مەحموود ئەحمەد ئەلسەیدی چیرۆکنووس و خەبات لەپێناو کرێکارانی عێراقدا.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

مەحموود ئەحمەد ئەلسەیدی چیرۆکنووس و ڕۆماننووس و پێشەنگی ڕۆمانی عەرەبی لە عێراق، ناوێکی درەوشاوەیە لە ئاسمانی هوشیاربوونەوەی فیکریی و ڕێنیسانسی ئەدەبی لەمێژووی عێراقدا کە ڕۆڵێکی مەزنی گێرا لە بەرگریکردن لە کرێکاران و زەحمەتکێشان. ئەو لە واقیعی کۆمەڵگەی عێراقی لە دەیەی بیستەکان و سییەکانی سەدەی رابردوو ژیا کە هەمیشە لە ناکۆکیدا بوو لەگەڵ دوواکەوتوویی ژیان و گوزەرانی خەڵک و ئاستی مەعریفی خۆیدا.ئەلسەید قەڵەمەکەی خستە گەڕ لەبوارەکانی ئەدەب و سیاسەتدا لەپێناو کرێکاران، بەڵام بەداخەوە مێژوو بۆ ماوەیەک لەبیری کرد. کاتێکیش دکتۆر عەلی جەواد ئەلتاهیر ئاوڕ لەم نووسەرە شۆڕشگێڕە دەداتەوە، ئەوسا ناوەندە ڕۆشنبیریی و ئەدەبییەکان لای لێ دەکەنەوە(١) مەحموود ئەحمەد ئەلسەید، لەجەرگەی ئەو بزووتنەوە ڕۆشنگەرییەی عێراق هاتەد ەرەوە کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم خەریکی هەناسەدان بوو. ئەم نووسەرە کرێکاریی و کۆمۆنیستە لە ١٤ی ئازاری ساڵی ١٩٠١ لە شاری بەغداد لەدایکبووە. سەرەتا لە کتێبخانەی مزگەوتی حەیدەرخانە لای باوکی مودەریس دەست بە خوێندنی ئایینی دەکات؛ کە ئەوکات مەلای مزگەوتی عەبدولقادر گەیلانی بوو. پاشان ئەلسەید لە قوتابخانە عوسمانییەکان دەخوێنێت و تا لەسەردەمی داگیرکاری ئینگلیزدا دەچێتە خوولێکی ئەندازیاری. ئینجا گەشتی وڵاتی هیندستان دەکات و ساڵێک لەوێ بەسەر دەبات و شارەزایی لە دۆخی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی هیندستان پەیدا دەکات. مەحموود لە هیندستان بە بیرمەندی سۆشیالیستی هیندی (سوامی) ئاشنا دەبێت و دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە. ساڵی ١٩٢٠ لەسەروبەندی شۆڕشی ١٩٢٠ی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ عێراق تا ئەزموونی گەشتەکەی هیندستان و شۆڕشەکە لە ڕۆمانی ( جەلال خالید) بخاتە ڕوو، کە دواتر لە ساڵی ١٩٢٨ دا بڵاوی دەکاتەوە. (٢)مەحموود ئەحمەد ئەلسەید وەک هەر خوێندەوارێکی گەنجی ئەوکاتی عێراق، جگە لە بەرهەمە ئەدەبی و سیاسییەکانی خۆی؛ زمان و ئەدەبی تورکی دەخوێنێت و لەو ڕێگەیەشەوە گەلێ بەرهەمی ئەدەبی ئینگلیزی و ڕووسی و ئەرمەنی وەردەگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی.(٣) ساڵی ١٩٢١ یەکەمین کورتە رۆمانی خۆی بڵاو دەکاتەوە بەناوی ( لەپێناو هاوسەرگیریدا) کە حوسێن ئەلرەحاڵ گەورە ڕۆشنبیری پێشکەوتووخوازی ئەوسەردەمە پێشەکی بۆ دەنووسێت. بیریشمان نەچێت حوسێن ئەلڕەحاڵ و کۆمەڵە گەنجێک ئەڵقە ڕۆشنبیرییەکانیان پێکهێنابوو؛ کە مەحموود ئەحمەد ئەلسەید یەکێک بوو لەو ڕۆشنبیرە گەنجانە.(٤) بەمجۆرە هەلومەرجی سیاسی ئەوکاتی عێراق کەلەژێر پێی داگیرکاری ئینگلیز و کۆمپانیا بیانییەکاندا ڕەنگڕێژ دەکرا، دۆخی کرێکارانی عێراقی گەیاندبووە لووتکەی خراپی و نائینسانی. ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە بەهەرشێوەیەک کەبۆیان کرابێت پشتیوانی خەبات و ناڕەزایەتی کرێکارانی عێراق بوون و تەنانەت ئامادەشبوون بەکردەوە ببنە دەنگ و نوێنەری کرێکاران. مەحموود ئەحمەد ئەلسەید لە کۆمەڵەی پیشەوەران شانبەشانی محەمەد ساڵح ئەلقەزاز هەموو ژیانی دەخاتە خزمەت کرێکاران و دەبێتە جێگری سەرۆکی ئەو کۆمەڵە کرێکارییە.(٥) ئەو جگە لە دەقە ئەدەبییەکانی لە چیرۆک و ڕۆمان، لە وتار و نووسینە سیاسییەکانیشدا پێداگرێکی سەرسەختی کرێکارانە دژ بە سەرمایەداران.

مەحموود ئەحمەد ئەلسەید دوای گەڕانەوەی لە هیندستان لە ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە وەکو ( الشرق، العراق، العالم لاعربي، الاستقلال) و گۆڤارەکانی ( الیقین، المصباح، الصحیفة، المعرض، الحدیث، الحاصد) دەست بە نووسین دەکات و بەرهەمەکانی بلاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٢٠ وەکو کاتب لە وەزارەتی ناوخۆ دادەمزرێت و پاشان لەساڵی ١٩٢٣ وەک بەڕێوەبەر دەگوازرێتەوە لیوای الدیوانیة و دوای ئەوەش لەساڵی ١٩٣١ دەبێتە سکرتێری شارەوانییەکان لە وەزارەتی ناوخۆ و ئینجا لە ئازاری ساڵی ١٩٣٣ تا کۆتایی ژیانی ١٩٣٧، دەبێتە سکرتێری پەرلەمان.
بەشێک لە وتارەکەی مەحموود ئەحمەد ئەلسەیدی چیرۆکنووس و ڕۆماننووس بڵاو بکەینەوە جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەوەران بوو، واتا جێگری ئەقەزاز بوو کە لە ڕۆژنامەی (العامل) ژمارە یەکی ساڵی ١٩٣٠دا بڵاوکراوەتەوە. مەحموود ئەحمەد ئەلسەید دەنووسێت :(بانگەوازی یەکەمم بۆ هەموو کرێکاران و جووتیارانی وڵاتەکەمان؛ بۆ هەموو ئەشکەنجەدراو و ستەمدیدەیەک، بۆ هەموو سەربازە سەربڵندەکانی مرۆڤایەتی کە لە گەورەترین جەنگدا و لەپێناوی مافەکانی چینی کرێکاران و سەربەستی و بیروباوەڕە پیرۆزەکەیاندا پشتی یەکتر دەگرن، هەر ئەو بانگەوازەیە کە سەرکردەکانی ئەو چینە پێش دەیان ساڵ و ئێستاش دەیڵێنەوە: ئەی کرێکارانی جیهان یەکگرن!. با ئەم بانگەوازە دروشمی کرێکارانی خۆشمان بێت، بەبێ جیاوازی کار و پیشەیان، با ئەوەش بزانن کە ناکۆکی و بەربەرەکانێی یەکتر لەوە بەولاوە کە تێکیان دەشکینێ و بەرەو دواوەیان دەبات و تا ماویەکی دوورودرێژ مافیان بەفیڕۆ دەبات، هیچی تریان لێ دەستگیر نابێت.) تا دەگات بەوەی کە دەڵێت ( کرێکارانیش مافی زۆریان هەیە و خاوەنی نین، و هەروا بەئاسانی بەدەستی ناهێنن. گومانی تێدا نییە ئەوانە مافی ژیانن و بەبێ دەستخستنیان مردن گەلێک باشترە. کرێکار مافی ڕەوای خۆیەتی ڕۆژی هەشت سەعات کار بکات، کەچی زۆربەی کات چواردە سەعات کاری پێدەکرێ، مافی خۆیەتی بێکار نەبێ، مافی خۆیەتی مناڵەکانی لە قوتابخانەدا فێری خوێندن و نووسین ببێ، نەک بە نەزانی فرێبدرێتە سەر شەقامەکان، یاخود بخرێنە بەر شاگردی و لەناو کارگە و کارخانەکاندا کاری گرانیان پێ بکرێ، مافی خۆیەتی خواردنی سوودبەخش بخوا و بەرگی باش بپۆشێ و جێگایەکی لەباری هەبێ تێیدا بحەوێتەوە، نەک وەک ئاژەڵی کێوی لەئەشکەوتدا بژی، مافی خۆیەتی گەرخۆی یا ئەندامانی خێزانەکەی نەخۆش کەوتن، پزیشک چارەسەریان بکات و داودەرمانی پێویستیان بدرێتێ و گەر کەفتەکار بوو نەیتوانی ژیانی خۆی دابین بکات و لەسەرکار بمێنیتەوە، ئاوا چەردەیەک پارەی بدرێتێ و گەر پیری زۆری بۆ هێنا و چیتر بۆی نەکرا ئەرکی خۆی بەجێبێنێ و کار بکات، مووچەی خانەنشینی بدرێت بە خێزانەکەی.) تا لە کۆتاییدا دەڵێت ( گەر بێ و کرێکاران هاوکاری یەکتر نەکەن و کۆمەڵەکانیان لەسایەی ئاڵایەکی یەکگرتوودا یەک نەخەن کەڕاستتر وایە ناوی یەکێتیی کۆمەڵە و نەقابەکانی کرێکارانی لێبنێین، هەرگیز بەو مافەیان شاد نابن. دەبێ ئامانجیشی بەرگریکردن بێ لە بەرژەوەندی هاوبەشی کۆمەڵەی کریکاران و هەوڵدان بێ بۆ دانانی یاسایەکی ئەوتۆ تا لەسایەی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییە دێرینەدا کە بەزۆرەملێ پەیڕەوی یاساکانی دەکرێت، خۆیان و مافە ڕەواکانیان بەپێی توانا بپارێزێ و کرێکاریش سەربەست و سەربڵند بژی.)(٦)

مەحموود ئەحمەد ئەلسەید لە چیرۆکەکانیدا ڕێبازی ڕیالیزمی گرتۆتە بەر. ئەو جگە لەوەی پێشەنگی ڕۆمانی عەرەبی بوو لە عێراق، لەهەمان کاتیشدا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆڕ و کۆمەڵە سۆشیالیستی و پێشکەوتووخوازەکان. (٧) و کاریگەری هەبوو بەسەر سەرجەم بونیادی ڕۆشنبیری لە عێراق. ئەم خەمخۆرەی چینی کرێکاری عێراق؛ بەداخەوە لە تەمەنێکی زوو لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣٧ لە قاهیرە بۆ یەکجاری دڵی لەلێدان دەکەوێت و ماڵئاوایی لە ئەدەبی ڕیالیزمی سۆشیالیستی و خەمە چینایەتییەکانی کرێکارانی عێراق دەکات و هەر لەو گۆڕستانەی قاهیرە دەنێژرێت کە شاعیری عێراقی عەبدولموحسین ئەلکازمی لێنێژراوە.(٧)
مەحموود ئەحمەد ئەلسەید لەنێوان ساڵانی ١٩٢١ تا ١٩٣٥، نۆ کتێبی بەچاپ گەیاندووە و هەروەها ژمارەیەکی زۆر بابەتی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوکردۆتەوە و وەرگێرانیشی هەیە لە زمانی تورکییەوە.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
ئایاری ٢٠٢٢

سەرچاوەکان :
١- ادباء منسیون من بلادي رائد الروایة العربیة في العراق محمود احمد السید بقلم د،علاء الادیب موقع الوطن ٢٣ی ئابی ٢٠١٩.
٢-اعادة طبع اول روایة عراقیة لمحمود احمد السید بقلم عبدالجبار العتابي موقع ایلاف ١٩ اب ٢٠١٧.
٣-لەو کتێبانە بەنموونە لەپێناو هاوسەرگیری ١٩٢١ و چارەنووسی لاوازەکان ١٩٢٢ و نسکۆکان ١٩٢٢ و قەڵەمی شکاو ١٩٢٣ و جەلال خالید ١٩٢٨ و پێشەنگەکان ١٩٢٩ و ..تاد.
٤-محمود احمد السید زیادة اجتماعیة – ثقافیة بقلم یاسین النصیر ملف ٤ موقع الناقد العراقي ١٨-١١-٢٠١٧.
٥- چینی کرێکاری عێراق نووسینی دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد و وەرگێڕانی فوئاد مەجید میسری لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی کۆمۆن چاپی دووەم ٢٠١٩ لاپەڕە١٦٩.
٦-چینی کرێکاری عێراق نووسینی دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد و وەرگێڕانی فوئاد مەجید میسری لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی کۆمۆن چاپی دووەم ٢٠١٩ لاپەڕە١٩٢ و ١٩٣.
٧-محمود احمد السید رائد القص العراقي الذي انجذب الاشتراکیة بقلم سماح عادل موقع کتابات ٨ ایلول ٢٠١٨.
٨-ادباء منسیون من بلادي رائد الروایة العربیة في العراق محمود احمد السید بقلم د،علاء الادیب موقع الوطن ٢٣ی ئابی ٢٠١٩.




کتێبی مرۆڤ و ژیان خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی کتێبی (زەوی لە قەفەزدایە)ی (فەرهاد کەریم) دا.. هۆشەنگ شێخ محەمەد

(١)
فەرهاد کەریم، نووسەر و شاعیرێکە، زمانێکی تایبەتی هەیە، شێوازێکی سوریالی بە ناوەڕۆکی بابەتەکان دەدات، تەنانەت شێوازێکی سوریالی بە جیهان و ژیان دەدات!
لەم کۆمەڵە شیعرەدا، بەم زمانە، ناو و بابەتگەلی جۆراوجۆر، دەکاتە ناوەڕۆکێکی شیعری. مرۆڤ، جیهان، ژیان، خوا، ئیمان، جەنگ، شەڕ، جوانی، باوکبوون، دایکبوون، مردن، ماکەکانی سروشت، سەگ، باڵندە، هتد..، گشت ناو و وشەکان لە زمانی فەرهاددا، دەبنە ڕستە و وێنەی شیعری و بە ڕەوانی دەیانڕێژێتە سەر کاغەز، وەک ئەوەی شیعرەکانی، لەسەر دۆخی ڕاستەقینەی مرۆڤ و جیهان و ژیان بکاتە شایەد!
فەرهاد کەریم، گشت شیعرەکانی، لە نێو ژیاندا دەردەهێنێت، لە قووڵایی ئەزموونێکدا، کە بە هەستەکانی تا دوورترین پنت شۆڕدەبێتەوە و بەرز دەبێتەوە، ئەم ئەزموونە بە زمانێک بەیان دەکات، کە زادەی ئەم چەشن و چەشە ژیانەیە کە ئەدەب و شیعر و هونەری لێ دەردەکەوێت. واتا شیعرەکانی فەرهاد، لە ڕووی ناوەڕۆک و شێوازەوە لە ژیانەوە بەرەو ئەدەبەوە دێن، نەوەک بە پێچەوانەوە! ئەمەش بۆ خۆی جوانی ئەقڵێک پێشان دەدات، کە ژیان بە بنەڕەتی نووسین و ئەزموونی شیعری و هونەری دەبینێت.
لە ئەدەبی کوردیدا، شاعیرمان زۆرن، کە ئەزموونی شیعریان نابێتە ئەزموونی ژیان و جیهان، بەڵکو وەک ئەزموونێکی ئەدەبی، هونەری، شیعری تایبەت و سەربەخۆ دەمێنێتەوە، یان پتر ئەزموونەکە دەبێتە ئەزموونی مێژوویەکی ماددی و کۆمەڵێ ڕووداوی کەسی، تایبەتی، گشتی لە خۆ دەگرێت، بێ ئەوەی ڕووداوەکان ببنە بەردەبازێک بۆ بەرزبوونەوەی خوێنەر بۆ ئاستێکی مەعریفی باڵاتر، واتا وەرگر لە گەڵ ئەزموونی شاعیر، لە واقیع بەرزتر ببێتەوە و بە جیهان، یان ژیان یان بە مێژوویەک بگات کە ڕووحی و ڕەمزی و مەعنەوی بێت.
بۆ من شیعرەکانی فەرهاد کەریم، ئەزموونێکن بە هۆی توانا و وزەی زمان و دەربڕینیەکانی، دەتوانن منی خوێنەر بۆ نێو پڕۆژەیەکی ڕەخنەیی لە شارستانییەتدا شۆڕ بکەنەوە، ئەمەش وا دەکات، بزانم فەرهاد کەریم، بۆ خەمێکی گەورە، جدی، مرۆیی، جیهانی دەنووسێت.

(٢)
فەرهاد کەریم، لە سەرەتای کۆمەڵە شیعرییەکەدا، بانگمان دەکات تا بچینە نێو زمان، چونکە لە نێو زماندا، دەتوانین لە ژیان و واتاکانی ڕابمێنین، زمان کە ڕەوانی مرۆڤ، نووری خودا، پەیامی گەردوون بە وەرگرەکانی دەدات، واتا زمان لەبەرانبەر ئەو لۆگۆسەمان دادەنێت، کە پێویستە پێیەوە بیر لە بوون بکەینەوە و تێی بگەین و دەربڕینیشی لێ بکەین!
ئەگەر بپرسین، بۆ زەروورە لە خوێندنەوەی ئەزموونێکی شیعریدا، بچینە نێو زمان؟ ئایا لە ڕێی زمانەوە، شاعیر بەرەو کوێمان دەبات؟ تێگەیشتن لە دەق؟ یان تێگەیشتن لە جیهان؟ یان لە ژیان؟ یان لەبوون؟ یان مێژوو؟
فەرهاد کەریم، زوو پێمان دەڵێت:
شارەوانی بۆی نووسیوم
تکایە پێکەنین فڕێمەدە ناو دڵتەنگی مرۆڤ “ل ٦”
جیهانی مرۆڤ، جیهانێکی دڵتەنگە! لەم جیهانە دڵتەنگەدا، مرۆڤی شاعیر، نابێت پێکەنین بخاتە نێو ئەم دڵتەنگییە، چونکە سەرچاوە و بنەڕەتی ئەم دڵتەنگییە، پڕۆژەی شارستانیەتی مرۆڤە. واتا مێژووی ماددی، مرۆڤ و سروشتی لە یەکدی جیاکردنەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی مرۆڤ و ژیان لەیەکدی جیا ببنەوە!
وشەی شارەوانی لێرەدا، ئاماژەیەکی قووڵە بۆ پڕۆژەی مرۆڤ، کە بنیاتنانی شارەوانی و شارستانییەتی بوو، شارستانییەت، کە گەورەترین پڕۆژەی ئەم بوونەوەرە ئاقلە بوو، کە مرۆڤ بوو، بەم پڕۆژەیە خۆی لە تەواوی بوونەوەرەکانی تر جیاکردەوە، خۆی لە سروشت و ماکەکانی سروشت جیاکردەوە، خۆی لە بوونەوەرێکی سروشتی کردە ئەکتەرێکی شارەوانی، مرۆڤی کردە، کەسێک کە کۆمەڵێک ماڤ و بەرژەوەندی و قازانج و مەبەستی شارستانی هەیە، واتا لە مرۆڤی سروشتەوە بووە مرۆڤی شارستان، بەمەش مرۆڤ کەوتە نێو گەندەڵی و پیسبوون و فروفێڵ و درۆ و دڕندەییەوە، تا وای لێ هات، مرۆڤ تەنیا لە ڕێی هێزەوە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سروشت دابمەزرێنێتەوە، شارەوانی بووە، بنەڕەتی ئەم شارستانییەتە و سنووری بۆ ژیان و بوون دامەزراند، هەروەها دواتر سنووری نوێی ناسروشتی بۆ بوونەوەرەکانی نێو سروشت و جیهان دامەزراند، ئینجا سنووری بۆ خودی مرۆڤیش دامەزاند و وەک ماک و پێکهاتەکانی تری سروشت، خستییە نێو قەوارەیەکی دیاریکراو و سنووردار، سستمێکی شارەوانی بۆ دانا و وتی: ئەمە واقع و ژیان و جیهانی تۆیە ئەی مرۆڤ! ئەی کۆیلە!
مرۆڤ وەک ماک و توخم پێکهاتەکانی تری سروشت، بووە ماددەیەک و خرایە نێو پڕۆژەی شارەوانی و ئەو فۆرمەی وەرگرت کە شارەوانی دەیەوێت!
فەرهاد کەریم لە زۆر شیعری تریش، ئەم کێشەیە باس دەکاتەوە، لەوانە لە شیعری (ئاو دەمانباتەوە) هونەریانە ئەم وێنەیە دەکێشێ و شاعیرانە پێوەندی نێوان ماکێکی سروشت کە (ئاو)ە، لەگەڵ ژیان و مرۆڤ و ئاوەدانی بینا دەکاتەوە.
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی مرۆڤی ئێستا، تێکچوونی پێوەندیەتی لەگەڵ سروشت، ئەم پێوەندی تێکچوونە، بووەتە هۆی ئەوەی مرۆڤی نوێ لە نێو سروشت و ژیان و بوون و جیهان فڕێ بدرێت، بکەوێتە نێو واقع و بژێوی و گوزەرانەوە. ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی ژیان- حەیات پێناسە دەکرێت، لە هەقیقەتدا لە واقعێکی تاڵی بژێوی و پارە کۆکردنەوە زیاتر نییە، مرۆڤ وەک ماک و بوونەوەرێکی سروشتی نەماوە بە ئازادی، بێ فشار ئەزموونی ژیان و جیهان بکات، مرۆڤی نوێ بووەتە پارەکۆکەرەوەیەکی بێ بەزەیی، بە پێچەوانەی ئاو، کە وەک شاعیر دەڵێت:
خاوەنی هەموو شتێکە و بێ گیرفانە ئاو
پارە کۆناکاتەوە و بەخشندەیە “ل ٣١”
هەژموونی ماددە، لە شارستانیەتی ئەمڕۆی مرۆڤدا، هەموو شتەکانی مرۆڤی پێشینی تێکداوە، نە بوونی، نە ژیانی، نە ئیمانی، نە هونەری، نە ماڵی بە ڕەسەنی ماوە. گشت شتەکانی گەندەڵ، خەوشدار، ناڕەسەن و تێکچوون. ئیدی ئێستا ژیان بۆ مرۆڤ ڕێگەیەک نییە بەرەو هەق و هەقیقەت، بۆیەشە مرۆڤ غەریب و بێ ماڵ کەوتووە!

(٣)
فەرهاد کەریم بۆ ئەو مرۆڤە نوێیە، کە لەنێو سروشت دەرهێندراوە و خستراوەتە نێو واقیعی ئەو شارانەی شارەوانی پەیدای کردوون، لە شیعری (هەنگاوێک دەمانباتەوە) وەسفی ئەو مرۆڤە دەکات و بە مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت ناودێری دەکات، فەرهاد کەریم دەڵێت:
مرۆڤی ئاسن خەونی کۆنکریتە
مرۆڤی کۆنکریت خەونی ئاسن “ل٣٤”
مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت، مرۆڤی شارە، مرۆڤی ئەو دەوڵەت هێزانەیە،کە مێژووی ماددی پەیدا دەکەن و دەنووسنەوە، ئەم مرۆڤە ئاسن و کۆنکریتە، نایەتە نێو ژیان، بەڵکو بەرەو دۆزەخ، بەرەو برسیەتی، تێنوویەتی، بەرەو مردن دەڕوات.
مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت، مرۆڤی زەمانی مۆدرنە و پۆستمۆدەرنەیە، کە پشتی لە سروشت کردووە و ڕووە و دۆزەخی خۆی هەنگاو دەنێت، وەک مرۆڤی پێشین نییە، مرۆڤی قوڕ، کەسەر بە سروشت بوو:
مرۆڤ گەر لە قوڕ بایە
باران دەیگەڕاندەوە ناو ژیان “ل٣٥”
بەراوردکردنی مرۆڤی پێشین، قوڕ، وەک ئاماژەیەکیش بۆ گێڕانەوەی دینی بۆ پەیدابوونی مرۆڤ، وەک ڕەوانێکی بێگەرد و ڕەسەن و سروشتی، مرۆڤی پێش پڕۆژەی شارستانی و گەندەڵی و هێز و زاڵبوون و دەسەڵات و بندەستی، لەگەڵ مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت، مرۆڤی دوای پڕۆژەی شارەوانی و بوونی بە شتێکی دەستکرد لە پڕۆژەی شارستانیدا.
مرۆڤی ئێستا مرۆڤی قوڕ نییە، ئەگەر قوڕ بوایە، باران کە نهێنی ژیانە، بەردەوامی زیندووبوون و ژیانکردنی سروشتی و ڕەسەنی دەدایێ، مرۆڤ لەم قۆناغە دەرچوو، تازە لە ڕێی ئاسن و کۆنکریت، وەک دوو هێمای گەورەی شارەوانیم ناگەڕێتەوە نێو سروشت و ژیان!

(٤)
مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت، کە سەرگەرم و مەستی واقعی گەندەڵی خۆی بووە، هەمیشە هاوار دەکات کە کاتی نییە، کات نەبوون واتا مرۆڤ هیچ وانەیەک لە سروشت فێر نەبووە، شەو و ڕۆژ و وەرز و ساڵەکان نابینێت، کات نابینێت، بۆیە کەوتۆتە نێو بەتاڵی.
مرۆڤ کە کاتی نەبوو بۆ عیشق، بۆ ژیان ئیدی دەکەوێتە دەرەوەی بوون و جیهانەوە، ناتوانێت بە کردەکی ئەزموونی ژیان و جیهان بکات، چونکە ئەزموون بریتییە لە تاقیکردنەوەی جیهان، ڕووداو پەیداکردن، سەفەرکردن بە دنیا، دۆزینەوەی شتگەل لە نادیارەوە، کەشفکردنی شتگەلی بزر، خۆ ون کردن لە پێناو دۆزینەوەی خود، خەون بینین، خۆ ئەگەر مرۆڤ ئەمانەی نەکرد، واتا مردووە، زیندوو نییە، ئەزموونی بوونی خۆی ناکات.فەرهاد کەریم بەو واتایە دەنووسێت:
کاتت نییە بۆ ئەشق
ژیانت نییە، کاتت نییە بۆ ژیان
تۆ مردوویت و ئاگات لێ نییە و کاتت نییە “ل٣٨”
کاتت نییە، هیچ وانەیەک لە سروشت فێر نەبووی
بە بەتاڵی هاتیت و بە بەتاڵی دەڕۆی “ل٣٩”
هەر ئەو مرۆڤە کە ئاوای بەسەردێت، پێکەنین لە بیر دەکات، دەبێتە بەرد، ڕەق، لە بەردیش خراپتر و بێ یادەوەریتر، بیری دەچێت پێبکەنێت، لە کاتێکدا “مرۆڤبوون پێکەنینە!” “ل٤٢” پێکەنین جوانییەکە لە جوانییەکانی مرۆڤی سروشت، بەڵام مرۆڤی ئاسن، مرۆڤی کۆنکریت و بەرد، چۆن دەتوانێت لە جیهانێکدا پێبکەنێت، کە پێشتر شارەوانی فەرمانی کردووە، پێکەنین فڕێ نەدەیتە نێو دڵی تەنگ و خەمگینی مرۆڤ؟ کوا مرۆڤە پێکەنین؟ مرۆڤی شادمان!
سەردەمی ئێستای جیهان بۆ مرۆڤ بەتاڵییە، چونکە مرۆڤ لە وزەی ژیان و بوون بەتاڵ بووەتەوە، لە توانای حزوور و بوون و ژیاندۆستی بەتاڵ بووەتەوە، مرۆڤ لە مرۆڤبوون بەتاڵ بووەتەوە، ئەم بەتاڵبوونە؛ مرۆڤی هاوچەرخی خستووەتە دۆخی ڕوالەت و مەزهەر و بێ بەهایی، مرۆڤی ئەمڕۆ ناتوانێت، خاوەن ناوەڕۆک و ڕووح و مەعنەویات بێ، چونکە سەردەمەکە ؛ سەردەمی بەتاڵی ڕووحی و موقەدەسە.
مرۆڤی بۆش، بەتاڵ، هاتووەتە نێو جیهان و بێ شوێنەوار و دەستمایەیەکی هونەری، جوانگەری، پاک، موقەدەس، بەرەو مردن دەڕوات!

(٥)
فەرهاد کەریم لە زۆربەی شیعرەکاندا، دەیەوێت مرۆڤ بە ژیان ببەستێتەوە، مرۆڤ بوێر بێت تا بژیەت، لە ژیان نەترسێت، بۆیەشە دەگەڕێتەوە سەر ماکەکانی سروشت، وەک با و ئاگر لە شیعری “ترس لە ژیان”دا، سیفەتی ئاگر و با بە مرۆڤ دەبەخشێت، مرۆڤە ئاگر، مرۆڤە با، دیارە ماکی ئاگر بۆ ئێمە پیرۆزییەکی دێرینی هەیە، ماکێکی پێشینە بۆ بوون و جیهان و مرۆڤ خۆی، ئەم ماکە لای کورد پیرۆز و تایبەتە، فەرهادیش کە دەگەرێتەوە سەر ئەو ماکە، دەگەڕێتەوە سەر مێژووە ڕووحییەکەی ئەم ماکەش، ئاگر، با هەروەها ماکەکانی ئاو و خۆڵیش، لای ئێمە موقەدەسن، هەمووشیان نهێنی جیهان و مرۆڤن، لە ڕێی ئەم ماکانەوە مرۆڤ و جیهان پێوەندییەکی پتەو و بنەڕەتی دادەمەزرێنن، تا ئەو ڕادەیەی لە سۆفیگەریدا، مرۆڤ بە جیهانی بچووک و جیهانیش بە مرۆڤی گەورە وەسف دەکرێت! فەرهاد کەریمیش، سوود لەم دوو توخمە وەردەگرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بێ ترس خۆی فڕێ بداتە نێو ژیان و بەرەو مردن بڕوات، چونکە تەنیا ئەو مرۆڤانەی بوێرن، دەتوانن ئازادانە بێ ترس، بە نێو ژیاندا بەرەو مردن بڕۆن! بەرەو مردن ڕۆیشتن بابەتێکە هەم عرفان و هەم فەلسەفە ئیشیان لەسەر کردووە، فەرهاد کەریمیش شاعیرانە کردوویەتی بە بابەتی چەندان شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە، ئەو جگە لەم دوو ڕەهەندە، ڕەهەندێکی شیعری بە بابەتەکە دەبەخشێت. ئامانجیشی ئەمەیە مرۆڤ لە ژیان بگەڕێت، تەنانەت لە نێو مردنیشدا ئامانجی ژیانی هەبێت!
“چوونە ناو مردن گەڕانە بە دوای ژیان” (ل ٥٥)
شاعیر، لێرەدا ئەم دژایەتییەی کە لەنێوان مردن و ژیاندایە هەڵدەگرێت، هەردوو بابەتەکە دەکاتە تەواوکەری یەکتری، واتا بێ مردن ناکرێت لە واتاکانی ژیان بگەین، بێ ژیانیش لە واتاکانی مردن تێ بگەین. مردن و ژیان دژ و نەیاری یەکدی نین، بەڵکوو لە نێو یەکدیدا پەیدا دەبن. هەر یەکەیان نیوەی بازنەیەکی سەرانسەری و گشتگیرن، مردن و ژیان، بازنەی بوونی مرۆڤ تەواو دەکەن، بە هەردووکیان زاتی مرۆیی بەرەو کاملبوون دەبەن.

(٦)
جەنگ وەک ڕێگەیەک بەرەو مردن، بەرەو هیچێکی ڕەش، بەرەو نەبوونێکی بێ واتا و مەدلوول، بابەتێکی دیکەی شیعرەکانی فەرهاد کەریمە.
جەنگەکانی مرۆڤی شارستانی، لە پێناو دەسەڵات، هەژموون، زاڵبوون، هێز، پاوانکردنی ژیان، کۆیلەکردنی مرۆڤ، جەنگی بێ وەستان بۆ هیچ، جەنگی بێ واتا، مرۆڤیان بە خێرایی بەرەو هیچەوە ڕاپێچا، هیچی بووە ناونیشان و ناوەڕۆکی ژیانی مرۆڤ. بە واتایەکی تر جەنگ واتای مردن بە ژیان دەدات، بۆیەشە دەبینین دوای شیعری “جەنگ” چەند شیعرێک دەخوێنینەوە، کە باس لە پێوەندی نێوان ژیان و مردن دەکات.
فەرهاد کەریم، لەم شیعرانەدا، بە وردی لەسەر هەندێ ڕەهەندی ژیان دەوەستێت، بۆ نموونە دەڵێت:
ژیان پێویستی بە خۆشەویستییەکی درێژترە لە زمان “ل٦٥”
گەر تەمەن کورتترە لە کەوتنی گەڵا و بێ کۆتایە وەک ژماردن “ل٦٧”
ئینجا دوای ئەم وێنە شیعرییانە، دێتە سەر باسی (لەتە مرۆڤ) وەک پاشماوەی جەنگ و مردن و ناشتنی خەون و ئارەزوو و پاکی مرۆڤ.
جەنگ ئەو گۆڕستانەیە
تەنها لەتە مرۆڤ لێی ئارامە “ل٧١”
بابەتی جەنگ و مردن و کاریگەری لەسەر چارەنووس، ڕەوان، گیان، ژیان، بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، بێ بنە، مرۆڤ وەردەگەرێنێتە سەر لەتە مرۆڤ، مرۆڤێک کە بوونەوەرەکانی تر نایبینن، چونکە وەک بەشێک لە سروشت نەماوە و وەرگەڕاوەتە سەر لەتە مرۆڤ، لەتلەت بووە! بەجەنگ هەناسە دەدا، بۆ مردن و بۆ گۆڕ دەژی، لەگەڵ لەتلەتبوونی خۆیدا هەموو بوونەوەر و شتگەل و ژیانیش لەتەلەت دەکات!

(٧)
لێگەڕێ با تیشک بەناو ئاودا تێپەڕێ
ئەڤین لەناو ئاوێنەدا بدوێ “ل٧٥”
لەم کتێبەدا بەسەر چەندین وێنەی شیعری ئاوا جوان قووڵ دەکەوین و دەوەستین! فەرهاد کەریم هەمیشە قسە لەگەڵ مرۆڤ دەکات، پەیامێکی بۆ دەنێرێت، پەیامی ژیان و جوانی. پەیامی ئەوەی مرۆڤ خۆی بێت.
هەموو ئەو بوونەوەرانەی لێ دەگەڕێن تیشکی ڕووناکی بەنێویاندا تێ بپەڕێت، دووبەدەریان بکات، دەبنە بوونەوەری نوورانی و ڕووناک، پاک و بێگەرد و شەفاف، تەنک، ناسک و نەرمین، تەنانەت ماددەیان بۆ سەر ماددەیەکی تر دەگۆرێت، کە زۆر لە ماددەی سروشتی جیهانی مرۆڤ تەنک و نەرم و ڕوونترە، دەبنە ماددەیەکی نەرمین، کە لەگەڵ نووردا دەبێتە یەک پارچە و بێگەرد دەبێتەوە، دەگاتەوە جیهانی ڕووناکی و لە گەرد و خەوشی ماددەی ئەم جیهانە دەردەچێت.
ئەگەر مرۆڤی هێز و ئاسن و کۆنکریت لێ بگەڕێت، ئەڤین لەنێو ئاوێنەدا بدوێت، واتا مرۆڤ خۆی لەنێو دواندنی ئەڤیندارانەی خۆی، خۆی ببینێتەوە، ئەوەندە ڕوون و ڕووناک ببێت، کە نووری ئەڤین و عیشق و جوانی خۆی ببینێت، ئەو کاتە مرۆڤ دەبێتە تیشک، ناخ و ناوەوەی بە ئەڤین ڕووناک دەبێتەوە!
فەرهاد کەریم لەم شیعرەدا، وەک ئیشراقییەکی نوێ، داوای ڕووناکی و ئەوین و جوانی و عیشق دەکات، چونکە ئەمە ڕێگەی مرۆڤی ڕووناکە بەرەو هەق و هەقیقەت، بەرەو قووڵایی ژیان، قووڵایی ڕووناکی، قووڵایی ئاو، کە نهێنی ژیانە!
مرۆڤ ئەگەر بیەوێت بە نهێنی ژیان بگات، خۆی بێت، بە خودی ڕووناک و ئازاد و سەربەخۆی خۆی بگاتەوە، دەبێت وەک تیشک ڕووناک بێت، نەرمین و تەنک بێت، تا بەنێو ژیاندا بڕوات.

(٨)
مرۆڤی قەفەز، وەسفێکی دیکەیە بۆ ئەو مرۆڤە نوێیەی زەوی کردۆتە ئاودەست! خەریکی قەفەز دروستکردن و ڕێگرتنە لە فڕین، لە ئازادی، لە گۆرانی، لە هونەر، لە خۆشەویستی و هەر بەهایەک و شتێکی جوان.
مرۆڤ لە فڕین دەگەڕێتەوە سروشتی خۆی “ل٧٨”
فەرهاد کەریم لەم شیعرە و زۆربەی شیعرەکانی تریش، ئەم سوێیە بە ئازارە ڕەنگ دەکات، کە مرۆڤی لەسەر زەوی بە شتی پڕوپووچ و نزم و بێ واتا قانگ داوە، زەوی کردۆتە قەفەزێک و مرۆڤی تێدا گرتووە، ئەم نەزعەیە بۆ ئازادی، بۆ فڕین بە شێوازێکی هونەری، نەخشی موقەدەسێکی زەمینی و مرۆیی دەنەخشێنێت، فەرهاد بە زمانە سوریالییەکەی، موقەدەسێکی جوانگەری، نوێ بە ئەدەبی کوردی دەدتەوە، ئەم خەمە بۆ خۆشی، بۆ ژیان، بۆ فڕین، بۆ ئازادی و هەقیقەت، لەهەموو دەقەکاندا ڕەنگی داوەتەوە، فەرهاد کەریم بەردەوام ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە مرۆڤ شایانی جیهانێکی باشتر و ژیانێکی خۆشتر و پایەیەکی بەرز و باڵاترە!
مرۆڤ ئە بوونەوەرە سروشتییە، لە پڕۆژەی شارستانیدا، بووەتە ڕێگر لەبەردەم مرۆڤ خۆی، یان وەک فەرهاد کەریم دەڵێت:
مرۆڤ داهێنەرێکی نەخۆش و باڵایە “٧٨”
ئەم داهێنەرە، زەمینی کردووەتە قەفەز و فڕینی ئازادی تێدا نامۆ کردووە، واتا مرۆڤ بە ڕووحی ئازادی خۆی نامۆیە ولە غوربەتێکی گەورە و غەریبییەکی تۆقێنەردا دەژیەت. مرۆڤی قەفەز وەک مرۆڤگەلی نێو ئەشکەوتی ئەفلاتۆنە، بەڵام لە سەردەمی پۆستمۆدەرنە و جیهانگیری و تەکنەلۆجی نوێدا، زەوی کراوەتە ئەشکەوتێک و مرۆڤی تێدا فڕێ دراوە و لە وەهم پتر هیچی تر نابینێت، هەموو ئەو ژیانەی لەنێو ئەم ئەشکەوتە-قەفەسەدا دەیباتە سەر لە وەهمێک زیاتر نییە، وەک ئەو باڵندەیەی لە سروشت دەیڕفێنن و دەیخەنە قەفەزێکەوە، باڵندەی نێو قەفەز، مرۆڤی نێو قەفەز، هەمان ژیانی بندەستی و وەهمی بەسەردەبەن!

(٩)
مرۆڤی زیرەک، بابەتێکی تری شیعری فەرهاد کەریمە و لە شیعرێکی نەرمین و قووڵدا، ناوی مرۆڤی زیرەک بۆ ئەو خودە بەکاردێنێت، کە دەتوانێت بۆ باوەشی سروشت بگەرێتەوە و وەک بوونەوەر و ماکەکانی سروشت ئاوێتەی جیهان ببێتەوە.
چەقۆکەت فڕێدە مرۆڤ “ل٨٦”
ئەمە مانیڤیستۆی بەشێکی گەورەی ئەم کتێبەیە، بۆ ئەوەی مرۆڤ تێ بگات ژیان مریشکێک نییە و سەری ببڕێت! بەڵکوو مرۆڤ لەنێو ژیاندا وەک ماسی، باڵندە، ئاژەڵەکانی و تر لەیەک ڕووباردا ئاو دەخواتەوە، ژیان دەخواتەوە! مرۆڤی زیرەک بە پێجەوانەی مرۆڤی ئاسن و کۆنکریت و قەفەز، دەزانێت ئەم سروشتە بۆ هەمووانە، هی هەمووانە، ئەم سروشتە بوونی هەموومانە، بەڵام شتەکانی تر وەک دین، ئایدیۆلۆژیا، قەفەز ئەمانە سەر بە بوونی نین و لە هۆشیارییەکی بالای مرۆڤی زیرەکەوە نەهاتوون، بۆیە دەبێت لەگەڵ بوونەوەرەکانی تر خۆمان هەڵدەینە نێو ڕووباری ژیانەوە!
فەرهاد کەریم لەم شێعرەدا پێشنیاز دەکات، مرۆڤ بۆ فەرهەنگی پێش دین و ئایدیلۆژیا بگەرێتەوە، وات بۆ حیکمەتی قەدیم، پێشین، سەرەتای زانین و حیکمەتی مرۆڤی بەرز و بالا، کە بەهای ژیان و بوون و جیهانی دەزانی، کە بەهای ئیمانی دەزانی و لە دڵەوە کاری پێ دەکرد و خواناسانە و خۆناسانە دوور لە هەر فۆرمێکی فەرمی وەک ئەوەی ئێستا لە جیهانی ئێمەدا دەگوزەرێت، دینی کردبووە ڕێگەیەک بۆ هەق، بۆ جوانی، بۆ چاکە و خێری ڕەها!
لەم شیعرە و شیعرەکانی تریش، ئەم ئاماژە ناسک و نەرمینانە دەبینینەوە، کە شاعیرانە، سۆفییانە واتایەکی باڵا، بە ژیان مرۆڤ دەبەخشن، دەخوازێ مرۆڤ زیرەک بێت و تێ بگات کە ژیان هی ئەوە نییە بکوژرێتەوە، بەڵکوو هی ئەوەیە بە خۆشەویستی و جوانی و ئارامی و ئاشتەوایی ئەزموون بکرێت.
فەرهاد کەریم، لە گشت شیعرەکان ئەم پەیامە بۆ مرۆڤ ئاشکرا دەکات، کە مرۆڤ دەبێت بچێتە نێو ژیان، نەوەک لێی دەربچێت، ئەو مرۆڤە دەتوانێت بچێتە نێو ژیان، کە زیرەکە، کە سروشتییە، کە حیکمەتی پێشینی هەیە، کە سۆفییە، کە شاعیر و هونەرمەند و حەکیمی ژیانە.

(١٠)
بارانە مرۆڤ، ئەم ناونیشانە دەکەوێتە کۆتایی ئەو بەشە شیعرانەی کە لە ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٢ نووسراون، لەم بەشەدا، دەبینین فەرهاد کەریم، بەم دەقە باس لە مرۆڤی باران دەکات، کە نهێنی ژیانە! کە ژیان پەیدا دەکات، بۆیە بارانە مرۆڤ دەبێتە مرۆڤە ژیان!
فەرهاد کەریم بە درێژایی ئەم شیعرانە، دەیەوێت وەک پێغەمبەرێکی هونەر، کە موقەدەسەکەی خودی مرۆڤە، کە پەیامەکەی بۆ ژیانە، دەڵێت: ئەی مرۆڤ وەک باران بە، وەک ژیان بە، دەرگە بەسەر مرۆڤ و ماسی و دەریا و کۆتر و پەپوولە و مامز و چیا و گوڵ و زەوی بکەوە بۆ ژیان، چونکە بێ مرۆڤی ژیان، هەموو شتێک دەمرێت و لەنێو دەچێت.
فەرهاد کەریم، لە گشت ئەم بەشەی شیعرانەدا، دەنگێکی یاخییە، بەڵام هونەرییانە دژ بە پڕۆژەی مرۆڤی نوێ، مرۆڤی هێز، مرۆڤی سارد، ئاسن و کۆنکریت دەوەستێتەوە، دژ بەم پڕۆژەیە؛ وشە، نووسین، شیعر دەکاتە هونەر و پەیامێکی جوانگەرانەی پێ دەنێرێت.
فەرهاد کەریم باس لە گەورەیی و موقەدەسی مرۆڤ دەکات، باسی بێگەردی و باڵایی ژیان دەکات، شاعیرانە، مێژووی موقەدەسی مرۆڤ دەپارێزێت و دژ بە موقەدەسی ماددی دەنووسێت.

(١١)
لە کۆتایی ئەم خوێندنەوەیەدا، خۆشحاڵ بووم کە توانیم ئەم وشانە بۆ فەرهاد کەریم وکتێبە شیعرییەکەی بنووسم، وەک وەرگرێک قەرزداری ئەم ڕەنج و ئازارەم کە وەک کەسێک و نووسەرێک لەنێو ئاسن و کۆنکریتدا دەیکێشێت و ئازارەکان بە وشە و شیعر دەکات و پێشکەشی مرۆڤی دەکات.
فەرهاد کەریم، بێدەنگ دەنووسێت، کەم کەس دەیناسێت، خوێنەرەکانی بە ژمارە زۆر نین و ڕەنگە ئەوانەی تێشی دەگەن کەمتر بن، بەڵام من دڵشادم کە خوێنەری فەرهاد کەریمم، کە لە نووسەرانی نێو میدیا و سۆشیالمیدیا و دەزگەکانی ڕاگەیاندن و پەخشان و بڵاوکردنەوە و چاپکردندا جیاوازە، فەرهاد نە ئەستێرەیە، نە پاڵەوانە، نە قارەمانی جیهانی نووسین و شیعر، بەڵکوو کەسێکە شاعیرانە، ڕاستگۆیانە ئەزموونی ژیانی هەقیقی و شیعری و ئەدەبی و هزری خۆی دەکات، خوێندنەوەی بەرهەمەکانی لە کەشی دیار و بەرچاوی نووسینی کوردیمان دوور دەکاتەوە، دەمانباتە نێو ئەو نووسینانەی بە ڕاستی دەبنە ئەزموونی خوێندنەوە.
لێرەوە سوپاس بۆ فەرهاد کەریم و ئەو دیارییە جوانەی!

هۆشەنگ شێخ محەمەد
هەولێر- تەمموزی ٢٠٢٣

زەوی لە قەفەزدایە. فەرهاد کەریم. ساڵی چاپ ٢٠٢٣ لە بڵاوکراوەکانی کولتوور.




خاڵە هاوبەشەکانی نێوان گەنجە جنێوفرۆشەکان.. گۆران هەڵەبجەیی

شاراوەنیە کە هەرێمی کوردستان لەمێژە گیرۆدەی دەستی ڕەوتێکی ئیسلامی تووندڕەوی جیهادی بووە. ڕابەرانی ئەم ڕەوتە لە زۆرێک لە مەلاو بانگخواز پێک دێن، کە هەرشتێک لەخۆیان نەچێت دژایەتی دەکەن و ڕەتی دەکەنەوە، باگەر گرووپ و حیزب و تاکی تەواو ئیمانداریش بن.
لەکن ئەمانە هەمووخۆشی و جوانیەکانی ژیان هیچ بایەخێکی نیەو تەنها پێوەریان بۆ چالاکیەکانی ژیان گەڕانەوەیە بۆ [١٤٠٠]ساڵ لەمەوبەر ،واتە گونجاندنی کۆمەڵگایە لەگەڵ ئەو سەردەمەدا نەک گونجاندنی خۆیان لەگەڵ سەردەم و پێشکەوتنەکانیدا.
ئەم ڕابەرە تاریکپەرستانە بە هەڵوێست و خیتابە مەترسیدارەکانیان مێشکی ژمارەیەکی یەکجار زۆر گەنجیان شۆردوەتەوە، بەجۆرێک لە شارستانیەت و زانست و خۆشیەکانی ژیان دایانبڕیون و لەخۆیان هارتر و تووندهاژۆترن.
کاریگەری ئەم مەلا تاریکپەرستانە گەشتووەتە هەندەرانیش بەوەی زۆرێک لە گەنجەکان پەیڕەوی هەمان خیتاب و ئەقڵیەت دەکەن و هەندێک جار زیادەڕۆیی تێدا دەکەن .
ئەوەی جێگەی سەرنجە خاڵەهاوبەشەکانی نێوان ئەم گەنجانەیە کە وەک خەسڵەتێکی نەرێنی کۆیان دەکاتەوە کە گرنگەکانیان ئەمانەن:

  • زۆربەی هەرەزۆریان لەئاستێکی زۆر نزمی خوێندەواریدان، بەئەندازەی بێ تواناییان لە نووسینی ڕستەیەکی بێ هەڵە.
  • لەبارەی خوێندنیشەوە ،زۆرینەیان قۆناغی بنەڕەتیان تێنەپەڕاندوە.
    +ناشارەزاییان لەزمانی عەرەبیدا کە قورئانی پێ نووسراوە.
    +نامۆییان بە شەریعەت و قورئان و حەدیس و تەفسیری ئایەتەکان ،بەجۆرێک لە کاتی پرسیاردا لەوبارەوە خۆیانی لێ دەدزنەوە.
  • بەهۆی پێگەی کۆمەڵایەتیانەوە کە دەرفەتی ژیانێکی باشیان بۆ هەڵنەکەوتوە بەکاردەهێنرێن.
    +دووریان لەدنیای کتێب و هونەرو ئەدەب و خۆپڕچەککردن بە بابەتەکانی ڕووناک کردنەوەی هزر.
    +مزگەوت یەکەم وێستگەی ئاشنابوونیانە بە ئاین و بیستنی ختابی کەراهیەت لەدەمی مەلاکانەوە.
    +بەکارهێنانی بەردەوامی تاکە چەکی دەستیان کە ئەویش جنێو،قسەی ناشیرین،تەکفیر کردنی بەرامبەرە ، بەتایبەتی بەکارهێنانی وشەی[مولحید] کە بە ناوهێنانی زۆر خۆشحاڵ دەبن.
    +ئەمانە لەدایک بووی ساڵانی دوای ڕاپەڕینن ،واتە لەژێر دەسەڵاتی کوردی خۆماڵیدا گەورەبوون و پەروەردەی ئەو سەردەمەن.
  • خاک ،وڵات، نیشتمان، نەتەوە لەکن ئەمانە هیچ بایەخێکی نیەو دەیانکەنە قوربانی مسوڵمانێکی ئیماندار ،ئیدی لەهەرکوێ بێت.{یەکێک لەم گەنجانە لەفەیسبووک بێ شەرمانە نووسیبووی ،هەموو کوردوکوردستان دەکەمە قوربانی تاکێک پێڵاوی مسوڵمانێکی لەخواترس لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت.}
  • خۆیان دوورخستوەتە لە خۆشیەکانی ژیان و زۆربەی کاتیان بەفێڕبوونی خیتابی کەراهیەت بەسەردەبەن..
    +دابڕاون لەکۆمەڵگا ،وشک و گۆشەگیر و کەمدوون.
    +هەوڵەدەن کۆنترۆڵی ڕەفتاری خێزانەکانیان بەتایبەتی خوشکەکانیان بکەن بەجۆرێک هەندێک جار فشارەکان هێندە بەهێز بووە خوشک بەرگەی نەگرتووە بە خۆکووشتنی خوشک کۆتایی هاتوە ،یا لەلایەن براوە لەسەر شتێکی بێبایەخ کوژراوە.

پرسیار ئەوەیە لە ئایندەدا ئەم گەنجانە بەم فکرە مەترسیدارایەنەوە چ کارەساتێک بۆکۆمەڵگا دەخولقێنن؟




شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و مەسەلەی یەکگرتوویی خەڵک.. وەرگێڕانی: کاوە عومەر

دیمانەی خەلیل کەیوان لە بەرنامەی وەڵام لەگەڵ حەمید تەقواییدا

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید کۆکراوەتەوە
خەلیل کیوان: خەڵک و هێزە جیاوازەکان باس لە یەکڕیزی دەکەن بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. یەکگرتوویی مانای چییە؟ ئایا یەکگرتوویی چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە دڵی شۆڕشێکدا بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی مومکینە؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت پرسیارگەلیێکی تر دێتە ئاراوە. کام بەها و سیاسەت یەکی دەخەن؟ کام سیاسەت و بەها دەبێتە هۆی دابەشبوون؟ چ هێزێک هۆکاری یەکڕیزییە و کام هێز هۆکاری دابەشبوونە؟ و لە کۆتاییدا ڕۆڵی هێزە جیاوازەکان لە یەکڕیزی و هاوپشتی خەڵکدا چی دەبێت؟ ئەم پرسیارانە لەگەڵ حەمید تەقواییدا دەخەینە ڕوو.
حەمید تەقوایی، نزیکەی هەموو ئەو هێزانەی بەشدارن لە شۆڕشدا، بە چەپ و ڕاست و ناوەندەوە، بە کەمکردنەوەی ئیستسنایەکان، باس لە یەکڕیزی ڕیزەکانی خەڵک و شۆڕش دەکەن، بەڵام بە کردەوە بینیمان کە هێزی ڕاست و بە تایبەتی کوتلە توندڕەو و شاخوازەکان، هۆکاری دابەشبوونن.ئێوە یەکێتی ڕیزەکانی خەڵک و شۆڕش چۆن بە مومکین دەزانن؟
حەمید تەقوایی: هەروەک ئاماژەت پێکرد زۆر هێز بە ئاڵای یەکڕیزیەوە هاتنە ناو شۆڕشەوە. دیارە هێزە ڕاستڕەوەکان و پاشایەتیخوازەکان توانیان لەژێر ناوی یەکڕیزیدا هەندێک جوڵە بکەن. هاوپەیمانییەکان دروست بوون، پێکەوە دانیشتن و گوتار و دەکرێ بگوترێ کە پاساوی هەمووان یەکگرتوویی بوو بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی. بەڵام بە کردەوە بینیمان ئەو یەکگرتووییەی کە ئاڵاکەی لەلایەن هێزە ڕاستەکانەوە بەرزکرایەوە، نەگەیشتە هیچ شوێنێک. نەک هەر نەگەیشتە هیچ شوێنێک، بەڵکو ئەمڕۆ بووەتە دابەشبوونێکی توند لە نێوان خۆیاندا. واتە ئێستا هێزە شاخوازەکان لەگەڵ یەکتردا ڕوبەڕوو بوونەتەوە. لە هەڵوێستەکانیاندا، لە سۆشیال میدیا و تەنانەت لە شەقامیشدا، دژی یەکتر دەوەستنەوە، گۆپاڵەکانیان لە دژی ئەو خەڵکە دەسوڕێنەوە کە دژی دەسەڵاتی پاشایەتین، هێرش دەکەنە سەر نەیارەکانی ئەو گێڕانەوەیەی کەئەوانە لەبارەی شۆڕش و ئایندەی ئێرانەو ، هتد هەیانە ، و زۆر ڕوونە.کە ئەم بارودۆخەش تەنها هۆکارێکە بۆ دابەشبوون لە ڕیزەکانی خەڵکدا و بەربەستە لە بەردەم پێشکەوتنی شۆڕشدا. باسەکە تەنها لەسەر دابەشبوون نییە. ئەو شێواز و ئەدای کە هەیانە نەک هەر دوورە لە پرەنسیپی سیاسی بەڵکو دوورە لە پرەنسیپی ئەخلاقی و ئینسانی. ئێمە شاهیدی سەرهەڵدانی جۆرێک لە لۆمپنیزم و ستەمکاری لە نێو پاشایەتیخوازەکانداین. نمایشێک کە بەتەواوی لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی و دژی شۆڕش و خەڵکە. بۆیە پێویستە بگوترێ ئیدیعای یەکڕیزی مەرج نییە،ئەبێت کردەوەی هێزەکان بەپێوانە وەربگیرێت. بنەمای مشتومڕەکە ئەوەیە کە بەڕاستی چ جۆرە سیاسەتێک دەتوانێت خەڵک یەکبخات. هەر لە سەرەتاوە دیار بوو ئەو هێزانەی کە دەیانەوێت بە بیانووی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیەوە هێرش بکەنە سەر شۆڕشی ١٣٥٧، بگەڕێنەوە بۆ ڕابردووی٤٥ ساڵ لەمەوبەر و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی پاشایەتی، هیچ پەیوەندییەکیان بە شۆڕشی ، ژن ژیان ئازادیەوە نییە ، چ جای بگات بە یەکگرتوویی خەڵک لەم شۆڕشەدا. شۆڕش بۆ بەهاگەلێک پێکهاتبوو کە هیچ لێکچوونێکیان لەگەڵ سیستەمی فیکری و بەها و عەقیدەی هێزە ڕاستەکاندا نییە. ئەم هێزانە جەخت لەسەر پیرۆزی ئاو و خاک و سنوور و یەکپارچەیی خاک و کوروشی حەخامەنشی و شانازی باوباپیران و ڕابردووی شاهانە و هتد دەکەنەوە. ئەمە سیستەمی بیرکردنەوە و بەهاکانیانە. وە ئەم سیستەمە بەتەواوی پێچەوانەی خواستە ڕەوا و شۆڕشگێڕییەکانی خەڵکە.
لە لایەکی ترەوە ڕێبازی ڕاستەکان لە بنەڕەتدا دژی شۆڕشە. ئەو شۆڕش بە ئاژاوە و توندوتیژی دەزانێت، پێی وایە دەبێت لە ئێراندا لە ڕێگەی ترەوە گۆڕانکاری ڕووبدات، لە سەری خەڵکەوە بە ڕێوشوێنی پشتبەستن بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و هتد. لەم ڕوانگەیەشەوە ئۆپۆزسیۆنی ڕاست بە تەواوی لەدژی ئەو خەڵکە وەستاوە کە هەستاون بۆ ئەوەی بە هێزی شۆڕشی خۆیان بارودۆخەکە بگۆڕن.
هەموو ئەم هەلومەرجانە ئەوە دەردەخات کە بانگەشەی ئەوان کە دەمانەوێت خەڵک یەکبخەین تەنها ڕوپۆشێک و نمایشێکی پڕوپاگەندەیی بەتاڵە. بەهۆی ئەمەوە ئەم نمایشە بە خێرایی ڕەنگی لەدەستدا. ئێستا هەمووان.ئەوانەی بە جۆرێک ئەم وەهمەیان هەبوو و ئومێدیان هەبوو بۆ نمونە لە دوای کۆبوونەوەی جۆرج تاون، درکیان بەوە کردووە کە بابەتەکە بێمانایە و بەهیچ جێگایەک ناگات و یەکێتی و ڕیزی خەڵکیش بەم شێوەیە دروست نابێت.
بەڵام یەکگرتوویی خەڵک لە دەوری چی دەتوانێت پێک بێت؟ بەپێی پێناسە لە دەوری بەها ئینسانیەکان. ئێمە باسی یەکێتی مرۆڤەکان دەکەین و مرۆڤەکان تەنیا دەتوانن لە دەوری بەها سەربەخۆکان لە میللەت و نەتەوە و ئایین و ڕەگەز و نەژاد و هۆکارەکانی دیکە یەکبگرن کە مرۆڤەکان لە یەکتر جیا دەکەنەوە. وە ئەم بەهایانە بەهای چەپ و ڕادیکاڵن، بەهاکانی حزبێکی وەک حزبی ئێمە، کە سەنتەری سیاسەتەکانی ئینسانیەت و ئازادی و یەکسانی هەموو مرۆڤەکانە. هێزە ڕاستڕەوەکان هیچ پەیوەندییەکیان بەم بەها و سیاسەتە مرۆییانەوە نییە و بەها مرۆییە جیهانداگرەکان هەرگیز بەشێک نەبوون لە سیاسەت و گوتار و پڕوپاگەندەکانیان.
خەلیل کەیوان ئێوە یەکێتی ڕیزەکانی خەڵک لە دەوری ئەو سیاسەتەی کەڕوونتان کردۆتەوە بە گونجاو دەزانیت. بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئێمە چین و توێژی جیاوازمان هەیە لە کۆمەڵگادا کە بەرژەوەندی و داواکاری جیاواز و هەندێکجار دژ بەیەکیان هەیە. لەم دۆخەدا چۆن یەکێتی ڕیزەکانی خەڵک مومکین دەبێت؟
حەمید تەقوایی: کاری ئەم شۆڕشە ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە. واتە وەک هەر شۆڕشێکی تر دەسەڵاتی سیاسی کردۆتە ئامانج. پێم وایە زۆرینەیەکی زۆری خەڵکی ئێران هاوبەشی ئەم ئامانجەن. بەڵێ کۆمەڵگە چینایەتییە و کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتی چینێکی دیاریکراو دەکات، چینی خاوەن سەرمایە، بەڵام ئەوانەی ئەمڕۆ لە دەسەڵاتدان، واتە ئایەتوڵڵاکان و ماڵی ڕێبەران و دارودەستە و لایەنگرانیان، کەمینەیەکی بوچوک لە کۆمەڵگا پێکدەهێنن، و باقی خەڵک دەیانەوێت ئەم حکومەتە بڕوخێنن. ئەمە ئەو ئامانجەیە کە جەماوەری خەڵک یەکدەخات. لە ڕوانگەی ئابووریشەوە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئەوانەی قازانجی فەلەکی دەکەن، واتە ئاغازادەکان و مافیا ئابووریەکانیش کەمینەیەکی بچووکن. تەنانەت بەشێک لە خودی چینی سەرمایەداریش بەم هەلومەرجانە ناڕازین. دەیەوێت ئەم حکومەتە بڕوات. کۆماری ئیسلامی حکومەتێک نییە کە یەکگرتوو بێت و تەواوی چینی سەرمایەداری لەگەڵ خۆیدا بێت. لە ئۆپۆزسیۆندا دەبینیت کە هێزە سیاسییەکان لە چەپ و ڕاستەوە چالاکن. بەڵام وەک ڕوونم کردەوە، هێزە ڕاستڕەوەکان نوێنەرایەتی ڕیزەکانی خەڵک ناکەن.
جەماوەری خەڵک وەک هەر شۆڕشێکی تر لە شەقامەکاندا ڕایدەگەیەنن کە هەموومان پێکەوەین. بە بۆچوونی من، هەموو شۆڕشێک، و نەک تەنها شۆڕشی ئێستا، تایبەتمەندییەکی گشتگیری هەیە، واتە زۆرینەی کۆمەڵگا – هەر بەشێک بە هۆکاری خۆی – دژی حکومەتە، و ئەوەی خەڵک یەکدەخات ئیرادە و ئیرادەی ئەوانە بۆ حکومەت بڕوخێنن. بۆیە تەواو ئەگەری ئەوە هەیە خەڵک دژی حکومەت بێت و لە دەوری ئەو داواکاریانە بێت کە وەدیهاتنیان بە مانای ڕووخاندنی حکومەت بێت، واتە وەک دروشمی ناوەندی شۆڕش ڕایدەگەیەنێت، لە دەوری یەکسانی ژن و پیاو، لە دەوری پاراستن و ڕێزگرتن لە ژیان و دەستەبەرکردنی ژیان، لە دەوری ئازادییە بێ مەرجەکان، پێویستە لە دژی تابووە ئایینییەکان وهتد یەکگرتوو بن. دروشمی “ژن ژیان ئازادی خەریکە” هەمان قسە دەکات، هەمان شت ڕادەگەیەنێت. کۆمەڵگاش دروشمی کورد بەلوچ و ئازەری و ئازادی و یەکسانی ددەلێتەوە! دروشمی هەموومان پێکەوەین دەدات. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هاشتاگی “ئێمە پێکەوەین” وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە لەسێدارەدانەکان بوو و تا ئێستاش دروشمێکی سەرەکیە. بەم مانایە جەماوەری خەڵک، ئەو هێزەی کە لە بزووتنەوەی داگیرکاریدا پێی دەگوترا “سەدا ٩٩”، دژی لەسەدا یەکە دەسەڵاتدارەکان هاتنە سەر شەقامەکان. نەک هەر لە ئێران، بەڵکو لە هەموو شوێنێکی جیهان، دەبینرێت کە کەمینەیەکی کەم لە هەموو وڵاتاندا دەسەڵات و زۆربەی سەروەت و سامانەکەیان بەدەستەوەیە و ئەم کەمینە بچووکە لە ئێرانیش پێکهاتووە لە ئایەتوڵڵا ملیاردێرەکان و نوخبەی دەسەڵاتدار و ئاغازادەکان و مافیای ئابووری پەیوەست بەوانەوە کۆمەڵگە دژی ئەم کەمینەیە.
شۆڕش کاری ئەم جەماوەرە یەکگرتووەی خەڵکە. ڕەنگە بەشێکی کەم لە ٩٩٪ لەسەر شەقام بێت. ڕەنگە هێزی چالاکی شۆڕش لەسەدا چەند زیاتر نەبێت، بەڵام ئەم چەند لەسەدە نوێنەرایەتی هیوا و خواستی لەسەدا ٩٩ دەکات. خواستی هاوبەشی هەموویان گۆڕانێکی بنەڕەتییە لە دۆخی ئێستادا، خواستی خەڵک بریتییە لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە کۆمەڵگایەک کە مرۆڤەکان بەڕاستی هەناسە بدەن و بژێوی ژیانیان دابین بکرێت و هیچ کاریگەرییەکی هەژاری ونایەکسانی، دەتوانن ئازاد بن و ژیانێکی مرۆیی بەپێی پێوەرەکانی سەدەی بیست و یەک بژین بە تایبەت لە ئێران ڕزگارتان بێت لە شەڕی ئیسلام و یاسا ئیسلامییەکان. ئەمانە هەموو ئەو تایبەتمەندییە هاوبەشانەن کە خەڵک بەیەکەوە دەهێڵێتەوە و تەنها حزبە چەپ و شۆڕشگێڕەکان دەتوانن نوێنەرایەتی ئەم هاودەنگییە بکەن.
خەلیل کەیوان مەترسی ئەم هێزە ڕاستڕەوانە چییە؟ ئایا ناکرێ خەڵک لە دەوری پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی کۆبکەنەوە و دواجار شۆڕش تێکبشکێنن؟
حەمید تەقوایی: لە پێشهاتە مێژووییەکاندا ناتوانرێت پێشبینی شتێک بکرێت کە ١٠٠٪ مومکین بێت یان مەحاڵ بێت. بەڵام ئەو ئەگەرەی کە ئاماژەت پێدا، یەکەم ئەگەرێکی زۆر لاوازە و دووهەم ئەگەر ڕووبدات، مانای ئەوە نییە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو سەرکەوتووە، بەڵکو بە مانای سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامییە. ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە. هەرچەند بەها و تابۆ و پیرۆزییە ڕاستەکان زاڵ بن بەسەر فەزای ناڕەزایەتیدا، حکومەت بەهێزتر دەبێت و لە شوێنی خۆیدا دەمێنێتەوە. حکومەت تەنها ئەکرێت بە خواست و ئامانج و سیاسەتی قووڵی شۆڕشگێڕانە و ڕادیکاڵ و ئینسانی لاببرێت. هەربۆیە باسەکە لەسەر ئەوەنیە کە دوو ڕەوەند دەتوانێت شۆڕشێک ئاشکرا بکات، یان لە دەوری سیاسەتی ڕاستڕەو یان لە دەوری سیاسەتی چەپ. وەنوسخەی یەکەم شکستی شۆڕشە. سەرکەوتنی شۆڕش تەنیا لە دەوری سیاسەت و ئامانج و ستراتیژی چەپی ئینسانی و ڕادیکاڵ مومکینە. سیاسەتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو تەنیا دەتوانێت ببێتە هۆی مانەوەی کۆماری ئیسلامی. بەم مانایە ئەم هێزانە لە ڕاستیدا دژ بە شۆڕش و لە بەرژەوەندی ڕژیم کار دەکەن. بە کردەوە وایە. ڕەنگە ئەمە مەبەستی زۆرێک لە شوێنکەوتووانی ئەوان نەبێت، بەڵام مانای کردەیی سیاسەتە ڕاستەکان، بەردەوامیی و سەقامگیریی کۆماری ئیسلامییە. ئاڵای پاشایەتی، ئاڵای ناسیۆنالیزم، ئاڵای ڕەگەزپەرستی و ئاڵای گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، تەنیا بە قازانجی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێدێت. لەم ڕوانگەیەوە ئەرکی هێزی شۆڕشگێڕە کە ئەمانە پوچەڵ بکاتەوە. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ڕەوتی دۆخەکە ئەوە نیشان دەدات کە ئەگەری شکستی شۆڕش بە هۆی هەژموونی بەها نەتەوەیی- نیشتمانیەکانەوە زۆر لاوازە.
خەلیل کیوان: لە کۆمەڵگادا ڕوانگەیەک هەیە کە ئەگەر هێزە جیاوازەکان یەکبگرن و هاوپەیمانییەک پێکبهێنن، زووتر کاری ئەم دەسەڵاتە تەواو دەبێت و شۆڕش سەردەکەوێ. ڕات چییە لەسەر هاوپەیمانی هێزە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆن؟
حەمید تەقوایی: ئەمڕۆ دوای ئەو پڕۆسەیەی کە لەم دە مانگەدا بەردەوامە، بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە ئێمە دوو جۆر هێزی ئۆپۆزسیۆنمان هەیە لە دابەشکارییەکی گشتیدا. جۆرێک کە نامۆیە بە بەها و ئامانج و داخوازییەکانی شۆڕش و ئامانج و سیاسەتی دیکەی هەیە. ئەمڕۆ ڕایدەگەیەنن کە ئێمە لەگەڵتان نین، و بە بەکارهێنانی هاشتاگی “لەگەڵ پاشا دەمێنینەوە” دژ بە دروشمی “هەموومان پێکەوەین”، کە نزیکەی ٢ مانگ لەمەوبەر لە هەڵمەتی دژی لەسێدارەکاندا ئاشکرا کرا. بەو مانایەیە کە تەنانەت بە وشەش ئیدیعای یەکگرتنیان وەلا ناوە. ئەوان لە دەرەوەی وڵات بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنن کە هەرکەسێک قبوڵیان نەکات خائینە، بێگانەیە، تەنانەت هێرشی جەستەیی دەکەنە سەر خەڵکیش.
بۆیە کاتێک باس لە هاوپەیمانی یان کۆبوونەوەی هێزەکان دەکەین، ئەمە تەنیا بۆ هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەکان دەتوانێ پەیوەندیدار بێت. ئەو هێزانەی کە بەڕاستی ئاڵای داخوازی ڕاست و ئینسانی خەڵک بەرز دەکەنەوە و دەیانەوێت شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەربکەوێت نەک بۆ پیاوی نیشتمان، یان وەک ئەمڕۆ دەڵێن “پیاو نیشتمان پەهلەوی”. ئەم دروشمانە کۆنەپەرستانە و دژی بەرژەوەندی خەڵکن.
هەرچەندە هێزە شۆڕشگێڕەکان دەتوانن لە بوارە جیاجیاکانی خەباتدا پێکەوە بوەستن، بەڵام بە بۆچوونی من یەکگرتوویی ستراتیجی لێرەش پەیوەندیدار نییە. لایەنە جیاوازەکان هەرچەندە لایەنگری شۆڕش بن، میتۆدۆلۆژیا و تاکتیک و شێوازی خەباتکردنیان جیاوازە. هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ سیستەمی سیاسی لە ئێراندا، دیدگا و بەدیل و بەرنامەی ئەرێنی جیاوازیان خستەڕوو. بۆیە ناکرێت باس لە یەکڕیزی یان تەنانەت هاوپەیمانی سەقامگیر بکرێت، بەڵکو لەیەکتربڕینی کردەیی هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەکان و وەک دەڵێن کاری هاوبەش، بۆ نمونە دژی سزای لەسێدارەدان، بۆ ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی، بۆ ئازادکردنی تۆماج کە ئەمڕۆ باسی لێوە دەکرێت، یان بوارە تایبەتەکانی تر، ئەگەری هەیە و شتێکی ئەرێنییە.
خەلیل کەیوان: شتێک کە هەمیشە لە مێشکدایە ئەوەیە کە چۆن زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان چۆن چۆنی دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئاڵوگۆڕەکان و پرسی یەکخستنی ڕیزەکانی خەڵک. لە ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا جیهان شاهیدی دەستێوەردانی زۆر بووە، چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە بواری بارودۆخی سیاسی ئێراندا. شۆڕش ڕووبەڕووی چ مەترسییەک دەبێتەوە لەوانەوە؟
حەمید تەقوایی: حکومەتەکان نوێنەرایەتی بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتداری وڵاتەکەی خۆیان دەکەن و لەسەر بنەمای ئەمە بڕیار دەدەن. ستراتیژەکەیان لەسەر ئەمە دامەزراوە، هەڵوێستە تاکتیکییەکانیشیان لەسەر ئەمە دامەزراوە. بۆیە وەک یاسایەکی گشتی ئەگەر شۆڕشێک لە خوارەوە حکومەت نەخاتە مەترسییەوە، حکومەتەکانی تر پێداگری ناکەن لەسەر گۆڕینی ئەو حکومەتە. ئەوان نایانەوێت دۆخەکە لەیەکتر بترازێت و پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتەکانی دیکە بکەوێتە مەترسییەوە. بە واتایەکی تر زۆرینەی ڕەهای حکومەتەکان دەیانەوێت دۆخی ئێستا لە وڵاتانی دیکەدا بپارێزن. تاکە فاکتەرێک کە دەتوانێت ئەم هەلومەرجانە بگۆڕێت، ناڕەزایەتی جەماوەری و شۆڕشگێڕانەیە لە وڵاتێکدا. سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی دیتمان کە لە مانگەکانی یەکەمدا شۆڕش لە ڕووی خۆپیشاندان و کۆبوونەوە لە شەقامەکاندا گەیشتە لوتکە، حکوومەتەکان لانیکەم بە قسە و پڕوپاگەندەوە خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دوور خستەوە و پشتیوانی خەباتی خەڵکیان کرد. بەڵام ئێستا کە ململانێی شەقام کەم بووەتەوە، حکومەتەکان لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا گەڕاونەتەوە سەر سیاسەت و پەیوەندییەکانی پێشوویان. ئەمە یاسایەکی گشتییە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە حکومەتەکانی دیکە تا دوا ڕۆژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بمێننەوە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە ئەگەر حکومەتەکان دان بەوەدا بنێن کە ئەو حکومەتەی لەژێر فشاری شۆڕشدایە چیتر توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەی نەماوە و خەڵک دەڕۆن بۆ ئەوەی لەناوی بەرن، ئەوا هەڵوێستێک دەگرنەبەر کە لە ئایندەی ئەو وڵاتەدا جێگەیەکیان هەبێت . ئەوان لایەنگری شۆڕش دەکەن بە ئامانجی کاریگەری لەسەر پرۆسەکەی و سەپاندنی بەدیلە دڵخوازەکانی خۆیان. بۆیە پێویستە بگوترێ پەیوەندی نێوان حکومەتەکان و کۆماری ئیسلامی کارکردی دەسەڵاتی شۆڕشی خەڵک و هاوسەنگی هێز لە نێوان خەڵک و حکومەتدایە لە ئێراندا. تا کۆماری ئیسلامی ناسەقامگیرتر و لاوازتر بێت و شۆڕش بەهێزتر و خۆڕاگرتر بێت، حکومەتەکان زیاتر خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دووردەخەنەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان. بەڵام وەک ئاماژەم پێدا ئەرکی دەوڵەتەکان ئەوەیە کە کاریگەریان لەسەر پێشهاتەکان هەبێت بە ئاراستەی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا. ئەوە پەیوەستە بە هێزەکانی شۆڕشەوە وەک حزبی ئێمە ڕێگە نەدەن حکومەتەکانی تر کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی شۆڕش و سیستەمی ئایندە هەبێت.
لە بارودۆخی ئێستادا ئێمەش شاهیدی هەمان پرۆسەین. ئەو هێزە ڕاستڕەوانەی کە لە حکومەتەکانی ڕۆژئاوادا بەشدارن، نیگەرانن لە گۆڕانی بنەڕەتی دۆخەکە لەگەڵ دەسەڵاتی شۆڕش. ڕژێم گۆڕینی خوازراویان جۆرێکە لە دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە سەرەوە لەگەڵ کەمترین گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانیدا. بەڵام تەنانەت لەم ئاستەشدا هەڵەن. بەبێ گوشاری شۆڕش، هیچ ڕژێم گۆڕینێک لە ئارادا نیە. دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا نە دەتوانن و نە دەیانەوێت ببنە هۆکاری گۆڕینی ڕژێم لە ئێراندا. هەڵوێستەکانیان بەرامبەر بە حکومەت لە ئێراندا لەژێر کاریگەری هێزی شۆڕشی خەڵکەدایە. ڕووخانی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە دەسەڵاتی شۆڕشی خەڵک مومکین دەبێت و ئەمەش فاکتەری دیاریکەری پەیوەندی نێوان حکومەتەکانی دیکە و کۆماری ئیسلامییە. لەگەڵ لوتکەی شۆڕشدا تەنانەت دەکرێت حکومەتەکان بە پشتبەستن بە جەماوەری خەڵک و هێزە چەپ و ڕادیکاڵەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا ناچار بکرێن بایکۆتی کۆماری ئیسلامی بکەن. ڕوونە کە ئەمە پێش هەموو شتێک پەیوەستە بە دەسەڵاتی شۆڕش لە خودی ئێراندا. لە هەر حاڵەتێکدا فاکتەری سەرەکی و دیاریکەر دەسەڵاتی شەقامە و ئەرکی لایەنە چەپ و شۆڕشگێڕەکانی وەک حزبی ئێمەیە کە دەسەڵاتی شۆڕش وەک فاکتەری گۆشەگیرکردنی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهانیدا کەڵک وەربگرن.
خەلیل کیوان: کاتێک سەیری بارودۆخی ئێران دەکەین، دەبینین کۆمەڵگا تەسلیم نەبووە. کۆماری ئیسلامی توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەی نییە. هەموویان ئەم پرسیارەیان هەیە: گەشەسەندنی داهاتوو کەی ڕوودەدات و چۆن دەبێت؟ هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ دۆخی ئێستا چییە و لە ئاسۆی گۆڕانکاریە سیاسییەکانەوە چی دەبینن؟
حەمید تەقوایی: دیارە لە بارودۆخی ئێستادا خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان هێوربوونەتەوە، چ لە خودی ئێران و چ لە دەرەوەی وڵات. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو شۆڕشەکە پاشەکشەی کردووە یان ڕاگیراوە. بەو مانایە نییە کە خەڵک ترسێنراوە یان کۆماری ئیسلامی سەقامگیر بووە و هتد. ئێمە هیچ کام لەمانە نابینین، ناڕەزایەتی بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە. لە شێوەی بانگەواز بۆ ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی یادی لەدایک بوونی ئەو کەسانەی لە شۆڕشدا گیانیان بەختکردووە، بۆ ڕۆژانی دیاریکراو وەک ساڵیادی شۆڕش، ناڕەزایەتی مەدەنی وەک بێ حیجابی، کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەربڵاوتر دەبێتەوە و ڕوونە کە حکومەت شکستی هێناوە دژی، هەڵمەتە جۆراوجۆرەکانی وەک هەڵمەتی ئازادکردنی تۆماج، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خانەنشینان.و هەروەها مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران و مامۆستایان کە تا ئێستاش بەردەوامن و جگە لە هەموو ئەمانە، زیادبوونی هێرشی فراوانی خەڵک لە فەزای ئەلیکترۆنیدا. بابەتێک کە بە دانپێدانانی خۆیان، دەمارەکانی خامنەیی و حکومەتەکەی وردکردووە.
هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە شۆڕش زیندووە. ئەوەی گۆڕاوە و ناگەڕێتەوە پەیوەندی و هاوسەنگی هێزە لە نێوان خەڵک و حکومەتدا. بە بڕوای زۆرینەی خەڵکی ئێران، کۆماری ئیسلامی دەبێ بڕوات. ئەم حکومەتە ئیتر ئیعتبارێکی نەماوە و بەتەواوی ڕیسوا بووە. دوای ئەم کوشتار و دڕندەییانەی کە لەم دە مانگەدا لە حکومەتەوە بینیومانە، ئیعتباری سیاسی و ئەخلاقی بۆ کۆماری ئیسلامی لە ئێران و لەسەر ئاستی جیهانی نەماوە. حکومەت لەبەردەم توڕەیی و ڕق و کینەی زۆرینەی ڕەهای خەڵکدایە و هەر هەنگاوێک دەنێت ڕق و توڕەیی گشتی دەباتە سەر. لە چاوی خەڵکدا ڕژیم مردووە و تەنیا بە زەبری هێز لاشەی خۆی پاراستووە. خاڵی لەلوتکەی شۆڕش هێشتا لە پێشەدایە و دەسەڵاتداران خۆیان هەمان نیگەرانیان هەیە. هیچ بەرپرسێکی حکومی بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە شۆڕش، یان وەک دەڵێن ئاژاوەگێڕی، کۆتایی هاتووە و هەموو شتێکمان بەدەستەوەیە. بەپێچەوانەوە هەمووان باس لە بەردەوامی ئەم دۆخە و سەرهەڵدانەوەی شۆڕش دەکەن.
ئەوە گومانی تێدا نیە کە کۆمەڵگا ناگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی پێش شۆڕش و هاوسەنگی هێز بۆ هەمیشە لە بەرژەوەندی خەڵک و بە زیانی حکومەت گۆڕاوە. ڕاستە فۆڕمی سەرەکی هێرشی هەر شۆڕشێک مانگرتن و خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی سەر شەقامە و بەم مانایەش شۆڕش هێور بووەتەوە، بەڵام هەموو شۆڕشێک هەوراز و نشێوی هەیە و هەموو شتێک نیشان دەدات کە شۆڕش سەرهەڵدەداتەوە. نابێت گومانمان لەم بابەتە هەبێت.
تۆ دەپرسی بە چ شێوەیەک، ؟ ئەمە چیتر بە تەواوی پێشبینی ناکرێت. دەتوانێت لە شێوەی مانگرتندا دەرکەوێتەوە. دەشێ لە شێوەی گردبوونەوەی سەر شەقامەکان بێت، بۆ نمونە لە ساڵیادی شۆڕشدا، دەکرێت لە شێوەی ناڕەزایەتی ژنان، بڵاوبوونەوەی بێ حیجابی لە پاڵ سەما و هەڵپەڕکێی سەر شەقامەکان بێت. یان مەراسیمی یادکردنەوە وبەرزڕاگرتنی یادی گیان بەختکردوان کە ئێستا مەراسیمی لەدایک بوونیش دەگرێتەوە. هەموو ئەمانە شێوازی مومکینن، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا گومانی تێدا نییە کە کۆمەڵگا تەسلیمی نەبووە و هێور نەبووەتەوە و بەردەوامە لە تەحەدای دەسەڵات لە ئاست و بوارە جیاوازەکاندا. پێم وایە ئەو پڕۆسەیەی کە بە گیان بەختکردنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد تا ڕووخانی یەکجارەکی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێت. هەوراز و نشێوی هەیە، بەڵام ناوەستێت.
٥ی تەمموزی ٢٠٢٣، ١٤ی تیری ١٤٠٢




قووڵ بوونەوەی قەیرانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی ؟!.. سەردار عەبدوڵا حەمە

ماوەیەکە گوێ بیستی کۆمەڵێک جیدال و باسین کە پێشتر نەمان بیستووە لە لایەن چەندین مەلاو بانگخوازو لێکۆڵەوەر لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسییەوە . ماوەیەکە هەندێ مەلا و بانگخواز هەندێ کاری قێزەونی وەک دزی و درۆ و دوو ڕوویان ئەنجام داوە کە کۆمەڵگای کوردستان نەفرەتیان لێ دەکات .

ئەمانە سەرجەم پێ ی دووترێ قەیرانی ئیسلامی سیاسی وڕەوتە جیاجیاکانی بە سەلەفی وئەشعەری و سۆفیەوە .
هۆکارەکانی ئەم قەیرانانە زۆرن هەندێکیان بابەتی و هەندێکیان زاتین ؟
هۆکاری بابەتی ئەوەیە لەسەردەمی سەرمایەداریدا ، بەرەو پیێشچوونی پیشەسازی و زانست دەبێتە هۆی پاشەکەشە بە بیروباوەری خورافیانەی ئایینی لەسەر ئاستی جیهان. تا پیشەسازی وداهێنانی تەکنۆلۆجی زیاتر پێشکەوێ ، ئایین زیاتر پاشەکشە دەکات . لە خۆوە نیە لە ئەفغانستان وهەندێ ووڵاتی ئیسلامی تەلەفزیۆن و ئایفۆن و کۆمپیوتەرو وئایپادەکان دەدەنە بەرچەکوش وداروبەرد و ووردووخاشیان دەکەن ، چونکە وەک ڕابەرانی ئیسلامی سیاسی خۆیان دەڵێن ئەم شتانە خەڵک لە دین وەردەگەڕێنن ، لە خۆوە نیە تاڵەبان لە ئەفغانستان یاسای ئەوە دەردەکا ژنان نابێ لە زانکۆکان بخوێنن .
ئەوکۆمەڵگایانەی کە پیشەسازین ئایین تیایاندا بێ هێزە و بەپێچەوانەوە ئەو کۆمەڵگایانەی پیشەسازی نین ئایین تیاندا بە هێزە ، ئەمە بەپێ ی ئامارە فەرمیەکان . دەبێ ئەوەش بزانین سەرمایەداری پێویستی بە پێشکەوتنی پیشەسازی یە بۆ قازانجی زیاتر هەر بۆیە ئەو کۆمەڵگایانەش تا ئێستا دوواکەوتوون لەم ڕووەوە ئەوا پێویستە بەرەو پێشەوە ببرێن ئەمەش کاردەکاتە سەر ئایین و گەشەنەکردنی و چوونە دواوەی . هەر ئەم هۆکارە دەبێتە هۆی نەمانی ئایین.
کوردستانیش بەشێکە لە جیهانی سەرمایەداری وڕۆژانە زیاتر کاریگەری ئەم پێشکەوتنە دەبینرێ لەسەر ڕەوتە ئایینی و خێڵەکیەکان . . بەپێچەوانەی ئەوەی کە ڕابەڕانی ئایینی بەپشتیوانی دەسەڵات ومیدیاکانی و بۆ فریوکاری خەڵک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئاییندە بۆ ئایینەکەی ئەوان دەبێ چونکە پێ یان وایە تەنها ئەوان لەسەر هەقن ئەمە تەنها ئیسلامیەکان نین ئەمەدەڵێن و دووبارەی دەکەنەوە ڕۆژانە بەڵکو مەسیحیەکان و جووەکان وهیندۆس و بودایەکانیش ئەم پروپاگەندەیان هەیە . بەڵام ڕەوتی مێژوو پێچەوانەی ئەم پروپاگەندەیە. لەجیهاندا ڕێژەی بێدینی لە پەرەسەندنی خێرادایە بە تایبەت لە ناو توێژی خوێندەوارو نووسەر وهونەر پیشەو ئەکادیمی و زنایاندا . ئەم پەرەسەندنە لە کۆمەڵگای کوردستانیش دەبینرێ بە تایبەت لە ناو ئەم توێژەی کۆمەڵگادا .
هەر ئەمە دەبێتە هۆکاری بنەڕەتی بۆ پەرەسەندن و قووڵ بوونەوەی قەیرانەکانی ئیسلامی سیاسییش شانبەشانی قەیرانە ئابوری و سیاسیەکان .
هۆکاری خودیش یا ( زاتیش) لە خودی ئایینەوەیە کە ناتوانێ وەڵام دەرەوە بێت بە پێداویستیەکانی مرۆڤ لەم سەردەمەی ئێستادا کە گرانی وهەژاری و برسیەتی وبێکاری سەرتاپای کۆمەڵگاکانی جیهانی گرتوەتەوە. ئایینەکان نەک نەیانتوانیوە چارەسەری ئەم بارودۆخە بکەن بەڵکو خۆیان هۆکاری مانەوەی ئەم بارودۆخەن . ئایینەکان پشتیوانی دەکەن لە مانەوەی زەمینەکان و هۆکارەکانی هەبوونی ئەم بارودۆخە وەک ئەوەی ئەوان دژی خاوەندارێتی تایبەتی و کاری بەکرێ و سەرمایە نین کەسەرچاوەی بوونی هەژاری و برسیەتین.
بەپێچەوانەوە ئیتر ئایین دەبێتە پیشەسازی وپیاوانی ئایینییش دەبنە سەرمایەدار و بازرگان .
لە کوردستان دا ماوەیەکە ئەمە بەڕۆشنی بەرچاو دەکەوێ ، مەلاو بانگخواز هەیە لەم ڕێگایەوە زەکات لەخەڵک وەردەگرێ وپڕۆژەی پێ دەکاتەوەو دزی لەخەڵک دەکات ، مەلاو بانگخواز هەیە زەکات لەخەڵک وەردەگرێ چوار ژن دەهێنێ و لە باشترین شوێنی حەوانەوەو لە باشترین خزمەتگوزاری بەهرەمەندە ، جگە لە زەکات ئەمانە پارە لە دەسەڵات و ووڵاتانی تریش وەردەگرن پێی دەچنە حەج وعومرەو لە کاتی نەخۆشیشدا دەچنە ئەوروپا بۆ چارەسەر .بۆیە ئەمانیش بوونەتە چینێکی سەرمایەدارو مشەخۆر لەسەر حسابی چینی کرێکارو زەحمەتکێش وە بەشدار دەبن لەوەی خەڵکی هەژاروبرسی بکەن .
یەکێ لەهۆیەکانی تر هۆشیار بوونەوەو ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وپەرەسەندنی هێزی ئازادیخوازو چەپ و سکۆلاریستی کۆمەڵگایە کە ئیسلامیەکان دەخاتە ناو گێژاوی ئەم قەیرانەی ئێستایان چۆن ؟
خرۆشانی ژن ژیان ئازادی پێشەنگی ئەم کاروانەیە لەم ڕۆدا کە کاریگەری لە سەر کوردستان وناوچەکەش داناوە . خەڵک ناتوانێ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی قبوڵ بکا کەسەرچاوەی نەهامەتیەکانی بێت ، خەڵک قبوڵ ناکا ڕۆڵەکانی لە سێدارە بدرێن وەک ئەوەی لە ئێران ڕوویدا وەیا تیرۆر بکرێن لە بەر جیاوازی بیروڕایان وەک ئەوەی لە تیرۆری ماریا و خواناسدا بینیمان لە کوردستان .
ئەوە فشاری بەرەی ئازادیخوازوئینسان دۆست بوو مەلاو ڕابەرانی ئیسلامی سیاسی وسەلەفی هێنایە قسە وقڵشتی نێوانیانی زیادکرد هەریەکەیان ئەوی تر تاوانبار دەکا بە داعش .
یەکێکیان دەڵێ سەلەفیەکان داعشی بێ چەکن و یەکێ تر دەڵێ سەلەفی نامۆیە بە کۆمەڵگای کوردستان وئەشعەری ئایینی خەڵکی کوردستانە و سەلەفیش هەرەشە لەمانی تر دەکات و بەداعش تۆمەتباریان دەکات.
.ئەوە فشاری بەرەی ئازادیخوازە وا لە مەلاو بانگخوازو وەزارەتی ئەوقاف دەکات ڕۆژێک فتوایەک دەربکاو ڕۆژێکی تر لێ ی پەشیمان بێتەوە .
ڕۆژێک دەیانووت پیاوەکان وەک خاوەنی کچان وژنان بێ شەرەفن و گەوادن کە ڕێگا بدەن ژنەکانیان وکچەکان سفور بن و بۆن لە خۆیان بدەن ، کەچی مەلا هەڵۆ لەم ڕۆژانەدا ووتی ئەو پیاوەی ژن بکوژێت قاتلە دەبێ حاکمی موسڵمانان ئەم بڕیارە بدات کە پێشتر ئەمەی نەوتووە . ئەوە فشاری ئەم بەرەیە بوو توانی پاشەکشە بە مەڵا هەڵۆ بکات کە بکوژەکەی خواناس ووریا گلی بە تاوانبار پیشان بدا لە کاتێکا فتواکانی خۆی هۆکار بوون بۆ ئەنجام دانی ئەم تاوانە .
ئەوە بەرەی ئازادیخوازو عەلمانیەکانە ئەشعەریەکانی کوردستانی ناچار کرد بەدژی سەلەفیەکان قسە بکەن و عەبدولەتیف سەلەفیش داوای دیبەیت بکا لەگەڵیان و لەگەڵ ئەوانەی بەسەلەفیان ووتوە داعش.
ئەوە بەرەی ئازادیخواز و عەلمانی بوو کە ووتارە دژ بەیەکەکانی مەلاو بانگخوازە سەلەفیەکان ئاشکرا بکات وەک ئەوەی دەیانووت خۆشەویستی حەرامە بەڵام خۆیان خۆشەویستیان لەگەڵ ژناندا کرد دەنگی هەڵو و عەبدولەتیفیان لەم بارەوە بڵاو کردەوە.
ئەوە هەرئەم بەرەیە ئێستا ماهیەتی مەلایەکی دزی وەک مەلا هەورامانی ئەندام پەرلەمانی سەر بە کۆمەڵی دادگەری ئیسلامی دەربخات کە وەک دز دەربکەوێ لە کاتێکا پێشوو تر ووتبووی دزەکان دەبێ دەستیان ببڕدرێ .
ئێمە بەرەی چە پ و ئازادیخواز ئەگەر بەردەوام و جیددی تر کار بکەین دەتوانین پاشەکشەی زیاتر بەئیسلامی و سیاسی وسەلەفی و ئەو دەسەڵاتەش بکەین بە پێدانی ئیمکانی ماددی و مەعنەوی کردوونی بە بەڵاو و بەرهەمهێنەری نەهامەتی وکوێرەوری و کردوونی بە بازرگان و خاوەن ژیانێکی بەهشتی لەم دونیا و بەخەڵکیش دەڵێن دوای مردن بەبەهشت و حوری شاد ئەبنەوە . دەبێ ئەو ڕێنسانسەی لە کۆمەڵگای کوردستاندا بەڕێکەوتوە بەردەوام بێ بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردستان لە جیاتی ئەوەی ببێتە ئەفغانستانی ژێر سایەی تاڵیبان ببێت بە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو وە ئینسان دۆست .

سەردار عەبدوڵا حەمە
٢٠٢٣/٧/٨




سەفەرکە.. نووسینی: محمد ماغوط.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

بە بێ دوودڵی سەفەرکە..
ئەو چەن ساڵەی لە تەمەنە بە هەدەر چوەکەت ماوە ڕزگارکە..
سەفەرکە و جگە لە خۆمان میللەتانی تر ئەبینی لە مانای”ژیان” و”ئینسان پەروەری” تێئەگەیت،ئەزانیت کە ئێمە نە باشترین و نەدێرین ترین میللەتی دونیاین ، هیچ کەس لەوێ دەربارەی پاڵەوانە وەهمییەکانمان و قارەمانیەتیەکانیان نازانێ.
درۆی هەزاران ساڵەی شارستانیەتەکەمانت بۆ دەرئەکەوێ و ئەشزانی کە ووڵاتەکەت زەرد”پایز” و سەوز”بەهار”ی نیە وەک ئەوەی خۆت حیسابت بۆ کردوە.
بۆت دەرئەکەوێ کە ئێمە باشترین نەتەوە نین بۆ بەشەریەت هاتبێ و ئێمە تەنها بارگرانییەکین بەسەر بەشەرییەت و شارستانیەتی ئینسانیەت و تەنانەت بەسەر خۆشمانەوە.
دڵنیا ئەبی لەوەی کە لای ڕۆژئاواییەکان نە کات و نە گەرم و گوڕی ونە ئارەزویان هەیە بۆ پیلان گێڕان دژمان، چونکە ئێمە خۆمان شارەزای پیلان گێڕانین دژ بە یەکتر و ئەوان بەو شتانەوە خەریکن کە زۆر لە ئێمە گرنگ ترن.
سەرت ئەسوڕمێ لە بەشووشی و لوتفی شوڤێری تاکسی و پۆلیس و کارمەندی فڕۆکەخانە و فەرمانبەری دایەرەکان و تەنانەت چایچی و شاگردی کافترییەکان.
سەرت سووڕ ئەمێنێ لەوەی کە تیمەکانی ئاگرکوژانەوە هەموو بەدەم ڕزگارکردنی پشیلەیەکەوە ئەچن کە لە قاتێکی بینایەیەکی بەرز گیری خواردوە و پۆلیسی هات و چۆ ئۆتۆمبیلەکان و ترافیک ڕائەگرێ قازێک و بەچکەکانی بێ مەترسی بپەڕنەوە.
ئەحەپەسێ ی کە “فەرمانڕەوا” !بە تەنیا! لەسەر جادەکان پیاسە ئەکا بێئەوەی خەڵک لە چواردەوریا بە شان و باڵیا هەڵبەن و باس لە عەبقەرییەتیەکەی بکەن کە گوایا هەموو میللەتانی سەرئەرز بەغیلی پێ ئەبەن و بێ ئەوەی کاروانێک ئۆتۆمبیلی جام ڕەش و مودەڕەعەی بە دواوە بێ وەک لەکاروانی مناڵێکی دە ساڵانی سەر بە بنەماڵەی ” فەرمانڕەوا” ئەیبینی کاتێ ئەچێ بۆ کڕینی ” “ئایس کرێم” یان یاری کردن بە “پلەی ستەیشن” لەگەڵ هاوڕێکانی قوتابخانە سەرەتاییەکەی.
تووشی سەرسووڕمان ئەبی کە چۆن خەڵک بە ڕووخسارێکی گەش بە ڕووتا زەردەخەنە ئەگرن و لەگەڵ نەناسیاوێکا لە ڕێستوران یان قاوەخانەیەک لەسەر مێزێک دائەنیشی و بە ڕوویەکی خۆشەوە لە یەکتری ئەڕوانن یان لە شەقامێکا لەگەڵ خانمێکی شۆخ و شەنگا زەردەخە لەگەڵ یەکترا ئەگۆڕنەوە بێ ئەوەی هیچ کەسێک بە شێوەیەک سەیرت بکا جگە لەو تێڕوانینەی تۆ ئینسانێکی و چی تری تۆ بە لایانەوە گرنگ نیە.
بەڵێ : فێر ئەبی کە ڕێز لە خەڵک بگری تا ڕێزت بگرن و تەریق ئەبیتەوە لەو ڕەفتارە نا بە جێیانەی کە لە ووڵاتەکەی خۆتا وەک ” مافی خۆت” کردوتە وەک: بەرتیل بەخشين و وەرگرتن..تێکشکانی
كورسی پارکە گشتی و پاسەکان ..فڕێیانی خۆڵ لەسەر شەقامەکان و شانازی کردنت بە خزمایەتیت لەگەڵ کەسێکی پلە دە و یانزەی ئاسایش یان هاوڕێیەتیت لەگەڵ خزمێکی”فەرمانڕەوا” کە بە پەنجا ژن و ژنخوازی خزمایەتی لەگەڵیا هەیە..دزینی کارەبای گشتی بۆ خۆت ، یان دزینی مراوییەکی حەوزی یەکێ لە سەیرانگاکان.
بەڵێ : بیری کەس و کار و هاوڕێکانت وزۆر شتی تر ئەکەی ، بەڵام ئاواتەخواز نابی بگەڕێیتەوە ژیانە قوڕاوییەکەی جارانت دوای ئەوەی بەسەر بردنی ژیانت وەک بەشەر هەڵبژارد و چاوەڕێت نە ئەکرد وابێ…
گەر گەڕایتەوە بێ شک یان بەسەردان یان بە مردوویی ئەگەڕێیتەوە..هیچ سەرزەنشتی کەسێک مەکە ووڵاتەکەی بەجێ هێشتوە ..گەر ووڵات بوایە جێ ی نەئەهێشت.




لەوانەیە.. سەلام عومەر

لەوانەیە وەکو گەرمیان
دیسان بمانخەنە ژێر خاک و هەڵمانگرن
هەر بەخواستن
تورک سورەتی ئەنفال
لە عەرەبی برا وەرگرن
٭٭٭٭
لەوانەیە
جوگرافیای وڵاتی خۆمان
هەروەکو خۆمان نەناسین
دەرسیم و مهاباد یەک شار بن
هەڵەبجەو سەرێکانیش
دوو لقی…..
یان دوو جۆگەی یەک روبار بن.
٭٭٭٭٭٭
لەوانەیە
مێژوو هەریەک رۆژو شەوبێ
رێکەوتنی جەزائیرو
واژووی لۆزان
تەنیا خەوبێ
٭٭٭٭٭
لەوانەیە وەک دەعبایەک
بۆ بەرژەوەندی زلهێزەکان
لەم زەمینە مت کرابین
وەک جەنگاوەرێکی ماندوو
لەودیو پەردە
فت کرابین
٭٭٭٭٭
لەوانەیە
دیسان بۆ هەرزان فرۆشیمان
بڵێین ئەزموونە وانەیە
ئاخر بۆنا
لەوانەیە.