فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی.. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

نوێپلاتۆنییە مەزنەکانی خۆرهەڵات
ئیبن سینا

دوای ڕووخانی خەلافەتەکەی بەغداد چەند دەوڵەتێکی ئۆتۆنۆم لە خۆرهەڵات سەریانهەڵدا. ئێستا ئەم دەوڵەتانە بە پێچەوانەوە سیاسەتی دەسەڵاتخوازییان ئاڕاستەی وڵاتانی ئەرەبی کرد و لە لایەنی خۆیانەوە کاریگەریی کولتووریان لەسەر نواندن. گومانی تێدا نییە کە پێشبینییەکانی فارابی لەمەڕ دەوڵەت سەرئەنجامی گەردوونناسی و ئێشاتۆلۆگییە نوێپلاتۆنییەکەی بوون، وەلێ هاوکات پەرچەکردار بوون لەسەر داڕوخانی جیهانێکی مسۆگەرکراو، هەروەها گوزارشتی هیوا بوون بۆ نەهێشتنی تەنگژەیەکی جڤاکی. لێرەدا یوتۆپیای فارابی بۆ جڤاکێک ڕووی دەکردە زاڵبوون بەسەر جیهانێتیدا، زاڵبوونەکەش دەبوو بە خودی کەتوار دەستپێبکات و بەتوندی گرێدرابوو بە ئاوەزی مرۆڤەوە. ئیبن سینا، فەیلەسوفە مەزنەکەی دیکەی جیهانی ئیسلامی، بیرۆکە بناغەییەکانی فارابیی لای خۆی پاراست، وەلێ پرسی دیکەی کرد بە چەقی کارەکانی. هزری ئەم لە لایەک پتر لە کردەکێتیی ژیانی مرۆڤەوە ئاڕاستە وەردەگرێت، وەلێ هاوکات (یان ڕەنگە بەتایبەتی بەو هۆیەوە) لەبەر ئەوەی زەینی مرۆڤ بە جیهانی ماتەرییەوە ئاڵاوە، ئەوا ڕێگەی زەین تەنیا مەسەلەی ڕاسیۆنالێتی نییە، بەڵکو هاوکات مەسەلەی ڕەوانە. ئیبن سینا دەنووسێت: “مەبەستی فەلسەفە ئەوەیە کە سروشتی ڕاستینەی سەرجەم شتەکان تا ڕادەی توانستی ناسینی خۆی بناسێت” (Watt/Marmura 1985, 320)، وەلێ ئەمە هاوکات چە داکۆکییە لە مەئریفەی ئاوەز و چە ئاماژەیە بۆ بڕوای ئیبن سینا کە “بەدیهێنانی دانایی” تەنیا مەسەلەی فەلسەفەی ڕاسیۆنال نییە.

ژیانی ئیبن سینا

ئەبو ئەلی ئەلحوسەین ئیبن ئەبدوڵلا ئیبن سینا ساڵی 980 لە نزیکی بوخارا لە ئوزبێکستانی ئەمڕۆ هاتە جیهانەوە. ئەو دەمە لە بوخارا خانەوادەی سامانییەکان حوکمڕان بوو و سەردەمێکی گەشانەوەی ئابووری و کولتوورییان بۆ ئەو وڵاتە دەستەبەر کرد. پێدەچێت باوکی ئیبن سینا کە فەرمانبەرێکی پلەباڵا بوو، هێندە دەوڵەمەند بووبێت کە ئیدی توانیبێتی دەرفەتی پێگەیاندنێکی فێرگەییانەی گشتگیر لای مامۆستایانی تایبەت (پریڤات) بۆ کوڕەکەی بڕەخسێنێت، لەم ڕەوتەشدا بەهرەمەندیی نائاسایی ئەو زارۆکە ئاشکرا بوو: لە تەمەنی سیازدە ساڵاندا جگە لە قورئان و حەدیسەکان زۆر بەرهەمی گرنگی ئەدەب و زانستی دەناسی. گەر ژیانی فارابی وەک ژیانی دانایەکی ڕوو لە جیهان وەرگێڕاو دابڕێژرێت، ئەوا لە ژیاننامەی ئیبن سینادا شاردنەوەیەک هەیە کە جەختکردنە لە بلیمەتیی ئەو، لێرەشدا مرۆڤە ڕیالەکە لە ئەگەری دیارنەماندایە. لەوێدا گەلێک شتی پەرجوویی شیاوی خوێندنەوەن، بۆ نموونە لەبارەی شارەزایی گشتگیر و برسێتیی ئەو بۆ زانین، یان ئەو وەک خۆفێرکەر (ئۆتۆدیداکت) کە لە توانایدایە تەنانەت کار لە ئاڵۆزترینی بابەتەکاندا بکات. ئیبن سینا خۆی لە ئەفسانەی ئەو زارۆکە پەرجوویی و بلیمەتە گشتلایەنەدا بەشداریی کرد. ئەو کە زۆر چاک لە بەهای ڕاستینەی خۆی و پێگەکەی بەئاگا بوو، ئۆتۆبیۆگرافییەکی نووسی و تێیدا وەک شایانی خۆی ئاماژەی بۆ بەهرە نائاساییەکانی دا. سەرباری ئەوە، بە گۆتەی خۆی، لە ئەرکێکدا شکستی هێنا: گەرچی وای دادەنا کە مێتافیزیکی ئەڕیستۆتێلیسی دەرخ کردبێت، کەچی سەرباری ئەوە وەک مەتەڵێک لای مایەوە تا ئەو ڕۆژە کە ڕاڤەکردنەکەی (شەرحەکەی) فارابیی خوێندەوە. فارابی لە خۆڕا تەنانەت لە سەردەمی ژیانیدا نازناوی “مامۆستای دووەم”ی هەڵنەگرتبوو. دوای ئەڕیستۆتێلیس (“مامۆستای یەکەم”) بە نێوەندیار و تەواوکەری فەلسەفەی ئەنتیکە دادەنرا. فەلسەفەی فارابی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئیبن سینا نواند و هەوڵی دا بیخاتە پەیوەندییەوە لەتەک شارەزاییە زانستی-سروشتی و پزیشکییەکانی خۆیدا.
هەروەها هەڤاڵێتییەکەی لەتەک ئەلبیرونیدا (973-1048)، کە زانایەکی گشتلایەن و حەوت ساڵ لە خۆی بەتەمەنتر بوو، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لاوێتییەکەی. نامەگۆڕینەوەکەی نێوانیان لەبارەی پرسیارەکانی فیزیک و ئەستێرەناسی و گەردوونناسی بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی مەزنی مێژووی گشتگیری زانستەکان. وەلێ هەر لەو نامەگۆڕینەوەیەدا شێوەیەکی گرژیی دیالێکتیکی خویادەبێت کە بۆ هزری ئیبن سینا زۆر گرنگە: ئەلبیرونی گرنگی بە سەرئەنجام و ڕاڤەکردنی زانستی ئەمپیری دەدات، لێرەشدا گوماندارە بەرانبەر چۆنێتیی بەرگریکردنی ئیبن سینا لە هزری ئەڕیستۆتێلیس، بەتایبەتیش گومانی هەیە لە سپێکولاسیۆنی نوێپلاتۆنیانەی ئەم فەیلەسوفە. بۆیە ئەلبیرونی لەچاو ئیبن سینادا نزیکترە لە سەرئەنجامەکانی زانستی مۆدێرن، وەلێ هاوکات نزیکتریشە لە هەڵوێستەکانی ئەقیدەگەریی ئایینی، بە پێچەوانەشەوە هزری ئیبن سینا، جا گەرچی لە ڕووی زانستی سروشتییەوە هەڵەمەندە، سەرباری ئەوە وەک سپێکولاسیۆنی فەلسەفەیی و بەتایبەتی لە ئەدگارە نوێپلاتۆنییەکەیدا زۆر لە هزری ئەو ڕادیکالترە. بەم ڕێیەوە هزری ئیبن سینا ڕوانگەی نوێ ئاوەڵادەکات نەک تەنیا لە ڕووی سەبژێکتی تیۆری-مەئریفەوە، بەڵکو بۆ مرۆڤیش لە هەڵوێستیدا سەبارەت بە ڕێکخراوی جیهان و خودا. بۆ نموونە ئەلبیرونی ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە دەشێت لە چۆنێتیی چیاکانەوە دەربئەنجامێنرێت کە ئەوان دروست بوون، بۆیە تێڕوانینی ئەڕیستۆتێلیس لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی “لەبارەی ئاسمان” (De Caelo) کە جەخت لە ئەزەلییەتی جیهان دەکات، دەبێت هەڵە بێت. ئەوجا چەند ئەمە ڕاستە، ئەوەندەش دەرئەنجامگیرییە لێوە دەرکێشراوەکەی جێی پرسیارە کە دەبێژێت دروستبوویی ڕووبەری زەوی دەرفەتمان پێدەدات ئافراندنی خودایی دەربئەنجامێنین. ئیبن سینا پەیوەند بەو تێڕوانینەوە بەهەژیوی پەرچەکردار دەنوێنێت: “تۆ گەرەکە بزانیت، کاتێک ئەڕیستۆتێلیس دەبێژێت کە جیهان هیچ سەرەتایەکی نییە، بە هیچ شێوەیەک مەبەستی لەوە نییە کە جیهان ئافرێنەرێکی نەبێت، بە پێچەوانەوە دەیەوێت ئافرێنەری جیهان لە هەر ناچالاکییەک تەبریە بکات” (لە: al-Biruni 1991, 50). کەواتە ئەزەلییەتی جیهان دژبێژیی هەبوونی خودا نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوە کە بوونی خودا زەروورییە (essentiell)، ئەوە کاتێک ناتوانین ئەوها لەبارەی جیهان ببێژین. بۆ سەلماندنی خودا زۆرتر لەوە پێویستە کە تەنیا ئاماژە بۆ لێرەبوونی جیهان بدرێت.
ناوبانگی ئیبن سینا بە پلەی یەکەم دەگەڕایەوە بۆ ناسێنراویی ئەو وەک پزیشک، کەمتر وەک مامۆستای فەلسەفە. ئەوجا ناوبانگی بڵاوبووەوە، چونکە بەهۆی ئاڵانییەوە لە ناکۆکییە سیاسییەکانی سەردەمەکەی لە زۆر ناوچەی جیاواز کاری کرد. سیاسەت بۆ ئەو کەمتر لە فارابی گرنگییەکی تیۆرییانەی هەبوو، بەڵکو گرنگییەکەی پراکتیکیی بوو: ئێمە لەتەک ئیبن سینادا بە فەیلەسوفێک دەگەین کە دەیخواست نزیک بێت لە دەسەڵات. ناوبانگی ئەو وەک هزرڤان و شرۆڤەکار، زانینی گشتگیر و زرنگیی مەزنی لە پزیشکیدا، کردیان بە ڕاوێژکاری نموونەیی و پزیشکی تایبەت لای گەلێک دەسەڵاتداری سەردەمەکەی. ئەو چەند ساڵێکی درێژخایەنی ژیانی وەک وەزیر و ڕاوێژکار و پزیشکی تایبەت لە کۆشکوسەرای جیاوازی میراندا بەسەر برد، لەم کاتانەشدا بەردەوام تووشی پیلانگێڕییەکانی دەسەڵات دەبوو کە ناچاری هەڵاتن و دەربەدەرییان دەکرد، پاشان سەرلەنوێ ڕێزپێدراوانە لای میرێکی دی پێگەی پێدەدرایەوە. لەم ڕوانگەیەوە ژیانی ئیبن سینا وێنەدانەوەی مێژووی سەردەمەکەیەتی: ڕووخانی دەوڵەتی سامانییەکان و باڵادەستبوونی غەزنەوییەکان، سەرهەڵدانی ڕیزێک میرنشینی ناوچەیی و شەڕی بەردەوام لەسەر باڵادەستی، ناچاریان کرد ژیانێکی بێئۆقرەی کۆچەریانە بەڕێوەبەرێت و بچێتە خزمەتی گەلێک دەسەڵاتدارەوە، هەر ئەم خزمەتەش زۆر جار بۆی بوو بە مایەی مەترسی لەسەر ژیان و چەند جارێکیش فڕێدرایە نێو زیندانەوە. ئەو لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا چووە خزمەتی دەسەڵاتدارەکەی ئەسفەهانەوە بەناوی عەلائئەلدەولە – وەک پزیشکی تایبەت و بەڕێوەبەری بیمارستانەکەی (نەخۆشخانەکەی) ئەوێ. ئیبن سینا ساڵی 1037، کاتێک یاوەریی میری لە لەشکرکێشییەکەیدا بۆ سەر هەمەدان کرد، جیهانی بەجێهێشت.
ئیبن سینا دوای مردنی پتر لە سەد کتێبی بەجێهێشت و هەندێکیان زۆر خێرا بەفراوانی بڵاوبوونەوە. سەرەتا گەرەکە ناوی کارە پزیشکییەکان بەرین، چونکە بەبێ ئەم نووسینانە بەزەحمەت بەشێکی گرنگی مێژووی زانین لە چەرخی نێڤیندا لێتێدەگەین. لە چەرخی نێڤیندا، بەتایبەتیش لە ئەوروپای کریستیانیدا، ئاستی شارەزایی پزیشکی تۆقێنەرانە نزم بوو. ئەقیدەگەریی ئایینی وای دادەنا کە پزیشکی تێکوشانی زانستی نییە، چونکە گۆیا لە کرۆکی نەخۆشی نەدەهزری وەک هەقیقەتێکی نێو پلانی خودی ئافراندن، بەڵکو دەیویست هەڵسوڕاندنی قەدەری مرۆڤ لە خودای مەزن بسەنێت. بۆ نموونە کڵێسەی کاتۆلیکی ماوەیەکی درێژخایەن بەو شێوەیە ئەرگومێنتی دەهێنایەوە – ئەمە درەنگتر بە هەمان شێوە لە ئیسلامیشدا هاتە نێوانەوە، لێرە “پزیشکیی پەیامهێن” دەیویست تەنیا پشت بە ئامۆژگارییەکانی قورئان و حەدیس ببەستێت کە تا ڕادەیەک کەمبەها و تا ڕادەیەکی دیکە ئاللێگۆرییانە بوون. یاخود تەنیا کاتێک پزیشکی بە زانستێکی جددی دادەنرا، گەر پشتی بە “ئۆتۆرێتی”یە ناسێنراوەکان ببەستایە کە داناییان گەرەنتیی بە تێگەیشتن لە کرۆکی شتەکان دەدا، ئەم ئۆتۆرێتییانەش سەرەتا نووسەرانی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکانی ئەنتیکە بوون، بۆ نموونە هیپۆکڕاتێس، گالن یان پلینیوس، ئەوجا درەنگتر نووسەرانی دیکەیان درانە پاڵ: لە چەرخی نێڤینی لاتینیشدا بەتایبەتی کارەکانی نووسەرانی ئیسلامی بەهەند وەرگیران. وەلێ هیچ کتێبێک خۆی نەدا لە شانی ئەو واتایە کە “کانۆنی پزیشکی”یەکەی ئیبن سینا پێی گەیشت. کتێبەکە تا نێو سەدەی حەڤدەیەم لەپاڵ نووسەرە کلاسیکییەکانی ئەنتیکەدا بناغەی پێگەیاندنی پزیشکان بوو لە ئەوروپا، زۆر زیاتر لە لێکۆڵینەوەکانی ئەلڕازی کە بە هەمان شێوە بەناوبانگ بوون. ناوبانگی ئیبن سینا وەک پزیشک کاریگەرییەکی ئەوتۆشی نواند کە شێوەی بەلاتینیکردنی ناوەکەی (واتا ئاڤێسینا) تا ئەمڕۆ باوتر بێت لە ناوی ڕاستینەی خۆی. خزمەتی مەزنی ئیبن سینا لەوەدا بوو کە ئەو لەپاڵ بەهەندوەرگرتنی ئۆتۆرێتییەکاندا زۆر مەئریفەی ئەمپیریی خستە سەر زانینی پزیشکییانەی سەردەمەکەی. ئەم کراوەییە بەرانبەر زانستی ئەزموون و قەدەرگرتنی، پەیوەندییەکی بە هزری فەلسەفەیی ئیبن سیناوە هەیە.

مێتافیزیک
ئیبن سینا، ئاڕاستەوەرگرتوو لە فارابییەوە، هاوشێوەی ئەو مێتافیزیک بە زانستی بوونەوەر دادەنێت، بەڵێ تەنانەت پێشبینیی ئەو بۆ ڕێکخراوی بوون فارابیانەیە، هێندە نەبێت کە سەرلەنوێ ئەزموونی نەخشەی ڕژانی نوێپلاتۆنیزمەکەی فارابی دەکاتەوە، لێرەشدا یەک-ی (ئەلئەحەدی – و) هەرە سەرەتایی پلۆتین هاوتا دادەنێت بە “یەکەم هۆکار”ەکەی ئەڕیستۆتێلیس و بە خودای سروشی قورئان. بێگومان لای ئیبن سیناش مەئریفەی ئاوەز پێشتریی لە ڕاستیی پەتیی ئیمان هەیە. وەلێ ئەم ئێستا لە ڕاڤەکردنی دەرووندا، دەروون بەڕێوە ڕووەو مەئریفەی خودا، ڕێگەیەکی خۆیی دەگرێتە بەر. مێتافیزیک، کە ئیبن سینا لە کارە سەرەکییە فەلسەفەییەکەیدا بە ناونیشانی “کیتاب ئەلشیفا” (“کتێبێک لەبارەی شیفا”) گۆڕانی پێدەدات، زانستی بوونەوەرە بەگشتی. تەنیا خودا دەشێت بوونی پەتی بێت، چونکە تەنیا خودا زەروورییە نەک شیمانەیی / بەڕێکەوت، ئەزەلییە نەک سەیرورەیی، یەکە نەک زۆرێتی. کەواتە مێتافیزیک خۆی بە زانستی مەئریفەی خوداوە خەریک دەکات. لێرەدا ناونیشانی نووسینەکە سەرنجڕاکێشە: “ئەلشیفا”، هەر لەمەشدایە جیاوازییەکە لە دابی تا ئێستاکانەی نوێپلاتۆنیزم. فەلسەفە، بەتایبەتی لە بەشە شایانەکەیدا کە مێتافیزیکە و لە ڕوانگەی ئەڕیستۆتێلیسەوە گەرەکە خۆی بە “دوایەمین شتەکان”ەوە خەریک بکات، بۆ ئیبن سینا شیفایە / چاکبوونەوەیە لە هەڵە زیانبەخشەکان، هەروەک چۆن پزیشکی چاکبوونەوەیە لە کاریگەرییە زیانبەخشەکان لەسەر لەش. هۆش و دەروون لە لایەک، لێرەبوونی لەشەکی لە لایەکی دی، بەزەرووری پێکەوە بەندن، بۆیە هەرگیز چاکبوونەوەی یەکێکیان بەبێ چاکبوونەوەی ئەویدیکەیان بەتەواوی بەدیناهێنرێت. بەم تێڕوانینە، وەک چۆن ئەمڕۆ دەتوانین ببێژین، تەنیا مەبەست لە پزیشکییەکی “سەرجەمییانە” نییە، بەڵکو هەروەها بەتایبەتی گۆتەیەکی گرنگمان لەبارەی پەیوەندیی بوونی پەتی بە جیهانی ماتەرییەوە هەیە.

ئەڕیستۆتێلیس کەرەسەی پێناسەکردبوو وەک لە-شیمانەدا-بوونی پەتی کە ناچالاکانە / پاسیڤانە فۆرم وەردەگرێت، فۆرمیش لە لایەنی خۆیەوە هۆی کارایە (causa efficiens -و)، هەروەها وەک فۆرمی پەتی، تەواو بەدەر لە کەرەسە، هزری پەتیی خودایە. نوێپلاتۆنییەکان هەوڵیان دا بە نەخشەی ڕژان (ئێماناسیۆن) وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە داخۆ چۆن کەرەسەی بێدەروون و بێهۆش بە فۆرم بگات. لە بوونی پەتیی خوداوە زەینی پەتی دەڕژێت، وەلێ زەینی پەتی بە پێچەوانەی بوونی پەتیی خوداوە کە یەکە، زۆرێتی لە خۆ دەگرێت. ئەوجا ئیدی پرۆسەی ڕژان پلە بە پلە بەردەوام دەبێت تا ئاستێک کە ئیدی کەرەسەی بەڕێکەوتی فرەجۆر کەمترین بەشی لە زەینی فۆرمدەری پەتیدا هەیە، واتا جیهانی ماتەری کە ئێمە تێیدا دەژین. ئیبن سیناش درێژە بەم پرنسیپە دەدات، وەلێ ئەم ئاماژە بۆ زەروورە دەدات: کەرەسە بەزەرووری لە هەر پلەیەکی ڕژاندا گرێدراوە بە هۆی کاراوە. ئاخر ئایا بە چە ڕێیەکەوە کەرەسە کە ئێمە لە کاتدا وەک بگۆڕ و فانی ئەزموونی دەکەین، بە بوونی خۆی دەگات؟

وەلێ گەر ئێمە تەنیا لە ڕیزی پلەکانی نەخشەی ڕژاندا بهزرێین، ئەوا دەبێت کەرەسە لە کاتێکی دیاریکراودا شیمانەی پەتی بێت و ئێمەش چیدی نەتوانین ئەزموونی بکەین، چونکە بۆ ئەزموونکردنی ئەوەکەیەک دەبێت ئەوەکەیەکی شیاوی ئەزموونکردن لەگۆڕێ بێت، کەواتە کەرەسەیەک کە فۆرمێکی هەیە، کە بوونەوەرێکە. “هەر شتێک کە وەک نوێ سەرهەڵدەدات، لە خۆیدا پێش سەرهەڵدانی شیمانەیە بۆ لێرەبوون یان نەشیاوە بۆ ئەوە” (Avicenna 1960, 269). کەواتە دەبێت لە زنجیرەی هۆکاندا ئەوەکەیەک هەبێت کە پابەندیی نێویەکییانەی فۆرم و کەرەسە بەزەرووری دەهێنێتە ئاراوە:
“هەر یەکێکی ئەم پرنسیپانە (کەرەسە و فۆرمی کرۆکی) لە هەر ڕوویەکی دیاریکراوەوە، هەروەها پەیوەند بە کەتوارێکی دیاریکراوەوە نەک لە هەمان ڕووەوەوە، هۆیە بۆ ئەویدیکەیان. گەر ئەمە ئەوها نەبایە، ئەوسا بە هیچ شێوازێک فۆرمی کرۆکییانەی ماتەریەل پابەندییەکی زەرووریی بە ماتەرییەوە نەدەبوو.” (Ebd., 600)
ئەمە، وەک ئیبن سینا دەبێژێت، هیچی دیکە نییە جگە لە بوونەوەرە-زەرووری کە خودایە. خودا بوونی پەتی و زەروورەی پەتییە، لەنێو کەرەسەشدا ئامادەیە، ئەوە بێگومان بەڕێی پێکەوەگرێدراویی زەرووریانەی کەرەسە و فۆرمەوە. کەواتە گەردوون لەم گرێدراوییە زەرووریانە پێکدێت. ئەوجا لەبەر ئەوەی گرێدراوییەکان هاوکات لەتەک خودادا کە ئەوانی خستووەتەوە، لەگۆڕێن، ئەوا دەبێت هاوشێوەی خودا ئەزەلی بن. کەواتە، لۆگیکیانە، جیهان و کەرەسە لە ئەزەلەوە هەن.

ڕاسیۆنالێتی و ئینتوئیسیۆن

ئەو تێڕوانینە واتایەکی ئەوتۆ بۆ هۆشی مرۆڤ دەگەیەنێت کە گەردوونیش دەبێت بە بابەتی مەئریفە، بێگومان نەک تەنیا لە ڕووی مەئریفەی تاکە هۆ و تاکە بوونەوەرانەوە، بەڵکو هەروەها لە ڕووی مەئریفەی بوونەوەرە -زەروورییەوە، کەواتە خوداوە. “چاکبوونەوە” کە پرسی مێتافیزیکی ئیبن سینایە، شیمانەی زەینی مرۆڤە بۆ مەئریفەی خودا، ئاخر گەرچی خودا ترانسسێندێنتە، سەرباری ئەوە هاوکات نێوەکیانە (بەئیمانێنت) لە فۆرمە پابەندەکانی کەرەسەدا دەدرەوشێتەوە. با ئەو پرسە وەلاوەبنێین کە داخۆ بشێت ئەم فەلسەفەیە بە “ماتەریالیستی” و “پانتایستی” دابنرێت، وەک چۆن ئێڕنست بلۆخ کردوویەتی (بڕوانە Bloch 1972). بە هەر حاڵ ئەم فەلسەفەیە بناغەیەکە بۆ ئەو هەوڵەی میستیکێکی فەلسەفەیی لەنێو ئیسلامدا کە خۆی بە ئیبن سیناوە گرێ دەدات و دەیەوێت بەسەر ڕێگەی مەئریفەدا بگات بە ئازادکردنی دەروون لە “دیلێتی”ی ئەمدنیاییانەی، کەواتە هەوڵێکە بۆ یەکخستنی نەزەری میستیکییانەی خودا و ڕاسیۆنالیزمی فەلسەفەیی، پەیوەستییەکەش بە ئاشکراکردنی زەروورە لۆگیکییەکان بە مەئریفەی خودا دەگات. ئیبن سینا ڕێگەیەکی بەم چەشنەی مەئریفە لە چیرۆکی ئاللێگۆریانەی “حەی ئیبن یەقزان” (زیندووی کوڕی بێدار)دا دادەڕێژێت. چیرۆکخوانێک دەیگێڕێتەوە کە لە گەشتێکدا بەنێو وڵاتانی ئەندێشەییدا زیندەوەرانی جیاواز دەناسێت. هەریەکەی زیندەوەرەکان هێمایە بۆ پلەکانی ڕێکخراوی گەردوونی و ڕێگەی مەئریفەی مرۆڤ. درەنگتر فەیلەسوف ئیبن توفەیل لە ئەندەلوسی ئیسپانیا ناونیشانەکەی بۆ چیرۆکێکی خۆیی وەرگرت کە زۆر زیاتر لەوەی ئیبن سینا بە ناوبانگ گەیشت. لە ئاللێگۆرییەکەی ئیبن سینادا، وەلێ بەهێزتر لە دووەم کاری فەلسەفەیی ی سەرەکیی ئەودا بە ناونیشانی “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات”، نەزەری ئینتوئیتیڤ / حەدەسییانە دێتە پاڵ مەئریفەی فەلسەفەیی ی ڕاسیۆنالی جیهان و خودا. بێگومان نەزەری حەدەسییانە نەک تەنیا لێڕوانینێکی نا-ڕاسیۆنالە لە قووڵبوونەوە و زوهدەوە، وەک چۆن لای سۆفییە ئیسلامییەکان دەیبینین، بەڵکو زۆرتریش لەوە توانستە بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنی تیژکراوە لە کرۆک و زەروورە (das Essentielle) گوڕ بە پرۆسەی ڕاسیۆنالی مەئریفە بدات. بە دیدی ئیبن سینا ئەم توانستە بۆ نموونە مۆرکی پەیامهێنانە (پێغەمبەرانە)، هەر بەم تێڕوانینەش لە فارابی جیادەبێتەوە کە لە کۆتاییدا پەیامهێنیی لە پشت مەئریفەی فەلسەفەییەوە دانابوو. پەیامهێنەکان بۆ ئیبن سینا تەنیا توانستمەندی (Meister) هێزی پێشبینی نین و بتوانن مەئریفەی فەلسەفەیی لە وێنە و هێمادا بخەنە گەڕ، بەڵکو هەروەها توانستمەندی زەینی تیژکراوەن و تەنانەت دەرەقەتی ڕێگەی سەختی مەئریفە دێن لە ڕووی ئەدگارە ڕاسیۆنالەکەیەوە. پەیامهێنان کە وەک “مامۆستای (Meister) مرۆڤان” شایانی ڕێزلێگرتنن، ئاللێگۆریانە داناییەکەی قورئان لە مرۆڤان تێدەگەیەنن. سەرجەم مرۆڤان گەرەکە فەزیلەکانی دانایی و قانئی و دلێری، لە کۆی هەمووشیاندا دادپەروەری، بکەن بە پەیڕەوی خۆیان. “وەلێ”، وەک چۆن ئیبن سینا لە کۆتایی “ئەلشیفا”دا دەبێژێت (Ibn Sina 1960, 685)، “کێ لەپاڵ ئەم فەزیلە پراکتیکییانەدا بە دانایی تیۆریانەش بگات، ئەو کەسە بە بەختیاری گەیشتووە”.

کاریگەریی ئیبن سینا

لەو کاتە بەدوواوە بەیەکگەیاندنی نەزەری میستیکییانەی خودا و فەلسەفەی ڕاسیۆنال کاریگەریی گەورەی نواند، ئەوە تەنانەت لەسەر هزری درەنگتری ئەوروپی لە چەرخی نێڤیندا. ڕۆجەر بەیکن (1214-1291) ئیبن سینای وەک جێگرەوەی ڕاستینەی ئەڕیستۆتێلیس دەبینی. تۆماسی ئەکوینی (1224/25-1274) لە ئاوەڵاکردنی بەڵگەهێنانەوەکانیدا بۆ هەبوونی خودا پشتی بە ئیبن سینا بەست، جا گەرچی لە لایەکی دیکەوە هێرشی بردە سەر ڕێبازی ڕژان لای ئەو. بەگشتی کاریگەریی ئیبن سینا لەسەر فەلسەفەی ئەوروپی کەمتر بوو لەوەی ئیبن ڕوشد، وەلێ کاریگەرتر بوو لەسەر فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی. لێرە لەسەر بناغەی فەلسەفەکەی مەدرەسەیەک بە واتای وشە سەریهەڵدا. وەلێ ئەم دەنگدانەوە مەزنە ڕەخنەگرانی بەوزەشی چالاک کرد، وەک ئەلغەزالی و دوای ئەویش فەخرەدین ئەلڕازی (بڕوانە بەشی دوای ئێرە)، کە پاشان دژەڕەخنەی لایەنگرانی ئیبن سینای بەدوودا هات. هەر بۆ نموونە نەسرەدین ئەلتوسی (1201-1274) خۆی خستە دانوستانێکی ئەدەبییەوە لەتەک (فەخرەدین -و) ڕازیدا تاکو لەدژی هێرشەکانی ئەو بەرگری لە ئیبن سینای نموونەی باڵای بکات. ئەلتوسی تەنیا فەیلەسوف نەبوو، بەڵکو هەروەها زانایەکی گشتلایەن بوو کە لە کایەکانی ماتماتیک و ئەستێرەناسیشدا هەڵکەوتبوو. هۆلاکۆی داگیرکەری مەغۆلی هێندە زۆر ڕێزی لێدەنا کە نۆڕێنگەیەکی مەزنی بۆ دامەزراند تاکو تێیدا توێژینەوەکانی ئەنجام بدات. ئەلتوسی وەک فەیلەسوف بەردەوامیی بە میراتەکەی ئیبن سینا دا، لێرەشدا هەوڵی دا بە دەستپێکێکی ئێنسیکلۆپێدیانە کایەی دیکەی زانین بە مێتافیزیک بگونجێنێت، بۆ نموونە ئۆپتیک (ڕوناکیناسی) وەک لکێکی تیۆریی دەرککردن، یان فیزیکی پراکتیکی لەنێو تیۆریی کاوساڵدا بەهەند وەربگرێت.
کاریگەریی ئیبن سینا لە فەلسەفەی ئێرانیدا تا نێو نوێسەردەم بڕ دەکات. وەلێ لە فەلسەفەی هاوچەرخی ئەرەبی ئیسلامیدا ناکۆکییەکی بەتین سەبارەت بە نرخاندنی کاریگەرییەکەی لەگۆڕێیە. ئەلجابری کە فەیلەسوفێکی مەغریبییە، وای دەبینێت کە کردنەوەی ترادیسیۆنی نوێپلاتۆنی بۆ میستیکی (تەسەوفی) ئیسلامی لە لایەن ئیبن سیناوە هۆیەکە بۆ کۆتاییهاتن بە ترادیسیۆنی ڕاسیۆنالیستی لە کولتووری ئیسلامیدا، بەمەش هاوکات هۆیەکە بۆ ڕوونەدانی مۆدێرنیزەکردنێکی ئۆتۆنۆم؛ وەک ئەو دەبێژێت، سەروەریی باڵای هزری ئیبن سینا لە ترادیسیۆنی فەلسەفەیی ئیسلامدا ڕێگر بووە لە وەرگرتنی (ڕێسێپسیۆنی) فەلسەفەی ئیبن ڕوشد کە زۆر زووتر بریتی دەبوو لە کرانەوەی فەلسەفەیەکی سەبژێکت ی بە مۆدێرنە گونجاو؛ کەواتە لەم ڕوانگەیەوە “فەلسەفەی مەشریق” بە ڕەهەندەکەیەوە بۆ میستیک بەرپرسیارە لە دەسەڵاتی ئایین لەنێو کولتووری ئیسلامیدا، بۆیە دەبێت خۆ بە فەلسەفەی مەغریب ی ئەرەبی و بەتایبەتیش بە ئیبن ڕوشدەوە گرێبدرێت تاکو گۆڕان بە مۆدێرنەیەکی خۆماڵی (ئۆتۆختۆن) بدرێت. ئەم تێزە زۆر بڵاوبووەتەوە، وەلێ هاوکات وتووێژهەڵگرە. بۆ نموونە فەیلەسوفی میسری حەسەن حەنەفی یەکێکە لە تیژترین ڕەخنەگرانی. ئەم خەریکبوونە ناکۆکانە بە ئیبن سیناوە لە وەرگرتنی ئەوروپیانەی هاوچەرخدا وێنەدەداتەوە، ئەوەش بە جۆرێک کە دەبزوێت لە نێوان: نرخاندنێکی نزیکەی هەژیوی ئیبن سینا و ئاماژەداندا بۆ کێماسی ڕەسەنێتی و سەربەخۆیی فەلسەفەیی، بۆ نموونە لەچاو فارابیدا.

سەرچاوە:
Geert Hendrich: Arabisch-Islamische Philosophie. Geschichte und Gegenwart. Frankfurt/Main 2005.
گلۆسار
ئێشاتۆلۆگی: پاشەڕۆژناسی، پرسی ڕۆژی قیامەت
ئەمپیری: تەجریبی
ئەقیدەگەری: ئۆرتۆدۆکسی، پابەندی سوننەتییانە (لاساییگەرایانە) بە بنەماکانی ئایینەوە.
فۆرمی کرۆکی: ئایدۆس، دەتوانین بە پێچەوانەشەوە لە “فۆرمی دیاردەیی” (مۆرفێ) بدوێین.
کاوساڵ: هۆئەنجام
کلاسیکی: هەردەم هەنووکەیی، کۆن-نەبوو.
ماتەریالیستی: دانانی کەرەسە بە بنەڕەتی سەرجەم کردەکیتی.
ماتەریەل: ماتەریانە، ماددی
میستیک: پڕنهێنی. جیهانبینییەکی ئایینییە کە تێیدا کەس کۆشش دەکات بۆ ئەوەی بە ڕامان و زوهد لەتەک خوددا یەکانگیر ببێت، بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا.
ئۆتۆڕێتی: ناسێنراو، پێگەی قبووڵکراو، کاریگەر لە بوارێکی تایبەتیدا
پانتایستی: لایەنگری پانتایزم کە خودا لەنێو جیهاندا دادەنێت؛ هەردووکیان یەکانگیرن.
ڕەوان: سپیریتوالێتی، مەئنەویەت
سەیرورە: هاتنەئارا لەنێو خۆوە، بە پێچەوانەی وەرگۆڕینەوە کە بەهۆی دەرەکییەوە ڕوودەدات.
سپێکولاسیۆن: هزرینێک کە بە فاکت بەدینەهێنرابێت.
ترانسسێندێنت: نەشیاوی ناسین.




ژنەکەت عاشقی سوڵتان عەبدولحەمیدە.. نیهاد جامی

ئەوە ناونیشانی چیرۆکێک نیە، هێندەی ڕاستەقینە بوونی ماڵی کوردیە، ئەو دەمەی دەتەوێت دژایەتی فەرهەنگی تورکی بکەیت و بە فاشیزمی دەناسیت، بەڵام ئەو فاشیزمە هێندە پتەو خۆی خستۆتە ناو ماڵەکەت و چای لەگەڵ خوشکەکانت دەخواتەوە، دەستبازی لەگەڵ ژنەکەت دەکات، هەر بە بەرچاوی تۆی پیاوەوە، تۆش دەمت بکەیتەوە خۆت بە دژە تورک دەزانیت، ئەو وێنە ریالیستیە دەرەنجامی هەر ماڵێکی کوردیە کە بوونە بە ئەوینداری ڕاستەقینەی درامای تورکی، هەڵبەت لەڕووی ئاستی هونەریەوە درامای تورکی توانیویەتی خۆی بخزێنێتەوە ناو تەواوی دنیا، بەلام بەهیچ شێوەیەک ژیانی کۆمەڵایەتی زەوت نەکردووە، وەک ئەوەی لەکوردستان داگیری کردووە کاتێک پیاوەکان دەبن بە ژنکوژ، ژنەکان خەونیان پیاوێکی ڕۆمانسیە، ئەو کاتە دۆزینەوەی ئەو پیاوە تەنیا لەناو ئەو درامایانە دەست دەکەوێت، حەز دەکەن کەنیزەیەک یاخود یەکێک بن لەژنەکانی سوڵتان عەبدولحەمید، با کۆیلەی حەرامسەرا بێت بەس هەست بکات، لەم سەر زەویە پیاوێک هەیە گرنگی پێ دەدات و خۆشی دەوێت، خۆشەویستی بۆ ژن هیچ نیە لەکۆمەلگای ئێمەدا، خۆشەویستی هاوکێشەیەکە وابەستەمان کردۆتەوە بە پەیوەندی سێکسی، لەو نێوەندەدا کەس وەک بانگخوازو گروپی دینی سوودی لەو دۆخە وەرنەگرت، هەندێک نوسەرو هونەرمەندیش بۆ ئەوەی تیراژی کتێبیان بەرز بێتەوە، پەیجەکانیان لایکەکانیان بفرن، خێرا داکۆکی لەو گوتارە کۆنە پارێزیەی دینیەکان دەکەن، تەنانەت بێشەرمانە هەندێکجار دەنووسن ئەوەی ڕوو دەدات هۆکارەکەی علمانیەکانن، لەڕاستیدا شتێک نیە ناوی علمانیەت بێت، ئەوەی هەیە گەڕانە بەدوای پەیوەندی سێکسی، جا هەندێک بەم ناوە داوای دەکەن و ئەوانیتریش دینیەکانن ڕەوایەتی ئەو پەیوەندیە دەگوازنەوە بۆ ژیانی هاوسەری، بەتایبەت لەدیاردەی فرەژنیدا، ژنەکانیش قبولیانە هەر نا دەبن بە دایک و ماڵێکیان دەبێت، لەئاستی کۆمەلایەتی پێگەی ژنبونیان هەیە، ژیانیان لە چ ئاستێکە؟ ئەوە هیچ بۆیان گرنگ نیە، چونکە پرۆژەی ئازادی مانایەکی نیە لەکۆمەلگای ئێمەدا، سەرەنجام مرۆڤ ناتوانێت ئازاد بێت، هاوپەیمانیەتیەک هەیە لەنێوان دینیەکان و دژە دینیەکان ئەویش نەبەزاندنی پیرۆزیەکانە، بۆیە ئەو فانتازیایە لەناو دراما تەلەفزیۆنیەکان دەست دەکەوێت، بەتایبەت کە جۆرە زیندانێکی تری ژنە، بەوەی زیاتر گۆشەگیربوون و وابەستەبوونی بە ماڵەوە دەبێت، ئەوەش پیاو دڵخۆش دەکات، بەڵام پێویستە پیاو ئەوە بزانێت لەناو ماڵەکەی ژنەکەی دۆستی سوڵتان عەبدولحەمیدە، ئەگەر خۆشت لەو تێگەیشتنە بێبەری دەکەیت بەوەی تۆ خوشکەکەت ئازاد کردووە، خەمت نەبێت ئەویش جوانکاریەکانی هەر لەسەر فۆڕمی دراما مۆدێرنەکانی ژیانی تورکی بنیات ناوە، خەون بە موهەنەد و موراد عەلەمدارو ناوەکانی تر کە من نایزانم و تۆ ڕۆژانە لەناو ماڵی خۆتان دۆستی خوشکەکانمان و کچەکانمان دەبینیت کە چۆن لەرێی شاشەوە دلدارو دۆستیانن.




چیرۆک/ هەزار کانی.. عومەر سەید

                 

نیوە شەوێک بیابان تایەکی گەرمی گرت. هەزار تلۆقی لێ دەرهات. بیابان تووشی پەتا بوو. هەزار تلۆق لە بری کیم، ئاوی سازگاری لێ هەڵدەقووڵا! هەزار کانی، سارد و سازگار، ئاوی ڕوون بە هەموو لایەکی بیاباندا ڕژا. قوڵپ قوڵپ هەڵدەقوڵا. ورد ورد بە لمدا جۆگەلەی دەبەست. سینگی بیابان، پڕ بوو لە ئاوی حەیات و پڕ لە دوڕ. هەزار کانی بە هەزار ئاراستەدا، لە بۆشایی لمدا تەوژمی دەبرد.
شەوی قەدر، کاتێ جوبرائیل ئەم دیمەنەی بینی، تاسا! خێرا لە ئاسمانی یەکەمەوە، خۆی گەیاندە ئاسمانی حەوتەم. بە خودای مەزنی فەرموو: بیابان پڕە لە کانی؟!
خودا سەرسام بوو، فەرمووی: بگەڕێوە و هەواڵی بیابانم بۆ بێنەوە، کانی و بیابان مەحاڵە!
وەک ئەوەی یاسای ئەزەل شێوابێ. ڕێوڕەسمێک لە گەردوون لای دابێت. قەدەرێک لە ڕاستەهێڵ یاخی بووبێت.
جوبرائیل داکشایەوە بەرەو زەوی. ڕێکوڕاست ڕوو بە عەرعەر. بڕوای بە چاوەکانی خۆی نەکرد! ئاو لە بیاباندا هەڵدەقووڵی و بە هەموو لایەکدا دەڕژێ! دوو فریشتەی بانگ کرد و پێی وتن: ئەوەی من دەیبینم ڕاستییە؟!
بەڵێ ئەوە ڕاستی بوو.
هەزار کانی لە بیاباندا تەقیون. لە هەر کانییەکیشەوە دەروێشێک دەرکەوتن. گڵۆپ گڵۆپ لە دڵۆپ دڵۆپی ئەو ئاوە. دەروێشانی بێ مەئوا هەڵکەوتن. چەشنی نەعشی سەراپای مەخلوق، وەک فەلەک لەو سوبحەدا. تەریقەتی یەئس مەوجی دەدا. سەروقژی درێژیان و پاشان ورد ورد هەموو جەستەی شڕۆڵ و شیتاڵ شیتاڵیان هاتەدەر. هەزار دەروێش لە هەزار کانییەوە و بەدەم دەف ژەنینەوە، وەک نەونەمام باڵایان دەکرد. چەشنی شمشاد بوون. وەک شەپۆلی دەریا، پرچیان شەپۆلی دەدا. دەنگی هەزار دەف، دەفی دروێشانی دێوانە، ئاوێتە بە دەنگی غەمگین و ماندووی هەزار قوڕگ، کە بە یەک ڕیتم و ئاواز هاواریان دەکرد: حەیی ئەڵا… حەیی… حەیی ئەڵا…. حەیی…..
لەگەڵ لێدانی دەفدا، تۆزێکی ئەرخوانی دەڕژا بە فەزادا.
شەوی قەدرە و خودای تەعالا خۆی لە ئاسمانی نەوییە و تەماشای سەفاسەف و ئەلقەی دەروێشان دەکات.
حەیی ئەڵا… حەی ئەڵا… حیی…
دەروێشانی تەریقەت، بە دەم دەف کووتانەوە گڕمۆڵە دەبن. لە ڕەنگی زەردی ڕوویاندا دەڕژا داخی سیا بە سەحرادا. سینەی ئەو شەوە زوخاڵستان بوو. لە ناوەنددا شێخ دێتەدەر. قەشەنگ و باڵا زەڕاف. لە ناوڕاستی حەشاماتدا، تیشکی لێ دەبارێ و بە دەنگی پڕ بڕواوە دەڵێت:
گەر ئاگری مەحەببتی شک بەم لە دۆزەخا
ئەو دۆزەخە بەهەشتمە، جەننەت دەکەم حەرام٭
هەزار دەروێشی حاڵگرتووی ڕوون چەشنی ئاو، کە بە دەم سەربادان و دەف کووتانەوە، غوبار دایاندەپۆشێت. بە تەهلیلەوە و ناڵەی ئازارەوە، دەوری شێخی خۆیاندا. سەدای دەف و دوو هەزار پێی پیرۆزی نێو کڵاش، عەرش و دنیا دێننە لەرزە.
کاتێ سێ یەکی شەو دەڕوات. خودا خۆیی دێتە خوار، لە نمایش دەڕوانێت و دەڵێت” من یدعونی فآستجیب له، من یسآلنی فاعطیه، من يستغفرنی فآغفر لة”
لەو بەرەبەیانە هێشتا تاریکەی بیابانەدا، مانگیش چەشنی هەزار دەفی دەروێشان چەشنی دەف دەردەکەوێ. زەمین لە ڕەنگ و شێوەی سیمای هەڵبزڕکاوی دێوانەیەکی سەر و ڕیش هەڵبزڕکاو! گەردوون لەسەر ڕیتمی ئەوان دەجمێ و دەخولێ.
خودا لە فریشتەکانی دەپرسێ: ئەممە حوسەینی کوڕی عەلییە، یا حوسەینی کوڕی مەنسورە؟!
زەمەن تاوێک دەوەستێ! دواتر عەکسی خۆی هەڵدەسوڕێ. وەک میلی کاتژمێرێکی پێچەوانە، دەگەڕێتەوە بۆ هەشت و هەشت.
شێخ خۆیی و ژن و منداڵەکانی، خۆیی و دەروێشەکانی، خۆیی و خەڵکوخوای ڕەشوڕووت، لە قەفەزی دیلیدا، مات و سەرگەردان دەردەکەون. بەدەم نمایشەوە، هەر هەزار دەروێش دەناڵێنن. سامناک و ترسناک هاوار دەکەن، بەرزتر و حاڵگرتووتر هاوار دەکەن:
شێخ حوسەینی هەزارکانی،* ڕوو دەکاتە عەرشی مەزن و بە ویقارەوە دەڵێت: لەم گەردوونە فراوانەدا، زەوی کەمێک گەورەتر بکەوە، تا ئێمەش حوجرەیەکمان هەبێ ئازادانە تێدا زیکری تۆ بکەین.
خودا فەرمووی: واز لە زەوی بێنە یا شێخ کە چڵک و ژەنگ دایڕزاندووە. تۆ و دەروێشەکانت وەرنە دەرەوە لە بیابان، دەتانخەمە بەهەشی بەرینەوە.
شێخ لە وەڵامدا بە خودای وت: بە تەنها هەسارەی موشتەری هەزار و سێ سەد جار لە زەوی گەورەترە، نابینی ئێمە لە هەر چوار لاوە تەنگمان پێهەڵچنراوە.
خودا ئەمری فەرموو: بیانبەن بۆ بەهەشت.
شێخ وتی:
نا… ئێمە سەد و هەشتا و دوو هەزارین، بە تەنیا و بێ ئەو هەموو خەڵکە لێرە ناڕۆم.
*شێخ حوسەینی هەزارکانی، ئەو پیاوە
ئەنفالکراوەیە کە لە کاتی پرۆسەی ئەنفالدا. بەعس بە مەرسومێک ئازادییان بە خۆیی و خێزانەکەی بەخشی. بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە و وتی. نا، بە تەنیا و بێ ئەم خەڵکە لێرە ناڕۆم.

٭ مەحوی




هێزە کوردیەکان و مامەڵەی سنور لە نێوان عێراق و سوریا.. عوسمانی حاجی مارف

شکستی داعش کاریگەری نەبوو لەسەر دابینکردنی سەقامگیری بۆ سنوری نێوان عێراق و سوریا، ئەو سنورەی کە بە یەکێک لە ناوچە ناجێگیرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەژماردەکرێت، کە جۆرەها قەوارەی فراکسیۆنە کوردیەکان کاری لەسەر دەکەن، کەبۆ بەرژەوەندیەکانیان مامەڵەی لەسەردەکەن.
دوای ئەوەی حکومەتی سوریا کۆنترۆڵی سنورەکانی لەدەستدا و پێگەی حکومەتی عێراقیش لەو ناوچانەدا سنوردار بوو، دەرگا ئاواڵەبوو بۆ هاتوچۆو بازرگانی و قاچاخچێتی کردنێکی گەورەو فروان، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەکەکە بەشدار بوو لەشەر دژی داعش و سەرکەوتوبوو لە چەسپاندنی نفوزی خۆی لەسەر سنورەکان. لەهەمانکاندا کاریگەری و رۆڵی تایبەتی هەبوو لەسەر پەیوەستکردنی رێکخراو و گروپە کوردیەکانی سوریا بە سیاسەتەکانی خۆیەوە. هەر ئەو سنورە بووە سەرچاوەیەکی سودمەند بۆ پێگەو نفوزی زیاتری پەکەکە.
ئەم حاڵەتەش کێشەو رکابەری نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکەی گەورەترکردەوە. ئەم کێبڕکێیە بەرجەستەی پێکدادانی دوو هێزی چەکدارە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەو نفوزی سیاسی و بەرجەستەکردنەوەی دەسەڵات لە هەردوو دیوی سنوری نێوان سوریا و عێراقدا. پەکەکە هەوڵدەدات بەشێوەیەکی پێچەوانەی پارتی سنوورەکان بگۆڕێت بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی خۆی. پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئامانجی چەسپاندنی واقیعی سنوورەکانە بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. جگە لەوەش پارتی لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانی هەیە بۆ شەرکردن لەبەرامبەر پەکەکەدا کە لە باکووری عێراق و سووریا هەڵمەتێکی سەربازی لە دژی پەکەکە بەڕێوە دەبات. هەربۆیە ئەو دۆخە بەشێوازێک گۆردراوە کە بە شکستی داعش سەقامگیری بۆ سنووری عێراق و سوریا نەهاتۆتە ئاراوە. تا ئێستاش وەک یەکێک لە ناوچە ناجێگیرەکانی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە. لەهەمانکاتدا ئەو دۆخە بەشێکە لەهۆکاری ناجێگیری سیاسی لە کوردستاندا.
نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و عێراق لەو ناوچە سنوریانەی کوردستان، بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین گرووپی ناسیۆنالستی چەکداری کە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایەیان داوە. گۆڕانکاریەکی بەرچاو بەدرێژایی بەشی باکووری سنووری عێراق و سوریا لەپرۆسەی نەمانی دەسەڵاتی ئەو دوو دەوڵەتەدا ڕوویدا. ئەمە بۆ یەکەمجارە لەدوای مێژوویەک لە سەرهەڵدانی دەوڵەت لە عێراق و سوریا، بەشێک لە سنوورەکانی هەردوولا، لەلایەن هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە بەریوەببرێت و ببێتە سنوری نێوان کورد و کورد، کە کاردانەوەی درێژخایەنی ناسەقامگیری لەسەر ناوچەکە داناوە.
لەدیوی سوریاوە، ئەو بەشە سنوورەی ملکەچی دەسەڵاتی ئیدارەی گروپە کوردەکانە کە دیارترینیان “یەپەگەیە”، لە تێکەڵبون و پەیوەندیەکی رێکخراوەیی تایبەتدایە لەگەڵ “پەکەکە”دا، بۆیە پەکەکە سوودی لەم پەیوەندیانە وەرگرتوە بۆ دامەزراندنی دەروازەی سنووری نافەرمی. تا ڕادەیەک سنووری جیاکردنەوەی هەردو دوو دەوڵەتی سوریاو عێراقی سریەوە، وەک درێژەدان بەو دەورەی داعش لەسنورەکان پیادەی کرد. لەلایەنی عێراقیشەوە، بارزانی سەرەڕای کشانەوەی لە شەنگال و شکستی لەڕیفراندۆمدا توانی پاراستنی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر چەند بەشێکی ئەم بەشە سنوورییەدا درێژە پێبدات.
ئەم واقعیەتە کێشەو رکابەری نێوان لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەردوو دیوی سنووری توندتر کردەوە. لەهەمانکاتدا گرنگییەکی زۆریان بە کردنەوە و پەرەپێدانی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی داوە. لە ژێرڕۆشنایی ئەو گەمارۆیەی تورکیا لە باکوور و ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە باشوور و ڕۆژئاواوە سەپاندویانە، ئەم دەروازانە تاکە پەیوەندییەکی جێی متمانەیە لە نێوان ئیدارەی کوردەکانی سوریا و جیهانی دەرەوەدا، بەو پێیەی زۆربەی هەناردە و هاوردەکردنی کاڵا پشت بە هاتوچۆی بێ سانسۆر دەبەستێت لەڕێگەی ئەو سنوورانەوە. بۆیە ئیدارەی کوردەکانی سوریا و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیانداوە بۆ بە فەرمیکردنی بەڕێوەبردن و دەستبەسەراگرتنی دەروازە سنووریە هاوبەشەکان، بەمەبەستی گومرگ و ئاسانکاری بۆ بازرگانی و قاچاخچێتی.
سەرەڕای هەوڵدان بۆ هاوکاریکردن لەسەر پرسەکانی سنووری نێوان ئیدارەی کوردەکانی سوریا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشهاتە ناوچەییەکان کێبڕکێی نێوان هێزە کوردییەکانیانی قووڵتر کردووەتەوە.
پەیوەندی نێوان پەیەدە و پەکەکە به ئامانجی کۆنتڕۆڵکردن و به ڕێوه بردن یان دابه شکردنی ده سەڵاتە له باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و شەنگال. کە بە تێپەڕبوونی کات، سنووری عێراق و سوریا بۆتە گۆڕەپانی سەرەکی ئەم ڕکابەرییە. لەهەمانکتدا هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و لەشکرکێشیە سەربازیەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە حاڵەتێکی تری نەرێنی و تێکدەری زیاتری ئەو دۆخە نائارامەیە.
بەرژەوەندیە ئابووریە ناسکەکان کە پێویستە پاڵنەربن بۆ هاوکاریکردنی هەردوولا لەڕێکخستنی کاروباری سنوورەکاندا، بەڵام کێشە بنەڕەتییەکان کە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی قووڵیان هەیە لە نێوان بارزانی و پەکەکەو تەواوی حزبەکانی کوردیەتیدا، یان وەک هێزی میلیشیاو تاڵانچی بونیان هەیە، زەمینەی گرژی و ئاڵۆزی زیاتر دروست دەبێت تا رێکەوتن.
بارزانی پێیباشە واقیعی سنوورەکان نەگۆڕن و سنوورەکانی ئێستایان وەک سنووری دەسەڵاتی خۆیان بەرجەستەکردوە. ئاواتەخوازن ئەم سنوورانە بە فەرمی بکرێت بۆیان، بۆئەوەی قەوارەی ئێستایان لەبەرامبەر حکومەتی عێراقدا پارێزراوبێت. بۆ ئەمەش چاوەروانن بەپشتیوانی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی لەلایەن زلهێزەکانەوە رەسمیەت وەربگرێت. بۆیە پارتی لەئێستادا هەر دەستکاریکردنێک لە سنوورە نێودەوڵەتیەکانی ئێستادا ڕەتدەکاتەوە. لەبەرامبەریشدا پەکەکە لەژێر ناو و پەردەی شۆڕشگێڕانەوە کە ئامانجی تێپەڕاندنی سنوورەکانی ئێستایە، وەک ئامرازێک بۆ فراوانکردنی پێگەو نفوزی خۆی دەیبینێت.
بەڵام لەپەیوەند بەو دۆخەی ئێستاکە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، لەلایەک هەوڵدانی بچوککردنەوەی قەوارەی حکومەتی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، هەروەها دەخالەتی ئێران و تورکیا و رۆڵی رۆژئاواو ئەمریکا لە ناوچەکەو دارشتنی داهاتوی سنوری عێراق و سوریا، بەدەر لە ویستی بارزانی و پەکەکە، هەردوو ئاراستەی بارزانی و پەکەکە، خراونەتە بەر بەجێمانیان لە ناو دوریانێکی تاریکدا .
ململانێ و کێشە ناوخۆیەکانی سوریا و سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لەڕۆژئاوای عێراق، کاریگەریی بەردەوامی لەسەر ناوچەی سنووری نێوان عێراق و سوریا بەجێهێشتووە. هێزە کوردیەکان لە ئەنجامی شکستەکانی داعش سەرکەوتوو بوون لە دامەزراندنی کۆنترۆڵ لە هەردوو دیوی سنووری سوریاو عێراقدا. ئەمەش هەر زوو بووە سەرچاوەی کێبڕکێی نێوان پارتی و پەکەکەو لایەنە کوردیەکانی سەربە پەکەکە، کە هەمویان دەستیان کرد بە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر بۆ بەدەستهێنانی”خاک و سەروەت و سامان”.
لە سوریا، ڕژێمی بەشار ئەسەد لە هاوینی ٢٠١٢ دەستی بە کشانەوە کرد لە ناوچە کوردنشینەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەم کشانەوەیە ڕێگەی بە پەیەدە دا کە بەشێکی زۆری ئەندامەکانی پەیوەست بن بە پەکەکە، تا بتوانن بوونی خۆیان بچەسپێنن. پەیەدە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٢ ەوە ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ عێراق کۆنترۆڵکردووە، بەتایبەتی دەروازەی سێمالکا لە دیوی باکوورەوە. لە تشرینی دووەمی ٢٠١٣دا فراوانتر بوەوە بۆ باشوور، بۆ درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر شارۆچکەی ئەلیاروبییە ، هەروەها لە مانگی ئازاری ٢٠١٩دا بۆ شارۆچکەی ئەلباغوز لە باشوور بەدرێژایی ڕووباری فورات.
ناکۆکی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر ناوچە سنوورییەکانی زوممار و شنگال کە ئێستا بەشێکن لە پارێزگای نەینەوا، کاتێک حکومەتی هەرێم لە ئەیلوولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕێکخست، لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا حکومەتی عێراق، بە پشتیوانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئێران، دەستوەردانی سەربازی کرد و ناوچە جێناکۆکەکانی کۆنترۆڵکرد و سزای ئابووری بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەپاند. لەڕۆژئاوای نەینەوا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەستیان بەسەر ناحیەکانی ڕەبیعە و زومماردا گرت. لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکانی فیشخابور و ئەلوەلید، بە ئامانجی ڕاگەیەندراوی دووپاتکردنەوەی سەروەری دەوڵەت لەسەر سنوورەکان. لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی توانیان کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق بەسەر زۆربەی ناوچە جێناکۆکەکاندا درێژ بکەنەوە، بەڵام دوای ئەوەی ڕووبەڕووی هێزە کوردە چەکدارەکانی سوریا بوونەوە، بۆ ماوەیەکی زۆر نەیانتوانی شارۆچکەی فیشخابور و ئەلوەلید کۆنترۆڵ بکەن.
لەرێگەی نێوەندگیری ئەمریکاوە، گەرانەوەو پاشکۆبونی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا جێبەجێ کرا. هاوکات پەکەکە زۆرینەی نفوزی خۆی لە ناوچەکانی باشووری زوممار لە نێویاندا شەنگال لە دەست دا و گرووپێکی دیکەی کوردی بە ناوی پەکەکەوە دەستیان کرد بە بنیاتنانی بنکەی پشتیوانی.
ئەم گۆڕانکارییە ناوچەییە لەسەر سنورەکان، لەسەرەتادا هەستی ناسیۆنالیستی کوردی بەجۆرێک هەڵگیرساند و خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بەرێخست، هەر بەم ئاراستەیەش بارزانی رفراندۆمی هەڵخراند، بەڵام لەهەمانکاتدا ڕکابەریی نێوان پەکەکە و بارزانی توندتر کردەوە. ئەم کێبڕکێیە لە ئەنجامی کێبڕکێیەک لەسەر زەوی و سامان و پێگەی سیاسی هاتە ئاراوە. هەروەها ململانێی نێوان دوو دیدگای جیاوازە، کە مانای جیاوازی بە چۆنیەتی مامەلەی سنوورەکان و خاک و داهات پیادەدەکرێت. ئاراستەی پەکەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە مانەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق پێویستی بەوەیە کە بەرگری لە سنوورەکانی بکات. پەکەکە ئەو وێنایە ئەدات زۆرێک لە ناسیۆنالیستە کوردەکان بۆ دەیان ساڵە بەربەستن لە بەردەم یەکگرتوویدا، پارێزگاری سنورەکان بەرێگای یەکڕیزی کورد پێناسە دەکات بۆ بنیاتنانی خەونی دەوڵەتی داهاتوویان.
لەم چوارچێوە ئاڵۆزەدا، ئەم گرووپە هەمەچەشنانە بە دیدگاو بەرژەوەندی جیاوازەوە هەوڵ دەدەن ئەو سنوور و دەروازە سنوورییانە کۆنتڕۆڵ بکەن کە سەرچاوەی و ئابووری و سیاسی و پێگەی چەکداریانە. پارتی و پەکەکە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بون پێگە و نفوزی سیاسیان نەخەنە بەردەم هاوسەنگی هەر هێزێکی کوردی ترەوە. یان بەمانایەکی تر هیچ پەیوەندیەک لەگەڵ لایەنێکی تری کوردیدا نابەستن گەر خۆیان باڵادەست نەبن تێیدا. هیچ رێکەوتنێکی هاوبەش بۆ ئیدارەی سنورەکان لەگەڵ لایەنێکی تری کوردیدا ناکەن گەر بەزیانیان بێت.
پێش سەرهەڵدانی ململانێکان لە سوریا لە ساڵی ٢٠١١، پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچە زۆرینە کوردییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر سیاسی بوو، سنووردار بوو بە ژمارەیەکی کەم لە کوردانی سوریا کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانی عێراق بوون. بەڵام ئەمڕۆ ئەم پەیوەندیانە جگە لە ململانێی دەسەڵاتی بارزانی و پەکەکە لایەنێکی ئابوریان هەیە مانایەکی تری نیە. دەروازە سنوورییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەنێوان هەردوو هەرێمدا دامەزراون، ناوچەکەیان کردۆتە ناوەندێکی ئابوری لە بەرێخستنی بازرگانی و قاچاخچێتی. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ناوچە سنوورییە کە لە نێوان دوو دەوڵەتی سەربەخۆدا نییە، بەڵکو لە نێوان دوو قەوارەی سیاسیدایە کە نمونەی سەرکردایەتی کوردایەتیان هەیە.
لەم بەشە سنوورییەدا کە ١٥٠ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە و لە سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سووریا و تورکیاوە دەست پێدەکات و بەرەو باشوور درێژ دەبێتەوە تا ناحیەی ئەلبەعاج لە پارێزگای نەینەوا لە دیوی عێراق، تا ئەلشەدادی لە دیوی سوریا، لە لایەکی ترەوە چوار دەروازەی سنووری و خاڵی چوونە ژوورەوە هەیە: ڕەبیعە-الیعربیە، سێمالکا، فیشخابور، ئەلوەلید، و ئەلفاو.
دەروازەی سنووری ڕەبیعە-الیعربیە لەلایەن حکومەتی عێراق و سوریاوە وەک دەروازەیەکی سنووری فەرمی ناسێنراوە. بەڵام حکومەتی سوریا توانای دەستڕاگەیشتن و بەکارهێنانی لەدەستداوە. لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بە داخراویی ماوەتەوە. یەپەگە دوای ئەوەی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ شەڕیان لەگەڵ چەکدارە ئیسلامییەکان ئەنجامدا، توانیویان کۆنترۆڵی بکەن.
دەروازەی سنووری سێمالکا- فیشخابور دەکەوێتە نێوان شارۆچکەی فیشخابور لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە، لە پارێزگای دهۆک، شارۆچکەی سێمالکا لە ناوچەی ئەلمالیکیەی سوریا. ئەم پەڕینەوە خاڵێکی ناکۆکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە کە بە فەرمی دانی پێدا نانێت. لە ئێستادا دیوی عێراق لەلایەن بارزانیەوە بەڕێوەدەبرێت و هەسەدەش دیوی سوریایان کۆنتڕۆڵ کردوە. پێشتر ئەو پەڕینەوە لە خاڵێک زیاتر نەبوو بۆ جوڵەی بێمۆڵەتی سیاسەتمەداران و چەکدارە کوردەکان، بەتایبەتی بە بەلەم لەڕووبارەکە دەپەرینەوە. دوای دروستکردنی پردێکی پۆنتۆن لە ٢٦ی ١ی ٢٠١٣، ئەم خاڵە بوو بە دەروازەیەکی سنووری. ئەمەش دوای ئەنجامدانی ڕێکەوتنی هەولێر، لەنێوان کۆمەڵێک لە پارتە کوردیەکانی سوریا بە سەرۆکایەتی پەیەدە و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد بە پاڵپشتی پەکەکەو بە سپۆنسەری مەسعود بارزانی. ڕێککەوتنەکەیان پشتگیری لە پێداویستیەکانی هەردوو گروپەکە کرد بە ئاسانکاری بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی نەخۆشەکان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ چارەسەرکردن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەوە. بەتایبەتی کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، چونکە دیمەشق و بەغدا دان بەو دەروازەیە نانێنن. بەڵام پارتی درکی بە گرنگی ئەم پەڕینەوەیە کرد، چ لەڕووی ڕەمزییەوە وەک ڕێگەیەک بۆ نیشاندانی هاودەنگی لەگەڵ کوردەکانی سوریا، لەڕووی سیاسیەوە وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر لایەنە کوردیەکانی سوریا بۆ هاوکاریکردن بەڕێگەدانی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کورد بۆ ئەوەی ڕۆڵی هەبێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی. بەڵام پرسی بەڕێوەبردنی پەڕینەوەکە بووە هۆی ئەوەی کە دووبەرەکی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردیەکانی سوریا دروست ببێت.
هەندێکجار پەڕینەوەکەیان بە تەواوی یان بەشێکی داخراوە. بۆنموونە لە ١٩ی ئایاری ٢٠١٣ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بڕیاریاندا دەروازە سنوورییەکان بەتەواوی بەڕووی هەموو لایەکدا دابخەن، جگە لە حاڵەتە مرۆییەکان و نەخۆشەکان. دوای ئەوەی پەیەدە حەفتا و پێنج ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردی سوریای دەستبەسەرکرد، کە نزیکە لە بارزانیەوە، هاتوچۆی سنوور بەزاندن دەستیپێکردەوە. لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٤، حکومەتی هەرێمی کوردستان خەندەقێکی هەڵکەند بە درێژایی١٧ کیلۆمەتری بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردن لە لایەنی سوریاوە.
دەروازەی سنووری ئەلوەلید، دەکەوێتە ناحیەی زوممار کە بەشێکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لە نزیک پارێزگای دهۆکە، لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلەیە و نزیکە لە سێگۆشەی سنووری عێراق-سوریا-تورکیا. ئەم دەروازە لەلایەن کوردستانەوە کۆنترۆڵکراوە حکومەتی هەرێم لە دیوی عێراق و لایەنە کوردیەکان لە دیوی سوریا. لە ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای داخستنی دەروازەی سێمالکا- فیشخابور بەشێوەیەکی کاتی کردیەوە. ئەوەش دوای ناکۆکیەکەی لەگەڵ هەسەدە،ڕێگەی پێدرا کە ئەو پەڕینەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو سوریا دەڕۆن، یان بە پێچەوانەوە بەکاربهێنرێت، وەک دەربڕینی دژایەتی پەکەکە بۆ هەر هاوکارییەک کە پەکەکە بەلایەنە کوردیەکانی سوریای دەکات. بەهەمانشێوە هێزەکانی ئەمریکا ئەم دەروازەیان بەکارهێنا کاتێک لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە سوریا کشایەوە.
دەروازەی سنووری ئەلفاو، کە خاڵێکی نافەرمی هاتنە ژوورەوەیە، دەکەوێتە نێوان باکوور و باشووری شەنگال لە دیوی عێراقەوە، بەرامبەر ناوچەی نێوان ئەلیعربیە و قەزای ئەلهۆڵ لە دیوی سوریاوە، بە فەرمی بۆ گواستنەوەی خۆراک و هاوکاری مرۆیە بۆ سوریا. بە تایبەتی لەلایەن ئەوکەسانەی پەکەکەوە بەکارهێنرا بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕینێکی سەلامەت بەرەو سوریا بۆ دەیان هەزار ئێزیدی کە لە دەست هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال هەڵهاتبوون.
بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان و بەرپرسانی عێراق، وادیارە پەکەکە زیاتر پەیوەندی بە دەروازە نایاساییەکان و بازرگانی و قاچاخچێتی لە دەروازەی ئەلفاو زیاتر دەبێت. دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیان بە زیادکردنی ژمارەی کارمەندەکانیان نەکرد کە لەو ناوچەیەدا جێگیرکراون، تا دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە و پاسەوانی سنووری عێراق ڕوویدا، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠. دوای ماوەیەکی کەم لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان کرد بە جێگیرکردنی کارمەندی زیادە لە شنگال. وە لە نزیک ئەم ناوچە سنوورییە بۆ سنووردارکردنی چالاکییەکانی پەکەکە و توانای چالاککردنی لە ناو خاکی عێراقدا.
ئەولەویەتەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بەپلەی یەکەم بازرگانین. دەروازەی سێمالکا-فیشخابور بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی خۆراک و کەرەستەی سەرەکی دیکە بەکاردێت. لە لایەنی سوریاوە نزیکەی دە فەرمانگەی گومرگی ناوخۆیی لەگەڵ بازرگانان کاردەکەن بۆ ئاسانکاری کارکردن و پاشەکەوتکردنی کات. لەنێو ئەو کاڵا ستراتیژییە سەرەکیانەی کە لە هەرێمدا بازرگانی پێوەدەکرێن: ئاسن، شەکر، چیمەنتۆ و پێو. لە لایەنی حکومەتی هەرێمەوە کۆمپانیایەکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنترۆڵی پەڕینەوەکە دەکات و باج لەسەر بەرهەمەکانی وەک پلاستیک، مۆبایل، قوماش و کەلوپەلی کارەبایی کۆدەکاتەوە.
سەبارەت بە دەروازەی سنووری ئەلوەلیدە، لەم دەروازە دەتوانرێ کاڵا بەڕێژەیەکی زۆرتر هاوردە بکرێت لەوەی کە لە دەروازەی سێمالکا هەیە کە توانای هەڵگرتنی پردی پۆنتۆن ٣٥ تەنە، بۆیە دەروازەی سنووری ئەلوەلید بۆ هاوردەکردنی ئاسن و چیمەنتۆ و پێو و شەکر دیاری کرابوو کە هەموو ئەمانە لەلایەن ئیدارەی لایەنە کوردیەکانی سوریا قۆرخ دەکرێن. هەندێکجار کاتێک لە وەرزی زستاندا دەروازەی سێمالکا دادەخرێت، دەروازەی ئەلوەلید دەبێتە جێگرەوەی بۆ ئاسانکاری بۆ جووڵەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان. واتە گروپێک هەیە کە پەیوەستە بە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئەوی تریشیان کەسایەتیەکانی سەر بە پەکەکەن.
لەدوای ساڵی ٢٠١٤ دەروازەی ئەلوەلید و ئەلفاو بوونە خاڵی سەرەکی هاتنەژوورەوەی پەکەکە و چەکدارانی گروپی سەربەخۆی، کە هەوڵی بەزاندنی سنوور دەدەن. پەکەکە بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە گروپەکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە هەیە، کاریان کردووە بۆ ئاسانکاری بۆ ئۆپەراسیۆنە سنووربەزێنەکانی چالاککردنی ڕێگاکانی قاچاخچێتی. ئەمانە بەتایبەت لە نێوان دەڤەری خانسور لە سوریا و قەزای شنگال کە دەروازەی ئەلفاو لێیە، کە لە دوای ساڵی٢٠١٤ بووە بە دەروازەیەک بۆ قاچاخچێتی، بەتایبەتی دوای دامەزراندنی ئیدارەی هاوپەیمانی لەگەڵ پەکەکە لە شنگال.

ئەنجامی ئەم دۆخە بەگوێرەی پێشهات و هاوکێشە سیاسیەکان ئەوە نیشان ئەدا، کە ئەم دۆخە ناتوانێ یەکلایی کەرەوە بێت بە قازانجی هەردوو هێزی بارزانی و پەکەکە، بەڵکو رێرەوی ئاڵوگۆرەکان بە گشتی بزوتنەوەی کوردایەتی خستۆتە بەردەم تەسك بونەوەی پێگەی سیاسی و ناچارکردنیان بە قەبولکردنی هەر فشارێکی سیاسی کە پێیان دەبەخشن.

——————–

بۆ ئەم وتارە سود لە وتارێکی خضر خضور و حارث حسن وەرگیراوە کە لەژێر ناونیشانی
“تشكيل الحدود الكردية: معادلات النفوذ والنزاع والحوكمة في المناطق الحدودية العراقية السورية” نوسیویانە.




کتێب / مەرگ لە سەر باڵی ڕشەبا.. سەردار جاف

ناوی کتێب / مەرگ لە سەر باڵی ڕشەبا
بابەت / رۆمان
ناوی نوسەر : سەردار جاف .
لە سەر ئەرکی خودی نوسەر بە چاپ گەیشتووە.
تیراژ : 500 دانە
تابلۆی بەرگ: گرفتار کاکەیی
دیزاین : دلێر زەنگەنە
تایپ و هەڵەچن : خودی نوسەر بە هاوکاری حەمە سەعید زەنگنە
چاپخانە : (ڕۆژهەڵات) هەولێر
ژمارەی سپاردنی لە کتێبخانەى گشتی هەولێر بە ژمارە ( ) ساڵی 2016 دراوەتێ

بۆ خوێندنەوەی ئەم رۆمانە کلیکی ئێرە بکەن…




لە سەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی راپەڕینی گەلی ئێراندا.. عەبدولڕەحمان گەورکی

بنەماکانی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

هەموومان دەزانین هیچ دیکتاتۆرێک لە مێژوودا خۆی لە خۆیدا نەڕووخاوە. رووخاندنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لە سەر زەوی، بەرهەمی ئەو خەبات و تێکۆشانە بووە کە بۆ رووخاندنی کراوە. (کات)ی رووخاندنیشی تێهەڵکێشێک بووە لە بەراوردی “هێزی دیکتاتۆرییەت” و “هێزی گەل” و “هێزی رووخێنەر”، کە لەسەر هەر خاکێکدا جیاواز بووە.
ئەوەی فاکتەری گرینگ بێت و هەندێک جار رۆڵی یەکلاییکەرەوەی هەیە، “دۆزینەوەی تایبەتمەندییەکان”ە کە جگە لە “زانستی خەبات”، دەبێت “کەشف” بکرێن. بەبێ دۆزینەوەی تایبەتمەندییەکان، پێناچێت هەبوونی (زانستی خەبات) بەس بێت بۆ ئەم کارە. جیاوازی نێوان “زانست” و “کەشفکردن”، سەبارەت بەوەی “چی هەیە” و “چ دەبێ بکرێت”، (ستراتیژی و تاکتیک)مان دەخاتە بەردەست. لە “پێناسەکردن”ی دەسەڵاتدایە کە “تایبەتمەندییەکانی خەبات” و “چ دەبێ بکرێت” دەبێتە (رەمزی بەرەنگاربوونەوەیەکی سەرکەوتوو).
بنەماکان:
پێناسەکردنی کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگا و تایبەتمەندییەکانی: تا کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگا (واتا دوژمن) لەڕووی زانستی و واقیعییەوە پێناسە و دەستینشان نەکرێت، خەبات بێ ئاڕاستە و رێڕەڕەوە و پۆتانسێل و تواناکانی ناو کۆمەڵگا، جێگای راستەقینەی خۆیان ناگرنەوە! پێناسەکردن و دۆزینەوەی ئەم تایبەتمەندییانە رۆڵێکی سەرەکیی هەیە لە هەنگاونان لە ئێستاوە بەرەو ئایندە. بەرەی سیاسی کە خۆی هەڵقوڵاوی (هێڵ و هەڵوەستەی سیاسی)یە، بەرهەمی ئەمجۆرە پێناسەکردنەیە. کاتێک گرژی و ئاڵوزی لە نێوان هەردوو بەرەی گەل و دیکتاتۆرییەت روو دەدات و دەگاتە دژایەتیکردن و توندوتیژی (ئانتاگۆنیستی)، هەر دانوستانێک لە نێوانیاندا، لە بازنەی سیاسی دەردەچێت و دەچێتە ناو بازنەی “دوژمنایەتیکردن” لە نێوانیاندا و پێی دەوترێت “سنووری سوور” یان “هێڵی سوور” و بەزاندنیشی بە واتای خەوشدارکردنی ئەم سنوورەیە لە نێوان دوو بەرەی دژ بە یەکدا و بەڕەسمی ناسینی بەرەی بەرامبەر و دانپێدانانی. چونکە “دیاگۆگ” و “دانوستاندن” رێگاچارەیەکە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەناو بەرەیەیکی دیاریکردوەدا!
کەم هێز و لایەن نەبوون کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران “لیبرالیزم”یان وەک دوژمنی سەرەکی پێناسە کردن و یەکسەر کەوتنە ناو داوی “دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی”ەوە دەسەڵات قوتی دان! هەڵبژاردنی پێچەوانە ئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێت و هەندێکجاریش کوشندە دەبێت!
یەکڕیزبوونی هێزەکان لە بەرەیەکی دیاریکراودا: سەرنج لەسەر دیکتاتۆرییەت وەک دژبەری سەرەکیی کۆمەڵگا، تایبەتمەندییەکی بنەڕەتییە کە نابێت لێی لابدرێت. تیشک خستنە سەر جیاوازییە لاوەکییەکانی ناو بەرەی دژە دیکتاتۆرییەت، رێگا بۆ پراگماتیزم و هەلپەرستی خۆش دەکات و یەکڕیزبوونی هێزەکانی ناو (بەرەی گەل) دەکاتە ئامانج و لە هەنگاوی دواتریشدا، بەرەی دژە دیکتاتۆریەت پەک دەخات و براوەکەیشی، دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە.
پلاتفۆرم و بەرنامە و سیناریۆکان لەم تایبەتمەندییانەوە وەرگیراون. هەر پلاتفۆرمێک بتوانێت خۆی لەگەڵ راستییەکانی کۆمەڵگا و خواستی خەڵکدا بگونجێنێت، دەبێتە خاوەن پێگەی جەماوەریی زیاتر و بەو هۆیەوە سەرکەوتوو دەردەچێت. بە تایبەتی ئەگەر “خاوەن پلاتفۆرم” لە ناو جەماوەردا لاگری و خۆشەویستیی متمانەپێکراوی دروست کردبێت و شایستە بێت. ئازادی، دابینکردنی مافەکان، یەکسانی و فرەیی و سکۆلاریزم و تەنانەت جۆری سیستەمی حوکمڕانیش لەم تایبەتمەندییەوە وەرگیراوە.
یەکپارچەیی خاکی: باوەڕمەندبوون بە یەکپارچەیی خاکی وڵات، تایبەتمەندییەکیتری رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران، کە یەکێکە لە فاکتەرەکانی یەکگرتوویی نێوان بەرەی گەل. لادان و دوورکەوتنەوە لێی، بەسوودی دیکتاتۆرییەتە و دەبێتە هۆی رژانی خوێنی زیاتر لە جەستەی خەڵکی ئێران. هێزێک دەتوانێت لە گۆڕەپانی خەبات و شۆڕشدا بمێنێتەوە کە پابەند بێت بەم یاساییە!
کۆماری و دیموکراتیک: تا ئێستا سیستمی “کۆماری” و “دیموکراتیک” لە وڵاتێکی وەک ئێراندا لەسەر کار نەبووە. سیستەمی “پاشایەتی” یان “ویلایەتی فەقیهی” لە ئێراندا بە ئەزموون کراوە و لەلایەن خەڵکەوە بە نەفرەتکراوە و رەت کراوەتەوە. چونکە لە بنەڕەتدا “دیکتاتۆرییەت” و “دژە دیموکراسی”ن. هەربۆیە یەکێک لە تایبەتمەندییەکان کە دەتوانێت خەبات پێش بخات و “گەرەنتی پێشکەوتن” بدات، پابەندبوونە بە سیستەمی “کۆماری” و “دیموکراتیک”. چونکە دەتوانێت هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران، لە “ئامانجی هاوبەش”ەوە بەرەو “خەباتی هاوبەش” رێنمایی بکات و برەوی ئەم تایبەتمەندییە بدات و پێشی بخات.
جیاکردنەوەی ئایین لە حکومەت: رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە ئێران، یەکێکە لە ئاڵۆزترین رووبەڕووبوونەوەکانی ناو مێژوو. چونکە لایەنی زاڵی ئەمجۆرە دیکتاتۆرییەتە لە ژێر ناوی “ئایین”دایە، کە لە مێژوودا دەگمەنە یان ناوازەیە. بە تایبەت لە خاکێکدا کە ئایین پەیکەری کۆمەڵگای گرتووەتەوە و دیکتاتۆرییەت پەنای بۆ خراپ بەکارهێنانی بردووە. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە “نکۆڵیکردن لە ئایین” و دوژمنایەتیکردنی، لە وڵاتێکی وەک ئێڕان، وەک یاریکردنە لەسەر زەمینی دیکتاتۆرییەتدا و براوەی یەکەمیشی، دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە. بۆیە نابێ گومان لەوەدا هەبێت کە ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتی ئایینی، نەک بە واتای نکۆڵیکردنی ئایین نییە، بەڵکو “باوەڕمەندبوونە بە جیاکردنەوەی ئایین لە حکومەت”!
وریابوونێکی پێویست بەرانبەر بە هەڕەشەکردنەکان!
وریایی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە لە خەبات و شۆڕشدا. چونکە خەبات و شۆڕش و کۆماری و دیموکراسی و مافەکانی گەل, هەمیشە لە لایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانەوە “هەڕەشەیان لەسەرە”. زۆرێک “هێڵی سوور”، “ئەوەی دەبێ بکرێت” و “ئەوەی نابێ بکریت” لە ناخی ئەم وریاییەدایە. گرینگینەدان بە وریایی دەتوانێت چارەنووسەکان بگۆڕێت.
ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، تەنیا بەشێکە لە تایبەتمەندییەکانی خەباتێکی سەرکەوتوو لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران، کە ئەگەر لە راپەڕینی ساڵی رابردوودا پەیڕەو کرابا، بە دڵنیاییەوە دەستکەوت و دەرئەنجامەکانیشی زۆر جیاواز دەبوون.
کۆنەپەرەستی و کۆلۆنیالیزم هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کە رێگە نەدەن بەدیلی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا جێگەی راستەقینە و پراکتیکی خۆی بدۆزێتەوە. بە تایبەت کە هەمیشە ململانەیەکی نایەکسان لە نێوان بەرەی گەل و بەرەی دیکتاتۆرییەت لە ئاڕادا بووە. گوشراوەی مێژووی ئێران لەوەدا کورت دەکرێتەوە کە راپەڕینی خەڵکی ئێران لە رۆژە چارەنووسسازەکانی خۆی نزیک دەبێتەوە.
بیروڕای گشتی جیهان سەبارەت بە ئێران!
لەو بەیاننامانەی لەم دواییانەدا و بۆ پشتیوانیکردنی نێودەوڵەتی لە راپەڕینی خەڵکی ئێران و پلاتفۆرمی خانمی مریەم رەجەوی و لە گردبوونەوەی ئەمساڵی موقاومەتی ئێراندا بە گشتی و لە ئاستی “زۆرینەی پەرلەمانی” لە پەرلەمانەکانی وڵاتانی جیهاندا راگەیاندراوە، جەخت کراوە کە: “ئێمە لێرەدا گرینگی مافی چارەی خۆنووسینی گەل بیردەخەینەوە. واتا مافی خەڵکی ئێرانە ئایندەی خۆیان دیاری بکەن. ئێمە خۆمان بە بەشدار دەزانین لەگەڵ خەڵکی ئێران و پشتیوانیانین لە بەهاکانی کۆماریخۆازی، وەک : هەڵبژاردنی ئازاد، ئازادیی گردبوونەوە و رادەربڕین، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، یەکسانی رەگەزی، جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت، مافی خودموختاری بۆ کەمایەتییە نەتەوەیی و قەومییەکانی ئێران و ئێرانێکی نائەتۆمی، کە لە پلاتفۆرمی ١٠ خاڵی خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێراندا هاتووە.
دواوتە:
بە پێی ئەوانەی سەرەوە، ئێستا کە لە سەروبەندی یەکەمین ساڵوەگەڕیی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی ڕاپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێرانداین، بەر لە هەموو داواکاری و درووشم و بەرژەوەندییەک، دەبێ “رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی” و “دوورکەوتنەوە لە هەر شتێک کە سوودی بۆ ئەم ڕژێمە هەبێت” لە سەرووی بەرنامەی کاری هێزە جەماوەری و دیمۆکراتییەکاندا بێت. خواست و دروشمێک کە خەڵکی ئێران یەکگرتووتر و نەخشە رێگای داهاتوو روونتر و بەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی گەل نزیکتر بکاتەوە. لەو رێڕەوەدایە کە هەمووان لە ئاست بزووتنەوە و ڕاپەڕین خۆیان بە وریا و بە بەرپرس دەزانن و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران دەخەنە پێشەوەی بەرژەوەندییە بەرتەسک و ناوچەییەکانەوە.
بەرخۆدانی ئێران و ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران بە “سەربەخۆیی” و “خەبات لە پێناو رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت” ناسراون و هەرگیز خۆیان لێ لانەداوە و لە پێناویدا تێچووەیەکی گەورە و زۆریان پێشکەش کردووە و لەسەری جیددی و پابەندن و بەردەوام لە گۆڕەپانەکەدان بە ئێستایشەوە!

کۆتایی




عەشق لە گەردوونێکی ترە.. ناڵە حەسەن

١
من لەمەودوا لەنێو بەهاری ژنەکان دێمە دەرێ
خۆم بە پایزی پەپوولەکان دەسپێرم
چیتر نابم بە ستیانە سوورەکەی ئەستێرەکان و
بە چارۆگە ڕەشەکەی هەور و
بە ژێرکراسە شینەکەی دەریا
موخابن / کە ناتوانم
نیگارە نەخشینەکانی عەشق بخوێنمەوە
کتێبە پیرۆزەکەی عەشقیش
لە نێو دەلاقە زێڕینیەکەی زەمەنێکی تر و
ژیانێکی تر و گەردوونێکی ترە
٢
کاتژمێر چەندی مردنە ئەی مرۆڤ
تۆ لە کوێی هاوکێشە خوێناوییەکانی
جەنگەکان و زیندانەکان و شێتبوونەکان / وەستاوی
لەنێو کام جەنگڵستانە تاریکەکانی
ئاینەکان و ئایدیۆلۆژییەکان و
ئەفسانەی خوداکان خۆت حەشارداوە
بەکام میلۆدی سێرنادایی خۆت فێرە سەما کردووە
بە شەڕابی شیلەی کام گوڵ خۆت مەست کردووە
تێنوێتی خۆتت بەکام کانی عەشق شکاندووە
چ بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرە و
چ پەیکەرێکی لە تۆز و غوبار و
چ ڕەشەبایەکی رەش ڕەشی ئەی مرۆڤ
جگە لە قامچی دەستی جەڵادەکان و
فانۆسە شووشە شکاوەکەی نێو زیندانەکان هیچی تر نیت
نەفرەت لەخۆت و
لەو تابلۆیە ئەبستراکتییە بێ رەنگەی بۆ عەشقت کێشاوە
موخابن لەم گەردوونە عەشق بۆتە چیڕۆکێکی
پڕ لە درۆی شاخدار و وەهمێکی گەورە و خۆرەتاوێکی هەڵنەهاتوو
٣
من لەسەر پشتی خاڵخاڵۆکەیەکی دڵشکاو ڕاکشاوم
تا دێ خەونەکانم بچووک و بچووکتر دەبنەوە و
لە نێو ئومێدە ئاتەشییە ئەسمەرییەکانیش وندەبم
وندەبم و لەنیو خەیاڵ و لەنێو بینینەکانی
باڵندەکان و درەختەکان و باخچەکان ڕەشدەبمەوە
ئێستا / من بوومەتە ئایەتێک لە خۆرئاوابوون
ئێوارەیەک پڕ لە جۆڵەوانی و
هەمبانەیەک پڕ لە هیوای هەناسەساردی و
نەوڕەسێکی نامۆی ناموراد و نیگارێک پڕ لە نائومێدیی
ئەی خاڵخاڵۆکە خومارییە خەیاڵ خامۆشەکە
خۆم بەڕازە ڕەنگینەکانی تۆ سپاردووە
تا بۆت دەکرێ
هەر بڕۆ و هەر بڕۆ و هەر بڕۆ
لەم گەردوونە گرمۆڵە گوماناوییە
بڕۆ دەرەوە
نامەوێت ببم بە ڕووناکی و خۆم بخزێنمە
نێو کۆڵانە تاریکەکانی چاوەکان و نیگاکان
یان ببم بە مانگە شەوێکی فێنک و
عاشقەکان بەسەر سینگما هاتوچۆ بکەن
خواپێداوەکانیش بمکەن بە پاسەوانی بەردەرگای
کۆشک و سەرا و مەیگێڕی نێو شەوە سوورە سۆزانییەکانیان
یان ببم بە نەرمە بارانێکی ڕووت ڕووت
بەنێو مەمکۆڵەکانی خاکدا بچمە خوارەوە
ئەی خاڵخاڵۆکە چاو بە فرمێسک و نیگا خوێناوییەکە
تا خەیاڵ بڕ دەکا هەر بڕۆ
هەر بڕۆ و هەر بڕۆ و هەر بڕۆ
دوورم خەرەوە
دوور دوور دوور دوور دوور
موخابن / لەم گەردوونە گرمۆڵە گوماناوییە
عەشق مەلۆتکەیەک بوو بە مردوویی لە دایک بوو …!

                                                  ئابی ٢٠٢٣



به‌خشنده‌یی.. شیعری: ستار ئەحمەد

له‌توانه‌وه‌ی به‌فرا
وردو خاش ده‌بم
یادی تۆ لێكم ده‌ترازێنێ
كه‌بزه‌ی رووت ده‌مخاته‌ باڵ
ئیتر چوون مناڵ
دوای سه‌رابی باڵات ده‌كه‌وم
شه‌وانم ده‌بن به‌خه‌ون و
تارمایی سێبه‌رت
به‌تاریكی دامده‌پۆشێ
هێدی هێدی شیده‌بمه‌وه‌
له‌بنمیچی ژووره‌كه‌ما
ده‌بم به‌شێ
له‌رۆحی خۆما ون ده‌بم
له‌جه‌سته‌یه‌كی سووتاوا
له‌چاوه‌ڕوانی ده‌ئاڵێم
تروسكه‌یه‌ك به‌دی بكه‌م
ده‌لێم خودایه‌ .. تۆ بڵێی ئه‌و بێ
له‌وه‌ته‌ی جگه‌رم
بۆ دووریت گڕ ده‌گرێ
هه‌روا وشه‌ی باڵ گرتوومه‌
به‌ره‌و گومه‌زی چاوانت
به‌تاسه‌وه‌ هه‌ڵده‌فڕێ
من ئه‌شكم
له‌چاوتا سه‌وز ده‌بم
من شكۆی ئه‌وینم
بۆ لوتكه‌ی ژوانت به‌رز ده‌بم
وه‌ره‌ لام مه‌تۆرێ
كه‌ی جه‌سته‌ له‌رۆحی راده‌كا
گیان بێ دڵ ده‌ژاكێ
تیله‌ دیده‌ جێناهێڵێ
سینه‌ له‌هه‌ناسه‌ دانابڕێ
تۆ ترپه‌ی هه‌ناومی
ته‌مه‌نم بۆ لاوی ده‌فڕێنی
تۆ تینی هه‌نگاومی
به‌عه‌شقت ده‌مژێنی
مه‌ڕۆ دڵ
له‌بۆته‌ی مردنا مه‌نوێنه‌
عه‌شق پاكی و لێبوردنه‌

ستار ئەحمەد