“نەوەی نوێ” لە قومارێکی پێش وەخت دۆڕاودا.. عوسمانی حاجی مارف
“بڕیارە كۆتایی مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت”. ئەم بڕیارە لەدۆخێکی وەها دژوارو ئاڵۆزی دۆخی سیاسی کوردستاندا دراوە، کە ناتوانرێ پێشبینی بکرێت تا چەند ئەم هەڵبژاردنە بە ئاسانی تێدەپەرێت، هەر بۆیە جێگای پرسیارێکی جدیە!، چونکە بەگشتی پێشبینی ئەوە دەکرێت، بارگرژی زیاتری نێوانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، بواری هەلی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە سەخت دەخەنە پێش چاو، چونکە خۆ ئامادەکردنیان بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی ئارام، سەرکەوتو نابینرێت، ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی تریش دوا بخرێت.
پەیوەندی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە لە چوارچێوەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە عێراق و ناوچەکەدا بەڕێوەیە، لە ئەگەری ئاڵوگۆڕێکی تازەو گوڕانی هاوکێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێزەکاندا، ئایندەیەکی نارۆشن و سەختی خستۆتە بەردەم بزوتنەوەی کوردایەتی بە گشتی ودەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی بە تایبەتی، بۆیە دەبینین واقعیەتی نادیاری ئەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئایندەی قەوارەی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هەیە، دۆخەکە لەوە دژوارتر نیشان ئەدات، تا ئەوەی بتوانن دۆخێکی ئارام بۆ هەڵبژاردن دابین بکەن.
جگە لەمەش ئەزمونی گاڵتەجاری کابینەکانی پەرلەمان و شێوازی هەڵبژاردنەکان، بەجۆرێک لە ئاستی چاوەڕوانیەکانی خەڵکدا ڕیسوا بوە، ئەوەی مسۆگەر کردووە کە ئەم جارە گەر بتوانن هەڵبژاردنێک بە هەر فروفێڵێک ئەنجام بدەن، ئاشکرایە کە کەمترین ڕێژە لە دانیشتوان بەشداری دەکەن.
بەم هەموو گاڵتە جاری و ڕیسوایی و ئابڕو چونەوە کە لە ئەزمونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی میلیشیایی هەردوو بنەماڵەدا بەرجەستە بۆتەوە، خواستی کۆتایی ئەم دەسەڵاتەی لە ناواخنی ئومێدو هیوای ڕیزێکی بەرینی دانیشتوانی کوردستاندا چاندووە، بۆ ئەم خواستەش خەڵکی لەوە حاڵی بون کە بەهیچ جۆرێک لەڕێگای هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە کۆتایی ئەم دەسەڵاتە بەدی نایەت، بەمانایەک گەر لە چەند دەورانێکی هەڵبژاردنەکانی پێشودا، چەند لایەنێک لە بارەی گۆڕانی دەسەڵات لە ڕێگەی پەرلەمانەوە چەواشەکاریان کردبێت و خەڵکیان بەرەو سندوقەکانی دەنگدان کێش کردبێت، ئەم دەورەیە بەهەر بانگەوازێک لە هەر لایەنێکەوە، بەهەر شێوەیەک ئەو کارە دوبارە کاتەوە، بە جیا لەوەی گەمەیەکی مناڵانە دەکات، لە هەمان کاتدا ئاشکرایە کە خۆی بەدوور دەگرێت لە خواستی خەڵک بۆ کۆتایی ئەم دەسەڵاتە، واتە بە شێوەیەکی گاڵتەجارانە هەوڵ ئەدات ئومێدێکی بی هودە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەو خەڵکە بفرۆشێتەوە، تەنها بە ئومێدی ئەوەی بەڵکو چەند کورسیەکی زیاتر لە پەرلەمانی ئایندەدا بەدەست بهێنێت، ئەم ڕۆڵەش لەم دەورانەدا ئەو بانگەوازەی “جوڵانەوەی نەوەی نوێ”یە، کە داوا لە هاوڵاتیانی كوردستان دەکات كارتی دەنگدان نوێ بكەنەوە تا بتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن. ئەمە ئەو یاری قومارەیە کە نەوەی نوێ پێش وەخت تیا دۆڕاوە، چونکە یەکەم؛ کۆتایی ئەم دەسەڵاتە گەر لەڕێگەی ململانێ و کێشە ناوچەیی و ناوخۆییەکانەوە بۆ خۆی هەرەس نەهێنێ، ئەوە لەڕێگەی خرۆشان و ڕاپەڕینی جەماوەریەوە پەرلەمانەکەشی دەکەوێتە ژێر پێی خەڵکیەوە، دووەم؛ نەوەی نوێ بۆ خۆشی ئەو ئاسۆو پایە سیاسی و ئمکاناتەی نیشان نەداوە کە ئەتوانێ ئەهلی دەسەڵاتی سیاسی بێت و ئەو هێزە بێت لەلایەک وەک ئەڵتەرنەتیفی دەسەڵاتی بنەماڵەی پارتی و یەکێتی دەرکەوێت، لەلایەکی ترەوە ئەو هێزەش نیە بە دۆڕاندنی هەمیشەی لە قوماردا، بتوانێ جێگای متمانەی پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایە و سەرمایەداری بێت، چونەکە نەوەی نوێ چۆتە ناو قومارخانەکەوە، خاوەنی قومارخانەکە نیە.
منداڵ و باخچەی ساوایان.. گۆڕینی: محەمەد بەرزی
ئاشکرایە یەکەم ڕۆژی چوونی منداڵان بۆ باخچەی ساوایان ، هەمیشە دایکان و باوکان تووشی ماندوو بوون و دڵەڕاوکێ دەکەن . چونکە ئامادەکردنی منداڵی بچووک بۆ ئەو قۆناغە تازەیە کارێکی قورس و گرانە و پێویستی بە ماندوو بوونە . بێگومان هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی منداڵ لەو تەمەنەدا ناتوانێ لە ئامادەکردنی خۆیدا یارمەتی دایک و باوکی بدات . بەڵام دەکرێ ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوە ، یارمەتیدەرێکی بە سوود بن ، تا یەکەم ڕۆژی باخچەی ساوایان بۆ منداڵ و دایک و باوکیان بە خۆشی و ئاسایی کۆتایی بێ :
١ – پێویستییەکانی باخچە
هەموو پێویستییە سەرەکییە گرنگەکان بۆ منداڵەکەت ئامادە بکە . باشتر وایە ئەو پێویستییانە پێش دەستپێکردنی یەکەم ڕۆژی باخچەکە بێ . دوامەکەوە لە ئامادەکردنییان تا ڕۆژێک پێش کردنەوەی باخچەکە . چونکە ئەو کاتە درەنگە و لەوانەیە زوربەی پێویستییەکان لە بازاڕدا نەمابن . سەرباری ئەمەش زوربەی بازاڕ و بازرگانەکان زووتر لە ڕێگای سایتەکانەوە ، داشکاندن بۆ ئەو پێویستییانە دەکەن ، دەتوانی بەم ڕێگایە بە ئاسانی جۆری باشتر و هەرزانتر بە دەست بهێنیت . بە گشتیش پێویستییە سەرەکییەکان بریتین لە : جلوبەرگی تازە ، جانتا ، قووتووەیەک بۆ خواردن ، پەرداخی ئاوخواردنەوە ، پێنووس و تیانووس و … هتد . بێگومان ئەگەر ئەو پێویستییانە ڕەنگاوڕەنگ بن زۆر باشترە ، چونکە بە پێی توێژینەوەکان ، ڕەنگی جوان و کراوە بۆ مێشکە بچووکەکانی منداڵان یارمەتیدەرێکی چاکن ، تا باشتر فێربن . خۆ ئەگەر لە کاتی کڕینی ئەو پێویستییانەدا ، منداڵەکەش لەگەڵ خۆتدا بەری و ڕێگای بدەیت خۆی هەڵیانبژێرێت ، ئەوا بۆ یەکەم ڕۆژی باخچە بە پەرۆش تر دەبێ و باشتریش ئەو پێویستییانە دەپارێزێ .
٢- خویندنەوە بەر لە باخچە
بەر لە کردنەوەی باخچە بە ماوەی نزیکەی مانگێک ڕۆژانە ٢٠ خولەکێک بۆ منداڵەکەت بخوێنەرەوە . ئەو کتێبانە بەکاربێنە ، کە وشەکان دووبارە دەکەنەوە و ژماردن و ناسینەوەی ڕەنگەکان لە خۆ دەگرن . ئەو کتێبانە بدۆزەرەوە ، کە باسی ئەو شتانەی تێدایە و منداڵەکەت حەزیان لێ دەکا . چیرۆکی بۆ بخوێنەرەوە و پاشان پرسیاری لێ بکە . وای لێبکە قسەبکات ، چونکە گفتوگۆ پەرە بە تواناکانی زمان و شەسازی دەدات و تا زیاتربێ باشترە . پاشان گۆرانی بۆ بڵێ ، پێنووسی ڕەنگاوڕەنگ و کاغەزی سپی بەرێ با بە ئارەزووی خۆی ڕەشییان بکاتەوە . یارمەتی بدە شتەکانی بە پاکی بخاتەوە شوێنەکانی خۆیان . منداڵەکەت فێری بەکارهێنانی ئاودەست و دەست و دەمووچاو شتن و لووت سڕین بکە . ئەمانەش یارمەتییان دەدا لە باخچەدا دانەمێنێ و ئاسوودەبێ .
٣ – سەردانی پۆلەکەی بکە
ئەگەر زانیت منداڵەکەت بۆ چوونە باخچە نیگەرانە ، دەتوانیت پێش بەرواری دەستپێکردنی دەوام ، لەگەڵ منداڵەکەدا سەردانی باخچەکە بکەن . بیبەرە پۆلەکەی خۆی . بە مامۆستاکانی بناسێنە . یارمەتی بدە بە باخچەکەدا بگەڕێ و شوێنەکانی ئاودەست و دەستشتن بزانێ و … هتد . تا هەست بە دڵنیایی زیاتر بکات . بێگومان ئەم سەردانەش تەنها منداڵەکە ئارام ناکاتەوە ، بەڵکو بینین و بارودۆخی باخچەکەش ، ئاسوودەیی بە خۆشتان دەبەخشێت . پاشان باشترە چاوت بە دادە و مامۆستاکانی بکەوێ و باسی بەرنامەی ساڵەکەیان لەگەڵدا بکەی . خۆ ئەگەر پرسیاریشت هەبوو ، بەرەو ڕوویان بکەیتەوە .
٤ – بەرنامەیەک دابنێ
کارێکی سەخت و گرانە منداڵ بۆ یەکەمجار ، یان دوای پشوویەکی دوور و درێژی هاوین بگەڕێتەوە بۆ باخچە و خوێندنگا . ڕەنگە منداڵەکە تەمبەڵ بووبێ . بەیانییان درەنگ لە خەو هەستێ و خۆی لە پۆشینی جل و بەرگی نوێ بە دوور بگرێ ، کەواتە پێویستە ئەو هەڵسوکەوتانە بگۆڕیت. هەر بۆیە وا چاکە بە دە دوازدە ڕۆژ پێش دەستپێکردنی باخچە و خوێندنگا ، بەرنامەیەکت بۆ منداڵەکەت دانابێ . بۆ نموونە : بەیانییان زووتر لەخەو هەڵبستێ و خۆی بشوات و نانی بەیانی بە دروستی بخوات. بەمجۆرە ڕێگایە ، لە یەکەم ڕۆژی خوێندندا پەنا بۆ هەڵسوکەوتی نەخوازراو لەگەڵ منداڵەکەتدا نابەی .
٥ – فێری هەندێک کاریی سەرەتایی بکە
هەندێک کار هەیە پێویستە هەموو منداڵێک بیزانێ . بۆ نموونە گرتنی پێنووس ، ژماردن تا دە ، پۆشینی جلوبەرگ ، خۆی خواردنەکانی بخوات. هەر بۆیە پێویستە پیش چوون بۆ باخچە و خوێندنگا و لە کاتی پشووی هاویندا ئەو کارە گرنگانەیان فێربکرێت . ئەمەش هۆکارێکە باشتر لە پۆلەکەیدا ڕابێ . پاشان پێویستە پێش ئەو قۆناغە یارمەتی منداڵ بدرێت پەرە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بدات . بتوانێت هاوڕێی نوێ پەیدابکات ، فێری ئەوە بکرێت شەرم نەکات و ئەوەی دەیەوێت دەریببڕێت . چونکە لە کاتی دەوامدا چەند کاژمیرێک لە ئێوە بە دوور دەبێ . هەر بۆیە وا چاکە لە چاڵاکییەکانی پشووی هاویندا بەشدار بێ ، تا زیاتر تێکەڵ بە کەسانی تر بێ و بتوانێت هاوڕێی تازە بگرێت . پاشان بیبە بۆ شاری یاری و ماڵی خزم و هاوڕێکانت ، تا لەگەڵ منداڵی هاوتەمەنی خۆیدا یاری بکات .
٦ – چالاکی ژماردن
ژماردنی شتەکانی سەر ڕێگای باخچەکە ، چالاکییەکی زۆر چاکی سود
بەخشە . کاتێک بۆ یەکەمجار منداڵەکەت بەرەو باخچە دەبەیت ، داوا لە منداڵەکەت بکە هەموو ئەو درەختانە بژمێرێ ، کە لەسەر ڕێگای نێوان ماڵەوە و باخچەکەدا دەیانبینێ . ئەم یارییە ئاسانە و توانای ژماردن لای منداڵەکەت باشتر دەکات و بە درێژایی ڕێگاکەش سەرقاڵ دەبێ . جگە لە درەختیش ، دەکرێت ڕۆژێکی تر شتێکی تر بژمیرێت ، وەک : خانوو ، دوکان ، سەگ ، ئوتومبیل و … هتد . ئەمەش کارێک دەکات بەردەوام حەزی لەو چالاکییە بێ .
٧ – گفتوگۆی لەگەڵدا بکە
هەندێ لە منداڵان بە هۆی هەستییاریانەوە ناتوانن لەگەڵ بارودۆخی تازەی باخچەدا ڕابێن . بۆیە وا باشە بەرلەوەی ببرێن بۆ باخچە قسەیان بۆ بکرێت . پێویستە باسی ئەو شتانەیان بۆ بکرێ ، کە لەناو پۆلدا ڕوودەدا و چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ مندڵانی تردا بکەن . تا بتوانن لە ڕووی دەروونییەوە خۆیان ئامادە بکەن و کاتێک دەچنە ناو پۆلی باخچەوە ترس و نیگەرانی و تووڕەییان کەم بێ . ئەوەی شایانی باسیشە نیشانەکانی ئامادەیی منداڵیش بۆ چوونە باخچەی ساوایان بریتین لە : بەبێ دایک و باوک هەست بە ئاسودەیی دەکات . گۆشەگیر نیە و لەگەڵ منداڵی تردا بە باشی یاری دەکات و ئارەزووی فێربوونی هەیە .
٨ – یەکەم ڕۆژی باخچەی ساوایانی خۆت
بیربکەرەوە و بە وردی بە یادەوەرییەکانتا بچۆرەوە و یەکەم ڕۆژی چوونی باخچەی ساوایانی خۆتت بیربکەوێتەوە و بــۆ منداڵەکەتی باسبکە . لە هەمان کاتدا داوا لە هاوسەرەکەت ، یان هاوڕێکانت بکە هەمان چیرۆکی خۆیان بۆ منداڵەکەت بگێڕنەوە . ئەم شێوازەش یارمەتی دەرێکی باشە بۆ ئارامی و هێوربوونەوەی منداڵەکەت .
٩ – پاداشت و ئامانج
پاداشت و ئامانج یەکێکە لە شێوازە چاکەکانی ڕاهێنانی منداڵان بۆ بابەتی نوێ . بۆ نموونە بە منداڵەکەت بڵێ : ئەگەر جانتاکەت بە جوانی کۆبکەیتەوە ، بە دڵی خۆت خواردنێکی زۆر خۆشت بۆ دەکڕم . توێژینەوەکانیش ئەوەیان ئاشکرا کردووە ، کە منداڵ بە پاداشت ، باشتر ئەو ئامانجانە دەپێکێ کە بۆی دیاری دەکرێ .
١٠ – خۆبەخشی لە باخچە
ئەگەر دەربارەی ڕۆژی یەکەمی باخچەی منداڵەکەت نیگەران بووی ، چونکە یەکەمجارە لێت دووربکەوێتەوە و لەبەر چاوت نەبێ ، کە دیارە ئەمجۆرە هەستانەش دۆخێکی ئاساییە . ئەوا باشترین چارەسەر ئەوەیە خۆبەخشانە لە باخچەکەدا ، بۆ نموونە لە چێشتخانەکەی ، یان لە کتێبخانەکەیاندا بۆ ماوەیەک کاربکەیت . یان لە لیژنەکانی بۆنە و ئاهەنگەکاندا هاوکاری مامۆستاکان بکەی . بە مەش دەتوانی لە دوورەوە چاودێری منداڵەکەت بکەیت و دڵنیابی ، کە بە شێوەیەکی باش لەگەڵ پۆلە نویێ کەیدا تەبا و بێ کیشەیە .
١١- بەرنامە و ڕێنماییەکانی باخچەکە
هەموو باخچەیەکی ساوایان بەرنامە و ڕێنمایی تایبەتییان هەیە ، کە دەبێت هەموو منداڵێک و دایک و باوکێک پەیڕەوی بکەن . دەتوانیت وێنەیەکی وەربگریت و لەگەڵ منداڵەکەتدا بیخوێنیتەوە . بەم شێوەیە دەتوانی بە پێی ڕێنماییەکان ڕەفتاری چاک بکەیت و بەشێوەیەکی باشیش ئامادەی بکەی بۆ هەموو بۆنە و ئاهەنگەکانی باخچەکە .
لە کۆتایی ئەم باسەدا و ئەوەی زۆر گرنگیشە ، بەرلەوەی ڕۆژانە بەجێی
بهێڵیت ، بە پەرۆشەوە باوەشێکی گەرموگوڕی پێدا بکە و بە دڵیش ماچیکە .
تێبینی : ئەم بابەتە لە چەند سایتێکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە .
توانەوە لەدەشتى غوربەتا.. ستار ئهحمهد
تاڵ وەکو ئەو شەوانەى
مردن لەسەر گەڵاى خەندەیەک
خوێنى پژانە رۆحى ژانەوە
دەستەکان تێکەڵى سەماى موحیبەت و
پەنجەکانمان لەسەر دەفتەرى عومر هەڵوەرین
نەوەکو پیاسەیەکى خەمگین
یەخەى سەرابەکانى یادوەریمان بژاکێنێ
چوون مەراق چۆن بەرکى خۆزگەیەک هەڵدەدڕێ
دواى جریوەى جوانى کەوتووین
لەنسێى سۆزێکى تروسکەدا هەڵنشتین
لانەى ترس و جادەى گومان رایدەژەنین
لانکى عیتاب و رۆژگارى پڕاوپڕ لەخاڵیبوونەوە
نیگاى شەوەزەنگى دەبەخشیە ساتەکانى میهرو
دڵنەوایى مورێدێکى عیشق چاوەڕێى دەکردین
بۆرامووسانى رووناکى و
نوستن لەسەر لاسکى سۆزدا
دارێک بەرى خەونێکى نەگەیاندە مەرام
هەڵوەستەیەک…
زامەکانى ئەنگوستمانى نەدۆزییەوە
بەدەر لەتەنیایى خواو
تاریکى ساتەکانى مانگى ژێر هەورو
توانەوەى من تۆ لەدەشتى غوربە تا
کەسێک نەبو گوللەیەک بە ماچ بگۆڕێتەوە
چڵێََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََک لەقەڵەم مارە بکاو
چرکەیەک لەتەمەنى خۆى داگیرسێنێ
وەلى بەفر برینەکانى خاکى دەسڕى
گەڵا سەماى بەسەمفۆنیاى عیشق دەکردو
کەناریەکانیش لەدەستى راوچیەک دەترسان
وەکو ئێمە راپێچى دەترسان
وەکو ئێمە راپێچى بێدەنگى و حوزنى بکا
پیاسەیەک قەدەرى ترس و راڕایى
ئەوینێک تەمەنى لەپەردەى بووکێنى ناسکتر
چاوەڕێى شەوێکى قەترانى جوتبوون بوون
ساتەکان هەڵوەرین…
روژەکان بەباسکى زەمینا هەڵتووتان
نەمن توانیم…
لەئاوێتەبوونى عەشق و مەرگ جوێبمەوە
نەتۆش دەرگایەکت شکاند
ژوانێک بەرووتا دادەخا
بۆیە ژوانێک دەمگەزێ
مردنێک بەرەو کەنا رى سڕینەوە کێشمدەکات
لەهەورەزێى ئەندێشەو
نزاى خەرەندەکاندا سوێمدەبێتەوە
ناگەمە هیچ…
لەبڕواکان بەرچنەیەک لەسێوى عەدەم دەچنم
لەخوێنى گەڵاى بێنەواییدا سەردەنێمەوە
سەرم لىگۆڕ دەترازێ و
لەکۆشى وردەگڵا دەبمە سەهەند
کام عومرى پێشوەختە بەدوێنێم دەناسێ
ئەمڕۆم دەکاتە وێردى شەوچەرەى عەشقێکى بێئومێد
لەخۆما دەنێژرێم و
لەزارى بێدەنگیا ترپەى دڵەکان دەژمێرم
دڵى گەردوون…
هێندە سزاى هاوخەمى ناشتووە
لەهەورەبانى تریفەدا
گەواڵەمەرگى ئاسمانەکان دەپێچێتەوە
لەنوتفەى ئەستێرەیەک هاتمەبوون
لەسکى گەواڵەیەکدا لایلایەى پرشنگم قۆزتەوە
نەبابووە دەسرازەى شەوانى بێلانکم
نەئاسمان خەمێکى لەدڵما سڕیەوە
بۆیە مەرگ بەعومرم ئاشنایە
بەخاکیش ئەوینم گڕدەگرێ
من خەونێک هێنامى
لەجەستەى بەردێکا بەکانى ناساندم
لەنسێى گردێکا…
دارى حورمەتى لەدڵا رواندم
ئەمێستاش بەشێکم بەرزیەو
ئەوى دیم لەگۆڕى سەردڵى خاک دەچێ
ئەو گۆڕەى من و تۆى خستەوە
گەلێکى بەگڕى تاواند سووتاند
دەمێکیش بۆدەمى گڕستان
خەونى زۆردارى داپاچى
ئەو گۆڕەى…
لەخەندەى ئاسمان بێزاربووە
لەخەرقەى خاکیشا…
لەنەواى ئاوازى دەرناچى
چۆن کەیلین بەخۆزگەى رەنگاڵە..؟
چەند مەستین بەسینەى تەفرەو حەز…؟
بۆ ژانێک راونەکەین…؟
مردنێک بەباڵاى عومرمان نەدوورین
ئازارێک سکاڵاى ئەزموونمان دەنۆشێ
جوودابوون بەهیچمان دەسپێرێ
ستار ئهحمهد
کلیپی گۆرانی “یاسی سپی” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری تهنبووری فەرنوود ئیلهامی بڵاوکرایەوە
ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی
کلیپی گۆرانی “یاسی سپی” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری تهنبووریی موزیکزانی کورد “فەرنوود ئیلهامی” و بە دەنگی “حهمیدڕهزا تورکاشوهند” بڵاوکرایەوە.
“یاسی سپی” (یاس سپید) گێڕانهوهیهکی هیوابهخشه له زمانی “مهولانا” شاعیری ناوداری ئێرانی که به پێی مهقامی سهحهری و مۆسیقای خانقاکانی کوردستان بە ئاوازدانەری موزیکزانی کرماشانی “فەرنوود ئیلهامی” ساز کراوه.
“سهحهر” یا “سهحهری” له مهقامه مێژووییهکانی زوڕنا و تهنبووره. یهکێک له مهقام بێژان دێرینهکان، سهبارهت به مهقامی سهحهری بهم شێوهیه دهگێڕێتهوه: ئهم مهقامه له ساڵانی کۆنهوه؛ پێش خۆرههڵات و تا سپێده به مهبهستی ئاگادارکردنهوه و هیوابهخشین ژهندراوه و مزگێنی خۆرههڵاتێکی دیکه به مرۆڤ دهدات. ئهم مهقامه هێواش هێواش، چۆته ڕیزیی مهقامهکانی تهنبوورهوه و به پێی خۆشهویستی بۆ ئهم ئامێره له نێوان یارسانییهکان و دهروێشهکاندا ههست و پێگه و سۆزیی عیرفانی تایبهت به خۆی ههیه.
خاڵی سهرنجڕاکێش له ساز کردنی کلیپی گۆرانی “یاسی سپی” ئهوهیه که تۆمار کردنی دیمهنهکانی ئهم بهرههمه مۆسیقاییه به ئامادهبوونی ژهنیارانی گرووپهکانی تهنبوور و دهفی “ساجنار” و “دوچار” له کۆمهلهی مێژوویی نارنجستانی قهوام له شاری شیراز ئاماده کراوه که ههر ئهوهش بۆخۆی وهکوو کهشووههوای شیعر و مۆسیقای “یاسی سپی” تا سپێده درێژهی کێشا.
ئهو هونهرمهندانهی که له ئامادهکردنی کلیپی “یاسی سپی” ئامادهبوون، بریتین له:
گۆرانیبێژ: حهمیدڕهزا تورکاشوهند، ئاوازدانهر، ژهنیاری تهنبوور و سهرپهرهستی گرووپی “ساجنار”: فەرنوود ئیلهامی، دابهشکردنی ئامێره کوتراوهکان: عهلیڕهزا نهسیری فهرد، شاعیر: مهولانای ڕوومی، وێنهگران و دهرهێنهری هونهری: پووریا شاهئیبڕاهیمی، موحسین ڕهشیدی، مۆنتاژ: پووریا شاهئیبڕاهیمی، بهڕێوهبهری ڕاگهیاندنی گشتی: مهنسوور جیهانی، فۆتۆگڕافهر: محهمهد فهرهیدوونی، فۆتۆگڕافهر: ڕهزا ڕهجایی، بهڕێوهبهری بهرههم: حوسێن فرووزان، دیزاینی پۆستێر: ساره فالیزی، تۆمار کردن، میکس و مهستێر: مێسباح قهمسهری، تۆمار کردنی دهف: تهوحید وهحید، بڵاو کردنی نێودهوڵهتی: زهنگ ڕێکۆرد.
ئهندامانی گرووپی موزیکی “ساجنار” بریتین له:
سهرپهرهستی گرووپ: فەرنوود ئیلهامی و ژهنیاران: حوسێن فرووزان، ئێحسان قوربانی، بێهراد غیاسی، حوجهت دێهقان، فهردین حهیدهریان، سارا فرووغی، دیانا مورادی، حهمیدڕهزا سهیاح، ئیلهام قوربانی، بێهنام زیلووئی، نازهنین نهدیمی، مهحفووزه ئێفتخاری، سهروهناز موزهفهری، ڕهزا ئهژدهری، فهرهاد کهشاوهرز، عهلی دێهقانی، موجتهبا مهحموودی، نادر ئهمیری، تهناز سهمهندهر، جهلال موختاری، سهعید عهتایی، سهعید موستهعهلی زاده و بێهنام نیعمهتوڵاهی.
ئهندامانی گرووپی ژهنیارانی دهفی “دوچار” بریتین له:
سهرپهرهستی گرووپ: عهلیڕهزا نهسیری فهرد و ژهنیاران: محهمهد ئهردشیری، مینا عهسکهری، فاتمه جههڕومی، زههرا شهڕهفی، فیرووزه ئاناهید، ئاڕمان عابێدی، موجتهبا دهریانهوهرد، زهینهب عهباسی، مریهم شوکووه، ساناز بهرقی، ماڕاڵ ڕهئیسیان، عهلیڕهزا ئهحمهدی، ئێلمیرا جهماڵی، ڕوکسانا مهیدان شاهی، کیمیا شیرجهنگ، گوڵروخ هونهرمهند، فاتمه زارع، زههرا هاشمی، زههرا مهجیدی، محهمهدڕهزا سادقی، ئایدا فزوونی، موژده حوسێنی پوور، موحسین مهحموودی، حهدیس زارع، زههرا دێهقانیان، عهسهل زارعی، فهڕشاد ئیبڕاهیمی، مهتین خوشخوو، ئێلمیرا پایدار، موعین نوورانی، ئاتنا ئهمیری موقهدهم، فهریماه کارگهریان، مهریهم ڕهحمانی، حووریه تهوانگهر، سومهیه دارسهنج، مێهرنووش فهرجام، مینا ئاشنا و ئایسا غهفاری.
لینکی دانلۆدی کلیپی گۆرانی “یاسی سپی”:
https://we.tl/t-HlQQmozt4r