ئاوابوونی چیڕۆکێک.. شیعری موراد عەلی
کەس گرەوی خۆمی لێنەبردمەوە، تۆ نەبیت.
گرەوی خۆیت لەکەس نەبردەوە، من نەبێت.
کەس پێناسەمی نەدڕاند، تۆ نەبێت.
کەست دروست نەکردەوە دووبارە، من نەبێت.
کەس شەڕی ژیری پێ نەفرۆشتم، تۆ نەبیت.
کەس دۆڕاوێکی گەمژە نەبوو، من نەبم.
تۆ واتکردبێ هیچ چەکێک بە شێنەیی
ئەو شەقامە داگیرم کات.
لە پیریشمدا، گۆچانەکەم پرسیارم لێدەکا
کە بۆچی بە هەموو شار دەیگێرم!
کەچی ناوێرم لێرەوە تێپەڕم.
ئاخر تۆ نەبوویتایە؛
چ شتێک وای دەکرد،
پرسیاری هیچ شتێک، لە هەموو شتێک بکەم؟
تۆ نەبوویتایە چ شتێک وای دەکرد؛
بۆ ماچێکی پڕ ترس بەسەر تەرمی خۆمدا
سەدان میل ببڕم؟
بۆ ژوانێکی بەپەلە و خێرای تێپەڕی سبەی
ژیانی دوێنێم بفرۆشم؟
لە هەنگاوە بێ پساوەکانم بپرسە…
بڵێ چ شتێک هێندەی من هیلاکی کردوون؟
بە چاوەکانم بڵێ دەتگوت درۆ ناکەن!
سەرنجەکانتان لەمن زیاتر بۆ هیچ شۆخێک بوونە؟
لە پاڵگوەکەم بپرسە
ئینجا دەزانی شەوانم پڕ فرمێسک بووە!
بپرسە مەڕۆ… بپرسە.
سەیرێکی دواوە بکە:
بۆ کوێ دەچیت کە لێرە
دڵێک ئاودامانی چارەڕەشییە؟
بۆ کوێ دەچیت کە لێرە
چاوێک چاوەڕێی پەرجووی گەڕانەوەتە؟
بۆکوێ دەچیت کە لێرە لێوێک تینووە؟
کافرێکم، پێویستم بە تۆیە ببیت بە کچ چاکێک؛
لەسەر دەستە بچووکەکانت تەوبە بکەم!
بۆ کوێ دەچیت؟
من عیسام، عیسام، تۆ خاچی من بە!
بمکوژە لە خۆتم بگەوزێنە.
هەرچییەک هەی، هەرچۆنێک دەتەوێ، تەنیا لێرەبە.
ئێوارەیە، وا دەڕۆی خۆرم لێ دیارە.
دەزانم؛ چەند دوورە هێندەیش پیرە!
لێم دیارە، بەزەیی پێمدا دێتەوە
دڵی نایە ئەمڕۆ شەو بێنێ!
شەو، بەڵێ شەو ئەو زەمەنەیە کە:
سەگەکان دڵخۆشترن لە عاشقان،
پشیلەکان هێمنترن لە دڵداران!
بۆ کوێ دەچیت؟ کە من خەریکە
ژوان لێم دەبێت بە زەڵکاوی خەونەکانم!
بۆ کوێ دەچیت؟
نامەیەکم لەگەڵ خۆمدا بۆ هێناوی.
لاپەڕەیەکی گەورە گەورەیە بەحاڵ
چەند وشەیەکم پێوە لکاندووە.
تا بیسەلمێنم هێندەش بێ دەسەڵات نیم
نەتوانم شتێکت بۆ بنووسم!
هێندەیش گەمژە نیم، نەزانم بنووسم!
تۆ لە هەموو نەوەکانی حەوا باشتری.
تۆ لە خۆم پتر دەمناسیت.
تۆ لە نزیکەکانم نزیکتریت.
تۆ لە هیواکانم، لێوڕێژتری لە هیوام.
تۆ لە خەونەکانم زیاتریت.
تۆ لە پیرۆزییەکانم پیرۆزتریت.
جوانتریت
لە
گشت
بوونەوەران.
دڵم خێراتر لێدەدا لە هەر کاتێک پتر.
لەو کاتەشا لە پەسلانم، دەفتەری
کردەوەکانم وەردەگرمەوە!
ئەوکات نازانم دەستی چەپە یان ڕاست.
ئێستایش نازانم
تۆ بەتەمایت بڕۆیت، یان شۆخییەکی کاتییە!
بیرم ناچێت کە سەرت خستە سەر شانی ڕاستم:
دڵم پێی وتم
لای چەپی سینگت تەسکە و
بارگەم بۆ لای ڕاست دەگوێزمەوە!
ئەی تەڵای من، باکت بە لۆمە نەبێت.
تۆ لێرە بە، شەڕی گشت دنیام پێ بسپێرە
لەپشت جەنگاوەران، ژنێکی باش نییە:
خۆشەویستی هەیە، عەشق هەیە، جوانی هەیە.
من جەنگاوەربووم لە شەڕ و نەفرەت و درۆ و خیانەت و جەنگ و خوێنخواردن
ڕامکرد لە وڵاتێک.
کورد
ستان
هاتووم لە وڵاتی سنگت پەنابەرم.
هەردوو مەمکت دوو شاخی بەرزن.
دۆڵنشینم مافی پەنابەریم هەیە؟
لە وڵاتە ڕەسەنەکەم باڵای تۆ نەخشەی وڵاتمە!
تۆ سەرکردە و فەرمانڕەوایەکی
خاس بە، تکا دەکەم، ڕاوم دەنێی بۆ کوێ؟
عاشق جگە لە مەعشوق کەس شک دەبات؟
شاعیر جگە لە باڵای دڵبەر هیچ ئارامگایەک،
شک دەبات؟
جگە لەو ماڵەی خودا لەسەر سنگت بۆی دروستکردووم ماڵی ترم نییە!
من کرێکارێکی دەست و پێ سپیم.
ساڵانێک ڕامکرد بەدوای: نان، ئاو، ئازادی.
وەگیرم نەکەوت.
بەشکستەوە گەڕاومەتەوە یەکەم لانکەم
باوەشت: یەکەم لانکەی ئەڤینم.
یەکەم لانکەی ژوانم.
یەکەم ترپەی خێرای دڵم.
یەکەم چرکەی خۆناسینم.
یەکەم چرکەی ڕامووسانم.
ئەرێ هۆ خوێی برینم: خاتوو زینم،
هۆ ئازیزترین بێویژدان!
هۆ دایکی خەیاڵی منداڵەکانم!
هۆ ئەو خوێنەگەرمەی لە مناڵیمەوە خەونمی!
هۆ ئەو کەسەی ژیانم ئاوەژوو دەکەی!
هۆ ئەو کەسەی لە زیندانیش بم دڵخۆشم دەکەی.
هۆ ئەو کەسەی لە شادی دەمگریێنی.
هۆ ئەو گوڵەی شاعیرێک دەهەژێنیت.
گوێت لێم نییە؟ بۆ سەیرێکی دواوە ناکەیت؟
تۆ ڕووبارێکی قوم قوم دەمخنکێنیت!
تۆ کانییەکیت، پڕیت لە سەرچاوەکانی کوشتنم!
شیعرەکان لە کلاسیکەوە تا ئەمڕۆ
ڕاهێنانی بێتۆییم پێدەکەن!
هەمووی باسی: نەهاتن، ڕۆشتن، عەزابەکانی عەشق، شەوانی غوربەت، نازانم چی چی چی، دەکەن!
نازانن کە دەزانم درۆ دەکەن!
هەموو شاعیران درۆ دەکەن!
هەموویان خەیاڵپڵاون.
هەموویان پشت بە ئیلهام و درۆ و خەیاڵ دەبەستن.
هەموویان سەرلێشێوانن.
هەموویان درۆ دەکەن درۆ…
شاعیرێک تۆی نەناسیبێت، بە چ ڕوویەکەوە:
شیعر بۆ جوانان دەنووسێت؟!
کاتی ئەفسانە گێرانەوەکان تۆ نەببوویت.
چیرۆک دروستکەران نازانن تۆ کێی!
درۆ نەبێت چ شتێک پێنووسیان تیژ دەکاتەوە؟
تۆ نەبی چ ژنێک پێنووس خوێناوی دەکات؟
تۆ نەبی چ ژنێک خوێ بەسەر تێنووس دادەڕژێنێ؟
کەس هێندەی تۆ ئاڵۆزی دەخاتە ژیانی کەسێکی تر؟
کەس هێندەی تۆ کەسی تر فێری گریان دەکات؟
کەس هێندەی تۆ لۆچ دروست دەکات،
لەسەر ڕوخساری گەنج؟
دەمگوت ساڵانێک بوو پیر بووم، ساڵێکە گەنجم.
تەمەنت بۆ گەڕاندمەوە!
دەتەوێ پیریشم لێبستێنیتەوە،
بە ڕۆشتن هەر ئاوا بم، تا ئاوابوون؟
هەر چاوەڕوان بم؟
نەتگوت هەموو ناخۆشییەک خۆشی لە دوایە؟
ڕۆشتنیش گەڕانەوە؟
تۆ لە قسەکانت پەژیوان نابیت
من دڵنیام! دڵنیام
تۆ بەقەد یوسف ڕاستگۆی.
تۆ لە زولەیخاش عاشقتری!
تۆ هێندەی مەریەم پاکبووی.
چی کردیتی بەو کەسەی ئێستات؟
ئەگەر دەتزانی بێباکیت چ خیانەتێکە
لەو هەموو جوانییەتی دەکەی؛
دەگەڕایتەوە دیسان
لەسەر کورسییەکەی بەرامبەرم
تێر تێر سەیرت دەکردم!
بۆ هەمیشە دەستت دەگرتم!
تامردن بۆنت دەکردم!
ئەگەر دەتزانی ڕوخانی ڕۆشتن ڕوشێنەرە،
ئەگەر دەتزانی مانەوەت مان لە نەمانم دەگرێ،
هەرگیز وەڵامی هیچ پرسیارێکت جێنەدەهێشت
لە تاقیکردنەوەی ئەڤین.
پێش دیدارت کۆمەڵێک پرسیار و قسەم ئامادەکرد.
پرسیاری گرنگ بەسوود نازانم چیتریش! پرسیار دەربارەی:
کتێب و شیعر و فەلسەفە و
ماتماتیک و نازانم چیتریش!
پرسیار دەربارەی ژیان و مردن و خۆشەویستی
عەشق و خۆت و منداڵیت و نازانم چیتریش!
کە لەو دەرگا ئاسنینە شینەی کافێکە دەرکەوتیت:
زمانێکی لاڵ، جەستەیەکی وشک،
نیگایەکی هێمن، چاوێکی هیلاک
بیرم لە مەرگی خۆم پتر بۆ هیچ نەچوو!
ئەمە بوو عەشق و تراژیدییەکانی؟
ئەوە بوو مەرگ و ناخۆشییەکانی؟
هێندە بوو لەدەستدان و ئازارەکانی؟
بیرکردنت بیرم لەبیر دەباتەوە!
لەدەستدانت، دەستم پێ لەدەست دەدات.
ئەی ئۆقیانووسە ڕەشەکەی من.
پێنووسێکی بچکۆڵەم هەیە،
کاتی خۆی ناوی منت لەسەری هەڵکۆڵیبوو.
ئێستایش لامە، لەوکاتەوە دەگەمە هەر شوێنێک
ناوی خۆم و خۆت ناوی خۆت و خۆم،
دەنووسم:
لەسەر ئەو مێزەیش وام کردووە.
ئێستا بە بێبەزەییانە جێیدەهێڵیت.
حەزدەکا بشکێت، لەوەش بێباکیت؟
گوێچکەکانم تینوون، دەنگت ڕووبارە.
دووری مەخەرەوە
قاچەکانم ڕێبواری هەمان ڕێگەی هاتنتن.
درەختی پرسیاری شەقامیان
لەسەر مەهەژێنە بە جێهێشتن.
ئێستایش کە ڕۆشتوویت
هەرچەند دوورتر کەویتەوە
عەترەکەت زیاتر بەرەو ناخم دێت.
تۆبڵێیت بۆ جیاکردنەوەت لە ڕۆحم
چەند سەدەم بوێت؟
دابڕان هیچ فێری کەس ناکات! شیوەن نەبێت!
تەنیایی کەس فێری هیچ ناکات! گریان نەبێت!
وتت تینووی زانستم، ڕۆشتن هیچت فێرناکات، تلانەوە نەبێ، لەدەست ویژدانت!
وا بڕیار بوو پێکەوەبوونمان
حیکایەتێکی درێژبێت
کۆتاییەکەی مردنی کەسێکمان بێت.
بۆچی بە زیندوویی خاڵی کۆتایی
بەچاوما دەچەقێنیت؟
ئەوەی ئەبێ بکرێ بۆ گۆڕانکاری.. سامانی وەستا بەکر
بیری دەسەڵاتی خەڵک و چاوەڕوانی خەڵک:
دەسەڵاتی کوردی باس لەوە ئەکات کە خەون و ئاواتی دەسەڵاتداران و خەڵک یەکە، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە.
دەسەڵات خەونی خۆی لە دروستکردنی ئیمبراتۆرییەتێکی ئابوری و مۆڵتی ملیارێری بنەماڵە و خێڵا کۆکردۆتەوە، بە پێچەوانەوەشەوە شکستی هێناوە لە بەدیهێنانی خەونی هاوڵاتیان لە بەختەوەری و خۆشگوزەرانی، بەهێزی ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگا، فراوانی ڕووبەری ئازادی، دروستکردنی سیستمێکی زانستی و کۆمەڵگەیەکی زانست پەروەر، سەربەخۆی دادگا و سیستمی دادوەری. خەونی دەسەڵاتدارەکان کۆکردنەوەی زۆرترین سامان و بەجێهێشتنی کورسی دەسەڵاتە نەوە دوای نەوە، لەکاتێکا خەونی خەڵک خزمەتگوزاری و مافە بەرامبەر ئەرک.
بانێکەو دوو هەوا:
هاوڵاتی ئەبینێ دەسەڵاتداران ماماڵەی ئابوری زەبەلاح و هاوبەشی ئابوریان لەگەڵ ئەوەی پێیئەڵێن داگیرکارانی کوردستان لە عەرەب و تورک و فارس هەیە و هيزی لێوەرەگرن، ئیتر ئەمیش پێی ڕەوایە داوای مووچەخوراو دواکەوتووەکەی لە بەغا بکات، سیخوڕی بۆ تورک فارس بکات.
هاوکێشەکە بەمجۆرەیە کە هاوڵاتی پرسیاری لادروست ئەبێ و ئەپرسێ؟ بۆ حیزبەکان بۆ پۆست، پایە، پلە، پارە، بازرگانی، بەرژەوەندی تایبەت و بنەمالە ڕوو لە بەغا “باغی داد” بکات کوردایەتییە، ئەی بۆ نەنگی و خیانەتە بۆ هاوڵاتی بۆ مووچە پاشەکەوتکراو و بڕاوو نەیراوەکەی ڕوو لە هەمان باغی داد بکا، بەڵام بۆ دەسەڵاتداران شکۆو شانازی و کوردایەتی بێت؟ ئەبێ دەسەڵاتدارە خێلەکی و بنەماڵەکان وەڵامی ئەم پرسیارەی خەڵک بەنەوە پێش ئەوەی بە خائن و دژە هەرێم تاوانباریان بکەن، بەکوردییەکەی ئەوەی ماڵی لە شووشەبێ نابێ بەرد لەماڵی خەڵک بگرێ.
کۆیلەی برسی و کۆیلەی تێر:
مرۆڤ سگی بە هاوڵاتی کورد ئەسوتێ کە دوو ڕێگای لەبەردەمایە بۆ هەڵبژاردن، یان ئەبێ کۆیلەو تيربێت یان کۆیلە و برسی. دەسەڵاتی خۆماڵی هاوڵاتیانی کۆیلە و سەرکوێر و برسی کردووە، خۆ ئەگەر ڕووش لە بەغا بکرێ کۆیلە و سەرکوێر و ژێردەستەی بێگانەئەبن بەڵام مووچە لەکاتی خۆیا وەرەگرن و لە برسێتی ڕزگارئەبن، دوو ڕێگاکە ئەوەیە یان ئەبێ سکی تێر و داگیرکاری هەڵبژێری یان دزوگیرفانبڕ و نیمچەسەربەخۆی.
یەکێک لەهۆکارەکانی مرۆڤ بۆ هەوڵدان بۆ ئازادی، تێروپڕی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەیە، لەڕێی ژێرخانێکی ئابوری کە دڵنیای بە ئەمڕۆ و سبەینێ دەستەبەربکات، بەڵام کاتێک ئەگاتە بەردەرگای ئازادی برسێتی و سکهەڵگوشین ئەچنئتەوە، سەرەنجام سڵ لەئازادی و چەمکاکانیشی ئەکاتەوە، ئەمە واقیعی ئەمڕۆی مرۆڤی کوردە بە بەراورد بە سەدەی پێشوو، کە هەمیشە لەگەڵ هەر هەوڵێک بۆ سەرکوتکردن و سڕینەوە، ئازادی خاڵی بنەڕەتی و کۆکەرەوەبووە، هەرئەوەش وایکرد ئەو هەموو هەوڵە بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد بێئاکام و شکستخواردوو مایەوە، بەڵام مەخابن لە ئێستایا چیتر ئازادی ئەو خاڵە بنەڕەتی و کۆکەرەوەیە نییە کە ئەمەش ترسناکترین شتێکە لە مێژووا نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی بووبێتەوە.
بەری ٣٢ ساڵ حوکمڕانی خۆماڵی:
سی و دوو ساڵی حوکمڕانی هۆز و بنەماڵەی سیاسی، جۆرە مرۆڤێکی دروستکردووە لەبری ئازادی بەدوای دڵنیای و پاشەڕۆژێکی ڕوونابگەڕێت. کارێکیان کردووە چیتر مرۆڤی کورد ئامادەنییە بۆ ئازادی و سەربەخۆی بچێتە جەنگەوە تاوەکو لە پێشا دڵنیانەبێت کە گەرەنتی ئابوری و دواڕۆژێکی ڕوونتر بۆ نەوەکانی دەستەبەرنەکا.
ئەوان کارێکیان کردووە کە خەڵکی بەدوای فریادڕەسێکا بگەرێ، بێگوێیانە ئەوەی کە فریادڕەس کێیە؟ ئەوان تەنها چاوڕێی هێزێکن بێت و لە دۆخە سەختە ئابوری و کۆمەڵایەتیە ڕزگاریانکات، جا ئەگەر هێزەکە ناخۆی بێت یان دەرەکی گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە “کۆیلایەتیەکی سک برسی بگۆڕن بە کۆیلایەتیەکی سک تێر”، چونکوم گەشتوونەتە دووڕیانێک ئەگەر هێزەکە خۆماڵی و دزوگیرفانبڕ و تاڵانکەربێت یان داگیرکەر و بێگانەبێت، لە سی و دوو ساڵی ڕابردوو خراپترنابێت.
ئومێدی گۆڕانگاری:
لە ئێستایا ئومێدێک بەدی ناکرێ نەک بۆ گۆڕانکاری و دروست بوونی ئۆپۆزسیۆن، بەڵکو هەر خودی کایەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوارێکی وای تیانییە، هێزێک دروست بێت دووربێت لە خێزان، بنەماڵە، خێڵ، ئاین، تاکسالاری.
هەر بوونیاتی ئەم ناوچەیە وایە کە حیزب و سیاسەت و ئابوری لەلایەن هۆز خێڵ و پیاوانی ئاین و بنەماڵە و خێزانەکانەوە بە حوکمی ئەو پێگەیەی کە هەیانە قۆرخئەکرێت، وەک موڵکی کەسی و خۆیی مامەڵەی پێوەئەکرێت، لە چوارچێوەیەکی تەسکا قەتیس ئەبێ و بونیادێکی کۆنزەرڤاتیڤی نەگۆڕ دەست بەسەر کایەی حیزب و سیاسەت و ئابوریا ئەگرێ، گۆڕانکاریی لەچوارچێوەی بەرژەوەندی تەسکی خێڵ و خێزان و پیاوانی ئاینا نەبێ ڕوونایات، سەرەنجام کۆی ئەو هێزە نوێیانەش کە دروست ئەبن لەو چوارچێوەیەیا ئەمێننەوە و پاش ماوەیەک حیزب و سیاسەت و ئابوری ئەبنەوە بە موڵکی خێڵ و خێزان، نمونەی ئەوەش ئەو حیزبانەن کە لەم ساڵانەی دواییا لە هەرێمی کوردستان دروست بوون و بەهەمان مۆدێلەکەی پارتی و یەکێتی خێزان و بنەماڵە و پیاوانی ئاینی خاوەندارێتی حیزبەکەن ئەگەرچی بەڕووکەشیش شتێکیتر بڵێن، بەکورتی فیوداڵیزم جەوهەری هێزەکانە.
هەڵەی کۆمەڵگە و ڕێگری لەگۆڕانکاری:
بۆ دەستنیشانکردنی هەڵە و چارەسەر، خەڵکی هەمیشە ڕێگا ئاسان و بێبەرپرسیارییەکە دیاریئەکا و هەڵەبژێرێ، ڕاستەوخۆ تەنها ئەیبەستێتەوە بە هەڵەی سیاسیەکانەوە و هۆکارە سەرەکییەکەی لەبیرئەچێ کە ئەوە زادەی خودی کۆمەڵگە خۆیەتی.
لە چەند خاڵێکا بەشێک لەو هەڵانەی کۆمەڵگە ئەیانکا، جا بەئاگا یان بەبێ ئاگا ئاماژەی پێئەیەم:
کۆمەڵگایەک کە:
- هەر بەڕاستی نەک ئامادەنییە بۆ گۆڕانکاری بەڵکو سڵیشی لێئەکاتەوە.
- تا ئەم ساتەش چاوەڕێی هێزێکی دەرەکی یان فریادڕەسێکە بێت و گۆڕانی بۆ بخوڵقێنێ.
- تا ئێستاش ئامادەنییە بە قوڵی بیربکاتەوە و لەهۆکاری گرفتەکانا ڕۆچێ.
- ئامادەنییە لایەنی کەم دەستبەرداری خورافات و شەعوەزەبێت.
- ئامادەنییە زانست بۆ دەستکەوتی زانستی بەکاربهێنێ، بەڵکو تەنها وەک خزمەتگوزاری لێیئەڕوانێ.
- نەک ئامادەنییە بۆ داهێنان، بەڵکو زانکۆکانیش ئامادەنین و ڕکابەرایەتی زانستی ناکەن.
- تەنها بەکاربەرە و نەک دروستکەر.
- تەنها فێری وەرەگرتنە و ئامادەی بەخشین نییە.
- زۆربەی هەرە زۆری هەڵگری بیرێکبن کە پڕە لە دژایەتی زانست، ئازادی، نوێگەرایەتی و عەقڵانییەت.
- بەدەستی خۆی درگای بەڕووی گۆڕانکاری جەوهەرییا داخستووە.
- ترسی لە ئەدەب، فەلسەفە، هونەر، فەرهەنگ و هەموو کاڵایەکی مرۆڤدۆستی هەیە.
- دەستبەرداری پەروەردەی ڕەسەنی ناوخۆی ئەبێت و مناڵەکانی بەپارە ئەخاتە بەر خوێندن و پەروەردەی وڵاتانی هەرێمی داگیرکەر و دوژمن بە کورد و کوردستان.
- زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی جاهیلبن و بڕوایان بە نادیار و خورافیات هەیە.
- ئاین و جەهالەت لێکجیانەکاتەوە.
- لە ڕۆژێکا گوێ لە بەرنامەی ڕادیۆیی بازرگانەکانی ئاین و تەماشاکەری تێڤی و سۆسیال مێدیای کۆی بانگخواز و مەزهەب و ڕەوتە جیا و دژبەیەکی ئاینبازەکان بێت و سەر بۆ هەمووشیان بلەقێنێ، تێنەگا لەوەی کە ئەوانە بازرگانی ئاینن و ئیماندارێکی خۆپەرستن نەک خواپەرست.
- زۆربەی کات باس لە کتێب بکات بەڵام ئامادەنەبێت بیخوێنێتەوە.
- گەورە و بچوکی سیاسی بيت و هیچیش لە سیاسەت تێنەگا و هەمیشە لەو بوارەیا دۆڕابێت.
- نەوەکانی سەدەی ڕابردووی لە سەدەی ئێستای ئازادایخوازتر، دیموکراسیتر و مۆدێرنتربێت.
- ئامادەنەبێت پەروردەی ئاینی لە قوتابخانەو فێرگەکانا بگۆڕێ بە ڕەوشتی کۆمەڵایەتی.
- ئامادەنەبێت لەبری فێکردنی زانست، پەرەەردەی دروست و تەندروستی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی دروست کردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە قۆناغەکانی سەرەتاییا بە مناڵەکان بڵێتەوە.
- ئامادەنەبێت لەبری تاقیکردنەوە و دەرنەچاندن، بەشێوەی کردار “پراکتیک” ڕێنماییە سەرەتاییەکانی ڕەوشتی مرۆڤ و ئاژەڵدۆستی فێری مناڵەکان بکات، ترسی دەرنەچوون و شکست لەناخیانا دەربهێنێ و نەوەیەکی دڵ پڕ لە خۆشەویستی و هاوکارییان لێبەرهەمبهێنێ لەپاڵ فێرکردن.
- لەبری چاندنی ڕق و تۆڵە لەناخیانا لەڕێی گێرانەوەی مێژووییەک کە مناڵەکان ئامادەنین بۆ وەرگرتنی، وانەکانی بەختەوەری خێزانیان فێرکرێ کە ئەبێتە بناغەی کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو و سەربەخۆ.
هەتا بەبوێرییەوە دەست بۆ گۆڕانکاری لە کۆی ئەو کایانەی سەرەوە و لە بنەما کلتوری، ڕەوشت، فیکر، جومگە و ژيرخانا نەکريت نابێ چاوەڕوانی گۆڕانکاری بکرێت.
کەی توانرا گۆڕنکاری ڕاستەقینە و بێ لەمپەڕ لەو کایانەیا بکرێت ئەوا ئەکرێت گۆڕانکاری سیاسی بێتە کایەوە، واتا سیاسەتی زانستی و زانستی سیاسەت جێگای ململامنیی حیزبی و سیاسەتی خێڵ و خێزان بگرێتەوە.
لەبری بیری شۆڕشی چەکداری و ململانێی نائەقڵانی حیزبی درێژخایەنی پڕ لە کۆت و بەند و نشێو و بێ ئەنجام، تەنها ڕێگا ئەوەیە بەم ڕێگا کورت و ئەقڵانییەیا بگەینە ئەنجام، ئەنجامێک کە زیاتر لە ٤٠٠٠ ساڵە کورد پێینەگەشتووە.
چونکە تورکی تۆرانی کورد وەک مرۆڤ نابینێ، فارسەکان کورد وەک هۆزێک لە نەتەوەی فارس ئەبینن، عەقلیەتی عەرەب جا سوننە بێت یان شیعە سەر بە ئایدۆلۆژیای مارکسی بێت یان لیبڕالی ، ئایدۆلۆژیای ئیسلامی بیت یان نەتەوەیی ، هەمان ئەو عەقلە بەدەویەیە کە لەبن دەوار و ساراکان هەیبوو و دریژ بۆتەوە بۆ ئێستا ، عەقلێکە بڕوای بە مافی بەرانبەر نیە ، بڕوای بە دەستوور و یاساکان نیە و مەنەستێتی لەڕێی بەناو برایەتی و ئاینەوە لەخاک بێبەشکا.
سامانی وەستا بەکر
٢٤-٩-٢٠٢٣
سوید-ستۆکهۆڵم
بەبێ جیاوازیی.. شیعری نەوزاد بەندی
هەموومان گریانێ قەرزارین ..
هەموومان بارانێ قەرزارمانە
٭ ٭ ٭
جاران ماسیحە و عەلاگەی خۆڵ نەبوون ،
کەچی شار زۆر پاکتر بوو ..
٭ ٭ ٭
جاران کرێکارێ ، پۆلیسێ ،
حەوت کوڕ و سێ کچی ،
لە سەرەتاییەوە تا زانکۆیان تەواو ئەکرد بە خۆڕایی ..
هەرکەسێ ئەچووە نەخۆشخانە ،
بە پەنجا فلس ،
پزیشکی پسپۆڕ ئەیبینی ..
فەحسی خوێن و
سێ چوار دەرمانی وەرئەگرت ..
شتێ نەبوو بە ناوی خوێندنی ئەهلی ..
شتێ نەبوو ناوی خەستەخانەی ئەهلی ..
ئەوسا ووڵات هی هەمووان بوو ..
مافیاکانیش لە سیخوڕخانەکانی ئەو دیو سنوور ..
خۆیان ئەلێسایەوە و
چەندیان ئەکرد
نەئەگەیشتە ئاوایی
دەنگی لوورە لوور
٭ ٭ ٭
جاران زۆرینە تەنها لە بۆنەکاندا گۆشتیان ئەخوارد ،
بەڵام شار پڕ پڕ بوو لە شێر ..
٭ ٭ ٭
جاران تاک و تەرا قوتابخانە هەبوو ،
بەڵام ڕۆشنبیری وامان تیا هەڵئەکەوت ،
بێگانەیش دەستی بۆ ئەگرت بە سنگەوە ..
٭ ٭ ٭
جاران بازاڕی دۆلار و عەلوە و پێشانگای نێو دەوڵەتیی نەبوون ،
کەچی هیچ کەسێ پارە پەرست و
برسی و چاوچنۆک نەبوو ..
٭ ٭ ٭
جاران یەک حیزبی نیشتمانی و ئاینییمان نەبوو ،
بەڵام خەڵکی ئەوەندە نیشتمانپەروەر بوو
ئەوەندە ئاین پەروەر بوو ،
نەبووە و نابێتەوە ..
٭ ٭ ٭
جاران بە دەگمەن کۆشکێکت ئەبینی ،
بەڵام کەسێکت نەئەبینی بکڕوزێتەوە ..
هەمووان شایان بە سەپان ڕانەدەگرت ..
٭ ٭ ٭
جاران دەرسی دینی و .. توێژەری کۆمەڵایەتی و .. توێژەری دەروونیی نەبوون ،
بەڵام هیچ کێشەیەکی دینی و
هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و
هیچ کێشەیەکی دەروونیت نەدەبینی ..
٭ ٭ ٭
جاران خەڵک لە کانی و ڕووبار و مەرکانە ئاویان ئەخواردەوە ،
کەچی نە شێرپەنجەی گەدە هەبوو ..
نە کیسە ئاوییەکان ..
نە ئێچ پایلۆری ..
نە ئەنتامیبا ..
نە جیاردیا ..
نە ئێچ نانا ..
٭ ٭ ٭
جاران لەو شارەدا تەنها دوو دەرمانخانە هەبوون ،
کەچی بە دەگمەن نەخۆشێکت ئەدی …
٭ ٭ ٭
جاران ئەو شارە ،
سێ چوار ئوتومبێلی تێدا بوو ،
کەچی هیچ کەسێ لە دەوام دوا نەئەکەوت ..
هەمووان پێش خۆر ئاوا بوون ئەگەیشتنە ماڵەوە ..
٭ ٭ ٭
جاران دوو چایخانە لەو شارەدا هەبوون ،
کەچی خەڵکی ،
بە بێ جیاوازی ،
تێر چا و
تێر تاوڵە و
تێر دۆمینە بوون ..
٭ ٭ ٭
جاران تاک و تەرا کوردێک
ئەڕۆی بۆ هەندەران ،
لەو سەرەوە پڕۆفیسۆرێ ئەگەڕایەوە ..
٭ ٭ ٭
جاران ئەچوویتە بەر دەرگای هەر ماڵێ ،
پێش خانەخوێ ،
بۆنی ڕەیحانە و
مێخەک و
گوڵەباخ ،
فەرموویان لێ ئەکردی …
٭ ٭ ٭
کەچی ئێستا ،
ئەم دەسەڵاتە بێ ڕەوشتە ..
ئەڵێ جاران ئێوە کۆیلە بوون ،
ئێمە بووین ئاخوڕی ئازادیمان
کردە ملتان ..
خەڵکی ئێران دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەڕووخێنن!.. عەبدولڕەحمان گەورکی
لە سەروبەندی ساڵڕۆژی راپەڕینی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆریەت!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
لە سەروبەندی ساڵڕۆژی راپەڕینی ئەمجارەدا، خەڵکی ئێران خۆیان بۆ راپەڕینێکی گەورەتر لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبی ئامادە کردووە. لە بەرانبەردا، دەسەڵاتیش، جگە لە زیادکردنی سەرکوت و درێژەدان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و پیلانگێڕی لە دژی هێزی رووخێنەر لە ئاستی جیهانیدا، بە باجدانی شاراوە و ئاشکرا بە زلهێزانی سازشکاری جیهان و دەوڵەتانی ناوچەکە، دەیەوێت خۆی لە “دادپەروەری” و “چارەنووس” بشارێتەوە و لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە!
ئایا دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران دەتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە یان دەڕوخێنرێت؟ ئەگەر بکەوێت، کەی و چۆن؟
چاوخشانێک بەسەر دەستکەوتەکانی راپەڕین یەکساڵی رابردوو!
لە سەروبەندی ساڵیادی دەستپێکی ئەو راپەڕینەداین کە بە شەهیدکردنی مەهسا ئەمینی (ژینا) لە رۆژی 25ی خەرمانانی ٢٠٢٢ لە تاران دەستی پێکرد. لە ژێر رۆشنایی پێشهاتەکانی ساڵی رابردوودا، چەندین راستی بنەڕەتی سەبارەت بە ئێران سەلمێنران:
دەسەڵاتی ئێران دیکتاتۆری و ناشەرعییە و خەڵک نایەوێت. هەربۆیە خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێران رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییە و دەیانەوێت دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دێموکراتیک دابمەزرێت.
• سەردەم گۆڕاوە و بوون و مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران کەوتۆتە مەترسییەوە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ناچارە کۆتایی خۆی قبووڵ بکات. ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و دواقۆناغی ئەم دەسەڵاتە، لە لایەن خەڵکی ئێران و گەلانی جیهانەوە پشت راست کراوەتەوە و هەموو لایەک کۆدەنگن لەسەر رووخاندی ئەم دەسەڵاتە!
• بارودۆخی ئێران هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو و هەر سیستەمێکی دیکتاتۆری لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بە نەفرەت کراوە. هەروەک چۆن خەڵکی ئێران (دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا)یان رووخاند، ئێستا لە رووخاندنی دەسەلاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی نزیک بوونەتەوە و هەموو لایەک کۆکن لەسەر سەرکەوتنی گەل بەسەر دیکتاتۆرییەتدا.
• سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت لە ئێران گەیشتووەتە کۆتایی و بەدیلە دەستکردەکانی سەر بە ئەم و ئەو!، یەک لە دوای یەک شکستیان هێناوە و هەر تیروپشکێکی نوێ لەم بوارەدا هەر لە ئێستاوە مەحکوومە بە شکست. خەڵکی ئێران چیتر سیستەمێکی دیکتاتۆری و بە تایبەت لە ژێر ناوی (پاشایەتی) یان (مەزهەبی)یان پێ قبووڵ ناکرێت و رەتی دەکەنەوە!
• ئەوانەی بە درۆ لافی شۆڕش و راپەڕینیان لێدەدا و هەلپەرستان و مشەخۆرانی جۆراوجۆر، کە لە “گۆڕەپانی سیاسی”دا وەک رووەکی بەهار سەوز ببوون، بە خێرایی لە گۆڕەپانەکەدا ون بوون و نەمان!
• بەدیلی دیکتاتۆرییەت بە گشتی و بەدیلی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی بە تایبەتی، ئەو هێزەیە کە “رێکخراو” و “جەنگاوەرە” و لە گۆڕەپانی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەکاندا ئامادەیە و خاوەن رەگ و ریشەیە لە ناو کۆمەڵگەی ئێراندا. بەدیلێکی لەو شێوەیە لە لایەن زۆرینەی خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرێت و داواکاری و دروشمەکانیشی، نەک داواکاری لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت، بەڵکو رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە بە هەموو باڵ و بۆندەکانیەوە. هێزێک کە باوەڕی پتەوی هەیە بە سیستەمی “کۆماری”، “دیموکراسی”، “پلۆرالیزم” و “فرەچەشنی” و خاوەن پێشینەیەکی روون و حاشاهەڵنەگرە لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت.
• بە لەبەرچاوگرتنی چوار دەیەی رابردوو و بەتایبەتی یەک ساڵی رابردوو، هیچ بەدیلێکی جددی و راستەقینە نەبووە و نیە لە بەرانبەر “ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران” بەرانبەر بە “دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت” لە ئێراندا. ئەم ئەڵتەرناتیڤە بە دروشمی “راپەڕین بۆ رووخاندن” و “مەرگ بۆ ئەسڵی ویلایەتی فەقیهی” و “ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت” و “نا بۆ شا و نا بۆ ئاخوند”، نەک هەر دێرینترین هاوپەیمانیی سیاسییە لە مێژووی ئێراندا، بەڵکۆ هەروەها، ئاڵاهەڵگری “ئازادی و سەربەخۆیی”شە لە ئێران. دروشمەکانیتری یەکساڵی رابردوو، نەک ناتەواو و ناڕوون بوون، بەڵکو تەنانەت هەندێکیان لەلایەن بەشێک لە پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی شا و دیکتاتۆرییەی مەزهەبییەوە بە هەند وەرگیراون!
• “تاکە نەخشەڕێگای مومکین” و تاکە رێگەی گەیشتن بە سەرکەوتن و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتیک و جێی پەسندی خەڵکی ئێران، “درێژەدان و گڕدانی راپەڕین”ە لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و لەوانە، بە ئامانجگرتنی هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکتاتۆرییەت لە هەموو ناوچەکانی ئێران. هەرجۆرە شێواندن و شلبوونەوە و ماندووبوون لەم ئاراستەیەدا، دەتوانێ دەرفەت و وزەبەخش بێت بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری، کە هەناسەی بێتەوە بەر خۆی و (کات) بۆ مانەوەی خۆی بکڕێت.
• وە دوایین و گرینگترین دەستکەوتیش ئەوەیە کە، “دەسەڵاتی گەل” زۆر باڵاتر و بەهیزترە لە “دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت”. واتا ئەو هێزەی کە بتوانێت بۆ هەتاهەتایە کۆتایی بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران و ناوچەکە بهێنێت و رێگاکە بەڕووی سازان و لایەنگرانی دەرەکیی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا دابخات و، رێگا بۆ “ئێران ئازادی دواڕۆژ” خۆش بکات. ئەو هێزەی کە دەتوانێ ریزەکانی خەباتکارانی سیاسی لە دژی بەرەی دیکتاتۆر بەهێز بکات و لە لادان و خاوبوونەوە بیانپارێزێت و خۆیشی، هەڵقوڵاوی یەکڕیزی و هاوخەباتی بێت بۆ هەموو چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک، بە هەموو ئاڕاستەیەکی سیاسی، ئایینی و نەتەوەیی جیاوازەوە.
ئازادی بێ تێچوو و فیداکاری نایەتە دی. هیچ خاکێک بە بێ نرخ و بە بێ تێچوو و خەبات رزگار نابێت. هەربۆیە هیچ دڵۆپێکی خوێن بەفیڕۆ نەچووە و بەفیڕۆ ناچێت و نابێ رێگە بدرێت بە فیڕۆ بچێت. باشترین و شایستەترین هەنگاوی وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان، درێژەپێدانی رێبازەکەیان و گرتنەبەری رێگا و ئاڕمانجی واڵایانە. دەبێ ئەو ئاڵایەی بە خوێن هەڵیاندا، بە شەکاوەیی بپارێزرێت و ترس نەبێت لە رێگای چەوت و دژوار. رزگارکردنی ئێران لە دیکتاتۆرییەت بە تەواوی لە بەردەستدایە!
تێڕوانینێک بۆ ئەمڕۆ و نەخشەی رێگای داهاتووی ئێران!
ئێستا لە سەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی راپەڕینی قارەمانانەی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت، شاهیدی شەپۆلێکیتری هەوڵەکانی دوژمنانی خەڵكی ئێرانین. دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی بە هاوکاریی لایەنگرانی و پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو، دەیەوێت خۆی بە براوەی گۆڕەپانەکە نیشان بدات و وابنوێنێت کە “ڕاپەڕینی گەل” شکستی هێناوە و کۆتایی پێهاتووە. بۆ ئەم مەبەستە لە ناوخۆی ئێران، شەپۆلی گرتن و لەسێدارەدان و سەرکوت و ئەشکەنجەدان و، دەرەوەی ئێرانیش، سات و سەودای پشت پەردەی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان چڕتر کردووە و لە هەمانکاتدا و لە ساڵیادی دەسپێکی راپەڕیندا، رێگەی خۆش کردووە بۆ هەڵبەز و دابەزی کرێگرتە و دەست و پێوەندەکانی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم و، بەمجۆرە پاشخانێکی بۆ دیمەنەکە دروست کردووە.
بەڵام سەرباری ئەمانە، خەڵکی ئێران پێداگرە لەسەر درێژەدان بە خەبات و رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی لە ئێران. وەک رووبەڕووبوونەوەیەک لە پێناو گەیشتن بە رزگاری. نەک هەر لە ئێران و بۆ ئێران، بەڵکو مۆدێلێکە بۆ خەڵکانیتر. کەوایە راپەڕین لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بەردەوامە. خەڵکی ئێران تاکە رێگای بەرەو پێشەوەچوونیان، لەوەدا دۆزیوەتەوە کە بەردەوام بن لە راپەڕین و توندترکردنی هەوڵەکانیان. خەڵکی ئێران نیشانیان داوە کە توانست و پوتانیسیەلی ئەوەیان هەیە. هەربۆیە بە کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، بە هیچ شتێکێتر رازی نەبوون و نابن و بە ئیرادەن و لەسەر داواکارییەکەیان چەقبەستوون!
دیکتاتۆرییەت و دژایەتیکردنی بەدیلی جەماوەری!
بەپێچەوانەی بانگەشەی باوی ناو بازنەی فیکریی هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا، بە لای دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبییەوە شاراوە نییە کە هەڕەشەی سەرەکی لەسەر مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، “ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران”ە کە سازمانی موجاهدینی خەلقی ئێران هێزی سەرەکییە تیایدا. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە، هەمیشە بە دوای ئەوەوە بووە کە بە شێوازی جۆراوجۆر، بە سات و سەودا لەگەڵ لایەنانی زلهێزی نێودەوڵەتی و بە تەرخانکردنی تێچوویەکی زۆر، هەر چۆنێک بێت پێش بەم “هێزە رووخێنەرە” سەرەکییە بگرێت و لە جووڵەی بخات، بۆ کڕینی “کات” بە مەبەستی لەسەر پێ مانەوەی دەسەڵات.
بەدیلێکی دیموکراتیک و جەماوەری!
هەرچەند کە چالاکی نێودەوڵەتی و هەبوونی پەیوەندی دیپلۆماتیک لە دەرەوەی ئێران، هەر لە سەرەتاوە بۆ موقاومەتی ئێران زۆر گرنگ بووە، بەڵام هەرگیز جێگرەوەی چالاکییەکانی هێزەکانی موقاومەت لە “ناوخۆی وڵات” نەبووە و ناتوانێت کە ببێت! هەر لەبەر ئەمەشە کە دیارترین تایبەتمەندی موقاومەتی ئێران لە چاو هێزەکانیتر، هەبوونی چالاکانە و بەرفراوانیەتی لە ناو خەڵک و لە ناو شارەکانی ئێراندا. بە واتایەکیتر، توانیویەتی رۆڵی بەرچاو و بێ بەدیلی خۆی لە راپەڕینە جەماوەرییەکانی رابردوو و بەتایبەتی لەم راپەڕینەی ئێستادا، کە لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی رابردوو (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٢)وە دەستی پێکردووە، نیشان بدات و راپەڕینەکە لە چوارچێوەی راستەقینەی خۆیدا پێش بخات.
موقاومەتی ئێران، بە خاوەندارێتیی “ئۆرگانی بەکۆمەڵی سەرکردایەتیی راپەڕین” و “هێڵی دیپلۆماسیی شۆڕشگێڕانە”، جگە لە پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی هەر دوو لایەنی (دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئاخوندی) و (پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا)، بۆ پەراوێزخستنی موقاومەت و کپ کردنی راپەڕینی گەل، توانیویەتی دروشمی لادەرانە و گوماناوی و ناتەواوی هەندێک کۆڕ و کۆمەڵانی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیستەکان ریسوا بکات و، خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێران بپارێزێت کە بریتییە لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و بەم شێوەیە، پاڵنەری جیهانی هێنایە سەر خەت بۆ پشتیوانیکردن لە راپەڕینی گەل و موقاومەتی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت.
موقاومەتی ئێران لەو باوەڕەدایە کە ئەم راپەڕینەی ئێستاکە، ئەگەرچی تازەترین هەڵکشانە لە زنجیرە راپەڕینەکانی دژە دیکتاتۆرییەت لە ئێران، بەڵام لە راستیدا بەرهەمی راپەڕینەکانیتری چوار دەیەی رابردووی ئێرانە و تێچوویەکی زۆری هەڵگرتووە بۆ گەل و موقاومەتی گەل. بە تایبەتی پێویستە ئاماژە بە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1367 (1988) بکرێت کە زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانی سیاسی، بە فەتوای خومەینی و لەسەر دەستی کەسانی وەک ئیبراهیم رەئیسی (سەرۆکی ئێستای رژێمی ئێران) کۆمەڵکوژ کران و دوابەدوای ئەم تاوانەیش، بزووتنەوەی دادخوازی راگەیاندرا بۆ خوێنی ئەم شەهیدانە لەلایەن رێبەری موقاومەت، بەڕێز مەسعود رەجەوییەوە.
بزووتنەوەی دادخوازی
مەسعوود رەجەوی هەر لە سەرەتای ئەم کۆمەڵکوژییەدا، شەپۆلێکی بەرێخست بۆ هەڵوێستەکردن و ئاشکراکردنی تاوانەکانی رژێم و دادخوازیی خوێنی شەهیدان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و بە ناردنی چەندین نامە و تەلەگرام بۆ ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، زانیارییەکی زۆری لەسەر ئەم کۆمەڵکوژییە خستەڕوو.
لە هاوینی ساڵی 2016 خانمی مریەم رەجەوی، لە پەیامێکدا، دەربارەی بزووتنەوەی دادخوازیی خوێنی شەهیدانی کۆمەڵکوژکراوی ساڵی 1367 (1988) وتی: “بزووتنەوەی دادخوازی، لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لەسەر هەموو نهێنییە شاراوەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە”. خانمی رەجەوی لەم دواییانەدا رایگەیاند: “تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا و شاردنەوە یان لەناوبردنی گۆڕی قوربانییەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە لە لایەن رژێمی دەسەڵاتدارەوە، نەیتوانی وا بکات ئەو قارەمانانە فەرامۆش بکرێن. کاتی ئەوە هاتووە بە هۆی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کۆتایی بە پارێزبەندی ٤٠ ساڵەی سەرانی رژێمی ئاخوندی بهێنرێت. دەبێ خامنەیی، رەئیسی، ئێژەیی، و فەرماندەرانی کوشتاری لاوانی ئێران لە راپەڕینەکاندا و بە تایبەتی فەرماندەرانی سوپای پاسداران، لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا سزا بدرێن”.
خانمی مریەم رەجەوی هەروەها رایگەیاند: بزووتنەوەی دادخوازی، بزووتنەوەیەکە کە تیایدا، خوێنی شەهیدانی 1367 (1988)، ١٥٠٠ شەهیدی راپەڕینی 1398 و ٧٥٠ شەهیدی راپەڕینی ١٤٠١ بەردەوام لە جۆش و خرۆشدایە و خەڵک هان دەدات بۆ بەرخۆدان و راپەڕین و رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەت، کە تا رووخاندنی رژێمی ئاخوندی بەردەوام دەبێت”.
تاکە رێگا!
خەڵکی ئێران بە کردەیی گەیشتوونەتە ئەو راستییە کە دۆخەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو و سەرکەوتن لە درێژەدانە بە راپەڕین و بەرەوپێشەوچوون بۆ رووخاندنی دەسەڵات. هەر سستی و وەستانێک، دیکتاتۆرییەت لە ئێران هارتر و دڕندەتر دەکات. بۆیە رەمزی خێراکردنی بزووتنەوەکە و گەیشتن بە سەرکەوتن، بەرەنگاربوونەوەی زیاترە لە دژی دیکتاتۆرییەت.
کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم!
کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم دەیانەوێت بازنەی بابەتەکانی پەیوەست بە ئێران لە نێوان خۆیاندا رابگرن و هیچ بژاردەیەک بۆ گەل و موقاومەتی ئێران نەهێڵنەوە. ئەمە وێنەیەکە لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا زۆر جار بینیومانە. ئەگینا دەبوو زۆرجار کەیسی رژێمە دیکتاتۆرییەکان لە ئێران دابخرابا و دەسەڵاتیکی نیشتمانی، جەماوەری و دێموکراتیک لە ئێران دامەزرابا.
هەر لە گەڕاندنەوەی خومەینی بۆ ئێران، تا سەرکوتکردنی ئازادییەکان و کۆمەڵکوژکردنی ئازادیخوازان و رێگەخۆشکردن بۆ هێنانەسەرکاری خومەینی لە ئێران.
هەر لە بێدەنگبوون و بێهەڵوێستی لەدژی دڕندەیی و شەڕخوازییەکانی خومەینی لە ناوچەکە، تا ئاگربەستی دەستکرد و رواڵەتی لە ژێر ناوی بڕیارنامەی ٥٩٨ لە ساڵی ١٣٦٧ (1988).
هەر لە چاوپۆشیکردن لە کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە هەمان ساڵدا لە لایەن خومەینی و دەسەڵاتی قەزایی ویلایەتی فەقیهیەوە، تا دەگاتە سات و سەودای ئابوری و مامەڵەکردنی بێشەرمانە لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتە لە چوار دەیەی رابردوودا.
هەر لە ناوزەدکردنی تیرۆریستی موقاومەتی ئێران لە وڵاتانی جیهان، تا گەمارۆدان و کۆمەڵکوژکردنی موجاهدینی خەلق لە ئەشرەف (لە عێراق) و پشتگوێ خستنی تاوانەکانی رژێمی ئێران و لایەنە تیرۆریستییەکانی ئەم رژێمە لە عێراق لە دژی موقاومەتی ئێران.
هەر لە پشتگوێخستنی کارنامەی قورسی رژێمی ئێران لە بواری پێشێلکارییە زەقەکانی مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی تیرۆر و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، تا کردەوەکانی ئەمدواییەیانەی رژیم لە سەردەمی راپەڕینی گەل بۆ بێدەنگکردنی راپەڕینی و داتاشینی بەدیل! لە پێناو سەپاندنی جۆرێکیتری دیکتاتۆرییەت بەسەر خەڵکی ئێراندا، بە رێگەی پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی پێشوو (شا) و بە مەبەستی کاڵکردنەوەی جێگە و پێگەی موقاومەتی ئێران و (ئۆرگانی سەرکردایەتی راپەڕین) و پەراوێزخستنی تاکە ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک و جەماوەری و، بەڕێخستنی شەپۆلی بەهێزی پڕوپاگەندە و سانسۆر لە دژی موقاومەتی ئێران، لەژێر ناوی درۆزنانە و بێ بنەمای (دادوەری) و (یاسا) لە وڵاتانی ئەوروپا و…!
هەر لەبەر ئەمەشە کە موقاومەتی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە کە ئێمە هەرگیز چاومان نەبڕیوەتە کەسێک بێت و دیکتاتۆرییەت لە ئێرانمان بۆ بڕوخێنێت. داواکاری ئێمە وەک موقاومەتی ئێران ئەوە بووە بە ئێستایشەوە کە، هاوکاریی دیکتاتۆرییەت مەکەن بۆ مانەوەی لە دەسەڵات! رووخاندنی ئەم رژێمە، ئەرک و کاری گەل و موقاومەتی ئێرانە!
دوا وشە!
کلیلی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و دامەزراندنی دەسەڵاتیکی نیشتمانی، جەماوەری و دێموکراتیک لە ئێران لە دەستی خەڵکی ئێراندایە. کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم بۆ دژایەتیکردنی داخوازییەکانی گەل، بە پێچەوانی کردەی رواڵەتی و درۆزنانەیان، هەمیشە یەکڕیز و یەکگرتوو و هاوکاری یەکتر بوون. هەربۆیە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کۆمەڵگای ئێران، بە خوێندنەوە و تێگەیشتنێکی راست و دروست لەم پرسەدا، پێویستە بەربەستەکان تێپەڕێنن و بە بینینی راستییەکان یەکڕیزی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر نیشان بدەن و، لە کۆسپ و دژوارییەکانی رێگاکە نەترسن. راستییەکان زۆر لەوە دڵڕقتر و سەختترن کە هێز و لایەنەکان لە پشت بەربەستەکاندا سەنگەر لە یەکتر بگرن و کات بە فیڕۆ بدەن. چونکە راستییەکان رەحم بە هیچ هێزێک ناکەن!
لە مانگە شەودا.. چرۆ زەند
بیرمە کاتێک منداڵ بووم، دەچوومە حەوشەی ماڵەوە و سەیری ئاسمانم دەکرد. لە حەوشە گەورە جوانەکەی ماڵەوە لە ژێر تیشکی مانگدا، زۆرجار لەسەر چیمەنەکە پاڵدەکەوتم بۆ بینینی جوانی ئاسمان. ئەستێرەکانم دەبژارد لە سەرەتا بۆ کۆتایی. لە هەژماری ئەستێرەکاندا وون دەبووم، لێم تێک دەچوو، بۆیە دیسانەوە دەستم دەکردەوە بە ژماردن. لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی، لە یەکەم ئەستێرەی نزیک لە مانگ و دواتر ئەو ئەستێرەیەی کە لە ئاسمانی دوور لە مانگەوە دەمبینمی، کاتێ مانگ دوورتر دەکەوتەوە بەرەو ناوەڕاستی ئاسمان لە گەردوونە جوانەدا جۆڵەی ئەستێرەکان بەردەوام لە سەمایەک دەچوو سەرنجی ڕادەکێشام. هەندێ جار ئەستێرەیەک دەردرەوشایەوە، لەپڕ دەکشا، ڕووناکیەکی درێژی لە پشت خۆیەوە نیشان دەدا.
لەو کاتەدا، ڕام دەکردە لای باوکم و پرسیارم لە جوڵەی ئەستێرەکە دەکرد. باوکم بە زانست و حیکمەتی خۆی، بۆی ڕووندەکردمەوە کە ئەم ئەستێرەیە دەتوانێت ژیانی کەسێکی گرنگ بێت، ئەو کەسەی کە خزمەتی میللەتەکەی دەکات؛ لە کۆتایی ژیانیدا، ڕۆحی دەمێنێتەوە بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێ، بەرهەمەکانی درێژ دانە بە نەمری هەروەک ئەستێرەکە نمایشت دەکات، کارەکانی ڕووناکی بەدەوروبەر دەبەخشێ. ڕوونکردنەوەکەی باوکمم زۆر لا پەسەند بوو ئەو زۆربە خۆشەویستی لێی دەدوا خەیاڵمی فراوان دەکرد. لە هزرو فکرمدا ئاواتم دەخواست کە یەکێک بم لە ئەستێرەکان و بە جوانی کشانی ئەستێرە لە تیشکی مانگدا بڕۆم.
مانگ بەردەوام دەبوو لە بەخشی جوانیەکەی، مانگە شەو جوانی نیشان دەدات کە ئیلهام بەخشە بۆم. من لە هزرمدا وێنەی شاخێک، ڕووبارێک، ڕووخساری مرۆڤێک، نەخشەی جیهان وچەندین وێنەی دیکەم لە خەیاڵدا دەنەخشاند لە مانگدا، لە هەر گۆشە نیگایەکی ئاسماندا جوانیەکم بەدی دەکرد لەو مانگە شەوەدا. تاو تاو مانگ نزیکتر ونزیکتر دەبوەوە. جوانیەکەی لە ئاسماندا ڕەنگی دەدایەوە؛ منیش لەو خەیاڵە قووڵەدا، بە جیهاندا دەگەڕام وئاسمانم دەبینی کە جوانییەکەی ئیلهام بەخش بوو بۆم. لە خەیاڵی منداڵیدا دەبوومە باڵندەیەک دەفڕیم؛ باوکم یارمەتی دەدام. لەسەرەتا باڵی پەپوولەیەکم هەبوو پاشان باڵەکانم بەهێزترو بەهێزتر دەبوو تا توانام تێدا بوو دەفڕیم، لە ئاسماندا مانگم لە نزیکەوە دەدیت، خەندیەکم بۆ باوکم دەکرد، لەو کاتەدا یەکێک بووم لە دڵخۆشتریین منداڵانی دنیا.
ئێوارەیەکی تاریک وڕوون، پێش مانگە شەو، ئەو کاتەی باڵندەکان بە پۆل دەفڕن. دووبارە من چاوم لە جوانی باڵندەکان دەکرد، لە سەمادان بە ڕیزلە ئاسماندا کۆچی سەرو خواروو ژووریان دەکرد لە کوێستانی سارد بۆ گەرمیان. باڵندە بەهێزو گەورەکان بەچکەکان فێری باڵە فڕە دەکەن. هەندێ جار نزم دەفڕن لە شێوەی ژمارە حەوت ریز بەندی دەکەن دەفڕن تا کێشی با کەم کەنەوە لەسەر باڵندە بچووکەکان، کۆتا بەم شێوەیە پێش خورئاوا بوون دەگەڕێنەوە بەروەو هێلانەکانیان. ئەوە ئەو کاتەیە کە دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵی منداڵیم بۆ سلێمانی بۆ کوردستان کە مەزارگەی تۆی لێیە. کات لەوێ وەرزی گووڵە خۆرئاوابوونە. لە کاتێکدا لێرە لە شوێنی من لە هەندەران سەرما وەرزە، گەڵارێزان، گەڵاکان بە ڕێژنە دەکەونە خوار. من وەک باڵندەیەکی کۆچبەر خوازیارم لە بەرزاییە ساردەکانەوە بفڕم بەرەو ڕۆژهەڵات، بۆ نیشتمانی پڕ لە خۆر. بفڕم لەگەڵ باڵندەکان بۆ مەزاری تۆ لەم خۆرئاوابوونەدا. ئێستا تۆ دووری لە من، لەم دووریەدا لەهەندەران وێنەی ڕووخسارت لە ناو مانگدا دەبینم. وێنەکەت ترسی من لە ڕۆژەکە لادەبات. ترس لەو کەسانەی کە ئازاریان دام لە کەسی دڵ ڕەق ومێشک سەربازەکان کە هەردەم لە شەردان. شتگەلێکم وەبیردێتەوە جار جار دڵم بە پەلە لێدەدا لە ترسان، هەندێ جاریش لە ئێوارەدا لە ترسێکی بەردەوامدا دەژیم لەوەی کەسێک بەدوامدا دێت، ئازار بە جەستەم دەگەیەنێ، پرچم ڕادەکێشێ، ڕەنگە هاوسەرم، ڕاوچییەک، تیرۆریستێک، سیخوڕێک، ناحەزێک، کەسێکی دڵ پڕ لە قین بێت. بەڵام کاتێک ڕووخساری تۆ بەهێوری بە زەردەخەنەیەک لە تریفەی مانگەشەودا دەبینم، لەوکاتەدا ترس لە من دووردەکەوێتەوە، ترسم لە بیر دەچێتەوە، پاش دیتنی وێنەکەت من چیتر ناترسم لە ژیان لە مانگە شەودا.
چرۆ زەند
https://chrozandauthor.com
کۆڕێک بۆ چرۆ زەند لە شاری ئۆتاوا
