فەلسەفەی ئیسلامی پارادیگمایەکى نوێ ئیبن سینا- ئولریش ڕودۆلف.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

سەربارى ئەو بایەخە زۆرە کە لە نیوەى سەدەى دەیەمەوە لەنێو هزرپێگەیشتووان و ئەدیباندا بە فەلسەفە درا، هێشتا هەر پێگەکەى لە جڤاکی ئیسلامیدا پتەو نەکرا بوو. ئاخر هیچ کام لەو نووسەرانە کە لەم کاتەدا تێکستى فەلسەفەیی دەنووسی، نەیتوانی بڕوا بە خوێنەرانى فراوانتر و بەتایبەتیش بە زانایانى ئایین بهێنێت کە هزرینەکانى ئەو پێویستن بۆ گەڕان بەدووى ڕاستى و گەیشتندا بە بەختیاریى مرۆڤ. چیدی لایەنگرانى کندى نەیان دەتوانى ئەمە بسەلمێنن (ئەوە بێگومان گەر بەگشتی لەو بڕوایەدا بووبێتن کە فەلسەفە نەشیاوى دەستبەردارییە)؛ کاریگەریی ئەوان – نووسینە بەناوبانگەکەى میسکاویى لەبارەى ئێتیک لێدەربچێت – ئێستا لە باکورى خۆرهەڵاتى ئێران بوو. هەروەها نەدەکرا ئیسمائیلییەکان بە هەڵگرى بزاوتێکى فەلسەفەیى دابنرێن. گەرچی ئەمان لە زۆر ناوچەى جیهانى ئیسلامیدا لایەنگرانیان بەدەستهێنا، وەلێ لەبەر ئەوەی ڕێبازەکەیان بەزۆریى قەرزى لە فەلسەفە وەرگرتبوو، ئەوا فەلسەفە لە چاوى زۆرینەى موسڵمانانی سوننیدا جێی گومان بوو. تەنانەت پاشەوارانى فارابی نەیانتوانی لەنێو بەشە فراوانەکانى جڤاکدا شکۆفە بە گرنگیدانێکى بەردەوام بە زانستەکەیان بدەن. بێگومان ئەوان لە بەغداد کاریان دەکرد و دیراسەکانیان لە ئاستێکى بەرزدا ئەنجام دەدا، وەلێ بابەتى لێهزرینیان فەلسەفە نەبوو وەک سەرجەم یان هیچ نەبێت سەرجەمى ئەو بەرنامەیە بووایە کە فارابى خستبوویە بەردەست، بەڵکو چەند پرسیارێکى تایبەتى بوون (وەک گۆتمان بەتایبەتى لە کایەکانى لۆگیک و فیزیکدا)، کە بەتایبەتى پەیوەند بە پەلهاویشتنى ترادیسیۆنەکەى ئەڕیستۆتێلیسەوە دانوستانیان دەکردن نەک لە خەریکبووندا بە ئالەنگارییە هزرییەکانی سەردەمەوە.
جگە لەوە ئێستا توانرا هەندێک پرسیارى ڕەخنەیى ئاڕاستەى خودى مۆدێلەکەی فارابى بکرێت. گەرچی ئەو داوای کردبوو کە گەرەکە هەروەها و بەتایبەتیش لە ژینگەیەکى ئیسلامیدا خۆ بە فەلسەفەوە خەریک بکرێت، وەلێ ئەم داواکارییەی بە گۆتەی ئەوتۆوە گرێدابوو کە لاى هەندێک خوێنەری موسڵمان بەزۆرى سەرلێشێوانیان خستەوە.

بۆ نموونە ئەو قورساییە زۆرە کە فارابی لە پرسیارى خەڵاسی ئاییندەى مرۆڤدا خستبوویە ئەستۆی دەوڵەت و بەتایبەتیش دامەزرێنەرى دەوڵەت، کێشاوی بوو. ئەمەش بەوەدا ئاشکرا دەبوو کە ئەو لە فەلسەفەى سیاسیدا پەیڕەویی میراتەکەى پلاتۆنی دەکرد. وەلێ مرۆ لێرەدا دەیتوانى لە خۆى بپرسێت کە داخۆ کۆنسێپتێکى بەم چەشنە لە سەردەمێکدا، کە جیهانى ئیسلامى هەمیشە ناسەقامگیرتر دەبوو و دەخزایە ژێر کاریگەریى میرانی ناوچەیی و سەردارانی جەنگەوە، بتوانێت لە لایەنی خۆیەوە رۆڵێکی دروست بۆ تێگەیشتن لە ژیان بگێڕێت (مەگەر مرۆ ئەم سووربوونەی لەسەر واتاى دەوڵەت بە ڕەخنەى دەسەڵاتدارى یان بە یوتۆپیا دابنایە). نەخێر، کێشەیەک پەیوەند بە فارابییەوە ئەوە بوو کە چەند کەم ئەو بایەخی بە مێتافیزیک (چە ئۆنتۆلۆگى و چە تیۆلۆگى) و پرسیار سەبارەت بە تاکى مرۆڤ (کە وەک باو بوو لەنێو چێوەى دەروونناسیدا کارى تێدا دەکرا) دابوو. ئەو پەیوەست بە بابەتی یەکەمەوە مۆدێلێکی گەردوونناسیانەى خستە بەردەست، وەلێ ئەم مۆدێلە بەدەگمەن بە ڕێبازی ئیسلامییانەی ئافراندن دەگونجا. هەروەها فارابی، پەیوەست بە بابەتی دووەمەوە، شرۆڤەیەکى وردی زەینى ئەنجام دا، وەلێ ئەم شرۆڤەیە، وەک پێشتر گۆتمان، بەو ڕێیەوە ڕێژەیەتیى پێدرا کە هۆی بەختیاریی مرۆڤى هزرڤانی نەدەگەڕاندەوە بۆ مەئریفەی تاکەکەسی (یان نەک تەنیا بۆ ئەم مەئریفەیە)، بەڵکو دەیگەڕاندەوە بۆ تێڕوانین و باوەڕپێکراوییەکەی خودی دامەزرێنەرى یان ڕێبەرى دەوڵەت. جگە لەوە پرسێکی دیکە لەگۆڕی بوو: فارابی ڕیشەییانە فەلسەفەى گشتگیر و ئایینى یان تیۆلۆگی ی بەشەکی (پارتیکولار)ی جوودا لە یەک دانا، وەلێ دەشیا گومان بکرێت کە داخۆ ئەم جیاکردنەوەیە بەڕاستی ئامانجی خۆی بهەنگێوێت. بێگومان گەرەک بوو جیاکردنەوەکە تایبەتمەندیی زانستى فەلسەفەیى پێشان بدات و مێتۆدیانە داواکارییەکەی بۆ چواندنی گشتگیری خۆی مسۆگەر بکات، وەلێ کۆنسێپتەکە لێوەشاوەییەکی لە فەلسەفە کردەوە لەبریی ئەوەی بەڕاستی بیسەلمێنێت. ئاخر جیاکردنەوەکە ئەو سەرئەنجامەی هێنا کە فەلسەفە، سەربارى داواکارییەکەى بۆ گشتگیری و هەروەها بۆ ڕوونکردنەوەى گشتگیرى سەرجەم فێنۆمێنەکان، بەدەگمەن هەندێک کایەى کردەکێتی بەهەند وەردەگرت کە بەتایبەتی بۆ ئیمانداران گرنگ بوون. ئەمە لە پرسیارى پەیامهێنیدا خویا بوو کە فارابی تەنیا لە ڕوانگەیەکى سنووردارى سیاسییەوە لێى دەڕوانی، ئەمە هەروەها لە بابەتی دیکەدا بەردەوامیی پێدرا (وەک: سروش، ئەزموونکردنى خودا، ئەزموونکردنى بەڕێکەوتی/ شیمانەیی بوون، بەرپرسیاریى کەسیى لە بەردەم خودادا). ئەم بابەتانە لاى ئەو نزیکەى وەلاوەنرابوون.

هیچ کەس هێندە ڕۆشن وەک ئەبو ئەلى ئیبن سینا (نزیکەى 980-1037، ئاڤێسینای چەرخی نێڤینی لاتینی) ئەو کێماسانەی دەستنیشان نەکرد، پاشان هەنگاوى نا بۆ ئەوەی جارێکی دی بنەماییانە پرسیارەکە سەبارەت بە ئەرک و شیمانەکانى فەلسەفە بکاتەوە، ئەمەشی بە چەشنێک بەجێگەیاند کە ئیدی مۆرکى خۆى دا لە سەرجەم هەوڵ و خەریکبوونەکان بەم بابەتەوە. بێگومان ئیبن سینا تواناى بۆ ئەنجامدانى ئەم کارە سەختە هەبوو، ئەوەش دەگەڕایەوە بۆ پەروەردە یەکجار فراوانە فێرگەییەکەی پێکەوە لەتەک توانستى تێگەیشتنیدا کە تەنانەت هاوچەرخانى پێی هۆشسام بوون. گەر باوەڕ بە ئۆتۆبیۆگرافییەکەی بکەین، ئەوا دەتوانین ببێژین کە لای ئەو هەردوو توانستەکە لە سەرەتاى لاوێتییەوە دیاریان دا، ئەویش کاتێک ئەو لە بوخارا دەژیا و لەوێ بە خوێندنی بەرفراوانەوە خەریک بوو، لەم ڕەوتەشدا بە کورتترین کات لە ئاستى سەرجەم فێرکارانى تێپەڕی. وەلێ ئەو درەنگتریش، کاتێک بەهۆى پشێوییە سیاسییەکانەوە بەناچاری ژیانێکى بێپشووی بەڕێوە دەبرد و وەک پزیشک و وەزیر بەدووی یەکدا دەچووە خزمەتى میرانى جیاوازى ئێرانییەوە، هێشتا هەر گرنگیدانەکانى بە توێژینەوە و هێزى بەدیهێنانى خۆى پاراست و هەردەم بە زانستەکانەوە پابەند مایەوە.

بەرهەمى ئەم کۆششە جێی سەرنجە، ئەمەش بەتایبەتى دوو کایەى زانین دەگرێتەوە کە ئیبن سینا – گەر سەرفرازیی دواتری ئەو بە پێوەر وەربگرین – لەبارەیان “کارە ستاندارتەکان”ى خۆی بە زمانى ئەرەبى نووسى. یەکێک لەم کارانە پزیشکییە کە ئەو لەپاڵ کورتە گۆتاری جیاوازدا کتێبە قەبەکەى بەناونیشانى “کانۆنى پزیشکى” لەبارەوە نووسى و تێیدا زانینى سەردەمەکەى بە سیستەماتیکێکى بێوێنە و لێهاتووییەکی فێرکارییانە کۆکردەوە. کایەکەی دیکە بریتى بوو لە فەلسەفە کە ئیبن سینا نەک تەنیا سیستەماتیکییانە ڕێکیخست و فێرکارییانە خستییە بەردەم، بەڵکو هەروەها لە نوێوە هزراندییەوە، بەڵێ لە هەندێک ڕووەوە سەرلەنوێ بناغەی ڕشتەوە. ئەمە لە ژمارەیەکى زۆر کاردا هاتە دەربڕین کە لە نێویاندا بەتایبەتى دوو دانە بەواتاترینن: 1) “ئەلشیفا” (نزیکەى لە نێوان 1020-1027دا نووسراوە)، کە بریتییە لە دوائەنجام- (Summa)ێکى فەلسەفەیی پێکهاتوو لە چوار بەش (لۆگیک، فیزیک، ماتماتیک، مێتافیزیک) و داڕشتنى بەندە بە نووسینە بناغەییەکانى ئەڕیستۆتێلیسەوە (کاتێگۆرییەکان، هێرمینیۆتیک و هتد)؛ ئەم کارە درەنگتر لە وەرگێڕانە لاتینییە (تەواونەکراو)ەکەیدا (بە ناونیشانى Liber Sufficientiae) بوو بە بناغەى وەرگرتنى (ڕێسەپسیۆنى) ئیبن سینا لە ئەوروپا. 2) “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات” (نزیکەى لە نێوان 1030-1034دا نووسراوە)؛ ئەمیش نووسینێکە کە هاوشێوەی دوائەنجام بەرنامەی بۆ داناوە (ئەم جارە لە دوو بەشدا: 1- لۆگیک، 2- فیزیک و مێتافیزیک)، وەلێ پرسەکان لەم کارەدا نەک پابەند بە دەستنووس و موحازەرە بڵاونەکراوەکانی ئەڕیستۆتێلیسەوە (Corpus Aristetelicum)، بەڵکو بە هزرینێکى ئازاد و هێزێکى زمانییانەى سەرنجڕاکێش گۆڕان پێدەدرێن، بۆیە ئەم نووسینە زۆرتر لە “ئەلشیفا” کاریگەریی نواند لەسەر وەرگرتنى ئیبن سینا لە ناوچەى کولتووری ئیسلامیدا.

ئەم دوو کارە بە ئەندازەیەکی زۆر ڕەسەنن، جا گەرچی ئیبن سینا لە لێهزرینەکانیدا لەو کۆنسێپتانەوە دەردەچێت کە لاى نووسەرانى کۆنتر ناسیبوونى. ئەڕیستۆتێلیس بە پلەى یەکەم سەر بە سەرچاوەکانى ئەوە (وەک پێشتر گۆتمان، نزیکەى سەرجەم دەستنووس و موحازە بڵاونەکراوە بە ئێمە گەیەنراوەکان کە هەروەها “تیۆلۆگیى ئەڕیستۆتێلیس”یان دراوەتە پاڵ) پێکەوە لەتەک ڕاڤەکارانى ئەودا، ئەوجا فارابى کە ئیبن سینا سەربارى گومانە پێشتر ئاماژەپێدراوەکان بەئاشکرا وەک کەسی سەرەکی بۆ ڕەوتی پێگەیشتنى فەلسەفەیی خۆی ناوى دەبات. بۆیە ئێمە هەندێک جار لە ئەدەبیاتى لاوەکیدا دەخوێنینەوە کە نزیکییەکى زۆر لە نێوان هەردوو هزرڤاندا هەبووە، لێرەشدا جەخت لەوە دەکرێت کە ئیبن سینا هەندێک کۆنسێپتى دیاری فارابیى هێناوەتە نێو سیستەمە فەلسەفەییەکەى خۆیەوە (بۆ نموونە مۆدێلى گەردوونناسى بە دە زەینەوە). ئێمە ناتوانین نکۆڵی لەم جۆرە وەرگرتنانە بکەین، سەرباری ئەوە گەرەکە بپرسین کە داخۆ وەرگرتنەکان لە چە مەغزایەکدا ئەنجامدرابن و چە دەرئەنجاماندنێک وەک پێشنیار بخەنە بەردەم. گەر نزیکتر بڕوانین، دەبینین کە ئیبن سینا زۆر کۆنسێپتى وەرگیراوى خستە نێو هەڤرایەڵێکی (کۆنتێکستێکى) نوێوە و جیاواز لە هزرڤانانى پێش خۆى ڕاڤەى کردن و نرخاندنى. ئەوە کە فارابى واتایەکى نێوەندیى پێدابوو (واتا فەلسەفەى سیاسى)، ئیبن سینا تەنیا لابەلا ناوی دەبات. ئەوە کە فارابى وەک خشتەی کۆنسێپتییانەی سەرجەم مۆدێلەکەی (واتا جیاکردنەوەى فەلسەفە و ئایین بە دەرئەنجاماندنە تیۆرى-زانستییەکانەوە) داینابوو، ئیبن سینا وەک بنەڕەتی سەرەکی وەریدەگرێت، سەربارى ئەوە زۆر جار لە ئەنجامدانى لێهزرینەکانیدا سەربەخۆ دەیگوازێتەوە. بە پێچەوانەشەوە ئەو پرسانە کە فارابى بەتایبەتى گرنگیى پێنەدابوون (ئۆنتۆلۆگى، تیۆلۆگى، پسیکۆلۆگى، بەتایبەتى تیۆریى دەروونى تاکەکەسى / خۆیى) لاى ئیبن سینا دێنە نێوەندى لێهزرینەوە. بەم شێوەیە فەلسەفەیەکى نوێ سەرهەڵدەدات و لە زۆر ڕووەوە ڕێگەى خۆى دەگرێتە بەر.
دەرچەی ئۆنتۆلۆگیى ئیبن سینا بریتییە لەم تێڕوانینە: شت بە بەڵگەوە هەیە، وەلێ ئەم ئۆنتۆلۆگییە لە ڕوون و ئاشکرایی (ئێڤیدێنسی) دەرککردنى دەرکەوەرەکانەوە ئاوەڵاناکات، وەک چۆن لاى هزرڤانانى پێشینى ئیسلامى باو بوو، بە پێچەوانەوە ئیبن سینا لە بناغەڕشتنى لێهزرینەکانیدا هەر لە سەرەتاوە پشت بە ئۆتۆنۆمیى زەین دەبەستێت. بۆ ئەو چە “بوون” و چە “شت” بریتین لە پریما ئینتەلیگێبلیا، واتا تێگەى ئاپریۆرین و هەموو زەینێکی سەلیم لە ساتى پێگەیشتوویی مرۆڤەوە هەیەتى (ئەو لە “زەین بە ڕیزبەندیی پێکهێنراوییەوە” دەدوێت). تەنیا چۆنێتیی (مۆدالێتیى) بوون ى تایبەت بە شتەکان جێى پرسیارە. ئایا پێویستە شتەکان هەبن؟ یان ئایا شتەکان دەتوانن هەبن؟ بە شێوەیەکی دیکە ببێژین: ئایا بوونى شتەکان، گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت، زەروورییە یان تەنیا شیاوە (مومکینە / پۆتێنسیەلە)؟ – وەک چۆن ئیبن سینا بەگوێرەی مێتافیزیکى ئەڕیستۆتێلیس دەریدەبڕێت. سەبارەت بەمە سەرنجدان و ئەزموونەکانمان وەڵامێکمان دەدەنەوە: فێرمان دەکەن، سەرجەم ئەو شتانە کە ئێمە دەتوانین بە دەرکەوەرەکانمان دەرکیان بکەین، وەرگۆڕینیان بەسەردا دێت، بەڵێ زۆرتر لەوەش: هەر یەکێکیان دروست دەبێت، هەر یەکێکیان لەناودەچێت، کەواتە لێرەبوونیان (ئێکزیستێنسیان)، گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت، تەنیا شیاوە. لێرەوە ئیدی پرسیار سەبارەت بە بناغەى بوونیان سەرهەڵدەدات و ئیبن سینا دەگەیەنێت بە لێهزرینەکەى دیکەى: بەڵگەهێنانەوە بۆ هەبوونى (ئێکزیستێنسی) خودا.
ئیبن سینا لەم گریمانەیەوە دەردەچێت: هەموو بوونەوەرێک کە بوونى لە خۆدا تەنیا شیاوە (= A)، دەبێت هۆیەکى هەبێت. ئەم هۆیە (= B) هەبوونی A زەروور دەکات، ئەویش کاتێک سەبارەت بە نا-هەبوونى شیمانەیی A (کەواتە هەروەها نا-هەبوونی لە خۆدا شیاوى ئەو) پتر کێش دەخاتە سەر هەبوونی. وەلێ هەمان پرسیار هەروەها B دەگرێتەوە: ئەو دەتوانێت، گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت، بەزەروورى یان بەشیمانەیى هەبێت. لە ڕەوشی یەکەمدا بەڵگەهێنانەوەکەمان کۆتایى هاتووە، چونکە ئەوسا خودا، بونەوەرە-زەروورى، دەبینینەوە. لە ڕەوشى دووەمدا دەبێت گریمانە بکەین کە هۆیەکى دیکە (= C) هەیە و لە لایەنى خۆیەوە هەبوونى B دەخاتەوە و زەروور دەکات. لێرەش سەرلەنوێ هەمان پرسیار سەرهەڵدەداتەوە، بەڵێ، مرۆ دەتوانێت ئۆپەراسیۆنە هزرییەکە بە ئارەزووی خۆی چەندبارە بکاتەوە (بۆ D و E و هتد). تا ئەو کاتەی ئێمە تەنیا لە هۆی ئەوتۆ بدوێین کە بوونەکەی – گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت – تەنیا شیاوە، ناتوانین بەڕاستی هەبوونی شتان ڕوونبکەینەوە. وەلێ بەڕاستی بوونەوەر هەیە، بۆیە هەروەها هۆیەک هەیە و بوونى– گەر بۆ خۆی بەدابڕاوی لێبڕوانرێت – سەرجەم شتە شیاوەکان زەروور دەکات. ئەو هۆیە دەبێت لە زنجیرەى هۆکان کە ئێمە تا ئێستا لێمان ڕوانیون، جیاواز بێت. ئاخر ئەو ناشێت لە هەبوونى خۆیدا بەندبێت بە شتێکى دیکەوە، بەڵکو دەبێت لە خۆیەوە هەبێت. بۆیە بوونەوەرە-زەروورى (واجیب ئەلوجود) هەیە کە هەموو شتێکى دیکە دەهێنێتە ئاراوە و بە زمانى ئایینى ناو دەنرێت خودا.
کەواتە لە ڕوانگەی ئیبن سیناوە بە ساغکردنەوەی هەبوونى شتێکەوە هەروەها گریمانەى هۆیەکى یەکەمین و بەزەروورى هەبوو و بەزەروورى کاریگەر گرێدراوە. ئاخر تەنیا گەر هۆیەکى بەو چەشنە لە بنەڕەتى بووندا بێت، ئیدی ڕووندەکرێتەوە کە شتە بەڕێکەوتەکان / شیمانەییەکان (کۆنتینگێنتەکان)، کە ئێمە لە جیهاندا دەرکیان دەکەین، بەگشتی هەن. وەلێ ئەم گریمانەیە سەرئەنجامێکى دیکەشى هەیە: گریمانەکە نەک تەنیا زەروورەى هەبوونى خودا لە خۆ دەگرێت، بەڵکو ئەو واتایەش دەگەیەنێت کە هەر شتێک لە لایەن ئەوەوە وەک ئەنجام بخرێتەوە، بەزەرووری بە هەبوونى ئەوەوە گرێدراو دەمێنێتەوە. کەواتە دەبێت شتەکان کە لە لایەن ئەوەوە دەهێنرێنە ئاراوە، هاوکات لەتەک ئەودا هەبن (چونکە ئەنجامى ڕاستینە لە هۆکەی جیاناکرێتەوە). وەلێ خودا لە ئەزەلەوە هەیە، چونکە ئەو، وەک ئێستا بینیمان، بوونەوەرە-زەروورەییە. کەواتە جیهانیش هەمیشە هەر لە ئارادا بووە (ئەزەلییە – و)، چونکە بوونى ئەو لە ئەزەلەوە لە لایەن خوداوە وەک ئەنجام خراوەتەوە.

ئیبن سینا بەهۆی ئەم دەرئەنجامەوە ڕەخنەى توندى ئاڕاستەکرا، ڕەخنەى ئەوەى لێگیرا کە دژبێژیى دەربڕینەکانى نێو قورئان دەکات و ڕێژەیەتی بە جیاوازییە بنەماییەکەى نێوان خودا و ئافرێنراو (مەخلوق) دەدات. وەلێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک مەبەستى ئەو نەبوو، بەڵکو مەبەستی هزرینی ئەو کارکردن بوو لە جیاوازیی ئۆنتۆلۆگییانەی خودا و ئافرێنراودا تاکو تێگەییانە وردتر لەوەی پێشتر ئەنجامدرابوو دەریبخات. بە تێگەیشتنی ئیبن سینا خودا تاکە بوونەوەرێکە کە بەزەرووری هەیە. لە ڕەوشی ئەودا نابوون نەشیاوە، چونکە هەبوون وەک پێویست سەر بە کرۆکێتی (وەک بوونەوەرە-زەرووری). بە پێچەوانەشەوە مەسەلەکە پەیوەند بە سەرجەم بوونەوەرانی دیکەوە بە چەشنێکە کە ئەوان هەروەها شیمانەی نابوونیان هەیە. کەتواری هەبوونیان لەنێو ئەوان خۆیاندا نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ هۆیەکی دەرەکی کە هەبوونیان زەروور دەکات. کەواتە جیاوازیی نێوان خودا و ئافرێنراوان جیاوازییەکی کاتەکی نییە (ئەزەلییەت بەرانبەر کاتەکێتی)، بەڵکو لەوەدایە کە ئافرێنراوان بە هەر شێوازێک بوونیان پێدەدرێت. لای خودا کرۆک و بوون، ئێسێنس و ئێکزیستێنس، یەکانگیرن، بە پێچەوانەشەوە لای سەرجەم بوونەوەرانی دیکە لە یەک جیابوونەتەوە، چونکە ئێمە سەبارەت بە شتێک کە داخۆ “چی” بێت یان بشێت “چی” بێت، ناتوانین دەربئەنجامێنین “کە” شتەکە بەڕاستی هەیە.
جگە لەوە ئەو جووتەتێگەیە نوێ نەبوو لەو واتایەدا کە هەروەک ئیبن سینا بۆ یەکەم جار هێنابێتییە نێوانەوە. کاتی خۆی ئەڕیستۆتێلیس لەوە ئاخڤی بوو کە ئێمە دەتوانین جیاوازی لە نێوان کرۆک و بوونی شتێکدا بکەین. وەلێ ئەم جیاوازیکردنە لای ئەو تەنیا دەستوێژێک بوو بۆ شرۆڤەکردنی هزری، جیاوازیکردنەکە دەستوێژێک بوو بۆ دابەشاندنی ئەدگارە جیاوازەکانی بابەتێک، ئەویش کاتێک ئێمە جارێک لەوە دەهزرێین کە داخۆ بابەتەکە چی بێت، جارێکی دیکەش لە هەبوونی خودی بابەتەکە. بە پێچەوانەشەوە ئەڕیستۆتێلیس ئەو جیاوازیکردنەی لە ڕووی ئۆنتۆلۆگییەوە بە نەشیاو دادەنا. ئاخر ئۆنتۆلۆگی، بەگوێرەی پێناسەکەی، خۆی بە بوونەوەرەوە خەریک دەکات، بوونەوەریش هەموو شتێکی بەرجەستە دەگرێتەوە، ئەوە بێگومان بە شێوازی خۆیی لێرەبوونی (ئێکزیستێنسی). بۆیە تاکە شتە بەرجەستەکان (ئەوانە کە ناودەنرێن “یەکەم گەوهەرەکان”) بۆ ئەڕیستۆتێلیس فۆرمی کرۆکی نین و ئیدی بشێت بهێنرێنە نێو بوونەوە، بە پێچەوانەوە، ئەدگاری سەرەکییان ئەوەیە کە ئەوان لەگۆڕێن (existieren) و “پێش” هەر ئەوەکەیەکی دی (تێگە، ڕێگەی مەئریفە و بەگوێرەی کات) بوونیان هەیە (sind).

ئیبن سینا ئەوها ناهزرێت. ئەم لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە لە بوونەوەر دەڕوانێت. بێگومان ئەمیش پێشمەرجێک دادەنێت: شتان هەن (بڕوانە سەرەوە)، وەلێ شتان بۆ ئەو بنەڕەتییانە لەگۆڕێ نین (کەواتە یەکەمین گەوهەرەکان نین لە مەغزایەکی ئەڕیستۆتێلیانەدا)، بەڵکو ئێنتیتێی (قەوارەی) بەڕێکەوتن و گەرەکە پرسیار لەبارەی بنەڕەتیان بکرێت. ئیبن سینا لە ڕەوتی خەریکبوونیدا بەم پرسیارەوە گۆڕان بە جیاوازیکردنێک دەدات کە ئەڕیستۆتێلیس نەیدەناسی. جیاوازیکردنەکە کاتێگۆریانە دوو کایەی بوون لەیەک جیادەکاتەوە: لە لایەک خودای بۆ خۆ هەبوو ی بەزەرووری-هەبوو کە کرۆکی هاوکات هەبوونیشی لە خۆ گرتووە، لە لایەکی دی ئافرێنراوە بەڕێکەوتە بەشیمانەیی-هەبووەکان، وەلێ کرۆک و لێرەبوون لای ئەم ئافرێنراوانە لە یەکدی جیادەبنەوە. بەمەش ئیبن سینا دیشۆتۆمییەکی (دووفاقییەکی) نوێی هێنایە نێوانەوە، بەڵێ بەگشتی گۆڕانی بە مێتافیزیکێکی نوێ دا. ئێستا ئەم مێتافیزیکە بەند نییە بەو پێشبینییانەوە کە ئەڕیستۆتێلیس (و نوێپلاتۆنییەکان) گۆڕانیان پێدابوون، بە پێچەوانەوە شرۆڤەی ترادیسیۆنیانەی بوون بەو ئاڕاستەکارییە کۆنسێپتییانەوە (بەتایبەتی هینی ئەزموونکردنی کۆنتینگێنس و دانانی خوداوە لە سەنتەردا) گرێ دەدات کە تیۆلۆگیی ئیسلامی فۆرمولەی کردبوون.
بەقەد ئەوەش دەنگدانەوەی مێتافیزیکی ئیبن سینا لە ناوچەی کولتوری ئیسلامی (و ئەوروپای لاتینی)دا لای فەیلەسوفان و تیۆلۆگان مەزن بوو. وەلێ کەمێک ئەوە لەبیرچۆتەوە کە هەر خودی ئیبن سینا هەروەها پاڵهێزی وروژێنەری گرنگی بۆ کەرتەکایەی دیکەی فەلسەفە هەبووە. ئەمە بەتایبەتی پرسیارەکانی پسیکۆلۆگی دەگرێتەوە. گەر دیدێک ئاڕاستەی لیستی کارەکان بکەین، دەبینین کە ئەو پرسیارانە ئەویان بەدرێژایی ژیانی خەریک کردبوو. ئەو بەردەوام سەرلەنوێ هەوڵی دەدا سەرنجی خوێنەرانی بەلای پرسی دەروونی ڕاسیۆنالدا ڕابکێشێت، چونکە بە دیدی ئەو سەرجەم پرسیارە بنەڕەتییەکانی بوونی مرۆڤ (شوناس، بنەڕەت و دوایەمین مەغزای ژیان) بە دەروونی ڕاسیۆنالەوە بەستراون.

ئیبن سینا لە پسیکۆلۆگیشدا جەخت لە پێشتریی هۆشەکێتی دەکات. چۆن ئۆنتۆلۆگییەکەی لە زانیارییە دەرکییەکانەوە دەرنەچوو، بەڵکو تێگەی ئاپریۆرییانەی وەک دەرچە دانا، بە هەمان شێوە دەروونناسییەکەی لەسەر بناغەی جەختییەکی زەینمەندانە (ئینتەلێکتوێل) بنیاتدەنێت نەک لەسەر بناغەی دەرککردنی دەرکەوەرەکان. ئەمە بەتایبەتی لە لێهزرینێکدا ڕووندەبێتەوە کە وەک ئەرگومێنتی “مرۆڤی فڕۆک” ناوبانگی دەرکردووە و لە “ئەلشیفا”دا، هەروەها لە تێکستی دیکەی جیاوازدا، دەبینرێت، وەلێ ئیبن سینا بەتایبەتی ڕۆشنتر وەک لە هەر جێیەکی دی لە “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات”دا دایدەڕێژێت. لە جێیەکی گرنگی ئەم نووسینەدا هاتووە:
“بگەڕێرەوە بۆ لای خودی خۆت و لەوە بهزرێ … کە داخۆ بتوانیت نکۆڵی لە لێرەبوونت و خودت بکەیت. من مەبەستم لەوە نییە کە ئەمە تەنیا بۆ لێڕوانەرێکی ئاگامەند دەلوێت. تەنانەت نووستوویەک یان مەستبوویەک بە مەی هەرگیز کرۆکی / خودی (زاتی) خۆی لێ بزر نابێت، جا گەر تەنانەت لە زاکیرەیدا هەردەم دەروێنەیەکی ئەوی نەبێت. (هۆی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ:) گەر تۆ پێشبینی بکەیت کە کرۆکت / خودت هەر لە سەرەتاوە بە زەینێکی سەلیم و پێکهاتەیەکی سەلیم (واتا تەواو پێگەیشتوو) چێبووە، (گەر تۆ هێشتا هەر پێشبینی بکەیت) کە خودت ئەوها سازاوە کە نەتوانێت بەشە (جەستەییە)کانی خۆی ببینێت و چوارپەلی بەر یەک نەکەون، بەڵکو جیاکراوە لە یەکدی و بۆ ساتێک لە هەوای واڵادا هەڵواسرابن، ئەوسا دەشێت بتوانیت تێبگەیت کە کرۆکت / خودت لە هیچ شتێک بەئاگا نییە – جگە لەوە کە ئەو لەگۆڕێیە (existiert)”.
ئیبن سینا پرسیارێک بەم لێهزرینەوە گرێ دەدات: ئایا ئێمە لە ڕاستیدا بە چی دەرکی خۆمان دەکەین؟ ئەوە هەڵبەتە نەک بە دەرکەوەرەکانمان، بە کردارێک، بەڕێی لەشەوە، ئەوە بە هیچ شێوەیەکیش بە دەستوێژێکی یاریدەدەری دەرەوەی کەسمان ڕوونادات، نەخێر، بەڵکو هێزێکی ناجەستەیی هەڵگری خودئاگاییمانە و ناوی دەنێین دەروون. ئەوە دەروونە کە بەسەر لەشماندا سەروەرە و دەیئاژوێت؛ ئەو لەنێو ئێمە خۆماندایە، هەروەها هەردەم یەکە. بەڵێ، وەک چۆن ئیبن سینا لە کۆتاییدا دەیخاتە پێش چاوانی خوێنەرانی، ئەو بە هیچ شێوەیەک لە ئێمە جیاناکرێتەوە، چونکە: “ئەو لە ڕاستیدا تۆیە”.
مەبەستی ئەرگومێنتەکە ڕۆشنە: دەیەوێت بەبەڵگەوە هەبوونی کرۆکێک / خودێک لە هەر مرۆڤێکدا بسەلمێنێت. ئەم خودە هەردەم لەگۆڕێیە، تەنانەت لەکاتی نووستن (ئەمە ترۆپکێکی تیژکراوەیە دژی تیۆلۆگەکانی ئیسلام) و هەروەها لە ڕەوشی مەستیدا، ئێمەش لە دابی دێرینەوە ناومانناوە “دەروون”. بێگومان چەند سەرئەنجامێکیش بە هێڵی سەرەکیی ئەرگومێنتەکە تێکەڵ دەبن، چونکە ئیبن سینا نایەوێت تەنیا بەبەڵگەوە بیسەلمێنێت کە ئێمە دەرووندارین، بەڵکو هەروەها دەیەوێت پێشانی بدات کە چۆن دەروون پێکهاتووە، لێرەشدا ئێمە ئەزموونی چەند تایبەتمەندییەکی تەواوکەری یەکدی دەکەین: یەکەم، دەروون ناجەستەییە (ئاخر سەلماندنی بەند نییە بە دەرککردنی دەرکەوەرێکەوە)؛ دووەم، دەروون سەربەخۆیە لە لەش (و بۆیە دەتوانێت دوای مەرگ بمێنێتەوە)؛ سێیەم، دەروون تاکەکەسییە (ئیندیڤیدوێلە)، چونکە نەک تەنیا لای هەر تاکە مرۆڤێک شیاوی سەلماندنە، بەڵکو هەروەها بریتییە لە خود و تاکەکەسێتیی ئەو.
بەمەش ئیدی پرسێک دەڕاستێنرێت: دەبێت سەرجەم هزرین لەبارەی مرۆڤ لە دەروونی ڕاسیۆنالەوە دەربچێت کە “سەرەتا”ی مرۆڤە، چونکە ئەمە کە مرۆڤ وەک کەس و سەبژێکتی هزرڤان بنیاتدەنێت؛ دەروونی ڕاسیۆنال هاوکات هەڵگری دوایەمین مەبەستی ژیانی مرۆڤە، چونکە کرۆکی ڕاستینە و لەناونەبری ئەوە. گەر مرۆڤ لە ڕەوتی ژیانیدا بۆی بلوێت دەروونی ڕاسیۆنالی خۆی بە یاریدەی مەئریفە کامیل بکات، ئیدی بەو ئامانجە دەگات کە بۆی دەستنیشانکراوە، ئەوسا ئیدی بە بەختیاریی ئەبەدی شاد دەبێت – وەک خەڵاتێکی شایستە بۆ ئەو کۆششە هۆشەکییانە کە ئەو تاکەکەسییانە ئەنجامی داون (نەک وەک ئەنجامی ژیان لە دەوڵەتێکی نموونەییدا، وەک چۆن فارابی گۆتبووی).
ئیبن سینا بە پەیڤی جەختلێکەر، پەیڤی تا ڕادەیەک بانگەوازدەر بۆ ڕامان و ئەزموونکردنی میستیکی، ڕێگەی دەروونی ڕووەو مەئریفە داڕشت (بەتایبەتی لە کۆتایی “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات”دا). ئەمە بوو بە هۆیەک کە هەندێک ڕاڤەکاری مۆدێرن تانوتی نوێنەرایەتیکردنی دوو ڕێبازی لێبدەن: ڕێبازێکی ڕاسیۆنال کە بەگوێرەی فەلسەفەی ئەڕیستۆتێلیس ئاوەڵا دەبێت و لە “ئەلشیفا”دا دەگات بە ترۆپکی خۆی، ئەوجا ڕێبازێکی “باڵاتر”ی دانایی کە میستیک و نەزەری ڕاستەوخۆ ئیلهامیان پێبەخشیوە؛ ئەمیان، پەیوەندکراو بە نووسینێکی سەردەمی درەنگترییەوە (بە ناونیشانی خۆرهەڵاتییەکان کە بەشی هەرە زۆری بزر بووە) وەک “فەلسەفەی خۆرهەڵاتی / مەشریق” دیاری دەکرێت. وەلێ ئەمڕۆ دەتوانین ببێژین کە ئەم جۆرە ڕاڤەکردنە بەسەرچووە. ئاخر هیچ نیشانەیەک بۆ ئەوە لەگۆڕێ نییە کە ئیبن سینا لە هیچ کاتێکدا لە چێوەی ئەو جۆرەی ئەرگومێنتهێنانەوە دەرچووبێت کە ئاوەزمەندانە شیاوی لێتێگەیشتنە. بە پێچەوانەوە ئەوە ڕاستە کە ئیبن سینا لەو شیمانانە توێژییەوە کە ئەم چێوەیە دەیانخاتە بەردەم، ئەمەش بەو ڕاستییە خویا دەبێت کە ئەو لە کارەکانیدا نەک تەنیا بە شێوەی جیاوازی داڕشتن کاری دەکرد (بەڵگەهێنانەوەی سیلۆگیستی، “ئیشارات”، “وەبیرهێنانەوە”، ئاللێگۆری و هتد)، بەڵکو ئەمە هەروەها بە ڕێبازی مەئریفەکەی خودی ئیبن سینا ڕووندەبێتەوە، کە هاوفۆرمییانە بنیاتی نەناوە، بەڵکو ڕێ بە شێوازی جیای ڕاسیۆنالێتی دەدات.

یەکێکی شێوازەکان بەو ڕێگەیەی مەئریفە دەگونجێت کە ئێمە لەم نێوانەدا لە ڕێبازی ترادیسیۆنیانەی زەینەوە دەیناسین. ئیبن سینا لێرەدا لەسەر ئاڕاستەکارییەکانی کندی و فارابی دەڕوات (…)، چونکە ئەمیش هاوشێوەی ئەوان چوار پلەی تێگەیشتن وەردەگرێت، هێندە نەبێت کە جیاواز لە ئەوان ڕاڤەیان دەکات. دەبێت بەگوێرەی دابەشاندنەکەی ئیبن سینا ئەم چوار قۆناغەی پرۆسەی مەئریفە جیابکەینەوە: زەینی شیمانەیی / هێزەکی، واتا توانستی پەتیی مرۆڤ (هەروەها زارۆکیش) بۆ هزرین کە جارێ گۆڕانی نەبینیوە؛ زەین بە ڕیزبەندیی پێکهێنراوییەوە کە لە پریما ئینتێلیگیبلیا، واتا لە تێگە “ئاپریۆری”یەکان” (بوون، شت، شیمانە، زەروورە و هتد) و هەروەها لە پرنسیپە بەڵگەنەویستەکان (یاسای سێیەم بەدەرکەر و هتد) بەئاگا هاتووە؛ زەینی کردەکی (ئەکتوێل) کە هەروەها لە سێکوندا ئینتێلیگیبلیا (تێگە لێکدراوەکان، بەڵگە و هتد) تێگەیشتووە؛ ئەوجا زەینی بەدیهێنراو کە تێیدا دەروونی ڕاسیۆنال خۆی وەک هزرکەری کردەکی و بەتەواوەتی زانەر ڕیالیزە دەکات. بەمەش هەر چوار پلەکە (نەک سێ پلە وەک لای کندی و فارابی) دەدرێنە پاڵ ڕێگەی مەئریفەی تاکە مرۆڤ. بە پێچەوانەوە زەینی چالاک کە ئیبن سیناش گەردوونییانە ڕاڤەی دەکات، لای ئەو لە ڕیزی قۆناغەکانی مەئریفەدا نییە، بەڵکو وەک لایەنی پێنجەم (یان پرنسیپی ڕێبەر) بەرانبەریان دایدەنێت.
بێگومان ئیبن سینا هەروەها ئاشنای شێوەیەکی دیکەی ناسینە و ناوی دەنێت ئینتوئیتسیۆن (حەدەس). ئەمە هەندێک جار تێڕوانینێکی ئەوتۆی لەتەک خۆیدا هێناوە کە هەروەک مەبەستی ئەو لەم شێوەیەی ناسین نەزەری نا-ڕاسیۆنال و میستیکی بێت، کەچی ئەوەی ڕاستی بێت باڵاترین فۆرمی ڕاسیۆنالێتییە، ئەویش چونکە ئیبن سینا کۆنسێپتەکەی لەسەر تێگەی ژیریی ئەڕیستۆتێلیس (بە گریکی: ئانخینۆیا، بە ئەرەبی: زەکائ) بنیات دەنێت. ئەو لەم تێگەیەوە گۆڕان بە تێگەیشتنێک لەبارەی ناسین دەدات کە ڕۆشنتر توانستە ڕاسیۆنالەکان دەردەخات. کێ حەدەسی هەبێت، ئەو کەسە بەسانایی لە سەرجەم تێگەکان و سەرجەم پەیوەندییەکانی سەلماندن (بەتایبەتی لە نێوانەتێگەی سیلۆگزمێک) تێدەگات. ئەو کەسە خۆی بە هیچ شێوەیەک لەو ئۆپەراسیۆنە لۆگیکییانە لانادات کە ئێمە لە “ئۆرگانۆن” و ڕاڤەکردنەکانییەوە دەیانناسین، بەڵکو خێراتر لەوە کە باوە بەنێویاندا ڕەتدەبێت. بەڕاستیش ئیبن سینا ڕوونی دەکاتەوە، هەمیشە سەرلەنوێ مرۆڤان هەن کە تێڕوانینەکانیان زۆر لە زانینی مامۆستایان و هاوچەرخانیان تێدەپەڕن. ژمارەیەکی زۆر لە فەیلەسوفانی ڕابردوو سەر بەو کەسانە بوون، پێش هەموویان ئەڕیستۆتێلیس، بەبێ گومان ئەو خۆیشی، وەک چۆن لە هەندێک جێی ئۆتۆبیۆگرافییەکەیدا دەردەکەوێت.

جگە لەوە کۆنسێپتی حەدەس دەرفەتی جیاکارییەکی دیکە بۆ ئیبن سینا دەڕەخسێنێت. ئەمیان پەیامهێنی (پێغەمبەرێتی) دەگرێتەوە کە لە جڤاکی ئیسلامیدا هەروەها وەک ڕێگەی مەئریفە ناسێنرابوو، بۆیە دەبوو لە تیۆرییەکی مەئریفەدا کە نیازی بەهەندوەرگرتنی سەرجەم شێوەکانی زانینی هەبێت، ئاوڕ لە ئەمیش بدرێتەوە. فارابی ئەم پرسەی بەوە ڕوونکردبۆوە کە پەیامهێنان توانستێکی زۆر تایبەت بەهێزی پێشبینیکردنیان هەیە، ئەمەش دەرفەتی بۆ ڕەخساندوون کە سروش (واتا وێنە و هێما) لە زەینی چالاکەوە وەربگرن و بیگەیەنن بە لایەنگرانیان. بێگومان ئەم ڕوونکردنەوەیە لەنێو چێوەی کۆنسێپتی ئاییندا لای فارابی (…) لۆگیکی بوو، وەلێ هاوکات نیشانەی ئەوەش بوو کە فارابی ڕێزێکی تایبەتی لە پەیامهێنان نەدەنا، بۆیە کاریگەری و توانستی نەزەری ئەوانی لەسەر ئاستی توانستی پێشبینیکردن سنووردار کرد. لەبەر ئەم هۆیە ئیبن سینا هەنگاوی نا تاکو پەرە بە تێگەیشتن لە پەیامهێنی بدات، لێرەشدا گۆڕانکارییەکی گرنگی کۆنسێپتییانەی ئەنجام دا کە بریتی بوو لە وەرگرتنی دوو ئاستی پەیامهێنی. یەکێکیان بەو توانستە دەگونجێت کە فارابی دایڕشتبوو. کەواتە لێرەش سەرلەنوێ مەبەست لە شکۆفەی تایبەتی توانستی پێشبینیکردنە کە توانا بە پەیامهێنان دەدات وێنە و هێما لە زەینی چالاک وەربگرن. ئاستەکەی دیکە بە پێچەوانەوە ڕاسیۆنالە. ئاخر بە دیدی ئیبن سینا زەینی پەیامهێنیش (واتا دەروونە ڕاسیۆنالەکەی) لە پەیوەندیدایە بە زەینی چالاکەوە وەک ڕێبەری سەرجەم پرۆسە هۆشەکییەکان. بۆیە پەیامهێن نەک تەنیا لە شێوەی هێما و دەروێنەی بەشەکیدا ڕاستی دەناسێت، بەڵکو هەروەها وەک پاشهاتی دەرئەنجامگیری و سەلماندن کە چواندنی گشتگیریان هەیە، کەواتە لەو شێوە بورهانییەدا (دێمۆنستراتیڤەدا) کە فەیلەسوفەکان بایەخی پێدەدەن. بێگومان پێویست نییە کە پەیامهێن زۆر تێبکۆشێت بۆ ئەوەی فێری هەر ئەرگومێنتێک و یەک بە یەکی سیلۆگیزمەکان ببێت تاکو ئیدی لە ڕاستی تێبگات؛ ئەوە پێویست نییە چونکە پەیامهێن خاوەنی حەدەسە، بۆیە -هاوشێوەی مامۆستایانی نێو فەیلەسوفان – هەر لە یەکەم تێگەیشتندا پەی بەوە دەبات کە گۆتەیەک لە چە پەیوەندییەکی لۆگیکیدایە.
نموونە زۆر بەجوانی پێشانی دەدات کە چۆن ئیبن سینا لەو چاوەڕوانییە جیاواز و دەستپێکە هزرییە (ئایینی و تیۆلۆگی و فەلسەفەییانە) دەدوێت کە ڕووبەڕووی بووبوونەوە، لێرەشدا ناخزێتە ڕاڕاییەوە لە نێوانیاندا و وەک ئەلتەرناتیڤی هاوبەها لێیان ناڕوانێت. هەمیشە فەلسەفە چێوەی کۆنسێپتییانەی ئەو دەمێنێتەوە. وەلێ ئەم فەلسەفەیە، لە ڕووی کایەی بابەت و ئاگایی کێشەکانەوە بەربژێر نییە، بەڵکو کراوەیە بۆ خواستە ئاینی و پرسیارکردنە تیۆلۆگییەکان. ئەمە دەشێت – جگە لە پەیامهێنی – بە ڕیزێک پرسی دیکە بسەلمێنرێت (نوێژ، خەون و هتد). وەلێ پێدەچێت ئەم پرسە ئاشکراترین بێت، گەر بڕوانین کە چۆن هەڵوێستەکە سەرکەوتووانە لە مامەڵەکردن لەتەک قورئاندا بەجێدەگەیەنرێت.
نموونەیەکی جوان بۆ ئەم مامەڵەکردنە بریتییە لە جۆری تەئویلکردنی سورەتی 24 (ئەلنور – و)، ئایەتی 35، لە لایەن ئیبن سیناوە. لەو ئایەتەدا دەگۆترێت: “ئەڵڵا نوری ئاسمانەکان و زەمینە، نوری ئەو هاوشێوەی تاقێکە چرای تێدا داگیرسێنرابێت، چراکە لە گڵاسێکی شووشەییدا بێت، گڵاسەکە هێندە درەوشاوە بێت هەروەک ئەستێرەیەکی تروسکەدار بێت، (چراکە بە زەیتی) دارزەیتونێکی پیرۆز داگیرسابێت کە نە خۆرهەڵاتی و نە خۆرئاواییە، و زەیتەکەی نزیکەی ڕووناکی دەخاتەوە بەبێ ئەوەی هەرگیز ئاگری بەرکەوتبێت – نور لەسەر نور…”(1).
ئەم ئایەتە بە درێژایی کات چەندین جار تەئویلکراوە، لێرەشدا هیچ هۆشسووڕهێنەر نییە کە لە نێویاندا ڕیزێک تەئویلی میستیکی یان غەیبانی هەیە. وەلێ ئایەتەکە بۆ ئیبن سینا (بەگوێرەی “ئەلتەئشیرات وەلتەنبیهات”) “ئاماژەیەکە” بۆ ڕاسیۆنالێتیی ئێمە: ئەو – بە ئاللێگۆری – ئەدگاری تایبەتی مەئریفەمان دادەڕێژێت. ئاخر بە دیدی ئیبن سینا هەر بابەتێکی ناوبراوی نێو تێکستەکەی قورئان دەتوانێت توخمێکی گرنگی تیۆریی مەئریفەکەی ئەو دیاری بکات: “نور” هێمای مەئریفەیە، “ئاگر”ەکە هێمای زەینی چالاکە، “چرا”ی نێو “تاق”ەکە کە تێیدا ڕوناکی دەخرێتەوە، هێمایە بۆ زەینی شیمانەیی تاکە مرۆڤ؛ بۆ ئەوەی زەینی شیمانەیی دابگیرسێت، پێویستی بە زەیت یان بە “دارزەیت”ە و بەمەش مەبەست لە لێهزرینی ئێمەیە. ئەوجا “زەیت”ێکی دیکە لەوێدایە کە “نزیکەی ڕوناکی دەخاتەوە بەبێ ئەوەی هەرگیز ئاگری بەرکەوتبێت”. ئەمیان هیچی دیکە نییە جگە لە ئینتوئیتسیۆن / حەدەس. وەلێ ئەمە بە بڕوای ئیبن سینا – وەک چۆن ئێستا دەزانین – تەنیا مۆرکی فەیلەسوفە بەواتاکان نییە، بەڵکو هاوکات مۆرکی پەیامهێنانیشە.
————————————-

تێبینیی وەرگێڕ:
(1) بۆ وەرگێڕانی ئەم ئایەتە سوودم لە وەرگێڕانەکەی هەژار موکریانی وەرگرتووە.

گلۆسار
ئاللێگۆری: واژەیەکی گریکییە بەواتای “زمانی ڕووپۆشراو”، لەبەر ئەوەی وێنەییانە دادەڕێژێت، ئەوا هاوشێوەیی لە خوازە / مێتافۆر هەیە، وەلێ تایبەتمەندییەکەی بەتایبەتی بە بەراورد لەتەک سیمبۆلدا ڕووندەبێتەوە. سیمبۆل تەنیا یەک ئەدگاری هەیە: تایبەتێتی دەکات بە گشتێتی (“دڵ” بریتییە لە هێمای “خۆشەویستی”). ئاللێگۆری بە پێچەوانەوە داڕشتنی وێنەیی تێگەیەکی ئەبستراکتە، کەواتە گشتێتی دەکات بە تایبەتێتی و بەزۆریش بە کەساندن دایدەڕێژێت، کە دەشێت لە نێویدا چەند سیمبۆلێک هەبن و تەئویل بکرێن؛ بۆ نموونە لە شێوەسازیدا تێگەی یان گشتێتیی “مەرگ” دەکرێت بە پەیکەرێکی ئێسکی کە داسێکی بەدەستەوە گرتووە.
ئاپریۆری: تێگەیەکی تایبەتیی کانتە لە “ڕەخنەی ئاوەزی پەتی”دا، بە واتای: پێشئەزموونی بە پێچەوانەی ئاپۆستەریۆری = پاشئەزموونی. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە دەشێت لە لایەک تەنیا بەڕێی زەینی پەتییەوە مەئریفەمان هەبێت بەبێ ئەوەی دەرکەوەرەکانمان بناغەی بن، وەلێ لە لایەکی دیکەوە دەشێت مەئریفەمان دوای دەرککردن بێتە ئاراوە.
بەڕێکەوت: شیمانەیی. بڕوانە “کۆنتێنگێنت” لە خوارەوە.
بەشەکی (پارتیکولار): تەنیا بەشێکی یان ڕوویەکی شتێک دەگرێتەوە. “زەیندەوەر” گشتگیرە، “کۆتر” تەنیا کەرتێکە لەنێو زیندەوەراندا.
دەرکەوەر: بەگوێرەی “زاراوەسازیی پێوانە”ی مەسعود محەمەد سازێنراوە وەک تێگەیەک بۆ “سێنس”ی لاتینی کە ئۆرگانییە (هەست نییە!!)، وەک: دەرکەوەری بینین، بیستن، بۆنکردن، چێژتن، گرتن.
ئێکزیستێنس: لێرەبوون (Dasein)ی شتێک بەبێ ئەوەی جارێ بەوردی دیاریکرابێت.
ئێسێنس: (بەتایبەتی لە ئۆنتۆلۆگیدا) بریتییە لە کرۆکی، سروشتی ناخەکی یان ئەوها-بوونی شتێک.
ئەدەبیاتی لاوەکی: ئەو نووسینانەن کە بۆ نموونە لە فەلسەفەدا وەک توێژینەوە لەبارەی فەیلەسوفێکی بەواتا نووسراون. لێرەدا کارەکانی ئەو فەیلەسەفە دەبن بە ئەدەبیاتی سەرەکی.
ئەزموونکردنی بەڕێکەوت: ئەزموونکردنی شیمانەیی نەک زەرووری. مەبەست لە ئەزموونکردنی شتەکان یان قەوارەکانە کە هەبوونیان یان نا-هەبوونیان نە زەروورییە و نە نەشیاوە (مەحاڵە).
فەلسەفەی خۆرهەڵاتی (مەشریق): فەیلەسوفەکانی بۆ نموونە بریتین لە کندی، ڕازی، ئیخوان ئەلسەفا، فارابی، ئیبن سینا، بە پێچەوانەی فەلسەفەی خۆرئاواییەوە (مەغریبەوە) کە بۆ نموونە فەیلەسوفەکانی بریتین لە ئیبن باجە، ئیبن توفەیل، ئیبن ڕوشد.
گەوهەر (زوبستانس): ئەوەکەیەک کە بۆ لێرەبوونی خۆی پێویستی بە لێرەبوونی ئەوەکانی دی نەبێت، بەڵکو خۆی بناغەی خۆی بێت.
گۆتە: لە لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیسدا (هەروەها ناودەنرێت پرنسیپی دوو-بەهایی ئەڕیستۆتێلیس) بریتییە لە پێکهاتەیەکی زمانییانە (ڕستە / دەربڕین) و پەیوەند پێوەی باش دەبێت کە لەبارەی بپرسرێت داخۆ ڕاست یان هەڵە بێت، کەواتە داخۆ لەبارەوەگۆتراو بگرێتەوە یان نەگرێتەوە.
هەڤرایەڵی (کۆنتێکست): مەبەست لە هەڤ-پەیوەستبوونێکە کە بابەتێک / ڕەوشێک / فێنۆمێنێک خۆی تێدا دەبینێتەوە و گەرەکە لە نێویدا بەهەند وەربگیرێت. بۆ نموونە: “ئەز دەڕۆم بۆ دوکان”، یان: “ئەز لە دوکانی باوکم خەریکی فرۆشیاریم”. بەم دوو ڕستەیە دەشێت دەربخرێت کە بە وشەی “دوکان” مەبەست لە چییە، ئایا مەبەست لە “شارۆچکە” یان “فرۆشگە”یەکە.
هزرپێگەیشتوو: (بە ئەڵمانی gebildet)، واتا کەسێتییەک کە بە خوێندنەوە، توێژینە و خۆپێگەیاندن بووە بە خاوەنی هۆشێکی پێگەیشتوو، کە دەشێت “ڕۆشنبیر” بێت (گەر خۆی لە گۆشەنیگای ڕۆشناییەوە پێگەیاندبێت)، وەلێ دەشێت “تاریکبیر” (بۆ نموونە فەیلەسوفێکی ڕەشبین) بێت.
ئینتوئیتسیۆن (حەدەس): ناسینی یان لێڕوانینی ڕوون و ئاشکرا وەلێ کتوپڕ و ڕاستەوخۆی ڕەوشێک یان بابەتێک، ڕاستەوخۆییەکەش نیشانەی ئەوەیە کە ناسینەکە/لێڕوانینەکە بە هزرین یان پەرچاندن بەدینەهێنراوە، واتا نا-دیسکورزیڤە.
کۆنسێپت: مۆدێل، بەرنامەی پوختی مۆدێلێک یان تیۆرییەک.
کۆنتینگێنت (ئاوەڵناوە)، ناوەکەی بریتییە لە: کۆنتینگێنتس، بە لاتینی “کۆنتینگێنتسیا”، واتا “ئەوە کە ڕوودەدات” یان “ڕێکەوت”. ڕوودان شیمانەییە، بەڕێکەوتە، کەواتە دەشێت شتێک ڕووبدات یان ڕوونەدات، بە پێچەوانەی ڕوودانی زەروورییەوە
میستیک: پڕنهێنی. جیهانبینییەکی ئایینییە کە تێیدا کەس کۆشش دەکات بۆ ئەوەی بە ڕامان و زوهد لەتەک خوددا یەکانگیر ببێت، بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا.
ئۆنتۆلۆگی: جۆرێکی فەلسەفاندنە کە لە بارەی بوونی بوونەوەرەکان دەپرسێت.
ئۆرگانۆن: ناونیشانی نووسینە لۆگیکییەکانی ئەڕیستۆتێلیسە.
پرنسیپی بەڵگەنەویست (ئەکسیۆم): بنەڕەتێک کە بەڕەهایی وەک ڕاست ناسێنراوە، یان ڕاستییەک کە پێویستی بە سەلماندن، بەڵگەبۆهێنانەوە، نییە، هاوکات گۆزارە نییە و لۆگیکییانە دەرئەنجامێنرابێت. بۆ نموونە لە ئەندازەدا: لە نێوان دوو پنتدا تەنیا دەشێت ڕاستەهێڵێک هەبێت.
پریما ئینتەلیگێبلیا: ئینتێلیگیبل وەک ئاوەڵناو ئەوەیە کە تەنیا هۆشەکییانە بە زەین دیاریدەکرێت، کەواتە ئێمە ناتوانین بە دەرکەوەرەکانمان دەرکی بکەین، وەک قەوارە هۆشەکییەکانی “بوون”، “شت”، یان “ئیدێ”.
ئێنتیتێ (قەوارە): واتا هەبوو، لەگۆڕێبووی بەرجەستە، وەلێ هەروەها کرۆکێکی هۆشەکیش. مەبەست لە یەک تاکە بوونەوەرە، بۆ نموونە کەسێک، بابەتێک، ڕووداوێک.
سیلۆگیزم: پێوەرناسی (عیلم ئەلقیاس)، کە ئەڕیستۆتێلیس گۆڕانی پێدا و کلاسیکییانە (واتا کۆن-نەبوو) چەسپاندی. گەر ئێمە دوو پێشدانراومان / پرێمیسمان وەک سەرڕستە و ژێرڕستە هەبێت و هەردووکیان خاوەنی نێوانەتێگەیەک بن، ئەوا دەتوانین لێوەیان دەربئەنجامێنین. سەرڕستە: سۆکرات مرۆڤە؛ ژێرڕستە: مرۆڤ بمرە؛ دەرئەنجام: سۆکرات بمرە. لە سەرڕستەدا سۆکرات بکەرە / سەبژێکتە، مرۆڤ دراوەپاڵە / پرێدیکاتە؛ لە ژێرڕستەدا مرۆڤ بکەرە، بمر دراوەپاڵە. مرۆڤ لە سەرڕستە و ژێرڕستەدا نێوانەتێگەیە.
تێگە: (بە ئەرەبی “مەفهوم”، بە ئەڵمانی “بێگریف / Begriff”. ئەم واژەیە دەگەڕێتەوە بۆ جەمال نەبەز، ئەز لەبریی واژەی هەڵبەستڤانییانەی “چەمک” بەکاریدەهێنم کە بەهۆی نادیاریی کرۆکییەوە نازانرێت چی دەگەیەنێت، بۆیە بەزۆریی خواوەکیلی یان ڕەوانبێژییانە بەکاردەهێنرێت.
خشتەی کۆنسێپتی (konzeptueller Rahmen): مەبەست لە بونیادێکی بەخشتەکراوە کە وەک زەمینەی توێژینەوە لە ڕەوشە یان لە فێنۆمێنە ئاڵۆزەکان دادەنرێت.
یاسای سێیەم بەدەرکەر: یەکێکە لە یاساکانی لۆگیکی ئەڕیستۆتێلیس کە دەبێژێت: لە نێوان بوون و نابوونی شتێکدا سێیەمێک ناشێت. شتێک یان هەیە یاخود نییە. گۆتەیەک تەنیا بۆ خۆی و پێچەوانەکەی چواندنی هەیە، چواندنی سێیەمێک نەشیاوە. بۆ نموونە: هەموو شتێک (گەردوون) دەبێت هەبێت یان نەبێت، یان: “گەردوون ئەزەلییە”، “گەردوون ئافرێنراوە”، سێیەمێک لە نێوان ئەم دووانەدا نییە.
زەین: هێزی هزرین
زەینی چالاک: ئەم تێگەیەی ئەڕیستۆتێلیس کە تا ئێستا لە داڕشتنی هزری هەندێک فەیلەسوفی ئیسلامیدا بەردەوام ئاماژەی پێدەدرێتەوە، ڕوونکردنەوەی وردتری بۆ پتر لێتێگەیشتن گەرەکە.
ئێمە لای ئەڕیستۆتێلیس دوو جۆر زەینمان هەیە و بریتین لە زەینی ناچالاک و چالاک، ئەم تێڕوانینەش بەندە بە جیاوازیکردنی نێوان “کەرەسە” و “فۆرم”ەوە. کەرەسە شیمانەییە، پۆتێنسیەلە، وەلێ فۆرم کردەکییە، ئەکتوێلە، و ئەڕیسۆتێلیس ناوی دەنێت “ئێنێرجێیا”. هەردووکیان گەوهەرن (زوبستانسن). یەکەمیان لە تاکەکاندا دەردەکەوێت، بۆ نموونە یەک تاکى مرۆڤ، درەختێک، وەلێ دووەمیان (فۆرم) گشتییە و جۆر و ڕەگەزى یەکەم گەوهەر دیارى دەکات، بۆ نموونە: مرۆڤ، زیندەوەر. کەواتە گشتێتی / فۆرم لە تاکە شتەکان سەربەخۆ نییە، چونکە لە نێوان تاکێتی و گشتێتیدا، کەرەسە و فۆرمدا، پەیوەندییەکی هۆئەنجامی (تێلیۆلۆگیانە) هەیە. لێرەدا دەرککردن دەستپێکی پرۆسەی مەئریفەیە.

سەرەتا دەرککردن فۆرمێک بە هۆش دەناسێنێت کە لەنێو شتێکى جیهانى ماتەریدایە. ئێمە لێرەدا گشتێتییەکى سەرەتاییمان لەنێو هۆشدا هەیە و ئەڕیستۆتێلیس ناوى دەنێت “فۆرمى دەرکی”. ئەوجا گەر ڕیزێک پێشبینیى هاوجۆر لەنێو یادوەریماندا کۆببنەوە، ئەوسا لێوەیان پێشبینیى دیکە دەسازێنین و گشتێتییەکەیان بەرزترە لە گشتێتیی پێشبینییە دەرکییەکان. بۆ نموونە سەرەتا پێشبینیى ئاژەڵێکى تایبەتیمان هەیە کە ئەسپێکە. ئەم پێشبینییە بریتییە لە گشتێتییەک. گەر پاشان کۆمەڵێک پێشبینیى دیکەى لەم جۆرە کۆ ببنەوە، بۆ نموونە پێشبینیى ئەسپ، کەر، شێر، گورگ و هتد، ئیدی بەڕێی کارایی زەینەوە دەگەین بە پێشبینیى ئاژەڵ کە ئاستێکی باڵاى گشتێتیی هەیە. ئەڕیستۆتێلیس ئەم پێشبینییە ناو دەنێت “تایبەتمەندیى زەینى”، وەلێ جارێ لە ناوەرۆکدا پێشبینییەکی دەرکییە و لەنێو دەروونى نزمى بمردایە. ئەمە بریتییە لە زەینی ناچالاک کە پاشان زەینى چالاک (نووس) دەستى بەسەردا دەگرێت و لێوەى کرۆکی تێگەیى (ئیدیەل) دەردەکێشێت. کەواتە کرۆکی تێگەیی بەشیمانەیی (پۆتێنسیەل / هێزەکییانە) لەنێو پێشبینییەکاندایە و زەینی چالاک دەیکات بە کردەکی (ئەکتوالیزەی دەکات). گەرچی زەینی چالاک بەبێ پێشبینییەکان ناهزرێت، وەلێ خۆی پرنسیپێکى ئافرێنەرە و بەبێ کاریگەریى پێشبینییە ماتەرییەکان گۆڕان بە تێگەکان دەدات، چونکە هیچ شتێک پێی تێکەڵ نەبووە، بەڵکو سەربەخۆیە. لەبەر ئەم هۆیە ئەڕیستۆتێلیس بە ئەزەلى و نەمری دادەنێت.




چاوپێکەوتنێک لەگەڵ شاعیری ئەمریکیی فیلیپ لیڤین.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

فیلیپ لیڤین لە ساڵی ١٩٢٨ لە شاری دیترۆیت لە ویلایەتی میشیگان لەدایک بووە و زیاتر لە پەنجا ساڵیشە خەریکی نووسین و بڵاوکردنەوەی شیعرەکانییەتی و ئێستاش خانەنشینە. هەروەها فیلیپ لە سەرتاسەری ئەمریکادا و لە چەندین دامەزراوە وانەبێژی کردووە، کە دیارترینیان زانکۆکانی کالیفۆرنیا و فرێسنۆ و نیویۆرکن. ئەو خەڵاتانەی کە بۆ شیعرەکانی وەریگرتوون، چەندە زۆرن، ئەوەندەش بەناوبانگن. لەوانە خەڵاتی یادەوەری فرانک ئۆهارا، خەڵاتی شیعری لینۆر مارشال، خەڵاتی لیڤنسۆن، خەڵاتی نیشتمانی کتێب، خەڵاتی بازنەی ڕەخنەگرانی کتێبی نیشتمانی، خەڵاتی پۆلیتزەر بۆ شیعر و خەڵاتی شیعری ڕوت لیلی. هەروەها لیڤین لە هەردوو دامەزراوەی نیشتمانی بۆ هونەر و دامەزراوەی جۆن سیمۆن گوگنهایم زەمالەی پێبەخشراوە.
ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی کە هەشتا ساڵەی لەدایکبوونی لیڤینە، دەرفەتێکی سەرەکی دەڕەخسێنرێت بۆ هەوادارانی شاعیر (خوێنەران، ڕەخنەگران و هاوتەمەنەکانی) کە ئاوڕێک لە ژیانی پیشەیی شاعیر بدەنەوە. ڕەنگە دیارترین ڕووداوی لەم جۆرە، بە ناوی “فیلیپ لیڤین: ڕێزلێنان لە ٨٠ ساڵەی لەدایک بوون” کە لەلایەن زانکۆی نیویۆرکەوە لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی پار ڕێکخرا. مەرجیش نییە وەک ڕووماڵکردنێکی کارەکانی لیڤین بێت کە لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا ئەنجامی داون. ئەم دیدارە دەست دەخاتە سەر هەندێک بیرۆکە و توخمە سەرتاسەرییەکان کە لەناو زۆربەی شیعرەکانیدا هەن وەک گرنگیدان بە بابەتەکانی چینی کرێکار، شتێک کە لیڤین زۆرجار پێوەی پەیوەستە، دواجاریش پرسیارەکان و وەڵامەکانی شاعیر دەچنەوە ناو بیرکردنەوەکانی لیڤین سەبارەت بە شیعر و هونەر بە گشتی.
گفتوگۆکەمان کەوتە سبەینێی دوای ئێوارە کۆڕی لیڤین لەگەڵ شاعیران و ڕۆماننووسانی تر کە لە (فایف پۆینتس)(١)لە یانەی هونەری نیشتمانی لە شاری نیویۆرک بۆ ڕێزلێنانیان لە ٤ی ئایاری ٢٠٠٤ سازکردبوو. لیڤین بە جل و بەرگی ئاساییەوە چەند خولەکێک زووتر لەکاتی کۆبوونەوەکەمان کە کاتژمێر نۆی سەر لە بەیانیمان دانابوو، گەیشت. لیڤین دوای بەسەربردنی شەوێکی درێژی تاڕادەیەک دڵخۆش و نائاسایی پەیدا بوو و هات و لە تەنیشت پەنجەرەیەکی گەورە بەرامبەرم دانیشت کە ڕووی لە پارکی گرامێرسی بوو و بە ڕواڵەت ئامادە بوو وەڵامی هەر پرسیارێک کە هەمە؛ بداتەوە.

ڕومیانۆ: دوێنێ شەو لە کۆڕەکەت تێبینیم کرد دوو شیعرت خوێندەوە. چۆن بڕیار دەدەیت چی بخوێنیتەوە کاتێک دەست بەخوێندنەوە دەکەیت؟

فیلیپ لیڤین : من پێشوەخت بڕیاری خۆمم دابوو کە چ شیعرێک دەخوێنمەوە. لە ڕاستیدا شیعری سێیەمیشم هەبوو کە دەمتوانی بیخوێنمەوە، بەڵام نەمویست بیخوێنمەوە. ئەویش لەبەر یەک شت، شیعرێکە کە تا ئێستا نەمخوێندووەتەوە. حەزیشم دەکرد ئەو شیعری سێیەمە بخوێنمەوە، کە لە هەردوو ئەو شیعرانەی کە خوێندمنەوە،زیاتر تایبەتە بەو شتانەی کە دەینووسم.
ڕومیانۆ: ئایا لە ئێستادا دان بەوەدا دەنێیت کە گرژییەک یان هەستێکی جیابوونەوەیەک هەیە لەنێوان ئەو سەرکەوتنەی کە بەدەستت هێناوە لەگەڵ ئەو بابەتانەی کە زۆرجار دەستوپەنجەی لەگەڵدا نەرم دەکەیت ؟ ئایا لەوێدا هیچ ناکۆکییەک نابینیت؟
فیلیپ لیڤین : نەخێر.

ڕومیانۆ: ئایا پێتوایە پێویستە نووسەران یان هونەرمەندان یان هەر کەسێکیتر ڕێک وەک بابەتی نووسینەکانیان ژیابن یان بژێن؟
لیڤین: نەخێر، ئەگەر تۆ بەپێی پێویست باش بیت. شەکسپیر هەرگیز نە پاشا و نە ڕۆمانیش نەبووە و لەگەڵ ئەوەشدا توانی لەسەریان بنووسێت.

ڕومیانۆ: لە کۆڕەکەی ئەم دواییەدا، نەتاشا ترێثوای (٢)تۆی وەک شاعیرێکی چینی کرێکار وەسف کرد. نەتاشا ئەو وشانەی بەکارهێنا. هەستت چۆنە کە لەو کاتە بەو شێوەیە وەسف دەکرێیت؟
فیلیپ لیڤین : زۆرجار، ڕاستی دەکەمەوە. من لە چینی کرێکار نەهاتووم. من لە چینی ناوەندەوە هاتووم. کاتێک زۆر بچووک بووم باوکم کۆچی دوایی کرد، دایکم ناچار بوو ببێتە ژنێکی کرێکار. بەڵام بەهاکانی ماڵەکەمان تا ڕادەیەکی زۆر بەهاکانی چینی ناوەندی ئەمریکی بوون کە پێشتر دیاریکرابوون، بۆیە ئێمە چینی ناوەڕاست بووین–بەڵام بەبێ هیچ پارەیەک. نازانم ناوی چی لێ بنێم. دایکم سوعبەتێکی خۆشی هەبوو. بەردەوام دەیگوت “یەکێک لە هەوڵەکانی فیلیپ ئەوەیە نیشان بدات کە جووڵەی کۆمەڵایەتی لە ئەمریکادا هەیە. ئەو لە چینی ناوەڕاست لەدایکبووە، ئێستاش، بەرەو چینی کرێکار دابەزیوە. هەمووی بە هەڵە تێگەیشتووە.” دایکم تا بڵێی سوعبەتچی بوو. “بیرۆکە ئاوهایە” فیلیپ، بەرەو سەرەوە دەڕوا نەک بەرەوخوارەوە.”

ڕومیانۆ: لەئاست پەیوەندییەکانی نێوان چین و شیعر، تۆ هەست بەچی دەکەیت؟
فیلیپ لیڤین : پێموایە پەیوەندییەکە بەردەوام کەم دەبێتەوە. دەتوانم بڵێـم کە سەردەمێک لە ئەمریکادا هەبووە کە بەشێکی زۆری شاعیرە گەورەکانمان، ئەوانەی لانیکەم شاعیری دانپیانراو بوون، لە پاشخانێکی تایبەتەوە هاتوون بۆ نموونە ئایڤی لیگ و (٣)پەیوەندییان بە سەرنووسەرەکان و بڵاوکەرەوەکانی نیویۆرکەوە هەبوو کە ئەوانیش لە هەمان پاشخانەوە هاتبوون. ئەوکاتی شاعیرانی بیتس(٤) لە گۆڕەپانەکەدا دەرکەوتن وەک ئالن گینسبێرگ و گاری سنایدەر و چاپخانە بچووکەکان سەریان هەڵدا و چاپخانەکانی زانکۆش کەوتنە ناوەوە و ئیتر ئەوانیش فێری دابەشکردنی کتێبەکانیان بوون و ئەو خەڵکانەشی لە ویلایەتەکانی ئەرکەنساس، تێکساس، کالیفۆرنیا یان لەهەر جێیەک ژیاون و لەدایک بوون و یان کێ لەم شوێنانە چووەتە قوتابخانە یان بە هیچ شێوەیەک نەچووە. ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە. پێموایە تەنانەت ئەکادیمیای شاعیرانی ئەمریکاش کە تا نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەریش بە تەواوی و بەتایبەت لەلایەن یانەی کوڕانی پیرەوە قۆرخ کرابوو، بەڵام ئیتر ئەمەش نەما. (٥)پێویستە ئەوەش بڵێم کە گەلێ سەختە بۆم باشوورییەکان بهێنمە ناوەوە. من بێئەوەی زۆریش دوور بکەومەوە یەک دووانێکم لێیان کاندید کردووە. ئێمە یوسف کۆمونیاکامان هەیە. ئەو تاکە کەسە و پێموانییە وەک باشوورییەک لەوێ بێت، ئەو زیاتر وەک ئەفریقایی-ئەمریکییەک لەوێیە. هەندێک لەو شاعیرە باشوورییانەی کە حەز دەکەم لەوێدا بیانبینم بریتین لە دەیڤ سمیس، ڕۆدنی جۆنز، کەیت دانیێڵز، یان تێری هامەر. من وای دەبینم ئەم شاعیرانەلەبەر ئەوەی تەواو جیاوازن؛ دەبێ لەوێدا ئەندام بن.

ڕومیانۆ: بەردەوامبوون لەسەر بیرۆکەی چین و شیعر، پێدەچێت شیعرەکانت زۆرجار خۆیان بەڕووی خوێندنەوەی مارکسیستیدا بکەنەوە.
فیلیپ لیڤین : ساڵانێک لەمەوبەر خوێندکارێکم پێی وتم کە پرۆفیسۆرەکەی پێی وتووە گوایە من کەسێکی “پینکۆ” م(٦) پێم گوت بگەڕێتەوە و بەو بێمێشکە بڵێ من پینکۆ نیم و سوورم. لای من کۆمۆنیزم تیۆرێکی ئابوورییە کە خاوەندارێتی بەو کەسانە دەبەخشێت کە کارەکە ئەنجام دەدەن و بەم شێوەیە ئەو مشەخۆرانە لەناو دەبات کە هەموو قازانجەکان دەبەن. دەوڵەتی سۆشیالیستی شتێکە کە سەرنجی ڕاکێشام. ڕاستگۆیانە پێموانییە کە تا ئێستا هەبووبێت. کۆمەڵگەی بچووکی کۆمۆنیست هەبووە، زۆربەیان تەنانەت لێرە لە ئەمریکاش. یەکێتیی سۆڤییەت کابوسێکی تۆتالیتاری بوو کە وەک وڵاتانی تۆتالیتاری دیکە ترسیان لای دراوسێکانیان دروست دەکرد. لە سیستەمی چینایەتی ئەمریکادا دەژیم، دەبینم تەماح زۆر پەرەی سەندووە. سیستەمی سەرمایەداری فێری ئەوە بووە کە چۆن سیستەمی سیاسی کۆنترۆڵ بکات. زۆربەی ئەمریکییەکان لە مافی خۆیان بێبەشن و پێموایە لەرزینێکی بەهێز پێویستە بۆ ئەوەی ئەمریکا ببێتە ئەو وڵاتەی کە هیوادارین تێیدا بژین. هەرگیز دوودڵ نەبوومە لەوەی بچمە ناو حزبی کۆمۆنیستەوە، کاتێک شاری وەین پڕ لە چالاکی بوو، منیش خوێندکار بووم لەوێ. من پێم وابوو ئەندامەکان گەمژەن و بەقەد کۆمارییە گەنجەکان(٧) بێکەڵکن. هەروەها ئایدیۆلۆژیستەکان و گەمژەکان و بیرۆکەی یەکێک بوون لەوان بە هیچ شێوەیەک سەرنجڕاکێش نەبوو. من لە کتێبی میهرەبانیدا شیعرێکم هەیە بە ناوی “حیزبی کۆمۆنیست”، باس لە چوون بۆ ئاهەنگێک دەکات کە لەلایەن کۆمۆنیستێکی گەنجەوە بانگهێشی کراوە. لەگەڵ براکەم دەڕۆم. ئێمە بەدوای کچدا دەگەڕێین. هەر بۆیەش دەچینە ئاهەنگ. من هەرگیز نەمبینیوە ئەوەندە خەڵک پێکەوە کاتێکی وا خراپ بەسەر بەرن و ئیتر وتم “هەرگیز جارێکی تر بانگهێشتم مەکەرەوە، پێویستم بەم شتانە نییە.”

ڕومیانۆ: ئایا بانگهێشتیان کردیتەوە؟
فیلیپ لیڤین : ئەی چۆن بەڵێ، بەڵام من نەچووم.

ڕومیانۆ: بۆ مێژوو، ئەگەر شتێک هەبێت، چ شتێک باشە لە پیشەسازیدا؟
فیلیپ لیڤین: پیشەسازی زۆر کاڵای بەسوود بەرهەم دەهێنێت کە دەتوانرێت لەلایەن کەسانی ئاساییەوە بە نرخێکی زۆر هەرزان بکڕدرێت. هەروەها دەتوانێت کار بە خەڵکێکی زۆر بدات، بەڵام بەداخەوە زۆربەی جار کارەکان تاقەتپروکێن بوون. بەڵام من یەک شت بە دڵنیاییەوە دەڵێم چی دەتوانێت بەرهەم بهێنێت؟

ڕومیانو: بیروڕاتان چییە لەسەر بیرۆکەی ئەفسانەی “خەونی ئەمریکی” و هەموو ئەو شتانەی کە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و واتایان هەیە؟
فیلیپ لیڤین : پێموایە کە تا ڕادەیەکی زۆر قسەیەکی بێمانایە. دێتەوە یادم کە تازەلاو بووم–ڕەنگە بیست و چوار یان بیست و پێنج ساڵان دەبووم، بۆ ماوەیەکی زۆر کورت لە خولێکی پەروەردەی گەورەساڵان لە دیترۆیت وانەم دەگوتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە بە درێژایی ڕۆژ کاری زۆریان دەکرد، شەوانەش دەهاتنە پۆل تا بتوانن شارەزا بن لە قسەکردن و نووسینی زمانی ئینگلیزی و ببنە پارێزەر یان پزیشک یان مامۆستا یان تەنها خاوەن پڕۆژەیەکی گەورە. من بوێری ئەوەم نەبوو بڵێم “ئەوە خەیاڵ پلاوییە”. من تەنیا وتم: “ئەم ڕستەیە ناڕێزمانییە. ئەمە شێوازی نووسین یان قسەکردنە.” دواتر پرسیارم کرد کە ئایا ئەم بیروباوەڕانە لە ئەمریکا و دەرفەتە بێسنوورەکانیدا پێویستن بۆ ئەوەی بمێننەوە، وەک چۆن لایتنینگ هۆپکینز (٨)جارێک گۆرانییەکی گوت ڕستەکەی بەمجۆرەیە (هەر بە کوولەمەرگی دەژێن.)
ڕومیانۆ: چۆن پێناسەی “چینی کرێکار” دەکەیت، بە تایبەتی بە پێچەوانەی یان جیابوونەوە لە “چینی ناوەڕاست”؟
فیلیپ لیڤین : ئەوە زۆر لایەنی هەیە. “چینی ناوەڕاست” بە واتای ناوەند دێت؛ بە واتای مامناوەند دێت؛ بە واتای “هەر بە کوولەمەرگی دەژێن” دێت، بە واتای ژیان لە مووچەیەکەوە بۆ مووچەیەکی تر یان خراپتر دێت. بە واتای دەرەوەی حەپەسان دێت؛ بە واتای سواری مل بوون دێت، بە واتای شەڕانگێزیش دێت. من هێشتا ئەندامی یەکێتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازیم. تکایە یەخەم بەردە. یەکێتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازی هەمیشە بەشێکی بەمجۆرە دەبێت بۆ من و گرنگیش نییە بەلامەوە کرێکارانی ئەمڕۆ چۆن دەنگ دەدەن.

ڕومیانۆ: تا چەند شیعری کرێکاری ئێوە، شیعرە تاکەکەسییەکانت، بە تایبەتی ئامانجیان چارەسەرکردنی پرسەکانی ناو کۆمەڵگەی پیشەسازییە؟
لێڤین: باشە، ئەگەر ڕاستگۆ بم، کاتێک دادەنیشم بۆ نووسینی شیعرێک و هەموو شیعرێکیش بۆ ڕووداوێکی جیاواز دەنووسرێت، ئەو بیرکردنەوانە هەرگیز بەخەیاڵمدا نایەن. بە دەگمەن بەو جۆرە شتانە بە مێشکمدا گوزەر دەکەن. لە یەک حاڵەتێکدا بیرمە لە شیعری “کارکردن چییە” کە لەم دواییانەدا ناچار بووم دەستنووسەکە بنێرم بۆ کتێبخانەی کۆنگرێس، یەکەم دێڕ کە نووسیبووم ئەمە بوو “دیترۆیت هیچە”. دانیشتم و پێم سەیر بوو: بۆچی ئەوەم نووسی؟ پاشان هاتەوە بیرم بۆچی وام نووسیوە. شەوی پێش ئەوەی شیعرەکە بنووسم، لە کەناڵی پی بی ئێس سەیری بەرنامەیەکم دەکرد کە باسی لە باوک و کوڕێک دەکرد کە لە گەنجێکی چینییان دابوو و کوشتبوویان، ئەوان پێیان وابوو کە گەنجەکە ژاپۆنییە و پاڵنەرەکەی لە توڕەییەوە بەرامبەر بە ژاپۆنییەکان بەهۆی کەمبوونەوەی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی دیترۆیتەوە بوو کە کارەکانیان لەدەست دابوو، وەک دواتر ڕایان گەیاند.
ئەو جۆرە ڕەگەزپەرستییەم بیرکەوتەوە و هەروەها ئەو هەستە توندوتیژە دژە ژاپۆنییانەی کە لەگەڵیدا گەورە بووم لەدڵم نەگرت هەرچەندە ڕقم لە نەتەوەی ژاپۆن بوو کە هێرشیان کردە سەرمان. لە قوتابخانەکەماندا هەندێک منداڵی ژاپۆنی لێبوون، ئەوانیش منداڵی ئەمریکی بوون. زۆرجار پرسیارم دەکرد “ئای خوایە ئەو منداڵە هەژارانە بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕن؟ “پاشان هاتنەوە قوتابخانە. ڕۆژی یەکشەممە ٧ی کانوونی دووەم بوو. ئەوان وەک سێشەممە یان چوارشەممە گەڕانەوە قوتابخانە و منیش بیرم کردەوە “بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕن؟ “ئەوان قسەی بێسەروبەری زۆریان دەکرد، بەڵام بە هێمنی و بە شکۆوە خۆیان دەپاراست.
پاشان، دواتر، کاتێک کرێکار بووم، لە کۆگایەکی ماددە هۆشبەرەکان لە دیترۆیت کارم دەکرد، کابرایەکی ژاپۆنی لەوێ کارێکی دەستکەوت. ئەو کەسێکی ئاوارە بوو لە کالیفۆرنیا، بەڵام گواستیانەوە بۆ دیترۆیت کە لەوێ نەیتوانی زیان بەهیچ کەس و شتێک بگەیەنێت. نەیتوانی یارمەتی ئەو سوپای داگیرکەرە بدات کە هێرش دەکاتە سەر کالیفۆرنیا. لە یەکەم ڕۆژدا لەوێ هێرشی کرایە سەر، هێرشی جەستەیی کرایە سەر. بەڵام تێر و پڕی لەکابرای هێرشبەر دا.

ڕومیانۆ: تا چەند بەشداریت بەتایبەت لە هەڵبژاردن و ئامادەکردنی کتێبە شیعرییەکانت؟
فیلیپ لیڤین: من خۆم هەموو شیعرەکان هەڵدەبژێرم.

ڕومیانۆ: چۆن بڕیار لەسەر شێوازی ڕێکخستنی دەقەکان و ئەو جۆرە شتانە دەدەیت؟ ئایا وێنەیەکی گشتیت لەبەرچاوە؟
فیلیپ لیڤین: لە کتێبی (ئەوان خۆراکیان پێدەدەن ئەوان شێرن) ەوە دەستی پێکرد. بەو کتێبە ئیدیتۆرێکی ڕاستەقینەم دەستکەوت (هاری فۆرد)؛ کە لە ڕێگەی کتێبی میهرەبانییەوە ئیدیتۆرم بوو. لە ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٩٩ هەمان ئیدیتۆری مەزنم هەبوو. داوای لێدەکردم وەسفی کتێبەکەم بنووسم، کە مەشقێکی نایاب بوو. دەمنووسی و دەمگوت (ئەوە کتێبی منە؟ لەوانەیە و لەوانەش نییە.) چەند ڕۆژێک پێوەی سەرقاڵ دەبووم و هەر دەستکاریم دەکرد. تا جارێک زۆر بەدڵم بوو، پاشان دەستم کرد بە سەیرکردنی ئەو شیعرانەی کە نووسیبووم. ئایا ئەوانە شیعری خۆم بوون؟ هەندێکجار بە شیعری منیان نەدەکرد. ئەوانم دەرهێنا. هەندێکجاریتریش شیعری زیاتر هەبوو کە پێویست بوو. هەوڵمدا بیاننووسم. پێم وایە ئەگەر سەیری دوو سێ کتێبی یەکەمم بکەیت، دەبینیت کە بە تایبەتی بە باشی ڕێکخراو نین. لە ڕووی تۆنەوە ڕێکخراون، لە ڕووی هەستەوە ڕێکخراون، بەڵام لە ڕووی بابەتییەوە، بە ئاراستەی جیاوازدا دەڕۆن. دواتر لەگەڵ هاری فۆرد زۆر باشتر دەستم کرد بە ڕێکخستنی شتەکان. هەروەها کەسانی دیکەم بەکارهێنا. من دەڵێم لە ماوەی تەواوی ژیانی پیشەیی خۆمدا وەک نووسەرێک، چوار کەس توانیویانە بەڕاستی یارمەتیدەرێکی گەورە بن پیتەر ئێڤەرواین و پاشان لاری لیڤیس، و هاوسەرەکەم، و ئێدوارد هیرش. ناوبەناویش هاری حەزی لە هەندێک شیعر نەبوو. پێم وایە لە هەموو ئەو ساڵانەی کە ئیدیتۆری من بووە چوار شیعر هەبوون کە داوای لێکردم لایان ببەم. دوویانم لابرد. یەکێکیان شیعرێک بوو کە ئێستا یەکێکە لە شیعرە بڵاونەکراوەکانم کە باسی پیاوێکە بە ناوی چێری دۆرن، کە کارم لەگەڵدا دەکات و جەڵتەی مێشکی هەیە. هاری شیعرەکەی زۆر پێی خۆش نەبوو؛ پێی وابوو زۆر بەرزەفڕە. شیعرێکی دیکەم کە پێی خۆش نەبوو لە کتێبی(بەخشندەیی)بوو. یەکەم شیعرە لە کۆتا بەشدا. باسی دایک و باوکمە. پێم گوت: هاری، بە هۆکاری تایبەت، پێویستم بەو شیعرەیە لە کتێبەکەدا بێت. نزیکەی پانزە چرکەیەک بێدەنگ بوو، پاشان وتی: “باشە، تەواو کورتە. ناتوانێت زیانێکی زۆر بگەیەنێت.” بەڵام لە زۆربەی کاتەکاندا تەنها بە تەنیا جێی هێشتم.

ڕومیانۆ: ئەو هۆکارە تایبەتانە چی بوون؟
فیلیپ لیڤین: خورافات. لە هەر بەشێکدا یازدە شیعر هەیە و دەکاتە سی و سێ شیعر؛ کە ژمارەیەکی زۆر بەختەوەرە.

ڕومیانۆ: لە بەرگی پێشەوەی کتێبەکانت وێنەی تێدایە، وێنەی چینی کرێکار، وێنەی جۆری کارگە. ئەو فۆتۆگرافەر و هونەرمەندانەی ئەو وێنانە دەخەنە ڕوو، چۆن هاوکارت بوون و کاریگەرییان لەسەر تۆ و شیعرەکانت هەبووە؟
فیلیپ لیڤین: بە هیچ شێوەیەک نا.
ڕومیانۆ: ئەی چۆن گەیشتنە سەر بەرگی کتێبەکانت؟
فیلیپ لیڤین: من دوای گەڕان و سۆراخ ئەوانم هەڵبژارد. بەرگی نوێترین کتێبم، بۆ نموونە، (هەناسە). کتێبکەم شیعرێکی زۆری تێدایە سەبارەت بە مۆسیقا. من مۆسیقاژەنێکی بەناوبانگم نەدەویست–لویس ئارمسترۆنگ، چارلی پارکەر، جۆن کۆلترین، یان بیلی هۆڵیدەی. ڕەنگە کەسێک وا بزانێت کتێبێکە دەربارەی بیلی هۆڵیدەیە”. بۆیە بەدوای مۆسیقاژەنێکی نادیاردا گەڕام، شمشاڵژەنەکەم دۆن چێریم دۆزییەوە کاتێک ڕەنگە تەمەنی نزیکەی نۆزدە ساڵان بوو کە لە میترۆی وێستگەی گراند سێنتڕاڵ وەستاوە.
ڕومیانۆ: کەواتە، لە بنەڕەتدا، تۆ بەدوای شتێکدا دەگەڕێیت لەناو خودی کۆشیعرەکەدا بێت؟
فیلیپ لیڤین: ئەوە ڕاستە. پێموایە سەرکەوتووترین بەرگ لەنێو هەموویان بەرگی کتێبی (کار چییە) یە، ئەو بەرگەی وێنەی کچێکی منداڵە لە کارگەی پەتاتە لە کارەلاینای باشوور لەسەرە. وێنەی فۆتۆگرافەر لویس هاینە، کە تەنها بە ڕێکەوت دۆزیمەوە دوای ئەوەی بەناو کتێبەکانی لویس هایندا گەڕام. بەڕێکەوت چوومە مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان لە شەقامی پێنج و لەوێ وێنەکەم بینی یەک نیگام لێکرد و وتم “ئەمە خۆیەتی”. تەلەفۆنم بۆ ژنەکەم کرد. وتم: هاوسەری شیرینەکەم، دۆزیمەوە. ئەمە ئەو شتەیە کە من بەدوایدا دەگەڕێم. ئەویش وتی: بێگومان ئەوە خۆیەتی.

ڕومیانۆ: ئەی بەرگی کتێبی ڕۆیشتن لەگەڵ تۆم جێفرسن؟
فیلیپ لیڤین: ئەوەم لە نمایشێکی تابلۆ و وێنەکانی چارڵز شیلەر لە بۆستن بینی. بەڕاستی سەرسام بووم پێی. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە چاپی وێنەی سەر بەرگی کتێبەکەم باشترە لەوەی کە لە سەرەوە بینیم. هی ئەوان وەشانێکی نەرم و هونەری بوو. هەوڵمدا لە ڕێگەی مۆزەخانەی هونەرە جوانەکانی بۆستنەوە بیکڕم، گیروگفتگەلێکی زۆریشم هەبوو. لەناکاو، بە بیرمدا هات کە پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای فۆرد مۆتۆری ئۆتۆمبێلەوە ڕاسپێردرابوو؛ دەبێت خاوەنی فلیمەکەی بن. تەلەفۆنم بۆ گوندی گرینفیڵد کرد، کە وێنەکەی لێ دەخرێتە کۆگاوە. لەوێ لەگەڵ ژنێک قسەم کرد، وەسفی وێنەکەم کرد. ژنەکە وتی: من دەیزانم. ئێمە خاوەنی وینەکەین. بۆ چی دەتەوێت؟ گوتم: بۆ بەرگی کتێبێکی شیعر. ئەویش وتی: ئایا ئەمە کارێکی قازانج ویستە؟ گوتم خانم بۆ کتێبێکی شیعرە. وتی: “ئۆه! بەڵێ بێگومان. باشە دەتوانین لەبەری بگرینەوە بۆت و بۆتی بنێرین.” تەواوی تێچووەکەش چل دۆلار بوو.

ڕومیانۆ: وەک شاعیرێک زۆرترین شانازی بە چ شیعرێکەوە دەکەیت؟
فیلیپ لیڤین: ئەو شتەی زۆرترین شانازی پێوە دەکەم “ڕۆیشتن لەگەڵ تۆم جێفرسن”.

ڕومیانۆ: دەتوانیت هۆکارەکان بخەیتەڕوو؟
فیلیپ لیڤین: ئەوەندە سەبر و خۆڕاگریی دەویست بۆ ئەوەی بە جوانی دابڕێژرێت.

ڕومیانۆ: چەند کاتت پێچوو؟
فیلیپ لیڤین: زیاتر لە ساڵێک، ڕەنگە دوو ساڵیشی بردبێت.

ڕومیانۆ: تۆ لە بنەڕەتدا بە ئارەزووی نووسینی چیرۆکی خەیاڵی دەستت پێکرد، وتت یەکێک لەو هۆکارانەی کە نەچوویتە ناوییەوە، ئەوە بوو کە تاقەتی ڕۆماننووسینت نەبوو. وا دیارە، ڕەنگە، تۆ پشووت هەبێت ئەگەر بتوانیت کاتێک بۆ نووسینی شیعرێک لە ماوەی ساڵێکدا تەرخان بکەیت.
فیلیپ لیڤین: من دەڵێم ئەمڕۆ پشووم هەیە. بەڵێ. بەڵام ئەو کاتە نەمبوو.

ڕومیانۆ: ئێستا هیچ ئومێدێکتان هەیە بۆ کارکردن لەسەر چیرۆکی خەیاڵی؟
فیلیپ لیڤین: نەخێر، ئومێدێکی وام نییە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ڕۆمان ڕۆمانە. ئایا نووسەرێکی باشتر و کاریگەرتر لە تۆڵستۆی لە ژیانمدا هەیە؟ دڵنیام کە نییە . ئایا هیچ شیعرێک هەیە کە تا تۆڵستۆی پێ هەڵبسەنگێنرێت؟ بەڵێ. شکسپیر. دانتێ. ڕۆمانی باش هەموو تەمەن دەبات، و بۆ دەستپێکردنی نووسینی ڕۆمانیش کەی بوو کە سەبرم هەبوو؟ پێموابێت شیعری ” ڕۆیشتن لەگەڵ تۆم جێفرسن”م لە ناوەڕاستی پەنجاکانی تەمەنمدا نووسیبێت. ئەوسا تێگەیشتم ئەم جۆرە پشووە و پشووە نوێیەم بەدەست هێناوە، بەڵام کەمێک درەنگ بوو تا بگەڕێمەوە و دەست بکەم بە بیرکردنەوە بۆ نووسینی ڕۆمان.

ڕومیانۆ: ئایا دەڵێیت “ڕۆیشتن لەگەڵ تۆم جێفرسن” قورسترین شیعرە کە نووسیوتە؛ تا چەند دەبێت پشووت هەبێت بۆ نووسینی دەقی لەو جۆرە؟
فیلیپ لیڤین: بەو شێوەیە قورس نەبوو. لە ڕاستیدا قورس نەبوو. تەنها ئامادەیی پێویست بوو بۆ فڕێدانی زۆر شت. ڕەشنووسی یەکەم هیچ یەکگرتووییەکی بابەتیی نەبوو. تەنیا نیوەی یەکەمی شیعرەکە بوو، نزیکەی ٩٠٠ دێڕ بوو، ئێستا تەواوی شیعرەکە نزیکەی ٦٥٠ دێڕە. لە ماوەی نزیکەی دوو سێ ڕۆژدا ٩٠٠ دێڕم نووسی. لە ماوەی دوو هەفتەدا شیعرەکەم شەن و کەو کرد. من بە فڕێدانی نزیکەی ٣٠٠ دێڕ. تا چوومە ناو بنبەستێکەوە. کارەکتەرم هەبوو کە لە شیعرەکەدا نەبوون، و لەکۆڵم کردنەوە. ئەوان بەشێک بوون لەو ئەزموونەی کە من وێنام دەکرد، بەڵام بەشێک نەبوون لە شیعرەکە. پاشان بەو شێوازەی کە خوازیاری بووم هاتە دەست، تێگەیشتم کە نیوەی ڕێگاکەم بڕیوە. ئێستا بۆ کوێ بچم؟ ئەوە ساڵێکی برد تا تێگەیشتم نەک بە نووسین تەنها بە بیرکردنەوە. هەموو مانگێک ئەو مسۆدەیەم دەهێنایە دەرەوە و دەمخوێندەوە و دەمگوت “ئەم شیعرە نەفرەتییە دەبێ بگات بە کوێ؟” ڕۆژێک تەنها بەڕێکەوت شتێکم بیرکەوتەوە کە لە دەرەوەی شیعرەکەدا بەجێم هێشتبوو، شتێک کە بەشێک بوو لەو ئەزموونەی کە شیعرەکەی پێ لەدایک بوو و منیش لە ڕێگادا بووم بۆ تەواوکردنی.

ڕومیانۆ: باشە لە زۆرێک لە شیعرەکانتدا و تەنانەت لەو شیعرەکانەش کە دوێنێ شەو خوێندتەوە، تێبینیم ئەوەم کردووە کە باڵندەیەکی زۆر وێناکراوە وەک فیسقە، سوێسکە، بە تایبەتیش پاساری هۆی چییە ئەو باڵندانە زۆر دەرکەون؟
فیلیپ لیڤین: ئەوان بەلامەوە موعجیزەئامێزن و بەهرەمەندن لە فڕین. پاساری باڵندەی شارەکانن. ئەوان خۆشەویستترینی منن. بێگومان لە کالیفۆرنیا لەو شوێنەی من لێی دەژیم، هەموو جۆرە باڵندەیەکی لێیە. هەموویان لە دەوروبەری ماڵەکەمدان وەک باڵندەی کوکوختی، کڵاوکووڕە، پەڕەسێلکە، فیسقە. من لە فیلمی بەخشندەییدا قەلەڕەشم هەیە. قەلەڕەش بۆ من تا ڕادەیەک ترسناکە. دەزانی من قەلەڕەشم نەدەخستە ناو شیعرێکی خۆشەویستییەوە. ئێستا، قەلەپاچکە بۆ من بە تەواوی جۆرە بوونەوەرێکی جیاوازترە. بەڵام قەلەپاچکە باڵندەیەکی ئەفسانەییە و زۆر کنجکۆڵە و حەز بە دەستوەردان لە کاروباری خەڵکدا دەکات و دەنگۆی ئەوە هەیە کە کێشەش دروست دەکەن. هەروەها دزن. شت دەدزن. زۆر سەرنجڕاکێشن چونکە ڕەشن و کاتێک باڵەکانیان دەکەنەوە، ژێر باڵەکانیان سەرتاپا سپییە، بۆیە تووشی شۆکت دەکەن. من هەمیشە سەرسام بووم بەوان.

ڕومیانۆ : ئایا قەت چاومان بە بازی کالیفۆرنیا دەکەوێت؟
فیلیپ لیڤین : نەخێر من حەزم لێیان نییە. بەهەر حاڵ ئەوە شتانە تایبەتن بە ڕۆبنسن جێفرز. با ئەو هەیبێ.

ڕومیانۆ : دەتوانیت دەڵێیت چی دەربارەی بیرۆکە یان چەمکی ڕاستی لەناو شیعرێکتدا–چۆن دەیخەیتە ناو شیعرەکەتەوە، یان چۆن بەکاری دەهێنیت ؟
فیلیپ لێڤین: هەستکردنم بە ڕاستی خۆی ڕاستی نێو شیعرەکەیە. دەتوانرێت بوترێت کە دەبێت وا لە شیعر بکەیت ببێتە جێی باوەڕ. ئەوەی دەیزانیت بەکاری دەهێنیت. تۆ بەهەر حاڵ نازانیت بەڕاستی چی ڕوویداوە. تۆ ڕووداوەکان لە ڕوانگەی خۆتەوە دەبینیت، بۆیە گریمانەکردنی ئەوەی کە ڕاستییەکان دەزانیت، تەنها قسەی بێ کاکڵە. هەستی ڕاستیم لە شیعردا زۆر ئەرستۆییانەیە. دەتوانرێت بووترێت کاتێک ئەرستۆ دەڵێت شیعر لە مێژوو ڕاستیترە. ئەو بێگومان بەڕاستی باسی شیعری دراماتیک دەکات، بەڵام مەبەستی ئەرستۆ ئەوەیە کە مێژوو پڕە لە ڕووداو و هەڵە و تۆ چیت هەیە بۆ ئەو هەڵە و ڕووداوانە، لە کاتێکدا شیعری دراماتیک دەبێت حەتمی دەرکەوێت. پێم وایە ئەمە بەسەر هەموو شیعرەکان جێبەجێ دەبێت. تۆ دەبێت وا نیشان بدەیت کە کارکردنی شیعر حەتمییە.

ڕومیانۆ: لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەی پاریس ڕیڤیودا، جەیمس دیکی ئاماژەی بە ییتس دەهێنێت کە دەڵێت شیعر “پیشەیەکی بەرز و تەنیایە”. هەستت چۆنە لەو بارەیەوە؟
فیلیپ لیڤین: باشە، من “تەنیا”ی پێ دەدەم. نازانم چی جەهەنەمێک ئەوەندە بەرزە لەو بارەیەوە. بەڕاستی من نایزانم. بۆچی لە بۆیاخکردن یان کانگاکردنی خەڵوز بەرزترە؟ مەبەستم ئەوەیە نازانم چی ئەوەندە بەرزە لەو بارەیەوە. کارێکە. تۆ دەچیتە سەری. تۆ هەموو هەوڵێک دەدەیت. تەنیا، بەڵێ چونکە زۆربەمان لە دۆخێکی تاکەکەسیدا دەنووسین، و خۆمان لە خەڵک دەبڕین، و بۆ ئەوەی هەر باش بین لەو کارەدا دەبێت ساڵانێک لەگەڵ سنووردارکردنەکانمان خەبات بکەین و شکست دوای شکست قبوڵ بکەین. زۆرجار خەڵکی دەوروبەرت پێیان وایە تۆ وەکو کڵاوکوڕە دڵخۆشیت کە ئەو هەموو کاتە بە تەنیا بەسەر دەبەیت و بەتەواوی ئەو کارە دەکەیت کە دەتەوێت بیکەیت، لەکاتێکدا لە ڕاستیدا سەرت بە دیواری بەهرە بەزەییدارەکانتەوە دەدەیت. بەڵێ، دەتوانێت تەنیایی بێت.

ڕومیانۆ: بەڵام ئایا لە ئەنجامدانی ئەو نووسینەدا نییە یان خۆت بڕین، لەو کاتەدا، ئایا هەوڵ نادەیت پەیوەندییەک دروست بکەیت لە جۆرێک؟
فیلیپ لێڤین: تۆ هەوڵ دەدەیت شیعرێک دروست بکەیت. تۆ هەوڵ دەدەیت خۆت دەرببڕیت. بۆ کێ دەیکەیت؟ بۆ خۆت.
ڕومیانۆ: ئەی باشە تۆ خۆت وەک تاکە خوێنەری خۆت دەبینیت؟
فیلیپ لیڤین : نەخێر، نا ئەگەر تۆ بەقەد من نامەت بۆ بێت. پێم وایە هەموومان هیوامان بە خوێنەران هەیە، بەڵام کاتێک هەوڵی نووسینی شیعرێک دەدەم، بیر لە خوێنەران ناکەمەوە. خوێنەرانیش بیر لە من ناکەنەوە. ئەوان بە ژیانی خۆیانەوە گیرۆدەن. کاتێک من شیعرەکەم دەنووسم، خوێنەران سەرقاڵی ژیانن. ناتوانم وەڕسیان بکەم و ڕەنگە ئەوانیش هەندێک چاوەڕوانییان هەبێت کە من بە سادەیی حەزم لێیان نییە، بۆ من زۆر شتی تر هەیە کە دەتوانم بیری لێبکەمەوە.
ڕومیانۆ: تۆ بەچیدا دەزانیت کە شیعر بەشدارە لە هەستی گەورەتری مرۆڤایەتی یان کۆمەڵگە؟ دەبێت هۆکارێک هەبێت بۆ ئەوەی شیعر بنووسیت. تۆ وەک کەسێک وا دەردەکەویت کە تەنها بۆ خۆت نانووسیت.
فیلیپ لڤین : باش، کێشەی پرسیارەکە ئەوەیە کە شاعیرانێکی هەمەجۆر و ئەوەی دەینووسن زۆر جیاوازە لە هەر گشتاندنێک. ئەگەر تەنها وایتمانم وەرگرتبا، دەتوانم بڵێم ئەو دەیتوانی نوێنەرایەتی دیدێکی نوێ بکات، بەڵام من نە وایتمان و نە ئەو کەسەم کە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی خۆم بکەم. ئەوە کاری کەسانی ترە. ئەگەر تۆ دەست بکەیت بە هەڵسەنگاندنی کارەکانی خۆت، ئەوا زۆر بە جددی خۆ هەڵدەسەنگێنیت.

ڕومیانۆ: با بەجۆرێکی تر بپرسم. هیوای ئەوە دەخوازیت شیعرەکەت بەشداری لە کۆمەڵگەدا بکات؟
فیلیپ لیڤین: هەرگیز بیرم لەوە نەکردۆتەوە.
ڕومیانۆ: هەرگیز بیرت لێنەکردۆتەوە؟
فیلیپ لیڤین: من کاتێک زۆر گەنج بووم بیرم لێکردەوە. بەڵێ، ئەو کاتەی زۆر گەنج بووم.

ڕومیانۆ: ئەی ئەو گۆڕانە چۆن ڕوویدا؟
فیلیپ لیڤین: چونکە بێدار بوومەوە. یەکەم شت : بەبێ خوێنەر دەتوانیت چی بکەیت؟ کاتێک زۆر بچووک بووم، خوێنەرم نەبوو، بەڵام نەخشەم هەبوو. هەروەها پێم وابوو کە دەزانم مرۆڤەکان دەبێ چۆن بژین. ئێستا چیتر باوەڕم بەوە نییە کە دەزانم مرۆڤەکان چۆن بژین. من ئەو شێوازە دەزانم کە زۆرێکیان نابێت ئاوا بژین، بەڵام لە ڕاستیدا من بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتیم نییە. من چیتر ئەنارشیست نیم، ئەنارشیستێکی ئیسپانیی وەک ئەوەی ڕۆژێک وابووم. من کارەکتەرێکم نەبوو کە دەستی پێوە بگرم. دەتوانم باسی ناخۆشییەکانی کۆمەڵگە بکەم، بەڵام چارەسەرێکم نییە بۆیان. پێم وایە خەڵک دەبێ ڕاستگۆتر بن. پێم وایە خەڵک دەبێ میهرەبانتر بن لەگەڵ یەکتر. پێم وایە مرۆڤەکان دەبێ پاڵنەریان بۆ شتگەلێکی تر بێت جگە لە پارە. من بیر لە هەموو جۆرە شتێک دەکەمەوە. بەڵام من وانەبێژ نیم. نامەوێت لە شیعرەکانمدا خەڵک سەرزەنشت بکەم. لەکاتێکدا زۆربەی خەڵک پێشتر دەزانن کە خۆپەرستی قێزەونە، ئەم کۆمەڵگەیە قێزەونە، بەڵام ئاشتی خۆیان لەگەڵیدا بەرقەرار دەکەن. ئەوان واز لە ئایدیاڵەکانیان دێنن، چونکە خۆیان قەناعەت پێدەکەن کە ئایدیالیزم سادە و نەزانییە و تەماحیش تابڵێی خۆشە.
ڕومیانۆ : پێموایە ئەوە یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی شیعری ئێوە . پێشم ناڵێت بە چ جۆرێک دەبێت.
فیلیپ لڤین: ئەم کەسانە، ئەو کەسانەی لە شیعرەکانمدا بوون، بەم جۆرە بوون.

ڕومیانۆ : یان بەدەستییەوە بگرە یان جێی بهێڵە.
فیلیپ لیڤین: بەڵێ. کەسێک لێی پرسیم: چۆن بەناو نیویۆرکدا دەگەڕێیت؟ وتم: من سواری میترۆ دەبم. ناوی شاعیرێکی دیاریکراوی هێنا و وتی: “هەرگیز سواری میترۆ نابێت. وتم: لە ڕووی جەستەییەوە هیچ شتێکی خراپ نییە، ئەویش وەک من چالاکە و چالاکی هەیە. بۆیە شتێکی جۆرێک لە گەمژانەم درکاند. گوتم: هەموو شاعیرە باشەکان دەبێ بە میترۆدا بڕۆن. بێگومان وتی: بۆچی؟ وتم: چونکە مرۆڤەکان لەوێدان. دەبێ لەو شوێنە بن کە مرۆڤەکانی لێن. دەبێ بزانن مرۆڤەکان چۆن دەژین. ئەگەر تەنها لە کافێ و چێشتخانە فەنتازیەکاندا چاودێری خەڵک بکەیت، ئەوا خەڵک نابینیت. لەبیرمە لە کتێبەکەی (ستۆدس تێرکڵ)دا کە باسی خەمۆکی دەکات، کەسانێک هەبوون لە نیویۆرک دەژیان و دەیانگوت : ئۆه، ئەو خەمۆکییە تەنها پڕوپاگەندەی ڕۆزڤێڵت بوو. هەرگیز خەمۆکی نەبوو. ئەو کەسی نەدەناسی لە کارەکەی دەرکرابێت. بێگومان تەنها شتێک کە دەیناسی ملیۆنێرەکان بوون کە بەهەر حاڵ هەرگیز کاریان نەدەکرد. دەزانی تێرکێل چاوپێکەوتنی لەگەڵ فۆتۆگرافەرانی مۆدەدا و کەسانی لەو جۆرە دەکرد، دەیانوت خەمۆکیی چییە؟ کاتێک لە نزیک مۆرنینگساید هایتس دەژیام، بەناو هارلمدا دەڕۆیشتم. پێمناڵێی خەمۆکی چۆنە و چییە؟ بۆچی لێی بترسم؟ ئەی بۆ ناچمە ناوییەوە و بزانم چۆنە؟ ئەوە لە ساڵانی سەردەمی ڕێگن(٩) بوو. ئەوەندە هەژاری لەسەر شەقامەکان هەبوو شەرمم لە ئەمریکی بوونی خۆم دەکرد.

ڕومیانۆ: بۆچی پێتوایە شیعر هێزێکی هێندە بەهێزە لەناو ژیانتدا؟
فیلیپ لیڤین : تۆ ناتوانی جوانی بە کەم سەیر بکەیت. جوانی جۆرێکە لە دیاری کە بەدەستی دەهێنین. من جوانی لەنێو زمانی دیلان تۆماس، یان دبلیو بی ییتس، یان ویلیام کارلۆس ویلیامز، یان واڵاس ستیڤنزدا دەبینم. تەنها بیستن و بینینی زمان بەو شێوەیەی کە هەیە، بەو شێوەیە نایابەی بەکاردەهێنرێت، خۆی پاداشت دەداتەوە. بۆ من پاداشتێکی زۆر گەورەیە، بە تایبەت ژیان کردن لە جیهانێکدا کە زمان بەردەوامی دەشێوێنرێت. شاعیرانێکی دیکە زۆر هەن کە ئامادەن، ئەگەر بە تامەزرۆییشەوە نەبێت، ئیدیعای گەورەتر بۆ شیعر بکەن. مەبەستم ئەوە نییە بچووکیان بکەمەوە؛ هەموو مافێکیان هەیە وەک خۆیان قسە بکەن و بنووسن. بە شێوەیەکی سەرەکی من دەنووسم چونکە نووسین دڵخۆشم دەکات و بەبێ نووسین هەست بە ناتەواوی دەکەم. زیاتر لە پەنجا ساڵە هەستم بەو جۆرە بووە. ڕوونکردنەوە ئاسان نییە و منیش پێویستم بە هیچ ڕوونکردنەوەیەک نییە. سەرچاوەی شیعر نهێنی ئامێزە. ساڵانێک لەمەوبەر وازم لە پرسیارکردن هێنا. بەڵکو تەنها ڕازیم بەوەی کە بەردەوام بەدواداچوون بۆ شیعری نوێ و شێوازی نوێی دروستکردنی شیعر بکەم.(١٠)

سەرچاوە :
Copyright: COPYRIGHT 2008 Georgia State University
http://webdelsol.com/Five_Points/

ژێدەرەکان :
(١)فایڤ پۆینتس؛ گەڕەکێکە لە ناوچەی مانهاتن لە شاری نیۆیۆرک کەلەچواردەوی دەریاچەیەک لە سەدەی نۆزدەهەم بنیادنراوە و نێگەتیڤترین جێگەیە لەمێژووی نیویۆرک. بەڵام ئێستا دوای ئەوەی گەشەکردنێکی ژیاریی و میعماری زۆربەی باڵەخانە حکومییەکان و شارەوانی لێیە.
(٢)نەتاشا ترێثوای؛ شاعیرێکی ئەمریکییە، ساڵی ١٩٦٦ لەدایک بووە. تا ئێستا کۆمەڵێ خەڵاتی ئەدەبی گرنگی پێبەخشراوە. بروانامەی بەکالۆریۆسی لە زانکۆی جۆرجیاو ماستەر لە زانکۆی مەساچۆستیس و هەروەها لە زانکۆی هۆڵینیش دکتۆرای فەخری پێبەخشراوە. تا ئێستا شەش کتێبی شیعریی بڵاوکردۆتەوە. ئێستاش جگە لە چالاکی ئەدبیی، سەرقاڵی کاری مامۆستایییە لە زانکۆکانی ئەمریکا.
(٣)ئایفی لیگ؛ چەمکی ئایڤی لیگ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٧ لەلایەن نووسەری بواری وەرزشەوە کاسوێڵ ئادەمزەوە بەکارهاتووە. ئەم چەمکە گەرچی چەمکێکی وەرزشییە و دواتر پەریوەتە نێوەندەکانی زانکۆ و ئەدەب و هونەر.
(٤)بیتس؛ شاعیرانی بیتس یان نەوەی بیتس بزووتنەوەیەکی ئەدەبییە دوای جەنگی جیهانی دووەم لە ئەمریکا لە کۆمەڵێ شاعیر پێکهات کە بەرهەمەکانیان کاریگەرییان هەبوو بەسەر بزووتنەوەی ڕۆشنبیری ئەمریکا. ڕۆشنبیری ئەم بزووتنەوەیە لەدەوری تەوەرەکانی بایەخدان بە ئاینە ڕۆژهەڵاتییەکان، شێوازەکانی تازەی سێکس، ڕەتکردنەوەی ئابووری ماددی و ڕەتکردنەوەی پیرۆزییەکان و تاد، گیرسابۆوە.
(٥)یانەی کوڕانی پیر؛ سیستەمێکی نافەرمی کە بەهۆیەوە پارە و دەسەڵات لەلایەن پیاوە سپی پێستە دەوڵەمەندەکانەوە لە ڕێگەی پەیوەندییە بازرگانییە نزیکەکانەوە دەهێڵرێتەوە.
(٦)پینکۆ ؛ یان ڕەنگ پەمەیی دەستەواژەیەکە و بۆرژوازی ئەمریکی دایهێناوە. ئەم وشەیە بەو کەسانە دەوترا لە ئەمریکا کەلایەنگرییان بۆ کۆمۆنیزم هەبوو، بێ ئەوەی ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا بن یان هەر کەسێک کە لایەنگری چەپ یان سۆشیالیزمی رادیکاڵ بووایە بەو ناوەوە بانگ دەکرا.کەخۆی لە بنچینەدا سووکایەتی کردنە بەو کەسە ڕادیکاڵ و چەپانە.
(٧)کۆمارییە گەنجەکان؛ فیدراسیۆنی نیشتمانی کۆماری گەنجان کە بە شێوەیەکی باو بە کۆمارییە گەنجەکان ناودەبرێت کە سروشتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە و ڕێکخراوێکی ٥٢٧ کەسییە بۆ ئەندامانی پارتی کۆمارییەکان لە ئەمریکا . تەمەنیان لە نێوان تەمەنی ١٨ بۆ ٤٠ ساڵیدایە هەم ڕێکخراوێکی نیشتمانی و هەم بابەتی لە تاک دەوڵەتەکاندا هەیە.لە ساڵی ١٨٥٦ لە نیویۆرک دامەزراوە.
(٨)سامۆئیل جان لایتنینگس هۆپکنیز ( ١٩١٢ – ١٩٨٢) مۆسیقاری بەناوبانگی ئەمریکییە. خاوەنی دەیەها ئەلبوومی گۆرانییە و چەندین کتێبی بەچاپ گەیاندووە و هەروەها لە پێنج فیلمیش بەشدار بووە.
(٩)ڕۆناڵد ڕێگن (١٩١١-٢٠٠٤) چلەمین سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو.
(١٠)گەلێ ناو لەم دی لەم دیدارەدا هاتوون کە خوێنەر دەتوانێت لەڕێگەی گووگڵەوە زانیاری پیویستییان لەسەر بەدەست بهێنێت.




ڕۆد ماکوین و قەسیدەی ( گوێگرتن لە گەرمایی ).. لە ئینگلیزییەوە: ناڵە حەسەن

  • چەند بەشێک لە قەسیدەی ( گوێگرتن لە گەرمایی )
  • پێنجەم
    بۆ ماوەیەکی درێژ لەکەنار دەریا ماویتەوە
    تامی تۆ ڕێک وەک خۆرەتاو وایە
    بەڵام خۆرەتاو زۆر گەرمترە
    تەنانەت لە خۆشەویستیش

دەمەوێت بڵێم تۆم دەوێت
بەڵام شەو تەنها ئینجێک دوورە
منیش ناتوانم چاوەڕێ بم

لەو کاتانەی کە لە حەوشە
سەیری پەپووڵە دەکەی
کە سەرمەستانە سەما
بۆ گوڵە بەرزەکە دەکات
تۆش هەمیشە ئەوەت لەبیر بێ
کە خۆر بەرەو ئاوابوون دەچێ ..!

  • یانزە
    سێبەرەکانی دوای نیوەڕۆ
    کۆبوونەتەوە ، وەک ئەوڕۆژانەی
    دەیانەوێت بڕۆنە ماڵەوە
    پێش ئەوەی شەویان بەسەردابێ

لە سەرووی بەندەرێکی خۆڵەمێشییەوە
شارێک لە سەر خانوویەکی سپی دانیشتووە
چاوەرێ ڕووداوێک دەکات
هەموو بەلەمەکانیش لە نێویانەوە

بایەک هەڵدەکات
ئێمەش بەیەکەوە لە ماڵەوە گەرم دادێین
ناتوانم سەیری تۆ بکەم
بۆ ماوەیەکی درێژخایەن
لە دەرکەوتنت لە نیو شووشەکانی
پشت بارەکەوە

من دەمەوێت بە تەنیا لەگەڵ تۆ بم
ئەودەمەی
ڕانەکانم بە نەرمی ناوت دێنن
تەنها تۆ گوێت لێیان دەبێ

ئەو شوێنە بۆ ئەوە دروستکراوە
بۆ ئەوانەی چاوشارکێیان تیا دەکرد
ئێمە لە ماڵەوە ئازادین

  • پانزە
    من لە زۆر ڕوەوە تۆم خۆشدەوێت
    لە قەرەباڵغی و لە تەنیایی
    ئەو دەمانەی لە تەنیشتمەوە دەخەوتی
    کاتێک دوور بووی
    من خەیاڵی ئەوەم دەکرد
    کەسانیتر لە شەقامەکە سەیری تۆ دەکەن
    لەوەش خراپتر ، تۆ لە باوەشی کەسانیتردا بیت
    باڵندەکانی مانگی مارسی کەنار دەریام بینیوەو خۆشمویستووی
    خۆم بە هاوین بەخشیوە و خۆشمویستووی
    بینینی درەختە رووتەکان و
    وەشاندنی گۆچانەکەم بەنێو بادا
    لەگەڵ ژماردنی هەموو خولەک و کاتژمێرەکان
    من هەرتۆم خۆشویست
    ئەو پرسیارانەی هەرگیز نەکراون
    وەڵامەکانیش لە خۆشەویستییەوە فێربووین
    بەڵێنم بە خۆمداوە
    هەرگیز نەپرسم ئەمشەو لە کوێبووی
    تەنها بە ئومێدانەوە سڵاوێک دەکەم
  • سیی و پێنج
    ڕۆژێک دێت بە دوای
    ئەو باڵندانە ڕادەکەم
    کە لەنێو باراندا ون دەبن
    بە پەلە ڕۆیشتن بەدوای
    ئەوانەی کە ڕۆیشتوون
    دڵخۆشم بەوەی کە جارێکیتر دەفڕم
    بەڵام دڵنیا نیم لە ڕاکردنم

هەندێ برین هەن
کە من هەرگیز
قسەم لە بارەیانەوە نەکردوون
شتگەلێکیش هەن
وشەکانی کاری وایان بەسەرما هێناون
کە هەرگیز ناتوانی ئەوە بزانی

دوێنێ دونیا گۆرانی دەگوت
دۆزەخیش بە هەزار میلەوە لێمەوە دوور بوو
بەڵام دوای ماوەیەک گۆرانی گوتنەکە وەستا

هەر ئەستیرەیەک دەکەوێتە سەرزەوی
لە شوێنیدا ئەستێرەیەکی تر دەدرەوشێتەوە
هەر خەونێک کاڵ دەبێتەوە
لە شوێنیدا خەونێکیتر گەشدەبێتەوە
کاتێک شتەکان بە جۆرێکیتر دەبیندرێن
تۆ بەردەوام شوێنپێی خەونەکانی خۆت هەڵبگرە

  • سیی و شەش
    من بە تەنیا دەژیم
    هەمیشەش بەو شێوەیە نیم
    خۆشە جار جارە
    کەمێ دڵی خۆت بکەیتەوە
    تا هەندێ ئازار بچێتە نێویەوە
    ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە
    کە هێشتا تۆ دەژیت
    من نازانم مەبەستم چییە
    بۆچی ناتوانین لەنێو بیرکردنەوەکانمان
    ئەو عەشقە کۆنەی
    لەنێو یادەوەرییەکانمان بوونیان هەیە
    بیهەژێنینەوە
    تا گەورەتر دەرکەون لەوەی کە هەبوون
    ئەمەش ئامێرێکی سەلامەتە
    بۆ داخستنی دیوارەکان
    من لەبیرمە
    تاکە بارودۆخێکی تەمومژاوی
    بەوەی هەندێجار
    لە کوێ و چۆن
    یان بۆچی دەیزانم

ئەوانە ڕوودەدەن چونکە دەمانەوێن
یان بتەوێت و ئەوەیش دەیخوازی
خۆشەویستی لێرەبێت یان نا
تا / لەنێو تاریکی ڕابکشێین و
گوێ لە گەرمایی بگرین …!

  • کورتەیەک لەبارەی قەسیدەی ( گوێگرتن لە گەرمایی )
    قەسیدەی ( گوێگرتن لە گەرمایی ) قەسیدەیەکی درێژە ، پێکهاتووە لە ( سیی و شەش ) کورتە شیعر . ناوەڕۆکێکی پڕ چێژ و ڕۆمانسییانەی هەیە ، وشە و دەستەواژەکان ناسک و گەمە لەگەڵ دەروون و هەستەکانی مرۆڤ دەکەن . دەستەواژە شیعرییەکان وەک درەخت و گەڵا ، شەونمی شیعرییەت و چێژییان لێدەتکێ . شاعیر لەم دەقەدا کەمتر ئیش لەبارەی ناوەوەی خۆی دەکات بەتایبەت شۆڕبوونەوە بۆ ڕووبەری ناخودئاگایی ، زێتر لە ڕێگەی وەسفکردنەوە ئیش لەسەر دەرەوەی خود دەکات ، وەسفی ئەو دیمەن و شتانە دەکات کە دەیانبینێت ، وەک ( کەنار دەریا و باڵندە و درەخت و سێبەر و ئاسمان و مانگ و ژووری نووستن و دوڵبەرەکانی و هەتا دوایی .. . ) ، هۆکارەکەش ئەوەیە ڕۆد ماکوین یەکێکە سەر بە قوتابخانەی ڕۆمانسیزمی ئەمریکی ، بۆ شاعیرانی سەر بەو قوتابخانە ئەدەبییەش ئەم شێوازە لە نووسین کارێکی ئاساییە ، قەسیدەی ( گوێگرتن لە گەرمایی ) ، لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە هاوکات لە ڕووی زمان و شیعرییەتەوە ، یەکێکە لە ناوازەترین قەسیدەی ڕۆد ماکوین .. هەر بۆیە ئەو قەسیدەیە و چەند شیعرێکی تری لە کتێبێک بڵاوکردۆتەوە ، کتێبەکەشی بەناوی ئەو قەسیدەیە ناو ناوە واتە ( گوێگرتن لە گەرمایی ) .

  • کورتەیەک لە ژیان و بەرهەمەکانی ( ڕۆد ماکوین )
    ڕۆد ماکوین ، لە ٢٩ی ئەپریلی ١٩٣٣ لە شاری ئۆکرلاندی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا لە دایک بووە . ماکوین شاعیر و ئاوازدانەر و گۆرانیبێژیش بووە . لەدەیەی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ڕۆلێکی گرینگ و بەرچاوی هەبوو لە بوژاندنەوەی شیعری تەقلیدی لە ئەمریکا . لە تەمەنی یانزە ساڵیدا لەدەست باوکە مەشروب خۆرەکەی هەڵاتووە و ماڵەوەی جێهێشتووە . لەو تەمەنە بۆ بژێوی ژیانی خۆی دەستی بەکارکردن کردووە . کاری قوڕسی وەک ، کرێکاری داربڕینەوەو هێڵی ئاسن و زۆر جۆریتر لە کارکردن . ماکوین لە ساڵانی ١٩٥٠ سەرەتای دەرکەوتنی بوو لە نێوەندی ئەدەبی و ئاشنابوونی خوێنەران بە شیعر و بەرهەمەکانی .لەگەڵ شاعیرانی ناسراوی وەک ( جاک کیرۆک و ئاڵن گیسنبێرگ ) دەرکەوت . لەو سەردەمانە هەندێجار بەناوی خوازراوی ( دۆر ) دەینووسی . ماکوین لە ساڵی ١٩٥٩ ڕووی لە شاری نیۆرک کرد ، بۆ ئەوەی کاری بەڕیوەبردن و کاری ئاوازدانان بکات بۆ بەرنامەیەک
    بەناوی ( THE CIBC WORK SHOP ) ، لە شەستەکان یەکێک بووە لە شاعیرە بەناوبانگ و ناسراوەکانی ئەمریکا . هەر لەو سەردەمانە سەفەری فەڕەنسای کردووە بۆ ماوەیەک لەوێ ژیاوە ، وەک پڕۆژەیەک دەستی کردووە ، بە وەرگێڕانی شیعرە لیریکییەکانی گۆرانی بێژی ئەفسانەیی ( جاک بریل ) بۆ سەر زمانی ئینگلیزی . سەرکەوتنی ماکوین وەک شاعیرێکی مۆدێرن بێهاوتایە .. بەرهەمە شیعرییەکانی بۆ دەیان زمان وەرگێڕدراون هاوکات ، بەهۆی گێرانی کۆنسێرتەکانی لە هۆڵە ناودارەکانی نیۆرک هێندەی تر ناو و دەنگ و شوهرەتی بێ بەخشیبوو .( ئیدوارد حەبیب ) لە خوێندنەوەیەک بۆ ماکوین لەبارەی کۆنسێرت و کتێبە شیعرییەکانی دەڵێت ( یەکێک لەو شاعیرانەی بەرفراوانترین شاعیرە لە هەموو سەدەکاندا ) .ئەوەش بەهۆی پڕ فرۆشترین تیراژی کتێبەکانی و بوونی خوێنەرانێک لە ئاستێکی بەرین و فراواندا .. ماکوین وەک چۆن شاعیرێکی ناسراو و بەناوبانگ بوو لە هەمانکات گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ و ناسراویش بوو . جگە لە کۆنسێرت و سیدییەکانی ، لە ساڵی ١٩٦١ گۆرانییەکی بەناوبانگی هەیە بەناوی ( ئۆلیڤەر تویست ) بەو گۆرانییە ناوبانگی چووە ئاستێکی زۆر بڵند . ماکوین کەسێکی چاڵاک و پڕ بەرهەم بوو ، زێتر لە ١٥٠٠ گۆرانی نووسیوە .هاوکاری لەگەڵ چەندین ئاوازدانەری نێو دەوڵەتی کردووە . بە درێژایی ژیانی ئەدەبی و هونەری چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە . ماکوین هەوڵە هونەریی و ئەدەبیەکانی هاوتەریب بوون لەگەڵ چاکسازی کۆمەڵایەتی . پێش گەشتێکی بۆ ئەفەریقیای باشوور لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو ، ماکوین داوای ( دانیشتنێکی تێکەڵاوی ) لەنیوان بینەرانی ڕەش پێست و سپی پێست دا کرد . ئەمەش دەرگاکانی بۆ گەشتە سەرکەتووەکانی کردەوە . هاوکات بۆ هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری خەڵکان بەرامبەر نەخۆشی ( ئایدز ) . هەروەها هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی ڕێکخراوەکانی منداڵان و کەسە بە ساڵاچووەکان .ماکوین لە ٢٩ی جانیوەری ٢٠١٥ دا ، لە تەمەنی هەشتاو دوو ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە . ماکوێن لە ئەزموونی شیعردا خاوەن ١٠ کتێبی شیعرییە ، ( گوێگرتن لە گەرمایی ، بە بێدەبگی وەرە لام ، لەگەڵ خۆشەویستی ، تەنیایی ، لەنێو سێبەری کەسێکیتردا ، ) ، ئەوانە ناوی هەندێک لە کتابە شیعرییەکانیەتی .. لەبارەی کتێبی ( تەنیایی ) ، کۆمەڵەی وشە و نێوەندی شیعر و داهێنان ، دەنووسێت / ماکوین ئەو پیاوەی لە هەموو شاعیر و نووسەرێکی هاوچەرخ ڕۆشنتر مانای پێناسەی تەنیایی کردووە ، ناسک و نەرمو نیان ، زیرەک و هەستیارانە تەعبیری لێکردووە . ئەو مانایەی بۆ تەنیایی ، لەنێو شیعرەکانی ماکوین ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بۆچی ماکوین یەکێکە لە پڕ فرۆشترین شاعیری ئەو سەردەمە . بەفرانباری ٢٠٢٣

سەرچاوە :

  • کتێبی Listen to the Warm
    ROD McKUEN
  • ئەنتەرنێت سایتی : celebrating black history
    Discover new books by black uthors
    Rod Mckuen books



گۆڤاری نما ژمارە ٥٦

گۆڤارێکی فیکریی و ئەدەبیی وەرزییە لە هەولێر دەردەچێت..

بۆ خوێندنەوەی ئەم ژمارەیە کلیکی ئێرە بکەن..




سەدساڵەی په‌یمانی لۆزان و چارەنووسی كورد.. رەسوڵ بۆسكێنی

لەپەراوێزی كۆتایی هاتنی جەنگی یەكەمی جیهانیدا، به‌پێی په‌یمانی سیڤر بڕیار بوو كورد به‌تایبه‌ت له‌ بەشێك لە كوردستانی توركیا، ببێت به‌بناغه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌‌ی بۆ كورد پێكده‌هات، له‌ دوای دروست بوونی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ له‌ كوردستانی توركیا، ئه‌وسا كوردی باشووری كوردستانیش بۆی هه‌بوو، بچێته‌ پاڵ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ و له‌هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ی باكوور و باشووری كوردستان، ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتووی كورد پێك بهێنن، به‌ڵام كورد له‌ كوردستانی توركیا له‌و قۆناغه‌ گرنگه‌دا، له‌نێوخۆیاندا ناكۆك بوون و یه‌كگرتوو نه‌بوون، هه‌ر ده‌سته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌كی دیكەدا له‌ كێشه‌ و ملمڵاینێ دابوون، هه‌تا توركه‌ كه‌مالیه‌كان لاوازبوون، كورد له‌به‌ر ململانێ و دووبه‌ره‌كی یه‌كتر نه‌پڕژانه‌سه‌ر هیچ كار و چالاكیه‌كی وا ده‌وڵه‌تان ناچار بكه‌ن، په‌یمانی سیڤر پشت گوێ نه‌خه‌ن، كاتێكیش ئه‌وان كه‌وتنه‌ خۆیان، تازه‌ كار له‌كار ترزابوو، توركه‌ كه‌مالیه‌كان به‌هێزببوون و خۆیان چه‌سپاند بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ ئینگلیز و ده‌وڵه‌تانی تریان ناچاركرد، بیر له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌یمانی سیڤر بكه‌نه‌وه‌ و په‌یمانێكی تازه‌تر ببه‌ستن،‌ كەله‌گه‌ڵ خواستی توركه‌كاندا یەك بگرێتەوە، ئیتر په‌یمانی سیڤر پشت گوێ خراو هیچ له‌ به‌نده‌كانی تایبه‌ت به‌كورد جێبه‌جێ نه‌كراو، وه‌ك مه‌ره‌كه‌بی سه‌ركاغه‌ز مایه‌وه‌، پەیماننامەی سیڤر هەرگیز لەلایەن توركە كەمالیەكان دانی پێدانەنرا و پەیماننامەی لۆزان جێگای گرتەوە.
كۆنگرەی لۆزان لە (20)ی تشرینی دووەمی (1922)دا لە شاری لۆزان لە سویسرا دەستی پێکرد، لەنێوان بەریتانیا و یۆنان لەلایەك و لەلایەكی دیكە توركیای كەمالی جێگرەوەی دەوڵەتی عوسمانی بوو، كۆمەڵێك دەوڵەتیش وەكو چاودێر ئامادەبوون، یوسف زیا پاشا ئەو كات نوێنەری دەوڵەتی عوسمانی بوو لەسوێد، وەكو كوردێك بەشداربوو، داكۆكی لەمافەكانی گەلی كورد دەكرد، بەڵام عسمەت ئینونو سەرۆكی وەفدی توركیا ئەمەی قبوڵ نەكرد و ئامادەنەبوو هیچ سازشێك بكات، هەر بۆیە كۆبوونەوەكە پەكی كەوت، مستەفاكەمال ئەتاتورك دوو كوردی دەستنیشان كرد، برنجیزادە فەوزی بەگ و زولفوزادە زولفو، وەكو نوێنەری كوردبوون، ئەوان ڕازی بوون بەوەی كورد لەگەڵ برا توركەكانیان لە توركیا پێكەوە بژین، بەوە ڕازی بوون عیسمەت ئینونو بەناوی تورك و كوردەوە قسەبكات، هەروەها لەناوپەرلەمانی ئەنقەرە حەسەن خەیری سەرۆكی كوتلەی كوردی، بەجلی كوردیەوە وتارێكی دا و وتی: كورد و تورك بران، ئێمە دەمانەوێ لەناویەك وڵاتدا بژین و سەربەخۆییمان ناوێت، نوێنەرانی كوردیش لەپەرلەمانی توركیا (72) كەس بوون، هیچ كام لەئەوان داوای سەربەخۆییان نەكرد، ئەوانەش داوای سەربەخۆییان دەكرد بەنەفام باسیان دەكردن، پەیماننامەكە لە (143) مادە پێكهاتبوو، بەڵام هیچ مادەیەكی تێدانەبوو باسی كورد بكات، ئەم پەیمانە لەبەرژەوەندی كورد نەبوو، بەم شێوەیە كورد هیچ دەستكەوتێكی لەم پەیماننامەیە دەست نەكەوت.
ستراتیجی بەریتانیا لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە بەپلەی یەکەم، ئاڕاستەکراوی ئابڵووقەدانی هەڕەشەی بەلشەفیک بوو، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، کارەکە وای پێویست دەکرد، یەکگرتوویی هەرێمی عێراق و ئێران و تورکیا بپارێزرێت و بەهێزبکرێت، تا وەك بەربەستێك لەنێوان خۆی و ڕووسیادا بمێننەوە، بەریتانیا لە سەرەتاوە هانی ناسیۆنالیزمی دەدا، وەک نەیارێکی پان ئیسلامیزم لە تورکیا، بەرهەڵستیی دروست کردنی دەوڵەتێکی کوردیی کرد، وەک هەوڵێک بۆ رازی کردنی تورکیای کەمالی، لە ماوەی دانوستانی ئاشتیی لۆزاندا. تا بەپێی بەرژەوەندی بەریتانیا مل بدات و داوای ویلایەتی موسڵ نەكاتەوە.
وەفدی ئینگلیز له‌و په‌یمانه‌دا ده‌ریان خست، ئینگلیز له‌به‌ڵێنه‌كانی پێشوویان به‌رامبه‌ر به‌كورد پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌، ئینگلیز به‌حسابه‌ كۆنه‌كاندا چووبوه‌وه‌ و بڕیاری ئه‌وه‌ی دابوو، كێشه‌ی ویلایه‌تی موسڵ به‌شێوه‌ی ئاشتی و دیپلۆماسیه‌ت چاره‌سه‌ر بكا، له‌سه‌ر حسابی پێشێل كردنی مافه‌كانی كورد، بێگومان لە هاوكیشە سێ‌ لایەنیەكە كورد لاوازترینیان بوو، دوای ڕێكەوتنی ئەو دووانە لە لۆزان، ئاسایی بوو شكست ببێتە بەشی سێیەم، پاش ئەوە ئینگلیزەكان بۆ لێدانی جوڵانەوەی ڕەسەنی كوردایەتی قۆڵیان لێ‌ هەڵماڵی.
لە کۆنفراسی ئاشتی لۆزان (لۆرد کەرزۆن) وەک نوێنەری بەریتانیا و عیسمەت ئینونو وەک نوێنەری تورکیا ئامادەبوون، هەڵبەت رژێمی کەمالی خۆی پابەند نەکردبوو، بەبەندەکانی پەیماننامەی سیڤرەوە، داوای تەواوی ویلایەتی مووسڵی دەکرد، تا دەگاتە جەبەل حەمرین، لەکاتێکدا بەریتانیا داوای سنوورێکی دەکرد، بگونجێت لەگەڵ هێڵە سنوورییەکانی باکووری ویلایەتی مووسڵدا. ئینگلیزه‌كان له‌ماوه‌ی گفتوگۆی لۆزاندا موته‌سه‌ڕیفه‌كانی ویلایه‌تی موسڵیان ڕاسپارد، به‌ناوی دانیشتوانه‌وه‌ تیلیگرافی بێزاری ده‌رببڕن، به‌رامبه‌ر به‌تورك و داواكردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی موسڵیان به‌ده‌ستدرێژی له‌كاروباری ئه‌و ناوچانه‌ دانابوو.
(لۆنگریك) ده‌رباره‌ی لۆزان ده‌ڵێ: عیسمه‌ت ئینۆنۆ و (لۆرد كیرزن) ڕووبه‌ڕووی یه‌ك بوونه‌وه‌ و توركه‌كان كه‌وتنه‌سه‌ر هه‌وای داواكردنی ویلایه‌تی موسڵ، به‌ڵام ئینگلیزه‌كان به‌وه‌ قایل نه‌بوون، داوایان ده‌كرد ئه‌و كێشه‌یه‌ بخرێته‌به‌رده‌ستی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان (عصبه‌اڵامم) بۆئه‌وه‌ی بڕیاری له‌سه‌ر بدات، ئیتر باسی ویلایه‌تی موسڵ له‌ گفتوگۆی لۆزاندا دوورخرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنێك بوو بۆ عیراق، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ ئه‌نجامێك، بڕیاردرا له‌ مانگی كانوونی دووه‌می (1923)دا جارێكی تر كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام دوایی توركه‌كان ڕازی نه‌بوون، كێشه‌ی ویلایه‌تی موسڵ بدرێته‌ كۆمه‌ڵه‌ی گه‌ڵان.
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ كۆنگره‌ی لۆزان بۆ باسی پاشه‌ڕۆژی ویلایه‌تی موسڵ و كوردستان ته‌رخان كرابوو، كه‌چی كورد نوستووی دووروپه‌ڕێز و بێ ئاگا له‌و كۆبوونه‌وانه‌، نه‌خۆی ئه‌وه‌ی له‌باردابووه‌، له‌به‌ر ناكۆكی و كێشه‌ و ململانێی نێوخۆ، ده‌نگێكی یه‌كگرتوو به‌رزبكاته‌وه‌، ئه‌و هه‌موو ڕۆشنبیر و سیاسی و سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ئه‌فسه‌ره‌ كوردانه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگای ئه‌سته‌مبوڵ و شاره‌كانی كوردستانی توركیا زۆریان شیرو تیریان له‌یه‌ك ده‌سوو، كه‌س به‌سه‌ركردایه‌تی كه‌س ڕازی نه‌بو‌و، ناڕێكی و دووبه‌ره‌كی و دواكه‌وتویی كورد له‌و قۆناغه‌ گرنگه‌ مێژووییه‌دا، هیچ لایه‌كیان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی لۆزاندا ڕه‌نگ بداته‌وه‌ و وا له‌به‌شداربووانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بكرێ حیسابێكیش بۆ كورد بكه‌ن، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ دژی یه‌كتربوون و نوێنه‌ری تورك عیسمه‌ت ئینۆنۆ،‌ ده‌رفه‌تێكی له‌باری بۆ ڕه‌خسا بەناوی ئه‌و كوردانه‌ی له‌و ڕۆژانه‌دا له‌لایه‌ن كه‌مالیه‌كان هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنرابوون، داوا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لۆزان كراوه‌،‌ كورد نایه‌وێ له‌ تورك جیاببێته‌وه‌.
بەكر سامی سەرۆك نوێنەری ئەنقەرە لەبابەت مەسەلەی كوردستانەوە دەیوت:” دەربارەی ئەم ولاتە (واتە كوردستان) لە پەیمانی سیڤردا باسی خودموختاریەت كراوە، بەلام ئێستا كوردەكان لە مەجلیسی گەورەی میللەتدا (توركیا بویوك میللەت مەجلسی) نوێنەرێكی زۆریان هەیە و لە وێنەیەكی فراواندا تەمسیل دەكرین، بەلام ئەم نوێنەرە كوردانە دەربارەی سەربەخۆیی كوردستان هیچ باسێكیان لە مەجلیسدا نەكردووە و مەیلێكی وایان نەنواندووە”. جگەلەمە بەكر سامی دەیوت:” لە قانونی ئەساسی توركدا، نەك هەر كورد، بەلكو نەتەوە بچوكەكانی دیكەش، كەوان لەژیر حوكمی توركدا موختاریەتێكی فراوانیان پێ بەخشراوە، لەبەر ئەمە باوەر ناكەم شتێ هەبی، ببێتە هۆی ئەوەی كوردەكان بخاتە لێكدانەوەوە لەلایەن دوا رۆژی خۆیانەوە”.
له‌ئه‌نجومه‌نی به‌رزی نه‌ته‌وه‌ی توركیادا نوێنه‌رانی كورد، به‌تیلیگراف وه‌ڵامی كۆنگره‌ی لۆزانیان دایه‌وه‌، كه‌ نایانه‌وێ له‌ توركیا جیاببنه‌وه‌، نوێنەره‌كانی لۆزان، بۆیان ده‌ركه‌وت كورد خۆیان نایانه‌وێ له‌ حكومه‌تی توركیا جیاببنه‌وه‌، توركیاش وای پیشاندا ئاماده‌یه‌ مافی كوردبدا، ئیتر باسی سه‌ربه‌خۆیی كورد خرایه‌ لاوه‌ و هه‌ر شتێك په‌یوه‌ندی به‌باسی كورد و ناوی كورده‌وه‌ هه‌بووبێ له‌ناو به‌ڵگه‌كاندا هه‌موو پشت گوێ خرا.
ده‌رباره‌ی په‌یمانی لۆزان (‌ئیدمۆندس) ده‌ڵێت: كۆنگرە درێژەی كێشا، لەبەرئەوەی هیچ كامیان لەهەڵوێستی خۆیان دانەبەزین، كۆنفراس تەگەرەی تێكەوت و سەركەوتنی بەدەستنەهێنا، ئەنجام لە چواری فێبراوەری بڕیاریاندا كێشەی موسڵ لەبەرنامەی كاری وتوێژ دەرخەن و بیدەن بەو دوو دەوڵەتانە (بەریتانیا و توركیا) بۆ خۆیان لەسەری بدوێن، ئەگەر لەماوەی ساڵێكدا بەیەك نەگەیشتن، ئەمجارە كێشەكە بەكۆمەڵەی گەلان بسپێرن، بڕیاردرا هەردوولا لەو ماوەیەدا دۆخی تایبەت لەبەرچاوبگرن.
بەوەرگرتنی ئەو بڕیارە نەرێنیە، پەیمانە نەزۆكەكەی سیڤر و بەڵێنی دەوڵەتی بەریتانیا بۆ ڕێگادان بەكوردی عیراق، بۆ یەكگرتنەوەیان لەگەڵ دەوڵەتێكی كوردی، كە دەبووایە هەندێك لەپارێزگاكانی ڕۆژهەڵاتی توركیدا پێك بێت، لەچاڵ نرا.
له‌ په‌یماننامەی لۆزان له‌ بڕگه‌ی (2) ماده‌ی (3)دا وتراوه‌: باسی چاره‌سه‌ركردنی سنووری عیراق و توركیا هێڵرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی (9) مانگدا ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكرێ، ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌گه‌یشتنه‌ ئه‌نجام، ئه‌وسا كێشه‌ی ویلایه‌تی موسڵ ده‌درێ به‌كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان (عصبه‌ الامم). به‌ڵام له‌دوای ته‌واو بوونی ئه‌و ماوەیە نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ ئه‌نجامێك و توركیا ده‌ستبه‌رداری ویلایه‌تی موسڵ نه‌ده‌بوو، ئیتر ده‌وری كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان هاته ‌پێشه‌وه‌.
(كەرزۆن) لە لۆزان دەسەڵاتی پێدرا بەتورکەکان رابگەیەنێت، حکومەتی بەریتانیا ئامادەیە بەندەکانی (62 بۆ 65) لە پەیماننامەی سیڤر لاببات، كە داوای کوردستانێکی سەربەخۆ دەکات، بەم پێیە (کەرزۆن) دەیویست بەهۆی ئەمە باوەڕ بەمستەفا کەمال پەیدا بکات، كەبەریتانیا بەنیازنیە تورکیا لەتوپەت بکات، لە رێگای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردییەوە لە ئەنەدۆڵ و باکووری عێراقدا، لە بەرامبەر ئەم دەستبەردار بوونەدا، داوا لە تورکیا کرا بچێتە ناو کۆمەڵەی گەلانەوە، بۆ دابڕین و وازهێنانی رووسیای بەلشەفیک، لەبەر ئەم هۆکارانە چارەنووسی کورد لە لۆزاندا بەندبوو بەهەوڵ و تەقەلای ئەنگلۆ – رووسییەوە بۆ کاریگەری و دەسەڵاتیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دواجار لەپەیماننامەی ئاشتی لە (لۆزان) لە (24)ی ئابی (1923) كێشەی لیوای موسڵ كۆتایی پێكهێنرا لەبەرژەوەندی عیراق، لەبەرامبەردا لە 10% لە قازانجی نەوتی لیوای موسڵ درابە توركیا، بەو بۆنەیەوە ماوەی ئینتداب لەعیراق درێژكرایەوە بۆ ماوەی 25 ساڵی تر، بەدرێژكردنەوەی ئەم پەیماننامەیە بەریتانیا ڕاستەوخۆ زاڵ بوو لەسەر شانشینی عیراق، لەگەڵ بوونی (ڕاوێژكارە) ئینگلیزەكان لەسەر هەموو وەزارەتەكان و تەنانەت لەسەر مەلیك خۆشی.
باسیل نیكییتین دەڵێت: هەرچەند پەیماننامەی لۆزان نادادپەروەرانەبوو بەرامبەر بەكوردەكان لەتوركیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵێگی گرنگی گێڕا، لەوەی پرسی موسڵی خستەسەر مێز و كۆمەڵەی نەتەوەكانی ناچاركرد، لێكۆڵینەوە لەناوچە كوردییەكان بكەن، (دووەم مەرجی مادەی سێیەمی پەیماننامەی لۆزان)، ئاماژە بەوە كراوە، ئەم ناوچەیە دەبێت بخرێتە ژێر چاودێری نەتەوە زۆر ناڕازیەكان بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ، هەروەها پێویستی بەڕادەست كردنی كاروباری ئیداری و دادوەری و پەروەردەیی بۆ توخمە كوردییەكان دانا، لەگەڵ ئەوەی زمانی كوردی بەزمانێكی فەرمی لەناوچەكە دادەنرێت.
پەیماننامەی لۆزان كەلە (24)ی تەمموزی (1923) ئیمزاكرا، بووە هۆی لەدایك بوونی توركیای نوێ، ئیمزاكەرانی ئەم پەیماننامەیە، واتا: بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتالیا، ژاپۆن، ڕۆمانیا، عەرەبستان و توركیا، چوارچێوەی یاسایی وڵاتی توركیایان داڕشت، هێشتا هەر وەك خۆی ماوەتەوە، بەتایبەت بەشی سێیەمی پەیماننامەكە (ماددەی 37 تا 44) باسی پاراستنی كەمینەكان دەكات و دەڵێت:
“نابێت هیچ چەشنە كەند و كۆسپێك لەلایەن نەتەوەی تورك لەسەر بەكارهێنانی ئازادی هەموو زمانەكانی دیكە، لەڕووی قسەكردن یان كەڵك وەرگرتن لەكاروباری ئایینی، بازرگانی، چاپی كتێب و بڵاوكردنەوەی چاپەمەنیدا دروست بكرێت، لەپاڵ زمانی فەرمی دەبێ ئاسانكاری پێویست بۆ نەتەوەكانی وڵاتی توركیا كەبەزمانی توركی قسەناكەن بكرێ، تالەدادگاكاندا بەشێوازی زارەكی، كەڵك لە زمانی خۆیان وەربگرن (ماددەی 39).
بەهەر حاڵ ئەم خاڵانە تەنیا كەمینە ئایینیە جولەكە و مسیحییەكان لەخۆدەگرن، لەو سەردەمەدا (75) نوێنەری كورد بەنوێنەرایەتی ئەنجومەنی نەتەوەی باڵای توركیا لەئەنقەرە هەڵبژێردران، پاشان لەساڵی (1924) قسەكردن و بڵاوكردنەوە بەزمانی كوردی قەدەغەكراو یاسای بنەڕەتی ئەم ساڵە، ئەفسانەی دەستكردی مستەفا كەمالی پەسند و پیرۆزكرد، كەدەیگوت: “توركیا تەنیا هی توركەكانە”.
بەریتانیا كەبڕیاریدابوو، دوای كۆتایی هاتنی جەنگی یەكەمی جیهان و سەركەوتنی هاوپەیمانان، قەوارەیەكی نوێ لە دەوڵەتی عوسمانی پێشوو پێكبێنێت، هەرسێ ویلایەتی بەغدا و بەسڕا و موسڵ بەیەكەوە كۆبكاتەوە و ناوی بنێت عێراق، توركەكان بۆ داواكردنەوەی موسڵ لەساڵی (1918)وە بەردەوام بوون هەتا كۆتایی پەیماننامەی لۆزان كاتێك توركیا بەفەرمی دانی بەوەدا ویلایەتی موسڵ بەشێكە لەعێراق، چیتر بەفەرمی داوای ئەو ناوچانەی سنووری هەرێمی دەوڵەتی نوێی عێراقی نەكردەوە.
كورد له‌ ژێر فه‌رمانره‌وایی حكومه‌ته‌ جیاوازه‌كاندا به‌جێهێلدرا- ئه‌تاتورك له‌ توركیا و ڕه‌زا شا له‌ وڵاتی فارس و فه‌یسه‌ڵ له‌ عێراق، هیچ یه‌ك له‌و حكومه‌تانه‌ش لێبورده‌یی نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئۆتۆنۆمیی كوردیی، له‌ عیراق بۆ ملكەچ پێكردنی فیسەڵ و هاوكارەكانی، ماوه‌یه‌ك به‌ریتانییه‌كان یاریان له‌گه‌ڵ بیرۆكه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی ناوچه‌كوردییه‌كان كرد و ده‌شیانزانی كورده‌كان ئاره‌زوو ناكه‌ن، له‌ ژێرده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بدا بن، عیراق له‌ ساڵی (١٩٢٣) دا سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت و ڕەچاوی هیچ مافێكی بۆ كورد نه‌كرد، له‌ توركیا ئه‌تاتورك و توركه‌ نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان جارێكی تر دووپاتیان كرده‌وه‌، كه‌ موسڵمانان هه‌مویان پێكه‌وه‌ن، زمانی فێركردن و حكومه‌ت توركی بوو، له‌ ساڵی (١٩٢٣)‌وه‌ زمانی كوردیی پشتگوێ خرا و دواتریش قه‌ده‌غه‌كرا.
مارگرێت ماكمیلان، دەڵێت: له‌ ساڵی (١٩٢٧)دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ بالیۆزی به‌ریتانیای دوپاتكرده‌وه،‌ كورده‌كان ڕووبه‌ڕووی هه‌مان چاره‌نوسی ( هیندییه‌ سووره‌كان) ده‌بنه‌وه‌ ” ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت بگۆڕدرێن بۆ نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌وا توركیا ده‌ریان ده‌كات وه‌ك چۆن پێشتر له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نییه‌كان و گریكه‌كان كردویه‌تی، ئیدی ئه‌و به‌ڵینانه‌ی له‌ پاریس و په‌یماننامه‌ی سیڤری یه‌كه‌مدا هه‌بوون، بوونه‌ به‌شێك له‌ بیره‌وه‌ریی و هیوای كورده‌كان.
لەهیچ شوێنێكی ئەو پەیماننامەی لۆزاندا نەهاتووە دوای سەدساڵ تورك دەتوانێت خەونە فراوانخوازیەكانی بەدی بێنێت، بەئەنجام نەگەیشتنی چارەنووسی نەتەوەیی كوردیش هەمووی پەیوەست بەسیاسەتی بێگانەوە نییە، بەڵكو بەشێكی گرنگی ئەو بابەتە پەیوەندی بەكورد خۆیەتی، وا دوای سەدساڵ لە پەیمانی لۆزان دەوڵەتی سەربەخۆی كورد دروست نەبووە، هێشتا كورد لەململانێ و كێشەی نێوخۆدان، هێشتا ئاستی هوشیاری نەتەوەیی كوردهێندە پێنەگەیشتووە، كێشە نێوخۆییەكان تێپەڕێنێ، هێشتا چارەنووسی كورد نادیارە.

رەسوڵ بۆسكێنی




پەیمانێکی دیکە بۆ مەرگی کورد. هاوشێوەی (لۆزان).. شاخەوان سەنگاوی

ئەگەر تەماشایەکی دۆخی سیاسی هەرچوار پارچەی کوردستان بکەیت، کە بێگومانم ئاوات بە سەروەختی ئیمزاکردنی ڕێکەوتنامەکانی ( سایکس- بیکۆ و سیڤەر و لۆزان) دەخوازیت. کەواتە دەبێت بپرسین بۆ دەبێت تاکی کوردی لە سەدەیی بیست ویەک دا ئاوات بەڕۆژگارێک بخوازرێت جگە لە قسەی دیوەخان و ئاغا و کوێخاکان هیچ قسەیەکی دیکە نەبووە؟ کە ئەوانیش دنیابینیان بۆ پرۆسە حکومڕانی و سەربەخۆیان تەنها لە سنوری قەڵەم ڕەووی خۆیاندا بووە. کەواتە کورد لە پاش سەد ساڵ لە خۆ ڕۆشنبیرکردن و کرانەوە بە ڕووی دنیایەی دەرەوەی خۆیاندا، لە هەمان کاتیشدا بوون بەخاوەن ئەم هەموو زانکۆ و ناوەندی توێژینەوە و توێژەری سیاسی و پارتی سیاسی و کەسایەتی سەرکردە و سەربازی و سەرچاوەی ئابووری زۆر و زەوەندە، کەچی لە گەڵ ئەوەشدا نەیتوانیووە تەوقی بیرو و ڕوئیایی ئاغایەتی و کوێخایەتی خێڵ گەرایەتی بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی و حکومڕانی تێپەڕێنێت بەڵکو بەهەمان ئەو ئەقلیەتەوە کاردەکات لە نێو ڕیزەکانی ڕێکخراوەکەی، پارتەکەی، دەزگاکانی دەوڵەتداریدا.
کەواتە بۆیە ئەوە دەبینین لە پاش سەد ساڵ لە هەموو ڕووەکانەوە کورد لە ژمارەدا لە پێشکەوتندایە بەڵام لەڕووی ناوەڕۆکەوە لە پاشەکشێکی بەردەوام دایە بەتایبەتی تر ڕووە سیاسیەکەی هەرچەندە لە ئێستادا خاوەنی سەدا پارت و ڕێکخراوی سیاسین، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ناکۆکی و ناتەباییەکانمان لە ترۆپکی خۆ خۆری دایە، چونکە کورد بە درێژایی مێژوو خاوەنی ژمارەیەکی زۆر سەرکردە بووە کە دەتوانین سەدان ناو بەدوایی یەکدا ڕێز بکەین، بەڵام هیچ یەک لەمانە نە لە ڕابردوو نە لە ئێستادا نەیان توانیوە چوار چێوەی بیرو و ڕوئیایی ئاغای خێڵ گەرایەتی و سەرکردایەتی تێپەڕێنن و وەکو ڕابەر شان بەشانی نەتەوەی کورد هەنگاو بنێن بۆ بنیاتنانی کیانێکی سەربەخۆی کوردی.
کەواتە ٢٤ تەموزی ٢٠٢٣ ساڵ ڕۆژی ئیمزا کردنی پەیمانامەی (لۆزان)ە کە لە شاری لۆزانی سویسرا پەیمانێکی تر لە نێوان دەوڵەتانی وەکو ( بەریتانیا و فەرەنسا و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانیا و سڕبیا و سلۆنیا و تورکیا) ئیمزا کرا بۆ ناسینی دەوڵەتی نوێی تورکیا لە هەمان کاتیشدا پێداچوونەوەیەک بوو بە هەڵ وەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەردا، کە پەیماننامەی سیڤەر لە ١٠ ئابی ١٩٢٠ لە نێوان دەوڵەتانی (بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و ژاپۆن و ئەرمەنستان و بەلجیکا و یۆنان و پۆڵندا و پورتوگال و ڕۆمانیا و سڕبیا و سلۆانیا چیکۆسلۆڤاکیا و تورکیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا- وەک چاودێر ) مۆر کرا کە ( شەریف پاشا) وەکو نوێنەری کورد ڕێگایی پێدرا بەشداری ئەم پەیماننامەیە بکات، ئەم پەیماننامەیە وەکو چارەسەر بۆ کێشەی ووڵاتانی ژێر هەیمەنەی خەلافەتی عوسمانی کە دۆڕای دوای جەنگ بوو کە لە لایەن بەرەی هاوپەیمانانە داگیریان کردبوو بەسترا، چونکە لە پەیماننامەی سیڤەردا نەک تەنها مافی کورد بەڵکو مافی کەمە نەتەوایەتیەکانی دیکەشی دەستەبەر کردبوو، وە بۆ کوردیش مادەکانی (٦٢-٦٣-٦٤) سەرجەم مافەکانی کوردی تێدا جێگیرکرابوو تا ڕادەی سەربەخۆیش لە کۆی (٤٢٢) مادەکەی پەیماننامەی سیڤەر، چونکە پەیماننامەی سیڤەر یەکێک بوو لەو پەیماننامانەی کە بەزۆر لە سەروەختی خۆیدا بەنوێنەرانی تورکیا واژۆ کرابوو ئەویش بەرئەنجامی دۆڕانی بوو لە جەنگدا هەربۆیە دەبینین ڕابەرانی کەمالیستەکان هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان هێندە بیر لە دۆڕانی لایەنی جێۆسیاسیەکەی دەکەنەوە نیو هێندە بیر لە دۆڕانی جێۆسەربازیەکەی ناکەنەوە. بۆیە دەبینین تورکەکان وەکو کوردەکان کە بڕاوەی دوای جەنگ بوون و سیڤەر لە بەرژەوەندیان بوو دەستیان نەخستە ژێر سەریان وچانیان نەدا تاڕۆژگارێک تورکیایان کردەوە بە تورکیا بە سەرکردایەتی کەمال ئەتاتورک، بەسیاسەتی کەمالیستانەی دەوڵەت تورکیا توانیان دەوڵەتانی ئەندام لە پەیماننامەی سیڤەریان ناچار بکەن کە دووبارە پەیماننامەیەکی دیکە واژۆ بکەنەوە لە ژێر ناوی پەیماننامەی (لۆزان) بە نوێنەرایەتی ( عیصمەت ئینونو)ی سەرۆک وەزیرانی تورکیا وەکو نوێنەری تورکیا (لۆرد کرزن) سیاسەتمەداری ئینگلیز وەکو نوێنەری بەریتانیا لە سەر بابەتی ویلایەتی موصل کەوتنە گفتوگۆیەکی درێژخایەن کە سەر ئەنجام پەیماننامەی (لۆزان) لە ٢٤تەموزی ١٩٢٣ ئیمزا کرا کە لەم پەیماننامەیدا بەوشەیەکیش باسی مافەکانی کوردی تێدا نەبوو لە هەمان کاتیشدا دەسڵات دەدات بە دەوڵەتی تورکیا دوای سەد ساڵ ئەو زەویانە وەربگرێتەوە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، وەکو ویلایەتی موصل کە هەرێمی کوردستانی ئێستا لەو چوارچێوەدایە.

                                                                           

Shaxewan.saed@gmail.com
شاخەوان سەنگاوی




هێشتا ژیان هەناسە دەدات.. سۆران ساڵح

کەوتوومەتە چاڵێکەوە
بیرکردنەوەم لێ ون بووه
بەرەو ڕێگایەک دەڕۆم
ڕێگایەکی نادیار
ئاراستەکان وەک ئەوەی
ئاراستە کرابن
هێزی قاچەکانم ڕادەکێشن
زەوی وەک من دەنگی نووساوە
بەرگەی ئازاری قاچەکانی ناگرێ

کۆڵانێک بووم بەسەر پشتی شارەوە

گەڕەکان کەڕۆژانێک وەک پشیلەیەکی لێزان
شارەزای هەموو کوچە و
قوژبنێکی بووم،نامناسنەوە
دیوارەکان گەورە بوونە و
ئاشنا بوونە بە بەرزبوون
دەرگاکان بەفێڵی کۆنە بوون
ناسنامەی جوانیان لێسەندرایتەوە
منداڵێک دەگری
منداڵێکی تریش دەگری
هەموویان دەگرین
بۆ ئەوە نا کەیاری ناکەن
بۆ ئەوە دەگرین
یەکێک پێی وتوون
ڕۆژێک ئێوەش گەورە دەبن!

لەگەڵ زەوی
ساردییەك کەوتۆتە نێوانمان
ئێوە پێی بڵێن:درز
لەپاڵ دیوارێکی بەرزدا
بیر لە کەوتنی خۆم دەکەمەوە
دەستێك بەو وشانەوە دەگرم
کە توانای هەڵگرتنی بەڵێنی قوڕسیان هەیە

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شپرزە دەبم
وەک شپرزە بوونی
مێروولەیەك بە دوای دنکە گەنمێکدا
هێزی کۆبوونەوەم نییە
ماڵەکەم کە ژوورێکی بچووکە
توانای گلدانەوەی ئەو هەموو
ئازارەی نییە
هەوا نامۆیە بە سیەکانمەوە
دەستم
لە تاو دەستێك،بێناز کەوتووە
ئاوێنەکان دیوێکی تری گۆرانین
ئاوێنەکان هەستیان هەیە
دڵیان نایەت
بیرەوەرییەکان بشێوێنن

ئارەزووی ئەو ڕێگایانە ناکەم
کەپێیەکان ون دەکەن
ڕقم لەو ڕووناکیانەیە
کەفریو دەرن و
تاریکیمان لەلا ناشرین دەکەن
مرۆڤ دەبێت
ڕێگای جیاوازی هەبێت
ڕێگایەک پڕبێت لە چیڕۆکی جوان
لە ڕۆیشتنی جوان
تۆزێکیش لە گەڕانەوەی جوان!

من لە ڕۆژهەڵات دەژیم
دڵم بە هەر شتێک خۆشبێت
ون دەبێت
لەگەڵ ئەمەشدا
بەیانیان کە لەخەو هەڵدەستم
دەبینم کەدایکم سفرەکە ئاماده دەکات
دەزانم کەژیان
هێشتا هەناسە دەدات.

سۆران ساڵح




شیعر/ ئێوارانە -٤٣.. سەردار جاف

کوا ئێواران
لە زمانی هەناسەی من تێدەگەی
تووڕە بوونت دەريايەکەو
لێی قورتار نابم
کە سەراولێژ ئۆغر بوونمە
ئەو دەمانەيش
دەخولێمەوە کە تەنهایی و وڕ و کاسی دەمگرێت و
هەر پاشگەزی بڕيار نابم
ئەم ئێوارە
لە کۆڵانە تەنگەکەی ئيشقا
گێژەڵوکێ
لە سەربانەکەی ماڵە باوانەوە
بۆ پێ دەشتە سەرابييەکە بەڕێوەيە
بن هەر دارێ
مۆرانە ساباتی خۆی لێخستووە و
هێدی هێدی
جەستەم دەخوا
بۆ نەمانم نيگای بەلای تەرزە و کڕێوەيە
ئەم ئێوارە لە جەژنە شەختەيەکدا
سەوزە داراکان بە لادا دەهاتن
گوڵەکان دەپوکانەوە
تارماييەکان دێوەزمەی بڕينەوەی هەناسەی من و تۆ بوون
بە سەر باڵی رچين دەچوون
پەنجەی پەنهان
لە ئاسمانی تەنهاييدا
بە سەر رۆحم لەرانەوە
گڵۆپ کزکز ….جراکان فوو لێکراون
دەنگە سرتە و چرپەکانيش
کپ کپ رووە و ئاوابوون چوون
يادەکانمان
بوونە کۆلارەی مناڵان
ئاسمانی گەڕەک
شەکەتی و مەرگ و فەنابوون
چما ئەم تانهاييە ئۆغر دەکا
زريان و تۆفان روو دەدا
چاو لە توانەوەی خۆم و باڵابوونی شەهلا دەکەم
بە نێو سەيوانەکانی پێچاوپێچی خۆر
رۆژانێ شەبەنگيم
دەبێتە پەشمەک و بە دەست مناڵانی چەتوونەوە
پيس و لێخن و بۆر
چ جەژنێکە
هێندە ساردە لە قوربانی من دەچێ
ئيدی ژوان دەتوێتەوە و
بەرەو نەمانی ژن دەچێ
پێ دەچێ ئەسکيمۆ بم و نەمزانی بێ
دەبێ شەوارەی شەوسڕی
زنەي زەنوێرستانی بێ
من هەر دەبێ وێڵی وێڵ بم
تەنهایی دوا کاروانمە و
جێ مەنزڵ و فرياد رەسم
ئەوە نييە ئازيزەکەم
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

٤ / ٧ / ٢٠٢٣