ڕۆمانی گەردوون و گەردوونی ڕۆمان.. کاروان کاکەسوور

تەنیا لەم سەد ساڵەی ڕابردوو و لە بواری گەردوونناسیی فیزیایی (Physical cosmology)دا کۆمەڵێک تیۆریی جیاواز بۆ ئەوە دامەزراون، تا لێی بکۆڵنەوە، کە سەرەڕای ئەوەی چەندان بەڵگەی زانستییان بە دەستەوە داون، بەڵام هێشتا کەموکورتییان هەیە و نایشکرێت نەیانبێت، مادام گەردوون هەم ئاڵۆزە و هەم مەتەڵئامێز.
گەردوونی بینراو بەشێکی گەردوونە، نەوەک هەمووی. گەردوونی نەبینراو (Invisible Universe) ڕووبەرەکەی زیاترە، بگرە بێسنوورە. گەردوون ماددە (مەتێریەڵ) و وزە دەگرێتەوە. بەپێی لێکدانەوە زانستییەکان تەمەنی (46) میلیارد ساڵی ڕووناکییە و لە کشانی بەردەوامیشدایە. ئەم کشانە پێوەندیی بە سروشت و شێوەیەوە هەیە، کە کێشکردن (Gravity) و وزەی تاریک (dark energy) هەڵیدەسووڕێنن. کێشکردن ئەو هێزەیە، ماددە ڕادەکێشێت و دەیەوێت کشانی گەردوون خاو بکاتەوە، لە کاتێکدا وزەی تاریک بە پێچەوانەوە هەوڵ دەدات ئەو کشانە درێژەی هەبێت.
تیۆریی دۆخی چەسپاو (steady state theory)، کە لە ساڵی (1948)دا دەرکەوتووە، پێی وایە گەردوون وەک چۆن بێسەرەتایە، ئاوا بێکۆتاییشە، بەو مانایەی نە لە ڕووی کاتەوە سنووری هەیە و نە لە ڕووی شوێنیشەوە. پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە ماددە بەردەوام لە گەردووندا دەردەکەوێت. لە ساڵی (1964)دا ڕووداوێک ئەم تیۆرییە دەهەژێنێت، کاتێ شەپۆلێکی کارۆمۆگناتیسی (Electromagnetic radiation) لە قووڵاییی گەردوونەوە دێت و وا لێک دەدرێتەوە، کە پاشماوەی لەدایکبوونیەتی. بۆ میلیاردان ساڵ دەگەڕێتەوە و بە تیشکی پاشخانی گەردوونی (cosmic background radiation) ناوی دەبەن. دواتریش بە تەقینەوە مەزنەکە (Big Bang) دەناسرێت. ڕاستییەکەی پێشتر (جۆرج لۆمتەر) لە ساڵی (1927)دا ڕایگەیاندبوو. لەمەوە گوترا گەردوون ئەزەلی نییە، بەڵکوو لە کۆندا، دروستتر (3.7) میلیارد ساڵ لەمەوبەر لە خاڵێکی کاڵەوە، وەک ئەوەی هیی نووکی قەڵەمی ڕەساس بووبێت، دەستی پێ کردووە. چووەتە دۆخێکی زۆر گەرمەوە و تەقیوەتەوە، بەو مانایەی لەوێدا پاڵەپەستۆ بێکۆتا بووە و بارستاییش لە سفر نزیک کەوتووەتەوە، تا ئەم تەقینەوەیە ڕووی داوە و گەردوونی لێ هاتووەتە بەرهەم. لەو ساتەوە دەستی بە کشان کردووە. ئەمڕۆ وا مەزەندە دەکرێت ئەمسەر و ئەوسەری، کە لە شێوەی چەترێکی کراوەدا خۆی دەردەخات، بریتی بێت لە (92) میلیارد ساڵی ڕووناکی. واتە نیوەتیرەی ئەو فرەوانبوونە (46) میلیارد ساڵی ڕووناکییە.
تیۆریی گەردوونی کوانتیکی (Quantic universe) پێی وایە چەند ماددە و وزە هەن لەم گەردوونەدا، گەردوون خۆی لە عەدەم دروستی کردوون، بەڵام عەدەمێکی کوانتۆم (quantum void). بەپێی یاسای کوانتۆم (quantum law) دەکرێت تەنێکی وردی وەک ئەلیکترۆن هاوکات لە دوو شوێنی جیاوازدا خۆی دەربخات. بۆ نموونە پشیلەیەک دەتوانێت لە یەک ساتدا هەم مردوو بێت و هەم زیندوو، بگرە کەسێک لە سەندووقێکدا بیبینێت. بە پشیلەی شرۆیدینگەر (Schrödinger’s cat) ناسراوە. بەپێی ئەم تیۆرییە ئەگەر بیخەیتە سەندووقێکەوە و سەری دابخەیت، ئەوە وەک ئەزموونێکی هزری (thought experiment) لەم ساتەوە تا دەیکەیتەوە، نازانیت، ئاخۆ هێشتا دەژی، یان مردووە. بەم شێوەیە ئەو لە هەردوو دۆخەکەدایە. عەدەمی کوانتۆم خاوەنی توانایەکی تایبەتە، کە بە وزەی بۆشایی (the void of energy) ناسراوە و بەهاکەی سفرە، بەڵام بەو سفرەوە نەلکاوە، بەڵکوو بە دەوریدا دەخولێتەوە، بگرە لێی دوور دەکەوێتەوە، کە لە ئەنجامدا وزەیەکی کاریگەر بەرهەم دێت و دەتوانێت ماددە دروست بکات، وەک چۆن ماددە جارێکی دیکە پێی دەکرێت وزە بێنێتە دی. لێرەدا ماددە و دژەماددە دەردەکەون. دووەمیان لە هەموو ڕوویەکەوە لە یەکەمیان دەچێت، تەنیا جیاوازیی ئەوەیە، بارگەی ئەلیکترۆنی (electric charge)ی هەیە. ئەوەیش بە سەرەتای تەقینەوە مەزنەکە دادەنرێت، کە وەک گوترا ئەم تیۆرییە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، گۆیە گەردوون لە خاڵێکی وردی کاڵەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام گەرمایییەکەی سنووری نەناسیوە، بە ڕادەیەک بووەتە سەرچاوەی هەموو شتەکان، بە کات و شوێنیشەوە. بەم شێوەیە گەردوون لە فرەوانبوونی بەردەوامدایە، کە دووریی ئەستێرە، هەسارە و گەلەگسییەکان بە جۆرێکی ڕێک دەهێڵێتەوە.
ئەمجارە تیۆریی زنجیرەیی، یان یەکبەدواییەکی گەردوون (The cyclic universe theory)مان هەیە، کە پێی وایە ئەم گەردوونە یەکێکە لە بێژمار گەردوونەکان. هەم لە پێشیەوە هیی دیکە هەیە و هەم لە دوایەوە هیی تر دێت. واتە لە هەر تەقینەوەیەکدا گەردوونێکی دی پەیدا دەبێت، کە خاوەنی یاسای فیزیایی و ماتماتیکیی خۆیەتی. لە ناو دەچێت و دانەیەکی دی لە ڕێی تەقینەوەیەکی ترەوە شوێنی دەگرێتەوە. دەکرێت بگوترێت هەر گەردوونێک بەپێی ئەو خولە بێپسانەوەیەی لە کشان و ساردبوونەوە (expansion and cooling)دا، بە تەقینەوەی مەزن (big bang) دەست پێ دەکات و بە تێکشکانی مەزن، یان پووکانەوەی مەزن (big crunch) کۆتاییی دێت.
وەک گوترا ئەوانە تیۆرین و لە کەموکورتی بە دەر نین. زانینی ئێستای مرۆڤ لە سنووری گەردوونی بینراودایە، بەڵام بەردەوام هەوڵ دەدات زیاتر بدۆزێتەوە. واتە هەمیشە ڕووی لە نەزانراوە.
ئەوەی من لێرەدا خستوومەتە ڕوو، ئەلفبێی ئەو تیۆرییانەیە، دەنا بابەتەکە زۆر لەوە زیاتر و قووڵترە. بەو مەبەستە ئەو کورتەیەم لەو بارەیەوە نووسیوە، تا لەم ڕووەوە وێنەیەکی گشتی بخەمە بەر چاو. نایشکرێت وەک سەرچاوەی زانستی لێی بڕوانرێت، ئەگەرچی هەوڵم داوە زانیارییەکان بە دروستی بخەمە ڕوو. ئەوەی گرنگە، بەردەوامیی لێکدانەوەی گەردوونە. خاڵی هاوبەشی تیۆرییەکان، ئەوەیە، کە گەردوون ئاڵۆزە، سەرەتایەکی ڕوونی نییە، ناکرێت ڕاڤەکان لە خاڵێکدا بوەستن و ئەنجامێکی دیاریکراو بە دەستەوە بدەن.
ناتوانین بڵێین لێکدانەوەی گەردوون تەنیا تایبەتە بە زانایان، بەڵکوو هیی هەر کەسێکە، ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئایا بۆمان هەیە ڕاڤەی چەوت بۆ گەردوون بکەین؟ بەڵێ، مادام ئەو ڕاڤەیە تایبەتە بە خۆمان و بەسەر ئەوانی دیکەیدا ناسەپێنین.
ڕۆمان، کە مەبەست ئەو ڕۆمانەیە ئاستی واقیعی زانراو و زمانی ڕۆژانەی تێپەڕاندووە، لە گەردوون دەچێت، بگرە هەر خودی گەردوونە، بەوەی گەردوون لە ڕووی کات و شوێنەوە بێسنوورە. ڕۆمان کاتێ فرەئاڕاستە و فرەدەنگە، دەستنیشان ناکرێت، تا بڕیاری کۆتاییی لەسەر بدرێت. وەک چۆن گەردوون لە تێکڕای تیۆرییەکان گەورەتر و فرەوانترە، ئەوە ڕۆمانیش بە هەمان شێوە توانای هەیە دەیان تیۆری و ئاڕاستەی فەلسەفی بهێنێتە دی، بێ ئەوەی هیچ یەکێ لەو ڕاڤانە، بگرە تێکڕای ڕاڤەکانیش بتوانن وا خۆیان دەربخەن بەشی زۆری نهێنییەکانی ئەویان دۆزیوەتەوە، بەڵام بایەخی ئەم هەوڵانە لە بەردەوامییاندایە.
لێکدانەوەی دەقی ڕۆمانیش تایبەت نییە بە کەسانێکی دیاریکراو، بەڵکوو هیی هەر خوێنەرێکە بەری دەکەوێت، تەنانەت ئەو خوێنەرە گریمانەیییەی ڕۆماننووسیش، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆماننووسەکەیە. ئەگەر زانست لە ڕێی پێوەرە پۆڵایین و سەختەکانیەوە لێکدانەوەی گەردوون تەنیا بە هیی کەسانی پسپۆڕ دەزانێت، ئەوە ڕۆمان بەوەدا نە پێوەری هەیە و نە یاسای دیاریکراو، ڕێی هەر خوێنەرێک دەدات بە شێوازی خۆی بیخوێنێتەوە و لێکی بداتەوە. ئەو خوێنەرە دەتوانێت خوێندنەوە تایبەتەکەی ئاڕاستەی گەردوونیش بکات و بەو شێوەیەی ببینێت، کە لەگەڵ بۆچوونیدا ڕێک دەکەوێت. کاتێک زانست ناکەینە پێوەر، شتێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی چی ڕاستە و چی چەوت، مادام وەک گوترا نیازمان نییە ئەو ئەنجامەمان بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنین.
چەند پێمان وا بێت تەواو لە گەردوون گەیشتووین و بەشێکی زۆری نهێنییەکانیمان دۆزیوەتەوە، هێشتا کەمی لێ دەزانین. کاتێ دەڵێین گەردوون بە شێوەی ڕاستەوخۆ هەیە، بە هەڵەدا دەچین، بەڵکوو وەک دەقی ڕۆمانی فرەدەنگ ناڕاستەوخۆیە، کە پێشتر گوترا (گەردوونی نەبینراو) بێسنوورە. ڕۆمان چەشنی گەردوون هێزی کێشکردن و وزەی تاریک هەڵیدەسووڕێنن. کێشکردن هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ، تا ماددە ڕابکێشێت و کشانی دەق خاو بکاتەوە، لە بەرانبەردا وزەی تاریک بە توندی بەرپەرچی دەداتەوە و دەیەوێت کشان درێژەی هەبێت، کە ئەوانە ناهێڵن سەرەتایەکی ڕوونی بۆ دیاری بکەین و بە خاڵی کۆتاییی بگەین. ڕۆمان وێنەی گەردوون خاوەنی یاسای فیزیایی و ماتماتیکیی خۆیەتی، کە دەکرێت بڵێین، نایاسا، یان ناپێوەر (non-standard)ن، نەوەک یاسا و پێوەر. لۆجیکەکان هیی ناوەوەی خۆین، نەوەک لە دەرەوە بۆی هاتبن.

ئەو ڕۆمانەی ئاستی زانراو تێدەپەڕێنێت، هاوکات لۆجیکی تایبەتی خۆیشی دەخاتە ڕوو، کە ڕێ نادات بە لۆجیکی زانراو بخوێنرێتەوە، بگرە هەر خوێندنەوەیەک لە ئاستیدا کورت دەهێنێت، ئەگەر بیەوێت بۆ ئاستی زانراوی بگەڕێنێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕۆمان کاتێ دەتوانێت داهێنەر بێت، کە واقیعێک بە هەموو وردەکارییەکانیەوە تێک دەشکێنێت و لە ئاستێکی دیکەی جیاوازدا دەریدەخاتەوە. ناکرێت بۆ ئەو واقیعەی بگەڕێنینەوە، لە کاتێکدا خودی واقیعەکە تێپەڕێنراوە و نەماوە. ڕۆمانی داهێنەرانە بەرگەی هێرشی ئەو خوێندنەوانە دەگرێت، کە واقیعی زانراویان کردووەتە پێوەر و دەیانەوێت لەوێوە ڕووبەڕووی ببنەوە. واتە ئەو خوێندنەوانە زمانی ڕۆژانەیان تێدا بەرجەستەیە و خۆیان لە ئاستی زمانێکدا دەبیننەوە، کە چووەتە دۆخی ئاماژەوە و کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە. لێرەدا ئاستی میلـلی دەکەوێتە بەرانبەر ئاستی فەلسەفییەوە، کە دووەمیان نەدەهاتە کایەوە، ئەگەر یەکەمیانی تێک نەشکاندایە. ئەو ئاڕاستانەیش وایان کردووە دەقەکە کورت نەکرێتەوە، تا لە شێوەی ڕۆمانی ئاساییدا بخرێتە دۆخی ئایکۆنەوە و ماناکانی لە چەند دێڕێکدا پێشان بدرێن. ڕۆمانی فرەدەنگ بەو خەسڵەتە گەردوونییانەی هەیەتی، لە بینراو و نەبینراو پێک دێت، کە تەنیا توێژینەوەی بارگاوی بە فکری ڕەخنەیی دەتوانێت هەوڵی ئاشکراکردنی نەبینراوەکانی بدات، بێ ئەوەی بە خاڵێکی دیاریکراو بگات و ئەنجامێک بە دەست بهێنێت. ڕۆمانی جەماوەری بەوەدا لە ئاستی میلـلیدا ماوەتەوە، دەکرێت بە هەمان زمانی ڕۆژانە بخوێنرێتەوە، تا بگوترێت کوێی باشە و کوێی خراپ، وەک ئەوەی لە ڕەخنەی میلـلیدا هەیە، چونکێ لە یەک ئاڕاستە، یان لە یەک چیرۆکی زەبەلاحی ڕوون پێک هاتووە و بە ئاسانی کورت دەکرێتەوە، بگرە وەک تەنێکی فیزیکی لێی دەڕوانرێت، بەوەی تەنیا بریتییە لەوەی وا لەسەر کاغەزدا فۆرمی وەرگرتووە، بەڵام ڕۆمانی فرەدەنگ بێژمار چیرۆکی ورد و دیمەن لە خۆی دەگرێت. ئاستی جەماوەری تێپەڕاندووە و توانای هەیە خوێنەری جیاواز بدوێنێت، کە لێرەدا هۆشیاریی نووسەر و خوێنەر بەر یەک دەکەون. لەو بەریەککەوتنەدا وزە، ماددە و دژەماددە بەرهەم دێن، تا بەردەوام یەکتر نوێ بکەنەوە. گوترا بۆمان هەیە ڕاڤەی چەوت بۆ گەردوون بکەین، بە مەرجێ ئەو ئەنجامەمان تایبەت بێت بە خۆمان و بەسەر ئەوانەی دیکەیدا نەسەپێنین، کە ئەمە بۆ ڕۆمانیش دروستە. بەگشتی خوێندنەوەکان لە هەر ئاستێکدا بن، جووڵەن و بایەخیان هەیە، مادام لە بۆشاییی گەردوونی ڕۆمانی فرەدەنگ و فرەئاڕاستەدا شوێنیان دەبێتەوە. هەر ڕاڤەیەک دەیانی دیکەی جیاوازی لێ دەکەونەوە و ئەوانە ململانێ دێننە گۆڕێ. هێزی نووسین دەتوانێت درێژە بەو ململانێیە بدات، کە ڕۆمانی ئەمڕۆ بەرهەمی ململانێکانی ڕابردووە. شێوازەکانی نووسینیشی هەر ئەو پرۆسێسە هێناونی. من خۆم ئەو ئاڕاستانەی هێز بەو پرۆسێسە دەدەن، بە گرنگ دەزانم، هەتا ئەگەر لە دژیان بوەستم و بە ڕەخنەیش ڕووبەڕوویان ببمەوە. بەبێ بوونی ئاڕاستەی جیاواز، ململانێ نایەتە کایەوە، تا بکەوێتە گەڕ و لەو بەردەوامییەیدا هێزی نوێ بەرهەم بهێنێت، بە تایبەتی کاتێ ململانێکە فۆکەسی لەسەر پێکهاتەی دەقە، نەوەک لەسەر ژیاننامەی نووسەر. بە مانایەکی دی، چەمکەکان لێک دەداتەوە و ئاڕاستەی نوێیان تێدا دەدۆزێتەوە، نەوەک باز بەسەر ئەوانەدا هەڵبدات و ڕوو لە نیازی نووسەر بکات. هیچ شتێک ناکەوێتە دەرەوەی دەق و تەنیا لەوێدا دەتوانین ئاڕاستەی نوێ بهێنین. کاتێ ڕوومان لە نووسەرە، ئەوە پەنامان بۆ پێوەری ڕەوشت بردووە، تا بەوە هەڵیبسەنگێنین، ئاخۆ باشە، یان خراپ. پرۆسێسێکی ئاسانە و ناتوانێت هیچ شتێکی نوێ بە دەستەوە بدات، بگرە دوور و نزیک پێوەندیی بە دەقەوە نییە. بۆ نموونە من دێم و بە زمانی ڕۆژانە، ئەو زمانەی هەر ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵگە دەتوانێت پێی بنووسێت، دەنووسم (داوەزی داهۆز) نووسەرێکی تووڕەیە، بۆشە، ساختەیە، خەیاڵی لە کار کەوتووە، توانای داڕشتنی چوار ڕستەی سادەی نییە و هیی دیکەی لەم بابەتە، هاوکات و بە هەمان زمانی ڕۆژانەی جەماوەر بە (ماوەزی ماهۆز)دا هەڵدەڵێم، گۆیە داهێنەرە، خەیاڵی گەورەیە، قووڵە و وشەگەلی دیکەی لەم چەشنە. بۆ هەردووکیان بێژمار شایەت دەهێنمەوە و لەشکرێک پێک دەهێنم، بەڵام ئایا لەبارەی چەمکەوە قسەم کردووە؟ نموونەم لێ هێناونەتەوە؟ یەکێکیانم لێک داوەتەوە؟ ئایا لەو گوتانەمەدا وزەیەک بەرهەم دێت؟ ئەرێ ئەوە لە دەست هەر کەسێکی دیکەیش نایەت؟ ئایا ناتوانم بە هەمان مێتۆد تێکڕای داهێنەرانی گێتی بسڕمەوە و بە دەیان نووسەری سادەنووسیشدا هەڵبدەم، مادام خۆم لەوە دوور دەگرم یەک نموونە لە بەرهەمیان بهێنمەوە و لێکی بدەمەوە؟ تا ئەو کاتەی لەسەر چەمکەکان ناوەستین و ئاستی دیکەیان تێدا نادۆزینەوە، ئەوە لە ئاستی زانراودا ماوینەتەوە و شتێکی نوێمان بە دەستەوە نەداوە. لەگەڵ ئەوەیشدا من خۆم مامەڵەیەکی دیکەی تەواو جیاواز لەگەڵ ئەو جۆرە نووسینەدا دەکەم و کردوویشمە. نایسڕمەوە، بەڵکوو لە ڕێی ئەو چەمکانەوە، کە تێیدا فڕێ دراون، نەوەک کاریان پێ کراوە، دایەڵۆگ دادەمەزرێنم، بەو مانایەی هەڵیاندەگرمەوە و ئاستی دیکەیان تێدا دەدۆزمەوە، کە ئەوە وام لێ دەکات دایەڵۆگەکە بە ئاڕاستەی کۆمەڵێک سەرچاوەی فکری، فەلسەفی و هونەریدا ببەم. ئایا ئەوانە بۆ من گرنگن؟ بەڵێ، مادام دەرفەتم پێ دەدەن بە تێگەیشتن و شێوازی خۆم ڕووبەڕوویان ببمەوە. هەمیشە گوتوومە بە بایەخەوە لەو دەنگانەی دەرەوەم دەڕوانم. هیی ناو گەردوونی ئێمەن و ناتوانین نکووڵی لە بوونیان بکەین، بگرە ڕەسەنن و ڕاستگۆیانە توانای ئەمڕۆی کولتوورمان دەردەبڕن. ئەوانە واقیعی زانراو لە خۆیاندا بەرجەستە دەکەن و زەمینە بۆ تێپەڕاندن دەهێننە گۆڕێ. ئەم جووڵەیە بۆ ئەو ململانێیە پێویستە، هەتا ئەگەر ئەوان خۆیشیان وا لێی نەڕوانن. لەم ڕووەوە چەند نووسینێکم هەن، کە بریتین لە لێکدانەوەی چەمکەکان، بێ ئەوەی بە ئاماژەیش بە لای ژیانی نووسەراندا چووبێتم. نەمشاردووەتەوە ئەوان تێیاندا بەشدارن و بەبێ بوونی ئەوان لە دایک نەدەبوون. لێرەوەیە من بە ڕقەوە لێیان ناڕوانم و ململانێکە لەوە دوور دەخەمەوە، کە پێوەندیی بە کەسێتیمانەوە هەبێت، بگرە دەیانخەمە سەرووی ئەوانەی ئەم جووڵەیە ناهێنن. کاتێ ڕۆمان وەک گەردوونی نەبینراو دەبینین، لەوە دەگەین، کە نەک هەر بەرگەی هێزی ململانێ دەگرێت، بەڵکوو وزەی ئەو ململانێیەیش تێکەڵی وزەی خۆی دەکات. ساتێ لە دەق دوور دەکەوینەوە و یەخەی نووسەر دەگرین، وەک ئەوە وایە نرخ بۆ دەق دانەنێین و ئەوە بدەینە دواوە، کە دەق خاوەنی هێزێکی گەورەیە و بواری ئەوەمان دەدات وزەی خۆمانی تێدا بخەینە گەڕ، بگرە ددانمان بەوەدا ناوە، کە خاوەنی ئەو وزەیە نین، تا بەر هێزی دەقی دابدەین. دەق گەردوونمانە و هەموومان لە خۆی دەگرێت، تا تێیدا هێز بخەینە بەر ئەو ململانێیەوە. تەنیا لە ململانێدا هێزی خۆمان دەبینین و دەزانین چیی دیکەمان بۆ ئەو بەردەوامییە پێویستە.

ئەوەی لەبارەی ڕۆمانەوە گوترا، بۆ هەر جۆرێکی دیکەی ئەدەبیش دروستە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا هێشتا دەقی ئەدەبی، کە توانای تێکشکاندنی یاسا و پێوەرەکانی هەیە، لە گەردوونی ئاسایی فرەوانترە. ئەگەر گەردوون بەپێی یاسا تایبەتەکانی بە ڕێوە دەچێت، ئەوە ئەدەب توانای هەیە زیاتر لە یاسایەک بۆ ئەوانە دابنێت. ئەدەب پێی دەکرێت خۆر، زەوی، مانگ و ئەستێرە بە هەموو لایەکدا بجووڵێنێت. باران، بەفر، تەرزە و کڕێوە بە شێوازی جۆراوجۆر ببارێنێت. لە بەستەڵەکدا ئاسن بتوێنێتەوە و لەناو کوورەی ئاگردا بێژمار پەپوولە بخاتە باڵەفڕەوە.

لە پێشەوە گوترا عەدەمی کوانتۆم خاوەنی توانایەکی تایبەتە، کە بە وزەی بۆشایی (the void of energy) ناسراوە و بەهاکەی سفرە، بەڵام بەو سفرەوە نەلکاوە، بەڵکوو بە دەوریدا دەخولێتەوە، بگرە لێی دوور دەکەوێتەوە، کە لە ئەنجامدا وزەیەکی کاریگەر بەرهەم دێت و دەتوانێت ماددە دروست بکات، وەک چۆن ماددە جارێکی دیکە پێی دەکرێت وزە بێنێتە دی. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانی فرەدەنگ بە تایبەتی لە دۆخی زانراو دوور دەکەوێتەوە، تا هەمان ئەو گۆڕانکارییە بەرپا بکات، کە عەدەمی کوانتۆم بەرپای کردووە. بە مانایەکی دی، داهێنانی ڕۆمان پێوەستە بە مەودای جودابوونەوەی لە تێگەیشتنی باو، کە لەمەوە دنیای تایبەتی خۆی لە ڕێی پێوەندیی دایەلێکتیکییانەی نێوان وزە و ماددەوە دروست دەکات. هەر ماددە نا، بەڵکوو دژەماددەیش، کە ڕاستییەکەی ئەوەیان کاریگەرییە مەزنەکە دێنێتە گۆڕێ، بەوەی خاوەنی بارگەی ئەلیکترۆنییە. ئەو کارلێکە بەردەوام دەبێت و لە خاڵێکدا ناوەستێت. دەکرێت بگوترێت ڕۆمان بە هێزی ناوەوەی خۆی گەردوونێکی تایبەت بەرهەم دێنێت، کە بۆ ئەوەی بتوانین لێکی بدەینەوە، پێویستمان تەنیا بە هێزی ناوەوەی خۆمانە. دەگەینە ئەوەی بڵێین خوێنەری ڕۆمانی فرەدەنگ، کە متمانەی لەسەر وزە و ماددەی ناوەوەیەتی، توانای تەقینەوە مەزنەکەی هەیە.

گوتمان تیۆریی گەردوونی کوانتیکی پێی وایە چەند ماددە و وزە هەن لەم گەردوونەدا، گەردوون خۆی لە عەدەمەوە دروستی کردوون، بەڵام عەدەمێکی کوانتۆم. بەپێی یاسای کوانتۆم دەکرێت تەنێکی وردی وەک ئەلیکترۆن هاوکات لە دوو شوێنی جیاوازدا خۆی دەربخات. ئەگەر لێرەدا (ڕۆمانی فرەدەنگ) بخەینە شوێنی (گەردوون)ـەوە، ئەوسا ڕێ بە خۆمان دەدەین بڵێین ڕۆمان توانای هەیە لە عەدەمێکی کوانتۆم هەموو ڕەگەزەکانی خۆی لە کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن، بابەت و ئەوانەی دیکەیش دروست بکات. بەپێی (یاسای کوانتۆمی ڕۆمان) دەکرێت سەرجەم تەنەکان لە چەند کات و شوێنی جیاوازدا دەربکەون و بەردەوام جیاوازی دەربخەن، بەوەی ڕۆمان دەتوانێت وزە، ماددە و دژەماددە بەرهەم بهێنێت. ڕۆمانی داهێنەرانە بە تەقینەوەی مەزن (big bang) دەست پێ دەکات و بە پووکانەوەی مەزن (big crunch) کۆتاییی دێت، کە وەک بینیمان ئەم کۆتایییە ڕێخۆشکەری تەقینەوەیەکی تری مەزن و دەستپێکێکی نوێیە. بە مانایەکی دی، ئەو دوو ڕووداوە مەزنە بزوێنەری دەقن و دەتوانن ڕۆمانی فرەدەنگ لە هیی جەماوەری، یان لە هیی میلـلی جودا بکەنەوە. ئەوە ڕێمان لێ دەگرێت لە دەرەوە خاڵ بۆ سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی دابنێین، مادام ڕۆمان تەنیا بەپێی یاسا و لۆجیکەکانی ناوەوەی کار دەکات. لێرەوەیە پێوەر و یاسای واقیعی زانراو نە بۆ نووسینی ڕۆمان لە بەرچاو دەگیرێن و نە بۆ خوێندنەوەی دەقی ڕۆمانیش. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت هەم ڕۆمان و هەم خوێندنەوە بە شێوازی خۆیان تەقینەوەی مەزن و پووکانەوەی مەزن بەرپا بکەن، تا بوارێک بۆ حوکمی ڕەها نەمێنێتەوە. هەر کاتێ زمانی نووسین چ لە دەقی ڕۆمان و چ لەو گوتارانەی لە بارەیەوە دەنووسرێن، هەمان ئاستی زمانی ڕۆژانەیە و بە ئاسانی لێی تێدەگەین، ئەوە مانای وایە لە تەقینەوەی مەزن و پووکانەوەی مەزن بێبەشە. لێرەدا جیاوازیی نێوان ئاستی میلـلی و ئاستی فەلسەفی دەردەکەوێت.




نامەیەك بۆ دۆلفین.. نووسینی/ ڕزگار باهیر

١… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەنار دەریایە.
پەڕۆیەکی ڕەش بەری کادری گرتووە، لەناوە ڕاستەوە دەکرێت بەدوو لەتەوە، لەجێی دڕینەکەوە کادر ڕۆشن دەبێتەوە و دەریا دەردەکەوێ… کەناری دەریا نیشان دەدرێت کە چەند جێ پێیەکی مناڵانەی لەسەرە … ڤۆکس دەچێتە سەر جێ پێکان…. لەسەر ئاوی دەریاکە نامەیەك بەهێواشی لەنگەری گرتووەو دەڕوات.

٢… عەسرە … دەرەوەیە … بەرهەیوانی ماڵی فرۆیە.
دەنگی بانگ دەبیسترێ ، شیرینی دایکی فرۆ بەرماڵ ڕادەخات و دەست دەکات بەنوێژکردن.

٣… عەسرە … دەرەوەیە … کۆڵانە.
کامێرا لەسەر شارۆچکەکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ سەرکۆڵانی ماڵی فرۆ، دەنگی بانگ دێت و چەند مناڵێك یاری دەکەن وبەدەم گۆرانی وتنەوە پەت پەتێن دەکەن. فرۆ لەناویاندا بە قژێکی ڕەشی خاوی درێژەوە دەردەکەوێت لەگەڵ شادانی هاوڕێی قسە دەکات.
فرۆ/
شادە گیان توخوا ئەو سەرپۆشەم بەرەوە عەمرت
نەمێنێ! بەخوا دایکم وابمبینێ هەر ئەمکوژێ.
شادە/
بەخوا لای من نییە بزانە کامیان بردویانە ئێسکت
خواتە هەر یەخەی من ئەگری، بڕۆ خۆت بۆی بگەڕێ.
فرۆ ڕودەکاتە منداڵەکانی تر بەپاڕانەوە داوایان لێدەکات …………………………………
فرۆ/
دەتوخوا بمدەنەوە داوەشێن، سەرپۆش هی یاری
پێکردن نییە.
فرۆ بۆ سۆراخی سەرپۆشەکەی دەچێتە لای منداڵانی ترو بەردەوام پرسیار دەکات .دیمەنەکە دەبێت بە میوتی.

٤… ئێوارەیە … دەرەوەیە … بەردەم دەرگای ماڵی فرۆ.
فرۆ بە کزۆڵەیی لەدەرگای ماڵەوە دەدات ، شیرینی دایکی فرۆ دەرگا دەکاتەوە و دەبینێت فرۆ سەرپۆشی بەسەرەوە نیە تووشی هێستریا دەبێت و چنگی دەکات بە قژە خاو وڕەشەکەی فرۆدا بەدەستەکەی تری پێیدادەکشێ.
شیرین/
تۆ کچی کێت پێدەڵێن تاسەرت ڕووت بێ؟
ئەتەوێ ڕوو ڕەشی دنیاو قیامەتیشمانکەی؟
دایکی بەقژ ڕایدەکێشتە ژوورەوەو دەرگای حەوشە بە تووندی دادەخات ………………….

٥ … ئێوارەیە … دەرەوەیە … سروشتە.
قژ دەبارێ ، لەسەرەتا بەڕەنگی سوور و پرتەقاڵی و سپی وپاشان هەموو ڕەنگەکانی تر تا دەگاتە ڕەنگی ڕەش و کادر بەتەواوی ڕەش دەکات.

٦… شەوە … ناوەوەیە … ژوورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ دانیشتووەو لەچکێکی لەسەردایەو بوووکەکەی لەباوەشدایە، لەچکێك دەکاتە سەری بووکەکەی،توند تێی دەئاڵێنێ ولەپشتی ملیەوە گرێی دەدات.
فرۆ/
نەوەڵا کەزی گیان، هیچ جوان نییە .. ئێ خۆ منیش
حەزم لە لەچك و سەرپۆش نییە بەقوربان .. بەس
چیبکەم؟ لەترسی دایکم! ئەترسم لێمان تووڕەبێ.
کەمێك وەستان و دیقەتی بووکەکەی دەدات و دەستدەکاتەوە بەقسە کردن بۆی……………….
نەوەڵا، هیچ لەچکت لێ نایەو دایکیشم قەت لەتۆی
نەیاوە.
بەخێرایی لەچکەکە لە بووکەکەی دەکاتەوەو باوەشی پیا دەکات …………………………….

٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
چەند کەسێك بەتۆڕی ماسی گرتنەوە مەشغوڵن، ماسییەکان دەردەهێنن و دەیکەنە سەبەتەوە …..ڕەزای باوکی فرۆ، لەژێر کەپرەکەی خۆیدا دوو سێ سەبەتە ماسیی لەبەردەمدایە و تۆڕەکانی هەڵدەگرێتەوە. ئۆتۆمۆبیلێك دێت و باوکی فرۆ سەبەتەکانی هەڵدەگرێت و دەیکاتە سندوقی ئۆتۆمۆبیلەکەو،پاشان ڕەزا لە نێو سندوقی ئۆتۆمۆبیلەکەو لە چاوی ماسییەکانەوە نیشان دەدرێت، کاتێك بۆنیتی سندوقی سەیارەکە دادەخات و کادر تاریك و ڕەش دەبێت.

٨… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ یاری بەقژی بووکەکەی دەکات و بۆی دەکات بەپرچ، تەماشای ئاوێنە دەکات و دیقەتی بووکەکەی دەداتەوە و پەشیمان دەبێتەوە وپرچەکانی بەپەلە بۆ دەکاتەوە.
فرۆ/
نا .. نا ، ئاوا زۆر ناشرینە کەزی خان
بەکراوەیی بەبێ بەستنەوە جوانترن.

٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ هەندێك گوڵ ئاو دەدات، کەلە ناو سەتڵێکی فافۆندا چاندوونی … دایکی فرۆ بەدوو شووڵی ماسییەوە لێ ی نزیك دەبێتەوە.
شیرین/
ئەوە سەعیت لەسەر نییە؟ واهەرخەریکی خۆ
مەشغوڵکردنی.
فرۆ/
نەخێر دایە ، وەزیفەکەم نووسیەوە.
شیرین/
دەبچۆ چەقۆ گەورەکەم بۆ بێنە بۆ لای تەنکیەکە،
فرۆ/
لەکوێ یە؟
شیرین/
لەچاڵایی چاوتایە، ئەوەتا لای تەباخەکەیە.
دایکی بەرەو لای تەنکی حەوشە دەچێت و فرۆش بەرەو ژوورەوە دەڕوات بۆ چەقۆکە ……

١٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەرتەنکی حەوشە.
دایكی فرۆ لەبەر تەنکیەکەدا دانیشتووە و ئاوڕ دەداتەوە بۆلای دواوە بۆ فرۆ و بەدەنگی بەرز بانگی دەکات.
شیرین/
ئەوە نەتهێنا گێژو وێژ؟
دەنگی فرۆ/
با.. با، واهێنام.
دایکی فرۆ ماسییەکان لە شوڵەکە دەکاتەوەو دەیکاتە ناو سوزگییەکەوە ……………………..

١١ … ڕۆژە … دەرەوەیە … بەرهەیوان وحەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ چەقۆیەکی پێیە و بەخێرایی بەرەو لای دایکی دەڕوات ………………………………

١٢… ڕۆژە … ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
باوکی شادە لەسەر قەرەوێڵەیەك نووستووە… شادە دەیەوێ خەبەری بکاتەوە…………….
شادە/
دەهەستە خەوخۆش …دەهەستە…. دەی
هەستە باوە گیان ، بەسبنوو…ئۆی خوایە
گیان.
سەرکەوتی باوکی هەرتەپاو تلێتی وهەڵناسێ و شادە هەر خەریکی خەبەرکردنەوەیەتی…

١٣…ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر تەنکی ..گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی (١٠).
دایکی فرۆ پوولەکەی ماسی لێ دەکاتەوە بەچەقۆکەو فرۆش بێتاقەتەو تەماشای دایکی دەکات.
شیرین/
دەبچۆ باوانم ئەو بڕبەنەشم بۆ بێنە..دەی گوڵ.
فرۆ/
ئۆ هۆ بۆ چیتە؟
شیرین/
ئەی نابینی چەقۆکە کولەو پوولەکە ناوەرێنی؟
دەی ڕاکە لەدەورت گەڕێم.
فرۆ/
من بڕ بڕە چوزانم ، خەریکە شەق بەرم
شیرین/
بۆ شەق ئەبەی عەیار؟
فرۆ/
ئەی هەموو ڕۆژێك ماسی، ماسی! کەی تێر
ئەخۆن؟
شیرین/
خوا هەر ئەوەی یاوە! ئەی ئەگەر باوکت ئەم
کاسبییەشی نەبووایە چیمان بخواردایە؟ بەخوا
نانی وشکیشت دەست نەئەکەوت.ناشوکورمەبە.
فرۆ/
ئاخر گوناحن ! ئێوە زۆر ئەکوژن !
شیرین/
ئەوەنەچەنە مەیەو بڕۆ بڕبەنەکەم بۆ بێنە کچێ.

                                           فرۆ/
                  من نازانم کامەیە !
                                           شیرین/
                  ئەی تۆ هەر ڕاکە ڕاك و سەر ڕووتکردن
                  ئەزانی؟ ئەك خوا بتبڕێ بۆ چ کچێکی.

دایکی فرۆ دەڕوا بۆ ژوورەوەو فرۆش لە ماسییەکان نزیك دەبێتەوە و دوو ماسی دەخاتە سەر هەردوو لەپی دەستی.

١٤…ڕۆژە .. ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی شادە. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی (١٢).
سەرکەوتی باوکی شادە هەڵساوەو هەر لەسەر قەرەوێڵەکە ڕاکشاوە و شادەش لەلایەوە دەستی لەسەر شانێتی.
سەرکەوت/
چیت ئەوێ بەقوربان، بۆناهێڵی بخەوم؟
شادە/
هەستە هەر ئەخەوی! بچۆ بۆئیش، تۆش وەك
باوکی فرۆ ماسی بگرەو بووکە شووشەیەکی
وەك کەزی خانم بۆ بکڕە.
سەرکەوت/
کچم من شەو تا بەیانی حەرەسیاتی دوکان و
بازاڕ ئەگرم ڕۆژەکەژم پێ ڕەوا نابینی تاوێ
بخەوم.
شادە/
نەوەڵا حەرەسیات خراپە..ماسی گرتن باشە.
سەرکەوت/
نا کچم بەقوربان هەر کەسەو ئیشی خۆی..
بەڵێن بێت منیش سەری مانگ کە معاشمان
وەرگرت، بووکە شوشەیەکی وەك ئەوەی
فرۆت بۆ بکڕم.
نەسرینی دایکی شادە دێت و هەندێك پیاڵەو سینی و قۆرییەکی بەدەستەوەیە ………………..
نەسرین/
ئاخری، تا هەڵت نەسان کۆڵت نەیا، هەی
نازانم بەچی بیت.

١٥… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر تەنکی. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی (١٣).
فرۆ بەدیار ماسییەکانی سەردەستیەوە ڕاماوە لە ناخی خۆیدا قسە دەکات (مۆنۆلۆژی ناوەکی).
فرۆ/
ئاخر ئیوە چیتان کردووە بەقوربان
وا ئەمانە هەر ئەتانکوژن…بتانخەمە
قاپێكەوە یاریم بۆ ئەکەن؟ دەی هەر
ئێستا ..هەر ئێستا.

١٦… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
دەنگی نارنجۆکێك دێت و فوارەی ئاو بە ئاسماندا دەچێت … هێوەر دەبێتەوەو ماسی سەر ئاوکەوتوو نیشان دەدرێت. ڕەزا باوکی فرۆ لە ژیر کەپرەکەیەوە دێتە دەرەوەو سەیر دەکات و توڕە دیارە.
رەزا/
هەر ئەوەیان ماوە ڕومانە بەخۆمانا بتەقێنن.
دەڕواتەوە بۆلای کەپرەکەی وشەقێك لە کۆڵەکەی کەپرەکەی دەدات ومقەستێكی بەدەستەوەیە فڕێی دەداتە سەر شەبەکەو داوی ماسییەکان.

١٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ دەستی و ماسییەکانی خستۆتە پشتی و بەرەو ژوورەوە دەچێت و دایکی بەرەو ڕووی دێت.
شیرین/
ئا ئەمە بڕبەنەکەیە تێگەیشتی؟
فرۆ/
باشە .. باش.
شیرین/
بەخوا بەقەد من ئەزانی پیرێژن! بەس
تاقەتت نەبوو بچی بیهێنی هەی تەمەڵی
تەوەزەل.
فرۆ و شیرینی دایکی هەر یەکەیان بەپێچەوانەی ئەوی تر دەڕوات ………………………..
١٨… ڕۆژە … ناوەوەیە … موبەقی ماڵی فرۆی.
کەوانتەرێكی زۆر سادە و کۆمەڵێك قاپ و مەنجەڵ و هەندێك پێداویستی مەتبەخ دانراوە لەگەڵ تەرمۆزێکی ئاو سارد کردن. فرۆ دێتە ژوورەوە، دەچێ قاپێکی قووڵ لە کەوانتەرەکە دەردەهێنێ و دوو ماسییەکەی تێ دەکات و دەچێتە لای تەرمۆزەکەو دەست دەنێت بە بەلوعەی تەرمۆزەکە و قاپەکەی دوو ماسییەکەی تێدایە نیوە دەکات لە ئاو…… پاشان بووکەکەی لەسەر بەڕەیەك لە لای پەنجەرەکەوەیە بە خۆیی و قاپی ماسییەکانەوە دەچێتە لای بووکەکەی.
فرۆ/
کەزی گیان ئێستا ماسییەکان چاك ئەبنەوە و
یاریمان بۆ ئەکەن.
فرۆ دڵخۆشە و بووکەکەی ئامادە دەکات بۆ بینین ، کە ماسییەکان ناجوڵینەوە دەستیان تێوە دەدات و دەیان جوڵێنێ .
ئەوەچی یە؟ خۆ ناجوڵێنەوە کەزی خان.

١٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر تەنکی لە حەوشەدا.
شیرینی دایکی فرۆ هەر ئەمدیو ئەودیوی ماسییەکان دەکات دەیانژمێرێت وەك ئەوەی هەست بە نوقسانیان بکات. لە ناخی خۆیدا هەر یەك و دوویەتی.(مۆنۆلۆژی ناوەکی).
شیرین/
هەرکەتنی ئەو سەر تاشراوەیە.

٢٠… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆ.
فرۆ یاری بەماسییەکان دەکات و قسە بۆ کەزی خان دەکات ……………………………….
فرۆ/
دەی عەمرت نەمێنێ، ئەوە تۆش بۆ قسەیەک
ناکەی؟چییان لێ بکەم باشە.
شیرینی دایکی فرۆ لەم کاتەدا خۆی دەکات بەژوورداو تووڕە دیارە ………………………
شیرین/
ئەك بەزیادی خێرم نەکرد، لەبری ئەوەی
یارمەتیم بەیت، ماسیشم لێ ئەشاریتەوە ..
بێنە .. بێنە.. درەنگە باترش خوێیانکەم.
فرۆ/
من نایدەم! ئەم دووانە بەشەکەی خۆمە، من
نایانخۆم یارییان پێ ئەکەم.
شیرین/
کچێ بێنە بێ مێشك! یاریی چی؟ ئەوە ماسی
خواردنە خواردن.
فرۆ/
نا دایە گیان من نایخۆم، با لە ئاوەکەیابن تا
لەمەکتەب دێمەوە چاك ئەبنەوە ئیتر یاریمان
بۆ ئەکەن.
شیرین/
تۆ مێشکت کای تیایە بێ ئەقڵ !؟ یارچی ؟
ماسی بەس لە ئاوا ئەژی.
فرۆ/
ئەی ئەوە نیە لە ئاوان؟
شیرین/
ئەم ماسییانە لە ئاو دەرهاتوون، لەبەر ئەوە مردوون
ئیتر سەد ساڵ بیخەیتەوە ناو ئاو جارێکی تر ناژین.
فرۆ/
ئەی بەشکو چاك بوونەوە؟
شیرینی دایکی فرۆ پڕ ئەداتە قاپە ئاوەکەی ماسییەکانی تێدایە و بەزۆر لێی دەسەنێ، فرۆ دەست دەکات بەگریان.
شیرین/
تۆ کەڵکی قسەت نییە.
فرۆ/
دەبێنە .. دەبێنە.. بێنە بمدەرەوە.
شیرین/
بۆگەن ئەکا بۆگەن هەی ڕەزا قورس! بێدەنگ بە.
فرۆ زیاتردەنگی گریانی بەرز دەبێتەوە …………………………………………………..
ئەوە لەگەڵ تۆم نیە ناشرین بێدەنگ دەی .
فرۆ/
بێدەنگ نابم، وەڵ هەر ئەگریم.
شیرینی دایکی فرۆ زلەیەك لە فرۆ دەدات …………………………………………………
شیرین/
هەردوو چاوت دەردێنم! نەکەی لە ڕووما
هەڵگەڕێیتەوە. بەو خوایەی تاکو تەنیایە ئەبێ
ئەمڕۆ ئەمە جێت بێ و نەچیتەوە دەرەوە …
مەکتەبیش ناچی !
دایکی فرۆ بە خۆی و قاپی ماسییەکانەوە دەچێتە دەرەوە و دەرگای ژوورەکە دادەخات…….

٢١… ڕۆژە … دەرەوەیە … ڕێگەی قوتابخانەی سەرەتایی شارۆچکەکەیە.
منداڵان بەرەو قوتابخانە دەڕۆن و شادە لە نێو ئەو قوتابیانەدا نیشان دەدرێ کە ملی ڕێگەیان گرتووە بۆ قوتابخانە دەچن.

٢٢ … ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆیە.
شرینی دایکی فرۆلە نوێژبۆتەوەو دووعا دەکا وهەردوو دەستی بەرەو ئاسمان بەرزکردۆتەوە لەپشتەوە فرۆ دیارە لەکادرا نووستووە.
شیرین/
خوای گەورە بە گەوەریی و عەزەمەتی خۆت
ڕەحممان پێ بکەیت و بەئەهلی ئیمانمان حساب
بکەیت … ئیمانمان سەلامەت بێ و لەکردەوەی
خراپمان عەفومانکەو ڕەحم بەمردووکانیشمان
بکەیت خوای گەورە. ئەو پیاوەشمان بۆ بپارێزی
و ڕزق و ڕۆزی زیادکەیت، ئەو تولفەشمان بۆ
بپارێزی … ئامین یاڕەبەل عالەمین.
دایکی فووبە چواردەوری خۆیدا دەکات وتەواو دەبێت لە نوێژکردن وهەڵدەسێ وبەرماڵەکەش دەدات بەسەر فرۆدا.
٢٣… ڕۆژە … دەرەوەیە … سروشتە.
فرۆ بەسەر جۆلانەیەکەوەیە کە بە لقی دارێکەوە هەڵواسراوە و دارەکە کۆمەڵێ سەرپۆشی پێدا هەڵواسراوە لە بەشی خوارەوەشی لەلای پێیەکانی فرۆە ئاوێکی ڕوونی تەنک دەڕوات.هەندێك هەنجیر و سێو و هەنار بەسەر ئاوەکەوە دەڕۆن… فرۆ لەم دیمەنەدا هەموو جەستەی ڕووتەو قژیشی بەرەڵایە وهەنجیرێك یان سێوێك یان هەنارێك لە دارەکەی جۆلانەی لێبەستراوە دەکاتەوەو دەیخوات ، لەکاتی جوڵان و جۆلانەکردندا جاروبار قاچی بەر ئاوەکەی ژێری دەکەوێت زۆر دڵیخۆشە.
دەنگی شیرین/
فرۆ … فرۆ ….فرۆ..
فرۆ ڕادەچڵەکێت و خەبەری دەبێتەوە و ئارەقێکی زۆری کردۆتەوە ……………………….

٢٤ … ئێوارەیە … دەرەوەیە … بەرهەیوانی ماڵی فرۆ.
ڕەزای باوک و شیرینی دایکی فرۆ لەبەر هەیوانەکەدا سفرەیان ڕاخستووەو ناندەخۆن. شیرین بەدەنگی بەرز بانگی فرۆ دەکات.
شیرین/
دەوەرە کچم … بەقوربان …دەهەستە وەرە
نانەکەت بخۆ باوانم.
دەنگی فرۆ/
ئەوا هاتم .. باشە … باشە.
فرۆ لەم کاتەدا بەچاوی خەواڵ و دەموچاوێکی مۆنەوە دێتە بەر هەیوانەکە ………………..
ڕەزا/
دەوەرە باوەی باوە، وەرە باوەشم بۆ نەچوویت
بۆ مەکتەبەکەت! لەگەڵ دایە شەڕت بوو؟
شیرین/
ئەگەر تۆ لەباتی من بوویتایە لێشت ئەیا و
ئینجا نەت ئەهێشت بچێتەوە بۆ مەکتەبەکەی.
ڕەزا باوکی باوەشی پێدا دەکات دەیەوێت بیهێنێتە سەر سفرەکە ………………………….
ڕەزا/
دەی ..دەی ..باوکەکەی باوکم ! بەقوربانی
کچی خۆمبم.
شیرین/
وازی لێبێنە بابچێ دەم و چاوی بشواو بێ
نانەکەی بخوا.
فرۆ/
من ئیتر قەد ماسی ناخۆم …
شیرین/
لێمان هەڵئەکەویت … باشە هێلکەمان هەیە
بۆت دەکەم.
رەزا/
بەوخوایە وای لەگەڵابکەی ژنەکە.. ئیتر تا
کاتی مەکتەب لەگەڵ خۆما ئەیبەم.
شیرین/
ئەگەر بەیانیش بوو پاش نیوەڕان بیبە …
فرۆ/
وەڵا ئەچم.
ڕەزا/
لەسبەینێوە کچی خۆم ئەبەم …
شیرین/
کورە من خەمی ئاوەکەمە لێ ی ئەترسم ئەگینا
بۆ نایبەی .
ڕەزا/
خەمی ئاوت نەبێ .
شیرین/
دەبیبە .منیش خەمێکم لەکۆڵ ئەبێتەوە . باشترە
بابچم هێلکەو رۆنەکەی بۆ بکەم.
شیرین دایکی فرۆ دەڕوات بۆ ژوورەوە و ڕەزای باوکی باوەش بە فرۆدا دەکات و ماچی دەکات.

٢٥… شەوە … دەرەوەیە … بازاڕە.
سەرکەوتی باوکی شادە نیشان دەدرێ بەتفەنگێکەوە لە لای دوو ڕیز دوکان هاتوو چۆ دەکا و خەریکی پاسەوانیە.

٢٦… فرۆ و شادە لەماڵەکانەوە بەڕەو کەناری دەریا دەچن، فرۆ بووکە شووشەکەی لەسەر شانەو شادەیش وێنەیەکی دۆلفینی بەدەستەوەیە… سەرەتا دەنگی فرۆ و شادە لەسەر ئەم دیمەنە هەیە.
فرۆ/
زۆر جوانە شادە گیان، ئەوە لەکوێت بوو؟
شادە/
باوکم بۆی کڕیم.
فرۆ/
ئێ خۆ تۆ ئەزانی من ماسیم چەند خۆش ئەوێ
هەر حەزیش ناکەم خەڵك بیانخوا… بۆ نایدەی
بەمن ؟
شادە/
ئاخر باوکم بۆ منی کڕیوە، وتی ئەمە ناوی
هینە… هین .. ئاخ، وەڵا بیرم چووەوە.
فرۆ/
ئەمە باوکی ماسییەکانە ئەو شەوەش لە
تەلەفزیۆن زۆری نیشاندا،هەموو دایك و
باوکەکان.
شادە/
منیش بینیم … باوکم وتی ئەمانە مرۆڤیان
خۆش ئەوێ و زۆر زیرەکن لەژێر ئاوان.
فرۆ/
ئا .. ها .. دیارە لەژێر ئاوەکەیان … بۆیە
ئێمە نایانبینین.
شادە/
ئەی چۆن؟
فرۆ/
دە دەی داوەشێی با شەوێك لام بێ.
شادان/
تۆش کەزی خانم بەرێ با لام بێ.
فرۆ/
ها.. دەی بالات بێ بەس ئاگات لێی بێت،
دەی تۆش ڕەسمەکەم بەرێ.
شادە/
بەخوا تۆ ماسیت زۆر خۆش ئەوێ.
فرۆ وێنەکە دەخاتە ژێر کراس و پانتۆڵی بیجامەکەی و لەسەر ئاوەکە بەچیچکانەوە دائەنیشێ .. دەم و چاوی فرۆ لەژێر ئاوەکەوە نیشان دەدرێ ئاو دەخواتەوە …دواتر بەگوپ ئاو ئەکا بە شادەدا و ئەویش ئەیکا بەشەڕە ئاو لەگەڵیا … قا قاو پێکەنین و هەڵدانی ئاو بۆ یەك تێکەڵ بە جریوەی تەیر و تیر و چۆلەکەی سروشت دەبێت.

٢٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … بازاڕە.
شارۆچکەکە نیشان دەدرێ لەگەڵ وێنەی گشتی بازاڕ، پاشان بۆ سەر دوکانی ماسی فرۆشێك … ڕەزا باوکی فرۆ پارەی لێوەردەگرێ.
دوکاندار/
وەزعی ئەمساڵم بەدڵ نییە… ماسییەکان زۆر
جوان نین زۆریشتان لەسەر زیاد کردووین.
ڕەزا/
جا چی لەجێ ی خۆیا ماوە بێقەزابیت !؟
ئەزانی ئەمساڵ قومبەلە چی بەماسی کرد؟
بەدنیایەك بەرتیل و دەست ماچ کردن تا
شوێنێکمان دەست ئەکەوێ،لەولاوە ڕاوچی
قومبەلەیەکی تێ فڕێ ئەیاو ڕیسەکەمان
ئەکاتەوە بەخوری.
دوکاندار/
لەچاو ئەوەشا هەر گرانە…تۆ چیت پێیاوە؟
ڕەزا/
جا خۆ تۆش لەگیرفانی خۆت نامدەیتێ…
دوای لە مشتەری وەریئەگریتەوە.
دوکاندار/
ئەی وایە.

٢٨… شەوە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
شادە یاری بە بووکەی فرۆی هاوڕێی دەکات و دایکی دەرئەکەوێت و دێت بۆ لای ……….
نەسرین/
کچم پێم وتی عەیبە! بووکەکەی بۆ بەرەوە
وەعد بێت بە باوکت بڵێم بوکێکت بۆ بکڕێ.
شادە/
ئاخر پێم وتی منیش ڕەسمی ماسییە گەورەکەم
داوەتە ئەو ئەمشەو لای بێ … لەڕوم نایەت
لێ ی وەرگرمەوە.
نەسرین/
منیش ناڵێم لێ ی وەرگرەوە.. ئەڵێم بووکەکەی
بۆ ببەرەوەو ڕەسمەکەشی لێوەرمەگرەوە …..
شادە/
باشە بەس کەی بۆم ئەکڕن؟
نەسرین/
هەر باوکت حەرەسانەی وەرگرت پێ ی
ئەکڕم.

٢٩… شەوە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
ئاسمانی شینی پڕ ئەستێرە نیشان دەدرێ تا دێتە سەر وێنەی دۆلفینێك و پاشان دەستی فرۆ،کە بەوێنەکەوەیە و لەسەر جێگەکەی پاڵکەوتووە بەرامبەر دەمووچاوی گرتویەتی و تەماشای وێنەکە دەکات.
فرۆ/
بەخوا من حەز ناکەم کەس بەچکەکانت بخوا
بەڵام کەس بەقسەم ناکا… توڕە مەبە، من ئیتر
قەت قەت بەچکەی تۆ ناخۆم! من حەز ئەکەم
بۆ خۆیان لە ئاوا هەر یاری بکەن.

٣٠… ڕۆژە … دەرەوەیە… پۆلی قوتابخانە.
لەناو پۆلدا مامۆستای وێنە، وێنەیەکی لەسەر تەختە ڕەشەکە دروستکردووە و لەبەردەمیا وەستاوە.
مامۆستا/
ئادەی فرۆ ئینجا بزانم پرسیارەکەت چی بوو؟
فرۆ/
مامۆستا ئەم ماسییە ناوی چی یە؟ باوکم وتی
نەهەنگە وایە؟
مامۆستا/
ئەبێ نەهەنگ بێ فرۆ گیان!.. تۆ باوکت
ماسیگرەو ئەیزانێ… ئادەی باسەیری بکەم.
فرۆ وێنەی دۆلفینەکە دەدات بە مامۆستاو ئەویش سەیری دەکا و پاش کەمێك تێ ڕامان …..
ئۆو فرۆ … ئەمە نەهەنگ نییە … دۆلفینە
زۆر مرۆڤ دۆستە.
فرۆ/
دلڤین؟
مامۆستا/
نا … دۆلفین .. دۆلفین زۆریش زیرەکە.
فرۆ/
دۆلفین …. دۆلفین کە ناوێکی خۆشە.
مامۆستا/
ڕاستە …. ئەها منداڵینە فرۆی هاوڕێتان
وێنەیەکی چەند جوانی پێ یە ..ئەمە وێنەی
دۆلفینە با ئێوەش بزانن.
ڕازاو/
مامۆستا منیش لە فیلمەکەیا بینیم ، بەس
نەمزانی ناوی چیە.. یاری لەگەڵ مناڵان
ئەکرد.
مامۆستا/
ناوی دۆلفینە بیرتان نەچێتەوە.
کەژاڵ/
مامۆستا منیش لە ئەفلام کارتۆنا بینم لەسەر
ماسییە بچکۆلەکان وبۆقەکانی دەکردەوە.
مامۆستا/
ڕاستە … دۆلفین یارمەتی هەموو جۆرە
گیاندارێك ئەدا، چونکە زۆر زیرەک و
گوێ ڕایەڵە …ئێوەش حەزئەکەن وابن؟
هەموو قوتابیەکان/
بەڵێ مامۆستا…………………….
مامۆستا/
دەکەواتە ئەبێ دەرس و دەوری باش بکەنەوە
سەعی زۆر بکەن و یەکتریشتان خۆش بوێ.
لەم کاتەدا جەرەسی وانە تەواو بوون لێدەدرێ بۆ قوتابییەکان ………………………………
هەموو قوتابییەکان/
بەڵێ بەسەرچاو.
مامۆستا ئەچێتە دەرەوەو قوتابییەکان هەندێکیان بۆ لای فرۆ و هەندێکیشیان جانتا دەدەن بە شانیاناو بۆ دەرەوە دەڕۆن.

٣١… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی قوتابخانە.
حەوشەی قوتابخانەیە و کۆمەڵێ قوتابی یاری دەکەن و دێن ودەچن .فرۆ دێت و لەحەوشەکەدا چاو بۆ شادە دەگێڕێت… تا ئەو کاتەی شادە دەبینێ و دەچێت بۆ لای.
فرۆ/
شادە ئەوە وێنەکەیە ئەزانی ناوی چی یە؟
شادە/
ئا ..باوکم پێ ی وتم دیسان بیرم چووەوە.
ناوی چی بوو؟
فرۆ/
بابڕۆین پێت ئەڵێم.
شادە/
نایەم ناوی چی بوو؟
فرۆ/
سا وەڵاهی تانەیەی بۆ ماڵی ئێمە نەوێنەکەت
ئەدەمەوەو نە ناوەکەیشت پێ ئەڵێم.
چۆپی قوتابیەکی قوتابخانەیەو هاوڕێی فرۆ و شادەیە و لەگەڕەک دراوسێیانەو دێت بۆ لایان.
چۆپی/
دەی خێرا بڕۆنەوە خۆتان بگۆڕن و وەرن
بۆ خەت خەتێن.
فرۆ/
باشە .. باش … وتت چی شادە؟
شادە/
دەی بابڕۆین.
فرۆ/
ها ئەوە ڕەسمەکەتە .
شادە/
قەیناکە بۆ خۆت .. بابڕۆین ..چۆپی ئێمە
جارێ نایەین.
بەڕاکردن فرۆ و شادە چۆپی جێ دەهێڵن دەڕۆن ………………………………………….

٣٢… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
ڕەزا باوکی فرۆ لە ژێر کەپرێك بە دەرزی و دەزوی تایبەت خەریکی توند کردنەوەی تۆڕی ماسییەکانەو لەبەر خۆیەوە گۆرانی دەڵێت تا ئەو کاتەی دەرزییەک دەچێت بەدەستیا.

٣٣… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ وشادە خەریکی یاری چاوچاوێنەن بەوێنەی دۆلفینەکە، وێنەی دۆلفینەکەیان لەدوور داناوە وخۆشیان تاکە و تاک بەچاویان دەکەن. واتە دەست بەچاوێکیانەوە دەگرن و سەیری دەکەن وپاشان دەست بەچاوەکەی تریانەوە دەگرن و سەیری دەکەن ،چەند جارێک ئەم یارییە بەخێرای دەکەن کە وێنەی دۆلفینەکە دەبینین واهەست دەکەیت جوڵە دەکات.
شادە/
هەی لەوە دۆلفینەکە یاری ئەکا.
فرۆ/
توخوا یارییەکی خۆش نیە شادە؟
فرۆ بووکەشووشەکەی کەزی خان دەخاتە باوەشی و دەیەوێت بەویش هەمان یاری بکات…..
دەی بائەمیش سەیر بکا .
شادە/
تۆ هەموو ماسییەکان و دۆلفینت زۆر
خۆش ئەوێ.
فرۆ/
ئەی چۆن بەس خوابکا لەکەنار دەریاکە
بیبینم یەکسەر شکاتی باوکم و ئەوانی لا
ئەکەم.
شادە/
عەمرت نەمێنێ چۆن مناڵ شکات لە باوکی
خۆی ئەکا؟
فرۆ/
ئەی بۆچی بەچکەکانی ئەو ئەکوژن، منیش
پێ ی ئەڵێم.
شادە/
ئینجا خۆ دۆلفین گوێ ی لەتۆ نابێ.
فرۆ/
چۆن گوێی لێ نابێت؟ ئەی مامۆستا نەیووت
زۆر زیرەکە.
شادە/
دەبێنە کەزی خان بە بەمن و خۆشت یاری
بەڕەسمەکەی دۆلفین بکە.
لەم کاتەدا شادە دەست دەبات بۆ لەچکەکەی فرۆ بۆ ئەوەی لە سەری بکاتەوە بەڵام فرۆ ناهێڵێ.
دە ئەم لەچکەش لایە توخوا ! خۆ دایکت
دیار نییە.
فرۆ ناهێڵێ و بەپەلە لەچکەکەی توند دەکاتەوە و دەڕوات بۆ لای گوڵی ناو سەتڵە فافۆنەکە.
فرۆ/
نا..نا.. نابێت ، شادە من ئەچم گوڵەکان
ئاو ئەیەم خەریکە سیس ئەبن.
شادە/
تۆ گوڵەکانیشت خۆشەوێت؟
شادە یاری بەکەزی خان دەکات و فرۆش دەچێت بەلای گوڵەکانی ……………………….

٣٤… شەوە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
مانگەشەوە … ڕەزا باوکی فرۆ تۆڕ هەڵئەداتە ناو ئاوی دەریا …. ئۆتۆمۆبیلێك لەدوورەوە لایتەکانی دەرئەکەوێ و کامێرا بەرەو ڕووی لایتەکانی دەچێت و پاشتر بۆ سەر خۆری بەیەیانی لەدیمەنی داهاتوودا.

٣٥… ڕۆژە … ناوەوەیە …. ژورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ خەریکی وێنە کێشانە لە پڕ بووکەکەی کە بەلای دیوارەکەوە پاڵی داوەتەوە دەکەوێت بەسەر دەفتەری وێنەکەیدا، پاشان راستی دەکاتەوە بەپەلە دیسانەوە دەکەوێتەوە بەسەر دەفتەرەکەیدا ، هەر بۆیە فرۆ دەکێشێ بە قاچی بووکەکەیدا.
فرۆ/
دانیشە سەدجارم پێ وتی نابێ هاروهاجی
بکەی، کەچی هەرشتم لێ تێك ئەیەی!
شیرینی دایکی فرۆ لەم کاتەدا خۆی دەکات بە ژووردا …………………………………….
شیرین/
ئەوەچیە دیسان؟
فرۆ/
بەقسەم ناکا !
شیرین/
جا ئەوە گوێی لەچییە کچم..تابەقسەت بکا.
فرۆ/
ئەی بۆ من بەقسەی تۆ ئەکەم؟
شیرینی دایکی فرۆ دادەنەوێتەوەو ماچی فرۆ دەکات …………………………………..
شیرین/
چونکە تۆ عاقڵی و گوێت لەهەموو
شتێکە. دەی هەستە خۆت بگۆڕە و
بابجین بۆ بازاڕ بۆلای باوکت.
فرۆ/
ئینجا باوکم کوا لە بازاڕە؟لەسەردەریایە.
شیرین/
با عەیار ! بەڵام خۆی وتی سەعات یانزە
لە بازاڕ لای ماسی فرۆشەکە چاوەڕوانتانم.
فرۆ دەفتەری وێنەو قەڵەمەکانی دەکاتەوە جانتەکەی و دایکیشی کەزی خان بۆ دەخاتە لایەکی تر.

٣٦… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی شادەیە.
باوکی شادە نووستووە، نەسرینی دایکی چای تێکردووە بیخواتەوە، شادە لە پەنای دایکیایەتی.
نەسرین/
دایە بەقوربانت بێ، هەر ئێستە هەڵی
ئەسێنم و پێ ی ئەڵێم بتبا بۆ بازاڕ
بووکە شووشەیەکی وەك خۆت جوان
بۆ تۆ و تۆپێکی چاکیش بۆ شادومانی
برات بکڕێ.
شادە/
دەتوخوا خێراکە ..ئەی شادومان نایەت؟
نەسرین/
باشە باش .. نائەو نایەت لەگەڵتان ئەو
چووە دەرەوە لە کۆڵان یاری ئەکا.
شادە/
ئەبێ خۆشت بێ ی لەگەڵما.
نەسرین/
منی بۆ چییە کچم؟ باوکت خۆی ئەزانێ
شادە/
نەخێر هەر ئەبێ بێیت؟
نەسرین/
ئاخر لەبەر شادومانی برات نابێت بەتەنها
بێت.

٣٧… ڕۆژە … دەرەوەیە… بازاڕە.
بازاڕی گشتی شارۆچکە نیشان دەدرێ، پاشان لەبەر دوکانی ماسی فرۆشەکەدا فرۆ ودایکی نیشان دەدرێت چاوەڕوانیان پێوە دیارە و لەم کاتەدا ڕەزای باوکی فرۆش پەیدا دەبێت. فرۆ لوتی گرتووەو بێزاری پێوە دیارە کە ماسییەکانی لای ماسی فرۆشەکە دەبینێ..
ڕەزا/
چی یە فرۆ گیان بۆنی ماسیت پێناخۆشە؟
فرۆ/
نەوەڵا گوناحن، بەوخوایە لای دۆلفینەکە
شکاتتان لێ ئەکەم… هەمووی خەتای
تۆیە دەریان ئەهێنی لەئاوەکە.
ڕەزا/
باشە بێ عەقڵ باش.
رەزا پاش سڵاو پارە وەردەگرێت لە ماسی فرۆشەکەو دەیان بژێرێ و هەندێکی دەدات بە دایکی فرۆ.
فرۆ/
پارەمان ناوێ … ماسیەکان مەکوژە گوناحن
ڕەزا/
نا..نا .. کچم، ئێمە بەمە ئەژین و ئەوانیش
گوناح نین ….. تۆ ماچێك بە باوەی خۆت
وا پارەم داوە بە دایە شتی جوانت بۆ بکڕێ
چییە ناتەوێ؟
فرۆ بەسەر ئیشارەتی نەخێر ئەداتەوە بە باوکی و ڕوو دەکات بەودیواو ……………………

٣٨… ڕۆژە … دەرەوەیە …. ڕێگای گشتیە.
پیکابێك لە لێخوریندا نیشان دەدرێت شادە و سەرکەوتی باوکی شادە، لەگەڵ دوو نەفەری تردا لە دوای پیکابێك دانیشتوون و دڵیان خۆشە .
٣٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆڵانێك.
فرۆ و دایکی نیشان دەدرێ پێکەوە دێن و دیارە لە بازاڕ گەڕاونەتەوە……………………..
فرۆ/
من ئەچم بۆ لای شادەی ڕەفیقم.
شیرین/
دەبا جارێ بگەینەوە کاولەکە !
فرۆ/
نا .. نا ..من ئەچم بۆ یاری….
شیرین/
باشە ئاگات لە خۆت بێ.
فرۆ ڕائەکا بۆ بەردەرگای ماڵی شادە وشیرینی دایکیشی ڕێگەی خۆی دەگرێ بەرەوماڵەوە.

٤٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەردەم دەرگای ماڵی شادە.
فرۆ دێتە بەردەرگای ماڵی شادە لەدەرگایان دەدات وپاش کەمێك شادومانی تەمەن ١٠ ساڵی برای شادە دەرگای بۆ دەکاتەوە.
شادومان/
بۆ لای شادە هاتووی؟ لە ماڵ نیە !
فرۆ/
ئەی لە کوێیە؟
شادومان/
لەگەڵ باوکم ڕۆیشتۆتە دەرەوە .
فرۆ/
باشە …. دەی خواحافیز.
فرۆ ڕوو وەردەگێڕێ و بە ڕاکردن دەڕواتەوە …………………………………………….

٤١… شەوە … دەرەوەیە … سەربانی ماڵی فرۆیە.
فرۆ تەماشای ئەستێرەکان دەکات و لە جێگەکەی خۆیەوە ..دەست بەقژی بووکەکەیدا دەهێنێ.
فرۆ/
ئەزانی کەزی خان دۆلفینەکە زۆر گەورەو
ئازایە؟ ئەگەر بچین بۆ لای پێ ی بڵێین ئیتر
ناهێڵێ باوکیشم ماسییەکان بگرێ.
شیرینی دایکی فرۆ دێت بۆ لای فرۆ دەیەوێت بخەوێ ……………………………………
شیرین/
ئەرێ دەبنوو کچم دەبنوو! وا نیوە شەوە.

٤٢… ڕۆژە … دەرەوەیە …کەنار دەریا.
فرۆ بووکە شووشەکەی پێیەو لەکەناری دەریا بەهێمنی دەڕوات لەپڕ بە دەنگی نارنجۆکێك بە ئاگادێتەوە.. لە دوورەوە سێ پیاو دەبینێ تەماشای کەنارەکە دەکەن، قاچیان هەڵکردووە و بەرەو ئاوەکە دەچن، فرۆ ئەڕوانێ هیچی تر نابینێ و بەرەو لای ئەوان ڕادەکات.

٤٣… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
ڕەفیق و عەباس وشیروان لەکەناری ئاوەکەیا وەستان و سەیری ئەو ماسییانە دەکەن کە کەوتونەتە سەر ئاوەکە.
رەفیق/
دەی ، دەی، دەی ..بەقوربانتانبم سەر
ئاوکەون.
شیروان/
ڕەفیق تۆ دوعا بکە گەورەی تیابێ
عەباس/
بەخوا پێم وانیە گەورەی تیابێ شیروان.
شیروان/
جا تیاشیا نەبێ چی تیایە؟ بۆ هەفتەیەکی
تر.
ڕەفیق/
بەس ئیتر عەباس ناهێنین، دەم ڕەشە ،
دەم ڕەش !
فرۆ لەگەڵ بووکەشووشەکەی بەهەڵەداوان و بە هیلاکی و تەنگە نەفەسی ئەگاتە لایان و تەماشای ڕووی ئاوەکە دەکات و ماسییەکان ئەبینێ توڕە دەبێت..
فرۆ/
ئەوە خاڵە ئەو هەموو ماسیەتان بۆ کوشت؟
شیروان/
خاڵە لەدەورت گەڕێ! تۆش حەزت لەماسییە؟
عەباس/
ئا بەشی ئەو میوانە بچکۆلەیەشی لێبەن .
فرۆ/
نەخێر حەزم لێی نییە… عەیب ناکەن ماسیە
بچکۆلەکان ئەکوژن.. بەو خوایە بەدۆلفینەکە
ئەڵێم.
لەم کاتەدا سەیارەیەک لە لەدوورەوە دەرئەکەوێت………………………………………….
ئەوە پۆلیس هات ئێستە پێیان ئەڵێم.
سەیارەکە نزیك دەکەوێتەوە سۆران و حەسەن دائەبەزن و مەشروب و چەند کیسەیەکی تر دادەگرن.
شیروان/
دەی مزگێنیم بەرێ بامژدەی خۆشت بەمێ.
سۆران/
ئەی خۆش مژدەبن.
فرۆ سەیریان دەکات و زۆر بێتاقەت دەبێ و بە توورەییەوە دەڕوات……………………

٤٤… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
فرۆ کەزی خانی بە باوەشەوەیەو بەبێاقەتی و کزی بە کەناری ئاوەکەدا دەڕوات وبیر دەکاتەوە (مۆنۆلۆجی ناوەکی).
فرۆ/
عەمری نەمێنێ کەزی خانیش، نازانێ
دوو قسەبکا… ئەگینا هەر خۆیم ئەنارد
بۆلای دۆلفینەکەو هەمووشتێکی تێبگەیانایە.
پاش کەمێك ڕۆیشتن …. لەپڕێکا فرۆهەڵوێستەیەك دەکات وبەپەلە بەرەو ڕووی دیوی شارۆچکەکە و بۆ ماڵەوە ڕادەکات.
٤٥… ڕۆژە … دەرەوەیە … رێگەوبان.
لەچەند شوێنێکی جیاواز فرۆ نیشان دەدرێ زۆر بە پەلە ڕادەکات تا دەگاتەوە ماڵی خۆیان و بەپەلە خۆی دەکات بە ژووردا.

٤٦ …. رۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ لاپەڕەیەك لە ناوەڕاستی دەفتەرەکەی دەکاتەوەو لەگەڵ قەڵەمێکی رەساسدا دەردەهێنێ لە جانتاکەی و دەست دەکات بەنوسین لەسەر پەڕەکە.
فرۆ/
دۆلفین گیان.. بە ماسییەکان بڵێ با لێرە
بڕۆن…. باوکم و ئەو پیاوە ناشرینانە
ئەیانکوژن… باشە.
فرۆ نامەکە قەد دەکات ودەیپێچێتەوە دەیخاتە ژێر جلی بووکەکەی و دەستی بووکەکەی دەخاتە سەر نامەکە ولە باوەشی دەنێ و بە پەلە لەماڵ دەچێتە دەرەوە.

٤٧… رۆژە … دەرەوەیە … کەنار دەریا.
فرۆ لە دوورەوە دەبینرێ بەڕاکردن بەرەو ڕووی کەناری دەریاکە دێت تا دەگاتە لای ئاوەکە.
فرۆ/
کەزی گیان ئەزانم لەهەموو شتێك تێئەگەی
ئەم نامەیەم بۆ بەرە دەستی دۆلفینە گەورەکە
باشە بەقوربان.
فرۆ ماچی بووکەکەی دەکات و دەست بەسەروو قژیا دەهێنێ و لە ئامێزی دەگرێت ………..
ئەگەر ئەوێ خۆش بوو لای ئەوان بمێنەوە
خەمی منت نەبێ، من شادانم لەگەڵایا.
فرۆ کەزی خان دەبات کەم کەم دەچێتە ئاوەکە تا دەگاتە ئەژنۆی و کەزی خان دەخاتە سەر ئاوەکە .
ئاگات لەخۆت بێت خەفەت نەخۆی.
ئاوەکە کەزی دوور دەخاتەوە و فرۆ،بای بای بۆ ئەکات بەگریانەوە ………………………..
کەزی گیان .. خواحافیز..کەزی گیان.

٤٨… شەوە … دەرەوەیە … سەکۆی حەوشەی ماڵی فرۆ.
دایك و باوکی فرۆ دانیشتوون ،قۆری پیاڵەیان لەلاوەیەو چا دەخۆنەوە و فرۆش لە لایەنەوە پاڵکەوتووە. ڕەزا باوکی دەست لە ناوچەوانی فرۆ دەدات.
ڕەزا/
ئەوە بۆ وا بێتاقەتی فرۆ گیان؟ خۆ شوکور
گەرمیش نیت تا بڵێم تات هەیە.
فرۆ/
نا .. نا.. نەخۆشنیم.
شیرین/
لەوە ئەچێ لەگەڵ بووکەکەی شەڕی کردبێ.
ڕەزا/
دەهەستە باوانم وەرە لای باوکی خۆتەوە ..
سبەی هەر لەمەکتەب هاتیتەوە لەگەڵ خۆما
ئەتبەم… باشە ..خۆم یەمەوە بەشوێنتا.
فرۆ/
باشە یەم ، بەس نابێ ماسی بگری..
ڕەزا/
نا، کچم .. با بێی ئەوسا تێئەگەی ماسی گرتن
چەند خۆشە.
فرۆ/
نا..نا.. ماسیەکانیش حەز ئەکەن بژین.
ڕەزا/
وەڵا تەواومان کرد… تازە وا خەڵك
خەریکن فێری ماسی خواردن ئەبن
دادە فرۆش لێمانی مەنع ئەکا.
شیرین/
ئەرێ فرۆ عەجایب کەزی خانت پێ نییە؟
دیارە شەڕتان بووە.
فرۆ هەڵدەسێ و دەڕوات ………………………………………………………………….
فرۆ/
من ئەچم ئەخەوم .

٤٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی قوتابخانەیە.
فرۆ و شادە پێکەوەن لەحەوشەی قوتابخانە ………………………………………………..
شادە/
ئەی چۆن؟ بووکێکی بۆ کڕیم بەقەدەر
کەزی خان ئەبێ ناوی بنێم چی؟
فرۆ/
من زۆر بیری کەزی خان ئەکەم، ئێستە
ئەو لای دۆلفینەکەیە ئیتر نایەتەوە، دیارە
ئەوێ خۆشترە.
شادە/
باوکم قەڵەمی ڕەنگاو ڕەنگیشی بۆ کڕیم
لەوەی کوڕەکەی مامۆستا.
فرۆ/
بووکەکەت ناوبنێ کەزی خان..دەی توخوا.
شادە/
ئاخر نابێت! دوای ئەبێ بەهی تۆ.

٥٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆڵان.
فرۆ لارە لارو بەبێتاقەتی ، جانتاکەی قوتابخانەی داوە بەلایەکی شانیاو گەیشتۆتە کۆڵانی خۆیان وپاشان دەگاتە بەردەرگاکەیان پاڵی پێوەدەنێت و ودەیکاتەوەو دەچێتە ژوورێ.

٥١ … ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆ.
فرۆ تازە لە خۆگۆڕین دەبێتەوە ئەچێ بە دیار کەنتۆرەکەوە دائەنیشێ و دایکی دێتە ژوورەوە.
شیرین/
ئەوە چی ئەکەی لەوێ؟ تۆ پێم ناڵێی بێتاقەتی
چیت؟ من کەزی خانت بۆ دەربێنم ..درەنگە
ئێستە باوکت دێتەوە بەشوێنتا.
فرۆ/
کەزی خان لێرە نییە.
شیرین/
ئەها ! ئەی داوتە بەکێ؟
فرۆ/
نەمماوە بەکەس ! ڕۆیشت بۆ لای دۆلفینە
گەورەکە.
شیرین/
کچێ کێ هەڵئەخەڵەتێنی؟ بووکەشووشە بۆ
کوێ ئەچێ، پێم بڵێ چیت لێکرد؟ ……..
ونتنەکردبێ؟.
فرۆ/
بەخوا بەڕاستمە.
شیرین/
دەی ڕۆڵە ملت شکێ ! خوا ئەزانێ لە کوێ
لێت بەجێ ماوە هەی قنگ لێکەوتوو.
فرۆ/
تۆ باوەڕم پێناکەی !
شیرین/
وەرە زەهرەکەت بخۆ تا باوکت نەهاتۆتەوە.
فرۆ/
هیچم بۆ ناخورێت لەفەم لە مەکتەب خوارد.
شیرینی دایکی فرۆ دەچێتە دەرەوە و فرۆش لە کەنتۆرەکەدا لە ژێر جلەکانیەوە وێنەی دۆلفینەکە دەردەهێنێ تەماشای دەکات.
توخوا ئاگات لەکەزی خان بێت.
ماچی وێنەکە دەکات و دەیخاتەوە جێگەی خۆی لە کەنتۆرەکەدا ………………………

٥٢ … ڕۆژە … ناوەوەیە … ڕارەوی ماڵی فرۆیە.
فرۆ دەبینرێ لەسەر دیواری ڕارەوەکە چەند وێنەی ماسی و بووکەشووشەی نەخشاندووە سەرقاڵی وێنە کردنە، لەم کاتەدا گوێی لە دەنگی ڕەزای باوکی دەبێت کە بانگی دەکات.
دەنگی ڕەزا/
فرۆباوکەکەم …فرۆ وەرە با بڕۆین کچەکەم.

٥٣ … ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریایە.
فرۆ و باوکی لەژێر کەپرەکەدا دانیشتوون،ڕەزا سەرقاڵی توندکردنەوەی تۆڕی ماسیگرتنە ،فرۆش هەڵماقۆ بە چەند بەردێك دەکات بە بێتاقەتی. مام فایەقی ماسیگر دێت بۆ لایان.
مام فایەق/
چۆنی کچە بچکۆل .. ئەوە گێلە گێلی چیتە
ڕەزا لەم ناوە.
رەزا/
ئای بەخێر بێی مام فایەق! وەڵا ئەم تۆڕانە
توند ئەکەمەوە.
مام فایەق/
جا بۆچی باشە؟
رەزا/
ئەی خۆ ئاو لەبێژنگ ناکەم مام فایەق هەر
بۆ ماسیگرتن نییە؟
مام فایەق/
کوڕم خۆت بێئەقڵ مەکە،سەیرانگەڕلەئێورەوە
لەم ناوە زرم و کوتیانە ، بەخوا گەراشیان بۆ
نەهێشتوویتەوە نەك ماسی.
رەزا/
جا بەملی شکاویان شوێنیان نەدۆزیوەتەوە
ئێرە نەبێ ، ئەی نیازی چیت هەیە؟
مام فایەق/
رەزا ئەگەربێی لەگەڵما بەبەلەمە کە ئەچینە قوڵایی.
ڕەزا/
دەی وەڵا هەزار جار …هەر ئێستە ئەمانە توند
دەکەمەوە و نوێژێ ئەکەم و ئەچین..ئەم تۆڕەش
ئەهێنم.
مام فایەق/
ئەی ئەو کچە بۆ کوێ ئەهێنی؟
ڕەزا/
نا ..نا .. نایهێنم هەر بەفڕکانێك ئەیبەمەوە.
مام فایەق/
دەی باشە چاوەڕێتم ..جاری خواحافیز.

٥٤… رۆژە .. دەرەوەیە … کۆڵان.
شادە لەدەرەوە لە کۆڵانە و زۆر بەدڵخۆشییەوە بووکەکەی نیشانی منداڵانی گەڕەك دەدات ….

٥٥… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریایە ….گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٥٣.
فرۆ و باوکی لە ژێر کەپرەکەدا دانیشتوون. باوکی بەدەرزییەكەی دەستی بەردەوامە لە توند کردنەوەی داوەکان.
فرۆ/
باوکە گیان مەچۆ بۆ قوڵایی.
ڕەزا/
بۆ فرۆ گیان؟
فرۆ/
ئاخر ڕەنگە دۆلفینە گەورەکە بتانخوا.
ڕەزا/
کچم ئێرە دۆلفینی لێ نییە.
فرۆ/
بالێیەتی باوکە گیان … دەتخوا با بێم.
ڕەزا/
بۆ کوێ دێی چەتیو؟
لەم کاتەدا دەرزییەکە دەچێت بەدەستیا و توڕە دەبێت ……………………………………
ئەها ماڵم بەقوڕ گرتی کەچەنەبازی ..
خۆم زۆر دڵمخۆشە، هەر لەجەنەبازی
تۆ و دەرزیم کەمە.
توڕە دەبێت و تۆڕەکە فڕێ دەدات………………………………………………………
ئا لەو تورەکەیەی قەد کۆڵەکەکە ئەو
مقەستەم بۆ دەربێنە.
فرۆ/
تۆڕەکان ئەبڕی و ئیتر ماسی ناگری؟
ڕەزا/
ژەهری مار ئەکەم وئەیکەم بەچاوی تۆیا
هەر لە سیك و سەوای خۆت ناکەوی …
هەرچەند تۆ ئەهێنم بۆ ئێرە ئەبێ توشی
بەزمێببم.
فرۆ مقەستەکە لە توورەکەکە دەر دەکات و دەیهێنێ بۆ باوکی …………………………..
فرۆ/
ئینجا خەتای من چییە؟

                                    ڕەزا/
                  پێ و قدومت شەڕە شەڕ.

ڕەزای باوکی مقەستەکەی لێوەر دەگرێ و داوی تۆڕەکە دەبرێ وبەئیشارەت مقەستەکەی دەداتەوە هەڵی بگرێتەوە..پاش کەمێك پێڵاو سەرپێ دەکات و دەڕوا..
فرۆ/
باوکە بڕۆینەوە؟
ڕەزا/
نا نەعلەتی ئەچم دەستنوێژێ ئەگرم و
دواتر دەتبەمەوە.

٥٦… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
ڕەزا باوکی فرۆ لە جێگەیەکی تری کەنار دەریاکە دەستنوێژ دەگرێ …………………

٥٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … ژێر کەپری کەنار دەریا.
فرۆ هەر سەیری تۆڕی ماسیگرتنەکە دەکات و لێی ورد دەبێتەوە بیر دەکات……………..
مۆنۆلۆژی فرۆ/
خۆ لەقوڵایشا وازیان لێ ناهێنن ..دەی
شەرت بێ نەهێڵم بچن ..
فرۆئەچێ مقەستەکە لەتورەکەکە دەرئەهێنێ وتۆڕی ماسیگرتنەکە کەباوکی ئامادەی کردووە،
دەستئەکات بەبڕین لەت و پەت کردنی . باوکی پاش کەمێك دێتەوە کە پڕپۆڵی تۆڕەکەی ئەبینێ دەمارگیر ئەبێت.
ڕەزا/
ئەوە بۆ واتکرد هەی بەچکە سەگ؟ ئاخر
تۆ ڕزق بەچاوتەوەیە هەی نان و دۆ بڕ.
ڕەزای باوکی زۆر بەتوڕەیی و دەمارگیرییەوە دەچێت بۆ فرۆ …………………………..
فرۆ/
باوکە گیان … توخوا .. توخوا..
ڕەزای باوکی بۆی دەچێت بە هەردوو ناو لەپی ئەکێشێ بە هەردوو گوێچکەیا … فرۆ قیژەیەك دەکات و چاوی لێك دەنێ و ئەکەوێ و وێنە لەچاوی فرۆوە نامێنێ و کادر ڕەش دەبێت.

٥٨ … ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆمەڵێ جێگەیە رێگە و بان.
کۆمەڵێك دار نیشان دەدرێ لە بینینی ژێرەوە و پاشان دەچێتە سەر خەتی جادە بە ڕۆیشتنەوە تا دەگاتە گڵۆپی خەتی سەقفی ڕارەوێکی خەستەخانە بە ڕۆیشتنەوەو نیشاندانی تایەی نەقالەیەك بە ڕۆیشتنەوە لە کۆتایدا جەستەی فرۆ دەخرێتە سەر قەرەوێڵەیەکی خەستەخانە.

٥٩ … شەوە … ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
شادەو دایکی و شادومان لە حەوشە دانیشتوون تەماشای تیڤی دەکەن …………………..
شادە/
دایکە تۆ بڵێی فرۆ چاك بێتەوە؟
نەسرین/
بەخوا کچم بڵێم چی؟ نەدکتۆر هیچی
وتوەو نە خۆشی زمانی هەیە قسەبکا.
شادومان کەناڵی تەلەفیزیۆنەکە بە کۆنترۆڵێ دەگۆڕێ و لە تیڤییەکەدا ئیسعافێك نیشان دەدرێ لە شەقامێکی شار دەڕوات.

٦٠ … ڕۆژە … ناوەوەیە … نەخۆشخانەیە.
فرۆ لەسەر قەرەوێڵەیەکی نەخۆشخانە ڕاکشاوەو، باوکی دکتۆرەکەی بۆ ئەهێنێ … پەشۆکاوی پێوە دیارە .. دایکی فرۆ واقی وڕماوە.
ڕەزا/
ئەوەتا کاك دکتۆر گیان چاوی هەڵهێناوە.
دکتۆر فەحسی فرۆ دەکات ، بەتایبەتی گوێکانی ……………………………………….
بەساقەوبم کاك دکتۆر گیان …….
شیرینی دایکی فرۆ واقی وڕماوەو لەپڕێکا ئەداتە پڕمەی گریان .. فرۆ نوزە دەنگی دێت و دەڵێت.
فرۆ/
دەمەگری دەی … ئەگەر بگری من ئەمرم.
دکتۆر/
هەست بەچی ئەکەی کچی باش؟ قسەم بۆ بکە.
ڕەزا/
دەی باوە گیان قسەی بۆ بکە … کاك دکتۆر
پرسیارت لێ ئەکات.
فرۆ هەر چاو دەگێڕێ و حاڵی نابێت …. دکتۆر ئەشڵەژێ کە فرۆ وا دەبینێ ………….
دەی باوە گیان ، قسەیەك بکە.
فرۆ/
ئەوە بۆ دەمتان ئەجوڵێ و دەنگتان نایەت؟
ڕەزا کەمێك سڕ ئەبێ و بەدەنگی بەرز ئەگری و هاواری لێ بەرز دەبێتەوە……………..
ڕەزا/
ئەی باوکە ڕۆۆ…………..

٦١… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
نەسرینی دایکی شادە لە حەوشەکەیان گسک دەدات و شادە بە غەمبارییەوە دێت بۆ لای و دەست دەکات بەپرسیار کردن.
شادە/
دایە فرۆ بەچی چاك ئەبێتەوە؟
نەسرین/
خوا ڕەحمی پێ بکات …
شادە/
یەعنی ئیتر گوێ ی لەهیچ نابێ؟
نەسرین/
نا … ئیشەڵا بیبەن سەر نزرگەی پیاو
چاکان و مەولوی بۆ قەراربەن، خوای
گەورە ڕەحمی پێ ئەکا.

٦٢… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژووری دکتۆرە.
ڕەزای باوکی فرۆ لەبەردەمی دکتۆرا وەستاوەو دکتۆر قسەی بۆ دەکات …………………..
دکتۆر/
حاڵەتەکەی پێ ی ئەوترێت ئۆتایتس میدیا،
لۆسینگ هێرینگ واتە لەکیسچوونی بیستن.
بە بوورانەوەکەیا گومانی ئەمەم لێ ئەکرد.
ڕەزا/
ئەی چارە دکتۆر گیان.
دکتۆر/
گرنگ ئەوەیە وریایبن …. ئاگاتان لێی بێت
چونکە بۆماوەیەك باری دەرونی خراپ ئەبێ.

٦٣ … شەوە … دەرەوەیە … بەردەم نەخۆشخانە.
خەڵکێکی زۆر لەبەردەم نەخۆشخانە وەستاون لەم کاتەدا لورەی ئیسعاف دێت …………..

٦٤… شەوە … ناوەوەیە … نەخۆشخانەیە.
فرۆ دەموچاوی ناوە بە شووشەی پەنجەرەکەوە و ئیسعافێك لەدەرەوە دەبینێ لەسەر شەقامەکە دێت بۆ نەخۆشخانە بەخێرای و گڵۆپەکانی هەڵگردوەو دیارە نەخۆشی خەتەری پێیە، بەڵام هیچ دەنگێک لای فرۆ نیەو نایبیستێ. لەم کاتەدا ڕەزای باوکی دێتە ژوورێ و لە کیسەیەکدا کەبابی تێدایە دەری دەهێنێ.
ڕەزا/
بابیهێنم کەباب بخوا.
شیرین/
واتلێنەکردایە… تازە کەبابی بۆ چییە؟
رەزای باوکی دەچێت و لەپشتەوە دەست لە شانی دەدات و بەرەو سەر قەرەوێڵەکەی ئەهێنێ.
فرۆ/
باوکە جاران بەدەنگی ئیسعاف زۆر
ئیزعاج ئەبووم، بەس ئێستە گوێم
لێ ی نییە.
باوکی دەگری و دکتۆر دێتە ژوورێ و دایک و باوکی فرۆ لەبەری هەڵدەسن…………….
ڕەزا/
فەرموو کاك دکتۆر.
دکتۆر/
خوێنەواری هەیە؟
ڕەزا/
بەڵێ وا دەرئەچێ بۆ سێ.
دکتۆر/
ئەبێ لە ڕاپۆرتی پۆلیسدا بەجۆرێك
تاوانبار بکرێ ی کە سزایەکی زۆر
قورست بەرکەوێ.
شیرین/
توخوا دکتۆرگیان فریامانکەوە،هەر ئەم
سەرچاوەی بژێویمانە با سجن نەکرێ.
دکتۆر/
ئاخر بەهەموو کەسێکیش ئەڵێن باوك..
توخوا تۆ باوکی ؟ کەس دەستی ئەچێتە
دوژمنی خۆشی وای لێبکا؟ تۆ دڕندەی.
فرۆ/
دایکە ئەوە ئەڵێ چی ؟

٦٥ …. رۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا .
لە کەنار دەریا کەپر و بەلەمەکەی ڕەزای باوکی فرۆ نیشان دەدرێت … ڕەزا لە کەناری ئاوەکە دانیشتووە هەردوو دەستی ناوەتە بەر ئەژنۆی و تەماشای ئاوەکە دەکات ….. لەپڕ ڕەزا واهەست دەکا گوێی لەدەست دابێت، ڕادەچڵەکێ و گوێی لە هیچ نییە و دەست دەبات بۆ گوێی دەنگی ئاو و تەیرو تیرو سروشتی بۆ دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بەگریان.

٦٦… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر دەرگای ماڵی فرۆیە.
شیرین دایکی فرۆ لەناو دەرگاداو، نەسرین دایکی شادە لەبەردەگا وەستاون قسە دەکەن……
نەسرین/
ئەرەوەڵا …. من ئەڵێم مەولویەکی بۆ
قەراربەو ئیشەڵا بەو دەنگی قورئان و
دەفە گوێ ی ئەکرێتەوە.
شیرین/
جا تۆ بڵێ ی وابێ؟ خۆ منیش عەقیدەم
زۆر پێیەتی.
نەسرین/
ئیشەڵا خوا ڕەحمی پێئەکاو بەقسەی من
ئەکەی هیچ سێ و دووی لێ مەکە.
شیرین/
دەی هانام بەدەمت!
نەسرین/
ئەبێ ئێستە وەزعت چۆن بێ وەیش بمرم
یاخوا.
شیرین/
ئەبێ چۆنبم؟ بەخوا هەر ئەوەیە گڕناگرم.
نەسرین/
دەی تەحەمولت بێ ئیشەڵا گوێی ئەکرێتەوە.
شیرین/
خوا چاکت بۆ بکا یاخوا … جەرگت نەسوتێ.
نەسرین/
توخوا شادەم بۆ بانگ ناکەی زەحمەت نەبێ.

٦٧ … ڕۆژە … دەرەوەیە… ماڵی فرۆیە.
فرۆ و شادە لە لای سەتڵە گوڵەکەی فرۆوە دانیشتوون … فرۆ وێنەی دۆلفینەکەی پێیەو شادانیش ماجیکێکی بەدەستەوەیە و چەند پەڕەیەکی نووسراوی لەبەردەمایە.
دەنگی شیرین/
شادە گیان وەرە دایکت بانگت ئەکا.
شادە/
باشە باش ! وا ئێستە یەم.
شادە بە ماجیکەکەی دەستی لەسەر پەڕەیەکیان بۆفرۆ دەنووسێ(دایکم هاتووە بەشوێنما.. جارێ ئەڕۆم … خواحافیز). نیشانی فرۆی دەدات و ئەویش دەیخوێنێتەوە.
فرۆ/
خواحافیز شادە.
شادە بووکەکەی هەڵدەگرێ و دەڕۆن و فرۆش هەڵدەسێ و دەڕوات لەگەڵی……………….

٦٨… شەوە …. دەرەوەیە … سەکۆی ماڵی فرۆ.
ڕەزای باوکی فرۆ دەیەوێ بە ئیشارەت فرۆ لە شتێك تێبگەیەنێ ،دەستی کردووە بە جوڵەی دەستی.
شیرین/
ئەوە ئەتەوێ پێ ی بڵێ ی چی؟
ڕەزا/
هاتووە بەخەیاڵما پێ ی بڵێم ئیتر واز لە
ماسیگرتن ئەهێنم.
شیرین/
دەی ئینجا بمانکوژە لەبرسا ! ماسی ناگری
ئەی چی ئەکەی؟
ڕەزا/
هەر ئیشێکی تر بێ.
فرۆ/
ئەوە باسی چی ئەکەن ، دڵم تەقی بۆم
بنووسن لەسەر پەڕەیەك.
شیرینی دایکی فرۆ بە ئیشارەت پێ ی دەڵێت هیچ …………………………………………
شیرین/
رەزا ئەوەندە لەبەر چاویا قسەمەکە، خۆی
دڵی سەغڵەتەو لێشمان تێ ناگات خراپتر
ئەبێ.
ڕەزا/
باشە باش.
شیرین/
ئیشەکەی خۆشت بکە، ئیشەڵا بەیانی
مەولوەکە ئەکەم وئەمیش گوێی ئەکرێتەوە.

٦٩… ڕۆژە … دەرەوەیە …. کۆڵانی ماڵی فرۆیە.
چەند ژنێکی عەبا بەسەر و لەچک بەسەر ، خۆیان دەکەن بە ماڵی فرۆدا …………………

٧٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
کۆمەڵێك ژن لە حەوشەی ماڵی فرۆ دانیشتوون …شیرینی دایکی لای ژنێكەوەیە قورئان دەخوێنێ بەسەر فرۆدا، فرۆش لەبەردەمیا دانیشتووە … فرۆ هەر دیقەتی ژنەکان ئەدا تا دەست دەکرێ بەدەف لێدان و مناجاتی مەولوو گەرم دەبێت … فرۆ وردە وردە لە ناو سەرقاڵی ژنەکاندا بەزکر و گوڵاو پرژاندن و تقوسی دینیەوە خۆی دەدزێتەوەو دەچێتە دەرەوە.
٧١ … ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆڵانێکە.
کۆڵا نێکە پیاوێك نیشان دەدرێ مریشکێکی کوردی وکێردێکی پێیە دەیەوێت سەری ببڕێ، لەم کاتەدا فرۆش لە پشتی کابراوە دەر دەکەوێت و نزیك دەبێتەوە ، کابرا بە کێردەکەی دەستی سەری مریشکەکە لێدەکاتەوە و فرۆ بەتەواوی نزیک دەبێتەوە و مریشکەکە دەبینێ هەڵدەبەزێتەوە ……… …لای فرۆ و لە خەیاڵیدا وێنەی ماسییەکانی دێتە بەرچاو کە لە ئاو دەریدەهێن و دەیانکوژن واتە تێکەڵکردنی هەردوو وێنەی مریشك و ماسی کاتێك لە ژیان دەسڕێنرێنەوە پاشان بەخێرایی و بە تووڕەیی دەڕوات.

٧٢ … ڕۆژە … دەرەوەیە … سەرشەقامێکە.
پیکابێك وەستاوەو ماسی دەفرۆشێت و خەریکی ماسی چاک کردنە بۆ مشتەرییەك و فرۆ دێتە لایان.
فرۆ/
ئەرێ ماسی کوژتن بەس نییە؟
ماسیفرۆش تەنها دەمی دەجوڵێتەوە و بەدەست ئیشارەتی بۆ دەکات بڕوات ، فرۆش کەمێك دەچێتە ئەو لاوەو پاشان بە خێرایی دەڕوات.
ئەبێت ئەم ناشرینە بڵێ چی؟

٧٣ … ڕۆژە … ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆ ، گەڕانەوە بۆ دیمەنی ٧٠.
بەشێکی تری مەولودەکە نیشان دەدرێت و زیاتر گەرمی پێوە دیارە …………………..

٧٤ … ڕۆژە … دەرەوەیە … زەوییەکی پانی نزیك شارۆچکە.
پیاوێکی قات لەبەر لەسەیارەیەکی لاندگرۆزەر دادەبەزێ و چەند پۆلیسێك بەدوایدا خۆیان هەڵدەدەنە خوارێ …. پیاوەکە بە هێمنی دەڕوات و پۆلیسەکان بەدوایەوە … فرۆ بەدیان دەکات و یەکسەر بەرەو پیاوە قات لەبەرەکە دەچێت .
فرۆ/
ئەو پیاوانە و باوکم هەموو ماسییەکانیان
کوشت و لە ئاویان دەرهێنان.
کابرا/
بەڕاست منیش حەزم لە ماسییە وەڵا.
فرۆ/
من نازانم تۆ چی ئەڵێی،گوێم لێت نییە.
پۆلیسێك بە دەست فرۆ دور دەخاتەوەو پاڵێکی پێوە دەنێت ، پۆلیسێکی ترخەریتەیەکی گەورە دەکاتەوەو دەیباتە بەردەم کابرای شیک پۆش.
کابرا/
من لە چیام و ئەوەش خەمی چییەتی؟.
فرۆ کە پاڵەکەی پێوە دەنێن کەوتووە و هەڵدەسێتەوەو ڕا دەکات ………………………….

٧٥ …. رۆژە … دەرەوەیە …. حەوشەی ماڵی فرۆیە. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٧٣.
بەشێکی تری مەولودەکە نیشان دەدرێ کە شیرینی دایکی فرۆ بە تەواوی چۆتە دونیای جەزبەوەو جوڵە بە سەر و قژی دەکات بە گەرمی لەگەڵ دەنگی دەف و مناجاتەکە.

٧٦ … ڕۆژە … دەرەوەیە …. کەنار دەریا.
فرۆ دێتە کادرەوە لە نزیک کەناری دەریایە و لەچکەکەی سەری شل بۆتەوە و ڕادەکات بۆ لای ئاوەکە ،دەنگی موناجات و دەف لەسەر ئەم دیمەنە هەیە.

٧٧… ڕۆژە … دەرەوەیە …. حەوشەی ماڵی فرۆ. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٧٥.
مەولودەکە بەردەوامە و سەربادان لە لایەن ژنانەوە دروست بووەو لە زیکرکردندان و ڕیتم بەرەو خێرایی دەڕوات.

٧٨… رۆژە … دەرەوەیە … کەنار دەریایە.
فرۆ لەڕاکردن بەردەوامەو بەتەواوی نزیک بۆتەوە لە ئاوەکەو خۆی دەکات بەناو ئاوەکەداولەچکەکەی سەری کە زۆر شل بۆتەوە لەسەری دادەکەنێ و فڕێی دەداتە سەر ئاوەکەو، قژی فرۆ بەتەواوی دەردەکەوێت کە ئەو قژە درێژەی دیمەنی سەرەتای نەماوەو هەمووی دیارە بە مقەست هەڵپاچراوە زۆر کورت بۆتەوە…. فرۆ زیاتر بۆ ناو قوڵایی ئاوەکە دەڕوات.

٧٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٧٧.
مەولودەکە زۆر ریتمی خێرایەو جوڵەی دەروێشی زۆری پێوە دیارەو دەف زۆر بەهێزە وبە گەرمی لێدەدرێ.جوڵەی سەرو قژی دایکی فرۆ زۆر خێرایە

٨٠… ڕۆژە …. دەرەوەیە … کەناری دەریایە.
دەنگی مەولودەکە لەسەر وێنەی ئەم دیمەنانەیەو فرۆ لە قوڵایی ئاوەکە دەبینرێ بەقژی هەڵپاچراوەو وردە وردە نوقم دەبێت و ژێر ئاو دەکەوێت و پاشان لەچکەکەی فرۆ بەسەر ئاوەکەوە دەبینرێ و گوێمان لەدەنگی فرۆ دەبێت.
دەنگی فرۆ/
خۆ کەس بەقسەم ناکا! شەرتبێ بچم لای
دۆلفینە گەورەکە شکات لە هەمووتان بکەم.

٨١ … رۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
شادە بووکەکەی لە باوەشدایەو لای سەتڵە گوڵەکەی فرۆیە وچامێ ئاوی پێیەو ئاوی گوڵی سەتڵەکە دەدات.
شادە/
بووکە جوانەکەم ناوەکەت ئەگۆڕم
ئیتر من پێت ئەڵێم فرۆ خان.
شادە بووکەشووشەکەی ماچ دەکات و لە باوەشی دەگرێت و پاشان پێکەوە بۆنی گوڵەکانی سەتڵەکە دەکەن .

کۆتایی.




بەندەر فەیلی و کۆماری دیکتاتۆر.. ئاراس سەعید

زیندان تیمایەکی دابڕاو نییە لەنێو بەرهەمەکانی «بەختیار عەلی»دا. لە بەشێک لە بەرهەمەکانیدا، جوگرافیای کارکردنی لە زیندانەوە دەگوازێتەوە بۆ پانتاییەکی فراوانتر. دەکرێت «دونیای زیندان و دەرەوەی زیندان» لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلیدا، بەمانایی «دونیای سیستەم و دەرەوەی سیستەم» شرۆڤە بکەین. بەو مانایەی، زۆرجار دەسەڵات جوگرافیای خۆی لە ڕێگەی سیستماتیککردنی دەرەوەی زیندانەوە درێژ دەکاتەوە. ئەگەر بڕوانینە بەشێک لە بەرهەمەکانی نووسەر، دەتوانین وێنایی ئەو هێڵە تەریبە بکەین کە لە نێوان زیندان و دەرەوەی زینداندا هەیە. بۆ نمونە: «جەمشید خان» لە زیندانەوە با لەگەڵ خۆیدا دەیبات، بۆ جوگرافیاییەکی فراوانتر. شاری دێلاوار لە ڕۆمانی «هەورەکانی دانیال»دا ژیارێکە لەسەر زیندانییەک بوونیاد دەنرێت. وەلێ نووسەر لە «ڕۆمانی بەندەر فەیلی»دا، ڕاستەوخۆ لە زیندانەوە دەست پێدەکات. ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا درێژ دەبێتەوە، پانتایی ئەو زیندانەیە کۆی کۆمەڵگەی تێ دەخزێندرێت. بەو مانایەی دەسەڵات جوگرافیای خۆی دەگوازێتەوە بۆ سیستماتیککردنی کۆی ژیان. لێرەوە «دنیای زیندان و دەرەوەی زیندان، دیلێتی و ئازادبوون» ئەو هێڵە تەریبەیە، کە بەندەر فەیلی ناتوانێت لە یەکدییان جودا بکاتەوە. ئەمەش هۆکارێکە بەدرێژایی تکێستەکە خوێنەر بەدوای ئەو پرسەدا پەلکێش بکات، کە ئازادی مانای چییە؟
…..
ئەگەر قوڵترین پنتی ئەم ڕۆمانە دەستنیشان بکەین، دەبێت گوزارشت لەو پنتە ئۆنتۆلۆژییە بکەین؛ کە ژیانێک لە دامێنی مەرگێکدا دێتە بوون.
لێرەوە خوێنەر بەر دوالیزمەی مەرگ و ژیان دەکەوێت. بەندەر فەیلی لە ژووری سێدارەدا و، لە دامێنێ تەرمی هەڵواسراوی «ئیسرا مەلەکشاهی»دا، وەک دواهەمین کوردی فەیلی دێتە بوون.
لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، بەندەر کۆتا خاڵی پنتی ژیان و مەرگە، ئەو لە دامێنی مەرگێکدا دێتە بوون.
«شۆپنهاوەر» ئەمەی “بەویستی ژیان” ناوزەند کردووە.
پرسی ئۆنتۆلۆژیا لە ڕۆمانەکەدا، پێچەوانەی پرسی ئۆنتۆلۆژیایە لە فەلسەفەی «سارتەر و هایدگەر»دا. چەمکی «کات و شوێن» ئەو دوو گوزارەیەیە، کە هیچ کات لە زەینی «بەندەر فەیلی»دا مانای نییە.
بەندەر فەیلی لە ژووری مەرگدا، مەحکوم دەکرێت بە ژیان، ژیانێک کە سیستەمێکی دیکتاتۆر بەهاکانی داڕشتووەتەوە؛ وەلێ بەندەر بە فیترەت ناچێتە نێو هیچ سیستمێکەوە و، ماشێنەکانی سیستەم ناتوانن لە پێکهاتەکەی جگە لە «بەندەر فەیلی» فۆڕمێکی دیکەی لێ درووست بکەن.
نیتچە وتەیەکی هەیە دەڵێت: «لەناوەوەی هەموو پیاوێکدا منداڵێک هەیە، کە دەیەوێت یاری بکات.»
سیستەمی فاشیزم، دەیەوێت ئەو منداڵە پاکەی ناوەوەی بکوژن، کەچی بەندەر فەیلی بۆ هەمیشە؛ پارێزگاری لە منداڵە پاکەکەی ناوەوەی دەکات. ئەو تا دوا چرکەساتەکانی تەمەنی، بەدەم وەنەوزدانەوە وەک منداڵ دار و درەخت دەژمێرێت.
…..
ئوستووڕەی هەموو سیستەمێکی دیکتاتۆر لەسەر بنەمای دوانەیەک دامەزراوە؛ دوانەیەک مرۆڤەکان دابەش دەکات بەسەر دوو بەرەدا. باش و خراپ، تاوانبار و بێتاوان. لێرەوە؛ دوونیا دابەش دەکات بەسەر ئەوانەی لەگەڵمانن و ئەوانەی دووژمنمانن.
بەندەر فەیلی « نە زیندانییە و نە ئازاد، نە تاوانبار و نە بێ تاوان، نە لەبەرەی یاخیبووانە و نە لەبەرەی حکومەت، نە لەبەرەی شەڕە و نە لەبەرەی خێر.»
لەبەر ئەوەی ئیسرا مەلەکشاهی پێی باشتربوو بمرێت وەک لەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ جەلادێکدا بکات، جەلادەکان دەیانەوێت بەندەر فەیلی وەکو جەلادێک پەروەردە بکەن، تاوەکو ئەوەی ڕۆحی ئیسرا ئازار بچێژێت.
نووسەر، لەڕێگەی زیندانەوە، وێنای دونیای فاشیزم و منداڵ دەکێشێتەوە. زیندان بریتییە لە ستراکتۆری ٭
« سوبژێکتیڤاسیۆن» وەکو دەزگایەک بۆ داڕشتنەوەی پەیکەربەندی شوناسی مرۆڤ. لە ڕێگەی پڕۆسەی وەک یەک لێکردنەوەوە، پەیکەربەندی جڤاک دادەڕێژێتەوە و مافی خۆنمیاشکردنی تاکگەرایی و ئازادییەکانی لێ دەسێنێتەوە. بە واتایەکی دیکە، پڕۆسەی بەئەویدیکەکردنی سوژە لە ڕێگەی سیمبولەکان و دیسپلینی جەستەوە.
بە دەبڕینە فۆکۆییەکە: مرۆڤ لەم كاتەدا دەخزێنرێتە نێو دەزگایەكی دەسەڵاتەوە، دەسەڵات جەستە هەڵدەلوشێ، تێكی دەشكێنێ‌‌ و سەر لە نوێ بونیادی دەنێتەوە. دیسپلینی جەستەیی، ملكەچی و گوێڕایەڵی و ئامادەی قبوڵكردنی دیسپلینی زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر دروست دەكات. بەر لە سەردەمی مۆدێرن، سزادان تەنیا ڕووی لە كەسی تاوانبار بوو، تەنیا کەسی تاوانبار ڕووبەڕووی سزا دەبووەوە، بەڵام تەكنیكەكانی دیسپلین ڕوویان لە كۆی دانیشتوانە.
واتە: دەسەڵاتی دیسپلین تەنیا كەسێك دیاری ناكات تاكو بیخاتە ژێر چاودێرییەوە، یاخود سزای بدات، بەڵكو هەوڵی كۆنترۆڵی كۆی كۆمەڵگە دەدات و هەموو دانیشتوان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە. بۆ گەیشتن بە ئامانجی ملكەچكردن و لارەملێی تاكەكان و فراوان بوونی دەسەڵاتەكەی، پێویستە گشت ڕەهەندێكی فەزا، زەمەن، جوڵە و ڕێسا و یاسایان بۆ دروست بكرێ‌ت و، کۆی گۆمەڵگە مۆنۆپۆڵ بکات. لێرەوە پانتایی زیندان بە درێژایی ڕۆمانەکە درێژ دەبێتەوە، بە جۆرێک نەک تەنیا بەندەر فەیلی، بەڵکوو هەموو کۆمەڵگە هەست بە ئازاد نەبوونیان دەکەن و، هەست بە خنکانیان دەکەن.
بەندەر فەیلی لەو ساتەوەی چاوی بە دنیا هەڵهێنانەوە، جگە لە ژووری مەرگ شوێنێکی دیکەی نەبینیووە. بە دەستی جەلادێکدا گۆش دەکرێت، کە هەموو تەمەنی لە خنکاندنی دیلەکاندا بەسەربردووە. هەرچەندە سەید شەهابی خوزاعی بە دەستی خۆی پەروەدەی کردووە، وەلێ پێ دەڵێت: «تۆ تاکەکەسی لەم دوونیایە، نە خێزانت هەیە، نە ماڵ، نە شارت هەیە، نە وڵات. بۆیە لەم زیندانە زیاتر شوێنێکی دیکەت نیە.» ناشوێن بۆ بەندەر فەیلی، ئەو گرفتە گەورەیە بوو کە دەبووە هۆی ئەوەی لە دونیای دەرەوەی زیندانیشدا، هەست بەخنکان و دیلێتی بکات.
…..
ڕەنگە دوای کتێبی « کۆماری ترس» ی « کەنعان مەکییە»، ڕۆمانی «بەندەر فەیلی»باشترین کتێب بێت، لەبارەی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و فاشیزمی عەرەبییەوە بدوێت.
نووسەر لەڕێگەی سەربوردەکانی نێو ڕۆمانەکەوە، مێژووی چارەگە سەدەیەک لە ترس و فەلاقەخانە و داپڵۆسینی کۆمەڵگەی عێراقی دەگێڕێتەوە. ڕۆمانەکە پڕە لە تراژیدیا، شیکاری وردی مێژووە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی بۆ ترس و دڵەڕاوکێ و شپرزە بوونیان بە بەردەوامی، کە یارمەتیمان دەدات بە قووڵی لە مێژووی چارەگە سەدەیەک، لە ڕەوتی ژیان سیاسی و کۆمەڵایەتی، کۆماری دیکتاتۆرییەتی عێراقی تێبگەین. هەروەها ئارگۆمێنێتکی گرنگە، لەسەر دۆزی کوردە فەیلییەکانی عێراق، کە چۆن هەوڵی سڕینەوەی شوناس و ناسنامەیان دەدرێت، لە ڕێگەی داپڵۆسین و قڕکردن و کووشتن و دوورخستنەوەوەیانەوە.




ئیسلامبازو سیاسەتبازەکان.. محەمەد خالید ئیبڕاهیم

لە کۆنەوە تەواوی ڕێبەرانی ئیسلام وەکو دینباز دینیان کردووە بەو پردەی کە پیایدا سەرکەوتوون بۆ ئامانجە شەخسیەکانی خۆیان، وەکو بەدەستهێنانی چەندین ژن و پارەو پولێکی زۆرو دەسەڵات. مەلاکان شێخ و تەریقەت و مەرجەعەتەکان گشتیان کەسانی دووڕوو و درۆزن و دینبازن. چونکە ئەوان مێشکی خەڵکی نەخوێندەوار دەشۆنەوە لەپێناو ئەوەی خۆیان خۆشبژین. لەتەنیشت ئەمانەوە شتێکیتر هەبووە کە ئەویش ئیسلامی سیاسییە لە وێنەی حیزبی دامەزراوەو ڕێکخراوی سیاسییدا بە پاشناوی ئیسلام.
چەمکى ئیسلامى سیاسى نزیکەى سێ دەیە لەمەو پێش بوو بە زاراوەیەکى باوى نێو میدیا نێودەوڵەتییەکان هەندێک جار ئەم چەمکە بۆ ئیسلامى بەسیاسى کراو یاخود شرۆڤەى سیاسى بۆ ئیسلام بەکار دەهێنرێت و وا وێناى دەکەن کە ئیسلام لە بنچبنەدا سیاسى نیەو رەهەندى سیاسى بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام لەڕاستیدا ئیسلام واتا سیاسەت و سیاسەتیش واتا ئیسلام. پێغەمبەری ئیسلامیش دەوڵەتێکی سیاسیی دامەزراندو بەس لەڕوکەشدا بەرگی دینی ئیسلامی بەبەردا پۆشی. .
ئەگەرچی ڕاى جیاواز هەیە سەبارەت بە سەرهەڵدانى ئیسلامى سیاسى هەندێک بنەڕەتەکەى دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمى خەلافەت و هەندێک پێیان وایە هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئایینی ئیسلامدا، چالاکییەکان و ئامانجەکانی سەرەتاکانی ئیسلام سیاسیی بوون.
زاراوەى ئیسلامى سیاسى وەک ووشە دواى نەمانى دەوڵەتى ئالى عوسمان و دروست بوونى ئیخوان موسلیمین هاتە نێو فەرهەنگى نوێى سیاسیەوە. بەڵام بەکردەوە تێکەڵ کردنى دین و سیاسەت مێژووەکەى زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى حکومڕانى پێغەمبەرو خەلیفە لە جیهانى ئیسلامدا. لە بەر ئەوەى پێغەمبەرو خەلیفە حاکمی باڵادەست و بەڕێوبەرى هەموو بوارەکانى ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى خەڵک بوون. ئەوان مەرجەعى دینى و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک بوون.
ڕایەکى ترمان هەیە کە پێى وایە ئیسلامى سیاسى وەک فکرو رێباز دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاى سەدەى نۆزدەو سەرەتاکانى سەدەى بیستەم
ئیسلامى سیاسى وەک فکرو ڕێباز و بزوتنەوە لەکۆتاى سەدەى نۆزدەوە، وەک کاردانەوەیەکى ناکۆک و دژ بەرامبەر بەفکرو کەلتورو مەعریفەو شارستانیەتى ڕۆژئاوا لە جیهانى ئیسلامیداو کارلێک کردنیان لە سەر جیهانى ئیسلامى سەرى هەڵداوە و کەوتۆتە بەرەنگار بونەوەیەیان لەم ڕووەوە ئەرکى سەرەکى خۆى لە ڕووبەڕوو بونەوەو بەرپەرچدانەوەى ئەوچەمکە ڕۆژئاوایەنەدا بینیوەتەوە. ئەو چەمکانەیان لە جیهانى ئیسلامیدا بەنامۆ و شاڵاوى دڕندانەى کەلتورو مەعریفەى ڕۆژئاواى بەسەر کەلتورو مەعریفەو شارستانیەتى ئیسلامدا ناساندووە. ئیسلامى سیاسى وەک دیاردەیەکى فیکرى لەکۆتاییەکانى سەدەى نۆزدەو دیاردەیەکى سیاسى لە بیستەکانى سەدەى بیستدا پێویستیەتى مێژووى خۆى لە پاراستنى ناسنامەو کەلتورو مەعریفەى ئیسلامیدا زیاترنیشانداوە.
ئیسلامى سیاسى لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ بزاوتە ئیسلامیەکان دروست بووە من لیرەدا پێم باشە کە باسى ئیسلامى سیاسى بکەم لە دواى ڕاپەرین کە ئەو کات چەندین حیزبى سیاسى ئیسلامى دەردەکەون و ڕۆڵ دەگێڕن. لە ڕاستیدا ئەو کاتە لە بەر بوونى شەرى ناوخۆ مەترسى ئەم حیزبە ئیسلامیانەمان نە ئەزانى بەڵام دواى 2003 ئەو راستیە دەرکەوت کە ئەم حیزبانە کارخانەی تیرۆرن. بەتایبەتی کۆمەڵی ئیسلامی کە ئێستا بووە بە کۆمەڵگی دادگەری هەروەها بزوتنەوەی ئیسلامی و هاوشێوەکانیان. تەنانەت یەکگرتووی ئیسلامییش یەکێکیترە لە حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان، کە تەواوی چالاکییەکانی تیرۆریستین، بەڵام جیاوازیەکەی لەگەڵ داعش ئەوەیە کە داعش بەشێوەی فیزیکی خەڵک تیرۆر دەکات و یەکگرتووی ئیسلامیش بە شێوەی فیکری، واتا تیرۆری فیکری دەکات، یاخود بڵێین مێشکی کچ و کوڕە هەرزەکارەکانمان دەشۆنەوەو ڕایان دێنن لەسەر بیروباوەڕێکی ئیسلامیی جیهادی توندئاژۆ، کە جگە لە ئیسلام هیچیتری قبوڵ نییە.
حیزبە ئیسلامییە کوردییەکان لەلایەن وڵاتانى تورکیاو ئیران و سعودیە و ئیمارات و چەندین ولاتى ترەوە هاوکارى دەکرێن. کە ئەم وڵاتانە کارخانەی دروست کردنی تیرۆرن. حیزبە ئیسلامیە سیاسیەکان لیرە مەترسى گەورەن لە سەر پرسە نەتەوەییەکانى کورد بۆنمونە یەکگرتووى ئیسلامى سەرکردە باڵاکانى بە شان و باڵى تورکیادا هەڵدەدەن ئەمە لەکاتێکدایە کە تورکیا بە بەردەوامى گەنجانى کورد دەکوژێت و مەترسین بۆ سەر بابەتە نەتەوەییەکان. هەندێکى تر لە پارتە سیاسیە ئیسلامیەکان بوونەتە هۆى دروست بوونى تیرۆرو چەندین نمونەمان هەیە کە ئەم پارتانە کادرەکانیان پەیوەندیان لەگەڵ ئەلقاعیدە و بەرەى نوسرە و داعش و چەندین گروپى تر هەیە. بۆ نمونە کوڕێکی مامۆستا عبدالعزیزی ڕابەری کۆچکردوی بزوتنەوەی ئیسلامی، سەرکردەیەکی باڵای ئەلقاعیدە بوو چەند ساڵێک لەمەوبەر لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە پاکستان کوژرا. هەروەها کاتێک دوو ساڵ لەمەوبەر تاڵیبان ئەفغانستانی گرتەوە، هەندێک لە سەرکردەکانی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان کردییان بە جەژن و خۆشی و شیرینییان دەبەشییەوەو چەندین مەڕیان سەربڕی و خەڵکیان بانگهێشتی ژەمە خواردنی خۆشی و سەرکەوتن دەکرد.




فێره‌ زمان به‌.. شیعری فەرهاد کەریم

هه‌نگاوێ دوورم له‌ ئاسمان بۆم نیه‌ باسی زه‌وی که‌م
سه‌رم رژاوه‌ته‌ زه‌وی بۆم نیه‌ سه‌یری ئاسمان که‌م
په‌یوه‌ندی زه‌وی و ئاسمان ئاڵۆزه وه‌ک من و خۆم
سه‌یری ئاسمان مه‌که‌ بێده‌نگیت جوانه‌ له‌ زه‌وی
فێره‌ زمانی تربه‌ مرۆڤ رێنادا بدوێی
له‌ گه‌ل تۆ بێده‌نگی جوانه دووربه‌ له‌ نووزانه‌وه‌ و خواردنه‌وه‌ی خۆت
فێره‌ زمانی باڵنده‌ و ماسی و ئاژه‌ڵ به‌
له‌ گه‌ل ده‌ریا و زه‌وی و ئاسمان بدوێ
له‌ مرۆڤ دوورکه‌وه‌ پێویستت به‌ زمان نیه
مرۆڤ خاوه‌ن زمانه‌ و نازانێ بدوێ‌
‌ده‌ڕۆمه‌ شاخ و بازاڕ و کار
خۆم له‌ ماڵه‌وه‌ جێدێڵم
ئه‌وه‌ من نیم له‌ کارو بازاڕ و شاخ
له‌ ژووره‌که‌م له‌ ناو بێده‌نگی خۆم رژاوم
ده‌ره‌وه‌ ئاڵۆز بووه‌
ناوه‌وه‌ وێرانه‌ و چۆڵ
له‌ ناو ئاڵۆزی و فه‌رامۆشیدا گۆتن سه‌ر ئێشه‌ی زۆر
فێره‌ هه‌ڵپه‌ڕینی خۆتبه‌ سوودی هه‌یه‌ بۆ سوڕی خوێن
له‌ سوریالیه‌تی پێکه‌نین خه‌یاڵ له‌ خه‌ون جیاکه‌وه‌
فێره‌ هاڕینی گه‌نم به نان ده‌م داده‌خات‌
پێکه‌نه‌ به‌ وجود له‌ ده‌ره‌وه‌ دژ به‌ خود به‌
خۆت له‌ ماڵه‌وه‌ جێمێڵه
ماڵه‌وه‌ سارده‌ ته‌مه‌ن ده‌سوتێ ئازادی ناگات
مرۆڤ سواری خۆی بووه‌ و بۆ خۆی ده‌ژی
گاڵته‌ به‌ ژیان و وجود ده‌کات
له‌ رابردوو جێماوه‌و گیرۆده‌ بووه‌ به‌ خۆی
چه‌ند جوانه‌ ژیان له‌ بازنه‌
هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ زۆر جوانتره
گه‌ر فێره‌ زمانی باڵنده‌و ئاژه‌ڵ و ماسی بیت‌