هه‌واڵه‌كانی ناوخۆ له‌ میدیای كوردی دا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

هه‌واڵه‌كانی ناوخۆ ، له‌ هه‌رهۆیه‌كی ڕاگه‌یاندن ، به‌ڕووی گه‌شه‌وه‌ بێت یا كاڵ، ئاوێنه‌ی باڵانمایه‌ ڕووداوه‌كانی تێدا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌…
به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌واڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ی تر به‌ ڕۆژنامه‌ و ده‌زگاكانی دیكه‌ی ڕاگه‌یاندن ده‌گه‌ن ( باوه‌كو ئێستا زۆر كه‌ناڵی میدیا تۆڕی په‌یامنێرانیشیان هه‌بێ و ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكیان وه‌كاتیش هه‌واڵ یا كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی بگوازنه‌وه) ‌سه‌یر ده‌كه‌ی دیسان (‌ خوێنه‌ر و گوێگر و بینه‌ر) تێر ناكه‌ن ، هه‌میشه‌ چ به‌هۆی سپۆنسه‌ر و باروبووكاره‌وه‌ یا هه‌ر هۆیه‌كی دی كه‌ناڵی میدیا نه‌یتوانیوه‌ له‌ هه‌ندێ هه‌واڵی ئاسایی گشتیی به‌ده‌ر له‌و خه‌تانه‌ لا بدا بۆی كێشراون به‌تایبه‌تی له‌ لایه‌ن بارووبووكاره‌وه‌ كه‌ كۆڵه‌گه‌ی به‌رده‌وامی كه‌ناڵه‌كه‌ ڕاده‌گرێ .
له‌وسه‌ریش له‌ هه‌واڵه‌كانی ناوخۆدا ، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ده‌ستی خۆتدایه ‌، به‌ڵكو ده‌توانی بیگه‌یێنیته‌ ئاستێكی نواندنی وا ، خۆت ببیته‌ سه‌رچاوه‌ی چاولێكراو بۆ میدیای دیكه‌ …

ئه‌وه‌ی له‌ میدیای كوردیدا تێبینی ده‌كرێ ، تا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی ناوخۆ گرفت و كێشه‌ی دێنه‌ پێشێ ، له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی ده‌ره‌وه ‌، كێشه‌ی له‌و ته‌رزه‌ی نایه‌ته‌ پێش ، له‌وه‌ڕا ته‌ماشا ده‌كه‌ی هه‌واڵه‌كانی ناوخۆ له‌ میدیای كوردیدا ، زۆربه‌یان هه‌واڵی فه‌رمی و ته‌شریفاتین… ته‌نانه‌ت له‌ڕووی ڕیزبه‌ندی بڵاوكردنه‌وه‌شدا (گرینگترین و گرینگتر و گرینگ)دا به‌و پێوانه‌یه‌ش سه‌ركه‌وتوونین…
كێشه‌ی هه‌واڵه‌كانی ناوخۆ له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌ بووه‌ به‌كانگه‌ی كێشه‌كان و یه‌كێك له‌ فاكته‌ره‌كانی دواكه‌وتوویی میدیا له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵدا ، له‌ حاڵێكدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هێشتا له‌ناوچه‌یه‌كی هه‌ڵایساوداین‌ تێیدایه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ زۆر ناوه‌ندی دیكه ‌، كه‌چی وای لێهاتووه‌ خوێنه‌ر یا گوێگر یا بینه‌ری كورد هه‌میشه‌ ناچاربووه‌ بۆ زانینی ڕاستی ڕووداوه‌كانی پاڵه‌خۆی به‌دوای سه‌رچاوه‌ی ده‌ره‌وه‌دا بگه‌ڕێ… ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی له‌ هه‌واڵه‌كانی ناوخۆدا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ ، له‌ ڕووی ته‌كنیكی داڕشتن و ڕاسته‌قانی پێشهاته‌كانیشدا دواكه‌وتوون ، به‌وه‌ی تا ئێستا ئه‌و جیاوازیه‌ جه‌وهه‌رییه‌ی له‌ سه‌بك و داڕشتنی هه‌واڵ كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن هه‌ستی پێ نه‌كراوه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ی هه‌ر جۆرێكیان نیشانه‌ به‌ سرووشتی خودی كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ نووسراو و بیستراو و بینراو دا جیاوازه .‌
سوێندی هه‌ندێ له‌و هه‌واڵانه‌ ناخۆم كه‌ به‌ مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی ململانێی لایه‌نه‌كان یاخود به‌مه‌به‌ستی ورووژان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌…
ئه‌وه‌ی ناوه‌ند و ده‌وروبه‌ری دروست كردووه‌ ، وڵاتانی پێشكه‌وتوو جڵه‌وی زیاتر له‌ 90٪ی هه‌واڵه‌كانی دونیا به‌هه‌واڵه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردستانیشه‌وه‌یان به‌هۆی ئاژانسه‌ زه‌به‌لاحه‌كانیان له‌ ده‌ست دایه‌ و به‌ڕوانین و جیهانبینی ئه‌و ئاژانسانه‌یش داده‌ڕێژرێن و به‌بریتی و هه‌قیش ده‌درێن به‌ده‌زگاكان…
ته‌نانه‌ت زۆرجار هه‌واڵه‌كانی خۆمانیان له‌ ڕووی ناچارییه‌وه‌ لێ ده‌كڕینه‌وه‌…
ئالێره‌دا بۆ هه‌واڵ و ئه‌وه‌ی به‌ میدیای بنكۆڵكارییه‌وه‌ ده‌ناسرێ جارێكی دیكه‌ پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی (ئاژانسێكی ده‌نگوباس)ی تایبه‌ت به‌ كوردستان، له‌وانه‌یه‌ له ‌زۆر سه‌ره‌وه‌ هه‌م كێشه‌كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكا ، هه‌م ببێ به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕ و متمانه‌ پێكراو بۆ میدیای تر ( كه‌ ئه‌وه‌ له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانه‌وه‌ خه‌ونی من بوو ، ئه‌و پرۆژه‌ی ئاماده‌شم كردبوو پێشكێشی په‌رله‌مانم كردبوو سێ جارانیش له‌ دوو توێی كتێبدا و له‌ كاتی جیادا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌. )
هه‌واڵه‌كانی ناوخۆیش كه‌ زۆرجار دووچاری كێشه‌ ده‌بن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌دا به‌تایبه‌تی له‌ میدیای كوردی ، مه‌رج نییه‌ ته‌نیا هه‌واڵی سیاسی بن…
زۆر جار هه‌واڵی دیكه‌ی په‌یوه‌ندار به‌ په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ته‌كان و دادگا و دامه‌زراوه‌كانی تر و ئه‌وانی دیكه‌ی باس له‌ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها زۆر له‌و مه‌سه‌لانه‌ی جێی بایه‌خی شه‌قامن (ڕای گشتی) ئه‌وانیش ڕه‌نگه‌ كێشه‌ بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن دروست بكه‌ن…
له‌و نێوانه‌دا جارێكی دی میدیای كوردی به‌رامبه‌ر (خوێنه‌ر و گوێگرو بینه‌ر)، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ ڕووی ناچارییه‌وه‌ په‌نا بۆ ده‌زگای دیكه‌ ده‌بات كه‌ متمانه‌یان له‌گه‌ڵ دروست كردووه‌…

له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ته‌شریفاتی و فه‌رمیشدا میدیای كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خی به‌خاوه‌ن هه‌واڵ داوه ‌، ئه‌وه‌نده‌ گرینگی به‌خودی هه‌واڵه‌كه‌ نه‌داوه ‌، ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ خاڵی نییه‌ له‌دوو واتا ، یه‌كیان بێموبالاتی و به‌هه‌ند نه‌گرتن ، هه‌ندێ جاریش عاقڵ پێنه‌شكانیشی ده‌چێته‌ پاڵ ، دووه‌میشیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیپارێزی خودیی هه‌ندێ ڕۆژنامه‌نووسه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ ، به‌ڕاده‌یه‌ك زۆرجار له‌ هه‌ندێ ڕۆژنامه‌دا ڕیپۆرتاژ و به‌دواداچوونی وا به‌رچاو ده‌كه‌ون كه‌ زیاتر له‌ ڕیكلامێكی به‌خۆڕایی ده‌چن تا ڕیپۆرتاژی ڕۆژنامه‌نووسی…
هه‌ندێ جاریش به‌و حسابه‌ ده‌كرێ كاردانه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤی بۆ ئه‌و لایه‌ن یا ئه‌م لایه‌ن ده‌بێ ، یا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ، كه‌چی ڕاستیی ئه‌مه‌ له‌خۆیدا ده‌چێته‌وه‌ پاڵ كو‌لتووری سه‌قه‌تی ڕژێمه‌ تۆتالیتارییه‌كان كه‌ به‌ هۆی ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ی گه‌مارۆی كو‌لتووری ڕژێمی پێشووی ڕووخاو بووه ‌‌، به زانین بێ یا به‌نه‌زانین ، بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ سیسته‌می كاركردنمان و تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ به‌ ته‌واوی لێی ده‌رباز بین ، به‌تایبه‌تیش هه‌ندێ جار له‌ ڕووی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ (خودسانسۆری ).
دونیای ئه‌مڕۆ، جیهانی ته‌كنیكی تیژڕۆی گه‌یاندن و هه‌ڕه‌شه‌ی هۆیه‌كانی دیكه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ و هۆگه‌لێكی دی ڕاگه‌یاندن كۆمه‌ڵێك ڕێسا و بنه‌مای نوێی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌ ، له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌ سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ته‌ له‌ مسۆگه‌ركردنی ده‌ستخستنی هه‌واڵ و ده‌ستبه‌جێیی له‌گه‌یشتندا كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێ به‌خودی كه‌ناڵه‌كه‌وه‌ ، به‌مه‌ش وای لێ هاتووه‌ هێشتا ئه‌گه‌ر له‌ كێبه‌ركێدا دوا نه‌كه‌وێ ..

بێگومان ده‌ستبه‌جێیی بڵاوكردنه‌وه‌ش كه‌ دیاره‌ بۆ گه‌یاندنی هه‌واڵ به‌ قه‌د گرینگی هه‌واڵه‌كه‌یه‌ ‌ ، میدیای كوردی ده‌بووایه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌واڵه‌كانی ناوخۆدا ده‌ستپێشخه‌ر بێت… له‌شێوه‌ی گشتییدا ، مه‌گه‌ر جاروبار ده‌نا ئه‌وه‌یشی له‌ ئاستی پێویستدا نه‌بووه‌‌.

نه‌ژاد عزیز سورمێ




خوێندنەوەی چیرۆکی (چاکەکردن).. هۆشمەند حسێن

ئاشکرایە جیاوازییەکی بنچینەیی هەیە لە نێوان ئەو تێکستانەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارێکدا بڵاودەکرێتەوە، بە بەراورد بەو تێکستە ئەدەبییانەی لە ناو پرۆگرامی خوێندندا دادەنرێن، بەتایبەت ئەگەر ئەو تێکستە ژانری ئەدەبی منداڵان بێت.
لە سادەترین حاڵەتدا دەقی ناو بڵاوکراوەکان، دەقێکی خۆویستانەیە و خوێنەر ئارەزوومەندانە هەڵیدەبژێرێت بۆ خوێندنەوە، جیاوازە لەو چەشنە ئەدەبەی وەک پرۆگرامی خوێندن، دەخوێندرێت. بەمانایەکی تر خوێندنەوەی دەقی ناو کتێبی خوێندن، دەبێتە ئەرک و کۆششی قوتابی. زۆر گرنگە ئەو دەقانە، هەڵبژاردەی دەقێکی سەرکەوتووی بێ خەوش و سەرنج ڕاکێش و پەیامداربێت. لە کورترین پێناسەدا دەبێت ئەو دەقە ببێتە هاندەری خوێنەری منداڵ بۆ خوێندنەوەی زیاتر و چێژی خوێندنەوەیان لەلا دروست بکات. بمانەوێت و نەمانەوێت ئەو دەقانە بۆ چەند دەیەیەک لە نەستی قوتابیاندا دەمێنێتەوە.
لەناو کتێبەکانی خوێندنی خوێندکارانی ئەمساڵ (شیعر و چیرۆک)ی قۆناغی بنەڕەتی، گەلێک دەق و تێکستی لاواز بڵاوکراونەتەوە و لەم بەشەدا هەڵوێستە لەسەر چیرۆکێکی نووسراوی کتێبی (خوێندنی کوردی) پۆلی سێیەمی قۆناغی بنەڕەتی ـــ وەرزی دووەم ـــ دەکەم، کە بەناوی (چاکەکردن)ەوە لەلایەن (پەیام ئیبراهیم)ناوێکەوە نووسراوە.
زۆربەکورتی ئەوەی شارەزاییەکی سەرەتایی لە هونەری نووسینی چیرۆکی منداڵان دا هەبێت، دەزانێت کە چیرۆکی منداڵان وشەی زیادەی تیادا بەکارناهێنرێت، مەگەر ڕۆڵی ڕێنوێنیی و چێژ دروستکردن ببەخشێت.
چیرۆکنووسی (چاکەکردن) بەم جۆرەی نووسیووە: (کات وەرزی زستان بوو، بەفر دارستانەکەی داپۆشیبوو!)
سروشتی کوردستان بەو جۆرەیە هەر لە زستان دا بەفر ببارێت، نەک لە چلەی هاویندا! بە واتە وشەی کات زیادەیە. هەر لەو ڕستەیەدا هاتووە (بەفر دارستانەکەی داپۆشیبوو!)
خوێنەری منداڵ بۆی ئاشکرا دەبێت بەفرێکی یەکجار نائاسایی باریووە! ئەگینا چۆن دارستانێک دادەپۆشێت؟
مامۆستای وانەی کوردی ناچارە بۆ قوتابییە چاوگەشەکانی ڕوونبکاتەوە، بەلای کەمەوە ١٠ مەترێک بەفر باریووە، ئاخر بەرزی داری ناو دارستان لە ١٠ مەتر بەرزترە!
دواتر چیرۆکنووس دەنووسێت: (لەبەر سەرما و سۆڵ هیچ گیاندارێک بەدەرەوە نەبوو.) ئاشکرایە بەفرێکی چەندین مەتریی لەو چەشنە باریبێت، کەشی ڕووی زەوی ساردە و سەرمای لەگەڵ خۆی هێناوە، پێویست بەوە ناکات دووبارە بنووسرێت لەبەر سەرما و سۆڵ. ڕەنگە چیرۆکنووس لە خودی وشەی سۆڵ حاڵی نەبووبێت، سۆڵ یان سۆڵە بە واتای زوقم دێت، کەواتە ئەو بەفرەی دایکردووە، وەک خۆی نەماوەتەوە و بۆتە شەختە. جگە لەوەی جارێکیتر وشەی سۆڵ بەکاردەهێنێتەوە!
(جگە لە سمۆرەی گوێقیت نەبێت، لەگەڵ دوو بێچووەکەیدا دەسوڕانەوە، بەفر لانەکەیانی داپۆشیبوو. بۆیە نەیاندەزانی چی بکەن و ڕووبکەنە کوێ!)

سمۆرەی گوێ قیت و دوو بێچوەکەی؟! بێگومان چیرۆکنووس زانیاری لەسەر سمۆرە نییە. جگە لەوەی ٢٥٠ جۆر سمۆرە هەیە، هەر سمۆرەیەکی مێیە بە سکێک ٣ تا ٧ بەچکەی دەبێت و زۆرینەیان ٥ بێچووی دەبێت، کەس نازانێت بە چ ئافاتێک دوو دانەی بۆ ماوەتەوە؟! ئەگەر چیرۆکنووس کەمێک بەدواداچوونی بکردایە، دەیزانی وەرزی زاوزێی سمۆرە دەکەوێتە بەهار و سەرەتای هاوینەوە و بێچووی سمۆرە تەنها ٨ هەفتە لە لانەی دایکیدا دەمێنێتەوە، بە واتە سمۆرەکان لە وەرزی زستان دا قۆناغی بێچوویی بەجێدەهێڵن. ڕەوایە بگوترێت: چیرۆکنووس زانیاری لەسەر کارەکتەرەکانی خۆی نییە! لەوەش سەیرتر بۆ وەسفی سمۆرەکە، کە سەرنجی خوێنەری منداڵ ڕابکێشێت.. نووسیووییەتی: (سمۆرەی گوێ قیت!) پێدەچێت چیرۆکنووس، شیعرە بەناوبانگەکەی مامۆستا “فەرەیدون عەلی ئەمین”ی نەبینیبێت، کە ناوی (سمۆرە)یە؟! (سمۆرە کلکی زەردە، چاوی جوان و بێگەردە … گوێی قوتە و پشتی بۆرە، وریایە و فێڵی زۆرە)
دەپرسم سمۆرە گوێی قیتە یان قوتە؟ ڕەنگە بەلای چیرۆکنووسەوە جیاوازی لە نێوان وشەی قیت و وشەی قوت دا نەبێت! وێناکردنەکەی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، دروستە. گوێیەکانی سمۆرە قوتن.
چیرۆکنووس نووسیووییەتی (بەفر لانەکەی داپۆشیبوو!). ئەی لە سەرەتای چیرۆکەکەوە نەمانزانی بەفرێکی نائاسایی باریووە؟ خۆ ماڵی سمۆرە لە سەرووی هەورەکانەوە نەبووە، بەفر نەیگرێتەوە!
ئەوەی بۆ ئێمە نەزانراوە، نازانیین بەدرێژایی وادەی بارینی بەفرەکە، سمۆرە و دوو بێچووەکەی لە کوێ بوون؟ مەگەر بەفر بەتەنها لانەی سمۆرە و دوو بێچووەکەی داپۆشیبوو؟ یان خودا غەزەبی لێ گرتوون؟ چیرۆکنووسی چاکەکردن هۆکاری دوورکەوتنەوە و دابڕانی سمۆرەی دایک و دوو بێچووەکەی بەدەرنەخستووە. ئەوەی لە خوێندنەوەی ئەو دوو ڕستەیە حاڵی بووین: بەفر لانەکەی داپۆشیبوو! ئەی گیاندارەکانی دیکە؟ یان دارستانێکی بێ گیاندارانە و تاپۆیە لەسەر سمۆرەی گوێ قوت و کەروێشکێک!
چیرۆکنووس دەنووسێت: (بۆیە نەیاندەزانی چی بکەن و ڕووبکەنە کوێ) وشەی (بۆیە) مانای چییە؟ چیرۆکنووس خەمی ئەوەی نییە منداڵی خوێنەری ئەو چیرۆکەی پۆلی سێیەم، وشەی (بۆیە) بە بۆیەی نینۆک لێک بدەنەوە؟! (دایکە سمۆرە پێیانی گوت)! بەڕاست ڕستەسازی چیرۆکی منداڵان بەو جۆرەیە؟
(ڕۆڵەکانم ئارام بگرن ئەم سەرما و سۆڵە دەڕەوێتەوە و ئێمەش بە ماڵەکەی خۆمان شاد دەبینەوە و وەرن بۆ ئەوەی سەرمامان نەبێت باوەش بەیەکدا بکەین و لەسەر ئەم تەپۆڵکەیە دابنیشین)
ئەوەی ئێمە لەو دوو ڕستەیەدا بەریکەوتین، هیچ ناجۆرییەک بە بێچووە سمۆرەکانەوە نابینرێت، تا دایکە سمۆرە داوایان لێ بکات ئارام بگرن. وەک دەیبینین بێچووە سمۆرەکان جوڵەیەکیان نییە، هەتا هەست بە بارودۆخی بێچووە سمۆرەکان بکرێت!
پاشتر حیکمەتی سمۆرەی دایک، زادەی بیرکردنەوەی چیرۆکنووس، دەڵێت: (تا ئەم سەرما و سۆڵە دەڕەوێتەوە! باوەش بە یەکدا بکەین) لە چیرۆکنووس دەپرسم بەفرێکی لەو چەشنەی وەک بەفربارینی ناو ئەو چیرۆکە، چەند ڕۆژ و مانگی دەوێت تا دەتوێتەوە؟ نەخوازەلا تا سەرما دەڕەوێتەوە؟! ئەی دەکرێت بۆ وادەیەکی هێندە درێژخایەن باوەش بەیەکتریدا بکەن؟ بڵێیت چیرۆکنووس ویستبێتی سمۆرەی دایک وەک گەمژەترین مەخلوق بناسێنێت؟ یان خوێنەری منداڵ هاندەدات هەر شتێک ڕوویدا بەلاتانەوە ئاسایی بێت و لێی دابنیشن هەتا خوا دەرووی بەڕەحمەتمان لێ دەکاتەوە؟ مامۆستای وانە دەتوانێت چ گریمانەیەکی ئەندێشەیی بکاتە وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەو قوتابییە زیتەڵەی کە لێی پرسی: ئەوە چۆن دایکێکە هەتا بەفر دەتوێتەوە و سەرما دەڕەوێتەوە، باوەشبەیەکتریدا بکەن و لێی دابنیشن؟ دەزانم باوەشی دایک گەورەترە لە منداڵ، چەندێ دەمویست ئەو باوەشپێکردنە بێنمە بەرچاوم، وەک کارێکی کاریکاتێری دەهاتە بەرچاوم. لەوەش سەیرتر دایکە سمۆرە ئەڵێت (با لەسەر ئەم تەپۆڵکەیە دابنیشین!)
ئەی چیرۆکنووس لەسەرەتاوە نەیووتووە: (بەفر دارستانەکەی داپۆشیبوو؟!) ئەی ئەم تەپۆڵکەیە لە کوێیە؟ لە دەرەوەی دارستانە یان ئەو تەپۆڵکەیە سیحراوییە و بەفر نایگرێتەوە؟ لە لێکدانەوەی وشەکاندا بەرانبەر وشەی تەپۆڵکە نووسراوە: گردۆڵکە.
لە دارستاندا گردۆڵکەیەک هەیە هێندەی دارەکان بەرز بێت؟ ئەگەر ڕەوابێت لە دارستانەکەی خەیاڵی چیرۆکنووسدا ئەو تەپۆڵکەیەش هەبێت، تەپۆڵکەیەکی ئارامە! لە بەختی سمۆرە و بێچوەکانی دارستان بەتەنها بێشە و جەنگەڵی سمۆرە و کەروێشکە و ئارامی بەرقەرارە و هەرچی گیاندار و پەلەوەری گۆشتخۆرە، لە لانە و هێلانەکەیان نایەنە دەرێ. چیرۆکنووس بۆ ئەوەی لەو غایلەیە ڕزگارمان بکات دەنوسێت: (لە ناکاو کەروێشکە خرپن لە لانەکەیەوە سەری دەرهێنا و وتی: ئۆی بەم سەرمایە لێرە چی دەکەن؟)
ئەرێ لانەی کەروێشک بەسەر دارەوەیە یان لەژێر زەوی دایە؟ مەگەر بەفر دارستانەکەی دانەپۆشیووە؟ ئەوان بەسەر تەپۆڵکەوە نەبوون؟ چش لەوەی کەروێشکیش وتی: (بەم سەرمایە چی دەکەن لێرە؟) چواربارە ئاماژەی دایەوە بە سەرما!
دایکە سمۆرە بەدەنگێکی نوساو و کزەوە (وای بە حاڵی بێچووەکانی) وتی: (لانەکەم و گوێزەکانم بوون بەژێر بەفرەوە و دیار نیین.)
دەکرێت لە ڕەهەندێکی دیکەوە بڵێین.. دایک ڕۆڵی خاوەندارێتی تایبەت دەبینێت! ئەوەنییە دەڵێت: گوێزەکانم! ناڵێت: گوێزەکانمان. دەڵێت: لانەکەم، نەیووت: لانەکەمان! بێچووە سمۆرەکان لە ڕوانینی هاوكێشەی ئەرک و مافەوە، بێبەشن و لە دەرەوەی بازنەن!
ئەوەی جێگەی تێڕامانە لانەی کەروێشک لەژێر خاکدایە و لانەی سمۆرە لەناو دارەکاندایە، جگە لە جیاوازی بەرزی شوێن، (کەروێشکەکە وتی: کەواتە فەرموون وەرنە ژوورەوە بۆ لانە گەرمەکەی من.)
گرنگ نییە بە چ ئامرازێک خۆیان گەرم کردەوە! (ئاخر منداڵ پرسیاری هەیە لەسەر هەموو شتێک.) بەڵام دوای خۆگەرمکردنەوەکەیان، سمۆرەکان کەوتنە سوپاس کردن. بەڵێ.. دوای خۆ گەرمکردنەوە کەوتنە سوپاسکردنی خاتوو کەروێشک، نەک لە ماریفەت و خوڵقی پێشینەی کەروێشکەکە. دواتر کەروێشکی خەپەی تاک و تەنیا لەو خواردنەی بۆی دانابوون تێریان خوارد. ئەگەر بارودۆخی سەرمایەکی لەو جۆرە لەبەرچاو نەگرین، کەم تا زۆرێک خۆراکی سمۆرە و کەروێشک جیاوازن.
(بەو شێوەیە تا بەفرەکە توایەوە لە لانەی کەروێشکەکەدا مانەوە و ڕۆژەکانیان بە خۆشی و یاریکردن بەسەردەبرد.)
کەواتە چیرۆکنووس نەیتوانیووە خۆی لە وادەی توانەوەی بەفرەکە بدزێتەوە و بە چەندین ڕۆژی دیارینەکراو دەستنیشانی کردووە. بەڵام ئەو ڕۆژانە دەبنە خێر و بەرەکەت و بەخۆشی و یاریکردن لە ماڵی خاتوو کەروێشک بەسەر دەبەن. جگە لەوەی چیرۆکنووس پێمانناڵێت بۆ کەروێشکەکە تەنیایە، پێدەچێت جیاوازی نێوان خەسڵەتی کەروێشکی کێوی و کەروێشکی ماڵییش نەزانێت. ئەو کەروێشکەی لە ناو دارستانەکاندا دەژین بە کەروێشکی کێوی پۆڵین دەکرێت و وەک چیرۆکنووس ئاماژەی پێداوە خەپان نیین! کەروێشکیش یەکێکە لەو گیاندارانەی بەتەنها ناژین!
دەبێت چیرۆکنووس و ئەندامانی لیژنەی هەڵبژاردنی ئەو چیرۆکە لەو ڕێسا سادەیە ئاگاداربن، خوێنەری ئەو قۆناغە هەموو کارەکتەرێکی ناو چیرۆکەکان چ گیانداربێت یان بێ گیان، وەک واقع تەماشای دەکەن و بە خەیاڵێکی ئەدەبی چیرۆکنووسی نازانن.
دواجار دەپرسم: ئەو چیرۆکە چ پەیامێکی بە خوێندکاری ئەو قۆناغە بەخشی؟ بە کام پێودانگ ئەو چیرۆکە لاوازە خراوەتە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە؟

هۆشمەند حسێن




شیعر/ ئێوارانە ٤٥.. سەردار جاف

چين چين ئاوازی خۆ بچڕە، سۆناتەی پرچت خەمڵيوە
قژی ئاڵۆسکاو بە سەر چوو، ئۆخژنێکيی لە قريوە
لە دوور را قژ لووليت دەرکەوت، ئەوانی دی ئيشار* پۆشن
پەژموردەی جوانی بسکی تۆن،رکبازيان تيا گەنيوە
کەچی لە خەمی باڵندەی، من چۆلەکە و دەستەمۆتم
کە دادەگری سەر و سينەت، ئاوازخوێنم پڕ جريوە
دەمێ ژوانی رابردوو، تاوێ پرچت بە سادەیی
ئاوێتەی رەنگی ئاگرە، بۆ خۆت بەفرت لێ باريوە
شەوانە تابلۆی خەياڵمی، قەف قەف دووکەڵی جگەرەم
بە نێو تاڵ تاڵ سووری پرچت، تەمتومانە و رێی بڕيوە
بێ ساقی و مەی، لەرزانەی پێک، مەست مەستی پێچی پرچتم
پەرێشان حاڵی بێ هەتوان، ژانی بە باڵام بڕيوە
پرچت تابلۆی تەمتومانە، بە سەر رۆخانەيا پەخشە
تەم و مژ و تۆفانێکە، رۆحی لە جەستە سڕيوە
زستانەواری دەستمە، تەزيو و سڕ قامکی رچيو
شەهلای قژ مەجمەر گڕێکە، گەرمهێنی بۆ دووريوە
پرچی سوورت خانەقايە، جێ تەهليلە و مەحف بوونە
بسکی لوولت مەيخانەيە، مەستبوونمە ڕێی گۆڕيوە
مەقامی سۆفی بێژيمە، پرچت وەسڵ و فەنا بوونمە
گڕ لە حەزی قامک دەدەی، ئيشقێ سوورم تيا جەڕيوە
لە دۆراندۆری شەيداييم ، شەهلا بە گريانەوە دێ
دەبێتە دوا هەناسەم و لە دووری ئەو رۆح تەزيوە

٢ / ٧ / ٢٠٢٣

ئيشار : جۆرێ سەپۆشی ژنانە کە شان و پيل دادەگرێ ، چارۆکە، کۆڵوانە




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا-73- شەماڵ بارەوانی

بە درۆیەکی شاخدار خۆم قورتارکرد!

وەک پێشووتر و لە بەشی دیکەدا ئاماژەم بۆ کرد، کە بەشێکی باش لە فەقێکان، لە مانگی ڕەمەزان بڵاوەمان لێدەکرد و هەریەکەمان دەڕۆیشتین بۆ دێیەک. جا دواتر کە ڕەمەزان تەواودەبوو، دەهاتینەوە حوجرە و لێکتریمان دەپرسی:

ئەرێ خەڵکەکەی چۆن بوون، چەوربوون، ئایینداربوون؟

ئینجا بەدەم قاقاوە، هەر یەکە و وەسفی دێیەکەی خۆی دەکرد. بە فەقێیەکانم دەگوت: بەخوای ئەو دێیەی من، کاتی خۆی (فتوحات)ی ئیسلامی نەگەیشتووەتێ و خەڵکەکەی لەڕووی شەرعەوە، مۆز و خەیار لێکتری جیاناکەنەوە و بە ئەلفبێی ئیسلام ئاشنا نەبوون! هەمووان دووبارە دەمانداوە قاقا.

تا ڕادەیەک واشبوو، خەڵکی لە دێی(د…) کە دووساڵ من بۆیان مەلایەتی ڕەمەزانێم کرد، زۆرینەی سەرەتاترین شارەزاییان لە ئایین نەبوو.

پیاو هەبوو لە تەمەنی باپیرەم بوو، هێشتا فێر نەببوو بە پێی ئیسلام چۆن خۆی پشوات دوای جووتبوون لەگەڵ هاوسەرەکەی.

بەڵام خەڵکێکی زۆر دڵپاک و ناخخاوێن و بەڕاستی موسوڵمانی نا توندڕۆ و کوردی ڕەسەن و باش بوون.

بەو بۆنەیەوە کاتی فەقێیاتیم جوعمەکی چوومە دێی قەڵاسنجێی خوارووی بن چیای پیرەسەفینێ و لای شەقڵاوە و مەنتیقەی خۆشناوان بۆئەوەی وتاری جومعەیان لۆ بخوێنمەوە، بیرمە جارێ قازی حوجرە و تازە فەقێ بووم و ئەزموونێکی وام نەبوو لە فەقێیاتی و مەلایەتی.

فەرموودەیەکی تایبەت بە وتارەکەم(ئەوەی قورئانییەکان پێی دەڵێن ڕیوایەت) لە بەربوو و ویستم لە سەر مینبەرێ لۆیان بڵێم.

عەیب نەبێت، هێندەی کردم و هینام و بردم، لۆم نەهات. چی بکەم خودایه؟ چارم نەما و ئاخرییەکەی دوو قسەی بە عارەبیم کرد و گوتم پەیامبەر وا دەڵێت و بەو درۆیە شاخدارەی خۆم قورتارکرد. لەکاتی درۆیەکە هیچ خۆم شلوێ نەکرد و عەلەساس حەدیسە، کەسیش نەیزانی.

وەکو ئاماژەم دا، چونکە خەڵکەکەی شارەزاییەکی وایان لە ئایین نەبوو، دوای ئەوە، کورد گوتەنی فێری ئەو کانسەبووم و یەک دوو جاری تر و لە دێی تریش، هەرکاتێک لێم بقەومایە، لۆخۆم ئەوهام دەکرد و خۆم قوتاردەکرد.

دواتر کە چوارهەزار فەرموودەم لەبەر کرد و کێشەی ئەو فرت و فێلەم نەما. هاهاها.

کاتێک درۆیەکەشم دەکرد و قسەی عەرەبیم لەو خەڵکە دەکرد به فەرموودەی پەیامبەر، لە دڵی خۆمدا دەمگوت: دەی دەی، مادام لۆ سەرخستنی دینی خودا و لەپێناو ئیسلامە، هیچی تێدا نییە و قابیلە خۆ درۆم لۆ ماڵی دنیایێ نەکردییە تا خودا لەو دنیا سزام بدات. هەر لە بۆ دینەکەی خۆی و لەپێناو خۆی درۆکەم کردووە. ئیتر ماقووڵە خودایش هێندە بێویژدان و بێئەمەک بێت و ئەوەی لەبەرچاو نەبێت!




حوکمەتی ڕاستەقینە و حوکمەی یارییە باجێنە.. نەوزاد بەندی

٭ حوکمەتی ڕاستەقینە :
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
حوکمەتێکە بە هەڵبژاردن دێتە سەرکورسی بۆ ماوەی چوار ساڵ .. ئەنجامەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن دوای چەند سەعاتێک ڕادەگەیەنرێن ..کاری سەرەکییان فراوانکردنی ئازادییەکانە ..کەسانێکی ئاسایی ..سادە .. لە بازاڕ و سینەما و ناوخەڵکا ئەبینرێن ، و لە هیچ شوێنێکیش وێنەکانیان هەڵناواسرێ .. پارە و سامانیان پێش دەست بەکار بوون و دوای دەست بەکاربوون ، وەک یەکن .. هەلی کار بۆ هاووڵاتیان زیاد ئەکەن لە ڕێی دامەزراندنی کارگە و کێڵگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مادی و فیکریی ..میللەت ئەکەن بە بەرهەمهێن و هەوڵ ئەدەن لە بەکاربەریی و تەمەڵیی دووری بخەنەوە .. ئەگەر منداڵی قوتابخانەیەک توشی ڕووداوێک بێ ،یان کارەساتێکی سروشتی ڕوو بدات ، حوکمەت لە گەشت و پشویشدا بن ،بەرنامەکەیان ئەگۆڕن و بە پەللە دێنە شوێنی کارەساتەکان و لە نزیکەوە کۆمەک و خەمخۆریی خۆیان نیشان ئەدەن .. ئاستی گوزەرانی هاووڵاتیان بەرز ئەکەنەوە له ڕێی وەرگرتنی باج لە دەوڵەمەندە زەبەلاحەکان ..کارمەندە بچووکەکان باجیان لێ وەرناگیرێت ..گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزارییە حوکومییەکان ئەدرێت وباجێکی زۆر ئەخرێتە سەر خوێندن و تەندروستی ئەهلیی ..جگەرە و مەشروباتی ئەلکهولیی گران دەکەن بۆ ئەوەی گەنجان و لاوان بە ئاسانیی نەتوانن بیانکڕن و دوور بن لە ئاڵوودە بوونەوە ..حوکمەت بۆی نییە دەست بخاتە کایەکانی زانست و هونەر و ئایین و وەرزش و چالاکییە هزریی و شارستانییەکانەوە و بۆ خۆی و هەوادارانی قۆرخیان بکات ، داهاتەکانی ناوخۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقام و پارک و پرد و باخچە گشتییەکانە ..حوکمەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن ، بە هێمنیی کورسییەکەی ڕادەستی کەسێکی تر ئەکات ..ئەگەر حوکمەت مل بدات بۆ خۆپەرستی و دزی و گەندەڵیی ، ڕۆژنامە و خەڵک تەپڵی بۆ لێدەدەن و لە کورسییەکەی دایاندەبەزێنن و حەیای ئەبەن و ئەیدەن بە دادگا ، نمونە هێرماتکۆلی ڕاوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیا کە یەک ملیۆن دۆلاری بۆ حیزبەکەی لە داهاتی گشتی خەرج کردبوو ، درا بە دادگا و لە پۆستەکەی دوور خرایەوە ..بەرلسکۆنی و بل كلینتۆن و یەهود ئۆڵمرت ، لەبەر دەم دادگای گەل ڕاوەستێنراون و بە توندی سزا دران … زۆر شتی تریش ..

  • حوکمەتی یارییە باجێنە :
    ــــــــــــــــــــــــــ
    بە هەڵبژاردنێکی سەیر دێنە سەر کورسی ، چونکە هەمیشە باوک و کوڕ و ئامۆزا و خاڵۆزا لەو هەڵبژاردنانەدا دەردەچن ، چونکە کە هەڵبژادن ئەنجام دەدرێ دوای مانگێک یان زیاتر ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن .. بە ئاشکرایش ئەڵێن ئێمە هێزی چەکدار و خەباتمان هەیە ، ئەگەر لە هەڵبژاردن یەک دەنگیش نەهێنین ، هەر خۆمان سەرۆک و سەرکردە و ئەو جۆرە شتانەین ، واتا دەسەڵات لەسەر سینییەکی ئاڵتونیی تەسلیم ناکەن …کاری سەرەکییان فراوانکردنی کۆیلایەتی و کاسەلێسییە .. خەڵکەکە لە برسانیشدا بمرن ، حوکمەت لە گەشت و پیاسەی ووڵاتان ناکەوێت و ئەگەر هەموو میللەت مردار بنەوە ، نەک هەر گەشت و سەیرانەکانی ناپچڕێنێ ، تەنانەت فاتیحایەکی دێلیڤەریشیان بۆ نانێرێ ..
    پێش دەست بەکار بوون ، بە پاتەی دڕاو و جلی پینە پینەوە ئەبینرێن و دوای دەست بەکاربوون ، ئەبن بە خاوەنی ملیارەها دۆلار و سەدان ڤێلای ناوخۆ و دەرەوە و کۆمپانیا و مۆڵ و پڕۆژەی زەبەلاح ..جگەرە و مەشروب ئەوەندە هەرزان ئەکەن تەنانەت ڕیشۆڵەیش ئەتوانێ بەکاریان بهێنێ .. خوێندن و تەندروستی حوکومیی پشت گوێ ئەخرێت و ..گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و تەندروستی ئەهلیی ئەدرێت چونکە هی خۆیان و مناڵ و تواڵەکانیانە .. ئەم حوکمەتانە لە ناوبازاڕ و سینەما و ناو خەڵکدا نابینرێن ، بەڵام لە هەموو شوێنێک پەیکەر و وێنەیان هەڵئەواسرێ وەک نموونەی ئازایەتی و مەردایەتی نیشان ئەدرێن ..پارە و داهاتی ووڵات زۆربەی بۆ دەستەی حوکمەت و ماڵ ومنداڵەکانیان خەرج ئەکرێن و ..شەقام و پارکەکان ڕۆژ بە ڕۆژ وێران دەبن .. هەلی کار نامێنێ و ..بە هیچ جۆرێ گرنگی بە پیشەسازی و کشت و کاڵ نادرێ و ..دامەزراندنی گەنجان ڕادەوستن و ..کارگە حوکومیەکان یەک لە دوای یەک دادەخرێن ، لە بەرامبەردا ، زیندانی تازە و گەورە دروست ئەکرێن و ..جۆرەها هێزی سەرکووتکەر دروست ئەکەن بە موچە و ئیمتیازاتی زۆرەوە ..به جۆرێک شۆفێرێکیان ، سەد ئەوەندەی مامۆستایەکی زانکۆ خۆشگوزەران و بە دەسەڵاتە … نیشتمان فرۆشتن لەلایان زۆر ئاساییە ، گرنگ ئەوەیه کورسییەکانیان بمێنێ و بتوانن بەردەوام بن لە چەوساندنەوەی هاووڵاتیان .. باج و گومرک تەنها بۆ پیشەوەرە بچووک و نەناسیاوەکانە و .. کۆمپانیا و بازرگانە گەورەکان یەک فلس باج نادەن چونکە هاوبەش و خزم و هاوڕێی حوکمەتن .. زانست و هونەر و ئایین و وەرزش و هەموو کایە شارستانییەکان ئەبێتە موڵکی سەرۆک و بە ئارەزووی خۆی بڕوانامه و خەڵات و مەدالیا دابەش ئەکات ، ئەوەی زیاتر چەپڵەی بۆ لێبدات و کۆیلایەتیی نیشان بدات ، زاناتر و پاڵەوانتر و شاعیرتر و هونەرمەندترە ..حوکمەت بۆی هەیە دەستکاری هەموو شتێک بکات تەنانەت ئەگەر بیشبێتە هۆی لەناوچوونی نیوەی میللەت ، گرنگ نییە ، گرنگ ئەوەیە ئەبێ فەرمایشتی ئەو جێ بەجێ بکرێت ..کۆشک و ئوتومبیل و جل و بەرگ و هەموو شتێکیان تایبەت و گرانبەهایە و بە هیچ جۆرێ هاووڵاتی ناتوانێ بە خەویش ببێتە خاوەنی شتێکی ئەوان بۆ نمونە سەعاتێکی مەچەک بە حەوت سەد هەزار دۆلار ، چاکەت و پانتۆڵێک بە پەنجا هەزار دۆلار ………..ئەبنە خاوەنی هەموو شتێ ، بەڵام هەموو نرخ و ڕێزێکی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەدۆڕێنن ..بە شەڕ و کوشتار و شۆڕش و تێڵا لە کورسییەکانیان دەردەپەڕێنرێن و لە ناوەڕاستی شارەکاندا لە سێدارە دەدرێن و خەڵکەکە لەدەوری لاشەکانیان هەڵپەڕکێ و ئاهەنگی حەوت شەو و حەوت ڕۆژە دەگێڕن ..
    شتی تریش ..