کۆمەڵگاى بەبارمتەکراو.. د. زیرەک عەبدولڵا

ئەم وتارە تەرخانە بۆ قسەکردن لەبارەى دیاردەى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگای کوردستانى لەلایەن حکومەتى عێراقییەوە. تیایدا جەخت لە سیاسەتى بڕینی قووتى کوردستانیان لەلایەنى دەسەڵاتدرانى شیعەی عێراق، بەمەبەستى چۆکدادان بەدەسەڵاتدارانى هەرێمی کوردستان و لەباربردنى خەونەکانى کوردستانیان دەکرێت. هەروەک تیشک دەخاتە سەر خاڵە لاوازەکانى پارتەکانى دەسەڵات لە کوردستان لەم پرسەدا.
لە سادەترین مانایدا، بەبارمتەکردن بریتییە لە دەستبەسەرکردنى کەسێک، یان گرووپێک لە خەڵک، بەئـامانجى ناچارکردن بۆ بەئەنجامگەیاندنى رێککەوتنێک، کە بەرژەوەندیى لایەنى بارمتەکارى تێدا بەدیدێت.
بەبارمتەکردن رەفتارێکی نایاساییە، هۆشیارى مافیاگەریی لەپشتە، بەوەى دەست بۆ مافە سەرەتاییەکانى مرۆڤێک، یان گرووپێک دەبات، لە هەندێک دەستکەوت، یان ئازادییەکانى بێبەشی دەکات، لەگەڵیشیدا ناچار بە هەندێک رەفتار و بڕیاری دەکات، کە لەبارى ئاساییدا نایەوێت بیکات.
بەبارمتەکردن لە دوو جەمسەرى ململانێکار و بووێک (کەس، یان کەسانێک)ی بەبارمتەکراو پێکدێت. زۆرجاران کەسانى بەبارمتەکراو هیچ کەمتەرخەمییەک و بێیاساییەکیان نەکردووە، هیچ پێوەندییەکى راستەوخۆیان بە ململانێکەوە نییە، بەڵکوو تەنها کەسانى نزیک لە یەکێک لە جەمسەرەکانى ململانێکەن.
دیاردەى بەبارمتەکردن لە زۆربەى کۆمەڵگاکانى گێتیدا، لە کایەکانى رامیارى، شۆڤاریدا، ئیداریى، ئابوورى و کۆمەڵایەتی، بەئاست و جۆرى جیاواز هەیە.
ئەگەر دیاردەى بەبارمتەکردن لە کۆمەڵگاکانى گێتیدا بەسەر تاک، یان گرووپێکى بچووک بەرجەستە بکرێت، ئەوا لە کوردستاندا لەپاڵ ئەوجۆرە بەبارمتەکردنە، بەبارمتەکردنێکی دیکە بوونى هەیە، ئەویش زۆرینەى ئەندامانى کۆمەڵگایە. بە لەبەرچاوگرتن و دەرهێنانى چەند توێژێکی دیارکراو، دەشێت بڵێین کە لە کوردستاندا بەبارمتەکردنى کۆمەڵگا لەئارادایە.
لە کوردستاندا جەمسەرەکانى بەبارمتەکردن چیتر دوو نین، بەڵکو زیاترن، بەڵام دەشێت بەسەر دوو تەوەرى ناوەخۆ و دەرەوە پۆلین بکرێن. ناوەخۆ بریتییە لە قەلەمڕەوى (یەکێتى) و (پارتى) بەجیا، دەرەوە بریتییە لە حکومەتى عێراقى (کە هەمیشە بە داردەستى ئیران ناوزەدى دەکەم)، لەگەڵ وڵاتانى وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و..تاد. جەمسەرەکانى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگاى کوردستانى هەرچەند بن، لەوێدا یەکدەگرنەوە کە هەموویان سەر بەتوێژی سیاسەتکارانن، ئەو توێژەی خەیاڵپلاوانە خۆیان بەهۆشیارتر و زۆرزانتر لە خەڵک دەزانن، خۆیان بە سەروەر و خەڵکیش بە پاریا دەبینن.

دیاردەى بەبارمتەکردن لە زەمەنى دەسەڵاتداریى رژێمى بەعس و لە ململانێ لەگەڵ سەرکردایەتى شۆڕشدا لە زۆر رووداودا بەرجەستە دەکرێت. لەوبارەیەوە مێژوونووسان و شۆڕشگیران بە نموونە دەتوانن تیشک بخەنە سەر دەیان رووداو، بەڵام دواى رووخانى بەعس و سەرهەڵدانى دەسەڵاتى شیعەکان، قەبارەى ئەو دیاردەیە گەورەتر بوو، بەتایبەتى لە ٢٠١٤ لەگەڵ بڕینی قووتى خەڵکى کوردستان بۆ مەبەستى چۆکدادان بە دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان، لە بەرانبەر هەندێک پرسى ستراتیژی و گرینگ.
راستە رژێمى بەعس قووتى خەڵکى نەدەبرى، بەڵام مرۆڤى دەکردە بارمتە، تا نزیکەکانى دەستگیر بکات و لەناویان ببات، کەچی دەسەڵاتدارانى شیعەی ئێستا لە دژی دەسەڵاتداران و خەڵکی سەربەخۆخوازیى کوردستان، دەست بۆ چەکێکى زۆر نامرۆڤانە دەبەن، ئەویش بەبارمتەکردنى کۆمەڵگای کوردستانییە، لەپێناو خۆبەدەستەوەدان و قبووڵکردنى بندەستى و داننان بەگەورەیی و سەروەریی دەسەڵاتى شیعە بەسەر کوردستان. بەمانایەکی دیکە لەپێناو دانان بەسەنتەرى ئەوان و پەراوێزی ئێمە، ئەمەش لە میانەى بڕینی قووت و بژێوی ژیانیان. ئەوەی لەنێوان ئەو دوو رەفتارەى بەعس و دەسەڵاتى شیعی هاوبەشە، بریتییە لە هزرى دژە کوردستانى بوون.
دەسەڵاتى شیعە لە عێراقدا تێکەڵەیەکە لە درێژکراوەى ئەخلاقى رەگەزپەرستى بەعس و هزرى دوژمنکاریی دەسەڵاتى ئیران دژ بەخەڵکى کوردستان. لەهەر شوێنێکدا کوردێک، یان بزووتنەوەیەکى کوردایەتى سەرهەڵبدات، شیعەى عێراق ئامادەی یارمەتیدانى دوژمنى کوردانە. بینیمان بەمەبەستى یارمەتیدانى ئێران چۆن هێزیان بۆ لەناوبردنى خۆپیشاندەرانى رۆژهەڵاتى کوردستان دەنارد.
حکومەتى عێراق بەراوێژکاریی ئێران خەریکی زەلیلکردنى کۆمەڵگاى کوردستانییە، بەوەى کۆمەڵگای کوردستانیان کردووتە بارمتە، بۆ سەپاندنى مەرجەکانیان بەسەر پارتى و سەربەخۆخوازان، نەک یەکێتى، چونکە یەکێتى لە خەندەقی حکومەتى عێراقدایە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر یەکێتى نەبێت، دەسەڵاتى شیعەى عێراق ئەوەندە بەهێز نین ئەو رەفتارە بکەن.

حکومەتى عێراقى لەو پرسەدا مافیائاسا لە دژى کوردستانیان رەفتار دەکات، بەڵام پۆلیتیلۆگەکان دەبێت لەخۆیان بپرسن: چۆن دەبێت حکومەت وەکو مافیا هەڵسوکەوت بکات؟ حکومەت دامەزراوەیە، بەیاسا رەفتار دەکات. فیلۆسۆفیی حکومەتداریى بریتییە لە خزمەتکردن، سەپاندنى جێگیرى، پاراستنى کەرامەت و بەرژەوەندیى هاوڵاتیان، نەوەکو ئیهانەکردن و بەبارمتەکردنیان، چونکە دەسەڵاتدارنى بەدەنگى هاوڵاتیان لەو پێگەیەدان. بەو رەفتارانە، شیعەى عێراق سەلماندوویەتى، کە لە ئەگەر هەبوونى دەسەڵاتدا، زۆر لە رژێمی بەعس توندوتیژتر دوژمنکارانەترە لە بەرانبەر کوردستانیان.
بێگومان ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنساش دەستییان لەو رەوشەدا هەیە، ئەوەش دەبەستنەوە بەریفراندۆم. ئەوان دەخوازن خەڵکى کوردستان لەلایەنى ئابوورییەوە رەوشی خراپ بێت، کە ئەمە کاریگەرى لە کۆى رەهەندەکانى ژیانى سۆسیۆکولتوورى دەکات. ئامانجیش بریتییە لە دورخستنەوەى کوردستانیان لە بیرى سەربەخۆخوازیی. ئێمە هۆکارێک بۆ دژبوونى ئەو وڵاتانە بۆ مافى هەڵبژاردنى چارەنووسى کوردستانیان شک نابەین. بۆچی لای ئەمریکییەک، بەریتانییەک و فەڕەنسییەک، عەرەب لە کوردستانیان گرنگترە؟
هەرچەندە دەڵێن کوردستانى بەهێزیان دەوێت، بەڵام ئەو قسەیە فریوەدەر. ئەوان بەو قسەیە ماسکێک دەپۆشن کە تەنها سیاسەتکاریی کورتبین دەتوانێت باوەڕی پێبکات. پرسەکەش بریتییە لە دژبوونیان لە گۆڕینى نەخشەى جیۆپۆلیتیکى ئەو ناوچەیە، چونکە ئیدارەى سیستەمى جیهانى دەکەن و جێگیریی ئەو سیستەمەیان لەلادا مەبەستە.
دیاردەى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگاى کوردستان، فاکتەرى یارمەتیدەرى ناوەخۆیشی هەیە، کە بریتین لە رەفتارەکانى یەکێتى و پارتى.
یەکێتى نیشتمانى لەلایەک خەڵکی سلێمانى و دەڤەرى ژێر قەلەمڕەوی خۆى بەبارمتەکردووە، کە بەشێکن لە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، لە دژى حکومەتى هەرێم بەکاریان دەهێنێت، ئەمەش لەمیانەى ئەو چەکدار، میدیاکار و دادوەرانەی کە بەپارەى دزراو دروستیکردوون. هێزی یەکێتى لەهێزى پارەى دزراو دایە. لەلایەکی دیکەش تەواوى خەڵکی کوردستانى بەبارمتەکردووە، بەوەى رێگا لە بەهێزبوونی کوردستان دەگرێت بۆ بڕیارى سەربەخۆخوازانە. یەکێتى بەشێکە لە شکاندن و لاوازکردنى کوردستان. زەبری گورچکبڕی ١٦ ئۆکتۆبەر بەرچاوترین نموونەی لاوازکردنى کوردستانە. ئەگەر خەڵک بیانەوێت سەربەخۆبن و لە ژێر دەسەڵاتى شیعەى عێراقدا قوورتاریان بێت، وەک ئەوەی لە ریفراندۆمدا تێبینیمان کرد، ئەوا هێشتا یەکێتى لێناگەڕێ ئەوە رووبدات. هەر بۆیە کومەڵگاى کوردستان بارمتەى خیانەتەکانى یەکێتییە.
خاڵێکی دیکەى نەرێنی لەو بەبارمتەکردنەى کۆمەڵگای کوردستانى بریتییە لە پارتى و هەڵسوکەوتەکانى بەشێک لە بەرپرسەکانى. پارتى لەلایەک ناتوانێت خۆى و کوردستان بەهێز بکات، ناتوانێت بەتەواوى خەڵک لەخۆى کۆبکاتەوە، باوەڕیان پێبێنێت کە دوونیابینی و سیاسەتى ئەو راستتر و نیشتیمانپەروەرانەترە لەوانی دیکە، چونکە ئەوانی دیکە لەبوارى راگەیاندندا زۆر لە پارتى بەهێزترن. ئەوان ماوە ماوە لەوڵاتی ئیران خوولیان بۆ دەکرێتەوە، بۆ مەبەستى بێبەهاکردنى کوردستان و سیمبوولەکان و پرسە رەواکەی، بۆ شووشتنەوەى مێشکى گەنجان و برەودان بە تیرۆرى هزرى لە دژی سەربەخۆخوازان.
لەلایەکی دیکەدا دەردە گەورەکە بریتییە لە گەندەڵى و چاوچنۆکى هەندێک لە بەرپرسانى پارتى بۆ بازرگانیکردن و پارەکۆکردنەوە. لەپاڵ خیانەت، ڤیرۆسی شێرپەنجەی جەستەى کوردستان بریتییە لە گەندەڵى و بێدادى، لەمەشدا هەندێک لە بەرپرسانى پارتى بەشی شێریان بەردەکەوێت. گەندەڵى هۆکارێکی گرنگى لەناوبردنى هەستى کۆیی و پێکبەستنى هاوڵاتیانە بەیەکتر و بەکوردستان. لەوکاتەى یەکێتى بەخیانەت (بێگومان گەندەڵى و دزیش) بەندیوارى خەڵکی کوردستان لاواز دەکات، ئەوا هەندێک لە بەرپرسانى پارتى بە گەندەڵى لەو پرسەدا بەشدارن.
ئەگەر پارتى دەخوازێت بەهێز بێت، دەبێت دەستى ئەو گەندەڵانە ببڕێت کە پارتى و پۆستە ئیدارییەکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاردەهێنن. ئەو گەندەڵانە خەڵک هەم لەپارتى و هەمیش لە نیشتیمانپەروەرى دووردەخەنەوە.
پارتى نە ئەوەندە لاوازە هەموو داخوازییەکانى دەسەڵاتدارنى شیعەی عێراق قبووڵ بکات، نە ئەوەندەش بەهێزە بەیەکجارى لێیان جیابێتەوە و سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئەوەش خەڵکى لە مۆڵەق راگرتووە.
پرسیارى رژد لەو پرسەدا، پێوەستە بە رۆڵى رۆشنبیرانى کوردستان. ئایا ئەو توێژە گرینگە چ رۆڵێک دەگێرێت لە دروستکردن، یان لەناوبردنى دیاردەى بەبارمتەکردنى کۆمەڵگاى کوردستانى؟ هەر شتێک لە کۆمەڵگادا رووبدات، جا هەر کۆمەڵگایەک بێت، ئەوا رۆشنبیرەکانى لێی بەرپرسن، بەو پێیەى ئەوان هزر بەرهەمدەهێنن، کە بزوێنەرى ستایلى ژیانى کۆمەڵگا و دیاردە سۆسیۆکولتوورییەکانیەتى. رۆشنبیرانى کوردستان لە ئاست ئەو پرسەدا زۆر کەمتەرخەمن. ئەوان بەشدارن لە دروستکردنى جاش و ناپاک بە نیشتیمان، لە دروستکردنى گەندەڵ و دز و بەهەدەرچوونى سامانى کوردستان، ئەوان بەرپرسن لە سەرهەڵدان و بەردەوامبوونى دیاردەکانى نادادپەروەیی و بێیاسایی و..تاد. رۆشنبیران بەرپرسن لە زەلیلبوون و ئیهانەکردنى تاکى کورد لەلایەن سیاسەتکارانى ناوەخۆ و دوژمنانى دەرەوە. رۆشنبیرى راستەقینە نابێت رێگا بدات کۆمەڵگا لەلایەن توێژێکی سیاسییەوە بەبارمتە بکرێت. دەبێت لەپاڵ دامەزراوە مەعریفییەکان، بەشداری چالاک بکات لە بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاریى سۆسیۆپۆلیتیکى هاوڵاتیان، تاوەکو هیچ سیاسەتکارێک ئازایەتى ئەوەی نەبێت کۆمەڵگا بەبارمتە بکات. لەئەگەرى بەهێزبوونى ئاستى هۆشیارى ئەندامانى کۆمەڵگا بەبارمتەکردن، گەندەڵى، خیانەت و..تاد، دیاردەیەکى قبووڵکراو نابێت لە کۆمەڵگادا، بەڵام کێشەى رۆشنبیرى ئێمە، کێشەى کەسییە (رێژەییە، بەڵام زۆرینەیە)، نەک نیشتیمان. وەرگرتنى بڕێک پارە، مووچەیەکی ژێربەژێر، پارچەیەک زەوی و ئۆتۆمبێلێک بەسە، تا بێدەنگى هەڵبژێرێت لە ئاست کۆى ئەو دیاردە نەرێنییانەى لە کۆمەڵگادا هەیە. رۆشنبیرانێک هەن حەوجەى سڵاوێکی کوڕێکی بەرپرسێکى دزی وڵاتن. هەیانە تائێستا واسیتە دەکات تا دیدارێک لەگەڵ ناپاکێک، گەندەڵێک، دزێک، پیاوکوژێک بکات و وێنەیەکى لەگەڵ بگرێت. کە رۆشنبیر خۆى ئەوەندە بچووک بکاتەوە، سیاسەتکاریش خۆى لێدەگۆڕێت، ئیدی پێی وایە کە بەکردەیی ئەو کەسێکى گرینگە لە کۆمەڵگادا.
بەرەنجام: کۆمەڵگاى کوردستانى بەهۆی ئەو رەوشە ئابوورى و سۆسیۆپۆلیتیکییەی تێیکەوتووە، بەبارمتەکراوە. قووتى ئەندامانى زەوتکراوە و یاری بەهەست و ژیانى دەکرێت. زەرەرمەندەکان بریتیین لە کۆمەڵگاى کوردستانى، کەمتەرخەمەکانیش تەنیا سیاسەتکارانن، ناوەخۆ و دەرەوە پێکەوە.

د. زیرەک عەبدولڵا- ئەڵمانیا




ماچەکەی هێرمۆسۆ.. عومەر ئەحەمەد عەزیز

ماچ لە مێژوودا:

ڤۆن برایت ئەنسرۆپۆلۆژیست لە زانکۆی تکساس لە لێکۆڵینەوەکانیدا دەڵێت یەکەم ماچ وەکو دیکۆمێنت مابێتەوە لە داستانێکی ڤیدای سانسکریتی ، کە نزیکەی 1500 ساڵ پێش زاین تۆمارکراوە، دواتریش لە ئەدەبیاتی هندییەکاندا بەتایبەت داستانی مەهاباراتا، کە لەسەدەی چواری زاینیدا نوسراوەتەوە، باس لە ماچکردن دەکات وەکو ئاکتێکی ئیرۆتیکیی، هەشە ئەڵێن یەکەم ماچ وەکو هەموو مێژووی مرۆڤایەتی ڕیشەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ میسۆپۆتامیا و شارستانییەتی سۆمەرییەکان، پاشان چەند دەقێک بە زمانی سامیی لە ئەکەدییەکانەوە ماوتەوە کە ئاماژەی تەواون بۆ ماچی سێکسیی، بەڵام خۆ ناکرێت مێژووی ماچ هەموو بخرێتەڕوو ئەوەی هەیە گرنگترین ماچەکان کە کاریگەرییان هەبووە لە مێژوودا ئەمەش بەپێی پێڕستە جیاوازەکان کە بۆ کاریگەرترین،ماچەکان کراون و بۆچونی نوسەرەکان دەگۆڕێت، بەڵام هەندێک ڕوداوی ماچ هەیە تا ڕادەیەکی زۆر کۆدەنگیی لەسەر کە ڕوداوی گەورەن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بۆ نمونە ماچەکەی یەهودا لە ئینجیلی مەتا ئاماژەی پێدراوە، یەهودا ماچی عیسای کرد، بۆئەوەی سەربازەکان بیناسنەوە و دواتر دەستگیریی بکەن و بیکوژن، لە مێژوودا ئەم ماچە یەکێکە لە بەناوبانگترین ماچەکان ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییە ماچ تەنها بۆ ئاماژەی ئیرۆتیکیی و سێکسیی نییە، بەڵکو چەندین جۆری ماچ هەیە کە دەربڕیی هەستی جیاوازن، تەنانەت ماچ هەیە دوژمنکارانەیەو سەرلەبەری مێژوو دەگۆڕێت.

ماچەکەی هێرمۆسۆ

بەو ناونیشانەدا وا دەردەکەوێت باس لە ئەفسانەیەکی کۆنی سۆمەریی یان میسریی و گریکییەکان ئەکەین بەڵام ئەمجارەیان ماچێک لە سەردەمی مۆدێرنەدا هاوشێوەی ئەو ماچانەی مێژوو دەبێتە ڕوداوو، کە چیرۆکەکەی بەمجۆرەیە:

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپایان لەیاری کۆتایی مۆندیالی ئافرەتان لە ئوسترالیا، کە لەنێوان ئیسپانیا و ئینگلیزدا بوو، دوای بردنەوەیان بەئەنجامی یەک گۆڵی بێ بەرانبەر ڕۆبیالسی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا لەخۆشی بردنەوەکە، چەند یاریزانێکی لەباوەش گرت و یەکێک لەو یاریزانانەی ماچکرد، کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، ڕوبیالس خۆی دەڵێت وەکو کچی خۆم ماچمکردووە، وەکو دەوترێت هێرمۆسۆی یاریزانیش ناڕازیی بووە لەو شێوازی ماچکردنە، ئەم ماچە بوو بە ڕوداوێکی جیهانیی و چەندین ڕاپۆرتی لە ڕۆنامەجیهانییەکاندا لەسەر نوسراوە، ڕوداوەکە هەڵگریی چەند ئاماژەیەکە لەم بابەتە بەکورتیی لەسەر هەندێک لەو ئاماژانە دەوەستین:

یەکەم: ئەوەی، کە باسدەکرێت لەبارەی نەمانی جیاوازی تەواوی ڕەگەزیی لەنێوان نێر و مێ لە کلتوری ڕۆژئاوا، بەوجۆرە نییە و هێشتا ڕەگەزی مێ بەهەمانشێوەی ڕۆژهەڵات هەڵگریی بەشێکی زۆری ئەو ناوەڕۆکەیە، کە ئافرەت و ڕەگەزی مێ بەگشتیی هەڵگرییەتی بەدرێژایی مێژووی پیاوسالاریی و ئەم دۆخە تێنەپەڕییوە، هەر خودی ناڕەزایەتییەکان ئاماژەن بەوەی ئەم دوو ڕەگەزە یەکسان نیین و خاوەن هەمان ئەرک و ماف و تایبەتمەندی نین، ئەگینا بۆچی ئەو هەموو ناڕەزایەتییە، بابڵێین شێوازی ماچکردنەکە نائاسایی بووە، بەڵام لەکلتوری ڕۆژئاوا ماچکردنی ژن و پیاو زۆر ئاساییە و ئەگەر ڕوداوەکە بەپێچەوانەوە بوایە زۆر ئاسایی ئەبوو، واتە ئافەتێک ماچی یاریزانێکی نێری بکردایە، بۆیە ئەمە دەمانگەیەنێت بەو ڕاستییەی جیاوازیی ڕەگەزیی و نایەکسانیی جێندەریی لەڕۆژئاواش درێژەی هەیە.

دووەم: تا ئێستا ڕەگەزی مێ دەرباز نەکراوە لەو ڕوانینە سێکسە ڕوتەی، کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەیەتی بۆی، ئەم دیدە بریتیە لەوەی ئافرەت لە بەشێکی زۆری سیفەتی مرڤایەتیی دابماڵرێت و تەنها وەکو تەنێکی چێژلێوەرگیراویی سێکسیی سەیربکرێت، بەمەش بەشێکی زۆری وەزیفەی ئینسانی لە ئافرەت دەسەندرێتەوە، چیتر تۆ ناتوانی وەکو مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ ڕەگەزی مێ بکەیت و بەردەوام دەبێت بەحەزەرەوە مامەڵەیان لەگەڵا بکەیت، ناتوانی بەشداریی خۆشیی و ناخۆشییەکانیان بکەیت، چونکە وەکو وتمان ئەوان زیاتر وەکو بوونێکی چێژدەر و سەرچاوەی چێژ سەیردەکرێن، کە تا ئێستا مرۆڤایەتیی بە ڕۆژهەڵات ڕۆژئاواوە نەیتوانییوە ڕەگەزی مێ لەم دۆخە ڕزگار بکات و پێناسەی مرۆڤی بداتێ، وەکو چۆن ڕەگەزی نێر هەیەتی.

سێیەم: ئەوەی هەستی پێ ئەکرێت، ڕەگەزی مێ خۆشی بەشێکە لەو دیدەی کۆمەڵگا هەیەتی بۆیان، ئەگینا لە وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو ئیسپانیا تا ڕادەیەکی زۆر ئافرەت لە زۆر کایەی ژیاندا هەمان بواری پیاوانی هەیە، کەی پێویست دەکات خۆیان ببنە بەشێک لەو دیدە پیاوسالارییەی کە کۆمەڵگا هەیەتی بۆیان، کاتێک ڕۆبیالس دەڵێت من وەکو کچی خۆم هێرمۆسۆم ماچکردووە دەبوایە یاریزانانی ئیسپانیا ڕازیبونایە و نەکەوتنایە ژێر کاریگەریی میدیا و ڕای گشتیی، بەم کارەیان خۆیان درێژە بەو دیدە دەدەن، کە ڕەگەزی مێ وەکو بڤە و تابوو سەیردەکات و کەمتر حسابی مرۆڤی بۆدەکات بەدەر لە ڕوانینە ڕەگەزییەکەی، واتە ئەمەوێت بڵێم ئەگەر ڕاهێنەرێکی ئافرەت ماچی یاریزانێکی پیاوی بکردایە ئەو کاریگەرییە نەرێنیانەی نەدەبوو، لەمەشدا وەکو وتمان ڕەگەزی مێ خۆی بەشێکە لەو جیاوازییە ڕەگەزییەی کە کۆمەڵگا دروستی کردووە.

چوارەم : ئەوەی جێی سەرنجە لە ڕۆژئاوا ڕۆژانە هەزاران و سەدان هەزار ئافرەتی خوای 18 ساڵ دەستدرێژی ئەکرێتەسەر، وڵاتێک نییە بەدەیان و سەدان خانەی لەشفرۆشی ڕێگەپێداراوی تێدا نەبێت، لە هەموو بارێکیدا ئافرەت قوربانییە جا دەستدرێژیکردنەسەر بێت، یان لە یانەیەکی شەوانەدا ئیشبکات یان هەر شێوازێکی تر، ئەم هەمووی بە بەرچاوی وڵاتانی پێشکەوتو لەڕوی هەواڵگیریی و ئاسایشەوە ڕودەدەن و لێی بێدەنگن، یان ئەگەر پرسەکە وەکو پرسێکی گڵۆباڵ سەیربکەین، ئەو هەموو ڕێکخراوەی کە بۆ بەرگیریی لە مافی ئافرەت دروستکراون و ساڵانە بەدەیان ملیار دۆلاریان بۆ خەرجدەکرێت، ئەو هەموو میدیا و ڕۆژنامە و پێگە ئەلیکترۆنیانە، کە دەکەوینە گومانی ئەوەی وا دەردەکەوێت تەنها پیشەکەیان بەو ناوەوەیە، ئەگینا لە جەوهەردا بۆچی هیچ لەژیانی ڕەگەزی مێ نەگۆڕدرا و لەبەشێکی زۆری جیهاندا ئافرەت مرۆڤی پلەدووە تەنانەت لە هەنێک وڵاتدا هیچ مافێکی ئینسانیی نییە، بەڵام وێنەی ماچکردنی پیاوێک لە میدیا بڵاودەبێتەوە بەوجۆرە دەیکەن بەهەڵای گەورە، ئەمە ئاماژەیەکە بۆئەوەی هەرچەند یاسای نێودەوڵەتیی و ڕێکخراوی جیهانیی و یاسای تایبەت هەبێت لەبارەی مافی ئافرەتەوە، بەڵام یاساکان هەرکات بیانەوێت بەوردیی کارا دەکرێنەوە و جێبەجێدەکرێن، هەرکاتیش بەپێویست نەزانرێت بێدەنگی بەرانبەر جێبەجێکردنیان هەڵدەبژردرێت، کەواتە بەگشتیی هەڵایەکە لەسەر بەرگیریی کردن نییە لە ڕەگەزی مێ بەڕای من، بەڵکو میدیا ڕاپۆرتی لەبارەوە دەکات بۆ سود و قازانجی مادیی ، ئەوانەی دژیی پرسەکەن و لەگەڵیدان دیسانەوە دەبنەوە بەبەشێک لەو سود و قازانجەی باسمانکرد، لەکاتێکدا پرسی مافی ئافرەت کە دەبوایە جەوهەری پرسەکە بێت تەنها وەکو ڕوکەش بەکاردەهێنرێت.

پێنجەم: مرۆڤایەتیی گەشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار ئەویش ئەوەیە، هەرچیت ویست بیکە، تەنها با نەکەویتە بەردەمی میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتیی، کەواتە قسەکە لەسەر ئەوە نییە ویستێک هەبێت لەلایەن حوکومەتی ئیسپانیا و میدیای ئەو وڵاتەو جیهان بەگشتیی بۆ گەڕانەوەی بەهای بۆ ڕەگەزی مێ و پاراستنی مافییان، بەڵکو لەژێر فشاری میدیا و ڕای گشتیی و کۆمەڵگادا کەیسەکە بەوجۆرە داکۆکی لێدەکرێت، ئەگینا گومان ئەکەم بەشێکی زۆری ئەوانەی داکۆکی لەم کەیسە ئەکەن لە کاربەدەستانی ئیسپانیا و تەنانەت ڕژنامەنوسەکان خۆیان بە فعلی دەستدرێژیان نەکردبێتە سەر ئافرەت، لێروە ئەو پرسیارە دروستدەبێت ئەو هەموو دەستدرێژییەی دەکرێتە سەر ئافرەت، ئەو هەموو بازرگانیی کردنەی بەئافرەتەوە دەکرێت بۆچی جیهان لێی بێدەنگە؟ بۆچی میدیا نایکاتە مانشێتی سەرەکیی خۆی؟ بۆچی سەرۆک و وەزیریی وڵاتان بەم شێوەیە نایەنە سەرخەت بۆی؟

شەشەم: دنیای ئەمڕۆ وەکو دەوترێت لەلایەن میدیاوە بەڕێوەدەبرێت، زانیارییەکانمان، سەرچاوەی ئاگاییمان، مەعریفەمان لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە بنیاتدەنرێن کە لە میدیاوە وەریاندەگرین، میدیا و سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕن لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، میدیاش وەکو دەسەڵاتی چوارەم لەو پێناسەیە دەرچووە، کە بۆی کراوە و بەحساب بریتییە لە دەسەڵاتی چوارەم و لەجەوهەردا کارەکەیان پیرۆزە و بریتیە لە گواستنەوە هەواڵ و زانیاریی و شیکردنەوەیان بۆ کۆمەڵگا بۆئەوەی کۆمەڵگا ئاگاداری هەواڵ و زانیاریی بێت و ببنە پردی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات، بەڵکو میدیا بەدوای دروستکردن و زەقکردنەوەی ڕوداوگەلێکەوەن، کە تەشویقی تیا بێت و وروژێنەر بێتو سەرنجی کۆمەڵگا ڕاکێشێت، جا لەم کارەدا کێ دەبێتە قوربانیی، یان ئایا تا چی ڕادەیەک کارێکی ئەخلاقییە و پاراستنی ئتییک و مۆڕاڵیی کاری میدیایییە ئەو گرنگ نییە، چونکە لە بنەڕەتدا دەزگامیدیاییەکان، یان خۆیان کۆمپانیان، یان کار بۆ کۆمپانیایەکی بازرگانیی دەکەن، یان سەر بە لایەنێکی سیاسیی و گروپێکی دینیی و سیاسیین بە میزاج و بەرژەوەندییەکانی فۆکەس دەخەنەسەر هەواڵێک و نەشیانەوێت گرنگی بە هەواڵێک نادەن چەندیش گرنگ بێت.

عومەر ئەحەمەد عەزیز
مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان

——————————-

سەیری ئەم دو سایتەم کردووە لە نوسینی بابەتەکە:

1)https://www.scientificamerican.com/article/the-first-kiss-in-recorded-history-dates-backnearly-5-000-years/

2)https://www.history.com/news/kisses-religion-film-tv-valentines




گەورەترین دزی لە مێژوودا.. عوسمانی حاجی مارف

ئۆپەراسیۆنێکی دزی و تاڵانی بەرفراوان کە لە عێراق لەلایەن هێزە سیاسیەکان و هێزە میلیشیا دڵسۆزەکانی ئێرانەوە ئەنجامدراوە، سەرەڕای ئاشکراکردنی زۆرێک لە وردەکارییەکانی ئەو دزیە کە ڕای گشتی تووشی شۆک کرد، تۆمەتباری سەرەکی لەم دزیەدا سەرەڕای دانپێدانانەکەی ئازاد کرا، ئەو دزیەی کە پێی دەوترێت “گەورەترین دزی لە مێژوودا”.
تۆمەتباری سەرەکی، کەسێکە بەناوی نور زوهێر کە پاڵەوانی ئەم داستانەی “دزی سەدەیە”، لەکاتی دەستگیرکردنیدا تەمەنی ٤١ ساڵ بوو، وێنای دەکەن بە پابلۆ ئیسکۆبار پادشای کۆکاین لە کۆڵۆمبیا، کە زوهێر بۆخۆی لە بەسراوە هاتۆتە بەغدا لە پەیوەندی بە سەرکردەی حزبە شیعەکان و دەسەڵاتدارنی حکومەتی عێراقەوە ئەم تاوانی دزیەی ئەنجامداوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی بەریتانی “میدل ئیست ئای” ئەو ئۆپەراسیۆنەی دزی و تاڵانکردنە کە ناوی “دزی سەدە”ی لێنراوە، ئەو پارە دانراوانەی باجیان کردۆتە ئامانج، کە کۆمپانیا نەوتییەکان دەیدەن بە کۆمیسیۆنی گشتی باج لە عێراقدا، کە بەشداربووان لەم دزیەدا بەرپرسانی باڵا و سەرکردەی حزبەکان و سیاسەتمەداران لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست، ئەو بڕە پارەیەی لەلایەن بەرپرسانەوە لە خەزێنەی گشتیدا دیار نەماوە ، ٣٠٠ ملیار دۆلار زیاتری تێپەڕاندووە.
هەرچەندە بڵێین خەڵکی عێراق بە گەندەڵی ڕاهاتوون، بەڵام قەبارەی ئەم دزییە تەواو تووشی سەرسامی و شۆکی کردون. خەڵکی ڕاهاتوون بە فەزیحەی گەندەڵی، بەڵام قەبارە و ئاستی ئەم گەندەڵی و دزییە قێزەونە لەوەدایە کە دەبێت دەست بەجێ تەواوی بەشداربوان لە حکومەتی عێراقدا بە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لێپرسینەوەیان لێبکرێت و جگە لە دادگایی، کەنارگیری سیاسی بەسەریاندا بسەپێنرێت.
ئاشکرایە هیچ کام لە سوودمەندە ڕاستەقینەکانی دزییەکە، هەرکەسێک بوون، هەرگیز ڕووبەڕووی دادپەروەری نابنەوە. ئەو تاوانباریەی کە هەموو نوخبەی سیاسی پێیەوە چەسپاوە، بەو مانایەیە کە لێپرسینەوەیەکی سەرزارەکی و ئاست نزم و کەم هەیە. هەرچەندە نووسینگەی ئەلسودانی پێداگری دەکات کە بە توندی بەدوای لێکۆڵینەوەکاندا دەچێت، بەڵام لە دوای کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی ساڵی ڕابردووەوە کەمێک ڕاگەیاندنی سەبارەت بەو دۆسێیە کردووە، ئیتر بێدەنگی لێکراوە.
لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ و کاردانەوەی کارەساتبارەکانی کە بەدوایدا هات، بووە هۆی داڕمانی نزیکەی تەواوی ژێرخانی بنەڕەتی ئابوری عێراق، بە ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری.. بە هەموو جۆرەکانیەوە، بەدوای ئەو داڕمانە، کردنەوەی دەرگای گەندەڵی جەردەیی و تاڵانی بووە یەکێک لە تاوانە سەرەکیەکانی هێزە میلیشیا ئیسلامی و تائیفی و قەومیەکان. ئەمریکا، سیستەمی پشکی تائیفی گەندەڵی دروست کرد و کۆماری ئیسلامی ئیران لە دەستکەوتەکانی ئەو تاڵانیە هاوبەش بوو.

دوای ڕووخانی سەدام، ئەم گرووپانە سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی وڵاتیان تاڵان کرد. سەرۆک پارتەکان کە بەشێکی زۆریان سەر بە میلیشیاکان بوون، وەزارەتە قازانجدارەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکرد.
ئەلسودانی کە ئێستا پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەدەستەوەیە، لە بەیاننامەی حکومەتەکەیدا بۆ پەرلەمانی عێراق ئەوەی ڕاگەیاند، کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ ڕاگرتنی بەهەدەردانی سەروەت و سامانی عێراق، ئامانجی سەرەکیەتی لەم قۆناغەدا.
ئەوەی شایانی باسە لەدامەزراندنی هەر حکومەتێکی نوێ لە عێراقدا، سەرۆک وەزیرەکان هەمان بانگەوازیان کردوە، کە هەنگاو و ڕێوشوێن دەنێن بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک یان لیژنەیەکی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەبەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەی کە خەریکن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت دەخۆن، لەو بارەیەوە هیچ شتێک نەکراوەو سۆدانیش لەوان زیاتری پێناکرێت.لەماوەی ڕابردوودا حکومەتی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرکرد کە ژمارەیەک بەرپرسی پێشووی تێدابوو کە لەدەرەوەی عێراق نیشتەجێبوون، لەچوارچێوەی ئەوەی بە “دزی سەدە” ناسراون، کە بڕی دوو ملیار و نیو دۆلاری تێپەڕاندووە، لەگەڵ دەرهێنانی پارەی نەختینەی نایاسایی لە “سکرتاریەتی باج” دزراوە لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا.

فەرمانی دەستگیرکردنەکە، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، مستەفا ئەلکازمی، بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری، ڕاید جوحی، ئەمینداری تایبەتی ئەلکازمی، ئەحمەد نەجاتی، وەزیری پێشووی دارایی، عەلی عەللاوی دەکاتە ئامانج، هەروەها مەشرەق عەباس ڕاوێژکاری پێشووی ڕاگەیاندنی ئەلکازمی دەگرێتەوە. ئاماژە بەوەش کراوە، تاوانەکە زۆرە، ژمارەی گومانلێکراوەکانی تێیدا لە ٤٨ تۆمەتبار تێدەپەڕێت، دیارترینیان بازرگانێکی عێراقییە بە ناوی “نوور زوهێر”، کە لەوکاتەوە نزیکەی ٢٩٢ ملیۆن دۆلاری وەک پارەی دزراو گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا بە کەفالەت ئازاد کرا.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، دادوەر حەیدەر حەنون، هەنگاوێکی بۆ ڕێکخستنی “سیگناڵی سوور” لە “ئینتەرپۆل”ەوە لە دژی داواکراوان ڕاگەیاند، بەڵام کارو بڕیارو بەڵێنەکانی ئەلسودانی هێشتا قسەی سەر کاغەزەو ئەنجامگیریەکانی نادیارەو گەندەڵێش بەردەوام کاری خۆی دەکات.
گوایە حکومەت هەندێک ڕێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ سنووردارکردنی گەندەڵی، لەوانە گۆشەگیرکردنی بەشێک لەو کەسانەی بەرپرسیارن لە گەندەڵی و دادگایکردنیان لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا کە لە پارێزگاکانی نەینەوا و بەسرە و ئەنبار و پارێزگاکانی دیکە دەستیپێکردوە. ئەمەش ژمارەیەک سەرۆکی بەشەکانی پەیوەندیدار بە خانووبەرە و باج و شتی تریشەوە لەخۆگرتبوو، بەڵام هەڵمەتەکە “دواکەوتووە” و ڕاگیراوە بە هۆکارێکی نادیار، بەڵام ئەوەی بە “دزی سەدە” ناسراوە لە عێراق و بەو پێیەی ئامارە جیاوازەکان ئاماژەی پێدەکەن، کە کۆی پارەی تاڵانکراو لە ٣٠٠ ملیار دۆلار تێدەپەڕێت. لەکاتێکدا ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردەوە، ساڵی ڕابردوو، کۆی گشتی ژمارەکە ٣٦٠ ملیار دۆلارە، لەکاتێکدا پەرلەمانتاران بە ٤٥٠ ملیار دۆلار مەزەندەیان کردووە، ئەمە بەكوێ دەگات و چۆن بەدواداچون و لێپرسینەوەی لەسەر دەکرێت، تەنها وەک پرسیارێکی بێوەڵام ماوەتەوە.

لە هەر حاڵەتێکدا کاتێ حکومەتی سودانی پێکهێنرا و شەڕی دژی گەندەڵی ڕاگەیاند، بەڵام هەر زوو ئاستی زەبری دژە گەندەڵی دوای چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک دادەبەزێت و چارەسەرەکانیش سنووردار دەکرێن، بە مەودایەکی بەرتەسک کە کاریگەری لەسەر سەرانی گەندەڵکاران نییە، بەتایبەتی لەسەر ئەوانەش کەسەر بە بەرپرسانی باڵای سیاسین لە ناو حکومەت و هێزە میلیشیاکاندا.
ئێستا حکومەتی سودانی لە حساباتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ گەندەڵکاراندا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدا بۆتەوە. هەندێک لە هێزە باڵاکان، چەکداربن و باڵی سیاسیان لە چوارچێوەی هەماهەنگی حوکمڕانیدا هەبێت، یان حزبە سیاسیەکان، لە ڕێگەی بەرپرسانی پۆستی باڵا، بۆ دەستکەوتی دارایی زیاتر، نفوزی خۆیان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەقۆزنەوە. ئاراستەکەی سۆدانیش وەک هەر هەوڵێکی پێشوتری بانگەوازی سەرۆک وەزیرانی پێشخۆی، بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی وەک گەمەیەکی گاڵتەجار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

لەهەمانکاتدا، کاریگەریی ئەو هێزانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە ئەمنیە فەرمیەکاندا کاردەکەن، بەجۆرێک لە جۆرەکان کە بەشداریان کردووە لە فراوانبوون و بڵاوبوونەوەو تێوەگلان لەم گەندەڵیەدا، دان بە سەختی ئەوەدا دەنێن کە لێپرسینەوە لە گەندەڵکارە باڵاکان لە دۆخی سیاسی ئێستای دەسەڵاتی شیعەو پەیوەستبونی ئەو هێزانە بە دەسەڵاتی ئێرانەوە، لە عێراقدا بەرەنگاری لەبەرامبەر گەندەڵیدا کارێکی ئەستەمەو کردەنی نیە، یان کۆنترۆڵکردنی پارە و موڵک و ماڵەکانیان یان شێوازەکانیان بۆ بەدەستهێنانیان، هیچ دەزگایەک ئۆتۆریتەی توانای لێپرسینەوەی نیە.
هەرچەندە دەستەواژەی “دزی سەدە” لە سۆشیال میدیای عێراقیدا بڵاوبووەوە، بەڵام فشارێکی ئەوتۆ نەبوەو نیە بۆ ئەوەی تاوانباران بدرێنە دادگا.
بەڵام دوای ماوەیەکی کەم، نور زوهیر بە کەفالەت بۆ ماوەی دوو هەفتە ئازاد کرا، ئەمەش بۆ یارمەتیدانی دەسەڵاتداران بووە بۆ وەرگرتنەوەی پارەی زیاتر، نووسەری ڕاپۆرتی ئیکۆنۆمیست دەڵێت: یەکێک لە یاریدەدەرەکانم پێیوتم سەرۆک وەزیران هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، ئەگەر زوهێری ئازاد نەکردایە ئەلسۆدانی سەری لەدەست دەدا.

هەروەها ڕوونکردنەوەیەکی دیکە بۆ بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتباری سەرەکی دزیەکە، ئەو وێنایە ئەدات بەدەستەوە گوایە زوهێر تەنها بوکەڵەیەکەو بەکار هێنراوە.
دیارە زوهێر لە بەرزترین ئاستدا هاوکاری کراوە بۆ ئەنجامدانی ئەم دزیە گەورەیە. دوو فراکسیۆنی سەرەکی ڕکابەری لە عێراقدا (بزووتنەوەی فەتح و هاوپەیمانی کازمی) پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە زوهێر پەیوەندی بە ئەویترەوە هەیە، بەڵام هیچ گومانی تیا نیە کە یاریزانانی هەردوولا پشکیان لە پرۆسەکەدا هەبێت.
نور زوهێر بانکی ئەلڕافیدەین ناچار دەکات بە خێرایی کار بکات بۆ گواستنەوەی پارەکان، ئەمەش مانای نیشاندانی نفوزی زوهێرە، لەکاتێکدا دەرکردنی پسوڵەی چەکی گەورە لە دەسەڵاتی باج، واژۆی لانیکەم ١٢ بەرپرسی جیاوازی پێویستە زۆرجار پرۆسەکە چەند هەفتەیەکی دەویست، بەڵام زوهێر لە بەشێکی کەمی ئەو کاتەدا ئەو کارەی ئەنجامداوە. بە ووتەی دوو لەو فەرمانبەرانەی لەوێ کاردەکەن، زوهێر خۆی بۆ خێراترکردنی ئۆپەراسیۆنە قورسەکان، توانیویەتی کارئاسانی بکات و بەرتیل بدات و هەڕەشەش لە کارمەندانی دەسەڵاتی باج بکات.

تا ئێستا ڕوون نییە ئەو پارانە چیان بەسەر هاتووە. وا دیارە بەشێکی لە عێراق خەرج کراوە. چەندین سیاسەتمەدار و بەرپرس بە ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیستیان ڕاگەیاندووە سەبارەت بە کۆمەڵێک خانووبەرە کە پێیانوایە نور زوهێر لە گەڕەکی مەنسوور کڕیویەتی، کە پێشتر لەوێ دەژیا. بەڵام زۆربەی ئەو پارەیە، بەوتەی بەرپرسانی پێشووی ئەمنی، کراوە بە دۆلار و بردراوە بۆ دەرەوەی ووڵات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی پەرلەمان، زوهێر لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ زیاتر لە ٢٠ گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجامداوە.
دوای ماوەیەکی کەم لە دەستگیرکردنی زوهێر، کازمی لە پۆستی سەرۆک وەزیران دوورخرایەوە. ئۆردوگای لایەنگری ئێران پیاوی خۆیان محەممەد ئەلسودانی بۆ سەرکردایەتیکردنی حکومەت ڕاسپارد.
دوای تێپەڕبوونی مانگێک لە دەستبەکاربوونی دەسەڵات، سودانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازکرد و دوو کەڵەکە پارەی لە تەنیشت خۆیەوە دانابو کە نزیکە ٤٠ملیار دیناری عیراقی دەبوو، گوایە بەسەر کەوتویی ئەو بڕە پارەیە گەڕاندۆتەوە و لە زوهێری وەرگرتووە، کە نزیکەی ١٢٥ ملێۆن دۆلار دەکات، کە لەلایەک ئەم پارەیە بڕێکی زۆر بچووکە لە بەشێکی ئەو ملیارەها دۆلارەی لە دەستچووە، لەلایەکی ترەوە سوکایەتی و شەرمەزاریە بۆ سودانی بڕێکی لەو چەشنە دەخاتە روو، لەهەمانکاتدا مانای ئەوەیە سودانیش لە هەمان لیستی گەندەڵکاراندایە.
ئەمە واقعیەتی حکومەتی عیراقی فیدراڵە بە دوای ٢٠٠٣وە کە لەڕیزبەندی وولاتانی هەرە گەندەڵدا ئەژمار دەکرێت، هەر جۆرە بەشداریەک لەم حکومەتەدا لە هەر لایەنێکەوە پیادەکرابێت، بەشداریە لە تەواوی ئەو تاوانانەی ئەنجامدراوە، ئەم حکومەتە دەبێت لە درێژەدان بە خرۆشانە جەماوەریەکانی تەشرین کۆتایی پێبهێنرێت و عێراق لە بونی ئەو هیزانە پاککرێتەوە.

بۆ ئەم وتارە سود لە دوو باسی سایتی “عربي بوست” وەرگیراوە.
-360 مليار دولار وما خفي أعظم.. ما فرص حكومة السوداني في مكافحة “سرطان” الفساد في العراق؟

  • مفاجأة بأكبر سرقة مصرفية بالتاريخ.. حلفاء إيران وأمريكا بالعراق تعاونوا بها حتى المحققون مشتبه بهم



بەردەوامی شۆڕش و بارودۆخی سیاسی ئێران.. وەرگێڕانی :کاوە عومەر

دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقواییدا
وەرگێڕانی :کاوە عومەر
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە

حەسەن ساڵحی: ئێمە لە سەروبەندی ساڵیادی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیداین، خەڵک و حکومەتیش خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەی نوێ ئامادە دەکەن،لەلایەکەوە خەڵک وهەڵسوڕاوان لە سەروبەندی دەستپێکی تازەی شەپۆلی دووهەمی شۆڕشدان ولەلایەکەی تریشەوە ڕژێم لە ترسی ئەم دۆخەدا دەستگیرکردن وزیندانی کردنی و ڕاوەدونانی چڕتر کردووەتەوە. لەم چاوپێکەوتنەدا دەمانەوێت باس لە کاریگەری و دەرەنجام و دەستکەوتەکانی شۆڕش تا ئێستا و هەروەها ئاسۆی داهاتوو و ڕێڕەوی ئەگەری بکەین.
حەمید تەقوایی، با سەرەتا ئەو پرسیارە بکەم کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرێک لە هەڵسوڕاوان ساڵڕۆژی شۆڕش بە دەرفەتێکی باش دەزانن بۆ هێرشێکی تری سەرتاسەری بۆ سەر حکومەت و سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ ساڵیادی شۆڕش لە بوارە جیاجیاکاندا، بە بۆچوونی ئێوە، تاچەندئەگەری ئەوە هەیە کە ئێمە شاهیدی شەپۆلێکی نوێ ببین لە پرۆسەی ناڕەزایەتییەکان؟
حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم ئەوەیە کە لە ساڵی ڕابردوودا ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە دژی حکومەت بە شێوەی جۆراوجۆر ڕوویداوە. هەرچەندە لە چەند مانگی ڕابردوودا گردبوونەوە و خۆپیشاندان لەسەر شەقامەکان کەمیکردووە، بەڵام ناڕەزایەتییەکان بە شێوەی دیکە بەردەوامن. بۆیە باس لە پێشهاتێکی نوێ دەکەین لەم پڕۆسەی یەک ساڵەدا. وە ئەمەش ئەگەری زۆرە. هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات کە ئێمە شاهیدی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی دەبین. باسەکە تەنیا لەسەر ڕۆژێک نییە، واتە ٢٥ی شەهریوەر، بەڵکو بەڕای من ساڵێکی تەواو دوای کوشتنی مەهسا، شۆڕش دەرفەت و هەلومەرجی زۆر لەبارتری دەبێت بۆ پێشکەوتن. نموونەیەک ساڵڕۆژەکانە؛ ساڵڕۆژی گیان بەختکردنی ئازیزانمان لەلایەن جەلادەدەسەڵاتدارە کانە وە. ساڵیادی کۆچی دوایی مەهسا و یادی سەرەتای ئەم پرۆسەیە و پاشان یادی نیکاکان و سارینەکان و کیانەکان و خودانوورەکان و هەموو ئەوانەی لە ساڵی کۆتاییدا گیانیان لەدەستداوە. خەڵک ساڵڕۆژەکانیان، هەروەک ئەوەی تا ئێستا بینیومانە، کردوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و هێرشی زیاتر دژ بە دەسەڵاتداران. حکومەتیش لەوە دەترسێت. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی دەستی کردووە بە فشار و هەڕەشەکردن و دەستگیرکردنی کەسوکاری گیانبەختکردووەکان. تەنانەت هێرش دەکاتە سەر گۆڕستان و گۆڕی کوژراوەکان، سیاج لە دەوری گۆڕستانەکان دروست دەکات، کامێرا دادەنێت، کێلی گۆڕەکان تێکدەدات و هتد. جەلادەکانی دەسەڵات دەزانن کە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی دووەمی شۆڕش، زنجیرە مەراسیمەکانی ساڵیادی گیانەختکردوانی شۆڕشیش دەست پێدەکات و گۆڕستانەکانیش دەبنە ناوەندی گڕدانەوەی شۆڕش. وە هەموو هەوڵەکانیان بۆ ڕێگریکردنە لەم کارە.
بەڵام ئەم هەوڵانەش وەک سەرکوتەکانی تری ڕابردوو چارەسەرێکی دەردی حکومەت ناکات. خودی ئەم هەوڵانە ئەوە دەردەخات کە دەرئەنجامێکی دیکە لە ڕێگادایە. لە کۆتاییدا هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ ئیرادە و چالاکییەکانی خەڵک، ڕێکخراوەکان، بانگەوازەکان، و بەگشتی ئامادەکارییە پراکتیکییە کان کە بە قەبارەیەکی بەرفراوان لەلایەن چالاکوانانی بوارە جیاجیاکانی خەباتەوە ئەنجام دەدرێن. هەر لە بزووتنەوەی دادخوازی تا بزووتنەوەی لاوان، قوتابیان، کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینان، ژنان و چین و توێژە ناڕەزاییەکانی دیکەی کۆمەڵگە، ئەو ڕێکخراوانەی کەپێشینەی خەباتیان هەیە و ئەو ڕێکخراوانەی کە لە دڵی شۆڕشدا پێک هاتوون، هەموویان لە سەرتاسەری وڵاتدا خەریکن خۆیان ئامادە دەکەن بە بۆنەی ساڵڕۆژی شۆڕشەوە ، هەوڵ دەدەن هێرشێکی تەواو بەهێز دژ بە کۆماری ئیسلامی پێکبهێنن.
هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەیکە ئەگەرێکی زۆر بەهێز هەیە کە شاهیدی خولێکی نوێی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بین.

حەسەن ساڵحی: بەرپرسانی حکوومەتی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەگەر بتوانن ساڵیادی کۆچی دوایی مەهسا بە هێمنی یان تەنانەت بەبێ توند بوونەوەی ناڕەزایەتییەکان تێپەڕێنن، ئەوا شۆڕشیان تێکشکاندووە. چۆن بیر ئەکەیتەوە دەربارەی ئەمە؟

حەمید تەقوایی: حکومەت چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە شۆڕش کۆتایی هاتووە و هەموو شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و هتد. بەڵام هاش وهووشەکانیان بیرچووە و پلانە نوێ وبەهەمان ڕادە بێ هوودە.دژی “نائارامییەکان”. گیرییان کردووە لەوەی کە چۆن هێرشی کۆمەڵگا و نائومێدی و نەبوونی ئاسۆی حکومەتەکەیان لەبەرامبەر شۆڕشێکدا کە هەڵنەستاوە، تەنانەت شرۆڤە بکەن و پاساوی بدەن و ڕونی بکەنەوە بۆ هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆیان. لە نێوانیاندا ئەو گوتارەی کە دەڵێن شۆڕش کۆتایی هاتووە یان خەریکە تەواوی دەکەین، ئەوەندە کۆن وسواوە کە تەنانەت خودی قسەکەرەکانیش باوەڕیان پێی نییە. ئەوان زۆرلە مێژە دەیانویست و هەموو هێزەکانیان بەکارهێنا بۆ پاشکشە پێکردنی شۆڕش و بزووتنەوەی جەماوەریی خەڵک، ئێستاش دان بە بێدەسەڵاتی خۆیاندا دەنێن. بەڕای من وتنی ئەوەی ئەگەر لەم یادەدا هیچ ڕووی نەدا، شۆڕش کۆتایی هات، ئەوە زیاتر دڵخۆشکردنی خۆیانەو. ئەوان دڵنەوایی هێزە سەرکوتکەرەکانیان دەکەن کە ئەمە دوا شەڕە، خۆت ئامادە بکە کە ئەگەر لەم دانەیەش بدەین، ناڕەزایەتییەکان کۆتاییان دێت و هەموو شتێک بەو شێوەیە دەبێت مەبەستمانە. پێموانییە تەنانەت خۆشیان باوەڕیان بەم قسانە هەبێت. ئەمەش وەک بەشێک لە پڕوپاگەندەی حکومەت سەیر بکرێت کە ئاراستەی هێزەکانی حکومەت خۆی دەکات. بۆ کۆکردنەوە، بۆ پێدانی ورە، بەۆ ئەوەی ئەو هێزە ستەمکارە لە مەیدانەکەدا بهێڵنەوە کە دەزانن بە تەواوی لەرزۆکە و لە دۆخی داڕماندایە. ئەم بانگەشانە ترس و نیگەرانی و بێدەسەڵاتی حکومەت زیاتر نیشان دەدەن هەتاڕاستییەک.
حەسەن ساڵحی: بەڵام ئەوە ڕاستییەکە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کەم بووەتەوە. ئایا ئەمە نیشانەی ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی سیاسی ئێران نییە؟

حەمید تەقوایی: بەڵێ ئەمە ڕاستییەکە، بەڵام شۆڕش تەنیا بە پێوەرەکانی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی سەر شەقامەکان هەڵناسەنگێندرێت. ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بێگومان فاکتەرێکی گرنگە کە وەک گوتمان ئێمە بەو ئاراستەیە دەڕۆین کە ئەم فۆرمەی خەبات دەرئەنجامێکی تری دەبێت، بەڵام ئەگەر ڕوونەداش شۆڕش لە بوارە جیاجیاکاندا بەردەوام دەبێت. ئه مڕۆ وه ک نموونه مه سه له ی حیجاب و بێ حیجابی یه کێکه له و بواره گرنگانه ی که خه ڵک له سەر ئاستی سەرتاسەری هێرش ده کەنە سه ری. لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری لە کەرتە جیاجیاکان بە تایبەت لە کەرتی نەوتدا بەردەوامە. کۆبوونەوەی خانەنشینان بەردەوامە، دروشم نوسینەکان بەردەوامن، ئێمە شاهیدی ئاهەنگگێڕانی سەر شەقامەکان بووین تەنانەت لە مانگی موحەڕەمیشدا، شاهیدی ئەوە بووین کە خەڵک چۆن پیرۆزی و تابو ئیسلامییەکانیان ، لە دۆخێکدا کە حکومەت پێیوابوو دەتوانێت بۆ بەرژەوەندی خۆی سودی لێوەر بگرێت، شکاند و بناغە ئایدیۆلۆجیەکەی حکومەتیان هەژاند. بۆ یەکەمین جار لە کۆماری ئیسلامیدا، لە مانگی موحەڕەمدا، خەڵک بە جلی سپی و ژنانی بە بێ حیجاب هاتنە سەر شەقامەکان و تەنانەت ماتەمینیش گۆڕا بۆ دروشمی ناڕەزایەتی دژ بە حکومەت. هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە کۆمەڵگە لە جۆش و خرۆشدایە، بە بێدەنگی دانەنیشتووە و بەردەوام مەیدانی شەڕی نوێ لەبەردەم حکومەتدا دەکاتەوە.
لە لایەکی تریشەوە ئێوە سەری تاکتیکەکانی حکومەت بکەن، هەموو هەوڵەکانیان بۆ بۆ ئەوەیە کە بەر بە ئەم جوڵانەوەیەبگرن. نە حکومەت و نە کۆمەڵگە دۆخێکی ئاسایییان نییە. ئێمە لە دۆخێکداین خەڵک دەیانەوێت ئەرکی کۆتایی لەگەڵ حکومەت یەکلایی بکەنەوە، دەیانەوێت حکومەت بهێننە خوارەوە. واتە لە دۆخێکی شۆڕشگێڕانە و قەیران و بەرزبوونەوەی شۆڕشگێڕانەدا. کۆتایی ئەم شۆڕشە و ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی کە بە کوشتنی مەهسا دەستی پێکرد، تەنیا دەتوانێت ببێتە هۆی ڕووخاندنی حکومەت. تا نەگەینە ئەم ئامانجە ئەم شۆڕشە ناوەستێت.

حەسەن ساڵحی: بە گشتیی هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ بارودۆخی سیاسی ئێران چییە؟ دەرئەنجام و دەستکەوتەکانی خەباتی یەکساڵی ڕابردوو و کاریگەرییەکانی لەسەر پێگەی حکومەت و ورەی خەڵک و پەیوەندی کۆمەڵگا لەگەڵ حکومەتدا چی بووە؟
حەمید تەقوایی: لە وتارێکی دیکەدا جەختم لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە گرنگترین دەستکەوت و دەرئەنجامی شۆڕش ئەوەیە کە کێشەی بوون و نەبوونی کۆماری ئیسلامی کردوو بە بە کێشەیەکی زۆر بەپەلە بۆ کۆمەڵگا و حکومەت.
ئەمڕۆ بارودۆخی سیاسی لە ئێران، لە سیاسەت و ئەدای حکومەتدا تەنانەت لە بواری سیاسەتی دەرەوە بیگریت تا سەرقاڵی سەرەکیی خەڵک و ناڕەزایەتییەکانیان هەمووی لەسەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی و بوون و نەبوونی ئەو حکومەتەیە. حکومەت هەوڵدەدات خۆی لە دەسەڵاتدا بهێڵێتەوە و خەڵک بە پێچەوانەوە دەیانەوێت لەم سیستەمە و حکومەتە ئیسلامییە ڕزگاریان بێت. ئەمەش فۆرمی کێشەکە و شێوەی تەواوی کەشی سیاسی کۆمەڵگایە، کە ڕۆژانە لە تاکتیکەکان، لە بانگەشەکان، لە بابەتەکان، لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی حکومەتدا و لەولاشەوە لە ناڕەزایەتی و خەباتی کۆمەڵگایەکی سەرهەڵداودا دەردەکەوێت.
ئەوەندەی پەیوەندی بە ناڕەزایەتیی خەڵکەوە هەیە، دەبینن مەسەلەی ڕووخان و تەحەدای هەموو حکومەت، نەک تەنها لە دروشم و لەدیوار نوسینەکاندا، بەڵکو لە لێدوان و ڕاگەیاندن و بانگەواز و لە سۆشیال میدیاشدا، زۆرئاشکرا و ڕوون و ڕاستەوخۆ دەردەبڕرێت. خەڵک ئازار و کێشەی زۆریان هەیە. هەڵاوسان و گرانبوونی نرخ و بابەتی بژێوی ژیان، دەسەڵاتی ڕەشی ئاینی ، هەموو جۆرە جیاکاری و نادادپەروەرییەک، سەرکوتکردن، لە سێدارەدان و زیندانەکان، هەموو ئەمانە بابەتی فشاری خەڵکن، بەڵام هەمووان دەزانن بۆ ئەوەی کۆتایی بەو هەموو ئازارانە بهێنن، ئەوان دەبێت کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ. چارەسەری هەموو کێشەکان بەستراوەتەوە بە لەناوبردنی کۆماری ئیسلامیەوە.
بۆیە بارودۆخی کۆمەڵگا نە ئاساییە و نە تەقلیدی، نە دەرئەنجامی سیاسەت و ئەدای حکومەتە، کە لە بەرامبەر ئەو هەلومەرجانەدا ناچارە مانەوەی خۆی بپارێزێت. بۆ نموونە، کاتێک باس لە یارمەتییەکان کرا، باس لە پلانی کارکردنی گشتگیری هاوبەش (JCPOA) ناسراو بە (برجام) کرا، سیاسەتە جیاوازەکانی حکومەت پەیوەست بوون بە، بۆ نموونە ئاستی کرێ و نرخی ئاڵوگۆڕ، تێکچونی ژینگە، پرسە کولتوورییەکان و هتد گۆڕەپانەکان پێچراوەتەوە بە سەرکوتکردنی شۆڕش مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا. هەر لە خەرجکردنی ملیارەها دۆلار بۆ چلە(اربعینی) تا دەگاتە پڕۆژە یاسای حیجاب و پاکیزەیی و ململانێی لەسەری، نوێبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە و هەڵوێستە ناوچەییەکانی دیکەی حکومەت، وتار و تێبینییەکانی خامنەیی و ئیمامەکانی هەینی و بەرپرسانی دیکەی حکومی و هتد و هتد .، ناوەڕۆکی هەموو ئەمانە نیشاندەری پەلەقاژێی ڕژێمێکن لەکاتی لەناوچوودایە بۆ مانەوە.
لە یەک ساڵی ڕابردوودا حکومەت هیچ تاوانێکی دژ بە خەڵک ڕانەگرتووە. تەقەیان لە چاویان کرد، بەندیخانەی ئەوینیان ئاگر تێبەردا، تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، دەیان کەسیان لە سێدارە دا و هەزاران کەسیان دەستگیر کرد، هەڵیانکوتایە سەر گۆڕی گیان بەختکردوەکان، خێزانەکانیان خستە ژێر هەموو جۆرە فشارێکەوە، تاوانی دڕندانەیان ئەنجامدا.کە تەنانەت لە تۆمارەکانی خراپترین دیکتاتۆریەتەکاندا بێ وێنەیە. و سەرەڕای هەموو ئەمانەش، حکومەت ڕۆژانە لاوازتر و بێ ئومێدتر بووە، ڕیزەکانی شۆڕشیش هێرشبەرانەتر و بەهێزتر بوون.
بەم مانایە کۆمەڵگە لە دۆخێکی قەیرانی شۆڕشگێڕانەدایە، شۆڕش بەردەوامە و بە شێوەی جیاواز بەرەوپێش دەچێت. ئەم پرۆسەیە، وەک لە سەرەوە جەختم لەسەر کردۆتەوە، تەنیا بە ڕوخانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت کۆتایی پێبێت.

حەسەن ساڵحی: دوا پرسیارم ئەوەیە، ڕەوتی داهاتووی دۆخەکە چۆن دەبینن؟
حەمید تەقوایی: هەروەک وتم کۆماری ئیسلامی ئەمڕۆ لەبەردەم قەیرانی حوکمڕانی هەمەلایەنەدایە. ئەمە قەیرانێک نییە کە بۆ نموونە پاشەکشەی ئابووری یان کودەتا یان فەزاحەتی سیاسی یان هاوشێوەکانی دروست بوو بێت. خەڵک ئەم قەیرانەی دروست کردووە. ئەمە قەیرانێکی شۆڕشگێڕانەیە. خەڵک بڕیاریداوە ئەم حکومەتە بڕوخێنێت و هەرچەند ئەم پرۆسەیە لەم یەک ساڵەدا بەرەوپێش بچێت، ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە قووڵتر و هەمەلایەنەتر بووەتەوە. هەموو شۆڕشێک هەوراز و نشێوی هەیە. شۆڕشی ئێستاش هەر بەو شێوەیە. بەڵام گومانی تێدا نییە کە ئەم شۆڕشە زیندووە و بەردەوامە.
ئەو ئاسۆیەی کە ئەم دۆخە دەیخاتە بەردەممان ئەوەیە کە کۆمەڵگا دووگیان بووە بە گۆڕانکارییە ژێرەوژورکەرەکانەوە. ئەم قەیرانە هەمەلایەنەی حکومەت دەبێت چارەسەر بکرێت. وە چارەسەر تەنها دەتوانێت ڕووخاندنی حکومەت بێت. هیچ ڕێگایەکی تر نییە. کاتێک قەیرانی ڕیشەی خودی بوونی حکومەتێک بێت، وەڵامەکەی تەنها ڕووخاندنە. ئەگەر گریمانە بکەیت کە ڕیشەی کێشەکە چەقبەستوویی ئابووری بووە، بێگومان بە چارەسەرکردن یان کەمکردنەوەی چەقبەستوویی ئابووری و لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی خۆشگوزەرانی، قەیرانی حکومەتیش چارەسەر دەبوو، یان ئەگەر قەیرانەکە بەهۆی کودەتایەکەوە بووبێت ، دەکرا دوای شکست یان سەقامگیری کودەتاچیەکان کێشەکە لە سەروی خەڵکەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام کاتێک قەیرانەکە شۆڕشگێڕانە بێت، واتە مەسەلەکە تایبەتە بە خودی بوونی سیستەم و حکومەتێکەوە، ئەم جۆرە سیناریۆ و چارەسەرانەن پەیوەندیدار نییە. تاکە چارەسەر دەتوانێت ئەوە بێت کە هەموو حکومەت و سیستەمی هەبوو لە کۆمەڵگا ڕاماڵرێن.
بۆیە ئایندەی پێشهاتەکان ئەوەیە کە ئەم پرۆسەیە کە بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ناسراوە، بەرەو سەرکەوتنی یەکجارەکی بەرەوپێش دەچێت. مەحاڵە پێشبینی فۆرمی ئەم پێشکەوتنە بکرێت، چەند کات دەخایەنێت، بەڵام ڕوونە کە ئەم قەیرانە بەردەوام دەبێت و قووڵتر دەبێتەوە تا کۆمەڵگا بتوانێت خۆی لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکات.

٢٣ی ئابی ٢٠٢١، ١ی شەهریوەری ١٤٠٢




گەورەبوونی بریکس چی دەگەێنێ بۆ جیهان.. ئیدریس مستەفا ساڵح

بریکس (بەرازیل و روسیا و هند و چین و ئەفریقیای باشور) لە هەفتەی رابردوودا شەش ئەندامی تازەی وەرگرت و چەندان ئەندامی تریش بەڕێوەن و ئەگەری زۆریش هەیە قبوڵ بکرێن وەک جەزائیر. بریکس ئیستا یانزە دەوڵەتی لە ئامێز گرتووە،لە مانگی یەکی ساڵی دادێ بریکس : زیاتر لە ٤٦٪ سەرجەم دانێشتوانی گۆی زەوی دەگرێتەوە؛ زیاتر لە ٤٣٪ هەموو نەوتی جیهان بەرهەمدێنێ (دە دەوڵەتی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا شەشیان لە ناو برێکسدان)؛ نزیکەی لە ٣٠٪ داهاتی گشت جیهانی دەبێ. ئەمە جگە لەوەی وڵاتانی بریکس خاوەن هەندێ ماتەریاڵی سروشتین کە رۆژئاوا بۆ هەموو بوارە تەکنۆلجی و پیشەسازیە نوێیەکانی پیویستی پێیەتی وەک لیثانیۆم. ساڵی دادێ ئەندامانی تازەتر دێنە ناو ئەو رێکخراوەوە کە ژمارەی سەدەیەکانی هەموو ئەم بوارانە بەرەو زۆرتر دەچن. هەروەک چۆن گەشەی سەرمایە لە وڵاتانی بریکس بەرەو سەر دەچێ ژیانی هاوڵاتیەکانیشیان بەرەو باشتر دەڕوا گەر بە گەشەی داهاتی سالانەی وڵاتەکان بپێورێت.
فرە جەمسەری یەکێکە لەو ئەنجامگیریە سەرەتایی و سەرەکیانەی لە دەرکەوتن و گەورەبوونی بریکسدا دەردەکەوێت، بەلام ئەم فرە جەمسەریە هەر بەتەنها دانانی هەندێ وڵات لەملا و هەندێکی تر لەولا نیە؛ بەڵکو ساغ کردنەوەی ئەو هاوکێشە مێژووییە (رۆژهەڵات-رۆژئاوا) کە لە دوو سەدەی رابردووەوە چەندان ئابوری ناس و سیاسی و فەیلەسوف و بیریار باسیان لێوە کردووە. رۆژهەڵات گەر تۆکمە ببێ و بە رێکخراوێکی سەربەخۆی خۆیەوە بێتە دەر ئەوا دەتوانێ بەرامبەرکێیەکی مێژوویی لەگەڵ رۆژئاوادا بکات کە سنورێک بۆ قوتبی غەربی دابنێ لە کەڵەگایەتی بەسەر دنیاوە. لێرەدا قسەکردن لەسەر فریشتەیی و ئەهریمەنی ئەو دوو قوتبە گەورەیە نیە؛ بەڵکو قسەکردن لەسەر دوو جۆر لە دنیای سەرمایەداریە کە یەکیکیان بە مێژوویەکی کۆڵۆنیالیستی و قۆرخکاریەوە ئەو جەمسەرەی بەرهەمهێناوە، ئەوی تریان لە ئەنجامی پرۆسەیەکی راسانی گەشەی ئابوری و نەجات بوون لە دەست ئەو جەمسەرە کۆڵۆنیالیستیە قۆرخکاریە دروست بووە.
ئەم جەمسەرە نوییە ژیانێکی نوێ نەک هەر بۆ رەوڕەوەی سەرمایەیەکی نوێ دەهێنێت، بەڵکو دەرفەتێکی نوێش دەخاتە بەردەم مرۆڤایەتی لە هەردوو جەمسەر کە دەتوانن شتێکی نوێ هەڵبکڕێنن بۆ خەباتی رۆژانەی ژیانی خۆیان. ئەم جەمسەرانە لەگەڵ بەرامبەرکێکانی خۆیاندا ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکانیش دەکەونە بەرامبەرکێوە. گەر جەنگێکی جیهانی دروست نەبێ ئەوا هاوڵاتیانی وڵاتانی هەردوولا. کاتێک قوتبی کۆمۆنیستی بە سەررکردایەتی یەکێتی سۆڤیەت دروست بوو کۆمەڵێ دەسکەوتی گرنگی لە ژیانی خەڵک بە گشتیدا دەستەبەر کرد کە راسەتوخۆ کارکردی لەسەر زۆرێک لە بەرنامە سیاسیە ئابوریەکانی وڵاتانی سەرمایەداری غەربی کرد کە دەست ئاوەڵابن لە بەرامبەر داواکاریەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەو دەمەدا. ململانێ سیاسیە جیهانیەکان هەر بە تەنها لە ململانێ نێوودەوڵەتیەکاندا قەتیس نەمابوو بەڵکو لە چۆنێتی باشترکردنی گوزەرانی خەڵکانی هەردوولاش بەردەوام بوو.
کاتێک جەنگی جیهانی دووهەم تەواو بوو، هاری ترومان،ی سەرۆکی ئەوسای ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بانگی زۆربەی سەرمایەدارە گەورەکانی کرد کە دەبێ گیرفانی خۆیان هەڵتەکێنن و بازاڕ بۆ خەڵک گەرم بکەن تاکو ئەویش بتوانێ کۆمەڵێ ریفۆرمی ئابوری بکات وەک حکومەت و دەوڵەتەکەی خۆی. دیارە پێشتر هەر لە ئەمریکا کۆنفرانسی بریتنوود بەسترا بە بەشداری ٤٤ دەوڵەت بەڵام ئەوەی تێیدا باڵا دەست بوو قوتبی غەربی خۆیان بوون هەر بۆیە ساڵی حەفاتکان ئەو کۆنفرانسەکە هەندێ بابەتی ماڵی ساغ کردنەوە بۆ جیهان و خەڵکی ئەمریکاش. لەگەڵ ئەوەی ئەو کۆنفرانسە زۆرتر ویستی فریای سیستەمی داڕووخاوی ماڵی رۆژئاوا بکات، لە هەمان کاتدا نەخشەی هەندێ بەرنامەی ئابوری لە سیاسەتی وڵاتدا داڕشت کە نزیک بوو لە بەرنامەی سۆشیال دیمۆکراتەکانی ئیستاوە. ئەو هەوڵانەی هاری ترومان و ئەو کۆنفرانسە چەمکێکی کۆمەڵایەتی و ئابوری دروست کرد لە ناو ژیانی خەڵکی ئەمریکادا بە خەونی ئەمریکا ناسرابوو. ئەو خەونە واتە پەیداکردنی کار بۆ هەموان، هاوسەرگیری ژن و مێردێک، منداڵێک یان دوان، خانوویەک و سەیارەیەک. لێرەدا من تەنها باس لە هەوڵەکانی جەمسەرەکان دەکەم و دەوری ئەو نارەزایەتی و راپەڕینانە کەم ناکەمەوە لەو وڵاتانەدا، بەڵکو لەسەر ئەو پنتە تەئکید دەکەمەوە کە سەرمایەی بەرامبەرکێی جەمسەرەکان بەرامبەركێی ژیانی هاوڵاتیەکانیانیشی بە دوای خۆیدا دەهێنێ.
لە دوای ساڵانی حەفتاکانەوە و بە دیاریکراوی لە دوای ساڵانی نەوەدەکانەوە واتە لە دوای رووخانی جەمسەری یەکێتی سۆڤیەتەوە لە وڵاتانی رۆژئاوا ژیان بەرە بەرە بەرەو قورسایی چوو چونکە دەستەکەوتەکان کەوتنە بەر هێرشی سەرمایەداری وڵاتەکانیان. لە دوای ئەو ساڵانەوە ئەمریکا و ئەوروپا وەک جەمسەری سەرکەوتووی سەرمایەداری غەربی ژیانێکی ئەوتۆیان لە وڵاتانی رۆژهەڵات بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەآرست و ئەفریقیا دروست کرد کە مانایەک نەما بۆ ژیان بۆیە خەڵکی ئەو بەشە لە جیهان بە کۆمڵی هەزاران و ملیۆنانێش روویان لەو ژیانە کرد کە لە رۆژئاوا هەیە. لە بەرامبەر ئەو دۆزەخەی غەرب لە وڵاتانی ئێمە و مانان دروستیان کرد هەر لە دروستکردنی گروپی جیهادی ئیسلامی چەکدارەوە تاکو حکومەتی سەرکوتکەر و گەندەڵ و سیاسەتی گەمارۆی ئابوری، خەڵک لەم ناوچانە وەک بەهەشت سەیری غەرب بکات لەگەڵ ئەوەی باشیەکانی ژیان لەوێ دەمێک بوو لەرزەی تێ کەوتبوو.

٢٩/٨/٢٠٢٣




“هەمومان” لە دیدو سیاسەتی تاڵەبانیدا.. عوسمانی حاجی مارف

“هەمومان لە هەرێم یەك چارەنوسی هاوبەشمان هەیە!” بەدوای داگیرکاری دەسەڵات بە هیزی میلیشیایی لە لایەن پارتی و یەکێتی لە ساڵی ١٩٩١وە، کە دەکاتە سی و دو ساڵ، جگە لە “ناتەوافقی و ناشەراکەتی و نا هاوسەنگی” لەم سی و دووساڵەدا کە نمونەی بەرجەستەی دۆخی سیاسی زۆنی زەردو سەوزبوە، هەروەها نمونەی پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا بووە، هیچکات دەرگای ئاسۆیەکی گەشیان بەڕوی خەڵکی کوردستاندا نەکردۆتەوە. تازە باڤڵ تاڵەبانی دەڵێ “هەمومان یەک چارەنوسی هاوبەشمان هەیە”، بەڵام نە “هەمومان” نە “چارەنوس” نە “هاوبەش” لەم هەرێمەدا مانایەک بە مافی ڕەوای ئینساندۆستی و ئازادی و چارەنوسی هاوبەشی هاووڵاتی نەبەخشیوەو نابەخشێت.
مەبەست لە “هەمومان” ئایا دانیشتوانی کوردستانە؟ یا مەبەستی باڤڵ لە حزب و هێزو لایەنەکانە؟ شاراوە نیە و ئاشکرایە باڤڵیش ناتوانێ نکوڵی بکات کە دانیشتوانی کوردستان ژمارەیەکی کەمی دیاریکراو ملیاردێردو ملیۆنێرن. کاتی خۆی جەلال تاڵەبانیش شانازی بە زیادبونی ئەو ژمارەیە لە سەرمایەداران دەکرد! بەڵام لەبەرامبەریشدا ژمارەیەکی بەرینیش لە زۆرینەی دایشتوانی کوردستان، کرێکارو زەحمەتکێش و بێکارو نەدارو هەژارن. ئەم دوو جۆرە لە دانیشتوان چۆن لە چوارچێوەی “هەمومان”دا، دەکرێ هاوبەش بن و یەک چارەنوسیان هەبێت؟ هەڵبەتە گومانی تیا نیە کە باڤڵ بەهیچ جۆرێک نە مەبەستی دانیشتوانەو نە بیریش لەو ناعەدالەتیە کۆمەڵایەتیەو ئەو قڵشت و جیاوازیە گەورەیەی نێوان ئەو دوو جۆرە لە دانیشتوان دەکاتەوە. لەهەمانکاتدا هیچ گومانی تیا نیە کە خۆی و حزبەکەی وەک پاسەوان و پاریزەری ملیاردێرەکان و ملیۆنێرەکان دەسەڵاتەکەی لە زۆنی سەوزدا بە هێزی میلیشیا بەڕێوەی دەبات.
دەتوانین ڕاشکاوانە بڵێین مەبەستی باڤڵ “هەمومان لە هەرێم یەك چارەنوسی هاوبەشمان هەیە” مەبەستی حزبەکان و هێزەکان و لایەنەکانە کە دەسەڵاتدارن یا شەریکن لەدەسەڵاتدا، ئێستا لەبەرامبەر کێشەو چارەنوسێکی نادیاردا، بنبەست و ڕاوەستاون .
دوو هێزی میلیشیا کەهەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای پێگەو نفوزو هاوسەنگی هێزەکانیان، کوردستانیان کردە دووبەشەوە، بەناوی زۆنی زەردو زۆنی سەوز، هەڵمەتبردن و داگیرکردنی تەواوی سەروەت و سامانەکەیان لە چوارچێوەی پێکهاتەیەکدا کە سەرگەردانی و نادیاری چارەنوس و ئایندەیەکی ناڕۆشنیان دامەزراند، سەرگەردانی کرایە دیفاکتۆی دۆخی سیاسی، لەهەمانکاتدا تێوەگلانی کوردستانە لەناو گێژاو و ناجێگیری سیاسی بەردەوامدا بەرجەستە بۆتەوە، دەکرێ بڵێین هەمومان لەو سەرگەردانیەدا هاوبەش کراوین!.
گەر هەروا بەچاوخشاندێک بگەرێینەوە ماوەی سی ودوو ساڵی دەسەڵاتی بنەماڵەی بەرزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی. لەکام وێستگادا وەک دووهێز بیریان لە چارەنوسی هاوبەشی نێوان خۆیان کردۆتەوە؟ تەواوی ئەو سی ودوو ساڵە ململانێ و سەوداو مامەڵەو گەمەی سیاسیان هەوڵدان بووە بۆ گۆڕینی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان لە بەرامبەر یەکتردا. هاوکات بۆ هەرلایەکیان هەوڵدانیان بووە بۆ زۆرترین دەستکەوت لەو تاڵانچێتی و قاچاخچێتی و بازرگانیەی بەسەروەت و سامانی کوردستانەوە کردویانە، هەرئەوەش ناچاریکردن خەسڵەتێکی ناشەفافانە بدەن بە چۆنیەتی داهاتەکانیان. هەروەها هیچ لایەنێکیان ئاگاداری لاکەی تر نەبووە لە دەستکەوتی باج و گومرگ و جەردەیی و بازرگانی لاکەی تر. هەمیشە بەچاوی تەماعەوە لە یەکتریان ڕوانیوە. بەجیا لەوانەش ئەوە لە خەڵکی کوردستان شاراوە نیە کە لە تەواوی مێژوی سیاسی ئەم دوو هێزەدا ئەوە سەلماوە کە ئەم دوو هێزە دژ بەیەکن و هەمیشە لە داستانی شەڕو پاشقول لە یەکترگرتن و خەریكی فروفێڵ بون لە بەرامبەر یەکتردا. واتە ئەو “هەمومان”ە ی باڤڵ بانگەوازی بۆ دەکات ئاخۆ لە کوێی دەسەڵاتی زۆنی زەردو و زۆنی سەوز و پەیوەندی نێوان حزبەکانیشدا جێگای بۆ پەیدادەبێت.
پێموایە زۆر پێویست بەوە نەکات ئەوە بسەلمێنین کە هیچ “هاوبەشی” و “چارەنوسێك” لە ئەجندای بەرژەوەندی سیاسی بارزانی و تاڵەبانیدا بواری ئەوەی تیابێت هاوبەشیان هەبێت و یەکیان پێبگرێتەوە، چونکە تەواوی واقعیەتی بونیان و چڕبونەوەی ناکۆکیەکانیان لە سەر شانۆی سیاسی کوردستاندا گەواهی ئەوە ئەدەن، خاوەنی مێژویەکی وەها تەڵخ و پڕکارەساتن، بونەتە بەڵایەکی گەورە بەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانەوە، بونەتە مایەی نەفرەت و توڕەیی و ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی جەماوەری، تەنها هاوبەشن لە وێرانکردنی ژیان و ئایندەو چارەنوسی زۆرینەی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستاندا.
ئەوە ماوە بڵێین لەکاتێکدا باڤڵ لە مەوقعیەتی بەرژەوەندی هێزەکەیەوە بۆ خۆشی باش دەزانێ، کە هیچ “هاوبەشی و چارەنوسێک” لە گەڵ بارزانیدا کۆی ناکاتەوە، چی ڕویداوە دەڵێت ” هەمومان لە هەرێم یەك چارەنوسی هاوبەشمان هەیە”، ئەم ڕستەیەی باڤڵ ئاکامی ئەو دەرگیربون و ئەو بنبەستە سیاسیەیە کە هێزەکەی واتە “یەکێتی نیشتمانی” لە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا دوای سی ودوساڵ لە کێشەو ململانێی نێوانیان، بەرەوڕوی بۆتەوە.
دەتوانین بڵێین یەکێتی نیشتمانی لەم ململانێ درێژماوەیەداو، خەریکە وەک دۆڕاوێک دەکەوێتە بەردەم سوجدەبردن و سکاڵا کردن لە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا، تا لە ئەگەری هەر ئاڵوگۆڕێکدا بارزانی چاوێکی لە ئایندەی بنەماڵەی تاڵەبانی و یەکێتی بێت، تا بەهەر شێوازو ئاستێک بێت، لە سەر شانۆی سیاسی کوردستان جێگایەکیان هەبێت و چیای سەفین لەبن نەیەت!
ئەوەی شایانی باسە لەم هەلومەرجە سیاسیەی ئێستای ناوچەکەو عێراق و کوردستاندا حاڵی بنەماڵەی بارزانیش گەمەکردن و چاوەڕوانیە لە هەمان بنبەست و چارەنوسی نادیاردا، بۆیە بارزانیش دروشمی “تەوافق و شەراکەت و هاوسەنگی” فڕێئەدات، کە پێموایە بۆ خۆشی نادیارە لەو بنبەست و چاوەڕوانیەی دەرگیری بون، ئەم دروشمە لە کام سەوداو مامەڵەدا سودی لێوەردەگرێت!
هەڵبەتە “هەمومان” ڕۆشنە کە بۆ باڤڵ هیچ سودێکی نیە و مامەڵەیەکی سەرکەوتو نابێت، بەڵام کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ئازادیخوازو ناڕازی کوردستان، یەک چارەنوسی هاوبەشمان هەیە لە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی زۆنی زەردو زۆنی سەوز.




(؟ ) شیعری شوان حەسەن

(؟)
کەڵەشێرەکەی دراوسێمان
فێرنابێت چێژ لە پشوو وەربگرێت
ھەموو ڕۆژێک لە کاتی خۆی بە ئاگامان دەھێنت؛
ئێرە نیشتیمانێکی بێ وڵاتە
“ماریا” تۆ لە کوێی؟
نێرگەلەکان ڕەنگی درەختەکانیان زەردکردووە،
تکایە،جغارەیەک لە لێوە سورەکەت بەردا
با بۆ دواجار
لە پارکەکەی ” سەردەشت عوسمان” بتدۆزمەوە
ئێرە مەمەلەکەتێکی ترسناکە
تادێت ئاو لە زەوی دەتۆرێت
بێ چاوساغێک دەخنکێم
رێنیشاندەرەکەم تۆ لە کوێی؟
درەنگ تێگەیشتم کە” مام عوسمان”
بۆ پشتێن نابەستێت
ئەو بە پەلە پەل ھاتۆتە دەرێ و
ھەروا دەپرسێت
(سەردەشت) ەکەم تۆ لەکوێی؟
مەلای گەڕەک
روخساری چوار ژنی لە خەنەگرتبوو
بەدەنگی تەزبێحەکەی دەستی
شەوان دەیخەواندن
دەترسا شەوێک( عەبدولخالیق مەعروف)
لە دەرگە بدات و ژنێکی لێ یاخی بکات،
باسی
کارەبا
ئاو
مووچە و رێگەوبانی لەگەڵ بکات
پێی بڵێت
(شەریعە) تۆ لە کوێی؟
ئەو ڕۆژە ورچەکە
ماسی دەگرت لەگەڵ بێچووەکانی
رووبارەکەیان لێخنکردبوو بەدەم یاریی
دەنگی ژنێک ڕایچلەکاندن
(وەدات) تو لە کیڤەیی؟
دوێنێ بە یادی ھەرزەکارییم
لە دیار یاری تۆپیپێ بووم
چێژ و خۆشی منداڵەکانم دەدیت
لە کۆتایی یارییەکە
فڕێدانی دەبەی ئاو و
شکاندنی کورسیەکان
نیگام لێوی ڕووناکی دەگەست
ئای چێژی خەندەدزراو
پێم ناڵێت تۆ لە کوێی؟
ئێرە ماڵێکی بێ ناونیشانە
منداڵێک بەدەم گریانەوە
بەدوای بووکەلەکەیدا دەگەڕا
” کووکوو ئەتو لە کوێی؟”
دایکی وایگوت
لێرە خۆر، گەرمای لەدەستدەرچووە
بەڵام
چی دەڵێت قاوەیەکی قەزوان بخۆینەوە
لە سێبەری ئەم ھەموو ژانە
ئاخر نیشتیمان ماندوو بوو
ھێندەی پێم بڵێت، ئەرێ تۆ لە کوێی؟




دەنگ بدەن بەم لیستە.. تەنزە شیعری نەوزاد بەندی

ڕووتان ڕەشبێ ، خۆتان و ئیــــــــــــدارەتان
بۆ ئەو هەزاران درۆ شاخــــــــــــــــدارەتان
ڕووتان هەبێ ، ئەچن بە ناخی ئـــــــــــەرزا
دڵتان هەبێ ، زوو وەســــــــــتابوو لە لێدان
بە چ ڕوویەک ئەچنە بەردەم کامێــــــــــــرا
تف لە ڕەنگ و تف لە دەنگ و چارەتــــــــان
تف لە ڤێلا و لە کۆمپانیا و کۆشــــک و باخ
لە ملیارەها ملیار و پــــــــــــــــــــــــــارەتان
تف لە بەڵێنی دوێنێ و هی پێرێتــــــــــــان
تف لە بەڵێن و درۆی ئەمجارەتـــــــــــــــان
تف له باج و لە ســــــــــــەرانە و جەردەیی
لەو هەموو ناماقـــــــــــــــوڵی و ووتارەتان
زانست ، هونەر ، ئەدەب هەرەســــیان هێنا ،
هەرچی گەمژە و گەلۆرە ، تێتــــــان بەردان
براکوژ و موچەدز و خاکــــــــــــــــــفرۆش ،
داوێن پیس و هەمــــــــوو جۆرێ لە تاوان
کە دەر ئەکەون ، گەل ڕشــــــــــانەوەی دێ
ڕەحمەت لە جەڵتە و لە سیل و سەڕەتــــان
مل بشکێنن ، سەرهەڵگرن ، جێــــــــی بێڵن
لە ژێرتانا ڕاکێشـــــــــــــــــــــراوە بەڕەتان
با هەڵنەســـــــــــێ لافاوی خوێن ئەمجارە ،
قورسە ڕقی میللـــــــــــــــەتی بێ دەرەتان
ڕووتان ڕەش بێ،لەبەردەم خەڵک و خوادا
حەرامزادە و حەرامخۆر ، دێ ســــــەرەتان
نەخوێندەوارن ، ناڕوانن بۆ مێـــــــــــــژوو
لە جێی پاداشت ، خەڵکی زامدارتان ڕەتان
دوو پێڵاوە ناقۆڵاکەی پەشـــــــــــــــــێون
وا لە پێی بەغا و ئەنقــــــــــــــــــــــەرەدان
ئەی لە دادگای خواییدا ، لە قیامـــــــــــەت
دڵتان خۆشە بە کام فیــــــــــعل و کارەتان
قوڕبەسەرتان ، ڕوو ڕەشی هەردوو دنــــیا
سپیتان کرد ، کار و ڕوخساری شەیتـــــــان




پاشای مەغۆل.. شیعر : نزار قبانی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

پاشای مەغۆل
میراتگری جزمە و قامچی
لە ” ئەرتغۆل ” ی باپیر ،
تۆ کە هەمووان بە ئەسپ
ئەبینی…
لە پەنجەرەکانی کۆشکەوە
جیاوازی نێوان خەڵک و ئەسپ
نابینی…
پاشای مەغۆل
ئەی تووڕە لە ئەسپەکان ،
ئەی ترسنۆک بەرامبەر
چەکەرەکردنی بێستانەکان
پێش ئەوەی دڵی خۆشبێ
یاساوڵەکەتان ،
بنێرن
و
بمکوژێ…
و
پێش ئەوەی شایەتە علوجەکان بێن ،
ئەمەوێ. ،
بە ژنە سک پڕەکەم
و
هەموو هاوڕێکانم
و
گەلە ژێر دەستەکەم ، دوو ووشە بڵێم
ئەمەوێ بڵێم :
من شاعیرێکم
لە قوڕگما ، چۆلەکەیکم هەڵگرتوە
…….نایفرۆشم
و
تۆش ئەتەوێ
چۆلەکە لە قوڕگما ، دوور خەیتەوە
پاشای مەغۆل. :
كەللە ڕەقی بەزێنەری لەشکرەکان
تێکدەری دەریاکان
دروستکەری هەویری ئاسن
تێک شکێنەری بەرد
مناڵ خۆر
ئەتککەری ” کچێنی ” یەکان
عەتر خۆر
چەن سەرنجی ڕاکێشام
تۆ
و
پۆلیس
و
سوپا
بەرامبەر…….یەک چۆلەکە
تەنها یەک!!! چۆلەکە




دۆزەخ، ئەوانی دیکەن.. ڕانانێک بۆ شانۆنامەی دۆزەخ.. هەردی حوسێن

ناوی کتێب: دۆزەخ
نووسینی: ژان پۆڵ سارتەر
تەرجەمە: نەجاتی عەبدوڵڵا

شانۆنامەی دۆزەخ، بۆ یەکەمجار لەسەر شانۆی ڤیو-کۆلۆمبیر لە ئایاری ١٩٤٤ پێشکەش کراوە.
سارتەر ئەم ئەم شانۆنامەیەی بە ناونیشانی (huis clos) نووسیوە.
کە بەواتای(ماڵی داخراو) یان (ژووری داخراو) دێت. لە زۆر شوێنیش بە (no exit) هاتووە، کە بەواتای (بێ دەرچوون) یان (دەرنەچوون) دێت. کاک نەجاتی عەبدوڵڵا لە فەڕەنسییەوە تەرجەمەی کردووە و کردوویەتییە (دۆزەخ)

ئەگەر لەهەر کەسێکی ئاسایی بپرسین دۆزەخ چییە؟ ئەوا بێ دوودڵی وەڵامەکەی بریتی دەبێت، لەوەی دۆزەخ کڵپەیەک ئاگری بەتین و سزای جەستەییە لە شوێنێکی دیاریکراودا. واتە دۆزەخ ئەو شوێنەیە کە ئاگر، سزای جەستەیی و شوێنێکی دیاریکراویش هەبێت بۆ سزادان ئەوا ئەو شوێنە، یەکسانە بە دۆزەخ.

ئەگەر بێین، هەمان پرسیار لە خوێنەرێک یا ئەدیبێک بکەین، ڕەنگە لەپاڵ ئەو وەڵامەی سەرەوە، بیری بۆ کۆمیدیاکەی دانتیش بچێت و کەمێک لە دۆزەخەکەی دانتیمان بۆ باس بکات.
بەڵام ئەگەر بێین و خوێنەرێک ئەرکدار بکەین بە خوێندنەوەی ئەو شانۆنامەیە ئەوا وێنای دۆزەخ دەگۆڕێت بۆ شتێکی دیکە. ئێستا بابزانین دۆزەخ چییە و کوێیە؟ مەبەست لە دۆزەخەکەی سارتەر چییە؟

ئەم شانۆنامەیە، لە ژوورێکدایە، یەک دەرەی هەیە و دەرگەکەش لە دەرەوە بە قفڵ داخراوە. هیچ پەنجەرە و هیچ دەرچەیەکی نییە بۆ دەرچوون. لە ڕووی لۆجستییەوە ئەو شوێنە لە ژوورێکی دانیشتندایە، کە مۆبیلیاتی شێوازی ئیمپراتۆری دووەم، یەک پەیکەری برۆنزیش لەسەر ئاگردانی ژوورەکە دانراوە.

شانۆنامەی دۆزەخ؛ لەسەر گریمانەی فانتازیایی بنیاتنراوە و کارەکتەرەکانی نێو شانۆنامەکە مردوون و هێنراون بۆ ئەم ژوورە. کارەکتەرەکان لە هەمانکاتیشدا زیندوون چوونکە، گفتوگۆ دەکەن و پرسیار لە گوناهباری یەکتری دەکەن. بەو ڕێگەیەش تا ئەو پەڕی سنوور یەکتری هاراسان دەکەن و دەبنە مایەی ئازاری دەروونی بۆ یەکتری.
هەر یەکێک لەو کارەکتەرانە بەهۆیەک مردوون و هێنراون بۆ ئەم ژوورە و کارەکتەرەکانیش ئەمانەن.

  • گارین، پیشەکەی ڕۆژنامەنووسی بووە. بە تاوانی ترسنۆکی خراوەتە دۆخەخەوە و گوللە باران کراوە…
  • ئینەس، لەبەر ئەوەی ژیانی هاوڕێکەی تێکداوە و مێردەکەی جێهێشتووە، بەگاز خنکاوە…
  • ئیستێل، بۆ پارە شوو بە پیاوێکی پیر دەکات، دواتر لەگەڵ پیاوێکی لەخۆی بچووکتر، پێوەندی خۆشویستی دروست دەکات، بەڵام گەنجەکە پێیەوە پەیەست دەبێت و منداڵێکیان دەبێت، بەلام ئیستیل ئەو منداڵە فڕێدەداتە نێو زەریاوە و پکێاوەکەش لەداخا خۆی دەکوژێت…
  • خزمەتکار، تەنها لەگەڵ گارسین گفتوگۆ دەکات و هەر ئەویش گارسین دەهێنێتە ژوورەوە.

شانۆکە بە یاوەری سێ کارەکتەری سەرەکی دەچێت بە ڕێوە و سەرەتا گارسین ئەم شوێنەی قبووڵ نییە تاوەکو خزمەتکار پێی دەڵێت دانیشە و ئێرە شوێنی ئێوەیە. گارسین و کارەکتەرەکانی دیکەش هەروەکو کەسانی ئاسایی کە لەسەرەوە باسمانکرد وێنای دۆزەخ لایان بریتییە لە ئەشکەنجە و ئاگر…

هەر بۆیە گارسین بە خزمەتکارەکە دەڵێت: ئامێرەکانی فەلاقە لە کوێن؟*١

  • خزمەتکار: چی؟
  • گارسین: ئامێرەکانی فەلاقە، شیشی سوورکراوە.
    گارسین وەک هەر کەسێک کە چاوەڕوانی سزای دۆزەخ بکات، چاوڕێی سزا دۆزەخییەکانە.
    بەڵام خزمەتکار بە هێواشی گارسین تێ دەگەیەنێت ئێرە نە قامچی لێیە نە ئاگر و نە شیشی سوورکراوە. بەڵکوو لێرە و لەم ژوورەدا و لەگەڵ ئێوە دوو کارەکتەری دیکە بوونیان هەیە و ئەوانیش وەک تۆ هێنراون بۆ ئەم ژوورە و هەریەکەیان باس لەو تاوانە دەکات کە کردوویەتی.

هەر یەک لەم سێ کارەکتەرە، لە پشت دەگە داخراوەکەوە، چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە. قسەدەکەن و قسەدەکەن. هەرچی سنووری ئازادی تاکەکەسییە دەیبەزێنن و دواتر بۆیان دەردەکەوێت کە گیریان خواردووە و ناتوانن بچنە دەرەوە. لە شانۆنامەکەدا کارەکتەرەکان درک بەوە دەکەن کە دۆزەخ شوێنی ئەشکەنجەدانی جەستەیی نییە، بەڵکو شوێنی ئەشکەنجەی دەروونییە.

ئەم شانۆگەرییە،کارێکی فەلسەفییە کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی بوونگەرایی دەکات. سارتەر دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم شانۆیەوە پێمان بڵێت دۆزەخ ئەو شوێنە نییە کە تیادا دەسووتێنرێین و ئەشکەنجە دەدرێین
بەڵکوو دۆزەخ ئەو شوێنەیە، کە لەدەرەوەی زۆنی ئاسوودەیی ئێمەیە. ئەو شوێنەیە کە دەروونییەن ئاسوودەنین.
دۆزەخ ئەو شوێنەیە کە ناچاری لەگەڵ هەندێک کەس بژی و هەڵسوکەوت بکەی. بە مانایەکی دیکە دۆزەخ ئەو شوێنەیە لەگەڵ کۆمەڵێک ناکەس بژی. بۆیە دەکرێت ئێمە کاتێک لە شوێنێکین و ئەو شوێنە پڕیەتی لە کەسانێکی سازۆشیست ئەوا ئەو شوێنە بۆ ێمە دۆزەخ بێت هەر وەک گارسین لە کۆتایی شانۆ کەدا تێدەگات و دەڵێت: ”دۆزەخ ئەوانی دیکەن.” *٢

هەرچەندە تیڕوانینی جیاواز لەبارەی ئەم ڕستە فەلسەفییەوە گوتراوە و ئێمە نامانەوەێت دووپاتیان بکەینەوە، بەڵام بە تێڕوانین لە دەقە شانۆییەکە مەبەست لەم ڕستەیە ئەوەیە کاتێک ئێمە لەژێر نیگا و چاودێری ئەوانی دیکەداین، ئەوا ئەو شوێنە بۆ ئێمە دەبێتە دۆزەخ.

کاتێک ئێمە لە چاودێری کەسێکی دیکەداین بە ناچاری دەبینە ئۆبژێکتی کەسانی دیکە و ئەمە وادەکات بکەوینە ململانێی سوبێکت بوون و ئۆبژێکت بوون. ئەم ململانێیەش سەرەنجامەکەی دۆڕانە باجی دۆڕانیش قورسە. لە کۆتاییشدا ئازادیمان لێ زەوت دەکرێت لە لایەن دەورووبەرەکەمانەوە و ئەو کاتە نە ئازادی هەڵبژاردنمان دەبێت نە ئازاد خودی. بە دەربڕینێکی دیکە، هۆشیاری لە ڕێی هەڵبژاردنەوە یاخود ئازادییەوە خۆی دروست دەکات.
دەتوانین بڵەین تەواوی فەلسەفەکەی سارتەر پشت بە ئازادی تاکەکەس لە هەڵبژاردندا دەبەستێت. ئەم ویستەش تەنانەت بەسەر کەسێکدا دەسەپێت، کە لە هەڵوێستێکی مێژوویشدا خۆی بە دیل دەبینێت.
ئەم فەلسەفەیە لە مرۆڤێکدا بەرجەستە دەبێت، کە باوەڕی قووڵی بە ژیانی ئازاد و ئازادیی تاکەکەس هەیە.
هەر لەم ڕووەوە دەتوانین فەلسەفەکەی ناو بنێین فەلسەفەی ئازا لە بەرانگاربوونەوە و سەرپێچی کردندا.
ماوەتەوە بڵەین دیالۆگەکانی ئەم شانۆ نامەیە بریتین لە دیالۆگ و کۆمەڵە گوتەیەک کە کارلێکی بەرگە نەگیراو دروست دەکەن و ئازادی تاکەکەسی بەتەواوی پێشێل دەکەن.
لە تەواوی دیالۆگەکەشدا رووبەڕووی چەمکەکانی ئازادی، بەرپرسیاریرتی، مەرگ و بوون دەکەوین کە لە فەلسەفەی بوونگەرایی و سارتەردا سێرەی زۆریان لەسەرە.
بۆیە دەڵێین هەر کاتێک لە لایەن کەسانێکی دیکەوە سنووری ئازادیمان بەزێندرا ئەوا ئەوانی دیکە بۆمان دەبنە دۆزەخ.




كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌ كوردییه‌كان له‌قه‌ڵه‌مڕه‌وی ڕه‌هه‌نده‌ فه‌رهه‌نگییه‌كاندا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌ جوامێریمان كه‌م نابێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر دان به‌و ڕاستیه‌دا بنێین ، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی پڕ به‌ هه‌ناسه‌یان زوڵمی ئه‌وان ڕۆژگاره‌یان دیوه‌ كه‌ ته‌نیا بیركردنه‌وه‌ له‌وه‌ی ئێمه‌ش وه‌كو خه‌ڵكی تر وێنه‌مان به‌ره‌و ئاسمانی بێپایان ده‌نێرین و ئیستگه‌ی ته‌له‌فزیۆنی جۆراوجۆر داده‌مه‌زرێنین له‌ زینده‌ خه‌ونێك ده‌چوو…
ئه‌مه‌ش له‌خۆڕا نه‌هاتبوو، ساڵانی دوور و درێژی ئه‌و غه‌دره‌ كه‌ڵه‌كه‌ بووانه‌ له ‌نه‌ستی (مرۆڤی كورد)ی جێگیركردبوو ، كه‌ هه‌میشه‌ ببوو به‌پرۆژه‌یه‌كی ئاماده‌ی گه‌مارۆدان و له‌ ناوبردن وماڵوێرانیی زۆرخایه‌ن ..
بابایه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پێ بكرێ خۆی له‌ قڕكردن و سڕینه‌وه‌ بپارێزێ و به‌ره‌نگاری چه‌ندین دژمنی سه‌رسه‌ختی دیار و نادیار بووبێته‌وه‌ ئێستا له‌پاڵ ڕۆژنامه ‌و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی هه‌مه‌چه‌شن و هه‌مه‌ لایه‌ن بێت كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئاسمانی دابمه‌زرێنێت شتێكه‌ له‌چاوخۆی له‌موعجیزه‌ ده‌چێت ، ئه‌مه‌ش جارێكی دیكه‌ ده‌یسه‌لمێنێت میلله‌تان هه‌میشه‌ ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی له‌باریان هه‌بێ و مێژووی خۆیان به‌ چاوی په‌ند لێوه‌رگرتنه‌وه‌ بخوێننه‌وه‌ سه‌رڕاست و دڵسۆز بن له‌گه‌ڵی ده‌توانن نه‌ك هه‌ر هه‌ستنه‌وه‌ به‌ڵكو پێشیش بكه‌ون…،
به‌ڵام ئه‌وه‌ نابێته‌ پاساو بۆ كورت هێنان له‌ تێگه‌یشتنی هاوكێشه‌كان و كارامه‌یی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ململانێ و كێبه‌ڕكێكانی سه‌رده‌م و به‌رهه‌مهێنانی فاكته‌ره‌كانی پێشكه‌وتن… له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بوونی كه‌ناڵی ئاسمانی به‌س نییه‌ ، ئه‌گه‌ر وتارێكی ئاشكراو ڕوون به‌ ئاراسته‌ی كارتێكردن و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ئاكامه‌ پێشڤه‌بڕه‌كانی تێدا نه‌یه‌ته‌دی…

دیاره‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر له‌ دونیای ڕۆژنامه‌نووسیی نووسراو ته‌نانه‌ت بیستراویشدا مێژوویه‌كمان هه‌بێ ، له‌وه‌ی ده‌چێته‌وه‌ ناو میدیای بینراو ئه‌و مێژووه‌مان نییه‌…، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و په‌رۆشییه‌ بۆ كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كانیش پێویست نه‌بێ… له‌كه‌ناڵی ئاسمانیدا كه‌ ڕه‌نگه‌ مه‌ترسی لاسه‌نگ بوونی وتاری كوردی لای بینه‌رانی لێ بكرێ، به‌وه‌ی بێ ڕوخسه‌ت و په‌ساپۆرت جوگرافیای جیاجیا ده‌به‌زێنێ و له‌ده‌رگای جیاواز ده‌دا و ئاوێزانی چاندی دیكه‌ ده‌بێ…
لێره‌ڕا به‌راوردكردنی ئه‌مڕۆ و ڕۆژه‌ تاڵه‌كان له‌ هه‌ڵسوڕاندنی كه‌ناڵێكی ئاسمانی ته‌له‌فزیۆن له‌ ڕۆژگارێكی تیژڕۆ و لێكلێكانه‌ی تاكجه‌مسه‌ری (كه‌ خوا ده‌زانێ لێره‌ به‌دوا چی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌) ، به‌تایبه‌تیش بۆ ئێمه‌مانان كه‌ تا ئێستا نه‌حه‌ڵاڵین و نه‌مردار ، به‌ده‌رد ناخوا و بینه‌ر تا ئه‌و حسابانه‌ ده‌كا (كه‌هه‌رگیز نایكا) به‌جووله‌یه‌كی په‌نجه‌ به‌جێت ده‌هێڵێ و ده‌چێته‌ سه‌ركه‌ناڵێكی تر… بینه‌ر شاشه‌ ده‌بینێ ، پشت شاشه‌ و قه‌یران و ئیمكانیاتی ته‌كنیكی و مرۆیی له‌ جوغزی بایه‌خه‌كانی ئه‌ودا نییه‌…
ئه‌م ڕووكارانه‌یش كه‌ دێنه‌ گۆڕێ بۆ بێ ئومێد كردن نییه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بۆ لێڕامان و لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه‌یه‌ كاریگه‌ریی سنووربڕی ته‌له‌فزیۆن به‌سه‌ر باری فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تیمانه‌وه‌‌‌ هه‌یه‌.
مه‌سه‌له‌كه‌ ترسی ناوێ ، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌وێ…
ئایا چۆن ده‌توانین ئه‌و وتاره‌ بخه‌ینه‌ ڕوو ڕه‌نگڕێژی واقیعی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمانه‌…
له‌كام ڕێگه‌وه‌ ده‌توانین ببین به‌كانگه‌ی فه‌رهه‌نگێكی ڕه‌سه‌ن و هاوچه‌رخ ، كه‌ مرۆڤی كورد به ‌وه‌چه‌ جیاجیاكانییه‌وه‌ خۆی تێدا ببینێته‌وه‌.
به‌تایبه‌تیش له‌ڕووی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی به‌ویست بێ یا به نه‌‌ویستی هاتوونه‌ته‌ بازاڕی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان كه‌ ئه‌مڕۆ بێ هیچ به‌رگرێك ڕووبه‌ڕوومان ده‌بنه‌وه‌…

ڕاستی شه‌ڕی دووه‌می كه‌نداو ، كه‌ به‌شه‌ڕی ئازاد كردنی كوێت ده‌ناسرێ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی به‌پیتی بۆ په‌ره‌سه‌ندنی كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان ، به‌تایبه‌تیش كه‌ناڵه‌ عه‌ره‌بیه‌كان مه‌یسه‌ر كرد ، كاتێ كه‌ناڵی CNN شه‌ڕه‌كه‌ی به‌ زیندوویی گواسته‌وه‌…
ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای په‌ره‌سه‌ندنی تیژڕۆی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی له‌ هۆیه‌كانی گه‌یاندن كه‌ بوو به‌هۆی گه‌شه‌كردنی كه‌ناڵه‌كانی زه‌وی و بره‌وسه‌ندنی كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان.
بیركردنه‌وه‌ی كورد له‌ دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانی ئه‌گه‌رچی پێشتر له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش بوو (دامه‌زراندنی مه‌دتیڤی M-TV) پێشڕه‌وییه‌ك بوو له‌ ڕاگه‌یاندنی كوردی؛ هه‌ر چه‌نده‌ له‌ زۆر كه‌م وكوڕیش خاڵی نه‌بوو و به‌هه‌ناسه‌یه‌كی ئاراسته‌كراوی تاكلایه‌نه‌ی تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاو و دوور له‌ واقیع و خوێندنه‌وه‌ی واقیعی كوردستان بوو… به‌ڵام وه‌ك وتمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێشڕه‌وی دامه‌زراندنی (ته‌له‌فزیۆنی كوردستان Kurdistan TV) ئه‌وێ ڕۆژێ له‌ناوجه‌رگه‌ی به‌شێكی ئازادی كوردستان هه‌نگاوێكی بوێرانه ‌و جیهانبینیه‌كی ئامانجدار و عه‌قلێكی فه‌رهه‌نگی و هه‌ستێكی پیرۆزی نه‌ته‌وه‌یی بوو كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ مێژووی كۆن و نوێماندا كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی به‌زمانی كوردی و به‌پێشهات و ڕووداوی كوردی و به‌ به‌رنامه‌ و پڕۆگرامی كوردی له‌ناوجه‌رگه‌ی كوردستان سنووره‌ ده‌سكرده‌كان ببڕێ و به‌سه‌ر غه‌در و زوڵمه‌كانی مێژوو جوگرافیاوه‌ باز بدا و په‌یامی خۆی بگه‌یێنێ ئه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك وه‌رچه‌رخانێك بوو له‌ میدیای كوردی… دیاره‌ پاش ماوه‌یه‌ك كه‌ناڵێكی دیكه‌ش هه‌ر له‌ كوردستان هاته‌ دامه‌زراندن (كه‌ناڵی كوردسات- Kurdsat) به‌هه‌مان تین و تاوی (Kurdistan TV) به‌رنامه‌كانی له‌كوردستانه‌وه‌ بڵاو كرده‌وه‌ و به‌رده‌وامه‌ .. ئێستا چه‌ندانی دیكه‌ له‌ ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌رنامه‌كانیان به‌زمانی كوردی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌‌ .
بێگومان ئه‌مه‌ش كارێكی مژده‌به‌خشه‌ بۆ ئاینده‌ی میدیای بینراوی كوردی و له‌هه‌مان كاتدا بۆ لێك نزیككردنه‌وه‌ی ڕه‌وه‌ندی كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ و پێكه‌وه‌نانی گرووپی كاریگه‌ر له‌و وڵاتانه‌ بۆ دواڕۆژ له‌ قازانجی بزاڤی ئازادیخوازمان و گه‌شه‌كردنی ئه‌زموونی كوردستانی ئازاد… به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ناڵه‌كان كه ڕاسته‌ ئاسمانین، به‌ڵام له‌ ئه‌ساسدا به‌توانا وئه‌زموون و ئیمكانیه‌تی كه‌ناڵه‌كانی زه‌ویه‌وه‌ دامه‌زراون هه‌وڵ بده‌ن كراوه‌تر بن له‌نێوان ناوه‌رۆكی ئامانجدار و چه‌شه‌ی پیشاندان هاوكێشه‌كه‌یان لێ ون نه‌بێت… به‌تایبه‌تی له‌ڕووی زمان و كولتوور و گۆرانی و مۆسیقا و درامای جیددی كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌موو كه‌ناڵه‌كان له‌ ئاستی پێویستدا نین‌… ئیتر وه‌ختی هاتووه‌ له‌و ڕه‌وته‌وه‌ ، له‌ڕه‌وتێك خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واری پێدا ده‌ڕوا و حساب بۆ سنوور و به‌ربه‌سته‌كان ناكا بێ ئاوڕدانه‌وه‌ ڕێ هه‌ڵگرین و له‌ لایه‌ك حسابێك بۆ چه‌ندان نه‌وه‌ی تازه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌ركی ئاینده‌یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ ، له‌ ڕووی پرۆگرامسازی و به‌هه‌ندگرتنی لایه‌نی په‌روه‌رده‌ و فه‌رهه‌نگ و ڕێڕوونی بۆ جیهانی نوێ .. ‌كه‌ جێی داخه‌ تا ئێستا نه‌مان كردووه‌ .
له‌ سه‌رێكی دییه‌وه‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێ ‌ تۆڕه‌كانی ئه‌نته‌رنێت ، كه‌ گڵۆڵه‌یان به‌ میدیای نووسراو لێژكردووه‌ ، به‌هه‌مان تاویش له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك ته‌نگ به‌ میدیای بینراویش هه‌ڵده‌چنن .

نه‌ژاد عزیز سورمێ




چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) لە شیعرەکانی ( ئیمان یادەوەر )دا-2-.. ناڵە حەسەن

_ بەشی دووەم

_ شیعری ( پڕم لە هیچ )
ئەم ناونیشانە گەر ڕووکەشانە سەیری بکەین ، ڕەنگە وای ببینین کە ئەم هیچە مانایەک بێت بۆ ڕەشبینی یان پووچگەرایی ( نەهیلیزم ) ، ئەو نەهیلیزمەی داداییەکان لەوپەڕی نائومێدیەوە وەک هاوارێک دژ بە شەڕ و هاوارێک دژ بە کوشتنی مرۆڤ و ژیان ئیشیان لەسەر دەکرد ، یان ئەو ڕەشبینیەی لای شوبنهاوەر ، یان ئەو پووچییەی لای ئەلبێرت کامۆ کە لە پشتییەوە و لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە مانایەک بە خۆکوشتن دەبەخشێت ، یان خۆکوشتن لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە تیۆریزە دەکات ! بەڵام ، لای من شیعری ( پڕم لە هیچ ) ئەو پووچییە و نەهیلیزمە ناگەیەنێت ، شاعیر دەڵێ : پڕم لە هیچ ! دەکرێت ئەم دەستەواژەیە وەک پارادۆکسێک ، یان ئاواهی بیبینین کە وەک پەرداخێک بێت کاتێک خالییە لە ئاو بەڵام ، لە ڕووی زانستییەوە بەتاڵ نییە پڕە لە هەوا ! ئەم پڕم لە هیچەش ئاوایە ، ئیمان یادەوەری شاعیر کاتێک دەڵێت پڕم لە هیچ ، یانی پڕم لە نیگەرانی و گومان و خەم و حەسرەتەکانی ژیان ، ئەو هیچە ئەو مەبەستە دەگەیەنێت ، یانی بە تاڵە لە خۆشبەختی و ئارامی و بەختەوەری ، لە پشتی ئەو هیچە پارادۆکسێک دەبینین ، چەندین چەمکی دژبەیەک ، وەک خۆشی و ناخۆشی یان ژیان و مردن .. بە دیوێکیتر ئەگەر پووچگەرایی مورادفەکەی ڕەشبینی بێت ، بەو مانایەی شاعیر هیچ ئومێدێکی بە ژیان نەمابێت و بوون و نەبوونی خۆی لەنێو ژیاندا وەکو یەک ببینێت ، لەوەش زێتر لای کەسە
ڕەشبینییەکان یان لەنێو بیرکردنەوەی ڕەشبینی دا ” خودی ژیان دەبێت بە کێشە ” بە مانایەک واتە کێشەی تۆ دەبێتە ئەوەی مانەوەت لەنێو ئەو کێشەیە کە ئەویش ژیانە !
ئێمە وای نابینین ، ئەو شاعیرەمان لەنێو شیعرەکانی ئیشی لەسەر ڕەشبینی و ( پووچی ) کردبێت ، پووچی بە مانا نەهیلیزمەکەی ، ئێمە گوتمان لە زۆرێک لە شیعرەکانی بە گومان و نیگەران و نائومێدە بەڵام ، نائومێدی بەمانای ڕەشبینی نایەت ! ئێمە لە وتارێک بە ناوی لە نێوان ( نائومێدی و ڕەشبینی ) دا جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو چەمکەمان باسکردووە و گتومانە ، نائومێدی بیرکردنەوەیەکی نێگەتیف نییە ، لە جۆرە ژیانێکی ئاواهی کە بەهای مرۆڤ و مرۆڤبوون کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە یان ژیان بەو پەڕی ڕووبەرەکانی ناشیرینی گەیشتووە ، ئاساییە مرۆڤ یان شاعیر نائومێد بێت ، بە دیوێکیتر ئەم شاعیرە بۆیە نائومێدە چونکە ئومێد و خەونی گەورەی هەیە و لە ئیستادا پێی نەگەیشتوون ، ئیمان یادەوەری شاعیر ڕاستە نائومێدە بەڵام کەسێکی ڕەشبین نییە ، واتە دەستی لە خەون و ئومێد و ژیان بەرنەداوە ، ئەوەتا هەر لە شیعری ( شانۆی مەرگ ) لە کۆتاییەکەی ئومێدێکی گەورە وێنا دەکات و دەخوازێت ڕۆژێک لەجیاتی خۆر ژیان هەڵبێت ..! یان لە پشتی نائومێدییەکانی هەست بە خەونی گەورە و ژیان دەکەیت . ئەوجا دوای ئەم خوێندنەوەیە بۆ تایتلی شیعرەکە ، شاعیر بەوە شیعرەکەی دەست پێدەکات و دەڵێت :
شەو نییە یەک دونیا مەراق لەگەڵ خۆمدا نەخەوێنم
پێمدەڵێن : بیرمەکەرەوە
کەچی بیر لەبیرنەکردنەوەش دەکەمەوە
هێندە پڕ بوومە لە هیچ
ئیتر پووچیش جێی منی تیا نابێتەوە
دەمەوێت لە بارەی بێکەسیەوە بدوێم
ڕوخسارێک نابینمەوە بێدەنگیم بشێوێنێت
هەموویان یەک پارچە
تابلۆی نیگەرانی و بێتاقەتیم پێشان دەدەن
پێنووسەکان لێرە بۆ مەرگ نووسینەوە دەژین
ئێمەش بۆ ژان
بە نیگەرانییەکی گەورەوە دەستپێدەکات ، شەونییە یەک دونیا مەراق لەگەڵ خۆیدا نەخەوێنێت ، ڕۆژەکان ڕەتدەبن و ئەو بە خەونەکانی ناگات ! یان خەونەکانی لێی دوور دەکەونەوە ، ژیانیش بە بێدەنگی تێدەپەڕێ کەچی پێێ دەڵێن بیرمەکەرەوە ! ئەو کەسێکی هێندە هەستیار و مرۆڤدۆست و ژیاندۆستە تەنانەت بیر لە بیرنەکردنەوەش دەکاتەوە ! ئەو ناتوانێ بیرنەکاتەوە ، چونکە لەوە بەئاگایە ، کە بیرکردنەوە سەرچاوەی شیعر و فەلسەفە و ژیان و هەموو شتێکە ، هەروەک سوقرات دەڵێت ، بۆ ئەوەی خۆت بدۆزیتەوە پێویستە بیربکەیتەوە ! ئەو بۆ خەون و ئومێدە گەورەکانی دەژیت ، لای ئەو شاعیرەشمان : ژیان ئەوە نەبوو کە بۆی هاتین ! ، ئیتر هێندە نائومێدە لەگەڵ ئەو مەراق و خۆزگانەی کە پووچیش ناتوانن لە خۆی بگرن ، ئیتر هەست بە تەنیاییەکی کوشندە دەکات چونکە ، دەوروبەر لە موعانات و ئازارەکانی تێناگەن ، هەموویان کاتێک قسەی بۆ دەکەن بێتاقەتتر و نیگەرانتر و تەنیاتری دەکەن ، کەس لەم شاعیرەمان تێناگات و جگە لە مەراق ئومێدێکی ناخەنە بەردەم تەنانەت ڕۆشنبیر و نووسەر و قەڵەم بەدەستەکانیش بۆیە ، بە بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەیی دەنووسێت و ڕەخنەیەکی جدی لە قەڵەمەکان دەگرێت و دەڵێت : پێنووسەکان لێرە بۆ مەرگ نووسینەوە دەژین ! ، ئێمەش بۆ ژان ، چ هەستێکی ناخۆش و مەرگ ئامێز و تراژیدیایە قەڵەمەکان لەجیاتی ژیان مەرگ بنووسنەوە ، لە جیاتی جوانیش مەراق و نائومێدیەکان یان ببن بە بەشێک لە ناشیرینیەکان ! ، ئێمەش لەجیاتی ئارامی و خۆشییەکان تەنها خەم و ژان و حەسرەت بنۆشین . لە پشت ئەم خەم و مەراق و نائومێدییەی شاعیر وشیاری و مەعریفەیەکی قووڵ هەست پێدەکەین .
ئێمە بەڵێنمان داوە بە کاڵکردنەوەی جوانیەکان ڕابگەین
ڕۆژ نییە گوڵێک بە دەستی پاسەوانەکانەوە سەرنەبڕدرێن
……………………..
پێم بڵێ ئەرێ چی دەزانین جگە لە
خوێکردن بە برینەکانی یەکتریدا
جگە لە کوژاندنەوەی چراکانی
سەر ڕێگەی یەکتر
نا تۆ پێم بڵێ : کەی بوو کۆتاجار پێکەنین
پێم وانییە بیرت بێت
ئیتر وای لێهاتووە هەموومان
شەڕ بە تەنهایی بفرۆشین و
دەوار لەناو باخچەکانی غروردا هەڵدەین
لە گومان و نیگەرانیەکانی بەردەوام دەبێ بە دیدێکی ڕەخنەیی قسان دەکات و دەڵێت ، ئێمە بەڵێنمان داوە بە کاڵکردنەوەی جوانییەکان ڕابگەین ، ڕۆژێکیش نییە گوڵێک بە دەستی پاسەوانەکان سەرنەبڕدرێن ،، بڕۆننێ چ تراژیدیایەکە ! هەمیشە لە هەوڵی کاڵکردنەوەی جوانی و سەربڕینی گوڵەکانین ! ئیدی شاعیر چۆن نائومێد و شەوانان بە مەراقەوە سەرنەنێتەوە ؟ چۆن گومان لە پاسەوانەکان و لە دەوروبەر و لە هەموو کەسێک نەکات ؟ ئیدی لەناو ئەم گومان و نائومێدییە پرسیار دەکات و دەڵێت ، پێمبڵێ ، ئێمە چێ دەزانین جگە لە خوێکردن بە برینەکانی یەکتریدا و کوژاندنەوەی چرای سەر ڕێگاکان ؟ لە پشتی ئەم پرسیارانە گەورەترین ئازار و خەمە قوڕسەکان هەست پێدەکەین ، کوشتنی ئەویتر و نا تەندروستی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو پەیوەندییەکانیتر ، یان دەڵێ ، پێم بڵێ کەی بوو دواجار کە پێکەنین ؟ لە پشتی ئەم پرسیارە شاعیر گەورەترین گومان بەرجەستە دەکات ، کە نازانێت کەی بوو دواجار کە پێکەنین ! لە کۆتایی ئەم کۆپلەش ڕەخنەیەکی جدی دەگرێت دەڵێت ، لەگەڵ ئەم ژیانە پڕ لە شەڕ و مەرگ و ئازاراوییە کەچی دەوار لە ناو باخچەکانی غروردا هەڵدەدەین ! چەند شوورەیی و بێ شکۆییە مرۆڤەهایەک لە نزمترین ئاستەکاندا ژیان بەسەر ببەن و لەولاوەش لەژێر دەوار و ساباتی غروری لێی ڕاکشابن و هەوڵی گۆڕین و باشترکردنی ئەم ژیانە مەرگئامێزە نەدەن ! یان دەڵێت :
لێم مەپرسە دەردت چییە ؟
تەنیایی و هەزار عەیب
دەردێک و هەزار دەرمانی ساختە
گۆرانییەک و کوڵانەوەی هەزار برین
خۆزگەیەک و هەزار چاوەڕوانی
هاوڕێیەک و هەزار دڵشکان
خەندەیەک و هەزار گریان
ژیانێک و سەدەیەک مردن ..!
لێرەدا هەوڵدەدات وێنەی ژیانێکی نائاسییمان بۆ بکێشیت ، بە هۆی پێشاندانی چەند چەمک و دوالیزمی هاودژ ، تەنیاییەکی بەردەوام ، دەردێک و هەزار دەرمانی ساختە ، لە پشتی ئەم دێرە شیعرییە ، وێنەی مرۆڤ و بەهای مرۆڤایەتیمان بۆ ڕەسم دەکات ، یان خۆزگەیەک و هەزار چاوەڕوانی ، ئەوەش نیگەرانی و نائومێدییەکی تۆخە ، کە لە کۆتاییش لە ڕێگەی پارادۆکسەوە ، چەمکە دژەکان بەیەکەوە دەلکێنێ و وێنەیەکی شیعری نایابمان بۆ دەکێشێ ، خەندەیەک و هەزارگریان ، ( خەندەو گریان ) دوالیزمێکی دژ و ناتەبان ئەو بەیەکەوە ڕستەیەکی شیعری نایابی لێدروست کردوون ، هەروەها ، ژیانێک و سەدەیەک مردن ! ئەمەش هەم پارادۆکسێک و هەم ڕستەیەکی شیعری پڕ ئیستاتیکا و پڕ لە شیعرییەتە . ئەوەی لەم دەقە زۆر سەرنج ڕاکێشە لەگەڵ پێکهاتە شیعرییەکانی وەک ، گومان و پرسیار و پارادۆکس ، چەند جارێک وشەی مەرگ یان مردن دووبارە و سێبارە دەکاتەوە ، تا ئەو ئەندازەیەی ژیان یەکسان دەکات بە مردن ، ئەوەتا لە دیمەنێکی شیعری و ناوازە دەڵێت :
تەمێک لەسەر شانی باوکتە
لەناو ئەم هەموو ئازارە
بۆنی مردنی لێدێت ..!
یان دەڵێت :
دەنگی مردن
هێڵێکی ڕەشی ناحەزی لاوێنە
وەک جادەیەکی ڕەشی تازە دروستکراوی قیڕی گەرم
دڵ و ڕۆحمان دەسووتێنێت
لەم دەقە شیعرییە ژیان تابلۆیەکە بە ڕەنگەکانی مردن ڕەنگکراوە ، یان جەستەیەکە کراسی مردنی کردۆتە بەر ، مردن لە هەموو زەمەنێک و لە هەموو شوێنێک ئامادەیە ، ژیانێک لەنێو ئامێز و باوەشی مەرگ ڕاکشاوە یان سەما لەگەڵ مردندا دەکات ، دەیەوێت بڵێت : ئێمە لەنێو ژیانێک دا دەژین کە بە شوناسی ، مردن هەمیشە مردن .. دەناسرێینەوە . ئیدی لەم ژیانە بێزار بووە و پەتی ئارامی دەپچڕێ و بە هەستێکی یاخیانەوە دەڵێت :
خۆزگە زەوی ڕۆژێک بە توندی دەپژمێ و
منی لە دەم و لوتیەوە هەڵدەدایە هەسارەیەکیتر
بۆچی نا ؟
خەریکە بۆنی کراسەکەی دایکیشمان بیر بچێتەوە
ڕەنگەکان ناناسینەوە
تەنانەت وەرزەکانیش بە ناڕێکی خول دەخۆنەوە
زەوی پیر بووە
خەریکە ژیان بە گۆچان دەڕوات
من دەمەوێت دوور بکەومەوە
هیچ کەس دەستی پێم نەگات
لێرەدا مەراق و نیگەرانی و نائومێدیەکانی دەگاتە ئاستێکی بڵندی بێزاربوون ، ئیدی ناتوانێت چیتر بەرگە بگرێت ، چونکە زەوی پیربووە و ژیانیش بە گۆچان دەڕوات ، بێ ئومێد دەبێت لە گۆڕان و گەیشتن بە ژیانێکی باشتر بۆیە ، لەم ژیانە یاخی دەبێت و دەخوازێت جێی بهێڵێت و لێی دوور کەوێتەوە یان بەهۆی پژمینی زەوییەوە بکەوێتە سەر هەسارەیەکی ترەوە ، هێندە دوور بکەوێتەوە هیچ کەس دەستی پێی ڕانەگات ، ئاخر چۆن یاخی نەبێ و دوور نەکەوێتەوە ؟ لە ژیانێک کە هەموو کایە و گۆشەکانی ناڕێکە ، مرۆڤەکان تەنانەت بۆنی کراسی دایکیان بیر دەچێتەوە و ڕەنگەکان ناناسنەوە یان وەرزەکان بە ناڕێکی دەسووڕێنەوە ، ئیتر هۆکارێک نەماوە بۆ مانەوە لەنێو ژیانێکی لەم جۆرە ، ژیان تەواو بەتاڵبووە و لە هەموو شتێک داماڵراوە ، بە هەمان هەناسەی بێزاری و یاخیبوونەوە لە کۆتایی ئەم دەقەیدا دەڵێت :
تاکە راستییەک ئەوەیە من هێشتا لێرەم
وەکو گرێیەکی ترسناک بە هەناوی ژیانەوە نووساوم
کێ دێت بە شمشێرەکەی دەستی بمرێت ؟
ئەفسوس .. ژیان زۆر درێژەی کێشا
هێشتا لە مەترسیدام
من
هەر لێرەم
هەر لێرەم
دوور لە چاوەکانی تۆ ..!
ئەو لەناو بێزاری پەنگ دەخواتەوە و خوازیاری ڕۆشتن و دوور کەوتنەوەیە ، بەڵام زەمەن دەڕوا و ئەو هەر لێرەیە ، وەک گرێیەکی ترسناک بە هەناوی ژیانەوە نووسابێت ، هەرگیز لێی جیانابێتەوە ، ئیتر نائومێدانە دەڵێت : ئەفسووس ژیان زۆر درێژەی کێشا ، ئەم دێرە شیعرە جوانکارییەکی بێئەندازەی تیا بەرجەستەکراوە ، وەک گەڵای لاولاوەیەک بە شەونمی شیعرییەت داپۆشراوە ، نائومێدییەک کە شیعرییەت ڕۆح و هەستی خوێنەر بە سەما دەهێنێ ، بە پێچەوانەی هەموو کەس کە ئامادەن سەر و ماڵیان ببەخشن بۆ بەدەستهێنانی شوناسێک و زێتر مانەوە لەنێو ژیان ! بەڵام ئەم شاعیرەمان لەگەڵ ئەوەی لە هەڕەتی تەمەنی لاویدایە و دەڵێ ، ئەفسووس ژیان زۆر درێژەی کێشا ..! زۆر شاعیرانە و بە وشیارییەوە دەیەوێت پووچی ژیان پێشان بدات نەک بیرکردنەوەی پووچی ! مانەوەی لەنێو ژیان بە مەترسی دادەنێ ، لە کۆتاییش مەسیجێکی خەمناک بۆ دڵدارەکەی دەنێرێت و دەڵێت ،
من هەر لێرەم بەڵام ئەفسووس دوور لە چاوەکانی تۆ ..!

_ شیعری ( جەستەی ژیان بە دەمی مەرگەوە )
بەر لەوەی باسی ناوەڕۆک و فۆرم و زمانی ئەم دەقە شیعرییە بکەین دەبینین ، تایتلی شیعرەکە پارادۆکسێکە و هەمدیسان دوالیزمێکی دژبەیەک ، ململانێیەک لەنێوان ژیان و مەرگ ، وەک ئەوەی هەموو دەقە شیعرییەکانی ئیمان بە قەڵەمی ئەم پارادۆکس و ئەم ململانێیەی نێوان ژیان و مەرگ نووسرابن . یان بە ئاگری ئەم پارادۆکسە گەش ببنەوە و جوانتر دەربکەون ، هەروەک و بینیمان لە زۆربەی شیعرەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس و هاوکات یاخیبوون )یش ، هاوتەریبن و بەشێکی سەرەکین لە پێکهاتەی شیعری ئەو شاعیرەمان . یادەوەر لە سەرەتای ئەم شیعرەی دا دەڵێت :
من دەزانم
ئەوان نازانن مرۆڤ بە سەرێکی سووکەوە
بارێکی قوڕسە بەسەر ژیانەوە
من کێشێکی کەم و کێشەیەکی زۆرم هەیە
کێشم هەرگیز کێشەی گەورەی من نەبووە
کێشەی من ئەوەیە بۆچی
ئارەزووی مرۆڤ لە گەدەی گەورەترە ؟!
لێرەدا گەمەیەکی زمانەوانی ناوازە دەبینین ، ئیشکردن لەسەر فۆنیم و دەنگی وشەکان ، ( کێش و کێشە ) ، یان دوالیزمی ( سووک و قوڕس ) ، بۆ پێکانی ئامانج و مەبەستێکی گەورە بەم پارادۆکسە دەست پێدەکات و دەڵێت ، من دەزانم ، مرۆڤ بە سەرێکی سووکەوە بارێکی قورسە بەسەر ژیانەوە ، لەم بەیەکەوە گرێدانی ئەم دوو چەمکە هاودژە دەیەوێت مەبەستێک و نائومێدییەکی گەورە بپێکێت ، دەیەوێت پێشان بدات ، لە دونیای مۆدێرن و شارستانیەتەکەی سەرمایەداری و گەشەی تەکنەلۆژیا مرۆڤ بۆتە بارێکی قوڕس بەسەر ژیانەوە..! دواتر گەمەیەکی جوان لەگەڵ فۆنیمی ( کێش و کێشە ) دەکات و دەڵێت : من کێشێکی کەم و کێشەیەکی زۆرم هەیە ، یان دەڵێت : کێشم هەرگیز کێشەی گەورەی من نەبووە ..! شاعیر لە پاشخانێکی مەعریفییەوە ئەمەی نووسیوە ، ئەو ( کچە مۆدێلێک ) یان لەو کەسانە نییە تەنها خەریکی کێش و جوانکاری جەستە بن ، یان هەموو کێشە و خەیاڵیان لای گۆڕینی دیکۆری جەستەیان بێت ..! ئەو شاعیرە کێشی خۆی هیچ کاتێک کێشە نەبووە بۆی ، ئەو کێشەی گەورەی لەگەڵ ژیاندا هەیە ، وەک شاعیرێک چۆن بتوانی ژیان جوانتر بکات ، بۆیە ڕووبەڕووی هەموو ئەو فاکتەر و هۆکارانە دەبێتەوە کە ژیان ناشیرین دەکەن ، لەنێو شیعرەکانیدا و لە ململانێی نیوان ژیان و مەرگ ئەوە دەخوێنینەوە کە ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نییە ! ) ، بۆیە دەیەوێت باس لە کێشە و دیوە نێگەتیفەکانی ژیان بکات ، تا کەسەکان بیربکەنەوە و چونکە بە گومانە لە خەڵکانی دەوروبەری و دەڵێت : من دەزانم .. وەڵێ ئەوان نازانن ! مرۆڤ بە سەرێکی سووکەوە بارێکی قورسە بەسەر ژیانەوە ! لێرەدا بە ڕوونی ئەو گومانەی خۆی دەخاتە ڕوو ، هەروەک سارتەریش دەڵێت : شیعر و ئەدەب ، ئازادی و خۆشبەختی بۆ مرۆڤەکان بەدەست ناهێنن بەڵکو وا لە مرۆڤەکان دەکەن بیر لە ئازادی و خۆشبەختی بکەنەوە ..! ئەم شاعیرەشمان هەروای کردووە . دواتر دەڵێت :
باوکم دەبینم بە دڵێکی ساف و نێودەستێکی زبرەوە
حەزدەکەم پێستم بدوورم بۆ دەستکێشی دەستەکانی
بۆ ئەوەی ژیان لەنیو قڵێشی دەستەکانی دا نەنێژرێت !
گەر دڕندەیی مرۆڤ نەبایە ژیان کوا هێندە ترسناک بوو ؟
دەبێت دڵت لە شوینێکی تردا بشاریتەوە
شوێنی دڵ ئاشکرایە
بۆیە ڕۆژ نییە نەیبەن و شەو نییە بە زووخاوەوە نەینێرنەوە ..!
ئەم کۆپلە شیعرە پڕە لە هەستێکی گەورەی مرۆیی هاوکات جوانکاریەکی شیعریش ، هەستی پاک و بێگەردی منداڵێک بۆ باوکی ، دەیەوێت پێستی خۆی بدوورێت و بیکات بە دەستکێشی دەستەکانی باوکی ، نەوەک ژیان لەنیو قڵێشی دەستەکانی بنێژرێت ، ناشتنی ژیان مانای مردنی ژیانە ، ئەوەش پارادۆکسێکی ترە لەنێوام مردن و ژیان ، لێتان ناشارمەوە ئەم هەستە جوان و مرۆڤدۆستییەی شاعیر لەم دیمەنە شیعرییەدا ، چەند دڵۆپە فرمێسکێکی پێ ڕشتم و منی گەڕاندەوە نێو ژیانی منداڵی و گەنجێتیم و ژیانی هەژاری خێزانیمان و بینینەوەی ماندووێتی باوکم و خەمە سپییەکانی دایکم ! بە بڕوای من یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایکردووە قووڵاییەک و جوانکاری بە شیعرەکانی ئیمان یادەوەر ببەخشێ ئیشکردنیەتی لەسەر ژیان ، یان بەرز ڕاگرتنی بەها مرۆڤایەتییەکانە ، هەروەک دەڵێت ، کێشەی مرۆڤ ئەوەیە ئارەزوویەکی گەورەی هەیە بۆ ژیان ، ئارەزووەکانی مرۆڤ بێ سنوورن ، ژیانیش بەم خواروخێچی و پووچییەوە ناتوانێ تەریب بێتەوە لەگەڵ خەون خولیاکان و خۆزگەکانی مرۆڤ ! بەهۆی زبری و قڵێشەکانی ناو لەپی دەستەکانی باوکی وێنەی مرۆڤێکی زەحمەتکێش و ماندووی ئەم ڕۆژگارەمان بۆ ڕەسم دەکات ، کە زەمەن بێ ڕەحمانە بەسەر پشتی خەون و ئارەزووەکانییان ڕێدەکات ، ئەم خۆشەویستییەی بۆ باوک و مرۆڤەکان ، لەنێو قووڵایی تووڕەبوونێکی شاعیرانەوە دەڵێت : گەر دڕندەیی مرۆڤ نەبایە ژیان کوا هێندە ترسناک بوو ! لێرەدا شاعیر لەبەر هەڵچوونی باری دەروونی بیری چووە ، شیعر وەڵام ناداتەوە بەڵکو پرسیار دەوڕوژێنێ ، وەڵام دانەوە کاری شیعر نییە ، ئەوە ئایین و ئایدیۆلۆژیاکانن وەڵامی حازر بەدەست و ئامادەیان پێیە بۆ هەموو پرسیارێک ، گەورەترین هێزی زمانی شیعری لە وڕوژاندنی پرسیار دایە نەک وەڵامدانەوە ، دەبوا پڕسیار بکات و بڵێت : ئەم ژیانە بۆ هێندە ترسناکە ئەی زەمەن ؟ دەبوا ئەو وەڵامە بۆ خوێنەر جێبهێڵیت کە ترسناکی ژیان هۆکارەکەی نا وشیاری و دڕەندەیی و بێڕەحمی مۆڤە ..! دوای ئەم هاوارەی تووشی بێباوەڕی و گومانێکی گەورە دەبێت بەرامبەر مرۆڤەکانی دەوروبەری ، پێێ وایە شوێنی دڵ ئاشکرایە ، دەبێت دڵ لە شوێنێک بشاردرێتەوە ، شوێنێکی نهێنی و نادیار بێت چونکە ، ڕۆژ نییە نەیبەن و شەو بە زووخاوەوە نەیگەڕێننەوە ؟ گومان و خەمێکی گەورە و دەربڕینێکی شیعری جوان . بەو هەستە ئینسانییە لە شیعرەکەی بەردەوام دەبێت تا لە کۆتاییەکەی دەڵێت :
دایکە کراسە سەوزەکەت لەبەرکە ، با بەهاری ئێمە چوار وەرز بێت
با باوکم لە خەندەیەکتدا ماندووی ڕۆژگار بشارێتەوە
با من لەنێو دوو ڕووی مرۆڤەکان ، ڕووە و ڕووی تۆ
تا قیامەت دابنیشم ..!
بە هەمان خۆشەویستی و هەستی مرۆڤ دۆستییەوە داوا لە دایکی دەکات کراسە سەوزەکە لەبەرکات ، با بەهاری ئێمە جوار وەرز بێت ، کراسە سەوزەکە لەلایەک مایەی دڵخۆشی باوکییەتی لەلایەکیش هێمایە بۆ سەوزاییەکی هەمیشەیی و چوار وەرزی ، مرۆڤەکان هێندە هیلاک و ماندوون بەدەست ئەم ڕۆژگارە سەخت و کەمەرشکێنە دەخوازێ هەموو وەزەکانی ژیانییان بەهار بێت ، بەهۆی ئەو کراسە سەوزەی دایکیشی باوکی لە خەندەیەکدا ماندووی ڕۆژگار بشارێتەوە ، چەند دێرە شیعرێکی پڕ ئیستاتیکا و پڕ لە جوانییەکانی بەهای مرۆڤبوونە ؟! ئەو خۆشەویستییە بۆ باوک جوانکارییەکی بێوێنەی بە شیعرەکە بەخشیوە ، ئەو گومانە گەورەیەی لە بەرامبەر مرۆڤەکان لێرەدا ڕوون و ڕۆشنتر دەری دەبڕێت کە دەڵێت ، با من لەنێو دوو ڕووی مرۆڤەکان ، ڕووە رووی تۆ .. هەم گومانێکی گەورەی بەرجەستە کردووە هەم بە شێوە دەربڕینێکی شیعری نایاب ، دوو ڕوویی ، ڕووە و ڕووی تۆ ..! لێرەش ئیشی لەسەر فۆنیمی وشەکان کردووە ، واتە دەنگی وشەکان دواتر دەڵێت .. ڕووە و ڕووی تۆ تا قیامەت دابنیشم ! قیامەت وشەیەکە مانا و مەبەستێکی ئایینی لە پشتە بەڵام ، لێرەدا لەو مانا و مەبەستە داماڵراوە ، بە مانای بۆ تاهەتا ، گرینگە شاعیر لەنێو ڕووبەری نووسین ئازاد بێت و لەژێر کاریگەری هیچ ئایین و ئایدیۆلۆژییەک دا نەبێت ، واتە لەژێر کاریگەری هیچ هێزێکی دەرەکیدا نەبێت ، هەروەک د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( بوون و داهێنان )دا باس لە ئازادی نووسەر دەکات لەنێو ڕووبەری نووسین ، بەمانای گەر نووسەر ئازاد نەبێت واتە هێزێکی دەرەکی لەجیاتی ئەو بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی دەدات و ئاراستەی جووڵەکانی دیاری دەکات . ئەوەش مانای کۆیلەبوون و نامۆبوون دەگەیەنێت ، دەمەوێت ئەوەش بڵێم ، شاعیر لە ڕێگەی زمانەوە دەتوانێ دەست بۆ هەموو وشەیەک ببات و بەکاری بهێنێت ، بە مەرجێک لە شوێنی گونجاو و بەرگێکی شیعری بەبەردا بکات . بەڵام گرینگە خۆی لەنێو رووبەری شیعر و نووسینەکانی کەسێکی ئازاد بێت و لە ژێر کاریگەری ڕووبەری ناخودئاگایی و خەون و ئارەزووەکانی خۆیدا بێت و وەک دەڵێن ، تەنها خۆی بێت و بەس !

ماویەتی ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣




شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ساڵ ڕۆژی لەدایک بوونیدا.. گفتوگۆ لەگەڵ حەمید تەقوایی

ئینتەرناسێۆناڵ: بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ساڵێک بەسەر دەستپێکردنی شۆڕشی ژن ژیان ئازایدا تێپەڕیوە، کۆمەڵگا و بزووتنەوەی ڕووخاندن و دۆخی شۆڕش چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

حەمید تەقوایی: گرینگترین دەرئەنجامی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، گۆڕینی ڕووخانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ مەسەلەی سەرەکی و فراوانی هەموو کۆمەڵگە و جەماوەری خەڵک و خودی حکوومەت . هەموو وتار و هەڵوێست و سیاسەتی دەسەڵاتدارەکان، تەنانەت لە بواری سیاسەتی دەرەوەشدا، بەشوێن ئامانجی پاشەکشەپێکردنی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکەوە بوون لە بوارە جیاجیاکاندا. هەر لە پێشنیار و پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای حیجاب و پاکیزەیی و گفتوگۆ و ململانێی درێژخایەنی دەسەڵات لەسەر ئەم بابەتە، کە تەنانەت دوای پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایەش بەردەوامە، تا دەگاتە دادگاییکردن و گرتن و لەسێدارەدان، تا دەگاتە هێرشکردنە سەر زیندانەکانی ئەوین و شاهچەراغ و هێرشی کیاوی بۆ سەر قوتابخانەکان و تێچووی چەند هەزار ملیارێک بۆ مەراسیمی ئەربەعینی، و تا نوێبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە و پاشەکشەی ناوچەیی و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و هتد و هتد. لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا بنەما و میحوەرو هەڵوێست و ئەدای حکومەت، پاراستنی مانەوەی خۆی و گەڕاندنەوەی پێگە لەدەستچووەکەی بە هۆی شۆڕش لە خودی کۆمەڵگای ئێران، لە ناوچەکە و لە ئاستی جیهانیدایە. لە ڕاستیدا بزوێنەری پێشهاتەکانی ئێران لە یەک ساڵی ڕابردوودا شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بووە و ئەم پرۆسەیەش بەردەوامە. نائومێدی و بێدەسەڵاتی و سەرلێشێواوی نیشاندەری سیاسەتەکانی حکومەتن لەم قۆناغەدا.
به پێچه وانه وه له به ره ی خه ڵکدا شاهیدی هێرش و پێشڕەوی و ده ستپێشخه ڕى بووین له ئاستێکى به رفراوان و بێ وێنەدا . بزووتنەوەی جەماوەریی بوونەوەی بزووتنەوەی بێ حیجابی و داگیکردنی کردەیی و خاکڕێژی حیجاب لەلایەن خەڵکەوە و گۆڕینی ڕێوڕەسمی پرسە و ڕۆژی حەوتەم و چلە و تەنانەت ئاهەنگی لەدایک بوونی ئازیزانی گیانبەختکردوو بۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژ بە حکومەت، درێژەدان بەدروشم نوسین دژی خامنەیی و تەواوی حکومەت، شکاندنی پیرۆز و تابۆ ئیسلامیەکان تەنانەت لە مانگی موحەڕەمیشدا بەشێوەیەک کە تەنانەت دروشمی تەقلیدی و لێدانی سنگیش گۆڕا بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی سیاسی دژ بە حکومەت، درێژەدان بە ناڕەزایەتی کرێکاری و مانگرتن بەتایبەتی لەکەرتی سەرەکی نەوت و پترۆکیمیایی، کۆبوونەوەی بەردەوامی خانەنشینان، سەماکردن، هەڵپەڕکێ و خۆشی.خەڵک و دامەزراندنی کەرنەڤاڵی سەر شەقامەکان بە بیانووی جۆراوجۆر، و دواجار هێرشی بەرفراوان بۆ سەر حکومەت و ئیسلامەکەی لە سۆشیال میدیا، کە تەنانەت ناچاری کردووە بەرپرسانی حکومەت دان بە شکستی خۆیاندا بنێن لەم بوارەدا،ئەمانە هەموویان ئاماژەن بۆ هێرشێکی بێ وێنە لەلایەن کۆمەڵگەیەکی ڕاوەستاوەوە دژی حکومەتێکی بێدەسەڵات و خەریکە دەکەوێت و دەڕوخێت شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە و ئاسۆیەکی گەشاوە و ئومێدبەخش پێشکەش بە خەڵک دەکات.
ئەم بارودۆخە لەسەر شانی ناڕەزایەتی و خەباتی بەردەوامی کرێکاران و ژنان و لاوان لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ڕژێمەوە تا ئەمڕۆ پێکهاتووە. دیارە بزووتنەوەی ڕووخاندن کە بە ڕاپەڕینی ١٨ی تیری ١٣٧٨ دەستی پێکردووە و خاڵە بەرزەکانی وەک ڕاپەڕینی جەماوەری ١٣٨٨ و ١٣٩٦ و ١٣٩٨ تێپەڕاندووە، ئێستا گۆڕاوە بۆ شۆڕشێکی گەورە کە دەڕوات تا مەلەفی حکومەت بپێچێتەوە. ئەم شۆڕشە بەراورد ناکرێ بە ڕاپەڕینەکانی ڕابردوو. ئەمە خاڵی لوتکەی بزووتنەوەی ڕووخانە کە بۆ یەکەمین جار لە لایەن خودی خەڵک و ئەوانەی بەشدارن لەم بزووتنەوە جەماوەرییەدا بە شۆڕش ناوی دەبەن، دروشمە سەرەکییەکەی ژن ژیان ئازادیە ، کە بە شێوەیەکی گشتگیر لە لایەن جەماوەرێکی بەرفراوان لە خەڵکی ئێران لە تاران، زاهیدان، سنە و ئیسفەهان و تەبرێز و سەدان شار و گوندی دیکە یەکدەگرن و نوێنەرایەتی ئێران دەکەن، جەماوەری کۆچبەرانی ئێرانی لە هەموو وڵاتاندا ڕاکێشاوەتە سەر شەقامەکان و پشتیوانی کەسایەتی ئازادیخوازی ڕاکێشاوە-و ڕێکخراوە چەپ و ئینسانیەکان و تەنانەت حکومەت و سیاسەتمەدارانیش و داواکارییەکان و ئامانجەکانی بەڵگەی وەک جاڕنامە ١٢ خاڵییە کە لە لایەن بیست ڕێکخراوی بەناوبانگ و ناسراوی ناڕازی و پیشەیی و مەدەنیی بڵاوکرایەوە و ناڕەزایەتی مامۆستایان، قوتابیان و ژنان، هەروەها جاڕنامەی داواکاری پێشکەوتنخوازانەی ژنان کە واژۆ کراوە لەلایەن چالاکوانانی دیاری بزووتنەوەی ئازادی ژنانەوە ، نوێنەرایەتی دەکات. شۆڕشێک کە لە هەموو ڕاپەڕینە هێرش ، ڕادیکاڵترو شێلگیرتر، بەردەوامتر و سەراسەریتر لە هەموو ڕاپەڕینە سەرنگون خوازەکانی پێشوو،لە دژی هەموو سیستمی کۆماری ئیسلامی هاتۆتە مەیدان.
ئەم شۆڕشە تا ئێستا گۆڕانکاری بنەڕەتی لە هەلومەرجی سیاسی ئێراندا کردووە. گۆڕانکاریەکان بەتەواوی لە بەرژەوەندی جەماوەری خەڵک و بە زیانی حکومەتە. ئەم هەلومەرجە ناتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ قۆناغی پێش شۆڕش. حکوومه ت نه ک ته نها له ناو جه ماوریی خه ڵکدا به ڵکو ته نانه ت له لایه ن به شێکی زۆری لایه نگرانی پێشووی، که مترین متمانه و قبوڵکردنی نه ماوه . وە لەسەر ئاستی جیهانیشقاڵی زڕاوەو ڕسوا بووە و لە ڕیزەکانی حکومەتە بێزراوەکانی وەک ڕژێمی ئاپارتایدی ڕەگەزی ئەفریقای باشووردا دانراوە.
ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ڕەوەندی ئاڵوگۆڕەکان کە بەگیانبەختکردنی مەهسا ئەمینی دەستی پێکرد تا ڕووخانی تەواوەتی حکومەت بەردەوام دەبێت. شۆڕشی ئێستا وەک هەر شۆڕشێکی تر هەوراز و نشێوی دەبێت، بەڵام لە هیچ بارودۆخێکدا ناوەستێت. لەگەڵ هەر هەوراز و نشێویەکدا گۆڕانکاری لە مانۆڕەکانی حکومەتدا بەدی دێت،بەتایبەتی مامەڵەی حکومەتەکانی ناوچەکەو ڕۆژئاوا لەگەڵ بکوژەکانی حوکمڕانی ئێران گۆڕانکاری تێداکراوە، بەڵام دوا قسەی شۆڕش خەڵک دەیکات. هیچ ڕێگایەکی دەربازبوون بۆ حکومەت و سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە ئارادا نییە. تەنانەت باڵەجیاوازەکانی حکومەت ئاگاداری ئەم ڕاستییەن و لە ململانێ ناوخۆییەکانیاندا بەردەوام لەسەر”هەڵەکانیان” یەکتری تاوانبار دەکەن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی شۆڕش، هێرشی ڕیزەکانی شۆڕش و لێکترازانی ڕیزەکانی حکومەت توندتر دەبێتەوە. هەموو شتێک ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ٢٥ شەهریوار، ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی مەهسا (ژینا) ئەمینی و سەرەتای شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا، دەتوانێت خاڵێکی دیکەی بەرزی پڕۆسەی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی جەماوەری لە سەرانسەری وڵاتدا بێت. ڕۆژێک کە هەروەک حیزبەکەمان زۆر جار جەختی لەسەر کردۆتەوە، وەک پشووی گشتی و فەرمی تۆمار بکرێت بۆ یادی مەهساکان، نیکاکان، ساریناکان، خودانورەکان و ئازیزانی تر کە لە شۆڕشی ئێستا و لە خەباتەکانی چوار دەیەی ڕابردوودا گیانیان لەدەستداوە ، دژی بکوژانی دەسەڵاتدار لە ساڵنامەی ئێراندا تۆمار بکرێت وهەموو ساڵێک یادی بکرێتەوە.
ئەو ڕۆژە دوور نییە کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە سەرکەوتنێکی تەواو بەسەر کۆماری ئیسلامی و تەواوی سیستمی هەنووکەدا کۆتایی پێبێت. دووهەمین ساڵوەگەڕی شۆڕش لەسەر گۆڕی کۆماری ئیسلامیدا بەرز ڕادەگرین.

وەرگێڕانی: کاوە عومەر

٢٤ی مورداددی ١٤٠٢، ١٥ی ئابی ٢٠٢٣




بنەمای فەرهەنگی باو لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا لەسەر دژایەتی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار دامەزراوە!.. سابیر .م

تەواوی کارگەران و جەماوەری هەژار و کەم دەرامەتی چەوساوەی کۆمەڵگا بە شێوەیەک لە شێوەکان وەبە جیا لە هەر ئایین
و بیروباوەڕێک کە هەیانبووە یان بەدەستی خاوەنکارەکاریەکانیان یان بەدەستی بەرپرسانیان ، یان بەدەستی حوکومەتەکەیان
چەوسێنراونەتەوە.
چەوساندنەوە ، تەوەرەی سەرەکی پێکهاتەی کۆمەڵگای چینایەتیە ، چەوساندنەوە کارو فەرمانی “خوداکان “نیە لەسەر زەوی
هەروەک قەشەکان و مەلاکان ، و دامودەزگا ئاینیەکان ، وە فەرهەنگی پەروەردەو فێرکردنی سەر بەم دامودەزگایانە،
ڕەواجی پێئەدەن.
واتە هەم “جەهەننەم “ وە هەم “بەهەشت“ دوو تێزی خەیاڵی نین وە لە ئاسمانەکاندا حەشاردرابن، بەڵکە هەردوکیان دوو
واقیعیەتی چینایەتی بەرجەستەو حاشاهەڵنەگرن لەسەر ئەم زەویەی کە مرۆڤ تیایدا ئەژی.
بەرلەوەی کە سەرۆکی ئەمریکا هاڕری ترۆمان لە /٢٢ /٥ ١٩٤٥ ڕایبگەیەنێت کە پێویستە سیاسەت و ستراتیجیەتی
دەرەوەی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەسەر (دژایەتی کۆمۆنیزم) بنیات بنرێت.
خودی خەباتی چینایەتی و کۆمۆنیزم بەدرێژایی نزیکەی لە سەدەیەک ئەوکاتە قورسایی و هەژموونی خۆی لەسەر
کۆمەڵگای چینایەتی و سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان دانابوو.
خودی سەرهەڵدانی ڕێبازی شۆڕشگێڕانەی مارکس و ئەنجلس بۆ ڕزگاری چینی کرێکار و سۆسیالیزم هەمیشە وەک
شەبەحێک بەسەر سەری بۆرژواکان ودەسەڵاتدارانی دنیادا بە ئێستاشەوە دەهات و دەچوو و لە ئێستاشدا هەر لە ئارادایە.
دواتر شۆڕشی ئۆکتۆبەر و خەباتی لێنین و بەڵشەفیکەکان جارێکی تر خودی ئەم ڕێبازە شۆڕشگێڕانەیە مارکس و ئەنجلسیان
لە تەحریفاتی سۆسیال دیمۆکراتیکانە ڕزگارکردو وسەر لەنوێ مارکسیزم و کۆمۆنیزمیان بەشێویەکی واقیعی و عەمەلی
هێنایە سەر شانۆی سیاسی و سەکوتی دەسەڵاتداریەتی کۆنەپەرسترین و سەرکوتگەرترین دەسەڵاتی جیهانی وەک قەیسەری
ڕوسیایان تێکشکاند.
لەم نێوەدا و وابەست بەم ستراتیجیەتەی ( دژایەتی کۆمۆنیزم) ئاین ڕۆڵێکی سەرەکی ئەبینێت بۆ گەمژاندن و کاڵفامکردنی
خەڵکی چەوساوە لە هەرکوێێەکی جیهان بێت.
لەوابەست بە “ڕۆژهەاڵتی ناوین “ کوردستانەوە ، هەر وەک تەواوی دەسەڵاتەکانی تری جیهانی بۆرژوازی لە عێراق و
ناوچەکەو تەنانەت هەرێمی کوردستان دەستور لەسەر بنەمای قورئان و شەریعەتی ئیسلام دانراوە.
وە تەواوی هێزو توانا مادی و مەعنەویەکانی دەسەاڵتداران و دەوڵەتەکانیان بۆ ئەوە بووە کە تابتوانن تۆڕە کۆمەڵایەتیە
سیاسی و فەرهەنگیەکانی کۆمەڵگا بە خودی ئاینی ئیسلام گۆش بکەن وەلەم پێناوەدا ملیارەها دۆلار ساڵانە خەرج ئەکرێت وە
تەنانەت بۆ شەرعیەتدانی یاسایی بەم کارە ) وەزارەتی ئەوقاف( یان بۆ دروستکردووە.
کارگەران و چەوساوەکان و خەڵکی کەم دەرامەت بە وشیاریەکی چینایەتی بۆرژوازیانەوە گیرۆدەی هەژاری و نەداری و
بێ موچە و چەوساندنەوەو ، دەیەها مەینەتی ڕۆژانەی تر بوونەتەوە.
لە پاڵ ئەم گێژاوەی فەرهەنگی کۆمەڵگای سەرمایەداری و فەرهەنگ و ستراتیجیەتی“ دژە کۆمۆنیست بوون“ دا خودی (
چاوچنۆکی ، تەماع ، خۆپەرستی) بوونەتە تەوەرەی سەرەکی فەرهەنگی تاکەکەسەکان لە کۆمەڵگادا.
!(لێرەدا ئەوە گرنگە وتەکەی مارکس دووبارە و چەندبارە بکەینەوە کە ) ئاین ئەفیونی گەلانە!
وە ئەوەش ڕۆشنە کە کارگەرێک یان هەر چەوساوەیەکی تر بێت وە بە حوکمی کارکردی مێژووی ئاین لەسەریان و
تێوەگالنیان لە خورافاتی ئاینی ، خۆیان لە ماڵەوە نوێژو ڕۆژوو ، ئیتاعەتی “خودای“ خۆیان ئەکەن ، بەاڵم خودی
دەسەاڵتداران و حیزبە ئیسلامی و دامودەزگا جیهادیەکان لەناو ئیسالمدا بەوە ناوەستنەوە وە هەوڵ ئەدەن کە ئەم جەماوەرە بۆ
کارێکی فراوانتر سازمان بدەن ، ئیتر لە ڕێگەی بەخشینەوەی کەلوپەلی ناو ماڵەوە بێت ، یان پارەو پولەوە بێت، یان
هەرجۆرە ئیمتیازاتێکی ترەوە بێت، وە لە دوئامانجدا ئەم جەماوەرە بکەن بە ئامرازێکی ڕاگەیاندنی سیاسی و ئایدیۆلۆجی
کۆنەپەرستانەی خۆیان.
هەر بۆیە خەڵکانێکی زۆریان بۆ ئەم ستراتیجیەتەو بۆئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانەو جەهالەتەی ئاین بەم شێوەیە سازمانداوە ،
وەلەتەواوی پەیوەندیە کۆمەاڵیەتیەکانی خۆیاندا ئەو فەرمانەیان پێسپێردراوە کە دژ بە کۆمۆنیستەکان و الیەنگرانیان
بوەستنەوە.
هەروەها لە تۆڕە کۆمەاڵیەتیەکاندا ئەیانکەن بە ئامرازێکی سیاسی بۆ بانگەشەی ئیسلام و خورافاتی ئاینی و دەست و
پێوەندی مەلا دواکەوتوەکانیان.
ئەوانیان لە بوونەوەرێکی ئاسایی کەتەنها لە ماڵی خۆیان ئاین وەک (مەسەلەیەکی تاکە کەسی) ئەبیننەوە ، دەریان ئەهێنن و
جیایان ئەکەنەوە لەو نۆرمە سادەیەی کۆمەڵگای ، وە ئەیانکەن بە مینبەر و مێدیایەکی تەواوکەر وەک بەکرێگیراوێکی
سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانی خۆیان.
کۆمۆنیستەکان و تێکۆشەرانی مارکسیست و لایەنگرانیان پێویستە بە وشیاری و وردبینیەکی تەواوە سەرنجی دەوروپشتی
خۆیان بدەن و تەواوی ئەو نەخشەو هەوڵە کۆنەپەرستانەی ئەم جۆرە کەسە سەرلێشاواوانە پوچەڵ بکەنەوە ، یان بەشێوەیەک
لە شێوەکان پەنا نەبەنە بە ر تەنها خودی (ئاتەئیزم) لە دژایەتی ئاینەکاندا ، گەرچی خودی ئاتەئیزم وەک لێنین ئەڵێت
سەرەتایەکی باشە بۆ تێگەیشتن لە خەباتی چینایەتی، وەسەرچاوەی نەهامەتیەکان.
نابێت ڕێگەبدەین وە بەخەباتی سیاسی و فیکری چینایەتی خۆمان کە کەسانی چەوساوەو هەژارو کەم دەرامەت بکرێن بە
داردەست و ئامرازی بانگەشەو دیعایە بۆئیسلام لە هیچ شوێنێکی ناو کۆمەڵگادا وە پەردە لەسەر هاندەرە سیاسیەکانیان و ئەو
کەسانە هەڵماڵین کەلە پشتی ئەم نەخشە تێکدەرەوە وەستاون وە بەهەر شێوەیەک کە بۆیان بکرێت ئەو خەڵکە بگەوجێنن.
ئەوانەی کە لەتۆڕەکۆمەاڵیەتیەکاندا بانگەشە بۆ ئیسلام و جیهادیزم ئەکەن پێویستە هێمایەکی پرسیاری گەورەیان لەسەر
دابنرێت ، چونکە ئاین لەالی ئەم کەسانە لەمەسەلەیەکی شەخسی چۆتە دەرەوە، وە بەرژەوەندی مادی و مەعنەوی و سیاسی
تری لە پشتەوەیە.
بژی کۆمۆنیزم!
سەرکەوتوبێت خەباتی چینایەتی کارگەران و چەوساوەکان!
بەرەو بنیاتنانی بزووتنەوەیەکی مارکسیستی کرێکاران!

سابیر .م




تكایە من مەكە بە كۆیلە تكایە بمكە بە بینەرێكی تینووی شانۆ.. شوان عەباس بەدری

گومانی تیا نییە شانۆ بناغەی سەرەكی هەموو هونەرە بینراوەكانە و سەنگینییەكی تایبەتی لە لای ئەكتەران هەیە و هەر لە دێر زەمانەوە نووسەران و فەیلەسووفان و زۆر جاریش سیاسییەكان لە ڕێی شانۆوە پەیامی سەرەكی خۆیان و دنیابینییان بە خەڵكی گەیاندووە و لە ڕێی كۆمەڵە دەقێكی نوێ و داهێنانەر و شۆكئاساوە هەوڵی بزواندنی خەڵك و هۆشیاركردنەوەی بینەر و لە ڕێی بینەریشەوە خەڵكیان داوە.
ئێستا با لەم كۆمەڵە ڕستە دەلاقە ئاساییەی كە لە سەرەوە نووسیومە بچمە ناو بابەتە سەرەكییەكەی ئەم نووسینە و بزانین مەبەستم لەو سەرەتا نووسینەی سەرەوە چی بووە؟!
ماوەیەك لەمەوبەر لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی سلێمانی دوو كورتە دەقی شانۆیی بە ناوی ( زیانی تووتن )) و (( تكایە بمكە بە كۆیلە)) نمایش كران و وەك هەمیشە بە كۆڵێ ئومێدەوە كە بەشكوو ئێ ئەم دەق و كاری دەرهێنان و نواندنە جیاواز بێت و تەزوویەك بە مێشكمانا بێنێت ڕووم كردە پەیمانگە و سەیری شانۆكە ،بەڵام وەك هەمیشە نائومێدانە لە هۆڵەكە هاتمە دەرەوە!
بۆم دەركەوت كامەران رەئوف ی دەرهێنەر تەنها و تەنها لە ناو بازنەیەكی بەتاڵی خۆ دووبارەكردنەوەدا دەسووڕێتەوە و گەورەترین زیانیش بۆ دەرهێنەر یا دەقێكی شانۆیی ئەوەیە كە بینەر خود بە خود هەست بە پێشهاتەكان و دیالۆكەكانی دواتر و كۆتایی بەندی دەقەكە بكات و نەكەوێتە ژێر كاریگەری ڕستە و خاڵ بە خاڵی دەقە شانۆییەكەوە !
كە ئەمەش بە ئاشكرا لە (( تكایە بمكە بە كۆیلە)) و دەقەكەی پێش ئەویش بە دی دەكرا !
بە كورتییەكەی دەقەكە لە قسەی بەردەوام و ڕۆژانەی خەڵكی سەبارەت بە بەرپرسەكان وەرگیرابوو و دەقاودەق نووسرا بووەوە و دەرهێنەریش كردبووی بە هی خۆی ، واتە مۆركە گشتییەكەی كردبووە زادەی هزر و خەیاڵی خۆی لە كاتێكدا دەمێكە خەڵكی بە زار و بە نواندن و بە ڕێپێوان و بە گلەیی هەموو ئەو دەقانەیان بە زیادەوە وتووە و باسكردووە كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا كووشتنی دەق و خۆكوژییەكی بەردەوامی نووسەر و دەرهێنەرە !
لە لایەكی دیكەوە نواندنی هەردوو ئەكتەر (( زاهیر غەریب)) و (( سەرگوڵ حسێن)) لە ئاستێكی وادا نەبوو كە هەست بكەیت دوو ئەكتەری شانۆ و هونەری كوردی كە چەندین ساڵە كاری هونەری دەكەن لەسەر ستەیج خەریكی بەرجەستەكردنی كارئەكتەرەكانیان و زیاتر لە دوو ئەكتەری تازەكار دەچوون كە هێشتا وەك پێویست لە لقە دارەكەی شانۆ و نواندن پێنەگەییون !
دەستپێكی دەقی شانۆیی (( زیانەكانی تووتن)) بە حساب دەستپێكێكی كۆمیدییە و ئامادەكردنی چاو و مێشكی بینەرە بۆ بینینی دەق و نواندنێكی تایبەت ، بەڵام ئەو بینەرەی ئەلف و بێیەكی سادە لە كۆمیدیا و هونەری كۆمیك بزانیت زۆر بە ئاسانی تێئەگات كە ئەو سەرەتایە لە بەتاڵاییەكی بێتام هیچی تر نییە و ئەمەش دەكەوێتە سەر توانای ئاراستە كردنی دەرهێنەر و خودی ئەكتەر !
لە لایەكی دیكەشەوە توانای دەربرینی هەردوو ئەكتەر لە كاتی ئاخافتندا لەگەڵ هەستی ئانی و جووڵەكانیان یەكناگرێتەوە و بۆ نموونە (( سەرگوڵ حسێن)) ی ئەكتەر كە ڕۆڵی كەسێكی تێكشكاوی نائومێدی ماڵوێرانی دەروون ڕووشاوی و پەشیمان ی سەردەمی شۆڕش و شاخ و دوای ڕاپەرین و بە فیرعەون بوونی بەرپرسەكانی كورد بەرجەستەدەكات ، لە جیاتی ئەوەی ژێی دەنگی ژێیەكی ڕووشاوی پڕ لە قورگێكی گریانی تێكەڵ بە هاواری خەفە بێت ئەوا زۆر بە نەرمی و بە قورگێكی پاكەوە دیالۆكەكانی بە گوێمانا دەدات و تۆنی دەنگی لە بێژەرێكی تازەكاری پشت مایك دەچێت تا كەسێكی دارووخاوی دەستی شۆڕش و درەندەییەكانی كۆمەڵگەی دوای ڕاپەرین !
ئەمە جگە لە فرمێسكەكانی كە هیچ هەستێكی تیا نییە و دەستكردن و بەڕای من لەرزینەكانی دەستیشی پاش و پێش خراون ، واتە لەو كاتەی كە دەبێت دەستی بلەرزێت نالەرزێت و لەو جوڵە و ساتانەش كە دەبێ دەستی نەلەرزێت دەلەرزێت !
ئەو ساتەش كە كامەران رەئوفی دەرهێنەر بە سینییەكەوە دێت و لەبەر دەمی (( سەرگوڵ)) پەرداخێك ئاو دادەنێت ، هاتنێكی ڕەق و سەلامێكی بێ هەست و چەمانەوە و ڕۆیشتنێكی ڕەق ئەنجام دەدات ، وەك بڵەیت تەنها بۆ چەپڵەیەك هاتبێتە سەر ستەیجەكە و ئەڕوات ، ئەگینا كەسێكی تر هەر بە هاوڕێتیش بوایە دەیتوانی ئەو كارە ئەنجام بدات !
وەك لە نووسینەكانی دیكەم ئاماژەم پێداوە ئەكتەری كورد لەبەر باری ئابووری یان زیاد بوونی ژمارەی بەرهەمە شانۆیی و سینەمایی و درامییەكانی یان خود لەبەر هاوڕێتی ، بە بێ ئەوەی بیر لە مێژووی خۆی و كە ئاخۆ ئەم دەق و سیناریۆیەی لەبەر دەستمدایە تا چەنێك من پێئەگەیەنێت و دەبێت بە ئەزموونێكی نوێ و تازە لە بواری هونەر و كارەكەمدا دەستی داوەتە خۆكووژییەكی سامناك بە ناوی گرنگ نییە با ئیش بكرێت و باس بكرێم و بڵێم ئەوەندە بەشداری بەرهەمی هونەریم كردووە!
ئەمەو چەندین تێبینی دیكەی جۆراوجۆر كە لەبەر كاتی خوێنەر باسیان ناكەین و ڕەنگە لە نووسینێكی دیكە و كاتێكی دی بیخەمە بەر چاوی خوێنەران و هونەردۆستان .
هەڵبەت بەرجەستە كردنی كارئەكتەری ((زیانەكانی تووتن)) یش هیچی كەمتر لەو ڕەخنانەی سەرەوە نییە كە لە نواندنی (( تكایە بمكە بە كۆیلە)) باسمان كردووە و سەرەرای ڕەخنە و تێبینی و گلەییە دۆستانەكەم لە دەرهێنەر و هەردوو ئەكتەر پێم خۆشە بەم جۆرە كۆتایی بە نووسینەكەم بێنم و بڵێم : من خۆمم لەبەردەم دەقێكی شانۆییا بینی كە هێشتا وەك پێویست ئامادەی نمایش نەكرابوو و زیاتر لە پرۆڤەیەكی سەرەتای كار دەچوو تا بەرهەم و دەقێكی شانۆیی پوختە و ساز و تەیار بۆ نمایش !




تا تەمەنم هەڵکشێ.. گۆرانی ئاڵن جاکسن

تا تەمەنم هەڵکشێ
زیاتر بڕوا دێنم
تەنها خولەکێکت هەیە، باشترە لەو کاتەی تێیدای بژێی
چونکە لە چاوتروکانێکدا دەڕوات
وە تا تەمەنم هەڵکشێ
ئەوە راستترە
کەسەکانە خۆشیانم دەوێت، نەک ماڵ و پارە
ئەوە دەوڵەمەندت دەکات
ئەگەر کانیاوی گەنج بونەوە بدۆزنەوە
یەک دڵۆپی لێناخۆمەوە، ئەوە راستییە
پێکەنیناوییە کاتێک هەست دەکەم لە باشترین ساڵەکانی تەمەندام

تا تەمەنم هەڵکشێ
ژمارەی هاوڕێکانم کەمتردەبن
بەڵام پێویستت بە زۆر نییە، کاتێک ئەوەیانت بەدەست هێناوە کە پشت و پەناتە

تا تەمەنم هەڵکشێ
من باشتردەبم
دەزانم کەی بەخشندە دەبم
یان کەنگێ وەلای بنێم

تا تەمەنم هەڵکشێ
گوێ بەو دێڕانەی ژیان نادەم
تێیاندا پێکەنیوم یان گریاوم
یان هەموو ئەو دیاری و نیشانانەی لەگەڵیاندا ژیاوم

تا تەمەنم هەڵکشێ
نوێژەکانم درێژتر دەبن
نازانم بۆ، پێم وایە
زۆرم بەدەستهێناوە بۆوتن
تا تەمەنم هەڵکشێ
زیاتر سوپاسگوزارم
بۆ ئەو ژیانەی هەمبووە و ئەوەی کە تێیدا دەژیم.

و: نەوزاد مدحەت

https://youtu.be/zLBTBHQEtSw?si=n0yGcCxP8W08WJZp



شیعر/ ژن.. شوان عەباس بەدری

ڕووبار خوڕ خوڕ ئەگریا
شەرمەزار بوو كە نەیتوانی
ئاگری جەستەی ژنێكی
گوندنشینی
قوربانی زەبری پیاو بكوژێنێتەوە
پەلكە زێرینەی دوای باران
ڕووی خۆی وەرگێرا لە ئاسمان
شەرمەزار بوو
كە لە دوای
ئەسری چەندین ساڵەی
ژنانی كورد
هێشتا نەیتوانیوە
لە ناو چاوە
فرمێسكاوییەكانیان
ڕەنگی ژیان و ئاسوودەیی بنەخشێنێت
هاوار لە شەرما بێدەنگ بووە
شەرمەزارە
هێشتا لە گەرووی پڕ ئازاری ژنان
گرمە ئەكات و
جگە لە خۆی
كەس گوێ لە ناخە داڕماوەكەی ژنان ناگرێت و
ژیان و ئاسمانیش وەك هەمیشە
بێ هەستانە
چێژی لە دەستدرێژی و ئازار و ناڵەی
مێینەكانی سەر زەوی دەبینی !
تاوان…تاوان
بەو هەموو زەبروزەنگی و سادییەتەی خۆی
تاوان
ڕووی خۆی ڕەش كرد بوو كاتێ
گوێی لە قریشكەی ژنێكی چەرمەسەر بوو
كە بە قامچی شەرەف
ژیانیان كردبوو بە جەهەنەم
پێكەنینیش
ڕووی خۆی لە شەرما داپۆشیبوو
كاتێ بینی
كچۆڵەیەكی هەرزەكار
بە تاوانی خۆشەویستی
باوەشی بە مێشكە پژاوەكەیدا كردبوو!!!




پرسی تەکنەلۆژیا، لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا.. ئاراس سەعید

پرۆمیتیۆس لە ئەفسانەی یۆنانیدا [جگە لە دەقێک وەک داهێنانی تەکنیکی ئاگر] بە هیچ مانایەکی دیکە نایات. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە داهێنانی ئاگر، دەگەڕێتەوە بۆکۆنترین پنتی مرۆڤ. بەهۆی مێژووە دێرینیەکەیەوە، تاڕادەیەک شوێنەواری کەمی لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا بەجێهێشتووە، لە کاتێکدا تەکنیکە نوێیەکان، وەک کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، بڕینی دار، بیناسازی، چاندنی ڕوەکی ترێ و دارە میوەکان، بونیادنان و هتد، پانتاییەکی فراوان لە ئەفسانەی خوداوەند و پاڵەوانەکاندا داگیردەکات.
ژان پێیەر ڤێرنانت
Prométhée et la fonction technique
Jean-Pierre Vernant
Dans Mythe et pensée chez les Grecs (1996), pages 261 à 273
……..
فەیلەسووفی فەڕەنسی “بێرنارد ستێگلەر” کە تیۆرەکانی لە سەربنەمایی پرسیارە بەناوبانگەکەی “هایدگەر” سەبارەت بە تەکنەلۆژیا دادەڕێژیت و وەڵامی[پرسی تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لەگەڵ مرۆڤایەتیدا] دەداتەوەو پرسی تەکنەلۆژیا و بوون و کات پێکەوە گرێی دەدات.
بەبۆچوونی ستێگلەر لە یۆنانی tekhnē، دروستکردن یان بنیاتنانەوە، هەم ئاماژەیە بۆ تەکنەلۆژیا و هەم بۆ پرۆسەکانی بەرهەمهێنان. ستێگلەر ئاماژە بەوەدەدات، کە تەکنیکەکان دەرمانێکە – لە بنەڕەتدا، وشەیەکی یۆنانیە بە واتای ‘ژەهر’ و ‘چارەسەر’ دێت.
تەکنەلۆژیا هەم ئەو ژەهرە بوو کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی هاوچەرخ هەبوو، هەم ئەو چارەسەرە بوو کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرا کۆمەڵگەی مرۆیی ڕزگاری بێت. هەم فۆرمێکی دەرەکی بوو کە ئێمە زانستەکانمانی بۆ دەگوازینەوە، هەم بارودۆخێکی ناوەکی بوو کە ٭لەوانی دیکە[بوونەوەرانی دیکە] جیامان دەکاتەوە.
https://www.artforum.com/…/bernard-stiegler-1952-2020…
…..
ئاگر هات!
ئێمە بەتاسەین، ڕوناکی ڕۆژ بینین.
هۆڵدەرلین
….
میتۆلۆژیای پڕۆمیتۆس
بێرنارد ستێگلەر
ڕۆژێک زیوس، بە پڕۆمیتێتی گووت: کاتی هاتووە ئێمەی خودایان، ڕۆژێک بۆ بوونەوەرە فانییەکان بکەینە دیاری. بوونەوەرە فانییەکانی ئێرەش ئاژەڵەکان و مرۆڤەکانن.
پڕۆمیتێ کە ڕاسپێدرابوو بەم کارە، دووانە بوو لەگەڵ برایەکی بەناوی[ئەپیمتۆس- ئەپیمیتێ].
ئەپیمیتێ هاوشێوەی پڕۆمیتێ بوو، وەلێ هەموو شتێکی پێچەوانەی براکەی بوو. ئەپیمیتێ، خودایەکی کزۆڵەو گوناه و فەرامۆشکراو بوو. پڕۆمیتێ فیگۆری “زانین”ە، فیگۆری زانا بە هەموو زانینێک. فیگۆری یادەوەریی گشتییە. ئەو هیچ شتێک فەرامۆش ناکات. بەپێچەوانەوە، ئەپیمیتێ هەمووشتێک فەرامۆش دەکات.
ئەپیمیتێ، بە براکەی گووت: زیوس تۆی بۆ ئەم کارە ڕاسپاردووە، وەلێ من دەمەوێت ئەنجامی بدەم.[“من”، “من”، “من”]ئەم کارە ئەنجام دەدەم. لە ڕاستیدا ئەپیمیتێ خودایەکی خۆشباوەڕبوو، وەلێ پڕۆمیتێ زۆر خۆشی دەویست. بۆیە نەیدەویست نائومێدی بکات، پێی گووتی: باشە، تۆ ئەم کارە ئەنجام بدە.
بەم شێوەیە بوو کە؛ ئەپیمیتێ دەستیکرد بە پەخشکردنی تایبەتمەندییەکانی خودایان. بۆ نمونە؛ تابیەتمەندی “خێرابوونی” بە ئاسکەکان بەخشی، ئیدی ئاسکەکان بەخێرایی غاریان دەدا. هێز و بەرگەگرتنی بەخشی بە شێرەکان، بە تیمساح و کێسەڵ و …تاد
ئەو تایبەتمەندییەکانی و کوالێتییە جیاوازەکانی لە ڕووی هاوسەنگییەوە دابەشکرد. دابەشکردنی ئەو تایبەتمەندییانە لەلایەن ئەوەوە، پێناسەیەکە [بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی لە سرووشتدا] شێرەکان بەدوای ئاسەکاندا ڕادەکەن تا ڕاویان بکەن و بیانخۆن، وەلێ ئاسکەکان خێراتر غاردەدەن و هەندێکیان دەتوانن خۆیان لە شێرەکان ڕزگاربکەن و لە شوێنێکی دیکەدا بگیرسێنەوەو درێژە بە وەچەخستەنەوە بدەن.
لەوساتەدا؛ کە ئەمیپیتێ سەرقاڵی دابەشکردنی تایبەتمەندییەکانی بوو، شتیک سەرەنجی ڕاکێشا. بەخێرایی تەماشایی سەبەتەکەی دەکات و شۆک دەبێت. ئۆهـ، هەموو تایبەتمەندییەکانم بەخشیوە بە ئاژەڵەکان.[ ئیدی سەبەتەکە خالی بوو]. بەڵام من دەمەوێت بۆ مرۆڤەکان ڕۆشنایی بەدیاری بهێنم. دەبێت ئەم بوونەوەرانە پێیان بێننە ناو ڕوناکی، بەڵام تایبەتمەندییەک بوونی نەماوە؛ تا بتوانم “فۆڕم” یان پێبدەم. ئەوکات “پڕۆمیتێتی” بەمەبەستی دزینی هەندێک ئاگر، ڕوودەکاتە کارگەی ئاسنگەری هیپایستۆس. پڕۆمیتێتی، بەدزینی ئاگر ڕووناکی بۆ ژیان بەدی دەهێنێت، ئالێرەوە مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی تەکۆنۆلوژی. ئاگر لەنیگای یەکەمدا، سمیبوولی تەکنەلۆژیاییە و لە نیگای دووهەمدا، سیمبولی هێزی خوداوەندی ڕەهایە[…].

[بنواڕە]
https://youtu.be/u5iITQBqYOo




زەمینەکانی سەرهەڵدانی ڕەوتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسۆکانی داهاتوو.. حەمید تەقوایی

چاوپێکەوتنی کازم نیکخواە لەگەڵ حەمید تەقواییدا
١٣ی ئابی ٢٠١٥
وەرگیرانی کاوە عومەر
کازم نیکخواە: لە یەک دوو ساڵی ڕابردووەوە شەپۆلێکی تیرۆر و کوشتنی بەکۆمەڵ لەلایەن گرووپە تیرۆریستی و ئیسلامییەکان لە وڵاتانی جۆربەجۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دروست بووە. پێدەچوو لەگەڵ پاشەکشەی قاعیدە و تاڵیبان و قەیرانی کۆماری ئیسلامی، ئەم جۆرە بزووتنەوانە وردە وردە بارگرانی خۆیان لەسەر خەڵکی جیهان کەم بکەنەوە. بەڵام ئێمە شاهیدی سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی وەک داعش و گرووپە ئیسلامییە نوێیەکان لە سووریا و عێراقین کە دڕندەیی و تاوانکارییان گەیاندووەتە بەرزترین ئاستی خۆیان. بۆچی دۆخەکە بەم شێوەیە هاتووە؟ ڕیشە و هۆکاری سەربەرزکردنەوەی ئەم ڕەوتانە و ئەم کەشوهەوای شەڕ و تیرۆر و کوشتن و پاشەکشە چییە؟

حەمید تەقوایی: بە بۆچوونی من بزووتنەوە ئیسلامییە نوێیەکانی وەک داعش، دەرئەنجامی ئەو هەلومەرجە سیاسییانەن کە دوای شکستی هەژموونی میلیتاریستی حکومەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریان هەڵداوە. ڕەوتە کۆنەکانی ئیسلامی سیاسی وەک تاڵیبان و قاعیدە و کۆماری ئیسلامی ڕەگ و ڕیشەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژئاوا و ئۆردوگای سۆڤیەت لە ساڵانی کۆتایی شەڕی سارددا هەیە. بەدیاریکراوی خومەینی لە بەردەم شۆڕشی ١٣٥٧ و لە ترسی ئەوەی کەچەپ دوای ڕووخانی شا دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت، لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا هێنرایە پێشەوە. تاڵیبان کاری دەستی پنتاگۆن و سی ئای ئەی بوو بۆ بەرپەرچدانەوەی کاریگەریی سۆڤیەت بوو لە ئەفغانستان. لەو سەردەمەدا سیاسەتی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی بریتی بوو لە دروستکردنی جۆرێک لە ” پشتێنەی سەوز” لە دەوری یەکێتی سۆڤیەت و کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بە دوو ئەڵقەی گرنگی ئەم پشتێنە سەوزە دادەنران. لەگەڵ داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت، هەموو ئەم هاوکێشەیە تێکچوو. حکومەتی ئەمریکا بۆ دووپاتکردنەوەی دەسەڵاتی خۆی لە جیهانی دوای جەنگی سارد ڕووی لە سیاسەتی هەژموونی میلیتاریستی کرد و لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق لە سەردەمی بوشی گەورەدا کە بە شەڕی کەنداو ناسێندرا، سەرەتای ئەم قۆناغە بوو. شەڕی کەنداو لە بنەڕەتدا دژی ئیسلامی سیاسی نەبوو، بەڵکو دژی ڕژێمی سەدام بوو (بۆ تاوانی هێرشکردنە سەر کوەیت)، بەڵام تەنها حکومەتێکی لەجۆری جیهانی سێیەمی نەیتوانی ڕۆڵی جەمسەرێک لە دژی حکومەتی ئەمریکا و ئۆردوگای ڕۆژئاوا ببینێت. بزووتنەوەی ئیسلامی ئەم ڕۆڵەی گرتە ئەستۆ. بە شکاندنی کۆت و بەندەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، دژە ئەمریکایی ئیسلامی کە بە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا و لێدانی تەپڵی “شەیتانی گەورە” لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێکرد، لە سنووری ئێران تێپەڕی کردووە و بووەتە بزووتنەوەیەکی سیاسی “هاوسۆزی هەژاران” و دژە ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.وە لە ئاستی جیهانیدا تا ڕادەیەکی سنووردار چالاک بوو. ئەم بزووتنەوە ئیسلامییە دژە ڕۆژئاوایە، کیسەیەکی مشتەکۆڵەلێدانی گونجاوی بۆ حکومەتی ئەمریکا و ئۆردوگای ڕۆژئاوا دابین کرد، کە دوای یەکێتی سۆڤیەت بەدوای دوژمنێکی جیهانیدا دەگەڕا تا مانای سیاسی بە ئۆردوگای ڕۆژئاوا و ئۆردوگای دیموکراسی ڕۆژئاوا ببەخشێت. ئێستا ئۆردوگای ڕۆژئاوا دەتوانێت ئەرکی خۆی بە ڕزگارکردنی جیهان لە تیرۆری ئیسلامی پێناسە بکات و ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بە هێرشی ئیسلامییەکان بۆ سەر تاوەرە دووانەکانی نیویۆرک لە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١ گەیشتە لوتکە. “میحوەری شەڕ” لە سەردەمی جەنگی سارددا جێگەی “ئیمپراتۆریەتی شەڕ”ی گرتەوە و بوشی کوڕ ڕایگەیاند “ئێوە یان لەگەڵ تیرۆریستانن یان لەگەڵ ئێمەن”! حزبی ئێمە ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەی بە شەڕی دوو جەمسەری تیرۆریستی – تیرۆری دەوڵەتی ڕۆژئاوا لە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی ناولێناو و هێرش بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق – بە بیانووی وە لە وەڵامی یانزەی سێپتەمبەردا – دوو نموونەی ڕوونی ئەم تیرۆریزمی دەوڵەتیەی ڕۆژئاوا بوون کە بە ڕوونی ئامانجیان داسەپاندنی دەسەڵاتی حکومەتی ئەمریکابوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیدا کە بە شوینیەوە بوون.
لەسەر ئاستێکی بنەڕەتیتر و لە ڕووی چینایەتییەوە، بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی ڕەنگدانەوەی بەشداریی بۆرژوازی عەرەبە لە ئابووری و سیاسەتی جیهانیدا. (ئەم تیۆرە بۆ یەکەمجار لەلایەن مەنسور حیکمەتەوە لە ناساندنی ئیسلامی سیاسیدا خراوەتە ڕوو و وەک دەبینین بارودۆخی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سەرهەڵدانی داعش ڕەوایەتی ئەو تیۆرییە لە هەموو کاتێک زیاتر پشتڕاست دەکاتەوە.)دوای داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەم و بەتایبەتی پێکهاتنی ئیسرائیل لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، بۆرژوازی عەرەبی ڕۆڵێکی پەراوێز و نەگونجاو لەگەڵ، و زۆر کەمتری لەچاو، سەرچاوەکانی سەروەت و سامان (بەتایبەت نەوت) و دانیشتوانی وڵاتانی عەرەبی لە بازاڕی جیهانیدا وەگرتبوو و لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە سەردەمی شەڕی سارددا، ناسیۆنالیزم بەرامبەر بە یەکێتی سۆڤیەت (ناسریزم و بەعسیزم) نوێنەرایەتی حزبایەتی بۆرژوازی عەرەبیان دەکرد و لە قۆناغی دوای جەنگی ساردیشدا، بە پشتبەستن بەو مەرجە تایبەتانەی کە من ڕوونم کردەوە، ڕەوتە ئیسلامییەکان ئەم ڕۆڵەیان گرتە ئەستۆ. وە هەرچۆنێک بێت پرسی فەلەستین و تاوانەکانی حکومەتی ئیسرائیل گرنگترین بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ دروستبوون و بەدەستهێنانی کاریگەریی ئەم ڕەوتە دژە ڕۆژئاوایانە پێکهێنا – چ لە شێوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و چ لە شێوەی سیاسیدا ئیسلام. بە گوتەی مەنسور حیکمەت، “ئیسلامی سیاسی لە برینی خەڵکی فەلەستین خۆراک وەردەگرێت” و تا ئەمڕۆش ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر “خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین” تایبەتمەندییەکی ناسنامەیی کۆماری ئیسلامی و هێزە ئیسلامییەکانی بلۆکەکەیەتی.

لە ئێران و بەتایبەت دوای کودەتاکەی ئەمریکا لە ٢٨ی مورداددا، ڕەوتی نەتەوەیی-ئیسلامی دژە ئەمریکی دروست بوو، کە ڕاستڕەوترین و کۆنەپەرستانەترین بەشیان – دژایەتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە پێگەیەکی تەواو فیۆداڵی و سەدەی ناوەڕاستیەوە- بە نوێنەرایەتی خومەینی. لەگەڵ هاتنی کۆماری ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی قەڵایەکی حکوومی پەیدا کرد و بەشێک لە هێزە ئیسلامییەکانی وڵاتانی عەرەبی- حیزبوڵڵا و حەماس و هێزە شیعەکانی لەعێراق دوای سەدام- لە دەوری خۆی کۆکردەوە.
دوای هەرەسهێنانی ئۆردوگای سۆڤیەت و بە هۆی لەبەریەک هەڵوەشانی دونیای دوو جەمسەری جەنگی سارد، پرسی دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتانی فەلەکی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو- کە یوگۆسلاڤیا نموونەیەکی ڕوونی بوو- و لە بەناو وڵاتانی “جیهانی سێهه م”دا به ته واوی کرایه وه ، ئه م بەش ویستن و ده سه ڵات خوازییەی بۆرژوازی ناوخۆیی له وڵاتانی ئیسلامیدا زه مینه یه کی نوێی دۆزیه وه بۆ دەرکەوتن و بردنە پێشەوەی مەیدانەکەی بۆ دروست ببێت. هێزە ئیسلامیەکان بوونە هێز و مەیدانی سەرەکی ئەم شەڕی دەسەڵاتە، بەتایبەتی بەهۆی سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و فاکتەری دیکە کە لە سەرەوە ڕوونم کردۆتەوە.
بۆیە چ لەسەر ئاستی بنەڕەتی و چ لە ڕوانگەی چینایەتی و بە تایبەتی و لە ڕوانگەی سیاسییەوە، هەلومەرجی جیهانی دوای جەنگی سارد زەمینەی پێکهێنان و پێشخستنی هێزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی ڕەخساند وەک بزووتنەوەیەکی داڵدەدراو و دژە ئەمریکی-دژە ئیسرائیل. بەڵام ئەم دۆخە ئەمڕۆ بە تەواوی گۆڕاوە. سیاسەتی هەژموونی میلیتاریستی ئەمریکا شکستی هێنا – گۆڕینی بوش بە ئۆباما و گۆڕینی سیاسەتی “ئێوە لەگەڵ ئێمەن یان لەگەڵ تیرۆریستان” بە سیاسەتی “مشتەکانتان بکەنەوە تا بتوانین دەست لەناودەست کەین” ڕەنگدانەوە و نیشانەی ئەم شکستەیە – وحکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەک هەر نەیانتوانی پێگەیەکی بەهێزتر بدۆزنەوە لەگەڵ داگیرکاری سەربازی ئەفغانستان و عێراق، بەڵکو تەنانەت پێگەی پێشوویان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەستدا. ئەمڕۆ بارودۆخی ئەفغانستان، عێراق، سوریا و یەمەن بە ڕوونی نیشان دەدات کە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا کۆنترۆڵی پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان نەماوە. ته نانه ت ئه و وڵاتانه ی که له ئه مریکا نزیکن وه ک سعوودیه و تورکیا، ئیتر به ته واوی پاشکۆی سیاسه ته کانی ئه مریکا نین، هەر یه کێکیان ئامێری خۆی ده ژەنێت و به دوای داخوازی و ئامانجه ناوچه یییه کانی خۆیدا ده گه ڕێت .
داعش دەرئەنجامی ئەم هەلومەرجە نوێیەیە. ئەگەر قاعیدە و حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی جەمسەرێکی پێچەوانەی تیرۆری میلیتاریستی وڵاتانی ڕۆژئاوایان بینیبێت، داعش دەرئەنجامی شکستی ئەم میلیتاریزمە و شکستی سیاسەتی هەژموونی ئەمریکایە. بۆیە بەڕای من داعش نوێنەرایەتی جۆرێکی تری هێزی ئیسلامی دەکات. ئەو هێزە ئیسلامیەی کە سیفەت و ناسنامەکەی چیتر نەک هەر هاوسۆزی ستەملێکراو و دژە ئەمریکیبوون و تەنانەت بەرگریکردنە لە خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین لە دژی ئیسرائیل، بەڵکو دژە دژە کافر- و بەتایبەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لادەرەکان، واتە کەسان و هێزگەلێک کە باوەڕیان بە ئیسلامێکی جیاوازە لەوەی داعش باسی دەکات – و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی – لەسەر بنەمای مۆدێلی حوکمڕانی ئیسلامی – فۆرمەکان. هاوبەشی و دەسەڵاتخوازی تا ئێستاش نیشانەی داعشیشە، بەڵام جلوبەرگی دژە ڕۆژئاوای –اهاوسۆزی هەژاران وازی لێ هێنراوە، چونکە ململانێی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فۆرمێکی ناوچەیی وەرگرتووە. داعش بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی خۆی، لایەنگری حکوومەتی عێراق و حکوومەتی سووریا و کۆماری ئیسلامییە، کە بە پێچەوانەی حکوومەتی شا یان موبارەک یان حافز ئەسەدەوە نەک تەنیا پاڵپشتی و پەیوەست بوون بە بلۆکی ڕۆژئاوا یان ڕۆژهەڵاتەوە ، بەڵام بەشێکن لە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیش دژە ڕۆژئاوا پێکدەهێنن. داعش لە ڕاستیدا دەرکەوتەی جۆرێکە لە شەڕی ناوخۆی نێوان حکومەت و هێزە ئیسلامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەو بۆشاییەی دەسەڵات کە بەهۆی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و شکستی ئۆردوگای ڕۆژئاواوە دروست بووە، هەریەکەیان ئیدیعای خۆیان هەیە بۆ دەسەڵات. تەنانەت تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە، خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی چیتر بە تەواوی ڕەخنە لە ئەمریکا ناگرن و ناسیۆنالیزمی گەورەیخوازی ڕووسیاش سەریهەڵداوەتەوە و باڵی ڕژێمی ئەسەدی و کۆماری ئیسلامی گرتووە. (ئەم بارودۆخە خۆی هۆکاری قەیرانی حوکمڕانی سەرمایەداری جیهانییە، کە لە خوارەوە ڕوونی دەکەمەوە).
ئەم “دۆخە کراوە سیاسیە” – بارودۆخی کراوەیە بۆ حکومەت و هێزە بۆرژوازییەکان لە ناوچەکەدا – چیتر ئەو جۆرە هەلومەرجانە نییە کە بەهۆی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لە دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردوو و دەیەی یەکەمی سەدەی ئێستادا دروست بووە ، بەڵام دەرئەنجامی شکستی هەژموونی ڕۆژئاوایە لە قۆناغی دوای جەنگی سارددا. لەبازاڕێکی سیاسیی وەها ئاژاوەگێڕدایە کە هێزێکی دڕندەی وەک داعش دەتوانێت بە ئاڵای دەوڵەتی ئیسلامیەوە تەحەدای نەک شەیتانی گەورە، بەڵکو دژی “کافرەکان” دژی شەیتانی گەورە – کۆماری ئیسلامی و ڕژێمی ئەسەد و حزبوڵا بێتە مەیدان و هێز بگرێت.
کازم نکخواە: لەگەڵ دەستپێکی شۆڕشەکانی ناوبراو بە بەهاری عەرەبی، گەشبینییەکی زۆر بە ئایندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوژاندەوە. دیکتاتۆرەکان یەک لە دوای یەک ڕووخێنران. بن عەلی، قەزافی، موبارەک. لیبرالیزم بڵاوبووەوە و کەشێکی گشتی یەکگرتوویی و ئینسان دۆستی و مۆدێرنیزم و عەلمانیزم گەشەی کرد. پێشبینیت کرد کە شتەکان بەو خێراییە وەک ئێستا دەربچن؟
حەمید تەقوایی: کەس پێشبینی دروستبوون و گەشەکردنی هێزێکی وەک داعشی نەکرد، بەڵکو بەرخۆدانی سەرکەوتووانەی کۆبانی و جوڵەی پارکی قزی و گۆڕەپانی تەقسیم لە ئەستەنبوڵ و شکستی هەڵبژاردنی ئەردۆغان لە حزبێکەوە کە نەهێشتنی جیاکارییە لەنێوان( ئێڵ جی بی تی)ەکان بەشێک لە پلاتفۆرمەکەی بێت و جاڕنامەی مافەکانی ژنان دژی حوکم و یاسا دژە ژنە ئیسلامیەکان لە کانتۆنی جەزیرە کەس نەیدەتوانی پێشبینی بکات و لە کۆتاییدا ناڕەزایەتی ملیۆنان خەڵکی عێراق بە دروشمی “نە شیعە، نە سوننە، کۆمەڵگەی مەدەنی” . ! مەبەستم ئەوەیە کە داعش تاکە دیاردەی نوێ نییە لەم ساڵانەی دواییدا. هەروەها ئەو پێشهاتانەی باسم کرد چاوەڕواننەکراو و پێشبینینەکراو بوون. ئەم پێشهاتانە هەمووی لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی وەرگیراون و لە هەمان ئەو حەز و ئارەزووە حەقخوازانە و ئازادیخوازانە سەرچاوە دەگرن کە شۆڕشەکانی میسر و تونس و لیبیایان لە قاڵب داوە. هەرچەند ئەو شۆڕشانە نەگەیشتنە ئەنجامی کۆتایی، بەڵام بە هەموو خەڵکی ناوچەکە و جیهانیان نیشان دا کە بە هێزی ناڕەزایەتی و شۆڕش، بە ڕواڵەت دیکتاتۆریەتی بەهێزی وەک ڕژێمی موبارەک و بن عەلی دەڕوخێنرێت.
لەلایەکی دیکەوە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە یەکێک لە دەرەنجامەکانی سەرهەڵدانی داعش بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسییە بە هەموو سروشتی قێزەون و دڕندەیی و کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانیەکەیە وە بەبێ هیچ لەمپەرێکی هاوسۆزی هەژارانە ودژە ستەمکاریەک بەبەر چاوی خەڵکی ناوچەکە و هەموو خەڵکی جیهانەوە بوو. بەڕای من یەکێک لە فاکتەرە کاریگەرەکانی پێکهێنانی ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییانەی کە ئەمڕۆ لە عێراق شاهیدی دەبین، هەر ئەو لەقاودان و ئاشکراکردنەی دڕندەیی هێزە ئیسلامییەکانە لەبەردەم جەماوەری خەڵکدا.
کازم نکخواە: بە بۆچوونی ئێوە قەیرانی ئابووری لە جیهاندا چۆن کاریگەری لەسەر ئەم دۆخە هەبووە؟
حەمید تەقوایی: قەیرانی ئابووری بووە هۆی ئەوەی بورژوازی لە هەموو وڵاتان لە ڕۆژئاواوە تا ڕۆژهەڵات و لە وڵاتانی جیهانی سێهەمەوە تا ئەو وڵاتانەی تازە لە دوای ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات پەیوەست بوون بە بازاڕی ئازادەوە بۆ سیاسەتی خۆپارێزی ئابووری و بڕینی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکان و سەپاندنی بارودۆخی ژیانی سەخت بەسەر کرێکاران.و جەماوەری خەڵکی کرێکار دەگەڕێتەوە. لە وڵاتانی پیشەسازیی ڕۆژئاوا، کە لە ئەنجامی خەباتی کرێکاران و هێزە چەپەکان، بەشێک لە داخوازییەکانی کرێکاران بە شایستەیی و پلەیەک لە خۆشگوزەرانی گشتی- بیمەی بێکاری و تەندروستی و خوێندنی بێبەرامبەر و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و گشتیەکان و هیتری لەو بابەتە هەبوون – سیاسەتی خۆپارێزی هەبوو کە بە واتای هێرشکردنە سەر ئەم دەستکەوتانە و لێدان بوون لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانیەکان ، بەڵام لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و لە دیکتاتۆریەتەکانی وەک کۆماری ئیسلامیدا، کە تەنانەت کەمترین خۆشگوزەرانی گشتی نەبووە پێش ئەوەی قەیرانی سەرمایەداری ببێت خۆپارێزی توند و ئابووری تەنیا دەتوانێت بە مانای سەپاندنی هەژاری و نەهامەتی هەرچی زیاتر بێت بۆ جەماوەری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش – لەسەدا نەوەد و نۆی کۆمەڵگە. بۆ ئەو گەدانەی کە بە پشتەوە نوساون توندکردنەوەی پشتوێنەکان هیچ مانایەکی نیە. لە بنەڕەتترین ئاستدا هۆکار و پاشخانی شۆڕشەکانی ناوبراو بە بەهاری عەرەبی، هەمان بێکاری و هەژاری و نەهامەتییەکی بێ وێنە کە بەهۆی قەیرانی سەرمایەداری جیهانییەوە دروست بوو. خۆسووتاندنی محەمەد بوعەزیزی دەستفرشی تونسی کە بویە بڵێسەی ئەم شۆڕشانە ،خۆی بە شێوەیەکی ڕەمزی ناوەرۆکی چینایەتی ئەم شۆڕشانە نیشان ئەدات. لەم ڕوانگەیەوە شۆڕش و ناڕەزایەتییەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیەوە تا خەباتی کرێکاران لە ئێران تا خەباتی خەڵکی تورکیا و ئەمڕۆش ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق – هاوتەریبە لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لە خەڵکی جیهانە دژی حوکمڕانی یەک لەسەدەکان و سیاسەتی خۆپارێزی ئابووری لە بزووتنەوەی داگیرکاریدا(occupy) و دانراوە لە خەباتەکانی خەڵکی یۆنان و ئیسپانیا و هتد.
بەڵام قەیرانی سەرمایەی جیهانی و کاریگەرییەکانی لەسەر شۆڕش و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان تەنیا لە ئاستی ئابووریدا سنووردار نییە. قەیرانی سەرمایەداری، وەک تەنانەت هەندێک کەسایەتی و دامەزراوەکانی سەرمایەداری جیهانی خۆیان دان بەوەدا دەنێن، ڕەهەندێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی هەیە. سەرمایەداری ئەمڕۆ لەبەردەم قەیرانێکی سیاسی ستراتیژیدایە، کە لە وڵاتانی جۆری جیهانی سێیەم و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی ە شێوەی قەیرانی دەسەڵاتدا دەردەخات. نیشانەکانی ئەم قەیرانە تەنانەت لە وڵاتانی پیشەسازیشدا دەبینرێن. ڕۆژنامەی ئیکۆنۆمیست لە یەکەم ژمارەی ئەمساڵدا بە مانشێتی “دیموکراسی نەخۆشە” و بە ئامار و ژمێرەو ژمارە نیشانی دا کە لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا زۆرینەیەکی زۆری خەڵک متمانەیان بە سیستەمی حکومەت نیە و ڕەوتی پشتکردنی جەماوەری خەڵک لە حزبە حکومییەکانەوە.خەریکە فراوانتر دەبێت. پێشهاتەکانی یۆنان و ئیسپانیا و ئێستا جەماوەریی کاندیدی دژە خۆپارێزی بۆ سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی بەریتانیا، دەرئەنجامی ئەم جۆرە قەیرانە حوکمڕانییەیە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا. ئەم قەیرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک ئاماژەم پێدا، خۆی لە ئابڵوقە و ململانێی دەسەڵات لە نێوان حکومەتەکان و هێزە ئیسلامییەکاندا دەردەخات. دەوڵەتی ئیسلامی داعش – جۆری فاشیستی – و حکومەتی کۆنفیدرالی دیموکراتی ئۆجالان – جۆری بۆرژوازی-لیبراڵ – بەدیلەکانی حکومەتی خۆجێیین کە لە ناخی ئەم نەبوونی ستراتیجییەی ئاسۆکانی سەرمایەداری و قەیرانی حکومەتی بۆرژوازی جیهانیەدا ئەگەری سەرهەڵدان و خۆنمایش کردنیان هەیە.
لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژی-فەلسەفییشەوە قەیرانی ئابووری ئێستا پەیوەستە بە جۆرێک لە چەقبەستن و سەرلێشێواویی دونیابینی بۆرژوازی، کە جێگای بۆ هێزەکانی وەک داعش کردۆتەوە.
لەگەڵ داڕمانی وۆڵ ستریت لە زستانی ٢٠٠٨دا نەک هەر فریدمانیزم و مۆدێلی ئابووری سەرمایەداری بازاڕی ئازاد، بەڵکو ڕێبازە سیاسیە هاوچەشنەکانی لەگەڵیدا – تاچەریزم، ڕیگانیزم و بوشیزمیش – داڕما. لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرمایەداری دەوڵەتی ڕکابەری بلۆکی ڕۆژهەڵات، جیهان نەک هەر وەک ئەوەی تاچەر و ڕیگان بەڵێنی دابوو نەبوو بە گوڵستان، بەڵکو تەنانەت کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرەتاییترین مافەکانی هاووڵاتیش کەوتە ژێر پرسیارەوە. ئەو کۆمەڵگایەی کە لەسەر مافی هاووڵاتی بوونی یەکسان پێکهاتبوو جێگەی خۆی بە کۆمەڵگە مۆزایکییەکان بەخشی کە لە ئایین و میللەت و نەتەوەکان پێکهاتبوون، بەها مرۆییە جیهانیەکان وازیان لێهێنرا و فرە کولتوری و بەفەرمی ناسینی دواکەوتووترین و کۆنەپەرستانەترین پەیوەندی و یاساکان لە ژێر ناوی ڕێزگرتن لە کولتوری ئەوانی تر. ئایین و دەسەڵات و دامەزراوە ئایینییەکان و قوتابخانەکان تەنانەت لە خودی کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاواشدا دووبارە بوویەوە جێی باس و هێنرانە پێشەوە و عەلمانیەت و مەدەنیەت و پێشکەوتنخوازی و یەکسانیخوازی و ئازادی وەک بە بەسەرچوو و شتی ڕابردوو باسی لێوەکرا. وە بە یەک وشە گەڕانەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست لە ژێر ناوی “پۆستمۆدێرنیزم” تیۆریزە کرا و بوو بە فەلسەفەی سیاسی-کۆمەڵایەتی بۆرژوازی جیهانی. لە ڕوانگەی دونیابینی و فەلسەفەی سیاسی-کۆمەڵایەتی داعشەوە، دەرئەنجامی ئەم پاشەکشە ئایدیۆلۆژییەی بۆرژوازی جیهانییە بۆ سەردەمی پێش شارستانی و کاردانەوەی پۆست مۆدێرنیستی کۆمەڵگاکانی پێش شارستانی. دەکرێ بڵێین قەیرانی ئابوری سیاسی حکومەتی بۆرژوازی لەلایەنی سەلبییەوە پۆستمۆدێرنیزم و ڕێژەگەرایی کولتووری لە ڕوانگەی ئەرێنیەوە زەمینەی فیکری-ئایدۆلۆژیکیەوە دەوڵەتی ئیسلامی داعشیان فەراهەم کردووە.
بەڵام ئەم قۆناغی داڕمان و بۆ دواوەگەڕانەوەی ئێستا کۆتایی هاتووە. بزووتنەوەی داگیرکەری و شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی کۆتایی ئەم قۆناغەیان ڕاگەیاند. لە گۆڕەپانی تەحریری قاهیرەوە تا پارکی زاکۆتی نیویۆرک، خەڵک هاتنە سەر شەقامەکان و ڕایانگەیاند کە نان، ئازادی، کەرامەتی ئینسانیان داواکرد و ئایدیاڵێکی جیهانیە. دەرکەوت تەنانەت لە وڵاتانی ئیسلامی لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی دەیان ساڵەدا، مرۆڤەکان خەبات بۆ ئەو پیرۆزی و بەها قەومی-ئاینی و کولتووریەکانی خۆیان ناکەن کە دەیگێڕنەوە بۆ خۆیان، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی خواستە جیهانیە ئینسانیەکان خەبات دەکەن. لەم ڕوانگەیەوە کاتێک سەیری پێشهاتەکانی چەند دەیەی ڕابردوو دەکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە تیرۆری دەوڵەتی ڕۆژئاوا و تیرۆری ئیسلامی، تاچەریزم، بوشیزم، فریدمانیزم، فرە کولتوریی، و ڕێژەگەرایی کولتووری شانبەشانی حکومەت و هێزە ئیسلامییەکانی وەک کۆماری ئیسلامی ، داعش، پاپا، کەنیسە، و ئایەتوڵڵا و موفتی و سەرکردەی هۆز و قەبیلە و خێڵ دادەنرێت. هەموویان بە هەموو ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکانیانەوە، سەر بە ئۆردوگای سەرمایەن، سەر بە ئۆردوگای یەک لەسەدەکانی جیهانن و لە بەردەمیاندا ئۆردوگای کارە، بەرەی سەدا نەوەد و نۆی جیهان، و بە گوتەی مەنسوور حیکمەت، ئۆردوگای “جیهانی شارستانی”. لە شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیەوە بۆ بزووتنەوەی داگیرکەر(occupy) ، تا بزووتنەوەی چارلی ئیبدۆ و بزووتنەوەی دژە خۆپارێزی خەڵکی یۆنان و ئیسپانیا، بۆ بەرەنگاری کۆبانی و تا ئەمڕۆش ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە عێراق دژی هێزە ڕەنگاوڕەنگە ئیسلامییەکان ، هەموویان سەر بە کەمپی لەسەدا نەوەدوو نۆیەکانی جیهانن. وە تەواوی ئەم ململانێ چینایەتییە لە چوارچێوەی قەیرانی ئابووری و بێ ئاسۆیی و سەرلێشێواوی ئایدیۆلۆژی-سیاسی-حکومەتی سەرمایەداری جیهانیدا دروست بووە و فراوانتر دەبێت.
کازم نکخواە: ئەمڕۆ لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو کاتێکی پشێوتر بەسەریەکدا شێواوە و سێبەری ڕەشی شەڕ و کوشتار لە هەموو شوێنێکدا بڵاوبووەتەوە. ئەم دۆخە تا چ ڕادەیەک هەڕەشە لە کۆمەڵگای ئێران و چارەنووس و داهاتووی خەڵکی ئێران دەکات؟
حەمید تەقوایی: لە ئێران حکومەتێکی ئیسلامی دەسەڵاتدارە و ئەم ڕاستییە خەسڵەتیکی تایبەتی بە دۆخی سیاسی ئێران دەبەخشێت. سەرەتا ڕەوتێکی قووڵ و بەرفراوانی دژە ئایینی لە کۆمەڵگادا بە تایبەت لە نێو نەوەی نوێدا دژ بە کۆماری ئیسلامی دروست بووە. نەک هەر لە ئێراندا هیچ هێزێکی ئایینی لە ئۆپۆزسیۆندا چانسی بەدەستهێنانی نفوزی کۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی دەسەڵاتی نییە، بەڵکو هەر جۆرە ئیمتیازێک بە ئایین و دانپێدانان بە یاسا و پەیوەندییەکان و تەنانەت ئەخلاقی ئایینی – تەنانەت تا هەمان ڕادەی حوکمڕانی شا بەسە بۆ ئەوەی هەر هێزێکی سیاسی گۆشەگیر بکات و بخاتە پەراوێزەوە. پێویستە لە ئێراندا عەلمانیەت و تەنانەت دژە ئایینیش گریمانە بکرێت. ئەمەش دەبێتە فاکتەری گرنگ و چارەنووسساز بۆ پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتووی ئێران. تایبەتمەندییەکی دیکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی سەرمایەداریی تەقلیدی و یەکگرتوو نییە، جیاوازە لە دیکتاتۆرییە تەقلیدییەکانی وڵاتانی جیهانی سێهەم- وەک حوکمی شا یان موبارەک یان بن عەلی- و لە بەرامبەر گێژاو و شۆڕشگێڕانەدا گروپە چەکدارە جیاوازەکان دابەش دەبن و جۆرێک لە شەڕ و ململانێی ئایینی-نەتەوەیی بگەشێنێتەوە. بەشێک لە هێز و شرۆڤەکارانی سیاسی ئەم هەلومەرجانە بە زەمینەیەکی لەبار بۆ پێکهێنانی سیناریۆیەکی ڕەش لە ئێران دەبینن. بەڵام بەڕای من ئەگەرێکی لەو شێوەیە زۆر لاوازە. ناتەقلیدی بوونی کۆماری ئیسلامی پێش هەموو شتێک بەو مانایەیە کە دەتوانێت بە خێرایی لە بەرامبەر هێرشێکی شۆڕشگێڕانە و جەماوەریدا بڕووخێت و پارچەکانیشی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هیچ بەشێک لە حکومەت لەهیچ بنکەیەکی کۆمەڵایەتی بەهرەمەند نییە، بەخیڕایی لە ڕێگەی جەماوەری شۆڕشگێڕەوە ڕابماڵرێن. بە بڕوای من، بوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە چەپ و عەلمانی و پێشکەوتنخوازەکان لە ئێراندا- بزووتنەوەی کرێکاری دژ بە هەژاری و خۆپارێزی، بزووتنەوەی ژنان، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کولتووری لاوان، بزووتنەوەی سکۆلاریستی و دژە ئایینی و هتد- و لە لایەکی دیکەشەوە،هەبوونی حزب و هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەکانی وەک حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئەگەری هەڵخلیسکانی کۆمەڵگە بۆ ناو سیناریۆیەکی ڕەش زۆر لاواز دەکات. ناوەرۆک و پێکهاتەی حکومەتی ئیسلامی و بوونی هێزی ناسیۆنالیستی-فاشیست لە ئۆپۆزسیۆندا سیناریۆیەکی تاریکە، بەڵام بە تایبەتی لە دۆخی ئاوگۆڕی شۆڕشگێڕانەدا، دەسەڵاتی بزووتنەوە و حزبە چەپە شۆڕشگێڕەکانی دەتوانێ ڕۆڵی یەکلاکەرەوە بگێڕێت. لە شیکاری کۆتاییدا، پێشگرتن لە پێکهاتنی سیناریۆی ڕەش لە پێشهاتەکانی داهاتووی ئێراندا، بە تەواوی پەیوەستە بە پراکتیک و خەباتی حیزبە چەپە شۆڕشگێڕەکانی وەک حیزبی ئێمە هەر لە ئەمڕۆوە پەیوەندی دەبێت. وە ئێمە هەموو هێز و ئیمکاناتەکانمان بۆ پشت بەستن بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و هێزی چەپی کۆمەڵایەتی – کە خۆشبەختانە ئەمڕۆ لە ئێران تێپەڕیوە و ئێمە شاهیدی فراوانی ئەم هێزەین لە تورکیا و سوریا و عێراق – بۆ ڕێگریکردن لە ئەگەری بە عێراقیکردنی دۆخی ئێران.گەیاندنی ئەم ئەگەرە بە سفر
کازم نکخواە: دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن و تا چەند کاریگەری لەسەر وڵاتانی دیکەی جیهان هەیە؟ هەندێک باس لە مەترسی شەڕی فراوانتر یان تەنانەت شەڕی جیهانیش دەکەن.ای ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
حەمید تەقوایی: ڕەوتی بارودۆخی سیاسیی جیهان، بەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردنی باقی وڵاتان و یان پێکهێنانی شەڕێکی جیهانی دیکە لە پێش چاوی خۆی دانانێت. ڕەوتەکە پێچەوانەکەیە.
با لە ئەگەری جەنگی جیهانی سێیەمەوە دەست پێ بکەم. دوو جەنگی جیهانی پێشوو بە هۆی قەیرانی سەرمایەداری و بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی کایەی نفوز لە نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکاندا دروست بوون، بەڵام قەیرانی ئەمڕۆی سەرمایەداری کە تایبەتمەندییەکانی لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، بەسەر کایەی کاریگەریدا نییە، و بە دابەشکردنەوەی جیهان لە نێوان جەمسەرە سەرمایەدارەکاندا چارەسەر نابێت. زاڵبوونی سەرمایەی دارایی بەسەر بازاڕەکانی کار و کاڵاکان لە جیهاندا، کە لەلایەن دامەزراوەکانی وەک بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، بابەتێکی فرەنەتەوەییە و هەزار و یەک بۆندی سەرمایەداری چینی،هیندستان، و ڕووسیا تا ئەمریکای باکوور و یەکێتی ئەوروپای پێکەوە گرێداوە. کێشەی سەرمایەداری ئەمڕۆ ئەوەیە کە هەموو ئەم سیستەمە ڕووبەڕووی قەیرانێکی هەمەلایەنەی ئابووری، سیاسی-ئایدیۆلۆژی بووەتەوە و هیچ جۆرە دابەشکردنەوەیەکی سەرلەنوێی ناوچەی نفوز – ئەگەر ئەمڕۆ شتێکی لەو جۆرە مانایەکی هەبێت- ناتوانێت سەرمایە لەم قەیرانە ڕزگار بکات. ڕەنگە بگوترێ شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم ئەم سوودەی بۆ سەرمایەداری جیهانی هەبوو، کە بەتێکشکاندنی هێزی بەرهەمهێنەر و ژێرخانی کارکردنی سەرمایە لە بەشێکی گەورەی جیهان، ئەگەرێکی نوێی بۆ کەڵەکەبوونی سەرمایە و قازانجی خێرا ڕەخساند و ئەمڕۆش هەروەها سوودێکی شەڕ لە ڕوانگەی حکومەتە سەرمایەدارەکانەوە دەتوانێت هەمان شت بێت. بەڕای من ئەم شیکاریەش واقیعی نییە. یەکەم: ئەم لەناوچوونەی هێزە بەرهەمهێنەرەکان بەهۆی شەڕەوە سیما و کاریگەرییەکی لاوەکی شەڕەکانی پێشوو بوو و هۆکار و پاڵنەری دەستپێکردنیان نەبوو، دووەمیش لەگەڵ ئەو جبەخانەی ئەتۆمییەی کە لەلایەن دەوڵەتە پیشەسازییەکانەوە دابینکرابوو- بەسە بۆ کاولکردنی چەندین جاری تەواوی گۆی زەوی – جەنگی جیهانی داهاتوو نەک تەنها هێزە بەرهەمهێنەرەکان بەڵکو تەواوی کۆمەڵگە مرۆییەکان و ژیانی سەر هەسارەکە لەناو دەبات و کۆمەڵگایەک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە کەڵەکە بێتەوە. بۆیە لە هەر ڕوانگەیەکەوە ئەگەری شەڕی جیهانی ڕەتدەکرێتەوە.
سەبارەت بە شەڕەکانی ناوچەکە و فراوانبوونیان بۆ باقی جیهان، هەرچەندە ئەم ئەگەرە هەمیشە لە ئارادایە، بەڵام لە هەلومەرجی ئێستادا ئەگەرێکی لاوازە. وەک لە سەرەوە ڕوونم کردەوە، بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ و ململانێی نێوان حکومەتەکان و هێزە ئایینی-تایفەگەرییەکانی ئەم ناوچەیە، بەرهەمی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی داگیرکردنی ئەفغانستان و عێراق بوو لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە. وە پێویستی سیاسی ئەم لەشکرکێشییە سەربازییە دەستەبەرکردنی هەژموون و دەسەڵاتی ئەمریکا بوو لە جیهانی دوای جەنگی سارددا. ئەم ستراتیژە ئەمڕۆ شکستی هێنا و لە ئەنجامدا سیاسەتی هەژموونی میلیتاریستی لە ئێستادا لە دەرەوەی ڕێبازی بۆرژوازی ئەمریکایە. بۆرژوازی ئه مریکا ناچار کراوه بۆ پێشخستنی هه ژموونی خۆی ڕێگه ی دی – مانۆڕی دیپلۆماسی و گه مارۆ و گوشاری ئابووری و هتد – به کاربهێنێت و ئه م بابه ته په یوه ندی به ئیداره ی ئۆباما و پارتی دیموکراته وه نییه بەڵکو شتێکە کە هەموو چینی دەسەڵاتداری ئەمریکا دوای شکستیان لە عێراق و ئەفغانستان بە ناچاری ملیان پێداوە وەک لە دۆسیەی سوریا و قەیرانی ئۆکرانیا بینیمان، لەشکرکێشی سەربازی لە کارنامەی حکومەتی ئەمریکادا نەبوو. بۆیە ئەم سیناریۆیە کە مەودای شەڕە ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درێژدەبێتەوە بۆ باقی جیهان، لانیکەم لە هەلومەرجی سیاسی ئێستا و ڕەوتی ئێستای دۆخەکەدا، ئەگەرێکی زۆر نییە.
بەڕای من ئەوەی لە ئاسۆدایە، بەهێزکردنی پرۆسەی تەحەدای دەسەڵاتی سەرمایە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات. دانپێدانانی دامەزراوە و میدیاکانی سەرمایەداری بە مەحاڵبوونی درێژەدان بە دۆخی ئێستا، هۆشدارییەکانیان سەبارەت بەو جیاوازییە گەورەی نێوان هەژارە نەوەدونۆ لەسەدەکان وسامانی یەک لەسەدەکان لە هەموو جیهان و قەیرانی درێژخایەنی حکومەت تەنانەت لە وڵاتانی پیشەسازی پێشکەوتوودا و لە لایەکی تریشەوە پێکهێنانی شۆڕشەکان لە ناوچەکەدا.وە بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دژی خۆپارێزی ئابووری لە ڕۆژئاوا و دژی حکومەتە قەمی-ئاینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو ئەم هۆکارانە نیشانەی قووڵبوونەوە و فراوانبوونن لە ململانێی چینایەتی، ململانێی نێوان ٩٩%کان و لە ١%ی دەسەڵاتدار لە هەموو جیهاندا. بەڕای من ئایندەی دونیا بەم پرۆسەیە یەکلایی دەبێتەوە نەک بە شەڕ و ململانێی نێوان حکومەتەکان و هێزەکانی ئۆردوگای بۆرژوازی.
کازم نکخواە: هێزە کۆمۆنیست و چەپەکان لە کوێن و چی دەکەن؟ چەند چانسی ئەوەیان هەیە لە شوێنێکدا هەستنەوە؟
حەمید تەقوای: ئەمڕۆ کە باس لە هێزە کۆمۆنیستەکان دەکەین، دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان بزووتنەوە و هێزی کۆمەڵایەتی چەپ و دژە سەرمایەداری و هێزی کۆمۆنیستی حزبی و ڕێکخراو. دەبێت بگوترێ بەداخەوە بەم شێوەیە. چونکە چەپی کۆمەڵایەتی لەلایەن حیزبەکانەوە نوێنەرایەتی ناکرێ. ئەوەندەی پەیوەندی بە حیزبەکان و چەپی ڕێکخراوەوە هەیە، هەندێکیان کە دەکرێت ناویان بنێین چەپی تەقلیدی، دەیان ساڵ لە دواوەی هەلومەرجی ئەمڕۆن و ئێستاش لە هەلومەرجی سەردەمی جەنگی سارددا دەژین. یان گروپی ئایدیۆلۆژی و پاکژیخوازن کە خۆیان لە لێکدانەوەی دونیادا سنووردار کردووە- واتە بە مەقولاتی و چەمکی سکۆلاستی کە دەبێ بە مۆزەخانە بسپردرێن- و دان بە شۆڕشەکانی ئێستا و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لەبەر ئەوەی کە لەگەڵ فۆرمووڵی بیرکردنەوەکانی ئەواندا یەک ناگرێتەوە بە هەڵەی دەزانن و فەرمی ناناسن ئەوان هێزگەلێکن وەک ئێس دەبلیو پی لە ئینگلتەرا کە کاتێک دەیانەوێت چالاک بن، لە ژێر ئاڵای “خەبات دژی ئیمپریالیزم”دا لە هاورێی سیاسی و پراکتیکیدان لەگەڵ هەر هێزێکی دژە ئەمریکی کۆنەپەرستی وەک کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵڵا و هتد. ئێمە ئەم هێزانە بە چەپ یان کۆمۆنیست نازانین، گرنگ نییە ئیدیعای چی دەکەن. یەکێک لە هۆکار و زەمینەکانی دروستبوونی کۆمۆنیزمی کرێکاری بۆ ڕوونکردنەوە و تیشک خستنە سەر جیاوازیی کۆمۆنیزمی ڕاستەقینە لەم جۆرە ئیدیعاکارانە و بە حزبیکردنی کۆمۆنیزمی کرێکاریە لە جیاوازی لەم جۆرە کۆمۆنیزمە غەیرە کرێکارانە.
لە لایەکی ترەوە لە دەیەی ڕابردوودا شاهیدی سەرهەڵدانی هێزێکی مەزنی کۆمەڵایەتی بووین کە حزبی و ڕێکخراو نییە و زۆربەی چالاکوانەکانی تەنانەت خۆیان بە کۆمۆنیست نازانن، بەڵکو لە ڕاستیدا بۆ تەحەدای ئەو دۆخەی کە هەیە، دژی دەسەڵاتی لەسەدا یەکەکان و بە ئاڵای نان و ئازادی و کەرامەتی ئینسانیەوە هاتونەتە گۆڕەپانەکە. ئێمە ئەم هێزە بە چەپی کۆمەڵایەتی ناو دەبەین. بە بۆچوونی من کۆمۆنیزمی ڕێکخراو و حزبی تەنیا لەو کاتەدا دەتوانێت هێزێکی کاریگەر و دەخالەتگەر بێت لە پێشهاتەکانی ئەمڕۆدا کە پەیوەندی لەگەڵ ئەم هێزە چەپە کۆمەڵایەتییە بکات و ببێتە دەنگ و وتەبێژ و نوێنەری ئەم هێزە لە مەیدانی خەباتدا بۆ دەسەڵاتی سیاسی. ئەمە شتێکە کە حزبی ئێمە بە جددی خستوویەتیە دەستوری کاری خۆیەوە و ڕاسپاردەی ئێمە بۆ هەموو حزبە کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕەکانی چوار گۆشەی جیهانیش هەر ئەوەیە.
کازم نکخواە: بە بۆچوونی ئێوە ئاسۆی داهاتوو چییە؟ ئایا ئاسۆ و ئومێدێک هەیە بۆ ئایندەیەکی نزیک کە خەڵک لە ئاستێکی فراوانتر و ڕێکخراوتر و سیاسیدا بەرامبەر ڕەوتە ئیسلامی و دژە ئینسانییەکان بوەستنەوە و ئەم قۆناغەی تیرۆر و کوشتن و نائەمنی کۆتایی پێبێت؟
حەمید تەقوایی: ڕوانگەی ئایندە بە چالاکی حیزبەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆ لە قاڵب دەدرێت. ئەوەندەی پەیوەندی بە ناڕەزایەتی و مەیلی سیاسی جەماوەری خەڵکەوە هەیە، ئەمڕۆ شاهیدی ئەوە دەبین کە تەنانەت لە کۆمەڵگایەکی بەسەریەکداپژاوی وەک عێراقیشدا جەماوەری خەڵک بە ئاڵای نەخێر بۆ حکومەتی نەتەوەیی-ئاینی هاتوونەتە مەیدانەکەو بۆ داواکاری مەدەنیەت و کۆمەڵگەی مەدەنی. لە ئێران و تورکیا و سوریاش ئەم جۆرە ناڕەزایەتییە دروست بووە و لە ئێستادا کاریگەری لەسەر هەیکەلی حکومەت و سیاسەت و هەڵوێستی حزبە دەسەڵاتدارەکان هەبووە. ئایا ئەم پرۆسەیە فراوان دەبێت یان تێکدەشکێت بە تەواوی پەیوەستە بە ئەدای هێزە کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕەکانی وەک حزبی ئێمەوە. وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ڕوونم کردەوە، مەسەلەی سەرەکی ئەوەیە کە پەیوەست بیت بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و چالاکانی کۆمەڵایەتی چەپ و عەلمانی لەو بزووتنەوە و نوێنەرایەتی چەپی کۆمەڵایەتی لە خەباتیدا لەسەر دەسەڵاتی سیاسی. نەبوونی هێزێکی لەو شێوەیە لە بزووتنەوەی داگیرکەری لە ڕۆژئاوا و لە شۆڕشە ناوچەییەکان لاوازی بنەڕەتی ئەو بزووتنەوەیانە بوو. دەبێت دەستبەجێ ئەم لاوازییە لاببرێت. ئەوەندەی پەیوەندی بە بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، بە بۆچوونی من پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو و بەرەیەکی هاوبەش دژ بە داعش و هەموو هێز و دەوڵەتە ئیسلامییە تائیفییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دوا کۆنگرەی ئەو حیزبە- کۆنگرەی نۆیەم کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو- بڕیارنامەیەکی سەبارەت بە پێگەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەسەند کرد و فەرمانی بەو حیزبە کرد کە ئەم بەرە هاوبەشە لە سێ ئاستی کۆمەڵگای ئێراندا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئاستی جیهانیدا. پێکهێنانی ئەم بەرەیەش لە بەرامبەردا ڕێگە بە چەپی حزبی دەدات لە ئاستێکی فراوانتر و چالاکتردا پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەکان و چەپی کۆمەڵایەتیدا بکات و ببێتە هێزێکی کاریگەر لە داڕشتنی پێشهاتەکانی داهاتوودا.




هەوڵدان بۆ چارەسەر.. عوسمانی حاجی مارف

مەسعود بارزانی، دەڵێت، هەمو هەوڵێك دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی دۆخی ناوخۆ چارەسەر بكرێت و ” هەمو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێکبکەون.”
سیودوساڵە بارزانیەکان بەشێکی کوردستانیان داگیرکردووە کە بە شێوازێک لە حوکمرانی بە هێزی میلیشیا، باڵادەستیان بە سەر ناوچەی زۆنی زەردا سەپاندووە، کە بەقازانجی چۆنیەتی دەسەڵاتی رەهای پاوانخوازی بنەماڵە و باڵادەستی پارتی، ناوچەی ژیردەسەلاتی خۆیان بەرێوەدەبەن، واتە کێشەیەک گەر بە مانای دۆخی ناوخۆ لە ئارادابێت، ئەوە جگە لەرەنگدانەوەی ئەزمونی دەسەڵاتێک کە زیاتر لە سی ساڵە وەک خاوەنی ناوچەیەک بە ناوی زۆنی زردەوە حوکمرانی دەکات، کە ئەوپەری باڵادەستیە لە تاڵانی و گەندەڵی و قاجاخچێتی و چەوسانەوە..، ناکرێ شتێکی تر لە کێشەی ناوخۆدا مانای هەبێت، تا هەوڵی چارەسەری بۆ بخرێتەگەر.
کێشەو گرفتی ناوخۆیی لە رەخساندنی گێژاو ناجێگیری سیاسی، گەر سەرچاوەو هۆکارەکەی لە سەرەتادا داگیرکاری ئەمریکا بوبێت بەسەر عێراقدا، بارزانی و تاڵبانی ناویان نا پرۆسەی ئازادی، ئازادیەک بو بۆ دزی و جەردەیی و تالانچێتی و دەسەڵاتی بنەماڵە، بەمانایەک دوای سیودوساڵ لە ئەزمونی دەسەڵات و خۆ سەپاندن بەسەر دانیشتواندا، ئیتر نالەباری “دۆخی ناوخۆ” مانایەکی تری پەیداکردوە، کە دەسەڵاتی هێزی میلیشیاو بنەماڵەیە، ئەودەسەڵاتەش لە ناوچەی زۆنی زەردا جگە لە بارزانی، هیچ هێزو لایەنێکی تر مافی دەسەڵاتیان نەبوەو نیە، هەر ئەو ئەزمونەیە کە بارزانی بەهەر بەهایەکی ئەوپەری کارەسات و نائینسانیش بێت، بۆخۆی داناوە هەتا هەتایە ناوچەی زۆنی زەرد دەبێت تەنها وەک مانەوەی ژێردەستەی بنەماڵەی بارزانی پاریزراوبێت و زۆرینەی دانیشتوانەکەشی دەبێت زەلیل و کۆیلەو رەنجدەری بەرژەوەندیەکانی ئەم دەسەڵاتەبن.
بارزانی لە دنیا باڵادەستی و پێکەی هێزەکەیەوە دەروانێتە کێشەکان و چارەسەرەکەی، واتە بەدوای چارەسەرێکەوەیە لەسەر بنەمای ئەگەری ئاڵوگۆرێک کە لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت، ئەو ئاڵوگۆرەی کە ئەگەری ئەوە دەخاتەروو، دەسەڵاتەکەی بارزانیش لە ژێر مەترسی و هەرەشەی بچوکبونەوەی زیاتر، یا لە کۆتایی بوندا خۆی ببینێتەوە، هەربۆیە پەنا دەباتە بەر ئەوەی کە “هەمو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێکبکەون.” ئەم جۆرەش لە دەربرینی “نیشتمانپەروەی”، بۆ بانگەوازی هێزو لایەنە سیاسیەکانی ترە، کە لە چوارچێوەی پێکهاتەی شێوازی دەورانی حکومەتەکانی هەرێمدابون، بارزانی داوادەکات بێنە پێشەوە، بۆ پاراستنی ئەو قەوارەیەی بارزانی دەیخوازێت، تاشەریک و هاوپەیمان و هاوکاری بن، ، یان ئەو هەرەشەیەی لەسەر قەوارەی هەرێم لە ئارادیە، بە هەمولایەنەکان بە مانەوەی پێکەی پارتیەوە مامە ڵەی بکەن و قەبوڵی کەنەوە.
بارزانی وەها دێتە پێشەوە کە بە “شەراکەت و تەوازون و تەوافوق” سەوداو مامەڵە بۆ چارەسەرەکەی پێشنیار دەکات، بەڵام تەواوی دەورانی پەیوەندی لەگەڵ بەغداو پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیدا ئەوەی سەلاماندوە، خودی شەراکەت و تەوازن و تەوافق نەك چارەسەری کێشەکانی نێوان خٶشیان نەبون، بەڵکو هەمیشە سەرچاوەیەک بووە لە گەورەکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان، کەئەم دۆخە نالەبارو سەرگەرندایەی فروانتر کردۆتەوە.
لەم نێوەدا ئەوەی بە هێچ جۆرێک ناچێتە حساباتی بەرزانیەوە، وەڵامدانەوەو چارەسەری خواست و کێشەکانی خەڵکە، چونکە رێکەوتن لەسەر ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ سەر سفرەی خاڵی خەڵک، نەک هیچ مانایەکی نیە، بەڵکو پێچەوانەی هەستی ئیساندۆستیە لەبەرامبەر دابینکردی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی و ئاسایش بۆ ژیانی خەڵک، سیودوسالە ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانی وەک مۆرانە، ناخ و هەستی زۆرینەی دانیشتوانی لە ئەشکەنجەیەکی دەرونی و نائەمنی بێ هیوایی بەردەوامدا راگرتووە، بۆیە پێویستمان بەوە نیە بارزانی هەوڵی ئەو چارەسەرە بدات کە پاراستنی خۆیەتی و بە جۆرێکی ترو مەترسیدارتر لە هەوڵی ئەشکەنجەدانی دانیشتواندا بمێنێتەوە، چارەسەر لەم دۆخەدا، دەبێت مانای کۆتایی دەسەڵاتی بارزانیەکان و پارتی بێت، چونکە خودی ئەو کێشە ناوخۆییەی کە ئێستا پێویستی بە چارەسەرە، کۆتایی دەسەڵاتی هێزی میلیشیای بنەماڵەی بارزانیە لە زۆنی زەردا.




هەرسێ نامیلکەی ئازادکردنی ژیان؛ شۆڕشی ژنان، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی و نەتەوەی دیموکرات کەوتە بەردیدی خوێنەران

دامەزراوەی دەستپێشخەری نێونەتەوەیی بۆ ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجالان ئامادەی کردوون؛ ئەم نووسراوانە لە کتێبە جیاوازەکانی ئۆجالانەوە هەڵێنجراون بە مەبەستی ئەوەی ئاشناییەکت پێبدات لەبارەی دیدی ئەوەوە سەبارەت بە چەند بابەتێکی دیاریکراو. کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە باشووری کوردستان ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی لە ئەستۆ گرتووە.

نامیلکەی ئازادکردنی ژیان؛ شۆڕشی ژنان، دارا سوبحان لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بەکوردی

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئۆجالان چەندین جار ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئاستی ئازادی ژن لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئاستی ئازادی خودی ئەو کۆمەڵگەیە دەستنیشان دەکات. ئەو لە چاوپێکەوتنەکانیدا جەختی لەسەر ئەم بابەتە کردۆتەوە و دەڵێت:”ئازادیی ژن بۆ من لە ئازادیی وڵات بەنرخترە”. بیرۆکەی نووسراوێکی تایبەت لەبارەی ئازادیی ژنانەوە ئاوها گەڵالە بوو.

نامیلکەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی، ئاوات ئەحمەد سوڵتان لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بەکوردی

بۆ ماوەی زیاتر لە (٣٠) ساڵ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە تێکۆشاندا بووە لەپێناو مافە ڕەواکانی گەلی کورد. بەدروشمی”خەباتی ئێمە، جەنگی ئێمە بۆ ڕزگارییە” پرسی کوردی کردە مەسەلەیەکی نێودەوڵەتی، کە کاریگەریی لەسەر تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و چارەسەرێکی شیاوی بۆ پرسی کورد خستۆتە بەردەست.

نامیلکەی نەتەوەی دیموکراتی، دیار سیروان بیلال لە تورکییەوە کردوویەتی بەکوردی

. “نەتەوەی دیموکراتی” ناوی ئەم پڕۆژە ئەلتەرناتیڤەیە. ئۆجالان بانگەوازی هەموو لایەک دەکات کە لەم چوارچێوەیەدا ژیانی ئازاد و مرۆڤایەتی بونیاد بنێن و بەرگریی لێبکەن. دەنگی ئۆجالان وەک دەنگی ئاشتی و لۆژیک زۆر گرنگە، بەڵام زۆربەی کات، دەیانەوێت ئەم دەنگە لە ژووری تاکەکەسی زیندانی دوورگەی ئیمراڵیدا بخنکێنرێت و لەوێ لە گۆشەگیرییەکی رەهادا رابگیرێت. ئازادییەکەی لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی خۆرهەڵاتی ناوینە؛ نەک تەنها کورد.

ئێستا لەسەرجەم کتێبخانەکان بەردەستە




شیعر/ مەترسیی.. نەوزاد بەندی

من
مەترسییەکی گەورەم لەسەر خۆم ..
نازانم چۆن خۆم لە خۆم ڕزگارکەم ..
یان پۆلیس لە خۆم ئاگادارکەم ..

٭ ٭ ٭

لە هەموو لایەکەوە ،
مەترسییەکان هەڕەشەمان لێ دەکەن ..
لە مناڵی ناو سکی دایک
لە فەرمانبەران ..
لە دەستگێڕەکان ..
لە پێشمەرگەی کەمئەندام ،،
بەڵام ملیاری دزەکان ،
هەر لە زاوزێدان ..

٭ ٭ ٭
حەزکردن لە مردن ..
دوای دزینی سەرجەم
دڵۆپە نەوت و کاغەزە دینار و دەنکە گەنمەکانی نیشتمان ، دێ ..
ڕاکردن بە ناو دەریادا ،
دوای دزینی سەرجەم
بڕوانامە و داهاتوو ، خەون و خەیاڵی گەنجان دێ ..

٭ ٭ ٭

شاریان پڕ کرد لە تاوەر‌ ،
تا خۆیانی تیا بشارنەوە ..
گەل نەزانێ پەلاماری کوێ با ..




شيعر: نزار قبانی.. بە کوردی کردنی: پشکۆ ناکام

خەڵکینە..
من سولطانی ئێوەم
دوای رێ وون کردن
بتەکانتان بشکێنن
و
بمپەرستن…..
من زوو زوو دەرناکەوم
لە سەر شۆستەی چاوەروانی
دانیشن
تا خەو ئەتانباتەوە
و
دوا تر یەمە بەر چاوتان
مناڵەکانتان بێ شیرجێهێڵن .
..ژنەکانتان بێ پیاو جێهێڵن
و
دوامکەوون….
شوکری نیعمەتی خوا بکەن. …
کە منی ناردوە
مێژوو بنووسمەوە
بێ(من) مێژوو نانووسرێتەوە
من لە ” چاکەیا” ئەسحابەیەکم
بۆ خۆم…،،
جگە لە من
پەروەردگار قژێکی ماش و برنجی
وەک ئەوەی منی نەخشانوە ..
و
ناوچەوانێکی پێغەمەرانەی
وەک ناوچەوانی
…. منی نوورانی نەکردوە
چاوەکانم دارستانی گوێز و میوەن
بەردەوام نوێژ بکەن
تا خوا چاوەکانم بپارێزێ…
خەڵکینە
من فەرهادی شیرینم
ژنەکانتان بنێرن
تا سکیان لە من پڕ بێ
مێردەکانیشتان بێرن
تا سوپاسم بکەن
مایەی شەرەفە
گەنمی لەشم بخۆن
مایەی شەرەفە
میوەم لێ بکەنەوە
مایەی شەرەفە
لە من بچن..
چونکە من
ڕوداوێکم هەزاران ساڵە ..
ڕووی نەیاوە…
………………………
خەڵکینە؛
من دادپەروەرتین
و
جوانترینی هەموو دەستەڵاتدارەکانم..
من شەوقی مانگ
و
سپێتی بەفری کوێستانم..
من باشترین پەیامبەر ..و ..
داهێنەری یەکەم سێ دارەم
هەر کە بیر لە جێهێشتنی کورسییەکەم
ئەکەمەوە
بە دەم ئازاری ویژدانمەوە ..
ئەتلێمەوە
دوای من کێ حوکمی ئەم
خەڵکە باشە بکا !!
کێ شەل و کوێر و گەوج
چارەسەر بکا؟
ئەی کێ ئێسقانی
مردوەکان بژێنێتەوە
کێ شەوقی مانگ..
لە گیرفانی پاڵتۆکەی دەرهێنێ..؟
کێ باران ببارێنێ…..
ئەی کێ ئەم خەڵکە دارکاری بکا
و
بە دارا هەڵیانواسێ
کێ ناچاریان بکا
وەک مەڕ و ماڵات بژین
وەک مەڕ و ماڵات بمرن
هەر کە بیر لە جێهێشتنی ….
ئەو خەڵکە ئەکەمەوە
غەرقی فرمێسک ئەبم
بۆیە..:
بڕایارم دا
پشت بە خوا
تا رۆژی قیامەت
سواری ملی” گەل” بم.
……………………………….

خەڵکینە
وەک ئەسپ و کۆیلەکانم
من خاوەنتانم……
وەک فەرشەکانی کۆشکەکەم
بە سەرتانا ئەڕۆم..
لە هەستان و دانیشتنم..
سوجدەم بۆ بەرن
،،،، … گەر رۆژێک لە نێوان
پەڕەکانی بەردەستما نەمدۆزینەوە
ووریا بن
هیچ کتێبێکم بۆ نە خوێننەوە ….
ئەوە منم
دەربارەی ئێوە …ئەخوێنمەوە
ووریا بن
هیچ ووتارێک نەنووسن
ئەوە منم
دەربارەی ئێوە ئەنووسم
بە دزییەوە
گوێ لە گۆرانی نەگرن
چونکە ئاگاداری نیەتەکانتانم…
ووریا بن
تاوانێکی گەورەیە
بێ مۆڵەتی من
بچنە گۆڕەوە
کە قسەم کرد بۆتان
بێ دەنگ بن
چونکە قسەی من
پیرۆزە وەک قورئان
………………………….
خەڵکینە
چاوەڕێم کەن،من حەزرەتی مهدی ئێوەم
هەموو ئەو سروودانە بوەستێنن. ……
کە مناڵان
بەسەر نیشتیمانا ئەیڵێنەوە
چونکە ئێستا :
منم نیشتیمان
من تاک و نەمری..
هەموو زیندەوەرەکانم
من ناوەرۆکی میوە و
مۆسیقا و هەموو بەستەکانم
لە هەموو کون و قوژبنێکا
وێنەکانم هەڵواسن
بە ستایش و پیا هەڵدان،
دامپۆشن..
گەنجترین ژنم بۆ بێنن
چونکە من پیر نابم
لەشم پیرنابێ
زیندانەکانم پیر نابن..
دەزگاکانی داپڵۆسین
… لە ووڵاتەکەم پیر نابن
خەڵکینە:
گەر دەمامکی دەم و چاوم
لابەم
……ئەمناسنەوە…
چونکە جەنگیزخانی لاشەتانم
….. بە قەمە وسەگ و زیندانەکانم
بە توند و تیژیم
بێ تاقەت مەبن
بۆ ئەوەی نەکوژرێم
من ئەکوژم
بۆ ئەوەی هەڵنەواسرێم
خەڵک هەڵئەواسم
بە کۆمەڵ ئەتان نێژم
تا ئێوە
……..نەمنێژن
……………………

خەڵکینە..
ئەو رۆژنامانەم بۆ بکڕن
کە باسم ئەکەن….!
پەڕەی سەوز و زەرد………
لاستیکی خەت کوژاننەوە
چاپخانەم بۆ بکڕن
کەناڵی راگەیاندنم
بۆ بکڕن
لەم روژگارەیا هەموو شتێک
ئەکڕێت
تەنانەت( پەنجە)ش ئەکردرێت
لە بەر دەما
میوەی بیر و باوەڕ دابنێن
شاعیرێکم بۆ لێ بنێن
بۆم بخەنە
،، لیستی خواردنەکانم
من نەخوێنەوارم
گرێ کوێرەی ووتەی شاعیرەکانم
هەیە….
ئەو شاعیرانەم بۆ بکڕن
کە ستایشم ..ئەکەن
بمکەن بە ئەستێرەی
بەرگی هەموو چاپکراوەکان..
ئەستێرەکانی دانس و شانۆ..
هەرگیز لەمن جوانتر…..نین
من چیم بوێت :
بە” دراوی قورس ” ئەیکڕم
دیوان و سرودی هەموو
شاعیرەکان ، ئەکڕم
چونکە قاسەکانی”ماڵی موسڵمانان “
میراتیەکی!کۆنی باوکمە…….
بە ئاڵتون و نەوت
لە سەر هەموو کتێبەکان بنووسن
کە سەردەمی من
سەردەمی باشترین خەلیفەیە
…………………..
گەلە دڵسۆزەکەم..

.من ئەو ڕۆحە پاکەم
کە هاتووم لە تەپ و تۆزی
نەزانین، پاکتان کەمەوە..
دەنگم لەسەر هەموو کاسێتەکان
.. تۆمار بکەن
تۆنی دەنگم
وەک (سێوە) و (کوردستانی )یە
بە زەردەخەنەوە،
ڕەسمم بگرن
کە بە دان شیعر ئەکرۆژم
رەسمم بگرن
کە خوێنی پیتەکانی”ئەلف و بێ”
هەڵئەمژم ،رە سمم بگرن
رەسمی باڵاو قامەتم بگرن
بە جلە خاکیەکانمەوە
رەسمم بگرن…
کە بزنە کێویەک
یان ئاسکێک راو ئەکەم
رەسمم بگرن…
کاتێک بەرەو دوا مەنزڵگا تان
ئەتانخمە سەر شانم..
رەسمم بگرن
…………………………………..

خ خەڵکینە
کە خەو ئەبینن
من بەر پرسی خەوەکانتانم
..بەر پرسی هەر نانێکم ئەیخۆن
بەرپرسی ئەو شیعرانەشم
کە لە پشتمەوە ئەخوێنرێتەوە
لە ڕێی پیاوانی کۆشک
لە هەموو هەواڵێک ئاگادارم

هەواڵی چۆلەکەکان
و
دار و درەختەکان
تەنانەت چی ئەگوزەرێ
لە سکی ژنە سک پڕەکان
من پاسەوانی زیندانەکانتانم
لێم ببورن……..
خۆشم زیندانی ئێوەم
لە ناو کۆشکەکەما
نەفی کراوم..!!
نە ڕۆژ، نە ئەستێرە
گوڵاڵەیەک ئەبینم
هەر کە بە مناڵی کرام بە سولطان”
دەس و دایەرەی دیوەخان
بە چواردەورما ئەخولێنەوە
یەکێکیان دەهۆڵ لێ ئەیا
یەکێکی تر شمشاڵ
یەکێکیان جوزەلە پاک ئەکاتەوە
ئەوی تر نەعل
هەر کە بە مناڵی کرام
بە سوڵطان
هیچ راوێژ کارێک نەیوتوە: نەخێر
گوێم لە وەزیرێک نەبوە
بڵێ: نەخێر
سەفیرەکانم قەت بەرەو ڕوو
نەیان ووتوە: نەخێر
لە ناو جێگەی خۆشەویستیا
هیچ کام لە ئافرەتەکانم
نەیان ووتوە :نەخێر
فێریان کردم خۆم بە “خوا” ببینم.
بمبورن کە بومەتە
هۆلاکۆی سەردەم
بە مەبەستی کوشتن
بۆ یەک ڕۆژیش کوشتارم
نەکردوە..
چونکە تەنها
بۆ ” خۆشی” خۆم
…ئەتانکوژم
………… ………… ………. ……
“””””””””””””””””””””””””””””
(لە کتێبی “سەد نزار”ەوە وەرگیراوە )
“”””””




ڕابردوو بەجێبهێڵە، داهاتووی کتێب پێشبخە.. نووسینی: یووسف ئیسماعیل

سنووردارکردنی کتێبە نەریتییەکان:
گۆڕانکارییەکی حەتمی بەرەو ئایندەیەکی دیجیتاڵی لەم ساڵانەی دواییدا سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی شۆڕشی لە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانماندا کردووە و جیهانی کتێبیش لەوە بێبەری نییە. کتێبە نەریتییەکان لە مێژە وەک بەردی بناغەی پەروەردە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ستایشی دەکرێن. بەڵام ئەوان سنووردارکردنی سروشتییان هەیە کە ڕێگری لە پێشکەوتنی بڵاوکردنەوەی زانیاری لە سەردەمی دیجیتاڵیدا دەکەن. یەکەم: سروشتی فیزیکی کتێبە نەریتییەکان دەبێتە هۆی سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن و گواستنەوە. لە کاتێکدا مرۆڤ لە یەک کاتدا تەنها دەتوانێت چەند کتێبێک هەڵبگرێت، ئامێرێکی دیجیتاڵی دەتوانێت تەواوی کتێبخانەیەک لە سەرووی پەنجەکانیدا هەڵبگرێت. جگە لەوەش کتێبە نەریتییەکان کەوتوونەتە ژێر سنوورەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، لەگەڵ بەردەستبوون و دابەشکردنی سنووردار. لە بەرامبەردا دەتوانرێت دەستبەجێ کتێبی دیجیتاڵی لە هەر شوێنێکی جیهانەوە دەستت بگات و دایبەزێنرێت. دووەم: کتێبە نەریتییەکان بوونێکی ئیستاتیکن، ئەمەش کارلێک و بەشداریکردن سنووردار دەکات. نەبوونی توخمەکانی مالتیمیدیا و تایبەتمەندی کارلێککەر دەتوانێت ڕێگری لە تێگەیشتن و ڕاگرتنی زانیارییەکان بکات. بە پێچەوانەوە، کتێبە دیجیتاڵییەکان ئەزموونی داینامیکی پێشکەش دەکەن لە ڕێگەی یارمەتیدەرە بینراوەکان، کلیپی دەنگی و هایپەرلینکەکانەوە، کە ژینگەیەکی فێرکاری زیاتر غوڵامکەر و سەرنجڕاکێشتر دابین دەکەن. لە کۆتاییدا ناتوانرێت چاوپۆشی لە تێچووی دارایی و کاریگەریی ژینگەیی چاپکردنی کتێبی فیزیکی بکرێت. بەرهەمهێنانی کتێبی کاغەزی سەرچاوەی بەنرخ بەکاردەهێنێت و بەشدارە لە دارستانبڕین، لەکاتێکدا کتێبی دیجیتاڵی پێویستی بەو بەکارهێنانی سەرچاوە بەرفراوانە نامێنێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم سنووردارکردنە سروشتیانەی کتێبە نەریتییەکان، دیارە کە گۆڕانکاری بەرەو داهاتوویەکی دیجیتاڵی نەک هەر پێویستە بەڵکو حەتمییە بۆ پێشخستنی بڵاوکردنەوەی زانیاری و دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنێکی دەستڕاگەیشتن و بەردەوامتر بە سەرچاوە پەروەردەییەکان.

وەرگرتنی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان:
گۆڕینی دیجیتاڵی پیشەسازی، بڵاوکردنەوە گۆڕانکاری دیجیتاڵی پیشەسازی بڵاوکردنەوە بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بۆ دروستکردن و دابەشکردن و بەکارهێنانی کتێب و بەرهەمە نووسراوەکانی تر. لەگەڵ سەرهەڵدانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک خوێنەری ئەلیکترۆنی و تابلێت و مۆبایلە زیرەکەکان، ئێستا خوێنەران دەستیان بە کتێبخانەیەکی فراوانی کتێب لە سەرووی پەنجەکانیانەوە دەگات. ئەمەش شۆڕشێکی گەورەی لە شێوازی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی کتێبەکاندا کردووە، چونکە بڵاوکراوە چاپکراوەکانی تەقلیدی تادێت بە فۆرماتە دیجیتاڵییەکان جێگەیان دەگرێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە بەرەو بڵاوکردنەوەی دیجیتاڵی ئەگەری نوێی بۆ نووسەران و بڵاوکەرەوەکان و خوێنەران بە هەمان شێوە کردۆتەوە. نووسەران دەتوانن بەرهەمەکانیان بە شێوەی ئۆنلاین خۆیان بڵاوبکەنەوە، ئەمەش بەدەر لە پێویستیی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی تەقلیدی، لە کاتێکدا بڵاوکەرەوەکان دەتوانن بە پێشکەشکردنی کتێبی ئەلیکترۆنی بگەنە ئامادەبووانێکی فراوانتر و تێچووی بەرهەمهێنان کەم بکەنەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئێستا خوێنەران دەتوانن ئەزموونی خوێندنەوەیان کەسایەتی بکەن بە ڕێکخستنی قەبارەی دەق، تیشک خستنە سەر بڕگەکان و بەکارهێنانی تایبەتمەندی کارلێککەری وەکو هایپەرلینک و ناوەڕۆکی مالتیمیدیا. بە گشتی، وەرگرتنی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لە پیشەسازی چاپکردندا نەک هەر گۆڕانکاری لە شێوازی دروستکردن و چێژوەرگرتن لە کتێبەکاندا کردووە بەڵکو دەستڕاگەیشتن بە ئەدەبیاتی دیموکراتیزە کردووە و دەرفەتی نوێی بۆ هەردوو نووسەری دامەزراو و ئاواتخوازی ڕەخساندووە.

داهێنانەوەی ئەزموونی خوێندنەوە:
چۆن کتێبە ئەلیکترۆنییەکان شۆڕشێک لە شێوازی بەکارهێنانی ئەدەبیاتدا دەکەن یەکێک لە سوودە سەرەکییەکانی کتێبی ئەلیکترۆنی توانای کەسایەتیکردنی ئەزموونی خوێندنەوەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئارەزووەکانی تاکەکەسیدا بگونجێت. لەگەڵ کتێبە تەقلیدییەکان، خوێنەران سنووردار دەبن بە خوێندنەوەی ئەو شتانەی کە لە کتێبفرۆشە فیزیکییەکان یان کتێبخانەکاندا بەردەستن. بەڵام بە کتێبی ئەلیکترۆنی، خوێنەران دەتوانن تەنها بە چەند کلیکێک دەستیان بە کۆمەڵێک کتێبی بەرفراوان لە ژانر و نووسەرانی جیاوازەوە بگات. ئەمەش ڕێگە بە ئەزموونێکی خوێندنەوەی هەمەچەشنتر و دەوڵەمەندتر دەدات. جگە لەوەش، کتێبە ئەلیکترۆنییەکان تایبەتمەندی جۆراوجۆری خۆکارانە وەک قەبارە و شێوازی فۆنت، ڕەنگی پاشبنەما و بژاردەی تیشک خستنەڕوو پێشکەش دەکەن، ئەمەش خوێنەران دەتوانن ئەزموونی خوێندنەوەکە بەپێی ئارەزووی خۆیان بگونجێنن. بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی بینین یان کێشەی خوێندنەوەیان هەیە، کتێبی ئەلیکترۆنی دەتوانێت بژاردەی دەستڕاگەیشتن وەک دەق بۆ قسەکردن و قەبارەی فۆنتەکانی ڕێکخراو دابین بکات، ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات چێژێکی تەواو لە جیهانی ئەدەبی وەربگرن. ئەم تایبەتمەندییە کەسییانە نەک هەر ئەزموونی خوێندنەوە بەرز دەکەنەوە بەڵکو ئەدەبیات زیاتر دەستڕاگەیشتن و گشتگیرتر بۆ خوێنەرانی بەرفراوانتر دەکەن. بەم شێوەیە کتێبە ئەلیکترۆنییەکان شۆڕشێک لە شێوازی بەکارهێنانی ئەدەبدا دەکەن، بە پێشکەشکردنی ئەزموونێکی خوێندنەوەی نەرمتر و خۆکارانەتر.

لە چاپەوە بۆ پێکسڵ:
سوودە ژینگەییەکانی وەرگرتنی کتێبی دیجیتاڵی(pdf) یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی گواستنەوە لە چاپەوە بۆ کتێبی دیجیتاڵی ئەو سوودە ژینگەییەیە کە دەیھێنێت. پرۆسەی بەرهەمهێنانی کتێبی تەقلیدی پێویستی بە بڕینی دارەکان و بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی بۆ گواستنەوە و ئازادکردنی دەردانی زیانبەخش لە چاپخانەکانەوە هەیە. لەبەرامبەردا کتێبی دیجیتاڵی پێویستی بە سەرچاوەی فیزیکی نامێنێت، چونکە بە ئاسانی دەتوانرێت لەسەر ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک تابلێت، مۆبایلە زیرەکەکان، یان خوێنەری ئەلیکترۆنی دەستیان پێ بگات و بخوێنرێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە بۆ کتێبی دیجیتاڵی یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی دارستانبڕین و کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، ئەمەش وایکردووە ببێتە بژاردەیەکی بەردەوامتر. جگە لەوەش کتێبی دیجیتاڵی ئەو پاشماوەیەش لەناو دەبات کە لە کتێبە چاپکراوەکانەوە دروست دەبێت، وەکو ئینفۆنتۆری زیادە، نوسخەی نەفرۆشراو و چاپە فڕێدراوەکان یان بەسەرچووەکان. بە وەرگرتنی کتێبی دیجیتاڵی دەتوانین بەشداری بکەین لە پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی سەر ژینگە کە بەهۆی پیشەسازیی بڵاوکردنەوەی کتێبی تەقلیدییەوە دروست دەبێت.




ئەو نووسەرانەی بە کتێبێک دەناسرێنەوە.. دیار لەتیف

وتەیەکی خێرا، لەبارەی کتێبی(زەویی پلاستیک وەک دەرخەری کێشەکانی تازەگەریی شیعری کوردی) پێشەوا کاکەیی، سەبارەت بە کتێبەشیعری(زەویی پلاستیک)ـی

کەمن ئەو نووسەرانەی تەنیا یەک کتێب دەبێتە نازناوی ناسینەوەی هەتاییان، کتێبی تاقانە، وەک نەفرەتێک بۆ تەواوی قۆناغی ئەزموون و زەمەنی نووسینی ئەو نووسەرانەی کە هەر بە یەک بەرهەم دەناسرێنەوە، بەڵام نەفرەتێکی شیرین.
لە (دۆنکیشۆتی) سێرڤانتسەوە بۆ (نانی ڕووت)ـی محمەد شوکری، لە (گەڕان بۆ کاتی لەدەستچوو)ـی مارسێڵ پرۆستەوە بۆ (سەرکێشییەکانی پینۆکیۆ)ـی کارلۆ کۆلۆدییەوە. تەواوی هەوڵە شیعرییەکانی ئارسەر ڕامبۆ، دوو دەفتەرە شیعری بچووک(وەرزێک لە دۆزەخ ـ درەوشانەوەکان)، شۆڕشێکی شیعریی نوێ بوو، کە دەسەڵاتی بنەماڵەیی شیعری فەرەنسی و جیهانیی گۆڕی، لەکاتێکدا ئارسەر ڕامبۆ بە(وەرزێک لە دۆزەخ) چووە تۆماری یادگەی شیعری جیهانییەوە.
جۆرج ئۆرویل چەند ڕۆمانێکی نووسی، بەڵام (مەزرای ئاژەڵانی) بووە ناسنامەی ناسینەوەی نووسەرەکەی.
بۆدڵێر خاوەن بەرهەمگەلێکی ناوازە، لەکۆتاییدا بە کتێبە شیعری (گوڵی خراپە) ناوی ئەدەبی بەربڵاوبوویەوە.
ئەو دەنگدانەوەی ماغووت لە کتێبی(من ناپاکی لە نیشتمانەکەم دەکەم) کە ڕەگەزەکەی پەخشانی ئەدەبی بوو بە دەستی هێنا، لەو دەیان بەرهەمەی شیعرییە چالاککەرەوەی قۆناغی سستی ڕەوتی شیعری نوێی عەرەبی وەچنگی نەخست، بۆ نموونە دەفتەرە شیعری (خۆشی پیشەی من نییەـ ژوورێک بە ملیۆنان دیوارەوە). بۆ شاعیرێکی عەرەبی دژواربوو ئەو ناونیشانە ڕیسککارە بکاتە سەردێڕ، بەڵام ماغووت کردی و ئەوەش سەرسامی خوێنەرانی شەقامی عەرەبی بەدواهێنا.
لەناو ئەدەبیاتی کوردیدا دوو نموونەی بەردەستمان هەن، ئەحمەد هەردی بە تاقانە کتێبە شیعری(ڕازی تەنهایی) و محمد عومەر عوسمان بە (لەغوربەتا)، توانییان ناوی شیعرییان تا سنوورە دوورەکان ببەن، هاوکات بردیان.
هیچ نووسەرێک نادۆزیتەوە لەکۆی بەرهەمگەلێکی، دەستی ئاماژە بۆ کتێبێکی دڵخوازی خۆی نەبات.
بۆ من (زەویی پلاستیک)، بۆیە ئەو کتێبە شیعرییە ویستراوەیە، چونکە خواستوومە بە ئاگاییەوە دەست بدەمە چەمکگەلێکی وەک تازەگەرییەکانی سەردەم:
ژینگە ـ دەروونناسی ـ کۆمەڵگە ـ مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و کێشەی مرۆڤ بەگشتی ـ وێرانەکانی جەنگ ـ ئاوارەیی ـ برسێتی ـ نامۆبوون و زۆرێک لە ئارێشەکانی ئەم چاخە تازەی کە مرۆڤایەتی چووەتە ناویەوە.
ئەم کتێبەی لێکۆڵینەوەی نووسەر(پێشەوا کاکەیی) بەناونیشانی(زەویی پلاستیک وەک دەرخەری کێشەکانی تازەگەری شیعری کوردی) بنکۆڵکارییەکە بۆ شیتەڵکردنی ناوەڕۆکی بەشێکی زۆری ئەو فیکرەی کتێبەشیعرییەکە کاری تێدا کردووە. خستنەڕووی گوتاری شیعریی “زەویی پلاستیک”ـە لەڕوانگەی میتۆدی شیکارییەوە. ئەم لێکۆڵینەوە دەبێتە هاوپێچێکی یاریدەری ئەو ئەزموونە شیعرییەی “زەویی پلاستیک” بوونیادی ناوە. لەم کتێبە لێکۆڵینەوەی نووسەردا، بەشێکی فراوان لەو پەڕڵە شیعرییانە دەخوێنێتەوە و ئاسانکاری دەکات بۆ گەیشتن بە ماناکانی ئەو تێگەیشتنەی دەقەشیعرییەکان خاوەنداریی لێ دەکەن. بەهیوام ئەم توێژینەوە دەروازەیەکی باش بێت بۆ خوێنەرانێک کە دەخوازن پەنهانییەکانی کتێبەشیعرییەکە بناسن.




پێشنیارێکی سیاسی بۆ رۆژاڤا.. ئیدریس مستەفا ساڵح

کەم گۆشەی سیاسی هەیە لە دنیادا ئەوەندەی رۆژاڤا قەتیس مابێت لە چەند هاوکێشەیەکی سیاسی ناوچەکە و جیهانیش. هاوکێشە سیاسیەکان چون یەک و دژ بە یەکیشن. هەموویان لە دەرەوەی وڵاتێکن کەچی لە خاکی ئەو وڵاتەدا بوونی سیاسی و سەربازیان هەیە. هەموویان دراوسێ و هاوپەیمانن لەهەمان کاتدا دژە دراوسێ و دژە هاوپەیمانی یەکترن. تورکیا و ئەمریکا، دوو دۆستی ناتۆ و دوو دژ بە یەک لە رۆژاڤا؛ ئێران و تورکیا دوو وڵاتی دراوسێ بەڵام دوو هیزی دژ و لایەنگر لە بەشار ئەسەد؛ رۆژاڤا بەشی خاکێکە لە سوریا و سوریا دانی پیدا نانێ و ئەمریکا داکۆکی لیدەکات لە کاتێکداهیچ شەرعەیتێک نیە بۆ بوونی ئەو لەوێ. زیندوو بوونەوەی دنیای دوو قوتبی روسی و ئەمریکی لەوێدا. رۆژاڤا لە پای کێشەیەکی مێژوویی و دەرفەتێکی سیاسیدا هاتە دەر کەچی بە گرفتێکەوە گلا، داعش، کە نە هی ئەو بوو نە خۆیشی بۆ ئامادە کردبوو، نە بوونیشی هەبوو لە خاک و مێژووی ئەو وڵاتەدا. ئەو گرفتە بەرهەمی هەموو ئەو هاوکیشە سیاسی و هێزەکانی بەشدار بوو لە هەمان کاتدا ململانێکەر بوو لەو ولاتەدا کەچی ئاڵا لە ملی رۆژاڤا بێ ئەوەی دوورونزیک ئاگای لێ بێ یاخود پەیوەندی بە هەبوونیەوە هەبێ کەچی نەمانیەکەیان یاخود  فەوتاندنەکەیان خستە سەر شانی ئەم. ئەو هێزانە و هاوکێشەکانیان دۆخێکی هێندە ئاڵۆزیان خستۆتە بەردەم رۆژاڤا کە لە گرێکوێرەکەی هاملێت ئاڵۆزتر بێت؛ ئەنجامگیریەکەی ئەوەیە: ئێوە بەهۆی ئێمەوە لە خاک زیندوو بوونەوە، گەر ئێمە نەبین ئیوە نامێنن، گەر ئێمە هەشبین ئێوە هە رنامێنن.    

جوگرافیای سیاسی رۆژاڤا پێچەوانەی رەوتە مێژووییە بەرهەقەکەیەتی. خەڵکێک لە بەرەبەیانی دنیای دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تاکو ئێستا هیچ گزنگێکی سیاسی و نەتەوەیی و فەرهەنگی نەدیبوو بەڵام و لە رووداوێکی کتوپڕی سیاسیدا بەسەر نیمچە سەربەخۆییەکی تەواودا کەوتن. ئەم رووداوە کتوپڕە جگە لەوەی بەرەو روی ئاسودەییەکی رەهای بردن لەهەمان کاتدا بەرەو مەترسیەکی گەورەشی کردنەوە. بە قەد ئەوەی رۆژاڤا مەترسی گەورەی دروست کردووە بۆ سەر وڵاتانی تەنیشتی خۆی بە قەد ئەوەش مەترسی گەورەی لەسەر خۆیەتی کە بەرەو رووی چارەنوسێکی نادیار کردۆتەوە. ئەوەی ئەم مەترسیە دوو دەمەی دروست کردووە جیۆپۆلۆتیکی خودی رۆژاڤایە. ئەو نزیکایەتیە مێژوویی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەی کوردانی رۆژاڤا لەگەڵ کوردانی باکوردا هەیانە ترسێکی گەورەی لای وڵاتێکی وەک تورکیا دروست کردووە کە رۆژاڤا پریشک بهاوێ بۆ ئەودیو سنورەکەی؛ ئەمە جگە لە سوریا کە قەدحێن باوەڕی بەوە نەبووە کورد بوون هەبێ لە سوریادا و بگرە زۆریانیشی بێ بەش کردبوو لەوەی هاوڵاتی ئەو وڵاتەش بن کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە لە خاکەکەیدا دەژین. ئەو روح و تەوژمە کوردیە نەتەوەییە بەهێزەی لە رۆژاڤا و باکور هەیە لە باشور و رۆژهەڵات نیە. ئێرانی بوون گەر لە پەلەیەکی کەمیشدا بێت دەوری خۆی دەگێڕی لە نێو کوردانی رۆژهەڵاتدا؛ لە باشور لە سایەی سەری دەسەڵاتی کوردیەوە شتێکی ئەوتۆ نەماوە کە پێێ بوترێ نەتەوە و نیشتمان و پرسێکی بەرهەقەی سیاسی و مێژوویی. مێژووی چەند ساڵەی رۆژاڤا لە بەڕیوەبردن و دۆخی سیاسیدا پیشانیدا کە کوردانی ئەو دوو بەشە شتێکی زۆر جیوازترن لە کوردانی باشور کە لە ساڵی ئەوەڵی حوکمڕانیەوە نیشانیاندا ئەوەی دوورونزیک بەلای نەچوون مەسەلەی نەتەوە و نیشتمان و دۆخی سیاسی وڵات و مۆراڵی مرۆڤ بوو.

 باشور یاخود عێراق وەک رۆژاڤا یا سوریا نەبوونە جێگەی تەراتێنی ئاشکرای هەموو هیزە دەوڵەتی و نادەولەتیەکانی ناوچەکە و جیهان کە هەر یەک لە گۆشەی ئەو وڵاتەدا بنکەی سەربازی بە پانتاییەکی جوگرافی گەورە لێدا و کەوتنە ململانێ لەگەڵ یەکدی. ئەوەی لەو نێوەدا ماندوێتی سیاسی و سەربازی پێ بڕدرا دانیشتوانە رەسەنەکەی بوون بەتایبەت کورد لە رۆژاڤا. ئەو قەوارەیە بەدەر لە هەر ویستێکی خۆی کەوتە نێو هەندێ هاوکێشەی سیاسی ناوچەیی و جیهانی ئاڵۆزەوە کە دەرچوون لێی مەحاڵە. هیچ یەکێک لەو هاوکێشانە نەک هەر لە قازانجی رۆژاڤادانین نیە بەڵکو ناوچەییەکان بۆ ئەوە دروست بوون ئەو ئەزمونە نابێ پا بگرێ؛ جیهانیەکانیش بۆ ئەوە دروست بوون تاکو بیکەنە گەمەی سیاسی دەستی خۆیان و هەر کات ئەو گەمەیە تەواو بوو بەجێی بهێڵن.

 هیچ دۆخێکی سیاسی هێندەی رۆژاڤا قەتیس نیە لە چوارچێوە جوگرافیایەکەی خۆیدا؛ تورکیا و ئێران و سوریا وە ک سێ دەوڵەتی گەورەی ناوچەکە، هەردوو زلهیزی روسیا ئەمریکا لەگەڵیدا هێزێکی وەک داعش لەسەروو ئەمانەشەوە دژایەتی کردنی باشور لەگەڵیدا. ئەمانە هەمووی لە ناو جەرگەی خاکی رۆژاڤا بوونیان هەیە و نە دەتوانێ شەڕی هەموویان بکات تا سەر، و نە هیچیان ئاشتی لەلەگەڵدا مۆر دەکەن. کۆنفرانسی ئاستانەی پایتەختی کازاخستان لە نیوان چووار وڵاتی ئامادە بوو لە سوریادا، تورکیا و ئێران و روسیا و خودی سوریا، کە لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە تاکو ئیستا هەر ساڵەی لە جارێک زیاتر کۆدەبنەوە، مەرامی یەکەمین لە کۆبوونەوەی کۆنفرانسی ئەستانە و ئەوانەی تریش لە ئایندەدا جگە لە بابەتی رۆژاڤا هیچ شتێکی هەستیارتریان باسی لێوە بکەن؛ چونکە رۆژاڤا تەنها بەشی سوریایە کە ترس لەسەر خودی سوریا و وڵاتانی ناوچەکەش دادەنێ گەر بێتوو ببێتە خاوەن قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆی نەک هەر سیاسی بەڵکو ئیداریش. دەبینین وڵاتانی ناوچەکە و روسیاش وەک جەمسەرێکی زلهیزی جیهان هەردەم بە دوای نەخشەرێگایەکەوەن بۆ کێشە و ململانێکانی سوریا کە لەسەر یەک پنت راوەستاوە ئەویش یەکێتی خاکی سوریایە و رۆژاڤاش ئە وپنتە سەرەکیەیە کە ترسیان لێی هەیە ئەو یەکێتیە تێک بدات.

لەگەڵ ئەوەی ئیستا رۆژاڤا لە ساتی لە دایکبوونی مێژوویی خۆیدایەتی لەهەمان کاتدا لە بەردەم ساتی گیان لەدەستدانیشیایەتی. بۆ خودی رۆژاڤاییەکان و ئەوانەشی لە خەمی ئەو قەوارەیەدان و خواستیانە رۆژاڤا بۆ ئەوەی بە تەواوی نەمرێ دەبی بە عەقڵێکی سیاسی دۆخئامێزیەوە سەیری دۆخەکەی بکرێت. لە سیاسەتدا رووداوەکان و هاوکێشەکان سەنگی مەحەکی هەر تێگەیشتن و جوڵە و هەڵوێستێکی سیاسین نەک دروشم و گوتاری سۆزداری نەتەوەیی. وەک ئاشکرایە پشتیوانی سەرەکی رۆژاڤا لە ئیستادا ئەمریکایە و بەو هۆیەوە ئەمریکا پێشتر لە عێراقدا هەبوو، و بوونی داعشیش لە هەردوو وڵات و بەکارهێنانی داعش وەک هێزێک لەم دوو وڵاتە و، ئێستاش بەرەوئەفریقیایان دەگوازێتەوە، ئەو میکانیزمی هاتنە ناوەوەی ئەمریکا پیشان دەدات لە رۆژاڤا. لەوێ بارودۆخێک دروست بوو کە رۆژاڤا دەبێ متمانە بکاتە سەر ئەمریکا بۆ پاراستنی لە پەلاماردەرەکانی دەوروپشتی؛ ئەو پەلاماردەرانەی هەر خودی ئەمریکا چەکیان پێ دەفرۆشێ یان تەنانەت دروستیشیان دەکات وەک داعش.

یەکێک لە سیاسەتە ستراتیجیەکانی ئەمریکا چارەسەر نەکردنی هەر کێشەیەکی سیاسیە لە جیهاندا و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە ئەمریکا نەک هیچ کێشەیەکی سیاسی چارەسەر کردووە بەڵکو رێگر بووە چ راستەوخۆ یا ناراستەوخۆلە هەر رێگەچارەیەک بۆ هەر کێشەیەکی سیاسی یاخود وێرانی کردووە و بەجێی هێشتووە. واتە تەنها ستراتیج لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا درێژکردنەوە و ئیدارەکردنی ئەزمەکانە نەک چارەسەرکردنیان، بگرە لە هەندێ حاڵەتدا کوشتنی قەیرانێکە بۆ لە دایکبوونی قەیرانێکی تر. ئەوەی ئەو سروشتە دەدات بەم جۆرە سیاسەتەی ئەمریکا دوو رەگەزی سەرەکین: یەکەمیان، ئەو جوگرافیا دوورە دەستەیەتی لە ناوچە دەوڵەمەند و پڕ ململانێکانی تری جیهانی بۆیە گەر کێشەکان بەرەو چآرەسەربوون بڕۆن ئەوا ئەمریکاش دەبێ بروات. دووهەمیان، ئابوری ئەمریکا بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر دوو جۆر پیشەسازی راوەستاوە کە هەردووکیان پیویستیان بە بازاڕی گەرم و گوڕی دەرەوە هەیە ئەوانیش پیشەسازی دروستکردنی چەک و دروستکردنی پارەی کاغەز، دۆلار.   

گەر ئەو وڵات و ناوچانەی کە ئەمریکا بە هەڵواسرای هێشتویەتیەوە یاخود دەستبەرداربووە لێیان بە پێوەر بگرین بە رۆژاڤا ئەوا رۆژاڤا لە هاوکێشە ستراتیجیەکانی دەرەوەی ئەمریکادا بوونی نیە؛ دەکرێ لە سیاسەتە تاکتیکیە جیهانیەکانیدا بیبینین ئەویش دەتوانین بڵێین لە پەراوێزیدایە. ئەمریکا تاکو ئێستا هیچ رێگەچارەیەکی پێ نیە بۆ رۆژاڤا نە لە سەر کاغەز و نە لە سیاسەتی ناوچەییاندا و نە لە گفتوگۆ و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ رۆژاڤادا. بگرە ناشتوانێ بیپارێزێت لە پەلامارەکانی دەوروبەر. تا هەنووکە دیار نیە بوونی ئەمریکا لە رۆژاڤا چیە و بۆچی لەوێیە و بە تەما هەیە چی بکات یان چی لە رۆژاڤا بکات. ئەوەی تا ئەمێستاکە لەسەر ئەرزی واقع بوونی هەیە و ئایندەکەش دەتوانین ببینین ئەوەیە کە رۆژاڤا بەشێکە لە سوریا و سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و بگرە هەموو وڵاتانی ناوچەکەش لەگەڵ یەکێتی خاکی سوریادان و خودی ئەمریکا ئەمە رەت ناکاتەوە وەک جۆن ئیستاشی لەگەڵدابێ تایوان بە چین و لە چووارچێوەی یەکێتی خاکی چین لە قەڵەم دەدات. پرسیار ئەمەیە ئایا رۆژاڤا بەراورد دەکرێت بە تایوان. ئایا تاکو ئیستاکە ئەمریکا جگە لە بەکارهێنانی رۆژاڤا بۆ مەرامە سیاسیەکانی خۆی هیچ رێگەچارەیەک تەنانەت وەعدێکیشی پێداون کە شتێکیان بۆ بکات؟ بێگومان نەخێر! بگرە هیچ قانون و سیاسەتێکی نێودەوڵەتی بوونی نیە سەبارەت بە رۆژاڤا جگە لەوەی پێیان دەڵێن شەڕکەری باشن دژ بە داعش. هیچ بەڵگە و پەیمانێکی رەسمی ئەمریکی و نێودەولەتی بەردەست نیە کە پیشان بدات رۆژاڤا شتێکە و ئێمە داکۆکی لێ دەکەین. ئەوەی بە رۆژاڤایان کرد خۆیان هەرگیز نەیاندەتوانی بیکەن بە تەنها ئەویش رووخانی دەولەتی ئیسلامی بوو لە عێراق و شام.  

بەکارهێنان و دەستبەرداربوون دوو سیاسەتی دیاری ئەمریکان کە پێشتر چەندان ناوچە و قەوارەی سیاسی بوونەتە قوربانی و رۆژڤاش یەکیک دەبێ لەوانە. تازەترینیان جیهێشتنی وڵاتی ئەفغانستانە بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان. ساڵی ٢٠٠١ ئەمریکا بەهیزێکی چەند دەوڵەتیەوە پەلاماری ئەفغانستانیدا کە لە ژێر دەسەڵاتی بزووتنەوەی تاڵیباندا بوو ئەو دەم. دوای کوشتنی دەیان هەزار مرۆڤ و خەرج کردنی زیاتر لە چەند تریلیۆن دۆلار و مانەوەی بیست ساڵی رەبەق تێیدا، ئەفغانستانی رادەستی تاڵیبان کردەوە و هەرجی دارودەستەی سیاسی و ئیدارەی حکومی و مەدەنی هەبوو رادەستی تاڵیبانی کردەوە لە کاتێکدا تاڵیبان ئەوسا و ئیستاش لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە.  وڵاتانی غەربی و ئەمریکا بەتایبەتی لە یەک سەدەی رابردووەوە تا هەنوکە کوردیان وەک یەکێک لە کاغەزە فشارەکانی دەستی خۆیان بەکارهێناوە. ئەمە لە کاتێکدایە هزری سیاسی کورد بە گشتی بە ئومێدێکی زۆرەوە سەیری سیاسەتی نێودەوڵەتی غەربیان دەکرد، و ئێستەش دەیکەن، لە کاتێکدا کورد و کێشەکەی لە ئاستە نێودەوڵەتیەکەی بە پلەی سەرەکی کوشتەی دەستی ئەوانە  ئینجا کورد خۆی و وڵاتەکانی دراوسێی. رۆژاڤا گەر لە باشترین حاڵەتیدا لەسەر دەستی ئەمریکا ببێ بە قەوارەیەک ئەوا لە قەوارەیەکی نەتەوەییەوە کە مافی چارەنوسی خەڵکێکی مێژوویی دیاری بکات لەو وڵاتەدا دەیگۆڕێت بە قەوارەیەکی وەزیفی کە تەنها بەکاری دەهێنێ بۆ مەرامە سیاسیەکانی خۆی وەک چۆن لەگەڵ تایوان دەیکات بۆ نموونە. ئەم گۆڕینە وەزیفەیە وادەکات هیچ شتێک نەمێنێتەوە لەو وڵاتەدا کە بەهای هەبێت جا ئەو بەهایە سیاسی یا کۆمەڵایەتی یا مۆراڵی و فەرهەنگی بێت.

رۆژاڤا چی زووترە دەست بەرداری ئەمریکا ببن و روو لە دیمەشق بکەن و هاتنەوە بە کەمترین دەستکەوت لە بوونی ئەمریکا باشترە. رۆژاڤا ئیستا شتێکە و لەم شتەوە دانوستان لەگەڵ دیمەشقدا بکات باشترە وەک لەوەی دوو سبەی ئەمریکا لەوپەڕی خراپیدا بەجێیان بهێڵێت. ئەوە دروستە کە سوریەکان لە لیدوانەکانیاندا خراپ لەسەر رپژاڤا قسەدەکەن بەڵام لێدوان هەڵوێستی سیاسی حکومی رەسمی و دانیشتنی سەر مێزی گفتوگۆ نین بۆیە دانوستان لەگەڵ سوریادا بە جاودێری روسیا و هەندێ وڵاتی تر زۆر باشترە بۆ رۆژاڤا وەک ئەوەی لەو بارودۆخە هەڵواسراو و چارەنوس نادیارەی ئیستایدا بێت لەگەڵ ئەمریکادا. گەر بێتوو بەرەو رووی ئەو پێشنیارەی روسیا بڕۆن کە تاکو ئیستا چەندان جار داوای کردووە لە رۆژاڤا کە دەست لە بەرۆکی ئەمریکا بەربدەن و بێن لە ژیر چاودێری ئەواندا گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشقدا بکەن. سەرباری ئەو هەموو کێشە و گرفتە ناوچەیی وجیهانیانەی بەرۆکی سوریای گرت ئەو وڵاتە لەسەر پای خۆی مایەوە و لە ئیستاشدا لە گەڕانەوەدایە بۆ ناو ماڵی عەرەبی لە رێگەی کۆمکاری عەرەبی و سەردانی کردنی چەندان سەرۆک و سەرەک وەزیران و وەزیرانی دەرەوەی ولاتانی حەرەبی تەنانەت بەشێکی زۆر لە جوگرافیای جیهانی کە پێی دەوترێت گلۆباڵ ساوث ئامادەیی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان دەربڕیوە لەگەڵیدا. گلۆباڵ ساوث زیاتر لە نیوەی دانیشتوان و جوگرافیای گۆی زەوی پێکدەهێنێ کە بریتیە لە ئاسیای ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەشێكی زۆر وڵاتانی ئەفریقیا و ئەمریکای لاتینیش. دیارە هەر سێ جەمسەرە زەبەلاحەکەی ئاسیای تێدایە، چین و هند و روسیا.

 لەگەڵ هەموو ئەو هۆکارانەی دەربارەی ئەمریکا و سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێدرا کە بوچی رۆژاڤا دەبێ دەستبەرداری ئەمریکا ببێت، حوکمی جوگرافیا خاڵێکی گرنگی دۆخئامێزترە کە وادەکات رۆژاڤا روو لە دیمەشق بکات باشترە لەم دۆخە ئاڵۆزە ناوچەیی و جیهانییەدا. جگە لە ئەمریکا هەموو هێزەکانی تر شتێک دیانبەستێتەوە بەو جوگرافیایە و مەدارەکەیەوە. تورکیا و ئێران و سوریا یەک دراوسێ و هاوسنوری جوگرافیایین، روسیا لەگەڵ ئەوەی هیچ پابەندیەکی جوگرافیایی نیە لە سوریادا بەڵام دراوسێیەکی دوورە وەک جوگرفیا و هاوڕێیەکی سیاسی نێودەوڵەتی سوریا و خودی ناوچەکەشە و مێژوویەکی هەیە لە ئامدەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە رەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەمانی یەکیتی سۆڤیەت؛ ئەمە جگە لەوەی روسیا بە داواکاری رەسمی دەوڵەتی سوریا لەوێیە، واتە گەر بە ئاستە نێوودەوڵەتیەکەی بیگریت ئەوا شەرعیەتێک هەیە بۆ ئامادەیی روسیا لەو وڵاتە لە کاتێکدا ئەمریکا خاڵیە لەهەر خاڵێک لەو خاڵانەی باسمان کردن.

 دیارە سەربەخۆیی باشترین رێگەچارە و هەڵبژاردنێکی ئاڵتونیانەیە بەڵام رۆژاڤا لە دۆخێکدایە کە هیچ شتێکی دەوروپشت لە قازانجیدا نیە. دوو سێ ساڵی پێش ئیستا کێشەی ناوچەی مەنبەج هەبوو کە تورکیا بە کردەیی هێرشێکی سەراسەری بۆ ئەو ناوچەیە ئامادەکردبوو لە هەمان کاتدا ئەمریکا بێدەنگی هەڵبژارد و هاوسەنگی هیزی سەربازی تورکیا و رۆژاڤاش بەراورد ناکرێ بۆیە ئەو دەم  “مەزلوم عەبدی”، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، گوتی لە نێوان نەمانی خەڵکەکەم و لە دەستدانی هەندێ خاکدا ئەوا خەڵکەکەم هەڵدەبژێرم. لەسەر هەمان هزری سیاسی رۆژاڤا دەبێ بە شتێک هەڵسێت کە مەترسی سەر خەڵکەکەی لە پەلاماری دەرەکی بڕەوێنێتەوە یاخود کەمتر بکاتەوە ئەویش دوو هەڵبژاردەیە: یان لە ناوچوونێکی تەواوی بەهۆی سیاسەتگەلێکی دەرەوەی خۆی کە ئایندەکەی مەترسیدارە؛ یاخود مانەوەیەک لەگەڵ هەندێ دەسکەوتی فەرهەنگی و ئیداری و هاوڵاتی بوون.  




گەشەی سەرمایەداری و پەیماننامەی لۆزان و خۆشباوەڕی بۆرژوا- کۆمبرادۆری کورد بە یەکێتی نەتەوایەتی و هەڵوێستی چەپی ناسیۆنالیست! .. سابیر . م

گەشەی سەرمایەداری و پەیماننامەی لۆزان و خۆشباوەڕی بۆرژوا- کۆمبرادۆری کورد بە یەکێتی نەتەوایەتی و هەڵوێستی
چەپی ناسیۆنالیست!

ژێرخانی ئابووری ) هۆیەکانی بەرهەمهێنان( هەمیشە بە بنەمای سەرەکی بۆ ڕادەی پێشکەوتنی میللەتان و کۆمەڵگاکان هەروەها
ڕەنگدانەوەیان وە کارکردیان لەسەر )پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان( واتە چۆنیەتی پەیوەندیە کۆمەاڵیەتیەکان لەناو سیستەمی
بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کڕین و فرۆشتنی بازاڕدا بە گوێرەی بەرژەوەندی تاکەکەسەکان و دواتر چینەکان خۆیان
ئەسازێنن.
مێژووی گەشەی سەرمایەداری لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە پێی نایە قۆناغی ئیمپریالیستی واتە ناردنە دەرەوەی سەرمایە لە
واڵتێکەوە بۆ واڵتێکی تر ، واڵتانی ئەوروپای ئەو سەردەمەی کە پەیماننامەی سیڤەر و لۆزانیان تیادا بەستراوە هەنگاوی
گەورەیان دەستپێکردبوو بۆ داگیرکاری و ناردنەدەرەوەی سەرمایەی ) لۆکاڵی( و نەتەوەیی خۆیان بۆ شوێنەکان و واڵتانی تری
جیهان.
وە ئەو قۆناغە لێبڕالیزم لە واڵتانی وەک ڕوسیا و هەندێک واڵتی تری جیهان لە قۆناغی سەرەتایی خۆیدا بوو.
شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم وەک قەیرانی ئابووری و سیاسی ناردنە دەرەوەی سەرمایەی لۆکاڵی ، داگیرکاری واڵتانی ترو
دابەشکردنەوەی جیهانبوو لە نێوان واڵتانی ئیمپریالیستی ئەو سەردەمە بوو، وەک بەریتانیا، فەڕەنسا ، ئیتاڵیا ، ……… هتد ..
وە بەم هۆیەوە شەڕی جیهانی وەک درێژکراوەی سیاسەت و بەرژەوەندی ئابووری بە شێوەی سەربازی و شەڕ خۆی
بەرجەستەکردەوەو جیهانی خستە مەترسیەکی کاولکارانەو کوشندەی گەورەوە .
ڕۆژهەاڵتناسە ئەوروپاییەکان کاتێک توێژینەوەو لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەتەوەو واڵتانی ڕۆژهەاڵت کردوە، کوردو کوردستانیان
وەک چەند هۆزو خێڵێک ناساند
وە مێژووی کوردو ڕەچەڵەکی بە گوێرەی سەرچاوە جیاوازکان بریتی بوون لە ؛ سۆئی یان سۆباری ، لۆلۆییەکان، گۆتیەکان،
کاشیەکان، خوریەکان، میتانیەکان، کاردۆخیەکان، ..)١(
خەڵکی کورد لە هەر پارچەیەکدا بووبێتن هەر لە دێر زەمانەوە وە تەنانەی بەر لە پەیماننامەی لۆزانیش ، وەک نەتەوەیەکی
یەکگرتوو خاوەن دەسەاڵتێکی سەرتاسەریان نەبووە ، بەڵکە بە شێوەی حوکمڕانی عەشیرەتی و خێڵ و ئیماراتی و ناوچەیی لێرەو
لەوێ ژیاون، وەک میرنشینی حەسنەوی، میرنشینی ڕەوادی، میرنشێنی دۆسکی و مەڕوانی، میرنشینی ئەردەاڵن، میرنشینی
سۆران، میرنشینی بادینان، میرنشینی بابان.
لەبەر ئەم هۆیەش ژێرخانی ئابووری و هۆیەکانی بەرهەمهێنان لەم ناوچەیە پێشنەکەوتون وە بەدواکەوتوویی لە قۆناغی بەر
لەدەرەبەگایەتی و دەرەبەگایەتیدا ماونەتەوە .
هەر بەم هۆی ئەم پەرژوباڵوی و پێکهاتە کۆمەاڵیەتیەوە بووە کە هیچ بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی دروست نەبووە تا ئەم
ساتەوەختەی ئێستاش.
بزوتنەوە ناسیۆنالیستیەکان وە پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی بەرئەنجامی گەشەی سەرمایەو سەرمایەداری بوو لە ناوچەیەکی
دیاریکراودا کە میللەتێکی یەکگرتوی تیادا ژیاوە.
پڕۆسەی گەشەی سەرمایەو سەرمایەداری لە جیهاندا بەیەک پێودانگێک و وەتیرەیەک ناچێتە پێشەوە ، ئەمە ڕەنگدانەوەی یاسا
دیالێکتیکیانەی سروشتە کە هیچ شتێک بە هێڵێکی ڕاست و بەبێ پێچ وپەنا ناچێتە پێشەوە.
بنەماکانی یەکێتی نەتەوایەتی و میللی زادەی خودی قۆناغی سەرمایەداری نین ، بەڵکە مێژوویەکی دوور و درێژتری بەر لە
سەرمایەداری هەیە ، ئەم مێژوە الی کوردەکان بنەمایەکی نەتەوایەتی وە میللی نەبووە تەنانەت بەر لە لۆزان و پەیماننامە
جیهانیەکانی دوای شەڕی جیهانی یەکەمیش .
تانوپۆی سیستەمی ئابووری لەم ناوچانەدا بەهۆی سەختی سروشت و نەبوونی هۆیەکانی گەیاندن و هاتوچۆوە وایکردوە کە پشت
بە سیستەمی ئیدارەو بەڕێوە بەری گوندەکان وە زەویوزارە ناوچەییەکان ببەستێت وە لەسەر بەخێوکردنی مەڕومااڵت و کشتوکاڵ
و جوتیاری زۆر سادە وە دواکەوتو ببەستێت ، وە ئاغاکان و دەرەبەگەکان وە شێخەکان ئیدارەی ئەم ناوچەو گوندانەیان داوە و
بەڕێوە بردوە.
فراوانی و مەودای سیستەمی بەرهەمهێنانی چ بەر لە دەرەبەگایەتی وەدواتر دەرەبەگایەتی وە تا ئێستاش کە جیهان لە قۆناغی
سەرمایەداریدا ئەژی ، لە ناوچە کوردیەکاندا لە چوارچێوەی گوندو شاردا ماوەتەوە وە لە مەودای شار دەرنەچووە.
بڕبڕەپشتی کارو ژیانی شارەکان بە دابڕاوی لەیەکتر پشتیان بە بازرگانی ناوچەیی بەرتەسک و لەسەر داهات و بەروبوومی
الدێکان ژیانیان بەسەر بردووە.
حوکمڕانی ئیمارەیی واتە دەسەاڵتی بنەماڵەیی شێخ و ئاغاو دەربەگ و مەالکان گونجاوترین شێوەو فۆڕمی سیاسی حوکمڕانی خێڵ
و عەشیرەت بوون و ە تائێستاش بوونیان هەیە.
لە هەلومەرجێکی وەک ئێستادا ، کە پڕۆژەی حاکمیەتی ئیماراتی و تائیفی و خێڵەکی و مەزهەبی لە عێراق و کوردستان پشتیوانی
لێکراو وە ئاکامەکەی داگیرکردنی عێراق و ناوچەکوردیەکان و بەکارهێنانی کوردستان وەک ناوچەیەکی ستراتیجی بەڕێوەبردنی
سیاسەتە ئابوری و ئەمنی و جیهانیەکانی کۆمپانیا مۆنۆپۆڵییە جیهانیەکان ، ئەوە ئەخوازێت کە سەرانی حاکمانی ئیمارەتی زۆنی
سەوزو زەرد ملکەچی تەوای سیاسەتەکانی ئەمریکاو وواڵتانی ئیمپریالیستی زلهێزی جیهانیبن ، وە ببن بە نمایەندەیەکی بۆرژوا-
کۆمبرادۆری خێڵەکی تا بتوانن بەرژەوەندیەکانی ئیمپریالیزمی جیهانی لەم ناوچەیە بپارێزن وە سەرکوتی بزوتنەوەی مارکسیستی
و کرێکاری وە هەر جۆرە ناڕەزایەتیەکی چینایەتی لەم ناوچەیەدا بکەن.
سەرانی درشت و بچوکی بە ناو ) هەرێمی کوردستان( وە حیزبە چەکداریە – خێڵەکیەکانیان ڕۆژ بە دوای رۆژ پەرچەمی
درۆزنانەی) کوردایەتیان ( بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکراتر کردووە .
لە ئێستادا بەهۆی ئەم هەموو قەیرانە جۆربەجۆرە ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی و ئاشکرابوونی پەرچەمە درۆزنەکانیان وەک
پسوڵەیەکی سیاسی فریودەرانە هاتوون کۆڕوکۆمەڵ و کۆبونەوە و هاتو هاوارو سێمینار لە سەر ) پەیماننامەی لۆزان( ئەبەستن وە
الفی بنیاتنانی )ستراتیجیەتی یەکگرتوویی گەلی کورد ( وەک ) بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی کورد( لێئەدەن ، لە کاتێکدا خودی
ئەم حاکمانەو ئەم سەرانی حیزبە چەکدارە -خێڵەکیانە تا دوێنی خۆیان ئامرازو داردەستێکی گرنگی دەستی وواڵتانی داگیرکەرو و
ئەمریکاو جاشی حوکومەتە دراوسێکان و تەنانەت جاش و موخابەراتی حیزبی بەعسی عێراقی بوون ، تەنها مەبەستێک لە
سازکردنی ئەم سیناریۆیەدا تەنها ئەوەیە کە دەسەاڵتی بۆرژوا- کۆمبرادۆریە خێڵەکیەی دەسەاڵتی کوردی لە داڕمانی کۆتایی
بپارێزن وە هزرو بیررو سەرنجی جەماوەری کارگەر و چەوساوەکان بەرەوە پەیماننامە دەوڵەتیەکان بەرن وە خۆڵ بکەنە چاوی
ڕەنجدەرانی ئەم دەڤەرەو کوردستان کە کێشەی کوردستان نەبوونی )بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی و وشیاری نیشتمانی و
کوردایەتیە …..( وەلەکۆتاییدا مەبەستی ناوەڕۆکی چینایەتی باسەکانیان هیچی تر نییە بێجگە لە دژایەتی کردنی خەباتی چینایەتی
و مارکسیزم و هاوتاکردنی لێنین و ستالین و زڕاندنی ناوی کۆمۆنیزمە.
بەاڵم با بزانین ئایا کێشەی ئێستای خەڵکی چەوساوەی کورد لە ئێستادا ) بنیاتنانی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردە( ؟ یان بنیاتنانی
بزووتنەوەیەکی چینایەتی و مارکسیستی کرێکارانە دژ بەدەسەاڵتدارانی کوردو عەرەب و تورک و فارس و بۆرژوازی جیهانی؟
وێڕای ئەوەی کە کۆمەڵگای کوردی بە چ قۆناغێکی مێژوویدا تێپەڕیوە وە چ جۆرە قۆناغێکی دەرەبەگایەتی بە خۆیەوە بینیوە یان
نا ، یان گەشەی سەرمایەداری لە کوردستان لە چ ئاستێکدایە ، لە ئێستادا جیهان و خودی عێراق و ڕۆژهەاڵتی ناوەڕاست و دواتر
خودی ) کوردستان( لە ژێر هەژموونی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدایە ، وە جوتیاری هەژاری کورد کار بۆ
سەرمایەداران ئەکات نەک بۆ دەربەگەکان…
لێرەدا مەبەست لەوە نیە کە چاوپۆشی و حاشاکردن لە بوونی نەتەوەی کورد ومەسەلەی ئایدیتێنتی کورد بوون بکرێت وێڕای هەر
مێژوویەک و هەر ڕابوردویەکی ئابووری و سیاسی کە تیایدا ژیاوە ، وە الی هەموان ڕۆشنە کە تەواوی بزووتنەوە چەکداریە –
خێڵەکیەکانی کورد بە درێژایی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابووردو تەنها بریتی بوون لە بزوتنەوەی چینە بااڵدەستەکانی کورد وەک شێخ
و دەرەبەگ و مەالو سەرۆک عەشیرەت و ئاغا خاوەن موڵک و زەوی زارەکان .
ئایا لە ئێستادا بەهۆی بنبەستبوونی دەسەاڵتی خێڵەکیانەی کورد بە درێژایی زیاتر لە )٣٠( ساڵ سەرانی مورتەزقەو پەنادیواری
ئەم دەسەاڵتە وە چەپی ناسیۆنالیست و ڕۆشنبیرە ئۆپۆرتۆنیستە قەڵەم بەدەستەکان کە بوونەتە پاشکۆی ئەم ڕەوەندە کۆنەپەرستە و
سیمنار و کۆبوونەوە ساز ئەکەن لەسەر ئەم بزوتنەوە ناسیۆنالیستیەو وە باسەکانیان باڵوئەکەنەوە بۆ وەڕێخستنی یاخود بنیاتنانی
بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی ڕەسەنی کوردی کە بەشوێن ) دەوڵەت ، نیشتمانەوە( هەنگاو بنێن ، چۆن ئەتوانن پاساو بۆ هەموو
ئەو سەرکوت و چەوساندنەوەیە چینایەتیە بهێننەوە کە بەدرێژایی ئەم ماوە زۆرە جەماوەری چەوساوەی کوردستانیان لە ژێر
دەسەاڵتێکی چینایەتی بۆرژوا- کۆمبرادۆریانەی بەکرێگراوانەی کوردیدا کە بە زەبری دەسەاڵتی خۆیان و مێدیاو دامودەزگاکانیان
کۆمەڵگایان لەم دۆخە قەتیسماوەدا ڕاگرتووە؟
چۆن وە بە چ ئایدیاو بۆچوون و ڕێبازێکی سیاسی ئەتوانن ڕابەڕایەتی ئەو ) بزووتنەوە ناسیۆنالیستیە ڕەسەنەی کورد( بکەن لە
داهاتودا؟
لە کۆمەڵگای چینایەتیدا ڕێگە چارەی سێەم لە ئارادا نیە بێجگە لە ڕێگە چارەی بۆرژوازیانەی ئەم دەسەاڵتە خێڵەکیەی ئێستا یان
ڕێگە چارەی مارکسیستی پڕۆلیتاریا؟ وە ئەگەر ڕێگە چارەی سێەم هەبێت ئەوە ڕێگە چارەی توێژە مامناوەنجیەکانی کۆمەڵگایە کە
بەگوێرەی بەرژەوەندی چینایەتیان ناچارن ببن بە پاشکۆی ڕێگەچارەی بۆرژوازیانە بەاڵم بەشێوەیەکی شەرمێونانەو
ئۆپۆرتۆنیستانە .
ئاشکرایە کە لەم قۆناغەی ئێستای گەشەی سەرمایەداری لە جیهانداو هاتنە ئاراوەی نیۆلێبڕالیزم مەودای ئەوە نەماوە وەک قۆناغی
سەرەتاکانی لێبڕاڵیزم بۆرژوازی نیشتمانی سەرمایەی لۆکاڵی خۆی تاو بدات و بەشوێن سەربەخۆیی نیشتمانی خۆیەوە بێت ،
هەروەک لە سەردەمی بەڵشەفیکەکاندا میللەتانی ڕوسیای قەیسەری خوازیاری سەربەخۆیی نیشتمانی بۆرژوازیانەی خۆیان بوون .
هەروەها گەشەی سەرمایەداری و بااڵدەستبوونی سیستەمی ئیمپریالیستیانەی سەرمایە هیچ بوارێک و تاقە دەروازەیەکی بۆ
پێشکەتوخوازی بۆرژوازی نیشتمانی نەهێشتۆتەوە تەواوی سەرانی حاکمان و دەسەاڵتدارانی حەکومەت و ئیدارە بۆرژوازیەکانی
جیهان وەک یەک خێزانی جیهانی خاوەنی یەک بەرژەوەندی سەرتاسەری و یەکگرتوانەن لەبەرامبەر سەرکوتی چینی کارگەران
و چەوساوەکان و ژنان و الوان لە جیهاندا .
وە ڕۆژ بەڕۆژ سەرمایەداری هەم پەیوەندیە کۆمەاڵیەتیەکانی خێزان و کۆمەڵگا هەڵئەوشێنێتەوە هەم کێشەی سەرەکی کۆمەڵگا
ئەگۆڕێت بە کێشەی ملمالنێی کارو سەرمایە .
وە هەروەها بازاڕی کوردستانیان کردۆتە بازاڕێکی جیهانی نێونەتەوەیی بۆ فرۆشتن و کڕینی هێزی کاری هەرزان و هێزی
کاری هاوردە لە تەواوی واڵتانی تری هەژاری جیهانەوە بۆ خزمەتکاری و بەڕێوەبردنی ژیان و گوزەرانی چینێکی دیاریکراو لە
خەڵکی خاوەن پارەو دەستەاڵتداران،
هەر بۆیە خودی ) مەسەلەی کورد( چیتر لە ئەستۆی ) بزوتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی کوردیدا( نەماوەو قۆناغی خۆی جێهێشتوە .
چارەسەری )مەسەلەی کورد ( و گەڕاندنەوەی ئایدیتیتێنتی شێواو تێکشکاوی تاکی کارگەری کورد و تەواوی کۆمەڵگا ی کوردی
وەک کۆمەڵگایەکی پلەدوو لە ئەستۆی ئەحزابی چەکداری- خێڵەکی و تەنانەت لە ئایندەشدا لەئەستۆی بزوتنەوەیکەی خەیاڵی
ناسیۆنالیستی کوردیدا نیەو نەماوە، بەڵکە خودی خەڵکی کوردستانیش دابەشبوون بە سەر چینەکان ، وە چینێکی بەرینی
کۆمەاڵیەتی بەرفراوان لە کارگەران و چەوساوەکان لە کوردستان ژیان بەمەمرەو مەژی بەسەر ئەبەن، وە شیلەی گیانیان لەالیەن
بۆرژوا- کۆمبرادۆرە کۆردەکان و کۆمپانیە نێونەتەوەیەکانەوە ئەمژرێت و بەتااڵن ئەبرێت.
خۆشخەیاڵی چەپ و ڕۆشەنبیرانی ووردەبۆرژوازی
-١ خۆشخەیاڵی چەپی ناسیۆنالیستی یەکەم:
سەرەتا با لەو دیدگاو میتۆدە فیکریەوە دەستپێبکەین کە سەبارەت بە تێزی ) نەتەوە و دەوڵەت بۆ کورد( لە ئارادا هەیە.
وەک هەموومان ئەزانین توێژێک لە ڕۆشەنبیرانی ووردەبۆرژوازی کورد هە کە هەمیشە پێ لەسەر ئەوە دائەگرن کە )ئایدیتێنتی
کەسایەتی کورد (تێکشکێنراوە وە تێزی بە بەرزڕاگرتنی )مێژوو و خاک و خەڵکی کوردستان( بەکەم گیراوەو ژێرپێخراوە .
ئەم دیدگایە پێیوایە کە )وشیاریی نەتەوەیی( خۆی لە خۆیدا بریتی نیە لە وشیاری ناسیۆنالیستی وە بگرە ڕێگە خۆشکەرە بۆ
وشیاریی نێونەتەوەیی و ئەنتەرناسیۆنالیستی ….
سەدەهاو هەزارەها نووسەرو ڕۆشەنبیرانی ناو بازنەی میللی کوردا هەن کە باس لەم تێزانەو دەیەها تێزیتری لەم بابەتە ئەکەن کە
) کورد وشیاریی نەتەوەیی نیە( …هتد ! بۆیە بەم ئاکامە گەیشتووە.
وە ) کوردبوون( و نیشتمان پەروەری بۆ ) کوردستان ( بۆتە تەورەو میحوەری ناوەرۆکی میتۆدی بیرکردنەو پڕاکتیکی ئەم توێژە
کۆمەاڵیەتیەو تاقم و دارودەستە سیاسیانە .
میتۆدی لێنین سەبارەت بە مەسەلەی مافی چارەی خۆنووسینی میللەتان :
تەوەرەو ناوەڕۆکی باسەکانی لێنین سەبارەت بە مەسەلەی مافی چارەی خۆنووسینی میللەتان تەنها بۆ ئەوە نەبوو کە پشتیوانی
بۆرژوازی نیشتمانی بکات بۆدروستکردنی دەوڵەتی قەومی بەڵکە هەمیشە پێداگری لەسەر ڕۆڵی پڕۆلیتاریاو ڕابەرایەتی سیاسی
کرێکاران و جوتیارانی هەژار کردووە لەمەسەلەی جیابوونەوەو سەربەخۆیی میللەتاندا .
پۆپۆلیستەکانی ڕوسیاو سەردەمی خەباتی بەڵشەفیکەکان لە مەڕ ) مافی چارەی خۆنووسینی میللەتان( دا لێنین باس لەم جۆرە
پۆپۆلیزمە ئەکات کە لە ناو ) سۆسیالیستەکاندا( هەبوو وەک ) مەیلیلێکی ڕیفۆرمیستی شەعبەوی ( ، وە ناوەرۆکی ئەم پۆپۆلیزمە و
ئەم ڕیفۆرمیزمەی چەپی ناسیۆنالیست لە بۆچوونەکانی ) یۆرکفیچ ( سۆسیالیستی پۆپۆلیستی ئۆکرانیدا ڕوون ئەکاتەوە ، کە
پێداگریان لەسەر قۆناغبەندی خەباتی چینایەتی ئەکرد ، کە پێیان وابوو سەرەتا پێویستە ) خەباتی ڕزگاری نیشتمانی ( بکەن دواتر
کە ڕزگاریان بوو ئەوکات دەست بۆ پڕاکتیک و خەباتی چینایەتی بەرن .
ڵینین زۆر بەتوندی لە کتێبی ) مافی میللەتان بۆ چارەی خۆنووسیندا( دا بەرامبەر ئەم میتۆدەو و بیرکردنەوە پۆپۆلیستیەی چەپی
ناسیۆنالیست وەستاوەتەوە و وە خەباتی چینایەتی بە بڕبڕەپشتی یەکالکردنەوەی کێشەی نەتەوایەتی دەستنیشان ئەکات و ڕوونی
ئەکاتەوە.
هەروەها دواتریش ستالین لە ڕێگەی دروستکردنی کوتلەیەک لەگەڵ گریگۆری زینۆفیف و کامینێڤ لەبەرامبەر ترۆتسکی و
ڕەخنەکانی لە NEP کە دواتر توانی سەرۆکایەتی ئەم ڕەوتە بکات .
سەرەتای بە جیهانی بوونی جیهانبینی ) بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتمانی ( بۆرژوازیانە :
کۆنگرەی یەکەمی گەالنی ڕۆژهەاڵت لە باکۆ پایتەختی ئەرمینیا کە لە سەرەتای ئەیلولی ساڵی ١٩٢٠ بەسترا بە سەرۆکایەتی
,)Russian Communist Party (RCP
)٢ ( Anatoly Skachko وە ,Grigory Zinoviev, Karl Radek, Mikhail Pavlovich :
بەسترا وە بۆ یەکەمین جار ئەم جیهانبینیە پۆپۆلیستیەی ناسیۆنالیزمی چەپ واتە ) مەیلی ڕیفۆرمیستی شەعبەوی – میللی ( ڕەواجی
پەیداکرد لەژێر کاریگەری هەژموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر کە دواتر لە کۆنگرەکانی دواتری دوای مردنی لێنین و سەردەمی ستالین
حیزبە بە ناو شیوعیەکان لەسەر ئەم بنەما و جیهانبینیە فیکریە دامەزرێندران ، بەاڵم بە پێچەوانەی میتۆدی مارکسیستانەی لێنین کە
ڕابەڕایەتی کۆمۆنیستانەی پڕۆلیتاریا لەبەر چاوبگیرێت ئەم کۆنگرەیە بۆ یەکەمین جار شیعاری ) کرێکارانی جیهان و گەالنی
ژێردەست یەکبگرن( ! بەرزکرایەوە.
وە لە ڕاستای ئەم باسەدا ستالین لە کتێبی ) بنەما سەرکیەکانی لێنینزم( دا ئەوە ئەڵێت کە: ) کوڕە پاشایەکی ئەفغانی ئەتوانێت
سەرۆکایەتی )بزووتنەوەی ڕزگاری نیشتمانی ( بکات …
هەروەک چۆن دواتر بزوتنەوە بە ناو ڕزگاری نیشتمانیەکانی کوردو ماندێلالو ڕۆهەاڵتی ئاسیاو ئەمریکای التین …هتد بینران ،
بینیمان چۆن کوڕە مەالو شێخ و ئاغاکانی کوردو بوون بە سەرۆکی ئەم بزووتنەوانەو بەدرێژایی سەد ساڵ زیاترە بازرگانی بە
کێشەی نەتەوایەتی و مەسەلەی کوردەوە ئەکەن بەهەمان شێوەی فەلەستینیەکان .
کۆنگرەی باکۆ پشتیوانیەکی بێوێنەی بۆ ڕێکخراوی ) تورکیای الو ( وە کەمال ئەتاتورک کرد لە ژێر ناوی )پشتیوانی لە ڕۆڵی
پێشکەتوخوازیانەی بۆرژوازی نیشتمانی و بزووتنەوە ڕزگاری نیشتمانیەکان ( !
وە بەتایبەت دژ بە ئیستیعماری ئەنگلۆ – فەڕەنسی لە تورکیا ، وە ژمارەی بەشداربوانی تورک لە کۆنگرەکەدا ) 235( کەس
بوون، لەم کۆنگرەیەشدا ژمارەی نمایەندە کوردە کوردەکان )٨(
کەس بوون بەاڵم بەڵگەی زیاترمان لەبەر دەستدا نیە لەسەر چۆنیەتی کەسایەتی و بیرکردنەوەی سیاسی ئەندامانی بەشداربوو. )٣(
پۆپۆلیستەکانی ڕوسیاو سەردەمی خەباتی بەڵشەفیکەکان لە مەڕ ) مافی چارەی خۆنووسینی میللەتان( دا لێنین باس لەم جۆرە
پۆپۆلیزمە ئەکات کە لە ناو ) سۆسیالیستەکاندا( هەبوو وەک ) مەیلیلێکی ڕیفۆرمیستی شەعبەوی واتە میللی ( ، وە ناوەرۆکی ئەم
پۆپۆلیزمە و ئەم ڕیفۆرمیزمەی چەپی ناسیۆنالیست لە بۆچوونەکانی ) یۆرکفیچ ( سۆسیالیستی پۆپۆلیستی ئۆکرانیدا ڕوون ئەکاتەوە
، کە پێداگریان لەسەر قۆناغبەندی خەباتی چینایەتی ئەکرد ، کە پێیان وابوو سەرەتا پێویستە ) خەباتی ڕزگاری نیشتمانی ( بکەن
دواتر کە ڕزگاریان بوو، ئەوکات دەست بۆ پڕاکتیک و خەباتی چینایەتی بەرن.
لێنین زۆر بەتوندی لە کتێبی ) مافی میللەتان بۆ چارەی خۆنووسیندا( دا بەرامبەر ئەم میتۆدەو و بیرکردنەوە پۆپۆلیستیەی چەپی
ناسیۆنالیست ئەوستێتەوە وە خەباتی چینایەتی بە بڕبڕەپشتی یەکالکردنەوەی کێشەی نەتەوایەتی دەستنیشان ئەکات و ڕوونی
ئەکاتەوە.
لە هەلومەرجێکی ئابووری و سیاسی وە فەرهەنگی سەرمایەدارانەی لێبڕالیزمی نوێی ئێستادا بە سەرۆکایەتی دستەاڵی کوردی
لەژێر سایەی ئیمپریالیزمی جیهانیدا زۆرێک لە جەماوەری کورد لە سەختترین هەل و مەرجی کارکردندان ژیان بەسەرئەبەن و
تەنانەت دروستکردنی هەلومەرجێکی بێکاری کە خەڵک ناچار بێت ببێت بە سەربازو چەکدارو دەیەها قوتابخانەی سەربازی
ناوازەو دامەزرێنراون تا لەم ڕێگەیەوە هانی الوانی بێکار بدەن و بە ناچاری بچنە ناو ئەم دامودەزگا سەربازی و پۆلیسی و
ئاسایشیە سەرکوتگەرە و پێدانی ) موچەیەک ( وەک ) بێکاریەکی ماسککراو – بطالە مقنعە ( و بندیوار …هتد تا بژێوی ژیانی
خۆیان پەیدا بکەن .
ئایا لە هەلومەرجێکی لەم چەشنەدا چەندە شەرمئاوەرو قێزەونی چینایەتیانەیە کە گوێ بۆ خۆشخەیاڵی وردەبۆرژوازیانەی
ڕۆشەنبیرانێکی ئۆپۆرتۆنیست بگرین سەبارەت بە ) کەسایەتی کوردبوون( وە ) مێژوو خاکی خەڵکی کوردستان ( و ) وشیاریی
نەتەوەیی(،) شانازی بە کورد بوونەوە ( …هتد ؟
ئایدیتێنتی کەسایەتی کارگەری کورد وە خودی گەیشتن بە مافی دیمۆکراتیکەکانی خەڵکی کورد لە ئەمڕۆی قۆناغی سەرمایەداریدا
بە توندی و بەبێ هیچ گومانێک بە سەرکەوتنی شۆڕشی سۆسسیالیستیانەی پڕۆلیتایاوە بەستراونەتەوە وە ناتوانرێت لێکیان
جیابکەینەوە.
ئەم شۆڕشەش سەرتاسەریە نەک لۆکاڵی وە لە چوارچێوەی قەوارەی هەرێمێیکی کۆنەپەرستانەدا نییە.
-٢ خۆشخەیاڵی چەپی ناسیۆنالیستی دووەم :
ئەم میتۆدە لە خۆشەخەیاڵی و یوتۆپیایی ووردەبۆژوازیانەی ڕەوتی ) سۆسیالیزمە خەیاڵیەکان( کە پشت بە تیئۆری و بۆچوونەکانی
فۆریە ، ئۆین ، سان سیمۆن … هتد ئەبەستێت .
هەروەها ئەم بۆچوونە سۆسیالیزمی خەیاڵیە لە جەمسەرێکی ترەوە لەگەڵ بۆچوونێکی ئانارشیستانە یەک ئەگرنەوە کە ناتواێت
شەڕێکی چینایەتی دژ بەلەناو بردنی ) خاوەنداریەتی تایبەتی ( بەرپا بکات بەڵکە لە ڕێفۆرمێکی لۆکاڵیدا جۆرێک لە گۆڕانکاری
سیاسی وەک مۆدێلێکی تری بەرهەمهێنانی سەرمایەداری ئەخاتە ڕوو کە پشت بە سیاسەتی ڕیفۆرمیستانەی هەرەوەزی و
خۆبەێوەبەری و کۆمیتە شۆڕشگێڕی ناقوچەکی بەدەر لە خەباتی مارکسیستی و ڕێکخراوبوونی سیاسی چینی کارگەران و
ستەملێکراوان وە دژایەتی کردنی بەڵشەفیزم و لێنین و وەک جۆرێک لە خواستی جیهانی لێبڕالیزمی نوێ وە تەنانەت هاوتاکردن و
یەکسان کردنی بۆچوونەکانی لێنین و ستالین بەیەکترو ناشیرینکردنی کۆمۆنیزم بە بیانوی شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەر وە داماڵینی
لێنین لە میتۆدو و بۆچونەکانی مارکس و ئەنگلس وە ناوزڕاندنی کۆمۆنیزم و بەڵشەفیزم لە ژێر ناوو تێزی شێوێنراوانەی ناساندنی
دەسەاڵتی یەکێتی سۆڤێت بە دەسەاڵتێکی سەرمایەدارانە و بۆرژوازیانە لە کاتێکدا ئەو دەسەاڵتە بۆرژوازیانە نەبوو بەڵکە زیاتر
بەرەو دەسەاڵتێکی بیرۆکراتیانەی کرێکاری ڕۆیشت لەدوای مردنی لێنین و قەاڵچۆکردنی بەڵشەفیکە کۆنەکان و شورا
کرێکاریەکان و دانانی بەڕێوەبەڕانی بیرۆکرات بەسەر کارگاو کارخانەکاندا لە سەرەتای ساڵەکانی سیەکاندا، وە سەرلەنوێ
بووژاندنەوەی سەرمایەداری لە یەکێتی سۆڤیەتدا. .
شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە واتای شکستی کۆمۆنیزم و مارکسیزم تەنانەت بەڵشەفیزم نیە وەک ئامرازی سیاسی ڕێکخراوبوونی
پڕۆلیتاریا ، بەڵکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەڵنەگیرسانی شۆڕشەوە بوو لە واڵتانی تری ئەوروپاو بەتایبەت لە ئەڵمانیا کە هەموو
ئەمانەش هۆی تایبەتی خۆیان هەبوون ، وە سەرباری ئەوەش هێرشێکی ئیمپریالیستیانەی گەورەی زیاتر لە ) ١٥( وواڵتی
زلهێزی جیهان بۆ گەمارۆدان و تێکشکاندنی ئەم شۆڕشە لە ئارادا بوون .
٣ـ خۆشخەیاڵی باڵێکی تری ڕیفۆرمیزمی چەپ:
کە خۆی لە ) کۆمۆنیزمی کرێکاری- دنیای باشتردا ( دا نمایشکردووە پشت بە ڕیفۆمیزمی کرێکاری وە دروسکردنی دەسەاڵتێکی
سۆکۆالر و مەدەنی یان لە ژێر ناوی ئەنجومەنە کرێکاری و شوراکانیان لە ناو خودی قەارەیەکی کۆنەپەرستانەی هەرێمدا خۆی
وە لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندا خۆدا جۆرێکی ترە لە چاندنی خۆشباوەڕی لەناو جەماوەردا کە سەربەخۆیی کوردستان
لە ژێر چاودێری واڵتە زلهێزەکاندا لە ڕێگەی دانپیانانی ئەم واڵتانە بە دەسەاڵتێکی ” شوورایی” وە بردنە پێشەوەی ئەم سیاستەتە
لە ڕێگەی خەباتی ڕێکخراوەی جەماوەریەوە ، واتە سیاسەتی ڕێکخستنی سەندیکالیستی و دروستکردنی ڕێکخراوەی عەلەنی
پیشەیی لە ژێر سایەی ئەم دەسەاڵتە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەدا کە لە دوائاکامدا هیچی تر نیە بێجگە لە سیاسەتێکی
تریدیۆنیانەی ) ئیقتصادیانەی( کە ) ڕیفۆرم( بەبپێشمەرجی شۆڕش ئەناسێنێت، کە خۆی لە خۆیدا دوورە لە سیاسەتی ڕێکخستنی
مارکسیستانە بۆ سازماندانی شۆڕشگێڕانەی سیاسی چینی کرێکار وە ئامادەسازی چینایەتیان بۆ سازماندانی شۆڕشی سۆسیالیستی.
لە کۆتاییدا گەشەی سەرمایەداری و گۆڕانکاریە ئابووری و کۆمەاڵیەتی و ژینگەیەکان کە خودی ناوچەکەو کوردستانیش بە
خۆیەوە ئەبینێت ، واتە لە باری زاتی و مەزوعیەوە ، وە توندبوونەوەی کێشەی سەرەکی نێوان کارو سەرمایە و بەرژوەندیە
چینایەتیەکان کۆمەڵگا بەرەو سازماندانی بزووتنەوەیەکی مارکسیستی کرێکاری و وەالنانی تەواوی ئەو میتۆدە ڕیفۆرمیستی و
سۆسیال دیمۆکراسی و تەنانەت ناسیۆنالیستیە قەومیە کوێرانەی کوردو نەتەوەکانی تریش ئەخاتە دەستوری کاری چاالکەوانان و
تێکۆشەرانی خەباتی چینایەتی لەو ناوچەیەو لە کوردستانیش وە ڕۆژ بەڕۆژ دوو ڕوویی و درۆزنی حیزبە قەومیە کوردیەکان وە
تەنانەت جواڵنەوەکانی تریش کە یان پشت بە ئیسالم و مەزهەب ئەبەستن ، یان بە ڕیفۆرمیزمێکی یوتۆپیانەی جەماوەری ) گەل (
ئەبەستێت کە دوور بێت لە سازماندانی سیاسی چینی کارگەران و سۆسیالیزمی مارکس لەو ناوچەیە دێنە سەر شانۆی سیاسی و
ئەبن بە سیمای سەرەکی ئەم کۆمەڵگایانە وە لەوانە کۆمەڵگای کوردیش .
——————
) ١(
https://zaniary.com/blog/60084b9a55d01/%DA%95%DB%95%DA%86%DB%95%DA%B5%
DB%95%DA%A9-%D9%88-%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88%DB%8C-%DA
%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF
https://en.wikipedia.org/wiki/Congress_of_the_Peoples_of_the_East )٢ (
)٣(
http://ciml.250x.com/archive/comintern/arabic/1920_first_meeting_of_the_peoples_of_the_e
ast.pdf

سابیر . م
٢٠٢٣ / ٨ / ١٥




چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) لە شیعرەکانی ( ئیمان یادەوەر )دا-1-.. ناڵە حەسەن

_ بەشی یەکەم

بۆ قسەکردن لەو چەمکانە واتە ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) ، پێویست دەکات بگەڕێینەوە بۆ ئەفسانە و فەلسەفەی یۆنانی کۆن ، چونکە لەنێو شارستانیەتی ئەوسای گریک ئەفسانە ڕۆڵێکی سەرەکی و گرینگی هەبوو تەنانەت سەرچاوەو بنەمایەکیش بوو بۆ فەلسەفەی گریک ، لەنێو ئەفسانەکانیش دا ( ئیلیادە و ئۆدیسە )ی هۆمیرۆس . کە بە چڕی ئیشی لەسەر گومان و وڕوژاندنی پرسیار و دوالیزمی هاودژ دەکرد . چونکە قارەمانەکان تێکەڵاویەک بوون لە مرۆڤ و خوداوەند یان دونیای میتافیزیکی ڕۆحانی و دونیای مادی ، هەروەک لە کۆڕەکەی د. شاهۆ سەعید بە ناوی ( جوانناسی گریکی لە ئەفسانەوە بۆ فەلسەفە ) ، کە لەوێدا باس لەوە دەکات کە ( پرسیار و وتووێژ یەکێکن لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی ئەفسانە .. یان دەڵێ قارەمانەکانی نێو ئەفسانەی گریک هەمیشە کەسێکی نیگەران و پڕ گومان بوون ، نەک هەر لە حیوار دابوون لەگەڵ کاراکتەرەکانیتر بەڵکو ، لەگەڵ خوداش لە وتوێژ دابوون تەنانەت هەندێجار ڕەخنەیان لە بڕیارەکانی خودا دەگرت ..! ) ، بە مانایەک ئەوەش هێمایە بۆ حەقیقەتی( ڕێژەیی نەک حەقیقەتی ڕەها ) ، ئەفسانەی گریک هێندە کاریگەری هەبوو بەسەر بیرکردنەوە و بونیادی فەلسەفەی ئەوکات بە ئەندازەیەک گەورەترین پرسیاری لای فەیلەسوفەکان دروست کردووە ، بەشێک لە فەلسەفەی( سوقرات و ئەفلاتوون ) وەڵامدانەوە بووە بەو پرسیارانە . یان ئیشکردن لەسەر ئەو پارادۆکس و دوالیزمە هاودژانەی وەک خێر و شەڕ ، نێر و مێ ، ڕووناکی و تاریکی ، ڕۆح و جەستە و زۆریتر ، ئەو چەمکانە لە دەورانی پێش مۆدێرنە بە تایبەت لە شیعر و ئەدەبیاتی قوتابخانەکانی ( ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم ) وەک پێویست کاریان لەسەر نەدەکرا ، هۆکارەکەش لەو دەورانە لەژێر کاریگەری ئایین و ئایدیۆلۆژیاکانەوە باوەڕیان بە تاکڕەوی و حەقیقەتی ڕەها هەبوو ، ئەمەش مانایەک بۆ گومان و پرسیار ناهێڵێتەوە ، لەلایەکیتر لە دەورانی ڕۆمانسیزم و ڕیالیزم زیاتر پەیوەندی نووسەرەکان بە دونیای دەرەوە بوو ، ئیشکردن لەسەر دونیای واقیع و سروشت و جیهانی دەرەوە ، کەمتر پەیوەندییەکان ڕووە و ناوەوە بوون . بۆیە داهێنان و ڕووبەری جوانی لەم قوتابخانانە دەگەنە ئاستێکی وەستان و چەقبەستوو ، بەمانایەک لە پەیوەندی نێوان ژیرخان و سەرخانی کۆمەڵگە ،، ئەدەب و هونەر وەک ڕەگەزێکی سەرەکی سەرخانی کۆمەڵگە دەگاتە ئاستێک بەتایبەت دوای شۆڕشی فەرەنسا و پێشکەوتنی شارستانییەت و دروستبوونی شار و گەشەی مانیفاکتۆرەکان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ، ئەدەب و شیعری ئەوکات لەچاو پێشکەوتنەکان لەدواوە دەبێت ، بۆیە ئەدەب و هونەری ئەوکات وەک بەشێک لەسەرخانی کۆمەڵگە لەبەرامبەر ئەم هەلومەرجە و ئەم ئالوگۆڕانە نەیتوانی وەڵامدەرەوە بێت هاوکات بەهۆی داهێنانەکانی( سیگمۆند فرۆید )یش بە تایبەت شیکردنەوەی خەونەکان ،، کاریگەری زۆی دانا لەسەر ئەوەی ئاراستە و پەیوەندییەکان ڕووە و ناوەوە بەرەو خەون و ڕووبەری ناخودئاگایی و گەشەدان بە زمانی شیعر و نووسین لە رێگای بەکارهێنانی هێما و وێنە و میتافۆرەوە . بۆ ئەوەی ئەدەب و هونەریش لەگەڵ ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکان هاوتەریب بڕوات و دوانەکەوێت ، بە دیدگا و میتۆد و بیرکردنەوەی نوێ بۆ زمان و بەرجەستەکردنی جوانی لەئاستێکی بەرز .. لە سەدەی نۆزدەیەم لەژێر کاریگەری بیرکردنەکانی ڤیکتۆر هۆگۆ ڕێبازی ( هونەر بۆ هونەر ) دامەزرا ، پاشان قوتابخانەی پارناس ، دوای ئەوە بۆدلێر و هاورێکانی وەک ، مالارمی و ڤارلین قوتابخانەی ( سیمبولیزم ) یان دامەزراند ، دوای ئەوە هەر لە فەڕەنسا داداییەکان و سوریالیستەکان پەیدا بوون ، ئایندەییەکان لە ئیتالیا و فۆرمالیستەکانیش لە ڕووس . خاڵێکی هاوبەش لەنێو ئەو قوتابخانانەی دەورانی مۆدێرنە ئەوەبوو بەشێوەیەکی جڕتر ئیشیان لەسەر زمان دەکرد بە شێوەیەکی گەوهەری گرینگیان بە زانست و بونیادی زمان و جوانناسی دەدا ، هاوکات لە قوتابخانە ئەدەبیەکانی دەورانی مۆدێرنە بەجۆرێک لە جۆرەکان گەڕانەوەیەک بوو بۆ شارستانیەت و ئەفسانە و فەلسەفەی گریک ، بەتایبەت لە پەیوەند بە چەمکەکانی گومان و پرسیار و دوالیزمە دژەکان ( پارادۆکس ) و گونجاندنی ئەم دوالیزمانە بەیەکەوە ، دواتریش لە دەورانی پۆستمۆدێرن ئەم چەمکانە لەنێو شیعر و ئەدەبیات دا تۆختر ئیشیان لەسەر کرا و بە تایبەت ( گومان ) و بیرکردنەوەی ( ڕێژەیی ) گرینگی زێتری پێدرا ، بەتایبەت دوای ئەوەی بیردۆزی ڕێژەیی لای( ئانیشتایین ) داهێنرا ، چەمکەکانی گومان و پرسیار وڕوژاندن چوونە ئاستێکی باڵاتر لەنێو ڕووبەری زمان و بیرکردنەوەکان چوونە ئاستێکی سەرووتر ، بۆچیش لە پۆستمۆدێرنە ئەو چەمکانە گرینگی زێتریان پێدرا چونکە لە دەورانی مۆدێرنە چەمکەکانی گومان و پرسیار و بیرکردنەوەی ڕێژەیی پاشەکشەیان پێکرابوو ، واتە کەمتر پەیڕەو دەکران ، گوتاری تاکڕەوی شوێنی گوتاری فرە ڕەهەندی گرتبوویەوە ، لەژێر کاریگەری ئایین و ئایدیۆلۆژییەکان ، ( یەک قسەکەر و یەک چیڕۆک و یەک ئەفسانە ) باوی هەبوو ، بەمانایەک گەڕانەوە بۆ حەقیقەتی ڕەها ، هەربۆیە لەم دەورانە دوو جەنگی جیهانی هاتنە ئارا و چەندین دیکتاتۆر سەریان هەڵدا وەک ( هیتلەر و ناپلیۆن و مۆسۆلۆنی … ) ، ئەمانە لەژیر کاریگەری و بیرکردنەوەی تاکڕەوی و تۆتالیتاریستانە ئیشیان دەکرد ، بۆیە لە سەردەمی پۆستمۆدێرنە دووبارە گرینگی بە بیرکردنەوەی ڕێژەیی درایەوە و گومان لە ئاستێکی بەرین و بە چڕی ئیشی لەسەر کرا ، بەو مەبەستەی حەقیقەت لە یەککاتدا لای هیچ کەسێک و لای هیچ ئایین و ئایدیۆلۆژیایەک نییە ، ئیش لەسەر گوتار و ئارگومێنتی فرە ڕەهەندی کراو ( پێکەوە ژیان ) جێگەی سەرکوت و ڕەشکردنەوەی ئەویتری گرتەوە ، تا ئاستی ئەوەی چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) هاوکات لەگەڵ گەمە زمانەوانییەکان بوون بە پێکهاتە و سیمای شیعری پۆستمۆدێرنی . هەر لەوەی سوقرات دەڵێ ( مرۆڤ هیچ نازانێت پێویستە خۆی فێربکات ) ، یان ئەلبێرت کامۆ لە ( ئەفسانەی سیزێف ) لەشوێنێک دەڵێت ( ژیان خالییە لە مانا ..! ) ، ئەم ڕوانگە و تێڕوانینانە گەورەترین گومانن بۆ مرۆڤ و ژیان و دونیای دەرەوە . ئەم چەمکانەش پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ یەکدا هەیە ، چونکە هەموو پرسیارێک گومانێکی گەورەی لە پشتە هەموو گومانێکیش مەعریفە و وشیارییەکی گەورەی لە پشتە هاوکات ، پارادۆکسیش واتە گونجاندنی چەمکە دژەکان بەیەکەوە و دروستکردنی پەیوەندی و هارمۆنیایەک لە نیوانیان بۆ مەبەست و ئامانجی دیاریکراو ، ئەمەش لە مەعریفەیەک و گومانێکی قووڵ سەرچاوە دەگرێت ، چونکە لە ئەنجامی هەڵنەکردن و نەگونجانی هاودژەکان ژیان و پەیوەندییەکان دەچنە بارێکی نا تەندروست و توندوتیژی برەوەی پێدەدرێت ، هەروەک فرۆید لە داهێنانی چەمکەکانی ( ئیرۆس و ساناتۆس ) واتە ( ژیاندۆستی و مەرگدۆستی ) کە پێیوایە لە بیرکردنەوە و مێشکی مرۆڤ ئەم دوو چەمکە بە شێوەیەکی تەریب ئامادەییان هەیە و لە غیابی هەر یەکێکیان مرۆڤ تووشی ناڕێکی دەروونی دەبێت ، ئەم چەمکانەش لەنێو زمانی شیعریدا جوانیەکی بێوێنە بەرجەستە دەکەن ، لەپاڵ ئەم چەمکانە ( یاخیبوون )یش ڕۆلێکی گرینگ دەبینێت لەنێو داهێنان و نوێگەریدا ، چونکە هیچ نووسەر و شاعیرێک ناتوانن نوێگەر بن ئەگەر کەسێکی یاخی و بە گومانەوە لە ئەدەبی خۆیان و دەوروبەریان نەڕوانن ، وەکچۆن( یاخیبوون و نوێگەری ) دوو چەمکن هاوتەریب و ئاوێزانی یەکترین و چەمکەکانی ( گومان و یاخیبوون )یش بەهەمانشێوە ، وەکچۆن کامۆ لە کتێبی ( مرۆڤی یاخی )دا دەڵێت ( مرۆڤی پووجگەرا ، دواتر یاخی ، باوەڕی بە هیچ بڕوایەکی ڕەها یان بوونەوەر و یان مرۆڤێکی ڕەها نییە ، بەلای ئەوەوە حەقیقەتەکان ڕێژەیین نەک ڕەها..! ) هەروەک لە پێشتر باسمان لەوە کرد کە ڕوانین بە دیدی حەقیقەتی ڕێژەیی یانی ڕوانین بە دیدێکی گوماناوی ، بۆیە دەبینین چەمکی یاخیبوون و گومانیش هاوتەریب و ڕێکن بەیەکەوە ، ئینجا بەدوای ئەم دەستپێک و سەرەتایەمان لە بارەی چەمکەکانی باسمان کردن ، دێین خوێندنەوەیەک بۆ چەند شیعرێکی ( ئیمان یادەوەری ) شاعیر دەکەین ، هەوڵدەدەین لەنێو شیعرەکانی دیوە شاراوەکان و کاریگەری ئەم چەمکانە لەنێو زمانی شیعری ئەم شاعیرەمان بەدەربخەین . ئیمان یادەوەر شاعیرێکە ئەزموونێک و تەمەنێکی کورتی هەیە لەنێو دونیای شیعر ، نزیکەی( پێنج ) ساڵێکە دەنووسێت و شیعرەکانی لە سۆشیال میدیا و لە هەندێک لە ڕۆژنامە و سایتەکان بڵاودەکاتەوە ، شاعیرێکی لاوە و بەم تەمەنە کورتەی توانیویەتی چەندین دەقی شیعری ناوازە و جوانمان پێشکەش بکات ( لەوانە دەرد لەبەرد کەوتووە تۆش لەمن ، جەستەی ژیان بە دەمی مەرگەوە ، پڕم لە هیچ ، شانۆی مەرگ ، خۆم لەتۆ دادەکەنم ، بەم دواییەش زەوی شاعیرەکان و چەند دەقێکی تر ) ، ئیمان یادەوەر تا ئیستا دوو خەڵاتی وەرگرتووە ، لە ڤیستیڤالی ( شەن ) بە شیعری ( خۆم لەتۆ دادەکەنم ) خەڵاتی دووەمی وەرگرتووە ، لە ڤیستیڤالی ( مەلای جەباری ) بە شیعری ( زەوی شاعیرەکان ) بە هاوبەشی لەگەڵ دەقێکی تر خەڵاتی یەکەمیان وەرگرتووە . ئیمان یادەوەر بە شێوەیەکی بەرچاو ئیشی لەسەر چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) کردووە ، تا ئاستی ئەوەی سیمایەکی جوانییان بە شیعرەکانی بەخشیوە ، هاوکات وەک شاعیرێک و بوونێکی یاخیش دەردەکەوێت لەنێو دەقە شیعرییەکانی ، ئەمەش تا ئاستێکی باش جیای دەکاتەوە لە شاعیرانی هاوتەمەن و سەردەمی خۆی ، دەتوانم بڵێم بە دیدێک و فۆرمێکی جیاوازتر دەنووسێت ، شاعیرانەتر مامەڵە لەگەڵ زمان دەکات ، قووڵتر مەبەستەکانی دەردەبڕێت ، مەبەستمە ئەوە بڵێم ئەو شاعیرەمان بە سەرەتایەکی جوان دەستی پێکردووە توانایەکی شاراوەی شیعری نایابی تیا دەبیندرێت . هەوڵدەدەین لەم لێکۆڵینەوەمان خوێندنەوە بۆ چەند شیعرێکی بکەین .
_ شیعری ( دەرد لەبەرد کەوتووە تۆش لە من )
گەر لەم تایتلە بڕوانین ، دەستەواژە و دەربڕینێکی شیعری نایاب و جوان دەبینین ، شاعیر زیرەکانە دوو وێنەی نەخشاندووە ، وێنەیەک ( کەوتنی ئەو لەخۆی ) ، وێنەیەکیتر ( کەوتنی دەرد لەبەرد ) ، بە مەبەستیش جێگۆڕکێی بە شوێنی وێنەکان کردووە ، بەمانایەک وێنەی دووەمی بۆ ئەوە نەخشاندووە تا ناوەڕۆک و قووڵایی هێماکانی وێنەی یەکەم پێشان بدات ، مەبەستییەتی بڵێت / کەوتن و جیابوونەوەی تۆ لەمن وەک دەرد و ئازارەکانی بەرد وایە یان وەک کەوتنی دەرد لەبەرد وایە ، واتە کەوتنی تۆ لەمن هێندە ئازارێکی بەسۆیە بەردیش دێنێتە قسە و ئەسەف و غەمگینە بۆم ، لەتاو ئەم کەوتنەی تۆ دەرد و ئازاری لێدەکەوێت ، دێمەنێکی شیعری جوان دەربڕینێکی شیعری و ماناو مەبەستێکی قووڵ . ئیدی ئەم ئازار و وێنە شیعرییە پڕ لە ئیستاتیکایە دەروازەیەکە بۆ چوونە نێو دەقە شیعرییەکە ، لە سەرەتای دەقەکە دەڵێت :
گریانێک بە گەروومەوە لکاوە
نازانم لە دڵمەوە سەردەکەوێت بۆ سەرم
یاخود لە سەرمەوە دەیەوێت بگاتە دڵم
قوڕگی گرتووم دەمەوێت بڵێم من کێم .. ناتوانم
دەنگم لە ئەشکەوتی سەرمدا دەنگ دەداتەوە
لەسەر ئەم دیواری ونبوونە دەنووسم بمدۆزەرەوە
بەڵام ئەوەی ونی کردم نایخوێنێتەوە …!
کەوتنی ئەو لە خۆی ، ئازارێکی هێندە قووڵ بوو پڕی کردووە لە نیگەرانی و گومان ، هەموو شتێکی بیر بردۆتەوە تەنانەت ناوی خۆیی و شوناسی خۆیشی ، ( دەمەوێت بڵێم من کێم ، بەڵام ناتوانم ! ) ، چونکە هێندە نیگەران و نائومێدە هەموو شتێکی بیرچۆتەوە تەنانەت ، ئەو گومانەی بە گەرووی لکاوە نازانێ لە دڵییەوە سەردەکەوێت بۆ سەری یان لە سەریەوە دەگاتە دڵی ؟ ، هاوکات قوڕگی گرتووە و ناتوانێت هیچ بڵێت ، لەلایەکیترەوە دەنگی لە ئەشکەوتی سەری دەنگدەداتەوە ، سەدای دەنگ دانەوەکە وەک ئەوە وایە سەری لەنێو گێژاوی دەنگدانەوە وەک گێژەن لوول دەخوات ، لەناو نائومێدی و ئەم ونبوونە دەنووسێت / بمدۆزەرەوە ! بەڵام حەیف .. ئەوکەسەی لەو بەربۆتەوە ، ئەوەی ئەمی ونکردووە نایخوێنێتەوە ! شاعیر وردە وردە و قووڵتر ئەم نیگەرانی و ئازارەکانی کەوتنی ئەو لە خۆی پێشان دەدات و لە دیمەنی دوای ئەوە دەڵێت :
وشەکان لەسەر زارم بوونە بەرد
ئەم دیواری وشانە تا عەرش بەرز بوونەتەوە
نە ئەجەل دەیڕوخێنێت و نە هاودڵێک دەیکات بە کۆشک
دەنگێک بە پەردەی گوێیەکانمەوە نووساوە
با دونیا بیبیستێت من نایبیستم
ئەوەی بانگم دەکات با دڵی بنێرێت نەک دەنگی !
لە پشتی ئەم دیمەنە شیعرییەش گومانێکی گەورە هەست پێدەکرێت ، گومان لەوە دەکات ئەو کەسەی خۆشیویستووە ئاگاداری چیڕۆکی شەونخونی و بێداری و خەم و ئازاری ئەو بێت ، گومان دەکات چیڕۆکی ئەم عەشقەی ئەو بووبێتن بە بەشێک لە خەیاڵ و خەمەکانی ئەو ، وشەکانی ئەم عەشقەی ئەم باوەشیان بۆ ناکاتەوە و لە دەفتەری یادەوەری خۆی نایان نووسێتەوە ، بۆیە وشەکانی بستیک لێی دوورناکەونەوە هەر لەسەر زاری خۆی دەمێننەوە و دەبن بە بەرد ، دەبن بە بەرد و دیوارێک دروست دەکەن ، دیوارەکەش تا عەرش بەرز دەبێتەوە ، ئیتر ئەمیش نائومێدانە هەر دەبێ سەیری دیوارەکە و بوون بە بەردی وشەکانی بکات و ئەو خەمەش سەراپا جەستە و مێشکی داگیرکردووە ، کە نە ئەجەل دەیکوژێت و نە کەسیش دیوار و بەردی وشەکانی دەکا بە کۆشک ! دەنگێکیش بە پەردەی گوێیەکانی نووساوە ، ئەو بە گومانە لەوەی ئەو دەنگە هی ئەو بێت بۆیە گومانەکەی بەوە دەردەخات و دەڵێت : دونیا دەیبیستێت بەڵام من نایبیستم ، بە ئەسەفەوە دەڵێت : ئەوەی بانگم دەکات با دڵی بنێرێت نەک دەنگی ! ، ڕەنگە ئەو دەنگە تەنها گومانێک بێت و هیچیتر ، شاعیر لەنێو قووڵاییەکاندا زێتر بەنێو ململانێو کەوتنی ئەو لەخۆی دەچیتە خوارەوە و دەڵێت :
سێبەرێک هات و جێی هێشتم
ڕەنگی خوێنم تاریک بووە
بەو چەکوشەی دووری پیای کێشام
لە سەرمدا جگە لە دەنگدانەوەی دەنگی برینەکانم
هیچیتر نابیستم !
دیمەنێکی شیعری جوان و گومانێکی قووڵ .. لە دیمەنی پێشوو نیگەران و بە گومانە لەوەی وشەکانی بگەن بە ئەو و ببن بە بەشێک لە بیرەوەرییەکانی ئەو ، یان گومان لەو دەنگە دوورانە کە دەگاتە گوێی ئەو نایبیستێت ،، لێرە گومانەکانی تۆختر دەردەخات نیگەرانیەکانی قووڵتر دەبنەوە بەوەی ( ڕەنگە ئەوکەسە هەربوونی نەبێت ! یان کەسێکی خەیاڵی و وەهمی بێت ،، بە سێبەر وێنەی دەکات ، سێبەریش وێنەی خەیاڵی کەسەکانە دەکرێت وەهمێکی گەورە بێت ، دەڵێت : سێبەرێک هات و جێێ هێشتم ،، ئەم جێهێشتنە هێندە کاریلێکردووە ڕەنگی خوێنی تاریک کردووە ، لە سوورەوە گۆڕاوە بۆ ڕەش ، ئەوەش هێمایە بۆ ئازار و خەمێکی قووڵ ، کە وەک چەکوشێک بەر سەری کەوتووە ئێستا لەتاو ئەم خەم و ئازارە لەنێو سەر و مێشک و خەیاڵیا جگە لە دەنگدانەوەی دەنگی برینەکانی هیچیتر نابیستێت ..! ئیتر لەنێو ئەم گومان و نائومێدی و خەم و نیگەرانیانە دێت شاعیرانە پرسیارێک دەوڕوژێنێت ، دەیەوێت لە پشتی ئەو پرسیارەوە خەمە گەورەکانی کەوتنی ئەو لە خۆی وێنا بکات و دەڵێت :
دەزانی خەمی چیمە ئەی دۆست ؟
بمرم و مردووشۆریش نەیبینێت
ئەو خۆشەویستییەی وەک خۆرێکی زەرد
لە ڕوخساری ماتما هەڵهات
بۆ دواجار لەگەڵ خۆما ئاوابێت !
کاتێک پرسیارەکە دەکات و دەڵیت ئەی دۆست ، دەکرێت ئەو دۆستە هەرکەسێک بێت ، ئەوی وەهمی بێت ، ئەوی خوێنەر ، هەرکەسێک ، کەسەکە شوناس و بوونی نادیارە ، شاعیر دەیەوێ لە پشتی پرسیارەکەی ئەو خەمە قووڵە پێشان بدات کەوا ،، ئەو خۆشەویستییەی وەک خۆرێکی زەرد لە نێو ڕوخسار و چاوەکانی هەڵهات ، ئاوابێت و نەک هەموو خەڵک بەڵکو مردووشۆریش نەیبینێت ! دوای ئەوە بە هەمان هەناسەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت :
شیعرێک لە سکمایە لەخۆم باڵاتر
دەڵێی من منداڵی ئەوم و ئەویش منداڵی جیهان
دەزانم لە دایک ببێت من لە هەناویدا دەدۆزنەوە
دەبی ئەم هەموو برینە بەچی دابخەم ؟
پەنا بۆ کراسی کام گۆرانی ببەم ؟
بیکەم بە بەر ئازارەکانمەوە
خەمەکان منیان لەخۆ هەڵکێشاوە …!
خۆی ئەگەر لە ڕووی تەکنیکی و زمانەوانی سەیری بکەین ، وا دەزانین ناڕێکییەک یان هەڵەیەکی تەکنیکی و زمانەوانی هەیە ، چونکە شوێنی لە دایکبوونی شیعر مێشک و ڕووبەری خەیاڵە نەک سک .. بەڵام شاعیر وەک کچێک یان ئافرەتێک ، هەستی مێیینەی خۆی و کردەی مناڵبوون وێنا دەکات ، شیعر هێندە لێیەوە نزیکە وەک کۆرپە و جگەرگۆشەی خۆی خۆشی دەوێت و لێی دەڕوانێت ،، دەربڕینی ئەم هەستە مێینەیەش دواتر قسەی زێتری لەبارەوە دەکەین ، ئیدی کۆرپەیەکی شیعری لە سک و منداڵدانییەتی ، دەڵێی من منداڵی ئەوم و ئەویش منداڵی جیهان ،، لێرە دەیەوێت لە پشتی ئەم دەربڕینەوە باسی گەورەیی و بەرینی رووبەری شیعرمان بۆ بکات ، وەک ئەوەی ئێمە لە نووسینەکانمان هەمیشە تاکیدیمان لەوە کردۆتەوە کە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە ، ئەویش دەیەوێت مەبەستێکی لەو شێوە بە تەعبیر و دەستەواژەکانی خۆی دەرببڕێت ، دەیەوێت پێمان بڵێت ،، لەگەڵ ئەوەی ئەو شیعرە لەنێو سکی مندایە ، بەڵام هێندە دڵ میهرەبان و گەورەیە ڕێگە دەدات من لەنێو ئەودا قسەکانم و خەم و ئازار و نیگەرانیەکانم دەربڕم و وەک ئەوەی من منداڵی ئەو بم و ئەویش منداڵی هەموو جیهان ، کە مەبەستی ئەو ڕووبەرە گەردوونییەی شیعرە . دواییش دەوێت ئەم بوونە گەردوونیە وەکو شاعیرێک بکات بە شوناسی خۆی و دەڵێت ، دەزانم گەر لەدایک بێت و من لە هەناویدا دەدۆزنەوە ! ، خۆی منداڵ بە دایک و باوکی دەناسرێتەوە ، کاتێک پێچەوانەکەی ڕاست دەبێت ئەوکاتە منداڵەکە داهێنانێکی گەورە بکات یان لەشوێنێکی بەرز و بڵند و دیار بێت ، ئێ ئەویش دەڵێت ، ئەو منداڵەی لە سکمایە و لە خۆم باڵاتر ، وەک ئەوەی من منداڵی ئەو بم و ئەویش منداڵی جیهان ، مادەم وەک منداڵی جیهان وایە کەواتە شوناسی ئەو منداڵە کە شیعرە لە ئاستێکی بەرز و وەک بوونێکی گەردوونی وایە . ئیتر دەیەوێت ئەو بوونە گەردوونە بکات بە شوناسی خۆی بەوەی کە دەڵێت ، من لە هەناویدا دەدۆزنەوە ،، ئێ بێگومان نیشتیمانی شاعیر هەناو و ماڵی شیعرە . دوای ئەوە دوو پرسیاری یەکبەدوای یەک دەکات و دەڵێت : دەمی ئەو هەموو برینە بە چی دابخەم ؟ پەنا بۆ کراسی کام گۆرانی ببەم ؟ ئێمە گوتمان هەموو پرسیارێکی گەورە گومانێکی گەورەی لە پشتە ، ئەوەتا لە پشتی ئەو پرسیارانە گەورەترین گومان و خەم و نائومێدی دەبینین .. ئاخر دۆشداماوە ! نازانێت دەمی ئەم هەموو برینانەی بەچی دابخات و بێدەنگیان کات ، یان پەنا بۆ کراسی کام گۆرانی بەرێت ؟ لێرە مۆسیقا و گۆرانی وەک هێما و هۆکارێک بۆ ئارامکردنەوەی ناخ و دەروون بەڵام ئەو خەمەکانی هێندە گەورەن نازانێت کام میلۆدی و گۆرانی ئارامی دەکاتەوە ، چونکە خەمەکانی هێندە گەورە و بەسۆن ، ئەو هیچی بۆ ناکرێت چونکە خەمەکان ئەویان لەخۆ هەڵکێشاوە ، واتە هیچ کراسێک ئەو ئارام ناکاتەوە چونکە خۆی بووە بە کراسی خەمەکانی ! شاعیر لە دیماهی شیعرەکەی لەناو هەمان گومان دەمێنیتەوە بەڵکو قووڵتر تەعبیری لێدەکات و دەڵێت :
دەزانم پێش پیر بوون
لۆچی هەزار و یەک خەیاڵت
وەک مشار پێستی ناوەوەم دەبڕێت
بەرلەوەی بمرم .. نا من نامرم
بیرکردنەوە لە تۆ دەمکوژێت
بەڵام ڕوون نییە من دەدۆڕێم
کێ ناڵێت ڕۆژێک ، ئێوارانێک
گۆرانی فیشەکێک
شین بە شایی هەموو خەیاڵەکانت ناگێڕێت ؟!
لە سەرەتای ئەم کۆپلەیە کە کۆتایی شیعرەکەیەتی ، بە دەربڕین و جوانیەکی شاعیرانە باس لە ئازارەکانی کەوتنی ئەو دەکات لە خۆیدا و دەڵێت : دەزانم پێش پیربوون ، لۆچی هەزار و یەک خەیاڵت ، وەک مشار پێستی ناوەوەم دەبڕێت ، دیمەنێک و دەربڕینێکی شیعری جوان ، هێندە بەنێو خەمەکانی ڕۆچووە وەک ئەوەی بەدەم ئازارەکانی وڕێنە بکات و دەیەوێت شتێک لە جەشنی نهێنییەک یان وەسیەتێک بکات و دەڵێت : ئەگەر مردم بەڵام لەم چرکە ساتە بە ئاگا دێتەوە و نهێنیەکە یان قسەکە تەواو ناکات و وەک هاوارێک دەڵێت : نا من نامرم .. بیرکردنەوە لەتۆ دەمکوژێت ،، واتە ئەو یەقینە لەوەی بە مردنی خۆیی و مردنێکی ئاسایی نامریت بەڵکو بیرکردنەوە لەو یان جیابوونەوە و کەوتنی ئەو لە خۆیدا دەیکوژێت ! دواتر ئەم شێوە مردنە لە وێنەیەکی گوماناوی پێشان دەدات و دەڵێت ؟ کێ ناڵێت ؟! ڕۆژێک ئێوارانێک ، گۆرانی فیشەکێک ، شین بە شایی هەموو خەیاڵەکانت ناگێڕێت ؟!ئیتر ئەم دیمەنەی دوایی کە هەم هەڵگری پرسیارێکی گەورە و گومانێکی گەورەیە لە هەمانکات ، لە پشتی ئەم پرسیار و گومانەش دیمەنێکی تراژیدی وێنا کردووە ، کە ئەگەری ئەوە هەیە ڕۆژێک ئێوارەیەک بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت و گۆرانی لێرە مەبەستی لە دەنگی فیشەکەکەیە بگات بەگوێی ئەو ، ئیدی شایی و هەستە خۆشییەکانی لێبکات بە شین .. لە هەمانکات لەنێو هەناوی ئەم دیمەنە تراژیدییە پارادۆکسێکی ناوازەی لەنێوان دوالیزمی هاودژی ( شین و شایی ) داهێناوە ، گونجان و ئاوێتەبوونیان لە یەک ڕستە و دەستەواژەی شیعری بۆ داهێنان و بەرجەستەکردنی ڕووبەرێکی گەورە لە جوانی .

_ شیعری ( شانۆی مەرگ )
هەروەک ئیمان یادەوەر خۆی دەڵێت ، لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە شیعر بڵاودەکاتەوە ، واتە نزیکەی پێنج ساڵێک دەبێت هەوڵەکانی لەم ڕووبەرە چڕبوونەتەوە ، وە یەکەمین شیعریش ئەم شیعرەی سەرەوە بووە بە ناوی ( شانۆی مەرگ ) کە بۆ ئازار و موعانەتەکانی خۆیی و تەواوی کچان و ژنان نووسیویەتی ، وە لەم دواییەش لە گۆڤارێکی ئەلیکترۆنی بە ناوی ( ئایندەسازی ) بڵاویکردۆتەوە هاوکات لە ئەکاونتەکەی خۆیشی لە ( فەیسبووک ) ، سەرەتا شیعرەکە بەوە دەست پێدەکات و دەڵێت :
من ماڵی خاتوونێک دەزانم
لەوبەر کۆڵانەکەوە ئازارەکانیت پێدەگات
ڕۆژانە لای بەقاڵەکە
بە کیلۆ خەم دەکڕێ و دەیخوات
ئەو بە فرمێسک ، فەرش و قاپەکان دەشوات
بە پەڕۆی خۆزگە خەونەکانی
گەردوو تۆزی شووشەی پەنجەرەکە لا دەبات
بە کڵپەی ئاگری ناخی خواردن لێدەنێت
کەلوپەلی نێو کەوەنتەرەکەشی ماتن
کە ڕۆژانە .. گوێیان لە ئاهوو داخی دەبێت
دیوارەکان نەفرەت لە خۆیان دەکەن
کە دەبینن
وەستاون لە جێی خۆیان هیچیان بۆ ناکرێت ..!
بەر لەوەی باس لە ناوەڕۆک و مەبەست و زمان و دەستەواژە شیعریەکانی ئەم دەقە بکەین ، بە پێویستی دەزانم بۆ وە بیرهێنانەوەی خوێنەر باسی بابەتێکی گرینگ بکەم ئەویش ، بابەتی ( شیعر و گێندەر .. ڕەگەز ) واتە پەیوەندی شیعر و ڕەگەز یان ( ئەدەبی ژنانە و ئەدەبی پیاوانە ) ، ئێمە لە زۆر شوێن لە نیو کتێب و وتار و دیمانەکانمان ، ئەم پۆلینکردنەی شیعرمان بە ناوی شیعری ژنانە و شیعری پیاوانە ، یان پۆلینکردنی شیعر لەژێر هەر کاریگەریەکیتر بێت بۆ نموونە ( ئەدەبی کرێکاری ) یان ( ئەدەبی نەتەوەیی ) یان ( ئەدەبی ئیسلامی ) هەتادوایی ، هەموو ئەم پۆلین کردنانەمان ڕەت کردۆتەوە ، بە هۆکاری کە ئەدەب و شیعر بوونێکی گەردوونییان هەیە و هاوتەریبن لەگەڵ ژیان و بەها مرۆیی و مرۆڤایەتیدا ، ناتوانین بەهیچ هۆکارێکی رەگەزی یان ئایینی یان ئایدیۆلۆژی ، ڕووبەرە گەردوونیەکەی بچووک بکەینەوە و چوارچێوەو بازنەیەکی بە دەوردا بکێشین . بۆ نموونە شاعیرێکی ئافرەت وەک دەنگێکی مێ دەتوانێت هەست و خەون و خەمەکان و خۆزگەکانی خۆی بە زمانی شیعری بەرجەستە بکات بەبێ ئەوەی بڵێین ژنە شاعیر یان ئەدەبی ژنانە بۆ شاعیرێکی پیاویش بە هەمانشێوە ، ئەوەتا ئەم شیعرەی خاتوو ئیمان نموونەیەکی زیندووە بۆ ئەو قسەو بیرکردنەوانەی ئێمە ، کە بە زمانێکی شیعری نایاب و پڕ چێژ و ئیستاتیکا ، خەمە کچانەییەکان و مێیینەیی خۆی دەربڕیوە ، مامەڵەی لەگەڵ خەم و خەون و خۆزگە سەربڕاوەکانی خاتوونێک کردووە ، کە لە چوار چێوەی چواردیواردا ڕۆژانە ئازار و خەمەکانی خۆی دەنووسێتەوە ، مامەڵە لەگەڵ کەلوپەلەکانی چێشتخانە و کارەکانی چێشت لێنان و پاککردنەوە و حاجات شۆردن و ئەوکارە ڕۆژانەییانەی کە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکان تەنها بەکاری ئافرەت داندراون و ناوبراون ، بە زمانێکی چەند شاعیرانە و بە ئیستاتیکایەکی چەند نایاب دەڵێت : بە پەڕۆی خۆزگە و خەونەکانی گەردوو تۆزی شووشەی پەنجەرەکە لادەبات ، یان بە کڵپەی ئاگری ناخی خواردن لێدەنێت ..! بەڕاستی جوانکاری و داهێنانی گەورە لە پشتی ئەم دەستەواژە و ڕستە شیعرییانە دەبیندرێن ، خەم و هەستێکی ژنانە ، بەکارهێنانی وشەکان لەشوێنی گونجاو و واتادار ، ئیدی گەر بەم شیعرە بڵێین شیعری ژنانە ،، ئایا بچووک کردنەوەی ڕووبەری شیعر نییە ؟ ئایا دابڕانی شیعر نییە لە ڕووبەرە گەردوونیەکەی ؟ ئیدی لە کۆتایی ئەم کۆپلەیە خەمەکان و نائومێدییەکان قووڵتر پێشان دەدات بەوەی : دیوارەکان نەفرەت لە خۆیان دەکەن کە تەنها سەیرکەرن و هیچیتر ، واتە بەهۆی ئەم ستەم و چەوساندنەوەیەی سەر ژنان و ئەم ناهەقی و نابەرابەرییە دیوارەکانیش خەمبار و نائومێدن ..! هەر لە درێژەی گێڕانەوەی ئەم چیڕۆکە تراژیدییە لە شوێنێکی تر دەڵێت :
تەنیایی بە تاڵەکانی پرچیا هەڵواسیوە و
بێتاقەتی دەهۆنێتەوە
گۆڕستانێک لە چاوەکانیەتی و بە سەدەیەک بەهار
دیارە ئەم خاتوونە هەر پارچەیەک لە جەستەی یان هەر ئەندامێک لە لەشی هێما و دەربڕی خەمێکی گەورەن ، خودی ئەم خاتوونەش هێمایە بۆ ژن یان جنسی مێینە ، ئەوەتا تەنیایی بە تاڵەکانی قژی هەڵواسیوە و چاوکانیشی گۆڕستانێکن بە سەدەیەک بەهارەوە ، لێرەدا پارادۆکسێکی ناوازەی لەنێوان دوو چەمکی هاودژ و داهێناوە ، دوو چەمکی ناتەبای پێکە لکاندووە لە وێنەیەکی شیعری جوان بۆ مەبەستێکی تایبەت ،، گۆڕستان و بەهار ، نائومێدی و ئومێد ، مردن و لەدایکبوونەوە ! .. گۆڕستانێک لە چاوەکانیەتی و بە سەدەیەک بەهار ! دەربڕینێک و ڕستە و دەستەواژەیەکی شیعری جوان پڕ هارمانیا و پڕ مانا و مەبەستی گەورە . شاعیر بە هەستێکی مرۆییانە خەمەکان بە ڕەهەندی جیاواز لە ئاستێکی بەرین باس دەکات لە دەرگای زۆرێک لە خەمەکان دەدات بە هەوراز و نشێوەکان دەڕوات تا لە کۆتایی دەقەکە دەڵێت :
هەرخۆی شانۆکار و سیناریست و دەرهێنەر
ڕۆڵی بوون و نەبوون دەگێڕێت
ئومێدێک لە پشتی ڕەشی چاوەکانیەوە پرشنگ دەدات
بەو هیوایەی ڕۆژێک لە جێی خۆر
ژیان هەڵبێت ..!
لە دیماهی ئەو شیعرە ، ڕۆڵی ئافرەت و جنسی مێیینەمان لەنێو ژیان و گەردوون بۆ ڕەسم دەکات ، کە ئافرەت سەرچاوەی ژیان و بوونە ! هەر خۆی خوڵقێنەر و بکەر و بزوێنەری ژیانە ،، نەک هەر ژیان بەڵکو مردنیش ، واتە ( بوون و نەبوون ) هەرخۆی هەموو شتێکە بە مردنیشەوە ، لێرەش پارادۆکسێکی نایاب لە نێوان بوون نەبوون یان مردن و ژیان وێنا کراوە ، کۆتاییەکەش بە ئومێدێکی گەورە کۆتایی پێدەهێنێت ، بەو هیوایەی ڕۆژێک لە جیاتی خۆت ژیان هەڵبێت ..! ئەم ئومێد و هیوایەش هێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان . جوانی ئەم دەقە لەوەدایە بە هەستێکی مێیینە داپۆشراو و بە هەستێکی گەورەی مرۆیی نووسراوە ، بە زمانێکی شیعری و ئیشکردنێکی تۆخ لەسەر پارادۆکس و چەمکە دژەکان ، خودی جەستەی دەقەکە پارادۆکسێکی گەورەی تیایە ئەویش ئەوەیە ، هەموو دەقەکە لەسەر نائومێدی ئیش دەکات بەڵام لە کۆتایی ئومێدێک و خۆزگەیەکی گەشمان دەخاتە بەردەم هیوا دەخوازی ڕۆژێک لە جیاتی خۆر ژیان هەڵبێت …!

                                                    ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣

                            ماویەتی



گفتوگۆ لەگەڵ شانۆکار سلێمان گەڵاڵی.. سازدانی- کامەران حاجی ئەلیاس

سڵێمان گەڵاڵی: شانۆی کوردی بەگشتی لە هەولێر بەتایبەتی گەلێ ئاستەنگی لەبەردەم دروست بووە
سلێمان گەڵاڵی: شانۆی شەقام تاکەرێگایە بۆ بەردەوام بوون و گوزارشت کردن لە ناسۆریەکانی ژیانی جەماوەر

هونەرمەندی شانۆکار و نووسەر “سلێمان گەڵاڵی” ماوەیەکی زۆر لە بواری شانۆ و نووسین دا کار دەکات هەرچەندە سەرەتا بە شیعر هاتە نێو جیهانی ئەدەب و هونەر بەڵام لە کۆتاییدا خۆی لە نێو هونەری شانۆدا خۆی دییەوە وەکو نواندن و دەرهێنان خاوەنی چەندین کاری شانۆییە، لە هەمان کاتدا خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوە، بۆ زیاتر ئاگاردار بوون لە کارو چالاکییەکان لە نزیکەوە ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵی سازدا:
هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس

*سەرەتا بۆ خوێنەرمان باس لە ژیانی هونەری خۆت بکەیت
شانۆڤان (سلێمان ئیبراهیم قادر) زیاتر بە (سلێمان گەڵاڵی) ناسراوم،‌لەساڵی 1965 لەگەڕەکی سەیداوەی شاری هەولێر لەدایکبووم، خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەی (بێتوش و بڵێسە) و ناوەندی لەچیمەنی کوڕان لەسەیداوە تەواوکردووە هەر لەناوەندی دەستم کردووە بەشیعر نووسین لەچەند ڤیستیڤاڵی شیعریم بەشداری کردووەو خەڵات کراوەم بەداخەوە نووسینەکانی ئەو سەردەمیم لێ وون بووە لەپەیمانگای هونەرەجوانەکانی موسڵ وەرگیرام، تا قۆناغی چوارەم لە لەموسڵ خوێند، دواترگوراسترامەوە، بۆ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی” ساڵی 1988 پەیمانگام تەواو کرد” بەشداری چەندین شانۆگەری کردوە وەک ئەکتەرو دەرهێنان و کاری هونەری لەوانە (ئیمپراتۆر جۆنز/ دەرگا/ برایانی هۆریاس/ قەرەج/ کەرەشین/ ڕۆمیۆ جولێت/ شێتەکانی ئەم ڕۆژگارە/ بەسەر شۆستەی نەویستەوە/ بارانی ژێر خۆر)” ساڵی 1983 بۆ 1985 بوومە ئەندامی تیپی شانۆی شەماڵ لەبنکەی لاوان بەشداریم کرد لەشانۆگەری (خزم و ناسیار/ خەڵکی گوندەکەمان/ میرات/ سمایل و مامز) لەنووسین و دەرهێنانی مامۆستا (سەمیر عەبدولستار)” لەوماوەیەدا چەندین پارچە شیعرو چیڕۆکی لەگۆڤارو ڕۆژنامەکانی (هاوکاری/ بەیان/ عێراق/ کاروان/ ڕەنگین) بڵاوکردەوە، بەشداری کۆڕی شیعری کردووە لەهەولێر و سلێمانی” ساڵی 1987 بەشداری فیستیڤاڵی دهۆکی کرد بەشانۆگەری (دەنکە شقارتە) لەبەرهەمی تیپی کاروان پلەی دووەمان بەدەستهێناوە” ساڵی 1988 بوومە ئەندامی تیپی شانۆی هەڵگورد لەسلێمانی شانۆی (خۆناسەکان) ی پێشکەش کردووە” ساڵی 1993 لەڕادیۆی قوتابیان و لاوان دەرهێنەرو بێژەرو ئامادەکارو پێشکەشکاری بەرنامە بووم تاساڵی 2001 لەڕاگەیاندن بەردەوام بووە لەڕادیۆ و تەلەفزیۆنی گوڵان – هەرێم – نەورۆز – لقی دوو” دواتر گواسترامەوە بۆبەشی ڕاگەیاندن لەوەزارەتی ئەوقاف” ساڵی 1999 بەشداری لەخولی سینەما کرد کەلەلایەن سەلمان کاکەیی بەرێوە دەچوو،هەر لە خوولەکە کورتە فیلمی (لەخۆبایی) دەرهێنا. ساڵی 2007 بۆخوێندنی بەکالۆریۆس چووەتە کۆلیژی هونەرەجوانەکان” لەوێش ئەو بەرهەمە شانۆییانەی بەرهەم هێناوە (گیانی ئیلیانۆرا) (ڕۆڵەی خاک – دەرهێنان) (سواڵکەر – نواندن) (کۆتایی گەمە – نواندن)” هەر لەساڵی 2007 بەهاوبەشی ژیلوان تاهیرو سەڵاح حەسەن “گروپی شانۆڤانی کوردی”مان دامەزراند و چەند بەرهەمێکمان پێشکەشکرد وەک ئەکتەرو کاری هونەری تر بەشداری لە چەند بەرهەمێک دا کرد وەکو (وەرزی بەهار/ هەولێر نابەزێ/ ئەوینی تەنیایی/ گۆڕەپانی دیموکراسی/ نەورۆزو بەهار/ فەرهادو ئەوینێکی تر) لە ساڵی 2010 خوێندنم تەواو کرد و بەشداری (5) ۆرگشۆپی شانۆیی لەگەڵ ڕێکخراوی ئەمریکی و (5) شانۆیی لێ بەرهەمهات کە لەهەولێرو سلێمانی و دهۆک نمایش کران (خەمەکانی ئازاد/ مەریەمانە/ پێکەنینی شادی/ چیڕۆکی کۆچبەرێک/ زەمەنی شێواو)” هەر لەساڵی 2010 کاری دەرهێنانی بۆ(دەرچوانی گەنج/ دۆزەخ/ پەرپوت/ خەونی ئەبابیلەکان) کردووە” ماوەی دوو ساڵ سەرۆکی گروپی شانۆڤانی کورد بووم” ماوەی چوار ساڵ سەرۆکی تیپی شانۆی تیشک بووم” ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان”-م هەروەها خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوم.

*ئەوهونەرمەندانە کامەن کە کاریگەریان لەسەر تۆ هەبووە یاخود بە کارەکانیان سەرسام بوویت؟

سلێمان گەڵاڵی

  • سەرەتای هەشتاکان بینەری چەندین درامای کوردی و عەرەبی بووم کاریگەریان دروست کرد بۆ ئەوەی دونیای هونەر هەڵبژێرم و بچمە پەیمانگە بۆ ئێوەی بتوانم بەشێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی تێکهەڵکێشی هونەر بم و رۆڵی خۆم ببینم
  • لە ئێستادا،ئاستی شانۆی کوردی چۆن دەبینی؟
  • شانۆی کوردی لە هەولێر بەتایبەتی گەلێ ئاستەنگی لەبەردەم دروست بووە کە هونەرمەند نەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێت. بۆیە پێویستە پاڵپشتی تەواوی بکرێت و ئاسانکاری بۆ بکرێت تا بتوانێت هەنگاوەکانی گورج بکات. هەر چەندە لە ماوەی رابردوودا چەندین کاری خۆبەخشی بەئەنجام گەیشت بەڵام نەبووە هۆی بوژانەوەی هونەری شانۆ. بە هۆی ئەوەی لە کاتی هەبوونی بودجە و پاڵپشتی دارایی هونەرمەندە خۆبەخشەکان پەراوێز دەخرێن کە دەبێتە هۆکاری خاوبوونەوەی هونەرمەند.

    *شانۆ چۆن دەتوانێت گوزراشت لە ناسۆرییەکانی جەماوەر بکات؟

  • شانۆی شەقام تاکەرێگایە بۆ بەردەوام بوون و گوزارشت کردن لە ناسۆریەکانی ژیانی جەماوەر، چونکە تێچووی کەمە بە کەرەستەی ساکار ئەنجام دەدرێت لە هەمان کاتد چێژ بەخشە.
  • بەرێزتان لە بواری نووسین خامەتان ڕەنگینە ئەگەر بکرێت ئاماژە بە کتێبە چاپکراوەکانت بکەیت؟
  • کتێبی یەکەمم بە ناوی “مەدالیای قەرەجێکی شەرمەزار” بوو کە کتێبێکی شیعرییە لە ساڵی 1997 بڵاوکرایەوە. کتێبی دووەمم بە ناوی” دەرچوانی گەنج” بوو کە کۆمەڵێک دەقی شانۆیی لە خۆدەگرێت لە ساڵی 2010 بڵاوکرایەوە. لە سەنتەری داهێنان لە هەولێر چاپکراوە. کتێبی ” پەڕاوی شانۆڤان”چەند ووتار و لێکۆڵینەوەی شانۆیی پێک هاتووە لە ساڵی 2023 لە چاپکراوەکانی ڤیستیڤاڵی شانۆیی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر بوو. کتێبی ” دۆزەخی ئادەم” کۆمەڵێک دەقی شانۆیییە لە ساڵی 2023 لەلایەن دەزگای رۆشنبیری بڵاوکردنەوەی کوردی بەغدا چاپکراوە. دوا کتێبم بەرگی یەکەمی “بیۆگرافیای زانایانی ئایینی” لە ساڵی 2023 لەسەر ئەرکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چاپ و بڵاوکرایەوە.
  • بۆ پرۆژەی داهاتوو چیتان لە هەگبە دایە؟
  • لە ئێستادا خەریکی بەرگی دووهەمی “بیۆگرافیای زانایانی ئایینی” م لە هەمان کات دا وەک کاری هونەریش داواکاریمان پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی شانۆی هەولێر کردووە کە کار لەسەر دەقی شانۆیی ئادەم بکەین. کەی رەزامەندی وەرگیرا. دەست بەکارکردن دەکەین.



ئێوارانە -٤٧.. شیعری سەردار جاف

ئەم ئێوارە
تاوە بارانێ چراتۆڕی شەهلایی هەڵکردووە
فيرقەتی ئەو
گێژاوە سەرابی ونکرد
پەڕەگوڵی ناهومێدی
لە خەزانی غوربەتيما دەرخستووە
سەردەمی تراويلکەیی
ژاوەژاوی ئاوەزمە
چەمەنی سەوز
فەرشی بزە و پێکەنينی راخستووە
شەکرە شەڕێ
دەمودوو بوو
دەرگای داڵانی بێ خەمی
بسکی ئەم گەڵا سورانەی شۆڕەبييە
بە ناو بۆنی رێحانەيا دێن و دەچن
ئەو نيگای شەوەزەنگە رۆی
چيدی نابێتە خەڵات و
تاوە سۆزە بە گەردنی ئيشق دەلکێ و
سەر و قامەت بۆی ملکەچن
ئەم دڕدۆنگە
بێکۆتايە
تاو نا تاوێ شەستەبارانی بەهارە و
زەمەنێ دێ
گەرما پروکێنی هاوين
ئەم سەرمايە لە پاييزا هەڵدەکات و
بە نێو کپی و بێدەنگی شەوی دوورو درێژ
رێ دەبڕێت و
هەر خەزانە و دادەبارێ
شووشە و دڕکە
بە بن پێی غوربەتيما دێ
کەچی لێرە نيگاکانمان شێتانەيە و
دوور لە چاوين
شەو نامۆیی خۆ دەنووسم
حەرف وڕکگرتوو و ياخی
وشەکانيش دەبنە مۆتەکە و لێم دەئاڵێن
دێربەدێری رۆمنەکە
دەبێتە برين و خەرەند
لە گرێکوێرەی پيرێژنێ دەچێ کە عانەکانی خۆشبوێ
کوشتەی يەکين و حەزەکانمان وا دەناڵێن
تۆ دەزانی هەر پێکەوە گۆشکراوين
بە بێ تۆ من زۆر بێکەسم
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

٣١/ ٧ / ٢٠٢٣




١٣ كۆپلەكەی ژین و دڵ.. شوان عەباس بەدری

دەستێك لە دەرگای دڵم نادات
دەمێكە تەنیایی لە خۆی مارە كردووە


لە سەر لمی كەنار دەریای ژیانم
هیچ جێ پێیەكی یادگاری بە دی ناكرێت
ڕەشەبایە و ڕەشەبایە و ڕەشەبا !


دەمێ ساڵە مانگە شەو
لە ئاسمانی چاوەكانم تۆراوە
ئاخۆ دەبێت ڕەنگی
مانگ ئێستا چۆن بێت ؟


ئێستا مۆمە فرمێسكاوییەكەی تەمەن
گۆچان بەدەست
بەرەو گۆرستانی كوژانەوە بەڕێوەیە و
چاوەڕێی دوو دەستی میهرەبانە
بۆ خامۆشی !


سەگە تەنیا و ناشیرینەكەی شارەكەمان
بە ئومێدی لەتێ سۆز
ئەقروسكێنێ
كەچی وەك هەمیشە
جگە لە بەردێكی دڵڕەقی پڕ لە بێداركردنەوە
كەس دەستێكی پڕ سۆزی بە سەرا ناهێنێ !
**
خەون ئەبینم دیسان ئەژیم و پێئەكەنم
كەچی ژیان خەونەكەم لێ دەكات بە مۆتەكە !
**
كە مناڵ بووین بە گاڵتەوە ئەگریاین
كەچی ئێستا ….
ئاخ بۆ گریانێكی سەردەمی مناڵیمان !
**
نامەوێ خودا خاڵی كۆتایی تەمەنم دانێ
مەگەر خۆم دەستم نییە!
**
بە تەنها خوێن سەمبولی كووشتن نییە
من سەدان جار خۆمم دیوە
لەناو ئاوێنە ژەنگاوییەكەم
بە ووشەیەك كوژراوم !
**
كوا كۆتری سپی سەمبولی ئاشتییە
كۆترێكی سپی نازدارم ئەناسی
دواجار بە كێردێكی كول
دەروونی سەر بڕیم و
هەتا ئێستاش بە ئازارەوە ئەتلێمەوە و
پەلەقاژەی مەرگمە!
**
دەنگێك لانكەی ناخم ڕائەژەنێ
داریوشە
بە خۆی و ژێ خەمناكەكەیەوە
گوڵاوی پیت
بەسەر دڵم ئەبارێنێت !


ساتژمێری تەمەنم پێش ئەخەم
جگە لە ژیان هیچ شتێكی ترم نییە
تا لە دەستی بەم !
**
فریشتەیەكی درك بەدەست
بە جلی ڕەشەوە بەرەو ڕووم دێت و
داوای هەناسەكانم ئەكات !




پێنج بروسکە شیعر.. نوسینی هێدی گەڵاڵی

ئۆکسجین
من و تۆ
لە ئاو ئەچین
هەر یەکەو دو هایدرۆجین
من بۆ تۆ هەناسە و
تۆ بۆ من ئۆکسجین.

ماچ
ئەڵێن شەڕاب
چەند کۆن ببێ خۆشتر ئەبێ
ماچی لێویش
چەند تازە بێ تەڕتر ئەبێ

مەچەک
ترپەکانی دڵی منە
چرکەژمێری سەعاتەکەی
مەچەکی تۆ…
هەر چەند دور بم
وا هەست دەکەم
دڵم وا لە دەستی تۆ….

بۆیاخچی
بە دەستە بچوکەکانی
فلچەی بۆیاخ
دێنێ و دەبا
کە سەیری ڕوخساری دەکەم
وای دەبینم :
سەختی ژیان
ئەو دێنێ ودەبا!!!

دزی

من دز نیم
تەنیا دو شتم لێت دزیوە
ترپەکانی لێدانی دڵ و
عەتری هەناسەی سینەت!




دێمەوە.. شەماڵ بارەوانی

بەیانی

لەگەڵ دەنگی یەکەم ترپەی هەناسەی خودا،

لەگەڵ دەرکەوتنی گزنگی خۆر،

دێمەوە.

دێمەوە و
وەکوو جاران سروودی پێکەنین بۆ کجە عازەبەکانی دێ دەچڕین و
ئێوارەی شیعرمان پڕ دەکەین لە خەونی ئاشقانە.

دێمەوە و
ئامێزت دەکەم به سەرین و
ئەو تیۆرە پۆچەڵدەکەینەوە کە باس لە ئاوابوون دەکات.

دێمەوە و
لە نزیک دووڕیانی بێ ئومێدی، نەمامێک بۆ پەیمان دەڕوێنین و
لە پێدەشتی دابڕاندا کانی بیرەوەرییەکان دەژییێنینەوە.

دێمەوە و
لە هەواری جێژواندا
زیوانی ئازار لە دەفتەری چاوەڕوانی بژاردەکەین
و
خۆمان لە هەراسان خاڵی دەکەینەوە

دێمەوە و

قافیەی حوزن دەشکێنین
و
ئیتر ڕەها ڕەها دەبین.




گفتوگۆی جەمال پیرە لەگەڵ د. فەرهاد پیرباڵ

لە ئەرشیڤی دەنگەکانەوە.. ٢٠٠٥

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




جارێکی تر گوتاری کوردبوون.. نووسینی/ عەتا قەرەداخی

[ سەرەتا دەبێت بڵێم رۆڵی پارتە کوردیە پان عێراقی و پان تورکی و پان ئێرانی و پان سووریەکان و رۆڵی بەرنامەو کەسە یەکەم و بەدەسەڵاتەکانیان کە کارکردنیان لە سەنگەری کوردو لە کوردستانەوەو بە خوێنی گەنجی کوردو بە بەکارهێنانی سامانی نیشتیمانی کوردستان و بە نان و پێخەفی جوتیاری لادێکانی کوردستان و بە بەکارهێنانی خوێنی شەهیدان و بابەتی ئەنفال و کیمیاباران بۆ مەرامە حیزبی و کەسیەکانی خۆیان بە ئەندازەی هەژموون و دەسەڵاتی داگیرکەران خزمەتی داگیرکەرانی کوردستانیان کرد بۆ لاوازکردنی هەستی نەتەوایەتی کوردی و بێ ناوەرۆک کردنی چەمکی کوردایەتی و دروستکردنی رایەکی نزیک لە گشتی بەوەی کە کورد ناتوانێت خۆی بەڕێوەببات و شایانی دەوڵەتداری نیەو باشتروایە لە سایەی براگەورەی عەرەب و تورک و فارسدا بمێنێتەوە.
ئەم پارتانەی کورد هاوپەیمانی و ملکەچییان لە عێراق بۆ عەرەب شیعە بێت یان سوونە، بۆ فارس یان بۆ چەمکی ئێرانیبوون بێت واتە بۆ ئەو هەڵەیەی کە لە سەدەی حەوتەمی پێش زاینەوە بەناوی جەمکی هاوکەلتوری پێکهاتووە بەربەستبووە لەبەردەم جیاکردنەوەی شوناسی کوردی و و ئێرانی یان فارسیداو، لە تورکیا گوتاری تورکیایەکی دیموکرات و کۆنفیدراسیۆنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سوریاش کۆپی کردنی هەمان گوتار، لە پەنجا ساڵی رابردوودا گەورەترین لێدان بووە لە گوتاری کوردی و لە کوردبوون، کە ئەوەش دەرئەنجامی کاری پارتە بەناو کوردیەکان بووە. بە تایبەتی ئەوانەیان پێگەی جەماوەریان هەبووەو هەیە زۆرینەی هەرە زۆریان دەکەونە ئەم چوارچێوەیەوە، کە لەراستیدا ئەم شیوە کارکردنەیان هەقە رێگای ئەوەیان پێنەدات ئیدیعای کوردایەتی و کوردستانیبوون بکەن، چونکە بەمشێوە کارکردنەیان نەک پەرەیان بە کوردبوون نەداوە بەلکو جەمکی کوردبوون و گوتاری کوردبوونیان بێ ناوەرۆک کردووەو ئینتیمای جەماوەری کوردیان بۆ نزمترین ئاست دابەزاندووەو تەنانەت ئیرادەی خەڵکی کوردستانیان بۆ ئاستێکی زۆر ترسناک هێناوەتە خوارەوە].[ دەزانم ئەم دەربڕینانە تفت و تاڵک و رەنگە ئازار بە زۆرینەی پارتە کوردیەکان بگەیەنێت، بەڵام ئەو ئازارە هەرگیز لە ئاستی ئەو زیانە گەورەیەدا نیە کە ئەمانە بە دۆزی کوردو بە کوردبوونیان گەیاندووە. دڵنیاشین مێژوو رەوتی خۆی دەکات و کوردبوون دەچێتە جەمسەری بەرامبەر داگیرکەران و هەموو ئەوانەی گۆرانی بە باڵای شۆخ و شەنگی داگیرکەراندا دەڵێن، چ پارت و چ تاکە کەس ئەنجامەکەی دەبینن. هەڵبەت جەماوەری ئاسایی خەڵک بێ گوناهەو ئەگەر هەڵوێستی خراپ یان دەربڕینی خراپ بەرامبەر بە کوردبوونیش دەرببڕێت، ئەوە تاوانەکە لە ئەستۆی پارتە کوردیەکانە، لە ئەستۆی دەستەبژێری سیاسی و رۆشنبیری کوردە، چونکە لە لایەک ئەوانەی لە باشوور ئیدارەیان بەدەستە نەیانتوانیووە نموونەیەکی باشی ئیدارەی خۆماڵی کوردی بنیادبنێنن، لە لایەکی تریش کۆی پارتە پان داگیرکەرەکانی کوردستان واتە هەموو ئەوانەی لە بری رۆیشتن بە ئاراستەی چەقی کوردستان و رۆحی کوردبوون، جوڵەیان بەرەو بەغداو تاران و ئەنقەرەو دیمەشقەو رۆحیان پەیوەستە بە رۆحی عەرەب و تورک و فارسەوە، کوردایەتیان لەبەرچاوی جەماوەری خەڵک سووک و بێ بەهاکردووە، بۆیە لەهەموو بارێکدا جەماوەری خەڵک بێ گوناهەو گوناهباری گەورەی سووککردنی کوردبوون و بێ ناوەرککردنی چەمکی نیشتیمان و نەتەوە دەکەوێتە ئەستۆی پارتە سیاسیە نانەتەوەییەکان و دەستەبژیری سیاسی و رۆشنبیری بی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی] .
کەواتە:
مەبەست لە گوتارى کوردبوون چیە؟ بەڵام پێویستە سەرەتا بزانین گوتار چیە؟ مەبەست لە گوتار پێکهاتەیەک یان دەربڕنێکی زمانیە کە دەشێ نووسراو یان گوتراو-زارەکی- بێت و بە بیرو زانیارى و ماناو دەلالات بارگاوى بکرێت. گوتارى نەتەوەیی پێکهاتەیەکی زمانیە بە بیرو زانیارى و ماناو دەلالاتە نەتەوەییەکان بارگاوى دەکرێ. هەر لێرەوە گوتارى کوردى یان کوردبوون ئەو گوتارەیە بە زمانی کوردى بەرهەم دێت چی نووسراو بێت یان زارەکی، هەروەها بە بیرو زانیارى و ماناو دەلالاتی کوردى بارگاوى دەکرێت. بیرى کوردیش تەنیا کاتێک شووناسی کوردبوونی بەباڵا دەبڕرێت کە لە گەوهەردا کوردى بێت و سەرچاوەکەى کوردى بێت و دیدو روانینی کوردانە بێت و خواست و ویست و مافەکانی کوردى لە خۆیدا کۆکردبێتەوەو هەڵگرتبێت.
ئاشکرایە خواست و ویست و مافی هەر نەتەوە یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە سادەترین پێناسەدا ئەوەیە کە ئەو پێکهاتەیە خۆى خاوەنی هەموو شتێکی خۆى بێت. واتە خۆى ئەو کەسە بێت کە بڕیارى هەموو شتێکی خۆى بدات. بۆ نەتەوەو پێکهاتە داگیرکراو و دابەشکراو و ژێردەستە و چەوساوەکانی وەکو کوردیش خواست و ویست و سادەترین ماف بڕیاردانی چارەنووسی خۆیانە، کە ئەوەش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت ئەو پێکهاتەیە بە ئازادى و بێ هیچ رێگرییەک مافی ئەوەى هەبێت کە خۆى بڕیاربدات چی دەوێت.
کاتێ باسی گوتارى کوردبوون دەکرێت، دەبێ بزانین گوتارى کوردبوون بە ئاستێک لە گوتارى کوردى جیادەکرێتەوە ئەویش لە رووى زیاتر جەختکردنە سەر گەوهەرى گوتارەکەو رووانین بۆ هێزو وزەى ناوەوەی گوتارەکەو شێوازى رەنگدانەوەى ئەو گەوهەرو ماهیەتە بە ئاراستەى دەرەوە. واتە گوتارى کوردبوون جەختکردنە لەسەر بوون و ماهیەتی ئەو پێکهاتە کە ناوى کوردە، دووەمیان واتە گوتارى کوردى ئەو قۆناغە نیشان دەدات کە ئەم پێکهاتە خاوەن بوون و ماهیەتە گوزارشت لە خۆى بکات بە شووناسی دیارو تایبەتی خۆیەوەو ئەوەش لە دەرەوەى گوتارەکەو کورد خۆیشی وەکو بەرهەمهێن و خاوەنی گوتارەکە دەبینرێت. بەڵام سەرئەنجام هەردوو گوتار پێکەوە کۆدەبنەوەو گوتارى نەتەوەیی کوردى پێکدەهێنن، کە بێ چەندوچوون ئەم گوتارى لەوەدا پێناسە دەکرێت کە گوتارێکە بە کۆى رەگەزە نەتەوەییەکان و خواست و ویست و تموحە نەتەوەییەکانی کورد بارگاوى کراوە، کە ئەویش لە گەوهەردا بریتیە لەسەر بەخۆیی و درووستکردنی دەولەَتی نەتەوەیی، چونکە کوردبوون مەبەست بوونی کوردە بە خاوەنی شووناسی خۆى، واتە شتێک نیە ناوى کوردبوون و کوردایەتی بێت بەبێ بوونی شووناسی کوردبوون. شووناسی کوردبوونیش ماناى گەیشتنی کورد بە ئاستی ئامادەبوون و بەدەستهێنانی تواناى خۆنمایشکردن لەبەرامبەر ئەوانی ترى غەیرى کورددا. کەى کورد دەتوانێت وەکو کورد خۆى لەبەرامبەر ئەوانی تردا نمایش بکات؟ بێگومان کاتێک شووناسێک هەبێت لەسەر ئاستی جیهانی ناوى شووناسی کوردى یان شووناسی کوردستانی بێت. هەر شووناسێکی لەم جۆرەش تەنیاو بەس تەنیا لە بوونی کورددا بە ئەندامی کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی بەدەست دێت. کەى کورد لە پێکهاتەى کۆمەڵگەى نێو دەوڵەتیدا دەبێتە خاوەنی شووناس ؟ بێگومان کاتێک ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆى خۆى. بۆ نموونە ئەگەر ئێستا کوردێک لەسەر ئاستی جیهان یەکەمین زاناى فیزیاى ئەتۆمی بێت و خەڵکی شارى سنە بێت، ئەوا لەناوەندى زانستی و پەیوەندى نێودەوڵەتیدا پێی دەڵێن زانایەکی فیزیکی ئێرانی. بە یەشار کەمال دەگوترێت نووسەرى گەورەى تورک، بە بەهمەنی قوبادى دەگوترێت دەرهێنەرى سینەمایی ئێرانی، کاتێ مەسعود محەمەد کتێبەکەى “بۆ پایەبەرز گورباشۆف” نووسی، بە بیرمەندو نووسەرێکی گەورەى عێراقی ناویان برد. واتە هەرچۆن ئیسماعیل بێشکچی دەڵێت هەموو داگیرکەرانی کوردستان، کوردستانی خۆیان هەیە، بەڵام کورد کوردستانی خۆیی نیە، کورد شووناسی داگیرکەرانی کوردستانی هەیەو شووناسی کوردستانی یان کوردبوونی نیە. ئەمەش گەوهەرى کێشەکەیە واتە وڵاتێک نیە کە شووناسی کوردستانی هەبێت و منی کوردیش هەڵگرى ئەو شووناسە بم. تۆی هاووڵاتی من کە لە فرۆکەخانەکانی جیهان پاسپۆرتەکەت سەیردەکەن پێت دەڵێن عێراقیت، ئێرانیت، تورکیایت، سوریایت، کەس بە تۆ ناڵێت کوردیت جونکە وڵاتنامەی کوردستانیت نیە. هەرگیز ئێمە نابین بە خاوەنی شووناسی کوردى یان کوردستانی تاوەکو کورد نەبێتە ئەندامێکی دانپێدانراوى نێو پێکهاتەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی. کەواتە ئێستا پرسیار ئەمەیە: ئایا کورد دەیەوێت ببێتە خاوەنی شووناسی کورى و کوردستانی یان دەیەوێت هەڵگرى شووناسی داگیرکەرانی کوردستان بێت؟
وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە زۆر بە سادەیی پەیوەندى بە ئاستی هوشیارى نەتەوەیی کوردەوە هەیەو لە دوو ئینتیماى جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەوانیش ئینتیمایە بۆ کوردستان، یان ئینتیمایە بۆ شووناسی دەوڵەتانی داگیرکەرى کوردستان. بێگومان کاتێک باسی شووناسی کوردبوون دەکەین بەهیچ شێوەیەک مەبەستمان ئەوە نیە کە کوردبوونمان لە عەرەببوون بۆ عەرەب و تورکبوون بۆ تورک و فارسیبوون بۆ فارس پێ لە پێشتر بێت، یان پیرۆزتر بێت. نەخێر مەبەستمان ئەوەیە کوردبوون بۆ کورد لە ئاستی عەرەببوون بۆ عەرەب و تورکبوون بۆ تورک و فارسبوون بۆ فارسدا بێت، بەڵام بەبێ شۆڤێنیزمەکەى ئەوان. ئەمەش ئەو ستاندارە مرۆیی و گەردوونیەیە کە هاوشانی لە نێوان نەتەوەو ئیتنیکە جیاوازەکاندا پێکدەهێنێت و برایەتی لە نێوان نەتەوەکانیشدا بەبێ هاوشانبوونیان پێکنایەت. کەواتە کوردبوون بریتیە لەو قۆناغەى کە مرۆڤى کورد تیایدا وەکو مرۆڤـــــ و بەدەر لە هەر رق و کینەو هەستێکی ترى نەتەوەیی بەرامبەر بە ئەوانی تر گوزراشت لە بوون و شووناسی خۆى دەکات.
لەبەرئەوە ئێستا بە ئاشکرا دەتوانین بڵێین گوتارى کوردبوون بریتیە لەو گوتارەى کە بارگاوى کراوە بە رەگەزو توخمەکانی بوون و ئامادەبوون و خۆسەلماندنی کورد کە ئەوەى یەکەمیان بوونی مادیانەى کوردە، واتە بوونی فیزیکیانە، دووەم و سێیەمیش دوو رەگەزن، کردار یان پراکتیک بەرهەمیان دەهێنێت و پێناسەیان دەکات، یان بە دەربڕینێکی تر بەرهەمهێنانی مادى ئامادەبوون و خۆسەلماندن پاساو دەدات و، بەبێ بوونی بەرهەمی مادى شتێک نیە ناوى ئامادەبوون و خۆسەلماندن بێت. مەبەست لە ئامادەبوون ئەوەیە کە بکەرێکی رووداو درووستکەر یان بەرهەمهێن بوونی هەبێت. بە گوێرەى کوردیش تەنیا کاتێک دەبێتە بکەر کە رووداو لەسەر شوێن کە جوگرافیاکەى خۆیەتی درووست بکات، رووداویش بە گوێرەى کورد گواستنەوەیە لەم قۆناغەوە کە هێشتا نەبووەتە خاوەنی شووناسی کوردى بۆ قۆناغێک کە ببێتە خاوەنی شووناسی کوردى دانپێدانراو لەلایەن ئەوانی ترەوە. ئەوەش تەنیا کاتێک دەبێت کە کەسێتی کوردى کە مەبەست کەسێتی نەتەوەیی کوردیە لەسەر نەخشەى جیهانی سیاسی و لەسەر نەخشەى پەیوەندى نێودەوڵەتی بەجۆرێک بوون و ئامادەبوونی هەبێت کە هەم گوێ لە دەنگی بگیرێت هەم قسە بۆ گوێیەکانی بکرێت. ئەوەش تەنیا کاتێک دێـتە دى کە کورد ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆى خۆى. خۆسەلماندن و ئامادەبوونیش کە جووتەیەکی لێکجیانەکراوەن بۆ ئەوەى ببنە خاوەنی ماناى راستەقینەى خۆیان، دەبێ کورد وەکو نەتەوە ببێتە بکەرێکی بەرهەمهێن، ئەوسا ئامادەبوون و خۆسەلماندن ماناوەردەگرن. تەنیا کاتێکیش ئامادەبوون و خۆسەلماندنی کورد لەلایەن ئەوانی ترەوە دانی پێدادەنرێت کە ئەم ببێتە ئەو بکەرە رووداو درووستکەرە کە بەشدارى هەبێت لەبەرهەمهێنانی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا. تاکو کورد نەبێتە دەوڵەت، ئەو بنەمایانەى نابێت کە دەیگەیەنێننە ئاستێک بتوانێت بەشدارى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی، یان مرۆڤایەتی بکات و لەوێشەوە هەم بوونی بپارێزرێت و لە مەترسی لەناوچوون دەربازى بێت، هەم ئەو ئامادەبوونەى بیگەیەنێتە ئاستی بەدەستهێنانی ئەو شووناسەى کە پێی دەگوترێت شووناسی کوردبوون کە ئەوەش تەنیا کاتێک دەبێت کە گوتاری نەتەوەیی کوردى بگاتە بەرزترین ئاستی و لەسەر زەمینەى واقیع جێبەجێ بکرێت، ئەویش وەکو سەرەتا ئاماژەمان بۆ کرد تەنیا کاتێک دەبێت کە کوربوون بگاتە ئاستی عەرەببوون، تورکبوون، فارسبوون ….هەموو ئەوانیتر بوون بەڵام بە دیدێکی مرۆیی رووتکراوە لە هەست و هەڵوێستی شۆڤێنیستانە. تەنیا لەو ئاستەى بووندا کورد دەبێتە خاوەنی راستەقینەى بوونی خۆى، بوونێک کە رۆحی گشتی کۆمەڵگەى کوردى تیایدا بگاتە بەرزترین ئاستی بڵندبوون و لەوێوە گوزارشت لە بوونی خۆى بکات، کە ئەوە بارى راستەقینەى بوونیەتی، بوون لە ئازادیدا، بوون لە دەرەوەى ترسی لەناوچوون، بوون لە دەرەوەى خۆبەستنەوەو پاشکۆیەتی بۆ داگیرکەرانی کوردستان، بوون لە یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەییدا، بوون لە گوتارى نەتەوەیی کوردیدا، بوون لە دەوڵەتدا، دەوڵەتی سەربەخۆى کوردستان.




کوردەبۆرەی باشوور و کۆمێنێتی نامرۆڤانە و گاڵتەجاڕانە.. نوسینی: شەماڵ بارەوانی

-هەواڵەکان: لە ئەمریکا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بیست و ئەوەندە کەسە مردن.
کوردەبۆرە: الحمدللە.

-لە پاکستان موسوڵمانان کەنیسەکی مەسیحییەکانیان سووتاند.
“ئەک دەستیان خۆش بێت”

-لەبەردەم گوندی ئەڵمانی ئۆتۆمبیلێک دوو ئافرەتی شێلا.
“دەستی خۆش بێت، دوو قەحپەی کوشت”

  • پیاوەک ژنەکەی خۆی کوشت.
    “ولڵاهی دیارە ژنەکە بێ ئەخلاقییەکی کردییە”
    -دوو باڵەخانە لە چین ڕووخان.
    “بە گوونمەوە. چین هەمووی شیوعی و کافرن”
    -لە هیندستان پەرستگایەکی هیندۆسەکان داڕما و حەوت هیندۆس بە هۆیەوە مردن.
    “بە جەهننەم و بە دڵنیاییەوە ئەوە غەزەبی ئەلڵایه”
  • لە ئیمارات مزگەوتەک داڕما و چوار موسوڵمان بەهۆیەوە مردن.
    “بەداخەوە، خوای گەورە بە بەهەشتیان شاد بکات”
    -لەقەتەر دوو عارەب بە حوشترێ ڕۆیشتن لۆ عەمرەی.
    ” ئەی بژین و جەزاکەلڵا”
  • سەرۆکی بەحرێن دوو کەری بە دیاری دا بە کچێکی ئەفغانی.
    “ئەی قوربانت بم، ئەوەیه سەرکردە”
    -ژنەکی ئیخوانی یەمەنی دکتۆرای لە جۆرەکانی تڕدا هێنا.
    “هەر بژی خاتوونی پاڵەوان”
    -کۆترەک لە فەلەستین جیقنەکی کردە سەر ئاڵای ئیسرائیل.
    “سبحان اللە ئەوە نیشاندانی هێزی ئەلڵایە لۆ جولەکەی سەهیۆنی”
    -ژن و پیاوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەم مۆسیقاوە وەرزشی بەیانی ئەنجام دەدەن.
    “هەر ئەو بێ ئەخلاقییەمابوو”
  • بۆیەکەمجار کچە کوردێک لەگەڵ دەزگای ناسا کاردەکات.
    “جا ئەوەچییە تا باسی بکرێت؟”
  • ئەوڕۆ هەشت ساڵ بەسەر کارەساتی کوردانی ئێزدی تێپەڕدەبێت.
    “هاهاها، جا بەمن چی؟ ئینجا ئێزدی کوا کوردن؟! “
    ……………………………
    ئەمە مشتێکە لە خەرواری هەزارانی لەو کۆمێنتە گاڵتەجاڕ و کۆمێدی و نامرۆڤانە و داعشیانەی کە ڕۆژانە موسوڵمانی کوردی خۆبەکەمزان و بێگانەپەرست بۆ پەیجە جۆربەجۆرەکان دەینووسن.
    هەر بەڕاستی دەبێ پاڵنەر و هۆکارەکە چیبێت مرۆڤ هێندە قێزەون ببێت و بەو ئەندازەیە لە ویژدان و مرۆڤبوون دابماڵدرێت و لە بری ئەوەی کارەسات و ئازاری ئەوانی تر بیگریێنێت و گڕ لە ویژدانی بەربدات و هەست و شعووری بجووڵێنێت، کەچی دێت و بەدیار ڤیدۆی گریان و فیغانی ژنێکی ئێزدی کە خانەوادەکەی لەسەر دەستی تیرۆرستە چەپەڵەکانی داعش هەمووی کۆکوژکراون، بداتە قاقا و ڕیاکتی پێکەنین دابنێت؟!
    ڕێزم بۆ موسوڵمانی باش و بەڕێز و من کەس و کارم هەمووی دیندار و موسوڵمانی تابڵێیت کراوە و مرۆڤدۆستن.
    حەتمەن مەبەستم ئەو مێگەل و بزنەگەلە دەمشڕ و داعشبیرەی سۆشیال میدیایە.



عەشق لەقەفەسی پەراسوودا.. عارف کوردە

گەردوون..،
نەتەقیبووەوە
زەویش..،
درووست نەبووبوو
ئەوینەکەی من و تۆ
لەقەفەسەی،
پەراسووەکانی عاشقبووندا
چاویی ترووکاندو
بەتوونێڵی،
خۆشەویستیەکی ئەبەدیدا
شۆڕبووەوە..
هەنووکەش تێناگەم؟
بۆ بەهەشت یان دۆزەخ
لێ دەزانم،
نەخشەی ژیان،
لەوێوە کێشراوەو
کۆمۆنەی سەرەتاییش
لێوانلێو بووە، لەبەرائەت
لەو سەردەمە،
گۆشتی بەراز حەرام نەبوو
چوون ئێستا..،
گۆشتی یەکتریان ناخواردو
کێردەکەی قابیل و هابیلیان
لەهەسان نەدەسوو
چونکە ئەوان،
لەمنداڵدانی هەورو و
قیژەی باوە..،
لەدایک بوون.

عارف کوردە




ئاوده‌ ژیان.. فه‌رهاد که‌ریم

چا خواردنه‌وه‌ و چوونه‌ سه‌ربان به‌ واتای به‌رده‌وامی نایێت له‌ گۆڕان و له‌ بازدان
هه‌میشه‌ چا خواردنه‌وه‌ له‌ گه‌ل نه‌وه‌ و ئه‌ژدادت مه‌له‌کردنه‌ له‌ گۆمی خۆت
له‌ بێئاگایی ژیری جێتدێڵێ
به‌رده‌وامی ده‌چێته‌ ناو پێخه‌ف
ئیش له‌ سه‌ر گۆمی ناوه‌وه‌ی خۆتکه‌
بۆ کۆتر فڕاندن هه‌موو رۆژێ مه‌ڕۆ سه‌ربان
له‌ خه‌وتن وه‌ره‌ ده‌رێ
بڕۆ ناو گوتن زمانت په‌روه‌رده‌که‌ بۆ سپێده‌ت
یاریگا و گۆڕستان دوو شوێنی جیان بینین ده‌گۆڕن،
بۆ گریان ده‌چمه‌ گۆڕستان بۆ رامان یاریگا، به‌یانی جوانکه‌ ژیان
بۆ گریان ده‌چمه‌ یاریگا بۆ رامان گۆڕستان، به‌یانی جوانکه مردن
له‌ نێوان نه‌وه‌و ئه‌ژداد و ژیان و مردن چا ده‌خۆمه‌وه‌ و کۆتر ده‌فڕێنم
ده‌ستت پڕه‌ له‌ مردن
ده‌ستت به‌ تاڵ له‌ ژیان
له‌ نێوان ژیان و مردن به‌ تاڵی باشتره‌ له‌ پڕ بوون
چایه‌کی سارد بخۆوه‌و سه‌یری به‌ تاڵی خۆتکه‌ ئاوێنه‌ تاریکیت ده‌بینێت
له‌ بوونت ونبوونت شاردۆته‌وه‌
له‌ ونبوونت بوونت شاردۆته‌وه
به‌ درۆ ئاوێنه‌ نابته‌ ئاو
ئاو ژیانه‌ و مردنی پێ ده‌شۆن و خوێنی پێ ئاو ده‌ده‌ن
وێنه‌گره‌ ‌به‌ شکانیش ئازار و ده‌مامک ده‌گرێ، بدوێ گوێگرێکی ئارامه‌ ئاوێنه
سه‌ربانت چؤڵه‌ ئاوێنه‌ت یاریگا
خۆت فڕێده‌ ئاو ژیانت بشۆ
ئاو تژییه‌ له‌ وورده‌ میهره‌بانی، رابردو و ئه‌مڕۆت ده‌شواته‌وه‌
له‌ ئاوێنه‌ش ئاو مه‌ده‌ خوێن
له‌و دیو شه‌قام قاوه‌یه‌ک بخۆوه‌ و دان بده‌ به‌ کۆتر
له‌ گۆمی خۆت وه‌ره‌ ده‌رێ ئاوده‌ ژیان




بێگوناهم..ئه‌ی نیشتمان.. ستار ئەحمەد

بێگوناهم له‌و ماچانه‌ی
باران رووی خاكی پێڕووشان
زه‌مه‌ن له‌گه‌ڵ شنه‌ی شه‌ماڵی هه‌نگاوا
په‌لكی داری له‌توێی زامی كه‌رته‌ شاخا
له‌باڵای زه‌مین دابڕان
من ئه‌و كاته‌ ژوانیكم نه‌بوو
بۆ حاڵی بوون
له‌خوێن و باڵای دارستان
زمانێك میوانداری بولبولێك و
لانه‌یه‌كی نه‌ده‌كرده‌ ئه‌درێسی
ته‌لبه‌ندی سێوێك
له‌پاڵ هه‌ر به‌ردوو خاشاكێك
ناوێك نه‌بوو
بۆكیژێكی باڵا شەبەنگ
بۆجوانی خاكی نیشتمان
بۆیه‌ تاوان له‌من نییه‌
له‌گه‌ڵ ونبوونی هه‌تاوو
داگیرسانی جه‌سته‌ی مانگا
ده‌ست بۆ به‌رۆكی ئاو به‌رم
گوناه‌ نییه‌ له‌گه‌ل َ زه‌ردی به‌یانیانا
پرچی تاریكی بتاشم
بچمه‌ سه‌ر شانی ئاسمان و
ئه‌ستێره‌یه‌ك بكه‌مه‌ كڵاوی سه‌رم
كه‌عومری ره‌هام ده‌وه‌رێ‌
له‌كوێ‌ بتوانم خه‌زان و كه‌سكی گه‌ڵایه‌ك
له‌یه‌كتری ئاشناكه‌م
ئه‌شك و باران
له‌سووری خوێن جوێكه‌مه‌وه‌
ماچ و گۆنا له‌نێو یه‌كا بتوێنمه‌وه‌
كه‌ده‌رفه‌تێك نه‌بێت بۆچڵ
خۆی له‌ئاورنگێ‌ هه‌ڵكێشێ‌
كه‌ی ده‌توانم به‌نازی دارێك بسره‌وم
نیگای گوڵێك بۆسێبه‌رێ‌ رامبكێشێ‌
له‌توانه‌وه‌ی دانه‌ی بارانێكا
به‌ره‌و ده‌روونی ئه‌م خاكه‌ رۆده‌چم
گڵ ده‌بێته‌ كفن و بوونم
له‌وه‌ته‌ی سروشت بێزاره‌ له‌وه‌یشوومه‌
تاوێك له‌گه‌ڵ بادا ده‌مرم
ساتێك ده‌بمه‌ گه‌ردی ژێر خۆڵ
تاوێر نه‌ما هه‌ڵینه‌گرم
چیا نه‌ما نه‌یكه‌مه‌ كۆڵ
نه‌كه‌س له‌ژانم تێده‌گاو
نه‌ده‌ستێك ماندوێتیم ده‌رده‌كا
هه‌ر به‌دوای گوناهه‌كانا ده‌گه‌ڕێم
خۆم ئه‌و گوناهه‌م
له‌په‌راسووی گوناهه‌وه‌ له‌دایكبووم
من ئه‌و ژانه‌م
به‌نه‌مانی دونیاو مرۆ كۆتاییم دێ‌
ئاگرێكم به‌ئێسك و پروسك داگیرساوم
رۆژیك ته‌لبه‌ندی زیندانم
تاوێك ده‌مكه‌ن به‌ئاگردان
جارێك ناوم ده‌نێن مێژوو
هه‌ندێ‌ جاریش ده‌بم به‌تابلۆی نیشتمان
بێگوناهم له‌وساتانه‌ی په‌روانه‌یه‌ك ماچم ده‌كا
په‌نجه‌كانی ده‌ستێك
له‌گه‌ڵ گڕما داده‌گیرسێن
كۆرپه‌ی بایه‌ك له‌هه‌ناوما وه‌نه‌وز ده‌دا
به‌رامه‌ی گوڵێك ده‌مدوێنێ‌
لێزمه‌ی بارانێكی شه‌وان ته‌ڕم ده‌كات
ده‌مباته‌ كه‌ناری مردن
ده‌بمه‌ هێڵی ره‌شی په‌ڕه‌و
گوڵدانی شیعری نێو كتێب
ده‌بم به‌لانكی گوناه‌

ستار ئەحمەد




سیاسەت و پلانی زمان بۆ هەرێمی کوردستان.. نووسینی: سوداد ڕەسووڵ

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




“نەوەی نوێ” لە قومارێکی پێش وەخت دۆڕاودا.. عوسمانی حاجی مارف

“بڕیارە كۆتایی مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت”. ئەم بڕیارە لەدۆخێکی وەها دژوارو ئاڵۆزی دۆخی سیاسی کوردستاندا دراوە، کە ناتوانرێ پێشبینی بکرێت تا چەند ئەم هەڵبژاردنە بە ئاسانی تێدەپەرێت، هەر بۆیە جێگای پرسیارێکی جدیە!، چونکە بەگشتی پێشبینی ئەوە دەکرێت، بارگرژی زیاتری نێوانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، بواری هەلی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە سەخت دەخەنە پێش چاو، چونکە خۆ ئامادەکردنیان بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی ئارام، سەرکەوتو نابینرێت، ئەگەری ئەوە هەیە جارێکی تریش دوا بخرێت.
پەیوەندی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە لە چوارچێوەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە عێراق و ناوچەکەدا بەڕێوەیە، لە ئەگەری ئاڵوگۆڕێکی تازەو گوڕانی هاوکێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێزەکاندا، ئایندەیەکی نارۆشن و سەختی خستۆتە بەردەم بزوتنەوەی کوردایەتی بە گشتی ودەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی بە تایبەتی، بۆیە دەبینین واقعیەتی نادیاری ئەنجامی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ئایندەی قەوارەی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هەیە، دۆخەکە لەوە دژوارتر نیشان ئەدات، تا ئەوەی بتوانن دۆخێکی ئارام بۆ هەڵبژاردن دابین بکەن.
جگە لەمەش ئەزمونی گاڵتەجاری کابینەکانی پەرلەمان و شێوازی هەڵبژاردنەکان، بەجۆرێک لە ئاستی چاوەڕوانیەکانی خەڵکدا ڕیسوا بوە، ئەوەی مسۆگەر کردووە کە ئەم جارە گەر بتوانن هەڵبژاردنێک بە هەر فروفێڵێک ئەنجام بدەن، ئاشکرایە کە کەمترین ڕێژە لە دانیشتوان بەشداری دەکەن.
بەم هەموو گاڵتە جاری و ڕیسوایی و ئابڕو چونەوە کە لە ئەزمونی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتی میلیشیایی هەردوو بنەماڵەدا بەرجەستە بۆتەوە، خواستی کۆتایی ئەم دەسەڵاتەی لە ناواخنی ئومێدو هیوای ڕیزێکی بەرینی دانیشتوانی کوردستاندا چاندووە، بۆ ئەم خواستەش خەڵکی لەوە حاڵی بون کە بەهیچ جۆرێک لەڕێگای هەڵبژاردن و پەرلەمانەوە کۆتایی ئەم دەسەڵاتە بەدی نایەت، بەمانایەک گەر لە چەند دەورانێکی هەڵبژاردنەکانی پێشودا، چەند لایەنێک لە بارەی گۆڕانی دەسەڵات لە ڕێگەی پەرلەمانەوە چەواشەکاریان کردبێت و خەڵکیان بەرەو سندوقەکانی دەنگدان کێش کردبێت، ئەم دەورەیە بەهەر بانگەوازێک لە هەر لایەنێکەوە، بەهەر شێوەیەک ئەو کارە دوبارە کاتەوە، بە جیا لەوەی گەمەیەکی مناڵانە دەکات، لە هەمان کاتدا ئاشکرایە کە خۆی بەدوور دەگرێت لە خواستی خەڵک بۆ کۆتایی ئەم دەسەڵاتە، واتە بە شێوەیەکی گاڵتەجارانە هەوڵ ئەدات ئومێدێکی بی هودە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەو خەڵکە بفرۆشێتەوە، تەنها بە ئومێدی ئەوەی بەڵکو چەند کورسیەکی زیاتر لە پەرلەمانی ئایندەدا بەدەست بهێنێت، ئەم ڕۆڵەش لەم دەورانەدا ئەو بانگەوازەی “جوڵانەوەی نەوەی نوێ”یە، کە داوا لە هاوڵاتیانی كوردستان دەکات كارتی دەنگدان نوێ بكەنەوە تا بتوانن بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكەن. ئەمە ئەو یاری قومارەیە کە نەوەی نوێ پێش وەخت تیا دۆڕاوە، چونکە یەکەم؛ کۆتایی ئەم دەسەڵاتە گەر لەڕێگەی ململانێ و کێشە ناوچەیی و ناوخۆییەکانەوە بۆ خۆی هەرەس نەهێنێ، ئەوە لەڕێگەی خرۆشان و ڕاپەڕینی جەماوەریەوە پەرلەمانەکەشی دەکەوێتە ژێر پێی خەڵکیەوە، دووەم؛ نەوەی نوێ بۆ خۆشی ئەو ئاسۆو پایە سیاسی و ئمکاناتەی نیشان نەداوە کە ئەتوانێ ئەهلی دەسەڵاتی سیاسی بێت و ئەو هێزە بێت لەلایەک وەک ئەڵتەرنەتیفی دەسەڵاتی بنەماڵەی پارتی و یەکێتی دەرکەوێت، لەلایەکی ترەوە ئەو هێزەش نیە بە دۆڕاندنی هەمیشەی لە قوماردا، بتوانێ جێگای متمانەی پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایە و سەرمایەداری بێت، چونەکە نەوەی نوێ چۆتە ناو قومارخانەکەوە، خاوەنی قومارخانەکە نیە.




منداڵ و باخچەی ساوایان.. گۆڕینی: محەمەد بەرزی

ئاشکرایە یەکەم ڕۆژی چوونی منداڵان بۆ باخچەی ساوایان ، هەمیشە دایکان و باوکان تووشی ماندوو بوون و دڵەڕاوکێ دەکەن . چونکە ئامادەکردنی منداڵی بچووک بۆ ئەو قۆناغە تازەیە کارێکی قورس و گرانە و پێویستی بە ماندوو بوونە . بێگومان هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی منداڵ لەو تەمەنەدا ناتوانێ لە ئامادەکردنی خۆیدا یارمەتی دایک و باوکی بدات . بەڵام دەکرێ ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوە ، یارمەتیدەرێکی بە سوود بن ، تا یەکەم ڕۆژی باخچەی ساوایان بۆ منداڵ و دایک و باوکیان بە خۆشی و ئاسایی کۆتایی بێ :

١ – پێویستییەکانی باخچە
هەموو پێویستییە سەرەکییە گرنگەکان بۆ منداڵەکەت ئامادە بکە . باشتر وایە ئەو پێویستییانە پێش دەستپێکردنی یەکەم ڕۆژی باخچەکە بێ . دوامەکەوە لە ئامادەکردنییان تا ڕۆژێک پێش کردنەوەی باخچەکە . چونکە ئەو کاتە درەنگە و لەوانەیە زوربەی پێویستییەکان لە بازاڕدا نەمابن . سەرباری ئەمەش زوربەی بازاڕ و بازرگانەکان زووتر لە ڕێگای سایتەکانەوە ، داشکاندن بۆ ئەو پێویستییانە دەکەن ، دەتوانی بەم ڕێگایە بە ئاسانی جۆری باشتر و هەرزانتر بە دەست بهێنیت . بە گشتیش پێویستییە سەرەکییەکان بریتین لە : جلوبەرگی تازە ، جانتا ، قووتووەیەک بۆ خواردن ، پەرداخی ئاوخواردنەوە ، پێنووس و تیانووس و … هتد . بێگومان ئەگەر ئەو پێویستییانە ڕەنگاوڕەنگ بن زۆر باشترە ، چونکە بە پێی توێژینەوەکان ، ڕەنگی جوان و کراوە بۆ مێشکە بچووکەکانی منداڵان یارمەتیدەرێکی چاکن ، تا باشتر فێربن . خۆ ئەگەر لە کاتی کڕینی ئەو پێویستییانەدا ، منداڵەکەش لەگەڵ خۆتدا بەری و ڕێگای بدەیت خۆی هەڵیانبژێرێت ، ئەوا بۆ یەکەم ڕۆژی باخچە بە پەرۆش تر دەبێ و باشتریش ئەو پێویستییانە دەپارێزێ .

٢- خویندنەوە بەر لە باخچە
بەر لە کردنەوەی باخچە بە ماوەی نزیکەی مانگێک ڕۆژانە ٢٠ خولەکێک بۆ منداڵەکەت بخوێنەرەوە . ئەو کتێبانە بەکاربێنە ، کە وشەکان دووبارە دەکەنەوە و ژماردن و ناسینەوەی ڕەنگەکان لە خۆ دەگرن . ئەو کتێبانە بدۆزەرەوە ، کە باسی ئەو شتانەی تێدایە و منداڵەکەت حەزیان لێ دەکا . چیرۆکی بۆ بخوێنەرەوە و پاشان پرسیاری لێ بکە . وای لێبکە قسەبکات ، چونکە گفتوگۆ پەرە بە تواناکانی زمان و شەسازی دەدات و تا زیاتربێ باشترە . پاشان گۆرانی بۆ بڵێ ، پێنووسی ڕەنگاوڕەنگ و کاغەزی سپی بەرێ با بە ئارەزووی خۆی ڕەشییان بکاتەوە . یارمەتی بدە شتەکانی بە پاکی بخاتەوە شوێنەکانی خۆیان . منداڵەکەت فێری بەکارهێنانی ئاودەست و دەست و دەمووچاو شتن و لووت سڕین بکە . ئەمانەش یارمەتییان دەدا لە باخچەدا دانەمێنێ و ئاسوودەبێ .

٣ – سەردانی پۆلەکەی بکە
ئەگەر زانیت منداڵەکەت بۆ چوونە باخچە نیگەرانە ، دەتوانیت پێش بەرواری دەستپێکردنی دەوام ، لەگەڵ منداڵەکەدا سەردانی باخچەکە بکەن . بیبەرە پۆلەکەی خۆی . بە مامۆستاکانی بناسێنە . یارمەتی بدە بە باخچەکەدا بگەڕێ و شوێنەکانی ئاودەست و دەستشتن بزانێ و … هتد . تا هەست بە دڵنیایی زیاتر بکات . بێگومان ئەم سەردانەش تەنها منداڵەکە ئارام ناکاتەوە ، بەڵکو بینین و بارودۆخی باخچەکەش ، ئاسوودەیی بە خۆشتان دەبەخشێت . پاشان باشترە چاوت بە دادە و مامۆستاکانی بکەوێ و باسی بەرنامەی ساڵەکەیان لەگەڵدا بکەی . خۆ ئەگەر پرسیاریشت هەبوو ، بەرەو ڕوویان بکەیتەوە .

٤ – بەرنامەیەک دابنێ
کارێکی سەخت و گرانە منداڵ بۆ یەکەمجار ، یان دوای پشوویەکی دوور و درێژی هاوین بگەڕێتەوە بۆ باخچە و خوێندنگا . ڕەنگە منداڵەکە تەمبەڵ بووبێ . بەیانییان درەنگ لە خەو هەستێ و خۆی لە پۆشینی جل و بەرگی نوێ بە دوور بگرێ ، کەواتە پێویستە ئەو هەڵسوکەوتانە بگۆڕیت. هەر بۆیە وا چاکە بە دە دوازدە ڕۆژ پێش دەستپێکردنی باخچە و خوێندنگا ، بەرنامەیەکت بۆ منداڵەکەت دانابێ . بۆ نموونە : بەیانییان زووتر لەخەو هەڵبستێ و خۆی بشوات و نانی بەیانی بە دروستی بخوات. بەمجۆرە ڕێگایە ، لە یەکەم ڕۆژی خوێندندا پەنا بۆ هەڵسوکەوتی نەخوازراو لەگەڵ منداڵەکەتدا نابەی .

٥ – فێری هەندێک کاریی سەرەتایی بکە
هەندێک کار هەیە پێویستە هەموو منداڵێک بیزانێ . بۆ نموونە گرتنی پێنووس ، ژماردن تا دە ، پۆشینی جلوبەرگ ، خۆی خواردنەکانی بخوات. هەر بۆیە پێویستە پیش چوون بۆ باخچە و خوێندنگا و لە کاتی پشووی هاویندا ئەو کارە گرنگانەیان فێربکرێت . ئەمەش هۆکارێکە باشتر لە پۆلەکەیدا ڕابێ . پاشان پێویستە پێش ئەو قۆناغە یارمەتی منداڵ بدرێت پەرە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بدات . بتوانێت هاوڕێی نوێ پەیدابکات ، فێری ئەوە بکرێت شەرم نەکات و ئەوەی دەیەوێت دەریببڕێت . چونکە لە کاتی دەوامدا چەند کاژمیرێک لە ئێوە بە دوور دەبێ . هەر بۆیە وا چاکە لە چاڵاکییەکانی پشووی هاویندا بەشدار بێ ، تا زیاتر تێکەڵ بە کەسانی تر بێ و بتوانێت هاوڕێی تازە بگرێت . پاشان بیبە بۆ شاری یاری و ماڵی خزم و هاوڕێکانت ، تا لەگەڵ منداڵی هاوتەمەنی خۆیدا یاری بکات .

٦ – چالاکی ژماردن
ژماردنی شتەکانی سەر ڕێگای باخچەکە ، چالاکییەکی زۆر چاکی سود
بەخشە . کاتێک بۆ یەکەمجار منداڵەکەت بەرەو باخچە دەبەیت ، داوا لە منداڵەکەت بکە هەموو ئەو درەختانە بژمێرێ ، کە لەسەر ڕێگای نێوان ماڵەوە و باخچەکەدا دەیانبینێ . ئەم یارییە ئاسانە و توانای ژماردن لای منداڵەکەت باشتر دەکات و بە درێژایی ڕێگاکەش سەرقاڵ دەبێ . جگە لە درەختیش ، دەکرێت ڕۆژێکی تر شتێکی تر بژمیرێت ، وەک : خانوو ، دوکان ، سەگ ، ئوتومبیل و … هتد . ئەمەش کارێک دەکات بەردەوام حەزی لەو چالاکییە بێ .

٧ – گفتوگۆی لەگەڵدا بکە
هەندێ لە منداڵان بە هۆی هەستییاریانەوە ناتوانن لەگەڵ بارودۆخی تازەی باخچەدا ڕابێن . بۆیە وا باشە بەرلەوەی ببرێن بۆ باخچە قسەیان بۆ بکرێت . پێویستە باسی ئەو شتانەیان بۆ بکرێ ، کە لەناو پۆلدا ڕوودەدا و چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ مندڵانی تردا بکەن . تا بتوانن لە ڕووی دەروونییەوە خۆیان ئامادە بکەن و کاتێک دەچنە ناو پۆلی باخچەوە ترس و نیگەرانی و تووڕەییان کەم بێ . ئەوەی شایانی باسیشە نیشانەکانی ئامادەیی منداڵیش بۆ چوونە باخچەی ساوایان بریتین لە : بەبێ دایک و باوک هەست بە ئاسودەیی دەکات . گۆشەگیر نیە و لەگەڵ منداڵی تردا بە باشی یاری دەکات و ئارەزووی فێربوونی هەیە .

٨ – یەکەم ڕۆژی باخچەی ساوایانی خۆت
بیربکەرەوە و بە وردی بە یادەوەرییەکانتا بچۆرەوە و یەکەم ڕۆژی چوونی باخچەی ساوایانی خۆتت بیربکەوێتەوە و بــۆ منداڵەکەتی باسبکە . لە هەمان کاتدا داوا لە هاوسەرەکەت ، یان هاوڕێکانت بکە هەمان چیرۆکی خۆیان بۆ منداڵەکەت بگێڕنەوە . ئەم شێوازەش یارمەتی دەرێکی باشە بۆ ئارامی و هێوربوونەوەی منداڵەکەت .

٩ – پاداشت و ئامانج
پاداشت و ئامانج یەکێکە لە شێوازە چاکەکانی ڕاهێنانی منداڵان بۆ بابەتی نوێ . بۆ نموونە بە منداڵەکەت بڵێ : ئەگەر جانتاکەت بە جوانی کۆبکەیتەوە ، بە دڵی خۆت خواردنێکی زۆر خۆشت بۆ دەکڕم . توێژینەوەکانیش ئەوەیان ئاشکرا کردووە ، کە منداڵ بە پاداشت ، باشتر ئەو ئامانجانە دەپێکێ کە بۆی دیاری دەکرێ .

١٠ – خۆبەخشی لە باخچە
ئەگەر دەربارەی ڕۆژی یەکەمی باخچەی منداڵەکەت نیگەران بووی ، چونکە یەکەمجارە لێت دووربکەوێتەوە و لەبەر چاوت نەبێ ، کە دیارە ئەمجۆرە هەستانەش دۆخێکی ئاساییە . ئەوا باشترین چارەسەر ئەوەیە خۆبەخشانە لە باخچەکەدا ، بۆ نموونە لە چێشتخانەکەی ، یان لە کتێبخانەکەیاندا بۆ ماوەیەک کاربکەیت . یان لە لیژنەکانی بۆنە و ئاهەنگەکاندا هاوکاری مامۆستاکان بکەی . بە مەش دەتوانی لە دوورەوە چاودێری منداڵەکەت بکەیت و دڵنیابی ، کە بە شێوەیەکی باش لەگەڵ پۆلە نویێ کەیدا تەبا و بێ کیشەیە .

١١- بەرنامە و ڕێنماییەکانی باخچەکە
هەموو باخچەیەکی ساوایان بەرنامە و ڕێنمایی تایبەتییان هەیە ، کە دەبێت هەموو منداڵێک و دایک و باوکێک پەیڕەوی بکەن . دەتوانیت وێنەیەکی وەربگریت و لەگەڵ منداڵەکەتدا بیخوێنیتەوە . بەم شێوەیە دەتوانی بە پێی ڕێنماییەکان ڕەفتاری چاک بکەیت و بەشێوەیەکی باشیش ئامادەی بکەی بۆ هەموو بۆنە و ئاهەنگەکانی باخچەکە .
لە کۆتایی ئەم باسەدا و ئەوەی زۆر گرنگیشە ، بەرلەوەی ڕۆژانە بەجێی
بهێڵیت ، بە پەرۆشەوە باوەشێکی گەرموگوڕی پێدا بکە و بە دڵیش ماچیکە .


تێبینی : ئەم بابەتە لە چەند سایتێکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە .




توانەوە لەدەشتى غوربەتا.. ستار ئه‌حمه‌د

تاڵ وەکو ئەو شەوانەى
مردن لەسەر گەڵاى خەندەیەک
خوێنى پژانە رۆحى ژانەوە
دەستەکان تێکەڵى سەماى موحیبەت و
پەنجەکانمان لەسەر دەفتەرى عومر هەڵوەرین
نەوەکو پیاسەیەکى خەمگین
یەخەى سەرابەکانى یادوەریمان بژاکێنێ
چوون مەراق چۆن بەرکى خۆزگەیەک هەڵدەدڕێ
دواى جریوەى جوانى کەوتووین
لەنسێى سۆزێکى تروسکەدا هەڵنشتین
لانەى ترس و جادەى گومان رایدەژەنین
لانکى عیتاب و رۆژگارى پڕاوپڕ لەخاڵیبوونەوە
نیگاى شەوەزەنگى دەبەخشیە ساتەکانى میهرو
دڵنەوایى مورێدێکى عیشق چاوەڕێى دەکردین
بۆرامووسانى رووناکى و
نوستن لەسەر لاسکى سۆزدا
دارێک بەرى خەونێکى نەگەیاندە مەرام
هەڵوەستەیەک…
زامەکانى ئەنگوستمانى نەدۆزییەوە
بەدەر لەتەنیایى خواو
تاریکى ساتەکانى مانگى ژێر هەورو
توانەوەى من تۆ لەدەشتى غوربە تا
کەسێک نەبو گوللەیەک بە ماچ بگۆڕێتەوە
چڵێََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََََک لەقەڵەم مارە بکاو
چرکەیەک لەتەمەنى خۆى داگیرسێنێ
وەلى بەفر برینەکانى خاکى دەسڕى
گەڵا سەماى بەسەمفۆنیاى عیشق دەکردو
کەناریەکانیش لەدەستى راوچیەک دەترسان
وەکو ئێمە راپێچى دەترسان
وەکو ئێمە راپێچى بێدەنگى و حوزنى بکا
پیاسەیەک قەدەرى ترس و راڕایى
ئەوینێک تەمەنى لەپەردەى بووکێنى ناسکتر
چاوەڕێى شەوێکى قەترانى جوتبوون بوون
ساتەکان هەڵوەرین…
روژەکان بەباسکى زەمینا هەڵتووتان
نەمن توانیم…
لەئاوێتەبوونى عەشق و مەرگ جوێبمەوە
نەتۆش دەرگایەکت شکاند
ژوانێک بەرووتا دادەخا
بۆیە ژوانێک دەمگەزێ
مردنێک بەرەو کەنا رى سڕینەوە کێشمدەکات
لەهەورەزێى ئەندێشەو
نزاى خەرەندەکاندا سوێمدەبێتەوە
ناگەمە هیچ…
لەبڕواکان بەرچنەیەک لەسێوى عەدەم دەچنم
لەخوێنى گەڵاى بێنەواییدا سەردەنێمەوە
سەرم لىگۆڕ دەترازێ و
لەکۆشى وردەگڵا دەبمە سەهەند
کام عومرى پێشوەختە بەدوێنێم دەناسێ
ئەمڕۆم دەکاتە وێردى شەوچەرەى عەشقێکى بێئومێد
لەخۆما دەنێژرێم و
لەزارى بێدەنگیا ترپەى دڵەکان دەژمێرم
دڵى گەردوون…
هێندە سزاى هاوخەمى ناشتووە
لەهەورەبانى تریفەدا
گەواڵەمەرگى ئاسمانەکان دەپێچێتەوە
لەنوتفەى ئەستێرەیەک هاتمەبوون
لەسکى گەواڵەیەکدا لایلایەى پرشنگم قۆزتەوە
نەبابووە دەسرازەى شەوانى بێلانکم
نەئاسمان خەمێکى لەدڵما سڕیەوە
بۆیە مەرگ بەعومرم ئاشنایە
بەخاکیش ئەوینم گڕدەگرێ
من خەونێک هێنامى
لەجەستەى بەردێکا بەکانى ناساندم
لەنسێى گردێکا…
دارى حورمەتى لەدڵا رواندم
ئەمێستاش بەشێکم بەرزیەو
ئەوى دیم لەگۆڕى سەردڵى خاک دەچێ
ئەو گۆڕەى من و تۆى خستەوە
گەلێکى بەگڕى تاواند سووتاند
دەمێکیش بۆدەمى گڕستان
خەونى زۆردارى داپاچى
ئەو گۆڕەى…
لەخەندەى ئاسمان بێزاربووە
لەخەرقەى خاکیشا…
لەنەواى ئاوازى دەرناچى
چۆن کەیلین بەخۆزگەى رەنگاڵە..؟
چەند مەستین بەسینەى تەفرەو حەز…؟
بۆ ژانێک راونەکەین…؟
مردنێک بەباڵاى عومرمان نەدوورین
ئازارێک سکاڵاى ئەزموونمان دەنۆشێ
جوودابوون بەهیچمان دەسپێرێ

ستار ئه‌حمه‌د




کلیپی گۆرانی “یاسی سپی” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری ته‌نبووری فەرنوود ئیلهامی بڵاوکرایەوە

ئامادەکردنی: مەنسوور جیهانی

کلیپی گۆرانی “یاسی سپی” بە ئاوازدانەری و ژەنیاری ته‌نبووریی موزیکزانی کورد “فەرنوود ئیلهامی” و بە دەنگی “حه‌میدڕ‌ه‌زا تورکاشوه‌ند” بڵاوکرایەوە.

“یاسی سپی” (یاس سپید) گێڕانه‌وه‌یه‌کی هیوابه‌خشه له زمانی “مه‌ولانا” شاعیری ناوداری ئێرانی که به پێی مه‌قامی سه‌حه‌ری و مۆسیقای خانقاکانی کوردستان بە ئاوازدانەری موزیکزانی کرماشانی “فەرنوود ئیلهامی” ساز کراوه.

“سه‌حه‌ر” یا “سه‌حه‌ری” له مه‌قامه مێژووییه‌کانی زوڕنا و ته‌نبووره. یه‌کێک له مه‌قام بێژان دێرینه‌کان، سه‌باره‌ت به مه‌قامی سه‌حه‌ری به‌م شێوه‌یه ده‌گێڕێته‌وه: ئه‌م مه‌قامه له ساڵانی کۆنه‌وه؛ پێش خۆرهه‌ڵات و تا سپێده به مه‌به‌ستی ئاگادارکردنه‌وه و هیوابه‌خشین ژه‌ندراوه و مزگێنی خۆرهه‌ڵاتێکی دیکه به مرۆڤ ده‌دات. ئه‌م مه‌قامه هێواش هێواش، چۆته ڕیزیی مه‌قامه‌کانی ته‌نبووره‌وه و به پێی خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌م ئامێره له نێوان یارسانییه‌کان و ده‌روێشه‌کاندا هه‌ست و پێگه و سۆزیی عیرفانی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه.

خاڵی سه‌رنجڕاکێش له ساز کردنی کلیپی گۆرانی “یاسی سپی” ئه‌وه‌یه که تۆمار کردنی دیمه‌نه‌کانی ئه‌م به‌رهه‌مه مۆسیقاییه به ئاماده‌بوونی ژه‌نیارانی گرووپه‌کانی ته‌نبوور و ده‌فی “ساجنار” و “دوچار” له کۆمه‌له‌ی مێژوویی نارنجستانی قه‌وام له شاری شیراز ئاماده کراوه که هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆخۆی وه‌کوو که‌شووهه‌وای شیعر و مۆسیقای “یاسی سپی” تا سپێده درێژه‌ی کێشا.

ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که له ئاماده‌کردنی کلیپی “یاسی سپی” ‌ئاماده‌بوون، بریتین له:
گۆرانیبێژ: حه‌میدڕ‌ه‌زا تورکاشوه‌ند، ئاوازدانه‌ر، ژه‌نیاری ته‌نبوور و سه‌رپه‌ره‌ستی گرووپی “ساجنار”: فەرنوود ئیلهامی، دابه‌شکردنی ئامێره کوتراوه‌کان: عه‌لیڕه‌زا نه‌سیری فه‌رد، شاعیر: مه‌ولانای ڕوومی، وێنه‌گران و ده‌رهێنه‌ری هونه‌ری: پووریا شاه‌ئیبڕاهیمی، موحسین ڕه‌شیدی، مۆنتاژ: پووریا شاه‌ئیبڕاهیمی، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی گشتی: مه‌نسوور جیهانی، فۆتۆگڕافه‌ر: محه‌مه‌د فه‌ره‌یدوونی، فۆتۆگڕافه‌ر: ڕه‌زا ڕه‌جایی، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رهه‌م: حوسێن فرووزان، دیزاینی پۆستێر: ساره فالیزی، تۆمار کردن، میکس و مه‌ستێر: مێسباح قه‌مسه‌ری، تۆمار کردنی ده‌ف: ته‌وحید وه‌حید، بڵاو کردنی نێوده‌وڵه‌تی: زه‌نگ ڕێکۆرد.

ئه‌ندامانی گرووپی موزیکی “ساجنار” بریتین له:
سه‌رپه‌ره‌ستی گرووپ: فەرنوود ئیلهامی و ژ‌ه‌نیاران: حوسێن فرووزان، ئێحسان قوربانی، بێهراد غیاسی، حوجه‌ت دێهقان، فه‌ردین حه‌یده‌ریان، سارا فرووغی، دیانا مورادی، حه‌میدڕه‌زا سه‌یاح، ئیلهام قوربانی، بێهنام زیلووئی، نازه‌نین نه‌دیمی، مه‌حفووزه ئێفتخاری، سه‌روه‌ناز موزه‌فه‌ری، ڕه‌‌زا ئه‌ژده‌ری، فه‌رهاد که‌شاوه‌رز، عه‌لی دێهقانی، موجته‌با مه‌حموودی، نادر ئه‌میری، ته‌ناز سه‌مه‌نده‌ر، جه‌لال موختاری، سه‌عید عه‌تایی، سه‌عید موسته‌عه‌لی زاده و بێهنام نیعمه‌توڵاهی.

ئه‌ندامانی گرووپی ژه‌نیارانی ده‌فی “دوچار” بریتین له:
سه‌رپه‌ره‌ستی گرووپ: عه‌لیڕه‌زا نه‌سیری فه‌رد و ژ‌ه‌نیاران: محه‌مه‌د ئه‌ردشیری، مینا عه‌سکه‌ری، فاتمه جه‌هڕومی، زه‌هرا شه‌ڕه‌فی، فیرووزه ئاناهید، ئاڕمان عابێدی، موجته‌با ده‌ریانه‌وه‌رد، زه‌ینه‌ب عه‌باسی، مریه‌م شوکووه، ساناز به‌رقی، ماڕاڵ ڕه‌ئیسیان، عه‌لیڕ‌ه‌زا ئه‌حمه‌دی، ئێلمیرا جه‌ماڵی، ڕوکسانا مه‌یدان شاهی، کیمیا شیرجه‌نگ، گوڵروخ هونه‌رمه‌ند، فاتمه زارع، زه‌هرا هاشمی، زه‌هرا مه‌جیدی، محه‌مه‌دڕه‌زا سادقی، ئایدا فزوونی، موژده حوسێنی پوور، موحسین مه‌‌حموو‌دی، حه‌دیس زارع، زه‌هرا دێهقانیان، عه‌سه‌ل زارعی، فه‌ڕشاد ئیبڕاهیمی، مه‌تین خوشخوو، ئێلمیرا پایدار، موعین نوورانی، ئاتنا ئه‌میری موقه‌ده‌م، فه‌ریماه کارگه‌ریان، مه‌ریه‌م ڕه‌حمانی، حووریه ته‌وانگه‌ر، سومه‌یه دارسه‌نج، مێهرنووش فه‌رجام، مینا ئاشنا و ئایسا غه‌فاری.

لینکی دانلۆدی کلیپی گۆرانی “یاسی سپی”:
https://we.tl/t-HlQQmozt4r




علی قەرەداغی نەیویست بڵێ ئەردۆغان کورد دەچەوسێنێتەوە.. گۆران هەڵەبجەیی

لەمێژە ژمارەتەلەفۆنی دکتۆر[ علی قەرەداغی] م لەکنە ،زۆر جار زەنگم لێداوە بۆی ،بەڵام هەرگیز بەرسیڤی نەداوەتەوە.ئیمڕۆ{١٤/٨} بۆ ژمارەی هاوڕێم علی سیاسی دەگەڕام،لەناکاو ناوی علی قەرەداغیم بەرچاوکەوت.
بەفرسەتم زانی هەوڵێک بدەم بەڵکو بەرسیڤ بداتەوە،هەرواش دەرچوو ،کەزەنگم لێدا خۆی وەڵامی دایەوە.
پاش سڵاو ئەو بەعەرەبی وەڵامی دایەوە،گووتم کوردم فەرموو بەکوردی قسەبکە. وتی فەرموو برا چیت دەوێت؟
منیش خۆم پێناساند و مەبەستی پەیوەندیەکەشم ڕوونکردەوە بۆی.
دەتوانم دەست بە قسە بکەم؟
وتی بەڵێ بەڵێ فەرموو قسەبکە.
داوام کرد کە قسەکانم پێ نەبڕێت تا کۆتایی پێدێنم ،ئەویش بەڵێنی دا.
گووتم بەر لە چەند ڕۆژێک لە سۆشیالمیدیاکاندا هەواڵێک بەرچاوم کەوت کە دەربارەی شاندێک پێم وابێت لەلایەن یەکێتی زانایانی ئیسلام بەسەرۆکایەتی بەڕێزت پێکهاتبوو ، چووبوونە لای ئەردۆغان.
وایە وایە ئەو شاندە نوێنەرایەتی هەزارەها مسوڵمانیان کرد .
ببورە ئەو ژمارەیە گرنگ نیە نەلامەوە،ئەوەی گرنگە ئەم پرسیارەمە،هیوادارم وەڵامم بدەیتەوە ،ئەویش ئەوەیە کە مەبەستی شاندەکە شەفاعەت کردن بووە بۆ [ئیخوانەکانی میسر] تا ئەردۆغان فشارەکانی لەسەریان کەمبکاتەوە بەتایبەتی لەڕووی گرتن و دەرکردن و لێسەندنەوەی [ئیقامە] و ئاستەنگیەکانی دیکەوە.
هیوادارم بەهۆی ئەو پەیوەندیە باشەی لەگەڵ ئەردۆغان هەتانە سووکە شەفاعەتێکیش بۆ نەتەوەکەت بکەیت، با دەست لە کووشتنیان هەڵبگرێت کە ڕۆژانە بەدرۆن ئەیانکاتە ئامانج ،خۆ ئەوانیش جگەلەوەی مرۆڤن، کوردن ، مسوڵمانن.
لەبری ئەوەی وەڵامی ڕاستەوخۆی پرسیارەکەم بداتەوە باسیەکەی دوورخستەوەو بە ئەنقەست بەلاڕێدا بردی،گووتی کاتی خۆی هەوڵمداوە شەڕ ڕابگیرێت ،گوایە لەوبارەوە قسەی لەگە ئەردۆغان و پێ کاکاش کردوە،[بەشبەحاڵی خۆم بەگومانم لەو هەوڵەی].پرسیم ئەی ئەنجام چی بوو ؟وەڵامێکی ناڕوونی دایەوە ،بۆیە ناچار گووتم دڵنیام کە پێ کاکا ئامادەیە بۆ ئاشتی، بەڵام ئەوە ئەردۆغانە ئاشتی ناوێت و هەموو کورد بەدوژمنی خۆی دەزانێت.پاشان پرسیم بۆ ئێستە هەوڵنادەیت تا ئەردۆغان دەست لەچەوساندنەوەی کورد هەڵبگرێت؟
لەبری ئەم وەڵامەش بازی دا بۆ ئیبراهیم خەلیل ،گووتی من نەبوومایە ئەردۆغان ئەو دەروازەیەی دادەخست،هەوڵیشم داوە تورکیا ڕێگە بە فڕۆکەخانەی سلیمانی بدات تا گەشتەکانیان بۆ تورکیا دەست پێبکەنەوە ،بەڵام جاری هەوڵەکانم کۆتایی نەهاتوە.
لەوەڵامی مەسەلەی سنووری ئیبراهیم خەلیلدا گووتم ،ئەردۆغان هەرگیز ئەو سنورە داناخات چونە داهاتی ساڵانەی بۆ تورکیا چەندین ملیار دۆلارە ،جگە لەوە لەمدیویش داهاتەکەی بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانیە نەک بۆ خەڵک ،جا گەر داشبخرێت هیچ زیانێک بەخەڵکی بەشمەینەت ناگەیەنێت.
پرسیم تکایە بە بەڵێ یا نەخێر وەڵامم بدەرەوە کە ئایا ئەردۆغان کورد دەچەوسێنێتەوە یا نا؟نەیویست ڕاستەوخۆ بە بەڵێ یا نەخێر وەڵام بداتەوە بەڵکو دەیخواست تەموومژاوی بکات و بەجۆرێکیتر ڕوونی بکاتەوە، بۆیە ناچار بووم پێی ببڕم و دووبارەم کردەوە کە تکایە بە یا یاخود نا وەڵامم بدەرەوە،بڕێک توڕەبوو گووتی تۆ بۆت نیە ئیمتحانی من بکەیت،گوتم ئیمتحان نیە بەڵکو تەنها پرسیارە و پرسیاریش عەیبە نیە ،دەکرێ بێ ڕوونکردنەوە بە وشەیەک وەڵامم بدەیتەوە .دەرکەوت کە ناخوازێت وەڵام بداتەوە،چونکە لەهەردوو حاڵەتەکەدا لەسەری دەکەوت .
ئەو تەواو دڵنیایە کەکورد لەلایەن ئەردۆغانەوە دەچەوسێتەوە، بەڵام هەرگیز ناخوازێت بەئاشکراو ڕاشکاوانە ئەو حەقیقەتە بڵێت ،چونکە نایەوێت ئەردۆغان لەخۆی زویربکات.
گووتم ئەردۆغان تەنانەت دژی زمانی کوردیشە،بەردەوام میدیا کوردیەکان دادەخرێن خاوەنەکانیان زیندانی دەکرێن،گووتی شتی وا نیەو تا ڕادەیەک ئازادی بۆبەکارهێنانی زمانی کوردی هەیە،منیش نمونەی مامۆستایەکی کوردم بۆ هێنایەوە کەجگە لەداخستنی پۆلەکەی هەڕەشەی کووشتنیان لێکردوە ،لەئاکامدا ناچاربووە تورکیا بەجێ بهێڵێت و ئێستا لەهۆڵەندا وانەی کوردی دەڵێتەوە.نکولی لەمەش کرد ،بۆیە گووتم چی دەڵێیت گەر هەواڵەکەت بۆبنێرم کەلە ماڵپەڕی هاوڵاتی بڵاوکراوەتەوە؟ گووتی باشە بۆم بنێرە،منیش گەرماوگەرم ناردم بۆی.
ئەوەی سەیربوو بەلامەوە ئەوجۆرە ستایشە بوو لەلایەن دکتۆر علی قەرەداغیەوە ،بەوەی گوایە من لە ئاخافتنمدا زمانی زبرم بەکارنەهێناوە،وابزانم هەر ئەوەش بوو کە زوو کۆتایی بە گفتوگۆکان نەهێنا. لەوبارەوە گووتم وابزانم کەم تا زۆر موتابەعەی سۆشیال میدیای کوردی دەکەیت ،وە ئاگاداری هەڵوێست و تێڕوانینی خەڵکی کوردستانیت بەرامبەرت، کە بەهۆی پشتگیریتەوە بۆ ئەردۆغان خەڵک زۆر لێت تووڕەن ،جاگەر بەزمانی زبر دوابن ئەوە هۆکارەکەی بێ هەڵوێستیتە بەرامبەر بە نەهامتیەکانی گەلەکەت،بۆیە هیوادارم بەخۆتا بێیتەوەو کەمێک کار بۆنەتەوەکەت بکەیت.
دەیویست کۆتایی بە دیالۆگەکە بهێنێت ئەویش بەبەهانەی سەرقاڵی،بۆیە منیش نەمویست لەوە زیاتر کاتی بگرم و سوپاسیم کرد بۆ ئەو دەرفەتەی بەخشی پێم،بەئومێدی ئەوەی لەداهاتودا دووبارەی بکەینەوە.




ئێوارانە – ٤٦.. سەردار جاف

من و ئێوارە و ئاوابوون
لە ساتەوەختی خەزانا
سێکوچکەين و لێکدانابڕێين
شەپۆلی تقوسێکی دەروێشين
نوقمی گريان و فيغان بووين
دەزانم خۆر چەمايەوە
نزيک لە تراويلکەیی
هاکە کەمێتر ئاوێزانی ئاوایی
کووڕەنی رێ بە دی نەکەين
رووەو تەلان و دامێن و ناوقەد و دوند قەت نەدەچووين
خەرەندی سەخت بمخزێنێ
گێژەڵوکەی ناو بەهاران بمفڕێنێ
وشکەساڵی ئەم ئەوينە بمشەمزێنێ
کە قەدەری رێگا وابێ
ماڵی ئيشق هەزارانجار هەر ئاوا بێ
باڵاييەکی تارماييە
بە نێو ئەندێشەی يادما گوزەر دەکا
ئەو کراسەی بە باڵای هوخريد دوورا
شڕشڕ بووە
شەوێ شەپۆل و تەوژم
لرفەيەک لە هەناسەی خەم
جەستە نوقمی عەوداڵييە و ناديارە
لە هەفتەی رابردوو هات و
هوخريديش لە دوێنێوە
مۆتەکەيە و هێزی دەستی وا لە ئەوکم
يادەکانمان شەقار شەقار و ورد دەکا
زنەی ئەشکێ رێم پێدەگرێ
دابڕانە، دابرانی شەهلای يارە
جوانی رووخسار
لە گڵۆپە کزەکانی شەقام دەچێ
ستوونێ ئولفەتی ئيشقە و
چراخانی دونيايەکە تريفەی مانگ لە خەرمانەی نەمام دەچێ
گوێ لە فوارەی خوێن بگرە
برينەکانم قووڵ دەبێ
هەر بۆيە وا بير لە ترس دەکەيەوە
بيری تەنها و غوربەتێکی شێتيمان و پەپۆکی من ناکەيەوە
بير لە تاسەی دووری ياد و
نامە شيعرەکانی مەستی و
حەرفەکانی سەرەڕۆیی دەسبازی من
وشە لاسارەکانی ماچ
رستە بێ سەر و بەرەکانی ئەوينی هاروهاجيم ناکەيەوە
ئەدی بۆچی لەم ژيانە هەر بە بێ تۆ
وا بێکەسم
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

٢٩ / ٧ / ٢٠٢٣




خۆر.. پشکۆ ناکام

لە جەنگەڵی شاخا
دۆشیتانین
ئاو لە لەشمانا نەما
قەترە…قەترە
تینوێتی خۆتان پێ شكان
خوێنی جەستە
دڵۆپ..دڵۆپ
کرا بە ڕەنگی ژووری نووستن
و
هۆڵی کۆبونەوەکان
كرا بە سوێند
بۆ بێ دەنگ کردنی
ئەو کەسەی کە مەستە
دەمارەکانمان
یەک بە یەک
بوون بە بۆری
بوون بە وێنەی
درۆی ” مەشخەڵانێک”ی رەش هەڵگەڕاو
ڕەش وەک دوێنێ
ڕەش وەک ئەمڕۆ
ڕەش وەک سبەی

شەو و ڕۆژمان ژمارد
بۆ سپێدەی ئازادی ئینسان
سپێدە نەهات
و
هەر ئەمان ژمارد
ئێوەش فێر بوون
كەوتنە ژماردنی قاسەکان
تا خوێنی ئێمە و قاسەکان
بوون بە رۆژ ژمێری
…..پشتی سەرتان

كە بەهار درۆی کرد
هەوری باران
رووی تێ ناکا
گوڵیش نا پشکوێ..
كە عاشق وورەی بەردا
كتێبە موقەدەسەکانی عەشق
چاوی پڕ لە فرمێسک ناکا
كە رووبار ئاوی تیا نەما
مەلە زانین
بە فریای ماسی ناگا
ئێمەش ، بمانبورن
وەسفی جەنگەڵەکەی
ناوی ” خەبات” لێ نرا
پیت بە پیت
دێڕ بە دێڕ
بوو بە زووخاو
چوو بە قوڕگمانا
…بمانبورن
ئێمە و ئێوە دوو خۆری
دوو چیرۆکی جیاواز
چیرۆکی ئێمە :
گەرمایی خۆری سبەی هەژاران
چیرۆکی ئێوە :
گەرمایی پایزە بچکۆلەی خواپیاوان
ئێوە رووەو ئاوا بوون
خۆری ئومێدی ئێمەش
سبەی… نا…
دوو سبەی
هەر هەڵ ئەکا

“””””””’
پشکۆ ناکام
Dece/2019




بریدا.. نەوزاد بەندی

سەد ساڵ چاوەڕوانیت دێنا ؟
ئەوەت دێنا بە کێڵگەی مینا بۆت بڕۆم ؟
ئەوەت دێنا پاسپۆرتت بۆ ساختە بکەم ؟
ئەو هەموو ساڵە ،
چاوەڕێی بانگهێشتی تۆ بووم ..بریدا ..
لە مۆڵێکی ساردی پاییز ،
بۆ گەڵای وەریو و تەرزە ..
لە مەیدانی باڕێزەدا ،
بۆ پێشانگای درەختە جل وەریوەکان ..
چاوەڕێی ئاشت بوونەوەی تۆ قەت نەبووم .. نا ..
من کوا زاری ئاشتبوونەوەم قەت زانیوە ؟
من کەی لەگەڵ تەباییدا ،
قەت چایەکم خواردۆتەوە ؟
من کە تا قیامەت ، تەنانەت
لە ئینجانە و کاریکۆتا ،
بڕنەوێکم شاردۆتەوە …
چاوەڕێی ئاشت بوونەوەی تۆ قەت نەبووم .. نا …
حەزم ئەکرد بە مەیدانێکدا گوزەر کەم ،
لەوێ سەرقاڵی کڕینی سەوزه و گوڵ بی .. یان سەرقاڵی قوماشێکی پەمەیی بیت لای پیاوێکی فرۆشیاری نیمچە گەمژەی چاو قاوەیی ..
بریدا ..
پاڵەوانی هیچ ڕۆمانێ نەبووم و نیم ..
باڵای بەرز و قژی پڕم لە جەژنانیشا نەدیوە ..
پانتۆڵەکەم دوای چەند هەنگاوێ ، ئەچێتە ژێر هەرەسی سک و ..لەناکاو
وەکو تابلۆیەکی دالی ،
ئەبێ دووبارە بێتە خوار بە ناو قەدما …
من کە ئەچمە بەر ئاوێنە ،
ئاوێنەکە سەیرم ئەکا ..لەوێیش هەر
بۆ تۆ ئەگەڕێم ، بریدا
حەزم ئەکرد ، لە ئاپۆڕەی شەقامێکا ،
کە خەڵکەکەی هەموویان فرۆشیارن و
هەمان کات هەموویشیان کڕیار ..
لەوێ لە ڕێڕەوێکی خەمگینی
لە یادکراو ..
بتبینمەوە ، وەک ئەوەی بەرەو لای من بێی ..بە تاسە ..
تا هەمدیسان چیرۆکی بێ تۆیی به وردیی بۆ بگێڕمەوە ..
وەک ئەوەی بەو هەموو گوڕ و تینەوە ، بەرەو لای من بێی ..تا ڕێگات بەم بچیتە ناو
هەندێ وشە و ..کوتایی هەندێ دێڕمەوە …
بریدا ..
ناوی تۆ تاوە بارانێک ، لە باشووری هۆڵنداوە ،
ئەخاتە ناو زەرفێکەوە و
بۆم ئەنێرێ ..و ناگاتە من ..
جەردەکانی کوردایەتی ،
ئەیکەنەوە ، بۆ دۆلار و نەوت ئەگەڕێن .. جا هەروەکو ئەو هەموو خوێنەی کە ڕشتیان ، ئەو تاوە بارانەیش ئەڕژن ..
نازانم لەبەرچی ئەمڕۆ ،
لە هەموو ڕۆژێکم زیاتر
تامەزرۆیی مردن ئەکەم ؟بریدا ..
لە هەموو ڕۆژێکیش زیاتر
قێزم لە دنیا دێتەوە ..
نازانم بۆچی بریدا ..
تۆیش نە تاوە باران بوویت و ..
نە ڤیزە و باڵ بۆ کیشوەرێکی بەفراویی ..
تۆیش نە داڵدە و مێرگێکی بیابان بوویت و ..
نە دوو کورسی و مێزێکی
پڕ لە خەوبینینی لاویی ..
تۆیش هەر بایعی خۆرێکی سلێمانی بووی ،
کتێبەکان ئارایشتیان بۆ کردبووی ..
تۆیش مردبووی ..
سەد ساڵ چاوەڕوانیت دێنا ؟
ئەوەت دێنا بەناو کێڵگەی میندا بڕۆم ؟
ئەوەت دێنا پاسپۆرتت بۆ ساختە بکەم ؟

ــنەوزاد بەندی ــــ




چەند خاڵێک بۆ زیرەکی؟.. زانا رەزاق

یەکەم کاتێک دانێ بە تەنیا بیت تەنیایی وا لە مرۆڤ دەکات بیربکاتەوە خەیاڵ بکا ئەمەش وا دەکات گەمە بەمێشک بکات کاتێکیش گەمە بە مێشک کرد ئەوا دەبێ مێشکت بە جوڵە بێخی.

دووەم خوێندنەوەی بابەتەکانی بیرکاری و فیزیا ئەو بابەتانەی حیسابین

سێیەم سەیرکردنی یاری تۆپی پێ و ئەو شتانەی کەوا دەکا مێشکت بجولێنی بەس مەرجێک کاتێک سەیری دەکەی هۆشت لای تۆپی پێیە کە بێت.

چوارەم بنیش جواندن

پێنجەم گفوتوگۆ کردن لەگەڵ ڕای جیاواز کەسانی خاوەن ئەزموون بەتایبەت ئەوانەی تەمەن گەورەن و ئەزموونێکی باشیان لە ژیاندا هەیە.

خۆت هەست بەتوانای خۆت ناکەی

یەکێک لەو شتانەی مرۆڤێک هەستی پێناکات تواناکەیەتی لەو بوارەی کە هەیەتی بەهەمان شێوەش تەمەنیەتی یانی هەروەک چۆن خۆت هەست بەگەورەبوونی خۆت ناکەی ئاواش سەرەتا هەست بەتواناو هێزی خۆت ناکەی تا  بەرامبەرەکانت بۆت باس دەکەن و یان پێت دەڵێن یان دەبیستی، دوای ئەوەی پێیان ووتی ئەو کات دەزانی هەست ناکەی خاوەن بیر و فکرێکی باشە تا خەڵکە پێی دەڵێن یان نووسینەکانی بەکاردەهێنن.

یان نموونەی تر وەستایەکی دیوار سەرەتا خۆی هەست ناکات کە وەستایەکی باشە تا کاری جوانی لای خەڵک نەبینرێت و خەڵک پێیی نەڵێت هەروەک چۆنیش کەسێک هەمیشە لەگەڵتە هەست بە گۆرانکاری یەکتری ناکەن یان بیشکەن زۆر دەگمەن بەڵام کەسێک ماوەیەک تۆی نەدیبیت ئەوا ئەمە شتێکی ترە.

تۆ دەتوانی بگەی بە کەسە بەتواناکان؟

کاتێک ئێمە دەڵێن ئەو کەسە بەتوانا و لێهاتووە کەسمان وەکو ئەونین بریا لە شوێنی ئەو باین ئەوا بەڕای من پێویست دەبوو پێش ئەوەی ئەو قسەو گفتوگۆ بکەن پێویست دەبوو بڵێن چۆن وای لێهات بۆ ئەوەی ئێمەش وەکو بکەین بگەینە ئەو توانایەکە هەیەتی یان ئەو پلەو شوێنی کە هەیەتی.

ئیدی بێگومان تۆ ئەتوانی و دەتوانی بگەی ئەو ئاستە بەمەرجێک ئەو شێوازە ئەو ئامرازانە بزانی کە چۆن پێیگەیشت یانی کاتێک کەسێک بەتوانایە  لەبواری نووسین داڕشتن و جوان بنوسین بێگومان ئەمە بە ڕاهێنان و پەرەپێدان گەیشتوتە ئەو ئاستە یان وەستایەک لە هەندێک بوار کە گەیشتوتە ئەو قۆناغە بێگومان قۆناغەکانی تری بڕیوەو لەسەرەتا بناغەوە دەستی پێکردووە دواتر  ووردە ووردە گەیشتوتە ئەو هەروەک چۆنیش کەسێک بەتەمەن لە تۆ گەورەترە ئەوا لە پێش چاوت لە قۆناغێکی ترە بەس بەگەیشتنی کاتی دەوێت ئاواش بۆ هەر بوارێک و کەسێک بەناوبانگ و توانا تۆ دەتوانی پێی بگەی چونکە ئێمە هەموومان مرۆڤین ئەو کەسانەش کە فەیلەسوف و بیرمەندن یان هەر کەسێکی بەتوانای بوارێکن ڕۆژانێک هەروەکو ئێمە بوون گەیشتنە ئەمە ئاواش ئێمەش دەتوانین پییان بگەین و تەنانەت واش بکەین پێش ئەوانیش بکەوین بە مەرجێک بەو ڕێگایە دا بڕۆین کە بتوانین سود لە ڕێگاکەدا وەرگرین.




نیشتیمانی سارا و پرسیاری: كێ خەلکی شاری سلێمانییە؟.. بەکر ئەحمەد

لەسەر دیواری یەکێک لە فارگۆنەکانی شەمەندەفەری بار‌هەڵگری” دان پاگیس” کە جووەکانی تێدا دەگوێزرایە بۆ ئاوشویتز، بە تەباشیر نووسراوە:” لێرە، لەم فارگۆنەدا، من کە ناوم ئێڤایە ، لەگەڵ هابیلی کوڕم دانیشتووین. ئەگەر کەسێک قابیلی کوڕی ئادەم، کوڕە گەورەکەم دەبینێ، تکایە پێی بڵێن کە من………..”. (1). نووسینێکی بەجێماو و چارەنووسی لەیەکهەڵوەشاوەی خێزانێک.

لەسەر ڕاستە شەقامێکی شاری سلێمانی کەبەناو گۆڕستانی ٤٠ ساڵێک لەمەوبەری جووەکانی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێ، پیرەمێردێکی جوو، لەسەر شۆستەی قەراغی شەقامەکە دادەنیشێت و دەست دەکات بەناو توورەکەکەی شانیدا. بەردێک دەردێنێ و لەسەر چیمەنتۆی لێوارەکە دایدەنێ. ئەو چاوەکانی دادەخات و لەبەر خۆیەوە دەڵێ:” لە ڕەقی و تەمەنی ئەبەدییەتی خۆتدا، یادی ئێمە هەڵبگرە و بە نەوەی داهاتووی ئەم شارە بڵێ کە ئێمەش لێرە بووین”.(2)

لە دیمەنی یەکەمدا، ئێڤای دایک ئوومێد دەخوازێ کە کەسێکی دی ئەم پەیامە بە قابیلی کورە گەورە بگەێنێت کە دایک و برای بچووک ، لێرە بوون. لە فارگۆنێکی قەلەباڵغدا بەرەو ئاوشویتز.
لە دیمەنی دووەمدا، ئێمە ڕووبەڕووی ڕووخساری باپیرە “خایم”ین کە لە دوا ڕۆژەکانی تەمەنیدا، دێتەوە بۆ ئەو شارەی ڕۆژگارێک لە یەکێک لە گەرەکە لەپەراویزخراوەکانی خۆیدا ، لەودیووی سنوورەکانی شیوەکەی جوولەکانەوە، خۆی و هەزارەها ئینسانی دیکەی وەک ئەو لەوێدا دەژیان. هاتۆتەوە و دەیەوێ بە ڕێبوارانی سەرشەقام بڵێ: ئێمەیش لێرە بووین.

“نیشتیمانی سارا” ئەو ڕۆمانەیە کە لەناو ئەدەبیاتدا بە ژانری” سەردی سەجەلەی خێزانی” ناوزەددەکرێت. “مو یان” لە ڕۆمانی ” خیمین ناو و حەوت ژیانەکەی” دا سەجەلەی چوار نەوەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی چین دەگێڕێتەوە و لە ڕێگەی 7 جار زیندووبونەوەوە لە گیانی ئاژەڵێکی تردا، دەبێتە شاهیدی مێژوویەکی 50 ساڵەی وڵاتێک. ڕەنگە نزیکترین کارێکیش لە ئەدەبیاتی کوردیەوە رۆمانی ” بەیانییەکەی جەنین”ی سۆزان ئەبولحەوا” بێت کە لە رێگەی چارەنووسی خێزانی جوتیارێک بە ناوی “یەحیا عەبدول حەییە” کە کەسێکی سادەی گوندی “عەین حود”دە وسەرقاڵی ناشتنی داری زەیتوونە لە دێکەی خۆیدا، هەموو تراژیدیای ئەوەی ئەمڕۆ بە کێشەی فەلەستین ناودەبرێت دەخاتە ڕوو. لە کەیسی هەردوو ئەم ڕۆمانانەدا، نووسەر لە هەڵبژاردنی ژیانی کەسیك یان خێزانێکدا، ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکانی ئەو سەردەمەی کە دەکرێ مەبەستی نووسەرە، لە کەسایەتیەکانی خێزاندا بەرجەستەدەکات. ئەوەی میرانیش لەم ڕۆمانەدا دەیکات، هەڵبژاردنی بنەماڵەیەکی جووی شاری سلێمانییەو لە ڕیگەی وەچەکانی ئەم بنەماڵەیەوە، میژووی جووەکانی شارەکە و ڕووداوە مێژوویەکانی دەوروبەری کەسایەتییەکان دێتە بەر گێرانەوە. بەڵام نەک گێرانەوەیەکی ئاسایی. بەڵکو هەژاندنی ئەو پرسیارە هەرگیزنەکراوەی کە کۆمەڵگای کوردی قەت لەخۆی نەکردووە: کێ بوون ئەوانەی لە گەرەکی جوولەکاندا بوون و چییان لێهات؟
ئینسان کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە تەواو دەبێت، دەپرسێ: بۆچی ئەم کۆمەلگایە و سیاسییەکانی، شاعیرەکانی و نووسەرەکانی ئەم بابەتەیان لە بێدەنگییەکی ئاوا کوشندەدا هێشتووەتەوە.؟ کامەیە ئەو “گا پیرۆزانە”ی کە دەکرا بەسەربڕین بدرێن ئەگەر ئەم زانیارییانە پێشوو تر بدرکێنرانایە”

میران لە نیشتیمانی سارادا، لەسەر هێلێکی ئاسۆیی زەمەنەوە، لە ڕیگای خایمی گەنجەوە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە و لە ڕیگای ژمارەیەکی زۆر لە خزم و دۆست و دوژمن و کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییەکانی شارەوە، بە ئاماژە بە بەشێکی گرنگی رووداوە سیاسیەکانی ژیر دەسەڵاتدارێتی ئینگلیز، تابلۆیەکی خوێناوی و تراژیدیای “جووبوون” لە مەمەلەکەتێکدا دەخاتە بەر تیشک کە قوربانیبوونی کورد و تراژیدیا کانی ئەو، ئەو غاێەلەیە بە خەێالی کەسدا ناهێنێت کە ئەم کوردە قوربانییە لەخوێندا گەوزێنراوە، هێندە دڕندەیەکی خۆماڵی بوو بێت لە بەرانبەر هاونیشتیمانیانی خۆیدا کە سەر بە ئاینێکی دیکەن.
نیشتیمانی سارا، ئەگەر چی وەک تابلۆی جووی قوربانی و حەکایەتە تراژیدی و غوربەتە ئەبەدییەکەی ئەو دەکرێ سەرنجی لێبدرێ، هاوکاتیش دەبێتە حەکایەتی قوربانییەکی دی کە خۆی دەبێت بەجەڵلاد . سەیرەکە لەوەدایە کە تا ئێستاش ئەم قوربانییە رەنگە ئەم شووناسە بۆ خۆی قبوڵنەکات و لە بەرگی قوربانییەکی هەمیشەیدا هۆکار بۆ ئەم ڕەفتارەی خۆی بهێنێتەوە. بە واتایەکی دی، سەرنجدانە لە کورد وەک جەللادێک نەک قوربانی.
من لە گەرەکی “گاوران”دا لە دایک بوم و گەورە بووم. لە نزیکەوە ئاگاداری ژیان و پەیوەندی خەلکی گەرەک و مەسیحیەکانی ئەم گەرەکە بچکۆلانەیە هەم. ئەو ڕۆژگارەی کە نەوەی من چاودەکاتەوە و گەرەکەکانی شار دەناسێ، گەرەکی جوولەکان دەمێکە چۆلکراوە. بەلام ئەگەر ئەم گەرەکە چۆلیش نەکرایە و لە شوێنی خۆیشیدا بوایە دەکرا ببینرێت؟
بە بڕوای من، کاتێک ئینسان گەلێک دیمەنی ناو ڕۆمان دەخوێنێتەوە، وە دوای دەرچوونی ڕۆمانیش گوێبیستی سەرگووزشتەی بەشێک لە پیرەمێردەکانی شار دەبێت، هەستدەکرێت کە گەرەکی جوولەکان و هاوڵاتیانی ئەوێ هیچ کاتێک نەبینراون و لێدان و بەردبارانکرنی ئەوان و ماڵەکانییان هیچ شتێک نەبووە جگە لە پرۆسەیەکی درێژی هەڵاواردنێکی سیستیماتیکانە لەبەرانبەریاندا بە مەبەستی نەبینینیان. هەڵبژاردنی شوێنی گەڕەک لە نزیکی گواوی شارەوە و لە پەراوێزی شاردا، لەبەرچاودوورخستنەوەی جووەکانە لەو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییەی کە پێی دەوترێت شار. بەردبارانکرنییان کاتێک دینەدەر، کۆششێکی بەئاگاهێنانەوەی ئەوانە کە: سنوورەکانی خۆتان بزانن و بگەڕێنەوە بۆ ناو کونجی زێرابەکانی خۆتان!
” لە دوای قوتابخانە بە غاردان بەلای گەرەکی سەرشەقام و چوارباخدا تێدەپەڕین. بەردەوام منداڵانی ئەو دوو گەرەکە بەردیان تێدەگرتین تاکو سنووری گەرەکی جوولەکان دوامان دەکەوتن”. ڕەنگە ئەم دیمەنە بێتاوانەی “خایم”ی منداڵ هیچ نەبێت لەچاو ئەو دیمەنانەی تردا کە لە رۆمانەکەدا دێنە بەر باس.
تراژیدیای ئینسانی جوو، لە بوارەکانی ئەدەبدا بە فراوانی تۆمارکراوە. هۆلۆکۆستی جووەکان ئەگەر چی وەک کۆششی نازیزم و ئەنتیسیمیتیزمی جیهانی دەکرێ سەیری بکرێت بۆ قڕکردنیان، کەچی لە جیهانی مەمەلەکەتی سارا و ئەو جوگرافیایەی پییدەوترێت جیهانی عەرەبی، لانی کەم بۆ نەوەی من کە لە سەرەتاکانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا لە سلێمانیدا ژیاوە، بابەتی خوێندن نەبووە.
تەنانەت سیاسەتی ئەنتیسیمێتیزمی دەوڵەتی ڕەسمی لەم ناوچەیەدا کارێکی کردووە کە جووبوونی یەکسانکرۆتەوە بە لایەنگری بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و لە فراوانکردنەوەی ئەنتیسێمێتیزمی کولتوریدا کە ئایین لە پەرەپێدانیدا بەشی شێری پێبڕاوە، دۆزەخێکی سیاسی و کولتوری دەخوڵقێنێ کە تەنها لە ڕۆژگارە ڕەشەکانی ناوەراستی سییەکانی ئەلمانیای نازیدا دەکرێ نموونەی لێبدۆزیتەوە.

“نیشتیمانی سارا” وەک کارێکی ئەدەبی و سەرکەوتوو، بە هەر تێبینییەکی ئەدەبییە وە لەسەر دڕێژبوونی ڕۆمان و مامەلەکردنێکی ڕاپۆریانە بە بەشێک لە رووداوە سیاسییەکانەوە نەک ئەدەبیانە، هێشتاش ئەو وزە گەورەیەی تێدایە کە ئەو پرسیارە لە کۆمەلگای کوردی و بە تایبەت سەرجەم خەلکی شاری سلێمانی بکات : ڕۆڵی ئەوان چی بووە لەم پرۆسەی هەڵاواردن و رەفتارنوواندنیێکی ڕاسیستییانەدا بەرانبەر جووەکانی شارەکەیان کە دەرئەنجامەکەی ناچارکردنی جووەکانی ئەم شارەیە بۆ جێهێشتنی ولات و یان تێكشکاندنی رۆحییەتی دەروونی سەدەها ئینسانی ئەم کۆمەلگا بچووکەی کە رۆژانە دووچاری سووکایەتیکردن دەکرایەوە.

دەربڕینە پڕ لەفرمێسک و خوێناویەکەی باپیرە خایم:” ئێمەش لێرە بووین”، خاڵی کۆتای سەفەرێکە بۆ ئینسانی جوو لە ولاتێکدا کە ئامادەیی ئەوان چەندین هەزار ساڵ بە مێژووی ناوچەکەدا تێدەپەرێت. جووەکانی عێراق و کوردستان، پاشماوەکانی ئەو مێژووە تەوراتییەی جووە کە دەوڵەتی یەهودا تێکدەشکێنرێت و سەرۆک و هاولاتییەکانی ئەم نیمچە ئیماراتە دەگوێزرێنەوە بۆ ژیردسەلاتی بابلییەکان لە 500 ساڵ لە پێش زاینەوە. ئەوەی کە لە مێژوودا بە ” دیلەکانی بابلییەکان” دەناسرێتەوە و وەک یەکەمین دیاسپۆرای جوو ئاماژەی پێدەدرێت.
” ئێمەش لێرە بووین”، تەنها دەنگی پێرەمێردێکی جووی کوردستان نییە ، بەڵکو هاواری سەدەها هەزار لە ئینسانە کە مێژوویەکی درێژ لەناوماندا ژیاون و بەشێک لە مێژووی ئەم ولاتە بەرهەمی کار و دەستکردی ئەوانە.

شەوی بلووری و ڕۆژی فەرهود
” عباس شبلاق” لە کتێبی “هجرة أو تهجير: ظروف وملابسات هجرة يهود العراق” (3) دا پێیوایە کە جووەکانی خۆرهەلات لەناویشیاندا عێراق، لە بناغەدا بەشیک لە پرۆژەی کۆلۆنیالیستی زایۆنیستی نەبوون لە فەلستیندا”. بە تێڕوانینی ئەو، جووەکانی ئەم ولاتانە بە تایبەت لە عێراقدا، ڕەگێکی داکوتراویان لەناو کۆمەلگاکانی خۆیاندا هەبووە و لە جووبوونیاندا خۆیان وەک گرووپی سەر بە ئاینێک ناساندووە نەک وەک نەتەوەیەکی جیاواز.

بەلام ڕووداوەکانی دوای شکشتپێهێنانی حکومەتەکەی ڕەشید عالی گەیلانی لە ئازاری 1941 دا لەلایەن بەریتانیەکانەوە و ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە دروستدەبێت لەو چەند رۆژەی دوایدا، جووەکانی بەغداد دووچاری گەرەترین زەربەی سیاسی دەکاتەوە لە مێژوودا کە بە پرۆسەی “فەرهود” ناسراوە. تالان و پەلاماردانی ماڵ و دووکانی جووەکانی بەغداد لەم ڕۆژەدا بە کوشتنی 250تا 300 جوو تەواو دەبێت . ئەم ڕووداوە برینێکی قوڵ لە دڵی جووەکانی بەغداد و عێراقدا هەڵدەکوڵی و لە لاوازکردنی هەستکردنی ئەوان بە ئارامی و ئاسایشدا لە کۆمەلگادا ، کاریگەری دادەنێ. بەلام هێشتاش نایانگەێنێتە سەر بڕیاری کۆچکردن بۆ ئیسرائیل. بەڵام لە 4ی مارسی ساڵی 1950 دا، حکومەتەکەی تۆفیق ئەلسوەیدی یاسای ژمارە 1ی سالێ 1950 پەسەند دەکات . ئەم یاسا تازەیە وەک پاشکۆی مەرسومی “اسقاط الجنسیە العراقیە” ژمارە 62 ی ساڵی 1933 دەست بەکار دەکات و بەپیی ئەم یاسا کۆن و تازانە، هەر هاوڵاتییەکی عێراقی مافی هاولاتیبوونی عێراقی لێدەسەندرێتەوە ئەگەر بە ئارەزووی خۆی ولات جێبهێڵێت. سەرنجڕاکێس ئەوەیە کە حکوومەتی عێراقی لەدەرکردنی بڕیاری لێسەندنەوەی ئینتیمای هاولاتیبووندا هیچ ڕێگرییەکی لەسەر ماڵ و موڵکی ئەوانەدا دانەنابوو کە ولات جێدێلن، بەلام لە 8ی مارسی ساڵی 1951بریار لەسەر “تجمید”کردنی سەروەت و سامانی ئەو جووانە دەردەکات کە یاسای “اسقاط الجنسیە العراقیە” دەیگرتنەوە.
سەرنجێک لەم پرۆسە خێرایەی سیاسەت، لە ئازاری 1941 وە بۆ ئازاری 1951، بەرژەوەندی ئینگلیز و ئەلمانیا لە ناوچەکە و ریزبەستنە جیهانییەکانی نیوان کۆمۆنیزم و ناسیونالیزم و هەلکشانی ناسیونالیزمێکی فاشیستی کە لە ئەلمانیای نازیدا ئومێدێک دەبینێتەوە بۆ وەستانەوە لەبەرانبەر داگیرکردنی ئینگلیزدا بۆعێراق، بۆ هەردوو ناسوینالیزمی کوردی و عەرەبییش، ئەو کەش و هەوا ناسازگارەیە کە بە گوێرەی داتاکانی دەولەتی ئیسرائیل خۆی، 124646 هەزار جووی عێراق لە نێوان سالەکانی 1948 تا 1953 دا عیراقیان جێهێشتووە. بێگوومان ئەوەشمان بیر نەچێت کە زایۆنیزم وەک تەرەفێکی دیکەی ئەم ململانێ ناسیونالیستییە هەوساربەرەلایەیە ، بەشی خۆی بەردەکەوێت.

رووداوەکانی دوای “فەرهود” و ئەو ئاڵوگۆڕە یاساییانەی کە لە عێراقدا پێکدێن، هاوتەریبی هەرهەمان مێژووی مامەلەیە بە پرسی جوو لە ئەلمانیای نازیدا و “شەوی بلوری” نازییەکان ڕێنیشاندەری فاشیستەکانی عێراقە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەم شەوە لە رۆژی رووناکدا لە بەغدادا بە هەمان بێڕەحمی و درندانە بوونی خۆیەوە. ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێ سەبارەت بە مامەلکردن بە یەکێک لە کۆنترین ئاینزاکانی وڵاتێکی وەک عێراقەوە، ناکرێ وەک کۆچی ئارەزوومەندانەی جووەکانی عێراق سەیری بکرێت. بەلکو پرۆسەی “ترحیل و تهجیر”ێکی قەسری بووە کە هیچ ئازادییەک بۆ ئینسان ناهێڵێتەوە.
بۆ ئەوەی ئینسان کەمێک لە تێڕوانینە ئەنتیسێمیتیزمەکانی خۆی بێتە دەرەوە و بە چاوێکی بێلایەنانەوە سەیری ئەم پرۆسەیە بکات، ئەوا “ترحیل و تهجیر”ی کوردە فەیلییەکان لە سەرەتایی ساڵەکانی 1980ی عێراقدا نموونەیەکی زیندووە و بە سەدەها داوی بینراو ونەبینراوەوە هەمان نەخشە ڕووندەکاتەوە کە پێشتر لەسەر سەری جووەکاندا تاقیکرابووەوە.
ئەگەر ئەم شیکردنەوە سادەییەی سەرەوە بەشێک لە نەخشەی سیاسی و پاڵنەری پلەیەکی پرسیاری: بۆ لێرە نەمانی باپیرە خایم بێت، ئەوا رەفتاری ڕۆژانەی خەلکی شاری سلێمانی، ئەو دۆزەخە قاندراوەیە کە جووەکانی ئەم شارە بخاتە سەر کەڵکەڵەی پرسیاری: بۆ لێرە بین؟
كێ خەڵکی سلێمانییە؟

“جوولەکە هەر جوولەکەیە، هەر جوولەکەیە، هەر جوولەکەیە….هتد”، (4) لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی 622 لاپەڕەیی (لارش . ئێم ئەندەرسۆنە) لەسەر ئەو گۆڤارە ساتیریانەی کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا(1900-1930) ی سویددا دەردەچوون. تەواوی مەتریاڵی ساتیرئاسای ئەو سەردەمەی سوید، بە کاریکاتێر و نوکتە و چیرۆکەکانیانەوە، قارەمانێکی هەیە کە جووە. پرسیاری ئەندەرسۆن ئەوەیە، بۆچی جوو دەبێتە پاڵەوانی ئەم نوکتە و کاریکاتێرانەی سەرەتای سەدەی بیستی سوید؟ ئەو هۆکارانەچین لە پشت بەرهەمهێنانەوەی ئەم وێنەیەی جووەوەیە؟ ئەگەرچیش جوولەکە لەو زەمەنە مێژووییەی سویددا، بەبەراورد بە ولاتەکانی دیکەی ئەوروپادا، ژمارەیەکی ئێجگار کەمن.
بەڵام گوتاری ئەنتیسیمیتیزم(دژایەتی جوو) لە سویدیشدا وەک سەرتاسەری ناوچەکانی ئەوروپا گەورەیە. ئاخر ئەم گوتارە گەورەترین پانتایی لە ڕۆشنبیری ئەوروپادا داگیر کردووە و لە تەواوی پرۆژە فیکری و ئەدەبی و سیاسییەکانی ئەوروپادا، ئەنتیسیمیتیزم، جێگای هەیە.
ئینسانی جوو لە تەواوی ڕۆژنامە ساتیرییەکانی ئەم سەردەمەدا، لە بچووکترین جوڵەیەوە بۆ گەورەترینی، جێگای تەنزە. پیاوی جوو لە پیاوی ئاسایی ناچێت. ژنانی ترن و هەتا بڵێی ناشیریینن. ژنەکانیان وەک پیاوانی جوو چاوچنۆک و پارەپەرستن. نە ڕیتواڵە ئایینییەکانیان لە ڕیتواڵێکی ئایینی دەچێت، نە سێکسکردنیان. زەواجیان پرۆسەیەکی تەواو بازرگانییە. ئیسانی جوو پیسوپۆخڵە، نە لەبەر ئەوەی خۆی ناشوات، بەڵکو بەهۆی ئەوەوەی کە کارەکەی پۆخڵە.
بەڵام ئەندەرسۆن وەلامی ئەو پرسیارانە لەوەدا دەبینێتەوە کە ئەم زەمەنە مێژووییە سوید، هاوکاتە بە شەپۆلە گەورەکانی مۆدێرنیتە و پرۆسەی دروستکردنی نەتەوەی سویدەوە.
ئەندەرسۆن دەنووسێت:” لەناو گۆڤارە ساتیرییە ناودارەکانی ئەو سەردەمەدا بوو کە دید و بۆچوونی ڕۆژانە سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی خوڵقێنرا. سویدیبوون وەک دژێکی ئەوی دیکەی جوو پێناسەدەکرا، ئەنتیسیمیتیزمیش بووە ئەو گوتارەی گرنگەی کە بە هۆیە وەسفی ئەوە بکەیت کە سویدییە”.
ڕەنگە بیرکردنەوەیەکی قوڵی تێۆریت پێویست نەبێت بۆ ئەوەی بەو دەرئەنجامە بگەیت کە پرۆسەی دروستکردنی شوناس و دووبارە تۆخکردنەوەی سنوورەکانی شوناسی گروپی خۆ، پێویستی “بەوی دی”یەکی سەر بە گرووپێکی دیکە هەیە تا پرۆسەکە مەیسەر بێت. بوونی گروپێکی ئاینی دیکەی وەک جوو و ئامادەیی گوتاری ئەنتیسیمیتیزم بەو شێوە فراوانییە گەردوونییە و مێژووییەی کە لای ئێمە هەیە، زۆر ئاسان دەکرێ بەکار بهێنرێت بۆ پێناسەکردنی شووناسی خۆ لە شارێکی وەک سلێمانیدا. لە کاتێکدا کە شوناسی کوردبوون لەو زەمەنەدا لە سەرەتاکانی شکڵگرتنی خۆیدایە و شار وردە وردە چەکەرەکانی شاربوون لە ناویدا چرۆدەکات. بۆیە دوورخستنەوەی “ئەوانی دی” غەیری کوردی موسولمان لە جەرگەی شارەوە و نیشتەجێکردنییان لای گواوی شارەوە، بەرلەوەی دەرئەنجامی ماستەرپلانێکی ئیداری شار بێت، دەرئەنجامی سنوورجیاکردنەوەیەکی کۆمەلایەتیە کەلەسەر بنەماکانی ئینتیمای ئاینئ “ئەوانی دی” غەیری کود و غەیری موسوڵمانەوە ئیلهام وەردەگرێت.

بە بڕوای من سلێمانی ئەگەر چی تێکەڵەیەکی هەمە ڕەنگە لە ئینسانی دێهات، ئێرانی، مەسیحی و ڕۆژگارێکیش جوولەکە و چەندەها گروپی دیکە کە ناکرێت بژمێردرێن، پێکهاتووە. ئەم شارە دەکاتە شارێکی هێترۆجێن، واتا تێکەلەیەک لە کەسانی لەیەکنەچوو. بەلام ئەو شوناسەی کە وەک دروستکراوێکی کۆمەلایەتی شوناسی ئەم شارە پێناسەدەکاتەوە، دەیکاتە شووناسێک بۆ گرووپێکی هۆمۆجێن. واتا لەیەک چوو. بۆیەش جیاوازی لە ناویدا دەبێ بتووێنرێتەوە یان بەو جۆرە قبوڵبکرێت کە مەسافەڕاگرتنی سنوورەکانی گرووپی خۆ لەگەل ئەوانی دیدا مسۆگەردەکات.
جوولەکەبوون و مەسیحیبوون لە شارێکی وەک سلێمانیدا، تەنها لە ماڵدا وەک شوناسی خۆ دەمێنێتەوە. ئەندامانی ئەم گرووپانە لەدەرەوە کوردن و لە ماڵیشەوە بۆیان هەیە لە دۆخی مەسیحیەکاندا، مەسیحی بن و لە دۆخی جووەکاندا، لە ماڵیشدا بۆ ئەوەی جوو بن، دەبێ تەحەمولی بەردبارانکردن و سووکایەتیپێکردنیش ببنەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە جەدەلەکانی کۆمەلگای فرەکولتۆریدا وەک سیاسەت باسیلێدەکرێت ئەوەیە کە ئایا دەولەت پەیرەوی لە سیاسەتی ئەنتیگراسیۆنی کۆچبەران دەکات یان بەشوێن ئەسیمیلازسیۆنیانەوەیە. یەکەمیان بەواتای ئاوێزانکردنیان و تێکەلاوکردنییان لەناو کۆمەلگای تازەدا و دووەمیشیان بەمانای تواندنەوەیانە لە ناو کولتوری ولاتی نوێدا بێ گوێدانە پێشینە ئاینی و کولتووریەکانیان. لە دۆخی جوو و مەسیحیەکانی شارێکی وەک سلیمانیدا، تواندنەوەی ئەوان لە ڕووبەری گشتیدا بە زەقی هەستی پێدەکرێت. واتا ئەسیمیلازیشەپێکردنیان. بەلام بەوەی ئینتیماکانی گرووپی جوو، هێندە وەک هەرەشەیەکی بەهێز بۆسەر سنورەکانی گروپی خۆ سەرنجدەدرێت، لە “گێتۆ”کردنیان دەبێتە واقعیەتێکی تاڵ. بە بڕوای من، بەرلەوەی نازیستەکان یەکەمین گێتۆ بۆ جووەکانی پۆلۆنیا دروست بکەن کە بە گێتۆی وارشۆ ناودەبرێت لە مێژوودا. گەرەکی جوولەکان دەبێتە یەکەمین گێتۆیەک کە ئەنتیسیمیتیزمی کوردی سنوورەکانی بەدەوردا دەکێشێت. ئینسان زۆر سادە لە تۆپبارانی نوکتەکانی سڵێمانییەوە بۆ گرووپە جۆراوجۆرەکانی ئەم شارە، هەستدەکات کە کی دەخرێتە دەرەوەی ئەم پیکەوە ژیانییەئ سلێمانییەکان.

دوا وتە.
له‌ هه‌فته‌ی دژی ڕاسیزمدا له‌ سوید، له‌ پیره‌مێردێكی شاری یۆتۆبۆری ده‌پرسن: ” به‌ بڕوای تۆ، كێ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌؟” ئه‌و له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ:” ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌”. پاش كه‌مێك وه‌ستان، درێژه‌ به‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی خۆی ده‌دات و به‌رده‌وامده‌بێت:” یان له‌ هه‌ر سووچێكی دیكه‌ی دنیادا.” به‌ لێدانی دووبه‌شی وه‌ڵامه‌كه‌: ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌ یان له‌ هه‌ر سووچێكی دیكه‌ی دنیادا.
به‌ڵام سه‌رنجدانێكی به‌شی یه‌كه‌می وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌، واتا :” ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌”، به‌ بێ بیستنی درێژه‌ی وه‌ڵام، به‌ مانای كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌ده‌ها هه‌زار ئینسانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ر زه‌مینه‌ كه‌ له‌ سویددا گیرساونه‌ته‌وه‌ و بێبه‌شكردنی ئه‌وانه‌ له‌و پێكه‌وه‌ژیانییه‌ی ئه‌مڕۆیان له‌م وڵاته‌دا. یۆتۆبۆری به‌ ته‌نها شاری ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ تیایدا له‌دایكبوون ، به‌ مانایه‌كی دی، ده‌بێته‌ په‌یامی ئەو هێزە ڕاسترەوانەی کە خوازیاری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانن بۆ ولاتەکەی خۆیان. به‌ڵام به‌شی دووه‌می وه‌ڵامه‌كه‌، هێنده‌ باوه‌شێكی فراوانده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئیدی هیچ نامۆیه‌ك خۆی به‌ غه‌ریب نازانێ له‌م تێڕوانینه‌دا.
جووەکانی کوردستان و سلێمانی، ئەو نامۆیانە بوون کە قەت وەک هاولاتی ئەم ولاتە مامەلەیان پێنەکرا ئەگەر چیش لەسەر زەمینی ئەم ولاتەدا لە دایک بوون. ناونەهێنانی ئەم مێژووە خوێناوییەی کەمایەتێیەکی هێندە گەورەی ئەم شارە لەلایەن سیاسی و مێژوونووس و شاعیرە ناودارەکانیانەوە بە دێڕێک، گێرەرەوەی ئەوەیە کە ژیان و حورمەتی ئینسانی ئەم هاوڵاتییانەی شارەکە ، هیچ شایەنی ئاوڕلێدانەوە نەبووە. ئەوەی کە لەمڕۆدا دەکرێ لێرە و لەوێ باس لە جووەکانی شار بکرێت، قسەوباسکردنە لە جووەکانی دوینێ لەمڕۆدا لە گۆشەنیگای نوستالیژیایەوە . واتا سەرنجدان لە دوێنێیەک کە لەمڕۆدا ئامادەیی نیە بۆ دڵنیایدانەوە و کەمکردنەوەی هەستی “ویژدانناڕەحەتی”ی کۆلێکتیڤی خەلکی ئەم شارە.
بە بڕوای من، لە پاڵ ئەو کەش و هەوا سیاسییەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، بەشێکی گەورەی دوورخستنەوەی جووەکان و ناچارکردنیان بۆ جیهێشتنی ئەم شارە، لە برەوی گوتاری ئەنتیسیمیتیزمی کوردی و سەرنجدانە لە گروپی خۆ وەک گروپێکی هۆمۆجێن کە جیگا بۆ هیچ جیاوازییەکی کولتوری و ئاینی و لقەکولتوری ناهیڵیتەوە. ئەم تێروانینە لەمرۆدا و لە پاش چەندین ساڵ نەمانی جوو لەسەر زەمینی شار، بە هەمان بەهێزی خۆیەوە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. بوونی تێروانینێکی ئاینی لەمڕۆدا کە داعش بەرهەمدەهێنی لە تێروانین بۆ ئەوی دی غەیری موسولماندا پێویستی بە وەبیرهێنانەوە نییە. لە لایەکی دیکەوە، دەربڕینەکانی خەلکی “شارە حەیاتەکە” کە وەک دەربڕینێکی جێگرتوو بەربڵاو لە هەموو شوێنێکدا دەبیسترێت، کەناڵەکانی ئاوێزانبوون و ئینتیمابوون بۆ شوناسەکانی کوردبوون و سلێمانیبوون لەبەردەمی هەموو ئەو گروپە جیاوازانەدا دادەخات کە لەمڕۆدا لە کوردستاندا ئامادەییان هەیە. ئاخر چیرۆکی :” ئەوان ئەمڕۆ لێرە نین” ، هیچ شتێک نییە جگە لە گێرانەوەی چیرۆکی کردنەدەرەوەی “ئەوانی دی” کە لە دوێنێدا، خەلکی شارە حەیاتەکە نەبوون.

بەکر ئەحمەد
2023-08-10

1- Steohané Bruchfelt och Paul A. Levine , Om detta må ni berätta – Forum för levande historia

2 میران ئەبراهام نیشتیمانی سارا ناوەندی کەپر و پرۆژەی کولتور 2020
3 عباس شبلاق موسسە الدراسات الفلسطینییە

4- Lars M Andersson, En jude är en jude är en jude, Academic press 2000




یەک پرسیار و هەزار گوومان.. شاخەوان سەنگاوی

کورد لە دێر زەمانەوە گوتیەتی یەک پرسیار و هەزار گومان.
کەواتە منیش گومانم بۆ دروست بووە، بۆیە چەندین ڕۆژە پرسیار گەلێک لە مێشکمدا کینگڵ دەدات. لە دوای مانۆڕە سەربازیەکەی گوڵەخان کە لە لایەن پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان کە بە بۆنەی یادی چل و حەوت ساڵ دامەزراندنی ئەو پارتەوە ئەنجامدرا. کە هەرچەندە بە ژمارە پێداویستیە سەربازیەکان و ژمارەی سەربازەکان هێندە نەبوو تا ترس و بیم بخاتە دڵی دووژمنانی ئەو پارتە و قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە لە چاو ئەو مێژووە دوور و دڕێژەی ئەم پارەتە بوونی هەیە لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی ئەم هەرێمە. کەواتە من لێرەدا گومانەکانم ئاڕاستەی لایەنی سیاسی و سەرباز ئەم پارتە ناکەم. بەڵام ئەوەی لە لای من پرسیار ئەو بێ دەنگیەی هەریەک لە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆیە کە بە بەرچاوی ئەوانەوە ئەم مانۆڕە سەربازیە ئەنجام دەدرێت، کە لە کاتێکدا وەزارەتی ناوخۆ بەتایبەتی چەندین جار لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بانگەواز ئاراستەی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە دەکەن کە پێداویستیە سەربازیە کوژەرەکان (چەکی سوک) تۆمار بکەن لە وەزارەتی ناوخۆ بە مەبەستی بوونی داتایەکی ڕاست و دروست لە سەر ئەم پێداویستیانە، دەنا لە لایەن پۆلیسی شار و قەزاکانەوە دەست بەسەر سەرجەم ئەم پێداویستی سەربازیانەی وەکو چەکی سوک دەگرن. کەواتە پرسیارەکەی من ئەمەیە ئایە بەڕێزان لە وەزارەتی ناوخۆ و بەتایبەتی تر وەزیری ناوخۆ ئاگادارن لەوەی لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا لە لایەن پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان وە هەڵسا بە ئەنجامدانی مانۆرێکی سەربازی کە چەندین جۆری چەکی سەربازی تێدا نمایش کرا، ئایە ئەمانەش تۆمار کراون لە لیستی وەزارەتی ناوخۆ؟ یان نا ئەگەر تۆمارکراون چەکەکانی لە جۆری تۆپی دور مەودا، ڕاجیمە و چەندین جۆری تر بە چەکی کوژەری سوک دادەنرێت؟ یان ……. گومانەکەی منە بڕیارەکانتان تەنها بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ پشت و پەناکانە دەنا ئێوە توانای چوون بە گژ قولەی قاف تاندا نیە؟ ئەوە جگە لەوەی لە پشت سەری سەرۆکی ئەو پارتەوە چەندین کەسی پلەدار سڵاوی سەربازیان کرد. ئەگەر وەزیر وەڵامەکەت ئەوەیە کە ئەم هێزە لە چوارچێوەی هێزەکانی پێشمەرگەدایە کەواتە دووبارە دەپرسمەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەڕاست خێرە سەرکردەیەکی حزبی دەتوانێت مانۆڕی سەربازی بەهێزەکانتان بکات یان هێزەکەی گوڵەخان بە چەشنی هێزەکانی هەشتا و حەفتا تەنها هێزێکی حزبین و سەرباری وەزارەتەکەی جەنابتن لە ڕووی لۆجستی و سەربازی و داراییەوە بەڵام لە ڕووی فەرمانەوە جێبەجێ کەری فەرمانەکانی سەرۆکی پارتەکانیان و ئێوە لە وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم تەنها تەماشاکەرێکی شەرمنن.
لە گەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆ خەباتی ساسی و سەبازی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان.

Shaxewan.saed@gmail.com

شاخەوان سەنگاوی




رێ مرۆڤ.. فەرهاد کەریم

به‌ دوای پێیه‌کانی مرۆڤ ‌ڕۆیشتم، مرۆڤ هه‌رگیز ناتگه‌یێنێته‌ ئارامی، رێ نیشانده‌ر نیه‌، خوار ده‌ڕواو رێ گێیه مرۆڤ،
له‌ گه‌ل مرۆڤ رێ ناکه‌م، ئاوه‌دانیه‌کی تاریکه‌، نه‌که‌ی به‌ دوای هه‌نگاوه‌کانیدا بڕۆی، که‌وتن چاوه‌ڕێ، دڵنیام گووه‌ تونێڵه‌ نوته‌که‌ رێ
له‌ ناو که‌وتندا ده‌شکێیت، تارمایی سێبه‌ریت شکانی به‌ ئازاره رێ، رۆین ترسه‌، مه‌به‌ به‌ پێ، رێز له‌ هه‌نگاوکانی خۆت بنێ، رۆیشتن له‌ ناو خۆتدا جوانه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆت گوو،
خاوه‌نی پێیی خۆتبه‌، خاوه‌نی هه‌نگاوی خۆتبه‌، ئاگات له‌ ده‌متبێ ون نه‌بێ رێ‌‌،
ئێره‌ پڕبووه‌ له‌ رێ،
ئاینه‌ رێ، رێ خوا، گورگه‌ رێ، رێ مرۆڤ، لاره‌ رێ، رێ ژاره‌، رێ دۆڵار، لیره‌ رێ،
بانگهێشتی ژیان بۆ سه‌ر سفره‌ی مردن، ژیان گێ بخه‌وه‌ خه‌وتنت جوانتره‌‌ له‌ مردن،
پێویستم به‌ خه‌وتنێکی قووڵه، چاو و هزر داخه‌م، سه‌ده‌یێ بده‌م به‌ ساڵێ ژیان و نه‌دۆڕێم،
ساڵێ ژیان زۆره‌ بیگۆڕه‌ به‌ مانگێ، چوار هه‌فته‌ مانگ
گه‌ر مانگێ ژیان زۆره‌ بیگۆره‌ به‌ هه‌فته‌یێ،
هه‌فته‌یێ بگۆڕیه‌وه‌ به‌ رۆژێ، به‌شی گوو کردن و خه‌وتن ناکا
به‌شی خوله‌کێ پێکه‌نین، ده‌مژمێرێ هه‌ناسه، هه‌یڤێ روندک،‌
‌مانگێ برسی، ساڵێ گریان، سه‌ده‌یێ ژان
رۆژێ به‌ش ناکا که‌مه‌ بۆ ژیان
بۆ گوو له‌ ژیان رۆژێ به‌ش ناکا
رۆژێ به‌ش ناکا بۆ ژیان گان
له‌ ناو گۆتندا ده‌ژیت، ده‌مریت له‌ ناو گۆتندا
له‌ ناو بیستندا ده‌ژیت، ده‌مریت له‌ ناو بیستندا
له‌ ناو بینیندا ده‌ژیت، ده‌مریت له‌ ناو بینیندا
ئاگات له‌ رۆژباشی گۆتن بێت، هه‌موو گوتنێک رۆژباش نیه‌
ئاگات له‌ بیستنی هه‌نگاو بێت، هه‌موو پێیه‌ک هه‌نگاو نیه‌ له‌ رێ
پێیه‌کانی مرۆڤ رێنادا گوو له‌رێ
رێ مرۆڤه‌ گیرفان، گیرفانی مرۆڤه‌ رێ،
رێیه‌کان پڕ بوون له‌ ژه‌هری ره‌نگاوڕه‌نگ
مرۆڤ ده‌دوێ و گوێ ناگرێ
سه‌ده‌یه‌ک زۆره‌ بۆ گوو کردن له‌ ژیان
له‌ ناو پاکییدا بڕۆی خۆشه و بمریت جوان‌‌
هێمنی بپارێزه‌ له‌ ناو ئه‌و هه‌موو هه‌راو رێیه
تێل و تیڤیت داخه‌ دووربه‌ له‌ جه‌نگ و بازاڕ گرژی سروشت پژمینی خوا ڕێیی مرۆڤ
ده‌ڕۆین و نازانین بۆ کۆێ ده‌ڕۆین
بیست و چوار کاتژمێر زۆره‌ ئازاد بژیت
ده‌ڕۆین و ناگه‌ڕێینه‌وه‌ خۆت له‌ بیر مه‌که‌ مرۆڤ‌‌‌
‌‌




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا- 74.. شەماڵ بارەوانی

74

کۆمەڵی ئیسلامی بوون، کە زانییان من یەکگرتووم، نەیانبردم بۆ عەمرە

لە بەشی پێشوو باسی دێی(قەڵاسنجێی خواروو)م کرد. لەم بەشەدا باسی دێی(قەڵاسنجێی سەروو) دەکەم.

بیرمە لە فەقێیاتی، ڕۆژێک لە دێی(قەڵاسنجێی سەروو)ی بناری سەفین و دەڤەری خۆشناوان، هەینییەکی لەجێی فەقێ(سەرکەوت) کە ئێستا مەلایە لای ڕەواندز، ڕویشتم وتارم بۆدان.

کەشەکە بوهاربوو و خەڵکی یەکپارچە لەو دەشت و دەرە بڵاوببوونەوە. بابەتی وتارەکەی من شتێکی تربوو، کە ئەو خەڵکەم بینی(بەپێی قەناعەت و تێگەیشتنی ئەوسام، بێشەرعییانە هاتوونەتە دەر و تێکەڵاون) یەکسەر لەسەر مینبەر بابەتەکەم گۆڕی و دابەزیمە سەر سەیرانکەرەکان. ئاگر لە دەمم دەباری و هیچم لە حاڵ نەهێشتنەوە. کورد گوتەنی: هەمووم شوشتنەوە.

ئامادەبووانی مزگەوت و وتارەکە زۆرینەی ئەو خەڵکەبوون کە بۆ گەشت و سەیران هاتبوون.

ژووری مزگەوت و حەوشەی مزگەوت جممەی دەهات و جێگا نەبوو پێیدا بڕۆیت و دەتگوت ڕۆژی حەشرە.

لەسەر مینبەر ئاگر لەدەمم دەباری و لاسایی مەلا و وتارەئاگرینییەکانم دەکردەوە و زۆر تووڕە وتارم بۆ دان و هەرچی بەسەر زمانم داهات نەمگەڕاندەوە و گوتم: بەو ڕۆژە پیرۆزەی نە شەرم و نە هیچ، کچ و ژنەکانی خۆیان کابۆ لەپێ کردووە و هێناویانەتە ئەو دەشت و دەرە و عەرزیان کردووە تا خەڵک سەیری بکات. بێغیرەتینە، دێنە مزگەوتیش!

پەیامبەر دەفەرموێ: کوللوکوم ڕاعی، وەکوللوکوم مەسئوولون عەن ڕەعییەتیهی). کوا ئیمان و ئیسلام و ڕەعییەت؟ کوا حەیا و غیرەت؟ وەلڵاهی ئەوەی کچی خۆی لەو دەشت و دەرە بەرەلڵاکردووە با نێتە مزگەوت و یەک نوێژ و تاعەتی قبووڵ نییە.

کە وتار تەواوبوو خەڵکی پۆل پۆل دەهاتن و تەوقەیان لەگەڵ دەکردم و پێدەکەنین و دەیانگوت: وەلڵا مامۆستا هیچی لە حاڵ نەهیشتینەوە و کردینی بە پەڕۆی بێنوێژ.

پیاوێک تەمەنی نزیکی پەنجاساڵ دەبوو، بەتووڕەیی و گرژ و مۆنییەوە مۆڕەی لێ گرتم. منداڵێکی پارچەلەشی لەگەڵدابوو، گوتی: بڕۆ کوڕەکەم با بڕۆین، ئەو کاکە مەلا بچووکە ئابڕووی لێ بردین. پیاوەکە وای گوت و خێرا بە بەردەمم ڕەتبوو.

دوایی موختاری دێ، تێلی بۆ فەقێ سەرکەوت کردبوو و گلەیی کردبوو و گوتبووی: کاکە ئەو فەقێ توندڕۆیە چییە ناردووتە؟ فەقێ حەیای خەڵکی برد و هیچی بۆ نەهێشتنەوە.

ئەو ڕۆژە لەبەردەم مزگەوتەکە، سێ پیاو کە یەکە و ڕیشێکی ئیسلامییانەی بۆی بەردابووەوە و زۆر بەگەرمی تەوقەیان لەگەڵ کردم و گوتیان وەلڵاهی قسەی مامۆستایە. ئەو گەشت و سەیرانەی ئێمە زۆر ناشەرعییە. داوای ژمارەی تەلەفۆنیان کرد و وێم دان و هەر لەوێ بەهۆی ئەو وتارە ئاگرینەم، بەڵێنیان پێدام کە گەشتێکی عەمرەم پێ بکەن.

گوتیان کۆمپانیای گەشتکردن و بردنی خەڵکمان بۆ حەج و عەمرە هەیه. ئەو سێ پیاوە خەڵکی ئاسکی کەڵەک(کەڵەکی داسنیان)بوون.

هاتمەوە، لە حوجرە لە کەیفان وەختابوو باڵ بگرم و بفڕم و دەمگوت: لەکۆتاییدا ئاواتەکەم هاتەدی و دەڕۆمە گەشتی عەمرە و زیارەتی ڕەسوولەلڵا. هەواڵی چوونم بۆ عەمرە لەناوهەموو فەقێکان بڵاوبووەوە. تێلم بۆ ماڵەوە کرد و گوتم: دەڕۆمە عەمرە.

دوای ماوەیەکی کورت، ڕۆژێک دانەیەک لەو سێ پیاوەی کە گوتم بەڵێنی گەشتێکی عەمرەیان پێدام، تێلی بۆ کردم و گوتی: مامۆستا بۆ نانی ئێوارە میوانی ئێمەیت. منیش لە حوجرەی محەمەدییە دوای عەسرەکە لە هەولێر بەرەو کەڵەک بەڕێ کەوتم و لەڕێگا بیرم دەکردەوە و دەمگوت: بەخوا پێدەچێت لەو یەک دوو ڕۆژەی بڕۆین. وای کە دڵخۆشبووم و لە خۆشییان پێدەکەنینم و لەژێر لێوەوە بەخۆمم دەگوت: خۆم فڕێدەم کورە؟ هاهاها. ئاش لە خەیاڵەک و ئاشەوان لە خەیاڵەکی.

ئێوارە نانمان خوارد و دەستمان بە قسە و گفتوگۆکرد و هەرپێیان هەڵدەدام و دەیانگوت: بەڕاسی لەوڕۆژە هەرباسی ئەو وتارە بەقووەتەی تۆ دەکەین.

سەری زمان و بنی زمانیان عەلی باپیربوو. مامۆسا عەلی باپیر وای گوت. مامۆسا عەلی باپیر وا دەڵێت. مامۆستا عەلی باپیر وای پێ باشه. مامۆسا عەلی باپیر خودای لەخەون بینی. مامۆسا عەلی باپیر وا و وا…

لەژێرلێوەوە گوتم: ئای لەوە! خۆ ئەوانە کۆمەڵی ئیسلامین.

منیش دەستم پێ کرد: مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەددین وەهای گوت. مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەددین وا دەڵێ. مامۆستا سەڵاحەدین دەفڕێت و مامۆستاسەڵاحەدین بەهائەددین خەونێکی زۆر بەقووەتری لەوەی مامۆستا عەلی باپیری بینیوە. مامۆستا سەڵاحەدین وا چوو و مامۆستا سەڵاحەدین وا هاتەوە.

دیقەتم دا، زۆر بە نابەدڵی و شێوازێکی نامۆ سەیرم دەکەن و قسەکانی من تەواو میزاج و جەوی تێکدان.

لە دڵی خۆمدا گوتم: ئەوانە کۆمەڵن و منیش یەکگرتوو. بەخوا بڕواناکەم ئەو ئیشە(گەشتی چوونە عومرەیە)م سەربگرێت.

دواتر هەرواش دەرچوو، کە زانییان من یەکگرتووم و ئەوان زۆر هەڵە حاڵی بوونە لەو وتارەی ئەو ڕۆژەی دێی قەڵاسنجێ، کە وایان زانیوە من کۆمەڵ یان هەواداری کۆمەڵم.

چیدیکە تێلیان بۆ نەکردمەوە و بەو شێوەیه پەشیمان بوونەوە و بەڵێنیان شکاند و نەیانبردم بۆ عومرە.

تۆڵەی ئەو وتارە ئاگرین و هێرشە ناڕەوا و نائەقڵانییەی کردمە سەر ئەو خەڵکە داماوەم لێ بووەوە. فەقێکان له حوجرە لێیان پرسیم ئەرێ ئەو عەمرەیە چی لێهات؟ پێم گوتن: ئەوانە دەرچوو کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیرین و نەیانبردم. گاڵتەیان پێ دەکردم و دەیاندا قاقا.

دایکمیش(ڕۆحی شاد) پێی دەگوتم: کوڕم، پاتو نەتگۆت دەچمە عەمرەی؟ کەنگی دەچی؟ دەمگوت: دایە هەتا ڕێک بکەوێت. هاهاها.

شەماڵ بارەوانی




راهێنان و بەهرە.. زانا رەزاق

ڕاهێنان

مرۆڤ لەهەر بوارێک و شتێک بە ڕاهێنان بەرەو پێش دەچێت و پەرە بەتواناکانی خۆی دەدات بێگومان لەو بوارەی تێدا کار دەکات

ئەگەر هاتوو بەهرەش هەبێ باشترو چاکترە  ئەمە وا دەکات زیاتر بگاتە لوتکە بێگومانیش مەرجیش تەمەنیش نیە بەڵکو زیاتر بە ئەزموون و شارەزایی و ڕاهێنانەوەیە لەشێوازی بوارێک یان بوارەکانی تری ژیان.

بۆ نموونە تۆ دەتەوێ لەیاری تۆپی پێ بەرەو پێش بچیت پێویستت بەوەیە کە زۆر مەشق و ڕاهێنان بکەی بێگومانیش ئەمەش ووردە ووردە لەو بوارە یان لەبوارەکانی تر یانی دەبێ بەهێواشی بێت سودی زیاترە نەک بەخێرایی و ماوەیەکی کەم

جا ئەگەر بتەوێ ببیە شاعیر پێویستە زۆر بخوێنیتەوە وە خۆشت لەسەر شعر نووسین و ووتن لێڕابێینی خۆشی دەبێ ووشەو ڕستەکانی شعرەکە هی خۆت بێت و دروستی بکەی چونکە دواتر ووردە ووردە بەرەو پێشدەچێ، بەهەمان شێوەش بۆ ڕۆمان نووسینیش و باتەکانی تریش هەروەها بەهەمان شێوە یان بڵێین نموونەی تر بۆ وەستایەتی. 

وەستای هەر جۆرە کارێک پێویستە لەگەڵ وەستاکان فێری بیت و شارەزایی بوارەکە بیت دواتر بەپێی  کات ئەزموون وەردەگرێت و بەرەو پێش دەچێت

بەهرە

یەکێک لەو سیفەتەو تایبەتمەندییانەی کە مرۆڤ هەیەتی بەهرە لەشتێک یان شتانێک یان ڕوونتر بڵێم لە بوارێک یان بوارانێک ئەمەش بەپێی کەسەکان دەگۆڕێت هەروەک چۆنیش تەبیعاتو ڕەفتاری مرۆڤەکان بەیەک ناچێت ئاواش بەهرەکانیان لەیەک ناچێ یانی هەموویان بەهرەیان لەشتێک نابێت یان زۆرینە یان بەڵکو ئەمەش دابەش دەبێت بەسەر مرۆڤەکاندا بەجۆرێکی تر بڵێم هەموو مرۆڤ بەهرەی هەیە گرنگتر و چاکتر ئەوەیە ئەو مرۆڤە بزانێت لەچی بەهرەی هەیە لەخۆیدا بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی لەو بەهرەیەی کە هەیەتی بتوان پەرە بەتوانا و بەهرەی بدات.

بۆ ئەوەی بەرەو چاکترو باشتر بڕوات یانی دەبێ بەرژەوەندی خۆی و مرۆڤەکانی تر بێت نەک حەز و هەست و عاتیفی چونکە بەڕای من بەحەز هۆکارێکە مرۆڤەکان تووشی شکست یان کاریگەری زۆر دروست نەکات لەسەر مرۆڤەکان بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگا هەروەها ئەو بوارەی کاری تێدەکات ئینجا دەبێ مرۆڤەکە بزانێت بە چ ڕێگایەک ئەو بەهرەی هەیەتی بەرەو پێش دەبات چونکە من پێم وایە لەوەش جۆری هەیە یانی بەشێوازی جیاواز بەرەو پێش دەچێت.

دەشێ ئەو کەسە بەهرەدارانە خۆیان دەربێخن بۆ ئەوەی زوو بدۆزێتەوە لە کۆمەڵگا و بوارەکەی بەهرەی هەیە بتوانێ سودیان پێبگەیەنێ بەڕاستیش و بە پلەی یەکەم ئەرکەکە لەسەر خۆیانەکە بیسەلمێنن و کێن و چیان پێیە  چۆن دەتوانن چی پێشکەش بکەن و سودیان بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی هەبێت.

بێگومان هەن و هەشبوونە بەدەرنەکەوتوونە ئەوەش بە پلەی یەکەم خودی خۆیان ڕادەوەستێت کە بۆ وایان نەکردووە؟

بۆ نموونە:

تۆ یاریزانێکی باشی تا لە یاریگا بچووکەکان و گەورەکان یاری نەکەیت کێ دەزانێ تۆ یاریزانێکی بەهرەداری یان دەتوانم چەندان نموونەی تر بهێنمەوە لەگشت بوارەکان.




فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی.. گێرت هێندریش.. کاوە جەلال لە ئەڵمانییەوە

نوێپلاتۆنییە مەزنەکانی خۆرهەڵات
ئیبن سینا

دوای ڕووخانی خەلافەتەکەی بەغداد چەند دەوڵەتێکی ئۆتۆنۆم لە خۆرهەڵات سەریانهەڵدا. ئێستا ئەم دەوڵەتانە بە پێچەوانەوە سیاسەتی دەسەڵاتخوازییان ئاڕاستەی وڵاتانی ئەرەبی کرد و لە لایەنی خۆیانەوە کاریگەریی کولتووریان لەسەر نواندن. گومانی تێدا نییە کە پێشبینییەکانی فارابی لەمەڕ دەوڵەت سەرئەنجامی گەردوونناسی و ئێشاتۆلۆگییە نوێپلاتۆنییەکەی بوون، وەلێ هاوکات پەرچەکردار بوون لەسەر داڕوخانی جیهانێکی مسۆگەرکراو، هەروەها گوزارشتی هیوا بوون بۆ نەهێشتنی تەنگژەیەکی جڤاکی. لێرەدا یوتۆپیای فارابی بۆ جڤاکێک ڕووی دەکردە زاڵبوون بەسەر جیهانێتیدا، زاڵبوونەکەش دەبوو بە خودی کەتوار دەستپێبکات و بەتوندی گرێدرابوو بە ئاوەزی مرۆڤەوە. ئیبن سینا، فەیلەسوفە مەزنەکەی دیکەی جیهانی ئیسلامی، بیرۆکە بناغەییەکانی فارابیی لای خۆی پاراست، وەلێ پرسی دیکەی کرد بە چەقی کارەکانی. هزری ئەم لە لایەک پتر لە کردەکێتیی ژیانی مرۆڤەوە ئاڕاستە وەردەگرێت، وەلێ هاوکات (یان ڕەنگە بەتایبەتی بەو هۆیەوە) لەبەر ئەوەی زەینی مرۆڤ بە جیهانی ماتەرییەوە ئاڵاوە، ئەوا ڕێگەی زەین تەنیا مەسەلەی ڕاسیۆنالێتی نییە، بەڵکو هاوکات مەسەلەی ڕەوانە. ئیبن سینا دەنووسێت: “مەبەستی فەلسەفە ئەوەیە کە سروشتی ڕاستینەی سەرجەم شتەکان تا ڕادەی توانستی ناسینی خۆی بناسێت” (Watt/Marmura 1985, 320)، وەلێ ئەمە هاوکات چە داکۆکییە لە مەئریفەی ئاوەز و چە ئاماژەیە بۆ بڕوای ئیبن سینا کە “بەدیهێنانی دانایی” تەنیا مەسەلەی فەلسەفەی ڕاسیۆنال نییە.

ژیانی ئیبن سینا

ئەبو ئەلی ئەلحوسەین ئیبن ئەبدوڵلا ئیبن سینا ساڵی 980 لە نزیکی بوخارا لە ئوزبێکستانی ئەمڕۆ هاتە جیهانەوە. ئەو دەمە لە بوخارا خانەوادەی سامانییەکان حوکمڕان بوو و سەردەمێکی گەشانەوەی ئابووری و کولتوورییان بۆ ئەو وڵاتە دەستەبەر کرد. پێدەچێت باوکی ئیبن سینا کە فەرمانبەرێکی پلەباڵا بوو، هێندە دەوڵەمەند بووبێت کە ئیدی توانیبێتی دەرفەتی پێگەیاندنێکی فێرگەییانەی گشتگیر لای مامۆستایانی تایبەت (پریڤات) بۆ کوڕەکەی بڕەخسێنێت، لەم ڕەوتەشدا بەهرەمەندیی نائاسایی ئەو زارۆکە ئاشکرا بوو: لە تەمەنی سیازدە ساڵاندا جگە لە قورئان و حەدیسەکان زۆر بەرهەمی گرنگی ئەدەب و زانستی دەناسی. گەر ژیانی فارابی وەک ژیانی دانایەکی ڕوو لە جیهان وەرگێڕاو دابڕێژرێت، ئەوا لە ژیاننامەی ئیبن سینادا شاردنەوەیەک هەیە کە جەختکردنە لە بلیمەتیی ئەو، لێرەشدا مرۆڤە ڕیالەکە لە ئەگەری دیارنەماندایە. لەوێدا گەلێک شتی پەرجوویی شیاوی خوێندنەوەن، بۆ نموونە لەبارەی شارەزایی گشتگیر و برسێتیی ئەو بۆ زانین، یان ئەو وەک خۆفێرکەر (ئۆتۆدیداکت) کە لە توانایدایە تەنانەت کار لە ئاڵۆزترینی بابەتەکاندا بکات. ئیبن سینا خۆی لە ئەفسانەی ئەو زارۆکە پەرجوویی و بلیمەتە گشتلایەنەدا بەشداریی کرد. ئەو کە زۆر چاک لە بەهای ڕاستینەی خۆی و پێگەکەی بەئاگا بوو، ئۆتۆبیۆگرافییەکی نووسی و تێیدا وەک شایانی خۆی ئاماژەی بۆ بەهرە نائاساییەکانی دا. سەرباری ئەوە، بە گۆتەی خۆی، لە ئەرکێکدا شکستی هێنا: گەرچی وای دادەنا کە مێتافیزیکی ئەڕیستۆتێلیسی دەرخ کردبێت، کەچی سەرباری ئەوە وەک مەتەڵێک لای مایەوە تا ئەو ڕۆژە کە ڕاڤەکردنەکەی (شەرحەکەی) فارابیی خوێندەوە. فارابی لە خۆڕا تەنانەت لە سەردەمی ژیانیدا نازناوی “مامۆستای دووەم”ی هەڵنەگرتبوو. دوای ئەڕیستۆتێلیس (“مامۆستای یەکەم”) بە نێوەندیار و تەواوکەری فەلسەفەی ئەنتیکە دادەنرا. فەلسەفەی فارابی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئیبن سینا نواند و هەوڵی دا بیخاتە پەیوەندییەوە لەتەک شارەزاییە زانستی-سروشتی و پزیشکییەکانی خۆیدا.
هەروەها هەڤاڵێتییەکەی لەتەک ئەلبیرونیدا (973-1048)، کە زانایەکی گشتلایەن و حەوت ساڵ لە خۆی بەتەمەنتر بوو، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی لاوێتییەکەی. نامەگۆڕینەوەکەی نێوانیان لەبارەی پرسیارەکانی فیزیک و ئەستێرەناسی و گەردوونناسی بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی مەزنی مێژووی گشتگیری زانستەکان. وەلێ هەر لەو نامەگۆڕینەوەیەدا شێوەیەکی گرژیی دیالێکتیکی خویادەبێت کە بۆ هزری ئیبن سینا زۆر گرنگە: ئەلبیرونی گرنگی بە سەرئەنجام و ڕاڤەکردنی زانستی ئەمپیری دەدات، لێرەشدا گوماندارە بەرانبەر چۆنێتیی بەرگریکردنی ئیبن سینا لە هزری ئەڕیستۆتێلیس، بەتایبەتیش گومانی هەیە لە سپێکولاسیۆنی نوێپلاتۆنیانەی ئەم فەیلەسوفە. بۆیە ئەلبیرونی لەچاو ئیبن سینادا نزیکترە لە سەرئەنجامەکانی زانستی مۆدێرن، وەلێ هاوکات نزیکتریشە لە هەڵوێستەکانی ئەقیدەگەریی ئایینی، بە پێچەوانەشەوە هزری ئیبن سینا، جا گەرچی لە ڕووی زانستی سروشتییەوە هەڵەمەندە، سەرباری ئەوە وەک سپێکولاسیۆنی فەلسەفەیی و بەتایبەتی لە ئەدگارە نوێپلاتۆنییەکەیدا زۆر لە هزری ئەو ڕادیکالترە. بەم ڕێیەوە هزری ئیبن سینا ڕوانگەی نوێ ئاوەڵادەکات نەک تەنیا لە ڕووی سەبژێکتی تیۆری-مەئریفەوە، بەڵکو بۆ مرۆڤیش لە هەڵوێستیدا سەبارەت بە ڕێکخراوی جیهان و خودا. بۆ نموونە ئەلبیرونی ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە دەشێت لە چۆنێتیی چیاکانەوە دەربئەنجامێنرێت کە ئەوان دروست بوون، بۆیە تێڕوانینی ئەڕیستۆتێلیس لە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی “لەبارەی ئاسمان” (De Caelo) کە جەخت لە ئەزەلییەتی جیهان دەکات، دەبێت هەڵە بێت. ئەوجا چەند ئەمە ڕاستە، ئەوەندەش دەرئەنجامگیرییە لێوە دەرکێشراوەکەی جێی پرسیارە کە دەبێژێت دروستبوویی ڕووبەری زەوی دەرفەتمان پێدەدات ئافراندنی خودایی دەربئەنجامێنین. ئیبن سینا پەیوەند بەو تێڕوانینەوە بەهەژیوی پەرچەکردار دەنوێنێت: “تۆ گەرەکە بزانیت، کاتێک ئەڕیستۆتێلیس دەبێژێت کە جیهان هیچ سەرەتایەکی نییە، بە هیچ شێوەیەک مەبەستی لەوە نییە کە جیهان ئافرێنەرێکی نەبێت، بە پێچەوانەوە دەیەوێت ئافرێنەری جیهان لە هەر ناچالاکییەک تەبریە بکات” (لە: al-Biruni 1991, 50). کەواتە ئەزەلییەتی جیهان دژبێژیی هەبوونی خودا نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوە کە بوونی خودا زەروورییە (essentiell)، ئەوە کاتێک ناتوانین ئەوها لەبارەی جیهان ببێژین. بۆ سەلماندنی خودا زۆرتر لەوە پێویستە کە تەنیا ئاماژە بۆ لێرەبوونی جیهان بدرێت.
ناوبانگی ئیبن سینا بە پلەی یەکەم دەگەڕایەوە بۆ ناسێنراویی ئەو وەک پزیشک، کەمتر وەک مامۆستای فەلسەفە. ئەوجا ناوبانگی بڵاوبووەوە، چونکە بەهۆی ئاڵانییەوە لە ناکۆکییە سیاسییەکانی سەردەمەکەی لە زۆر ناوچەی جیاواز کاری کرد. سیاسەت بۆ ئەو کەمتر لە فارابی گرنگییەکی تیۆرییانەی هەبوو، بەڵکو گرنگییەکەی پراکتیکیی بوو: ئێمە لەتەک ئیبن سینادا بە فەیلەسوفێک دەگەین کە دەیخواست نزیک بێت لە دەسەڵات. ناوبانگی ئەو وەک هزرڤان و شرۆڤەکار، زانینی گشتگیر و زرنگیی مەزنی لە پزیشکیدا، کردیان بە ڕاوێژکاری نموونەیی و پزیشکی تایبەت لای گەلێک دەسەڵاتداری سەردەمەکەی. ئەو چەند ساڵێکی درێژخایەنی ژیانی وەک وەزیر و ڕاوێژکار و پزیشکی تایبەت لە کۆشکوسەرای جیاوازی میراندا بەسەر برد، لەم کاتانەشدا بەردەوام تووشی پیلانگێڕییەکانی دەسەڵات دەبوو کە ناچاری هەڵاتن و دەربەدەرییان دەکرد، پاشان سەرلەنوێ ڕێزپێدراوانە لای میرێکی دی پێگەی پێدەدرایەوە. لەم ڕوانگەیەوە ژیانی ئیبن سینا وێنەدانەوەی مێژووی سەردەمەکەیەتی: ڕووخانی دەوڵەتی سامانییەکان و باڵادەستبوونی غەزنەوییەکان، سەرهەڵدانی ڕیزێک میرنشینی ناوچەیی و شەڕی بەردەوام لەسەر باڵادەستی، ناچاریان کرد ژیانێکی بێئۆقرەی کۆچەریانە بەڕێوەبەرێت و بچێتە خزمەتی گەلێک دەسەڵاتدارەوە، هەر ئەم خزمەتەش زۆر جار بۆی بوو بە مایەی مەترسی لەسەر ژیان و چەند جارێکیش فڕێدرایە نێو زیندانەوە. ئەو لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا چووە خزمەتی دەسەڵاتدارەکەی ئەسفەهانەوە بەناوی عەلائئەلدەولە – وەک پزیشکی تایبەت و بەڕێوەبەری بیمارستانەکەی (نەخۆشخانەکەی) ئەوێ. ئیبن سینا ساڵی 1037، کاتێک یاوەریی میری لە لەشکرکێشییەکەیدا بۆ سەر هەمەدان کرد، جیهانی بەجێهێشت.
ئیبن سینا دوای مردنی پتر لە سەد کتێبی بەجێهێشت و هەندێکیان زۆر خێرا بەفراوانی بڵاوبوونەوە. سەرەتا گەرەکە ناوی کارە پزیشکییەکان بەرین، چونکە بەبێ ئەم نووسینانە بەزەحمەت بەشێکی گرنگی مێژووی زانین لە چەرخی نێڤیندا لێتێدەگەین. لە چەرخی نێڤیندا، بەتایبەتیش لە ئەوروپای کریستیانیدا، ئاستی شارەزایی پزیشکی تۆقێنەرانە نزم بوو. ئەقیدەگەریی ئایینی وای دادەنا کە پزیشکی تێکوشانی زانستی نییە، چونکە گۆیا لە کرۆکی نەخۆشی نەدەهزری وەک هەقیقەتێکی نێو پلانی خودی ئافراندن، بەڵکو دەیویست هەڵسوڕاندنی قەدەری مرۆڤ لە خودای مەزن بسەنێت. بۆ نموونە کڵێسەی کاتۆلیکی ماوەیەکی درێژخایەن بەو شێوەیە ئەرگومێنتی دەهێنایەوە – ئەمە درەنگتر بە هەمان شێوە لە ئیسلامیشدا هاتە نێوانەوە، لێرە “پزیشکیی پەیامهێن” دەیویست تەنیا پشت بە ئامۆژگارییەکانی قورئان و حەدیس ببەستێت کە تا ڕادەیەک کەمبەها و تا ڕادەیەکی دیکە ئاللێگۆرییانە بوون. یاخود تەنیا کاتێک پزیشکی بە زانستێکی جددی دادەنرا، گەر پشتی بە “ئۆتۆرێتی”یە ناسێنراوەکان ببەستایە کە داناییان گەرەنتیی بە تێگەیشتن لە کرۆکی شتەکان دەدا، ئەم ئۆتۆرێتییانەش سەرەتا نووسەرانی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکانی ئەنتیکە بوون، بۆ نموونە هیپۆکڕاتێس، گالن یان پلینیوس، ئەوجا درەنگتر نووسەرانی دیکەیان درانە پاڵ: لە چەرخی نێڤینی لاتینیشدا بەتایبەتی کارەکانی نووسەرانی ئیسلامی بەهەند وەرگیران. وەلێ هیچ کتێبێک خۆی نەدا لە شانی ئەو واتایە کە “کانۆنی پزیشکی”یەکەی ئیبن سینا پێی گەیشت. کتێبەکە تا نێو سەدەی حەڤدەیەم لەپاڵ نووسەرە کلاسیکییەکانی ئەنتیکەدا بناغەی پێگەیاندنی پزیشکان بوو لە ئەوروپا، زۆر زیاتر لە لێکۆڵینەوەکانی ئەلڕازی کە بە هەمان شێوە بەناوبانگ بوون. ناوبانگی ئیبن سینا وەک پزیشک کاریگەرییەکی ئەوتۆشی نواند کە شێوەی بەلاتینیکردنی ناوەکەی (واتا ئاڤێسینا) تا ئەمڕۆ باوتر بێت لە ناوی ڕاستینەی خۆی. خزمەتی مەزنی ئیبن سینا لەوەدا بوو کە ئەو لەپاڵ بەهەندوەرگرتنی ئۆتۆرێتییەکاندا زۆر مەئریفەی ئەمپیریی خستە سەر زانینی پزیشکییانەی سەردەمەکەی. ئەم کراوەییە بەرانبەر زانستی ئەزموون و قەدەرگرتنی، پەیوەندییەکی بە هزری فەلسەفەیی ئیبن سیناوە هەیە.

مێتافیزیک
ئیبن سینا، ئاڕاستەوەرگرتوو لە فارابییەوە، هاوشێوەی ئەو مێتافیزیک بە زانستی بوونەوەر دادەنێت، بەڵێ تەنانەت پێشبینیی ئەو بۆ ڕێکخراوی بوون فارابیانەیە، هێندە نەبێت کە سەرلەنوێ ئەزموونی نەخشەی ڕژانی نوێپلاتۆنیزمەکەی فارابی دەکاتەوە، لێرەشدا یەک-ی (ئەلئەحەدی – و) هەرە سەرەتایی پلۆتین هاوتا دادەنێت بە “یەکەم هۆکار”ەکەی ئەڕیستۆتێلیس و بە خودای سروشی قورئان. بێگومان لای ئیبن سیناش مەئریفەی ئاوەز پێشتریی لە ڕاستیی پەتیی ئیمان هەیە. وەلێ ئەم ئێستا لە ڕاڤەکردنی دەرووندا، دەروون بەڕێوە ڕووەو مەئریفەی خودا، ڕێگەیەکی خۆیی دەگرێتە بەر. مێتافیزیک، کە ئیبن سینا لە کارە سەرەکییە فەلسەفەییەکەیدا بە ناونیشانی “کیتاب ئەلشیفا” (“کتێبێک لەبارەی شیفا”) گۆڕانی پێدەدات، زانستی بوونەوەرە بەگشتی. تەنیا خودا دەشێت بوونی پەتی بێت، چونکە تەنیا خودا زەروورییە نەک شیمانەیی / بەڕێکەوت، ئەزەلییە نەک سەیرورەیی، یەکە نەک زۆرێتی. کەواتە مێتافیزیک خۆی بە زانستی مەئریفەی خوداوە خەریک دەکات. لێرەدا ناونیشانی نووسینەکە سەرنجڕاکێشە: “ئەلشیفا”، هەر لەمەشدایە جیاوازییەکە لە دابی تا ئێستاکانەی نوێپلاتۆنیزم. فەلسەفە، بەتایبەتی لە بەشە شایانەکەیدا کە مێتافیزیکە و لە ڕوانگەی ئەڕیستۆتێلیسەوە گەرەکە خۆی بە “دوایەمین شتەکان”ەوە خەریک بکات، بۆ ئیبن سینا شیفایە / چاکبوونەوەیە لە هەڵە زیانبەخشەکان، هەروەک چۆن پزیشکی چاکبوونەوەیە لە کاریگەرییە زیانبەخشەکان لەسەر لەش. هۆش و دەروون لە لایەک، لێرەبوونی لەشەکی لە لایەکی دی، بەزەرووری پێکەوە بەندن، بۆیە هەرگیز چاکبوونەوەی یەکێکیان بەبێ چاکبوونەوەی ئەویدیکەیان بەتەواوی بەدیناهێنرێت. بەم تێڕوانینە، وەک چۆن ئەمڕۆ دەتوانین ببێژین، تەنیا مەبەست لە پزیشکییەکی “سەرجەمییانە” نییە، بەڵکو هەروەها بەتایبەتی گۆتەیەکی گرنگمان لەبارەی پەیوەندیی بوونی پەتی بە جیهانی ماتەرییەوە هەیە.

ئەڕیستۆتێلیس کەرەسەی پێناسەکردبوو وەک لە-شیمانەدا-بوونی پەتی کە ناچالاکانە / پاسیڤانە فۆرم وەردەگرێت، فۆرمیش لە لایەنی خۆیەوە هۆی کارایە (causa efficiens -و)، هەروەها وەک فۆرمی پەتی، تەواو بەدەر لە کەرەسە، هزری پەتیی خودایە. نوێپلاتۆنییەکان هەوڵیان دا بە نەخشەی ڕژان (ئێماناسیۆن) وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە داخۆ چۆن کەرەسەی بێدەروون و بێهۆش بە فۆرم بگات. لە بوونی پەتیی خوداوە زەینی پەتی دەڕژێت، وەلێ زەینی پەتی بە پێچەوانەی بوونی پەتیی خوداوە کە یەکە، زۆرێتی لە خۆ دەگرێت. ئەوجا ئیدی پرۆسەی ڕژان پلە بە پلە بەردەوام دەبێت تا ئاستێک کە ئیدی کەرەسەی بەڕێکەوتی فرەجۆر کەمترین بەشی لە زەینی فۆرمدەری پەتیدا هەیە، واتا جیهانی ماتەری کە ئێمە تێیدا دەژین. ئیبن سیناش درێژە بەم پرنسیپە دەدات، وەلێ ئەم ئاماژە بۆ زەروورە دەدات: کەرەسە بەزەرووری لە هەر پلەیەکی ڕژاندا گرێدراوە بە هۆی کاراوە. ئاخر ئایا بە چە ڕێیەکەوە کەرەسە کە ئێمە لە کاتدا وەک بگۆڕ و فانی ئەزموونی دەکەین، بە بوونی خۆی دەگات؟

وەلێ گەر ئێمە تەنیا لە ڕیزی پلەکانی نەخشەی ڕژاندا بهزرێین، ئەوا دەبێت کەرەسە لە کاتێکی دیاریکراودا شیمانەی پەتی بێت و ئێمەش چیدی نەتوانین ئەزموونی بکەین، چونکە بۆ ئەزموونکردنی ئەوەکەیەک دەبێت ئەوەکەیەکی شیاوی ئەزموونکردن لەگۆڕێ بێت، کەواتە کەرەسەیەک کە فۆرمێکی هەیە، کە بوونەوەرێکە. “هەر شتێک کە وەک نوێ سەرهەڵدەدات، لە خۆیدا پێش سەرهەڵدانی شیمانەیە بۆ لێرەبوون یان نەشیاوە بۆ ئەوە” (Avicenna 1960, 269). کەواتە دەبێت لە زنجیرەی هۆکاندا ئەوەکەیەک هەبێت کە پابەندیی نێویەکییانەی فۆرم و کەرەسە بەزەرووری دەهێنێتە ئاراوە:
“هەر یەکێکی ئەم پرنسیپانە (کەرەسە و فۆرمی کرۆکی) لە هەر ڕوویەکی دیاریکراوەوە، هەروەها پەیوەند بە کەتوارێکی دیاریکراوەوە نەک لە هەمان ڕووەوەوە، هۆیە بۆ ئەویدیکەیان. گەر ئەمە ئەوها نەبایە، ئەوسا بە هیچ شێوازێک فۆرمی کرۆکییانەی ماتەریەل پابەندییەکی زەرووریی بە ماتەرییەوە نەدەبوو.” (Ebd., 600)
ئەمە، وەک ئیبن سینا دەبێژێت، هیچی دیکە نییە جگە لە بوونەوەرە-زەرووری کە خودایە. خودا بوونی پەتی و زەروورەی پەتییە، لەنێو کەرەسەشدا ئامادەیە، ئەوە بێگومان بەڕێی پێکەوەگرێدراویی زەرووریانەی کەرەسە و فۆرمەوە. کەواتە گەردوون لەم گرێدراوییە زەرووریانە پێکدێت. ئەوجا لەبەر ئەوەی گرێدراوییەکان هاوکات لەتەک خودادا کە ئەوانی خستووەتەوە، لەگۆڕێن، ئەوا دەبێت هاوشێوەی خودا ئەزەلی بن. کەواتە، لۆگیکیانە، جیهان و کەرەسە لە ئەزەلەوە هەن.

ڕاسیۆنالێتی و ئینتوئیسیۆن

ئەو تێڕوانینە واتایەکی ئەوتۆ بۆ هۆشی مرۆڤ دەگەیەنێت کە گەردوونیش دەبێت بە بابەتی مەئریفە، بێگومان نەک تەنیا لە ڕووی مەئریفەی تاکە هۆ و تاکە بوونەوەرانەوە، بەڵکو هەروەها لە ڕووی مەئریفەی بوونەوەرە -زەروورییەوە، کەواتە خوداوە. “چاکبوونەوە” کە پرسی مێتافیزیکی ئیبن سینایە، شیمانەی زەینی مرۆڤە بۆ مەئریفەی خودا، ئاخر گەرچی خودا ترانسسێندێنتە، سەرباری ئەوە هاوکات نێوەکیانە (بەئیمانێنت) لە فۆرمە پابەندەکانی کەرەسەدا دەدرەوشێتەوە. با ئەو پرسە وەلاوەبنێین کە داخۆ بشێت ئەم فەلسەفەیە بە “ماتەریالیستی” و “پانتایستی” دابنرێت، وەک چۆن ئێڕنست بلۆخ کردوویەتی (بڕوانە Bloch 1972). بە هەر حاڵ ئەم فەلسەفەیە بناغەیەکە بۆ ئەو هەوڵەی میستیکێکی فەلسەفەیی لەنێو ئیسلامدا کە خۆی بە ئیبن سیناوە گرێ دەدات و دەیەوێت بەسەر ڕێگەی مەئریفەدا بگات بە ئازادکردنی دەروون لە “دیلێتی”ی ئەمدنیاییانەی، کەواتە هەوڵێکە بۆ یەکخستنی نەزەری میستیکییانەی خودا و ڕاسیۆنالیزمی فەلسەفەیی، پەیوەستییەکەش بە ئاشکراکردنی زەروورە لۆگیکییەکان بە مەئریفەی خودا دەگات. ئیبن سینا ڕێگەیەکی بەم چەشنەی مەئریفە لە چیرۆکی ئاللێگۆریانەی “حەی ئیبن یەقزان” (زیندووی کوڕی بێدار)دا دادەڕێژێت. چیرۆکخوانێک دەیگێڕێتەوە کە لە گەشتێکدا بەنێو وڵاتانی ئەندێشەییدا زیندەوەرانی جیاواز دەناسێت. هەریەکەی زیندەوەرەکان هێمایە بۆ پلەکانی ڕێکخراوی گەردوونی و ڕێگەی مەئریفەی مرۆڤ. درەنگتر فەیلەسوف ئیبن توفەیل لە ئەندەلوسی ئیسپانیا ناونیشانەکەی بۆ چیرۆکێکی خۆیی وەرگرت کە زۆر زیاتر لەوەی ئیبن سینا بە ناوبانگ گەیشت. لە ئاللێگۆرییەکەی ئیبن سینادا، وەلێ بەهێزتر لە دووەم کاری فەلسەفەیی ی سەرەکیی ئەودا بە ناونیشانی “ئەلئیشارات وەلتەنبیهات”، نەزەری ئینتوئیتیڤ / حەدەسییانە دێتە پاڵ مەئریفەی فەلسەفەیی ی ڕاسیۆنالی جیهان و خودا. بێگومان نەزەری حەدەسییانە نەک تەنیا لێڕوانینێکی نا-ڕاسیۆنالە لە قووڵبوونەوە و زوهدەوە، وەک چۆن لای سۆفییە ئیسلامییەکان دەیبینین، بەڵکو زۆرتریش لەوە توانستە بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنی تیژکراوە لە کرۆک و زەروورە (das Essentielle) گوڕ بە پرۆسەی ڕاسیۆنالی مەئریفە بدات. بە دیدی ئیبن سینا ئەم توانستە بۆ نموونە مۆرکی پەیامهێنانە (پێغەمبەرانە)، هەر بەم تێڕوانینەش لە فارابی جیادەبێتەوە کە لە کۆتاییدا پەیامهێنیی لە پشت مەئریفەی فەلسەفەییەوە دانابوو. پەیامهێنەکان بۆ ئیبن سینا تەنیا توانستمەندی (Meister) هێزی پێشبینی نین و بتوانن مەئریفەی فەلسەفەیی لە وێنە و هێمادا بخەنە گەڕ، بەڵکو هەروەها توانستمەندی زەینی تیژکراوەن و تەنانەت دەرەقەتی ڕێگەی سەختی مەئریفە دێن لە ڕووی ئەدگارە ڕاسیۆنالەکەیەوە. پەیامهێنان کە وەک “مامۆستای (Meister) مرۆڤان” شایانی ڕێزلێگرتنن، ئاللێگۆریانە داناییەکەی قورئان لە مرۆڤان تێدەگەیەنن. سەرجەم مرۆڤان گەرەکە فەزیلەکانی دانایی و قانئی و دلێری، لە کۆی هەمووشیاندا دادپەروەری، بکەن بە پەیڕەوی خۆیان. “وەلێ”، وەک چۆن ئیبن سینا لە کۆتایی “ئەلشیفا”دا دەبێژێت (Ibn Sina 1960, 685)، “کێ لەپاڵ ئەم فەزیلە پراکتیکییانەدا بە دانایی تیۆریانەش بگات، ئەو کەسە بە بەختیاری گەیشتووە”.

کاریگەریی ئیبن سینا

لەو کاتە بەدوواوە بەیەکگەیاندنی نەزەری میستیکییانەی خودا و فەلسەفەی ڕاسیۆنال کاریگەریی گەورەی نواند، ئەوە تەنانەت لەسەر هزری درەنگتری ئەوروپی لە چەرخی نێڤیندا. ڕۆجەر بەیکن (1214-1291) ئیبن سینای وەک جێگرەوەی ڕاستینەی ئەڕیستۆتێلیس دەبینی. تۆماسی ئەکوینی (1224/25-1274) لە ئاوەڵاکردنی بەڵگەهێنانەوەکانیدا بۆ هەبوونی خودا پشتی بە ئیبن سینا بەست، جا گەرچی لە لایەکی دیکەوە هێرشی بردە سەر ڕێبازی ڕژان لای ئەو. بەگشتی کاریگەریی ئیبن سینا لەسەر فەلسەفەی ئەوروپی کەمتر بوو لەوەی ئیبن ڕوشد، وەلێ کاریگەرتر بوو لەسەر فەلسەفەی ئەرەبی-ئیسلامی. لێرە لەسەر بناغەی فەلسەفەکەی مەدرەسەیەک بە واتای وشە سەریهەڵدا. وەلێ ئەم دەنگدانەوە مەزنە ڕەخنەگرانی بەوزەشی چالاک کرد، وەک ئەلغەزالی و دوای ئەویش فەخرەدین ئەلڕازی (بڕوانە بەشی دوای ئێرە)، کە پاشان دژەڕەخنەی لایەنگرانی ئیبن سینای بەدوودا هات. هەر بۆ نموونە نەسرەدین ئەلتوسی (1201-1274) خۆی خستە دانوستانێکی ئەدەبییەوە لەتەک (فەخرەدین -و) ڕازیدا تاکو لەدژی هێرشەکانی ئەو بەرگری لە ئیبن سینای نموونەی باڵای بکات. ئەلتوسی تەنیا فەیلەسوف نەبوو، بەڵکو هەروەها زانایەکی گشتلایەن بوو کە لە کایەکانی ماتماتیک و ئەستێرەناسیشدا هەڵکەوتبوو. هۆلاکۆی داگیرکەری مەغۆلی هێندە زۆر ڕێزی لێدەنا کە نۆڕێنگەیەکی مەزنی بۆ دامەزراند تاکو تێیدا توێژینەوەکانی ئەنجام بدات. ئەلتوسی وەک فەیلەسوف بەردەوامیی بە میراتەکەی ئیبن سینا دا، لێرەشدا هەوڵی دا بە دەستپێکێکی ئێنسیکلۆپێدیانە کایەی دیکەی زانین بە مێتافیزیک بگونجێنێت، بۆ نموونە ئۆپتیک (ڕوناکیناسی) وەک لکێکی تیۆریی دەرککردن، یان فیزیکی پراکتیکی لەنێو تیۆریی کاوساڵدا بەهەند وەربگرێت.
کاریگەریی ئیبن سینا لە فەلسەفەی ئێرانیدا تا نێو نوێسەردەم بڕ دەکات. وەلێ لە فەلسەفەی هاوچەرخی ئەرەبی ئیسلامیدا ناکۆکییەکی بەتین سەبارەت بە نرخاندنی کاریگەرییەکەی لەگۆڕێیە. ئەلجابری کە فەیلەسوفێکی مەغریبییە، وای دەبینێت کە کردنەوەی ترادیسیۆنی نوێپلاتۆنی بۆ میستیکی (تەسەوفی) ئیسلامی لە لایەن ئیبن سیناوە هۆیەکە بۆ کۆتاییهاتن بە ترادیسیۆنی ڕاسیۆنالیستی لە کولتووری ئیسلامیدا، بەمەش هاوکات هۆیەکە بۆ ڕوونەدانی مۆدێرنیزەکردنێکی ئۆتۆنۆم؛ وەک ئەو دەبێژێت، سەروەریی باڵای هزری ئیبن سینا لە ترادیسیۆنی فەلسەفەیی ئیسلامدا ڕێگر بووە لە وەرگرتنی (ڕێسێپسیۆنی) فەلسەفەی ئیبن ڕوشد کە زۆر زووتر بریتی دەبوو لە کرانەوەی فەلسەفەیەکی سەبژێکت ی بە مۆدێرنە گونجاو؛ کەواتە لەم ڕوانگەیەوە “فەلسەفەی مەشریق” بە ڕەهەندەکەیەوە بۆ میستیک بەرپرسیارە لە دەسەڵاتی ئایین لەنێو کولتووری ئیسلامیدا، بۆیە دەبێت خۆ بە فەلسەفەی مەغریب ی ئەرەبی و بەتایبەتیش بە ئیبن ڕوشدەوە گرێبدرێت تاکو گۆڕان بە مۆدێرنەیەکی خۆماڵی (ئۆتۆختۆن) بدرێت. ئەم تێزە زۆر بڵاوبووەتەوە، وەلێ هاوکات وتووێژهەڵگرە. بۆ نموونە فەیلەسوفی میسری حەسەن حەنەفی یەکێکە لە تیژترین ڕەخنەگرانی. ئەم خەریکبوونە ناکۆکانە بە ئیبن سیناوە لە وەرگرتنی ئەوروپیانەی هاوچەرخدا وێنەدەداتەوە، ئەوەش بە جۆرێک کە دەبزوێت لە نێوان: نرخاندنێکی نزیکەی هەژیوی ئیبن سینا و ئاماژەداندا بۆ کێماسی ڕەسەنێتی و سەربەخۆیی فەلسەفەیی، بۆ نموونە لەچاو فارابیدا.

سەرچاوە:
Geert Hendrich: Arabisch-Islamische Philosophie. Geschichte und Gegenwart. Frankfurt/Main 2005.
گلۆسار
ئێشاتۆلۆگی: پاشەڕۆژناسی، پرسی ڕۆژی قیامەت
ئەمپیری: تەجریبی
ئەقیدەگەری: ئۆرتۆدۆکسی، پابەندی سوننەتییانە (لاساییگەرایانە) بە بنەماکانی ئایینەوە.
فۆرمی کرۆکی: ئایدۆس، دەتوانین بە پێچەوانەشەوە لە “فۆرمی دیاردەیی” (مۆرفێ) بدوێین.
کاوساڵ: هۆئەنجام
کلاسیکی: هەردەم هەنووکەیی، کۆن-نەبوو.
ماتەریالیستی: دانانی کەرەسە بە بنەڕەتی سەرجەم کردەکیتی.
ماتەریەل: ماتەریانە، ماددی
میستیک: پڕنهێنی. جیهانبینییەکی ئایینییە کە تێیدا کەس کۆشش دەکات بۆ ئەوەی بە ڕامان و زوهد لەتەک خوددا یەکانگیر ببێت، بۆ نموونە لە تەسەوفی ئیسلامیدا.
ئۆتۆڕێتی: ناسێنراو، پێگەی قبووڵکراو، کاریگەر لە بوارێکی تایبەتیدا
پانتایستی: لایەنگری پانتایزم کە خودا لەنێو جیهاندا دادەنێت؛ هەردووکیان یەکانگیرن.
ڕەوان: سپیریتوالێتی، مەئنەویەت
سەیرورە: هاتنەئارا لەنێو خۆوە، بە پێچەوانەی وەرگۆڕینەوە کە بەهۆی دەرەکییەوە ڕوودەدات.
سپێکولاسیۆن: هزرینێک کە بە فاکت بەدینەهێنرابێت.
ترانسسێندێنت: نەشیاوی ناسین.




ژنەکەت عاشقی سوڵتان عەبدولحەمیدە.. نیهاد جامی

ئەوە ناونیشانی چیرۆکێک نیە، هێندەی ڕاستەقینە بوونی ماڵی کوردیە، ئەو دەمەی دەتەوێت دژایەتی فەرهەنگی تورکی بکەیت و بە فاشیزمی دەناسیت، بەڵام ئەو فاشیزمە هێندە پتەو خۆی خستۆتە ناو ماڵەکەت و چای لەگەڵ خوشکەکانت دەخواتەوە، دەستبازی لەگەڵ ژنەکەت دەکات، هەر بە بەرچاوی تۆی پیاوەوە، تۆش دەمت بکەیتەوە خۆت بە دژە تورک دەزانیت، ئەو وێنە ریالیستیە دەرەنجامی هەر ماڵێکی کوردیە کە بوونە بە ئەوینداری ڕاستەقینەی درامای تورکی، هەڵبەت لەڕووی ئاستی هونەریەوە درامای تورکی توانیویەتی خۆی بخزێنێتەوە ناو تەواوی دنیا، بەلام بەهیچ شێوەیەک ژیانی کۆمەڵایەتی زەوت نەکردووە، وەک ئەوەی لەکوردستان داگیری کردووە کاتێک پیاوەکان دەبن بە ژنکوژ، ژنەکان خەونیان پیاوێکی ڕۆمانسیە، ئەو کاتە دۆزینەوەی ئەو پیاوە تەنیا لەناو ئەو درامایانە دەست دەکەوێت، حەز دەکەن کەنیزەیەک یاخود یەکێک بن لەژنەکانی سوڵتان عەبدولحەمید، با کۆیلەی حەرامسەرا بێت بەس هەست بکات، لەم سەر زەویە پیاوێک هەیە گرنگی پێ دەدات و خۆشی دەوێت، خۆشەویستی بۆ ژن هیچ نیە لەکۆمەلگای ئێمەدا، خۆشەویستی هاوکێشەیەکە وابەستەمان کردۆتەوە بە پەیوەندی سێکسی، لەو نێوەندەدا کەس وەک بانگخوازو گروپی دینی سوودی لەو دۆخە وەرنەگرت، هەندێک نوسەرو هونەرمەندیش بۆ ئەوەی تیراژی کتێبیان بەرز بێتەوە، پەیجەکانیان لایکەکانیان بفرن، خێرا داکۆکی لەو گوتارە کۆنە پارێزیەی دینیەکان دەکەن، تەنانەت بێشەرمانە هەندێکجار دەنووسن ئەوەی ڕوو دەدات هۆکارەکەی علمانیەکانن، لەڕاستیدا شتێک نیە ناوی علمانیەت بێت، ئەوەی هەیە گەڕانە بەدوای پەیوەندی سێکسی، جا هەندێک بەم ناوە داوای دەکەن و ئەوانیتریش دینیەکانن ڕەوایەتی ئەو پەیوەندیە دەگوازنەوە بۆ ژیانی هاوسەری، بەتایبەت لەدیاردەی فرەژنیدا، ژنەکانیش قبولیانە هەر نا دەبن بە دایک و ماڵێکیان دەبێت، لەئاستی کۆمەلایەتی پێگەی ژنبونیان هەیە، ژیانیان لە چ ئاستێکە؟ ئەوە هیچ بۆیان گرنگ نیە، چونکە پرۆژەی ئازادی مانایەکی نیە لەکۆمەلگای ئێمەدا، سەرەنجام مرۆڤ ناتوانێت ئازاد بێت، هاوپەیمانیەتیەک هەیە لەنێوان دینیەکان و دژە دینیەکان ئەویش نەبەزاندنی پیرۆزیەکانە، بۆیە ئەو فانتازیایە لەناو دراما تەلەفزیۆنیەکان دەست دەکەوێت، بەتایبەت کە جۆرە زیندانێکی تری ژنە، بەوەی زیاتر گۆشەگیربوون و وابەستەبوونی بە ماڵەوە دەبێت، ئەوەش پیاو دڵخۆش دەکات، بەڵام پێویستە پیاو ئەوە بزانێت لەناو ماڵەکەی ژنەکەی دۆستی سوڵتان عەبدولحەمیدە، ئەگەر خۆشت لەو تێگەیشتنە بێبەری دەکەیت بەوەی تۆ خوشکەکەت ئازاد کردووە، خەمت نەبێت ئەویش جوانکاریەکانی هەر لەسەر فۆڕمی دراما مۆدێرنەکانی ژیانی تورکی بنیات ناوە، خەون بە موهەنەد و موراد عەلەمدارو ناوەکانی تر کە من نایزانم و تۆ ڕۆژانە لەناو ماڵی خۆتان دۆستی خوشکەکانمان و کچەکانمان دەبینیت کە چۆن لەرێی شاشەوە دلدارو دۆستیانن.




چیرۆک/ هەزار کانی.. عومەر سەید

                 

نیوە شەوێک بیابان تایەکی گەرمی گرت. هەزار تلۆقی لێ دەرهات. بیابان تووشی پەتا بوو. هەزار تلۆق لە بری کیم، ئاوی سازگاری لێ هەڵدەقووڵا! هەزار کانی، سارد و سازگار، ئاوی ڕوون بە هەموو لایەکی بیاباندا ڕژا. قوڵپ قوڵپ هەڵدەقوڵا. ورد ورد بە لمدا جۆگەلەی دەبەست. سینگی بیابان، پڕ بوو لە ئاوی حەیات و پڕ لە دوڕ. هەزار کانی بە هەزار ئاراستەدا، لە بۆشایی لمدا تەوژمی دەبرد.
شەوی قەدر، کاتێ جوبرائیل ئەم دیمەنەی بینی، تاسا! خێرا لە ئاسمانی یەکەمەوە، خۆی گەیاندە ئاسمانی حەوتەم. بە خودای مەزنی فەرموو: بیابان پڕە لە کانی؟!
خودا سەرسام بوو، فەرمووی: بگەڕێوە و هەواڵی بیابانم بۆ بێنەوە، کانی و بیابان مەحاڵە!
وەک ئەوەی یاسای ئەزەل شێوابێ. ڕێوڕەسمێک لە گەردوون لای دابێت. قەدەرێک لە ڕاستەهێڵ یاخی بووبێت.
جوبرائیل داکشایەوە بەرەو زەوی. ڕێکوڕاست ڕوو بە عەرعەر. بڕوای بە چاوەکانی خۆی نەکرد! ئاو لە بیاباندا هەڵدەقووڵی و بە هەموو لایەکدا دەڕژێ! دوو فریشتەی بانگ کرد و پێی وتن: ئەوەی من دەیبینم ڕاستییە؟!
بەڵێ ئەوە ڕاستی بوو.
هەزار کانی لە بیاباندا تەقیون. لە هەر کانییەکیشەوە دەروێشێک دەرکەوتن. گڵۆپ گڵۆپ لە دڵۆپ دڵۆپی ئەو ئاوە. دەروێشانی بێ مەئوا هەڵکەوتن. چەشنی نەعشی سەراپای مەخلوق، وەک فەلەک لەو سوبحەدا. تەریقەتی یەئس مەوجی دەدا. سەروقژی درێژیان و پاشان ورد ورد هەموو جەستەی شڕۆڵ و شیتاڵ شیتاڵیان هاتەدەر. هەزار دەروێش لە هەزار کانییەوە و بەدەم دەف ژەنینەوە، وەک نەونەمام باڵایان دەکرد. چەشنی شمشاد بوون. وەک شەپۆلی دەریا، پرچیان شەپۆلی دەدا. دەنگی هەزار دەف، دەفی دروێشانی دێوانە، ئاوێتە بە دەنگی غەمگین و ماندووی هەزار قوڕگ، کە بە یەک ڕیتم و ئاواز هاواریان دەکرد: حەیی ئەڵا… حەیی… حەیی ئەڵا…. حەیی…..
لەگەڵ لێدانی دەفدا، تۆزێکی ئەرخوانی دەڕژا بە فەزادا.
شەوی قەدرە و خودای تەعالا خۆی لە ئاسمانی نەوییە و تەماشای سەفاسەف و ئەلقەی دەروێشان دەکات.
حەیی ئەڵا… حەی ئەڵا… حیی…
دەروێشانی تەریقەت، بە دەم دەف کووتانەوە گڕمۆڵە دەبن. لە ڕەنگی زەردی ڕوویاندا دەڕژا داخی سیا بە سەحرادا. سینەی ئەو شەوە زوخاڵستان بوو. لە ناوەنددا شێخ دێتەدەر. قەشەنگ و باڵا زەڕاف. لە ناوڕاستی حەشاماتدا، تیشکی لێ دەبارێ و بە دەنگی پڕ بڕواوە دەڵێت:
گەر ئاگری مەحەببتی شک بەم لە دۆزەخا
ئەو دۆزەخە بەهەشتمە، جەننەت دەکەم حەرام٭
هەزار دەروێشی حاڵگرتووی ڕوون چەشنی ئاو، کە بە دەم سەربادان و دەف کووتانەوە، غوبار دایاندەپۆشێت. بە تەهلیلەوە و ناڵەی ئازارەوە، دەوری شێخی خۆیاندا. سەدای دەف و دوو هەزار پێی پیرۆزی نێو کڵاش، عەرش و دنیا دێننە لەرزە.
کاتێ سێ یەکی شەو دەڕوات. خودا خۆیی دێتە خوار، لە نمایش دەڕوانێت و دەڵێت” من یدعونی فآستجیب له، من یسآلنی فاعطیه، من يستغفرنی فآغفر لة”
لەو بەرەبەیانە هێشتا تاریکەی بیابانەدا، مانگیش چەشنی هەزار دەفی دەروێشان چەشنی دەف دەردەکەوێ. زەمین لە ڕەنگ و شێوەی سیمای هەڵبزڕکاوی دێوانەیەکی سەر و ڕیش هەڵبزڕکاو! گەردوون لەسەر ڕیتمی ئەوان دەجمێ و دەخولێ.
خودا لە فریشتەکانی دەپرسێ: ئەممە حوسەینی کوڕی عەلییە، یا حوسەینی کوڕی مەنسورە؟!
زەمەن تاوێک دەوەستێ! دواتر عەکسی خۆی هەڵدەسوڕێ. وەک میلی کاتژمێرێکی پێچەوانە، دەگەڕێتەوە بۆ هەشت و هەشت.
شێخ خۆیی و ژن و منداڵەکانی، خۆیی و دەروێشەکانی، خۆیی و خەڵکوخوای ڕەشوڕووت، لە قەفەزی دیلیدا، مات و سەرگەردان دەردەکەون. بەدەم نمایشەوە، هەر هەزار دەروێش دەناڵێنن. سامناک و ترسناک هاوار دەکەن، بەرزتر و حاڵگرتووتر هاوار دەکەن:
شێخ حوسەینی هەزارکانی،* ڕوو دەکاتە عەرشی مەزن و بە ویقارەوە دەڵێت: لەم گەردوونە فراوانەدا، زەوی کەمێک گەورەتر بکەوە، تا ئێمەش حوجرەیەکمان هەبێ ئازادانە تێدا زیکری تۆ بکەین.
خودا فەرمووی: واز لە زەوی بێنە یا شێخ کە چڵک و ژەنگ دایڕزاندووە. تۆ و دەروێشەکانت وەرنە دەرەوە لە بیابان، دەتانخەمە بەهەشی بەرینەوە.
شێخ لە وەڵامدا بە خودای وت: بە تەنها هەسارەی موشتەری هەزار و سێ سەد جار لە زەوی گەورەترە، نابینی ئێمە لە هەر چوار لاوە تەنگمان پێهەڵچنراوە.
خودا ئەمری فەرموو: بیانبەن بۆ بەهەشت.
شێخ وتی:
نا… ئێمە سەد و هەشتا و دوو هەزارین، بە تەنیا و بێ ئەو هەموو خەڵکە لێرە ناڕۆم.
*شێخ حوسەینی هەزارکانی، ئەو پیاوە
ئەنفالکراوەیە کە لە کاتی پرۆسەی ئەنفالدا. بەعس بە مەرسومێک ئازادییان بە خۆیی و خێزانەکەی بەخشی. بەڵام ئەو ڕەتیکردەوە و وتی. نا، بە تەنیا و بێ ئەم خەڵکە لێرە ناڕۆم.

٭ مەحوی




هێزە کوردیەکان و مامەڵەی سنور لە نێوان عێراق و سوریا.. عوسمانی حاجی مارف

شکستی داعش کاریگەری نەبوو لەسەر دابینکردنی سەقامگیری بۆ سنوری نێوان عێراق و سوریا، ئەو سنورەی کە بە یەکێک لە ناوچە ناجێگیرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست هەژماردەکرێت، کە جۆرەها قەوارەی فراکسیۆنە کوردیەکان کاری لەسەر دەکەن، کەبۆ بەرژەوەندیەکانیان مامەڵەی لەسەردەکەن.
دوای ئەوەی حکومەتی سوریا کۆنترۆڵی سنورەکانی لەدەستدا و پێگەی حکومەتی عێراقیش لەو ناوچانەدا سنوردار بوو، دەرگا ئاواڵەبوو بۆ هاتوچۆو بازرگانی و قاچاخچێتی کردنێکی گەورەو فروان، بەتایبەتی دوای ئەوەی پەکەکە بەشدار بوو لەشەر دژی داعش و سەرکەوتوبوو لە چەسپاندنی نفوزی خۆی لەسەر سنورەکان. لەهەمانکاندا کاریگەری و رۆڵی تایبەتی هەبوو لەسەر پەیوەستکردنی رێکخراو و گروپە کوردیەکانی سوریا بە سیاسەتەکانی خۆیەوە. هەر ئەو سنورە بووە سەرچاوەیەکی سودمەند بۆ پێگەو نفوزی زیاتری پەکەکە.
ئەم حاڵەتەش کێشەو رکابەری نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکەی گەورەترکردەوە. ئەم کێبڕکێیە بەرجەستەی پێکدادانی دوو هێزی چەکدارە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەو نفوزی سیاسی و بەرجەستەکردنەوەی دەسەڵات لە هەردوو دیوی سنوری نێوان سوریا و عێراقدا. پەکەکە هەوڵدەدات بەشێوەیەکی پێچەوانەی پارتی سنوورەکان بگۆڕێت بۆ ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی خۆی. پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئامانجی چەسپاندنی واقیعی سنوورەکانە بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. جگە لەوەش پارتی لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانی هەیە بۆ شەرکردن لەبەرامبەر پەکەکەدا کە لە باکووری عێراق و سووریا هەڵمەتێکی سەربازی لە دژی پەکەکە بەڕێوە دەبات. هەربۆیە ئەو دۆخە بەشێوازێک گۆردراوە کە بە شکستی داعش سەقامگیری بۆ سنووری عێراق و سوریا نەهاتۆتە ئاراوە. تا ئێستاش وەک یەکێک لە ناوچە ناجێگیرەکانی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە. لەهەمانکاتدا ئەو دۆخە بەشێکە لەهۆکاری ناجێگیری سیاسی لە کوردستاندا.
نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و عێراق لەو ناوچە سنوریانەی کوردستان، بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین گرووپی ناسیۆنالستی چەکداری کە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایەیان داوە. گۆڕانکاریەکی بەرچاو بەدرێژایی بەشی باکووری سنووری عێراق و سوریا لەپرۆسەی نەمانی دەسەڵاتی ئەو دوو دەوڵەتەدا ڕوویدا. ئەمە بۆ یەکەمجارە لەدوای مێژوویەک لە سەرهەڵدانی دەوڵەت لە عێراق و سوریا، بەشێک لە سنوورەکانی هەردوولا، لەلایەن هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە بەریوەببرێت و ببێتە سنوری نێوان کورد و کورد، کە کاردانەوەی درێژخایەنی ناسەقامگیری لەسەر ناوچەکە داناوە.
لەدیوی سوریاوە، ئەو بەشە سنوورەی ملکەچی دەسەڵاتی ئیدارەی گروپە کوردەکانە کە دیارترینیان “یەپەگەیە”، لە تێکەڵبون و پەیوەندیەکی رێکخراوەیی تایبەتدایە لەگەڵ “پەکەکە”دا، بۆیە پەکەکە سوودی لەم پەیوەندیانە وەرگرتوە بۆ دامەزراندنی دەروازەی سنووری نافەرمی. تا ڕادەیەک سنووری جیاکردنەوەی هەردو دوو دەوڵەتی سوریاو عێراقی سریەوە، وەک درێژەدان بەو دەورەی داعش لەسنورەکان پیادەی کرد. لەلایەنی عێراقیشەوە، بارزانی سەرەڕای کشانەوەی لە شەنگال و شکستی لەڕیفراندۆمدا توانی پاراستنی کۆنتڕۆڵی خۆی بەسەر چەند بەشێکی ئەم بەشە سنوورییەدا درێژە پێبدات.
ئەم واقعیەتە کێشەو رکابەری نێوان لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی هەردوو دیوی سنووری توندتر کردەوە. لەهەمانکاتدا گرنگییەکی زۆریان بە کردنەوە و پەرەپێدانی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی داوە. لە ژێرڕۆشنایی ئەو گەمارۆیەی تورکیا لە باکوور و ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە باشوور و ڕۆژئاواوە سەپاندویانە، ئەم دەروازانە تاکە پەیوەندییەکی جێی متمانەیە لە نێوان ئیدارەی کوردەکانی سوریا و جیهانی دەرەوەدا، بەو پێیەی زۆربەی هەناردە و هاوردەکردنی کاڵا پشت بە هاتوچۆی بێ سانسۆر دەبەستێت لەڕێگەی ئەو سنوورانەوە. بۆیە ئیدارەی کوردەکانی سوریا و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیانداوە بۆ بە فەرمیکردنی بەڕێوەبردن و دەستبەسەراگرتنی دەروازە سنووریە هاوبەشەکان، بەمەبەستی گومرگ و ئاسانکاری بۆ بازرگانی و قاچاخچێتی.
سەرەڕای هەوڵدان بۆ هاوکاریکردن لەسەر پرسەکانی سنووری نێوان ئیدارەی کوردەکانی سوریا و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشهاتە ناوچەییەکان کێبڕکێی نێوان هێزە کوردییەکانیانی قووڵتر کردووەتەوە.
پەیوەندی نێوان پەیەدە و پەکەکە به ئامانجی کۆنتڕۆڵکردن و به ڕێوه بردن یان دابه شکردنی ده سەڵاتە له باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا و شەنگال. کە بە تێپەڕبوونی کات، سنووری عێراق و سوریا بۆتە گۆڕەپانی سەرەکی ئەم ڕکابەرییە. لەهەمانکتدا هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و لەشکرکێشیە سەربازیەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە حاڵەتێکی تری نەرێنی و تێکدەری زیاتری ئەو دۆخە نائارامەیە.
بەرژەوەندیە ئابووریە ناسکەکان کە پێویستە پاڵنەربن بۆ هاوکاریکردنی هەردوولا لەڕێکخستنی کاروباری سنوورەکاندا، بەڵام کێشە بنەڕەتییەکان کە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی قووڵیان هەیە لە نێوان بارزانی و پەکەکەو تەواوی حزبەکانی کوردیەتیدا، یان وەک هێزی میلیشیاو تاڵانچی بونیان هەیە، زەمینەی گرژی و ئاڵۆزی زیاتر دروست دەبێت تا رێکەوتن.
بارزانی پێیباشە واقیعی سنوورەکان نەگۆڕن و سنوورەکانی ئێستایان وەک سنووری دەسەڵاتی خۆیان بەرجەستەکردوە. ئاواتەخوازن ئەم سنوورانە بە فەرمی بکرێت بۆیان، بۆئەوەی قەوارەی ئێستایان لەبەرامبەر حکومەتی عێراقدا پارێزراوبێت. بۆ ئەمەش چاوەروانن بەپشتیوانی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی لەلایەن زلهێزەکانەوە رەسمیەت وەربگرێت. بۆیە پارتی لەئێستادا هەر دەستکاریکردنێک لە سنوورە نێودەوڵەتیەکانی ئێستادا ڕەتدەکاتەوە. لەبەرامبەریشدا پەکەکە لەژێر ناو و پەردەی شۆڕشگێڕانەوە کە ئامانجی تێپەڕاندنی سنوورەکانی ئێستایە، وەک ئامرازێک بۆ فراوانکردنی پێگەو نفوزی خۆی دەیبینێت.
بەڵام لەپەیوەند بەو دۆخەی ئێستاکە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت، لەلایەک هەوڵدانی بچوککردنەوەی قەوارەی حکومەتی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، هەروەها دەخالەتی ئێران و تورکیا و رۆڵی رۆژئاواو ئەمریکا لە ناوچەکەو دارشتنی داهاتوی سنوری عێراق و سوریا، بەدەر لە ویستی بارزانی و پەکەکە، هەردوو ئاراستەی بارزانی و پەکەکە، خراونەتە بەر بەجێمانیان لە ناو دوریانێکی تاریکدا .
ململانێ و کێشە ناوخۆیەکانی سوریا و سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لەڕۆژئاوای عێراق، کاریگەریی بەردەوامی لەسەر ناوچەی سنووری نێوان عێراق و سوریا بەجێهێشتووە. هێزە کوردیەکان لە ئەنجامی شکستەکانی داعش سەرکەوتوو بوون لە دامەزراندنی کۆنترۆڵ لە هەردوو دیوی سنووری سوریاو عێراقدا. ئەمەش هەر زوو بووە سەرچاوەی کێبڕکێی نێوان پارتی و پەکەکەو لایەنە کوردیەکانی سەربە پەکەکە، کە هەمویان دەستیان کرد بە کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر بۆ بەدەستهێنانی”خاک و سەروەت و سامان”.
لە سوریا، ڕژێمی بەشار ئەسەد لە هاوینی ٢٠١٢ دەستی بە کشانەوە کرد لە ناوچە کوردنشینەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. ئەم کشانەوەیە ڕێگەی بە پەیەدە دا کە بەشێکی زۆری ئەندامەکانی پەیوەست بن بە پەکەکە، تا بتوانن بوونی خۆیان بچەسپێنن. پەیەدە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٢ ەوە ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ عێراق کۆنترۆڵکردووە، بەتایبەتی دەروازەی سێمالکا لە دیوی باکوورەوە. لە تشرینی دووەمی ٢٠١٣دا فراوانتر بوەوە بۆ باشوور، بۆ درێژکردنەوەی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر شارۆچکەی ئەلیاروبییە ، هەروەها لە مانگی ئازاری ٢٠١٩دا بۆ شارۆچکەی ئەلباغوز لە باشوور بەدرێژایی ڕووباری فورات.
ناکۆکی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر ناوچە سنوورییەکانی زوممار و شنگال کە ئێستا بەشێکن لە پارێزگای نەینەوا، کاتێک حکومەتی هەرێم لە ئەیلوولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕێکخست، لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا حکومەتی عێراق، بە پشتیوانی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هاوپەیمانی لەگەڵ ئێران، دەستوەردانی سەربازی کرد و ناوچە جێناکۆکەکانی کۆنترۆڵکرد و سزای ئابووری بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستاندا سەپاند. لەڕۆژئاوای نەینەوا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی، دەستیان بەسەر ناحیەکانی ڕەبیعە و زومماردا گرت. لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکانی فیشخابور و ئەلوەلید، بە ئامانجی ڕاگەیەندراوی دووپاتکردنەوەی سەروەری دەوڵەت لەسەر سنوورەکان. لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق و حەشدی شەعبی توانیان کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق بەسەر زۆربەی ناوچە جێناکۆکەکاندا درێژ بکەنەوە، بەڵام دوای ئەوەی ڕووبەڕووی هێزە کوردە چەکدارەکانی سوریا بوونەوە، بۆ ماوەیەکی زۆر نەیانتوانی شارۆچکەی فیشخابور و ئەلوەلید کۆنترۆڵ بکەن.
لەرێگەی نێوەندگیری ئەمریکاوە، گەرانەوەو پاشکۆبونی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا جێبەجێ کرا. هاوکات پەکەکە زۆرینەی نفوزی خۆی لە ناوچەکانی باشووری زوممار لە نێویاندا شەنگال لە دەست دا و گرووپێکی دیکەی کوردی بە ناوی پەکەکەوە دەستیان کرد بە بنیاتنانی بنکەی پشتیوانی.
ئەم گۆڕانکارییە ناوچەییە لەسەر سنورەکان، لەسەرەتادا هەستی ناسیۆنالیستی کوردی بەجۆرێک هەڵگیرساند و خەونی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بەرێخست، هەر بەم ئاراستەیەش بارزانی رفراندۆمی هەڵخراند، بەڵام لەهەمانکاتدا ڕکابەریی نێوان پەکەکە و بارزانی توندتر کردەوە. ئەم کێبڕکێیە لە ئەنجامی کێبڕکێیەک لەسەر زەوی و سامان و پێگەی سیاسی هاتە ئاراوە. هەروەها ململانێی نێوان دوو دیدگای جیاوازە، کە مانای جیاوازی بە چۆنیەتی مامەلەی سنوورەکان و خاک و داهات پیادەدەکرێت. ئاراستەی پەکەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە مانەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق پێویستی بەوەیە کە بەرگری لە سنوورەکانی بکات. پەکەکە ئەو وێنایە ئەدات زۆرێک لە ناسیۆنالیستە کوردەکان بۆ دەیان ساڵە بەربەستن لە بەردەم یەکگرتوویدا، پارێزگاری سنورەکان بەرێگای یەکڕیزی کورد پێناسە دەکات بۆ بنیاتنانی خەونی دەوڵەتی داهاتوویان.
لەم چوارچێوە ئاڵۆزەدا، ئەم گرووپە هەمەچەشنانە بە دیدگاو بەرژەوەندی جیاوازەوە هەوڵ دەدەن ئەو سنوور و دەروازە سنوورییانە کۆنتڕۆڵ بکەن کە سەرچاوەی و ئابووری و سیاسی و پێگەی چەکداریانە. پارتی و پەکەکە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بون پێگە و نفوزی سیاسیان نەخەنە بەردەم هاوسەنگی هەر هێزێکی کوردی ترەوە. یان بەمانایەکی تر هیچ پەیوەندیەک لەگەڵ لایەنێکی تری کوردیدا نابەستن گەر خۆیان باڵادەست نەبن تێیدا. هیچ رێکەوتنێکی هاوبەش بۆ ئیدارەی سنورەکان لەگەڵ لایەنێکی تری کوردیدا ناکەن گەر بەزیانیان بێت.
پێش سەرهەڵدانی ململانێکان لە سوریا لە ساڵی ٢٠١١، پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوچە زۆرینە کوردییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا زیاتر سیاسی بوو، سنووردار بوو بە ژمارەیەکی کەم لە کوردانی سوریا کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانی عێراق بوون. بەڵام ئەمڕۆ ئەم پەیوەندیانە جگە لە ململانێی دەسەڵاتی بارزانی و پەکەکە لایەنێکی ئابوریان هەیە مانایەکی تری نیە. دەروازە سنوورییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەنێوان هەردوو هەرێمدا دامەزراون، ناوچەکەیان کردۆتە ناوەندێکی ئابوری لە بەرێخستنی بازرگانی و قاچاخچێتی. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم ناوچە سنوورییە کە لە نێوان دوو دەوڵەتی سەربەخۆدا نییە، بەڵکو لە نێوان دوو قەوارەی سیاسیدایە کە نمونەی سەرکردایەتی کوردایەتیان هەیە.
لەم بەشە سنوورییەدا کە ١٥٠ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە و لە سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سووریا و تورکیاوە دەست پێدەکات و بەرەو باشوور درێژ دەبێتەوە تا ناحیەی ئەلبەعاج لە پارێزگای نەینەوا لە دیوی عێراق، تا ئەلشەدادی لە دیوی سوریا، لە لایەکی ترەوە چوار دەروازەی سنووری و خاڵی چوونە ژوورەوە هەیە: ڕەبیعە-الیعربیە، سێمالکا، فیشخابور، ئەلوەلید، و ئەلفاو.
دەروازەی سنووری ڕەبیعە-الیعربیە لەلایەن حکومەتی عێراق و سوریاوە وەک دەروازەیەکی سنووری فەرمی ناسێنراوە. بەڵام حکومەتی سوریا توانای دەستڕاگەیشتن و بەکارهێنانی لەدەستداوە. لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بە داخراویی ماوەتەوە. یەپەگە دوای ئەوەی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٣ شەڕیان لەگەڵ چەکدارە ئیسلامییەکان ئەنجامدا، توانیویان کۆنترۆڵی بکەن.
دەروازەی سنووری سێمالکا- فیشخابور دەکەوێتە نێوان شارۆچکەی فیشخابور لە کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە، لە پارێزگای دهۆک، شارۆچکەی سێمالکا لە ناوچەی ئەلمالیکیەی سوریا. ئەم پەڕینەوە خاڵێکی ناکۆکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە کە بە فەرمی دانی پێدا نانێت. لە ئێستادا دیوی عێراق لەلایەن بارزانیەوە بەڕێوەدەبرێت و هەسەدەش دیوی سوریایان کۆنتڕۆڵ کردوە. پێشتر ئەو پەڕینەوە لە خاڵێک زیاتر نەبوو بۆ جوڵەی بێمۆڵەتی سیاسەتمەداران و چەکدارە کوردەکان، بەتایبەتی بە بەلەم لەڕووبارەکە دەپەرینەوە. دوای دروستکردنی پردێکی پۆنتۆن لە ٢٦ی ١ی ٢٠١٣، ئەم خاڵە بوو بە دەروازەیەکی سنووری. ئەمەش دوای ئەنجامدانی ڕێکەوتنی هەولێر، لەنێوان کۆمەڵێک لە پارتە کوردیەکانی سوریا بە سەرۆکایەتی پەیەدە و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد بە پاڵپشتی پەکەکەو بە سپۆنسەری مەسعود بارزانی. ڕێککەوتنەکەیان پشتگیری لە پێداویستیەکانی هەردوو گروپەکە کرد بە ئاسانکاری بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گواستنەوەی نەخۆشەکان بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ چارەسەرکردن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووەوە. بەتایبەتی کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، چونکە دیمەشق و بەغدا دان بەو دەروازەیە نانێنن. بەڵام پارتی درکی بە گرنگی ئەم پەڕینەوەیە کرد، چ لەڕووی ڕەمزییەوە وەک ڕێگەیەک بۆ نیشاندانی هاودەنگی لەگەڵ کوردەکانی سوریا، لەڕووی سیاسیەوە وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر لایەنە کوردیەکانی سوریا بۆ هاوکاریکردن بەڕێگەدانی ئەنجوومەنی نەتەوەیی کورد بۆ ئەوەی ڕۆڵی هەبێت لەسەر گۆڕەپانی سیاسی. بەڵام پرسی بەڕێوەبردنی پەڕینەوەکە بووە هۆی ئەوەی کە دووبەرەکی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە کوردیەکانی سوریا دروست ببێت.
هەندێکجار پەڕینەوەکەیان بە تەواوی یان بەشێکی داخراوە. بۆنموونە لە ١٩ی ئایاری ٢٠١٣ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بڕیاریاندا دەروازە سنوورییەکان بەتەواوی بەڕووی هەموو لایەکدا دابخەن، جگە لە حاڵەتە مرۆییەکان و نەخۆشەکان. دوای ئەوەی پەیەدە حەفتا و پێنج ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردی سوریای دەستبەسەرکرد، کە نزیکە لە بارزانیەوە، هاتوچۆی سنوور بەزاندن دەستیپێکردەوە. لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٤، حکومەتی هەرێمی کوردستان خەندەقێکی هەڵکەند بە درێژایی١٧ کیلۆمەتری بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردن لە لایەنی سوریاوە.
دەروازەی سنووری ئەلوەلید، دەکەوێتە ناحیەی زوممار کە بەشێکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لە نزیک پارێزگای دهۆکە، لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلەیە و نزیکە لە سێگۆشەی سنووری عێراق-سوریا-تورکیا. ئەم دەروازە لەلایەن کوردستانەوە کۆنترۆڵکراوە حکومەتی هەرێم لە دیوی عێراق و لایەنە کوردیەکان لە دیوی سوریا. لە ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای داخستنی دەروازەی سێمالکا- فیشخابور بەشێوەیەکی کاتی کردیەوە. ئەوەش دوای ناکۆکیەکەی لەگەڵ هەسەدە،ڕێگەی پێدرا کە ئەو پەڕینەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو سوریا دەڕۆن، یان بە پێچەوانەوە بەکاربهێنرێت، وەک دەربڕینی دژایەتی پەکەکە بۆ هەر هاوکارییەک کە پەکەکە بەلایەنە کوردیەکانی سوریای دەکات. بەهەمانشێوە هێزەکانی ئەمریکا ئەم دەروازەیان بەکارهێنا کاتێک لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ لە سوریا کشایەوە.
دەروازەی سنووری ئەلفاو، کە خاڵێکی نافەرمی هاتنە ژوورەوەیە، دەکەوێتە نێوان باکوور و باشووری شەنگال لە دیوی عێراقەوە، بەرامبەر ناوچەی نێوان ئەلیعربیە و قەزای ئەلهۆڵ لە دیوی سوریاوە، بە فەرمی بۆ گواستنەوەی خۆراک و هاوکاری مرۆیە بۆ سوریا. بە تایبەتی لەلایەن ئەوکەسانەی پەکەکەوە بەکارهێنرا بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕینێکی سەلامەت بەرەو سوریا بۆ دەیان هەزار ئێزیدی کە لە دەست هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال هەڵهاتبوون.
بەگوێرەی سەرچاوە ناوخۆییەکان و بەرپرسانی عێراق، وادیارە پەکەکە زیاتر پەیوەندی بە دەروازە نایاساییەکان و بازرگانی و قاچاخچێتی لە دەروازەی ئەلفاو زیاتر دەبێت. دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیان بە زیادکردنی ژمارەی کارمەندەکانیان نەکرد کە لەو ناوچەیەدا جێگیرکراون، تا دوای ئەوەی شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە و پاسەوانی سنووری عێراق ڕوویدا، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠. دوای ماوەیەکی کەم لە واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان کرد بە جێگیرکردنی کارمەندی زیادە لە شنگال. وە لە نزیک ئەم ناوچە سنوورییە بۆ سنووردارکردنی چالاکییەکانی پەکەکە و توانای چالاککردنی لە ناو خاکی عێراقدا.
ئەولەویەتەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بەپلەی یەکەم بازرگانین. دەروازەی سێمالکا-فیشخابور بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی خۆراک و کەرەستەی سەرەکی دیکە بەکاردێت. لە لایەنی سوریاوە نزیکەی دە فەرمانگەی گومرگی ناوخۆیی لەگەڵ بازرگانان کاردەکەن بۆ ئاسانکاری کارکردن و پاشەکەوتکردنی کات. لەنێو ئەو کاڵا ستراتیژییە سەرەکیانەی کە لە هەرێمدا بازرگانی پێوەدەکرێن: ئاسن، شەکر، چیمەنتۆ و پێو. لە لایەنی حکومەتی هەرێمەوە کۆمپانیایەکی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنترۆڵی پەڕینەوەکە دەکات و باج لەسەر بەرهەمەکانی وەک پلاستیک، مۆبایل، قوماش و کەلوپەلی کارەبایی کۆدەکاتەوە.
سەبارەت بە دەروازەی سنووری ئەلوەلیدە، لەم دەروازە دەتوانرێ کاڵا بەڕێژەیەکی زۆرتر هاوردە بکرێت لەوەی کە لە دەروازەی سێمالکا هەیە کە توانای هەڵگرتنی پردی پۆنتۆن ٣٥ تەنە، بۆیە دەروازەی سنووری ئەلوەلید بۆ هاوردەکردنی ئاسن و چیمەنتۆ و پێو و شەکر دیاری کرابوو کە هەموو ئەمانە لەلایەن ئیدارەی لایەنە کوردیەکانی سوریا قۆرخ دەکرێن. هەندێکجار کاتێک لە وەرزی زستاندا دەروازەی سێمالکا دادەخرێت، دەروازەی ئەلوەلید دەبێتە جێگرەوەی بۆ ئاسانکاری بۆ جووڵەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان. واتە گروپێک هەیە کە پەیوەستە بە سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، ئەوی تریشیان کەسایەتیەکانی سەر بە پەکەکەن.
لەدوای ساڵی ٢٠١٤ دەروازەی ئەلوەلید و ئەلفاو بوونە خاڵی سەرەکی هاتنەژوورەوەی پەکەکە و چەکدارانی گروپی سەربەخۆی، کە هەوڵی بەزاندنی سنوور دەدەن. پەکەکە بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە گروپەکانی هاوپەیمانی ئێرانەوە هەیە، کاریان کردووە بۆ ئاسانکاری بۆ ئۆپەراسیۆنە سنووربەزێنەکانی چالاککردنی ڕێگاکانی قاچاخچێتی. ئەمانە بەتایبەت لە نێوان دەڤەری خانسور لە سوریا و قەزای شنگال کە دەروازەی ئەلفاو لێیە، کە لە دوای ساڵی٢٠١٤ بووە بە دەروازەیەک بۆ قاچاخچێتی، بەتایبەتی دوای دامەزراندنی ئیدارەی هاوپەیمانی لەگەڵ پەکەکە لە شنگال.

ئەنجامی ئەم دۆخە بەگوێرەی پێشهات و هاوکێشە سیاسیەکان ئەوە نیشان ئەدا، کە ئەم دۆخە ناتوانێ یەکلایی کەرەوە بێت بە قازانجی هەردوو هێزی بارزانی و پەکەکە، بەڵکو رێرەوی ئاڵوگۆرەکان بە گشتی بزوتنەوەی کوردایەتی خستۆتە بەردەم تەسك بونەوەی پێگەی سیاسی و ناچارکردنیان بە قەبولکردنی هەر فشارێکی سیاسی کە پێیان دەبەخشن.

——————–

بۆ ئەم وتارە سود لە وتارێکی خضر خضور و حارث حسن وەرگیراوە کە لەژێر ناونیشانی
“تشكيل الحدود الكردية: معادلات النفوذ والنزاع والحوكمة في المناطق الحدودية العراقية السورية” نوسیویانە.




کتێب / مەرگ لە سەر باڵی ڕشەبا.. سەردار جاف

ناوی کتێب / مەرگ لە سەر باڵی ڕشەبا
بابەت / رۆمان
ناوی نوسەر : سەردار جاف .
لە سەر ئەرکی خودی نوسەر بە چاپ گەیشتووە.
تیراژ : 500 دانە
تابلۆی بەرگ: گرفتار کاکەیی
دیزاین : دلێر زەنگەنە
تایپ و هەڵەچن : خودی نوسەر بە هاوکاری حەمە سەعید زەنگنە
چاپخانە : (ڕۆژهەڵات) هەولێر
ژمارەی سپاردنی لە کتێبخانەى گشتی هەولێر بە ژمارە ( ) ساڵی 2016 دراوەتێ

بۆ خوێندنەوەی ئەم رۆمانە کلیکی ئێرە بکەن…




لە سەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی راپەڕینی گەلی ئێراندا.. عەبدولڕەحمان گەورکی

بنەماکانی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

هەموومان دەزانین هیچ دیکتاتۆرێک لە مێژوودا خۆی لە خۆیدا نەڕووخاوە. رووخاندنی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری لە سەر زەوی، بەرهەمی ئەو خەبات و تێکۆشانە بووە کە بۆ رووخاندنی کراوە. (کات)ی رووخاندنیشی تێهەڵکێشێک بووە لە بەراوردی “هێزی دیکتاتۆرییەت” و “هێزی گەل” و “هێزی رووخێنەر”، کە لەسەر هەر خاکێکدا جیاواز بووە.
ئەوەی فاکتەری گرینگ بێت و هەندێک جار رۆڵی یەکلاییکەرەوەی هەیە، “دۆزینەوەی تایبەتمەندییەکان”ە کە جگە لە “زانستی خەبات”، دەبێت “کەشف” بکرێن. بەبێ دۆزینەوەی تایبەتمەندییەکان، پێناچێت هەبوونی (زانستی خەبات) بەس بێت بۆ ئەم کارە. جیاوازی نێوان “زانست” و “کەشفکردن”، سەبارەت بەوەی “چی هەیە” و “چ دەبێ بکرێت”، (ستراتیژی و تاکتیک)مان دەخاتە بەردەست. لە “پێناسەکردن”ی دەسەڵاتدایە کە “تایبەتمەندییەکانی خەبات” و “چ دەبێ بکرێت” دەبێتە (رەمزی بەرەنگاربوونەوەیەکی سەرکەوتوو).
بنەماکان:
پێناسەکردنی کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگا و تایبەتمەندییەکانی: تا کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگا (واتا دوژمن) لەڕووی زانستی و واقیعییەوە پێناسە و دەستینشان نەکرێت، خەبات بێ ئاڕاستە و رێڕەڕەوە و پۆتانسێل و تواناکانی ناو کۆمەڵگا، جێگای راستەقینەی خۆیان ناگرنەوە! پێناسەکردن و دۆزینەوەی ئەم تایبەتمەندییانە رۆڵێکی سەرەکیی هەیە لە هەنگاونان لە ئێستاوە بەرەو ئایندە. بەرەی سیاسی کە خۆی هەڵقوڵاوی (هێڵ و هەڵوەستەی سیاسی)یە، بەرهەمی ئەمجۆرە پێناسەکردنەیە. کاتێک گرژی و ئاڵوزی لە نێوان هەردوو بەرەی گەل و دیکتاتۆرییەت روو دەدات و دەگاتە دژایەتیکردن و توندوتیژی (ئانتاگۆنیستی)، هەر دانوستانێک لە نێوانیاندا، لە بازنەی سیاسی دەردەچێت و دەچێتە ناو بازنەی “دوژمنایەتیکردن” لە نێوانیاندا و پێی دەوترێت “سنووری سوور” یان “هێڵی سوور” و بەزاندنیشی بە واتای خەوشدارکردنی ئەم سنوورەیە لە نێوان دوو بەرەی دژ بە یەکدا و بەڕەسمی ناسینی بەرەی بەرامبەر و دانپێدانانی. چونکە “دیاگۆگ” و “دانوستاندن” رێگاچارەیەکە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەناو بەرەیەیکی دیاریکردوەدا!
کەم هێز و لایەن نەبوون کە لە سەرەتای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران “لیبرالیزم”یان وەک دوژمنی سەرەکی پێناسە کردن و یەکسەر کەوتنە ناو داوی “دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی”ەوە دەسەڵات قوتی دان! هەڵبژاردنی پێچەوانە ئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێت و هەندێکجاریش کوشندە دەبێت!
یەکڕیزبوونی هێزەکان لە بەرەیەکی دیاریکراودا: سەرنج لەسەر دیکتاتۆرییەت وەک دژبەری سەرەکیی کۆمەڵگا، تایبەتمەندییەکی بنەڕەتییە کە نابێت لێی لابدرێت. تیشک خستنە سەر جیاوازییە لاوەکییەکانی ناو بەرەی دژە دیکتاتۆرییەت، رێگا بۆ پراگماتیزم و هەلپەرستی خۆش دەکات و یەکڕیزبوونی هێزەکانی ناو (بەرەی گەل) دەکاتە ئامانج و لە هەنگاوی دواتریشدا، بەرەی دژە دیکتاتۆریەت پەک دەخات و براوەکەیشی، دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە.
پلاتفۆرم و بەرنامە و سیناریۆکان لەم تایبەتمەندییانەوە وەرگیراون. هەر پلاتفۆرمێک بتوانێت خۆی لەگەڵ راستییەکانی کۆمەڵگا و خواستی خەڵکدا بگونجێنێت، دەبێتە خاوەن پێگەی جەماوەریی زیاتر و بەو هۆیەوە سەرکەوتوو دەردەچێت. بە تایبەتی ئەگەر “خاوەن پلاتفۆرم” لە ناو جەماوەردا لاگری و خۆشەویستیی متمانەپێکراوی دروست کردبێت و شایستە بێت. ئازادی، دابینکردنی مافەکان، یەکسانی و فرەیی و سکۆلاریزم و تەنانەت جۆری سیستەمی حوکمڕانیش لەم تایبەتمەندییەوە وەرگیراوە.
یەکپارچەیی خاکی: باوەڕمەندبوون بە یەکپارچەیی خاکی وڵات، تایبەتمەندییەکیتری رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران، کە یەکێکە لە فاکتەرەکانی یەکگرتوویی نێوان بەرەی گەل. لادان و دوورکەوتنەوە لێی، بەسوودی دیکتاتۆرییەتە و دەبێتە هۆی رژانی خوێنی زیاتر لە جەستەی خەڵکی ئێران. هێزێک دەتوانێت لە گۆڕەپانی خەبات و شۆڕشدا بمێنێتەوە کە پابەند بێت بەم یاساییە!
کۆماری و دیموکراتیک: تا ئێستا سیستمی “کۆماری” و “دیموکراتیک” لە وڵاتێکی وەک ئێراندا لەسەر کار نەبووە. سیستەمی “پاشایەتی” یان “ویلایەتی فەقیهی” لە ئێراندا بە ئەزموون کراوە و لەلایەن خەڵکەوە بە نەفرەتکراوە و رەت کراوەتەوە. چونکە لە بنەڕەتدا “دیکتاتۆرییەت” و “دژە دیموکراسی”ن. هەربۆیە یەکێک لە تایبەتمەندییەکان کە دەتوانێت خەبات پێش بخات و “گەرەنتی پێشکەوتن” بدات، پابەندبوونە بە سیستەمی “کۆماری” و “دیموکراتیک”. چونکە دەتوانێت هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ئێران، لە “ئامانجی هاوبەش”ەوە بەرەو “خەباتی هاوبەش” رێنمایی بکات و برەوی ئەم تایبەتمەندییە بدات و پێشی بخات.
جیاکردنەوەی ئایین لە حکومەت: رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە ئێران، یەکێکە لە ئاڵۆزترین رووبەڕووبوونەوەکانی ناو مێژوو. چونکە لایەنی زاڵی ئەمجۆرە دیکتاتۆرییەتە لە ژێر ناوی “ئایین”دایە، کە لە مێژوودا دەگمەنە یان ناوازەیە. بە تایبەت لە خاکێکدا کە ئایین پەیکەری کۆمەڵگای گرتووەتەوە و دیکتاتۆرییەت پەنای بۆ خراپ بەکارهێنانی بردووە. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە “نکۆڵیکردن لە ئایین” و دوژمنایەتیکردنی، لە وڵاتێکی وەک ئێڕان، وەک یاریکردنە لەسەر زەمینی دیکتاتۆرییەتدا و براوەی یەکەمیشی، دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتە. بۆیە نابێ گومان لەوەدا هەبێت کە ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتی ئایینی، نەک بە واتای نکۆڵیکردنی ئایین نییە، بەڵکو “باوەڕمەندبوونە بە جیاکردنەوەی ئایین لە حکومەت”!
وریابوونێکی پێویست بەرانبەر بە هەڕەشەکردنەکان!
وریایی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە لە خەبات و شۆڕشدا. چونکە خەبات و شۆڕش و کۆماری و دیموکراسی و مافەکانی گەل, هەمیشە لە لایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانەوە “هەڕەشەیان لەسەرە”. زۆرێک “هێڵی سوور”، “ئەوەی دەبێ بکرێت” و “ئەوەی نابێ بکریت” لە ناخی ئەم وریاییەدایە. گرینگینەدان بە وریایی دەتوانێت چارەنووسەکان بگۆڕێت.
ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، تەنیا بەشێکە لە تایبەتمەندییەکانی خەباتێکی سەرکەوتوو لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران، کە ئەگەر لە راپەڕینی ساڵی رابردوودا پەیڕەو کرابا، بە دڵنیاییەوە دەستکەوت و دەرئەنجامەکانیشی زۆر جیاواز دەبوون.
کۆنەپەرەستی و کۆلۆنیالیزم هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کە رێگە نەدەن بەدیلی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا جێگەی راستەقینە و پراکتیکی خۆی بدۆزێتەوە. بە تایبەت کە هەمیشە ململانەیەکی نایەکسان لە نێوان بەرەی گەل و بەرەی دیکتاتۆرییەت لە ئاڕادا بووە. گوشراوەی مێژووی ئێران لەوەدا کورت دەکرێتەوە کە راپەڕینی خەڵکی ئێران لە رۆژە چارەنووسسازەکانی خۆی نزیک دەبێتەوە.
بیروڕای گشتی جیهان سەبارەت بە ئێران!
لەو بەیاننامانەی لەم دواییانەدا و بۆ پشتیوانیکردنی نێودەوڵەتی لە راپەڕینی خەڵکی ئێران و پلاتفۆرمی خانمی مریەم رەجەوی و لە گردبوونەوەی ئەمساڵی موقاومەتی ئێراندا بە گشتی و لە ئاستی “زۆرینەی پەرلەمانی” لە پەرلەمانەکانی وڵاتانی جیهاندا راگەیاندراوە، جەخت کراوە کە: “ئێمە لێرەدا گرینگی مافی چارەی خۆنووسینی گەل بیردەخەینەوە. واتا مافی خەڵکی ئێرانە ئایندەی خۆیان دیاری بکەن. ئێمە خۆمان بە بەشدار دەزانین لەگەڵ خەڵکی ئێران و پشتیوانیانین لە بەهاکانی کۆماریخۆازی، وەک : هەڵبژاردنی ئازاد، ئازادیی گردبوونەوە و رادەربڕین، هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، یەکسانی رەگەزی، جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت، مافی خودموختاری بۆ کەمایەتییە نەتەوەیی و قەومییەکانی ئێران و ئێرانێکی نائەتۆمی، کە لە پلاتفۆرمی ١٠ خاڵی خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێراندا هاتووە.
دواوتە:
بە پێی ئەوانەی سەرەوە، ئێستا کە لە سەروبەندی یەکەمین ساڵوەگەڕیی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی ڕاپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێرانداین، بەر لە هەموو داواکاری و درووشم و بەرژەوەندییەک، دەبێ “رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی” و “دوورکەوتنەوە لە هەر شتێک کە سوودی بۆ ئەم ڕژێمە هەبێت” لە سەرووی بەرنامەی کاری هێزە جەماوەری و دیمۆکراتییەکاندا بێت. خواست و دروشمێک کە خەڵکی ئێران یەکگرتووتر و نەخشە رێگای داهاتوو روونتر و بەدیهاتنی ئاوات و ئامانجەکانی گەل نزیکتر بکاتەوە. لەو رێڕەوەدایە کە هەمووان لە ئاست بزووتنەوە و ڕاپەڕین خۆیان بە وریا و بە بەرپرس دەزانن و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ئێران دەخەنە پێشەوەی بەرژەوەندییە بەرتەسک و ناوچەییەکانەوە.
بەرخۆدانی ئێران و ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران بە “سەربەخۆیی” و “خەبات لە پێناو رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت” ناسراون و هەرگیز خۆیان لێ لانەداوە و لە پێناویدا تێچووەیەکی گەورە و زۆریان پێشکەش کردووە و لەسەری جیددی و پابەندن و بەردەوام لە گۆڕەپانەکەدان بە ئێستایشەوە!

کۆتایی




عەشق لە گەردوونێکی ترە.. ناڵە حەسەن

١
من لەمەودوا لەنێو بەهاری ژنەکان دێمە دەرێ
خۆم بە پایزی پەپوولەکان دەسپێرم
چیتر نابم بە ستیانە سوورەکەی ئەستێرەکان و
بە چارۆگە ڕەشەکەی هەور و
بە ژێرکراسە شینەکەی دەریا
موخابن / کە ناتوانم
نیگارە نەخشینەکانی عەشق بخوێنمەوە
کتێبە پیرۆزەکەی عەشقیش
لە نێو دەلاقە زێڕینیەکەی زەمەنێکی تر و
ژیانێکی تر و گەردوونێکی ترە
٢
کاتژمێر چەندی مردنە ئەی مرۆڤ
تۆ لە کوێی هاوکێشە خوێناوییەکانی
جەنگەکان و زیندانەکان و شێتبوونەکان / وەستاوی
لەنێو کام جەنگڵستانە تاریکەکانی
ئاینەکان و ئایدیۆلۆژییەکان و
ئەفسانەی خوداکان خۆت حەشارداوە
بەکام میلۆدی سێرنادایی خۆت فێرە سەما کردووە
بە شەڕابی شیلەی کام گوڵ خۆت مەست کردووە
تێنوێتی خۆتت بەکام کانی عەشق شکاندووە
چ بوونەوەرێکی سەیر و سەمەرە و
چ پەیکەرێکی لە تۆز و غوبار و
چ ڕەشەبایەکی رەش ڕەشی ئەی مرۆڤ
جگە لە قامچی دەستی جەڵادەکان و
فانۆسە شووشە شکاوەکەی نێو زیندانەکان هیچی تر نیت
نەفرەت لەخۆت و
لەو تابلۆیە ئەبستراکتییە بێ رەنگەی بۆ عەشقت کێشاوە
موخابن لەم گەردوونە عەشق بۆتە چیڕۆکێکی
پڕ لە درۆی شاخدار و وەهمێکی گەورە و خۆرەتاوێکی هەڵنەهاتوو
٣
من لەسەر پشتی خاڵخاڵۆکەیەکی دڵشکاو ڕاکشاوم
تا دێ خەونەکانم بچووک و بچووکتر دەبنەوە و
لە نێو ئومێدە ئاتەشییە ئەسمەرییەکانیش وندەبم
وندەبم و لەنیو خەیاڵ و لەنێو بینینەکانی
باڵندەکان و درەختەکان و باخچەکان ڕەشدەبمەوە
ئێستا / من بوومەتە ئایەتێک لە خۆرئاوابوون
ئێوارەیەک پڕ لە جۆڵەوانی و
هەمبانەیەک پڕ لە هیوای هەناسەساردی و
نەوڕەسێکی نامۆی ناموراد و نیگارێک پڕ لە نائومێدیی
ئەی خاڵخاڵۆکە خومارییە خەیاڵ خامۆشەکە
خۆم بەڕازە ڕەنگینەکانی تۆ سپاردووە
تا بۆت دەکرێ
هەر بڕۆ و هەر بڕۆ و هەر بڕۆ
لەم گەردوونە گرمۆڵە گوماناوییە
بڕۆ دەرەوە
نامەوێت ببم بە ڕووناکی و خۆم بخزێنمە
نێو کۆڵانە تاریکەکانی چاوەکان و نیگاکان
یان ببم بە مانگە شەوێکی فێنک و
عاشقەکان بەسەر سینگما هاتوچۆ بکەن
خواپێداوەکانیش بمکەن بە پاسەوانی بەردەرگای
کۆشک و سەرا و مەیگێڕی نێو شەوە سوورە سۆزانییەکانیان
یان ببم بە نەرمە بارانێکی ڕووت ڕووت
بەنێو مەمکۆڵەکانی خاکدا بچمە خوارەوە
ئەی خاڵخاڵۆکە چاو بە فرمێسک و نیگا خوێناوییەکە
تا خەیاڵ بڕ دەکا هەر بڕۆ
هەر بڕۆ و هەر بڕۆ و هەر بڕۆ
دوورم خەرەوە
دوور دوور دوور دوور دوور
موخابن / لەم گەردوونە گرمۆڵە گوماناوییە
عەشق مەلۆتکەیەک بوو بە مردوویی لە دایک بوو …!

                                                  ئابی ٢٠٢٣



به‌خشنده‌یی.. شیعری: ستار ئەحمەد

له‌توانه‌وه‌ی به‌فرا
وردو خاش ده‌بم
یادی تۆ لێكم ده‌ترازێنێ
كه‌بزه‌ی رووت ده‌مخاته‌ باڵ
ئیتر چوون مناڵ
دوای سه‌رابی باڵات ده‌كه‌وم
شه‌وانم ده‌بن به‌خه‌ون و
تارمایی سێبه‌رت
به‌تاریكی دامده‌پۆشێ
هێدی هێدی شیده‌بمه‌وه‌
له‌بنمیچی ژووره‌كه‌ما
ده‌بم به‌شێ
له‌رۆحی خۆما ون ده‌بم
له‌جه‌سته‌یه‌كی سووتاوا
له‌چاوه‌ڕوانی ده‌ئاڵێم
تروسكه‌یه‌ك به‌دی بكه‌م
ده‌لێم خودایه‌ .. تۆ بڵێی ئه‌و بێ
له‌وه‌ته‌ی جگه‌رم
بۆ دووریت گڕ ده‌گرێ
هه‌روا وشه‌ی باڵ گرتوومه‌
به‌ره‌و گومه‌زی چاوانت
به‌تاسه‌وه‌ هه‌ڵده‌فڕێ
من ئه‌شكم
له‌چاوتا سه‌وز ده‌بم
من شكۆی ئه‌وینم
بۆ لوتكه‌ی ژوانت به‌رز ده‌بم
وه‌ره‌ لام مه‌تۆرێ
كه‌ی جه‌سته‌ له‌رۆحی راده‌كا
گیان بێ دڵ ده‌ژاكێ
تیله‌ دیده‌ جێناهێڵێ
سینه‌ له‌هه‌ناسه‌ دانابڕێ
تۆ ترپه‌ی هه‌ناومی
ته‌مه‌نم بۆ لاوی ده‌فڕێنی
تۆ تینی هه‌نگاومی
به‌عه‌شقت ده‌مژێنی
مه‌ڕۆ دڵ
له‌بۆته‌ی مردنا مه‌نوێنه‌
عه‌شق پاكی و لێبوردنه‌

ستار ئەحمەد




یەکڕیزیی ناوماڵی کورد: تێزە چەواشەکارەکە!.. عدنان کریم

هەرێمی کوردستانی عێراق، بەهەموو ماناکان، لەجەرگەی قەیرانێکی سیاسیی هەمەلایەنەدا گیرساوەتەوە. قەیرانیك کە نە زۆربەی خەڵکی کوردستان ئامادەن چیتر دەسبەکڵاوەکەیانەوە بگرن و هەموو ئاکامە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی دەسەڵاتداریی کلیپتۆکراتیی ئێستا قەبووڵ بکەن و نەدەسەڵاتدارەتیی ناوبراو ئەتوانێت بەهەمان شێواز درێژە بە حوکمڕانی بدات.
ئەم قەیرانە هەمەجەمسەرە ئاکام و لێکەوتەی هەمەجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. پردی ئاشتەوایی نێوان خەڵك و دەسەڵات بەتەواوی ڕووخاوە و هیچیەك لە بەڵێنەکانی دەسەڵات کارسازیەکیان نەماوە لەناو خەڵکدا و ئەوەی ئەمڕۆ بووە بە خودئاگاهیی گشتی و هەستی عەفەویی سەرتاسەری لەناو خەڵکدا ئەوەیە کە ئەم دوو جەمسەرەی کۆمەڵگا، خەڵك و دەسەڵات، تا هاتووە بەدوو ئاراستەی دژ و ناکۆك بەیەك گیرساونەتەوە و پەڕیوەتەوە بۆ بەرجەستەبوونەوەی هەرچی زیاتر لە چوارچێوەی دژبوون و ناکۆکیەكدایە کە ئەبێ لە ڕیشەوە چارەسەر وپێناسە بکرێتەوە. ئیتر ئەوە لەناو بەشێکی فراوانی خەڵکدا وەکوو گریمانەیەکی چەسپاوی لیهاتووە کە چیتر بواری پێکەوە ژیانی ئارەزوومەندانە لەنێوان ئەم دوو بەرەیەی کۆمەڵگای کوردستانیدا نەماوەتەوە مەگەر بەناجاری و تا ڕۆژی خۆی دێت.
ئەم قەیرانە کە لە ڕواڵەتدا بریتیە لە بنبەستی دەسەڵاتدارەتیی حکوومەتی هەرێم، بەڵام لەناوەڕۆکدا ئاوێنەیەکیشە بۆ نواندنی شکستی پرۆژەی سەرجەم بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد وەکوو ڕوئیا و ئایدیۆلۆجی و ستراتیجیەکی سیاسی بەگشتی لە کوردستانی عێراق لەم قۆناغەدا.
بەو مانایە ئیتر تێفکرین و وردبوونەوە لەم قەیرانە تەنها وەکوو شکستی دەسەڵاتدارەتیی هاوپەیمانیی سێقۆڵیی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، بەجیاوازیی پێگە و هێز و شەیری سیاسیانەوە لەدەسەڵات و کۆمەڵدا، مانایەکی نیە جگە لە بینینی نیوەی دیمەنە سیاسیەکە و ڕێگاش پاکئەکاتەوە بۆ هێز ولایەنگرانی شەرمنۆکی تری ناو ڕەوتی نەتەوەیی کوردستان بۆ ئەوەی لەسەر کەلاوەی ماڵی داڕووخاوی ئەو سێکوچکەیە، جاریکی تر گیان بکاتەوە بەر لاشەی نیوەمردووی هەمان ستراتیژی و بزووتنەوە.
بەڵام سیماکانی ئەم قەیرانە لێرەدا دواییان نایات. لەوبەری شانۆ سیاسیەکەی ئێستای هەرێمەوە نیوەکەی تری پێکهێنەری ئەم قەیرانە سەرەتاتکێ ئەکات: غیابی پڕۆژەیەکی ئەلتەرناتیڤ کە ڕەنگدانەوەی ڕوئیا و ستراتیج وتێگەیشتن و ڕەتکردنەوەیەکی جۆرایەتیی تەواوی سیستمی ٣٢ ساڵی دەسەڵاتدارەتیی ئەم تاقمە سیاسیەیە. بەبێ ئەمەی دواییان ڕێگەیەکی ترمان لەبەردەستدا نابێت جگە لەخولانەوە لەناو هەمان بازنە و لە باشترین حاڵەتدا بژاردەی چاکسازیی ئەم دەسەڵاتە یا پێکهاتەیەکی باشتر لەدەسەلاتی ئێستا بەڵام پێکهاتبێت لە هەمان تاقم و نموونە وبیچمی سیاسیی تەقلیدی و سواوی ناو بازنەی کوردایەتی.
بۆ تێوەچوون لەوەی پێشوو ڕێگەیەك لەبەردەستدا نیە جگە لە ناسینی ماك و ناوەڕۆکی قەیرانی ئێستا لە قووڵترین و بنەڕەتی ترین ئاستیدا. ڕیگەیەك کە دەست بخاتە سەر هۆکارە بنەڕەتیەکان و کاراکتەرە سەرەکیەکان و دۆزینەوەی ڕیگەکانی تێپەڕبوون لەدەسەڵاتی سی ساڵەی ڕابووردوو بە پایگا چینایەتی و ئایدیۆلۆجی و دەسەڵاتەکەیەوە بە ئاراستەی پرۆژەیەکی کوردستانیی نیشتیمانی کە بەسەرئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی و ڕادیکال لە مۆدێلی دەسەڵاتی سیاسیەوە دەستپیئەکات کە ڕەنگدانەوەی خواستی هاوڵاتیی کوردستانی بێت . دەسەڵاتێكی تر کە نەك لەسەر بناغەی نەتەوەیی و حیزبی و لەدرێژەی تەمەنی بزووتنەوەی کوردایەتی و حیزبەکانیدا بەڵکوو لە دابڕانێکی چۆنایەتی لەو دیدگا و ستراتیجی و تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی پێناسەکردنی کۆمەڵگا لەسەربناغەی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکدا وەکوو هاوڵاتیی خاوەن ئەرك و ماف دامەزرابێت و ئەوە بکات بە سەرلەوحەی پێناسی خۆی.
ئەمڕۆ کوردستانی عێراق شانۆیەکە بۆ ململانێیەکی سیاسیی گەورە. ئەو ململانێیە گەرچی هێشتا لە قەوارەیەکی ڕۆشندا بەرجەستە نەبۆتەوە، لەناوەڕۆکدا ڕەمزێکە بۆ بەسەرچوونی سەردەمی هەژموونیی هێزگەلێكی تەقلیدی، سواو و ڕێگر لەبەردەم گەشەکردنی کۆمەڵ و هێزگەلێکی کۆمەڵایەتیی نوێ کە هەوڵئەدات بۆ کردنەوەی دەروازە بەڕووی سەردەمێکی تر، لە ژینگەیەکی پڕ لەبەربەست و ئاڵۆزدا.
——————————————

لەڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەدواوە کوردستانی عێراق پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە.
ئێستا ٣٢ ساڵی ڕەبەق بەسەر ئەو ئاڵوگۆڕە مێژووییەی وڵاتی ئێمەدا تێپەڕئەبێت. قۆناغێك کە هەڵبەز و دابەزی جۆراوجۆری بەخۆوە بینیوە.
ئاکامەکانی ڕاپەڕین سەرەتا بە دەسەڵاتدارەتیی بەرەی کوردستانی گیرسایەوە کە هاوپەیمانیەکی نێوان کۆمەڵێك حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی بوو کە دیارترین لایەنەکانی کە ڕۆڵی کاریگەریان لەئاراستەکردنی سیاسەت و هەڵوێستەکانیدا ئەبینی بریتی بوون لە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەم دەسەڵاتە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەو سەردەمە لەدایك بوو و دریژەی بەتەمەنی خۆی دا.
پاش قۆناغێکی پتر لە یەك ساڵ و لە ژێر ناوی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتی فیعلی لە ئایاری ١٩٩٢ بەدواوە کەوتە دەستی هاوپەیمانیی دووقۆڵیی یەکێتی و پارتی وەکوو سەرەکیترین و بەهێزترین دووجەمسەری ناو بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی لە کوردستاندا.
لەڕاستیشدا و سەرباری جیاوازی لەبواری پێشینە و مێژووی دوو هێزی ناوبراو، ئەوان لە ناوەڕۆکدا هەڵگری هەمان بیرو باوەڕ و ستراتیجی و سیاسی بوون. ئەوان، گەر لە قۆناغە جیاجیاکاندا بەیەکیشدا هەڵپژابن و کێشەکانیشیان گەیاندبێت بە ئاستی شەڕ و کوشتاری گەورە، بەڵام جگە لە کێشەی نفووز و دەسەڵات و پاوانخوازی، هیچیان خاوەنی پرۆژەیەکی نیشتیمانیی بنیاتنەر و ستراتیجیەك نەبوون کە بونیاتنانەوەی وگەشەپێدانی وڵات و دامەزراندنی سیستمێکی گەل پەسەند لەسەر بنەماکانی دیموکراتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی لە ماف وگوزەراندا بۆ هاوڵاتیی کوردستانی بکات بەچەقی ستراتیجیی خۆی. ئەوە خاڵی هاوبەشی بنەڕەتیی نێوان ئەو دوو هێزە بووە. بە پێچەوانەوە ئەوان لە قۆناغە جیاجیاکانی دەسەڵاتدارەتیاندا، چی پێکەوە و لەژێر دەسەڵاتی هاوبەشیاندا و چی لەسایەی دوو ئیدارەییدا، بەرهەمێکیان نەبووە جگە لە قۆرغکاری و هەژموونی کردن بەسەر دەسەڵات و زەوتکردنی سامانی گشتی و سەرکوتی هەر دەنگێکی نەیار و ڕەخنەگر لە سیستمی دەسەڵاتداریان و دابەشکردنی دەسەڵات و سامانی وڵات لەنێوان دوو حیزب و دوو بنەماڵەدا و بەکورتی سەپاندنی شێوازی هەرە تووندی چەوساندنەوە و تووند وتیژی و سەرکوت و شێوازی هەرە دواکەوتووی حوکمڕانی.
ئەم مۆدێلەی دەسەڵات نەك ڕەنگدانەوەی ئامانج و خواستی گەلی کورد نەبوو، بەڵکوو نموونەیەکی کەم وێنە بوو لە حوکمڕانیی سیاسی و کاریکاتۆرێك بوو سەبارەت بە دیموکراسی و دەسەڵاتدارەتی.
ناوەڕۆکی دەسەڵاتدارەتی لە کوردستاندا بریتی بوو لە زەوتکردنی قووتی خەڵك و دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوازی خێڵەکیانەی سەردەمە کۆنەکان لە نێوان دوو هێزی میلیشیاییدا کە بە زۆری سەرەنێزە و ئیستیغلالکردنی ستەمێکی نەتەوەیی کەموێنە کە لەلایەن ڕژێمی هار و فاشیستیی بەعسەوە بۆ چەند دەیە بەسەر کوردستاندا پیادەکرابوو.
لەسایەی ئەو شیوازە لە حوکمڕەوایی سیاسیدا، ئەمڕۆ کوردستان سەرتاخوار دابەش بووە بەسەر دووبەرەدا: بەرەی دەسەڵات و مشتێك کۆمپانیا و تاقمێکی پانوپۆڕی سەرمایەداری هەڵتۆقیوی پەنای هەردوو حیزب و بنەمالە لە لایەك کە جگە لەدەسەڵاتداری ڕەهای وڵات، هەموو سامانی کوردستانیان لەژێر چنگدایە و لەبەرەی بەرانبەریشدا زۆرینەی خەڵکی کوردستان وەستاون کە نەك هیچ ڕۆڵێکیان نیە لەسیستمی دەسەڵاتدارەتیی سیاسیدا، بەڵکوو ئەناڵێنن بەدەست دەیان شێوازی هەژاری و کەمدەرامەتی و بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و سەرکوت و پەراوێزخستن و بەکورتی بێبەش لە کەمترین مافە ئابووری و سیاسیەکانیان.
ئەوەی سەرەوە سیمای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێستای هەرێمی کوردستانە لە سی ساڵی ڕابووردوودا و لە ئێستادا گەیشتووە بەئاستانەی قەیرانێکی گشتی کەسەرتاپای وڵاتی داگرتووە.
تا ساڵی ٢٠٠٣ وڕووخانی ڕژێمی دەسەڵاتداری بەعس قۆناغی زێڕینی ئەم دەسەڵاتە بوو. ئەوان لەو قۆناغەدا دەیانتوانی بە کەڵگوەرگرتن لە مانەوەی ڕژێمی بەغدا، کە دژە کوردبوون خەسڵەتێکی بنەڕەتیی بوو، خۆیان لەژێر دەمامکی کوردایەتی و ترساندنی خەڵکی کوردستان لە گەڕانەوەی فاشیزمی بەعس و جینۆساید بشارنەوە و خەڵکی کوردستان بەوە تەفرە بدەن. چەند ساڵی دواتریش بەهۆی تێوەگلانی دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق لەکێشەی تیرۆریزم و شەڕی تایفی، ئەوان توانیان لەسایەی پشتیوانیی ئەمریکا و تۆقاندنی خەڵك و ناچارکردنیان بە بێدەنگی لەترسی تەشەنەکردنی تیرۆریزم بۆ هەرێم، سیاسەتە دژی خەڵکیەکانیان درێژە پێبدەن و خەڵك ناچار بکەن بەهەڵبژاردنی بێدەنگی لەسایەی هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ئەو سەردەمەی عێراقدا و بەوجۆرە تووڕەیی خەڵك بەلای تردا ئاراستە بکەن.
ساڵانی دوای ٢٠١٤ و بەناوی سەربەخۆیی ئابووریەوە و لەسایەی هاتنە ناوەوەی ئابووری نەوت بۆناو هاوکێشە سیاسیەکان لە هەرێمدا، و سەرقاڵیی بەغدا بە کێشەکانی ئیرهاب و تایفیەت و بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی ناوەندی، دەسەڵاتدارەتیی هاوپەیمانی پارتی و یەکێتیی و دواتریش گۆڕان، توانیان بەهۆی داهاتی لەحیساب نەهاتووی نەوت و گەندەڵیی لەڕادەبەدەر، جێگە و پێگەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیان بەهێزتر بکەن و لەهەمان کاتیشدا تەکانێکی تر بدەن بە چەواشەکاریی سیاسی و ئایدیۆلۆجی بەناوی سەربەخۆیی ئابووریەوە.
ئاکامەکانی سیاسەتی بەناو سەربەخۆیی ئابووری، کەشتێك نەبوو جگە لە گەورەترین هەڵمەت و پرۆسەی تاڵان و ڕاووڕووتی ئابووری لە مێژوودا بە هاوکاریی تورکیا و هەندێ کۆمپانیای بیانی، بوو بە هۆکارێك بۆ بەهێزبوونی توێژێکی ئۆلیگارشی- حیزبی لەلایەك و وەرچەرخانێکی سیاسیش بەئاراستەی پەراوێزخستنی یەکێتیی نیشتیمانی لە دەسکەوتەکانی ئابووریی تاڵانیی نەوت و دەسەڵاتی سیاسی بە قازانجی پارتی بەهاوکاریی تورکیا.
بەڵام پێبەپێی ڕەوینەوەی کابووسی تیرۆریزم بەسەر بەغدا و جۆربوونەوەی دەسەڵاتی ناوەندی، هاوکێشەکە ڕۆژبەڕۆژ لەبەرانبەر دەسەڵاتدارانی هەرێمدا بەقازانجی ناوەند ئەشکایەوە. ئیتر کەڵکوەرگرتنی دەسەڵاتی هەرێم و شاگەشکەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاشوبی تیرۆریزم لە عێراق و سەرقاڵیی تەواویی حکوومەتی ناوەند بەو کێشەیەوە بە کۆتایی گەیشت وئەوەش ئاڵوگۆڕێکی بەسەر هاوکێشەی ناوەند – هەرێمدا هێنا. حکوومەتی ناوەند بە سوودوەرگرتن لە لاوازیی پێگەی یەکێتی و پارتی لەناو خەڵکی کوردستان و ڕسوابوونی مۆدێلی میلیشیایی دەسەڵاتەکەیان و شکستی ئابڕووهێنەری شانۆگەریی ڕیفراندۆم، جڵەوی دەسپێشخەریی گرتەوە دەستی خۆی.
ڕەوتی لەخۆبایی بوون و سەرچڵیەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا تووشی سیناریۆی تراجیدی – کۆمیدیی تەواو بوو و ئەڵقەی قەیرانەکانی بەتەواوی لەملی خۆیان و بەتایبەتی لەگەردنی پارتی ئاڵا وەکوو سووکان بەدەستی پرۆسەی بڕیارە سیاسی و ئابووریەکانی دەیەی پێشووی دەسەڵات لە کوردستاندا.
یەکێتیی گەرچی لەهەوڵێکی بێپەروادا بووە کە خۆی لە لێپرسراوەتیی شکست و قەیرانەکە دوور بگرێت، بەڵام لەهەوڵەکانیدا تووشی شکست هاتووە چونکە چی لە شانۆگەریی ڕسوای ڕیفراندۆم و چی لە پرۆسەی تاڵانیی بەناو ئابووریی سەربەخۆ و فایلی نەوتدا، هاوشانی پارتی، فووی کردۆتە ئاگری ئەو سیناریۆ دژی خەڵکیە گەرچی ڕۆڵی پاشکۆیەتیی پارتیشیان نمایش کردبێت.
لە ٣٠ ساڵی پێشوودا هیچکات بەئەندازەی ئەم بڕگە زەمەنیە ئەو دەرکە گشتیە نەخەمڵیوە لە ناو جەماوەری بەرینی خەڵکی کوردستاندا کە دەسەڵاتی سیاسیی ٣٠ ساڵە و توێژی ئۆلیگارشیی هاوپەیمانی بەسەرچاوەی هەموو نەهامەتیەکانی بزانێت و لەهەمان کاتیشدا تادێت بڕوای بە چاکسازیکردنی ئەم دەسەڵاتە نەمابێت.

یەکڕیزی لەگەڵ کێ و بۆ؟

بەرنامە سیاسی و ئابووریەکانی دەسەلات کە پارتی ئەندازیاری یەکەمی بوو و یەکێتی پاشکۆیەکی بێدەربەستی بوو، لە ئاسمانەوە بۆ ئەوان دانەبەزیبوو. ئەو بەرنامانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی حیزبی، بنەماڵەیی، سیاسی و چینایەتی وزۆر بە وردی دیزان و فۆرمۆلە کرابوون. لەپرۆسەی ٣٢ ساڵی دەسەلاتدارەتیی ناوبراو لەهەرێمدا و بگرە بەهۆی ئەو مۆدێلە دەسەلاتەوە، ئاڵوگۆڕ و ورچەخانی قووڵی چینایەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەسەر پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستاندا هاتوون. گاپ و قڵشتی چینایەتی هیچکات بەو ئەندازەیە قەبە نەبووە. مەگەر لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا دەزگای دەسەڵات و حوکمڕانی بەم ئەندازەیە لەبەرانبەر و دژ بەخەڵك بووبێت. جگە لەسەردەمی میرنشینەکانی سێسەدساڵ لەمەوبەر، هیچکات لە کوردستان و عێراقیشدا دەسەڵات و حوکمرانیی سیاسیی بەو ئەندازەیە مۆرکی خێڵەکی و خێزانیان بەخۆوە نەگرتووە.
لەبەرانبەر ئەو هەموو دیمەنانەی مۆدێلی حوکمڕانیدا، دەسەڵات وەکوو پیشەی هەموو هێز و کەڵتە نەتەوەییە داخراوەکانی سەردەمە بەسەرچووەکان و بۆ ژیانکردنەوە بەبەری لاشەی نیوەگیانی ئەم قەوارە یەدا، حیزب و ئایدیۆلۆجیستەکانی هەمیشە لەهەوڵی ئاراستەکردنی بیری خەڵکدان بەئاراستەی دەرەکی: حکوومەتی ناوەند، مێژووی پر چەوسانەوەی میللەتەکەمان و نەچەمانەوە لەئاستی پلانی نەیار و دوژمنەکان و دەیان داستانی هەڵبەستراوی لەو قوماشە.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەو کاتەی کە ئەمان لە ١٩٩١ بەدواوە دەسەڵاتیان لە غەفڵەتێکی مێژوویدا کەوتە دەست، ئەم دەسەڵاتدارانەی ئەمڕۆی عێراق لەهیچ کونێکەوە دیارنەبوون و بگرە لە تاروگەکاندا کەوتبوون و هاوکار و هاوپەیمانی خۆیان بوون. لەدوای لەناوچوونی ڕژێمی پێشووەوە، خەڵکی هەرێم لەلایەن هیچ هێز و دەوڵەتێکەوە و بەهۆی کوردبوونەوە ئەزیەت و ئازار نەدراون بگرە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەناوی کوردایەتیەوە بەغداشیان دادەدۆشی و ئاگری دووبەرەکی تایفی و تەنانەت تیرۆریشیان لەوێ خۆشئەکرد و تاقمی دەسەڵاتداری ناوەند هاوپەیمانی پلەیەکی هێزەکانی کوردایەتی بوون. دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەریم پێکەوە بناغەکانی عێراقی نوێیان پێکەوە لەحیم کردەوە و دەستووریان بۆ داڕشت.
لەمڕۆدا پرسی کورد و چەوسانەوەی نەتەوەیی سەکۆ و پاڵنەری ئەکتی سیاسیی خەڵکی کوردستان نیە چونکە بەهۆی کوردبوونیانەوە لەلایەن ڕژێمی ناوەندیەوە ناچەوسێنرێنەوە. فووکردنی هەمیشەیی دەسەڵاتی فەرمانڕەوای هەرێم لە گیانی دوژمنایەتی و کینەی نەتەوەیی تەنها یەك ئامانجی لەپشتەوەیە: پەردەدان بەسەر ئەو هەموو ستەمکاری و ئەو مۆدێلە سیاسیەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان کە هۆکار و لایەنی یەکەمی چەوسانەوەی هاوڵاتیی کورد و ڕێگری یەکەمی بەردەم گەشەکردن و پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردیە. دەسەڵات بە گوتاری ناسیونالیستی و تێزی یەکڕیزی ناوماڵی کورد ئەیەوێت ئاراستەی خەباتی ئەم قۆناغەی خەڵك بگۆڕێت بە ئاراستەیەکی تر و خۆی لە لێپرسراوەتیی گەورەی مێژویی شکستەکانی و ئەو ماڵوێرانیە بدزێتەوە کەبەسەر ئەم وڵاتەیدا هێناوە.
پاڵپێوەنەر و ماتۆڕەکانی پشتی خەباتی خەڵکی کوردستان بریتین لەدەیان کێشەی وەکوو کۆچی سەدان هەزاریی و سەرهەڵگرتنی لاوان، گرانی، هەژاری، کاری مناڵان، گەندەڵی لەڕادەبەدەر، خزمەتگوزاریی خەستەخانە و قوتابخانە و پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئیدارەی دواکەوتوو و بیرۆکراتیەت، سەرکوتی ئازادی و ناڕەزایەتیەکان و …… کە ئەندازیاری هەموو ئەوانە دەسەڵاتێکە بە ناو و نیشان و پێگەی دیار و ئاشکراوە کە هێزەکانی دوێنێی شاخ و دەسەڵاتدارەکانی ئەمڕۆی کوردستانن کە بوونە بە جێی نەفرەتی گشتیی خەڵك.
یەکێك لە پێناسەکانی سیستمی سیاسی و چینایەتیی ئەمڕۆی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا بەهەموو خەسلەتە چەوسێنەر و دژە دیموکراتی و بێگانەیی لەگەڵ سادەترین مۆدێلی دەسەڵات و حوکمڕانیدا، بریتیە لە خەسڵەت و ناونیشانی کوردیی ئەم قەوارە و دەسەڵات و پێکهاتەیە.
ستەم و چەوسانەوە و هەژاری و باری قورسی گوزەران و داڕمانی کەرتەکانی خزمەتگوزاری لەهەریمدا، هۆیەکەی ناگەڕێتەوە بۆ کوردبوونی دانیشتوانی هەرێم و ستەمێکی دەرەکی چونکە ئەوە دەرد و چارەنووسی هەموو کوردێك نیە بەڵکوو چینی دەسەڵاتدار و هاوپەیمانەکانی، کە ئەوانیش هەر کوردن، لەبارودۆخ و ئاستێکی گوزەرانی شاهانەدا ژیان بەسەرئەبەن و هەر ئەوانیش هۆکار و بەڕێوەبەری ستەم و چەوسانەوەی بەشەکەی تری کوردن کە زۆرایەتین لە کۆمەڵگادا.
هەموو ناوەڕۆکی چەواشەکارانەی ئایدیۆلۆجیی ناسیونالیستیی دەسەڵات و سەرجەم ناڕازیانی دەرەوەی دەسەڵاتیش کە گیرۆدەی هەمان داوی ئایدیۆلۆجین، بریتیە لە هاشاکردن و شاردنەوەی ئەو خەسڵەتەی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتیی باوی هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی دوژمنێکی دەرەکی بۆ پاساوهێنانەوە بۆ شکستی ڕسوابووی پرۆژەی سی ساڵەی دەسەڵاتی ئێستا و لەپشتی ئەویشەوە نەزۆکیی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستیی کوردی.
هەرچۆن بەعس وەکوو قەوارەیەکی قەومیی عروبی توانی بەبەنجکردنی خەڵکی عەرەبی عێراق بە ژەهری عروبە، عەرشی دیکتاتۆریەتی خۆی و ماشینی کوشتاری هەمان خەڵکی عەرەب بۆ سی ساڵ ڕاگرێت، پارتی و هاوجنسە کوردیەکانیشی بەهەمان ئومێد ئەیانەوێت بە هەمان شێواز ئاشی چەوسانەوە و سەرکوت لە کوردستاندا لەژێر ڕەشماڵی داڕزاوی یەکڕەنگی و یەکدەنگی و یەکجارەنووسیی هەموو کورددا درێژە پێبدەن و ئەم قەیرانەی ئێستا لەسەر لاشەی قوربانیەکانیان، کەهەمان هاووڵاتیی کوردی ئەم هەرێمەن، تێپەڕێنن.
هەرچۆن کەس سەرزەنشتی عەرەبێکی عێراقی و سووری و لیبی و سوودانی ناکات کە بۆچی لە دژی دەسەڵاتدارانی عەرەبی عێراق و سوریا و لیبیا و سوودان ڕاپەڕین و شۆڕشیان بەرپائەکرد، هەر بۆیەش ئەبێ هاووڵاتیی کوردی هەرێمی کوردستان باش لەو ڕاستیە تێبگات کە ئەڵقەی ناوەندیی سیاسەت کردن بەگشتیی و داهاتووی هەرێم لەگرەوی تێگەیشتن لەو هاوکێشە سادەیەدایە کە : کێشەی ئێمەی هاووڵاتی و گەلی کورد لەم سەرزەمینە دیاریکراوەدا لەگەڵ دەسەڵاتێکی ڕاستەقینەی کوردیدایە. ئەو خاڵە هاوبەشە باریکەی نێوان ستەمکەر و ستەملێکراو لە کوردستاندا، کە شوناسی کوردبوونە، نابێ ئەو هەموو ستەم و مێژووی پڕ لەچەرمەسەری و چەوسانەوەیە بشارێتەوە کە زیاتر لە سی ساڵە بەدەستی ئەم بزووتنەوە و هێز و دەسەڵاتەوە چەشتوومانە.
لەمڕۆدا دوایین چەکی ژەنگاویی ئەم کەڵتە نەخۆشەی ئەم هەرێمە و دەسەڵات بریتیە لە دەمەزەردکردنی تێزی سواوی ئایدیۆلۆجیی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد لەپێناوی بەرگری لە قەوارەی هەرێم.
گرێیەکی ئەم پرسە لەوەدا خۆی ئەنوێنێت کە زۆرێك لە ڕۆشنبیران و نوخبەی سیاسی لە بازنەکانی دەرەوەی دەسەڵات و حیزبە هاوپەیەمانەکانیدا، لەبەرانبەر قەیرانی دوایی دەسەڵاتدا، ئەم تێزە دەمەزەرد ئەکەن و شەوڕۆژ بانگەشەی بۆ ئەکەن. ئەم تێزە ژەهراویە، سەرچاوە و نیەتەکەی نائاگایی یا ساویلکەیی فکری بێت، یەك ئەنجامی لێئەکەوێتەوە بەتایبەتی لە سایەی تەرازووی هێز لە ئێستای هەرێمدا: هەڵدانی پەتی ڕزگاربوون بۆ دەسەڵاتێك کە سەرباری ئەو هەموو قەیرانە قووڵانەی کە خۆی خوڵقاندوویەتی ئامادەیی ئەوەی تیا نیە یەك هەنگاو لە سیاسەتی سی ساڵەی پێشووی پاشگەز بێتەوە کە جگە لەماڵوێرانی هیچی تری بۆ هاوڵاتیی ئەم هەرێمە بەدیار نەهێناوە.
پوووچەڵکردنەوە و ڕەخنەکردن و ناکامکردنەوەی ئەم تێزە وئەو عەقڵیەتەی بەرهەمی دێنێت و بەرگری لێئەکات، بەشێکی دانەبڕاو و دیوێکی تری ئەرك و لێپرسراوەتیی مێژوویی فۆرمۆلەکردن و ساغکردنەوەی پرۆژەیەکی نیشتیمانیی- ئازادیخواز و عەدالەتخوازە لە ئێستادا.
ئەوانەی شەو و ڕۆژ تەپڵی یەکدەنگی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد لێئەدەن، هەر نیەتێکیان هەبێت، ئاو ئەکەنە ئاشی ئەم دەسەڵاتەی کە نموونەی لە ستەمکاری لە مرۆڤی کورد کەمە لە مێژووی هاوچەرخدا.
دووبارەکردنەوەی سادەیی سیاسیی چەند جارە لە مێژوودا تراجیدیی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت و لە ئێستادا بیرۆکەی یەکدەنگیی ناوماڵی کورد ، یەکدەنگیەك کە جێی پێشوازیی ئەم ستەمکارانەی دونیای هاوچەرخی ئێمەیە و ئەوان ئەکاتەوە بە بڕیاردەری داهاتووشمان، بۆی هەیە کارەساتێکی مێژوویی تر بەرهەم بهێنێت.
تێزی یەکڕیزیی ناوماڵی کورد تێزێکی ناواقیعیە و بەکردەوە سەرنج لەسەر کێشە ڕاستەقینەکان و بەرهەمهێنەرانی ئەم کێشە و ستەمکاریانە لائەدات وئەیەوێت ئاراستەی ناڕەزایەتیی قووڵی خەڵک لەدەسەڵاتی کوردیەوە بگوێزێتەوە بۆ دوژمن و نەیارێکی نادیار.
جگە لەوەش ئەو ئاراستە سیاسیەی کە بانگەشە بۆ ئەو گوتارە ئەکات سەرنجی خەڵك دوورئەخاتەوە لەسەر ڕێچکە دروستەکان کە دەمانبەنەوە سەر شاڕێ دروستەکە بۆ خوێندنەوەیەکی واقیعی بۆ کێشە ستراتیجیەکانی ئەمڕۆمان و فۆرمۆلەکردنی پرۆژەیەکی ستراتیجیی شۆڕشگێڕ کە ئەرکی سەرەکیی ئەم قۆناغەیە.

ئابی 2023




پەرتووکی پیاوسالاریی لەنێوان ئایدیۆلۆژیا و دەسەڵاتدا لە نووسینی: دارا مه‌حموود کەوتە بەردیدی خوێنەران

ئەم پەرتووکە لە 358 لاپەڕەی قەبارە 17*24سم پێکهاتووە.
ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە بریتییە لە:
پێشەکی
پیاوسالاریی و قۆناخی دایک
پێناسە و به‌راورد
فێمێنیزم
فێمێنیزم لە ئەدەبیاتی کوردیدا
تیۆرییەکانی فێمێنیستی(٤)
١- تیۆری فێمێنیستی لیبراڵ:
٢- تیۆری فێمێنیستی مارکسیستی:
٣- تیۆری فێمێنیستی سۆسیالیست:
٤- تیۆری فێمێنیستی ڕادیکاڵ:
ئەخلاقی فێمێنیستی:
خۆرهەڵات و خۆرئاوا
کێشەی ژن لە دوو دیوی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردیدا
رەگەز و رەگەزگەرایی
خانەوادە
جۆرەکانی خانەوادەی کلاسیک(١٦):
خانەوادەی هاوچەرخ و ئاییندەی خانەوادە
١- خانەوادەی هاوڕەگەز:
٢- خانەوادەی بەکۆمەڵ:
٣- خانەوادەی هاوژیان:
٤- خانەوادەی فراوان(consanguinal) :
٥- خانەوادەی، تاک سەرپەرشت:
٦- خانەوادەی هاوجۆر Symmetry:
ئەوین و هاوسەرداریی
ئازادی و ستەم
دەسەڵات و توندوتیژی ڕه‌گەزیی
ڕەگەزگەرایی و تاوانکاریی
خەسڵەتی توندوتیژیی و تاوانە سێکسیەکان
دەستدرێژی سێکسی:8
منداڵبازیی(Pedephilia):
هاوڕەگەزخوازی (Homosexuality):
هاوڕەگەزخوازیی و مەزهەب:
لەشفرۆشی:
ئازاری سێکسی:
حیجاب
کاریگەرییەکانی ئایدیۆلۆژیای پیاوسالاریی لەبواری زانستدا
پیاوسالاریی و ناسنامەی سیاسەت
پیاوسالاریی و سیستەمی سیاسی- ئابووریی
ژن، لە ژیانی گەورە بیرمەنداندا
رەگەزگەرایی، زمان و کڵێشە
ژن و ﺋﺎﯾﺪﯾﯚﻟﯚژﯾﺎی ﭘﯿﺎوﺳﺎﻻری لەدیدی جوانناسییەوە
وێکچواندنی دژەکان:
شێخ ڕەزا کارەساتی ئەدەبی کوردی:
ئەنجام
پەراوێزەکان
سەرچاوەکان
پیاوسالاریی وەک کۆنترین ئایدیۆلۆژیایەک و دەسەڵاتەکەشی وەک تەمەندرێژترین دەسەڵاتێک لە دیرۆکی مرۆڤایەتیدا دەناسرێت. ئەو کێشە و گرفت و قەیرانانەش کە لەسایەی ئەم دەسەڵات و ئایدیۆلۆژیایەوە بەرۆکی مرۆڤایەتی دەگرن، گەورەترین و کاریگەرترینن لەسەر ژیان و گوزەران و بیر و خەیاڵی. کەچی سەبارەت به‌ رووبەڕووبوونەوەی ئاکامەکانی و چۆنیەتی چارەسەری کێشەکانی، لەکۆی چالاکیەکانی مرۆڤ تەنیا پەراوێزێک داگیردەکات. پەرتووکی پیاوسالاریی لەنێوان ئایدیۆلۆژیا و دەسەڵاتدا لە سەرجەم کتێبخانەکان بەردەستە.

Promo link:
https://youtu.be/iO8_3Ucc0QI




کتێب/ تۆفانەکەی دوامان.. وەرگێڕانی:رەسوڵ بەختیار

تۆفانەکەی دوامان. یاخود، تۆفانەکەی دوای ئێمە.
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: رەسوڵ بەختیار

لەم کتێبەدا باس لەهەموو ئەو تۆفانانەی سەر زەوی دەکا، هاوکات لێکدانەوەی ئاینییەکان بۆ تۆفان و کۆتایی، لەم کتێبەدا خراوەتە روو.
ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای رۆسا-یە.
لەم شوێنانە دەستدەکەوێ:
1-دەزگای رۆسا ناو بازاڕی رۆشنبیران.
2-داون تاون، دوکانی ژمارەf74.




هه‌واڵه‌كانی ناوخۆ له‌ میدیای كوردی دا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

هه‌واڵه‌كانی ناوخۆ ، له‌ هه‌رهۆیه‌كی ڕاگه‌یاندن ، به‌ڕووی گه‌شه‌وه‌ بێت یا كاڵ، ئاوێنه‌ی باڵانمایه‌ ڕووداوه‌كانی تێدا ڕه‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌…
به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌واڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رچاوه‌ی تر به‌ ڕۆژنامه‌ و ده‌زگاكانی دیكه‌ی ڕاگه‌یاندن ده‌گه‌ن ( باوه‌كو ئێستا زۆر كه‌ناڵی میدیا تۆڕی په‌یامنێرانیشیان هه‌بێ و ڕه‌نگه‌ هه‌ندێكیان وه‌كاتیش هه‌واڵ یا كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نووسی بگوازنه‌وه) ‌سه‌یر ده‌كه‌ی دیسان (‌ خوێنه‌ر و گوێگر و بینه‌ر) تێر ناكه‌ن ، هه‌میشه‌ چ به‌هۆی سپۆنسه‌ر و باروبووكاره‌وه‌ یا هه‌ر هۆیه‌كی دی كه‌ناڵی میدیا نه‌یتوانیوه‌ له‌ هه‌ندێ هه‌واڵی ئاسایی گشتیی به‌ده‌ر له‌و خه‌تانه‌ لا بدا بۆی كێشراون به‌تایبه‌تی له‌ لایه‌ن بارووبووكاره‌وه‌ كه‌ كۆڵه‌گه‌ی به‌رده‌وامی كه‌ناڵه‌كه‌ ڕاده‌گرێ .
له‌وسه‌ریش له‌ هه‌واڵه‌كانی ناوخۆدا ، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ده‌ستی خۆتدایه ‌، به‌ڵكو ده‌توانی بیگه‌یێنیته‌ ئاستێكی نواندنی وا ، خۆت ببیته‌ سه‌رچاوه‌ی چاولێكراو بۆ میدیای دیكه‌ …

ئه‌وه‌ی له‌ میدیای كوردیدا تێبینی ده‌كرێ ، تا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی ناوخۆ گرفت و كێشه‌ی دێنه‌ پێشێ ، له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی ده‌ره‌وه ‌، كێشه‌ی له‌و ته‌رزه‌ی نایه‌ته‌ پێش ، له‌وه‌ڕا ته‌ماشا ده‌كه‌ی هه‌واڵه‌كانی ناوخۆ له‌ میدیای كوردیدا ، زۆربه‌یان هه‌واڵی فه‌رمی و ته‌شریفاتین… ته‌نانه‌ت له‌ڕووی ڕیزبه‌ندی بڵاوكردنه‌وه‌شدا (گرینگترین و گرینگتر و گرینگ)دا به‌و پێوانه‌یه‌ش سه‌ركه‌وتوونین…
كێشه‌ی هه‌واڵه‌كانی ناوخۆ له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌ بووه‌ به‌كانگه‌ی كێشه‌كان و یه‌كێك له‌ فاكته‌ره‌كانی دواكه‌وتوویی میدیا له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵدا ، له‌ حاڵێكدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێمه‌ هێشتا له‌ناوچه‌یه‌كی هه‌ڵایساوداین‌ تێیدایه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ زۆر ناوه‌ندی دیكه ‌، كه‌چی وای لێهاتووه‌ خوێنه‌ر یا گوێگر یا بینه‌ری كورد هه‌میشه‌ ناچاربووه‌ بۆ زانینی ڕاستی ڕووداوه‌كانی پاڵه‌خۆی به‌دوای سه‌رچاوه‌ی ده‌ره‌وه‌دا بگه‌ڕێ… ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ی له‌ هه‌واڵه‌كانی ناوخۆدا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ ، له‌ ڕووی ته‌كنیكی داڕشتن و ڕاسته‌قانی پێشهاته‌كانیشدا دواكه‌وتوون ، به‌وه‌ی تا ئێستا ئه‌و جیاوازیه‌ جه‌وهه‌رییه‌ی له‌ سه‌بك و داڕشتنی هه‌واڵ كه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن هه‌ستی پێ نه‌كراوه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ی هه‌ر جۆرێكیان نیشانه‌ به‌ سرووشتی خودی كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ نووسراو و بیستراو و بینراو دا جیاوازه .‌
سوێندی هه‌ندێ له‌و هه‌واڵانه‌ ناخۆم كه‌ به‌ مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی له‌ چوارچێوه‌ی ململانێی لایه‌نه‌كان یاخود به‌مه‌به‌ستی ورووژان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌…
ئه‌وه‌ی ناوه‌ند و ده‌وروبه‌ری دروست كردووه‌ ، وڵاتانی پێشكه‌وتوو جڵه‌وی زیاتر له‌ 90٪ی هه‌واڵه‌كانی دونیا به‌هه‌واڵه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردستانیشه‌وه‌یان به‌هۆی ئاژانسه‌ زه‌به‌لاحه‌كانیان له‌ ده‌ست دایه‌ و به‌ڕوانین و جیهانبینی ئه‌و ئاژانسانه‌یش داده‌ڕێژرێن و به‌بریتی و هه‌قیش ده‌درێن به‌ده‌زگاكان…
ته‌نانه‌ت زۆرجار هه‌واڵه‌كانی خۆمانیان له‌ ڕووی ناچارییه‌وه‌ لێ ده‌كڕینه‌وه‌…
ئالێره‌دا بۆ هه‌واڵ و ئه‌وه‌ی به‌ میدیای بنكۆڵكارییه‌وه‌ ده‌ناسرێ جارێكی دیكه‌ پڕۆژه‌ی دامه‌زراندنی (ئاژانسێكی ده‌نگوباس)ی تایبه‌ت به‌ كوردستان، له‌وانه‌یه‌ له ‌زۆر سه‌ره‌وه‌ هه‌م كێشه‌كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكا ، هه‌م ببێ به‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕ و متمانه‌ پێكراو بۆ میدیای تر ( كه‌ ئه‌وه‌ له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ته‌كانه‌وه‌ خه‌ونی من بوو ، ئه‌و پرۆژه‌ی ئاماده‌شم كردبوو پێشكێشی په‌رله‌مانم كردبوو سێ جارانیش له‌ دوو توێی كتێبدا و له‌ كاتی جیادا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌. )
هه‌واڵه‌كانی ناوخۆیش كه‌ زۆرجار دووچاری كێشه‌ ده‌بن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌دا به‌تایبه‌تی له‌ میدیای كوردی ، مه‌رج نییه‌ ته‌نیا هه‌واڵی سیاسی بن…
زۆر جار هه‌واڵی دیكه‌ی په‌یوه‌ندار به‌ په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ته‌كان و دادگا و دامه‌زراوه‌كانی تر و ئه‌وانی دیكه‌ی باس له‌ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها زۆر له‌و مه‌سه‌لانه‌ی جێی بایه‌خی شه‌قامن (ڕای گشتی) ئه‌وانیش ڕه‌نگه‌ كێشه‌ بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن دروست بكه‌ن…
له‌و نێوانه‌دا جارێكی دی میدیای كوردی به‌رامبه‌ر (خوێنه‌ر و گوێگرو بینه‌ر)، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌ ڕووی ناچارییه‌وه‌ په‌نا بۆ ده‌زگای دیكه‌ ده‌بات كه‌ متمانه‌یان له‌گه‌ڵ دروست كردووه‌…

له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی ته‌شریفاتی و فه‌رمیشدا میدیای كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌وه‌نده‌ی بایه‌خی به‌خاوه‌ن هه‌واڵ داوه ‌، ئه‌وه‌نده‌ گرینگی به‌خودی هه‌واڵه‌كه‌ نه‌داوه ‌، ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ خاڵی نییه‌ له‌دوو واتا ، یه‌كیان بێموبالاتی و به‌هه‌ند نه‌گرتن ، هه‌ندێ جاریش عاقڵ پێنه‌شكانیشی ده‌چێته‌ پاڵ ، دووه‌میشیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیپارێزی خودیی هه‌ندێ ڕۆژنامه‌نووسه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ ، به‌ڕاده‌یه‌ك زۆرجار له‌ هه‌ندێ ڕۆژنامه‌دا ڕیپۆرتاژ و به‌دواداچوونی وا به‌رچاو ده‌كه‌ون كه‌ زیاتر له‌ ڕیكلامێكی به‌خۆڕایی ده‌چن تا ڕیپۆرتاژی ڕۆژنامه‌نووسی…
هه‌ندێ جاریش به‌و حسابه‌ ده‌كرێ كاردانه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤی بۆ ئه‌و لایه‌ن یا ئه‌م لایه‌ن ده‌بێ ، یا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ، كه‌چی ڕاستیی ئه‌مه‌ له‌خۆیدا ده‌چێته‌وه‌ پاڵ كو‌لتووری سه‌قه‌تی ڕژێمه‌ تۆتالیتارییه‌كان كه‌ به‌ هۆی ئه‌و ماوه‌ درێژه‌ی گه‌مارۆی كو‌لتووری ڕژێمی پێشووی ڕووخاو بووه ‌‌، به زانین بێ یا به‌نه‌زانین ، بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ سیسته‌می كاركردنمان و تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ به‌ ته‌واوی لێی ده‌رباز بین ، به‌تایبه‌تیش هه‌ندێ جار له‌ ڕووی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ (خودسانسۆری ).
دونیای ئه‌مڕۆ، جیهانی ته‌كنیكی تیژڕۆی گه‌یاندن و هه‌ڕه‌شه‌ی هۆیه‌كانی دیكه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ و هۆگه‌لێكی دی ڕاگه‌یاندن كۆمه‌ڵێك ڕێسا و بنه‌مای نوێی به‌سه‌ردا سه‌پاندووه‌ ، له‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌ سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ته‌ له‌ مسۆگه‌ركردنی ده‌ستخستنی هه‌واڵ و ده‌ستبه‌جێیی له‌گه‌یشتندا كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێ به‌خودی كه‌ناڵه‌كه‌وه‌ ، به‌مه‌ش وای لێ هاتووه‌ هێشتا ئه‌گه‌ر له‌ كێبه‌ركێدا دوا نه‌كه‌وێ ..

بێگومان ده‌ستبه‌جێیی بڵاوكردنه‌وه‌ش كه‌ دیاره‌ بۆ گه‌یاندنی هه‌واڵ به‌ قه‌د گرینگی هه‌واڵه‌كه‌یه‌ ‌ ، میدیای كوردی ده‌بووایه‌ له‌م ڕووه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌واڵه‌كانی ناوخۆدا ده‌ستپێشخه‌ر بێت… له‌شێوه‌ی گشتییدا ، مه‌گه‌ر جاروبار ده‌نا ئه‌وه‌یشی له‌ ئاستی پێویستدا نه‌بووه‌‌.

نه‌ژاد عزیز سورمێ




خوێندنەوەی چیرۆکی (چاکەکردن).. هۆشمەند حسێن

ئاشکرایە جیاوازییەکی بنچینەیی هەیە لە نێوان ئەو تێکستانەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارێکدا بڵاودەکرێتەوە، بە بەراورد بەو تێکستە ئەدەبییانەی لە ناو پرۆگرامی خوێندندا دادەنرێن، بەتایبەت ئەگەر ئەو تێکستە ژانری ئەدەبی منداڵان بێت.
لە سادەترین حاڵەتدا دەقی ناو بڵاوکراوەکان، دەقێکی خۆویستانەیە و خوێنەر ئارەزوومەندانە هەڵیدەبژێرێت بۆ خوێندنەوە، جیاوازە لەو چەشنە ئەدەبەی وەک پرۆگرامی خوێندن، دەخوێندرێت. بەمانایەکی تر خوێندنەوەی دەقی ناو کتێبی خوێندن، دەبێتە ئەرک و کۆششی قوتابی. زۆر گرنگە ئەو دەقانە، هەڵبژاردەی دەقێکی سەرکەوتووی بێ خەوش و سەرنج ڕاکێش و پەیامداربێت. لە کورترین پێناسەدا دەبێت ئەو دەقە ببێتە هاندەری خوێنەری منداڵ بۆ خوێندنەوەی زیاتر و چێژی خوێندنەوەیان لەلا دروست بکات. بمانەوێت و نەمانەوێت ئەو دەقانە بۆ چەند دەیەیەک لە نەستی قوتابیاندا دەمێنێتەوە.
لەناو کتێبەکانی خوێندنی خوێندکارانی ئەمساڵ (شیعر و چیرۆک)ی قۆناغی بنەڕەتی، گەلێک دەق و تێکستی لاواز بڵاوکراونەتەوە و لەم بەشەدا هەڵوێستە لەسەر چیرۆکێکی نووسراوی کتێبی (خوێندنی کوردی) پۆلی سێیەمی قۆناغی بنەڕەتی ـــ وەرزی دووەم ـــ دەکەم، کە بەناوی (چاکەکردن)ەوە لەلایەن (پەیام ئیبراهیم)ناوێکەوە نووسراوە.
زۆربەکورتی ئەوەی شارەزاییەکی سەرەتایی لە هونەری نووسینی چیرۆکی منداڵان دا هەبێت، دەزانێت کە چیرۆکی منداڵان وشەی زیادەی تیادا بەکارناهێنرێت، مەگەر ڕۆڵی ڕێنوێنیی و چێژ دروستکردن ببەخشێت.
چیرۆکنووسی (چاکەکردن) بەم جۆرەی نووسیووە: (کات وەرزی زستان بوو، بەفر دارستانەکەی داپۆشیبوو!)
سروشتی کوردستان بەو جۆرەیە هەر لە زستان دا بەفر ببارێت، نەک لە چلەی هاویندا! بە واتە وشەی کات زیادەیە. هەر لەو ڕستەیەدا هاتووە (بەفر دارستانەکەی داپۆشیبوو!)
خوێنەری منداڵ بۆی ئاشکرا دەبێت بەفرێکی یەکجار نائاسایی باریووە! ئەگینا چۆن دارستانێک دادەپۆشێت؟
مامۆستای وانەی کوردی ناچارە بۆ قوتابییە چاوگەشەکانی ڕوونبکاتەوە، بەلای کەمەوە ١٠ مەترێک بەفر باریووە، ئاخر بەرزی داری ناو دارستان لە ١٠ مەتر بەرزترە!
دواتر چیرۆکنووس دەنووسێت: (لەبەر سەرما و سۆڵ هیچ گیاندارێک بەدەرەوە نەبوو.) ئاشکرایە بەفرێکی چەندین مەتریی لەو چەشنە باریبێت، کەشی ڕووی زەوی ساردە و سەرمای لەگەڵ خۆی هێناوە، پێویست بەوە ناکات دووبارە بنووسرێت لەبەر سەرما و سۆڵ. ڕەنگە چیرۆکنووس لە خودی وشەی سۆڵ حاڵی نەبووبێت، سۆڵ یان سۆڵە بە واتای زوقم دێت، کەواتە ئەو بەفرەی دایکردووە، وەک خۆی نەماوەتەوە و بۆتە شەختە. جگە لەوەی جارێکیتر وشەی سۆڵ بەکاردەهێنێتەوە!
(جگە لە سمۆرەی گوێقیت نەبێت، لەگەڵ دوو بێچووەکەیدا دەسوڕانەوە، بەفر لانەکەیانی داپۆشیبوو. بۆیە نەیاندەزانی چی بکەن و ڕووبکەنە کوێ!)

سمۆرەی گوێ قیت و دوو بێچوەکەی؟! بێگومان چیرۆکنووس زانیاری لەسەر سمۆرە نییە. جگە لەوەی ٢٥٠ جۆر سمۆرە هەیە، هەر سمۆرەیەکی مێیە بە سکێک ٣ تا ٧ بەچکەی دەبێت و زۆرینەیان ٥ بێچووی دەبێت، کەس نازانێت بە چ ئافاتێک دوو دانەی بۆ ماوەتەوە؟! ئەگەر چیرۆکنووس کەمێک بەدواداچوونی بکردایە، دەیزانی وەرزی زاوزێی سمۆرە دەکەوێتە بەهار و سەرەتای هاوینەوە و بێچووی سمۆرە تەنها ٨ هەفتە لە لانەی دایکیدا دەمێنێتەوە، بە واتە سمۆرەکان لە وەرزی زستان دا قۆناغی بێچوویی بەجێدەهێڵن. ڕەوایە بگوترێت: چیرۆکنووس زانیاری لەسەر کارەکتەرەکانی خۆی نییە! لەوەش سەیرتر بۆ وەسفی سمۆرەکە، کە سەرنجی خوێنەری منداڵ ڕابکێشێت.. نووسیووییەتی: (سمۆرەی گوێ قیت!) پێدەچێت چیرۆکنووس، شیعرە بەناوبانگەکەی مامۆستا “فەرەیدون عەلی ئەمین”ی نەبینیبێت، کە ناوی (سمۆرە)یە؟! (سمۆرە کلکی زەردە، چاوی جوان و بێگەردە … گوێی قوتە و پشتی بۆرە، وریایە و فێڵی زۆرە)
دەپرسم سمۆرە گوێی قیتە یان قوتە؟ ڕەنگە بەلای چیرۆکنووسەوە جیاوازی لە نێوان وشەی قیت و وشەی قوت دا نەبێت! وێناکردنەکەی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، دروستە. گوێیەکانی سمۆرە قوتن.
چیرۆکنووس نووسیووییەتی (بەفر لانەکەی داپۆشیبوو!). ئەی لە سەرەتای چیرۆکەکەوە نەمانزانی بەفرێکی نائاسایی باریووە؟ خۆ ماڵی سمۆرە لە سەرووی هەورەکانەوە نەبووە، بەفر نەیگرێتەوە!
ئەوەی بۆ ئێمە نەزانراوە، نازانیین بەدرێژایی وادەی بارینی بەفرەکە، سمۆرە و دوو بێچووەکەی لە کوێ بوون؟ مەگەر بەفر بەتەنها لانەی سمۆرە و دوو بێچووەکەی داپۆشیبوو؟ یان خودا غەزەبی لێ گرتوون؟ چیرۆکنووسی چاکەکردن هۆکاری دوورکەوتنەوە و دابڕانی سمۆرەی دایک و دوو بێچووەکەی بەدەرنەخستووە. ئەوەی لە خوێندنەوەی ئەو دوو ڕستەیە حاڵی بووین: بەفر لانەکەی داپۆشیبوو! ئەی گیاندارەکانی دیکە؟ یان دارستانێکی بێ گیاندارانە و تاپۆیە لەسەر سمۆرەی گوێ قوت و کەروێشکێک!
چیرۆکنووس دەنووسێت: (بۆیە نەیاندەزانی چی بکەن و ڕووبکەنە کوێ) وشەی (بۆیە) مانای چییە؟ چیرۆکنووس خەمی ئەوەی نییە منداڵی خوێنەری ئەو چیرۆکەی پۆلی سێیەم، وشەی (بۆیە) بە بۆیەی نینۆک لێک بدەنەوە؟! (دایکە سمۆرە پێیانی گوت)! بەڕاست ڕستەسازی چیرۆکی منداڵان بەو جۆرەیە؟
(ڕۆڵەکانم ئارام بگرن ئەم سەرما و سۆڵە دەڕەوێتەوە و ئێمەش بە ماڵەکەی خۆمان شاد دەبینەوە و وەرن بۆ ئەوەی سەرمامان نەبێت باوەش بەیەکدا بکەین و لەسەر ئەم تەپۆڵکەیە دابنیشین)
ئەوەی ئێمە لەو دوو ڕستەیەدا بەریکەوتین، هیچ ناجۆرییەک بە بێچووە سمۆرەکانەوە نابینرێت، تا دایکە سمۆرە داوایان لێ بکات ئارام بگرن. وەک دەیبینین بێچووە سمۆرەکان جوڵەیەکیان نییە، هەتا هەست بە بارودۆخی بێچووە سمۆرەکان بکرێت!
پاشتر حیکمەتی سمۆرەی دایک، زادەی بیرکردنەوەی چیرۆکنووس، دەڵێت: (تا ئەم سەرما و سۆڵە دەڕەوێتەوە! باوەش بە یەکدا بکەین) لە چیرۆکنووس دەپرسم بەفرێکی لەو چەشنەی وەک بەفربارینی ناو ئەو چیرۆکە، چەند ڕۆژ و مانگی دەوێت تا دەتوێتەوە؟ نەخوازەلا تا سەرما دەڕەوێتەوە؟! ئەی دەکرێت بۆ وادەیەکی هێندە درێژخایەن باوەش بەیەکتریدا بکەن؟ بڵێیت چیرۆکنووس ویستبێتی سمۆرەی دایک وەک گەمژەترین مەخلوق بناسێنێت؟ یان خوێنەری منداڵ هاندەدات هەر شتێک ڕوویدا بەلاتانەوە ئاسایی بێت و لێی دابنیشن هەتا خوا دەرووی بەڕەحمەتمان لێ دەکاتەوە؟ مامۆستای وانە دەتوانێت چ گریمانەیەکی ئەندێشەیی بکاتە وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەو قوتابییە زیتەڵەی کە لێی پرسی: ئەوە چۆن دایکێکە هەتا بەفر دەتوێتەوە و سەرما دەڕەوێتەوە، باوەشبەیەکتریدا بکەن و لێی دابنیشن؟ دەزانم باوەشی دایک گەورەترە لە منداڵ، چەندێ دەمویست ئەو باوەشپێکردنە بێنمە بەرچاوم، وەک کارێکی کاریکاتێری دەهاتە بەرچاوم. لەوەش سەیرتر دایکە سمۆرە ئەڵێت (با لەسەر ئەم تەپۆڵکەیە دابنیشین!)
ئەی چیرۆکنووس لەسەرەتاوە نەیووتووە: (بەفر دارستانەکەی داپۆشیبوو؟!) ئەی ئەم تەپۆڵکەیە لە کوێیە؟ لە دەرەوەی دارستانە یان ئەو تەپۆڵکەیە سیحراوییە و بەفر نایگرێتەوە؟ لە لێکدانەوەی وشەکاندا بەرانبەر وشەی تەپۆڵکە نووسراوە: گردۆڵکە.
لە دارستاندا گردۆڵکەیەک هەیە هێندەی دارەکان بەرز بێت؟ ئەگەر ڕەوابێت لە دارستانەکەی خەیاڵی چیرۆکنووسدا ئەو تەپۆڵکەیەش هەبێت، تەپۆڵکەیەکی ئارامە! لە بەختی سمۆرە و بێچوەکانی دارستان بەتەنها بێشە و جەنگەڵی سمۆرە و کەروێشکە و ئارامی بەرقەرارە و هەرچی گیاندار و پەلەوەری گۆشتخۆرە، لە لانە و هێلانەکەیان نایەنە دەرێ. چیرۆکنووس بۆ ئەوەی لەو غایلەیە ڕزگارمان بکات دەنوسێت: (لە ناکاو کەروێشکە خرپن لە لانەکەیەوە سەری دەرهێنا و وتی: ئۆی بەم سەرمایە لێرە چی دەکەن؟)
ئەرێ لانەی کەروێشک بەسەر دارەوەیە یان لەژێر زەوی دایە؟ مەگەر بەفر دارستانەکەی دانەپۆشیووە؟ ئەوان بەسەر تەپۆڵکەوە نەبوون؟ چش لەوەی کەروێشکیش وتی: (بەم سەرمایە چی دەکەن لێرە؟) چواربارە ئاماژەی دایەوە بە سەرما!
دایکە سمۆرە بەدەنگێکی نوساو و کزەوە (وای بە حاڵی بێچووەکانی) وتی: (لانەکەم و گوێزەکانم بوون بەژێر بەفرەوە و دیار نیین.)
دەکرێت لە ڕەهەندێکی دیکەوە بڵێین.. دایک ڕۆڵی خاوەندارێتی تایبەت دەبینێت! ئەوەنییە دەڵێت: گوێزەکانم! ناڵێت: گوێزەکانمان. دەڵێت: لانەکەم، نەیووت: لانەکەمان! بێچووە سمۆرەکان لە ڕوانینی هاوكێشەی ئەرک و مافەوە، بێبەشن و لە دەرەوەی بازنەن!
ئەوەی جێگەی تێڕامانە لانەی کەروێشک لەژێر خاکدایە و لانەی سمۆرە لەناو دارەکاندایە، جگە لە جیاوازی بەرزی شوێن، (کەروێشکەکە وتی: کەواتە فەرموون وەرنە ژوورەوە بۆ لانە گەرمەکەی من.)
گرنگ نییە بە چ ئامرازێک خۆیان گەرم کردەوە! (ئاخر منداڵ پرسیاری هەیە لەسەر هەموو شتێک.) بەڵام دوای خۆگەرمکردنەوەکەیان، سمۆرەکان کەوتنە سوپاس کردن. بەڵێ.. دوای خۆ گەرمکردنەوە کەوتنە سوپاسکردنی خاتوو کەروێشک، نەک لە ماریفەت و خوڵقی پێشینەی کەروێشکەکە. دواتر کەروێشکی خەپەی تاک و تەنیا لەو خواردنەی بۆی دانابوون تێریان خوارد. ئەگەر بارودۆخی سەرمایەکی لەو جۆرە لەبەرچاو نەگرین، کەم تا زۆرێک خۆراکی سمۆرە و کەروێشک جیاوازن.
(بەو شێوەیە تا بەفرەکە توایەوە لە لانەی کەروێشکەکەدا مانەوە و ڕۆژەکانیان بە خۆشی و یاریکردن بەسەردەبرد.)
کەواتە چیرۆکنووس نەیتوانیووە خۆی لە وادەی توانەوەی بەفرەکە بدزێتەوە و بە چەندین ڕۆژی دیارینەکراو دەستنیشانی کردووە. بەڵام ئەو ڕۆژانە دەبنە خێر و بەرەکەت و بەخۆشی و یاریکردن لە ماڵی خاتوو کەروێشک بەسەر دەبەن. جگە لەوەی چیرۆکنووس پێمانناڵێت بۆ کەروێشکەکە تەنیایە، پێدەچێت جیاوازی نێوان خەسڵەتی کەروێشکی کێوی و کەروێشکی ماڵییش نەزانێت. ئەو کەروێشکەی لە ناو دارستانەکاندا دەژین بە کەروێشکی کێوی پۆڵین دەکرێت و وەک چیرۆکنووس ئاماژەی پێداوە خەپان نیین! کەروێشکیش یەکێکە لەو گیاندارانەی بەتەنها ناژین!
دەبێت چیرۆکنووس و ئەندامانی لیژنەی هەڵبژاردنی ئەو چیرۆکە لەو ڕێسا سادەیە ئاگاداربن، خوێنەری ئەو قۆناغە هەموو کارەکتەرێکی ناو چیرۆکەکان چ گیانداربێت یان بێ گیان، وەک واقع تەماشای دەکەن و بە خەیاڵێکی ئەدەبی چیرۆکنووسی نازانن.
دواجار دەپرسم: ئەو چیرۆکە چ پەیامێکی بە خوێندکاری ئەو قۆناغە بەخشی؟ بە کام پێودانگ ئەو چیرۆکە لاوازە خراوەتە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە؟

هۆشمەند حسێن




شیعر/ ئێوارانە ٤٥.. سەردار جاف

چين چين ئاوازی خۆ بچڕە، سۆناتەی پرچت خەمڵيوە
قژی ئاڵۆسکاو بە سەر چوو، ئۆخژنێکيی لە قريوە
لە دوور را قژ لووليت دەرکەوت، ئەوانی دی ئيشار* پۆشن
پەژموردەی جوانی بسکی تۆن،رکبازيان تيا گەنيوە
کەچی لە خەمی باڵندەی، من چۆلەکە و دەستەمۆتم
کە دادەگری سەر و سينەت، ئاوازخوێنم پڕ جريوە
دەمێ ژوانی رابردوو، تاوێ پرچت بە سادەیی
ئاوێتەی رەنگی ئاگرە، بۆ خۆت بەفرت لێ باريوە
شەوانە تابلۆی خەياڵمی، قەف قەف دووکەڵی جگەرەم
بە نێو تاڵ تاڵ سووری پرچت، تەمتومانە و رێی بڕيوە
بێ ساقی و مەی، لەرزانەی پێک، مەست مەستی پێچی پرچتم
پەرێشان حاڵی بێ هەتوان، ژانی بە باڵام بڕيوە
پرچت تابلۆی تەمتومانە، بە سەر رۆخانەيا پەخشە
تەم و مژ و تۆفانێکە، رۆحی لە جەستە سڕيوە
زستانەواری دەستمە، تەزيو و سڕ قامکی رچيو
شەهلای قژ مەجمەر گڕێکە، گەرمهێنی بۆ دووريوە
پرچی سوورت خانەقايە، جێ تەهليلە و مەحف بوونە
بسکی لوولت مەيخانەيە، مەستبوونمە ڕێی گۆڕيوە
مەقامی سۆفی بێژيمە، پرچت وەسڵ و فەنا بوونمە
گڕ لە حەزی قامک دەدەی، ئيشقێ سوورم تيا جەڕيوە
لە دۆراندۆری شەيداييم ، شەهلا بە گريانەوە دێ
دەبێتە دوا هەناسەم و لە دووری ئەو رۆح تەزيوە

٢ / ٧ / ٢٠٢٣

ئيشار : جۆرێ سەپۆشی ژنانە کە شان و پيل دادەگرێ ، چارۆکە، کۆڵوانە




بیرەوەرییەکانی فەقێیەکی گومڕا-73- شەماڵ بارەوانی

بە درۆیەکی شاخدار خۆم قورتارکرد!

وەک پێشووتر و لە بەشی دیکەدا ئاماژەم بۆ کرد، کە بەشێکی باش لە فەقێکان، لە مانگی ڕەمەزان بڵاوەمان لێدەکرد و هەریەکەمان دەڕۆیشتین بۆ دێیەک. جا دواتر کە ڕەمەزان تەواودەبوو، دەهاتینەوە حوجرە و لێکتریمان دەپرسی:

ئەرێ خەڵکەکەی چۆن بوون، چەوربوون، ئایینداربوون؟

ئینجا بەدەم قاقاوە، هەر یەکە و وەسفی دێیەکەی خۆی دەکرد. بە فەقێیەکانم دەگوت: بەخوای ئەو دێیەی من، کاتی خۆی (فتوحات)ی ئیسلامی نەگەیشتووەتێ و خەڵکەکەی لەڕووی شەرعەوە، مۆز و خەیار لێکتری جیاناکەنەوە و بە ئەلفبێی ئیسلام ئاشنا نەبوون! هەمووان دووبارە دەمانداوە قاقا.

تا ڕادەیەک واشبوو، خەڵکی لە دێی(د…) کە دووساڵ من بۆیان مەلایەتی ڕەمەزانێم کرد، زۆرینەی سەرەتاترین شارەزاییان لە ئایین نەبوو.

پیاو هەبوو لە تەمەنی باپیرەم بوو، هێشتا فێر نەببوو بە پێی ئیسلام چۆن خۆی پشوات دوای جووتبوون لەگەڵ هاوسەرەکەی.

بەڵام خەڵکێکی زۆر دڵپاک و ناخخاوێن و بەڕاستی موسوڵمانی نا توندڕۆ و کوردی ڕەسەن و باش بوون.

بەو بۆنەیەوە کاتی فەقێیاتیم جوعمەکی چوومە دێی قەڵاسنجێی خوارووی بن چیای پیرەسەفینێ و لای شەقڵاوە و مەنتیقەی خۆشناوان بۆئەوەی وتاری جومعەیان لۆ بخوێنمەوە، بیرمە جارێ قازی حوجرە و تازە فەقێ بووم و ئەزموونێکی وام نەبوو لە فەقێیاتی و مەلایەتی.

فەرموودەیەکی تایبەت بە وتارەکەم(ئەوەی قورئانییەکان پێی دەڵێن ڕیوایەت) لە بەربوو و ویستم لە سەر مینبەرێ لۆیان بڵێم.

عەیب نەبێت، هێندەی کردم و هینام و بردم، لۆم نەهات. چی بکەم خودایه؟ چارم نەما و ئاخرییەکەی دوو قسەی بە عارەبیم کرد و گوتم پەیامبەر وا دەڵێت و بەو درۆیە شاخدارەی خۆم قورتارکرد. لەکاتی درۆیەکە هیچ خۆم شلوێ نەکرد و عەلەساس حەدیسە، کەسیش نەیزانی.

وەکو ئاماژەم دا، چونکە خەڵکەکەی شارەزاییەکی وایان لە ئایین نەبوو، دوای ئەوە، کورد گوتەنی فێری ئەو کانسەبووم و یەک دوو جاری تر و لە دێی تریش، هەرکاتێک لێم بقەومایە، لۆخۆم ئەوهام دەکرد و خۆم قوتاردەکرد.

دواتر کە چوارهەزار فەرموودەم لەبەر کرد و کێشەی ئەو فرت و فێلەم نەما. هاهاها.

کاتێک درۆیەکەشم دەکرد و قسەی عەرەبیم لەو خەڵکە دەکرد به فەرموودەی پەیامبەر، لە دڵی خۆمدا دەمگوت: دەی دەی، مادام لۆ سەرخستنی دینی خودا و لەپێناو ئیسلامە، هیچی تێدا نییە و قابیلە خۆ درۆم لۆ ماڵی دنیایێ نەکردییە تا خودا لەو دنیا سزام بدات. هەر لە بۆ دینەکەی خۆی و لەپێناو خۆی درۆکەم کردووە. ئیتر ماقووڵە خودایش هێندە بێویژدان و بێئەمەک بێت و ئەوەی لەبەرچاو نەبێت!




حوکمەتی ڕاستەقینە و حوکمەی یارییە باجێنە.. نەوزاد بەندی

٭ حوکمەتی ڕاستەقینە :
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
حوکمەتێکە بە هەڵبژاردن دێتە سەرکورسی بۆ ماوەی چوار ساڵ .. ئەنجامەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن دوای چەند سەعاتێک ڕادەگەیەنرێن ..کاری سەرەکییان فراوانکردنی ئازادییەکانە ..کەسانێکی ئاسایی ..سادە .. لە بازاڕ و سینەما و ناوخەڵکا ئەبینرێن ، و لە هیچ شوێنێکیش وێنەکانیان هەڵناواسرێ .. پارە و سامانیان پێش دەست بەکار بوون و دوای دەست بەکاربوون ، وەک یەکن .. هەلی کار بۆ هاووڵاتیان زیاد ئەکەن لە ڕێی دامەزراندنی کارگە و کێڵگە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مادی و فیکریی ..میللەت ئەکەن بە بەرهەمهێن و هەوڵ ئەدەن لە بەکاربەریی و تەمەڵیی دووری بخەنەوە .. ئەگەر منداڵی قوتابخانەیەک توشی ڕووداوێک بێ ،یان کارەساتێکی سروشتی ڕوو بدات ، حوکمەت لە گەشت و پشویشدا بن ،بەرنامەکەیان ئەگۆڕن و بە پەللە دێنە شوێنی کارەساتەکان و لە نزیکەوە کۆمەک و خەمخۆریی خۆیان نیشان ئەدەن .. ئاستی گوزەرانی هاووڵاتیان بەرز ئەکەنەوە له ڕێی وەرگرتنی باج لە دەوڵەمەندە زەبەلاحەکان ..کارمەندە بچووکەکان باجیان لێ وەرناگیرێت ..گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزارییە حوکومییەکان ئەدرێت وباجێکی زۆر ئەخرێتە سەر خوێندن و تەندروستی ئەهلیی ..جگەرە و مەشروباتی ئەلکهولیی گران دەکەن بۆ ئەوەی گەنجان و لاوان بە ئاسانیی نەتوانن بیانکڕن و دوور بن لە ئاڵوودە بوونەوە ..حوکمەت بۆی نییە دەست بخاتە کایەکانی زانست و هونەر و ئایین و وەرزش و چالاکییە هزریی و شارستانییەکانەوە و بۆ خۆی و هەوادارانی قۆرخیان بکات ، داهاتەکانی ناوخۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقام و پارک و پرد و باخچە گشتییەکانە ..حوکمەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن ، بە هێمنیی کورسییەکەی ڕادەستی کەسێکی تر ئەکات ..ئەگەر حوکمەت مل بدات بۆ خۆپەرستی و دزی و گەندەڵیی ، ڕۆژنامە و خەڵک تەپڵی بۆ لێدەدەن و لە کورسییەکەی دایاندەبەزێنن و حەیای ئەبەن و ئەیدەن بە دادگا ، نمونە هێرماتکۆلی ڕاوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیا کە یەک ملیۆن دۆلاری بۆ حیزبەکەی لە داهاتی گشتی خەرج کردبوو ، درا بە دادگا و لە پۆستەکەی دوور خرایەوە ..بەرلسکۆنی و بل كلینتۆن و یەهود ئۆڵمرت ، لەبەر دەم دادگای گەل ڕاوەستێنراون و بە توندی سزا دران … زۆر شتی تریش ..

  • حوکمەتی یارییە باجێنە :
    ــــــــــــــــــــــــــ
    بە هەڵبژاردنێکی سەیر دێنە سەر کورسی ، چونکە هەمیشە باوک و کوڕ و ئامۆزا و خاڵۆزا لەو هەڵبژاردنانەدا دەردەچن ، چونکە کە هەڵبژادن ئەنجام دەدرێ دوای مانگێک یان زیاتر ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێن .. بە ئاشکرایش ئەڵێن ئێمە هێزی چەکدار و خەباتمان هەیە ، ئەگەر لە هەڵبژاردن یەک دەنگیش نەهێنین ، هەر خۆمان سەرۆک و سەرکردە و ئەو جۆرە شتانەین ، واتا دەسەڵات لەسەر سینییەکی ئاڵتونیی تەسلیم ناکەن …کاری سەرەکییان فراوانکردنی کۆیلایەتی و کاسەلێسییە .. خەڵکەکە لە برسانیشدا بمرن ، حوکمەت لە گەشت و پیاسەی ووڵاتان ناکەوێت و ئەگەر هەموو میللەت مردار بنەوە ، نەک هەر گەشت و سەیرانەکانی ناپچڕێنێ ، تەنانەت فاتیحایەکی دێلیڤەریشیان بۆ نانێرێ ..
    پێش دەست بەکار بوون ، بە پاتەی دڕاو و جلی پینە پینەوە ئەبینرێن و دوای دەست بەکاربوون ، ئەبن بە خاوەنی ملیارەها دۆلار و سەدان ڤێلای ناوخۆ و دەرەوە و کۆمپانیا و مۆڵ و پڕۆژەی زەبەلاح ..جگەرە و مەشروب ئەوەندە هەرزان ئەکەن تەنانەت ڕیشۆڵەیش ئەتوانێ بەکاریان بهێنێ .. خوێندن و تەندروستی حوکومیی پشت گوێ ئەخرێت و ..گرنگییەکی زۆر بە خوێندن و تەندروستی ئەهلیی ئەدرێت چونکە هی خۆیان و مناڵ و تواڵەکانیانە .. ئەم حوکمەتانە لە ناوبازاڕ و سینەما و ناو خەڵکدا نابینرێن ، بەڵام لە هەموو شوێنێک پەیکەر و وێنەیان هەڵئەواسرێ وەک نموونەی ئازایەتی و مەردایەتی نیشان ئەدرێن ..پارە و داهاتی ووڵات زۆربەی بۆ دەستەی حوکمەت و ماڵ ومنداڵەکانیان خەرج ئەکرێن و ..شەقام و پارکەکان ڕۆژ بە ڕۆژ وێران دەبن .. هەلی کار نامێنێ و ..بە هیچ جۆرێ گرنگی بە پیشەسازی و کشت و کاڵ نادرێ و ..دامەزراندنی گەنجان ڕادەوستن و ..کارگە حوکومیەکان یەک لە دوای یەک دادەخرێن ، لە بەرامبەردا ، زیندانی تازە و گەورە دروست ئەکرێن و ..جۆرەها هێزی سەرکووتکەر دروست ئەکەن بە موچە و ئیمتیازاتی زۆرەوە ..به جۆرێک شۆفێرێکیان ، سەد ئەوەندەی مامۆستایەکی زانکۆ خۆشگوزەران و بە دەسەڵاتە … نیشتمان فرۆشتن لەلایان زۆر ئاساییە ، گرنگ ئەوەیه کورسییەکانیان بمێنێ و بتوانن بەردەوام بن لە چەوساندنەوەی هاووڵاتیان .. باج و گومرک تەنها بۆ پیشەوەرە بچووک و نەناسیاوەکانە و .. کۆمپانیا و بازرگانە گەورەکان یەک فلس باج نادەن چونکە هاوبەش و خزم و هاوڕێی حوکمەتن .. زانست و هونەر و ئایین و وەرزش و هەموو کایە شارستانییەکان ئەبێتە موڵکی سەرۆک و بە ئارەزووی خۆی بڕوانامه و خەڵات و مەدالیا دابەش ئەکات ، ئەوەی زیاتر چەپڵەی بۆ لێبدات و کۆیلایەتیی نیشان بدات ، زاناتر و پاڵەوانتر و شاعیرتر و هونەرمەندترە ..حوکمەت بۆی هەیە دەستکاری هەموو شتێک بکات تەنانەت ئەگەر بیشبێتە هۆی لەناوچوونی نیوەی میللەت ، گرنگ نییە ، گرنگ ئەوەیە ئەبێ فەرمایشتی ئەو جێ بەجێ بکرێت ..کۆشک و ئوتومبیل و جل و بەرگ و هەموو شتێکیان تایبەت و گرانبەهایە و بە هیچ جۆرێ هاووڵاتی ناتوانێ بە خەویش ببێتە خاوەنی شتێکی ئەوان بۆ نمونە سەعاتێکی مەچەک بە حەوت سەد هەزار دۆلار ، چاکەت و پانتۆڵێک بە پەنجا هەزار دۆلار ………..ئەبنە خاوەنی هەموو شتێ ، بەڵام هەموو نرخ و ڕێزێکی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیی ئەدۆڕێنن ..بە شەڕ و کوشتار و شۆڕش و تێڵا لە کورسییەکانیان دەردەپەڕێنرێن و لە ناوەڕاستی شارەکاندا لە سێدارە دەدرێن و خەڵکەکە لەدەوری لاشەکانیان هەڵپەڕکێ و ئاهەنگی حەوت شەو و حەوت ڕۆژە دەگێڕن ..
    شتی تریش ..



گەڕانەوە بۆ گۆرانیەکانی دیسرامپ.. نووسینی: زاهیر عەبەڕەش

سەرەتا بابزانین گۆرانیەکانی دیسرامپ چیە؟ لەکوێ سەریهەڵدا؟ و چۆن گەشەی کرد؟.

دیسرامپ کە دیسرامیۆسیشی پێدەگوترێت، واتە چرینی گۆرانی بە کۆڕاڵ، کەشێوازێکی هۆنراوەیی هەیە، شێوازی گۆرانیەکە سەرەتا هەراو زەناو خۆشی و بەیت وبالۆرە و ئای ئای خودا پەرستی بوو بۆ دیۆنیسۆس، خودای بەپیت و فەڕ کە پاشان وەک خودای شەراب سەیریان کرد. کە لە گروپێک خەڵک پێکهاتووە کە هۆنراوە بە لاوانەوە و پارانەوە لە شێوەی گۆرانیدا دەچرن، کە سەماکردن شانبەشانی خوێندنەوەی هۆنراوەی ئاینی بەشێکی گەورەیی شانۆی یۆنانی پێکدەهێنێت. دیسرامپ کە لە رێگای پارانەوە بۆ دیۆنیسیۆس ( باخۆس) کە یەکێکە لە خواوەندەکانی یۆنان، بە یەکێک لە چوار جۆری شانۆی یۆنانی دائەنرێت.. دیسرامپ سەرەتا لە موسیک، دانس و هەڵبەست پێکهاتبوو، دیسرامپ ، سەمایەکی هەرەوەزیە کە لەوێدا پەنجا سەماکەر سەمایان دەکرد لە شێوەیەکی بازنە,یدا، لە هەمان کاتدا تاکژەنێک (سولیست) کە رۆڵی دیۆنیسیۆس بەرامبەر بە کۆرسەکە دەبینێت بەتەنها گۆرانی بەرامبەریان دەڵێت، بەگوێرەی دابو نەریتەکان بۆ یەکەم جار دابو نەریتی دیسرامپ لە ئاریۆنی هەلبەستڤان و موسیکزانی شاری (کۆرنیت)ەوە داکەوت پاشان هەموو یۆنانی گرتەوە، هاوشان لەگەڵ پەرستنی دیۆنیسۆسدا. لەساڵی 600 پێش میلادوە پەرستنی دیۆنیسۆیس بو بە بابەتی پێشبڕکێی هەلبەستڤانەکان.
دیۆنیسیۆس کوڕی (زیۆس)ە کە گەورە خواندەکانی (ئۆلیمپیۆس)ە، ئەو خواوەندەیە کە لە جەستەی گایەکی ڕەشدا بەدەردەکەوێت. لەم ڕیتوالەدا یۆنانیەکان گایەکی ڕەشیان دەبەستەوەو، پاشان نزاو دوعایان دەکرد و، خواوەندیان لە گارەشەکدا دەبینی، دواتر هەموو ئامادەبوان تاویان بۆ گارەش دەهێناو هەربەزیندوێتی دەیانخوارد. بەمجۆرەو بە بۆچونی ئەوان خواوەند دەبوو بە بەشێک لەخۆیان،. هەر لە گۆرانیە کۆنەکانی دیسرامپەوە، تراژیدی و کۆمیدی سەرەیهەڵدا. لەم جۆرە نزاو پارانەوەیە ئەم شێوازە شانۆییە سەری هەڵدا و ئەندامانی کۆرسەکە بەرگی کەوڵی بزنیان دەپۆشی و (tragos) لێرەوە تراژیدیا دروست بوو، لەو شێوازی ڕێورەسم و نەریتانەی ململانێی نێوان سیستەم و نەبووندا هەبوو. ووشەی تراجیدیا (tragoedia) بە مانای گۆرانی بزن دێ چونکە ئاژەڵ وێنەی خواندی هەبوو.
کۆمەڵناس هەمان رۆڵی دەرونزانێکی هەیە لە کۆمەڵگادا ئەو یتریان بواری تاکەکانی کۆمەڵگادا و ئەویان لەبواری کۆمەڵگادا، شانۆش دەوری دەرونزان دەبینێت، لێکۆلەراوانی بواڵ ناسەکان دەڵێن شانۆکەی بواڵ دەوری هەردوکیان دەبینێت. هەم وەک دەرونزانێک و هەم وەک کۆمەڵناسی.

هەموو کارتێکردنانە لە ئاین و نەریدا هەبووە کە ئێستا زەرورەتێکی گەورەی شانۆیە
شانۆ رەگێکی کۆنی مێژویی لە بۆنەو جەژن و رێورەسمە ئاینیەکان و گۆرانیە بەکۆمەڵەکاندا هەیە، بەڵام ئەوا چینی ئەریستۆکراتیەکان بوون ئەم گەمەکەیان والێکرد بەشێوەیەک کە بوو بە پارێزگاریکردن لە چوارچێوەی یاساو رێساکانی سنورەکانی دەسەڵاتی خۆیان، بەشێوەیەک کە هەرەمی کۆمەڵگا وەک خۆی بهێڵنەوە.
هەرئەریستۆکراتەکانیش بوون ئەو دیوارەیەن لە نێوان بەشداران هەڵچنی و تێگەیشتنێکی تریان دا بە بەشداریکردن لەو گەمەیەدا، بەناوی ئەکتەرو بینەر، لەبری بەشداریەکی خۆرسکانە لەو کەرنەڤالانەدا. خۆ ئامادەکردن بۆ کاری نواندن و نووسین کۆریۆگرافی و مەشق و دیکۆر هتد هەموو ئەمانە لە لایەن بەرێوەبەرێکی ئەرستۆکراتیەوە یان شاعیرێکەوە جێی گرتەوە. لەم خاڵەوە ڕا جیاکاری کەوتە نێوان بەشداران، دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا ئەکتەر و بینەر. ئەکتەرێکی ئەکتیڤ و بینەرێکی پاسیڤ.
باسکردن لەم خاڵە رەگوڕیشەی شانۆی چەوساوەکانە.
هەیکەل و بنەمای شانۆی کلاسکیکی لەسەر بناخەی نوێنەرایەتی کردن بنیادنراوە. بینەران رۆڵێکی پاسیڤیان دەدرێتێ و نوێنەرایەتی کردن و دەسەلات دەدەنە ئەکتەرەکان، لەدەورانی خۆیدا لەبری خۆیان نوێنەرایەتیان دەکرێت، ئەوەش لە بنەچەدا یەک جۆر پەیامە ئەویش پەیامێکی مۆنلۆگیە کە ناتوانێت دیالۆگ بخوڵقێنێت. بواڵ رەخنەی لەشانۆی کلاسیکی و بۆرجوازی ئەوەبوو کە هەمان دەوری میدیا و رۆژنامەو تەلەفیزیۆن دەبینێیت بۆ پاسیف کردنی کۆمەڵگا.
ئەو لە کتێبەکەیدا ( شانۆی چەوساوەکان) زیاتر قوڵ دەبێتەوە لە تیۆریەکەیدا و دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە دەڵێت: (شانۆ سیاسەتە) پاشان بۆمان رووندەکاتەوە و پێمان دەڵێت کە چۆن و بە چ شێوەیەک شانۆ سیاسەتە، بواڵ لە چاپی یەکەمی کتێبەکەیدا سەرچاوەو سەرەتاکانی درووستبوونی شانۆمان بۆ ڕووندەکاتەوە دەڵێت: شانۆ لە سەرەتادا سەربەست بووە، گۆرانیەکانی دیسرامپ بوو هەموو خەڵک بەشداری تێداکردووە، پاشان ئەرسیتۆکراتەکان چەند جارێک گۆڕانکاریان تێدا کرد. لە گۆرانیەکانی دیسرامپدا خەڵک ئازادانە گۆرانیان دەووت، چینێک و دابەشکرایەک نەبوو بە نێوی ئەکتەرو بینەر. هەموو پێکەوە سرودەکانیان دەوتەوەو پێکەوە دڵخۆش دەبوون، بەڵام ئەریستۆکراتەکان هاتن و خەلکەکەیان دابەشیان کرد بەسەر دوو بەرەدا، هەندێکیان بچنە سەر تەختەی شانۆو رۆڵ ببین و پێیان بووترێت ئەکتەرو، ئەوانی تریش و پێیان بووترێت تەماشاکەر. لێرەوە بواڵ بەو دابەشکردنە دەڵێت کە شانۆ و و ئازادیان دابەشکرد بەسەر دوو بەشدا یەکێکیان ئەکتیڤ و ئەویتریان پاسیڤ. پاشان زیاتر و زیاتر دابەش دەبن . بواڵ شیکاری بۆدەکات. بابزانین بواڵ چۆن باس لەم دابەشکردنە دەکات.

دابەش بوون تەنها لە ناو خەڵکەکەدا نەبوو بەڵکو جارێکی تر لەناو ئەکتەراکنیشدا دابەشبوونێکی تر دروست بوو.
گۆڕانکاریەکانینیش بەمشێوەیە بووە.
یەکەم گۆرانکاری: یەکەمجار ئەریستۆکراتەکان مرۆڤەکانیان دابەشکرد، هەندێکیان لەسەر شانۆکە کرداربنوێن و ڕۆڵ ببینن، بەشەکەی تریشیان تەماشاکەربێت و بۆ بینینی نمایشەکە بێن. دوای ئەم دابەشبوونە بواڵ ناوی دەنێت وەرگرێکی پاسیڤ و ئەکتەرێکی چالاک، ئەمەش دابەشبوونێک بوو کە مرۆڤەکانیان جیاکردەووە.
لە گۆڕانکاری دووەمدا: لە خودی شانۆی گریکیدا بوو، ( پاڵەوان و رەشەخەڵک) لە نمایشەکاندا. واتە کەسی سەرەکی و پاڵەوان لە نمایشەکاندا ئۆرستۆکراتەکان بوون و رەشەخەڵکەکەش کۆرس بوون. کۆرس هێمابوو بۆ ڕەشەخەڵک و پاڵەوانیش بۆ ئەرستۆکراتەکان.
سێیەم گۆڕانکاری لە پاڵەوانەکاندا روویدا. کە هەموو دەڕبڕین و هەستەکان بەشێوەیەکی بابەتی ئۆبجەکتیڤی گۆڕی بۆ گوزارشتی هەست و سۆزی زاتیانەی سوبجەکتیڤی کارەکتەراکان، چونکە لە پێشودا لە گۆرانیەکانی دیسرامپدا بەشێوەیەکی بابەتی گشتی هەمووان گوزارشتیان لە هەست و سۆزەکان دەکرد، بەلام پاشان ئەکتەر داماڵدرا لە هەموو هەست و سۆزێکی خۆی و ئەو لەوێدایە تەنها نوێنەرایەتی هەستەکانی چینی دەسەڵاتدار دەکات، کە قەڵەمڕەون لە واقعدا، بە واتای سیفەتەکانی وەک غیرەو دڵپیسی لە بابەتەوە بوو بە شێوازێکی دەربڕینی خود و تاکەکەس لەبنەمای ئەو هەست و دەربڕینانە، واتە کەسێک گوزارشت لە دردۆنگی و دڵپیسی بکات. سوبجەکتی ئەکتەر دەبێتە قسەکەری هەستەکانی چینی دەسەڵاتدار، بەشێوەیەکی ڕونتر بڵێین ئەو پاڵەوانەی لە نمایشەکدا دڕدۆنگ و غەمبارە، ئەوە ئەکتەرەکە نیە کە غەمبارە بەڵکو ئەوە پیاوانی دەسەڵاتن غەمبارن چونکە ئەو نوێنەرایەتی خۆی ناکات وەک ئەکتەر.
بە دیدی بواڵ ئەوە بۆرجوازیەکان بوون کە پاڵەوانەکانین دابەشکرد، شانۆ لەم گۆرانکاریانەدا بوو بە قسەکەری چینی باڵا دەست و بەهاکانی خاوەن دەسەڵات، خەڵکیش لە نۆبەی خۆیدا دەبێت بە بابەتێکی پاسیڤ و هیچ پەرچدانەوەیەکی نابێت، و لەو حاڵەتەدا تەنها وەرگرە. بەبۆچونی ئۆگستۆ بواڵ پێویستە ئەو دیوارانە تێکبشکێنرێت و ئەو بەربەستانە لا ببرێت کە دەسەڵاتداری چینە باڵاکان دروستیان کردووە، بۆ ئەوەی جارێکی تر شانۆ بگەرێتەوە سەر ئەسڵ و نەسلی خۆی. ئەو خاڵە سەرەتایەو ئەو شوێنەی کە شانۆ سەرەتا چۆن بووە و چۆن هەموو خەڵک خۆی بە خاوەنداترێتی شانۆ دەزانی و بەشداری تێدا کردووە. ئەمەش لە چەند ووڵاتێکی لاتین ئەمریکا روویدا، لەوێدا تا رادەیەک شانۆ دەگەڕێتەوە سەر فۆرمە بنچینە ڕەسەنەکەی.
بواڵ بۆمان رووندەکاتەوە و داوادەکات لە سێ هەنگاودا گۆڕانکاری لە شانۆدا بۆ گەرانەوەی فۆرمە رەسەنەکەی رووبدات، دیوارەکانی نێوان ئەکتەر و بینەر بروخێنرێت. لەم گۆرانکاریەدا دەخوازێت کە کۆمەڵگا بەشداری بکات و رۆڵی خۆی ببینێت. لەگەڵیشیدا دیواری نێوان پاڵەوانی نمایش و کۆرس و کەرەسەی بەرهەمهێنانی پێویستە بروخێنرێت. واتە شانۆ ئامرازێکە ئەو ئامرازەش دەبێت لە لایەن خەڵکەوە بەکاربهێنرێت. بۆ چۆنێتی گەیشتن بەم سێ هەنگاوە هەردوو میتۆدی کارکردنی تیۆری شانۆی چەوساوەکان باسی ڕووخاندنی ئەو سێ دیوارە دەکات.




توانا/ داهێنان لەنێوان كاری حیكایەت و دەقی رۆمان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

پێشەكی:
ئەگەرچی لە سەردەمی تەكنۆزانست و هەڵگەڕانەوەی مرۆڤی نوێ‌… دەقی ئەدەبی و كاری ئەدەبی و جۆرەكانی حیكایەت و رۆمان ئاوێتەی یەكتریین، ناتوانین پێوەرێكی نۆرماڵ و تا ئەندازەیەك نزیك لە گۆڕانكاری بۆ جیاكردنەوەیان بدۆزینەوە… چونكە وەك دەزانین دەقی گێڕانەوەكان بە هەموو رەنگەكانیانەوە بە شێوەیەكی مێژوویی دەركەوتن و پلە بە پلە و بە شێوەی جۆراوجۆر گەشەیان كرد… دواتر هەموو لە هونەری سینەمادا توانەوە! سینەما وەك دیاردەیەكی سەر بە ئەفراندن، نەك شوێنی نواندنەوە، وەك (دۆلۆز) جەختی لێدەكاتەوە… ئەفراندنی سینەمایی شوێنی نواندنەوەی نەست و دەركەوتە نەستییەكان نییە، بەڵكو ژانرێكی جیهانی فرە رەهەند و فرە چێژی مەعریفە و بنین و دنیابینی سەردەمە…
بە كورتی ئەمڕۆ ژانرەكانی ئەدەب و حیكات و رۆمان و خەیاڵەكانی گێڕانەوە بە هەموو ناونانەكانیانەوە هیچ جیاوازییەكی فۆرمالیان لە نێواندا نەماوە؟!. جگە لە جیاوازی داهێنان و دنیابینی و مەعریفەی فرە رەهەندی و شیعرییەت و تەكنیك…
بە گشتی لەو نووسینەی بەردەستاندا هەوڵمداوە بەدواداچوونێك بۆ جیاوازی (توانا)كانی گێڕانەوە لە كاری حیكایەت و (داهێنان)ی تەكنیكی لە دەقی رۆماندا بكەم…
(1)
(توانا)ی حیكایەتخوانی لە (هونەر)ی دووبارە گێڕانەوەدا خۆی دەبینێتەوە، حیكایەت شوێنی لەدایكبوونی زاری خەڵكە! حیكایەت لە رێی جولەی خۆ بەخۆی دووبارە گێڕانەوەوە، دەوڵەمەندی و جیاوازییەكانی ژیان بەرەو وشكبوونەوە دەبات! چونكە هەڵگری گوتارێكی بازنەیی تەواو یەكڕەنگ و داخراوە.
ئەگەرچی هونەری دووبارە گێڕانەوە لای گوێگرانی لە یادەوەرییدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو كاتە كاڵدەبێتەوە و ون دەبێ‌، كە چیتر ناتوانێ‌ چنینی دیكە بۆ گوێگرەكانی لەوەی هەیە زێتر پەرە پێبدات؟! بەو مانایەش ئەوەی (رۆمان) لە (حیكایەت) جیا دەكاتەوە ئەوەیە، كە (داهێنان)ی رۆمان بۆ كەلەپوری زارەكیی ناگەڕێتەوە! جولەی هونەری رۆمان بە رووی ژیاندا فرە رەهەندە و هەڵگری گوتارێكی كراوەی كەلێندارە، شوێنی لە دایكبوونی رۆمان بە تەنها تاكە كەسە، (سوبێكتە)! یەكەمیان بە توانای دووبارەكردنەوەی جولەی (خۆ بەخۆ) و زانینی موتلەقەوە بەندە، دووەمیان بە داهێنانی پرسی (نە- هەموو) و چەمكی ئەویترەوە دەلكێ‌! لە بەدواداچووندا (جیاوازییەكانی حیكایەت و رۆمان) دەكەوێتە نێوان دەعبای زانینی موتلەق و زانینی تەواو بەتاڵ.
(2)
جیاوازییەكانی نێوان (داهێنان- creation) و (توانا- ability) ئەوەیە، كە داهێنان ناكەوێتە دەرەوەی تواناوە، بەڵام دەشێ‌ بە كارهێنانی توانا، داهێنان نەبێت؟! وەك چۆن لەو خاڵانەی خوارەوە دەبینرێت:
1- لە داهێناندا، خود خۆی دەشارێتەوە، بەڵام لە بەكارهێنانی توانادا خود خۆی بەرجەستە دەكات.
2- لە داهێناندا بەرهەمهێنانی فیكر دەبێتە شوێنی تێڕامان، لە بەكارهێنانی توانادا هێزی دەربڕین دەبێتە شوێنی سەرنج.
3- لە داهێناندا مەبەست ئاشكرا نییە، لە بەكارهێنانی توانادا مەبەست ئاشكرایە.
4-داهێنان خاوەنداری ناكرێت، توانایی خاوەنداری دەكرێت…
(3)
كاری گواستنەوەی حیكایەت بۆ رۆمان، دەكەوێتە نێوان (گوتراو) و (نووسراو)ەوە، ئاخاوتن و وشەوە… ئاخاوتن وەك جێگرەوەی ساكارانەی شتەكان تەماشا دەكرێ‌، وشەكان وەك بكوژی شتەكان (وشە رەنگدانەوەی ئەزموونێكی دیاریكراو نییە)…
لە سەردەمی هەڵگەڕانەوەدا وشەكان هەوڵدەدەن تەمومژ و وەهم و پیرۆزی ئاخاوتن دابماڵن، چونكە هەتا دوێنێ‌ ئاخاوتن وەك سێنتەری چارەی دەروونشیكاری و پەروەردەی دەروونشیكاران ئەژمار دەكرا، بەڵام ئەمڕۆ دنیای وشەكان دنیای شتەكان دادەهێنێ‌!
دووبارە كردەی گۆڕینی حیكایەت بۆ گێڕانەوەی رۆمان، كردەی تێكشكاندنی دنیابینی و كاتێكی تایبەتە بۆ دنیابینی و داهێنانێكی دیكەی جیاواز! كردەی تەرجەمەكردنی منی حیكایەتخوانە، بۆ منی نووسەری رۆمان! كردەی گۆڕینی حەكمێكە، كە راوێژی بۆ گەلێك هەڵومەرج لە حیكایەتدا هەڵگرتووە، بۆ نووسەرێك كە هەڵكشان و بەرزبوونەوەی حەز و ئارەزوو بۆ زانیاری و گەیشتن و سەركەوتنی چاپەمەنی، سەرهەڵدانی جەماوەریبوونی رۆمان… وەك واڵتەر بنیامین (Walter Benjamin 1892-1940) دەڵێت: زانیاری و رۆمان پێشبڕكێی ئەوە دەكەن، ببنە جێگرەوەی حیكایەتخوانیی! (بڕوانە تۆفانێك، لە بەهەشتەوە هەڵدەكات- دەروازەیەك بۆ هزری واڵتەر بنیامین، نووسینی پێشڕەو محەمەد، ل15).
(4)
حیكایەت هەمیشە دووبارە دەكرێتەوە، ئەوەش وامان لێدەكات لەبیر نەكرێت، ئەو لەبیرنەكردنە جۆرێك لە ئەبەدییەت بە حیكایەتخوان و گێڕانەوە دەبەخشێت! بەڵام رۆمان یەكجارە و بە تەنها دەخوێنرێتەوە! ئەزموونەكانی رۆمان، ئەزموونی تەنهایی و جیاوازی و گۆشەگیریین، خوێنەری رۆمان مرۆڤێكی ناسكە، لە ژێر ئاسمانی پەڵە هەورێكی چڵكندا دەژی، كە بەرگەی ناگرێ‌! (بنیامین) لە وتارەكەی دەربارەی چەمكی مەرگ و ئەزموونی مەرگ لە نێوان حیكایەتخوان و گێڕانەوەی رۆماندا دەڵێت: حیكایەتخوان دەسەڵاتی خۆی (ئەبەدەییەتی) لە مردنەوە وەردەگرێ‌، بەڵام لە رۆماندا مرۆڤ بە تەنها دەمرێ‌!
(5)
بە بڕوای من كاری تەرجەمەكردنی حیكایەت بۆ رۆمان لە لای (نووسەری داهێنەر) هەمیشە پابەندی خەیاڵی زمان و دنیابینی سەردەم و زانیاری و چیگوتن و جوانگوتنە… بە شێوەیەكی گشتی دەشێ‌ (خەیاڵی نووسینەوەی رۆمان) پابەندی (ئازایەتی پاڵەوان و سەلیقەی حیكایەتخوان بێت)؟! ئەوەش ئەو كاتەیە، كە تێیدا پاڵەوانی حیكایەت دەبێ‌ بە منی كاراكتەری سەرەكی رۆمان. لە میكانیزمی ئەو كردەیەشدا لە بری خۆشەویستی پاڵەوانی حیكایەت، پێویستە منی نووسەر خۆشویستراوێك بۆ خۆی وێنا بكات، دەشێ‌ ئەو خۆشویستراوە بكەوێتە نێوان ئازایەتی پاڵەوانی حیكایەت (بۆ گویگرانی) و داهێنانی منی نووسەر (بۆ تەكنیك) ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە لە گۆڕینی حیكایەت بۆ رۆمان، (نەشوێنی) منی كاراكتەری رۆمان بكەوێتە بەرانبەر (شوێنی) منی پاڵەوانی حیكایەتخوان.
كەواتە لە پرۆسەی گواستنەوەی كاری حیكایەت بۆ تێكستی رۆمان، نووسەری رۆمان لە رێگای زمانی خوێنەرانەوە زمانی خۆی دەكاتەوە، حەز و سەلیقە و هەستەكانی خۆی سەبارەت بە كاری حیكایەت، بۆ تەكنیكی رۆمان بەرز دەكاتەوە. وەك چۆن حیكایەت بە سەلیقە و حەزی ئاخاوتن و گێڕانەوە بەندە، نووسینەوەی رۆمانیش پابەندی حەزی نووسین و خەیاڵی زمان و جوانی وشە دەبێ‌! حیكایەتخوان جەوهەری حیكایەت و سەلیقەی گێڕانەوە لە رێگای حەزەكانی ئاخاوتن و بەدواداچووندا پەرەپێدەدات، بە هەمان شێوە رۆماننووس حەزی وشە و تەكنیكی رۆمان لە رێگای دنیابینی سەردەم و زانیاری و خەیاڵی زماندا دادەهێنێ‌! بەڵام جیاوازی نێوان حیكایەتكردنی رابردوو و داهێنانی رۆمان، گواستنەوەی گوتراو و دۆزینەوەی نەگوتراو، ئەوەی حیكایەت دەیزانێ‌ و ئەوەی رۆمان دەینووسێتەوە… ئەوەیە، كە (سەربابی حیكایەت) گشتە و (سەربابی رۆمان) تاكە، یەكەمیان سەرچاوەی حەزی (كۆمەڵایەتییە- گشتییە -سۆسیبڵ- sociable) و دووەمیان سەرچاوەی ئازاری (من – ئیگۆ- سوبێكت- subject)ە.
(6)
حیكایەت چەسپاندنی دەربڕین (ئەو شتەی لە ناوەوە دێت)ی حەزەكانی خۆ بەخۆیە! رۆمان جێگۆڕكێی دال (ئەو شتەی كە سوبێكت بۆ دالێكی دیكە دەنوێنێتەوە)ی حەزەكانی ئەویترە! واتە پەیوەندی ئاخاوتنی حیكایەت بە گوێگردایە و پەیوەندی نووسینەوەی رۆمان بە خوێنەری جیاواز، یەكەمیان نواندنی سنورێكی داخراوی زمانە، دووەمیان نواندنی سنورێكی ئازاد! لە پەیوەندی سنورداردا زمان پارێزگاری لە هەر هەوڵێك دەكات، كە ئاگایانە ئاسۆی پێشبینییەكان بگۆڕێ‌، لە پەیوەندی ئازادانەدا زمان ئازادە لە هەر هەوڵێك، كە ئاگایانە و نائاگایانە ئاسۆی پێشبینییەكان بگۆڕێ‌! لە یەكەمیاندا زمان بریكارە، بەو مانایەی كە خۆبەخۆیە! لە دووەمیاندا زمان شوێنەوارە، بەو مانایەی كە درز و پێچە! دەمەوێ‌ بڵێم حیكایەت گوێگرێكی یەكگرتوو بۆ خۆی پێكدەهێنێ‌ و رۆمان كۆمەڵێ‌ خوێنەری جیاواز لە خۆی كۆدەكاتەوە.
حیكایەت ناهێلێ‌ ئاخاوتن ببێ‌ بە ئاماژە و دالی نوێ‌، بەڵام رێگا خۆش دەكات بۆ ئەوەی ئاماژە و مەدلولی داتاشراو بەرهەم بێتەوە، ئەوەش لە رێگای ئەوەی بەردەوام هەوڵدەدا دەربڕینی رەوانبێژی لەناونەچێ‌… رەنگە بەشێكی زۆری ئەوانە، لە نووسینەوەی رۆماندا پێچەوانە بكەونەوە.

6/6/2023 هەولێر

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا




کەرەکەی چی پێ گوت؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

کەر، یەکێکە لەو گیاندارانەی کە بە هێمای گەمژەیی و بێ ئەقڵی لە کولتووری مرۆڤایەتی ناسراوە و زۆرجار ئەگەر مرۆڤێک کارێکی نەشیاو و نەگەنجاو بکات، پێی دەڵێن ( خۆ کەر نی ) بەڵام بڕوام وایە، زۆرجار کەر لە بەشێکی زۆری مرۆڤەکان هوشیارتر و تێگەیشتووترە، چونکە کەر یەک جار پێی بگوترێت (هۆش) دەوەستێت، بەڵام مرۆڤگەلێک هەن، تا مردن ئامۆژگاری دەکرێن، کە چی واز لە خو و کردەوە و ڕەفتاری خراپ و نامرۆڤانە ناهێنن، کەواتا ئەوانە شیاوی ئەوە نین بهێنرێنە ئاستی کەریش. بێگومان کەر وەک گیانەوەرێک، زۆر جار دەبێتە تیمەی دەقێکی ئەدەبی و شیعرەکانی نالی و پەشێو لە بارەی وەسفی کەرەوە، دوو لە دیارترین تێکستە شیعرییەکانی نێو مێژووی شیعری کوردین. بۆیە گەلێک جار، باس و خواسی ڕۆمانێک و نووسینێک، هەر لە دەوری باسکردن لە کەر و بە سەرهاتەکانی دەخولێتەوە. کەرەکەم پێی گوتم، ناونیشانی ڕۆمانێکی نووسەری میسری تۆفیق حەکیمە، ئەم کورتە ڕۆمانە، باس لە پەیوەندی کەر و خاوەنەکەی کە هەر نووسەری ڕۆمانەکە خۆیەتی، لە ژێر چەندین ناونیشانی جیاواز وەک :( کەرەکەم و سیاسەت، کەرەکەم و دادگا، کەرەکەم و حزبایەتی، کەرەکەم و کۆنگرە، کەرەکەم و زێر، کەرەکەم و وێنەکەم، کەرەکەم و ئافرەت) دەکات و لە پەراوێزی هەر ناونیشانێکیشەوە، چیڕۆکێک دەگێڕێتەوە، کە هەموویان بە جۆرێک لە جۆرەکان، ڕەخنەگرتنە لە کار و ڕەفتاری بەشێک لە مرۆڤەکان و پەسن و ستایشی کەرە، وەک گیاندارێک کە ملیۆنان ساڵە لە خزمەت مرۆڤ دایە و ماندووەتی دەکێشێت. لە یەکێک لەو چیڕۆکانە داهاتووە ( ڕۆژێکییان کەرەکەم بە هەڵەداوان و بە پڕتا و بە تکا و پاڕانەوەیەکی زۆر، داوای لێکردم کە کارێکی هەیە و نابێ ڕێگری لێ بکەم، خاوەنەکەشی واتە تۆفیق پێی دەڵێت باشە ڕازیم بەڵام با بزانم کارەکە چییە؟ کەرەکەش دەڵێت بڕیارم داوە بچمە نێو سیاسەت و ببمە ئەندامێکی حزب، بەڵام دەبێ حزبێک هەبێت ڕازی بێت کەرێک ببێتە ئەندامی؟)حاوەنەکەشی دەڵێت :مەبەست چییە دەچیتە نێو سیاسەت و حزبایەتی؟ کەرەکەش پێی دەڵێت:( بێگومان خزمەتکردنی خەڵکی بیرنەکردنەوە لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆم و هەموو هەولێک دەدەم خزمەتی کەسەکان بکەم، هەرچییەک باش بێت ئەوە بۆ هاوڵاتییان دەکەم) خاوەنەکەشی پێی دەڵێت:( ئەم کارە نەکەی! کەرەکەشی دەڵێت بۆ؟ ئەویش لە وەڵامدا پێی دەڵێت:( چونکە تۆ چیتر بە کەر نامێنیتەوە) سەرنج لەو دەربڕینە پڕ مانایە بدەن، مەبەستی نووسەر لێرەدا ئەوەیە، هەمووان باسی بەرژەوەندی گشتی و خزمەتی مرۆڤەکان دەکەن، بەڵام کە دەستیان لە پۆست و پلە و پارە گیر بوو، چی دەکەن؟ کەسیان بە بیر دەمێنێت؟ بۆیە باشتر وایە تۆ هەر کەر بیت و ئەم خەسڵەتەی مرۆڤەکان نەگریت. جارێکی دیکەش کەرەکەی بە خاوەنەکەی دەاَێت:( با حزبێک دابمەزرێنین و تۆش سەرۆکی حزبەکە بە، تۆفیقیش دەلێت ئەی پەیڕەو پرۆگرام؟ کەرەکەش دەڵێت گرنگ ئەوەیە حزبەکەمان ئەندام و سەرۆک و سکرتێری هەبێت، پەیڕەو پڕۆگرام زۆر گرنگ نییە) بەو مانایەی ئەگەر حزبەکان، بە پێی کارنامەی پڕۆگرامەکانییان کار بکەن، بێگومان ئەوەی لە واقیعدا دەیبینین شتێکی ترە. جارێکی دیکەیان، تۆفیق کە خاوەنی کەرەکەیە، گاڵتە بە کەرەکەی دەکات و دەڵێت تۆ کەری و لە ڕەگەزی کەرانی، کەرەکەشی بە تووڕەییەوە پێی دەڵێت:( گاڵتە بە من نەکەی، مەگەر ئێوەی مرۆڤ خۆتان بە چی دەزانن؟ ئەی هەر ئێوە نین هیچ کەسێکتان تێدا نییە بیەوێت ئارەق بکات بۆ ئەوەی شایەنی پارووە نانەکەی بێت؟ هەر ئێوە نین کاتێ لە فەرمانگەکانتان دەست بە کار دەکەن، هەر تەماشای کاتژمێر دەکەن ئاخۆ کەی دەوامەکەتان تەواو دەبێت! هەر ئێوە نین قوتابیەکانتان دەیانەوێت بە بێ خوێندن دەربچن و بڕوانامە بێنن، هەر ئێوە نین هەموو ئامانجی ژیانتان لە دوو شت کۆدەبێتەوە کە ئەویش کچێکی جوان و ئوتومبێلێکی مۆدێل بەرزە، هەر ئێوە نین بەلاتانەوە گرنگ نییە ئەوەی دەستان کەوتووە، چۆن و بە چ ڕێگەیەک بەدیتان هێناوە، هەر ئێوە نین هیچ مەعریفە و زانستێکتان بەلاوە گرنگ نییە، سەرۆکەکانتان تەنها ئەوەیان بەلاوە گرنگە باس بکرێن نەک کار و خزمەتیان چییە؟) بەم شێوەیە کەرەکە بەردەوام دەبێت لە ڕەخنەگرتنی خاوەنکەی و ئەویش وەک مرۆڤ تەریق دەبێتەوە. جارێکی دیکەیان کەرەکە بە خاوەنەکەی وەک مرۆڤێک دەڵێت:( بژاردەیەک بدە دەست خەڵکەکە لە نێوان پارە و بیر و باوەڕدا، ئەوسا بۆت دەردەکەوێت بژاردەی هەموو خەڵکی چی دەبێت) بە ڕاست هەموو ئەو قسانەی کەرەکە دەیکات، بۆ ئێستای کۆمەڵگەی ئێمە و مرۆڤەکانی پڕ بە پێست نین؟ لە کاتێکدا نووسەر ئەو کتێبەی لە ساڵی 1945 نووسیوە؟ بێگومان هەمان ئەو تایبتمەندییانە و ئەو قسانەی کەرەکە دەیکات، دروستن بۆ کۆمەڵگەی ئێمە. دواجار دەڵێم، ئەم ڕۆمانە بچووکە، پەند و حیکمەتی گەورەی بۆ مرۆڤەکان تێدایە، کە ئێمە بەشێکی کەممان باس کردن. دەستخۆشانە لە وەرگێڕی ڕۆمانەکە ( حەمید بانەیی) دەکەم، کە بەڕاستی ڕۆمانێکی کورت و پوخت و ناوازەی وەرگێڕاوە.

*کەرەکەم پێی گوتم: ڕۆمان، نووسینی: تۆفیق حەکیم، وەرگێڕانی : حەمید بانەیی، بڵاوکراوەی : دەزگای سەردەم 2022.

  • ئەم بابەتە، لە هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان، ژمارە (124) ڕۆژی 16/5/2023 بڵاوکراوەتەوە.



ڕۆماننووس و ڕەخنەگر.. شوان شەفیق

‎”هێنانەوەی نووسینی ئەدیبێکی جیهانی گرنگ نییە لە کاتێکدا نووسەر بڕوای بە خۆی بێت بۆ گەیاندنی پەیامەکانی، بەڵکو ئەو نموونە هێنانەوەیە نەنگییە”
‎(بەرەو گۆمێکی لیخن دەڕۆم تا قووڵایی بۆ دۆزینەوەی جەوهەر)
‎بەخشینی هۆشیاری لە کایەکانی ژیاندا بەتایبەت ئەدەبی ڕەخنگرتن و ڕۆماننووسین بایەخدارە، هەوڵدان پێویست و وەستان شکست و دواکەووتووی.

‎ڕۆماننووسە باشەکانمان لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکەن، وەک چۆن ڕەخنەگرەکانیشمان هەر وا!
‎هەندێک لەوانەی دەبینرێن لەدوای یەک دوو کتێب دەست دەبەن بۆ ڕۆمان کە ڕەنگە کارەکانی پێشتریان باشتر بووبێت، لە کاتێکدا خاوەنی کەمترین کەرەستەی ڕۆماننووسین نین،
‎ئاخر ڕۆماننووسین فەزایەکی فراوانی ئەدەبی پێویستە!
‎هەندێکیش بەداخەوە کەمینەن دوای دەیان ساڵ نووسینی چیرۆک و قاڵبوونەوە لە ئەدەبیاتدا هێشتا بە خۆیان ناڵێن ڕۆمانننووس کە خاوەنی چەندین ڕۆمانن.
‎ئەدەبیاتی کوردی لەدوای ساڵانی نەوەدەکانەوە بۆتە قووربانی هەندێك خاوەن بڕوانامەی نا ڕۆشنبیر و ناوی هەڵتۆقیو و قەڵەمی بەرژەوەندیخواز کە شایەنی ناوبردن نین،
‎ئەم درمە لە دوای ساڵانی دوو هەزارەکانەوە زیاتر هەستی پێ دەکرێت ئەوەندە تۆخیشە پێویست بە گەران ناکات دیارن.
‎دەستە دەستە و تاقم تاقمن شارچێتی و دۆستایەتیان هەیە ئەرکیان لێدانە لەوانەی سەر بە ئایدیای ئەوان نین ئامادەشنین ددان بەوەدا بنێن، ئەوان ڕقی شەخسییان هەیە نەك توانای هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوە و ڕەخنەگرتن بۆ پێشکەوتن و داهێنان.
‎بڕوام وایە هەرکەسێك بڕوانامەیەکی بەدەست هێنا لەبەر ئەوەی تەزکییەی لایەنێکی هەیە بۆی نییە ئەدەبیات و ڕۆشنبیریمان پێ بفرۆشێتەوە چوونکە ئەکادیمیبوون ناتکاتە نووسەر و ڕۆشنبیر بەڵکو ئەوە دەستکەوتی شەخسییە نەك گشتی، بەشێکیشیان دەردی دۆگمابوونیان هەیە کە تەنها خۆیان دەبینن.
‎”نووسەری بە بڕوانامە بەدەست نایەت”
‎ئەوە ئەزموون و ڕۆچوونە ئەو ناوەمان پێدەبەخشێت.
‎”خوێنەری ڕاستگۆ مافی هەڵسەنگاندنی هەیە” ئەوانەی بڕوانامەیان هەیە ئەوانەشمان کە نیمانە یەکجار هاوڕامان نەبن نیشانی دەدەین کە نەك ڕۆشنبیر نین، بەڵکو زمانی کەسێکی سەرشەقام لە زمانی ئێمە زۆر پاکترە!
‎لەکۆتییدا دەڵێم:
‎دەردەکان زۆر دەرمان کەم، کەم نەخۆشیشیمان ئامادەیە بۆ چارەسەر، وای بۆ حاڵی کتێبخانەی کوردی.

شوان شەفیق
۳/۸/۲٠۲۳




ناوی کتێب: قەدەری ژینم ئاوهابوو.. نووسەری کتێب: مەنسوور ساڵەیی

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ڕەفتاری خراپی منداڵ لە پۆلدا.. وەرگێڕانی : محەمەد بەرزی

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ناو پۆلی خوێندن ، چۆنییەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ هەڵسوکەوتی خراپی منداڵی بزێو و لاساردا . منداڵەکە نەک تەنها کاریگەریی لەسەر مامۆستا و ئارامی ناو پۆلەکە دەبێ ، بەڵکو ڕاستەوخۆش کاردانەوەی زۆر خراپی بۆ هەموو خوێندکارەکانی ناو پۆلەکە دەبێ ، بەهۆی بە فیڕۆدانی کات ، یان تێنەگەیشتنییان لە وانەکان . بێگومان ئەو منداڵانەی ئەو جۆرە ڕەفتارانە دەکەن ، هەر لە خۆیانەوە ئەو کارانە ناکەن ، بەڵکو بە گشتی هۆکارێک بزوێنەری ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەیە . یان لەوانەیە تاکە ڕێگا بێ ، بە مامۆستاکەی بڵێ : ( شتێک لە مندا هەڵەیە ) . هەربۆیە نابێ بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرکۆنەوە وەڵامی بدرێتەوە و ڕووشکێن بکرێ ، بەڵکو پێویستە مامۆستاکەی بە وردی لە هۆکارەکانی بکۆڵێتەوە ، تا ڕێگایەکی لەبار و گونجاو بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردنی بدۆزێتەوە . بەگشتیش هەندێک لـە هۆکارەکانی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە بریتیین لــە :

١ – باری تەندروستی : ئەگەر منداڵێک کێشەی تەندروستی هەبێ ، یان ئەگەر تووشی ئازارێک بووبێ ، یان شتێک دڵتەنگی کردبێ ، لەوانەیە بێزار بووبێ و بیەوێ بەو جۆرە هەڵسوکەوتانەی هەست و ئازارەکانی خۆی دەرببڕێ . هەر بۆیە ناکرێ ئەمجۆرە منداڵانە پشتگویێ بخرێن . پێویستە بە زوویی چارەسەریان بۆ بکرێت ، تا کێشە و هـەڵسوکـەوتیان خـراپتر نەبێ .

٢ – گۆڕانکاریی : دەبێ بیربکەینەوە و بە دواداچوونیان بۆ بکەین ، تا بزانیین منداڵەکە لە ماوەی پێشوودا هیچ گۆڕانکارییەکی سەرەکی بەسەردا هاتووە ، تا هۆکاری ئەو هەڵسوکەوتە نائاساییانە بێ . بۆ نموونە خوێندنگاکەی گۆڕابێ ، ئافەرۆز کرابێ ، دایک و باوکیان جێابووبنەوە ، یان کەسێکی نزیکی کۆچی دوایی کردبێ و.. هتد .

٣ – چاولێکەری : ڕەنگە منداڵەکە فێری چاولێکەری بوو بێت ، وابزانێ بە نواندن دەتوانێ ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت . یان لە ناو خێزانێکدا ژیابێت هەموویان بە هەمان شێوە هەڵسوکەوت بکەن . یان لە ناو خێزانەکەیدا کێشەی تەندروستی و دەروونی و توندوتیژی و هاوار هـاوار و ئـاژاوە و دەمەقاڵێ هەبێ ، یـان ماددەی هۆشبەری تێدا بـەکاربێ . دیارە ئەو کێشانە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ لە پەروردەکردن و هەڵسوکەوتی منداڵەکەدا ڕەنگدەداتەوە .

٤ – بێزاری : زۆرجار هەڵسوکەوتی نامۆ و خراپی ناو پۆل ، منداڵەکە بێزاردەکات . پاشان پشتگویێ خستنی بەهرە و توانا و زیرەکی و بیرتیژی منداڵی بەهرەمەند ، وا لەو منداڵانە دەکات پەرچەکردار و ڕەفتاری نامۆ و خراپیان هەبێ .

٥ – کرداری نادورست : کرداری نامۆ و نادروست لە ژینگەی ناو ماڵدا ، کاردانەوی زۆر خراپ لەسەر هەڵسوکەوتی منداڵ بەجێدەهێڵن ، بۆ نموونە : دواکەوتنی کاتی خەوتن ، یان نەخەوتنی پێویست . ئاژاوە و هات و هاوار و هەلوەسە ، نەبوونی یارمەتی و پشتگیری پێویست ، پاشان نەبوونی سنورێک بۆ ڕێگرتن لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی خراپ و نەشیاو .

‌هەوڵەکانی چارەسەرکردنی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە

لە ناو پۆلدا چۆن مامەڵە لەگەڵ هەڵسوکەوتی نالەباری ئەمجۆرە منداڵانەدا دەکەی . جا لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە نەتوانرێت بە تەواوی بەسەر کێشەکانیاندا سەرکەوتوو بی ، بەڵام ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە یارمەتیدەرە بۆ هەوڵی چاسەرکردنیان .

١ – گۆڕینی نەرێنی بۆ ئەرێنێ: بە وریاییەوە دەستەواژەیان بۆ بەکاربهێنە . بۆ نموونە کاتێک منداڵێکی وەک ئالان ، لە ناو پۆلدا هاوار هاوار و قیژە قیژ دەکات . وا چاکە بڵێی : تکایە ئالان تۆزێک بە نەرمی و لەسەرخۆ قسە بکە ، نەک : واز لە قیژە قیژ و هاوار هاوار بێنە . لێرەدا وەڵامەکەت بە شێوەیەکی ئەرێنیی ، کاردانەوەی زۆر باشی لەسەر ئالان دەبێت .
سەرباری ئەوەی ئەگەر منداڵێک بە شێوەیەکی نەرێنی هەڵسوکەوتی کرد ، لە جیاتی ئەوەی سزای بدەیت ، هەوڵبدە هۆکارەکانی دەستنیشان بکەیت . پاشان باشترین ڕێگا بدۆزەرەوە بۆ چارەسەرکردنی . بۆ نموونە:
ئەگەر منداڵێک هەڵسوکەوتێکی خراپی کرد ، چونکە گرنگی پێ نەدراوە ، وا چاکە دەرفەتی زۆری بۆ بڕەخسێنرێت ، تا زیاتر قسەبکات . بەمەش منداڵ بە زوویی فێری هەڵسوکەوتی نوێ دەبێت و یارمەتی دەدات ، کە دەتوانێ ئەوەی دەیەوێت بێ کێشە و سزا بەدەستی بهێنێت و ئارامی بدات بە دەروونی .

٢ – فێری شێوازی ئەرێنی بکە
لە جیاتی نەهێشتنی هەڵسوکەوتە نەخوازراوەکان ، وا باشترە سەرنجت لەسەر ئەو ڕەفتارە باشانە بێت ، کە دەتەوێت لە ناو پۆلەکەدا ڕەنگبداتەوە . لەناو پۆلدا گفتوگۆ لەسەر هەڵسوکەوتی باشی ئەرێنی بکە . هەستە بە دروستکردن و هەڵواسینی پۆستەری ئامۆژگاری و بیرخستنەوە بۆ پۆلەکە . بەمەش وا لە خوێندکارەکان دەکەیت ، کە خۆیان بەشداری لە چالاکییەکاندا بکەن ، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ پێیان بووترێت ئەو چالاکییانە بکەن . کە دیارە ئەمەش دیاردەیەکی هیوا بەخشە و کاردانەوە و ئەنجامێکی زۆر باش و بەنرخی دەبێت .

٣ – نموونەی ئەو ڕەفتارانە بە ، کە چاوەڕێی دەکەیت
نموونەیەکی ناوازەی ئەو ڕەفتارانە بە ، کە بۆ خوێندکـارەکـانی دەخوازی . کاتێ داوا لە خوێندکارەکان دەکەیت لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن ، پێویستە بە هەمان شێوە خۆشت ڕێز لە کات بگریت . یان کاتێک داویان لێدەکەیت ڕێک و پێک و خاوێن بن ، ئەوا پێویستە خۆت و پۆل و خوێندنگاکەش بە هەمان شێوەبن .

٤ – دانانی بنەماکانی هەڵسوکەوتی بە کۆمەڵ
لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا ، پێویستە خۆت و خوێندکارەکان پێکەوە کار بکەن ، بۆ دیاریکردنی هەڵسوکەوتەکانی ناو پۆل . باسی ئەو ڕەفتارانە بکە ، کە باشن و ئەوانەی خراپن . پاشان ئەو هەڵسوکەوتانەی حەزدەکەیت خوێندکارەکان بەرامبەر یەکتری بیکەن . وەک ئاکاری چاک و ڕێز لە یەکتری گرتن ، ئەمەش بنووسە و لەناو پۆلدا بە جوانی هەڵیواسە . تا بەردەوام لەبەرچاوی خوێندکارەکان بێ . بەشداریکردنی خوێندکارەکان لەو جۆرە چالاکییانەدا گرنگ و پێویستن . چونکە هەست بەوە دەکەن خۆیان ڕاستەوخۆ هاوبەشبوون لەو چالاکییەدا و زیاتر پەیڕەوی بنەماکانی دەکەن و پێوەی پابەند دەبن .

٥ – پەیوەندی باش
هەمیشە هەوڵبدە بە بەردەوامی پەیوەندی باشت هەبێ . قسە و داواکارییەکانت دەتوانێ کاریگەریی گەورەیان لەسەر منداڵان هەبێت . بۆ نموونە کاتێک کارێکی باش دەکەن سوپاس و ستایشییان بکە ، وەک : سوپاس بۆ تۆ ، کە پاکەتە خاڵییەکەی نوقوڵەکەت خستە ناو تەنەکەی خۆڵەکەوە . یان ( تکایە لە سەرەتای وانەکانی ڕۆژی دووشەمەدا ، ئەرکی ماڵەوەتانم بۆ بهێنن ) گونجاو و باشتر و تایبەتترە لەوەی بڵێی : ( تکایە ڕۆژی دووشەممە ئەرکی ماڵەوەتانم بۆ بهێنن ) . چونکە لە یەکەمیاندا بە تەواوی کاتی وەرگرتنی ئەرکەکانت بۆ خوێندکارەکە دیاریکردووە ، کە سەرەتای دەستپێکردنی وانەکانە .

٦ – پێزانینی ڕەفتار و هەڵسوکەوتی باش
ئاشکرایە جار بە جارێک منداڵان هەڵسوکەوتی خراپ دەکەن ، کە
ئەمەش ڕاستییەکی سەردەمی منداڵییە . بەڵام لە هەمان کاتدا فێری شتی تازەش دەبن . ڕۆژانەش بە باشی پەرەی پێدەدەن ، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەرکەوتن و دەستکەوتە . کاتێک منداڵێک کارێکی باش دەکات ، واچاکە ئاشکرای بکەیت . پێی بڵێ بە ڕاستی کارێکی باشت کردووە . شانازی پێوە بکە و نیشانی هاوپۆلەکانی بدە . ئەمەش هاندەرێکە ، تا هاوپۆلەکانی چاوی لێ بکەن و هەمان ستایش و کاردانەوە بیانگرێتەوە .

٧ – پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار
کاتی تەواو بۆ ناسینی خوێندکارەکان تەرخان بکە . پەیوەندییان لەگەڵدا دروست بکە . باسی حەزە هاوبەشەکانی نێوانتان بکە . گفتوگۆیان لە گەڵدا بکە . لە هەواڵیان بپرسە ، چونکە هەرچی لە دەمی تۆ دەرچێ بە دڵیانەوە دەنووسێ و ئارامی دەدا بە دەروونیان . پاشان جار بە جارێک داوای ئامۆژگارییان لێبکە و ڕایان دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو وەربگرە . بۆ نموونە بڵێ : دەمەوێت کتێبێکی نوێ بخوێنمەوە ، ئایا لەم ڕۆژانەدا چ کەسێکتان کتێبێکی باشی خوێندۆتەوە ؟ .

٨ – گۆشەیەکی هێمن
شوێنێک ، یان گۆشەیەک لە ناو پۆلدا دیاری بکە ، تا منداڵ لە کاتی ڕەفتاری خراپدا بۆی بچێ . نابێ ئەو شوێنە وەک شوێنی سزا تەماشای بکرێت . بەڵکو پێویستە شوێنی ئیسراحەت و هێوربوونەوە و بە خۆداچوونەوە بێ . دەکرێت بە منداڵەکە بوترێت یارییەک ، یان وێنەی ئاژەڵێکی ماڵیی خۆی ، بۆ خۆشی لەگەڵ خۆیدا بەرێت ، تا بە هێمنی و لەسەرخۆ بە ڕەفتارەکانیدا بچێتەوە و دڵ و دەروونی داسەکنێ .

٩ – پارێزگاری لە ئارامی ناو پۆل
کاتێک داوای خوێندکارێک دەکەیت بۆ لێپرسینەوە لە ڕەفتارەکانی ، بە
شێوەیەکی وا داوای بکە ، ئاژاوە لە پۆلەکەدا دروست نەبێت . لەوانەیە قسەی ڕەق و زەق و هات و هاوار بەسەر خوێندکاردا بە هۆی ڕەفتارە خراپەکانییەوە ، تەریقی بکاتەوە و هەست بە شەرمەزاری و نائارامی و دڵە ڕاوکێ بکات . دوورنییە لەو کاتەدا لێت بێزاربێ و نەیەوێ گوێ لە قسەکانت بگرێ . هەر بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی ئاسایی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەی ، بە شێوەیەک بزانێ ئاگاداری هەموو هەڵسوکەوت و ڕەفتارە نەخوازراوەکانی ، خۆ ئەگەر هەر وا بەردەوام بێ ، ئەنجامی خراپ و لێکەوتەی زیاتری دەبێ .

١٠ – پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک
پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ دایکان و باوکانی منداڵان بە بەردەوامی ، کارێکی زۆر گرنگ و سودبەخشە . بە تایبەتی بۆ چارەسەکردنی کێشەی گەورە و ڕەفتاری نامۆ و نەخوازراوی منداڵەکانییان . پێویستە پەیوەندییان لەگەڵدا بکرێت ، تا لەو کردەوانە ئاگاداربن و یارمەتی دەربن بۆ چارەسەرکردنیان . پاشان لەوەش دڵنیابن ، کە لە ماڵەکانیانیشدا هەمان یاسا و ڕێنماییەکانی قوتابخانە هەیە و بە چاکی جێبەجێ دەکرێن .


تێبینی : ئەم بابەتە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی .




توانەوەیەتیی گازەکان و یەکەم خشتەی کێشی ئەتۆمیی.. نووسیینی:- چنار عەلیی و رەهەند سابیر

روونکردنەوەی سەرکەوتووانەی ئەنجامەکانی هێنری، هانی داڵتۆنی دا کە بەردەوام بێت لە لێکۆڵیینەوەکانی لەبارەی توانەوەیەتیی گازەکان لەئاودا، هەروهها زیاتر تەئەممول لە مۆدێلی ئەتۆمی خۆی بخاتەڕوو. دوای ئەوەی داڵتۆن، سەرنجی دا کە گازە جیاوازەکان، توانای توانەوەیەتیی جیاوازیان لە ئاودا هەیە، پێشبیینی ئەوەی کرد کە ئایا جیاوازییەکان، پێوەندییان بە کێشی ئەو ئەتۆمانەوە هەیە کە گازەکانیان پێکهێناوە یان نا. لە توێژینەوەیەکدا کە لەبەردەم کۆمەڵەی ئەدەبیی و فەلسەفیی مانچستەر، لە ئۆکتۆبەری ١٨٠٣ خوێندرایەوە بەڵام تەنیا لە ساڵی ١٨٠٥ چاپکرا ، لە ژێر ناونیشانی ” لەبارەی هەڵمژیینی گازەکان، لەلایەن ئاو و شلەکانی ترەوە ’’، داڵتۆن ئایدیاکانی خۆی سەبارەت بە توانەوەیەتیی گازەکان عەرض کرد. لێرەدا، هەوڵیدا گازە جیاوازەکان بەپێی بەشەکانی توانەوەیەتیی پۆڵێن بکات، بەپێی پێوەندییەکی ماثماتیکییانەی داهێنەرانە :
ئەگەر بڕێک ئاو کە بەم شێوەیە لە هەوا قوتاری بووە لە هەر جۆرە گازەیەکدا تێکەڵ بکرێت، بە شێوەیەکی کیمیاویی لەگەڵ ئاودا یەک نەگرێت، ئەوا بەشێکی گەورەی گازی خۆی هەڵئەمژێت، یان بە شێوەیەکی تر، بەشێکی یەکسانە بە هەندێک لەم بەشەی خوارەوە، واتە
1 /8، 1/27، 1/64، 1/125

بۆ ئەوەی بەها جیاوازەکانی توانەوەتیی روون بکاتەوە، داڵتۆن گریمانەیەکی کرد کە ئایا بارستەی جیاوازی ئەتۆمەکان هۆکاری ئەم گۆڕانکارییانەن. گەورەتریین کێشە لە ئامادەبوون بە گریمانەی میکانیکیی، لە گازە جیاوازەکانەوە سەرهەڵئەدات کە قانونە جیاوازەکان رەچاو ئەکەن، بۆچی؟ ئاو بە یەکسانی دان بە بەشێکی زۆری هەموو جۆرە گازێکدا نانێت؟ ئەم پرسیارەم بەپێی پێویست لەبەرچاو گرتووە و هەرچەندە هێشتا نەمتوانییوە خۆم بە تەواویی قانع بکەم، بەڵام نزییکە لەوەی کە بارودۆخەکە پەیوەستە بە کێش و ژمارەی تەنۆلکەکانی کۆتایی چەند گازە، ئەوانەی کە تەنۆلکەکانیان سووکتریینن و تاکە گازی کەمتریینن هەڵمژراون، هاوکات، ئەوانی تر زیاتر بەپێی زیادبوونی کێش و ئاڵۆزییەکانیان.

لێکۆڵینەوەیەک لە کێشی ڕێژەیی تەنۆلکەکانی کۆتایی تەنەکان، ئەوەندەی من بزانم، مەوضوعێکی تەواو نەوایە: من لەم دواییانەدا ئەم دیراسەیەم بە سەرکەوتنێکی بەرچاوەوە دادگایی دەکەم . لەم توێژیینەوەیەدا، ناتوانرێ بخرێتە سەر بنەما، بەڵام من تەننا ئەنجامەکان ئەخەمە ژێر کارییگەرییەوە، تا ئەو جێگایەی کە پێئەچێت بە تاقییکردنەوەکانم دڵنیا بکرێنەوە
توێژیینەوەکە بۆ یەکەمجار بە شێوەی چاپکراو، خشتەیەکی کێشی ئەتۆمیی رێژەیی خستەڕوو بە شێوازی بەکارهێنراو، بۆ بەدەستهێنانی ژمارەکان لە بەحثەکەدا روون نەکراوەتەوە، بەڵام لەسەر بنەمای داتاکان بووە سەبارەت بە پێکهاتەی سەرەتایی ماددەکان ( لەم توێژینەوەیەدا زیاتر ئەخرێتەڕوو ). چەندیین زانیاریی لە ئەدەبییاتدا لەبەردەستدا بوون، وەکو کێشی ئەو
توخمانەی کە بەشدارن لە پێکهاتەی ئاو، ئامۆنیا، گازی کاربۆنیک و تاد . داڵتۆن، کێشی ئەتۆمیی رێژەیی کردووە وەکو هۆکار لە تواوەییە جیاوازەکان

بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە، ئەبێت ئەوە لە بییر بێت کە ئەو توێژیینەوەیە لە ساڵی ١٨٠٣ پێشکەش کراوە، بەڵام لە ساڵی ١٨٠٥ لە یاداشتەکانی کۆمەڵەی ئەدەبیی و فەلسەفیی، مانچستەردا بڵاوکراوەتەوە، داڵتۆن، لەم بەیینەدا، هیچ کێشەیەکی نەبووە لە گۆڕیینی دەقەکە، بەو پێیەی سەرنووسەری کتێبی بییرەوەرییەکان

بە گوێرەی لیۆنار ناش، پەرەپێدانی ثیۆری ئەتۆمی چەندایەتیی، لەلایەن داڵتۆنەوە راستەوخۆ پێوەندیی بە کێشەی توانەوەیەتیی گازەکانەوە هەبووە، بەڵام
وەکو تێرۆن کۆل جونیۆر ئاماژەی پێکردووە، دۆکیومێنتەکانی ئێستا یەکلاکەرەوە نیین سەبارەت بەم خاڵە. لە بەرامبەردا کۆل جونیۆر پێشنیاری ئەوە ئەکات کە کێشەی توانەوەیەتیی یەکێک بووە لە یەکەم بەکارهێنانەکان کە داڵتۆن بۆ چەمکی کێشی ئەتۆمیی رێژەیی دۆزییویەتیەوە کە لە هەمان کاتدا پەرەی پێدراوە، بەڵام نەک وەکو دەرئەنجامی کێشەی توانەوەیەتیی.

قانونی مەزنتریین سانایی The rule of greatest simplicity!

داڵتۆن، بۆ حساباتی کێشی ئەتمۆیی رێژەیی، ئەبوو گەشە بە نەموذەجێک بدات کە قودرەتی شەرحی پێکهاتە کیمیاوییەکانی هەبێت، هاوکات، رێگەی بە دیارییکردنی فۆرمەڵەکان بۆ پێکهاتەکان دا. داڵتۆن، بە رەچاوکردنی یەکەم ثیۆریی خۆی سەبارەت بە گازە تێکەڵەکان، تەوضیحێکی بۆ یەکگرتنی ماددەکان، پێشنیار کرد کە هایدرۆجین و ئۆکسجینی وەکو نموونەیەک بەکاری هێنا. لە مابەیینی ئەتۆمەکانی ئۆکسجین، هەروەها لە مابەیینی ئەتۆمەکانی هایدرۆجین، ریپەڵەشن هەبوو کە لە نەتیجەدا دۆخێکی هاوسەنگیی بۆ ئەم تێکەڵە گازەییە، دروست بوو، هەرچەندە لەم حاڵەتەدا، مەیلێکی لێکنزیکبوونەوە لە نێوان ئەتۆمەکانی هایدرۆجین و ئۆکسجیندا هەبوو، بەلام نەیانتوانی لەگەڵ یەکترییدا، یەکبگرن و نیظامەکە وەکو تێکەڵەیەکی میکانیکیی مایەوە، بەڵام ئەەر شتێک ئەو هاوسەنگییە تێکبدات، مومکیینە گۆرانکاریی رووبدات، چونکە هێزی مەیلییەتیی( یان هێزی لێکنزییکبوونەوە Power of affinity) ئەبێتە هۆی ئەوەی ئەتۆمێکی ئۆکسجین لەگەڵ ئەتۆمێکی هایدرۆجین یەکبگرێ

بە گوتەی داڵتۆن، گەرمیی، یان هەندێ هێزی تر، مەنعی یەکگرتنی دوو توخمەکە ئەکات، تا بەهۆی پریشکێکی کارەباییەوە، یان هەندێ هاندەری تر ئەو مەنعە لەناو ئەچێ. کاتێ هێزی لێکنزییکبوونەوە ، قودرەتی تێپەڕاندنی ەردەم کاراییەکەی ئەبێت، هاوسەنگییەکە ئەشێوێ و یەکگرتنی پارتیکڵە سەرەتاییەکانی هایدرۆجین و ئۆکسجین بە دوای خۆیدا دێنێت (Dalton 1811, p.145)

داڵتۆن، تەفاصیلی زۆری سەبارەت بەم هێزی لێکنزییکبوونەوەیە تەخشان کرد کە بووە کلیلی ئیدراک لە هۆکارەکانی یەکگرتنی کیمیایی. داڵتۆن هەوڵیدا، روونی بکاتەوە چۆن لەگەل یەکتریی کۆ ئەبنەوە، تەنانەت ئەگەر هۆیەکەیشی بە ناواضحیی بمێنێتەوە

لەم نموونەی کە تازە بەیانمان کرد، لەبەرچاو بگرین،پێش یەکگرتنەکە، ئەتۆمی ئۆکسجین زیاتر بووە لە هایدرۆجین. لێرەوە دەرئەکەوێت کە دوای تێکەڵبوونی نێوان هایدرۆجین و ئۆکسجین، تێکەڵەیەک لە هەڵمی ئاو و ئۆسجین هەبووە. لە مۆدێلی داڵتۆندا، یەکگترنەکان بە تەکویز و تەسەسول 1:1 روویاندا، بۆیە پێیئەگوترێ ” قانونی مەزنتریین سانایی”. بەمشیوە یەکگرتن مەیسەر بوو کە ئەمەیش بە دوایدا ئەو شتانە هاتن کە پێیئەڵین قانونەکانی مەڵتیپڵ رێژە The low of multiple proportions

1 atom of A + 1 atom of B = 1 atom of C, binary.
1 atom of A + 2 atoms of B = 1 atom of D, ternary.
2 atoms of A + 1 atom of B = 1 atom of E, ternary.
1 atom of A + 3 atoms of B = 1 atom of F, quaternary.

کاتێک توخمێک مەیلی لێکنزییکبوونەوەی لەگەڵ توخمێکی تردا هەیە، هێچ هۆکارێکی میکانیکیی نابینم ( Dalton 1811, P.147)

دیاریکردنی ڕێژەی کێشی ئەتۆمیی

جگە لە میکانیزمی پێشنیارکردنی فۆرمەڵەکان بۆ ئەتۆمە ئاوێتەییەکان کە لە ئەنجامی گۆڕانکارییە کیمیاوییەکانەوە دروست بوون دیاریکردنی کێشی رێژەیی ئەتۆمیی، پێویستی بە بەکارهێنانی کێشی ئەو ماددانە هەیە کە لە تێکەڵەکەدا بەشدارن. هەندێک لەو
بەهایانەی کە لەلایەن داڵتۆنەوە بەکارهێنراون پێشتر ناسراون و ئەو لە نووسراوەکانی تر وەریگرتووە کە لەلایەن نووسەرانی ترەوە بڵاوکراونەتەوە، تەوظیف کرد. گرنگە تێبیینیی ئەوە بکەین کە کارەکانی داڵتۆن، لە ژیینگەیەکدا بوو کە کیمیا دەستی پێکرد بۆ ئەوەی ببێتە زانستی چەندایەتیی، دەستپێکردن بە جەختکردنەوەی لاڤوازیەر لەسەر پاراستنی بارستایی وەکو بنەما بنچیینەییەکان.

لە کۆتاییەکانی صەدەی هەژدەوە بەرنامەی ستۆکیۆمێتریک دروست بووە. لەگەڵ بەهاکانی کێش کە بەشدارن لە تێکەڵە کیمیاوییەکان و رەچاوکردنی قانونی مەزنتریین سانایی وەکو رێنماییەک بۆ پێشنیاری هاوکێشەکان. داڵتۆن پردێکی دامەزراند لە نێوان ماکرۆسکۆپیی و جیهانی مایکرۆسکۆپیی، لە شێوەی کێشی ئەتۆمیی رێژەیی، بە شییکردنەوەی، بۆنموونە، رێژەی ئەو کێشەیەی کە لەلایەن لاڤوازیەرەوە بۆ ئاو دۆزراوەتەوە، یەکێک ئەتوانێت ئەوە ببینێت کە لە ئاودا ١۵ گرام هایدرۆجین هەیە بە ٨۵ گرام ئۆکسجین، واتە ١ گرام هایدرۆجین بۆ ٥.٦٦ گرام ئۆکسجین
بەپێی قانونی مەزنتریین سانایی، یەک ئەتۆمی ئۆکسجین لەگەڵ یەک ئەتۆمی هایدرۆجین یەکئەگرێت بۆ بەر هەمهێنانی یەک ئەتۆمی ئاوێتەیی ئاو. لەو کاتەوە هایدرۆجین هەمیشە ئەو توخمە بوو کە بەشداریی لە کاردانەوەکاندا ئەکرد لەگەڵ رێژەیەکی کەمتر
لە کێش لە نێوان هەموویاندا

داڵتۆن پێیوابوو کە ئەبێت ئەو ستاندەردە بێت کە گەردیلەکانی تر ئەبێت بەراورد بکرێن و بەهای یەکەمیان بە کێشی رێژەیی گەردیلەیی هایدرۆجین دانا. بەم شێوەیە، یەک گەردیلەی ئۆکسجین پێویستە کێشی ئەتۆمیی رێژەیی هەبێت کە یەکسانە بە ( ۵.۶۶ واتە
یەک گەردیلەی ئۆکسجین ۵.۶۶ قورسترە لە یەک گەر دیلەی هایدرۆجین)

بە شوێن هەمان لێکدانەوە و وەرگرتنی پێکهاتەی ئەمۆنیا کە لەلایەن ئۆستنەوە دیار یکراوە ۲٠( ٪ هایدرۆجین و ٨٠ ٪ نایترۆجین بەکێش واتە ١ گرام هایدرۆجین بۆ ۴ گرام نایترۆجین ) ، داڵتۆن گەیشت بە کێشی ئەتۆمیی رێژەیی چوار بۆ نایترۆجین

ئەم نموونانە لەوانەیە بەس بێت بۆ نیشاندانی ئەوەی کە چۆن کێشی رێژەیی ئەتۆمیی توخمەکان و ئاوێتەکانی تر دیاری کراون. لە کێشی رێژەیی ئەتۆمییەکان، نایترۆجین و ئۆکسجین، داڵتۆن رێژەی ئەو کێشانەی روونکردەوە کە بەشدارن لە دروستکردنی چەندیین
ئۆکسیدی نایترۆجین بە بەکارهێنانی لۆژیکی قانونی رێژەی فرە ( داڵتۆن ). ١٨١٠ خشتەی ١ ڕێژەی صەدیی سەرەتایی نیشان ئەدات
بەپێی کێش بۆ ئۆکسیدی جیاواز لە نایترۆجین
بە رەچاوکردنی ژمارەکانی ناو خشتەکە، ئەتوانین ئەوە ببینین، بەگوێرەی داڵتۆن، گازی نایترۆجین لە ئەنجامی تێکەڵەی ۴۲.١ گرام
نایترۆجین و ۵۷.۹ گرام ئۆکسجین بووە. هەروەکو لە سەرەوە ئاماژەی پێکراوە، کێشی گەردیلەیی نایترۆجین و ئۆکسجین
بە رێژەی ۴ و . ۵.۶ بەم شێوەیە، رێژەی گەردیلەکان کە بەشداربوون لە پێکهێنانی گازی نایترۆجین (42.1/4) لە نایترۆجین بوو بۆ
(57.9/5.66) ئۆکسجین – واتە نزییکەی ( ١:١ ژمارەکان تەواو بەهۆی هەڵەی تاقییکردنەوەی لە دیارییکردنی کێشدا نیین ) بە واتایەکی تر، ئەم ئاوێتەیە کاتێک دروست بوو کە یەک گەردیلەی نایترۆجین لەگەڵ یەک گەردیلەی ئۆکسجین تێکەڵ ئەبوو – بە دوای قانونی مەزنتریین سانایی. بە بەکارهێنانی هەمان رێگە بۆ دوو ئاوێتەکەی تر لە خشتەی ١ ، یەکێک لەوانەیە بگەنە ئەو ئەنجامەی کە ئۆکسیدی نایترۆجین بە دوو گەردیلەی نا یترۆجین و یەک گەدیلەی ئۆکسجین دروست بووە، هەروەها ئەو گازە نایترۆجینە لە ئەنجامی
تێکە ڵکردنی یەک گەردیلەی نایترۆجین لەگەڵ دوو گەردیلەی ئۆکسجین دروست بووە . ئەتوانن عەمەلییەن تەطبیقی ئەم قانونە بکە ن.

لە ساڵی ١٨٠۴ دالتۆن رایگەیاند کە دوو هایدرۆکاربۆن گوێڕایەڵی قانونی چەند رێژەیەک بوون: گازی هایدرۆجینیی بەکارهێنرا – کە
ئێستا پێی ئەگوترێت میثان ” – لە یەک گەردیلە کاربۆن و چوار گەردیلە هایدرۆجین دروست بووە. هاوکات، گازی ئۆلیفانت کە ئێستا پێیئەگوترێت
” ئیثین ” – لە دوو گەر دیلەی کاربۆن چوار گەردیلەی هایدرۆجین دروست بووە. لە ساڵی ١٨٠٨ ، ویلیام هاید وۆڵستۆن -١۷۶۶(

١٨۲٨) هەروەها رایگەیاند کە زۆرێک لە ئەنجامەکانی دەربارەی شیکردنەوەی ئەو خوێیانەی لە کاردانەوەکانی بێلایەنکردند بەدەستیان هێناوە، ئەتوانرێت روون بکرێتەوە بە بەکارهێنانی ئەو قانونەی پێشنیارکراوە لەلایەن داڵتۆ ن.

————-

سەرچاوە

The Development of Dalton’s Atomic Theory as a Case
Study in the History of Science: Reflections for Educators
in Chemistry
He´lio Elael Bonini Viana Æ Paulo Alves Porto
Published online: 4 February 2009
_ Springer Science+Business Media B.V. 2009




کاتێ ژیان بەخشندەیە, چۆمسکی و دەیڤیدهارڤی و سەلام عەبدوڵا.. ئاسۆ کەمال

پێوەری کاتی ژیان و تەمەن ڕێژەیی یە. چی دەبەخشین بە ژیانی خۆمان و هاوچەشنەکانمان لە مرۆڤ و لە هاوچین و هاوخەمەکانمان ئەوە دیاری دەکا کە چەند بە ڕاستی ژیاوین و کاتی تەمەنمان چۆن پێواوە؟
لە تەموزدا لە لەندەن لە مارکسیزمی ٢٠٢٣ بووین، لەگەڵ گۆنا سعیدی هاوژینم، چووبوین چۆمسکی ببینین کە لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا کۆڕی جەماوەری دەگرێ، کە هاوڕێیانی پارتی کرێکارانی سۆشیالیستSWP ڕێکیان خستبوو. ئەو بڕیار بوو باسی قڵشتی ئیمپریالیزمی ئەمریکا بکا، کە بەداخەوە بەهۆی ناساغیەوە چۆمسکی بە هاوژینەکەی وت ناتوانێ بێتە ئەو چەندین هۆڵەوە کە سەدان کەس چاوەڕێی ئەو بوون. بەڵام هەمومان جگە لە تەندروستی ئەو هیچ شتیكی ترمان بەلاوە گرنگ نەبوە و گرنگ نەبوو کە چەند لەسەرەی چوون بۆ کۆڕەکە وەستاین یان خود چەند چوەڕیمان کرد کە بێت و بەپێچەوانەوە هەموو ڕێز و خۆشەویستیمان بۆنارد کە تەندروست باش بێت تاکو لەناو کۆڕی چینەکەیدا بمێنێتەوە و بژی و تەمەنی درێژ بێت. بەخۆشحاڵیەوە تا ئەم ساتەش چۆمسکی خەریکی ژیانە بەخشندەکەیەتی.
دەیڤید هارڤیش تەمەنی ٨٧ ساڵە و ڕۆژێکی تر، لەهەمان بەرنامەی مارکسیزمی ٢٠٢٣دا، باسی گەشتێکی لەگەڵ کتێبی “گرۆندرێسە” ی مارکسی بۆکردین. خۆشحاڵ بووین کە تەمەن ڕێگر و باسێکی نەبوو لەوەی هەموو پێکەوە گوێ لە وشە بە وشەی تۆتاڵێتی و گشتتگیری پرۆسەی بەرهەمهێنانی ژیانمان لە سایەی سەرمایەداریدا بگرین و بەدوای وەڵامەوە بین بۆ ئەو کیشانەی ئەم سیستمە چەوسێنەرە بۆ ژیانی ئێمە و نامۆبوون لە ژیان و ئازادیەکانمان دروستی کردوە. بەردەوامی هارڤی لەم شیکردنەوەی تیۆری مارکسدا بە دەیان ساڵ پێمان دەڵێ ژیان و تەمەن مانای ئەوەیە کە ئێمە چەندە خەریکین ژیانێکی باشتر بۆ خۆمان دروست دەکەین و ڕۆژانە هەوڵی بردنە سەری ئاستی وشیاری و یەکگرتوبونمان و کۆبونەوەمان لەدەوری یەکتر دەدەین. کۆبونەوەی ئەم هەموو خەباتکارەی چینی ئێمەی کرێکاران لە لەندەن نیشانی دەدا کە دڵی ئەم خەبات و ئومێدە چەندە “گەنجە”.
لەم هەفتەیەشدا هەواڵی تێکچوونی تەندروستی هاوڕێ سەلام عەبدوڵامان بیست و هەموو دڵمان لای بوو. بەڕاستی هەموو دڵمان لای ئەم ئازیزانەمانە بەهۆی کاتی تەمەن یان وەک هاوڕێ سەلام کە نیگەرانی تەندروستی ئەوین.
بەڵام ئەگەر ئەم ٣ مرۆڤە کۆمۆنیست و خەباتکارەی مرۆڤایەتی چەوساوەی ئەمڕۆ سەیربکەیت دەبینی کە ئەو کاتەی ژیانی ئەوان چەندە ڕێژەییە کە تەمەن بۆیان دیاری دەکا! هەموو کاتێکی تەمەنیان گرنگ و چالاکە چونکە ئەم جۆرە مرۆڤانە لە بەرهەمهێنان و خەباتکردن بۆ باشترکردنی مرۆڤە چەوساوەکان ناوەستن. ئەمە لە ڕاستیدا تایبەتمەندی چینی کرێکارە کە بە ناچاری ناتوانن لە ژیاندا لە بەرهەمهێنان بوەستن. بەڵام کاتێک ئەم کارە نەک بۆ ناچاری ژیان بەڵکو بۆ باشترکردنی ژیانمان و خۆشکردنی ژیانمان دەکەین، ئەوسا ئەم هەموو ڕۆژە لە کاری بەرهەمهێنەرانەمان مانایەکی تر بە ژیان و کاتی تەمەن دەدا. ئەو کات ئێمە لە تەمەنی خۆماندا “پیر” نابین ،بەمانا لۆجیکیەکەی، نەک فیزیکیەکەی، چونکە هێشتا بەرهەم دەهێنن و خەبات دەکەین لە پێناو ژیانێکی باشتردا.
چۆمسکی بەرهەمەکانی لە بواری زمانەوانی و شیکردنەوەی سیاسەتی ئەمریکا و دەوری دەزگاکانی دەسەڵاتی سەرمایەداریدا. دەیڤید هارڤی دەیان ساڵ کارکردن لەسەر شیکردنەوەی تیۆری زێدەبایی و پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری بەو جۆرەی مارکس کاری لەسەر کردوە. سەلام عەبدوڵاش بە کاری هەرەوەزی لە خانەقین بۆ دروستکردنی خانویەک یان پێداویستیەکی ناوماڵ بۆ ماڵە کرێکار و هەژارێک، کار بۆ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریوەک خەستەخانەی کۆرۆنا یان ناشتنی نەمامێک بۆ پاراستنی ژینگە. هەمومان بە هیوای تەندروستی باشین لە ئێستادا بۆ هاوڕێ سەلامی ئازیزمان.
هەر یەک لەم هاوڕێیانە بەپێی توانای خۆیان وەک ئەندامێکی چینی کرێکار و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی خەریکی جۆرێک لە ژیانێکی بەرهەمهێنەرانەن بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیانی مرۆڤەکان. ئەم جۆرە مرۆڤانە پێمان دەڵێن کە پێوەری تەمەن واتە ئەو کاتەی ئێمەی مرۆڤ هەست بە بونی خۆمان دەکەین کە دەتوانین شتێک بۆ ژیانی خۆمان و گەشەپێدانی توانا و تێگەیشتنمان و ئازادیمان بکەین. ئەم جۆرە مرۆڤانە مانا بە ژیان دەبەخشن و لای هەمومان جوانی دەکەن و لەو دیو ژمارەی ساڵەکان و توانای فیزیکیەوە بەردەوامی ژیانی ڕاستەقینەمان نیشان دەدەن. چینی ئێمە سەدان و هەزاران نمونەی لەم جۆرە مرۆڤانەی هەیە هەربۆیە ئومێدمان بە ئایندەی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی دوور لە ستەم و چەوسانەوەی سەرمایەداری هەیە.




ئایا یەکێتی نیشتمانی، هێزە؟.. عوسمان حاجی مارف

بەدوای دوو دانیشتنی ئەم دواییانەی نێوان پارتی و یەکێتی، هیچ هێمایەکی ڕۆشنیان نەدا بەدەستەوە، کە بۆچی ڕێنەکەوتن و لەسەر چی ڕێنەکەوتن. باڤڵ بەجۆرێک پەرچەکرداری خۆی نمایشکرد و ئەوەی ڕاگەیاند کە یەکێتی کۆڵ نادات، یەکێتی مێژووە، یەکێتی هێزە…، ئەم جۆرە لە گوتاردان، نائارامی و بێئاکامی ئەو لایەنە نیشان ئەدات، کە نەیانتوانیەوە لەو دانیشتنانەدا هاوسەنگی ڕاگرێت و دەستکەوتێک بۆ مەرامە سیاسیەکەی بەدەست بهێنێت. بەجیا لەوەی کە ئەو دانیشتنانە، بێڕێزی پارتی بەرامبەر سەرکردایەتی یەکێتی پێوە دیار بو، چونکە لەلایەک ناهاوسەنگی لەو دانیشتنانەدا دەبینرا، بە ئامادەنەبونی کەسانی سەرەکی لە بنەماڵەی بەرزانی، لەلایەکی ترەوە ئاکامی دانیشتنەکە وەها وێنا دەکرا، کە یەکێتی ڕۆشتبێت بۆ تکاو ڕجاو داخوازی، پارتیش هیچ بەڵێنێکیان پێ نەدابن.
ئەوەی بۆ هەمولایەک ڕۆشنە لەسەر ئەو بنەمایەی پارتی و یەکێتی وەک هێزی میلیشیا، بەدوای جەنگی کەنداو، هەلی ئەوەیان بۆ هەڵکەوت باڵادەستی خۆیان بەسەر کوردستاندا دابمەزرێنن، بە ئاستی پێگەو نفوزی سیاسیان هەر لایەکیان، کوردستانیان کردە دوو ناوچەی زەردو ناوچەی سەوز، کەدواتر توانیان بە داگیرکاری و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستان، وەک دوو کۆمپانیای زەبەلاح، جەردەیی و تاڵانچێتی و سەرمایەگوزاری و بازرگانی و قاچاخچێتی .. دابمەزرێنن، بە گەورەترین کەڵەکەی سەرمایە توانیویانە لە گەنجینەکان و بانکەکاندا پارەیەکی بێشومار هەڵچنن.
بۆ پاراستنی بەردەوامی لە تاڵانچێتی و سەرمایەو سەرمایە گوزاری، هێزە میلیشیاکانیان بەشێوەیەکی فراوانتر و زیاتر گەورەکردنەوەو پڕچەککردنی هێزەکانیان دامەزراوترکرد. هەروەها خەرجیەکی بێشوماریان بۆ هێزی چەکداری ئەنجامداوە. بەڵام یەکێتی نیشتمانی تەنها لە ناوچەی سەوزدا ناوی هێزە، لەدەرەوەی ئەو ناوچەیە نەیتوانیوە و ناتوانێ مەترسی بێت بۆ سەر هیچ هێزێکی تر! یان ئەتوانین ئەوەش بڵێین کە نەیتوانیوەو ناتوانێ بەڕەنگاری هەر هێزێک بێتەوە گەر هێرش بکەنە سەری! هێزێکە بۆ گیانی دانیشتوانی ناوچەی دەسەڵاتی خۆی تائێستا بە توانایە، جا ئەمەش تاچەند دەخایەنێ، پەیوەندی بە هاوسەنگی هێزی ڕێکخراوبونی ناڕەزایەتی جەماوەریەوە هەیە.
ئەوەی پێویستە لەو گوتارەی باڤڵدا ئەنجام گیری لێبکەین، کێشەکە لەوەدانیە بسەلمێنرێت یەکێتی هێزە یا هێز نیە، مێژووە یا مێژوو نیە، بەڵکو سەلماندنی پرۆسەیە کە باڤڵیش لەم گوتارەیدا دوپاتی دەکاتەوە، مانای ئەوەیە دەسەڵات لە کوردستاندا دەسەڵاتی حزبی میلیشیایە، واتە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەزۆنی زەردو سەوزەوە دامەزراوەیەکی حکومی سەقامگیرو چەسپاو نیە و نابێت.
ئەمەش حاڵەتی ئەو سەرگەردانیەی دۆخی کوردستانە و سەپاندنی دیفاکتۆی دەسەڵاتی حزبی میلیشیاییە، مێژویەکی وەها تەڵخ و نابەجێیە، کە پەیوەندە بە چۆنیەتی بنەمای رۆڵ و هەڵسورانی سیاسی پارتی و یەکێتیەوە، جەلال تاڵەبانی و بارزانی دامەزرێنەری نمونەی ئەم سونەتەن لە هێز، کە ئێستا باڤڵ شانازی پێوە دەکات و شانی پێوە بائەدات. ئەو هێزە چەکدارەی کە هەرگیز نەیتوانی و ناتوانێ ببێتە دامەزراوەیەکی حکومی و دەوڵەتی، وەک هەردامەزراوەیەکی تر لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا، بۆیە ئەم جۆرە لە مامەڵە بە دەسەڵاتی سیاسی نەک هێزە سەربازیەکەی، بەڵکو نەیانتوانیوە هیچ دامەزراوە و وەزارەتێکیش مەرکەزی و جێگیر بکرێت.
باڤڵ و تەواوی بنەماڵەی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی، نان بە زەبری هێزی چەکداری دەخۆن، لەسەر حسابی زەحمەت و ڕەنجی ملیۆنان ئینسانی کرێکار و زەحمەتکێش و خەڵکی ستەمدیدە و بەهێزی چەکداری سەروەت و سامانی کوردستانیان قۆرخ کردووە ئەمە ئەو هێزانەیە کە جێگای شەرمەزارین، نەک شانازی! ئەم هێزانەن کە لەگەڵ کۆتایی دەسەڵاتی خاوەنەکانیان، هەڵدەوەشێن و هەزاران چەکدار وێڵ و سەرگەردان و بێکار دەکەن.
باڤڵ لەم توڕەیی و پەرچەکردارەدا، دانی بەوەداناو ئاشکرای کرد کە یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە، بانگەوازێکی پوچ و بێبنەمایە، چونکە هێزەچەکدارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی تەنها تایبەتە بەو حزب و لایەنانەی چەکدارەکانیان بۆ پارێزگاری خۆیان دامەزراندووە. ئەو هێزانەی لە یەکەم هەنگاودا فریاکەوتن دەست بەسەر کۆنترۆڵی سنورەکاندا بگرن و هەناردەی قاچاخچێتی و باج و گومرگ بکەنە داهات و دەستکەوتێکی بێسنور. پارتی و یەکێتی هەریەک بە سنورێکەوە گیرسانەوەو دامەزران، کە تائێستاش بە ناشەفافترین داهات پێناسە دەکرێت، بە جیا لە بازرگانی و قاچاخچێتی بەنەوتەوە.
ئێستاش ئەو هەوڵانەی بۆ بچوککردنەوەی قەوارەی هەرێم لە ئارادایەو پارتی و یەکێتی لەبەرامبەر قەیرانێکی سیاسیدا گیریان کردووە، هەرلایەکیان لە هەوڵی ئەوەدان چۆن هێزەکەی لە بەرامبەر ئەو قەیرانەدا بپارێزێت، بۆ ئەم خۆپاراستنەش پاشقول لە یەکتری دەگرن. ئەم بارگرژیەی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی ئاکامی ئەو نارۆشنی و قەیرانەیە کە ئاسۆی ئایندەی حکومەتی هەرێمی خستۆتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە شێوازی شانازیکردن بەو هێزەی، کە لەژێر هەڕەشەی بەرتەسکبونەوە یان لەناوچوندایە، هەڵچونێکی بێماناو و گوتارو تورەبونێکی کاڵفامانەیە.




یادێك بۆ شاڵاوی ئەنفال.. گەشتیار مەحمود

زۆرجار لەتەماشای دیمەنی کەناراوەکان و بیستنی دەنگ و هاژەی شەپۆڵی دەریاکانەوە تێدەگەی هاوشێوەی چریوەی باڵدارێک هەموو شتێک ئاوازێکی هەیە بەڵام هەموو کەسێک نایبیستێ تەنها ئەوانە نەبن کۆڵێ خەم و ژان وەکو بەستەڵەکی ناودەریاکان لە غەرقی حەسرەتی وەرزی غوربەتەوە ئەبن بە نۆتی مۆسیقایەکی بێ ناونیشان. زۆرن ئەو مرۆڤانەی لەهەر تێڕامانێک یادگاکانیان لەناو ئەلبومی یادەوەریەکاندا تنکۆک تنۆک ئەتوێنەوە و ئەرژێنە دەریاچکەی ژین و مەرگێکی نادیار ، وەکو ئەو دایکەی دوای لەدەستدانی کۆرپەکەی هەرکاتێک بۆ کۆکردنەوەی پارچەشکاوەکانی تابڵۆی ژیان بگەڕێ پێویستی بەبیستنی ئاوازێکی هێمن و لەسەرخۆیە تاوەکو دەستی لەسەرسینگی دانێ و هەست بە ترپەکانی دڵی بکات کە خەریکە هێدی هێدی ناخی خۆی ئەخواتەوە.

سەیرە! گەرچی ڕۆژمێری ڕۆژگارەکانی ئەم سەردەمە هەرچەند زۆرچێژبەخشیشبن، بەڵام هێشتا یەک تاقە ڕۆژی ڕەش بەسە کەتەواوی ژیانت ئاڵودەی تاڵی و خەم و زام و ئازار وژانکات، بۆیە زۆرن ئەودیمەنانەی ڕوێک ئارامبەخش و ڕوەکەیتر ئەو هەستانەت بیربخاتەوە کە هەمیشە یادەکان ئاوازێکی خەمناکن لە ناخی مرۆڤدا ڕەنگە تەمەنێک و زەمەنێک بووبن بەچیرۆک و بەسەرهاتێکی تراژیدی، کەنەهیچ ووشەیەک ئەیانخاتەگۆ و نەهیچ زمانێک ئەیانکاتە ووتە و نەهیچ پێنوسێک ئەیانخاتە ڕستەو ئەیاننوسێتەوە؛ تۆبڵێی دیمەنی تراژیدیای ئەنفال و کاریگەری شاڵاوی مەرگەساتی نەتەوەیەک چەندە زامێکی قوڵ و دژواربێت کەهەزاران خەونی لەگۆڕنراو هیوای هەزاران ئازادیخوازی زیندانی کراو هاواری هەزاران دایکی جەرگبڕاوە بەزیندوویی بوون بەسیمای هەزاران گلکۆی گۆرستانێکی بێ ناونیشان!

لەیەکێک لەسەربردەکانی ئەم تراژیدیایە ئەوەیە، خۆم گوێبیستی بووم دەگێرنەوە؛ لەجێگای پاشماوەی بەجێماوی چەند بەڕووێک لەگیرفانی ئەنفالکراوێکدا داربەڕووێک لەبیابانی جنوبی ئیراقدا ڕوواوە و بووە بە درەختێک، دەبێ لق و قەدی ئەم دارەبەڕووە لەسەردڵی کراسی چ زیندەبەچاڵکراوێکەوە سەری بڵندی بەرەودەرگای ئاسمانی پەروەردگارەوە دەرهێنابێت ولە گەڵ ڕەگ و ڕیشەی ئاوێتەی دەماری دڵی چ بێ تاوانێکەوە تێکئاڵاوبێت ! دەبێ دیمەنی ئەم درەختە لەم بیابانە مرۆڤکوژە ناونیشانی چ تاوانێکی بەدکرداربێت، دەبێ ناونیشانی پەیامی ئەم چیرۆکە لە دووتوێی کام پەرتووک و نامەی نمایشی دەستی چ سینەماکارێک وونکرابێت، دەبێ گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە زمانی چ دیپلۆماتکارێکی لەگۆخستبێت کەهێشتا هێندە بێرەحمانە چەرخی فەلەک بەدەوری سال و زەمەنی کاتی روداوەکە دەسوڕێنەوە بەڵام هێشتا هاواری دوعای بەرۆکی هەزارن دایکە شەهیدی بێناونیشان بەرەودەرگای توڕووەبوونی ئیلاهی لەکڵپەی جەرگی ناخێکدا هەر لەسوتاندان..

بەداخەوە کورد دوای چەندین بەسەرهاتی هاوشێوەی تراژیدی و مەرگەساتی ناخ هەژێن لەم کاتەشدا هەر سوغرەکێشی عەجەم و تورک و عەرەبی ڕەگەزپەرستە بۆیە تا ئەمان بمێنن سوپای دوژمن چیتر لەودیو سنورنین ئەوان لێرەن لەناو ماڵ و گەڕەک و کۆلان و شارو شارۆچکە و بەناو دڕامای تیڤی ناوخۆیی و خوێنی میللەتدا دەسوڕێنەوە. ئەوان ئەگەرچی جاران پێویستیان بەڕێگایەکی دوور هەبووە تاسنوری حەرەمی شورای شێخ و بەگ و ئاغاکانی بابان و گەرمیان وسۆران و بادینانەوە تێکبشکێنن، بۆفراوانکردنی سنوری فەرمانڕەوای جاشایەتی و داردەست و بەکرێگیراوی دوژمن هەمیشە بۆ مانەوەو بەهێزکردنی خۆیان لەئەشکەوت و بیابانێکی دورەدەستەوە پێویستیان بە شۆڤل و چەند مەترە چاڵێک هەبووە.

بەڵام ئێستا بە تەکنەلۆژیای سەردەم پرۆسەی شاڵاوی ئەنفال لەڕێگای چاوساغی درۆنی تورکی و سیخوڕی موشەکی ئێرانی لەناو جەرگەی شارو گوندو لادێدا هەن ، بەجۆرێک وەها تێکەڵی شادەماری دڵ و ئاوێتەی خوێنی ڕۆڵەی کوردبوونە، تەنانەت لەناو خاک و ئاو هەوای نیشتیمانی خۆتدا لەسەرو ماڵت دڵدنیانەبی و لەترپەی دڵ نزیکترن دەتوانن لەچرکەساتێکدا لەکاتژمێری سفر بەیەک کلیک ترپەی دڵی دەیان دایک بوەستێنن و جەستەی دەیان ڕۆڵەی ئەم نیشتیمانە بەرچاوی سەدان کورددا بسوتێنن و ئازارێک بخەنە دڵی منداڵ و کەسوکاریان تائەبەد ساڕێژبوونی نەبێت و برینێک لەسەر جەستەی نیشتیمانێک واڵادەکەن کە قوربانی دەستی ژەمێک نانی نامەردی کوڕە کوردێکی خۆفرۆشبێت! بۆیە لەم سەردەمە و لەئاست ئەم تراژیدیایە باشتر لە دەنگ هەڵبڕین دەبێ بێ دەنگی هێمای ئازاری ئەدای زمانی چ دەربڕینێکی پڕسۆ بێت…

گەشتیار مەحمود – کەنەدا




‌بووه‌سته‌ مرۆڤ.. فەرهاد کەریم

هه‌ندی جار ده‌مه‌وێ راکه‌م هه‌ندێ جاریش رێکه‌م، له‌وه‌ ده‌ترسم به‌ رۆیشتن نه‌گه‌م، به‌ غاردانیش خۆم له‌ بیرکه‌م، بۆیه‌ هه‌میشه‌ حه‌زم له‌ ڕامانه‌، سه‌یری راکردن و رۆیین که‌م، له‌ مێژه‌ ده‌مه‌وێ شتێک بڵێم نه‌مگوتبێ، گوێ رادێرم گوێم له‌ بانگی ئازادی بێ و گوێم لێنه‌بووه‌و گوێم لێنا‌بێ، مرۆڤ له‌ مێژه‌ له‌ گۆتن بۆته‌وه‌و هیچ ناڵێ، گوێی له‌ هه‌نگاوه‌کانی خۆی نیه‌، نه‌ راده‌کاو نه‌ ده‌ڕوا، له‌ جه‌نگه‌ڵێکی خامۆشدا خه‌وتووه‌و ئازاره‌کانی خۆی ده‌خوا،
ئاڵووده‌ بووه‌ به‌ خه‌وتن، ده‌ڕواو راده‌کا، رۆیین و راکردنت بێ کۆتایه‌ له‌و جه‌نگه‌ڵه‌ خه‌وتوودا، مرۆڤ له‌ خه‌وتندا ته‌نها ته‌م و خه‌ون و ته‌رمه، له‌ ناو خه‌ون و ته‌رم و ته‌می تۆ دام، تارمایه‌کم خۆم نابینم و نابینرێم،
ته‌م بتبینێ و نه‌تبینێ با‌،
ته‌رم و خه‌ونیش چرایه‌که‌ بۆ کۆره‌،
ژوورێکم گه‌ره‌که‌ له‌ تارمایی، ته‌م دایپۆشیبێ و له‌ بینین به‌ دوور، هه‌نگاوه‌کانت رێی پێنه‌که‌وێ، وه‌ک ئه‌مڕۆ ون، خۆشنییه‌ له‌ ناو خه‌می خۆم و خه‌وتنی تۆدا ئاره‌زووکه‌م تارمایی بم، بخه‌وم و خه‌ون و ته‌رم و ته‌مبم،
له‌و جه‌نگه‌ڵه‌ خه‌وتووه‌دا گوێم له‌ ده‌نگی خۆم نیه‌، مردنێکی سارده‌ مرۆڤ، مردووی ئێره‌ رۆین و راکردنت جوان نیه‌، ده‌خۆیی و ده‌ڕی، ئاگات له‌ ژیان نیه‌ و ناخت گۆڕه‌ و خۆت ناشتووه‌،
بیری پێش مردنی مرۆڤ ده‌که‌م
جاران مرۆڤ جوان بوو
بیری جوانی خۆم ده‌که‌م
خه‌فه‌ت له‌ ئه‌مڕۆی تۆ ده‌خۆم
خۆمم لێ ونبووه‌
تارمایی و ته‌میت له‌ داهاتووش نابینرێم،
ئازارت گه‌وره‌تره‌ له‌و جه‌نگه‌ڵه‌ سارده‌
ساردتریت له‌ مردن
پێش مردن ژیان هه‌بوو
بیری ژیان ده‌که‌م
پێش ژیان مردن نه‌بوو
زووتر گوێم له‌ مردن نه‌بوو
بیری ژیان ده‌که‌م
زووتر مرۆڤ خه‌ونی بچووک نه‌بوو
سارد نه‌بوو خه‌ونی
بیری خه‌ونی جوانی ده‌که‌م
باوه‌شی گه‌رمی
بیری خاوێنی مرۆڤ ده‌که‌م
جاران مرۆڤ پیس نه‌بوو
ته‌رم و ته‌م و گۆڕ نه‌بوو
پێش مردن ژیان هه‌بوو
بیری ژیان ده‌که‌م
بووه‌سته‌ مرۆڤ دابه‌زین هه‌یه‌




سێ کۆپلەی ” سهراب سپهری”.. وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

ژیان پووشێکی بچووک
كردوومانە بە کێوێک
ژیان ناوێکی بە دەما نەهاتوو کە خوورانومانە
ژیان نیە
جگە لە نمە نمی بارانی بەهاران
ژیان نیە
جگە لە دیدەنی یار
ژیان نیە
جگە لە “بە خۆشەویستی” قسە کردن
دەنا هەر دڕک و داڵە
ئەوەنەی ئەتوانی، بۆ خۆت بژی
ژیان تاقی کردنەوەیەکی بەر فراوانی لێڵە
دەیان گەڕەک و پشتی گەڕەک
و
بە ئەندازەی “تەمەن” ێک بیابانە
لەم دەرفەتە کەمە:
چیمان کرد و ئەبوایە چیمان بکردایە..

#

…..بەلەمێک دروست ئەکەم
بەدەم ئاوەوەی ئەیەم
لە پشتی دەریاکەوە شارێک هەیە
پەنجەرەکان کراوەن
كۆتری سەربانەکان
ئەڕواننە هۆشمەندی ئینسان
مەچەکی هەر دە ساڵانێک نموونەیەکی “زانایی”یە
شارنشینەکان وەک دیوارێکی گڵ ئەبینرێن
كە بە بڵێسەیەک
بە خەوێکی خۆش
خاک ، مۆسیقای هەستی تۆی گوێ لێ یە
و
دەنگی باڵندە ئەفسانەییەکان
لەگەڵ “با” دێ
پشتی دەریاکە شارێکە
پانتایی خۆر تیایا
وەک چاوی ئەوانەی لە کازیوەیا
بە خەبەر یەن ، بەرینە
شاعیران میراتگری
ئاو.. و دانایی ..و ڕووناکین
لە پشتی دەریاکەوە شارێکە
ئەبێ بەلەمێک دروست بکرێ


ڕەنگێک نیە لە گەڵما بڵێ :
ئارام بگرە
کازیوە کەمێکی ماوە هەڵبێ
هەردەم گوێم لێیە ،
كە دڵم پێم ئەڵێ :
ئای لەم شەوە….چەن تاریکە
پێکەنینی کێ
خەندەی کێ فێنکایی بە سنگ ئەبەخشێ..؟
ئەبێ کام دڵۆپ
بخەمە دەریاوە..؟
بە کام بەردا هەڵئەواسرێم..؟
وەک ئەوەی شەوێکی “شێ” یاوی بێ
كەسانی تریش غەمناکن
غەمی من دەریایەکە
غەمی خودی غەمبارییە

**سێ کۆپلەی ” سهراب سپهری”

وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام
“”””””””””””””””
ژیان پووشێکی بچووک
كردوومانە بە کێوێک
ژیان ناوێکی بە دەما نەهاتوو کە خوورانومانە
ژیان نیە
جگە لە نمە نمی بارانی بەهاران
ژیان نیە
جگە لە دیدەنی یار
ژیان نیە
جگە لە “بە خۆشەویستی” قسە کردن
دەنا هەر دڕک و داڵە
ئەوەنەی ئەتوانی، بۆ خۆت بژی
ژیان تاقی کردنەوەیەکی بەر فراوانی لێڵە
دەیان گەڕەک و پشتی گەڕەک
و
بە ئەندازەی “تەمەن” ێک بیابانە
لەم دەرفەتە کەمە:
چیمان کرد و ئەبوایە چیمان بکردایە..

#

…..بەلەمێک دروست ئەکەم
بەدەم ئاوەوەی ئەیەم
لە پشتی دەریاکەوە شارێک هەیە
پەنجەرەکان کراوەن
كۆتری سەربانەکان
ئەڕواننە هۆشمەندی ئینسان
مەچەکی هەر دە ساڵانێک نموونەیەکی “زانایی”یە
شارنشینەکان وەک دیوارێکی گڵ ئەبینرێن
كە بە بڵێسەیەک
بە خەوێکی خۆش
خاک ، مۆسیقای هەستی تۆی گوێ لێ یە
و
دەنگی باڵندە ئەفسانەییەکان
لەگەڵ “با” دێ
پشتی دەریاکە شارێکە
پانتایی خۆر تیایا
وەک چاوی ئەوانەی لە کازیوەیا
بە خەبەر یەن ، بەرینە
شاعیران میراتگری
ئاو.. و دانایی ..و ڕووناکین
لە پشتی دەریاکەوە شارێکە
ئەبێ بەلەمێک دروست بکرێ


ڕەنگێک نیە لە گەڵما بڵێ :
ئارام بگرە
کازیوە کەمێکی ماوە هەڵبێ
هەردەم گوێم لێیە ،
كە دڵم پێم ئەڵێ :
ئای لەم شەوە….چەن تاریکە
پێکەنینی کێ
خەندەی کێ فێنکایی بە سنگ ئەبەخشێ..؟
ئەبێ کام دڵۆپ
بخەمە دەریاوە..؟
بە کام بەردا هەڵئەواسرێم..؟
وەک ئەوەی شەوێکی “شێ” یاوی بێ
كەسانی تریش غەمناکن
غەمی من دەریایەکە
غەمی خودی غەمبارییە




وەرگێران.. زانا رەزاق

وەرگێران یانی وەرگێرانی ووشەیەک یان ڕستەیەک یان نووسراوێک یا کتێب لەزمانێک بۆ زمانێکی تر، یاخود بەشێوەیەکی گشتی بڵێین لەشێوەیەکەوە بۆ شێوەی تر هەروەها وەرگێران واتە پێویستی ئەو کۆمەڵگایە یا ئەو کەسانە کە پێویستانە ئینجا وەرگێران یەکێکە لە گرنگترین کاری وەرگێر کەسێک بێت بە باشی لەکاری نووسەری بزانێت هەروەها بەتەواوی شارەزایی ئەو زمانەش بێت کە نووسراوەکە وەردەگێرێت دەبێ بشزانێت چی وەردەگێڕێت دواتر دەبێ نووسەر پاش ئەوەی بە باشی شارەزایی نووسین و داڕشتن و شێوەکانی تری و پێداویستەکانی تری نووسەری بوو ئەوجا زمانی تری زانی ئەو جۆرانە ببنە وەرگێڕ نەک کەسێک خۆی فێری زمانی تر بکات دواتر ببێتە وەرگێڕ و بەهۆی وەرگێریش ببێتە نووسەر، یانی نووسەر ببێتە وەرگێڕ نەک وەرگێڕ ببێتە نووسەر

لێرەشدا پرسیارێک دروست دەبێ ئەویش ئەوەیە وەرگێڕەکان یان ئەوانەی بەرپرسن لەوە چی بکەن بۆ ئەوەی یاساو ڕێسا ئەمە ڕێک بێخن؟

یەکەم پێویستە وەرگێڕ ئاشنای ئەو نووسەرە بێت کە کتێبەکەی وەردەگێڕێت چونکە لەوانەیە نووسەرێکی باش نەبێت و هەڵەو کەم و کورتی زۆری هەبێت.

دووەم ئەگەر هاتوو کتێبێک یان نووسراوێک لەزمانێکەوە بۆ زمانێکی تر وەرگیرا بوو ئەوا وەرگێری ئێمە پێویستە ئەوە بزانێت ئایا ئەو وەرگێرەی ئەو کتێبەی وەرگیراوە وەرگێرێکی باشە و بەتوانایە یا کەسێکی بە شارەزاایی تەواوی نیە؟

سێیەم وەرگێران دەبێ بەپێی سودو پێداویستی کۆمەڵگا بێت نەک هەڕەمەکێ و بە ئارەزووی خۆیان کتێب وەرگێڕن.

چوارەم دەبێ وابکرێت ووردە ووردە کاری وەرگێڕان کەم بکەنەوە تا دەگاتە ئەوەی ئەو کتێبانەی گرنگن و دواتر خۆمان لەسەر خوێندنەوەی وەرگێردراوەکان لێهاتوو شارەزا بکەین و ببینە خاوەن بۆچوون و ڕای خۆمان.
پێنجەم دەبێ وەرگێڕان دەست نیشان بکرێت و کتێب وەرگێڕانێک تاقی بکرێنەوە هەروەها بەتەواوی کاری نووسەری و زمانەکەش بزانێت یانی دەبێ وەرگێڕ لە تاقیگە دەرچێت و تاقیگەیەکیش بۆ ئەمە دروست بکرێت.