کوندێرا و سووکیی بوون.. ئەحمەد ڕەسوڵ

ڕۆماننووس لە پشتی کاراکتەرانی ڕۆمانەکەیەوە خۆی حەشاردەدات. “گۆستاڤ فلۆبێر- ڕۆماننووسی گەورەی فەڕەنسیی، نووسەری ڕۆمانی بەنێوبانگی مادام بۆڤاری”
ژیانی کاراکتەرانی ڕۆمان، ئەگەری هێشتا بەدینەهاتووی ژیانی ڕۆماننووسن.” میلان کوندێرا”

لەسەر ڕێزنەگرتنی تەواوی بۆ شەممەی پیرۆز، سەرزەنشتیان کرد. شەممەی پیرۆزیان بۆ مرۆڤ دروستکردووە نەوەکو مرۆڤ بۆ شەممەی پیرۆز. “ڕۆمانی ئاهەنگی ماڵئاوایی”
هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر و غەمهێنەرتر نییە کە شەو بێدار دەبیتەوە و دەبینیت کەسێک لە تەنیشتت بە ئەوپەڕی بێباکییەوە خەوتووە. “تۆماس، پاڵەوانی ڕۆمانی سووکەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون”

ڕۆمانی “سووکەڵەیی لەتاقەت بەدەری بوون”

تاۆتالیتاریانیزم، نادڵنیاییەکی بەردەوام
تۆتالیتاریانیزم لە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیدا ئەوەیە کە بە دیوێکدا جۆرێک لە ژیان زاڵ دەکات بەسەر مرۆڤەکاندا لە فەزای گشتییدا کە هەمیشە هەست بە نادڵنیایی بکەن و ئەمەش نائارامیی و ترس لە ژیانیاندا دەکاتە دۆخێکی بەردەوام. لە ڕاستییدا مرۆڤەکان بۆیە لە نادڵنیایی بەردەوامدان چونکە بەردەوام دەیانەوێت دڵنیایی لە پەیوەند بە دەوڵەتەوە بەدەستبهێنن، واتا بەردەوام دەیانەوێت دڵنیا بن لەوەی دەوڵەت هیچ گومانێکی لێیان نییە، نەوەکو گومانی لێیان نەبێت، بەڵکو دەیانەوێت لەوە دڵنیا بن کە دەوڵەت لە دڵسۆزیی و ڕاستگۆیی ئەوان لە ئاست دەوڵەتدا دڵنیایە، کە دەوڵەت، تەنها کۆمەڵێک دەزگا نییە، بەڵکو هەر کەسێکە، کەسێک ئەگەر بیناسیت و نەیناسیت، کەسێک تەنانەت ئەگەر منداڵێکیش بێت کە لە ڕاڕەوی باڵاخانەکەتدا کە تیایدا نیشتەجێی ڕێکەوتی بکەیت، یان تەنانەت ئەو بێدەنگیی و تەنیاییەی لە ژوورێکی ئاپارتمانەکەتدا دەروی داویت هەندێجار هێندەی دڵسۆزانە نوێنەرایەتیی دەسەڵات و دەزگا و سەرۆکەکانی دەکات هێندە ڕەنگدانەوەی تاینەتمەندیی ژیانی خۆت و خواست و بیرکردنەوە و ئارەزووەکانی خۆت نییە. لە کورتیدا دەوڵەت لە هەموو شوێنێک و هەموو کاتێک و هەر کەسێکە.
تۆماس، پزیشکێکە، لە کۆمەڵگایەکدا دەژی کە تێیدا دەسەڵاتدارێتییەکی تۆتالیتار پایەدارە و ڕۆچووەتە هەموو کونج و کەلەبەرێکی نەوەکو فەزای گشتیی و دەزگا دەوڵەتییەکانەوە بەڵکو ژیانی تایبەتیی مرۆڤەکانیشەوە. تۆماس دوای ئەوەی هاوسەرگیریی کردووە تێدەگات، کە جۆری کەسێتیی ئەو بۆ هاوسەرگیریی و ژیانێکی پابەند و سۆزدارانەی هەمیشەییی نابێت، بۆیە لە هاوسەرەکەی جیادەبێتەوە. لە ڕاستییدا تۆماس ئارەزووی ژیانێکی ناپابەند دەکات و دەیەوێت ژیانێکی زۆر تایبەتیی هەبێت بە پێچەوانەی شێوە ژیانی داسەپێنراوی کۆمەڵگاکەیەوە کە هیچ نهێنییەک و گۆشەیەکی نادیاری لە ژیانی تاکەکەسەکاندا نەهێشتووەتەوە.

تۆماس، تاکگەرا و ناپابەند
تۆماس دەڵێت: هیچ شتێک لەوە ناخۆشتر و غەمهێنەرتر نییە کە شەو بێدار دەبیتەوە و دەبینیت کەسێک لە تەنیشتت بە ئەوپەڕی بێباکیی خەوتووە. یان ئەوەی کاتێک سەرتناوە بەسەر کتێبێکەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ بە دنیای نێو کتێبەکە ئاوێتە بوویت و لە ناکاوێک سەر هەڵدەبڕیت و دەبینی کەسێک لە ژوورەکەتدا بە لاموبالاتییەوە دانیشتووە. لەو دۆخانەدا پرسیارێک، کە غەمگینیی و تووڕەیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بە مێشکی تۆماسدا بێت ئەوەیە کە ئەم کەسە لە کەیەوە لەم ژوورەدا دانیشتووە یان خەوتووە و من ئاگام لێی نەبووە؟!، یان پرسیاری ئەوەی کە ئایا بۆ بەبێ مۆڵەتی من و بێ ئاگای خۆم هاتووە لە ژوورەکەم دانیشتووە یان خەوتووە؟! هەمیشە لەو دۆخانەدا تۆماس هەستی بە غەریبیی خۆی دەکرد لەو ماڵە و لەو ژوورە. لە ماڵێکدا و لە ژوورێکدا ئەگەر بەردەوام کەسێکی غەریب بە تەنیشتمانەوە و لە نزیکمانەوە بوو ئەوا خۆمان دەبینە غەریب، بە ئەو ماڵە غەریب دەبین و ژیانێکی غەریبانە دەژین.
تۆماس خانمێک بە نێوی سابیناوە دەناسێت و پەیوەندیی ئیرۆتیکی و سۆزدارییان بۆ دروست دەبێت. شەوێک تۆماس لە ماڵەکەی خۆی لە دوای خواردنەوەی، شوشەی بوتڵە شەرابەکە دەکێشێت بە زەوی ژوورەکەدا و داوا لە سابینا دەکات بەسەر پارچە شکاوە تیژەکانیدا بە پێخواسی بڕوات. سابینا کە خۆی عاشق بە تۆماسە، وای لێکدەداتەوە ئەم داواکارییە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تۆماسیش عاشقی ئەو بووە و دەیەوێت بە ئەم داواکارییە سەختە خۆی لەو پەیوەندییە عاشقانەیە، کە کۆتوبەندێکە، ئازاد بکات یان ئەوەبێت ڕاددەی عاشقبوونی سابینا تاقیبکاتەوە، بە دیوەکەیتریشدا لەوانەیە لە بێزاریی و ڕقی تۆماسەوە بێت لە سابینا.
وەفاداریی ڕۆشنایی و خیانەت تاریکیی
سابینا سەرسامە بە ناپاکیی. واتا ئارەزوو دەکات هەر کەسێک کە خۆشیدەوێت و ئارەزووی لەگەڵدابوونی دەکات، ئەم خیانەتی لێبکات، دەزانێت کە تۆماس بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کچان و ژنانی دیکەش. شەوێک کە دەزانێت تۆماس ئاگادارە، سابینا لەگەڵ یەکێک لەو پیاوانەدا دەخەوێت کە لە نێوەندی ڕۆژنامەگەرییدا کاردەکات بەڵام لە ڕاستییدا ئەندامی دەزگا نهێنیی و سیخوڕییەکانی دەوڵەتە بۆ سیخوڕییکردن بەسەر هاونیشتمانییانەوە. ئیتر دواتر کە دەگەڕێتەوە بۆ لای تۆماس لە ماڵەکەی خۆی، تۆماس توڕە دەبێت و داوادەکات پەیوەندییەکەیان کۆتایی پێ بهێنن و چیتر یەکدی نەبیننەوە. سابینا وا تێدەگات کە تۆماس هێندە ئەڤیداری بووە نەیتوانیوە بەرگەی خیانەتەکەی بگرێت و لێی جیابووەتەوە، بەڵام لە ڕاستییدا تۆماس بەو هۆکارە پەیوەندییەکەی لەگەڵ سابینا پچڕاند، چونکە هەستیکرد ئەو پیاوە سیخوڕەی دەوڵەت بەهۆی سابیناوە هاتووەتە نێو ژیانی تۆماسەوە و سیخوڕی بەسەرەوە کردووە. واتا سابینا بووە بە ئەو درزەی کە دەزگاکانی دەوڵەت و پیاوە سیخوڕەکانیان لێیەوە بێنە نێو ژیانی تایبەتیی تۆماسەوە و نهێنییەکانی بزانن.
سابینا لە باسکردنی پەرۆشیی خۆی بۆ ناپاکیی و قێزهاتنەوەی لە وەفاداریی، ئەوە دەگێڕێتەوە کاتێک تەمەنی چواردە ساڵان بووە عاشق بە کوڕێک بووە، باوکی کە بە پەیوەندییەکە دەزانێت چیدی لە ماڵەوە ناهێڵێت بێتە دەرەوە و هەر کاتێکیش بهاتبایەتە دەرەوە لە ژێر چاودرێرییەکی توندی باوکیدا بوو. واتا ژیانی تایبەتیی و نهێنی بۆ نەمابووەوە و هەمووی ئاسکرا و زانراو بووە لەلای باوکیی و هەمیشە چاودێر بووە بەسەریەوە. هەڵبەت گوایا باوکی زۆری خۆشویستووە و نەیویستووە تووشی دڵشکان و هەڵەی کوشندە ببێت بە ئەو تەمەنەیەوە کە بۆ هەموو ژیانی کاریگەریی خراپی لەسەر دابنێت. باوکی ئەندامێکی حزبی کۆمۆنیست و هاونیشتمانییەکی دڵسۆزی دەوڵەت بووە. ئەویش کە هەر لە منداڵییەوە بەهرەی نیگارکێشانی تێدا بووە، بەردەوام وێنەی گوڵەکانی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پابلۆ پیکاسۆ کێشاوەتەوە. بەڵام دواتردەچێتە پڕاگ بۆ خوێندنی هونەرە جوانەکان، لەوێش ڕێگای لێدەگرن بە دڵخوازی خۆی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پیکاسۆ نیگاربکێشێت، بەڵکو دەبێت لەسەر مۆدێلی ڕیالیزمی سۆشیالیستی وێنەبکێشێت. لێرەوە دەوڵەت دەبێتەوە بە نموونەی باوکی لە ڕێگریکردن لێی بۆ وێنەکێشانی دڵخوازانەی خۆی هەروەکو چۆن باوکیشی ڕێگربوو لەبەردەمییدا بۆ عاشق و دڵخوازەکەی. دایکی سابینا دەمرێت و باوکی لە قەهر و خەمی لەدەستدانی هاوژینەکەی خۆی دەکوژێت، کە ئەمەش نیشانەی وەفاداریی باوکی سابینایە بۆ هاوسەرەکەی، کە نەیتوانی بەبێ ئەو هەڵبکات و بژی. بۆیە لێرەوە لە داخی باوکی، قێزهاتنەوە لە وەفاداریی و پەرۆشیی بۆ خیانەت لە ناخیدا چەکەرەی کرد و ڕەگی داکوتا. بۆ خیانەت لە دەوڵەت، بە دزییەوە وێنەی گوڵەکان و گوڵدانەکانی لەسەر مۆدێلی کوبیزم و لەسەر شێوازی پیکاسۆ دەکێشا. دواتر هاوسەرگیریی کرد و کە زانیی مێردەکەی خۆشیدەوێت، خیانەتی لێکرد و لێی جیابووەوە. لە قۆناغێکدا تۆماس دەناسێت و پەیوەندییان بۆ دروست دەبێت بەو شێوەیەی پێشتر باسکرا.
دواتر پیاوێک بەنێوی فڕانز دەناسێت، کە پیاوێکی شان و قۆڵ ئەستور و بەهێز و ماسولکە گەورە و هەروەها پێشتر پاڵەوانێکی کاراتێی و تایکواندۆ بوو. پەیوەندییەکی سۆزدارییان بۆ دروست دەبێت، کە لە ڕاستییدا ئەوە فڕانزە زێتر عاشق بە سابینایە و سابینا ئەسڵەن هیچ خۆشی ناوێت و بەڵام ڕقیشی لێی نییە. بەڵام ئەو فڕانز هێندە توند عاشق بە سابینایە، سابینا ئەمە بە هەلێکی باش دەزانێت تا پەیوەندیی لەگەڵ دروست بکات و زێتر وابەستەی بکات بە خۆیەوە و فڕانز بخاتە نێو خیانەتێکی درێژ مەوداوە لە بەرامبەر ژنەکەیدا، ماری کلود کە زۆر فرانزی خۆشدەوێت. سابینا چێژ لەوە وەردەگرێت کە فڕانز ناپاکیی لە هاوسەرە باش و ئەڤیندارەکەی خۆی بکات و لە پێناوی ئەمدا و بە فشاری سابینا فڕانز لە ژنەکەی، ماری کلود جیاببێتەوە. دواتر لە یەکێک لە گفتوگۆکانیاندا سابینا بە فڕانز دەڵێت تۆ کە ئەو هەموو ماسولکە بەهێزەت هەیە، هێزەکەی تۆ ڕووی لە دەرەوەیە نەوەکو ناوەوە، لە ناوەوە کەسێکی بێهێزی و لاوازیت. فڕانزیش دەڵێت لە ڕاستییدا ئەم هێزەی کە من هەمە چۆن ڕوو لە ناوەوە نییە، ڕوو لە دەرەوەش نییە، چونکە هەتاوەکو ئێستا نە شەڕم لەگەڵ کەس بووە و نە دەمولوتی کەسێکم شکاندووە، بۆیە ئەم هێزەی من بوون و نەبوونی وەکو یەکە و لە ڕاستییدا ئەەوەی من هەمە هێز نییە. لە درێژەی گفتوگۆکەیاندا سابینا دەڵێت تەنانەت لە پەیوەندیی نێوانیشماندا ئەو هێزەی تۆ هیچ سوودێکت پێنانەبەخشێت. فڕانز دەڵێت، خۆشەویستی ئەوەیە چاوپۆشیی لە هێزی خۆمان بکەین.
فڕاانز زۆر سەرسامە بە چەمکی وەفاداریی لە ژیانی مرۆڤدا. فڕانز کاتێک پێش هاوسەرگیرییەکەیان لە پەیوەندییدا بووە لەگەڵ ماری کلود، ویستویەتی ماری کلود بەجێبهێڵێت، بەڵام ماری کلود هەڕەشەی خۆکوشتنی لێدەکات ئەگەر بەجێیبهێڵێت. بۆیە لە ئاست ئەو عەشقە توند و قووڵەی ماری خۆی پێناگیرێت و دادەنوێتە سەر ئەژنۆکانی و دەستەکانی ماچ دەکات و دواتر هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات. هەرچەندە تەنها ئەو جارە بوو دەربڕینی ئەو سۆز و خۆشەویستییە زۆرە لەلایەن ماری کلودەوە بۆ فڕانز و هەرگیز جارێکی تر دووبارەینەکردەوە و سۆز و خۆشەویستییەکی ئەوتۆی بۆ دەرنەبڕییەوە.

سابینا، بوون وەکو نادیاریی و خەڵوەت
فڕانز ئەو پرسیار و وەڵامە ڕستەییەی کافکای هەردەم لە یادە کە دەڵێت مانای ژیان چییە؟ درۆنەکردن و نەشاردنەوە لە ڕاستییدا ژیانە. بەردەوام ئەو ئەنجامگیرییەش کە ڕاستەوخۆ بە دوای ئەمەدا بە مێشکیدا دەهات ئەوە بوو کە لەو کاتەوەی بە سابینا ئاشنا بووە لە درۆدا دەژی. بەڵام سابینا بۆچوونێکی پێچەوانەی هەبوو، هەر کات و بە هەر شێوەیەکی جیاواز و لە گۆشەی جۆراوجۆرەوە بەیانی دەکرد و بە توندی داکۆکی لێدەکرد و ئارگیومێنتەکانیشی بۆی گەلێک بەهێز و پتەو بوون. بەبۆچوونی سابینا. لەگەڵ خۆ و خەڵکیتر درۆنەکردن، تەنیا کاتێک دەکرێ کە مرۆڤ لەگەڵ خەڵک نەژی. هەر کە زانیمان کەسێک ئاگاداری کارەکانمانە، بمانەوێت و نەمانەوێت لەگەڵ ئەو چاوە بینەر و چاودێرانەدا ڕێکدەکەوین، ئیتر لەو ساتەوە هیچ کام لە کارەکانمان ڕاسستگۆیانە نین. سابینا، ئەدەب و هونەرێکی بە سووک و ئاستنزم دەزانی کە هەموو کون و کەلەبەری ژیانی تایبەتیی و تەنیایی ئەدیب و هونەرمەندی ئاشکرا بکردایە. سابینا باوەڕی تەواوی بەوە هەبوو کە هەر کەس خەڵوەتی خۆی بدۆڕێنێت، هەموو شتێکی دۆڕاندووە. هەمیشە دەیگووت: کەسێک بە خواستی خۆی واز لە خەڵوەتەکەی بهێنێت و بەبێ فشار و ئاسان دەستبەرداریی تەنیایی خۆی ببێت، لە ڕاستییدا غوولە، یان شتێکی کەمتر لە ئینسانە.

پیریی و لاوازیی، دڵنیایی لە پێکەوەبووندا
تۆماس کە چەند جارێک ڕوودەکاتە شارۆچکەیەکی باشوری ووڵاتەکە کە هەندێ گەڕاوی لێیە و خەڵکی بۆ چارەسەری پزیشکی ڕوویتێدەکەن. لەوێ کچێکی گەنج بەنێوی تێریزا، کە کارمەندە، دەناسێت و لە درێژەی چەند جار سەردانکردنەوەی بۆ ئەو شارۆچکەیە، پەیوەندی لەنێوانیاندا دروست دەبێت. ئیدی بەردەوام لە گرفتی قووڵی ناپابەندیی و بێهەستیی تۆماس و پابەندیی و هەستەوەریی تێرێزادا پەیوەندییەکەیان درێژە دەکێشێت و تا لە شوێنێکدا کە بەبێ هیچ مەبەستێک و نائاگایانە لە ئاهەنگێکدا تێرێزا لەگەڵ کەسێکی دیکە بۆ ماوەیەکی کەم سەما دەکات. دواتر و لە ماڵەوە تۆماس پێی دەڵێت کە هەستی بە غیرە و ئیرەیی کردووە کاتێک تێرێزا لەگەڵ هاوکارەکەیدا سەمای کردووە. تێرێزا کە ئەمە دەبیستێت زۆر دڵخۆش بێت و بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەشی سووک دەبێت و باری ژیانی هێندە سووک دەبێت کە خەرکە بفڕێت. باوەش بە تۆماسدا دەکات و بە سەمایەکی شێتانە و کێویانە بۆ هەر چوار سووچی ژوورەکەی دەبات. بەڵام تۆماس نەوەکو بە غیرە و ئیرەیی پێبردنەکانی تێریزا لە بەرامبەر خۆیدا دڵخۆش نابێت بەڵکو هەستدەکات باری ژیانی قورس دەبێت و لەشی هێندە قورس دەبێت کە تەنانەت توانای جوڵەی بە پاڵکەوتنیشەوە نامێنێت.
لە قۆناغێکدا تۆماس لە کاری پزیشکیی دەردەکرێت و لەگەڵ تێرێزا دەچنە گوندێک لەوێ سەرقاڵی کشتوکاڵ دەبن و لێرەوە تێرێزا ‌هێواش هێواش هەستی دڵنیایی بۆ پێکەوەژیان دایدەگرێت تا ئەو کاتەی ڕۆژێک تۆماس دەبینێت کە خەریکی گۆڕینی تایەی ئۆتۆمبیلەکەیەتی، کە ئۆتۆمبیلێکی کۆنە، و دەستەکانی دەلەرزێت و لە دوورەوە لاوازیی و پیربوونی تۆماس دەبینێت و هەست پێدەکات و ئەمەش خاڵی دڵنیایی تەواوەتیی تێرێزایە لە پێکەوەبوونی تاهەتایی لەگەڵ تۆماس.
پیربوون و لاوازیی دەبێتە دڵنیایی لە پێکەوەژیان و خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەی تۆماس و تێرێزا و دەکرێت هەمان شت، بۆ ژیان و مرۆڤەکانی تریش بە گشتیی ڕاست بێت.

ئەوەی سەرەوە هەندێ سەرنج و گوزارش بوو بۆ هەندێ بۆچوون، وێستگە و کاراکتەری سەرنجڕاکێشی نێو ڕۆمانی “سووکەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون” ی “ڕۆماننوسی بەنێوبانگی چیکی-فەڕەنسی، میلان کوندێرا”، کە لەلایەن “عەتا نەهایی” ەوە وەرگێڕدراوە بۆ زمانی کوردیی، ئەگەر هەندێ لە گوزارشەکان جیاوازییەکیان هەبێت لەگەڵ ڕۆمانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دە ساڵ زیاتر دەبێت ڕۆمانەکەم خوێندووەتەوە و لە نووسینی ئەم سەرنجانە تەنها بە خێرایی ڕۆمانەکەم چاوپێداخشاندەوە. جگە لەم ڕۆمانەی میلان کوندێرا، هەردوو ڕۆمانی “نەمریی” و “ئاهەنگی ماڵئاوایی” شم خوێندووەتەوە.

میلان کوندێرا، ڕۆماننوسیی بەنێوبانگی چیکی-فەڕەنسیی، لە ساڵی ١٩٢٩ لە شاری برنۆی لە چیکوسلۆڤاکیا “جاران” لەدایکبووە. باوکی “لودڤیک کوندێرا” پیانۆژەن و میوزیسیانێکی بەنێوبانگ بووە. کوندێرا سەرەتا میوزیکی خوێندووە و دواتریش لە زانکۆ سینەمای خوێندووە. چەندین نووسینی فیکریی هەیە سەرباری بەرهەمەکانی لە بواری شیعر و چیرۆکدا، هەروەها ڕۆمانەکانی لەوانە “نەمریی”، “سووکەڵەیی لەتاقەت بەدەری بوون”، ئاهەنگی ماڵئاوایی”، “هێواشیی”، “نەزانیی”، “گاڵتە”، “ژیان لە شوێنێکی ترە” و …هتد. تا ساڵی ١٩٧٠ دوو جار دەبێتە ئەندامی حزبی کۆمۆنیست و دوو جار دەردەکرێت و پاشان لە ساڵی ١٩٧٥ وڵاتی چیک بەجێدەهێڵێت و لە فەڕەنسا نیشتەجێ دەبێت. لە بەشێک لە ڕۆمان و نووسینەکانیدا ڕەخنەگرێکی وورد و قووڵی سیستمە تۆتالیتارەکانە کە وڵاتەکەی خۆی بەدەستی وەها سیستمێکەوە بۆ زەمەنێکی درێژ دەیناڵاند. ڕۆمانەکانی کوندێرا ڕووبەرێکی فراوانن بۆ گفتوگۆیەکی فەلسەفیی قووڵ لە نێوان کاراکتەرەکاندا. خاوەنی چەندین خەڵاتە بۆ ڕۆمانەکانی. ڕێکەوتی ١٢-٧-٢٠٢٣ ڕۆژی چوارشەممە بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان، نوسین و ڕۆمان کرد و بۆ هەتایە وەکو ناوێکی درەوشاوەی دنیای ئەدەبیات لە جیهاندا دەمێنێتەوە.




به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی جه‌مال شارباژێڕیه‌وه‌.. سەباح رەنجدەر

لە ئەلبوومی یادگارا

ئەفسوونی شیعر، (كرۆكیجوانی – ئێستێتیكا)، ئاشتی لە دەروونی كۆمەڵگای زیندوو و دەستەمۆ نەبوو ڕادەگەیەنێت. وەفا بۆ شیعر تێپەڕاندنی قۆناغی بەر لە خۆیەتی. تێپەڕاندن وەك جیاكاری نەك ڕەتكردنەوە. ڕەتكردنەوە لە ئەدەبدا هیچ كاتێك بنەمای نەبووە، چونكە لە ڕەتكردنەوەدا بەهای گفتوگۆ دادەڕمێ و پەیوەندییە كلتوورییەكان دەپچڕێن.

جوانی كەشێكی ڕوون و باوەڕپێكراوە. كاریگەری لەسەر هەموو بوونەوەرێك جێ دەهێڵێت، هەستەكان لە دەربڕین لە جوانیدا بە باشترین شێوە ئەركی خۆیان بەجێ دەهێنن، توانایان پاراوە و بە دیواری ژیانەوە دەلكێن.

شیعر دیاردەیەكی سیاسی نییە، دیاردەی سیاسی دۆخێكی هەڵەبەرە. دەربڕین لەناوەرۆكی واقیع وەك خۆی ناكات. واقیع لە بوونی خۆیدا لە ڕێكخستنێكی جواندا جێگای كراوەتەوە. سیاسەت دەستی لێداوە و ڕێكخستنەكەی بەملاو ئەولادا بردووە. ئەمە بڕیار و بۆچوون و پێوەرێكی شیاوە، سیاسیبوونی ئەدەب لادان و خۆدزینەوەیە لە ئامانجی ئەدەب، ئامانجی ئەدەب دامەزراندنی بڕوا و بنەمای جوانییە بۆ ژیانێكی نەشڵەژاو، تا ئارامی هێزی خۆی تێدا وەرگرێت و جوانیبەخش بیكات بە كەرەستە و وزەی دەربڕینی، بە پلە و ئاست پەیامی تایبەتكاریی خۆی بەڕێوەببات. هەر شاعیرێك پشتی دا بە پشتی دەسەڵات، نەك جێگای باوەڕی گوتنی جوان، بگرە جێگای باوەڕی هونەریش نییە.

ئەم شاعیرە لە ڕووی پێكهاتەوە، شیعرەكانی پڕ سۆز و دیمەنی هەستدارن. زۆرتر بەرهەمی خەیاڵن لەوەی بەرهەمی هێزی بیركردنەوە و كۆ زانیاری بن. جۆرێك داهێنانی لە نێوان شەستەكان و سەرەتای حەفتاكاندا پێشكێش كرد، بووە بەخشندە و ناوەندێكی كراوە بۆ شاعیرانی دەوروبەری و لە هێڵی پەرەسەندنیدا كاریگەریی خۆی زاڵ كرد، بەڵام لەم ماوە دیاریكراوەدا زیاتری تێ نەپەڕاند و كۆتایی پێدێت. تواناكانی لە ئەزموونی قووڵ و دەوڵەمەندتردا، كەش و دۆخێكی تاكە كەسی پێك نەهێنا، كەواتە: كاریگەرییەكەی لە یەك قۆناغدا دەركەوت و وەستا و نەبووە گیانێكی چالاك و بەرهەمهێن لە جەستەی بەردەوام بە گوڕوتینی شیعری كوردیدا.

ئەگەر شیعر جوان لەبارەی ژیانەوە بنووسرێت، لە ژیان خۆی جوانترە. شیعری ئەم شاعیرە لەسەر بنەمای هەست و سۆز و ئاسۆكانی خەیاڵەوە شێوەی خۆی وەرگرتووە. توانیشی تەنیا لەم بوارەدا بەهرە بە باشی بەكاربهێنێت، ساتی شیعری بە دوای بەهرەی دادێت و لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ ناوچەكانی شیعر. لە دەقی ئەدەبیدا خەم و خورپە وەردەچەرخێنن بۆ ئێستێتیكا. لەو كەشە هەستی و سۆزدارییەدا شاعیر دەرەوە بەجێ دەهێڵێت و لەناوەوەی نیشتەجێ دەبێت، لە ژیانی ڕۆژانەی كۆمەڵگا و خۆی یاخییە. خەمۆكی و دڵەڕاوكێ و شاگەشكەیی و هەڵزەقینەوە هەڵسووڕێنەری كردە و كردەوەی دەبن. لەو پێودانگەوە بە زمانی ناوەوە مانا بۆ بوونی مرۆڤی و ختووكە تایبەتییەكانی دەدۆزێتەوە، هەروەها ئەو ترپە و ئاوازە خێرایەی ژیانی ڕۆژانە بەلاوە دەنێت، ترپە و ئاوازی ناوەوەی خۆی وەك سەرچاوە كار پێدەكات، ئەو ترپە و ئاوازەش خاو دەبێتەوە وەك ئەو بارە دەروونی، یان دەربڕینە دەروونییانەی، كە ژیانی بەڕێوە دەبەن و دووچاری یاخیبوونیان كردووە. نموونە: وەك لە شیعری: (خۆشم ویستی)، یان لە شیعری: (چەند هەناسەیەك)، یان لە شیعری: (بەناوێكی ترەوە گەڕایەوە)، یان لە شیعری: (چەند تاڵە بیرێكی ئاڵۆزكاو) دەردەكەوێت.

لەبارەی تێگەیشتنەوە شیعرەكانی وەك ئاوریشم و خاكی تەڕ نەرمن. وەك گۆرانی فۆلكلۆری و بەیت و داستان ڕوون و سادەن، بەڵام لەباری مانای شاراوە و چینەكانی بنیاد و داڕشتندا پڕ و فراوانن، خاوەن ئاسۆی دوور و بواری قووڵن. پەیوەندییان بە كلتووری تاكە كەسییەوە هەیە. لە هێڵی گشتیی ئەزموونكردندا یەك ئازاری ئەزموون كردوو و خەیاڵی دیارە، ئەو ئەزموونەی نەگەیاندووەتە خەیاڵی نادیار و یادەوەری ڕانەچڵەكاندووە، واتە: مەودای پەیوەندی لەگەڵ (خەیاڵی دیار)دا بەهێزترە لەوەی لەگەڵ (خەیاڵی نادیار).

هەستیاریی زمانی خۆی نیشانداوە، پێش ئەوەی ترپە و ئاواز لە وشەدا وەرنەگرێت، نایهێنێتە ناوەوە، یان بەسەریدا خول ناخوات، یان بەسەریدا باز نادات، هەروەها لە ڕووی بەكارهێنانی وشەوە تووشی بەد بەكارهێنان نایەت. وشە ئاراستەی باش بەكارهێنانی خۆی وەردەگرێت.

سوودی لە شێوازی بەر لە خۆی وەرگرتووە، بەڵام پەیڕەوی نەكردوون. لە نەوەی خۆشی لە شێوازدا لە زۆرینەیان ئەندازیارترە. لە مۆسیقاشدا كاری بە مۆسیقا و پیت و وشە و دەستەواژە و ڕستەی شاعیرانی بەر لە خۆی نەكردووە. هەرێمێكی بۆ دابەشكردنی ڕستە و مۆسیقا لە شیعردا بنیاد ناوە، بەڵام بۆ تێگەیشتن و بنیادنان، وزە و هێزی لە ئەزموونی بەر لەخۆی وەرگرتووە، بە تایبەتی لە شیعری: (لەدایكبوونی ئینسانێك)ی كامەران موكری و شیعری: (گوربە)ی محه‌مه‌د ساڵح دیلان.

لەبەر ئەوەی ئەم دابەشكردن و مۆسیقایەی زۆر هونەری و زاڵ بوو، شاعیرانی دوای خۆی نەیانتوانی لاسایی بكەنەوە، یان كاری لەسەر بكەن و لێ زیادبوونی بۆ بكەن، بگرە وەك دەست وەشاندن و داهێنانێكی تاكانە، هێڵی بۆ كێشا و دایمەزراند. داهێنانی سادە بە ئاسانی و زۆر زوو دێتە دەست و دەتواندرێت لاسایی بكرێتەوە و كاری لێ زیادبوونی لەسەر بكرێت.

جیاكارییەكی بنەڕەتی هەیە. بەتایبەتی لە گۆشەنیگای شاعیرانەوە و ئێستێتیكییەكی ڕوون و ئاشكرادا. پشت ئەستوورە بە سروشت و پێكهاتەی خۆڕسك و دەست لێ نەدراوی سروشت. لەسەر ترپە و ئاوازی پێكهاتەی سروشت وێنە دادەهێنێت. نموونە: پەیوەندی دروست دەكات لە نێوان با و درەخت و مۆسیقای جووڵاندنەوە. لە هەمان كاتدا هۆی پیتاندنی درەخت بە یارمەتی باوە دەكاتە دیاردەیەكی كرۆكی و ناوكیی سروشت.

واتە: بە تەنیا لەسەر (زەینی سروشت) كاری نەكردووە، بگرە لەسەر (منداڵدانی سروشت) كاری كردووە، پێكەوە ژیان و پێكەوە هەڵكردنی پێكهاتەكانی لە ڕستە دیار دەكات، لە شیعرییەتی دیمەن دەیاندرەوشێنێتەوە. سروشتی پەیوەندییەكانیش بە واقیعەكەوە ڕوون دەكاتەوە، ئەو ڕوونكردنەوەیەش تواناییمان بۆ خوێندنەوە پێ دەبەخشێت، یان هارمۆنییەت و هاوئاهانگییەك لە نێوان ڕەنگەكاندا، وەك خەسڵەتی وەرز لە وێنە و فۆرمی جیا جیادا گۆشە و كەنار و ناسنامەی لە یەك نەچوویان دەداتێ.

شوێنی لەدایكبوون و گەورەبوون، پێناسەی زەینی شاعیر دەكات بۆ ئێستێتیكا و گەڕانەوە بەرەو یەكەم ناسینی شوێن، هەروەها هەوڵدان بۆ ناسینی شوێنە نەناسراوەكانیش، كە بەشێك لە ئێستێتیكای یەكەم شوێن دێتە ناوییەوە و هۆ و پاڵپشتێكە بۆ خەمڵان و كرانەوەی بیر، بۆ سەر شوێنەكانی دیكە و ناسینی. شاعیر ئەگەر نەتوانێت لە ئێستێتیكای سروشت تێبگات، بێ هیچ گومانێكیش ناتوانێت ئێستێتیكایەك بۆ تێگەیشتن و بەكاربردن لە زەین و هەستی خۆیدا پێكبهێنێت.

گۆشەنیگای بیناسازی و كێشانی پێوانە لە هاوسەنگی و شكۆی سروشت وەردەگرێت، بەڵام نەیتوانیوە كار لەسەر بیری سەرهەڵدانی سروشت بكات، یان ئەم لایەنە، كە گۆشەنیگای بایەخە لەناو شیعرەكانیدا بزرە و دەستی بۆ نەبردراوە، هەموو دیاردە و داهێنانێك پەیوەستە بە هۆشیارییە تایبەتییەكانی شاعیر و جێكردنەوەی فەنتازیا و ئێستێتیكا لەناو زماندا.

(لە ئەلبوومی یادگارا) ناونیشانی كتێبێكی شیعریی: (جەمال شارباژێڕی)یە، ساڵی 1983 لە دووتوێی 175 لاپەڕەدا لە چاپخانەی (ئۆفسێتی سەركەوتن) لە سلێمانی چاپ كراوە، ئەم شیعرانەی تێدایە: (كسپەیەك، بۆ، هەستێك، لە سەیرانێكدا، ئەگەر، نەكەی، تاكە شیعر و بەس، دركاندنێك، گوندێك و كچێك و یادێك و شیعرێك، ئارام، پرسیارێك وەرامەكەی لە خۆیدایە، نامەیەكی كراوە، دانیشتن لەگەڵ تۆدا، لە جەژندا، دیسانەوە خەم، هەژدەی سێ، چڵی نەرگز، لەجیاتی كارت، خۆشم ویستی، بۆ مەرگی پڕشنگ، ئەگەر تۆ بۆ من بوویتایە، لەسەر سێ گڵكۆدا، چەند هەناسەیەك، لەسەر بەردە نووسێك، بەناوێكی ترەوە گەڕایەوە، گۆرانییەك بۆ شیرین، ئاخێك، خەمێكی تر، چاكتر بمناسە، چاوچاو، چەند تاڵە بیرێكی ئاڵۆزكاو، دوای دە ساڵ، پشیلە، ڕازێكی نوێ، نەوزاد، وێنەیەك، كەتەی كەر پیاو، بۆ جوانێك، ئەمشەو، وەرە جوانێ، دایكی دڵسۆز، بێ ناونیشان، ئای ئای، لەسەر تۆ، باوكایەتی، مۆڵەت، بۆ كچێكی جوان، تازە من و تۆ، بەهەستێكی خاوێنەوە.)

وێنەیەك

ئەم وێنەیە

بۆچ زویرە؟

بۆچی بێ زەردەخەنەیە؟

لەبەر نیگای كامێرادا

كە وەستاوە

چی لەبیرە؟

چی لە دڵدا حەشار داوە؟

وا دڵگیرە.

*   *    *

ئەم وێنەیە

چاوی نازی كردووەتەوە و نایترووكێنێ

جوانییەكەی بێ وێنەیە

گەنجینەیە

هەر دەمێنێ.

*   *     *

ئەم وێنەیە

لە ئەلبوومی یادگاردا.. سبەینێ

بزەی خۆش و كزەی ناخۆش دەهێنێ

خاوەنەكەی سات و كاتێ

تەمەنی پیری دەیگاتێ

خەم و خۆزگە ڕایدەژێنێ

یادەكانی دەورووژێنێ

فرمێسك و خەندەی دەداتێ.

*   *     *

ئەم وێنەیە.

لەو شوێنەیە

كە بیلبیلەی گلێنەیە

سەرنجمی ڕاكێشاوە

لە نوێنی نەرمی هەستمدا

راكشاوە

ئێستا لە ژووری میوانی هەڵبەستمدا

خۆی بە دیوانەكەم ناسی

بە دیوارێك

لە دیوارە بێگەرد و سپییەكانیدا

خۆی هەڵواسی.

شیعر، وێنەی شاعیرە لە ئاو و ئاوێنەی بوون و بیركردنەوەیدا، شاعیر لە ئەنجامی خراپیی بارودۆخ و زەبروزەنگی دەسەڵات و دەوروبەردا، لە واقیعی دەرەوە یاخی دەبێت و بەجێی دەهێڵێت، لەناوەوەی خۆیدا واقیعێكی شیاو بۆ نووسین و پەیوەندییەكانی ژیان و مانەوە دادەمەزرێنێت، لەگەڵ دیاردە بنەڕەتی و ناوەكییەكانی سروشتدا تەبایییەكی گیانی دەهێنێتە ئاراوە. نەك لەگەڵ ئەو دیاردانەی لە ڕێگای دەسەڵاتەوە كار لە ژیانی كۆمەڵگا دەكەن و بارودۆخ دەگۆڕن، سروشت لە پێكهاتەی ناوەوەی خۆیدا گیانێكی پڕ لە ناكۆكی هەیە، لەبەر ئەوەی زوو زوو دەگۆڕێ و جووڵە و پێداویستییەكانی وەرزێك تەواو جیاكارە لەگەڵ ئەو وەرزی بە دوای دادێ و پلە بە پلە چاودێری یەكتر دەكەن.

مامەڵەكردنی ئەم شاعیرە لەگەڵ سروشتدا، كرانەوەیەكی تازە بەخش نییە، پێشتر زۆر ئەندازیارانەتر مامەڵە لەگەڵ سروشت و پێكهاتەی سروشت كراوە، هارمۆنییەتێكی گشتیشی تێدا دۆزراوەتەوە، بە تایبەتی: (مەولەوی و گۆران). لەگەڵ ئەمەش جۆرە جیاكارییەكی تێدا بەكارهێناوە. سروشتی كردووە بە جێگرەوەی خۆشەویستەكەی و بەشێك خۆشبەختی بۆ بەدەست هێناوە، كە بەهۆی خۆشەویستەكەشییەوە لە سروشت دەدوێ، سەیر خوێنەر دەورووژێنێ و ڕێگایەكی بۆ دەدۆزێتەوە تێدا بەرەو پێشەوە بڕوات، تا دوا ڕادەی توانەوە و ڕووداو چێژ لە سروشت وەردەگرێت. لە ئەنجامدا هەموومان بۆ لای دەگەڕێنێتەوە و شەیدای سروشتمان دەكات، بەڵام لە ڕێگای سروشتەوە بیرمان پێ ناكاتەوە، سروشت دەكاتە بەشێك لە ئێمە بۆ بیركردنەوە و چێژ وەرگرتن. سروشت سەرچاوەیەكی سەرسوڕهێنەرە بۆ ئەم شاعیرە و تێیدا شتە بچووكەكانی خۆشدەوێت و سەرساممان دەكات بە ئەوینی خۆی بۆ (سروشت) و (ئافرەت).

شیعر ڕۆڵی لە دەرخستنی جیهان نییە، شاعیریش لە چەقی كۆمەڵگادا ناژیێت، تا باری كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئایینی … تاد، ڕابگرێت، لە گۆشەیەكی ئێستێتیكییەوە باری سەرنج دەنووسێت. ئەو باری سەرنجانە كاریگەریی بنەڕەتییان بۆ گۆڕان نییە. ئەگەر بشیبێت زۆر لابەلا و لاوەكی دەبێت، ئەدەبی ئەم شاعیرە جۆرە ئەدەبێكی نائومێدانەیە و ژیانێكی دیكەی تێدا ئاشكرا نابێت.

لە هەموو شێوەكاندا واقیع كاریگەریی خۆی دەبێت، شیعری هەستی، دوورە لە زیادەڕۆیی واقیع و بە دوا دەمدان. لەناو بەرهەمی هەستیدا دەتوانین ئەو توخمە سەرەكییانە بدۆزینەوە و دەستنیشانی بكەین، كە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ ڕەواندنەوەی خەمۆكی و دڵەڕاوكێ، یان بۆ تۆخكردنەوە و بەرزبوونەوەی باری هەڵزەقینەوە.

واقیع جەستە و شوێنێكی نووسراوە، بۆ شاعیری هەستی، بایەخی سەرەكی نییە، چونكە شاعیری هەستی، ناگەڕێتەوە سەر نووسراو و دووبارەی ناكاتەوە. تەنیا بیر لە بنیادی مێژوویی جەنگە گەورە و بچووكەكان دەكاتەوە، ڕۆشنایییەكە بۆ پرسیاركردن و ئەزموون. ئایا پێكهاتەی ئەو بارودۆخە چییە، كە پاڵنەر و ڕێخۆشكار بووە بۆ ئەوەی شاعیر لە واقیع هەڵبێت و لە ناخی خۆی نیشتەجێ ببێتەوە، یان بۆ ناتوانێت لەگەڵ ناهەموارییەكانی واقیع بگونجێت، یان ئەو بارە بۆ دروست بوو. ئەمە پرسیارێكە چارەنووسی وەك ڕەگەزە پێكهێنەرەكانی سروشت: خۆڵ، ئاگر، با، ئاو. نادیارە و بەردەوامیش ئەو نادیارییە بووەتە خولیا و هۆی نیگەرانیی مرۆڤی هەستپەروەر.

قەڵەمكێشی جەمال شارباژێڕی بە وشە

شیعر پێویستە هەمیشە لە سەرەتاوە تەماشا بكرێت و باس بكرێتەوە. دوو دیوی بەرجەستە نەكراوی هەیە، ئەم شاعیرە ئەمڕۆ لەگەڵماندایە و شاعیرێكی زیندوو و داهێنەرە، سبەینێش نەمرە و لەگەڵماندا دەمێنێتەوە. ئەوەی لە ئێمەی نزیك دەكاتەوە خەیاڵی تایبەتی دەقەكانییەتی، داهێنانیش دواخستن قبووڵ ناكات، هەمیشە دۆخی گونجاندنەوە بۆ خۆی دروست دەكاتەوە و دەبێتە شكۆداریی شیعری بێگەرد، سەردەمەكان لە خۆیدا بەرهەم دەهێنێتەوە. تەنیا ئەو شیعرە وێران و بەدبەخت دەمێنێتەوە، كە ئایدۆلۆژیا توخم و دۆخی پێكهێنەری بووە. دۆخی گۆڕان لە دەست دەدات و دۆخی چەقبەستن وەردەگرێت. خانەوێران: ئەو شاعیرەی ژەهری ئایدۆلۆژیا هەڵدەلووشێت.

مرۆڤی هەستپەروەر، كە هەستی ئێستێتیكیی شیعری لا دروست دەبێت، لە كرانەوە و تێڕوانینیەوە دەكەوێتە ناو خەمەوە، شوێنەواری خەمیش لە بیركردنەوەیدا بنبڕ ناكرێت، وەك بەخشینی پەیامێك جێی خۆی دەگرێت و دەبێتە هێما بۆ مانا و مەبەست. كردەی شیعری ئاسایی كردنەوەی بارە خەمگینییەكەی و پڕشنگ هاوێشتنیەتی، تا باری خەمڵین و پەیوەندیداربوونی بەو هەستەوە، دوای ئەو پێوەندداربوونەی تووشی تاراوگەی ناخ دەبێت، لەناو خۆیدا هەست بە نامۆیی و هاودەمی هەمیشەیی خەم دەكات. خەم نەك گۆشەگیربوون. لەم بارەشدا پەنا بۆ دۆزینەوەی شوێنێكی وەك شاری پاكزاد، دەستەبژێر، یان بەهەشت نابات، تا ئاسوودەییی گیانی تێدا دەست بكەوێت. شوێنی ئاسوودەیی بۆ ئەمی هەستپەروەر تەنیا شیعری ڕاستەقینەیە. لە شوێنی ئازار و ئەشكەنجەدەر كۆچ دەكات بۆ شوێنی ویست و هێزی وشە و ئاستە دەنگییەكان، هەست و بینینی دەگۆڕێ لە دەربڕین لە سروشت و كاركردن لە كەرەستەكانییەوە بۆ دەربڕین لە ژیان و مرۆڤ و پەیوەندی دروستكردن لە نێوانیاندا. شیعر دەبێتە چاوگی نایابی جۆشێكی بەكوڵ، بەڵام نابێتە هەڵسووڕێنەری شتەكان، تا هەست و هێز و شێوەی پەیوەندییەكانی نێوان مرۆڤ و سروشت بگۆڕێت و جۆرە هەست و گوڕ و تینێكی بێ ئەندازە بخوڵقێنێ.

ئەم شاعیرە لە بنەڕەتدا خاوەنی تێڕوانینێكی ڕۆمانسیی هەستییە. هەست لە شیعرەكانیدا ڕەگەزێكی زۆر گرینگ و سەرەكییە، بە هۆیەوە خودی خۆی دەهێنێتە دی و بە كردەی لەدایكبوونی شاد دەكات و خودی خۆی دادەهێنێتەوە. بە بۆچوونێكی ژیرانەوە مامەڵە لەگەڵ زمانی ڕۆمانسیی هەستی دەكات هێزی تیشكدانەوەی تێدا بەرهەم دەهێنێ، بەڵام ترپە و ئاوازە بنەڕەتییەكانی زمانی نەدۆزیوەتەوە، دۆزینەوەی ترپە و ئاوازە بنەڕەتییەكانی زمان، شایەنی سەركێشی بۆكردنن. ترپە و ئاوازی زمانی كوردی لە شوێنە نەناسراوەكاندا نەهاتووە، ڕەگی لەناو گەرمی و نەرمیی خاكدا بەهێز بووە، پەیوەستە بە كلتوور و ئەو نیمچە شارستانییەی دروستی كردووە. لە ڕۆمانسیی هەستیدا تێڕوانینی تەواو باڵا و پڕ: بۆ ناوەندی ڕوودا و و ژیان و جیهان و بوون نییە، بگرە وێناكردنی تاكە كەسی و گیانی بەهێزی هونەرمەندێتی هەیە، كۆششی بۆ ئەمەیە: ئەم وێناكردنە وەك ئەزموونێك لە فۆرمێكی شیعریدا گەڵاڵە بكات، دیدێكی ڕۆمانسیی قووڵ لە ڕێگای هەستەكانەوە بخەمڵێنێ، پاشان وەك نموونەیەكی نوێبەخش نیشانی بدات، ڕۆمانسییەت دەربڕینە لە هەڵوێستێكی ویژدانی، كە بوون ڕەنگ و شێواز و وێنەیەكی تازەی پێدەدا، پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ ژیان و جیهان و بوون نییە، بگرە پەیوەندیی پچڕ پچڕ و هەڵوێستە لە ژیان و جیهان و بوون وەریدەگرێت. لەگەڵ دۆخێكی كارەساتباردا ڕووبەڕووی دەكاتەوە. هیچ هونەرێكیش لە واقیع جیا نابێتەوە. چاوگی ئەفسوون و هونەرە سەرسوڕهێنەرەكان قووڵاییی واقیعن و كرانەوە و جووڵانەوەن بەسەر ژیانی دەستەمۆنەبوودا.

ئەو جوانییانەی ئەدەب دۆزیویەتییەوە و لێی دواوە، زۆر كەمترە لەوەی لە واقیعدا بوونی هەیە. ڕووبەڕوو دێنە ناو ژیانمان و كاریگەری دەبێت. جوانیبەخش لە ئاستی تواناییدا بەهرە و سرووش و ڕۆحە پەیامدارەكان ڕێنوێنی دەكەن.

ڕۆمانسییەت لە یەك سەرچاوەوە هێز وەردەگرێت. ئەمیش چاوگی خەمە، دواتر دەپەڕێتەوە بۆ تاراوگەی ناخ و بەردەوام لەناو وێناكردنی ڕابردوودا دەژی، وێناكردنی ڕابردوو هۆكارێكی بنچینەیی و زاڵە. پلە بە پلەش ئەم هەستەی لا قووڵ و بەهێز بووەتەوە، تا خاڵی دامەزراندن، بەڵام مانەوە لەناو ڕابردوودا دەربڕین لە ژیان و هەست و بینینی تازە ناكات، چەشنێكی دیاریكراوی مرۆڤ و سروشت دەخولێنێتەوە. هەر لەسەر ئەم بنەما و بنچینەیەشەوە بەردەوامی بە توانای ڕاستەقینەی خۆی داوە، هەستێكی قووڵی ڕۆمانسی لە قووڵیی بیركردنەوەی دەدۆزینەوە.

ئەو خاڵەی جێگای سەرنجە، كلتووری خۆماڵی ئەم شاعیرەی شەیدا و هۆگری خۆی كردووە، ئەم كلتوورەی بەشێك لە شاعیرانی كوردی پێگەیاندووە. ئەو كێش و بڕگە و سەروا و ترپە و ئاوازەی: (مەولەوی و گۆران) هێنایانە ناو شیعری كوردییەوە. ئەم خۆی لێ لانەدا و پەرەی بە پیتی پێدا، كردییەوە كەرەستەیەكی خاو و لەبار، بەجۆرێكی نوێبەخش و هاوچەرخانە بەكاری هێناوە. لە بواری ترپە و ئاوازدا كۆمەڵێك هێما و نیشانەی دیكەی پێدا و ڕەوتێكی دیاریكراوی دۆزییەوە. لە كاتی ئەم ڕوودان و دۆزینەوەیەدا لە ڕواڵەت و كرۆك و ناوكی وشە و ئیدیۆم و دەستەواژە و پەند … تاد، ورد بووەتەوە. لەگەڵ نوێبەخشی لەتەنیشت یەكتری وەستاندنی دوای تێڕامان و ناسینی دووری و ئاسۆكانی تێكەڵی كردوون. لەم ڕووەوە وەك نوێبەخشێك خۆی لەناوەندی ئەدەبیدا ناساند و لەناوەندیش پەسند كرا. دوای ئەم شاعیرەش دۆخی ترپە و ئاواز لە شیعری نوێبەخشی كوردیدا بە گوڕتر پەرەی سەند. تێگەیشتن و وریایی بەرانبەر ئەم تێكەڵكردنە هەبوو، واقیعی ترپە و ئاوازی قۆناغی دووەمی نوێبەخشی شیعری كوردی بە جۆرێكی دیكە دەركەوت و هەستەكانی ڕاهێنا.

ترپە و ئاواز لەگەڵ زماندا دێتە بوون، وێنەش ڕووناكییەكە لە وشەوە هەڵدێت و تەواو هەستیارە، شیعری كوردی لە شەستەكاندا لەگەڵ دەركەوتنی: (جەمال شارباژێڕی) شێواز و ترپە و ئاواز و وێنا و هێڵێكی وێنەیی دەگمەنی بەخۆوە بینی، كە پێش ئەم بەخۆیەوەی نەبینیبوو. دەقی: (كردگار  – فرمێسكی نهێنی، كۆ شیعر  – چاپخانەی كامەران، سلێمانی، ساڵی 1968، ل: 63 تا 67) لە ئەزموونی سەرەتاكانیەتی. مامەڵەیەكی نائومێدانەی لەگەڵ پرسیارەكانی بوون و نەبوون كردووە، تێهەڵكێشی یەكتریان دەكات و لەسەر بنەڕەت و چۆنیەتیی بیركردنەوەدا لێكیشیان جیا دەكاتەوە. گرینگیی شیعرەكە لە ڕایەڵ و هەڵسووڕاندنی پرسیارەكانیدایە، ڕووداوەكانیشی لە دەرەوەی كات و شوێنێكی دیاریكراودا ڕوونادەن. لە دەرەوەی كات و شوێنیشدا هاوتایییەك بۆ خۆی لەگەڵ خەیامدا دەهێنێتە بەر دید، پاشان گفتوگۆ و هەوڵدان بۆ لێك تێگەیشتن، یان پرسیارەكانی خۆی لەسەر هێڵێكی درامیدا دەباتەوە ناو پرسیارەكانی خەیام و درێژەی پێدەدات، (خەیام) و (ئەو) هەردووكیان ئاماژە بە یەك خەسڵەت و نیشانە و سەرچاوە دەدەن، لە خاڵێكی ورووژێنەر و گرینگدا بە یەك دەگەن. گومان لە پرسیاری بوون و جیهانناسی دەكەن. پرسیارەكانیش كاریگەرییان بەسەر سۆزەوە هەیە، بەهۆی سۆزەوەش دەیباتە ناو ڕایەڵ و تانوپۆی هۆش و هەستەكان و دەیخەمڵێنێ. داڕژان و ئاوازەكەشی لە بارانی نمە دەچێت، كاریگەریی زۆرە بۆ ئارامبوونەوەی دەروونی خەمبار. شێوازیشی بۆ قۆناغی سەرەتایی شێوازێكی لەبار و گونجاو و داهێنەرانەیە، جۆرێك تۆوی نوێبەخشی تێدا وەشاندووە. تاكو ئێستاش ئەم شێوازە ماوە و لەملا و لەولای شیعری كوردیدا كاری پێدەكرێت. ئەم بزاوت و جووڵە و مانەوەیەش لە سروشتی داهێناندا بەهایەكی ئێستێتیكییە، جوانی و شێوازی بەرهەم هێناوە. بەهای ئێستێتیكیی بەهرە و سرووش دەبەخشێتە مرۆڤی نموونەیی و كاریگەری دەبێت لەسەر پەروەردەكردنی ئاگایی كۆمەڵگا و كەسایەتی دەخەمڵێنێ.

شیعری ئەم شاعیرە: لە وەرگێڕاندا بەهای شیعرییەتی لە دەست دەچێت. وەرگێڕان ناتوانێت كرۆك و ناوەرۆكی شیعر بەتەواوەتی نیشان بدات. شیعرێك وەردەگێڕدرێت، نازاندرێت ئەم شیعرە وەرگێڕدراوە چەند ئەم شیعرەیە، كە لە زمانەكەی خۆیدا وشەسازی و خوازە و لێكچوواندنی تێدا بەكارهاتووە. ئەو توانا زمانییە و ئەفسوونە زمانییەی دەگوازرێتەوە، یان لەدەست دەچێت و مانا دەگوازرێتەوە. ڕەنگە وردەكاریی شێواز و ڕوانینی گشتی، تا ڕادەیەكی باش بگوازرێتەوە، بەڵام ڕوانینی خوازەیی، ئەگەر مەحاڵ نەبێت نزیكە لە مەحاڵ. بە جۆرێك بە ئەفسوونی زمانی دەقەوە مووتوربە كراوە، لە وەرگێڕاندا ئەفسوونەكە بزر دەبێت و نزیك دەبێتەوە لە مانای ڕووكار و ڕواڵەتی. لەگەڵ ئەم پێزانینەشدا شیعر تەنیا بۆ زمانی دایك، واتە: زمانی دەق نانووسرێت، ئەی كەناڵی وەرگێڕان، زمانی دووەم: چۆن دروست دەبێت. پەیوەندیی نێوان توانا زمانی و ئەفسوونی زمانی دەق، لەگەڵ زمانی دووەم: لە چ بارێكیدا وردەكارییەكان بەڕێوە دەبەن.

نیسانی 2008 هەولێر




مه‌حوی له‌ نێوان دڵی وه‌ك به‌ردی یارو تیغی ره‌خنه‌ى خه‌ڵكدا له‌ شیعری (عه‌جیبم دێ )دا.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

-١-
شیعری(عه‌جیبم دێ) یه‌كێكه‌ له‌ شیعره‌كانی مه‌حوی كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ى 270-272 ی دیوانه‌كه‌یدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و له‌ یانزه‌ دێڕ پێكهاتووه‌. شیعره‌كه‌ هه‌مان شێوه‌ى شیعره‌كانی تری مه‌حوی‌و زۆربه‌ى شیعری كلاسیكی كوردی ناونیشانی نییه‌. له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌و رێبازه‌ ره‌خنه‌ییانه‌ى كه‌ كار له‌ ناو ده‌قدا ده‌كه‌ن بایه‌خێكی زۆر به‌ ناونیشانی ده‌ق ده‌ده‌ن چونكه‌ پێیان وایه‌ ناونیشانی ده‌ق وه‌كو كلیل وایه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى ده‌رگای ده‌ق، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ده‌ق جه‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆیه‌و ده‌رگای تایبه‌تی خۆیی هه‌یه‌و ره‌خنه‌گریش له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ده‌رگایه‌ بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بچێته‌ ناو دنیای ده‌قه‌وه‌و له‌وێڕا به‌ زاراوه‌ى نۆرسۆرن فرای هه‌وڵی توێكاری ده‌ق بدات، یان به‌ زاراوه‌ی بارت هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌ى ده‌ق بدات له‌ روانگه‌ى بنیادی پێكهێنه‌ری زمانی ده‌قه‌وه‌و له‌وێڕا له‌ دوای پرسیاره‌كانی ده‌ق‌و شێوازى ئاراسته‌كردنیان بگه‌ڕێت ‌و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا هه‌وڵی ئاشكراكردنی جیهانبینی ده‌ق بدات.
به‌هه‌رحاڵ ئێمه‌ له‌ شیكردنه‌وه‌ى شیعری كلاسیكی كوردیدا به‌گشتی ئه‌و كلیله‌مان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ كه‌ ده‌رگای دنیای ده‌قه‌كه‌ى پێ بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك رۆڵی هه‌بێت له‌ گرانتركردنی شیكردنه‌وه‌ یان توێكاری ده‌قی كلاسیكدا، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و راستیه‌ش بڵێین رۆڵی ناونیشان تا ئه‌و كاته‌ گرنگه‌ كه‌ ره‌خنه‌گر ده‌گاته‌ جه‌سته‌ى ده‌ق‌و ده‌كه‌وێته‌ كاكردن له‌ ناو ئه‌و پێكهاته‌ زمانیه‌دا.
-٢-
ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ مه‌حوى هه‌مان شێوه‌ى زۆرێك له‌ شاعیرانی كلاسیكی كوردی هه‌م خوێندنگای ئایینی خوێندویه‌تی‌و هه‌م بووه‌ به‌ مه‌لایه‌كی شاره‌زاو پایه‌به‌رز له‌ زانسته‌ ئیسلامیه‌كاندا‌و هه‌م شاره‌زا له‌ زمانه‌كانی عه‌ره‌بی‌و فارسی‌و هه‌م به‌ ئاگاو سه‌رده‌رچوو له‌ شیعری ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌و له‌سه‌رووى هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ مه‌حوی رێبازى ته‌سه‌وفی نه‌قشبه‌ندی وه‌رگرتووه‌و له‌و بواره‌شدا شوێن‌و پێگه‌ى خۆیی هه‌بووه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ شاعیرێكی پایه‌به‌رزه‌، ئه‌و عاریف‌و زاهیدێكی دیارو له‌به‌رچاوه‌و بێجگه‌ له‌ شیعره‌ ئاینییه‌كانی، به‌رهه‌مه‌كانی تریشی كه‌ له‌ رووكه‌شدا زیاتر وه‌كو شیعری دڵداری ده‌رده‌كه‌ون، به‌گشتی ره‌گ‌و ریشه‌ى دڵداری‌و عیشقێكی مه‌ودا قوڵتریان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش عیشقی خودایی‌و گه‌ڕان‌و سه‌وداسه‌ری نه‌فسێكه‌ كه‌ وازى له‌ دنیاپه‌رستی هێناوه‌و سه‌رگه‌رمی گه‌ڕانه‌ به‌دوای گه‌یشتن به‌ رۆحی باڵا‌و توانه‌وه‌ له‌و رۆحه‌ باڵایه‌دا. هه‌موو ئه‌و وێنه‌و ده‌ربڕین‌و ئایه‌تی قورئان‌و فه‌رمودانه‌ی پێغه‌مبه‌ریش كه‌ بوون به‌ سه‌رچه‌وه‌ى ده‌قه‌كانی مه‌حوی به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌و فه‌زایه‌كه‌ كه‌ تێیدا وێنه‌ى سۆفی یان زاهید‌و عارفێك به‌رجه‌سته‌ بكات كه‌ چۆن تێده‌كۆشێت بگات به‌ رۆحی باڵاو له‌و رۆحه‌ باڵایه‌دا بتوێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌رزترین پله‌یه‌ كه‌ سۆفی یان زاهید له‌ ژیانی خۆیدا بیگاتێ. ته‌نانه‌ت ئه‌و شیعرانه‌شی كه‌ باسی عیشق‌و دڵداری له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زى به‌رامبه‌ر ده‌كه‌ن بنه‌ماو فه‌زای عیشقی خودایی‌و ته‌سه‌وفیان هه‌یه‌.
ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ مه‌حویش وه‌كو شاعیرانی تری كلاسیكی كوردی‌و به‌ تایبه‌تیش شاعیرانی بابان به‌ كێشی شیعری كلاسیكی عه‌ره‌بی یان باشتر بڵێین به‌ كێشه‌كانی فه‌راهیدی نووسیوێتی كه‌ له‌ روانگه‌ى ئه‌ده‌بی ته‌نه‌وایه‌تیه‌وه‌ هه‌رچۆن ره‌خنه‌ له‌ نالی‌و سالم‌و كوردی ده‌گیرێت له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ پشتیان له‌ كێشه‌ كوردییه‌كان كردووه‌ كه‌ كێشی په‌نجه‌یه‌، هه‌مان ره‌خنه‌ش به‌ر مه‌حوی ده‌كه‌وێت به‌ڵام دیاره‌ كوده‌تا كردن به‌سه‌ر كێشه‌كانی په‌نجه‌دا كه‌ شێوازى ره‌سه‌نی نووسینی شیعری كوردیه‌ له‌ لایه‌ن نالی‌و شاعیرانی تری سنووری میرنشینی بابانه‌وه‌ كراوه‌‌و مه‌حوی ئه‌و كوده‌تایه‌ى نه‌كردووه‌ به‌ڵكو شوێن پێی ئه‌وانه‌ى هه‌ڵگرتووه‌ كه‌ كوده‌تاكه‌یان به‌رپا كردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌بێ ئه‌و راستیه‌ش بدركێنین كه‌ هاوكاتی مه‌حوی، شاعیرێكی دیاری تری ئێمه‌ كه‌ مه‌وله‌ویه‌ به‌ كێشی ره‌سه‌نی كوردی شیعری نووسیووه‌و نه‌هاتۆته‌ سه‌ر رێگای نالی‌و هاوڕێیانی. واته‌ ده‌سته‌به‌رداری كێشی په‌نجه‌ نه‌بووه‌ له‌ نووسینی شیعردا كه‌ كێشی گاتاكانی ئایینی زه‌رده‌شتی‌و كێشی فۆلكلۆری كوردییه‌، ره‌نگه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیش بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ مه‌وله‌وى شوێن پێی شاعیرانی بابانی هه‌ڵنه‌گرتبێت ئه‌وه‌ بێت كه‌ مه‌وله‌وى له‌ ده‌ره‌وه‌ى قه‌ڵه‌مڕه‌وی بابان ژیاوه‌و ئه‌وه‌نده‌ى په‌یوه‌ست بووه‌ به‌ زاری گۆرانی‌و جوگرافیای جوان‌و قه‌شه‌نگی هه‌ورامان‌و ره‌سه‌نایه‌تی كوردی‌و ئیشراقاتی زه‌رده‌شتی‌و رۆژهه‌ڵاتی‌و ته‌نانه‌ت نه‌قشبه‌ندییه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ نه‌كه‌وتبێته‌ ژێركاریگه‌ری ئه‌زموونی شیعری بابان‌و كه‌لتووری عه‌ره‌بی‌و ئیسلامیه‌وه‌ سه‌باری په‌یوه‌ستبوون‌و شاره‌زابوونی زۆریشی له‌ ئایینی ئیسلامدا.
دیاره‌ ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌یری بنیادی زمانی شیعری مه‌حوی بكه‌ین جۆره‌ په‌ره‌سه‌ندنێكی زمانی پێوه‌ دیاره‌ كه‌ له‌ رووى زمانه‌وه‌ كه‌ زمان بنه‌مای سه‌ره‌كی به‌رهه‌م هێنانی گوتاره‌ زیاتر ره‌گه‌زى كوردی بوونی پێوه‌ ده‌بینرێت كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ بۆ شاعیرێكی وه‌كو مه‌وله‌وى كه‌ زمان‌و كێشی شیعری بنیادی نووسینیشی كوردیه‌ قۆناغێك ده‌یباته‌ پێشتر له‌ رووى گوتاری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، هه‌روه‌ك شوێنی مه‌حویش ئه‌گه‌ر ته‌نیا له‌سه‌ربنه‌مای روكه‌شی زمان سه‌یری بكه‌ین ده‌كه‌وێته‌ پێش زۆرینه‌ى شاعیرانی تری كلاسیكی ئێمه‌وه‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ كه‌ زمانی نووسینی مه‌حوی به‌ پێی قۆناغه‌ مێژووییه‌كه‌ى خۆی سیاقێكی كوردیتری هه‌یه‌ له‌ چاو زۆرێك له‌ شاعیرانی پێش خۆی ئه‌مه‌ش له‌ ئاستێكی قوڵتردا له‌ رووى په‌یوه‌ندی زمان‌و فیكره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی كوردی ئه‌گه‌ر زۆر به‌هێزیش نه‌بووبێت له‌ پشتی ئه‌و سیاقه‌ى نووسینه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م زمانه‌ى مه‌حوی به‌راورد بكه‌ین به‌ زمانی نالی‌و سالم له‌ رووی بارگاوى بوونیه‌وه‌ به‌ مه‌عریفه‌و جیهانبینی‌و نه‌ته‌وه‌یی كوردی ئه‌وا گوتاری مه‌حوی له‌ رووی بارگاوی بوونه‌وه‌ به‌ ره‌گه‌زه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی وه‌كو فیكرو مه‌عریفه‌و جیهانبینی له‌ ئاستێكی دواتردایه‌.
-٣-
عه‌جیبم دێ له‌ عه‌قڵی ئه‌و كه‌سه‌ وا تێ ده‌گا مه‌رده‌
كه‌چی وه‌ك خان خانم دائیما دڵ خۆش‌و بێ ده‌رده‌
مه‌حوى له‌ ده‌ستپێكی شیعره‌كه‌یدا له‌ باره‌ى جۆره‌ كه‌سێتیه‌كه‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ وای نیشان ده‌ده‌ن باش له‌ خۆیان تێگه‌یشتوون‌و به‌باشی خۆیان ده‌ناسن واته‌ كه‌سانێكن به‌ بۆچوونی خۆیان له‌ پله‌ى كه‌ماڵدان. مه‌حوی به‌ لایه‌وه‌ سه‌یره‌ كه‌سێك خۆی به‌ مه‌رد، یان به‌ مرۆڤی ته‌واو بزانێت، كه‌چی هه‌میشه‌ ئاسووده‌و دڵخۆش بێت. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ ئاسووده‌یی په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سێتی مرۆڤه‌وه‌ نییه‌، یان باشتر بڵێین ئاسووده‌یی په‌یوه‌ندی به‌ ئاستی رۆشنبیری‌و هوشیارییه‌وه‌ نییه‌. له‌ راستیدا مه‌حوى پێی وایه‌ كۆمه‌ڵێك بنه‌ما هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌ كه‌سێك بگوترێت كه‌سی ته‌واو یان كه‌سی مه‌رد، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ پله‌ى كه‌ماڵی هه‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ چه‌مكی “كه‌ماڵ” چه‌مكێكی ته‌واو ره‌هایه‌و ته‌نیا له‌ سنووری ئاییندا جێگای ده‌بێته‌وه‌و ئه‌و خاسێته‌ش ته‌نیا به‌ خودا ده‌به‌خشرێت‌و خاسێتی مرۆڤ نییه‌، چونكه‌ شتێك نییه‌ به‌ ناوى مرۆڤی ته‌واو. به‌هه‌رحاڵ كه‌سێك كه‌ به‌ ده‌ربڕینی مه‌حوى به‌ مه‌رد دابنرێت ده‌بێ كه‌سێكی ژیرو هوشیار بێت‌و له‌و ئاسته‌دا بێت به‌ باشی له‌ دنیا تێبگات. دیاره‌ كه‌سێكیش كه‌ به‌ باشی له‌ دنیا تێ بگات ئه‌وه‌ گومانی تێدا نییه‌ گومانی تێدا نییه‌ كێشه‌ى له‌ هه‌مووان زۆرتر ده‌بێت چونكه‌ ئاشكرایه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ هه‌مووان باشتر تێ ده‌گات زووتر هه‌ست به‌ كێشه‌و گرفته‌كانی ژیان ده‌كات، چ كێشه‌ی تایبه‌تی خۆی بێت، یان كێشه‌و گرفتی ئه‌وانی تر، یان له‌ ئاستێكی تردا ده‌توانین بڵێین بۆ كه‌سی هوشیار رووبه‌رێك هه‌یه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌و تێڕامان له‌ كێشه‌كانی ژیان‌و مردن كه‌ ئه‌وه‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ وابكات له‌ مرۆڤ ئاسووده‌ نه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌به‌رده‌م ترسێكدا راوه‌ستاوه‌ كه‌ ترسه‌ له‌ مردن، مانای وایه‌ رووبه‌ری ئاسووده‌یی بۆ ئه‌م جۆره‌ كه‌سه‌ رووبه‌رێكی یه‌كجار ته‌سكه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌شبێت ئه‌وه‌ شتێكی كاتییه‌و ناشێت هه‌تا سه‌ر به‌رده‌وام بێت.
مه‌حوی پێوانه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆیی هه‌یه‌ بۆ مرۆڤى مه‌رد ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤی مه‌رد كه‌سێكه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ ته‌واو‌و تێگه‌یشتوو، پێگه‌یشتوو، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای لێده‌كات كه‌ ئاسووده‌و دڵخۆش نه‌بێت چونكه‌ مرۆڤی مه‌رد ئه‌گه‌ر خۆیشی كێشه‌و گرفتی نه‌بێت ئه‌وه‌ ناتوانێت چاو له‌ كێشه‌و گرفته‌كانی خه‌ڵكی بنووقێنێت‌و له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانیاندا نه‌ژی. لێره‌دا مه‌حوى وێنه‌ى جۆرێك له‌ مرۆڤمان بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ ته‌نیا له‌ روانگه‌ى خۆیه‌وه‌ سه‌یری ژیان ناكات‌و ته‌نیا بۆ خۆی ناژی، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت له‌ چوارچێوه‌ى كۆمه‌ڵگه‌داو به‌ پێی كۆمه‌ڵێ بنه‌مای كۆمه‌ڵایه‌تی، بڕیار له‌سه‌ر كه‌سێتی هه‌ر كه‌سێك ده‌درێت‌و كه‌سێتی هه‌ر كه‌سێكیش له‌ روانگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی ئه‌وكه‌سه‌و ئاماده‌بوونی له‌ نێو په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا بڕیار ده‌درێت. كه‌سێك كه‌ ته‌نیا له‌ سنووری بوونی خۆیداو به‌ پێی پێوانه‌ى تایبه‌تی خۆی شوناسی مه‌ردایه‌تی، یان مرۆڤی ته‌واو، یان باڵاى هه‌یه‌و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان خاسێته‌كانی كه‌ماڵ بوون به‌خۆی ده‌بڕێت‌و، خاوه‌نی هه‌ست‌و عه‌قڵێكی له‌وجۆره‌شه‌ كه‌ به‌بێ بیركردنه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵگاو به‌ بێ بیركردنه‌وه‌ له‌ مرۆڤایه‌تی‌و له‌ ئازاره‌كانی ئه‌وانی تر خۆی به‌ ژیر ده‌زانێت‌و له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا دنیایه‌كی په‌رتكراو له‌ كۆمه‌ڵگا بۆ خۆی درووست ده‌كات‌و له‌و دنیا تایبه‌تیه‌ی خۆیدا فه‌زایه‌كی پڕ له‌ ئاسووده‌یی بۆ خۆی ده‌خوڵقێنێ‌و مرۆڤایه‌تی به‌ هه‌موو ئازاره‌كانییه‌وه‌ فڕێ ده‌داته‌ ئه‌ودیوی ئه‌و حه‌ساره‌وه‌ كه‌ به‌ده‌وری دنیا تایبه‌تیه‌كه‌ى خۆیدا هه‌ڵیچنیووه‌، ئه‌وه‌ كه‌سێكی خۆپارێزو خۆپه‌رسته‌و له‌ رووى كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئایینیشه‌وه‌ به‌ وێنه‌یه‌كی نێگه‌تیف داده‌نرێت، دیاره‌ به‌ هیچ پێوانه‌یه‌كیش وێنه‌ى مرۆڤی نێگه‌تیف یان پاسیڤ نابێته‌ كه‌سی مه‌رد یان كه‌سی ته‌واو.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر ژیرێتی خاسێتی مرۆڤی مه‌رد بێت ئه‌وه‌ بێگومان له‌ به‌رامبه‌ریدا نامه‌رد كه‌سێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى ژیری‌و عه‌قڵ، كاتێك كه‌ عه‌قڵ‌و تێگه‌یشتن ئاماده‌بوونیان هه‌بێت ئه‌وا سه‌نگینی‌و به‌هاداریش بوونیان ده‌بێت، هه‌ركاتێكیش كه‌ سه‌نگینی‌و به‌هاداری بوونیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ بێگومان ساده‌یی‌و خاكی بوونیش ئاماده‌بوونیان ده‌بێت. هه‌روه‌ك ئاشكرایه‌ مرۆڤی ژیرو پڕ وه‌كو خان‌و خانم ره‌فتار ناكات‌و مرۆڤێكی خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌و تێڕامان ده‌بێت‌و ئه‌وه‌ش وای لێده‌كات كه‌ كه‌متر ئاسووده‌یی پێوه‌ دیار بێت‌و هه‌رگیز مرۆڤی تێگه‌یشتوو یان به‌ روانینی مه‌حویانه‌ مرۆڤی ته‌واو خۆی له‌سه‌رووی ئه‌وانی تره‌وه‌ نابینێت.
-٤-
به‌ پیری مه‌رگه‌وه‌ فرسه‌خ به‌ فرسه‌خ رۆیون مه‌ردان
ئه‌وى باكی له‌ مردن بێ دیاره‌ بڵح‌و نامه‌رده‌
مه‌حوی لێره‌دا وێنای مرۆڤى مه‌ردمان بۆ ده‌كات له‌ رابردوودا به‌وه‌ى كه‌ مرۆڤێك بووه‌ هه‌رگیز باكی له‌ مردن نه‌بووه‌و له‌ پێناوى ئه‌وه‌ى كه‌ بڕوای پێی هه‌بووه‌ نه‌ك له‌ مردن نه‌ترساوه‌ به‌ڵكو به‌ پیری مردنیشه‌وه‌ چووه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره‌ كه‌سێتیه‌دا ئه‌وى شاعیر وێنه‌ى جۆرێكی تر له‌ كه‌سێتیمان بۆ ده‌كێشێت كه‌ له‌ مردن ده‌ترسێت‌و خۆی ده‌شارێته‌وه‌، ئه‌و وای نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌م جۆره‌ كه‌سێتیه‌ نه‌ك هه‌ر لاوازو بێبنه‌مان به‌ڵكو ناكاراو ناشیرین‌و نامه‌ردن. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌ مه‌رد كه‌سی خاوه‌ن كه‌سێتی به‌هێز بێت ئه‌وا له‌به‌رامبه‌ردا كه‌سی نامه‌رد كه‌سێكی لاوازه‌و خاوه‌نی كه‌سێتیه‌كی بێ توانا‌و بێ گه‌وهه‌ره‌. بێگومان شاعیر پێوانه‌یه‌كی دانه‌وه‌ بۆ دیاری كردنی مه‌ردو نامه‌رد كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌پیری مه‌رگه‌وه‌ بچێت ئه‌وه‌ كه‌سێكی مه‌رده‌و ئه‌گه‌ر له‌ مردنیش بترسێت ئه‌وه‌ نامه‌رده‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى هۆكار بۆ چوون به‌پیری مه‌رگه‌وه‌ یان بۆ ترسان له‌ مردن دابنێت. دیاره‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیدا كه‌سانێكی زۆر قوربانیان به‌ ژیانی خۆیان داوه‌و له‌ پێناوی بیرو باوه‌ڕ، یان هه‌ر شتێكدا كه‌ بڕوایان پێی هه‌بووه‌ ژیانی خۆیانیان به‌خشیووه‌, مه‌به‌ستمان له‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ ئامانجێك هه‌بێت شایانی ئه‌وه‌ بێت مرۆڤ خۆیی له‌ پێناودا به‌خت بكات، یان له‌ پێناویدا به‌ره‌و پیری مه‌رگ بچێت، بۆیه‌ لێرودا ده‌توانین بڵێین به‌های ژیان‌و مرۆڤ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌ترن كه‌ به‌خۆڕایی له‌ ده‌ست بدرێن، هه‌ر بۆیه‌ هه‌تا ئه‌و ئامانجه‌ دیاری نه‌كرێت كه‌ مرۆڤ له‌ پێناویدا به‌ره‌و پیری مه‌رگ بچێت، پێموایه‌ ئه‌و دادوه‌ری كردنه‌ له‌ جێی خۆیدا نابێت، ئه‌گه‌ر بڕوامان به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ مرۆڤ گه‌وره‌ترین‌و پڕبه‌هاترین سه‌رمایه‌ى سه‌رگۆی زه‌وییه‌و ته‌نیا له‌ پێناوى ئامانجه‌ به‌رزه‌كانی وه‌كو ئازادی‌و سه‌ربه‌ستی‌و له‌ پێناوى مرۆڤایه‌تی‌و به‌ مرۆڤبووندا ره‌وایه‌ قوربانی بدات‌و بچێت به‌ پیری مه‌رگه‌وه‌. كاتێ مه‌حوى ئه‌وكه‌سانه‌ به‌ بڵح‌و نامه‌رد ناوده‌بات له‌ پای ئه‌وه‌ى له‌ مردن ده‌ترسن، پێمان ناڵێت كام مردن‌و له‌ پێناوى چیدا، ئه‌مانه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ن كه‌ بمرن، یان به‌ ده‌ربڕینێكی تر ئامانجێك ده‌ستنیشان ناكات تا پێمان بڵێت ئه‌و كه‌سه‌ى ئاماده‌ نه‌بێت له‌ پێناوى ئه‌و ئامانجه‌دا قوریانی بدات تا ده‌گاته‌ ئاستی ژیان به‌خشینیش، ئه‌وه‌ كه‌سێكی نامه‌رده‌. لێره‌وه‌ به‌ ئاشكرا جۆرێك له‌ نائاشكرایی له‌ تێڕوانینی مه‌حویدا هه‌یه‌ بۆ چه‌مكی ژیان‌و مردن‌و، پێده‌چێت ئه‌و ته‌نیا له‌و تیشكه‌ نیگایه‌وه‌ سه‌یر بكات، مرۆڤی مه‌رد ئه‌و مرۆڤه‌ خۆنه‌ویسته‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ گیانی قوربانی دان تیایدا باڵاده‌سته‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى پێمان بڵێت قوربانیدان له‌ پێناوى چیداو بۆچی؟ واته‌ به‌ پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ى چه‌مكی میكاڤیلیانه‌ى ” ئامانج پاساوی ئامراز ده‌دات” ده‌بێ ئامانجێكی ئه‌وتۆ هه‌بێت كه‌ شایانی ئه‌وه‌ بێت مرۆڤ له‌ پێناویدا بمرێت. له‌ كاتێكی وه‌هاشدا ژیان ده‌بێته‌ ئامراز له‌ پێناوى ئامانجێكدا كه‌ بێگومان ده‌بێ ئه‌و ئامانجه‌ له‌و ئاسته‌دا بێت ژیانی له‌ پێناودا به‌خت بكرێت.
-٥-
له‌به‌ر قاپی مه‌حه‌ببه‌ت ئه‌و خودا پێ داوه‌یه‌ رووسوور
حه‌زینه‌، دیده‌ پڕ ئه‌سرینه‌، دڵ خوێنینه‌، روو زه‌رده‌
مه‌حوی وه‌كو چاودێرێك راوه‌ستاوه‌و له‌ سه‌ره‌وه‌ سه‌یر ده‌كات‌و هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ كێ رووسووره‌، واته‌ ئه‌وه‌ كێیه‌ شووناسی خۆیی به‌ده‌ست هێناوه‌‌و هیچ ترسێكی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌، یان له‌ به‌ره‌و پیری چوونی مه‌رگ نه‌ماوه‌؟ ئه‌و پێی وایه‌ كه‌سی رووسوور ته‌نیا ئه‌و كه‌سه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م ده‌رگای خۆشه‌ویسته‌كه‌یدا شانی لێداداوه‌و گه‌یشتووه‌ به‌ جۆرێك له‌ یه‌قین، كه‌ ئه‌وه‌ش لوتكه‌ى ئاسووده‌ییه‌و رزگاربوونی مرۆڤه‌ له‌ ترس یان له‌ هه‌ر گومان‌و دوو دڵیه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ ئاینده‌ی خۆی. هه‌رچه‌نده‌ لێره‌دا مه‌حوی باسی ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌گاته‌ به‌رده‌رگای دڵداره‌كه‌ى هه‌رچه‌نده‌ خه‌مباربێ‌و چاوی پڕ له‌ فرمێسك‌و دڵی شه‌قار شه‌قارو رووی زه‌رد‌و لێوبه‌باریش بێت، ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا كه‌ ره‌نگه‌ دڵداره‌كه‌ى بێ مه‌یل بێت‌و لاى لێنه‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ هێشتا ئه‌و كه‌سه‌ رووسووره‌، ماده‌م گه‌یشتۆته‌ مه‌رته‌به‌یه‌ك كه‌ كه‌ نزیكبوونه‌وه‌و گه‌یشتنێتی بۆ به‌رده‌رگای دڵداره‌كه‌ى.
جارێكی تر هه‌مان شێوه‌ى ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌زموونی شیعری مه‌حویدا هه‌ستی پێده‌كرێت‌و ده‌بینرێت، ئایا مه‌به‌ست له‌ دڵدار لێره‌دا كێیه‌؟ ئه‌ی ده‌لاله‌تی عیشق بوون لێره‌دا چییه‌؟ ئه‌ى به‌رقاپی دڵدار چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌م دڵداره‌ بوویه‌كی مه‌جازى نییه‌، ئه‌وه‌ چی ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ عاشق بگاته‌ به‌رقاپی دڵداره‌كه‌ى‌و، كه‌چی له‌وێدا خه‌مبار‌و زه‌ردو چاو پڕ له‌ فرمێسك‌و دڵپڕخوێنین بێت‌و كه‌چی به‌سه‌ركه‌وتووش ناوببرێت؟ لێره‌دا به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ى مه‌حوى باسی ده‌كات فه‌زای بوونی دوو دڵدار نییه‌، واته‌ نێرو مێ، به‌ڵكو به‌ ئاشكرا دیاره‌ ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی ئه‌و به‌رجه‌سته‌ى ده‌كات، زه‌مینه‌ى خوداپه‌رستێك‌و خودای خۆیه‌یه‌تی، یان زه‌مینه‌ى سۆفییه‌ك‌و خودای خۆیه‌تی، كه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى بگات به‌ دیداری رۆحی باڵا. كه‌واته‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت ئه‌وى سۆفی ماده‌م گه‌یشتۆته‌ به‌رقاپی خودای خۆیی‌و هه‌لی ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌یه‌ى بۆ ره‌خساوه‌ با له‌ بارودۆخێكی ئاڵوز‌و خراپیشدا بێت به‌ڵام بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتن‌و رووسورییه‌ چونكه‌ له‌به‌رده‌م قاپی ئه‌وى به‌رزو باڵادایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش وای لێده‌كات له‌ ئاواتی هه‌ره‌ گه‌وره‌ى خۆی نزیك بووبێته‌وه‌ كه‌ گه‌یشتن به‌ رۆحی باڵاو تواندنه‌وه‌یه‌ له‌و رۆحه‌دا. دیاره‌ بۆ كه‌سی سۆفیش سه‌رباری هه‌ستكردن به‌ رووسووری‌و به‌سه‌ركه‌وتنیش كه‌سێكی ساده‌و خاكی‌و له‌ خوداترسه‌و، هه‌میشه‌ مات‌و خه‌مگین‌و چاو پڕله‌ فرمێسك دیاره‌، ئه‌وه‌ش دیسان وه‌كو خاسێته‌ ده‌ره‌كیه‌كان یان رووكه‌شه‌كانی سۆفی وایه‌ چونكه‌ ترس له‌ خوداو راوه‌ستان له‌به‌رده‌م گه‌وره‌یی ئه‌ودا هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ له‌لای كه‌سی سۆفی یان زاهید‌و ده‌ست له‌ دنیاشۆردو درووست ده‌كات كه‌ هه‌میشه‌ به‌ لاوازى له‌ به‌رده‌می ئه‌و هێزه‌ باڵایه‌دا راوه‌ستابێت‌و چاوه‌ڕوانی سۆزو به‌زه‌یی ئه‌و بكات‌و، وه‌هاش تێبگات هه‌ر خۆنمایشكردنێك كه‌ بۆنی دڵخۆشی‌و ئاسووده‌یی‌و خۆبه‌شتزانینی لێ بێت ده‌شێ ببێته‌ هۆی ره‌نجاندنی خوداو سه‌رئه‌نجام ئه‌وه‌ى تاكو ئێستا پێی بڕاوه‌و پێی گه‌یشتووه‌، كه‌ گه‌شتنه‌ به‌رقاپی ئه‌وه‌ له‌ ده‌ستی بچێت. ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌شێ بۆ كه‌سی له‌م جۆره‌ شتێك نه‌بێت كه‌ مایه‌ی دڵخۆشی‌و ئاسووده‌یی بێت ماده‌م له‌به‌رده‌م مه‌ترسی مردن‌و لێپرسینه‌وه‌ى ئه‌و دنیادایه‌. ده‌شێ ئه‌و ره‌نگ زه‌ردی‌و خه‌مگینی‌و چاوى پڕفرمێسكه‌شی ده‌رئه‌نجامی بیركردنه‌و‌و تێڕامان بێت له‌و چاره‌نووسه‌ نادیاره‌ى له‌ به‌رده‌میدایه‌و ترس بێت له‌وه‌ى كه‌ هه‌ر دڵبه‌دنیاخۆشبوون‌و ئاسووده‌یی‌و پێكه‌نینێك ببێته‌ هۆی ره‌نجاندنی خوداو سه‌رئه‌نجام ئه‌گه‌ری گه‌یشتن به‌ رۆحی باڵای ئه‌وى له‌ ده‌ست بچێت‌و سه‌رگه‌ردان‌و بێچاره‌ بمێنێته‌وه‌، به‌واتا له‌ ترسی ره‌نجاندنی خوداو له‌ده‌ستچوونی سۆزو به‌زه‌یی ئه‌و به‌وشێوه‌یه‌ خۆی نیشان بدات ئه‌ویش له‌ ترسی ئه‌وه‌ى نه‌وه‌كو ئه‌و دنیای بێ كۆتایی له‌ده‌ست بچێت. لێره‌دا مه‌حوى به‌رجه‌سته‌ی كه‌سێتی رووسوورو سه‌ركه‌وتوومان وه‌ها بۆ ده‌كات كه‌ كه‌سێكه‌ سه‌ربارى نزیكی له‌ خوداوه‌، له‌به‌ر رازیكردنی خودا له‌ خۆی هه‌میشه‌ به‌ساده‌یی‌و گه‌دایانه‌ خۆی نیشان ده‌دات‌و لاوازو بێ ده‌سه‌ڵات خۆی ده‌نووینێت‌و له‌به‌ر تواناو ده‌سه‌ڵاتی خودادا ئه‌م هه‌میشه‌ لاوازو بێ تواناو ناكارایه‌و، تاكه‌ شتێك كه‌ ده‌توانێت بیكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌وڵبدات خودا له‌ خۆی رازى بكات به‌و ئومێده‌ی به‌ دیداری روحی باڵای ئه‌و بگات، دیاره‌ له‌ روانگه‌ی ته‌سه‌وفیشه‌وه‌ به‌رزترین ئامانجی سۆفی ئه‌وه‌یه‌ بگات به‌ رۆحی باڵای خوداو له‌و رۆحه‌ باڵایه‌دا بتوێته‌وه‌.
-٦-
له‌ ئه‌حبابی قه‌دیمی به‌زمی ئولفه‌ت ماوه‌تن دوو ته‌ن
یه‌كێ په‌روانه‌ هه‌م ده‌رده‌، یه‌كێ بولبول كه‌ هه‌م فه‌رده‌
مه‌حوی له‌ ده‌ربڕینێكی ناڕاسته‌وخۆدا باس له‌وه‌ ده‌كات شته‌كان له‌ جێگای خۆیاندا نه‌ماون‌و گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هاتووه‌، له‌و نێوه‌نده‌شدا سه‌رجه‌می ئه‌وانه‌ى كه‌ ئاشناو هۆگری ئه‌م بوون واته‌ ئه‌می عاشق هیچیان وه‌كو خۆیان نه‌ماون ته‌نیا دووانیان نه‌بێت كه‌ ئه‌وانیش په‌روانه‌و بولبولن. لێره‌دا ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت مه‌حوی له‌ روانگه‌ى به‌رده‌وامی‌و جێگیری هه‌ركه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بڕوای پێی بووه‌، یان وای نیشان داوه‌ كه‌ له‌و بواره‌دا كارده‌كات، ده‌ڕوانێته‌ ژیان‌و ده‌ورو به‌رو كۆی هه‌ڵوێست‌و جوڵه‌ى كه‌سه‌كان. ئه‌و پێی وایه‌ كه‌سانێكی زۆر ئیدیعای عیشق‌و عاشقبوونیان كردووه‌، دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ عیشق‌و له‌ عاشقبوونیش هه‌روا شتێكی رووكه‌ش نییه‌ له‌ تێڕوانینی مه‌حوییه‌وه‌، به‌ڵكو عیشق مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگه‌و بریتیه‌ له‌ قوربانی دان، كه‌ ئه‌وه‌ش ته‌نیاو به‌س ته‌نیا به‌ كه‌سی خۆنه‌ویست‌و زاهید‌و سۆفی ده‌كرێت واته‌ كه‌سێك كه‌ ده‌ستی له‌هه‌موو شتێك شۆردبێت‌و ته‌نیا‌و به‌س ته‌نیا له‌ پێناوى عیشقه‌كه‌یدا بژی‌و ته‌نیا كه‌سی له‌وجۆره‌ ده‌توانێت قوربانی بدات. بێگومان لێره‌وه‌ ده‌شێ چه‌مكی عیشق زۆر فراوان‌و گشتگر بێت‌و ته‌نیا هه‌ر عیشقی نێوان دوو ره‌گه‌زه‌كه‌ نه‌بێت، به‌ڵكو عیشق بێت له‌ هه‌موو ئاستێكدا واته‌ لێره‌دا عیشق ده‌لاله‌تی ئه‌و مۆتیڤه‌ هه‌ڵده‌گرێت كه‌ مرۆڤ بۆ خۆبه‌خت كردن‌و خۆنه‌ویستی ده‌جوڵێنێت. به‌ هه‌رحاڵ مه‌حوى ده‌یه‌وێت بڵێت له‌ ناو هه‌موو ئه‌و واقیعه‌ى كه‌ ئه‌می تیادا ژیاوه‌و له‌ كاتێكیشدا ئه‌م به‌ بۆچوونی خۆی نوێنه‌رایه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌كات له‌سه‌رده‌می خۆیدا، عیشقبوون ته‌نیا وه‌كو مه‌سه‌له‌یه‌كی رۆژ وابووه‌، ناتوانرێت كه‌سێك بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ عاشقی راسته‌قینه‌ بووبێت بێجگه‌ له‌ په‌روانه‌و بولبول.
ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ مه‌سه‌له‌ى عیشقبوونی په‌روانه‌ كه‌ لێره‌دا مه‌به‌ست په‌پوله‌یه‌، چیرۆكێكی ئه‌فسانه‌ییه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیداو وه‌ها لێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ په‌پوله‌ ئه‌وه‌نده‌ رووناكی خۆش ده‌وێت‌و ئه‌وه‌نده‌ عه‌شقی رووناكیه‌ كاتێ له‌ شه‌ودا تیشكی مۆم ده‌بینێت لێی نزیك ده‌بێته‌وه‌و به‌رده‌وام به‌ ده‌وریدا ده‌خولێته‌وه‌و له‌گه‌ڵ رۆیشتنی كاتیشدا نیوه‌تیره‌ى ئه‌و بازنه‌ى كه‌ په‌پوله‌ به‌ ده‌وری مۆمه‌كه‌دا پێی ده‌خولێته‌وه‌ كورتتر ده‌بێته‌وه‌و به‌و پێیه‌ش په‌پوله‌كه‌ زیاتر له‌ گڕی مۆمه‌كه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ تا باڵه‌كانی گڕده‌گرن‌و ده‌سووتێن، به‌وه‌ش په‌پوله‌كه‌ توانای فڕینی نامێنێت‌و ده‌كه‌وێته‌ خواروه‌و به‌ سووتاوى ده‌مرێت. ئه‌مه‌ش جوانترین نموونه‌ى قوربانی دانه‌ له‌ پێناوى خۆشوویستنی شتێكدا، په‌پوله‌یه‌ك كه‌ عیشقی رووناكی مۆمه‌ سه‌رئه‌نجام گڕی ئه‌و مۆمه‌ ده‌یسووتێنێت، ئه‌مه‌ش به‌رزترین شێوازی عیشقبوونه‌ كه‌ له‌ پێناوى خۆشه‌ویستی‌و عیشقبووندا ئه‌وه‌نده‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ تا گڕی ئه‌و عیشقه‌ بیسووتێنێت، لێره‌دا ده‌شێ وه‌ها لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ عیشق بۆ خۆی سه‌رباری ئه‌وه‌ى قوربانیدانه‌ دیسان بریتیه‌ له‌ دنیایه‌ك كه‌ سه‌رتاپای خاوێنی‌و بێگه‌ردی‌و خۆنه‌ویستیه‌.
به‌ گوێره‌ى بولبول ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ باڵنده‌یه‌كه‌ له‌ فۆلكلۆرو ئه‌ده‌بی گه‌لاندا وه‌كو هاوتای دڵدارانی راسته‌قینه‌‌و عیشقی هه‌میشه‌یی گوڵ باس ده‌كرێت‌و زۆربه‌ى كات كراوه‌ به‌ ناوه‌ند بۆ ئه‌وه‌ى باشترین عاشق‌و به‌خته‌وه‌رترین عاشقی پێ به‌راورد بكرێت. مه‌حوی پێی وایه‌ هه‌ر ئه‌و دووانه‌ له‌سه‌ر په‌یمان‌و به‌ڵێنی خۆیان ماون‌و هه‌ر ئه‌وان رێگاو ره‌وتی خۆیانیان نه‌گۆڕیووه‌، ئه‌مش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت به‌لای ئه‌وى شاعیره‌وه‌ هه‌ر ئه‌مان نموونه‌ى راسته‌قینه‌ى عیشق‌و دڵدارین چونكه‌ له‌و به‌ڵێن‌و په‌یمانانه‌ى كه‌ داویانه‌ په‌شیمان‌و پاشگه‌ز نه‌بوونه‌ته‌وه‌و نابنه‌وه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ش خاسێتی سه‌ره‌كی عاشقه‌ كه‌ هیچ كۆسپ‌و به‌ربه‌ستێك ناتوانێت له‌ رێگای راسته‌قینه‌ى عه‌شق لایبدات. بێگومان ئه‌وه‌ی لێره‌دا ئاشكرا ده‌بێت ئه‌وه‌یه‌ مه‌حوی باسی زه‌مینه‌و بارودۆخێك ده‌كات كه‌ تیایدا بنه‌ماكانی عیشق هه‌ره‌سیان هێناوه‌، بۆیه‌ له‌و هاوه‌ڵان‌و هاوخه‌مانه‌ى كه‌ ئه‌و باسیان ده‌كات‌و ئێستا به‌جۆرێك له‌ گله‌یی‌و گازه‌نده‌وه‌ له‌ باره‌ى خۆیان‌و عیشقبوونیانه‌وه‌ ده‌دوێت ته‌نیا په‌روانه‌و بولبول ماونه‌ته‌وه‌.
دیاره‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ عیشق‌و خۆشه‌ویستی مۆتیڤ‌و جوڵێنه‌ری ژیانن، ئیتر ئه‌و عیشق‌و خۆشه‌ویستیه‌ هه‌ر جۆرو هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت واته‌ عیشق‌و خۆشه‌ویستی نێوان دوو ره‌گه‌زه‌كه‌ بێت، یان عیشقی خودایی بێت، یان خۆشه‌ویستی‌و عیشقی خاك‌و زێدو نیشتیمان‌و نه‌ته‌وه‌و مرۆڤایه‌تی بێت، یان عیشقی كارو پیشه‌و ئاره‌زووه‌ جۆراوجۆره‌كانی مرۆڤ بێت. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ناشێت به‌ جیدی‌و به‌ دڵسۆزى مرۆڤ له‌سه‌ر هیچ شتێك به‌رده‌وام بێت ئه‌گه‌ر جۆرێك له‌ عیشقبوونی بۆ ئه‌و بواره‌ نه‌بێت. به‌ پێچه‌وانه‌كردنه‌وه‌ى ئه‌م بۆچوونه‌، مه‌حوی ده‌یه‌وێت بڵێت ئێستا كه‌ كار رووی له‌ هه‌ورازه‌و شته‌كان گه‌وهه‌رو جوانی خۆیانیان له‌ ده‌ست داوه‌و ته‌نانه‌ت به‌ها مرۆییه‌كانیش وه‌كو پێشتر گرنگ‌و پڕ بایه‌خ نه‌ماونه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ رۆح‌و گه‌وهه‌ری عیشقبوونی مرۆڤ بۆ شته‌كان‌و بۆ خودی خۆیشی گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌و وه‌كو ئه‌و شێوه‌ خاوێن‌و ماناداره‌ی پێشتری نه‌ماوه‌. كه‌واته‌ لێره‌دا ده‌توانین بڵێین عیشق كه‌ جوڵێنه‌رو بزوێنه‌رو پاڵنه‌ری مرۆڤه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ به‌رزترین ئاستی مرۆڤایه‌تدا بێت‌و بۆ ئه‌وه‌ى بجوڵێت‌و بینابكات‌و جوانی ‌و راستی مرۆڤایه‌تیه‌كی باڵاترو پڕبه‌هاتر به‌رهه‌م بهێنێت، ئێستا ئه‌و مۆتیڤه‌ خۆی له‌ شكست‌و هه‌ره‌سدایه‌، بۆیه‌ هه‌موو شته‌كانی تریش شێواون‌و رووى گه‌شیان ته‌لخ‌و ناشیرین بووه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆچوونی مه‌حویه‌ سه‌باره‌ت به‌و قه‌یرانه‌ى كه‌ رۆحی عیشق‌و خۆشه‌ویستی له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا دووچاری بووه‌، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ كه‌ زۆرجار گۆڕانكارییه‌كانی ژیان كاریگه‌ری راسته‌خۆی له‌سه‌ر نه‌ك هه‌ر ره‌فتارو هه‌ڵس‌و كه‌وتی مرۆڤ ده‌بێت به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌وهه‌رو ماهیه‌تی مرۆڤ خۆیشی ده‌بێت.
-٧-
براله‌! ئه‌م هه‌موو ئۆباڵه‌ بێ به‌و گه‌ردنه‌ حه‌یفه‌
بنیشێ به‌م حه‌ده‌ ئه‌م گه‌رده‌ له‌و مینایی بێ گه‌رده‌
مه‌حوی له‌ دوای ئه‌وه‌ى كه‌ باس له‌ گۆڕانی خه‌ڵك‌و به‌رده‌وامنه‌بوونیان له‌ سه‌ر عیشق‌و خۆشه‌ویستی ده‌كات‌و ئه‌وه‌ش به‌ هۆكاری بێبه‌هابوون‌و بێ گه‌وهه‌ربوونی ژیان ده‌زانێت چونكه‌ بنه‌ماو پێوانه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ بۆ به‌رهه‌م هێنانی جوانی‌و بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ قوربانی له‌ پێناودا بدرێت، ئێستا روو ده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆی كه‌ پێده‌چێت هه‌موو خه‌ڵكی مه‌به‌ست بێت‌و داوایان لێ ده‌كات كه‌ ناشێت (ئه‌و) تاوانبار بكرێت‌و كۆمه‌ڵێك گوناهی بدرێته‌ پاڵ له‌ كاتێكدا ئه‌و كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌قه‌كه‌داو مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ رێگای وه‌سفه‌كانی ئه‌وى شاعیره‌وه‌ له‌م دێڕه‌دا بتوانرێت شووناسێك بۆ ئه‌و بدۆزرێته‌وه‌، وه‌سفه‌كانی شاعیر بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ تا ئێستا نازانین كێیه‌، ده‌ری ده‌خات مه‌به‌ست له‌ (ئه‌و) كه‌سێكی گه‌ردن هاوشێوه‌ى مینای بێگه‌رده‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئاستێكدا كه‌ ته‌نیا رووه‌ فیسیۆلۆجیه‌كه‌یه‌تی ده‌ری ده‌خات كه‌ مه‌به‌ست له‌ (ئه‌و) ئافره‌ته‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌شێ له‌ رووى مه‌عنه‌وییه‌وه‌ ئه‌وى گه‌ردن بێگه‌رد مه‌به‌ست له‌ ئه‌وێكی خاوێن‌و پایه‌به‌رزى دوور له‌ هه‌ر گوناه‌و كه‌م‌و كورتیه‌ك بێت.
لێره‌دا جێگای خۆیه‌تی ئه‌و پرسیاره‌ بكه‌ین كه‌ مه‌به‌ستی مه‌حوی له‌و هه‌موو ئۆباڵه‌ واته‌ ئه‌و هه‌موو گوناه یان تاونبار كردنه‌ چییه‌؟ ئه‌ى ئه‌و گه‌ردنه‌ گه‌ردنی كێیه‌؟ به‌هه‌رحاڵ ئه‌و په‌راوێزه‌ى كه‌ پایه‌به‌رزان مامۆستا مه‌لا كه‌ریمی موده‌ڕیس‌و كاكه‌ حه‌مه‌ى كوڕی بۆ ئه‌م دێڕه‌یان نووسیووه‌ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت ئه‌و گه‌ردنه‌ بێگه‌رده‌ گه‌ردنی یاره‌و تاوانی كوشتنی دڵدارانی دراوه‌ته‌ پاڵ. ده‌شێ ئه‌مه‌ بۆچوونێك بێت به‌ڵام له‌ هیچ شوێنێكی تری ئه‌م ده‌قه‌دا به‌ ئاشكرا باسی ئه‌وه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ یارێك هه‌یه‌ له‌به‌ر گوێنه‌گرتنی، یان له‌به‌ر وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ى بۆ سۆزو خۆشه‌ویستی كه‌سانی تر بووبێته‌ هۆی مردن یان دڵشكاندنی ئه‌وانی تر، لێره‌دا هه‌مان بۆچوونی شكسپیر له‌ بازرگانی ڤینیسیادا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ كاتێ كه‌ پۆرشیا قسه‌ بۆ نێریسای كاره‌كه‌ری ده‌كات‌و ده‌ڵێت “بۆ ئه‌وه‌ى وابكه‌م له‌ پیاوان بڕوا بهێنن به‌وه‌ی كه‌ من پیاوم باسی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌كه‌م كه‌ چۆن چه‌نده‌ها ئافره‌ت داوای خۆشه‌ویستیان لێكردووم‌و له‌به‌رئه‌وه‌ى من وه‌ڵامم نه‌داونه‌ته‌وه‌و ره‌فزم كردوون له‌ داخدا نه‌خۆش كه‌وتوون‌و مردوون” .
بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌شێ وای بۆبچین مه‌حوی باسی شێخه‌كه‌ی بكات كه‌ كه‌سێكی خاوێن‌و بێگه‌رده‌ یان ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ مه‌حوی باسی خۆی بكات كه‌ چۆن خۆی به‌ خاوێن‌و بێ گوناه ده‌زانێت به‌ڵام چۆن له‌و بارودۆخه‌ى ئه‌وسای سلێمانیدا هه‌ندێ جار دڵیان شكاندووه‌و ئازاری رۆحیان داوه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ دوو رووه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان ئه‌و ئازاره‌یه‌ كه‌ رێبازه‌كه‌ى مه‌حوى كه‌ رێبازى ته‌سه‌وفی نه‌قشبه‌ندییه‌ له‌ پێش له‌ دایكبوونی مه‌حوی‌و له‌ دوای ئه‌وه‌ش له‌ سنووری میرنشینی باباندا پێی گه‌یشتووه‌. دووه‌میشیان ئه‌و ئازاره‌ بێت كه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵوێست‌و روانینی نوخبه‌یه‌ك له‌ خه‌ڵكی سلێمانیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵوێستی دۆستانه‌ى مه‌حوى بۆ سوڵتان عه‌بدوحه‌میدو ده‌وڵه‌تی ئیسلامی درووست بووه‌، كه‌ پێده‌چێت مه‌حوی سه‌رباری هه‌ستێكی ناكامڵی كوردایه‌تی بڕوای وابووبێت كه‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت یان لوتكه‌ى هه‌ره‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی بتوانێت پارێزه‌رو دابینكه‌ری ژیانی خه‌ڵكی بێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خه‌ڵك وای له‌ مه‌حوی كردبێت به‌ راستی هه‌ست بكات غه‌دری لێده‌كرێت‌و رۆحی ئه‌م خاوێنه‌و گه‌ردنی وه‌كو مینای بێگه‌رده‌‌و شایانی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و هه‌موو تاوان‌و گوناهه‌ى بخرێته‌ ئه‌ستۆ.
-٨-
له‌ ده‌ورمدا حه‌صار: ئافه‌ت ، له‌ سه‌ر سه‌ر خه‌یمه‌:درۆی ئاه‌
له‌ سایه‌ى عیشقه‌وه‌ بوومه‌ شه‌هی صاحیب سه‌راپه‌رده‌
ده‌شێ مانای ئه‌م دێره‌ زۆر په‌یوه‌ست بێت به‌ دێڕی پێشتره‌وه‌و ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه‌ دێڕی پێشترمان لێكدایه‌وه‌ كه‌ مه‌حوی مه‌به‌ستی له‌و كه‌سه‌ى كه‌ ئۆباڵی تاوانكردن‌و گوناه كردنی ده‌خرێته‌ پاڵ خۆی بێت ئه‌وا لێكدانه‌وه‌ى ئه‌م دێره‌ش زیاتر ده‌بێته‌ ده‌روازه‌یه‌ك بۆ لێكدانه‌وه‌ى ئه‌و باره‌ ناهه‌مواره‌ى كه‌ مه‌حوی خۆیی تێدابووه‌و باسی خۆی ده‌كات له‌و بارو دۆخه‌ ناهه‌مواره‌دا كه‌ وه‌كو گوتمان ده‌شێ بێزاربوونی مه‌حوی به‌هۆی هه‌ڵوێستی توندو بێبه‌زه‌ییانه‌ی خه‌ڵكه‌وه‌ به‌رامبه‌ری درووست بووبێت.
مه‌حوی باسی شوێن‌و جێگاو بارودۆخی خۆی ده‌كات كه‌ چۆنه‌و به‌ چ شێوه‌یه‌كه‌. له‌وه‌ ده‌دوێت كه‌ ده‌وری به‌ حه‌سار یان شورایه‌ك گیراوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر رووه‌ مادییه‌كه‌ی سه‌یر بكه‌ین مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌حوی له‌ نێو چوار دیوارێكدایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش جۆرێك له‌ خاسێتی زیندانی بوون یان ده‌ست‌و پێبه‌ستنی هه‌یه‌‌و له‌ پشتی ئه‌م وه‌سفه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ به‌جۆرێ له‌ جۆره‌كان ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئازادی ئه‌و سنووردار كراوه‌، یان لێی داگیر كراوه‌. هه‌ر له‌ پاڵ ئه‌وه‌دا باسی ئافات ده‌كات‌و له‌وه‌ش ده‌دوێت له‌سه‌ر سه‌ریشی خێمه‌ هه‌یه‌‌و دووكه‌ڵی ئاه‌وخه‌فه‌تیش سه‌ری خه‌یمه‌كه‌و ئاسمانی گرتووه‌. ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری ئه‌م فه‌زایه‌ بكه‌ین ئه‌وا تێده‌گه‌ین ئه‌مه‌ فه‌زای پێوه‌ندكردن‌و داگیركردنی ئازادی كه‌سێكه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ خه‌یاڵیش بێت هه‌ست ده‌كات له‌ چوارچێوه‌یه‌كدا له‌ قاڵب دراوه‌و ئافات‌و به‌ڵا یه‌خه‌یان گرتووه‌و ته‌نانه‌ت رووناكی ئاسمانیش نابینێت چونكه‌ ئاه‌و ناڵینی به‌ جۆرێكه‌ ناخی ده‌سووتێنێت‌و دووكه‌ڵی ناخی به‌رزده‌بێته‌وه‌و رووى ئاسمانی لێ ده‌ته‌نێت‌و نایه‌لێت هیچ ببینێت..
مه‌حوی باسی ئه‌م باره‌ى خۆی ده‌كات‌و ده‌ڵێت ئه‌وێك كه‌ عاشقی جوانی‌و خاوێنی‌و به‌ها باڵاكانه‌‌و عاشقی گه‌یشتن به‌ رۆحی باڵای خودا‌و تواندنه‌وه‌یه‌ له‌و رۆحه‌ باڵایه‌دا‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌لای ئه‌وه‌وه‌ نموونه‌ى به‌رزو باڵا بۆ جێبه‌جێ كردنی په‌یامی روون‌و به‌رزى ئایین‌و زوهدو خاوێنی ته‌سه‌وف ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ كه‌سێتی سوڵتان عه‌بدولحه‌میدو خه‌لافه‌ته‌كه‌یدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت، بۆته‌ مایه‌ى سه‌رزه‌نشتكردنی ئه‌م له‌ لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌و به‌م هه‌ڵوێسته‌ش ئه‌م بووه‌ته‌ مایه‌ى ره‌خنه‌ لێگرتن له‌ كاتێكدا ئه‌و خۆی به‌ پاشای رێگای ئه‌و عیشقه‌ ده‌زانێت. كه‌چی ئه‌و عیشقه‌ بۆی ده‌بێته‌ مایه‌ى سه‌رئێشه‌و قسه‌و ره‌خنه‌و له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا خه‌م‌و خه‌فه‌ت ده‌وری ده‌ده‌ن، هه‌رچۆن ده‌واری سه‌رده‌می كۆچی گه‌رمیان‌و كوێستانی خێڵه‌كان به‌ په‌رده‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌وره‌ ده‌دراو ئه‌و په‌رده‌یه‌ش ده‌وری دیواری ده‌بینی، دیاره‌ ئاشكرایه‌ كه‌ دیوار به‌ربه‌ستێكه‌ بۆ جیاكردنه‌وه‌و پاراستن‌و تایبه‌تمه‌ندكردنی شوێن بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی له‌ ناویدا ده‌ژی. به‌هه‌مان شێوه‌ دیواری خه‌فه‌ت‌و ئازار ئه‌می شاعیر له‌وانی تر په‌رت ده‌كاتواته‌ لێره‌دا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شی خه‌فه‌ت‌و مه‌ینه‌ته‌ ته‌نیا هه‌ر ئه‌وی شاعیره‌. ئه‌م ئێستا له‌ ئه‌نجامی عه‌شقبوونیه‌وه‌ بۆ جوانی‌و بۆ زوهدو بۆ راستی‌و بۆ دڵسۆزى، چوارده‌وری گیراوه‌و دووكه‌ڵی خه‌م‌و ئازار سه‌رسه‌ری گرتووه‌و دنیای لێ بچووك كراوه‌ته‌وه‌و وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ نێو ده‌وارێكدا دیل كرابێت، ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌ سایه‌ى عیشقدایه‌و له‌ پێناوى عیشقدا دووچاری ئه‌م ده‌رده‌ سه‌رییه‌ بووه‌. هه‌روه‌ك ئه‌گه‌رێكی لاوازیش هه‌یه‌ كه‌ وه‌ها لێكبدرێته‌وه‌ ئه‌م له‌ سایه‌ی عیشقدا بووبێته‌ خاوه‌نی ده‌وارو ئه‌و ده‌واره‌ش سه‌رتاپای به‌ خه‌م‌و خه‌فه‌ت‌و به‌دبه‌ختی‌و دووكه‌ڵی ئاه‌و ناڵین ده‌وری گیرابێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ى دووه‌م راست بێت ئه‌وا ته‌نیا خۆی به‌رپرسیاره‌ له‌و باره‌ى تێیكه‌وتووه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ ئه‌نجامی عیشقه‌، كه‌واته‌ له‌ بارێكی وه‌هادا پێویست ناكات باسی كه‌سی تر بكات‌و به‌ ده‌نگی به‌رز به‌ گوێی خه‌ڵكی تردا بچڕێنێت‌و بڵێت (براله‌ ئه‌م هه‌موو ئۆباڵه‌ بێ به‌و گه‌ردنه‌ حه‌یفه‌). لێره‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ده‌شێ مرۆڤ رێگایه‌ك هه‌ڵبژێرێت یان تێڕوانینێكی هه‌بێت‌و له‌ هه‌موو رێگاو تێڕوانینێكی تری به‌لاوه‌ راستترو درووستتر بێت، ئه‌مه‌ش شتێكی سرووشتیه‌، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌و بۆچوونه‌شی هه‌بێت كه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌موو خه‌ڵكی تر ئه‌و رێگاو تێڕوانینه‌ی ئه‌میان به‌لاوه‌ راست‌و درووست بێت، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بكات كه‌سانێكی تر هه‌بن نه‌ك له‌گه‌ڵ رێگاو تێڕوانینی ئه‌مدا ناكۆك بن به‌ڵكو ده‌شێ دژیشی بن. بێگومان ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌م شێوه‌یه‌ سه‌یری دنیای كرد ئه‌وا هه‌موو شته‌كان به‌ ئاسایی وه‌رده‌گرێت‌و به‌وجۆره‌ى مه‌حوی تووشی هه‌ڵچوون یان كاردانه‌وه‌ى تووند نابێت.
-٩-
چلۆن ئه‌و دێته‌ چاوى من كه‌ یه‌كسه‌ر عونصوری ئاوه‌
مه‌حاڵه‌ من كه‌ بچمه‌ دڵیه‌وه‌، دڵ كیشوه‌ری به‌رده‌
مه‌حوی باسی خۆی‌و یار ده‌كات‌و ئاشكرای ده‌كات كه‌ ئه‌م‌و یار له‌ دوو توخمی جیاوازن، ئه‌م له‌و وه‌سفه‌یدا كه‌ بۆ خۆیی ده‌كات وه‌كو مرۆڤێكی ئاسایی وه‌سفی خۆی ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وى یار به‌ دوو جۆر وه‌سف ده‌كات له‌ یه‌كه‌میاندا وای نیشان ده‌دات یار له‌ توخمی ئاوه‌، له‌ دووه‌میشیاندا وه‌كو مرۆڤ نیشانی ده‌دات كه‌ دڵی هه‌یه‌و ئه‌و دڵه‌ش سه‌رباری ره‌قی هێشتا دڵی مرۆڤه‌ چونكه‌ ده‌شێ ئه‌م بچێته‌ دڵییه‌وه‌. سه‌ره‌تا مه‌حوی ئه‌وی یار ده‌باته‌وه‌ سه‌ر ره‌گه‌زى ئاو كه‌ ئاویش چه‌ند خاسێتێكی هه‌یه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى ناگیرێت‌و ته‌نیا به‌هۆی شتێكی تره‌وه‌ ده‌توانرێت به‌رجه‌سته‌ بكرێت كه‌ ئه‌مه‌ش رێگره‌ له‌وه‌ى كه‌ چاوى ئه‌م بتوانێت وێنه‌ى ئه‌م به‌رجه‌سته‌ بكات، لێره‌شه‌وه‌ مه‌حوی ده‌مان گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ى كه‌ باسی بینین‌و به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه‌ى شته‌كان ده‌كات، كه‌ گوایه‌ چاو تیشكێك ئاراسته‌ى ئه‌و شته‌ ده‌كات‌و به‌وه‌ش وێنه‌ى ئه‌و شته‌ له‌ چاودا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت. به‌ڵام لێره‌دا وێنه‌ى ئه‌وى یار له‌ چاوى ئه‌مى شاعیردا به‌رجه‌سته‌ نابێت هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وى یار له‌ توخمی ئاوه‌و وێنه‌‌و ره‌نگی ئاویش به‌رجه‌سته‌ نابن له‌ چاوى ئه‌مدا. لێره‌دا ره‌گه‌زى ئاو ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه‌ ئه‌وى یار ته‌نیا له‌ خه‌یاڵدا بوونی هه‌یه‌و پێناچێت بوونێكی واقیعی هه‌بێت ماده‌م نه‌ له‌ چاوى ئه‌مدا ده‌بێته‌ وێنه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌و نه‌ ره‌نگیشی جێگیریشی ده‌بێت. ئه‌م بۆچوونه‌ش له‌ نیوه‌ی دووه‌می ئه‌م دێڕه‌دا زیاتر ئاشكرا ده‌بێت كاتێ شاعیر باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌رچۆن وێنه‌ى یار له‌ چاوى ئه‌مدا به‌رجه‌سته‌ نابێت به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌میش ناتوانێت له‌ دڵی ئه‌ودا جێگا بگرێت چونكه‌ ئه‌وێك كه‌ وێنه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ى نه‌بێت مانای وایه‌ ته‌نیا له‌ خه‌یاڵ‌و وه‌همدا بوونی هه‌یه‌‌و ناشێت دڵی هه‌بێت هه‌تا ئه‌م بچێته‌ دڵیه‌وه‌. كه‌واته‌ لێره‌دا ئه‌وی شاعیر جۆرێك له‌ یۆتۆپیا درووست ده‌كات كه‌ ئه‌ویش یۆتۆپیای به‌ ئاوبوونی یاره‌، ئاویش توخمێكی بێڕه‌نگ‌و بێ بۆن‌و بێ تام‌و بێ شێوه‌یه‌.
له‌ رووى زانستیه‌وه‌ بوونی مرۆڤ دابه‌ش ده‌بێت له‌ نێوان دنیای ( مێشك)عه‌قڵ‌و دنیای (دڵ) واته‌ دنیای حه‌زوو ئاره‌زووه‌ دنیایی‌و غه‌ریزه‌ییه‌كانی مرۆڤ. دنیای عه‌قڵ، دنیای كۆنترۆڵ كردن‌و دیسپلین كردن‌و جوڵه‌یه‌ به‌ پێی به‌رنامه‌و نه‌خشه‌. دنیای دڵیش دنیای حه‌زوو ئاره‌زووه‌ غه‌ریزى‌و دنیاییه‌كانی مرۆڤه‌ كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌كی ئاشكرا ده‌شێ پێیان بگوترێت دنیای غه‌ریزه‌ ئاژه‌ڵییه‌كانی مرۆڤ. دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئاشكرایه‌ كه‌ باڵاده‌ستبوونی ئه‌م دنیایه‌ واته‌ دنیای غه‌ریزه‌ ئاژه‌ڵیه‌كانی مرۆڤ ئه‌گه‌ر عه‌قڵ له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت كه‌ دیسپلین‌و كۆنترۆڵی ئه‌و رووبه‌ره‌ له‌ بوونی مرۆڤدا بكات ئه‌وا خاسێته‌ دڕنده‌ییه‌كانی مرۆڤ له‌سه‌ر لاوازبوونی خاسێته‌ مرۆییه‌كانی مرۆڤ باڵاده‌ست ده‌بێت. دڵ كه‌ هه‌ستیارترین به‌شه‌ له‌ پێكهاته‌ى مرۆڤدا چ له‌ رووى فیسیۆلۆجی‌و چ له‌ رووى حه‌زوو ئاره‌زووه‌ دنیاییه‌كانه‌وه‌، كه‌چی ئه‌وى شاعیر به‌ كیشوه‌ری به‌رد ناوی ده‌بات. به‌ردیش هێمای وشكی‌و ره‌قی‌و بێبه‌رهه‌میه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش نه‌ك له‌ گه‌ڵ خاسێته‌كانی دنیای دڵدا ناگونجێت به‌ڵكو ناكۆك‌و دژیشه‌ له‌ گه‌ڵیدا.
دیاره‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ ئاو بێجگه‌ له‌وه‌ى كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و چوار توخمه‌ سه‌ره‌كیه‌ى كه‌ به‌پێی لێكدانه‌وه‌ كلاسیكییه‌كان بۆ درووستبوونی گه‌ردوون، گه‌ردوونیان پێكهێناوه‌، دیسان سه‌رچاوه‌ى ژیانیشه‌و ناتوانرێت به‌ بێ بوونی ئاو ته‌سه‌وری بوونی ژیان بكرێت. جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ هیچ زینده‌وه‌رێك نییه‌ به‌ بێ ئاو بژی، به‌ گوێره‌ى هه‌موو زینده‌وه‌رانیش كه‌ زۆربوون به‌رهه‌می جووتبوونی نێوان نێرو مێیه‌، پیتاندن له‌ ناو ئاودا رووده‌دات چونكه‌ هێلكه‌و كرۆمۆسۆمه‌كان له‌ كاتی جووتبووندا له‌ ناو ئاودا به‌یه‌ك ده‌گه‌ن‌و هه‌ر له‌ ناو ئاویشدا پیتاندن رووده‌دات‌و له‌ زۆربه‌ى زینده‌وه‌رانیشدا كۆرپه‌له‌ تا ئه‌و كاته‌ى له‌ دایك ده‌بێت هه‌ر له‌ ناو ئاودا ده‌مێنێته‌وه‌و گه‌شه‌ ده‌كات. ئه‌وى یار له‌ توخمی ئاوه‌، ئه‌مه‌ش لێكچوونێكی جوانه‌ چونكه‌ هه‌ر چۆن ئاو سه‌رچاوه‌ى ژیانه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌وى یاریش كه‌ له‌ ره‌گه‌زی مێینه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی ژیان‌و به‌رهه‌مهێنانه‌، هه‌رچۆن ئاو سیمبوڵی خاوێنی‌و جوانی‌و ناسكیه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وى یاریش كه‌ له‌ ره‌گه‌زى مێینه‌یه‌ سیمبوڵی خاوێنی‌و بێگه‌ردی‌و جوانی‌و ناسكیه‌. هه‌موو ئه‌م خاسێتانه‌ى ئاو یان یار كه‌ وه‌سف ده‌كرێن ته‌نیا ده‌بینرێن‌و هه‌ستیان پێده‌كرێت‌و ئه‌وی شاعیر نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ى كه‌ ناتوانێت به‌رجه‌سته‌یان بكات یان بیانگرێت‌و گازه‌نده‌ی ئه‌وه‌ش ده‌كات ئه‌وێك كه‌ له‌ توخمی ئاو بێت ناشێت چاوی ئه‌م وێنای بكات‌و وه‌كو بوویه‌كی به‌رجه‌سته‌ رامی بكات. لێره‌شه‌وه‌ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ئه‌می شاعیر به‌ ناوى یار وه‌سفی ده‌كات ته‌نیا بوویه‌ك بێت له‌ خه‌یاڵدا وێنه‌ى كێشابێت‌و بوویه‌كی مادیانه‌ى نه‌بێت.
له‌ وه‌سفه‌كه‌ى شاعیردا جۆرێك له‌ دژیه‌ك هه‌یه‌ كاتێ كه‌ ئه‌وى یار خۆی له‌ ره‌گه‌زى ئاو بێت بۆچی ده‌بێ دڵی به‌رد بێت؟ دڵ له‌رووی فیسیۆلۆجیه‌وه‌ له‌ ماسولكه‌و گۆشت پێكهاتووه‌و له‌ هه‌ستیار ترین به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى زینده‌وه‌رانه‌و سه‌رچاوه‌ى ژیان‌و له‌ هه‌مان كاتدا دڵ له‌به‌رامبه‌ر عه‌قڵدا داده‌نرێت كه‌ ئه‌وی دووه‌میان به‌ مانای مێشك دێت كه‌ له‌گه‌ڵ دڵدا جۆرێك له‌ رێكه‌وتن له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ بۆ رێكخستنی ژیانی تاكه‌ كه‌س، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر كام له‌م دووانه‌ باڵاده‌ست بێت به‌سه‌ر ئه‌وى تریاندا ئه‌وا جۆرێك له‌ ناهاوسه‌نگی له‌ بوونی ئه‌و كه‌سه‌دا درووست ده‌بێت. به‌هه‌رحاڵ مه‌حوی دڵی ئه‌وی هاوشێوه‌كراو له‌گه‌ڵ ئاودا هاوشێوه‌ ده‌كات به‌ به‌رد‌و پێیشی وایه‌ دڵێك كه‌ وه‌كو به‌رد ره‌ق بێت ناشێت جێگای خۆشه‌ویستی تێدا بێته‌وه‌و ئه‌وه‌ش وای لێده‌كات كه‌ واهه‌ست بكات ئه‌و دڵه‌ له‌رووى ئه‌مدا داخراوه‌، بۆیه‌ ده‌گات به‌ جۆرێك له‌ بێ ئومێدبوون بۆ خۆشه‌ویستی ئه‌وى یاری له‌ ره‌گه‌زى ئاو. جگه‌ له‌وه‌ش ده‌شێ مه‌حوی له‌وه‌دا مافی خۆی بێت كه‌ دڵی ئه‌وی یار به‌ به‌رد هاوشێوه‌ بكات چونكه‌ له‌ ئاستیدا ناكرێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ مه‌حوی به‌ گشتی دڵ به‌ ره‌ق‌و بێبه‌زه‌یی وه‌سف ده‌كات كاتێ ده‌ڵێت: دڵ كیشوه‌ری به‌رده‌. له‌ پشتی ئه‌م بۆچوونه‌وه‌ ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ جیاوازییه‌ك له‌ ره‌گه‌زی پێكهێنه‌ری ئه‌وی یارو ئه‌می شاعیردا هه‌یه‌، ئه‌و له‌ ره‌گه‌زی ئاوه‌و ئه‌میش مرۆڤه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌ز پێكهاتووه‌ كه‌ ته‌نیا یه‌كێكیان ئاوه‌و له‌و به‌راوردكردنه‌شدا ده‌لاله‌تی هه‌ست به‌ به‌رزی كردنی ئه‌وی یار له‌به‌رامبه‌ر ئه‌می شاعیردا به‌رهه‌م دێت‌و ناراسته‌وخۆش له‌ ئاستێكی قوڵتری ده‌قه‌كه‌دا ئه‌وه‌ ده‌بینرێت كاتێ كه‌ ئه‌وی یار نایه‌ته‌ ناو چاوی ئه‌مه‌وه‌و ده‌رگای دڵیشی بۆ ناكاته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یار له‌ توخمی ئاوه‌و ئه‌وه‌ش وای لێده‌كات كه‌ خۆی به‌ به‌رزتر بزانێت‌و ده‌رگای وڵاتی دڵی له‌ رووی ئه‌مدا نه‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ هاوشانی خۆیی نازانێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ خۆشه‌ویستی نه‌ سنوور ده‌ناسێت‌و نه‌ جیاوازى كۆمه‌ڵایه‌تی‌و نه‌هیچ بنه‌مایه‌كی عه‌قڵی ده‌توانێت رێگای لێیگرێت چونكه‌ خۆشه‌ویستی‌و عیشق “هه‌ست” درووستكه‌رو رێكخه‌ریانه‌ نه‌ك عه‌قڵ‌و ئه‌و پێودانگانه‌ى تر كه‌ عه‌قڵ‌و هوشیاری رێكیان ده‌خه‌ن‌و ده‌یان جوڵینن‌و به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن.
-١٠-
ته‌پ‌و تۆزى غوباری دیم‌و رێگه‌ى گۆڕی‌و ده‌یوت
ده‌ترسم دامه‌نم ئاخر ببێ ئالوده‌ به‌م گه‌رده‌
ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی بینراوی ده‌قه‌كه‌دا سه‌یر بكه‌ین ئه‌وا ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م بۆچوونه‌ى له‌م دێره‌دا مه‌حوی لێی ده‌دوێت په‌یوه‌سته‌ به‌و بۆچوونه‌ى كه‌ له‌ دێڕی پێشتردا لێی دوابوو، پێشتر باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وى یار له‌ ره‌گه‌زى ئاوه‌و هه‌رگیز نایه‌ته‌ چاوی ئه‌مه‌وه‌و هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ دڵی یار به‌رده‌و هه‌رگیز ده‌رگا بۆ خۆشه‌وێستی ئه‌م ناكاته‌وه‌. لێره‌دا جارێكی تر باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وى یار كاتێ ته‌پ‌و تۆزى غوباری ئه‌می بینیووه‌ رێگای خۆیی گۆڕیووه‌و گوتوویه‌تی ده‌ترسێت گه‌ردی ئه‌م بئاڵێت له‌ دامێنیه‌وه‌ واته‌ به‌بێ ویستی خۆی سه‌رئه‌نجام ناچاربێت بچێته‌ چاوی ئه‌مه‌وه‌و ده‌رگای دڵیشی بۆ بكاته‌وه‌. لێره‌دا له‌سه‌ر زمانی شاعیره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌وی یار به‌ جۆرێك له‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری هه‌ڵوێست‌و خۆڕاگری خۆی ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر ئه‌می شاعیرداو ده‌ترسێت سه‌رئه‌نجام بكه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌مه‌وه‌و هه‌م بچێته‌ ناو چاوییه‌وه‌و هه‌م ده‌رگای دڵیشی بۆ بخاته‌ سه‌رپشت.
ده‌شێ له‌ ئاستێكی تردا به‌وجۆره‌ راڤه‌ى ئه‌م دێڕه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌وی یار وای ببینێت كه‌ ئه‌م كه‌سێكی نائاساییه‌و هه‌میشه‌ كێشه‌و ته‌نگ‌و چه‌ڵه‌مه‌ ده‌وری داوه‌، كاتێ ئه‌ویش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌یبینێت پشتی تێ ده‌كات‌و نایه‌وێت بئاڵێت له‌ كێشه‌و گرفته‌كانی ئه‌مه‌وه‌. ئه‌مه‌ش له‌ ئاستێكی قوڵتردا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێنێت كه‌ ئه‌وی یار كه‌سێكی خۆپارێزو خۆویسته‌و نایه‌وێت ته‌نانه‌ت له‌ كێشه‌و گرفتی كه‌سێكیشه‌وه‌ بئاڵێت كه‌ خۆشی ده‌وێت. هه‌رچه‌نده‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌ ئاستی بینراوو نه‌بینراوى ده‌قه‌كه‌دا نابینرێت كه‌ بیسه‌لمێنێت ئه‌و كه‌ شاعیر به‌ یار ناوى ده‌بات ئه‌می خۆش بوێت، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ وه‌كو پێشتریش ئاماژه‌مان بۆ كرد هیچ سنوورو به‌ربه‌ستێك ناتوانێت رێگا له‌ خۆشه‌ویستی بگرێت كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر به‌راستی ئه‌وی یار ئه‌می خۆشبوویستایه‌ ئه‌وه‌ نه‌ ده‌رگای دڵی لێ داده‌خست، نه‌ رووى لێ وه‌رده‌گێڕاو نه‌ له‌وه‌ش ده‌ترسا كه‌ دامه‌نی به‌ گه‌ردی تۆزى ئه‌و ئالوده‌ بێت. كه‌واته‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ مه‌حوی باسی خۆشه‌ویستیه‌ك ده‌كات كه‌ ئه‌م له‌ لای خۆیه‌وه‌ درووستی كردووه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ى ئه‌وی یار هه‌ست به‌ بوونی ئه‌م بكات.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌می شاعیر باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وى یار ته‌پ‌و تۆزى غوباری ئه‌می دیووه‌و رووى لێ وه‌رگێڕاوه‌. بێگومان لێره‌دا ده‌بێ له‌سه‌ر وشه‌ى غوبار رابووه‌ستین‌و بزانین ئایا ئه‌م وشه‌یه‌ كه‌ ناوه‌و به‌ هۆی وه‌سفكردنیه‌وه‌ له‌ رێگای وشه‌كانی ته‌پ‌و تۆزه‌وه‌ چی ده‌گه‌یه‌نێت‌و چ ماناو چ ده‌لاله‌تێك به‌رهه‌م دێنێت. له‌ راستیدا ته‌پ‌و تۆز‌و غوبار ئه‌گه‌ر له‌ رووكه‌شدا سه‌یریان بكه‌ین ئه‌وا ده‌شێ هه‌مان مانای غوبار خۆی بگه‌یه‌نن به‌ڵام لێره‌دا بۆ وه‌سفكردنی غوبار به‌كار هاتوون‌و ئه‌وه‌شمان له‌لا ئاشكرایه‌ كه‌ ته‌پ‌و تۆز وه‌كو فه‌زای پێش یان پاش رووداوی ترسناك، یان زریان‌و گه‌رده‌لول به‌كار دێن كه‌ خێرایی، یان ترسناكی‌و نائاسایی رووداوه‌كه‌ نیشان ده‌ده‌ن، غوبار خۆیشی ده‌شێ وه‌كو دالێك ده‌لاله‌تی ته‌مومژاوی بوون‌و نائاشكرایی هه‌ڵبگرێت. كاتێكیش كه‌ ئه‌می شاعیر خۆی به‌ غوبار ناوده‌بات له‌ ئاستی قوڵتردا ئه‌و ده‌لاله‌ته‌ به‌رهه‌م دێت كه‌ ئه‌م بوونێكی وه‌همی هه‌یه‌ له‌ روانینی ئه‌وی یارداو ئه‌و ناتوانێت وه‌كو بوویه‌كی به‌رجه‌سته‌ بیبینێت به‌ڵكو وه‌كو غوبار ده‌یبینێت كه‌ ده‌شێ لێره‌دا غوبار وه‌كو تارمایی یان ته‌نانه‌ت وه‌كو گه‌ردی په‌رش بوو لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وی یار نایه‌وێت ته‌نانه‌ت گه‌ردی ئه‌م بئاڵێت له‌ دامێنبه‌وه‌. هه‌ر لێره‌شه‌وه‌ ده‌شێ وه‌ها لێكبدرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وى یار وه‌ها سه‌یری بكات كه‌ ئه‌م گه‌ردو ته‌پ‌و تۆزى خاكه‌و جۆرێكه‌ له‌غوبارو كاتێ ئه‌م خه‌ریكه‌ بكه‌وێته‌ ناو ته‌پوتۆزى ئه‌و غوباره‌وه‌ رێگای خۆی ده‌گۆڕێت نه‌وه‌كو گه‌ردی ئه‌و ته‌پ‌وتۆزو غوباره‌ بئاڵێت له‌ دامێنیه‌وه‌و پیس یان ناشیرینی بكات. هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌ى پێشتر به‌هێز ده‌كات كه‌ یار دڵی له‌ ئاستی ئه‌مدا به‌رده‌و ده‌رگای داخراوه‌.
-١١-
ده‌بینم ئه‌هلی دڵ یا سه‌نگه‌ساره‌، یا له‌سه‌ر داره‌
دیاری عیشق، ئه‌گه‌ر ساغت ده‌وێ، هه‌ر داره‌ هه‌ر به‌رده‌
لێره‌دا مه‌حوی خۆی له‌ ده‌قه‌كه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌و وه‌كو چاودێر قسه‌ ده‌كات‌و له‌ باره‌ى ئه‌هلی دڵ‌و دیاری عیشقه‌وه‌ دوێت‌و له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان قسه‌ى خۆیی هه‌یه‌. ره‌نگه‌ جێگه‌ى خۆی بێت وه‌هایشی لێكبده‌ینه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى كه‌ مه‌حوی لێره‌دا وه‌ری گرتووه‌و هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌هلی دڵ‌و نایشیه‌وێت دیاری عیشقی به‌ر بكه‌وێت ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت كه‌ نه‌یه‌وێت رووبه‌ڕووى ئه‌و ده‌رئه‌نجامانه‌ بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌هلی دڵ ده‌بێ چاوه‌ڕوانیان بكات، یان نه‌یه‌وێت دیاری عیشقی به‌ر بكه‌وێت. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌شی له‌ ئه‌نجامی تێگه‌یشتنه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر سه‌یری كۆی ئه‌زموونی شیعری مه‌حوی بكه‌ین ئه‌وا ده‌بینین عیشق‌و دڵداری هاوشانن له‌گه‌ڵ ئێش‌و ئازارو ده‌رده‌سه‌ری‌و ئه‌گه‌ر خۆشی‌و ئاسووده‌ییه‌كیشی له‌ عیشق وه‌رگرتبێت ئه‌وه‌ له‌ عیشقی خودایی‌و له‌ ته‌سه‌وف‌و زوهد وه‌ریگرتووه‌ نه‌ك له‌ عیشقی ئه‌وی یار واته‌ ئه‌وی ئافره‌ت.
ئه‌م ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چاره‌نووسی ئه‌هلی دڵ چاره‌نووسێكی باش نییه‌، دیاره‌ مه‌به‌ستیش له‌ ئه‌هلی دڵ له‌ لایه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ خه‌ریكی عیشق‌و دڵدارین، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ كاتێ دڵ وه‌كو سه‌رچاوه‌ى حه‌زو ئاره‌زووه‌ دنیاییه‌كان داده‌نرێت، ئه‌وا ئه‌هلی دڵ ئه‌وانه‌ن كه‌ هه‌میشه‌ به‌ دوای حه‌زووه‌ ئارزووه‌ دنیاییه‌كانیاندا ده‌ڕۆن واته‌ مه‌به‌ست له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ بڕوایان به‌ دنیاپه‌رستی هه‌یه‌و ژیان‌و هه‌موو شتێكیان له‌ پێناوى خۆشیه‌كانی ئه‌م دنیادا ده‌وێت‌و، ته‌نیا بۆ ئه‌م دنیا ده‌ژین. ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ش چاره‌نووسێكی باش چاوه‌ڕوانیان ناكات چونكه‌ به‌ روانینی مه‌حوی، یان سه‌نگه‌سار ده‌كرێن، یان له‌ سێداره‌ ده‌درێن، كه‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ش هه‌ر بریتین له‌ جۆرێك له‌ سزادان، دیاره‌ ئاشكرایه‌ سزا له‌ به‌رامبه‌ر تاواندا داده‌نرێت، كه‌واته‌ لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ سه‌رهه‌ڵده‌دات، ئایا ده‌شێ مه‌حوی وای بۆبچێت، چوونه‌ ریزى ئه‌هلی دڵ، یان چوونه‌ ریزی عاشقان تاوان بێت؟ یان مه‌به‌ستی مه‌حوی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆدانه‌ ده‌ستی ئاره‌زووه‌ دنیاییه‌كان‌و عاشق بوون جگه‌ له‌ ئازارو كوێره‌وه‌ری‌و به‌دبه‌ختی زیاتر هیچی تر بۆ مرۆڤ به‌رهه‌م ناهێنن.
هه‌روه‌ك ده‌شێ له‌ روانگه‌یه‌كی ئایینیشه‌وه‌ راڤه‌ی بۆچوونی مه‌حوی له‌م ده‌قه‌دا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌هلی دڵ بكرێت. بێگومان له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ویسته‌ دنیاییه‌كان ته‌نیا له‌ سنووری حه‌ڵاڵدا جێگایان ده‌بێته‌وه‌و هه‌ر شتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى حه‌ڵاڵ بێت قه‌ده‌غه‌و رێگا پێنه‌دراوه‌و له‌ تێڕوانینی ئاینیانه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی ئایینی ئیسلام تاوانه‌و به‌ پێی جۆری تاوانه‌كه‌ش سزای له‌به‌رامبه‌ردا دانراوه‌ به‌ تایبه‌تی سزای رۆژی دواین. هه‌ر بۆیه‌ ده‌شێ مه‌به‌ستی مه‌حوی له‌وه‌ی كه‌ ئه‌هلی دڵ سه‌نگه‌سار بێت یان له‌ سێداره‌ بدرێت، سزای رۆژی دوایین بێت. هه‌روه‌ك پێیشی وابێت ئه‌وه‌ى عیشق پێشكه‌شی ده‌كات جگه‌ له‌ ئازارو ده‌رده‌سه‌ری هیچی تر نه‌بێت چونكه‌ وڵاتی عیشق وڵاتێكی وشك‌و بێبه‌رهه‌مه‌و كۆشش كردن تیایدا هیچ به‌رهه‌مێك مسۆگه‌ر ناكات بێجگه‌ له‌ ده‌رده‌سه‌ری.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ روانگه‌یه‌كی تره‌وه‌ سه‌یر بكه‌ین ئه‌وا وای لێكده‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌ ناشێت مرۆڤ به‌ بێ ماندوبوون‌و هه‌روا به‌ ئاسانی بتوانێت هه‌موو حه‌زو ویسته‌ دنیاییه‌كانی جێبه‌جێ بكات‌و هه‌روا به‌ ئاسانی بگاته‌ لوتكه‌ى دنیا په‌رستی‌و وه‌كو پاشای ئه‌و ته‌خته‌ شانی لێدابدات‌و به‌ ئارامی چۆن دڵی ئاره‌زوو ده‌كات به‌و شێوه‌یه‌ ره‌فتار بكات. بێگومان ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌روا به‌ ئاسانی‌و بێ گێرمه‌و كێشه‌ له‌ نێو ئه‌و واقیعه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كه‌لتورییه‌دا كه‌ ده‌قه‌كه‌ی تێدا به‌رهه‌م هاتووه‌، كه‌س ناتوانێت ئازادانه‌و بێ به‌ربه‌ست چۆنی ده‌وێت به‌وجۆره‌ دنیاپه‌رستی خۆی بكات. دیاره‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا دیسان ئه‌گه‌ر دنیاپه‌رستی ‌و شوێن كه‌وتنی ئاره‌زووه‌كانی دڵ بێ ئازارو ده‌رده‌سه‌ری نه‌بێت، ده‌بێ به‌ باشی ئه‌وه‌ بزانین كه‌ عیشق له‌ خۆیدا بریتیه‌ له‌ وازهێنان له‌ خۆ له‌ پێناوى ئه‌وی تردا، واته‌ كارێك له‌سه‌ر بنه‌مای خۆنه‌ویستی‌و دنیا نه‌ویستی‌و قوربانیدان بینا كراوه‌، ئه‌وه‌ش ناشێت به‌ بێ ماندووبوون‌و ئازارو زه‌حمه‌ت بگاته‌ ئه‌نجام. كاتێ مه‌حوی له‌سه‌ره‌وه‌ ده‌وه‌ستێت‌و به‌وجۆره‌ باسی دنیاپه‌رستی‌و دیاری عیشق ده‌كات‌و ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت ئه‌و به‌ دوای دنیایه‌كدا ناڕوات كه‌ كۆتاییه‌كه‌ی دیاره‌و نایه‌وێت له‌ پێناوى ئه‌و دنیایه‌دا له‌ سێداره‌ بدرێت، هه‌روه‌ك ناشیه‌وێت به‌ عیشقێكه‌وه‌ خه‌ریك بێت كه‌ مایه‌ی سه‌رئێشه‌یه‌و ئه‌وی یاریش جارێك ئاوه‌و له‌ چاوی ئه‌مدا به‌رجه‌سته‌ نابێت‌و جارێكی تریش ده‌رگای دڵی خۆی بۆ ئه‌م ناكاته‌وه‌ چونكه‌ دڵی له‌ توخمی به‌رده‌و هه‌ست‌و سۆزى خۆشه‌ویستی‌و عیشق ناناسێت. لێره‌دا مه‌حوی له‌ ئاستی نه‌گوتراوی ده‌قه‌كه‌دا ده‌یه‌وێت لایه‌نگری خۆی بۆ دنیاپه‌رستی‌و عیشقێكی تر رابگه‌یه‌نێت كه‌ عیشقی خوداو رۆحی باڵایه‌ كه‌ دنیایه‌كی خاوێن‌و به‌رزه‌و ئومێدی ئاینده‌یه‌كی بێ كۆتای پڕ له‌ ئاسووده‌یش ده‌به‌خشێت.
-١٢-
له‌ باغی سێو ‌و به‌ى دا باسی روخسار‌و چه‌نه‌ى كه‌ی بوو
خه‌جڵ ما سێو ‌و، به‌ى ترسا، كه‌وا ئه‌و سووره‌، ئه‌م زه‌رده‌
شاعیر خۆی له‌ ده‌سته‌ى ئه‌هلی دڵ په‌رت ده‌كات‌و له‌ هه‌مان كاتیشدا له‌ وه‌سفكردنی دیاری عیشقدا خۆی له‌ عاشقبوونیش دوور ده‌خاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رنجراكێش دێته‌وه‌ سه‌ر وه‌سفكردنی ئه‌وى یار، هه‌رچه‌نده‌ راسته‌خۆ ئه‌وه‌ نادركێنێت كه‌ تا چ ئاستێك په‌رۆشی ئه‌وى یاره‌، به‌ڵام به‌ ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت كه‌ به‌ سه‌رسامبوون‌و جۆرێك له‌ په‌رۆش بوونه‌وه‌ باسی ده‌كات. هه‌روه‌ك له‌و سه‌روبه‌نده‌شدا رووخسارو چه‌ناگه‌ی یار به‌راورد ده‌كات به‌ سێو‌و به‌ به‌ی‌و له‌و به‌راورد كردنه‌شدا، دیاره‌ رووخسارو چه‌ناگه‌ى ئه‌و ده‌یبه‌نه‌وه‌ چونكه‌ له‌ ئاستی رووخساری جوانی ئه‌ودا سێو له‌ ناو باخدا شه‌رمه‌زار بوو، رووى سوور هه‌ڵگه‌ڕا، هه‌روه‌ك به‌ی كاتێ كه‌ به‌راورد ده‌كرێت به‌ چه‌ناگه‌ى ئه‌و كه‌ هاوشێوه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر جوانی چه‌ناگه‌ى ئه‌ودا، ره‌نگی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕا.
ئه‌وه‌ى ئاشكرایه‌ له‌ به‌راروردكردنی توخم‌و ره‌گه‌زه‌كانی سرووشتدا له‌گه‌ڵ جوانی ئافره‌تدا، زۆربه‌ی كات به‌شه‌كانی جه‌سته‌ی ئافره‌ت به‌راورد یان هاوشێوه‌ كراون به‌ ره‌گه‌زه‌كانی سرووشت بۆئه‌وه‌ى ئاستی جوانی به‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ئافره‌ت ده‌ربكه‌وێت، یان نیشان بدرێت، به‌ڵام هه‌میشه‌ توخم‌و ره‌گه‌زه‌كانی سرووشت كراون به‌ پنتی جێگیرو به‌شه‌كانی جه‌سته‌ی ئافره‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وان هاوشێوه‌ كراون، كه‌واته‌ ره‌گه‌زه‌كانی سرووشت وه‌كو سه‌رچاوه‌ سه‌یر كراون‌و یه‌شه‌كانی جه‌سته‌ى ئافره‌تیش له‌ رێگای هاوشێوه‌كردنیانه‌وه‌ به‌و ره‌گه‌زانه‌ى سرووشت جوانیه‌كانیان نیشان دراوه‌. به‌ڵام لێره‌دا سێوو، به‌ى كه‌ دوو ره‌گه‌زى جوانی سرووشتن كاتێ به‌راورد ده‌كرێن له‌گه‌ڵ رووخسارو چه‌ناگه‌ى یاردا ئه‌وا توخمه‌كانی سرووشت له‌ چاو جوانی رووخسارو چه‌ناگه‌ى یاردا هیچ ئاماده‌بوونێكیان نابَت. ئه‌مه‌ش له‌ راستیدا ده‌مانگێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ى كه‌ كامیان ئه‌سڵ‌و كامیان وێناكردنه‌وه‌ن، واته‌ به‌ روانینی ئه‌فلاتونیانه‌ جوانی مرۆڤ لاسای كردنه‌وه‌، یان وێناكردنه‌وه‌ى جوانی سرووشته‌، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌؟ دیاره‌ جوانی‌و هارمۆنیای سرووشت هه‌میشه‌ ئه‌سڵن ‌و هه‌موو جوانی‌و هارمۆنیاكانی تر له‌وه‌وه‌ وه‌رگیراون، به‌ڵام مه‌حوی ئه‌م لۆجیكه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌و جوانی ئافره‌ت ده‌كات به‌ یه‌كه‌م‌و ره‌گه‌زو توخمه‌كانی سرووشتیش له‌ دوای ئه‌وه‌وه‌ دێن.
ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌، سێو ئه‌و میوه‌یه‌ كه‌ حه‌وا توانی ئاده‌می پێ فریوبدات‌و سه‌رئه‌نجام بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ به‌هه‌شت بخرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ون به‌ پێی ئه‌و چه‌مكه‌ ئه‌فسانه‌یه‌ش درووست بوونی مرۆڤایه‌تیش به‌رهه‌می ئه‌و فریودانه‌، یان ئه‌و گوناهه‌یه‌. هه‌روه‌ك سێو له‌ لێكدانه‌وه‌ى هێماكاندا ئاماژه‌ به‌ ئه‌ندامی جووتبوونی مێینه‌ ده‌كات، ده‌شێ له‌ رووی به‌ئاگاییه‌وه‌ مه‌حوى بۆچوونێكی له‌م جۆره‌ى نه‌بووبێت تا له‌ ده‌قه‌كه‌دا به‌رجه‌سته‌ى بكات، هه‌روه‌ك نه‌یتوانیووه‌ په‌یوه‌ندی سێو‌و ئه‌فسانه‌ى فریودانی ئاده‌م بكاته‌ ره‌گه‌زی به‌رهه‌مهێنانی ده‌قه‌كه‌ی كه‌ ده‌شیا ببوایه‌ته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ زیاتر فراوانكردنی مه‌ودای خه‌یاڵ له‌ ده‌قه‌كه‌داو هه‌روه‌ها فه‌زای ئه‌فسانه‌یی رۆڵی دیاری ببینیایه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانی جیهانبینی ده‌قه‌كه‌و به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌تدا. به‌ڵام ده‌شێ له‌ رووبه‌ری نه‌ست یان نائاگای ئه‌ودا جۆره‌ دژایه‌تی كردنێك یان خۆش نه‌ویستنێك بۆ سێو هه‌بوو بێت كه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ بووه‌ باپیره‌و داپیره‌مان یه‌كه‌مین گوناه بكه‌ن‌و به‌رهه‌می ئه‌و گوناهه‌ش له‌ ده‌ستچوونی به‌هه‌شت‌و درووستبوونی هه‌موو مرۆڤایه‌تی بێت، سێوێك كه‌ بوو بێت به‌ هۆكاری فریودان ده‌شێ ئێستا له‌ لای زاهید‌و سۆفیه‌كی وه‌كو مه‌حوی هه‌میشه‌ شه‌رمه‌زارو سوورهه‌ڵگه‌ڕاو بێت‌و هه‌میشه‌ش له‌ دوای جوانی‌و رووخساری یاره‌وه‌ بێت، ده‌شێ لێره‌دا وشه‌ى به‌ى ته‌نیا بۆ مه‌رامی كێش‌و پێداویستی به‌رهه‌مهێنانی شیعریه‌ت ‌و بۆ جوانی به‌خشینی زیاتر هاتبێت، ئه‌گینا ته‌نیا له‌ رێگای به‌كارهێنانی سێوه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ شیعریه‌كه‌و به‌راوردی جوانی رووخساری یارو سێو ئاشكرا ده‌بێت كه‌ جوانی رووخساری یار یه‌كه‌مه‌و جوانی توخمه‌كانی سرووشتیش وێناكردنه‌وه‌ى ئه‌ون.
-١٣-
ئه‌گه‌رچی من گه‌دام، ئه‌و شا، له‌ عورفی عیشقدا “مه‌حوی”
به‌سه‌ نیسبه‌ت له‌ به‌ینا، من سیابه‌خت، ئه‌و سیاچه‌رده‌
مه‌حوی باسی جیاوازى ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان خۆی‌و یار ده‌كات‌و وای نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌م خۆی له‌ ئاستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی زۆر نزمدایه‌و ئه‌وى یاریش له‌ به‌رزترین ئاستدایه‌. به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وه‌شی له‌لا روونه‌ كه‌ له‌ ئادابی عیشقدا وه‌كو پێشتریش باسمان كرد شتێك نییه‌ به‌ ناوى ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاستی چینایه‌تی چونكه‌ یاساكانی عیشق ئه‌و یاسایانه‌ نین كه‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ته‌نانه‌ت عه‌قڵ رێكیان ده‌خات و خۆشه‌ویستی پشت به‌ هه‌ست ده‌به‌ستێت نه‌ك به‌ عه‌قڵ‌و هیچ پێوانه‌یه‌كی تر. به‌ڵام مه‌حوی به‌م جۆره‌ سه‌یری خۆشه‌ویستی ناكات به‌ڵكو به‌ دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت كه‌ رووبه‌رێكی تر بۆ درووستكردنی خۆشه‌ویستی‌و په‌یوه‌ندی له‌ نێوان خۆی‌و یاردا بدۆزێته‌وه‌ كه‌ تیایدا جیاوازى كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ هێند وه‌رنه‌گیرێت. بێگومان پێده‌چێت ئه‌و جیاوازییه‌ش ته‌نیا مه‌حوی له‌ خه‌یاڵیدا درووستی كردبێت، هه‌ر بۆیه‌ به‌ خۆی ده‌ڵێت به‌سه‌ نیسبه‌ت له‌ به‌ینا.
به‌هه‌رحاڵ مه‌حوی ده‌یه‌وێت یه‌كسانی‌و هاوشانی له‌ نێوان خۆی‌و یاردا درووست بكات به‌و ئومێده‌ى زه‌مینه‌ بۆ عیشقبوون له‌ نێوان خۆی‌و یاردا بسازێنێت. ئه‌ویش به‌ هاوشێوه‌كردنی به‌ختی خۆی‌و پێستی یار كه‌ هاردووكیان سیان واته‌ ره‌شن. دیاره‌ لێره‌دا مه‌حوی ناره‌زایی له‌ به‌ختی خۆی ده‌رده‌بڕێت كاتێ به‌ ره‌ش وه‌سفی ده‌كات. له‌ هه‌مان كاتیشدا له‌ بری ئه‌وه‌ى پێست‌و رووخساری یار به‌ هه‌ر ره‌نگێكی تر وه‌سف بكات، به‌ ره‌نگی ره‌ش وه‌سفی ده‌كات، له‌ كاتێكدا ئێمه‌ ده‌زانین ره‌نگی ره‌ش له‌و زه‌مینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌دا كه‌ ده‌قه‌كه‌ى تێدا به‌رهه‌م هاتووه‌ ره‌نگێكی زۆر دڵگیر نییه‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ له‌ گۆرانی‌و له‌ فرلكلۆری كوردیدا ره‌نگی ئه‌سمه‌ر بایه‌خێكی زۆری پێدراوه‌، به‌ڵام ره‌نگی ره‌ش له‌ كه‌لتوری ئێمه‌دا ته‌نیا بۆ جوانی وه‌سفكردنی خاڵ یان باشتر بڵێین خاڵی سه‌ر روومه‌تی یار به‌كارهاتووه‌و بێجگه‌ له‌وه‌ بۆ وه‌سف جوانی ئه‌و ره‌نگه‌ به‌كار نایه‌ت.
به‌ هه‌رحاڵ ده‌شیا مه‌حوى سه‌رباری ئه‌وه‌ى كه‌ باسی جیاوازى ئاست‌و پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی‌و یار ده‌كات‌و ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش بێت كه‌ له‌ روانینی مه‌حوییه‌وه‌ یاری له‌ مرۆڤی ئاساییه‌وه‌ كردبێته‌ یه‌كێك له‌ توخمه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی پێكهاتنی گه‌ردوون كه‌ ئاوه‌، هه‌ر ئه‌و جیاوازییه‌ش هۆكار بووبێت بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ وێنه‌ى یار له‌ چاوى ئه‌مدا به‌رجه‌سته‌ نه‌بێت‌و ده‌رگای دڵی یار له‌ رووى ئه‌مدا داخرابێت‌و ڤیزه‌ى چوونه‌ ناو ئه‌و وڵاته‌ى پێنه‌درێت كه‌ وڵاتی دڵی یاره‌و له‌وێشدا ده‌بێ به‌ پێی رێساو ئادابی عیشق‌و خۆشه‌ویستی هه‌موو شتێك رێك بخرێت، ده‌شیا مه‌حوى له‌ بری باسی خودی ئه‌و جیاوازییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌و له‌ بری ئه‌و تاكه‌ بنه‌مایه‌ش كه‌ به‌ هۆكاری لێكتر نزیكبوونه‌وه‌ى خۆی‌و یاری داده‌نێت كه‌ هاوشێوه‌بوونی به‌ختی خۆی‌و پێستی یاره‌ كه‌ هه‌ردووكیان ره‌شن، ده‌شیا چه‌ندین بنه‌مای تری ئینسانی بدۆزیایه‌یه‌ته‌وه‌ بۆ درووستبوونی خۆشه‌ویستی له‌ نێوان خۆی‌و یاردا كه‌ وه‌كو دوو مرۆڤ چه‌ندین په‌یوه‌ندی گرنگ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، كه‌ ده‌شێ خۆشه‌ویستیش له‌ سنووری ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ مرۆییانه‌دا سه‌رهه‌ڵبدات‌و درووست ببێت كه‌ بزوێنه‌رو درووستكه‌ره‌كه‌ی هه‌ست‌و سۆزه‌و په‌یڕه‌وى هیچ بنه‌مایه‌كی عه‌قڵ‌و به‌رنامه‌ بۆ دانان‌و خۆ بۆ ئاماده‌كردن ناكات‌و مل كه‌چی هیچ یاسایه‌كیش نابێت كه‌واته‌ له‌م روانگه‌یه‌وه‌ ده‌توانین بلێین هه‌ستی خۆشه‌ویستی راستترین‌و خاوێنترین هه‌ستی مرۆییه‌ كه‌ بێ گوێدانه‌ هیچ به‌ربه‌ستێك‌و دوور له‌ دیسپلین‌و رێكخستن‌و به‌رنامه‌ بۆ دانان درووست ده‌بێت‌و ده‌جوڵێت‌و ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر مرۆڤدا ده‌كات‌و به‌ پێی یاسا تایبه‌تیه‌كانی خۆی ده‌یجوڵێنێت كه‌ له‌ راستیدا ئه‌و یاسایانه‌ش ته‌نیا له‌ سنووری عیشق‌و ئادابی عیشقدا شوێنیان ده‌بێته‌وه‌.




شیعری شەرابی لای لی بای.. پێشەوا کاکەیی

لەم گوتارەدا باس لە شیعرەکانی تایبەت بە شەراب دەکەین کە لە لایەن [لی بای]ـەوە نووسراوە. ئەو شاعیرە ژمارەیەکی زۆر شیعری لەبارەی شەرابەوە وەک تەوەر و ناوەرۆک خوڵقاندووە. ئەم شیعرانە بریتین لە: [ستاییشکردنی باری دەروونی شاعیر، ڕوونکردنەوەی ئایدیاڵە سیاسییەکانی شاعیر، لێکدانەوەی بیروباوەڕی ئایینی شاعیر]، لە ڕێگەی «شیعرە شەرابییەکان»ـەوە کە شاعیر نووسیویەتی، دەتوانین تێگەییشتن لە شێوازی هونەری و هونەری شاعیر و تایبەتمەندییەکانی و هتد… بە دەسی بهێنین.
لی بای، نزیکەی (٢٤٣) شیعری پەیوەندیدار بە شەرابەوە نووسیوە، وەک [«شەراب»، «خواردنەوەی شەراب»، «خواردنەوە» و «سەرخۆشی/ مەستی» کە نزیکەی ١/٤ شیعری لی بای پێک دەهێنن. شیعرەکانی وەک «دەچێتە ناو شەراب» و «خواردنەوە بە تەنیا لەژێر مانگدا» باس لە هەستی دەوڵەمەندی ژیانی لی بای دەکەن. لی بای بە دوای ئارەزووە فراوانەکانی خۆیدا دەگەڕێت لە ڕێی شەرابەوە.
لی بای، ڕۆحی جوانیناسی شیعرەکانی جێگای ستاییشە. لە دەستکەوتە هەبووەکاندا، لە شیعری ئەو شاعیرەدا، «شەرابی باش»ـی خۆش ویستووە، هەروەها شیعری خواردنەوەی زۆر نووسیوە. لێرەدا لە لایەنی لیریکی ڕۆمانسی و شێوازی هونەری و تایبەتمەندییە مۆسیقییەکانی شیعری شەرابی لی بای بەر باس دەدەم کە لە ڕێگەی وێنەسازی شەرابەوە دەگەیەنرێت.

شێوازی هونەریی «شیعری شەراب»ـی لی بای
لی بای نوێنەری شاعیری لیریکە، سەرنجی لەسەر شیعری لیریکییە، بەڵام شیعرە شەرابییەکانی هێشتا سیفەتی ناوازەی سرووشتی خۆی هەیە؛
شیعرە شەرابییەکانی لی بای بە شێوازی هەمیشە گۆڕاو دەربڕراوە. کارەکتەری لی بای بوێر و بێ ڕێگرییە، بە دەگمەن شیعری شەراب بە پێی مەرجی بەیتە ئاساییەکان درووست دەکات، ژمارەی شیعری ڕێکخراو لە بەرهەمەکانیدا زۆر سنووردارە، دیاردەی دژە ڕێکخستنیش زۆر باو و ئاساییە. لی بای زۆرتر حەزی لە درووستکردنی شیعری یوێفوو و شیعری شێوازی کۆنە، چونکە نەخشی ڕستەکانیان بەقەد چوارگۆشەی شیعرە ڕێکخراوەکان ڕێکوپێکی داڕێژراو نین و درێژی شیعرەکان دەتوانن یان درێژ یان کورت بن. لەناو بەرهەمەکانی لی بایدا، ژمارەی شیعرەکانی یوێفوو لە ڕادەبەدەر زۆرن و دەستکەوتەکانیشی گەورەترینن. گرنگ نییە لە شێوە و ناوەرۆکدا، شیعرەکانی یوێفووی لی بای بە ناونیشان و وشەکانی ڕەسەن سنووردارن، بەڵام لە هەوا/ ڕیتم و بارودۆخ و زمان و هتد… داهێنانی هەیە، بەتایبەت لە هەوا/ ڕیتمدا، شوێن پێویستییەکانی هەست و سۆزی ناوەوە دەکەوێت بۆ ئەوەی هەواکە بە وردی ڕێک بخات. بیرۆکەکە ڕۆمانە کە زۆر لەگەڵ پێوەرە جوانکارییەکانی شیعردا دەگونجێت. بۆ نموونە لە «جیانجینجیوو»دا سەرەتا سێ وشە بۆ پێشەنگایەتی و حەوت وشە بۆ پەیوەستکردن بە کار دەهێنرێت و حەوت وشەکەیش هەوای چوار و سێ بە کار دەهێنن بۆ دەنگدانەوە بۆ پێش و دواوە لەگەڵ سێ وشەی یەکەمدا، ئەمەیش هەستێکی گشتی بە گەورەیی بە مرۆڤەکان دەبەخشێت. دواتر چەند ڕستەیەکی حەوت بزوێنی پەیڕەو دەکرێت بۆ ئەوەی دەقی تەواو هەستێکی بەهێزی هەوایی هەبێت و بە وردی هەستەکان دەرببڕێت، لە کۆتاییدا تێکەڵەیەک لە ڕستەی [سێ و پێنج و حەوت] بزوێن بە کار دەهێنرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی بخوێنرێتەوە و هەستێکی بەهێزی هەبێت بۆ نەخشەی ئەم ڕستە جیاوازەی کە لە شیعرەکانی تری یوێفوو ناتوانرێت بەراورد بکرێت.
زمانی شیعرە شەرابییەکانی لی بای گرنگی بە لێهاتوویی زانستی ڕەوانبێژی دەدات و هونەرییە ڕەوانبێژییە زیادەڕەوییەکان تا ڕادەیەک لای باون. لی بای، زۆر زیادەڕۆیی لە زمانی ڕەسەنێتییدا دەکات لە ساتییشی مەیدا. چەندین جار ڕستەی ڕەوانبێژی بە کار دەهێنێت بۆ بەهێزکردنی هەستەکان. بۆ نموونە خەم و تووڕەیی ئەو شاعیرە بەرجەستە دەکات کە چەندین جار لێی دراوە و وێران بووە. شیعری «خەم دێت» جۆرێک لە جوانییەکی تراژیدی و تاریکی نیشان دەدات.

تایبەتمەندییە مۆسیقییەکانی شیعری شەرابی لی بای
جۆری مۆسیقای شاعیر کاریگەرییەکی قووڵی هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو شیعرانەی دەینووسێت ئاسانن بۆ چێژوەرگرتن یان نا. لی بای لە زێدی گۆرانی و سەماکردندا ژیاوە، کە ڕەنگە بنەمایەک بۆ تایبەتمەندییە مۆسیقییەکانی شیعری شەرابی شاعیرەکە دابین کردبێت. شیعرەکانی لی بای هەموویان لە شیعرە شەرابییەکانیدا ڕەنگ دەدەنەوە و ئەم تایبەتمەندیانەیش بە تەواوی هەمان تایبەتمەندییەکانی مۆسیقان، بۆیە چێژوەرگرتن لە شیعرەکانی لی بای ئاسانترە. شیعر مەیلی ئاخاوتنی هەیە، ئەمەیش وادەکات مرۆڤی ئاسایی تێبگەن و فێربن و بیگوازنەوە، جگە لەوەیش شیعرەکانی لی بای کورت و پوختن، بە جۆرێک گرنگ نییە مۆسیقاژەنەکانی خزمەتی دەربار یان حوکوومەت یان مۆسیقاژەنەکانی ژیان لەناو خەڵکدا هەموویان حەز دەکەن شیعرەکانی لی بای هەڵبژێرن دێنە سەر دەنگی و دەگوترێنەوە. جگە لەوەیش زمانی شیعرەکانی لی بای لە درووستکردنی ڕێکوپێکی زمانی ناوازە لە هەوا جۆراوجۆرەکانی وەک ڕێکوپێکی و پشێوی، پوختی و دووبارەکردنەوە، خاوبوونەوە و خێرایی، کە شیعرەکانی لی بای جێگر و ئاسانن بۆ خوێندنەوە، باشە؛ ئەمەیش دەبێتە هۆی دابینکردنی ڕێگەیەکی گونجاو بۆ ئەوەی شیعرەکانی لی بای بچنە ناو مۆسیقاوە.
شیعری شەرابی لی بای موزیکییە و دەتوانرێت بخوێنرێتەوە و بگوترێتەوە، کەواتە چۆن ئەم شێوازەی خوێندنەوە و گۆرانی گوتنە بڵاو کردەوە؟ شیعر و موزیکەکانی لی بای لە سەردەمی شانشینی تانگدا بە دوو شێوە بڵاو بوونەوە؛ یەکێکیان لە ڕێگەی خوێندنەوە و گۆرانی گوتنەکەی شاعیرەوە بوو، ئەوی دیکەیان لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ گەیشا (ئاماژە بە مۆسیقاژەنە فەرمی و فۆلکلۆرییەکان کە لەو سەردەمەدا خەریکی مۆسیقای دەنگی بوون). بەرهەمهێنانەوەی شیعرە کۆنەکان بە شێوەی مۆسیقا بە کۆی دەنگ لە لایەن مامۆستایان و قوتابیانی قوتابخانەکان و هەروەها شارەزا و زانایانی پەیوەندیدارەوە ستاییشی کراوە، ئەم شێوە لەبارە بۆ قبوڵکردنی ئەنجامدەران و قەدرزانان، تێگەییشتنێکی قووڵتر لە کولتووری شیعری درێژخایەنی نەتەوەی چین ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە میراتگرتنی کڕۆکی کولتووری چینی. لە تایبەتمەندییە مۆسیقییەکانی شیعری لی بای دەردەکەوێت کە ئەو شاعیرە لە زێدی ڕۆمانسی مۆسیقا و شیعردا ژیاوە، لە خوێنی شاعیراندا، تایبەتمەندی مۆسیقای ئۆنتۆلۆژیی ئەو شاعیرە، شیعرەکانی شەراب دیارە. جگە لەوەیش شیعرەکانی بوونەتە بابەتی خوێندنەوەی خەڵک و نەخشەی مۆسیقاژەنان بۆ ئاوازدانان بۆ مۆسیقا لە سەردەمی بوونی شاعیر و نەوەکانی دواتردا، بە شێوەیەکی بەرفراوان لەناو خەڵکی ئاساییدا سووڕاوەتەوە.

شوێنپێ: قەڵادزێ
تەممووزی ٢٠٢٣




هۆکاری ڕاگرتنی گەشتی ئاسمانی سلێمانی بۆ تورکیا.. عوسانی حاجی مارف

تورکیا لەلایەک گوشارەکانی لەسەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان زیاد دەکات و لەلایەکی ترەوە پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ هەسەدە ئیدانە دەکات. هەروەها دوای ئەوەی هێلیکۆپتەرێکی هەڵگری چەکدارانی کوردی سوریا لە ٢٦ی ئازار لە شاری دهۆک کەوتە خوارەوە، تورکیا سەرجەم گەشتە ئاسمانیەکانی لە سلێمانیەوە بۆ تورکیاو بە ئاسمانی تورکیا بۆ دەرەوە قەدەغەکرد، بەهۆکاری ئەوەی یەکێتی ڕێگە بە ئەندامانی (هەسەدە) دەدات کە فڕۆکەخانەکانی بەکاربهێنن.
ئەم پەیوەندیەی نێوان یەکێتی و هەسەدە، بۆتە مایەی پەرچەکرداری حکومەتی تورکیا بۆ ڕەخساندنی دۆخی بارگرژی لە سەر ناوچەکانی سلێمانی. ئەوەی جێگای بیر هێنانەوەیە، کاتی خۆی لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠١٩ تورکیا گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ سلێمانی قەدەغە کرد بەو گومانەی کە یەکێتی پشتیوانی پەکەکە دەکات، بەڵام دوای ئەوەی یەکێتی هەڵمەتێکی بەرفراوانی دژ بە چالاکییەکانی پەکەکە نیشانداو نووسینگەیەکی داخست، تورکیاش دەرگای گەشتەکانی بۆکردنەوە. ئەم پەیوەندیەی یەکێتی لەگەڵ پەکەکە و هێزە کوردیەکانی سوریا زیاتر بەدەوری لاهور جەنگی، کە پێشتر بەڕێوەبەری هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی و دەزگای زانیاری بوو، دەناسرایەوە. ناوبراو کاتی خۆی سەردانی هێزە کوردیەکانی سووریای کردبوو و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیانەوە بە ئاشکرا لاهور پشتیوانی خۆی بۆ ئەو هێزانە نیشان دەدا. هەربۆیە دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەردۆغان بەدوای کوشتنی لاهورەوەیە! بەڵام پەیوەندی نێوان یەکێتی و هەسەدە، پەیوەندیەکی شەخسی لاهور جەنگی نەبوو، بەڵکو پەیوەندی نێوان یەکێتی و هەسەدە بوو. بافل تاڵەبانیش لە مانگی کانوونی دووەمی٢٠٢٢دا یەکەم سەردانی بۆ لای لایەنە کوردیەکانی سوریا ئەنجام داو چاوی بە بەرپرسانی باڵای هەسەدە کەوت. پاش ئەوەی لاهوریش لە سەرکردایەتی یەکێتی وەلاخرا، بۆ تورکیا ئاشکرابوو کە بافل و سەرکردایەتی یەکێتی بەردەوامی بەهەمان پەیوەندی لەگەڵ هەسەدەدا دەدەن!
تورکیا بۆ گەیاندنی پەیامەکەی بە یەکێتی نیشتمانی لە ٧ی نیسانی ئەمساڵ لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر کاروانێک کە بەرپرسانی سەربازی ئەمریکی و یەکێتی و بەرپرسانی هەسەدەی تێدابوو. بیانوی تورکیا بۆ ئەو هێرشەی ئەوەبوو کە یەکێتی رێگایداوە بەهەسەدە بۆ بەکارهێنانی فرۆکەخانەی سلێمانی بۆ کاروبارە سیاسی و سەربازیەکانی وەکو پردێکی ئاسمانی بۆ بەستنەوەی ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە بە دەرەوە. بەڵام سەرباری ئەو ئاگادارکردنەوەیەی تورکیا، یەکێتی بەردەوام بوو لە هاوکاریکردنی هێزەکانی هەسەدە کە تورکیا بە درێژکراوەی پەکەکەیان دەزانێت. لەم دواییانەداشدا مەزلوم کۆبانی لەگەڵ باڤڵدا سەردانی ئیماراتیان کرد و جگە لەوەش بەرپرسانی دیکەی هەسەدە لەڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە سەردانی ئەوروپایان کردوە و سلێمانی بۆتە وێستگەیەکی گرنگی تایبەتی و دیپلۆماسی بۆ هەسەدە.
هەڵەیەکی گەورەیە گەر ئەم پەیوەندیەی نێوان یەکێتی و هەسەدە، وەک هەڵوێستێکی دڵسۆزانە یا “کوردپەروەرانە” بۆ یەکێتی پێناسە بکرێت، چونکە یەکێتی ناتوانێ یان نایەوێت بەتەنگ دانیشتوانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیەوە بێت، خێرە وا ئێستا پەیوەندیەکانی لە گەڵ لایەنە کوردیەکانی سوریا بەهێزدەکات، کە واوەترە لە هەرهاوکاریەک، ئەگەر مەبەستی یەکێتی تەنها هاوکاری بێت!؟
بەو مانایەی یەكێتی نیشتمانی کە وەک بڕیارێک تەواوی چارەنوس و بەرژەوەندیەکانی خۆی گرێداوە بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئاکامەکەی خۆخستنە ژێر باری فشارو هەڕەشەکانی تورکیای لێدەکەوێتەوە، بۆیە دەرگای گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ ناکەنەوە. هەروەها ئەتوانین بە جۆرێکی تریش بڵێین ئەم جۆرە پەیوەندیانەی یەکێتی بەشێکە لەو شەڕو سیاسەتانەی کە بۆ کێبرکێ و وەستانەوەیە لەبەرامبەر بنەماڵەی بارزانی و پارتیدا ئەنجامی ئەدات. دەنا بۆ یەکێتی لە ناوچەی خۆیدا دەکەوێتە ژێر فشاری ئێرانەوە بۆ چەککردنی لایەنە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، لەملاشەوە نەک هاوکاری، بەڵکو پەیوەندی تایبەت لەگەڵ ئەو لایەنە کوردییانەی سوریا بەهێزدەکات، کە وەک ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەناسرێن!؟ کێشەکە ئەوەیە یەکێتی ناتوانێ ئەو هاوسەنگیە ڕابگیرێت کە لە پشتیەوە بەرژەوەندیەکی سیاسی پابەندبون بە ئێران و حکومەتی عێراقەوە وەستاوە، نەك مەبەست هاوکاری و دڵسۆزیە بۆ لایەنە کوردیەکانی سوریا. بەگشتی ئەتوانین بڵێین یەکێتی نیشتمانی خۆی خزاندۆتە ناو دووڕێیان و گەمەیەکەوە، هەوڵئەدات بە سوتاندنی دواین وەرەقەی قوماری دەستی، خۆی لەو قەیرانە دەربهێنێت کەبەرەو بچوکبونەوەو هەڵوەرینی زیاتری دەبات. ئیتر لەگەڵ ئەم وەرەق سوتاندنە دانیشتوانی کوردستانیشی پێوە بسوتێ لە ئەجندای بنەماڵەی تاڵەبانیدا بایەخێکی نیە.




جاشزادەكانی كورد و كوڕی چەكفرۆشە ئەڵمانیەكە.. عەلی مەحمود محەمەد

ماوە ماوە كە جاشێك دەمرێت بەهەر هۆكارێك بێت, منداڵاكانیان كە پێشتر هەندێكیان خۆیان وەك مرۆڤی سەردەمی و باش دەناساند, تەنانەت زۆریشیان ئۆپۆزسیۆنن, دەكەونە پیاهەڵدان و پاككردنەوەو جوان نیشاندانی باوكیان, بەمەش خۆیان دەكەنە شەریكە بەشی تاوانەكانی باوك و كەسەكانیان, چونكە بەرگری لە تاوان بۆ خۆی تاوانە, هەوڵدان بۆ سڕینەوەی تاوانیش تاوانە, چ لە روانگە یاسایی و روانگە ئەخلاقییەكەی وە چ وەك مێژوو و سیاسەتیش, بەكاروانی دوورو درێژی زۆرو ئالای گەورەی كوردستانەوە لە گۆڕیان دەنێن, لە كاتێدا مرۆڤە تیكۆشەرو رۆشنبیرەكان بە بێدەنگی و رووت و قوتی لە گۆڕ دەنرێن. لە ژیانم تەنها یەكێكم بینییوە جیا بووە باوكی جاشیش نەبوو, بەڵكە موختار بوو لە لایەن پێشمەرگەوە كوژرا, كوڕەكەی ئازایانە زوو رایگەیاند باوكم تاوانبارەو كێشەم لە گەڵ لایەنی بكوژی باوكم نییە, تەنانەت چووە ڕیزی پارتی بكوژی باوكییەوە, پۆستی بالاشی وەرگرت, لەو بوارە نموونەی جوانی پێشكەش كرد, كەچی ئێستا هەندێك حیزب و راگەیاندن تەنها پەلاماری ئەو دەدەن چاو لە هەموو نموونە ناشرینەكان دی دەپۆشن, بەمەش دەكەونە ناو تاوانە بە پاككردنەوەو جوانكردنیان.
سەرۆك جاشەكان هەموو بە خەفیفەو سەقیلەوە تاوانبارن, جارێ ئامر مەفرەزە خاسە هەموو بە ئیمتیاز تاوانبارن, دەرچوونی مەفرەزەی تایبەتی بۆخۆی پاداشتی تاوان بوو دەدرا بە تاوانباران و نۆكەران, كەس بە یانەسیب مەفرەزەی بۆ دەرنەچووە, بگرە جاشی مەفرەزە خاسەكانیش كەمیان هەیە نەگلابێتنە تاوانەوە, دیارە حەشاماتەكەی ژێرەوەی فەوجەكان كە نزیك 400000 كەسبوون ناڵێم, فەوجەكانیش بەرپرسانی سەرەوەیان هەموو گلاونەتە تاوانەوە, لەوانەشە بەرامبەر حیزبێك یان كەسانێك هاوكارییان كردبێت, وەلێ بەرامبەر پارتی دیكەو لە ناوچەی دیكە تاوانیان كردووە, ئامری فەوج و مەفرەزە نییە لە دوای رێكەوتی 8-9-1987 ەوە تا 6-9-1988و واتا بە درێژایی 363 رۆژ لەناو تاوانا نەبووبێت, ساڵ و مانگ و رۆژەكان دیكە باس ناكەم, نەبووە لەو ماوەیە بەردەوام بەشداری تاوانی نەكردبێت, ئەوە بڕیار بووە, بڕیاری بیرۆی باكووری پارتی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی ژمارە 5731, واتا بڕیاری عەلی حەسەن مەجید, كە ناوی مەجید هات, كەواتا پیاویان نەبووە جێبەجێی نەكردبێت .
كاك ئارێز داراپوور تێكۆشەرێكی سنەییە, فەرماندەو كۆنە چریك و ئێستا دیموكراتە, جارێك سەرەتای دوو هەزارەكان داوای لێمكرد كەسێك كوڕی خاوەند كۆمپانیایەكی ئەڵمانی بەرهەمهێنەری چەكی كیمیاوییە دەیەوێت بڕوات بۆ هەڵەبجەو داوای لێبوردن لە خەڵكەكەی بكات, بە داخەوە رۆژی خۆی نەمانتوانی دەعوەتی بكەین و وەلامیشمان نەدرایەوە, لە كاتێدا نموونەیەی بالا بوو بۆ دان نان بە راستییەكان.
ئێستا لەم نموونە جوانەوە, هەقی وایە بەچكە جاشەكان فێر بن و ئەزموونی لێوەربگرن ئەم رێگایە بگرنە بەر, داوای لێبوردن لە قوربانیان و خەڵك بكەن, لە پای تاوان و خیانەتی باوكیان, بزانن باوكیان بە كاروانی ئۆتۆمۆبێل و ئالای كوردستان لە سایەی دەسەلاتێكی بێكەرامەتدا لە تاوان پاك نابنەوە, جوان نیشاندانی باوكیان بەشدارییە لە تاوان, درێژە دانە بە تاوانی باوكیان.
ئەوان بەرپرس نین لە تاوانی باوكیان, بەڵام هەوڵدان بۆ سڕینەوەی تاوانەكای باوكیان و جوانكردنیان راستەوخۆ دەیانكاتە شەریكە بەشی تاوان, ئەمەش جۆرە جاشیەتییەكە بۆخۆی, چاكترە و رێگا دروستەكەی ئەوەیە خۆیان لە تاوان و مێژووی باوكیان پاك بكەنەوەو باوەڕ بە راستییەكان بهێنن كە باوكیان خیانەتكارو تاوانبار بوونە, نە لێبوردنی بەرەی كوردستانی, نە گەرمكردنی شەڕی ناوخۆیی, نە كاروانی دوورو درێژی پرسەكەرانی گۆڕستان , نە ئاڵا 10 هەزارییە چینییەكانی سەر تابووتەكانیان نایانشواتەوە لە تاوان و خیانەت, ئەوە خانەنشینییەكەشیان گەندەڵییەو لە دەرەوەی یاسای خانەنشینییە, چونكە ئەوەی رۆژێك جاشێتی كردبێت دووای پێشمەرگایەتی خانەنشینی نایگرێتەوە. ئەوان بە داكۆكیكردن لە باوكیان درێژە بە جاشێتی و تاوان دەدەن و دەچنە سەر رێگاكەی باوكیان, ڤایرۆسی جاشێتی لە جەستەیان دەچێنن, داكۆكیكردن لە تاوان هەوڵدان بۆ پەردە پۆشكردنی تاوان بۆ خۆی تاوانە و پێویستە سزای بۆ دابندرێت و رێگای لێ بگرترێت, نەخوازەلا تۆمەت هۆنینەوەش بۆ شەهیدان و بەلارێدا بردنی روداوەكان بۆ خۆی خیانەتە لە مێژوو و هەیبەتی قوربانیدەران و ناشرینكردنی شەهیدان.
پێویستە یاسایەك دەربكرێت بۆ تاوانباران, رێگا بگرێت لەوەی جوان نیشان بدرێن وە قەدەغەی ئەوەش بكرێت ئالای كوردستان لە سەر گۆڕ و تابوتیان دابندرێت, ئەگەر رێزی ئاڵاكەتان دەگرن.




ئێران .. گوللەیەکی دەرچووی بێ گەڕانەوە لە دژی دیکتاتۆرییەت!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

لە گۆشە نیگایەکدا.. بەدیلی دیموکراتیک لە ئێران و تێپەڕبوون بە ناو پیلانەکاندا!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی

بە نزیکبوونەوە لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران کە دۆست و دوژمن لێی ئاگادار بوو، ئەم نیگەرانییە لە ئاڕادا بوو کە چ چارەنووسێک لە بەردەم موقاومەتی ئێراندا چاوەڕوان دەکرێت! حکومەتی فەڕانسە خۆپیشاندانەکەی رۆژی یەکەمی ژوئییە(10ی پووشپەڕ)ی بە قەدەغە راگەیاند! پۆلیسی ئاڵبانی رۆژی 20ی ژوئەن (30ی جۆزەردان) هێرشی کرده سەر ئەشڕەفی3 و دەستی بەسەر شت و مەکی دانیشتوواندا گرت! بە پێی هەواڵێک کە هێشتا باسەکەی گەرمە و لەسەر مێزە و لە هەنگاوێکی کتۆپڕ و شۆک هێنەردا، پۆلیسی ئاڵبانی زیات لە (200) کامپیۆتەری ئەشڕەفی3ی رادەستی رژێمی ئێران کردووە! وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایش بە کاوێژکردنی هەڵوێستی قێزەونانەی هەمیشەیی خۆی، وێڕای پشتیوانیکردنی لەم هەنگاوەی پۆلیسی ئاڵبانی، تیشکی سەوزی بۆ رژێمی ئێران لێدا! هەموو ئەو شتانە نیگەرانییەکانی بەسەر یەکدا کەڵەکە کردبوو!
ئەم کەش و هەوایە، جیا لە میکانیزم و هەندێک رەهەندی، زۆر لە گۆڕانکارییەکانی بەهاری 2003 دەچوو کە لەو رۆژانەدا فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، بنکە و بارەگاکانی موقاومەتی ئێران لە ناو خاکی عێراقیان بۆمباباران کرد! لە فەڕانسەیش هەزاران پۆلیسی ئەو وڵاتە لە هەنگاوێکی نایاساییدا هێرشیان کردبووە سەر بارەگای ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران و … هتد.
هەروەک رۆژانی یەکەمی گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییە، دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبیی ئێران، دابووی لە قاقای پێکەنین و هەڵپەڕکێ و هەڵبەز و دابەزکردن! بەڵام لە هەردوو ئەم کەش و هەوایەدا و بە مەودای زەمەنیی بیست ساڵ، شایی و هەڵپەرکێی دەسەڵاتی ئاخوندی زۆری پێنەچوو کە لێی بوو بە (شین) و (ڕۆ ڕۆ) و رەوتی گۆڕانکارییەکان بە جۆرێک گۆڕدار و بەرەو ئاقارێک چوو کە لە دەسەڵاتی ئاخوندی بوو بە (ژار) و تاڵی زیاتریشی بە دواوەیە! لەم دوو پێشهاتەیەدا، دوو هێزی دژ بە یەک و نەیار لە دژی یەکتر ریزیان بەستووە. خەڵکی و بەرخۆدانی ئێران لە لایەک و، دیکتاتۆرییەت و پشتیوانانی دیکتاتۆرییەت لە لایەکیترەوە!
سازان لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئێران!
ئەگەرچی بە درێژایی مێژووی چەند دەیان ساڵەی ئەمدواییەی تایبەت بە ئێران، سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی بەردەوام لە کاردا بووە، بەڵام ئەوەی سازانی ئەمجارەمان بۆ جیا دەکاتەوە، راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێران و رۆڵی ناوازەی بەدیلی راستەقینە و دیموکراتیکی خەڵکی ئێرانە!
لەم راپەڕینەدا، لە لایەک، گەلانی جیهان بە چاوی خۆیان بینییان کە خەڵکی ئێران خوازیاری رووخاندن و نەمانی دیکتاتۆرییەتن لە وڵاتەکەیان و لە پێناویدا و لە مێژوودا تێچوویەکی زۆری گیانی و ماڵییان بۆ داوە! لە لایەکیترەوە، ئەم راستییە بۆ جارێکیتر دەرکەوت کە بەرانبەر به دیکتاتۆرییەت لە ئێران، لە (بەدیلی دیموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) بە دەر، هیچ بەدیلێکیتر بوونی نیە و ئەوەی لەم راپەڕینەی دواییدا و لە لایەن هەندێک لایەنی ناوچەیی و نێودەوڵەتیەوە زەق کرایەوە، بێ بنەما و وابەستە و هەڵقوڵای دیکتاتۆرییەت بوون لە ئێران و لە ناو کۆمەڵگای ئێراندا بێ رەگ و ریشەن!
وتەی نوێ!
خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئەمساڵی رەوەندی ئێرانی لە پاریس، کە دیمەنێک بوو له چالاکوانان و هۆگرانی ئازادی لە سەرتاسەری جیهان، بەر لە هەر شتێکیتر، هەڵقوڵاوی رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی و نایەکسان بوون لە نێوان ئەم دوو هێزە دژ بە یەکە، کە لە راپەڕینی ئەمجارەی خەڵکی ئێراندا، چووە ناو دواقۆناغی خۆیەوە!
(راپەڕینێکی سەرکەوتوو) کە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لە ئێرانی گەیاندە لێواری رووخاندن و (بەدیلێکی بەهێز) کە پوتانسیەل و ناوازەبوونی خۆی لە ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران بە تەواوی سەلماند. بە واتایەکیتر، ئەوەی ئێستا کەوتووەتە بەر دیدی هەمووان، پەلەقاژەی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم (ئیستیعمار)ە کە نیزیک بوونەتەوە لە کۆتایی خۆیان. بە وتەی مایک پێنس، پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەمریکا کە لە وتارەکەی خۆیدا لە گردبوونەوەی پاریس رایگەیاند، نە رژێمی ئێران ئەوەندەی ئێستا (لاواز) بووە و نە موقاومەتی ئێران ئەوەندەی ئێستا (بەهێز) و (رەوا) دەرکەوتووە!
ئەگەر سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی لە ئێران لە فەڕانسە، بە رێگەی قەدەغەکردنی خۆپیشاندان و بە پاساوی نەبوونی ئاسایشی خۆپیشاندەران هاتە مەیدان، موقاومەتی ئێران بە رێگەی (یاسا و دادگا)وە تووشی شکستی کرد! ئەگەر ئەم سیاسەتە، ویستی جل و بەرگی یاسا و داد، بە بەر هێرشکردنی پۆلیس بۆ سەر (ئەشڕەفی3)دا بکات، موقاومەتی ئێران بە رێگەی (دادگا و یاسا)وە بەرەنگاری بووەوە و تەنانەت بەر لە سەرکەوتنی داد، بە خێرایی پێناسەی نادادگەری و دژە یاساییەکەی ئەم هێرشکردنەیش دەرکەوت!
دوو ڕێیانی مێژوو!
پرسی ئێران و بەرخۆدانی ئێران که ئێستا لەسەر مێزی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدایە، لە سەرووی بەرنامە و سیاسەت و تەنانەت ستراتیژیی یەک یان چەند وڵاتی پێوەندیدارە لە پێوەند لەگەڵ ئێران. ئایا دەوڵەتانی جیهان، دێنە تەنیشت خەڵک و بەرخۆدانی ئێران، یان دەچنە تەنیشت دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لەو وڵاتە؟! لۆژیکی مرۆیی و واقیعبینی و پێشکەوتووانە پێمان دەڵێت کە لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا ناچار دەبن لە بەرژەوەندیی خەڵک و موقاومەتی ئێراندا هەنگاو بنێن!
هێز و بەهێزبوونی بەدیل!
موقاومەتی ئێران لە رێڕەوی پێشهاتە جەرگبڕەکانی سەردەمدا، زۆرجار وەک قەقنەس لە خەڵووزی خۆیدا باڵی گرتووە و رەوایەتی خۆی سەلماندووە. وەک چۆن رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم، بە تایبەت لە چەند دەیەی رابردوودا، هەوڵی ئەوەیان داوە ئەم موقاومەتە لە ناو بەرن. بەلام هەموو جاریک لوتیان شکاوە و تووشی شکستی گەورە بوونەتەوە!
هەموو گەلانی جیهان بە چاوی خۆیان بینیان کە لە راپەڕینی ئەمدواییەدا، پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی شا، چۆناوچۆن بە هانای دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبییەوە چوون تا دەستکەوتەکانی راپەڕینی خەڵکی ئێران و موقاومەتی ئێران بە تاڵان ببەن هەتا دیکتاتۆرییەت لە ئێران لە سەر پێ و لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە!
هەموو گەلانی جیهان بە چاوی خۆیان بینیان کە چۆناوچۆن (کۆلۆنیالیزم) بە هانای (دەسەڵاتی کۆنەپەرستی)یەوە چوو بۆ یارمەتیدانی ماڵی و میدیایی و پڕوپاگەندەیی دیکتاتۆرییەتی ئایینی و جارێکیتر، هەندێک (بووکە شووشە)یان قوت کردەوە بە مەبەستی (رفاندنی سەرکردایەتیی شۆڕش) و خستنە پەڕاوێزی (بەدیلی دیموکراتیک)!
هەموو گەلانی جیهان بە چاوی خۆیان بینیان کە ئەگەر موقاومەتی ئێران، ئامادەی شەقام و گۆڕەپانی سیاسی نەبوایە و لە بەرانبەر دیکتاتۆرییەتدا نەوەستایە، چارەنووسی هەموو تاک و لایەنە ئێرانیەکان، بە تایبەتی لە راپەڕینی ئەمدواییانەدا چی بەسەر دەهات و بەرەو کوێ دەچوو! موقاومەتێکی کە بەر لە هەر شتێک، گەنجینە و سەرمایەیەکی مێژوویی و نیشتمانییە بۆ هەموو ئەو ئێرانیانەی هۆگری ئازادی و رزگاریی ئێرانن!
هەموو گەلانی جیهان بە چاوی خۆیان بینیان کە (خۆڕاگری لە بەرانبەر سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتدا) و (خۆڕاگری بەرانبەر بە پیلانگێڕییەکانی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزمدا) تەنیا لە توانا و توانستی ئەم بەدیلەدا بووە کە هەم خۆپیشاندان و گردبوونەوەکەی لە پاریس بەڕێوە برد و هەم بەدیلە دەستکرد و بێ بنەما و وابەستەکانی پووچەڵ کردەوە و هەمیش پیلانگێڕییە سیاسی و بە رواڵەت دادوەرییەکانی سازشتکارانی کردە بڵقی سەر ئاو و رێگای خۆی و گەلەکەی بەرەوسەرکەوتن لە ئێران کردەوە!
گەشەسەندنی موقاومەتی ئێران!
گردبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئیران، جارێکیتر ئەم راستیەی سەلماند کە (ئەشڕەف دووبارە ئەشڕەف) وەک (رەمزی سەرکەوتن)ی بەدیلی دیموکراتیک بەسەر کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزمدا دووبارە گەشەی سەند و جیهانی لە دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بە هاندراوی و گرژی هێشتەوە!
لە خۆڕا و بێ هۆ نیە کە هەزاران پەرلەمانتاری جیهان، سەدان کاربەدەست و کەسایەتیی بەرجەستەی نێودەوڵەتی و لەوانە مایک پێنس، پاڵێوراوی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەمریکا و خاتوو لیز تراس، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا(2022) و …هتد لە ریزی ئامادەبووانی ئەم گردبوونەوەیەدا بوون و پشتیوانیکردنی خۆیان لە راپەڕین و موقاومەتی ئێران و بە دیاریکراوی، پلاتفۆڕمی خانمی مریەم رەجەوی بۆ ئێرانی ئازادی دواڕۆژ راگەیاند. دیمەنێک کە نەک تایبەت بە وڵاتیکی دیاریکراوی وەک ئێران، بەڵکو باس لە رووبەڕووبوونەوەی مێژوویی جیهان دژ بە دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی دەکات و ئاسەواری ئەو رووبەڕووبوونەوەیە، تەنانەت بەر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، هەموو جیهانی گرتەوە!
کۆتایی




فەقێی شەشڕوو، نامەی دڵداری بۆ خوشکی فەقێیەکی هاوڕێم دەنارد.. شەماڵ بارەوانی

ئەو فەقێ شەشڕووە، گوتم هەر ڕۆژە و ڕووێک بوو.
بەسەرهاتێکی تر هەیه، لەو بەشەی بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا دەمەوێت بۆتانی باس بکەم.
فەقێیەکمان لەگەڵ بوو لە حوجرەکەی(محمەدییه)، خەڵکی لای(چەمچەماڵ)بوو. خوشکێکی لە زانکۆی سەڵاحەدین خوێندکاربوو و لە بەشەناوخۆیی(١٨ی شوبات) دەمایەوە.
کچەکە زووزوو دەهات بۆ حوجرە، بۆ سەرەدانی برا فەقێیەکەی.
ڕۆژێک کچە بە براکەی دەڵێت: لەبەر زانکۆ و تاقیکردنەوە و شت لەوانەیه نەتوانم زووزوو بێم بۆ سەردانیت، ئەگەر ژمارە تەلەفۆنی فەقێیەکی هاوڕێتم بدەیتێ تا لە ڕێگەی ئەوە تێلت بۆ بکەم.(فەقێیەکە تەلەفۆنی نەبوو) ئەو فەقێیەش دەڵێت زۆر باشه، فەقێیەکمان لەگەڵە زۆرکەسێکی ئەمین و جێگای متمانە و باشە، ها ژمارەکەی ئەو.
داماوەی بۆ ژمارەی ئەو(فەقێی شەشڕوو)ە نادات بە خوشکەکەی.
ماوەیەک خوشکەکەی هەر لە ڕێگەی ئەو ژمارە و تەلەفۆنەی فەقێی عەلەساس فوول(ڕۆحانی و ئەمین و جێگای متمانە)، خوشکی فەقێی هاوڕێم، تەلەفۆن بۆ برا فەقێیەکەی دەکات و چاک و چۆنی دەکات و هەواڵی دەپرسێت.
فەقێی شەشڕوو، بۆ ئەوە ناقۆزێتەوە و مرخ لە خوشکی فەقێ خوش ناکات! دەست بەناردنی نامەی دڵداری و ڕۆمانسی دەکات و دەیەوێت کچە بخاتە داوی دڵداری خۆیەوە.
کچە ڕێک مەعدەنی ئەو فەقێ شەشڕووەی بۆ ئاشکرا دەبێت و ئەو بابەتی نامە ناردنە بۆ فەقێی برای باس دەکات و نامەکانیشی هەموو پیشان دەدات و پێی دەڵێت: تۆ فەقێی تر نەبوو تا ژمارەی ئەو فەقێ خوێڕییەم بدەیتێ؟ هاهاها.
کاکە ئەو فەقێیە بێتامی کردووە و تەواو بێزاری کردووم هێندەی نامەم بۆ بنێرێت.
ئەو بەسەرهاتی نامە ناردن و شتە، فەقێیەکە کە لە حوجرە زۆر هاوڕێ و هۆگری من و فەقێیەکی تربوو، بۆ من و فەقێیەکی تر(فەقێ هەیاس)ی باس کرد. دواتر فەقێکانی تر هەمووی بەو نامە و شتەی فەقێی شەشڕوویان زانی.
کاتێک بەهۆی پیلانی ئەو فەقێ شەشڕووە من بۆ سلێمانی گواستراومەوە و فەقێ هەیاسیش کە ئێمە نەماندەتوانی دوور لە یەکتری بین، مەلاکان لەبەر ئەوە لەگەڵ من نەقلی سلێمانییان کرد.
ئەو فەقێیەش گوتی: من ناتوانم بێ ئێوە لێرەبم، ئێوە بۆ دۆزەخیش بڕۆن، من هەر لەگەڵتان دێم. ئەویش لەگەڵ من و فەقێ هەیاسی هاوڕێم هات بۆ سلێمانی.
دواتر کە ئێمەهاتینەوە بۆهەولێر ئەو فەقێیە زۆر بۆمان گریا و دەیگوت: ئێوە لێرە بڕۆن ناتوانم فەقێیاتی بخوێنم. زۆر تکای کرد کە نەڕۆین و جێی نەهێڵین. ماوەیەک دوای ئەوە(ڕۆیشتنی ئێمە لە سلێمانی) فەقێیاتی جێ هێشت.
ئەو فەقێ شەشڕووە دوای ئەوەی لە حوجره دەرکرا، ڕۆژێک تێلی بۆ کردم. ئەوکات لە حوجرە و مزگەوتێکی تر دەمایەوە و هێشتا نەگەڕابووەوە شوێنەکەی خۆی لەو مزگەوت و حوجرەیەی ئێمە.
کە تێلی بۆ کردم، گوتی: مەلاشەماڵ، حەزدەکەم بتبینم. مەوعیدێکمان دانا و ڕۆیشتم لەناو بازاڕ و لە شوێنێکی نزیکی شەقامی باتە دانیشتین.
فەقێیەکیش(بە داخەوە کە بیرم نەماوە کامە فەقێ بوو) لەگەڵم هات و لە دوورەوە چاودێری دەکردین. گوتمان کێ ناڵێت مەبەستێکی خراپی هەیه و دەیەوێت زەربی خۆیم لێ بووەشێنێت؟
دەمزانی کە زۆر ڕق و غەرەزی لە منە، بەهۆی ئاشکراکردنی ڕووی ڕاستەقینە و مەعدەنی بۆ هەمووان و دەرکردنی لە حوجرە.
ئەوڕۆژە وەک سیفەتی پێشووی، زۆر مەکر و نازی کچانەی کرد و دەیگوت: مەلاشەماڵ، با ئێمە چیتر دژایەتی یەکتری نەکەین. من و تۆ پێشووتر وەک دوو برا وابووین. تۆ حافیزولقورئانیت و زۆرم خۆش دەوێیت، بڕوابکە هیچ مەبەستێکی خراپم نییە.
به زمانە نەرم و درێژەکەی، زۆر قسەی لەو جۆرەی بۆکردم. من کەم قسەم کرد، هیچ باوەڕم بە بەڵێن و قسەکانی نەبوو و دڵم پێی دەگوتم کە ئەو فەقێ شەشڕووە لەژێرەوە خەریکی یارییەکی ترە و وا بەئاسانی یەخەم بەرنادات و بێگومان تۆڵەی خۆی دەکاتەوە و لەو داوای بینینەی من مەبەستێکی هەیه.
هەڵبەت دەیویست لە دژی حوجرەکە هانم بدات و خۆی وەک مەزڵوومێک پیشان بدات و دەویست گرووپ و هەوادار لەناو فەقێیەکان دروست بکات.
هەڵبەت بە جیا بانگی فەقێی تریشی کردبوو و دیداری لەگەڵ کردبوو، بێئەوەی ئێمە هەردووک فەقێ کە زۆر هاوڕێ بووین ئاگاداری ئەو پیلان و تاکتیکەی فەقێی شەشڕوو بین(ئەو فەقێیە خۆی باسی ئەو دیدارهی خۆی و فەقێی شەشڕووی بۆکردم)
ماوەیەک ئەو فەقێیە و چەند فەقێیەکی تریشی لەخشتە برد و کردنی بە هاوئاوازی خۆی و سەرەنجام دوو فەقێ لەو چەند فەقێیەش لە حوجرە دەرکران( لەبەشی تر بەدرێژی باسی ئەو دەرکردنەی ئەو دوو فەقێیەی هاوڕێم دەکەم، کە دانەیەکیان بە پاساوی مەیل بۆ کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیر دەرکرا و فەقێی شەشڕوو وای حاڵی کردبوو کە لە قوتابخانە و حوجرەی محەمەدییه لەسەر ئینتیمای بۆ کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیری دەرکراوە و زانیبووی ئەو فەقێیە مەیلی بۆ کۆمەڵ هەیه، لەو ڕێگایە بۆی چووبوو و گوتبووی ئەها لەسەر عەلی باپیر چییان بەسەرهێنام و بەو فێڵە عاتیفە و مەیل و سۆزی ئەو فەقێ سادە و دڵپاکەی جووڵاندبوو و دژی حوجرەکەی ئێمە هانی دەدا. کە له حەقیقەتدا وەک پێشووتر باسم کرد، کە ئەو فەقێ شەشڕووە لەسەر شەشڕوویاتی و هەبوونی ناسنامەی حیزبی تر و بە تۆمەت و گومانی سیخوڕی و شت بۆ حیزبی تر دەرکرا. بەڵام هی ئەو هاوڕێ فەقێیەی ترم، کە شەشڕوو تێکی دا، لەسەر عەلی باپیر و کۆمەڵ بوو).
سێ فەقێی تریش کە هەر ئەو فەقێ شەشڕووە هێنابوونی بۆحوجرە و خەڵکی دەڤەر و شوێنەکەی خۆی بوون لای مووسڵ. ماوەیەک ئەوانیشی تێکدا و لەگەڵ دوو فەقێیەکەی تر کە دەرکران، کردبوونی به گرووپێک و خۆیان لە ئێمە جیاکردبووەوە و به قسەی مەلاکان و ئیدارەیان نەدەکرد و بە نهێنی تێکەڵی فەقێی شەشڕوویان دەکرد و دەستیان لەگەڵ تێکەڵ کردبوو.
مەلاکان و ئیدارەی قوتابخانە ئینزاریان دانێ و ئاگادریان کردن کە ئەگەر لەو فەقێ شەشڕووە و دوو فەقێ دەرکراوکەی تر دوورنەکەونەوە و پەیوەندییان لەگەڵ نەپچڕێنن و واز لەو گرووپ و گرووپکارییە نەهێنن، هەمان شێوەی فەقێی شەشڕوو و دوو فەقێیەکەی تر لە حوجرە دەردەکرێن.
باوکی فەقێکانیشیان بانگ کرد و باوکی فەقێکان بە کوڕەکانی خۆیان گوت: بە گوێی ئیدارە و مەلاکانتان
بکەن و لە و فەقێیە دوورکەونەوە.
ئەوانیش وایان کرد و فەقێی شەشڕوو لە پیلانەکە(دوای تێکدانی دوو فەقێ و بوون بە هۆکاری دەرکردنیان لە حوجرە) شکستی هێنا و نەیتوانی من و سێ فەقێکەی تر و هیچ فەقێیەکی تر بباتە ژێر باڵی خۆی.

فەقێی شەشڕوو بەو شێوازە دەیویست لەناو حوجرە گرووپ لە فەقێکان دروست بکات و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریان بێنێت.
فێلبازەی لەسەرەوە ڕێککەوتنی لەگەڵ دەکردم و لە ژێرەوەیش خەریکی پیلان بوو لە دژم و لای(ح. تورکمان) دەیگوت: ئەو فەقێ شەماڵە سەری هەموو ئاژاوەیەکە و ئەو منی گەیاند بەم ڕۆژە(ماسکی سەر ڕووی ڕاماڵیم).
دوای ماوەیەک لەوەی کە گوتی: هیچ خراپەیەکم بۆتۆ نییە. ڕێک من وەک باسم کرد لە هەولێر و لە حوجرە و قوتابخانەی(محەمەدییە) و مزگەوتی(حاجی قەرۆک) گواسترامەوە بۆ سلێمانی و بۆ حوجرە و قوتابخانەی(غەزالی) و مزگەوتەکەی حەمەی (حاجی ڕەشید).
ئەو فەقێ شەشڕووە، بیرمە دوای چەندین ساڵ و لە قۆناغی چواری کۆلێژ و له کۆتاییەکانی دەوام بووم، ڕۆژێک لەگەڵ فەقێیەکی تری هاوڕێم(یەکێک لەو دوو فەقێیەی باسم کرد کە کاتی خۆی فەقێی شەشڕوو کردبووی به گرووپی خۆی و بووە هۆکاری دەرکردنی لە حوجرە) کە دەهات بۆ ئاکرێ و منیش لەگەڵی گەڕامەوە بۆ بەردەڕەش بە کەورگۆسک داهاتین. ئەو فەقێ شەشڕووە، ئەوکات ماڵی لەوێ بوو و لە مزگەوتێک مەلا بوو. فەقێیەکە گوتی نازانم چی کارێکی بەمنە و تۆزێک لا دەدەین بۆ لای. گوتم: کاکە من نامەوێ چاکوچۆنی ئەو کەسە بکەم و با نەزانێت من لەگەڵ تۆم.
فەقێیەکەی هاوڕێم هاتە خوارەوە و چاکوچۆنی لەگەڵ کرد(ئەوان هەردووکیان خەڵکی یەک دەڤەر و شوێن بوون).
من لەناو ئۆتۆمبیلەکە خۆم نزم کردبووەوە و نەمهێشت ئەو فەقێ شەشڕووە بمبینێت.
ئەو فەقێیەی کە لە بەشی تر گوتم: نازانم ئێستا لە کوێیه.
ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ فەقێیەکی هاوڕێم کە ئێستا مەلایە لە دەڤەری ئاکرێ، ڕۆیشتین بۆ مووسڵ و باسی ئەو فەقێ شەشڕووەی بۆ کردم و گوتی: کورە مەلاشەماڵ، ئاگات لێی نییە؟ ئیستا لێرە(مووسڵ)خۆی لە خەڵک کردووە بە عەللامە و شێخ و خەڵکی وەک شێخێک و مەلایەکی زۆر موهیم سەیری دەکەن.
کە ئەو مەلایەی هاوڕێم وای گوت، دامانە قاقا.




شیعر/ ئێوارانە- ٤٢.. سەردار جاف

ديسانەوە ئێوارە هات
سيحر دەبێتە ميوان و
چراخانمان فوو لێ دەکرێ
ئەم ئێوارە لە ئامێزی دوێ ئێوارە ئاڵاوە
باوەش بۆ يەکدی دەکەنەوە
خەون بە کراسە رەنگاڵەکەوە دەبينين
هۆدەيەکی ئەفسوناوی
راڕەوێک تاريک و روون
داڵانێ پڕپڕ لە خێو
خێو ختوکەی خەياڵە خەراباتەکان دەدا
لەو لايشەوە
ئەفسانە گرێی لە باخچە و گەڵا رەشەکان داوە
کۆڵانە تەنگەبەرەکە سامناک
قوتووبەندە کريستاڵييەکە
بە خانمێکی شۆڕەبی
پڕ لە خەياڵ
لە نێو جمە و ئاپۆڕادا لەنگەرگرتوو
خانمێ بە سترێسەوە
سەراپا بيری ئاڵۆزە
ترس لە بەيان لە ئەدەب، شنەی شەماڵ
کپ کپ تەم تەم
هەنگاوەکان بە ئاستەم و لە سەرەخۆن
لە بانەرۆژی تەنيشت
حەشاماتێکی خەڵکیيە
ديقەتدانێکی ورد بينين
ئێرەيش جمەی دێ لە خێوان
خێو خەو دەبا
بوون و نەبوون دەڕووخێنێ
رۆحمان دەبا و
خێو لە کڵاورۆژنەوە دێت و
لە دارستانێکی تاريک تووڕمان دەدا
نەبوو جارێ
جنۆکە وەک کيژێکی جوان و ناسک بێ
بۆ من و بيری شەيدا
قەت قەت نەبوو بە کوڕێ شۆخ
يان شۆڕەسواری ميرنشينەکەی شەهلا
ئەمێستا خێو
لە نێوانی پەنجە تووتەی من و ئەوا
پياسەی دابڕان دەکا
لە قۆزاخەی بای ئۆدنا
نووزە خەوی تروسکەمان
بۆ ئەوديوی با و هەناسەی ژيان دەبا
پێکەوە بين
چۆن بێ کەسی چۆن بێکەسم
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

٢٨ / ٦ / ٢٠٢٣




پەرتووکی خێزان (لەنێوان چەقبەستوویی،ھەڵوەشاندنەوە و دیموکراتیزەکردن) کەوتە بەردیدی خوێنەران

كتێبی خێزان لە نێوان چەقبەستوویی، هەڵوەشانەوە و دیموکراتیزەکردن، لەبڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای ژنۆلۆژییە.
لەم کتێبەدا حەڤدە ژن هزر و بۆچوونیان گەیاندۆتە یەک، هەندێک لە کوردستان و هەندێکی تر لەوپەڕی دونیا.
ئایا ئاسانە تێگەیشتن لە یەکەمین دیواری مێژوو؟ یەکەمین تەلارسازیی کە ژیانمانی لە چوار دیواری بینا گەورەکاندا قەتیس کرد. ئەمڕۆ هەوڵ دەدەین ژیان لەو چوار دیوارەدا شرۆڤە بکەین. چی بکەین و چی نەکەین بەدرێژایی ڕۆژ،لە کۆتاییەکەیدا دەگەڕێینەوە ناو ئەو چوار دیوارە؛ واتە ماڵەکانمان. دەوەستین و بیردەکەینەوە و دەپرسین، ئایا هەمیشە هەر وا بووە؟ ئایا هەمیشە ئەو دیوارانە زیندان بووە بۆ ژن، کاتێک بمانەوێ لێی هەڵبێین دەبێ قوربانی بدەین، بۆ ئەوەی بچینە ئەو دیوی دەرگاکەیەوە؟
ئایا دەکرێت خێزان لە فۆرمێکی دژە کۆمەڵگەوە وەرچەرخێ بۆ بەرگری کۆمەڵگە؟
ئایا دەکرێت خێزان لە واتا باوەکانی دەربێنینەوە و بیگۆڕین؟”
ئەی چی دەربارەی ئەو پەندەی دەڵێت “بۆ بەخێوکردنی منداڵێک، گوندێکی پڕ لە خەڵک پێویستە”
ئایا هاوژیانی ئازاد لەسەر چ ڕەخنە و دیدێک گەشە دەکات؟
وەڵامی ئەمانە و چەندین پرسیاری گرنگ لەم پەرتووکەدا.

کۆمپانیای بلاڤ پەیک ئەم کتێبەی دابەشی سەر کۆشک و کتێبخانەکانی کوردستان کردوە

چاپکراوی نوێ
خێزان
لەنێوان چەقبەستوویی،ھەڵوەشاندنەوە و دیموکراتیزەکردن
ئامادەکردنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی
نوسەر کۆمەڵێک نوسەر
بابەت: فکری
نرخ: ٥٠٠٠ دینار

بۆ دەستخستنی ئەم کتێبە سەردانی ئەم ناوەندانەی فرۆشی کتێب بکە
‎ناوەندی سلێمانی
‎کتێبخانەی غەزەلنوس – ناوبازاڕی وشیار قەفتان
‎کتێبخانەی وشە – جادەی مەولەوی
‎کۆشکی ملا محسین – بەردەم ڕشە مۆڵ
‎کۆشکی ڕێبین – بەردەرکی سەرا
‎کۆشکی سەردەم – بەردەم باخی گشتی
‎کۆشکی سەرچنار – ناوبازاڕی سەرچنار
کتێبخانەی ڕەھەند -کاسۆ مۆڵ نھۆمی دووەم دووکانی ژمارە ٤١
کتێبخانەی ڕۆمان – تەلاری سیروانی نوێ نھۆمی سێیەم
‎قەزاوناحیەکانی سلێمانی
‎کتێبخانەی ئەحمەد کۆیی – ڕانیە
‎کتێبخانەی ژین – قەڵادزێ
‎کتێبخانەی ڕەھەند – چوارقوڕنە
‎کتێبخانەی ھەژار – کۆیە
‎کتێبخانەی شار – کەلار
‎کتێبخانەی ڕەسەن – دەربەندیخان
‎پارێزگای ھەڵەبجەی شەھید
‎کتێبخانەی ھەژار موکریانی – ناوبازاڕی ھەڵەبجە
‎پارێزگای کەرکوک
‎ناوەندی ڕۆشنبیری وھونەری دیالۆگ – کۆتایی جادەی کۆماری
‎پارێزگای ھەولێر
‎کۆشکی سیروان – تەنیشت چاخانەی مەچکۆ
‎نوسینگەی بلاڤ پەیک – پشت پارێزگ
دەزگای ڕۆسا
‎قەزاوناحیەکانی ھەولێر
‎کتێبخانەی مێخەک – سۆران
‎کتێبخانەی شێرکۆ – ڕەواندوز
‎کتێبخانەی ھاوژین – ھەریر
‎کۆمپانیایی بلاڤ پەیک بۆ دابەشکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان

پرۆمۆی کتێبی خێزان




کوشتنی حەز.. دڵکەش قادر

ئەمشەو تەنیام
چاوەڕێی کاتێکم تا وەک ئەتمۆسفێرێ
لەناو باوەشتا بتوێمەوە،
توانەوە چوونەوە ناو باوەشێک لە خەیاڵ
لە وجوود
لە گەڕانەوە بۆ منداڵی و
دوورکەوتەنەوەلە پیربوون
پیربوون، گەڕانەوەیە بۆ سەر سەرەتاکانی منداڵی و
تۆش بەدیار منەوە تابلۆیەک بکێشە و
میلۆدییەک بسترێنە و بەدەنگێکی بەرز بڵێ: دڵکەش جوانترین تابلۆیە.
دڵکەش، تابلۆیەکە لە
نەناسینینی ماندووبوون.
سلێمانیی
دڵکەش قادر