شەوی بیست و یەکی حەوت شار خوێناوی کرا!.. گەردە مامەحەمە

ئەو شەوەی رۆحی (سۆران)یان لێ سەندینەوە !شەوێکی ڕەشتر لەمێژووی شەوەکانی تری ڕۆژمێری تەمەنماندا تۆمارکرا، هەر بەدەستی جەلادەکانی شاخ و مافیاکانی ئێستای شار،ئەو شەوەی هەرگیز لەخەیاڵدانی ئێمەدا لەبیرناکرێت،وەکوو مۆتەکە بەدەورماندا دەسوڕێتەوە.
هەرگیز بیرمان لە کارەساتی ئاوا جەرگبڕ نەکردبووە ،بەبیرماندا نەدەهات ئەوە بەو شێوەیە ڕووبدات.
لەبارودۆخێکدا ڕوحی ئازادی لەهزری سۆراندا دروست بوو کە تروسکایی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی بەتۆسقاڵ بەدیارکەوتووبوو لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق!سۆرانیش خۆی کرد بەسەرمەشقی ئەو ئازادیەی کەپێنوسەکەی وڕاپۆرت و وتارەکانی بوون بەمەشخەڵی. وەک(مۆنتسیکۆ)دەڵێت:”هەندێ جار هەوای پاک بۆ سیەکانی ئەو کەسانەی لە زەلکاودا دەژین زیانبەخشە”، بۆیە ڕێگای ئازادی بۆسۆران و سۆرانەکان لەشاری کەرکوک زەحمەتبوو لەهەموولایەکەوە، وەک هاوپیشەکانی دەیانگوت قەناسەکە لەسەر سەری بوو!وەکوو ئەوەی شەهید(سۆران) خۆی گووتی ئەگەر لەنزیک ئاگردان دانیشیت پرسکت بەر دەکەوێت،ڕێک وا بوو بۆ شەهید”سۆران”. نەمدەزانی جەلادەکان ئەندازیارن لە داهێنانی تیرۆرو کوشتندا.ئەوەندە ڕق ئەستورن بەرامبەر قەڵەمەکەی شەهید (سۆران)، لەپێناومانەوەی خۆیاندا لولەی تفەنگەکەیان کردە “سۆران”و تیرۆریان کرد. بەخەیاڵی پیسیان وایان دەزانی بەتیرۆرکردنی سۆران،هیچ سۆرانێکی تر بوێری ئەوە ناکات دەست بۆ مەلەفەبڤەکانیان بەرن.بەڵام خەیاڵیان لەگەڵیان دا ڕاستی نەکردو درۆی کرد، ئەوان دۆڕان چونکە دوای بیرکردنەوەیەکی نادروست و تارکستان کەوتن!،خەیاڵیان خاوە سەدان لاو جەسورتربوون لەسەر خوێنی سۆران سازش ناکەن و کۆڵنادەن بەقەڵەمەکەی..نەترستربوون و ئەو مەشخەڵەی سۆران دایگیرساند هەڵیان گرتووەو ناهێڵن بکوژێتەوە بەردەوامی پێ دەدەن..لەکاتێکد دەسەڵات کۆیلایەتی زاڵ کردوە بەسەر هەمووو شتێکدا، ئازادیش تا دێت بەیاسا ڕێگری لێ دەکرێت،ڕێگری لەماهامێتی دەکرێت.ئەو دەسەڵاتە خوی بەتیرۆرو خوێنڕشتن و زیندانی و ناچارکردنی خەڵک تا ڕوو لە تاراوگەبکەن و زوڵم و ستەمکاریەوە گرتوە، لەهەمان کاتدا هەموو ئازادیخوازان چاوەڕوانی بەسزاگەیاندنی تاوانبارانن..بەڵام ئەو دەسەڵاتەفیرعەونیە زیندانەکانی پڕکردوە لەچالاکەوان وڕۆژنامەنوس وئازادیخواز!
ئەگەرچی ناسینەوەی جەلادە خوێنڕێژەکان لەئێستادا ئەستەم بێت!ئەوە لەڕۆژگاری داهاتوودا روون دەبێتەوە، وەک بینیمان نەوەی پێشمەرگەیەکی شەهید لەدوای زیاتر لەسی ساڵ بۆی روون و ئاشکرابوو کێ باوکی شەهیدکردوە..لە دوای ئەو مەودا زۆرەی ساڵ و تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر بەسەرشەهیدکردنی باوکیدا،تۆڵەی باوکی لەبکوژ کردەوە!ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پەنادانی بکوژان لەلایەن حزبەکانەوە،وە بێ باکی و لاوازی لایەنی پەیوەندیدار و یاساو سیستەمی دادوەری لەهەرێمی کوردستان..وە زاڵبوونی حزب و دەسەڵاتداران وقەڵەمڕەوەیانی هەرێمی کوردستان بەسەر یاساودادوەراندا،بەئەمری حزب دادگاکان کاردەکەن و بەڕێوەدەبرێن!،لەزۆربەی کەیسەکانی تیرۆربە تایبەتی تیرۆری سیاسی وفکریدا نەیانتوانیوە تاوانباران بەسزا بگەیەنن ولەسزا ڕزگارکراون! وەکوبەرزەکی بانان بۆ دەرچوون،لەکاتێکدا خەڵک هەر چاوی لە دەزگائەمنیەکان و دادگاکان بوو، بۆ یەک لای کردنەوەی کەیسیەکانیان..بەڵام دەیان کەیسی تیرۆرکردن لە هەردوو ڕەگەزی نێرومێ تا ئێستاکە یەکلای نەکراوەتەوە بە دادگا، یاسا لەقازانجی میللەت نەبووە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات وحکومەت وسستمی سەرمایەداری بووە، ،هەرچەندە متمانەلەنێوان زۆرینەی میللەت و لایەنی پەیوەندیدار ودەزگائەمنیەکان ویاسادا نەماوە،لەبەر ئەوەی لەهەر شارێک یان زۆنێک تاکێک لەکۆمەڵگەدا تیرۆربکرێت یان بکوژرێت ئەوە بکوژ خۆی دەخزێنێتە باوشی یەکێک لەحزبە فەرمانڕواکانەوەو دەیگرنە خۆیان تا بەکاری بهێنن بۆ مەبەست و مەرامی شەخسی یان حزبی، ڕادەستی یاسایان ناکەن تا یاسا سەروەری خۆی بەجێ بگەیەنێت، ئەمەش ڕێی خۆش کردوەو کوشتن لای تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی بووەتە ئاو خواردنەوە! لەم کاتەدا ناچار خاوەن حەق پەنابۆئەوە دەبات خۆی تۆڵەبکاتەوە! ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت ناهێڵن سیستمی دادوەریویاسا وەک پێوست بەئەرکی خۆی هەڵسێت، هەربۆیە کێشەکۆمەڵایەتیەکان لەزیادبوون دان و ڕۆژێک نیە گوێ بیستی هەواڵی تۆڵەسەندنەوە نەبین!ئەم جۆرە بێ باکی و نەهاتن بە دەنگ خانەوادەی شەهیدەتیرۆرکراوەکان،دەسەڵات و لایەنی ئەمنی ویاسایی خستۆتە بەر بەرپرسیارێتیەوە لای ڕێخکراوە نێودەوڵەتیەکان!ئەرکی سەر دەزگا ئەمنیەکانە کاتێک ڕووداویەکی کوشتن ڕوویدا،دەست بەجێ بەئەرکی خۆیان هەڵسن و بچنەشوێنی ڕووداوەکە، نەک دوای چەند ڕۆژێک تێپەڕی بەسەر کوشتنەکەدا ئینجا پەڕاوە بکەنەوەو پشکنین بۆ شوێنی ڕووداوەکەو تەختێەی بۆ بکەن،هەر بۆنمونەئەوکاتەی شەهید(سۆڕان) یان تیرۆرکرد دوای هەشت ڕۆژ دوای تیرۆرکردنەکەی پۆلیس هات بۆ شوێنی ڕووداوەکەو وەرگرتنی وتەی خانەوادەکەمان،ئەوساتەی کەشەهیدسۆران تیرۆرکرا منی لەگەڵبووم و شایەتحاڵم کەچۆن شەهید (سۆران)ی برام تیرۆرکرا ،تا ئەم ساتەوەختە پۆلیسم نەدیوەو وتەم لێ وەرنەگیراوە! لەهەمان کاتیش دا براکەم خۆی پێی گوتووبووم کە چ لایەن و حزبێک هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێدەکەن!
ئەمە هەڵەیەکی گەورەبووە کە دەزگا پەیوەندیدارەکان لە کەیسی شەهید(سۆران) دا کردویانە! بۆیە بەردەوام لایەنی پەیوەندیدار بەکەمتەرخەم ناو دەبەم و بوونەهۆکاری ڕزگاربوونی بکوژان لەسزا.هەروەها یاساودادگاکان دەبێت ڕۆڵی سەرەکی ببینن بۆ سزادانی تاوانباران و ئەوان دەتوانن بەپێی ماددە یاسایەکان داوای دەستگیرکردنی تاوانباران بکەن و سزایان بدەن، بۆیە پێوستە و ئەرکە خۆیان ئەرکداربکەن، ڕێگەنەدەن ببن بەدەستەمۆی حزبی و بەرپرسەکان،چونکە ڕۆژ ڕۆژی لەدوایەو دەخرێنە مێژوی نەفرەت لێکراوانەوە.بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە،ئەگەر یاسا سەروەری خۆی پاراست و بەئەرکی پیرۆزی خۆی هەڵساو مامەڵەی کرد،ئەوە کێشەکۆمەڵایەتیەکان روو لەکەمبوونەوە دەکات و وڵات و شارەکان ئارامیان بۆ دەگێڕدرێتەوە..وەبە پێچەوانەشەوە ئەوە کێشەکان وەک لەئێستادا لەهەڵکشاندایە زیاتر دەبێت.ئەوکاتە کەس حسابیان بۆناکات! خاوەن حەق وابیر دەکاتەوە کە حەقی خۆی بسەێنێت و ئامادەش دەبێت چەندساڵێک زیندانی بکرێت، بەم جۆرەش لە کۆمەڵگەدا شیرازەی کۆمەڵگەوکۆمەڵایەتی وخێزانیش تێکدەچێت و تێک دەشکێن.وە کێشەکانیش بەردەوامی پێ دەدرێت و لەساڵانێکی دیکەدا سەر لەنوێ سەرهەڵدەداتەوە،کوشتنی تاکی تری ماڵپاتەکانیان لێ دەکەوێتەوە.ئەو کاتە لایەنی پەیوەندیدار لەکوێیا خۆدەبینێتەوە؟ ئەرکی چارەسەری قورستر دەبێت!لەکاروانی سەقامگیرو هاوسەنگی وئارامیو پێشکەوتندا هەرس دەهێنێت.
بۆیە لەم یادە خەمناکەو لە پانزەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم و ڕۆژنامەنوس(سۆران مامەحەمە)ی برام دا،وەکوو ماڵپاتی شەهیدی قەڵەم داوا دووبارە دەکەینەوە با چیتر لەچاوەڕوانیدا نەمێنینەوە لە نادیاری وبەسزا نەگەیاندنی تاوانباران و پشت گوێ خستنی کەیسی تیرۆرکردنی شەهید “سۆران”، دوای پانزەساڵ هێشتا بکوژ دەست نیشان نەکراوەو لەسزا ڕزگارکراوەو نە دراوەتە دادگا. هەر وەک دەوترێت هەر بکوژێک نادیاربوو ولەسزا ڕزگارکرا ئەوە دەسەڵات ڵێی بەرپرسەو دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵات.
سەری ڕێزو وەفابوون بۆ شەهیدسۆران مامەحەمەو شەهیدانی تیرۆرکراون دادەنوێنم لەم ڕۆژە جەرگ بڕەدا..نەمری بۆ شەهیدانی قەڵەم و ڕسوایی بۆ بکوژان و تاوانباران.

گەردە مامەحەمە

18/7/2




ساڵنامەی سۆراننامە.. ژمارە سفر

بۆ خوێندنەوەی ئەم ساڵنامەیە کلیکی ئێرە بکەن..




لە ڕوودا خۆی وەک بزووتنەوەی ئیسلامی پیشان دەدام و لەژێرەوەیش سیخوڕی بەسەرەوەدەکردم!.. شەماڵ بارەوانی

هەرسەبارەت بەو شەشڕوواتییە، لە کۆلێژی شەریعەش خوێندکارێکمان لەگەڵدابوو، ڕێک وەک ئەو فەقێ شەشڕووەی کە باسم کرد وابوو. مرۆڤێکی زۆر ناخپیس بوو. بەڕاستی کەسێکی گران و سەنگین نەبوو. ئەویش بە هەمان شێوەی فەقێ شەشڕووەکە، زۆر بە ئۆین و نازبوو. دەتگوت لەشیان هەمووی هۆرمۆناتی مێینەیە. هاهاها.
ئەو خوێندکارەی کە لە تەمەن زۆر لە من گەورەتربوو.
ئەو پیاوەی لە ڕووت خەندەی دەکرد و لە پشتەوەیش خەنجەری لێدەدایت.
من ئەوەم باشە تۆزەک سەرناسم و زوو بەرامبەر دەناسم. واتا بە ئاسانی ناخرێمە فاقەوە.
ئەو پیاوەم زوو ناسی و هاوڕێ ئیسلامییەکانم(کچ و ژن و کوڕە خوێندکارەهاوپۆلەکان)مم زوو لێ ئاگادارکردەوە کە ئەو پیاوە سیخوڕ و شتە.
من ئەوکاتە بەرپرسی لێژنەی(ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابییانی کوردستان)ی یەکگرتوو-شەریعەبووم. قۆناغی یەکەمی کۆلێژی(زانستە ئیسلامییەکان) شەریعە دەڵێم.

ئەو پیاوە لە ڕوودا خۆی وەک بزووتنەوەی ئیسلامی پیشان دەدام و بە منی دەگوت: من کۆنەبزووتنەوەی ئیسلامیم. وا خۆی پیشان دەدا، کە ئێستاش هەر مەیلی بۆ بزووتنەوە و جیهاد و شت هەیە. (ئەو پێشووتر بزووتنەوە بوو).
جا عەلاساس ئێمە و ئێوە(بزووتنەوە-یەکگرتوو) براین و دەبێ ئاگامان لێکتری بێت. کەچی دواتر بۆیان باس کردم(سیخوڕیم بەسەرەوە دەکات).
خۆشم هەستم پێ دەکرد، کە سیخوڕیم لەسەر دەکات و دەیەوێت نهێنی و شتم پێ دەربێنێت و بیبات بۆ ڕێکخراوی(یەکێتی قوتابییانی کوردستان)ی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بنکەیەکیان لەناو کۆلێژەکە هەبوو.
سەرەتا هەرکەسێک لە خوێندکارەکان سەرەدانی ئەو ژوورەی (ڕێکخراوی قوتابییانی کوردستان)ی بکردبوایه، من گومانم لەبەرامبەریدا له دڵ دروست دەبوو. زۆر ڕقم لەو ڕێکخراوەیە دەبوویەوە.
بە ئەندامەکانی خۆمان(ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابییانی کوردستان)م دەگوت: نەڕۆن بۆ ئەو شوێنە.
من ئەوکاتە ئیسلامییەکی توند و زۆر چاڵاک و دڵسۆزیش بووم بۆ یەکگرتووی ئیسلامی.
دواتر و قۆناغی چواری کۆلێژ، بەراورد بە قۆناغی یەکی کۆلێژ زۆر گۆڕابووم لە ڕووی فیکر و تێڕوانینەوە و وازم لە ئیسلامییەکان و زۆر شتی تری ئایینیش هێنابوو و لەڕووی حیزب و شتەوەوەش بێلایەن بووم.
ڕۆژێک ڕۆیشتمە سەردانیان، وابزانم کاکە(ئەحمەد سندی) ئەوکات بەرپرسی ڕێکخراوەکەبوو. کاکە ئەحمەد لەو بەشەی من و لە هەمان هۆبەی منیش بوو. کوڕێکی بەڕێز و هێمن بوو. هەڵەنەبم ئەوڕۆژە لە کافتریاکە دەهاتمە دەرەوە. دەرگای کافتریاکە و ژوورەکەی(ڕێکخراوی قوتابییانی کوردستان) لە تەنیشت یەکتری بوو. کاکە ئەحمەد گوتی: کاکە شەماڵ هەر سڵاوێکمان لێ ناکات! بە پێکەنینەوە وای گوت.
کە وای گوت، ڕۆیشتمە ژوورەوە و سڵاوێکم لێ کردن و هەندێک دانیشتم و کەمەک قسەمان کرد وگوتیان هەرکاتێک بێیت دەرگا لەسەر پشتە. زۆریان کەیف هات و زۆریان ڕێزلێ گرتم.
بێینەوە سەر باسی پیاوە دووڕووەکە. کە ئەوەم زانییەوە(سیخوڕیکردنی لە دژی من) وەک گوتم، هەموو هاوڕێ ئیسلامییەکانم لێ ئاگادارکردەوە و ئیتر لەوڕۆژەوە تا کۆلێژیشم تەواوکرد، ئەو پیاوەم ڕووشکێن دەکردەوە و بە ڕەقی قسەم لەگەڵ دەکرد و زانیبوویەوە کە من گوتوومە: ئاگاداری بن، سیخوڕە.
دووسێ جار خۆی گوناح کرد و پێی دەگوتم: وەلڵاهی من وا خراپ نیم، وەک تۆ لێم حاڵی بوویتی. بەڵام درۆی دەکرد و من یەک تۆز متمانەم پێی نەبوو.

لەو ماوەیە خوارزاکەم کەوتە نەخۆشخانەی ئیمیرجێنسی( ڕۆژئاوا)لە هەولێر، پێویستی بە خوێن بوو. من و دوو خوارزای ترم ڕۆیشتین بۆ بانکی خوێنبەخشین لە( نەخۆشخانەی ڕزگاری)، بە ڕێکەوت ئەویش لەوێ بوو. دوای دەساڵ لە تەواوکردنی زانکۆ، جارێکی تر ئەو پیاوەم بینییەوە. ئەو پیاوەی کە خوازیاربووم لە دۆزەخیش نەیبینمەوە. کەچی ئێستا و لە نەخۆشخانەی ڕزگاری دەیبینم!
هیچ خۆم تێینەگەیاند و لەپاڵ یەکتری بووین، نەمن سڵاو و چاکوچۆنیم لەگەڵدا کرد، نەئەویش.
هەرسەبارەت بەو پیاوە، لەکاتی تیرۆرکردنی کاکە(خواناس) لە لایەن داعشبیرێکەوە، ئەو پیاوە بە فەیسبووکی خۆی کۆمێنتی بۆ هاوڕێم(د.ئادەم بێدار)ی مامۆستای زانکۆ و پێشکەشکار لە کەناڵی(ڕووداو)کردبوو و لەبارەی تیرۆرکردنی کاکە (خواناس)نووسیبووی(کلیپەکی زۆر خراپی هەیە، مستەحەقی بێت) واتا پشتگیری ئەو کارە تیرۆرستییەی دەکرد و لە کۆمێنتێکی تریش نووسیبووی(خوایە ئیسلام بکەیتە حاکم). ئای لەوە! هاهاها.
ئای لەوە، خۆ دووبارە ئەوپیاوە لە فەیسبووک دێتەوە بەرچاوەکانم و لە فەیسبووکێکی تر، کە بەرلەوەی بیسووتێنن ئەو پیاوە فرێندم بوو. ئادی ناردبوو، گوتم دەی با ئەو بێ کەڵکە وەرگرم.
جا ئەوڕۆژەی لە کۆمێنت پشتگیری ئەو کردەوە تیرۆرستی و کوشتنەی کاکە خواناسی کردبوو، گوتم با بڕۆمە ناو فەیسبووکەکەی بزانم ئەو پیاوە چی پۆست کردییە و چییە ئێستا؟
سەیری پرۆفایلەکەیم کرد، لە ڕادیۆی حیزبێکی ئیسلامی پێشکەشکارە و بەرنامەیەکی ئایینی هەیه و وەک پیاوێکی ڕۆحانی و ئیمانی و واعیز و شت قسە دەکات و وێنەی قاید و قیادەی ئەو حیزبەی داناوە و پۆستی ئیسلامییەکی شێر کردووە لە دژی هەدەپە و بۆ پشتگیری(هودا)پارتی ئیسلامی و لە پۆستێکیش نووسیبووی(هەرسەگێک بە ئیسلام بوەڕێ و بەردی تێگرین، ئیتر بەرد لە زێڕ بە نرختردەبێت).
هەڵبەت ئەو پیاوە بە بەرماڵەوە بفڕێت بۆ کەشکەڵانی ئاسمان یان کورد گوتەنی: بڕواتە ئاش و بێتەوە و سەری هەموو ئارد بێت، من بڕوای پێ ناکەم و ساختەچییەک زیاتر نییە.
مرۆڤی سیخوڕ، جا سیخوڕی ئیسلامی یان عەلمانی، چەپ یان نەتەوەیی و هەرکەسێک و لایەنێک بێت، جێگای متمانە نییە و مادام ئامادەبێت بۆ دوو پوولی حیز، سیخوڕی بەسەر هاوڕێی خۆی و مرۆڤەکانەوە بکات، بە دڵنیاییەوە مرۆڤی ئاوا، مرۆڤی مەبدەئی نین و بۆ هیچ کەسێک ماڵ نین و هەردەم و سەعاتە و ڕۆژەی بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕەنگ و ڕووی خۆیان دەگۆڕن و خۆیان دەفرۆشنە ئەم و ئەو.




گیرفانه‌ مرۆڤ*.. فەرهاد کەریم

شه‌و و رۆژ بیست و چوار ده‌مژمێره‌،
نوستن و کارکردن،
گوو کردن و ده‌م شوشتن،
ئه‌و ده‌مه‌ی هه‌رگیز خاوێن نابته‌وه وه‌ک قوون،
چه‌قۆیه‌ بۆ بڕین،
تۆ کاتژمێریت،
چه‌ند ده‌مژمێر ده‌ده‌ی به‌ کوشتن و مردن، به‌ خوێن و ژیان،
چه‌ند ده‌مژمێر ده‌ده‌ی به‌ جه‌نگ و سوتان به‌ ورگ و گیرفان،
ده‌مژمێرێک ناده‌ی به‌ مۆراڵ و مێشک و ئاکار،
جه‌نگ گه‌رم ده‌که‌ی له‌ پێناوی گیرفان،
ئاوه‌دانی و خۆشه‌ویستی وێران ده‌که‌ی بۆ گه‌وره‌کردنی گیرفان،
ورگت گیرفانی برسیه‌تییه‌،
سه‌رت گیرفانی وێرانه‌یی، ماڵی ماسی و مارو مرۆڤ وێران ده‌که‌ی،
سۆزو وێژدان و بینینت گیرفانه‌،
له‌ پێناوی سه‌وزی گیرفانت، ژیان پڕ گریان و مردن ده‌که‌ی
له‌ ناو مردن ده‌ژیم
ده‌ژیم له‌ گه‌ل مردن
به‌یانیان رۆژ پڕ ده‌بێ له‌ تاریکی
رۆژ پڕ ده‌بێ له‌ تاریکی نیوه‌ڕۆیان
ئێواران رۆژ پڕ ده‌بێ له‌ تاریکی
رۆژ پڕ ده‌بێ له‌ تاریکی شه‌وان
مرۆڤ تۆ بخه‌وه‌ به‌ خه‌وتنت ژیان روناک ده‌بته‌وه‌
به‌یانیان ،نیوه‌ڕۆیان، ئێواره‌، شه‌وان ڕوناک
باڵنده‌، ماسی، ئاژه‌ڵ به‌ چاویڵکه‌ی ڕه‌شه‌وه‌ مالئاوا له‌ مردن و له‌ ژیان ڕێ،
کاتژمێرێکت ماوه‌ بۆ مردن مرۆڤ،
،شه‌ڕێکی گه‌وره‌ داگیرساوه،
ده‌م و قوونت وه‌کو یه‌کن به‌ فریای شووشتن ناکه‌وی،
زمانت پڕ په‌یڤی خراپ،
ویژدانت پڕ جه‌نگ، گیرفانی ناخت پڕ ژه‌هر،
ژه‌هر پڕژێن ده‌که‌ی ژیان، ژه‌هرت ڕواند له‌ ژیان،
سه‌گ و کۆتر و ماسی و هه‌نار له‌ ناو ئاوه‌دانی و ئه‌ڤین و خه‌نده‌ی تۆی ژه‌هردان له‌ ناو ژه‌هر و مردنداین،
مرۆڤ له‌ ناو گیرفاندا گه‌شه ‌ناکا
جوانی له‌ کۆڵانه‌کانی گیرفان بار ده‌کا
گیرفان باڵی نیه‌ بۆ فڕین
ژوان نیه‌ بۆ ئه‌ڤین
له‌ ناو گیرڤان وه‌ره‌ ده‌رێ، مردن راگره‌
ژیان بانگت ده‌کا
له‌ گه‌ل ژیان ئاشتبه‌وه
گیرڤان مردنی ژیانه‌
جه‌نگه‌کان، پژمینی که‌ش و هه‌وا
ئاسمان هه‌میشه‌ گریان
مرۆڤی بێ گیرفان جوانه
گیرفانه‌ مرۆڤ له‌ خۆت پرسیووه‌ بۆ زه‌وی پڕبووه‌ له‌ په‌پووڵه‌ی کۆر،
له‌ باڵنده‌ی بریندار،
له‌ ئاژه‌ڵی خوودار،
له‌ ماسی گێژ،
له‌ دره‌ختی خه‌مبار،
له‌ مرۆڤی گیرفان،
کاتژمیرێکت ماوه‌ بۆ مردن مرۆڤه‌ گیرفان،
که‌ مردیشیت گیرفانه‌ مرۆڤ قووتت ده‌دا،
مرۆڤه‌ گیرفان بمره‌، ژیان پێویستی به‌ هه‌ناسه‌ دانه‌،
مرۆڤ حه‌زی له‌ غاردانه‌ وه‌ک ئه‌سپ
وه‌ک کۆتر حه‌زی له‌ فڕینه‌
ئه‌شقی ئاوه‌ وه‌ک ماسی
وه‌ک دره‌ختێکی هه‌میشه‌ سه‌وز ئاشق
وه‌ک سه‌گ وه‌فا
بمره‌ یان وه‌ره‌ ده‌رێ له‌ گیرفان.

*کاتژمێر9 ماڵئاوا له‌ سه‌گه‌که‌م به‌ نه‌خۆشی به‌ هۆی دکتۆری بڕوانامه‌ی باڵای گیرفان

2023-7-20




ماف.. شیعر: نزار قبانی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

پێش ئەوەی،
فەرمانێکی فاشیستانە دەرچێت
ئەمەوێ خۆشم بوێیت
و
ئەمەوێ کوپێ قاوەت لەگەڵا
بخۆمەوە
و
ئەمەوێ دوو دەقیقە
دانیشم لەگەڵتا
پێش ئەوەی پۆلیسی نهێنی
كورسییەکان لە ژێرمانا
ڕاکێشێ…
و
ئەمەوێ پێش ئەوەی
دەم و قۆڵم بگرن ،
باوەشت پیاکەم…
و
ئەمەوێ پێش ئەوەی
گومرگ بخەنە سەر فرمێسکەکانم
لە ناو دەستەکانتا…بگریم
ئەمەوێ خانمەکەم
خۆشم بوێیت
و
ڕۆژ ژمێر بگۆڕم
و
ناوی مانگ و ڕۆژەکان بگێڕمەوە
ئەمەوێ لەسەر ریتمی هەنگاوەکانت
و
بۆنی عەترەکەت
كە پێش خۆت ئەگاتە قاوەخانەکە
سەعاتەکانی دونیا رێک بخەم
بۆ داکۆکی لە مافی ئەسپ سواریی
خۆشم ئەوێیت ، خانمەکەم
و
بۆ مافی ژن کە ” سوارەکەی ” خۆی
بەدڵی خۆی هەڵبژێرێ
و
بۆ مافی درەخت
كە گەڵاکانی بگۆڕێ
و
بۆ مافی گەل کەی ویستی
فەرمانڕەواکان بگۆڕێ
خۆشم ئەوێیت…خانمەکەم