌ بۆ ژیان، ناو ورگت مردنه‌، ورگ په‌ناگه‌ نیه‌ هه‌تاوی سوتانه‌ سێبه‌ری ژه‌هر، ده‌ست به‌ ورگی که‌س وه‌مه‌نێ بۆ وه‌ستان، ده‌ڕوخێ ورگ وه‌ک مرۆڤی جه‌نگه‌کان، ده‌دۆڕێ ورگه‌ مرۆڤ،
به‌ لای خواره‌وه‌‌ مه‌ڕۆ ته‌ڕه‌ وه‌ک باران، به‌رده‌ ڕه‌ق،
مردن‌ هه‌ر مردنه‌ له‌ ئاوه‌دانی ورگبێ یا له‌ چۆڵی ژیان،
له‌ ده‌ره‌وه‌ی ورگ باران ته‌ڕی کردووم، ئازاری زۆرم کێشا تا برسی نه‌بم،
بۆ ئاوه‌دانی ورگ نووزانه‌وه‌ و بچووک و سێبه‌ر،
گوو- مان کرده‌ هزر، هه‌میشه‌ وتوومه‌ بارانیش ببارێ ژیان له‌ گوو پاک نابته‌وه‌، ‌
هاتوومه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ورگ
نه‌ شیعرێکی ته‌ڕ ده‌نووسم
نه‌ پێکه‌نین ده‌خه‌مه‌ سه‌ر زمانم
ڕووم له‌ مرۆڤه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ی دژه‌ ورگه‌
ئاوێنه‌یه‌کی ڕووته‌ مرۆڤی ئه‌مڕۆ ده‌ستی درێژه و هه‌نگاوی خێرا بۆ ورگ مه‌رگه
له‌ گه‌ڵ مه‌رگی خۆیدا ده‌ڕواو پێده‌که‌نێ
پێکه‌نینی به‌ مردن دێ له‌ ناو ورگیدا ده‌مرێ
له‌ مردن ناگا پێده‌که‌نێ، له‌ پێکه‌نین ناگا ده‌مرێ
روونه‌ ئاوێنه‌یه‌ هزری ورگن، ده‌خواو ده‌ڕی و ده‌مرێ‌