لە یادی تیرۆری هاوڕێـیانی ئازیزدا، هۆکار و لوتکەی درامایەک.. موئەیەد ئەحمەد

ڕۆژی (١٤ی تەموزی٢٠٠٠) هێزە چەکدارەکانی “یەکێتی نیشتمانی کوردستان” بەگۆیرەی پلانێکی پێشتر داڕێژراو لە لایەن سەرکردایەتیـیانەوە تاوانێکی تیرۆریستیـیان لەناو جەرگەی شاری سلێـمانیدا، ئەنجامدا، کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی پێنج هاوڕێ: عەبدول باست موحسن، محەمەد موستەفا (کەریم) و ئیبراهیم موحمەد (هاوکار) و هاوڕی لەتیف وئومێد نیکبین) کە ئەندامانی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق) بوون.
یادی ئەو هاوڕی ئازیزانەم هەمیشە بەرز ڕائەگرم و قەت لە یادم ناچن.
ئەم یادە هەمیشە چرکە ساتێکی دڵتەزێنە بۆم کە ئەو هاوڕێـیانە بوونە قوربانیی، هەروەها پڕە لە هەست و بیرەوەریـیەکی تایبەت، نەک تەنها لەبەرئەوەی کە لەگەڵ ئەو هاوڕێ ئازیزانەدا بووم ئەو ڕۆژە، و هەریەک لەو ئەندامانەی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق) و (لیژنە مەرکەزی)ەکەی، کە لەوێ بووین، لەناو مەقەر یان ئۆفیسی ڕادیۆکەدا، لە بەردەم ئەگەری تێرۆردا بووین لە لایەن ئەو هیزانەی (یەکێتی)یەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە لوتکەی درامایەک بوو کە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کۆمۆنیزمی ئەو نەوەیەی ئێمە لە کوردستاندا تیا چالاکبووین و لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی پێشووەوە شکڵیگرتبوو، بەم ساتە خۆیناویـیە گەیشت.
ئەم دڕاما خۆیناویـیە ساتێک بوو لە مێژوویەکی بەردەوامی جەنگی چینایەتی کۆمەڵگەی کوردستان، و ڕەوندی ململانێی بزووتنەوە و ڕەوت و تڕادسیۆنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فیکری و ڕیکخراوەیـیەکانی نیۆ ئەم کۆمەڵگەیە، کە ئەمڕۆ لە هەرکات زیاتر توند و تیژ و هەمەلاینەتر بووەتەوە.
بە بڕوای من، (یەکێتی) تەنها لەبەر سیاسەتی جیابوونەوەی کوردستان، کە ئەو کات (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق) بەرزی کردبووەوە و ئێستاش (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) بەردەوامە لەسەری، ئەم تیرۆرەی ئەنجام نەدا، و تەنانەت لەبەر بانگەوازی ئەو حزبەش نەبوو بۆ یەکسانی ژن و پیاو، وە یان هەموو ئەو مەسەلانەی کە (یەکێتی) لە دەعوانامەکەیدا بۆ داداگا بەرزیکردبووە بۆ داخستنی مقەرەکانی ئەو حزبە. تەنانەت فشاری ئێرانیش فاکتۆری سەرەکی نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەوە لە ترادسیۆنی هیزەکانی ناسیونالیزمی کوردا بووە و هەیە کە ئەو کارە تیرۆریستیانە ئەنجام ئەدەن بەرامبەر نەیارانیان بۆ جێخۆشکردنی خۆیان لە گەمەی جیۆپۆلیتیکس ودابینکردنی پێداویستیـیەکانی ئاسایشی دەوڵەتانی ناوچەکەدا. هەموو ئەمانە ئەتوانن تەنها فاکتۆری لاوەکی یا ڕووکەش بن، بەڵام ناتوانن جەوهەری ئەم کارە تیرۆریستیـیە بەیان بکەن، چونکە بەسادیی سەرچاوەی ئەو تێرۆرە، سیاسەتی دژە کۆمۆنیستیی و تاکتیکی فاشیستانەی سەرکردەکانی (یەکێتی) بوو وەک هیزێکی میلیشیای ناسیۆنالیزمی کورد.
ناسیونالیزم بەبێ دوورخستنەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە دەستڕاگەیشتنیان بە سیاسەتی سەربەخۆی چینایەتی خۆیان ناتوانێ ئایدیا و ئاسۆی سیاسیی ناسیۆنالیستی خۆی گشتگیر بکات لە ئاستی کۆمەڵگەدا. كێشمەکێشی ناسیونالیزم و هێز و حزبەکانی و دژایەتیان لەبەرامبەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا مەسەلەیەکی ستراتیژیـیە بۆیان و لەسەر بەرگرتنە بەڕوودانی ئەم ئاڵوگۆڕیـیە لە هاوسەنگی هێزی چینایەتی لە ئاستی کۆمەڵگەدا.
ئاڵای سوور و شەکاوەی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بەسەر مەقەرەکانی ئەوسای (ڕەوتی کۆمۆنیست) لە ڕانیە و سلێمانی و هەڵەبجە و ئاکری وهەولێر لە ئازاری (١٩٩١) و دواتردا، و گەشەسەندنی بزوتنەوەی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان و دەور و کاریگەریی ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و (حزبی کۆمۆنیستی کریکاری عیراق)، جگە لەوەی کە هەر لە سەرتاوە پارتی هەراسانکردبوو، سەرکردەکانی (یەکێتی) ێش دەمێک بوو سەغڵەتکردبوو و هەردەم لە فرسەت ئەگەڕان ئەو تیرە بهاوون لە بزوتنەوەکە و ئەو تاوانە ئەنجام بدەن بەرامبەری کە کردیان.
کەمکردنەوەی نووکی تیژی ڕەخنە، هوشیارانە یان بەبێ قەسد، لە بەرامبەر (یەکێتی) و ناسیۆنالیزم و حزبەکانی دەربارەی ئەو تاوانە تیرۆریستیـیە ئەویش بەوەی کە (یەکێتی) دژی سەربەخۆیی کوردستان بووە یان فشاری ڕژێمی ئیسلامی ئیرانی لەسەربووە، خولانەوەیە لەنیۆ بازنەی ئاسۆی زالێ ناسیونالیستیدا، وە ئەگەر زۆر دریژە بكێشیت ئەبی بە باوەشینی ناسیونالیزم و پاساو بۆ (یەکێتی) و دیارە ئەمەش پێچەوانەی ڕەخنەی پرۆلیتاریای سۆشیالیستە بەرامبەر ئەم تاوانە کە جەختی لەسەر ململانیی نیوان کۆمۆنیزم و ناسیۆنالیزمە وەک دوو بزوتنەوەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی.
ئەوەی کە ئێستا حزب و ریکخراوە کۆمۆنیستیەکان لە هەرێمی کوردستاندا لە چ جێگەوڕێگەیەکدان لە ڕەوەندی خەباتی چیانیەتی و بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا جێگەی باسم نیـیە لیرەدا، بەڵام ئەو کارە تیرۆریستیـیەی هێزەکانی (یەکێتی) بەدژمان لە (١٤)ی تەموزی (٢٠٠٠)دا، ( ئەوکات من ئەندامی لیژنەی مەرکەزی ئەو حزبە بووم) سەروکاری بە مێژووی چەندین ساڵەی كێشمەکێشی نیوان ناسیونالیزم و کۆمۆنیزمەوە بوو لە کوردستاندا.
یادی هاوریانی گیانبەختکردوو هەمێشە زیندووە لە لام و وەفاداری پێیان دریژەدانە بەخەبات و تیکۆشان لە پیناوی فەرهەامهینانی دینایەکی بێ چین و دەوڵەت، و کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی ئازاد و پڕ لە خۆشگوزاران بۆ هەموو ئینسانەکان.

١٤-٧-٢٠٢٣




ئەو نووسەرانەی کە خەڵاتی نۆبڵیان وەرنەگرتووە.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

خەڵاتی نۆبڵ یەکێکە لە خەڵاتە ناسراوەکانی جیهان، ماوەی 113 ساڵە، ئەم خەڵاتە دابەش دەکرێت، بەشێکی زۆری ئەو کەسانەشی کە ئەم خەڵاتەیان وەرگرتووە، رۆڵیان لە بواری سیاسی و ئەدەبی و زانستیدا هەبووە. بەڵام مەرجیش نییە هەموو ئەو کەسانەی کە لیژنەی خەڵاتەکە دیاریی دەکات، باشترین نووسەر یان زانا و ئەکادیمی و سیاسی جیهان بن. زۆرجار ئەکادیمیای سویدی بەر رەخنە دەکەوێت لەبەرئەوەی زۆرجار ئەو کەسانەی کە بۆ خەڵاتەکە هەڵدەبژێرێن، شایستەی ئەو خەڵاتە نین یان خەڵکانی تر لەوان باشتر هەیە بۆئەوەی خەڵاتەکەیان پێ ببەخشرێت.

خەڵاتی نۆبڵ کە لەلایەن ئەکادیمیای سویدییەوە دیاریی دەکرێت و دەبەخشرێت، بڕی ئەم خەڵاتەش 8 ملیۆن کرۆنی سویدیە واتە نزیکەی 1.1 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بۆ چەند بوارێکە لەوانە: سیاسیی و ئەدەبی و زانستی، من لەم وتارەدا زیاتر قسە لەبارەی ئەدەبەوە دەکەم.

ئەگەر سەیری مێژووی ئەدەبی جیهانی بکەین، خۆمان لەبەردەم کۆمەڵێک نووسەری مەزنی جیهان دەبینینەوە کە ئەو خەڵاتەیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا لە تەواوی جیهاندا هەتاوەکو ئەمڕۆش بە یەکێک لە باشترین نووسەری جیهان دادەنرێت، لێرە من تەنها باس هەندێکیان دەکەم لەپێش هەموویانەوە (تۆڵستۆی، ئێمیل زۆلا، مارک توین، ڤێرجینا ڤۆڵڤ) هەرچەندە زۆری تریش هەن کە نووسەری ناسراو و دیاری جیهان بوون، بەڵام خەڵاتەکەیان وەرنەگرتووە.

تۆڵستۆی
نووسەری ناوداری روسیا و جیهان (لیۆ تۆڵستۆی) کە ساڵی 1828 لەدایک بووەو ساڵی 1910 کۆچی دواییکردووە. بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری نیوزویک، لە لیستی باشترین 100 نووسەری جیهان دادەنرێت. خاوەنی کۆمەڵێک رۆمانی مەزنە لە پێش هەموویانەوە (جەنگ و ئاشتی، ئانا کارنینا). جگە لەوەش لە بواری رێبازی هومانیستیدا بە یەکێک لە مامۆستاکانی بواری فیکری هومانیستی دادەنرێت. کاتێک ساڵی 1901 لیژنەی ئەکادیمی سویدی ئەویان خستە ناو ئەو لیستەی کە بۆ خەڵاتەکە هەڵبژێرێت، بەڵام دواجار ئەویان هەڵنەبژارد و خەڵاتەکەیان دا بە نووسەری فەرەنسی رینێ سولی برودهۆم. ئەمەش بووە مایەی ناڕەزایی نووسەرانی جیهان. لە هەمووی سەیر تر هەڵوێستی تۆڵستۆی خۆی بوو، لە جیاتی ئەوەی پێی ناخۆش بێت کە خەڵاتەکەی وەرنەگرتووە کەچی پێی خۆش بوو، تەنانەت وتویەتی: ئەمە باشترین شانس بوو بۆ من، چونکە نەمدەزانی چی لەو پارەیە بکەم کە خەڵاتەکە پێی دەبەخشیم.

ئێمیل زۆلا

ئێمیل زۆلا یەکێکە لە نووسەرە مەزنەکانی جیهان و خاوەنی کۆمەڵێک رۆمانی ناسراوە لە پێش هەموویانەوە( نانا، گێرمیناڵ…هتد) زۆلا ساڵی 1840 لەدایکبووە و ساڵی 1902 کۆچی دواییکردووە. جگە لەوەش داهێنەری قوتابخانەیەکی ئەدەبی و هونەری گرنگە کە ئەویش سروشتگەراییە. هەتاوەکو ئەمڕۆش لە لیستی نووسەرە باشەکانی جیهان دادەنرێت. بەڵام ئەمیش خەڵاتی نۆبڵی پێ نەبەخشرا، هەندێک مێژوونوس هۆکاری ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ هەڵوێستی سیاسی زۆلا کە لەو ماوەیەدا بەهۆی داکۆییکردنی لە ئەفسەرێکی جوو بە ناوی دریفوس، دژی حکومەتی فەرەنسا وەستایەوە ناچاریش وڵاتی بەجێهێشت، لەوکاتەشدا حکومەتی سوید نەیویستووە دژی حکومەتی فەرەنسا بوەستێتەوە.

ڤێرجینا وۆڵف

ژنە نووسەری ئینگلیزی ڤێرجینا ڤۆڵڤ ساڵی 1882 لەدایکبووەو ساڵی 1940 کۆچی دوایی کردووە، کە باسی ئەدەبی ژنان بکەین، ناتوانین باسی ئەم ژنە نووسەرە نەکەین، لە بواری داهێنانی رۆمانی نوێی ئینگلیزییدا، رۆڵی بەرچاوی هەبووە. هەروەها لە بواری بزوتنەوەی ژنانیشدا چالاکوانێکی زۆر دیار بووە و خاوەنی کۆمەڵێک رۆمانی مەزنە لەوانە (شەو رۆژ، ژوورەکەی یاکوب…هتد) هەرچەندە ڤێرجینا یەکێک بووە لە ناوە ناسراوەکانی ئەدەبی جیهانی بە گشتی ژنان بەتایبەتی، بەڵام ئەکادیمیای سویدیش، ئەمیشی نەخستە ناو لیستی وەرگرانی خەڵاتەکەوە.

مارک توین

زۆرجار مارک توین بە باوکی ئەدەبی ئەمریکی دەناسرێت، ساڵی 1835 لەدایکبووەو ساڵی 1910 کۆچی دواییکردووە، خاوەنی کۆمەڵێک رۆمان و چیرۆکی مەزنە، لەپێش هەموویانەوە:(سەرکێشییەکانی تۆم سویری، هۆکلبێری فین) جگە لەوەش خاوەنی شێوازیکی تایبەتی نووسین بووە. مارک توین رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی رۆمان و چیرۆک و کورتە چیرۆکی ئەمریکی، کەچی سەیر دەکەین ئەمیش لە لایەن ئەکادیمیای سویدییەوە خەڵاتەکەی پێ نەبەخشراوە. لەکاتێکدا هەتاوەکو ئەمڕۆ، کتێبەکانی بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهان وەرگێراوە.

دەرەنجام
بەدڵنییاییەوە مەرج نییە ئەو نووسەرەی خەڵاتی نۆبڵی پێ نەبەخشرابێت، ئیتر نووسەری باش نییە یان خاوەنی داهێنان نییە، ئەگەر سەیری مێژووی ئەدەبی جیهانی بکەین، زۆر ناوی گەورە دەبینین کە ئەم خەڵاتەیان وەرنەگرتووە . جگە لەمانەی سەرەوە کۆمەڵێک نووسەر و رۆمانننووسی ناوداری جیهان خەڵاتەکەیان وەرنەگرتووە لە پێش هەموویانەوە: (مارسێل برۆست، لویس بۆرخیست، نیکۆلاس کازانتزاکی، جیمس جویس)کۆمەڵێکی تر.
هەروەها زۆرجاریش هەڵنەبژاردنی ئەو نووسەرانە، پەیوەندی بە هەڵوێستی سیاسیی ئەو کەسانە یان حکومەتی سویدییەوە هەبووە. بۆ نموونە نیکۆڵ کازانتزاکی نووسەری ناسراوی یۆنانی، بەهۆی نزیکی لە حزبە چەپەکانەوە هەڵنەبژێرا. ئەگەر سەیری لیستی ناوی ئەو کەسانەش بکەین کە خەڵاتەکەیان پێ بەخشراوە، زیاتر ئەوروپین، رێژەی نووسەرانی ئاسیاویی و ئەفریقایی زۆر کەمە، لەکاتێکدا چ لە ئاسیا یان ئەفریقا، نووسەری ئێجگار مەزنی تێدابووە.

سەرچاوە:
أدباء و شعراء و مٶلفون عظماء لم یحصلوا علی‌ جائزة‌ نوبل

www.albawaba.com/ar




ئاو ناخواته‌وه مردوو.. فەرهاد کەریم

سه‌گه‌که‌م له‌ هاوژینه‌که‌م زیاتر خۆشیده‌وێم
له‌ سه‌گ فێره‌ خۆشه‌ویستییبه‌ مرۆڤ
ئاوێنه‌ و ئه‌وینه‌ خۆشه‌ویستی و ژیان
ببه‌ به‌ ماسی و باڵنده‌ ببه‌ به‌ دره‌خت و سه‌گ
فێربه‌ فێربوون جوانیه مرۆڤ‌‌
ژیان بازاڕێکی ڕه‌شه‌ بۆ سپیکردنه‌وه‌ی ڕق
بارانبه‌ له‌ روبارێکی درێژ وغه‌مگین بۆ خاکی وشک ئاو
ژیان هه‌رزان فرۆش مه‌که‌ بۆ رۆژێکی خنکاو
به‌و ڕێگایه‌ بڕۆیت ده‌گه‌یته‌ هیچ
لێی تێپه‌ڕیووم هه‌نگاوه‌ ونبووکانم بزر‌
کاڵ بومه‌ته‌وه‌ هێنده‌ی له‌ ئاسمان بڕوانم
رێگایه‌ک تاقیکه‌وه‌ که‌ من پێیدا نه‌ڕۆیشتبم
به‌ گۆرانیه‌کانی خۆت دڵ خۆشبه‌
رێمه‌ده‌ ده‌ست به‌ گیرفانی فرمێسکه‌کانت بگێڕن
به‌ مرۆڤ بوون سزا
رۆژی‌ تاریکت له‌ ناو شه‌وی روناک فڕێده‌
زووتر ئه‌ستێره‌کان مرۆڤ بوون به‌ رێیه‌کی خواردا رۆیشتن
ونبوونی ئه‌وانیدی ئاوێنه‌نیه‌ و نابینی خۆت
له‌ ناو ئاوێنه‌ی خۆت بگری باشتره‌ له‌ پێکه‌نینی ساردی مرۆڤ
ئاوه‌دانیه‌کی شیرینه‌ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ خه‌می تاریک
فڕینێکی نزمه برین ‌
خه‌وی گران قه‌فه‌ز
له‌ ئاسمان بچووک دیاره مرۆڤ ‌
له‌ خۆی نزمتر خه‌ونی
خێرایه‌ بۆ مردن
نه‌ خۆشخانه‌ هوتێڵه‌ بۆ ژیان خه‌واندن
بانقه‌ و ژیانی لێداده‌نێین بۆ مردن
له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆتبه‌
مردوو ته‌ڕ نابێت به‌ باران
ئاو ناخواته‌وه‌ تینووه‌ مردوو بۆ ده‌ره‌وه‌ی ژیان
‌ژیان مردووه‌ به‌ ده‌مامک
ماندووه‌ به‌ پێکه‌نینی درۆی سارد
به‌ چه‌قۆی ئاگر و سوتانی ماچ
ئه‌وینی بریندارو مردنی ژیان
له‌ تۆ فێره‌ خۆشه‌ویستی نه‌بووم
چه‌قۆی درۆ و سوتانی سارد
سه‌گ ئازا بوو خۆشتبوێم
تۆش مار و ماسی و مه‌ڕ و مراویت خۆشبوێ مرۆڤ
به‌ خۆشه‌ویستی ده‌ژیت و نامریت
ئاسانه‌ وه‌ک من نه‌مریت و بژیت
هه‌رزانه ژیان ‌
مردن گران‌




سنووری ئازادی دەربڕین لە کوێیدایە؟.. وەرگیڕانی :کاوە عومەر


دیمانەی خەلیل کەیوان لەبەرنامەی وەڵام لەگەڵ حەمید تەقواییدا

‎بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید کە مۆنتاژ کراوە

‎خەلیل کەیوان: ئایا ئازادی ڕادەربڕین سنووری هەیە؟ ئایا پێویستە ڕێگە بە پەرەپێدانی بیرۆکەی خورافات و دژە زانستی و دژە مرۆڤایەتی بدرێت؟ ئایا پێویستە ڕێز لە هەموو بۆچوونێک بگیرێت؟ پەیوەندی نێوان ئازادی دەربڕین و ئازادی ئایین چییە؟ ئایا ڕەخنەگرتن لە تابو و خورافات و پیروباوەڕ و دۆگما و هزرە نەتەوەیی و ئایینیەکان ورووژێنەر نییە؟ ئایا نابێتە هۆی دروستبوونی گرژی لە کۆمەڵگادا؟ ئایا نابێت هەندێک ڕێزی لێ بگیرێت؟ و لە کۆتاییدا، کۆنتێکستە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ململانێ لەسەر ئازادی ڕادەربڕین چین؟
‎ناوبەناو پرسی ئازادی دەربڕین دەبێتە پرسێکی گەرم لە کۆمەڵگە و لە میدیا و ڕای گشتیدا. لەم دواییانەدا کاتێک پەنابەرێکی عێراقی لە سوید ئاگری لە قورئان بەردا، جارێکی دیکە ئەم مشتومڕە وروژێنرایەوە. پێشتر لە بۆنە جیاوازەکاندا، لەوانە کارتۆنەکانی چارلی ئیبدۆ لە فەرەنسا، هەروەها لە دانیمارک و وڵاتانی دیکە، هەڕەشەی حکومەتە ئیسلامییەکان و کوشتنی ئیسلامییەکانمان بینی. لەگەڵ هەر دەرئەنجامێکی ئەم جۆرە پرسیارە کۆنەکان دووبارە سەرهەڵدەدەن. لە بەرنامەی ئەمڕۆدا ئەو پرسیارانە لەگەڵ حەمید تەقواییدا دەخەینە بەرباس.
‎حەمید تەقوایی ئایا ئازادی ڕادەربڕین بە مانای گشتی خۆی، وەک ئەوەی لە زمانی ئینگلیزیدا پێی دەوترێت freedom of expression ، حەد وحدودێکی هەیە؟ ئایا ئەبێت پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی خورافات و دژە زانستی و دژە مرۆڤایەتی ئازاد بێت؟
‎حەمید تەقوایی: بەڕای من نابێت دانانی هیچ سنوور و ڕێگری و بەربەستێک بۆ ئازادی ڕادەربڕین قبوڵ بکرێت. چونکە هەر مەرج و کۆت وبەندێک دابنێیت ئەوە خودی ئازادیت پێشێلت کردووە. ئینکاری ئازادی ڕادەربڕین هەمیشە بە هۆکار یان باشتر بڵێین بیانوویەکدا ڕەوایی پێئەدەن، وەک سوکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەیی- نیشتمانیەکان، سوکایەتیکردن بە بیروڕای جەماوەری خەڵک، مەترسی خستنە سەر ئاسایشی نەتەوەیی، شکاندنی نۆرمەکان، پێشێلکردنی داب و نەریتی کۆن و هتد..هتد . بەم جۆرە پاساوانە، هەمیشە ئازادی ڕادەربڕینیان سنووردار و پێشێل کردووە. بەتایبەت ئایین و دۆگمای ئایینی هەمیشە بەربەست بوون لەبەردەم دەربڕینی ئازادی بیر و بۆچوندا. ئەگەر کەسێک بەڕاستی باوەڕی بە ئازادی دەربڕین هەبێت، نابێت هیچ مەرجێک قبوڵ بکات چونکە ئازادی مەرجدار ئازادی نییە.

‎لە وەڵامی پرسیاری دووەمتدا، ئایا دەربڕینی هەر بۆچوونێک ئازادە، وەڵامەکەی بەڵێیە. ئەبێت هەموو بۆچوونێک ئازاد بێت کە خۆی دەرببڕێت. دژە زانستی یان خورافات و نامرۆڤانە بوونی هەر بۆچوونێک نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ قەدەغەکردنی دەربڕینی ئەو بۆچونانە. ڕێگای مامەڵەکردن لەگەڵ باوەڕی هەڵە، ڕەخنەگرتنە لێیان و نەک قەدەغەکردنی دەربڕینیان. ئەگەر ئەم پێوەرەت دانا کە بۆ نمونە بیروڕای دژە زانستی یان خورافات و دژە ئینسانی مافی دەربڕینیان نییە، ئەوا ڕێگات کردۆتەوە بۆ ئەوەی هەر جۆرە دەربڕین ولێکدانەوەیەک بێتە مەیدانەکە و ڕێگری لە دەربڕینی هەر جۆرەباوەڕێک بکات. هەموو دامەزراوەکانی لێکۆڵینەوە و وردبینی، “ئیرشاد” و “دیاریکردنی گونجاوی” و هاوشێوەکانی لەسەر ئەم بنەمایە کاردەکەن.

‎کاتێک ئێمە بەرگری لە ئازادی بیروڕا و دەربڕینی بیروڕا دەکەین مەبەستمان ئازادی بێ کۆت وبەندە بۆ هەر جۆرە باوەڕ و بۆ هەر بۆچوونێک. کۆمەڵگا دەبێت هەموو بۆچوونەکان ببیستێت و چاک لە خراپ جیا بکاتەوە و بۆ خۆی بڕیار بدات کام بۆچوون هەڵە و خورافات و دژە مرۆڤە و کام بۆچوون ڕاست و ڕاستەقینە و ئینسانییە. هەر جۆرە سنووردارکردنێک بۆ ئازادی ڕادەربڕین، هەر جۆرە مەرجێک بۆ ئازادی ڕادەربڕین، بە بڕوای من نکۆڵییەکی تەواوەتی ئازادی ڕادەربڕینە.

‎خەلیل کەیوان: بۆچی زۆرێک لە هێزەکان بە لیبراڵەکانیشەوە کە بانگەشەی ئازادیخوازی دەکەن، بەدانانی سنوور و بەربەست بۆ ئازادی ڕازی دەبن؟ بۆ نمونە دەڵێن نابێ سوکایەتی بە بیروباوەڕ و پیرۆزییە ئایینی و کولتووری نەتەوەییەکان بکرێت. بۆچۆنی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

‎حەمید تەقوایی: هەندێک بەرژوەندی تایبەت وا دەخوازن کەئەو هێزانە بەم شێوەیە قسە بکەن. جگە لە ئایین، هێزە لیبراڵەکان لە هەموو بەشەکانی جیهاندا جەخت لەسەر دۆگما و بیروباوەڕ و پیرۆزییە نەتەوەییە نیشتمانیەکان دەکەنەوە. لە ئێراندا ئایین حوکم دەکات و لە هەموو شوێنێک سێبەری ڕەشی ئایین دەبینین. بە بیانووی سوکایەتی کردن بە شتە پیرۆزەکان یان پێغەمبەری ئیسلام یان سەبولنەبی و پاساوەکانی تری لەو جۆرە زمانیان دەبڕن. بەڵام لە وڵاتانی تر جگە لە ئایین و ناسیۆنالیزم و نیشتمان پەرستی و خاک پەرستی – لەژێر ناونیشانی نەریتی مێژوویی و شانازی وڵاتێک یان نەتەوەیەک، بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، کە هاوکات یەکێکە لە گۆپاڵەکانی سەرکوتکردنی کۆماری ئیسلامیشە، لە ژێر ناونیشانی پاراستنی سنوور و هتد – هەمیشە بەربەستێک بووە لە بەرامبەر ئازادی ڕادەربڕین. ئەم سنووردارکردنانە ڕاستەوخۆ خزمەت بە چینی دەسەڵاتدار و ئەو کەمینەیە دەکەن کە دەسەڵاتی سیاسی و زۆربەی سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان لەبەردەستدایە. لە واقیعدا ئەوەی بۆ حکومەتەکان و چینە دەسەڵاتدارەکان پیرۆزە، پاراستنی دەسەڵات و سەروەت و سامانە و هۆکاری هەبوون و بەهای بەکارهێنانی پیرۆزی نەتەوەیی-نیشتمانپەروەری-ئاینی هیچی تر نییە جگە لە پاراستنی نەزمی هەبوو و دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتدار.

‎کۆمەڵگە پێویستی بە ئازادی دەربڕین هەیە ڕێک بۆ ئەوەی ڕەخنە لەم جۆرە پیرۆزییە نەتەوەیی-نیشتمانی-ئاینییە بگرێت. بنەمای ئازادی دەربڕین، یان باشتر بڵێین ئامانج و پێویستی ئازادی دەربڕین،تێکشکاندنی ئەو دۆگما و پیرۆزییانەیە. ڕەخنە لەمانە بگرە، ئەمانە فڕێ بدە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەگەر کەسێک بڵێ من دان بە ئازادی دەنێم دەنێم، بەڵام نابێت بۆ نمونە سوکایەتی بە پیرۆزییە نەتەوەیی و نیشتمانی یان ئایینییەکان یان بیروباوەڕی خەڵک بکات، لە ڕاستیدا ڕێگای کردۆتەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سنووردارکردن و قەدەغەکردن و زمانبڕین

‎بەڕای من سوکایەتیکردن بە بیروباوەڕەکان هیچ مانایەکی نییە. نابێت سوکایەتی بە تاک بکرێت، بەڵام هەموو باوەڕێک جێی ڕێز نییە، ناتوانین بڵێین چونکە باوەڕەکان لەلایەن جەماوەری خەڵکەوە قبوڵکراون و لە مێژە بەشێک بوون لە بیروباوەڕی گشتی و هتد، بۆیە لە ڕەخنە پارێزراون. ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین بەو مانایەشەکە هەر بۆچوونێک چەندە باو بێت و جەماوەری هەبێت لە کۆمەڵگەدا ، دەتوانرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت و بە شێوەکی سروشتی لایەنگرانی هەر بۆچوونێک مافی خۆیانە بەرگری لە بۆچوونەکانیان بکەن. ئازادی دەربڕین ڕێک بەو مانایە دێت، ئەم دیالۆگ و ئەم گفتوگۆیە و ئەم ئاڵوگۆڕە ئازادانەی بیروڕا و بیرکردنەوە. ئەم ئازادییە دەبێت لە کۆمەڵگادا بوونی هەبێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگا بزۆز بێت، بەرەو پێشکەوتن بڕوات و کۆمەڵگایەکی مرۆیی زیندوو بێت.

‎خەلیل کەیوان:لەگەڵ ئەم ڕاڤەیەدا چ پە‌یوەندییەک دەبینیت لە نێوان ئازادی ئایین و پڕوپاگەندەی ئایینی و مافی ئازادیدەربڕیندا؟

‎حەمید تەقوایی: دیارە ئازادی دین بەشێکە لە ئازادی باوەڕ. هەرکەسێک ئازادە هەر ئایینێکی هەبێت یان هیچ ئایینێکی نەبێت و ئازادە لە دەربڕین و پڕوپاگەندەکردنی بۆچوونی ئایینی یان نائاینی و دژە ئایینی خۆی.

‎لە جیهاندا هەزاران ئایینی جیاواز هەن و پەیڕەوانی هەر ئایینێک هەمیشە ئازاد بوون لە بانگەشەکردنی بیروباوەڕی خۆیان. بەڵام ئەوەی گەرەنتی ئازادی ڕادەربڕین دەکات، ئازادی ڕەخنەگرتنە لە ئایینەکان. لە کاتێکدا ئێمە پێمان وایە پەیڕەوانی هەر ئایینێک ئازادن لە پەرەپێدانی بیروباوەڕی خۆیان و نووسینی کتێب و وتاردان و بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕەکانیان، هەروەها جەخت لەوە دەکەینەوە کەبێ خوداکانیش، ئەوانەی باوەڕیان بە هیچ خودایەک نییە، ئەوانەی کە نادینن و دژە ئایینییەکانن، بە تەواوی ئازادن لە ڕەخنەگرتن لە ئایین و تەنانەت نوکتە و تەنز و ڕێگەی دیکەی دەربڕینی بۆچوون لە ڕەخنەگرتن لە ئاییندا بەکاربهێنن. ئازادی دەربڕین و ئازادی بیروڕا نەک هەر پێچەوانەی ئازادی ئایین نییە، بەڵکو گەرەنتی ئازادی ئایینیش دەکات.

‎ڕاستییەکە ئەوەیە کە هۆکاری سنووردارکردن و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئایین بەزۆری ئایینەکانی دیکەیە. بۆ نموونە بەهاییەکان لە کۆماری ئیسلامیدا ئازاد نین. وە بە گشتی هەموو ئایینە غەیرە شیعەکان لە ژێر هەموو جۆرە فشارێکدان. مێژووی کەنیسەی کاسۆلیکی پڕە لە هێرش بۆ سەر ئایینەکانی تر. ئەو فاکتەرەی کە هەمیشە ئازادیی ئایینی پێشێل کردووە، ئایینی باڵادەستە لە هەموو کۆمەڵگایەکدا. ئازادی هەموو ئایینەکان بە ڕاستی تەنیا لە کۆمەڵگا سکۆلار و عەلمانیەکاندا دەتوانێ بوونی هەبێت. ئەمانە ئەو ئایینانەن کە تیغ بەرامبەر یەکتر ڕادەکێشن، بەڵام ئاتەئیست و بێ خوداکان پێویستیان بە پێشێلکردنی ئازادی دین نییە. ئەوان ئایین بە خورافات دەزانن و پێیان وایە ئەگەر کۆمەڵگا ئازاد بێت و هیچ سنوورێک بۆ دەربڕینی بیروڕای دژە ئایینی و نائاینی نەبێت، ئەوا دەکرێت بە تەواوی ڕەخنە لە ئایین بگیرێت و ئاشکرا بکرێت.

‎خەلیل کەیوان:زۆرێک پێیان وایە گاڵتەکردن و تەنزکردن بەرامبەر بە ئایین، پەیڕەوانی ئایین هاندەدات و دەبێتە هۆی نائارامی و گرژی و کردەوەی توندوتیژی. ئایا نابێت ڕێز لە بیروباوەڕ و هەستی جەماوەر بگرین یان لانیکەم ئیستفزازییان نەکەین؟

‎حەمید تەقوایی: دەبینیت نوکتەو گاڵتەو گەپ یەکێکە لە فۆرمەکانی دەربڕین. جۆرێکە لە دەربڕین کە دەتوانێت زۆر کاریگەر بێت لە کۆمەڵگادا. دەتوانێت گوێگری زۆری هەبێت، دەتوانێت سەرنج ڕابکێشێت. بەشێکی گرنگی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی گوتار و کتێب و شانۆنامە و فیلمی تەنزئامێزی دژ بە پیرۆز و دۆگما و بیروباوەڕی خورافەیی خەڵکە.

‎ئەوەی کە خەڵک ئیستفزاز دەکرێن، بابەتێکی ڕێژەییە و. تا ئەم ئازادییانە فراوانتر بن، هەستی گشتی کەمتر وروژێنراون. دەبینیت لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا ئایین یەکێکە لە بابەتە هاوبەشەکانی کۆمیدی و تەنزنووس. بە گشتی لەم کۆمەڵگەیانەدا ئازادی زۆر زیاترە بۆ ڕەخنەگرتن لە ئایین و داشۆرینی ئایین، هەر ئایینێک، وەک لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکانی وەک کۆماری ئیسلامی، و هەستی کەسیش ئازار نادرێت. تەنانەت لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکانیشدا، ئەوە خەڵک نین کە تەنز و نوکتە لە دژی ئایین وروژێنراون – دیارە لە ئێراندا نوکتەی دژە ئایینی لە سۆشیال میدیا و لە کۆمەڵگادا زۆر زیاترە لە چاو وڵاتانی دیکە – بەڵکو ئەوە دەولەتەکان و کلیل بەدەستان و پارێزەرانی ئایین کە هەوڵی وروژاندنی خەڵک دەدەن.

‎دیارە لە کۆمەڵگە ئیسلامی کراوەکانی وەک کۆماری ئیسلامیدا، حکومەت و ناوەند و هێزە ئیسلامیەکان هەوڵ دەدەن بە هەر چەشنە ڕەخنە و تەنزێک لە دژی ئیسلام و پیرۆزە ئیسلامییەکان خەڵک هان بدەن و ڕاستەوخۆ دژی بیرکردنەوەی ئازاد مامەڵە بکەن. وەک بینیمان لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کارتۆنە هەفتانەیەکانی چارلی ئیبدۆ لە فەرەنسا یان لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ سووتانی قورئان.

‎لە هەموو شوێنێک ئەم هێز و حکومەتە ئیسلامیانە بە ناوی خەڵک و بە ناوی وروژاندنی سۆزەوە هەوڵی داخسنی دەمەکان دەدەن. لەهەمان حاڵەتەکانی سوتاندنی قورئان کە باست کرد، نەمانبینی، بۆ نمونە خەڵکی وڵاتانی ئیسلامی بێنە سەر شەقام و دەست بکەن بە ئاژاوەگێڕی و توندوتیژی و هتد. چەند کەسێک کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە حکومەت و ناوەندە ئیسلامییەکانەوە هەیە، جەنجاڵی دروست دەکەن و بابەتەکە دەخەوێت.

‎خاڵێکی تر ئەوەیە کە ڕێگای ڕێگریکردن لە هاندانی هەست و سۆزی ئایینی (چ لەلایەن حکومەت و هێزە ئاینیەکان یان بەشێک لە کۆمەڵگاوە) ڕەخنە و تەنزکردنی ئایین تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت. تا زیاتر ڕەخنەی تەنزئامێز لە ئایین بڵاوبکەیتەوە، کۆمەڵگا زیاتر بە بوێری و نەرم و نیانییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەکەدا دەکات و هیچ گرژییەک دروست نابێت. ڕێگاکەی ئەوەیە کە نەریتی ڕەخنە لە ئاین درێژە پێ بدەین وفروانی بکەینەوە.

‎خەلیل کەیوان:من کۆمەڵگایەک ناناسم کە تابۆ و شتی پیرۆزی تێدا نەبێت. نزیکەی لە هەموو شوێنێک ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە دەبینەوە. بیروباوەڕی ئایینی نەتەوەیی لە ڕیزی ئەو تابۆ و پیرۆزانەدایە. بەڕای ئێوە تەنها بە ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنە مامەڵە لەگەڵ ئەو بیروباوەڕ و دۆگمایانە دەکرێت و نەهێڵن؟ ئایا ڕێگای مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەدا لەناوبردنی زەمینە و هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان نییە؟

‎حەمید تەقوایی: ڕوونە کە هەموو باوەڕێک زەمینەی کۆمەڵایەتی و بابەتیی هەیە. بە ئایینیشەوە، کە ڕەگ و ڕیشەی بوونی هەژاری و جیاکاری و نایەکسانی و ئازار و بەدبەختییەکانی جەماوەرە. لە ڕاستیدا ئایین بووەتە پێویستی بۆ شیاویکردنی بەرگەگرتنی ئەم جیهانە نایەکسان و نامرۆڤانەیە. ڕۆڵی ئایین ناردنی دادپەروەری و یەکسانی و چارەسەرکردنی هەموو بێبەشی و ئەو ئازارانەیەکە هەن بۆ دونیایەکی تر و جەماوەری خەڵک گوێڕایەڵ و هێمن بکاتەوە. ئەم بەکارهێنانەی ئایین بە درێژایی مێژوو بۆ چینی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار بووە.کەڵک وەرگرتن لە پیرۆزییە نەتەوەیی- نیشتمانیەکان، هەروەها بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی چینی دەسەڵاتدار لە ژێر ناوی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکاندا. هەموو شەڕەکان لەژێر ناونیشانی بەرگریکردن لە نیشتمان و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ئەنجام دەدرێن، بەڵام لەڕاستیدا مەبەست و هۆکاری ڕاستەقینەیان پاراستن یان فراوانکردنی بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدارە-لە سەردەمی ئێمەدا چینی سەرمایەداری- لە وڵاتێکدا کە لە کێبڕکێدایە لەگەڵیدا فەرمانڕەواکانی وڵاتانی دیکەدا.
بۆیە گومانی تێدا نییە کە مەرجی کۆمەڵایەتی بۆ بنبڕکردنی ئایین و ناسیۆنالیزم، لەناوبردنی کۆمەڵگای چینایەتییە. بۆ ئەوەی ئەم شتە پیرۆز و تابۆیانە بنبڕ بکرێت، پێویستە ئەو هەلومەرجە بابەتییانەی کە پێویستیان بەم خورافاتانە هەیە، لەناو ببرێت و بنەمای ئەم هەلومەرجە بابەتیانە نایەکسانی چینایەتییە. بەڵام خەبات لە دژی ئەم هەلومەرجە بابەتیانە لە بۆشاییدا ڕوونادات. ئاخر هەموو ئازارەکانی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆ، لە هەژاری و بێ مافی، نایەکسانی و چەوسانەوە تا هەڵاواردن لە دژی ژنان و دەسەڵاتی حکومەتە تاوانکارەکانی وەک کۆماری ئیسلامی، هۆکاری دەسەڵاتی پەیوەندییەکانی سەرمایەداریدایە. وەک چۆن خەبات لە هەرکام لەو بوارانەدا بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات دژی چینی دەسەڵاتدار، تێکۆشان لە دژی پیرۆزییە نەتەوەیی-ئاینییەکانیش بەشێکی گرنگی خەباتی گشتی دژ بە دەسەڵاتی سەرمایە. بە واتایەکی تر خەبات لە دژی تابۆی نەتەوەیی ـ ئایینی و پیرۆزییەکان جیا نییە لە خەبات لە دژی ئەو هەلومەرجە بابەتییانەی هەبوونی ئەم پیرۆزیانە.

‎دەکرێ بڵێین پەیوەندییەکی دوولایەنە لە نێوان ئازادییەکان، ئازادیی دەربڕین، ئازادی بیروڕا و هتد و هەلومەرجە بابەتییەکانی سنووردارکردنی ئازادیدا هەیە. تا زیاتر لە بواری ئازادیدا پێشبکەویت، زیاتر لە ڕیشەی بابەتیی ئەو سنووردارکردنانە دەدەیت.

‎خەلیل کەیوان: دێینە سەر دوا پرسیار. گرنگی تێکۆشان بۆ ئازادی ڕادەربڕین چۆن دەبینن؟ پێگەی کۆمەڵایەتی مێژوویی چینەکە چییە؟

‎حەمید تەقوایی: لە ڕووی مێژووییەوە باسی ئازادی دەربین لە خەبات دژی ئاییندا کراوە. لە شۆڕشی گەورەی فەرەنسا و پێش ئەویش لە سەردەمی ڕێنێسانس لە ئیتالیا و دوای ئەوەش لە ڕووی فیکری و فەلسەفیەوە لە بزووتنەوەی ڕۆشنگەریدا، ئازادی قسەکردن ڕووبەڕووی هەژموونی کەنیسە بووەوە. ئامانجی بیرمەندانی ئازاد و ئازادیخوازانی ئەو قۆناغە لە خەباتیاندا بۆ ئازادیی دەربڕین، یەکەمیان دوورخستنەوەی ئایین بوو لە حکومەت و دووەمیش زەمینە خۆشکردن بوو بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندنی زانست و هونەر کە لەلایەن کەنیسەوە بە دیل گیرابوو. دەزانن کە ئایین پایەیەکی بنەڕەتی هەموو سیستەمە ئەرستۆکراتییە دەسەڵاتدارەکانی ئەوروپا بووە لەو سەردەمەدا و بۆ هەر پێشکەوتنێک دەبوو ئەم بەربەستە لاببرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئازادیخوازانی ئەو قۆناغە ڕووبەڕووی ئایین وەک پایەیەکی بنەڕەتی ستەمکاری، ستەم، بێ مافی، بەستوویی و چەقبەستوویی فیکری لە کۆمەڵگەی سەدەکانی ناوەڕاستدا ڕووبەڕوو بووەوە. هەر لەبەر ئەمەش بوو خەبات بۆ ئازادی بیروڕا لە ئازادی ڕەخنەگرتن لە ئایین دەستی پێکرد و قوربانی زۆری هەبوو. جیۆردانۆ برۆنۆیان لە ئاگردا سووتاند، گالیلۆش دادگایی کرا و ڕێگری لە چالاکیی زانستی کرا و هەزاران ئازادیخواز لە دادگا ئاینییەکانی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامیی ئەمڕۆدا سزای لە سێدارەدان و لە خاچدان و لە ئاگردا سوتاندنیان بەسسەردا سەپینرا.

‎لە ڕاستیدا مێژووی بەرگریکردن لە ئازادیی دەربڕین، مێژووی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ئایینیە. تەنانەت ئەمڕۆش وەک ڕوون کراوەتەوە، یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی لەسەر ڕێی دابینکردنی ئازادی دەربڕین پیرۆزی و بیروباوەڕە ئایینییە. ئەمە لە کۆماری ئیسلامیدا بە ڕوونی دەبینن. وە لە زۆرێک لە وڵاتان ئایین بە پلەی جیاواز هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت. لە هەموو شوێنێکدا لەسەدا نەوەد سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین و بیروڕا لەلایەن خاوەن کلیلەکان و ناوەندە ئایینییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت.

‎دەکرێ بگوترێ لەمڕۆشدا خەبات بۆ ئازادی ڕادەربڕین درێژەی هەمان ئەو خەباتەیە کە لە سەردەمی ڕێنێسانس و دواتر لە سەردەمی ڕۆشنگەری و لەگەڵ شۆڕشی گەورەی فەرەنسەدا دەستی پێکرد. ئەو ڕۆڵەی کە مەسیحیەت لە سەدەکانی ناوەڕاستدا هەیبوو، ئەمڕۆ ئیسلامی سیاسی لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقادا دەیگێڕێت. بۆیە پێویستە ئەمڕۆ جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئازادی ڕادەربڕین بە واتای ئازادی ڕەخنەگرتن لە ئایینە. ئەگەر بە هەر بیانوویەک ڕەخنە لە ئایین سنووردار بکەیت، ئازادی دەربڕینت زۆر نەماوە. بە درێژایی مێژوو بەم شێوەیە بووە و ئەمڕۆش هەر بەو شێوەیە.

‎تەنها لە سەردەمی ئێمەدا پێویستە بیروباوەڕ و پیرۆزیە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانیش زیاد بکرێن بۆ تابۆ خورافاتە ئایینییەکان. چینە دەسەڵاتدارەکان هەم ئایین و هەم ناسیۆنالیزمیان لەدژی ئازادیەکان بەکارهێناوە و لە هەموو شوێنێکدا ڕەگەزپەرستی و ناسیۆنالیزم و سنوور و خاک و ئاڵاپەرستی و دژە بێگانەی و هتدیان کردووە بەگۆپاڵێک دژ بە ئازادییەکان. ئازادی ڕادەربڕین لە ڕاستیدا ڕووبەڕووی ئەم دوو بەربەستە بنچینەییەیە و دەبێت لە بەرگریکردن لە ئازادییە بێ مەرجەکاندا جەخت لەوە بکەینەوە کە ئازادی ڕەخنەگرتن لە تابۆ و پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەیی-نیشتمانیەکان، پایەی بنەڕەتی ئازادی ڕادەربڕینە.

‎١٢ی جوڵای ٢٠٢٣، ٢١ی تیری ١٤٠٢




دوای عاجز بوون.. نەوزاد بەندی

چی هەوڵم دا عاجزنەبی ، بێ سوود دەرچوون ..
هەر عاجز بووی ..
لە ناوەڕاستی ئەو هەموو بێکەسییەدا ،
بەجێت هێشتم ..
هەر چەندە تۆ ، لە تاریکستانی ڕۆحما ،
خۆرێ نەبووی ..
مۆمێکی تواوە و کز بووی ..
هەر عاجز بووی ..
من ئەمزانی عاجز ئەبی ،
بۆیە زۆر جار لەگەڵ تۆدا ،
تەنیاییشم بانگهێشت ئەکرد ..!
بۆیە کاتێ قسەت ئەکرد ،
هەندێکیانم ئەدایە دەستی بێدەنگیی ..
کاتێ هەواڵت ئەپرسیم ،
من ڕێجیمی تەنیایی وشکی کردبووم ..
لە قاعەی جیمی بێکەسی ،
عارەق لە گیانم ئەچۆڕا ..
من ئەمزانی عاجز ئەبی ..
بۆیە کاتێ قردێلەی کۆلارەی خەونت ،
بۆ ئەچنیم به ڕەنگا و ڕەنگیی ..
ڕۆحم لێت دوور ئەکەوتەوە بە بێ دەنگیی ..
من ئەمزانی بە بێ هۆ ، لێم عاجز ئەبی ..
چونکە گەشتیاری دوو کەشتی ..
دوو فڕۆکە ..
دوو ئۆتۆبیسی جیا بە جیا..
گەر تێرمیناڵێکیش ڕۆژێ ،
بۆ کاتێ کۆیانکاتەوە ..
گەر چێشتخانەیەک ..
وێستگەیەک ،
بە یەکتریان بناسێنێ ..
ئەو کاتە زۆر خێرا ئەڕوا و ..
بێ ماڵئاوایی ، نامێنێ ..
هەوڵم زۆر دا کات ڕاوەستێ ..
هەوڵم زۆر دا لە کەشتیەکان دابەزین و
بڕۆینە ناو شەپۆلەکان ..
فڕۆکەکان بە جێبێڵین ،
پێکەوە بڕۆینە ئاسمان …
هەوڵم دا ئەوەی هەمانە ،
بیگۆڕینەوە بە قومێ خەونی
سازگار و پەمەیی ..
پڕ خوێدانێ دنیای شیعریی ،
ئەوەی گۆران ئەیووت فرمێسکی تیا نییە و
زۆرتریش لە فرمێسک ئەگری ..
من ئەمزانی عاجز ئەبی و
چەند ساڵە هەرچی فرمێسکم شاردۆتەوە ،
هەموویم پێ ئەدۆڕێنی .. چاک ئەمزانی ..
چەند ساڵە گەر بەشی پیاسەیەک ، دوو زەردەخەنەم ، خەواندبێ .. پەلیان ئەگری و
لە هەتیوخانەیەکی خەم ،
ناونوسیان ئەکەی .. ئەمزانی..
ئەمزانی ئەم گفت و گۆیە ،
لەنێوان دوو تابلۆدایە ، به دوو دیواری
جیاوازی .. دوو ماڵی جیای ..دوو تەمەنی جیاوازەوە ..
لە نێوان دوو پەلەوەری ..دوو ئاسمانی تەنگ و قوڵی .. لێک دووری بێ ئەندازەوە ..
دوو ماسی ناو دوو بەندەری ..دوو زەریای ..قەت یەکنەگرتوو ..
دوو سەرسەری .. دوو شەقامی ، شارێکی بێ سەر و بەری .. بێ یاسا و پڕ دەردەسەریی ..
من ئەمزانی عاجز ئەبی ،
بۆیە کاتێ خۆت ئەکرد بە دێڕەکانما ،
من ڕێنوسم لێ تێک ئەچوو ..
ئەڕۆیشتم لە پەرەگرافێ ، کە هیچی لە من نەئەچوو ، پڕ زەرفێ حەرفم قەرز ئەکرد ..
ئەچووم بە یادی مناڵیی ،
لە پەڵەی فەریکەنۆکی لاپەڕەیەک ،
پڕ گیرفانم دێڕی نامۆ و سەیرم ئەدزی ..
تا دوورتری بخەمەوە هەوری تاریکیی عاجزیی ،
چونکە گەر ناخی تاریک و پڕ تابلۆی نیوە سووتاوی تەمەنمت بەرچاو کەوتایە ،
ئەو چەند ساتەیش ، دڵت لام دانەئەبەزی ..
تا دێڕ و وشەی گفت و گۆی
تۆی لێ بچنم ، هەزار جار خۆمم ئەگۆڕی ، بووم بە ئەکتەر ..به حەربا .. تاوێ سەوزبووم ، تاوێ ئەبووم بە دڕکەزی ..
دڵنیا بووم عاجز ئەبی ،
بۆیە کاتێ لەگەڵ تۆدا بە دنیای هزرا ئەگەڕام ،
دایکم ئەیووت : لەگەڵ کێ بووی ؟
ئەمووت :هەر خۆم بووم بە تەنها ..!