پەیماننامەی لۆزان.. سەد ساڵ دابەشکاریی و بندەستی!.. شەفیقی حاخی خدر

لە نزیکبوونەوەی سەدەیەک بەسەر مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزاندا، دیارە قسەیەک، یان باشتر وایە بڵێین ترسێک لەنێو توێژی ڕۆشنبیران، نەخاسمە سیاسییەکان پەیدابووە، گوایە دوای سەد ساڵ لە ڕێککەوتننامەکە مەترسییەکی گەورە بۆ هەڵوەشانەوەی هەیە، کە لەگەڵ خۆیدا لێکەوتەیەکی دژوار بەسەر ناوچەکەدا دێنێ و ئەوەی پێی دەگوترێ میساقیی میللی گەورەی تورکیا ڕێرەوەی بەرەو واقیعبوون وەردەگرێ و بەشێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، لەنێویشیاندا بە شێوەکەی دەستنیشانکراو، کوردستانی باشوور، یان ویلایەتی موسڵ وەک جارانی بەرێ بکەوێتەوە بن جڵەوی تورکیا. بەمە هاتنەوەی سێبەری شوومی دێوەزمەکە لەئان و ساتدایە!
ئەوەی ڕاستی بێ ئەم گوایەیە بەگوێرەی کۆمەڵێ بەڵگەوبەندی قانوونی و سیاسییدا بێ بنەمایە. بەداخەوە ئەم ترسە وایلێهاتووە دوای ساڵێکی دیکە وا لە تورکیا بکا، ببێتە دێوێک، کوردستان قووت بدا، وەک ئەوەی هەسارەیەکی گەورە یەکێکی لەخۆی بچکۆلەتر هەڵلوشێ.
ئەوەی ڕاستی بێ سەرەتای سەدەی ڕابردوو بە کۆمەڵێک ڕووداوی گرنگ و چارەنووسساز ئاوس بوو، بە شێوەیەک نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەندێ هەرێمی دیکەی جیهانی لە ئەوروپا سەرلەنوێ داڕشتەوە. هەڵبەتە لەنێو ئەو هەموو ڕووداوە گرنگانە، کە تاڕاددەیەک وەک دەرچەیەکی هەژانی نێوخۆیی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دەوڵەتی تورکیا بوو، ئەمەشیان زیاتر لە ڕێککەوتننامەی لۆزانەوە بەرجەستە بوو.
بۆ ئەوەی لەم پەیماننامەیە، یان بە جۆرێکی دیکە لەو ڕێککەوتننامەیەی نێوان هێزە براوەکانی دوای جەنگی جیهانی و دوای زنجیرەیەک لە پەیەماننامە و ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی و دووقۆڵی هاتنەئارا لە لایەک و ئەو هێزە سەرهەڵدەرەی لەسەر ئەرزی واقیعی تورکیا و لە جێهەواری دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی جیپێی خۆی قایمکرد، کە تورکیای نوێ بوو، یان وەک دەگوترێ تورکیای ئەتاتورکی دامەزرێنەری ڕژێمە نوێیەکە بوو هاتە کایە. هەر بۆیە ئەم پەیماننامەیە زۆر گرنگ بوو، گرنگییەکەشی لە ئەنجام و بەرکەوتەکەیدا بوو، بەوەی مۆرێک بوو بە نێوچاوانی ئەو نەخشە و پلانانەی لە لایەن هێزە ڕکابەراکان لەو سەردەمەدا و لە میانەی جەنگ و پێنج ساڵی دوای جەنگەکەش لە ئارادابوو، سا بەوەی ئامانجیان بەدیهێنابێ یان هەر هەندێکیان بەدیهێنابێ، یاخود بەدیان نەهێنابێ، بەم جۆرە ئافەریدەکردن و داننان بوو بە قەوارە و دۆخی یەکلابووەوەی دوای جەنگ، هەر بۆیەشە ئێستا وا خەریکە تەمەنی ئەم پەیماننامەیە خۆی لە یەک سەدە بدا. بۆ تێگەیشتن لە بایەخی ئەم پرسە مەزنە، کە بێگومان لە خۆڕا و لە کلۆرەدار بەرنەبۆتەوە، بەڵکو پاشاخانی خۆی هەیە، پاشخانەکەشی بە گوێرەی ڕووداو و پێشهاتە خێرا و گرنگەکان هەر لەسەرەتای سەدەوە دەستی پێکردبوو. خۆ ئەگەر وردتر بین، ئەوا هەر لەگەڵ هەڵگیرسانی بڵێسەی ئاگری یەکەمین جەنگی جیهانییەوە دەستی پێکرد و بە کۆنگرەی لۆزان کۆتایی پێهات کە ئەو ڕێککەوتننامە پڕ لەمشتومڕ و مقۆمقۆیەی لێکەوتەوە. ئاخر هەر بڕگەی یەکەمی پێشەکیی ڕێککەوتننامەکە و دوای ئەوەی هەردوو لایەنی یەکەمی ڕێککەوتننامەکە باس دەکا، کە هەریەکە لە دەوڵەتەکانی بریتانی، فرەنسی، ئیتالی، ژاپۆن، گریک، ڕۆمانیا و سرب و کروات و سلۆڤانیا بوو لە لایەک و لە لایەکەی دیکە تورکیا بە تەنیا… هەر لەوێ ڕێککەوتننامەکە دەق دەڵی: “لەسەرەکەی دیکەوە تورکیایە؛ کە یەکانگیر بووە و هیواش وەهایە دوا چارەسەری دۆخی جەنگیی بێ کە لە ١٩١٤ەوە لە ڕۆژهەڵات بەرپابووە.” لێرەدا زەقوزۆپ دوو لای ڕێککەوتننامەکە بە نوێنەرایەتی دەوڵەتەکانیانەوە کراوە، کە پیشتر لە ڕێککەوتننامەکانی پێشتر بەتایبەتیش سیڤەر، کە دواتر وردتر باسی دێت، ئەم دۆخە نەبووە، هەم تورکیا دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری یەکانگیر نەبووە، هەم گەلی بێدەوڵتیش وەک قەوارەیەکی نافەرمی نادەوڵەتییانە بەشداربوونە و ڕۆڵیان تێدا هەبووە و باسیان کراوە، ئەرمەن و کورد دوو نموونە بوون، هەرچەندە لەبارەی کوردەوە نوێنەرایەتییەکە نەگەیشتبووە ئەو ئاستە دانپێدانان و فەرمییەی ئەرمەنەکان هەیانبوو.
بەڵێ چارەسەرییەکە وەها کەوتەوە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆ وەهای لێهات؟ باشە سەرەنجام و چارەنووسی ئەو ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتی و دووقۆڵییانەی کاتی جەنگەکە و دوای جەنگەکە بەچی گەیشتن.
یەکەمین جەنگی جیهانی کە بە جەنگە مەزنەکە ناسراو بوو لە ئاخروئۆخری تەمموزی ١٩١٤دا لە نێوان هێزەناوە (ئاڵمان، نەمسا و مەجەر، بولگاریا و دەوڵەتی عومانی) هێزی هاوپەیمان (بریتانیا، فرەنسا، ڕوسیا، ئیتالیا، ڕۆمانیا، کەنەدا، ژاپۆن و بە درەنگەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) هەڵگیرسا. لەبەر ئەوەی پێشتر هێزی ئیستعماری بریتانیا هیندستان و کەنداو و خوارووی ئێران و میسری داگیر کردبوو، فرەنسا لە ئەفریقا و ئیتالیاش لە باکوری ئەفریقا، ئیدی لەگەڵ جەنگەکەدا چاویان لە ناوچە و هەرێمی زیاتر بڕیبوو، لەسەرووی هەمووشیان بریاتا و فرەنسا و ڕوسیا چاویان بڕیبووە ئەو خاکانەی کەوتبوونە ژێرە قەڵەمڕەیی دەوڵەتی عوسمانی. ئاخر لەمێژ بوو بریتانیا بە نیازی ئاسایشپارێزی ڕێگای گەیشتن بە هیندستان نەخشەو پلانی ڕاکێشا، دواتریش لەگەڵ دەرکەوتنی بەهای شلەی نەوت بۆ کەشتیگەلەکەیان و لەسەر ڕاسپاردەی ئەدمیرالییان، چاویان لە کانە نەوتەکان بڕی، ئەوەی دەکەوتە سەر ڕێگای گەیشتنیان بۆ هیندستان، کە پارێزگا باشوورییەکانی ئێران و کەنداو و کانە نەوتییەکانی میزۆپۆتامیا (ویلایەتی موسڵ) بوون.
جەنگ بە شێوەیەکی گشتی لە دوو بەرەوە گەرم بوو، بەرەی ئەوروپا و بەرەی ڕۆژهەڵات (واتە بەرەی ڕۆژهەڵاتی ناوین). بەرەی یەکەمیان ڕاستەخۆ هێزەکانی هاوپەیمان ڕووبەڕووی ئاڵمان و هاوپەیمانەکانی بوونەوە، لەوێ قورسایی جەنگەکە زیاتر لەسەر شانی فرەنسییەکان بوو، هەڵبەتە باری جیۆسیاسییەکە تێوەگلانەکەی ڕوونتر دەکردەوە، هەر ئەمەش بوو کاری کردە سەرچنینەوەی بەروبوومی شەڕەکە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ، بەوەی فرەنسا لەبەر بەرەی ڕۆژهەڵاتی خۆی نەیتوانیبوو وەک پێویست بەشداری لە شەڕەکانی ڕۆژهەلاتی ناوین لە دژی عوسمانیەکان بکا، بەم پێیە دەستکەوتەکانی لەچاو بریتانییاوە کەمتر بوون، وەک دواتر لە هەموارکردنەوەی و دەستکاریکردنی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆوە دەرکەوت. هەرچی بەرەی ڕۆژهەڵات بوو واتە بەرەی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین، قورسایی شەڕەکە زیاتر لەسەر شانی هێزە سەربازییەکانی بریتانی و ڕوسەکان بوو. لێکەوتەشی لەسەر ڕێککەوتننامەکان هەبوو.
دوای ساڵێک لە جەنگەکە، سەرەداوی بەزین و شکستی بەرەی ئاڵمانی و عوسمانی بەدەرکەوت، بەتایبەتیش عوسمانییەکان، چونکە زۆری نەخایاند لەماوەی سێ ساڵی یەکەمی جەنگەکەدا بریتانیا و ڕوسیا دەستیان بەسەر زۆرینەی ناوچەکانی باکووری ئێران و عەڕەبستان و شام و عێراق و بەشێکی زۆری باشووری تورکیای ئێستادا داگرت. چاوتێبڕینی بریتانیا بەوەدا زۆر بەدەرکەوت، لەدوای ئاگربەستی مۆدرێس و کۆتاییهاتنی جەنگیشەوە کەچی لەشکرکێشییەکەی نەوەستا تا تەواوی ویلایەتی موسڵی لە بەشی باکووری مۆزۆپۆتامیادا داگیرکرد، هەرچەندە بیانوویەکی دەستبەسەرداگرتنی شوێنە ستراتیژی سەربازی بوو، بەڵام دیاربوو مەرامی دیکەش بۆ کردەوەکە پێشنۆرە بوون.
هەر زوو هێزە داگیرکەرەکان چ لەنێو خۆیان چ لەگەڵ ئەو نەتەوانەی دەستیان بەسەر خاکەکەیاندا گرت کەوتنەخۆ بۆ ئەوەی کۆمەڵێک ڕێککەوتننامە بۆ حاڵەتی دوای جەنگ ڕێک بخەن. تەداروکی ئەم ڕێککەوتننامانە بەسەر دوو جۆر دابەش دەبن:
یەکەمیان هێزە داگیرکەکەرەکان لەنێوخۆیاندا کەوتنە ڕاوێژ و گفتوگۆ و ڕێککەوتن، کە لە ئەنجامدا کار گەیشتە کۆنگرەی لۆزان، ڕێککەوتننامەکەی سایکس-پیکۆ، سانڕیمۆ، ڕێککەوتننامەی لویدجۆرج-کلیمەنسۆ، کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس و سیڤەر ڕێکخران و مۆرکران.
دوومیشیان: بریتانیا بەوپەڕی گورجوگۆڵی لە هەوڵوتەقەلای خۆیدا بوو تا لەگەڵ نەتەوە باڵادەستەکانی ئەو خاکانەی دەستی بەسەرداگرتن یان بەنیازبوو دەستیان بەسەردابگرێ و پێشتر کەوتبوونە بن ڕکێفی دەوڵەتی عوسمانی، لەگەڵیان ڕێک بکەوێ و ڕەوشێک بۆ دوای قۆناغی جەنگ بهێنێتە کایە. خۆ ئەگەر ئەم تەداروکە بەگوێرەی قانونی نێودەوڵەتی نەچووبێتە بن باری و ناسنامەی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی، چونکە لایەکیان قەوارەی سیاسی دەوڵەتی نەبووە، بەڵام هەرچۆنێک بە ڕێککەوتننامەی دووقۆڵی ناسراون، یان هەر هیچ نەبێ بەڵێنی بەڵگەنامەیی زلهێزێکی وەک بریتانیا. نموونەی هەرە زەقیش بریاتانی و عەرەب، دەقاودەقتر نامە و نامەگۆڕینەوەی مەکماهون-حوسێن بوو؛ واتە ئەوەی لەنێوان کۆمسیاری باڵای بریتانیا لە میسر و حوسێنی کوڕی عەلی شەریفی مەککە لە حیجاز بەسترا. دواتر ئەو لەیەکتێگەیشتنەی لەگەڵ کوڕەکانی ئەودا کرا، بەتایبەتیش لەگەڵ فەیسەڵ و عەبدولڵا. هەروەها لەسەرەتاوە هەوڵێکی لەیەکتێگەیشتنیش لەنێوان هێزی بریتانی و کورد (شێخ مەحمود) هەبوو، لێ بەداخەوە درێژەی نەکێشا و سەرینەگرت. بەدەر لەمە بریتانیا بەڵێنی بە زایۆنیزمە جووەکانیش دا نیشتمانێکی نەتەوەییان بۆ لە فەڵەستین دابمەزرێنێ، ئەوەی بە بەڵێنی بلفۆر یان بە جاڕنامەی بلفۆر ناسرا.
لێرەدا مادام باس لە نامە و بەڵێنی بریتانیا بۆ عەرەب کرا و ئاماژەش بۆ شێخ مەحمود کرا، هەقە ئەم پرسە زیاتر تاوتوێ بکرێ. زۆر جار دەگوترێ، بەڵێ بریتانییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون کە هیچ شتێک بۆ کورد نەکەن وەک ئەوەی بۆ عەرەبیان کرد، ئەدی ئەوە نەبوو دوو دەوڵەتیان بۆ کوڕانی حوسێن دروستکرد، کەچی دژی شێخ مەحمود وەستانەوە و برینداریان کرد و دواتر بە برینداری گرتیان و زیندان و پاشان تاراوگە و دواتر لێبوردن و هێنانەوە… بە کورتی ئەم نێوانەی ئینگلیز و شێخ مەحمود هیچی لێ شین نەبووەوە. هەرچەندە ئەوە ڕاستە کە هەویری ئەم باسە ئاو زۆر هەڵدەگرێ و هەر بە حوکمدانیکی سەرپێی ناکرێ و هەقیش نییە هەستوسۆز ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی تێدا ببینێرێ. هەقە وردتر بە چاویلکەی سەردەم و بەرژەوەندییەکانی ئەوکات لێی بڕوانیین.
بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بەدوای هەڵوێزنینی سەرداوەکاندا بڕۆین. ئیدی لە دووتوێی ڕوداوەکان و ڕێکەوتننامە ئاشکرا و نهێنییەکان و لێکەوتەی دوای جەنگ، ڕاستییەکان بە شێوەیەکی دیکە بۆ کەسی توێژەر دێنە گۆڕێ. جێگەی خۆیەتی بەدوایداند بچین.
جارێ لە پێشەوە دەبێ ئەوە بگوترێ ئەوەی بۆ عەرەب، نەخاسمە ئەوەی بۆ ماڵباتی حوسێنی کوڕی عەلیی شەریفی مەکە کرا، هەر لە خۆڕا و خەڵاتێک نەبوو بریتانیا لە بەر ڕەشیی چاوی عەرەب پێیانی بەخشیبێ، بەڵکو راستییە مێژووییەکان سەلماندوویانە بە شێوەیەک لە شێوەکان پاداشتێک بوو لە بەرانبەر ئەو کارانەی ئەوان بۆ بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی بریتانیای مەزنیان کرد، چۆن؟
کاتێک بریتانیا زۆر حەوجەی ئەوە بوو ڕێگای سرتاتیژی خۆی لە میسر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هیندستان بە ئاسایشپارێزی لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە، کاتێکیش جەنگەکە هەڵگیرسا، تا گەورەی زاڵ لەناوچەکەدا، کە بایدابووە لای ئاڵمان و چووبووە نێو هاوپەیمانێتییەکەی، دەوڵەتی عوسمانی بوو، دەبووایە بریتانیا لە دژی عوسمانییەکان بجەنگێ. بریتانیا تا ڕاددەیەک لەو جەنگە و لە لای باکوور و ڕۆژئاوای دەوڵەتی عوسمانییەوە بەتەنیا بوو، چونکە فرسا زیاتر بەبەرەی ڕۆژهەلاتی خۆی بە ئاڵمانەوە سەرقاڵ بوو، ئیدی بریتانیا خواخوای بوو هاوپەیمانێکی بۆ پەیدا ببێ، ئەگەر ناویخۆیش بێ باشتر تا بتوانێ بەهۆیەوە لە بەرانبەر هێزی عوسمانییدا بوەستێتەوە و یان هەرهیچ نەبێ بەربەستێکی بۆ دروست بکا. بۆ ئەم کارەش بەحوکمی ئەوەی حوسێنی کوڕی عەلی لە حیجاز پێگەیەکی دیینی و خێڵەکی لە حیجازدا هەبوو، هێزێکیشی لە بەدەوییکان (بدون)دا هەبوو، باشترین داردەست بوو کە بریتانیا پەنای بۆ ببا، یان هەرهیچ نەبێ هەوڵێکی بۆ بدا. ئەوە بوو ماکماهونی کۆمسیاری باڵای بریتانیا لە میسر پەیوەندی پێوە بەست و ولە مێژوووشدا بە نامە و نامەگۆڕینەوەکانی ماکماهون-حوسێن ناوبانگی دەرکرد. هەر ئەویش بوو کەسێکی وەک لۆرانسی بۆ نارد، سەرەتا بۆ هەواڵگریی و پاشان وەها کەوتەوە کە لۆرانس توانی بچێتە دڵی عەرەبەوە و لە ناوەڕساتی بیابانەوە بە هاوکاری هێزی بەدووەکانی شەریف حوسێن تەنگ بە عوسمانییەکان هەڵبچنێ.
لێرەدا هەقە ئاماژە بە ڕاستییەکی زۆر جەوهەری بدەین؛ شەریف حوسێن لە بەرەنگاربوونەوەی لە بەرانبەر عوسمانییەکانادا هەیبوو، هیچ ئەمیر و سالارێکی جەنگی دیکەی نەتەوە خۆجێیەکانی ژێر قەڵەمڕەویی عوسمانی نەیبوو، ئەویش لایەنە ئۆلدارییەکەی بوو. لەگەڵ هەلگیرسانی جەنگدا بابولعالی عوسمانی وەک دابی خۆی و بۆ ئەوەی خەڵکی بن قەڵەمڕەوییەکەی خۆی لەدژی هاوپەیمانان کۆ بکاتەوە و بیانکاتە سووتەمەنی شەڕەکانی، جاڕی جیهاد و جەنگیی پیرۆزی دا، ئەم جاڕدانەشی تاڕاددەیەک لەنێو گەلە دواکەوتووەکان بۆ چووەسەر لەنێویشیاندا کورد. لە بەرانبەردا ئینگلیز بەدوای شتێک، بەدوای کەسێکدا دەگەڕا کە ئەو تەلیسمە پیرۆزیەی خەلیفەی عوسمانی پووچەڵ بکاتەوە و بەڕەی ڕەوایەتی دینییانەی لەبن پێ دەربکێشێ. هەڵبەتە ئەوەی ملی دایەبەر و بەڕاستیش هاتە مەیدان شەریف حوسێن مەزنی مەککە بوو، بەوەی ئەو هەم دەسەڵاتێکی دنیایی هەبوو، واتە حوکـمڕانی ئەوێ بوو، هەم عەرەب و لە نێو عەرەبیشدا بە شەجەرەی بنەماڵەیی دەگەڕایەوە سەر پێغەمبەری ئیسلام و خۆی بە قوڕەیشی دادەنا. بەم جۆرە ئەو ڕەوایەتییە ئۆلییەی ئەو هەیبوو، تەنانەت هیچ کامێک لە خەلیفەکانی عوسمانییش نەیانبوو. لەوەش هەر گەڕێ دەسەڵاتی شەریف حوسێن بەسەر مەککە و مەدینەدا دەڕۆیشت، کە بۆ سەرتاپای موسڵمانانی جیهان چەند پیرۆزە بوو، ئاخر ڕووگەی حەجیی ساڵانەیان بوو. بەم جۆرە بە کێشکردنی بریتانیا عەرەب و لەنێویشیاندا شەریفەکانیان بۆ لای خۆیان، پەیامێکیان نەوەک هەر بۆ عەرەب و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەڵکو بۆ سەرجەم موسڵمانانی دونیادا نارد، کەوا ئەوەی عوسمانییەکان جاڕیانداوە ڕاست نییە، جەنگەکە جەنگێکی دینیی خاچپەرستانە نییە.
خاڵێکی دیکەش، کە جەوهەری و کردەیی بوو بۆ هێزی شەریف حوسێن، دیارە بە یارمەتی بریتانیا، لە ڕێی ماکماهون و لۆرانسەوە توانرا لە ١٩١٦دا لە نیمچە دوورگەی عەرەب و دواتریش پریشکەکەی بۆ شام و عێراقیش پەڕیەوە، جوڵانەوەیەک سیاسی و ڕاپەڕینێك لەدژی عوسمانییەکان سەرپێ بخەن، کە لە مێژوودا بە شۆڕشی گەورەی عەرەب ناوی دەرکرد، بەهۆیەوە توانیان حیجاز و پاشان نیمچەدوورگەی عەرەب لە تورک پاک بکەنەوە، پاشان بەرەو باکوور هەڵکشان تا ئوردن و شام، هەڵبەتە لەوێ بە پاڵپشتی لەشکری بریتانییەوە بوو، توانییان لەم بەرەوپێشچوونەیاندا دیمەشقیش بگرن، بێگومان فەیسەڵی کوڕی حوسێن لەم ڕووداوانەدا ڕۆڵێکی هەرە چارەنووسسازی هەبوو. ئیدی سەرەتا وەک لە بەڵێنی نامەگۆڕینەوەکانی ماکماهون-حوسێن تۆمارکرابوو، دەبووایە دەوڵەتێکی پانوپۆڕی عەرەب هەر لە نیمچەدوورگەی عەرەب تا شام و عێراق و ئوردن و فەڵەستین بگرێتەوە و بە دەوڵەتی گەورەی عەرەب دابنرێ، کەچی بریتانییەکان بەڵێنەکەیان نەهێنایە دی، تەنانەت دوای ئەوەی بە لەشکری فەیسەل شام لە تورکەکان ڕزگار کرا و بۆ ماوەیەکی کورت وەک پاشای عەرەب لەوێ دانرا، لێ دواتر بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکەی سایکس-پیکۆ، کە سەرەتا نهێنێ بوو، پاشان لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ی بەلشەفیکەکان و کشانەوەی ڕوسیا لە هەموو پێگەی سەرەتا و ناوەڕاستی جەنگی یەکەم، ئاشکرا کرا، دەبووایە بدرێتە فرەنسییەکان، ئەوەبوو فەیسەڵ و دەسەڵاتی عەرەب لەوێ دەرکرا و ڕاونران، دواتر لەپاڵ حیجاز دوو شانشینی دیکەیان لە ئوردن و عێراق بۆ دروست کردن هەریەک لە عەبدولڵا و فەیسەڵ لە کوڕانی حوسێنیان کردە پاشایان، پاشان ئاستی ڕووداوەکانی حیجازیش بە شێوەک تەشەنەی سەند، ئەوەبوو ماڵباتی ئالی سعود دەسەڵاتی حیجازیان کەوتەوە بەردەست و حوسێنی کوڕی عەلی لەوێ ڕاونرا.
سەربردەیەکی خۆش و واتادار لە فەیسەڵ و چەرچل دەگێڕنەوە. دوای دەرکردنی فەیسەڵ لە شام، دیارە دەچێتە لەندەن و چەرچڵ دەبینێ، چەرچڵ ئەوکات وەزیری کۆلۆنەکان(موستەعمەرات) دەبێ. بەیەک دوو هەفتە بەر لە کۆنگرەی قاهیرەی ئازاری ١٩٢١فەیسەل بە جلێکی ناپیشچاو دەچێتە لای چەرچل، بەپێچەوانەی دابی خۆی هەمیشە بە جلی پۆشتەو پەرداخی خێڵەکییانەی خۆی بینراوە، چەرچل لێی دەپرسێ ئەدی کوا جلە کەشخەکانت؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ هیچی نەما، نەجل ما نە حاڵ، چەرچلیش دڵی دەداتەوە پێیدەڵی، خەم مەخۆ عەبایەکی زۆر کەشخەترمان بۆ داناوی. زۆری پێناچێ کۆنگرەی قاهیرە بڕیاری دروستکردنی دەوڵەتی عێراق لە هەردوو ویلایەتی بەسرا و بەغدا و پاشان موسل دەدا و فەیسەلیش دەکەنە پاشا بەسەرییەوە.
لێرەدا پرسیارێک زۆر بەجدیی دێتە پێشەوە، تۆبڵێی ئەوەی بۆ شازادەی عەرەب هەڵکەوت، بۆ شازادەیەکی کورد هەڵدەکەوت؟ یان با بەشێوەیەکی دیکە بیربکەینەوە، ئایا میرێک یان دەستڕۆیشتووێیکی کورد ئەو هێزەی هەبوو و بەرەنگاری تورکەکان ببێتەوە، یان لەوە تێدەگەیشت کە خۆری تورکان ئاوابووە و ئیدی هەقە پشتیان تێبکا؟ ڕاستە سەرەتا نێوانی ئینگلیز و شێخ مەحمود هیوایەکی وەهای لێ چاوەڕوان دەکرا، بەڵام زۆری نەخایاند فیتی حەڕامزادەیی ئۆزدەمیری تورک(شەفیق عەلی) لە ڕواندز بەسەر شێخ مەحمود و ناوچەکە چ ئاژاوەیەکی نایەوە و چۆن هەموو شتێکی دژ بە تورک لەبار برد.
ئەوەی ڕاستی بێ کاتی خۆی کە مارک سایکسی گەڕیدە و دیپلۆماتی ئینگلیز بۆ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتەکەی لە وەڵامی ڕاوێژێکدا هێڵێک لەسەر لم لە حەیفاوە بە نێو بیابان بەرەو ڕۆژهەڵات دەکێشێ تا دەگاتە کەرکوک، دەبێتە بنەمای ڕێکەوتنە پڕ لە مقۆمقۆکەی ڕێککەوتنی دووقۆڵێ نێوان بریتانیا و فرەنسا کە بە ڕێککەوتنی سایکس- پیکۆ دەناسرێ، بەوەی سەرخەتەکە بۆ فرەنسا و بنخەتیش بۆ بریتانیا. ئەم ڕێککەوتنە بۆ دابەشکردنی میراتی پیاوە نەخۆش و دۆڕاوەکەی عوسمانی بوو لە جەنگی یەکەمدا. هەڵبەتە لە سەرەتادا ڕووسیاش بەشدار بوو بەڵام دوای شۆڕشی بەلشەفییەکان لێیان هەڵگەڕایەوە، ئیدی ڕێککەوتننامەکە لە نهێنییەوە بووە ئاشکرا. ئەم ڕێککەوتنەی بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەدەر لە ئێران خەتخەت دا و بووە دایکی هەموو ڕێکەوتننامەکانی دیکە. هەڵبەتە سانریمۆ و کۆنگرەی ئاشتی و سیڤەری بەدواداهاتن تا کار گەیشتە دروستکردنەوەی تورکیا لە پەیماننامەی لۆزان.
وەنەبێ ئەم ڕێککەوتننامایەی سایکس-پیکۆ وەک خۆی جێبەجێکرابێ، چونکە هەر زوو بریتانیا کەوتە تانەدان لە ڕێککەوتننامەکە و تێکۆشا خۆی لە جێبەجێکردنەکەیدا بدزێتەوە، هەرهیچ نەبێ هەمواری بکاتەوە و دەستکاری ناوچەی هێڵە ڕەنگینەکانی بکا. ئاخر بریتانیا چاوی لە دوو شوێن بڕیبوو کە بەلای ئەوەوە زۆر گرنگ بوون، یەکەمیان فەڵەستین و دووەمیشیان ویلایەتی موسڵ، کە بەگوێرەی ڕەشنووسی یەکەمی ڕێککەوتننامەکە بوایە، ئەوانە دەکەوتنە سەر ناوچەی فرەنسا.
لە میانەی جەنگە، هەندێ ڕووداو هاتنە پێشەوە کە رێخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی بریتانیا دەنگی دلێرتربێ لە فرەنسا و بەهۆیەوە ڕێککەوتننامەکە بەتەواوی دەستکاری بکا. یەکەمینیان هەڵگیرسانی شۆڕشی ئۆکتۆبەری بەلشەفیکەکان بوو، دواتر هێشتا جەنگ تەواو نەبووبوو ئەوان لە هەموو ڕێککەوتننامە ئاشکرا و نهێنییەکان کشانەوە، هەر ئەوانیش بوون ڕێککەوتننامەی سایک- پیکۆیان ئاشکرا کرد، بەمە مەیدانێکی پانوپۆڕتر بۆ بریتانیا مایەوە. دووهەمیشتیان سەرهەڵدانی جمووجۆڵی ئەتاتورک و هەڵگەڕانەوەی بوو لە خەلافەتی ئیستەنبول و دابەشکارییەکەی هاوپەیمانان، بەتایبەتیش دابەشکارییەکەی سایکس-پیکۆ و پاشان سیڤەر. دۆخەکە وا کەوتەوە بریتانیا خواخوای بوو دەوڵتێک وەک ناوچەیەکی دابڕ بکەوێتە نێوان هێزە و بەرژەوەندیی ناوچەکانیی خۆی لەگەڵ حوکمی بەلشەفیکەکانی ڕوسیا، لەسەرێکی دیکەشەوە ململانێی لەگەڵ فرەنسا لەسەر خاکی ڕۆژهەڵاتی ناوین، زەمینەکەی لەباری وەهای بۆ ئەتاتورک ڕەخساند، کە هەر سێ دەوڵەتە ڕکابەرەکان گرەو لەسەر دەسەڵاتی و ئاسایشپارێزی ئەو بکەن. ئەویش پێشهاتەکانی بە باشی قۆستنەوە و لە کۆنگرەی لۆزاندا و لەڕیی عیسمەت ئینۆنۆی نوێنەری لە ڕێککەوتنامەکەدا بەرجەستەی کرد، بەمە فەرمانبەردارییەک لای هێزە هاوپەیمانەکانی براوەی جەنگی یەکەم دروستبوو، کە دان بە سنوورە نوێیەکەی دەوڵەتە تورکییەکەی ئەتاتورکدا بنێن، لە بەرانبەر هەندێ سازشی ئەو بۆ بریتانیا و فرەنسا. سازشەکەش وەک لە مادەی نۆیەومی لۆزاندا دەرکەوت، ویلایەتی موسڵ بوو.
ئەم ڕێککوتننامەیە لەسەر چەند پێگەیەکی جەوهەری بەند بوو کە ئەمانەن:
١- لایەکی پەیماننامەکە هەموو وڵاتە براوەکانی هاوپەیمان بوون، تایەکەی دیکە تورکیا.
٢- سەقامگیری ئاشتی لەنێوان تورکیا و وڵاتانی هاوپەیمان.
٣- دیارکردنی سنووری تورکیای نوێ.
٤- جاڕدانی لێخۆشبوون لە تاوانبارانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی لەو تاوانانەی پەیوەستبوون بە ڕووداوی سیاسی لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٤ تا ١٩٢٢. واتە بەدوادانەچون لە دادگاییکردنی تاوانبارانی جینۆسایدی ئەرمەن و گریک و ئاشوورییەکان. لێرەدا ئەم پرسە ناکۆکە لەگەڵ وردەکاری تاوانە نێودەوڵەتییەکانی وەک جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتی. ئەم خاڵە نهێنی ئەو ڕەتکردنەوەیە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورک دەگەیەنن، بەوەی دان بە جینۆسایدکردنی ئەرمەن و کورد و گەلانی دیکەی ئەنادۆڵ و ناوچەکەدا ناهێنن.
٥- ئەم پەیماننامەیە بەهیچ شێوەیەک ناوی کوردی نەهێناوە، لەکاتێکدا سێ ساڵ پێشتر و لە ڕێکەوتننامەی سیڤەردا بەندێک بەناوی کوردستان هەبوو کە لە ماددەکانی ٦١ و٦٢ و ٦٣ پێکهاتبوو.
٦- لەبارەی ویلایەتی موسڵ لەماددەی سێدا هەر ئەوەندە هاتبوو؛ لەماوەی نۆ مانگدا ئەو کێشەیەیە یەکلا بکرێتەوە، ئەگەرنا پەناببرێتە بەر کۆمەڵەی گەلان، کە هەر واش کرا. لێرە شتێک دەردەکەوێ، ئەگەر هاتوو سنووری تورکیا بەو پەیمانە دیارکرابێ، سنووری عێراقیش بە لەیەکدانی هەردوو ولایەتی بەسرا و بەغدا بە خواستی بریتانیا لە کۆنگرەی قاهیرەی ١٩٢١ دەستنیشانکرابێ، ئەوا پێوەلکاندنی ولایەتی موسڵ بە شێوەیەکی زۆر جیاوازتر بووە، بە پێواژۆیەکی ئاڵۆز تێپەڕیوە، کە دوو قۆناغی بڕیوە، بەوەی لێکەوتەی قانونی تایبەتمەندانەی خۆی هەیە، یەکەمیان بڕیاڕ و ڕاسپاردەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئەوکات کە کۆمەڵەی گەلان بوو، ئینجا ڕاپرسی خەڵکی ولایەیەتەکە. سەرەنجام سنووری هەردوو دەوڵەتەکە لەساڵی ١٩٢٦ بە فەرمی ناسراو بە خەتی برۆکسل بەناوبانگە، بێگومان لە پەرلەمانی هەر دوو دەوڵەتیش وێڕای بریتانییەکان پەسەند کرا. ئەمەو سەرباری دانەوەی قەرز و قەرەبووکردنەوە بە نەوت، واتە فرۆشتنی خاکەکە لە لایەن تورکیاوە.
ئیدی ئەم پێواژۆیە دوو تاییە هەم لە تورکیای جیادەکاتەوە هەروەها لە ڕەوشی دوو ویلایەتە دیکەی بەسرا و بەغداشی بۆ دروستکردنی عێراقیش. هەر ئەم بنەما پێکهێنەرەش دەکرێ بۆ هەر بارێکی ئایندەیی ڕۆڵی خۆی ببینێ، واتە بڕیار و ڕاسپاردەیەکی نێودەوڵەتی بۆ ڕاپرسییەکی میللی.
لێرەدا دوو خاڵ زۆر جەوهەرین، کاتێک ئەو گریمانە خەیاڵپڵاوییە دێتە گۆڕێ، ئەگەر پەیماننامەکە هەڵبووەشێتەوە چی دەبێ؟ ئایا خەیاڵی شاعیرانەی پاوانخوازی میساقی میللی گەورەی تۆرانی دێتە دی، یان گەڕانەوەی ڕەوشەکەیە بۆ پێش پەیماننامەکە. کە ئەویش ڕەوشی تورکیایەکی بچووکی شڵۆقی بێ هەیبەتی سەردەمی سیڤەر تا پەیماننامەکەی لۆزان، ئینجا لاکەوتنی ئەو پارێزبەندییە لەسەر دەوڵەتی تورک بۆ سزادانی لە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەن و گریک و ئاشوری.
خاڵێکی دیکەی جەوهەری چەمکی سەروەریی دەوڵەتە کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە جۆرێک لە پیرۆزێتی سیاسی وەرگرت، بەداخەوە هەندێک لە سیاسەتوانانی شۆڕشی کورد باش لێی حاڵی نەبوون، هەر بۆیەش ئۆباڵی بەشێکی زۆری سەرنەکەوتنی شۆڕشەکانی کورد بەتایبەتی بۆ پرسی دەوڵەت و قەوارەی سیاسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا لۆژیکی هێز لە هەندێ لە جەمسەرەکانی مێژوودا گرەوی بۆ خۆی بردووەتەوە.

———————–

سەرچاوەکان:
١- دەقی بەڵگەنامەی ڕێککەوتننامەی سیڤەر، بە زمانی ئینگلیزی.
٢- دەقی بەڵگەنامەی ڕێککەوتنناەی لۆزان، بە زمانی ئینگلیزی.
٣- دەقی بەڵگەنامەی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ، بە زمانی ئینگلیزی.
٤- کوردستان لەنێوان سیڤەر و سنوورە دەستکردەکاندا، نووسینی: هیسەر لهێر واگنەر، وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە؛ شەفیقی حاجی خدر، لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی هەولێر ٢٠١٣، چاپی دووەم ئاوێر ٢٠١٥.
٥- هێڵێک بەنێو لمدا، جیمس بار، وەرگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، دەزگای جەمال عیرفان ٢٠٢٢
٦- بەرژەوەندییەکانی بریتانیا و دابرینی موسڵ، دارت بروکس ریسلی دووەم، وەگێڕانی شەفیقی حاجی خدر، چاپخانەی ڕۆژڵات/ هەولێر ٢٠٢٣




ڕۆژمێری ئۆردوگایەک.. عومەر سەید

پاش ئەوەی هیچیان نەهێشت، گەیشتنە بنبەست. ئیتر چی بدزن و چۆن درێژە بە ژیان بدەن! مەحاویلە و تەلی کارەبا، چینکۆ و مس و فافۆنیان نەهێشت. شەوی وا هەبوو، پتر لە سێ هەزار مەتر، تەلی ئەستور و بریقەداری کارەبایان، قەف قەف لە گوێنێدا لوول دەدا و ئاودیویان دەکرد. شەوێکیان تا بەرەبەیان، بە حەوت هەشت کەسەوە، وەک مشک و مار، زیاتر لە سێ سەد مەتر زەویان بە درێژی هەڵدڕی و بایی یەک دنیا پارەی کێبڵی ڕەش و ئەستوریان خستە تەنکەی باخەڵیانەوە. ئەوەی لە مس و فافۆن و ئینڵاین، ئاسن و پلاتین و تەنانەت لاستیکیش بوایە، دەیاندزی و لە بازاڕدا بە پارەی مۆڵ ساغیان دەکردەوە. وەک ڕەوە کوللە ئۆردوگاکەیان ڕووتانەوە. ئیتر شتێک پارە بکات. بە چاوی ساغ و ڕۆژی ڕووناک نەدەبینرا…
حۆل و گێژ بە هەر چوار لای خۆیاندا دەیانڕوانی و جگە لە خۆڵ و خاشاک، هیچ نەمابوو!
هەر بەڕاستی ئیتر چی بدزن!؟ ئاوەدانییەکە کەر تیایدا بکەوتایە دانی دەشکا. ڕووتوقووت، هیچی تیا نەمابوو! وەک ئەوەی سیحربازی نێو ئەفسانەکان بن، ماڵەکان نوقمی تاریکی ببوون، ئەوان ڕوناکیشیان دزیبوو!
لە دوا کۆبوونەوەیاندا و پاش مشتومڕی زۆر، هیچیان نەدۆزییەوە تا پەلاماری بدەن. خەیاڵیان بۆ هیچ نەدەچوو. ناوچەکە بە جۆرێک ڕووتابووەوە، جگە لە دار و دیوار، شەقام و مرۆڤی ڕووتەڵە، هیچ نەدەبینرا!
بڕیاریاندا هەر یەکەیان، بە شەقامەکاندا بگەڕێ و بە هەر چوار لادا بڕوانێ. هەر دەبێ شتێک مابێ کەڵکی دزینی هەبێ.
پاش چەند ڕۆژێک، یەکێکیان وتی:

  • تەنها قیر ماوە، ئاخۆ پارە دەکات؟
    هەموان ڕوویان لێ وەرگێڕا.
    یەکێکی تریان بە خۆشییەوە هاواری لێ کردن:
  • سەری مەنهۆڵەکان…
    گەیشتنە ئەوەی سەری مەنهۆڵی زێرابەکان بدزن. سەرە مەنهۆڵ لە چی کانزایەکە و چۆن و بۆچی پارە دەکات! کەسیان نەیاندەزانی. بەڵام بە هیوای ئەوەی لە بازاڕی قاچاغدا کەمێکیش بێت پارە بکات.
    شەوێک ڕژانە نێو کۆڵانەکانی ئۆردۆگاکە.
    هەرچی سەری مەنهۆڵ هەبوو هەڵیانتەکاند و دزیان. بە یەک شەو سەدان کوونیان کردە شەقامەکانەوە. دەمی هەموو زێرابەکانیان کردەوە.
    ئەو شەوە تا درەنگان، دواوەی پیکابە شڕەیان هەڵچنی لە سەرە مەنهوڵی قورسی بازنەیی و چوارگۆشەیی. لە پەلەیی و شپرزەییدا، هەر ئەو شەوە تاریکە، یەکێکیان بێ ئاگا لە پڕ کەوتە نێو دەلاقەی سەر واڵای زێرابێکەوە و بە قاچ شکاوی دەریان هێنایەوە.
    لە حەوشەی ماڵی یەکێکیاندا، بە مووشەمایەکی ئەستوور، سەری پیکابیان داپۆشی. بەر لەوەی هەر یەکەیان ملی ماڵ بگرینە بەر، ڕاووێژیان وابوو سبەی لە هەوڵی پەیداکردنی موشتەریدا بن.
    سبەی دەمەو چێشتەنگاو، بەدەم ئازاری پشتەوە بێداربوونەوە. یەکەم باری نا ئاسایی کە بەریکەوتن. نەبوونی ئاو و نانی گەرم بوو لەسەر سفرەکەیان. بەر لەوەی بنەڕێنن بەسەر ژن و منداڵەکانیاندا، ئاژێری زۆر و بەردەوامی سەر شەقامەکان سەرنجی ڕاکێشان.
    ژنی یەکێکیان بە مێردەکەی وت: پیاوەکە دنیا شێواوە! دەنگی ئیسعاف نابڕێتەوە! نە ئاو هەیە و نە نانەوا، مزگەوتی گەڕەکیش بانگی بەیانی نەدا!
    ئەو شەوە، یەکەم کەس کە لە تاریکیدا کەوتە نێو زێرابەکەوە، میراوەکە بوو. دووەم دوو کەس، دوو نانەواکە بوون. سێیەم سێ کەس، سێ مەلاکە بوون. چوارەم کەوتن، دوای کاتژمێر حەوت بوو، زیاتر لە چل کەس کە بیستیان منداڵی قوتابی بوون کەوتنە نێو زێرابە بێ مەنهوڵەکان و دەست و قاچیان شکا. بیستەکەی تریش لە کاسب و کرێکارەکان بوون.
    ناو خەستەخانەکە پڕ بوو لە مرۆڤی دەست و قاچ شکاو. کچە قوتابییەکی نۆ ساڵان، جگە لە قاچ و دەستە شکاوەکەی، سێ پەنجەی ناسکی دەستە ڕاستی و گوپێکی خرپنی جرج خواردبووی. هاواری لە تاو ئازار، لە پەنجەرەی نەخۆشخانەکەوە دەگەیشتە کەشکەڵانی فەلەک.
    سەر شەقام و نێو دووکانی بازاڕەکە، پڕ پڕ ببو لە مێرو و مار، لە مشک و جرج و سیسەرک. لە مێروی سەیر سەیر و دەعجانی. هەرچی بوونەوەری زێرابی هەبوو، هاتبووە دەرەوە و ڕژابوون بە ئۆردوگاکەدا. بەسەر شەقامەکەوە، سیسەرک ڕیزی بەستبوو. تایەی ئۆتۆمبیلەکان چکەی دەهات لە خوێن و کیم. جرج و مشک بە دار و دیواردا هەڵدەگژان. دوکانی وشکە فرۆشێک پڕ ببوو لە سیسەرەک و سەر فەردە مێوژەکان جمەی دەهات. کابرای دوکاندار قاقا پێدەکەنی و یەک بە خۆی هاواری دەکرد: ئەمەیە کە دەیانوت، پادار بگرن و بێ پا ماڵی خۆمانە… زەخیرەی ماڵان، بوو بە خۆراکی جرج و مشک. خەڵکی لە تاو مێشومەگەز، وەک شێت بە کۆڵانەکاندا غاریان دەدا.
    پاش هەفتەیەک، نیوەی زیاتری خەڵکی ئۆردوگاکە، شەلوشیت بە ڕێدا دەڕۆیشتن! یا دەشەلین، یا بە پەڕۆیەکی سپی، قۆڵیان لە ملیان ئاڵاندبوو. ئەوانەشی بە سەردا کەوتبوونە چاڵە قووڵەکانی زێرابەکانەوە، مێشکیان بە جۆرێک شڵەقابوو، شێت و هار ببوون و بە کۆڵانەکاندا غاریاندەدا، قسەی هەلەقومەلەقیان دەکرد. هەر یەکەیان لە ئاوازێکی نەشاز دەیخوێند.
    شێتێکێان بە پرتاو ڕایدەکردو و پڕ بە ئۆردوگاکە هاواری دەکرد: گەرما گەرما چەند خۆشی… سەری بۆ ئەباژێنی… بۆ ئەقابێنی… ئەزارێنی… ئەکارێنی… زمانەکەی بە جۆڕێک شێواندبوو جگە لە خۆیی و خودا، کەس نەیدەزانی چی دەڵێت!
    لە هەمووی کارەساتر ئەوەبوو کە چەند فەقێیەکی هەرزە و گەمژە، توڕە و تەوسن، لە جێگای مەلا دوانزە عیلمە قاچ و دەست شکاوەکان، لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە، خوتبەیەیان دەدا. پڕ بە ئۆردوگاکە دەیانقیژاند:
  • خەڵک هەموو ئەباژێنن… ئەقابێنن… ئەزارێنن… کافڕڕڕڕیننن… مەلعووواوێێنننن… توغادددێنن… کوشتنیان واجیبە…
    بەو ڕۆژگارە، دوژمنایەتیان دەخستە نێوان یەزدان و مرۆڤەکانەوە.



خۆدەستنیشانكردن.. سەباح ڕەنجدەر

1
شاعیرێكم لە ڕۆحی هەستیاری زمان نیشتەجێم و شیعر پاڵاوتوومی، لە شیعریش بەولاوە هیچ چالاكییەكی دیكەم نییە. گونده‌كه‌شم له ‌شاره‌كان زیاتر بیری شیعرییم پێ ده‌به‌خشێ و دۆخی نووسینم لا په‌یدا ده‌كا، شار واقیعێكی توندوتیژه، كه‌متر نه‌رمونیانی مێیاتی تێدایه‌.

2
لەو شیعرە دەدوێم نوسیوومە، یان لە نادیارییەكدا دەبێتە خولیای نووسین، هەستە تێنووەكانم دەیدۆزێتەوە و دەینووسم و تێیدا پشت به خود و زمان و‌ وێنه‌ ده‌به‌ستم، خود و زمان و وێنه‌ش بوونی مرۆڤ داده‌ڕێژن.

3
نیمچه‌ ده‌ستووری ڕوونبێژی و ڕه‌وانبێژی و ناسكوێژیم به‌كارهێناوه‌ و قەتیش لێكدانەوەم بۆ وشە نەكردووە، وام زانیبێت بەلای خوێنەرەوە گران و سەختە, وشه‌كه‌ چه‌ند دیوێكی هه‌یه‌. ئاسۆیی به‌كار هاتووه‌، یان ستوونی. ئەو بڕوایەم هەیە، كە خۆم زانیم چیم گوتووە. خوێنەریش دەزانێت چیم گوتووە و به‌كام دیودا به‌كارم هێناوه‌.

4
شیعر شێوازی بوونی شاعیرە، واتە: بوون و چییەتی و دۆزینەوە و ناسینەوە. سەختیی ژیانی بۆ قەرەبوو كردوومەتەوە، لە ئەزموونی ئازاددا ئامانجی خوڵقاندووم, شيعريش تاكه‌ شوێنه‌ لێوه‌ی بڕوانمه‌ ژیان و گه‌ردوون و یاده‌وه‌ری. هه‌ستم بۆ ژیان به‌هێزه‌ و یاده‌وه‌ریشم به‌هێزه و حه‌زێكی گه‌وره‌شم هه‌یه‌ بۆ ژیان، له‌و شیعره‌ی ژیانت بۆ قه‌ره‌بوو ده‌كاته‌وه‌، واته‌: شیعری ژیانیی وشه‌ و ڕسته‌ تێكه‌ڵاو ده‌بن و ڕسته‌ له‌ وشه‌دا داده‌ڕێژرێته‌وه‌‌.

5
شیعری بێگەرد مەی لە چڵ و گەڵا نەخەمڵاندووە. لە ڕەگ خەمڵاندوویەتی، بۆیه‌ مه‌ی و مه‌ستییه‌كه‌ی، بژاركراو و ڕێكخستنه‌وه‌ و تاهه‌تایییه‌.

6
شیعر بە كردەی سرووش و ئیلهام و ئاماژه‌ و نیشانه و مۆتیڤ‌ تێ دەگەم و سروشت دەدۆزێتەوە و مرۆڤی بۆ ئامادە دەكات. شاعیر سروشتی دووەمە و مرۆڤ دەدۆزێتەوە. لە سەرچاوەكانی سروشتی یەكەم هه‌ڵكۆڵین دەكات.

7
شیعر ئاشقی ژیانە و دیوه‌كه‌ی دیكه‌ی بوون ده‌ناسێت، لە سەرەتاوە دەست پێ دەكاتەوە. هەموو شت به‌ پله‌ی باڵا لە شیعردا دەژی. ئەو شوێنەی هێزی ژیان دەستی دەگاتێ، شوێنە لە شیعردا و جیهان تێیدا ئاوارەیە. مرۆڤە ئاوارەكانی دنیای تێدا دەناسێ و ساتی ناسینی دەربڕین لێكردنە بۆ نزیكبوونەوەی هەموو شتەكان لە ڕێگای شیعرەوە. هەموو شتەكانیش لە شیعردا چەندین جار لەدایك دەبنەوە.
8
سەرەتا هەموو وەرگێڕانێك لە ناسینی ئەوی دی دەست پێ دەكات. لە ڕێگای وەرگێڕان بۆ كوردی نهێنی هونەری و تانوپۆی شیعری بەشێك لە شاعیرانی زمانانی ترم ناسی. وەرگێڕان كردەیەكی گرینگی ئاشتیخوازییە. ئەوە حاڵەتێكە من لەناو شیعری وەرگێڕدراودا باش ژیاوم. ئەگەر نەتوانی بە زمانی دنیاش بخوێنیتەوە، بە وەرگێڕانیش بیخوێنێتەوە هەر كارێكه‌ نه‌خشێكی گرینگ له‌ بوونی شیعر ده‌بینێت و زیاتر قووڵیت لێ ده‌ر ده‌كه‌وێت. دڵم لەناو شیعری وەرگێڕدراودا بەباشی لێ دەدا، بەڵام ناسنامەم سەر زەمینی كلتووری شیعری كوردییە. بڕوام بە وشە و هێزی وشە هەیە، زمان ناوەند و بوون و چییه‌تی و دۆزینه‌وه‌ و ناسینه‌وه‌یه‌. ڕۆحی به‌شێك له‌ شیعری كوردی بە شێوەیەكی زیندوو و چالاك ماوەتەوە.

9
هەستەكان ڕێگای دۆزینەوەی شتەكان و وشەكان و ماناكانن و سەرەتای كردەی نووسینن. كە ڕەشنووسی شیعرێك تەواو دەبێت، بوێریی ئەوەم لایە زیاتر كار لەسەر لابردن و سڕینەوە بكەم. كەمتر كار لەسەر زیادكردن و خستنەسەر بكەم. لە ڕەشنووسدا زیاتر كار لەسەر جێگۆڕكێی وێنە دەكەم، هه‌وڵیش ده‌ده‌م هه‌ستی بۆنكردن له‌ وێنه‌دا به‌رز بكه‌مه‌وه‌ و وێنه‌ بۆن بكرێ.

10
شیعر جه‌نگێكی ڕۆژانه‌ی به‌رده‌وامه‌ و وزەی زیندووی ناو كلتوورە و هەستەكان بە ئاوازی جیا جیا درێژی دەكەنەوە، شاعیری دامەزراو بە زمانێكی بەرجەستە لە مێژوو و كانگای مرۆڤی نزیك دەكاتەوە. لە خودەوە بۆ خودی باڵا. ژیان لەم كردەیەدا سەرلەنوێ لەدایك دەبێتەوە، منیش له‌م له‌دایكبوونه‌وه‌یه‌دا‌ هه‌وڵم داوه‌ په‌خشانه‌شیعر بكه‌م به‌ نموونه‌یه‌كی كوردی.

11
شیعری بێگەرد بڕوای بە هیچ ئایدیۆلۆژیا و شانه‌ و شه‌پۆلێك نییە. بڕوای بە ئاراستەی دیاریكراوی شیعرییەت و ئێستێتیكای سادەیە. هەموو ئایدیۆلۆژیایەك فشۆڵە.

12
شیعر خۆی كۆدەكاتەوە و ئەزموون و شارەزایی دەینووسێت، دواتر بژاری دەكەی. خوێنەری كراوە دەیخوێنێتەوە. من هیچ بڕوام بە خوێنەری چێژ نییە. ئەدەب چێژ نییە، ئێستێتیكایە. خوێنەری چێژ تەمبەڵ و فشۆڵ و نه‌دۆزه‌ره‌وه‌یه‌. خوێنەری كراوە خەیاڵی خۆی بەكار دەهێنێ، كه‌پوو بۆنی وێنه‌ ده‌كا و بۆنی وێنه‌ش ده‌ناسێ. قەت لە خۆم نەپرسیوە شیعر خوێنەری ماوە، یان نا. یان چه‌شنێكی تری ئه‌ده‌ب شكۆی شیعری زه‌وت كردبێت. ئەم پرسیار لە خۆكردنە وزە لەخۆ ناگرێ و پەیوەست نییە بە بوون و چییه‌تی و دۆزینەوە و ناسینەوە. گومان لە توانایی خۆكردنە، یان ترسێكە بیركردنەوەت شێلوو و شڵەژاو دەكات. ڕووباری وزە و هەست ناتگاتێ و فریات ناكەوێ. توانای بیركردنەوە و وێناكردنت كۆ ناكاتەوە. خوێنەری كراوە بەشێكی گرینگە لە كتێب، مادام شیعری بێگه‌رد هه‌یه‌، خوێنه‌ری كراوه‌ش هه‌یه‌. خوێنه‌ر له‌ شیعردا ده‌ژی، شیعریش له‌ خوێنه‌ردا ده‌ژی، خوێنه‌ر له‌ كۆتاییدا فه‌لسه‌فه‌ی شیعره‌.

13
وا دەزانم سەرزەمین بە من بەخشراوە، بە شیعر بینای بكەم. لە سەرەتای شیعرەوە بە درێژایی هاتنی بیناكردن بەردەوام لەدایك دەبێتەوە و داهێنەر تێیدا ناوەندە. وەك خەونێك لەناو بیناكردندا دەژیم و لە تەواوی خانەكانی لەشمدا نیشتەجێیە.

14
كه‌ ده‌ست به‌ نووسین ده‌كه‌م شێوه‌ی گشتی شیعره‌كه‌م لا نییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م وێنه‌دا زه‌مینه‌ی به‌رده‌وامبوون خۆش ده‌بێت و ‌ورده‌ ورده‌ بیركردنه‌وه‌م ڕوونتر ده‌بێ و وێنه‌ گه‌وره‌كه‌م لێ ده‌رده‌كه‌وێت.
شیعری بێگەرد گوێڕایەڵی واقیع و ڕووداوی فریوده‌ر نابێ. هەوڵ دەدا بیدۆزێتەوە و ڕوو لە سادەترین شتی بكات. سادەیی و هەستەكان دەمێننەوە و پەیام و دۆخ دەپارێزن.
15
نیگەرانی بارودۆخی ئاڵۆز و كەوتووی كۆمەڵگای كوردی نیم. نیگه‌رانی ناوەندی شیعری كوردیم، كە خۆم تێیدا دەژیم و به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێ هیچی تێدا ڕوو نادات و هێڵی گه‌وره‌ی تێدا ده‌ر ناكه‌وێ، به‌شی زۆری نووسه‌ران مه‌به‌ستی سه‌ره‌كییان گۆڕینی جیهان به‌ره‌و باشتره‌، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی من به‌كارهێنانی زمانه‌ به‌ره‌و باشتر، شكۆی ئێستێتیكا و زمان به‌رگریكاری هه‌قیقه‌تن.

16
یه‌كێكم له‌ شاعیرانی شه‌پۆلی سێیه‌می شیعری كوردی و ده‌قم تا ئه‌وپه‌ڕی سنووری په‌خشان بردووه‌، به‌ڵام نه‌مهێشتووه‌ ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ زاڵ بێت به‌سه‌ر شێواز و كورتبڕی.
ئامادەیییەكی بەهێزیشم له‌ شێوه‌ده‌نگێكی نه‌رمی نه‌نووسراو هەیە, هەست بەوە دەكەم لە شیعری ده‌نگی نه‌رمی نه‌نووسراو دەگمەن نا، بەڵام تایبەتمەندم، كۆشش بۆ ئەوە دەكەم لە ڕێگای دیمەنی گەردوونی و ڕه‌گه‌زی كتوپڕی و نیشانەكانی مۆسیقاوە بە تەواوییەك بگەم و ئاوازم لێ بەرز ببێتەوە.

17
ناتوانم هیچ كەسێك لە شیعری خۆم تێ بگەیەنم، چونكە شیعر ئاڵوگۆڕییەكی ڕۆحییە. هەوڵ دەدەم هەست بە شت كردنێك لە ناخیدا دروست بكەم. هەستی بوونی و لێكدانی ژێی دڵ وێنا بكەم. نەك لێكدانەوەیان بۆ بكەم، ئه‌فسوونێك وه‌ك مووچڕكێك گرتوومی و به‌رم نادات. هه‌میشه‌ تاسه‌م بۆ‌ بینینی قه‌ڵای هه‌ولێر هه‌یه‌، هه‌رجارێك بیبینم، بینینی جاری پێشوو نییه‌ و بینینی یه‌كه‌ممه‌، له‌ كۆی بینینه‌كان كه‌رسته‌ی زمانه‌وانیم گه‌یشتووه به‌ ئاسۆی خۆم و له‌ دانه‌وشه‌ی ڕۆمانسی كرچوكاڵ لام داوه‌ و هه‌وڵم به‌ره‌و زه‌مینه‌ هێماییه‌كان و شیعرییه‌تی بوونه‌‌.

18
خوێندنەوەی شیعر لەسەر ئاستی ئێستێتیكا و زمان لای ئەو شاعیرەی پرسی شیعر و داهێنانی مەبەستە زۆرمان پێ دەبەخشێ. هەر لە سەرەتاوە، زێوان بە سەرەتای ڕاستەقینەی خۆم دەزانم. خۆم بە ئەزموونگەر و شاعیری گومان و سەرسووڕمان و زمان زانیوە، لە چوارچێوەیەكدا خۆم ڕێك نەخستووە، خۆشم لە شیعری فشۆڵ پاراستووە و شەڕم لەگەڵ شاعیرە فشۆڵەكان بەرپا نەكردووە و كێشه‌م له‌گه‌ڵ نه‌ناونه‌ته‌وه‌، لە نرخیانیشم كەم نەكردووەتەوە. ڕێزی كتێبەكانیانم گرتوون و كڕیومن و لەناو كتێبخانەی خۆمم داناون. تۆزیشم لەسەر تەكاندوون، بەڵام نەمخوێندوونه‌تەوە.
داهێنان دەتوانێت داهاتوو و مێژوو و هاوچەرخی بخوڵقێنێ و بخوێندرێتەوەش.

19
شیعر هونەری بەشێكە، هونەری گشت نییە، شیعری گشت فریوی ئێستێتیكا و واقیع ده‌دات. شیعری گومان و سەرسووڕمان و زمان لەگەڵ واقیعی باوخواز نایەتەوە، واتە: جووت نابێ. واقیعی نوێبەخش، هێماخواز لەناو دەقی گومان و سەرسووڕمان و زمان دروست دەكەم. لە واقیعی سەرچاوە جیا و نامۆ ناكه‌م و داینابڕم، بەڵام دووری دەخەمەوە و ده‌یپارزنم. ئاسۆی چاوەڕوانی خوێنەری كراوە بە زمانێك گەرموگوڕ بە وزەی پەخشان دەهێنمە دی، هانی ده‌ده‌م تێگه‌یشتنی بۆ گومان و سه‌رسووڕمان و زمان هه‌بێت و په‌یوه‌ست نه‌بێت به‌ وه‌ڵام، په‌یوه‌ست بێت به‌ پرسیار. شیعری بێگه‌رد پرسیارێكی ئاراسته‌كراوی گه‌ردوونی و تێكه‌ڵكردنی جۆر و ڕه‌گه‌زی ئه‌ده‌بی و تێكه‌ڵكردنی هه‌سته‌كانه‌‌.
داهێنان لە واقیعەوە دەست پێ ناكات. بەشێك لە واقیع وه‌رده‌گرێت. شاعیر بیەوێت بمێنێتەوە دەبێت خۆی ئامادە بێت و ئێستێتیكای مرۆڤی هەبێت، ئیستێتیكای مرۆڤ كۆكراوه‌ی ڕۆحی مرۆڤ و گه‌ردوونه‌، چونكە واقیعی هیچ كات و سەردەمێك لەگەڵ واقیعی كات و سەردەمێكی تر جووت نابێت، واقیع به‌ چه‌ندین چینی هه‌مه‌جۆر ده‌وره‌ دراوه‌. ئێستێتیكای مرۆڤ لەگەڵ هەموو كات و سەردەمەكان جووت دەبێ، داهێنه‌ر كه‌سی دوودڵ و بوونی و یاخییه‌كی به‌رده‌وامه،‌ له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می خۆی نایه‌ته‌وه‌ و جووت نابێ، نه‌رمی نواندنیش نازانێت.

20
جۆره‌ ڕێزلێنانێكی ئایینی، هه‌موو ئایینه‌كانم بۆ ژیان هه‌یه‌ و شاعیری بەرپرس و پابه‌ندی ئێستێتیكا و زمانم. ناتوانم لە دڵە گەورە و پڕ بزاوتی پڕشنگدار و كردار و كاریگەرییان دوور بكەومەوە. دوای بیركردنەوە، كاتێ خورپە و ئیلهامم پێ دەگا. خۆم بە ورووژاوی سروشت و ژیان دەزانم و پێداگریشی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌م. سروشت بە ڕووبەرە فراوانەكەی، مرۆڤ، ئاژەڵ، باڵندە، زیندەوەر، ڕووەك، دار و بەرد… تاد، كاتێكیش شەڕی چەپەڵی براكوژی بەرپا بوو، مووچڕكێكی بكوژ سەرتاپای هەستەكانی گرتم و تا ئێستاش لە جەستەم ماوەتەوە و دەر نەچووە، ده‌رزییه‌كی ژه‌نگنه‌ هه‌موو هه‌سته‌كانم ده‌كوتێ. كەوتمە ناو ونبوونێكی سەرتاپاگیرەوە، دەچوومە كەناری خۆنیشی و خۆم دەخواردەوە و دەمپرسی چی چارەنووسی مرۆڤی وا سەخت و دەگمەن كردووە، یان هەر ژیانی ڕاستەقینە خۆی ونە، یان سەرڕێژە لە دەربڕینی جوانیی ڕەها و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌وپه‌ڕی پاكی و پاكیزه‌یی ڕوون. شیعر ئه‌وه‌نده‌‌ هه‌ست و بیر داخراو نییه‌ هه‌ندێك دیارده‌ی ژیان وه‌ربگرێ و هه‌ندێكیش وه‌رنه‌گرێ. هه‌موو باره‌كان وه‌رده‌گرێ. ژیان به‌ هه‌موو باره‌كانیه‌وه‌ وه‌ك جۆره‌ پێوه‌ر و چاره‌نووسێك پرسیاری ترسناك و بنه‌ڕه‌تی له‌ شیعر ده‌كه‌ن.
لە هەموو باروبوار و جۆری هەڵكەوتدا چوومەتە گۆشەی خۆنشینی و دەمزانی سنووری ئەرك و بەردەوامبوونی من لە نووسیندا تا چ سنوور و ڕادەیەكە.
شیعر دیاریی بێدەنگیی منە و پێشكێش بە گەردوونی دەكەم.

                                                           ئابی 2023 هه‌ولێر



ئێوارانە ٤٤.. سەردار جاف

وڵاتمان هاوسێ هێڵێکمان بەينە ))
*(( با دونيا تێبگا لەم کەين و بەينە

دەوەن بە ئاشی ئێوارە
ئاوادەبێ و
کابەشاکمان لە تيشکی زەردەی خۆرەتاوا نووسراوە
ژەم مردە نابێ
قەقنەس ئاسا سبەی لە تەک گزنگدا هاوێر دەبێ و
بە دەڵەمەی ئيشقمانەوە دەنووسێ و
خەراباتی لێ نەڕواوە
تخوبەکە سوورسوور دەکاتەوە
گڕە ئاگرێکە لە حەناما ئۆخژنی گرتووە و
دەمکولێنێ
دوێنێ شنە، مينا گەڵا زەردەکانی پاييز وەرين
تيری تيژی دڵهاوێژە
هێدی هێدی
شەو دەبێتە جۆگەيەکی گڕکان و
دەمسوتێنێ
راوچييەکانی وڵاتی ئێوە
کنەی باڵە رەنگاڵەييەکانی فڕينم دەکەن
سەرابێ لێم ئاڵاوە و بەرم نادا
رمی تيژ و
ئاسمانە شين شينەکەی لای ماڵی ئێوە
پێکەنينم دەخنکێنێ
لە شين و گرينم دەدەن
من لە قرتانی باڵی خۆم ناترسم
چۆلەکەی سەر داری ماڵتان
جريوەی لێم کەوتۆتە دژ
تۆفانێکە و پرسی پێ نەکردووم و دێ
وا کڕێوەيش هەڵی کرد و رنوە بەفر نغرۆم دەکا
شنەبايش گێژەڵوکەيە، هاتۆتە گژ
ئەو هەورە رەشە مەحوو بکە
چڵک و پيسی ئەو و ئاسمان قۆرخ نەکا
حەوا شەهلا ژنی ديوە لێڵی نەکا
باڵەکانم وا دەقرتێن کەنگێ دەبێ لە شەققە دەن
مەلەمانگی پەڕە شينکەی کوليتەی ئوس
هەموو بەيانێ ئەستێرەم
توولە رێی سێبەری ئيشقم لێ دەخزێ
باوەشێنی خەمێ دەکا
کە تا نها
دەرگای چرای کوژراوێکە
فرياد رەسە بەر تەقەی دەن
هەر تەنها گشت کەسم و
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

٩ / ٧ / ٢٠٢٣

بەيتێکی فۆلکلۆرييە بە دەستکارييەوە *




پێنج بروسکە شیعر.. نوسینی هێدی گەڵاڵی

ئۆکسجین
من و تۆ
لە ئاو ئەچین
هەر یەکەو دو هایدرۆجین
من بۆ تۆ هەناسە و
تۆ بۆ من ئۆکسجین.

ماچ
ئەڵێن شەڕاب
چەند کۆن ببێ خۆشتر ئەبێ
ماچی لێویش
چەند تازە بێ تەڕتر ئەبێ

مەچەک
ترپەکانی دڵی منە
چرکەژمێری سەعاتەکەی
مەچەکی تۆ…
هەر چەند دور بم
وا هەست دەکەم
دڵم وا لە دەستی تۆ….

بۆیاخچی
بە دەستە بچوکەکانی
فلچەی بۆیاخ
دێنێ و دەبا
کە سەیری ڕوخساری دەکەم
وای دەبینم :
سەختی ژیان
ئەو دێنێ ودەبا!!!

      

دزی

من دز نیم
تەنیا دو شتم لێت دزیوە
ترپەکانی لێدانی دڵ و
عەتری هەناسەی سینەت!




چۆن بخوێنینەوە؟.. زانا رەزاق

خوێندنەوە یەکێکە لەو ئامرازانەی کە مرۆڤ بەرەو زانیاری و پەرەپێدان ،شارەزایی و لێهاتوویی ،زمانپاراوی دەبات.
هەروەها کەرەستەیەکیشە تا وا لە خوێنەر بکات بگات بە ئامانج و مەبەستەی خۆی لە خوێندنەوە دەیەوێ .
لێرەشدا بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەک بخوێنین سود لە خوێندنەکە ببینین ئەوا من باسی شێوازێک لەخوێندنەوەتان بۆ دەکەم ئەویش ئەوەیە سەرەتا پێویستە کە کتێبێک دەستنیشان دەکەی بۆ خوێندنەوە یەکەمجار وابکەن بەخێرایی ئەو چەندە لاپەڕە بخوێنین کە لە بەرنامەی ئەو کاتەی دایە کە دەستنیشان کردووە دواتر کە جاری یەکەم بەخێرایی خوێندنەوە ئەوا جاری دووەم پێویستە وابکەین کە بەشێوەیەکی هێواش هێواش بیخوێنینەوە یانی جاری یەکەم بەخێرایی جاری دووەم بەهێواش یان ئەتوانی بەخێراییەکە چەند جارێک بێت بەهێواکەش چەند جارێک.

چۆن دەست بەخوێندنەوەی کتێبەکان بکەین؟

سەرەتا پێش هەموو شتێک پێویست دەکا ئێمەی مرۆڤ کە دەستمان بەشێتک و بوارێکی نوێ کرد بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باش تێدا پێش بکەوین ئەوا پێویستە لەبناغەوە دەستپێبکەین دواتر هەروەکو خانوو دروست کردن شتەکانی تر بڕۆین یانی دەبێ لەشتە سادەکان بۆ شتە قورسەکانی بوارەکانی تر بڕۆین یەکێک لەو ئامرازانەش چۆن دەست بە کتێب خوێندنەوە بکەین سەرەتا پێویست دەکا لەکتێبی چیرۆک و ئەو کتێبانە دەست پێبکەین کە بە شێوەیەکی سادە داڕێژراوای و تێگەیشتنیان ئاسانە پاش ماوەیەک کە لەسەر ئەمە بەردەوام بوویت ئەوا دەتوانێ بۆ ڕۆمان و شعریش بڕۆین ئینجا پاش ئەمە بۆ قۆناغی تر بڕۆین یان ئەمەش بە قۆناغە تا وای لێدێ دەگەی بە شوێن خۆی دەتەوێ.

دەتوانم بلێم ئەمە بۆ کتێبی هەر بوارێک ئاوایە یانی ڕۆمان هەیە بەزمانی سادە نووسراوە ڕۆمانیش هەیە بەزمانێک نووسراوە ئاستی تر تێدەگات و سودی لێدەبینێ هەروەها ڕۆمانیش هەیە زمانێک نووسراوە ئاستبەرز سودی لێدەبینن بەس ئەمەش بێت دەبێ لەوانەش لەبناغەوە بۆی بچی چونکە ئەگەر تازە لە خوێندنەوە دەبێ لەسادەکانەوە بۆ قورسەکان بڕۆین.




بیرکردنەوە.. زانا رەزاق

چۆن وابکەین پەرە بەبیرکردنەوەی خۆمان بدەین؟

سەرەتا هەموو مرۆڤێک خاوەن ئەقلە هەر بەهۆی ئەمەش مرۆڤ بیردەکاتەوە یانی ئەقل ئامرازێکە بۆ بیرکردنەوە و تێڕامان و تێفکرین لەشتەکانی دەوروبەر.

لێرەدا دەبێت خۆمان بیربکەینەوە خۆمان خاوەن بیرکردنەوەی خۆمان بین بۆ ئەمەش دەبێت ڕاهێنانی پێوە بکەین بۆ ئەوەی لەبیرکردنەوە لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی تر بچین چونکە بیرکردنەوە خۆی لە بناغە وایە هەروەک بناغەی خانوو وایە تاوەکو بناغە دروست نەکەین ناتوانین دیواری خانوو خانوو دروست کردن ئەگەر دیوار بێ بناغە بێت ئەوا مەترسی ڕوخانی زۆرە بەڵام ئەگەر بناغەیەکی پتەوی هەبێت ئەوا زۆر باش دەبێت. کەوایە دەبێ بناغەی دروست بکەین.
ئەمەش چۆن؟
کاتێک تۆ کتێبێک یان گۆڤارێک یان هەر جۆرە نووسینێک دەخوێنێتەوە ئەوا وابکەین بیر لەکاتی خوێندنەوە و دەرەوەی خوێندنەوەش بکەینەوە, چونکە هەروەک وتمان بیرکردنەوە قۆناغ بە قۆناغ پلە پلەیە تۆ تا قۆناغی یەکەم نەبڕین ناتوانین بچینە قۆناغی دوو هەروەک چۆن کاتێک بەسەر پایەکانی خانوویەک دەکەوی تا یەکەم نەبڕی ناتوانی بچینە دووەم و سێ دەبێ ئەمە یەک بەیەکی ببڕی بۆ ئەوەی هەنگاو بەهەنگاو لەسەرەوەی خانووەکە نزیک ببینەوە ئاواش دەبێ سەرەتا مرۆڤ خۆی خاوەن بیرکردنەوەی خۆی بێت بۆ ئەوەی بتوانێ بناغەیەک بۆ خۆی دروست بکات پاشانیش قۆناغ بەقۆناغ یانی پەرەپێبدات و بیرکردنەوە و تێڕامانی فراوان بکا.

نموونەش بیرکردنەوە لەهەموو ئەو شتانەی کە هەن.
نموونەی ڕوونتر کاتێک شتێک ڕوودەدات بیریلێبکەینەوە کە چۆن ڕوویدا ؟ بۆ ڕوویدا ؟ چی ڕوودەدات دوای ئەمە؟
یان نموونەی تر نووسینێک کە مانای زۆر بدات تۆ بیر لەهەموو ماناکانی بکەیتەوە.

ئەمانەو دەیان و سەدان نموونەی تر




کوشتنی ڕۆح و عەقڵی مرۆڤ.. نەوزاد بەندی

خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئەفەرموێت : ( ‏وَأَن لَّيْسَ لِلإنسَانِ إلاَّ مَا سَعَی ) ‏
ــ سورەتی النجم‏ : ئایەتی 39 ــ
واتا مرۆڤ تەنها هەوڵدان و کارکردنی لەسەرە ..
ئینجا سەیری حاڵی ئەم دەسەڵاتدارانەی ووڵاتانی ڕۆژهەڵات بکەن چەند دژ بە خوا و قورئانن .. تەلەبەیەک کۆلێژ تەواو ئەکات و نمرەیەکی باش ئەهێنێ ، ئەیەوێ خوێندنی باڵا تەواو بکات ، ناهێڵن ، چونکە سەر بە فڵان حیزب و دەسەڵات و بنەماڵە و،کەسایەتیی نییە .. کە ئەو خواست و هیوا بەرزەی لە گۆڕ ئەنێن ، ئینجا ئەیەوێ کار بکات و خزمەتی میللەت و خۆی و کەس و کاری بکات ، ناهێڵن .. داینامەزرێنن .. ئینجا هەوڵ ئەدات لە کەرتی تایبەت کار بکات ، کەرتی تایبەتیش چەند ئەژدیهایەکی حیزبیی قوتیان داوە و ..کۆیلەیان ئەوێت نەک کرێکار و کارمەند ، چونکە هیچ بیمەیەکی ژیانت نییە و به موچەیەکیش کارت پێدەکەن نەک بەشی بنیاتنانی خێزان و داهاتووت ناکا ، تەنانەت بەشی کرێی هات و چۆت ناکا لە ماڵەوە بۆ سەر کار …
ئەوانەی کە دژی ئیسلام و قورئان کار و ڕەفتار ئەکەن ، ئەبێ باش بزانن لە قورئاندا ، هەموو مافێکی مرۆڤ پارێزراوە و بڕیاری لەسەر دراوە و کراوە بە یاسا ..بەڵام بە داخەوە زۆر بە توندیی ئەو یاسایانە ڕەت کراونەتەوە و وایان لە خەڵک تێگەیاندووە کە ئایین تەنها بریتییە لە نوێژ و ڕۆژوو و حەج و عەمرە و زەکات ، ئیتر هەموو یاساکانی ژیان ئەدرێنە دەست کەسانێک کە خوا ناناسن و بە ئارەزووی خۆیان گاڵتە بە هیوا و ئاوات و خەون و داهاتووی ئەو خەڵکە ئەکەن …
عەرەب ئەڵێن : ( خیر الکلام ما قل ودل ) واتا باشترین قسە ئەوەیە کورت بێ و بەڵگەی لەگەڵدا بێ ..
بەڵگەی ئەم قسەیەم ، سێ چوار دێڕی ژیانی خۆمە :
ــساڵی 1988 لە زانکۆی موسڵ ، یەکەمی کۆلێژی خۆمان دەردەچووم ، دوو جار مامۆستای سەقافە داوای لێکردم پەیوەندیی بە حیزبی بەعسەوە بکەم ، نەمکرد ..ئیتر کردیانمە پێنجەمی کولێژ ، واتە گەورەترین خەونی ژیانمیان زیندەچاڵکرد ، کە خوێندنی باڵا بوو ، چونکە ئەو کاتە تەنها یەکەمی کۆلێژەکان بۆیان هەبوو دوای 45 ڕۆژ سەربازیی بگەڕێنەوە بۆ تەواوکردنی خوێندن ..!!
ـــساڵی 1991 پەیمانگای کورد لە پاریس ، داواکەمی قبوڵکرد بۆ خوێندنی باڵا لە چیکۆسلۆڤاکیای ئەو کاتە ، ئەمە بە دەسەڵاتی ئەو کاتەی هەرێم قوت نەچوو ، شەش حەوت مانگ هێناینی و بردینی و ڤیزەی ناداینێ ، هەتا بە عەلاقاتی شەخسیی نێوان کارمەندێکی پەیمانگای پاریس و بەڕێوەبەری ئاسایشی زاخۆ ( بەختیار ئەمین و سەیفی ) ، ڤیزەم وەرگرت ، کە گەیشتمە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ، لە قونسوڵخانەی چیکۆسلۆڤاکیا ناوی من سڕابۆوە ، چونکە،کەمتر لە دوو مانگی مابوو چیک وسلۆڤاک به تەواوەتیی لێک جیابنەوە وەک دوو دەوڵەت و کۆمەڵێ بڕیاری دەرەوە و ناوەوە ڕەتکرابوونەوە .. هاتمەوە و پەیمانگای کوردیش مێش میوانی نەبوو .. بە یەک ووشەیش بەسەری نەکردمەوە .
ــساڵانی کۆتایی نەوەدەکان چەند جارێ داوای خوێندنی باڵام پێشکەش بە زانکۆی سلێمانی کرد ، هەموو جارەکان ڕەتکرایەوە .. چونکە هیچ حیزب و دەستە و تاقم و مامۆستایەکی زانکۆم نەدەناسی و تەنها شتێک کە بە دەستمەوە بوو ، کە حیسابی تاکێ پێڵاوی بۆ ناکرێ ، نمرەکەم بوو کە نمرەیەکی بەرز بوو ، تەنانەت جارێکیان وای کرد بەناو پڕۆفیسۆرێک بە دەم فیکەوە بڵێ 74.6 ..!!
لە هەمووی گەڵتەجاڕتر ، لە زانکۆی سلێمانی لە تاقیکردنەوەی توانایی زمانی ئینگڵیزیدا دەریننەدەچاندم ، واتا هەر لە یەکەم هەنگاوەوە لێیان دەدام ، تا بە ناچاریی ڕۆژێکیان به بێ ئەوەی چاویش بە کتێبێکدا بخشێنم ، چووم لە زانکۆی کۆیە تاقیکردنەوەی زمانی ئینگڵیزیم دا و دەرچووم ..!!