رۆمانی شەوگەڕەكان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

نوسەر و خوێنەر دوو شتی پەیوەستن، یان تەواوكەری یەكترین. بوونی نوسین بە بوونی خوێنەرەوە بەندە، واتە بوونی نوسین بە تێگەیشتن بۆ بوونی خوێنەر جیادەكرێتەوە. پرۆسەی خوێندنەوەش فەزایە، (خوێنەر/وەرگر)یش بۆیە چاوەڕێی دەق دەكات، تاكو لە زەمەن و فەزایەكی دیكەی جیاواز گەشەی پێبدات و بیبوژێنێتەوە. كەواتە ئەوەی لە خوێندنەوە و نوسیندا پەیڕەو دەكرێت، كرانەوەی وجودە بەسەر مەوجوددا. بەو مانایەش نوسین و خوێندنەوە لە هەموو ساتێكدا راستە و قابیلی سەلماندنە، وەك چۆن لە هەموو كاتێكدا یەكەیەكی تەواو قابیلی گومانە! دواجار نوسین و خوێندنەوە ئەو فەزایە سەربەخۆیەیە، كە (نوسەر، خوێنەر) لەمیانییەوە دەتوانن بوونی خۆیان بەرەو پێدراوێكی جێگیر بەرن.
هەڵبەتە گێڕانەوە (السرد-Narration) گرنگی بە خستنەڕووی رووداوەكان دەدات و كار لەسەر بەرەوپێشچوونی (زەمەنی رووداو) و (زەمەنی گێڕانەوە) و (زەمەنی خوێندنەوە) دەكات، بە دیوەكەی دیكە گێڕانەوە فەزا و زەمەنێك رۆدەنێت، ئێستای دەق ئەو فەزا و زەمەنەیە، كە تێكەڵ بە فەزا و زەمەنی خوێندنەوە دەبێت.
لە خوێندنەوەی رۆمانی (شەوگەڕەكان)ی رۆماننوسی كورد (میران ئەبراهام)دا، منی خوێنەر، وەك خوێنەرێكی (هەواڵگەیەن/پەیامبەر) لە خوێندنەوەدا خۆی دەنوێنێ‌. لە سەرەتادا دەمەوێ‌ بڵێم لەو خوێندنەوەیەدا خاڵی سەپاو بوونی نییە، خاڵی كۆتایی سەپاویش بوونی نییە، بەو مانایەش ئەو خوێندنەوەیە دەكەوێتە دەرەوەی چوارچێوە دیاریكراوەكانەوە و خودی خوێندنەوە دەبێتە خاڵی دەستپێك.
رۆمانی شەوگەڕەكان بە پێی بەرەوپێشچوونی زەمەنی رووداو و زەمەنی گێڕانەوە لە تەكنیكێكی هونەری تا ئەندازەیەك سەركەوتوو، رێڕەوی گێڕانەوەی گرتووە، خۆبەخۆ وەك بنەڕەتێكی بیركردنەوە لە رێی دنیابینی مۆدێرنی فرە رەهەندی مرۆڤدۆستانەوە (بیر و هەست و هەڵسوكەوت)ی لە كۆمەڵێك دەركەوتەی هونەری و دەروونی رێكخستووە. ئەوەش هوشیاری و شارەزایی و توانای نوسەر، لە هونەری گێڕانەوە و گەیاندنی پەیامی سەردەم دەردەخات. لەگەڵ هەموو ئەوانە و هیدیكەش… ئەو سێ‌ (هەواڵە) دەخەمە بەر چاوی خوێنەرانەوە:
1- لە خوێندنەوەی رۆمانی شەوگەڕەكاندا خوێنەر وەك زمان بەر پانتاییەكی شیاوی هونەری و ئەدەبی زمانی (كوردی) دەكەوێ‌ و بۆ خوێندنەوە كێش دەكرێت؟! دەشێ‌ بەشێكی گەورەی ئەو كێشكردنەی (خوێنەری كوردی) پەیوەندی بە رەوانی زمان و رووداوسازی و ریتمی لەسەرەخۆی تێگەیشتنەوە هەبێ‌؟ ئەو قسەیەی دوایی رەنگە بە شێوەیەكی نێگەتیف تەماشا بكرێ‌! چونكە ریتمی خاو لە گێڕانەوەدا جۆرێكە لە دووركەوتنەوە لە هونەری سینەمایی، كە ئەمڕۆ بە یەكێك لە رەگەزە بنەڕەتییەكانی گێڕانەوەی هونەری مۆدێرن دادەنرێت. بەشێكی دیكەی ئەو كێشكردنەی خوێنەر، پەیوەندی بە جولاندنی هەستی (پەرۆشبوون) بۆ چەمكی قوربانی و هونەر و پەیامی مرۆڤدۆستانەوە هەیە.
2- لە گێڕانەوەدا كاراكتەری گێڕەڕەوە بەسەر تەواوی رووداوەكانەوە زاڵە (دەشێ‌ ئەو زاڵبوونە بە هەردوو رووی پۆزەتیف و نێگەتیف بخوێنینەوە) و گێڕەڕەوە یان نوسەر لە دەركەوتندا هەوڵدەدا شوێنی جوگرافی (خۆرهەڵات) و پەرۆشبوونی بۆ بیركردنەوەی قوربانی جێی پەیامی بنەڕەتی و جیاوازیی رۆمانەكە بگرێتەوە؟! ئەوەش تەنیا كەمەكێك ئەزموونی ناخۆشی (دنیابینی مۆدێرنی)ی نوسەری لێدەكەوێتەوە، كە تووندترین رووداوی نێو رووداوەكانی گێڕانەوە نییە، بەڵكو دەرفەتێكی دیكەی وێڵكردنی ژان و ناخۆشییە، كە بە نەزمێكی دیكەی خەسارناسی و قوربانی فەزای چنینی رۆمانەكە دادەنرێت، كە نەزمێكی كەمتری بیركرنەوەی سەرەكی رۆمانەكەیە و خوێنەری ناوەكی یان شاراوە دركی پێدەكات و لە كۆی چنینی رۆمانەكەدا دەتوانێ‌ ئەو خەسارناسی و ململانێ‌ و دابەشبوونانە بدۆزێتەوە! دەمەوێ‌ بڵێم لە ساتی درێژەدان بە چنینی گێڕانەوە، واتە كە بیركردنەوەی (مۆدێرن) لەو رووەوە لە گەشەكردندایە، گێڕەڕەوە یان نوسەر، خوێنەر بەرەو رووی رێكخستنێكی خەسارناسی تەواو هاندەرانەی چەمكی قوربانی دەكاتەوە! لای منی خوێنەر (خوێنەری هەواڵگەیەن) ئیشكالەكە ئەوەیە كە رووداوەكان بەو شێوەیە دەخاتە پێشەوە كە چەمكی قوربانی لە واقیعدا دەیەوێت، نەك خەیاڵی داهێنان؟! ئەوەش لایەنە نێگەتیفەكەی بیركردنەوەی رۆماننوس دەگەیەنێت… بۆ نموونە چەوسانەوەی ئەویدیكەی (خۆرئاوایی) و ستەمی دەسەڵاتی خۆرهەڵاتی… چونكە لە پێناو زاڵكردنی ئەو بیركردنەوەیە، هەندێ‌ رووداوی گرنگی نێو رۆمانەكە فەرامۆش دەكات، بۆ نموونە كوشتنی فەلەستینییەكە… هەندێ‌ رووداوی دیكە پێش دەخات، بۆ نموونە چەمكی بێلانەیی و بەرجەستەكردنی هونەری نیگاركێشان… رەنگە ئەو پێشخستن و پاشخستنە شارەزاییانەش بێ‌! یان دەروونشیكارانە بێ‌، وەك چۆن (فرۆید) لە گەمەی (فۆرت- دای) بەكرەكەوە قسەی لێكردووە: چاو لە پاڵنەرێك بپۆشین و گەمەیەكی دیكە دابهێنین وەك جێگرەوەی تێربوونی پاڵنەرەكە. لێرەدا رۆماننوس چاو لە شتێك دەپۆشێت، بۆ ئەوەی شتێكی دیكە بە دەست بهێنێت؟! واتە دەشێ‌ پێشخستنەكە لە پێناو كێشكردنی جولاندنی هەستی بێلانەیی و هونەری نیگاركێشان و بە كورتی پاڵنەری بیركردنەوەی مرۆڤدۆستانەی (خۆئاوایی) بێ‌. پاشخستنەكەش جۆرێك لە قەرەبووكردنەوەی كلتوری بێت و دەلالەت لە پاڵنەری دەسەڵاتی بیركردنەوەی داخراو و ستەمكاری (خۆرهەڵاتی) بكات؟! بە دیوەكەی دیكەش دەشێ‌ یاری ململانێی نێوان پێشخستن و پاشخستن، هەوڵێك بێ‌ بۆ ئەوەی خوێنەر لە بیركردنەوەی بەراوردكارانەی (كوشتن لە رۆمانی غەریب- كامۆ) دوور بخاتەوە. چونكە چ لە كوشتنی عەرەبەكە لە رۆمانی (غەریب) و فەڵەستینییەكە لە رۆمانی (شەوگەڕەكان) كاریگەری (خۆرهەڵات)، خۆر و گەرما هۆكاری سەرەكیین، ئەوەش جۆرێكی دیكەیە لە جەختكردنەوە لە جوگرافیای خۆرهەڵات. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەو دەرچوونە لە هاوسەنگی چنین و ئاڕاستەكردنی بیركرنەوە، لەگەڵ پرەنسیبی چێژی خوێندنەوە و ئازادی خوێنەر دەگونجێ‌؟ لە وەڵامدا دەڵێین لە واقیعدا رەنگە پاشخستن وەك پێشەكییەكی پێویست بۆ پێشخستن خۆشحاڵانە بكەوێتەوە! بەڵام وەك خەیاڵی نوسین ناشێ‌ ئەو پێشخستن و پاشخستنە بە هەمان شێوە و هاوسەنگی شتە واقیعییەكان دیاری بكرێت.
3- دەتوانم بڵێم بە گشتی رۆماننوسانی كورد بەشێكی زۆری جوانی گێڕانەوە لە (هەست جولاندن)دا دەبیننەوە! من ئەو قسەیەم لەوێوە نایەت، كە هەست جولاندن لە نێو كلتورە جۆر بە جۆرەكاندا، جیاواز دەكەوێتەوە؟! بەڵكو لەوێوە دێت كە داهێنانی رۆمان وەك دەقێكی خەیاڵئامێز ناشێ‌ بە هەمان شێوە و هاوسەنگی شتە حەقیقییەكان دیاری بكرێت… لە رۆمانی شەوگەڕەكاندا هەموو ئەو رووداوسازییە پڕ ژان و ناخۆشە، كە بە راستی خوێنەر دەوڕوژێنێ‌ و تێكەڵ بە هونەری گێڕانەوەی دەكات… لە كۆتاییدا دەبایە جەریانی بیركردنەوەی خوێنەری نوێی كوردیشی دووچاری موفاجەئە كردبایە؟! بەڵام بە بڕوای من خاوی ریتمی گێڕانەوە و ئیشكالە ناوەكییەكەی بیركردنەوەی نوسەر (ئەوەی بە لایەنە پۆزەتیفەكەی چاوەڕوانی خوێنەری باو و پەڕگیر ناوی دەبەین) و گونجاندنی لەگەڵ گەیاندنی پەیامی مۆدێرن (كە لە دەركەوتەدا دنیابینی نوسەری رایی دەكات) دەبێتە هۆیەكی بنەڕەتی بۆ كێشەی خاڵی كۆتاییهێنانی رۆمانەكە، بەو مانایەی كە رۆماننوس لە دوا خاڵی چنینی رۆمانەكەیدا نەیتوانیووە سوود لە كۆتاییەكی سەرسامكەر و لێدانی بیركردنەوەی هاوسەنگی (بە مانا واقیعییەكە) و بیركردنەوەی ئاسۆیی و باوی گێڕانەوە وەربگرێ‌ (واتە ئەو شێوە چاوەڕوانییە ئاساییەی خوێنەرانی باو پێی راهاتوون، بتوانێ‌ تێیپەڕێنێ‌) و هەوڵبدا خوێنەران لە دووتوێی تەكنیكی ئەو رووداوسازییەدا دووچاری ئاسۆیەكی چاوەڕوانی جیاواز و بیركردنەوەیەكی جیاواز و سەرسامبوون بكات؟! بە گشتی لە رێگای بەرجەستەكردنی ئەزموون و ئەزموونگەریی، ئەگەر بە بیر خۆمانی بهێنینەوە كاری زۆر گەورە لەو فەزایەدا كراوە، بۆ نموونە دژە واقیعی كافكایی و پاڵەوانبازی دۆن كیشوتەی سیرڤانتس و دەروونشیكاری دیستۆفیسكی… بە نێویەكداچوونی گێڕانەوەكانی بۆرخیس و واقیعی سیحری ماركیز… دواجار دەڵێم نە نوسەر كۆگایە و نە خوێنەر بە كردەی بەتاڵكردنی ئەو كۆگایە هەڵدەسێت.

26/7/2023
هەولێر




کۆمیونیکەیشن.. ئاراس سەعید

“پێشەکی”

کۆمیونیکەیشن لە دوو گۆشەنیگادا مانا دەکرێت: لە نیگای یەکەمیدا، بەمانای پەیوەندیکردن دێت. لەنیگای دووەمیدا بەمانای ڕاگەیاندن دێت. ئەم دیاردەیە دەکرێت وەک هەر دیاردەیەکی تری نێو مێژووی کۆمەڵگەی مرۆیی ببرێتەوە بۆ مێژوویەکی دوور. دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە هاوکاتە لەگەڵ پەیدابوونی ژیان لەسەر ڕووی زەوی. ئەم دیاردەیە تەنها دیاردەیەکی مرۆیی نیە، بەڵکو کۆی بوونەوەرانی گرتووەتەوە. بۆ نمونە: ئاژەڵەکان دەقیژنن و دەلورێنن، باڵندەکان دەجریوێنن، ڕووەکەکان سیس دەبن. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ گەیاندنی ناوەڕۆکی شتێک. لە ڕێگەی دەنگ و جووڵە و خۆنمایشکردنەوە. وەلێ وەک دیاردەیەی مرۆیی هاوکاتە لەگەڵ پەیدابووۆی ژیانی بەکۆمەڵ. مرۆڤی سەرەتایی بۆ ئاویتەبوونی ژیان و دابینکردنی پێویستیەکانی پەنایی بردە بەر درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانیتر. دەکرێت بڵێن، کۆموینیکەیشن وەک هەر دیاردەیەکی نێو مێژووی مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ کۆنترین پنتی کۆمەڵگەی سەرەتایی. چۆن  گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆیی هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی تەکنیکەکانی بەرهەمهێنان، گەشەکردنی کۆمیونیکەیشن هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی میدۆمەکان. ئەم تێکستە بەردەستان چەمکی کۆمیونیکەیشن و مێژووی پەیدابوون و قۆناغەکانی گەشەکردنی میدۆمەکان شرۆڤە دەکات.

“چەمک و پێناسە”

وشەی “communication” وشەیەکی ئینگلیزییە و سەرچاوەی ئەم وشەیە، لەوشەی”common” یان (Communness)زمانی ئینگلیزی کلاسیکەوە وەرگیراوە. بە مانای (پەیوەندیکردن یان هاوبەشکردن) بەکاردێت. لە فەرهەنگی یۆبستردا communication بەم شێوەیە شرۆڤەکراوە:- کرداری پەیوەندی درووستکردنە یان دەکرێت چەند دەستەواژەیەکی جیاوازی بۆ بەکاربهێنین وەک: گەیاندن یان بڵاوکردنەوە یان گواستنەوە[1].

 کۆمیونیکەیشن لە نیگای یەکەمدا بەمانای  پڕۆسەی  گەیاندنی پەیام دێت. بەمانەیەکی تر؛ کردەی ئاڵوێرکردنی پەیامە لەنێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا، دەکرێت  وەک هەردیاردەیەکی دی، ڕیشەکەی ببرێتەوە بۆ مێژوویەکی دوورتر.  زانستی ئارکۆلۆژیا و ئەنترۆپۆلۆژیا کۆمەکمان دەکات ڕیشەی کۆمیونیکەیشن لەسەردەمانێکی تری نێو مێژووی مرۆڤ دا بدۆزینەوە.

تەمەنی مرۆڤ پتر لە حەفتا هەزار ساڵە، زانایانی بواری بایەلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژی  پیان وایە، ئەم تایپە لە مرۆڤ، سەرەتا جۆرە گیانلەبەرێکی چکۆلەبووە لە شێوەی مشک، بە “پڕۆکۆنسۆڵ _ proconsul”  ناسراوە و لە چاخی دەینەسورەکاندا ژیاوە. دواتر ئەم گیانلەبەرە بەهۆی پڕۆسەی پەرسەندنەوە لەگەڵ گیانەوەرانی وەکو شامپازی و گۆریلا لەیەک بنچەی تایبەت گەشەیاندکردووە، زاناکان ناویان لێناوە “dry opiyhecus”. ئەم گیانلەبەرە لە سەگێکی ئاسایی گەورەتر نەبوو، وەلێ دەست و پێ و لاقی هەبوو. ئەم شێوەیەش هاوشێوەبوو لەگەڵ خێزانی مەیمونەکان کە ئێستا دەیان ناسین. لە کۆتایدا یەکێک لە بنچەکانی مرۆڤ پەیدابوو کە زاناکان ناویان لێنا”homohabilis”  ئەو گیانلەبەرەی خۆی دادەپۆشێت. لێرە بەدواوە ئیدی مرۆڤ توانیتی ژێری خۆی بەکاربهێنی و لەبەروبوومی درەختەکان کەڵک وەربگرێت بۆ تێرکردنی غەریزە فیسۆلۆجیەکانی. دواتر مرۆڤی “نیاردەرتاڵ” پەیدابوو ئاگری دۆزییەوە و کەڵکی لە ئەشکەوتەکان وەرگرت بۆ مانەوەو پارێزگاریکردن لە خۆی[2].

پەرەسەندن  مرۆڤی گەیاندە ئەو قۆناغەی ئیدی کەڵک لە ژیری خۆی وەربگرێت. مرۆڤ بۆئەوەی بە پارێزراوی بمێنێتەوە کەڵکی لە هاوبەش پێکردنی ژیان و پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەویتر وەرگرت، لێرەوە ژیانی بە کۆمەڵ و گرووپ بوو بە سرووشتی کۆمەڵگەی مرۆیی. هەر بۆیە زۆربەی فەیلەسووفان گوتویانە: (مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵاییەتیە). مرۆڤ بۆ ئەوەی ژیانی لەگەڵ هاوجۆرەکانی خۆیدا هاوبەش بکات پێویستی بە میدۆمێک یان ئامڕازێک بوو تا ناوەڕۆکی هزر و بیرکردنەوەی خۆی بۆ ئەوانیتر بگوازێتەوە، بەمەش دەگوترێت: پڕۆسەی گەیاندن. پەرەسەندنی مرۆڤ بەپێی ئەو قۆناغە مێژووییەی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا هاتووە، هۆکارێک بوو بۆ سەرهەڵدانی کاری بەکۆمەڵ و هەرەوەزی، بۆیە ئاسان نەبوو مرۆڤ بەبێ بوونی ئامڕازی کۆمیونیکەیشن بونیادی پەیکەربەندی سیستەمی کۆمەڵایەتی دابڕێژیتەوە. لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە کۆمیونیکەیشن ئامڕازی درووستبوونی ژیانی کۆمەڵەکی و ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. بە دەربڕینێکی دیکە، کۆمیونیکەیشن بەشە ڕێکخستەیەکی نێو ڕکێخستنێکی گرووپێکی  کۆمەڵایەتیە لە پێناو ڕاپەڕاندنی ئەرکێک دا پەیدا بووە، کە بریتیە لە گواستنەوەی پەیام لە نێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا، لە نێرەرەوە بۆ وەرگر.

کۆمیونیکەیشن وەکو تێمایەکی نێو فەرهەنگی زانستەمرۆڤایەتیەکان پتر لە پێناسەیەک چەندین پێناسەی بۆ کراوە. (چارلز مۆریس) دەڵێت: (زارەوەی کۆمیونیکەیشن کاتێک بە شێوەیەکی فراوان و بەربڵاو بەکاردەهێنین، ئەوکاتەیە بەشداریکردنی ژمارەیەک کەس لە کارێکی دیاریکراو لەخۆدەگرێت)[3]. واتا: پڕۆسێسکە ژمارەیەکی بەرفراوانی خەڵک لەنێو یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەشداری دەکات، بەڕۆڵێکی دیاریکراو. هەروەها (ولبر شرام) بەم شێوازە کۆمیونیکەیشن پێناسە دەکات: (ئەو ئامڕازەیە کە لەیەک تێگەشتن لەنێوان کۆمەڵگاکاندا مسۆگەر دەکات، ئەمەش بە سرووشتی خۆی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی خۆی لە کۆمەڵگەکانی تر، جیا دەکاتەوە))[4]. دەتوانین ئەم پێناسەیە بەمجۆرە شرۆڤەبکەین؛ کۆمیونیکەیشن میدیۆمێکە ناوەڕۆکی هزر و بیرکردنەوەی تاک دەگوێزێتەوە بۆ ئەویتر، ئەمەش دەبێتە هۆی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵەگەدا.

 (کاڕڵ هۆفلاند) بەم شێوازە  کۆمیونیکەیشن پێناسە دەکات: (پڕۆسەیەکە کە تێدا تاک “نێرەر” ئاگادارکردنەوەیەک (هێمایەکی زمانەوانی یان جووڵە یان ئاماژەیەک) دەنێرێت-ڕەوان دەکات تا ڕەفتاری تاکەکان هەمواربکات))[5].  لەم پێناسەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کۆمیونیکەیشن پڕۆسێسێکە کە تاک_نێرەر زانیارییەک لە ڕێگەی میدۆمێکەوە دەگوێزێتەوە بۆ وەرگر، بە پێچەوانەشەوە.

“میدیۆم وەکو ڕەگەزی سەرەکی کۆمیونیکەیشن”

ڕەگەزەکانی کۆمیونیکەیشن بەو ڕەگەزانە دەگوترێت لە کردەی کۆمیونیکەیشن بەشدار دەبن. وەک نێرەر، پەیام، میدیۆم، وەرگر. مارشاڵ مەک لۆهان 1911_ 1980 بیرمەند و تیۆریستی بواری ماس کۆمیونیکەیشن پێ وایە جیهانی مرۆڤ بە هۆی گەشەکردنی میدیۆمەکانی کۆمیونیکەیشنەوە گەشەی کردووە. میدۆم بەمانای ئامڕاز یان پەیام دێت. بەدەربڕینێکی تر، بەمانای هەموو ئەو کەناڵانە دێت، کە لە مێژووی ژیانی مرۆڤدا شتەکانیان گەیاندووە بە یەکتر. میدیۆم گرنترین ڕەگەزی کۆمیونیکەیشنە و بەبێ بوونی میدیۆم پڕۆسەی گەیاندن هیچ مانایەکی نیە. لە کۆمەڵگە بەراییەکانی مێژووی ژیانی بە کۆمەڵدا، کەرەستەکانی بەرهەمهێنان سەرەتایی بوون، گەشەکردنی میدیۆمەکان هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان. کۆمەڵگەی سەرەتایی لە کاتی هەر مەترسییەک بۆ سەر هۆزەکەیان لە ڕێگەی ئاگرکردنەوە و دووکەڵەوە پەیامەکانیان بۆ یەکتری گواستووەتەوە. مرۆڤی سەرەتایی پێش ئەوەی فێری زمان بێت، بەنێو دارستانەکاندا قێژاندوویەتی و بە هاوارکردن پەیامەکانیان بۆ یەکتری گواستووەتەوە.  مرۆڤ پتر لە هەزاران ساڵی پێویستبوو، تا فێربوو زمان بەکارهێنێت بۆ گواستنەوەی ناوەڕۆکی هزر و بیروبۆچوونەکانی. مەک لۆهان قۆناغە مێژووییەکانی کۆمیونیکەیشن پەیوەست دەکات بە گەشەکردنی میدۆمەکانەوە، ڕای وایە گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆیی پەیوەستە بەگەشەکردنی میدیۆمەوە.

“قۆناغە مێژووییەکانی کۆمیونیکەیشن”

مارشاڵ مەک لۆهان (کۆمیونیکەیشن) لە سێ قۆناغی مێژوویدا دیاریدەکات. هەر قۆناغێکیش پەیوەست دەکات بە میدیۆمێکەوە و گەشەکردنی هەر قۆناغێکیش بە پەیوەستە بە پەیدابوونی میدۆمێکەوە. بەپێی مەک لۆهان قۆناغەکانی مێژووی کۆمیونیکەیشن بریتیەلە( قۆناغی زارەکی  و قۆناغی چاپەکی و قۆناغی مایکرۆیی)[6].

قۆناغی زارەکی:- ئەم قۆناغه لە سەرەتایی ژیانی بەکۆمەڵەوە دەستیپێکردووە و تا دۆزینەوەی نووسین بەردەوام بووە. لەم قۆناغەدا گوفتار  ئامڕازی سەرەکی کۆمیونیکەیشن بوو.  زمان  ئەو داهێنانەبوو  کە مرۆڤ توانیتی لەڕێگەیەوە خۆی بناسێت و ناوەڕۆکی هزرو بیرکردنەوەی بگوازێتەوە بۆ ئەویتر. لەم قۆناغەشدا پڕۆسەی کۆمیونیکەیشن بریتیە لە هاوارکردن،  هەستی سەرەکی بریتی بووە لە (بیستن) واتا: پڕۆسەکە ڕاستەوخۆ لە دەمەوە بۆ گوێچکە بووە. ئەمەش بووە بە هۆکاری سەرەکی درووستبوونی کۆمیونیکەیشن. لەم قۆناغەدا زمان ئەو میدۆمە بووە لە ئاستە سەرەتایی و خۆڕسکەکەیدا  میدۆم و کەناڵی درووستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بووە. (دو سۆسێر) لە لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکانیدا جیاوازییەکی خستووەتە نێوان دوو پێکهاتەی لێکچووەوە، کە لەلای زمانەوانەکان وەکو یەکدین. ئەو دووپێکهاتەیەش بریتییە: لە  زوان _ language) و ( ئاخاوتن _ parlole) ئەویش لەسەر بنەمای ئەوەی زوان لە بنچینەدا سیستمێکی کۆمەڵایەتییە، کەچی ئاخاوتن چالاکییەکی تاکەکەسییە، لە بواری سیستمی کۆمەڵایەتیدا پڕۆسەی گەیاندن ئەنجام دەدات[7].

بەپێی گەشەکردنی پەیڕەوی ئاخاوتنی مرۆڤ ئەندامەکانی ئاخاوتن و گەشەکردنی بەکارهێنانی زمان لە سیمبۆلی جووڵەیی و ئاماژەیییەکانەوە بۆ دەنگەکان و چۆنێتیی لێکدان و ڕیزکردنیان لە ئاستی دەنگسازی، وشەسازی و ڕستەسازیدا، کە ئەندامانی کۆمەڵەیەکی زمانی لەسەر هەموویان ڕێک کەوتوون. ڕێزمان و کۆی وشەکان، وەک هۆکاری زمانی، لە ڕوانگەی (نوام چۆمسکی)یەوە دەبێتە هۆی بەدیهاتنی میدیۆمی زمانیی  بۆ گەیاندن _پەیوەندیکردن[8].

نۆبڵ و دەیڤیدسن (١٩٩٦: ٢١٤) لەسەر ئەو بڕوایەن کە زمان بەرهەمی دۆزینەوە ڕەفتارییەکانە، نەک ڕووداوە بایۆلۆژییەکان. واتە زمان بەر لەوەی بەرهەمی ڕووداوە بایۆلۆژییەکان بێت، ئەنجامی دەرکەوتە ڕەفتارییەکانە. گۆڕانی بایۆلۆژی (گەشەکردنی ئەندامەکانی ئاخاوتن) زەمینەی بۆ پێکهاتنی ئەو ڕەفتارە زمانییەی كه‌ ئەمڕۆ هەیە، بەدیهێنا: بەکارهێنانی کەناڵەکانی گوتن-بیستن لەگەڵ کاتی درێژخایەن لە قۆناغی ساوایەتیدا لە دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتیدا. بۆ ڕوونکردنەوەی بیردۆزییانەی بەدیهاتنی تاکی (ontogenesis) و بەدیهاتنی جۆری (phylogenesis)ی زمان و بیر، لە ڕووی دەروونییەوە پشت بە ڕێبازەکەی “ڤیگۆتسکی (١٨٩٦-١٩٣٤)”، دەروونناسیی کولتووری–مێژوویی، دەبەستین. لە ڕوانگەی “ڤیگۆتسکی”یەوە، چالاکیی هۆشەکی و ئاخاوتن، ڕیشەی بەدیهاتنی جیاوازیان هەیە و لە ڕەوتی جیاوازیشدا گەشە دەکەن و دەگۆڕێن. مرۆڤی ژیرمەند، لە پرۆسەی پێوەندیکردنی دوولایەنە و بزێوی نێوان چالاکییە هۆشەکی و زمانییەکاندا پێک دێت. لە بەدیهاتنی تاکییانەدا، دەکرێ قۆناغێکی پێش ئەقڵانی (preintellectual) لە گەشەکردنی ئاخاوتندا و، لە گەشەکردنی بیریشدا قۆناغێکی پێشزمانی (prelinguistic) دەستنیشان بکرێت. لە قۆناغێکی دیاریکراودا، ئەم دوو ڕەوتەی بەدیهاتن تێکەڵ دەبن و لە ئەنجامی ئەوەدا، بیر دەبێتە زمانی و، ئاخاوتنیش دەبێتە ئەقڵانی[9].  لەڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە زمان کردەی سەرەکی دەربڕینی ناوەڕۆکی فیکر و بیرکردنەوەی تاکە بەواتایەکی تر: زمان ئامراز و کەناڵێکە بۆ گواستنەوەی هزری تاک.

زمانی نووسین:- لەم قۆناغەدا مرۆڤی سەرەتایی  هەست و کاردانەوەکانی لە بەرامبەر دەوروبەر، بە وێنە دەربڕیوە کە  گەلێک لێتۆژینەوەی ئەنترۆپۆلۆژی و ئارگۆمێنتی ئارکۆلۆژیی سەلماندوویانە کە مێژووی گەشکردنی زوانی سیمبۆلی و خەتی نووسین  لە چەند ھەزار ساڵێک تێناپەڕێ، ئەمەش لە چاو ھونەری نیگارکێشان ماوەیەکی زۆر نییە. تەنانەت پاش جێگیر بوون و دۆزینەوەی کشتوکاڵ لە چاخی بەردینی نوێدا (نیۆلۆسیک) و پاشان سەرھەڵدانی شارستانیەتی سۆمەرییەکان و ھەموو ئەو لایەنانەی لە دەوڵەتە شاردا دەرکەوتن لە ڕووی زمان و خەتی پێنووسین (خەتی بزماری) کە تا دەورو زەمەنی دۆزینەوەی چاپخانە، بەردەوام بوو[10].

بەپێ سەرچاوە ئارکۆلۆژییەکان  سۆمەرییەکان یەکەمین کۆمەڵگە بوون، کە نووسینیان داهێناوە. نزیکەی سێ هەزار و شەسەد ساڵی بەر لەزاین توانیویانە لەسەر تاتە قۆڕەکان بنووسن. بێگومان پڕۆسێسی نووسین بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە. هەر لە نیگارکێشانەوە تا فۆنەتیک و نووسین لەسەر بنەمای دەربڕین. هەروەها هێڵکاری و نیگاری ئاژەڵان و ڕاوکردن نمونەی ئەم جۆرانەن. پاشان پیتەکانی نووسین خراونەتە سەر ئێسک و تەختەدار. سەردەمانێک کۆتری نامەبەر بەکارهێنراوە بۆ گەیاندنی پەیامەکان. فینیقی و میسری و چینیەکانیش بەشداربوون لە داهێنانی شێواز و تەکنیکی نوێی نووسین تا ڕۆژگاری پەیدابوونی یەکەم کارگەی درووستکردنی کاغەز لە سەمەرقەند. دەکرێت بڵێن: لەم قۆناغەدا زمانی نووسین میدۆم بووە لە نێوان جەمسەرەکانی کۆمیونیکەیشندا. بەدەربڕینە لۆهانییەکەی  نووسین میدۆمە و خۆشی دەبێتەوە بە میدیۆمی زمان.

قۆناغی چاپەکی:- بەپێ دابەشکردنەی مەک لۆهان دۆزینەوەی چاپ قۆناغی دووەمی کۆمیونیکەیشنە. ئەم قۆناغە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1450 کە یۆحەنا گۆتەنبەرگ چاپخانەی داهێنا. ئەمەش بەسەرەتایەک دادەنرێت بۆ پەیدابوونی ژۆرنالیزم. ساڵانی 1600 یەکەمین ڕۆژنامەی کاغەزی چاپکرا. داهێنانی چاپ بە وەرچەرخانێکی گرنگ دادەنرێت  لە پڕۆسێسی گەیاندنی جەماوەریدا، ئیدی بەرهەمە  ڕۆشنبیرییەکان، ئەدەبییەکان، سیاسیەکان، زانیارییەکان لەڕێگەی(ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و بڵاوکراوەکان) چاپکر‌ان. ئەمەش بەگەشەکردن و درێژبوونەوەی میدیۆم دادەنرێت، لەم پەڕی  زەوییەوە بۆ ئەوپەڕی زەوی. بەدەربڕێنیکی تر، میدیۆم لەمپەڕی زەوییەوە جەمسەرەکانی گەیاندن بەیەکتری دەگەیەنێت.

قۆناغی مایکرۆیی:- بەپی لۆهان ئەم قۆناغە لەگەڵ دۆزینەوەی داهێنانی ڕادیۆ دا دەستپێدەکات ئەویش. بریتییە لە دابەشکردنی ناوەڕۆکی دەنگ ئەلکترۆمەگناتیسی (شەپۆلی ڕادیۆ)، لە مۆدێلێکی یەک بۆ-زۆر. پەخش کردن بە ڕادیۆی ئەی ئێم دەستی پێکرد، کە لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٠دا بە بڵاوبونەوەی فڕینتەری ڕادیۆی بۆری بۆشایی و وەرگرەکان هاتە بەکارهێنان. پێش ئەمە، هەموو شێوەکانی پەیوەندی ئەلکترۆنی (رادیۆ، تەلەفۆن، تەلەگرافی سەرەتایی) یەک بۆ یەک بوون، لەگەڵ ئەو پەیامەی کە بۆ تاکە وەرگرێک دانرابوو. زاراوەی پەخشکردن لە بەکارهێنانیەوە گەشەیکرد. پاشان داهێنانی tv و پڕۆگرامەکانی تەلەگراف و کۆمەڵێک سیمبۆل و هێمای ئەلیکترۆنی دەبینێتەوە، بەشێوەیەکی فیزیکی لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی دیکە، یان لە خاڵێکەوە بۆ کۆمەڵێک خاڵی جیاواز. لۆهان پێی وایە: ئەم جۆرە لە کۆمیونیکەیشن توانیویەتی جیهان بکاتە گوندێکی بچوک. هەروەها تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان و کۆمیونیکەیشنی دیجیتاڵی توانیویەتی کۆمەڵگەی تیۆری درووستبکات، کە گواستنەوەی پەیوەندییەکان تێدا ئاسانە. میدیای دیجیتاڵی هەموو میدیۆمەکان دەگرێتەوە وەک( کەناڵی ئاسمانی، سۆشیاڵ میدیا، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی، تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان). بەبڕوای مەک لۆهان میدۆمەکان دەبنەوە میدیۆم و کۆمەڵگەی میدیای پێکدەهێنن[11].

“ئەنجام”

1. کۆمیونیکەیشن وەک هەر دیاردەیەکی تری نێو مێژووی مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتنرین پنتی کۆمەڵگەی مرۆیی. بە بەشە ڕێکخستەیەکی نێو ڕێکخستێنکی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، لە پێناو زەرورییەتێکی کۆمەڵایەتی بەدیهاتووە، کە بەمانایی کردەی ئاڵوێرکردنی پەیام دێت، لە ڕێگەی میدۆمێکەوە، لە نێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا.

2. بەپێ (مەک لۆهان) قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمیونیکەیشن، پەیوەستە بە گەشەکردنی میدۆمەوە. ئەو پێی وایە، جیهانی کۆمیونیکەیشن بریتیە لە گەشەکردن و کشانی میدۆمەکان. بەمجۆرەش قۆناغەکانی کۆمیونیکەیشن دابەش دەکات بەسەر سێ قۆناغدا. ئەم قۆناغانەش پێکهاتوون لە (قۆناغی زارەکی، قۆناغی چاپەکی، قۆناغی مایکرۆیی)

3. میدۆم خۆی دەبێتەوە بە میدۆم. لۆهان پێی وایە، کە میدۆمەکان جگە لەوەی ڕایەڵە و کەناڵی بەیەکگەیشتنی جەمسەرەکانی گەیاندنن، هاوکات هەر میدیۆمێک دەبێتەوە بە میدۆم. بۆ نمونە نووسین زمانەو چاپ میدیۆمی زمانە. یەکگرتنی (میدۆمەکان) کۆمەڵگەی دیجتاڵی پێکدەهێنن.

————————-

سەرچاوەکان:

1.ئیسماعیل عوسمان: کۆمیونیکەیشنی دیجیتاڵی. چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، 2022.لا ۲۱

2. w howelss “neanderthal man; facts and figures ” in proceedings of the ninth internatoinal congress of Anthoprological and Ethnographical sciences, chicago 1967 . see also E.Trinkhaus and w.w howelss, neanderthal scienctific American  241 _ 1979 . 118 _ 133.

3. تەها حسێن: پێشەکییەک بۆ زانستی ڕاگەیاندن. وەرگێڕانی حەبیب کەرکوکی. دەزگای موکریان، چاپی یەکەم 2008 لا ٥

4.هەمان سەرچاوەی پێشوو: لا ٦

5.هەمان سەرچاوەی پێشوو:لا ٨

6.Marchal mcluhan, quetin fiore , the mediumis the massage . An Invetory of Efectects, produced by Jermo Agel.

7.فريدنان دو سوسير؛ محاضرات في السنية عامة. ترجمة يوسف غازي. المؤسسة الجزائيرية للطباعة 1986. ص ۲۳.

8.بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە وتاری “مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی و وەک زمانی زگماکی” لە کتێبی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، ٢٠١٣، هەولێر: ئەکادیمیای کوردی.

9. ڕەحیم سورخی: زمان و کەلتووری پەیوەندییە مرۆییەکان. بابەت نووسین و وەرگێڕان.ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی پێنووس. http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-11-33/item/235-2018-09-02-18-56-38

بۆ زانیاری زیاتر بنواڕە. ماڵپەڕی کوزولین، الکس١٩٩٩، روانشناسی ڤیگۆتسکی: سیر تحول اندیشەها؛ ترجمە حبیباللە قاسمزادە، تهران: آگاه١٣٨١.

10.بنواڕە: http://akherelakhbar.net/%D9%81%D9%86-%D9%88%D8%AB%D9%82%D8%A7%D9%81%D9%87/%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%AC-%D9%81%D9%86-%D9%88%D8%A5%D8%B9%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%AA%D8%AF%D9%88%D9%8A%D8%B1/




دووڕویی سیایی.. عومەر ئەحمەد عەزیز

دوڕویی سیایی/Political Hypocrisy

چەمکەکە لە بواری زانستی دەرونناسیی و زانستە سیاسییەکان و کۆمەڵناسیدا بوونی هەیە و لە توێژنەوەکاندا ئەم زاراوەیە بەکاردەهێنرێت، ئەو پێناسانەی کراون لەم بارەوە نزیکن لەیەکەوە کۆی پێناسەکان ئاماژە بەوە ئەکەن بریتییە لە هەڵوێستێکی سیاسیی، کە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەن کەسی سیاسیی و حزبی سیاسیی دەیکەن، بریتیە لە پێچەوانەیی و دژیەکیی لە هەڵوێست و بۆچونەکاندا، کە سەرئەنجام دەرچوون و دەستبەردار بوونە لە بەها و مۆڕاڵ و ئیتیک و ئەخلاقییاتی سیاسەت.
چەمکی نیفاق لە ئایندا:
لە ئەدەبیاتی دینیدا چەمکی نیفاق بەجوانی باسکراوە نمونەی ئاینی ئیسلام وەرگرین لەبەشێکی زۆری سورەتەکانی قورئاندا باسی چەمکی نیفاق کراوە، لەکورتترین پێناسەدا نیفاق بریتییە لەوەی من شتێک ئەڵێم و شتێکی تر ئەکەم، خۆم وا دەر ئەخەم کە موسوڵمانم، کەچی بڕوام پێی نییە، لەکردار و گوفتارما شتانێکی تر ئەکەم…تاد
بە سیغە جیاوازەکانی وشەکە 37 جار لە قورئانی پیرۆزدا بەو واتایەی خستمانەڕوو باسکراوە، وەکو بڵێی لەکۆنەوە لە نێو میللەتانا ئەم دیاردەیە هەبووە و بووەتە هۆکاری تێکچون و لەناوچونی کۆمەڵگا جیاوازەکان.
تێگەشتنە دینییەکە بەکاربهێنین بۆ ڕوبەری گشتیی لەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردیی، ئەوا چەمکی نیفاق پانتایی هەرەزۆریی دەزگا میدیایی و کەسایەتیی و ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنیی و خەڵکانی بەناو ناڕازیی ڕێکخراوە جیاوازەکان دەگرێتەوە، ئەمە بەبێ توێژینەوە و ڕاستێتی کردن لە بابەتەکەدا، بەڵکو تەنها بە ڕوانینی سەرپێیی و ئەو دەنگۆ و قسەوقسەڵۆکانەی ڕۆژانە لە بازاڕوی فەزای گشتییدا دەیانبیستین، لەسەر ڕێکخراو و کەسایەتیی و ڕۆژنامەنوسەکان، ئاخر ناکرێت کۆمەڵگایەک هەمووی کەوتبێ لەڕوی ئەخلاقییەوە، ناشێ و نەبووە لەمێژوودا یەک وڵات بەتەواوی ڕاست نەکات لەگەڵ خۆیدا، کەسێک نەمابێتەوە کە خەمی نیشتیمانەکەی بێت، ڕاست بکات لەگەڵ بەها ئینسانییەکان و نیشتیمانییەکاندا، بەڵکو هەمووی تەنها لە دوای بەرژەوەندی زۆر کەسیی خۆی بێت، هەر بۆیەشە ئەنجامەکەی ئەم دۆخەیە کە ئێستا کۆمەڵگەکەی تێدایە، کە پێویست ناکات وەسفی بکەین، کۆمەڵگەیەکی شەلەل، جامد، بەجۆرێک لە جوڵە کەوتووە، کە هەرچییەکی پێ بکەیت نابزوێت.


چەمکی دوالیزم/Dulaisem

بریتییە لە بوونی دوو شتی پێچەوانەی یەکتر، کە دژ و ناکۆکن بەیەکتر، دوالیزم بەپێی سیاقی بەکارهێنان ئەگۆڕێت واتە لەنێو فەلسەفە جیاوازەکاندا واتای جیاوازی هەیە، بەڵام لە کۆی گشتیی واتاکەیدا ئاماژەیە بۆ بوونی دوو مادەی دژ بەیەک، دوو ئاڕاستەی بیرکردنەوەی دژبەیەک، کە هەندێک جاریش دەوترێت ئەم دوو دژە لە کارلێکدان لەگەڵ یەکتر بۆ درێژەدان بەو دوانەییەیان بەمانا دیکارتییەکەی بریتییە لە سەربەخۆیی عەقڵ و جەستە لەیەکتر لەنێو مرۆڤدا ئەگەر دوالیزم تەنها بەومانایە وەرگرین کە بوونی دوو شتی جیاواز و سەربەخۆن لەیەکتر، یان دوو گوتاری جیاوازن لەیەک کاتدا، ئەوا پڕاوپڕ بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێمە دەگرێتەوە، ئەمانە چوونەتە نێو پەیوەندییەکی دوالیزم لەگەڵ خۆیانا، لەلایەکەوە بانگەشەی دژی دەسەڵات و حزب و حوکمڕانی ئەکەن، لەلایەکەوە بەشێکی سەرەکی ئەو دەسەڵاتەن، ئاکتەکانیان لەگەڵ ئەو گوتارە یەک ناگرێتەوە کە ئەینوێنن.
لەهیچ شوێنێکی سەر زەوی نەبووە بانگەشەی ناڕازیبوون و دژ بەسیستەم و دەسەڵات و حزب بکەیت، پێت وابێت کە ستەمکار و گەندەڵ و کەوتوون، کەچی لە ژێرەوە بەشێک بیت لێیان، بچیتە پێشەوە و کاریان بۆ بکەیت بە ڕۆژی ئاشکرا، ئەمە دوالیزمێکە کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردیی لەنێو ئەم پەیوەندییەدا دەژین.

چەمکی پارادۆکس/Paradox
ناتەبایی و دژیەکی، دیسانەوە جۆرێی ترە لە پێناسەی ئەم جۆرە مرۆڤانە، چونکە ئەم جۆرە لەمرۆڤ ناناسرێنەوە زۆرجار، بەتەواوی دژیەکن، پڕن لە ناتەبایی و دژیەکیی و ناهاسەنگیی لە بڕیار و گوتار و جوڵەکانیاندا، بوونی ئەم پارادۆکسە دۆخێک ئەخولقێنێت، کە پێناسەکردن و ناسینەوەو هەویەتپێدانیان ئەستەم بێت، مرۆڤێکن دژن لەگەڵیشن، ناڕازیی و ڕازیشن، حزبیی و سەربەخۆن، بەشێکن لە سیتەم و دژی سیستمن…تاد
لەڕاستیدا بوونی ئەم پارادۆکسە لەبەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردیدا وایکردووە بەهای ئەخلاقیی ، دینی و مرۆڤایەتیی نەمێنێت، مرۆڤ لێرەدا بەئاشکرا درۆدەکات، پڕ لە هەڤدژیی و ناتەبایی لەهەڵوێست و بڕیار و بۆچونەکانیاندا، پارادۆکسی کەسانێک بەناو ناڕازین، ڕەخنەگرن، دژ بەسیستەمن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حیزبەکانی دەسەڵات ستەمکار و پاوانخوازن، لەگەڵ تەسلیمبوون و بوون بەبەشێک لێیان، لەژێرەوە کارکردن لەگەڵیاندا، پارادۆکسێکە، کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکەمان لەم دژیەکییەدان، کە هۆکاری هەرەسەرەکیی ئەم دۆخەیی نادادیی و نا ئینسانییەیە، کە بەردەوامی هەیە.

بۆچی ناڕەزایەتی هیچ ئاکامێکی نییە؟
بەشێکی زۆری پەیوەندی بەوەوە هەیە، هیچ پرۆژەیکی ناڕەزایەتی جدیی بوونی نییە لەکۆمەڵگەی ئێمە، کە خاوەن پرۆژەیەکی فیکریی و فەلسەفیی بێت، بەڵکو ئەوەی هەبووە تا ئێستا هەوڵی تاکە کەسیی، ناڕەزایەتیی بێ خاوەن، هەڵوێستیی فیکریی ئەم نوسەر و ئەو ڕۆشنبیر، وەکو پێشتر خستمانەڕوو، یان ئەوانەی بوون بە ڕوگەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەشێکن لە دەسەڵات، ئەوانەن کە لە پەیوەندییە دوالیزمەکەدان، پڕن لە پارادۆکسی ئەخلاقیی ، بەمانا دینییەکەی مونافقن، یان ئەوەتا هەوڵەکان پەرشوبڵاو و تاکەکەسیی و بێ ئیمکانەت و زۆجاریش بێ سەرمەشق و بێ مەعریفەن، ناڕەزایەتیی و دژ بەسیستم بوون پێویستی بە ئەدەبیاتێک هەیە،کە مانفێستی ناڕەزایەتییەکان بکات، بیانکات بەشێوەی پرۆژە و ئاڕاستەیان بکات، ناڕەزایەتیی خاوی کۆمەڵگە پێویستی بە تەرجومە هەیە بۆ کردنی بە زمانی سیاسیی، وەکو پێشتر وتمان ئەم کلتورە گۆڕان دایهێنا و ئەنجامی دا، بەڵام نەیتوانی بەردەوام بێت لەسەری و پرۆژەکەیان فەشەلێکی گەورەی سیاسیی و ئەخلاقیی هێنا و بەشە زۆرەکەیان دەستبەرداری ئەو شیعارانە بوون، کە بانگەشەیان بۆ ئەکرد و لەهەمووی خەمهێنەرتر ئەوە بوو بەشێکیان بوون بە ئەندامی حزبەکانی دەسەڵات، هۆکارەکەشی پەیوەندی بەوەوە هەبوو گۆڕان پرۆژەیکی تەواو کلاسیک بوو، کە لەهەناوی حزبەکانی دەسەڵاتدا لەدایک بوو، نەیتوانی تەجاوزی کلتوری حزبایەتی ئەوان بکات، چونکە کۆی پرۆژەکە بەسترابووەوە بەیەک کەسەوە لەدوای نەمانی ئەو کەسەشەوە، پرۆژەکەش نەما، ئەمەش دەریدەخات گۆڕان هەڵوێست بووە، نەک پەروەردە و فیکر، کردەیەک بووە بەبێ هیچ ڕەگێکی قوڵی فیکریی و فەلسەفیی چوارچێوەدار.
بێگومان دەسەڵاتێک نزیکەی نیوسەدە، کۆمەڵگەیەک بەڕێوە ببات، ئەخلاقیاتەکانی خۆی لەنێویاندا پەخش دەکات، بەجۆرێک وردە وردە دەسەڵات و خەڵکەکەی دەبنە دوو ڕووی یەک دراو، لەکوێی دونیا دەوڵەت و دەسەڵاتێکی ڕێکخراویی سیستەماتیکی خزمەتگوزار، کۆمەڵگەیەکی خراپ و گەندەڵ و لە یاسالادەری بەرهەمهێناوە؟ بێگومان ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەی کوردیشدا زۆر بە زەقی دەبینرێت، دوای نیو سەدە بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بەتەواوی ئەخلاقیاتی حزبەکانی دەسەڵاتیان تێدا ڕەنگی داوەتەوە و بوون بەبەشێک لە شێوازی بیرکردنەوە و دونیابینیی و دەسەڵات، ئەمە ئەگەر دەسەڵات و ئەو خەڵکە جیا بکەینەوە بۆ خستنەڕووی بابەتەکەمان ئەگینا بێگومان دەسەڵات ڕەنگدانەوەی خەڵکە و خەڵکیش پێکهێنەری دەسەڵاتن، بەڵام ئەوەی مەترسیدارە بریتیە لە چاندنی تۆوی ئەخلاقیاتیی حزبەکانی دەسەڵات لە هەناوی تاک بەتاکی کۆمەڵگا بە شێوەیەک ئەم دیاردەیە دابەزیوەتە نێو کۆمەڵگا بەگشتیی.
یەکێک لەو بەهایانە وەکو لەسەرەوە باسمانکرد بریتییە لە نیفاق و دووڕوویی سیاسیی، وتنی شتێک و ئەنجامدانی شتێکی تر، بەئاشکرا درۆکردن و بەبێ ئەوەی دان بنێن بەو هەموو گەندەڵیی و ستەمەی، کە ئەکرێت، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە لە لێدوان و دیمانەکانیاندا بەئاشکرا شتانێک دەڵێن کە خۆشیان و خەڵکیش دەزانێت، کە ڕاست نییە.
چەمکی ناڕازیبوون، دژبوون و وەستانەوە و ڕەخنەگرن لە سیستەمی حوکومڕانی لە نێو کورددا، ئەگەر زۆر نەچینە نێو قوڵایی مێژوو، تەنها سەد ساڵی ڕابردوو وەربگرین، لەملاو لەولا نوزەیەک دەبینن و هەست پێ دەکەین، کە بەشێوەی نوسین ئامادەیی هەبووە، لەخەومای جەمیل سائیب لەسەردەمی شێخ مەحمود و جیباونەوە و ئینشقاقی یەکێتی و ڕۆمانی سەگوەڕی محەمەد موکری و پاشان لە دوای ڕاپەڕینەوە لێرەو لەوێ نوسەرە ڕەهەندییەکان و دواتریش حزبە ئیسلامییەکان، تا دەگاتە هاتنی کوردستان پۆست و لڤین و پاشان بزوتنەوەی گۆڕان کە وەرچەرخانێکی مێژووی بوو بۆ داهێانی مۆدێلی ئۆپۆزیسیۆن بوون و بە سیستەماتیکردنی چەمکی ناڕازیبوونی کۆمەڵگەی کوردیی نمونەی ئەو دەنگە ناڕازییانەن، کە کۆمەڵگەی کوردی بەخۆیەوە بینیووە.
ئەگەر لە سیاسەتدا بپرسین ناڕازیی و دژە دەسەڵات چییە؟ ئەوا ڕاستەوخۆ ئەچینەوە سەر چەمکی ئۆپۆسیزیۆن، بۆیە ئەپرسین ئۆپۆسیزیۆن چییە؟ لە سادەترین پێناسەیدا لە سیاستەدا بریتیە لە پارتێک، یان هاوپەیمانییەتییەک، کە خۆی ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات دەبینێت، بۆیە زۆرجار پێی ئەوترێت دژی دەسەڵاتە و خۆی بە بەدلیی ئەزانێت و کە بوو بە حوکمڕان و دەسەڵاتیش، ئەوکات لەوە ئەکەوێت، کە ئۆپۆسیزیۆن بێت، شێوازی کارکردنی ئۆپۆزیسیۆن لە هەموو جیهاندا بەوجۆرەیە، کە کاتێک پارتێک ئۆپۆزیسیۆنە، دێت لەسەر کەموکورتییەکانی دەسەڵات گووتارێک بەرهەم ئەهێنێت، پەرەی پێ ئەدا ئەیخاتە نێو سیستەمی پەروەردەی حزبەکەیەوە، کادیر و لایەنگرانی قەناعەت پێ ئەکا، کە پێویستە ئەو دنیابینییە جێبەجێبکرێت.
دەستەی ناڕازیی و کۆمیتە و ڕێکخراویی جیاجیای لە کۆمەڵگە زیندووەکان نمونەی ئەم جۆرەن لە کارکردن لەبواری ژینگە، ژنان، منداڵان، تەنانەت خوێندن و پەروەردە…تاد
لەم ڕوانگەیەشەوە بڕوانینە خەڵکی ناڕازیی کۆمەڵگەی کوردیی، تەنانەت لەئاستی حزب و ڕێکخراوەکانیشدا شتانێکی سەیر دەبینیت، لەوە سەیرتر چیبێت لەنێو گروپ و تاقمێکی بەناو ئۆپۆسیزیۆن بیت و سەر بەدەسەڵات بیت، بانگشەی دژبوون بە دەسەڵات و حزبی حوکمڕان بکەیت و خۆت بەشێک بیت لێی؟
دەردێکی کوشندەی نێو کۆمەڵگەی کوردیی ئەوەیە پرۆژەیەک جدیی ناڕازیی ئۆپۆسیزیۆنی نییە، بەدەر لە مانا سیاسیەیکەی لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسی دیاریکراودا، ناڕازیبون بەرانبەر بە سیستەم و حوکمڕانی وەکو هەڵوێستێکی ئەخلاقیی و پیشەیی و ئینسانیی، ئاخر ناکرێ کۆمەڵگەیەک کەوتبێ بەهەموو کایەکانییەوە، بەتەواوی تەسلیمی ئیرادەی دەسەڵات بوبێ، وێنەی ئەم جۆرە لەکۆمەڵگا شەرقییەکان لە چەند دەوڵەتێکدا بەدی دەکرێت، تێیدا زۆرینەیەکی ناڕازیی لەسیستەم هەیە، بەڵام زۆرینەیکی موزەیەف و بێ ئیمکانییەت و زۆرجار ناڕاست و قەلەق و ترساو لە بەرژەوەندیی، ناڕازی لە فۆرم و ڕازی لەناوەڕۆکدا، کە ئەگەر بچینە وردەکاریی ئەم جۆرە لەخەڵک، توشی دوالیزم و پارادۆکس دەبین، بەوەی ئەم جۆرە خەڵکانە، سەرەڕای ئەوەی ناڕازین، بەڵام تەسلیمی دەسەڵاتیش بوون، یان نایانەوێ هیج باجێک بدەن، لەلایەکەوە حەزیان لەو جۆرە لە دەسەڵاتە، کە سودمەند ببن لێی لەلایەکی تریشەوە خۆیان بەو جۆرە دەرئەخەن، کە ئەمان بەشێک نین لەو ستەمەی کە دەسەڵات دەیکات.
دیاردەیەکی تری ترسناکی نێو کۆمەڵگەی کوردیی ئەوەیە زۆرجار ئەم دەستە و تاقم و گروپانە بەشێکن لە دەسەڵات، بەجۆرێک نمایش ئەکەن، خۆیان ئەنوێنن و بەشداریی ناڕەزایەتیی و گردوبونەوەکان دەکەن وەکو بڵێی سەرمەشقی ناڕەزایەتین، کەچی هەر لە ئەزەلەوە ناڕەزایەتییەکەیان جدی نەبووە، ئەشێت لەبەر چەند هوکارێک بوبێت، مەسەلەن ناڕازی بوون لەوەی، کە پشتگوێ خراون؟ پۆست و پلە و ئیمکانییەتیان لەبەردەستا نەبووە، ناڕەزایەتیان قۆستۆتەوە بۆ بەکارهێنانەوەی دژی ئەوانەی، کە لەمان زیاتریان دەستکەوتووە…تاد.

عومەر ئەحمەد عەزیز
مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان

—————————-

بۆ پێناسەی دووڕوویی سیاسیی بڕوانە پێناسەکانی :ٚ
:(Cooper & Hogg, 2007) ،(Jordan & et.al,2017)
هەروەها بڕوانە ئەم دوو سەرچاوەیە:
1-http://www.awraqthaqafya.com/1480/
2-https://wikidiff.com/paradox/dualism




“بەسەر دڵتەنگییماندا، باران دەبارێت”.. تێکستی:”شوان تۆفیق”

ئەوکاتەی تۆ خەونت بەسێبەری درەختەکانی پیاوێکی نامیهرەبانەوە دەبینی
من دارستانێکی سەوز بووم بۆ تۆ
ئەو کاتەی لە بیابانی دڵی پیاوێکی تاریکدا بۆ قومێک ئاوی موحیبەت دەگەڕای
من بە دەریا و کەشتییەکانمەوە لە پێشوازییت دابووم.
ئەوکاتەی لەو دیووی باخچەکانی زانکۆوە بەدیار دڵی شکاوی خۆتەوە دانیشتبووی و دەگریای
من بیرم لە ڕەنگی چاوی تۆ دەکردەوە
ئەو کاتەی گوڵی سەر کراسەکانت لەناو ئینجانەی
ماڵی خۆشەویستەکەتدا نەڕوا
من بەدوای سێبەرەکەتدا دەگەڕام
کەچی دونیا بەجۆرێکی تر گۆڕا
بایەکی بەهێز هەڵی کرد، من و تۆ دوو ڕۆژنامەی دڕاوی دەم ڕەشەبا بووین و هەر یەکێکمان کەوتینە
ماڵی بێگانەیەکی خوێنساردەوە
تۆ بوویت بە سفرەی نانخواردن و
من پەنجەرەی ماڵی خواپێداوەکانم دەسڕییەوە،
شەوان لەوپەڕی شەکەتییدا
سەگی بەردەرگەی ماڵی پاشا نەیدەهێشت بەئاسوودەیی بنووین ..
بەهۆی برینەکانی سەر دڵمانەوە ڕەنگی گوڵەکانمان نەناسییەوە ..
پێم نەڵێی لەبیرت کردم، بۆ هەر کوێیەکی ئەم دنیایە دەچووم،
لەدوورترین شوێنی دڵی مندا
تۆ نووستبووی
پێم نەڵێی لەبیرت کردم،
من لەناو نیگای هەزار ژنی ڕەشپۆشدا بۆ ڕەنگی چاوەکانی تۆ دەگەڕام،
تۆ ئەستێرەی پشتی تەلارە بەرزەکانی شار بوویت و
ڕووناکییەکانت نەدەگەیشت بە سەربانی ماڵی ئێمە
تۆ ماسییەکی بچکۆلەی ناو ڕووبارێکی لێخن بوویت و
من نەمتوانی بتگێڕمەوە بۆ ناو حەوزێکی شووشەی ماڵی خۆمان..
ئەو ڕۆژانەی هەواڵتم نەدەزانی،
بە پەڵە هەورە سپییەکانی ئاسمانی شاردا سڵاوم بۆ دەناردی..
ئێواران باسی جوانیتم بۆ گوڵی وشکی ناو باخچەکان دەگێڕایەوە
من و تۆ کوڕ و کچی ئازاربووین و
شەوان تەنیایی دەرگەکانی خۆی بەڕوودا دەکردینەوە.
بەر لەهاتنی پاییز وەرزی هەڵوەرینی من و تۆ
دەستی پێ کرد.
بەدرێژایی ساڵ، بەسەر دڵتەنگیماندا، باران دەباری.
گلەییم لێ بکە!
دەبوو بەناو تۆفاندا..
بەناو تەمی سەر ڕێگەکاندا بێم بۆ لات و چەترەکانی خۆم بدەم بە تۆ.
دەبوو لەبەردەمی شکۆی تۆدا بەچۆکدا بکەوم و پشکۆکانی ناو هەناوی خۆم بدەم بە تۆ
بێم و ئازارەکانت ماچ بکەم،
وەکوو چرایەک بەسەر دڵی کۆڵانەکانتەوە بمێنمەوە،
بێم و شانم بکەم بە هێلانەی کۆترەکانت.
پێم مەڵێ درەنگ گەڕایتەوە، بۆ قەرەبووی هەموو ئازارەکانت،
مۆڵەتم بدە! ناو لەپی دەستەکانت پڕ بکەم لە ماچی سوور..
پێم مەڵێ درەنگ گەڕایتەوە، ئێستاش ڕووناکی زۆرم پێیە، بیدەم بە پەنجەرەکانت،
ئێستاش پڕم لە هەناسەی گەرم بۆ دەستە تەزیووەکانت.
کە باران خۆشی کردەوە، بەجانتایەکی پڕ لە پەپوولەوە
دێمە بەر دەرگەی ماڵتان
دووشەممەیەک وەکوو باڵندەیەکی غەریب لای ئینجانەی گوڵەکانت دەنیشمەوە
بۆ ئەوەی بزانیت پیاوێکی بریندار
لێرەوە تێپەڕیووە،
هەینییەک کراسە خوێناوییەکانم لەسەر دیواری ماڵەکەتان جێ دەهێڵم..
بەیانییەک دێم سێوی ناو قاپەکانت ماچ دەکەم و
دەڕۆم،
ئێوارانێک دێم و هەڵوژەی ناو سەبەتەکانت دەسڕمەوە و
بەدیار ئەلبوومی وێنەکانتەوە دەگریم،
کۆتایی پاییز دێم و تۆزی سەر ئاوێنەکانت دەسڕمەوە و
دوو دێڕ گۆرانی غەمگینت لەنزیکی ڕادیۆیەکی کۆنەوە بۆ جێ دەهێڵم.
تا لە هەناوم بەر نەبیتەوە،
دەست بەدڵمەوە دەگرم و بە شەقامە چۆڵەکانی شاردا ڕادەکەم..
تا بەسەر ڕومەتما نەڕژێی، ئاوڕ بۆ هەموان دەدەمەوە و
بەدرۆ بەڕووی موسافیرەکاندا پێدەکەنم،
تا ئەوینی تۆ لە چاوما نەناسنەوە،
بە چاویلکەیەکی ڕەشەوە بەناو تیشکی خۆرەتاودا تێدەپەڕم.
هەناسەکانم پڕ دەکەم لە هەوای ئەو شارەی
سێبەری تۆ لەباوەش دەگرێت
گۆرانی بۆ ئەو مناڵانە دەڵێم کە ڕەنگی پێستیان
لە تۆ دەچێت
سڵاو لەو پاسە شینانە دەکەم کە بە گەڕەکی ئێوەدا تێدەپەڕن.
نیگەران مەبە!
هێشتا درەنگ نەبووە، بە هەزار ڕێگە دەتوانم خۆشم بوێی..
بە هەزار و یەک ڕێگە دەتوانم لە قوڵایی دڵی خۆمدا بتشارمەوە.
هەمیشە بۆ گەیشتن بە تۆ، بەدەم ڕێگەوە هەناسەکانی خۆم دەژمێرم،
هەموو ڕۆژێک ترپەکانی دڵم لەناو دێڕی نامەیکتا جێ دەهێڵم..
بەژێر باراندا دەڕۆم و نزا بۆ سەوزبوونەوەی دڵت دەکەم
لەپشتی پیکابێکی شینەوە چاوەکانم دادەخەم و
خەون بە گرتنی دەستەکانی تۆوە دەبینم
هێشتا دڵم پڕە لە زەنگیانەی ئومێد،
دەزانم شەوێک بەر لەوەی مانگ بگاتە ناو باخچەی حەوشەکەتان،
خۆشت دەوێم،
کاتژمێرێک بەرلەوەی هەتاو بەر ڕوومەتی پەنجەرەکانت بکەوێت،
وەک شووشە عەترێکی گرانبەها لەناو قەدی جلەکانتا دەمشاریەوە
وەک بوخوردێک بەدیواری ژوورەکانتا هەڵم دەواسی،
وەک تابلۆیەکی غەمگین دەستت دەخەیتە ژێر چەنگەت و بەدیارمەوە دادەنیشیت،
وەک پاسارییەکی بریندار هێلانەیەکی گەرمم
لە پەڕەمووچی ئەوین لە دڵی خۆتدا بۆ درووست دەکەیت،
ئێوارانێک دەرمانێک لە گوڵی هەموو باخچەکانی شار دروست دەکەیت و
دەیخەیتە سەر برینەکانم.
نائومێد نیم، ئەگەر من، بە دووچاوی غەمگینەوە
لەبەر دەرگەی ئەوینتا بگریم و
سواڵی خۆشەویستیت لێ بکەم،
تۆ ڕۆژێکی زستان بەبێ هۆکار خۆشت دەوێم و ئێوارانێک بەناو کڕێوەی بەفردا دێیت بۆلام.
دێیت بۆلام و
هەزاران دەست و قۆڵ قەرزدەکەیت و
بەتوندی لە ئامێزم دەگری.
نائومێد نییم خۆشەویستە غەمگینەکەم، نائومێد نییم،
تا دەگەیتە لام، کەمێک لێدانی دڵی خۆم ڕادەگرم،
لە چاوەڕوانیتا هەندێک خوێن دەهێنمەوە،
تا دەگەیتە لام، لەودیوو دیوارەکانی ماڵێکی تاریکەوە نەختێک بەسەر چۆڵی و بێدەنگیتا دەگریم.




شیعەگەراو کوردایەتی لە ئایندەی عێراقدا.. عوسمانی حاجی مارف

بەدرێژایی سەدەکان، ڕێوڕەسمی شیعەکان لە کاتی موحەڕەمدا بۆ چینە باڵاکان زۆر هاندانێکی گرنگ بووە، بۆ پاراستن و وزەبەخشین بە کۆمەڵانی شیعە، لەهەمان کاتدا بۆ ڕاگرتن و بەردەوامیدان و بەرجەستەکردنی جیهانبینی خورافات و ئەفسانەکان، تا کەسایەتی ناو چینە نەداراکان بە ئاراستەی وەهم و خورافات، زەلیل و بێدەسەڵات ژیان بەرنەسەر، تا ئەو ئاستەی خۆ کوتانەوەی بەکۆمەڵ دەکەن.
ئەوەی جێگای سەرنجە هەر لە ڕێو ڕەسمی موحەڕەمدا، پەستانە ئاینی و ئایدیۆلۆژی و سیاسیە جۆراوجۆرەکانی ناو شیعە کێبڕکێ دەکەن، هەر لایەنێکیان بۆ ئەوەی یادەکە بە ئاراستەی خۆی لە قاڵب بدات و ڕێو ڕەسمەکان بە ڕوایەت و حکایەتی جۆراوجۆر بارگاوی دەکات، تا سیستەمی بیروباوەڕەکەی لەگەڵ بەرژەوەندیە سیاسیەکەیدا بگونجێنێت و بیفرۆشێتەوە بۆ پەیداکرنی زۆرترین نفوزو دامەزراوکردنی هێزەکەی، بە ئاراستەی پەیداکردنی پێگەیەکی گونجاو لە دەسەڵاتدا. ئەمساڵ لە عێراق یادکردنەوەی موحەرەم لە کاتێکدا ڕوویداوە کە خەریکە شیعەگەری دەبێتە شتێکی هاوشێوەی عەقیدەی دەوڵەت، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بیکەنە “ئایدۆلۆژیای حوکمڕانی” بەسەر کۆمەڵگەدا، ئەمەش بۆیە لە ئارادایە چونکە هاوپەیمانی شیعە لە هەوڵی پاوانخوازی و حوکمرانی رەهادایە. ئەوەی کە لە ئێستاو لەم نێوەدا جدیە بۆیان، خۆ گونجاندنیانە لە گەڵ ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی بۆ ئانیدەی عێراق پێشبینی دەکرێت، بۆیە هەوڵدانیان بۆ باڵادەستی رەهای ‌هێزی شیعەیە لە پرۆسەی بە ناوەندی کردنی عێراقدا، هەروەها گرتنە بەری ئەو سیاسەتانەیە کە هاوپەیمانی شیعە بە تایبەتی کتلەی حزبی دەعوە بۆ زاڵبون بەسەر تەواوی لایەنەکانی تردا پیادەی دەکات، ئەمەش هەر ئێستا لە چۆنیەتی نەرێنی پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و مامەڵە لەگەڵ سونەکاندا ڕەنگی داوەتەوە.
بۆرجوا ناسیۆنالستی عەرەبی بەبەرگی شیعەوە و لە پەیوەند بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، دۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق دەچەرخێنێت، هەوڵئەدات ئەم دۆخە بە پاوانخوازی شیعە جێگیرکات، بە ئاراستەی باڵادەستیان لە پرۆسەی ناوەندیکردنەوە لە حکومەتی عێراقدا.
ماوەیەک پێش ئێستا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایانگەیاند کە جەژنی غەدیر پشووی نیشتمانییە. ئەم جەژنە ئەو ڕۆژە دەگێرێتەوە کە گوایە محەمەدی پیغەمبەر، ئەوەی ڕاگەیاندوە، کە عەلی ئەبی تاڵبی ئامۆزای و باوکی ئیمام حسێن دەبێتە میراتگری. بۆ شیعەکان کە عەلی یەکەم ئیمامە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، گروپە ئیسلامییە شیعەکان داوای ئەوە دەکەن کە جەژنی غەدر بکرێتە جەژنێکی نیشتمانی.
لە سەرەتای مانگی تەموزدا، سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێش کۆبوونەوەیەکی گەورەی سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی دەوڵەت بۆ یادکردنەوەی ئەلغەدیر، وتارێکی پێشکەش کرد، گردبوونەوەکە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانی شیعە کە حوکمڕانی عێراق دەکات، ڕێکخرابوو. لە پشت سودانیەوە تابلۆیەکی زەبەلاح دانرابو کە لەسەری نووسرابوو، “چوارچێوەکەمان هێزە و ئەلغەدیر ڕێبازمانە”، ئەمەش ئەو مەترسیەیە گەر بۆیان سەربگرێ شیعەگەرا بکەنە ئایدۆلۆژی حکومڕانی.
ئەمە دوایین دەرکەوتنی دۆخێکە کە لەم ساڵانەی دواییدا خێراتر بووە، کە کایەی گشتی تادێت ئەوە نیشان ئەدات دەیانەوێت هێما و وێنەسازی شیعە زاڵکەن. ئەم ڕەوتە لە باری واقعیەوە ڕەنگە وێنای ڕەنگدانەوەی دیمۆگرافیای عێراق بێت کە تیایدا شیعەکان زۆرینەی دانیشتوانی عێراقن و هێزە میلیشیا شیعەکان بەجۆرێک دەیقۆزنەوەو سودی لێوەردەگرن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئامانجێکی سیاسیەو هەوڵی پاوانخوازیەکی رەهایە بۆ دەسەڵاتێک کە لە پەیوەند بە باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە جێگیر بێت، دەنا لە واقعیەتی شانۆی سیاسی عێراقدا نە بۆ هاوپەیمانی و نە بۆ سەدریەکان، ئیسلامی و شیعەگەرا گەر بۆ دەسەڵاتەکەیان بەدەر نەخوات دەیپێچنەوەو بەهەرزان دەیفرۆشن.
ئەم پڕۆسەیەی “شیعە”کردنی فەزای گشتی، هێما بۆ سێ واقیع سەبارەت بە دەسەڵات لە عێراقی ئەمڕۆدا دەکات.
یەکەم: لە کاتێکدا سەرەتا گروپە سیاسی و ئاینی و میلیشیا شیعەکان، کە بە فەرمی بەشداربون لە ڕێکخستنەکانی دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ کوتلە سوننە و کوردیەکاندا، بەڵام بەدوای ئاڵوگۆر لە هاوسەنگی هێزەکانی شیعەو کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەتایبەتی هێزی هاوپەمانی شیعە دەسەڵاتیان لە حکومەتدا لە ئاستێکی باڵادا بۆ خۆیان دەستەبەر کردووە. هەر بۆیە زیاتر هەست بە مەیلی نیشاندانی سەروەری خۆیان دەکەن، بۆیە دەبینین نەک کەمتر ناچارن بەوەی لەگەڵ لایەنەکانی تردا درێژە بە رێکەوتنەکانی پێشویان بدەن، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی تردا مەرجەکانی خۆیان بۆ پاوانخوازی زیاتر دەخەنە ڕوو، لەم لایەنەشەوە پشتیوانی گەورەیان، کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەتایبەتی کە ئێستا کێشەکانی ئەمریکاو ئێران ئارامتر بۆتەوە، ئەمەش بۆتە پشتیوانی هاوپەیمانی شیعە کە رۆڵی سەرەکی بگێرێت لە پرۆسەی بە ناوەندکردنەوەی حکومەتی عێراقدا.
نموونەیەک کە بیخەینە بەردەست، بە تایبەتی لە بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانەی هێمای شیعە بەرجەستە دەکەنەوە، کە لە بەغدا و شارەکانی خوارو زیاتر دەرکەوتووە. بۆنمونە پەیکەری ئەبو مەهدی موهەندیس کە سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بووە، سەر بەهاوپەیمانی میلیشیاکان کە گروپە ئاینی و شیعەکان ڕۆڵی باڵادەستیان تێدا دەبینی، هەروەها قاسم سولەیمانی کە سەرکردایەتی سوپای قودسی ئیسلامی ئێرانی کردووە، سوپای پاسداران، کە هەردووکیان لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ کوژران، بەم شێوە نمیشانە دەیانەوێت نیشانەکانی کۆنترۆل کردن بخەنە ڕوو.
دووەم: لە کاتێکدا ئەم جۆرە ڕەفتارانەی هاوپەیمانی لە پرۆسەی پاوانخوازیەکەیدا کە هەوڵدانە بۆ کێشکردنی زیادبوونی متمانەی کۆمەڵانی شیعە بۆ گەڕانەوەو زیاترکردنی نفوزە جەماوەریەکەی، چونکە شیعەکان بینییان کە باڵادەستی خۆیان بەشێوەیەکی بێوێنە لە ناو کۆمەڵگەی شیعەو لە ناڕەزایەتیەکانی تشریندا تەحەدای کراو دەسەڵاتەکەیان ناچار بە هەندێ ئاڵوگۆر کرد. بۆیە حزبە شیعە دەسەڵاتدارەکان بە هەوڵدان بۆ دووپاتکردنەوەی خۆیان و بڵاوکردنەوەی سیمبولەکانیان، هەم تێڕوانینێک بۆ دەسەڵاتی هەمیشەیی خۆیان کە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێیان. پلاتفۆرمە میدیایەکان و کەسایەتیەکانی پەیوەست بەم گرووپە شیعەیە، لە ترسی دوبارەبونەوەی تشرینێکی تردان، بۆیە گوتارەکانی پاوانخوازانەیان پەرەپێداوە، لەبەرامبەر ترس و دڵەراوکێیان بۆ ئەگەری لەدەستدانی دەسەڵاتی شیعە.
سێیەم: ئەو درزەی کەوتە نێوان چوارچێوەی هاوپەیمانی و بزوتنەوەی سەدریەکان، لەو سۆنگەیەوە نیشانەیان دەگرتەوە، کە نیشانی بدەن کامیان زیاتر تەرخانکراوە بۆ شیعەگەری و بنەما سەرەکیەکان، هەرچەندە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ سەدریەکان فراوانتر بون، بەڵام لە پروسەی پێکهینانی حکومڕانیدا نەیانتوانی لە یاریەکەدا سەرکەوتوبن، یاریەکە بە پاشەکشەی سەدریەکان وەستێنرا.
ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەی سەدریەکان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دوای ئەوەی پەنابەرێکی عێراقی لە سوید قورئانی سووتاند، هەرایەک لەلایەن سەدرەوە بەڕێخرا، وەک نیشاندانی پابەندبوونی بێسازشانەی بە ئیسلامەوە نمایشکرد. لەم بۆنەیەدا و چەندین بۆنەی دیکەدا، پلاتفۆرمی میدیایی سەدرییەکان ڕەخنەیان لە نائامادەیی چوارچێوەی هاوپەیمانی شیعە دەربڕی، کە گوایە بۆ سازشکردن لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتدا، ئیسلام بەکەم دەگرن، لە هەمانکاتدا سەدر بانگەوازی ئەوە دەکات کە لەلایەن ڕکابەرە “گەندەڵەکانەوە” ڕێگری لێکراوە لە جێبەجێکردنی چاکسازیەکاندا.
کێبڕکێی نێوان سەدرییەکان و ڕکابەرەکانیان کێبڕکێیەکە کە تیایدا هەر لایەنێک هەوڵی داوە لە چاو ئەوی دیکە کۆنەپەرستانەتر و ئیسلامی و شیعە سەنتەرتر دەربکەوێت. بەڵام ئەمە زۆرجار هۆکارە ڕاستەقینەکانی دوژمنایەتی نێوانیان دەشارێتەوە، کە پەیوەستن بە ڕکابەری کوتلەیی بۆ دەسەڵات و بۆ تاڵانچێتی، ئەوەی پێویستە رۆشن بێت ئەو رکابەریەی لە لایەن هەردوکیانەوە پیادە دەکرێت، لەپێناو دەسەڵاتێکدایە کە بەمەرجی پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایە هەنگاودەنێت، بۆ پاراستنی پەیوەندی کارو سەرمایە لە دڕندانەترین شێوازی چەوسانەوەو کەمترین کرێ بۆ هیزی کار و قۆرخکردنی تەواوی جومگە ئابوریەکان بە چاودێری و سەرپەرشتی هێزە میلیشاکانیان، ئەمەش یاریەکی ئاسان نیە، چونکە هێزە میلیشیاکان لە ڕێگەی دەسەڵاتێکەوە ئەتوانن لەم کارەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، دەبێت وەک یاریزانێکی باشی نێوان کێشمەکێشی ئەمریکا و ئێران و خۆ گونجاندن لەگەل دۆخی ناوچەکەدا دەرکەوێت.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا هاوپەیمانی شیعە و بەدەوری حزبی دەعوە بە هەر نەخشەو زگزاکیەک لە سیاسەت و پابەبد بون بە ئێرانەوە، توانیویانە پرۆسەکە بە قازانجی خۆیان بچەرخێنن، لە پاڵ تاڵانچێتی و گەندەڵی و جەهالەتدا سیستمی سەرمایەداریان پێرۆزکرد .
ئێستاش لە هەوڵی پرۆسەی ناوەندکردنی حکومەتی عێراقدا، هاوپەیمانی شیعە قۆڵی جدی لێ هەڵماڵیەوەو بۆتە بەڵایەکی گەورە بەسەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، بە تایبەتی بنەماڵەی بارزانی و پارتی کردۆتە نیشانیەک کە جاربەدوای جار زیاتر ملەکەچی نەخشەکانی هاوپەیمانی و دەسەڵاتی شیعە گەرایان دەکات، گورزێک کە هێمای ئەو نیشانەگرتنەیە، بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێم و گورزدانە لە پێگەی بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵاتەکەیان. گەر ئەو پرسیارەش بێتە پێشەوە، ئاخۆ لەم کەین و بەینەدا پێگەی بنەماڵەی تاڵەبانی لە کوێدا ڕاوەستاوە؟ ئەتوانین ئەوە ببینین کە بنەماڵەی تاڵەبانی لەلایەک دەمێکە بۆتە پاشکۆی ئێران وهاوپەیمانی شیعە، واتە پێشوەخت دەستیان لە هەمو شتێک شتووەو چاوەڕوانن ئاراستەی ڕوداوەکان بەرەو کوێیان دەبات، هەر ئەمەشە یەکێتی ناچارە کە زیاتر لەگەڵ قەیرانەکانی خۆیدا سەوداو مامەڵە بکات، تائەوەی بتوانێ بچێتە سەر ڕەوتی پاراستنی قەوارەی هەرێم، ئەوەی جێگای بیرهێنانەوەیە، جەلال تاڵەبانی هەرزوو دەرگای موجامەلەی بۆ شیعە گەراو و حوسینیە ئاواڵەکرد.
ئەوەی لەم نێوەدا پێویستە جێگای سەرنجمان بێت و ئاگاهانە مامەڵەی بکەین، ئەم دۆخەی ملکەچی ئێستای بارزانیە بەدوای نامەکەی مەسرور بۆ بایدن، کە خەریکە بارزانی بە ناوی گەشبینیەوە بە ئاکامی دانیشتنە نارۆشنەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا چەواشەکاری دەکات، چونکە ئەو نەخشەو ئاراستەیەی لە پرۆسەی ناوەندیکردنەوەی عێراقدا بەرێدەخرێت، چەندین بارگژی و ئاڵۆزی و نشێوی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، دۆخەکە بەدانی چەند موچەیەک یەکلایی نابێتەوە.
بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی چاوەڕوانی ئەوەیان دەمێکە دۆراندوە، کە بیانەوێت، یا بتوانن بەڵانسەکە وەها ڕاگرن خەڵکی کوردستان بە سەلامەتی ئەو دۆخە تێپەڕێنێت، چونکە هەر لەسەرەتاوە لە ساڵی نەوەدەکانەوە وەک دوهێزی ملیشیا پاشکۆی سیاسەتی جەنگی دەوڵەتی ئەمریکا بون، تەنها ئەوەیان پێبڕا کە پاشماوەکانی دوای جەنگ کۆکەنەوە، هەر بۆیە کوردایەتیەکەیان کردە قومارێکی دۆرا و قوربانی لەناو ڕیڕەوی پێکهاتەی حکومەتی عێرقدا، کە ئێستا بە نەخشەو سیاسەتەکانی شیعەگەرا بەڕێوە دەبرێت.
ئەم واقعیەتە جەنجاڵە نە بە بارزانی نە بە تاڵەبانی نە بە یەک ڕیزی و نە بەوەستانەوەیان لەبەرامبەریەکدا بۆیان ناگەڕێتەوەو ڕاست نابێتەوە، ئەوە نەفەس و ڕۆڵی جەماوەری ناڕازیە کە ئەتوانێ بە ئاراستەیەکی تر ئەم واقعە بگۆڕێت.

پێویستە خەڵکی کوردستان فریای خۆیان کەون، بەدوای هیچ تەوەهم و بەڵێن و دروشمەکانی بزوتنەوەی شکستخواردوی کوردایەتیەوە نەبن، ئایندەی کوردستانێکی سەقامگیرو ئاسایش و خۆشگوزەران و ئازاد، لە هەلومەرجی سیاسی پڕ گێژوای ئێستای ناوچەکەدا، تەنها بە ئیرادەو هێزی ڕێکخراوو جەماوەری و دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا دابین دەکرێت.

لەم وتارەدا بۆ وەگرتنی هەندێ زانیاری سود لە وتارێکی حارث حسن وەرگیراوە بە ناو نیشانی (تأرجُح شيعة العراق بين توجّهَين متناقضَين)




ئەمن نەتەوەی رۆجیارم!.. زانا_کوردستانی

دەریا گەنداویکە رەگەڵ پەلە ناسنامەیکی چرووک!
لە رەڤین، تاکو خۆی بە کنارێنەکە رۆژ بگینی
رۆژ هیوائیکه بۆ خەلاسی لە شەۆ
شەۆ فڵته‌فڵتیکە بۆ کوێلەداری لە مرۆڤ
مرۆڤ چراویکە قانگ‌گرتی
هه‌ڵواسراو له پژەپۆیی مێژوو
وا گەگانە توزولکەی هیواداری لە خۆی هل‌بۆرینەسەوە
ئاه،،، نایینه‌ن
ئادەمی و بەشەر!
وا ئافتاو و وەرەتاوەکانیان نێوی هجرەکانی رەشایی سرگوون کەردەیان
پیخەنین‌و
سه‌ربه‌ستی‌و
سماو
تێگەشتن‌و
و بوته‌یلیکیان سازی
له بەردو
لە نەزانین‌و
له پروپووچ‌و
له گەڵ گیریست…
بەڵام ئەمن نەتەوەی رۆجیارم!
قۆم و خزمی مانگەشەو
گەرچی مۆمەم
بەڵا وێستاوەم لپێشی رەشایی…

زانا_کوردستانی




گەشتێکی بڕۆنزی.. شیعری شوان شەفیق

‎مووسافیرێکم
‎ ,جێگام لە گەشتەکەم لە فارگۆنی یەکدایە
‎!کورسییەکەم دەکاتە چراخان تەنیایی

‎کاتێک سەفەر دەکەم
‎!ڕامم ناکەن پڕچ زەردەکان
‎وەک چۆن ئولفەتم گرتووە بە ڕەشی بەختەوە
‎!ئاواش بە قژی خاوی ڕەش سەرسامم

‎گەشتەکەم درێژە و
‎!منیش کورت بیر دەکەمەوە
‎بڕوام وایە درێژ بیرکردنەوە لەم زەمەنە خێرایەدا
‎.بەفیرۆدانی کاتە

‎کیژێك بەرانبەرم دانیشتووە
‎دەیەوێت سەرنجم ڕاکێشێت
‎بە جووڵە هەستبزوێنەکانی
‎ بەو بۆدییە کورتەوەی کە کەمەری دانەپۆشیووە
‎!بەو مەمکە فنجانییەوەی کە سێوبەندی نەبەستووە
‎!پێستی ئەوەندە ناسکە
‎کاتێك تیشکەکانی ڕۆژ بۆنی دەکا دەبریسکێتەوە
‎.پێ دەچێ نەوەی قەرەجەکانی ئیسپانیا بێ

‎ئەو ناسکۆڵەیە خەیاڵەکانمی بردووە
‎ بۆنی هەناسەمی تەی کردووە
‎ئەو بێئاگایە لەوەی
‎لە جووڵەی یەکەم وێستگەوە
‎ ،لە چەقی جەستەیدا
‎ !بە پرگالی ئارەزوو بازنەی حەزم کێشاوە

‎من لە جنسێکی شێتم
‎باکم نییە دەستبەندەکەی
‎ناوی کێی لەسەر نووسراوە
‎!تاتۆی ملی بۆ کام ئەوینەی کێشاوە
‎بەڕوومدا جار جار بزەیەک دەکا
‎منیش بە هەناسەیەکی سەردەوە تەماشایەکی دەکەم
‎دەبێت بزانێت
‎لە گەشتی نێوان شارەکاندا
‎دڵداری کاتی ناکەم
‎مرۆڤێک نیم
‎.بە ئارەزووی کاتییەوە سەرقاڵبم




هاونیشتمانییە بێ نیشتمانەکان.. شيعر: نزار قبانی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

وەک چۆلەکە ڕاونراوی نەخشەی ڕۆژگارین
لەسەفەراین بێ هیچ بەڵگەی سەفەر کردن
و
مردووین بێ کفن
ئێمە قەحبەی سەردەمین
هەر دەسەڵاتدارێک ئەمانفرۆشێ
و
بەهاکەی وەرئەگرێ
ئێمە کەنیزەکی کۆشکین
کە ژوورێکەوە ئەمانێرن بۆ ژوورێکی تر
لە باوەشێکەوە بۆ باوەشێکی تر دیکە
لە موڵکدارێکەوە بۆ ئەوی دیکە
و
لە بتێکەوە بۆ بتێکی تر
هەموو شەوێ وەک سەگ ڕائەکەین
بۆ خەڵکێک ئەگەڕێین وەرمانگرێ
بۆ پەردەیەک ئەگەڕێین دامانپۆشێ
و
عەوداڵی نیشتەجێیەکین
و
مناڵەکانمان بە چواردەورمانەوەن
پیر و قەموور” کوڕ ” بوون
لە فەرهەنگە کۆنەکانا
بۆ بەهەشتێکی دڵفڕێن ئەگەڕێن
بە دوای درۆیەکی گەورەوەن
زۆر گەورە
پێ ی ئەڵێن: نیشتمان

ئێمە هاونیشتمانی کۆشکی” گریان “ین
پەڕەکانمان سەیرە
بیرکردنەوەمان سەیرە
ناوەکانمان لە ناو ناچن
نە ئەوانەی نەوت ئەخۆنەوە ئەمانناسن
نە ئەوانەی فرمێسک و نەهامەتی ئەخۆنەوە
زیندانی ناو” دەق “ێکین
دەسەڵاتداران نووسیویانەتەوە
زیندانی ” ئایین”ێکین
مەلاکان دایانڕشتۆتەوە
زیندانی خەفەتین
و
ئای کە لە خەفەتا کەس لێمان ناباتەوە

چاودێری ئەکرێین
لە چاخانە و لە ماڵەوە
لە ناو ڕەحمی دایکەکانیشەوە
و
لە هەر لایەکەوە
سیخووڕێک لە چاوەڕوانیمانایە
چایەکەمان ئەخواتەوە
لە ناو جێگەکامانا ئەنوێ
پۆستەکانمان ئەیا بەسەر یەکا
ئەچێتە ناو لاپەڕە و دەفتەرەکانمانەوە
ئەچێتە ناو لووتمانەوە
و
لەگەڵ “کۆکە”مانا یەتە دەرەوە

زمانمان بڕاوە
سەرمان بڕاوە
گەر پەنا بەرین بۆ ئاسمان
ئەڵێن: قەدەغەیە
گەر دوعامان کرد پێغەمەر ئاگای لێمان بێ
“ڤیزە”یەکی بێ گەڕانەوەمان ئەیەنێ
گەر داوای قەڵەمێک بکەین تا پێش لە سێدارەیانمان
دوا وەسیەت یان دوا شیعر بنووسینەوە
باسەکانمان پێ ئەگۆڕن

نیشتمانە هەڵواسراوەکەم بەسەر دیواری ڕق و کینا
تۆپە ئاگراوییەکەی ڕوو لە نەمان ئەکەی
هیچ کەسێ : لە خێڵی ئەم یان ئەو
بوتڵێک خوێن
یان “میز”ە بە حورمەتەکەی
نەبەخشیوە بە تۆی غەرق بووی خوێن
هیچ کەسیان
بە پانتایی ئەم عەبا ڕاکێشراوە
ڕۆژێ لە ڕۆژان
پاڵتۆیەک یان کڵاوێکی پێت نەبەخشیوە
ئەی ووڵاتی وەک هێلانەی پایز تێک شکاو
لە شوێنی خۆمان
وەک درەخت ووشک هەڵگەڕاوین
لە ئاوات و یادگارێکمان دوور خراوینەتەوە
چاومان لە دەنگیمان ئەترسێ
دەسەڵاتدارەکان خودایەکن
خوێنی”شین” بە لەشیانا ئەگەڕێ
و
ئێمەش بووین بە وەچەی کەنیزەیەک

نە کوێخای شاخاوییەکان، نە دانیشتووی بیابانەکان، نامانناسن
كەس میواناریمان ناکا
كە ستەمکارێک ئەڕوا
ستەمکارێکی تر وەرمان ئەگرێ
كۆچەری بەندەرەکانی” ماندوو” بوونین
كەس ئێمەی ناوێ
نە مەلائیکەت…نە شەیتان
لەم دەریا بۆ ئەو دەریا
كەس نامانخوێنێتەوە
لە پاپۆڕی خەفەتەکانا سەفەر ئەکەین
سەرکردە : بەکرێ گیراو
پیرەکەمان : چەتە
وەک مشک خزێنراوینەتە قەفەسەوە
هیچ بەندەرێ..هیچ مەیخانەیەک وەرمان ناگرێ
هەموو پاسەپۆرتەکانمان
شەیتان دەریکردوە
هیچ نووسینێکمان
نەچۆتە دڵی سولطانەوە
لەسەفەراین
لە دەرەوەی بازنەی کات و شوێنا
خەڵکانێکین کە :
دەغیلە و کەل و پەلەکانمان وون کردوە
مناڵەکانمان وون کردوە
ناوی خۆمانمان وون کردوە
” ئینتما”مان وون کردوە
هەستکردن بە “ئەمان”مان وونکردوە
نە ئەمبەر…نە ئەوبەر
نە وەچەی ئەم….نە وەچەی ئەو
نامانناسن
نیشتمانم..:
هەر چۆلەکەیەک ماڵێکی هەیە
تەنها ئەو چۆلەکانە نەبێ
كە “ئازادی” ئەکەن بە پیشە
ئەوان : لە دەرەوەی ووڵاتەکانیان ئەمرن
“”””””””””””””””””’
“”””””””””””””””””’
( بۆ زیاتر مانا بەخشین دەستکاری چەن ووشەیە کراوە لە کاتی وەرگێڕانەکەی بۆ هێشتنەوەی ڕیتمی نێوان دێڕەکان و مانا شیعرییەکانیان..)e