ولیەم هەیوود(١٨٦٩ – ١٩٢٨) ئەو ڕابەرە کرێکارەی خەوی لە چاو ئەمریکا تۆران.. ئامادەکردن و وەرگێرانی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

کەسایەتی ولیەم هەیوود
ولیەم دادلی هەیوود ناسراو بە ( بیگ بیڵ)؛ ڕابەرێکی بزووتنەوەی کرێکاری ئەمریکا و دامەزرێنەری یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکا(١) لە چواری مانگی شوباتی ساڵی ١٨٦٩ لە شاری سەڵت لەیک لە ویلایەتی یوتا لەدایک بووە. ولیەم لە دوو دەیەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بەشداری چەندین نەبەردی کۆمەڵایەتی چینایەتی کرێکارانی کردووە دژ بە سەرمایەداران، وەک نەبەردی کرێکارانی کۆلۆڕادۆ و مانگرتنی کرێکارانی ڕستن و چنینی لۆرانس و مەساچوستس و نیوجێرسی.
ولیەم داکۆکیکارێکی سەرسەختی ڕێکخستنی کرێکاران بوو لە یەکێتیی و سەندیکاکانیان. ئەمەش فەلسەفەی ململانێی چینایەتی کرێکارانە تا کرێکارانی ڕشتە جیاوازەکان لە ڕێکخراوی خۆیاندا ڕێکخراو بن. ولیەم باوەڕی وابوو کە کرێکارانی هەموو نەتەوە جیاوازەکان دەبێ یەکگرتوو بن. چونکە یەکگرتوویی کرێکاران بەمانای بەهێزبوونیان دێ لەبەرامبەر سەرمایەداران. هەروەها ولیەم ئەوەندەی باوەڕی بە کردەی ڕاستەوخۆ هەبوو ئەوەندە باوەڕی بە کردەی سیاسی نەبوو. ولیەم سازشکار نەبوو لە خەبات بۆیە هەمیشە بەوە تاوانبار دەکرا کە لایەنگری توندوتیژییە. دیارە توندوتیژی بەمانا چینایەتییەکەی. بۆیە سەرمایەداران هەوڵیاندا لە ساڵی ١٩٠٧ بە کوشتنی فرانک ستونینبێرگ تاوانباری بکەن، بەڵام لەو پلانە چەپەڵەیان سەرکەوتوو نابن. ساڵی ١٩١٨ ، بەبیانووی چالاکی دژی بە جەنگی جیهانی یەکەم، حکومەتی ئەوسای ئەمریکا سەد و یەک ئەندامی ڕێکخراوی یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانی دەستگیر کرد و ولیەم یەکێک بوو لەوان. ولیەم بیست ساڵ زیندانی بۆ دەبڕنەوە. بەڵام ساڵی ١٩٢١ لەکاتی پیاچوونەوەی بڕیارەکەی ولیەم دەرفەتی بۆ هەڵدەکەوێت و هەڵدێت بەرەو وڵاتی یەکێتیی سۆڤییەت.

ژیانی ولیەم هەیوود لە یەکێتیی سۆڤییەت
لەیەکێتیی سۆڤییەتی حکومەتی بەلشەفییەکان، هەیوود بووە ڕاوێژکاری کار لە حکومەتی بەلشەفیکی لینین و تا ساڵی ١٩٢٣ لەو پۆستەدا مایەوە. هەروەها هەیوود بەشداری لە دامەزراندنی کۆلۆنی پیشەسازیی سەربەخۆی کوزباسدا کرد(٢). میوانە هەمەچەشنەکانی هەیوود بۆ شوقە بچووکەکەی لە مۆسکۆ هەستییان بە تەنیایی و خەمۆکی ولیەم و ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ ئەمریکا دەکرد. لە ساڵی ١٩٢٦ هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی ڕووسی پێکهێنا، هەرچەندە ولیەم و هاوژینەکەی دەبوو بە زمانی ئاماژە قسە لەگەڵ یەکتردا بکەن، چونکە هیچ کامیان زمانی ئەوی دیکەی نەدەزانی. ئەم دۆخی غوربەتە زۆر درێژەی نەکێشا و بەداخەوە ئەم ڕابەرە مارکسیستەی چینی کرێکار لە ١٨ی ئایاری ١٩٢٨، لە نەخۆشخانەیەکی مۆسکۆ بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە گیانی لەدەستدا. پاش مردنی تەرمەکەی سووتێنرا و نیوەی خۆڵەمێشەکەی لە نەکرۆپۆلیسی دیواری کرێملین نێژرا؛ دەبەیەک کە نیوەکەی تری خۆڵەمێشەکەی تێدابوو ڕەوانەی شیکاگۆ کرایەوە و لە نزیک مۆنۆمێنتی شەهیدانی هایمارکێت نێژرا.

ولیەم و یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٠٤ ژمارەیەک لە ڕابەرانی کرێکاری ڕادیکاڵ و بەرجەستەی ئەمریکا لە شیکاگۆ کۆبوونەوە بۆ نەخشەداڕشتن لەپێناو پێکهێنانی یەکێتییەکی کرێکاریی شۆڕشگێڕی نوێ. بۆ ئەو مەبەستە بەیاننامەیەک نووسرا و ڕەوانەی سەرتاسەری وڵات کرا. ئەو ڕابەرە کڕێکاریی و سەندیکاییانەی کە لەگەڵ مانیفێستەکەدا هاوڕا بوون، بانگهێشت کران بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی دامەزراندنی یەکێتییەکی نوێ کە دواتر بە یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهان ناونرا.

کاتژمێر ١٠ی بەیانی؛ ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ١٩٠٥، هەیوود قسەی بۆ ئەو خەڵکە کرد کە لە هۆڵی براند لە شیکاگۆ کۆببوونەوە. ئامادەبووانی کۆنگرەکە بریتیبوون لە دوو سەد نوێنەری ڕێکخراوە کرێکارەکانی سەرتاسەری ئەمریکا، کە نوێنەرایەتی سۆسیالیستەکان، ئەنارکیستەکان، کرێکارانی کانەکان، سەندیکاییەکانی پیشەسازی و کرێکارانی یاخیبوویان دەکرد. هەیوود یەکەم کۆنفرانسی بەم وتانەی خوارەوە دەستیپێکرد.
(هاوڕێیان، ئەمە کۆنگرەی کیشوەریی چینی کرێکاری ئەمریکایە. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی کرێکارانی ئەمریکا یەکگرتوو و یەکپارچە بکەین لە بزووتنەوەیەکی چینیایەتی مەزن بە مەبەستی ڕزگارکردنی خۆی لە کۆیلایەتی سیستەمی سەرمایەداری. خواست و ئامانجەکانی ئەم یەکێتییە دەبێت ئەوە بێت کە چینی کرێکار دەسەڵاتی ئابووری، هۆکارکانی خۆشگوزەرانی ژیان، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت، دوور لە چاودێری کارفەرما و سەرمایەداران.)
جگە لە ولیەم هەیوود؛ قسەکەرانی تری ئەم کۆنگرەیە لەم کەسایەتییە شۆڕشگێرانە پێکهاتبوون وەک یوجین دێبس ڕابەری حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکا و مەری هاریس دایکە جۆنس ڕێکخەری گشتی یەکێتیی کرێکارانی کانەخەڵووزەکانی ئەمریکا و لوسی پارسنس ڕێکخەرێکی گەورەی کرێکاران بوو. دوابەدوای پێکهاتنی یەکێتییەکە، ئەم ڕێکخراوە سەرسەختانە بەشداری تێکۆشان و خەباتی چینی کرێکاری ئەمریکای کرد. ولیەم هەیوود لە ساڵی ١٩١٥ تا ١٩١٨ بوو بە سکرتێری گشتی ئەم ڕێکخراوە کرێکارییە شۆڕشگێڕە.

دادگایی و تاوان هەڵبەستن
لە ٣٠ ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٠٥ فرانک ستێننبێرگ حاکمی گشتی ویلایەتی ئایداهۆ لەلایەن هاری ئۆرچاردەوە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا دەکوژرێت. فرانک لەڕووبەڕووبوونەوەی کرێکارانی مانگرتوو زۆر وەحشیگەریانە جووڵابۆوە. هاریش پاسەوانی چارڵس مۆیەر بوو کە سەرۆکی ڕێکخراوی کرێکارانی کانەکان بوو. هاری لە زیندان کەوتە ژێر کاریگەری سەرمایەداران و بە تەماحی پارە و ئازادکردن ئیفادەکەیان پێ گۆڕی و هاری کرداری کوشتنەکەی خستە ئەستۆی چوار لە رابەرانی کرێکارییەوە، واتە بە فەرمانی ئەوان ئەو کارەی کردووە. ئەوە بوو یەکێکیان هەڵات و سێ ڕابەرەی تر لە ١٧ ی شوباتی ساڵی ١٩٠٦ لە شاری دێنڤار پایتەختی ویلایەتی کۆلۆڕادۆ دەستگیر کران. لەکاتێکدا ئەو ڕابەرانە لە کاتی تاوانەکەدا هەر لەوێش نەبوون. ئیتر پەڕاوی دادگایییان بۆ ئامادەکردن. هەیوود ئەوکاتەی لەزیندانیش بوو وەک کاندیدی حیزبی سۆشیالیستی کۆلۆرادۆ خۆی کاندیدا کرد و ١٦٠٠٠ دەنگی بەدەستهێنا. دادگاییەکە لە ٩ ی ئایاری ١٩٠٧ دەستی پێکرد. لە دادگاییەکەدا هاری دانی بەوەدا نا کە ئەو بەر لە ناسینی هەیوود و مۆیەر پارەی وەرگرتووە. سەرمایەداری لەم پلان و نەخشەیەیدا دژ بە ڕابەرانی کرێکاری سەرکەوتوو نەبوو.

هەیوود و حیزبی سیاسی
بۆ چەندین ساڵ؛ ولیەم هەیوود ئەندامێکی چالاکی حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکا بوو، لەتێڕوانینە سیاسییەکانیدا مارکسیست بوو. هەروەها هەیوود لە ساڵی ١٩١٠، نوێنەری حیزبەکەی بوو بۆ ئەنتەرناسیونالی دووەم. ساڵی ١٩١٢ بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبە. هەیوود بەردەوام تاکتیکی خەباتی ڕادیکاڵانە و تووند بووە. بۆیە هەمیشە پشتی بە مانگرتن و ئاکسیۆن بەستووە نەک تاکتیکی سیاسی. دوای ،مشتومڕێکی سیاسییانە دەربارەی ئەو تاکتیکانەی هەیوود، ئەوەبوو هەیوود لە شوباتی ساڵی ١٩١٣ ڕیزەکانی حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکای جێهێشت و وەک یەک ڕابەری بەرجەستەی کرێکاریی خۆی بۆ یەکێتیی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی تەرخان کرد. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمە بەو مانایە نایەت کە ولیەم هیچ بایەخی بە تیۆر و فێربوون نەداوە، بەڵکو خودی خۆی چەندین نامیلکە و وتاری گرنگی نووسیوە کە ئێستا بوونەتە بەشێک لە مێژووی خەباتی چینایەتی کرێکارانی ئەمریکای باکوور(٣)

دوا قسە
ولیەم هەیوودی سەرڕاست و جیددی و بەوەفا و مارکسیست؛ شانبەشانی بزووتنەوەی چینی کرێکاری ئەمریکا لەتێکۆشاندا بوو. چینی کرێکاری ئەمریکا ڕێزێکی زۆریان بۆ هەیوود هەبوو. ئەویش هەموو ژیانی بۆ ئەو چینە تەرخان کرد. وتەکانی، قسەکانی، نووسین و کتێبەکانی گەواهی دەدەن لەسەر جیددی بوون و سەرسەخت بوونی ئەم ڕابەرە مەزنەی خەباتی چینایەتی لەبەدیهاتنی خواست و ئاواتەکانی کرێکاران. تا چینی کرێکاری ئەمریکا مابێت ئەو قسەیەی هەیوودی لەیاد ناچێت کە دەیوت (دڵڕەقی سەرمایەداری بەجۆرێکە ئەوەی بەزەیی بێت، تێیدا نییە). ولیەم ٥٩ ساڵ ژیا، بەڵام سەربەرزانە ژیا لەپێناو ملیۆنان ئینسان کە چیتر برسی و چەوساوە نەبن. ئەو شەو و ڕۆژی پێکەوە گرێ دەدا تا ئاواتە چینایەتییەکانی کرێکاران کە لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا ئاماژەی پێدراوە، بێتە دی. هەر ئەو تێکۆشانەی هەیوود بوو کە بۆ ماوەی سێ دەیە خەوی لەچاوی سەرمایەدارانی ئەمریکا تۆران.(٤)

تێبینییەکان :
(١)حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٠١ لە ئەمریکا لە ئەنجامی لێکنزیکبوونەوەی حیزبی سۆشیال دیموکراتی ئەمریکا و حیزبی کاری ئەمریکا هاتە دامەزراندن. لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم ئەم حیزبە پشتیوانییەکی زۆری لەلایەن ڕێکخراوە کرێکارییەکان و سۆشیالیستەکان و جووتیارە پۆپۆلیستەکان و پەناهەندەکانەوە بەدەستهێنا. یوجین ڤی دێبس دوو جار لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا زیاتر لە ٩٠٠ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە لە هەمان کاتدا حیزبی سۆشیالیست دوو نوێنەری ئەمریکای (ڤیکتۆر ئێڵ بێرگەر و مێیەر لەندەن) و دەیان یاسادانەر و زیاتر لە ١٠٠ سەرۆکی شارەوانی و بەرپرسی هەڵبژارد. دژایەتی تووندی ئەو پارتە لەگەڵ تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، هەرچەندە لەلایەن زۆر کەسەوە پێشوازی لێکرا، بەڵام بووە هۆی لادانی دیار و سەرکوتکردنی فەرمی ئەو حیزبە. حیزبی سۆشیالیست زیاتر بەهۆی شەڕێکی کوتلەیی لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە یەکێتیی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩١٧ و دامەزراندنی ئینتەرناسیوناڵی کۆمۆنیست لە ساڵی ١٩١٩دا لەت و پەت بوو- زۆرێک لە ئەندامان پارتەکەیان بەجێهێشت و چوونە نێو حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا.
(٢)لەسەرەتای دەسەڵاتی سۆڤییەتەکان، حکومەتی بەلشەفیکەکان بە پێویستی زانی کە سوود لە سەرمایە و زانیاری و ئەزموونی بیانی لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ئیمتیازەوە، وەربگرێت، ئەم بڕیارەش لە یەکەمین کۆنگرەی سەرتاسەری ڕووسیای سۆڤیەتدا کە لە کانوونی دووەمی ١٩١٧دا بەڕێوەچوو، بڕیاری لەسەر درابوو.
(٣)بۆ نموونە : سۆشیالیزمی پیشەسازی لەگەڵ فرانک بۆهن شیکاگۆ ١٩١١، مانگرتنی گشتی ١٩١١، وتاری هەیوود دەربارەی کەیسی ئیتۆر و جیانۆڤیتی ١٩١٢، بیل هەیوود مانگرتنی پیتەرسنی ساڵی ١٩١٣ی لەیادە. ١٩١٣، مێژووی کرێکارانی پیشەسازی جیهانیی دڵۆپ دڵۆپ بە خوێن نووسراوە. ١٩١٩، هەڵکوتانەسەر بەبەردەوامی ١٩١٩، ژیاننامەی بیڵ هەیوود ١٩١٩.
(٤)هەندێک ناو لەم نووسینەدا هاتوون کە خوێنەر دەتوانێت گوگڵیان بکات و زانیاری پێویستیان لەبارەوە بەدەست بهێنێت.

سەرچاوە : بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوانە وەرگێراوە.
1- https://www.oregonencyclopedia.org/articles/industrial_workers_of_the_world_iww
2- https://www.forewordreviews.com/reviews/frank-little-and-the-iww/
3- https://libcom.org/article/iww-canada-g-jewell

ولیەم هەیوود(١٨٦٩ – ١٩٢٨)
ئەو ڕابەرە کرێکارەی خەوی لە چاو ئەمریکا تۆران

ئامادەکردن و وەرگێرانی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی و کێشەی سێ دوورگەکە.. وەرگێڕانی کاوە عومەر

دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی لەبەرنامەی وەڵام
وەرگێڕانی کاوە عومەر
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە

خەلیل کەیوان: لەم دواییانەدا دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەنجومەنی هاوکاری کەنداوی عەرەبی کە بە کورتی بە ناوی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو ناودەبرێت، لە مۆسکۆ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا. لە بەیاننامەی کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا “پاڵپشتی هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی حکومەتی ئیمارات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی لەسەر سێ دوورگەکە لە ڕێگەی دانوستانی دوولایەنە یان دادگای نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان” دەکرێت. ئەم پرسە پرسی کۆنی خاوەندارێتی بەسەر ئەو سێ دوورگەیەدا گەرمتر کردووەتەوە و بووەتە قسەوباسی نێوان بەرپرسانی حکومەت و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا گەشاندوەتەوە. لەوانە دەنگێک لە ناو حکومەتەوە دەبیستین کە کە هەڵوێستی ڕووسیا لەسەر بنەمای سادەیی بوو یان سەبارەت بە سەربەخۆیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران مجامەلەی هیچ لایەنێک ناکەین. لە پەرلەماندا بەشێک لە نوێنەران لە وتارەکەیاندا پێش فەرمانەکەیان ناڕەزایەتییان بە هەڵوێستی ئەم دواییەی ڕووسیا و ڕێبازی حکوومەت بۆ ئەم پرسە دەربڕی. میدیای حکومی نووسیویانە کە پشتیوانی ئێران بۆ ڕووسیا پشت بە با و هتد دەبەستێت. ئەم بابەتە لەگەڵ حەمید تەقواییدا تاوتوێ دەکەین.
حەمید تەقوایی دەزانین کە کۆماری ئیسلامی پرسی خاوەندارێتی ئێران لەم سێ دوورگەیە بە شتێکی دانوستان لەسەرنەکراو دەزانێت. بە بۆچوونی ئێوە هۆکارەکانی هەڵوێستی لایەنگری ئیماراتی ڕووسیا سەبارەت بەم دوورگانە بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی نزیک و دۆستانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چین؟
حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم ئەوەیە کە ڕووسیا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە و عەرەبستان و ئیمارات و هتد هەبێت. ئەمەش بەشێکە لە ستراتیژی ڕوسیا بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا. بۆیە سەیر نییە ڕووسیا هەڵوێستی لەو شێوەیە بگرێتەبەر. هەرچەند ڕووسیا هەمیشە لە شەڕی سووریا، لە عێراق و لە سیاسەت و کردەوە تیرۆریستییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی بووە و هەمیشە لە ئەنجومەنی ئاسایش و لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی بە قازانجی کۆماری ئیسلامی داوە، بەڵام بە پشتبەستن بە هەڵوێستەکانی کۆماری ئیسلامی سیاسەتی ناوچەیی خۆی دیاری ناکات.
یەکێک لە ئامانجەکانی ڕووسیا کە لە ئێستادا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا لەژێر فشاری گەمارۆ ئابوورییەکاندایە، فراوانکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەیە. ئه م وڵاتانه هه رچه نده به پێچه وانه ی کۆماری ئیسلامی په یوه ندییه کی نزیک و فراوانی دیپلۆماسی و ئابوورییان له گه ڵ حکوومه ته کانی ڕۆژئاوا هه یه ، له هه مان کاتدا ده یانه وێت دوای لاوازبوونی پێگه ی حکومه تی ئه مریکا له ناوچه که و پێکهێنانی جۆرێک له “فه زای کراوەی دیپلۆماسی”دا په یوه ندی دیپلۆماسی-ئابووریی نوێیان له گه ڵ چین و ڕووسیادا هه بێت.
بێگومان تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە پرسی سێ دورگەوە هەیە، ئەمە یەکەمجار نییە وڵاتانی عەرەبی هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بگرنەبەر. شتە نوێیەکە ئەوەیە کە ڕووسیا پشتیوانی ئەم هەڵوێستەی کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو بارودۆخ و هاوکێشانەی ناوچەکەدا کە من ڕوونم کردەوە، بە تەواوی شیاوی تێگەیشتنە.
خەلیل کەیوان: چینیش حەوت مانگ لەمەوبەر هەڵوێستێکی هاوشێوەی سەبارەت بەو سێ دوورگەیەی گرتەبەر و بایەخیاندا بە ئیدیعای ئیمارات سەبارەت بەم دوورگانە. ئایا ڕووسیا و چاینە سیاسەت و ئامانجێکی هاوبەش پەیڕەو دەکەن؟
حەمید تەقوایی: بەڵێ دەکرێ بڵێین چین پێشەنگ بوو لەم بابەتەدا. لە دانوستانەکانی نێوان چین و سعودیە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی حەوت مانگ لەمەوبەر، پرسی پاڵپشتیکردنی ئەو سێ دوورگەیە تەنیا پرس نەبوو، بەڵکو چین گرێبەستی گەورەی بازرگانی و ئابووری لەگەڵ سعودیە و ئیمارات واژۆ کرد و لە هەمان کاتدا هەوڵیدا سعودیە و کۆماری ئیسلامی لە یەکتر نزیک بکاتەوە. دەکرێ بڵێین دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی سعودیە و میرنشینەکان کە ئەمڕۆ شاهیدین بە دەستپێشخەریی چین دەستیپێکرد. پێگەی چین لەسەر ئەو سێ دوورگەیە لە ڕاستیدا بە مانای جۆرێک لە زەمینەی نێوبژیوانی بوو بۆ لێک نزیککردنەوەی دوو لایەنە ناکۆکەکە. لە ڕەوتێکی گشتیتردا، پێویستە هەموو ئەم ڕێکارانە بە بەشێک لە سیاسەتی چین بۆ فراوانکردنی کاریگەری، بەتایبەتی کاریگەریی ئابووری، لە ناوچەکەدا هەژمار بکرێن.
بەهەر حاڵ وەک ئاماژەم پێدا، چین و ڕووسیا بلۆکێکن کە سیاسەت و ئامانجەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیڕەو دەکەن و کۆماری ئیسلامیش لەگەڵ خۆیاندا ڕادەکێشن. کۆماری ئیسلامی بە هۆی سیاسەتی دژە ڕۆژئاوایی و ستراتیجی بەناو “نیگای ڕۆژهەڵات”، پێویستی بە بەرگری و پشتیوانی لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی چین و ڕووسیا هەیە، بەڵام پێچەوانەکەی ڕاست نییە. ئەمە کۆماری ئیسلامییە کە بە هۆی گۆشەگیریی و فەزح بوونیەوە لە جیهاندا، بە تایبەتی لە ژێر گوشاری شۆڕشی ژیانی ئازادیدا، بە پشتبەستن بە ڕووسیا و چین، بە پشت بەستن بە ڕووسیا و چین پێگەیەک بۆ خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام چین پێویستی بەو جۆرە نییە و ڕووسیاش هەرچەند بە هۆی شەڕی ئۆکرانیاوە لە ژێر گوشاردا بووە، بەڵام بۆ ئەو پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، تەنانەت لە ئاستی سیاسەتە ناوچەییەکانیشدا، گرنگی و لەپێشتر بوونێکی تایبەتی نییە. سیاسەتە ناوچەییەکانی بلۆکی ڕووسیا – چین سەربەخۆیە و لە هەندێک حاڵەتدا پێچەوانەی هەڵوێست و داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامییە و هەڵوێستەکانی ئەم دواییە سەبارەت بەو سێ دوورگەیە جەختکردنەوەیەکی دیکەیە لەسەر ئەم ڕەوتە.
خەلیل کیوان: زۆرێک لە هێزە ناسیۆنالیستەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەم هەڵوێستەی ڕووسیا و نزیکبوونەوەی لێنەبڕاوانەی ڕێژیم بە نیشانەی خیانەتکردنی کۆماری ئیسلامی لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی و یەکپارچەیی خاک دەزانن. بۆچونی ئێوە لەم بارەیەوە چیە؟
حەمید تەقوایی: پێویستە لە چوارچێوەیەکی گشتیتردا ئەم هەڵوێستەی ناسیۆنالیستەکان هەڵسەنگاندنی بکرێت. ئەمە هەمیشە گوتاری هێزە ڕاستڕەوەکانی ئۆپۆزسیۆن و شاهانە و تەنانەت کۆماریخوازەکان بووە، کە وا دیارە کۆماری ئیسلامی پابەند نییە بە “بەرژەوەندی نەتەوەیی”وە، سنووری بۆی گرنگ نییە و ئێران و ئێرانیبوونی بە گشتی بۆی گرنگ نین. تەنانەت هەندێک لە شاخوازەکان پێیان وایە کە ئەمە حکومەتێکی عەرەبییە، خومەینی لە هیندستان لەدایک بووە و هتد. ئەمە بە تەواوی بێ بنەمایە. بەڕای من کۆماری ئیسلامی لە پاشایەتیخوازەکان کەمتر ناسیۆنالیستی نییە. بە هەمان شێوە جەخت لەسەر پاراستنی سنوورەکانی ئێران دەکاتەوە. سەبارەت بەو سێ دوورگەیە، هەمیشە ڕایگەیاندووە کە خاوەندارێتی ئێران لەسەر سێ جەزیرەکە جێگای باسکردن نیە. لەم حاڵەتەدا بەم دواییانە هەمان هەڵوێستیان گرتەبەر، هەرچەندە زۆر بە نەرمی مامەڵە لەگەڵ ڕووسیا دەکەن. ئەگەر وا دابنێین ئەم هەڵوێستە لەلایەن ئەمریکاوە پێشنیار بکرایە، دڵنیابن کە هێرشی زۆر بەهێزترمان لە بەرپرسانی حکومەتەوە دەبینی. لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیادا زۆر بە وریایی ورێبینیەوە مامەڵەیان کرد، ئەمەش لەبەر بێ بایەخی سنوور و سنوورەکان بۆ ڕژێم نییە، بەڵکو وەک ڕوونم کردەوە، لەبەر پێویستییان بە بلۆکی ڕووسیا-چین. لە هەر حاڵەتێکدایە، تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بەو سێ دوورگەیەوە هەیە، حکومەت هەمیشە ڕایگەیاندووە کە ئەو دوورگانە هی ئێرانن و لە دۆسیەی ئەم دواییەشدا جەختیان لەسەر هەمان شت کردووەتەوە.
هەربۆیە ئەو هێڵە جیاکەرەوەی کە هێزە ڕاستڕەوەکان هەوڵی کێشانی لە نێوان خۆیان و کۆماری ئیسلامیدا دەدەن، وەک ئەوەی کۆماری ئیسلامی بێباکانە بەرامبەر بە پیرۆزییە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی، خاک و سنوورەکان، هیچ بنەمایەکی نییە. کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی ئایینییە، بەڵام لە هەمان کاتدا لە هەر شوێنێک پێویست بکات، تەپڵی ناسیۆنالیزم و بەرگری لە سنوور و نیشتیمانی لێداوە. بۆ نموونە لە شەڕی ئێران و عێراقدا، شەڕێک کە لە نێوان دوو “وڵاتانی ئیسلامی”دا ڕوویدا، ڕێژیم لە بنەڕەتدا بە پشتبەستن بە دۆزی “ئیسلام” جگە لە دەماری میللی و میللەت چێتی و ئێرانیبوونی شەڕی بردە پێشەوە،. تەنانەت ئەوکاتەش شاخوازەکان لە شەڕەکەدا پشتیوانییان لە کۆماری ئیسلامی دەکرد و تا ئێستاش بە شەڕێکی نەتەوەیی – نیشتمانی ناوی دەبەن. چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕەزا پەهلەوی ڕایگەیاند کە ئامادەیە وەک فڕۆکەوانێک بەشداری لەم شەڕەدا بکات. بۆیە تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە پیرۆزییە ناسیۆنالیستییەکانەوە هەیە، جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ناسیۆنالیستە ئۆپۆزسیۆنەکاندا نییە.
خاڵی بنچینەیی ئەوەیە کە لە ڕوانگەی جەماوەری خەڵکەوە و لە ڕوانگەی هێزە ڕادیکاڵەکانەوە، پیرۆزی نەتەوەیی- نیشتمانیەکان وەڵامی کێشەکە نین، هەروەها پیرۆزییەکانی ئایینیش نین. هەم خورافاتی ئایینی و هەم پیرۆزی نەتەوەیی هیچ پەیوەندییەکیان بە خواستەکانی خەڵکەوە نییە. خەڵک، وەک شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ڕایگەیاندووە، لە ڕووی خۆشگوزەرانی و ئازادییە مەدەنییەکان و هتدەوە داوای مافە ڕەواو ئینسانیەکانی خۆیان دەکەن و هەمیشە لە ژێر ئاڵای ناسیۆنالیزم و ئاییندا، بە دروشمی “خودا پاشا نیشتمان” سەرکوت کراون. لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێین لە ڕووی پیرۆزی و تابۆی نەتەوەیی ئایینی- نیشتمانیەوە، کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی پاشایەتی شان بە شانی یەکترن و هەرچەند جەختکردنەوەیەکی جیاوازیان هەیە، بەڵام یەکێکیان زیاتر جەخت لەسەر ئایین دەکاتەوە و ئەوی دیکەیان لەسەر ناسیۆنالیزم، بەڵام لە بنەڕەتدا نوێنەرایەتی هەمان هێڵ دەکەن. ئەو هێڵ و سیاسەتەی کە حکومەتەکان هەمیشە پەیڕەویان کردووە، و ئایدیاڵ و بەها ئازادیخوازەکانی خەڵک هەمیشە لە خاڵی پێچەوانەی ئەم هێڵ و سیاسەتەی حکومەتدا بووە.
خەلیل کەیوان: لە دوو مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ سعودیە و ئیماراتدا هەبێت. ئەم هەڵوێستەی ئەم دواییەی ڕووسیا چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەم پەیوەندییانە دەبێت؟
حەمید تەقوایی: پێموانییە کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت چونکە ئیمارات و وڵاتانی عەرەبی کەنداو هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم سێ دوورگەیە هی خۆیانن. بەم مانایە هیچ شتێکی نوێ ڕووی نەداوە.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە نزیکیی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتانە بۆ گۆشەگیریی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە. وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، لەگەڵ ئەو شۆڕشەی کە لە ئێراندا دەگوزەرێت، ڕێژیم لە ژێر گوشاری تونددا بووە و لە جیهاندا ڕیسوا و بێناوبانگ کراوە. نزیکیی کۆماری ئیسلامی لە سعودیە و ئیمارات لەم ڕوانگەیەوەیە؛ ڕێژیم بە نزیکبوونەوە لەم وڵاتانە هەوڵ دەدات پێگەیەک لە ناوچەکەدا بدۆزێتەوە. هەروەها وڵاتانی عەرەبی دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان بەو ئیمتیازاتانە دەستپێبکەنەوە کە بەدەستیان هێناوە. بۆیە هیچ کام لە لایەنەکانی ناکۆکی لەسەر ئەو سێ دوورگەیە بە بەربەست نازانرێت.
خەلیل کەیوان: بە بۆچوونی ئێوە چارەسەری ناکۆکی لەسەر سێ دوورگەکە چییە؟
حەمید تەقوایی: ئەم پرسە، هاوشێوەی ناکۆکی سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دواجار دەبێ بە دەستێوەردانی لایەنی سێهەم چارەسەر بکرێت. چونکە ئەگەر بۆ ئەم حکومەتانە جێبهێڵیت، کێشەکە چارەسەر نابێت و تەنانەت ڕەنگە شەڕ و ململانێی سەربازیشی لێبکەوێتەوە. زۆرێک لە شەڕەکان بە لێدانی تەپڵی ناسیۆنالیزم و ئیدیعای سنوور دەست پێدەکات. چارەسەری کۆتایی ئەوەیە کە لە ڕێگەی میتۆدی دیپلۆماسیی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و هتد بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکرێت و تۆماری مێژوویی و بۆچوون و خواستی خەڵک لەبەرچاو بگیرێت و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار بدرێت. ئەم دوورگانە زۆر دانیشتوویان نییە. گەورەترین دوورگەی ئەبو موسا کە کەمتر لە پێنج هەزار کەسی تێدایە و هەزاران و سەدان کەس لە تونبی گەورە دەژین و تونبی بچووک بە هیچ شێوەیەک نیشتەجێی تێدا نییە. بەڵام لە هەمان کاتدا بۆچوونی خەڵکی دانیشتووی ئەو دورگانە و لە کوێدا خەڵک خۆی دەیەوێت هاوڵاتی بێت، فاکتەرێکی گرنگە کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت.
بەڕای من کۆمەڵەی ئەم فاکتەرانە دەتوانێت کێشەکە بە شێوەیەکی دیموکراسی و پرەنسیپی چارەسەر بکات. گوتارگەلێکی وەک ئەوەی ئێمە لە ڕێگای ئەم سێ دوورگەیەدا خۆمان بەخت دەکەین و هتد، کە ئەمڕۆ لە سۆشیال میدیادا نموونەیان دەبینین، بۆنی بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و شەڕیان لێدێت. دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەم مەیلانەدا بکرێت. حکومەتەکان دەبێ پابەندبن بە قبوڵکردنی بۆچوونی دەسەڵاتە نێودەوڵەتییە خاوەن ڕایەکان. بێگومان پێشبینی ئەوە ناکرێت کە لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا کێشەکە چارەسەر ببێت، بەڵام دوای ڕووخانی حکومەت، کاتێک حکومەتێکی خەڵکی پشت بەستوو بە دەنگی خەڵک و دیموکراتی دێتە سەر کار، بە شێوەیەکی سروشتی ئەمە دەتوانێت چارەسەری کێشەکە بێت.

١٩ی تەمموزی ٢٠٢٣، ٢٨ی تیری ١٤٠٢

گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند ڕزگار خۆشناو.. سازدانی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

گفتوگۆ لەگەڵ هونەرمەند ڕزگار خۆشناو
لە هەولێر بە ئاهەنگی ژنهێنان و بەزم و هەراکەی دەڵێن ئەکلەنجه‌

هونەرمەند ڕزگار خۆشناو

  • لە ١٠ ی شوباتی ١٩٥٢ لە شاری شەقڵاوە لە دایک بووە.
  • لە ساڵی ١٩٦٨ لە (معهد الدراسات النغمیە العراقی) دەستی کردووە بە خوێندنی (عود) نەزەریاتی شەرقی کوردی.
  • لەساڵی ١٩٨١ عێراقی بەجێهێشتووە و لەساڵی ١٩٨٢ دەستی کردووە بە خوێندنی کومیو ستیونی-کلاسیک و لە ساڵی ١٩٨٩ دا تەواوی کردووە بەدەرەجەی دبلۆم. وەساڵێک پاشتر بڕوانامەی ماجستێری وەرگرت لە تالیف و ئەندامی دائمی کۆمیسیۆنی نەمساوییە.
  • لەساڵی ١٩٩١-١٩٩٥ لەگەڵ گروپێکی تیاتەری نەمساوی ئیشی کردووە هەم موزیکژەن و هەم ئەکتەر بووە. چوونەتە پۆڵۆنیا و ڕۆمانیا و ئەڵمانیا. دوو کاسێت لە ١٩٨٣ و ١٩٨٥ وە سیدییەک لەگەڵ گروپەکەی کەهەر هەموویان مامۆستای دانشگان لە نەمسا (ڤیناو گرامش)لە ١٩٩٥ دەرهات و ٢٥٠٠ دانەی لێ فرۆشرا. ئێستاش خەریکی سید ییەکی تازەن لەگەڵ چەند کۆنسێرتێک کە.تەنها زیاتر بۆ خەڵکی ئەوروپایە کە زۆر تاموچێژ لە موزیک و کۆنسێرتی ئەوان وەردەگرن و زیاتر لە ( ٩٠٠ تا ١١٠٠ ) کەس ئامادەی ئاهەنگەکانیان دەبن. هەروەها لەگەڵ هونەرمەندان مەرزیە وناسری ڕەزازی و حەمە جەزا و ئەردەڵان…تاد زۆر کۆنسێرت و ئاهەنگیان لە ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا سازداوە.

لە میانی ئەوسەردانە کورتەی هونەرمەند ڕزگار خۆشناو بۆ شاری باراناوی ڤانکۆڤەر ، ئەم دەرفەتەمان قۆستەوە و ئەم پرسیارانەمان ئاراستە کرد و ئەویش بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : ڕێگرییەکانی بەردەم گەشەی مۆسیقای کوردی بە شێوەیەکی گشتی چین؟

ڕزگار خۆشناو : تەنها ئەم پرسیارە ده‌ تا پانزه‌ لاپەڕەی دەوێ تاکو بتوانی وەڵامی بدەیتەوە. بەڵام من بە کورتی ئەو خاڵانەی کە دەبنە هۆی دواکەوتنی ئاستی مۆسیقای کوردی باس دەکەم:

١- نەبوونی وڵاتێکی کوردی و نەبوونی دام و دەزگای ڕۆشنبیری و پەیمانگای مۆسیقی هونەری تەواو و بە ئیمکاناتی باش.

٢- بندەستی میللەتی کورد و نیازی پیس و چەپەڵی دەوروپشتی کورد بە گۆڕینی کولتوری کورد بۆ عەرەبی و تورکی وفارسی بەتایبەتی فۆلکلۆری کوردی کە ئەمڕۆ بۆتە نێچیرێکی ئاسان و نزیک بۆ ئەوان.

٣- نەبوونی هاندانی تەواو لەلایەن ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد و پشتگیری هونەرمەندان لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە.

٤- میللەتی کورد بەگشتی میللەتێکی وا ڕۆشنبیر نییە کەوەکو هونەرمەندان لەوان تێدەگەن ، لە ئێمە بگەن. بۆیە لەلایەن خەڵکی کوردەوە هونەرمەند زۆر هان نادرێت. دەپرسن کوا کاسێتی تازە یان کوا سیدی تازە؟ بەڵام کە هونەرمەند مەسرەفێکی زۆری کرد و ئەویش ئەگەر پێی قەرز بکرێ، ئەوا نیوەی پارەکەی نایەتەوە. تۆ باسی قازانج هەر مەکە. کورد وا فێر بووە کاسێت تەسجیل بکات و نەیکڕێت!

٥- نەبوونی گروپی مۆسیقی باش و بەرهەمی باشیش پەیوەندی بە ئیمکاناتی هونەری و ماددییەوە هەیە.

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : کاریگەری مۆسیقای ڕۆژئاوا لەسەر مۆسیقای کوردی چییە؟

ڕزگار خۆشناو : مۆزیکی ڕۆژئاوا دوورە لە مۆزیکی کوردی ( ئەگەر باسی کوردستان بکەین)، بەڵام لە ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا ئەوا مۆزیکی ڕۆژئاوا کارێکی زۆر ئەوتۆی نەکردۆتە سەر موزیکی کوردی یان تەئسیری لەسەر موزیکی کوردی نەبووە . هەوڵی زۆر دراوە سوود لە تەکنیکی ڕۆژئاوایی و لە هەندێک ستایڵی ڕۆژئاوا وەکو”پۆپ ، جاز ، ڕۆک ، بلوز ، کلاسیک …تاد” وەربگرێت. لەو مەجالەش هونەرمەندی گەورەی کورد خوالێخۆشبوو قادر دیلان و هونەرمەندان عومەر دزەیی و جوان حاجو چەند نموونەیەکن لەو هونەرمەندانەی کە توانیویانە لەم بارەیەوە سوود وەربگرن.
بەڕای من ئەتوانین پرسیارەکە پێچەوانە بکەینەوە : ئایا موزیکی کوردی چ کارێکی لەسەر موزیکی ڕۆژئاوا کردووە؟ هەموومان موزیکی فلامینکۆ(Flamingo )ی ئەسپانی ، یان موزیکی قەرەجی ئەسپانیامان گوێ لێبووە کە بەزۆر دەلیل کاتی خۆی واتە کاتی هەڵاتنی موزیکوان و عودژەنی گەورە و بەناوبانگی کورد (زریاب) بەغدای بەجێهێشت و بەرەو ئەندەلوس ڕۆیشت و بناغەی ئەم مۆزیکەی داناوە، یان زۆر گۆرانی پۆپی(pop )ی جیهانی بەناوبانگ کە میللودییەکەی پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ میللۆدی کوردی کۆن و هەورامی و شوێنەواری ترەوە هەیە.

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : ئایا بەبڕوای جەنابت مۆسیقای فۆلکلۆر دەتوانێت ببێتە بناغەی مۆسیقای ئەم سەردەمە وە بۆچی؟

ڕزگار خۆشناو : ئێمەی کورد ئەبێ یەک شت بزانین کە ئەویش جیاوازی نێوان موزیکی فۆلکلۆری وەکو کەلەپوری ڕەسەنی کوردی و مایەی شانازی و هەبوونی میللەتێک و پەیوەندی بە دیرۆک و داب ونەریتی کوردەواری و هەروەها مۆزیکی هونەری بەهەموو جۆر و بەشەکانیەوە کە ئەویش پەیوەندی هەیە تا ڕادەیەک بە بارودۆخی کورد و ئاوێنەیەکی ڕاستەقینە و دەنگدانەوەیەکی بارودۆخی کۆمەڵە. بەڵام ئەوە مانای وا نییە کە فۆلکلۆری کوردی نابێ ببێتە بناغەی دروست بوونی گشتی موزیکی کوردی. هەتا زۆر لە کۆمپۆسیوری جیهانی وەکو ئارام خاجاتوریان، چایکۆفسکی و زۆرانی تری جیهان بە تایبەتی (ئەنتۆنیۆ دڤۆرژاڵ)ی چیکی. نەوەک تەنها موزیکی کلاسیک ، بەڵکو ئەمان Jazz وBlues کەهی ڕەشەکانی ئەمریکایەو دەرد و موعاناتی میللەتێک باس دەکات و بۆ موزیکژەنی جیهانی بۆتە ڕێبازێکی موزیکی گرنگ و بناغەکەشی لەسەر موزیکی فۆلکلۆرە و نەک تەنها ئەمە، بەڵکو Blues هەر بە کلتوری ڕەش لەقەڵەم دەدرێت،کە بە ڕاستی بۆتە موزیکی کۆن و کلتوری ڕەشەکانی ئەمریکا و ئەویش بووە بە بناغەیەکی تر بۆ موزیکی تری پاش هاتوو. یاخود Country موزیک کە پێیدەڵێن موزیکی( رعاة البقر) هی جووتیارە سپییەکانی ئەمریکایە و بۆتە فۆلکلۆر و کولتوری کۆنی ئەم میللەتە و زۆر گۆرانی تازەی Pop و Rock بناغەیان لەسەر (Country Music ) داناوە.
ئێمەش ئەبێ بە تایبەتی کاتێ مرۆڤ بێ وڵات بێ و بێ مۆزیک بێ و بێ (Identity) هەویە بێ، ئەوا دەبێ ببێتە بناغەی تەواوی هەموو دامەزراندنی موزیکی ئەم میللەتە.چۆن؟
مامۆستاکەم کەبەداخەوە ده‌ ساڵ پێش ئێستا مرد، زیاتر لە شه‌ش ساڵ لە کاتی حوکمی مەلەکی لە ئەفغانستان بووە و لەلایەن حکومەتی نەمساوە کۆکردنەوەی فۆلکلۆر و گۆرانی ئەفغانی پێ سپێردرابوو کە زۆر بە پوختە وجوانی کۆی کردۆتەوە دەڵێ”کاتێ مرۆڤ توانی لە فۆلکلۆر تێ بگات، ئینجا موزیکی ڕەسەنی تازە دروست دەکات”. بێگومان من باسی ئەوە ناکەم کە وەکو چەند کەسانێک دێن مۆزیک و گۆرانی فۆلکلۆری دەگۆڕن و یان بە ئامێری ڕۆژئاوایی لێی دەدەن یان میلۆدی گۆرانییەکە تۆزێ دەگۆڕن یا ڕزمی یا دابەشکردنی موزیک، بەم جۆرە مامڵە لەگەڵ فۆلکلۆر ناکرێ، بەڵکو ئەبێ ئێمە گۆرانی تازە دابنێین کە بناغەکەی لەسەر فۆلکلۆرە یانی (Melodiznge) زۆر میللودی فۆلکلۆری کورت دەگرێ بە خۆیەوە ڕزمی فۆلکلۆری..تامی فۆلکلۆری وەک گۆرانی Pop( ئێرلەندە) بۆ وێنە یان یابانی، هیندی، عەرەبی، فارسی. بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێ ئەم شتە دروست بکات چونکە شارەزاییەکی چەند ساڵانەی باشی دەوێت و موزیکزانی لێهاتوو کە سەریان لە موزیکی کۆن و تازە دەردەچێت، بیکەن.

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : دیاردەی شەوی کوردی و شایی کوردی چۆن دەبینن؟

ڕزگار خۆشناو : بەداخەوە لەم چەند ساڵەی دوایی دیاردەیەکی زۆر خراپ بڵاوبۆتەوە ئەویش ئاهەنگی کوردی سیاسی بۆتە ئەکلەنجەی کوردی(لە هەولێر بە ئاهەنکی ژن هێنان و بەزم وهەراکەی دەڵێن ئەکلەنجە) هێشتا سروودی”ئەی ڕەقیب” تەواو نەبووە دەستی یەک دەگرن و لە زەوقی موزیکوان و گۆرانیبێژ دەدەن.
ڕاستە ئەو ئاهەنگانەی کورد دەیکات له‌سه‌دا نه‌وه‌د و نۆ پێی دەڵێن (پارتی-Party) یان شەوێک کە خواردن و دانس و سەما و شایی و …تاد تێدایە و کۆنسێرتیش کە مناڵی تیا قەدەغەیە و هەروەها خواردنەوەشی تێدا نافرۆشرێت ، کەسیش بە “ئەی ڕەقیب” هەڵناسێ.
بەڵام بۆ نەکرێ ڕێز لە برای گۆرانیبێژ و هونەرمەندانی سەر شانۆ بگرین کە ئاهەنگەکە دەکەنە دوو بەش. بەشی یەکەم بۆ گۆرانی خاو و مەقام و ئەهلی زەوق، دووەمیش بۆ شان بادان! من ئەم دیاردەیەم لای هیچ میللەتێکی دی وە هەتا لەنێو خودی کوردستانیش خەڵک ئەگەر زۆر هەستی جوڵایەوە کاتی ئاهەنگ ئەوا چەپڵە لێ دەدات و لەشوێنی خۆی دێتە پێش. بەڕاستی من یەک بە باری خۆم کاتێ خەڵک شایی دەکات حەزدەکەم زوڕنایەک یا دەهۆڵم پێ بێت چونکە هەست ئەکەم ئامێرەکەم زوڵمی لێ دەکرێت و شیاوی ئەو ئەزیەت و زەغتکردنە نییە. زۆر جاریش چ میللۆدی لێ بدەم بە عود یا دەهۆڵ لێ بدەم ئەوا کەس هەر فەرقیشی پێ ناکات چونکە ئەوەندە گەرم بوون کە ئاگایان لە موزیک هەر نییە. شایی کوردی تا بڵێی جوانە و لەبارە و پیاو حەز دەکات تەماشای بکات بەڵام نەک وەکو هەندێک کە شایی کوردی نازانن و بەنەوعێک خۆیان دەجوڵێنن کە زیاتر لە (Techno) و دانسی مۆدێرن دەکات و تیایا جلوبەرگی مۆدێلی تازە نیشان دەدرێت. هەتا ئەم شاییە کوردییە بەردەوام بێت، ئەوا موزیکی کوردی هەر لەو حاڵەتە دەمێنێ کە تەنها شایی گەرم بکات و بەس نەوەک شتی هونەری دروست بکرێت کە ڕێکوپێک بێت و نەک تەنها کورد بەڵکو خەڵکی غەیرە کوردیش بتوانێ زەوقی لێوەربگرێت. ئەوەندەی نەماوە کە خەڵک دۆڵ وزوڕنا بێننە نێو هۆڵ و موزیک وگۆرانی کوردی هەر لە بەین بدات.

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : دەڵێن تۆ یەکەمین کەسی کە وەتەرێکت بۆ عود زیاد کردووە؟

ڕزگار خۆشناو : ئەم وەتەرە یان تەلە تەکمیلەی تەلەکانی ترە، یانی جیاوازە لەوەی ( جمیل و میرشیر)ڕەحمەتی کە ئەوان پێیان دەگووت (قەبە دوگاە). ئەوەی من زیادم کردووە ئێستا نەک تەنها لە کوردستان و عێراق، بەڵکو لە زۆر شوێنی تریش بەکاری دێنن. ڕەنگە ئەگەر عود لای پیانۆ نەسب بکرێت یانی دەکاتە(سۆڵ – Sol)

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : ئێستا زۆربەی زۆری ئەوانەی دەست بە فێربوونی عود دەکەن لاسایی ئێوە دەکەنەوە ، ئایا ئەمە چۆن دەبینن؟

ڕزگار خۆشناو : من هەرچۆنێک دەستم پێکردبێ و خۆم فێری ئامێری عود کردبێ ئەوا گرنگ نییە ، بەڵکو ئەوە گرنگە کە من هەر لە ساڵانی پەیمانگاوە واتا ١٩٦٨ وە تاکو ئێستا زۆر تەئکیدم لەسەر ڕوحییەت و تاموچێژی کوردی ڕەسەن کردووە. وە لە کوردستان زۆر گروپ عودیان لە نێو گروپەکەیان بەکار نەدەهێنا بە دەلیلی ئەوەی گوایە عود ئامێرێکی عەرەبییە و بە کەڵکی کوردی نایەت.
ڕاستە ئێمە لەبەر ئەوەی موزیکی عەرەبیمان زۆر گوێ لێبووە کە بە ئامێری عود لێدراوە و چونکە هەموو ئاوازدانەر و دابەشکەر و فێربوون لە ڕۆژهەڵات بە تایبەتی لای میللەتی عەرەب بە عود دەکرێت، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێ کە من هەستم ئامێرێکی جوانی تەختی ڕۆژهەڵاتی هەڵبگرم و خۆی لێ دوور کەم. چونکە ئەگەر موزیکژەن ڕوحیەتی عەرەبی یا فارسی یا تورکی بێت ئەوا باڵەبان، ساز، سنتوور، ڤیولون، چەلۆو هەمووی بە ڕوحیەتی ئەم میللەتانەی کە باسم کرد لێدەدات. واتە گرنگ نییە چ ئامێرێکە، بەڵکو کێ لێی دەدات و چۆن ئێستا من شانازی بەوە دەکەم کە زۆر موزیکژەنی کوردی ناسراویش تەقلیدی من دەکەن و ڕێ و ڕەچکەی نزیک بە منیان گرتۆتە بەر و ئەوەش باشی زیاترە لە خراپی بە تایبەتی دوای زیادکردنی تەلی شەشەم عود دەنگی بە گوێرەی عودی عەرەبی و فارسی یەکجار گۆڕا و زیاتر بوو بە دەنگێکی زیاتر کوردی ودوور بوو لە میللەتانی تر. ئیتر بە هیوام بتوانین سوود لە ئامێری دیکەی میللەتان وەربگرین و هیچ ئامێرێک فڕێ نەدەین.
ڤیولون : هەم عەرەب بە عەرەبی لێی دەدات.فارس بە فارسی وتورک بە تورکی و کوردیش بە کوردی ئەبێ لێیبدات.

عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) : لە کۆتاییدا چ ڕێنوێنییەکتان هەیە بۆ مۆسیقارە کوردەکان؟

ڕزگار خۆشناو : هیوام وایە کە ئەوانەی ئەیانەوێ فێری موزیک ببن یان ئامێرێکی موزیک فێر بن، ئەوا زۆر گوێ بگرن بۆ موزیکی فولکلۆری کوردی و دوای دوو سێ ساڵ نەڵێن من تازە بوومە موزیکژەن و ئیتر بچینە سەر شانۆ و خۆیان بە موزیکوان دانێن. چونکە لە ئەوروپا خەڵک لەتەمەنی چوار پێنج ساڵیدا دەست پێدەکەن و هەتا ده‌ پانزه‌ ساڵیش ناچنە سەر شانۆی حیرفەیی یان پرۆفیشیۆناڵی چونکە بەلایانەوە هەڵەیە!. ئەبێ موزیکوانی کورد بە فێربوونی دوو جوملەی موزیک و گۆرانیبێژ بە سێ – چوار گۆرانی نەیەنە سەر شانۆ و پێش ئەوەی هونەرمەند ڕێی هونەرییان دەست پێبکات کۆتایی دێت. بەداخەوە کورد تەنها میلەتێکە کە مامۆستا و قوتابی لێک دەرناکات. ڕێزی یەکێک کە تازە هاتۆتە مەیدانی هونەر بەقەدەر یەکێک دەگیرێت کە زیاتر لە سی ساڵە خزمەت دەکات و چەندەها جیلی پێگەیاندووە. من ناڵێم هونەرمەندی گەنج هان نەدرێت، بەپێچەوانەوە ئەبێ ئێمە هەموو گەنجەکان و ئەوانەی تازە دەست پێدەکەن هان بدەین. بەڵام ئەبێت بزانین چۆن و بەچی؟ نەوەک وابێت کە کابرا بڵێت ئەوە منم وا گەیشتمە ئەو پلە بەرزە و ئیتر خۆی و ئاستی هونەری خۆی لەبیر بچێت. لە کۆتایشدا هیوای سەرکەوتن بۆ (ڕەنگاڵە) ئەو ڕۆژنامە خنجیلانە تازەیەتان دەخوازم و هیوادارم بتوانن بەم ڕێیە خزمەتی وشەی کوردی ڕەسەن و کولتوری کوردی و زمانی کوردی بکەن کە ئەمڕۆ پێویستی بە هەموو جۆرە بزووتنەوەیەکی کولتوری و کۆمەڵایەتی هەیە بە تایبەتی بۆ جیلی ئێستای گەنجەکانی دەرەوەی کوردستان. هەر بژین وزۆر سوپاس.

٥ ی نیسانی ١٩٩٩
ڤانکۆڤه‌ر-که‌نه‌دا

تێبینییەکی پێویست : ئەم چاوپێکەوتنەم لە ٥ ی نیسانی ١٩٩٩ لە شاری ڤانکۆڤەر لەگەڵ هونەرمەند ڕزگار خۆشناو لە ڕێگەی بەڕێز کاک “سڵێمان ساڵح”ەوە سازداوە و وا بڕیار بوو لە ڕۆژنامەی “ڕەنگاڵە”دا بڵاو بکرێتەوە، بەڵام لەبەر چەند هۆیەک ڕۆژنامەی “ڕەنگاڵە” چاوی نەپشکوت و ئەم چاوپێکەوتنەش ڕووناکی نەبینی. ڕەنگاڵە وەکو ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیری و هونەری عەبدوڵڵا سڵێمان (مەشخەڵ) و گۆران عەبدوڵڵا بە نیاز بوون لەسەر ئاستی کەنەدا چاپ و بڵاوی بکەنەوە. لێرەوە داوای لێبوردن لە کاک رزگار خۆشناو و کاک سلێمان ساڵح دەکەم.

ئایا نیل ئارمسترونگ تاکە کەسە چۆتە سەرمانگ ؟!.. هەرێم عمر کاکل

رەنگە بە هۆی جەنجاڵی خۆمانەوە بێت یاخود هەندی جار بە هۆی کەمتەرخەمی بێت بۆ ئەوەی نەمانەوێت شارەزابین و شارەزایمان هەبیت کە زۆریک لە ئێمە لەم کۆمەلگایەی کوردیە پێمان وابێت کە تاکە کەس تا ئێستاکە چوبێتە سەرمانگ کەشتیوانی ئەمریکی ( نیل ئارمسترۆنگ) بێت و تەواو . بەڵام ئایا هەوڵتداوە ئەوە بزانیت کە دوانزە کەشتیوانی بۆشاییگەری بە 6 کەشتی بۆشاییگەری بۆ مانگ چوون و چوونەتە سەر رووی مانگ . لێرەوە ئەم زانیاریە راستەقینەیە و بەڵام ئێمە ئاشنا نەبووین و شارەزایمان نەبووە لەسەری . لە سالانی 1969 تا ساڵی 1972 زنجیرە گەشتی ( ئەبۆلۆ ) لەلایەن دەزگای ناسا ی ئەمریکیەکانەوە بەرەو مانگ هەڵدرا بۆ ئەوەی بتوانرێت مرۆف بگات بەسەر رووی مانگ بەم شێوەی خوارەوە :

  • ئەبۆلۆ 11 لە16یۆلیو 1969 / دوو کەشتیوان لەسەر رووی خاکی مانگ دابەزین . نیل ئارمسترۆنگ و باز ئاڵدرین .
  • ئەبۆلۆ 12 لە14 نوفمبر 1969 / هەردوو کەشتیوانی بۆشاییگەری بیتی کۆنراد و ئالان بین لەسەر مانگ دابەزین .
  • ئەبۆلۆ 14 لە11 ئەپریل 1971 / کەشتیوانان ئالان شیبارد و ئیدجار میتشیل .
  • ئەبۆلۆ 15 لە31 ینایر 1971 / کەشتیوانانی بۆشاییگەری دافید سکوت و جیمیس ئاروین .
  • ئەبۆلۆ 16 لە26 یولیو 1972 / هەردوو کەشتیوان جون یانج و تشارلز دوک بوون .
  • ئەبۆلۆ 17 لە16 ئەبریل 1972 / کەشتیوانان یوجین سیرنان و هاریسۆن شمیت .
    هەرچی کەشتی ئەبۆلۆ 13 یە لە7 دیسمبری 1970 هەڵدرا بۆ مانگ و هەرسی کەشتیوانی بۆشاییگەری ( جیم لوفل و فرید هایس و جاک سویجارت ) دووری 250 هەزار کم لە رووی زەوی بەهۆی تەقینەوەی کۆگای ئۆکسجینی کەشتیەکە نەتوانرا کارەکە بەسەرکەوتووی بۆ رووی مانگ ئەنجام بدەن و ناجار بەدەوری مانگ سورانەوە و گەرانەوە بۆ هەسارەی زەوی .
    ڕەنگە لیرەوە ئاشنایەتیمان پەیدا کردبێت لەسەر چونی مرۆف بۆ سەر مانگ . بەڵام لەوە کارەساتبار تر ئەوەیە دوای ئەو هەموو کەشتە بۆشاییگەریانە و چونە سەر مانگ و ماندوو بوونی مرۆف بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم ئەرکە مرۆفایەتیەی زانیاریە ، کەچی زۆر بەداخەوە تا ئێستا ( مرۆفانێک هەن بڕوایان بە چوونە سەر مانگ نیە و بە سیناریۆی دەزانن ) ئیتر لێرەوە عەقلی مرۆفەکان دادەخرێت و فراوان بوونیان نیە بۆ وەرگرتنی زانیاریەکان لە پێشکەوتنی زانست لەسەر ئەم هەسارەیە !!!!!؟

    هەرێم عمر کاکل

١٣حزب لە لیستێکدا چیان پێدەکرێت؟.. عوسمان حاجی مارف

یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ 11 حزب و لایەنی سیاسی دیكە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێکی فراوانیان ڕاگەیاندوە بۆ، بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق لە ناوچەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستاندا. گوایە ئەم لیستە بۆ ئەوەیە تابتوانن لەو هەڵبژاردنەدا “زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنن و مافەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزن”. هەروەها داوا لە هەموو حزبە کوردستانیەکانی تریش دەکەن هەوڵبدەن لە زووترین کاتدا یەک لیستی کوردستانی پێکبهێنن.
ئەو هەلومەرجە سیاسیە نالەبارەی کوردستان و ئەو قەیرانەی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی، لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمدا بەدەستیەوە دۆشداماون، ئەتوانین بڵێین؛ یەکەم: ئەم جۆرە لیستانە بە هانایانەوە نایەت و قەیرانەکەیان زیاتر دەبێت، چونکە ناتوانن پێگەی نفوزی سیاسیان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمدا، بەدوای ئەو شکستەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێیکەوتن، بە پێکهێنانی لیست بۆ هەڵبژاردن قەرەبو کەنەوە، چونکە ئەوان لە مانۆڕی هێزی سەربازیدا دۆڕاندنی خۆیان ئابڕوبەرانە نمایشکرد، بۆیە بەم لیستەو بەم هەڵبژاردنە جێگای ئەو شکستە پڕناکەنەوە. دووەم: پارتی ئامادەنیە بچێتە ناولیستێکەوە گەر دابینی تەواوی ئەوە نەکات، کە خاوەنی ئەسڵی ئەو لیستە دەبێت هەر خۆی بێت و بەشی شێریش هەر مافی خۆی بێت. سێیەم، حزبە کوردیەکان بۆخۆیان لەبەردەم هەڵبژاردنی هەرێمدا تیا ماون، چونکە هیچ ڕۆشناییەک ئەوە نیشان نادات، بەوەی کە ئایا دەتوانن هەڵبژاردنی هەرێم ئەنجام بدەن؟. چوارەم: هێزەکانی ناو حکومەتی عێراق لەباری بەڕێوەبردنی ئەوناوچانەدا هەنگاوێ زیاتر لەپێش هێزە کوردیەکانەوەن،بەمەش تاڕادەیەک دەتوانن لایەنە کوردیەکان تەریک کەنەوە.
گەر لەمانەش گەڕێین، ئەو بەشە لە ڕاگەیاندنی ئەو ١٣حزبە کە دەڵێن بۆئەوەی زۆرترین دەنگ بەدەست بهێنین و “مافەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزین”، ئەم پاساو هێنانەوەیە بە ناوی پاراستنی مافەکانی خەڵکی کوردستانەوە، جێگای تێرامان و سەرسوڕهێنەرانەی جدیە، بەدوای سی ساڵ زیاتر لە سایەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، کام ماف، کام شکۆ، کام خواستی خەڵکی کوردستان پارێزراوە؟ گەر وایە فەرمون با بۆمان بژمێرن، ئاخۆ لە ئێستادا و بە لیستێکی ١٣حزبی ملکەچ و بێدەسەڵات لەبەردەم دەرگای حکومەتی عیراقدا، ئەبێ چی گۆڕدرابێت و چی ڕویداوە؟، تا ئومێد بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ببەستن.
ئەم جۆرە لیستانە، جگە لە نمونەی سەوداو مامەڵەیەکی بازرگانی کە ئەو حزبانە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەیکەن، شتێکی تر نیە، تەنها بۆ دەستکەوتێکە بەڵکو لە ناو بازاڕی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجومەنی پارێزگادا بەدەستی بهێنن، کە جگە لە شەراکەت لە گەندەڵیدا هیچ سودێکی بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانە تیا بەدی ناکرێت.
ئەو حزبانەی چونەتە ناو ئەو لیستەوە بەگشتی پاشکۆ بون و پشتیوانیانە بۆ سیاسەتێک کە یەکێتی نیشتمانی پەیڕەوی دەکات و لەهەوڵی ئەوەدایە ئاستی هاوسەنگی هێز بەم ڕێگایانە بۆ خۆی بگەڕێنێتەوە، بەڵام دۆخی ئێستای کوردستان و قەیران و گێژاوێک کە یەکێتی بەسەری دەبات، بەم جۆرە یاری و مامەڵەیە هەرگیز ناتوانێت هەڵسێتەوە، بۆیە لەوەش سەیرتر ڕێڕەوی کاری ئەو دوانزە حزبەی ترە، کەچونەتە گەمەی ناو ئەم لیستەی یەکێتیەوە، دیارە ناتوانن یا نایانەوێت دەستبەرداری ئەو واقعە شکستخواردوەی پارتی و یەکێتی بن، کە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەسەریاندا سەپێنرا، بۆیە وا بەئاسانی و بێپەردە و دوای ئەزمونی سی ساڵ زیاتر، بەدوای فەرمانەکانی یەکێتیەوەن، واتە ئەو حزبانە بەهەر ئەگەرو قەیران و گێژاوێک ڕوبەڕوبن، تەنها لەهەوڵی ئەوەدان دوکانەکەیان دانەخرێت.
هەڵبەتە با چاوەڕوان بین بزانین پارتی لەم کەین و بەینەدا چ مامەڵەیەکی تر دەکات، ئەو پارتیەی کە تائێستا نەیتوانیوە شكۆی شکستخواردنی خۆی لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا بگەڕێنێتەوە. ئەوەی ئاشکرایە کە پارتیش شتێکی پێشڕەوتر لە لیستی ئەو ١٣حزبە، ناتوانێ ئامادەبکات.

فیستیڤاڵی بەهرەی نوێ و دەستپێکێکی جوان.. عەلی حەمەڕەشید

فیستیڤاڵی بەهرەی نوێ کارێکی گرنگ و چالاکییەکی پێویست بوو کەبەڕێوەبەرێتی چالاکی هونەری قوتابخانە و خوێندنگەکانی سلێمانی وەک ئەرکێکی گرنگی سەرشانیان ئەنجامیان دا..کە خۆی دەبینییەوە لە نمایشکردنی کۆمەڵێک شانۆیی تایبەت دا کە لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە لە چەند پەروەردەیەکی سەربە بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە پێشکەش کران.من ئاستی دەق و نمایش و دەرهێنان و هەموو ئەو کارانەی کە پەیوەستن بە سەما و شانۆییەکانەوە بەجێ دەهێڵم بۆ کەسانی شارەزا و پسپۆڕی بوارەکە،ئەوەی لای من گرنگە و جێگەی دەستخۆشییە کە توانرا ئەو ڕێچکە هونەرییە بەرزەی کە لە سلێمانی و لەلایەن چالاکی قوتابخانەکانەوە پێشکەش دەکرا بەردەوامی پێبدرێت و لەساڵانی داهاتوودا هەوڵبدرێت کە کاری زۆرتر و جوان تر و باشتر ئەنجام بدرێت و هەموو ئەو توانا و بەهرە جوانانەی قوتابیان و خوێندکاران و شارەزایی و سەلیقەی مامۆستایانی بوارەکە بەهەند وەربگیرێن و لەو ڕێگەیەشەوە بتوانن قوتابخانە و خوێندن زیاتر لای قوتابی و خوێندکار شیرین بکەن ،تا وا نەزانن هەر وانە خوێندن و پۆل و وایت بۆرد و داتاشۆ ،ئەوانە لە خوێندندا هەن بەڵکو شانۆ و شێوەکاری و مۆزیک و گۆرانی و سرود و سەما لە پاڵ ئەوانەدا کە باسمان کردن هەن و منداڵ دەتوانێت بە خۆشییەوە پەرە بە حەز و خولیا و توانا و بەهرە شاراوەکانی خۆی بدات.شانۆ وەک هەمووان دەیزانین کە کۆکەرەوەی گشت هونەرەکانی ترە،لەشانۆدا دەق و هۆنراوە وەک ئەدەب ئاوێزانی نواندن و جوڵە و سەماو دەنگ و مۆزیک و گۆرانی و شێوەکاری دەبن و پێکەوە ئەو پەیامە پەروەردەیی و مرۆڤدۆستی و ژیان دۆستی و ژینگە دۆستییە دەگەیەنن و جوانییەکی تر بە ژیان و خوێندن و قوتابخانە و پۆل و مامۆستا دەدەن.ئارایشتێکی ڕازاوە و جوان دەبەخشن بە پرۆسەی پەروەردە و دەبنە تەواوکەری بەشێوەیەکی دروست و گونجاو.بەهرەکان دەردەکەون و بە شێوەیەکی دروست و زانستیانە لەلایەن مامۆستایانی بوارەکەوە پەرەیان پێدەدرێت و زۆر بەجوانی گەشە دەکەن.ئیتر گوڵی حەزەکانی منداڵان ناژاکێن و دەگەشێنەوە،بەشنەی زەردەخەنە و ئافەرینی مامۆستا دڵسۆزەکانیان،منداڵ خۆشەویستییەکی زۆری بۆ قوتابخانە لادروست دەبێتەوە و ڕۆژانە بەپەرۆشەوە ڕوو لە قوتابخانەکەی دەکات و دەیکاتە مەڵبەندی بەدیهێنانی خولیاکانی و بەگەڕخسنی تواناکانی ، خونچەی باوەڕ بەخۆ بوونیشی باشتر دەگەشێتەوە و نەشونما دەکات بە بڕوایەکی پتەوەوە کاروچالاکییەکانی ئەنجام دەدات و بێ ترس و دوو دڵی بوونی خۆی دەسەلمێنێت.دەستخۆشیمان بۆ هەموو ئەوانەی کە بەشداربوون لە بەڕێوەچوون و سەرخستنی چالاکییەکاندا..

عەلی حەمەڕەشید
نوسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی