رۆمانی شەوگەڕەكان.. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

نوسەر و خوێنەر دوو شتی پەیوەستن، یان تەواوكەری یەكترین. بوونی نوسین بە بوونی خوێنەرەوە بەندە، واتە بوونی نوسین بە تێگەیشتن بۆ بوونی خوێنەر جیادەكرێتەوە. پرۆسەی خوێندنەوەش فەزایە، (خوێنەر/وەرگر)یش بۆیە چاوەڕێی دەق دەكات، تاكو لە زەمەن و فەزایەكی دیكەی جیاواز گەشەی پێبدات و بیبوژێنێتەوە. كەواتە ئەوەی لە خوێندنەوە و نوسیندا پەیڕەو دەكرێت، كرانەوەی وجودە بەسەر مەوجوددا. بەو مانایەش نوسین و خوێندنەوە لە هەموو ساتێكدا راستە و قابیلی سەلماندنە، وەك چۆن لە هەموو كاتێكدا یەكەیەكی تەواو قابیلی گومانە! دواجار نوسین و خوێندنەوە ئەو فەزایە سەربەخۆیەیە، كە (نوسەر، خوێنەر) لەمیانییەوە دەتوانن بوونی خۆیان بەرەو پێدراوێكی جێگیر بەرن.
هەڵبەتە گێڕانەوە (السرد-Narration) گرنگی بە خستنەڕووی رووداوەكان دەدات و كار لەسەر بەرەوپێشچوونی (زەمەنی رووداو) و (زەمەنی گێڕانەوە) و (زەمەنی خوێندنەوە) دەكات، بە دیوەكەی دیكە گێڕانەوە فەزا و زەمەنێك رۆدەنێت، ئێستای دەق ئەو فەزا و زەمەنەیە، كە تێكەڵ بە فەزا و زەمەنی خوێندنەوە دەبێت.
لە خوێندنەوەی رۆمانی (شەوگەڕەكان)ی رۆماننوسی كورد (میران ئەبراهام)دا، منی خوێنەر، وەك خوێنەرێكی (هەواڵگەیەن/پەیامبەر) لە خوێندنەوەدا خۆی دەنوێنێ‌. لە سەرەتادا دەمەوێ‌ بڵێم لەو خوێندنەوەیەدا خاڵی سەپاو بوونی نییە، خاڵی كۆتایی سەپاویش بوونی نییە، بەو مانایەش ئەو خوێندنەوەیە دەكەوێتە دەرەوەی چوارچێوە دیاریكراوەكانەوە و خودی خوێندنەوە دەبێتە خاڵی دەستپێك.
رۆمانی شەوگەڕەكان بە پێی بەرەوپێشچوونی زەمەنی رووداو و زەمەنی گێڕانەوە لە تەكنیكێكی هونەری تا ئەندازەیەك سەركەوتوو، رێڕەوی گێڕانەوەی گرتووە، خۆبەخۆ وەك بنەڕەتێكی بیركردنەوە لە رێی دنیابینی مۆدێرنی فرە رەهەندی مرۆڤدۆستانەوە (بیر و هەست و هەڵسوكەوت)ی لە كۆمەڵێك دەركەوتەی هونەری و دەروونی رێكخستووە. ئەوەش هوشیاری و شارەزایی و توانای نوسەر، لە هونەری گێڕانەوە و گەیاندنی پەیامی سەردەم دەردەخات. لەگەڵ هەموو ئەوانە و هیدیكەش… ئەو سێ‌ (هەواڵە) دەخەمە بەر چاوی خوێنەرانەوە:
1- لە خوێندنەوەی رۆمانی شەوگەڕەكاندا خوێنەر وەك زمان بەر پانتاییەكی شیاوی هونەری و ئەدەبی زمانی (كوردی) دەكەوێ‌ و بۆ خوێندنەوە كێش دەكرێت؟! دەشێ‌ بەشێكی گەورەی ئەو كێشكردنەی (خوێنەری كوردی) پەیوەندی بە رەوانی زمان و رووداوسازی و ریتمی لەسەرەخۆی تێگەیشتنەوە هەبێ‌؟ ئەو قسەیەی دوایی رەنگە بە شێوەیەكی نێگەتیف تەماشا بكرێ‌! چونكە ریتمی خاو لە گێڕانەوەدا جۆرێكە لە دووركەوتنەوە لە هونەری سینەمایی، كە ئەمڕۆ بە یەكێك لە رەگەزە بنەڕەتییەكانی گێڕانەوەی هونەری مۆدێرن دادەنرێت. بەشێكی دیكەی ئەو كێشكردنەی خوێنەر، پەیوەندی بە جولاندنی هەستی (پەرۆشبوون) بۆ چەمكی قوربانی و هونەر و پەیامی مرۆڤدۆستانەوە هەیە.
2- لە گێڕانەوەدا كاراكتەری گێڕەڕەوە بەسەر تەواوی رووداوەكانەوە زاڵە (دەشێ‌ ئەو زاڵبوونە بە هەردوو رووی پۆزەتیف و نێگەتیف بخوێنینەوە) و گێڕەڕەوە یان نوسەر لە دەركەوتندا هەوڵدەدا شوێنی جوگرافی (خۆرهەڵات) و پەرۆشبوونی بۆ بیركردنەوەی قوربانی جێی پەیامی بنەڕەتی و جیاوازیی رۆمانەكە بگرێتەوە؟! ئەوەش تەنیا كەمەكێك ئەزموونی ناخۆشی (دنیابینی مۆدێرنی)ی نوسەری لێدەكەوێتەوە، كە تووندترین رووداوی نێو رووداوەكانی گێڕانەوە نییە، بەڵكو دەرفەتێكی دیكەی وێڵكردنی ژان و ناخۆشییە، كە بە نەزمێكی دیكەی خەسارناسی و قوربانی فەزای چنینی رۆمانەكە دادەنرێت، كە نەزمێكی كەمتری بیركرنەوەی سەرەكی رۆمانەكەیە و خوێنەری ناوەكی یان شاراوە دركی پێدەكات و لە كۆی چنینی رۆمانەكەدا دەتوانێ‌ ئەو خەسارناسی و ململانێ‌ و دابەشبوونانە بدۆزێتەوە! دەمەوێ‌ بڵێم لە ساتی درێژەدان بە چنینی گێڕانەوە، واتە كە بیركردنەوەی (مۆدێرن) لەو رووەوە لە گەشەكردندایە، گێڕەڕەوە یان نوسەر، خوێنەر بەرەو رووی رێكخستنێكی خەسارناسی تەواو هاندەرانەی چەمكی قوربانی دەكاتەوە! لای منی خوێنەر (خوێنەری هەواڵگەیەن) ئیشكالەكە ئەوەیە كە رووداوەكان بەو شێوەیە دەخاتە پێشەوە كە چەمكی قوربانی لە واقیعدا دەیەوێت، نەك خەیاڵی داهێنان؟! ئەوەش لایەنە نێگەتیفەكەی بیركردنەوەی رۆماننوس دەگەیەنێت… بۆ نموونە چەوسانەوەی ئەویدیكەی (خۆرئاوایی) و ستەمی دەسەڵاتی خۆرهەڵاتی… چونكە لە پێناو زاڵكردنی ئەو بیركردنەوەیە، هەندێ‌ رووداوی گرنگی نێو رۆمانەكە فەرامۆش دەكات، بۆ نموونە كوشتنی فەلەستینییەكە… هەندێ‌ رووداوی دیكە پێش دەخات، بۆ نموونە چەمكی بێلانەیی و بەرجەستەكردنی هونەری نیگاركێشان… رەنگە ئەو پێشخستن و پاشخستنە شارەزاییانەش بێ‌! یان دەروونشیكارانە بێ‌، وەك چۆن (فرۆید) لە گەمەی (فۆرت- دای) بەكرەكەوە قسەی لێكردووە: چاو لە پاڵنەرێك بپۆشین و گەمەیەكی دیكە دابهێنین وەك جێگرەوەی تێربوونی پاڵنەرەكە. لێرەدا رۆماننوس چاو لە شتێك دەپۆشێت، بۆ ئەوەی شتێكی دیكە بە دەست بهێنێت؟! واتە دەشێ‌ پێشخستنەكە لە پێناو كێشكردنی جولاندنی هەستی بێلانەیی و هونەری نیگاركێشان و بە كورتی پاڵنەری بیركردنەوەی مرۆڤدۆستانەی (خۆئاوایی) بێ‌. پاشخستنەكەش جۆرێك لە قەرەبووكردنەوەی كلتوری بێت و دەلالەت لە پاڵنەری دەسەڵاتی بیركردنەوەی داخراو و ستەمكاری (خۆرهەڵاتی) بكات؟! بە دیوەكەی دیكەش دەشێ‌ یاری ململانێی نێوان پێشخستن و پاشخستن، هەوڵێك بێ‌ بۆ ئەوەی خوێنەر لە بیركردنەوەی بەراوردكارانەی (كوشتن لە رۆمانی غەریب- كامۆ) دوور بخاتەوە. چونكە چ لە كوشتنی عەرەبەكە لە رۆمانی (غەریب) و فەڵەستینییەكە لە رۆمانی (شەوگەڕەكان) كاریگەری (خۆرهەڵات)، خۆر و گەرما هۆكاری سەرەكیین، ئەوەش جۆرێكی دیكەیە لە جەختكردنەوە لە جوگرافیای خۆرهەڵات. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەو دەرچوونە لە هاوسەنگی چنین و ئاڕاستەكردنی بیركرنەوە، لەگەڵ پرەنسیبی چێژی خوێندنەوە و ئازادی خوێنەر دەگونجێ‌؟ لە وەڵامدا دەڵێین لە واقیعدا رەنگە پاشخستن وەك پێشەكییەكی پێویست بۆ پێشخستن خۆشحاڵانە بكەوێتەوە! بەڵام وەك خەیاڵی نوسین ناشێ‌ ئەو پێشخستن و پاشخستنە بە هەمان شێوە و هاوسەنگی شتە واقیعییەكان دیاری بكرێت.
3- دەتوانم بڵێم بە گشتی رۆماننوسانی كورد بەشێكی زۆری جوانی گێڕانەوە لە (هەست جولاندن)دا دەبیننەوە! من ئەو قسەیەم لەوێوە نایەت، كە هەست جولاندن لە نێو كلتورە جۆر بە جۆرەكاندا، جیاواز دەكەوێتەوە؟! بەڵكو لەوێوە دێت كە داهێنانی رۆمان وەك دەقێكی خەیاڵئامێز ناشێ‌ بە هەمان شێوە و هاوسەنگی شتە حەقیقییەكان دیاری بكرێت… لە رۆمانی شەوگەڕەكاندا هەموو ئەو رووداوسازییە پڕ ژان و ناخۆشە، كە بە راستی خوێنەر دەوڕوژێنێ‌ و تێكەڵ بە هونەری گێڕانەوەی دەكات… لە كۆتاییدا دەبایە جەریانی بیركردنەوەی خوێنەری نوێی كوردیشی دووچاری موفاجەئە كردبایە؟! بەڵام بە بڕوای من خاوی ریتمی گێڕانەوە و ئیشكالە ناوەكییەكەی بیركردنەوەی نوسەر (ئەوەی بە لایەنە پۆزەتیفەكەی چاوەڕوانی خوێنەری باو و پەڕگیر ناوی دەبەین) و گونجاندنی لەگەڵ گەیاندنی پەیامی مۆدێرن (كە لە دەركەوتەدا دنیابینی نوسەری رایی دەكات) دەبێتە هۆیەكی بنەڕەتی بۆ كێشەی خاڵی كۆتاییهێنانی رۆمانەكە، بەو مانایەی كە رۆماننوس لە دوا خاڵی چنینی رۆمانەكەیدا نەیتوانیووە سوود لە كۆتاییەكی سەرسامكەر و لێدانی بیركردنەوەی هاوسەنگی (بە مانا واقیعییەكە) و بیركردنەوەی ئاسۆیی و باوی گێڕانەوە وەربگرێ‌ (واتە ئەو شێوە چاوەڕوانییە ئاساییەی خوێنەرانی باو پێی راهاتوون، بتوانێ‌ تێیپەڕێنێ‌) و هەوڵبدا خوێنەران لە دووتوێی تەكنیكی ئەو رووداوسازییەدا دووچاری ئاسۆیەكی چاوەڕوانی جیاواز و بیركردنەوەیەكی جیاواز و سەرسامبوون بكات؟! بە گشتی لە رێگای بەرجەستەكردنی ئەزموون و ئەزموونگەریی، ئەگەر بە بیر خۆمانی بهێنینەوە كاری زۆر گەورە لەو فەزایەدا كراوە، بۆ نموونە دژە واقیعی كافكایی و پاڵەوانبازی دۆن كیشوتەی سیرڤانتس و دەروونشیكاری دیستۆفیسكی… بە نێویەكداچوونی گێڕانەوەكانی بۆرخیس و واقیعی سیحری ماركیز… دواجار دەڵێم نە نوسەر كۆگایە و نە خوێنەر بە كردەی بەتاڵكردنی ئەو كۆگایە هەڵدەسێت.

26/7/2023
هەولێر




کۆمیونیکەیشن.. ئاراس سەعید

“پێشەکی”

کۆمیونیکەیشن لە دوو گۆشەنیگادا مانا دەکرێت: لە نیگای یەکەمیدا، بەمانای پەیوەندیکردن دێت. لەنیگای دووەمیدا بەمانای ڕاگەیاندن دێت. ئەم دیاردەیە دەکرێت وەک هەر دیاردەیەکی تری نێو مێژووی کۆمەڵگەی مرۆیی ببرێتەوە بۆ مێژوویەکی دوور. دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە هاوکاتە لەگەڵ پەیدابوونی ژیان لەسەر ڕووی زەوی. ئەم دیاردەیە تەنها دیاردەیەکی مرۆیی نیە، بەڵکو کۆی بوونەوەرانی گرتووەتەوە. بۆ نمونە: ئاژەڵەکان دەقیژنن و دەلورێنن، باڵندەکان دەجریوێنن، ڕووەکەکان سیس دەبن. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ گەیاندنی ناوەڕۆکی شتێک. لە ڕێگەی دەنگ و جووڵە و خۆنمایشکردنەوە. وەلێ وەک دیاردەیەی مرۆیی هاوکاتە لەگەڵ پەیدابووۆی ژیانی بەکۆمەڵ. مرۆڤی سەرەتایی بۆ ئاویتەبوونی ژیان و دابینکردنی پێویستیەکانی پەنایی بردە بەر درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانیتر. دەکرێت بڵێن، کۆموینیکەیشن وەک هەر دیاردەیەکی نێو مێژووی مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ کۆنترین پنتی کۆمەڵگەی سەرەتایی. چۆن  گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆیی هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی تەکنیکەکانی بەرهەمهێنان، گەشەکردنی کۆمیونیکەیشن هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی میدۆمەکان. ئەم تێکستە بەردەستان چەمکی کۆمیونیکەیشن و مێژووی پەیدابوون و قۆناغەکانی گەشەکردنی میدۆمەکان شرۆڤە دەکات.

“چەمک و پێناسە”

وشەی “communication” وشەیەکی ئینگلیزییە و سەرچاوەی ئەم وشەیە، لەوشەی”common” یان (Communness)زمانی ئینگلیزی کلاسیکەوە وەرگیراوە. بە مانای (پەیوەندیکردن یان هاوبەشکردن) بەکاردێت. لە فەرهەنگی یۆبستردا communication بەم شێوەیە شرۆڤەکراوە:- کرداری پەیوەندی درووستکردنە یان دەکرێت چەند دەستەواژەیەکی جیاوازی بۆ بەکاربهێنین وەک: گەیاندن یان بڵاوکردنەوە یان گواستنەوە[1].

 کۆمیونیکەیشن لە نیگای یەکەمدا بەمانای  پڕۆسەی  گەیاندنی پەیام دێت. بەمانەیەکی تر؛ کردەی ئاڵوێرکردنی پەیامە لەنێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا، دەکرێت  وەک هەردیاردەیەکی دی، ڕیشەکەی ببرێتەوە بۆ مێژوویەکی دوورتر.  زانستی ئارکۆلۆژیا و ئەنترۆپۆلۆژیا کۆمەکمان دەکات ڕیشەی کۆمیونیکەیشن لەسەردەمانێکی تری نێو مێژووی مرۆڤ دا بدۆزینەوە.

تەمەنی مرۆڤ پتر لە حەفتا هەزار ساڵە، زانایانی بواری بایەلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژی  پیان وایە، ئەم تایپە لە مرۆڤ، سەرەتا جۆرە گیانلەبەرێکی چکۆلەبووە لە شێوەی مشک، بە “پڕۆکۆنسۆڵ _ proconsul”  ناسراوە و لە چاخی دەینەسورەکاندا ژیاوە. دواتر ئەم گیانلەبەرە بەهۆی پڕۆسەی پەرسەندنەوە لەگەڵ گیانەوەرانی وەکو شامپازی و گۆریلا لەیەک بنچەی تایبەت گەشەیاندکردووە، زاناکان ناویان لێناوە “dry opiyhecus”. ئەم گیانلەبەرە لە سەگێکی ئاسایی گەورەتر نەبوو، وەلێ دەست و پێ و لاقی هەبوو. ئەم شێوەیەش هاوشێوەبوو لەگەڵ خێزانی مەیمونەکان کە ئێستا دەیان ناسین. لە کۆتایدا یەکێک لە بنچەکانی مرۆڤ پەیدابوو کە زاناکان ناویان لێنا”homohabilis”  ئەو گیانلەبەرەی خۆی دادەپۆشێت. لێرە بەدواوە ئیدی مرۆڤ توانیتی ژێری خۆی بەکاربهێنی و لەبەروبوومی درەختەکان کەڵک وەربگرێت بۆ تێرکردنی غەریزە فیسۆلۆجیەکانی. دواتر مرۆڤی “نیاردەرتاڵ” پەیدابوو ئاگری دۆزییەوە و کەڵکی لە ئەشکەوتەکان وەرگرت بۆ مانەوەو پارێزگاریکردن لە خۆی[2].

پەرەسەندن  مرۆڤی گەیاندە ئەو قۆناغەی ئیدی کەڵک لە ژیری خۆی وەربگرێت. مرۆڤ بۆئەوەی بە پارێزراوی بمێنێتەوە کەڵکی لە هاوبەش پێکردنی ژیان و پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەویتر وەرگرت، لێرەوە ژیانی بە کۆمەڵ و گرووپ بوو بە سرووشتی کۆمەڵگەی مرۆیی. هەر بۆیە زۆربەی فەیلەسووفان گوتویانە: (مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵاییەتیە). مرۆڤ بۆ ئەوەی ژیانی لەگەڵ هاوجۆرەکانی خۆیدا هاوبەش بکات پێویستی بە میدۆمێک یان ئامڕازێک بوو تا ناوەڕۆکی هزر و بیرکردنەوەی خۆی بۆ ئەوانیتر بگوازێتەوە، بەمەش دەگوترێت: پڕۆسەی گەیاندن. پەرەسەندنی مرۆڤ بەپێی ئەو قۆناغە مێژووییەی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا هاتووە، هۆکارێک بوو بۆ سەرهەڵدانی کاری بەکۆمەڵ و هەرەوەزی، بۆیە ئاسان نەبوو مرۆڤ بەبێ بوونی ئامڕازی کۆمیونیکەیشن بونیادی پەیکەربەندی سیستەمی کۆمەڵایەتی دابڕێژیتەوە. لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە کۆمیونیکەیشن ئامڕازی درووستبوونی ژیانی کۆمەڵەکی و ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. بە دەربڕینێکی دیکە، کۆمیونیکەیشن بەشە ڕێکخستەیەکی نێو ڕکێخستنێکی گرووپێکی  کۆمەڵایەتیە لە پێناو ڕاپەڕاندنی ئەرکێک دا پەیدا بووە، کە بریتیە لە گواستنەوەی پەیام لە نێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا، لە نێرەرەوە بۆ وەرگر.

کۆمیونیکەیشن وەکو تێمایەکی نێو فەرهەنگی زانستەمرۆڤایەتیەکان پتر لە پێناسەیەک چەندین پێناسەی بۆ کراوە. (چارلز مۆریس) دەڵێت: (زارەوەی کۆمیونیکەیشن کاتێک بە شێوەیەکی فراوان و بەربڵاو بەکاردەهێنین، ئەوکاتەیە بەشداریکردنی ژمارەیەک کەس لە کارێکی دیاریکراو لەخۆدەگرێت)[3]. واتا: پڕۆسێسکە ژمارەیەکی بەرفراوانی خەڵک لەنێو یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەشداری دەکات، بەڕۆڵێکی دیاریکراو. هەروەها (ولبر شرام) بەم شێوازە کۆمیونیکەیشن پێناسە دەکات: (ئەو ئامڕازەیە کە لەیەک تێگەشتن لەنێوان کۆمەڵگاکاندا مسۆگەر دەکات، ئەمەش بە سرووشتی خۆی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی خۆی لە کۆمەڵگەکانی تر، جیا دەکاتەوە))[4]. دەتوانین ئەم پێناسەیە بەمجۆرە شرۆڤەبکەین؛ کۆمیونیکەیشن میدیۆمێکە ناوەڕۆکی هزر و بیرکردنەوەی تاک دەگوێزێتەوە بۆ ئەویتر، ئەمەش دەبێتە هۆی لێکتێگەیشتن لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵەگەدا.

 (کاڕڵ هۆفلاند) بەم شێوازە  کۆمیونیکەیشن پێناسە دەکات: (پڕۆسەیەکە کە تێدا تاک “نێرەر” ئاگادارکردنەوەیەک (هێمایەکی زمانەوانی یان جووڵە یان ئاماژەیەک) دەنێرێت-ڕەوان دەکات تا ڕەفتاری تاکەکان هەمواربکات))[5].  لەم پێناسەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کۆمیونیکەیشن پڕۆسێسێکە کە تاک_نێرەر زانیارییەک لە ڕێگەی میدۆمێکەوە دەگوێزێتەوە بۆ وەرگر، بە پێچەوانەشەوە.

“میدیۆم وەکو ڕەگەزی سەرەکی کۆمیونیکەیشن”

ڕەگەزەکانی کۆمیونیکەیشن بەو ڕەگەزانە دەگوترێت لە کردەی کۆمیونیکەیشن بەشدار دەبن. وەک نێرەر، پەیام، میدیۆم، وەرگر. مارشاڵ مەک لۆهان 1911_ 1980 بیرمەند و تیۆریستی بواری ماس کۆمیونیکەیشن پێ وایە جیهانی مرۆڤ بە هۆی گەشەکردنی میدیۆمەکانی کۆمیونیکەیشنەوە گەشەی کردووە. میدۆم بەمانای ئامڕاز یان پەیام دێت. بەدەربڕینێکی تر، بەمانای هەموو ئەو کەناڵانە دێت، کە لە مێژووی ژیانی مرۆڤدا شتەکانیان گەیاندووە بە یەکتر. میدیۆم گرنترین ڕەگەزی کۆمیونیکەیشنە و بەبێ بوونی میدیۆم پڕۆسەی گەیاندن هیچ مانایەکی نیە. لە کۆمەڵگە بەراییەکانی مێژووی ژیانی بە کۆمەڵدا، کەرەستەکانی بەرهەمهێنان سەرەتایی بوون، گەشەکردنی میدیۆمەکان هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان. کۆمەڵگەی سەرەتایی لە کاتی هەر مەترسییەک بۆ سەر هۆزەکەیان لە ڕێگەی ئاگرکردنەوە و دووکەڵەوە پەیامەکانیان بۆ یەکتری گواستووەتەوە. مرۆڤی سەرەتایی پێش ئەوەی فێری زمان بێت، بەنێو دارستانەکاندا قێژاندوویەتی و بە هاوارکردن پەیامەکانیان بۆ یەکتری گواستووەتەوە.  مرۆڤ پتر لە هەزاران ساڵی پێویستبوو، تا فێربوو زمان بەکارهێنێت بۆ گواستنەوەی ناوەڕۆکی هزر و بیروبۆچوونەکانی. مەک لۆهان قۆناغە مێژووییەکانی کۆمیونیکەیشن پەیوەست دەکات بە گەشەکردنی میدۆمەکانەوە، ڕای وایە گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆیی پەیوەستە بەگەشەکردنی میدیۆمەوە.

“قۆناغە مێژووییەکانی کۆمیونیکەیشن”

مارشاڵ مەک لۆهان (کۆمیونیکەیشن) لە سێ قۆناغی مێژوویدا دیاریدەکات. هەر قۆناغێکیش پەیوەست دەکات بە میدیۆمێکەوە و گەشەکردنی هەر قۆناغێکیش بە پەیوەستە بە پەیدابوونی میدۆمێکەوە. بەپێی مەک لۆهان قۆناغەکانی مێژووی کۆمیونیکەیشن بریتیەلە( قۆناغی زارەکی  و قۆناغی چاپەکی و قۆناغی مایکرۆیی)[6].

قۆناغی زارەکی:- ئەم قۆناغه لە سەرەتایی ژیانی بەکۆمەڵەوە دەستیپێکردووە و تا دۆزینەوەی نووسین بەردەوام بووە. لەم قۆناغەدا گوفتار  ئامڕازی سەرەکی کۆمیونیکەیشن بوو.  زمان  ئەو داهێنانەبوو  کە مرۆڤ توانیتی لەڕێگەیەوە خۆی بناسێت و ناوەڕۆکی هزرو بیرکردنەوەی بگوازێتەوە بۆ ئەویتر. لەم قۆناغەشدا پڕۆسەی کۆمیونیکەیشن بریتیە لە هاوارکردن،  هەستی سەرەکی بریتی بووە لە (بیستن) واتا: پڕۆسەکە ڕاستەوخۆ لە دەمەوە بۆ گوێچکە بووە. ئەمەش بووە بە هۆکاری سەرەکی درووستبوونی کۆمیونیکەیشن. لەم قۆناغەدا زمان ئەو میدۆمە بووە لە ئاستە سەرەتایی و خۆڕسکەکەیدا  میدۆم و کەناڵی درووستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بووە. (دو سۆسێر) لە لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکانیدا جیاوازییەکی خستووەتە نێوان دوو پێکهاتەی لێکچووەوە، کە لەلای زمانەوانەکان وەکو یەکدین. ئەو دووپێکهاتەیەش بریتییە: لە  زوان _ language) و ( ئاخاوتن _ parlole) ئەویش لەسەر بنەمای ئەوەی زوان لە بنچینەدا سیستمێکی کۆمەڵایەتییە، کەچی ئاخاوتن چالاکییەکی تاکەکەسییە، لە بواری سیستمی کۆمەڵایەتیدا پڕۆسەی گەیاندن ئەنجام دەدات[7].

بەپێی گەشەکردنی پەیڕەوی ئاخاوتنی مرۆڤ ئەندامەکانی ئاخاوتن و گەشەکردنی بەکارهێنانی زمان لە سیمبۆلی جووڵەیی و ئاماژەیییەکانەوە بۆ دەنگەکان و چۆنێتیی لێکدان و ڕیزکردنیان لە ئاستی دەنگسازی، وشەسازی و ڕستەسازیدا، کە ئەندامانی کۆمەڵەیەکی زمانی لەسەر هەموویان ڕێک کەوتوون. ڕێزمان و کۆی وشەکان، وەک هۆکاری زمانی، لە ڕوانگەی (نوام چۆمسکی)یەوە دەبێتە هۆی بەدیهاتنی میدیۆمی زمانیی  بۆ گەیاندن _پەیوەندیکردن[8].

نۆبڵ و دەیڤیدسن (١٩٩٦: ٢١٤) لەسەر ئەو بڕوایەن کە زمان بەرهەمی دۆزینەوە ڕەفتارییەکانە، نەک ڕووداوە بایۆلۆژییەکان. واتە زمان بەر لەوەی بەرهەمی ڕووداوە بایۆلۆژییەکان بێت، ئەنجامی دەرکەوتە ڕەفتارییەکانە. گۆڕانی بایۆلۆژی (گەشەکردنی ئەندامەکانی ئاخاوتن) زەمینەی بۆ پێکهاتنی ئەو ڕەفتارە زمانییەی كه‌ ئەمڕۆ هەیە، بەدیهێنا: بەکارهێنانی کەناڵەکانی گوتن-بیستن لەگەڵ کاتی درێژخایەن لە قۆناغی ساوایەتیدا لە دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتیدا. بۆ ڕوونکردنەوەی بیردۆزییانەی بەدیهاتنی تاکی (ontogenesis) و بەدیهاتنی جۆری (phylogenesis)ی زمان و بیر، لە ڕووی دەروونییەوە پشت بە ڕێبازەکەی “ڤیگۆتسکی (١٨٩٦-١٩٣٤)”، دەروونناسیی کولتووری–مێژوویی، دەبەستین. لە ڕوانگەی “ڤیگۆتسکی”یەوە، چالاکیی هۆشەکی و ئاخاوتن، ڕیشەی بەدیهاتنی جیاوازیان هەیە و لە ڕەوتی جیاوازیشدا گەشە دەکەن و دەگۆڕێن. مرۆڤی ژیرمەند، لە پرۆسەی پێوەندیکردنی دوولایەنە و بزێوی نێوان چالاکییە هۆشەکی و زمانییەکاندا پێک دێت. لە بەدیهاتنی تاکییانەدا، دەکرێ قۆناغێکی پێش ئەقڵانی (preintellectual) لە گەشەکردنی ئاخاوتندا و، لە گەشەکردنی بیریشدا قۆناغێکی پێشزمانی (prelinguistic) دەستنیشان بکرێت. لە قۆناغێکی دیاریکراودا، ئەم دوو ڕەوتەی بەدیهاتن تێکەڵ دەبن و لە ئەنجامی ئەوەدا، بیر دەبێتە زمانی و، ئاخاوتنیش دەبێتە ئەقڵانی[9].  لەڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە زمان کردەی سەرەکی دەربڕینی ناوەڕۆکی فیکر و بیرکردنەوەی تاکە بەواتایەکی تر: زمان ئامراز و کەناڵێکە بۆ گواستنەوەی هزری تاک.

زمانی نووسین:- لەم قۆناغەدا مرۆڤی سەرەتایی  هەست و کاردانەوەکانی لە بەرامبەر دەوروبەر، بە وێنە دەربڕیوە کە  گەلێک لێتۆژینەوەی ئەنترۆپۆلۆژی و ئارگۆمێنتی ئارکۆلۆژیی سەلماندوویانە کە مێژووی گەشکردنی زوانی سیمبۆلی و خەتی نووسین  لە چەند ھەزار ساڵێک تێناپەڕێ، ئەمەش لە چاو ھونەری نیگارکێشان ماوەیەکی زۆر نییە. تەنانەت پاش جێگیر بوون و دۆزینەوەی کشتوکاڵ لە چاخی بەردینی نوێدا (نیۆلۆسیک) و پاشان سەرھەڵدانی شارستانیەتی سۆمەرییەکان و ھەموو ئەو لایەنانەی لە دەوڵەتە شاردا دەرکەوتن لە ڕووی زمان و خەتی پێنووسین (خەتی بزماری) کە تا دەورو زەمەنی دۆزینەوەی چاپخانە، بەردەوام بوو[10].

بەپێ سەرچاوە ئارکۆلۆژییەکان  سۆمەرییەکان یەکەمین کۆمەڵگە بوون، کە نووسینیان داهێناوە. نزیکەی سێ هەزار و شەسەد ساڵی بەر لەزاین توانیویانە لەسەر تاتە قۆڕەکان بنووسن. بێگومان پڕۆسێسی نووسین بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە. هەر لە نیگارکێشانەوە تا فۆنەتیک و نووسین لەسەر بنەمای دەربڕین. هەروەها هێڵکاری و نیگاری ئاژەڵان و ڕاوکردن نمونەی ئەم جۆرانەن. پاشان پیتەکانی نووسین خراونەتە سەر ئێسک و تەختەدار. سەردەمانێک کۆتری نامەبەر بەکارهێنراوە بۆ گەیاندنی پەیامەکان. فینیقی و میسری و چینیەکانیش بەشداربوون لە داهێنانی شێواز و تەکنیکی نوێی نووسین تا ڕۆژگاری پەیدابوونی یەکەم کارگەی درووستکردنی کاغەز لە سەمەرقەند. دەکرێت بڵێن: لەم قۆناغەدا زمانی نووسین میدۆم بووە لە نێوان جەمسەرەکانی کۆمیونیکەیشندا. بەدەربڕینە لۆهانییەکەی  نووسین میدۆمە و خۆشی دەبێتەوە بە میدیۆمی زمان.

قۆناغی چاپەکی:- بەپێ دابەشکردنەی مەک لۆهان دۆزینەوەی چاپ قۆناغی دووەمی کۆمیونیکەیشنە. ئەم قۆناغە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1450 کە یۆحەنا گۆتەنبەرگ چاپخانەی داهێنا. ئەمەش بەسەرەتایەک دادەنرێت بۆ پەیدابوونی ژۆرنالیزم. ساڵانی 1600 یەکەمین ڕۆژنامەی کاغەزی چاپکرا. داهێنانی چاپ بە وەرچەرخانێکی گرنگ دادەنرێت  لە پڕۆسێسی گەیاندنی جەماوەریدا، ئیدی بەرهەمە  ڕۆشنبیرییەکان، ئەدەبییەکان، سیاسیەکان، زانیارییەکان لەڕێگەی(ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و بڵاوکراوەکان) چاپکر‌ان. ئەمەش بەگەشەکردن و درێژبوونەوەی میدیۆم دادەنرێت، لەم پەڕی  زەوییەوە بۆ ئەوپەڕی زەوی. بەدەربڕێنیکی تر، میدیۆم لەمپەڕی زەوییەوە جەمسەرەکانی گەیاندن بەیەکتری دەگەیەنێت.

قۆناغی مایکرۆیی:- بەپی لۆهان ئەم قۆناغە لەگەڵ دۆزینەوەی داهێنانی ڕادیۆ دا دەستپێدەکات ئەویش. بریتییە لە دابەشکردنی ناوەڕۆکی دەنگ ئەلکترۆمەگناتیسی (شەپۆلی ڕادیۆ)، لە مۆدێلێکی یەک بۆ-زۆر. پەخش کردن بە ڕادیۆی ئەی ئێم دەستی پێکرد، کە لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٠دا بە بڵاوبونەوەی فڕینتەری ڕادیۆی بۆری بۆشایی و وەرگرەکان هاتە بەکارهێنان. پێش ئەمە، هەموو شێوەکانی پەیوەندی ئەلکترۆنی (رادیۆ، تەلەفۆن، تەلەگرافی سەرەتایی) یەک بۆ یەک بوون، لەگەڵ ئەو پەیامەی کە بۆ تاکە وەرگرێک دانرابوو. زاراوەی پەخشکردن لە بەکارهێنانیەوە گەشەیکرد. پاشان داهێنانی tv و پڕۆگرامەکانی تەلەگراف و کۆمەڵێک سیمبۆل و هێمای ئەلیکترۆنی دەبینێتەوە، بەشێوەیەکی فیزیکی لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی دیکە، یان لە خاڵێکەوە بۆ کۆمەڵێک خاڵی جیاواز. لۆهان پێی وایە: ئەم جۆرە لە کۆمیونیکەیشن توانیویەتی جیهان بکاتە گوندێکی بچوک. هەروەها تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان و کۆمیونیکەیشنی دیجیتاڵی توانیویەتی کۆمەڵگەی تیۆری درووستبکات، کە گواستنەوەی پەیوەندییەکان تێدا ئاسانە. میدیای دیجیتاڵی هەموو میدیۆمەکان دەگرێتەوە وەک( کەناڵی ئاسمانی، سۆشیاڵ میدیا، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی، تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان). بەبڕوای مەک لۆهان میدۆمەکان دەبنەوە میدیۆم و کۆمەڵگەی میدیای پێکدەهێنن[11].

“ئەنجام”

1. کۆمیونیکەیشن وەک هەر دیاردەیەکی تری نێو مێژووی مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتنرین پنتی کۆمەڵگەی مرۆیی. بە بەشە ڕێکخستەیەکی نێو ڕێکخستێنکی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، لە پێناو زەرورییەتێکی کۆمەڵایەتی بەدیهاتووە، کە بەمانایی کردەی ئاڵوێرکردنی پەیام دێت، لە ڕێگەی میدۆمێکەوە، لە نێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا.

2. بەپێ (مەک لۆهان) قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمیونیکەیشن، پەیوەستە بە گەشەکردنی میدۆمەوە. ئەو پێی وایە، جیهانی کۆمیونیکەیشن بریتیە لە گەشەکردن و کشانی میدۆمەکان. بەمجۆرەش قۆناغەکانی کۆمیونیکەیشن دابەش دەکات بەسەر سێ قۆناغدا. ئەم قۆناغانەش پێکهاتوون لە (قۆناغی زارەکی، قۆناغی چاپەکی، قۆناغی مایکرۆیی)

3. میدۆم خۆی دەبێتەوە بە میدۆم. لۆهان پێی وایە، کە میدۆمەکان جگە لەوەی ڕایەڵە و کەناڵی بەیەکگەیشتنی جەمسەرەکانی گەیاندنن، هاوکات هەر میدیۆمێک دەبێتەوە بە میدۆم. بۆ نمونە نووسین زمانەو چاپ میدیۆمی زمانە. یەکگرتنی (میدۆمەکان) کۆمەڵگەی دیجتاڵی پێکدەهێنن.

————————-

سەرچاوەکان:

1.ئیسماعیل عوسمان: کۆمیونیکەیشنی دیجیتاڵی. چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، 2022.لا ۲۱

2. w howelss “neanderthal man; facts and figures ” in proceedings of the ninth internatoinal congress of Anthoprological and Ethnographical sciences, chicago 1967 . see also E.Trinkhaus and w.w howelss, neanderthal scienctific American  241 _ 1979 . 118 _ 133.

3. تەها حسێن: پێشەکییەک بۆ زانستی ڕاگەیاندن. وەرگێڕانی حەبیب کەرکوکی. دەزگای موکریان، چاپی یەکەم 2008 لا ٥

4.هەمان سەرچاوەی پێشوو: لا ٦

5.هەمان سەرچاوەی پێشوو:لا ٨

6.Marchal mcluhan, quetin fiore , the mediumis the massage . An Invetory of Efectects, produced by Jermo Agel.

7.فريدنان دو سوسير؛ محاضرات في السنية عامة. ترجمة يوسف غازي. المؤسسة الجزائيرية للطباعة 1986. ص ۲۳.

8.بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە وتاری “مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی و وەک زمانی زگماکی” لە کتێبی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، ٢٠١٣، هەولێر: ئەکادیمیای کوردی.

9. ڕەحیم سورخی: زمان و کەلتووری پەیوەندییە مرۆییەکان. بابەت نووسین و وەرگێڕان.ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی پێنووس. http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-11-33/item/235-2018-09-02-18-56-38

بۆ زانیاری زیاتر بنواڕە. ماڵپەڕی کوزولین، الکس١٩٩٩، روانشناسی ڤیگۆتسکی: سیر تحول اندیشەها؛ ترجمە حبیباللە قاسمزادە، تهران: آگاه١٣٨١.

10.بنواڕە: http://akherelakhbar.net/%D9%81%D9%86-%D9%88%D8%AB%D9%82%D8%A7%D9%81%D9%87/%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%AC-%D9%81%D9%86-%D9%88%D8%A5%D8%B9%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%AA%D8%AF%D9%88%D9%8A%D8%B1/




دووڕویی سیایی.. عومەر ئەحمەد عەزیز

دوڕویی سیایی/Political Hypocrisy

چەمکەکە لە بواری زانستی دەرونناسیی و زانستە سیاسییەکان و کۆمەڵناسیدا بوونی هەیە و لە توێژنەوەکاندا ئەم زاراوەیە بەکاردەهێنرێت، ئەو پێناسانەی کراون لەم بارەوە نزیکن لەیەکەوە کۆی پێناسەکان ئاماژە بەوە ئەکەن بریتییە لە هەڵوێستێکی سیاسیی، کە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەن کەسی سیاسیی و حزبی سیاسیی دەیکەن، بریتیە لە پێچەوانەیی و دژیەکیی لە هەڵوێست و بۆچونەکاندا، کە سەرئەنجام دەرچوون و دەستبەردار بوونە لە بەها و مۆڕاڵ و ئیتیک و ئەخلاقییاتی سیاسەت.
چەمکی نیفاق لە ئایندا:
لە ئەدەبیاتی دینیدا چەمکی نیفاق بەجوانی باسکراوە نمونەی ئاینی ئیسلام وەرگرین لەبەشێکی زۆری سورەتەکانی قورئاندا باسی چەمکی نیفاق کراوە، لەکورتترین پێناسەدا نیفاق بریتییە لەوەی من شتێک ئەڵێم و شتێکی تر ئەکەم، خۆم وا دەر ئەخەم کە موسوڵمانم، کەچی بڕوام پێی نییە، لەکردار و گوفتارما شتانێکی تر ئەکەم…تاد
بە سیغە جیاوازەکانی وشەکە 37 جار لە قورئانی پیرۆزدا بەو واتایەی خستمانەڕوو باسکراوە، وەکو بڵێی لەکۆنەوە لە نێو میللەتانا ئەم دیاردەیە هەبووە و بووەتە هۆکاری تێکچون و لەناوچونی کۆمەڵگا جیاوازەکان.
تێگەشتنە دینییەکە بەکاربهێنین بۆ ڕوبەری گشتیی لەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردیی، ئەوا چەمکی نیفاق پانتایی هەرەزۆریی دەزگا میدیایی و کەسایەتیی و ڕۆشنبیر و نوسەر و ڕۆژنامەنوس و چالاکی مەدەنیی و خەڵکانی بەناو ناڕازیی ڕێکخراوە جیاوازەکان دەگرێتەوە، ئەمە بەبێ توێژینەوە و ڕاستێتی کردن لە بابەتەکەدا، بەڵکو تەنها بە ڕوانینی سەرپێیی و ئەو دەنگۆ و قسەوقسەڵۆکانەی ڕۆژانە لە بازاڕوی فەزای گشتییدا دەیانبیستین، لەسەر ڕێکخراو و کەسایەتیی و ڕۆژنامەنوسەکان، ئاخر ناکرێت کۆمەڵگایەک هەمووی کەوتبێ لەڕوی ئەخلاقییەوە، ناشێ و نەبووە لەمێژوودا یەک وڵات بەتەواوی ڕاست نەکات لەگەڵ خۆیدا، کەسێک نەمابێتەوە کە خەمی نیشتیمانەکەی بێت، ڕاست بکات لەگەڵ بەها ئینسانییەکان و نیشتیمانییەکاندا، بەڵکو هەمووی تەنها لە دوای بەرژەوەندی زۆر کەسیی خۆی بێت، هەر بۆیەشە ئەنجامەکەی ئەم دۆخەیە کە ئێستا کۆمەڵگەکەی تێدایە، کە پێویست ناکات وەسفی بکەین، کۆمەڵگەیەکی شەلەل، جامد، بەجۆرێک لە جوڵە کەوتووە، کە هەرچییەکی پێ بکەیت نابزوێت.


چەمکی دوالیزم/Dulaisem

بریتییە لە بوونی دوو شتی پێچەوانەی یەکتر، کە دژ و ناکۆکن بەیەکتر، دوالیزم بەپێی سیاقی بەکارهێنان ئەگۆڕێت واتە لەنێو فەلسەفە جیاوازەکاندا واتای جیاوازی هەیە، بەڵام لە کۆی گشتیی واتاکەیدا ئاماژەیە بۆ بوونی دوو مادەی دژ بەیەک، دوو ئاڕاستەی بیرکردنەوەی دژبەیەک، کە هەندێک جاریش دەوترێت ئەم دوو دژە لە کارلێکدان لەگەڵ یەکتر بۆ درێژەدان بەو دوانەییەیان بەمانا دیکارتییەکەی بریتییە لە سەربەخۆیی عەقڵ و جەستە لەیەکتر لەنێو مرۆڤدا ئەگەر دوالیزم تەنها بەومانایە وەرگرین کە بوونی دوو شتی جیاواز و سەربەخۆن لەیەکتر، یان دوو گوتاری جیاوازن لەیەک کاتدا، ئەوا پڕاوپڕ بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی ئێمە دەگرێتەوە، ئەمانە چوونەتە نێو پەیوەندییەکی دوالیزم لەگەڵ خۆیانا، لەلایەکەوە بانگەشەی دژی دەسەڵات و حزب و حوکمڕانی ئەکەن، لەلایەکەوە بەشێکی سەرەکی ئەو دەسەڵاتەن، ئاکتەکانیان لەگەڵ ئەو گوتارە یەک ناگرێتەوە کە ئەینوێنن.
لەهیچ شوێنێکی سەر زەوی نەبووە بانگەشەی ناڕازیبوون و دژ بەسیستەم و دەسەڵات و حزب بکەیت، پێت وابێت کە ستەمکار و گەندەڵ و کەوتوون، کەچی لە ژێرەوە بەشێک بیت لێیان، بچیتە پێشەوە و کاریان بۆ بکەیت بە ڕۆژی ئاشکرا، ئەمە دوالیزمێکە کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردیی لەنێو ئەم پەیوەندییەدا دەژین.

چەمکی پارادۆکس/Paradox
ناتەبایی و دژیەکی، دیسانەوە جۆرێی ترە لە پێناسەی ئەم جۆرە مرۆڤانە، چونکە ئەم جۆرە لەمرۆڤ ناناسرێنەوە زۆرجار، بەتەواوی دژیەکن، پڕن لە ناتەبایی و دژیەکیی و ناهاسەنگیی لە بڕیار و گوتار و جوڵەکانیاندا، بوونی ئەم پارادۆکسە دۆخێک ئەخولقێنێت، کە پێناسەکردن و ناسینەوەو هەویەتپێدانیان ئەستەم بێت، مرۆڤێکن دژن لەگەڵیشن، ناڕازیی و ڕازیشن، حزبیی و سەربەخۆن، بەشێکن لە سیتەم و دژی سیستمن…تاد
لەڕاستیدا بوونی ئەم پارادۆکسە لەبەشێکی زۆری کۆمەڵگەی کوردیدا وایکردووە بەهای ئەخلاقیی ، دینی و مرۆڤایەتیی نەمێنێت، مرۆڤ لێرەدا بەئاشکرا درۆدەکات، پڕ لە هەڤدژیی و ناتەبایی لەهەڵوێست و بڕیار و بۆچونەکانیاندا، پارادۆکسی کەسانێک بەناو ناڕازین، ڕەخنەگرن، دژ بەسیستەمن، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حیزبەکانی دەسەڵات ستەمکار و پاوانخوازن، لەگەڵ تەسلیمبوون و بوون بەبەشێک لێیان، لەژێرەوە کارکردن لەگەڵیاندا، پارادۆکسێکە، کە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەکەمان لەم دژیەکییەدان، کە هۆکاری هەرەسەرەکیی ئەم دۆخەیی نادادیی و نا ئینسانییەیە، کە بەردەوامی هەیە.

بۆچی ناڕەزایەتی هیچ ئاکامێکی نییە؟
بەشێکی زۆری پەیوەندی بەوەوە هەیە، هیچ پرۆژەیکی ناڕەزایەتی جدیی بوونی نییە لەکۆمەڵگەی ئێمە، کە خاوەن پرۆژەیەکی فیکریی و فەلسەفیی بێت، بەڵکو ئەوەی هەبووە تا ئێستا هەوڵی تاکە کەسیی، ناڕەزایەتیی بێ خاوەن، هەڵوێستیی فیکریی ئەم نوسەر و ئەو ڕۆشنبیر، وەکو پێشتر خستمانەڕوو، یان ئەوانەی بوون بە ڕوگەی ناڕەزایەتیی خۆیان بەشێکن لە دەسەڵات، ئەوانەن کە لە پەیوەندییە دوالیزمەکەدان، پڕن لە پارادۆکسی ئەخلاقیی ، بەمانا دینییەکەی مونافقن، یان ئەوەتا هەوڵەکان پەرشوبڵاو و تاکەکەسیی و بێ ئیمکانەت و زۆجاریش بێ سەرمەشق و بێ مەعریفەن، ناڕەزایەتیی و دژ بەسیستم بوون پێویستی بە ئەدەبیاتێک هەیە،کە مانفێستی ناڕەزایەتییەکان بکات، بیانکات بەشێوەی پرۆژە و ئاڕاستەیان بکات، ناڕەزایەتیی خاوی کۆمەڵگە پێویستی بە تەرجومە هەیە بۆ کردنی بە زمانی سیاسیی، وەکو پێشتر وتمان ئەم کلتورە گۆڕان دایهێنا و ئەنجامی دا، بەڵام نەیتوانی بەردەوام بێت لەسەری و پرۆژەکەیان فەشەلێکی گەورەی سیاسیی و ئەخلاقیی هێنا و بەشە زۆرەکەیان دەستبەرداری ئەو شیعارانە بوون، کە بانگەشەیان بۆ ئەکرد و لەهەمووی خەمهێنەرتر ئەوە بوو بەشێکیان بوون بە ئەندامی حزبەکانی دەسەڵات، هۆکارەکەشی پەیوەندی بەوەوە هەبوو گۆڕان پرۆژەیکی تەواو کلاسیک بوو، کە لەهەناوی حزبەکانی دەسەڵاتدا لەدایک بوو، نەیتوانی تەجاوزی کلتوری حزبایەتی ئەوان بکات، چونکە کۆی پرۆژەکە بەسترابووەوە بەیەک کەسەوە لەدوای نەمانی ئەو کەسەشەوە، پرۆژەکەش نەما، ئەمەش دەریدەخات گۆڕان هەڵوێست بووە، نەک پەروەردە و فیکر، کردەیەک بووە بەبێ هیچ ڕەگێکی قوڵی فیکریی و فەلسەفیی چوارچێوەدار.
بێگومان دەسەڵاتێک نزیکەی نیوسەدە، کۆمەڵگەیەک بەڕێوە ببات، ئەخلاقیاتەکانی خۆی لەنێویاندا پەخش دەکات، بەجۆرێک وردە وردە دەسەڵات و خەڵکەکەی دەبنە دوو ڕووی یەک دراو، لەکوێی دونیا دەوڵەت و دەسەڵاتێکی ڕێکخراویی سیستەماتیکی خزمەتگوزار، کۆمەڵگەیەکی خراپ و گەندەڵ و لە یاسالادەری بەرهەمهێناوە؟ بێگومان ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەی کوردیشدا زۆر بە زەقی دەبینرێت، دوای نیو سەدە بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بەتەواوی ئەخلاقیاتی حزبەکانی دەسەڵاتیان تێدا ڕەنگی داوەتەوە و بوون بەبەشێک لە شێوازی بیرکردنەوە و دونیابینیی و دەسەڵات، ئەمە ئەگەر دەسەڵات و ئەو خەڵکە جیا بکەینەوە بۆ خستنەڕووی بابەتەکەمان ئەگینا بێگومان دەسەڵات ڕەنگدانەوەی خەڵکە و خەڵکیش پێکهێنەری دەسەڵاتن، بەڵام ئەوەی مەترسیدارە بریتیە لە چاندنی تۆوی ئەخلاقیاتیی حزبەکانی دەسەڵات لە هەناوی تاک بەتاکی کۆمەڵگا بە شێوەیەک ئەم دیاردەیە دابەزیوەتە نێو کۆمەڵگا بەگشتیی.
یەکێک لەو بەهایانە وەکو لەسەرەوە باسمانکرد بریتییە لە نیفاق و دووڕوویی سیاسیی، وتنی شتێک و ئەنجامدانی شتێکی تر، بەئاشکرا درۆکردن و بەبێ ئەوەی دان بنێن بەو هەموو گەندەڵیی و ستەمەی، کە ئەکرێت، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە لە لێدوان و دیمانەکانیاندا بەئاشکرا شتانێک دەڵێن کە خۆشیان و خەڵکیش دەزانێت، کە ڕاست نییە.
چەمکی ناڕازیبوون، دژبوون و وەستانەوە و ڕەخنەگرن لە سیستەمی حوکومڕانی لە نێو کورددا، ئەگەر زۆر نەچینە نێو قوڵایی مێژوو، تەنها سەد ساڵی ڕابردوو وەربگرین، لەملاو لەولا نوزەیەک دەبینن و هەست پێ دەکەین، کە بەشێوەی نوسین ئامادەیی هەبووە، لەخەومای جەمیل سائیب لەسەردەمی شێخ مەحمود و جیباونەوە و ئینشقاقی یەکێتی و ڕۆمانی سەگوەڕی محەمەد موکری و پاشان لە دوای ڕاپەڕینەوە لێرەو لەوێ نوسەرە ڕەهەندییەکان و دواتریش حزبە ئیسلامییەکان، تا دەگاتە هاتنی کوردستان پۆست و لڤین و پاشان بزوتنەوەی گۆڕان کە وەرچەرخانێکی مێژووی بوو بۆ داهێانی مۆدێلی ئۆپۆزیسیۆن بوون و بە سیستەماتیکردنی چەمکی ناڕازیبوونی کۆمەڵگەی کوردیی نمونەی ئەو دەنگە ناڕازییانەن، کە کۆمەڵگەی کوردی بەخۆیەوە بینیووە.
ئەگەر لە سیاسەتدا بپرسین ناڕازیی و دژە دەسەڵات چییە؟ ئەوا ڕاستەوخۆ ئەچینەوە سەر چەمکی ئۆپۆسیزیۆن، بۆیە ئەپرسین ئۆپۆسیزیۆن چییە؟ لە سادەترین پێناسەیدا لە سیاستەدا بریتیە لە پارتێک، یان هاوپەیمانییەتییەک، کە خۆی ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵات دەبینێت، بۆیە زۆرجار پێی ئەوترێت دژی دەسەڵاتە و خۆی بە بەدلیی ئەزانێت و کە بوو بە حوکمڕان و دەسەڵاتیش، ئەوکات لەوە ئەکەوێت، کە ئۆپۆسیزیۆن بێت، شێوازی کارکردنی ئۆپۆزیسیۆن لە هەموو جیهاندا بەوجۆرەیە، کە کاتێک پارتێک ئۆپۆزیسیۆنە، دێت لەسەر کەموکورتییەکانی دەسەڵات گووتارێک بەرهەم ئەهێنێت، پەرەی پێ ئەدا ئەیخاتە نێو سیستەمی پەروەردەی حزبەکەیەوە، کادیر و لایەنگرانی قەناعەت پێ ئەکا، کە پێویستە ئەو دنیابینییە جێبەجێبکرێت.
دەستەی ناڕازیی و کۆمیتە و ڕێکخراویی جیاجیای لە کۆمەڵگە زیندووەکان نمونەی ئەم جۆرەن لە کارکردن لەبواری ژینگە، ژنان، منداڵان، تەنانەت خوێندن و پەروەردە…تاد
لەم ڕوانگەیەشەوە بڕوانینە خەڵکی ناڕازیی کۆمەڵگەی کوردیی، تەنانەت لەئاستی حزب و ڕێکخراوەکانیشدا شتانێکی سەیر دەبینیت، لەوە سەیرتر چیبێت لەنێو گروپ و تاقمێکی بەناو ئۆپۆسیزیۆن بیت و سەر بەدەسەڵات بیت، بانگشەی دژبوون بە دەسەڵات و حزبی حوکمڕان بکەیت و خۆت بەشێک بیت لێی؟
دەردێکی کوشندەی نێو کۆمەڵگەی کوردیی ئەوەیە پرۆژەیەک جدیی ناڕازیی ئۆپۆسیزیۆنی نییە، بەدەر لە مانا سیاسیەیکەی لە چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسی دیاریکراودا، ناڕازیبون بەرانبەر بە سیستەم و حوکمڕانی وەکو هەڵوێستێکی ئەخلاقیی و پیشەیی و ئینسانیی، ئاخر ناکرێ کۆمەڵگەیەک کەوتبێ بەهەموو کایەکانییەوە، بەتەواوی تەسلیمی ئیرادەی دەسەڵات بوبێ، وێنەی ئەم جۆرە لەکۆمەڵگا شەرقییەکان لە چەند دەوڵەتێکدا بەدی دەکرێت، تێیدا زۆرینەیەکی ناڕازیی لەسیستەم هەیە، بەڵام زۆرینەیکی موزەیەف و بێ ئیمکانییەت و زۆرجار ناڕاست و قەلەق و ترساو لە بەرژەوەندیی، ناڕازی لە فۆرم و ڕازی لەناوەڕۆکدا، کە ئەگەر بچینە وردەکاریی ئەم جۆرە لەخەڵک، توشی دوالیزم و پارادۆکس دەبین، بەوەی ئەم جۆرە خەڵکانە، سەرەڕای ئەوەی ناڕازین، بەڵام تەسلیمی دەسەڵاتیش بوون، یان نایانەوێ هیج باجێک بدەن، لەلایەکەوە حەزیان لەو جۆرە لە دەسەڵاتە، کە سودمەند ببن لێی لەلایەکی تریشەوە خۆیان بەو جۆرە دەرئەخەن، کە ئەمان بەشێک نین لەو ستەمەی کە دەسەڵات دەیکات.
دیاردەیەکی تری ترسناکی نێو کۆمەڵگەی کوردیی ئەوەیە زۆرجار ئەم دەستە و تاقم و گروپانە بەشێکن لە دەسەڵات، بەجۆرێک نمایش ئەکەن، خۆیان ئەنوێنن و بەشداریی ناڕەزایەتیی و گردوبونەوەکان دەکەن وەکو بڵێی سەرمەشقی ناڕەزایەتین، کەچی هەر لە ئەزەلەوە ناڕەزایەتییەکەیان جدی نەبووە، ئەشێت لەبەر چەند هوکارێک بوبێت، مەسەلەن ناڕازی بوون لەوەی، کە پشتگوێ خراون؟ پۆست و پلە و ئیمکانییەتیان لەبەردەستا نەبووە، ناڕەزایەتیان قۆستۆتەوە بۆ بەکارهێنانەوەی دژی ئەوانەی، کە لەمان زیاتریان دەستکەوتووە…تاد.

عومەر ئەحمەد عەزیز
مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان

—————————-

بۆ پێناسەی دووڕوویی سیاسیی بڕوانە پێناسەکانی :ٚ
:(Cooper & Hogg, 2007) ،(Jordan & et.al,2017)
هەروەها بڕوانە ئەم دوو سەرچاوەیە:
1-http://www.awraqthaqafya.com/1480/
2-https://wikidiff.com/paradox/dualism




“بەسەر دڵتەنگییماندا، باران دەبارێت”.. تێکستی:”شوان تۆفیق”

ئەوکاتەی تۆ خەونت بەسێبەری درەختەکانی پیاوێکی نامیهرەبانەوە دەبینی
من دارستانێکی سەوز بووم بۆ تۆ
ئەو کاتەی لە بیابانی دڵی پیاوێکی تاریکدا بۆ قومێک ئاوی موحیبەت دەگەڕای
من بە دەریا و کەشتییەکانمەوە لە پێشوازییت دابووم.
ئەوکاتەی لەو دیووی باخچەکانی زانکۆوە بەدیار دڵی شکاوی خۆتەوە دانیشتبووی و دەگریای
من بیرم لە ڕەنگی چاوی تۆ دەکردەوە
ئەو کاتەی گوڵی سەر کراسەکانت لەناو ئینجانەی
ماڵی خۆشەویستەکەتدا نەڕوا
من بەدوای سێبەرەکەتدا دەگەڕام
کەچی دونیا بەجۆرێکی تر گۆڕا
بایەکی بەهێز هەڵی کرد، من و تۆ دوو ڕۆژنامەی دڕاوی دەم ڕەشەبا بووین و هەر یەکێکمان کەوتینە
ماڵی بێگانەیەکی خوێنساردەوە
تۆ بوویت بە سفرەی نانخواردن و
من پەنجەرەی ماڵی خواپێداوەکانم دەسڕییەوە،
شەوان لەوپەڕی شەکەتییدا
سەگی بەردەرگەی ماڵی پاشا نەیدەهێشت بەئاسوودەیی بنووین ..
بەهۆی برینەکانی سەر دڵمانەوە ڕەنگی گوڵەکانمان نەناسییەوە ..
پێم نەڵێی لەبیرت کردم، بۆ هەر کوێیەکی ئەم دنیایە دەچووم،
لەدوورترین شوێنی دڵی مندا
تۆ نووستبووی
پێم نەڵێی لەبیرت کردم،
من لەناو نیگای هەزار ژنی ڕەشپۆشدا بۆ ڕەنگی چاوەکانی تۆ دەگەڕام،
تۆ ئەستێرەی پشتی تەلارە بەرزەکانی شار بوویت و
ڕووناکییەکانت نەدەگەیشت بە سەربانی ماڵی ئێمە
تۆ ماسییەکی بچکۆلەی ناو ڕووبارێکی لێخن بوویت و
من نەمتوانی بتگێڕمەوە بۆ ناو حەوزێکی شووشەی ماڵی خۆمان..
ئەو ڕۆژانەی هەواڵتم نەدەزانی،
بە پەڵە هەورە سپییەکانی ئاسمانی شاردا سڵاوم بۆ دەناردی..
ئێواران باسی جوانیتم بۆ گوڵی وشکی ناو باخچەکان دەگێڕایەوە
من و تۆ کوڕ و کچی ئازاربووین و
شەوان تەنیایی دەرگەکانی خۆی بەڕوودا دەکردینەوە.
بەر لەهاتنی پاییز وەرزی هەڵوەرینی من و تۆ
دەستی پێ کرد.
بەدرێژایی ساڵ، بەسەر دڵتەنگیماندا، باران دەباری.
گلەییم لێ بکە!
دەبوو بەناو تۆفاندا..
بەناو تەمی سەر ڕێگەکاندا بێم بۆ لات و چەترەکانی خۆم بدەم بە تۆ.
دەبوو لەبەردەمی شکۆی تۆدا بەچۆکدا بکەوم و پشکۆکانی ناو هەناوی خۆم بدەم بە تۆ
بێم و ئازارەکانت ماچ بکەم،
وەکوو چرایەک بەسەر دڵی کۆڵانەکانتەوە بمێنمەوە،
بێم و شانم بکەم بە هێلانەی کۆترەکانت.
پێم مەڵێ درەنگ گەڕایتەوە، بۆ قەرەبووی هەموو ئازارەکانت،
مۆڵەتم بدە! ناو لەپی دەستەکانت پڕ بکەم لە ماچی سوور..
پێم مەڵێ درەنگ گەڕایتەوە، ئێستاش ڕووناکی زۆرم پێیە، بیدەم بە پەنجەرەکانت،
ئێستاش پڕم لە هەناسەی گەرم بۆ دەستە تەزیووەکانت.
کە باران خۆشی کردەوە، بەجانتایەکی پڕ لە پەپوولەوە
دێمە بەر دەرگەی ماڵتان
دووشەممەیەک وەکوو باڵندەیەکی غەریب لای ئینجانەی گوڵەکانت دەنیشمەوە
بۆ ئەوەی بزانیت پیاوێکی بریندار
لێرەوە تێپەڕیووە،
هەینییەک کراسە خوێناوییەکانم لەسەر دیواری ماڵەکەتان جێ دەهێڵم..
بەیانییەک دێم سێوی ناو قاپەکانت ماچ دەکەم و
دەڕۆم،
ئێوارانێک دێم و هەڵوژەی ناو سەبەتەکانت دەسڕمەوە و
بەدیار ئەلبوومی وێنەکانتەوە دەگریم،
کۆتایی پاییز دێم و تۆزی سەر ئاوێنەکانت دەسڕمەوە و
دوو دێڕ گۆرانی غەمگینت لەنزیکی ڕادیۆیەکی کۆنەوە بۆ جێ دەهێڵم.
تا لە هەناوم بەر نەبیتەوە،
دەست بەدڵمەوە دەگرم و بە شەقامە چۆڵەکانی شاردا ڕادەکەم..
تا بەسەر ڕومەتما نەڕژێی، ئاوڕ بۆ هەموان دەدەمەوە و
بەدرۆ بەڕووی موسافیرەکاندا پێدەکەنم،
تا ئەوینی تۆ لە چاوما نەناسنەوە،
بە چاویلکەیەکی ڕەشەوە بەناو تیشکی خۆرەتاودا تێدەپەڕم.
هەناسەکانم پڕ دەکەم لە هەوای ئەو شارەی
سێبەری تۆ لەباوەش دەگرێت
گۆرانی بۆ ئەو مناڵانە دەڵێم کە ڕەنگی پێستیان
لە تۆ دەچێت
سڵاو لەو پاسە شینانە دەکەم کە بە گەڕەکی ئێوەدا تێدەپەڕن.
نیگەران مەبە!
هێشتا درەنگ نەبووە، بە هەزار ڕێگە دەتوانم خۆشم بوێی..
بە هەزار و یەک ڕێگە دەتوانم لە قوڵایی دڵی خۆمدا بتشارمەوە.
هەمیشە بۆ گەیشتن بە تۆ، بەدەم ڕێگەوە هەناسەکانی خۆم دەژمێرم،
هەموو ڕۆژێک ترپەکانی دڵم لەناو دێڕی نامەیکتا جێ دەهێڵم..
بەژێر باراندا دەڕۆم و نزا بۆ سەوزبوونەوەی دڵت دەکەم
لەپشتی پیکابێکی شینەوە چاوەکانم دادەخەم و
خەون بە گرتنی دەستەکانی تۆوە دەبینم
هێشتا دڵم پڕە لە زەنگیانەی ئومێد،
دەزانم شەوێک بەر لەوەی مانگ بگاتە ناو باخچەی حەوشەکەتان،
خۆشت دەوێم،
کاتژمێرێک بەرلەوەی هەتاو بەر ڕوومەتی پەنجەرەکانت بکەوێت،
وەک شووشە عەترێکی گرانبەها لەناو قەدی جلەکانتا دەمشاریەوە
وەک بوخوردێک بەدیواری ژوورەکانتا هەڵم دەواسی،
وەک تابلۆیەکی غەمگین دەستت دەخەیتە ژێر چەنگەت و بەدیارمەوە دادەنیشیت،
وەک پاسارییەکی بریندار هێلانەیەکی گەرمم
لە پەڕەمووچی ئەوین لە دڵی خۆتدا بۆ درووست دەکەیت،
ئێوارانێک دەرمانێک لە گوڵی هەموو باخچەکانی شار دروست دەکەیت و
دەیخەیتە سەر برینەکانم.
نائومێد نیم، ئەگەر من، بە دووچاوی غەمگینەوە
لەبەر دەرگەی ئەوینتا بگریم و
سواڵی خۆشەویستیت لێ بکەم،
تۆ ڕۆژێکی زستان بەبێ هۆکار خۆشت دەوێم و ئێوارانێک بەناو کڕێوەی بەفردا دێیت بۆلام.
دێیت بۆلام و
هەزاران دەست و قۆڵ قەرزدەکەیت و
بەتوندی لە ئامێزم دەگری.
نائومێد نییم خۆشەویستە غەمگینەکەم، نائومێد نییم،
تا دەگەیتە لام، کەمێک لێدانی دڵی خۆم ڕادەگرم،
لە چاوەڕوانیتا هەندێک خوێن دەهێنمەوە،
تا دەگەیتە لام، لەودیوو دیوارەکانی ماڵێکی تاریکەوە نەختێک بەسەر چۆڵی و بێدەنگیتا دەگریم.




شیعەگەراو کوردایەتی لە ئایندەی عێراقدا.. عوسمانی حاجی مارف

بەدرێژایی سەدەکان، ڕێوڕەسمی شیعەکان لە کاتی موحەڕەمدا بۆ چینە باڵاکان زۆر هاندانێکی گرنگ بووە، بۆ پاراستن و وزەبەخشین بە کۆمەڵانی شیعە، لەهەمان کاتدا بۆ ڕاگرتن و بەردەوامیدان و بەرجەستەکردنی جیهانبینی خورافات و ئەفسانەکان، تا کەسایەتی ناو چینە نەداراکان بە ئاراستەی وەهم و خورافات، زەلیل و بێدەسەڵات ژیان بەرنەسەر، تا ئەو ئاستەی خۆ کوتانەوەی بەکۆمەڵ دەکەن.
ئەوەی جێگای سەرنجە هەر لە ڕێو ڕەسمی موحەڕەمدا، پەستانە ئاینی و ئایدیۆلۆژی و سیاسیە جۆراوجۆرەکانی ناو شیعە کێبڕکێ دەکەن، هەر لایەنێکیان بۆ ئەوەی یادەکە بە ئاراستەی خۆی لە قاڵب بدات و ڕێو ڕەسمەکان بە ڕوایەت و حکایەتی جۆراوجۆر بارگاوی دەکات، تا سیستەمی بیروباوەڕەکەی لەگەڵ بەرژەوەندیە سیاسیەکەیدا بگونجێنێت و بیفرۆشێتەوە بۆ پەیداکرنی زۆرترین نفوزو دامەزراوکردنی هێزەکەی، بە ئاراستەی پەیداکردنی پێگەیەکی گونجاو لە دەسەڵاتدا. ئەمساڵ لە عێراق یادکردنەوەی موحەرەم لە کاتێکدا ڕوویداوە کە خەریکە شیعەگەری دەبێتە شتێکی هاوشێوەی عەقیدەی دەوڵەت، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بیکەنە “ئایدۆلۆژیای حوکمڕانی” بەسەر کۆمەڵگەدا، ئەمەش بۆیە لە ئارادایە چونکە هاوپەیمانی شیعە لە هەوڵی پاوانخوازی و حوکمرانی رەهادایە. ئەوەی کە لە ئێستاو لەم نێوەدا جدیە بۆیان، خۆ گونجاندنیانە لە گەڵ ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی بۆ ئانیدەی عێراق پێشبینی دەکرێت، بۆیە هەوڵدانیان بۆ باڵادەستی رەهای ‌هێزی شیعەیە لە پرۆسەی بە ناوەندی کردنی عێراقدا، هەروەها گرتنە بەری ئەو سیاسەتانەیە کە هاوپەیمانی شیعە بە تایبەتی کتلەی حزبی دەعوە بۆ زاڵبون بەسەر تەواوی لایەنەکانی تردا پیادەی دەکات، ئەمەش هەر ئێستا لە چۆنیەتی نەرێنی پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و مامەڵە لەگەڵ سونەکاندا ڕەنگی داوەتەوە.
بۆرجوا ناسیۆنالستی عەرەبی بەبەرگی شیعەوە و لە پەیوەند بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، دۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق دەچەرخێنێت، هەوڵئەدات ئەم دۆخە بە پاوانخوازی شیعە جێگیرکات، بە ئاراستەی باڵادەستیان لە پرۆسەی ناوەندیکردنەوە لە حکومەتی عێراقدا.
ماوەیەک پێش ئێستا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایانگەیاند کە جەژنی غەدیر پشووی نیشتمانییە. ئەم جەژنە ئەو ڕۆژە دەگێرێتەوە کە گوایە محەمەدی پیغەمبەر، ئەوەی ڕاگەیاندوە، کە عەلی ئەبی تاڵبی ئامۆزای و باوکی ئیمام حسێن دەبێتە میراتگری. بۆ شیعەکان کە عەلی یەکەم ئیمامە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، گروپە ئیسلامییە شیعەکان داوای ئەوە دەکەن کە جەژنی غەدر بکرێتە جەژنێکی نیشتمانی.
لە سەرەتای مانگی تەموزدا، سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێش کۆبوونەوەیەکی گەورەی سیاسەتمەداران و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی دەوڵەت بۆ یادکردنەوەی ئەلغەدیر، وتارێکی پێشکەش کرد، گردبوونەوەکە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوپەیمانی شیعە کە حوکمڕانی عێراق دەکات، ڕێکخرابوو. لە پشت سودانیەوە تابلۆیەکی زەبەلاح دانرابو کە لەسەری نووسرابوو، “چوارچێوەکەمان هێزە و ئەلغەدیر ڕێبازمانە”، ئەمەش ئەو مەترسیەیە گەر بۆیان سەربگرێ شیعەگەرا بکەنە ئایدۆلۆژی حکومڕانی.
ئەمە دوایین دەرکەوتنی دۆخێکە کە لەم ساڵانەی دواییدا خێراتر بووە، کە کایەی گشتی تادێت ئەوە نیشان ئەدات دەیانەوێت هێما و وێنەسازی شیعە زاڵکەن. ئەم ڕەوتە لە باری واقعیەوە ڕەنگە وێنای ڕەنگدانەوەی دیمۆگرافیای عێراق بێت کە تیایدا شیعەکان زۆرینەی دانیشتوانی عێراقن و هێزە میلیشیا شیعەکان بەجۆرێک دەیقۆزنەوەو سودی لێوەردەگرن، بەڵام لە بنەڕەتدا ئامانجێکی سیاسیەو هەوڵی پاوانخوازیەکی رەهایە بۆ دەسەڵاتێک کە لە پەیوەند بە باڵادەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە جێگیر بێت، دەنا لە واقعیەتی شانۆی سیاسی عێراقدا نە بۆ هاوپەیمانی و نە بۆ سەدریەکان، ئیسلامی و شیعەگەرا گەر بۆ دەسەڵاتەکەیان بەدەر نەخوات دەیپێچنەوەو بەهەرزان دەیفرۆشن.
ئەم پڕۆسەیەی “شیعە”کردنی فەزای گشتی، هێما بۆ سێ واقیع سەبارەت بە دەسەڵات لە عێراقی ئەمڕۆدا دەکات.
یەکەم: لە کاتێکدا سەرەتا گروپە سیاسی و ئاینی و میلیشیا شیعەکان، کە بە فەرمی بەشداربون لە ڕێکخستنەکانی دابەشکردنی دەسەڵات لەگەڵ کوتلە سوننە و کوردیەکاندا، بەڵام بەدوای ئاڵوگۆر لە هاوسەنگی هێزەکانی شیعەو کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەتایبەتی هێزی هاوپەمانی شیعە دەسەڵاتیان لە حکومەتدا لە ئاستێکی باڵادا بۆ خۆیان دەستەبەر کردووە. هەر بۆیە زیاتر هەست بە مەیلی نیشاندانی سەروەری خۆیان دەکەن، بۆیە دەبینین نەک کەمتر ناچارن بەوەی لەگەڵ لایەنەکانی تردا درێژە بە رێکەوتنەکانی پێشویان بدەن، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی تردا مەرجەکانی خۆیان بۆ پاوانخوازی زیاتر دەخەنە ڕوو، لەم لایەنەشەوە پشتیوانی گەورەیان، کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەتایبەتی کە ئێستا کێشەکانی ئەمریکاو ئێران ئارامتر بۆتەوە، ئەمەش بۆتە پشتیوانی هاوپەیمانی شیعە کە رۆڵی سەرەکی بگێرێت لە پرۆسەی بە ناوەندکردنەوەی حکومەتی عێراقدا.
نموونەیەک کە بیخەینە بەردەست، بە تایبەتی لە بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانەی هێمای شیعە بەرجەستە دەکەنەوە، کە لە بەغدا و شارەکانی خوارو زیاتر دەرکەوتووە. بۆنمونە پەیکەری ئەبو مەهدی موهەندیس کە سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی بووە، سەر بەهاوپەیمانی میلیشیاکان کە گروپە ئاینی و شیعەکان ڕۆڵی باڵادەستیان تێدا دەبینی، هەروەها قاسم سولەیمانی کە سەرکردایەتی سوپای قودسی ئیسلامی ئێرانی کردووە، سوپای پاسداران، کە هەردووکیان لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٠ کوژران، بەم شێوە نمیشانە دەیانەوێت نیشانەکانی کۆنترۆل کردن بخەنە ڕوو.
دووەم: لە کاتێکدا ئەم جۆرە ڕەفتارانەی هاوپەیمانی لە پرۆسەی پاوانخوازیەکەیدا کە هەوڵدانە بۆ کێشکردنی زیادبوونی متمانەی کۆمەڵانی شیعە بۆ گەڕانەوەو زیاترکردنی نفوزە جەماوەریەکەی، چونکە شیعەکان بینییان کە باڵادەستی خۆیان بەشێوەیەکی بێوێنە لە ناو کۆمەڵگەی شیعەو لە ناڕەزایەتیەکانی تشریندا تەحەدای کراو دەسەڵاتەکەیان ناچار بە هەندێ ئاڵوگۆر کرد. بۆیە حزبە شیعە دەسەڵاتدارەکان بە هەوڵدان بۆ دووپاتکردنەوەی خۆیان و بڵاوکردنەوەی سیمبولەکانیان، هەم تێڕوانینێک بۆ دەسەڵاتی هەمیشەیی خۆیان کە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێیان. پلاتفۆرمە میدیایەکان و کەسایەتیەکانی پەیوەست بەم گرووپە شیعەیە، لە ترسی دوبارەبونەوەی تشرینێکی تردان، بۆیە گوتارەکانی پاوانخوازانەیان پەرەپێداوە، لەبەرامبەر ترس و دڵەراوکێیان بۆ ئەگەری لەدەستدانی دەسەڵاتی شیعە.
سێیەم: ئەو درزەی کەوتە نێوان چوارچێوەی هاوپەیمانی و بزوتنەوەی سەدریەکان، لەو سۆنگەیەوە نیشانەیان دەگرتەوە، کە نیشانی بدەن کامیان زیاتر تەرخانکراوە بۆ شیعەگەری و بنەما سەرەکیەکان، هەرچەندە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١ سەدریەکان فراوانتر بون، بەڵام لە پروسەی پێکهینانی حکومڕانیدا نەیانتوانی لە یاریەکەدا سەرکەوتوبن، یاریەکە بە پاشەکشەی سەدریەکان وەستێنرا.
ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییەی سەدریەکان و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا دوای ئەوەی پەنابەرێکی عێراقی لە سوید قورئانی سووتاند، هەرایەک لەلایەن سەدرەوە بەڕێخرا، وەک نیشاندانی پابەندبوونی بێسازشانەی بە ئیسلامەوە نمایشکرد. لەم بۆنەیەدا و چەندین بۆنەی دیکەدا، پلاتفۆرمی میدیایی سەدرییەکان ڕەخنەیان لە نائامادەیی چوارچێوەی هاوپەیمانی شیعە دەربڕی، کە گوایە بۆ سازشکردن لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتدا، ئیسلام بەکەم دەگرن، لە هەمانکاتدا سەدر بانگەوازی ئەوە دەکات کە لەلایەن ڕکابەرە “گەندەڵەکانەوە” ڕێگری لێکراوە لە جێبەجێکردنی چاکسازیەکاندا.
کێبڕکێی نێوان سەدرییەکان و ڕکابەرەکانیان کێبڕکێیەکە کە تیایدا هەر لایەنێک هەوڵی داوە لە چاو ئەوی دیکە کۆنەپەرستانەتر و ئیسلامی و شیعە سەنتەرتر دەربکەوێت. بەڵام ئەمە زۆرجار هۆکارە ڕاستەقینەکانی دوژمنایەتی نێوانیان دەشارێتەوە، کە پەیوەستن بە ڕکابەری کوتلەیی بۆ دەسەڵات و بۆ تاڵانچێتی، ئەوەی پێویستە رۆشن بێت ئەو رکابەریەی لە لایەن هەردوکیانەوە پیادە دەکرێت، لەپێناو دەسەڵاتێکدایە کە بەمەرجی پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایە هەنگاودەنێت، بۆ پاراستنی پەیوەندی کارو سەرمایە لە دڕندانەترین شێوازی چەوسانەوەو کەمترین کرێ بۆ هیزی کار و قۆرخکردنی تەواوی جومگە ئابوریەکان بە چاودێری و سەرپەرشتی هێزە میلیشاکانیان، ئەمەش یاریەکی ئاسان نیە، چونکە هێزە میلیشیاکان لە ڕێگەی دەسەڵاتێکەوە ئەتوانن لەم کارەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، دەبێت وەک یاریزانێکی باشی نێوان کێشمەکێشی ئەمریکا و ئێران و خۆ گونجاندن لەگەل دۆخی ناوچەکەدا دەرکەوێت.
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا هاوپەیمانی شیعە و بەدەوری حزبی دەعوە بە هەر نەخشەو زگزاکیەک لە سیاسەت و پابەبد بون بە ئێرانەوە، توانیویانە پرۆسەکە بە قازانجی خۆیان بچەرخێنن، لە پاڵ تاڵانچێتی و گەندەڵی و جەهالەتدا سیستمی سەرمایەداریان پێرۆزکرد .
ئێستاش لە هەوڵی پرۆسەی ناوەندکردنی حکومەتی عێراقدا، هاوپەیمانی شیعە قۆڵی جدی لێ هەڵماڵیەوەو بۆتە بەڵایەکی گەورە بەسەر حکومەتی هەرێم و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، بە تایبەتی بنەماڵەی بارزانی و پارتی کردۆتە نیشانیەک کە جاربەدوای جار زیاتر ملەکەچی نەخشەکانی هاوپەیمانی و دەسەڵاتی شیعە گەرایان دەکات، گورزێک کە هێمای ئەو نیشانەگرتنەیە، بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێم و گورزدانە لە پێگەی بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵاتەکەیان. گەر ئەو پرسیارەش بێتە پێشەوە، ئاخۆ لەم کەین و بەینەدا پێگەی بنەماڵەی تاڵەبانی لە کوێدا ڕاوەستاوە؟ ئەتوانین ئەوە ببینین کە بنەماڵەی تاڵەبانی لەلایەک دەمێکە بۆتە پاشکۆی ئێران وهاوپەیمانی شیعە، واتە پێشوەخت دەستیان لە هەمو شتێک شتووەو چاوەڕوانن ئاراستەی ڕوداوەکان بەرەو کوێیان دەبات، هەر ئەمەشە یەکێتی ناچارە کە زیاتر لەگەڵ قەیرانەکانی خۆیدا سەوداو مامەڵە بکات، تائەوەی بتوانێ بچێتە سەر ڕەوتی پاراستنی قەوارەی هەرێم، ئەوەی جێگای بیرهێنانەوەیە، جەلال تاڵەبانی هەرزوو دەرگای موجامەلەی بۆ شیعە گەراو و حوسینیە ئاواڵەکرد.
ئەوەی لەم نێوەدا پێویستە جێگای سەرنجمان بێت و ئاگاهانە مامەڵەی بکەین، ئەم دۆخەی ملکەچی ئێستای بارزانیە بەدوای نامەکەی مەسرور بۆ بایدن، کە خەریکە بارزانی بە ناوی گەشبینیەوە بە ئاکامی دانیشتنە نارۆشنەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا چەواشەکاری دەکات، چونکە ئەو نەخشەو ئاراستەیەی لە پرۆسەی ناوەندیکردنەوەی عێراقدا بەرێدەخرێت، چەندین بارگژی و ئاڵۆزی و نشێوی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، دۆخەکە بەدانی چەند موچەیەک یەکلایی نابێتەوە.
بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانی چاوەڕوانی ئەوەیان دەمێکە دۆراندوە، کە بیانەوێت، یا بتوانن بەڵانسەکە وەها ڕاگرن خەڵکی کوردستان بە سەلامەتی ئەو دۆخە تێپەڕێنێت، چونکە هەر لەسەرەتاوە لە ساڵی نەوەدەکانەوە وەک دوهێزی ملیشیا پاشکۆی سیاسەتی جەنگی دەوڵەتی ئەمریکا بون، تەنها ئەوەیان پێبڕا کە پاشماوەکانی دوای جەنگ کۆکەنەوە، هەر بۆیە کوردایەتیەکەیان کردە قومارێکی دۆرا و قوربانی لەناو ڕیڕەوی پێکهاتەی حکومەتی عێرقدا، کە ئێستا بە نەخشەو سیاسەتەکانی شیعەگەرا بەڕێوە دەبرێت.
ئەم واقعیەتە جەنجاڵە نە بە بارزانی نە بە تاڵەبانی نە بە یەک ڕیزی و نە بەوەستانەوەیان لەبەرامبەریەکدا بۆیان ناگەڕێتەوەو ڕاست نابێتەوە، ئەوە نەفەس و ڕۆڵی جەماوەری ناڕازیە کە ئەتوانێ بە ئاراستەیەکی تر ئەم واقعە بگۆڕێت.

پێویستە خەڵکی کوردستان فریای خۆیان کەون، بەدوای هیچ تەوەهم و بەڵێن و دروشمەکانی بزوتنەوەی شکستخواردوی کوردایەتیەوە نەبن، ئایندەی کوردستانێکی سەقامگیرو ئاسایش و خۆشگوزەران و ئازاد، لە هەلومەرجی سیاسی پڕ گێژوای ئێستای ناوچەکەدا، تەنها بە ئیرادەو هێزی ڕێکخراوو جەماوەری و دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا دابین دەکرێت.

لەم وتارەدا بۆ وەگرتنی هەندێ زانیاری سود لە وتارێکی حارث حسن وەرگیراوە بە ناو نیشانی (تأرجُح شيعة العراق بين توجّهَين متناقضَين)




ئەمن نەتەوەی رۆجیارم!.. زانا_کوردستانی

دەریا گەنداویکە رەگەڵ پەلە ناسنامەیکی چرووک!
لە رەڤین، تاکو خۆی بە کنارێنەکە رۆژ بگینی
رۆژ هیوائیکه بۆ خەلاسی لە شەۆ
شەۆ فڵته‌فڵتیکە بۆ کوێلەداری لە مرۆڤ
مرۆڤ چراویکە قانگ‌گرتی
هه‌ڵواسراو له پژەپۆیی مێژوو
وا گەگانە توزولکەی هیواداری لە خۆی هل‌بۆرینەسەوە
ئاه،،، نایینه‌ن
ئادەمی و بەشەر!
وا ئافتاو و وەرەتاوەکانیان نێوی هجرەکانی رەشایی سرگوون کەردەیان
پیخەنین‌و
سه‌ربه‌ستی‌و
سماو
تێگەشتن‌و
و بوته‌یلیکیان سازی
له بەردو
لە نەزانین‌و
له پروپووچ‌و
له گەڵ گیریست…
بەڵام ئەمن نەتەوەی رۆجیارم!
قۆم و خزمی مانگەشەو
گەرچی مۆمەم
بەڵا وێستاوەم لپێشی رەشایی…

زانا_کوردستانی




گەشتێکی بڕۆنزی.. شیعری شوان شەفیق

‎مووسافیرێکم
‎ ,جێگام لە گەشتەکەم لە فارگۆنی یەکدایە
‎!کورسییەکەم دەکاتە چراخان تەنیایی

‎کاتێک سەفەر دەکەم
‎!ڕامم ناکەن پڕچ زەردەکان
‎وەک چۆن ئولفەتم گرتووە بە ڕەشی بەختەوە
‎!ئاواش بە قژی خاوی ڕەش سەرسامم

‎گەشتەکەم درێژە و
‎!منیش کورت بیر دەکەمەوە
‎بڕوام وایە درێژ بیرکردنەوە لەم زەمەنە خێرایەدا
‎.بەفیرۆدانی کاتە

‎کیژێك بەرانبەرم دانیشتووە
‎دەیەوێت سەرنجم ڕاکێشێت
‎بە جووڵە هەستبزوێنەکانی
‎ بەو بۆدییە کورتەوەی کە کەمەری دانەپۆشیووە
‎!بەو مەمکە فنجانییەوەی کە سێوبەندی نەبەستووە
‎!پێستی ئەوەندە ناسکە
‎کاتێك تیشکەکانی ڕۆژ بۆنی دەکا دەبریسکێتەوە
‎.پێ دەچێ نەوەی قەرەجەکانی ئیسپانیا بێ

‎ئەو ناسکۆڵەیە خەیاڵەکانمی بردووە
‎ بۆنی هەناسەمی تەی کردووە
‎ئەو بێئاگایە لەوەی
‎لە جووڵەی یەکەم وێستگەوە
‎ ،لە چەقی جەستەیدا
‎ !بە پرگالی ئارەزوو بازنەی حەزم کێشاوە

‎من لە جنسێکی شێتم
‎باکم نییە دەستبەندەکەی
‎ناوی کێی لەسەر نووسراوە
‎!تاتۆی ملی بۆ کام ئەوینەی کێشاوە
‎بەڕوومدا جار جار بزەیەک دەکا
‎منیش بە هەناسەیەکی سەردەوە تەماشایەکی دەکەم
‎دەبێت بزانێت
‎لە گەشتی نێوان شارەکاندا
‎دڵداری کاتی ناکەم
‎مرۆڤێک نیم
‎.بە ئارەزووی کاتییەوە سەرقاڵبم




هاونیشتمانییە بێ نیشتمانەکان.. شيعر: نزار قبانی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

وەک چۆلەکە ڕاونراوی نەخشەی ڕۆژگارین
لەسەفەراین بێ هیچ بەڵگەی سەفەر کردن
و
مردووین بێ کفن
ئێمە قەحبەی سەردەمین
هەر دەسەڵاتدارێک ئەمانفرۆشێ
و
بەهاکەی وەرئەگرێ
ئێمە کەنیزەکی کۆشکین
کە ژوورێکەوە ئەمانێرن بۆ ژوورێکی تر
لە باوەشێکەوە بۆ باوەشێکی تر دیکە
لە موڵکدارێکەوە بۆ ئەوی دیکە
و
لە بتێکەوە بۆ بتێکی تر
هەموو شەوێ وەک سەگ ڕائەکەین
بۆ خەڵکێک ئەگەڕێین وەرمانگرێ
بۆ پەردەیەک ئەگەڕێین دامانپۆشێ
و
عەوداڵی نیشتەجێیەکین
و
مناڵەکانمان بە چواردەورمانەوەن
پیر و قەموور” کوڕ ” بوون
لە فەرهەنگە کۆنەکانا
بۆ بەهەشتێکی دڵفڕێن ئەگەڕێن
بە دوای درۆیەکی گەورەوەن
زۆر گەورە
پێ ی ئەڵێن: نیشتمان

ئێمە هاونیشتمانی کۆشکی” گریان “ین
پەڕەکانمان سەیرە
بیرکردنەوەمان سەیرە
ناوەکانمان لە ناو ناچن
نە ئەوانەی نەوت ئەخۆنەوە ئەمانناسن
نە ئەوانەی فرمێسک و نەهامەتی ئەخۆنەوە
زیندانی ناو” دەق “ێکین
دەسەڵاتداران نووسیویانەتەوە
زیندانی ” ئایین”ێکین
مەلاکان دایانڕشتۆتەوە
زیندانی خەفەتین
و
ئای کە لە خەفەتا کەس لێمان ناباتەوە

چاودێری ئەکرێین
لە چاخانە و لە ماڵەوە
لە ناو ڕەحمی دایکەکانیشەوە
و
لە هەر لایەکەوە
سیخووڕێک لە چاوەڕوانیمانایە
چایەکەمان ئەخواتەوە
لە ناو جێگەکامانا ئەنوێ
پۆستەکانمان ئەیا بەسەر یەکا
ئەچێتە ناو لاپەڕە و دەفتەرەکانمانەوە
ئەچێتە ناو لووتمانەوە
و
لەگەڵ “کۆکە”مانا یەتە دەرەوە

زمانمان بڕاوە
سەرمان بڕاوە
گەر پەنا بەرین بۆ ئاسمان
ئەڵێن: قەدەغەیە
گەر دوعامان کرد پێغەمەر ئاگای لێمان بێ
“ڤیزە”یەکی بێ گەڕانەوەمان ئەیەنێ
گەر داوای قەڵەمێک بکەین تا پێش لە سێدارەیانمان
دوا وەسیەت یان دوا شیعر بنووسینەوە
باسەکانمان پێ ئەگۆڕن

نیشتمانە هەڵواسراوەکەم بەسەر دیواری ڕق و کینا
تۆپە ئاگراوییەکەی ڕوو لە نەمان ئەکەی
هیچ کەسێ : لە خێڵی ئەم یان ئەو
بوتڵێک خوێن
یان “میز”ە بە حورمەتەکەی
نەبەخشیوە بە تۆی غەرق بووی خوێن
هیچ کەسیان
بە پانتایی ئەم عەبا ڕاکێشراوە
ڕۆژێ لە ڕۆژان
پاڵتۆیەک یان کڵاوێکی پێت نەبەخشیوە
ئەی ووڵاتی وەک هێلانەی پایز تێک شکاو
لە شوێنی خۆمان
وەک درەخت ووشک هەڵگەڕاوین
لە ئاوات و یادگارێکمان دوور خراوینەتەوە
چاومان لە دەنگیمان ئەترسێ
دەسەڵاتدارەکان خودایەکن
خوێنی”شین” بە لەشیانا ئەگەڕێ
و
ئێمەش بووین بە وەچەی کەنیزەیەک

نە کوێخای شاخاوییەکان، نە دانیشتووی بیابانەکان، نامانناسن
كەس میواناریمان ناکا
كە ستەمکارێک ئەڕوا
ستەمکارێکی تر وەرمان ئەگرێ
كۆچەری بەندەرەکانی” ماندوو” بوونین
كەس ئێمەی ناوێ
نە مەلائیکەت…نە شەیتان
لەم دەریا بۆ ئەو دەریا
كەس نامانخوێنێتەوە
لە پاپۆڕی خەفەتەکانا سەفەر ئەکەین
سەرکردە : بەکرێ گیراو
پیرەکەمان : چەتە
وەک مشک خزێنراوینەتە قەفەسەوە
هیچ بەندەرێ..هیچ مەیخانەیەک وەرمان ناگرێ
هەموو پاسەپۆرتەکانمان
شەیتان دەریکردوە
هیچ نووسینێکمان
نەچۆتە دڵی سولطانەوە
لەسەفەراین
لە دەرەوەی بازنەی کات و شوێنا
خەڵکانێکین کە :
دەغیلە و کەل و پەلەکانمان وون کردوە
مناڵەکانمان وون کردوە
ناوی خۆمانمان وون کردوە
” ئینتما”مان وون کردوە
هەستکردن بە “ئەمان”مان وونکردوە
نە ئەمبەر…نە ئەوبەر
نە وەچەی ئەم….نە وەچەی ئەو
نامانناسن
نیشتمانم..:
هەر چۆلەکەیەک ماڵێکی هەیە
تەنها ئەو چۆلەکانە نەبێ
كە “ئازادی” ئەکەن بە پیشە
ئەوان : لە دەرەوەی ووڵاتەکانیان ئەمرن
“”””””””””””””””””’
“”””””””””””””””””’
( بۆ زیاتر مانا بەخشین دەستکاری چەن ووشەیە کراوە لە کاتی وەرگێڕانەکەی بۆ هێشتنەوەی ڕیتمی نێوان دێڕەکان و مانا شیعرییەکانیان..)e




نامە بۆ گۆران سەباح لەلایەن کاروان کاکەسوورەوە

بە خۆشەویستی دەست پێ دەکەم:
گوتاری (بێکەڵکترین پرسیار و حەفت وەڵامی سەیر)تم خوێندەوە، کە لەبارەی کتێبی (ڕۆمان و خوێنەرە جیاوازەکانی)ی (شاخەوان سدیق)ـەوە نووسیوتە. من خۆم بە تایبەتی لەم نووسینانەی ئەم دوایییەمدا پێم لەسەر بایەخی ڕووبەڕووبوونەوە داگرتووە و گوتوومە لەو جووڵەیەدا شتەکان بەر یەک دەکەون، کە ئەو بەریەککەوتنە وا دەکات کولتووری نووسینمان لە قۆناغی کەڵەکەکردنەوە بگاتە قۆناغی پێداچوونەوەوە. واتە پێداچوونەوەی ئەو شتانەی لەم سێ دەیەی ڕابردوودا فڕێمان داونەتە سەر یەک، کە ئەوە دیدێكی ڕەخنەیی دەخوازێت. بەریەککەوتن نەک هەر دۆخی شت دەگۆڕێت، بەوەی دەیترازێنێت و ئەو ڕووانەی دەردەخات، کە بەبێ ئەو جووڵەیە نەدەکرا بیانبینین، بەڵکوو بواری ئەوەیشمان بۆ دەڕەخسێنێت، تا لە گۆشەنیگای دیکەوە بۆیان بڕوانین. لێرەوە من بایەخی ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرچاو دەگرم، کە نەک هەر خوێنەر چالاک دەکات، بگرە دەیخاتە بەردەم ڕوانینی جیاوازجیاوازیشەوە. دیارە هەموو ڕووبەڕووبوونەوەکان وەک یەک نین، بۆیە دەکرێت هەر یەکەیان بە جودا بخوێنینەوە.
من خۆم، کە لەم کتێبەی (شاخەوان سدیق)دا بەشدارم و تۆ لەبارەی بۆچوونەکانمەوە نووسیوتە، نایشارمەوە هەم بە بایەخەوە خوێندمەوە و هەم بۆ بابەتەکەم گەڕامەوە، تا بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز لێی بڕوانم. ئەمە بۆ من جووڵەیەکی کاریگەرە. خۆ ئەگەر هەر بۆچوونێکی جیاواز لەم ڕووەوە بخەمە ڕوو، بە مانای سڕینەوەی ئەوەی تۆ نایەت، بەڵکوو وەک هەمیشە گوتوومە و لێرەیشدا دەیڵێمەوە، کە دەنگی من دەبێتە دەنگێکی جیاواز لە پاڵ ئەوەی ڕووبەڕووم بووەتەوە. دەکرێت کۆمەڵێک دەنگی دیکەی جیاوازتریش لە دەرەوەی ئێمەوە بێن، تا لەناو ئەم ڕووبەرەدا دەربکەون.
دیارە من زیاتر لەبارەی وەڵامەکەی خۆمەوە دەنووسم، کە دەکرێت ئەو شەش نووسەرەی دیکەیش، ئەگەر ئارەزوویان لێیە، بۆچوونی خۆیان بخەنە ڕوو.
با لە ناونیشانەکەوە دەست پێ بکەین: (بێکەڵکترین پرسیار و حەفت وەڵامی سەیر). وشەی (بێکەڵکترین) بۆ منی خوێنەر دەربڕینێکی ڕەهایانەیە. ئایا چۆن بەو ئەنجامە گەیشتیت؟ لەو هەموو پرسیارەی مرۆڤ تا ئێستا کردوونی، ئەمەی (شاخی) بێکەڵکترینیانە؟ تۆ هەر لە سەرەتاوە دیاریت کردووە بە کوێ بگەیت، کە ئەمە هەڵەی لۆجیکییە و بە (hasty generalization) و (jumping to conclusions) ناسراوە. واتە دەتەوێت خێرا ئەنجامێک بە دەستەوە بدەیت. ئینجا بۆ ئەوەی پێی بگەیت، پێویستە ئەو خاڵانە بدۆزیتەوە، کە ڕێت بۆ کورت دەکەنەوە. حەوت نووسەر بەشدارن و حەوت وەڵامی جیاوازیشیان داوەتەوە. چۆن هەر لە ناونیشانەکەوە هەموویان دەکرێنە یەک؟
لەوەدا هاوڕاتم، کە پرسیارەکەی (شاخی) لە ڕووی داڕشتنەوە تۆکمە نییە، بەڵام من وا لە پرسیار ناڕوانم، بەڵکوو تێیدا بە دوای چەمکدا دەگەڕێم. لێرەوە ئەو پرسیارە بە گرنگ دەزانم، کە ئەم چەمکانە لە خۆی دەگرێت: دەق، نووسەر بە گشتی، ڕۆماننووس بە تایبەتی، ڕۆمان، خوێندنەوە، خوێنەر، کاریگەری و هیی دیکە، کە هەر یەکەیان کۆمەڵێ ڕایەڵ (کۆنتێکست)ی لەناو فەلسەفەدا هەن، بەو مانایەی ئەو چەمکانە بەر لەوەی هیی ڕۆمان بن، هیی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤن و لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ کراوە. کاتێ تۆ دەڵێیت: (باسی پێوەندیی ڕۆمان و خوێنەر و چەمکی خوێنەر دەکات. بابەتەکە، وەک هەموو جار، دەباتەوە سەر فەلسەفە)، ڕاستییەکەی نەمبردووە، بەڵکوو هەر خۆی لە بنەڕەتەوە فەلسەفییە. فەلسەفە سنوورێکی کۆنکریتبەندیی نییە، تا لە نافەلسەفە جودا بکرێتەوە، بەڵکوو هەر کاتێ ئاستی زانراوی چەمک جێ دەهێڵین و ڕوومان لە نەزانراوە، ئەوە لە دۆخی شمەکەوە بۆ دۆخی ئاماژە دەپەڕینەوە و فەلسەفەی تایبەت بە خۆمان دادەمەزرێنین، کە لێرەدا بوارم نییە لەم ڕووەوە بۆ کۆمەڵێک سەرچاوە بگەڕێمەوە و نموونە بهێنمەوە، بەڵام هێندە دەڵێم قسەکردن لەبارەی ئەو چەمکانەوە ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێت دایەڵۆگی فەلسەفییانە دابمەزرێنین. ئەو دایەڵۆگە بووەتە پێشڕۆی وەڵامەکەی من، کە دەتوانم بڵێم هەوڵم داوە ئەو چەمکانە لەو ڕێیەوە بخەمە ڕوو.
نووسیوتە: (پێم حەیفە، کاروان بیرۆکە و تێڕوانینە جوانەکانی لەپاڵ بیرمەندانی ئەوڕوپا دەشارێتەوە، بۆ هەر ڕایەکی خۆی، ڕای بیرمەندێکی بیانی دەکاتە بەڵگە. هەردەم ڕای خۆی بەسوودترە لە ڕای ئەو بیانییانەی ڕیزیان دەکات. کاتی هاتووە، تاکی کورد باوەڕ بە بیرۆکە و تێڕوانینی خۆی هەبێت، لە کاروان ڕادەبینم ئەو ڕچەیە بشکێنێت. ئەو ئازادە چۆن کار دەکات. ئەگەر حەزی لەو جۆرەیە، با وتارەکانی بنێرێت بۆ گۆڤارە ئەکادیمییەکان، ڕەنگە سوودی بۆ ئەوان هەبێت).
من پێشتریش گوتوومە لە ڕێی دایەڵۆگەوە بە سەرچاوەکان گەیشتووم، بەو مانایەی وەک نووسەری ئەدەبی گێڕانەوە کاتێ ویستوومە بۆ نموونە لە چەمکی (کات: Time) بگەم، ئەوە گەڕاوم و ئەو گەڕانە وای لێ کردووم ڕووم لە نەزانراو بێت. واتە نەمزانیوە چی دەدۆزمەوە. لەو گەڕانەدا بە (ئۆگستین)، (کانت)، (بێرگسۆن)، (نیتشە)، (هایدیگەر) و هیی دیکە گەیشتووم، کە لە گوتاری (کات وەک پرسیارێکی شەڕانگێز لە ئەزموونی مندا) هەوڵم داوە ئەو ئەزموونەی خۆم بنووسمەوە. دەمەوێت بڵێم من لەگەڵ ئەو سەرچاوانە بیر دەکەمەوە، نەوەک لە ڕێیانەوە، چونکێ ئەگەر لە ڕێیانەوە بیر بکەمەوە، هەر ئەوە بەرهەم دێنمەوە، کە هەیە، بەڵام کاتێ لەگەڵیان بیر دەکەمەوە، ئەوە ئەو (منە دایەڵۆگییە)م ون نابێت، بەڵکوو دەبێتە هاوکاتی ئەوانە. ئەو (من)ـەی گفتوگۆی دامەزراندووە، نە منێکی بەرزگەرایە، تا ئەوانەی دی بسڕێتەوە، نە منێکی خۆبەکەمزانیشە، لە ئاستی ئەوانەدا بچەمێتەوە، بەڵکوو کاتێ دایەڵۆگ هەیە، ئەوە بەرزی و نزمی نامێنن، بەڵکوو دۆخێکی دی دەردەکەوێت، کە تێیدا هەموو ئاڕاستەکان ڕوویان لە نەزانراوە و خاوەندارێتی گوم دەبێت. هیچ کەسێک خاوەنی هیچ شتێک نییە، بەڵکوو شتەکان لە بەردەمی هەموواندا ئاواڵان. ئەوانەی من لەم گەڕانەدا دەستم کەوتوون، بەرهەمی گەڕانەکەمە، کە ئەو سەرچاوانەی، تۆ ناوت ناون ئەورووپی، خۆیشیان هەر لە ڕێی ئەو گەڕانەوە دروست بوون. کتێبێکی وەک (هەزارویەک شەو)ی خۆرهەڵات دەگاتە ناو دڵی خۆرئاوا. سەرنجی (بۆرخیس)ێکی ئەرجەنتینی ڕادەکێشێت و بە شاکارێکی مەزنی دەزانێت. دەتوانم دەیان نموونەی دیکە لەم ڕووەوە بهێنمەوە، کە هزری مرۆڤایەتی پێکهاتەیەکی بێسنوور و بێناسنامەیە. هەر داهێنەرێک بە شێوازی خۆی تایبەتمەندیی پێ دەدات. واتە (جیاوازی) دەکەوێتە پێش (ناسنامە)وە، نەوەک بە پێچەوانەوە. لەبەر ئەوەیشە ڕەخنەدۆزانی پۆستمۆدێرن ئەوە دەدەنە دواوە، کە شتەکان بێگەردن و یەک ڕەگیان هەیە، بەڵکوو پێیان وایە هەمەڕەگن و لە بێژمار کەناڵی جیاوازەوە هاتوون. توخمەکانی ئاگر، هەوا، خۆڵ و ئاو، کە (ئەریستۆ) بە کاریان دەهێنێت و لێکیان دەداتەوە، مەبەستی تەنیا ئەوانەی ئەسینا نین، بەڵکوو مەبەستی هیی هەموو گەردوونە. (گاستۆن باشولار)ی فیلۆسۆف کاتێ هەمان ئەو توخمانە بە شێوازی خۆی ڕاڤە دەکاتەوە، تەنیا لەگەڵ ئەوانەی پاریسی نین، بەڵکوو ئەویش مەبەستی هیی هەموو شوێنێکە.
لە خۆم ڕادەبینم بڵێم هیچ چەمکێکم نەهێناوە، ئەگەر ڕایەڵەکانی ئەو چەمکەم لێک نەدابنەوە. ئێمە دەتوانین چ لە گوتار و چ لە گفتوگۆدا ئەو دایەڵۆگە دابمەزرێنین و هەر لەو ڕێیەوە چەمکەکان لێک بدەینەوە، کە ئەو لێکدانەوەیە شێواز و تایبەتمەندیی ئێمە پێک دەهێنێت. لەم ڕووەوە هەم کتێبم هەیە و هەم گوتاری جیاوازجیاوازیش. نوێترین گوتارم ناو ناوە (چەمکی سادەیی وەک بانگەشەی داهێنان)، کە لەوێدا وەک ئەوەی تۆ گوتووتە لەبارەی ئەو چەمکەوە نووسیومە و دایەڵۆگم لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکدا کردووە.
ئەم پەرەگرافەت لە نووسینەکەم وەرگرتووە: (پێم وایە ئێمەیش کاتێ بمانەوێت بە گشتی لە ئەدەب و بە تایبەت لە ڕۆمان بگەین، پێویستمان بەوەیە جینیالۆجیا بۆ ئەو چەمکە بکەین، تا ئەم ئاستە سادەیەی ئەمڕۆی تێبپەڕێنین و بیخەینە ئاستی دیکەوە. دەکرێت پرسیاری (خوێنەر چییە؟) بۆ ئەو جینیالۆجیایە ببێتە پێشڕۆمان). ئینجا پرسیوتە: (ئەرێ “… جینیالۆجیا بۆ ئەو چەمکە بکەین . . .” مانای چییە؟ ئەرێ کام ئاستی سادەی ئەمڕۆ؟ ئەرێ کام ئاستی دیکە؟).
ئەو پرسیارانە دڵیان کردمەوە، کە ڕێیان لە حوکمدان گرتووە. ڕەگی وشەی جینیالۆجیا بۆ کولتووری یۆنانی دەگەڕێتەوە. بە مانای بنەچەی خێزان و بنەماڵە هاتووە. (داروین) بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە بواری بایۆلۆجیدا بە کاری هێناوە، تا لەو ڕێیەوە ڕاڤەی گیانەوەر بکات، کە لە کتێبی (بنەچەی جۆرەکان: On the Origin of Species)دا دەیەوێت ڕیشەی ڕاستینەیان بدۆزێتەوە. چۆن گۆڕاون، چۆن گەشەیان کردووە و شتی دیکەی لەم بابەتە. واتە لە ڕێی هەردوو چەمکی (Evolutionism) و (Phylogenesis)ـەوە پەرەسەندنی گیانەوەری لە ڕووی مێژوویییەوە لێک داوەتەوە. (نیتشە) بۆ فەلسەفەی گواستووەتەوە و لە بواری ڕاڤەکردنی بەهادا خستوویەتیە کار. ڕەخنەی ئەو لە مێتافیزیکا پێوەستە بە بەهاوە، چونکێ ڕەخنە حەقیقەت دەردەخات، کە ئەو حەقیقەتە بەهای تێدا شاردراوەتەوە. لەو ڕەخنەیەیشیدا پەنا بۆ جینیالۆجیا دەبات، بەو مانایەی ڕێگەی تێکشکانی حەقیقەت و دەرکەوتنی بەهای ڕاستییە، کە ئەمەیش لە دوو ئاستدا دەردەکەوێت: ئاستی یەکەم، ئەو بەهایە، یان ئەو بیرۆکەیە لە ڕووی مێژوویییەوە چۆن سەری هەڵداوە و چۆن گەشەی کردووە، بەڵام ئاستی دووەم، ڕەخنەیە لەو بەهایە و لابردنی ئەو چینە پیرۆزییەی سەری، تا ناوەوەی بکرێتەوە. بە مانایەکی دی، گومانکردن لە حەقیقەتی ئەو بەهایە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی. لێرەدا لە ئاستی ڕەهاوە دەچێتە ئاستی ڕێژەیییەوە. ڕووکەش لا دەچێت و ڕەسەن دەگەڕێتەوە، کە یەکەمیان لەسەر مێتافیزیکا دامەزراوە و لاوازە، بەڵام دووەمیان خاوەنی هێزە و توانای بەردەوامیی هەیە. (ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ). کەواتە بەهاکان بە دەستەڵاتەکان داپۆشراون و پێویستە هەڵیانبکۆڵین، تا بۆ سروشتی خۆیان بگەڕێنەوە. جینیالۆجیا لای (مێشێل فۆکۆ) دەبێتە ئارکیۆلۆجیا، کە دەیەوێت لەو ڕێیەوە بە مێژووی هزری خۆرئاوادا بچێتەوە. لەو پێداچوونەوەیەدا لێکدانەوەی جیاواز بۆ کۆمەڵێک چەمکی وەک سێکسواڵیتی، شێتی، زیندان، سزا، پێوەری بەها و هیی دیکە دەکات. واتە ڕۆ دەچێتە نەستی کولتوور، ئەو ڕووەی بە درێژاییی مێژوو داپۆشراوە، بەڵام بە نهێنی کاری خۆی دەکات.
بەم شێوەیە کاتێ دەڵێم جینیالۆجیا بۆ چەمکی خوێنەر بکەین، واتە بەو تێگەیشتنانەی تا ئیستا لەم ڕووەوە خراونەتە ڕوو، ڕازی نەبین، بەڵکوو خۆی هەڵبکۆڵین و شتی دیکەی نوێی تێدا بدۆزینەوە، کە هەوڵم داوە کارێکی لەم شێوەیە بکەم. بە مانایەکی دی، دەبێت ئەم ئاستە سادەیەی ئەمڕۆی تێبپەڕێنین و بیخەینە ئاستی دیکەوە. (ئاستی دیکە)، ئاستێکی نەزانراوە و تێیدا بەهای نوێ و تێگەیشتنی جیاواز دەردەکەون.
من یەکێک نیم لەو نووسەرانەی پێیان وایە هیچ شتێک نەکراوە، بەڵام دەڵێم بەشێکی زۆری ئەوانەی بە ناوی ڕاڤەی توخمەکانی ڕۆمانەوە خراونەتە ڕوو، سادەن. ئایا لەم شوێنەدا بۆچوونی هەردووکمان پێک ناگەنەوە؟
نووسیوتە (“لە کتێبی (ڕۆمانی نوێ … پێشەکییەکی کورت)دا پێی وایە ڕۆمان هەمیشە مۆدێرن بووە، . . . ” (لا١٨). قسەیەکی وا هەبێ و نەبێ، هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ڕای ئەو (ماتز)ە و ئەوانی دیش بۆ خوێنەری ڕۆمانی کوردی گرنگ نیین. ڕای کاروان خۆی گرنگە، کە شەرمنانە لە پاڵ بیانییەکان بەکزی دەریاندەبڕێت. خۆزگە بە دوو پەرەگراف، سێ، چوار گێسی ماتز ، وەڵامێکی پوختی خۆی دەدایەوە و ئەو هەموو بیانییە مردوو و زیندووەی ڕیز نەدەکرد. ئەو کاتە، ئێمە باشتر لە تێڕوانین و بیر و پڕۆژەی کاروان دەگەیشتین.)
لێت ناشارمەوە ئێستا کاتێ ئەم ڕستەیە (ماتز پێی وایە ڕۆمان هەمیشە مۆدێرن بووە) دەخوێنمەوە، خۆیشم دەڵێم هیچ نییە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەگەر هەموو پەرەگرافەکەت دابنابووایە، دەردەکەوت بە شێوەیەکی دیکەیە. ئەمە پەرەگرافەکەیە: {(گێسی ماتز: Jesse Matz) لە کتێبی (ڕۆمانی نوێ… پێشەکییەکی کورت)دا پێی وایە ڕۆمان هەمیشە مۆدێرن بووە، بەو مانایەی بایەخی سەرەکیی بە ژیانی هاوچەرخ داوە و وەک ناوەکەی (Novel) دەریدەخات، هەموو کاتێ شتی نوێی لا گرنگ بووە. نۆڤێل لە زمانی ئینگلیزیدا بە مانای (نوێ)یش دێت، بۆیە وا دەڵێت. ئەویش وەک (داڤید لۆج) و زۆر ڕەخنەدۆزی دی، سەرەتای سەدەی بیستەم بە تایبەت دەزانێت، بەوەی مۆدێرنیتی لە ناکاو وای لێ هات هەموو شتێک بگرێتەوە، بە ڕادەیەک جیهان ببێتە دوو بەش. بەم شێوەیە تەقینەوەکە ڕووی دا و ژیانی مرۆڤ چووە دۆخێکی دیکەی جیاوازەوە. ئینجا بۆ ئەوەی ڕۆمان بیتوانیایە هاوشانی ئەو گۆڕانکارییانە بچێتە پێشەوە، دەبووایە هەمان تەقینەوە لە خۆیدا بکات و پێوەندیی بە ڕابردووەوە بپچڕێنێت، کە ئەمە شێوازێکی تری دەخواست، تا ڕێ لە بەردەم مۆدێرنیتیی ئاییندەدا خۆش بکات. لە ڕێی شێوازی ‌(هێنری جیمس)، (جۆیس)، (ولف)، (جین تۆمەر)، (جۆزیف کۆنراد) و ئەوانەی ترەوە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە سەردەمەکە هەر لە سەرەتاوە شێوازێکی دیکەی دەربڕین و تەکنیکی گێڕانەوەی سەپاندووە، کە پێشتر (گۆستاڤ فلۆبێر)، (ئیڤان تۆرگنێڤ)، (جۆرج ئیلیۆت) و ئەوانەی دیکە هەوڵی گرنگیان لەم ڕووەوە داوە. بەم شێوەیە ڕۆماننووسانی دواتر هەر بە داهێنانی زمانی نوێ و تەکنیکی نوێ ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی دنیا بوونەتەوە}.
وەک گوترا پرسیارەکەی (شاخی) ئەم چەمکانە لە خۆی دەگرێت: دەق، نووسەر بە گشتی، ڕۆماننووس بە تایبەتی، ڕۆمان، خوێندنەوە، خوێنەر، کاریگەری و هیی دیکە. ئایا ئەگەر لە بەشێکی وەڵامەکەمدا ئاماژە بە کتێبێکی گرنگ بکەم و پوختەیەکی لێ وەربگرم، مانای وایە بۆچوونی خۆمم دەرنەبڕیوە؟ من لەم وەڵامەدا گوتەی نووسەرانم وەرنەگرتووە، بەڵکوو ڕوانگەی ئەوانم لەم ڕووەوە دەرخستووە. بۆ من خوێندنەوە و نووسین دوو پرۆسێسی دژبەیەک نین، بەڵکوو پێوەندیی ڕایزۆمانەیان پێکەوە هەیە. خوێندنەوەی ئەم کتێبە لە بەشێکی وەڵامەکەمدا ڕەنگی داوەتەوە و فرەدەنگیی دروست کردووە. من نە (ماتز) بە بیانی دەزانم و نە هیچ نووسەرێکی دیکەیش، بەڵکوو خۆم بە هاوکات و هاوشوێنیان دادەنیم. بۆ من (لیندا هۆتچیۆن)ی کەنەدی لە سیاسەتسازێکی کوردی نزیکترە، بەوەی هەردووکمان لەناو ڕووبەری بێسنووری زماندا پێک دەگەینەوە. ئینجا نووسەر بەسەر زیندوو و مردوو دابەش ناکرێت، بەوەی ئێمە دنیای شمەکمان جێ هێشتووە و چووینەتە دنیای ئاماژەوە، کە لەوێدا سنوورێک لەنێوان مەرگ و ژیاندا نەماوە. من خۆم وا لە مرۆڤ ناڕوانم، کە تەنیا لایەنی فیزیکییە. پێم وایە ئەمە لایەنێکی تەسکە، بەڵکوو لایە نادیارەکەیم زیاتر بۆ گرنگە. ئایا (سێرڤانتس)، (دانتی)، (شەکسپێر)، (نالی)، (گۆران)، (ئیبراهیم ئەمین باڵدار) و زۆری دی ئەگەر لایەنە فیزیکییەکەیان دیار نەماوە، مانای وایە لایەنە نادیارەکەیشیان سڕاوەتەوە؟ لایەنی نادیاری گەردوون زۆر لە لایەنی دیاری فرەوانترە.
نووسیوتە: (ئەو هەموو چەمکە بیانییانەی ڕیزی کردوون: سەمیۆسیسی بێکۆتا، پرینسیپی هۆکاری، ڕهەندی ئامانجداری، ئاسۆی چاوەڕوانی، دیدگەی بزۆک، عە قلی تاکانەی خوێنەر، پڕۆسێسی چاوەڕێکردن و بەبیرهاتنەوە، هاوئاهەنگی پێکەوەیی، فۆکەلایزەیشن، دەنگی تاک، هتد).
ئەوانە چەمکی بیانی نین، بەڵکوو گەردوونین، کە وەک پێشتر گوترا دەکرێت بڵێین هیی ئێمەیشن. ئێمە ئەگەر خۆمان لەم گەردوونە دابڕیوە، ئەوە هەوڵی من و ئەوانەی تریش بۆ ئەوەیە پێی بگەینەوە. وەک گوترا بەبێ دامەزراندنی ئەو دایەڵۆگە پێی ناگەینەوە. ئەم چەمکانە ڕیز نەکراون، بەڵکوو هەر یەکەیان لە شوێنێ خۆیی دەرخستووە و لێک دراوەتەوە. بۆ نموونە چەمکی (سەمیۆسیسی بێکۆتا) لەم پەرەگرافەدا ناوی هاتووە:
{بەو مەبەستەی بزانین ڕۆمانمان چ جۆرە خوێنەرێکی دواندووە، پێویستە ڕوومان لە چەمکی تێکست وەرنەگێڕین، بەوەی تێکست مەڵبەندی بەیەکگەیشتنی نووسەر و خوێنەرە، کە (ئومبێرتۆ ئیکۆ) بە (کاری کراوە: Open Work) ناوی دەبات، بەو مانایەی هەر کارێک دەکرێت کۆمەڵێک لێکدانەوەی جیاواز لە خۆ بگرێت، کە ئەو زۆرییە هەم دژبەیەکی و هەم بەریەککەوتن دەردەخات. هەر ئەوەیشە ئازادیی خوێنەر لە ڕاڤەکردندا مسۆگەر دەکات، بەوەی تێکست خاوەنی یاسا و یاریی خۆیەتی، کە ئەو خوێنەرە بە ڕێگەی خۆی دەیاندۆزێتەوە. پێی وایە هەتا تێکست پتر بە ئاڕاستەی کرانەوەدا بجووڵێت، ئاماژە و نیشانەی زیاتر لە خۆ دەگرێت، کە ئەو چەمکی سەمیۆسیسی بێکۆتا (infinite semiosis)ی بۆ بە کار دەهێنێت، بەو مانایەی ئەو نیشانە و ئاماژانە جۆراوجۆرن و خوێندنەوەی جۆراوجۆریش هەڵدەگرن. ئینجا مادام زمان پشت بە مێتافۆر دەبەستێت، ئەوە بەو ئەندازەیەی ئاڵۆز و هەمەڕەنگە، هاوکات دەوڵەمەندە بە سیمبۆل و شیفرەیش. لێرەوەیە زمان ڕوانینێکی سیمۆتیکییانە دەخوازێت}.
لەبارەی (ئاسۆی چاوەڕوانی)یەوە ئەمەم نووسیوە: {پێم وایە خەسڵەتی تێکستی داهێنەرانە لە ڕێی خوێنەری چاوکراوەوە دەردەکەوێت، ئەو خوێنەرەی مشەخۆر نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنەری مانای جیاوازە. (هانس ڕۆبەرت یاوس) ناو لەو پرۆسێسە دەنێت ئاسۆی چاوەڕوانی (Horizon of Expectation). واتە کارلێکی نێوان تێکست و خوێنەر بە مەرجی سەرەکی دادەنێت بۆ بەرهەمهێنانی مانا، کە ئەمە لەوەدا دێتە دی توانای خوێنەر هاوشانی هیی نووسەرە، بگرە هەر ئەویشە نهێنییەکانی ئەو تێکستە دەدۆزێتەوە، تا لەوێوە دنیای هونەری بە دنیای ڕیاڵ ببەستێتەوە، کە وەک لە پێشەوە گوترا بوونی بۆشایی لە تێکستدا ئەو پێوەندییە پێک دەهێنێت}.
هیوادارم دیسان بۆ وەڵامەکەم بگەڕێیتەوە، تا بزانیت هیچ یەکێکیان لە خۆیەوە ناوی نەهاتووە، بەڵکوو سروشتی باسەکە ویستوونی. وەڵامی ئەدەبی وەک وەڵامی ماتماتیکی نییە، کە هەر دەبێت هاوڕێکی پرسیار بێت، لە کاتێکدا نووسەری ئەدەبی پشت بە زمانێک دەبەستێت، لەسەر ڕیتۆریک و میتافۆر دامەزراوە، کە ئەو خەسڵەتە بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ بواری ڕاڤەیش دەپەڕێتەوە. (شاخی) دەپرسێت ئایا ڕۆمانی ئێمە خوێنەری جیاوازجیاوازی دروست کردووە؟ هەر ئەوەی خەسڵەتی (جیاوازجیاواز)ی داوەتە پاڵ (خوێنەر)ـەوە، مانایەکی بێسنووری پێ داوە، بەوەی (جیاوازی) وەک (جاک دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت ڕووبەرێکی تێپەڕێنراوە و هەمان ئەوەی پێشوو نییە. ئەگەر من بە (ئا)، یان بە (نا) وەڵامی بدەمەوە، ئەوە بازم هەڵداوە بۆ ئەنجام، بێ ئەوەی لە هیچ شتێک بکۆڵمەوە. واتە ئەگەر بڵێم (بەڵێ، دروستی کردووە)، یان (نەخێر، دروستی نەکردووە)، ئەوە مانای وایە لە جیاتیی ئەوەی ڕاڤەی شتەکان بکەم، هاتووم بڕیارم داوە. ئەمەیش نەک هەر سادەکردنەوەیە، بەڵکوو هەڵەی لۆجیکییشە، بۆیە دەبێت گەڕان و بەردەوامی لە وەڵامەکەمدا هەبن، نەوەک وەستان.
دیسان بۆ ئەو شوێنە دەگەڕێمەوە، کە تێیدا گوترا ناکرێت ئێمە لە دەرەوەی فەلسەفەدا باس لە چەمکی خوێنەر بکەین، کە ئەو چەمکە دەیان فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزی بە خۆیەوە خەریک کردووە. ئەوەتە وەک لە نووسینەکەی تۆدا دەیخوێنمەوە (هاشم ئەحمەدزادە)یش لە وەڵامەکەیدا بۆ لای تیۆریی خوێنەر دەچێت و ئاماژە بە (مەرگی نووسەر)ی (ڕۆڵان بارت)یش دەکات. من خۆیشم دایەڵۆگەکە بەوێی گەیاندووم و نووسیومە: {(ڕۆلان بارت) لە کتێبی (ڕەخنەی بنیادگەرانەی حیکایەت)دا دەڵێت پرۆسێسی نووسین بەبێ بێدەنگبوونی نووسەر نایەتە کایەوە، هەر ڕێک وەک ئەوەی نووسەر مردبێت. ئەو کاتێ دەنووسێت، وەڵامی کۆتاییی بە لاوە ناوە، بەڵکوو هەر لە سەرەتاوە وەڵامی کۆتاییی بۆ ئەوەی تر جێ هێشتووە. لێرەدا مەبەستی خوێنەرە، کە دەڵێت نووسەر تەنیا گریمانەی مانا دادەمەزرێنێت}.
مادام لەبارەی چەمکی خوێنەرەوە دەدوێین، باسکردنی ئەوانە کارێکی ئاسایییە، بەڵام پرسیار ئەوەیە چۆنمان باس کردوون؟ کاتێ ئەو دایەڵۆگە دانامەزرێنین و بەرەو فەلسەفە ناچین، ئەوە لە ئاستی میلـلیدا دەمێنینەوە و هەمان ئەو زانیارییانە دەگوازینەوە، کە هیی خەڵکن، بگرە لە خوار ئەو زمانەی ڕۆژانەیشن. ئەوەتە وەڵامەکەی (ئارام کاکەی فەلاح) لەم ڕووەوە نموونەیەکی زەقە. تۆ ئەم پەرەگرافەت لێ وەرگرتووە: (لە ڕاستیدا نەک تەنیا لەناو ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا، بەڵکو خوێندنەوەی ڕۆمان لە ئاستی جیهاندا لە پلەی یەکەمدایە چووەتە هەموو شوێنێکی ژیانی خوێنەرەوە، وەک ئەوەی ڕۆمان تاقە ڕێگایەک بێت مرۆڤ لە ڕێگەوە دونیا و ئازارەکانی ببینێت، تاقە چاوێک بێت هەموو شتێک ببینێت و تاقە گوێیەک بێت دەنگی کپ کراوی خۆی ببیستێت).
لەوانە سەیرتر ئەوەیە، لە شوێنێکدا نووسیویەتی، گۆیە عەقڵیەتی شەڕکەر (ئامادەیە دەیەها نامەت بۆ بنووسێ تا ڕەخنەیەکی لێ نەگری. دەپاڕێتەوە). من بەوەدا خۆم چەند جارێک ڕووبەڕووی نووسینەکانی بوومەتەوە، بۆ نموونە لە پاشکۆی کتێبی (گەڕانەوەیەکی کاتی بۆ دایەڵۆگێکی بەردەوام) و لە گوتاری (لە ناوی کارڵ پۆپەرەوە بەرەو فەلسەفەکەی)دا، بۆیە هێندە دەڵێم نامەی لەم شێوەیەم نە بۆ ئەم ناردووە و نە بۆ هیچ کەسێکی تریش. هیوادارم ئەگەر مەبەستی منە، بڵاویان بکاتەوە! بە هیچ شێوەیەک لە کەسێتیی ئەو نزیک نەبوومەتەوە، بەڵکوو تەنیا لەبارەی نووسینیەوە پرسیارم لێ کردووە و بۆچوونی خۆمم نووسیوە. بەر لەوەی بابەتەکەم بڵاو بکەمەوە، بە ئیمەیڵ بۆیم ناردووە، کە بێگومان بەوەدا کێشەی کەسێتیم لەگەڵیدا نییە، سڵاو و خۆشەویستیم بۆ نووسیوە. ئەوەم لەگەڵ نووسەرانی تریشدا کردووە. واتە بەر لەوەی بڵاویان بکەمەوە، بۆم ناردوون، تا بزانن لەبارەی بەرهەمیانەوە نووسیومە. ئەو بابەتەی پێی گەیشتووە، ڕەخنەی توندە و بە پرسیار ڕووبەڕووی بوومەتەوە، تەنانەت داوام لێ کردووە وەڵامم بداتەوە. ئیمەیڵەکە لای خۆم پارێزراوە. ئەگەر ئەوەی بە پاڕانەوە داناوە، ئەوە با بڵاوی بکاتەوە! ئایا ئەم دانەیەیە بووەتە دەیەها؟ دەیەها؟ زۆر نییە؟ دیارە پێشتریش نامەمان گۆڕیوەتەوە، بەڵام پێوەندییان بە بابەتی لەم شێوەیەوە نەبووە. دەتوانێت ئەوانیش بڵاو بکاتەوە. پاڕانەوە؟ (LOL). ئایا لەمەودوا کێ هەست بە دڵنیایی دەکات، کاتێ نامەی بۆ دەنێرێت؟ (ئەمانە دەنووسن و ئەگەر تۆیش بتەوێت بێیتە دەنگ، بەو مەبەستەی چەمکە فڕێدراوەکانیان هەڵبگریتەوە و بە ئاڕاستەی دیکەیاندا ببەیت، بگرە لەم ڕووەوە کۆمەڵێک سەرچاوەی گرنگ بە خوێنەر بناسێنیت، بەوە تۆمەتبارت دەکەن، گۆیە بەرگەی ڕەخنە ناگریت. ئایا ئەمە ڕەخنەیە؟ ئایا هەرگیز ڕەخنەیان گرتووە؟). خۆشحاڵم، کە پێویستم بەوە نییە پەنا بۆ کاری لەم شێوەیە ببەم.
لێرەدا بایەخی پرسیارەکەی (شاخی) دەردەکەوێت، کە پێشانی خوێنەری دەدات نووسەرێک نزیکەی چل ساڵ ئەزموونی نووسینی هەیە و ئەم وشانە دەنووسێت. دەڵێت نووسەران لە ترسان نامەم بۆ دەنێرن و دەپاڕێنەوە، نەبادا ڕەخنەیان لێ بگرم. ئەمە پێوەندیی بە پرسیارەکەوە هەیە؟
دوای ئەم پەرەگرافەی (ئارام کاکەی فەلاح) نووسیوتە: (نەک هەر ئەم حەفت بەڕێزەی نێو ئەم کتێبە، زۆربەی کورد وا قسە دەکەن کاتێ وەڵامی پرسیارێک دەدەنەوە. تکایە با هەموومان فێر بین، واز لەو زمانە دڵدارییە بێنین. با تەنیا وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە، نەپەڕینەوە سەر باسی تر. ئەگەریش وەڵاممان نەزانی، با بڵێین نازانین. نەزانین عەیب نییە. تکایە، با واز لە “پێشەکی” بێنین. بۆ هەموو شتێک پێشەکییەکی درێژ و بێزارکەر و بێسوودمان هەیە).
دیسان ئەو هەڵە لۆجیکییە دووبارە بووەتەوە، کە هەمووان وەک یەک دەبینیت. من خۆم لە سەرەتای نووسینمەوە تا ئەمڕۆ ئەم شێوازەم بە کار نەهێناوە. لای پێنج نووسەرەکەی تریشدا نەمانبینی.
ماوەتەوە بڵێم دەستەکانت دەگوشم. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە هێزی دیکەی پێ دام. تا ئەودەمەی زەمینە بۆ دایەڵۆگ هەیە، فرەدەنگییش لە ئارادایە.
سەرنج: بەوەدا شێوازی نامەیە، ڕێم بە خۆم داوە هەندێک شت بڵێم، کە ڕەنگە لە گوتاردا نەگوترێن، یان بە شێوەی تر بخرێنە ڕوو.
بە خۆشەویستی کۆتاییی پێ دە‌هێنم.
کاروان کاکەسوور




ڕه‌شنووس له‌ دونیای داهێناندا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

جاران زوو ، سه‌رده‌می لووتكه‌ بڵنده‌كانی ئه‌ده‌بیاتی كوردی ، چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ یا هه‌ر نه‌بوو ، یا ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێ دواكه‌وتوو بوو..
له‌به‌رنووسینه‌وه ‌و ده‌ستا و ده‌ستی كاری داهێنه‌ران یه‌كێك بوو له‌ دیارده‌ دیاره‌كانی ئه‌وسا ، به‌تایبه‌تیش دیوانی شاعیران و به‌ری ڕه‌نجی بیر و بۆچوونی نووسه‌رانمان له‌گه‌لێك بواری جیاجیادا هه‌میشه‌ نوسخه‌ی ئه‌سڵی ، جیا له‌ ناوه‌رۆك و جیهانبینی شاعیر یا نووسه‌ر ،چه‌ند شتێكمان پێ ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر بگونجێ بڵێین له‌به‌ینی دێری نووسیندان ، له‌گه‌ڵ نادیاریشیاندا ڕوانینی به‌ ڕامان ده‌یبینێ و مه‌ودای ئه‌و سرووته‌ ته‌نیا و له‌خۆنووسانه‌ ڕوئیائارایانه‌ی دێته‌وه‌ به‌رچاو كه‌ داهێنه‌ر له‌ چركه‌ ساته‌كانی داهێناندا خوولی تێدا خواردووه‌.
كه‌واته‌ ڕه‌شنووس، یاخود سیایی ، خۆی له‌ ده‌قێكی دیاریكراودا (‌ سه‌ره‌تای ده‌سپێك تا وچانی دوایی)ـه‌وه‌ ده‌نوێنێ.
یه‌كێكه‌ له‌و سیمایانه‌ی ڕه‌نگڕێژی چه‌ندین لایه‌نی ڕه‌خنه‌ (وه‌ك پرۆسه‌ی داهێنان) و لێكدانه‌وه‌ ده‌كا.
له‌وانه‌یه‌ سیایی نووسین ، هه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ، یا ده‌فته‌رێكی تایبه‌تی بێ ، به‌ڵكو (په‌راوێزنووسی) سه‌ر نووسراوی دیكه ‌و هه‌موو ئه‌و تیلمانه‌یش بگرێته‌وه‌ كه‌ به‌جیا داهێنه‌ر له‌ وه‌ختێكی دیاریكراودا وه‌ك سه‌ره‌قه‌ڵه‌م یا ده‌ق نووسیوویه‌تیه‌وه ‌، به‌ وێنه‌ پاكه‌تی به‌تاڵی جگه‌ره‌ یا هه‌ر شتێكی له‌و بابه‌ته‌..
ئه‌و ڕه‌شنووسانه‌ به‌شێكن له‌ مێژووی داهێنه‌ر خۆی و له‌ دواییشدا ده‌بن به‌ به‌شێك له‌ ئامرازی به‌رده‌ستی ڕه‌خنه‌گر..
ئه‌مه‌ سرووشتێك نیه‌ بۆ تاقیكاری ، له‌ گرێژنه‌ بردنیش نیه‌ كه‌ به‌ ئاراسته‌یه‌كی بێ هێز و بڕشت ڕێ هه‌ڵگرێ ، ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ پشكنین و كۆڵین‌ و به‌دواداچوون و پرسیار پێچ كردن له‌پێناوی گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌ت و مه‌ودای داهێنان
به ڕێگایه‌كی ڕه‌وا..

ئێستا وه‌ك ده‌بینین زۆر له‌ نووسه‌ران به‌ كۆمپیوته‌ر ده‌نووسن..
بۆ نووسینی توێژینه‌وه ‌، یا باسێكی ئه‌كادیمی ته‌نانه‌ت هه‌واڵ و ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌نووسیش كۆمپیۆته‌ر به‌هۆی ڕه‌گه‌زی خێرایی و ده‌رهاورده‌ ته‌كنیكیه‌كانی له‌ جێی خۆیدا بێ..

به‌ڵام بۆ به‌رهه‌می داهێنانی له‌ وێنه‌ی شیعر ، ده‌ستنووس بۆ قۆناغی لێكدانه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌ به‌های خۆی هه‌یه‌..
له‌ هه‌مان كاتدا هه‌میشه‌ ده‌ربڕین له‌و چه‌شنه‌ كارانه‌دا چونكه‌ پێش جووله‌ی ده‌ست ده‌كه‌وێ ، تێكه‌ڵاوی و لێتێكچوونێك بۆ داهێنه‌ر دروست ده‌كا كه‌ ڕه‌نگه‌ زنجیره‌ی بیركردنه‌وه‌ی ‌بپچڕێنێ ، لێره‌شدا مه‌به‌ست ئه‌وه‌ نیه‌ بڵێین شیعر به‌ كۆمپیۆته‌ر نانووسرێ ، ڕه‌نگه‌ له‌ دواڕۆژدا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بكه‌وێته‌وه‌ و وه‌چه‌كانی ئاینده‌ نه‌توانن شیعریش به‌ ده‌ست بنووسن ، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و شیعره‌ی ئه‌وان ده‌ینووسن جۆرێك له‌ ماكی نه‌هلستیه‌ت و بێ موبالاتی تێوه‌رده‌پێچڕێ كه‌ هه‌موو هاوكێشه‌كان به‌لاسه‌نگی بهێڵێته‌وه‌.. له‌و سه‌ریشه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و مه‌ودایانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ له‌تركزه‌یی هاوسه‌نگیه‌كانی نووسه‌ر و مه‌ودا سایكۆلۆژییه‌كانی له‌كاتی داهێناندا هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت له‌ نووسینی نامه‌ تایبه‌تیه‌كانیشدا له‌ناو هارده‌ (hard) خه‌ولێخراوه‌ به‌ ڤایرۆس هه‌ڕه‌شه‌ لێكراوه‌كاندا له‌ نگه‌ر بگرن..
ئه‌مه‌ نوخشه‌لێدانێكی به‌د نیه‌ له‌ دواڕۆژ ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی له‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ناسكبێژییه‌ كه‌ ته‌كنه‌لۆژیا له‌ دیوی ڕه‌هه‌نده‌ پاشڤه‌بڕه‌كانی خه‌ریكه‌ چه‌پڵه‌ی لێ ده‌كوتێ و بێنی ته‌نگ ده‌كا.




چەند چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ فەرەیدون سامان سەبارەت بە زمانی کوردی

بۆ گوێگرتن لە قسەو باسەکان کلیک لەسەر نانونیشانی باسەکان بکە..

١- کێشەکانی بەردەم زمانی یەکگرتووی کوردی چین؟

٢- گۆڤاری زمان و زار رۆڵی لە گەشەپێدانی زمان..

٣- وتوویژێک لەسەر پرسی زمان، گۆران زمانە، یان زارێکی کوردییە…




کتێب/ هەتاوی نیوەشەو.. فوئاد سدیق

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




کۆنگرەی ئاسایی میلیشیاکانی یەکێتی.. ئاسۆ کەمال

یەکێتی نیشتمانی کۆنگرەیەکی ئاسایی دەبەستێ. ئاساییە لە بەرئەوەی لەم کۆنگرەیەدا باڤل تاڵەبانی هەمان کاری ڕۆژانەی خۆی دەکا بە بەرنامەی کۆنگرەی حزبەکەی. مەگەر کەسانی وەک مەلا بەختیار چاوەڕوانی لە کۆنگرەی یەکێتی ئەوەبێت کە پۆستە کارتۆنیەکەی بۆ بگۆڕێ بە شتێکی تر، ئەگەر نا هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی و پارتی و حزبەکانی تری کوردستان چاوەڕوانی شتێکی تر لە کۆنگرەی حزبەکەیان ناکەن جگە لەوەی کەسی یەکەم و بنەماڵەی یەکەم و کۆمپانیا و میلیشییایی یەکەمی حزب دێت و جارێکی ترهەمان کارەتەکانی پۆست و داهاتەکان کە بە شێوەی سیستمی بنەماڵەیی و میلیشیایی حزب ڕیکخراون دەستێکی تر تێکەڵ دەکاتەوە و دابەشی دەکاتەوە بەسەر هەمان ئەو کەس و ئۆرگانانەدا کە ئەم سیستمەی ڕاگرتوە و دەیپارێزێ.
هەربۆیە ژیانی حزبایەتی و کۆنگرە و کارەکانی ئەم حزبانە هیچ جێگەی گرنگی پێدان نیە لەلایەن جەماوەری کرێکار و فەرمانبەر و چەوساوەی کوردستانەوە، بەڵام گرنگە لەم سیستمە میلیشیایی و بنەماڵەییەی سەرمایەدارانی کوردستان تێبگەین تا بزانین لەگەڵ چ جۆرە دەسەڵاتێک گیرۆدەین و چۆن دەتوانین ڕوبەڕویان ببینەوە؟ وە ڕێگای ڕزگاربون لە دەسەڵاتی ستەمکارانەیان پەیدا بکەین.
کۆمەڵگەی کوردستان وەک بەشێک لە دەوڵەتی تازەی عێراق لەنزیک بە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە چوەتە ژیانی حزبایەتیەوە. فۆرم و ئایدیۆلۆژی حزبی شیوعی عێراق کاریگەری لەسەر دروسبونی حزبەکان لە کوردستان هەبوە و دواتر ناسیونالیزمی کورد لەگەڵ بەرپاکردنی شەڕی چەکداری لەگەڵ دەوڵەتی ناسیونالیستی عەرەبی عێراقدا ئاڵوگۆڕ بەسەر ئەم ستراکچەر و ئیدیۆلوژی و دەور و نەخش و بەرنامەیدا هات.
لە شەستەکانەوە تا نەوەدەکان حزبە ناسیونالیستەکان وەک حزبی جەماوەری و چەکداری و لەپێناو ئۆتۆنۆمیدا دەوردەگێڕن و جێگیر دەبن. لەم قۆناغەدا حزب دەبێتە دەسەڵاتێکی عەسکەری و میلیشیایی کە بەپێی یاساکانی نێو سوپا و دەزگای عەسکەری دەبرێت بەڕێوە.ئەندامەتی لەم حزبانەدا وەک بەشداری لەشەڕ دژی دوژمنی دەوڵەتی عەرەبی عێراقی و بەعس دەبێتە ئایدیولۆژی و ناسنامە و دەورگێڕانی فەرد و جەماوەر لەژیانی حزبیدا. لەهەمان کاتدا کێبڕکێ لەسەر پاوانکردنی مەیدانی سیاسی لە کوردستاندا لەنێوان حزبە ناسیونالیستە کوردەکان ناسنامەی سۆرانی و بادینانی و تیرۆری سیاسی و سیاسەت و فەرهەنگی “جاش” ی عێراق و ئێران دروست دەکا.
لەماوەی ٢٥ ساڵی ڕابردودا گۆڕانی گەورە بەسەر ستراکتۆر و شێوازی سیاسەت و بەڕێوەبردنی حزبیدا نەهاتوە لە کاتێکدا یەکێتی و پارتی لە حزبی چەکداری شاخاویەوە بونەتە حزبی دەسەڵاتداری ناوشار. ڕاستە جگە لە حزب پەرلەمان و حکومەت هەیە کە پێشتر ئەم دەزگایانە نەبون. بەڵام پەرلەمان و حکومەت وەک مەکتەبی سیاسی و ڕێکخستنە حزبیەکان مل کەچی دەستەی تایبەت و بنەماڵەی تایبەتی ناوحزبن. ئەو دەسەڵاتە کۆکراوە و شمولیەی کە تاڵەبانی و بارزانی لە حزبدا لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوەوە دروست بوە ئێستا بوەتە دەسەڵاتێکی ڕەهای عەسکەری و سیاسی و دارایی.
حزبی جەماوەری جاران و ناسنامەی ئەندامەتی و پێشمەرگایەتی کە پێویستی دەورانی شەڕ دژی بەعس بوو گۆڕاوە بە حزبی کارتێل و کۆمپانیا کە دەوری جەماوەر و ناسنامەی حزبی بریتیە لە دەنگدان و پاشکۆیەتی مادی بۆ حزب لەپێناو مانەوەی وەزیفە و سەرچاوەی گوزەراندا. ئەم حزبانە هەرچەند دەنگدەریان هەیە و ئەندامیان زۆرە بەڵام حزبێکن کە بەرژەوەندی کەمایەتی سەرەوەی حزب دەپارێزن و ژیانی ناوحزب هەروەک ژیانی نێوکۆمەڵگە بەپێی یاسای سەربازی و میلیشیایی و نەبونی ئازادی و دەورگێڕان لەسیاسەت و کاری حزبدا بەڕێوەدەچێ.
ڕێکخستن و ژیانی حزبایەتی و ستراکتۆر و بەڕێوەبردنی ئەم حزبانە ئاوێنەیەکی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و خودی دەسەڵات و دەوڵەتداریە.
لەدنیای سەرمایەداری مۆدێرندا لە ئەوروپا و ئەمریکا حزبە لیبرال و کۆنسەرڤاتیڤ و چەپەکانی بورژوازی لەڕێگای کڕینی کاربەدەستە گەرورەکانی دەوڵەت و دۆستایەتی نێوان حکومەت و بانک و بۆرسەوە کۆنترۆڵی دەسەڵات دەکەن و لەهەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا میلیاردێرەکان ئاکامی هەڵبژاردنی دوو حزبی سەرەکی دیموکرات و کۆماریخوازەکان دیاری دەکەن. هەرچەند ئاڵوگۆڕە ئایدیۆلۆژی و ستراکتۆریەکانی لە هەشتاکانەوە ڕەوتی نیولیبرالیزم هێناویەتی جیاوازی نێوان باڵی ڕاست و ناوەڕاست و چەپی بورژوازی زۆرکەمکردۆتەوە و شیوازی “حزبی جەماوەری و”حزبی کادر و جەماوەری” گۆڕیوە بە”حزبی”پڕۆفیشنالی دەنگدەرەکان” و پرۆسەی “نوێنەرایەتی” و “یاساداڕێژی” کورتکردۆتەوە لە لەدەستی “دەستەبژێری هەمەکارە”ی حزبدا کەچیتر “حزبی دەوڵەت”ن نەک جەماوەر .
بەڵام لە کوردستان ئەم پرۆسەیە هەم پێویستی بەو ڕوپۆشکردن و ڕازاندنەوە نیە و ڕاستەوخۆ سەرۆکی حزبەکان و بنەماڵەی دەسەڵاتداری حزب خۆی خاوەنی بودجە و نەوت و پۆست و پۆلیس و پێشمەرگە ودادوەر و پەرلەمانتار و مەلا و سەرۆکی عەشیرەت و میدیاو خوێندەوار و چاودێری سیاسی و هەموو شتێکە و دەسەڵاتی حزبی ڕاستەوخۆ و بێ پەردەیە. هەم کۆکردنەوەی دەسەڵات و چڕکردنەوەشی پێویستی بەڕیفۆرمی حزبی نەبوە چونکە بنەمای دەسەڵاتەکە خۆی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی حزبێکی میلیشیاییە کە پرۆسەی نوێنەرایەتی و یاساداڕشتن تیایدا لەناو کۆنگرە و ژیانی حزبیدا هیچ حسابێکی بۆناکرێ و هەڵبژاردن و ئەندامان لەم حزبانەدا پێشتر وەلائی سیاسی و دەوری حزبیان دیاریکراوە. هەربۆیە کاتێک ئەم حزبە دەیەوێ سیستەمی “نوێنەرایەتی” و “یاساداڕشتن” لە کۆمەڵگەش لە دەست جەماوەر دورخاتەوە بەهەمان شێوەی ناوحزب مامەڵەی لەگەڵدا دەکا و ئەوەی قسەی ئاخر دەبڕێنێتەوە لەم سیستەمەدا دەسەڵاتی چەکداری بنەماڵە و دەستەبژێری هەمەکارەی مالی و سیاسی حزبن نەک دەنگدەران و دەنگدانی گشتی.
ڕق لە حزبایەتی نەک لە ناوجەماوەری ناحزبیدا بەڵکو لەنێوئەندامانی حزبیشدا نیشانەی ناکۆکی چینایەتی و بەرژەوەندیەکانی ڕیزە دەوڵەمەند و هەژارەکانی ناوحزبە. کاتێک دەسەڵات و حکومەتداری لە کوردستاندا بامانای کۆنترۆڵکردن و پاوانکردنی ڕاستەوخۆی هەموو بوارەکانی ژیان و سەرچاوەکانێتی ئیتر خودی حزب دەبێتە سیستەم و دامودەزگای بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەڕیوەبردن و یاسادانان و دادوەری و تەنانەت پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیش. سەیر لەوەدایە یەکێتی و پارتی لەنەوەدەکانەوە باسی فەشەل و هەرەسەی سیستەمی تۆتالیتاری و شمولی دەکەن بەڵام ئایا شتێک ماوە لە کوردستان لەلایەن ئەم دووحزبەوە کۆنترۆل و پاوان و سنوری بەدەوردا نەکێشرابێ. ئەم دوو حزبە لەپاڵ ڕێکخستن و میدیا و حکومەت و پەرلەماندا دەزگای عەشیرەتەکان و مەکتەبی کۆمەڵایەتی و لیژنەی فەتوا و حزبی سەلەفی و دیوەخانی دەروێشەکان و میلیشیای گیانفیداکانی بارزانی و هێزی ٧٠ و هەشتا و زێڕەڤانی و دەزگای زانیاری و پاراستن و حساب بانکی ماڵی سەرۆک و ماڵی سکرتێری گشتیان هەیە.
ئەوەی دەوڵەتی نوێی پێ جیادەکرێتەوە لە سیستەمی عەشیرەتی و هۆزە چەکدارەکان بونی دامودەزگای گشتی و دەسەڵاتی گشتیە و حزبەکان دەیانەوێ وابنوێنن کە لەڕێگەی هەڵبژاردنیان لەلایەن خەڵکەوە شەرعیەت وەردەگرن تا ئەم دامودەزگا گشتیانە بەڕیوەبەرن و بەم شێوەیە ناوەرۆکی چینایەتی حزبەکان و ئەو بەرژوەندەیە مادی و چینایەتیانە دەشارنەوە کە لە پشت ئەم سیستەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەوە دایان ناوە،بەڵام لە کوردستان حزب پێویستی بەم خۆشاردنەوە نیە بۆ ڕەوایەتدان بەدەسەڵاتەکەی بۆیە بەئاشکرا سیستەمە عەشیرەتیە میلیشیایەکەی بەناوی پەرلەمان و حکومەتەوە دەبات بەڕیوە. ئەوەی ئەم کڵاوەی کردۆتە سەرخەڵک نەبونی هوشیاری سیاسی و تەجروبەی شۆڕشگێڕانەیە لە گۆڕینی ئەم سیستەمە عەشایەری و خێڵەکیانەدا و تێگەیشتنە لەوەی چیتر ئەندام بون لەم حزبانەدا یەکگرتوبون و هێزوەرگرتن نیە دژی دوژمنی دەرەکی بەڵکو چونە ژێرسایەی دەسەڵاتێکە کە پێویستە خۆی لەدژی بجەنگی. هەربۆیە ڕیفۆرمی ئەم حزبانە هەڵوەشانەوەی سیستەمەکەیانە و ئەم کارە لەناو ئەم حزبانەدا ناکرێ.
حزب و ژیانی تازەی حزبایەتی پێویستە لە دڵی گۆڕانکاری لەم سیستەم و دەسەڵاتەی ئێستادا بێتە دەرەوە. سیستەم و ستراکتۆر و شێواز و سیاسەتێک کە دەوری ئەندام و جەماوەر و بڕیار و کاری ڕاستەوخۆی ئەوان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی دنیایەکی باشتر مسۆگەربکا. دەبێ تایپی حزب لە فەرمان لەسەرەوە بۆ خوارەوە بگۆڕدرێ بە تایپی جوڵان لە خوارەوە بۆسەرەوە. حزب ئەوکات دەبێ بە پانتاییەک بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاربون لەدەست “دەسەڵات”ی حزب خۆشی.




زمان و زار- ژمارە ٩

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٩ی گۆڤاری زمان و زار بە ئەلفوبێی کوردی کلیکی ئێرەبکەن..

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٩ی گۆڤاری زمان و زار بە ئەلفوبێی لاتینی کلیکی ئێرەبکەن..




ئاوابوونی چیڕۆکێک.. شیعری موراد عەلی

کەس گرەوی خۆمی لێنەبردمەوە، تۆ نەبیت.
گرەوی خۆیت لەکەس نەبردەوە، من نەبێت.
کەس پێناسەمی نەدڕاند، تۆ نەبێت.
کەست دروست نەکردەوە دووبارە، من نەبێت.
کەس شەڕی ژیری پێ نەفرۆشتم، تۆ نەبیت.
کەس دۆڕاوێکی گەمژە نەبوو، من نەبم.
تۆ واتکردبێ هیچ چەکێک بە شێنەیی
ئەو شەقامە داگیرم کات.
لە پیریشمدا، گۆچانەکەم پرسیارم لێدەکا
کە بۆچی بە هەموو شار دەیگێرم!
کەچی ناوێرم لێرەوە تێپەڕم.
ئاخر تۆ نەبوویتایە؛
چ شتێک وای دەکرد،
پرسیاری هیچ شتێک، لە هەموو شتێک بکەم؟
تۆ نەبوویتایە چ شتێک وای دەکرد؛
بۆ ماچێکی پڕ ترس بەسەر تەرمی خۆمدا
سەدان میل ببڕم؟
بۆ ژوانێکی بەپەلە و خێرای تێپەڕی سبەی
ژیانی دوێنێم بفرۆشم؟
لە هەنگاوە بێ پساوەکانم بپرسە…
بڵێ چ شتێک هێندەی من هیلاکی کردوون؟
بە چاوەکانم بڵێ دەتگوت درۆ ناکەن!
سەرنجەکانتان لەمن زیاتر بۆ هیچ شۆخێک بوونە؟
لە پاڵگوەکەم بپرسە
ئینجا دەزانی شەوانم پڕ فرمێسک بووە!
بپرسە مەڕۆ… بپرسە.
سەیرێکی دواوە بکە:
بۆ کوێ دەچیت کە لێرە
دڵێک ئاودامانی چارەڕەشییە؟
بۆ کوێ دەچیت کە لێرە
چاوێک چاوەڕێی پەرجووی گەڕانەوەتە؟
بۆکوێ دەچیت کە لێرە لێوێک تینووە؟

کافرێکم، پێویستم بە تۆیە ببیت بە کچ چاکێک؛
لەسەر دەستە بچووکەکانت تەوبە بکەم!
بۆ کوێ دەچیت؟
من عیسام، عیسام، تۆ خاچی من بە!
بمکوژە لە خۆتم بگەوزێنە.
هەرچییەک هەی، هەرچۆنێک دەتەوێ، تەنیا لێرەبە.

ئێوارەیە، وا دەڕۆی خۆرم لێ دیارە.
دەزانم؛ چەند دوورە هێندەیش پیرە!
لێم دیارە، بەزەیی پێمدا دێتەوە
دڵی نایە ئەمڕۆ شەو بێنێ!
شەو، بەڵێ شەو ئەو زەمەنەیە کە:
سەگەکان دڵخۆشترن لە عاشقان،
پشیلەکان هێمنترن لە دڵداران!

بۆ کوێ دەچیت؟ کە من خەریکە
ژوان لێم دەبێت بە زەڵکاوی خەونەکانم!
بۆ کوێ دەچیت؟
نامەیەکم لەگەڵ خۆمدا بۆ هێناوی.
لاپەڕەیەکی گەورە گەورەیە بەحاڵ
چەند وشەیەکم پێوە لکاندووە.
تا بیسەلمێنم هێندەش بێ دەسەڵات نیم
نەتوانم شتێکت بۆ بنووسم!
هێندەیش گەمژە نیم، نەزانم بنووسم!
تۆ لە هەموو نەوەکانی حەوا باشتری.
تۆ لە خۆم پتر دەمناسیت.
تۆ لە نزیکەکانم نزیکتریت.
تۆ لە هیواکانم، لێوڕێژتری لە هیوام.
تۆ لە خەونەکانم زیاتریت.
تۆ لە پیرۆزییەکانم پیرۆزتریت.
جوانتریت
لە
گشت
بوونەوەران.
دڵم خێراتر لێدەدا لە هەر کاتێک پتر.
لەو کاتەشا لە پەسلانم، دەفتەری
کردەوەکانم وەردەگرمەوە!
ئەوکات نازانم دەستی چەپە یان ڕاست.
ئێستایش نازانم
تۆ بەتەمایت بڕۆیت، یان شۆخییەکی کاتییە!
بیرم ناچێت کە سەرت خستە سەر شانی ڕاستم:
دڵم پێی وتم
لای چەپی سینگت تەسکە و
بارگەم بۆ لای ڕاست دەگوێزمەوە!
ئەی تەڵای من، باکت بە لۆمە نەبێت.
تۆ لێرە بە، شەڕی گشت دنیام پێ بسپێرە
لەپشت جەنگاوەران، ژنێکی باش نییە:
خۆشەویستی هەیە، عەشق هەیە، جوانی هەیە.
من جەنگاوەربووم لە شەڕ و نەفرەت و درۆ و خیانەت و جەنگ و خوێنخواردن
ڕامکرد لە وڵاتێک.
کورد
ستان
هاتووم لە وڵاتی سنگت پەنابەرم.
هەردوو مەمکت دوو شاخی بەرزن.
دۆڵنشینم مافی پەنابەریم هەیە؟
لە وڵاتە ڕەسەنەکەم باڵای تۆ نەخشەی وڵاتمە!
تۆ سەرکردە و فەرمانڕەوایەکی
خاس بە، تکا دەکەم، ڕاوم دەنێی بۆ کوێ؟
عاشق جگە لە مەعشوق کەس شک دەبات؟
شاعیر جگە لە باڵای دڵبەر هیچ ئارامگایەک،
شک دەبات؟
جگە لەو ماڵەی خودا لەسەر سنگت بۆی دروستکردووم ماڵی ترم نییە!
من کرێکارێکی دەست و پێ سپیم.
ساڵانێک ڕامکرد بەدوای: نان، ئاو، ئازادی.
وەگیرم نەکەوت.
بەشکستەوە گەڕاومەتەوە یەکەم لانکەم
باوەشت: یەکەم لانکەی ئەڤینم.
یەکەم لانکەی ژوانم.
یەکەم ترپەی خێرای دڵم.
یەکەم چرکەی خۆناسینم.
یەکەم چرکەی ڕامووسانم.
ئەرێ هۆ خوێی برینم: خاتوو زینم،
هۆ ئازیزترین بێویژدان!
هۆ دایکی خەیاڵی منداڵەکانم!
هۆ ئەو خوێنەگەرمەی لە مناڵیمەوە خەونمی!
هۆ ئەو کەسەی ژیانم ئاوەژوو دەکەی!
هۆ ئەو کەسەی لە زیندانیش بم دڵخۆشم دەکەی.
هۆ ئەو کەسەی لە شادی دەمگریێنی.
هۆ ئەو گوڵەی شاعیرێک دەهەژێنیت.
گوێت لێم نییە؟ بۆ سەیرێکی دواوە ناکەیت؟

تۆ ڕووبارێکی قوم قوم دەمخنکێنیت!
تۆ کانییەکیت، پڕیت لە سەرچاوەکانی کوشتنم!
شیعرەکان لە کلاسیکەوە تا ئەمڕۆ
ڕاهێنانی بێتۆییم پێدەکەن!
هەمووی باسی: نەهاتن، ڕۆشتن، عەزابەکانی عەشق، شەوانی غوربەت، نازانم چی چی چی، دەکەن!
نازانن کە دەزانم درۆ دەکەن!
هەموو شاعیران درۆ دەکەن!
هەموویان خەیاڵپڵاون.
هەموویان پشت بە ئیلهام و درۆ و خەیاڵ دەبەستن.
هەموویان سەرلێشێوانن.
هەموویان درۆ دەکەن درۆ…
شاعیرێک تۆی نەناسیبێت، بە چ ڕوویەکەوە:
شیعر بۆ جوانان دەنووسێت؟!
کاتی ئەفسانە گێرانەوەکان تۆ نەببوویت.
چیرۆک دروستکەران نازانن تۆ کێی!
درۆ نەبێت چ شتێک پێنووسیان تیژ دەکاتەوە؟
تۆ نەبی چ ژنێک پێنووس خوێناوی دەکات؟
تۆ نەبی چ ژنێک خوێ بەسەر تێنووس دادەڕژێنێ؟
کەس هێندەی تۆ ئاڵۆزی دەخاتە ژیانی کەسێکی تر؟
کەس هێندەی تۆ کەسی تر فێری گریان دەکات؟
کەس هێندەی تۆ لۆچ دروست دەکات،
لەسەر ڕوخساری گەنج؟
دەمگوت ساڵانێک بوو پیر بووم، ساڵێکە گەنجم.
تەمەنت بۆ گەڕاندمەوە!
دەتەوێ پیریشم لێبستێنیتەوە،
بە ڕۆشتن هەر ئاوا بم، تا ئاوابوون؟
هەر چاوەڕوان بم؟
نەتگوت هەموو ناخۆشییەک خۆشی لە دوایە؟
ڕۆشتنیش گەڕانەوە؟
تۆ لە قسەکانت پەژیوان نابیت
من دڵنیام! دڵنیام
تۆ بەقەد یوسف ڕاستگۆی.
تۆ لە زولەیخاش عاشقتری!
تۆ هێندەی مەریەم پاکبووی.
چی کردیتی بەو کەسەی ئێستات؟
ئەگەر دەتزانی بێباکیت چ خیانەتێکە
لەو هەموو جوانییەتی دەکەی؛
دەگەڕایتەوە دیسان
لەسەر کورسییەکەی بەرامبەرم
تێر تێر سەیرت دەکردم!
بۆ هەمیشە دەستت دەگرتم!
تامردن بۆنت دەکردم!
ئەگەر دەتزانی ڕوخانی ڕۆشتن ڕوشێنەرە،
ئەگەر دەتزانی مانەوەت مان لە نەمانم دەگرێ،
هەرگیز وەڵامی هیچ پرسیارێکت جێنەدەهێشت
لە تاقیکردنەوەی ئەڤین.
پێش دیدارت کۆمەڵێک پرسیار و قسەم ئامادەکرد.
پرسیاری گرنگ بەسوود نازانم چیتریش! پرسیار دەربارەی:
کتێب و شیعر و فەلسەفە و
ماتماتیک و نازانم چیتریش!
پرسیار دەربارەی ژیان و مردن و خۆشەویستی
عەشق و خۆت و منداڵیت و نازانم چیتریش!
کە لەو دەرگا ئاسنینە شینەی کافێکە دەرکەوتیت:
زمانێکی لاڵ، جەستەیەکی وشک،
نیگایەکی هێمن، چاوێکی هیلاک
بیرم لە مەرگی خۆم پتر بۆ هیچ نەچوو!

ئەمە بوو عەشق و تراژیدییەکانی؟
ئەوە بوو مەرگ و ناخۆشییەکانی؟
هێندە بوو لەدەستدان و ئازارەکانی؟
بیرکردنت بیرم لەبیر دەباتەوە!
لەدەستدانت، دەستم پێ لەدەست دەدات.
ئەی ئۆقیانووسە ڕەشەکەی من.
پێنووسێکی بچکۆڵەم هەیە،
کاتی خۆی ناوی منت لەسەری هەڵکۆڵیبوو.
ئێستایش لامە، لەوکاتەوە دەگەمە هەر شوێنێک
ناوی خۆم و خۆت ناوی خۆت و خۆم،
دەنووسم:
لەسەر ئەو مێزەیش وام کردووە.
ئێستا بە بێبەزەییانە جێیدەهێڵیت.
حەزدەکا بشکێت، لەوەش بێباکیت؟

گوێچکەکانم تینوون، دەنگت ڕووبارە.
دووری مەخەرەوە
قاچەکانم ڕێبواری هەمان ڕێگەی هاتنتن.
درەختی پرسیاری شەقامیان
لەسەر مەهەژێنە بە جێهێشتن.

ئێستایش کە ڕۆشتوویت
هەرچەند دوورتر کەویتەوە
عەترەکەت زیاتر بەرەو ناخم دێت.
تۆبڵێیت بۆ جیاکردنەوەت لە ڕۆحم
چەند سەدەم بوێت؟
دابڕان هیچ فێری کەس ناکات! شیوەن نەبێت!
تەنیایی کەس فێری هیچ ناکات! گریان نەبێت!
وتت تینووی زانستم، ڕۆشتن هیچت فێرناکات، تلانەوە نەبێ، لەدەست ویژدانت!
وا بڕیار بوو پێکەوەبوونمان
حیکایەتێکی درێژبێت
کۆتاییەکەی مردنی کەسێکمان بێت.
بۆچی بە زیندوویی خاڵی کۆتایی
بەچاوما دەچەقێنیت؟




ئەوەی ئەبێ بکرێ بۆ گۆڕانکاری.. سامانی وەستا بەکر

بیری دەسەڵاتی خەڵک و چاوەڕوانی خەڵک:
دەسەڵاتی کوردی باس لەوە ئەکات کە خەون و ئاواتی دەسەڵاتداران و خەڵک یەکە، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە.
دەسەڵات خەونی خۆی لە دروستکردنی ئیمبراتۆرییەتێکی ئابوری و مۆڵتی ملیارێری بنەماڵە و خێڵا کۆکردۆتەوە، بە پێچەوانەوەشەوە شکستی هێناوە لە بەدیهێنانی خەونی هاوڵاتیان لە بەختەوەری و خۆشگوزەرانی، بەهێزی ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگا، فراوانی ڕووبەری ئازادی، دروستکردنی سیستمێکی زانستی و کۆمەڵگەیەکی زانست پەروەر، سەربەخۆی دادگا و سیستمی دادوەری. خەونی دەسەڵاتدارەکان کۆکردنەوەی زۆرترین سامان و بەجێهێشتنی کورسی دەسەڵاتە نەوە دوای نەوە، لەکاتێکا خەونی خەڵک خزمەتگوزاری و مافە بەرامبەر ئەرک.

بانێکەو دوو هەوا:
هاوڵاتی ئەبینێ دەسەڵاتداران ماماڵەی ئابوری زەبەلاح و هاوبەشی ئابوریان لەگەڵ ئەوەی پێیئەڵێن داگیرکارانی کوردستان لە عەرەب و تورک و فارس هەیە و هيزی لێوەرەگرن، ئیتر ئەمیش پێی ڕەوایە داوای مووچەخوراو دواکەوتووەکەی لە بەغا بکات، سیخوڕی بۆ تورک فارس بکات.
هاوکێشەکە بەمجۆرەیە کە هاوڵاتی پرسیاری لادروست ئەبێ و ئەپرسێ؟ بۆ حیزبەکان بۆ پۆست، پایە، پلە، پارە، بازرگانی، بەرژەوەندی تایبەت و بنەمالە ڕوو لە بەغا “باغی داد” بکات کوردایەتییە، ئەی بۆ نەنگی و خیانەتە بۆ هاوڵاتی بۆ مووچە پاشەکەوتکراو و بڕاوو نەیراوەکەی ڕوو لە هەمان باغی داد بکا، بەڵام بۆ دەسەڵاتداران شکۆو شانازی و کوردایەتی بێت؟ ئەبێ دەسەڵاتدارە خێلەکی و بنەماڵەکان وەڵامی ئەم پرسیارەی خەڵک بەنەوە پێش ئەوەی بە خائن و دژە هەرێم تاوانباریان بکەن، بەکوردییەکەی ئەوەی ماڵی لە شووشەبێ نابێ بەرد لەماڵی خەڵک بگرێ.

کۆیلەی برسی و کۆیلەی تێر:
مرۆڤ سگی بە هاوڵاتی کورد ئەسوتێ کە دوو ڕێگای لەبەردەمایە بۆ هەڵبژاردن، یان ئەبێ کۆیلەو تيربێت یان کۆیلە و برسی. دەسەڵاتی خۆماڵی هاوڵاتیانی کۆیلە و سەرکوێر و برسی کردووە، خۆ ئەگەر ڕووش لە بەغا بکرێ کۆیلە و سەرکوێر و ژێردەستەی بێگانەئەبن بەڵام مووچە لەکاتی خۆیا وەرەگرن و لە برسێتی ڕزگارئەبن، دوو ڕێگاکە ئەوەیە یان ئەبێ سکی تێر و داگیرکاری هەڵبژێری یان دزوگیرفانبڕ و نیمچەسەربەخۆی.
یەکێک لەهۆکارەکانی مرۆڤ بۆ هەوڵدان بۆ ئازادی، تێروپڕی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەیە، لەڕێی ژێرخانێکی ئابوری کە دڵنیای بە ئەمڕۆ و سبەینێ دەستەبەربکات، بەڵام کاتێک ئەگاتە بەردەرگای ئازادی برسێتی و سکهەڵگوشین ئەچنئتەوە، سەرەنجام سڵ لەئازادی و چەمکاکانیشی ئەکاتەوە، ئەمە واقیعی ئەمڕۆی مرۆڤی کوردە بە بەراورد بە سەدەی پێشوو، کە هەمیشە لەگەڵ هەر هەوڵێک بۆ سەرکوتکردن و سڕینەوە، ئازادی خاڵی بنەڕەتی و کۆکەرەوەبووە، هەرئەوەش وایکرد ئەو هەموو هەوڵە بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد بێئاکام و شکستخواردوو مایەوە، بەڵام مەخابن لە ئێستایا چیتر ئازادی ئەو خاڵە بنەڕەتی و کۆکەرەوەیە نییە کە ئەمەش ترسناکترین شتێکە لە مێژووا نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی بووبێتەوە.

بەری ٣٢ ساڵ حوکمڕانی خۆماڵی:
سی و دوو ساڵی حوکمڕانی هۆز و بنەماڵەی سیاسی، جۆرە مرۆڤێکی دروستکردووە لەبری ئازادی بەدوای دڵنیای و پاشەڕۆژێکی ڕوونابگەڕێت. کارێکیان کردووە چیتر مرۆڤی کورد ئامادەنییە بۆ ئازادی و سەربەخۆی بچێتە جەنگەوە تاوەکو لە پێشا دڵنیانەبێت کە گەرەنتی ئابوری و دواڕۆژێکی ڕوونتر بۆ نەوەکانی دەستەبەرنەکا.
ئەوان کارێکیان کردووە کە خەڵکی بەدوای فریادڕەسێکا بگەرێ، بێگوێیانە ئەوەی کە فریادڕەس کێیە؟ ئەوان تەنها چاوڕێی هێزێکن بێت و لە دۆخە سەختە ئابوری و کۆمەڵایەتیە ڕزگاریانکات، جا ئەگەر هێزەکە ناخۆی بێت یان دەرەکی گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە “کۆیلایەتیەکی سک برسی بگۆڕن بە کۆیلایەتیەکی سک تێر”، چونکوم گەشتوونەتە دووڕیانێک ئەگەر هێزەکە خۆماڵی و دزوگیرفانبڕ و تاڵانکەربێت یان داگیرکەر و بێگانەبێت، لە سی و دوو ساڵی ڕابردوو خراپترنابێت.

ئومێدی گۆڕانگاری:
لە ئێستایا ئومێدێک بەدی ناکرێ نەک بۆ گۆڕانکاری و دروست بوونی ئۆپۆزسیۆن، بەڵکو هەر خودی کایەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوارێکی وای تیانییە، هێزێک دروست بێت دووربێت لە خێزان، بنەماڵە، خێڵ، ئاین، تاکسالاری.
هەر بوونیاتی ئەم ناوچەیە وایە کە حیزب و سیاسەت و ئابوری لەلایەن هۆز خێڵ و پیاوانی ئاین و بنەماڵە و خێزانەکانەوە بە حوکمی ئەو پێگەیەی کە هەیانە قۆرخئەکرێت، وەک موڵکی کەسی و خۆیی مامەڵەی پێوەئەکرێت، لە چوارچێوەیەکی تەسکا قەتیس ئەبێ و بونیادێکی کۆنزەرڤاتیڤی نەگۆڕ دەست بەسەر کایەی حیزب و سیاسەت و ئابوریا ئەگرێ، گۆڕانکاریی لەچوارچێوەی بەرژەوەندی تەسکی خێڵ و خێزان و پیاوانی ئاینا نەبێ ڕوونایات، سەرەنجام کۆی ئەو هێزە نوێیانەش کە دروست ئەبن لەو چوارچێوەیەیا ئەمێننەوە و پاش ماوەیەک حیزب و سیاسەت و ئابوری ئەبنەوە بە موڵکی خێڵ و خێزان، نمونەی ئەوەش ئەو حیزبانەن کە لەم ساڵانەی دواییا لە هەرێمی کوردستان دروست بوون و بەهەمان مۆدێلەکەی پارتی و یەکێتی خێزان و بنەماڵە و پیاوانی ئاینی خاوەندارێتی حیزبەکەن ئەگەرچی بەڕووکەشیش شتێکیتر بڵێن، بەکورتی فیوداڵیزم جەوهەری هێزەکانە.

هەڵەی کۆمەڵگە و ڕێگری لەگۆڕانکاری:
بۆ دەستنیشانکردنی هەڵە و چارەسەر، خەڵکی هەمیشە ڕێگا ئاسان و بێبەرپرسیارییەکە دیاریئەکا و هەڵەبژێرێ، ڕاستەوخۆ تەنها ئەیبەستێتەوە بە هەڵەی سیاسیەکانەوە و هۆکارە سەرەکییەکەی لەبیرئەچێ کە ئەوە زادەی خودی کۆمەڵگە خۆیەتی.
لە چەند خاڵێکا بەشێک لەو هەڵانەی کۆمەڵگە ئەیانکا، جا بەئاگا یان بەبێ ئاگا ئاماژەی پێئەیەم:
کۆمەڵگایەک کە:

  • هەر بەڕاستی نەک ئامادەنییە بۆ گۆڕانکاری بەڵکو سڵیشی لێئەکاتەوە.
  • تا ئەم ساتەش چاوەڕێی هێزێکی دەرەکی یان فریادڕەسێکە بێت و گۆڕانی بۆ بخوڵقێنێ.
  • تا ئێستاش ئامادەنییە بە قوڵی بیربکاتەوە و لەهۆکاری گرفتەکانا ڕۆچێ.
  • ئامادەنییە لایەنی کەم دەستبەرداری خورافات و شەعوەزەبێت.
  • ئامادەنییە زانست بۆ دەستکەوتی زانستی بەکاربهێنێ، بەڵکو تەنها وەک خزمەتگوزاری لێیئەڕوانێ.
  • نەک ئامادەنییە بۆ داهێنان، بەڵکو زانکۆکانیش ئامادەنین و ڕکابەرایەتی زانستی ناکەن.
  • تەنها بەکاربەرە و نەک دروستکەر.
  • تەنها فێری وەرەگرتنە و ئامادەی بەخشین نییە.
  • زۆربەی هەرە زۆری هەڵگری بیرێکبن کە پڕە لە دژایەتی زانست، ئازادی، نوێگەرایەتی و عەقڵانییەت.
  • بەدەستی خۆی درگای بەڕووی گۆڕانکاری جەوهەرییا داخستووە.
  • ترسی لە ئەدەب، فەلسەفە، هونەر، فەرهەنگ و هەموو کاڵایەکی مرۆڤدۆستی هەیە.
  • دەستبەرداری پەروەردەی ڕەسەنی ناوخۆی ئەبێت و مناڵەکانی بەپارە ئەخاتە بەر خوێندن و پەروەردەی وڵاتانی هەرێمی داگیرکەر و دوژمن بە کورد و کوردستان.
  • زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی جاهیلبن و بڕوایان بە نادیار و خورافیات هەیە.
  • ئاین و جەهالەت لێکجیانەکاتەوە.
  • لە ڕۆژێکا گوێ لە بەرنامەی ڕادیۆیی بازرگانەکانی ئاین و تەماشاکەری تێڤی و سۆسیال مێدیای کۆی بانگخواز و مەزهەب و ڕەوتە جیا و دژبەیەکی ئاینبازەکان بێت و سەر بۆ هەمووشیان بلەقێنێ، تێنەگا لەوەی کە ئەوانە بازرگانی ئاینن و ئیماندارێکی خۆپەرستن نەک خواپەرست.
  • زۆربەی کات باس لە کتێب بکات بەڵام ئامادەنەبێت بیخوێنێتەوە.
  • گەورە و بچوکی سیاسی بيت و هیچیش لە سیاسەت تێنەگا و هەمیشە لەو بوارەیا دۆڕابێت.
  • نەوەکانی سەدەی ڕابردووی لە سەدەی ئێستای ئازادایخوازتر، دیموکراسیتر و مۆدێرنتربێت.
  • ئامادەنەبێت پەروردەی ئاینی لە قوتابخانەو فێرگەکانا بگۆڕێ بە ڕەوشتی کۆمەڵایەتی.
  • ئامادەنەبێت لەبری فێکردنی زانست، پەرەەردەی دروست و تەندروستی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی دروست کردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست لە قۆناغەکانی سەرەتاییا بە مناڵەکان بڵێتەوە.
  • ئامادەنەبێت لەبری تاقیکردنەوە و دەرنەچاندن، بەشێوەی کردار “پراکتیک” ڕێنماییە سەرەتاییەکانی ڕەوشتی مرۆڤ و ئاژەڵدۆستی فێری مناڵەکان بکات، ترسی دەرنەچوون و شکست لەناخیانا دەربهێنێ و نەوەیەکی دڵ پڕ لە خۆشەویستی و هاوکارییان لێبەرهەمبهێنێ لەپاڵ فێرکردن.
  • لەبری چاندنی ڕق و تۆڵە لەناخیانا لەڕێی گێرانەوەی مێژووییەک کە مناڵەکان ئامادەنین بۆ وەرگرتنی، وانەکانی بەختەوەری خێزانیان فێرکرێ کە ئەبێتە بناغەی کۆمەڵگەیەکی سەرکەوتوو و سەربەخۆ.

هەتا بەبوێرییەوە دەست بۆ گۆڕانکاری لە کۆی ئەو کایانەی سەرەوە و لە بنەما کلتوری، ڕەوشت، فیکر، جومگە و ژيرخانا نەکريت نابێ چاوەڕوانی گۆڕانکاری بکرێت.
کەی توانرا گۆڕنکاری ڕاستەقینە و بێ لەمپەڕ لەو کایانەیا بکرێت ئەوا ئەکرێت گۆڕانکاری سیاسی بێتە کایەوە، واتا سیاسەتی زانستی و زانستی سیاسەت جێگای ململامنیی حیزبی و سیاسەتی خێڵ و خێزان بگرێتەوە.
لەبری بیری شۆڕشی چەکداری و ململانێی نائەقڵانی حیزبی درێژخایەنی پڕ لە کۆت و بەند و نشێو و بێ ئەنجام، تەنها ڕێگا ئەوەیە بەم ڕێگا کورت و ئەقڵانییەیا بگەینە ئەنجام، ئەنجامێک کە زیاتر لە ٤٠٠٠ ساڵە کورد پێینەگەشتووە.

چونکە تورکی تۆرانی کورد وەک مرۆڤ نابینێ، فارسەکان کورد وەک هۆزێک لە نەتەوەی فارس ئەبینن، عەقلیەتی عەرەب جا سوننە بێت یان شیعە سەر بە ئایدۆلۆژیای مارکسی بێت یان لیبڕالی ، ئایدۆلۆژیای ئیسلامی بیت یان نەتەوەیی ، هەمان ئەو عەقلە بەدەویەیە کە لەبن دەوار و ساراکان هەیبوو و دریژ بۆتەوە بۆ ئێستا ، عەقلێکە بڕوای بە مافی بەرانبەر نیە ، بڕوای بە دەستوور و یاساکان نیە و مەنەستێتی لەڕێی بەناو برایەتی و ئاینەوە لەخاک بێبەشکا.

سامانی وەستا بەکر
٢٤-٩-٢٠٢٣
سوید-ستۆکهۆڵم




بەبێ جیاوازیی.. شیعری نەوزاد بەندی

هەموومان گریانێ قەرزارین ..

هەموومان بارانێ قەرزارمانە

٭    ٭    ٭

جاران ماسیحە و عەلاگەی خۆڵ نەبوون ،

کەچی شار زۆر پاکتر بوو ..

٭     ٭     ٭

جاران  کرێکارێ ، پۆلیسێ  ،

حەوت کوڕ و سێ کچی ،

لە سەرەتاییەوە تا زانکۆیان تەواو ئەکرد بە خۆڕایی ..

هەرکەسێ ئەچووە نەخۆشخانە ،

بە پەنجا فلس ،

پزیشکی پسپۆڕ ئەیبینی ..

فەحسی خوێن و

سێ چوار  دەرمانی  وەرئەگرت ..

شتێ نەبوو بە ناوی خوێندنی ئەهلی ..

شتێ نەبوو ناوی خەستەخانەی ئەهلی‌ ..

ئەوسا ووڵات هی هەمووان بوو ..

مافیاکانیش لە سیخوڕخانەکانی ئەو دیو سنوور  ..

خۆیان ئەلێسایەوە و

چەندیان ئەکرد 

نەئەگەیشتە ئاوایی

دەنگی لوورە لوور

٭       ٭      ٭

جاران زۆرینە تەنها لە بۆنەکاندا گۆشتیان ئەخوارد ،

بەڵام شار پڕ پڕ بوو لە شێر  ..

٭     ٭      ٭

جاران تاک و تەرا قوتابخانە هەبوو ،

بەڵام ڕۆشنبیری وامان تیا هەڵئەکەوت ،

بێگانەیش دەستی بۆ ئەگرت بە سنگەوە ..

٭      ٭       ٭

جاران بازاڕی دۆلار  و عەلوە و پێشانگای نێو دەوڵەتیی نەبوون ،

کەچی هیچ کەسێ پارە پەرست و

برسی  و چاوچنۆک نەبوو ..

٭       ٭           ٭

جاران یەک حیزبی نیشتمانی و ئاینییمان نەبوو ،

بەڵام خەڵکی ئەوەندە نیشتمانپەروەر بوو

ئەوەندە ئاین پەروەر بوو ،

نەبووە و نابێتەوە ..

٭       ٭        ٭

جاران بە دەگمەن کۆشکێکت ئەبینی ،

بەڵام کەسێکت نەئەبینی بکڕوزێتەوە ..

هەمووان شایان بە سەپان ڕانەدەگرت ..

٭        ٭        ٭

جاران دەرسی دینی و .. توێژەری کۆمەڵایەتی و .. توێژەری دەروونیی نەبوون ،

بەڵام هیچ کێشەیەکی دینی و

هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و

هیچ کێشەیەکی دەروونیت نەدەبینی ..

٭       ٭       ٭

جاران  خەڵک لە کانی و ڕووبار و مەرکانە ئاویان ئەخواردەوە ،

کەچی نە شێرپەنجەی گەدە هەبوو ..

نە کیسە ئاوییەکان ..

نە ئێچ پایلۆری ..

نە ئەنتامیبا ..

نە جیاردیا ..

نە ئێچ نانا ..

٭        ٭         ٭

جاران لەو شارەدا تەنها دوو دەرمانخانە هەبوون ،

کەچی بە دەگمەن نەخۆشێکت ئەدی …

٭         ٭          ٭

جاران ئەو شارە ،

سێ چوار ئوتومبێلی تێدا بوو ،

کەچی هیچ کەسێ لە دەوام دوا نەئەکەوت ..

هەمووان پێش خۆر ئاوا بوون ئەگەیشتنە ماڵەوە ..

٭          ٭           ٭

جاران دوو چایخانە لەو شارەدا هەبوون ،

کەچی خەڵکی ،

بە بێ جیاوازی ،

تێر چا  و

تێر تاوڵە  و

تێر دۆمینە بوون ..

٭         ٭           ٭

جاران تاک و تەرا کوردێک

ئەڕۆی بۆ هەندەران ،

لەو سەرەوە پڕۆفیسۆرێ ئەگەڕایەوە ..

٭        ٭           ٭

جاران ئەچوویتە بەر دەرگای هەر ماڵێ ،

پێش خانەخوێ ،

بۆنی ڕەیحانە و

مێخەک و

گوڵەباخ ،

فەرموویان لێ ئەکردی …

٭           ٭          ٭

کەچی ئێستا ،

ئەم دەسەڵاتە بێ ڕەوشتە ..

ئەڵێ  جاران ئێوە کۆیلە بوون ،

ئێمە بووین ئاخوڕی ئازادیمان

کردە ملتان  ..




خەڵکی ئێران دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەڕووخێنن!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی راپەڕینی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆریەت!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی راپەڕینی ئەمجارەدا، خەڵکی ئێران خۆیان بۆ راپەڕینێکی گەورەتر لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبی ئامادە کردووە. لە بەرانبەردا، دەسەڵاتیش، جگە لە زیادکردنی سەرکوت و درێژەدان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و پیلانگێڕی لە دژی هێزی رووخێنەر لە ئاستی جیهانیدا، بە باجدانی شاراوە و ئاشکرا بە زلهێزانی سازشکاری جیهان و دەوڵەتانی ناوچەکە، دەیەوێت خۆی لە “دادپەروەری” و “چارەنووس” بشارێتەوە و لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە!
ئایا دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران دەتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە یان دەڕوخێنرێت؟ ئەگەر بکەوێت، کەی و چۆن؟
چاوخشانێک بەسەر دەستکەوتەکانی راپەڕین یەکساڵی رابردوو!
لە سەروبەندی ساڵیادی دەستپێکی ئەو راپەڕینەداین کە بە شەهیدکردنی مەهسا ئەمینی (ژینا) لە رۆژی 25ی خەرمانانی ٢٠٢٢ لە تاران دەستی پێکرد. لە ژێر رۆشنایی پێشهاتەکانی ساڵی رابردوودا، چەندین راستی بنەڕەتی سەبارەت بە ئێران سەلمێنران:
دەسەڵاتی ئێران دیکتاتۆری و ناشەرعییە و خەڵک نایەوێت. هەربۆیە خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێران رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییە و دەیانەوێت دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دێموکراتیک دابمەزرێت.
• سەردەم گۆڕاوە و بوون و مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران کەوتۆتە مەترسییەوە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ناچارە کۆتایی خۆی قبووڵ بکات. ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و دواقۆناغی ئەم دەسەڵاتە، لە لایەن خەڵکی ئێران و گەلانی جیهانەوە پشت راست کراوەتەوە و هەموو لایەک کۆدەنگن لەسەر رووخاندی ئەم دەسەڵاتە!
• بارودۆخی ئێران هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو و هەر سیستەمێکی دیکتاتۆری لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بە نەفرەت کراوە. هەروەک چۆن خەڵکی ئێران (دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا)یان رووخاند، ئێستا لە رووخاندنی دەسەلاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی نزیک بوونەتەوە و هەموو لایەک کۆکن لەسەر سەرکەوتنی گەل بەسەر دیکتاتۆرییەتدا.
• سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت لە ئێران گەیشتووەتە کۆتایی و بەدیلە دەستکردەکانی سەر بە ئەم و ئەو!، یەک لە دوای یەک شکستیان هێناوە و هەر تیروپشکێکی نوێ لەم بوارەدا هەر لە ئێستاوە مەحکوومە بە شکست. خەڵکی ئێران چیتر سیستەمێکی دیکتاتۆری و بە تایبەت لە ژێر ناوی (پاشایەتی) یان (مەزهەبی)یان پێ قبووڵ ناکرێت و رەتی دەکەنەوە!
• ئەوانەی بە درۆ لافی شۆڕش و راپەڕینیان لێدەدا و هەلپەرستان و مشەخۆرانی جۆراوجۆر، کە لە “گۆڕەپانی سیاسی”دا وەک رووەکی بەهار سەوز ببوون، بە خێرایی لە گۆڕەپانەکەدا ون بوون و نەمان!
• بەدیلی دیکتاتۆرییەت بە گشتی و بەدیلی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی بە تایبەتی، ئەو هێزەیە کە “رێکخراو” و “جەنگاوەرە” و لە گۆڕەپانی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەکاندا ئامادەیە و خاوەن رەگ و ریشەیە لە ناو کۆمەڵگەی ئێراندا. بەدیلێکی لەو شێوەیە لە لایەن زۆرینەی خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرێت و داواکاری و دروشمەکانیشی، نەک داواکاری لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت، بەڵکو رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە بە هەموو باڵ و بۆندەکانیەوە. هێزێک کە باوەڕی پتەوی هەیە بە سیستەمی “کۆماری”، “دیموکراسی”، “پلۆرالیزم” و “فرەچەشنی” و خاوەن پێشینەیەکی روون و حاشاهەڵنەگرە لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت.
• بە لەبەرچاوگرتنی چوار دەیەی رابردوو و بەتایبەتی یەک ساڵی رابردوو، هیچ بەدیلێکی جددی و راستەقینە نەبووە و نیە لە بەرانبەر “ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران” بەرانبەر بە “دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت” لە ئێراندا. ئەم ئەڵتەرناتیڤە بە دروشمی “راپەڕین بۆ رووخاندن” و “مەرگ بۆ ئەسڵی ویلایەتی فەقیهی” و “ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت” و “نا بۆ شا و نا بۆ ئاخوند”، نەک هەر دێرینترین هاوپەیمانیی سیاسییە لە مێژووی ئێراندا، بەڵکۆ هەروەها، ئاڵاهەڵگری “ئازادی و سەربەخۆیی”شە لە ئێران. دروشمەکانیتری یەکساڵی رابردوو، نەک ناتەواو و ناڕوون بوون، بەڵکو تەنانەت هەندێکیان لەلایەن بەشێک لە پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی شا و دیکتاتۆرییەی مەزهەبییەوە بە هەند وەرگیراون!
• “تاکە نەخشەڕێگای مومکین” و تاکە رێگەی گەیشتن بە سەرکەوتن و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتیک و جێی پەسندی خەڵکی ئێران، “درێژەدان و گڕدانی راپەڕین”ە لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و لەوانە، بە ئامانجگرتنی هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکتاتۆرییەت لە هەموو ناوچەکانی ئێران. هەرجۆرە شێواندن و شلبوونەوە و ماندووبوون لەم ئاراستەیەدا، دەتوانێ دەرفەت و وزەبەخش بێت بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری، کە هەناسەی بێتەوە بەر خۆی و (کات) بۆ مانەوەی خۆی بکڕێت.
• وە دوایین و گرینگترین دەستکەوتیش ئەوەیە کە، “دەسەڵاتی گەل” زۆر باڵاتر و بەهیزترە لە “دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت”. واتا ئەو هێزەی کە بتوانێت بۆ هەتاهەتایە کۆتایی بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران و ناوچەکە بهێنێت و رێگاکە بەڕووی سازان و لایەنگرانی دەرەکیی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا دابخات و، رێگا بۆ “ئێران ئازادی دواڕۆژ” خۆش بکات. ئەو هێزەی کە دەتوانێ ریزەکانی خەباتکارانی سیاسی لە دژی بەرەی دیکتاتۆر بەهێز بکات و لە لادان و خاوبوونەوە بیانپارێزێت و خۆیشی، هەڵقوڵاوی یەکڕیزی و هاوخەباتی بێت بۆ هەموو چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک، بە هەموو ئاڕاستەیەکی سیاسی، ئایینی و نەتەوەیی جیاوازەوە.
ئازادی بێ تێچوو و فیداکاری نایەتە دی. هیچ خاکێک بە بێ نرخ و بە بێ تێچوو و خەبات رزگار نابێت. هەربۆیە هیچ دڵۆپێکی خوێن بەفیڕۆ نەچووە و بەفیڕۆ ناچێت و نابێ رێگە بدرێت بە فیڕۆ بچێت. باشترین و شایستەترین هەنگاوی وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان، درێژەپێدانی رێبازەکەیان و گرتنەبەری رێگا و ئاڕمانجی واڵایانە. دەبێ ئەو ئاڵایەی بە خوێن هەڵیاندا، بە شەکاوەیی بپارێزرێت و ترس نەبێت لە رێگای چەوت و دژوار. رزگارکردنی ئێران لە دیکتاتۆرییەت بە تەواوی لە بەردەستدایە!
تێڕوانینێک بۆ ئەمڕۆ و نەخشەی رێگای داهاتووی ئێران!
ئێستا لە سەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی راپەڕینی قارەمانانەی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت، شاهیدی شەپۆلێکیتری هەوڵەکانی دوژمنانی خەڵكی ئێرانین. دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی بە هاوکاریی لایەنگرانی و پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو، دەیەوێت خۆی بە براوەی گۆڕەپانەکە نیشان بدات و وابنوێنێت کە “ڕاپەڕینی گەل” شکستی هێناوە و کۆتایی پێهاتووە. بۆ ئەم مەبەستە لە ناوخۆی ئێران، شەپۆلی گرتن و لەسێدارەدان و سەرکوت و ئەشکەنجەدان و، دەرەوەی ئێرانیش، سات و سەودای پشت پەردەی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان چڕتر کردووە و لە هەمانکاتدا و لە ساڵیادی دەسپێکی راپەڕیندا، رێگەی خۆش کردووە بۆ هەڵبەز و دابەزی کرێگرتە و دەست و پێوەندەکانی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم و، بەمجۆرە پاشخانێکی بۆ دیمەنەکە دروست کردووە.
بەڵام سەرباری ئەمانە، خەڵکی ئێران پێداگرە لەسەر درێژەدان بە خەبات و رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی لە ئێران. وەک رووبەڕووبوونەوەیەک لە پێناو گەیشتن بە رزگاری. نەک هەر لە ئێران و بۆ ئێران، بەڵکو مۆدێلێکە بۆ خەڵکانیتر. کەوایە راپەڕین لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بەردەوامە. خەڵکی ئێران تاکە رێگای بەرەو پێشەوەچوونیان، لەوەدا دۆزیوەتەوە کە بەردەوام بن لە راپەڕین و توندترکردنی هەوڵەکانیان. خەڵکی ئێران نیشانیان داوە کە توانست و پوتانیسیەلی ئەوەیان هەیە. هەربۆیە بە کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، بە هیچ شتێکێتر رازی نەبوون و نابن و بە ئیرادەن و لەسەر داواکارییەکەیان چەقبەستوون!
دیکتاتۆرییەت و دژایەتیکردنی بەدیلی جەماوەری!
بەپێچەوانەی بانگەشەی باوی ناو بازنەی فیکریی هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا، بە لای دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبییەوە شاراوە نییە کە هەڕەشەی سەرەکی لەسەر مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، “ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران”ە کە سازمانی موجاهدینی خەلقی ئێران هێزی سەرەکییە تیایدا. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە، هەمیشە بە دوای ئەوەوە بووە کە بە شێوازی جۆراوجۆر، بە سات و سەودا لەگەڵ لایەنانی زلهێزی نێودەوڵەتی و بە تەرخانکردنی تێچوویەکی زۆر، هەر چۆنێک بێت پێش بەم “هێزە رووخێنەرە” سەرەکییە بگرێت و لە جووڵەی بخات، بۆ کڕینی “کات” بە مەبەستی لەسەر پێ مانەوەی دەسەڵات.
بەدیلێکی دیموکراتیک و جەماوەری!
هەرچەند کە چالاکی نێودەوڵەتی و هەبوونی پەیوەندی دیپلۆماتیک لە دەرەوەی ئێران، هەر لە سەرەتاوە بۆ موقاومەتی ئێران زۆر گرنگ بووە، بەڵام هەرگیز جێگرەوەی چالاکییەکانی هێزەکانی موقاومەت لە “ناوخۆی وڵات” نەبووە و ناتوانێت کە ببێت! هەر لەبەر ئەمەشە کە دیارترین تایبەتمەندی موقاومەتی ئێران لە چاو هێزەکانیتر، هەبوونی چالاکانە و بەرفراوانیەتی لە ناو خەڵک و لە ناو شارەکانی ئێراندا. بە واتایەکیتر، توانیویەتی رۆڵی بەرچاو و بێ بەدیلی خۆی لە راپەڕینە جەماوەرییەکانی رابردوو و بەتایبەتی لەم راپەڕینەی ئێستادا، کە لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی رابردوو (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٢)وە دەستی پێکردووە، نیشان بدات و راپەڕینەکە لە چوارچێوەی راستەقینەی خۆیدا پێش بخات.
موقاومەتی ئێران، بە خاوەندارێتیی “ئۆرگانی بەکۆمەڵی سەرکردایەتیی راپەڕین” و “هێڵی دیپلۆماسیی شۆڕشگێڕانە”، جگە لە پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی هەر دوو لایەنی (دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئاخوندی) و (پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا)، بۆ پەراوێزخستنی موقاومەت و کپ کردنی راپەڕینی گەل، توانیویەتی دروشمی لادەرانە و گوماناوی و ناتەواوی هەندێک کۆڕ و کۆمەڵانی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیستەکان ریسوا بکات و، خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێران بپارێزێت کە بریتییە لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و بەم شێوەیە، پاڵنەری جیهانی هێنایە سەر خەت بۆ پشتیوانیکردن لە راپەڕینی گەل و موقاومەتی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت.
موقاومەتی ئێران لەو باوەڕەدایە کە ئەم راپەڕینەی ئێستاکە، ئەگەرچی تازەترین هەڵکشانە لە زنجیرە راپەڕینەکانی دژە دیکتاتۆرییەت لە ئێران، بەڵام لە راستیدا بەرهەمی راپەڕینەکانیتری چوار دەیەی رابردووی ئێرانە و تێچوویەکی زۆری هەڵگرتووە بۆ گەل و موقاومەتی گەل. بە تایبەتی پێویستە ئاماژە بە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1367 (1988) بکرێت کە زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانی سیاسی، بە فەتوای خومەینی و لەسەر دەستی کەسانی وەک ئیبراهیم رەئیسی (سەرۆکی ئێستای رژێمی ئێران) کۆمەڵکوژ کران و دوابەدوای ئەم تاوانەیش، بزووتنەوەی دادخوازی راگەیاندرا بۆ خوێنی ئەم شەهیدانە لەلایەن رێبەری موقاومەت، بەڕێز مەسعود رەجەوییەوە.
بزووتنەوەی دادخوازی
مەسعوود رەجەوی هەر لە سەرەتای ئەم کۆمەڵکوژییەدا، شەپۆلێکی بەرێخست بۆ هەڵوێستەکردن و ئاشکراکردنی تاوانەکانی رژێم و دادخوازیی خوێنی شەهیدان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و بە ناردنی چەندین نامە و تەلەگرام بۆ ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، زانیارییەکی زۆری لەسەر ئەم کۆمەڵکوژییە خستەڕوو.
لە هاوینی ساڵی 2016 خانمی مریەم رەجەوی، لە پەیامێکدا، دەربارەی بزووتنەوەی دادخوازیی خوێنی شەهیدانی کۆمەڵکوژکراوی ساڵی 1367 (1988) وتی: “بزووتنەوەی دادخوازی، لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لەسەر هەموو نهێنییە شاراوەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە”. خانمی رەجەوی لەم دواییانەدا رایگەیاند: “تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا و شاردنەوە یان لەناوبردنی گۆڕی قوربانییەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە لە لایەن رژێمی دەسەڵاتدارەوە، نەیتوانی وا بکات ئەو قارەمانانە فەرامۆش بکرێن. کاتی ئەوە هاتووە بە هۆی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کۆتایی بە پارێزبەندی ٤٠ ساڵەی سەرانی رژێمی ئاخوندی بهێنرێت. دەبێ خامنەیی، رەئیسی، ئێژەیی، و فەرماندەرانی کوشتاری لاوانی ئێران لە راپەڕینەکاندا و بە تایبەتی فەرماندەرانی سوپای پاسداران، لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا سزا بدرێن”.
خانمی مریەم رەجەوی هەروەها رایگەیاند: بزووتنەوەی دادخوازی، بزووتنەوەیەکە کە تیایدا، خوێنی شەهیدانی 1367 (1988)، ١٥٠٠ شەهیدی راپەڕینی 1398 و ٧٥٠ شەهیدی راپەڕینی ١٤٠١ بەردەوام لە جۆش و خرۆشدایە و خەڵک هان دەدات بۆ بەرخۆدان و راپەڕین و رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەت، کە تا رووخاندنی رژێمی ئاخوندی بەردەوام دەبێت”.
تاکە رێگا!
خەڵکی ئێران بە کردەیی گەیشتوونەتە ئەو راستییە کە دۆخەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو و سەرکەوتن لە درێژەدانە بە راپەڕین و بەرەوپێشەوچوون بۆ رووخاندنی دەسەڵات. هەر سستی و وەستانێک، دیکتاتۆرییەت لە ئێران هارتر و دڕندەتر دەکات. بۆیە رەمزی خێراکردنی بزووتنەوەکە و گەیشتن بە سەرکەوتن، بەرەنگاربوونەوەی زیاترە لە دژی دیکتاتۆرییەت.
کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم!
کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم دەیانەوێت بازنەی بابەتەکانی پەیوەست بە ئێران لە نێوان خۆیاندا رابگرن و هیچ بژاردەیەک بۆ گەل و موقاومەتی ئێران نەهێڵنەوە. ئەمە وێنەیەکە لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا زۆر جار بینیومانە. ئەگینا دەبوو زۆرجار کەیسی رژێمە دیکتاتۆرییەکان لە ئێران دابخرابا و دەسەڵاتیکی نیشتمانی، جەماوەری و دێموکراتیک لە ئێران دامەزرابا.
هەر لە گەڕاندنەوەی خومەینی بۆ ئێران، تا سەرکوتکردنی ئازادییەکان و کۆمەڵکوژکردنی ئازادیخوازان و رێگەخۆشکردن بۆ هێنانەسەرکاری خومەینی لە ئێران.
هەر لە بێدەنگبوون و بێهەڵوێستی لەدژی دڕندەیی و شەڕخوازییەکانی خومەینی لە ناوچەکە، تا ئاگربەستی دەستکرد و رواڵەتی لە ژێر ناوی بڕیارنامەی ٥٩٨ لە ساڵی ١٣٦٧ (1988).
هەر لە چاوپۆشیکردن لە کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە هەمان ساڵدا لە لایەن خومەینی و دەسەڵاتی قەزایی ویلایەتی فەقیهیەوە، تا دەگاتە سات و سەودای ئابوری و مامەڵەکردنی بێشەرمانە لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتە لە چوار دەیەی رابردوودا.
هەر لە ناوزەدکردنی تیرۆریستی موقاومەتی ئێران لە وڵاتانی جیهان، تا گەمارۆدان و کۆمەڵکوژکردنی موجاهدینی خەلق لە ئەشرەف (لە عێراق) و پشتگوێ خستنی تاوانەکانی رژێمی ئێران و لایەنە تیرۆریستییەکانی ئەم رژێمە لە عێراق لە دژی موقاومەتی ئێران.
هەر لە پشتگوێخستنی کارنامەی قورسی رژێمی ئێران لە بواری پێشێلکارییە زەقەکانی مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی تیرۆر و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، تا کردەوەکانی ئەمدواییەیانەی رژیم لە سەردەمی راپەڕینی گەل بۆ بێدەنگکردنی راپەڕینی و داتاشینی بەدیل! لە پێناو سەپاندنی جۆرێکیتری دیکتاتۆرییەت بەسەر خەڵکی ئێراندا، بە رێگەی پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی پێشوو (شا) و بە مەبەستی کاڵکردنەوەی جێگە و پێگەی موقاومەتی ئێران و (ئۆرگانی سەرکردایەتی راپەڕین) و پەراوێزخستنی تاکە ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک و جەماوەری و، بەڕێخستنی شەپۆلی بەهێزی پڕوپاگەندە و سانسۆر لە دژی موقاومەتی ئێران، لەژێر ناوی درۆزنانە و بێ بنەمای (دادوەری) و (یاسا) لە وڵاتانی ئەوروپا و…!
هەر لەبەر ئەمەشە کە موقاومەتی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە کە ئێمە هەرگیز چاومان نەبڕیوەتە کەسێک بێت و دیکتاتۆرییەت لە ئێرانمان بۆ بڕوخێنێت. داواکاری ئێمە وەک موقاومەتی ئێران ئەوە بووە بە ئێستایشەوە کە، هاوکاریی دیکتاتۆرییەت مەکەن بۆ مانەوەی لە دەسەڵات! رووخاندنی ئەم رژێمە، ئەرک و کاری گەل و موقاومەتی ئێرانە!

دوا وشە!
کلیلی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و دامەزراندنی دەسەڵاتیکی نیشتمانی، جەماوەری و دێموکراتیک لە ئێران لە دەستی خەڵکی ئێراندایە. کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم بۆ دژایەتیکردنی داخوازییەکانی گەل، بە پێچەوانی کردەی رواڵەتی و درۆزنانەیان، هەمیشە یەکڕیز و یەکگرتوو و هاوکاری یەکتر بوون. هەربۆیە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کۆمەڵگای ئێران، بە خوێندنەوە و تێگەیشتنێکی راست و دروست لەم پرسەدا، پێویستە بەربەستەکان تێپەڕێنن و بە بینینی راستییەکان یەکڕیزی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر نیشان بدەن و، لە کۆسپ و دژوارییەکانی رێگاکە نەترسن. راستییەکان زۆر لەوە دڵڕقتر و سەختترن کە هێز و لایەنەکان لە پشت بەربەستەکاندا سەنگەر لە یەکتر بگرن و کات بە فیڕۆ بدەن. چونکە راستییەکان رەحم بە هیچ هێزێک ناکەن!





لە مانگە شەودا.. چرۆ زەند

بیرمە کاتێک منداڵ بووم، دەچوومە حەوشەی ماڵەوە و سەیری ئاسمانم دەکرد. لە حەوشە گەورە جوانەکەی ماڵەوە لە ژێر تیشکی مانگدا، زۆرجار لەسەر چیمەنەکە پاڵدەکەوتم بۆ بینینی جوانی ئاسمان. ئەستێرەکانم دەبژارد لە سەرەتا بۆ کۆتایی. لە هەژماری ئەستێرەکاندا وون دەبووم، لێم تێک دەچوو، بۆیە دیسانەوە دەستم دەکردەوە بە ژماردن. لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی، لە یەکەم ئەستێرەی نزیک لە مانگ و دواتر ئەو ئەستێرەیەی کە لە ئاسمانی دوور لە مانگەوە دەمبینمی، کاتێ مانگ دوورتر دەکەوتەوە بەرەو ناوەڕاستی ئاسمان لە گەردوونە جوانەدا جۆڵەی ئەستێرەکان بەردەوام لە سەمایەک دەچوو سەرنجی ڕادەکێشام. هەندێ جار ئەستێرەیەک دەردرەوشایەوە، لەپڕ دەکشا، ڕووناکیەکی درێژی لە پشت خۆیەوە نیشان دەدا.

لەو کاتەدا، ڕام دەکردە لای باوکم و پرسیارم لە جوڵەی ئەستێرەکە دەکرد. باوکم بە زانست و حیکمەتی خۆی، بۆی ڕووندەکردمەوە کە ئەم ئەستێرەیە دەتوانێت ژیانی کەسێکی گرنگ بێت، ئەو کەسەی کە خزمەتی میللەتەکەی دەکات؛ لە کۆتایی ژیانیدا، ڕۆحی دەمێنێتەوە بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێ، بەرهەمەکانی درێژ دانە بە نەمری هەروەک ئەستێرەکە نمایشت دەکات، کارەکانی ڕووناکی بەدەوروبەر دەبەخشێ. ڕوونکردنەوەکەی باوکمم زۆر لا پەسەند بوو ئەو زۆربە خۆشەویستی لێی دەدوا خەیاڵمی فراوان دەکرد. لە هزرو فکرمدا ئاواتم دەخواست کە یەکێک بم لە ئەستێرەکان و بە جوانی کشانی ئەستێرە لە تیشکی مانگدا بڕۆم.

مانگ بەردەوام دەبوو لە بەخشی جوانیەکەی، مانگە شەو جوانی نیشان دەدات کە ئیلهام بەخشە بۆم. من لە هزرمدا وێنەی شاخێک، ڕووبارێک، ڕووخساری مرۆڤێک، نەخشەی جیهان وچەندین وێنەی دیکەم لە خەیاڵدا دەنەخشاند لە مانگدا، لە هەر گۆشە نیگایەکی ئاسماندا جوانیەکم بەدی دەکرد لەو مانگە شەوەدا. تاو تاو مانگ نزیکتر ونزیکتر دەبوەوە. جوانیەکەی لە ئاسماندا ڕەنگی دەدایەوە؛ منیش لەو خەیاڵە قووڵەدا، بە جیهاندا دەگەڕام وئاسمانم دەبینی کە جوانییەکەی ئیلهام بەخش بوو بۆم. لە خەیاڵی منداڵیدا دەبوومە باڵندەیەک دەفڕیم؛ باوکم یارمەتی دەدام. لەسەرەتا باڵی پەپوولەیەکم هەبوو پاشان باڵەکانم بەهێزترو بەهێزتر دەبوو تا توانام تێدا بوو دەفڕیم، لە ئاسماندا مانگم لە نزیکەوە دەدیت، خەندیەکم بۆ باوکم دەکرد، لەو کاتەدا یەکێک بووم لە دڵخۆشتریین منداڵانی دنیا.

ئێوارەیەکی تاریک وڕوون، پێش مانگە شەو، ئەو کاتەی باڵندەکان بە پۆل دەفڕن. دووبارە من چاوم لە جوانی باڵندەکان دەکرد، لە سەمادان بە ڕیزلە ئاسماندا کۆچی سەرو خواروو ژووریان دەکرد لە کوێستانی سارد بۆ گەرمیان. باڵندە بەهێزو گەورەکان بەچکەکان فێری باڵە فڕە دەکەن. هەندێ جار نزم دەفڕن لە شێوەی ژمارە حەوت ریز بەندی دەکەن دەفڕن تا کێشی با کەم کەنەوە لەسەر باڵندە بچووکەکان، کۆتا بەم شێوەیە پێش خورئاوا بوون دەگەڕێنەوە بەروەو هێلانەکانیان. ئەوە ئەو کاتەیە کە دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵی منداڵیم بۆ سلێمانی بۆ کوردستان کە مەزارگەی تۆی لێیە. کات لەوێ وەرزی گووڵە خۆرئاوابوونە. لە کاتێکدا لێرە لە شوێنی من لە هەندەران سەرما وەرزە، گەڵارێزان، گەڵاکان بە ڕێژنە دەکەونە خوار. من وەک باڵندەیەکی کۆچبەر خوازیارم لە بەرزاییە ساردەکانەوە بفڕم بەرەو ڕۆژهەڵات، بۆ نیشتمانی پڕ لە خۆر. بفڕم لەگەڵ باڵندەکان بۆ مەزاری تۆ لەم خۆرئاوابوونەدا. ئێستا تۆ دووری لە من، لەم دووریەدا لەهەندەران وێنەی ڕووخسارت لە ناو مانگدا دەبینم. وێنەکەت ترسی من لە ڕۆژەکە لادەبات. ترس لەو کەسانەی کە ئازاریان دام لە کەسی دڵ ڕەق ومێشک سەربازەکان کە هەردەم لە شەردان. شتگەلێکم وەبیردێتەوە جار جار دڵم بە پەلە لێدەدا لە ترسان، هەندێ جاریش لە ئێوارەدا لە ترسێکی بەردەوامدا دەژیم لەوەی کەسێک بەدوامدا دێت، ئازار بە جەستەم دەگەیەنێ، پرچم ڕادەکێشێ، ڕەنگە هاوسەرم، ڕاوچییەک، تیرۆریستێک، سیخوڕێک، ناحەزێک، کەسێکی دڵ پڕ لە قین بێت. بەڵام کاتێک ڕووخساری تۆ بەهێوری بە زەردەخەنەیەک لە تریفەی مانگەشەودا دەبینم، لەوکاتەدا ترس لە من دووردەکەوێتەوە، ترسم لە بیر دەچێتەوە، پاش دیتنی وێنەکەت من چیتر ناترسم لە ژیان لە مانگە شەودا.

چرۆ زەند
https://chrozandauthor.com




کۆڕێک بۆ چرۆ زەند لە شاری ئۆتاوا




گۆڕینی شووناسی کات لە شیعری( یاخی بوون)ی لەتیف هەڵمەت دا.. عەتا قەرەداغی

چەند مەشقێکی دەروونی شیعرێکی نوێی لەتیف هەڵمەتە کە لە رۆژنامەی رۆژنامە ژمارە (6:) ی 22ی22ی 3008دا بڵاوی کردۆتەوە. ئەم شیعرە لە چەند بەشێک پێکهاتووە.لێرەدا هەوڵدەدەین خوێندنەوەیەکی بەشی یەکەمی شیعرەکە بکەین کە بە ناونیشانی (یاخی بوون )ە،ئەویش بە لەبەرگرتنی میتۆدی رەخنەی تەواوکاری .بێگومان ئەوە ئاشکرایە کە شوێن و پایەی لەتیف هەڵمەت لە جوگرافیای شیعری کوردیدا دیارو لە بەرچاوەو ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرەی ئێمە ئەزموونێکی دەوڵەمەندەو بە ئاشکراش لەسەر دوو پایە راوەستاوە کە یەکەمیان هەست و خەیاڵی فراوان و مەودا قوڵی ئەم شاعیرەیە ، دووەمیان ئەوەی کە بە ئاشکرا بە ئەزموونی ئەم شاعیرەوە دیارە ئەوەیە کە سەرباری ئەو خەیاڵ و بارە خۆڕسکیەی ئەم کە بۆ شیعر رسکاوە ، ئەزموونی شیعری شاعیرانی دیاری جیهان و رۆشنبیری هەمە لایەنەی خۆیی و ئاگادار بوونی دەوڵەمەندی لە ئەفسانەو فانتازیای کوردی و ئیسلامی و جیهانی سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنانی شیعرن لای ئەم شاعیرە . هەروەک گیانی لە روودا وەستان و یاخی بوونیش لە کەسێتی ئەم شاعیرەدا دەروێکی گرنگی هەیە لە ئەزموونی شیعری لەتیفداو لە راستیشدا لەتیف ئەو شاعیرەیە کە تاکو ئێستا لە بەخشش نەکەوتووەو لەگەڵ هەڵچوونی تەمەنیدا هەستی شیعری وخەیاڵی شیعری و جیهانبینی شیعری فراوانترو فرە رەهەندتر دەبێت بە تایبەتی لەو شیعرانەی کە لەم چەند ساڵەی دوایدا بڵاوی کردوونەتەوە .
رەنگە بەشێکی دیار لە ناوەندی رووناکبیری کوردی ئیستا ئەم قسەیەی منیان بەلاوە سەیر بێت چونکە لەتیف ئەندامێک نییە لەو بەناو گروپ و ئەلقە رۆشنبیریانەی کە بەرژەوەندی دەرەوەی ئەدەب و داهێنان پێکیەوە بەستوون لە رێگای بەرگریکردن لە یەکترییەوە دەیانەوێت بوون و بەردەوامی خۆیان بسەلمێنن .

لەتیف هەڵمەت لە بەرئەوەی لە دەرەوەی حیزبە و راگەیاندنی حیزب هیچ خزمەتێکی ئەوی نەکردووەو تەنانەت ئەم ماوەیەکی فراوانی لە نێوان شیعرو وەزیفەی شیعرو سیاسەت و حیزبایەتیدا داناوەو سەرباری ئەوەی شیعری ئەم بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ بووەتە مۆتیڤی خۆڕاگرتن و خۆبەدەستەوە نەدان و لە رووداوەستانی مرۆڤ لە بەرامبەر ئەوی داگیرکەر یان جەلاددا بەڵام وەکو هەندێ شاعیرو نووسەری تر نەیویستووە سوود لەو رابردووەی خۆی وەربگرێت لەسەر حسابی داهێنانی ئێستای واتە لەتیف ئەو شاعیرەیە کە نایەوێت لەسەر رابردووی پیرۆزی خۆی بژی و بەردەوام بێت بەو ئەندازەی کە دەیەوێت شاعیرێکی ئەزمونگەر بێت و ئەزموونی نوێ شووناسی بەردەوامبوونی بۆ دەستەبەر بکات . بە واتایەکی تر شیعری لەتیف لە رابردوودا بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بەخشین بە مرۆڤی ئێمە بۆ خۆِراگری و چۆکدانەدان لە بەرامبەر ئەوی دەسەڵات یان داگیرکەر یان ئەوی داگیرکەری ئازادی و رێگر لە بەردەم مافە سرووشتییەکانی مرۆڤدا ئەویش چی لەسەر ئاستی تاکە کەس بێت یان لەسەر ئاستی نەتەوە یان کۆمەڵگا بێت .
ناونیشانی ئەم شیعرەی لەتیف کە(یاخى بوون )ە ، ناونیشانیکی سەرەکیشى هەیە لەگەڵ چەند شیعرێکی تردا کە هەموو شیعرەکانیش پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە ، ئەو ناونیشانەش بریتیە لە( چەند مەشقێکی دەروونیی بە وشە ) ،ئەمەیش بۆخۆی ناونیشانێکی سەرنج راکێشەو لە ئاستی بینراودا ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ چۆن پێویستی بە مەشقی جەستەیی واتە وەرزش هەیە بە هەمان شێوە پێویستی بە وەرزشی دەروونیش هەیە .ئەگەر وەرزشی جەستەیی لە رووی جەستەیی و فیسیۆلۆژیەوە مرۆڤ بەهێزو تەندروست بکات و بیکاتە کەسێکی چالاک ئەوا وەرزشی دەروونی یان رۆحی لە رووی دەروونی و رۆحیەوە بەهێزی دەکات و رایدەهێنێت بۆ رووبەرووبوونەوەی رووداوو بارودۆخی چاوەڕووان نەکراو ، هەروەک دەشێت رۆڵی کاریگەریشی هەبێت لە پاکژکردنەوەی رۆح و دەرووندا .دیارە دەشێ لێرەدا وەهایشی لێکبدەینەوە کە مەشقی دەروونی جۆرە پەیوەندییەکیشی هەبێت بە مەسەلەی تەسەوفەوەو مەبەست لە مەشقی دەروونیش جۆرێک لە خۆئامادەکردن بێت بۆ پاکژ بوونەوەو خاوێنکردنەوەی رۆح و دەروون بە مەبەستی توانەوە لە زاتی ئیلاهیدا یان لە رۆحی باڵای یەزداندا کە ئەوەش ئەو قۆناغەیە کە تیایدا مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی کە پشت لە دنیا بکات و دەست بەرداری هەموو چێژوو خۆشییەکی دنیا بێت و خۆی ئامادە بکات بۆ بە دەستهێنان و مسۆگەرکردنی ئەو دنیای تەمەن درێژ. ئەم ناونیشانە لەلایەک لەگەڵ دەقەکەدا پەیوەندییەکی بەهێزی هەیەو دەتوانین بڵێین بریتیە لە چڕکردنەوەی پرسیارو جیهانبینی دەقەکە. لە لایەکی تریشەوە ئەم ناونیشانەو ئەو لێکدانەوەیەی کە لە سەرەوە بۆمان کرد دەشێ وەکو ئۆتۆبایۆگرافیاى قۆناغێکی دیاریکراوی ژیانی شاعیر خۆی سەیر بکرێت کە مەبەست لەوەش ژیان و رەفتار کردن و دیدو روانینی ئەوە بۆ ژیان لەم ساڵانەی دوایدا ، هەرچەندە ئێمە ئەوە دەزانین کە لەتیف لەگەڵ ئەوەشدا نموونەیەکی یاخی و نامەئلوفە لە نێوەندی رۆشنبیری کوردیدا هەم لە رووی داهێنانەوە هەم لە رووی کەسێتی خۆیەوە ، دیسان کەسێکی خاوەن بڕواو مولتەزیمیشە لە رووی ئایینیەوە کە ئەوەش دیسان بارێکی نائاساییەو تەنیا لەو جوگرافیایەدا جێگای دەبێتەوە کە جوگرافیای شاعیران و داهێنەرانە.بە هەرحاڵ ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لێرەدا لێی بدوێین دەقێکی شیعرییە نەک ئۆتۆبایۆگرافیای شاعیر هەرچەندە دەشێ ئەم دەقەیە وەک هەر دەقێکی داهێنەرانە پەیوەندی بە کەسێتی بەرهەمهێنەکەیەوە هەبێت.هەڵبەت جێگای خۆیەتی کە ئاماژەش بۆ ئەوە بکەین کە لەم ماوانەی دوایدا لەتیف بە رۆحی سۆفیەک دەنووسێت و ئەو حاڵەتەش بەشێوەیەکی سرووشتی دێت و لەتیف و ئەنوەر قادر ئەو دوو شاعیرە دیارەی نەوەکەی خۆیانن کە ئێستا هەستێکی بەرزی تەسەوف دەسەڵاتی بەسەر ئەزموونی شیعری ئەواندا کردووە هەرچەندە هەریەکەیان سەرسام بوون و لایەنگری بۆ یەکێک لە دوو رێبازە دیارەکەی تەسەوف هەیە لە کوردستاندا بەڵام لەو خاڵەدا یەکدەگرنەوە کە پاکی و خاوێنی و مەودای قوڵی رۆحی تەسەوفە .

ئەم شیعرەی لەتیف لە چەند بەشێک پێکهاتووە کە لە رووکەشدا وادەرناکەوێت زۆر پەیوەست بن بەیەکەوە بەڵام لەناوەرۆک و ئەو پرسیارانەی کە بەشەکان هەڵیان دەگرن دەردەکەوێت کە بە شێوەیکى ئاشکرا لە بابەتێک دەدوێن و بەرجەستەی یەک جیهانبینی دەکەن هەرچۆن وێرانە خاکی ت.س.ئیللیەت لە چەند بەشێک پێکهاتووەو هەر بەشە وەکو شیعرێکی سەربەخۆ دەردەکەوێت بەڵام لە راستیدا بە هەموو بەشەکان ئەو شیعرە بە ناوبانگە پێکدەهێنن کە پێی دەگوترێت وێرانە خاک .

ناونیشانی بابەتی یەکەم ( یاخی بوون ) مانای لە یاسا دەرچوون و بەزاندنی سنوورەکان دەگەیەنێت .دەشێ ئەو یاخی بوونە یاخی بوونی مرۆڤ بێت وەکو هەستیارترین و پڕ بەهاترین بوونەوەرو سەرمایە لە گەردووندا .یان دەشێ یاخی بوونی هەرکام لە توخم و رەگەزەکانی نێو ئەم گەردوونە بێت .لەم بەشەدا لە بری مرۆڤ رۆژەکانی هەفتە یاخی دەبن و ئەو رێگایەی بەلایەنی کەمەوە لە دەرکەوتنی ئایینی ئیسلامەوە لە بەریان گرتووەو لەسەری دەڕۆن و پێی راهاتوون رەتی دەکەنەوەو دەیگۆڕن.ئەویش نەک بەشێوەیەکی نهێنی و لە پشتی پەردەوە بەڵکو بەشێوەیەکى ئاشکراو راگەیەندراو .هەریەکە لە رۆژەکانی هەفتە لەو ئەرکە یاخی دەبێت کە پێی سپێردراوە . هۆی ئەو یاخى بوونەش لە سنووری دەقەکەدا ئاشکرا دەکرێت کە بریتیە لە بێزار بوون لەو رۆتینی چەند بارە بوونەوەیەی کە تا ئەندازەیەک بەشداریشە لە رێکخستنی هارمۆنیای سرووشتدا .هەرچەندە هێنانی رۆژەکانی هەفتە بە دوای یەکدا دەشێ بمانگێڕێتەوە بۆ ئەفسانەی درووستبوونی گەردوونیش لە رۆژەکانی هەفتەدا ، خۆ ئەگەر بەم شێوەیەش بیرمان لێکردەوە ئەوا یاخی بوونی رۆژەکانی هەفتە لەو ئەرکانەی پێیان سپێردراوە لە لایەک یاخی بوونە لەو دەسەڵاتەی کە لەسەرەوە ئەو ئەرکانەی بەسەر رۆژەکاندا دابەشکردووە ، لەلایەکی تریشەوە بەرزکردنەوەی پرسیارە بەرامبەر بە درووستبوونی گەردوون چونکە وازهێنانی هەر رۆژە لەو ئەرکەی کە پێی سپێردراوە لە ئاستێکی تردا نارازیبوونە بەرامبەر بەو پێکهاتەیەی کە لەواندا وەکو کات ئەفرێندراوە . هەروەک یاخی بوونی رۆژەکانی هەفتە لەو ئەرکانەی کە بۆیان دیاری کراوە رووتکردنەوەی کاتە لە رووداو ئەوەش ئاشکرایە کات تەنیا ئەو دەمە دەبێتە خاوەنی شووناس کە رووداوی تیادا بەئەنجام بگات یان کاری تیادا بکرێت .کەواتە لێرەداو لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا دەلالەتی ونکردنی شووناسی کات بەرهەم دێت . لەوەشدا شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت بە بۆچوونی ئەو ئەفراندنی گەردوون و ئەفریدە بوونیش دەکەونە بەردەم پرسیارەوەو شتێکی ئەوتۆ نین کە بە ئومێدەوە سەیریان بکەین ئەوەتا ئەو زەمەنەی کە گەردوونی تیادا خولقێنراوەو لە هەمان کاتدا لەو گەردوونەدا ئەرکی پێسپێردراوە واز لە ئەرکەکانی خۆی دەهێنێت بەوەش دیارە بەشێک لە هارمۆنیای سرووشت دەشێوێت یان تێک دەچێت .سەرباری ئەوەی کە رۆژەکانی هەفتە پشت لەو ئەرکانە دەکەن کە پێیان سپێردراوە لە ئەنجامی بێزار بوونیان لە چەند بارەبوونەوەی ئەو رۆتینەدا ، بەڵام دەستەوسان و بێ ئەرک نامێننەوە بەڵکو هەریەکەیان ئەرکێکی نوێ دەگرێتە ئەستۆ یان بەناوی ئەرکێکی ترەوە ئەرکی سەرەکی خۆی بەجێدەهێلێت .

رۆژەکانی هەفتە
لە دووبارەکردنەوەی خۆیان
بێزار بوون
هەینی بڕیاری داوە
مۆڵەت لە مزگەوتەکان وەربگرێ و
ئەمساڵ بچێ
بۆ حەجی پیرۆز
جا ئیتر نازانم ئەم ماوەیە
پۆن نوێژی هەینی بکەین …

شاعیر رۆژەکانی هەفتە لە شووناسی خۆیان وەکو کات رووت دەکاتەوەو شووناسی مرۆڤیان پێدەبەخشێت ئەویش یەکەم لەو رووەوە کە توانای بڕیار دانیان پێدەبەخشێت . دووەم بە گوێرەی هەینی کە لەم کۆپلەیەدا ناوی هاتووە دەچێت بۆ حەج کە دیارە تەنیا مرۆڤی مسوڵمان دەچێت بۆ حەج . بێگومان ئەوەی ئاشکرایە لای مسوڵمانان و لە ئایینی ئیسلامیشدا هەینی پیرۆزترین رۆژی هەفتەیەو رۆژی خواپەرستی و نوێژی جەماعەتە . لە لایەکی ترەوە هەینی مۆڵەت لە مزگەوت وەردەگرێت بۆ ئەوەی کە بچێت بۆ حەج ، دیسان لێرەشدا لە لایەک هەینی خاسێتی مرۆڤی پێدەبەخشرێت چونکە تەنیامرۆڤ مۆڵەت وەردەگرێت ، هەروەک مزگەتیش خاسێتی مرۆڤی پێدەبەخشرێت چونکە داوای مۆڵەتی لێدەکرێت و مۆڵەتیش دەدات بە هەینی بۆ ئەوەی بچێت بۆ حەج .دەشێ لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات ئایا ئامانجێکی ئاشکرا هەیە لە پشتی ئەم پرۆسەی بە مرۆڤ کردنی کات و شوێنەوە لە لای لەتیف یان ئەوە بەرهەمی خەیاڵ ونەست و هەڵچوونی شیعرییە ؟ بە هەرحاڵ ئەگەر لە ئاستی بینراوی دەقەکەشدا نەتوانرێت وەڵامى ئەم پرسیارە بدرێتەوە ، ئەوا لە ئاستی نەبینراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کات و شوێن کە دوو رەگەزی سەرەکین کە بوون لەواندا دەگاتە ئەنجام و مەبەست لە بوونیش لەو ئاستەیدا کە لێرەدا مەبەستمانە تەنیا مرۆڤە ، بۆیە دەشێ خودی ئەم دوو رەگەزە زیندووەش لە ئەنجامی پەیوەستبوونیانەوە بە مرۆڤ و بوونەوە خاسێتەکانی مرۆڤ وەربگرن .دیسان لێرەدا دەشێ ئەو لێکدانەوەیەش بکرێت کە پەیوەستبوونی شاعیر بە ئایین و بە سرووتەکانی ئایینەوە وەهای کردووە کە تەنیا لە روانگەی ئایینەوە سەرنجی کات و تەنانەت شوێنیش بدرێت و ئەو کات و شوێنانەی کە لە روانگەی ئایینەوە پیرۆزن ئەوانە رووبەرێکی دیاری کراو لە جوگرافیای شیعرەکە داگیر بکەن . ئەوەشی کە شاعیر وەکو پرسیارێکی بێ وەڵام لە ئاستیدا رادەمێنێت ئەوەیە کە دڵنیا نییەو نازانێت لەمەو دواو تا ئەو کاتەی کە هەینی لە حەج دەگەڕێتەوە چۆن نوێژی هەینی بکەن .بەڵام ئەگەر وەها سەیر بکەین کە نوێژی هەینی تەنیا پەیوستە بە هەینیەوە ، کەواتە کاتێک کە هەینی ئامادەبوونی نەبێت مانای وایە ئیتر شتێکیش نامێنێت بە ناوی نوێژی هەینیەوە کەواتە ئیتر پێویست بەوە ناکات کە شاعیر بەوجۆرە نیگەران بێت بەرامبەر بەو نوێژە .بەهەرحاڵ ئەوەی لێرەدا بەرجەستە دەبێت ئەوەیە کە مادەم کات سیفاتی خۆی لە دەست دەدات و سیفاتی مرۆڤ وەردەگرێت مانای وایە هارمۆنیای گەردوون بە رەگەزەکانی کات و شوێنیشەوە تێک دەچێت ، ئەوەش لە ئاستێکی قوڵتردا پەیوەندی بە کۆمەڵێ هۆکارەوە هەیە کە دەشێ لە سەرووی دەسەڵاتی مرۆڤەوە بێت .

هەروەها شەممە
بە پاسپۆرتێکی ساختە
دەڕوا بۆ ئیسرائیل و
لەوێ دەبێ بە بە پەنابەر …لەوانەشە ببێ بە
بە کتێبفرۆش .

شەممە رۆژی پیرۆزی جوولەکەیە ، ئێستا لای ئێمە یاخی دەبێت و سەری خۆی هەڵدەگرێت و ەچێت بۆ ئەو جێگایەی کە تیایدا بە پیرۆز سەیری دەکەن .سەرەتا جێگای خۆیەتی کە بپرسین ئایا بۆچی رۆژەکان هەموویان لە لای ئێمەن و ئەرکەکانیشیان لە روانگەی ئێمەوە یان باشتر بڵێین لە روانگەی ئیسلامەوە بەسەردا دابەشکراوە .دیارە وەڵامی ئەم پرسیارەش پەیوەندی بە شووناس و وابەستەبوونی بەرهەم هێنی دەقەکەوە هەیە کە کەسێکی خاوەن بڕواو هەڵگری روانینێکی سۆفیانەیە هەربۆیە لە تێڕوانینی خۆیەوە سەیری دنیا دەکات .بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە بۆچی دەبێت شەممە بە پاسپۆرتی ساختەوە بچێت بۆ ئیسرائیل ؟ لە کاتێکدا کە شەمە بەلای جولەکەوە رۆژێکی پیرۆزە دەبووا خۆیان هەوڵیان بدایە ئەو رۆژە ببەنەوە بۆ لای خۆیان و هەموو رێگایەکی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە لەبەر بگرن کەچی لە دەقەکەدا دەبینین کە شەممە بە پاسپۆرتی ساختەوە دەپێت بۆ ئیسرائیل .ئەمەش ئەو لێکدانەوەیەی بۆ دەکرێت کە شاعیر دەیەوێت پێمان بڵێت خودی ئیسرائیل رەسەنایەتی تێدا نییە یان بەشێوەیەکی تر شووناس و رەسەنایەتی ئیسرائیل دەخاتە بەردەم پرسیارو گومانەوە بە تایبەتیش کە شوێن و پایەی شەممە لەوێ دیاری دەکات ، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەرچەندە لە روانینی ئێمەوە شەممە رۆژی پیرۆزی جولەکەکانە بەڵام دەبینین ئەم رۆژە لەوێ دەبێ بە پەنابەر ئەمەش ئەوە دەردەخات کە جولەکەکان یان ئەو رۆژە بەهی خۆیان نازانن ، یان لە بنەڕەتدا بڕوایان بەو پیرۆزی ئەو شووناسەیە نییە کە ئێمە پەیووەست بەوان بە رۆژی شەممەمان بەخشیووە . لە پشتی ئەم بۆچوونەشەوە ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە شاعیر دەیەوێت بلێت ئیسرائیل ئەو پێکهاتەیەیە لەبەر ئەوەی کە رەسەنایەتی نییە هیچ شتێک بەلای ئەوەوە پیرۆز نییە بە رۆژی شەممەشەوە هەر بۆیە رێز لەو رۆژە ناگرێت و لەوێ دەبێ بە پەنابەر لە کاتێکدا دەبوو شەممە راستەوخۆ بچووایەتە ماڵی پیرۆزو ببوایەتە سەروەری هەموو کاتەکان. بێگومان لە روویەکی تریشەوە دەتونین وەهای لێکبدەینەوە کە رۆژی شەممە لە نێو کەلتوورو مێژوو زەمینەی ئیسلامەوە بە نهێنی دەڕوات و لە ئیسرائیل بەوە رازی دەبێت ببێت بە پەناهەندە ئەمەش ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە نەک هەر مرۆڤ بەڵکو (کات)یش لە زەمینەی پڕ لە تووندو تیژی و نەبوونی ماف و ئازادی دنیای ئیسلامەوە هەڵدێن و بەوە رازی دەبن کە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی جوولەکەدا ببنە پەنابەر یان ببن بە کتێب فرۆش .ئەمەش لە ئاستێکی تردا جیاوازی نێوان کەلتووری جولەکەو کەلتووری ئیسلام نیشان دەدات کە یەکەمیان کراوەترەو جێگای تاکە کەسی ئازادی تێدا دەبێتەوە بەڵام دوەمیان کەلتوورێکی داخراوەو تیایدا رووبەری ئازادی تاک لە هەموو روویەکەوە زۆر تەسکەو لە ئاستی نەبووندایە .دەشێ لێرەدا وەکو مرۆڤ سەیری کات بکەین و وای لێکبدەینەوە ئەوەی کە لە ئیسرائیل دەبێت بە پەنابەر هەر کەسێکی جیهانی ئێمە یان جیهانی ئیسلامییە .
هەروەک دەشێ رۆژی شەممە دوای ئەوەی کە بە پاسپۆرتی ساختەوە دەچێتە ئیسرائیل ببێتە کتێب فرۆش ، دیسان لێرەشدا کات خاسێتی مرۆڤی پێبەخشراوەو دەبێتە هەڵگری ئەرکێک کە لەراستیدا ئەرکی مرۆڤە. بەڵام ئەوەی کە جێگای سەرنجە کات کە دەشێ مەبەست مرۆڤیش بێت لە نێو هەموو ئەو کارانەدا کە دەشێ هەڵیبژێرێت دەبێتە کتێب فرۆش ، ئەمەش لە ئاستی یەکەمدا ئەوە دەگەیەنێت کە شەممە هەروەک گوتمان دەشێ بەهەرکەسێکی دنیای ئێمە دابنرێت کەسێکە دۆستی کتێب و زانینە ، بەڵام بە ئاشکرا دەبینین ئەو دۆستی کتێب و زانینە ئێمە بەجێ دەهێڵێت و دەچێت لە ئیسرائیل دەبێت بە کتێب فرۆش کە ئەمەش لە ئاستی دووەمدا ئەو دەلالەتە هەڵدەگرێت کە ئیسرائیل خەڵکێکی لێیە دۆستی کتێبن و کتێب دەکڕن بۆیە شەممە لەوێ ئەو کارە هەڵدەبژێرێت کە دەشێ لەلای ئێمە بایەخێکی ئەوتۆی نەبێت . هەروەک دەشێ وەهایشی لێک بدەینەوە کە شەممە هێمای زانین و فێرکردنە هەر بۆیە ئەرکی کتێب فرۆشی هەڵدەبژێرێت هەتا لەو رێگایەوە ئەوەی دەیەوێت لە پێناوی فێرکردندا بە جوانی بە ئەنجامی بگەیەنێت .دیارە ئەوە ئاشکرایە کە شەممە لە کەلتووری ئیسلامیدا رۆژی یەکەمی هەفتەیە واتە سەرەتاو دەستپێکردن . کتێب فرۆشتنیش دیسان سەرەتایە بۆ کردنەوەی هەر دەرگایەکی نوێ کەواتە لە هەردوو بارەکەدا شەممە هەمان ئەرکی لە ئەستۆ گرتووە کە ئەرکی دەست پێکردن و کردنەوەی دەرگای نوێیە کە دەشێ وەکو سەرتای هەفتەیەکی نوێ سەیر بکرێت یان سەرەتای ئەو دنیا نوێیەی کە لە کتێبەوە دەست پێدەکات .

یەک شەممە بڕیاری داوە
بە پێ بچێ بۆ فاتیکان و لەگەڵ پاپادا
چارەسەرێک بۆ کێشەی نێوانی موسڵمان و
مەسیحییەکان .. بدۆزێتەوە .

یەک شەممە کە رۆژی پیرۆزی مەسیحییەکانە و تا ئەندازەیەک لە کەلتووری ئیسلامیشدا بە پیرۆز سەیر دەکرێت و زۆرێک لە سرووتە پڕ بایەخەکانی وەکو ژن هێنان تاکو ئێستاش بە گشتی لەم رۆژەو رۆژی پێنج شەممەدا ئەنجام دەدرێن ئەویش لەبەر ئەوەیە کە ئەم دوو رۆژە بۆ کاری خێرو چاکە لە رووی ئەزموونی ژیانی ئاسایی خەڵکەوە دوو رۆژی گرنگن و هیچ مەترسییەکیان تێدا نییە .ئێستا یەک شەممەوە بڕیاری داوە کە ئێمە بە جێبهێڵێت و بچێت بۆ فاتیکان .بێگومان شاعیر هەریەکە لەم رۆژانەی هەفتە وەها رێک دەخات کە هەریەکە بچێت بۆ ئەو جێگایەی کە خۆی پەیوەندی پێوەی هەبێت . لەم ئاقارەشدا یەک شەمە دەچێت بۆ فاتیکان بۆ ئەوەی بە دیداری پاپا شاد ببێت و گفتوگۆی سەبارەت بە بابەتێکی گرنگ و پڕ بایەخ لە گەڵدا بکات کە ئەیش چارەسەرکردنی کێشەی نێوان مسوڵمانان و مەسیحیەکانە.لێرەدا شاعیر بە شێوەیەکی ئاسایی لەوە دەدوێت کە ناکۆکی لە نێوان پەیڕەوکەرانی ئەو دوو ئایینەدا هەیەو ئەو کێشەیەش پێویستی بە چارەسەرە بەڵام دەبێ کێ هەوڵی ئەو چارەسەر کردنە بدات ؟ بێگومان شاعیر ئەو ئەرکە گرنگ و گرانە بە رۆژی یەک شەممە دەسپێرێت بەواتا جارێکی تر خاسێتی مرۆڤ بە ( کات ) دەبەخشێت . لێرەشداو لە ئاستی نەگوتراوی دەقەکەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە گفتوگۆی نێوان ئایین و کەلتوورە جیاوازەکان شتێکی پێویستەو بۆ ئەوەی ناکۆکی و توندو تیژییەکان خاو بکرێنەوە دەبێ گفتوگۆ بکرێت .لێرەدا جارێکی تر دەردەکەوێت کە نەک هەر ئەوەی کە یەک شەممە خاسێتی مرۆڤی پێدەبەخشرێت بەڵکو دەبێتە نوێنەری مسوڵمانان و هاوتای پاپا بەواتا وەکو کەسی یەکەم یان قسەکەری مسوڵمانان دەردەکەوێت . بەڵام ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە یەک شەممە بە پێ دەچێت بۆ فاتیکان . دەشێ ئەمەش وەها لێکبدرێتەوە یەک شەممە کە نوێنەرایەتی مسوڵمانان و جیهانی ئیسلام دەکات لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیاو هۆکاری پەرەسەندووەی هاتووچۆ کردندا بە پێ دەڕوات مانای وایە ئەو جیهان و کەلتوورەی کە تاکو ئێستا یەک شەممە نوێنەرایەتی دەکات هێشتا لە بارێکی هێندە دواکەوتوودا دەژی نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە جگە لە پێ بە هیچ شتێکی تر سەفەر بکات یان ئەوەیە ئەو کەلتوورەی کە یەک شەممە نوێنەرایەتی دەکات دان بەو هەموو پێشکەوتن و دۆزینەوە نوێیانەی زانست و تەکنۆلۆژیادا نانێت بۆیە بە پێ لێرەوە دەچێت بۆ فاتیکان ، هەروەک دەشێت وەهایشی لێک بدەینەوە کە کەلتوورو فیکری ئیسلامی کە یەک شەممە نوێنەرایەتی دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پاپادا بیەوێت وەهای دەربخات کە ئەو هەتاکو ئێستا خاوەنی تواناو هێزی فیزیکی خۆیەتی و هەرچەندە لە رووی پێشکەوتن و پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیاوە ناگاتە ئاستی رۆژاوا بەڵام لە رووی هێزی فیزیکییەوە خاوەنی توانایەکی نەپساوەیە و هەرچەندە لە رووی راستیەوە ئەم بۆچوونە جگە لە دواکەوتوویی و دان نەنان بەوی پێشکەوتوودا هیچی تر ناگەیەنێت .لە لایەکی تریشەوە ئەو جیاوازیە لە نێوان کەلتووری رۆژاواو کەلتووری رۆژهەڵاتیدا یان لە نێوان کەلتووری مەسیحی و کەلتووری ئیسلامیدا دەردەخات کە یەکەمیان کەلتوورێکە عەقڵ و لێکدانەوەو تێڕامان کاری تیادا دەکات و دووەمیشیان کەلتوورێکە کە هێزو بازووى مرۆیی کاری تیادا دەکات ، هەر ئەوەش وایکردووە کە کەلتوورو عەقڵی رۆژاوا ببێتە ناوەندو کەلتوورو عەقڵی رۆژهەڵاتیش کەنار یان پاشکۆ بێت.

دوو شەممەش سواری پاسکیلێک بووەو
بەرەو ئوسترالیا دەڕواو لەوێ دەبێ
بە ئەندامی پەرلەمان و
راوە کەنغەر دەکات .

دوو شەممەوەکو مرۆڤ رەفتار دەکات واتە خاسێتی مرۆڤی پێدەبەخشرێت و سواری پایسکیل دەبێت ، بەڵام بۆ کات بەسەربردن و خۆشی سواری پاسکیل نابێت بەڵکو بۆ سەفەرێکی دوورو بڕینی رێگایەکی درێژ ئەوە دەکات کە ئەویش سەفەر کردنە لێرەوە بۆ ئوسترالیا ، دیارە ئەوەش لە پێناوی مەبەست و ئامانجێکدا دەکات کە بوون بە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیە . دەشێ ئەو پرسیارە سەر هەڵبدات ئایا دەشێ لە هیچ وڵاتێکی ئەم جیهانەدا کەسێکی بێگانە ببێتە ئەندامی پەرلەمان ؟ بێگومان ئەوە مەگەر تەنیا لە خەیاڵی شیعری و لەو پۆتۆپیایەدا جێگای ببێتەوە کە شیعر درووستی دەکات و بەرهەمی دێنێت .بە هەر حاڵ دوو شەممە کە شووناسی مرۆڤێکی وڵاتی ئێمەی پێبەخشراوەو کۆچ دەکات بۆ ئوسترالیاو لەوێ دەبێت بە ئەندامی پەرلەمان و ئەرکی سەرەکیشی لە بری ئەرکی هەر پەرلەمانتارێکی ئاسایی هەر جێگایەکی ئەم جیهانە کە یاسادانان و نوێنەرایتی کردنی خەڵکە لە نێو پەرلەماندا کەچی ئەم راوە کەنغەر دەکات .ئەمەش لە لایەک پرسیار سەبارەت بە گەوهەرو ماهیەتی پەرلەمانی ئوسترالیا بەرز دەکاتەوە ، لە لایەکی تریشەوە پرسیار سەبارەت بە شووناسی دوو شەممە بەرز دەکاتەوە کە بۆچی لێرەوە بە سواری پاسکیل دەچێت بۆ ئوسترالیاو لەوێش بە ئاسانی دەبێت بە ئەندامی پەرلەمان و لە جیاتی یاسادانان و نوێنەرایەتی کردنی خەڵکی راوە کەنغەر دەکات ، کە دەشێ لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا مەبەست لە دوو شەمە هەر کەسێکی وڵاتی ئێمە بێت کە بووە بە ئەندامی پەرلەمان و ناتوانێت رۆڵی راستەقینەی ئەندامی پەرلەمان ببینێت و لە بری ئەری راستەقینەی خۆی هەندێ کاری تر دەکات کە دوورو نزیک پەیوەندی بە ئەرکی ئەندامی پەرلەمانەوە نییە .

سێ شەممە عاشقی یاری تۆپی پێ بووەو
دەچێ بۆ مەکسیک
دەبێ بە گۆڵچی
چوار شەممە دەمانچەیەکی لە ( کەلار ) کڕیووەو
دەڵێ دەبم بە چەتەی فیلمی کاوبۆو
لە سەهۆڵبەندانی ئەسکیمۆدا راوە کەرکەدەن دەکەم …
پێنج شەممەش خۆی مینڕێژ کردووەو
دەڵێ ئەگەر پەرلەمان نەمکات
بە پشووی فەرمی
خۆم دەتەقێنمەوە …

سێ شەممەش شووناسی مرۆڤ وەردەگرێت و وەک هەر مرۆڤێکی ئاسایی حەز لە یاری تۆپی پێ دەکات، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئارەزووەشی دەچێت بۆ مەکسیک و لەوێش دەبێت بە گۆلچی. رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات کە بۆچی سێ شەممە وڵاتێکی تر هەڵنابژێرێت ؟ کە لە راستیدا ئەگەر مەسەلەکە پەیوەندی بە برەوی یاری تۆپی پێوە هەبوایە دەبووایە لە بری مەکسیک بچوایە بۆ بەرازیل . بەڵام بەهەرحاڵ دەشێ وای لێک بدەینەوە کە هەڵبژاردنی مەکسیک تەنیا پەیوەندی بە کارکردنی خەیاڵ و هەستی شاعیرەوە هەیە .هەرچەندە دەشیا بە گوێرەی رۆژی سێ شەممە بەپێی ئەو باکگراوندە ئایینیەی کە شیعرەکە هەیەتی و بەپێ باکگراوندی تایبەتی شاعیریش ، باس لەوە بکرایە کە سێ شەممە رۆژێکە بۆ ئەنجامدانیکار و بارو سەفەر نابێت ، هەروەک لەلایەکی تریشەوە بە گۆێرەی کەلتووری ئیسلامی بە گشتی و کەلتووری شیعەش بە تایبەتی شێ شەممە ئەو رۆژەیە کە بە رۆژی غەدرو گوناه و ناپاکی دادەنرێت چونکە وەک دەگوترێت لە رۆژەدا پیلانی شەهید کردنی ئیمامی عەلی دانراوەو هەر لەم رۆژەشدا نەخشەی رشتنی خوێنی حسێن دانراوە کە تاکو ئێستا لە مێژووی ئیسلامدا وەکو گەورەترین غەدرو ناپاکی سەیر دەکرێت .بەڵام لە ئاستی بینراوی دەقەکەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ هەڵگرتنی ئەم لێکدانەوەیە نادۆزرێتەوە ، هەرچەندە دەشێ لە ئاستی قوڵ یان نەبینراوی دەقەکەدا دەلالەتی لەو جۆرە بەرهەم بێت .
چوار شەممە دەبێتە کەسێکی ئاسایی وڵاتی ئێمەو بە هەمان عەقڵ و بۆچوون و لێکدانەوەی نێو کەلتووری ئێمە بیر دەکاتەوەو رەفتار دەکات .لێرەدا شاعیر شوێن لە ناو وڵاتی خۆماندا دیاری دەکات بۆ ئەو پێداویستیانەی کە چوار شەممە دەیەوێت بەدەسیان بهێنێت . چوار شەممە پێویستی بە دەمانچەیەک هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە چەتەی فیلمی کاوبۆی و لای ئەسکیمۆکان راوی کەرکەدەنی پێ بکات . لێرەدا دەبینین چەند کەلتوورو زەمینەو کەسێتی جیاواز تێکەڵاو بەیەکتر کراون کە ئەوانیش ( کەلار) و سەهۆڵبەندانی ئەسکیمۆ وەکو شۆێن و سیمای گەنجێکی سەرکەشی نێو واقیعی ئێمە کە شووناسی بوون و تەنانەت پیاوەتی خۆی لە بوونی ئەو دەمانچەیەدا دەبینێتەوە کە لە کەلار کڕیوێتی، ئەم گەنجە تا ئەندازەیەکی ئاشکرا هاوشێوەیە لەگەڵ چەتەی فیلمی کاوبۆیدا . لێرەدا ئەگەر وامان دانا کە مەبەست لە چوار شەممە گەنجێکی سەرکەشی وڵاتی ئێمەیە ، ئەوا ئەو گەنجەی ئێمە خەون بەوەوە دەبینێت کە ببێتە هاوشێوەی چەتەی فیلمی کاوبۆی و دەمانچەیەک بکات بە قەدیداو خەون بە ئەنجامدانی جێبەجیکردنی چەندین کاری سەرکەشانەوە دەبینێت وەکو چوونە نێو وڵاتی پڕ لە سەهۆڵبەندانی ئەسکیمۆو لەوێش راوی کەرکەدەن بکات .لێرەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە چوار شەممە کە لە کەسێتی لاوێکی ئێمەدا بەرجەستە دەبێت کەسێتیەکە تەنیا بە دوای حەزوو ئارەزووە تایبەتییەکانی خۆیدا دەڕوات و دەیەوێت سەرکەشانە بە دوای جێبەجێکردنی ئەو حەزوو ئارەزووە تایبەتیانەدا بڕوات بەبێ ئەوەی کە هیچ ئاماژەیەک بۆ سوودو بەرژەوەندی و ویستەکانی کۆمەڵگا بکرێت کەواتە لێرەدا چوار شەممە دەبێتە وێنەیەکی بەرجەستەکەری رووبەرێک لە مێژووى ئێمە کە رووبەری رۆیشتن بە دوای حەزوو ویست و ئارەزووە تاکە کەسییەکاندایە .هەروەک لە لایەکی ترەوە ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کە ئێمە خاوەنی بڕواو متمانەیەکی تەواو نین بە بوون و بە رەسەنایەتی خۆمان بۆیە بەوجۆرە زەمینەو واقیعی خۆمان بەجێدەهێلین و دەمانەوێت لە شوێنانی تر جێگا بۆ خۆمان بکەینەوە ، لە پێناوی گەیشتن بەو ئامانجەشدا دەبێ هەوڵی خۆ گونجاندن بدەین کە لەو سەروبەندەشدا شووناسی لاوازی خۆمان لە دەست دەدەین تا بنوانین وەکو ئەوانی ئەوێ رەفتار بکەین ، بێگومان ئەم هەڵوێستەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە لەبەر ئەوەی خاوەنی کەسێتیەکی ناسراوو ئامادە نین لە بەرامبەر ئەوانی ترداو باکگراوندێکی شارستانی و کەلتووری خاوەن شووناسی دیارمان نییە هەتا لە سەر ئەو زەمینەیە بتوانین بوونی خۆمان بسەلمێنین و لەسەر زەمینەی ئەوانی تریش توانای ئەوەمان هەبێت بڵێین ئەمە ئێمەین و پارێزگاری لە بوونی خۆمان دەکەین نەک کاتێک کە دەچینە سەر زەمینی ئەسکیمۆ هەوڵبدەین دەمامکی کەسێتی ئەسکیمۆ بکەین، چونکە ئەوە ئاشکرایە کە ئێمە نابین بەو کەسێتیە ، هەروەک بەم حاڵەتەی ئێستاشمانەوە ناتوانین پارێزگاری لە بوونی سادەو لاوازی خۆمان بکەین ئەمەش ئەو چرکە ساتە مێژووەییەیە کە ئێمە تیایدا هەست بە ونبوون دەکەین یان هەر لە راستیشدا ئێمە لە ونبووندا دەژین .
پێنج شەممەش هەمان شووناسی مرۆڤی هەیە لە سەر زەمینەی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمە . ئەوەی لە کەلتووری ئیسلام و ئێمەشدا لە بارەی پێنج شەممەوە باس دەکرێت ئەوەیە کە ئەم رۆژەیە وەکو رۆژێکی پیرۆز سەیر دەکرێت بەڵام لە دەقەکەدا خاسێتی مرۆڤێکی دزێوو ناشیرینی پێدەبەخشرێت ، مرۆڤێک کە بارگاوی کراوە بە رەگەزەکانی تووندو تیژی و بەو پێیەش لەبری پرۆژەی بنیادنان و ئاوەدان کردنەوە هەڵگری پرۆژەی ترسناکی تەقینەوەو وێرانکردن کوشتن و لە نێوبردنە. ئەم رۆژەش کە وەکو مرۆڤێکی ترسناک خۆی مینڕێژ کردووە هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر داواکەی جێبەجێ نەکرێت ئەوا خۆی دەتەقێنێتەوە . یەکەم ئەم هەڕەشەیە شووناسی ئەو رۆژەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە شووناسێکی ترسناکەو هەڵگرەکەی کەسێکی مەرگ دۆستەو دەیەوێت فەزایەک درووست بکات کە رۆحی تاریک و رەشی تاناتۆسیانە باڵی بەسەردا بکێشێت و دەست بخاتە بینی ئیرۆس .بەمانایەکی تر پێنج شەممە کە لێرەدا خاسێتی مرۆڤی وەرگرتووە دەبێتە هێمای مرۆڤێکی مەرگ دۆست . دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە لە کەلتووری ئیسلامی و ئێمەشدا پێنج شەممە دوارۆژی هەفتەیەو مرۆڤی نێو کۆمەڵگای ئیسلامی بە درێژایی هەفتە کاردەکات بەو ئومێدەی کە کۆتای هەفتە کە رۆژانی پێنج شەممەو هەینیە بە هیمنی و بە خۆشى بەسەر ببان کەچی لێەدا لە بری کۆتاییەکی هێمن و پڕ لەئاسودەیی ، کۆتاییەکی ئاڵۆزو پڕ لە تووندو تیژی و مەرگەسات بەرجەستە دەکرێت، کە ئەوەش دەلالەتێکی خراپ و پڕ لە مەرگەسات بۆ ئایندەی مرۆڤایەتی هەڵدەگرێت و ئەوەمان پێ دەڵێت کە داهاتوو چاوەڕوانی ئاسۆیەکی گەش ناکات بەڵکو بە پێچەوانەوە لە بەردەم مەترسی و ئاسۆیەکی لێڵ دایە ، هەرچەندە بە گشتی مرۆڤایەتی لەبەردەم ئایندەیەکی ترسناکدا دەژى ،بەڵام دەبێ ئەو راستیە بزانین کە ئومێدی ژیان و بەرەو پێشەوە چوون و ئاسوودیی هەمیشە لە هێزی بێ ئومێدی بەهێزترە ، واتە هەمیشە مۆتیڤی ژیان دۆستی چالاکترو بەهێزترە لە مۆتیڤی مەرگ دۆستی هەر ئەوەش هۆکاری درێژە پێدانی ژیان و بیناکردن و ئاوەدان کردنەوەو بنیادنانی شارستانیە .

پێنج شەممە وەکو پێشتر باسمان کرد لە کەلتووری ئیسلامیدا رۆژێکی پیرۆزە ، لە بەر ئەوەی داواکارییەکانی لێرە جێبەجێ ناکرێت و هەست بەوە دەکات کە غەدری لێدەکرێت و لە بری ئەو رۆژی شەممە کە بە روانینی باوی کەلتووری ئیسلامی و ئێمەش رۆژی شەممە هیچ پیرۆزییەکی نییە کەچی دەکرێت بە پشوو بۆیە ئەمیش داواکاری خۆی لەگەڵ جۆرێک لە هەڕەشە کردندا بەرز دەکاتەوە کە ئەویش هەڕەشەی خۆ تەقاندنەوەیە . ئەم بۆچوونە رەنگە لە رووکەشدا بایەخێکی ئەوتۆی نەبێت بەڵام ئەگەر لە ئاستی قوڵداو پەیوەست بە باری کۆمەڵایەتی و دەروونی مرۆڤی کوردو رۆژهەڵاتیش لێکی بدەینەوە ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە دەلالەتێکی کۆمەڵایەتی مەودا قوڵ لێرەدا بەرهەم دێت و لە هەمان کاتیشدا ئاماژەی جۆرێک لە رەخنە گرتن لە دەسەڵاتی ئێمەو دەسەڵاتی سەرجەم ئەو کۆمەڵگاو وڵاتانە دەردەکەوێت کە تووندو تیژی و کەسان و رێکخراوی تووندو تیژیان تیا بەرهەم دێت یان تیادا درووست دەبێت .لە کاتێکدا کە پەرلەمان داوای پێنج شەممە بۆ ئەوەی بکرێت بە پشوو رەت دەکاتەوە ، ئەوا ئەم رۆژەیە خۆی مینڕێژ دەکات و دەیەوێت خۆی بتەقێنێتەوە ، لێرەدا ئەو دەلالەتە بەرهەم دێت کاتێ داواکارییەکانی خەڵک لە لایەن دەسەڵاتەوە رەت دەکرێنەوەو پشت گوێ دەخرێن ئەوا خەڵک لە بەردەمی دوو رێیانێکدا دەمێنێتەوە یان ئەوتا واز لە داواکارییەکانی بهێنێت و بەو ئەمری واقیعە رازى ببێت کە تیایدا دەژی ، یان ئەوەتا رێگای بەکار هێنانی هێزو تووندو تیژی لەبەر بگرێت لە پێناوی ناچار کردنی دەسەڵاتدا بۆ جێبەجێ کردنی داوا کارییەکانی کە دەشێ ئاستی تووندو تیژییەکەشی بگاتە خۆ تەقاندنەوە . لێرەو لە ئاستی قوڵی دەقەکەدا ئەوە دەردەکەوێت کە دەسەڵاتیش بەشدارە لە درووستکردنی تووندو تیژی و فەوزای کۆمەڵایەتیدا واتە کاتێک کە دەسەڵات پشت لە داواکانی جەماوەر دەکات و مافەکانیان پێشێل دەکات و گوێیان لێناگرێت ئەوە مانای وایە هیچ بوارو رێگایەک بۆ جەماوەر نامێنێتەوە کە لە بەری بگرێت لە پێناوی گەیشتن بە ماف و داوا کارییەکانیدا بۆیە بە ناچاری پەنا بۆ تووندو تیژی و کاری تێکدەرانەو وێرانکەرانە دەبات کە درووست بوونی بەشێکی زۆری رێکخراوە تووندڕەوو تیرۆریستەکان لە کۆمەڵگا داخراوو دواکەوتووەکانی وەکو ئێمەدا بەرهەمی ئەو سیاسەتە نادرووستانەن کە دەسەڵات بەرامبەر بە جەماوەر لە بەری دەگرێت و پیادەی دەکات .

لە لایەکی تریشەوە کاتێ پێنج شەممە داوا لە پەرلەمان دەکات کە بیکات بە پشووی رەسمی ئەوە مانای وایە لە سنووری دەقەکەدا بە جۆرێک رووناکی دەخرێتە سەر ئەو کارانەی کە پەرلەمان دەیکات ودەشێ وەها لێکبدرێتەوە کە ئەو کارانە بایەخێکی ئەوتۆیان نییە. ناراستەوخۆش تیشک دەخرێتە سەر ئەو ئەرکە سەرەکی و گەوهەرییانەی پەرلەمان کە پێویستە ئەنجامیان بدات . بێگومان ئەوە ئاشکرایە کە ئەرکی سەرەکی پەرلەمان بریتیە لە یاسا دانان و چاودێری کردنی حکومەت و سەرجەم دەزگاکانی بەڕێوەبردن و لێپێچانەوە کردن لە حکومەت و سەرجەم کاربەدەستان لە سەرەوە بۆ خوارەوەو لە کاتی هەستکردن بە کەمووکورتی و کەمتەرخەمیدا ، بەڵام پەرلەمانی ئێمە لە بری ئەوە خۆی سەرقاڵ دەکات بە دەرکردنی یاسای جگەرە کێشانەوە کە ئەوەش لە راستیدا دەچێتە چوار چێوەی مەسە تایبەتیەکانی تاکە کەسەوە یان لە باشترین حاڵەتدا ئەرکی دەبێت بەوەی کە بڕیار بدات رۆژێک بکرێت بە پشوو یان وێنەی دوو سەرکردە بە تەنیشت یەکەوە لە هەموو داموو دەزگاکانی وڵاتدا هەڵبواسرێت کە ئەوەش سەردەمی دیکتاتۆرو کەلتووری بەعسمان بیر دەخاتەوە کە ئەرکی پەرلەمانە هەوڵبدات کەلتووری بەعس ریشە کێش بکات. کەواتە لێرەدا ئەم دەقە شیعرییە لە رێگای بەرهەمهێنانی شیعرێتەوە دەیەوێت لە دوو ئاستدا رەخنە لە دامودەزگاکانی دەسەڵاتی ئێمە بگرێت کە یەکەمیان دەوری ئەم دامودەزگایانەیە لە بەرهەمهێنانی تووندو تیژی و درووست کردنی تیرۆریستدا ئەویش لە رێگای پشتگوێخستنی داواکانی جەماوەرو رەتکردنەوەیاندا . دووەمیان لەو روانگەیەوە کە دامودەزگانی ئێمە لە بری جێبەجێکردنی ئەرکی راستەقینەی سەرشانیان بە هەندێ کاری لاوەکی و بێگەوهەرەوە خەریک دەبن و لەسەر داوای سەرەوەی خۆیشیان بڕیار لەسەر هەندێ شت دەدەن کە دژی پرینسیپەکانی دیموکراسی و ئازادی و کۆمەڵگای مەدەنیە وەکو مەسەلەی وێنە هەڵواسین لە داموودەزگاکانی وڵاتدا .

لەتیف هەڵمەت لە رێگای بە مرۆڤ کردنی کاتەوە دەقێکی شیعری بەرهەم دێنێت کە فەزایەکی جوانی شیعری هەیەو لە هەمان کاتدا توانیوێتی لە رێگای بەرهەمهێنانی شیعرێتەوە کۆمەڵێ پرسیاری گرنگ بەرز بکاتەوە لەوەشدا جارێکی تر لەتیف دەیەوێت پێمان بڵێت سەرباری ئەوەی کە شیعر خوڵقاندنی یۆتۆپیایەکی نەخشێنراوە بە وێنەو جوانکاری زمان ، لەهەمان کاتدا خەیاڵ و ئەندێشەو هەستی شاعیرانەش ئەو بنیادە قەشەنگتر دەکەن بەڵام دیسان ئەو پێکهاتەیەی کە بە ناوی شیعرەوە بەرهەم دێت هەڵگری پرسیاری فیکری و مەعریفی و سیۆسیۆلۆژی و دەرونی و ئێستاتیکیشە .بە مانایەکی تر لای لەتیف شیعر سەرباری ئەوەی خوڵقاندنی یۆتۆپیایە ، ئەرکی هەڵگرتنی پرسیارە گرنگەکانی مرۆڤیشى پێدەسپێرێت ، ئەو پرسیارانەی کە پەیوەستن بە بوون و ماهیەتی بوون و ماناکانی بوون و هەموو ئەو پێداویستیە رۆحی و مادیانەشەوە کە بەبێ بوونی ئەوان بوون هیچ مانایەکی نابێت .

لە ئەزموونی شیعری کوردی دا یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی بەرهەمهێنانی دەق شوێن بووە هەر لە سەردەمی شیعری کلاسیکەوە تاکو ئێستاش کە شوێنیش زیاتر لە سرووشت و رەگەزەکانی نێو سروشتی کوردستانەوە وەرگیراوە ، بەڵام تاکو ئێستا ( کات ) بەم شێوەی لەتیف بەکار نەهێنراوە کە بەو جۆرە بکرێت بە رەگەزی سەرەکی بەرهەمهێنانی دەقێکی شیعری و خاسێتی مرۆڤی پێببەخشرێت یان کرداری بە مرۆڤ کردنی بەسەردا جێبەجێ بکرێت .بێگومان ئەمەش پەیوەندی بەو جیهانە هەستیارەوە هەیە کە جیهانی شیعری لەتیفە و دەتوانێت لە شتە مەئلوفەکانی ژیانی رۆژانەو لە رەگەزی سادەو ئاسایی دەورو بەرو ئەوانەی کە رۆژانە لەگەڵیان دەژین شیعریەت بەرهەم بهێنێت .

لە ئەنجامی ئەم شیکردنەوانەدا کە بۆ ئەم دەقە شیعرییەمان کرد دەشێ ئەم پرسیارانەی خوارەوە خۆیان بسەپێنن . ئایا تەنیا لە ئەنجامی بێزار بوون لە دووبارە بوونەوەدایە کە رۆژەکانی هەفتە هەریەکەی بەلایەکدا کۆچ دەکات و پشت لەو ئەرکانە دەکەن کە پێیان سپێردراوە ؟ ئایا بۆچی ئەو سەرچاوەیەی کە رۆژەکانی هەفتە لێیەوە یاخی دەبن نێو واقیع و کەلتووری ئێمەیە ؟ یان بۆچی ئەو سەرچاوەیە زیاتر شووناسێکی ئیسلامیانەى هەیە ؟ ئایا ئەو پاڵنەرە چییە کە وا لە شاعیر دەکات کە پرۆسەی بە مرۆڤ کردنی کات بهێنێتە ئاراوە ؟ ئایا ئەم دەقەی لەتیف کە بە ناوی یاخی بوونەوە بڵاو کراوەتەوە تا چ ئاستێک پەیوەندی بە یاخی بوونی راستەقینەی خودی لەتیف هەڵمەتەوە هەیە ؟ ئایا بە گوێرەی لەتیف خۆی دەشێ یاخی بوونیشی وەکو جۆرێک لە مەشقی دەروونی سەیر بکرێت ؟ ئایا ئەم یاخی بوونە پەیوەندی هەیە بەو رۆحی تەسەوفەی کە لە کەسێتی لەتیف دا باڵا دەستە و دیارە ئەوەش ئاشکرایە کە تەسەوف بۆخۆی جۆرێکە لە یاخی بوون یان ئۆپۆزسیۆن بوون لە ناوەندی دەسەڵات یان لە بارو دۆخ و کەلتوورو عەقڵی باو ؟ بێگومان ئەم پرسیارانەش لەسەر زەمینەیەکی ناجێگیرو لە بارێکی دەروونی و مەعنەوی شلۆقدا لە میانەی دەقەکەوە خۆیان دەسەپێنن . هەڵبەت ئەوەش ئاشکرایە کە لە بنەرەتدا داهێنانیش بەرهەمی ئەو چرکە ساتانەی هەست بە نیگەرانی کردن و ناسەقامگیری و تێڕامانە کە بەردەوام کەسی داهێنەر تێیدا دەژى و هەوڵدەدات واقیعێک بخوڵقێنێت بەو جۆرەی کە دەیەوێت یان تەسەوری دەکات یان پێشبینی دەکات کە مەرج نییە بە هیج جۆرێک لەو واقیعە بچێت کە هەیە یان دەشێ هەبێت بە تایبەتی لە سنووری دەقی شیعریدا چونکە ئەوە ئاشکرایە کە شیعر بەرهەمی خەیال َو ئەندێشەو نەستە و مل کەچى هیچ یاساو دیسپلینێکی عەقڵی نابێت .




کتێب/ قەیرانی کۆمەڵگاو حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.. فوئاد سدیق

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




مامۆستا عەبدولكەریم شێخانی مێژوویەك لە سەروەری.. رەسوڵ بۆسكێنی

مانگ لەئاسمان حەوجێ بەئەنگوست ناكا، زەوی دەخوسێ گیا شین دەبێ، كە بارانی پایز داكا، تاریكی هەموو دنیا ناتوانێ مۆمێك بكوژێنێتەوە، ڕووناكی نەبێت تاریكی دنیا دەتەنێتەوە، دەڵێن بەگوڵێك بەهار نایە، پەندێكی باوە، گوڵ بەخشەری بۆن و جوانی و جێ سەرنجی چاوە، گوڵاوی بۆن و سێحری گوڵ زیاد دەكا كەسەر ئاگر نریا، ئەو بۆن و بەرامەیەی بۆ هەمیشە بووایە بریا، چ دەبێ پێت نەبڕێ سێ گەز جاو و نەتخەنە ژێرگڵ، گرنگ ئەوەیە لای هەمووان بخرێیتە نێو دڵ، بۆ سەرمەشقی ڕۆژگار و بەردەوامی ژیان، ڕۆڵەیەكی ژیر و بەبیرو خۆشەویستی هەمووان، لەساڵی 1933 لەكۆیەی مەڵبەندی شاعیران و خاوەن دیوەخانی، هاتە دنیاو چاوی گەشی هەڵێنا عەبدولكەریم مەحمود شێخانی، بنەماڵەكەیان بەشێخانی بەناوبانگ بوون، بۆیە لەسەرئەو نازناوە بۆ عەبدولكەریمیش یەك دەنگ بوون، خوێندن و نووسین مرۆڤ بۆ ڕۆژگار ئامادە دەكات، هەر كەس لەو دەرگایە بچێتە ژوورەوە داهاتووی جوانتر دەكات، ڕێگای ئەدەب و زانست درێژە، تەمەنی ئادەمیزاد كورت، لەكۆیە چاوی كردەوە ڕێگای حاجی و ئەحمەدی خانی گرت، لەساڵی 1954 بۆتە مامۆستا پەروەردە كارێكی هەستیاربوو، خزمەتی زۆری كرد یەكەمجار لەگەرمیان دەستبەكار بوو، لەسەر كوردایەتی و سۆزی نیشتمانەوە، لەساڵی 1962 كەوتە بەندیخانەوە، لەقوتابخانە زانست فێربوو، ئەزموون و تاقی كردنەوە لەژیان، بەشیعر دەستی پێكرد و بوو بەشاعیر و نووسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنانووس و زمانەوان، بەرەو لوتكە بەپەیژەی بەرزخوازیدا سەركەوت، لەچیرۆك و زمانەوانیدا پێشكەوت، زۆر گەڕاوە لەباخان هەڵاڵەی گوڵانی كۆكردەوە وەك هەنگ، بۆ خزمەتی زمانی كوردی لەخراپ وێژان هاتە دەنگ، بۆ زمانی ڕەسەن و وشەی خۆڕسك زۆر پەرۆش بوو، وشەی ناقۆڵا و داتاشراوی پێ ناخۆش بوو، دژی ئەوە بوو وشەی كوردێندراو بخرێتە نێو زمانی كوردی، بۆ خزمەتی ئەم زمانە شیرینە كەم نەبوو ئەوەی كردی، هەموو كەموكوڕیەك جەرگی دەهاتە ژان، دەگەڵ هەر هەڵەبەكارهێنانێكی نەزانان دەكەوتە هەژان، وەك هەموو شارەزایان لەهەڵەی زمان خەمی دەخواراد، جیاوازی ئەو ئەوەبوو، بێدەنگ نەدەبوو، وەڵامی بەنووسینێك دەسپارد، ئەگەر بۆ زمانی كوردی پاسەوانێك بوو، لەدەریای زمانی فارسی و عەرەبیش عەجەب مەلەوانێك بوو، زۆر بابەتی هێندە بەجوانی وەرگێڕاون، سەد سوێندت خواردبا دەتگوت هەر بەكوردی نووسراون، بابەتی وەرگێڕانی زۆر و جۆراوجۆرن، ئەوانەی گەواهی پەسندی دەدەن زۆرن، مامۆستا شێخانی لەئەدەب و نووسین هێندە بەرزە پێویستی بەناساندن نییە، ئەم نووسینەم دەردە دڵێكە ئەگینا ئەوە كاری من نییە، بۆن و بەرامەی نووسینی هێشێتا، چێژی هەرماوە لەو ساوە تائێستا، بۆ وشەی كوردی مامۆستا و خاوەن وانەیەك بوو، زۆر جار بۆ پرسیاری من سەرچاوە و پەناگەیەك بوو، بۆ وەرگێڕان لەبیانی بۆ كوردی و بەپێچەوانە نەبوو باكی، وەك وەرگێڕانی چیرۆكی (براكوژی) كازانتزاكی، بۆ بەرزی گەلی كوڕ هەر دەبێ وابێ، لەو كاتەدا، مەگەر یەكێ گیانی خۆی لێ بەڵابێ، چیرۆكەكەی پێشكەشی (ن. م) كردووە، خۆی وتی: مەبەستی نەوشیروان مستەفا بووە.
عەبدولكەریم شێخانی بەكەسایەتیەكی بەهەڵوێست و خۆش مەشڕەب ناسراوە، مام جەلال لەخۆشەویستی نازناوی (سەرسپی) لێناوە، بەداخەوە چەند ساڵ لەمەوبەر قاچی شكا، بەڵام ئومێدی بەژیان خۆشتر بوو، خۆی جولەی كەم و قەڵەمەكەی بەجوڵە و بەبڕشتتربوو، وازی نەهێنا لەشیلەی شیعر و خزمەت بەنووسین و ئەدەب ئەو بیر جوانە، ئەگەرچی لەتەمەن گۆچانی تێپەڕاند و كەوتەسەر عەرەبانە، پێت وانەبێ ئەو مووە سپیانەی لەبەر هەتاو سپی كردووە و نەخشی كردگارە، نیشانەی مەرگ نەبوو، هەمووی ئەزموونی ڕۆژگارە، بەختی ڕەش و مووی سپی كۆڵی پێ نەدا، لە ڕەخنە و ئامۆژگاری و نووسین هەدای نەدا، خەمی بوو، بەڵام هەمیشە دڵخۆش بوو هەمدەمی، ئەگەرچی گیرۆدەی ڕۆژگار بوو، بەڵام هەرگیز نەچەمی، سەری سپی، ئاوی چاوی سپی بوو، لەبەر نوووسین شێخانی، لەخەمخۆری گەل و ئامۆژگاری كۆمەڵگا وازی نەهانی، لەوتار و ڕۆژنامە و گۆشەنووسین، لەخزمەت بەزمان و زانست و ڕاوێژ و پرسین، زۆربوون هەڵەیان دەكرد و هەر خۆشی، هەڵەی دیكەی دەكرد تاهەڵەكەی پێ داپۆشی، بەڵام مامۆستا بۆ ڕاستكردنەوەی هەرچی هەڵەیە، پێی وتین (جا قوربان مەسەیەك هەیە)، لەوشەی داتاشراو و ناقۆڵا نیگەران بوو لای وابوو كفرە، گەر پێیان ناخۆش بێ هەرزەگۆیان، دڵخۆش بوون ئەوەی خاوەن هزرە، لەخزمەتی زمان و ڕاستكردنەوەی هەڵەو بەسەرهات و زۆری دیكە، ئەوەی پێی كرا نووسی لەگۆشەی (خرتكە و پرتكە)، زۆری نووسی، زۆری وت، زۆر ڕێگای تاقی كردۆتەوە، بەگژ خائین و خۆفرۆش و گەندەڵكاراندا چۆتەوە، تا زمان و قەڵەمی بڕشتی كرد، بەزمان وتە و بەقەڵەم یاداشتی كرد، لە نووسین و هەڵوێستی جوان نەكەوت، دژە زیانەخرۆ و زیادەڕۆیان دەیوت:
چڵكاوخۆر و كاسەلێسان هەڵپەڕین چەپڵەیان لێدا
لەو حاڵەتە، سروشتییە، دیكتاتۆر سەرهەڵبدا
بۆ ئەوانەش چاوچنۆك و دەرون نەخۆشن، هەموو بەرژەوەندی گەلیان بەپارە دەفرۆشن، دەیوت:
دەڵێم جەناب باش سەیری ئەوانەی پێش خۆت ببینە
ئەوەی بردیان سێ گەزخام و تەنیا چەند بستێك زەمیینە
لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوانەی خزمەتی گەل و نیشتمانی خۆیان كردووە، شیعری بەرز و ستایش و پێدا هەڵدانی بەرزی وتووە، دوا ڕۆژانی تەمەنی سەختی بێ ژنی و سەر عەرەبانە، سەخت بۆی دەگوزەرا ئەو چازانە، دوای مەرگی (گوڵزار)ی ژنی خۆشی نەبینی، بۆیە بەو ئازارەوە بۆی دەگێڕا شینی:
وا دیسان جـەرگـم گـڕی گـرت كۆنە بـرینم كولایەوە
ڕۆژێكی ڕەش بـوو، گـوڵزار چـرای ژینی كوژایەوە
مـن هـەتـا ماوم لەدنیا هەر گەورەیی تۆ باس دەكەم
یــادت ئـارامی بـەخشـە بـۆم، بـۆیـە لە دڵمـا مایەوە
هەركەناوت دا گوڵی من،زوو چاوم ئاوی لێی دەزێ
خۆ (شنە)ش فرمێسكی چاوی جاری بوو نەبڕایەوە
هــاتـنـت بــۆ نــاو ژیــانم ئــاوی گشـت ئــاواتی دام
كێڵگەكەی وشـكی ژیــانم جـارێكی دیش گـەشایەوە
تۆ كە گوڵزارێكی گەش بوو مەرگی ناوادەت تەواو
زام و ئـــازاری دڵـــم گشت ســەری هـــەڵـــدایەوە
مامۆستا عەبدولكەریم لەگەڵ گەورەو بچوك دەهاتەوە بێ گرێ، بۆیە زۆری تەمەن و پیری بەساڵ ناپێوەرێ، لەگەڵ سەختی ژیا و تەمەنی گەییە نەوەد ساڵ، ڕۆحی پیرۆزی هەڵفڕی دای لەشەقەی باڵ، لە 12- 8- 2023 بای ئەجەل هات و دەفتەری ژینی دڕی، بارگەی ژینی پێچایەوە مەلی ژیانی بۆ ئەو دنیا فڕی، پاش دەیان ساڵ لەخزمەت ئەدەب و خەباتی ڕزگاریخوازی، تێكەڵ بەكۆمەڵی نەمران بوو ڕێبازی، جێگای سەرنجە ئەم پایەرزە پڕ بەهرە و خزمەتە دوور لەشایستەیی خۆی ژێر خاك كرا، تەنانەت چەند بستێك زەمینی شارەكەی خۆیشی پێ ڕەوا نەبینرا، ئەو ڕۆیشت و بەجێی هێشت شانازی و مەردی و ڕەوشتی پاكی، بۆ ئێمەش مایەوە پەرۆشی و حەسرەت و ئاهو خەمناكی.

لەڕاستەوە: خالید قادر، عەبدولكەریم شێخانی، رەسوڵ بۆسكێنی




چیرۆکنووسی منـداڵان ماری پـۆپ ئۆسبۆرن.. رەزا شـوان

خاتـوو (مـاری پـۆپ ئۆسـبۆرن)، نووسەرێکی بە ناوبانگی ئەمـریـکی و جیهـانییە، لە بواری ئەدبیاتی منداڵان. بە تایبەتیش لە نووسینی چـیرۆکدا. تا ئێستا زیاتر لە (١٠٠) کتێبی بۆ منداڵان و لاوان نووسیوە و چاپیکـردوون، کە (٦٠) لە کـتێبەکانی چـیرۆکـن بۆ منـداڵان. نووسـین و چـیرۆکەکـانی، گـەلێ بابـەتی هـەمـەڕەنگـەیان لەخـۆگرتـوون. وەک، ئەفـسانە، داستان، فۆلکـلۆری، فـانتازی، ژیاننامە، نهـینییەکان، کـتێبی وێنەدار، کـتـێبی تایبـەت بـۆ منـداڵانی زۆر بچـووک، حیکایەت و ئەفـسانەکانی گـەلانی جیهـان.
مـاری پـۆپ، لە (٢٠/ مای/ ١٩٤٩) لە (فـۆرت سیل) لە ئۆکلاهـۆما، لە ئەمـریکا، لە خـێزانێکی سەربـازی لەدایکـبووە. باوکی ناوی (ویلـیام پـۆپ) و دایکی ناوی(بارکـێت دیکـنز پـۆپ) ە. دایکی سەربازێکی جەنگی بـوو. دوو خـوشک و دوو بـرا بـوون. بە هۆێ کاری باوک و دایکییەوە، زوو زوو ماڵیان دەگوێزرایەوە، ماوەیەک لە فرجینیا و واشنتۆن ژیـاون. ئەم جێگـۆڕكـێیانە، مایەی خـۆشی و شادی بـووە بۆ مـاری پـۆپ.
ماری پۆپ، خوێنـدنی درامـای، لە زانکـۆی (کارۆلینای باکوور) لە (تشابل هـیل) تەواو کـردووە. هـۆگری داستان و ئەفـسانە و فـۆلکلۆر و رۆشـنبیریی هەمـوو گەلانی جیهان بوو. سەردانی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای کردووە. لەوانەش: نەمسا، فەرەنسا، یۆنان، ئەلـمـانیـا، ئیتالـیا، هـۆڵەنـدا،… هـتد. (١٦) لە وڵاتـی ئاسـیاش گـەڕا، لەوانـە: ژاپـۆن، پـاکـسـتان، ئەفـغـانستان، ئـێران، عـێراق، چـەنـدیـن وڵاتـی تـر. بە مـەبـەسـتی سـوود وەرگـرتـن و شـارەزایی و ئاشنابـوون بە کـولتـوور و داب و نەریتی گەلانی جیاواز. لە ئەفغـانستان تـووشی ژەهـراویبـوونی خـوێـن بـوو، لە مـردن رزگـاری بـوو.
ماری پۆپ تا ئەمڕۆش، پاڵپشت و داکۆکیکەرێکی چالاکە لە نەهـێشتنی نەخوێندەواری لەنـاو منـداڵانی جیهـانـدا.
ماری لە ساڵی (١٩٧٦) لەگەڵ (ویل ئۆسبۆرن) هاوسەرگیریی کرد. کە لە بواری درما کاری دەکرد. ماری لە ئێستا تەمەنی (٧٤) ساڵە و بەردەوامە لە نووسـین بـۆ منداڵان. لە ساڵی (٢٠١٣) دا، لە لایـەن (زانکۆی کارۆلـینیای باکـوور) ەوە، خەڵاتی رێزلێنانی (دکتۆرای شانازی) ییان لە (ئەدەبیات) دا پێبەخـشی.
ماری ئۆسـبۆرن، بە نووسـین و بڵاوکردنەوەی زنجـیرە کـتێبی پڕفـرۆشی (ماڵی داری ئەفـسووناوی) ناوبانگـێکی زۆری بە دەستهـێنا. لە ساڵی (١٩٩٢) دا، یەکـەم کـتێـبی چـیرۆکی (مـاڵی داری ئەفـسوونـاوی) لەژێـر نـاوی (دیناسـۆرەکـانی پێـش تـاریـکی) بڵاوکـردەوە. چیرۆکەکانی ماڵی داری ئەفسووناوی، سەرجەم چواردە چـیرۆکـن و لە چـواردە کتێـبدا بڵاویکـردوونەتـەوە. کاراکتەرە سەرەکییەکانی ئەم چـیرۆکانە، خـوشـک و بـراکەی (جـاک) و (ئـانی) یـن. نوێنەرایەتی ئەو سەرگەردانانە دەکەن، کە لە رێگەی داری ئەفـسووناوییەوە دەچنـە نـاو جیـاوازییەکـانەوە.
چـیرۆکی (ماڵی داری ئەفـسووناوی) وەریانگـێڕاون بۆ (٣٥) زمانی جیهـانی. تا ئێستا زیاتریش لە (١٣٤) ملیـۆن دانـە، لە سەرانسەری جیهـانـدا، لەم کـتێبە فـرۆشـراوە. لە ساڵی (٢٠٠٧) یشدا، ئەم کـتێبە، بۆ مـاوەی (١٣٢) هـەفـتە، لە لیستی پڕفـرۆشـتریـن کتێبەکانی (نیـۆیـۆرک تایـمـز) بـوو.
چیرۆکی (چەتـەوڵـێک) یەکەمین کتێبی زنجیرە چیرۆکی ئۆدیسییەی ماری پۆپە، کە لە حیکایەت و داستانەکانی (هـۆمیـرۆس) ی یۆنانییەوە وەرگرتووە، بە شێوەیەکی ئاسان و کورت و بە زمـانێکی شـیرین بۆ منـداڵانی داڕشـتوونەتەوە.
ئەمەش ناوی چەند چیرۆکێکی، لە زنجـیرە چـیرۆکەکانی (ماڵی داری ئەفـسووناوی):
(دیناسۆرەکانی پێش تاریکی، قەڵای تەمومـژ، لە نیوەشەودا لەسەر مانگ، ئاوابوونی خۆر، دۆڵفـینەکان، رۆژی شای ئەژدیهـا، راکە.. راکە بە ئەوپەڕی تواناتەوە،… هتد).
شایەنی باسیشە، چیرۆکی (ماڵی داری ئەفـسووناوی) کـراوە بە فـیلـمی سـینەمایی. بە ئامادەبـوونی ماری پـۆپ، لە فـێستیـڤاڵی سینەمایی، کە لە (٢٣/ ئـۆکـتۆبـەر/ ١٩٩٢) لە (تـۆکیـۆ) ی پایتەخـتی ژاپـۆن سازکـرا، نمایـشکـرا.
ماری پـۆپ، تا ئێستا لەسەر نووسینەکـانی، چەنـدین خـەڵاتی بەرز و رێـزلێـنانیان لە ئەمریـکا و لە جیهـان پێشکەش کـردوون.
ماری پۆپ خاوەنی سامانێکی زۆرە. مووچەی نووسەری مانگانە (٤٠) هەزار دۆلار وەردەگرێت. بەڵام نووسەرێکی سۆشیالە و حەز بە ژیـانێکی ئاسایی و خـاکی دەکات.

رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣

(*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە. سوودم لە چەنـد سایتێکی ئینگـلیزی وەرگرتـووە.




حیزب و ڕابەرایەتی شۆڕش.. دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی:کاوە عومەر
دەقی ئەم نوسراوە بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە

حەسەن ساڵحی: دیارە هیچ شۆڕشێک بەبێ ڕابەرایەتی ناتوانێت سەربکەوێت. پرسیار ئەوەیە ئایا چ هێزێک دەتوانێت ئەم ڕۆڵە لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا بگێڕێت؟ پێت وایە ڕێبەری شۆڕش دەبێ چ سیفەتێکی هەبێت؟

حەمید تەقوایی: بێگومان تایبەتمەندی یەکەم ئەوەیە کە هێزی پێشەنگ دەبێت هێزێکی شۆڕشگێڕ بێت. بەو مانایەی کە لە بیرکردنەوەی ئەودا، لە سیاسەتەکانیدا، لە بەهاکانیدا، شۆڕش و ژێرەوژوور کردنی نەزمی هەبوو بە دەسەڵاتی جەماوەری خەڵک، جێگەیەکی ناوەندی و سەرەکیی هەیە. لەبنەڕەتدا هێزێکی لەم شێوەیە زۆر پێش شۆڕش چالاک بووە و سیاسەتەکانی بۆ خەڵک ناسراون. بۆیە ئەم تایبەتمەندییە بە ئاسانی دەناسرێتەوە. هەر ئەوەندە بەسە بۆ خەڵک چاوێک بە مێژووی چالاکی و هەڵوێست و سیاسەتەکانی حزب و هێزە سیاسییەکانی ئێستا بخشێنێت و بزانێت کام لایەنە زۆر پێش ڕاپەڕینی ئێستا ئاڵای شۆڕشی هەڵکرد، شۆڕشی وەک تاکە ڕێگەی ڕزگاری بۆ کۆمەڵگە ڕاگەیاند ، و داوای لە خەڵک کرد کە دژی هەموو ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە هەموو باڵەکانییەوە، سەوز و وەنەوشەیی، و ئیسلامی “چاک و خراپ”ەوە هەستن و حکومەت بڕوخێنن. بە بڕوای من ئەمە یەکەم نیشانەیە. حیزبێک و هێزێکی سیاسی دەتوانێ ڕۆڵی ڕابەرایەتی بگێڕێت، کە بە کردەیی و بەپراکتیکی و لە مێژووی چالاکییەکانیدا، شۆڕشگێڕ و ئاڵاهەڵگری شۆڕشە لە پێناو لێدان لە سیستەمی هەبوو و دامەزراندنی جیهانێکی باشتر و مرۆڤدۆستانە بە هێزی شۆڕش.
نیشانەی دووەم، نوێنەرایەتیکردنی ناڕەزایەتی و ڕەخنەیەکی قووڵە بەرامبەر بە تەواوی نەزمی هەبوو و دژی کۆماری ئیسلامی بە هەموو یاسا و فراکسیۆن و سیاسەتەکانییەوە، دژی حیجاب و لە سێدارەدان، دژی ئیسلام و تۆڵەسەندنەوە و هەموو پیرۆزییەکان و تابوەکانی ئیسلام. لەم حاڵەتەدا ئەندامێکی حیزب دەتوانێت نوێنەرایەتی “نا”ێکی قووڵ و هەمەلایەنە بکات بۆ شۆڕشی ئێستا بۆ تەواوی سیستەم و حکومەتی کۆماری ئیسلامی کە ماوەیەکی زۆرە ئاڵای ئەم ڕەخنە و ناڕەزایەتییە هەمەلایەنەیەی هەڵکردووە .
ئاماژەیەکی دیکە ئەوەیە کە حیزبی جێگامەبەست دەتوانێت لە دڵی ئەم شۆڕشەدا وەک هێزێکی یەکگرتووی خەڵک بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیدا مامەڵە بکات و لەم ڕاستایەدا ڕۆڵێکی جەوهەری بگێڕێت. یەکگرتوویی خەڵک لە دژی کۆماری ئیسلامی هۆکار و بناغەی بابەتیی هەیە. زۆرینەی خەڵکی ئێران لە هەڵاواردن لە ئاستە جیاجیاکان، لە هەژاری و نەبوونی بژێو، لە بێ مافی، لە سەرکوت و تاوانەکانی حکومەت هاتووهاواریان لێ بەرزبووەتەوە و شۆڕشیش هەر بەو هۆیەوە دروست بووە. ئەم هەلومەرجە بابەتیانە دەتوانێ بنچینە و میحوەری یەکڕیزیی خەڵک و ئامانجی پێویستی حیزب و ئاڵاهەڵگری ئەم یەکڕیزییە بێت و لە سیاسەت و هەڵوێست و ئەدای خۆیدا نوێنەرایەتی یەکڕیزی و تەبایی فراوانترین بەش دەکات لەخەڵکی ناڕازی لە دۆخی ئێستا.
بەگوێرەی ئەو پێناسەیە، یەکگرتوویی لەسەر بنەمای یەکڕیزیی خەڵک لە دەوری بەها هاوبەشە مرۆییەکان مومکینە و هەر بۆیەش نیشانەی داهاتوو ئەوەیە کە کام لایەن یان هێزی سیاسی نوێنەرایەتی بەها ئینسانییەکان دەکات و پارێزگاری لێ دەکات. حیزبێک کە نەک هەر بە قسە و ئیدیعا، بەڵکو بە کردار، لە مێژووی خەباتەکانیدا، و لە چالاکیی و هەڵوێست و سیاسەتەکانیدا، ئینسان و بەها ئینسانیە جیهانیەکان خاڵی بەهێزی بێت. پیرۆزییەکانی وەک ئایین، نەتەوە، نەتەوە و ئێرانیبوون تەنیا تەنها دەبنە هۆی هەڵاواردن و کوتلەگەرایی لە نێوان خەڵکدا. جیاوازی و شوناسە میللی و نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزی و نەژادیەکان هەموویان دژە ئینسانی و هۆکاری دابەشکارین. بۆیە ڕەخنە لەئەم جۆرە پیرۆزییە خۆی پایەیەکی گرنگی پتەوکردنی یەکڕیزی و تەبایی نێوان جەماوەری خەڵکە. حیزبی ڕابەری شۆڕش دەبێت هەڵگری بەها ئینسانیەکان و ڕەخنەگرێکی بەردەوامی تابۆ و ئەو پیرۆزییانە بێت کە دەبنە هۆکاری هەڵاواردن.
و لە کۆتاییدا نیشانەیەکی گرنگ ئەوەیە کە ئەو حیزبە یان هێزەی کە بانگەشەی ڕابەری خۆی دەکات، دەسەڵات و پێگە و توانای ئەوەی هەیە کە وەک هێزێک بتوانێت کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت و داواکاری و ئامانجەکانی شۆڕش بەدیبهێنێت، متمانەی خەڵکی هەبێت. حیزبێک کە ئەگەری ڕوخانی تەواوی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی وتێکشکاندنی سیستەمی ھەڵاواردن و ھەژاری و بێ مافی ھەیە دەخاتە ڕوانگەی کۆمەڵگاوە و خەڵکیش لە ڕوخساری ئەم حیزبەدا، لە سیاسەت و چالاکییەکانیدا،ئەو تواناییە ببینن کە دەتوانێت شۆڕش بە سەر سەرکەوتن بگەیەنێت
به کورتی ئه مانه ئه و نیشانه سه ڕه کیانه ن که حزبێک یان هێز و ڕێکخراوێکی سیاسی ده که نە شایسته ی ڕابەرایە تیکردنی شۆڕش.

حەسەن ساڵحی: ئێوە زۆر جار جەختتان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕابەرایەتی شۆڕش لە خودی شۆڕشدا دێتە دەرەوە. ئایا ئەمە بەو مانایەیە کە بەدەستهێنانی ڕابەرایەتی تەنیا بەندە بە چالاکیی هێزەکان لە خودی پرۆسەی شۆڕشدا؟ ئایا مێژووی حیزب و هێزەکانی پێش شۆڕش هیچ ڕۆڵێکی نییە؟

حەمید تەقوایی: بە دڵنیاییەوە ڕۆڵی هەیە. ئەو ڕوونکردنەوەیەی لە پرسیاری یەکەمدا دام، ئەبێت ئەوبابەتەی ڕوون کردبێتەوە کە مێژوو و ڕابردووی حزبەکان چەندە گرنگە. خاڵی کۆتایی ئەم باسە کە لە دڵی شۆڕشی ڕابەرایەتی دروست دەبێت ئەوەیە کە ناتوانرێت پێش شۆڕش بگوترێ کام حزب یان هێز دەبێتە ڕابەری. لەبەرئەوەی ئێوە هەر مێژوو و هەر چالاکییەکتان هەیە، ئەو قۆناغەی کە قۆناغی ئەدای ئێوە و هەڵوێستەکانتان دیاری دەکات – ئێوە وەک حزب و هێزێکی چالاکی سیاسی- لە دڵی شۆڕشدایە. هەڵوێستت پەیوەستە بەوەی کە لە سەردەمی شۆڕشدا چی دەکەیت. کاتێک کۆمەڵگا بۆ ڕووخاندنی حکومەتێک هەڵدەستێت، کە پێناسەی شۆڕشە، ئەوا نیشانەی گرنگ لە پێوەندی لەگەڵ خودی شۆڕشی ئێستادا دەبنە پێوەرەکانی خەڵک. یەکێک لەو نیشانانە، وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، ئەوەیە کە کام لایەن بەڕاستی دەتوانێت ئاڵای نەویستنی خەڵک بێت، “نا”ی خەڵک، ناڕەزایەتی خەڵک بێت بەرامبەر بە حکومەت. چ حیزبێک دەتوانێت لە ناو پێشهاتە شۆڕشگێڕییەکاندا لە پێشەوەی ڕیزەکەدا بوەستێت، واتە لە دۆخێکدا کە وەک دەزانرێت کۆمەڵگە لە یەک ڕۆژدا ئەزموونی دەیان ساڵەی کۆدەکاتەوە، و نیشانی بدات کە بە ڕاستیدا ئاڵا هەڵگری ڕەخنەی قووڵ خەڵک و ناڕەزایەتی قووڵی خەڵکە بەرامبەر بە تەواوی ئەو بارودۆخەی کەیە. لە کاتی شۆڕش و خۆپیشاندان و گردبوونەوە و مانگرتن و دانیشتن و هێرشکردنە سەر ئۆرگانەکانی حکومەت و دواجار ڕاپەڕینی چەکداری، هەموو ئەمانە ڕوودەدەن. لە هەموو ئەم پێشهاتانەدا هەر لایەنێک لە کوێ دادەنرێت، چی دەکات، چ ڕێنمایی و بانگەوازێک دەدات، لە چ سیاسەتێک بەرپرسیارە و ئەم جۆرە پێوەرانە بە تەواوی یەکلاکەرەوەن.
ئەمەش بەو مانایەیە کە من دەڵێم حیزب یان هێزی پێشەنگی شۆڕش لە دڵی شۆڕشدا دروست بووە. بێگومان ئەگەر حیزبێک خاوەنی مێژوو و سیاسەت و پراکتیک و ئەزمونی پێویستی ساڵانی پێش شۆڕش نەبێت، ئەوا ناتوانێت بەو تایبەتمەندییانە گەشە بکات. ئەم ئەزموونە دەبێ ساڵانێک پێش شۆڕش بوونی هەبێت بۆ ئەوەی حیزبێک لە دڵی شۆڕشدا سەرکەوێ. ئەگەر حیزب و هێزێک خاوەن مێژوویەکی وا نەبیت، بە سروشتی خۆی لە باسی ڕابەردایەتیدا جێگایەک نادۆزیتەوە. بە دڵنیاییەوە مێژوو و بەهاکانی سیاسەتی حیزبەکانی پێش شۆڕش ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لە پێگەی خۆیان لە سەردەمی شۆڕشدا. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئەوە شۆڕشە کە دیاری دەکات کام حزب شایستەی ڕابەرایەتیکردنە.

حەسەن ساڵحی: نزیکەی ٥ساڵ لەمەوبەر لە پلینۆمی٤٨ حیزبدا وتارێکتان بە ناونیشانی حزبی ڕابەری شۆڕش بوونی هەیە پێشکەش کرد. کە بە دەقی نووسراویش بڵاوکرایەوە. ئێوە حیزبتان بە شایستەی ڕابەرایەتیکردنی شۆڕش ناساند. بۆچی وا بیر دەکەیتەوە؟
حەمید تەقوایی: ئەو باسەی باست کرد پەیوەندی بە پێشهاتەکان و ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٣٩٦ەوە هەبوو. ئەمڕۆ ئەو نیشانانە و ئەو خاڵانەی کە لەوێ باسم کرد زۆر زیاتر جێبەجێ دەکرێن. با چەند نموونەیەک بهێنمەوە.
لەم شۆڕشەدا، لەم قۆناغەدا پرسی حیجاب و بزووتنەوەی جەماوەری دژ بە حیجاب ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە. بزووتنەوەی قەدەغەکردنی حیجاب ئەوەندە بەربڵاوە کە ڕژیمی بەتەواوی سەرلێشێواو و بێ ئومێد کردووە. حکومەت هەموو دەسەڵاتی دۆزەخی خۆی بەکاردەهێنێت، هەر لە پڕۆژە یاسای حیجاب و پاکیزەیی، دەوریەی ڕێنمایی(گەشتی ئیرشاد)، تا دەگاتە گرتن و دەستبەسەرکردن، هەڕەشە و هتد و هتد، بەڵام هێشتا دەبینیت ئەم جوڵەی بێ حیجاب بەردەوامە و فراوانتر دەبێت. پێم وایە هەموو چاودێرێک درکی بەوە کردووە کە بزووتنەوەی ژنان دژ بە حیجاب بەرەیەکی گرنگی شۆڕشە لە ئێراندا. پرسیاری من ئەوەیە کە ئەو حیزبەی کە هەمیشە حیجابی وەک دەرکەوتەی ئاپارتایدی سێکسی ناساندووە و شەڕی کردووە لە دژی و ڕۆژی جیهانی بێ حیجابی ڕاگەیاندووە و یادی کردووەتەوە و حیجابیشی بە ئاڵای ئیسلامی سیاسی و کۆنەپەرستی ئیسلامی زانیوە و ناساندویەتی نەک تەنیا لە ئێراندا بەڵکو لە هەموو جیهاندا. ، کام حزبەیە؟ بەدەر لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری دەتوانی هێزێکی تر بدۆزیتەوە کە خەباتێکی وای لە دژی حیجاب وەک ئەرکێکی هەمیشەیی دانابێت؟ لە ساڵی ١٣٥٧ەوە دامەزرێنەرانی ئەم حیزبە چالاکانە دژی حیجابی ئیجباری هاتنە سەر شەقامەکان. لە سەردەمێکدا کە زۆرێک لە ڕێکخراوە چەپەکان پرسی حیجابیان بە لاوەکی و ناپەیوەندیدار بە ژنانی کرێکار دەزانی، ئێمە دژی ئەم هەڵوێستە وەستاینەوە. خەباتی ئێمە و زۆرێک لە تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان لە دژی حیجاب بە درێژایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بووە و ئەمڕۆ دەبینین کە بووەتە بەرەیەکی گرنگی شۆڕش.
خاڵێکی تر خودی پێکهاتنی شۆڕشێکە کە لە جیهاندا بە شۆڕشی ژنان ناسراوە. بیست ساڵ لەمەوبەر بوو کە مەنسوور حیکمەت، ڕابەر و دامەزرێنەری ئەو حیزبە، پێشبینی ئەوەی کردبوو کە شۆڕشی داهاتووی ئێران شۆڕشی ژنان دەبێت و ڕێکخستنی شۆڕشی ژنان کە لەسەر بنەمای ئەمە پێکهاتبوو، ئەم ئاڵایەی بە بەرز ڕاگرت . ئەمڕۆ دۆست و دوژمن دان بەسروشتی ژنانەی شۆڕشی ئێستا دەنێن.
فاکتەرێکی دیکە ئەوەیە کە لە کۆتا کۆنگرەی حیزبدا کە نزیکەی ساڵێک پێش دەستپێکردنی شۆڕش بەسترا، پەیامی ئێمە بۆ خەڵک ئەوە بوو کە هەموومان پێکەوەین. لەم پەیامەدا ڕامانگەیاند کە ئێمە، کرێکاران، ژنان، لاوان، خانەنشینان و مامۆستایان، قوتابیان، جووتیاران و هەموو خەڵک یەکگرتوو و پێکەوە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لەکەناری یەکداین.
لەو کاتەدا تەنانەت زۆرێک لە چەپەکانیش بە بیانووی ئەوەی شۆڕشی کرێکارییە و هتد دژی ئەم پەیامە وەستانەوە – دیارە لە شۆڕشی کرێکاریدا باقی خەڵک تەماشاکەرن! ئێمە بانگەوازمان کرد ئەمڕۆ “هەموومان پێکەوەین” ئایکۆنی ئەم شۆڕشەیە. گوتار و ڕەوتێکی شۆڕشە لە کۆمەڵگا و لە سۆشیال میدیادا.
خاڵی دواتر ئەوەیە کە ئێمە هەمیشە لە ئێراندا دژی ئاپارتایدی جێندەری خەباتمان کردووە. حیزبەکەمان دەستەواژەی هەڵاواردنی ڕەگەزی خستە ناو ئەدەبیاتی ناڕەزایەتی ئێرانەوە. ئێمە حیجابمان بە دەرکەوتن و دیواری ئاپارتایدی جێندەری زانی و ڕامانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئەبێت وەک حکومەتی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە باشووری ئەفریقا بایکۆت بکرێت. پرسی ئاپارتایدی جێندەری و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەری و بە تایبەتی نیشاندانی حیجاب وەک دیوارێکی ئاپارتایدی جێندەری بەشێک بووە لە هەوڵ و چالاکیی بەردەوامی حزبی ئێمە. ئەمڕۆ ٨ شارەزای نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنن کە پڕۆژە یاسای پاکیزەیی و حیجاب جۆرێکە لە ئاپارتایدی جێندەری و نموونەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و پێویستە کۆماری ئیسلامی بەم هۆیەوە مەحکوم بکرێت.
لە شەڕی لەسێدارەداندا، ئەمڕۆ دەبینین کۆمەڵگەڕایدەگەیەنێت کە پێویستە “لەسێدارەدان بۆ هەر تاوانێک” قەدەغە بکرێت. “هەموویان پێکەوە دژی لەسێدارەدان” ڕادەگەیەنێت. ئەوە حیزبی ئێمە بوو کە لەسێدارەدانی بە کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتی زانی و هەر لەسەرەتاوە ڕایگەیاند کە دەبێت سزای لەسێدارەدان هەڵبوەشێتەوە. لە سێدارەدان باش و خراپی نییە، مەرجی ڕەزامەندی خێزان و هەڵوەشاندنەوەی هەنگاو بە هەنگاو لە سێدارەدانمان نییە. پێویستە لە سێدارەدان بە هەر هۆکارێک و هەر تاوانێک هەڵبوەشێتەوە. و ئێستا ئەمە گوتاری کۆمەڵگایە.
نموونە زۆرن و کات نییە زیاتر ڕوون بکەینەوە. ئەمانە ئەو ڕاستییانەن نیشان دەدەن کە ئەو حیزبەی شایستەی ڕابەرایەتیکردنی شۆڕشە، حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییە. ڕەنگە هەندێک ئەمە بە بەخودا هەڵدان بزانن. بەڵێ ئێمە ئەم ئیدیعایەمان هەیە، بەڵام ئەم بابەتە بناغەیەکی بابەتیی و ڕاستەقینەی هەیە و لەسەر ئەدای کارکردن، لەسەر پراکتیکی کۆمەڵایەتی، و لەسەر مێژووی خەباتی دەیان ساڵەی حیزبەکەمان دامەزراوە. ئەم ئیدیعایە لەسەر بنەمای قسەیە، نەک تەنها لەسەر بنەمای سیاسەت و هەڵوێست و بەرنامەی ڕاگەیەندراومان. هەرچەندە ئەوەی ئێمە دەیکەین، ئەوانی تر تەنانەتوەک قسەش باسی ناکەن. کارنامەی پراکتیکی ئێمە پشتگیری ئەم بۆچوونەیە.
لە هەلومەرجی ئەمڕۆی ئێراندا زۆر گرنگە حیزبێک هەبێت کە شایستەی ڕابەرایەتیکردنی شۆڕش بێت. لە شۆڕشەکانی ناوبراو بەهاری عەرەبیدا هیچ حیزبێک بەو تایبەتمەندیانەوە بوونی نەبوو لەبنەڕەتدا هەر بەو بەهۆیەشەوە بوو ئەو شۆڕشانە سەرنەکەوتن.
ئەم حیزبە ئەمڕۆ لە ئێران بوونی هەیە. کێشەکە لەوەدایە کە پێویستە ئەم حیزبە لەسەر ئاستی جەماوەری بناسرێت، بەڵام خودی بوونی ئەم حیزبە جیاوازییەکی بنەڕەتییە لە نێوان هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆی ئێران و میسر لە سەردەمی شۆڕشی مەیدانی تەحریر یان شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧.

حەسەن ساڵحی: هەندێک پێیان وایە ناوی کۆمۆنیزم بەربەستە. دەڵێن بە هۆی مێژووی یەکێتی سۆڤیەت و چین و پڕوپاگەندەی شەڕی سارد و هتد، خەڵک بۆچوونێکی باشیان نییە سەبارەت بە کۆمۆنیزم. ئێوە لەم بارەیەوە چۆن بیر ئەکەنەوە؟

حەمید تەقوایی: هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێمە بۆ خۆ جیاکردنەوەمان لە “کۆمۆنیزم”ی ڕووسی و چینی وهتد خۆمان ناونا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری. وە ئەوەش تەنها ناونانێک نییە، لە هەڵوێست و کردارەکانماندا، لە سیاسەتەکانماندا و لە تیۆرییەکانماندا، لە بەرنامە و ستراتیژەکەماندا، ئێمە بە تەواوی دان بە کۆمۆنیزمی بلۆکی سۆڤیەت و چین، کۆمۆنیزمی ئەوروپی و کۆمۆنیزمی چریکی و هەموو ئەوجۆرە ڕەوتانەی کە هەمان وێنەی نەرێنیان لە کۆمۆنیزم نیشانداوە، ئێمە خۆمان لەم کۆمۆنیزمانە جیاکردۆتەوە. وە ئێمە ئەم پڕوپاگەندەی شەڕی ساردەی کە لە بنەڕەتدا لەسەر ئەم وێنە نەرێنییە بنیاتنراوە، لە بیرکردنەوە و کردارەکانماندا و بە پراکتیک و سیاسەتەکانمان وەڵاممان داوەتەوە.
بەڵێ ئەزمونی نەرێنی و پڕوپاگەندە تا ڕادەیەک بەربەستن لە بەردەم گەشەی کۆمۆنیزمی ڕاستەقینە، بەڵام بە بۆچوونی من کۆمۆنیزمی کرێکاری بە پراکتیزەکردنی خۆی، بە بەرنامەی خۆی بۆ دنیایەکی باشتر، بە هەڵوێست و سیاسەتی تایبەتی خۆی، بە تەواوی خۆی جیا کردۆتەوە لە ئیدیعاکارانی دیکەی کۆمۆنیزم. ئێمە باسی جۆرێکی جیاواز لە کۆمۆنیزم دەکەین.
ئێستا زۆر کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هاوڕان و پشتگیری لە چالاکییەکانی حیزب دەکەن، بەڵام هەندێک دەڵێن “کارەکانیان باشە، بەڵام حەیفە کە ئەوان کۆمۆنیستن”! دەتوانین بڵێین “ئەوان باشن چونکە کۆمۆنیستن”! گۆڕین ئەمەش تەواو ئەگەری هەیە. ئەزموونی ئێمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەم پرۆسەیە دەستی پێکردووە.
لە هەر حاڵەتێکدا کۆمۆنیزمی کرێکاری بە بەرنامەی دنیایەکی باشتر و بە چالاکییەکانی و بە ڕەخنەی تیۆری قووڵی خۆی لە ئەزموونی سۆڤیەت کە زۆر پێش ڕووخانی دیواری بەرلین خستیە ڕوو و بڵاوی کردەوە و بە ڕەخنەیەک کە دژی تەواوی کۆمۆنیزمی ناکرێکار، چ لە ڕووی تیۆریەوە و چ لە بیرۆکەی ئەنجامدان بزووتنەوەیەکی تەواو جیاوازە لە کۆمۆنیزم کە بە داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت کۆتایی هات. پێم وایە هەموو چاودێرێکی سیاسی، هەرکەسێک کەمێک ئاشنای لەگەڵ هەلومەرجی سیاسی ئێران و حیزبەکەمان هەبێت، دەرک بەوە دەکات کە کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوە و حیزبێکی تەواو جیاوازە لەو ئەزموونە شکستخواردووە.

حەسەن ساڵحی: ئاماژەت بەوە کرد کە حیزب هەلومەرج و تایبەتمەندی هێزێکی ڕابەریەتی کردنی هەیە، بەڵام بە ڕادەی پێویست وەکو ئەوە نەناسراوە. پێویستە چی بکرێت بۆ ئەوەی حیزب ببێتە ڕابەری کردەیی شۆڕش؟

حەمید تەقوایی: دەستت خستە سەر خاڵێکی گرنگ. وەک ڕوونم کردەوە، جیاوازی سەرەکی نێوان بارودۆخی ئێستای ئێران و ساڵی ١٣٥٧ و شۆڕشەکانی ڕابردوو لە ئێران خۆی و لە ناوچەکەدا ئەوەیە کە لە ئێراندا حیزبێک هەیە کە تایبەتمەندی ڕێبەرایەتی هەیە. نەک لەبەر بانگەشەکانی، بەڵکو بەهۆی ئەدای کارکردن و سیاسەتەکانییەوە، بەهۆی پێشینە و مێژووە دەوڵەمەندەکەیەوە. بۆیە مەسەلەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کۆمەڵگە، جەماوەری خەڵک لە ئاستێکی فراواندا، چەندە ئەم ڕاستییە دەزانێت و چەندە ئاشنایە بەم ڕاستییە.
ئەم ڕاستییە وەک پێویست نازانرێت. تا ئێستا ئەو حیزبە لە ئاستێکی جەماوەریدا نەناسراوە. وەدیهاتنی ئەمە، ئەو ڕاستییەی کە حیزب دەتوانێت بە ڕاستی ئەو پێگەیە بەدەست بهێنێت کە بەڕاستی شایەنی خۆیەتی، هەروەها بە تەواوی پەیوەستە بە ئەدای حیزب لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا. ئێمە لە ڕووی سیاسەت و هەڵوێست و بانگەشە و کاریگەری لەسەر کەشی گشتی کۆمەڵگا و چالاکیی مەیدانی و ڕێکخستن لە شۆڕشی ئێستادا لە ڕووی ڕوونکردنەوە و نوێنەرایەتیکردنی ئامانجەکانی شۆڕش و بانگەواز و کردارە مەیدانییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات زۆر چالاک بووین. بێگومان دەتوانین و پێویستە باشتر و چالاکتر لەم بوارانەدا مامەڵە بکەین. بەڵام ئەوەی ئێمە زۆر بایەخمان پێ نەداوە، ناساندنی خودی حیزبە وەک فاکتەر و قەوارەیەکی سیاسی بە کۆمەڵگە. لاوازی کارەکانمان لێرەدایە. پێویستە چالاکی و هەڵسوڕانی زیاتر بکەین بۆ بەرزکردنەوەی خودی حزب و پێگەی ڕاستەقینەی لە شەڕی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسیدا. ڕێوشوێنی زیاتر بۆ ناساندنی حیزب و کەسایەتییە حیزبیەکان و مێژوو و پێشینە و دەستکەوتەکانی حیزب بگرینەبەر.
لەم ڕووەوە دەتوانم بڵێم ئێمە کورتمان هێناوە، بە واتایەکی تر کەم فرۆشیمان کردووە. حیزب جگه له سیاسه ت و هه ڵوێست و ڕبانگەشە و بانگه وازه کانی، به هه موو مێژوو و ده ستکه وته کانی و بواره فراوانه کانی چالاکی و ته نانه ت پێکهاته و په یوه ندییه کانی و عیلاقاتە نێوخۆیییه کانی، به کۆمه ڵگا ئاشنا بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک پڕۆژە و ڕێکاری کردەیی دەخرێنە دەستویری ئێمەوە، کە هەندێکیان دەستمان پێکردووە، بەڵام دەبێت جددی و بەدواداچوونی زیاترمان هەبێت و لەسەر ئاستێکی فراوانتر مامەڵە بکەین. وەک ناساندن و خستنە بەردەستی هەموو ئەدەبیاتی حیزب، ناساندنی هەوراز و نشێوی گەشەی حیزب لە کۆمەڵگادا، ناساندنی بوارە جۆراوجۆرەکانی خەبات کە ساڵانێکە حیزب لەگەڵیاندا بەروڕووە. لە بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدانەوە تا ئازادکردنی زیندانیانی سیاسیەوە بۆ منداڵان لەپێشترینن و داکۆکی لە مافی منداڵان، بۆ پاراستنی پەنابەران و ڕزگارکردنی ئاوارەکان، ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسلامی سیاسی لە جیهاندا و چالاکییەکانی ئێکس موسلیم بۆ چالاکیی جیهانی بۆ ئازادکردنی کرێکارانی زیندانیکراو “ئێستا ئازادیان بکەن”، بەرگریکردن لە پەلکەزێڕینەکان و بوارەکانی دیکە کە کادر و کەسایەتییە حزبییەکان تێیدا چالاکن. و دەستکەوت و پێشکەوتنەکانی حیزب لە هەرکام لەو بوارانەدا.
کۆمەڵگا دەبێ حیزب وەک خۆی بناسێت. زۆر کەس لە ڕێگەی کەناڵ جەدیدەوە بە تایبەتی لەم شۆڕشەدا بە سیاسەتەکانی حیزب ئاشنا بوون و لە حیزب نزیک بوونەتەوە. بەڵام ئەوان تەنیا نوکی شاخی سەهۆڵینەکە دەبینن. جەستەی سەرەکی چالاکییەکانی حیزب بە سەیرکردنی بەرنامەکانی کەناڵ جەدید نازانرێت. تەنانەت ئەو کۆمەڵە ئاسانکاری و هەوڵ و چالاکییە ماندوونەناسانەی بە درێژایی کاتژمێر کە بۆ بەڕێوەبردنی تەلەفزیۆنێکی ٢٤ کاتژمێری پێویستە، بە تەواوی بە کۆمەڵگا نەناسێنراون. بۆیە پێویستە پەیڕەوی لە پلانەکانی ناساندنی حیزب بکرێت بە هەموو ئەو ڕەهەندانەی کە وتم.
پوختەی قسەکانی من ئەوەیە کە بەرنامەکانی ناساندنی حیزب و نیشاندانی تواناکانی حیزب و نیشاندانی دەسەڵات و لێهاتوویی حیزب بۆ بەدەستهێنانی ڕابەرایەتی و هاوشێوەکانیش بخرێنە ناو ڕیزبەندی ئێمەوە. لەمەودوا بە هێزێکی زیاتر و بەدواداچوونی زیاتر و لەسەر ئاستێکی فراوانتر ئەم چالاکییانە ئەنجام دەدەین.

١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ٢٣ی شەهریوەری ١٤٠٢




کتێب/ گەردەلولی ئایدیۆلۆژیا.. فوئاد سدیق

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




ساتیرەچیرۆک: ناونیشانێک بۆ کتێبی بیرەوەرییەکانم!.. هێرش رەسوڵ

نیوەڕۆیەکی گەرمی هاوین بو، هاوڕێکەمان خوڵقی نانی نیوەڕۆی کردین بۆ ماڵەوە، ئێمەش داواکەیمان قبوڵکرد و بە خۆشحاڵییەوە چوین. دایکی هاوڕێکەمان بە گفتولفتێکی کوردانەوە بەخێریهێناین. کەمێ سەرزەنشتی کوڕەکەیشی کرد، کە بۆ پێشتر ئاگاداری نەکردۆتەوە، تا خواردنێکی باشترمان بۆ ئامادەبکا. ئێمەش پێکەوە سوپاسمان کرد. گوتمان: هەرچی هەیە بەزیادبێت، ئێمە میوان نین. سفرە راخرا و وردە وردە قاپ و کەوچک و دۆلکە و پەرداخ دانران، ئینجا چەند نانێکی تیریی تازەڕشێنراو بە چواردەوری سفرەکەدا بڵاوکرانەوە. پاشان لەگەنێ برنجی پڵاو و چەند قاپێ شلەی فاسۆلیا. تێروپڕ نانمان خوارد و بەدواشیدا چایمان خواردەوە. بە دەم ئەوەیشەوە جارجار قسە و گفتوگۆ سەبارەت بە هەندێ بابەتی رۆژانە دەکرا. دوای ئەمانە، هاوڕێکەی ترمان، خۆی قەڵەم و پەڕاوێکی لە جانتاکەی دەرهێنا، دەستی بە شتنوسین کرد. هاوڕێی خاوەنماڵ بە سەرسوڕمانەوە لێی پرسی: “کاکە ئەوە چی دەنوسی؟!” ئەویش وەڵامیدایەوە: “وەڵا چەند ساڵە کردومەتە نەریت، ژیانی رۆژانەم یاداشت دەکەم.” ـ “واتا چۆن؟ هەمو شتێ دەنوسیتەوە؟ چیتکردوە؟ چیت خواردوە؟ بۆ کوێ چوی؟ چەند ماوییەوە؟”

  • “بەڵێ، هەمویان بە کورتیی دەنوسمەوە، ئیدی بۆ ئایندە کەرەستەیەکی باشی بیرەوەریینامەیە.”
    ـ “ئێ دە باشە برا، ئەوەی نیوەڕۆ خواردمان گۆشتیشی بۆ زیادبکە، خۆ هەر نوکەقەڵەمێکە، چی تێناچێ!”
    *
    لە سەیراین بوین. نزیکی ئێوارە شتەکانمان کۆکردەوە، تاکو وردە وردە بەرەو ماڵەوە بەڕێبکەوینەوە. کەمێ بە ئۆتۆمبێل رۆیشتین، دواتر جەنابی پاڵەوان وتی: برادەران من حەزدەکەم داببەزم و کەمێ بە پێ رێبکەم، هەم کەشوهەوا خۆشە و هەم وەرزشیشە، یەکێ لە برادەرەکانیش وتی منیش لەگەڵت دادەبەزم. ئیدی هەر ئەوەندە خۆش بو، چل هەنگاوێ لە ئۆتۆمبێلەکە دورنەکەوتبونەوە، چوار سەگی زلی هەوشاری چونە سەر رێیان. هێدی هێدی لێیان نزیک دەبونەوە. دەیانویست پەلاماریان بدەن. ئەوانیش ترسان و بە پەلە و راکردن خۆیان خستەوە نێو ئۆتۆمبێلەوە.
    پاڵەوانی رۆژە رەشەکان بە هەناسەبڕکێوە: کاکە ئەوانە سەگی هەوشارین، سوعبەت نازانن، خۆ شەڕی دەستەویەخەیان لەگەڵ ناکەین؟
    دوای ئەوەی لە سەگەکان دەربازیان بو، کەمێ وچانیاندا، برادەرەکەی وتی: بەڵام گەورەم من ئەم روداوە لە پەڕاوی بیرەوەرییەکانم ئاوا نانوسمەوە.
    پێیان وت: ئەی چۆن؟
    ـ دەنوسم رەوە سەگێکی هەوشار پێکەوە بۆ جەنابی پاڵەوان هاتن، بە مەبەستی ئەوەی پەلاماری بدەن و لەتوپەتی بکەن، بەڵام جەنابت ئازایانە لێیان هاتییە دەست و بەدویان کەوتی و لە پێچەشاخێک وەگیرت هێنان و گەمارۆت دان، دواتر دوت لێکوشتن و ئەوانی دیکەشت هەڵدانە خوارێ. ئیتر پوختەی داستانەکە ئەمە بو.
    *
    وەک خووی هەمیشەیی خۆی، زو زو کۆمەڵێ قاتلەبەر و بۆینباغلەمل و ئەفەندیی کۆدەکاتەوە، گوایە “نوسەر و رۆژنامەنوس و رۆشنبیر”ـن و بیرۆکە و تەگبیری ژیرانەی دەدەنێ، تاکو لە بڕیار و کار و کاردانەوەکانیدا سودی لێوەربگرن. بانگهێشتی ئەمجارە جیاواز بو. لە باخە تایبەتەکەی جەنابی جەنگاوەری دێرین بو. باخ یان وا دروستترە بڵێین ڤێلاکەی لەو گوندە جوانە بو، کە تا ئێستا خەڵکەکەی نەیانتوانیوە ئاوەدانی بکەنەوە، بەڵام ئەو باخێکی گەورەی لێ دروستکردوە و لەناویشیدا تەلارێکی گەورەی پڕ ژوری سەرسوڕهێن و مەلەوانگە و شوێنی یاریی و گیانلەبەر و باڵندەی جۆراوجۆر، مەگەر هەر لە خەوندا بینرێت.
    ئەدیب و نوسەر و رۆژنامەنوسانی دەربار لەسەر دەعوەت بە دەم بادانی پاروی چەور و پارچەکردنی رانەقەل و پشتەمەغزەوە، وەک ئاهەنگی ناونانی منداڵ
    پێشنیاری ناونیشان بۆ کتێبەکە، دەکەونە پێشبڕکێ. یەکێک دەڵێ ناوی بنێ: “یادەوەریی ئەو جەنگاوەرەی کە نەیزانی ماندوبون چییە؟”، یەکێکی تر یەکسەر بەدوایدا، “پاڵەوانی رۆژە شومەکان” پێشنیاردەکات، ئەویتر هەڵدەداتێ: نا کاکە “قارەمانێک بە وێنەی بەور” پڕ بەپێستی ئەو بەسەرهاتە دەگمەنانەیە. ئیتر بەمجۆرە، ناونیشانی جیاواز خرانەڕو، کە هەر یەکەیان گوزارشت بو لە قارەمانێتیی بابای خاوەن خوان و بانگهێشت: “ئەو ساتانەی دڵمان لەنێو مشتماندا بو”، “یادنامەی ئەو پیاوەی ئازایەتیی لێدەچۆڕا”، “نوسینەوەی رۆژە رەشەکان لەسەر کاغەزە سپییەکان”، “يادەوەریی جەنگاوەرێکی ئازا”، … تاد.
    ـــــــ

ئایاری ۲٠۲۲ ـ شوباتی ۲٠۲۳




رێبەری هۆشیاری دەنگدەران.. شانیا محەمەد

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرە بکەن..




عەربەت و بێ ئومێدی لە ئاسایش.. عوسمانی حاجی مارف

هێرشەكەی دوێنێ بۆ سەر فڕۆكەخانەی عەربەت، “كردەوەیەكی تیرۆریستیەو نە یەكەم هێرشەو نە دوایین هێرشیش دەبێت”. ئەمە وتەی بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمە. کە ئەوەشی خستەڕو” ئەم كارە نە یەكەم كارەو نە دوایین كار دەبێت و ئەم كردەوانە بەردەوام دەبن.”
گەر ئەمە حاڵی کوردستانی عێراقە، لە سایەی دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانیدا ، چی بکرێت و چی دەکرێت؟، هیچ ڕێگا دەرچونێک نەخراوەتە ڕوو، ئەوەی دەیبیستین و دەیبینین جگە لە ئیدانەی شەرمنۆکانەو پاڕانەوە لە ئەمریکاو حکومەتی عێراق و… کە بەفریایان بکەون، ئومێدێک بۆ تێپەڕاندنی مەترسیەکان نیشان نادەن. واتە چارەنوسی ئەم خەڵکە دەکەوێتە بەر چارەنوسی پەیدا بونی فریاد رەسێک گەر سۆزی بۆ ئەم خەلکە بجوڵێت..!.
لە ڕاستیا حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی بارزانی و دەسەڵاتی تاڵەبانی لە بەرامبەر خەڵکیدا هیچ جۆرە بەرپرسیاریەتیەک نەک نیشان نادەن، بەڵکو ئەو خەڵکەیان وەها بە بارمتە گرتووە، قوربانیدانیان زۆر بێشەرمانە، کردۆتە ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی شارەکانی کوردستان.
ئەم ڕوداوەی فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت وەک خۆیان دەڵین نە یەکەم کارەو دوبارەش دەبێتەوە، واتە ڕۆشن و ئاشکرایە کە دەزانن ئەم کارە تیرۆرستیە، کێ ئەنجامیداوەو و بۆ بەم تاوانە گەورەیە هەستاوە، لەمەش گرنگتر بۆ بەردەوام دەبێت..؟، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە تائێستا بەفەرمی رانەگەیەنراوە
ئەوەی جێگەی داخە وەک نەریتی هەمیشەییان، ئەم جۆرە گوتارانە نمایشێکی زۆر داماوانە و بێدەسەڵاتانەی وەها دەخاتە ڕوو، کە جگە لە بەرجستەکردنەوەی زیاتری مەترسیەکان بۆ نەبونی ئاسایش، مانایەکی تری لێدەرناکێشرێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەگوتاری تەواوی بەرپرسە باڵاکان، جگە لە ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستیە، کە دەڵێن هەوڵ ئەدەن بزانن کام لە دوژمنانی کوردستان بەم کارە تیرۆرستیە هەستاوە، هەڵبەتە ئاشکرایە کە ئەم کارە بەشێکە لەو سنوربەزاندنەی تورکیا کردویەتی و دەیکات، هیچ کات حکومەتی هەرێم هەڵوێستێکی رۆشن و بەرنگاری بەرامبەر تورکیا نیشان نەداوەو بێدەنگی لێکردووە.
ئەوەی لەم نێوەدا جێگای پرسیارە، یەکەم تائێستا بارازنی و تاڵەبانی رۆشنیان نەکردۆتەوە کێن دۆژمنانی “کوردو کوردستان” چۆن سزایان ئەدەن؟. دووەم هەرچی لە پەیوەندی و دەوروبەری پێکهاتەی حکومەتی هەرێم و بارزانی و تاڵەبانیە، لە ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق تێناپەرێت، ئەوەی لە نەخشەی سی ودوساڵەی مامەڵەی حکومەتی هەرێمدا بەرێوەچوە، حکومەتی ئەو ووڵاتانە نەک وەک دۆستی کورد مامەڵەیان کراوە، بەڵکو تەواو مامەڵەی سیاسی بارزانی و تاڵەبانی لە لایەک پاشکۆ بون بووە بۆ بەرژەوەندیە سیاسیەکانی تورکیا و ئێران، لە لایەکی ترەوە، گەرانەوەو ملکەچیان یبووە بۆ حکومەتی عێراق، حاڵی سوریاش لە کوردستانی عێراق باشترنیە، ئیتر ئەم پێچ و پەنایە لە کارێکی تیرۆستی کەلە فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت ئەنجامدراوە، جگە لە ریسوایی و شەرمەزاری بۆ پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانەکنیان مانایەکی تر نابەخشێت، لە هەمان کاتدا راگەیاندنی ئەوپەری بێ ئومێدیە لە دابینکردمی سادەترین ئاسایشێک بۆ دانیشتوانی شارەکانی کوردستان.




خوێندنەوەیەک بۆ ئیستاتیکا.. عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)

بەرەو ئاراستەی بەهێزکردنی ئیستاتیکای مارکسیزم

ئیستاتیکا چییە؟
مانای بنەڕەتی ئیستاتیکا لە یۆنانییە کۆنەکانەوە وەرگێراوە و مەبەست لێی زانستی پەیوەست بە هەستەکانە، دواتریش وەک لقێکی تایبەت بە هەست و ویژدان بینیویانە. زانستی ئیستاتیکا، زانستێکی نوێیە بەڵام مێژوویەکی دوور و درێژی لەڕامانی فەلسەفی دەربارەی جوانی و هونەر لەپشتەوە وەستاوە. (ئیستاتیکا بەکۆی ئەو شتە هەبووهەست پێکراوە چێژ بەخشانە دەگوترێ کە دیمەنی شتە جوانەکان پێکی دەهێنن،کە جوانی دوو چەشن لەخۆ دەگرێت لەوانە(جوانی سروشت،جوانی کاری هونەری(١) هەر لە کۆنەوە فەیلەسوفان باسیان لە جوانی کردووە و جوانی جێی بایەخ و سەرنجیان بووە. هەر بۆیەش) ئیستاتیکا لقێک و بەشێکی گرنگی فەلسەفەیە. ئەم وشەیە واتا ئیستاتیکا،لەبنچەدا بەواتای هەست وسۆز دێت کە لەناوەڕۆکدا باسی جوانی و بەهاکانی جوانی و چێژ و پێوەرەکانی جوانی و ڕێژەکەی دەکات، بەهۆی ئەو بایەخ و گرنگە زۆرەی کە هەیەتی لەکایەی ژیانی مرۆڤدا ،بەردەوام فەیلەسوفان وبیرمەندان لەقۆناغە جیا جیاکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا گفتوگۆوبۆچوون وڕەئی جیاوازی لەسەر گوتووە و باس و شڕۆڤە کراوە.)(٢)ئیستاتیکا بوارێکی تیئوری پڕ بایەخە کە بەڕۆڵی خۆی بایەخ بە سروشتی جوانی و هونەر و چێژ و داهێنان و خەمڵاندنی جوانی دەدات. ئەفلاتون (٤٢٧ پ ز – ٣٤٧ پ ز) چونکە پێیوابوو هونەر لاسایی سروشت دەکاتەوە، بۆیە هەڵوێستی ئەفلاتون سەبارەت بە ئیستاتیکا نەرێتی بووە. بەبۆچوونی ئەفلاتۆن دەبێت جوانی لەسەر بنەمای خۆشەویستییەک بێت کە هەستی بەرژەوەندیخوازانەیی تێدا باڵادەست نەبێت. بۆ نموونە خۆشەویستی پیاو بۆ ژن ناکرێت ناوی لێبنێ خۆشەویستیکی جوان وڕاستەقینە ئەگەر لەسەر بنچینەی چێژی سێکسی بنیات نرابێت،کەلە جوانێکی کاتییدا خۆی وێنادەکات. بەتێڕوانینی ئەفلاتۆن و تەنانەت ڤیساغۆرسیش (موزیک)بەجوانترین بابەتی ئیستاتیکا دادەنرێت. هەرچی ئەرستۆیە (٣٨٤ پز – ٣٢٢ پ ز ) بەگرنگی دەزانێت جیاوازی بکرێت لەنێوان جوانی ڕاستەقینە و جوانی کاتیی، کەپێوایە جوانی کاتیی شتێکی سنووردارانەیە،ئەگەر لەسەر بنەمای هەستی بەرژەوەندی خوازانەبێت.(٣)
کەچی هیگڵ (١٧٧٠ – ١٨٣١) کە یەکێک بوو لە گەورە فەیلەسوفەکانی مێژوو؛ تێکۆشاوە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بە هونەریشەوە لە میانی میتۆدی دیالەکتیکی بێئەوەی توخمە کۆمەڵایەتییەکان لەیەکتر جیا بکاتەوە، شیبکاتەوە.(٤) چەمکی زانستی ئیستاتیکا وەک لقێکی فەلسەفە بۆ یەکەمین جار لەلایەن فەیلەسوفی ئەڵمانی ئەلکسەندەر بومگارتن (١٧١٤ – ١٧٦٢) لەسەدەی هەژدەهەم بەکارهاتووە. ئیستاتیکا بەگشتی سەروکاری لەگەڵ سروشت وجوانی و چێژ و هونەر هەیە. زۆربەی لێکۆڵەرەوانیش کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئیستاتیکا خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ سروشت و ڕۆشنبیری و هونەر. بەوپێیەی هەمیشە تێکەڵییەک لەنێوان هونەر و جوانیدا دەکرێت، هەرچەندەش زۆر نزیکن لەیەکەوە، بەڵام جیاوازیشن بەتایبەتی لە بوارە هەستیی و ویژدانییەکان. ئیستاتیکا هەست نییە بەڵام زیاتر پەیوەستە بە کارە ویژدانی و هەستەوەرەکانی مرۆڤ. هەرچی هونەرە خوڵقاندن و دووبارە خولقاندنەوەی مادە هەستپێکراوەکانە وەک تابلۆی هونەری یان پەیکەرێک، یان شیعر و پارچە مۆسیقایەک.(٥). بەڵام دیارە ئیستاتیکا نەک هەر وەکو چەمک نامێنێتەوە، بەڵکو لە کۆمەڵگە چینایەتییەکان؛ ئەویش وەکو ئەدەب و هونەر و زانست و هەر چالاکییەکی ئینسانیی ناکەوێتە ئەودیو کێشە چینایەتییەکانەوە. بۆیە لەکۆمەڵگە چینایەتییەکان ، چینی فەرمانڕەوا مۆرکی بەرژەوەندی چینایەتی خۆی دەدات لەهەموو ڕووداو و دیاردەیەک لە کۆمەڵگە. بەوپێیەی زانست و فەلسەفە تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم لە لێکدانەوە و خوێندنەوەکانیاندا چەمکی ئیستاتیکایان لەبەرژەوەندی بۆرژوازی لێکداوەتەوە. لەگەڵ هاتنەمەیدانی مارکسیزم وەک زانستی ڕزگاریبەخشی چینی کرێکار لەستەمی سەرمایەداری، ئیتر مێژووی لێکدانەوە و خوێندنەوەی چینایەتی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری گۆرانی بەسەردا هات. خوێندنەوەی مارکسیستانە بۆ ئەدەب و هونەر و ئیستاتیکا شوێنێکی گرنگی لە مێژووی خوێندنەوەکان گرت. بەڵام تا سەرەتای سەدەی بیستەم ئەم زانستە نەیتوانی شکڵ و شێوە بەخۆی بدات و بنەماکانی خۆی دیاری بکات و بچەسپێت.

ئیستاتیکا لەڕوانگەی مارکسیزمەوە
مێژووی سەرهەڵدانی ئیستاتیکا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای پەیدابوون و پەرەسەندنی فەلسەفە و هونەر. گەرچی مێژووی هونەر لە مـێژووی فەلسەفە کۆنترە، بەڵام فەلسەفە توانی ببێتە سەرزەمینی قسەکردن لەسەر جوانناسی. وەک دەزانرێت بەرهەمە ئەدەبیی و هونەرییەکانیش زادەی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاریکراون لە کۆمەڵگەدا. واتە ئەو بەرهەمانە ڕووداوگەلێکن لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەدایک دەبن. ئەم بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییانە گوزارشتن لە هەست و سۆزی ئینسانەکان کە نەک بەشێوەیەکی ئەبستراکتانە، بەڵکو کۆمەڵایەتییانە و هونەرییانە داڕێژراون و نمایش دەکرێن. جوانناسی مارکسیستی یان ئیستاتیکای مارکسیزم وەک یەکێک لە ڕەهەندە ڕەخنەییەکانی ئەدەبی مارکسیستی بناغەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی مارکسیستانە بۆ دەق و کۆمەڵگە. چونکە ئیستاتیکای مارکسیزم لەسەر بنەمای مێژوویی شێوازەکانی موڵکایەتی و چینەکان و ئایدیۆژۆژییەکانیان دەجووڵێ و مارکس وای دەبینێ کە هونەر شێوەیەکە لەشێوەکانی نوێنەرایەتی جیهان. ئەمەش واتە هونەر دەروازەیەکە، هۆکارێکی مەعریفییە،پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە، چەکێکی چینایەتییە، دەوڵەمەندکردنی ئینسانییەتە، کارێکی هۆشیارییە و لەکۆتایشدا ئاوێنەی کۆمەڵگەیە. (٦)هەورەها وەک بلیخانۆف ئاماژەی پێدەدا مارکس (١٨١٨ – ١٨٨٣) پێیوابوو ئیستاتیکای هیگڵیی، هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ پێشەوە بۆ تێگەیشتن لە ماهییەتی هونەر و مێژووەکەی. هەرچەندە مارکس هەرگیز وەک بابەتیکی سەربەخۆ باسی لە ئیستاتیکا نەکردووە، بەڵام لێکۆڵەرەوان و ڕەخنەگرانی مارکسیست هەر زوو سەرنجیان چۆتە سەر ئەم مەسەلەیە و دواتریش لەسەر دەستی گیورگی بلیخانۆف و بلینیسکی و تشیرنیفیسکی و برتۆڵد برێشت و جۆرج لۆکاش و هێربێرت مارکۆزە و واڵتەر بنیامین و ئەنتۆنی گرامشی و تێری ئیگڵتن و لویس ئاڵتوسێر تا دەگات بە ڕۆلان بارت و زۆر ئەدیب و هونەرمەندی تری ئەو زانستە، بناغەکەی داڕێژرا و پەرەی پێدرا. بلیخانۆف لە ساڵی ١٩١٢ لە کتێبی ( هونەر و ژیانی کۆمەڵایەتی) کەوتە ڕەتکردنەوەی هەر بیروبۆچوونێک سەبارەت بە دابڕانی هونەر و ژیان. بلیخانۆف دەڵێت( هەرئەوەندە بەس نییە بڵێین ئەدەب و هونەر وێنای ژیان دەکەن، بەڵکو دەبێت بزانین هونەر چۆن گوزارشت لە ژیان دەکات و چۆن لە جووڵەی دیالەکتیکی ژیان تێدەگات.)(٧) ئیستاتیکای مارکسیزم و تیئورییەکەی پشتبەستوو بە تێڕوانینەکانی کارڵ مارکس داڕێژراوە و کاری ئەو خوێندنەوەی دەق و هونەرە لەسەر بنەمای ماتریالیزمی دیالەکتیک. بەتایبەتیش ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە چێژ و جوانی و هونەر. تێگەیشتن لە ئیستاتیکای مارکسیزم تێگەیشتنە لە ئاستی گەشەی کۆمەڵگە و هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەستکردنەوەی ئەو تێگەیشتنە بە دەق و کارە هونەرییەکان و لەوێشەوە خوێندنەوەی دەق و نووسەر و ئیلتزامی چینایەتییە. مارکس و ئەنگڵس پێیانوابوو کە هەموو چالاکییەکی کردەیی ماددی ئینسانی، دیوێکی ئیستاتیکای هەیە. پەیوەندی نێوان ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و ئیستاتیکای مارکسیزم، پەیوەندییەکی تووند و تۆڵە و ڕەخنە مارکسیستی بەبێ ئەم چەکە مەعریفییە کاریگەرە ناتوانێت زۆر بەباشی بچێتە پێشەوە و ئامانجەکانی بپێکێت. جەوهەری زانستی ئیستاتیکای مارکسیزم خولانەوەیە بەدەوری ئەو ناوەندە مەزنەی کە ناوەڕۆکی دەقە ئەدەبییەکەی لەسەر بنیاد نراوە کە ئەویش ئینسانە. دەق لە فیکری ئینسانی پێکدێت. دەق بێ فکری ئینسانی، وەک بلینسکی دەڵێت دەقێکی بێ گیان و مردووە. پێچەوانەی تێڕوانینی ئەدەبی بۆرژوازی بۆ ئیستاتیکا کە فۆکس لەسەر فۆرم و شێوە دەکاتەوە، ئیستاتیکای مارکسیزم جەغد لەسەر ئیلتزامی چینایەتی دەکاتەوە و تەوەری سەرەکی ئیشکردنی، دیاریکردنی ڕۆڵی ئینسانە لە ململانێی چینایەتییەکان.
ئیستاتیکای مارکسیزم تیئۆرییەکە لە جوانناسی، لەسەر تیئۆرییەکانی کارل مارکس بنیادنراوە. ئەم زانستە پشت بە میتۆدی ماتریالیزمی دیالەکتیک دەبەستێت بۆ چەسپاندنی تێڕوانینی مارکسیزم لە بواری ڕۆشنبیری و بەتایبەتیش لە بوارەکانی پەیوست بە هونەری و جوانی. هەلومەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتیش پەیوەندییە چینایەتییەکان گاریگەرییان هەیە بەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی تاک لە کۆمەڵگە. لێکۆڵینەوەی ئیستاتیکیی لەڕوانگەی ماتریاڵیزمی مێژووییەوە لەهەر بەرهەمێکی ئەدەبی یان هونەری سەرەتا بەبێ تێگەیشتن لە مارکسیزم ناتوانێت ئامانجی خۆی بپێکێت. بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی ئیستاتیکی مارکسیستی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت نووسەر دەق وردبکاتەوە بەسەر چێژ و خەیاڵ و زمان و فۆرم و پەیوەندی دەق بە کۆمەڵگە و هەورەها جێوشوێنی دەق لە ململانێی چینایەتیدا. بەمجۆرە زانستی ئیستاتیکای مارکسیزم (زانستێکە لەو یاسا و پەیوەندییە ئیستاتیکییانە دەکۆڵێتەوە کە ئینسان بە جیهانی دەوروبەرەوە دەبەستێتەوە.)(٨)

ئیستاتیکای مارکسیزم و ئەدەبی کوردیدا
ئەدەبی کوردی گەلێ بایەخی بە ئیستایکا و مەسەلە جوانییەکانی دەق و داهێنان داوە. بەڵام بایەخی بە ئیستاتیکای مارکسیزم نەک بەپێی پێویست نەداوە، بەڵکوو لە چوار دەیەی ڕابردوودا سەرباری هەوڵەکانی بزووتنەوەی ئەدەب و هونەری پێشکەوتووخوازی و کرێکاریی لە کوردستان، کەچی بەتەواوەتی هەست بە کاڵبوونەوەی دەکەین. (٩) جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بەوە بکەین کە چێژ و چەشەی ئەدەبی و جوانناسی و ئیستاتیکا و گەلێ تایتڵی تر دەبنە چەتری دەیان نووسین و وتار جیددی بەزمانی کوردی کە سەرجەمیان لەدیدگای جیاجیای ئەدەبییەوە سەبارەت بەو کایە گرنگەی ئیستاتیکا، بەڵام لە دیدگای غەیرە مارکسیستییەوە نووسراون،(١٠) لەکاتێکدا دەبوایە ئیستاتیکای مارکسیزم بەتایبەت لەلای نووسەران و ئەدیبانی کرێکاریی و مارکسیستی بێی بایەخ و بوایە و دیان وتار و سەدان ڕەخنەی ئەدەبییان لێهەڵبهێنجایە. بەهەرحاڵ واقیعی ئەم دۆخە و لاوازی ئەم ڕەوتە ئەدەبییە کرێکارییە هۆکارێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەتیسبوون و گەشەنەکردنی ئیستاتیکای مارکسیزم کە بایەخدان بەم پرسە خەمی جەوهەری بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی نییە. ئەو خەمە، خەمی لێکۆڵەرەوان و ڕەخنەگرانی مارکسیستییە تا بتوانن لەسەر هەمان ڕێچکەی بیرمەندانی مارکسیستی برەو بەو پرسە بدەن.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاوڕنەدانەوە لەم بزواتە و ئیشنەکردن لەسەری بریتییە لە پاشەکشەی کۆمۆنیزم و مارکسیزم و هەروەها چینی کرێکاری کوردستان لە گۆرەپانی ململانێیە چینایەتییەکان. کاریگەری ئەم پاشەکشێیە نە تەنها بەسەر ئەدەبیاتی کرێکارییەوە دیارە، بەڵکو زۆر سەخت و گورجکبڕانە بەسەر واقیعی ژیانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانەوە شکاوەتەوە. خەڵکی کوردستان بەهۆی ئەم پاشەکشێیە و هەم لەڕووی ئابوورییە و لەدۆخێکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن و هەمیش لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە چەند دەیە گەڕێنراوەتە دواوە. ئەم دواکەوتنە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە بەسەر زەوق و چەشە و هەستە چینایەتییەکان. ئەو جوانییەی کە ئینسانێک لە دۆخێکی ئاسایی و ژیاریدا دەیبینێت، جوانتر و ئیستاتیکیترە لە هەمان جوانی کە هەر هەمان ئینسان لەدۆخێکی دژواردا دەیبینێت. خەڵکی کوردستان قوربانی سیاسەت و ستەمی چینایەتی بۆرژوازی کورد و جیهانییە بەو ئەدەب و هونەر و کلتوورەشی ک بەرگری لە لیبڕالیزم و ستەمکاران دەکەن. چەشەی ئینسانی زەحمەتکێشی کورد هیچی کەمتر نییە لە چەشە و هەستە مرۆییەکانی هەر ئینسانێک جا لەهەر گۆشەیەکی دنیادا بێت. دەبێت و ئەرکمانە کە خەڵکی ستەمیدە و بەشمەینەتی کورد جارێکی تر ئاشنا بکەینەوە بە دەق و کارە هونەرەییە ناوازە و بە سەلیقەکان تا جوانناسی خۆیان واتە ئیستاتیکای ئینسانیی خۆیان شوێنی بەرزی شیاوی خۆی وەربگرێت و چێژ لەو ژیانە بکەن کە تیایدا دەژێن و شایانیانە، نەک جەهەنەمی بۆرژوازی و سەرمایەداری.

ئەنجام
ئیستاتیکای مارکسیزم وەک زانستێک پەیوەستە بە هەستەکان کە مێژوویەکی درێژی لە ڕامانی فەلسەفە دەربارەی هونەر و ئەدەب لەپشتدا هەیە. لەوەتەی هونەر و ئەدەب هەیە ئەم جوانناسییەش هەبووە و بەڵام درەنگ وەک زاراوە جێگیر کرا. مارکسیزمیش بێبەش نییە لەم زانستە و بایەخی داوەتێ. هەرچەندە مارکس و ئەنگڵس بە وردی و سەربەخۆ باسی ئەم زانستەیان نەکردووە، بەڵام دوای ئەوان لەسەر دەستی بیرمەندان و فەیلەسوفان و ئەدیبانی مارکسیست بایەخی پێدرا. لە ئەدەبی کوردیشدا ئیستاتیکای مارکسیزم پشتگوێ خراوە و گرنگی پێنادرێت، بەڵام ئەرکی ئەدیبان و هونەرمندان و نووسەرانی مارکسیستییە ئەو پرس و بابەتە بوروژێنن و لای لێبکەنەوە و بیکەنە بەردی بناغەی وتار و نووسینە ڕەخنەییەکانیان.

عەبدوڵا سڵێمان ( مەشخەڵ)
ئازار و نیسانی ٢٠٢٢

—————————-

ژێدەر و سەرچاوە

(١)و(٢)و(٣) کورتە نووسینی فەلسەفەی ئیستاتیکا چییە، سایتی فەلسەفە. پۆستی ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨؛
(٤)علم الجمال عند لوکاش ص ٦-٧
(٥)فلسفة الجمالhttps://ar.wikipedia.org/wiki/
هەروەها بڕوانە فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەکان دکتۆر نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بلاوکردنەوە چاپی یەکەم تاران ٢٠١٥، لاپەڕە ٧٦.
(٦)https://en.wikipedia.org/wiki/Marxist_aesthetics
(٧)الفن و علم الجمال المارکسي فٶاد الکنجي موقع الحوار المتمدن
(٨)المفهوم المارکسي اللینیني لعلم الجمال موقع العالم الجدید
https://al-aalem.com/news
(٩)لێرەدا بە تایبەتی ڕۆڵی کانوونی هونەر و ئەدەبی کرێکاری کوردستان و حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست نابێت نادیدە بگرین کە سەرباری کەموکوڕییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەمیان توانیویانە لانیکەم لایەک لەم مەسەلەیە بکەنەوە و کاریگەری خۆشیان دابنێن.
(١٠)لەئەدەبی کوردیدا هەر لە هەوڵە سەرەتاکەی کەمال میراودەلییەوە( فەلسەفەی جوانی و هونەر) ەوە بگرە تا دەگاتە وەرگێرانەکانی عەزیز گەردی و پاشان تا دەگاتە سمکۆ محەمەد (ئیستاتیکا) و چێژەکانی خوێندنەوە و نووسین و گێڕانەوەی شاخەوان سدیق و چەشە و چەشنە ئەدەبییەکانی د.حەمە منتک کە دەربارەی ئیستاتیکا دواون، نموونەیەکن لەو هەوڵانە.

تێبینی : ئەم بابەتە لە گۆڤاری وانەر ژمارە ١١ ی ساڵی ٢٠٢٣ دا، بڵاوبۆتەوە.




ئایندەی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا بەرەوکوێ؟.. زاهیر باهیر

پێشبینیکردنی کۆتایی جەنگەکە کارێکی ئاسان نییە چونکە هۆکار و بەرئەنجامەکەی یاخود ڕوودانی کارەساتێکی سروشتیی….هەر کام لەمانە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن.
پش ١٩ مانگ تێپەڕین بەسەر دەستپێکردنیدا هێشتا جەنگەکە بەردەوامەو ڕوسیا لە پێگەی بەهێزی ئابووری و سەربازی خۆیدایە. کەمکردنەوەی دەرهێنانی نەوتی خۆی و داخوازی زیاتری نەوت لەلایەن چینەوە، لە ئێستادا کاریگەری خۆی لەسەر بازاڕی وزە بەتایبەتی و ئابووری ئەوروپا بەگشتی داناوە و دادەنێت . هەنووکە نرخی بەرمیڵێك نەوت لە بازاڕدا ٩٤ دۆلارە و واپێشبینیش دەکریت کە بەم زووانە بۆ ١٠٠ دۆلار سەربکەوێتت.
لەمانەش گرنگتر درزکەوتنە نێو ئەندامانی ناتۆ و هەڵوێستی ئەمەریکا و کەنەدە وڵاتانی دیکە، سەرانی ئۆکرانیای بێ ئومێد کردووە. ماوەیەکی کورت لەمەوبەر بوو کە سارکۆزی کۆنە سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند: ئەوروپا ڕوسیای پێویستە. هەروەها وتیشێ “دیپلۆماسی و گفتوگۆ و دانوستان” “تاکە ڕێگان” بۆ چارەسەرکردنی شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، دەبێت ئۆکرانیا سازش لەسەر ئەو زەویانەی کە داگیرکراون لەتەك ڕوسیادا بکات.
هاوکاتیش لە کۆبونەوەی گروپی ٢٠ لە هیندستان ، ڕاگەیاندنێكی هاوبەش ڕاگەیەنرا بەهیچ شێوەیەك نەتوانرا نەك هەر سەرەکۆنەی ڕوسیا سەبارەت بە داگیرکردنی ئۆکرانیا بکرێت، بەڵکو بە ڕاستەوخۆش نەتوانرا باسی شەڕەکە بکرێت. ڕوسەکان و دۆستەکانیان ئەمەیان بە سەرکەوتن دانا. لەڕاستیشدا شلۆقی و لاوازی هەڵوێستی بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوای تۆمار کرد لە بەرانبەر بەرەی لایەنگری ڕوسیا یاخود بێ لایەنیی هەندێك دەوڵەت ، کە خودی ئەو بێلایەنییە بە لایەنگیریی ڕوسیا هەژمار دەکرێت.
لەمانەش زیاتر کاتێك کە دادگەی نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیرکردنی پوتین-یان ڕاگەیاندووە کە ئەمەش سەفەر و هەڵسوڕانی پوتین-ی تەسك کردۆتەوە، کەچی هەر لەو کاتەدا ‘لۆلە’ سەرۆکی بەرازیل وەکو تەحەدایەك لە بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند کە پوتین دەتوانێت بەشدای دانیشتنی لوتکەی گروپی ٢٠ لە ساڵی ئایندەدا کە بڕیارە لە بەرازیل بگیرێت بکات بێ ئەوەی ترسی گرتنی ببێت. ئەمەش گرفتێکتی گەورە بۆ بەرەی ناتۆ و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دروست دەکات . ئەو کاتە یا دەبێت ئەوان بەشداری بکەن، بەشداری کردنیشیان یانی ئەو پەڕی سازش لەتەك پوتین-دا و دابەزینی شکۆ و کەسایەتی و ڕەواجنەبوونی بڕیارەکانیانە. ئەگەر بەشداریش نەکەن یا ئەوەتا کۆبوونەوەکە یا ناکرێت یا بە نیوەناچڵ دەکرێت بەهایەکی نابێت و بڕیارەکانی بێ بەجێهێنان و سەپاندن دەمێنێتەوە. حاڵەتی سێیەم گواستنەوەی کۆبوونەوەکەیە بۆ وڵاتێکی دیکە کە پوتین نەتوانێت بەشداری بکات لەو بارەشدا بەرەی دووەم واتە لاینگرانی ڕوسیا ڕەنگە بەشێکیان بەشداری نەکەن.
لە لایەکی دیکەوە دەم و قسەی ئەمەریکییەکان سەبارەت بە بڕیارە پێشینەکانیان وەکو جاران نەماوە و تا ڕادەیەك خاو بوونەتەوە گەرچی تا ئێستا ٤٣ ملیار دۆلاریان هاوکاری سەربازی کردووە بێ لە ملیارەهای دییکە وەکو هاوکاری مرۆیی.
ڕەنگە سوورنەبوونی ئیدارەی ئەمەریکی لە هاوکاری ئۆکرانیا ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی خودی ئەمەریکییەکان بێت کە چی تر نایانەوێت هاوکاری سەربازی ئۆکرانیا بکرێت. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ئەوە نیشان دەدات لە سەدا ٥٥ ئەمەریکییەکان دژ بە هاوکاری ئۆکرانیان و لە سەدا ٥١ پێیان وایە کە ئەمریکا زۆری کردووە ، تەنها لە سەدا٤٨ دەڵێن دەبێت ئەمریکا زیاتر هاوکای ئۆکرانیا بکات.
لەمانەش مەترسیدار بۆ ناتۆ و دەوڵەتانی ئەوروپا هاتنەوەی دۆناڵد ترامپە بۆ سەر حوکم لە ساڵی ئایندەدا، کە بڕیاری داوە بە هاتنەوەی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا شەڕەکە دەوەستێنێت. هەرچی سەرەك وەزیرانی بریتانیە ، ڕیشی سوناك، لە ئێستادا بێ دەنگە.
ئەنجامگیریی
پاش ئەوەی کە پێشبینییەکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە کۆتاییهاتنی پوتین و دەسەڵاتەکەی نەهاتە دی وەکو ڕاپەڕینی ڕوسییەکان چۆن لە هەندێك لە وڵاتە عەرەبییەکاندا لە سەردەمی ” بەهاری عەرەنی”دا ڕووی دا هەروەها هاتنە ناوەوەی سوپای ڕوسی بۆ ناو قوڵایی ئۆکرانیا و ئاسانبوونی گەمارۆدانی و کردنی کوشتارگەلێکی زۆر شکستیهێنا لە سوپای ڕوسیا. کە ئەمانە ڕووی نەدا، ئیتر دەبێت بیر لە ڕێگایەك بکرێتەوە کە هەرچۆن هەبێت هەیبەت و شکۆی ئەمەریکا و ناتۆ لەوە زیاتر نەشکێت بە جۆرێك لە جۆرەکان ئاوێك بکەن بەم ئاگرەدا و بیکوژێننەوە. لە ئێستادا بۆی دەمی گەلێك لە دەوڵەتە ئەندامەکانی ناتۆ وتووێژکردنە لەگەڵ ڕوسیا و قەبوڵکردنی هەر هیچ نەبێت کرایمیا و یەك دوو دەڤەرێکی دیکەی ئۆکرانیایە گەر بە وەختیش (کاتیی) بێت بە فەرمی بەشێك بن لە ڕوسیا . هاوکاتیش ڕوسیا ڕێگە بدات کە ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا.

ئەم سازش و سازشکاریانەش تەنها و تەنها دەبێت لە ڕێگای سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی تورکیا و هیندستان و چین و سعودییە و هەنێك وڵاتانی دیکەوە دەبێت .
لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە کە بۆ زۆربەمان ناڕوونە ئەویش: ئایا دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا ئەوندە گەمژەو نەزانبوون لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ڕوسیادا، هەر وەکو لە عێراق و ئەفغانستان و سوریا؟ یاخود ویستی ئەوان ئەوەبوو کە ئێستا ڕوودەدات ، ئەمە پلانیان بووە و هەر بە پلانیش دەڕوات؟
من بۆ خۆم لام ڕوون نییە کە کامیان هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکەیە، کە ڕەنگە هەردوکیان بێت. بەڵام ئەوەی کە لام ڕوونە جەنگەکە کارەساتی بۆ گەلی ئۆکرانیا هێنا و گرانی نەبوونیی و بێ کاری بۆ هەموو هەژارانی دونیا بە جۆرێك لە جۆرەکان هێنا. هاوکاتیش گەورەترین سەرمایەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و بێ ئومێدی لە بنیاتنانی دونیاکی باشتر لە ئایندەدا هێنا. هەژاری و بێ کاری و گرانی و وێرانکاری و ڕاگوێزکردن و تەسكبوونەوەی ئازدییەکانی خەڵك و فروانکردنی تەوقی دەوڵەت و بەدەستڕاگەیشتنی پارەیەکی مشە بۆ کۆمپانیا گەورەکان …هەموو ئەمانەی هێنا.

Zaherbaher.com
زاهیر باهیر
١٨/٠٩/٢٠٢٣




کتێب/ دیموکراسی و ئیسلامی سیاسی.. فوئاد سدیق

بۆ خوێندنەوەی کتێبی ( دیموکراسی و ئیسلامی سیاسی ) کلیکی ئێرە بکەن..




گفتوگۆ لەگەڵ نووسەری بواری مناڵان شاخەوان عەلی.. هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس

شاخەوان عەلی: منداڵ پێویستییەکە دەبێ بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ دا بکرێت
نووسەر “شاخەوان عەلی حەمەد” ساڵانێکە لە بواری نووسینی منداڵان دەنووسێت ،ئەسپی خۆی تاوداوە،لەرێگەی نووسینەکانییەوە وەکو پەروەردەکارێک رێنمایی منداڵانی کوردستان دەکات ، خاوەنی چەندین کتێبە لەو بوارەدا ئێمە بەباشمان زانی لە نزیکەوە ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵیدا ساز بکەین.

  • هەرچەندە بەرێزتان ناوێکی دیاری کوردستانن لە نووسین بەڵام پێمان باشە بەکورتی باس لەژیانی خۆت بۆ خوێنەرانمان بکەیت.
    -من ” شاخەوان عەلی حەمەد مامۆکی” لە 1/7/1971 لەگوندی (تاڵەبانی گەورە) چاوم بەدونیا هەڵێناوە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لەشارۆچکەی تەقتەق خوێندوەو خانەی مامۆستایان و دواتر کۆلێژی پەروەردەی لەهەولێر تەواوکردوە، خێزاندارەم چوار منداڵم هەیە بەناوەکانی (شایەن و شادە و ئەحمەد و ئادەم)، لەتەمەنی حەڤدە ساڵی دا لەساڵی 1989 یەکەم کتێبی خۆم بەناوی (هاروون و بالوور لە چیڕۆکی کوردی) لەبەغدا چاپ کردووە و بۆ ساڵی دواتر هەر لەبەغدا کتێبی (مەتەڵ بۆ زاخاوی مێشک) چاپ کرد، دوای راپەڕین یەکەم بابەتی خۆم بەناوی (گورگ و مەڕ) لە رۆژنامەی پەریستان تایبەت بەمنداڵان و دواتر گۆڤاری هەنگ بڵاو دەکردەوە، لەساڵی 1992 وەکو پەیامنێری پێشکەوتن لە کۆیەو لەساڵی 1993 وەکو پەیامنێری رۆژنامەی برایەتی و خەبات لە تەقتەق و تا ساڵی 1996 بەردەوام بووم، لەساڵی 1998 وەکو سەرنووسەری رۆژنامەی بەهرە کە 27ژمارەی لێ دەرچووە کارم کردوە ، ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و جێگری سەرۆکی سەنتەری رۆشنبیری کەسنەزان و سەرۆکی رێکخراوی مامۆکە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی لە ئێستادا لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەوروبەر، سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگرم .

    *با بزانین چی وای لێکردی ڕوو بکەیتە نووسین لە بواری منداڵان؟

  • دونیای منداڵان دونیایەکی بێشومارو لەبن نەهاتووە، بۆیە کارکردن لەو سێکتەرە مرۆڤی ژیرو وردو زیرەکی گەرەکە تا بەکونج و کەلەبەرەکانی ئەو جیهانەدا ئاشنابێ و بزانێ چۆن پێیان بگەیەنێ و چۆن بەجوانترین شێوە بۆ داهاتوو سازو ئامادەیان بکات؟ هەروەها دونیای منداڵان پەیژەیەکە بۆ گەیشتن بەناخ و دەروونی ئەو بوونەوەرە هەست ناسکەی چۆنمان بوێ ئاراستەی بکەین، ئاوا لە ڕەوتی ژیان بڕوانێ و هەموو هەڵس و کەوت و رەفتارێکی ڕەنگدانەوەی ئەو پێگەیاندنەبێ کە ئێمە دەمانەوێ بەجوانترین شێوە پەروەردەیان بکەین.
    هەر لەم ڕوانگەوە بەهۆی دەست کورتی و کەمی نووسەرو ئەو قەڵەمانەی خۆیان بۆ ئەو بوارە تەرخان کردووە دەبینین لە بەراوردکردنی ئەدەبی منداڵانمان بەئەدەبی بێگانە وەکو پێویست نەمانتوانیوە شان بەشانی ئەو ژانرە ئەدەبیە جیهانییە پێ هەڵێنین، سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی دراون کە جێی دەستخۆشین، منیش لە تەمەنێکی زووەوە شانم داوەتە بەر نووسین کە بتوانم لەو سستی و کڕچ و کاڵیەی لەئەدەبی منداڵان بەدی دەکرێ، تەکانێک بەو ڕەوتە بدەم و منداڵان بەهەندێ زاراوەی کوردی و ژیانی لادێ و بەپەروەردەو پێگەیاندنێکی تەندروست بناسێنم کە سوپاس بۆ خوا بەهەگبەیەکی پڕەوە لەو مەیدانە بەردەوامین.

    *کاتێ دەنووسیت، کاتێکی دیاریکراوت بۆ نووسین هەیە، بۆنموونە لە شەو یاخود بەیانی؟

  • نا، نەخێر کاتێکی تایبەت و دیاریکراوم نییە، وەلێ زۆر جار لەبینینی دیمەنێ لە ژیانی ڕۆژانە، لەخوێندنەوەی کتێبێ، لەسەیرکردنی فیلمێ بیرۆکەی چیڕۆکێکم بۆ دێ و دواتر بەتایبەت ئەو کاتانەی تەنیام، یاخودئەو کاتانەی بەدەم پیاسەکردنەوە ڕێ دەکەم، کەلکەلەی ئەو چیڕۆکانە لەبێژینگ دەدەم بەوەی چۆن دەست پێبکەم؟ چۆن بچمە ناوەخن و کرۆکی بابەتەکە؟ گفتوگۆکان بە چ ئاقارێ ببەم و چۆن ئەو زمانە سادەو ساکارە بەکار بێنم بۆ ئەوەی منداڵانی کورد بەئاسانی تێی بگەن و دواجار ئامانجی ئەو نووسینە بیپَکم کە لەڕووی پەندو ئامۆژگارییەوە بابەتێکی بەرهەمداربێت، ئەوەیش ڕاستە بۆ هەموو ئەو بابەتانەی لەبواری پەروەردەو پێگەیاندنی منداڵ دەینووسم.

    *جیاوازی نووسین بۆ منداڵ، لەگەڵ نووسین بۆ گەوران لەچیدا دەبینیتەوە؟

  • نووسین بۆ گەوران هیچ سانسۆرێکی لەسەر نییە، نووسەر ئازادە بە زمانێکی گرێ و گۆڵ بنووسێ یا بەزمانێکی سادەو ساکار یا فەلسەفە ، لەوەشدا ئەوەی خۆی پێ خوێنەربێ، دەتوانێ بیخوێنێتەوەو تێی بگات، بەڵام منداڵ پێویستیەکە دەبێ بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ، مامەڵەی لەگەڵ وشە چۆن بێت؟ چۆن ئەو شتێک بنووسێ کە منداڵ لێی وەربگرێ و هەست بەبێزاری نەکات؟ لەوەشدا دەقی نووسین لە زمانی منداڵ بەگەورە بکرێ ئەو منداڵە وەری ناگرێ، چێژی لێ نابینێ جا ئەو نووسینە شیعربێ یا ئۆپەرێت یا چیڕۆک و …هتد.

    *بابەتێکی دیاریکراوت هەیە بۆ ئەوەی لەرێگەی نووسینەکانت چارەسەری کێشەی منداڵ بکەیت؟

  • بێگومان کاری ئێمە لەو پڕۆژانە دەست نیشانکردنی ئاریشەو لەمپەرو کێشەکانی بەردەم منداڵ و چارەسەرکردنیانە، لەو پڕۆژانەی دەستمان داوەتێ بۆئەوەیە بتوانین لەنمایشکردنی دیمەنێکدا بابەتێ نیشانی منداڵ بدەین کە ئەوەی ناپاکی بکات، درۆزنبێ، ئیرەیی بەم و بەو ببات و بەرژەوەندویستبێ و زۆر شتی تر، دەرەنجامی ئەو کارانە دواجار بەکوێی دەگەیەنێ، لەوەشدا دەبێ بزانین شتێ نەخەینە ڕوو کە بێ ئەنجام بێت و لاسایی شتێ نەکەینەوە کە بۆ سەر دەروونی منداڵ ڕەنگدانەوەی خراپی هەبێت.

    *لەو سەردەمەی تەکنەلۆژیاو کەناڵە ئاسمانیەکاندا چۆن وا لەمنداڵ بکەین بخوێنێتەوە؟

  • دایک و باوک دوو فاکتەری پڕ بەهاو گرنگن لەو ئاڕاستەکردنەدا، بەواتایەکی دیکە دەبێ دایباب بزانێ چۆن خوێندنەوە لای منداڵەکەی خۆشەویست دەکات و ئەو حەزو خولیایەی بۆ دەڕسکێنێ؟ ئەگەر دایک و باوک خوێنەرێکی باش نەبن ناتوانن منداڵێکی خوێنەر دروست بکەن ، وەلێ لە نەخوێندەواریشیاندا هەمدیس دەتوانن ئەو کەش و هەوایە بڕەخسێنن بەتایبەت شەوانە پێش خەوتن بەپێی ئەقڵ و تەمەنی ئەو منداڵە هەندێ شتی جوانیان بۆ باس بکەن کە گوزارشت لەشتە جوانەکان بکات.
    هاندانی منداڵ بۆ خوێندنەوە و پاداشت کردنی کە دوای خوێندنەوەی هەر چیڕۆک و نووسین و بابەتێکدا، بەڕوویەکی خۆشەوە داوا لە مناڵەکەی بکات لە خوێندنەوەی ئەو کتێب و بابەتەدا چی فێر بووە، شتێکی بۆ باس بکات، لەم سۆنگەوە تێگەیشتنی ئەو منداڵە ئەگەر زۆر کەمیشبێ، هاندانی دایک و باوک، زیاتر پەرەی تێگەیشتن لای ئەو منداڵە زیاد دەکەن کە حەزو خولیای ئەو منداڵە بۆ خوێندنەوە رێچکەی خۆی بگرێ.
    هەڵبەتە لەم جەنجاڵیەی ئەم رۆژگارە بەرۆکی هەموو مرۆڤایەتی داگرتووە، دایک و باوکی لێهاتوو ئەوەیە بتوانێ لەتەک پەرەسەندنەکانی تەکنەلۆژیای سەردەم، خوێندنەوە فەرامۆش نەکەن و منداڵەکانیان بەخوێندنەوە گۆش بکەن.

    *بوونی ئەو یارییە ئاگرینانەی منداڵان لەبازاڕەکان کە بەنرخێکی هەرزان دەفرۆشرێت، پێتان وا نییە ئەمە هاندان بێت بۆ توندو تیژی؟

  • هەر شتێ منداڵ بەهۆیەوە پەنا بباتە بەر توندو تیژی، توندو تیژییە.. جا قسەی ڕەق و هەڕەشەو جنێودان بێت یان ئەو یارییە ئاگرینانەو ئەو فیلم و درامایانەی گیانی توندو تیژی لەکۆمەڵگا دەچێنن، دەزگاکانی راگەیاندن وەکو پێویست نەیانتوانیوە هەموو ئەو شتانە لەبێژینگ بدەن بزانن کامەیان نەرم و نیانی دروست دەکات و کامەیان هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی توندو تیژی، گومانیش لەوەدا نییە بۆ منداڵ یارییە ئاگرینەکان کەسایەتی شەڕانگێزو خۆسەپێن بەرهەم دێنێ کە هەموو شتەکان لەچاوی توندو تیژییەوە ببینێ، لەوەشدا ئەرکی لایەنی پەیوەندیدارە سنوورێ بۆ ئەوانە دانێن کە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان هۆکارن بۆ بڵاو بوونەوەی توندو تیژی.

    *لەنێوان نووسەرانی کوردو جیهانی نووسەرێکی دیاریکراوهەیە کاریگەری لەسەر بەڕێزتان هەبێت؟

  • هەر نووسەرێ شوێنەواری بەسەرمەوە هەبێت شانازی پێوە دەکەم و بەمامۆستای خۆمی دەزانم جا بە دەقێک بێ یان کتێبێک و …هتد، ئەوانەی خۆم بەقەرزاریان دەزانم و لێیانەوە فێر بووم مامۆستا (حەمە ساڵح فەرهادی و د. مەولود ئیبراهیم و د. عومەر پەتی و رستگارو خوا لێ خۆشبووان مامۆستا رۆستەم باجەلان و مامۆستا حەمە کەریم هەورامی) و کەسانێ کە ئێستا ناویانم لەیاد نییەو لەبواری راگەیاندنیشەوە سوپاسی کاک (وشیار نوری لەک) دەکەم کەناڵەکەیان (تەلەفزیۆنی ڕەسەن)یان لەبەردەمم واڵاکردووە کە هەفتانە چیڕۆکێکی منداڵانی تێدا پێشکەش دەکەم.

    *ئەگەر باس لەکتێبە چاپکراوەکانت بۆ خوێنەرانمان بکەیت؟

  • تا ئێستا زیاتر لە بیست زنجیرە کتێبم بۆ منداڵان لەژێر پڕۆژەی: کتێب باشترین هاوڕێیە، کە هەر زنجیرەیەک ناونیشانێکی سەربەخۆی هەڵگرتووەو چاپم کردوون، لەتەکدا زیاترلە دە کورتە رۆمان و نۆڤلێت و دەیەها کتێبی تایبەت بە فۆلکلۆرو بابەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و وەرگێڕانم هەیە ئەگەر ئاماژە بەناوەکانیان بدەم جێیەکی زۆر لەم دیدەنیە دەگرێ.

    *بوونی ڕەخنەگری بنیادنەر لەهەموو بوارێک گرنگە، چۆن دەڕوانیتە ئاستی ڕەخنەگران لە کوردستان؟

  • ڕەخنەگری زۆر باشمان هەیەو لەپاڵەوە ڕەخنەگری ئەوتۆمان هەن کە نووسەر لەنووسین خاو دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی بکەم ڕەخنەگرانمان ئاستی تێگەیشتنیان زۆر باشە بۆ خوێندنەوەی شتەکان.
  • ئێمە زۆر سوپاس دەکەین بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی .
  • منیش زۆر سوپاسی بۆ ئەو بەسەرکردنەوەتان دەکەم، خوای پەروەردگار نموونەتان زۆر بکات و هەر شادو بەختەوەربن.

    هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس




با.. شیعری سەلام عومەر

فانۆسێكی نێو رەشەبام
با دەیەوێ‌
روناكیەكەم لێبستێنێ‌
وەك كۆلارەیەكی هەور بڕ
با دەخوازێ‌
داوەكەیم لێبپسێنێ‌

  • * *
    هەندێ‌ كەڕەت
    بایەكی خۆڵاویە و
    لە پێچێكا
    یان دەربەندێكا‌ گیر دەبێ‌
    زۆر كەڕەتیش
    لە شنە و شەماڵ زویر دەبێ‌
  • * *
    با هەرچی بێ‌
    با ئی سەدەی رابردووش بێ‌
    با ئی نێو خەرمانێكی گڕگرتووش بێ‌
    دوور یان نزیك
    لەنێو بەستێ‌
    هەر دەوەستێ‌.



تێپەڕینى کتێبە قاچاغەکان بەسنوورە دەستکردەکاندا.. يوسف محەمەدبەرزنجى

دەسپێک وڕونکردنەوە

چاپکردنى کتێب، ڕۆژنامەو گۆڤارەکان، ساڵى ١٩٧٨ و دواى ساڵى ١٩٨٠، لەدۆخ و هەلومەرجێکى تایبەتیدا بوو، هەموو نووسین و بابەتێک لە باشوورى کوردستان و عێراقدا، لەلایەن حکومەتى تۆتالیتارى و تاک ڕەوى بەعسەوە ڕێگەپێدراو نەبوو، چونکە دەسەڵات و تواناى ڕێژێمى عێراق و کۆنترۆڵکردنى پانتایى ڕۆشنبیرى و سەپاندنى دەسەڵات بە زەبرى هێزو جڵەوکردنى خەڵکى ناڕازى و ئۆپۆزسیۆن لەژێر پەردەى یاسادا، دەسەڵات و هێزو هەیمەنەى بەعسى پێشانى هەموو عێراقییەکان دەداو کەس نەیدەتوانى ڕوو بەڕووى بەعس و تواناکانى بووەستێتەوە، بەرەى نیشتمانى(الجبهە الوطنية الديمقراطية) کە حیزبى شیوعی عێراقى بەشداربووى ئەو بەرەیە بوو لەگەڵ حزبى بەعسدا، لەیەک بەرەداهاوبەش بوون پێکەوە، بەعس گەمارۆى ئەم پارتەیشى دابوو، زۆرى خەڵکە ڕوناکبیرو خوێندەوارەکە دووى حیزبى شیوعی کەوتبوون و هاوپەیمانى بەعس بوون، ئەوانیش لە سایەیى زەبرو زەنگ و تواناکانى حزبى بەعس و ڕژێمەکەى نەیان دەتوانى تەنانەت لە ڕویى ڕۆشنبیرییەوە گەشە بە بوارەکە بدەن و چاپکراوەکان بەگشتى گەشەپێبدەن و ئاستى ڕۆشنبیرى و سیاسیى بەتایبەتى چاپەمەنییەکان گەشەپێبدەن، ئەوەش بەهۆى ئەو فشارە زۆرى کە لە سەر پارت و کەسایەتییە سیاسیى و ڕۆشنبیریەکان بوون، چونکە دەرگایى ئازادی و بۆچونە کراوەو دەربڕینە ئایدیۆلۆژییەکان لەقاڵبدراو گەمارۆ دراوبوون لە عێراقدا، هەموو چاپەمەنییەکان لەژێر چاوەدێرى سانسۆردا بوون، تەنانەت گەر لەساڵى ١٩٧٠ تا ساڵى هەشتاو وەدەرنانى شیوعییەکان بکەین لەعێراقدا بەرهەمێکى ئەوتۆى سیاسیى و ڕۆشنبیرى وەک چاپکراو ڕێگە بەبڵاوکردنەوەى نەدراوە، هەموو چاپکراوە تێوێرى وئایدیۆلۆژییە فیکرییەکان دیارى کراو بەپەنجەکانیش دەژمێردرێن، چونکە سانسۆرى عێراق ڕێگەى بەبڵاوکراوەى بەرەى چەپ نەدەدا بۆئەوەى لاوان و گەنجان پێیى کاریگەر و سەرقاڵ بکاو وەک شارە زوردەواڵە لە خۆى بوروژێنێت، ئەو سەردەمەش باوو گەشەى بەرى سۆشیالیست و چەپەکان و بیروبۆچونەکانى مارکسیزم ــ لینینیزم و ماو هۆشیمینەو جیفاراو ئەوانى تربوو، بۆیە ئەوەى بۆنى ئایدیۆلۆژیاو ئەم جۆرە بابەتانى لێبهاتایەو بە عەرەبى و کوردى و فارسى و…. دەست ڕژێم بکەوتایە لەزیندانەکاندا تونددەکرا، بۆیە تەنانەت شیعرو چیرۆک و بابەتە ئەدەبیەکانیش لەژێردەست و چاوى سانسۆرو ڕژێمى بەعسدا دەرنەدەچوون، ئازادى ڕوناکبیرى و چاپ وچاپەمەنى بەتەواى خنکابوون، هەموو بەرهەمێک بڵاونەدەکرایەوە.

چاپەمەنى کوردى
چاپەمەنى کوردى لە ژێر فلتەرو سانسۆرێکى گراندا بوو، فشاریش زۆربوو، بەعس ڕێگربوو لە بەرهەمەکاریگەرەکان لە شیعر و چیرۆک ووتار و بابەتى بەرگرى، شیوعییەکانیش لەبەرە لاوازەکەیاندا نەمان و چونە شاخەکان و زۆرێک لەئازادیخوازانیش لەزیندانەکاند شەویان ڕۆژ دەکردەوە، شاخەکان و گوندەکانى کوردستان بە ئازادیخوازان سیخناخ بوونو بەرەو گەشەسەندن دەچوون، لە ساڵانى هەشتاکان لە ساڵێکدابیست کتێب جگە لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانى ژێردەسەڵاتى بەعس وەک ڕۆژنامەى( هاوکارى، گۆڤارەکانى بەیان، ڕۆشنبیرى، رۆژى کوردستان، کاروان، دەردەچوون ڕێگە بە بابەتە گرنگە کانى وەک مێژوو، کەلەپوور،شوێنەوار… نەدەدرا هەمووى بابەتە ڕۆشنبیرو ڕوناکبیرییەکان لە چیرۆک و شیعردا بچوک کرابوونەوە، زۆر گرنگى بەم باتانە دەرا، چونکە مەترسى بۆ سەر ڕژێم و دەسەڵاتەکەى نەبوو، جارجار لێکۆڵینەوەو بابەتى تێۆرى زمانەوانیش بەکەمى دەردەکەوتن، بۆیە نێوەندى ڕۆشنبیرى لە ژێر فشارو سانسۆى قورسدا بوون، بۆ ئەوەى خەڵکو نەوەکان وشیارییان بۆ کێشەى گەلەکەیان نەبێت و بەهەموو شتێک ڕازى بن و تەنیا دژى دەسەڵات و سیستەم نەبن.

شۆڕشى ئێران وچاپەمەنییە کوردییەکان
لە دوایى ساڵى ١٩٧٨و١٩٧٩ بەدوواوە، شۆڕشى ئیسلامى لە ئێران لەهەڵچون و گەشەکردندا بوو، زانکۆ وقوتابخانەو کارخانەو شوێنە چڕەکانى شارەکانى ئێران دەستیان بەخۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکان کردوو، ساڵى ١٩٧٩ (محەمەد ڕەزاشا) یان لە وڵاتەکەیان وەدەرناو ئازادیخوازان و ڕوناکبیران هەواى ئازادیان هەڵمژى و چاپەمەنییەکان لەو وڵاتەش بەئازادیی هاتنە مەیدانەکەوە، ئەم تەوژم ودۆخ وهەلوومەرجەنوێیە سیاسییە ڕۆژهەڵاتى کوردستانى گرتەوە، چاپەمەنى و سیاسەت و پارتەکان کەوتنە دۆخ وهەلومەرجێکى نوێوە، شارو گوندەکانى ڕۆژهەڵات سوکە ئازادیى وسەربەستییەکیان بۆ گەڕایەوەو هەبوو، حزب و پارت و ڕێکخراوەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دەستیان بەکارو چالاکى ئازادانە کرد، چاپەمەنى و کتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارەکان … دەستیان بەبڵاوکردنەوە بەکوردى وفارسى کردو چاپخانەکان دەستیان بەچالاکى چاپەمەنى کرد، پارت وڕێکخراوە کوردییەکان لە شارەکان ڕۆژنامەو گۆڤارو چاپەمەنییەکانیان بەکتێبیشەوە پەرە پێدا بەشێوەیەکى ئازادانەو بێسانسۆر.
چاپەمەنیە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵات
جگە لەچاپەمەنیەکان کە لەلایەن پارت و حزبەکانى ڕۆژهەڵاتەوە چاپدەکران و بڵاودەبوونەوە، لە شارى مەهاباد دوومەلا بە ناوى (سەیدیانى مەهاباد)، چاپەمەنییەکیان دانابوو بە ناوى(سەیدیان)، ئەو چاپخانەیە لەئۆفسێت و فۆتۆکۆپى پێشکەوتوو پێکهاتبوو، ئەم چاپخانەیە لەدواى سەرکەوتنى شۆڕى ئیسلامى ئێران و باڵکێشانى ئازادى بەسەر شارو گوندەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دامەزراو دەستى بەچاپکردنى کتێب کرد. وەک مەسەلەیەکى ڕۆشنبیرى و بازرگانى، سەیدیانى مەهاباد، زیاتر ئەو چاپکراوانى دووبارە چاپدەکردەوە کە پێشتر لە باشوورى کوردستان چاپکرا بوون و تیراژیان یان لە کتێبخانەو کتێبفرۆشییەکاندا نەمابوو یان زۆر کەم بووبوونەوە، بۆیە چاپخانەى (سەیدییان)ى مەهاباد ئەم بەرهەمانەى چنگ دەخستوو بە تیراژى زۆر لەچاپى دەدانەوەو دووبارە لە سنوورەکانەوە بەهۆى وڵاخدارەکانەوە لەگەڵ کەلوپەلە بازرگانى وقاچاخەکاندا ئامدیووى باشوورى کوردستان دەکرانەوەو خوێنەرانیش کە پێشتر ئەم بەرهەمە چاپکراوانەیان دەست نەکەوتبوو، یاخود تامزرۆى دەخستنى بوون بۆ ئەوەى هەیانبێت، لە نرخێکى مام ناوەندا دەهاتنە ناو شار و گوندەکانەوەو خوێندەواران دەیانکڕین.
کتێبە قاچاخەکان یان قەدەغەکان
چۆن فەرش، سرکەیى، قوماشى پیاوان و ژنان پێڵاو گۆرەوى بستە، فستق وخەنەو وسمەو، جگەرە… لەڕێگەى وڵاخدارەکانەوە بەنێوگوندو سنوورەکاندا دەهاتنە کوردستانى باشوور بەتایبەتى بۆ دەڤەرى پشدەرو شارباژێڕو پێنجوێن و شاندەرى و هەڵەبجەو گەلێگ شوێنى تر، ئەم کتێبانەش هەر لەڕێگەى ئەم وڵاخدارو قاچاخچیانەوە دەهاتنە ئۆردوگاى شانەدەرى، قەڵاچوالان و میراواو شاناخسێ و… گەلێک شوێنى تر، ئەوەندەى من بزانم ئەوانەى زیاتر بۆمەسەلەى بازرگانى لەڕێگەى قاچاخچییەکانەوە کتێبیان دەهێنا، ئەم بەڕێزانە بوون، کەمال مەروێیى، حەمەلاو، مەلاحەسەن کە لەگەڵ کەمال خزم بوون، ئەمان زیاتر لە ڕێگا قاچاخەکانى شارباژێرەوەو بە ناو سەربازگەو مۆڵگەکاندا لە سنوورەکانەوە کە زۆریش پڕ مەترسى بوون دەیان هێنایە مەروێ و شاناخسێ و قەڵاچۆلان و ناو شارى سلێمانییەوەو بە ئێمەو مانان و هەندێک کتێبخانەدا ساخیان دەکردنەوە، ئەوانى لە سلێمانى ئەو کتێبە قەدەغەکراوانەیان دەفرۆشت، کتێبخانە (پەیام) لەکۆتایى شەقامى مەولەوى بەرانبەر سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى جاران، خاوەنەکەى مامۆستا ئەنوەر برزو بوو.کەبەکتێبەکانەوە دەستگیرکراو پاش چەند ساڵێک ئازادکرا، کتێبخانەى زمناکۆخاوەنەکەى خوالێخۆشبوو مەلاسەعیدى زمناکۆ لە شەقامى کاوە، کتێبخانەى ژیان خوالێخۆشبوومامۆستا مستەفا، کتێبخانەى هودا، تەنیش مزگەوتى گەورە خاوەنەکەى خوالێخۆشبوو مامۆستا ئەحمەد، ئەمانە، وەک کتێبخانەى فەرمى بەنهێنى ودزییەوە کتێبەکانیان بڵاودەکردەوەو دەفرۆشت، ئێمەش لە شەقامى مەولەوى وەکدەستگێڕى سەر شەقام ئەم کتێبانەمان لە قەڵاچوالان و شانەدەرى و هەڵەبجەو بەستەستێن وقەڵادزێوە دەهێنا بۆ سلێمانى و بڵاومان دەکردنەوەو دەمان فرۆشتن ئەوانەى شەقامى مەولەوى وەک خوالێخۆشبوو شەهید مەحموود خاکى، یوسف محەمەد، ئیسماعیل محەمەد، شێخ عومەر محى ددین، کەمال کۆڵنەدەر،دلێر غەفور، شەهاب جەمال،عوسمان، خالیدى حەمەکاكۆڵ و مامۆستا محەمەد مەحموود حاجى مامەندى، کە ئەم دووانەى دواییان بەکتێبەکانەوە دەستگیر کران و لە(٢٤ــ٦ــ١٩٨٤ تا٣٠ــ٦ــ١٩٨٥)لە بەندیخانە مانەوە، کە پاشان جۆرى دەستگیرکردن و مانەوەیان لەبەندیخانە لەزمان و بیرەوەرى خۆیانەوە لە پاشکۆى ئەم نوسینەدا بڵاودەکەینەوە،من و مەحموود خاکیش چەندجارێک بەهۆى چاوەدێرى و کتێبەکانەوەدەستگیرکراین و گیراین و براینە ئەمنى بەلدەو پۆلیسى سەراو بەهۆى لێکۆڵینەوەو وریایى و یەک دەنگى خۆمانەوە ئازاد کراین، چەند جاریش هەڕەشەو ئاگادارکراومەتەوە لە سەر دانان و بڵاوکردنەوەى ئەو کتێبانە، تەنانەت بە خزمەتگوزارى شارەوانیش هەراسانیان دەکردین. یەکدوجاریش ملازمى ئەمن (علاء) لە سەرچاپکراوە کوردى و تەنانەت عەرەبیەکانیش هەڕەشەى لێدەکردووم کە ئەو کتێبانە دانەنێم ونەى فرۆشم وەک ملوانکەى شینى شەریف، و دیوانى پیرەمێرو قانع و… ئاسایشى بەعس هەمیشە کتێبفرۆشى سەرشەقامەکانى خستبووە ژێرچاوەدێرى و فشارەوەو زورنەمان دەتوانى هەموو کتێبێک بە خەڵک بفرۆشین ئەوەى نەمان ناسیاییا نەمان دەتوانى کتێبەکانیان پێبفرۆشین، بێجگەلەوانەى کەمتمانەمان پێیان هەبوو، بەتایبەتە خوێندەواران و شاعیران ونوسەران و هەندێ بەڕێوەبەرى فەرمانگەو قوتابخانە لەموشتەریەکانمان بوون دەمان ناسیین و چاپکراوە ئێرانى وکتێبە (چەپە) عەرەبییەکان و بڵاوکراوەى کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى ئێران لەڕێگەى کاک فاروقى نەقشى و ئەوانى ترەوە، وەک حزبى دیموکرات لە ڕێگەى عەبدولقادرى دەبباغى و کۆمەڵەى یەکسانى لەڕێگەى کاکە عەبەو کاک مەنسورەوە بۆیان دەگەیاندینە ناو شارەوەو بڵاومان دەکردەوەو کاریگەرى زۆرى لەسەر خوێندنەوەو خوێنەرەکان هەبوو .. محسن شاسوارى گۆڤارى چیاى لە شاخ کە خۆى بڵاوى دەکردەوەو دەرى دەکرد وەک سەرنووسەرو خاوەنى گۆڤارەکە بۆى دەهێنام بۆ بڵاوکردنەوە، گەلێک بابەتى تریشمان بڵاودەکردەوە وەک کتێبەکانى پاسۆک زیاتر لەڕێگەى مامۆستا عەبدوڵا ئاگرین و یەکێتیى وحزبى شیوعى و… ئەوانەزیاتر بەندە بڵاوم دەکردنەوەو دەم هێنان بۆ شار بەڕێگەى تایبەتى و قاچاخە ڕێدا، جگە لە کتێبەکانى لکە لەلایەن سەیدیانى مەهابادەوە چاپکرابوون.
بەشێک لە ناوى چاپکراوەکانى مەهاباد
دیوانى پیرەمێرد، دیوانەکانى قانع وەک چوارباخى پێنجوێن، گوڵاڵەى مەریوان…، دیوانەکانى گۆران بەهەشت ویادگار، فرمێسک و هونەر، دیوانەکانى ڕەفیق سابیر،پشکۆکان ئەگەشێنەوە، ڕێژنە، دیوانەکانى شێرکۆ بێکەس، تریفەى هەڵبەست کەژاوەى گریان، کاوەى ئاسنگەر، توتنەوانى مەلا ئاوارە، کوردوکوردستانى شوکروللەى بابان،کوردستان و کورد دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملۆ، شەرەفنامەى هەژار، هەژار بۆ کوردستان،مەموزین،خیام، کتێبەکانى عەلى شەریعەتى، سەید قوتب ئەمانى دوایى لەتاران چاپکرابوون، کوردوکوردستان ئەمین زەکى بەگ سێبەرگ بوو لەیەک کتێبدا، دیوانى نارى کاکەحەمەى بێلو، دیوانى ئەفخەمى، دیوانى تاهربەگى جاف، دیوانى ئەدیب، ديوانى ئەدەب، ملوانکەى شین شەریف،تارک وڕوون و ناڵەى جودایى و پاشەڕۆکى مامۆستا هێمن. پێکەنینى گەدا حەسەن قزڵجى، پێشمەرگە ڕەحیمى قازى، کتێبەکانى سەیدعبوبەیدوڵاى ئەیوبیان لە تاران چاپدەکران، کتێبەکانى سدیق بۆرەکەیى……، چوارینەکانى بابەتاهیرى عوریان، پێشبینیەکانى عێلی بەگى جاف، زۆرى تریش….

سەرنج و ڕوونکردنەوە
زیندان بۆهەر یەکێکمان نامۆ نییە، زیندان جێگەى زۆرێک لەخەڵکى باش و خەڵکى خراپە، ئێمە تەنیا لەخەڵکە باشەکە دەدوێین کەڕێگەو جێگەیان کونجى زیندانە، نیشتمانپەروەرو دژى نا دادپەروەرى وستەم خەڵکانێک دەنگى ڕەوا بەرزدەکەنەوەو بەگژ نادادى کۆمەڵگەو ستەمدا دەچنەوەو ژوورە تاریک وشێدارەکان جێگەو ماڵییانەو زیندان مەنزڵگایان، هەر بەهۆى نادادى و پێشێلکردنى ماف و ستەمى کۆمەڵگەو دەسەڵاتەوە، ئەوانەى بەرگریکارن لە کۆمەڵ و زوڵملێکراوان زیندان و مەرگ و لەسێدارەدان هەڵدەبژێرن و باکیان لەگیانفیداى خۆیان لەپێناوى سەربەستى و ئازادیدا نییە، کەواتە سیاسەت و بەگژداچونەوەى دەسەڵاتێکى ستەمکار پێویستى بە خەبات و تێکۆشان و خۆفیداکارى و گیانبەخشین و ژوورى تاریکى زیندان هەیە، بۆیە تا نادادپەروةرى وستەم هەبێت لە ناو کۆمەڵگەدا زیندان و خۆفیدا کردن بەگیان وجەستە هەردەبێت.

بوارى ڕۆشنبیرى و زیندان
لەمێژووى مرۆڤایەتیدا هەڵوێست و گییان فیداییى شاعیران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بەگشتى مێژووییەکى دورو درێژەو قوربانیدان و گیانبەخشینى توێژە ڕوناکبیرو هۆشیارەکەى نێو کۆمەڵگە مێژووییەکى پرشنگدارو لە مێژووى مرۆڤایەتیدا، هەزاران ڕۆشنبیرو نووسەرو هونەرمەند،زاناى بەهەڵوێست لەسەر بەرهەم و نوسین و بۆچوونە جیاوازو ناتەباکانیان لە دەسەڵات و کۆمەڵگە ڕووبەڕووى تیرۆر و کوژران و زیندان و دەربەدةرى بوون، بوونەتە جێگەى شانازى گەل و نەتەوەو کۆمەڵگەکەیان، گەلى کوردیش بەدەرنییە لەشانازى ئەم توێژەى کۆمەڵگەى کوردى، دەیان نووسەرو ڕوناکبیرو هونەرمەندو تێکۆشەر لەسەرهەڵوێست و بەرهەم و بۆچوونە جیاوازو ناتةبەکانیان لەبەرانبەر دەسەڵات و بەرگرى لە ماف و ئایندەى خەڵک، یان گیانیان فیدا کردووە یان کونجى زیندان جێگەیان بووە، دەیان نووسەرى وەک شاکرفەتاح، عەبدولخالق مەعروف، دڵشاد مەریوانى جەمال عیرفان، ڕەئووف زوهدى،مەلاعەلى… لەپێناوى گەلدا شەهیدبوون وتیرۆر کراون، ئەویش لە سەر بەرهەم و هەڵوێست و بۆچونە جیاوازەکانیان بووە، لە دژى ستەمى دەسەڵات و ڕێگگرى بووە لە سەربەستى و ئازادى گەل.دەیانى وەک کامەران موکرى، حەمەساڵح دیلان و… لەسەربەرهەم و هەڵوێستە بەرزەکانیان و بەرگرى لەخەڵک و نیشتمان، زیندان و ژوورە شێدارەکان جێگەیان بووە.
كۆمکاريى زیندانیيە سیاسییەکان
دواى ڕاپەڕینى زستانى ساڵى ١٩٩١، چەندین ڕێکخراوى سیاسیى ئەدەبی کۆمەڵایەتى و مرۆیى جۆربەبەجۆر لە کوردستان بەهۆیى زەمینەسازى و لە بارى هەلومەرجەکەوە دامەزران، یەکێک لەو ڕێکخراوانە یان لەو سەندیکا دامەزراوانەى، دامەزران بۆ بەرگرى لەزیندانیان(کۆمکارى زیندانیانى سیاسیى کوردستان)بوو، ڕۆژێک بەڕێزان مامۆستا محەمەد مەحموودو خالید حەمەکاکۆڵم بینى، وتیان تۆ ئاگادارى کەئێمە لە ناواڕاستى ساڵانى هەشتادا بەهۆى کتێب وبڵاوکراوەکانیانەوە، لە شەقامى مەولەوى تەنیشت پۆستە دەستگیرو زیندانى کراوین، منیش وتم زۆر ڕاستەو زیاتر لە ساڵێک لەزیندان مانەوەو هەرباش بوو بەو کتێبانەوە ڕەمى نەکران و نەکوژران، ئەوان وتیان بۆیە بەتۆ دەڵێین: بەڵکو هاوکارى مان بکەیت بەشایەتى دان بۆمان لەڕێکخراوى کۆمکارى زیندانە سیاسییەکان بۆ ئەوەى پێناس وەرگرین و ببین بەئەندام لەو ڕێکخراوەدا، منیش گوتم بەسەرچاو هەرکاتێک بتانەوێت دێم لەگەڵتان و شایەتى دەدەم، بەڵام دیارە ئێوە زیندانبوون لە بەندیخانەو ماوەیەکى زۆریش هەردوکتان ماونەتەوەو مەسەلەوهۆکارى دەستگیرکردنتان کتێب و بڵاوکراوەکان بووەو ئیتر شایەدى بۆچییە؟ ئەوان گوتیان وتویانە تا ئێستا دۆسێ وبابەتى لەم جۆرەمان لەسەر گرتنى ئێوەو مانان بەکتێبەوە بۆ نەهاتووەو ئێوە یەکەم کەسن کەداواتان پێشکەش کردووە لە سەر ئەم بابەتەو داواى پێناسى زیندانیانى سیاسیى دەکەن، منیش ئامادەیى خۆمم دەربڕى و لەگەڵیان چۆم بۆڕێکخراوەکە، ئەوکاتە بنکەیان لەکۆتایى شەقامى سابوونکەران و نزیک ناوەندى ڕۆژهەڵات و دوکانى ناوبەهاربوو، کەمن چووم ئەو برادەرەى لەوێ بوو وتى: دەتوانى سوێند بخۆى کە ئەم دوو کەسە واتە: محەمەد مەحمودو خالیدکاکۆڵ لەسەر کتێب و چاپەمەنى قەدەغە دەستگیرکراون و زیندانى بوون، منیش بەدڵنیاییەوە وەڵام دایەوەو ڕووبەڕوو ووتى: تائێستا بابەتى لەم جۆرەو زیندانى کردنى کەسایەتیمان لەسەرکتێب و چاپەمەنى قاچاغ و قەدەغە بۆ نەهاتووەو ئەمە یەکەمجارە لەم جۆرە بابەتە دەبیستین و تۆمارى دەکەین، بۆیەپاش وتەکانم کەوەرگیران، وفۆرم و دۆسییەکە دەوەڵەمەندکرا ناویان تۆمارکرا، پاش ماوەيەک مامۆستا محەمەدم بینیەوە وتى: ئەوکاتەى تۆمان بردوو ماندومان کردى وشایەدییت دا بۆمان، تا ئێستا پێناسیان نەداوە پێمان و وتویانە چاوەڕێ بکەن ئەم بابەتەو گیرانى ئێوە زۆر نامۆو غەریبە، بەڵام وەک ستەم ستەم وپێشێلکارى لەمافى ئەم دووکەسەدا کراو تائێستا وەک زیندانى سیاسیى وڕۆشنبیرى پەسەند نەکراون، ئەوەش بەپێشێلکردنى مافى ئەم دووکەسە دەدرێتە قەڵەم بەداخەوە، بەڵام ئەم دەستگیرکردن و زیندانییەى مامۆستا محەمەدو خالید کە لە سەر کتێب و چاپەمەنى زیندان ودەستگیرکراون جێگەى شانازى وسەربەرزى ئەم دوو کەساییەتییە لەمێژووى خۆیاندا.

زیندان و کتێب
زۆرێک لە خەڵکى نیشتمانپەروەر بەهۆى بڵاوکردنەوەى کتێب و بوارى ڕۆشنبیرییەوە، لەزیندانەکانى بەعس و ڕژێمەکانى ترى پڕ لە ستەمى داگیرکەرانەوە کەوتونەتە ژوورەکانى زیندانەوەو ماوەیەکى زۆر ژیانیان تێدا گوزەراندووە، من تەنیا دوو کەس لەو کەسانە دەخەمە پێش چاوانى ئێوەى بەڕێز کە لە سەر بڵاوکردنەوەى کتێب و چاپەمەنى دەستگیرکراون و ماوەى ساڵێک زیاتر لەزیندانى بەعس لە شارى سلێمانى ماونەتەوە، ئەویش مامۆستا محەمەد مەحمود مستەفا حاجى مامەندى و خالید محەمەدکاکۆڵ بوون،کە لە یاداشتەکانیاندا چۆنێتى دەستگیرکردن وهۆکارو مانەوەیان لەزیندان و بەندیخانەکانى حکومەتى بەعس لەبیرەوەرییەکانیاندا دەخەنە ڕوو، ئەوەش بۆ بوارى ڕۆناکبیرو رۆشنبیرى زۆر گرنگەو مێژوویەکى پێویستە کە لە بارەیانەوە بدوێین، ئازارو نەهامەتى و ناڕەحەتى ئەم جۆرە کەسانە بخەینە ڕوو،هەروەها خەڵکانى ڕۆشنبیرو خوێندەوار لێیبەئاگابن،هەرچەند پێش ئەمانیش چەندین کەس بەهۆى بڵاوکردنەوەى کتێب وچاپەمەنییەوە کەوتونەتە بەندیخانەو زیندانەوەو ماوەیەک ژیان وتەمەنیان تێدا گوزەراندووە، وەک مامۆستا ئەنوەر برزوو،مەلاحەسەن محەمەد، کەمال حەمەسعیدمەروێی، یوسف مەلاحەسەن، مەحموود خاکى، عومەر عەبدولڕەحمانى کتێبخانەى سلێمانى،شێخ ئەنوەر، یوسف محەمەد،… وە گەلێک کەسى تر کەبەهۆى چاپەمەنى وبڵاوکردنەوەى کتێبى قەدەغەکراوەوە لەلایەن ئاسایشى ڕژێمى سەرکووتکەرى بەعسەوە لەزیندان و بەندیخانەکانى حکومەت توندکراون و جۆرەها ئازارو ئەشکەنجە دراون کە نمونەى ئەو ئازارو زیندانیکردنانە لە بەندیخانەکان لەم دوویاداشت و بیرەوەرییانەدا دەبینرێت.

یاداشتى زیندان
بەهۆى کتێبە قەدەغەکانەوە

(1)
محه‌مه‌د مه‌حموود مسته‌فا
(٢٤ــ٦ــ١٩٨٤ تا٣٠ــ٦ــ١٩٨٥

چۆنیه‌تی دەستگیرکردنم لەلایەن ئه‌منی سلێمانی
له‌ به‌هاری(1984) له‌ ڕۆژێكی ڕه‌شه‌بادا، ئێواره‌یه‌ك كه‌ سه‌رقاڵی دانانى كتێب و گۆڤارو بڵاوكراوه‌كانم بووم له‌ نزیك به‌رده‌كی سه‌را نزیك پۆستەى سلێمانى لە شەقامى مەولەوى، كه‌سێكی جامانه‌ به‌ سه‌ری كورته‌ باڵا كه‌ له‌ ‌ له‌ پیاوێكی هەژار ده‌چوو شه‌ڕواڵه‌كه‌ی زۆر كورت بوو، وتی: كاكه‌ گیان ئه‌م په‌رتووك و كتێبانه‌ هی كێن؟ هی تۆن؟ ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ زۆر ده‌ترساین له‌و جۆره‌ پرسیارانه‌و هه‌موو كوردێك ده‌یزانی كه‌ پیاوانى ڕژێم چه‌ند ‌ترسناك و سامناك بوون، به‌ڵام هەڵەم کردو بەدڵێکى پاکەوە یان لەنەزانیەوە، بێ سێ و دوو وتم، به‌ڵێ: یه‌كسه‌ر ده‌مانچه‌یه‌ك له‌ دواوه‌ خرایه‌ سه‌ر سه‌رم، كه‌ سه‌یرم كرد پیاوێكی ڕه‌شتاڵه‌ی درێژ بوو. بردیانم بۆ لای به‌ریده‌كه‌و خستيیانمه‌ به‌ڕازیلیيه‌كی شینه‌وه‌، كه‌ سه‌یرم كرد براده‌رێكی تریان گرتبوو (خالید حه‌مه‌ كاكۆڵ). بردیانین بۆ ئه‌منی به‌لده‌ له‌ لای زانکۆى سلێمانی كەکەمپى کۆن، له‌وێ هه‌ندێ پرسیاریان لێكردین و سوێندیان خوارد ئه‌گه‌ر ڕاست بڵێین هه‌ر هه‌مان شه‌و ده‌چینه‌وه‌ ناو خێزانی خۆمان، به‌ڵام وه‌ڵامه‌كانی ئێمه‌ به‌ دڵی ئه‌وان نه‌بوو. له‌ پاش ترسانێكی زۆر و لێدانی چه‌ند زلله‌یه‌ك هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ئه‌منی سلێمانييان كردين. له‌ ئه‌منی سلێمانی هه‌ر دووكمان پێكه‌وه‌ بووین، پێیان وتین ئێوه‌ گه‌نجن سه‌ره‌تای ژیانتانه‌ ڕاستیمان پێ بڵێن، وه‌ڵاهی ده‌چنه‌وه‌ ناو كه‌سوكارتان. ئه‌م كتێبانه‌ قه‌ده‌غه‌ن دژی شۆڕشن(الثورە)، له‌ كێتان كڕیوەو وه‌رگرتووه‌.. له‌ كوێوه‌ هێناوتانن.. چۆنتان ده‌ستكه‌وتووه‌.. له‌ وه‌ڵامدا وتمان وه‌ڵاهی له‌ ده‌ستی خه‌ڵك له‌ بازاڕ كڕیومانه‌و نایان ناسین. من وتم: ئایا تۆ شتێك له‌ بازاڕ بكڕیت به‌ كه‌سه‌ فرۆشیاره‌كه‌ ده‌ڵێیت ناوت چییه‌؟ زۆر تووڕه‌ بوون و یه‌كسه‌ر چاویان به‌ستینه‌وه‌و زۆریان لێداین و به ‌چاو به‌ستراوەوە كردیانینه‌ ده‌ره‌وه‌و خالیدی حه‌مه‌ كۆڵیان بانگكردە‌ ژووره‌وه‌، به‌ مه‌زنده‌ زیاد له‌ نیو سه‌عاتی پێچوو، له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ ده‌نگی پۆستاڵ و قاچیان ده‌هات شەڕى دەروونییان له‌گه‌ڵ ده‌كردین و ده‌یان وت له‌ دوای لێدان و كاره‌باو ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆر ڕه‌میان ده‌كه‌ینەوە.. پاشان منیشیان برده‌وه‌ ژووره‌وه‌و یه‌كسه‌ر وتی: هاوڕێكه‌ت كه‌ ناوی خالیده‌ هه‌موو ڕاستیيه‌كی پێوتوين و چۆتە ماڵه‌وه‌، تۆش هه‌ر وه‌كو ئه‌و ڕاستيی بڵێيت، چونكه‌ گه‌نجیت و، بۆ ژیانی خۆت ده‌خه‌یته‌ دۆزه‌خ و مەترسییەوە‌. وتم: هه‌ر چیم پێوتوون هه‌ر ئه‌وه‌یەڕاستییەکەى‌، من له‌ پێناوقوت و ژیاندا ئه‌وه‌م كردووه‌، نه‌مزانیوه‌ کتێبەکان قه‌ده‌غه‌ن. وتی وێنەى هەڵگەڕاوەو خۆفرۆش جه‌لال تاڵه‌بانی.. كه‌ ئه‌و‌ دژی حكومه‌ته‌؟ ‌وتم من سه‌یری ئه‌و كتێبه‌م نه‌كردووه‌.. وتی: ته‌نها یه‌ك كتێب نییه‌، زیاتر له‌ بیست كتێبی وه‌های تێدایه‌، به‌ڵام ئێوه‌ هه‌ر له‌ منداڵی سه‌ر بێشكه‌وه‌ هه‌ر فێری خیانه‌ت و درۆ ‌كردنن، به‌ شه‌ق نه‌بێت یه‌ك وشه‌ی ڕاست له‌ ده‌متان ناكەوێتە خوارەوە.. كه‌وته‌ لێدانم به‌ كێبڵ، به ‌جۆرێك هیچ مرۆڤێك ناتوانێت گیانله‌بەریش ئاوها ئازار بدات.. به‌ ده‌م لێدانه‌وه‌ به‌رده‌وام جوێنی ده‌داو وشه‌ی دووباره‌ نه‌ده‌كرده‌وه،‌ هه‌تا له‌ هۆش خۆم چووم. كاتێك به‌ ئاگا هاتمه‌وه‌ له‌ ژوورێكدا بووم ته‌نها یه‌ك به‌تانی تێدا بوو. هه‌موو دیواره‌كان نووسرابوون،دیمه‌نێكی ترسناك، لەسەر دیوارەکان نووسرابوون ئاخ خوایه‌ چیم كردبوو ئه‌مه‌ت به‌سه‌ر هێنام، به‌ خوێن نووسرابوو كوردستان، كه‌ ڕاستی یادگارییه‌كه‌ هه‌رگیز له‌ یاد ناچێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌دا دڵم پێی خۆش بوو سه‌یرم كرد، خالید له‌ ژووره‌كه‌دا بوو، دۆخى له‌ من باشتر نە بوو، وتم ئۆخه‌ی خالید ئه‌وه‌ لێره‌یت.. وتی: بۆ پێت خۆشه‌ وتم: ئه‌منه‌كان وتویانه‌ تۆ ئازاد بووى، ڕاستیيه‌كانت دركاندووه‌، ئۆخه‌ی كه‌ درۆ بوو. زۆری پێنه‌چوو دوو هاتنه‌ ژووره‌وه‌، یه‌كه‌میان وتی: تعال جلال، وتم من جه‌لال نیم محه‌مه‌دم.. دیار بوو جگه‌ (كۆماری كورد) (شراره‌) یه‌ك له‌ ناو كتێبێكاندا بوون، ئه‌ویشیان بینیبوو.لە پڕ یه‌ك زلـله‌ی باشی لێدام و هه‌روه‌ها زلـله‌یه‌كیشى له‌ خالیدیشدا، وتی: نه‌تان ده‌زانی كه‌ خیانه‌ت به‌ری كورته‌، به‌سزای خۆتان ده‌گه‌ن. ده‌بێت بتان كه‌ین به‌ په‌ند بۆ هاوكارانتان. ئه‌وان دڵسۆزانه‌ له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا به‌رگری ده‌كه‌ن. ئێوه‌ش لەپشتەوە خه‌نجه‌ری ژه‌هراویمان لێده‌ده‌ن! ئه‌و چووه‌ دواوه‌و ئه‌منه‌كه‌ی تر هات وتی: ئه‌وە قوتوویه‌كه‌ به‌كاری بهێنن بۆ پێویستی، وه ا‌للە یه‌ك قه‌تره‌ پیسی بكه‌وێت ده‌بێت به‌ زمان خاوێنى بکەنەوە، یه‌كی دوو كێبڵی باشی گه‌یاندینێ و ڕۆیشتن. ئه‌و شه‌وه‌ له‌ به‌ر ئازاری لێدان كه‌سمان خه‌ومان لێنه‌كه‌وت. هه‌ردووكمان به‌ ته‌مای ژیان نه‌مابووین. به‌ده‌م گریانه‌وه‌ وتمان ئێمه‌ خۆمان ڕۆیشتین توخوا با لێدان كۆڵمان پێ نه‌دات. په‌یمانمان بە یه‌كدا. من درۆیه‌كه‌یانم بیری خالید هێنایه‌وەو‌ وتم :خالید من توانیم ئه‌و درۆیه‌م به ‌سه‌ردا تێپه‌ڕێ، كه‌ وتیان تۆ به‌ربوویت یه‌ك وشه‌یان پێ نه‌دركاندم. به‌یانی پیاوانى ڕژێم هاتن بردیانین، به‌ڵام نەماندەزانى كات چه‌نده‌، چونكه‌ هه‌تا قه‌ڵه‌م و پاره‌و هه‌رچیيه‌كمان پێبوولێیان وەرگرتبووین. گه‌یشتمه‌ به‌ر قادرمه‌یه‌ك قاچم به‌ر قاچی كه‌وت، وتی: گه‌واد (حاقید)ن ئه‌وه‌ به‌ ئاره‌زوو شه‌قم تێهه‌ڵده‌ده‌یت؟ وتم وەللە نەم زانى، شه‌ق و شه‌قاز للـه‌یەكی زۆربەهێزى لێدام و وه‌ك جاران بردميیان بۆ ژوورى‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و هه‌ر وه‌ك جاران وتی: به‌شه‌ره‌فم به‌ویژدانم ئه‌مه‌ دوا ساته‌كانی ژیانته‌ ڕاستى بڵێ و بچۆره‌وه‌ ناو كه‌ سوكارت،‌ ئه‌گه‌ر ڕاستی نه‌ڵێیت: كه ‌سوكارت هه‌مووی ده‌گرین.. وتم وه‌للە ئه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و ڕاستیانه‌یه‌ كه‌ ئه‌یزانم و هیچی تر، من درۆ ناكه‌م. وتی: درۆ.. درۆ.. بۆ ڕاست ده‌زانن!! توخوا ئێوه‌ شایسته‌ی ژیانن كه‌وته‌ لێدانم و وتی: ئه‌م جاره‌ش قه‌یناكات ناتۆپێنم وه‌كو سه‌گ، به‌ڵام باش بیری لێبكه‌ره‌وه. دوای ئه‌وه‌ به‌ چاو به‌ستراوی بردیانمه‌وه‌ ژوورەوە‌.(خالیدی حه‌مه‌ كاكۆڵ) كه‌ له‌ من به ‌ته‌مه‌نترو چاوكراوه‌تر بوو وتی: با هه‌وڵێكی ڕاكردن بده‌ین، وتم چۆن؟ وتی با له‌م په‌نجه‌ره‌یه‌يی سه‌ره‌وه‌ ڕابكه‌ین، وتم ئه‌ی چۆن ساحیبه‌كه‌ ده‌ربهێنین؟ وتی: من ئه‌چمه‌ سه‌ر پشتی تۆ و ئه‌گه‌ر زانیم ڕێگه‌ هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵاتن ساحیبه‌كه‌ ورده‌ ورده‌ ده‌رده‌هێنین. وتم (خالید) پێمان بزانن زۆر خه‌ته‌ره‌.. وتی: چ هیوایه‌كی ژیان هه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ جگه‌ له‌مه‌؟ (خالید) چووه‌ سه‌ر پشتی من ده‌ستی گه‌یشته‌ ساحیبه‌كه‌و خۆی به‌رز كرده‌وه‌و سه‌یری كرد وتی: به‌داخه‌وه‌ هێزێكی زۆری لێیه‌و ناتوانین هه‌ڵبێین. ئیتر هیچ هیوایه‌كی هه‌ڵهاتن لەلامان نه‌ماوبێئومێد بووین لە بیرۆکەکەمان. جار جاره‌ ده‌هاتن به‌ر زللـه‌یان ده‌داین. چه‌ندین جار لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دان دووباره‌ دە بووه‌وه. هه‌موو جارێك چه‌ندین درۆیان ده‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ ئاخر ڕۆژی ژیانمان ده‌بێت. به‌ڵام هه‌ر وه‌ك جاره‌كانی پێشتر به‌درۆ ده‌رئه‌چوو. چه‌ندین جار ده‌یان وت: كاره‌باتان لێده‌ده‌ین. هه‌ڵتان ده‌واسین، به‌ڵام هیچی هێنده‌ی ئه‌وه‌ كاریگه‌ر نه‌بوو كه‌ ده‌یانوت كه‌سوكارتان ده‌هێنینە ئێرە. خۆزگه‌ ئه‌و دیمه‌نانه‌ وه‌ك خۆی بتوانرایه‌ به‌ پێنووس نیشانبدرێت.. حه‌زمان ده‌كرد یه‌كجار ڕۆحمان ده‌ربچێ و نه‌جاتمان بێت. له‌گه‌ڵ (خالید) باسی ژیانمان ده‌كرد ده‌مانوت: خۆزگه‌ خودا ئه‌م ته‌مه‌نه‌ی كۆتایی پێبهێنایه‌، چه‌ندین جار له‌ خودا ده‌پاڕاینه‌وه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.. ده‌مان وت: گریمان ئێستا به‌ربووین و ئازادین، ئایا ئه‌م بەندیخانەیە له‌و ئازادییه‌ خۆشتر نییه‌.. له‌ بەندیخانەیەکى بچووكه‌وه ده‌چینه‌ بەندیخانەیەکى گه‌وره‌تر. له‌م قسه‌و باسانه‌دا بووین ئه‌وه‌نده‌مان زانی گه‌نجێكی قژ زه‌ردی جوانیان هێنا. هه‌موو گیانی هه‌ر خوێن بوو. هه‌ر له‌ ده‌رگاكه‌وه‌ یه‌ك پاڵیان پێوه‌ نا به‌ ده‌مدا كه‌وت. به‌ ئێمه‌یان وت: یا اللە گه‌وادینه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌. بردیانینه‌ ژوورێكه‌وه‌ كه‌ سه‌یرمان كرد زیندانیيه‌كی زۆری لێیه‌.لاوێک به‌ ناوی (مام هه‌ژار)ه‌وه‌ پێشوازی لێكردین و یه‌كسه‌ر بێ ئه‌وه‌ی بوار بدات به‌ده‌نگێكی به‌رز وتی: ئاگاتان له‌ خۆتان بێت نه‌ڵێن: زیندانین، پیاو خراپمان تێدایه‌، چیتان وتووه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ بڵێن: ئێمه‌ ده‌بێت شانازی به‌م گه‌له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ هه‌موو لێدان و ئه‌شكه‌نجه‌دانى دوژمنان نه‌یتوانیوه‌ یه‌ك زه‌ڕه‌ له‌ هێزی نیشتمانپه‌روه‌ری و هه‌ڵوێستی جوامێرانه‌ی پیاوێكی وه‌ك (مام هه‌ژار) له‌ق بكات، به‌ڵكو به‌هێز ده‌بێت و هه‌وڵی ڕزگاركردنی گیانی كوردێك ده‌دات كه‌ هه‌رگیز نه‌یدیوه‌ له‌ زینداندا نه‌بێت. ده‌بێت چ ڕۆحێك بێت. ده‌بێت چ هه‌ستێك بێت كه‌ خۆی له‌ ئێمه‌ دۆخى باشتر نییه‌، به‌ڵام گیانی ئێمه‌ لا گرنگتره‌ له ژیانی خۆی! هه‌زار دروود… هه‌زار سڵاو.. هه‌زار جار ئافه‌رین.. هه‌زار هه‌زار جار ده‌ستخۆش كه‌ نه‌تهێشت بكه‌وینه‌ ته‌ڵه‌ی دوژمنه‌وه‌و گیانت ڕزگار كردین. خۆزگه‌ ئه‌مانه‌ نموونه‌یان گه‌شاوه‌تر بوایه‌و هه‌رگیز له‌ یاد نه‌چونایه. ئاخۆ ئه‌و پیاوه‌و چه‌ندین قاره‌مانی تر بووبن كه‌‌‌ڕێنمووێنی و ئامۆژگارى هه‌زارانی وه‌كو منیان كردو و گیانی خۆی به‌خت كردبێ له‌ پێناوی خه‌ڵكی تردا، به‌ڵام بوار نه‌ڕه‌خسابێت بنوسرێت، به‌داخه‌وه‌..! ئیتر هه‌ر كه‌س پرسیاری لێده‌كردم له ‌ناو زیندانه‌كاندا وام ده‌زانی له ‌به‌ر ده‌م جه‌للاده‌كاندام زۆر به‌ زه‌لیلی قسه‌م ده‌كرد. ڕۆژانه‌ شته‌كان دووباره‌ ده‌بوونه‌وه‌. له ‌ناو سێ ژوورى زیندانداندا، هه‌ر سێ ژووره‌كه‌ په‌یوه‌نديیان به‌ یه‌كتره‌وه‌ هەبوو. زیاد له‌ حه‌فتا زیندانی تێدا بوو، ئه‌وه‌نده‌ قه‌ره‌باڵغ بوو له‌كاتی نوستندا جێگای ئه‌مدیواو ئەو دیوو نه‌بوو.(مام هه‌ژار) به‌ یه‌ك گوێزان ڕیشی زیندانيیانی ده‌تاشی و دوایی گوێزانه‌كه‌یان لێده‌سه‌نده‌وه‌. زیندانيیه‌كان زۆر له‌ خواردن و پێویستيیه‌كانی ژیاندا دۆخيان خراپ بوو، كه‌ هه‌رگیز ئه‌و بارو دۆخانە به‌ بیری مرۆڤدا نایه‌ت هه‌تا گه‌یشتبووه‌ دۆخێک به‌ چه‌ند زیندانيیه‌ك، یه‌ك جگه‌ره‌یان ده‌كێشا. هه‌ر یه‌كه‌و یه‌ك مژ، كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك مژه‌كه‌ی درێژ بوایه‌ ئاگادار ده‌كرایەوە، له لایه‌ن هاوڕێكانیيه‌وه‌.
(خالید) ده‌نگی خۆش بوو، گۆرانی مه‌زهه‌ری خالقی ده‌وت، زیندانیيه‌كان له‌ باتی دڵیان خۆش بێت ده‌گریان.. نموونه‌ی ژیانی سه‌خت ئه‌وه‌ بوو، خواردنی ئێواره‌ به‌جۆرێك خراپ بوو كه‌س نه‌یده‌خواردو وه‌ك خۆی ده‌یانبرده‌وه‌.
ناوی زۆر بەى زيندانيانم له‌ یاد نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ یادما مابێ ئه‌مانه‌ن: (خالیدی حه‌مه‌ كاكۆڵ، مام هه‌ژار، سۆران، جه‌باری شێخ عه‌لی پاڕه‌زان، هاوڕێی حاجی ئه‌حمه‌دی پاڕه‌زان، كه‌مالێكی تر له‌ شانه‌ده‌ر گیرابوو، خه‌سره‌و، حسه‌ین، مه‌لایه‌ك له‌سه‌ر سنوور گیرابوو، حه‌مه‌ی مام عه‌لی، مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان، هه‌ڤاڵ، عه‌بدوڵڵا، سیروان، سه‌یفه‌دین،….).
كه‌ له‌ زینداندا بووین شتی زۆر ناخۆش ڕوویده‌دا. گه‌ر به‌ هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم (15/10/1984) بوو ژنێك گیرابوو زۆر ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درا. نزیك ئه‌و ژوورانه‌ی ئێمه‌ بوو، زۆر هاواری ده‌كرد به‌جۆرێك هیچ مرۆڤێك نه‌بووله‌ ده‌نگه‌كه‌ی نه‌گری. سێ شه‌و به‌رده‌وام بوو، ئیتر نازانم به‌ربوو یان شه‌هید كرا. هه‌رگیز ئه‌و ده‌نگ و گریانه‌م له‌ یاد ناچێت. ئه‌و دۆخە به‌رده‌وام به‌ره‌و خراپتر ده‌چوو. ئێمه‌ سه‌رسه‌خت بووین یان مرۆڤ سه‌رسه‌خته‌! هه‌ر یه‌ك ده‌قیقه‌ی به‌ سه‌عاتێك و یه‌ك ڕۆژی به‌ دوو مانگ ده‌بوو له‌ درێژیدا. ئه‌و كوردپه‌روه‌رانه‌ی كه‌ دۆمینه‌و شه‌ترنجیان له‌ ناوى سه‌موون دروست ده‌كرد و به‌ره‌نگاری دوژمن ده‌بوونه‌وه‌و له‌ژێر دۆشه‌ك و به‌تانیيه‌كاندا ده‌یانشارده‌وه‌و شه‌وگاری دڵه‌ڕاو‌كێ و ترس و تۆقاندنيیان پێ كورت ده‌كرده‌وه‌..
هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ڕۆحی پاكیيان به‌خشی و دنیای ئازادیان پێبه‌خشین.


(2)
ياداشتيى خاليدحەمە کاکۆڵ

خۆزگه‌و ئاواته‌كانم تاسان-ده‌روونم بوو بوو به‌ لانه‌ی دیمه‌نه‌ ترسناكه‌كان ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه‌ لاوانی ئه‌م خاكه‌ تیادا ئەشکەنجە‌ ده‌دران و له ‌ناو تابووتی مه‌رگدا، نه‌بوون به ‌دیاری بۆكه‌سوكاریان.
به‌ڵێ: هه‌موو ئه‌گه‌رێك له‌ ئارادا بوون بۆ من له‌ پێش چاوم دیمه‌نی لێدانی كێبڵ، كاره‌با، پانكه، بوونى هەبوو.
تاریكی ئەشکەنجەدان، به‌ڵام خۆڕاگری به‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌دا هێزی پێدەبە‌خشیم و زیاتر به‌خۆمم ده‌گوت: من له‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ زیاتر نیم و پێویسته‌ وره‌م به‌رز بێت. نابێ بهێڵم دڵیيان خۆشبێت،ئەوکاتەى دەستگیرکرام ده‌یوت بۆچی وه‌ستاوی- خێراكه‌ كتێبه‌كان بخه‌ره‌ ناو سندوقی ئۆتۆمۆبێله‌كه‌وه‌، كتێبه‌كانم خێراوبەپەلەپەل وترسەوە دەخسته‌ سندوقی دواوەى ئۆتۆمۆبێله‌كه‌و به‌ پاڵ خۆیشمان خسته‌ كوشنی دوای شۆفێرەکەوە، كه‌مێك دوای من كوڕێكی گه‌نجی تریان هێناو هه‌مان ده‌ستوور به‌پاڵ خزاندیانه‌ ته‌نیشتم- دوو چه‌كدار ئه‌ملاو ئه‌ولایان لێ گرتین و ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ به‌ره‌و شەقامى بانک بۆ سه‌ره‌وه‌ڕۆیشت،-خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو لە سەرشەقامەکەوە‌ سه‌یريیان ده‌كردینو منیش له‌ دڵی خۆمدا هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كانم بۆ مان و نه‌مان لێك ده‌دایه‌وه‌و ڕاوێژم به‌ خۆم ده‌كرد له‌ چۆنیيه‌تی خۆده‌رباز كردن و لێکۆڵینەوەو قسه‌كردن. هه‌موو هیوایه‌كی خۆده‌ربازكردن بڕابوون. ته‌نها كلیلی ڕزگاری زمان و خۆڕاگری بوون. له‌ دڵی خۆمدا زۆر شتم ده‌گوت و دوایی بێ سوود له‌ قه‌ڵه‌مم ده‌دا. تۆ بڵێی ئه‌و برازایه‌م كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌و له‌ تیپی ( ) (ی.ن.ك) ه‌ زانیاری یان له‌باره‌یه‌وه‌ نەبێ. ئا ئه‌م زمانلێدانە، تۆ بڵێی كه‌ سوكارو دایك و خوشكمان بهێنن و ئیهانه‌مان كه‌ن؟ تۆ بڵێی… تۆ بڵێی…. گه‌یشتینه‌ ئه‌منی به‌لده‌- كتێبه‌كانیان داگرت و بردیاننه‌ ژووره‌وه‌- كتێبه‌كانیان هه‌ڵڕشت- كه‌سێك كه‌ كورد بوو ناونیشانی كتێبه‌كانی ده‌خوێندنه‌وه‌-نزیكی نیو سه‌عاتمان له‌وێ پێچوو. چاوی من و ئه‌و كوڕه‌ش كه‌ دوایی ناوم زانی (محه‌مه‌د مسته‌فا سه‌عید) بوو به‌سترایه‌وه‌- من به‌ پشتێنه‌كه‌ی خۆم- توندبەستیانمەوە و كتێبه‌كانیان كۆكرده‌وه‌و دیسانه‌وه‌ به‌پاڵ خۆمان و كتێبه‌كانيیان خسته‌وه‌ ناو ئۆتۆمۆبێله‌كه‌و به‌ره‌و خواره‌وه‌ كه‌ به‌پێی ئاڕاسته‌ی ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ دیار بوو به‌ره‌و ئه‌من ده‌چووین، هه‌ر له‌گه‌ڵ وه‌ستانی ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ دایان گرتین و به‌ پاڵ و به‌ شه‌ق یه‌كێكیان له‌ دواوه‌ جار جار شه‌قێكی تێ هه‌ڵده‌دام و چاوم به‌سترابووە، قاچم هه‌ڵده‌كه‌وت له‌ قادرمه‌، به‌ عه‌ره‌بی جنێویان ده‌داو سه‌ریان ده‌خستم تا له‌ ژوورێك كه‌ دیار بوو شوێنی لێكۆڵینه‌وه‌ بوو كردمیانه‌ ژووره‌وه‌. دیسانه‌وه‌ یه‌ك به‌ یه‌ك كتێبه‌كانیان ده‌خوێنده‌وه‌و كوڕێك وەرگێڕانى كتێبه‌كانى دەکردە زمانى عەرەبى،-جار جار جنێویان ده‌داو ده‌یان وت گه‌وادانه‌ ئه‌م كتێبانه‌ چین؟ مه‌حه‌مه‌د كه‌ له‌ من منداڵتر بوو وتی: وه‌ڵڵاهی ئێمه‌ له‌ خه‌ڵكمان كڕیوه‌، ئه‌وانیش ده‌یان گوت ئێستا هه‌موو شتێكتان پێ ده‌ڵێین:لێكۆڵه‌ره‌كه‌- به‌ ته‌نها منی داناو جیای كردینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ (محه‌مه‌د). ئه‌مجا لێی پرسیم- تۆ ناوت چییه‌- وتم: (خالید)- وتی: بابه‌ تۆ كوڕێكی گه‌نجی و پێویستت به‌ ژیان هه‌یه‌، ده‌زانین كه‌ ڕقت له‌ ئێمه‌ نییه‌و ئه‌مه‌ش كردووته‌ هه‌ڵه‌یه،‌- بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕاست و به‌بێ پێچ و په‌نا هه‌موو شتێك بڵێیت: ئه‌وا ئێمه‌ش به‌ره‌ڵات ده‌كه‌ین، به‌شه‌ره‌فم هیچت لێناكه‌ین به‌س پێمان بڵێ له‌کوێهێناوتانەولە كێتان كڕیوه‌؟ ئه‌وانه‌ی بۆیان هێناون كێن؟ ناویان چییه‌؟ وتم من نازانم له‌ كه‌سی دیاریكراومان نه‌كڕیوه‌و نایان ناسین. زۆر له گه‌ڵما خه‌ریك بوون به‌ نه‌رمی،-زانييان هیچييان ده‌ست نه‌كه‌وت و بێ هیوا بوون، ئه‌مجا به‌ كێبڵێك كه‌ دیار بوو ناوی هه‌مووی وایەر بوو ده‌ستی كرد به‌ لێدانم- به‌ هه‌موو هێزی خۆی هه‌ر له‌ ملمه‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ ماوه‌یه‌ك به‌رده‌وام بێ به‌زه‌یی و دوور له‌ هه‌موو ویژدانی مرۆڤایه‌تی شوێن بەشوێنى له‌شم جار له‌گه‌ڵ جار و جه‌سته‌م له‌ژێر لێداندا ده‌یناڵاند ئازارم زۆر بوو، زیاد له‌ چاره‌كێك به‌م جۆره‌و بێ وه‌ستان له‌ ژێر لێداندا بووم.. تا خۆی ماندوو بوو ئه‌ينجا وه‌ستاو وتی: ها ده‌ڵێیت چی؟ ده‌ته‌وێت به‌رده‌وام لێت ده‌م یان ڕاستیمان پێ ده‌ڵێیت:؟ هیچم نه‌وت، به‌ڵام له‌ دڵی خۆمدا ده‌مگوت خوا بكات هه‌ر كێبڵ بێت. به‌ڵام ئه‌و دیسانه‌وه‌ ده‌ستی كرده‌وه‌ به‌ لێدانم و زیاترو توندتر، به‌رده‌وام پشتم زۆر لێدانی به‌رده‌كه‌وت به‌جۆرێك كراسه‌كه‌ی به‌رم شڕشڕ بوو، هه‌ستم كرد پشتم گه‌رم بوو، دیار بوو كه‌ خوێنی لێ هاتبوو، پاش ماوه‌یه‌ك ئیتر هه‌ستم له‌ ده‌ستداو ئاگام له‌ خۆم نه‌ما، به‌ڵام كه‌ هۆشم هاته‌وه‌ له‌ ژوورێكدا به‌ ته‌نها كه‌تبووم، چاوم كراوه‌ بوو، ژوورێكی بچووكی دووبە سێ مەتربوو.
سه‌ره‌تا چاوم به‌ خوێندنه‌وه‌ی نووسراوی دیواره‌كان هه‌ڵهێناو ویستم هه‌ڵسم، به‌ڵام به‌ زه‌حمه‌ت له‌ تاو ئازار ده‌جوڵامه‌وه‌. نووسراوی سه‌ر دیواره‌كان بریتی بوون له‌ هاوارو سكاڵاو دروشمی كوردو كوردستان و شۆڕش، (ئاخ كوردستان، ئیتر نات بینمه‌وه‌، سه‌رشۆڕی بۆ دوژمن… هتد). له‌ به‌ر ئازاری پشتم خۆم خسته‌ سه‌ر لا، هه‌موو له‌شم كوترا بوو، كه‌وتمه‌ بیری (محه‌مه‌د)، ئێستا ده‌بێت له‌ كوێ بێ؟ بۆ ئه‌و دیار نه‌ما؟. برسی و تینووم بوو، تاریكی كردبوو، ته‌نیا ڕووناكی ئه‌و ژووره‌ گڵۆپێك بوو له‌ سه‌رووی سه‌رمه‌وه‌، به‌رانبه‌رم له‌ ناوه‌ڕاستی دیواره‌كه‌ فایبه‌رێكی چوار گۆشه‌ی پێوه‌ نووسابوو، به‌ ئاسته‌م گوێم له‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ بوو، هه‌ر له‌ درزی ئه‌و فایبه‌ره‌وه‌ ده‌هات، له‌وه‌ ده‌چوو كه‌ ژووری تر بێت و په‌نجه‌ره‌ی بچووك بێ، سه‌رم به‌رز كرده‌وه‌ بۆ سوچی سه‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌ له‌ پشتمه‌وه‌ ساحیبه‌یه‌ك هه‌بوو ‌كه‌ زۆر بیرم لێ ده‌كرده‌وه‌ بۆ ده‌ربازبوون، ناو به‌ناو گوێم له‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ بوو زۆر به‌ نزمی- خه‌ریك بوو ته‌نگاوی و بێزاری ده‌كردم- كوتوپڕ ده‌نگی ناخۆشی كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكه‌ هات (محه‌مه‌د) یان هێناو پاڵێكیان پێوه‌ نا بۆ لای من و ده‌رگاكه‌یان داخست، زۆر شپرزه‌ بوو، جله‌كانی هه‌ڵوه‌شاو دڕاو بوو، توانای قسه‌كردنی نه‌بوو، به‌ڵام هۆشی هه‌بوو-زۆر دڵخۆش بوو كه‌ منی بینی و وتی: ئۆخه‌ی ئه‌وه‌ تۆی؟ دیاربوو ویستبويیان چه‌واشه‌ی كه‌ن و قسه‌ی پێ بدركێنن، بۆیه‌ خۆشحاڵ بوو كه‌ منی بینی و دوایی پێی وتم كه‌ ئه‌وان پێیان وتووه‌ كه‌ (خالید) یان به‌رداوەو ئیتر كه‌وتینه‌ قسه‌و باسی لێپرسینه‌وه‌و لێدان-داوای لێكردم كه‌ پاش پشوودان پرسیاری لێبكه‌م له ‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازاری زۆره‌و توانای نییه‌، بۆیه‌ بڕیارماندا كه‌ چیمان وتووه‌ هه‌ر ئه‌ونده‌بێ،قسه‌كانمان هه‌ڵگرت بۆ دوای پشوودانمان.
شه‌و دره‌نگ دوای به‌ڕێكردنی شه‌وگار ئێش و ئازار، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ئاهێك به‌ گیانماندا هاته‌وه‌- دڵخۆش بووین به‌وه‌ی كه‌ له‌ ئیفاده‌ دا قسه‌و هه‌ڵوێستمان یه‌كێك بووه‌، وه‌ك پێشتر پێکهاتبووین لە سەرى، بۆیه‌ بڕیارماندا له‌ داهاتووشدا هه‌ر بە هه‌مان شێوه‌ یه‌ك هه‌ڵوێست بین، چونكه‌ ده‌مانوت- به‌ جارو دوو جار-ده‌ست بەردارى لێدانمان نابن و پێویسته‌ خۆمانی بۆ ئاماده‌ كه‌ین. ئه‌و شه‌وه‌ به‌ده‌م ئازاری جه‌سته‌مانه‌وه‌ نوستین، كه‌ له‌ سه‌ر پشت نه‌مان ده‌توانی پاڵ بكه‌وین، ته‌نها له ‌سه‌ر ده‌م یان له‌ سه‌ر لا-كه‌ كه‌متر هه‌ستمان به‌ ئازار ده‌كرد. به‌یانی پێش هاتنی ئه‌منه‌كان ئێمه‌ بێدار بووین، كوتوپڕ ده‌رگا كرایه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ هه‌مان ده‌ستوور و هه‌مان لێدان، هه‌مان ئیفاده‌ دووباره‌ دەبوه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌كردم ئه‌گه‌ر هه‌رچی شتێك هه‌یه‌و ده‌یزانم نه‌یڵێم، ئه‌وا كه‌سوكاری خێزانه‌كه‌م ده‌هێننە ناوزیندان، داوای ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌كێ له‌ نزیكه‌كانم پێشمه‌رگه‌یه‌، ناوی بڵێم- جار جار ده‌ی وت: ده‌زانین كێتان پێشمه‌رگه‌یه‌، باشتر وایه‌ خۆتان قسه‌ بكه‌ن. لێدان هه‌ر كێبڵ و شه‌ق و زللـه‌ بوو، ئیتر ڕاهاتین له‌گه‌ڵ جه‌زره‌به‌و لێدان وئەشکەنجەدان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ست هه‌ڵگرتنی له‌ لێدان-كاغه‌زێكی هێناو وتی: ئه‌م نوسراوه‌ ده‌بینی كه‌ نووسیوته‌؟ سبه‌ینێ خۆشه‌ویسته‌كه‌ت ده‌هێنین بۆ ئێره‌.. ده‌ڵێی چی؟ دڵته‌نگ بووم، به‌ڵام هیچم نه‌وت، دیسانه‌وه‌ بردمیانه‌وه‌ ژووره‌كه‌ی پێشوو، تۆ بڵێی ڕاست بكه‌ن؟! ئه‌م هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌و هێنانی كه‌سوكارو خه‌ڵكی تر…- نا ده‌یانه‌وێ زانیاریان ده‌ست كه‌وێ و هیچی ترو هه‌تا بۆ جاری سێیه‌میش دیسانه‌وه‌ لێدان و كێبڵ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ من و (محه‌مه‌د) سێ باره‌ ده‌بوه‌وه‌و هیچیان لێمان هه‌ڵنه‌كڕان، ئیتر ئومێدمان زیاتر به‌ ژیان و به‌ربوون هه‌بوو تا ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا ناویى زيندانييەكانم نه‌ده‌زانی، جگه‌ له‌ مام هه‌ژار. به‌ڵام دوایی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌ ئه‌وانی تر ئاشنا بووم، وه‌ك مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ بوو-هه‌ڤاڵ،‌ سۆسیالیست بوو،سۆران- كه‌مال پ. د. ك. بوو، به‌ڵام لام وایه‌ دوای ماوه‌یه‌ك (له‌ سێداره‌ درا). هه‌روه‌ها جه‌باری شێخ عه‌لی پ. د. ك. بوو، خه‌سره‌و- حسێن كه‌لاری. پێشمه‌رگه‌ی (ی.ن.ك) بوو، حه‌مه‌ی مام عه‌لی و هاوڕێی حاجی ئه‌حمه‌د كه‌ وا بزانم جیش شعبی له‌ كاتی خۆپیشاندانه‌كه‌ى بەردەم پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر لە شەقامى تووى مەلیک،نزیک مۆڵگەى عوسمان محەمەد فایەقى تاوانبارجەیشى شەعبیەکانى مۆڵگەکە هه‌ڵدابوونه‌ خواره‌وه‌ لای فلكه‌ی كاوه‌ى ئاسنگەر لەکاتى پەردەلادانى پەیکەرى کاوەى ئاسنگەر. وه‌ چه‌ند كه‌سێكی تر كه‌ ئێستا ناویانم له‌ یاد نه‌ماوه‌، زۆربه‌ی كاته‌كانمان باسی هه‌وڵی ده‌ره‌وه‌و خۆڕاگری و چالاكی تازه‌ كه‌ جار جار لە تازه‌ گیراوه‌كانه‌وه‌ پێمان ده‌گه‌یشت، وه‌ یان چیرۆك و جار جاریش گۆرانی كه‌ زیاتر به‌ لای كوردایه‌تیدا بوون. وه‌ك گۆرانيیه‌كانی ئه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ی خالقی و لای لای نه‌مامی ژیان، كوردستانی خۆش نیشتمانيی جوان، سه‌ركه‌وتنمان له‌ هه‌ندرێن نابێته‌وه‌… هتد كه‌ زیاتر به‌ ده‌نگی من بوو، شاهیدیش (مام هه‌ژار، مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان، مامۆستا محه‌مه‌د)… تا.
ئه‌و گۆرانیانه‌ زۆر ئه‌منه‌كانی سه‌غڵه‌ت وبێزار ده‌كرد، بۆیه‌ جار جار ده‌هاتن و به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌یان پرسی- كه‌ كێیه‌ وا گۆرانی ده‌ڵێ؟ زیاتر ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بووین، چونكه‌ ده‌مانزانی ئه‌وان پێیان ناخۆشه‌.
جارێكیان یه‌كێك له‌ ئه‌منه‌كان و به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه‌ خاوه‌نی كتێبه‌كان منم و هه‌ر له ‌ناو ئه‌و ژووه‌دا به‌ر زللـه‌ی دام و ئیهانه‌ی كردم. ڕۆژان و شه‌وان به‌هیوای به‌ربوون یان مژده‌ی خۆش بووین، به‌ین به‌ین لێمان ده‌گوێزرایه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام نه‌مان ده‌زانی بۆ به‌ربوون بوو یان حوكم یان كوشتن، مه‌به‌ستم له‌ كوشتن ڕه‌می كردن بوو، كه‌ جاری وا هه‌بوو گه‌ر زۆر زیانیان لێ بكه‌وتایه‌ ئه‌وا چه‌ند كه‌سێكیان ده‌برده‌ ده‌ره‌وه‌و ڕه‌میان ده‌كرد، ئیتر یان به‌ نهێنی یان به‌ به‌رچا وی خه‌ڵكەوه بوو‌.
خواردنمان زۆر خراپ بوو- نیوه‌ڕۆ به‌ ده‌گمه‌ن گۆشتی تیا بوو، ئه‌وه‌ تاقی ئێواره‌ هه‌ر كه‌مێك شله‌ی به‌ستوو،سه‌موونێك،وهیچی تر، له‌ ناو قاپی نایلۆنەوە كه‌وچیش هه‌ر نایلۆن بوو. چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بوو له‌وێ بووین كه‌ ڕیشمان زۆر هاتبوو، به‌ڵام (مام هه‌ژار) به‌ ده‌ستی خۆی و به‌ ته‌نها موسێك ڕیشی كۆمه‌ڵێكمانی تاشی- كه وابزانم له (15) پانزه‌‌ كه‌س كه‌متر نه‌بوو، كه‌ خوێن به‌ ده‌م وچاوماندا ده‌هات. خۆشتنمان له‌ سه‌رماو سۆڵه‌دا ئاوی سارد بوو،‌ خه‌وتنمان یه‌ك به‌ ته‌نیشتی یه‌كتریه‌وه‌ بوو، له ‌به‌ر زۆری ژماره‌مان هه‌ندێ له‌ براده‌ران به‌ ته‌مه‌ن زۆر منداڵ بوون وه‌ك هه‌ڤاڵ و-خه‌سره‌و…هتد. هه‌وڵماندا وره‌مان به‌رزبيت، به‌تایبه‌تی ئه‌ومنداڵانەى‌ مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان زۆر زیاتر له‌ هه‌موومان نا ئاسووده‌‌ تربوون.


ئەم بابەتە چیرۆکى ئەو کتێبە قاچاخانە، بوون کەلە سنوورەکانەوە، بەوڵاخ دەهاتنە مەرزو شوێنەکانى وەک شاناخسێ و مەروێ و میراواو سەفرەو شانەدەرى و قەڵاچۆلان وپاشان سلێمانى ودەکەوتنە دەستى خوێنەرەکانیان لە ڕێگەى کتێبفرۆشییەکان وکتێبخانەکان بەشێوەیەکى نهێنى، ئەم کتێبانەش زیاتر لەشارى مەهاباد لەلایەن چاپەمەنى سەیدیانەوە چاپدەکران، مامۆستا محەمەدو خالیدیان لەشەقامى مەولەوى تەنیشت پۆستە لەسەر ئەم جۆرە کتێبانە کەبێمۆڵەت بوون دەستگیرکردو، ماوەیەکى زۆرزیاتر لە(ساڵێک)ى خایاند لەزیندان ولەژێر ئەشکەنجەدا مانەوەو پاشان بەرلێبوردن کەوتن و ئازادکران وبەخانەوادەو کەسورەکانیان شاد بوونەوە. دەیان چیرۆک و بەسەرهاتى جۆراوجۆرى زیندان و گرتووخانە تەنگ وشێدارو ناخۆشەکان هەن، بەلڵام پێویستى بەدوداچوون و گەڕان ماندوو بوون هەیە بۆ تۆمارکردن و گێڕانەوە، کە دەتونرێت چەندین بەرهەمى هونەرى وئەدەبى لێبەرهمبهێنرێت و وەک مێژوو ئەرشیف بەسودو بەکەڵکبن.


٢٩|٥|٢٠٢٣

پەراوێز:

نووسینى بەزمانى ئینگلیزى نیگلتون،کردنەکوردى سەید محەمەدى سەمەدى. لەلایەن سەیدییانى مەهابادەوە لەچاپدراوەو بڵاوکراوەتەوە. ئەم ڕۆژنامەیە ئۆرگانى ناوەندى یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان، بوو.




ڕەچەڵکناسی ئەنفال و حەڵاڵکردنی حەرام.. رانانی: بەکر ئەحمەد

رانانی کتێب
ڕەچەڵکناسی ئەنفال
پێشەکییەک بۆ ئابووری سیاسی ئیسلام
بەشێک لە نامەی دوکتۆرای مەنسوور تەیفووری
چاپخانە: ماڵی سوهرەوەردی

رانانی: بەکر ئەحمەد

لای فرۆید، تارماییەکی ددانپیانەنراو هەیە کە دەبێ دوورەدەست بهێڵرێتەوە. ” یەهودییەت و ئیسلام هەردوو کردە دامەزرێنەرەکانی خۆیان دەچەپێنن/ بەڵام چۆن؟ وەک چیرۆکی ئیبراهیم و دوو کوڕەکەی کە لە دوو ژنی جیاوازن دەری دەخات. لە هەردوو ئاینەکەدا ، باوک ناتوانێت ببێت بە باوک ، ناتوانێ کاری باوکانەی خۆی بەجێ بهێنێت مەگەر ئەوەی ژنێکی دیکە بێتە نێوان. ” (1)
دوورخستنەوەی ئەم تارماییە و چەپاندنی لای فرۆید لە یەهودییەتدا:” ئەوەیە کە ئیبراهیم میسرییە و جوو نییە. سیمای باوکانەی دامەزرێنەر، کە وەحی دەهێنێت و لەگەڵ خوادا پەیمان دەبەستێ، دەبێ لە دەرەوە بێت.” بەلام لە ئیسلامدا، چەپاندنەکە پەیوەندی بە ژنەوە هەیە. ئەمە ئەو گریمانەییە ک “سلاڤۆی ژیژک” سەبارەت بە چەپێنراوەکەی ناو ئیسلام تێزەکەی خۆی دادەرێژیت. بۆ ئەو، “ئەم چەپێندراوەی ناو ئیسلام لە هاجەردایە، ئەو کۆیلە میسرییەی کە یەکەم کوڕی بۆ ئیبراهیم هێنا.” بەلام ژیژک لە گەڕانیدا بەشوێن دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ئەم چەپێنراوای ناو ئیسلامدا، پشت بە چیرۆکی ژنێکی دیکەش دەبەستێت کە جیگایەکی گرنگی لە مێژووی ئیسلامدا هەیە کە ئەویش خەدیجەی هاوسەری پێغەمبەرە.
ئەم گەران و دەستپێکی سەفەرە، بۆ ڕۆشنترکردنەوە و تەنانەت رەخنەگرتن لە گریمانەکەی “سلاڤۆی ژیژک”، دەبێتە چوارچیوە و ناوەڕۆکی نامەی دوکتۆرای بەرێز(مەنسوور تەیفوور)ی کە بە زمانی فەرەنسی نووسراوەوە بە ناونیشانی: ” ڕەچەڵەکناسی ئابووری سیاسی لە ئیسلامدا، خەلافەت و ئاوارتەکەی” کە لەبەشی فەلسەفە و لۆژیکە هاوچەرخەکانی واتا پیشکەشکراوە. ئەوەی بە کوردی لەبەردەستدایە، کورتکراوەی دوو بەشی نامەکەی بەرێز مەنسوور تەیفوورییە بە زمانی کوردی کە لەلایەن ماڵی سوهرەوەردی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاین و ئەفسانە لە ساڵی 2022 چاپ و بلاوکراوەتەوە.
تەیفووری لە گەڕانیدا بە شوین تاڵەداوەکانی ئەم حەکایەتەدا کە لە سەرچاوە باوەرپێکراوەکانی ئایین خۆیەوە باسکراون، لەگەڵ ئەو جێگاو ڕۆلە گرنگەی کە خەدیجە لە ئیسلامدا دەبوایە شوێنی هەبوایە، لە گێرانەوەکانی سەربووردەنووساندا دەبینێ کە ژن شوینێکی دیکە داگیردەکات و لە کۆتایشدا ئەو، واتا ژن، دەکریت بە غەنیمەت. بۆیە ئیدی پرسیار لەسەر ئەوە نییە کە بۆچی جیگای ژن هێندە دەهێنرێتە خوار، بەلکو چی وادەکات مرۆڤ ببێت بە موڵک و دارایی؟ بۆئەم مەبەستەش، هەستدەکرێت پرسیار و وەلامەکان سەبارەت بەم جێگاو وڕیگایەی ژن لەوە دەکەوێت لە کایەی دەروونشیکاریدا بمێنێتەوە، بەلکو ڕووبەری ئابووری دەبێتە شانۆی گەران بەشوێن ئەم پرسیارەدا.
ئا لێرەوەیە کە تەیفووری: چاوتیژانە و بە توانایەکی ئەکادیمی باڵاوە ، بە گەڕانێکی ووردی نێوان لێکۆڵینەوە تازەکانی بیرمەندان و فەیلەسوفانی کۆن و تازەوە دەکەوێتە شوێن پرسیاری:”لە دڵی کام کردەی دامەزرێنەر/ چەپێنراوەوە ژن دەکریت بە بەشێک لە غەنیمەت؟ شوێن و پێوەندی ئابووری و حاکم لەم ئاینە نوێەدا چییە؟ “. ئەمە ئەو گەرانە سیحرئامێزەیە کە خوێنەر لە دوو تویی ئەم کتیبە 231 لاپەرەییەدا رووبەڕووی دەبێتەوە. بەڵام ئەوە تەنها پرسیاری بە غەنیمەتبونی ژن نییە کە لە نێو دێرەکانی ئەم کتێبەوە دەبێتە پرسیاری سەرەکی، بەلکو پرسی ئەنفال، یان بە غەنیمەتکردنی ئینسان و ئەو چرکە میژوویەی کە تیایدا خواوەند مەملەکەتی حەرامەکان دەخاتە سنورەکانی حەلالەوە و دیدێکی بنەرەتی نوێ لە دیدگای ئاینە تازەکەدا دروستدەکات کە پێچەوانەی تێروانینی ئاینەکانی پیش خۆیەتی لە پەیوەند بە تێروانین بۆ چەمکی ئەنفالەوە.

شەری بەدر وەک ویستگەی یەکەم.
ئەم دیمەنە دەبێ بگێردرێتەوە، بۆ ئەوەی وێنەکە باشتر ببینرێت.” ئومەییەی بە تەمەن، دوای پاشەکشیی لەشکرەکەی، مادام ئەسپەکەی نەمابوو و نەشیدەتوانی هەڵبێت، بەجێ ما. خۆیی و عەلی کوڕی کە گەنج بوو و نەیدەویست باوکی بەجێبێڵێت لە مەیدانەکە بە پێوە وەستابون و بە دوای کەسێکدا دەگەڕان خۆیان بدەن بەدەستییەوە بۆ ئەوەی نەکوژرێن. عەبدولڕەحمانی کوڕی عەوف کە حەزی لە زرێ و پۆشینی شەر بوو، هاتبووە مەیدانەکەوە و دو زرێی بە کۆڵەوە بوو. ئومەییە لە دوورەوە ناسییەوەو وهاواری لێکرد: هۆ عەبدوڵا! وەرە من و کوڕەکەم بەدیل بگرە، ئێمە لەوەی هەڵتگرتووە زیاتر دەکەین. عەبدوڵرەحمان زرێیەکانی فڕێدا، بەدیلی گرتن و دانییە بەر، کەچی لە بیلال هەڵکەوتن کە بە گوێرەی گێرانەوەی دیکە پیشتر کۆیلەی ئومەییە بووە. بیلال لە گۆرەپانەکەدا بە شوێن خاوەنی پیشووی خۆیەوەیەتی تا بەدیل بیگرێت یان بیکوژێت.
کاتێ بیلاک دەبینێ عەبدولڕەحمان ئومەیە و کوڕەکەی بەدیل گرتوون، بانگییان دەکات:”هۆ عەبدولڕەحمان ، ئەو کافرانەی بۆیان دەگەرێم بۆ کوێ دەبەی؟ عەبدولڕەحمان وتی: بێدەنگ بە ئەوانە دیلی منن. بیلال تێهەڵچوویەوە: دەی خوا ماوەت نەدات ئەگەر بێڵم لەدەستم دەربچن! موسوڵمانان دەستو برد بە شمشێر کوڕەکەی ئومەییەیان کوشت . عەبدولڕەحمان خۆیدایە پێش ئومەیە و گووتی، ئەوەتا کوڕەکەت ئیتر نەماوە، ئێستا دێن تۆش دەکوژن. هیچم پێناکرێت. بڵێ: هیچ خودایەک نییە جگە لە ئەللا و موحەمەدیش نێردەری ئەڵلایە. ئومەییە وتی: گەر توانیبام ئەم وشانە بڵێم، نەدەهاتمە ئەم شەڕەوە. عەبدولڕەحمان وتی: مادام وایەفریای خۆت بکەوە، چونکە من ناتوانم فریات بکەوم. ئومەییە کە لەبەر تەمەنی نەیدەتوانی ڕابکات، وتی : گەر توانیبام ڕیبکەم، خۆم و کوڕەکەیشم نەدەدا بە دەستی تۆوە. کاتێک ئەوان خەریکی ئەم قسەوباسە بوون، موسوڵمانان بۆی چوون و کوشتیان. عەبدولڕەحمان بە بیلالی وت: بۆ ئەو پەندەی پێتدام ، زرێیەکانم لە کیس چوو وتۆیش دیلەکانت کوشتم. هەمووان شتێکیان دەستکەوت جگە لە من.”
ئەم دیمەنە لای کۆمەلێکی زۆری راڤەکاران دێتە گێرانەوە. بەلام هاوکاتیش دەبێتە جیگای ئەو ناکۆکییەی لە نێوان دەستەو تاقمە جۆراوجۆرەکانی جەنگاوەرانی ئەم شەرەدا بەرپادەبێت کە هەر یەکە و بەشوێن بەش و دەسکەوتی خۆیەوەیەتی لەسەر غەنیمەت و دیلەکان. ئاخر لە ئاینە کۆنەکاندا: ” غەنیمەتییان دەسووتان یان دەیانکرد بەژێر خۆلەوە بە جۆرێک کە کەس نەتوانێ دەستی لێبدات، دیلەکانیشیان دەکوشت.”
بەلام ئەوەی دێتە پیش لە دوای سەرکەوتن لە شەڕی بەدردا وهەڵوێستە جۆراوجۆرەکانی عومەری کوڕی خەتاب ، عەبدوڵای کوڕی ڕەواح و ئەبوبەکر لە پەیوەند بەوەی کە چی لە ئەنفال (غەنیمەتی بەدەستهاتووی شەرەکە) بکرێت، پەیامبەری ئیسلام بریار لەسەر ئەنفال دەدات. بڕیارێک سەرتاپای ئەو تێڕوانینە دەگۆڕێت کە تا ئەو کاتە لە ئایینەکانی دیکەدا ڕەوایەتی هەبووە. ئەویش لە کورتییەتی خۆیدا بریتیە لەوەی ئەوەی کە تا پیش ئەم چرکەساتە ئەنفال بەشێک بوو لە حەرام و نەدەکرا بە قوربانی و بەشێک بوو لەو ئاوارتەیەی لە دەرەوەی دەستگای تەشریعی ئینسانەوە بوو، ئەمجارەیان حەرام دەخرێتە ناو دەسەلاتی حاکمەوە. ئەو دوو ناوهێنانە کورتەی کە لە قورئاندا باس لە ئەنفال دەکات، ئەو ڕووبەرە فراوانەیە کە تەیفووری لە ڕەچەلەکناسی ئەنفالدا بە شوێن ئەم پرۆسەیەوەیەو لێرەیشەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ قەتڵوعامی کوردەکان لە ژێردەسەلاتی بەعسدا.
ئەم لێکۆڵینەوەیە کۆمەکێکی گەورە بە ئینسانی کورد دەکات کە لەو شتە تێبگات کە بە ئەنفالی کوردەکان ناودەبرێت کە بە یەکێک لە برینە قولەکانی سەر جەستەی ئینسانی کورد دەژمێردرێت ، کە بە بڕوای من، جگە لە بواری سیاسەت و تا رادەیەکیش شیعر ، جێگایەکی ئەوتۆی لە لێکۆڵینەوە زانستییەکاندا داگیرنەکردووە کە لە ئاستی گەورەیی پرسیارەکەدا بێت. تەیفوری لەپاش روونکردنەوەیەکی درێژ و باوەرپێهێنەردا سەبارەت بە کەشفکردنی ئەو سنوورجیاکردنەوەیەی کە ئیسلام لەگەڵ ئەو نەریتە باوەی کەئاینەکانی دیکەی پێش خۆی پەیڕەوییان لێدەکرد، نیشانی دەدات کە چۆن ئەنفال دەکریتە ئەو حەرامەی کە دەسەلاتی حاکم حەلالی دەکات.

ئەنفال و خودا

ده‌ڵێن له‌ یه‌کێک له‌ ئۆردوگا زۆره‌ملێیه‌کانی نازیزمدا، کۆمه‌ڵێک جووی ئایندار، له‌ ئێواره‌یه‌کی ژووره‌ شیداره‌که‌ی خۆیاندا، له‌ به‌رانبه‌ر مه‌رگبارینی ڕۆژانه‌ی هاوڕێیان و ئازیزانیاندا، ئیمانییان به‌ خواوه‌ندی خۆیان له‌قده‌بێت و ئه‌و پرسیاره‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ هیچ کاتێکی ئاسایدا نه‌یانوێراوه‌ به‌ سه‌ر زاریاندا بێت.
” ده‌کرێ خودا به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆزه‌خه‌ی ئه‌وانی له‌سه‌ر شان بێت و له‌م جه‌هه‌نه‌مه‌ قاندراوه‌ی ئه‌واندا ده‌ستی نه‌بێت”. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، پێکهێنانی دادگایه‌کی بچکۆله‌، پێکهاتوو له‌ دادوه‌ر و پارێزه‌ر بۆ تاوانبار و تاوانلێکراو، خێرا دادەمەزرێنرێت. له‌ پاش قسه‌ و باسێکی درێژ، به‌ کۆی ده‌نگ بڕیارده‌درێت:” به‌ڵێ، خوداش تاوانباره‌” به‌ڵام هه‌ر له‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ی دادگا‌، ده‌ڵێن: “به‌لام ئێستا کاتی نوێژی ئێواره‌یه، با بڕۆین نوێژه‌کانمان بکه‌ین” . ئاخر ئینسان له‌ دۆزه‌خه‌کانی ئاوشویستدا نه‌یده‌توانی بێ ئومێد، بێ خودا بێت.

ئەم نموونەیە، لە دۆخی ئەنفالی کوردەکاندا بەم جۆرە ئامادەیی خوا نیشاندەدات:” ڕەنگە 5 دەقە زیاتر هەر تەقەیان کردبێ و هەموو سەیارەکەیان کردە سەرەن، بڕوا بکە دەنگێک لەناو سەیارەکەوە دەهات لە ژیانمدا گوێم لە دەنگی وانەبوو بوو، ئەوەندە ترسناک بوو. دەنگی چۆڕەی خوێن بوو کە لەو کوونانەوە فیشکەی دەکرد کە فیشەک کوونی کردبوو. دەتووت هەوایە دەیکەیتە تایەی سەیارەوە، ئاوا فیشەکەی دەهات. چونکە خوێنەکە زۆر زۆر بوو، لە ناو سەیارەکە و هێشتا هەمووی خوێنێ لێدەچۆرا. من هەستدەکەم هەر خوا خۆی مەیلی وابووە ئێمە بمێنین و بگەڕێینەوە تا خەڵک بزانێ چییان بەسەر ئەو عالەمەیا هاورد. ئەگینا من زۆر جار بیردەکەمەوە، دەڵیی خەیالە.”

ئەمە بەشێک لە گێڕانەوەی عوزێرە بۆ ئەو چرکەساتەی کە جگە لە خوێن، خواش بە پەلەپروزێ بۆ ڕزگارکردنی دەموچاوی خۆی، شەرمنۆکانە کەسێک ڕزگاردەکات تا وەک شایەتێک ڕووداوەکە بە نەوەکانی داهاتوو بگەێنێت. بە کورتییەکەی لە ئاوشویتش و لە ئەنفالدا، ئینسان ناتوانێت بێ ئومید، یان بێ خوا بێت.

جیاوازییەک کە لە نێوان ئەم دوو نموونەیەدا هەیە ئەوەیە کە کوردەکان لە دوای شاردنەوەی جەستەکانی ئەنفالەوە، لەلایەن زیندووەکانی دوای ئەنفالەوە، ئەم پرسیارە دەکەن : لەم تراژیدیایەی رووبەروی ئێمە بوویەوە ، خودا چەندە تاوانبارە؟

بێگوومان وەلامی ” بەڵێ خودا تاوانبارە” کە تێروانینێکی باو و تا ڕادەیەک بەرینی ناو کۆمەلگای “خوێندەواری” کوردییە، ، زادەی دادگایکردن و خوێندنەوەیەکی قوڵی جێگاو رێگای ئایین نییە لە پرۆسەی ئەنفالدا، بەلکو دەرئەنجامی بەیەکەوەگرێدانی سوورەتی ئەنفالی ناو قورئانە لەگەڵ ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە ئەنفالی کوردەکانی تیا ئەنجامدەدرێت. بە بروای من، ئەم پێکەوەلکاندن و پەیوەندیسازکردنە ، کاردانەوەیەکی سروشتی و تا ڕادەیەک زۆر سادەی قوربانییە کە دەیەوێ وەڵامیكی ئیجگار سانا بە پرسێارێکی قوڵ و ئاڵۆز بداتەوە. ئەوەشمان لە یاد نەچێت لە پاڵ کاردانەوەی ئینسانی تاکەکاندا و گەران بەشوێن پرسیاری بۆچی ئەنفالدا، ئەم پرسە لە کایەی سیاسەتدا دەخرێتە ناو گووتارێکی تووندی ناسیونالیستییەوە کە ناوەڕۆکەکەی دژە ئیسلام و عەرەبە. دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە، ئێمە دەبینە خاوەنی گوتارێک بۆ ناساندن و گەران بە دوای ئەنفالدا کە لە بەرگێکی ئاینییەوە پێچراوە و وەلامی پرسیاری بۆچی ئەنفال لە ئیسلامدا دەدۆزێتەوە.

ئەم لێکۆڵینەوەیەی تەیفوری، ئەنفالی کوردەکان دەخاتە ئەو چوارچێوە زانستییەوەی کە ئینسان بۆ سەرنجدان لەم پرسیارە گەورانە پێویستییەتی. ڕەواندنەوەی تەمی ئەو گوومانانەیشە کە لە دەوری وشەی ئەنفال و بەکارهێنانە ئاینییەکەی هەڵچنراوە. بۆیە خوێنەر سادەتر و چاوکراوانەتر دەتوانێ ئەکتەرەکانی دەرگیر لەم پرۆسەیەدا ببینیت.

“ڕەچەڵەکناسی ئەنفال”، یەکێك لەو پێویستییە گرنگانەی ئینسانی کوردە بۆ ئەوەی بتوانێ بەبێ دەمارگیرییەکی ئاینی و نەتەوەییەوە لە برینەکانی خۆی بڕوانێت. پێویستییەک کە دەمێک بوو دەبوا پڕبکرایەتەوە.

1/ مەنسوور تەیفووری، ڕەچەلەکناسی ئەنفال، 2022، چاپخانەی سوهرەوەردی




” کارنەڤاڵی گڕبەردانە سەرپۆشەکان”.. ‘دەقی: شێرزاد حەسەن’

( هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیلبیلەکەی چاوی مندا دەکشێ تەمێکی تر
&
کە فرمێسکم لەسەر روخساری کیژی دڵشکاو بینی
وتم یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر)
“هێمن موکریانی”
&
{شایی خوێن}

  • ژینا گیان.. ماڵئاوا.. چ باسە هەنووکە لە ئاسمانێ؟ یان بە رۆح و جەستە لەوە ماندووتریت کە ئەم سەرزەمینە بەجێبێڵیت، سۆز و میهر و نۆستاڵژیای تۆ لەگەڵ خاك و خۆشی و ناخۆشی خەڵکانێکە کە کەمینەیەکی ئاشنان بە تۆ و هەم پەرۆشی ئەوانەشی کە نایانناسیت، من دڵنیام تۆ ناخوازیت کەس پەنجەیەکی بریندار بێت یان مەرگەساتی خۆت ئاسا.. بچێژێت، چونکە دەزانیت کە ئەوانیش وەک تۆی خەمزەدە ستەمدیدە و زامدار و لێوبەبار و زێدە پەژموردە بوون. ژینای ماندووی ژێر دەستی زەمانە ئاخۆ هەنووکە خەوتوویت یان بێداریت؟ تۆ بڵێیت ئاگات لەو شۆرش و هەرا و زەنا و گۆڤەندە نەبێت کە خوێن و خەنە و خەندە و خەم و خۆشنوودی و خەیاڵی ئاگرین و خولیای سەرفرازی و سەربەستی.. دونیای تەنیوەتەوە؟ بە هەزارەها نەوبووک و کچانی نەباڵق و بێوەژن و دەرۆزەکەر و کەلاوەنشین و کۆشکنشین هاوسۆزی تۆن، چ مێینە بن و چ نێرینە، لە خانمان و لە پیاوان، هەم یاخی و خەونبین بە ئایندەیەکی زێڕەوشان و موژدەبەر و مژدەهێن کە هاوسۆز و هاودەردی تۆن.
    هۆ نازەنین و نازدارەکەی هەر هەموومان کەمەکێ سەر هەڵبڕە و ببینە چ شایلۆغان و جۆش و خرۆش و جونبوشێکە کە دڵی هەر هەمووانی خستۆتە سەر ریتمی سروودی “ئەی رەقیب” و “خوایە وەتەن ئاوا کەی”، هەمدیس ئەتۆ سەرقافڵەچی هەزارەهای لەوانەی کە خەونیان بە شکاندنی قەفەزەکان و داڕووخانی قەڵا سەختگیرەکان و بەندیخانەکانەوە بینیوە، کە ببوون بە زیندان و گۆڕستان و سزاخانە و دۆزەخێکی هەڵایساو بۆ هەر هەموو ئەوانەی نەترسانە خەونیان بە دونیایەکی بەهادارتر و ئارامتر و یەکسانیخواز و مرۆڤپەروەرانە بینیوە کە بێتە بوون و ببێت بە هەقیقەتێکی رەها!

{قۆچی قوربانی}
گیانی گیانان..گوتیان کە گوایە جوانەمەرگ بوویت.. وەلی حاشا.. هۆ ‘بەور’ی ئازا و سەرمەشقی رابوونێک کە هەموومان خەونمان پێوە بینیوە، بێگومان جوانەمەرگ بوویت وەک خانمە شۆرشڤانی فرەنسایی “ژان دارک: ١٤١٢/١٤٣١””ی پاکیزە کە وەک تۆ دژی ستەم و بێدادی رۆحی کەڵەگایی نێرسالاری و دزسالاری دەجەنگا، بەڵام ئەوە هەر تۆ بوویت.. هۆ ‘تەوار’ی بەرزەفڕ کە باڵەکانت دەیدا لە بنی ‘عەرشی فەلەک’، هاوکات چریکەت تاریکپەرستەکانی کاس و هوڕ و گێژ کردووە و تۆقاندوونی.. گەرچی لە چاوی ئەوانی کۆنەپەرست و کوێری رۆح و دڵ و مێشک وای مەزەندە دەکەن کە تۆی فریشتەیان رەوانەی دۆزەخ کردووە!
ئەوە تۆیت.. هۆ تاقانەترین مێینە کە وەک خانمە شۆرشڤانانی ” رۆژئاوای کوردستان” بە خوێنی پاکی خۆت دونیات بێدار کردەوە و گرەوت بردەوە، کە نەک بە تەنها “ئێران” و بەس، بەڵکو لەسەر کۆی نەخشە و جوگرافیای “ڕەشهەڵاتی ناوەراست”دا تۆ بوویت بە بەیداغ و مەشخەڵ و نموونەی گیانفیدایی بە درێژایی چەندین سەدە، دەنێو مەملەکەتێك و مێژوویەک کە زیندان و قەسابخانەیە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچان بێ چەند و چوون، بگرە بانگی خوێنی تۆ هەر چوار قوڕنەی دونیای تەنیوەتەوە. ئەتۆی خۆشەویست لای ملیۆنەها بوویت بە سیمبول و سەرمەشقی شۆرش و بەرخودان و شاـرەمزی سەر هەر هەموو رەمزەکان، بگرە لە چاوی هەر هەموو هاوخوێن و هاوتوخم و هاورەگەز و هاوسۆزەکانت جوانییەکت بەجێهێشتووە بۆ ئێمە کە بارتەقای خەون و خۆزگەی هەر هەموو مەردمگەلە ژیاندۆست و جوانناس و جوانپەرست و بەرزە دەماغەکانە کە بە چ ئەفسوونێکی سادەیی رۆحی پاک و خاکەڕای خۆت هەر هەموومانت لە دەوری خۆت کۆ کردەوە، ئێمەیەک کە بەر لە هاتنت چەندە پەرش و بڵاو بووین وەک ئاردی پەرت دەنێو دڕک و داڵ و کەند و لەندەکان، دەنێو ئەم رۆژگارەی کە سیخناخە بە پیاوانی گرگن و خەسیو لە بارەی رۆحی و دژە ژن و کۆی هاورەگەز و هاوتوخمەکەی تۆ!


{پایزنامە}
هۆ لە پایز و خەزان مەلوولتر و هەم شاعیرانەتر، هەڵوەرینی تۆ لە یەک خیاباندا پایزی راگەیاند کە گەڵارێزانێکی وەدەووی خۆیدا هێنا کە هەزارەها خیابانی دیکە مژدەی بەهارێکی بە ملیۆنەها بەخشی، ماڵئاوایی تۆ چ موعجیزە و پەرجوویەک بوو کە هەر هەموومانی لەسەر سفرە و خوانی خۆشەویستی کۆ کردەوە؟ ئەوەیان چ سەنگینی و رەنگینی و پەرجوویەک بوو کە نواندت بە ماڵئاوایی و نەمانی خۆت؟ دۆستان و دۆژمنانی دڵڕەشت لەسەر هەمان ئەو خیابانەدا کۆکردەوە و هەم لەسەر هەر هەموو جادە و کوچە و کۆڵانەکان و خیابانەکانی دیکە کە تۆ کردت بە ئاگردان و کوانووی بەرخۆدان و خۆشەویستی و جۆش و خرۆشی سەرکەشی و خەونی زیندەگییەکی شکۆمەندانە کە ئەگەر تا هەنووکە نەمانبووبێت و خەون بووبێت.. ئەوە تۆ لە پایزێکی غەمناکی نێو دڵ و رۆحی ئێمەدا وەک تەتەر و پەیکی شارەزا هێنات و دەنێو چاوانی ئێـمەدا چاندت.. هۆ خەونهێنە غەمین و بەجەرگ و خاکەڕا و زێدە سەلار و سەنگینەمان!
ئەوەیان چ گۆبەندێکە کە چەند تاڵە موویەکی سەر و پرچی تۆ، یانژی قەفێک لە کەزی یاخی و هەڵاتوو و سرک و جوانی تۆ کە بە بەر چاوی هەزارەها خۆیان لە رەفتە و سەرپۆش راپسکاند تا بەکامی دڵی خۆت هەتاو و هەوای پاک بیشواتەوە، ئاخر نەدەکرا.. ئاخر خۆ نەدەکرا جوانییەک لە ناو تۆی قەشەنگ و جواندا بە درێژایی تەمەن و زەمەن بخنکێت؟ ئەرێ بە راست ئێمە لەسەر کام ئەستێرەدا دەژین کە سەر و پرچی تۆ پیاوانی هەوەسباز و خۆگر و هەم گڕگرتوو لە شەهوەت رشتندا بەم چەشنە هار و دەیری و دەللی و دەهری بکەن؟ ئاخۆ بە راست دەکرێت بە تەنها بە بینینی سەر و پرچی کۆت و بێ سەرپۆشت دۆزەخ دەنێو رۆحی تۆدا بتەقێننەوە؟ تۆ بڵێیت ئەوان و ئێمە جێنشینی هەمان ئەستێرە بین؟ ئەمن گومانم هەیە..!
ئاخر حیکمەتی تێدا نییە ئەوانی دیکەی ئیماندار و خوداناس زەندەقیان لە پرچ و پەرچەم و زولف و ئەگریجەی کچان و ژنان بچێت و بتۆقن.. ئەوەیان چ سام و ترس و ‘فۆبیا’ێکە بەرامبەر بە جوانییەک کە یەزدان یانژی سروشت بەخشیوییەتی کە بێ پەند و حیکمەت نییە.. پەحا و ئەفسووس و جەخار و سەد حەیف و موخابن بۆ ئەو ئیماندار و بڕوادارە بەستەزمانانە!


{پەرچەمی ئاگرین}
چ شەرم و شوورەیی بوو کە پیاوانی ئامێرد و ‘رۆبۆت’ ئاسا و ئەڵقە لە گوێ زەندەقیان چوو لە پای یاخیبوونی چەند تاڵێک لە ئەگریجە و پەرچەمی نەترست، کە گوایە لە ترس و تاوی دزە کردنی زولفی تۆ لەوەدایە “عەرشی فەلەک” بلەرزێت.. گەرچی ئەوەیان مەحاڵە و مەحاڵیش نییە. بەڵام.. بەڵام.. لە چاوی پیاوانی دار بەدەست و پاسەوانانی ئاداب و ئاکار ئەتۆ بوویت بە کانگا و و سەرچاوە و کوانووی گڕکان و تۆفان و وەیشوومە و بوومەلەرزە و فیتنە و فەساد و فسق و فجور و فاحیشە، کە بە ئەندازەیەک کوشندە و بڕندە و ترسناک بوویت بۆ ئەوان کە لەوەدابێت دۆزەخت لە ئاسمانەوە گواستبێتەوە سەرزەمین و ئەم سەر بۆ ئەوسەری خیابانەکان، بە رادەیەک کە بە جوانی تۆ خرۆشان بەدەم هەنگامە و زەبر و زەنگ و خوێن هەڵچوونی ناحەزەکانت کە وەک ئەوە وابوو کە گڕکان و تۆفان و زەمین لەرزەیەکت لە ژێر پێیەکانی ئەواندا بەرپا کردبێت.. وای لە پیاوانی زێدە لەرزۆک و گرگن و گزگل و تۆقیو لە سێبەر و بۆن و بەرامە و نیگا و لەنجەی لەرزەکەمەر و ترپە و تەققەی کەوش و پێڵاو و حریتە حریت و قاقا و قریوەی لە ناکاوی خانمان.. وای.. وای.. وای!
گیانۆ.. ژیناـ ی ئازا و جەربەزە و گوڵخاتر.. خاترجەم بە کە ئەوە تۆ بوویت کە بە خوێنی رژوای خۆت ژینی ملیۆنەهات بە درۆ خستەوە، ئەوانێک کە مردوون و بە خۆیان نازانن، ئەوەتا لەسەر خیابانەکاندا مردووەکان ئەوەندە زۆرن کە مەگەر مردووەکانی دیکەی گۆڕستان رابن و بێدار ببنەوە و میهر بنوێنن کە زیندە مردووەکانی دیکەی ئەم سەردەم و رۆژگارە بنێژن. ئەتۆ بە مەرگی خۆت سەلماندت کە ئەوانی گاگەل و نێرەوز و نێرگەل و هەم كەڵەگا نەیانزانیوە بژین.. بە هەق واتکرد و وا ژنەوتیت، ئەوانی نابووت و و پەڕپووت لە تۆ پەست و تووڕەن کە سەلماندت ئێمەی نێرینەگەلی ئەم دەڤەرە زیندانین لە پای ئەوەی دڵمان بەوە خۆشکردووە کە کچەکان و خوشکەکان و ژنەکان و دەستگیرانەکانمان کۆیلە و بەندەواری ئێمەن، گوایە ئێمەی کۆیلە و ترسنۆک تا ئەندازەی مەرگ شاد دەبین گەر ئێوە دەنێو ئەشکەوت و کونجی تاریکی ماڵەکاندا وەک باڵندە و مەلی نێو قەفەز بژین و هەتاویش لێتان نەدات، وەک هوزار و بولبول بخوێنن بۆ ئێمەی کەڕ و گێڕ و لاڵ، کە تا هەنووکە نەمانزانیوە کە ئێوەی گیرخواردوو دەنێو قەفەز و بەندەواری فاقە و تەڵە و تەپکە و داوی ئێمەدا دەچریکێنن، دەخوێنن، بەڵام هەیهات کە وا نییە و خۆمان لە گێلیی دەدەین، ئاخر خۆ ئێوە ناخوێنن و بگرە چریکە و چەهچەهە و جریوەتان زادەی خۆشنوودی نییە، بەڵکو گریان و شیوەنێک و سینەکوتانە بە دیواری قەفەزەکان و دەرگا و پەجەرەی شیشەبەندی ناو خانووەکان و ماڵەکان کە بوون بە زیندانی جوانییەکان، چ کەلاوەنشین بن و چ کۆشکنشین، کە دیارە ئێمەی نێرگەل و نێرەوزی کەودەن و و نەبان و حۆل و یاغنیش دەرکی ناکەین و تێناگەین کە جریوە و چریکەتان خوێناوی جەرگ و کەفچڕینی دڵبەندی و گرینی رۆحی پەژموردە و و ژەهراویبوونی خەیاڵ و خەون و زیندەگیتانە!


{تاریکپەرستەکان}
مەگەر نەتزانیوە کە وەها وێنای ژنان دەکرێت کە چ فریودەر و جادووگەرێکن، کە گوایە ئێوە لەژێر هەر تاڵە موویەکی سەر و پرچتان شەیتانێکتان حەشارداوە، کە ئەگەری فریودانی پیاوە ئیمان تۆکمە و هەم لەرزۆکەکانتان هەیە، ئەوەیان چ بڕوا و ئیمانێکی تەنکۆڵە و عەمبارەپۆیە کە وا زوو بە دەرکەوتنی پەرچەمی خانمێکی سەلار و سەنگین کە ویقار و شکۆیەک لە چاوانی تۆدا شەوی دەیجووری رۆشن دەکردەوە، دە من دلنیام ئەتۆ دەتزانی کە ئەوان هەترەشیان لەو پڕشنگ و تین و تاو و چرایەک چووە کە لە ناو چاوانی تۆدا نێو دڵ و رۆح و مێشکی تاریکی ئەوانی رۆناک کردۆتەوە، ئەوان کە شەمشەمەکوێرە ئاسا دەگەڵ تاریکی راهاتوون، نەدەکرا رۆشنایی تۆ چاڵ و گۆڕ و خەرەند و بیری بێ بنی نێو گیان و بوونی ئەوان بخاتە بەر دیدەی هەزارەها، کە دوا جار خۆت کرد بە قوربانی وەک پەروانەی دەوری شەمع و سووتایت تا هیچ نەبێت بۆ تاوێک رۆحیان رۆشن بێتەوە، وەلی تۆ چی بکەیت کە ئەوان نەیانەوێت ئەو خەرەند و چاڵ و کونە تاریکەی ئەشکەوتی ناو مێشک و دڵ و رۆحیان رۆشن بێتەوە، خواستێکی وایان نییە کە ئەو زوڵمەتەی ناو خۆیان ببینن کە سیخناخ بووە لە مار و دوپشک و تیغ و زەمهەریر و سەڕسەڕ و پاشماوەی سەدەها جڕوجانەوەر کە ئافات و وەیشوومە و زووخاوێک لە کینەبازی و رق و ژەهری شاماری حەوت سەریان هەڵگرتووە دەرهەق بە تۆ و هاوتوخم و هاورەگەزەکانت، کە ناسرەون تا بەسەر جوانی تۆ و هاورەگەزەکانتدا یەقی نەکەنەوە و نەڕشێنەوە!


{نهێنی و تەڵزگەی گۆبەندێک}
ئەرێ بە راست ئەتۆ بە ئەنقەست ئەو گۆبەندەت نایەوە؟ یان خودی رەشەبای عەزرەتی و شەیدا بە سەر و سەکوت و قژوقاڵت بوو کە بە هەویای بینینی ئەگریجە و خەت و خاڵت بوو کە وەک شنەبا و شەماڵی سەرمەست خۆی نواند تا سەری کۆت و تاڤگەی دارژاوی کەزی و بسکی شاراوە و عەترلیت رابمووسێت و نەوازشت بکات، جواناوی بۆن و بەرامەت لەتەک خۆیدا ببات بەو مەرام و نیازەی کە هەرچی کچان و ژنانی شانشینی مەملەکەت هەن لاسایی تۆ بکەنەوە، لەولاوە چی نێرگەل و پیاوانی رۆح کەڵەگایی هەن زەندەقیان بچێت کە ئیدی تۆی سەرقافڵەچی و رابەر رێنوێنی هەمووان دەکەیت کە ناکرێت سەر و پرچیان قڕێژ و کەڕوو هەڵبێنن، بەو نیازەی کە ئیدی نەدەکرا رشک و ئەسپێ و گەنە و زەروو خوێنی پاکیان هەڵمژن!
هۆ کچی ئاسمان.. ئەوەتا بای ‘وەشت’ هات و لە هەر چوار قوڕنەی دونیاوە شنەبای خۆشنوودی و رەهاکردنی زولف و بسک و پەرچەم و کەزی راگەیاند، لەنێو ئەو زیندانەی کە تێیکەوتبوون.. رەها و سەرفراز بن بۆ هەتا هەتایە.. تۆ بڵێیت ئەو خۆزگەیە بێتە دی؟ ئەرێ بە راست تۆ بڵێیت نێرگەلێک و رۆح کەڵەگا ئاسا هەبن کە لە سەدەی بیست و دوو و هەزارەی سێیەمدا بە سیحری ئەو پەرچەم و ئەگریجەیە بکەونە سەر سمکۆڵان و حیلاندن چون ئەسپی شێت کە لە ژێر فشاری کوڵانی خوێن و جۆشدانی هەوەسی هار و گڕگرتنی شادەمار و هەم دەمارە دەزوولەییەکان تا ئەندازەی زەڕین و پەڕین کێوییانە خۆیان بەلەسە و رەها کردبێت؟ خۆ گەر وا بێت.. مەرجە ببرێنە بیمارستان و تیماری ئەو هەموو برینە زۆر و زەوەندەیان بۆ بکەین کە بۆتە کێم و زوون و تیراوە و برینی هەوکردوو.. لە سەر پێست؟ نا نا نا.. بەڵكو لەسەر پەڕەی رۆح و دڵ و مۆخ و گلێنەی چاوانیان!
وێجا.. خۆ کە ئەگەر ژیان و زیندەگی مەردمگەل ئیمتیحان و تاقیکردنەوە بێت دەنێو ئەم دونیایەی خۆماندا، پاداشتی چاکە و خراپە لە قیامەتێ بە فەرمانی یەزدان بێت، کەواتە وا رەواترە پیاوان بۆ خۆیان کە بە نیازن بە دیداری حۆرییەکان و غیلمان شاد بن لە بەهەشتێ.. مەرجە ئەوان چاوانی خۆیان دابخەن.. ئەگەر نا..ئەوەیان چ تاقیکردنەوە و ئیمتیحانێکی ساختە و فشۆڵە؟ کەواتە چ حیکمەتێکی ئیلاهی تێدایە خانمان بۆ خاتری نێرینەکان لە کونجی ژوورەوە نەیەنە دەرەوە و کە هاتنە دەرەوەش مەرجە نیقاب و بورقا و سەرپۆش و رەفتە و لەچک و مانتۆ بپۆشن، گەر وابێت کەواتە بەهەشت بێجگە لە هۆتێلێکی بەلاشخانە هیچی دیکە نییە!
بە دیدگای من ئەوەیان تەوسئامێزە و پڕە لە موفارەقە و پارادۆکس، پتریش فێڵ و تەڵەکەبازی رۆحی نێرینە و پیاوسالارییە، گەمەیەکێ چەپەڵی دەستەڵاتخوازی و ئایدیۆلۆژیایەکی سەردەستەیی نێرینەیە کە هەوڵێکی هەزارەها ساڵی بە دواوەیە لە ستەم و چەوساندنەوە و خۆ زاڵکردنی نێرینە لە رێگەی یاسا و رێسا و ئەدەبیاتی مەزهەبەزەدەیی کە کۆی میراتەکە هی نێرینەیە.. نەک مێینە کە ئەوەیان جێگای گومان و پرسیارە، لە ئاکامدا بەو نیازەش گەیشتوون کە ژنان و کچان کۆیلە و ملکەچ و ستەمدیدە بن و بە درێژایی تەمەن و زەمەن خەون بە سەربەستی و خودگەرایی و سەرخۆییبوون نەبینن، کە زادەی مێژوویەکی نایەکسان و راسیستی و نارسیستی نێرینەی تێدا پیادە دەکرێت، بەو مەرجە کۆتایی دێت کە ژنان و کچان خاوەن بەڵێ و نەخێر خۆیان نەبن، لە قۆناغی پێڕەوگەییەوە تا سەریان دەیدا لە بەردی ئەلحەد، ئەوەش وایکردووە کە ئێمەی کۆیلە چێژ لە کۆیلە بوونی ئێوەدا ببینین کە ئەوەیان مەحاڵە، چونکە دوو کۆیلە ناتوانن لە ئەلفوبای خۆشەویستی و ئەوین و ڤیان و میهر و سۆزداری تێبگەن و پێیبگەن.. ئاخر مەحاڵە کۆیلە و بەندەوار و دیلی بەندوباوی یاسا و رێسا و نەریتی کۆنەپەرستانە بتوانن کۆیلە و بەندەواری ژێر چنگ و کەڵبەی خۆیان رەها و ئازاد بکەن.. کە ئەوەیان کرۆکی بەدبەختی نێرینەکانی ئەم شانشینەیە!
یانژی بە دیدگا و قەولی ئەوان ئەوەیان فیتی شەیتان بووە کە فریوی داویت سەرپۆشەکەت دابخزێت و توندی نەکەیتەوە، یانژی ماندووی سەفەر بوویت و شەکەت و پرزە لێبڕاو، پاسدارانی کەودەن و یاساوڵەکانی ئاکار و ئاداب و پاسەوانانی ناوگەڵ دوچاری هیستیریا بووبن، ئاخر دەکرێت ئەوانی کەودەن و یاغنیش وایان مەزەندە کردبێت کە ئاسمانی شین: رەش داگەڕابێت لە تاو ئەو گوناهە کەبیرەیەی تۆ کە دۆزەخ وفیردەوس لە جێگەی خۆیاندا لەق و لۆق بووبن، چونکە ئەگەری ئەوە زۆرە کە فریشتەکان سەرەتاتکێیان کردبێت، بێباک لە ماجەرای دونیا و مەردمگەلی تلاوە بە دەست گرفتی لە بن نەهاتووی شەڕ و شۆڕی هەزارەها هابیل و قابیل، سەرباری کوشتارگا نەبڕاوەکان و ئەفسانەی ململانێی ئیبلیس بەرامبەر ملیۆنەها بە مەرجی فریودانی مەردمگەل کە ڕوو لە خراپە بن و پشت لە چاکەکاری، بە واتا ئاسمانێکی بێباک یان سەرقاڵ بەو خوێنبارانەی کە ئەم سەرزەمینەی بۆگەن و پیر و لەوتاوی کردووە، لەوەتەی “عیسای مەسیح” بەسەر خاچەوە چوارمێخەی کێشراوە خوێنبارانە، کە تا هەنووکەش نە دابەزیوە و نە ئاسمانیش بۆ بارەگای باری تەعالا هەڵیکێشاوەتەوە!

{خانمێکی تەنیا دەنێو جەنگەڵدا}
رۆحی رەوان.. ژینا.. کەواتە کێ فریای تۆ بکەوێت کە ئاسمان سەرقاڵ و پەشێوحاڵ و شپرزە بێت، نەکا کەشتییەکەی “نوح” بە خۆی و سەرنشینەکانەوە زەریا هەڵیلووشێت، سەراسیمە بەو هەموو زەمین لەرزە و گڕكان و بورکان و جۆرەها دەرد و نەخۆشی کوشندە کە مەردمگەلی گیرۆدە کردووە، کەچی.. کەچی تۆ بێباک لەوەی سەرپۆش و رەفتەکەت ‘با’ دەیبات و فریشتەکان لە خۆت تووڕە و تۆراو دەکەیت، هاوکات ئیسرافیل و جیبرائیل و عزرائیل و رەزوان چاوانی خۆیان نووقاندووە لە ترس و تاوی ئەو دیمەنەی تۆ تیایدا گیرۆدەیت و هەم ئازا و جەربەزە، کەچی ئەوە تۆ بوویت ‘ژینا’ی هێور و سەلار، لە بری ترس و تۆقین، ئەوەندە چاو قایم بوویت.. یان هەر خوو و خدەی خۆت بووە کە خەندەلێو بوویت و سەڵانە سەڵانە پیادەڕەوی هەنگاوت ناوە و رەدووی سەرپۆشەکەت نەکەوتوویت، لەولاوە ناچار و سیاچارە و لەرزە لێو بوون فریشتەکان لە حەوتەمین تەبەقەی ئاسمانێ، پاسداران و یاساوڵانی داربەدەست ناحەز بە جوانی و بوێریت بە رادەیەک شێتگیر بوون کە وەک ئەوەی تۆ ڕەشكەکا بیت و بتکوتن و بتکوتن و بتکوتن تا هەناسە لەبەربڕان!
ئیدی تەنگەتاوتر بوون یاساوڵەکانی رەوەشتمەندی عەمبارەپۆ کە بە هەق مەخلووقاتی زەندەقچوو بوون لەبەردەم ئارامی و دلێری تۆ و هەم پەرکەمدار و ‘فێ’ لێهاتوو لە تاو شەنگی و زیباییت، ناچار بە پەلەپروزێ و یەکاندەردوو وەخۆکەوتن و هەلقەیان بەست و پژدێنەیەکی بازنەیی و بڵندیان سازکرد بە قەد باڵای تۆ و بە پێچ و لوول وەک خەمی ناقۆڵات لە ساتەوەختی شکانی شکۆمەندی کچانەت لەژێر زەبر و زەنگی دڕندانەی پیاوانی مەزهەبزەدەی بێ مەزەب و مۆڕاڵ و ترسنۆک!
چما نەتدەزانی توخمی نێرینەگەلی ناوگەڵ برسی بە بینینی پێچ و لوولی قەفی کەزی و بسکی تۆ خوێنیان دەکوڵێت و ئاگرێک دەنێو شادەمار و دەمارە دەزوولەییەکانیاندا بەرپا دەبێت کە لەوەدایە کڵپە و بڵێسەی هەڵایساوی بگاتە دارستانەکانی سەرزەمین و باخەکان و لالەزار و باخی نێو فیردەوس کە تەڕ و وشك پێکڕا بسووتێنن؟
چما نەتدەزانی کە پاسەوانانی دەوری دامەن و تەشک و تیرێژ و قەد و باڵای تۆ وەک گیانداری کێوی و دڕندەکان و سمدارەکانی دیکە کە ڕەوە ئەسپی شێت ئاسا سمکۆڵان دەکەن لەتاو هەوەسی هار و شەهوەتی دەنێو خوێندا گڕگرتوو، قەستیانە خۆیان ببن بە قامچی و تیغ و شمشێری زولفەقاڕ و قەممەی دوودەم کە خوێنمژانە و سادیستانە لە سەد لاوە لەت و کوتت بکەن و.. هێشتا ئۆخەی ناکەن؟ ئەوان بە تەنها بە بینینی خوێن و فرمێسک و ئارەقەی ڕەش ئۆرگازم دەبن و بەس!
چ غەمناکە دیمەنی گەلەگورگ و کارئاسکێکی سرک و تەنیا و بێچارە دەنێو جەنگەڵدا، جەنگەڵی سەدەی بیست و دوو و هەزارەی سێیەمینی “ڕەشهەڵاتی ناوەراست” کە تیایدا رۆحەکان پەژموردە و تاریک و سام لێنیشتوو.. بگرە تاریکترە لەوەی کە چاو بتوانێت چاو ببینێت.. ئەمەیان چ گورگستانێکە.. ئیلاهی؟
چما ئەتۆ نەتدەزانی کە کچەزای ‘حەوا’یت کە گوایە ‘ئادەم’ی فریوداوە و بێباکانە لە درەختی حەرام و قەدەغەکراوی خواردووە. بەڵێ ئەوە ئەتۆی کە لاسایی دایکە ‘حەوا’ت کردۆتەوە و سەرپێچی دەکەیت و هەم پڕ بە زارت خەندەلێوانە سێوەکە دەکرمێنیت و هەم سەرپۆش دەدەیتە دەست ‘با’ و گێژەنی گەردەلوولەوە!
چما ئەتۆ نەتدەزانی دایکانی من و تۆ و هەزارەها بۆ سەدەها جار و بار بەردەوام بە ترسەوە بە کچەکانی خۆیان دەگوت. “سەرت داپۆشە.. کۆشت داپۆشە.. با دامەنی کراسەکەت تا سەر گۆزینگ بێت.. مەمکەکانت بشارەوە.. قریوە و قاقا و خەنینت نەیەت و مەرگ دێنێت، خۆت تاس و لووس مەدە و خۆ مەڕازێنەوە، بەدەم رۆیشتن و پیادەڕەوییەوە ئاوڕ مەدەرەوە، زار و دەمت بشارەوە کە نان دەخۆیت ئەو کاتەی پیاوان دیارن، ترپە و تەقەی کەوشەکانت نەیەت.. گەر نا.. نێرەوز وەک گەلەگورگ گەمارۆت دەدەن و و و…هتد.
بە راست ئەمەیان جەنگەڵە یان دونیایەکی تازە؟ چما ئەتۆ نەتزانیوە کە یاساوڵەکانی دەوری خەون و خەیاڵ و خولیاکانت تۆیان بە نێچیرێک زانیوە کە راوی بکەن و پێستەکەی بگروێنن کە بە هەق گرواندویانە، چونکە تۆ کچە ئازاکەی دایکە “حەوا” بوویت و گوێت بۆ ترپەی دڵی خۆت شل کردووە.. نەک بە تەنها شەیتان، ئەگەر نا.. وا بێباکانە سەرپۆشەکەت نەدەدایە دەست رەشەبایەک یان گەردەلوولێک.. ئەوان بە هەویای ئەو خەونەوە تۆیان راو کرد کە دەستیان سەوز دەبێت و ئەوسا بەهەشت یەک بست لێیانەوە نزیکتر دەبێتەوە و ئەتۆش کە گوایە شەریک و هاوشانی شەیتانی، گەمەی خۆت دەکەیت و سزا و باجەکەی دەدەیت.. سزا و باجێک کە لێوانلێوە لە جوانی و شکۆمەندی کە من دڵنیام حۆرییەکان لاسایی تۆ دەکەنەوە و بێز لەو داربەدەستانە دەکەنەوە کە تۆیان وەها ئەشکەنجە داوە کە بیرت بچێتەوە هەناسە بدەیت.. هەناسە و بەس!
چما نەتدەزانی بۆچی دایکانمان سەد بارەیان دەکردەوە بە چرپەوە کە ئێوە.. کچانی ‘حەوا’ لە پەراسووی چەپ و هەم خوار و خێچی ‘ئادەم’ دروست بوون و تا قیامەت راست و رێک نابنەوە.. هەر بۆیە لەسەر هەر سیلەی کۆڵان و گۆرستانێک و جادەیەک پیاوان و لاوانی داربەدەست وەک ئەرژەنگ وەستاون، کە لە شمشێر بڕندەتر قیت و قۆز وەستاون بە ناوی چاودێری خراپە و چاکەکاری خەڵکی، کە گەرەکە بۆ هەر هەڵە و پەڵە و کەتنێک و سووکە گوناهێک بە دار و مەترەق و تێڵا و قامچی و قیرپاچ و شەللاق نیوە مردووتان بکەن، بەو نیازەی رێک و راستتان بکەنەوە، ئەی دایکە نەیچرپاند بە گوێی تۆدا کە هەر هەوڵی راستکردنەوەیەک خوێنی جەرگە و شکانی شکۆمەندی و گۆبەند و رسوایی بە دواوەیە کچەکەم، کە زادەی میراتێکە کە زۆر قورسە کەسمان بیزانین کەی دەستی پێکردووە و کەی کۆتایی دێت و گۆڕ بە گۆڕ دەبێت.. خۆ گەر بشیزانین پێمان شەرمە بیدرکێنین، چونکە پیشەسازی و بەرهەمی دەست و فیکری ئێمەیە.. ئێمەی چی و چی و چی؟ خۆتان ناوی بنێن!


{ژینا.. هۆ قەقنەس ـ کەی ئێمە}
مەگەر هەر هەموومان نەمانبیستووە کە لە ناوئاخنی ئەدەبیاتی “ئیسرا و میعراج”دا هاتووە و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە زۆرینەی ‘ئەهلی دۆزەخ’ ژنان بوون لە پای ئەوەی هاورەگەزەکانی تۆ بۆ هەمیشە نزیکن لە خراپەکاری و دوورن لە چاکەکاری، گوایە لە دۆزەخیشدا بە قژ و قاڵی خۆیانەوە هەڵواسراون.. بە راست.. دیسانەوە..؟
جا.. خۆ ئەوان بێبەخت زۆر زووتر دەنێو دۆزەخدا ژیان و هەم مردن.. من بەڵگەم هەیە و گەواهی دەدەم کە پلکە ‘زارێ’ دایکم و پێنج خوشکی خۆم و سەرباری کچان و ژنانی گەڕەک چلۆن دەسووتان.. ئاخۆ بەس من ئەو ئاگرەم بینیوە یان هەر هەموو نێرینەکانی گەڕەک و شار بینیویانە؟ نازانم.. بەڵام دایکان و خوشکان و کچان و ژنان ئەوەندە شکۆمەند بوون کە دوای هەر سووتانێك ئازایانە وەک باڵندەی ئەفسانەیی “قەقنەس” ئاسا دەنێو خۆڵەمێشی خۆیان سەر لە نوێ رادەبوون و هەڵدەستانەوە و زیندوو دەبوونەوە.. ئاخر سۆز و بەزەیی و میهری ژنانە و دایکانە و خوشکانەی خۆیان دەنواند کە هاوخەم و سۆزیاری ئێمەی نێرینە بوون و ببن، کە نەکا ئەوانی قەڕوح و غەمناک و پرسەدار و تەنیا بکەون.. ئەوەیان چ قوربانیدان و جوانی و رۆحێکی سەرکەشە کە تا ئاسمان خواهانە و ژنانە و کچانەیە کە ئێمەی نێرینە نایبینین.. نایبینین.. بۆ کێ و کەی و بۆ کوێر بووین.. ئیلاهی؟!
ژینا.. ژینای ژن و ژیان و ئازادی و شکۆمەندی و بوێری.. لەوەش قەباحەتر و ترسناکتر و گوناهێکی کەبیرەتر و رەشتر ئەوەبوو کە ئەگەر سزای تۆ نەدەن و نەتکەن بە نموونە و پەندی زەمانە، چوغل و تەمبێت نەکەن بۆ توندکردنی سەرپۆشەکەت، ئەوسا كچانی هاوتەمەنی تۆش سایلی تۆ سەرکۆت و ئاڵاو واڵا دەبن و ئیدی پیاوانی چاوچڵێس و ناوگەڵ برسی دوچاری نەزەری حەرام دەکەن، لەوەش کوشندەتر ئەوەیە کە ئێوە بپرسن و گومان بکەن کە بۆچی دەبێت ئیمانی پیاوە سمێڵ بابڕەکان ئەوەندە تەنکۆڵە و لەرزۆک و چروک بێت؟ بۆچی مەرجە لەرزۆکی ئیمانی ئەوان یان تۆکمەیی دینەکەیان لەسەر بە دیارکەوتنی پەرچەم یان داپۆشینی بسک و کەزی ئێمە پابەند و وەستابیت کە بۆ هەمیشە پێوانە بێت بۆ وەدەستهێنانی بەهەشت و دووربوون لە دۆزەخ؟
ژینای.. دەرە ژین و نیشتەجێ دەنێو رۆحی هەمووماندا کە دەزانم ئەوەیانت بەسە.. ئەتۆ چیت کرد گیانی پەژموردەی گیانان، چلۆن وا ئاسان هەوەسی پاسدارانی دار بەدەستی ئەخلاقت ئاگر داوە بە ئەندازەی دەیری و دەللی بوونی فریشتەکانی ئاسمان لە تاو ئیرەیی و بەغالەت بردن بە جوانییە ئەفسوونبار و و رۆحی ‘بەور’ ئاسات.. گەرچی مەرگهێنیش بووبێت؟ ئاخر پاسەوانانی نامووسپەرست مەزەندە و ترسی ئەوەیان هەیە کە بە هەزارەها فریشتەی دەوری عەرش و مەلەکووت پایدۆستی لێبکەن و بتەکنەوە، لە گوینە کە هەندێکیان لە تین و تاو و ترسێکی پەنهان کە تۆ بەرپات کردووە.. پەڕ و باڵیان هەڵوەرێت و ئیدی چیدیکە نەبنەوە فریشتەگەلی دەوری عەرشی یەزدان، بە هەزارەهاش لە تەک حۆرییە زێدە نازدارەکان، هەم لە تاو بێباکی تۆ و نەترسانت لە ئاگری جەهەننەم سۆمای چاوانیان بڕژێت و کوێر بن، ئاخر فەرمانە کە نەدەکرا فریشتە نێرەوزەکانی ئاسمان و هەم سەرزەمین یەکاندەردوو بە شەوارە بکەون ئەو کاتەی پێکڕا مەست و حەیرانت دەبن کە ئاوڕ لە تۆ دەدەنەوە بە جۆرێک کە کەیل و کاس ببن کە وەک گەداکان سواڵی خەندەیەک و نیگایەک و ناز و هەوایەکی تۆ بکەن، وای.. وای.. ئەوەیان چ ئابڕووچوونێک بوو کە فیز و شكۆی خۆیان لەبەردمی خانمۆڵەیەکدا دۆڕاند؟!


{ خەون و خەیاڵێکی خوێناوی}
چما ئەتۆ نەتدەزانی کە لە شانشینی بێ خەیاڵ و خەونەکاندا.. خەون بینین و خەیاڵی فڕین سزاکەی خوێنی سەرە؟ هۆ ‌نازەنینی هەر هەموومان مەراقی ئەوەمانە و بێ ئۆقرەین.. ئاخر چڵۆن ئەتۆ لە شەوی دەیجوردا وەک چرا دادەگیرسێێت کە هەر هەمووان عەیب و عەورەت و چەهرەی ئەرژەنگ ئاسای خۆیان ببینن لە مەملەکەتێک کە هەر خەونێکی سەرکەش و سەرکێش بۆ خۆی پەڕینی سەرە و خۆ سپاردنە بە دۆزەخ لەسەر دەستی ئەوانی ناحەز بە خەونی شەکرە کەنیشکێک؟
هۆ ‘شەهرەزاد’ کەی ئێمە.. چما ئەتۆ نەتدەزانی کە ئاخوندەکان نابینان و هەر خەونێکی رەنگینی کچە رەنگاڵەیەک و شەکرەژنێک زەندەقیان دەبات، دە ئاخر دەزانی یان نا کە بینینی خەون بە رۆژی رۆناک لای شەمشەمە کوێرەکان چ گوناهێکی کەبیرەیە، تۆی خۆشخوان و سەراسیمە بە داستانی “هەزار و یەک شەو”ە کە ‘شەهرەیار’ی مەست و مەیزەدە کردبێت و جوانی تۆ ئەفسوون و سیحری حیکایەت و داستانەکانی تا دوا پەندی پڕ لە تانوپۆ و گرێچن بیبات و بەدەم زرنگانەوەی زەنگوڵەی دەنگی تۆی خۆشخوان خەو بیباتەوە.. ئیدی بۆ هەمیشە و بۆ هەتاهەتایە ‘شەهریار’ شەیدا و دێوانە و گیرۆدەتە و ناتوانێت سەرت ببڕێت و بتکوژێت وەک هەزارەها لە هاورەگەزی تۆ، لە پای بیانوویەک کە تا هەنووکەش دیار نییە.. تاکە بیانوویەک خوێنخۆری پادشاکان و پیاوەکان بووە کە بۆ هەمیشە خوانی خوێناوی ‘ئۆرگازم’ و سەرمەست و شادی کردوون، ئیدی تۆی ئەفسوونگەر هاتیت و بە گێڕانەوەی داستانەکان “شەهرەیار”ت سەرسام و حەیران و هۆگری خۆت کرد و مەرگی دیکەی هاورەگەزەکەی خۆت راگرت، ‘شەهرەیار’ بە ئەندازەیەک شاد بوو کە شەوێکیان عاشقانە نەک شاهانە خواستی ئەوە بوو کە ئیدی سەرپۆشکەت فڕێ بدەیت.. ئیدی خۆت رەها و سەرفراز کرد، چونکێ جوانی و زرنگی و ئەفسوونی جادووگەرانەت بوو کە ئەو خوێنخۆرییەی ‘شەهرەیار’ی بنەبڕ بکات.
ئەتۆ نەتزانی کە ئەوەشیان پیاوە سادیست و خوێنخۆرەکانی مەملەکەتی شێت و داغان و غەمگین کرد و کۆستیان کەوت کە پادشا دەستبەرداری خوێنخۆری کچان و خانمان ببێت.. پیاوانی مەست و خۆشنوود و ئاسوودە بە خوانی خوێنای و خەیاڵکوژ لێنەگەڕان گیانۆی خۆشخوانی کەلەکەوێت ئارام بیت بەوەی کە ‘شەهرەیار’ دەستی لە خوێن پاک بکاتەوە و بیشوات.. بەڵگەش یەوەیە کە تا هەنووکەش خوێنبارانە و شانشینی پرسە و واوەیلا و مەرگەساتە.. هۆ جوانێ!
بەڵام ئەوە تۆیت کە هەزارەها داستان و سەرگوزشتە و پەند و بەیت و بالۆرە و هیکایەت و چیرۆک و رۆمانت بۆ ئێمە بەجێهێشتووە و تازە فرچکمان پێوە گرتووە و میراتگری ئەمەکداری جوانی و میهر و شکۆمەندی و ئازایەتی و زرنگی تۆین.. بە قوربان.. شەو و شەوگارت شاد و ئەرخەیان و ئارام بنوو کە ئەمشەو و تا سەدەها شەوی دیکە هەر هەموومان بێدار و ئێشگر و دەرگاوان و پاسەوانی خۆت و خولیا و خەیاڵ غایەلە و خەونە شیرینەکانی تۆین بە درێژایی زەمەن و تەمەن.. هۆ ‘قەقنەس’ە تاقانە و ئازاکەی هەر هەموومان..!

(سەرەتای پایزی/٢٠٢٢)

  • پەراوێز: ـ
    • قەقنەس: قەقنەس (بەئینگلیزی:Phoenix، گریکی دێرین: Φοῖνιξ، بەفارسی: ققنوس، عەرەبی: العنقاء)، باڵندەیەکی خەیاڵی و ئەفسانەئامێزە کە بەروارد دەکرێت بە جۆرەها باڵندەی دیکەی راستەقینە، باسی لێکراوە دەنێو داستانە کۆنەکانی عەرەب وەکو سەرچڵییەکانی سندیباد و داستانی ‘ھەزار و یەک شەوە’، بەگشتیی لەنێو داستانە فارسی و رۆمانی و گریکی و میسڕی و چینییەکاندا ھەبووە. قەقنەس، وەکو بێچووی باڵندەیەکی پیرۆز لەنێو داستانەکاندا چاوی لێکراوە. باڵندەیەکە لەسەر هێلکەکەی دەنیشێت تاوەکو دەتروکێت، لە کاتی تروکاندا ئەوەندە بە خۆشییەوە بۆ بێچوەکەی دەخوێنێت و پوش و پەڵاش لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە تاوەکو پوشەکان ئاگر دەگرن و خۆیشی دەسوتێت، جا ئەو بێچوەی کە لە هێلکەکە دەتروکێت، پاشانیش دەبێتەوە بە دایکانە. دیارە سەرچاوەی دیکە ئاماژە بەوە دەدەن کە خودی” قەقنەس” تاکە باڵندەیەکی ئەفسووناوییە کە پێشبینی مەرگی خۆی بکات، گوایە سەروەختی گیانەڵا پووش و پەڵاش کۆ دەکاتەوە کە ئاگر دەگریت و قەقنەسەکە دەسووتێت بە پەرجووێکی دەگمەن و ئەفسانەئامێز دەنێو خۆڵەمێشی خۆیدا کە زادەی موعجیزەیەکی ئەفسانەئامێزە زیندوو دەبێتەوە.
    • بەور: سەر بە خێزانی پڵنگە، هەندێک جاریش وەک مێچکەی پڵنگ چاوی لێدەکرێت.
    • تەوار: مێینەی باز یان بازی مێچکە. (سەرەتای پایزی/٢٠٢٢)
    “شێرۆی پلکە زارێ”



کتێب/ قەیرانی عەقڵ.. فوئاد سدیق

بۆ خوێندنەوەی هەر چوار بەشی کتێبی ( قەیرانی عەقڵ ) کلیکی ئەو لینکانەی خوارەوە بکەن..

بەرگی یەکەم…

بەرگی دووەم…

بەرگی سێیەم…

بەرگی چووارەم…




لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکانی ئێراندا.. عوسمانی حاجی مارف

هەڵوەشاندنەوەی حیجابی زۆرەملێ وەک دروشم و داواکاری سەرەکی لە لوتکەی داواکاریەکانی ڕاپەڕینەکانی ئێراندا دەگەشایەوە، ئەو ڕاپەڕینەی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی جەماوەری ناڕازی بەرجەستەکردەوە و مێژویەکی نوێی لە خەباتی جەماوەری ئێراندا تۆمارکرد.
لە چوارچێوەی خەبات و ناڕەزایەتی و مانگرتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا، داواکاریەکانی وەک: زیادکردنی کرێ و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی، خوێندن و تەندروستی بێبەرامبەر، ئازادی رێكخستن و مانگرتنی بێ مەرج، ئازادکردنی دەستبەجێی زیندانیانی سیاسی، چەندین داخوازی تر کە ساڵانێک بەرزدەکرانەوە، لەگەڵ کارەساتی کوشتنی مێهسا ئەمینیدا، بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ئاستێکی فروانتردا درێژەی بەو ناڕەزایەتیانەدا، تا ئەو ئاستەی بە شێوەیەکی بەربڵاو مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامیش چووە ڕیزی خواستەکانەوە.
لە ڕاپەڕینەکاندا ڕۆڵی دیار و بەرچاوی خەباتی ژنان کە تا ئێستاش بە شێوەی جۆراوجۆر دەردەکەوێت، یەکێک لە گرینگترین شاکاری خرۆشانە جەماوەریەکانی ئێرانە، کۆمەڵگای ئێران درکیان بەوە کردووە کە سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ لەڕێگەی دەزگا یاسا ئاینیە ئیسلامیەکانەوە لەدەست چووەو ئیتر بۆیان ناچێتە سەر، لە ژێر پێگەی ڕۆڵی خەباتی ژنانی ناڕازیدا، دژی حجاب، بۆتە پەرچەکردارێکی کۆمەڵایەتی بەردەوام، وەک جوڵانەوەیەک داهێنان و ئاڵوگۆڕ دەخاتە بەردەم خەباتی ڕزگاریخوازی ژنانەوە. ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” توانای پەرچەکرداری لە بەرامبەر دەیان یاسای کۆنەپەرستانە و پیاوسالاری کۆماری ئیسلامی بەرجەستە کردۆتەوە، ژنان ئازایانە و هۆشیارانە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان کردۆتە ئامانج کە پێکهاتەی ئایدیۆلۆژی کۆماری ئیسلامیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە. ئەم ڕاپەڕینە پرسی ژنانی وەک بەشێک لە پرسە کۆمەڵایەتیەکان وروژاندوە و بزووتنەوەی گشتی ژنانی وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری هێنایە ئاراوە، کە تێیدا ژنان پێشڕەوو پێشەنگن، هەروەها خەبات و متمانەی جەماوەری ژنانی زیاتر بردە سەرەوە، خەباتی ژنان و کۆڵنەدانیان بەرامبەر بە یەکێک لە توندترین دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە، سەرسامی جیهانی وروژاند و بوو بە هەوێنی یەکگرتوبونی بزوتنەوەی ژنانی ئێران لەگەڵ بزوتنەوەی ژنان لە جیهاندا.
هێمای خەباتی ژنان لە پرسی حیجابدا و لە بەرامبەر ستەمکارانی کۆماری ئیسلامی کە تا ئێستاش بەهێزەو بەردەوامە، فڕێدانی حجاب وەک داواکاریەکی گشتی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپێندرا. بەڕنگاری ژنان کە لەبەرامبەر لێدان و بێ حورمەتی و کۆنەپەرستی ئەو بەکرێگیراوانەی کە سیستەمی سەرمایەداری دەپارێزن، نووکی هێرشکردنە سەر یاسا چەپەڵەکانی سیستەمی پیاوسالاریە کە لە ئاستێکی بەرفراواندا لە نێوان کۆمەڵگا و پەیوەندیە سەرمایەداریەکانی کۆماری ئیسلامیدا روبەروی یەکتربونەتەوە، سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” دوای خەباتێکی سەخت، دەستکەوتی بەنرخی تێدایە، بێ گومان زەمینە بۆ دەستکەوتەکانی داهاتوو لە نێو ژناندا ئاواڵا تر دەکات.
هەڵبەتە ئەمڕۆ ئەوە دەبینین کە لە ئاستێکی بەرچاودا، ئەم ڕاپەڕینە کەم بوەتەوە، بەڵام ململانێی نێوان هێزە سەرکوتکەرەکان و بزووتنەوەی ژنان و لاوان و خوێندکاران، هێشتا ڕۆڵی خۆی هەیەو ناڕەزایەتیەکان ناوبەناو دەرکەوتەی هەیە. ڕژیم ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی، بە هێرشێکی بەربڵاو و ترس لە هەڵگیرسانی ئەم ڕاپەڕینە دەستبەسەر کردووە، کەشوهەوای توندوتیژی و سەرکوت زۆر زیادی کردووە، هەرچەندە وەستانەوە لەبەرامبەر بە حجابی زۆرەملێ بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە و هێشتا بەرنگاری و خەبات لە دەرونی جەماوەری ناڕازیدا نەوەستاوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی ئەم ڕاپەڕینەدا ئەگەری نمایشی جۆراجۆر پێشبینی دەکرێت.
بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە سەرتاسەریەکان کە بەگشتی بە دروشمی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا لە مەیداندا بون، ئەمەش بەڵگەی ئەوە دەخاتە روو کە درەنگ یا زوو لێدانی زەنگی کۆتایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیە، ئەوەی حاشا هەڵنەگرە، ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” زیاتر بە نمایشی ڕاپەرین بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی خۆی ناساند، هەرچەندە ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک کوژراون و نزیکەی بیست هەزار کەسیش خرانە کونجی زیندانەکانەوە، بەڵام گۆڕانکاریەک لە واقیعی کۆمەڵگەی ئێستای ئێراندا بەرجەستە بۆتەوە، کە بە ملیۆنان کەس لەگەڵ سەختی ئابووری و هەڵاوسان و بێکاری و هەژاری و برسێتی و دڕندەیی کۆماری ئیسلامیدا، بە شێوازی گونجاوی خۆیان لە ئامادەیی ناڕەزایەتی و خەباتدان، ئەمەش بە حەق ئەوەی سەلماند کە کێشەکە تەنیا حیجاب نییە. وە ژمارە سەرنجڕاکێشەکانی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان لە ساڵانی ڕابردودا لە ئێران و ڕەنگدانەوەکانی، پێویستیەکی هەنوکەیی بە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کۆمەڵگادا هەیە، ئەم دۆخە تەنها لە ڕوانگەی “ژن، ژیان، ئازادی” وەک ڕاپەڕین وەڵام نادرێتەوە. ئەم ڕاپەڕینە توانی بەرەنگاریەک لە بەرامبەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نیشان بدات، کەلە ڕووی چەوساندنەوە و نادادپەروەریەک کە بەسەر ژنان و زۆرینەی خەڵکی ئێراندا سەپێنراوە، کۆماری ئیسلامی کە رەسمیەتی بە نایەکسانی کۆمەڵایەتی داوە، بەڵام بە ئاشکرا ئایدۆلۆژی ئیسلامی لەبەرامبەر خەباتی ژناندا ریسوا کرا و پاشەکشەیەکی گەوەری پێکرا، لە هەمان کاتدا بەشێوەیەکی گشتی ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەری ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا نواندوە.
گومانی تێدا نییە کە داخوازی و چاکسازیە یاساییەکانی ژنان لەو ئاڕاستەیەدا زۆر بەنرخ دەبن، بەو مەرجەی لە هەموو هەنگاوێکدا زەمینە بۆ گۆڕانکاریەکی کۆمەڵایەتی لە پێکهاتەکانی سیستەمی سەرمایەداریدا زەمینەسازی بۆ بکرێت. چاکسازی بە هەر جۆرێک بێت بە تایبەتی لە ئێراندا هەنگاوێکە بۆ پێشەوە، بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی ژنان و هەر بزوتنەویەکی جەماوەری ناڕازی، هەرچەندە بەها و گرنگی چاکسازی دەتوانێت لە چەوسانەوەی ژنان کەم کاتەوە، بەڵام دەبێت ئەوە رۆشن بێت کە ناتوانێ مانای گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری ژناندا، تەنها بەوەستانەوە لەبەرامبەر کۆنەپەرستی ئیسلامیدا دەستەبەربێت، هەڵبەتە هەر چاکسازیەک له کۆمەڵگه ی ئێراندا که بتوانێت هەندێک گۆڕانکاری یاسایی له پێگه ی ژن بهێنێته ئاراوه، به دڵنیاییەوه دەبێت پێشوازی لێبکرێت، بەڵام باسەکە لەسەر ئەوەیە کە کام بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی ڕێکخراو دەتوانێت وەڵامی پرسی بژێوی و خۆشگوزەرانی گشتیی ملیۆنان کەسی کۆمەڵگا بداتەوە، بە بزوتنەوەی ژنانیشەوە؟، کام گۆڕانکاری و بەدیل لە کۆمەڵگادا دەتوانێت گەرەنتی هەڵوەشاندنەوەی چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان بەسەرکەوتن بگەیەنێت؟، پێویستە ئاماژە بەوە بەدەین کەڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی” ئاسۆی ئەو گۆڕانکاریەی نیشان نەدا، کەدەتوانێت دەست لە پێکهاتەکانی سیستەمی سەرمایەداری بدات و شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی بەڕێبخات. چونکە خەبات لە دژی تەواوی پەیوەندیە نایەکسانەکانی کۆمەڵگە بنەماکەی لە زەرورەتی خەباتی چینی کرێکارەوەیە، هەر لەوێشەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆیە پێویستی بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی چینی کرێکارە، لە هەمان کاتدا پێگەی، “ژن، ژیان، ئازادی” دەتوانێت وەک بەشێک لەم خەباتە چینایەتیەی کرێکاران مانادار بێت، هاوشانی گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان لە پەیوەند بە خەباتی چینی کرێکارەوە هەنگاوی بەرەو پێشتر بنێت.
سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” توانی حیجاب وەک داواکاریەک بەسەر حکومەتدا بسەپێنێت، کەشوهەوای سیاسی کۆمەڵگای گۆڕی، یەکڕیزی نێوان بزووتنەوەی ژنان و قوتابیان تا ڕادەیەک بەهێزتر کرد، بەڵام ژنان هێشتا ڕێگای هەوراز و نشێوی زۆریان لە پێشە بۆ گەیشتن بە داواکاریەکانیان و چەسپاندنی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان، واتە بۆ نەهێشتنی ستەم یەکجاری لەسەر ژنان، دەبێ خەباتی نەهێشتنی چەوساندنەوەی چینایەتی لەبەرچاو بگیرێت، چونکە نایەکسانی نێوان ژن و پیاو میراتی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتیە، کە کاریگەری چەوساندنەوەی ئابووریە لەسەر ژنان، بۆیە گەیشتن بە یەکسانیەکی تەواو و ڕزگاری ژنان پەیوەستە بە نەمانی چینەکان، ئەمەش لە ڕێرەوی خەباتی چینی کرێکارو شۆڕشی کرێکاریدا مەیسەر دەبێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە، ژنان لەم جوڵانەوەیەی ئێراندا وەک بەشێک لە چینی کرێکار دەرنەکەوتن، ژنانی کرێکار، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی گەورەن لە نێو چینی کرێکاردا، لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و یەکخستنی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی کرێکاری، ئاشکرایە کە ئەرکی چینی کرێکارە. وەدیهاتنی داخوازیەکانی بزووتنەوەی ژنان، هاوشێوەی داواکاریەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ترە، لە پرۆسەی گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی و شۆڕشگێڕانە و کۆمەڵایەتیدا، بەبێ ئامادەبوونی چینی کرێکار، ناتوانێت ئاسۆی داهاتوو بۆ بەدیهێنانی داواکاریە سەرەتاییەکانی ژنان گەرەنتی بکات.




سیاسەتێکی چەوتی ئەمریکا لە ساڵرۆژی ژینا مەهسا ئەمینی.. ئاوات ئەسعەدی

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی خوێنڕشتنی دڕندانەی کیژۆڵەی نازدار و ئازادیخوازی کوردستانی ئێڕان، ژینا مەهسا ئەمینی، حکومەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیارێکی زۆر نارەوای لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دا.
واشنتن دەرفەتێکی کاتی بە بانکەکانی کۆریای باشوور بەخشی، بێئەوەی بکەونە بەر سزای ئابووری ئەمریکا، بتوانن بڕی 6 ملیارد دۆلار لە سەروەت و سامانی بەستوو و دەسبەسەراگیراوی ئێران، بگێڕنەوە بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی قەتەرەوە.
ئەگەرچی ئەم هەنگاوە بەوە پاساو دەدرێتەوە، کە گوایە بۆ ئازادکرندی پێنج “هاوڵاتی ئەمریکایی” بێت، کە “گوایە”، بە زوڵم لە ئێران بەند کراون، بەڵام لە راستیدا ئەم کردارە دەبێتە پشتیوانیکردنێکی راستەوخۆی تیرۆری کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەدەستهێنانی پارە، بۆ پیادەکردنی سیاسەتە نامرۆڤانەو تیرۆریستیەکانیان، ئەمەو سەرەڕای ئازادکردنی چەند تاوانبارێکی کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکا.
گومان لەوەدا نیە، کە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا پەیامێکی زۆر دڵخۆشکەرە بۆ مەلاکانی ئێران. نەک تەنیا لەبەر ئەوەی، ولایەتی فەقێ ئەمە بەسەرکەوتن دەزانێ و، بە چۆکدادانی ئەمریکای ناو ئەبا، بەڵکو ئیستە مەلاکان جارێکی کە لەوە دڵنیا بوونەوە، کە ئەتوانن لە ئایندەشا، جەلادو تیرۆریستەکانیان بە ئاسانی لە دەرەوەی وڵاتا کارا بکەن. ئەشتوانن دنەی سیخۆرو مرۆڤکوژەکانیان بدەن و، لە سێ شتی مسۆگەر دڵنیایان بکەنەوە: نە لە رۆژئاوا لە سێدارە دەدرێن، نە ئەشکەنجە دەدرێن، نە تاهەتاییش لە زیندانا گیر ئەکرێن، بەڵکو لە دەرفەتێکی “گونجاو”دا دەگۆڕڕێنەوە بە بارمتەی ئەمریکایی یان رۆژئاوایی.
ئەم کردارەی ئەمریکا ناوی هەرچیەکیشی لێبنرێت، گورزێکی قورسە بۆ ئەو هەمووە قوربانیەی، کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا گەلانی ستەمدیدەی ئێران داویانە. گورزێکی کوشندەیە لە کەسوکاری ئەو 500 قوربانییە، ئەو هەزاران کەسەی بریندارکراوان، ئەو دەیان هەزار لاوەی ئێران، کە لە 12 مانگی ڕابردوودا لە زیندانەکانی ئێران قایمکراوان، ئەو نرخە گەورەیەی، کە گەلانی ستەملێکراوی ئێران بۆ خواستی ئازادییان داویانەو بەردەوام دەیدەن.
جگە لە هەموو ئەمانە، دەسەڵاتی مەلاکانی ئێران هێزێکی زۆریان ڕەوانەی شاری سەقز، زێدەی ژینا ئەمینی، کردووە، بۆ بەرگرتن بە هەموو بزوتنەوەیەکی ناڕەزایی و جەماوەری. بە پێی هەواڵەکانیش ئێران تانکی گواستوەتەوە بۆ سنووری عێراق لە باکوورەوە و، بەم شێوەیەش ڕژێمی مەلاکان گوشارەکانیان زۆر زیاتر کردووە دژ بە کوردستان بەگشتی: عێراق (بە هەرێمی کوردستانەوە) دوائینزار (ئولتیماتوم) دراوە، تا 19 ی ئەم مانگە (ئەیلوول) ئەبێ پابەندبێت بە چەکداماڵینی گروپە چەکداریەکانی کوردستانی ئێران لەنێو سنوورەکانی دەوڵەتی عێراقا، ئەمەش بە پێی “رێککەوتنامەیەک” ی نێوان هەردوو وڵات.
تیرۆری ڕژێمی مەلاکان بێوچان و توندتر بەردەوام دەبێت.




بەشێك لە شیعری : لێگەرێن ئەم نیشتمانە ببێتەوە بە نیشتمان.. شیعری: لینگستۆن هیۆز.. وەرگێرانی: شوان عەباس بەدری

لە كتێبی ڕەش هەر وەك قووڵایی ئەفریقاكەی خۆم

… لێگەرێن ئەم نیشتمانە ببێتەوە بە نیشتمان
لێگەرێن دووبارە ببێتەوە بە هەمان ئەو خەونەی كە بوو
لێگەڕێن ببێتەوە بە پێشڕەوی دەشت
و لەوێ ئازادی ئاڵاكەی بشەكێنێت
ئەم نیشتمانە هەرگیز بۆ من نیشتمان نەبوو
لێگەرێن ئەم نیشتمانە ئەو خەونە بێت كە
هزرجوانەكان لە ناو خەونەكانیان بنیاتییان نابوو
لێگەرێن ببێتە سەرزەمینی بەرفراوانی ئەشق و خۆشەویستی
سەرزەمینێك كە تێیدا نە پاشاكان بتوانن خەم سارد بن و
نە خێمەی زۆرداران تێدا دابمەزرێت
تا بەم جۆرە هیچ مرۆڤێك نەتوانێت
مرۆڤێكی بێدەسەڵاتتر لە خۆی بچەوسێنێتەوە
ئەم نیشتمانە هەرگیز بۆ من نیشتمان نەبوو
ئاە ، لێگەرێن سەرزەمینەكەم ببێتە سەرزەمینێك كە
تێیدا ئازادی بە تاجە گوڵینەیەكی دەستكردی نیشتمان پەروەری ناڕازێننەوە و
بۆ هەموو كەسێك دەرفەتێكی ڕاستەقینەی ژیانێكی ئازاد ڕەخساوە و
ئەو هەوایەی هەڵیدەمژین پڕ بێت لە بۆنی یەكسانی
من لە ناو ئەم سەرزەمینەی كە جاری ئازادی تێیدا دەدەن
نە یەكسانیم بینیوە و نە ئازادی




ئه‌خلاقی خوێنڕێژ.. به‌ختیار محه‌مه‌د

مێژووی حیجاب یه‌كێكه‌ له‌ دیارده‌ هه‌ره‌ قێزه‌ونه‌كانی مێژووی ئیسلام. ئا ئه‌م دیارده‌یه‌یه‌، كه‌ وای كردووه‌ مه‌لا خوێنڕێژه‌كانی كۆماری ئیسلامیی، به‌ ناوی زبڵدانی ئه‌خلاقه‌وه‌، ژینا ئه‌مینی (هێمای پووچاندنه‌وه‌ی چه‌مكی قێزه‌ونی حورمه‌ و ناقیسولعه‌قڵ) شه‌هید بكه‌ن.

ئێمه‌ تێناگه‌ین، كه‌ ئه‌خلاق پۆلیسی بۆ چییه‌، ئه‌گه‌ر خۆی ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتێكی بێ ئه‌خلاق نه‌بێ؟ ئایا سه‌ركۆتیی بێ ئه‌خلاقییه‌ و به‌ڵام سته‌م و دزی و به‌ندیخانه‌ و كوشتن و برسیكردنی خه‌ڵك… ئه‌خلاقن؟ به‌ڵێ، كۆماری ئیسلامیی پۆلیسی ئه‌خلاق داده‌نێ، تا بێ ئه‌خلاقیی بێ وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆی بشارێته‌وه‌؛ تا به‌م ناوه‌وه‌، به‌ ناوی ئه‌خلاقه‌وه‌، ئازادی سه‌ر‌كوت بكا و ته‌مه‌نی درێژی سته‌مكاریی خۆی درێژتر بكاته‌وه‌.

هه‌ر به‌ڕاستیی حیجاب هێمای به‌ كۆیله‌كردنی ئافره‌ته‌. ئه‌وه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌لایه‌كانی كۆماری ئیسلامیی و تاڵیبان و سه‌رله‌به‌ری گوتار و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییه‌كان له‌ هه‌ر شوێن و كونجێكی ئه‌م دنیایه‌دا بن، وامان پێ ده‌ڵێن: پێمان ده‌ڵێن ئافره‌ت واته‌ زه‌عیفه‌یه‌، واته‌ كه‌م عه‌قڵه‌، واته‌ هاوتای سه‌گ و كه‌ره‌‌، واته‌ سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسیی هه‌ره‌سهێنانی ئه‌خلاقه‌…؛ به‌ڵام كامه‌ ئه‌خلاق؟ ئه‌و ئه‌خلاقه‌ی چوار ژن له‌ به‌رانبه‌ر پیاوێك داده‌نێ؛ له‌ میراتیش نیوه‌ی به‌شی ئه‌وی ده‌داتێ؛ ئه‌و ئه‌خلاقه‌ی ژن ده‌كاته‌ ئامێری منداڵبوون و سێكس؛ ئه‌و ئه‌خلاقه‌ی ژن ده‌كاته‌ كۆیله‌ و كه‌نیزه‌ك له‌ شه‌ڕی فتوحات و حۆری له‌ به‌هه‌شتی پیاواندا؛ ئه‌و ئه‌خلاقه‌ی به‌ پیاو ده‌ڵێ، ئه‌مه‌ شه‌رعی خوایه‌، له‌ ژنه‌كه‌ت بده‌! ئه‌و ئه‌خلاقه‌ی، چونكه‌ ئه‌خلاقی ده‌سه‌ڵاتی پیاوه‌، هه‌میشه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پیاودا، ئافره‌ت تاوانبار ده‌كا و به‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو به‌دڕه‌وشتییه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی داده‌نێ. ئا حیجاب ده‌لاله‌ت له‌ بوونی ئه‌م به‌دڕه‌وشتییه‌ ده‌كا، كه‌ له ڕوانگه‌ی گوتاری ئیسلامییه‌وه‌ له‌‌ جه‌سته‌ و له‌ بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی ئافره‌تدایه‌.

به‌ختیار محه‌مه‌د




ئاگری سارد.. فەرهاد کەریم

ده‌ره‌وه‌ سارده‌ و ژووره‌وه‌ گه‌رم
مرۆڤ له‌ ده‌ره‌وه‌ گڕی گرتووه‌
چێژ له‌ ساردی ده‌ره‌وه‌ وه‌رناگرم ئاگر له‌ ژیان به‌ربووه‌
ده‌رگا داخه‌ با ئاگر نێته‌ ژووره‌وه‌
سه‌رمامان ده‌بێ به‌و ئاگره‌ سارده
فێره‌ ئاور خواردنبه و به‌ ئاگر خۆت بشۆ ئاور فێره زمانکه‌
به‌ گڕ بڵێ پشوو‌‌ ژیان تۆزێ هه‌ناسه‌ی فێنکی ده‌وێ
له‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌نگاوه‌کانی نه‌رمکا
گه‌رمی له‌ فرمێسک فێربێ‌
هه‌ناسه‌ی ساردی له‌ ئاو
ئاگر له‌ ژیان بڕژێ و خۆی بشوا به‌ ژیان
ئاگر ئاو بێ و ژیان نه‌خنکێ
ژیان بخنکێ ئاگر ده‌مرێ
ئاگرم خۆشده‌وێ ژیان نه‌سووتێ
ژیان جوانه‌ به‌ ئاگر گه‌ر سارد نه‌بێ
به‌ ئاگری سارد ژیان ده‌سووتێ
مرۆڤ ئاگر ده‌کاته‌وه‌و له‌ سووتانی سارد ناترسێ
په‌یوه‌ندی من و ئاگر کۆنه‌
هێنده‌ی له‌ مرۆڤ ده‌ترسم له‌ ئاگر نا
به‌و ئاگره‌ سارده‌ت سووتاوم مرۆڤ
سه‌رت له‌ گیرفانت په‌سته‌
پاڵ به‌ سه‌رته‌وه‌نێ با له‌ گیرفانت بنوێ
ده‌مه‌وێ بڕۆمه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ئاگری سارد و سووتان نه‌ترسم
فوو له‌ ئاگری سارد مه‌که له‌ ئاگری سارد وه‌ره‌ ده‌رێ‌
به‌ ئاگری سارد سه‌رمامان ده‌بێ
به‌ سه‌رما ده‌مرین
ئاوێ به‌ ئاوره‌ سارده‌ داکه
ژیان ئاگری ده‌وێ
به‌و ئاگره‌ سارده‌ت زه‌وی سه‌رمای بووه‌‌
ئاو گه‌رمکه‌ن بۆ شووشتنی زه‌وی
زه‌وی له‌ سه‌ر مه‌رگه‌
له‌ کوێ زه‌وی بنێژین
گوو له‌ کوێ که‌ین




کتێبێک لە بارەی عەبدوڵا پەشێو چاپ و بڵاو دەکرێتەوە

کتێبێکی دیکەی سەدیق سەعید ڕواندزی، بە ناوی (لە ژێر ساباتی شیعری پەشێودا،) لە ئاییندەیەکی نزیکدا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. ناوەڕۆکی ئەم کتێبە، خوێندنەوەیە بۆ شیعرەکانی عەبدوڵا پەشێو، کە تیایدا نووسەر خوێندنەوەی بۆ چەند شیعرێکی نەتەوەیی و ڕۆمانسی و سیاسی پەشێو کردووە. بە تایبەتیش ئەوشیعرانەی لە بارەی کوردستان و مەنفاو پەیوەندی ڕوحی شاعیر بە کوردستانەوە نووسراون.




پێکی نیگا.. دڵکەش قادر

ئەمشەو نیگام دەچێتەوە سەر ئەو پێکانەی
لەکۆتا خەیاڵ بەشمان کرد
پێکێ لە نیگای حەز
پێکی لە نیگای مەستی
پێکی لە نیگای هەڵگۆفین و لە دەستوەردان
پێکێ لە نیگای زیندانیکردنی سێو
کەشافەی ئەم حەزەم
دەچێتەوە سەر دواهەمین خەیاڵ و
لەتکردنی حەز
من مایسترۆی ئەو خەونەبووم
کە لە داوێنی گوڵەگەنمێکەوە ترازانە حەوشەی
خەزانتەوە.
ترزا بەندی پەیمانی نێوان دوو گوڵدان و
دوو زیندان.

دڵکەش قادر
سلێمانیی




ئاوابوونی بتەکان.. ئەحمەد ڕەسوڵ

ناونیشانی ئەم وتارە، ناونیشانی پەڕتوکێکی فەیلەسوفی بەنێوبانگی ئەڵمانی (فرێدریک نیتشە “نیچە”) یە، بەبێ ئەوەی کە ناوەڕۆکی ئەم وتارە هیچ پەیوەندییەکی بە ناوەڕۆکی پەڕتوکەکەوە هەبێت. لە بەشی چوارەمی پەڕتوکەکەدا ناونیشانێکی بەمجۆرە هەیە (هەتا کۆتایی پێنەهێنین، چۆن بەیانی؟ جیهانی ڕاستەقینە، خورافەیەک – مێژوویەکی هەڵە) وەرگێڕدراوە عەرەبییەکەی.
لە دەستەواژەی مێژوویەکی هەڵە، خەیاڵم ڕۆیشت بۆ مێژوویەکی درێژی خەبات و قوربانییدانی خەڵکی کوردستان “ئەوەی حزبخێڵەکانی کوردایەتیی بە شۆڕش و شۆڕشگێڕیی خۆیان ناوی دەبەن” کە زیاتر لە سەدەیەک دەبێت و دواتریش مێژووی ٣٢ ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی و قەوارەی هەرێمی کوردستان. بەڕاست چ مێژوویەک بوو؟! ئەگەر داوەرییەکی خێرا و سەرپێی نەکەین لە ئاستییدا و قووڵتر و لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەرنجی بدەین هەر ئاوا ئاسان نابێت ئەو ناونان و داوەرییەی تا ئێستا وەکو قەوانێک هەزاران بارە کراوەتەوە.
بیرکردنەوەیەکی جیاواز و پێرسپێکتیڤی جیاواز، مێژوویەکی هەڵە.
سەرنجڕاکێشە و ڕاتدەگرێت، “مێژوویەکی هەڵە”
دواتر لە ناونیشانی کتێبەکەوە “ئاوابوونی بتەکان”، کە ئێستا ناونیشانی ئەم وتارەشە، سەرنجم ڕۆیشت بەرەو ئاوابوونی حیکایەتەکانی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان، ئاوابوونی ئەو بتانەی بۆ هەموو شتێک دروستیان کردبوون. لە ٣٢ ساڵ لەمەوپێشەوە هەر ڕۆژەی بەشیک لەو بتانە هەڵوەریوە. ئاوابوونی بتەکانی شۆڕش و شۆڕشگێڕیی، ئاوا بوونی بتی کوردایەتیی،. ئاوابوونی بتی دروشمە قەبەکانی دیموکراسیی، هەڵبژاردن، ئازادیی، پێکەوەژیان، یاسا و دادپەروەریی. ئاوابوونی بتی دنیا لە پشتمانە، ئاوابوونی حیکایەتی پێشمەرگە، شەهیدبوون و گیانفیدایی. ئاوابوونی بتی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و دەیان بت و حیکایەتی دیکەی دەسەڵاتدارێتیی حزبخێڵەکانی کوردایەتیی.
هەر کەسێک ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانێت، کە دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتدارێتیی سیاسییە پلە یەکەکانی حزبخێڵەکانی کوردایەتیی بووە نەوەکو دەسەڵاتدارێتیی خەڵکی کوردستان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بپرسین ئایا لاوازبوون یان ئاوابوونی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان لە کەیەوە و لە چییەوە دێت؟
جوبران خەلیل جوبران دەڵێت، مردن بە یەک جار ڕوونادات. بەڵکو هێواش و بە چەندەها جار ڕوودەدات. هەر خەمێک و ئازارێک مردنێکی بچووک و بەشیی “جزئی”ە، بە جیابوونەوە لە خۆشەویستێکمان بەشێکمان لێ دەمرێت، بە ڕۆیشتنی هاوڕێیەک بەشێکی دیکەمان لێ دەمرێت، بە مردنی ئازیزێک بەشێکیترمان لێ دەمرێت … هتد دواجار هەموو مردنە بچووک و بەشییەکان پێکڕا مردنە گەورە و گشتییەکە پێکدەهێنن.
هەر کۆمەڵگایەک پێویستییەکی حەیاتی بە ئەو دەزگا و عەقڵە قووڵە شیکەرەوە و ڕەخنەگرانە هەیە، کە جیا لەو چاوەی کۆمەڵگای تەماشای خۆی پێدەکات، چاوێکی دیکە بە کۆمەڵگا دەبەخشێت کە لە دەرەوەی خۆی سەرنجی ووردی دەدات. ئەو دەزگایانە و ئەو ناوەندانە بە عەقڵە بیرکەرەوە و سەربەخۆکانیانەوە، لە سەرووی ئینتیما لۆکاڵیی، ناوچەیی، ئایینیی، ئایدیۆلۆژیی و سیاسییەکانەوە ڕەخنەی کۆی کایەکانی کۆمەڵگا دەکەن، لە کایەی سیاسیی و سیستمی حوکمڕانییەوە بۆ کایەی ڕۆشنبیریی و کلتوریی، لە سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە بۆ سیستمی تەندروستیی و … هتد. ڕەخنەکردنی هەر کایە و بوارێکی دەزگایی و ئیداریی کۆمەڵگا جگە لە هەوڵی پێبەخشینی ئەو چاوەی دیکە بە کۆمەڵگا و بە خودی ئەو کایە و بوارە بۆ بینینێکی ڕاستەقینەی خۆی چیدیکە نییە.
هەموو سیسستمێکی حوکمڕانیی لە ڕێگای ئەو ناوەند و دەزگایانە و ئەو عەقڵە بیرکەرەوە و ئاگاییە ڕەخنەکارەوەیە، بەردەوام چێکی خۆی دەکاتەوە و هەمیشە ئەو ئەگەرەی بەرەو هەڵدێر و هەڵەی گەورەی دەبات، لاوازتر و بچووکتر دەکاتەوە.
دەسەڵاتدارێتیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا لەسەر نەریتێک دەژی، نەریتی ڕەتکردنەوەی چاوی دەرەوە و ڕەخنەکانی، نەریتی نەبینینی ئەگەرەکان و نەریتی دژوەستانەوە بە ئازادیی و گۆڕان.ئازادیی لەسەر هەموو ئاستەکان و گۆڕانیش لە ئاستێکی قووڵ و ڕیشەییدا وەکو پڕۆسێسی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا. لێرەوە سیستمی حوکمڕانێتیی، خۆی پارێزەرێکی کۆنەپارێزیی چەقبەستوویی دەزگایی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بووە.
ئەم دەسەڵاتدارێتییە نەوەکو بەوەوە نەوەستا کە بۆ هەر نووسینێک و وتارێکی ڕەخنەیی ڕۆشنبیران، هەر چالاکیی و میتینگێکی ناڕەزایەتی چالاکوانانی مەدەنیی و کەمپەینە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخراوە مەدەنییە نێوخۆییەکان کۆمەڵێک لە کادێر و جنێونووسەکانی خۆی بە چەندین دەزگای مێدیایی جۆراوجۆرەوە تەرخان کردبوو بە ئێستاشەوە، بۆ سووکایەتیپێکردن، ڕیزکردنی تۆمەت و تەشهیر، بەڵکو دەستەیەکی لە ئاستی وەزارەتدا دامەزراند بۆ وەڵامدانەوە و ڕەتکردنەوەی بەردەوامی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکان و هەر ڕاگەیاندن و بەیاننامەیەکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کە سەرنج و ڕەخنەیەکی تێدا هاتبێت دەربارەی پێشێلکاریی مافە ئینسانیی، یاسایی و مەدەنییەکان، گەندەڵکاریی و ئەدای خراپی دەسەڵاتداران. ئەو ڕێکخراو و ناوەندە سیاسیی، کولتوریی، ژینگەیی و مرۆییە جیهانییانەی کە خۆیان بەشیک لە پاڵپشتیی و هێزی دروستبوونی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان بوون.
لاوازبوون و ئاوابوونی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارێتییەکەی نە لە نووسین و ووتاری ڕەخنەکارانەی نووسەران و ڕۆشنبیرانەوە، نە لە خۆپیشاندانی چین و توێژەکان و کەمپەینی چالاکوانان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە، نە لە ناڕەزایەتی گشتییەوە لە مێدیا و سۆشیاڵمیدیاوە، نە لە حزبی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنەوە لە هەندێ قۆناغدا بە ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانییشەوە و نە لە لێدوانی پەرلەمانتارانی بەغدا بۆ هەندێ مێدیای قەومیی عەرەبیی عێراقیی و نە لە سکاڵای پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغداشەوە لەسەر دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستانەوە هاتووە و دەستیپێکردووە.
لاوازبوون و ئاوابوونی ئەم دەسەڵاتدارێتییە لە ٣٢ ساڵ لەمەو بەرەوە دەستیپێکردووە، ڕۆژ بە ڕۆژ و هەنگاو بە هەنگاو تا بە ئەمڕۆ دەگات کە خەریکە لاوازبوون و ئاوابوونی دەگاتە دوا قۆناغی کۆتایی خۆی.
لاوازبوون و ئاوابوونی دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان لە ئەمانەی خوارەوە هاتووە، تەنها بۆ بیرهێنانەوە. ئەگەر دەسەڵاتداران، ماستاوچیی و ئینشانووسەکانیان بیریان نەماوە، ئەوا با بزانن خەڵکی کوردستان زۆر بە باشی هەمووی لە بیرماون و وەکو نەخشی سەر بەرد لە یاداوەریی خەڵکدا هەڵکۆڵراون. هەڵوەرینی بتەکانی دەسەڵاتدارێتیی کوردایەتیی و کەوتنی حیکاتەکانی، بەشبەش و ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئەمانەی خوارەوە هاتووە:

  • لە ئاودیوکردنی شۆفڵ و ئامێرە پیشەسازییەکانی کارگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر بە قاچاغ، بەشێکی لێ ئاوابوو
  • لە دەستبەسەرداگرتنی خاڵە گومرگییەکان و مەرزەکان و بە حزبییکردنیان و بگرە بە بنەماڵەییکردنیشیان، بەشێک لە کەسێتیی و کاریزمای خۆیان دۆڕاند.
  • لە شەڕی نێوخۆدا، بەکوشتدانی هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە و جەرگسووتانی دایک و باوکیان و بێباوک کردنی منداڵەکانیان تەنها بە میزاجی سیاسییە پلە یەکەکانی حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکان، بەشێکیتری گەورەی پاڵپشتیی و خۆشەویستیی خەڵکیان بۆ خۆیان لەدەستدا.
  • لە پێشلەشکرییکردنی سوپای وڵاتانی دەوروبەر و داگیرکەرانی کوردستان، بەشێکی گرنگی دیکەی قورسایی و پاکیی خۆیان لەدەستدا.
  • لە پاڵپێوەنان و دەرگا بەڕوودا داخستنی بنەماڵەی شەهیدانی هاوسەنگەریان، لایەک لە مۆڕاڵ و بەهای خۆیان لێکەوت.
  • لە فەرامۆشکردن و نەناسینەوەی کەمئەندامانی هاوسەنگەری خەباتیان، بەشێکی دیکەی وەفا و ئەمەکداریییان لێبزربوو.
  • لە بێئەمەکیی و بێنمەکیی لە بەرامبەر ماڵە هەژارەکان و گوندەکانی کوردستان کە جگە لەوەی نان و خوانیان لەبەردەمی منداڵەکانیان هەڵدەگرت و دەیانخستە بەردەمی مەفرەزە و پۆلە پێشمەرگەکانی نیوە شەوان و بۆیان دەکردنە تێشوو و بۆیان دەپێچانەوە بۆ ڕێگا و دواتریش بوون بە سووتەمەنیی شۆڕش و خەبات بەوەی کە ماڵ و ژیان و گوندەکانیان سووتێنران ، خاپور و چۆڵکران، بەشێکی بەهاداریی دیکەی جوانیی، سادەیی و ڕەوایەتییان لەدەستدا.
  • لە تێرۆرکردنی بەکر عەلییەوە لە سلێمانی، شاپور عبدالقادر، قابیل عادل، صلاح هەورامی و سەردەشت عوسمان لە هەولێر، سۆرانی مامە حەمە و د.عبدالستار طاهر شریف لە کەرکوک، ویداد حسین لە دهۆک و کاوە گەرمیانی لە کەلار بەشێکی زۆر گەورەی ئەخلاقی بەپرسیارێتیی و مرۆڤبوونیان دۆڕاند.
  • لە سوکایەتیپێکردن، لێدان و گرتنی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانەوە بەشێکی گەورەی دیکەی ڕۆحی سەردەمیانەی بەرپرسیارێتیی لە ڕێزگرتنی جیاوازیی و ئازادیی بیروڕایان لەدەستدا.
  • لە چەند ساڵ زیندانییکردنی چەندین چالاکوان تەنها بەهۆکاری خۆپیشاندانی هێمنانە و مەدەنییانە بەشێکی گەورەی متمانەی نێوخۆیی و دەرەکییان لەدەستدا.
  • لە تراژیدیای خانەنشیان لە سەرەی وەرگرتنی مووچەکانیاندا، چەندین جار بە دڵشکاوی و دەستبەتاڵیی گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، پاڵەپەستۆی قرچە قرچی گەرمای هاوین و سەرما و سۆڵەی زستان و تا ڕاددەی بوررانەوە و لەهۆشخۆچوون و تەنانەت مردنیش، بەشێکی هەرە گەورەی دیکەی ئینسانییەت، پێزانین و وەفادارییتان لەدەستدا.
  • لە بێزاریی زۆری خەڵک لە ئەو هەموو بازگەیەی نێوان شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بەشێکی دیکەی بەرپرسیارێتیی لە دابینکردنی ئاسایش و ئارامییان لەدەستدا
  • لە ئەو هەموو جیاکارییەی نێوان کادێر و ئەندامە حزبییەکانتان لە بەرامبەر هاونیشتمانییانی سەربەخۆی کوردستان لە هەر فەرمانگەیەک و دەزگایەکی حکومییەوە بیگرە تا دەگات بە وەزارەتەکان، بەشێکی دیکەی ڕۆحی بەرپرسیارێتیی لە مافی یەکسانیی هاونیشتانییانیان لەدەستدا.
  • لە قۆرخکردنی بازاڕ و بازرگانیی و پڕکردنی کوردستان بە خۆراک و کاڵای خراپ و بێکواڵیتیی و بوونی کوردستان بە زۆنی باڵادەستبوونی نەخۆشیی شیرپەنجە و نەخۆشییە قورس و درێژ خایەنەکان، بەشێکی دیکەی بتەکانیان هەڵوەرین.
  • لە فەرامۆشکردنی و بەرەو وێرانەیی بردنی کەرتی گشتی لە بواری تەندروستیی و ئەو هەموو سەنتەر و نەخۆشخانە ئەهلییە سێبەرەی لێپرسراوە تێرنەخۆر و چاوچنۆکەکان بە نرخی خەیاڵیی و قۆرخکردنی بازرگانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، ڕاستگۆیی و ڕەوایەتییان درزی گەورەی تێکەوت.
  • لە خاوەندارێتییکردنی بەرپرسان و منداڵە کۆمپرادۆرەکانیان لە زانکۆی تایبەتیی و کۆرپۆرەیشنەکان، بتی بێتەماحیی، خۆنەویستیی و پارە نەویستییان بەتەواوی هاڕەی کرد.
  • لە دیقە دیقپێکردنی مامۆستایان، فەرمانبەران، خانەنشینان و هەموو مووچەخۆرانی کوردستان لانیکەم لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا و ئەو هەموو پاشەکەوت و لێبرین و فەوتانی مووچەی تەواوە، ئیتر چییان لێمایەوە نەیدۆڕێنن!
  • لە کردنی لایەکی هێزی چەکدار بە پاسەوانی خۆیان و خێزان و منداڵەکانیان، کردنیان بە پاسەوان و باخەوانی باخ و ڤێللاکانتان، ئیتر دەسەڵاتداران جگە لە بوونیان بە مۆتەکەیەک بەسەر ژیانی خەڵکەوە هیچیدیان لێمایەوە!
  • لە داگیرکردن و دابەشکردنی هەر بە ئارەزووی خۆیان، هەرچی زەوی ناوشارەکان و تەنانەت دەوروبەری شارەکان و بەشێکی زۆری دەرەوەی شارەکانیش، جگە لەوەی بوون بە تاڵانکار و داگیرکار چیدیکەیان لێمایەوە!
  • لە زەلیلکردنی یاسا و دادگاکانەوە بیگرە تا بە خوێندنی باڵا و بە نوقڵکردنی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا دەگات. چییان لێپەیدابوو!
  • لە دامەزراندنی ئەو ئمپراتۆرێتییە ئیعلامییانە لەسەر داهاتی گشتی کوردستان و بودجە زەبەلاحەکانیان و مووچەی قەبەی هەر کارمەندێکی ئاساییان تا دەگات بە مووچەی خەیاڵیی پێشکەشکار و بێژەرە زمان نەزانەکانیان و داهێنەرانی ڕستەی شێواو و ئاست نزم و تەعبیری تێکشکاو. چ بوونەوەرێکیان لێ خولقا!
  • لە وەڵامدانەوەی هەر ناوەناوەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەمنستیی ئینتەرناسیۆنال، ڕۆژانەمەنووسانی بێسنوور، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و یەکێتیی و ئەوروپا … هتد، ناوهێنانیان بە ناڕاست و چەواشەکراو … هتد هیچ ڕاستیی و ڕاستبێژییەکیان لێمایەوە!
  • لە سەرو برۆ تاشینی چەندین کەس، لێدان و زەلیلکردنی چەندینی تر لەبەر زوومی کامێرا و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵمێدیا، لێدانی پزیشک لەنێو حەرەمی نەخۆشخانە، لێدانی مەلا لە نێو حەرەمی مزگەوت، لێدانی مامۆستا لەسەر شەقام … هتد، ئیتر بت لە دوای بتیان هەڵدەوەری.
  • لە هەر خۆپیشاندانێکی هێمنانە و مەدەنییانەی خەڵک، بە تێڵا و کوتەک مامەڵەکردن، بە پێداڕشاندنی غازی جۆراوجۆر و دواتریش تەقەلێکردنیان بە فیشەک وبریندارکردن و شەهید کردنی گەنجانی خاوەن هیوا و ئاوات، ئیتر جگە لە بوونیان بە جەللاد و خوێنڕێژ چیدیکەیان لێ هاتەدەر!
  • لە گەندەڵیی بێشومار لە هەر بوار و سێکتەرێکدا، بە ملیاردلێر بوونی ئەوانەی لە بڕیاربەدەستانەوە نزیکن، جگە لە بوونیان بە کلیپتۆکرات هیچیدیکەیان لێ سەوز بوو!
  • لە کردنی کادێری حزبەکانتان و کادێری دەزگا مێدیاییەکانتان بە بوونەوەی بێکاراکتەر، ماستاوچیی و پێداهەڵدەر، چگە لە وێرانکەری ڕۆحی ئینسانی کورد چیدیکەیان لێمایەوە!
    من هەر ئەوەندەم ڕیزکردن کە دڵنیام هەر خوێنەرێک چەندین خاڵی دیکەی لە یادە لەلای گرنگن و ڕیزیان دەکات کە لەگەڵ هەر یەکێک لەوانە، هەروەها لەگەڵ هەر یەکێک لەو خاڵانەی لەسەرەوەش ڕیز کراون بەشێک لە سیحری دەسەڵاتدارێتییەکەی کوردایەتیی بەتاڵ بووەتەوە. لەگەڵ هەر یەکێکیان بەشێک لە ڕەوایەتیی لەدەستداوە و لەگەڵ هەر یەکێکیان بەشێکی لێ مردووە، لەگەڵ هەر یەکێکیان بەشێک لە بتەکانی هەڵوەریوە، لەگەڵ هەر یەکێکیان بتێکی ئاوا بووە. ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدا خەریکە مردن دەبێتە گشتێکی تەواو و خەریکە هەموو بتەکانی بە تەواوی هەڵدەورن و هەموو بتەکانی ئاوا دەبن.



کەرکوک لە نێو گەمەی سیاسی حزبەکاندا.. عوسمانی حاجی مارف

ئەو کەرکوکەی کە “دڵی کوردستان و قودسی کوردستان” بو..؟، لە کورترین ماوەدا چەکدارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە ١٦ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بە هەڵاتن بەجێیان هێشت و رادەستی هیزەکانی حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبیان کرد.
بە دوای شەش ساڵ لە ملکەچی و گەرانەوە بۆ باوەشی حکومەتی عێراق و دەستخستنە ناو دەستی هێزە شیعەکان، جارێکی تر و بە شێوازێکی تر، حزبەکان خەریکن نائارامی بۆ دانیشتوانی کەرکوک دوبارە دەکەنەوە.
هێزەکانی کوردایەتی و عروبەو تائفی شیعە و سونە هیچ کات نایانەوێت دان بەوەدا بنێن کە کەرکوک تاپۆی هیچ حزب و هێزو نەتەوەیەک نیە، بەڵام راستیەک کە پێچەوانەی ئاراستەی بەرژەوەندی ئەو حزبانەیە شەر لەسەر کەرکوک دەکەن، پێویستە جێگاورێگای کەرکوک بەو شێوەیە بە فەرمی بناسین کە کەرکوک تایبەتە بە تەواوی دانیشتوانی ئەو شارە، تەواوی ئەو کەسانەی لە هەر نەتەوەو دین و مەزهەبێکن و لەو شارەدا دەژین و ئارامی ئەو شارە رادەگرن، بە ئاشتی و ئاسودەیی بێ کێشە چەندین ساڵ و سەدەیە پێکەوە ژیانیان کردوەو ژیان دەکەن. بەڵام حزبە میلیشیاکان بەدوای بەرژەوەندیەکی ترەون، لەسەر سەوداومامەڵەی سیاسی و ئابوری بەشاری کەرکوکەوە، لە پێناو داکوتانی پێگەی سیاسی و تاڵانی و داگیرکاری، ئامادەن رۆژانە هەزارن کەس لە دانیشتوانی ئەو شارە بکەنە قوربانی مەرامەکانیان، بەناوی شەری کوردو عەرەب و تورکمانەوە.
ئەم ئاراستەیە تا زووە دەبێت بەری پێ بگیرێت و کۆتایی پێ بهێنرێت، دەنا کارەسات بەدوای کارەسات رووئەدات.
گەرمی باسوخواسی بچوکردنەوەی قەوارەی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر ئایندەی حکومەتی عێراقدا ئاشکرایەو شاراوە نیە، دۆخی سیاسی کوردستان لە ژێر کاریگەری ململانێیەکی سەخت و ناهەموارو خوڵقاندنی نائارامی زیاتردایە، لە هەمان کاتدا یاریکردن بە چارەنوسی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵابانی دیاردەیەکی بەرچاوی حاشاهەڵنەگرە، کە لەژێر کاریگەری ئەو ئاراستانەی ئەمریکاو ئێران و تورکیدایە، کە لە ناوچەکەدا ململانێی لەسەر دەکەرێت، هەوڵدان بۆ ناوەندی کردنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا نەخشەو مەسەلەیەکی سیاسی جدیە، کە لەو کەین و بەینەدا ئەگەری حساباتێک بۆ هێزەکانی بارازنی و تاڵەبانی چیان بەسەر دێت نەکراوە، کەجگە لە ملکەچ کردنی زیاتریان بۆ ئەو نەخشەی ناوەندی بونەوەی حکومەتی عێراق، تا ئێستا رێگایەکی تر نەخراوەتە بەردەمیان، قەبولکردنی ئەم ملکەچیە، سنوردارکردنیکی گشتی و قورسە کە بە سەر ئایندەی حکومەتی هەرێم و هێزە چەکدارەکانی بارزانی و تاڵابانیدا دەسەپێنرێت، لەم بارەیەوە ئەوەی لە جوڵەکانی بارزانیدا دەبینرێت، تەنها پەرچەکردارێکە لە پێناو پاراستنی هاوسەنگی هێزەکەی لەبەرامبەر حکومەتی عێراقدا، لە هەوڵی ئەوەدایە بە هەر بەهایەکی نائیسانیش بێت، هاوکێشەی سیاسی بە قازانجی هێزەکەی بگۆرێت، بۆیە لەم بارەیەوە ئەو هەنگاوانەی بارزانی وەک مانۆرێک نیشانیان ئەدات، لەلایەک زیاتر خەریکی نائارام کردنی دۆخی شاری کەرکوکە، تا لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراقدا پێگەیەکی بالاتر نیشان بدات، لە هەمان کاتدا بەڵکو لە هەڵبژاردنەکانی شاری کەرکوکدا دەستکەوتێکی زیاتر بەدەست بهێنێت. لەلایەکی تریشەوە خەریکی هەڵخراندنی خەڵکی دهۆک و هەولێرە بەناوی خۆپیشاندان، لە نمونەی کارەکانی موقتەدا سەدر دوبارە دەکاتەوە، کە کاتی خۆی موقتەدا سەدر لە شارەکانی عێراق و لە سایەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا ئەو کارەی کرد و سەرکەوتوش نەبو، ئێستاش کاریکاتوری دوبارەبونەوەی ئەو کارە لەلایەن بارزانیەوە لەشارەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆێدا، بێ ئاکام و بەزیان بۆ هاوسەنگی هێزەکەی دەمێنێتەوە.
ئەم کارانەی بارزانی لە کەرکوکدا هەوڵی بۆ ئەدات جگە لە پێکهێنانی گێژاو دۆخێکی نائارام دەستکەوتێکی بۆ هێزەکانی پارتیش نابێت. ئەوەی جێگای سەرنجە تەواوی هیزەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمدا، تا ئەو ئاستە هۆشداریان دەخنە سەر ئەم کێشانە، کە ئاخۆ بارزانی ئەتوانێ ئەم پروسیە بەسەرکەوتن تیدەپەرێنی، یا لە بەرامبەر شکستێکی گەورەدا خۆی دەبینێتەوە، هەر لایەنێکش لە چوارچیوەی بەرژوەندیەکانی هێزەکەیەوە چاوەروانی ئاکامی دیاردەکانی ئەم کێشمەکێشە دەکات. بە تایبەتی تاڵەبانی بەئومێدی چاوەروانی شکستێکی گەورەی بارزانیە، پێی وایە بەم بە شکستە لە مەیدانەکەدا هەلێک بۆ هێزەکەی فەراهەم دەبێت، بەڵکو بە وەرچەرخانێک دەرگایەک بۆ رزگاربون لە قەیرانەکانی بکرێتەوە، بەم شێوەیە بۆتەواوی حزبەکانی بەشدار لەدەسەڵاتدا، بەرژەوەندی پێگەو نفوزی حزبەکانیان پێش هەمو شتێکە، بۆیە هەڵگیرسانی ئاگری شەری قەومی، بەرێگای رزگاری ئەو قەیرانەی دەزانن کە بزوتنەوەی کوردایەتی دەرگیری بووە.
لەمەش سەیرتر قسەکانی لاهور جەنگیە بۆ خەڵکی کەرکوک، کە پێیان دەڵێت ئەم شەرە مەکەن چونکە کورد پشتیوانی نیە، عەرب و تورکمان پشتیوانیان هەیە، واتە لاهور دژ بەشەری کورد و عەرەب و تورکمان نیە، هەرکات کورد توانی و پشتیوانی بۆ پەیدا بو، هەرچی عەرەب و تورکمانە لەو شارە دەریان دەپەرێنێت.
دانیشتوانی کەرکوک لەدەرەوەی شەری حزبەکان، یەک رێرەوی دروست و ئینسان دۆستانەیان هەیە بۆ دەرباز بون لەم قەیران و گێژاوەی بەدەست حزبەکانەوە دەرگیری بون، ئەویش دەرپەراندنی تەواوی هێزە میلیشیاکانە لەو شارەو گرتنە دەستی بەرێوەبردنی دەسەڵات لەلایەن نوێنەرانی راستەقینەی هەڵبژێردراوی دانیشتوانی شارەکەوە، بەبێ جیاوزیکردن و ئیمتیازدان بە هەر نەتەوەو دین و تایئفەیەک.




شەڕی کەرکوک و کێشەکانی، شەڕی بەرژەوەندییە جیاوازەکانە!.. کامل ئەحمەد

ماوەیەکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناو شاری کەرکوک دەستیان پێکردۆتەوە و بە داخەوە کە قوربانیشی لێکەوتۆتەوە و بۆتە هۆی نا ئارامکردن و تێکدانی ئاسایش و ئەمنیەتی دانیشتووانی شارەکە. شارێک وێڕای ئەو هەموو سەروەت و سامانە زەبەلاحەی، دانیشتووانەکەی لە خراپترین باری گوزەراندا دەژین و زۆر شوێنی شارەکە دەڵیی کەلاوەیە. شارێک کە هێزە بورژوازی و سەرمایەدارییە گەورە و بچکۆلەکانی عێراق و کوردستان هەر ناو بە ناوێك لە ژێر ئاڵاو دروشمی هەڵخەڵەتینەرانەدا و بۆ سەرمایەگوزاری خۆیان و لە جیاتی و بە هاوکاری هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان دەکەونە بەرامبەر یەک و ژیانی دانیشتوانەکەی بە بارمتەدەگرن لە پێناو بەرژەوەندییەکانیاندا.
بەڵام ئەوەی کە بە ئاشکرا دیارە و هەموو پێشهاتە و ڕووداوەکانیش دەیسلەمێنن ئەوەیە کە بورژوازی عێراقی بە هەموو باڵەکانییەوە لەبەرامبەر چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا زەبوونە و چارەسەری پێ نییە. هەموو لێدووانە ڕۆژنامەوانییەکانیان لەسەر ماددەی ١٤٠ و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان و بابەتەکانی تری پەیوەست بەم شارە، گەواهی لەسەر ئەمە دەدەن. هەر بۆیە کێشەی کەرکوک کێشەی خەڵکەکەی نییە و پەیوەندە بە ململانێ و کێشەی نێوان هێزە سیاسییە بورژوازییەکان. تا ئەو کاتەشی کۆی چارەسەری کێشەکان و وەڵامی هێزە بورژوازییەکانیش بەمە لە ئێستادا دیار نییە، هەر بۆیە کەرکوک و کێشەکانیشی لەم چوارچێوە نادیارەدا مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دەستەواژەکانی “کەرکوک دڵ و قودسی کوردستانە” هەر زوو وەکو بڵقی سەرئاوی لێهاتووە لە لایەن نەک تەنها دانیشتوانی کوردنشینی ئەو شارەوە، بەڵکو لە لایەن تەوای خەڵکی کوردستانەوە. ئەوان دەزانن کە سەرانی بورژوا ناسیۆنالیستی هاوکار و برابەشی هیزە جیهانی و ناوچەییەکان ئامادەن هەر ڕۆژە ٣١ی ئابێک و ١٦ ی ئۆکتۆبەرێک و بەڵایەکی وەک ڕیفراندۆمیان بەسەردا بێنن بۆ ئەوەی لە هاوسەنگی هێز و لەبردنی بەشی زیاتر لە شیلە و ژیانی پڕۆلیتاریای کوردستان و لە کەمنەهێنانی کۆمپانیاکانیاندا براوەبن.
ئێستا ئیتر لە رۆژی ڕووناک ڕوناکترە کە کێشەی کوردستان و تەنانەت هاوسەنگی هێز و شەڕی نەبڕاوەی پارتی و یەکێتی چ لە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە عێراق و چ لە نێو خۆیاندا هاوشانی ئەو ناکۆکی و پێکدادانە جیهانییانە دەچێتە پێشەوە کە لە تەواوی جیهاندا هەیە. هەر بۆیە چارەسەری ئەم کێشەیە لە ئێستادا لە توانای دەسەڵاتی بورژوازی عێراق دا نییە و ناتوانێت بیکات و لە بەرامبەریش دا دەوڵەتانی سەرمایەداری خۆرئاوا و ئەمریکا چارەسەریێکیان نییە لە ئەجێنداکانیاندا و مێژووی پەنجا ساڵی ڕابردووش ئەمە دەسەلمێنێت.

گەورە بورژوازی جیهانی وێڕای تێکەڵاوبوون و ئاوێزانبوونێکی بێ ئەندازە لە بەرژەوەندییەکانیاندا، وەک پارێزەرانی سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری لە زۆر شوێن و کاتدا هاودەست و هاودەنگ دێنە دەنگ دژ بە پڕۆلیتاری جیهان و هاتنەمەیدانەکانیان، بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە هەریەکەیان دەیەوێت ملی ئەوی دیکەیان بشکێنێت و خۆی گەورە هێز بێت و جیهان بەڕێوەبەرێت. کاریگەری ئەم ناکۆکییە جیهانییەی نێوان چین و ڕوسیا لە لایەک و ئەمریکا و ئەوروپا هاوپەمانەکانیان لە لایەکەی ترەوە لە سەر تەوای جیهان دەبینین و کوردستانیش لەمە بەدەر نییە و بەشێکە لەو کێشە و ئەجێندا جیهانییانە. هەر ئێستا دەبینین لە ئەفریکا چۆن ئەم بەرژەوەندییە دژ بە یەکانە بەرامبەر یەکیان گرتووە و تا دوا هەناسەی خۆیان شەڕ دەکەن بۆ لەدەستنەدانی بەشیان. ئەمە با شەڕی ڕوسیا و ئەمریکا و ناتۆش لە ئۆکرانیا لەولاوە بوەستێت. هەر بۆیە هیزە بورژوازییەکانی کوردستانیش ئەوەندەی هاتنەسەرختی ئۆردوگان و ڕەئیسی و بایدن و سودانی و …. پێ گرنگە و تەباهیی پێوەدەکەن، بە قەدەر نووکە دەرزییەک لایان گرنگ نییە لە کەرکوک چی دەگوزەرێت و چ شتێک چاوەڕوانی خەڵکی ئەم شارە دەکات جگە لە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان.
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە تۆ بێیت و داوای زەمانەتی ئاشتی و ئارامی لەم هێزە هار و دڕندە و چاوچنۆکانەی سەرمایە بکەیت کە خۆیان و نیزام و سیستەمەکەیان سەرچاوەی هەموو ئەو نەهامەتییانەن کە بەسەر خەڵکەوەیە. ئەوان بۆ سەرمایەگوزاری خۆیان پێویستیان بە ئاشتی و ئارامی بێت، ئاشتی دەکەن و فەزڵفڕۆشیش بەسەر خەڵکدا دەکەن، بەڵام کە پاراستنی بەرژەوەندیییە دژ بەیەکانیشیان شەڕی وویست ئەوا ئامادەن کۆمەلگا نووقمی خوێن بکەن. گرنگ ئەوەیە، ئەوان و جەمسەرە چیانەیەتییەکانیان، کۆمپانیاکانیان بچەرخێت و زۆرترین قازانج بەدەستبهێنن.
پڕۆلیتاریای کوردستان و عێراق و شاری کەرکویش ئەگەر لەم ڕاستییە نەگەن و هۆشیارنەبن بەوەی کە ئەوەی لە شارەکەیاندا دەگوزەرێت بەشێکە لەو کێشە و ناکۆکییە جیهانی و ناوچەییانەی کە بەرۆکی بە جیهان گرتووە لەم قۆناغە ڕاگوزەری ئێستای دا، کە هەم جیهانی یەک قوتبی خۆری بەرەوە ئاوابوونە و هەم جیهانێکی دوو جەمسەری، یان فرەجەمسەری، جێگەی نەگرتۆتەوە، ئەوا قوربانیانی یەکەمی ئەم کێشانە دەبن. جیهانێک کە لە باری مۆلەقەییدایە و بۆ جێگیرکردنی بورژوازی بە ناچاری پێویستی بە شەڕر و پشێوی و پێکدادان هەیە بۆ ساغکردنەوەی. بۆیە سەیرکردنی کێشەکان لەو چوارچێوە جیهانییەدا دەتوانێت تیژبینییەکی زیاتر بدات بە پڕۆلیتاریای شاری کەرکوک و دەتوانێت بە دووری بگرێت لەو شەڕ و نەعرەتە ئەتنیکی وتائیفییەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت. هەموو دانیشتوانی شار دەتوانن یەکڕیز و یەکدەنگبن لە بەرامبەر تەوای هێزەکاندا ئەگەر لەم ئاستە لە هۆشیاری بەهرەمەندبن و دەتوان هاوکێشەکە بەسەریاندا قڵپبکەنەوە.
شەڕی کەرکوک شەڕی خەڵک و دانیشتوانەکەی نییە، بەڵکو شەڕی هەموو ئەو هێزە بورژوازییانەیە کە بەدەر لە ویست و ئیرادەی ئەوان لەو شارەدا کۆکراونەتەوە و بوونەتە بەڵا بەسەریانەوە. کێشەی کەرکوک کێشەی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی هێزە بورژوازیەکانە بە کورد و عەرەب و تورکمان و لە پشتیانەوە جەمەسەرە جیهانی و ناوچەییەکان. بورژوازی هیچ چارەسەرێک نە دەکات وە نەدەتواێت پیادەی بکات. چارەسەری ئەم کێشانە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتی پڕۆلیتاریاوە. بەڵام لە ێستادا بەو ئاستەی خەڵک، وە بەتایبەت پڕۆلیتاریای کەرکوک، دووردەکەونەوە لە ئەحزابی بورژوازی، بەهەمان ئاست دەتوانن لە ئاشتی و ئەمنیەتێکی نسبیدا بژین.
کامل احمد
١٢ ی ئەیلولی ٢٠٢٣




ئایا ریفۆرم لەحیزبدا دەکرێت؟.. دکتۆر نوورى تاڵەبانى

سالح رەحمان ئەم دیمانەى لەگەڵ قانوونزان و نووسەر و کەسایەتى سەربەخۆ دکتۆر نوورى تاڵەبانى سازداوە لەبارەى رێفۆرم لەحیزبدا.

پرسیار: تاچەندە دروستە حیزب دەست وەربداتە کاروبارى قانوونىء تەشریعى؟

وەڵام: بەشێوەى گشتى حیزبى سیاسى بۆى هەیە دەست بخاتە ناو کاروبارى پەرلەمان لە هەموو روویەکەوە، بەڵام لەڕێگاى نوێنەرانى ئەو حیزبە لەناو ئەو دامەزراوەدا، ئەوان نوێنەرایەتى گەڵ وحیزبەکەیان دەکەن لەڕێگاى ئەوەوە چوونەتە ناو پەرلەمان. دەستوەردانى حیزب دەبێ بەپێى قانوون بێت، بەتایبەتى قانوونى هەڵبژاردن و پێڕەوى ناوخۆى پەرلەمان. بوونى حیزبى سیاسى و کارکردنیان بەشێوەیەکى ئازادانە سیماى دیموکراسیەتە لە حوکمرانیکردن لەو وڵاتە، بۆیە لەوڵاتانى شموولیدا حیزبى سیاسى نییە، یان حیزبى دەسەڵاتە، دەسەڵاتیش لەنێو حیزب و حکومەت لەیەک جیاناکرێنەوە، لەبەر ئەوەى حیزبى سەرکردە سەرپەرشتى هەردوکیان دەکات.

پرسیار: بۆچى حیزبى کوردىء خۆرهەڵات بەماف خۆیانى دەزانن فەرماندارى دەسەڵاتەکانى تر بن، بەتایبەت دەسەڵاتى قانووندانان؟
وەڵام: نەبوونى کەلتووری دیموکراسى وجێگیرنەبوونى پرنسیپى فرەحیزبى وفرەڕایى لەبەشى هەرە زۆرى ئەو وڵاتانەدا هۆکارى نەبوون، یان سەرنەکەوتنى ژیانى حیزبایەتییە. لەو وڵاتانەدا حیزبى”سەرەکى”، یان”سەرکردە” سەرچاوەى دەسەڵاتەکانە، ژیانى حیزبایەتى نییە یان رێگاخۆشکەرە بۆ چەسپاندنى باڵادەستى حیزبى سەرکردە بەسەر حیزبەکانى دیکەدا. ئەگەر ژیانی حیزبایەتى راستەقینە لە وڵاتََێکى دراوسێدا سەرى هەڵدابێ، حکومەتە شموولیەکانى دەوروبەرى ئەو وڵاتە بەهەموو شێوەیەک هەوڵى لەناوبردنیان داوە، چ بە ڕێگاخۆشکردن بۆ کودەتایەکى سەربازیى، یان بە بەرپاکردنى شەڕى ناوخۆ لەنێو پێکهاتەکانى ئەو وڵاتەدا. لوبنان و سوریاى پێش ساڵى 1956 و چەندین وڵاتانى دیکە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا چەند نموونەێکى بەرچاوبوون. بوونى پەرلەمانێکى شەرعى لەڕێگاى هەڵبژاردنێکى ئازادەوە هەڵبژێرابێت و تواناى دەستنیشانکردنى حکومەتێکى دیموکراسى هەبێت، وڵاتە شموولیەکان بەمەترسیان زانیوە، چونکە لەوڵاتانى خۆیاندا ژیانى حیزبایەتى نییە، یان حیزبی سەرکردە خاوەنى هەموو دەسەڵاتەکانە. لەبەشێک لەو وڵاتانەى بەناو ژیانى حیزبایەتى تێداهەیە، سەرکردەى حیزب رابەرایەتى و کۆنترۆڵى هەتا بیرى ئەندامان و لایەنگرانى دەکات، ئەوەش بووەتە هۆى دروستکردنى دەسەڵاتێکى فەرماندەیى لەناو حیزبدا. سەبارەت بە کوردستان لەبەر بارى سیاسى و کۆمەڵایەتى تایبەتى و ئەو بارودۆخە چەکدارییەى لەسەرەتاوە دروستبووە بەهۆى سەپاندنى شەرى داکۆکیکردن لەخۆ بەسەر گەلەکەماندا، چەند حیزبێکى سیاسی بە دەسەڵاتێکى زۆرەوە پەیدابوون. دامەزراندنى دامەزراوەى شەرعى بە دەسەڵاتێکی تەواوە دەبێتە هۆى کەمبوون، یان کزبوونى دەسەڵاتى ئەو حیزبانەى خۆیان بەحیزبى سەرکردە دەزانن.

پرسیار: دەبێ پەیوەندى نێوان حیزب ء قانوون چۆن ڕێکبخرێت؟

وەڵام: لەهەموو وڵاتێکى دیموکراتیدا پەیوەندى نێوان حیزب و قانووندا پێویستە بەپێى دەستوور و قانوون رێکبخرێت، بە مەرجێک دەستوور و قانوون لە رێگایەکى شەرعییەوە پەسەندکرابن. لەعێراقى سەردەمى حوکمى بەعس دەستوور و قانوون هەبوون، بەڵام بەئارەزووى “حیزبى سەرکردە” داڕێژرابوون، بەشى هەرە زۆرى دەسەڵاتەکانى قانووندانان و راپەڕاندن و هەتا دادوەریش بە “ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆرش” درابوون، کە لەژێر دەسەڵاتى حیزبى “سەرکردە”بوون. بەداخەوە ڕووخانى رژێمى بەعس نەبووە هۆى نەمانى ئەو کەلتوورە کە تائێستاش لەزۆر رووەوە کارى پێدەکرێت. بەشى زۆرى حیزبە سیاسیەکانى عێراق و کوردستان نەیانتوانیوە لەو کەلتوورە دووربکەوەنەوە وخۆ دەربازبکەن. لەپاش ڕووخانى بەعس وپەسەندکردنى دەستوورى عێراق قانوونێکى تایبەت بە ڕێکخستنى ژیانى حیزبایەتى دانەنرا، لە کوردستان دەستوور نییە، بەڵام قانوونێک بۆ ڕێکخستنى ژیانى حیزبایەتى هەیە کە کەموکوری زۆرى تێدایە.

پرسیار: ئەو هێڵە سوورانە چین کە دەبێت حیزب خۆیان ڵابەدووربگرێت بەرامبەر قانوون؟

وەڵام: هێڵى سوور هەر دەستوورو قانوونە، حیزب ئەگەر دەسەڵاتدار بێت، یان بەشێک بێت لە ئۆپۆزسیۆن، پێویستە بەپێى قانوون ئەرکەکانى سەرشانى ئەنجامبدات، بەو شێوەى لە دەستوور و قانوون و بنەماکانى دیموکراسیەت دیارى کردوون. گەیشتن بە دەسەڵات لەڕێگاى سەندوقى دەنگدانەوە بەو شێوەى لە قانوون دیارىکراوە مەرجى سەرەکیە بۆ سەرکەوتنى ژیانى حیزبایەتی، ئەوەش لەوڵاتێکدا کە کەلتوورى دیموکراسى و فرەحیزبى تێدا جێگیربووبێت، ئەوەش بەرۆژو دوو رۆژ پەیدانابێت.

پرسیار: بۆچى لەوڵاتانى پێشکەوتوودا کەسە سەرەکى و پسپۆڕەکانى حیزب دەچنە ناو پەرلەمان ء لایەنى تەشریعى، بەڵام لەوڵاتانى دواکەوتوودا سەرکردەکان ئامادەنیین بەو شێوەیە کاربکەن؟

وەڵام: ئێستاش کەلتوورى بەعس لاى ئێمە باوە، سەرکردەکانى حیزب خۆیان لە پەرلەمان بە گەورەتر دەزانن، لەکاتێکدا ئەو خاوەنى دەسەڵاتى قانووندانە، کە لەهەموو دەسەڵاتێکى تر گەورەترە، پەرلەمان چاودێری کارەکانى حکومەت دەکات و دەتوانێت لێپێچینەوە لەگەڵ سەرۆکى حکومەت و وئەندامانى بکات، بەڵام ئایا پەرلەمانى کوردستان توانیویەتى ئەو ئەرکەى سەرشانى جێبەجێ بکات؟ لێتان ناشارمەوە شەخسى خۆم کە سەر بەهیچ لایەنێکى سیاسى نیم، چەندین جار دۆستەکانم گلەییان لەبوونم لەناو ئەو پەرلەمانە بێ دەسەڵاتە لێ دەکردم. ئەوان رەخنەیان لەو واقیعە تاڵە دەگرت کە پەرلەمانى کوردستان تێیدابوو بەهۆى دەستێوەردانى حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە لە کارەکانى پەرلەمان. بریارە گرنگەکان سەرەتا لەلایەن هەردوو مەکتەبى سیاسییەوە یەکلایى دەکرانەوە، ئەوجا دەخرانە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندکردنیان. ئەو واقیعە کەس ناتوانێت نکوڵى لێ بکات، بۆنموونە گەر تەماشاى ئەو بەیاننامانەى پاش کۆبوونەوەکانى مەکەتەبى سیاسى هەردوو حیزبى سەرەکى بکەین، دەبینین ئەو بریارانە لەوێ یەکلایى دەکرێنەوە، کەدەبوو لانى کەم لەرووى شەکلییەوە بەوجۆرە نەبێت.

پرسیار: چارەسەرى ئەو گرفتە چۆن دەکرێت؟

وەڵام: پێشتر وەڵامى ئەم پرسیارەم داوەتەوە، دەبوو دەستوور و قانوون چارەسەرى ئەو گرفتانە بکەن، ئەگەر کاریان پێ بکرێت.

پرسیار: ئایا ئەگەر حیزب دەست لەدەستوەردانە کاروبارى قانووندانان ء دەسەڵاتى تەشریعى هەڵبگرێت، بارودۆخەکە بەرەو باشبوون دەڕوات؟

وەڵام: بێگومان دەستهەڵگرتنى حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە دەستوەردانى ناقانوونى لەکاروبارى پەرلەمان دەبێتە هۆى باشبوونى کارەکانى پەرلەمان، بەمەرجێک کەسانى لێزان و شارەزا و رابوردووپاک ئەندامى ئەو پەرلەمانە بن. سەرکردەکانى حیزبە دەسەڵاتدارەکانى کوردستان ئاگادارى ئەو واقیعەن، نەدبوو لە خولى دووەمى پەرلەمان بەو جۆرەبێت.

پرسیار: چۆن دەتوانرێت ڕێگە لە حیزب بگیرێت، خۆى بەسەرەوەرى هەموو دەسەڵاتەکانى تر بزانێت؟

وەڵام: دانانى قانوونێکى شەفاف بۆ رێکخستنى کاروبارى حیزبایەتى لەهەموو رووێکەوە، بەتایبەتى دیاریکردنى سەرچاوەى داراییان، لەسەر بنەماى رێزگرتن لە پرنسیپەکانى دیموکراسیەت ورێگانەدان بەدەستوەردانى ناقانوونى لەکاروبارى دامەزراوە و دەزگاکانى حکومەتی رێگە لەحیزب دەگرێت خۆى بەسەروەرى هەموو دەسەڵاتەکان بزانێت. لەکۆبوونەوێکى داخراوى پەرلەمانى هەرێم لە خولى دووەمدا راشکاوانە وتم دوو هۆى سەرەکى هانیاندام بۆهاتنە ناو پەرلەمان، یەکەمیان کارکردن بۆ پەسەندکردنى پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان کە لە ساڵى 1992ەوە خەریکى ئامادەکردنى بووم، بەڵام لەسەر بنەماێکى راست ودروست، دووەمیان هاوکاریکردنى پەرلەمان و لیژنەى قانوونى بۆ گۆرینى ئەو قانوونانەى لەسەر دەمى رژێمى بەعس دانراون وئێستاش کاریان پێ دەکرێت. بۆ ئەنجامدانى ئەو دوو کارە گرنگە، لەکۆسپ بەولاوە هیچى ترم نەدەبینى، بۆیە لەسەرەتاى تەمووزى 2008دا بەناچاریى داواى دەست لەکارکێشانەوەم لەهەردوو لیژنەى قانوونى ودەستوورى کرد، بەشێک لەهۆکارەکانى دەست لەکارکێشانەوەم لەو دوو لیژنەیە لە یاداشتی دەست لەکارکێشانەوەم روونکردووەتەوە. کاتێ داواکاریەکەم خرایە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندکردنى، سەرەتا بەشى هەرە زۆرى پەرلەمانتاران نەیاندەویست قبووڵى بکەن، بەڵام تکام لێکردن پەسەندى بکەن بۆیە بە زۆرینەێکى کەم پەسەندکرا.




با عیبـرەتێـک لە دانیـال وەرگرین.. فـازیـل شــەوڕۆ

هەرچەندە پێشکەوتن و داهێنانی زانستی و تەکنەلۆژی ئەم سەردەمە، بە تیژڕەوی و خێراییەکی هێندە عەجیب، ڕۆژ دوای ڕۆژ، گۆڕانکاریی یەکجار سەرسوڕهێنەرمان دەخەنە بەر چاو و بەردەست، لێ، تاوەکو ئێستا هیچ زانا و دانایەک لەو سڕر و نهێنییە مەحکەم و قووڵ و ئاڵۆزە، سەر دەرناکەن، کە هێندە جوان و ڕێک و بە ئەندازەیی هاوسەنگ و تەراوزووی ئەم گەردوونەیان ڕاگرتووە. هاوسەنگیی و هەندەسە و بەڕێوەبردنێک کە بە بچووکترین و وردترین پێوەری نانۆش، نە هەڵەی تێدایە و نە کەمووکوڕی و بە قەد ملیار بەش لە کەرتێکی حیسابیشدا هەڵە قبوڵ ناکات.
کە خودا لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێ:”وَخَلَقَ كُلَّ شَيْءٍ فَقَدَّرَهُ تَقْدِيرًا”، لێرەدا دەستەواژەی “هەموو شتێک”، هیچ دەرفەت و کەلێن و درزێک بۆ بچووکترین بچووکترین بچووکترین شت ناهێڵیتەوە، کە “یەکێک” بتوانێ بە ئارەزووی خۆی چەکووشکاری و دەستکاریی تێدا بکات.
جا لەوەتەیی ئەم گەردوون و هەسارە جوانانە خەلق بوون – کە تەمەنیان بە سەدان ملیون ساڵ دەخەملێندڕین، قەت بە قەد ئەو سەت ساڵەی دواییدا، ئێمەی ناحەز ژینگە و گەردوون و بوون و ژیان، تێکدر و کاولکەر و دوژمنی بابەکووشتەی ئەوان نەبووین. تێكڕای زیان و کاولکاری و شێواندنی وەحشیگەرانی ئێمەی بە ناو مرۆڤ، بۆ ئەو تاقە ژینگە و زەمینە، هێندە گەورە و خراپ و وێرانکارانەیە، کە بە کۆی سەروەت و سامانی هەموو جیهان، جارێکی دێ نە نۆژەن دەکرێتەوە و نە وەک خۆی لێدێتەوە. سەدان کلیۆمەتر لە قووڵای دڵی زەمین، بەردەوام خەریکی هەڵکۆڵینین، دەیان ملیۆن هێکتار زەوی سەوز و ڕەنگینمان کردە بیابان، ڕۆژانە نزیکەی ٩٣ ملیۆن بۆشکە نەوت دەسووتێنین و دوکەڵەکەی هەڵدەدەینە نێو بەرگەی هەوا. ئەوا باسی ئەو هەزاران هەزار تۆن لە خرانترین و موزڕتین باڕووت و چەک و تەقەمەنی هەر مەکە، کە ڕۆژانە خۆمانی پێدەکوژین.
لەوەتی گەردوون خەلق بووە، هیچ گیاندار و بوونەوەرێک، لە غەیر بەشەر، نییە و نە بووە، کە بە قەد سەر دەرزییەک زیانی بە ژینگە و گەردوون و هەسارە گیاندبێ، بە پێچەوانەوە، ئەوان ڕاگڕیی ئەو هاوسەنگییە ئەندازەییە جوانەی خالقن. هەر بۆ نموونە، مێروولە، ڕاگری هاوسەنگی ژیانی سەر زەمینە. نەمان و قڕبوونی مێروولە، نەمان و فەنا بوونی ژیانی هەموو بوونەوەر و درەختێکە – بە خودی مرۆڤیشەوە.
ڕاستە لە ئەزەلەوە، ڕووداوە سرووشتییەکان کاری خۆیان کردووە، لێ ئەو حیکمەتی پاراستنی ئەو هاوسەنگییەی تێدایە. بەڵام زانستاییە سەلمێندراوە، کە باعیزی ڕوودانی زۆربەی کارەساتە سرووشووتییەکانی ئەو دواییە، مرۆڤە، ئێمە خۆمانین.
کە شووشەی پەنجەرەکەی ژوورەکەت بە ئەنقەست دەشکێنیت، سرووشت هاوین و زستان، تۆڵەی خۆیت لێ دەکاتەوە و دەستی خۆی دەوشێنێ. کەواتە کە هاوسەنگیی ئەم بوون و گەردوونە دەشکێنی، ئەو تۆڵەی خۆیت لێ دەکاتەوە و بە قەد سەرە دەرزییەک، دەستردەێژیی ئێوە قبوڵ ناکات.
زریانەکەی دانیال و بوومەلەزرەکانی ئەم دوایەی تورکیا و مەغریب و ئاگرکەتنەوەکانی کەندا، مرۆڤەکان ڕادەچلەکێنن و ئاگاداریان دەکەنەوە، بۆ نموونە لە هەرێمەکەی خۆمان دەپرسێ:
ئەرێ، گەر خوانەخواستە، لافاو و زریان و ئاگرێکی وا بێ ئامان، لەناکاوڕا ڕووبدا، ئامادەکاریتان چەندە بۆ فریادڕەسی و کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانی و زەرەرو و زیان؟
ئایە سوپا و لەشکر و هێزی لاوانتان، مەشق و ڕاهێنانی تاییەتیان پێکراوە بۆ ئەوەی زیرەکانە ببنە فریادرەس و نەبێتە گەرەولاژە و هاوار هاوار؟
ئایە، کەرەستە و کەلوپەل و شتوکەکی پێویست بۆ ئەو ڕۆژە سەختان، ئامارکراون؟ دابین کراون؟ بەردەستن؟ لە داودەرمان و خێوەت و نوین و خوارک و خواردن و خواردنەوە؟ ئایە بووجە هەڵگیراوە هەیە بۆ ئەو ڕۆژانە؟
ئایە، هاوڵاتیان، لە ژن و منداڵ و پیاو و لاو، هۆشیاریی خۆدەربازکردن و خۆپارستن و فریاردەسیان، لە ڕێی میدیا و مەڵبەندەکانی پەروەردە و ناوەندە ئایینییەکان پێ دراوە؟ ئاگادار کروانتەوە؟ بە کردار، لەو شوێنانەی خەڵکی زۆری تێدا، بە ئوزموونی کاریان بۆ کراوە؟
ئایە ئامێری دەنگی و بڵندگۆ و ئینزارکردنی تایبەت دابین کراوەن، کە بە پاتری و بێ وزەی کارەبا کارەدەکەن و لە شوێنی دیاری کراوی شار و شارەدێیەکان جێگیرکراون؟
پێویستە، هەم بەرپرسانی هەرێم و هەم هاووڵاتییان، ئەم پرسە بەو پەڕی جددیەتەوە وەرگرن. ڕۆژانە بە دەیان وتار و بابەت لە هەموو میدیاکان سەر ئەو خەڵکەی پێ دەهێشێنن، کە لە چاو خوانەخواستە ڕووداوێکی وەکو زریانی دانیال، هیچ هیچ بایەخێکیان نییە.
با تەماشای شارە جوانەکەی درنەی لیبیا بکەین، کە بە جەنەتی لیبیا دادەندرا و بە چاوی خۆمان بیبینین، کە بە سی خوولەک، چۆن لەسەر نەخشە سڕایەوە. دەکرا، یەک هاووڵاتی ئەو شار و دەڤەرە، نەبووبان بە قوربانی، گەر پێشوخت ئامادەکاریی و ئاگادارکردنەویان بۆ بکرابایە.
با عیبرەتێک لە دانیال وەرگرین.
دررود لە ڕۆحی هەموو قوربانییەکان، لە هەر کوێیەک بن.




ئاینده‌ی ڕۆژنامه‌ له‌ ناو هه‌ڕه‌شه‌ی هۆیه‌كانی دیكه‌ی میدیادا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئه‌مڕۆ له‌ دونیای میدیادا باس له‌و هه‌ڕه‌شه ‌و گه‌فانه‌ ده‌كرێ كه ‌په‌ره‌سه‌ندنی هۆیه‌كانی پێكگه‌یشتن له‌ ڕۆژنامه‌ی ده‌كا ، ئه‌وانه‌ی ئه‌و جۆره‌ باسانه‌ ده‌كه‌ن ، بیروبۆچوونه‌كانیان له‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ ئیتر میدیای بینراو و ده‌رهاوێشته‌كانی دیكه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆژیای پێكگه‌یشتن و تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت گڵۆڵه‌ی به‌ ڕۆژنامه‌ ( به‌ ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌یشه‌وه‌) به‌ ڕاده‌یه‌كی باوه‌ڕنه‌كرده‌ لێژكردووه ‌و ئه‌و ئه‌ركه‌ی تا دوێنێ به‌ ڕۆژنامه‌ هه‌ڵنه‌ده‌سووڕا ، ئه‌مڕۆ‌ به‌ هۆی تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت و كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان به‌ ئاسانی هه‌ڵده‌سووڕێ ، سه‌ره‌ڕای ئازادی ده‌ربڕین و بڵاوكردنه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی به‌ هۆی ئینته‌رنێته‌وه‌ ، كه‌ هه‌ر تاكێك ده‌توانێ هه‌موو جیهان له‌سه‌ر شاشه‌ی كۆمپیوته‌ر یا مۆبایله‌كه‌یدا ببینێ و ببینرێ..

كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كانیش وه‌ك ده‌بینین دوای فه‌راهه‌مبوونی سێڵی وه‌رگرتن به‌ نرخێكی گونجاو له‌ هه‌موو ماڵێكدا هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترا میدیای كات گوزه‌راندن كه‌ خۆی له‌ كلیپی گۆرانی و درامای خاكه‌ڕا و ڕیكلامی بێ په‌رده‌ و بێ سنوور و هه‌ندێ به‌رنامه‌ی بێ به‌رنامه‌دا ده‌بینێته‌وه ‌، ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌ كه‌ناڵی په‌روه‌رده‌یی تایبه‌تی لێ هه‌ڵبوێرین ، كه‌ ئێمه‌ ئه‌ویشمان دوای به‌ ئه‌هلی كردنی قوتابیخانه‌ و كۆلیژه‌كانمان نه‌ما …!

له‌و سه‌ریشه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌ناڵی تری پێچه‌وانه‌ كه‌ نوخشه‌ی ڕه‌شبینی و مه‌رگ داده‌ده‌ن ، ئه‌وانیش له‌ كاردان ، له‌وه‌ی به‌ میدیای پارێزگر و ئایینی و ته‌بشیریه‌وه‌ ده‌ناسرێن.

به‌ڕای من پاشاگه‌ردانییه‌كانی ته‌له‌ڤزیۆن سه‌ره‌ڕای خودی سیفه‌ته‌ پۆزه‌تیڤه‌كانی وه‌ك ئاسانی هه‌ڵگرتن و گواستنه‌وه‌ و هه‌رزانی و له‌ هه‌مانكاتدا ئاسانی له‌ كۆڵ خۆكردنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه له‌ هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌یش گرینكتر هه‌ست به‌ لێپرسینه‌وه‌ كردن له‌ هه‌موو ئه‌و بابه‌ت و هه‌واڵ و ڕیپۆرتاژانه‌ی بڵاویان ده‌كاته‌وه‌
بێجگه‌ له‌وه‌ی ڕۆژنامه‌ هه‌میشه‌ نزیكتر له‌ كتێب ، كه‌ سه‌رچاوه‌ی فێربوون ومه‌عریفه‌یه‌ ‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی مۆته‌كه‌ی كاركه‌ناری و نه‌مانی له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌دا لابردووه ‌و به‌ختی دیكه‌ی پێداوه‌.
جگه‌ له‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی هۆیه‌كانی میدیا له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دوایدا به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ ، بێگومان ڕۆژنامه‌یش وه‌كو هۆیه‌كی ڕه‌سه‌نی میدیای نووسراو به‌شی خۆی پێ بڕاوه ‌و به‌هره‌ی لێوه‌رگرتووه ، به‌ نموونه‌ تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت چه‌ندی بینه‌ر و خوێنه‌ری زۆریشی بۆ خۆی ڕاكێشابێ ، به‌قه‌د ئه‌وه‌ش وه‌كو هاوڕێ و هه‌ڤاڵێكی دڵسۆزی ڕۆژنامه ‌و چاپكراوی دیكه‌یه‌.
به‌لایه‌كی دیكه‌ش هه‌موو ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی به‌ هۆی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن (ڕۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌لیكترۆنی) له‌چاو بزاڤی بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و ده‌وریات و كتێب و چاپكراوی تر ئه‌گه‌ر له‌ په‌راوێزیشدا نه‌بن ، تا ئێستا ئه‌و ڕێژه‌یه‌ نییه‌ جێی باس بن ، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ هه‌موو ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م نه‌بێ له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كاندایه‌ و وڵاتانی دواكه‌وتوو سه‌باره‌ت به‌ زۆر ئه‌گه‌ری جۆرا و جۆر له‌ پێشه‌وه‌شیان ڕاده‌ی نه‌خوێنده‌واری و دواكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و ژێرخانی ئابووری و دواكه‌وتوویی ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ كه‌رتی تایبه‌تی و كێبه‌ركێی سیسته‌می حوكمڕانی له‌ هه‌لی به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو بێبه‌ش بوون.
بۆیه‌ پێموانییه‌ به‌و ساڵ و زه‌مانانه‌ ڕۆژنامه‌ بایه‌خی خۆی ون بكا به‌ تایبه‌تیش له‌ وڵاتانی له‌ وێنه‌ی وڵاتی ئێمه ‌، هه‌ر چه‌نده‌ لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ندیدار ڕه‌نگه‌ به‌ پێی عاقڵ پێشكانیان به‌ دیوێكی تری ببینن !!

له‌وه‌ش زیاتر ڕۆژنامه‌ ته‌نانه‌ت له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كانیش ئه‌رزشی خۆی ون نه‌كردووه‌ به‌و مه‌رجانه‌ی له‌ تێگه‌یشتنی په‌خشكاری ڕۆژنامه‌كانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ بۆ بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژییه‌كانی خوێنه‌ر و توێكل هاوێشتن و نوێبوونه‌وه‌ی به‌ پێوانه‌ی خواستی سه‌رده‌م.

ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش بۆ ڕۆژنامه‌ له‌ ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا پێم وایه‌ له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا ببینرێته‌وه‌:

1- بایه‌خدانی ڕۆژنامه‌ به‌ پێشزانی له‌ ڕێگای په‌یامنێره‌كانییه‌وه‌ بێت یاخود ئاژانسه‌كانی ده‌نگوباس كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ئه‌گه‌ری خێرایی بڵاوكردنه‌وه‌ و به‌دواداچوون.

2- هه‌وڵی به‌رده‌وام بۆ گۆڕین و نوێكردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌نووسیی به‌ تایبه‌تی له‌ هه‌واڵ وده‌رهاوێشته‌كانیدا.

3- نزیكبوونه‌وه‌ له‌ خوێنه‌ری ئاسایی و ویست و خواسته‌كانی له‌م بواره‌دا ، ڕه‌نگه‌ ڕۆژنامه‌ كاریگه‌ریی له‌ هۆیه‌كانی تر كاراتر بێ.

4- هه‌وڵدان بۆ ڕاكێشانی خوێنه‌ری نوێ ، كه‌ خۆی له‌وه‌چه‌ی نوێدا ده‌بینێته‌وه‌ له‌ هه‌مان كاتدا كرانه‌وه‌ به‌ ڕووكاری خۆ دوورگرتن له‌ هه‌موو جۆره‌
ئه‌و په‌ڕگیرییه‌ك له‌ چاره‌سه‌ركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ت و نووسین دا

5- هه‌وڵی به‌رده‌وام به‌ فراوانكردنی په‌یوه‌ندی نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ناوه‌نده‌ بڕیاربه‌ده‌سته‌كان بۆ هه‌ڵێنجانی ده‌رهاورده‌ی وا بتوانێ شیكردنه‌وه‌كان ئاراسته‌یه‌كی بایه‌خدار وه‌ربگرن و وه‌ڵامی پرسه‌كانی ڕۆژ و شه‌قامی تێدا بێت.

6- بایه‌خدان به‌ فایلی هه‌مه‌چه‌شن به‌ ئاستی بایه‌خدان به‌ هه‌واڵ و سیاسه‌ت وه‌كو فایلی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووری و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی تر كه‌ جێی بایه‌خی خوێنه‌رن به‌نموونه‌ ؛ وه‌رزش كه‌ لێره‌شدا ئه‌وانه‌ش مه‌به‌سته‌ ‌ په‌یوه‌ندی به‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.

7- چاره‌سه‌ركردنی ڕۆژنامه‌نووسیانه‌ له‌ ڕووی بڵاوكردنه‌وه‌دا به‌ جۆرێك خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان خوێنه‌ر ماندوو نه‌كه‌ن ، كه‌‌ گیانی سه‌رده‌م قبووڵی ناكات ، وه‌ك ده‌رهێنان و پێشاندانی كاكڵی نووسن و وتاره‌كان له‌ ڕێی سپۆت(تایتڵی لاوه‌كی)ی پێویسته‌وه‌ .

8- گرینگی دان به‌ ده‌رهێنانی هونه‌ری له‌ ڕووی قه‌باره‌ی پیت و ئاستی ستوونه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه ‌و تایپۆگرافیا ، كه‌ ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو ڕه‌خساندوونی.

وێنه‌ له‌ ڕۆژنامه‌دا زۆر جار ئه‌گه‌ر ئیرادێكی له‌لایه‌نی هونه‌رییه‌وه‌ نه‌بێت و له ڕووی هه‌ڵبژاردن و قه‌باره‌ و چۆنیه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ هاوتای ده‌قه‌كه‌ بێت ، له‌وانه‌یه‌ له‌وێنه‌ی به‌ بزاڤی ته‌له‌ڤزیۆن كاریگه‌رتر بێت به‌وه‌ی فۆتۆگراف كه‌ له‌باری سه‌قامگرتوو و بێ جوو‌له‌ دایه‌ زۆر جار له‌ ڕۆژنامه‌دا جووله‌ ده‌ر ببڕێ ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش هه‌ندێ جار وێنه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن وای لێدێ له‌ جووله‌ ده‌كه‌وێ و شتێك ده‌رنابڕێ ، ده‌رهێنه‌ری كارامه‌ ده‌توانێ ڕووخسارێكی به‌رچاو و سه‌رنجڕاكێش به‌ ڕۆژنامه‌ بدا ، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ڵێین مه‌به‌ستمان به‌ نموونه‌ ته‌نیا به‌كارهێنانی ڕه‌نگ نییه‌ ، به‌ڵكو چۆنیه‌تی به‌كارهێنانییه‌تی.

دیاره‌ له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكیشدا ده‌خوازێ ده‌رهێنانی هونه‌ری شان به‌شانی ناوه‌رۆكێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بڕوا ، كه‌ له‌سه‌ریه‌تی نه‌ك هه‌ر به‌ دوای ڕووداودا بچێ و دایڕێژێته‌وه ‌، به‌ڵكو هه‌وڵی دروستكردنیشی بدا ، به‌ڵام به‌و ڕووكاره‌ نا كه‌ هه‌موو یاسا و قانوونێك بخاته‌ ژێر پێی ورووژاندنێكی كاتی.

9- دیاریكردنی جوگرافیای بڵاوكردنه‌وه‌ ، كه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكاری دێته‌ ڕێ له‌ پێشه‌وه‌ش ئه‌و زمانه‌یه‌ ڕۆژنامه‌ی پێ ده‌رده‌چێ ، هه‌روه‌ها سیسته‌می سیاسیش ڕۆڵی خۆی له‌و دیاریكردنه‌دا ده‌بینێ ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ ئه‌گه‌ر باسی ڕۆژنامه‌ی كوردی بكه‌ین به‌ ئه‌زموون ده‌ركه‌وتووه ‌، چه‌ندی بێ موبالاتی و به‌هه‌ند نه‌گرتنی چۆنیه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بووه‌ ئه‌وه‌نده‌ فاكته‌ری زمان و سیسته‌می سیاسی كۆسپ نه‌بووه‌ به‌ تایبه‌تیش دوای په‌ره‌سه‌ندنه‌ له‌ ڕاده‌به‌ده‌ره‌كانی هۆیه‌كانی گه‌یاندن و پێكگه‌یشتن.

ڕۆژنامه‌ وه‌ك دامه‌زراوێكی وه‌رگرتن و داڕشتنه‌وه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و به‌دواداچوونی ده‌رهاورده‌كانی دامه‌زراوێكی پیشه‌یی و ئاراسته‌كردنی ڕای گشتییه‌ ئه‌وه‌نده‌ش ده‌خوازێ ئیتر دوای ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ وه‌كو دامه‌زراوێكی بازرگانیش له‌به‌رچاو بگیرێ كه‌ به‌رده‌وامی ده‌رچوونی بۆ مسۆگه‌ر ببێ.

به‌مه‌ش ڕۆژنامه‌ ده‌توانێ له‌ سنووری ڕكابه‌ری هۆیه‌كانی دیكه‌دا نزیك بێته‌وه‌و ئه‌و وێنه‌ ڕه‌شبینانه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌یان كێشاوه‌ به‌وه‌ی ئیتر به‌ گه‌شه‌سه‌ندنی هۆیه‌كانی تر به‌ تایبه‌تیش هۆیه‌كانی میدیای بینراو ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی نامێنێ و كاڵ ده‌بنه‌وه ‌و تا ئه‌و ساڵ و زه‌مانانه‌یش ڕۆژنامه‌ بایه‌خی خۆی وه‌ك هۆیه‌كی میدیای كلاسیكی له‌ده‌ست نادا و پێشموانییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌هلی كاری له‌ به‌ڕیوه‌بردنیدا بن له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌ ده‌ست بدا.




ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی، چالاکیـیەکان و جیاوازیـیەکانی.. نەوزاد بابان و نادر عەبدولحەمید

ئەمەی خوارەوە دەربارەی بەشێک لە کار و چالاکیـیەکانی ئەو ڕێکخراوەیە لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق و هەروەها دەرخستنی جیاوازیـیە فکری و سیاسی و ستڕاتیژیـیەکانی ڕێکخراوەکە لەگەڵ حزب و گروپ و ڕێکخراوەکانی تری بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێڕاق.
ئەم چاوپێکەوتنە لە لایەن ڕۆژنامەی (الغد الإشتراكي)ەوە ئەنجامدراوە، بە بۆنەی یادی پێنج ساڵەی دامەزراندنی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق).
ئەلغەد ئەل-ئیشتراکی: هاوڕێ نەوزاد، (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لە هەرێمی کوردستاندا کار و چالاکی و کاریگەری سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی هەیە، ئەگەر بکرێ لەوبارەوە ئاگادارمان بکەنەوە لە کار و چالاکییەکانتان؟
نوزاد بابان: هەم وەک کادری (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) و هەم وەک هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و کرێکاری لە کوردستان، ڕۆڵمان بینیووە لە زۆربەی بزووتنەوە ناڕەزایەتیـیەکان و مانگرتنی شارەکان لە دژی نەبوونی خزمەتگوزاریـیە سەرەتایـیەکان و بێکاری و هەژاری و دواکەوتنی موچە.
هەر لەم مانگەدا (تەممووزی ۲۰۲۳)، لەنێو ئەو خەڵکەدا ئامادە بووین کە مانیان گرتبوو لە شاری (کفری) و چادریان هەڵدابوو، لەوێ وتارێکمان پێشکەش کرد و چەندین چاوپێکەوتنمان لەگەڵ خۆپیشاندەران ئەنجامدا بۆ ڕۆژنامەکەمان (ڕەوت)، بەتایبەتی لەگەڵ گەنجانی بێکار و ئێستاش لە پەیوەندیداین لەگەڵیاندا بۆ هێنانەدی ڕێکخراوێکی تایبەت بە بێکاران لە شارەکەدا. هەروەها لە مانگەکانی (شوبات و ئازاری ۲۰۲۳) لەناو ناڕەزایەتی و مانگرتنی شاری دەربەندیخان و شاری هەڵەبجەدا ئامادە بووین، و هەمان ئەو چالاکییانەی وەک چالاکییەکانی شاری کفریمان ئەنجامداوە.
ئەمە و لە ساڵانی پێشوودا، ڕۆڵمان هەبووە لە بەشداری کردن و ڕێکخستنی شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکان لە خۆپیشاندانی کرێکاران و فەرمانبەران و مامۆستایان دژی حکومەتی هەرێم، بەهۆی نەدانی مووچە، وەیا دواخستن و بڕینی بەشێک لێی، وەستاندنی دەرماڵەکان و پلەبەرزکردنەوەکان.
هەروەها لەنێو مانگرتنی کرێکارانی ژینگەپارێزی شارۆچکەی (تەکیە) ئامادە بووین کە لە مانگی شوباتی (۲۰۲۲) مانگرتنیان ئەنجامدا، لەگەڵ ئامادەبوونمان لە خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکانی سلێمانی، کە لەوێ فڕێندرام (لە سەرەتای کانوونی یەکەمی ۲۰۲۱) لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک لە زیندانەکانیان دەستگیرکرام.
ئەلغەد ئەل-ئیشتراکی: هاوڕێ نادر جیاوازی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لەگەڵ باقی هێز و لایەنە کۆمۆنیستەکانی ناو هەرێم چیـیە؟
نادر عەبدولحەميد: بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراق، لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیستەوە تا ئێستا، چەندین ڕێباز و خەتی فکری و ستراتیژی سیاسی و نەریتی خەباتکارانە و ڕێکخراوەیی جیاوازی بەرهەم هێناوە، لە مامەڵەیدا لەگەڵ بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێڕاق.
لە ئێستادا ڕێبازی فکری و سیاسی “کۆمۆنیزمی کرێکاری” لەلایەن (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)ەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، کە ڕێبازێکی کامڵ و هاوئاهەنگە لەناوخۆیدا لەڕووی فکری و سیاسیـیەوە. ڕێباز و خەتی دووەم، کە یەکێتی کۆمۆنیستەکان سەر بەو خەتەیە، لەژێر کاریگەری ئەزموونی سیاسی کوردستانی سوریا و بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالاندایە. ئەم ڕێبازە لە ڕووی سیاسیـیەوە مەیلی هەیە بۆ (پەیەدە -پارتی یەکێتی دیموکرات)ی کوردستانی سوریا و (پ.ک.ک)ە و هاوشێوەکانیان لە کوردستانی عێراق.
جگە لەم دوو ڕێبازە فکری و سیاسیـیە، چەند گرووپ و کۆڕوکۆمەڵی فکری و سیاسی ڕۆشنبیرانی مارکسیست هەیە، وەک (ئەڵتەرناتیڤی سۆسیالیستی) و (وەرچەرخان) و (سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان) کە ئەمەی دواییان سەربە فکری تڕۆتسکیـیە. ئەم گروپ و کۆڕوکۆمەڵە فکری و سیاسییانە، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە ڕێبازێکی سیاسی هەمەلایەنەی یەکگرتوو و تۆکمە بخەنەڕوو بۆ چالاکی سیاسی، کار و چالاکی بەردەوامیان بریتیـیە لە بڵاوکردنەوەی بیری مارکسیزم و پڕوپاگەندەی سۆسیالیستی بەدژی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بورژوازی.
ڕێبازی فکری و سیاسی سێـیەم هی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)ە کە مارکسیزم و ئینتەرناسیۆنالیزمی وەک ڕێبازێکی فکری سیاسی یەکگرتوو بەرجەستەکردۆتەوە، ئەمەش لە بەیاننامەی دامەزراندنەکەی و مامەڵەکردنی لەگەڵ (ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) و چەندین بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە بارودۆخی سیاسی عێراق بە گشتی و بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هەیە بەرجەستەبۆتەوە. ئەمە جیاوازییەکان بوو لەڕووی ڕێبازی فکری و سیاسییەوە.
هەرچی جیاوازییەکانیشە لەڕووی ستڕاتیژەوە، ئەوا چەپ لە کوردستانی عێراقدا دابەشبووە بەسەر سێ ستراتیژی سیاسیدا: یەکەمیان ستراتیژی (حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان)ە، کە لە گۆنگرەی دامەزراندنیدا لە (٢٠٠٨) و لە بەرنامەکەیدا، سەربەخۆیی کوردستانی پەسند کردووە، هەروەها پاڵپشتی (ڕیفراندۆمی بارزانی)یش بووە لە (٢٠١٧)دا. ئەم حزبە پێی وایە سەربەخۆیی کوردستان، ڕێگەی بەهێزبوونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و ڕێگەی ڕزگاری جەماوەری زەحمەتکێشە؛ هەم لە ستەمی نەتەوەیی و هەم لە زوڵم و زۆری حیزبە قەومییە کوردییەکانی فەرمانڕەوا. ئەم حیزبە داوای کۆتاییهێنان و ڕووخاندنی دەسەڵاتی حیزبە میلیشیا ناسیونالیستەکان دەکات لە هەرێم، لە ڕێگەی ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرا جەماوەرییەکانەوە، بەڵام ئەم سیاسەتە بەشێکە لە ستراتیژەکەی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بە واتایەکی تر؛ وەلانانی دەسەڵاتی حزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد، بە ڕاپەڕین و شۆڕش و دامەزراندنی دەسەڵاتدارەتی شۆرا جەماوەرییەکان، ڕێگایەکە بۆ گەیشتن بە ستراتیژی ئەو حزبە کە سەربەخۆیی کوردستانە.
ستراتیجی دووەم داوای سەربەخۆیی ناکات، بەڵکو داوای خۆبەڕێوەبردنی خۆجێی (الإدارة الذاتية المحلية) جەماوەر لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، هاوشێوەی ئەوانەی لە کانتۆنەکانی ئەو ناوچانەدا هەن کە لەژێر دەسەڵاتی “پەیەدە” (پارتی یەکێتی دیموکرات) لە باکوری سوریادا دەبینرێن، واتە کانتۆنەکانی جزیرە و کۆبانێ و عەفرین (پێش داگیرکردنی لەلایەن تورکیاوە). هەروەها ئەم ستراتیژە خوازیاری نەمانی دەسەڵاتی حزبە فەرمانڕەواکانە بۆ ئەوەی جەماوەر ئازاد بێت و خۆبەڕێوەبردنێکی خۆجێی دابمەزرێنن.
سەبارەت بە ستراتیجی سێیەمیش جەخت لەسەر هاوبەرژەوەندیی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراو و گەنجانی شۆڕشگێڕی هەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ هی سەرتاسەری عێراق، و کار دەکات بۆ لێکهەڵپێکان و یەکخستنی تێکۆشانەکانیان لە سەرتاسەری عێراقدا بۆ هێنانەدی بزووتنەوەیەکی چینایەتی هۆشیارانەی خاوەن ئاسۆیەکی سۆسیالیستی، دژ بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە-سیاسییەکانی بۆرژوازی، لە ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و ڕیفۆرمخوازی لیبڕاڵ، و پوچەڵکردنەوەی ڕۆڵ و کاریگەریی فکری و سیاسییان، وە دژ بە سەراپای ڕژێمە سیاسیـیەکەیان و فەرمانڕەوایەتی حزبە بۆرژواکانیان لە ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی تائیفی و قەومی هەم لە ناوەند (بەغدا) و هەم لە هەرێم (هەولێر).
بێ گومان ئەمەش پێویستی بە بەرجەستەکردنەوە و دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی سیاسی چینی کرێکار هەیە، لەڕێگەی خەباتێکی ماندوونەناسانەی فیکری و سیاسییەوە، لەدژی مەیل و گرایشە بۆرژوا قەومی و ئایینی و لیبراڵییەکان، و هەروەها لەدژی ئەو ستراتیژانەی ناو بزووتنەوەی چەپی کوردستانیش کە لەگەڵ بەرژەوەندی چینی کرێکاردا ناکۆکن، ئەمەش بۆ یەکخستنی ڕیزی کۆمۆنیستەکان و مارکسیستەکان لە پێناو ئامادەکردنی چینی کرێکار بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی لە عێراقدا و دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری خۆی، ئەمە ئەو ستڕاتیژەیە کە ئێمە لە (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) گرتوومانەتەبەر و جیامان دەکاتەوە لە ستڕاتیژی لایەنەکانی تری ناو بزووتنەوەی چەپی کوردستان.
جیاوازیـیەکانی (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی) لەگەڵ باقی حزب و ڕێکخراو و لایەنەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ لە هەرێمی کوردستانی عێڕاقدا تەنها سنوردار نابێتەوە بە جیاوازی لە ڕێبازی فیکری – سیاسی و ستراتیژ، بەڵکو ئەو جیاوازیانە درێژیش دەبێتەوە بۆ مەیدانی تاکتیکی و خەباتی کردەیی ڕۆژانەش.
بۆ نموونە، کۆمەڵێک چالاکوانی سەربەخۆی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و کرێکاری، لەگەڵ هەڵسوڕاوان و ئەندامانێکی (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) و (یەکێتی کۆمۆنیستەکان) و (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی)، هەر هەموو ئەو چالاکوان و هەڵسوڕاوانە لە سەرەتای نیسانی (۲۰۲۲) لە بارەگای (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) لە سلێمانی کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی یادکردنەوەی یەکی ئایار بەیەکەوە لەو شارە، بەڵام هەفتەیەک دوای ئەم کۆبوونەوەیە، بە دەعوەتنامەی (حزبی شیوعی کوردستان) بۆ هەردوو حزبی (کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان) و (یەکێتی کۆمۆنیستەکان)، ئەندامان و چالاکوانانی ئەو دوو حیزبە بە “دەستخۆشانە”ی حیزبەکانیان، پشتیان لە هاوڕێکانیان لە (ڕێکخراوی بەدیل) و کۆمەڵێک چالاکوانی سەربەخۆ کرد و چوون بەدەم داوەتنامەکەی (حزبی شیوعی کوردستان)ەوە بۆ بەرپاکردنی ئاهەنگێک بە بۆنەی یەکی ئایار لەگەڵ (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) بە ڕابەرایەتی (عەبدوڵای موهتەدی)، کە ڕەوتێکی ناسیونالیستە و مێژووەکەی پڕە لە دژاەیتییەکی ڕاشکاوانە و ئاشکرای کۆمۆنیزم و بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران و هاوکاری (ڕەزا پەهلەوی) کوڕی شای ئێرانە بۆ دەست بەسەراگرتنی ڕاپەڕینی ژنان و خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئێران، بەدوای کوشتنی (ژینا ئەمینی)یەوە. لەبەر ئەوە ئێمە و چالاکوانە سەربەخۆکان خۆمان بەدوور گرت لە بەشداریکردن لەم ئاهەنگەدا چونکە هێزێکی ناسیونالیستی دژە کۆمۆنیست و دژە کرێکاری لەو چەشنەی ڕەوتەکەی (عەبدوڵای موهتەدی) بەشێکە لە ڕێکخستن و بەرپاکردنی وەها مەراسیمێک.
هەرچی (حزبی شیوعی کوردستان)ە، نە لە مێژووی ڕاستەقینەی خۆیدا و نە لە ڕێبازە سیاسیـیەکەیدا، سەر بە بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کوردستانی عێراق نیـیە. لە ڕووی مێژوویـیەوە درێژکراوەی (ڕێکخراوی کوردستانی حزبی شیوعی عێراقی)یە، کە سازشکار و هاوکاری بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و حزبە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرەکانی بووە، لە کاتێکدا یەکێک لە تایبەتمەندیـیە گرنگەکانی بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا، هەستیاری و دوژمنایەتییە سیاسییەکەیەتی بەرامبەر بە حیزبە نەتەوەیـیەکان. مێژووی بزووتنەوەی چەپ دەرئەنجامی جیابوونەوەی ڕۆشنبیرانی مارکسیستە لە حزب و ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان لە ناوەڕاستی حەفتاکان تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، بەڵام مێژووی (حزبی شیوعی کوردستان) مێژووی پاشکۆیەتیـیە بۆ ناسیونالیزمی کورد و حزبە فەرمانڕەواکانی.




ناڕەزایەتی نوێی سوریا و داوای ڕوخانی بەشار ئەسەد!.. نوری بەشیر

ناڕەزایەتیەکی جەماوەری فراوان کە دەچێتە سێهەمین هەفتەوە و بەردەوام و بەرەو فراوان بوونەوە دەچێت، لە سوریا دەستی پێکردوە. سەرەتا ئەم خرۆشانە جەماوەریە لەشاری سوەیدا و دێهات و شارۆچکەکانی دەوروبەری بەدژی هەلومەرجی گرانی، هەژاری و گەندەڵی دارودەستەکانی دەسەڵات، دەستیپێکردو لەیەکەمین رۆژەکانەوە بەفراوانی ئەم ناڕەزایەتیانە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنیەوە. دروشمەکان بەرەو دروشم و خواستی سیاسی بەدژی بەشار ئەسەدو حزبی بەعس رۆیشت.
ناڕەزایەتیەکانی ئەمجارە هاتنەمەیدانێکی یەکدەنگ و یەک هەڵوێستە بەشێوەیەکی فراوان کە خۆپیشاندەران وێنەی بەشار ئەسەدیان لەناوەندی شاری سوەیدا داگرت و سوتاندیان و بارەگای حزبی بەعس دەستی بەسەردا گیرا و دروشمی ” بڕۆ بڕۆ بەشار ئەسەد”، “بروخێ دەسەڵاتی بەعس” و ” جەماوەر ئەیەوێت رژێم بڕوخێنێت” هەرزوو بەزویی بەرەو شاری دەرعا و دواتر بۆ بەشی باکوری رۆژئاوای سوریا و دواتر زۆرێک لە شارۆچکەو ناوچەکانی دەوری سوەیدا و هەندێ لە دیهاتەکانی دەوروبەری حەڵەب و دیمەشق و ناوچەکانی ئەدلب و بەرەو رەقەو حەسەکە رۆیشت.
ئەم ناڕەزایەتیانەی سوەیدا بەدوای بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیدا دێت کە رژێمی بەشار ئەسەد بەشێوەیەکی خەیاڵی بردیە سەرەوە، لەکاتێکدا کۆمەڵگە خۆی سەرتاپای لە گرانی و برسێتی و نەخۆشی و بێئاو و کارەبا و بێکاری ڕادەبەدەر نقوم بووە. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوە جیهانیەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٩٠٪ی کۆمەڵگە لەژێر هێڵی هەژارەیەوە دەژی. لیرەی سوری بەجۆرێک دابەزیوە کە لە ساڵی ٢٠١١ دا ٤٧ لیرە بەرامبەر بوو لەگەڵ یەك دۆلار، بەڵام ئێستا یەك دۆلار ١٥٥٠٠ لیرەیە! کە زیاتر لە ١٥ ملیۆن ئینسان کە لەسەدا هەفتای دانیشتوان دەکات پێویستیان بەیارمەتیە و زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس پێویستیان بە کۆمەکی خۆراکیە. بانگەوازی رێکخراوی یونسێف بۆ بە هاناوەچوونی خێرای نزیکەی شەش ملیۆن و نیو منداڵ پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە.
ئەم ناڕەزایەتیانەی سوەیداو ناوچەکانی، لەکاتێکدا ڕوودەدات بەجیا لە هەژاری و برسێتی دەستی ناوەتە گەروی خەڵکی سوریا، دەستی بەشار ئەسەدو رژێمەکەی لەلایەن وڵاتانی کۆمکاری عەرەبیەوە گیراو بردیانەوە ناو یەکێتی وڵاتانی عەرەبی لەچوارچێوەی سیاسەتی قوتبەندی نوێی جیهانی کە سەرێکی ئەمریکا و هاوپەیمانانی و لەوسەری روسیاو چینە، وە رێکەوتنی سعودیە و ئێران سەرمەشقی ئەو کارانەبوون بۆ بەرژوەندی خۆیان رژێمی بەشار ئەسەد سەربەرزانە بهێننەوە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە ئاسانی لەو تاوانانەی ئەنجامیداوە ڕزگاری بکەن.
تا دێت ئەم ناڕەزایەتیانە بەشۆڕو شەوقەوە بەردەوامە، ئەمڕۆ هەینی ٨ی سەپتێمبەر لەگەڵ رێگری هێزەکانی رژێمدا لەشارۆچکەو دیهاتەکانی سوەیداوە بەلێشاو خەڵک بەرەو سوەیدا و مەیدانی کەرامە کە بەهەزاران خەڵکی لەخۆ گرتبوو بە یەکریزی و داواو خواست و دروشم و پلاکارت و قسەوباسی سیاسی وەک: “روخانی بەشار ئەسەدو دامەزراندنی دەسەڵاتی مەدەنی لەلایەن خەڵکەوە” و “ئێمە ئازادیمان دەوێت.. بەپێچەوانەی ویستی تۆ بەشار ئازادیمان دەست دەکەوێت”، هەروەها هاتنی ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی ئەم ناڕەزایەتیانە لەشاری دەرعاوە. هاوکات خۆپیشاندەران بینای یەکێتی کرێکاری و بینای یەکێتی جوتیارانی سەر بە رژێمیان داخست و وێنەی بەشار ئەسەدیان لەسەربانەکان داگرت و داوا لەو یەکێتیانە دەکەن کە بەگری لە مافەکانی کرێکاران و جوتیاران بکەن و بەدژی سیاسەتی دەسەڵات هەڵوێست بنوێنن. هەروەها نوێنەرانی ناڕەزایەتیەکان چەند زیندانی سوپای بەشار ئەسەدیان لابوو ئازادکردو داواوی ئازادکردنی ژمارەیەک کەس لە دەسەڵات دەکەن.
هاتنەمەیدانی خەڵک بەم یەکڕیزی و دروشمە سیاسیانەوە راپەڕینی بەهاری عەرەبی ٢٠١١ دێنێتەوە یادی خەڵكی سوریا و دنیا، ئێستا مەیدانی کەرامە پاش ١٢ ساڵ یادی راپەڕینی میسر کە دەیانوت ئێرە ساحەی تەحریرە دەهێنێتەوە بیری خەڵکی، بەڵام ئێستا خەڵک دەڵێت ئێرە مەیدانی کەرامەیەو داوای روخانی دەسەڵات بەیەکجاری و دامەزراندنی دەسەڵاتی مەدەنی جەماوەری دەکەن.
فراوانبوونەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە رژێمی سوریاو هەموو هێزەکانی دەخالەتگەری سوریای ترساندوە، هەربۆیە پرووپاگەندە لەوەی کە سوەیدا ناوەندی دورزیەکانە دەیانەوێ مۆری قەومی لە ناڕەزایەتیەکان بدەن. هەروەک لە ٢٠١١دا ئەو کارانەیان کرد بەدابڕانی خەڵكی سوریا بە دەستەوتاقمی دینی و قەومی و تایفی و دەستگرتنی کۆنەپەرسترین ملیشیای سەر بە رژێم و هەتا دەخالەتی راستەوخۆی تورکیا، ئێران، حزبوڵای لوبنان و روسیا لەولاوە ئەمریکا بەهێزەکانی و دەستگرتنی چەندین جۆر تاقمی قەومی و دینی تا دەگاتە داعش. بەڵام بەوە دەچێت ئەمجارە ئەمە دادی دەسەڵات نەدات و هاوکاتی ئەم ناڕەزایەتیانەی سوریا لە شارەکانی لاذقیە و طرطور کە بە کەناراوەکانی سوریا ناسراوەو دەکەونە سەر دەریای سپی ناوەڕاست و بەحسابی دەسەڵات و هاوپەیمانەکانی بەناوچەکانی عەلەویەکان دەیناسێنن کە هێمایە بۆ بەشار ئەسەد کە عەلەویە، لەسەرەتای خۆپیشاندانی سوەیداوە هاوپشتیان ڕاگەیاندوەو چەند خۆپیشاندانی لێرەو لەوێ لەمانگەکانی پێشودا ئەنجام دراوە.
هەربۆیە ترسی فراوانبوونەوەی زیاترو سەرتاسەری بوونەوەی ئەم ناڕەزایەتیانەی ئەمجارە، ترسی خستۆتە ناو ریزەکانی بەشار ئەسەدو سەرەتا بە هەڕەشەلێکردن لە رێگای لونا شبلی راوێژکاری ئەسەدەوە کە خۆپیشاندەرانی بە بەکرێگیراو ناو بردووە و بەدوایدا بەناچاری پارێزگاری سوەیدا وتویەتی داواکان دەخەینە بەردەم دەسەڵاتی بەشارو دواتر بەناچاری چەند وەفدی رژێم بۆ راوێژ لەگەڵ خۆپیشاندەراندا کۆبونەوە، بەڵام شکستیان خوارد. جارێک لەڕێگای پارێزگاری سوەیدا و جارێکی تر پارێزگاری دیمەشق و جارێکی کە بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتی رژێم و دواتر بۆ ناوەندگیری دەسەڵات پەنایبردوە بۆ سەرۆکی پارتی یەکێتی لوبنان وئام وهاب و دوایی لەرێگای حزبی دیموکراتی لوبنانی طلال ئەرسەلانەوە بەڵام ئەمانیش بەدەستی بەتاڵ گەڕاونەتەوە.

بەشار ئەسەد و دەسەڵاتەکەی دەوریەکی ئەزمەی سیاسی و ئابوری گەورە بەسەر دەبات کە بۆ ئەم دەورەیە هیچ توانای وەڵامدانەوەی نیە. هێزەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنان بەدەرجەیەک ریسواو لاکەوتە بوون، ئێستا سوپای پاسداران بەناوی فەیلەقی ٤ی سوپای سوریاوە خۆی دەناسێنێت، هەربۆیە بەدوای ئەو هەوڵە جۆراوجۆرانەی حکومەتی بەشار ئەسەدو شکستهێنانی، یەکێک لە ئەفسەرە پلەباڵاکانی رژێمی داناوە بۆ دۆزینەوەی رێگاو خستنەڕووی چارەسەر بۆ ئەم ناڕەزایەتیانەی سوەیدا!
ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە تەجروبەی ١٢ ساڵ بەر لەئێستای هەیە کە ڕاپەڕینەکەیان بەشکست برا. بەپێی بانگەوازەکانیان بەجیا لەوەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەیەکڕیزی و یەکدەنگی بەشداری دەکەن و داوای دەسەڵاتی جەماوەری خۆجێی بۆ سوەیدا و ناوچەکانی دەوروبەری دەکەن، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی خانەنشین پەیوەست بوون بە خۆپشاندانەکەوە، مەیدانی کەرامە بوتە شوێنی ناڕەزایەتی و کۆکردنەوەی جەماوەری ئەو ناوچەیە و شوێنی قسەوباس و داواکاریەکان و نیشاندانی چالاکی جۆراوجۆرو لەدەوری یەکتر کۆبونەوە و داواکاری یەکریزی سەرتاسەری و روخانی رژێم دەکەن، خۆرێکخستن لە خوارەوە لە کۆمیتەکانی گەڕەکدا بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاریەکان و کاروباری ئابوری و سیاسی شاری سوەیدا، شێوەیەک لە هوشیاری لەم خۆپیشاندانە بەدیدەکرێت لە تەجروبەی بەشکست کێشانی راپەرینی پێشویان و هەروەها لە تەجروبەکانی ئێران و سودان، وە تەجروبە شکستخواردوەکانی لوبنان و عێراق وە دەرسێکی گەورە لەبەردەمیاندایە ئەگەر بە شکست نەبرێت.
ئەم بزووتنەوە چینایەتیە ناڕەزایەتیەی خوارەوەی کۆمەڵگە بۆ نان و ئاو و کارو بەدژی برسێتی و دیکتاتۆری و بەدژی گرانی و گەندەڵی کە خواستی زۆرێک خەڵکی خوارەوەی کۆمەڵگەیە لە ناوچەکەو لەجیهاندا بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقاو ئاسیادا، دەورەیەکی نوێیە نەک بۆ سەرتاسەری سوریا بەڵکو بۆ ناوچەکە، بۆیە هاوپشتی و لەپاڵدا وەستانی هەموو هێزە مەدەنی و چەپ و کۆمۆنیستەکانی سوریا و ناوچەکە و دنیا دەخوازێت، هەر ئەم هێزە هوشیارو رێکخراوەی خوارەوەی کۆمەڵگەیە، کە دەتوانێ رێگا لە هەرجۆرە سیناریۆیەک بگرێت کە دەیانەوێت مۆری قەومی و دینی و ئاژاوەگێڕی لێبدرێت، هەر ئەم هێزەیە دەتوانێت بەشار ئەسەد بروخێنێ و کۆمەڵگایەکی ئازادو خۆشگوزەران دامەزرێنێت و ببێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ناوچەکە و جیهان.
٨ی سەپتێمبەری ٢٠٢٣




بەرەو بەهێزکردنی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی!.. عوسمانی حاجی مارف

لە میانەی دەسەڵاتی میلیشیایی و تاڵانچێتی بارزانی و تاڵەبانیدا، خرۆشانێکی بەرفراوانی جەماوەری لە ناوەندی شارەکان و شەقامەکاندا نمایشکراون، کە بۆداواکردنی پێداویستیەکان تا دەگات بەوەی دروشمی کۆتایی بەم دەسەڵاتە دەنگدانەوەیان بووەو جێگاوپێگەیەکی بەرچاویان نیشانداوین.
ئاستی توڕەیی و دەربڕینی ناڕەزایی و نەویستنی ئەم دەسەڵاتە لە ئاستێکی بەرفراوانتریشدا بە شوێنی خۆی ماوە، بەڵام لە ئێستادا لە شێوازی خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەریدا خۆی نانوێنێت، ئەم حاڵەتە لە خامۆشی، بۆتە جێگەی نیگەرانی کەسانێکی زۆر، ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە خێرایی و لە شەووڕۆژێکدا تەختوتاراجی ئەم دەسەڵاتە بپێچرێتەوە و بەرپرسەکانی ئەم دەسەڵاتە بە سزای تاوانەکانیان بگەیەنن، ئەم پەلەکردنە بۆ کۆتایی هێنان بەم دەسەڵاتە بە هەر شێوەیەک بێت، زیاتر لە نێو توێژی زۆرینەی ئەو رۆشنبیرە ئازادیخوازندا بەرچاو دەکەوێت، کە تەنها لە پەنجەرەی ئازادیەوەو دور لە پێداویستیەکانی ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانەوە لە دنیا دەروانن، هەروەها لە ئاستێکی دیاریکراویشدا وەک حاڵەتێک لە نێو بەشێک لە چەپەکان و کۆمۆنستەکانیشدا ئەم دنیا بینینە سەری دەرهێناوە، کە لەگوتارو نوسینەکانیاندا، وەک شێوازی ڕەخنە لە خەمساردی و ڕۆڵی بێئیرادەی خەڵک تەعبیری لێدەکرێت، دەڵێن بۆچی ئەم خەڵکە و کرێکاران بەرەنگاری و کاردانەوەیان نیە..؟
ئەتوانم بڵێم ئەم خواستی پەلەکردنەو جۆری ڕەخنانە، جیاوازیەکی تایبەتی نێوان ئەو توێژەیە لە رۆشنبیرانی ئازادیخواز و زۆرینەی خەڵک بەگشتی، خەڵک بەدوای ئاڵوگۆڕێکەوەیە بۆ باشترکردنی ژیان و خۆشگوزەرانی، بەڵام ئەو “ئازادیخوازانە”تەنها بەدوای هەوای پاکی ئازادیوەن، بەتەنگ جیاوازی بەینی هەژارو دەوڵمەندەوەنین،لەژێر پەردەی ئازادیدا دەبنە بەشێک لە پارێزەری پێگەی چینە باڵاکان، بۆیە هاوکێشەی ناڕەزایەتیەکانیان مانای جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت، کەبەلای هەر لایەنێکیانەوە مانای پراکتیکی تایبەت دەبەخشێت، ئەو ئازادیخوازانەی تەنها ئەوینی پەرچەکردارو کارداونەوەو بەرەنگارین لە هەر ئاستێكدا بێت بۆ گورزکێشان بەدەسەڵاتێکی دیاریکراوی نەخوازراوی دژ بە ئازادی، لە سەرکەوتنی ئازادیدا دەچنە سەر ئەوکارانەی بە هۆی ئازادیەوە بەدەستیان هێناوە، بۆ نمونە دەبنە میدیاکار، بەڵام خەڵکی ستەمدیدە بەدوای ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەییە لە پێناو خۆشگوزەرانی و مافەکانی ژیاندان، گەر هاوشانی ئازادی، خواست و خۆشگوزەرانی و مافەکانی کرێکاران و توێژە نەدارەکان دابین نەکرێت، ئەو ئازادیە بەدەردی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک نایەت، ئەو کات جیاوازی چینایەتی لە ژێر پەردەی ئازادیدا بە شێوازێکی تر خۆی بەرهەم دێنێتەوە، ئازادی بەبێ گرێدانەوەی بە خواستە زیندوەکانی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش جێگایەک لە خەباتی جەماوەریدا پەیداناکات.
ڕوخانی دەسەڵات بۆ کرێکاران مانای باشترکردنی ژیانیانە لە بەرزکردنەوەی کرێی کارو کەمکردنی سەعاتی کار و دابینکرنی سەڵامەتی کارو ….، کرێکاران و زەحمەتکێشان بەداوی جوڵانەوەیەک ناکەون کە ئاکامەکەی لە پەیوەند بە ژیانیانەوە ناڕۆشن بێت، ڕوخانی دەسەڵات بۆ ئەو توێژە لە رۆشنفکرانی ئازادیخواز، لە پێناو دۆخێکدایە بۆ ئازادی بیروباوەڕیان، نەمانی زیندانی سیاسی، ئازادی ڕۆژنامەوانی.. کە ئەمانەو زیاتریش لەوانە هەڵبەتە زۆریش باشن، بەڵام کۆمەك بە سفرەی خاڵی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و هەژارو نەدار ناکات، واتە گلەیی کردن یا ڕەخنە گرتن، لە ئاستی چۆنیەتی و شێوازی ناڕەزایەتیەکان لەو شوێنەوە نابێت ببینرێت، کە بۆچی بەرەنگاریمان نەکردوەو خرۆشانەکان تەوژمی جوڵەی گەڕاوەتە دواوە، بە تایبەتی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە بۆ کۆمۆنستێک مانای ڕێگە ونکردنی ڕێبازو ئامانجەکەی دەگەیەنێت، بڕیارنیە کۆمۆنستەکان گلەیی بکەن و ڕەخنە لە کرێکاران و زەحمەتکێشان بگرن لەسەر ئەوەی خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەری ناکەن و نایەنە مەیدان و کاردانەوەیان نیە، دیارە ئەوەیان لەبیر چووە، کرێکاران پێداویستیەکانی ژیان و ئاستی ئامادەییان لە ڕێکخستن و یەکگرتویی دەینخاتە سەر ڕێڕەو کاردانەوە، بۆیە دەبێت ئەوڕێگایانە لە شێوازی ناڕەزایەتی نیشان بدەین کە مایەی سەرکەوتن و دەستکەوت دەبێت بۆ باشترکردنی ژیانی خودی کرێکاران و خەڵکی هەژارو نەدار، بەمانایەک بۆ زۆرینەی دانیشتوان لە دابینکردنی خواست و پێداویستیەکانیان، یان ڕۆشنتر بڵێین کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتێک بەمەرجی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالستی و بنەبڕکردنی تەواوی چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان مانا پەیدا بکات، کرێکاران بۆ بەدەستهێنانی پێداویسیەکانی خۆیان دێنە مەیدان، بۆ خەیاڵات و ئارەزوی ئەو جۆرە لە “چەپ و کۆمۆنستەکان” ژیانی خۆیان ناشێوێنن.
هەڵبەتە بۆ کۆتایی هەردەسەڵاتێک سەرکەوتوترین ڕێگا خۆپیشاندان و خرۆشانی بەرفراوانی ڕیزی ملیۆنی خەڵکە کە تەواوی دامودەزگاکانی دەستەی دەسەڵاتدار تێکوپێک دەشکێنێت، واتە کۆتایی هەردەسەڵاتێک ئاکامی خۆڕانەگریە لە بەرامبەر ناڕەزایەتی و خرۆشانی ڕیزی ملێۆنی، کە لە ماوەیەکی کەمدا بەرپرسانی ئەو دەسەڵاتە ناچار بە هەڵاتن دەکات. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە بەدوای هەڵوەشاندنەوەی هەر حکومەتێکدا، دوبارە دامەزراندنەوەو بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە مەسەلەیەکی جدیە!، کە پێویستە بە ئاسۆ وئامادەیی و توانای هێزی جەماوەر، ڕێگا نەدرێت دەسەڵاتێک بێتەوە سەرکار کە بەهەمان میکانیزم و پرۆسەی دامەزراندنی نایەکسانی و بەرجەستەکردنەوەی چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان لە شێوازێکی تردا دوبارەبێتەوە، لە مێژوی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا، لە کێشمەکێشی نێوان دەسەڵات و خەڵکدا نمونەی بەرچاومان هەیە، وەک ئێران و میسرو تونس….، بۆیە ئەوەی کە جێگای سەرنجە،مەسەلەکە خامۆشی و نەبونی بەرەنگاری و کاردانەوەنیە، بەڵکو نەبونی ئاسۆی جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی گشتگیرە لە بەرجەستەکردنەوەی پراکتیکی شۆڕشگێرانەدا، کارکردنە بە ئامانجی سەرکەوتن بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی یەکسان کە بۆ تەواوی دانیشتوان فەراهەم بێت.
ئەوەی لە نێو تەواوی ناڕەزایەتیەکان و بەرەنگاری و کاردانەوەکاندا پێویستە جێگای سەرنجمان بێت،سایەنەکردن و لاوازیەکی بەرفراونە لە بونی مەیل و ڕەوتی سۆشیالستی، تەواوی ئەو جوڵانەوانەی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان و هەر وڵاتێکدا کەلە چەند ساڵی ڕابردودا بەبەرچاومانەوە بوە، کێشەی بنەڕەتیان هەر ئەوەیە کە هەوڵدان بۆ کۆتایی سیستمی سەرمایەداری زۆر لاوازە، یا لە ئاستی نەبوندایە، ئەوەی سایەی کردوە جوڵانەوەی چاکسازیە، چاکسازیش لە ئاستێکی نزمدا، واتە کەموکوڕی جوڵانەوەکان هاتنە خوارەوەی بەرنگاری و کاردانەوەنیە، بەڵکو نەبونی پتەوی ئاسۆ و مەیل و رەوتی سۆشیالستیە لە ڕێڕەوی بەرنگاری و کاردانەوەکاندا، هەتا لەنێو ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانیشدا، لاوازی ئەم رەوتە واقعیەتێکی تاڵە، لەوە تاڵتر ئەوەیە کە خەباتی کۆمۆنستەکان نەچێتە سەر گۆڕینی ئەو واقعە تاڵە، بە ناوی لاوازی بەرەنگاری و کاردانەوە، ڕەخنە لە هێزی بەرهەمهێن دەگرێت کە بۆچی کاردانەوەیان نیە، کە ئەم ئاراستەیە نەک هیچ خزمەتێک بە گەشەی بزوتنەوەی سۆشیالستی ناکات، بەڵکو لە بەرامبەر چاکسازیشدا دەستەوستان ڕادەوەستێت، کە دەبێتە پاشکۆی جوڵانەوەی ئەو چاکسازی و ئازادیخوازیەی توێژە ناکرێکاریەکان بەدوایدا وێڵن، بەڵام پێویستە هاوکێشەکە بە پێچەوانەوە بێت، واتە بزوتنەوەی ئازادیخوازی و چاکسازی دەبێت جێگای خۆی لە نێو جوڵانەوەی یەکسانخوازیدا بکاتەوە.
واقعیەتی جوڵانەوە کۆمەڵایەتیەکان شەڕی چینایەتیە، کێشمەکێش و شەڕی نێوان چینی کرێکارو سەرمایەدارە، کۆتایی سەرمایەداری یەک ڕێگای هەیە، خەباتی رێکخراوی چینی کرێکارە دژ بە سەرمایە و سەرمایەداری و سەرمایەداران، کاتێک لە نێو ئەو خەباتەدا ئاستی مەیلی سۆشیالستی سایەی نەکردبێت، هاوسەنگی هێز بە قازانجی بزوتنەوەی سۆشیالستی کرێکاری نەبێت، حەتمیە شۆڕشی سۆشیالستی لە هەر هەنگاوێکدا قابیلی پاشەکشەو شکست خواردنە.
خەباتی چینی کرێکار و کۆمۆنستەکان ئاوێزانە بەوەی کە کاتێ دژ بە هەر دەسەڵاتێکن، بەو مانایە دژی ئەو دەسەڵاتەن کە بەرگری لە پاراستن و مانەوەی سەرمایەداری دەکات، نەک ئەوەی چەندە دژی ئازادیە. جا ئەو دەسەڵاتە لەکوردستان بێت یا عێراق و هەرشوێنێکی تری دنیا، ئامڕازی دەستی سەرمایەدارانە بۆ چەوسانەوەی کرێکاران و زۆرینەی کۆمەڵگە و پاراستنی هێزی کار وەک کاڵا، ئەو دژ وەستانەوەیە خەباتێکی ڕۆشن و پراکتیکێکی شۆڕشگێرانە دەخوازێت لە چۆنیەتی بەهێزکردن و ڕێکخستن و سایەکردنی ڕەوتی سۆشیالستی لەناو تەواوی بزوتنەوەی کرێکاریدا، بەمانایەک ناوەڕۆکی ڕەوتی ئەو جوڵانەوەیە بە خەبات بۆ کۆتایی کاری بەکرێ بناسرێتەوە، تا لەهەر ساتێکی ئامادەبونیدا بتوانێ زەنگی کۆتایی دەسەڵاتی سەرمایەداران ڕاگەیەنێت.
گەر ئەوە بەفەرمی بناسین لەدەورانی ئێستای خەباتی چینی کرێکاراندا بەگشتی مەیل و ڕەوتی سۆشیالستی نەیتوانیوە هاوسەنگی هێزی خەباتی سۆشیالستی بگاتە پێشەنگی هەڵسورانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی دیاریکراودا لە هەر شوێنێکی دنیا بێت، واتە پێویستە هەنگاوەکانمان پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بێت لە نێو خەباتی چینی کرێکار بە تایبەتی و لە نێو خەباتی جەماوەریشدا بە گشتی، بۆبەدەستەوەگرتن و چونە پێشەوە لە گەشدان و پێشڕەوی بە مەیل و ڕەوتی سۆشیالستی،ئەو کاتە ئەتوانین بڵێین بەرەنگاری و کاردانەوەش مانای پراتیکێکی شۆڕشگێرانە وەردەگرێت.
ئەم باسە بەو مەبەستە دەخەمە ڕوو کە دەرگایەکی جدی بۆ باسی نێوان کۆمۆنستەکان لەسەر ناڕەزایەتی و شۆڕش و بەهێزکردنی ڕەوتی سۆشیالستی بکاتەوەو جێگای لێکۆڵینەوەو نەخشە کارێک بێت بۆ بەڕێخستن و چونە پێشەوەو هەڵگیرساندنی شۆڕشی کرێکاری.




لە ئامادەکاری ساڵیادی شۆڕش.. دیمانەی شەهلا دانیشفەر لەگەڵ حەمید تەقواییدا

وەرگێڕانی کاوە عومەر
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکراوە

شەهلا دانشفەر: لەم ڕۆژانەدا زۆر بانگەواز بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشەوە بڵاوکراونەتەوە. ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی ڕایدەگەیەنێت کە ئێمە مەراسیمی ساڵڕۆژەکە ئەنجام دەدەین و دەڵێت مەحسا منداڵی هەموو خەڵکە. بە هەمان شێوە تۆڕی سەرتاسەری شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لێدوان و بانگەواز دەدات و داخوازان بانگەواز دەکەن، پەلکە زێڕینەکان بانگەواز دەکەن. هەمووان خۆیان بۆ ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان ئامادە دەکەن. پرسیاری یەکەمم ئەوەیە، ئێوە چی دەڵێن لەسەر ئەم شەپۆلە بانگەوازە بەبۆنەی ساڵیادی شۆڕشەوە و بانگەوازتان چییە؟
حەمید تەقوایی: ئەم جۆش وخرۆش و جوڵانەوە سەرتاسەرییە زۆر بزوێنەر و ئومێدبەخشە. ئێمە پشتگیری هەموو ئەو بانگەوازانە دەکەین کە باست کرد و داوا لە هەموو هەڵسوڕاوان و هێزە ئازادیخوازەکان دەکەین کە پەیوەستببن بەو بانگەوازانەوە.
ئەوەی ئێمە جەختی لەسەر دەکەینەوە و بە شێوازی جیاواز دەرمانبڕیووە لە بنەڕەتدا دوو خاڵە: یەکەم: دەبێت لە ٢٥ی شەهریوەردا کار ڕابگیرێت. لەم ڕۆژەدا پێویستە هەموو چەرخەکان بوەستێنرێن.پێویستە بۆ ڕێزگرتن لە مەهسا و مەهساکان کۆمەڵگا دەست لە کارکردن هەڵگرێت و یادی ئەو ئازیزانە بکات. دووەم: بە مشتی گرێکراوەوە بێتە سەر شەقامەکان. “وەستانی چەرخەکان و داگیرکردنی شەقامەکان”! ئەمە ئەو دروشمە و چارەسەرەیە کە ئێمە پێشنیاری دەکەین.
بەڕای من لە ئاستێکی گشتیدا، تایبەتمەندی ساڵڕۆژی شۆڕش و ساڵیادی گیانبەختکردنی مەهسا دەتوانێ و دەبێ ئەوە بێت کە لەم ڕۆژەدا هەموو چەرخەکان لە جووڵە بوەستن – چەرخی کارگە و شەمەندەفەر و پاس و میترۆ و بارهەڵگرەکان – . ، هەموو دوکانەکان دابخرێن، ناوەندەکانی کار دابخرێن، هەموو فەرمانگە و کۆمپانیا و دامەزراوەکان کارەکانیان ڕابگرن چونکە ئەم ڕۆژە ڕۆژی یادی مەهسا و مەهساکانە و ڕۆژی یادکردنەوەی شۆڕشەکەمانە. وە ڕۆژی تەقینەوەی توڕەیی کۆمەڵگایە لە بەرامبەر بکوژانی ئەم ئازیزانە لە هەموو شارەکانی ئێراندا.
بێگومان وەدیهاتنی هەریەکێک لەو دوو لایەنە پەیوەستە بە چالاکی و ڕێوشوێنی تایبەت و بەردەوام و چڕوپڕ لە لایەن هەڵسوڕاوان و ڕێکخەرانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان. لەوانە بزووتنەوەی خانەنشینان، بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی دادگاییکردن، بزووتنەوەی ژنان کە بە شێوەی تایبەتیبێ حیجابی هاتۆتە مەیدان، بزووتنەوەی خوێندکاری و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دیکە. هیوادارم هەڵسوڕاوان و ئەوانەی بەشدارن لەو بزوتنەوانەدا لەگەڵمدا هاوڕا بن کە پێویستە تەواوی هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بۆ ڕێکخستن و جێبەجێکردنی دروشمی “چەرخەکان ڕابگرن و شەقامەکان داگیربکەن”.
شەهلا دانشفەر: لە وتارەکەتدا جەختت لە وەستاندنی هەموو چەرخەکان و داگیرکردنی شەقامەکان کردۆتەوە. هەروەها حزبیش لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ بانگەوازی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی سەر شەقامەکان، جەختمان لەسەر کار ڕاگرتن(تعطیل)ی گشتی لە ٢٥ی شەهریوەردا کردەوە. لە کاتێکدا حکومەت ئەم ڕۆژەی وەک پشوو ڕاگەیاندووە، بانگەوازی داخستن و مانگرتنی گشتی مانای چییە و هەڵوێست و گرنگییەکەی چییە؟
حەمید تەقوایی: بەڵێ، کۆماری ئیسلامی بە بیانووی ئایینی ئەم ڕۆژەی وەک پشوو ڕاگەیاندووە، بەڵام لە بنەڕەتدا و لە واقیعدا پشووی حکومەت لەم ڕۆژەدا بۆ ترسی حکومەت لە مانگرتنی گشتی دەگەڕێتەوە. بەمەبەستی پوچەڵکردنەوەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک ئەم ڕۆژەیان وەک پشوو ڕاگەیاندووە. بەرەو دوو لایەنی گرنگەوە کردەوەی خەڵک، بە تەواوی پێچەوانەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامییە. یەکەم: خەڵک ئەم ڕۆژە (تعطیل) دادەخەن بۆ یادی مەهسا و هەموو ئەو کەسانەی لە شۆڕشی ساڵی ڕابردوودا گیانیان لەدەستدا و هەموو ئەوانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی بەدناوی کۆماری ئیسلامیدا گیانیان لەدەستدا. ڕاگرتنی چەرخەکان بۆ ڕێزگرتن لە گیان بەختکردوەکان و دژی بکوژانی ئەم ئازیزانە.
دووەم: باس لە وەستاندنی هەموو چەرخەکان دەکەین. داخستنی حکومەت تەنها لە فەرمانگە و کارگەکاندا سنوردارە. کۆمپانیا و دامەزراوەکان و ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و پاس و میترۆ و دوکانەکان لە داخستنی حکومەتدا نین. بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە هەموو کۆمەڵگا واز لە کارکردن بهێنن. ئامانجمان مانگرتن و داخستنی گشتی سەرتاسەرییە بۆ یادی مەهسا و قوربانیانی دیکە. و ئەم وەستانە ناڕەزایەتی شەقامەکانی لەگەڵدایە و بۆ ئەوەی گەورەترین بەشەکانی کۆمەڵگە بەشداری بکەن لەو ناڕەزایەتیانەدا.
تکایە ئاگاداربن لەم بارودۆخەی ئێستادا قوتابخانە و زانکۆکان داخراون و مانگرتن و داخستن بۆ ئەم بەشەی کۆمەڵگە هیچ بایەخێکی نییە. هیچ مانایەکی نییە بۆ جوڵەی خانەنشینان یان جوڵەی بێ حیجابی و دادخوازی. بەڵام ئەمانە هێزێکی سەرەکی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی سەر شەقامەکانن. باسی ئێمە ئەوەیە کە لە ٢٥ی شەهریوەردا هەموو فەرمانبەران و کرێکاران، هەموو کرێکارانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، هەموو دوکاندارەکان، و بە یەک وشە، هەموو فەرمانبەران، واز لە کارەکانیان بهێنن و لە تەنیشت خانەنشینەکان بوەستن، لە تەنیشت قوتابیان بوەستن، لە تەنیشت قوتابیان بوەستن، و بوەستن لەلایەن مامۆستایانەوە بێنە سەر شەقامەکان. بەم شێوەیە دەتوانین بە دەسەڵاتی تەواو و لەسەر ئاستی سەرتاسەری شەقام داگیر بکەین.
ئەم دوو لایەنە، واتە داگیرکردنی شەقامەکان و ڕاگرتنی چەرخەکان، بە بۆچوونی من، تایبەتمەندیەکانی ٢٥ی شەهریوەرن و پێویستە بە هەموو توانامانەوە هەوڵی جێبەجێکردنی بدەین.

شەهلا دانشفەر: ئەم خاڵە کە ئێوە ڕوونتان کردۆتەوە لە بانگهێشتنامەی داواکارانیشدا هاتووە. دەڵێت ئێمە کارەکانمان (تعطیل)دادەخەین و گوڵبارانی مەزار و ئەو شوێنانەدا دەکەین کە ئازیزانمانی لێ کوژراوە. وە دواتر بانگەواز دەکات و دەڵێت دێینە سەر شەقامەکان و ئەم ڕۆژە دەکەینە ڕۆژی ناڕەزایەتی سەرتاسەری، ڕۆژی دادگاییکردن. هەروەها لە کوردستان بانگەوازی مانگرتنی گشتی و داخستن و ڕێپێوانی ناڕەزایەتی بۆ سەر مەزاری مەهسا ئەمینی کراوە. ڕاگەیاندنی حیزبیش جەخت لەسەر مانگرتنی گشتی لە کوردستان دەکاتەوە. پرسیار ئەوەیە ئایا جەختکردنەوە لەسەر مانگرتنی گشتی گەرەنتی پێشڕەویەکی زیاتر لە کوردستان دەکات؟
حەمید تەقوایی: هەلومەرجی کوردستان بە هۆی تایبەتمەندییەکانییەوە زۆر ئامادەترە. پێشبینی دەکەین ئەم بانگەوازانە بە قەبارەیەکی بەرفراوان بە تایبەت لە کوردستان جێبەجێ بکرێن. بەڵام دیارە بانگەوازی ئێمە و بانگەوازی ئەو چالاکوانانەی تر کە باست کرد تەنها سنوردار نییە بە کوردستانەوە . پشووی فەرمی و ڕاگرتنی چەرخەکان شتێکی سەرتاسەرییە. هاوکات کوردستان تایبەتە چونکە مێژوویەکی مانگرتنی سەرتاسەری لەم پارێزگایەدا هەیە و خەڵک ئەزموونی بەنرخیان لەم بوارەدا هەیە.
ئەگەر مێژووی پێش ئەم شۆڕشە بە لایەکدا جێبهێڵین، لە دڵی ئەم شۆڕشەدا شارەکانی کوردستان سێ جار مانگرتنی سەرتاسەرییان کرد. بێگومان هەندێک شار لە کاتەکانی تر مانیان گرت، بەڵام لەسەر ئاستی سەرتاسەری لە کوردستان سێ مانگرتن هەبوو، دوکانەکان داخران و هەمووان دەوامیان وەستاند. حیزبی ئێمەش یەکێک بوو لە بانگەوازکەرانی ئەو مانگرتنانە و لە دوو حاڵەتدا بە تایبەتی ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو. ئەمجارە پێشبینی دەکرێت ئەمە بە قەبارەیەکی بەرفراوان جێبەجێ بکرێت.
بەڵام ئێستا هەموو شارەکان لە زاهیدان تا تاران و لە مەشهەدەوە تا تەورێز و ئیسفەهان دەتوانن بچنە پاڵ ئەم بزووتنەوەیە. ڕۆژی مەهسا، ٢٥ی شەهریوەر ڕۆژێکی سەرتاسەریە. وە بۆ ئەم شانازییە، هەموو ئازیزان لە هەموو شارەکان، لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکان لە هەموو شارەکانەوە، چاوەڕوان دەکرێت خۆیان بۆ داخستنی گشتی، بۆ مانگرتنی گشتی و ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و مەراسیم ئامادە بکەن و خۆیان ئامادە بکەن بۆسەر مەزاری ئازیزان.
هەروەک ئاماژەت پێدا، خۆشبەختانە ڕێکخراو و ڕێکخستن و دامەزراوە خەباتکارە جۆراوجۆرەکان لەسەر ئەو بنەمایە بانگەوازیان کردووە و لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان خۆیان ئامادە دەکەن. هەروەها حزبی ئێمەبەتەواوی پشتیوانی ئەو بانگەوازانە دەکات و هەموو هێزی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ئەم ڕۆژە تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت شکۆمەند و هێرش بەرانە بێت.
شەهلا دانشفەر: با بگەڕێینەوە بۆ هەمان دروشمی “٢٥شەهریوەر، ڕۆژی ڕاگرتنی هەموو چەرخەکان و داگیرکردنی شەقامەکان”. ئێوە بە وردی ئەمەتان ڕوون کردۆتەوە. بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا پەیوەندی ئەم دوو بزووتنەوەیە چییە؟ چونکە هەندێک کەس پێیان وایە کە مانگرتن بە بەراورد بە بە ناڕەزایەتی شەقامەکان تاکتیکێکی دواکەوتوا نەیە و وەڵام دەرەوە نییە . وەڵامی ئێوە بۆ ئەم هەڵوێست و تیۆرییە چییە؟
حەمید تەقوایی: پێشتر ئەم بۆچونەمان بیستووە کە مانگرتن ئاستێکی نزمە لەچاو خۆپیشانداندا. لەو حاڵەتانەی کە حیزبی ئێمە بە تایبەتی داوای مانگرتن لە کوردستان کردوە، هەر ئەم جۆرە بیرکردنەوانە وروژێندراوە. وتیان بۆچی داوای مانگرتن دەکەیت لەکاتێکدا خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن؟ ئەوان پێیان وابوو کە ئەمە لە بەراود بە ناڕەزایەتییەکاندا لەئاستی نزمتردایە .
پێم وایە دوای ئەزموونی سەرکەوتووانەی مانگرتنەکان لە کوردستاندا ئەمڕۆ، پێویستە ئەوە ڕوون بێت کە ئەم دۆستانە بە تەواوی هەڵەن. مانگرتن بەدیل نییە بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی. بەتایبەت لەم دۆخەدا کاتێک کەسێک باسی مانگرتن دەکات مەبەستی ئەوە نییە بچێت لە ماڵەوە دابنیشێت!
مانگرتنەکان لە ئێران هەمیشە لەگەڵ گردبوونەوە، خۆپیشاندان و ڕێپێوان بووە. ئەمەش لە لایەن کرێکارانی مانگرتووی پۆڵا، کرێکارانی هەفت تەپە و ئەو کرێکارانەی کە مانیان گرت و شەقامەکانیان داگیر کردووە، دەرکەوت. ئەو کرێکارانەی کە مانگرتنەکەیان کردە ڕێپێوانی شەقام و کۆبوونەوە لە گۆڕەپانەکانی شار و بەردەم کارگەکان. ئەمڕۆ لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدا ئەگەری زۆر زیاترە ئەم چاوەڕوانییەی هەبێت و واقیعبینانە و بەتەواوەتی چاوەڕوانکراوە کە مانگرتووان بێنە سەر شەقام و بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن.
بەتایبەتی تا ئەو شوێنەی کە بۆ ٢٥ی شەهریوەر دەگەڕێتەوە، دەبێ ئەوەش زیاد بکەم کە پشووی فەرمی تەنیا نیشانەی ناڕەزایەتی نییە. هەروەها نیشانەی ڕێزگرتنە. پشووی فەرمی لە ڕۆژی گیانبەختکردنی مەهسا بە واتای وازهێنان لە کار و ڕێزگرتن لە یادی گیان بەختکردووەکانی ئینقلاب و هەموو ئەو گیان بەختکردوەکانەیە کە بە درێژایی تەواوی تەمەنی کۆماری ئیسلامی گیانیان بەختکردووە. بەم مانایە پشووی فەرمی ڕێزلێنانێکە و سەرئەنجام لە کۆماری ئیسلامیشدا ڕێزلێنانێک کە بەتووڕەیی و هێرش لە دژی بکوژانی ئەو ئازیزانەدا لەگەڵدایە. بە بۆچوونی ئێمە ئەبێت ئەم ڕۆژە لە ڕۆژژمێری ئێراندا وەک پشووی فەرمی بناسرێت و تەنانەت دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیش هەر دەبێ ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی یادکردنەوەی گیان بەختکردووەکان ڕێزی لێ بگیرێت.
تا ئەم حکومەتە لە دەسەڵاتدایە، ئەم ڕۆژەی ڕێزگرتن لە گیان بەختکەدووەکان، ناڕەزایەتییەکی جەماوەری و سەرتاسەری لەدژی بکوژانی ئەو ئازیزانەی گەڵدایە. بەم مانایە مانگرتن و کاروەستاندنی گشتی لەم دۆخەدا نەک هەر لەدوایی خۆپیشاندانەکانەوە نییە، بەڵکو تەواوکەری ئەو خۆپیشاندانانە و پتەوکردنی ڕیزەکانی خەڵکە لەشەقامدا .

شەهلا دانشفەر: ئاشکرایە کە دروشم و داواکارییەکان لە بنەڕەتدا تەوەر و ناوەڕۆکی شۆڕش و ناڕەزایەتی دەردەخەن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە گرنگە، ڕات چییە لەسەر دروشم و داواکاریەکان؟
حەمید تەقوایی: خۆشبەختانە شۆڕش لەم یەک ساڵەدا کە بەردەوام بووە، زۆر بە ڕوونی ئامانج داواکاریەکانی ڕاگەیاندووە. لەوانەش لەو جاڕنامە١٢ مادەییدا کە لەلایەن بیست ڕێکخراوەوە واژۆ کراوە. سەندیکاکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەژێر ناوی لانی کەمی داواکاریەکان ئەم جاڕنامەیان بڵاوکردەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە مانیفێستێکی شۆڕشگێڕانەیە. ئەم جاڕنامەیە پلاتفۆرم و دەنگی شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە. ئەم جاڕنامەیە میحوەرێکی کارکردنە، بەڵام ئێمە لێدوانی دیکەشمان هەیە، وەک بەیاننامەی داواکاریە پێشکەوتنخوازانەکانی ژنان، کە لەلایەن هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنانەوە لە ڕۆژی جیهانی ژندا بڵاوکرایەوە، یان ئەو لێدوانانەی کە خوێندکاران بڵاویان کردۆتەوە، لەلایەن مامۆستایانەوە ، لەلایەن بزووتنەوەی دادخوازی یان لەلایەن کرێکارانی نەوتەوە دەدرێت. هەروەها بەشێک لە داواکارییەکانی شۆڕش ڕادەگەیەنن. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو پلاتفۆرمەی کە پێم وایە هەمەلایەنەیە و خواستی هەموو چین و توێژەکانی خەڵک دەگرێتەوە و بە ڕوونی گوزارشتیان لێدەکات، بەیاننامەی بیست ڕێکخراوە. ئێمە هەر لەو ڕۆژەوەی کە بڵاوکرایەوە پاڵپشتی ئەم لێدوانەمان کردووە و پێویستە ئەم بەیاننامەیە و ناوەڕۆکی داواکارییەکانی ببێتە ئاڵای بزووتنەوە و ناڕەزایەتییە جۆراوجۆرەکان.
هیوادارم واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە جارێکی تر پێکەوە دەرکەون و لە ساڵیادی شۆڕشدا جارێکی تر جەخت لەسەر داواکاری و ناوەڕۆکی جاڕنامەی ژن ژیان ئازادی بکەنەوە و بانگەوازی هەموو لایەک بکەن کە پشتیوانی لێ بکەن. هەروەها داوا لە هەموو ئەوانەی بەشدارن و هەموو هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان دەکەم کە لە پەیامەکانیاندا، لە لێدوانەکانیاندا، لە سۆشیال میدیا و لە میدیاکاندا پشتیوانی ئەم جاڕنامەیە بکەن، بۆ ئەوەی باسی بکەن و بانگەوازی خەڵک بکەن بۆ ئەوەی پەیوەست ببن بە ئەم جاڕنامەیەوە.
شەهلا دانشفەر: خاڵێکی تر ڕۆڵی ئەو بزووتنەوەیانەیە کە لە ئێستادا زۆر چالاکن لە ساڵیادی شۆڕشدا. مەبەستم بە تایبەتی بزووتنەوەی حیجاب نەپۆشین و بزووتنەوەی دادخوازی و بزووتنەوەی خانەنشینان و ناڕەزایەتی بەردەوامی خەڵکی زاهیدان کە تەنانەت لە ١٦ی شەهریوەریش خۆپیشاندانی سەرشەقامیان ئەنجامدا. چ ڕۆڵێکیان هەیە لەو یادەدا و پەیامی ئێوە چییە بۆ هەڵسوڕاوانی ئەو بزووتنەوانە کە لە ڕاستیدا خاڵی گەرمی ناڕەزایەتین؟
حەمید تەقوایی: با لە خەباتیخەڵکی زاهیدانەوە دەست پێ بکەین. دەزانن دوای هەینی ڕەش خەڵکی زاهیدان هەموو هەینییەک لە شەقامەکاندا بوون و ناڕەزایەتیان بەرامبەر کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە. بانگەوازی من بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەڵسوڕاوانی شاری زاهیدان و لە تەواوی پارێزگای سیستان بەلوچستان ئەوەیە کە خۆپیشاندانی ڕۆژی هەینی ٢٤ی شەهریوەر لەڕۆژی شەممە ٢٥ی شەهریوەریشدا بەردەوامی بە پێبدەن. ڕۆژی شەممە وەک هەموو ڕۆژانی هەینی کە خەڵکی زاهیدان لە شەقامەکاندا بوون، دەتوانێت ببێتە ڕۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گشتی. خەڵکی قارەمانی زاهیدان دەتوانن لە ٢٥ی شەهریوەردا واز لە کارکردن بهێنن و لەگەڵ هەموو خەڵکی ئێران ئەم ڕۆژە بکەنە ڕۆژی ناڕەزایەتیەکی کاریگەر.
باسی بزووتنەوەی دادگاییکردنت کرد. ئەم بزووتنەوەیە بە هۆی مێژووی دوور و درێژی خۆیەوە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانەکانی ڕێژیم. بزووتنەوەی داخوازی لە ساڵانی شەستەکان لە دژی جینۆسایدی حکومەت لەو قۆناغەدا دەستی پێکرد. دایکانی خاوەران پێشەنگەکانی ئەم بزووتنەوەیەن و لە قۆناغەکانی دواتردا دایکانی ئابان و کۆمەڵەی بنەماڵەی قوربانیانی تەقەی فڕۆکەش پەیوەست بوون بەم بزووتنەوەیە. ئەمڕۆ ئەم بزووتنەوەیە بنەماڵەی ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لە شۆڕشی ئێستادا گیانیان لەدەستداوە و لە هەموو کاتێک بەرفراوانتر و چالاکتر هاتۆتە مەیدان.
لە بارودۆخی ئێستا و لە سەروبەندی ساڵیادی شۆڕشدا، لە ڕوانگەی تاکتیکی و پراکتیکییەوە، بزووتنەوەی دادگاییکردن لە بنەڕەتدا زۆر کاریگەر و گرنگە، چونکە ڕۆژانی ساڵیادی گیانبەختکردنی ئەو ئازیزانە دەبنە نەبزی دڵی پڕ لێدانی شۆڕش. ئەمە لە ئێستاوە ڕوونە. هەر بەو هۆیەشەوە کۆماری ئیسلامی پێشتر هێرشی کردووەتە سەر گۆڕەکان و بەردی گۆڕەکانی شکاندووە و سیاجی لە دەوری گۆڕستانەکان داناوە و بنەماڵەی ئازیزانیگیانبەختکردووی گرتووە و هەڕەشەی لێ کردوون. دەزانن لەگەڵ ساڵیادی شۆڕش، زنجیرەی ساڵڕۆژەکان دەست پێدەکات. کۆماری ئیسلامی سەدان کەسی کوشت و ئەم ئازیزانە لەبیر نەکراون. بنەماڵەی گیانبەختکردووەکان و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی داخوازی، بانگەوازکەر و ڕێکخەری ئەو مەراسیمانەن. بەم مانایە بزووتنەوەی دادگاییکردن دڵی لێدانی شۆڕشە و هێزێکی بزوێنەرە بۆ پێشڕەویەکانی.
لە ٢٥ی شەهریوەردا با نەک هەر لە شەقامەکان بەڵکو لە سەر گۆڕی ئازیزانمان کۆببینەوە، با ڕێز لە یادی ئەو ئازیزانە بگرین و خەم و ئازارەکانمان بکەینە هاوار توڕەیی و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە حکومەتی بکوژی ئەم خۆشەویستانە.
سەبارەت بە بزوتنەوەی خانەنشینان، پێویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەمە بزووتنەوەیەکی بەردەوام و ڕێکخراو و ڕادیکاڵە. ئەم بزووتنەوەیە لە بارودۆخی دابەزینی ڕێژەیی کۆبوونەوەکانی سەر شەقامەکان لەگەڵ کۆبوونەوەی سەرتاسەریدا شەقامی بە زیندووی و چالاک ڕاگرتووە. هه ڕوه ها ئه مڕۆ بزووتنه وه ی خانه نشینان به ناڕه زایه تی به هه ژاری و گرانی نرخ و به دروشمی یه کگرتوویی و ” خه ڵکینە بە ئێمەوە په یوهست بن” ڕۆڵێکی گرنگ ده گێڕێت له پڕۆسه ی شۆڕشگێڕیدا. هیوادارم هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی خانەنشینان بانگەواز و پەیامی هاوبەش لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەکانی تر بدەن و لەگەڵ خۆیان بیبەن. ئەمە دەتوانێ هەنگاوێکی گەورە بێت بۆ پێشەوە نەک تەنیا بۆ بزووتنەوەی خانەنشینان، بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگەی ئێران.
سەبارەت بە بزووتنەوەی بێ حیجابی دەبێ بڵێم ئەم بزووتنەوەیە ئەمڕۆ بووەتە پایەیەکی گرنگی شۆڕش. شۆڕشی ئێستا بە شۆڕشی ژنان ناسراوە و بزووتنەوەی بێ حیجابی بە واتای بزووتنەوەی دژ بە هەر جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان دێت. واتە بزووتنەوەی دژ بە ئاپارتایدی جێندەری کە ژنان قوربانین و دژی ئەو بێمافییە گەورانەیە کە کۆماری ئیسلامی بەسەر ٥٠٪ی کۆمەڵگەیدا سەپاندووە.
ئەمڕۆ بزووتنەوەی بێ حیجابی چقڵێکە لە چاوی حکومەتدا، چونکە بەتەواوی بناغە ئایدۆلۆژی و شوناسییەکانی کۆماری ئیسلامیی هەژاندووە. بێ هۆ نییە کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە حیجاب یەکەمە و ئەمڕۆش هێندە بێدەسەڵاتە و سەری لێشێواوە کە نازانێت لەبەرانبەر ژنانی بێ حیجابدا چی بکات. ئەم سەنگەرە داگیرکراوە و دەبێت بە فراوانکردنەوەی بێ حیجابی ئەم دەستکەوتە بچەسپێنین.
٢٥ شەهریوەر دەتوانێت خاڵی وەرچەرخان بێت لە بزووتنەوەی بێ حیجابدا. لەم ڕۆژەدا با بێ حیجاب لە هەموو شوێنێک لە شەقامەکاندا دەرکەوین. دروشم و بانگەوازێکی حیزبەکەمان بۆ ٢٦ی شەهریوەر بریتییە لە “بحیجابی گشتیە لە یادی مەهسا”. هیوادارم بەشی فراوانی ژنان وەڵامێکی ئەرێنی بدەنەوە و بەبێ حیجاب لە شەقامەکاندا دەرکەون.
بە بڕوای من ئەم بزووتنەوانە دەتوانن لە ساڵیادی شۆڕشدا دەست لەناو دەست و لەپەنای یەکدا. بە کۆی ئەم جوڵانەوە ناڕەزایەتیانە، کۆمەڵگە دەتوانێت بە هەموو هێزی خۆیەوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و خاڵی بەرزی دیکەی پڕۆسەی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی دیاری بکات.
٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ١٦ شەهریوەر ١٤٠٢




خەڵکی ئێران دەسەڵاتی دیکتاتۆری دەڕووخێنن!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی راپەڕینی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆریەت!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لە سەروبەندی ساڵڕۆژی راپەڕینی ئەمجارەدا، خەڵکی ئێران خۆیان بۆ راپەڕینێکی گەورەتر لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبی ئامادە کردووە. لە بەرانبەردا، دەسەڵاتیش، جگە لە زیادکردنی سەرکوت و درێژەدان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و پیلانگێڕی لە دژی هێزی رووخێنەر لە ئاستی جیهانیدا، بە باجدانی شاراوە و ئاشکرا بە زلهێزانی سازشکاری جیهان و دەوڵەتانی ناوچەکە، دەیەوێت خۆی لە “دادپەروەری” و “چارەنووس” بشارێتەوە و لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە!
ئایا دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران دەتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە یان دەڕوخێنرێت؟ ئەگەر بکەوێت، کەی و چۆن؟

چاوخشانێک بەسەر دەستکەوتەکانی راپەڕین یەکساڵی رابردوو!
لە سەروبەندی ساڵیادی دەستپێکی ئەو راپەڕینەداین کە بە شەهیدکردنی مەهسا ئەمینی (ژینا) لە رۆژی 25ی خەرمانانی ٢٠٢٢ لە تاران دەستی پێکرد. لە ژێر رۆشنایی پێشهاتەکانی ساڵی رابردوودا، چەندین راستی بنەڕەتی سەبارەت بە ئێران سەلمێنران:
دەسەڵاتی ئێران دیکتاتۆری و ناشەرعییە و خەڵک نایەوێت. هەربۆیە خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێران رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییە و دەیانەوێت دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دێموکراتیک دابمەزرێت.
• سەردەم گۆڕاوە و بوون و مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران کەوتۆتە مەترسییەوە و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ناچارە کۆتایی خۆی قبووڵ بکات. ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و دواقۆناغی ئەم دەسەڵاتە، لە لایەن خەڵکی ئێران و گەلانی جیهانەوە پشت راست کراوەتەوە و هەموو لایەک کۆدەنگن لەسەر رووخاندی ئەم دەسەڵاتە!
• بارودۆخی ئێران هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو و هەر سیستەمێکی دیکتاتۆری لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە بە نەفرەت کراوە. هەروەک چۆن خەڵکی ئێران (دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا)یان رووخاند، ئێستا لە رووخاندنی دەسەلاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی نزیک بوونەتەوە و هەموو لایەک کۆکن لەسەر سەرکەوتنی گەل بەسەر دیکتاتۆرییەتدا.
• سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت لە ئێران گەیشتووەتە کۆتایی و بەدیلە دەستکردەکانی سەر بە ئەم و ئەو!، یەک لە دوای یەک شکستیان هێناوە و هەر تیروپشکێکی نوێ لەم بوارەدا هەر لە ئێستاوە مەحکوومە بە شکست. خەڵکی ئێران چیتر سیستەمێکی دیکتاتۆری و بە تایبەت لە ژێر ناوی (پاشایەتی) یان (مەزهەبی)یان پێ قبووڵ ناکرێت و رەتی دەکەنەوە!
• ئەوانەی بە درۆ لافی شۆڕش و راپەڕینیان لێدەدا و هەلپەرستان و مشەخۆرانی جۆراوجۆر، کە لە “گۆڕەپانی سیاسی”دا وەک رووەکی بەهار سەوز ببوون، بە خێرایی لە گۆڕەپانەکەدا ون بوون و نەمان!
• بەدیلی دیکتاتۆرییەت بە گشتی و بەدیلی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی بە تایبەتی، ئەو هێزەیە کە “رێکخراو” و “جەنگاوەرە” و لە گۆڕەپانی جەنگ و رووبەڕووبوونەوەکاندا ئامادەیە و خاوەن رەگ و ریشەیە لە ناو کۆمەڵگەی ئێراندا. بەدیلێکی لەو شێوەیە لە لایەن زۆرینەی خەڵکی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی دەکرێت و داواکاری و دروشمەکانیشی، نەک داواکاری لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت، بەڵکو رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە بە هەموو باڵ و بۆندەکانیەوە. هێزێک کە باوەڕی پتەوی هەیە بە سیستەمی “کۆماری”، “دیموکراسی”، “پلۆرالیزم” و “فرەچەشنی” و خاوەن پێشینەیەکی روون و حاشاهەڵنەگرە لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت.
• بە لەبەرچاوگرتنی چوار دەیەی رابردوو و بەتایبەتی یەک ساڵی رابردوو، هیچ بەدیلێکی جددی و راستەقینە نەبووە و نیە لە بەرانبەر “ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران” بەرانبەر بە “دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت” لە ئێراندا. ئەم ئەڵتەرناتیڤە بە دروشمی “راپەڕین بۆ رووخاندن” و “مەرگ بۆ ئەسڵی ویلایەتی فەقیهی” و “ڕووخاندنی دیکتاتۆرییەت” و “نا بۆ شا و نا بۆ ئاخوند”، نەک هەر دێرینترین هاوپەیمانیی سیاسییە لە مێژووی ئێراندا، بەڵکۆ هەروەها، ئاڵاهەڵگری “ئازادی و سەربەخۆیی”شە لە ئێران. دروشمەکانیتری یەکساڵی رابردوو، نەک ناتەواو و ناڕوون بوون، بەڵکو تەنانەت هەندێکیان لەلایەن بەشێک لە پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی شا و دیکتاتۆرییەی مەزهەبییەوە بە هەند وەرگیراون!
• “تاکە نەخشەڕێگای مومکین” و تاکە رێگەی گەیشتن بە سەرکەوتن و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیموکراتیک و جێی پەسندی خەڵکی ئێران، “درێژەدان و گڕدانی راپەڕین”ە لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و لەوانە، بە ئامانجگرتنی هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکتاتۆرییەت لە هەموو ناوچەکانی ئێران. هەرجۆرە شێواندن و شلبوونەوە و ماندووبوون لەم ئاراستەیەدا، دەتوانێ دەرفەت و وزەبەخش بێت بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆری، کە هەناسەی بێتەوە بەر خۆی و (کات) بۆ مانەوەی خۆی بکڕێت.
• وە دوایین و گرینگترین دەستکەوتیش ئەوەیە کە، “دەسەڵاتی گەل” زۆر باڵاتر و بەهیزترە لە “دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت”. واتا ئەو هێزەی کە بتوانێت بۆ هەتاهەتایە کۆتایی بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران و ناوچەکە بهێنێت و رێگاکە بەڕووی سازان و لایەنگرانی دەرەکیی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا دابخات و، رێگا بۆ “ئێران ئازادی دواڕۆژ” خۆش بکات. ئەو هێزەی کە دەتوانێ ریزەکانی خەباتکارانی سیاسی لە دژی بەرەی دیکتاتۆر بەهێز بکات و لە لادان و خاوبوونەوە بیانپارێزێت و خۆیشی، هەڵقوڵاوی یەکڕیزی و هاوخەباتی بێت بۆ هەموو چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک، بە هەموو ئاڕاستەیەکی سیاسی، ئایینی و نەتەوەیی جیاوازەوە.
ئازادی بێ تێچوو و فیداکاری نایەتە دی. هیچ خاکێک بە بێ نرخ و بە بێ تێچوو و خەبات رزگار نابێت. هەربۆیە هیچ دڵۆپێکی خوێن بەفیڕۆ نەچووە و بەفیڕۆ ناچێت و نابێ رێگە بدرێت بە فیڕۆ بچێت. باشترین و شایستەترین هەنگاوی وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان، درێژەپێدانی رێبازەکەیان و گرتنەبەری رێگا و ئاڕمانجی واڵایانە. دەبێ ئەو ئاڵایەی بە خوێن هەڵیاندا، بە شەکاوەیی بپارێزرێت و ترس نەبێت لە رێگای چەوت و دژوار. رزگارکردنی ئێران لە دیکتاتۆرییەت بە تەواوی لە بەردەستدایە!

تێڕوانینێک بۆ ئەمڕۆ و نەخشەی رێگای داهاتووی ئێران!
ئێستا لە سەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی راپەڕینی قارەمانانەی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت، شاهیدی شەپۆلێکیتری هەوڵەکانی دوژمنانی خەڵكی ئێرانین. دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی بە هاوکاریی لایەنگرانی و پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پێشوو، دەیەوێت خۆی بە براوەی گۆڕەپانەکە نیشان بدات و وابنوێنێت کە “ڕاپەڕینی گەل” شکستی هێناوە و کۆتایی پێهاتووە. بۆ ئەم مەبەستە لە ناوخۆی ئێران، شەپۆلی گرتن و لەسێدارەدان و سەرکوت و ئەشکەنجەدان و، دەرەوەی ئێرانیش، سات و سەودای پشت پەردەی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان چڕتر کردووە و لە هەمانکاتدا و لە ساڵیادی دەسپێکی راپەڕیندا، رێگەی خۆش کردووە بۆ هەڵبەز و دابەزی کرێگرتە و دەست و پێوەندەکانی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم و، بەمجۆرە پاشخانێکی بۆ دیمەنەکە دروست کردووە.
بەڵام سەرباری ئەمانە، خەڵکی ئێران پێداگرە لەسەر درێژەدان بە خەبات و رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی لە ئێران. وەک رووبەڕووبوونەوەیەک لە پێناو گەیشتن بە رزگاری. نەک هەر لە ئێران و بۆ ئێران، بەڵکو مۆدێلێکە بۆ خەڵکانیتر. کەوایە راپەڕین لە پێناو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بەردەوامە. خەڵکی ئێران تاکە رێگای بەرەو پێشەوەچوونیان، لەوەدا دۆزیوەتەوە کە بەردەوام بن لە راپەڕین و توندترکردنی هەوڵەکانیان. خەڵکی ئێران نیشانیان داوە کە توانست و پوتانیسیەلی ئەوەیان هەیە. هەربۆیە بە کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت، بە هیچ شتێکێتر رازی نەبوون و نابن و بە ئیرادەن و لەسەر داواکارییەکەیان چەقبەستوون!
دیکتاتۆرییەت و دژایەتیکردنی بەدیلی جەماوەری!
بەپێچەوانەی بانگەشەی باوی ناو بازنەی فیکریی هەندێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا، بە لای دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبییەوە شاراوە نییە کە هەڕەشەی سەرەکی لەسەر مانەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، “ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران”ە کە سازمانی موجاهدینی خەلقی ئێران هێزی سەرەکییە تیایدا. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە، هەمیشە بە دوای ئەوەوە بووە کە بە شێوازی جۆراوجۆر، بە سات و سەودا لەگەڵ لایەنانی زلهێزی نێودەوڵەتی و بە تەرخانکردنی تێچوویەکی زۆر، هەر چۆنێک بێت پێش بەم “هێزە رووخێنەرە” سەرەکییە بگرێت و لە جووڵەی بخات، بۆ کڕینی “کات” بە مەبەستی لەسەر پێ مانەوەی دەسەڵات.
بەدیلێکی دیموکراتیک و جەماوەری!
هەرچەند کە چالاکی نێودەوڵەتی و هەبوونی پەیوەندی دیپلۆماتیک لە دەرەوەی ئێران، هەر لە سەرەتاوە بۆ موقاومەتی ئێران زۆر گرنگ بووە، بەڵام هەرگیز جێگرەوەی چالاکییەکانی هێزەکانی موقاومەت لە “ناوخۆی وڵات” نەبووە و ناتوانێت کە ببێت! هەر لەبەر ئەمەشە کە دیارترین تایبەتمەندی موقاومەتی ئێران لە چاو هێزەکانیتر، هەبوونی چالاکانە و بەرفراوانیەتی لە ناو خەڵک و لە ناو شارەکانی ئێراندا. بە واتایەکیتر، توانیویەتی رۆڵی بەرچاو و بێ بەدیلی خۆی لە راپەڕینە جەماوەرییەکانی رابردوو و بەتایبەتی لەم راپەڕینەی ئێستادا، کە لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی رابردوو (١٦ی سێپتامبەری ٢٠٢٢)وە دەستی پێکردووە، نیشان بدات و راپەڕینەکە لە چوارچێوەی راستەقینەی خۆیدا پێش بخات.
موقاومەتی ئێران، بە خاوەندارێتیی “ئۆرگانی بەکۆمەڵی سەرکردایەتیی راپەڕین” و “هێڵی دیپلۆماسیی شۆڕشگێڕانە”، جگە لە پوچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی هەر دوو لایەنی (دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئاخوندی) و (پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا)، بۆ پەراوێزخستنی موقاومەت و کپ کردنی راپەڕینی گەل، توانیویەتی دروشمی لادەرانە و گوماناوی و ناتەواوی هەندێک کۆڕ و کۆمەڵانی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیستەکان ریسوا بکات و، خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێران بپارێزێت کە بریتییە لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و بەم شێوەیە، پاڵنەری جیهانی هێنایە سەر خەت بۆ پشتیوانیکردن لە راپەڕینی گەل و موقاومەتی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەت.
موقاومەتی ئێران لەو باوەڕەدایە کە ئەم راپەڕینەی ئێستاکە، ئەگەرچی تازەترین هەڵکشانە لە زنجیرە راپەڕینەکانی دژە دیکتاتۆرییەت لە ئێران، بەڵام لە راستیدا بەرهەمی راپەڕینەکانیتری چوار دەیەی رابردووی ئێرانە و تێچوویەکی زۆری هەڵگرتووە بۆ گەل و موقاومەتی گەل. بە تایبەتی پێویستە ئاماژە بە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1367 (1988) بکرێت کە زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانی سیاسی، بە فەتوای خومەینی و لەسەر دەستی کەسانی وەک ئیبراهیم رەئیسی (سەرۆکی ئێستای رژێمی ئێران) کۆمەڵکوژ کران و دوابەدوای ئەم تاوانەیش، بزووتنەوەی دادخوازی راگەیاندرا بۆ خوێنی ئەم شەهیدانە لەلایەن رێبەری موقاومەت، بەڕێز مەسعود رەجەوییەوە.
بزووتنەوەی دادخوازی
مەسعوود رەجەوی هەر لە سەرەتای ئەم کۆمەڵکوژییەدا، شەپۆلێکی بەرێخست بۆ هەڵوێستەکردن و ئاشکراکردنی تاوانەکانی رژێم و دادخوازیی خوێنی شەهیدان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران و بە ناردنی چەندین نامە و تەلەگرام بۆ ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، زانیارییەکی زۆری لەسەر ئەم کۆمەڵکوژییە خستەڕوو.
لە هاوینی ساڵی 2016 خانمی مریەم رەجەوی، لە پەیامێکدا، دەربارەی بزووتنەوەی دادخوازیی خوێنی شەهیدانی کۆمەڵکوژکراوی ساڵی 1367 (1988) وتی: “بزووتنەوەی دادخوازی، لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لەسەر هەموو نهێنییە شاراوەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە”. خانمی رەجەوی لەم دواییانەدا رایگەیاند: “تێپەڕبوونی ٣٥ ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا و شاردنەوە یان لەناوبردنی گۆڕی قوربانییەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە لە لایەن رژێمی دەسەڵاتدارەوە، نەیتوانی وا بکات ئەو قارەمانانە فەرامۆش بکرێن. کاتی ئەوە هاتووە بە هۆی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، کۆتایی بە پارێزبەندی ٤٠ ساڵەی سەرانی رژێمی ئاخوندی بهێنرێت. دەبێ خامنەیی، رەئیسی، ئێژەیی، و فەرماندەرانی کوشتاری لاوانی ئێران لە راپەڕینەکاندا و بە تایبەتی فەرماندەرانی سوپای پاسداران، لە دادگایەکی نێودەوڵەتیدا سزا بدرێن”.
خانمی مریەم رەجەوی هەروەها رایگەیاند: بزووتنەوەی دادخوازی، بزووتنەوەیەکە کە تیایدا، خوێنی شەهیدانی 1367 (1988)، ١٥٠٠ شەهیدی راپەڕینی 1398 و ٧٥٠ شەهیدی راپەڕینی ١٤٠١ بەردەوام لە جۆش و خرۆشدایە و خەڵک هان دەدات بۆ بەرخۆدان و راپەڕین و رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەت، کە تا رووخاندنی رژێمی ئاخوندی بەردەوام دەبێت”.
تاکە رێگا!
خەڵکی ئێران بە کردەیی گەیشتوونەتە ئەو راستییە کە دۆخەکە هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو و سەرکەوتن لە درێژەدانە بە راپەڕین و بەرەوپێشەوچوون بۆ رووخاندنی دەسەڵات. هەر سستی و وەستانێک، دیکتاتۆرییەت لە ئێران هارتر و دڕندەتر دەکات. بۆیە رەمزی خێراکردنی بزووتنەوەکە و گەیشتن بە سەرکەوتن، بەرەنگاربوونەوەی زیاترە لە دژی دیکتاتۆرییەت.
کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم!
کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم دەیانەوێت بازنەی بابەتەکانی پەیوەست بە ئێران لە نێوان خۆیاندا رابگرن و هیچ بژاردەیەک بۆ گەل و موقاومەتی ئێران نەهێڵنەوە. ئەمە وێنەیەکە لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا زۆر جار بینیومانە. ئەگینا دەبوو زۆرجار کەیسی رژێمە دیکتاتۆرییەکان لە ئێران دابخرابا و دەسەڵاتیکی نیشتمانی، جەماوەری و دێموکراتیک لە ئێران دامەزرابا.
هەر لە گەڕاندنەوەی خومەینی بۆ ئێران، تا سەرکوتکردنی ئازادییەکان و کۆمەڵکوژکردنی ئازادیخوازان و رێگەخۆشکردن بۆ هێنانەسەرکاری خومەینی لە ئێران.
هەر لە بێدەنگبوون و بێهەڵوێستی لەدژی دڕندەیی و شەڕخوازییەکانی خومەینی لە ناوچەکە، تا ئاگربەستی دەستکرد و رواڵەتی لە ژێر ناوی بڕیارنامەی ٥٩٨ لە ساڵی ١٣٦٧ (1988).
هەر لە چاوپۆشیکردن لە کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە هەمان ساڵدا لە لایەن خومەینی و دەسەڵاتی قەزایی ویلایەتی فەقیهیەوە، تا دەگاتە سات و سەودای ئابوری و مامەڵەکردنی بێشەرمانە لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەتە لە چوار دەیەی رابردوودا.
هەر لە ناوزەدکردنی تیرۆریستی موقاومەتی ئێران لە وڵاتانی جیهان، تا گەمارۆدان و کۆمەڵکوژکردنی موجاهدینی خەلق لە ئەشرەف (لە عێراق) و پشتگوێ خستنی تاوانەکانی رژێمی ئێران و لایەنە تیرۆریستییەکانی ئەم رژێمە لە عێراق لە دژی موقاومەتی ئێران.
هەر لە پشتگوێخستنی کارنامەی قورسی رژێمی ئێران لە بواری پێشێلکارییە زەقەکانی مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی تیرۆر و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، تا کردەوەکانی ئەمدواییەیانەی رژیم لە سەردەمی راپەڕینی گەل بۆ بێدەنگکردنی راپەڕینی و داتاشینی بەدیل! لە پێناو سەپاندنی جۆرێکیتری دیکتاتۆرییەت بەسەر خەڵکی ئێراندا، بە رێگەی پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی پێشوو (شا) و بە مەبەستی کاڵکردنەوەی جێگە و پێگەی موقاومەتی ئێران و (ئۆرگانی سەرکردایەتی راپەڕین) و پەراوێزخستنی تاکە ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک و جەماوەری و، بەڕێخستنی شەپۆلی بەهێزی پڕوپاگەندە و سانسۆر لە دژی موقاومەتی ئێران، لەژێر ناوی درۆزنانە و بێ بنەمای (دادوەری) و (یاسا) لە وڵاتانی ئەوروپا و…!
هەر لەبەر ئەمەشە کە موقاومەتی ئێران چەندین جار رایگەیاندووە کە ئێمە هەرگیز چاومان نەبڕیوەتە کەسێک بێت و دیکتاتۆرییەت لە ئێرانمان بۆ بڕوخێنێت. داواکاری ئێمە وەک موقاومەتی ئێران ئەوە بووە بە ئێستایشەوە کە، هاوکاریی دیکتاتۆرییەت مەکەن بۆ مانەوەی لە دەسەڵات! رووخاندنی ئەم رژێمە، ئەرک و کاری گەل و موقاومەتی ئێرانە!

دوا وشە!
کلیلی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و دامەزراندنی دەسەڵاتیکی نیشتمانی، جەماوەری و دێموکراتیک لە ئێران لە دەستی خەڵکی ئێراندایە. کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزم بۆ دژایەتیکردنی داخوازییەکانی گەل، بە پێچەوانی کردەی رواڵەتی و درۆزنانەیان، هەمیشە یەکڕیز و یەکگرتوو و هاوکاری یەکتر بوون. هەربۆیە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کۆمەڵگای ئێران، بە خوێندنەوە و تێگەیشتنێکی راست و دروست لەم پرسەدا، پێویستە بەربەستەکان تێپەڕێنن و بە بینینی راستییەکان یەکڕیزی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر نیشان بدەن و، لە کۆسپ و دژوارییەکانی رێگاکە نەترسن. راستییەکان زۆر لەوە دڵڕقتر و سەختترن کە هێز و لایەنەکان لە پشت بەربەستەکاندا سەنگەر لە یەکتر بگرن و کات بە فیڕۆ بدەن. چونکە راستییەکان رەحم بە هیچ هێزێک ناکەن!





بەشێک لە ژیاننامەکەت.. شیعر/ نەوزاد بەندی

لە کوردستان گەوره بووبی ،
بێ شک لە چەند شوێنێکەوە سەرت شکاوە ..
لە کاتی مانگ گیرانا ،
لە تەنەکەت داوە ..
بە بێ ئەوەی بیانناسی ، ڕێیان پێ گرتووی ..
بەلایەنی کەمەوە مامۆستایەک بە ناحەق نمرەی لێ بردووی ..
چەند جارێ ویستووتە لە ماڵی باوکت ڕاکەی ..
بە ناحەق لێدانت خواردووە و
تفیان تێکردووی ..
بە کۆڵانێکا ، له هیچ و خۆڕایی ڕاویان ناوی ..
چەندین جار پێڵاو ، قاچی گرتووی ..
لە ئیمتیحانی شەفەهیی نیوەی ساڵدا ،
پێکانت تەزیون ، بوون بە سەهۆڵ ..
چەندین جار تێکەڵاو بوون ، برینی ئەژنۆت و خاک و خۆڵ ..
حەزت له زۆر شت کردووە و بۆیان نەکڕیوی ..
زۆر جار ویستووتە قسە بکەیت و
پێیان بڕیوی ..
بە لایەنی کەمەوە دوو سێ جار ، ویستووتە بچیتە شاخ ..
مامۆستای سەقافە مۆڕەی لێکردووی ..
چەندین جار دڵت تەنگبووە بە بینینی عەرەبی زلی سێ چارەک له پێ ..
چەندین جار ڕێی دوورت بڕیوە بە پێ ..
پشیلەت ڕاوناوە ..
سەگ ڕاوی ناوی ..
چۆلەکەت کوشتووە ،
زەدەواڵەت وروژاندووە و
پێوەیان داوی ..
ماسیت لە تەشتێ ئاوا بەخێو کردووە ،
دوای سێ چوار سەعات ،
نەتزانیوە بۆچی خۆی هەڵداوەتە دەرەوە و .. مردووە ..
بە لایەنی کەمەوە چەند جارێ ،
سروودی ئەی ڕەقیب ، گەرمی کردووی ..
وێنەگری سەقەت ، وێنەی خوار و خێچیان بۆ گرتووی ..
سەرتاشی ناحاڵیی ،
پشت ملیان بۆ بڕیوی ..
ویستووتە شتێ بفرۆشی و
کەس لێی نەکڕیوی ..
پەنجەت بە عەلادین سووتاوە ..
دڵت بۆ کچی دراوسێ لێی داوە ..
بۆ کڕینی پاسکیل ، بە سەعات گریاوی ..
لەسەر دەمەقاچانە و دارلاستیک ،
چاکیان لێ داوی ..
له پشتەوە چەمۆڵەت لە مامۆستا ناوە ..
دوو کەڵەشێری داماوت به شەڕ داوە ..
حەزت کردووە بی بە کۆمۆنیست لەبەر یەکسانیی ..
بەردت گرتۆتە ئاوێک یەکپارچە جوانیی ..
گریاوی بۆ مناڵی دراوسێ ،
کە لەو گەڕەکە بارتان کردووە ..
چەندین جار ملت گرتوون و ملیان گرتووی ..
تا جەژن قسەیان لەگەڵ نەکردووی ..
شەوی بەرات ، جوانترین شەوت بووە ..
خەوی پشوو ،
خۆشترین خەوت بووە ..
جارەها چووی بۆ مەیدانی کرێکاران و
کاریان پێ نەداوی ..
هەزاران جار لە بازاڕی لەنگە گەڕاوی ..
پانتۆڵ و کراسی کۆنەی ووڵاتانت پۆشیوە ..
قەراغە نانت بە عەلادین گەرم کردۆتەوە ..
ڕومەتت بە پەنجەرەی تەمگرتوو ، سارد کردۆتەوە ..
سەدان جار خەمۆکیی لێی داوی ..
لە ناکاو لە ناوەڕاستی ڕێگاکانا وەستاوی ..
لەگەڵ هەرچی کەسە ، چەندەها جار عاجز بووی ..
بە جەژنانا ، پینەتان کردۆتەوە ..
هەزار‌جار بەردیان تێگرتووی ،
پێش قەتماغەی برین ، بیرت چۆتەوە ..
سەدان جار بە ناحەق ،
بۆردومان کراوی ..
لەسەر زەریایەک نەوت ،
بێ نان کراوی
سەدان جار لەگەڵ هاوڕێیان ،
باسی ڕاکردنتان کردووە بۆ هەندەران ..به لاویی ..
جەندرمە گرتوویتی ..
پاسدار لێی داوی ..
پۆلیسی کەناراوەکان .
ڕاویان ناوی ..
قاچاخچی پارەی خواردووی ..
لەناو بەفرا ، جێی هێڵاوی ..
لە سەربازیی ڕاتکردووە ..
چەندین جار عەریف و
ئینزیبات و
ڕەئیس عورەفا وەحدە ،
زەحفیان پێ کردووی ..
جنێوی سووکیان پێداوی ..
ویستووتە ببی بە جاش ،
لە بری موچەکەت ، وەرەقەیەکی عەدەم تەعەروزیان پێداوی ..
موچەیان خواردووی ..
لێیان بڕیوی
لێیان دزیوی ..
بۆیان پاشەکەوت کردووی ..
ڕاپۆرتی پەنجا پەڕەییان لەسەر نوسیوی ..
بە لایەنی کەمەوە جارێ زیندان ڕایموسیوی ..
سەدان جار دایکت پێی وتووی
دەمی خۆت بگرە ..
دەیان جار کتێبی قەدەغەت خوێندۆتەوە
نوسراوی یاساغت شاردۆتەوە ..
بەردت داوە بە پەنجەرەی
دامەزراوە میرییەکانا ..
ڕەسمی سەرۆکی ووڵاتت دڕیوە ..
تفت کردۆتە دروشمەکان ..
چەندین جار بێ ئاگاداریی خۆت ،
شەڕی براکوژییان پێ کردووی ..
بەلایەنی کەمەوە ، خوێندنی ساڵێکیان لێ کردووی ..
نەتزانیوە بۆچی سەرۆک ئەوەندەی ڕق له خەڵکە ؟
نەتزانیوە له کوێ کۆکراونەتەوە
ئەم هەموو سیاسیە بێ کەڵکە ؟
بە مەلایەکت وتووە : بەسیەتی ئامۆژگاریی .. کەی ڕاپەڕین دژی زۆرداریی ..
بە لایەنی کەمەوە جارێ ،
هەوڵی خۆ کوشتنت داوە ..
فتبۆڵیان تەقاندووی ..
هەلوکیان شکاندووی ..
کۆڵارەیان دڕاندووی ..
پاسکیلیان فڕاندووی ..
بێ ئەوەی هاریت کردبێ ،
لەناو هارەکانا ناویان نوسیوی ..
بە لایەنی کەمەوە چوارجار ،
چوویتەتە خۆپیشاندانەوە ..
گیراوی ، لە شوێنێ کەست نەدیوە و
کەسیش نەیدیوی ..
بێ نان ، بە تێهەڵدانەوە ..
بە لایەنی کەمەوە جارێ ،
بە نهێنی ، دەمانچەت کڕیوە ..
جارێ زیاتر ، فەیسبوک ئاگاداری کردوویتەتەوە ،
کە دژایەتی دەسەڵات نەکەی ..
سەد جار زیاتر ،
پۆستی فەیسبوکیان سڕیویتەتەوە ..
تا شەش ڕۆژ بۆت نەبووە ،
یەک ووشە بڵاو کەیتەوە ..
هەزار جار لەسەر بیر و باوەڕ ،
جنێوی پیسیان پێداوی ..
زەوی نیشتەجێ نەدراوە به تۆ ..
بە لایەنی کەمەوە هەزار جار ،
بە ناحەق هەوڵدراوە نانبڕاو بی..
هەوڵدراوە دەرکراو بی ..
هەوڵدراوە بەدناو بی ..
پارچە پارچە و
هەڵوەشاو بی ..
بەلایەنی کەمەوە جارێ ،
لە کۆڕەودا ، برسێتیی ئەشکەنجەی داوی ..
چەندین جار لە منداڵیدا
هەستتکردووە پیری ..
دەستتکردووە بە نوسینی ڕۆمانێک و ..
لە نیوەیدا دڕیوتە ..
چەندین جار خۆت داوەتە دەست گۆشەگیریی ..
بە دڵی خۆت نەبووە ،
هەرچی کڕیوتە ..
چەندین جار داوای کۆچت بۆ کەنەدا پڕ کردۆتەوە و ..
نەیانویستووی ..
گرین کارتی ئەمەریکات پڕ کردۆتەوە و ..
ساڵانەیش لۆتەرییەکەی ..
لە داخی دەسەڵات و عەنتەرییەکی ..
هەزاران جار ، لە هەموو شتێکی خۆت پەشیمان بووی ..
دەیان جار جگەرەت تەرک کردووە و ..
دووبارە بۆی حەیران بووی‌ ..
بە لایەنی‌ کەمەوە جارێ جەڵتە لێی داوی ..
ڤیتامین و ئاسنت دابەزیون ..
بەلایەنی کەمەوە سێ جار دکتۆر پێی وتووی : ئەرێ تۆ چۆن ماوی ؟
خواردنی ئێکسپایەریان دەرخوارد داوی ..
دەرمانی ئێسکپایەریان دەرخوارد داوی ..
ویستوویانە نەمێنی و کەچی ماوی ..
شتی تریش‌ …




فرۆشتن…(*).. شیعری پشکۆ ناکام

ئەمانەوێ بتانفرۆشین

بەڵام بە کێ..؟

كێ بۆگەن و “کەڕوو”مان لێ ئەکڕێ

كێ ناپاکی و ئاشوب و خۆ خۆریمان

لێ ئەکڕێ..؟

كێ سیسارکەی ڕەزالەت و زەلیلیمان

لێ یەکڕێ..؟

کێ موسیبەت و نەگبەتی و خەفەتمان

لێ ئەکڕێ..؟

كێ میکرۆبی داغانکەری جەستەمان

لێ ئەکڕێ..؟

كێ دز و چەتە و شەلاتیەکانمان

لێ ئەکڕێ..؟

كێ گەمژە و مێشک پووت و گەلحۆکانمان

لێ ئەکڕێ..؟

ئەمانەوێ بتانفرۆشین

بەڵام بە کێ..؟

كێ ساختەچی و بێ ئابڕوو و دەمامک کراوەکانمان

لێ ئەکڕێ..؟

كێ مێرووی زەهراویمان

لێ ئەکڕێ..؟

كێ ئاشوبگەرانی نیشتمانمان

لێ ئەکڕێ..؟

كێ ئابڕویەکمان لێ ئەکڕێ

کە بێ ئابڕوویی شەرمەزار کردبێ..؟

ئەتانفرۆشین…بەڵام بە کێ..؟

سەگی پاسەوان نین

تا نرخێکتان هەبێ

مەڕ و ماڵاتێک نین

بەرهەمتان هەبێ..

نەعلێک نین لەپێ بکرێن

بووکە شووشەیەک نین

دڵی مناڵێکی پێ خۆشکرێ

كێ بە بەلاش ئەتانکڕێ

…..کێ ؟

ئەتانفرۆشین

بەڵام کەس ناتانکڕێ..

خێرتان ئەگا ، بڕۆن..

لە کۆڵمان ببنەوە..بڕۆن

نامانەوێن

كەسیش ناتانکڕێ

…………………………………………………

(*) سوود لە دەقێکی”احمد مطر” وەرگیراوە..




کتێبی” پێکهاتەی عەقڵی کوردی” بڵاوکرایەوە

“پێكهاتەی عەقڵی كوردی” كتێبێكی فكرییە، یەكەمین كتێبی ناوەندی تەمە بۆ نووسینی كوردی، لە نووسینی پێشڕەو عەبدوڵڵا” یە، كە 523 لاپەڕەیە و بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ڕۆسا بڵاوکرایتەوە.

پێشڕەو عەبدوڵڵا نووسەری كتێبەكە، لە بارەی کتێبەکەوە رای گەیاند، لە كایەی ڕۆشنبیریی ئێمەدا، زۆر بابەت و نۆڕم هەن، كە بە دەستلێنەدراوی ماونەتەوە و كەوتوونەتە ناو تاریكایی ناخودئاگای ئێمەوە، بێ ئەوەی ڕۆشنایی ئاگایی ئاراستە بكەین، بۆ ئەوەی لانی كەم ئەو هێز و فشارەی جارانی نەمێنێت و بیناسینەوە.

نووسەر دەڵێ، “ئەم كتێبە هەوڵێكی شیكاری ڕژدە، بۆ ناسینەوە و كەشفكردنی بەشێكی زۆر لەو پێكهاتە عەقڵییانەی زۆر كەم ڕۆشنایی خراونەتە سەر، كە چۆن ڕەگی قووڵی بەناو كەسایەتیی ئێمەدا داكوتاوە و بووەتە بەشێك لە پێكهاتەی عەقڵیی ئێمە. ئیتر ئەوە ئێمەین بەو تەرز و نۆڕمانە سەیری خۆمان و ژیان و دەوروبەرمان دەكەین.”




ڕۆمانی گەردوون و گەردوونی ڕۆمان.. کاروان کاکەسوور

تەنیا لەم سەد ساڵەی ڕابردوو و لە بواری گەردوونناسیی فیزیایی (Physical cosmology)دا کۆمەڵێک تیۆریی جیاواز بۆ ئەوە دامەزراون، تا لێی بکۆڵنەوە، کە سەرەڕای ئەوەی چەندان بەڵگەی زانستییان بە دەستەوە داون، بەڵام هێشتا کەموکورتییان هەیە و نایشکرێت نەیانبێت، مادام گەردوون هەم ئاڵۆزە و هەم مەتەڵئامێز.
گەردوونی بینراو بەشێکی گەردوونە، نەوەک هەمووی. گەردوونی نەبینراو (Invisible Universe) ڕووبەرەکەی زیاترە، بگرە بێسنوورە. گەردوون ماددە (مەتێریەڵ) و وزە دەگرێتەوە. بەپێی لێکدانەوە زانستییەکان تەمەنی (46) میلیارد ساڵی ڕووناکییە و لە کشانی بەردەوامیشدایە. ئەم کشانە پێوەندیی بە سروشت و شێوەیەوە هەیە، کە کێشکردن (Gravity) و وزەی تاریک (dark energy) هەڵیدەسووڕێنن. کێشکردن ئەو هێزەیە، ماددە ڕادەکێشێت و دەیەوێت کشانی گەردوون خاو بکاتەوە، لە کاتێکدا وزەی تاریک بە پێچەوانەوە هەوڵ دەدات ئەو کشانە درێژەی هەبێت.
تیۆریی دۆخی چەسپاو (steady state theory)، کە لە ساڵی (1948)دا دەرکەوتووە، پێی وایە گەردوون وەک چۆن بێسەرەتایە، ئاوا بێکۆتاییشە، بەو مانایەی نە لە ڕووی کاتەوە سنووری هەیە و نە لە ڕووی شوێنیشەوە. پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە ماددە بەردەوام لە گەردووندا دەردەکەوێت. لە ساڵی (1964)دا ڕووداوێک ئەم تیۆرییە دەهەژێنێت، کاتێ شەپۆلێکی کارۆمۆگناتیسی (Electromagnetic radiation) لە قووڵاییی گەردوونەوە دێت و وا لێک دەدرێتەوە، کە پاشماوەی لەدایکبوونیەتی. بۆ میلیاردان ساڵ دەگەڕێتەوە و بە تیشکی پاشخانی گەردوونی (cosmic background radiation) ناوی دەبەن. دواتریش بە تەقینەوە مەزنەکە (Big Bang) دەناسرێت. ڕاستییەکەی پێشتر (جۆرج لۆمتەر) لە ساڵی (1927)دا ڕایگەیاندبوو. لەمەوە گوترا گەردوون ئەزەلی نییە، بەڵکوو لە کۆندا، دروستتر (3.7) میلیارد ساڵ لەمەوبەر لە خاڵێکی کاڵەوە، وەک ئەوەی هیی نووکی قەڵەمی ڕەساس بووبێت، دەستی پێ کردووە. چووەتە دۆخێکی زۆر گەرمەوە و تەقیوەتەوە، بەو مانایەی لەوێدا پاڵەپەستۆ بێکۆتا بووە و بارستاییش لە سفر نزیک کەوتووەتەوە، تا ئەم تەقینەوەیە ڕووی داوە و گەردوونی لێ هاتووەتە بەرهەم. لەو ساتەوە دەستی بە کشان کردووە. ئەمڕۆ وا مەزەندە دەکرێت ئەمسەر و ئەوسەری، کە لە شێوەی چەترێکی کراوەدا خۆی دەردەخات، بریتی بێت لە (92) میلیارد ساڵی ڕووناکی. واتە نیوەتیرەی ئەو فرەوانبوونە (46) میلیارد ساڵی ڕووناکییە.
تیۆریی گەردوونی کوانتیکی (Quantic universe) پێی وایە چەند ماددە و وزە هەن لەم گەردوونەدا، گەردوون خۆی لە عەدەم دروستی کردوون، بەڵام عەدەمێکی کوانتۆم (quantum void). بەپێی یاسای کوانتۆم (quantum law) دەکرێت تەنێکی وردی وەک ئەلیکترۆن هاوکات لە دوو شوێنی جیاوازدا خۆی دەربخات. بۆ نموونە پشیلەیەک دەتوانێت لە یەک ساتدا هەم مردوو بێت و هەم زیندوو، بگرە کەسێک لە سەندووقێکدا بیبینێت. بە پشیلەی شرۆیدینگەر (Schrödinger’s cat) ناسراوە. بەپێی ئەم تیۆرییە ئەگەر بیخەیتە سەندووقێکەوە و سەری دابخەیت، ئەوە وەک ئەزموونێکی هزری (thought experiment) لەم ساتەوە تا دەیکەیتەوە، نازانیت، ئاخۆ هێشتا دەژی، یان مردووە. بەم شێوەیە ئەو لە هەردوو دۆخەکەدایە. عەدەمی کوانتۆم خاوەنی توانایەکی تایبەتە، کە بە وزەی بۆشایی (the void of energy) ناسراوە و بەهاکەی سفرە، بەڵام بەو سفرەوە نەلکاوە، بەڵکوو بە دەوریدا دەخولێتەوە، بگرە لێی دوور دەکەوێتەوە، کە لە ئەنجامدا وزەیەکی کاریگەر بەرهەم دێت و دەتوانێت ماددە دروست بکات، وەک چۆن ماددە جارێکی دیکە پێی دەکرێت وزە بێنێتە دی. لێرەدا ماددە و دژەماددە دەردەکەون. دووەمیان لە هەموو ڕوویەکەوە لە یەکەمیان دەچێت، تەنیا جیاوازیی ئەوەیە، بارگەی ئەلیکترۆنی (electric charge)ی هەیە. ئەوەیش بە سەرەتای تەقینەوە مەزنەکە دادەنرێت، کە وەک گوترا ئەم تیۆرییە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە، گۆیە گەردوون لە خاڵێکی وردی کاڵەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام گەرمایییەکەی سنووری نەناسیوە، بە ڕادەیەک بووەتە سەرچاوەی هەموو شتەکان، بە کات و شوێنیشەوە. بەم شێوەیە گەردوون لە فرەوانبوونی بەردەوامدایە، کە دووریی ئەستێرە، هەسارە و گەلەگسییەکان بە جۆرێکی ڕێک دەهێڵێتەوە.
ئەمجارە تیۆریی زنجیرەیی، یان یەکبەدواییەکی گەردوون (The cyclic universe theory)مان هەیە، کە پێی وایە ئەم گەردوونە یەکێکە لە بێژمار گەردوونەکان. هەم لە پێشیەوە هیی دیکە هەیە و هەم لە دوایەوە هیی تر دێت. واتە لە هەر تەقینەوەیەکدا گەردوونێکی دی پەیدا دەبێت، کە خاوەنی یاسای فیزیایی و ماتماتیکیی خۆیەتی. لە ناو دەچێت و دانەیەکی دی لە ڕێی تەقینەوەیەکی ترەوە شوێنی دەگرێتەوە. دەکرێت بگوترێت هەر گەردوونێک بەپێی ئەو خولە بێپسانەوەیەی لە کشان و ساردبوونەوە (expansion and cooling)دا، بە تەقینەوەی مەزن (big bang) دەست پێ دەکات و بە تێکشکانی مەزن، یان پووکانەوەی مەزن (big crunch) کۆتاییی دێت.
وەک گوترا ئەوانە تیۆرین و لە کەموکورتی بە دەر نین. زانینی ئێستای مرۆڤ لە سنووری گەردوونی بینراودایە، بەڵام بەردەوام هەوڵ دەدات زیاتر بدۆزێتەوە. واتە هەمیشە ڕووی لە نەزانراوە.
ئەوەی من لێرەدا خستوومەتە ڕوو، ئەلفبێی ئەو تیۆرییانەیە، دەنا بابەتەکە زۆر لەوە زیاتر و قووڵترە. بەو مەبەستە ئەو کورتەیەم لەو بارەیەوە نووسیوە، تا لەم ڕووەوە وێنەیەکی گشتی بخەمە بەر چاو. نایشکرێت وەک سەرچاوەی زانستی لێی بڕوانرێت، ئەگەرچی هەوڵم داوە زانیارییەکان بە دروستی بخەمە ڕوو. ئەوەی گرنگە، بەردەوامیی لێکدانەوەی گەردوونە. خاڵی هاوبەشی تیۆرییەکان، ئەوەیە، کە گەردوون ئاڵۆزە، سەرەتایەکی ڕوونی نییە، ناکرێت ڕاڤەکان لە خاڵێکدا بوەستن و ئەنجامێکی دیاریکراو بە دەستەوە بدەن.
ناتوانین بڵێین لێکدانەوەی گەردوون تەنیا تایبەتە بە زانایان، بەڵکوو هیی هەر کەسێکە، ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئایا بۆمان هەیە ڕاڤەی چەوت بۆ گەردوون بکەین؟ بەڵێ، مادام ئەو ڕاڤەیە تایبەتە بە خۆمان و بەسەر ئەوانی دیکەیدا ناسەپێنین.
ڕۆمان، کە مەبەست ئەو ڕۆمانەیە ئاستی واقیعی زانراو و زمانی ڕۆژانەی تێپەڕاندووە، لە گەردوون دەچێت، بگرە هەر خودی گەردوونە، بەوەی گەردوون لە ڕووی کات و شوێنەوە بێسنوورە. ڕۆمان کاتێ فرەئاڕاستە و فرەدەنگە، دەستنیشان ناکرێت، تا بڕیاری کۆتاییی لەسەر بدرێت. وەک چۆن گەردوون لە تێکڕای تیۆرییەکان گەورەتر و فرەوانترە، ئەوە ڕۆمانیش بە هەمان شێوە توانای هەیە دەیان تیۆری و ئاڕاستەی فەلسەفی بهێنێتە دی، بێ ئەوەی هیچ یەکێ لەو ڕاڤانە، بگرە تێکڕای ڕاڤەکانیش بتوانن وا خۆیان دەربخەن بەشی زۆری نهێنییەکانی ئەویان دۆزیوەتەوە، بەڵام بایەخی ئەم هەوڵانە لە بەردەوامییاندایە.
لێکدانەوەی دەقی ڕۆمانیش تایبەت نییە بە کەسانێکی دیاریکراو، بەڵکوو هیی هەر خوێنەرێکە بەری دەکەوێت، تەنانەت ئەو خوێنەرە گریمانەیییەی ڕۆماننووسیش، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆماننووسەکەیە. ئەگەر زانست لە ڕێی پێوەرە پۆڵایین و سەختەکانیەوە لێکدانەوەی گەردوون تەنیا بە هیی کەسانی پسپۆڕ دەزانێت، ئەوە ڕۆمان بەوەدا نە پێوەری هەیە و نە یاسای دیاریکراو، ڕێی هەر خوێنەرێک دەدات بە شێوازی خۆی بیخوێنێتەوە و لێکی بداتەوە. ئەو خوێنەرە دەتوانێت خوێندنەوە تایبەتەکەی ئاڕاستەی گەردوونیش بکات و بەو شێوەیەی ببینێت، کە لەگەڵ بۆچوونیدا ڕێک دەکەوێت. کاتێک زانست ناکەینە پێوەر، شتێک نامێنێتەوە بۆ ئەوەی چی ڕاستە و چی چەوت، مادام وەک گوترا نیازمان نییە ئەو ئەنجامەمان بەسەر ئەوانی دیکەدا بسەپێنین.
چەند پێمان وا بێت تەواو لە گەردوون گەیشتووین و بەشێکی زۆری نهێنییەکانیمان دۆزیوەتەوە، هێشتا کەمی لێ دەزانین. کاتێ دەڵێین گەردوون بە شێوەی ڕاستەوخۆ هەیە، بە هەڵەدا دەچین، بەڵکوو وەک دەقی ڕۆمانی فرەدەنگ ناڕاستەوخۆیە، کە پێشتر گوترا (گەردوونی نەبینراو) بێسنوورە. ڕۆمان چەشنی گەردوون هێزی کێشکردن و وزەی تاریک هەڵیدەسووڕێنن. کێشکردن هەموو توانای خۆی دەخاتە گەڕ، تا ماددە ڕابکێشێت و کشانی دەق خاو بکاتەوە، لە بەرانبەردا وزەی تاریک بە توندی بەرپەرچی دەداتەوە و دەیەوێت کشان درێژەی هەبێت، کە ئەوانە ناهێڵن سەرەتایەکی ڕوونی بۆ دیاری بکەین و بە خاڵی کۆتاییی بگەین. ڕۆمان وێنەی گەردوون خاوەنی یاسای فیزیایی و ماتماتیکیی خۆیەتی، کە دەکرێت بڵێین، نایاسا، یان ناپێوەر (non-standard)ن، نەوەک یاسا و پێوەر. لۆجیکەکان هیی ناوەوەی خۆین، نەوەک لە دەرەوە بۆی هاتبن.

ئەو ڕۆمانەی ئاستی زانراو تێدەپەڕێنێت، هاوکات لۆجیکی تایبەتی خۆیشی دەخاتە ڕوو، کە ڕێ نادات بە لۆجیکی زانراو بخوێنرێتەوە، بگرە هەر خوێندنەوەیەک لە ئاستیدا کورت دەهێنێت، ئەگەر بیەوێت بۆ ئاستی زانراوی بگەڕێنێتەوە. بە مانایەکی دی، ڕۆمان کاتێ دەتوانێت داهێنەر بێت، کە واقیعێک بە هەموو وردەکارییەکانیەوە تێک دەشکێنێت و لە ئاستێکی دیکەی جیاوازدا دەریدەخاتەوە. ناکرێت بۆ ئەو واقیعەی بگەڕێنینەوە، لە کاتێکدا خودی واقیعەکە تێپەڕێنراوە و نەماوە. ڕۆمانی داهێنەرانە بەرگەی هێرشی ئەو خوێندنەوانە دەگرێت، کە واقیعی زانراویان کردووەتە پێوەر و دەیانەوێت لەوێوە ڕووبەڕووی ببنەوە. واتە ئەو خوێندنەوانە زمانی ڕۆژانەیان تێدا بەرجەستەیە و خۆیان لە ئاستی زمانێکدا دەبیننەوە، کە چووەتە دۆخی ئاماژەوە و کۆمەڵێک ئاڕاستەی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە. لێرەدا ئاستی میلـلی دەکەوێتە بەرانبەر ئاستی فەلسەفییەوە، کە دووەمیان نەدەهاتە کایەوە، ئەگەر یەکەمیانی تێک نەشکاندایە. ئەو ئاڕاستانەیش وایان کردووە دەقەکە کورت نەکرێتەوە، تا لە شێوەی ڕۆمانی ئاساییدا بخرێتە دۆخی ئایکۆنەوە و ماناکانی لە چەند دێڕێکدا پێشان بدرێن. ڕۆمانی فرەدەنگ بەو خەسڵەتە گەردوونییانەی هەیەتی، لە بینراو و نەبینراو پێک دێت، کە تەنیا توێژینەوەی بارگاوی بە فکری ڕەخنەیی دەتوانێت هەوڵی ئاشکراکردنی نەبینراوەکانی بدات، بێ ئەوەی بە خاڵێکی دیاریکراو بگات و ئەنجامێک بە دەست بهێنێت. ڕۆمانی جەماوەری بەوەدا لە ئاستی میلـلیدا ماوەتەوە، دەکرێت بە هەمان زمانی ڕۆژانە بخوێنرێتەوە، تا بگوترێت کوێی باشە و کوێی خراپ، وەک ئەوەی لە ڕەخنەی میلـلیدا هەیە، چونکێ لە یەک ئاڕاستە، یان لە یەک چیرۆکی زەبەلاحی ڕوون پێک هاتووە و بە ئاسانی کورت دەکرێتەوە، بگرە وەک تەنێکی فیزیکی لێی دەڕوانرێت، بەوەی تەنیا بریتییە لەوەی وا لەسەر کاغەزدا فۆرمی وەرگرتووە، بەڵام ڕۆمانی فرەدەنگ بێژمار چیرۆکی ورد و دیمەن لە خۆی دەگرێت. ئاستی جەماوەری تێپەڕاندووە و توانای هەیە خوێنەری جیاواز بدوێنێت، کە لێرەدا هۆشیاریی نووسەر و خوێنەر بەر یەک دەکەون. لەو بەریەککەوتنەدا وزە، ماددە و دژەماددە بەرهەم دێن، تا بەردەوام یەکتر نوێ بکەنەوە. گوترا بۆمان هەیە ڕاڤەی چەوت بۆ گەردوون بکەین، بە مەرجێ ئەو ئەنجامەمان تایبەت بێت بە خۆمان و بەسەر ئەوانەی دیکەیدا نەسەپێنین، کە ئەمە بۆ ڕۆمانیش دروستە. بەگشتی خوێندنەوەکان لە هەر ئاستێکدا بن، جووڵەن و بایەخیان هەیە، مادام لە بۆشاییی گەردوونی ڕۆمانی فرەدەنگ و فرەئاڕاستەدا شوێنیان دەبێتەوە. هەر ڕاڤەیەک دەیانی دیکەی جیاوازی لێ دەکەونەوە و ئەوانە ململانێ دێننە گۆڕێ. هێزی نووسین دەتوانێت درێژە بەو ململانێیە بدات، کە ڕۆمانی ئەمڕۆ بەرهەمی ململانێکانی ڕابردووە. شێوازەکانی نووسینیشی هەر ئەو پرۆسێسە هێناونی. من خۆم ئەو ئاڕاستانەی هێز بەو پرۆسێسە دەدەن، بە گرنگ دەزانم، هەتا ئەگەر لە دژیان بوەستم و بە ڕەخنەیش ڕووبەڕوویان ببمەوە. بەبێ بوونی ئاڕاستەی جیاواز، ململانێ نایەتە کایەوە، تا بکەوێتە گەڕ و لەو بەردەوامییەیدا هێزی نوێ بەرهەم بهێنێت، بە تایبەتی کاتێ ململانێکە فۆکەسی لەسەر پێکهاتەی دەقە، نەوەک لەسەر ژیاننامەی نووسەر. بە مانایەکی دی، چەمکەکان لێک دەداتەوە و ئاڕاستەی نوێیان تێدا دەدۆزێتەوە، نەوەک باز بەسەر ئەوانەدا هەڵبدات و ڕوو لە نیازی نووسەر بکات. هیچ شتێک ناکەوێتە دەرەوەی دەق و تەنیا لەوێدا دەتوانین ئاڕاستەی نوێ بهێنین. کاتێ ڕوومان لە نووسەرە، ئەوە پەنامان بۆ پێوەری ڕەوشت بردووە، تا بەوە هەڵیبسەنگێنین، ئاخۆ باشە، یان خراپ. پرۆسێسێکی ئاسانە و ناتوانێت هیچ شتێکی نوێ بە دەستەوە بدات، بگرە دوور و نزیک پێوەندیی بە دەقەوە نییە. بۆ نموونە من دێم و بە زمانی ڕۆژانە، ئەو زمانەی هەر ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵگە دەتوانێت پێی بنووسێت، دەنووسم (داوەزی داهۆز) نووسەرێکی تووڕەیە، بۆشە، ساختەیە، خەیاڵی لە کار کەوتووە، توانای داڕشتنی چوار ڕستەی سادەی نییە و هیی دیکەی لەم بابەتە، هاوکات و بە هەمان زمانی ڕۆژانەی جەماوەر بە (ماوەزی ماهۆز)دا هەڵدەڵێم، گۆیە داهێنەرە، خەیاڵی گەورەیە، قووڵە و وشەگەلی دیکەی لەم چەشنە. بۆ هەردووکیان بێژمار شایەت دەهێنمەوە و لەشکرێک پێک دەهێنم، بەڵام ئایا لەبارەی چەمکەوە قسەم کردووە؟ نموونەم لێ هێناونەتەوە؟ یەکێکیانم لێک داوەتەوە؟ ئایا لەو گوتانەمەدا وزەیەک بەرهەم دێت؟ ئەرێ ئەوە لە دەست هەر کەسێکی دیکەیش نایەت؟ ئایا ناتوانم بە هەمان مێتۆد تێکڕای داهێنەرانی گێتی بسڕمەوە و بە دەیان نووسەری سادەنووسیشدا هەڵبدەم، مادام خۆم لەوە دوور دەگرم یەک نموونە لە بەرهەمیان بهێنمەوە و لێکی بدەمەوە؟ تا ئەو کاتەی لەسەر چەمکەکان ناوەستین و ئاستی دیکەیان تێدا نادۆزینەوە، ئەوە لە ئاستی زانراودا ماوینەتەوە و شتێکی نوێمان بە دەستەوە نەداوە. لەگەڵ ئەوەیشدا من خۆم مامەڵەیەکی دیکەی تەواو جیاواز لەگەڵ ئەو جۆرە نووسینەدا دەکەم و کردوویشمە. نایسڕمەوە، بەڵکوو لە ڕێی ئەو چەمکانەوە، کە تێیدا فڕێ دراون، نەوەک کاریان پێ کراوە، دایەڵۆگ دادەمەزرێنم، بەو مانایەی هەڵیاندەگرمەوە و ئاستی دیکەیان تێدا دەدۆزمەوە، کە ئەوە وام لێ دەکات دایەڵۆگەکە بە ئاڕاستەی کۆمەڵێک سەرچاوەی فکری، فەلسەفی و هونەریدا ببەم. ئایا ئەوانە بۆ من گرنگن؟ بەڵێ، مادام دەرفەتم پێ دەدەن بە تێگەیشتن و شێوازی خۆم ڕووبەڕوویان ببمەوە. هەمیشە گوتوومە بە بایەخەوە لەو دەنگانەی دەرەوەم دەڕوانم. هیی ناو گەردوونی ئێمەن و ناتوانین نکووڵی لە بوونیان بکەین، بگرە ڕەسەنن و ڕاستگۆیانە توانای ئەمڕۆی کولتوورمان دەردەبڕن. ئەوانە واقیعی زانراو لە خۆیاندا بەرجەستە دەکەن و زەمینە بۆ تێپەڕاندن دەهێننە گۆڕێ. ئەم جووڵەیە بۆ ئەو ململانێیە پێویستە، هەتا ئەگەر ئەوان خۆیشیان وا لێی نەڕوانن. لەم ڕووەوە چەند نووسینێکم هەن، کە بریتین لە لێکدانەوەی چەمکەکان، بێ ئەوەی بە ئاماژەیش بە لای ژیانی نووسەراندا چووبێتم. نەمشاردووەتەوە ئەوان تێیاندا بەشدارن و بەبێ بوونی ئەوان لە دایک نەدەبوون. لێرەوەیە من بە ڕقەوە لێیان ناڕوانم و ململانێکە لەوە دوور دەخەمەوە، کە پێوەندیی بە کەسێتیمانەوە هەبێت، بگرە دەیانخەمە سەرووی ئەوانەی ئەم جووڵەیە ناهێنن. کاتێ ڕۆمان وەک گەردوونی نەبینراو دەبینین، لەوە دەگەین، کە نەک هەر بەرگەی هێزی ململانێ دەگرێت، بەڵکوو وزەی ئەو ململانێیەیش تێکەڵی وزەی خۆی دەکات. ساتێ لە دەق دوور دەکەوینەوە و یەخەی نووسەر دەگرین، وەک ئەوە وایە نرخ بۆ دەق دانەنێین و ئەوە بدەینە دواوە، کە دەق خاوەنی هێزێکی گەورەیە و بواری ئەوەمان دەدات وزەی خۆمانی تێدا بخەینە گەڕ، بگرە ددانمان بەوەدا ناوە، کە خاوەنی ئەو وزەیە نین، تا بەر هێزی دەقی دابدەین. دەق گەردوونمانە و هەموومان لە خۆی دەگرێت، تا تێیدا هێز بخەینە بەر ئەو ململانێیەوە. تەنیا لە ململانێدا هێزی خۆمان دەبینین و دەزانین چیی دیکەمان بۆ ئەو بەردەوامییە پێویستە.

ئەوەی لەبارەی ڕۆمانەوە گوترا، بۆ هەر جۆرێکی دیکەی ئەدەبیش دروستە. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا هێشتا دەقی ئەدەبی، کە توانای تێکشکاندنی یاسا و پێوەرەکانی هەیە، لە گەردوونی ئاسایی فرەوانترە. ئەگەر گەردوون بەپێی یاسا تایبەتەکانی بە ڕێوە دەچێت، ئەوە ئەدەب توانای هەیە زیاتر لە یاسایەک بۆ ئەوانە دابنێت. ئەدەب پێی دەکرێت خۆر، زەوی، مانگ و ئەستێرە بە هەموو لایەکدا بجووڵێنێت. باران، بەفر، تەرزە و کڕێوە بە شێوازی جۆراوجۆر ببارێنێت. لە بەستەڵەکدا ئاسن بتوێنێتەوە و لەناو کوورەی ئاگردا بێژمار پەپوولە بخاتە باڵەفڕەوە.

لە پێشەوە گوترا عەدەمی کوانتۆم خاوەنی توانایەکی تایبەتە، کە بە وزەی بۆشایی (the void of energy) ناسراوە و بەهاکەی سفرە، بەڵام بەو سفرەوە نەلکاوە، بەڵکوو بە دەوریدا دەخولێتەوە، بگرە لێی دوور دەکەوێتەوە، کە لە ئەنجامدا وزەیەکی کاریگەر بەرهەم دێت و دەتوانێت ماددە دروست بکات، وەک چۆن ماددە جارێکی دیکە پێی دەکرێت وزە بێنێتە دی. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانی فرەدەنگ بە تایبەتی لە دۆخی زانراو دوور دەکەوێتەوە، تا هەمان ئەو گۆڕانکارییە بەرپا بکات، کە عەدەمی کوانتۆم بەرپای کردووە. بە مانایەکی دی، داهێنانی ڕۆمان پێوەستە بە مەودای جودابوونەوەی لە تێگەیشتنی باو، کە لەمەوە دنیای تایبەتی خۆی لە ڕێی پێوەندیی دایەلێکتیکییانەی نێوان وزە و ماددەوە دروست دەکات. هەر ماددە نا، بەڵکوو دژەماددەیش، کە ڕاستییەکەی ئەوەیان کاریگەرییە مەزنەکە دێنێتە گۆڕێ، بەوەی خاوەنی بارگەی ئەلیکترۆنییە. ئەو کارلێکە بەردەوام دەبێت و لە خاڵێکدا ناوەستێت. دەکرێت بگوترێت ڕۆمان بە هێزی ناوەوەی خۆی گەردوونێکی تایبەت بەرهەم دێنێت، کە بۆ ئەوەی بتوانین لێکی بدەینەوە، پێویستمان تەنیا بە هێزی ناوەوەی خۆمانە. دەگەینە ئەوەی بڵێین خوێنەری ڕۆمانی فرەدەنگ، کە متمانەی لەسەر وزە و ماددەی ناوەوەیەتی، توانای تەقینەوە مەزنەکەی هەیە.

گوتمان تیۆریی گەردوونی کوانتیکی پێی وایە چەند ماددە و وزە هەن لەم گەردوونەدا، گەردوون خۆی لە عەدەمەوە دروستی کردوون، بەڵام عەدەمێکی کوانتۆم. بەپێی یاسای کوانتۆم دەکرێت تەنێکی وردی وەک ئەلیکترۆن هاوکات لە دوو شوێنی جیاوازدا خۆی دەربخات. ئەگەر لێرەدا (ڕۆمانی فرەدەنگ) بخەینە شوێنی (گەردوون)ـەوە، ئەوسا ڕێ بە خۆمان دەدەین بڵێین ڕۆمان توانای هەیە لە عەدەمێکی کوانتۆم هەموو ڕەگەزەکانی خۆی لە کارەکتەر، ڕووداو، کات، شوێن، بابەت و ئەوانەی دیکەیش دروست بکات. بەپێی (یاسای کوانتۆمی ڕۆمان) دەکرێت سەرجەم تەنەکان لە چەند کات و شوێنی جیاوازدا دەربکەون و بەردەوام جیاوازی دەربخەن، بەوەی ڕۆمان دەتوانێت وزە، ماددە و دژەماددە بەرهەم بهێنێت. ڕۆمانی داهێنەرانە بە تەقینەوەی مەزن (big bang) دەست پێ دەکات و بە پووکانەوەی مەزن (big crunch) کۆتاییی دێت، کە وەک بینیمان ئەم کۆتایییە ڕێخۆشکەری تەقینەوەیەکی تری مەزن و دەستپێکێکی نوێیە. بە مانایەکی دی، ئەو دوو ڕووداوە مەزنە بزوێنەری دەقن و دەتوانن ڕۆمانی فرەدەنگ لە هیی جەماوەری، یان لە هیی میلـلی جودا بکەنەوە. ئەوە ڕێمان لێ دەگرێت لە دەرەوە خاڵ بۆ سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی دابنێین، مادام ڕۆمان تەنیا بەپێی یاسا و لۆجیکەکانی ناوەوەی کار دەکات. لێرەوەیە پێوەر و یاسای واقیعی زانراو نە بۆ نووسینی ڕۆمان لە بەرچاو دەگیرێن و نە بۆ خوێندنەوەی دەقی ڕۆمانیش. ئەمەیش ئەوە دەخوازێت هەم ڕۆمان و هەم خوێندنەوە بە شێوازی خۆیان تەقینەوەی مەزن و پووکانەوەی مەزن بەرپا بکەن، تا بوارێک بۆ حوکمی ڕەها نەمێنێتەوە. هەر کاتێ زمانی نووسین چ لە دەقی ڕۆمان و چ لەو گوتارانەی لە بارەیەوە دەنووسرێن، هەمان ئاستی زمانی ڕۆژانەیە و بە ئاسانی لێی تێدەگەین، ئەوە مانای وایە لە تەقینەوەی مەزن و پووکانەوەی مەزن بێبەشە. لێرەدا جیاوازیی نێوان ئاستی میلـلی و ئاستی فەلسەفی دەردەکەوێت.




نامەیەك بۆ دۆلفین.. نووسینی/ ڕزگار باهیر

١… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەنار دەریایە.
پەڕۆیەکی ڕەش بەری کادری گرتووە، لەناوە ڕاستەوە دەکرێت بەدوو لەتەوە، لەجێی دڕینەکەوە کادر ڕۆشن دەبێتەوە و دەریا دەردەکەوێ… کەناری دەریا نیشان دەدرێت کە چەند جێ پێیەکی مناڵانەی لەسەرە … ڤۆکس دەچێتە سەر جێ پێکان…. لەسەر ئاوی دەریاکە نامەیەك بەهێواشی لەنگەری گرتووەو دەڕوات.

٢… عەسرە … دەرەوەیە … بەرهەیوانی ماڵی فرۆیە.
دەنگی بانگ دەبیسترێ ، شیرینی دایکی فرۆ بەرماڵ ڕادەخات و دەست دەکات بەنوێژکردن.

٣… عەسرە … دەرەوەیە … کۆڵانە.
کامێرا لەسەر شارۆچکەکەوە دەگوێزرێتەوە بۆ سەرکۆڵانی ماڵی فرۆ، دەنگی بانگ دێت و چەند مناڵێك یاری دەکەن وبەدەم گۆرانی وتنەوە پەت پەتێن دەکەن. فرۆ لەناویاندا بە قژێکی ڕەشی خاوی درێژەوە دەردەکەوێت لەگەڵ شادانی هاوڕێی قسە دەکات.
فرۆ/
شادە گیان توخوا ئەو سەرپۆشەم بەرەوە عەمرت
نەمێنێ! بەخوا دایکم وابمبینێ هەر ئەمکوژێ.
شادە/
بەخوا لای من نییە بزانە کامیان بردویانە ئێسکت
خواتە هەر یەخەی من ئەگری، بڕۆ خۆت بۆی بگەڕێ.
فرۆ ڕودەکاتە منداڵەکانی تر بەپاڕانەوە داوایان لێدەکات …………………………………
فرۆ/
دەتوخوا بمدەنەوە داوەشێن، سەرپۆش هی یاری
پێکردن نییە.
فرۆ بۆ سۆراخی سەرپۆشەکەی دەچێتە لای منداڵانی ترو بەردەوام پرسیار دەکات .دیمەنەکە دەبێت بە میوتی.

٤… ئێوارەیە … دەرەوەیە … بەردەم دەرگای ماڵی فرۆ.
فرۆ بە کزۆڵەیی لەدەرگای ماڵەوە دەدات ، شیرینی دایکی فرۆ دەرگا دەکاتەوە و دەبینێت فرۆ سەرپۆشی بەسەرەوە نیە تووشی هێستریا دەبێت و چنگی دەکات بە قژە خاو وڕەشەکەی فرۆدا بەدەستەکەی تری پێیدادەکشێ.
شیرین/
تۆ کچی کێت پێدەڵێن تاسەرت ڕووت بێ؟
ئەتەوێ ڕوو ڕەشی دنیاو قیامەتیشمانکەی؟
دایکی بەقژ ڕایدەکێشتە ژوورەوەو دەرگای حەوشە بە تووندی دادەخات ………………….

٥ … ئێوارەیە … دەرەوەیە … سروشتە.
قژ دەبارێ ، لەسەرەتا بەڕەنگی سوور و پرتەقاڵی و سپی وپاشان هەموو ڕەنگەکانی تر تا دەگاتە ڕەنگی ڕەش و کادر بەتەواوی ڕەش دەکات.

٦… شەوە … ناوەوەیە … ژوورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ دانیشتووەو لەچکێکی لەسەردایەو بوووکەکەی لەباوەشدایە، لەچکێك دەکاتە سەری بووکەکەی،توند تێی دەئاڵێنێ ولەپشتی ملیەوە گرێی دەدات.
فرۆ/
نەوەڵا کەزی گیان، هیچ جوان نییە .. ئێ خۆ منیش
حەزم لە لەچك و سەرپۆش نییە بەقوربان .. بەس
چیبکەم؟ لەترسی دایکم! ئەترسم لێمان تووڕەبێ.
کەمێك وەستان و دیقەتی بووکەکەی دەدات و دەستدەکاتەوە بەقسە کردن بۆی……………….
نەوەڵا، هیچ لەچکت لێ نایەو دایکیشم قەت لەتۆی
نەیاوە.
بەخێرایی لەچکەکە لە بووکەکەی دەکاتەوەو باوەشی پیا دەکات …………………………….

٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
چەند کەسێك بەتۆڕی ماسی گرتنەوە مەشغوڵن، ماسییەکان دەردەهێنن و دەیکەنە سەبەتەوە …..ڕەزای باوکی فرۆ، لەژێر کەپرەکەی خۆیدا دوو سێ سەبەتە ماسیی لەبەردەمدایە و تۆڕەکانی هەڵدەگرێتەوە. ئۆتۆمۆبیلێك دێت و باوکی فرۆ سەبەتەکانی هەڵدەگرێت و دەیکاتە سندوقی ئۆتۆمۆبیلەکەو،پاشان ڕەزا لە نێو سندوقی ئۆتۆمۆبیلەکەو لە چاوی ماسییەکانەوە نیشان دەدرێت، کاتێك بۆنیتی سندوقی سەیارەکە دادەخات و کادر تاریك و ڕەش دەبێت.

٨… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ یاری بەقژی بووکەکەی دەکات و بۆی دەکات بەپرچ، تەماشای ئاوێنە دەکات و دیقەتی بووکەکەی دەداتەوە و پەشیمان دەبێتەوە وپرچەکانی بەپەلە بۆ دەکاتەوە.
فرۆ/
نا .. نا ، ئاوا زۆر ناشرینە کەزی خان
بەکراوەیی بەبێ بەستنەوە جوانترن.

٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ هەندێك گوڵ ئاو دەدات، کەلە ناو سەتڵێکی فافۆندا چاندوونی … دایکی فرۆ بەدوو شووڵی ماسییەوە لێ ی نزیك دەبێتەوە.
شیرین/
ئەوە سەعیت لەسەر نییە؟ واهەرخەریکی خۆ
مەشغوڵکردنی.
فرۆ/
نەخێر دایە ، وەزیفەکەم نووسیەوە.
شیرین/
دەبچۆ چەقۆ گەورەکەم بۆ بێنە بۆ لای تەنکیەکە،
فرۆ/
لەکوێ یە؟
شیرین/
لەچاڵایی چاوتایە، ئەوەتا لای تەباخەکەیە.
دایکی بەرەو لای تەنکی حەوشە دەچێت و فرۆش بەرەو ژوورەوە دەڕوات بۆ چەقۆکە ……

١٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەرتەنکی حەوشە.
دایكی فرۆ لەبەر تەنکیەکەدا دانیشتووە و ئاوڕ دەداتەوە بۆلای دواوە بۆ فرۆ و بەدەنگی بەرز بانگی دەکات.
شیرین/
ئەوە نەتهێنا گێژو وێژ؟
دەنگی فرۆ/
با.. با، واهێنام.
دایکی فرۆ ماسییەکان لە شوڵەکە دەکاتەوەو دەیکاتە ناو سوزگییەکەوە ……………………..

١١ … ڕۆژە … دەرەوەیە … بەرهەیوان وحەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ چەقۆیەکی پێیە و بەخێرایی بەرەو لای دایکی دەڕوات ………………………………

١٢… ڕۆژە … ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
باوکی شادە لەسەر قەرەوێڵەیەك نووستووە… شادە دەیەوێ خەبەری بکاتەوە…………….
شادە/
دەهەستە خەوخۆش …دەهەستە…. دەی
هەستە باوە گیان ، بەسبنوو…ئۆی خوایە
گیان.
سەرکەوتی باوکی هەرتەپاو تلێتی وهەڵناسێ و شادە هەر خەریکی خەبەرکردنەوەیەتی…

١٣…ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر تەنکی ..گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی (١٠).
دایکی فرۆ پوولەکەی ماسی لێ دەکاتەوە بەچەقۆکەو فرۆش بێتاقەتەو تەماشای دایکی دەکات.
شیرین/
دەبچۆ باوانم ئەو بڕبەنەشم بۆ بێنە..دەی گوڵ.
فرۆ/
ئۆ هۆ بۆ چیتە؟
شیرین/
ئەی نابینی چەقۆکە کولەو پوولەکە ناوەرێنی؟
دەی ڕاکە لەدەورت گەڕێم.
فرۆ/
من بڕ بڕە چوزانم ، خەریکە شەق بەرم
شیرین/
بۆ شەق ئەبەی عەیار؟
فرۆ/
ئەی هەموو ڕۆژێك ماسی، ماسی! کەی تێر
ئەخۆن؟
شیرین/
خوا هەر ئەوەی یاوە! ئەی ئەگەر باوکت ئەم
کاسبییەشی نەبووایە چیمان بخواردایە؟ بەخوا
نانی وشکیشت دەست نەئەکەوت.ناشوکورمەبە.
فرۆ/
ئاخر گوناحن ! ئێوە زۆر ئەکوژن !
شیرین/
ئەوەنەچەنە مەیەو بڕۆ بڕبەنەکەم بۆ بێنە کچێ.

                                           فرۆ/
                  من نازانم کامەیە !
                                           شیرین/
                  ئەی تۆ هەر ڕاکە ڕاك و سەر ڕووتکردن
                  ئەزانی؟ ئەك خوا بتبڕێ بۆ چ کچێکی.

دایکی فرۆ دەڕوا بۆ ژوورەوەو فرۆش لە ماسییەکان نزیك دەبێتەوە و دوو ماسی دەخاتە سەر هەردوو لەپی دەستی.

١٤…ڕۆژە .. ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی شادە. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی (١٢).
سەرکەوتی باوکی شادە هەڵساوەو هەر لەسەر قەرەوێڵەکە ڕاکشاوە و شادەش لەلایەوە دەستی لەسەر شانێتی.
سەرکەوت/
چیت ئەوێ بەقوربان، بۆناهێڵی بخەوم؟
شادە/
هەستە هەر ئەخەوی! بچۆ بۆئیش، تۆش وەك
باوکی فرۆ ماسی بگرەو بووکە شووشەیەکی
وەك کەزی خانم بۆ بکڕە.
سەرکەوت/
کچم من شەو تا بەیانی حەرەسیاتی دوکان و
بازاڕ ئەگرم ڕۆژەکەژم پێ ڕەوا نابینی تاوێ
بخەوم.
شادە/
نەوەڵا حەرەسیات خراپە..ماسی گرتن باشە.
سەرکەوت/
نا کچم بەقوربان هەر کەسەو ئیشی خۆی..
بەڵێن بێت منیش سەری مانگ کە معاشمان
وەرگرت، بووکە شوشەیەکی وەك ئەوەی
فرۆت بۆ بکڕم.
نەسرینی دایکی شادە دێت و هەندێك پیاڵەو سینی و قۆرییەکی بەدەستەوەیە ………………..
نەسرین/
ئاخری، تا هەڵت نەسان کۆڵت نەیا، هەی
نازانم بەچی بیت.

١٥… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر تەنکی. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی (١٣).
فرۆ بەدیار ماسییەکانی سەردەستیەوە ڕاماوە لە ناخی خۆیدا قسە دەکات (مۆنۆلۆژی ناوەکی).
فرۆ/
ئاخر ئیوە چیتان کردووە بەقوربان
وا ئەمانە هەر ئەتانکوژن…بتانخەمە
قاپێكەوە یاریم بۆ ئەکەن؟ دەی هەر
ئێستا ..هەر ئێستا.

١٦… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
دەنگی نارنجۆکێك دێت و فوارەی ئاو بە ئاسماندا دەچێت … هێوەر دەبێتەوەو ماسی سەر ئاوکەوتوو نیشان دەدرێت. ڕەزا باوکی فرۆ لە ژیر کەپرەکەیەوە دێتە دەرەوەو سەیر دەکات و توڕە دیارە.
رەزا/
هەر ئەوەیان ماوە ڕومانە بەخۆمانا بتەقێنن.
دەڕواتەوە بۆلای کەپرەکەی وشەقێك لە کۆڵەکەی کەپرەکەی دەدات ومقەستێكی بەدەستەوەیە فڕێی دەداتە سەر شەبەکەو داوی ماسییەکان.

١٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ دەستی و ماسییەکانی خستۆتە پشتی و بەرەو ژوورەوە دەچێت و دایکی بەرەو ڕووی دێت.
شیرین/
ئا ئەمە بڕبەنەکەیە تێگەیشتی؟
فرۆ/
باشە .. باش.
شیرین/
بەخوا بەقەد من ئەزانی پیرێژن! بەس
تاقەتت نەبوو بچی بیهێنی هەی تەمەڵی
تەوەزەل.
فرۆ و شیرینی دایکی هەر یەکەیان بەپێچەوانەی ئەوی تر دەڕوات ………………………..
١٨… ڕۆژە … ناوەوەیە … موبەقی ماڵی فرۆی.
کەوانتەرێكی زۆر سادە و کۆمەڵێك قاپ و مەنجەڵ و هەندێك پێداویستی مەتبەخ دانراوە لەگەڵ تەرمۆزێکی ئاو سارد کردن. فرۆ دێتە ژوورەوە، دەچێ قاپێکی قووڵ لە کەوانتەرەکە دەردەهێنێ و دوو ماسییەکەی تێ دەکات و دەچێتە لای تەرمۆزەکەو دەست دەنێت بە بەلوعەی تەرمۆزەکە و قاپەکەی دوو ماسییەکەی تێدایە نیوە دەکات لە ئاو…… پاشان بووکەکەی لەسەر بەڕەیەك لە لای پەنجەرەکەوەیە بە خۆیی و قاپی ماسییەکانەوە دەچێتە لای بووکەکەی.
فرۆ/
کەزی گیان ئێستا ماسییەکان چاك ئەبنەوە و
یاریمان بۆ ئەکەن.
فرۆ دڵخۆشە و بووکەکەی ئامادە دەکات بۆ بینین ، کە ماسییەکان ناجوڵینەوە دەستیان تێوە دەدات و دەیان جوڵێنێ .
ئەوەچی یە؟ خۆ ناجوڵێنەوە کەزی خان.

١٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر تەنکی لە حەوشەدا.
شیرینی دایکی فرۆ هەر ئەمدیو ئەودیوی ماسییەکان دەکات دەیانژمێرێت وەك ئەوەی هەست بە نوقسانیان بکات. لە ناخی خۆیدا هەر یەك و دوویەتی.(مۆنۆلۆژی ناوەکی).
شیرین/
هەرکەتنی ئەو سەر تاشراوەیە.

٢٠… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆ.
فرۆ یاری بەماسییەکان دەکات و قسە بۆ کەزی خان دەکات ……………………………….
فرۆ/
دەی عەمرت نەمێنێ، ئەوە تۆش بۆ قسەیەک
ناکەی؟چییان لێ بکەم باشە.
شیرینی دایکی فرۆ لەم کاتەدا خۆی دەکات بەژوورداو تووڕە دیارە ………………………
شیرین/
ئەك بەزیادی خێرم نەکرد، لەبری ئەوەی
یارمەتیم بەیت، ماسیشم لێ ئەشاریتەوە ..
بێنە .. بێنە.. درەنگە باترش خوێیانکەم.
فرۆ/
من نایدەم! ئەم دووانە بەشەکەی خۆمە، من
نایانخۆم یارییان پێ ئەکەم.
شیرین/
کچێ بێنە بێ مێشك! یاریی چی؟ ئەوە ماسی
خواردنە خواردن.
فرۆ/
نا دایە گیان من نایخۆم، با لە ئاوەکەیابن تا
لەمەکتەب دێمەوە چاك ئەبنەوە ئیتر یاریمان
بۆ ئەکەن.
شیرین/
تۆ مێشکت کای تیایە بێ ئەقڵ !؟ یارچی ؟
ماسی بەس لە ئاوا ئەژی.
فرۆ/
ئەی ئەوە نیە لە ئاوان؟
شیرین/
ئەم ماسییانە لە ئاو دەرهاتوون، لەبەر ئەوە مردوون
ئیتر سەد ساڵ بیخەیتەوە ناو ئاو جارێکی تر ناژین.
فرۆ/
ئەی بەشکو چاك بوونەوە؟
شیرینی دایکی فرۆ پڕ ئەداتە قاپە ئاوەکەی ماسییەکانی تێدایە و بەزۆر لێی دەسەنێ، فرۆ دەست دەکات بەگریان.
شیرین/
تۆ کەڵکی قسەت نییە.
فرۆ/
دەبێنە .. دەبێنە.. بێنە بمدەرەوە.
شیرین/
بۆگەن ئەکا بۆگەن هەی ڕەزا قورس! بێدەنگ بە.
فرۆ زیاتردەنگی گریانی بەرز دەبێتەوە …………………………………………………..
ئەوە لەگەڵ تۆم نیە ناشرین بێدەنگ دەی .
فرۆ/
بێدەنگ نابم، وەڵ هەر ئەگریم.
شیرینی دایکی فرۆ زلەیەك لە فرۆ دەدات …………………………………………………
شیرین/
هەردوو چاوت دەردێنم! نەکەی لە ڕووما
هەڵگەڕێیتەوە. بەو خوایەی تاکو تەنیایە ئەبێ
ئەمڕۆ ئەمە جێت بێ و نەچیتەوە دەرەوە …
مەکتەبیش ناچی !
دایکی فرۆ بە خۆی و قاپی ماسییەکانەوە دەچێتە دەرەوە و دەرگای ژوورەکە دادەخات…….

٢١… ڕۆژە … دەرەوەیە … ڕێگەی قوتابخانەی سەرەتایی شارۆچکەکەیە.
منداڵان بەرەو قوتابخانە دەڕۆن و شادە لە نێو ئەو قوتابیانەدا نیشان دەدرێ کە ملی ڕێگەیان گرتووە بۆ قوتابخانە دەچن.

٢٢ … ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆیە.
شرینی دایکی فرۆلە نوێژبۆتەوەو دووعا دەکا وهەردوو دەستی بەرەو ئاسمان بەرزکردۆتەوە لەپشتەوە فرۆ دیارە لەکادرا نووستووە.
شیرین/
خوای گەورە بە گەوەریی و عەزەمەتی خۆت
ڕەحممان پێ بکەیت و بەئەهلی ئیمانمان حساب
بکەیت … ئیمانمان سەلامەت بێ و لەکردەوەی
خراپمان عەفومانکەو ڕەحم بەمردووکانیشمان
بکەیت خوای گەورە. ئەو پیاوەشمان بۆ بپارێزی
و ڕزق و ڕۆزی زیادکەیت، ئەو تولفەشمان بۆ
بپارێزی … ئامین یاڕەبەل عالەمین.
دایکی فووبە چواردەوری خۆیدا دەکات وتەواو دەبێت لە نوێژکردن وهەڵدەسێ وبەرماڵەکەش دەدات بەسەر فرۆدا.
٢٣… ڕۆژە … دەرەوەیە … سروشتە.
فرۆ بەسەر جۆلانەیەکەوەیە کە بە لقی دارێکەوە هەڵواسراوە و دارەکە کۆمەڵێ سەرپۆشی پێدا هەڵواسراوە لە بەشی خوارەوەشی لەلای پێیەکانی فرۆە ئاوێکی ڕوونی تەنک دەڕوات.هەندێك هەنجیر و سێو و هەنار بەسەر ئاوەکەوە دەڕۆن… فرۆ لەم دیمەنەدا هەموو جەستەی ڕووتەو قژیشی بەرەڵایە وهەنجیرێك یان سێوێك یان هەنارێك لە دارەکەی جۆلانەی لێبەستراوە دەکاتەوەو دەیخوات ، لەکاتی جوڵان و جۆلانەکردندا جاروبار قاچی بەر ئاوەکەی ژێری دەکەوێت زۆر دڵیخۆشە.
دەنگی شیرین/
فرۆ … فرۆ ….فرۆ..
فرۆ ڕادەچڵەکێت و خەبەری دەبێتەوە و ئارەقێکی زۆری کردۆتەوە ……………………….

٢٤ … ئێوارەیە … دەرەوەیە … بەرهەیوانی ماڵی فرۆ.
ڕەزای باوک و شیرینی دایکی فرۆ لەبەر هەیوانەکەدا سفرەیان ڕاخستووەو ناندەخۆن. شیرین بەدەنگی بەرز بانگی فرۆ دەکات.
شیرین/
دەوەرە کچم … بەقوربان …دەهەستە وەرە
نانەکەت بخۆ باوانم.
دەنگی فرۆ/
ئەوا هاتم .. باشە … باشە.
فرۆ لەم کاتەدا بەچاوی خەواڵ و دەموچاوێکی مۆنەوە دێتە بەر هەیوانەکە ………………..
ڕەزا/
دەوەرە باوەی باوە، وەرە باوەشم بۆ نەچوویت
بۆ مەکتەبەکەت! لەگەڵ دایە شەڕت بوو؟
شیرین/
ئەگەر تۆ لەباتی من بوویتایە لێشت ئەیا و
ئینجا نەت ئەهێشت بچێتەوە بۆ مەکتەبەکەی.
ڕەزا باوکی باوەشی پێدا دەکات دەیەوێت بیهێنێتە سەر سفرەکە ………………………….
ڕەزا/
دەی ..دەی ..باوکەکەی باوکم ! بەقوربانی
کچی خۆمبم.
شیرین/
وازی لێبێنە بابچێ دەم و چاوی بشواو بێ
نانەکەی بخوا.
فرۆ/
من ئیتر قەد ماسی ناخۆم …
شیرین/
لێمان هەڵئەکەویت … باشە هێلکەمان هەیە
بۆت دەکەم.
رەزا/
بەوخوایە وای لەگەڵابکەی ژنەکە.. ئیتر تا
کاتی مەکتەب لەگەڵ خۆما ئەیبەم.
شیرین/
ئەگەر بەیانیش بوو پاش نیوەڕان بیبە …
فرۆ/
وەڵا ئەچم.
ڕەزا/
لەسبەینێوە کچی خۆم ئەبەم …
شیرین/
کورە من خەمی ئاوەکەمە لێ ی ئەترسم ئەگینا
بۆ نایبەی .
ڕەزا/
خەمی ئاوت نەبێ .
شیرین/
دەبیبە .منیش خەمێکم لەکۆڵ ئەبێتەوە . باشترە
بابچم هێلکەو رۆنەکەی بۆ بکەم.
شیرین دایکی فرۆ دەڕوات بۆ ژوورەوە و ڕەزای باوکی باوەش بە فرۆدا دەکات و ماچی دەکات.

٢٥… شەوە … دەرەوەیە … بازاڕە.
سەرکەوتی باوکی شادە نیشان دەدرێ بەتفەنگێکەوە لە لای دوو ڕیز دوکان هاتوو چۆ دەکا و خەریکی پاسەوانیە.

٢٦… فرۆ و شادە لەماڵەکانەوە بەڕەو کەناری دەریا دەچن، فرۆ بووکە شووشەکەی لەسەر شانەو شادەیش وێنەیەکی دۆلفینی بەدەستەوەیە… سەرەتا دەنگی فرۆ و شادە لەسەر ئەم دیمەنە هەیە.
فرۆ/
زۆر جوانە شادە گیان، ئەوە لەکوێت بوو؟
شادە/
باوکم بۆی کڕیم.
فرۆ/
ئێ خۆ تۆ ئەزانی من ماسیم چەند خۆش ئەوێ
هەر حەزیش ناکەم خەڵك بیانخوا… بۆ نایدەی
بەمن ؟
شادە/
ئاخر باوکم بۆ منی کڕیوە، وتی ئەمە ناوی
هینە… هین .. ئاخ، وەڵا بیرم چووەوە.
فرۆ/
ئەمە باوکی ماسییەکانە ئەو شەوەش لە
تەلەفزیۆن زۆری نیشاندا،هەموو دایك و
باوکەکان.
شادە/
منیش بینیم … باوکم وتی ئەمانە مرۆڤیان
خۆش ئەوێ و زۆر زیرەکن لەژێر ئاوان.
فرۆ/
ئا .. ها .. دیارە لەژێر ئاوەکەیان … بۆیە
ئێمە نایانبینین.
شادە/
ئەی چۆن؟
فرۆ/
دە دەی داوەشێی با شەوێك لام بێ.
شادان/
تۆش کەزی خانم بەرێ با لام بێ.
فرۆ/
ها.. دەی بالات بێ بەس ئاگات لێی بێت،
دەی تۆش ڕەسمەکەم بەرێ.
شادە/
بەخوا تۆ ماسیت زۆر خۆش ئەوێ.
فرۆ وێنەکە دەخاتە ژێر کراس و پانتۆڵی بیجامەکەی و لەسەر ئاوەکە بەچیچکانەوە دائەنیشێ .. دەم و چاوی فرۆ لەژێر ئاوەکەوە نیشان دەدرێ ئاو دەخواتەوە …دواتر بەگوپ ئاو ئەکا بە شادەدا و ئەویش ئەیکا بەشەڕە ئاو لەگەڵیا … قا قاو پێکەنین و هەڵدانی ئاو بۆ یەك تێکەڵ بە جریوەی تەیر و تیر و چۆلەکەی سروشت دەبێت.

٢٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … بازاڕە.
شارۆچکەکە نیشان دەدرێ لەگەڵ وێنەی گشتی بازاڕ، پاشان بۆ سەر دوکانی ماسی فرۆشێك … ڕەزا باوکی فرۆ پارەی لێوەردەگرێ.
دوکاندار/
وەزعی ئەمساڵم بەدڵ نییە… ماسییەکان زۆر
جوان نین زۆریشتان لەسەر زیاد کردووین.
ڕەزا/
جا چی لەجێ ی خۆیا ماوە بێقەزابیت !؟
ئەزانی ئەمساڵ قومبەلە چی بەماسی کرد؟
بەدنیایەك بەرتیل و دەست ماچ کردن تا
شوێنێکمان دەست ئەکەوێ،لەولاوە ڕاوچی
قومبەلەیەکی تێ فڕێ ئەیاو ڕیسەکەمان
ئەکاتەوە بەخوری.
دوکاندار/
لەچاو ئەوەشا هەر گرانە…تۆ چیت پێیاوە؟
ڕەزا/
جا خۆ تۆش لەگیرفانی خۆت نامدەیتێ…
دوای لە مشتەری وەریئەگریتەوە.
دوکاندار/
ئەی وایە.

٢٨… شەوە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
شادە یاری بە بووکەی فرۆی هاوڕێی دەکات و دایکی دەرئەکەوێت و دێت بۆ لای ……….
نەسرین/
کچم پێم وتی عەیبە! بووکەکەی بۆ بەرەوە
وەعد بێت بە باوکت بڵێم بوکێکت بۆ بکڕێ.
شادە/
ئاخر پێم وتی منیش ڕەسمی ماسییە گەورەکەم
داوەتە ئەو ئەمشەو لای بێ … لەڕوم نایەت
لێ ی وەرگرمەوە.
نەسرین/
منیش ناڵێم لێ ی وەرگرەوە.. ئەڵێم بووکەکەی
بۆ ببەرەوەو ڕەسمەکەشی لێوەرمەگرەوە …..
شادە/
باشە بەس کەی بۆم ئەکڕن؟
نەسرین/
هەر باوکت حەرەسانەی وەرگرت پێ ی
ئەکڕم.

٢٩… شەوە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
ئاسمانی شینی پڕ ئەستێرە نیشان دەدرێ تا دێتە سەر وێنەی دۆلفینێك و پاشان دەستی فرۆ،کە بەوێنەکەوەیە و لەسەر جێگەکەی پاڵکەوتووە بەرامبەر دەمووچاوی گرتویەتی و تەماشای وێنەکە دەکات.
فرۆ/
بەخوا من حەز ناکەم کەس بەچکەکانت بخوا
بەڵام کەس بەقسەم ناکا… توڕە مەبە، من ئیتر
قەت قەت بەچکەی تۆ ناخۆم! من حەز ئەکەم
بۆ خۆیان لە ئاوا هەر یاری بکەن.

٣٠… ڕۆژە … دەرەوەیە… پۆلی قوتابخانە.
لەناو پۆلدا مامۆستای وێنە، وێنەیەکی لەسەر تەختە ڕەشەکە دروستکردووە و لەبەردەمیا وەستاوە.
مامۆستا/
ئادەی فرۆ ئینجا بزانم پرسیارەکەت چی بوو؟
فرۆ/
مامۆستا ئەم ماسییە ناوی چی یە؟ باوکم وتی
نەهەنگە وایە؟
مامۆستا/
ئەبێ نەهەنگ بێ فرۆ گیان!.. تۆ باوکت
ماسیگرەو ئەیزانێ… ئادەی باسەیری بکەم.
فرۆ وێنەی دۆلفینەکە دەدات بە مامۆستاو ئەویش سەیری دەکا و پاش کەمێك تێ ڕامان …..
ئۆو فرۆ … ئەمە نەهەنگ نییە … دۆلفینە
زۆر مرۆڤ دۆستە.
فرۆ/
دلڤین؟
مامۆستا/
نا … دۆلفین .. دۆلفین زۆریش زیرەکە.
فرۆ/
دۆلفین …. دۆلفین کە ناوێکی خۆشە.
مامۆستا/
ڕاستە …. ئەها منداڵینە فرۆی هاوڕێتان
وێنەیەکی چەند جوانی پێ یە ..ئەمە وێنەی
دۆلفینە با ئێوەش بزانن.
ڕازاو/
مامۆستا منیش لە فیلمەکەیا بینیم ، بەس
نەمزانی ناوی چیە.. یاری لەگەڵ مناڵان
ئەکرد.
مامۆستا/
ناوی دۆلفینە بیرتان نەچێتەوە.
کەژاڵ/
مامۆستا منیش لە ئەفلام کارتۆنا بینم لەسەر
ماسییە بچکۆلەکان وبۆقەکانی دەکردەوە.
مامۆستا/
ڕاستە … دۆلفین یارمەتی هەموو جۆرە
گیاندارێك ئەدا، چونکە زۆر زیرەک و
گوێ ڕایەڵە …ئێوەش حەزئەکەن وابن؟
هەموو قوتابیەکان/
بەڵێ مامۆستا…………………….
مامۆستا/
دەکەواتە ئەبێ دەرس و دەوری باش بکەنەوە
سەعی زۆر بکەن و یەکتریشتان خۆش بوێ.
لەم کاتەدا جەرەسی وانە تەواو بوون لێدەدرێ بۆ قوتابییەکان ………………………………
هەموو قوتابییەکان/
بەڵێ بەسەرچاو.
مامۆستا ئەچێتە دەرەوەو قوتابییەکان هەندێکیان بۆ لای فرۆ و هەندێکیشیان جانتا دەدەن بە شانیاناو بۆ دەرەوە دەڕۆن.

٣١… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی قوتابخانە.
حەوشەی قوتابخانەیە و کۆمەڵێ قوتابی یاری دەکەن و دێن ودەچن .فرۆ دێت و لەحەوشەکەدا چاو بۆ شادە دەگێڕێت… تا ئەو کاتەی شادە دەبینێ و دەچێت بۆ لای.
فرۆ/
شادە ئەوە وێنەکەیە ئەزانی ناوی چی یە؟
شادە/
ئا ..باوکم پێ ی وتم دیسان بیرم چووەوە.
ناوی چی بوو؟
فرۆ/
بابڕۆین پێت ئەڵێم.
شادە/
نایەم ناوی چی بوو؟
فرۆ/
سا وەڵاهی تانەیەی بۆ ماڵی ئێمە نەوێنەکەت
ئەدەمەوەو نە ناوەکەیشت پێ ئەڵێم.
چۆپی قوتابیەکی قوتابخانەیەو هاوڕێی فرۆ و شادەیە و لەگەڕەک دراوسێیانەو دێت بۆ لایان.
چۆپی/
دەی خێرا بڕۆنەوە خۆتان بگۆڕن و وەرن
بۆ خەت خەتێن.
فرۆ/
باشە .. باش … وتت چی شادە؟
شادە/
دەی بابڕۆین.
فرۆ/
ها ئەوە ڕەسمەکەتە .
شادە/
قەیناکە بۆ خۆت .. بابڕۆین ..چۆپی ئێمە
جارێ نایەین.
بەڕاکردن فرۆ و شادە چۆپی جێ دەهێڵن دەڕۆن ………………………………………….

٣٢… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
ڕەزا باوکی فرۆ لە ژێر کەپرێك بە دەرزی و دەزوی تایبەت خەریکی توند کردنەوەی تۆڕی ماسییەکانەو لەبەر خۆیەوە گۆرانی دەڵێت تا ئەو کاتەی دەرزییەک دەچێت بەدەستیا.

٣٣… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
فرۆ وشادە خەریکی یاری چاوچاوێنەن بەوێنەی دۆلفینەکە، وێنەی دۆلفینەکەیان لەدوور داناوە وخۆشیان تاکە و تاک بەچاویان دەکەن. واتە دەست بەچاوێکیانەوە دەگرن و سەیری دەکەن وپاشان دەست بەچاوەکەی تریانەوە دەگرن و سەیری دەکەن ،چەند جارێک ئەم یارییە بەخێرای دەکەن کە وێنەی دۆلفینەکە دەبینین واهەست دەکەیت جوڵە دەکات.
شادە/
هەی لەوە دۆلفینەکە یاری ئەکا.
فرۆ/
توخوا یارییەکی خۆش نیە شادە؟
فرۆ بووکەشووشەکەی کەزی خان دەخاتە باوەشی و دەیەوێت بەویش هەمان یاری بکات…..
دەی بائەمیش سەیر بکا .
شادە/
تۆ هەموو ماسییەکان و دۆلفینت زۆر
خۆش ئەوێ.
فرۆ/
ئەی چۆن بەس خوابکا لەکەنار دەریاکە
بیبینم یەکسەر شکاتی باوکم و ئەوانی لا
ئەکەم.
شادە/
عەمرت نەمێنێ چۆن مناڵ شکات لە باوکی
خۆی ئەکا؟
فرۆ/
ئەی بۆچی بەچکەکانی ئەو ئەکوژن، منیش
پێ ی ئەڵێم.
شادە/
ئینجا خۆ دۆلفین گوێ ی لەتۆ نابێ.
فرۆ/
چۆن گوێی لێ نابێت؟ ئەی مامۆستا نەیووت
زۆر زیرەکە.
شادە/
دەبێنە کەزی خان بە بەمن و خۆشت یاری
بەڕەسمەکەی دۆلفین بکە.
لەم کاتەدا شادە دەست دەبات بۆ لەچکەکەی فرۆ بۆ ئەوەی لە سەری بکاتەوە بەڵام فرۆ ناهێڵێ.
دە ئەم لەچکەش لایە توخوا ! خۆ دایکت
دیار نییە.
فرۆ ناهێڵێ و بەپەلە لەچکەکەی توند دەکاتەوە و دەڕوات بۆ لای گوڵی ناو سەتڵە فافۆنەکە.
فرۆ/
نا..نا.. نابێت ، شادە من ئەچم گوڵەکان
ئاو ئەیەم خەریکە سیس ئەبن.
شادە/
تۆ گوڵەکانیشت خۆشەوێت؟
شادە یاری بەکەزی خان دەکات و فرۆش دەچێت بەلای گوڵەکانی ……………………….

٣٤… شەوە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
مانگەشەوە … ڕەزا باوکی فرۆ تۆڕ هەڵئەداتە ناو ئاوی دەریا …. ئۆتۆمۆبیلێك لەدوورەوە لایتەکانی دەرئەکەوێ و کامێرا بەرەو ڕووی لایتەکانی دەچێت و پاشتر بۆ سەر خۆری بەیەیانی لەدیمەنی داهاتوودا.

٣٥… ڕۆژە … ناوەوەیە …. ژورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ خەریکی وێنە کێشانە لە پڕ بووکەکەی کە بەلای دیوارەکەوە پاڵی داوەتەوە دەکەوێت بەسەر دەفتەری وێنەکەیدا، پاشان راستی دەکاتەوە بەپەلە دیسانەوە دەکەوێتەوە بەسەر دەفتەرەکەیدا ، هەر بۆیە فرۆ دەکێشێ بە قاچی بووکەکەیدا.
فرۆ/
دانیشە سەدجارم پێ وتی نابێ هاروهاجی
بکەی، کەچی هەرشتم لێ تێك ئەیەی!
شیرینی دایکی فرۆ لەم کاتەدا خۆی دەکات بە ژووردا …………………………………….
شیرین/
ئەوەچیە دیسان؟
فرۆ/
بەقسەم ناکا !
شیرین/
جا ئەوە گوێی لەچییە کچم..تابەقسەت بکا.
فرۆ/
ئەی بۆ من بەقسەی تۆ ئەکەم؟
شیرینی دایکی فرۆ دادەنەوێتەوەو ماچی فرۆ دەکات …………………………………..
شیرین/
چونکە تۆ عاقڵی و گوێت لەهەموو
شتێکە. دەی هەستە خۆت بگۆڕە و
بابجین بۆ بازاڕ بۆلای باوکت.
فرۆ/
ئینجا باوکم کوا لە بازاڕە؟لەسەردەریایە.
شیرین/
با عەیار ! بەڵام خۆی وتی سەعات یانزە
لە بازاڕ لای ماسی فرۆشەکە چاوەڕوانتانم.
فرۆ دەفتەری وێنەو قەڵەمەکانی دەکاتەوە جانتەکەی و دایکیشی کەزی خان بۆ دەخاتە لایەکی تر.

٣٦… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی شادەیە.
باوکی شادە نووستووە، نەسرینی دایکی چای تێکردووە بیخواتەوە، شادە لە پەنای دایکیایەتی.
نەسرین/
دایە بەقوربانت بێ، هەر ئێستە هەڵی
ئەسێنم و پێ ی ئەڵێم بتبا بۆ بازاڕ
بووکە شووشەیەکی وەك خۆت جوان
بۆ تۆ و تۆپێکی چاکیش بۆ شادومانی
برات بکڕێ.
شادە/
دەتوخوا خێراکە ..ئەی شادومان نایەت؟
نەسرین/
باشە باش .. نائەو نایەت لەگەڵتان ئەو
چووە دەرەوە لە کۆڵان یاری ئەکا.
شادە/
ئەبێ خۆشت بێ ی لەگەڵما.
نەسرین/
منی بۆ چییە کچم؟ باوکت خۆی ئەزانێ
شادە/
نەخێر هەر ئەبێ بێیت؟
نەسرین/
ئاخر لەبەر شادومانی برات نابێت بەتەنها
بێت.

٣٧… ڕۆژە … دەرەوەیە… بازاڕە.
بازاڕی گشتی شارۆچکە نیشان دەدرێ، پاشان لەبەر دوکانی ماسی فرۆشەکەدا فرۆ ودایکی نیشان دەدرێت چاوەڕوانیان پێوە دیارە و لەم کاتەدا ڕەزای باوکی فرۆش پەیدا دەبێت. فرۆ لوتی گرتووەو بێزاری پێوە دیارە کە ماسییەکانی لای ماسی فرۆشەکە دەبینێ..
ڕەزا/
چی یە فرۆ گیان بۆنی ماسیت پێناخۆشە؟
فرۆ/
نەوەڵا گوناحن، بەوخوایە لای دۆلفینەکە
شکاتتان لێ ئەکەم… هەمووی خەتای
تۆیە دەریان ئەهێنی لەئاوەکە.
ڕەزا/
باشە بێ عەقڵ باش.
رەزا پاش سڵاو پارە وەردەگرێت لە ماسی فرۆشەکەو دەیان بژێرێ و هەندێکی دەدات بە دایکی فرۆ.
فرۆ/
پارەمان ناوێ … ماسیەکان مەکوژە گوناحن
ڕەزا/
نا..نا .. کچم، ئێمە بەمە ئەژین و ئەوانیش
گوناح نین ….. تۆ ماچێك بە باوەی خۆت
وا پارەم داوە بە دایە شتی جوانت بۆ بکڕێ
چییە ناتەوێ؟
فرۆ بەسەر ئیشارەتی نەخێر ئەداتەوە بە باوکی و ڕوو دەکات بەودیواو ……………………

٣٨… ڕۆژە … دەرەوەیە …. ڕێگای گشتیە.
پیکابێك لە لێخوریندا نیشان دەدرێت شادە و سەرکەوتی باوکی شادە، لەگەڵ دوو نەفەری تردا لە دوای پیکابێك دانیشتوون و دڵیان خۆشە .
٣٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆڵانێك.
فرۆ و دایکی نیشان دەدرێ پێکەوە دێن و دیارە لە بازاڕ گەڕاونەتەوە……………………..
فرۆ/
من ئەچم بۆ لای شادەی ڕەفیقم.
شیرین/
دەبا جارێ بگەینەوە کاولەکە !
فرۆ/
نا .. نا ..من ئەچم بۆ یاری….
شیرین/
باشە ئاگات لە خۆت بێ.
فرۆ ڕائەکا بۆ بەردەرگای ماڵی شادە وشیرینی دایکیشی ڕێگەی خۆی دەگرێ بەرەوماڵەوە.

٤٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەردەم دەرگای ماڵی شادە.
فرۆ دێتە بەردەرگای ماڵی شادە لەدەرگایان دەدات وپاش کەمێك شادومانی تەمەن ١٠ ساڵی برای شادە دەرگای بۆ دەکاتەوە.
شادومان/
بۆ لای شادە هاتووی؟ لە ماڵ نیە !
فرۆ/
ئەی لە کوێیە؟
شادومان/
لەگەڵ باوکم ڕۆیشتۆتە دەرەوە .
فرۆ/
باشە …. دەی خواحافیز.
فرۆ ڕوو وەردەگێڕێ و بە ڕاکردن دەڕواتەوە …………………………………………….

٤١… شەوە … دەرەوەیە … سەربانی ماڵی فرۆیە.
فرۆ تەماشای ئەستێرەکان دەکات و لە جێگەکەی خۆیەوە ..دەست بەقژی بووکەکەیدا دەهێنێ.
فرۆ/
ئەزانی کەزی خان دۆلفینەکە زۆر گەورەو
ئازایە؟ ئەگەر بچین بۆ لای پێ ی بڵێین ئیتر
ناهێڵێ باوکیشم ماسییەکان بگرێ.
شیرینی دایکی فرۆ دێت بۆ لای فرۆ دەیەوێت بخەوێ ……………………………………
شیرین/
ئەرێ دەبنوو کچم دەبنوو! وا نیوە شەوە.

٤٢… ڕۆژە … دەرەوەیە …کەنار دەریا.
فرۆ بووکە شووشەکەی پێیەو لەکەناری دەریا بەهێمنی دەڕوات لەپڕ بە دەنگی نارنجۆکێك بە ئاگادێتەوە.. لە دوورەوە سێ پیاو دەبینێ تەماشای کەنارەکە دەکەن، قاچیان هەڵکردووە و بەرەو ئاوەکە دەچن، فرۆ ئەڕوانێ هیچی تر نابینێ و بەرەو لای ئەوان ڕادەکات.

٤٣… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
ڕەفیق و عەباس وشیروان لەکەناری ئاوەکەیا وەستان و سەیری ئەو ماسییانە دەکەن کە کەوتونەتە سەر ئاوەکە.
رەفیق/
دەی ، دەی، دەی ..بەقوربانتانبم سەر
ئاوکەون.
شیروان/
ڕەفیق تۆ دوعا بکە گەورەی تیابێ
عەباس/
بەخوا پێم وانیە گەورەی تیابێ شیروان.
شیروان/
جا تیاشیا نەبێ چی تیایە؟ بۆ هەفتەیەکی
تر.
ڕەفیق/
بەس ئیتر عەباس ناهێنین، دەم ڕەشە ،
دەم ڕەش !
فرۆ لەگەڵ بووکەشووشەکەی بەهەڵەداوان و بە هیلاکی و تەنگە نەفەسی ئەگاتە لایان و تەماشای ڕووی ئاوەکە دەکات و ماسییەکان ئەبینێ توڕە دەبێت..
فرۆ/
ئەوە خاڵە ئەو هەموو ماسیەتان بۆ کوشت؟
شیروان/
خاڵە لەدەورت گەڕێ! تۆش حەزت لەماسییە؟
عەباس/
ئا بەشی ئەو میوانە بچکۆلەیەشی لێبەن .
فرۆ/
نەخێر حەزم لێی نییە… عەیب ناکەن ماسیە
بچکۆلەکان ئەکوژن.. بەو خوایە بەدۆلفینەکە
ئەڵێم.
لەم کاتەدا سەیارەیەک لە لەدوورەوە دەرئەکەوێت………………………………………….
ئەوە پۆلیس هات ئێستە پێیان ئەڵێم.
سەیارەکە نزیك دەکەوێتەوە سۆران و حەسەن دائەبەزن و مەشروب و چەند کیسەیەکی تر دادەگرن.
شیروان/
دەی مزگێنیم بەرێ بامژدەی خۆشت بەمێ.
سۆران/
ئەی خۆش مژدەبن.
فرۆ سەیریان دەکات و زۆر بێتاقەت دەبێ و بە توورەییەوە دەڕوات……………………

٤٤… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
فرۆ کەزی خانی بە باوەشەوەیەو بەبێاقەتی و کزی بە کەناری ئاوەکەدا دەڕوات وبیر دەکاتەوە (مۆنۆلۆجی ناوەکی).
فرۆ/
عەمری نەمێنێ کەزی خانیش، نازانێ
دوو قسەبکا… ئەگینا هەر خۆیم ئەنارد
بۆلای دۆلفینەکەو هەمووشتێکی تێبگەیانایە.
پاش کەمێك ڕۆیشتن …. لەپڕێکا فرۆهەڵوێستەیەك دەکات وبەپەلە بەرەو ڕووی دیوی شارۆچکەکە و بۆ ماڵەوە ڕادەکات.
٤٥… ڕۆژە … دەرەوەیە … رێگەوبان.
لەچەند شوێنێکی جیاواز فرۆ نیشان دەدرێ زۆر بە پەلە ڕادەکات تا دەگاتەوە ماڵی خۆیان و بەپەلە خۆی دەکات بە ژووردا.

٤٦ …. رۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆیە.
فرۆ لاپەڕەیەك لە ناوەڕاستی دەفتەرەکەی دەکاتەوەو لەگەڵ قەڵەمێکی رەساسدا دەردەهێنێ لە جانتاکەی و دەست دەکات بەنوسین لەسەر پەڕەکە.
فرۆ/
دۆلفین گیان.. بە ماسییەکان بڵێ با لێرە
بڕۆن…. باوکم و ئەو پیاوە ناشرینانە
ئەیانکوژن… باشە.
فرۆ نامەکە قەد دەکات ودەیپێچێتەوە دەیخاتە ژێر جلی بووکەکەی و دەستی بووکەکەی دەخاتە سەر نامەکە ولە باوەشی دەنێ و بە پەلە لەماڵ دەچێتە دەرەوە.

٤٧… رۆژە … دەرەوەیە … کەنار دەریا.
فرۆ لە دوورەوە دەبینرێ بەڕاکردن بەرەو ڕووی کەناری دەریاکە دێت تا دەگاتە لای ئاوەکە.
فرۆ/
کەزی گیان ئەزانم لەهەموو شتێك تێئەگەی
ئەم نامەیەم بۆ بەرە دەستی دۆلفینە گەورەکە
باشە بەقوربان.
فرۆ ماچی بووکەکەی دەکات و دەست بەسەروو قژیا دەهێنێ و لە ئامێزی دەگرێت ………..
ئەگەر ئەوێ خۆش بوو لای ئەوان بمێنەوە
خەمی منت نەبێ، من شادانم لەگەڵایا.
فرۆ کەزی خان دەبات کەم کەم دەچێتە ئاوەکە تا دەگاتە ئەژنۆی و کەزی خان دەخاتە سەر ئاوەکە .
ئاگات لەخۆت بێت خەفەت نەخۆی.
ئاوەکە کەزی دوور دەخاتەوە و فرۆ،بای بای بۆ ئەکات بەگریانەوە ………………………..
کەزی گیان .. خواحافیز..کەزی گیان.

٤٨… شەوە … دەرەوەیە … سەکۆی حەوشەی ماڵی فرۆ.
دایك و باوکی فرۆ دانیشتوون ،قۆری پیاڵەیان لەلاوەیەو چا دەخۆنەوە و فرۆش لە لایەنەوە پاڵکەوتووە. ڕەزا باوکی دەست لە ناوچەوانی فرۆ دەدات.
ڕەزا/
ئەوە بۆ وا بێتاقەتی فرۆ گیان؟ خۆ شوکور
گەرمیش نیت تا بڵێم تات هەیە.
فرۆ/
نا .. نا.. نەخۆشنیم.
شیرین/
لەوە ئەچێ لەگەڵ بووکەکەی شەڕی کردبێ.
ڕەزا/
دەهەستە باوانم وەرە لای باوکی خۆتەوە ..
سبەی هەر لەمەکتەب هاتیتەوە لەگەڵ خۆما
ئەتبەم… باشە ..خۆم یەمەوە بەشوێنتا.
فرۆ/
باشە یەم ، بەس نابێ ماسی بگری..
ڕەزا/
نا، کچم .. با بێی ئەوسا تێئەگەی ماسی گرتن
چەند خۆشە.
فرۆ/
نا..نا.. ماسیەکانیش حەز ئەکەن بژین.
ڕەزا/
وەڵا تەواومان کرد… تازە وا خەڵك
خەریکن فێری ماسی خواردن ئەبن
دادە فرۆش لێمانی مەنع ئەکا.
شیرین/
ئەرێ فرۆ عەجایب کەزی خانت پێ نییە؟
دیارە شەڕتان بووە.
فرۆ هەڵدەسێ و دەڕوات ………………………………………………………………….
فرۆ/
من ئەچم ئەخەوم .

٤٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی قوتابخانەیە.
فرۆ و شادە پێکەوەن لەحەوشەی قوتابخانە ………………………………………………..
شادە/
ئەی چۆن؟ بووکێکی بۆ کڕیم بەقەدەر
کەزی خان ئەبێ ناوی بنێم چی؟
فرۆ/
من زۆر بیری کەزی خان ئەکەم، ئێستە
ئەو لای دۆلفینەکەیە ئیتر نایەتەوە، دیارە
ئەوێ خۆشترە.
شادە/
باوکم قەڵەمی ڕەنگاو ڕەنگیشی بۆ کڕیم
لەوەی کوڕەکەی مامۆستا.
فرۆ/
بووکەکەت ناوبنێ کەزی خان..دەی توخوا.
شادە/
ئاخر نابێت! دوای ئەبێ بەهی تۆ.

٥٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆڵان.
فرۆ لارە لارو بەبێتاقەتی ، جانتاکەی قوتابخانەی داوە بەلایەکی شانیاو گەیشتۆتە کۆڵانی خۆیان وپاشان دەگاتە بەردەرگاکەیان پاڵی پێوەدەنێت و ودەیکاتەوەو دەچێتە ژوورێ.

٥١ … ڕۆژە … ناوەوەیە … ژورێکی ماڵی فرۆ.
فرۆ تازە لە خۆگۆڕین دەبێتەوە ئەچێ بە دیار کەنتۆرەکەوە دائەنیشێ و دایکی دێتە ژوورەوە.
شیرین/
ئەوە چی ئەکەی لەوێ؟ تۆ پێم ناڵێی بێتاقەتی
چیت؟ من کەزی خانت بۆ دەربێنم ..درەنگە
ئێستە باوکت دێتەوە بەشوێنتا.
فرۆ/
کەزی خان لێرە نییە.
شیرین/
ئەها ! ئەی داوتە بەکێ؟
فرۆ/
نەمماوە بەکەس ! ڕۆیشت بۆ لای دۆلفینە
گەورەکە.
شیرین/
کچێ کێ هەڵئەخەڵەتێنی؟ بووکەشووشە بۆ
کوێ ئەچێ، پێم بڵێ چیت لێکرد؟ ……..
ونتنەکردبێ؟.
فرۆ/
بەخوا بەڕاستمە.
شیرین/
دەی ڕۆڵە ملت شکێ ! خوا ئەزانێ لە کوێ
لێت بەجێ ماوە هەی قنگ لێکەوتوو.
فرۆ/
تۆ باوەڕم پێناکەی !
شیرین/
وەرە زەهرەکەت بخۆ تا باوکت نەهاتۆتەوە.
فرۆ/
هیچم بۆ ناخورێت لەفەم لە مەکتەب خوارد.
شیرینی دایکی فرۆ دەچێتە دەرەوە و فرۆش لە کەنتۆرەکەدا لە ژێر جلەکانیەوە وێنەی دۆلفینەکە دەردەهێنێ تەماشای دەکات.
توخوا ئاگات لەکەزی خان بێت.
ماچی وێنەکە دەکات و دەیخاتەوە جێگەی خۆی لە کەنتۆرەکەدا ………………………

٥٢ … ڕۆژە … ناوەوەیە … ڕارەوی ماڵی فرۆیە.
فرۆ دەبینرێ لەسەر دیواری ڕارەوەکە چەند وێنەی ماسی و بووکەشووشەی نەخشاندووە سەرقاڵی وێنە کردنە، لەم کاتەدا گوێی لە دەنگی ڕەزای باوکی دەبێت کە بانگی دەکات.
دەنگی ڕەزا/
فرۆباوکەکەم …فرۆ وەرە با بڕۆین کچەکەم.

٥٣ … ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریایە.
فرۆ و باوکی لەژێر کەپرەکەدا دانیشتوون،ڕەزا سەرقاڵی توندکردنەوەی تۆڕی ماسیگرتنە ،فرۆش هەڵماقۆ بە چەند بەردێك دەکات بە بێتاقەتی. مام فایەقی ماسیگر دێت بۆ لایان.
مام فایەق/
چۆنی کچە بچکۆل .. ئەوە گێلە گێلی چیتە
ڕەزا لەم ناوە.
رەزا/
ئای بەخێر بێی مام فایەق! وەڵا ئەم تۆڕانە
توند ئەکەمەوە.
مام فایەق/
جا بۆچی باشە؟
رەزا/
ئەی خۆ ئاو لەبێژنگ ناکەم مام فایەق هەر
بۆ ماسیگرتن نییە؟
مام فایەق/
کوڕم خۆت بێئەقڵ مەکە،سەیرانگەڕلەئێورەوە
لەم ناوە زرم و کوتیانە ، بەخوا گەراشیان بۆ
نەهێشتوویتەوە نەك ماسی.
رەزا/
جا بەملی شکاویان شوێنیان نەدۆزیوەتەوە
ئێرە نەبێ ، ئەی نیازی چیت هەیە؟
مام فایەق/
رەزا ئەگەربێی لەگەڵما بەبەلەمە کە ئەچینە قوڵایی.
ڕەزا/
دەی وەڵا هەزار جار …هەر ئێستە ئەمانە توند
دەکەمەوە و نوێژێ ئەکەم و ئەچین..ئەم تۆڕەش
ئەهێنم.
مام فایەق/
ئەی ئەو کچە بۆ کوێ ئەهێنی؟
ڕەزا/
نا ..نا .. نایهێنم هەر بەفڕکانێك ئەیبەمەوە.
مام فایەق/
دەی باشە چاوەڕێتم ..جاری خواحافیز.

٥٤… رۆژە .. دەرەوەیە … کۆڵان.
شادە لەدەرەوە لە کۆڵانە و زۆر بەدڵخۆشییەوە بووکەکەی نیشانی منداڵانی گەڕەك دەدات ….

٥٥… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریایە ….گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٥٣.
فرۆ و باوکی لە ژێر کەپرەکەدا دانیشتوون. باوکی بەدەرزییەكەی دەستی بەردەوامە لە توند کردنەوەی داوەکان.
فرۆ/
باوکە گیان مەچۆ بۆ قوڵایی.
ڕەزا/
بۆ فرۆ گیان؟
فرۆ/
ئاخر ڕەنگە دۆلفینە گەورەکە بتانخوا.
ڕەزا/
کچم ئێرە دۆلفینی لێ نییە.
فرۆ/
بالێیەتی باوکە گیان … دەتخوا با بێم.
ڕەزا/
بۆ کوێ دێی چەتیو؟
لەم کاتەدا دەرزییەکە دەچێت بەدەستیا و توڕە دەبێت ……………………………………
ئەها ماڵم بەقوڕ گرتی کەچەنەبازی ..
خۆم زۆر دڵمخۆشە، هەر لەجەنەبازی
تۆ و دەرزیم کەمە.
توڕە دەبێت و تۆڕەکە فڕێ دەدات………………………………………………………
ئا لەو تورەکەیەی قەد کۆڵەکەکە ئەو
مقەستەم بۆ دەربێنە.
فرۆ/
تۆڕەکان ئەبڕی و ئیتر ماسی ناگری؟
ڕەزا/
ژەهری مار ئەکەم وئەیکەم بەچاوی تۆیا
هەر لە سیك و سەوای خۆت ناکەوی …
هەرچەند تۆ ئەهێنم بۆ ئێرە ئەبێ توشی
بەزمێببم.
فرۆ مقەستەکە لە توورەکەکە دەر دەکات و دەیهێنێ بۆ باوکی …………………………..
فرۆ/
ئینجا خەتای من چییە؟

                                    ڕەزا/
                  پێ و قدومت شەڕە شەڕ.

ڕەزای باوکی مقەستەکەی لێوەر دەگرێ و داوی تۆڕەکە دەبرێ وبەئیشارەت مقەستەکەی دەداتەوە هەڵی بگرێتەوە..پاش کەمێك پێڵاو سەرپێ دەکات و دەڕوا..
فرۆ/
باوکە بڕۆینەوە؟
ڕەزا/
نا نەعلەتی ئەچم دەستنوێژێ ئەگرم و
دواتر دەتبەمەوە.

٥٦… ڕۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا.
ڕەزا باوکی فرۆ لە جێگەیەکی تری کەنار دەریاکە دەستنوێژ دەگرێ …………………

٥٧… ڕۆژە … دەرەوەیە … ژێر کەپری کەنار دەریا.
فرۆ هەر سەیری تۆڕی ماسیگرتنەکە دەکات و لێی ورد دەبێتەوە بیر دەکات……………..
مۆنۆلۆژی فرۆ/
خۆ لەقوڵایشا وازیان لێ ناهێنن ..دەی
شەرت بێ نەهێڵم بچن ..
فرۆئەچێ مقەستەکە لەتورەکەکە دەرئەهێنێ وتۆڕی ماسیگرتنەکە کەباوکی ئامادەی کردووە،
دەستئەکات بەبڕین لەت و پەت کردنی . باوکی پاش کەمێك دێتەوە کە پڕپۆڵی تۆڕەکەی ئەبینێ دەمارگیر ئەبێت.
ڕەزا/
ئەوە بۆ واتکرد هەی بەچکە سەگ؟ ئاخر
تۆ ڕزق بەچاوتەوەیە هەی نان و دۆ بڕ.
ڕەزای باوکی زۆر بەتوڕەیی و دەمارگیرییەوە دەچێت بۆ فرۆ …………………………..
فرۆ/
باوکە گیان … توخوا .. توخوا..
ڕەزای باوکی بۆی دەچێت بە هەردوو ناو لەپی ئەکێشێ بە هەردوو گوێچکەیا … فرۆ قیژەیەك دەکات و چاوی لێك دەنێ و ئەکەوێ و وێنە لەچاوی فرۆوە نامێنێ و کادر ڕەش دەبێت.

٥٨ … ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆمەڵێ جێگەیە رێگە و بان.
کۆمەڵێك دار نیشان دەدرێ لە بینینی ژێرەوە و پاشان دەچێتە سەر خەتی جادە بە ڕۆیشتنەوە تا دەگاتە گڵۆپی خەتی سەقفی ڕارەوێکی خەستەخانە بە ڕۆیشتنەوەو نیشاندانی تایەی نەقالەیەك بە ڕۆیشتنەوە لە کۆتایدا جەستەی فرۆ دەخرێتە سەر قەرەوێڵەیەکی خەستەخانە.

٥٩ … شەوە … ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
شادەو دایکی و شادومان لە حەوشە دانیشتوون تەماشای تیڤی دەکەن …………………..
شادە/
دایکە تۆ بڵێی فرۆ چاك بێتەوە؟
نەسرین/
بەخوا کچم بڵێم چی؟ نەدکتۆر هیچی
وتوەو نە خۆشی زمانی هەیە قسەبکا.
شادومان کەناڵی تەلەفیزیۆنەکە بە کۆنترۆڵێ دەگۆڕێ و لە تیڤییەکەدا ئیسعافێك نیشان دەدرێ لە شەقامێکی شار دەڕوات.

٦٠ … ڕۆژە … ناوەوەیە … نەخۆشخانەیە.
فرۆ لەسەر قەرەوێڵەیەکی نەخۆشخانە ڕاکشاوەو، باوکی دکتۆرەکەی بۆ ئەهێنێ … پەشۆکاوی پێوە دیارە .. دایکی فرۆ واقی وڕماوە.
ڕەزا/
ئەوەتا کاك دکتۆر گیان چاوی هەڵهێناوە.
دکتۆر فەحسی فرۆ دەکات ، بەتایبەتی گوێکانی ……………………………………….
بەساقەوبم کاك دکتۆر گیان …….
شیرینی دایکی فرۆ واقی وڕماوەو لەپڕێکا ئەداتە پڕمەی گریان .. فرۆ نوزە دەنگی دێت و دەڵێت.
فرۆ/
دەمەگری دەی … ئەگەر بگری من ئەمرم.
دکتۆر/
هەست بەچی ئەکەی کچی باش؟ قسەم بۆ بکە.
ڕەزا/
دەی باوە گیان قسەی بۆ بکە … کاك دکتۆر
پرسیارت لێ ئەکات.
فرۆ هەر چاو دەگێڕێ و حاڵی نابێت …. دکتۆر ئەشڵەژێ کە فرۆ وا دەبینێ ………….
دەی باوە گیان ، قسەیەك بکە.
فرۆ/
ئەوە بۆ دەمتان ئەجوڵێ و دەنگتان نایەت؟
ڕەزا کەمێك سڕ ئەبێ و بەدەنگی بەرز ئەگری و هاواری لێ بەرز دەبێتەوە……………..
ڕەزا/
ئەی باوکە ڕۆۆ…………..

٦١… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی شادەیە.
نەسرینی دایکی شادە لە حەوشەکەیان گسک دەدات و شادە بە غەمبارییەوە دێت بۆ لای و دەست دەکات بەپرسیار کردن.
شادە/
دایە فرۆ بەچی چاك ئەبێتەوە؟
نەسرین/
خوا ڕەحمی پێ بکات …
شادە/
یەعنی ئیتر گوێ ی لەهیچ نابێ؟
نەسرین/
نا … ئیشەڵا بیبەن سەر نزرگەی پیاو
چاکان و مەولوی بۆ قەراربەن، خوای
گەورە ڕەحمی پێ ئەکا.

٦٢… ڕۆژە … ناوەوەیە … ژووری دکتۆرە.
ڕەزای باوکی فرۆ لەبەردەمی دکتۆرا وەستاوەو دکتۆر قسەی بۆ دەکات …………………..
دکتۆر/
حاڵەتەکەی پێ ی ئەوترێت ئۆتایتس میدیا،
لۆسینگ هێرینگ واتە لەکیسچوونی بیستن.
بە بوورانەوەکەیا گومانی ئەمەم لێ ئەکرد.
ڕەزا/
ئەی چارە دکتۆر گیان.
دکتۆر/
گرنگ ئەوەیە وریایبن …. ئاگاتان لێی بێت
چونکە بۆماوەیەك باری دەرونی خراپ ئەبێ.

٦٣ … شەوە … دەرەوەیە … بەردەم نەخۆشخانە.
خەڵکێکی زۆر لەبەردەم نەخۆشخانە وەستاون لەم کاتەدا لورەی ئیسعاف دێت …………..

٦٤… شەوە … ناوەوەیە … نەخۆشخانەیە.
فرۆ دەموچاوی ناوە بە شووشەی پەنجەرەکەوە و ئیسعافێك لەدەرەوە دەبینێ لەسەر شەقامەکە دێت بۆ نەخۆشخانە بەخێرای و گڵۆپەکانی هەڵگردوەو دیارە نەخۆشی خەتەری پێیە، بەڵام هیچ دەنگێک لای فرۆ نیەو نایبیستێ. لەم کاتەدا ڕەزای باوکی دێتە ژوورێ و لە کیسەیەکدا کەبابی تێدایە دەری دەهێنێ.
ڕەزا/
بابیهێنم کەباب بخوا.
شیرین/
واتلێنەکردایە… تازە کەبابی بۆ چییە؟
رەزای باوکی دەچێت و لەپشتەوە دەست لە شانی دەدات و بەرەو سەر قەرەوێڵەکەی ئەهێنێ.
فرۆ/
باوکە جاران بەدەنگی ئیسعاف زۆر
ئیزعاج ئەبووم، بەس ئێستە گوێم
لێ ی نییە.
باوکی دەگری و دکتۆر دێتە ژوورێ و دایک و باوکی فرۆ لەبەری هەڵدەسن…………….
ڕەزا/
فەرموو کاك دکتۆر.
دکتۆر/
خوێنەواری هەیە؟
ڕەزا/
بەڵێ وا دەرئەچێ بۆ سێ.
دکتۆر/
ئەبێ لە ڕاپۆرتی پۆلیسدا بەجۆرێك
تاوانبار بکرێ ی کە سزایەکی زۆر
قورست بەرکەوێ.
شیرین/
توخوا دکتۆرگیان فریامانکەوە،هەر ئەم
سەرچاوەی بژێویمانە با سجن نەکرێ.
دکتۆر/
ئاخر بەهەموو کەسێکیش ئەڵێن باوك..
توخوا تۆ باوکی ؟ کەس دەستی ئەچێتە
دوژمنی خۆشی وای لێبکا؟ تۆ دڕندەی.
فرۆ/
دایکە ئەوە ئەڵێ چی ؟

٦٥ …. رۆژە … دەرەوەیە … کەناری دەریا .
لە کەنار دەریا کەپر و بەلەمەکەی ڕەزای باوکی فرۆ نیشان دەدرێت … ڕەزا لە کەناری ئاوەکە دانیشتووە هەردوو دەستی ناوەتە بەر ئەژنۆی و تەماشای ئاوەکە دەکات ….. لەپڕ ڕەزا واهەست دەکا گوێی لەدەست دابێت، ڕادەچڵەکێ و گوێی لە هیچ نییە و دەست دەبات بۆ گوێی دەنگی ئاو و تەیرو تیرو سروشتی بۆ دەگەڕێتەوە و دەست دەکات بەگریان.

٦٦… ڕۆژە … دەرەوەیە … بەر دەرگای ماڵی فرۆیە.
شیرین دایکی فرۆ لەناو دەرگاداو، نەسرین دایکی شادە لەبەردەگا وەستاون قسە دەکەن……
نەسرین/
ئەرەوەڵا …. من ئەڵێم مەولویەکی بۆ
قەراربەو ئیشەڵا بەو دەنگی قورئان و
دەفە گوێ ی ئەکرێتەوە.
شیرین/
جا تۆ بڵێ ی وابێ؟ خۆ منیش عەقیدەم
زۆر پێیەتی.
نەسرین/
ئیشەڵا خوا ڕەحمی پێئەکاو بەقسەی من
ئەکەی هیچ سێ و دووی لێ مەکە.
شیرین/
دەی هانام بەدەمت!
نەسرین/
ئەبێ ئێستە وەزعت چۆن بێ وەیش بمرم
یاخوا.
شیرین/
ئەبێ چۆنبم؟ بەخوا هەر ئەوەیە گڕناگرم.
نەسرین/
دەی تەحەمولت بێ ئیشەڵا گوێی ئەکرێتەوە.
شیرین/
خوا چاکت بۆ بکا یاخوا … جەرگت نەسوتێ.
نەسرین/
توخوا شادەم بۆ بانگ ناکەی زەحمەت نەبێ.

٦٧ … ڕۆژە … دەرەوەیە… ماڵی فرۆیە.
فرۆ و شادە لە لای سەتڵە گوڵەکەی فرۆوە دانیشتوون … فرۆ وێنەی دۆلفینەکەی پێیەو شادانیش ماجیکێکی بەدەستەوەیە و چەند پەڕەیەکی نووسراوی لەبەردەمایە.
دەنگی شیرین/
شادە گیان وەرە دایکت بانگت ئەکا.
شادە/
باشە باش ! وا ئێستە یەم.
شادە بە ماجیکەکەی دەستی لەسەر پەڕەیەکیان بۆفرۆ دەنووسێ(دایکم هاتووە بەشوێنما.. جارێ ئەڕۆم … خواحافیز). نیشانی فرۆی دەدات و ئەویش دەیخوێنێتەوە.
فرۆ/
خواحافیز شادە.
شادە بووکەکەی هەڵدەگرێ و دەڕۆن و فرۆش هەڵدەسێ و دەڕوات لەگەڵی……………….

٦٨… شەوە …. دەرەوەیە … سەکۆی ماڵی فرۆ.
ڕەزای باوکی فرۆ دەیەوێ بە ئیشارەت فرۆ لە شتێك تێبگەیەنێ ،دەستی کردووە بە جوڵەی دەستی.
شیرین/
ئەوە ئەتەوێ پێ ی بڵێ ی چی؟
ڕەزا/
هاتووە بەخەیاڵما پێ ی بڵێم ئیتر واز لە
ماسیگرتن ئەهێنم.
شیرین/
دەی ئینجا بمانکوژە لەبرسا ! ماسی ناگری
ئەی چی ئەکەی؟
ڕەزا/
هەر ئیشێکی تر بێ.
فرۆ/
ئەوە باسی چی ئەکەن ، دڵم تەقی بۆم
بنووسن لەسەر پەڕەیەك.
شیرینی دایکی فرۆ بە ئیشارەت پێ ی دەڵێت هیچ …………………………………………
شیرین/
رەزا ئەوەندە لەبەر چاویا قسەمەکە، خۆی
دڵی سەغڵەتەو لێشمان تێ ناگات خراپتر
ئەبێ.
ڕەزا/
باشە باش.
شیرین/
ئیشەکەی خۆشت بکە، ئیشەڵا بەیانی
مەولوەکە ئەکەم وئەمیش گوێی ئەکرێتەوە.

٦٩… ڕۆژە … دەرەوەیە …. کۆڵانی ماڵی فرۆیە.
چەند ژنێکی عەبا بەسەر و لەچک بەسەر ، خۆیان دەکەن بە ماڵی فرۆدا …………………

٧٠… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
کۆمەڵێك ژن لە حەوشەی ماڵی فرۆ دانیشتوون …شیرینی دایکی لای ژنێكەوەیە قورئان دەخوێنێ بەسەر فرۆدا، فرۆش لەبەردەمیا دانیشتووە … فرۆ هەر دیقەتی ژنەکان ئەدا تا دەست دەکرێ بەدەف لێدان و مناجاتی مەولوو گەرم دەبێت … فرۆ وردە وردە لە ناو سەرقاڵی ژنەکاندا بەزکر و گوڵاو پرژاندن و تقوسی دینیەوە خۆی دەدزێتەوەو دەچێتە دەرەوە.
٧١ … ڕۆژە … دەرەوەیە … کۆڵانێکە.
کۆڵا نێکە پیاوێك نیشان دەدرێ مریشکێکی کوردی وکێردێکی پێیە دەیەوێت سەری ببڕێ، لەم کاتەدا فرۆش لە پشتی کابراوە دەر دەکەوێت و نزیك دەبێتەوە ، کابرا بە کێردەکەی دەستی سەری مریشکەکە لێدەکاتەوە و فرۆ بەتەواوی نزیک دەبێتەوە و مریشکەکە دەبینێ هەڵدەبەزێتەوە ……… …لای فرۆ و لە خەیاڵیدا وێنەی ماسییەکانی دێتە بەرچاو کە لە ئاو دەریدەهێن و دەیانکوژن واتە تێکەڵکردنی هەردوو وێنەی مریشك و ماسی کاتێك لە ژیان دەسڕێنرێنەوە پاشان بەخێرایی و بە تووڕەیی دەڕوات.

٧٢ … ڕۆژە … دەرەوەیە … سەرشەقامێکە.
پیکابێك وەستاوەو ماسی دەفرۆشێت و خەریکی ماسی چاک کردنە بۆ مشتەرییەك و فرۆ دێتە لایان.
فرۆ/
ئەرێ ماسی کوژتن بەس نییە؟
ماسیفرۆش تەنها دەمی دەجوڵێتەوە و بەدەست ئیشارەتی بۆ دەکات بڕوات ، فرۆش کەمێك دەچێتە ئەو لاوەو پاشان بە خێرایی دەڕوات.
ئەبێت ئەم ناشرینە بڵێ چی؟

٧٣ … ڕۆژە … ناوەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆ ، گەڕانەوە بۆ دیمەنی ٧٠.
بەشێکی تری مەولودەکە نیشان دەدرێت و زیاتر گەرمی پێوە دیارە …………………..

٧٤ … ڕۆژە … دەرەوەیە … زەوییەکی پانی نزیك شارۆچکە.
پیاوێکی قات لەبەر لەسەیارەیەکی لاندگرۆزەر دادەبەزێ و چەند پۆلیسێك بەدوایدا خۆیان هەڵدەدەنە خوارێ …. پیاوەکە بە هێمنی دەڕوات و پۆلیسەکان بەدوایەوە … فرۆ بەدیان دەکات و یەکسەر بەرەو پیاوە قات لەبەرەکە دەچێت .
فرۆ/
ئەو پیاوانە و باوکم هەموو ماسییەکانیان
کوشت و لە ئاویان دەرهێنان.
کابرا/
بەڕاست منیش حەزم لە ماسییە وەڵا.
فرۆ/
من نازانم تۆ چی ئەڵێی،گوێم لێت نییە.
پۆلیسێك بە دەست فرۆ دور دەخاتەوەو پاڵێکی پێوە دەنێت ، پۆلیسێکی ترخەریتەیەکی گەورە دەکاتەوەو دەیباتە بەردەم کابرای شیک پۆش.
کابرا/
من لە چیام و ئەوەش خەمی چییەتی؟.
فرۆ کە پاڵەکەی پێوە دەنێن کەوتووە و هەڵدەسێتەوەو ڕا دەکات ………………………….

٧٥ …. رۆژە … دەرەوەیە …. حەوشەی ماڵی فرۆیە. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٧٣.
بەشێکی تری مەولودەکە نیشان دەدرێ کە شیرینی دایکی فرۆ بە تەواوی چۆتە دونیای جەزبەوەو جوڵە بە سەر و قژی دەکات بە گەرمی لەگەڵ دەنگی دەف و مناجاتەکە.

٧٦ … ڕۆژە … دەرەوەیە …. کەنار دەریا.
فرۆ دێتە کادرەوە لە نزیک کەناری دەریایە و لەچکەکەی سەری شل بۆتەوە و ڕادەکات بۆ لای ئاوەکە ،دەنگی موناجات و دەف لەسەر ئەم دیمەنە هەیە.

٧٧… ڕۆژە … دەرەوەیە …. حەوشەی ماڵی فرۆ. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٧٥.
مەولودەکە بەردەوامە و سەربادان لە لایەن ژنانەوە دروست بووەو لە زیکرکردندان و ڕیتم بەرەو خێرایی دەڕوات.

٧٨… رۆژە … دەرەوەیە … کەنار دەریایە.
فرۆ لەڕاکردن بەردەوامەو بەتەواوی نزیک بۆتەوە لە ئاوەکەو خۆی دەکات بەناو ئاوەکەداولەچکەکەی سەری کە زۆر شل بۆتەوە لەسەری دادەکەنێ و فڕێی دەداتە سەر ئاوەکەو، قژی فرۆ بەتەواوی دەردەکەوێت کە ئەو قژە درێژەی دیمەنی سەرەتای نەماوەو هەمووی دیارە بە مقەست هەڵپاچراوە زۆر کورت بۆتەوە…. فرۆ زیاتر بۆ ناو قوڵایی ئاوەکە دەڕوات.

٧٩… ڕۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە. گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی ٧٧.
مەولودەکە زۆر ریتمی خێرایەو جوڵەی دەروێشی زۆری پێوە دیارەو دەف زۆر بەهێزە وبە گەرمی لێدەدرێ.جوڵەی سەرو قژی دایکی فرۆ زۆر خێرایە

٨٠… ڕۆژە …. دەرەوەیە … کەناری دەریایە.
دەنگی مەولودەکە لەسەر وێنەی ئەم دیمەنانەیەو فرۆ لە قوڵایی ئاوەکە دەبینرێ بەقژی هەڵپاچراوەو وردە وردە نوقم دەبێت و ژێر ئاو دەکەوێت و پاشان لەچکەکەی فرۆ بەسەر ئاوەکەوە دەبینرێ و گوێمان لەدەنگی فرۆ دەبێت.
دەنگی فرۆ/
خۆ کەس بەقسەم ناکا! شەرتبێ بچم لای
دۆلفینە گەورەکە شکات لە هەمووتان بکەم.

٨١ … رۆژە … دەرەوەیە … حەوشەی ماڵی فرۆیە.
شادە بووکەکەی لە باوەشدایەو لای سەتڵە گوڵەکەی فرۆیە وچامێ ئاوی پێیەو ئاوی گوڵی سەتڵەکە دەدات.
شادە/
بووکە جوانەکەم ناوەکەت ئەگۆڕم
ئیتر من پێت ئەڵێم فرۆ خان.
شادە بووکەشووشەکەی ماچ دەکات و لە باوەشی دەگرێت و پاشان پێکەوە بۆنی گوڵەکانی سەتڵەکە دەکەن .

کۆتایی.




بەندەر فەیلی و کۆماری دیکتاتۆر.. ئاراس سەعید

زیندان تیمایەکی دابڕاو نییە لەنێو بەرهەمەکانی «بەختیار عەلی»دا. لە بەشێک لە بەرهەمەکانیدا، جوگرافیای کارکردنی لە زیندانەوە دەگوازێتەوە بۆ پانتاییەکی فراوانتر. دەکرێت «دونیای زیندان و دەرەوەی زیندان» لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلیدا، بەمانایی «دونیای سیستەم و دەرەوەی سیستەم» شرۆڤە بکەین. بەو مانایەی، زۆرجار دەسەڵات جوگرافیای خۆی لە ڕێگەی سیستماتیککردنی دەرەوەی زیندانەوە درێژ دەکاتەوە. ئەگەر بڕوانینە بەشێک لە بەرهەمەکانی نووسەر، دەتوانین وێنایی ئەو هێڵە تەریبە بکەین کە لە نێوان زیندان و دەرەوەی زینداندا هەیە. بۆ نمونە: «جەمشید خان» لە زیندانەوە با لەگەڵ خۆیدا دەیبات، بۆ جوگرافیاییەکی فراوانتر. شاری دێلاوار لە ڕۆمانی «هەورەکانی دانیال»دا ژیارێکە لەسەر زیندانییەک بوونیاد دەنرێت. وەلێ نووسەر لە «ڕۆمانی بەندەر فەیلی»دا، ڕاستەوخۆ لە زیندانەوە دەست پێدەکات. ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا درێژ دەبێتەوە، پانتایی ئەو زیندانەیە کۆی کۆمەڵگەی تێ دەخزێندرێت. بەو مانایەی دەسەڵات جوگرافیای خۆی دەگوازێتەوە بۆ سیستماتیککردنی کۆی ژیان. لێرەوە «دنیای زیندان و دەرەوەی زیندان، دیلێتی و ئازادبوون» ئەو هێڵە تەریبەیە، کە بەندەر فەیلی ناتوانێت لە یەکدییان جودا بکاتەوە. ئەمەش هۆکارێکە بەدرێژایی تکێستەکە خوێنەر بەدوای ئەو پرسەدا پەلکێش بکات، کە ئازادی مانای چییە؟
…..
ئەگەر قوڵترین پنتی ئەم ڕۆمانە دەستنیشان بکەین، دەبێت گوزارشت لەو پنتە ئۆنتۆلۆژییە بکەین؛ کە ژیانێک لە دامێنی مەرگێکدا دێتە بوون.
لێرەوە خوێنەر بەر دوالیزمەی مەرگ و ژیان دەکەوێت. بەندەر فەیلی لە ژووری سێدارەدا و، لە دامێنێ تەرمی هەڵواسراوی «ئیسرا مەلەکشاهی»دا، وەک دواهەمین کوردی فەیلی دێتە بوون.
لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە، بەندەر کۆتا خاڵی پنتی ژیان و مەرگە، ئەو لە دامێنی مەرگێکدا دێتە بوون.
«شۆپنهاوەر» ئەمەی “بەویستی ژیان” ناوزەند کردووە.
پرسی ئۆنتۆلۆژیا لە ڕۆمانەکەدا، پێچەوانەی پرسی ئۆنتۆلۆژیایە لە فەلسەفەی «سارتەر و هایدگەر»دا. چەمکی «کات و شوێن» ئەو دوو گوزارەیەیە، کە هیچ کات لە زەینی «بەندەر فەیلی»دا مانای نییە.
بەندەر فەیلی لە ژووری مەرگدا، مەحکوم دەکرێت بە ژیان، ژیانێک کە سیستەمێکی دیکتاتۆر بەهاکانی داڕشتووەتەوە؛ وەلێ بەندەر بە فیترەت ناچێتە نێو هیچ سیستمێکەوە و، ماشێنەکانی سیستەم ناتوانن لە پێکهاتەکەی جگە لە «بەندەر فەیلی» فۆڕمێکی دیکەی لێ درووست بکەن.
نیتچە وتەیەکی هەیە دەڵێت: «لەناوەوەی هەموو پیاوێکدا منداڵێک هەیە، کە دەیەوێت یاری بکات.»
سیستەمی فاشیزم، دەیەوێت ئەو منداڵە پاکەی ناوەوەی بکوژن، کەچی بەندەر فەیلی بۆ هەمیشە؛ پارێزگاری لە منداڵە پاکەکەی ناوەوەی دەکات. ئەو تا دوا چرکەساتەکانی تەمەنی، بەدەم وەنەوزدانەوە وەک منداڵ دار و درەخت دەژمێرێت.
…..
ئوستووڕەی هەموو سیستەمێکی دیکتاتۆر لەسەر بنەمای دوانەیەک دامەزراوە؛ دوانەیەک مرۆڤەکان دابەش دەکات بەسەر دوو بەرەدا. باش و خراپ، تاوانبار و بێتاوان. لێرەوە؛ دوونیا دابەش دەکات بەسەر ئەوانەی لەگەڵمانن و ئەوانەی دووژمنمانن.
بەندەر فەیلی « نە زیندانییە و نە ئازاد، نە تاوانبار و نە بێ تاوان، نە لەبەرەی یاخیبووانە و نە لەبەرەی حکومەت، نە لەبەرەی شەڕە و نە لەبەرەی خێر.»
لەبەر ئەوەی ئیسرا مەلەکشاهی پێی باشتربوو بمرێت وەک لەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ جەلادێکدا بکات، جەلادەکان دەیانەوێت بەندەر فەیلی وەکو جەلادێک پەروەردە بکەن، تاوەکو ئەوەی ڕۆحی ئیسرا ئازار بچێژێت.
نووسەر، لەڕێگەی زیندانەوە، وێنای دونیای فاشیزم و منداڵ دەکێشێتەوە. زیندان بریتییە لە ستراکتۆری ٭
« سوبژێکتیڤاسیۆن» وەکو دەزگایەک بۆ داڕشتنەوەی پەیکەربەندی شوناسی مرۆڤ. لە ڕێگەی پڕۆسەی وەک یەک لێکردنەوەوە، پەیکەربەندی جڤاک دادەڕێژێتەوە و مافی خۆنمیاشکردنی تاکگەرایی و ئازادییەکانی لێ دەسێنێتەوە. بە واتایەکی دیکە، پڕۆسەی بەئەویدیکەکردنی سوژە لە ڕێگەی سیمبولەکان و دیسپلینی جەستەوە.
بە دەبڕینە فۆکۆییەکە: مرۆڤ لەم كاتەدا دەخزێنرێتە نێو دەزگایەكی دەسەڵاتەوە، دەسەڵات جەستە هەڵدەلوشێ، تێكی دەشكێنێ‌‌ و سەر لە نوێ بونیادی دەنێتەوە. دیسپلینی جەستەیی، ملكەچی و گوێڕایەڵی و ئامادەی قبوڵكردنی دیسپلینی زیاتر و دەسەڵاتی زیاتر دروست دەكات. بەر لە سەردەمی مۆدێرن، سزادان تەنیا ڕووی لە كەسی تاوانبار بوو، تەنیا کەسی تاوانبار ڕووبەڕووی سزا دەبووەوە، بەڵام تەكنیكەكانی دیسپلین ڕوویان لە كۆی دانیشتوانە.
واتە: دەسەڵاتی دیسپلین تەنیا كەسێك دیاری ناكات تاكو بیخاتە ژێر چاودێرییەوە، یاخود سزای بدات، بەڵكو هەوڵی كۆنترۆڵی كۆی كۆمەڵگە دەدات و هەموو دانیشتوان دەخاتە ژێر چاودێرییەوە. بۆ گەیشتن بە ئامانجی ملكەچكردن و لارەملێی تاكەكان و فراوان بوونی دەسەڵاتەكەی، پێویستە گشت ڕەهەندێكی فەزا، زەمەن، جوڵە و ڕێسا و یاسایان بۆ دروست بكرێ‌ت و، کۆی گۆمەڵگە مۆنۆپۆڵ بکات. لێرەوە پانتایی زیندان بە درێژایی ڕۆمانەکە درێژ دەبێتەوە، بە جۆرێک نەک تەنیا بەندەر فەیلی، بەڵکوو هەموو کۆمەڵگە هەست بە ئازاد نەبوونیان دەکەن و، هەست بە خنکانیان دەکەن.
بەندەر فەیلی لەو ساتەوەی چاوی بە دنیا هەڵهێنانەوە، جگە لە ژووری مەرگ شوێنێکی دیکەی نەبینیووە. بە دەستی جەلادێکدا گۆش دەکرێت، کە هەموو تەمەنی لە خنکاندنی دیلەکاندا بەسەربردووە. هەرچەندە سەید شەهابی خوزاعی بە دەستی خۆی پەروەدەی کردووە، وەلێ پێ دەڵێت: «تۆ تاکەکەسی لەم دوونیایە، نە خێزانت هەیە، نە ماڵ، نە شارت هەیە، نە وڵات. بۆیە لەم زیندانە زیاتر شوێنێکی دیکەت نیە.» ناشوێن بۆ بەندەر فەیلی، ئەو گرفتە گەورەیە بوو کە دەبووە هۆی ئەوەی لە دونیای دەرەوەی زیندانیشدا، هەست بەخنکان و دیلێتی بکات.
…..
ڕەنگە دوای کتێبی « کۆماری ترس» ی « کەنعان مەکییە»، ڕۆمانی «بەندەر فەیلی»باشترین کتێب بێت، لەبارەی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و فاشیزمی عەرەبییەوە بدوێت.
نووسەر لەڕێگەی سەربوردەکانی نێو ڕۆمانەکەوە، مێژووی چارەگە سەدەیەک لە ترس و فەلاقەخانە و داپڵۆسینی کۆمەڵگەی عێراقی دەگێڕێتەوە. ڕۆمانەکە پڕە لە تراژیدیا، شیکاری وردی مێژووە لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی بۆ ترس و دڵەڕاوکێ و شپرزە بوونیان بە بەردەوامی، کە یارمەتیمان دەدات بە قووڵی لە مێژووی چارەگە سەدەیەک، لە ڕەوتی ژیان سیاسی و کۆمەڵایەتی، کۆماری دیکتاتۆرییەتی عێراقی تێبگەین. هەروەها ئارگۆمێنێتکی گرنگە، لەسەر دۆزی کوردە فەیلییەکانی عێراق، کە چۆن هەوڵی سڕینەوەی شوناس و ناسنامەیان دەدرێت، لە ڕێگەی داپڵۆسین و قڕکردن و کووشتن و دوورخستنەوەوەیانەوە.




ئیسلامبازو سیاسەتبازەکان.. محەمەد خالید ئیبڕاهیم

لە کۆنەوە تەواوی ڕێبەرانی ئیسلام وەکو دینباز دینیان کردووە بەو پردەی کە پیایدا سەرکەوتوون بۆ ئامانجە شەخسیەکانی خۆیان، وەکو بەدەستهێنانی چەندین ژن و پارەو پولێکی زۆرو دەسەڵات. مەلاکان شێخ و تەریقەت و مەرجەعەتەکان گشتیان کەسانی دووڕوو و درۆزن و دینبازن. چونکە ئەوان مێشکی خەڵکی نەخوێندەوار دەشۆنەوە لەپێناو ئەوەی خۆیان خۆشبژین. لەتەنیشت ئەمانەوە شتێکیتر هەبووە کە ئەویش ئیسلامی سیاسییە لە وێنەی حیزبی دامەزراوەو ڕێکخراوی سیاسییدا بە پاشناوی ئیسلام.
چەمکى ئیسلامى سیاسى نزیکەى سێ دەیە لەمەو پێش بوو بە زاراوەیەکى باوى نێو میدیا نێودەوڵەتییەکان هەندێک جار ئەم چەمکە بۆ ئیسلامى بەسیاسى کراو یاخود شرۆڤەى سیاسى بۆ ئیسلام بەکار دەهێنرێت و وا وێناى دەکەن کە ئیسلام لە بنچبنەدا سیاسى نیەو رەهەندى سیاسى بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام لەڕاستیدا ئیسلام واتا سیاسەت و سیاسەتیش واتا ئیسلام. پێغەمبەری ئیسلامیش دەوڵەتێکی سیاسیی دامەزراندو بەس لەڕوکەشدا بەرگی دینی ئیسلامی بەبەردا پۆشی. .
ئەگەرچی ڕاى جیاواز هەیە سەبارەت بە سەرهەڵدانى ئیسلامى سیاسى هەندێک بنەڕەتەکەى دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمى خەلافەت و هەندێک پێیان وایە هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئایینی ئیسلامدا، چالاکییەکان و ئامانجەکانی سەرەتاکانی ئیسلام سیاسیی بوون.
زاراوەى ئیسلامى سیاسى وەک ووشە دواى نەمانى دەوڵەتى ئالى عوسمان و دروست بوونى ئیخوان موسلیمین هاتە نێو فەرهەنگى نوێى سیاسیەوە. بەڵام بەکردەوە تێکەڵ کردنى دین و سیاسەت مێژووەکەى زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى حکومڕانى پێغەمبەرو خەلیفە لە جیهانى ئیسلامدا. لە بەر ئەوەى پێغەمبەرو خەلیفە حاکمی باڵادەست و بەڕێوبەرى هەموو بوارەکانى ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابورى خەڵک بوون. ئەوان مەرجەعى دینى و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک بوون.
ڕایەکى ترمان هەیە کە پێى وایە ئیسلامى سیاسى وەک فکرو رێباز دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاى سەدەى نۆزدەو سەرەتاکانى سەدەى بیستەم
ئیسلامى سیاسى وەک فکرو ڕێباز و بزوتنەوە لەکۆتاى سەدەى نۆزدەوە، وەک کاردانەوەیەکى ناکۆک و دژ بەرامبەر بەفکرو کەلتورو مەعریفەو شارستانیەتى ڕۆژئاوا لە جیهانى ئیسلامیداو کارلێک کردنیان لە سەر جیهانى ئیسلامى سەرى هەڵداوە و کەوتۆتە بەرەنگار بونەوەیەیان لەم ڕووەوە ئەرکى سەرەکى خۆى لە ڕووبەڕوو بونەوەو بەرپەرچدانەوەى ئەوچەمکە ڕۆژئاوایەنەدا بینیوەتەوە. ئەو چەمکانەیان لە جیهانى ئیسلامیدا بەنامۆ و شاڵاوى دڕندانەى کەلتورو مەعریفەى ڕۆژئاواى بەسەر کەلتورو مەعریفەو شارستانیەتى ئیسلامدا ناساندووە. ئیسلامى سیاسى وەک دیاردەیەکى فیکرى لەکۆتاییەکانى سەدەى نۆزدەو دیاردەیەکى سیاسى لە بیستەکانى سەدەى بیستدا پێویستیەتى مێژووى خۆى لە پاراستنى ناسنامەو کەلتورو مەعریفەى ئیسلامیدا زیاترنیشانداوە.
ئیسلامى سیاسى لە هەرێمى کوردستان لەگەڵ بزاوتە ئیسلامیەکان دروست بووە من لیرەدا پێم باشە کە باسى ئیسلامى سیاسى بکەم لە دواى ڕاپەرین کە ئەو کات چەندین حیزبى سیاسى ئیسلامى دەردەکەون و ڕۆڵ دەگێڕن. لە ڕاستیدا ئەو کاتە لە بەر بوونى شەرى ناوخۆ مەترسى ئەم حیزبە ئیسلامیانەمان نە ئەزانى بەڵام دواى 2003 ئەو راستیە دەرکەوت کە ئەم حیزبانە کارخانەی تیرۆرن. بەتایبەتی کۆمەڵی ئیسلامی کە ئێستا بووە بە کۆمەڵگی دادگەری هەروەها بزوتنەوەی ئیسلامی و هاوشێوەکانیان. تەنانەت یەکگرتووی ئیسلامییش یەکێکیترە لە حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان، کە تەواوی چالاکییەکانی تیرۆریستین، بەڵام جیاوازیەکەی لەگەڵ داعش ئەوەیە کە داعش بەشێوەی فیزیکی خەڵک تیرۆر دەکات و یەکگرتووی ئیسلامیش بە شێوەی فیکری، واتا تیرۆری فیکری دەکات، یاخود بڵێین مێشکی کچ و کوڕە هەرزەکارەکانمان دەشۆنەوەو ڕایان دێنن لەسەر بیروباوەڕێکی ئیسلامیی جیهادی توندئاژۆ، کە جگە لە ئیسلام هیچیتری قبوڵ نییە.
حیزبە ئیسلامییە کوردییەکان لەلایەن وڵاتانى تورکیاو ئیران و سعودیە و ئیمارات و چەندین ولاتى ترەوە هاوکارى دەکرێن. کە ئەم وڵاتانە کارخانەی دروست کردنی تیرۆرن. حیزبە ئیسلامیە سیاسیەکان لیرە مەترسى گەورەن لە سەر پرسە نەتەوەییەکانى کورد بۆنمونە یەکگرتووى ئیسلامى سەرکردە باڵاکانى بە شان و باڵى تورکیادا هەڵدەدەن ئەمە لەکاتێکدایە کە تورکیا بە بەردەوامى گەنجانى کورد دەکوژێت و مەترسین بۆ سەر بابەتە نەتەوەییەکان. هەندێکى تر لە پارتە سیاسیە ئیسلامیەکان بوونەتە هۆى دروست بوونى تیرۆرو چەندین نمونەمان هەیە کە ئەم پارتانە کادرەکانیان پەیوەندیان لەگەڵ ئەلقاعیدە و بەرەى نوسرە و داعش و چەندین گروپى تر هەیە. بۆ نمونە کوڕێکی مامۆستا عبدالعزیزی ڕابەری کۆچکردوی بزوتنەوەی ئیسلامی، سەرکردەیەکی باڵای ئەلقاعیدە بوو چەند ساڵێک لەمەوبەر لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە پاکستان کوژرا. هەروەها کاتێک دوو ساڵ لەمەوبەر تاڵیبان ئەفغانستانی گرتەوە، هەندێک لە سەرکردەکانی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان کردییان بە جەژن و خۆشی و شیرینییان دەبەشییەوەو چەندین مەڕیان سەربڕی و خەڵکیان بانگهێشتی ژەمە خواردنی خۆشی و سەرکەوتن دەکرد.




فێره‌ زمان به‌.. شیعری فەرهاد کەریم

هه‌نگاوێ دوورم له‌ ئاسمان بۆم نیه‌ باسی زه‌وی که‌م
سه‌رم رژاوه‌ته‌ زه‌وی بۆم نیه‌ سه‌یری ئاسمان که‌م
په‌یوه‌ندی زه‌وی و ئاسمان ئاڵۆزه وه‌ک من و خۆم
سه‌یری ئاسمان مه‌که‌ بێده‌نگیت جوانه‌ له‌ زه‌وی
فێره‌ زمانی تربه‌ مرۆڤ رێنادا بدوێی
له‌ گه‌ل تۆ بێده‌نگی جوانه دووربه‌ له‌ نووزانه‌وه‌ و خواردنه‌وه‌ی خۆت
فێره‌ زمانی باڵنده‌ و ماسی و ئاژه‌ڵ به‌
له‌ گه‌ل ده‌ریا و زه‌وی و ئاسمان بدوێ
له‌ مرۆڤ دوورکه‌وه‌ پێویستت به‌ زمان نیه
مرۆڤ خاوه‌ن زمانه‌ و نازانێ بدوێ‌
‌ده‌ڕۆمه‌ شاخ و بازاڕ و کار
خۆم له‌ ماڵه‌وه‌ جێدێڵم
ئه‌وه‌ من نیم له‌ کارو بازاڕ و شاخ
له‌ ژووره‌که‌م له‌ ناو بێده‌نگی خۆم رژاوم
ده‌ره‌وه‌ ئاڵۆز بووه‌
ناوه‌وه‌ وێرانه‌ و چۆڵ
له‌ ناو ئاڵۆزی و فه‌رامۆشیدا گۆتن سه‌ر ئێشه‌ی زۆر
فێره‌ هه‌ڵپه‌ڕینی خۆتبه‌ سوودی هه‌یه‌ بۆ سوڕی خوێن
له‌ سوریالیه‌تی پێکه‌نین خه‌یاڵ له‌ خه‌ون جیاکه‌وه‌
فێره‌ هاڕینی گه‌نم به نان ده‌م داده‌خات‌
پێکه‌نه‌ به‌ وجود له‌ ده‌ره‌وه‌ دژ به‌ خود به‌
خۆت له‌ ماڵه‌وه‌ جێمێڵه
ماڵه‌وه‌ سارده‌ ته‌مه‌ن ده‌سوتێ ئازادی ناگات
مرۆڤ سواری خۆی بووه‌ و بۆ خۆی ده‌ژی
گاڵته‌ به‌ ژیان و وجود ده‌کات
له‌ رابردوو جێماوه‌و گیرۆده‌ بووه‌ به‌ خۆی
چه‌ند جوانه‌ ژیان له‌ بازنه‌
هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ زۆر جوانتره
گه‌ر فێره‌ زمانی باڵنده‌و ئاژه‌ڵ و ماسی بیت‌




ئه‌نتۆلۆژیای ده‌نگ.. به‌ختیار محه‌مه‌د

ده‌نگ: گه‌وره‌ترین نیشانه‌ی زیندووییه‌ (گه‌وره‌ترین نیشانه‌ی ژیان). ده‌نگ چ خۆش بێ چ ناخۆش، نیشانه‌ی ژیانه‌ (نیشانه‌ی بوون). ته‌نانه‌ت له‌ جه‌نگه‌كانیشدا، به‌ر له‌ مه‌رگ و كوشت و كوشتار، ده‌نگ (هاوار و ناڵه‌ و قیژه‌ و قریشكه‌ و گرمه‌ و زرمه‌ و ڕمبه‌…) هه‌یه‌. له‌ كوێدا ده‌نگ هه‌بوو، له‌وێشدا ژیان هه‌یه‌. ناوه‌رۆكێكی ژیان ده‌نگه‌: ده‌نگه‌ جیاوازه‌كان. ته‌قینه‌وه‌ گه‌وره‌كه‌ی سه‌ره‌تای دروست بوونی گه‌ردوون، ده‌نگه‌ (ده‌نگ بوو). واته‌ سه‌ره‌تای دروست بوونی گه‌ردوون ده‌نگه‌؛ كه‌ منداڵیش (كۆرپه‌له‌ش) له‌ دایك ده‌بێ، هه‌ر له‌ یه‌كه‌مین چركه‌ و ساته‌وه‌ختی به‌جێ هێشتنی پزدان، ده‌نگی دێ (به‌ گریانه‌وه‌ دێته‌ ناو ژیان)؛ كه‌واته‌ سه‌ره‌تای بوون و ژیان دیسان ده‌نگه‌؛ تا ژیان هه‌بێ ده‌نگ هه‌یه‌، كه‌ ده‌نگ نه‌ما، مه‌رگ هه‌یه‌ (ده‌بێ بزانین بێده‌نگیی مه‌رگ ده‌گه‌یه‌نێ: مه‌رگی واقیعی و مه‌رگی ڕه‌مزی. مه‌رگی واقیعی مه‌رگی فیزیكییه‌، لێ مه‌رگی ڕه‌مزی مه‌رگی پێویستی بێده‌نگبوونمانه‌ له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌كی ئه‌رێنی و نه‌رێنی بێ. هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ كه‌ بێده‌نگ ده‌بین، ده‌نگ ده‌مرێ. ئا ئه‌م بێده‌نگییه‌ خۆكرده‌ مه‌رگێكی ره‌مزییه)‌. ڕاستییه‌كه‌ی ماده‌م جه‌وهه‌رێكی ژیان (بوون) بریتیه‌ له‌ ده‌نگ، كه‌واته‌ هه‌موو بێده‌نگییه‌ك – هه‌ر هیچ نه‌بێ به‌ ڕوواڵه‌ت – دژی ئه‌م جه‌وهه‌ره‌یه‌. ئێمه‌ نابێ لێره ئه‌وه‌‌ له‌بیر بكه‌ین، كه‌ به‌ شێوه‌ به‌رهه‌سته‌ فیزیكییه‌كه‌ باسی دیارده‌ی ده‌نگ ده‌كه‌ین، واته‌ به‌ شێوه‌ ماددییه‌كه‌ی، نه‌ك به‌ شێوه‌ مه‌عنه‌وی و سایكۆلۆژییه‌كه‌ی. له‌ ڕاستیشدا له‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌جازدا (ڕه‌مزدا)، ده‌نگ دیارده‌یه‌كی به‌رهه‌ستی فیزیكییه‌ و به‌رهه‌می ڕووداو و دیارده‌ سروشتی و ماددییه‌كانه‌. له‌ سروشتدا و له‌ ژیانی مرۆڤدا، یان ده‌نگ هه‌یه‌، یان بێده‌نگی هه‌یه‌. واته‌، كه‌ ده‌نگ نه‌بوو، به‌ حه‌تمی بێده‌نگیی هه‌یه‌. مه‌رگیش بێده‌نگییه‌كی ڕه‌هایه‌، كه‌ كۆتایی به‌ ده‌نگه زیندووه‌‌كانی ژیان ده‌هێنێ. ژیان به‌رده‌وامه‌ و مه‌رگ به‌رده‌وامه‌. واته‌ ده‌نگ به‌رده‌وامه‌ و بێده‌نگیش به‌رده‌وامه‌؛ تا ده‌نگ هه‌بێ، بێده‌نگیش هه‌یه‌. ئا ئه‌م لێكدژییه له‌ نێوان ده‌نگ و بێده‌نگیدا‌، یاسای دیالیكتیكی ژیان و بوونه‌. واته‌ بێده‌نگی مه‌رجی بوونی ده‌نگه‌. هه‌روه‌ك چۆن مه‌رگیش – له‌ ناو یاساكانی سروشتدا – مه‌رجی بوونی ژیانه‌. (1)

ڕاستییه‌كه‌ی بێده‌نگی (چ به‌ باره‌ فیزیكییه‌كه‌ی بێ، چ به‌ باره‌ ڕه‌مزییه‌كه‌ی) عه‌ده‌مه‌. ژیان (بوون) نابێ بێده‌نگ بێ. مرۆڤ بێ ده‌نگ ده‌بێ – بۆ چه‌ند ساتێك – به‌ڵام گوێ له‌ ده‌نگی ئه‌وانی دیكه‌ و له‌ ده‌نگی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌گرێ: گۆرانی، ئاخێوه‌ر، باڵنده‌، هاژه‌ی ڕووبار، گڤه‌ی با… تاد. (2) ئێمه‌ كه‌ ده‌شمرین بۆ موده‌تێك كه‌س و كارمان بارانی ده‌نگمان به‌سه‌ردا ده‌بارێنن (گریه‌ و شین و ڕۆڕۆ). ئه‌مه‌ هاواری ژیانه‌ و گریانی ژیانه‌: ژیان (ئیرۆس) پڕ به‌ ده‌م و به‌وپه‌ڕی هێزی خۆی به‌رانبه‌ر به‌ مه‌رگ (بێده‌نگی = ناتانۆس) هاوار ده‌كا و ده‌قیژێنێ و ده‌نه‌ڕێنێ؛ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ ساته‌وه‌ختی مه‌رگدا بێده‌نگی سه‌رده‌كه‌وێ؛ لێ جارێكی دیكه‌ و له‌ شوێنێكی دیكه‌دا،‌ ژیان دووباره‌ ده‌نگی دێته‌وه‌ (له‌ ساته‌وه‌ختی له‌دایك بووندا). به‌ڵێ، ژیان به‌م شێوه‌یه‌ به‌ ده‌نگی خۆی، مه‌رگ (بێده‌نگی و عه‌ده‌م) هه‌راسان ده‌كا.

ده‌بێ بزانین، كه‌ ژیان بۆ پشوودان بێده‌نگ ده‌بێ، جیاوازه‌ له‌ بێده‌نگی ئه‌به‌دیی مه‌رگ. ئێمه‌ بێ ده‌نگ ده‌بین، تا بیر بكه‌ینه‌وه‌ (خه‌یاڵ بكه‌ین)، تا گوێمان له‌ ده‌نگی ئه‌وانی دیكه‌ بێ. ژیان له‌ كاتی داهێناندا بێ ده‌نگ ده‌بێ، هه‌روه‌ها له‌ كاتی مه‌رگیشدا؛ به‌ڵام له‌ یه‌كه‌مدا ئیرۆس هه‌یه‌، له‌ دووه‌میشدا ساناتۆس. له‌ یه‌كه‌میاندا ژیان خۆی نوێ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ دووه‌میاندا ژیان خۆی وێران ده‌كا. له‌ ناو هه‌موو داهێنانێكدا نوێ بوونه‌وه‌ی ژیان هه‌یه‌ (سه‌ره‌تای نوێ بوونه‌وه‌ی ژیان به‌ پشووی بێده‌نگی ده‌ست پێ ده‌كا)؛ به‌ پێی چیرۆكی ((سفری ته‌كوین)) ی (ته‌ورات) یش، ئه‌و كاته‌ی، كه خوا له‌ شه‌ش ڕۆژه‌كه‌دا گه‌ردوونی دروست كرد و له‌ حه‌وته‌مین ڕۆژیشدا پشووی دا، سه‌ره‌تا (به‌ر له‌ دروستكردنه‌كه‌‌) پشوو و بێده‌نگی هه‌بوو. واته‌ پێشتر خوا – به‌ بێده‌نگی – بیری له‌ داهێنانی دروستكردنی گه‌ردوون ده‌كرده‌وه‌ (به‌ ئاده‌م و حه‌وا و گشت گیانله‌به‌رێكیشه‌وه‌). له‌مه‌وه‌ هه‌موو داهێنانێك پێویستی به‌ بیركردنه‌وه‌ی پێشوه‌ختی بێده‌نگانه‌ هه‌یه‌ (واته‌ پێویستی به‌ ڕامان و تێڕامان هه‌یه‌). له‌ ڕاستیشدا هه‌موو بیركردنه‌وه‌یه‌ك خۆی له‌ خۆیدا له‌ بێده‌نگیدا فه‌راهه‌م دێ. واته‌ خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ له‌ بێده‌نگیدا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، نه‌ك له‌ ژاوه‌ ژاو و هه‌را و هۆریادا. خۆ ئه‌گه‌ر خوا ته‌نیا نه‌با نه‌یده‌توانی – به‌ باشی و به‌ ئاشتی – گه‌ردوون بخوڵقێنێ. داهێنه‌ر سه‌ره‌تا ته‌نیایه‌، بێده‌نگه‌؛ واته ته‌نیا‌ خۆیه‌تی و له‌گه‌ڵ خۆیدا بیر ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ژی؛ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ بێده‌نگی فیزیكی و بابه‌ته‌كی (مه‌وزوعی) هه‌یه‌. ئایا هیچ شاعیرێك هه‌یه‌ بتوانێ له‌ قه‌ره‌باڵغیدا (له‌ چایخانه‌ و گازینۆدا) شیعر بنووسێ و داهێنان بكا (ته‌نها مه‌‌گه‌ر وه‌ك سۆفی به‌ ته‌واوی گوێ له‌ ده‌نگی ناوه‌وه‌ی خۆی بگرێ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ناخی خۆیدا بكا)؟ داهێنه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه‌، كه‌ ته‌نها خۆیه‌تی، كه‌ ته‌نها خۆی سه‌روه‌ری گه‌ردوونه‌. هه‌ربه‌ڕاستیش داهێنه‌ر خواوه‌نده‌‌، خواوه‌ندی بواره‌كه‌ی خۆیه‌تی.

بێده‌نگییه‌كیش هه‌یه‌، كه‌ له‌ ترس و له‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ له‌ دایك ده‌بێ و سه‌ر هه‌ڵده‌دا. له‌ ئه‌لیاده‌دا هاتووه ده‌ڵێ‌: {ئۆدیسیۆس} ((وه‌ها‌ دوا. ئه‌وانی دیكه‌ش له‌به‌ر خه‌می زۆر و سه‌رسوڕمانی زۆریان له‌ قسه‌ تونده‌كانی، له‌ بێده‌نگییه‌كی ته‌واودا گوێیان لێ ڕاگرتبوو. ئاخییه‌كانیش بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌روا به‌ بێده‌نگی مانه‌وه‌)).(3) هه‌ڵبه‌ت ئێمه‌ له‌ حاڵه‌تی ترس و سه‌رسوڕماندا بێده‌نگ ده‌بین و ده‌حه‌په‌سێین. هه‌موو حه‌په‌سانێكیش، بێده‌نگی (ده‌م به‌شبوونه‌وه‌ی) به‌ دواوه‌یه‌. ئه‌م بێده‌نگییه‌ بێده‌نگییه‌كی نه‌رێنییه‌، ترس و حه‌په‌سان به‌رهه‌می ده‌هێنن. هه‌ڵبه‌ت بێده‌نگی پاش هه‌موو حه‌په‌سانێك نه‌رێنیی نییه‌. حه‌په‌سان هه‌یه‌ به‌رهه‌می جوانیی شتی له‌ناكاوی خۆش و شیرینه‌. ترس جیایه‌ له‌ حه‌په‌سان؛ ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك جار و له‌ هه‌ندێك بار و هه‌ڵوێستدا له‌گه‌ڵ یه‌كدا دێن، وه‌ك له‌ به‌یته‌ شیعرییه‌كه‌ی هۆمیرۆسدا بینیمان.

ئێمه‌ بێده‌نگی ژینه‌كیی و له‌زه‌تاویشمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كتێبدا (سرووتی خوێندنه‌وه‌دا). ئێمه‌ له‌ كاتی كتێب خوێندنه‌وه‌دا زمانمان (فیزیكمان) بێده‌نگ ده‌بێ و ناخمان قسه‌ ده‌كا: ناخمان به‌ بێ ده‌نگی ده‌نگی دێ. ناخمان ده‌كه‌وێته‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كتێب و جیهانی خوێندنه‌وه‌دا. پاموك له‌ كتێبی (من دره‌ختێكم) له‌سه‌ر زاری مامۆستایه‌كدا ده‌ڵێ: ((كاتێك كتێب ده‌خوێنیته‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت قسه‌ بكه‌یت‌)).(4) بێگومان بێده‌نگی به‌شێكه‌ له‌ سرووتی كتێب خوێندنه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌شه‌ له‌ كتێبخانه‌كاندا ده‌نگه‌ ده‌نگ شتێكی ناشیرین و بێزاركه‌ر و نامۆیه‌؛ ته‌نانه‌ت ڕێگه‌ پێدراویش نییه‌. لێره‌دا بێده‌نگی هه‌ژموونی خۆی هه‌یه‌: هه‌ژموونی مه‌عریفیی. ماده‌م كتێب قسه‌ ده‌كا، ده‌بێ هه‌موومان بێده‌نگ بین. لێره‌دا ئێمه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كتێب ده‌كه‌ین، ئه‌و قسه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كا، بۆیه‌ ده‌بێ بێده‌نگ بین و به ‌بێ ده‌نگی گوێی لێ بگرین (زمانی كتێب وشه‌ و ڕسته‌ بێده‌نگه‌كانن). ماده‌م كتێب به ‌بێ ده‌نگی قسه‌مان له‌گه‌ڵدا ده‌كا، بۆیه‌ ده‌بێ ئێمه‌ش بێده‌نگ بین: به‌ زمانی ناخ قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین و له‌ ناخه‌وه‌ گوێی لێ ڕابگرین. ئه‌لبێرتۆ مانگویل له‌ كتێبی ((كتێبخانه‌ له‌ شه‌ودا)) ده‌ڵێ: ((شه‌وان، لێره‌ له‌ كتێبخانه‌دا، ده‌نگێك هه‌ن، كه‌ هی ڕۆحن)).(5) ده‌شڵێ: ((له‌ باخچه‌ی ماڵه‌كه‌مدا دوو داری سفۆرا هه‌ن، كه‌ ڕێك له‌ودیو په‌نجه‌ره‌ی كتێبخانه‌كه‌مدان.‌ هاوینان كه‌ هاوڕێكانم سه‌ردانم ده‌كه‌ن، هه‌ندێك جار به‌ ڕۆژ و زۆربه‌ی جاریش به‌ شه‌و، له‌ بنیان داده‌نیشین و قسه‌ و باس و گفتوگۆ ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌ ناو كتێخانه‌كه‌دا كتێبه‌كانم ناچارمان ده‌كه‌ن، كه‌ واز له‌ قسه‌كردن بهێنین و بێده‌نگی لێ بكه‌ین)).(6) ئه‌م بێده‌نگییه‌ بێده‌نگییه‌كی مه‌عریفییه‌، بێده‌نگی داهێنانه‌. بێده‌نگییه‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كتێب (مه‌عریفه‌) به‌سه‌رمانیدا ده‌سه‌پێنێ، تا بتوانین له‌ ناو بێده‌نگیدا بیر بكه‌ینه‌وه‌ و تێبگه‌ین: تێبگه‌ین له‌ جیهانی تایبه‌تی كتێب (وشه‌). له‌و كۆمه‌ڵگانه‌ی، كه‌ بیركردنه‌وه‌ و عه‌قڵ (كتێب) زاڵ و باڵاده‌ستن، ئا له‌وێدا بێده‌نگی و هێمنیش، بێده‌نگی و هێمنی له‌ پێناو ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و داهێناندا، زاڵ و باڵاده‌ستن. مرۆڤی خوێنه‌ر به‌ سروشتی خۆی ناتوانێ زۆربڵێ بێ؛ چونكه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ كتێب ده‌دوێ (هاوڕێی خوێنه‌ر هه‌ر ته‌نیا مرۆڤ نییه‌، به‌ڵكو وشه‌شه‌. ڕاستییه‌كه‌ی نزیكترین هاوڕێی ئێمه‌ وشه‌یه‌ {زمانه‌}، به‌ڵكو وشه‌ به‌شێكه‌، به‌شێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ له‌ بوونمان)؛ ئه‌و بێده‌نگی ده‌ره‌وه‌ جێ ده‌هێڵێ و تووڕی هه‌ڵده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی بگاته‌ بێده‌نگی ناوه‌وه‌: بێده‌نگی له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ و كتێبدا، واته‌ ئاخاوتن (مۆنۆلۆگ) له‌گه‌ڵ كتێب و بیركردنه‌وه‌دا. مانگویل و هاوڕێكانی له‌ جیهانێكی (ماڵێكی) بێده‌نگدا هه‌مان كار ده‌كه‌ن. به‌ چاو و زه‌ین له‌گه‌ڵ كتێبدا گفتوگۆ ده‌كه‌ن (ئه‌وان له‌ بنه‌ڕه‌تدا بێده‌نگ نین، به‌ڵكو ده‌نگی مه‌عریفییان {ده‌نگی مه‌عنه‌ویی و ده‌نگی كتێبیان} زاڵ كردووه‌، تا بوار بۆ بیركردنه‌وه بڕه‌خسێنن و‌ خۆش بكه‌ن)؛ بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌بێ پانتاییه‌كی زیاتر ببه‌خشینه‌ بیركردنه‌وه‌ (خوێندنه‌وه‌)، تا بتوانین له‌م بێده‌نگییه‌ مه‌عریفییه‌دا، ده‌نگی زوڵاڵی ژیان هه‌ڵهێنجین و به‌رهه‌م بهێنین؛ ئه‌و ده‌نگه‌ی، كه‌ ده‌نگی ئاشتییه‌ و ده‌نگی خۆشگوزه‌رانی و ئازادییه‌؛ ده‌نگی دادپه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆییه‌… ده‌نگی ژیانه‌، كه‌ گاڵته‌ به‌ بێده‌نگی مه‌رگ (عه‌ده‌م) ده‌كا.(7)

له‌ ئۆدیسه‌شدا گوێمان له‌ ده‌نگی هه‌نگوینیی ده‌بێ:
((نزیك به‌وه‌، ئه‌ی ئۆدیسیۆسی به‌ناوبانگ
ئه‌ی شانازی ئاخییه‌كان و شكۆمه‌ندییان
كه‌شتییه‌كه‌ت له‌ كه‌ناره‌كه‌مان له‌نگه‌ر بكه‌ و
گوێ له‌ گۆرانییه‌كه‌مان ڕابگره‌
هیچ پیاوێك نه‌بووه
‌كه‌ به‌ به‌له‌مه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی
به‌ به‌رده‌م ئه‌م دوورگه‌یه‌دا ڕه‌ت ‌بووبێ و
گوێی له‌ ده‌نگی تێكه‌ڵاو به‌ هه‌نگوین نه‌بوو‌بێ
كه‌ له‌ ده‌ممانه‌وه‌ ده‌تكێ
پاش ئه‌وه‌ش، كه‌ پڕ به‌ دڵ چێژ له‌ گۆرانییه‌كانمان وه‌رده‌گرێ
ئیدی په‌ڕینه‌وه‌كه‌ی له‌ ده‌ریادا ته‌واو ده‌كا و حیكمه‌تیشی زیاتر ده‌بێ…)). (8)

ئێمه‌ بێده‌نگی پیرۆزیشمان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌یان تایبه‌ته‌ به‌ خوا و به‌ خواپه‌رستییه‌وه‌. واته‌ هه‌موو بێده‌نگییه‌ك به‌رانبه‌ر به‌ خوا پیرۆزه‌. كاتێك خوا قسه‌ ده‌كا ده‌بێ هه‌موومان بێده‌نگ بین: ده‌نگی ئینجیل و ته‌ورات و قورئان ده‌نگی پیرۆزی خوان‌، ده‌بێ له‌ ئاستیاندا وه‌ك به‌نده‌ و وه‌ك خواپه‌رست بێده‌نگ بین (ئێمه‌ی موسڵمان له‌ منداڵییه‌وه‌ پێمان ده‌گوترێ، كه‌ نابێ له‌ كاتی قورئان خوێندندا قسان بكه‌ین و قسه‌كردن گوناحه. واته‌ ده‌بێ گوێی لێ بگرین‌). ئا ئه‌م بێده‌نگییه‌ بێده‌نگییه‌كی پیرۆزه‌، چونكه‌ بێده‌نگییه‌كه‌ له‌ پێناو خوایه‌ و بۆ خوایه‌. له‌ ئه‌لیاده‌شدا هاتووه‌ ده‌ڵێ: ((با ئێستا ئاو بێنین ده‌ستمان بشۆین، بێده‌نگی پیرۆز بپارێزین و له‌به‌ر زیۆسی كوڕی كڕۆنۆس بپاڕێینه‌وه‌، تا ڕه‌حممان پێ بكا)). (9) له‌مه‌وه‌ تێده‌گه‌ین، كه‌ بێده‌نگی پیرۆز به‌نده‌ به‌ سرووتێكی خواپه‌رستییه‌وه‌. واته‌ ئێمه‌ ده‌بێ له‌ ئاست خوادا پیرۆزانه‌ بێده‌نگ بین؛ ئه‌مه‌ش له‌ كاتی سرووته‌ ئایینییه‌كانی وه‌ك نوێژكردن و نزاكردن و پاڕانه‌وه‌ له‌ خوادا به‌ده‌رده‌كه‌وێ و به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ. خوا چونكه‌ ده‌نگی نییه‌، ئێمه‌ش به‌ بێ ده‌نگی له‌گه‌ڵی ده‌دوێین. ئه‌م بێده‌نگییه‌ پێی ده‌گوترێ بێده‌نگی پیرۆز، كه‌ له‌ نوێژكردن و نزاكردن و زیكر و پاڕانه‌وه‌دا به‌ده‌رده‌كه‌وێ و به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ. واته‌ ئێمه‌ ده‌بێ له‌ ئاست خوادا به‌بێ ده‌نگی (له‌ناخماندا) بدوێین و لێی بپاڕێینه‌وه‌ و قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ین (ئه‌م بێده‌نگییه‌ پێی ده‌گوترێ بێ ده‌نگی پیرۆز). هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌، كه‌ نوێژكردن و دوعاكردن به‌ بێ ده‌نگی ده‌كرێن. ئا ئه‌م بێده‌نگییه‌ هۆمیرۆس به‌ر له‌ ئه‌وه‌نده‌ هه‌زار ساڵه‌ پێی ده‌ڵێ بێده‌نگی پیرۆز.

بێده‌نگی پیرۆز هه‌رگیز به‌ واتای وسكت بوون نییه‌، به‌ڵكو به‌ واتای گفتوگۆیه‌ له‌گه‌ڵ زاتی خوا؛ به‌ڵام بێده‌نگییه‌ك – زۆربه‌ی جار – ڕۆحی و مه‌عنه‌وییه‌ و زمانی ناخ له‌گه‌ڵ خوادا قسه‌ ده‌كا، نه‌ك زمانی ده‌نگی فیزیكی. خۆی خواپه‌رستی له‌سه‌ره‌تاوه‌ بریتییه‌ له‌ تێڕامانی بێده‌نگانه‌ له‌ نهێنی بوونی خوا و گه‌ردوون. له‌مه‌وه‌ خواپه‌رستیی پێویستی به‌ ژاوه‌ ژاو و هه‌را و زه‌نا و ده‌نگه‌ ده‌نگ نییه‌، به‌ڵكو بریتییه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی خه‌یاڵ و تێڕامان. واته‌ فه‌لسه‌فه‌ی بیركردنه‌وه‌ی بێده‌نگانه‌ له‌ واتای بوون و ژیان و گه‌ردوون. كه‌واته‌ بێده‌نگی پیرۆز بریتییه‌ له‌ یاد و زیكری به‌رده‌وامی خوا. هه‌ر بۆیه‌شه‌ به‌ پێی ئینجیلی یۆحه‌ننا وشه خوا‌یه‌، نه‌ك ده‌نگ ((له‌ ده‌سپێكدا وشه‌ هه‌بوو، وشه‌ش له‌لای خوا بوو. وشه‌ خوا بوو، ئه‌و له‌ ده‌سپێكدا له‌لای خوا بوو. به‌و هه‌موو شتێك چێ بوو، به‌ بێ ئه‌و هیچ شتێك چێ نه‌ده‌بوو له‌وانه‌ی كه‌ چێ بوون…)) (10) له‌ ڕوانگه‌ی نووسه‌رێكی وه‌ك (نیكۆس كازانتزاكی) شه‌وه‌ بێده‌نگی پیرۆز پێوه‌ندی به‌ هه‌ندێك ساته‌وه‌ختی تاكگه‌راییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و ده‌ڵێ: ((من حه‌ز ده‌كه‌م ڕۆژی یه‌كشه‌ممان به‌ ته‌نیا بۆ خۆم بچمه‌ ده‌رێ و پیاسان بكه‌م، چونكه‌ هه‌ست ده‌كه‌م، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ براده‌ران بم – ئه‌وا قسه‌ و پێكه‌نین و نوكته‌كانیان – له‌ به‌های بێده‌نگی پیرۆز كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌)).(11)

با له‌بیر نه‌كه‌ین، بێده‌نگییه‌كیش هه‌یه‌ سامناكه‌ (ره‌نگه‌ زۆربه‌مان ڕۆژانه‌ له‌ ناویدا بژین)، كه‌ له‌گه‌ڵ یاده‌وه‌ری مه‌رگدایه‌. واته‌ ئه‌وكاته‌ی ئێمه‌ ته‌نیاین و له‌ كه‌شێكی ته‌واو كڕ و كپ و بێده‌نگدا، بیر له‌ رابردووی كه‌سه‌ مردووه‌ ئازیزه‌كانمان ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌وان جاران له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ده‌ژیان و به‌ڵام ئێستا ساڵانێكه‌ له‌ ژیاندا نه‌ماون… ئا به‌م شێوه‌یه‌ شوێنی (یادگه‌ی) ئه‌وان له‌ خه‌یاڵماندا، شوێنی چۆڵی واقیعی و ماددی ئه‌وانمان وه‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌… ئا له‌مه‌شه‌وه‌ پێوه‌ندی پته‌وی نێوان ئه‌م هه‌ستی چۆڵه‌وانی و ئه‌م یادگارییه‌، پێوه‌ندییه‌كه، كه‌‌ هه‌ستی سۆز و حه‌سره‌ت و سامناكیمان پێ ده‌به‌خشێ. واته‌ ئێمه‌ له‌ناو نائومێدی واقعیدا و حه‌سره‌تی خه‌یاڵاویدا، ده‌بینه‌ به‌شێك له‌ ملانێی سامناكی نێوان غه‌ریزه‌ی ئیرۆس (ژیان) و غه‌ریزه‌ی ساناتۆس (مه‌رگ).

بێده‌نگی له‌ هه‌موو ئاستێكدا به‌ده‌ردكه‌وێ. به‌نموونه‌: بێده‌نگی هه‌یه‌ خه‌مۆكییه‌، له‌ خه‌مه‌وه‌ له‌دایك ده‌بێ؛ خه‌م توانای دواندنی سروشتییمان ده‌كوژێ. له‌ ئه‌لیاده‌دا هاتووه‌ ده‌ڵێ: ((ڕۆڵه‌ی ئاخییه‌كان به‌هۆی خه‌می زۆریان، له‌ بێده‌نگییه‌كی زۆردا مانه‌وه‌)).(12) نابێ له‌بیر بكه‌ین، كه‌ شه‌رمیش بێده‌نگی به‌رهه‌م ده‌هێنێ. شه‌رم وه‌ك خه‌م ئیراده‌ تێكده‌شكێنێ: ئیراده‌ی جووڵه‌ و ئیراده‌ی قسه‌كردن. ڕاستییه‌كه‌ی شه‌رم و خه‌م به‌رهه‌مهێنی یه‌كن. واته‌ هه‌م شه‌رم خه‌م به‌رهه‌م ده‌هێنێ، هه‌م خه‌م شه‌رم به‌رهه‌م ده‌هێنێ. شه‌رم به‌ر له‌ هه‌ر ئه‌ندامێك زمان ده‌شكێنێ (ده‌به‌ستێ). به‌واتای مرۆڤی شه‌رمن مرۆڤێكی به‌سته‌زمانه‌. مرۆڤی شه‌رمن زۆربه‌ی وه‌خت بێده‌نگه‌: بێده‌نگییه‌كی نه‌رێنیی.

دواجار هیچ شتێك هێنده‌ی ده‌نگ مرۆڤ نه‌مر ناكا: ده‌نگی گۆرانی و ده‌نگی گۆرانیبێژ. به‌پێچه‌وانه‌ش هیچ شتێك هێنده‌ی بێده‌نگی (بێده‌نگی تۆماركراو) مرۆڤ نه‌مر ناكا: بێده‌نگی وشه‌ و بێده‌نگی وێنه‌. كه‌واته‌ ئێمه‌ له‌ناو پارادۆكسی ده‌نگ و بێده‌نگیدا ده‌ژین. ده‌نگی ئێستامان نیشانه‌ی ژیان و زیندووییمانه‌. ده‌نگی ڕابردووشمان (گۆرانی) و بێده‌نگی ڕابردووشمان (وشه‌ و وێنه‌) نیشانه‌ی بوونمان بووینه‌: نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی، كه‌ ئێمه‌ هه‌بووین و هه‌ین. لێره‌وه‌ ئێمه‌ به‌رهه‌می ناكۆكیی و ملانێی نێوان ده‌نگ و بێده‌نگین. واته‌ نێوان بوون و عه‌ده‌م. به‌ڵێ، ده‌نگ بوونه‌ و بێده‌نگی عه‌ده‌مه‌. له‌مه‌وه‌ منیش له‌گه‌ڵ كازانتزاكی ده‌ڵێم: ((له‌گه‌ڵ ده‌نگی جیهانی بینراو و تێكه‌ڵكردنی به‌ ده‌نگی شاراوه‌ی ناخمدا، توانیم دڕ به‌ تاریكی سه‌ره‌تایی ژێرزه‌مینی عه‌قڵم بده‌م و ده‌رگای قه‌فه‌زه‌كه‌ش بكه‌مه‌وه‌ و دنیا ببینم)). (13)

ژێده‌ر و په‌راوێزه‌كان:

1- سیفه‌تێكی ده‌نگ ئازادییه‌، چونكه‌ خۆی دیارده‌یه‌كی سروشتییه‌. هه‌موو دیارده‌یه‌كی سروشتییش به‌نده‌ به‌ ئازادییه‌وه‌ و له‌ناو سروشتی ئازادیدا هه‌ڵده‌قووڵێ.

2- ((هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگی ته‌نها به‌ مانای قسه‌نه‌كردن نایه‌ت، به‌ڵكو به‌ مانای ئه‌وه‌یش دێت، كه‌ چۆن فێر ببین گوێ بۆ هه‌موو ده‌نگه‌كانی چوارده‌ورمان شل بكه‌ین)). بڕوانه‌: پاولۆ كۆیلۆ، حیكایه‌ته‌كانی دوێنێ و ئه‌مڕۆ، وه‌رگێڕانی ئازاد به‌رزنجی (چاپی دووه‌م 2017)، ل 28

3- هومیروس، الالیاذة، ترجمة: احمد عثمان (الطبعة الاولی – 2004 م)، ص 351

4- ئۆرهان پاموك، من دره‌ختێكم، وه‌رگێڕانی سامان كه‌ریم (چاپی یه‌كه‌م 2018)، ل 139

5، 6- ألبرتو مانغويل, المكتبة في الليل, ترجمة أحمد م. أحمد (دار الساقي, الطبعة الثانية – 2016), ص 21, 202

7- كازانتزاكی ده‌ڵێ :((ئێمه‌ دئاخڤین، لێ به‌ بێ ده‌نگی، به‌ زمانی فریشتان)). بنۆڕه‌: نيكوس كازانتزاكيس, تقرير ال غريكو (سيرة ذاتية فكرية), ترجمة: ممدوح عدوان (الطبعة الثالثة – 2004), ص 239
8- هوميروس, الاوديسة, ت: دريني خشبي (دار التنوير, الطبعة الاولى – 2013), ص 196

9- هوميروس, ألالياذة, ترجمة: أحمد عثمان (الطبعة الاولى – 2004), ص 330

10- التفسير التطبيقي للكتاب المقدس, انجيل يوحنا, ص 2168

11- نيكوس كازانتزاكيس, تقرير الى غريكو (سيرة ذاتية فكرية), ترجمة: ممدوح عدوان (الطبعة الثالثة – 2004), ص 157

12- هومیروس، ألالیاذة, ترجمة: احمد عثمان (الطبعة الاولى – 2004), ص 324

13- نيكوس كازانتزاكيس, تقرير الى غريكو (سيرة ذاتية فكرية), ترجمة: ممدوح عدوان (الطبعة الثالثة – 2004), ص 26

به‌ختیار محه‌مه‌د




سێ چیرۆکی زۆر کورت بۆ باوکم.. بڵند باجەڵان

بابه‌

ده‌سته‌سرێكی له‌ گیرفانی ده‌رهێنا و بۆ منی ڕاگرت. گیرفانه‌كانم پڕ بوون له‌ كلێنكس، بۆیه‌ گوتم: پێویستیم پێی نییه‌. دواتر بیرمكرده‌وه‌، چی ده‌بوو ئه‌گه‌ر ده‌سته‌سڕه‌كه‌م لێ وه‌ربگرتایه‌ و فرمێسكه‌كانی چاوم نا، ئه‌وانه‌ی دڵم پێ بسریبایه‌وه‌. چه‌ند ڕۆژێك بوو دڵم ئازاری هه‌بوو. ڕۆیشتم بۆ لای دختۆر، گوتی: خۆت تاقیبكه‌وه‌ بزانه‌ ده‌توانی له‌ ماوه‌ی ڕۆژێكدا چه‌ند كیلۆ هه‌نار و ترێ بخۆی. من ده‌مزانی كێشه‌ی دڵم ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ گه‌ده‌م گیراوه‌ و ناتوانم هیچ بخۆم، كێشه‌ی دڵم دووری ئه‌و كه‌سه‌یه‌ ده‌سته‌سڕێكی له‌ گیرفانی ده‌رهێنا و بۆ منی ڕاگرت و من گیرفانه‌كانم پڕ بوون له‌ كلێنكس و نه‌مگوت: بێنه‌ بیخه‌مه‌ سه‌ر دڵم. ئای بابه‌ گیان چه‌ند بیری تۆ و ده‌سته‌سڕه‌كه‌ت ده‌كه‌م!

مردوو

په‌رۆشی من بۆ ئه‌وه‌ بوو، جارێكی تر تۆ ببینمه‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ باخچه‌ بچوكه‌كه‌ی ماڵه‌وه‌مان دابنیشین و چایه‌ بخۆینه‌وه‌، چونكه‌ تۆ باوکی من بووی. کراسێکت كڕیبوو، كات ده‌رفه‌تی نه‌دای له‌به‌ری بكه‌ی. كه‌ تۆ ده‌چوویته‌ نێو باخچه‌، هه‌موو باڵنده‌كان ده‌هاتن و له‌ چوارده‌ورت كۆده‌بوونه‌وه‌، هه‌میشه‌ ده‌سته‌كانت پڕبوون له‌ نوقڵ، بۆ باڵنده‌كان نا، بۆ ئه‌و ئازارانه‌ی من كه‌ هه‌میشه‌ داگیریان ده‌كردم. ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ته‌رمه‌كه‌ی ده‌شۆردی، هاواری كرد: ئه‌و هه‌موو باڵنده‌یه‌ چی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و تاته‌شۆره‌ سپییه‌؟ ژووره‌كه‌ت پڕ ببوو له‌ باڵنده‌، بۆ ناشتنی تۆ نه‌هاتبوون، ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌ له‌وێ بوون، ببینن كه‌ ئه‌و ئازارەی تۆی كوشت، نه‌بووه‌ به‌ نوقڵ؟

( و )

سه‌رپۆشه‌كه‌ی دا به‌سه‌ریدا و ڕووخساری سوور ببوو. دایكم هه‌میشه‌ هه‌ر وابوو، هه‌ر كاتێ بیری باوكمی ده‌كرد، له‌چكه‌كه‌ی ده‌دا به‌سه‌ریدا و ڕووخساری سوور. وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ستی به‌ دوودڵی و په‌شۆكاوی من كردبێت، گوتی: به‌فر هێنده‌ باریوه‌ته‌ نێو حه‌وشه‌كه‌مان، مرۆڤ نیگه‌ران ده‌بێت. ده‌مزانی دایكم نیگه‌رانی بارینی به‌فر و حه‌وشه‌كه‌مان نییه‌، ئه‌و ته‌نیا بیری باوكمی ده‌كرد، كه‌ به‌یانییه‌ك به‌ر له‌ نوێژی به‌یانی، كڵاوه‌كه‌ی كرده‌ سه‌ری و گۆچانه‌كه‌ی له‌ ده‌ستی گرت و كفنه‌ سپییه‌كه‌ی له‌به‌ر كرد و چه‌ند كتێبێكی سه‌وزی خسته‌ بن هه‌نگڵی و ڕۆیشت و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ و دایكم و سه‌رپۆشه‌كه‌ی دایكمی بۆ ئه‌به‌د ته‌نیا كرد و دایكم گوتی: نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ باوكت!




خەباتی چینایەتی و تیرۆری هاوڕێ بەکر علی!.. سابیر م

سەرەتا ئەوە بڵێین کە دابڕینی کارەساتی تیرۆری هاوڕێی گیان بەختکردوو ) بەکر علی ( لە سەرجەم هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی خەباتکارانەی چینایەتی ئەو سەردەمە ، جۆرێکیترە لە تیرۆری هەوڵ و تێکۆشانی خەباتکارانەی ) بەکرعەلی ( و هاوڕێکانی ، وە جۆرێکیترە لە سەرکوتی بزووتنەوە ناڕەزایەتی و چینایەتیەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستان .
ئەو گیان بەختکردووی” نیشتمان و کوردستان “نەبوو ، بێگومان ئەو دەستی نووسینی شیعرو هونەری هەبووە، بەاڵم ئەمە پێکهاتەی کەسایەتی ئایدتێنتی سیاسی تەواوی ئەو هاوڕێ گیان بەختکردوە نیە.
ئۆپۆرتۆنیزمی بێشەرمانەی ووردەبۆرژوازی و خۆهەڵواسین بە خۆبردنە پێشەوە لەناو کۆمەڵگادا بەسوودوەرگرتن لە تیرۆر و خوێنی گەشی هاوڕێ بەکر عەلی کارێکی نامەردانەو بەتەواوەتی ئابڕوچوانەیە. لە قۆناغێکی مێژوویی کە عێراق و هەرێمی کوردستان دوابەدوای داگیرکردنی عێراق و خرۆشانە جەماوەریەکانی ئەو دەڤەرانە ، بوارێکی سیاسی و کۆمەاڵیەتی ئازادانە بۆ سەرجەم چینە چەوساوەکانی عێراق و کوردستان هاتنە ئاراوە.
ئەوە باسێکیترە کە بۆچی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری نەیتوانی بە ئاڕاستەیەکی شۆڕشگێڕانەدا بڕوات ، بەڵام چاوپۆشیکردن و خۆگێل کردن لە خەباتێکی چینایەتی ئەو سەردەمە بە هەر کەمو کوڕیەکەوە کارێکی ئۆپۆرتۆنیستانەو بۆرژوازیانەیە.
جێگەو ڕێگەی بەرزی هاوڕێی گیان بەختکردوو لە ) شاعیر( بونیدا نیە ، بەڵکە هوڵقوڵاوی بزووتنەوەیەکی بەرچاوو بالفیعلی بێکاران و خەڵکی چەوساوەی کوردستان بوو. لە (یەکێتی بێکاران)دا بە هیممەتی جەسورانەی هاوڕێانی کۆمۆنیست خەباتێکی سەرسەخت و تاڕادەی گیانبەختکردن پیادەئەکرد دژ بە هەر تیرۆرێکی سیاسی کە بەنیازبوو ئەم ڕێکخراوە جەماوەریە بەرەو متیۆدێکی ناسیۆنالیستانەو بۆرژوازیانە بەرێت.
حیزبە قەومیە کوردی و ئیسالمی و لێبڕاڵەکان و بەرەی کوردستانی ئەو کاتە زۆر نیگەران و تووڕەبوون لە سەرهەڵدانی خەباتگێڕانێکی جەسووری چینایەتی لەو کاتەدا. ڕێپێوانە نەخشە بۆکێشراوەکەی یەکێتی بێکاران لە /١٩ ٦ کە نەتوانرا ئەنجام بدرێت ، برووسکەیەکی تاسێنەری چینایەتی بوو دژ بە حاکمان و دەسەاڵتدارانی ئەو سەردەمەی بۆرژوا -کۆمبڕادۆرەکانی کورد.
هەڵپێکانی توانا دڵێر و سیاسی و جەماوەری و هونەری و شیعریەکانی بەکر علی لە گەڵ خەباتێکی چینایەتی و جەماوەی وە بەتایبەت لەگەڵ یەکێتی بێکاراندا لەم چەشنەدا، ترسێکی گەورەی خستە دەسەاڵتدارانی بەکرێگیراوی مۆنۆپۆڵە جیهانیەکان لەوکاتەدا. ئەزموونی سیاسی ئەو کاتەو هاتنە مەیدانی خەباتی جەماوەری ، تەنها بڕیاڕێکی حیزبی دابڕاو نەبوو لەو هەلومەرجە گشتیەی ئەو کاتە. چەپی ڕیفۆرمیست و ڕەوتە سیاسیەکانی ئەو سەردەمە وێڕای شکستی میتۆدی ڕیفۆرمیستانەیان لە ڕێکخستنی شۆڕشی پڕۆلیتاریدا ، ئەوە بڕیاڕی ئەوان نەبوو کە خەباتی جەماوەری بەم شێوەیە سازمان بدرێت.
هەر تێکۆشەرێکی سیاسی و جەماوەری و بەتایبەت مارکسیست لە یەکێتی بێکاراندا کە بەیەکەوە کارمان کردوە، ئەو ڕاستیەیان ئەزانی کە ئەم جۆرە بزووتنەوە جەماوەریانە پێویستیان بە پشت و پەنایەکی سیاسی و شێلگیری سیاسی وەک حیزبێکی ڕابەری پڕۆلیتاریای عێراق و هەرێم هەبوو ، بەاڵم بەداخەوە ئەو هەلومەرجەی ئەوکاتە لەسەر ئەوە ڕانەئەوستا ئایا ئەو حیزب و ڕابەرایەتیە چینایەتیە لە ئارادایە یان نا.
خەباتی چینایەتی ئەو کاتە لە هەلومەرجێکی سیاسی ئەوتۆدا بوو، کەدەبوایە وە ئەرکێکی چینایەتی ئەو خەباتە بە هەر کەموکوڕیەکەوە بێت بەرە پێشەوە بەرین وە ئەنجام بدەین. ئەوە هەڵسوڕانی ئێمەو ئەو هاوڕێانە بوو کە خودی ئەو ڕەوەندە سیاسی و ڕێکخراوە سیاسیەکانی چەپی ڕیفۆرمیستیەکانی ئەوکاتەی ئەوان بە کۆمەڵگا بناسێنین وە پێگەی ئەوان لە کۆمەڵگادا بەرزکەینەوە ، نەک بە پێچەوانەوە.
تیرۆری نەزیر عومەر، شاپور و قابیل و فڕاندنی هەڵسوڕاوانی یەکێتی بێکاران ، ..هتد ، زادەی ئەم هەلومەرجە سیاسی و ئابووریەی ئەو سەردەمە بوون. حاکمان و دەسەڵاتدارانی بۆرژوا کۆمبرادۆری ئەو کاتەو ئێستای هەرێم و عێراق نەک هەر ویستویانە کادیران و تێکۆشەرانی خەباتکارانی بزووتنەوە چینایەتیەکان تیرۆر بکەن ، بەڵکە لەپاڵ ئەمەشدا هەوڵیانداوە کە خودی میتۆدی خەباتکارانەی ئەم ڕێکخراوە جەماوەریانە بگۆڕن بە میتۆدێکی ناسیۆناڵ چەپانەو وە لەدوا ئەنجامدا بیانخەنە باوەشی حیزبە ناسیۆنالیست و قەومیە کۆنەپەرستەکانی کوردایەتیەوە.
کە لە کۆتاییدا نەک هەر ئەم نەبەردیەی خەباتی چینایەتیەیان تێکشکاند ، بەڵکە توانیان تیرۆری گەلێک هاوڕێان و تێکۆشەرانی ناو ئەم بزووتنەوەیە ئەنجام بدەن، وە لەژێر ترس و خەفەقان و ئیستبدای خۆیان کە دروستیان کردبوو لەم ڕاستایەدا گەلێک لە هاوڕێانی تێکۆشەریان ناچارکرد کە بچنە دەرەوەی وڵات.
ئەو خواست و ئاواتە سیاسیەی کە چینی کرێکار و جەماوەری چەوساوەی هەرێم و عێراق ، کە ئەو کاتە ئاواتەخوازی ئامادەبوونی بوون لە مەیدانی سیاسی خەباتی چینایەتیدا ، وەک هێزێکی سیاسی و ڕێکخراوی چینایەتی مارکسیستانە تا ئێستاش نە لە هەرێم و نەلە عێراق و بگرە لە ناوچەکەشدا ، نەهاتۆتە ئاراوەو ، هیچ هێمایەکی دڵخۆشکەرانە لە ئارادا نیە کە ناوکۆکەیەکی سیاسی تێکۆشەرانەی لەم چەشنە لەسەر گۆڕەپانی خەباتی چینایەتی لەو ناوچانە بەدی ناکرێت ، بێجگە لە چەند هەوڵێکی تاک و تەرای لێرەو لەوێ.
یادی گیان بەختکردنی هاوڕێ بەکر عەلی بەرزو بەڕێز بێت!
سەکەوتوبێت خەباتی چینایەتی دژ بەسەرمایەداران و بۆرژوا -کۆمبرادۆرەکان!
بەرەو وەدیهێنانی ئامانجە سیاسیەکانی خەباتی چینایەتی تەواوی هاوڕێانی گیان بەختکردوو ، لە سازماندانێکی شۆڕشگێڕانەی سیاسی پڕۆلیتاریا لەو ناوچانەدا !

سابیر م .
٢٠٢٣ / ٩ / ٢




کوردستانی عێراق: کام مێژوو و کام داهاتوو؟-1-.. عەدنان کەریم

( شکستی ستراتیجیی ناسیونالیزمی کورد و پێویستیی ستراتیجیەکی شۆڕشگێڕ )

( بەشی یەکەم )

باکگراوندێکی مێژوویی

یەکێك لە پێکهێنەرە ئاڵۆزەکانی دونیای سیاسەت لە عێراقی هاوچەرخ و لەهەمان کاتیشدا یەکێك لە پرسە سەرەکیەکانی تا ئەم سالانەی دوایی بریتی بوو لەمەسەلەی کورد.
لەهەشتاکانی سەدەی پێشوودا فاشیزمی بەعس کە سەددام حوسەین ئەندازیار و ڕابەری بوو، سیاسەتی ( دوایین چارەسەر ) ی پەیڕەو کرد لە بەرانبەر ئەو مەسەلە ئاڵۆزەدا: جینۆساید بە ئومێدی قەڵاچۆکردنی کورد وەکوو گەلێك کە بە ڕێگرێکی گەورەی بەردەم هاتنەدیی خەونە فاشیستیەکەی خۆی دەزانی.
لەگشتیترین ئاست و لەڕووی بابەتیەوە وبە فراوانترین مانا مەسەلەی کورد بەرهەمی پیادەکردنی سیاسەت و ڕێبازی پێشێلکردنی پرەنسیپی بەیەکسان تەماشاکردنی گەلانی دانیشتوانی عێراق ،بەتایبەتی گەلی کورد بوو، هەر لە دامەزراندنی نیزامی پاشایەتیی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ لەلایەن بەریتانیای داگیرکەری ئەوکاتەی ئەم وڵاتەوە.
پیادەکردنی ئەم نەهجە لەبواری مەسەلەی کورد، بەدیاریکراوی لەعێراقدا، ڕاستەوخۆ بەقازانجی ڕەوتی شۆفینیی نەتەوەیی و پاشان عروبی لە عێراقی ئەوکاتەداشکایەوە. دیارە دەوڵەتی عێراق بەرهەمی تەوافوقی بەریتانیا و نوخبەی عەرەبیی تازەسەرهەڵداوی عێراقی بوو کە هەم بە پێکهاتە و کەسایەتیەکانی و هەم بە ئایدیا فکری و سیاسیەکانی، کۆکتێلێکی عەرەبی بوو. بەشی زۆری ئەو ئیلیتە سیاسیە، کە زۆربەیان پێشتر لە سوپای عوسمانیدا پێگەیەکی بەهێز و شارەزاییەکی باشی سیاسی و عەسکەریان هەبوو، لە سوریا لەدەوری فەیسەڵی کوڕی شا حوسەینی شەریفی حیجاز کۆببونەوە و ئیئتیلافێکی سیاسیی ئاشکرایان هەبوو و کەوتبوونە ژێرکاریگەریی ڕیبازە نەتەوەییەکەی ( ئیتیحاد و تەرەققی ) ی تورکیەوە کە ساڵی ١٩٠٨ لە ئەستەنبووڵ خۆیان ڕێکخستبوو بۆ هەموو ئەگەرەکانی دوای هەرەسی ئیمپراتۆریی عوسمانی.
بەومانایە دەوڵەتی هاوچەرخی عێراق کە ساڵی ١٩٢١ لەسەر پاشماوەکانی ئیمپراتۆریی ڕووخاوی عوسمانی لەعێراقدا دادەمەزرێت، بەرهەمی بەیەکگەیشتنی ئامانجەکانی بەریتانیای داگیرکەری عێراق و بزووتنەوەی تازە سەرهەڵداوی نەتەوەیی عەرەبیی عێراقی بوو کە ئەو نوخبە عەسکەریەی دەرچووی کۆلیجە سەربازیەکانی ئەستەنبووڵی عوسمانی و گەورە ئەفسەرەکانی پاشماوەی سوپای تێکشکاوی ناوبراو نوێنەرایەتیان ئەکرد. لەو کاتەدا بەهۆی شکڵنەگرتنی بزووتنەوەیەکی سیاسی لە ناو کورد، چی بزووتنەوەیەکی سیاسیی خاوەن ئامانجی ناسیونالیستیی ڕۆشنی وەکوو ئەو بزووتنەوە عەرەبیەی ئاماژەم پێدا و چی خامۆشیی گشتی و سەرەتایی بوونی کۆمەڵگای کوردی لەڕووی فەرهەنگی و سیاسیەوە بەگشتی وبێدارنەبوونەوەی لە ڕکوودی دوورودرێژی سەردەمی خەلافەتی عوسمانی و دەسەڵاتەکەی لە کوردستاندا، هیچ پێکهاتەیەکی ئەو ئان و ساتەی کۆمەڵگای کوردی، ڕۆڵێکی نەبینی لە دروستبوونی دەوڵەتی هاوچەرخی ناوبراو لەعێراقدا. جگە لەوەش هیچ جۆرە تەماح و داواکاریەکیی سیاسیی بەهێز نەهاتنە سەر شانۆی سیاسەت ومێزی دانوستان لەو قۆناغە هەستیارەدا کەلە سایەیدا کێکی سیستمی سیاسیی نوێ تیایدا دابەشکرا.
بەڵام لە سەردەمی پاشایەتیدا ( ١٩٢١ – ١٩٥٨ ) سیاسەتی پێشێلکردنی مافی گەلی کورد لەعێراقدا ئاراستەیەکی نەرم و لیبرالی بەخۆوە گرتبوو بەمانای ئینکاردکردنێکی نەرم و پشتگوێخستنی داواکاریەکانی ئەوکاتەی ئیلیتی ڕۆشنبیر و سیاسیی کوردبوو لەبواری دانپیانان بە مافە ڕۆشنبیری و سیاسیەکانی کورددا کە لەلایەن ئەو دەستە سیاسیەی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگای کوردیەوە بەرزئەکرایەوە. ستراتیجیی نیزامی پاشایەتیی هاشمیی عێراق لەو قۆناغە درێژەدا بریتی بوون لە ئارامکردنەوەی کورد و ئیستیعابکردنیان لەچوارچێوەی عێراقێکدا کە بەفەرمی و لەسایەی دەستووری ساڵی ١٩٢٥ دا خەسڵەت و ناونیشانی هیچیەك لە نەتەوە و ئاینەکانی عێراقی پێوە نەلکابوو، گەرچی بەکردەوە هێزی دەسەڵاتدار لە مەملەکەتەکەدا ئیلیتی ناسیونالیستی عەرەبیی سوننی بوون. بەڵام کورد بە هۆی کوردبوونیەوە، بە پێچەوانەی سەردەمی بالادەستیی ناسیونالیستیی عەرەبی لەهەردوو قۆناغی١٩٦٣ و ١٩٦٨دا، ئازار و ئەزیەت نەدەدرا.
شایانی ئاماژەشە کە تا کۆتایی سیەکانی سەدەی پێشوو شتێك نەبوو لە دونیای سیاسەت لە عێراقدا بەناوی ( مەسەلەی کورد ) ەوە وەکوو مەسەلەیەکی سیاسی کە لەهەناوی ئەوەوە هێزی سیاسیی ڕێکخراو سەری هەڵدابێ و بەرنامە و ستراتیجیی دیاریکراو بۆ چارەکردنی هاتبێتە سەر شانۆ و بووبێت بە بابەتی ململانێی نێوان کورد وەکوو گەلێك لەگەڵ دەسەڵاتدارەتیی سیاسیدا.
گۆڕانی مەسەلەی کورد لە بابەتێکی کەلتووریەوە بۆ بابەتێکی سیاسی، بەرهەمی دوو دیاردەی نوێ بوون لە عێراقدا:
یەکەم: بەهێزبوونی باڵی ڕادیکال و شۆفێنیی ناسیونالیستیی عەرەبی کە عێراقی بە وڵاتێکی عەرەبی ناوزەد ئەکرد و کوردی بە هاووڵاتیی پلە دوو و میوان لەخاکی عێراقی عەرەبیدا ئەزانی.
دووەم: دەرکەوتن و هاتنەسەرشانۆی سیاسیە لەلایەن بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کوردەوە کە لەسەرەتای چلەکانەوە وەکوو میوانێکی نویی سەر شانۆی ململانێ سیاسیەکان دەبینرێت تەنانەت بێئەوەی ئاستی جیاکاریی نەتەوەیی، بە فەرمی، ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی بەسەردا هاتبێت.
ئەو جیاوازیە واتە گۆڕانی مەسەلەی کورد بە مەسەلەیەکی سیاسی وگرێکوێرەیەکی ژیانی سیاسی لە عێراقدا بایەخی تایبەتیی خۆی هەیە و شایانی وەستانە چونکە ئاکامی زۆری لێئەوەشێتەوە وەکوو دواتر بینیمان. هەر بۆ نموونە و بۆ بەراورد، ئەم ئاڵوگۆرە لەکوردستانی سوریادا زۆر درەنگتر دێتەدی و تا حەفتاکان دوادەکەوێت، گەرچی ستەم بەرانبەر بەکورد هەر لە پەنجاکان و شەستەکانەوە قاڵبێکی زۆر تووندوتیژتر دەگرێتە خۆی لەچاو عێراقی سەردەمی پاشایەتیدا.
سەرهەڵدان و بەهێزبوونی ڕەوتی عروبی ڕادیکال لەناو ئیلیتی سیاسی و ڕۆشنبیری عەرەبی لە عێراقدا لە سیەکانی سەدەی پێشوەوە، لەدەرەوەی بازنەکانی دەسەڵات، لەئاکامی زۆر فاکتەری ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا، وەکوو ڕێکخراوی نادی المثنی و شکڵگرتنی ناسیونالیزمی عەرەبی لە عێراقدا و بەهێزبوونی لەناو نوخبەی سوپا و ڕۆشنبیران وڕەنگدانەوەی لەبواری ڕۆشنبیری و بەتایبەتیش لە ژیانی ڕۆژنامەگەریی عەرەبیی عێراقیی ئەوکاتەدا، تەکانێکی نویی هەم بە تەماحە سیاسیەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی لەعێراقدادا و هەم ڕەوتی ڕاستڕەوی و شۆفێنیی تیایدا بەهێزکرد. ساڵانی نێوان٠ ١٩٣-١٩٤٠ سەردەمی خۆگرتن و تەبەلوری باڵی ڕادیکالی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی عەرەبی بوو لەعێراقدا. بزووتنەوەی ناسیونالیستیی عەرەبی لە عێراقدا یەك ئامانج و یەك ئاراستەی نەبوو بەڵکوو دوو ستراتیجی لە دەرونیدا تەفاعولی دەکرد:
یەکەمیان: باڵێکی نەتەوەیی ڕیفۆرمخوازی لیبراڵ بوو کە بەدیهاتنی ئاواتەکانی ( نەتەوەی عەرەب )ی لەوەدا دەبینیەوە کە بە ئارامی و لە چوارچێوەی هاوکاری و دۆستایەتی لەگەڵ بەریتانیا وبونیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز لەعێراق و هاوکاری و یەکگرتوویی لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبیەکاندا ئەو ئامانجە بێنێتەدی. ئەم باڵەی ناسیونالیزمی عەرەبیی عێراقی هەر لەسەرەتاوە لەبری ڕێگەی بەرگریی داگیرکاریی بەریتانیا لە عێراقدا لە ١٩١٧ بەدواوە، ڕێگەی سازان و هاوکاریان هەڵبژارد و بەوجۆرە سووکانی نیزامی پاشایەتیی عێراقیان گرتەدەست. ئەمان خوازیاری گفتوگۆبوون لەگەڵ بەریتانیا لە پێناوی سەربەخۆیی سیاسیی عێراق و توانیان ساڵی ١٩٣٢ بەپێی ڕێکەوتننامەیەك لەگەڵ بەریتانیا، سەربەخۆیی عێراق ڕابگەیەنن و عێراق وەکوو دۆست و پایگای نفووزی بەریتانیا ببێت بە ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەی گەلان League of Nations.
تا ناوەڕاست وتەنانەت کۆتایی چلەکانیش ئەمان باڵی بەهێزی ناو کۆمەڵگا و بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی بوون لە عێراقدا. ئەم باڵە کە داڕێژەری سیاسەتی سەردەمی پاشایەتیی عێراق بوو لەهەوڵی ئەوەدابوون کە دانپیانان بە مافەکانی گەلی کورد لەچوارچێوەی سیاسەتێکی ڕیفۆرمخوازی و دانپیانان بە مافە کەلتووریەکانیدا لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا جێبکەنەوە. بەوهۆیەشەوە کە عێراق بەفەرمی و لەڕووی دەستووریەوە، هیچ ناو و تایتڵێکی نەتەوەیی یا مەزهەبیی پێوەنەلکابوو، حکوومەتی پاشایەتیی ئەوکاتە لەهەوڵدا بوو مافەکانی کورد لەچوارچێوەی فەرهەنگی و مافی تاکەکان بە بێ جیاوازی لە سەربناغەی شوناسی هاووڵاتیبوونی یەکسان لەدەستووردا، جێبەجێبکات. ماوەیەك دوای دامەزراندنی پاشایەتی و تەنانەت لەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانیشدا ( ١٩٢٠ – ١٩٣٢ ) ئیلیتێکی بەهێزی کورد پێگەیان هەبوو لەدەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزیی عێراق و لە ئیداراتی ناوخۆی کوردستاندا.
دووەمیان: لە نیوەی سیەکانەوە ڕەوتی ڕادیکال و تووندڕەوی ناسیونالیستیی عەرەبی ( ڕەوتی عروبی ) لە عێراقدا سەردەردەهێنێت. وەکوو هەر بزووتنەوەیەکی تر سەرەتا لە بواری بیروباوەڕ و سیاسیەوە ئەم ڕەوتە سەردەردێنێت و سەرانی ئەم بزووتنەوە تازەیە زوو دەکەونە ژێرکاریگەریی نووسینەکانی بیرمەندە سەرەتاییەکانی بیری ناسیونالیستیی عەرەبی لەبابەتی قوستەنتین زریق و شبلی شمیل و ساتیع ئەلحوسەری و دەیانی تری لوبنانی و میسری و سوری کە سەرگەرمی داڕشتنی پایەکانی بیری ناسیونالیستیی عەرەبی بوون. کاریگەریەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی لەسوریا و میسر وباقی دونیای عەرەب جێپەنجەیان لەم سەرهەڵدانەدا هەبوو. دوای هەرەسی عوسمانیەکان دەستەبژێری (ئیلیتی) نەتەوەیی پەرشوبڵاوی عەرەبی ئومیدیان بە بەریتانیا و فەرەنسا زۆر بوو کە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم پابەند بن بە بەخشینی سەربەخۆیی بە جیهانی عەرەب. بەڵام لەگەڵ بەستنی پەیماننامەی سایکس بیکۆ ( ١٩١٦ ) و دابەشکردنی دەسەڵاتی ناوچەکە بە پێی سیستمی ئینتیداب لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا و پشتکردنیان لە بەڵینەکانیان سەبارەت بە سەربەخۆیی بەو مانایەی باڵی ڕادیکالی ئیلیتی ناسیونالیستیی عەرەب چاوەڕوانیان ئەکرد، زەمینەی دووشەقبوونی بزووتنەوەی نەتەوەیی عەرەبی و دابەشبوونیان بەسەر باڵی ڕیفۆرمخواز و باڵی ڕادیکاڵدا، سەریهەڵدا.
کاریگەریەکانی جیهانی قۆناغی نێوان شەڕی جیهانیی یەکەم ودووەمیش ڕۆڵیان هەبوو لە سەرهەڵدانی ڕەوتی ڕادیکال و تووندڕەوی ناسیونالیستیی عەرەبدا. سەرهەڵدانی نازیەت و فاشیەت لەئەڵمانیا و ئیتالیا، وەکوو دوو نموونە بۆ بەهێزبوونەوەی دوو نەتەوە کە لە یەکەمین شەڕی جیهانیدا تێکشکێنراوبوون بەڵام خێرا دەبووژانەوە، هاتنەوەئارای بەڵێنی بلفۆر و چەکەرەکردنی ستراتیجیی دامەزراندنی ئیسرائیل بەهاوکاریی ڕۆژئاوا و بەڵێنی بەریتانیا و زوڵم و زۆر لەسەر فەلەستینیەکان، شەپۆلی تازەی دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوە لە ئەوروپا و بزوتنەوەی تازەسەرهەڵداوی بەهێزی سەربەخۆخوازی لە ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین؛ هەموویان پێکەوە، ڕۆڵی گەورەیان گێڕا لە تەشەنەکردن و بەهێزبوونی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی عەرەبی لەعێراق و وڵاتانی تری عەرەبیدا.
جگە لەو فاکتەرانەش ،هاتنەسەرشانۆی یەکێتیی سۆڤیەت وەکوو پاڵەوانێکی نوێی گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، بە پۆششی قەڵای بەرگری لەگەلان و سەربەخۆیی نەتەوەکان و دژایەتی کۆڵۆنیالیزم، هێندەی تر فووی کردە ئاگری تازەی بزووتنەوە ناسیونالیستیە بەهێز و چالاکەکانی جیهانی سێیەم بەتایبەتی پشتیوانیی سۆڤیەت لە کەمالیەکانی تورکیا و بووژانەوەی تورکیا بوو بە نموونەیەك بۆ چاوبڕینە دەستی هاوکاریی سۆڤیەت بۆ ناسیونالیستی عەرەبیش کە عێراق تادەهات ئەبوو بە یەکێك لەسەنگەرە بەهێزەکانی.
دیارە فاکتەری جوگرافیش ڕۆڵی بوو هەم لەبەهێزبوونی ئەم باڵە قەومیە عەرەبیە لە عێراق و هەم لە توندڕەوبوونی چونکە بە دەروازەی ڕۆژهەڵات و باکووری ” جیهانی عەرەب ” دەناسرا لەگەڵ دوو وڵاتی زلهێز و خاوەن ئیمبراتۆریی وەکوو ئێران و تورکیا کە هەمیشە چاویان بڕیوەتە عێراق.
ئەم بزووتنەوە ناسیونالیستیە عەرەبیە لە عێراقدا هەر زوو توانی کارتی شەرعیەتی نەتەوەپەرستیی عەرەبی لە نیزامی پاشایەتی وەربگرێتەوە و رووتی کاتەوە لە هەر ناونیشانێك کە گرێی بداتەوە بە ( نەتەوەی عەرەب ) و عێراقەوە و ئەوانی وەکوو مشتێك خائین و کرێگرتە وهاوکاری داگیرکەری بەریتانیی دوژمن بەنەتەوەی عەرەب ناوزەد دەکرد و ئاڵوگۆڕەکانی دونیاش هاوکاربوون بۆ گوتارە ناسیونالیستیەکەی ئەم بزووتنەوەیە کە تا دەهات ڕیشەی لەناو خەڵکدا دادەکوتا و ورد و درشتی مەسەلە سیاسیەکانی ڕۆژی ئەکرد بەبابەتی بەڵگە بۆ ڕاست و ڕەوابوونی ڕیوایەتە فکری وسیاسیەکانی خۆی.
ڕیگرێکی بەردەم بەهێزبوونی ئەم ڕەوتە بریتی بوولە بزووتنەوەی شیوعی کە لە عێراقدا هەم بەهێزتر بوو و هەم ڕەقیبی یەکەمی ئەو بزووتنەوە ناسیونالیستیە عەرەبیە بوو.
شیوعیەکانی عێراق سەرباری پاڵپشتیان لە ئاواتە نەتەوەییە عەرەبیەکان لە عێراقدا وەکوو هەموو وڵاتانی تری عەرەبی، بەڵام بەهۆی تایبەتمەندیی تووندڕەوی و ڕاستڕەویی مەیلی نەتەوەپەرستیی عەرەبی لەعێراقدا، ڕێیان لەوان گرت کە ببن بە ئاڵاهەڵگری ئامانجی سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری لە عێراقدا کە ئاواتی زۆرینەی خەڵکەکەی بوو.
ڕاستڕەویی باڵی ناسیونالیستیی عەرەبی تا ئەو جێگەیە پێی لێهەڵبڕی کە لە سەردەمی شەڕی جیهانیی دووەمدا بە ئاشکرا ئاماژە بە نازیەت و ئەڵمانیای هیتلەری بکات وەکوو هاوپشت و دۆستی نەتەوەی عەرەب و بگرە شیخ ئەمین ئەلحوسەینی کە موفتیی قودس بوو و لەوێ وەکوو سەرکردەیەکی بزووتنەوەی ١٩٣٦ لەفەلەستینەوە بۆ عێراق هەڵاتبوو، بەناوی خۆی و هاوەڵەکانیەوە لە عێراقدا بۆ ناردنی پەیامی دۆستایەتی لە بەرلین چاوی بە هیتلەر دەکەوێت. ئەوانە بۆ شیوعیەکان کە ململانێی سۆڤیەت و ئەڵمانیا لەوپەڕی گەرمیدا بوو، مایەی غەزەب و نەفرەتێکی زۆر بوو.
لە ساڵی ١٩٤١ یشدا بزووتنەوەی ( العقداء الأربعة ) یا ” شۆڕشی مایس !” کە ئەمین ئەلحوسەینی ڕابەری ڕووحیان بوویاخیبوونێکی بەهێزیان بە ئیلهام لە سەرکەوتنەکانی بەرەی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لە شەڕی جیهانیی دووەمدا هەڵگیرسان کە هێندەی نەمابوو دەسەڵاتی پاشایاتی بڕووخێنێت.

ناسیونالیزمی کوردیش خۆی ڕێکئەخات

هێزەنەتەوەییە کوردیەکان هەر لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەوە لە کوردستاندا ستەمی نەتەوەیی سەر گەلی کوردیان کرد بە پایە و بواری سەرهەڵدان و چالاکیی خۆیان. جموجۆڵی سیاسی و ڕۆشنبیریی ئەو بزووتنەوە ناسیونالیستیە کوردیە سەرەتا لەژێرکاریگەریی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی ناو گەلانی تورك و عەرەب، دونیابینی و فکری سیاسیی خۆیان داڕشتووە و لە ژێرناوی لامەرکەزی یا ئۆتۆنۆمیدا بەرنامە وستراتیجیی سیاسی و فکریی خۆیان فۆرمۆڵەکردووە. سیاسەت وپلانی ئەوان بریتی بووە لە هاوبەشبوون لەدەسەڵاتی سیاسیی عێراق و فەرمانڕەوایی کردن لە کوردستانی عێراقدا بەهاوبەشی دەسەڵاتدارەکانی ناوەند بەناوی گەلی کوردەوە. تاقیکردنەوەکانی ساڵانی ١٩٤٦ – ١٩٩١ و مێژووی ئەو هێزانە لەوقۆناغە درێژەدا لە بازنەی شەڕ – مفاوەزات – شەڕدا خولاوەتەوە و لەدرێژەی خۆیدا لە جیاتی چاری ستەمی نەتەوەیی، ئەو بزووتنەوە ناسیونالیستیە خۆشی بووە بە بارێکی قورسی تر بەسەر خەبات و ئامانجی ڕەوای خەڵکی کوردستانەوە لە پێناوی چاری ڕیشەیی ستەمی نەتەوەیی. ئەم هێزانە ئەو خەبات و هەوڵەی خەڵکیان ئاڵۆزتر و پڕ گرێ و کێشەترکرد ولەوتاندیان. پارتی دیموکراتی کوردستان لە قۆناغەکانی ١٩٤٦ – ١٩٧٥ نموونەیەکی زەقی ئەو هێزە سیاسیە کوردستانیە بوو و دواتریش یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، گەرچی بەناوی هێزێکی بەدیل لەبەرانبەر ئەو بزووتنەوە و هێزە تەقلیدیە هاتەمەیدانی سیاسەتەوە، بەڵام پاش چەند ساڵ لەدامەزراندنی، ئەویش لەچوارچێوەی هەمان دونیا بینی و پراتیك و نەریتدا گیرسایەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێشەنگی بزووتنەوەی سیاسیی ناسراو بە کوردایەتیە ولە مناڵدانی ئەو بزووتنەوەیەدا لەدایك بوو، هەڵگری دواکەوتووترین شوناسەکانی دونیای سیاسەت و فکری کۆمەڵگای کوردستان بوو. ئەم هێزە هەر لەسەرەتاوە هەڵگری ئایدیۆلۆجیەکی تەسکی ناسیونالیستیی کۆنسێرڤاتیڤ و ڕاستڕەو بوو ئەویش لەڕوانگەیەکی کۆن وسواوی تایفی وخێڵەکی ودەرەبەگیەوە. ئیلیتی ڕۆشنبیری کورتبینی قاندراو بە بیری کلاسیکی نەتەوەیی کوردی ئەو سەردەمەش، بەو دونیابینیە تەنگە وکەمی تاقیکردنەوەوە، لەجیاتی هەڵسان بەڕۆڵێکی پێشڕەو، سەرکردایەتی وچارەنووسی حیزبەکەیان، کە خۆیان دایانمەزراندبوو، بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە ئەسپێرن بە کەسایەتیەکی سەرۆك خێڵی تایفی وسادە ودونیانەدیوی سیاسەتی وەکوو مەلا مستەفا وخۆشیان ئەکەن بەقەڵغان وخوڵامی ئەو عەقڵیەتە خێڵەکی وکۆنەپەرستە.
پارتی دیموکرات وسەرکردایەتیەکەی هەر لەسەرەتاوە نەك هیچ ڕۆڵێکی پێشڕەو وئازادیخوازانە نابینن لەهیچ بوارێکی کۆمەڵایەتی وسیاسی وفکریدا، بەڵکوو هێزی ناوبراو ئەبن بە ڕێگر لەبەردەم ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی ژیانی شارستانی و فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا. ئەو هێزە سیاسیە و ئەو کەسایەتیە خێڵەکیە سەرکردایەتیی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستیی کورد ئەگرنە دەست و خەباتی گەلی کورد بۆ ڕزگاری و یەکسانی و دیموکراتی بۆ چەندین دەیە تووشی پاشەکشە و ئیفلیجبوون ئەکەن و لەقاڵبێکی ڕاستڕەویی کۆنەپەرستانەدا یەخسیری ئەکەن. هەموو ئەوانەش لەسەردەمێکدایە کە ڕەوتی ئازادیخوازی و پێشکەوتنخوازیی دوای تێشکانی نازیەت و فاشیەت وەکوو نەسیمێکی ئازادی جیهانی سێیەم ئەگرێتەوە و جگە لە کوردستان، ئەویش بەهۆی هەژموونیی پارتیەوە بەسەر ژیانی سیاسیدا، هەموو بزووتنەوە میللیەکان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان ئاراستەیەکی سیاسیی ئازادیخواز و چەپ و پێشکەوتوو ئەگرنەبەر.
وێستگاکانی مێژووی ئەم هێزە پڕن لە سیاسەتی چەوت و گومڕاکەر و گوماناوی و کۆنەپەرست.
لە ١٩٦١ دا لەدژی یاسای پێشکەوتووخوازی چارەسەرکردنی زەوی وزاری حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم یاخی ئەبن و بە هاندانی شای ئێران و پەیمانی سەنتۆ ئەدەنە پاڵ دەرەبەگەکانی کوردستان کە یاسای ناوبراو کۆتایی بە ستەمی جوتیارانی کوردستان دەهێنا و یاخیبوونە چەکدارەکەیان ناو ئەنێن ” شۆڕشی ئەیلوول “. ساڵی ١٩٦٣ ئەبنە چاوساغ و هاوکاری کوودەتا خوێناویە فاشیستەکەی بەعس کە بە وێرانکردنی عێراق و خاپوورکردنی کوردستانیش دوایی هات. لەو ساڵەوە تا ڕێکەوتنیان لەگەڵ بەعسدا لە ١٩٧٠، یا ئاشی بزووتنەوە چەکدارەکەیان بە فیتی ئەمریکا و ئیسرائیل و شای ئیڕان بۆ مەرامی ئەو دەوڵەتانە ئەخەنەگەڕ یا خەریکی مفاوەزاتی لامەرکەزیی ٦٤ و ٦٦ ئەبن.
بەوجۆرە پارتی دیموکراتی کوردستان لەشەستەکانەوە ئامانجی ڕزگاریی گەلی کورد لە ستەمی نەتەوەیی و خەباتیان بەتووندی ئەکا بەدەسمایەی بەدیهێنانی ئیمتیازات بۆ مەلا مستەفا و سەرکردایەتیی گوێڕایەڵی حیزبەکەی لای ئێران و لایەنەکانی تر و بەوەش ئەو خەباتە ڕەوایەی خەڵكی کوردستان بەتاڵ ئەکاتەوە لەهەر ناوەڕۆکێکی ڕەوا و پێشکەوتوو و ئازادیخواز و چەکی شانی پێشمەرگە بەئاسانی لەم شانەوە ئەگوێزرێتەوە بۆ ئەو شان بۆ خزمەتی شای ئێران یا میتی تورکیا.
ئەم هێزە سیاسیەی (شۆڕشی چەواشە) بەوەشەوە ناوەستێ بەڵکوو ئەبێت بە ئامرازێکی ناوچەیی بەدەستی تورکیا و ئێرانەوە بۆ دژایەتیکردنی چالاکیی هێزە سیاسیە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکانی ئەو دوو بەشەی کوردستان و بەوجۆرە ڕۆڵی چاوساغی بۆ ساواك و میت ئەگێڕێت بۆ لەناوبردنی کەسایەتیەکانی ئەو هێزانە.
پارتی لەناوخۆی کوردستانیشدا پەیڕەوی کردووە لە سیاسەتی کوشتن، تیرۆر، ڕاونان و زیندەبەچاڵکردنی نەیارانی سیاسیی خۆی و هەر هەوڵێکی تری پێشکەوتنخواز، وەکوو کوشتاری شیوعیەکان و ڕاوەدوونانی هەڵگرانی بیری چەپ و چالاکوانانی کۆمەلەی مارکسی و ڕۆشنبیران و کەسانی ئازادیخواز.
گەرچی کۆمەڵەی مارکسی – لینینی وەکوو ڕێکخراوێکی شۆڕشگێر و یەکەمین پرۆژەی نیشتیمانیی کوردستانی لەپیناوی گرێدانەوەی خەبات بۆ ڕزگاربوون لە ستەمی نەتەوەیی کورد بە ئازادی و یەکسانی و دیموکراتیەت و بەئاقارێکی ئازادیخوازانەدا دامەزرا، بەڵام ئەویش زوو بوو بەقوربانیی تەسکبینیی هەندێ لەڕابەرەکانی و ئۆپۆرتۆنیست بوون و خۆشباوەڕی هەندێکی تریان و بەتایبەتیش بوو بە نێچیری پاشقولی هێزە باوەکانی باڵەکەی تری بزووتنەوەی کوردایەتی و سەرکردایەتیی جەلال تاڵەبانی.
کۆمەڵەی مارکسی – لینینی نەیتوانی دابڕانێکی رێشەیی بکات لەدونیابینیی کوردایەتی و گەرچی سەرەتا وەکوو هێزێکی ئەنتی پارتی هاتەناو کایەی سیاسیی کوردستانەوە، بەڵام سەرەنجام بوو بەباڵی چەپی هەمان بزووتنەوە و هێزی کۆمەڵایەتیی کوردستانی. بەو مانایە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش، کە کۆمەڵە کۆڵەکەی سەرەکیی بوو، نەیتوانی دابڕانێکی چۆنایەتی بکات لەبواری دونیابینی و فکر و سیاسەت و پراتیکی باڵی زاڵی تائەوکاتی بزووتنەوەی کوردایەتی.
یەکێتیش وەکوو هێزێکی دەسەڵاتخواز هەر زوو میحوەری ستراتیجیی خۆی لەسەر هەمان پایەکانی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی تەقلیدیی پێشتر داڕشت و زۆر زوو دەسبەرداری هەموو ئەو ئیدیعا شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازە بوو کە کۆمەڵە لەسەرەتادا هەڵگری بوو و سەرەنجام لەبوارەکانی ستراتیجی و تاکتیك و شێوازی هەڵسووڕانی سیاسی و ڕێکخراوەیی و سەربازیدا، جیاوازیەکی ئەوتۆی نەمایەوە لەگەڵ پارتی، ئەوە نەبێت هەردوولا، جگە لەهەوڵیان بۆ دژایەتیی ئازادیی هەڵسووڕانی هەر ڕەوەتێکی شۆڕشگێڕی تر و گۆڕانیان بۆ هێزی دژ و سەروو خەڵکی؛ لەهەوڵی پاکتاوکردنی یەکتر و پیادەکردنی سیاسەتی تاکڕەوی و تاك دەسەڵاتدا بوون لەکوردستاندا.
لێرەوە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانی، بەکردەوە، لەجیاتی ئەوەی ببێتە دەسپێکی قۆناغێکی تری خەباتی سیاسی لەکوردستاندا، و تەجاوزێکی چۆنایەتیی هەژموونیی تائێستای پارتی بکات،کۆمەڵەشی ڕاکێشایە ناو تۆڕەکانی هەمان عەقڵ و ستراتیجیی سواوی بزووتنەوەی کوردایەتیەوە. بەوشێوەیە دامەزراندنی یەکێتی نەك نەبوو بەهۆی ڕیشەداکووتانی ستراتیجیەکی نوێ و ئازادیخواز لە مێژووی کوردستاندا، بەڵکوو ئەو شانسەی لەباربرد و بەوەش گەورەترین خزمەتی بە بزووتنەوەی سیاسیی کلاسیکیی کورد و کۆنەپارێزیی سیاسی لە کوردستاندا کرد و ئەو پرۆژە شۆڕشگێڕەی لەناو پرۆژەی مێژوویی کوردایەتیدا تواندەوە و هەڵیلووشی.
بەتاڵکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەو ڕەوتە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازە سەرەتاییەی کۆمەڵە، بەهەموو کەم وکوڕی و لاوازیە زاتیەکانیەوە، ئەو گورزە گەورەیە بوو کە یەکێتی وەشاندی لە پرۆژەی نیشتیمانی و پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕی لە کوردستان، سەرباری هەموو ئیددیعا پێچەوانەکانی خودی یەکێتی.
کردنی خەباتی چەکداری و پیشمەرگایەتی بە بتێك لەسەر حیسابی خەبات و ناڕەزایەتیی شارەکان، لەکاتێکدا کۆمەڵگای کوردستان بووبوو بە کۆمەڵگایەکی مودرین و شاریی گەورە، و هەژمونخوازیی و گیانی تۆتالیتاری و دژایەتیی هەر بیروڕایەکی جیا و گیانی پاوانخوازی و شەڕئەنگێزی و گەڕانەوە بۆسەر هەمان چوارچێوەی ستراتیجی و پراتیکیی بزووتنەوە سواوەکەی پێشوو، زوو ئەم هێزە سیاسیەشیان ڕاکێش کردەوە ناو بازنەی بزووتنەوە چەکداریە سیاسیە کلاسیکیە کوردایەتیەکەی جاران و هەموو بەربەرەکانێکانیشی لەگەڵ پارتیدا شتێك نەبوون جگە لە گیانی پاوانخوازی و دەسەڵاتخوازیی تاکلایەنە. بەومانایە ئەوەی یەکێتی ناوی نابوو ” شۆڕشی نوێ ” ڕێك چوەوە سەر هەمان ڕێچکەی جاران و بوو بەبەشێك لە ململانێ دێرینەکانی ناوچەکە و لەشوێنێکدا لەگەڵ پارتیدا گەیشتنەوە بەیەك.
کارەساتی خۆگرێدانەوەی یەکێتی و پارتی و هێزەکانی پێشمەرگە بە ئێرانەوە لەشەڕی هەشت ساڵەی ئەو دوو وڵاتەدا، کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە و ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدی گەلی کوردی لەلایەن فاشیە نەتەوەپەرستەکانی بەغداوەی بەدوای خۆیدا هێنا. لەو قۆناغەدا هەردوو لا بوون بەبەشێك لە ماشێنی شەڕی ئێران و چاوساغ بۆ هێنانەناوەوەی پاسداری ئێران بۆ قووڵایی خاکی کوردستان بەبیانووی بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا کە چەند ساڵ پێشتر لەکاتی سەرگەرمیی مفاوەزات لەگەڵیدا جەلال تالەبانی ئەیووت: سەددام دوژمنی ئێمە نیە بەڵکوو حەکەمە!!. لەو قۆناغەوە یەکێتیش لە کێشەی مێژوویی نێوان عێراق و ئێراندا سەربەخۆیی لەدەست ئەدات و پەیوەست ئەبێ بەو میحوەرە ئێرانیەوە کە پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە شەستەکانەوە خۆیان پێوەگرێدا.
بەوجۆرە زنجیرەی شەڕ – مفاوەزات – شەڕی هێزە سیاسیە چەکدارەکانی بزووتنەوەی کورد بەردەوام ئەبێ تا قۆناغی ڕاپەڕینی ساڵ ١٩٩١ کە خەڵکی کوردستان بەسوود وەرگرتن لەو درز و کەلێنانەی کە لەدەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا لە پەنای شەڕی کوەیتدا پەیدابوو، زۆربەی کوردستان پاك ئەکەنەوە.
بەپێچەوانەی هەموو چەواشەکاریەکانی ئەم دوو هێزە و لایەنە بچووکە هاوپەیمانە نەتەوەیی و ئیسلامیەکانیانەوە لەبەرەی کوردستانیدا، ئەوە خەڵك بوون لەڕاپەڕیندا ئەوانیان قوتار کرد لە کەمپ نشینیی ئێران و ئاوارەیی و بنبەستی سیاسی وستراتیجی و سەربازیەکی قووڵ کە تێی کەوتبوون، نەك بە پێچەوانەوە.
بۆشایی سیاسیی ڕیزی خەڵك و فریوخواردنیان بەو هێزانە لەدوای ڕاپەڕین و مێژووی خوێناویی ڕژێمی فاشیی بەعس ومەترسیی گەڕانەوەی بۆ کوردستان و مانەوەی لەدەسەڵاتدا، هەروەها لایەنگریی ئەمریکا لەم تاقمە گوێ لەمشتەی حیزبەکانی بەرەی کوردستان و غیابی هێز و پلاتفۆرمێکی نیشتیمانی کە خەڵك لەدەوری کۆببێتەوە، جگە لەئاوارەیی و شکستی ڕاپەڕین، فرسەتێکی زێڕینیان بۆ ژیانەوەی ئەم هێزانە خۆشکرد و چارەنووسی خەڵك لەدەمی ئەژدیهای بەعسەوە کەوتە بەردەستی تاقمێك کە نزیکەی٣٢ ساڵە یاری بە موقەدەراتی گەلێك و وڵاتێکەوە ئەکەن.
شەڕی دەسەڵاتی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پارە و داهاتی گومرك، ٣١ ی ئاب و هێنانەوەی بەعس ، دزی و ڕاو ڕووتی ژێرخانی کوردستان لەدوای ڕاپەڕین، دابەشکردنی کوردستان بۆ دوو زۆن، ڕسواکردنی پەرلەمان و کردنی بەگاڵتەجاری بۆ پەردەپۆشکردنی تاڵانیی وڵات، پێش لەشکری بۆ تورکیا و هێنانی سوپاکەی بۆ جەرگەی خاکی کوردستان، تەراتێنی پاسداری ئێران لە زۆنی سەوز و تاڵانکردنی سامانی نەوتی لەنێوان دوو خێزاندا و ……، تەنیا بەشێکن لەکارنامەی ئەم هێز و دەسەڵاتەی کە بەردەوام بووە لە داپۆشینی هەموو ئەو تاڵان و بڕۆیانە بە دروشمی چەواشەکارانەی کوردایەتی و نەتەوەیی.
گەرچی ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ دا وەرچەرخانێکی ئیجابی بوو لەڕوانگەی ئامانجی خەڵکەوە، بەڵام ئەو سیستمە تایفی و نەژادیەی کە ئەمریکا کردی بە شوناسی عێراق دوای سەددام حسین، بواری مانۆر و چەواشەکاریی بۆ هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ڕەخساندەوە و هێزە ئیسلامیەکانی وەکوو بزووتنەوەی ئیسلامی و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامیش لەجاران زیاتر بوون بەتەواوکەر و هاوکاری ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەو سیستمە دەسەڵاتدارە تایفیەی کە ئەمریکا بۆ قۆناغی دوای ٢٠٠٣ دیزاینی کرد، بوارێکی باشی بۆ ئەم دەسەڵاتە ڕەخساند کە شەرعیەتی نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان بدرێ پێیان.
ئەوان لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان و لەبەغدا لە جیاتی چاری مەسەلە ئاڵۆزەکانی پاشماوەی ستەمی بەعس وەکوو کەرکووك و ناوچە تەعریبکراوەکان و قەرەبووکردنەوە قوربانیە زۆرەکانی خەڵك و پێدانی شایستە داراییەکانی خەڵك، توانیان گشت ئەو مافانەی خەڵك بکەن بە پۆست و ملیارەها دۆلار وئیمتیازات و کرێدیتی دیبلۆماسی و سیاسی و دران بە یەکێتی و پارتی و هاوپەیمانە بچووکە کوردستانیەکانیان.
ئەمریکا لەم بوارەدا زۆرترین لێپرسراوەتیی بەرئەکەوێت.

عەدنان کەریم/ سیدنی
adnankerim22@hotmail.com




ئاشنا عومەر: موزیک و گۆرانی کوردی لە ئێستادا تێکەڵەیەکی پێوە دیارە.. هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس

ئاشنا عومەر: ئافرتانمان پێویستیان بە دەستگیرۆی و پاڵپشتی هەیە بۆ مانەوەیان لە هونەر
هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس

هونەرمەند ئاشنا عومەر ناوی تەواوی( ئاشنا عومەر حەمە عزیز)-ە ساڵانێکەخۆی خستۆتە ناو دەریای هونەری گۆرانی و موزیک،هەر لەسەرەتای ژیانی هونەرییەوە، هەوڵی ئەوەی داوە بەشێوەیەکی ئەکادیمی خۆی فێری هونەری موزیک بکات دوای تەواوکردنی پەیمانگاو کۆلێژی هونەر توانی بڕوانامەی ماستەریش هەر لەبواری موزیک بەدەست بهێنێت، جگە لەوەش ئەو ئەندانی تیپی “ئۆکێسترای کوردستان ” ئەندامی تیپی گروپی “مریەم خان ” بووە.بۆ زیاتری ئاشنا بوون بەم خاتوونە هونەرمەندە بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردەوە.

*سەرەتا پێمان باشە باس بەلە چۆنیەتی ئاشنا بوون بەهونەری موزیک بکەیت.

  • کاتێ قوتابی بووم لە قۆناغی بنەڕەتی و ناوەندی حەزوو و ئارەزووم بۆ هونەری موزیک هەبوو، بۆیە بەمەبەستی پەرەپێدانی ئەو حەزوو ئاروەزووە، چوومە بەشی موزیکی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر،لە ساڵی 2003 بەسەرکەوتووی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانم تەواو کرد، بۆ ماوەی 10 ساڵ مامۆستای سرود وگۆرانی، دواتر کۆلێژی هونەرەجوانەکانی هەولێر بەشی موزیکم تەواو کرد لە ساڵی 2014، ماوەی چەند ساڵێک وەک معیدە لەبەشی موزیکی کولێژی هونەر کارم کرد، تا ساڵی2021 چومە خوێندنی باڵا و ماستەرنامەم لە زانستەکانی موزیک بە دەست هێنا.
    لەو نێوەندەدا ماوەی چەند ساڵێک، ئەندامی” ئۆکێسترای کوردستان” بووم ، ئەندامی گروپی” مریەم خان” بووم کە گروپێکی خانمانە بوو سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەشداری تەواوی چالاکییەکانی ئەم گروپانەم کردوە وەک دەنگ وەک ژەنیار لە ماوەی ئەم ساڵانەدا.
  • کاتێ فێربوونی موزیکت هەڵبژارد تووشی هیچ کێشەوگرفت نەبوویتەوە ؟
  • بەڵی کاتێک موزیکم هەڵبژارد توشی کێشە و گرفتی زۆر بوومەوە، چونکە ئەو کاتە کۆمەڵگە قبوڵی نەبوو ئەفرەتێک لەسەر شەقام بە ئامێرەوە ڕێ بکات یاخود بە پاس بتوانێت بگەیتە شوێنی خوێندن، نەبوونی و خراپی لایەنی ئابووری خێزانەکان کە بە هۆی نەبوونیەوە نەمان دەتوانی ئامێرێکی پێویست بکڕین و گرنگی بە خۆمان و بەرەوپێشبردن بدەین،بۆیە سەردەمی ئێمە گرفت و کێشە زۆر بوون.
  • تاچەند خێزانەکەت هاوکارت بوون بۆ ئەوەی لە کاروانی موزیک بەردەوام بیت؟
  • خێزانەکەم هەموو هاوکار بوون ،چونکە باوەڕیان هەم بە هونەرکردن هەبوو لە هەمان کاتدا باوەڕیان بە توانای ئافرەت هەیە ، پێیان وایە کە ئافرەت دەتوانێت گۆڕانکاری بکات و کۆمەڵگە بەرەوپێش ببات لە ڕێگەی ئەو کارەی ئارەزووی دەکات.

  • ئەو ژنیارانە کامەن کە کاریگەریان لەسەر بەرێزتان هەبوو؟
  • ژەنیاری باش و بە توانا هەیە لە ناو کومەڵگەی کوردی، لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو ، کورد و کۆمەڵگەی کوردی دەبێت شاناز هونەرەکەیەوە بکات و بە ژەنیارەکانیشی.

    *موزیکی کوردی لە ئێستادا لە ئاستێک دا دەبینیت؟

  • موزیکی و گۆرانی کوردی لە ئێستادا تێکەڵەیەکی پێوە دیارە، گەنجی باش و خوڵقێنەر هەیە کە ڕێز لە هونەرەکەی دەگرێت، دەنگی باش و ئەدای باش و تێکستی باش و میلۆدی باش.، بە داخەوە هەندێک کەسی بە ناو هونەرمەندیش چەپ و ڕاست بە بێ گوێدانە هیچ کەوتونەتە ناو هونەرو بێ هەستی و بێ ئێحساس فەراغەکانیان بە هونەر پردەکەنەوە و ناویان لە خۆیان ناوە گۆرانی بێژ ،ئەوەش جێگەی داخە کە هیچ فلتەریک نیە و بە ئاسانی دەتوانیت ببیت بە گۆرانی بێژ.

    *رەخنەگری موزیک لە نێون موزیکی کوردی لەچ ئاستێک دایە؟

  • بە شێوەیەکی گشتی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەخنەی بنیاتنەر بوونی نیە، تەنیا ڕەخنەی ڕووخێنەر هەیە و بە بێ هیچ پێوەرێکی زانستی قسە لەسەر هەموو بابەتێک دەکرێت و هونەری موزیکیش لەونێوەندەدا بێبەش نییە.
  • ئەو سیفەتانە چین کەپێوستە لە هەموو موزسیانێکدا هەبێت؟
  • ڕۆشنبیری گشتی و خوێنەوەی تایبەت و بە ئەکادیمی بوون دەبێت لە موزیسیاندا هەبێت، ڕوو گەش و ئەدای قسەکردن و گفتوکۆ کردن دەبێت لە ئاستی ئەو ژەنیارەدابێت، بۆ ئەوەی جگە لە ژەنین ڕاوێژی تیۆریشی پێ بکات، چونکە ژەنیار ئامێریکی موزیکی کەسی ئاسایی نیە، بەڵکو کەسی نوخبەی کۆمەڵگەیە.

    *ئاستی پەیمانگای و کۆلیژی هونەرە جوانکانی کوردستان چۆن دەبینیت؟

  • ئاستی پەیمانگەی هونەرەجوانەکان و کۆلێژی هونەر بە شیوەیەکی گشتی باشە، بەڵام کەموکوڕیش هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە، درک بەوە دەکرێت کە لە ڕابردوودا هونەرمەند و مامۆستا ی باشتر پێئەگەێنرا، ئەوەی ڕاستی بێت، هونەر بە گشتی گۆرانی و موزیک بە تایبەتی لە ڕووی پراکتیکیەوە بێ بایەخ بووە، چونکە دەرچوان ناچارن دوای دەرچوونیان کاری دیکە بکەن بۆ بژێوی ژیانیان ،یاخوود کاری لایڤ موزیک ، ئەمەش حەقی خۆیانە، چونکە هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان نیە،بۆ بژێوی ژیانیان.
  • ئاستی گۆرانیبێژان و موزسیانانی کچانی کورد لەچ ئاستێک دایە؟
  • ئاستی ئافرەت هەر وەک هەمیشە ئاساییە، چونکە گرنگی پێدان نیەو پاڵپشتی و دەستگیرۆی ئافرەتان بەهرەمەند لەم بوارە لاوازە، تاک و تەرا لەسەر ئاستی ژەنین و دەنگ ، ئافرەت دروست دەبێت، کە دروستش دەبێت ئەمەنە قسەی ناخۆش و تیروتوانج ئاراستەی دەکرێت، بە دەگمەن دەمێننەوە لە ناو پرۆسەکە، ئەگەر سەرەنج بدەن لێرە و لەوێ بە پەنجەی دەست هەم موزیسیان هەم گۆرانی بێژ دەبینرێت، هۆکاریش بۆ ئەمە زۆرە یەکێک لەوانە بەڕێژەیەکی زۆر کەم خێزانەکان ڕێگە بە کچەکانیان دەدەن کە بچنە ناوەندەکانی خوێندنی هونەر ، نایانەوێت، کچەکانیان شەهادەی ئەوە بە دەست بهێنن کە ئارەزووی دەکەن، پێیان وایە ئەو هەموو ساڵەی خوێندنی کچەکانیان لە هونەردا بێت، لە کۆتایدا ڕەنج بە خەسار دەبن، ئافرتانمان پێویستیان بە دەستگیرۆی و پاڵپشتی هەیە بۆ مانەوەیان لە هونەر.

    *لەوماوەیەدا بڕوانامەی ماستەر لە بواری موزیک بەدەست هێنا، ئەگەر باس لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکەت بکەیت؟
  • بەڵێ بڕوانامەی ماستەرم بە دەست هێنا لە زانستەکانی موزیک. ناونشانی ماستەر نامەکەم (ڕەهەندەکانی گۆڕانی چێژی ئیستاتیکی لە گۆرانی هاوچەرخی کوریدا) ناونیشانێکی نوێ و کارێکی دەگمەن بوو، ئەزموونێکی نوێ بوو زۆر شت فێر بووم ،گەشتمە ئەنجامێکی باش لە توێژینەوەکەم، ناوەڕۆکی باسەکەم زانستی ئەنترۆپۆلۆجیا، جوانیناسی ، گۆرانی هاوچەرخ و هاوچەرخی کوردیە، شیکاریمان بۆ نموونەی ئەو گۆرانیانە کردوە کە بۆ باسەکەم هەڵمبژاردوە، بە داتا لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە گەشتینە ئەو ئەنجامەی کە دەمانویست.

  • *ئێمە زۆر سوپاسی بەرێزتان دەکەین، کە دەرفەتان بە ئێمە بەخشی.
  • -منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیە.



دنەدان و گەشە پێدانی شەڕی تائیفی و قەومی لە کەرکوک لە کوێوە سەرچاوە ئەگرێت؟.. سابیر . م

کارل ڤۆن کالوزێڤیتز ئەڵێت:
(شەڕ تەنها درێژەپێدەری سیاسەتە بە ڕێگەی تر. بۆیە دەبینین شەڕ تەنیا کردەوەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیاسی ڕاستەقینەیە، و درێژەپێدەری پەیوەندی سیاسییە کە لەڕێگەی دیکەوە ڕوودەدات. ئەوەی لەبارەی شەڕەوە بە تایبەت دەمێنێتەوە، تەنیا سروشتی ناوازەی ئامرازەکانیەتی…)

لێرەدا ئەمانەوێت ئەوە بڵێین ئایا ئەم ڕواداوانەی ئەم دوایانەی شاری کەرکوک تەنها ڕوداوێک و شەڕێکی لاوەکی خۆجێیشۆڤێنیزم و ناسیۆنالیزمی حیزبە میلیشیایی و چەکدارەکانی حاکمانی ناوچەکە و هەرێم و بەغدان ، یان ئەبعادی جیهانی دوورتری هەیە؟
سەردانەکانی و فشارەکانی ئەمدوایانەی وەزیری دەرەوی تورکیا و جومهوری ئیسالمی بۆ سەر ناوچەکەو، ملمالنێی ئەم دوودەوڵەتە زلهێزەی ناوچەکەو، دابەشبوونیان بەسەر دوو قوتبی جیهانی جیاوازدا ، واتە ستراتیجیەتی ئەمریکاو تورکیاو وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژئاوا و ئەوروپا لە ناوچەکە لە لایەک و لەولاشەوە بردنە پێشەوەی ستراتیجیەتی ڕوسیاو چین و ئێران و ئۆردوگای سەر بەم قوتبە لە عێراق ، وە هەوڵدان بۆ هەرچی زیاتری تاڵان و بڕۆکردنی سەروەت و سامانی عێراق و هەرێم و بەتایبەت شاری کەرکوک وەک ناوچەیەکی نەوتی و گازی بەنرخ لە سەر ئاستی جیهان .
لێرەدا ئەوە گرنگە کە بزانین کە خودی جەماوەری چەوساوەی کورد وە نەتەوەو کەمایەتیەکانی تریش لە کەرکوک بەدەستی گرانی، و بێکاری، بێئەمنی ، نەبوونی خزمەتگوزاریەکان ، فەسادی کاربەدەستان و حاکمان ئەناڵێنن.
دنەدان و گەشەپێدانی هەستی کۆنەپەرستانەی تائیفی و قەومی و ئاینی و مەزهەبی نێوان ئەم چینە بەرفراوانەی جەماوەر، هۆیەک و ئامرازێکی گرنگی شێواندنی هەلومەرجێکی سیاسی و ئابوری ئەو شارەو تەواوی کوردستان و عێراقە.
کێ سوود مەندە لەم ئاژاوەو سەرگەردانی و کوشت و کوشتاری کوردەکان و خەڵکانی تر ؟
یەکێک لەو کەسانەی کە حەماسی قەومی پاڵی پێوە نابوو ، یان لەلایەن حیزبەکەوە هاندرابوو کە بێتە سەر شەقام بۆ دژایەتی داخستنی ڕێگەی هاتوچۆی هاتنە ناوەوەی شاری کەرکوک ، لە دوائاکامدا بە ناکامی مایەوەو ووتی: ) تێناگەم بۆچی حیزبە قەومیە کوردیەکانمان نایەن داکۆکیمان لێبکەن ، ئەوەتا ئەوان بە چەک ئەمان کوژن …( .
لێرەدا دێینە سەر ناوەڕۆکی باسەکە ، ئەویش ئەوەیە بزانین چۆن شەڕ درێژە پێدەری سیاسەتە بە شێوەیەکی تر ؟
بۆ گشت کوردان و نەتەوە تائیفەکانی تری هەرێم و عێراق مەعلومە کە دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا و حیزبەکانیان. و میلیشیاکانیان ، هەموو بەیەکەوە تەباو گونجاون ، وە ئیدارەی ئابوری و سیاسی عێراق و هەرێم ئەدەن ، وەک بۆرژوایەکی – کۆمبرادۆری بەکرێگیراوی دەوڵەتە ئیمپریالیست و زلهێزەکانی ناوچەکە.
ئەوان هەر هەموویان حوکومەتێکی تائیفی و لەسەر بنەمای پشکی ئابوری و سیاسی دامەزراوە، وە هیچ پەیوەندیەکان نە بەمەسەلەی چەوساندنەوەی خەڵکەوە هەیە ، وە نە لە پێناو نەهێشتنی هەرجۆرە چەوساندنەوەیەکدا هاتوونەتە سەر حوکم.
ئەوەی کە گرنگە بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی خۆیان بپارێزن ، وە سەرکوتی هەر چەشنە ناڕەزایەتیەکی چینایەتی بکەن کەلە هەر شارێک و کونجێکی ئەم هەرێمەو ئەم عێراقەدا سەر هەڵئەدات .
خاڵی بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە بۆ ئەم دەوڵەتە ئیمپریالیست و دەوڵەتە زلهێزو شۆڤێنیستەکان و قەومیەکانی ئەم ناوچەیە ئەوەیە کە بە شوێن بیانویەکدا بگەڕێن ، یاخود بیانویەک دروست بکەن ، کە ببێتە مایەی گێژاوێکی سیاسی و فیکری لەم چەشنە ئەویش داخستنی مەقڕی ) پ.د.ک( لە کەرکوک .
گێژاوێکی فیکری و سیاسی کە تێکەڵ بە نەعراتی قەومی و تائیفی و سەر لەجەماوەر شێواندن کەئەم شەڕە شەڕی کوردو عەرەب و تورکمانە نەک مەسەلەیەکی تر.
ئەمە نەخشەیەکی جەهەننەمی و لەڕادەبەدەر زیرەکانەیە بۆ لە خشتەبردنی جەماوەر.
ئەم ڕوداوە کارێکی عەرەضی واتە سەرپێی نەبووە، بەڵکە دانوسانێکی لەمێژینەی خودی هەموو دەوڵەتە زلهێزەکانی ناوچەکەی لە پشتەوە بووە ، وە بەکرێگیراوانیان لە کەرکوک ئەنجامیانداوە .
لەم نێوەدا ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێت کە ئەم جۆرە دانوسانە نهێنیانە تەواوی حاکمان و دەسەڵاتداران تیایدا بەشدارن و وە ئاگادارن چ جۆرە نەخشەیەک بەرامبەر هەرێم و عێراق لە ئارادایە و بەڕێوە ئەچێت ، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا وەاڵمێکە بۆ بێدەربەستی حاکمانی کوردو حیزبەکانیان و مێلیشیاکانیان لەبەرامبەر ڕشتنی خوێنی هاوواڵتیانی کورد ، وە هەروەها بێدەربەستی لایەنەکانی بەرامبەریش لە ڕشتنی خوێنی کوژراوەکانیان.
ئەم شەڕە شەڕی قەومی و نەتەوەیی و تائیفی نیە لە بنەڕەتدا ، بەڵکە وا دروستکراوە کە بچێتە قاڵبی شەڕی قەومی و تائیفی وئاینیەوە ، ئەم شەڕە شەڕی بەرژەوەندی الیەنە دژ بەیەکەکانی وەک ئێران و تورکیاو وڵاتانیب تری ناوچەکەیە لەسەر نەوت وداهاته کەرکوک و دەستبەسەراگرتنی ئەم شارە.
پێویستە بە توندی دژ بە پڕوپاگەندەی حیزبە قەومی و کۆنەپەرستەکانی کوردو عەرەب و تورکومان و ئیسلامیەکانیان ولێبڕاڵیەکانیان بوەستینەوە ، کە هەمیشە بە جۆرێک لە جۆرەکان مێشکی خەڵک لە ڕێگەی مێدیاکانیانەوە بە ژەهری نەتەوەپەرستی و تائیفە گەری و مەزهەبگەرایی قانگ ئەدەن.
ئەم شەڕە پێویستە بکەینە شەڕێکی چینایەتی مەزنتر دژ بە هەموو کاربەدەستان و حاکمانی ناوچکەو بەغدا ، کە دۆزەخێکی گەورەیان بۆ ئەو جەماوەرە بەرینە دروست کردوە.
لاوان و تێکۆشەرانی تێگەیشتوی خەباتی چینایەتی لە کەرکوک و شارەکانی تری هەرێم و عێراق لەم سات و سەودا و پالنە ژێربەژێرەکانی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان تێئەگەن، وە لەم ڕاستایەدا پێویستە میتۆدی خەباتی چینایەتی سەرتاسەری لەبەرچاوبگرن دژ بە بۆرژواکان و حاکمانی ناوچەکەو عێراق و سەرمایەدارانیان ، وە ڕێگە نەدەن کەسانی تر بکرێنە قوربانی ئەم سیاسەتە چەواشەکارانە .
زۆر بەداخەوە بە ڕژانی خوێنی الوان و گەنجانی ئەو شارە، بەڵام دڵنیا بن ئەم ڕەنج و گیان فیداکاریە ناچێتە تەرازوی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و چینەکەیان ، بەڵکە دەبێتە گوژم و تاوێکی تری بەهێزبوونی دەسەڵاتداریەتی ئەم هێزە بۆرژو -اکۆمبرادۆریە بەکرێگیراوانە.

سابیر . م
٢٠٢٣ / ٩ /٤




شێرکۆ بێکەس(١٩٤٠ – ٢٠١٣)، ئەو ئایکۆنەی شیعرییەی کە دووبارە نابێتەوە!.. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

وێنەیەکی گشتی شێرکۆ بێکەس
ڕەنگە لە مێژووی ئەدەبی نوێی کوردیدا هیچ کەس هێندەی شێرکۆ بێکەس (بەختیار عەلی لێدەربچێت) ئاوڕی لێنەدراوەتەوە. ئاوڕدانەوە لە شێرکۆ؛ ئاوڕدانەوە بووە لە بەرهەم و داهێنانەکانی. شێرکۆ نەفەسێکی درێژی شیعریی هەبوو، کە تا ئێستا لە هیچ کەسێکی تردا ئەو نەفەسە بوونی نییە. شێرکۆ گەلێ شێوازی شیعریی تاقیکردەوە، هەر لە شێوازی کۆن و چوارین و پۆستەرەشیعر و ڕۆمانەشیعرەوە بگرە تا دەگاتە شانۆنامەی شیعریی و لە هەمووشیاندا دەستڕەنگینی خۆی نیشان داوین. شێرکۆ بێکەس بە گۆشت و خوێن و وشە و داهێنانەکانییەوە ڕۆڵەی بە ئەمەکی ئەو بزووتنەوەیە بوو کە بە ناسیونالیزمی کوردیی(کوردایەتی) دەناسرێت. ئەو هەموو شیعر و نووسینەکانی خستە خزمەت بیڕوباوەڕی کوردایەتی. شێرکۆی بێئۆقرە بەردەوام بەدوای شتی تازە و نەوتراودا دەگەڕا. گەریدەیەک بوو لە بڕگەیەکی زەمەنی (ناوەڕاستی شەستەکان تا ئەوکاتەی ژیانئاوایی کرد) توانی زۆرترین بەرهەم و دەق بنووسێت و بڵاوبکاتەوە. هەمیشەش ڕۆڵی سەرەکی و دەستپێشکەری بینیوە. شێرکۆ لە بزووتنەوە چەکدارییەکانی ناسیونالیزم بە کۆن و نوێوەی(مەلاییزم و جەلالیزم)؛ وەک جەستە و وشە ئامادەیی هەبووە و شیعری لەناو سەنگەرەوە گەیاندۆتە نێو دڵی خوێنەری خۆی. ئەوەی ئەو شانسەی بەشێرکۆ دا لەمێژووی ئەدەبی کوردی وەک ناسراوترین شاعیر دەربکەوێت، جگە لە توانا شیعرییەکانی، ئاوێتەکردنی شیعر و سیاسەت یان شیعر و کوردایەتی بوو. کە بەیانی ڕوانگە(٢٥-٤-١٩٧٠) کە شێرکۆ خۆی یەکێک بوو لە داڕێژەران و ئیمزاکەرانی، بناغەی ئەو ئاوێتەبوونەی پتەو و قایم کرد. شێرکۆ هەر لە جوغزی کوردایەتیش نەمایەوە، بەڵکو بەپێی گۆران و گەشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەمیش نوێتر و هەندێکجار ڕادیکاڵتر دەردەکەوت. ئەو شیعر و فرمێسک و شیوەن و پرسەی لەگەڵ بزووتنەوەکەی بوو. هەڵوێستە ڕادیکاڵەکانیشی لە ئەنجامی ڕادیکاڵبوونی بیروباوەرییەوە نەبووە ، بەڵکو لەئەنجامی ساتوسەودای سیاسییانەوە بووە. چونکە شێرکۆ تا ئەوڕۆژەی ژیانئاوایی کرد، وەک باوەڕ؛ ناسیونالێستێکی بێ غەل و غەش بوو. پرۆسەی نووسینی شیعر لای شێرکۆ بە گەلێ هەوراز و نشیودا تێپەڕیوە ، کە هەر خوێنەرێک دەتوانێت لە خیلالی شیعرەکانییەوە وێنایەکی ڕوونی شێرکۆ بێکەس و جیهانبینییەکەی بکات. من شێرکۆ بێکەس بەمجۆرە دەبینم:
یەک : بیری سیاسی و ئایدۆلۆژی ناسیونالیستی شێرکۆ هەر لە چوارچێوەی کوردستانی عێراقدا قەتیس نەماەوە ، بەڵکو بیری کوردایەتی سەرتاسەری لەهەر چوار بەشەکە بەسەر کردۆتەوە. لەکوێ مەترسی بینیبێت بۆ سەر ئایندەی ناسیونالیزمی کورد ئەم دژی وەستاوەتەوە. واتە ئەم ئەگەرچی وەک ئەندامبوون ئەندامی لایەنێکی سیاسی( یەکێتیی نیشتمانی کوردستان یان ی ن ک) بوو ، بەڵام بەمانای وشەکە شاعیرێکی حیزبیی بوو. واتە شاعیری بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردی بوو.
دوو : لەگەڵ کۆست و ڕووداوە تراژیدییەکانی کوردستان ژیاوە و شیعری بۆیان هۆنیونەتەوە.
سێ : لەبەرامبەر گەشە و مەترسییەکانی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان هاواری لێهەستاوە و دژایەتی کردوون و بۆ ئەمەش ڕووبەڕووی هەڕەشە بۆتەوە.
چوار : وەکچۆن شیعری کردبووە بانگ بۆ ئازادی( بەتایبەتی ڤێرژنە کۆنەخوازەکەی کوردایەتی بۆ ئازادی)، ئاواش شیعری کردۆتە مەتارێزی ئازادی و بەرگریکردن لە ژنان، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو جیهانبینییە کوردایەتییەی کە بڕوای پێ هەبوو.
پێنج : سوودی لە کەلەپوور و داستانە کوردییەکان وەرگرتوە و لەشیعردا تەوزیفی کردوون.
شەش : جگە لە دنیا بەرفراوانی شیعر، شێرکۆ ڕەخنەگر و وەرگێڕێکی باشیش بوو.
حەوت : پشتیوانێکی مەعنەوی جیددی بوو لە پڕۆژەی ڕەهەندییەکان و بەتەواوی توانایەوە لەپشت ئەو پڕۆژەیە و ئەدەبی لیبڕاڵی کورد وەستا و تا دوا هەناسە بەرگری لێکردن.
هەشت : لەهەموو ئەم دۆخ و هەلومەرجە سیاسییە قەیراناوییەی کوردستان هەمیشە داگیرکار ( حکومەتی بەعس ) خەتابار کردووە و هەرگیز پەنجەی تاوانباری بۆ حیزبە سیاسییەکەی و بزووتنەوە کۆنەخوازەکەی (ناسیونالیزمی کوردی) ڕانەکێشاوە.
نۆ : خەباتی چینایەتی و شۆڕشی کرێکاریی و سۆشیالیزم وەکچۆن لە سیستەمی بیرکردنەوەی شێرکۆ بوونیان نەبووە، ئاواش شێرکۆ هەرگیز شوناسی خۆی و دەقەکانی لەو خەباتەوە دیاری نەکردووە. بەمجۆرە ئەو هەڵوێستە پۆزەتیڤانەی شێرکۆش ناتوانن بچووکترین خەسڵەتی شۆڕشگێڕیی بە شێرکۆ ببەخشن. داهێنانەکانیشی دەچنە خانەی داهێنانی شاعیرێکی بۆرژوا – ناسیونالیست، نەک شاعیرێکی شۆڕشگێر.
دە : لەدوای هەڵچوونە جەماوەرییەکەی ئازاری ساڵی ١٩٩١ و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی کوردستانی عێراق لەلایەن بەرەی کوردستانی و دواتریش یەکێتیی و پارتییەوە، شێرکۆ بەهرەمەند بوو لە پشتیوانی ماددی و مەعنەوی و بوو بە وزیری ڕۆشنبیری و دواتریش بەرێوەبەری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و بووە خاوەنی گیرفانێکی موحتەرەم و ئەو ئازادییەی لە کە شیعرەکانیدا بانگەوازی بۆی دەکرد.

هەڵسەنگاندنێکی گشتی
خوێندنەوەی دەق و نووسینی هەر ئەدیب و نووسەرێک لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییەوە،ئەگەر تەنها لە چوارچێوەی خوێندنەوەیەکی سادە قەتیس بمێبێت و ڕۆنەچێتە نێو لێکدانەوە و رەخنەی چینایەتی، ئەوا ناتوانێت ئەنجامێکی قەناعەتپێکەر و بەسوود بدات بەدەستەوە. ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی هەر بە تەنها نایەت ژێر ددانی نووسەر و ئەدیب بپشکنێت و بیخاتە ژێر مایکرۆسکۆپی ئایدیۆلۆژییەوە، بەڵکوو دێت لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئەدەب دەکۆڵێتەوە و لێرەشەوە هەڵوەستە لەسەر هەڵوێستە چینایەتییەکانی نووسەر دەکات و قسەی خۆی دەکات. ئەگەر بە تەرازووی سەنگەری چینایەتی ئەدەب لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری شێرکۆ بخوێنینەوە، ئەوا جگە لە شاعیرێکی بۆرژوازی و کۆنەپەرست هیچی تر نابینین. بەڵام کاتێک لەسەر قۆناغ و برگە مێژووییەکانی دەقەکانی ئەو شاعیرە دەوەستین و ورد دەبینەوە دەبینین پانتاییەکی تر هەیە کە دەبێت ببینرێت. ئەویش پانتایی بەشداری ئەو شاعیرەیە لە بەرگریکردن لە هەندێک لە هێما جوانەکانی کۆمەڵگە. بەرگیری کردن لە ئازادی ( بە ڤێرژنی ناسیونالیزم)، بەرگریکردن لە ژنان ( نەک یەکسانی هەمەلایەنەی ژن و پیاو)، وەستانەوە دژ بە کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی، هەڵوێست نواندن لە هەندێ مەسائیلی سیاسی ڕۆژانەی کۆمەڵگە و نەخشاندنی کارەساتە تراژیدییەکانی سەر ئەم میللەتە ستەمدیدەیە و تاد. لێرەوە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی نەک هێڵێکی ڕاست و چەپ بەسەر ئەو شاعیرەدا ناهێنێت، بەڵکوو تێدەکۆشێت بەرگری لەو کرێدتانەش بکات کەلەئەنجامی هەڵویستی ئەو شاعیرەوە بەدەست هاتوون. ئەوە ڕاستە شێرکۆ بێکەس هەمیشە شاعیرێکی دیماگۆجی بووە و تەنانەت تا گەیشتنی بە ئەوروپا و نیشتەجێبوونی لەوێ درێغی نەکرد لەو دیماگۆجییەتە( من کاتی خۆی قسەی خۆمم لەوبارەوە کردووە.(١))، بەڵام دوای هەڵچوونە جەماوەرییەکەی ئازاری ١٩٩١ و گەڕانەوەی شێرکۆ بۆ کوردستان و بینینی واقیعییەتی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردی، هێدی هێدی ئەو دیماگۆجییەتە لە شیعری شێرکۆ چووەتە دۆخێکی ترەوە و فۆرمێکی تری وەرگرت، ئەویش فۆرمی فریودانی خەڵک و خوێنەر لەژێر سایەی ڕەخنە لە دەسەڵات. دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردیش پشتیوانی جیددی شیرکۆ بوو، بەڵام دیارە قەبارەی ئەو پشتیوانییە بەدڵی شێرکۆ نەبووە. بۆیە زویر دەبێت و بۆیە هەر لە پەنجەرەی کوردایەتییەوە تانە لەو دەسەڵاتە ناسیونالیستە کۆنەخوازە دەگرێت.(٢)

چی وا دەکات شێرکۆ بەردەوام لە ناومان بێت؟
ئامادەیی شێرکۆ ، ئامادەییەکە لە دەقەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئامادەییەکە لە هەڵوێست و وەستانەوە بە ڕووی هەندێک ناشیرینییەکانی کۆمەڵگەی کوردی خۆ دەنوێنێت،(٣) ئامادەییە لەو هاڕمۆنییەی کەلەدەقەکانەوە وەک تاڤگە دەڕژێنە نێو دڵی خوێنەر. نەفەسی شیعریی و ئیشکردن لەسەر وشە بەجوانترین شێوە و لە باڵاترین ئاست و خوڵقاندنی جوانییەک کە توانای هەیە لە یادەوەری خوێنەردا بمێنێتەوە. هەڵبژاردنی وشەی گونجاو بۆ شوێنی گونجاو، ئاوڕدانەوە لەو کێشانەی کە دەبێت ئاوڕیان لێ بدرێتەوە، وێنەی قەشەنگ و مۆسیقای ڕەوان، ئەمانە بنەچەی هونەری شیعرییەت و ئیستاتیکای شێرکۆن. غەدرێکی گەورە لە هونەری شیعریی شێرکۆ بێکەس دەکەین ئەگەر لە لێکدانەوەکانماندا ئەو لایەنەی هونەری شیعریی شێرکۆ فەرامۆش بکەین. بەڵام هەموو ئەم دەستڕەنگینی داهێنانە جوانانە ناتوانن فریای شێرکۆ بکەون کە لەڕووی سیاسییەوە کەوتۆتە چ گۆمێکی لێخن کە تا مرد نەیتوانی خۆی قورتار بکات. ئەویش گۆمی پشتیوانی لە ستەمی دەسەڵاتدارێتی ناسیونالیزمی کورد و بۆژوازی کوردستان بوو دەرهەق بە خەڵکی هەژار و قوربانیدەر و ستەمدیدەی کوردستان.

دواجار
شێرکۆ بێکەس لە هەناوی بزووتنەوەی ناسونالیزمی کوردییەوە هاتە دەرێ و بە لێهاتوویی خۆی توانی ڕۆڵێکی گەورە لە بزووتنەوەی شیعری کوردی بگێڕێت. شێرکۆ ڕاستگۆ بوو لەگەڵ خۆی و باوەڕەکەی(کوردایەتی) و تا دوا هەناسەش وەفادار مایەوە. ئەو توانی بەهۆی دەقەکانییەوە بچێتە نێو دڵی هەزاران خوێنەر. توانی بەهێزی شیعر و دەقەکان و داهێنانیی؛ قەیرانی خۆجووینەوەی نووسین و دەق لە بزووتنەوەی ئەدەبی کوردی باو تێپەڕێنێت. ئەو ئایکۆنێک بوو لە هیچ نەدەچوو لە خۆی نەبێت. دواجار؛ شێرکۆ بێکەس لەڕووی شیعرییەت و دنیای قەسیدەی کوردیدا، ئەو ئایکۆنەیە کە هەرگیز دووبارە نابێتەوە!

پەراوێزەکان :
(١)لە ساتی ژیانئاوایی شێرکۆ بێکەس ( ١٠ ساڵ لەمەوبەر) ئەم وشانەم نووسی (من لەژیانمدا نە شێرکۆ بێکەسم بینیوە و نەوێنەشم لەگەڵ گرتووە. بەڵام خوێنەرێکی ڕژدی شیعرەکانی بوومە. شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس تەرجەمەی گەلێ زمانی جیاجیا کراون و گەلێ وتاریش لەدەرەوە و ناوەوەی کوردستانیش لەسەری نووسراوە. نووسین هەبووە ستایش بووە و هەشبووە ویستوویەتی سوود لەناوی کاک شێرکۆ وەربگرێت و لەڕێگەی ئۆتۆریتەی شێرکۆوە بازاڕێک بۆ خۆی گەرم بکات. دیارە لەگەڵ ئەمانەشدا نووسینی جوان و خوێندنەوەی بەپێزیش کراوە. من دەمەوێ باسی شتێک بکەم. باسی نووسینێکی ڕەخنەیی خۆم بکەم.ساڵی ١٩٨٩ ئەو کات ئەندامێکی چالاکی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) بووم و لەگەڵ هاوڕێیانم (جەماڵ کۆشش و نەوزاد ئەسوەد) گۆڤاری (ڕابەر)مان دەردەکرد، نووسینێکی درێژم لەسەر جیهانبینی شیعریی شێرکۆ بێکەس نووسی بەناوی(دیماگۆجی شێرکۆ بێکەس لەئاست تیشکی چەند سەرنجێکی تەحلیلیدا) کەلە دوو ژمارەی گۆڤاری (ڕابەر) ئۆرگانی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) دابڵاوم کردەوە. ئەو نووسینە نە ستایش بوو نەخۆ هەڵواسین بوو بەکاک شێرکۆوە، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ نیشاندانی ڕووی ئەو ئایدیۆلۆجییەی کەکاک شێرکۆ ئیشی لەسەر دەکرد. ڕەخنەیەکی مارکسیستی جیددی بوو لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس. لەو نووسینەمدا زۆر بە ڕوونی ئەو دیماگۆجییەتەی کە ئەو ستراکتۆری شیعرەکانی لەسەر بنیاد دەنا، نیشان دابوو. نووسینە گەرچی لەکاتی خۆیدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو بەڵام مەخابن نە ئەو نووسینە و نە ژمارەکانی ئەو گۆڤارەم دەست ناکەونەوە ئەگینا جارێکی تر بڵاوم دەکردەوە. ئێستا لەکاتێکدا کەچارەکە سەدەیەک تێدەپەڕێت بەسەر ئەو نووسینەم و کاک شێرکۆش کۆچی ئەبەدی خۆی کرد،من جگە لەسڵاوێک بۆ کاک شێرکۆ و ئەو نەفەسە شیعرییەی کەوێنەی نییە لەکورددا و ئەو ڕەخنە مارکسیستە جیدییەی ئەوسام،هیچیترم نییە بینێرم.)
(٢)ئێستا کچێک نیشتمانە سکاڵانامەیەکی شاعیرە لە بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کوردی. دڵشکانی شاعیرە لەو مێژووەی کە بەناوی کوردایەتییەوە ژیانی هەزاران لاویان کردە قوربانی ئەو بزووتنەوە سیاسییە دواکەوتووە.
(٣)هەڵوێستەکانی شێرکۆ بێکەس هەڵوێستگەلی باش و خراپن. لێرەدا مەبەستمان لە هەڵوێستە پۆزەتیڤەکانی شێرکۆیە نەک هەڵوێستە نێگەتیڤەکانی.




ئێوارانە- ٤٨.. سەردار جاف

ئێوارەيەک
کە کۆڵانی تەنگی ئودن
بە سروشتێ جوانتر دەبێ
تەپوتۆزێ بەڕێوەيە
نيگاکان سيحری تێ دەزێ
کە مەی دارەدارە دەکا
ئەوا رووبارێ ون دەبێ
چرا کزەکان لە سۆراغيدا وێڵن
زنەيەکی تر نەتەقێ
ترس هەيە
نەبا مناڵێکی چەتوون
لەوديو ونبوونی رووبارا
چاوشارکێی لێلمان کردبێ
دروێنەی گەنم بۆ بکەين
ئەو بزێوە با زێتر برسيمان نەکا
کەپکە ئارەقەی نێوچەوان
دەکەينە پارووی شەوانمان
دۆزە دۆزەی رووبار دەبين
رووباری ون
بێ جێگا و رێ
شەو گۆرانی بۆ ئاوێتەبوونمان دەچڕێ
ژێی کەمانجەژەن لانەی بوو
دەمەدەمێ سپێدە رۆی نەهاتەوە بەرەوخوارێ
تەمتومان بوو
رۆيشت و ئيتر ديار نەما
يار خۆی بە گەرووی هەڵواسی
کەچی دەستەکانی لەمل هەور ئاڵا
هەور رووت رووت
سيحرێ کەڤەری شەهلایی
لە بن تروسکەی بارانا خۆی دەشوشت و
تليسەی مينای شۆڕەبی لە نێويا دەبريسکايەوە
بوونە فرمێسکی هەنگوينی
سۆراغەکانم وێڵی ئاو
ئەويش لە تەک گرمەی هەورا
هەترەشچوويەکی واق وڕماو
ئەمجارەيان من و شەهلا
دەبارين و نمە بارانێ دێينەوە
دەبارێين و دەبارێين و دەيڵێينەوە
نە بێ کەسی نە بێ کەسم
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

٣ / ٨ / ٢٠٢٣




ئینقلابی سەربازی وەک شۆڕشێک.. ئیدریس مستەفا ساڵح

دیدێکی سیاسی فکریە بۆ ئینقلاب و شۆڕش لە پەراوێزی کودەتا سەربازیەکانی کیشوەری ئەفریقیادا لەوانە گابۆنی ئەمڕۆکە.
یەکەم: هیچ وڵاتێک نیە لەم دنیایەدا هێزی سەربازی قسەی یەکەمی نەبێ تێیدا. لە وڵاتانی رۆژهەڵات و ئەفریقیا و ئەمریکای باشوور ئەو هێزە سەربازیە زۆر دیارە لە کاروبارەکانی وڵاتدا بەڵام لە وڵاتانی رۆژائاوا (ئەوروپا و ئەمریکای باکور) ئەو هێزە سەربازیە شاردراوەتەوە و زیرەکی غەربیش لەمەدایە. ئەگەرنا، لە غەرب سەرباز هێزی ئەوەڵ و ئاخیری وڵاتەکانیانە. توانای سەربازی هەر لە گەورترین کارگەکانی چەک و تەقەمەنیەوە تا دەگات بە هێزی چەکی ناوەکی و دەستێوەردانی سەربازی و هەڕەشەی سەربازی بۆ هەموو ولاتانی جیهان یەکێکە لە نیشانە هەرە دیار ەکانی سیاسەتی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکیە. ئەمریکا لە ئاسیای دوور و ناوەارست و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاخود فەرەنسا لە ئەفریقیا جگە لە هیزە سەربازیەکانیان کە بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان دەپارێزێ هیچ شتێکی تریان نیە.
دووەم: هەر ئەم هێزەیە وا لە ولاتێکی وەک فەرەنسا دەکات کە زاڵ بێت بەسەر زۆرێک لە وڵاتانی کیشوەری ئەفریقیادا. کاتێک وەک کۆڵؤنیالیستێک ئەو کیشوەرەی بەجێهێشت هێزی سەربازی لە هەر یەکێکیان دروست کرد و بەر بەو هیزەش دەسەڵاتی وابەستە بەخۆی دادەنێ هەر لە سەرۆک و سەرکردەوە تاکو ئیدارەی حکومی. لەو نێوەدا سیستەمی دیمموکراتی هەڵبژاردنێکیان داناوە و ناویان لێناوە (لیجیتمەت پاوەر) دەسەڵاتی شەرعی. خەڵکی ئەو وڵاتانەش دەبینین ولاتەکانیان لە پێشی پێشەوەی ریزبەندی هەژارانی دنیادایە و رۆژ بە رۆژ ژیان و گوزەرانیانی خۆشیان بەرەو خراپتر بوون دەچێ ئەوا بێگومان نارازی دەبن بەو بارودۆخە کە دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیستی و ناوخۆ.
سێهەم: بە درێژایی چەندان دەیە، لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە بە گشتی، سیاسەتی کۆڵۆنیالیستی کە قۆرخی سیاسی و ماڵی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی کردووە هەرچی هێزی جەماوەری هەیە بۆ فکری سیاسی کە بتوانێ رێکخستن و حزبی سیاسی بەخۆی هەبێ مراندووە. لەگەڵ ئەوەی شەپۆلی نارەزایەتی لە رادەبەدەری خەڵک هەیە دژ بە هیزی کۆڵۆنیالیستی و دژ بە گەندەڵیە سیاسی و ئیداری و ماڵیەکانی دەسەڵاتی ناوخۆ هیزێکی جەماوەری ناتوانێ بێتە دەر و ئەو شۆڕشە بکات کە رەوشی سیاسی وڵات بگۆڕێ بۆیە هیزی عەسکەر ئەمە دەکات و ئەوەی ئیستا لە چەند وڵاتێکی ئەفریقی وەک نەیجەر و مالی و بورکینا فاسۆ و چاد و گابۆن دەجێتە پێشەوە جگە لە شۆڕشێک دژ بە هێزی قۆرخکاری غەربی شتێکی تر نیە بەڵام سەرباز بەم ئەرکە هەڵدەستن. لە رووی سیاسیەوە غەرب دەیانەوێ ئەم راسانە تۆمەتبار بکەن بەوەی روسیای لە پشتەوەیە یاخود لە ماهیەتە سیاسی و مێژوویەیەکی کەم بکەنەوە گهەر بە هەمان بڕوبیانوو بەڵام راستیەکەی نارەزایی سەراسەری کیشوەری ئەفریقیایە لە فەرەنسا و هەموو رۆژئاوا. پاشان لەوە ئاسایی تر نیە گەر جەمسەرێک پشتیوانی و هاوکاری خۆی دەربخات بۆ هێزێک لە ولاتێکی تر وەی ئەوەی روسیا و چین دەیکەن لە ئەفریقیا یاخود فەرەنسا و ئەمریکا دەیکەن لە شوێنانی تری جیهان.
چوراەم: ئێمە هەردەم وا تێگەیشتووین کە شؤڕش واتە راسانی جەماوەری خەڵک. ئەمە دروستە بەڵام بۆ دەورەیەک لە ژیانی ولاتانی ئەفریقیا بەو بارودۆخانەی باسمان کردن جگە لە ئینقلابی سەربازی شتێکی تر لەو نێوەدا ئەو هێزەی نیە بەو ئەرکانە هەڵبسێت. پاشان ئینقلاب وەک چەمک گەر گرفتێکی هەبێ لە بارەیەوە ئەوا وەک تەرحێکی بەردەست بۆ رۆژگارێکی ئاوها کە وەڵام بە داواکاریە سەرەکیە جەماوەریەکان بداتەوە لە ئامانج و ئەرکدا کە سەربەخۆیی ولاتەکانیانە لە داگیرکاری و قۆرخکاری ئەوا کودەتای سەربازی شۆڕشێكە بۆخۆی بەتایبەت دوای هەر کودەتایەک جەماوەر بە شەپۆل دێنە سەر شەقامەکان بۆ پشتیوانی کردنیان. ئەوەی دەیەوێ کودەتای سەربازی هەمێشە بە نابودی و خراپ پیشان بدات ئەو هێزە غەربیانەن کە بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو قوتابخانەیەکی سیاسی فکریان داناوە و لە هەر جێیەک بەرژەوەندی خۆیانی تێدا بوو ئەوا شۆڕشە یاخود بەهاری عەرەبیە یان ئینقلابە. فکری سیاسی رەسمی غەربی ئاماژە بە هیزی سەربازی خۆیان نادەن کە بەهۆیەوە جیهانیان تەوق کردووە بەڵام کاتێک وڵاتێک بیەوێ ئەم هیزە سەربازیە بۆ سەربەخۆیی یاخود بۆ بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەی خۆی بەکاربهێنێ ئەوا بە “ئینقلابچی” ناودەبرێن. مێژووی وڵاتانی غەربی پرە لە مێژووی کودەتا سەربازیەکانیانە بەسەر دەسەڵات و فەرمانڕەوا نیشتمانیەکانی وڵاتانی تر هەر لە کیشوەری ئەمریکای لاتینەوە تادەگات بە رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفریقیا.
پێنجەم: ئەوەی ماکرۆن دەپاریزی لە ناو کۆشکی شانزەلیزی ئەوا هیزی سەربازیە و ئەوەی فەرەنسا وەک ولاتێکی گەورە دەردەخات لە جیهاندا هێزی سەربازیە، ئەوەی زمانی فەرەنسی لە کیشوەری ئەفریقیادا کردووە بە یەکەم زمانی ولاتەکانیان ئەوە زەبری هێزە سەربازیە ئیستعماریەکەیەتی. ئەوەی لە دنیای غەربی هەیە لە سیستەم و ئیداراتی حکومی و وڵاتدا هەمووی بە هیزی سەربازی راگیراوە و هەر هەڵایسانێکی جەماوەری رووبدات ئەوا یەکسەرە هیزی چەکداری بە پۆلیس و سەربازەوە دەهێننە ناوەڕآستی شەقام و ئەوەی بیانەوێ دەیکەن. خەڵکی نارازی بە تێکدەر و گێرەشێوین ناوزەد دەکەن و هیزی خۆشیان بە هێورکەرەوە و زەبت و رەبتی وڵات لە قەلەم دەدەن. بۆیە لەهەر وڵاتێکی ئەم دنیایە ولاتانی غەربی لە پێش هەموویانەوە هیزی سەربازی دڵی دەوڵەت و حکومەتەکانیانە بۆ مانەوەی خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان چ لە ناوەوە و دەرەوەی سنورەکانی خۆیان. حکومەتی مەدەنی تەنها شکڵی دەرەوەی حکومەتەکانیانە و هەموو ئینقلابە سەربازیەکانیش دواتر دەبن بەو حکومەتە مەدەنیە و ئیدارەی مەدەنی حوکمی وڵات دەکات بە جلوبەرگی مەدەنیەوە.
٣٠ی ٨ی ٢٠٢٣




کێشەی کرێکاران و وازهێنانی بێدەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر هەقدەست و کار لە ئەمەریکادا.. غازی حەسەن

ئیمیلی ڕۆز( مەکڕای) کە سەرکردایەتی تیمی توێژینەوەی داهاتووی کارەکانی گارتنەر دەکات، دەڵێت: “بەکرێگرتنی بێدەنگ یەکێکە لەو چەندین ڕەوتەی، کە ئێمە دەستنیشانمان کردووە و ئەگەری ئەوەی لێ دەکرێت کاریگەرییەکی گەورە لە ساڵی 2023 بۆ داهاتووی کار دروست بکات”. ئەمەش سەبارەت “بە هەندێک ڕێکخراو دەبێتە گۆڕینی یارییەکە”.
تەکنەلۆژیا زالە و کارەکانی پێگەیەکی فراوانیان هەیە و مانشێتی ڕۆژنامەکانیشان خستۆتە ژێر کارتێکردن و کاریگەریی خۆیان، بەڵام ئابوورییەکی گەورەتر و بەهێزتر لەئارایە. زۆربەی ئابووریناسان تاکو ئێستاش پێیان وایە، پاشەکشەیەکی دیکەی ئابووری کار ڕەنگە لەساڵی ٢٠٢٣دا ڕووبدات. بۆیەش بەبێدەنگی و لەڕێگەی “دامەزراندنی بێدەنگ” کۆمپانیاکان دەستیان بە هەنگاونان کردووە لەپێناو کەمکردنەوەی تێچووەکان و ئەمەش بۆ ئەوەیە کورد گوتەنی (پێش تا بەڕێک بەخۆیاندا بدەن)، واتە پێش ئەوەی ئابووری جارێکی دیکە بەرەو لێژیی بچێتەوە، ئەوان هەندێک هەنگاوی کردەیی بۆ چارەسەری قەیرانە پێشبینی کراوەکان بهاوێژن.
(نیوزویک)ی ئەمەریکی لە بابەتێکی شیکاریی ئابووریی و مەسەلەی کار و کێشەی هەڵبەز و دابەزیی ئابووری وڵاتەکەی و ترس لە دابەزینی بەها و پێگە و هێزی ئابووری دەڵێت: (کۆری کانتێنگە)ی ئابووریناسی دیار لە (لینکیدئین) دا گوتیەتی: “لەگەڵ هەموو ئەو نادڵنایی و نیگەرانییە ئابوورییەی هەیە، خاوەنکارەکان بەوردیی چاودێری ڕێگاچارەکان دەکەن لەپێناو بەدیهێنانی پێداویستییەکانیان، بێ ئەوەی بەکردەوە پابەندبن بەگەشەپێدانی هێزی کارەکانیان.” ئەوان ئەم ڕێگا چارەیان ناوناوە “دامەزارندنی بێدەنگ”.

https://www.cnbc.com/2023/02/06/how-the-us-labor-market-went-from-quiet-quitting-to-quiet-hiring.html

ڕۆژنامەکان و ناوەندەکانی توێژینەوەی ئابووری و پرۆسە و دەرفەتی کار لەم بارەوە دەڵێن وازهێنان بە بێدەنگی لەبیر بکە، ساڵی ٢٠٢٣ هەموو شتێک دەبێتە “دەرکردن بەدەنگی بەرز”، واتە ئەم “بێدەنگییە” نامێنێت کە ئێستا لەنێو بازاڕ و بواری کار و لە بەرانبەر دەستی کاردا هەیە. ڕاپۆرتێک لە (نیوزویک) لەلایەن (گولیا کاربۆنارۆ) لە ٢٣-١-٢٠٢٣ ئامادە کراوە و هەروەها ڕاپرسییەک ئەنجام دراوە، لەوێدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە و ئاشکرای دەکات: زۆربەی ئەمەریکییەکان ئەمساڵ بیر لەگۆڕینی کارەکانیان ناکەنەوە. کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژی وەک ئەمازۆن، مێتا و تویتەر ژمارەیەکی زۆر گەورەی کرێکارەکانیان لەکارەکانیان دوورخستەوە و ڕاشیانگەیاند دوای زیادبوونی پێویستی دامەزراندنی کرێکار لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید- ١٩دا ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی مەترسییەکانی پاشەکشەی ئابووری خەریکە دڵەڕاوکێ بۆ کرێکاران و بازرگانەکان زیاد دەکات. دەست لەکارکێشانەوە گەورەکەی ساڵی ٢٠٢١ تاکو ڕەوشی “وازهێنانی بێدەنگ”، کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەنجام درا، وەکو دوو کاردانەوە و قەیرانی دیار لەنێو بازاڕی کاری ئەمەریکادا دادەنرێت و ئەمەش بە یەک دوو ساڵی پڕ لەگێژاودا تێپەڕی، بەڵام مەسەلەکە لەساڵی ٢٠٢٣دا، لە لێواری پاشەکشەیەکی بەرچاو دایە و ئەگەری ئەوە دەکرێت، ئەمە بتوانێت کاریگەریی قووڵ لەسەر ئابووری وڵاتەکە دروست بکات. بۆیەشە کرێکارانی ئەمەریکی دەیانەوێت لەشوێنی خۆیان بمێننەوە و بەجدییەوە دەست بە کارەکانیانەوە دەگرن. بەپێی زانیاری نێو ڕۆژنامەکانی ئەمەریکا و ئەوەی ڕۆژنامەی (شەرق ئەلئەوست) لەڕۆژی ١٩ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢ لە ژمارە (١٦٠٦٢) بڵاوی کردۆتەوە هاتووە: ملیۆنێک و شەش سەد و دوو هەزار کەس لە ئەمەزۆن وەکو کار بە کاتی تەواو، یان نیوە کاتی کار کرێکاری دەکەن لەکاتی پەتاکەی کرۆنەدا لەساڵەکانی ٢٠٢٠-٢٠٢٢ ژمارەیەکی زۆر خەڵکی دامەزراندووە بۆیە بڕیاریان داوە ژمارەی کرێکارەکانیان کەم بکەنەوە. پێیان وایە دۆخی ئابووری هێشتا لەدۆخێکی ئاڵۆز دایە و لەم ساڵانەی دوایدا بەشێوەیەکی خێرا خەڵکیان دامەزراندووە، بۆیە بڕیاریان داوە هەزارەها کرێکار لەکارەکانیان بووەستێنن. ئەمە تەنیا نموونەیەکە لەهەموو ئەو فشارانە ئابووریانەی کاریگەری لەسەر کرێکاران و مووچە و ژیانیان دروست دەکات.
بەپێی ڕاپرسییەکەی کۆمپانیای (ڕەدفێلد و ویلتەن ستراتیژی) و (نیوزویک) ٪٦٤ کرێکارە ئەمەریکییەکان واتە زۆرینەیان ئەمساڵ ٢٠٢٣ بەنیاز نین و نایانەوێت گۆڕانکاری لە کارەکانیان بکەن. ئەمەش ڕەوشی ئابووری و تایبەتمەندی بازاڕی کاری لەنێو ئەمەریکا پێچەوانە کردۆتەوە. ڕەوشەکە سەبارەت بەو ژن و مێردانەی ساڵەهایە کار دەکەن، یان ئەوانەی هەمیشە بەدوای دروستکردنی هاوسەنگی واقیعی ژیانی کار و ژیانی هەنووکەیان بوون و باسی ئەم هاوسەنگەیان لەنێوان ژیان و کارەکانیان دەکرد وەکو هۆکارێکی سەرەکی وابوو تاکو کارەکانیان جێ نەهێلن، بەڵام دڵنیابوون لەدۆخی ئابووری ئەمەریکا و جیهانیش وایکردووە کرێکارانی ئەمەریکا لەبەر مەترسی بازاڕی کار و دۆخی ئابووری ئەمساڵ بیر لەگۆڕینی کارەکانیان نەکەنەوە. کەواتە بێنە بەرچاوی خۆتان دۆخەکە چەندە خراپە، ئایا خەڵک دەتوانن لەدوورەوە لەکارەکانیان بەردەوام بن. ئایا ئەمە بەکردەوە و بەواتای هەقیقی سەردەمی “وازهێنانی بێندەگە”؟.
ئەمساڵ لەکەرتەکانی تەکنەلۆژیا بەکۆمەڵ کرێکار و مووچەخۆرەکانیان دەرکرد، لەکردەوەدا ئەم دەرکردنە بەکۆمەڵە لەساڵی ٢٠٢٢ەوە دەستی پێکردووە. مایکرۆسۆفت لە سەرەتای شوباتی ٢٠٢٣دا ڕایگەیاند ١٠ هەزار کارمەندەکانی لەپێناو کەمکردنەوەی ڕێژەی تێچوون لەکارەکانیان دووردەخەنەوە. (ساتیا نادێلا) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە (داڤۆس)دا ڕایگەیاندبوو “کەس ناتوانێت سەرپێچی لەهێزی کێشکردن بکات، ئەم کێشکردنە بریتییە لە گەشەی ئابووری ڕێکخراو بەهۆی هەڵاوسانەوە دێتە ئاراوە”.
کۆمپانیا گەورەکان بڕیاریان دا هەزاران کرێکار لەکارەکانیان دەربکەن لەوانە ئەمازۆن ١٩ هەزار کرێکار و مێتا ١١ هەزار کرێکاری دەرکردووە، لەو کاتەی (ئیلۆن ماسک) دەستی بەکارکردووە و تویتەریش نیوەی هێزی کار لە کۆمپانیاکەی دەرکردووە. ئەم پرۆسەی دەرکردنەش ناونراوە “دەرکردن بەدەنگی بەرز”. (جۆن بلێڤینز) مامۆستا لە کۆلیژی بازرگانی ئیس سی جۆنسۆن لە زانکۆی کۆرنێل بە نیوزویکی ڕاگەیاندووە “ئەم دەرکردنانە دەرنجامی دامەزراندنە زۆرەکەی سەردەمی پەتای کرۆنایە. ئەو کات کە بازرگانی بەخێرایی زیادی کرد بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکان کرێکاری زۆر و بەپەلە دامەزرێنران، ئێستاش لەگەڵ خاوبوونەوەی ئابووری، خاوبوونەوەکە کاریگەریی لەسەر سوود و قازانج دروستکردووە، بۆیە بازرگانەکان دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ خاوبوونەوەی ئابووری بگونجێنن”.
لەدرێژەی ئەم شیکردنەوەیەدا لە “نیوزویک”دا ئاماژە بەوە کراوە ئێمە هێشتا هەست بەئازارەکانی قامچییە توندەکانی وەستان و قەیرانی ئابووری لەساڵی ٢٠٢٠ دەکەین و سەرباری درێژەکێشان و دووبارە بوونەوەی لەساڵی ٢٠٢١دا. دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژی دەرەنجامی ئەو بڕیارە خێرایەیە، کاتێک خواست لەسەر خزمەتگوزاری زۆربوو و ڕێژەی داواکاریی و پێویستی خێراکردنی بازرگانی بەرزبۆوە، پێویستیان بە کارمەند و کرێکار زیاد بوو، بۆیە بەشێوەیەکی خێرا خەڵکیان خستە کارەوە، ئێستا ئەمە پێچەوانە بۆتەوە، بەهۆی خاوبوونەوەی بازرگانی و داواکردن بەدەنگی بەرز بەکۆمەڵ کرێکارەکانیان لەکارەکان دەردەکەن.
لەهەمان کاتدا شارەزایانی بواری ئابووری پێیان وایە ئەم دۆخەی لەنێو کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیدا هەیە، نابێت نیگەرانی لای کرێکارانی بواری پیشەسازیی دروست بکات. (گریگۆری دیڤرێتاس) لەزانکۆی ئابووری و بەڕێوەبردنی سەنتەری لێکۆڵینەوە لە کار و دیموکراسی لەزانکۆی هۆڤسترا دەڵێت “بازاڕی کار لە ئەمەریکا بەپێی هەموو پێوەرە ستانداردەکان کار و مووچەت تێدا بەهێز دەمێنێتەوە. هەرچەندە دەرکردن لە بواری تەکنەلۆژیادا بۆتە مانشێتی زۆربەی هەواڵەکان، بەڵام ئەمە تەنیا لە کاردانەوەیەکی کورتبینانەی کۆپیکراو دەچێت، لەکاتێکدا ڕێژەی سوود و نرخی پشکەکان وەکو خۆیانن. کرێ لەچەند مانگی ڕابردوودا هیچ هەڵاوسانێکی بەخۆیەوە نەبینووە، هەرچەندە خاوبوونەوە لە بەرزبوونەوەی نرخەکاندا بەدی دەکرێت و ڕەنگە یەمەش ڕووبدات”.
“کاریگەرییەکانی پەتاکە لەسەر ژیانی کرێکارانی بنەڕەتی و سەرەکەی و مەسەلەی توندیی لەبازاڕی کار، بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی زۆر کەسی وەکو کارەکتەری بوێر دەربکەوێت و داوای باشترکردنی بارودۆخی کار و یارمەتییەکان و دەنگدان لەشوێنی کار و مافی سەندیکاکان بکەن. ئەوە دەتوانێت گۆڕانکارییەکی درێژخایەن بێت، بەتایبەتی بۆ (جێن زی)”. سەرەڕای ئەوەی ئەمە گەشبینە بە داهاتووی بازاڕی کاری ئەمەریکا، بەڵام (ئەلیس گۆڵد)ی ئابووریناس لە دامەزراوەی قازانج نەویست، کە بنکەکەی لە واشنتۆنە بەناوی پەیمانگای سیاسەتی ئابووری (EPI) بە نیوزویکی گوتووە “ئەو نیگەرانە لە کرێکارانی کەرتی گشت”.
بۆیە پرۆسەی “وازهێنان بەبێدەنگی” لەنێو بازاڕی کار لە ئەمەریکا لەنێوان کەرتی تایبەتی و گشتیدا هەندێک جیاوازە، ئەوەی کۆمپانیا گەورەکانی بازرگانی و تەکنەلۆژی دەیکەن، جیاوازە لە کەرتی گشتی کە دوای پەتای کۆرۆنا زۆر گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، هەرچەندە بۆ نموونە کەرتی تەندروستی و پەروەردە تووشی فشار و دۆخێکی دەروونی و ئازاری زۆربوون. بەپێی ڕاپرسییەکەی نیوزویک “ساڵی ٢٠٢٣ پێویستە وازهێنانی بێدەنگ لەبیر بکرێت، چونکە زۆربەی هەر زۆری خەڵک لەشوێنی کارەکانیان دڵخۆشن و نایانەوێت کارەکانیان بگۆڕن. ئەم پاشەکشەیەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە، کرێکارەکان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە، بۆیە کارەکانیان ناگۆڕن”.

دە هەقیقەتی ڕاستەقینە لەبارەی کرێکارانی ئەمەریکا

یەکەم: بەپێی سەرچاوەکان لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا پشکی کرێکارانی ئەمەریکا کە لەڕیزی سەندیکاکانی کرێکاران تۆمارکراون و ئەندام بوون نزیکەی نیوەی ڕێژەکەی دابەزیوە. ژمارەی ئەندامەکانی سەندیکای کرێکاران لەساڵی ١٩٤٥ گەیشتۆتە لوتکە و ٪٣٥ ی هەموو کرێکارانی ئەمەریکا بووە، کەچی ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەی بوونە ئەندامی سەندیکا تەنیا ٪١٠.٥ بووە. لەهەمان گاڤدا ژمارەی ئەو کرێکارانەی لەلایەن سەندیکاوە نوێنەرایەتی دەکرێن ٪١١.٧ بووە، چونکە ١.٦ ملیۆن کرێکاریش ئەندامی سەندیکا نەبوون، بەڵام گرێبەستەکانی سەندیکا پشتگیری مافەکانی ئەوانی کردووە. ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی ڕاستەقینەی ئەندامەکانی سەندیکا ١٤.٧ ملیۆن کەس بووە، بەپێی ئاماری نووسینگەی کار (BLS) لەم ساڵەدا ژمارەی ئەندامەکانی سەندیکا نزمترین ئاستیان تۆمارکردووە.
ئەو بوارە پیشەسازیانەی زۆرترین ڕێژەی دابەزینی ئەندامی سەندیکایان لەنێوان ساڵەکانی ٢٠٠٠- ٢٠١٨ هەبووە، بریتین لەکەرتی گواستنەوە و گواستنەوەی ماددەکان، کە لە ٪٢١.٧ دابەزیوە بۆ ڕێژەی ٪١٤.٥. ئەم بواری پیشەسازییە ژمارەیەک پیشەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لەوانە کۆنترۆلی هاتوچۆی فڕۆکەوانی، تاکو شوفێری پاسەکان و خزمەتکارانی فڕۆکەوانی دەگرێتەوە. لەهەمان کاتدا ژمارەی ئەندامەکانی سەندیکا لە ساڵی ١٩٩٩- ٢٠٠٠ زیادی کردووە لە ٪٥.١ بەرزبۆتەوە بۆ ٪٥.٩.

دووەم: ئەمەریکییەکان بەشێوەیەکی گشتی حەزیان لەکاری سەندیکایی هەیە و ٪٥٥ ئارەزووی ئەم بوارەیان هەیە و ٪٣٣ش ئارەزووی کاری سەندیکایی ناکەن.

بەپێی ڕاپرسییەکی ساڵی ٢٠١٥ بەم ڕێژییەی ئاماژەی پێکراوە لەگەڵ یەکگرتوویی کرێکاران بوون: ٪٨٢ کرێکارانی بەرهەمهێنان و کارگەکان. ٪٧٤ گواستنەوەی گشت و ٪٧٢ پۆلیس و ئاگرکوژێنەوە، ٪٧١ی مامۆستایانی قوتابخانە حکوومییەکان، لە ٪٦٢ی کرێکارانی خواردنی خێراش پێیان وایە دەبێت کرێکاران یەکگرتوو بن، لەکاتێکدا ٪٣٥ دژی ئەم بیرکردنەوە و ئاراستەیە بوون. ساڵی ٢٠١٨ زانیارییەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەندامەکانی سەندیکا هەفتانە ١٠٥١ دۆلاریان دەستکەوتە، کەچی ئەوانەی ئەندامی سەندیکا نەبوون تەنیا ٨٦٠ دۆلاریان دەست کەوتووە. ئەم جیاوازیی و بۆشاییە پەیوەندیی بەجیاوازیی پیشەسازی و پیشە و قەبارەی کۆمپانیا و ناوچەکان و دەڤەرەکانەوە هەیە.

سێیەم: بەشی زۆری کرێکارانی ئەمەریکا لەبوای خزمەتگوزاری کار دەکەن. بەپێی دواین ڕاپۆرتی (BLS) هاتووە: ١٠٧.٨ ملیۆن کەس، کە دەکاتە ٪٧١ لە پیشەسازییە تایبەتییەکانی بواری خزمەتگوازی کار دەکەن. بازرگانی و گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکان ٢٧.٨ ملیۆن کرێکار و خزمەتگوازری پەروەردە و تەندروستی هەبووە و ٢٤.٣ ملیۆن و ٢١.٥ ملیۆن خزمەتگوازریی پیشەیی و بازرگانی و ١٦.٧ ملیۆنیش لەبواری کات بەسەربردن و میوانداری کاریان کردووە. لەدەرەوەی ئەوانەشدا ٢٢.٥ ئەمەریکی لەمانگی تەموزیی ٢٠٢٢ لەنێو دامەزراوەکانی حکوومەتدا کاریان کردووە و نزیکەی دوو لەسەر سێیان لەئاستی ناوەخۆیی و نزیکەی ١٢.٩ ملیۆنیش لەبواری بەرهەمهێناندا کاریان کردووە.

چوارەم: بەپێی ڕاپۆرتی تەمزوی ٢٠٢٢ی ( BLS) نزکیەی ١٦ ملیۆن ئەمەریکی خۆبەش کاریان کردووە.

پێنجەم: هێزی کاری ئێستای ئەمەریکا لەنێوان تەمەنی ٢٣-٣٨ ساڵییە، ئەمەش بەرێژەی ٪٣٥ یان ٥٦ ملیۆن کرێکار دەگرێتەوە.

شەشەم: کرێ و هەقدەستی ئافرەتان لە پیاواناکەمترە و ئافرەتان ٨٥ سەنت وەردەگرن، بەڵام لەنێو گەنجەکاندا ئەم بۆشاییە لەبەراورد لەنیوان هەقدەستی ئافرتان و پیاوان کەمتر بۆتەوە. ساڵی ٢٠١٨ کرێکارانی تەمەن ٢٥-٣٤ ساڵە، هەقدەستی ئافرەتان ٪٨٩ بووە بەراورد بەهەقدەستی پیاوان، واتە هەقدەستی ئافرەتان کەمترە لە بەراورد بە پیاوان. واتە ئافرەتان لەدوای پیاو و هاوسەرەکانیان دێن لە هەقدەست و کرێ و داهات، چەندین هۆکار بۆ ئەم جیاوازییە لە مووچە لەبواری جیاوازیی ڕەگەزی نێر و مێ هەیە. ئەمەش پەیوەندی بە چاودێری خێزان و جیاوازیی لە بواری بەرهەمهێنانی پیشەسازیی و پیشەکان لەنێوان ژنان و پیاوان هەیە. سەرباری جیاکاریی لەڕەگەز و ئەزموونی کار لەنێو کایە و شوێنی کاردا.

حەوتەم: کێشەیەکی دیکە جیاوازی موچە و هەقدەستی نێوان کرێکارە گەنجە خاوەن بڕوانامەکانی کۆلیژ و هاوتەمەنەکانی خۆیانە، کە ئاستی خوێندەواریان کەمترە. سەرباری تێچووی خوێندن و زانکۆ.
بەپێی زانیارییە بڕواپێکراوەکانی سەنتەری توێژینەوە هەقدەست و موچەی مامناوەندی دەرچووی زانکۆیەک لەنێوان تەمەنی ٢٥-٣٧، ساڵانە ٢٤،٧٠٠ دۆلار پترە لەو گەنجانەی بڕوانامەی زانکۆیان نییە. ئەوانی خاوەنی بڕوانامەن چانسی بەدەستهێنانی کاریان پترە، بەپێی زانیارییەکانی (BLS) تەنیا ٪٢.٢ ی ئەو بەتەمەنانەی بڕوانامەی بەکەلارۆسیان هەیە بێکاربوون. لەکاتێکدا ئەو بێکارە بەتەمەنانە بێکار بوون لە ٪٣.٦یان خاوەنی بڕوانامەی ئامادەیی بووە و ٪٥.١ خاوەنی کەمتر لە بڕوانامەی ئامادەین.

هەشتەم: گەنجە هەرزەکارەکانی ئەمەریکا بەراورد بە دەیەکانی ڕابردوو کەمتر کار دەکەن. بەپێی شڕۆڤەی (سەنتەری توێژینەوە پیو) و بەپشتن بەستن بە داتاکانی (BLS) هەرزەکاران هەنووکە تەنای ٢٦ خولەک بۆ کارکردن تەرخان دەکەن، کەچی دەساڵ لەمەوبەر ٤٩ خولەک کاریان دەکرد و لەناوەڕاستی نەوەدەکانیشدا ٥٧ خولەک کاریان کردووە. تەنیا ئەو ژمارەیەی ئاماژە بە کارکردنی هەرزەکاران لە پشووی هاوینە دەکات ساڵی ٢٠١٠- ٢٠١١ بەڕێژەی ٪٢٩.٦ یان کار دەکەن هەرچەندە کار دەکرێت ئەم ڕێژەییە بەرز بکرێتەوە و لەهاوینی ٢٠١٧دا گەیشتۆتە ٪٣٤.٦، کەچی ئەگەر قسە لەبارەی کاری هاوینەی هەرزەکارانی ئەمەریکا بەگشتی لەساڵی ١٩٤٠ بکەین، دەبینرێت ئەو کات بەڕێژەی ٪ ٤٦ و ٪٥٨ بووە. ڕێژەی گەنجی تەمەن ١٦-٢٩ ساڵانە لە ئەمەریکا لەساڵی ٢٠١٨دا ٪١٤.٨ی تیکڕای دانیشتوانی ئەمەریکا بووە، واتە ٩ ملیۆن گەنج هەبووە، لەساڵی ٢٠١٣دا نزیکەی ١١ ملیۆن گەنج لەئەمەریکا ژیاوە، واتە ٪١٨.٥ دانیشتوانی ئەمەریکا پێک دەهێنێت. توێژینەی سەنتەری (پیو) دەریخستووە ڕێژەی پتری گەنجەکان ئافرەتن و مێ ٪٥٧ و نێر ٪٤٣ پێک دەهێنن. لەبیری نەکەین ٢/٣ی دانیشتوانی ئەمەریکا بڕوانامەی خوێندنی ئامادەیی، یان کەمتریان هەیە.

نۆیەم: ئەمەریکییە بەتەمەنەکان ئێستا پتر لەپێشان کار دەکەن، ژمارەکانی تەمووزی ٢٠٢٢ ئاماژە بەوە دەکەن ٪١٩.٨ بەتەمەنەکانی ئەمەریکا لەسەرووی ٦٥ ساڵی نزیکەی ١٠.٥ ملیۆن کەسن، ئەمانە گووتویانە بەتەواوی، یان بەنیوە کات و نیوە ئیش کار دەکەن. ئەم ژمارەیەش بەردەوام ل زیادبوونە، بەلای کەمەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین لەساڵی ٢٠٠٠دا تەنیا ٪٦.٦ی کرێکارەکان لە کەسانی بەتەمەنی سەرووی ٦٥ ساڵی بوون. تەنیا ساڵی ٢٠٠٧ ئەو کەسانەی لەتەمەنی ٥٥ ساڵی دان، ژمارەکانیان وەکو کرێکار زیادی کردووە و بەپێی داتاکانی سەنتەری توێژینەوەی پیو هێزی کاری ساڵی ٢٠١٨ دەریخستووە کە کرێکارانی تەمەن ٦٥-٧٢ ساڵی گەیشتۆتە ٪٢٩ ئەمانە یان کرێکاری دەکەن، یان بەدوای کاردا دەگەڕێن.

دەیەم: بەرزکردنەوەی کەمترین مووچەی فیدرالی بۆتە جێگەی بایەخ، هەرچەندە ناکۆکییەکی حزبی توند لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان هەیە. ئەمەش پەیوەستە بە بەرزکردنەوەی کەمترین مووچە لەسەعاتێکدا کە ٧.٢٥ سەنتە بۆ ١٥ دۆلار، ئەمە بەجدی بۆتە جێگەی مشتومڕ، لەهەمان کاتدا ناکۆکییەکانیش توندن. ٪٨٦ دیموکراتەکان پاڵپشتی ئەم بیرۆکەیە دەکەن و ٪٥٧ی کۆمارییەکانیش دژی بیرۆکەکەن. بەپێی زانیارییەکانی ( BLS) لەساڵی ٢٠١٨دا ١.٧ ملیۆن کرێکار واتە ڕێژەی ٪٢.١ی سەرجەم کرێکارانی ئەمەریکا مووچەکانیان لە کاتژمێرێکدا بەکەمترین مووچەی فیدرالی حیساب کراوە. هەرچەندە ٢٩ ویڵایەت و ژمارەیەک شار و پارێزگا کەمترین ئاستی مووچەکانی خۆیان دیاریکردووە، بەڵام بەهۆی جیاوازیی گەورەی پێویستیی و تێچوونی ئاسایی ژیانی ڕۆژانە لای تاک لەسەرتاسەری ئەمەریکادا کێشەکانی ئاڵۆزتر کردووە و ڕەنگدانەوەی پتری لەسەر ململانێ سیاسیەکاندا هەیە.
https://www.pewresearch.org/fact-tank/2019/08/29/facts-about-american-workers/

ناڕەزایی کرێکاران رێگە پێدراو نییە

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمریکا: تێسلا رێگە بە کارمەندانی نادات ناڕەزایی دەرببڕن

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمریکا، کۆمپانیای تێسلا بە هەڕەشەکردن لە کرێکارەکانی بۆ باسنەکردنی ناڕەزایەتیی دۆخی کارکردن و کەمیی مووچەکانیان، تۆمەتبار دەکات.

رۆژی سێشەممە ٢٥-٤-٢٠٢٣ (مایکڵ رۆساس) دادوەر لەئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرانی ناوەندێکی چاککردنەوەی تێسلا لە ئۆرلاندۆی فلۆریدا لە ٢٠٢١دا ژمارەیەک کارمەندیان “بێدەنگ” کردووە، کە لەدژی ئەوەی مووچەی کارمەندە تازە دامەزراوەکان لە هی ئەوان زۆرترە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
ئەنجوومەنەکە داواکارییەکی پێشکێشی (تێسلا) کردووە، چیدی مافی کارمەندەکانی پێشێل نەکات و ئەو پێشێلکارییانەش لەو ناوەندە ڕوویداوە بکاتە ڕاپۆرتێک و بە ئیمەیڵ بۆ تەواوی کارمەندەکانی (تێسلا)ی بنێرێت.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کرێکارانی ئەمریکا ئاژانسێکی سەر بە حکومەتی ئەمریکایە، ئەرکی سەپاندنی یاساکانی پەیوەست بە مافی کرێکارانە بەسەر کۆمپانیا و خاوەن کارەکاندا و سزادانی ئەو شوێن و کۆمپانیایانەیە کە پێشێلی دەکەن.

بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، لە کۆتایی 2021دا کارمەندەکانی تێسلا زانیویانە کارمەندە دامەزراوە نوێیەکان مووچەی زیاتر لە کارمەندە کۆنەکان وەردەگرن؛ بۆیە ژمارەیەکیان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە یەکێکیان تەکنیککارێک بووە و بە ئیمەیڵ ناڕەزایەتییەکەی بۆ یەکێک لە جێگرانی سەرۆکی کۆمپانیاکە ناردووە.

دواتر بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل کۆبوونەوەیان بە بەژمارەیەک کارمەندی خۆیان کردووە و پێیان گوتوون: نابێت باسی مووچە و دۆخی کارکردنیان بکەن یان پەڕاوی ناڕەزایی بۆ بەڕێوەبەرە پلە باڵاکان بەرز بکەنەوە.

ئاشکرابوونی ئەو بابەتە بە دوایین ئابڕووچوون بۆ تێسلا دادەنرێت و پێش ئەمەش پەڕاوی یاسایی لە دژ کرابووەوە، کە لەنێو ناوەندەکانی بەستنی پارچەکانی ئۆتۆمبێلەکەدا جیاکارییەکی زۆری رەچەڵەک و گێچەڵی سێکسی دەکرێت.
دادگایەکی ئەمەریکا تۆمەتێکی دژ بە (ئیلۆن مەسک) خاوەنی کۆمپانیای تێسلا و تویتەر و سپەیس ئێکس پشتڕاست کردەوە، بە کرێکارەکانیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر ببنە ئەندام لە سەندیکای کرێکاران، چانسی زیادکردنی مووچەکانیان لەدەست دەدەن.




کتێب/ گوتاری چێژی سێکسی لە رۆمانەکانی (کەمال سەعدی)دا.. غازی حەسەن

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




حوسێن ڕەحال و یادی سەد ساڵەی یەکەمین ڕۆژنامەی مارکسیستیی لە عێراق.. نووسین و ئامادەکردنی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

دروستبوونی یەکەمین حەڵقەی مارکسیستی لە عێراق لە ژوورێکی مزگەوتی حەیدەرخانە لە بەغداد بەناوی ژووری ( ئەلسەید یان ئەلسەومەعە) لەلایەن ( حوسێن ڕەحاڵ و مەحموود ئەحمەد ئەلسەید و عەونی بەکر سدقی و مستەفا عەلی و محەمەد سەلیم فەتاح و عەبدوڵا جەدوع و فازڵ محەمەد ئەلبەیاتی( پاشان هەریەک لە (ئیبراهیم ئەلقەزاز و کەمال ساڵح و محەمەد ئەحمەد ئەلمودەریس و زەکی خەیری و ڕەشید مەتڵەگ و یوسف زەینەڵ) پییانەوە پەیوەستبوون، هەر بەتەنها ڕووداوێکی ڕۆتین و کۆبوونەوەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو سەرەتای سەرهەڵدانی بزاوتێکی سیاسی سۆشیالیستی و مارکسیستی بوو لە عێراق، کە تا ئەوکات مێژووی عێراق شتی لەمجۆرەی بەخۆوە نەبینیبوو. هەر ئەم حەڵقە مارکسیستییە بوو لەهەوڵی ئەوەدابوو ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی لە عێراق دابمەزرێنێت. ئەم حەلقەیە کە بەناوکی بزاوتی مارکسیستی لە عێراق دێتە ئەژمار، لەدوای چەندین یەکتر بینین و گفتوگۆی چڕ و لێکنزیبوونەوەی ئەندامەکانی، توانی کۆمەڵێک هەنگاوی عەمەلی گرنگ لەمێژووی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە عێراقدا بنێت کە تا ئێستاش جێگەی وانە لێوەفێربوون و ڕامانە. یەکێک لەو مەیدانانە بواری ڕۆژنامەگەری بوو کە ئەندامانی ئەو حەلقە مارکسیستییە تا ئاستێکی باش توانیان ئەسپی خۆیانی تیا تاو بدەن. ئەندامانی ئەو حەلقەیە دواتر قاوەخانەی ( ئەلنەقیب) لە قەنبەرعەلی دەکەنە شوێنی یەکتر بینین و ئینجا بیر لە دەرکردنی ڕۆژنامەیەک دەکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بیروباوەڕ و ئەو تێڕوانینەی کە بۆ ژیان و کۆمەڵگە هەیانە لەڕێگەی ئەو بڵاوکراوەیەوە گوزارشتی لێوە بکەن و لەوێوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی دواکەوتووی ئەوکاتی عێراق دابنێن. بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژنامەیەکی نیوە مانگیی( پانزە ڕۆژ جارێک) لە ٢٨ ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٤ بەناوی ( ئەلسەحیفە)ەوە دەردەکەن و حوسێن ڕەحاڵ (١٩٠٣ – ١٩٧١) کە ئەوکات قوتابی خوێندنی حقوق بوو لە بەغداد یەکەمین کەسیش بوو کە هەڵگری بیروباوەڕی مارکسیی بوو لە عێراق؛ وەک سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیاز بەڕێوەی دەبات کە بابەتەکانی دەربارەی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووری و فیکرییەکانی ئەوکاتی عێراق و هەروەها دژایەتی دەرەبەگایەتیش بوو. بەمجۆرە حوسێن ڕەحال بوو بە یەکەمین سەرنووسەری یەکەمین بڵاوکراوەی مارکسیستی لە مێژووی ڕۆژنامەگەری مارکسیستی لە عێراق.

حوسێن ڕەحاڵ خاوەن ئەزموون و شارەزاییەکی باش بوو لەبواری فیکری مارکسیستی و سۆشیالیستیدا. ئەو یەکێک بوو لە کەسانەی کە زمانزان بوو و جگە لە زمانی عەرەبی، زمانەکانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەرەنسی و تورکی و فارسیشی دەزانی. حوسێن سەردانی هیندستان و ئەڵمانیا کردبوو و ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتانەی دەخوێندەوە و دەیگەیاندە دەستی هاوڕێکانیشی یان وەک خۆی دەیوت (جەماعەتەکەی). ڕەحال هەڵسوڕاوێک بوو دەیویست بیروباوەڕی مارکسیزم لەسەر واقیعی عێراق پیادە بکات. ئەو دڵنیا بوو لە ڕاست و دروستی ئەو بیروباوەڕە شۆڕشگێرانەیە و بۆیە هەموو ژیانی خستە خزمەت ئەو ڕێبازەوە.
ڕەحال و جەماعەتەکەی ڕۆژنامەی ئەلسەحیفەیان دەرکرد کە شەش ژمارەی لێدەرچوو لەنێوان ساڵانی (١٩٢٤ – ١٩٢٧) بەئاشکرا و بێئەوەی بیروباوەڕی خۆیان بشارنەوە لە مەیدانی ڕۆژنامەگەری ئەو سەردەمەدا بۆچوونەکانیان لەسەر کێشە و بابەتە گرنگ و هەستیارەکانی ئەو قۆناغەی ژیانی عێراق دەردەبڕی و قورسایی تەبلیغاتیشیان لەسەر ڕەخنەگرتن بوو لە دەوڵەمەندان و لایەنگری هەژاران بوو و دەیویست لێرەوە هەژارانی عێراق بەرەو لای خۆیان ڕابکێشن. هەورەها گەلێ بابەتی فیکری شۆشیالیستییان لەو ڕۆژنامەیەدا دەهێنایە بەر باس کەئەمەش دژەکرداری ئیسلامییەکانی لێکەوتەوە و لە مینبەری مزگەوتەکانی بەغدادەوە کەوتنە تەشهیر بە ڕەحال و جەماعەتەکەی و بە بڵاوکردنەوەی کفر و ئیلحاد تاوانباریان کردن. ئەوەبوو ڕۆژنامەی ئەلسەحیفە دوای شەش ژمارە وەستێنرا و پاشان دوای دوو ساڵ جارێکی تر ڕۆژنامەکە دەست بەکار بۆوە و ئەمجارەش دوای تەنها دوو ژمارە جارێکی تر لە ١٧ ی ئایاری ساڵی ١٩٢٧ وەستێنرایەوە. واتە ڕۆژنامەی ئەلسەحیفە لەهەموو تەمەنیدا هەشت ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە. بەچاوگێڕانێک بە نووسراوە مێژووییەکان حوسێن ڕەحال و ڕۆژنامەی ئەلسەحیفە لەڕوانگەی ئەوەی تا ئێستا مێژوو پێمان دەڵێت دەتوانین بەمجۆرە بیبینین :
یەک : ئەلسەحیفە یەکەمین ڕۆژنامەی مارکسیستییە لە مێژووی بزاوتی ڕۆژنامەگەری سۆشیالیستی لە عێراق.
دوو : حوسێن ڕەحاڵ وەک هەڵسوڕاوێکی مارکسیستی یەکەمین سەرنووسەری ئەو ڕۆژنامە مارکسیستییە.
سێ : بابەتەکانی ئەلسەحیفە ڕەخنەن لە ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و برەودانن بە فیکری مارکسیستی و ڕەخنەن لە دەرەبەگایەتی و دوواکەوتوویی کۆمەڵگە لەسەرجەم بوارەکان.
چوار : یەکەمین ڕۆژنامە بوو لەلایەن هێز و لایەنە ئیسلامییەکانی ئەوکاتی عێراق کە بە بیانووی کوفر و ئیلحاد لە دەرچوون بوەستێنرێت.
پێنج : یەکەمین ڕۆژنامەیە کە مەسەلەی یەکسانی ژنان و پیاوان وەک مەسەلەیەکی ئینسانی بداتە بەر باس و گفتوگۆ.
شەش : بەپێچەوانەی سەرجەم ڕۆژنامە و بلاوکراوەکانی ئەو سەردەمەی عێراق، ئەلسەحیفە بەدوای بەدەستهێنانی پارەوە نەبوو بەڵکو بەدوای گۆڕینی خەڵکەوە بوو.
حەوت : شیوازی نووسینی ڕەحال و جەماعەتەکەی، زەق نەبووە و بەڵکو زانستییانە و ناڕاستەوخۆ بووە. بۆ نموونە لەبری ئەوەی بڵێ من مارکسیم، وتوویەتی بڕوام بە ماتریاڵیزمی مێژوویی هەیە بۆ شیکردنەوەی گۆڕانی کۆمەڵگە.
ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە یادی سەد ساڵەی ئەو ڕۆژنامەیە و ڕۆژنامەنووسە مارکسیستە دەکەینەوە و لەدووتوێی لەپەڕەکانی دیرۆکەوە چەکە گوڵی ڕێز و وەفای پێشکەش دەکەین، هەر ئەم عێراقە بۆتە مەیدانی جموجۆڵی کۆنەپەرستترین بزووتنەوەی ئایینی، ئەو بزووتنەوە کۆنەپەرستەی کە ڕۆژنامەی ئەلسەحیفەی داخست و ئێستاش بۆیان بلوێ هەموو ئەو ڕۆژنامانە دادەخەن کە بۆنی پێشکەوتووخوازی و مارکسییەتی لێوە بێت. ئەو ئەرکەی کە لەسەر شانی حوسێن ڕەحاڵ و جەماعەتەی و سەرجەم مارکسیستەکانی نێو دیرۆکی عێراق بوو، ئێستاش هەمان ئەرک لەسەر شانی ئێمەی مارکسیستە بۆ ئەوەی بتوانین پاشەکشە بەو بزووتنەوە کۆنەخوازە ئاینییە بهێنین کە وەک شێرپەنجە دەمی ژەنیوەتە جەستەی بریندار و وەک پایەیەکی بنچینەیی ئەم کۆمەڵگە چینایەتییە ماندووە و خەریکە بڕست لە ژیانمان دەبڕێت.
لەم یادی سەد ساڵەیەی ڕۆژنامەی ئەلسەحیفە؛ سڵاو لە حوسێن ڕەحاڵی ڕۆژنامەنووسی مارکسیست، سڵاو لە ڕۆژنامەی ئەلسەحیفە، سڵاو لە هەموو ئەو بزاوتە رۆژنامەگەرییە مارکسیستەی کە ئەمڕۆ لە سەرتاپای عێراق و کوردستان و جیهان خەریکی شەرێکی بەردەوامن دژ بە نیزامی سەرمایەداری و بۆرژوازی لەپێناو بەرگریکردن لە ئینسانییەت و بەهای ئینسان.

٨ ی تەمموزی ٢٠٢٣

تێبینی : بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە.
١-ملاحق المدی حسین الرحال و بدایات الفکر الآشتراکي في العراق د. عامر حسن الفیاض
https://almadasupplements.com/view.php?cat=18968
٢-حسین الرحال و الحرکة الاشتراکیة في العشرینات د. سیف عدنان القیسي
https://almadasupplements.com/view.php?cat=18967
٣-حسین الرحال رائد الفکر المارکسي في العراق نبیل عبدلامیر الربیعي
https://www.riadinoureddine.com/2022/01/blog-post_785.html
٤-الرحال و الدفاح عن قضایا المرآة حنا بطاطو
https://almadasupplements.com/view.php?cat=18973




چەمکەکانی ( گومان و پرسیار و پارادۆکس ) لە شیعرەکانی ( ئیمان یادەوەر ) دا.. بەشی سێیەم و کۆتایی.. ناڵە حەسەن

_ شیعری ( خۆم لەتۆ دادەکەنم )
ئەم شیعرە ( خۆم لە تۆ دادەکەنم ) یەکێکە لە شیعرە نایابەکانی ئیمان یادەوەر ، ناونیشانێکی شیعری بارگاوی بە ئیستاتیکایەکی پڕ چێژ ، لە پشتی ئەم دەربڕینەوە هەست بە بێزاری و یاخیبوونێکی گەورە دەکەین ، بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە و لە هەمانکاتیش بە نائومێدییەکی گەورە ، ئەو ( تۆ ) یە کەسێکە چیتر جێگای ئومێد و سوارچاکی خەونەکانی شاعیر نییە ، کەسێکە بۆ ئەو هیچ جووڵەیەکی تیا نەماوە ، ئەوەتا هەر لە سەرەتای شیعرەکە بەم نائومێدییە دەست پێدەکات :
هەرێمێکیت هەناوت پڕە لە هەناسەی وشک
تێنووتە و ناتوانیت کانییەک بدۆزیتەوە
بەدیار تەنیاییتەوە خەیاڵەکانت ڕەنگ دەکەیت
نازانیت لە کوێ دەژیت !
من دەمەوێت ڕۆژێک بێم ئاڵۆزیت شانە بکەم
تۆش بە قووڵی بیربکەیتەوە
دەست بخەمە بینا قاقای هەموو خەیاڵەکانت و
وشەکانم وەک سووژن لە مۆخی مێشکتدا بچەقێنم !
نائومێدییەکەی شاعیر لێرەوەیە ، باس لە کەسێک دەکات ، کە هەناسەکانی وشک و کەسێکی تێنوو هێزی ئەوەی تیا نییە قومێ ئاو بدۆزێتەوە و تێنوێتی خۆی پێ بشکێنێت ، کەسێکی گۆشەگیر و ون ، ونە لەنێو تەنیایی و خەیاڵەکانی ، کەسێکی خەیاڵ پەرت و بڵاوە نازانێ لەکوێیە و بەرە و کێ دەڕوات ، شاعیر دەیەوێت بچێت ئاڵۆزییەکانی شانە بکات ، قسەی بۆ بکات لەم خەیاڵ پڵاوییە بەهۆش خۆی بێنێتەوە ، لە ڕێگای بیرکردنەوە بەئاگا بێتەوە و هەناسەی بێتەوە بەر ، هەرچەندە ئەگەر قسەکانیش وەک سووژن بەگیانیا بچن بەڵام هەر دەیەوێت ئەوە بکات ، چونکە بەهۆی ئاڵۆزی خەیاڵەکانی و ئەو بێدەربەستی و بێدەنگییەی ئەویش خۆی وەک مردوویەک دەبینێ و یان بێدەنگی ئەو بەدوای خۆیدا بەسەر ڕێگاکان ڕادەکێشێت ! ئەوەتا دەڵێت ،
منیش وەک تەرمی سەرشانی مردوو هەڵگرەکان خۆمم دێتە بەرچاو
بێدەنگیت بە دوای خۆمدا
بەسەر ڕێگاکەدا دەخشێنم
بە هەموو ئەو هەورانەی بە ژێریاندا تێدەپەڕم دەڵێم
خۆی نەهات ، بەڵام دڵی هات بە جێمبهێڵێ
شاعیر وەک عاشقێکی نائومێد و دڵشکاو بەنێو قووڵایی ئازارەکانی دەچێتە خوارەوە و دەڵێت ، دەگریم و (با) کان لەنێو فرمێسکەکانم سەما دەکەن ، هێندە نائومێدە لەو کەسە تا ئەو ئاستەی دەیەوێت پێی بڵێت :
بە پەرەسێلکەکانیش دەڵێم
هەرگیز لەژێر سەقفی خانووەکەتان هێلانە چێ نەکەن
بەو هەموو برینەوە هەنگاو دەنێم
ڕۆژەکانیش جگە لە هەسانێک هیچی تر نەبوون
بۆ تیژکردنی ئازارەکانم
شەممە ئازار ، دووشەممە ئازار ، سێشەممە ئازار
چوارشەممە هەروەتر
ئیتر هیچ بوارێک و ئومێدێک نامینێتەوە ، تروسکاییەک گەر لەدوورەوەش بێت بەدی ناکات ، بۆیە ناخوازێت نەک کەسێکی تر بەڵکو باڵندەیەکیش لەم یان لە خانووەکەی ئەو نزیک بێتەوە و هێلانە لەژێر بنمیچی ماڵەکەیان چێ بکەن ، با ئەوانیش تووشی ئەم دڵشکان و نائومێدییە گەورەیە نەبن ، ئیدی کە هیچ ئومیدێک و تروسکاییەک نامێنێ ئینجا ئەویش بڕیاری خۆی دەدات و لێی یاخی دەبێت دەڵێت :
نامەوێ بمێنمەوە
لە کاتی ڕاگرتنی پاسێکیش بیرت لێنەکەمەوە
تەنانەت هێندەی تەواوبوونی جگەرەیەکیش
دەمەوێت وەکو ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجەیان تێپەڕاند
ئاهەنگی دەرچوون لە تۆ بگێڕم
ئیتر دەست بە جێهێشتنی خۆم دەکەم لە تۆدا
ئەوە دەبینین ، تازە تەواو بە دوابڕیاری خۆی گەیشت ، بڕیاریدا چیتر بە دوای جەستەیەکی مردوو دانەنیشێت ، بڕیاری دا جێبهێڵێت و بڕوات و چیتر بیری لێنەکاتەوە ، تەنانەت بۆ چەند خولەک و چرکەیەکیش ، دڵخۆش و شادومانە بەو بڕیارەی ، وەک ئەو کەسانە دڵخۆشە کە شێرپەنجەیان تێپەڕاندووە ، دەیەوێت ئاهەنگ بگێڕێت ، ئاهەنگی ڕزگاربوون لە خەمەکان و لە بێدەنگی ئەو ، بە دێرێکی شیعری نایاب و پڕ لە جوانی دەڵێت ، ئیتر دەست بە جێهێشتنی خۆم دەکەم لە تۆدا ! ئیتر ئەو کەسێکی ترە ئێستا ، ئەو کەسەی گیرۆدە ببوو بەدەستی ئەو ئیتر جێی دەهێڵی لەناو ئەودا ، لەنێو خۆیشی کەسێکیتر لە دایک بووە خاوەن بڕیار و توانا ، ئیتر تەواو کەسە دڵشکاوەکە مرد و جێی دەهێڵێت ، یان زۆر بە بڕوا بە خۆبوونەوە دەڵێت :
وەک تووڕەیی تاڤگەیەک
بەسەر شانی تەنیاییدا دیمە خوارەوە و هەرگیز
نا
گە
ڕێ
مە
وە
بە شانەکانم دەڵێم
بە دیوارەکاندا خۆت هەڵبواسە
ڕەقی دڵ ، نەرمی بەرد
فێر دەبم
کراسی ڕەشی سێبەرەکشم دەسووتێنم
ڕەنگە بچمەوە سەر ڕەگەزی ئاو
ئیتر وەک تووڕەیی تاڤگە بە هەست و بیرکردنەوەیەکی یاخی بڕیاری خۆی دەدات و بەسەر شانی تەنیاییدا دێتەوە خوارەوە و جارێکیتر ناگەڕێتەوە بە لای ئەو کەسە و ئەو عەشقەی کە جگە لە برین و ئازار هیچی تری پێنەبەخشی ، بڕیار دەدا لەمەودوا دڵ نەرم نەبێت و ڕەق بێت وەکو بەرد ، بەڵام شاعیر وەک گەمەیەکی زمانەوانی و وەک پارادۆکسێک بۆ جوانکاری دەڵێت : ڕەقی دڵ و نەرمی بەرد فێر دەبم ، بە دیوێک مەبەستییەتی بڵێت ، لەمەودوا دڵنەرم نابم و وەک بەرد ڕەق و خۆڕاگر دەبم ، بە دیوێکیش دەیەوێت بڵێت هەموو شتێک دەکەم و دەست بۆ مەحاڵیش دەبەم کە نەگەڕێمەوە بۆلای تۆ مەحاڵ وەک نەرمی بەرد ! یان کراسی ڕەشی سێبەرەکەشی دەسووتێنێت . هەر بەم ورەو ئیرادەوە بەردەوام دەبێ و دەڵێت :
دەستەکانم فێردەکەم ئیتر بە چەپ تەوقە بکەن
ئەفسووس دەستمان بۆ هەر ڕاستییەک برد ، هەڵە دەرچوون
بەم هەستە یاخییەوە گومان لەهەموو شتێک دەکات ، چونکە هەموو ڕاستیەکانی تاقیکردەوە ، هەموو هەڵە دەرچوون ، بۆیە باوەڕی بە ڕاستی نەماوە ، دەخوازێ بە دەستی چەپی تەوقە بکات ڕاست بوونێکی گوماناوییە ! دەربڕینێکی قووڵ و پڕ لە ڕەهەندی جیاواز و پڕ لە کێشمەکێش ئیتر هەر بەم هەستە یاخی و نائومێدییەوە دەڵێت :
دەڕۆم بە شووشەی تۆزاوی
پەنجەرە شکاوەکانی خانووە ڕووخاوەکانی لادێکەشمان دەڵێم
واز لە چاوەڕوانی بێنن
ئەو خۆرە هەڵنایەت کە چاوەڕێی دەکەن !
ئیتر تەواو پڕاوپڕە لە نائومێدی و گومان ، دەڕواو ئاوڕ لە هیچ ناداتەوە تەنانەت دەخوازێت پەنجەرەکانیش چیتر لە چاوەڕوانی خۆر نەبن . بۆیە هەر دەڕوا و هەر دەڕوا …
بە قەرەباڵغی بازاڕەکاندا
بەناو ڕەنگی هەرچی دەموچاوی جیاوازدا تێدەپەڕم و
بیر لە شێوەی تۆ ناکەمەوە
ئەمە ترسناکترین گەیشتنی من دەبێت
بۆ یەکەمجارە کە خۆم بەجێدەهێڵم !
ناوەستم من حەوسەڵەم زۆرە بۆ ڕۆیشتن ..!
ئیدی بڕیاری خۆی داوەو پشت دەکاتە ئەو و جێی دەهێڵێ ، بەنێو شوێنە قەرەبالغەکاندا دڕوات و بەناو ڕەنگی هەموو دەموچاوەکاندا ڕەتدەبێ بەڵام ، بیر لە ڕەنگ و لە شێوەی ئەو ناکاتەوە ، چیتر بیر لە بوون و لە بێدەنگی ئەو ناکاتەوە ، چیتر بیر لە خەون و خەیاڵە پەرتبووەکانی ئەو ناکاتەوە ، ئەو ئێستا کەسێکی ترە وێنەی کەسە دڵنەرمییەکەی خۆی لەنێو ئەوا جێهێشتووە ، ئەوە یەکەمجارە خۆی جێدەهێڵێ ، دەڕواو وەک کەسێکی نائومێد و یاخی حەوسەڵەی ڕۆیشتنی زۆرە !
بە ترافیکەکان دەڵێم
ئیتر نە تۆ و
نە هیچ وەستانێکی چاوەڕوانی بێزارم ناکەن
ئای لەوێدا چەند هەست بە تەنیایی دەکەم
شەقامێکی پان پڕ لە ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر
خەڵکانێک هەرگیز نەمناسیبوون
دەست لە پاسەکە ڕادەگرم
سەرنشینەکان سەیرم دەکەن
حەزدەکەم بقیژێنم
سەیرم بکەن جگە لە جەستەیەکی خاڵی و ڕۆحێکی شکاو
چیتر دەبینن ؟
دەڕواو بە ترافیکەکانیش دەڵێ نە ئێوە و نە هیچ وەستانێکی چاوەڕوانی بێزارم ناکەن ، یان ناتوانن بم وەستێنن بۆ یەکجاری ، هەرچەندە شاعیر بۆ ترافیکەکان ( تۆ )ی بەکارهێناوە دەڵێ ( نە تۆ و نە هیچ وەستانێک ! ) بەڵام ، دەبێ لە جیاتی تۆ ( ئێوە ) بێت چونکە ترافیکەکان لە باری ( کۆ ) دان ، دەڕوا و هەست بە تەنیاییەکی گەورەش دەکان ، ئەم دڵشکان و گەیشتن بە خاڵی مردن و خۆجێهێشتنە سانا نییە ، ( داکەناندنی ئەو لە خۆی ) دیوێکی تری مردنە ، بە شەقامێکی پانوپۆڕ و قەرەبالغدا دەڕوات پڕ لە دەموچاوی نوێ ، خەڵکی نەناسراو ، سواری پاس دەبێت و سەرنشینەکان سەیری دەکەن ، ئەویش هێندە نائومێد و دڵشکاوە هەست دەکات بقیژێنێت ، بەڵام ئەو هەردەڕوات ، کاتێکی کەمی ماوە لەخۆی جیابێتەوە ، دوێنێ خۆی لەنێو ئەودا جێهێشت ، دەیەوێت لە ئێستای خۆیشی جیابێتەوە ! بۆیە دەڵێت :
لەلای من سەعات سفری دەوێت بۆ
م
ر
د
ن
بێزەحمەت پاسی ژیان دابەزین هەیە
لە وێستگەی گۆڕستانەکەی پێشم
سەرنشینەکەی تەنیشتم دێتە گۆ
بمبوورە
ژمارەی تەمەنم سووتا
ئیتر زەنگی هیچ وشەیەک هەڵناگرم
دەڕۆم و بە خودایش دەڵێم هیچ
لەمەیان بگەڕێ / بۆ قیامەت هەڵیدەگرم !
ئیتر لێرەوە لەناو ئاکامێکی نادیار کۆتایی دێت ، ( خۆم لە تۆ دادەکەنم ) شیعرێکە لەناوەڕۆکدا چیڕۆکی عەشقێکی تراژیدیمان بۆ دەگێڕێتەوە ، دابڕانێکی بە ناچاری ، دابڕانێک تەنها خواستی یەکێکیانە ، یەکێکیان ، بێدەنگ و گۆشەگیر ، خەیاڵ پەرت و ئاڵۆز ! ئەویتریش لە داخی ئەم لە کۆتایی لە پاسی ژیان دادەبەزێت ، ئەوە هێمایە بۆ دوا وێستگەی ژیان ، لە بەردەم گۆڕستانێک دادەبەزێت ، هێمایە بۆ مردن ، خۆیشی لە دەربڕینێکی زۆر جوانی شیعری دەڵێت : لای من سەعات سفری دەوێت بۆ مردن ! یانی مەودای ئەو و مردن سفرە .. یان گەیشتوون بەیەک !
بە شێوەیەکی گشتی ئیمان یادەوەر لەو شیعرە و لە شیعرەکانی تریشی جوانییەکی نایابی بەرجەستە کردووە ، زمانێکی شیعری و پێکهاتە و دەستەواژەی شیعری ، مانا و ناوەڕۆکێکی قووڵ ، شیعرەکانی پڕن لە گومان و نیگەرانی و پرسیار و پارادۆکس و هەستی یاخیبوون و هەستی مرۆیی و گەمەی زمانەوانی .. . ئەمانەش هەمووی بڕستی جوانی و چێژ و ئارامی بە دەروون و ناخی خوێنەر دەبەخشن ، هاوکات ئەم پێکهاتانە پێکهاتەی شیعری نوێگەر و مۆدێرنن !
لێرەدا بە پێویستی دەزانم باسی چەمکێکی تر بکەم ئەویش چەمکی داهێنانە ، داهێنان وەک چەمکێکی گەردوونی ، وەک چۆن ( فیساگۆرس )ی فەیلەسوف و بیرمەند پێیوایە جیهان پێکهاتووە لە چەند تابلۆیەک ، ناتوانین لە یەک تابلۆدا تەواوی ڕووبەری جیهان ببینین ..! ئەمەش بۆ چەمکە گەردوونیەکان ڕاستە ، ئێمە لە وتاری ( بۆچی شیعر پێناسە ناکرێت ) ئەوەمان گوتییە ،، گتومانە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە کە شیعر بوونێکی گەردوونی هەیە ناتوانین لە یەک گۆشەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین یان بیبینین ، بۆ گەیشتن و نزیکبوونەوە لە وێنە فراوانەکەی شیعر دەبێ لە چەندین گۆشەی جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین ، ئەمە بۆ چەمکی داهێنانیش هەروایە ، واتە ناتوانین دواخاڵ و یان خاڵی کۆتایی ڕووبەری داهێنان دیاری بکەین ، بۆیە ناکرێت بە فلان و فیسار شاعیر بڵێین گەیشتوونەتە ( لوتکە ) یان لە لوتکەی داهێنان دان ، داهێنان لوتکەی نییە ، گەیشتنە لوتکە لە داهێنان بوونی نییە چونکە مردن هەیە ، مردنیش وەستاندنی پڕۆژەکانی بوون و داهێنانە ! بەڵگەش بۆ ئەو قسەیەم گەر ( ناڵی و گۆران و شێرکۆ بێکەس ) لە ژیان مابان دڵنیام داهێنانی گەورەتریان پێشکەش دەکردین ، گەر ( شەیکسپیر و دەستۆفسکی و فروغ ) لە ژیان بەردەوام بان دڵنیام داهێنانی گەورەتریان دەکرد ، بۆیە نە ئەمانە و نەهیچ نووسەر و شاعیرێک ناتوانن بگەنە لوتکە ، دەتوانن داهێنانی گەورە بکەن ، لە بڵنداییەکەوە بەرەو بڵنداییەکیتر سەرکەون بەڵام ، ناگەن بە لوتکە ، چونکە لوتکە لە داهێنان بوونی نییە یان جگە لە وەهم شتێکی تر نییە ، دەبێ ئەوەشمان لەلا ڕۆشن بێت هیچ شاعیرێک بە نووسینی چەند دەقێکی جوان ، یان چەند کتێبێکی شیعری جوان ، یان بەسەرکردنەوەی لەلایەن لێکۆڵەر و ڕەخنەگرەکان ، یان وەرگرتنی خەڵات لە فلانە ڤیستیڤال و لە فلانە پێشبڕکێوە ، ئەمانە کەس ناگەیەنێتە لوتکە ، چونکە دوای گەیشتن بە لوتکە نۆرەی هاتنە خوارەوەیە ! بۆیە ئەو کەسانەی ئەم گەیشتنە لوتکەیە دەخەنە پاڵ نووسەر و شاعیرەکان من پێموایە ، ئەوە جگە لە هەژاری فیکری یان تێنەگەیشتن لە چەمکی داهێنان هیچ شتێکی تر نییە ! بە ئومێدم ئیمان یادەوەری شاعیر بەم بیرکردنەوە کراوەییە لە شیعر و داهێنانەکانی بڕوانێت ، هەوڵبدات ئاست و توانا مەعریفی و توانا شیعرییەکانی خۆی پەرە پێبدات و خەونی داهێنانی هەبێت ، کە من خۆم ئومێدی گەورەم پێی هەیە کە ئایندەیەکی ڕووناک و گەشی لەبەردەمی دایە ، گەر بەم هەناسەیە لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت ، دڵنیام ڕۆژێک دێت دەبێت بە ناوێکی گەورە لەنێو ئەتلەسی شیعری نوێی کوردیدا ، ئیتر سڵاو لە شیعر ، سڵاو لە جوانی ، سڵاو لە داهێنان …!

        کۆتایی                                            ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣ 



نامیلکە/ گەڕانێک بەنێو جیهانی (شیعرەکانی بەختیار عەلی)

بۆ خوێندنەوەی ئەم نامیلکەیە کلیکی ئێرەبکەن..




هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز حەمە ساڵح فەرهادی

حەمە ساڵح فەرهادی: هەندێک کەس وا دەزانن نووسین بۆ منداڵ کارێکی ئاسانە
هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس

نووسەری دیاری کوردستان (حەمە ساڵح فەرهادی) ساڵانێکە لە بواری منداڵاندا دەنووسێت ، خاوەنی چەندین کتێبە لە چەند گۆڤاری منداڵان ،وەکو دەستەی نووسەران و سەرنووسەر کاری کردوه،‌ لەم بوارەدا خزمەتێکی زۆری منداڵانی کوردستانی کردووە‌،هەر بۆ ئەم مەبەستە پێمان باش بوو لە نزیکەوە بە چەند پرسیارێک بەسەری بکەینەوە.

  • هەرچەندە بەرێزتان نووسەرێکی دیاری کوردستانن، بەڵام پێمان باشە بەکورتی باس لە ژیانی ئەدەبی خۆت بۆ خوێنەرەکانمان بکەیت.
  • ناوم (حەمە ساڵح مەلاسادق فەرهادی)یە بەڵام بە (حەمە ساڵح فەرهادی) ناسراوم لە ساڵی 1949 لە دایک بووم ،سەبارەت بە ژیانی ئەدەبیم یەکەمین بەرهەمی بڵاوکراوەم لە گۆڤاری (تیشک) بوو لە ساڵی 1969 دا بووە، وەکو رۆژنامەنووس لە چەندین دەزگادا کارم کردووە،‌ وەکو:رادیۆی دەنگی هەولێرو رادیۆی گوڵان لە ساڵانی 1992- 1994 ، گۆڤاری (هەنگ) ی منداڵان لە 1993- 2011) ئەندامی دەستەی نووسەران و پاشانیش بۆماوەی (13) ساڵ سەرنووسەری گۆڤارەکە بووم،وەکو ئەندامی دەستەی نووسەرانی چەند گۆڤارێک و بڵاوکراوەدا‌ کارم کردووه ، ‌ وەکو گۆڤاری (گوڵزار) گۆڤاری (چرۆ) ، گۆڤاری (نووسەری نوێ) وەکو دەستەی نووسەران پاشانیش سکرتێری نووسین،بڵاوکراوەی (لانە) ی منداڵان، بەشداریم لە کۆنگرەی دامەزراندن و کۆنگرەی دووەمی رۆژنامەنووسانی کوردستان کردووە‌ لە هەولێر.
    هەروەها،بەشداریم لە کۆنگرەی شەشەمی یەکێیتی نووسەرانی کورد کردووە کە لە ساڵی 2010دا لە سلێمانی بەستراو بە ئەندامی مەڵبەندی گشتی و پاشانیش بە سکرتێری کارگێری یەکێیتیەکە هەڵبژردرام،ساڵانی (1997-2006) بەربەردەوامی بەرنامەیەکی هەفتانەی منداڵانم بۆ رادیۆی(هەرێم) ئامادەکردووەو‌ لەوماوەیەدا (445) ئەڵقەی بڵاوکرایەوە،تائێستا (20) کتێبم بەچاپ گەیاندووە،چەند کتێبێکی تریشم ئامادەن ،چاوەڕەیی دەرفەتی چاپکردنن، بەشداریم لە وەرگێران و ئامادەکردنی(8) کتێبی بەرنامەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی کشتوکاڵیداکردووە، پێداچوونەوەی زمانەوانیم بۆ (8) کتێبی دیکەش کردووە، بەربەردەوامی لە زۆربەی لەرۆژنامە و گۆڤارەکاندا دا بابەت بڵاو دەکەمەوە .
  • چۆن بوو، بواری ئەدەبی منداڵانت هەڵبژارد؟
  • من هەر لە منداڵییەوە سەودای خوێندنەوەم هە‌بوو ، پاشانیش کە دەستم بە نووسین کرد،بابەتی لێکۆڵینەوە لەبارەی رۆژنامە نووسیی کوردییەوهەم هەڵبژارد ،پێش ئەوەی هیچ بابەتێکی تایبەت بە منداڵان بڵاوبکەمەوە، دوو کتێبیشم لە بارەی رۆژنامەنووسیی کوردییەوە بە چاپ گەیاندبوو.پێش ئەوەی گۆڤاری (هەنگ)یش دەربچێت لەسەر داوی هاورێی دێرینم کاک (مەولوود ئیبراهیم حەسەن) و بە هاندانی ئەو ،چەند بابەتێکی کورتم لە هەفتەنامەی(پەریستان)ی منداڵاندا بڵاوکردەوە.ئەو هەفتەنامە یە پاشکۆیەکی تایبەت بە منداڵان بوو،کە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) دەریدەچواند.
    کەگۆڤاری (هەنگ)یش لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دەرچوو و دکتۆر مەولوود ئیبراهیم حەسەن بوو بە سکرتێری نووسینی گۆڤارەکەو لەسەر داوای ئەو لەیەکەم ژمارەی گۆڤارەکەدا بابەتێکم بە ناونیشانی (هەنگ)نووسی وئەو بابەتەلە دوای سەروتاری گۆڤارەکە،یەکەم بابەتی گۆڤارەکە بوو تێیدا چەند زانیارییەکەم لە بارەی هەنگەوە بۆ منداڵان بڵاوکردەوە.
    لە ژمارە(2)ی گۆڤارەکەشەوە بەفەرمی کرام بە ئەندامی دەستەی نووسین، ئیتر تادوا ژمارەی گۆڤارەکە کەلە ساڵی (2011 دا تێیدا بەردەوام بووم ، پێنج ساڵ وەکو ئەندامی دەستەی نووسین و سێزدەساڵیش وەکو سەرنووسەر .
  • ئەو بنەمایە‌ سەرەکییانە چین ،کە پێویستە لە نووسینی ئەدەبی مناڵان دەبێ رەچاو بکرێت؟
  • هەندێک بنەمای سەرەکی هەن، پێویستە لە نووسینی ئەدەبی منداڵانداڕەچاو بکرێت لە مانە:
    1- بابەتەکە بە زمانێکی پاراو و منداڵانە بنووسرێت و ڕێنووسەکەی لەگەڵ ڕێنووسی کتێبەکانی بەرنامەی خوێندنی قوتابخانەکان بگونجێت،وشەکان لە فەرهەنگی منداڵەوە هەڵقوڵابن، بابەتەکە کورت بێت و درێژداریی تێدا نەبێت،بابەتەکان لە هەرجۆرێک بن، دەبێ بەشێوەیەکی پەروەردەییانە‌ بخرێنە‌ بەرچاو.
    2- ئامۆژگارییەکان ،ئەگەر هەبێ ،راستەوخۆ و لە شێوەی ئەمر و نەهیدا نەبێت،رەچاوی ئەو بەهایانەی تێدا بکرێت، کە بوونەتە بنەما لە ئەدەبی منداڵاندا،بایەخ بە سایکۆلۆجییەتی منداڵ بدرێت،دابونە‌ریتی رەسەنی کوردەواری و جیهانی بە منداڵان ئاشانا بکات.
    3-متمانە بە خۆکردن لای منداڵ بەهێز بکات،مێژوو و شوێنەوار و ناودارانی و ڵات بە منداڵان بناسێنێت، بەتایبەتی ئەو ناودارانەی خزمەتێکی بەرچاوی منداڵانیان کردووە‌،بەها رۆحییەکان لای منداڵ خۆشەویست بکات،بایەخێکی تەواو بە منداڵە بەهرەدارەکان بدات و بەهەرمیان بڵڕوبکرێتەوە،گەورەو بچووکیی پیتەکانی لە گەڵ تەمەنی مەندال بگونجێت.
    4- بابەتەکان نەتەوەیی بێ وجیهانی بێت بەڵام نەخرێتە ناو قاڵبی حزبایەتییەوە،بایەخدان بە بابەتەکانی خۆ خافڵاندن و زاخاوی مێشک و کات بەسەربردن بدرێت ، دوورکەوتنەوە لەو بابەتانەی کە گیانی دووبەرەکی و شەڕخوازی و تاوان لە ناخی منداڵدا زیاد دەکات .
    5-باشتر وایە لاپەرەکانی بڵاوکراوەکان ڕەنگاوڕەنگ و وێنەداری بن و نرخی چاپەمەنییەکان گونجاو بێت و زۆربەی منداڵان بتوانن سوودی لێوەربگرن.
  • نووسەرانی تێکستەکانی ئەدەبی مەنداڵان (هۆنراوە،چیرۆک، ئۆپەرێت،شانۆگەری..) لە کوردستان چۆن هەڵدەسنگێنیت؟

    • دیارە تێکستەکانی ئەدەبی منداڵان،بە تایبەتی ئەو ژانرە ئەدەبییانەی کەباست کردوون‌(هۆنراوە،چیرۆک، ئۆپەرێت،شانۆگەری)، وەکو هەموو تێکستە گشتییەکانی دیکەی ئەدەبی کوردی ، هەموویان لەیەک ئاستدا نین، تێکستی باش و سەرکەوتوو ومنداڵامان هەیە، هەروەکو بە پێچەوانەشەوە تێکستی ئاست نزمیشمان هەیە، تەنانەت، لەم چوار جۆرە تێکستەشدا ،هۆنراوە،چیرۆک،پێش ئۆپەرێت و شانۆگەری کەوتوون وئەم دووانەی کۆتایی هێندە ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ،ناتوانین بڵێین ئەو بڕیارە رەهایە و بۆ بڕیاری وردتر ،پێویستە بابەتەکانی هەرنووسەر و شاعێرێکی بواری منداڵان بە جیا هەڵبسەنگێندرێت.
      بەگشتی ئێمە شاعیر و نووسەری بواری منداڵانمان بەپێی ژمارەی‌ منداڵان نییە، تەنانەت ژمارەیان لە ژمارەی ئەو شاعیر و نووسەرانەش کەمترە کە کار بۆ ئەدەب بەگشتی دەکەن.
      ئەگەر دەزگایەکی بە توانای فەرمی هەبێت و بایەخ بە بەرهەمی سەرکەوتووی تایبەت بە منداڵان بدات و کێشەکانی چاپکردن و بڵاوکردنەوەیان لە ئەستۆ بگرێت، ئەدەبی منداڵان هەنگاوێکی دیکە دەچێتە پێش.
    • لەوماوەیەدا چەند نووسەرێکی منداڵ لە کوردستان بەرهەمەکانیان لەچوارچێوەی نامیلەکەدا بڵاوکردەوە، پێتان وایە ئەگەرنووسەر منداڵ بێت بۆ منداڵ بنووسێت کاریگەری زیاترە لەوەی گەورە بنووسێت؟
    • ئەگەر داتایەکی ورد و ڕاست هەبێت سەبارەت بەو کەسانەی کە بۆ مندڵان دەنووسن ،چ گەورە بن یان منداڵ ،بەدیار دەکەوێت کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەسەرکەوتوویی بۆ منداڵ دەنووسن زۆرکەمە ! چونکە بەپێی بەندی یەکەمی مافەکانی منداڵان ، کە پێناسەکراوە(منداڵ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە 18 ساڵ تێنەپەریبێت).
      کەواتە بەپێی ئەو پێناسەیە ، زیاتر لە چواریەکی دانیشتووان منداڵن و پێویستیان بە ژمارەیەکی زۆر لە ئێستا زیاتر هەیە کە کاری بۆبکەن.دەمێنێتەوە ئەوەی ئایا گەورە بۆ منداڵ بنووسێت باشترە، یان منداڵ بۆ خۆیان بنووسن.دەتوانین بڵێین ،ئەگەر ئەو ژمارە پێویستەمان لە منداڵی بەهرەمەند و بەتوانا هەبێت،باشترە مەنداڵ بنووسێت،بەڵام ئایا ئەو ژمارەپێویستەمان هەیە؟ بێگومان نەخێر.
      هەندێک کەس وا دەزانن نووسین بۆ منداڵ کارێکی ئاسانە ! بەڵام وانییە زۆر زەحمەتترە لە نووسین.

    بۆ گەورە، بەرپرسیارییەتیشی زیاترە.بەپێی ئەزموونی بەندە لەو ڕووەوە ، زۆر جار هەست دەکرێت، کەئەو نووسینانەی بەناوی منداڵان بڵاو دەکرێنەوە، دەستی گەورەشی تێدایە .تەنانەت وەکوو ئەزموون لەوماوە زۆرەی کە لە گۆڤاری (هەنگ) دا کارم کردووە، زۆرجار باوکێک یان دایکێک، چەند بابەتێکی منداڵانی هێناوەو گوایەهەر بابەتێک یەکێک لە منداڵەکانی نووسیویەتی!
    لێرەدا ئەمە دەبێتە مایەی پرسیار،کەئەو ماڵە چۆن لەیەک کاتدا ئەو هەموو نووسەرە منداڵەی لێ هەڵکەوتووە؟!پێویستە بوار بە منداڵ بدرێت کە ئەوەی دەیەوێ بینووسێت لەو رووەوە هان بدرێت و هەوڵ بدرێت پەرە بە بەهرەکانی بدرێت ، بەڵام چاودێریش بکرێت، لەگەڵ ئەمەش دا ناتوانین نووسینی گەورە بۆ منداڵان فەرمۆش بکەین وبەهەند وەرینەگرین، بە تایبەتی ئەو نووسەرانەی کە توانیویانە بە سەرکەتوویی بچنە ناوجیهانی منداڵانەوە.لەلایەکی دیکەوە، گەورە بەرپرسیارە لە زۆربەی شتەکانی تایبەت بە منداڵ “ناوی ، پەروەردەی ، خوێندنی ، ژیانی ، جل وبەرگی ،پێداویستیەکانی و چەندین شتی دیکەش، چی تێدایە ئەگەر بتوانێت بەرپرسیارییەتیی نووسینیشی بۆ بخاتە ئەستۆی خۆی.

    • سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان تاچەند لە خزمەت پەروەردەی منداڵان دایە؟
      *ئەمە پرسیارێکی گرنگە ، منداڵ وپەروەردەی دروست ،واتە ئایندەیەکی گەش و ڕووناک.بەداخەوە ئێمە سیستەمی پەروەردەمان بەو شێوەیە نییە کە لەگەڵ گۆرانکارییەکانی سەردەم بگونجێت.
      ئەگەر بەراودێک لە نێوان ئێستاو(25-30) ساڵ لەمەوپێش بکەین ،پێشکەوتنێکی ئەو تۆ نابینین، چ لە ڕووی بینای قوتابخانە و چی لەڕووی بەرنامەکانی خوێندن و چ لە ڕووی ژمارەی مامۆستایان و چ لەڕووی کردنەوەی خولی بەردەوام و شیاندن بۆ مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی پەروەردە و چ دانانی بەرپرسانی پەروەردە لەسەر بنەمای ئەزموون و لێهاتووییان،ئێستاش دوو دەوامی لە بینایەی قوتابخانەکاندا زۆرە و ژمارەی قوۆتابییانی هەرپۆلێکیش زۆر لە پێویست زیاترە ، چەند ساڵە وە کوو پێویست مامۆستا دانەمەزراون و جێی ئەوانەی خانەنشین دەکرێن بە مامۆستای تازە دامەزراو پڕ ناکرێتەوە.لەگەڵ ئەمەشدا دەبینین قوتابخانە ئەهلییەکان بەردەوام لە زیادبوون دان ، ئەمەش هەر بۆ منداڵە دەستڕۆیشتووەکانە،نەک بۆ هەمووان.
      بەڕای من پێویستە پێداچوونەوەیەکی خێرا بۆ چاکسازی لە کەرتی پەروەدەدا بکرێت و بتوانێت لەگەڵ ڕەوتی خێرای سەردەم دا بگونجێت.بەداخەوە لە ئێستادا ژمارەی نەخوێندەوارانمان لە پێشان زیاترە.
    • چۆن منداڵان رابهێنن لە خوێندنەوە، رۆڵی قوتابخانە و خێزان دەبێ چۆن بێت؟
    • قەیرانی کەم خوێندنەوە قەیرانێکی گشتییە و تەنیا تایبەت نییە بە منداڵان.ئێستا بە هۆی زۆری ژمارەی کەناڵە تەلەفزیۆنەکان و ئینتەرنێت و فەیسبووک و لقوپۆپەکانی و هەموو هونەرە تازەکانی ئەم بوارەوە ،کە منداڵان بەتەواوی خوویان پێوە گرتووەو بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەیاندا،ئاگایان لە خوێندنەوە نەماوە.سەرەرای ئەمە منداڵ ئەگەر لە خێزانێک بێت کە گەورەکانی کتێب نەخوێننەوە، دەبێ چاوەڕێی چی لێبکرێت؟!
      بەداخەوە زۆربەی گەورەکان ئامادەن دەیان جۆری دیاری بۆ منداڵەکانیان بکڕن،کەهەندێکیان زیانیشیان پێدەگەێنێت، وەکو یاریی چەک وتەقەمەنی و جۆرەکانی تر ، بەڵام بیر لەوە ناکەنەوە کە جارێک کتێبێک ،یان گۆڤارێکی منداڵانەیان بە دیاری بۆ ببەنەوە و لەسەر خۆشەویستیی کتێب خوێندنەوە رایان بهێنن.
    • تاچەند لەگەڵ ئەوەی لە قوتابخانە لە ماڵ ،کتێبخانە هەبێت؟
    • کتێبخانە یەکێکە لە پپێداویستییەکانی سەردەم ، دەبێ هەرماڵێک کتێبخانەیەکی ئاسایی تێدا بێت و بتوانرێت سوود لە کتێبخانە وەربگیرێت،ئەگەر وابێت ئەو ماڵە بە ماڵێکی زیندوو ئاوادەن و پێشکەوتوو دادە‌نرێت.
      قوتابخانەش ، کە ماڵی دووەمی منداڵەو شوێنی پەروەردەو فێرکرنیەتی و منداڵ کاتێکی زۆر لەوێ بەسەر دەبات ، پێویستە کتێبخانەیەکی هەبێت و ژمارەی کتێبخانەکەش لەگەڵ ژمارەی قوتابییانی قوتابخانەکە بگونجێت.
    • چیرۆک خوێندنەوە بۆمنداڵ پێش خەوتن تا چەند گرنگ و پێویستە؟
    • چیرۆک یەکێکە لەو ژانرە ئەدەبییانەی کە کاریگەریی زۆری لەسەر منداڵدا هەیە.ئێمە لەبیرمانە لەسەردەمی منداڵیمان ،چۆن شەوان پێش خەوتن ،دایک و داپیرە، یان هەرکەسێکی دیکەی‌ هەندێک بەتەمەن و ئەزموون ، چیرۆکیان بۆ دەگێراینەوە و ئێمەش بە تاسەوە گوێمان لێ ڕادەگرتن،هەتالە ناوکەشوهەواو کاریگەریی چیرۆکەکەدا خەومان لێدەکەوت.جاران بەهۆی ئەوەی هۆیەکانی کات بەسەر بردن و خافڵاندن وەکوو ئێستا نەبوون ، ئەندامانی خێزان ،هەموویان لە کاتێکی گونجاو و زوودا،دەچوونە سەرجێگا و دەخەوتن . بەڵام ئێستا باردۆخەکە بەگشتی گۆڕاوەو دەتوانین بڵێین ئەندامانی خێزان وەکوو جاران ئاگایان لەیەکتر نییە و هەریەکەو لە ژووری خۆیەتی ،خەریکی یارییە سەردەمەکانەو ئاگای لە دەرەوە نییە.
      ئەو دووجۆرە ژیانە،دووجۆری جیاوازن و ئەگەر خێزانێک بتوانێ هەردوو جۆرلەیەکتر نزیک بکاتەوەو لەگەڵ یەک بیانگونجێنێت، کارێکی باشە ،دەنا لەوانەیە پاش چەند ساڵێکی دیکە پێوەندییە ئاساییەکانی نێوان ئەندامانی خێزان،وەکوو ئێستاش نەمینێت.
    • ئامۆژگاری و رێنمایی بەرێزتان ، بۆ منداڵان چیە؟
    • بەهۆی ئەوەی ئەم بڵاوکراوەی ئێوەزیاتر تایبەتە بە گەورە، نەک منداڵ پێموانییە منداڵ زۆر بیبینێت، بۆیە رووی دەمم دەکەمە خوشک وبراگەوەرەکان، نەک خوانەخواستە وەکوو ڕینماییکردنیان ، بەڵکو بۆ زیاتر بەبیرهێناوەو دیارخستنی ڕاستییەک لە بارەی منداڵانەوە، ئەویش ئەمەیە:ئەگەر ئێمە دەمانەوێ ئاییندەمان لە ئێستادا باش و ڕۆشنتر بێت، با بەهەموومان ،چ تاک ، چ رێکخراو ،چ دەزگا پێوەندیدارەکانی حکومەت بەشێوازێکی سەرەدمییانە‌ و پەروەردەیەکی ڕەسەن و گیانێگی نەتەوەیی و دوور لە دەمارگیری ،مامەڵە لەگەڵ منداڵاندا بکەین، چونکە پاش چەند ساڵێکی دیکە، منداڵانی ئەمڕۆ گەورە دەبن و جێگەی ئێمەی ئێستای گەورە دەگرنەوە، لە بەرزترین پلەوە تا دواترینیان.
      لە کۆتاییدا بەهیوای ژیانێکی شەڕەفمەندانە‌و پەروەردەیەکی ڕەسەن بۆ منداڵان و ئاییندەیەکی گەش و ڕووناکیش بۆ کوردستان.



    شیعر/ شانۆی حەز.. دڵکەش قادر

    لەشەوەزەنگی چاوەکانتا
    کز کز دەسووتێم و دەچمەوە ناو تەنیاییەکانی دایکم و
    نەفرەت لەهەرچی پێوانی دووری هەیە
    دەکەم و
    تابلۆی شاماران دەکەم
    بەناونیشانی خەونێ
    خەیاڵێ
    کە چاوەکانم دەخاتە سەر رێگای تۆ،
    تۆ بۆ من ناونیشانی درێژترین ڕێگای کە دابڕان بەشێکە لەوجوودمان
    من خەیاڵێکم لەسەر خەزانی گەڵایەکا پووکامەوە
    پووکانەوە درێژترین شەڕبوو کە نەماندەویست
    ویستمان شتێک بوو
    خەیاڵمان دۆڕانێکی حەتمی بوو.
    ئێمە
    لەچاوەڕوانی هاتنی ئەو نمایشە بووین
    کە شانۆی حەزمان بسووتێنێ
    شانۆی ئێمە
    خەیاڵێکە نە کۆتایی و نەگەیشتنە سەرەتای دیارە
    من نەبووم کە درامای حەزی تۆی خاڵی نەکردبێتەوە
    تۆ نەبووی کەسینەمای دڵم نەتخستبێتە سەما،
    تۆ لە توێشووی دوو گۆی سەربەمۆرمت خوارد و
    خاڵیبوونەوەت فڕێدایە ئاوی کانی منەوە.
    سلێمانیی
    دڵکەش قادر




    کام جیهانبینی لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا؟.. سەدیق سەعید ڕواندزی

    دەستەواژەی جیهانبینی شیعری کوردی، کە چەند ساڵێکە بە شێوەیەکی فراوان هاتۆتە نێو ئەدەبی کوردی و بە بەردەوامی دەگوترێتەوە و ئاماژەی پێ دەدرێت، بە بڕوای من گوزارشتێکە، جۆرێ لە گیروگازی زەمەنی و مێژوویی تێدایە، چونکە جیهانبینی شیعری کوردی لە هەموو قۆناغ و سەردەمێکدا، هاوکات لە ڕووی تیمە و بابەت و گوتاری شیعرییەوە، هاوشێوە و هاوتای یەکتری نین، بەڵکو بە پێی واقیعی کۆمەڵایەتی و ئەو ڕووداوانەی پەیوەندییان بە شیعر و گوتاری شیعرییەوە هەیە، دەگۆڕێت. بۆیە ناتوانرێت ئەزموونی شیعری کوردی، لە قۆناغێکی دیاریکراودا، یا خود لە چەند دەیەیەکدا، کورت و چڕ بکرێتەوە لە تیمەیەکی شیعری دیاریکراو نیشان بدرێن، چونکە ئەزموونەکان جیاوازن. شیعری کوردی، بە تایبەتیش لە قۆناغی پێش ڕاپەریندا، جۆرێک جیهانبینی هەیە، کە خۆی لە پرسی نەتەوە و نیشتمان، بەرگریی و مانەوە، پارێزگاریکردن لە شوناسی نەتەوە خۆی دەبینێتەوە، بۆیە نەک هەر ناتوانین ئەو بابەتە لە شیعری ئەو قۆناغە دەرهێنین، بەڵکو هەر لێکۆلینەوەیەک لە شیعری کوردیدا لەو قۆناغە، بە بێ ئاماژەدان بەو گوتارە شیعرییە، شوێنی خۆی ناگرێت. ئەمە وێرای ئەوەی چەمکی هاوچەرخ بە مانای نوێگەرێتی لە هەموو سەردەم و قۆناغێک نایەت. دەشێ ئەوەی ئەمڕۆ نوێ و هاوچەرخە، لە داهاتوودا کۆن ببێت و ڕەهەندی نوێگەرانەی خۆی نەمێنێت، لە بەر ئەوەی هاوچەرخبوون پەیوەندی بە قۆناغ و سەردەم و دیاردەکانی ژیانەوە لە هەموو ڕووێکەوە هەیە. لێرەوەش جیهانبینی شیعری هاوچەرخی کوردی، لە ڕووی مانایەوە هەڵگڕی گیرو گازە. لەو ڕوانگەیەوە، کتێبی (جیهانبینی شیعری کوردی) کە لێکۆلینەوەیەکە لە گوتاری شیعری کوردی، لە قۆناغەکانی نێوان ساڵانی 1970 تاکو 2012، شڕۆڤەی ئەو بابەتانە دەکات، کە وەک تیمەی سەرەکی دەقی شیعری لەو سەردەمەدا، ڕەنگدانەوەی لە شیعری کوردی هەبووە. بێگومان ئەم ناونیشانە، بە بێ پۆلێنکردنی زەمەنی و مێژوویی، جۆرێک لە ناڕۆشنی لە ڕووی ناوەڕۆک و بابەتەوە دروست دەکات. دواتریش دەبوو توێژەر هەر تەنها لە پێشەکی کتێبەکە نا، بەڵکو وەک ناونیشانێکی لاوەکی لە سەر بەرگی کتێبەکەش، ئاماژە بەو ماوە زەمەنییە بدات کە دیاریکردووە بۆ لێکۆلێنەوە لە جیهانبینی شیعری کوردی. توێژەر لەو کتێبەیدا، سێ تەوەرەی سەرەکی کە ئەوانیش:_ (خودا و گەردوون و مرۆڤ)ن، وەک بابەتی گوتاری شیعری و جیهانبینی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، واتا نێوان ساڵانی 1970 تاکو 2012 دیاریکردووە. بە بڕوای نووسەر، ئەم بابەتانە جیهانبینی سەرەکی شیعری کوردی لە ئەزموونی شیعری شاعیرانی کورد پێک دێنێت، بەڵام ئایا ئەم بابەتانە، تیمەی سەرەکی شیعری کوردین لە قۆناغی هەفتا و هەشتاکاندا؟ ئایا شیعری کوردی، بە درێژایی قۆناغەکانی تا چەند تەناهی لەگەڵ ئایین هەبووە؟ مەگەر بەردەوام شاعیرانی ئێمە ڕەخنەیان لە ئایین نەگرتووە؟ بۆیە بەستنەوەی شیعری کوردی بەو سێ تەوەرەوە، لە ڕاستیدا بێ ئاگایە لە مێژووی شیعری کوردی و ناوەڕۆکەکەی. لە ڕاستیدا، جیهانبینی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، تەنها لە دەوری ئەو بابەتانە ناخولێتەوە کە ئەویش پرسی خوداو گەردوونە، گریمان ئەگەر لە شیعری شاعیرانیشدا، ئەو ڕەگەزانە باسکرابن ، مانای وانییە ئەمە هەموو جیهانبینی شیعری کوردییە، بە پێچەوانەوە ئەم بابەتانە بەشێکی بچووک لە گوتاری شیعری پێک دێنن. شاعیرانی ئێمە، هەمیشە دیدێکی ڕەخنەیان بۆ ئایین بە گشتی هەبووە، بگرە لە هەندێ کاتدا، ئایینیان وەک ڕەوایەتیدان بەو کارەساتانە بینیوە، کە بە سەر گەلی کورد داهاتوون، بۆ نموونە وەک ئەنفال، کە چۆن ڕژێمی بەعس دێت و ئایەتێکی قورئان دەکاتە بەهانەی قڕکردنی ئێمە و لە ژێر ئەو ناوەدا، سەدان هەزار مرۆڤی کورد دەکوژێت. ڕەخنە گرتن لە ئایین، لای هەندێ شاعیری کورد، هێلی سووریشی بەزاندووە و بۆتە هۆی ئەوەی فەتوای کوشتنی دەربکرێت، ئیدی نازانم چۆن نووسەری ئەم کتێبە دێت، هەموو شیعری کوردی لە هەبوونی خودا و گەردوون و قەزا و قەدەر کۆدەکاتەوە؟ کە ئەم هەوڵە، پتر لە خزمەت دید و ئەقڵێکی ئیسلامی دایە، لەوەی فەرهەنگی و ئەدەبی و نەتەوەیی بێت. بێگومان جیهانبینی سەرەکی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، کە نووسەری کتێبەکە خۆی لێ بواردووە، پرسی خاک و نیشتمان و بەرگریی و مانەوەیە. ڕووبەرێکی سەرەکی و بگرە هەموو گوتاری شیعری کوردی لە شەستەکان و هەفتاکان و هەشتاکان و ساڵانێکیش دوای ڕاپەڕین، خۆی لە پرسی خاک و نیشتماندا دەبینێتەوە. گوتاری شیعری ئەو قۆناغە گوتاری بەرگریی و گەڕانە بە دوای ئازادی و سەربەستیدا. شیعر لەو سەردەمەدا، ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە سیاسی و نەتەوەیەی ئێمەیە، کە لە پەراوێزی ئەو داگیرکاریی و ستەمە نەتەوەیەی بە سەر گەلی ئێمە داهاتوون. شیعر لەو قۆناغەدا، لە سەنگەری بەرگریی و مانەوەی شوناسی نەتەوەیی دایە. لەو ڕوانگەیەشەوە، سیماکانی بەرگریی و داکۆکی لە نەتەوە و یاخیبوون و هاتنەوە بە گژ دوژمناندا، لە خاسیەت و گوتارە هەرە دیارەکانی شیعری کوردین. ئەم بابەتانە، پرسی بنەڕەتی و سەرەکی و هەرە دیاری شیعری کوردی پێکدەهێنن و ئەگەر پرسێکی وەک خوداو گەردوونیش لە شیعری ئەو سەردەمە لای شاعیرانی کورد بوونی هەبێت، هەرگیز مانای وا نییە جیهانبینی شیعری کوردی، جیهانبینییەکی ئایینگەرایی بووە. ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ مێژووی شیعری کوردی، لە هەفتا و هەشتاکاندا، لە ڕاستیدا شێواندنی مێژووی شیعری کوردییە و بەستنەوەیەتی بە پرسێک کە هەمیشە پرسێکی نامۆ و لاوەکی بووە لای شاعیرانی کورد و بگرە نەتەوەی کورد بەگشتی. مەگەر کەس ئەوەندەی نالی و مەحویی و شێخ ڕەزاو پیرەمێرد و شێرکۆبێکەس، ڕەخنەیان لە ئایین و سیمبولە ئایینییەکان گرتووە؟ شیعری کوردی لە هەفتاو هەشتاکاندا، ڕوالەتێکی ئەوپەڕی نەتەوەییانە و بەرگریانەی هەیە و ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەرگریی و مانەوەی ئێمە هاوشانی خەباتی چەکداری لە شاخدا بینیوە، بە سەدان پێشمەرگە، لە سەردەمی تێکۆشانی شاخدا، خۆزگەی ئەوەیان دەخواست شەهید بوونایە، بۆ ئەوەی شێرکۆبێکەس شیعرێکییان بۆ بنووسێت، ئیدی نازانم چۆن نووسەری کتێب، ئەو جیهانبینییە نابینێت و دێت شیعری چڵ ساڵی کوردی، بە خوداو گەردوون دەبەستێتەوە. تەوەرەیەکی دیکەی ئەو کتێبە، پرسی بوونی مرۆڤە، شاعیرانی کورد، هەمیشە بوونی مرۆڤیان لە ڕوانگەیەکی ئەنتۆلۆژیی و وجودی بینیوە نەک ئایینی، وەک ئەوەی نووسەری کتێب باسی دەکات. سەردەمانێک، شاعیرانی کورد لە ژێر کاریگەریەتی هزری سارتەر و کامۆ دابوونە و لەو ڕوانگەیەشەوە، بوونی مرۆڤیان وەک پرسێکی فەلسەفی ئاڵۆز بینیوە، کە مایەی پرسیار و تێڕامانە. زۆرجار بوونی مرۆڤیان، بە کارێکی پووچگەرایی و بێ مانا و ژیانییان بە گشتی وەک دەرکەوتەیەکی بێ نرخ و بێ بەها بینیوە، دیارە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەیە، کە مرۆڤی کورد لەو سەردەمەدا تیایدا ژیاوە. بوون لای شاعیرانی کورد، ڕەهەندێکی فەلسەفی و یاخیبوونی هەبووە، نەک ئەوەی بە ئاسانی باوەڕبەوە بێنن کە وەک هەر مرۆڤێکی دیکە دەژین و دەمرن و خودا خەڵقی کردوون! لەو سۆنگەیەشەوە، بەردەوام لە ڕوانگەیەکی هزریی و فەلسەفییەوە پرسیاریان لە بوون و ژیان و خودا کردووەو بگرە دژ بە دنیا و ژیان و بوونیش وەستاونەتەوە. بوون لای ئەوان، ڕەهەندێکی ئایینی و گەردوونی نەبووە، بگرە زۆرتر مایەی نائومێدی و ڕەشبینی و گومان و پرسیار بووە لەوەی مرۆڤ بۆ دروستکراوە؟ بۆچی دەژیت؟ بۆچی قەدەری ژیانی وەهایە؟ لێرەوەش نموونە هێنانەوە لە شیعری چەند شاعیرێک کە زۆرینەیان ئەزموونێکی شیعری ئەوتۆیان نییە لەو کتێبەدا و لای نووسەر، مانای وانییە جیهانبینی شیعری کوردی هەمووی پەیوەندی بە خوا و گەردوون و ئەستێرە و مانگ و خۆرەوە هەیە. هەموو ئەو توخمە گەردوونی و سرووشتیانە، کاتێ لە شیعری ئەو قۆناغەدا، واتا ساڵانی هەفتاو هەشتا، بەرجەستە دەکرێن، مانای دیکەی سیمبولی و سیاسی وەردەگرن و لە ڕەهەندە سرووشتییەکەی خۆیان دادەماڵڕێن و بوونێکی سیاسی و نەتەوەیی وشۆڕشگێرییان پێ دەدەرێت. ئەو ڕەگەزە سرووشتییانە، لە فۆڕمێکی دیکەی شیعریدا بەرجەستە دەکرێن، بۆیە لە شیعری نیوەی دووەمی هەفتاکان و دەیەی هەشتاکان، توخم و وێنە شیعرییەکان، بونیادێکی دیکەی واتایی وەردەگرن و جۆرێک لە ڕەهەندی سیاسی و نەتەوەیان پێ دەدرێت. گەر بە وردیش لە سەر شیعری ئەو قۆناغە بوەستین، باشتر ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێت. لە مێژووی شیعری کوردیدا، هیچ قۆناغێک وەک ئەو قۆناغەی نووسەری کتێبەکە، وەک ماوەی زەمەنی توێژینەوەکەی دیاریکردووە، هەڵگری جیهانبینی نەتەوەیانە و شۆڕشگێڕیانە نییە، ئیدی نازانم چۆن نووسەر دەیەوێت شیعری زیاتر لە سی ساڵی شاعیرانی ئێمە، بەتەنها لە بابەتەکانی وەک بوونی خودا و ئەستێرەو گەردوون کۆبکاتەوە؟ ئەو شیعرانەی وەک نموونەی توێژینەوەکە وەرگیراون، زۆرینەی هەرە زۆریان، شیعری شاعیرانێکن کە هیچ ئەزموونێکی شیعری ئەوتۆیان نییە و بە داخەوە نووسەر لە ڕوانگەی شارییەوە، بەو پێیەی خەڵکی شارەکەی ئەون، نموونەی لە شیعرەکانیان هێناوەتەوە. لە کاتێکدا، نموونەی لە شیعری شاعیرانی وەک شێرکۆ بێکەس، فەرهاد شاکەلی ، ئەنوەرقادر و ڕەفیق سابیر ، بە جۆرێکی کەم نەبێت نەهێناوەتەوە. لەکاتێکدا باسکردن لە شیعری هەفتاو هەشتاکان، بە بێ ئاماژە دان بە ئەزموونی ئەو شاعیرانە، ناتوانرێت گوزارشت لە قۆناغە شیعرییەکە بکرێت.

    *پەراوێز: ناوی کتێب: جیهانبینی شیعری هاوچەرخی کوردی، ئامادەکردنی: دەریا جەمال حەوێزی، بڵاوکراوەی: ئەکادیمیای کوردی.

    *ئەم بابەتە لە ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ، ژمارە (1285) ڕۆژی 10/ 8/2023 بڵاوکراوەتەوە.
    .




    چاڵە ڕەشەکەی چاند” کلتور”.. جەمال کۆشش

    (هەموو کۆمەڵگایەکی ئینسانی ئەبێت پاساو بۆ نایەکسانیەکانی بهێنێتەوە، پێویستە بەهانەی گرنگی بۆ پەیدا بکات دەنا تەواوی سیستەمی سیاسی وکۆمەڵایەتی لەبەردەم هەڕەشەی داڕماندا دەبێت. تۆماس بیکتی١)

    یەک: داهێنانی تەلەسکۆبی جەیمس وێب و دۆزینەوەی (چاڵە ڕەشەکان)، فیزیای نوێ ،خۆیی و فەلسەفە و ژیانی مرۆڤایەتی گۆڕی. گەردوناسی و گالاکسیـیەکان، سەنگێکی بێوێنەی لە ژیانماندا پەیداکردەوە. دۆڵێکی گەورە کوژانەوەی ملیاردەها ئەستێرەی تیا ڕاکشاوە، بەداخەوە هێزی کێشکردنی موگناتیسی ئەم چاڵە هێندبەهێزە،دەرفەتی تیشکیشی بۆ خۆنواندن داخستووە.
    کلتوور، فەرهەنگی ناسینی نۆرم و جوانیـیەکان، دۆزینەوەیەکی وەها قەرزدارە. ئافراندنی ئەو جوانیـیەی کە مناڵێک بە هەستەوەری ژیریانەی خۆی لەگەڵ داستانە خەیاڵیەکاندا پەی پێدەباو و ڕەخنەگریشیەتی.( مناڵ باشترین ڕەخنەگری ئەفسانەکانە- جۆرج لۆکاش٢ ).

    دوو: کار (بەکاری هونەریشەوە)، لەنێو پرۆسەیەکی مێژویی ئاڵۆز و چڕدا، هەمەڕەنگ و پڕ ئەزموون و تژی لە تێهەڵچونی کۆمەڵایەتی و سیحراوی و قەدەر و کۆششدا، ڕەنجی تاک وکۆ، شارستانیەتی ئەمڕۆی بەرهەمهێناوە. بەرهەمهێناوەی خۆیی و کۆمەڵگا و پەیکەرە و ئامرازەکانی، پابەندیی پەیوەندیـیەکی نێوخۆیی و دینامیکیەتی ماددی و فکریـیە و دەبێتە هۆی دروستکردنی سیستەمێک بە پرۆسە و میکانیزمی تایبەتی خۆیەوە.

    سێ: کار لە شێوازەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا، کۆیلەداری، دەرەبەگایەتی،سەرمایەداری، مانا و شیوەی بە پەیوەندی نێوان ئینسانەکان داوە. شێوازەکانی چەوسانەوەی کار،” کۆیلە، بێگاری، زێدەبایی” ماک و هەوێنی ناکۆکیەکانی نێوان ئینسانەکان بووە. کۆیلەکان ڕێژەی چەندی دانشتوانیان پێکهێناوە، هێندە گرنگ نەبووە، بەوەی سەرچاوەی چەوسانەوەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و کۆکردنەوەو کەڵەکەی سامان و خاوەندارەتی تایبەتی بووە. ئینسانی ئازاد و پیشەوەرەکان هەبوون،ڕاووشکارو ڕشتەی جۆراوجۆری تر هەبوون، دواترو لەقۆناخی دەرەبەگایەتیشدا، ئەوەی تەوەرەی کۆمەڵگای دیاریکردووە، بەیارو ئاقارەکان وباران، ( سروشت) نەبووە، بەڵکە شێوازی چەوسانەوەی کار بووە لە نێو ئەو هەلومەرجە سیاسی وکۆمەڵایەتی وکلتورییەدا. ماف وپشکی خاوەندارەتی بەرهەمەکان، جا بەهۆی باج و سەرانە و بێگارییەوە بێت، یان وەک لەشێوەی کاڵاو بەرهەمهێنانی زێدەبایی و بەگەڕخستنەوەی لە پرۆسەی بەرهەم هێنان و گەشەسەندنی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزی کاردا، سەرچاوەی چەوسانەوەی ئینسانەکانە.

    چوار: کار و بەرهەمهێنان لەسیستەمی کاپیتالیزمدا، لە نێو ئەنتاگۆنیستیكدایە، کار و هێزەکانی بەرهەمهێنان لە لایەک و هەژموونی سەرمایە و مۆنۆپۆلی مافی خاوەندارەتی بەرهەم لە لایەکی ترەوە، لە کێشمەکێشی بەردەوام و لە پرسیار و وەڵام و ڕێگا و بیرکردنەوە، لەخەون و خولیا و دونیابینی کۆمەڵگاکاندایە. ئەم پرۆسەیە وەک مارکس لە ئایدیۆلۆژی ئەڵمانیدا بەدرێژی لە مێژووی کۆمەڵگاکاندا دیالەکتیک بەمەتریالیستی مێژووەوە گرێ دەدات،( بەهەمە لایەنە) هەروەها کاریگەری هۆشیاری و فۆرمەکانی بەسەر ژیانی واقعی ئینسانەوە لێکدەداتەوە.

    پێنچ: “پرۆپریتاریزم” کە لە لایەن تۆماس بیکیتیەوە بەکارهێنرا بۆ ئەو سیستەمە سیاسی و ئابوریـیەی کە جیاوازی سامان لە نیوان کۆمەڵگادا گەورەتر دەکات و ئەو ئایدیۆلۆژیـیەی کەلەسەر مافی خاوەندارەتی سامان ڕەوایەتی پێدەبەخشیت. پیرۆزی دەکات و دەیکاتە مافێکی سروشتی و کۆمەڵایەتی و بەرگری لێدەکات. ئایدیۆلۆژی نایەکسانی کە بەدرێژایی مێژوولێکۆڵینەوەی کردووە، بەتایبەت لە سەردەمی کاپیتالیزمدا و لەو ئایدیا وبۆچوونانەی کە شۆرشی فەرەنسی لەگەڵ خۆیدا هێنایە نێو کۆمەڵگاکانەوە لە کۆی خاوەندارەتیدا. لە پەیوەند بە هەڵوەشانەوەی مافی چەوسانەوەی مرۆڤەکانەوە لەلایەن مرۆڤەکانەوە، چۆنیەتی چارەسەری نایەکسانیەکانی نێو ئینسانەکان ،ناتوانم هاوڕای بم.

    شەش: لە نێو ئەم ڕەهەند و کێشمەکێشەدا، سیاسەت و کلتوور و فەلسەفە پەیدا دەبن و هەڵدەقوڵێن. ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ئەم ئەنتاگۆنستیە، بنچینەی جوڵانەوە کرێکارییەکانی ئەم سەردەمەی ئێمەیە. لەدەرەوەی ئەم ڕەوت و پرۆسەیەدا بیت، کێشەی نەتەوایەتی، کێشەی ژنان، مافە دیموکراتی و ئازادییەکان، ‌هتد ناتکاتە کاراکتەر و ئەندامی ئۆرگانی شۆڕش.

    حەوت: شێوازەکانی خەبات وپەرەپێدان وفراوانکردنەوەی، تایبەتمەندی نێوخۆیی وئاگایی نەنوسراوی خۆی هەیە.دونیابینی وئاسۆ وشێوازی تایبەتی خۆی هەیە، گرنگترین دوو خاڵ بەشداریکردنی فراوانی خەڵک لە بەڕێوەبردنی چارەنوسی خۆیدا، سوشیالیزەکردنی کلتوری خەبات و تێکۆشانەکانی. دەستکۆتاکردنی خەڵک لە داڕشتنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی خۆیدا، کوشندەترین خاڵی لاوازی جوڵانەوەکان بووە لەلایەک و تێکشکانی شۆڕشە سۆشیالیستیەکانی سەدەی بیست بەهۆی قەتیسبوونی بۆچوونی سۆشیالیستی لە نێو دەستەیەکی کەمی کرێکاران وهەلسوڕاوانی کرێکاریدا بووە.

    هەشت: ترۆتسکی وتارێکی یەکجار گرنگی لە مانگی (٧)ی (١٩٢٣) دا نوسی، بەناوی (ئینسان هەربە سیاسەت ناژیت٣)، کە ڕەخنە بوو لەو وتارانەی کە بەسەر شۆڕشدا دەوتران و ئیدی خەڵکەکەش لێی تێرببوون. دەنوسێت( ئێمە پیویستمان بە کلتورە لە کارماندا، کلتورە لە ژیانماندا، کلتورە لە ژیانی ڕۆژانەماندا). وەک وتراوە، ئینسان تەنها بە کەوچک و چەنگاڵ ناژی.

    نۆ: کار و سایکۆلۆژی وسۆسیۆلۆژی، زمان و نەریت و بەها و خۆشەویستی، ئاکار و ڕەوشت، لە پرۆسەیەکی مێژویدا، کلتورەکان بەرهەمدەهێنن. لەنێو ئەم کلتوردایە، لەنێو دینامیەتی یاسا و دۆزینەوەی ناوەوەی ئەم یەکانگیرییەدایە، لەنێو بەرز و نزمی و ئاگایی کۆمەڵایەتی نەوەکاندایە کە دەتوانین، بەمانای وشە کلتورێکی پاک و ئینسانی و تەندروست و جوان و ئارامبەخش و چێژبەخش بئافرێنین.

    دە: خوڵقاندنی کلتورێکی هاوبەشی ئینسانی، وزەیەکی نێوخۆیی وپۆتانسیالی ئەوەی هەبێت، کە شەرعیەت لە مافی خاوەندارەتی و بەتایبەت چەوسانەوەی ئینسان لە لایەن ئینسانەوە وەربگرێتەوە،داهێنانێکی وەک تەلەسکۆبی جەمیس وێب دەخوازێت. پلاتفۆرمی کلتوری هێندەی ڕێگرە، چارەسەر نیە، چاو و ژیری ئەو مناڵەیە کە هێشتا پەیوەندییەکانی سەرمایەی تیا ڕەنگی نەداوەتەوە،یان بە مانایەک ئازادبووە و لەبەرهەمهێنانەوەی ئیستاتیکی خۆیدا، تینی ئەو غەریزەیەی تیایە بۆ ژیان و فێربوون کە دەست بەرێ بۆ ئاگر.

    ژێرنوسەکان

    ١-کتێبی کاپیتال و ئایدیۆلۆژی. تۆماس بیکیتی، بەزمانی ئەڵمانی،چاپی ٢٠١٩
    ٢-جۆرج لۆکاش، مارکسیزم، جوانیناسی، ئۆنتۆلۆگی، ئامادەکردنی هەڵبژاردەیەک لەلایەن رودیگەر دانمان و ئەکسیل هۆنیت، چاپی (٢٠٢١)، بە زمانی ئەڵمانی. جۆرج لۆکاش وتارێکی کورتی بەناوی (پەروەردەی هونەر لە قوتابخانەکاندا) بۆ گۆڤارێکی تایبەتی بەپەروەردە نوسیوە.
    ٣. www.wsws.org/de/articles/2005/12
    ناوەڕستی ئۆگوستی ٢٠٢٣




    ديموكراسى پەڕلەمانى (نوێنەرایەتى) و شورایى.. لالە ئەحمەد

    دەسـتپێک

    زادگاى سەرهەڵدانى دیموکراسى لەڕووى مێژووییەوە وڵاتى یۆنانە, زاراوەکە لە دوو وشە پێکهاتووە (دیمو+کراسى) هەردوو وشەکە بەسەریەکەوە ماناى دەسەڵاتى گەل یا خەڵک دەگەیەنێت. نیزامى دیموکراسى پەڕلەمانى لە بنەڕەتدا وەک ئەڵتەرناتیڤى دەوڵەتى (تیۆکراتیانە) و پاشایاتى هاتۆتەکایەوە. دەوڵەت و پاشاگەلێک خۆى بە نوێنەرى خوداو هەندێ جار بە خودا زانیوە لە سەر زەوى. ئەوە لە کاتێکدا دەسەڵات و دەوڵەت دوو دیاردەى مێژوویین، وەک زەروورەتێکى مێژوویى لەئەنجامى نیشتەجێبوونى ئینسان و کەڵەکەى سەروەت ودابەشبوونى (کارى کۆمەڵایەت)ى و کۆمەڵگەى چینایەتى سەریهەڵداوە و لە ڕەوتى (پەرەسەندن و گەشە)ى مێژوویى خۆیدا مشتومڕى (ڕەوایى) لێکەوتەوە و لەوێوە هەمیشە دەسەڵات و دەوڵەت هەوڵیانداوە کە ڕەواییبوونى خۆیان پێناسە بکەن. ئەگەر لە کۆندا دەسەڵات و دەوڵەت بۆ شەرعیەتدان بەخۆیان سەرچاوەى (ڕەوایى) لە بنەماڵەکان و لە ئاسمان وەرگرتبێ و بوارى هیچ جۆرە مشتومڕێکى ڕەواییبوون و نەبوونى نەهێشتۆتەوە. ئەوا ئەمڕۆ لەم سەردەمەدا هەڵبژاردن شوێنى گرتۆتەوە و پێوەرى مافى ڕەوایى بە هەڵبژاردن لە خەڵک کراوە بە (سەنگى مەحەک) و لەگەڵ خۆشیدا بەپێى بەرژەوەندى و لە گۆشەنیگاى جۆراوجۆرەوە مشتومڕى ڕەوایى هێناوەتە بەرباس و زۆر کەسى بە خۆیەوە خەریککردوە, یەکێک لەو کەسانە (ماکس ڤیبەر)ە. ماکس ڤیبەر هەوڵیداوەچەمکى ڕەوایى پێناسە بکات، ئەو لە پێناسە سەرنج ڕاکێشەکەیدا ئەم چوار شەرعیەت (ڕەوایى) پێناسە کردوە: (عەقڵانى، کارێزماتیک، سوونەتى و عاتفى) ماکس ڤیبەر هەر کام لەم چوار شەرعیەتە بە شەرعی دەزانێت، بەڵام ئەو پێیوایە جیاوازى شەرعیەتى عەقڵانى لەگەڵ ئەوانى دیکە لەوە دایە، کە مرۆڤ بەشێوەیەکى ئارەزوومەندانە دەچێتە سەر سندوقى دەنگدان و کێى ویست دەنگى پێدەدات و ممارەسەى ئەو مافەى خۆى دەکات و بەو شێوەیە دیموکراسىییە حقوقى و عەقڵانیەکەى ماکس ڤیبەر لە فۆڕمى نیزامى پەرلەمانیدا ڕێکخراوە و بۆ ماوەى هەر چەند ساڵ جارێک بۆ ڕەواییدانەوە بە دەسەڵات هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە و بەناوى شەرعیەتى هەڵبژاردن حوکومەت بەسەر کۆمەڵگادا دەکرێت.

    پرۆسەى هەڵبژاردن لە نیزامى پەرلەمانیدا

    پرۆسەى هەڵبژاردن لە سیستمى پەڕلەمانى پشتى نەبەستووە بە بەشدارى ئازادانەى ڕاستەوخۆى خەڵک، بەڵکو زۆرتر منافەسەیە لەنێوان پارتە سیاسییەکان، ئەویش لە کەش و هەوایەکى پڕ لە دڵەڕاوکێ و لە دۆخێکى ناهاوسەنگى (ئابوورى، کۆمەڵایەتى) نایەکسان بەڕێوەدەچێت، بەوحاڵەشەوە لە هەمووى نادیموکراسى و نادادپەروەرانەتر بڕینى بەربەستەکانە، کە دەبێ گرووپ و پارتى سیاسی بیبڕێ جا دەتوانێت بە پێى دەرەنجامى هەڵبژاردن کاندیدەکانیان بچنە هۆڵى پەڕلەمانەوە و ئیتر لەوێ بۆ ماوەى چەند ساڵێک بە ناوى نوێنەرى خەڵک دەمێننەوە.

    دەسەڵاتى خەڵک لە نیزامى پەڕلەمانیدا

    لە نیزامى پەرلەمانى ئەگەر بەربەستەکان و نەبوونى هاوسەنگى و تەکنیکى فرت و فێڵ و سیاسەتى ئیحتیواکردن و…تاد هەموو ئەوانەش لاببرێ هێشتا دەسەڵاتى ڕاستەقینە لاى دام و دەزگاى دیکەیە، لاى کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و بانقەکان و ئەوان ئەکتەرى سەرەکین لە پشتى پەردەوە نیزامى ئەمڕۆى دنیا بەڕێوەدەبەن و هیچ هێزێکى بەهێزتریش لە سەرووى ئەوان بوونى نییە. پەڕلەمان چوارچێوەو و جێگایەکە ریارى تێدادەرێ بۆ ڕەواییدان بە چەرخینى سەرمایە و ڕەفتار و مامەڵەى دەوڵەت دەزگایەکى شکڵییە هەرکاتێک لەو چوارچێوەیەى بۆى دیاریکراوە دەربچێت و ببێتە هەڕەشە لەسەر نیزام و پرۆسێسى بەرهەمهێنانى سەرمایە، ئەو بەناو دیموکراسی لە جۆرى خۆشى لە ئارادا نامێنێ و بە بڕیارى مەڕجەعێکى لە خۆى باڵاتر هەڵدەوەشێتەوە و حوکمى عورفى و پۆلیسى ڕادەگەیەندرێ.

    دیموکراسى شوورایى و دەورى خەڵک

    دیموکراسى شوورایى دەسەڵاتى خەڵکە لە خوارەوەبۆ سەرەوە و پرۆسەى هەڵبژاردن تێیدا لە کەشێکى ئارام و هاوسەنگدا بەڕیوەدەچێت، بەشێوەى ڕاستەوخۆ بێ شەرت و ئازادانە هەموو کەس لە تەمەنى ( ١٦ – ١٨ ) ساڵ ژن و پیاو مافى خۆکاندیدکردن و خۆ هەڵبژاردنى هەیە و لە سیستەمێکى شووراییدا خۆیان ڕێکدەخەن. شووراکان هەم یاسا دەردەکەن و هەمیش جێبەجێیدەکەن، هەرکاتێکیش خەڵک دەتوانێت هەڵبژاردن دووبارە بکاتەوە و نوێنەرى تازەى خۆى بنێرێتەوە ناو شوورا خۆجێی و سەراسەرییەکانەوە، بەکردەوە تێیدا مرۆڤ وەک بوویەکى یاسایى لیبڕاڵانە دەرناکەوێت و بەشێوەیەکى ئازاد و سەربەست لە بڕیاردان لە چارەنووسى ئاییندە و ئێستاى خۆیدا بەشدار دەبێ. لە نیزامى شووراییدا خەڵک بۆ ئەوە هەڵبژاردنیان پێناکرێت تا شەرعیەت بە دەسەلات بدەن، بەڵکو بۆ ئەوەیە خەڵک خۆى حوکومەت بەسەر خۆیدا بکات و خەڵک هەر بۆ خۆى حوکومەتە و دەستوور و یاساش بۆ خۆیان و کاروبارى خۆیان دەردەکەن. دیموکراسى شوورایى هەر بۆ خۆى جەوهەرى هەموو دەستورێکى گشتى و سیاسیە و خاڵى جیاکەرەوەیە لە لایەک لەگەڵ دیموکراسى پەڕلەمانى و لە لایەکیش لەگەڵ کۆى سیستمى لیبڕاڵى و کاپیتاڵیستى لە ناکۆکیدایە. دیموکراسى پەڕلەمانى و لیبڕاڵى دەوڵەت لە جێى مرۆڤ دادەنێت، بەپێچەوانەوە لە دیموکراسى شوورایى مرۆڤ میحوەرە و دەوڵەت وەسیلەى بەدیهێنانى: ئازادى، یەکسانى و خەون و ئاواتەکانى مرۆڤە. لە نیزامى دیموکراسى پەڕلەمانى دەوڵەت شوێنى مرۆڤى گرتۆتەوە و مرۆڤ بووەتە قوربانى دەوڵەت. لە هەڵبژاردن و نیزامى دەوڵەتى شووراییدا ئامانج ڕەواییدان نییە بە دەسەڵاتێکى جیا لە خەڵک و سەرو خەڵکى، دیموکراسى و حوکومەتى شوورایی لە وجوود و زاتى خۆییدا هەڵگرى خەسڵەتى ڕەواییە، لە خۆیەوە بۆ خۆى پەنابردن نییە بۆ خەڵک. بە پێچەوانەوە خەڵک هەر لە شوێنى کار و ژیانى خۆى قەزاوەت دەکات و بابەت شەرعیەتدان و متمانە نییە بە کاسانێکى دەرەوەى خۆى. مەسەلەى شەرعیەت وەک ماکس ڤیبەر خۆشى وەک لیبڕاڵێک دەڵێت: شەرعیەتى کارێزماتیکى، عەقڵانى و عاتیفى هەیە. ئەو قسەیە خۆى لە خۆیدا واتاى ئەوەیە، دەشێت لە ڕووى کارێزمایى، عاتفى و سوونەتییەوە پاشایەک، فیۆدالێک و دیکتاتۆرێک…تاد شەرعیەتى هەبێت. هەوڵى بەدەستهێنانى شەرعییەت بۆ شەرعییەتدان بە دەوڵەت و بە دەسەڵات لە ماهیەتدا ناڕەواییە. لە دیموکراسى و حوکومەتى شووراییدا هەرگیز ئامانج ڕەواییدان نییە بە ڕەواییدان، بە ڕەفتارى دەوڵەت و بۆ دانى ڕەهەندى یاسایى بە بڕیارەکان. دیموکراسى شوورایى: بوارە، ڕەخساندنى زەمینەیە بۆ بەدیهێنانى: ئازادى و یەکسانى. چەشنێکە لە خەباتى دینامیکیانە بۆ نەهێشتنى جیاوازى چینایەتى، ئابوورى و ڕەگەزى.حوکومەتى شوورایى سیکۆلاریزمە، فرەیە لە جۆرى خۆی و تێیدا مرۆڤ ناگەڕێتەوە بۆ هیچ مەرجەعێکى سەروو و دەرەوەى ئیرادەى ئیرادەى خۆى.مرۆڤ وەک مرۆڤ دەبێتە چەقى بڕیاردەر لە ژیان و لە ئایندەى خۆى، نەک بە وەسیلە و بە شتکردن بۆ بابەتى شەرعییەتدان بە دەسەڵاتێکى لە جەوهەردا نامۆ بە یەکسانى و ئازادى و حورمەت و کەڕامەتى ئینسانیانەى ئینسانەکان. دەسەڵأتێکى وا دەیانجار بە شەرعییەتى هەڵبژاردنى پەڕلەمانى شەرعییەتى وەرگرتبێت مادام ناکۆکە بە ئازادى و یەکسانى مرۆڤەکان هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت، کە نامۆیە بەزات و بە وجوودى مرۆڤ و بە کەڕامەت و ئازادى.
    دیموکراسى و دیموکراسى پەڕلەمانى هاوتایە لەگەڵ دەوڵەتى چینایەتى، کارى بەسەر ماهیەت و کارکردى دەوڵەتەوە نییە و هاوتا نییە بە یەکسانى و ئازادى. لە یۆنانى بەر لە زایین پەڕلەمان و دەوڵەتى دیموکراسى پەڕلەمانى هەبوو، بەڵام ژنان و کۆیلەکان بۆیان نەبوو نەخۆیان بەربژێر بکەن و نەدەنگیش بدەن، مافى دەنگدان و خۆ کاندیدکردن تا نزیک بە ناوەڕاستەکانى سەدەى بیست لە هەندێک وڵاتى ئەوروپى خاوەن پەڕلەمان و دیموکراسى لیبڕاڵانە بە نان نەدرابوو، دواییش کە مافیان پێدرا بە خەباتى ژنان و پیاوانى ئازادىخوازبوو نەک بەخشیشی دیموکراسى لیبڕاڵی و پەڕلەمانى. لە هەر کوێ دیموکراسى پەڕلەمانى و لیبڕاڵى هەبوو نایەکسانى و نادادپەروەرى هەیە. کۆمەڵگاى سەرمایەدارى و کۆمەڵگەى چینایەتى هەیە. هەر لە بەر ئەوە ((دیموکراسى چوارچێوەیەکى یاساییە بۆ پرۆسەى بڕیاردان نەک شێواز و پێوەرێک بۆ ناوەڕۆکى خودى بڕیارەکان)).

    ڕانیە
    ١٧/١٠/٢٠١٧
    لالە ئەحمەد




    شاعر کەریم عێراقیی.. نەوزاد بەندی

    (( لا تَشْكُ للناس جُرْحًا أَنْتَ صَاحِبُهُ
    لا يُؤْلِمُ الجَرْحُ إلا مَن بِهِ ألَمُ

    شَكْوَاكَ لِلنَّاسِ يا ابنَ النَّاس منْقصَةٌ
    ومَن مِنَ النَّاسِ صَاحِ مَا بِهِ سَقَمُ ))
    (( گلەیی لە زامێک مەکە ، تایبەتە و موڵکی خۆتە ..
    زام ئەشکەنجەی کەس نادا ، بەس ئەوانەی زامدارن ..
    گازندەت لە لای خەڵکی ، ئەتشکێنێ لە لایان ..
    کێ ئاگای لە وانەیە نەخۆش وگرفتارن ؟ ))

    شاعیری عێراقیی هاوچەرخ ، کەریم عێراقی ، ناوی کەریم عۆدەیه و لە ساڵی 1955 لە گەڕەکی کەڕادە مەریەمی بەغداد لە دایک بووە . بڕوانامەی دبلۆمی له دەروونزانی و مۆسیقای مناڵاندا ، لە پەیمانگای مامۆستایانی بەغداد بەدەست هێناوە ..چەندین ساڵ مامۆستای سەرەتایی بووە و پاشان بووە بە چاودێری نوسینی ئۆپەرێتی قوتابخانەکان ..
    هێشتا قوتابی قۆناغی سەرەتایی بووە کە لە گۆڤارەکاندا نووسینی بڵاوکردۆتەوە وەک گۆڤاری المتفرج ،الراصد ، الاذاعة والتلفزیون ،ابن البلد ، وعي العمال و گۆڤاری الشباب ..هۆنراوە و شیعری میللی و گۆرانی و ئۆپەرێت و شانۆگەریی نوسیوە ..
    لە قۆناغی ناوەندیی بووە کە هەر دوو گۆرانی (الشمیسة ) و ( یا خالة یا خیاطة )ی بۆ منداڵان نوسیوە و کراون به گۆرانیی .. شیعری( جنة جنة ) کە هەر سەرپێیی نوسیبووی ، زیاتر لە دەیان وڵاتدا کرا به گۆرانی ، دیارترینیان ئەوەی ڕەزا خەیات بوو ..
    شیعرەکانی چەندەها گۆرانیبێژ کاریان لەسەر کردووە وەک کازم ساهیر ، سەڵاح عەبدولغەفور ، سیتاهاکوبیان، فوئاد سالم ، انوار عبدالوهاب ، سەعدون جابر ، حسێن نیعمە ، دیانا حەداد ، فەزڵ شاکر ، سەمیرە سەعید ، هانی شاکر ، ئەساڵە نەسڕی ، سابیر ڕوباعی ، ماجد موهەندیس …

    نۆزدە کێبی چاپکراوی هەیە ، لە نێوان دیوانی شیعریی و ڕۆمانی مناڵان و چەند شانۆگەریی و سیناریۆیەک
    وەک ( للمطر و ام الضفیرة ، ذات مرة ، سالم یا عراق ، الخنجر الذهبي ، الشارع المهاجر ، كسل و بغلته الرمادیة ، یا حوتة یا منحوتة ، عید و عرس ، دنیا عجیبة ، یقظة الحراس ، حكایات بغدادیة ، ها حبیبي ، یا شاغل الفتیات ، …… )
    سەرەتای ساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوو ، کەریم عێراقیی وەک زۆربەی نوسەر و هونەرمەندە عێراقییەکان ، وڵاتەکەی به جێهێشت و ڕووی کردە وڵاتی تونس .. بەو جۆره گەلێ وڵاتی عەرەبی گەڕا و لە کۆتاییدا لە ئیماراتی عەرەبیی نیشتەجێ بوو ..
    خەڵاتی یونیسێفی بۆ باشترین گۆرانیی مرۆڤایەتیی وەرگرت کە ئەم هۆنراوەکەی نوسی بوو ، کازم ساهیر بە گۆرانیی پێشکەشی کرد .
    خەڵاتی ئەمیر عەبدوڵا فەیسەڵی جیهانیی لە ساڵی 2019 دا وەرگرتووە ..
    چەند ساڵێکە ، کریم العراقی دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە بووە و چەندین سەرۆکی عەرەبی بە سەرۆکی عێراق شیاع سودانیشەوە هاوکاری و پشتگیریی ڕاستەوخۆیان بۆ تێپەڕاندنی نەخۆشییەکەی ، کردووە ..
    ئەمڕۆ هەینی ، یەکی ئەیلولی ساڵی 2023 لە نەخۆشخانەیەکی ئەبوزەبی و لە تەمەنی 68 ساڵیدا ، کۆچی دوایی کرد ..

    (( فَإِنْ شَكَوْتَ لِمَنْ طَابَ الزَّمَانُ لَهُ
    عَيْنَاكَ تَغْلِي وَمَنْ تَشْكُو لَهُ صَنَمُ

    وَإِذَا شَكَوْتَ لِمَنْ شَكْوَاكَ تُسْعِدُهُ
    أَضَفْتَ جُرْحًا لِجُرْحِكَ اِسْمُهُ النَّدَمُ ))
    (( گلەیی لای کەسێ بکەی بەختیار بێ ،
    چاوی تۆ ئەکوڵێ و ئەویش بت ئاسایە ..
    سەردانی ئەوەی بە زامت دڵخۆشە
    زامی پەشیمانیشت زیاد ئەکا لە زیایە ..

    ــنەوزاد بەندی




    نەدانی موچەی کرێکاران و کارمەندانی هەرێمی کوردستان، سیاسەتێکی ڕیسوای دەسەڵاتدارانە دژ بە جەماوەر ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق

    وەک پیشەی بێباکانەی هەمیشەییان، ئەوا بۆ پتر لە دوو مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو حزبی دەسەڵاتداری بورژوا ناسیونالیست (پارتی و یەکێتی) بە بیانووی جۆراوجۆرەوە، بەتایبەت کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی و هێزە ئیسلامیـیە دەسەڵاتدارەکانی بەغدادا، موچەی کرێکاران و کارمەندانی وەزارەتەکانیان نەداوە، و ئەمەش بۆتە مایەی بارێکی سەختی ئابووری بۆ جەماوەری هەرێم.
    ئەمە سەرباری ئەوەی کە هیچ پڕۆژەیەکی گەشەپێدانی خزمەتگوزاریـیە گشتیـیەکان لە ئارادا نیـیتە، و ڕێژەی بێکاری، بە تایبەت لەناو گەنجانی کچ و کوڕدا، لە ئاستێکی زۆر بەریندایە، و ئاستی هەژاری و نەداری بەجارێ ژیانی زۆربەی دانیشتوانی ئەم هەرێمەی هەراسان کردووە. هاوکات لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا، ڕیزی ملیاردێر و ملیۆنەری دولاری سەر بە دەسەڵات و حزبەکانیان و سەرمایەدارنی گەندەڵی دەروبەریان، هەرڕۆژە لە زیادبووندایە.
    سەرکوتگەریـیەکانی دەسەڵات بە دژی جەماوەری خۆپێشاندەر لە ساڵانی پێشوودا، و داسەپاندنی ڕژێمێکی سیاسی دکتاتۆری پشت بەستوو بە زەبر و زەنگ و ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی، کە بێ دەربەستە لە ئاست دابینکردنی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری و ڕۆشنبیریـیەکانی جەماوەری زەحمەتکێشی هەرێم، هەر تەنها بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی گەندەڵ و میلێشیایان نەبووە، بەڵکو هاوکات بۆ مانەوەی دەسەڵاتیان و بەرقەراری سەرمایەداری و سترکچەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەم سیستمە بووە.
    نەک هەر هێزەکانی دەسەڵات، بەڵکو هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسێۆنی بورژوازی لە هەرێمدا، بە لایەن و باڵە جیاجیاکانیانەوە، و بەهەردوو بزووتنەوەی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و ڕەوت و حزبەکانیان و ئایدیۆلۆگ و ڕۆشنبیرانیانەوە، و هەروەها بە نیولیبرالە قەومیـیەکانی چەشنی (نەوەی نوێ)وە، ئەم سیستمە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژیـیەیان پاراستووە و ئەیپارێزن کە سەرتاپای مۆرکی دابەشبوونی قووڵی چینایەتی پێوەیە لەنێوان پرۆلیتاریا و بورژوازیدا، و هەر ڕۆژە جەمسەرگیریی چینایەتی ناو کۆمەڵگە توندوتیژتر و بەرینتر ئەبێتەوە.
    هەربۆیە لە کاتێکدا کە کۆمەڵگەی کوردستان نوقمی هەژاری و بێکاری و بێ خزمەتگوزاریـیە، هەم هێزەکانی دەسەڵات و هەم ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی، لەهەر کات زیاتر کۆمەڵگەکەیان نوقمی خورافاتی قەومی و دینی کردووە، لە لایەک، و لە لایەکی ترەوە نیولیبرالەکانی چەشنی (نەوەی نوێ) لە هەوڵی سەرگێژەکردنی جەماوەرن بە ئومێد ‌هەڵچنین بە ئاڵوگۆڕپێکهێنان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە.
    هەر لەم ڕاستایەدا، ناسیونالیستەکان کەوتونەتە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە ئەگەری هەرەسی ڕژێمی دەسەڵاتدار لە هەرێمدا، و باوەشینی دەمارگیری و ڕق و قینەی نەتەوەیی ئەکەن، و ئیسلامی سیاسیش بەردەوام گورزی کوشندەی خۆی ئاراستەی ئازادیـیەکانی ژنانی کوردستان ئەکات و هەوڵ و تەقەلاکانی کرێکاران و گەنجانی بێکاری کوردستان و ڕیزی خەباتیان بە ئیسلامیزم و دژایەتی لە بەرامبەر هەر ئایدیایەکی ئازادیخوازانە و سۆشیالیستیدا تێکدەدا.
    لە بەرامبەریشدا، هێز و حزبە ئیسلامی و قەومیـیەکانی دەسەڵاتدار و حکومەتەکەیان لە بەغدا کە بێباکن لە هەژاری و نەداری و بێکاری جەماوەری هەرێم، بەردەوامن لە درێژەپێدان بە ململانێکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا. هەر دوو لا جەماوەری هەرێمی کوردستانیان کردۆتە بارمتەی ساغکردنەوەی بەرژوەندیـیە سیاسی و ئابووری و مانۆڕە جیوپۆلتیکسەکانیان و پەیوەندیان لەگەڵ زلهێزە ناوچەیی و دەوڵەتیـیەکاندا. هەروەها، دەسەڵاتدارانی بەغدا سەرقاڵی خۆشکردنی ئاگری دەمارگیری نەتەوەیین تا سەرەگێژی ڕەواج پێبدەن و پەردەپۆشی گەندەڵیـیەکانیان بکەن، و بێگوزارانی و هەژاری و بێکاری و بێ خزمەتگوزاری زۆربەی هەرە زۆری جەماوەری عێراق بە دەمارگیری نەتەوەیی وەڵامبدەنەوە.
    بۆ ڕزگار بوون لەم بارودۆخە کارەساتبارە ڕێگەێک لە بەردەمدا نیـیە جگە لە بەهێزکردن و یەکخستنی ڕیزی خەباتی کرێکاران و زەحمەکیشان و بێکاران و ژنانی ستەملێکراو و گەنجان و سەرجەم ئازادیخوازان هەم لە هەرێمی کوردستان و هەم لەسەر ئاستی عێراق، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سەربەخۆی چینایەتیـیان، و بەبێ هیچ جیاوازیـیەکی مەزهەبی و دینی و نەتەوەیی و جنسی و ڕەگەزی و هەر جۆرە جیاکاریـیەکی تر.
    ئەمرۆ لە هەرێمی کوردستاندا پارسەنگی هێزی چینایەتی لە بەرژەوەندی بورژوازی دەسەڵاتدار و هێز و ڕەوتەکانیەتی، و تا خەڵكی کرێکار و نەداری هەرێم ئەم پارسەنگیـیە نەگۆڕن لە بەرژەوەندی خۆیان هیچ ئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی لە بەرژوەندیـیان نایەتەدی. کەوتنە داوی ئایدیۆلۆژیا و ئاسۆی قەومی و دینی و بڕوبیانووەکانی کێشە لەگەڵ بەغدا، و خۆشباوەڕیی بە هەڵبژاردن، بارودۆخە کارەساتبارەکە زیاتر درێژە پێئەدا. چارەسەر لە بەرەوپێشچوونی خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا لە کوردستان و سەرجەم عێراقدایە.
    بە ڕیزی خەباتی یەکگرتوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سەربەخۆی چینایەتی کریکاران و نەداران، و هاتنە مەیدانیان وەک هێزێکی کاریگەری جەماوەری بەڕووی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم لە هەرێمدا هەنگاوی یەکەمە بۆ کۆتایی هینان بەم یاریکردنە بە ژیان و گوزەرانی جەماوەرەوە.
    (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) بە توندی سەرکۆنەی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی مەرکەزی ئەکات، و بەرپرسیاریەتی هەژاری و برسیەتیـیەک کە بە سەر جەماوەری هەرێمی کوردستاندا سەپاوە، ئەخاتە ئەستۆیان. هەروەها شان بە شانی کرێکاران و زەحمەتکیشان و سەرجەم ئازادیخوازان لە خەباتی پەیگیرانەدایە بۆ کۆتاییهێنان بە باری سەختی ژیانی ئابووری جەماوەر لە هەرێم و سەرتاسەری عێراقدا.
    سیاسەتی ڕیسوای موچە نەدان پێویستە دەستبەجێ کۆتایی پێبهێنرێ
    ٣٠ (ئاب)ی ٢٠٢٣




    چاوخشانێک بە مێژووی ئەدەبی منداڵان لە ئینگلتەرا.. رەزا شـوان

    رەگ و ریشەی ئەدەبی منداڵان بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. لە سەرەتای سەردەمی ئەدەبی منـداڵانـدا، کـتێبی تایبـەت بە ئەدەبی منـداڵان نەبـوو. بە پێـشکەوتنی مرۆڤ لە هەمـوو بوارەکانی ژیاندا، ئەدەبی منداڵانیش لە هەموو جیهاندا، گەشەیکردن و پێشکەوت و بـوو بە لـقـێکی سـەرەکی لە ئـەدەبی گـشـتی و بە ئەدەبێـکی تایبـەت بە منداڵان. لە نووسینێکی پێشترمـدا، باسی مێژووی ئەدەبی نووسراوی تازەی منداڵانمان کـردووە کە لە سەدەی حەڤـدەمـدا، بۆ یەکـەم جـار لە وڵاتی فەرەنسادا سـەری هـەڵـدا.
    لەم نووسینەمدا، چاوخـشانێک بە مـێژووی سەرهەڵـدانی ئەدەبی منداڵان لە ئینگـلتەرا دەکەین. کە لە دوای فەرەنسا لە ئینگـلتەرادا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی.
    ئەدەبی منداڵان لە ئینگـلتەرادا مێـژوویەکی درێـژ و جیاوازی هـەیە. دەکرێت ئەدەبیاتی منـداڵان لەم وڵاتـەدا بۆ سەردەمەکانی ناوەڕاست بگەڕێنینەوە. قوتابخـانەی ریالـیزمیی مێـژوونووسـەکان، ساڵی (١٧٤٤) بە دەرچـوونی (کـتێبی بچـووکی جـوانی گـیرفـان)ی نووسەر و کتێبفـڕۆش (جـۆن نیوبـەری) بە سەرەتای سەرهەڵـدانی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگلتەرا دادەنێن. چیرۆکە کلاسیکییەکانی پێشتر بریتیبوون لە ئامۆژگاری و رێنمایی و رێنوێنی ئاینی و لە خـووی باش و لە رەوشـتی بەرز. بێ ئەوەی گـوێ بە ئاستی بیر و هۆش و ئارەزوو و قوناغەکانی منداڵـییەتی بدەن. شایەنی باسیشە کتێبی (ئەفسانەکانی ئـیزۆپ) بە یەکەمین کتێبی چاپکراو بۆ منداڵان دادەنـرێت کە لە ساڵی (١٤٨٤) زاینی، لە لایـەن نووسەر (ولیـەم گاگـستۆن: ١٤٢٢ـ ١٤٩١) ەوە نووسراوە. گاگـستۆن سەر لە نـوێ چـیرۆکەکـانی ئـیـزۆپی یـۆنـانی، بە شـێوازێکی جـوان و بە زمـانی ئینگـلـیزی نووسینەوە و لە چەنـد بەرگـێکـدا چاپیانی کرد، گاگـستۆن بۆ یەکەم جاریش وێنەی بۆ چیرۆکەکانی کێشان. گەرچی گاگستۆن بەو نیاز و مەبەستەوە چیرۆکەکانی نەنووسیون کە ئـاراستەی منـداڵانیـان بـکات. بـەڵام سێ لـە کـتێـبەکـانی، بە درێـژایی سـاڵان و تا ئەمـڕۆش بۆ منـداڵان گـونجـاون و بە کـتـێبی خـۆیـانیـان دەزانـن. وەریان گـێڕاون بۆ سەر زۆربەی زمانەکـانی گـەلانی جـیهـان بە زمـانی کوردیشەوە. منـداڵان لە هەمـوو جیهانـدا، چێژ و خۆشی لـە خوێنـدنەوەی ئەو چـیرۆکە ئەفـسانەییـانە وەردەگـرن. کە ئەم کـتێـبانەن (رێوی رێنارد، ئەفـسانەکانی ئیـزۆپ، مردنی ئارسەر). هـەر گاگستۆن یەکـەم چاپخـانەی هـێنایە ئینگـلـتەرا، دوای ئەوەی کە لە ئەڵمانیا، فـێری چـۆنیەتی و هـونەری چاپکـردن بـوو. زیـاتر لە (١٠٠) کـتـێـبی لـەو چاپخـانەیەدا چـاپـکـرد.
    لە دوای گاگسـتۆن، نووسـەر (یـۆهـان ئامـۆس کـۆمینـۆس) لە سـاڵی (١٦٥٨) دا، لە پێوەرە باوەکانی ئەو سەردەمە لایدا و کتێبێکی بە ناوی (جیهان لە وێنەدا)ی نووسی و چـاپیکـرد. ئەگـەرچی ئامـانجی ئـەم کـتێـبە زیـاتر لە پـەروەردەییـەوە نـزیـکە نـەک لە خۆشنوودییەوە. ئەم کارەی کۆمینۆس، بە یەکەم کتێبی وێنەدار بۆ منـداڵان دادەنرێـت.
    نووسەر و رۆژنامەنووس و رابەری رۆمانی ئینگلیزی (دانیال دیڤۆ: ١٦٦٠ـ ١٧٣١) یەکێکە لە رۆمـاننووسە ناسراوەکـانی جیهـان. بە دەستپێـشخەری چـیرۆکی هـونەریی لە ئینگـلتەرادا دادەنـرێت. دانیال دیڤـۆ لە ساڵی (١٧١٩) دا، رۆمـانە بەنـاوبانـگەکەی (رۆبنسـۆن کـروزۆ) ی نـووسی و چـاپیکـرد. کە بە یەکـێک لە شاکـارە ئەدەبییـەکـانی جیهـانی ناسراوە. تا ئەمـڕۆش منـداڵان لە هەمـوو جیهـانـدا، بە گـەرمی و پەرۆشەوە پێشوازی لەم رۆمانە دەکـەن و چـێژ و خۆشیی لە لایان کـاڵ نەبۆتـەوە. پاڵـەوانی ئـەم رۆمـانە لاوێکی سەرگـەرم و سەرەکـێشی سەیـرە، حەز بە کـاری سەرەکـێشی دەکات.
    دانیال دیڤـۆ بیرۆکەی ئەم چـیرۆکەی لە چیرۆکێکی راستەقـینەی ژیـان و بەسەرهـاتی پیاوێک بە ناوی (ئەلیکسەندەر سلکـێرک) ەوە وەرگرتـووە. کە خەڵکی ئوسکۆتلەنـدە بـووە. نـزیـکەی (٣٠٠) سـاڵ بـەر لـە ئـێسـتا، ئـەو پیـاوە وێـڵ دەبـێـت و دەکـەوێـتـە دوورگـەیەکی دووری دابـڕاوی چـۆڵـەوە، بـۆ مـاوەی چەنـد ساڵـێک لەو دوورگـەیەدا ژیـان بەسەر دەبـات. بێ هـیوا نابێت و کۆڵنـادات، تا ئـەو کاتەی پاپـۆڕێک نزیک ئەو دوورگەیە دەبێتەوە و هەلی گەڕانەوەی بۆ ئوسکۆتلەندەی نیشتمانی بۆ دەڕەخـسێـت. ئەم چیرۆکە راستییە بوو بە ئیلهام بۆ دانیال دیڤـۆ. بە شێوەیەکی ئەدەبی و هـونەریی جوان لە رۆمانی (رۆبنسۆن کروزۆ) دا دایڕشتووە. لە راستیدا ئەم رۆمانە بۆ منداڵان نەنووسراوە. بەڵام نووسەری بەناوبانگی ئینگلیزی (جۆن نیوبەری) دەستکاری کرد و کورتی کـردەوە و دووبـارە بە زمانـێکی ئاسانـتر و گونجـاو، بۆ منـداڵان دایـڕشـتەوە.
    رۆمانی رۆبنسۆن کـروزۆ، کـراوە بە فـیلمی کارتـۆن و بە زۆربەی زمانەکانی جیهـان دۆبـلاج کـراوە. ئەو مەبەست و گرنگـییەی لەم رۆمـانەدا هـەیە: بێ هـیوا نەبـوون و کۆڵنەدان و خۆڕاگری و خۆگونجانە لەگەڵ بارودۆخێکی چاوەڕوانەکراو و تەنگانەدا.
    هەر لە ساڵی (١٧١٩) دا، (رۆبەرت سامبر) چەند چـیرۆکێکی لە (چـیرۆکەکانی دایە قـازم) کە لە نووسـینی (چـارلـز پیـرۆ)ی فـەرەنسییە، لە فـەرەنسییەوە وەرگـێڕان بۆ ئینگـلیزی و چـاپـیانی کـرد. کە ئـەم چـیرۆکـانـەن (سانـدرێـلا، جـوانە نـووسـتووەکە، ریـش شـین). بەو مەبەستەی کە منـداڵانی ئینگـلتەرا چـێژ و خۆشـییان لێوەربگـرن.
    (جـۆناسان سـویـفـت: ١٦٦٧ـ ١٧٤٥) نووسـەر و سیاسەتـمەدارێـکی (ئینگـلیزی ـ ئیڕلەنـدی) بوو. بە نووسەرێکی بابەت گاڵتەجـاڕی و توانـج ناسرابوو. جـۆناسان لە ساڵی (١٧٢٠) دا، کتێبێکی لەژێر ناوی (گەشتەکانی گـۆلیڤەر) دا چاپکرد. بریتییە لە چوار کتێب و باس لە چوار گەشتی خەیاڵی بۆ وڵاتانی دوور و نامـۆ و سەیـر دەکات. جۆناسان چەنـد رۆمـانێکی تریشی نووسیوە، لەوانە: (جەنگی کتێبەکان)، (نامەکانی بازرگانێکی کوتاڵـفـرۆش)، (پێشـنیارێکی سارد).
    (جۆن نیوبەری) گەشتەکانی گۆلیڤەری کورت کردوونەتەوە و بە شێوە و شێوازێکی ئاسانتر و بە زمانێکی سووکتر، دووبارە بۆ منداڵان دایڕشتوونەتەوە و چاپیکردوون.
    بەمەش جـۆن نیوبـەری، ئەم گەشتانەی خستە نێـو چـوارچـێوەی ئەدەبی منـداڵانەوە.
    هەر چوار گەشتە، کراون بە فـیلمی کارتـۆن و بە زۆربەی زمانەکـان دۆبلاج کراون.
    (جـۆن نیوبـەری : ١٧١٣ـ ١٧٦٧)هەنـدێ لە لێکۆڵـێنەوەرەکان پێیانـوایە کە ئەدەبی راستیی منـداڵان لە ئینگـلتەرادا، لە (جۆن نیوبەری) یەوە دەستی پێکرد. نیوبەری لە بـواری ئەدەبی منـداڵانـدا، بە تایبەتیش لە چـیرۆکنووسیندا، نووسەرێکی بەتوانا بوو. رۆڵـێکی زۆری هەبـوو لە گەشەکـردن و پێشکەوتنی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگـلتەرادا. جـۆن نیـوبەری خاوەنی یەکەمین کـتێبخانەی منـداڵانە لە جیهانـدا. نیوبەری لە ساڵی (١٧٤٤) دا، کـتێبـێکی بە نـاوی (کـتـێـبی بچـووک و جـوانی گـیرفـان) ی نـووسی و چاپیکرد و بڵاوایکردەوە. لە ساڵی (١٧٦٥) دا، چـیرۆکێکی بۆ منـداڵان لەژێـر ناوی (جـووتێ پێـڵاوی باش) دا، نووسی و چاپیکـرد و بڵاویکـردەوە.
    هەندێک لە توێژەرانی ئەدەبی منداڵان ئەم کتێبەی نیوبەری(کتێبی بچووک و جوانی گیرفـان) بە یەکـەم کار بۆ منـداڵان دادەنـێن، کە ئامـانجی خـۆشی و شـادی منـداڵانە. نیوبـەری داوای لە نووسـەران کـرد، کە کـتێبەکانی گەورەکان کـورت بکەنەوە و بە زمانێکی سووکـتر و بە شێوازێکی ئاسانتر، دووبارە بۆ منـداڵان بیان نووسنەوە، تا لەگەڵ توانای هـۆشیاندا بگونجـێن. تا بۆیان چاپ بکات. نیوبەری زیـاتر لە (٢٠٠) کـتێـبی بـۆ منـداڵان چاپـکرد و بڵاویـانی کـردەوە. کە بـریتـین لە: مەتـەڵ، چـیرۆکی فـۆلکلـۆری، ئەفـسانەیی، حـیکایـەت، چـیرۆکە میـلـلییەکـان. کتێبەکـانیش لە رووی کوالـیتییەوە مەرجی پێویستییان لەخۆگرتوون. بەرگەکانیان ئەستۆرن و نەقـشێنراون. کاغـەزی پەڕەکانیان زێـڕین و لـووسن. جـۆن نیـوبەری بـڕوای بە گرنگی فێرکردنی منداڵان بە رەفـتاری دروسـت، بە شـێوازێـکی نـەرم و نیـانی و میهـرەبـانی هـەبـوو، نـەک بە شـێوازی گـرژی و تووڕەیی و تونـدوتیژی و تـرس و تۆقـین. بۆیە نیوبەری بـە (باوکی راستی ئەدەبی منداڵان) لە ئینگـلتەرادا ناودەبـرێـت.
    لە ئەمـریکادا، لە ساڵی (١٩٢٢) ەوە، ساڵانە خـەڵاتـێکی بەنـرخ، بە نـاوی (خـەڵاتی نیوبەری) یەوە، دەدرێت بە باشترین نووسەری کتێبی ساڵ لە بواری ئەدەبی منداڵاندا.
    شایەنی باسیشە، لە پێش جۆن نیوبەری، نووسەرێک بە نـاوی (تی. دەبلیـو) کـتێبێکی بچووکی (١٢) پەڕەیی لەژێر ناوی (کتێبێکی بچکووک بۆ منداڵانی بچووک) نووسی و چاپیکرد کە کـتێبێکی فـێرکارییە. وەکـو رەخنەگـر (پیرسی مـۆیـر) دەڵـێت، گرنگی ئـەم کـتێبە لەوەدایـە، کە یەکـەم بڵاوکـراویە بە زمـانی ئینگـلیزی بـۆ منـداڵان. مەبەستـیش ئەوە نییە کە لە رۆڵی جـۆن نیـوبـەری کـەم بکـرێتەوە.
    لە سەدەی هـەژدەمدا، وەرچەرخانێکی بەرچاو و بازێکی گەورە لە ئەدەبی منداڵان لە ئینگـلتەرا درا. لە سەدەی نـۆزدەشـدا بناغـەی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگـلـتەرادا دانـرا.
    لە ساڵی (١٨٢٨ـ١٨٣٠) دا، کتێبی (حیکایەتەکانی باپیرە) ی (سـیرواڵتـەر سکـوت) پێشوازییەکی گەرمیان لێکرد، کە ورژێنەر و سۆزدارییان لەخۆگرتوون. دوایش خاتوو (کاترین سنگلەر) کە کتێبی (مـاڵی روخـسەت)ی نووسـیوە، بە یەکـێک لە گـرنگـترین کتێبەکانی منداڵان دادەنـرێت. کە بە بەهـاراتی خەیاڵیی پێـوەکردووە. ئامـانجی کاتـرین، گۆڕینی ئەو بابەتـانە بـوو کە منـداڵان دەیـانخـوێنـدەوە.
    (لـویس کـارۆل: ١٨٣٢ـ ١٨٩٨) ناوێکی خوازراوە، ناوی راستیی (چارلـز لـۆتـۆدیج دۆدسن) ە. لویس کارۆل چـیرۆکنووس و رۆماننووسێکی بە توانا و بلیمەت و فانتازی بـوو. زانـایەکی ماتماتیک و وێنەگرێکی فـۆتـۆگرافی ئینگـلیزیی ناسراوبـوو. چـیرۆکی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجـباتیـیەکان) کە لە نووسـینی (لـویـس کـارۆل) ە، بە یەکـێک لە شاکارە ئەدەبییەکانی جیهـان بۆ منـداڵان دادەنرێت. ئەم چیرۆکە ئەدەبی منداڵانی بـردە قـۆنـاغـێکی زێـڕینـەوە. بـێجـگە لەم چـیرۆکە، لـویس کـارۆل دوو چـیرۆکی تـریـشی نووسیوە، ناوەکانیان (لە میانەی شووشەوە)، (چەنەبـازی).
    چیرۆکی (ئەلیس لە وڵاتی عـاجـباتییەکان) چـیرۆکی ئەندێشەیی فەلسەفی و فانتازییە. چیرۆکی کچێکی راستی دەگێڕێتەوە، کە لە چیرۆکە ستۆکەکان بێزار ببوو و حەزی بە سەرەکـێشی دەکرد. چـیرۆکی کـیژۆڵەیەک تەمەن (١٢) ساڵان دەگـێڕێتەوە، کە نـاوی (ئەلیس)ە. بە دوای کەروێشکێکی گەورەدا رادەکات. لە پڕێکدا دەکەوێتە ناو چاڵێکی قـووڵەوە و خـۆی لە جیهـانێکی خەیاڵـی سەیـردا دەبینێتەوە. دەڕوا و دەگەڕێت و بە سەرسـامییەوە دەڕوانـێـت. چـاوی بە (داوڵـێک) و (شـێرێـک) و (پيـاوێکی ئاسـنین) دەکەوێـت. هەمـوویان دەچـن بـۆ لای جـادووکەرێـک، تا یارمـەتییان بـدات. شـێرەکە ئـازایی دەویست، پیاوە ئاسـنینەکە دڵی دەویست، داوڵەکەش هـۆشی دەویست. بەڵام ئەلیـس گـەڕانـەوەی بـۆ مـاڵـەوە دەویـست. ئـەم چـیرۆکە بە چەنـدین سـەرەکـێشـیدا تێـدەپەڕێـت. کراوە بە فـیلمی کارتـۆن و بە فـیلمی سینەمایی. ئەم چـیرۆکە ئـازادی و ئازایی بە منـداڵان دەبەخـشێـت. بە متمانە بەخۆبوونەوە رووبـەڕووی ئەو گـرفـت و کێشانە ببنەوە کە دێنە رێیان و خۆیان چارەسەری رێگەی سەرکەوتنیان بۆ بدۆزنەوە.
    لویس کارۆل لە دژی رێباز و شێوازە کلاسیکـییە چەقـبەستووەکاندا، کە منـداڵان لێیان وەرست و بێزار ببوون، شۆڕشێکی لە ئەدەبی منداڵانی بەرپاکرد. گەرچی (١٥٨) ساڵ بەسەر چاپکردن وبڵاوکردنەوەی رۆمـانی (ئەلیس لە وڵاتی عاجـباتییەکـان) تێپەڕیـوە، بەڵام تا ئەمـڕۆش مندـاڵان بە پەرۆشەوە دەیخوێننەوە و چـێژێکی زۆری لێوەردەگرن.
    مـاوەی سـاڵانی (١٨٩٤ـ ١٩٠٨) بە گـەشترین مـاوەی کـتێبی منـداڵان لە ئینگـلتەرا دادەنرێت. کە لەو ماوەیەدا، کـتێبێکی زۆری نۆسەرانی ناسـراو لە مێژووی ئەدەبی منـداڵاندا، چاپکـران و بڵاوکـرانەوە.
    زۆر بە کورتی ئامـاژە بە نـاوی هـەنـدێ لە نووسـەرانی ناسـراوی تری ئینگـلیزی لە بـواری ئەدەبی منـداڵانـدا لە ئینگلتەرا دەدەیـن:
    (کینیت گـرام: ١٨٥٩ـ ١٩٣٢) بە ناوباگترین کارەکانی (با و دار بییەکان)ە کە کارێکی نەمرە لە ئەدەبی منداڵاندا. ناوی دوو کـتێبی تری کـینیت بۆ منداڵان (سەردەمی زێـڕین، ئەژدیهای یاخی) یە.
    (رودپارد کـیلنگ:١٨٦٥ ـ ١٩٣٦) لە ساڵی (١٩٠٧) دا، خەڵاتی (نۆبـڵی لە ئەدەب) دا وەرگرت. کە بچـوکـترین بـراوەی ئەم خـەڵاتە و یەکـەم ئینگـلـیز بـوو کە ئەم خەڵاتەی وەگـرت. گرنگترین کارەکانی بۆ منداڵان (کـتێبی جەنـگەڵە) کە بـریتیـیە لە کۆمـەڵـێک سەرەکـێشی لە دارستانـدا. پاڵەوانەکەی منـداڵێکە لەگەڵ ئاژەڵە دڕندەکانـدا دەژی. ئەم چیرۆکە بە ناوی زنجیرەی (ماوکـلی کـوڕی دارسـتان) ەوە، کراوە بە چەنـدین فـیلم و سەرکەوتنێکی جیهـانییان بەدەستهـێناون.
    (هـیلـین بیاتریکس پۆتـەر: ١٨٦٦ـ ١٩٤٣) ژنە رۆماننوس و زانایەکی سروشـتی و وێنەکـێش و شاعـیرێکی ناسراوی ئینگلیزییە. چەندین چیرۆکی بۆ منـداڵان نووسیوە. هـیلین شێوازێکی جیاوازی لە نووسیندا بۆ منداڵان هـەیە. کە بە ناسکی و بە ساکاری و شارەزایی و شێوازێکی تازە بۆ منداڵان دەنووسێت. چیرۆکەکانی لە هەمـوو جیهاندا بـڵاوبـوونەتەوە. بەشـێکی زۆری چـیرۆکەکاـنی کـراون بە فـیلـم کـارتـۆن. بەرزتـرین کارکتەرە داهـێنراوەکانی (کەروێشکە پیتەر، سمورە نۆتکـین، پشیلە تـۆمی بچکـۆلە).
    (روالد داڵ: ١٩١٦ـ ١٩٩٠) رۆماننووس و سیناریۆنووسە، بە ناوبانگترین نووسەری منداڵانە لە ئینگلتەرا، زۆرترین ژمارەی رۆمانەکانی لە جیهاندا فرۆشراون. زۆربەشیان کـراون بە فـیلمی کارتـۆن. چەنـدین خەڵاتی بەنـرخی جیهـانی وەرگـرت. لە ئێنگـلتەرادا مـۆزەخانەیەک بە ناوییەوە هـەیە (مـۆزخـانە و مەڵبەنـدی چـیرۆکەکانی روالـد داڵ) کە کارەکانی و وێنەکانی تێیـدا پارێـزراون. گـرنگـترین کارەکانی بۆ منـداڵان:( تیمساحێکی زەبـلاح، چەتەوڵـێکی کەتەی میهـرەبـان، دانی پاڵـەوانی جیهـان، قـۆخـێکی زەبەلاح).
    (جاکـلین ویلسـۆن: ١٩٤٥) ژنێکە شەیـدای کۆکردنەوەی کـتێبی منـداڵانە. یەکێکە لە ناسراوتـرین نووسەرانی ئەدەبی منـداڵان لە ئینگـلتەرادا. بە زۆریـش بۆ هـەرزەکاران دەنووسێت. چـیرۆکەکانیشی بەوە ناسراون کە پـڕن لە خـۆشی و لە خەیـاڵ، زیـاتر لە (١٠٠) کـتێـبی نووسـیوە. سـەرەڕای کارەکـانی لە تەلەفـزیـۆن و لە رادیـۆدا. چەندین خەڵاتی گـرنگی لە ئەدەبی منـداڵاندا وەرگـرتـووە.
    (جـوان رۆلـیـنگ: ١٩٦٥) کەڵە رۆماننووسێکی بـواری ئەدەبی منـداڵانە. نـووسەری زنجـیرە رۆمـانی جیهـانی (هـاری پـۆتـەر)ە، کە بە ناوبانگـتریـن زنجـیرە رۆمـانە لە جیهـانـدا. وەریانگـێڕاون بۆ (٨٠) زمـان لە جیهـانـدا. ئـەم رۆمـانە هەشـت بەشـە یا هەشت کتێبە، تا ئێستا چەنـدین خەڵاتی لە ئینگلتەرا و جیهاندا بردۆتەوە، لە مێژوودا زۆرتـرین ژمارە بەرگەکانی کـتێبی (هـاری پۆتـەر) فـرۆشـراون. کە زیـاتر لە (٤٥٠) ملیۆن دانە لە کتێبی (هاری پۆتەر) لە جیهاندا فـرۆشراوە. ئەم رۆمانە کراو بە فـیلمی سینەمـایی. یەکـێک لەو فـیلمـانەش، زۆرتـرین پـارەی لە جیهـانـدا بە دەسـت هـێناوە. ئەکتەرە بەشداربووەکانی هـاری پۆتـەر، لە رێی ئەم فـیلمـانەوە دەوڵەمەنـد بـوونە.
    جـوان رۆلینگ لە رێی رۆمانی (هاری پۆتەر)ەوە، سەرمایەیەکی زۆری دەستکەوت و بـوو بە ملیۆنـێر. بوو بە یەکەم نووسەريش کە ئەو پـارە زۆرە لە رێی نووسینەوە بە دەسـت بهـێـنـێـت. لەپێـش نـووسـینی رۆمـانی هـاری پـۆتـەر، جـوان رۆلـینگ زۆر بە هەژاری دەژیا، بۆ کـڕینی شـیر بۆ کچـەکەی پارەی لە هـاوڕێکانی قـەرزدەکـرد. بۆیـە بەشێکی زۆری پارەکەی بەخـشیوە بە پـرۆژە خێرخوازییەکان. جوان رۆلینگ لە ساڵی (٢٠١٠) دا، وەکـو ژنێک کە زیاترین کاریگەریی لە ئینگلتەرادا هەبـوو هەڵیان بـژارد. جـوان رۆلینگ یەکـێکـیشە لە (١٠) ژنـە ناودارەکانی جیهـان و لە ریـزبەنـدی چـوارەم دایە (ئەنگـیلا مێـرکـل، گـلـۆریا مـاری، ئینـدێـرا گـانـدی، جـوان رۆلـینگ،…)
    جـوان رۆلـیـنگ منـداڵانی زۆر خۆشـدەوێـت. تا ئەمـڕۆش بەردەوامـە لە نووسـین بـۆ منداڵان بە تایبەتیش چیرۆکیان بۆ دەنووسـێت، دەڵێت:”درێـژە بە نووسین بۆ منـداڵان دەدەم، چـونکە لە راسـتیـدا چـێژ و خۆشی لەمـەدا دەبیـنم”.
    لە نووسینێکمدا لە ژێر ناوی (کەڵە رۆماننوسی منداڵان جـوان رۆلینگ) کە لە مانگی (٢/٢٠١٨) دا، لە سایتەکاندا بڵاوکردۆتەوە، بە درێژی باسی جوان رۆلینگـم کردووە.
    بێجگە لەو نووسەرانەی کە باسیانـم کرد. چەندین نووسەری تری ئینگلیزی لە بواری نووسینی ئەدەبیـاتی منـداڵانـدا، بەرهـەمی نایـاب و ناوبانـگـیان لە ئینگـلـتەرادا هـەیە.

    رەزا شـوان
    نەرویـج: ٢٠٢٣
    (*) بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەندین سایتی ئینگـلیزی و نەرویجی و عەرەبی وەرگرتووە.




    ژیان ده‌که‌مه‌ ناونیشان.. فەرهاد کەریم

    گله‌یی ده‌کا خاوه‌ن ئاکاری به‌رزو دڵی باش
    نه‌رمه‌ له‌ ناو مردنی ئه‌مڕۆ و ژیانی سبه‌ی
    برین رژاوه‌ته‌ ناو برین ره‌قبووه‌ ژیان
    گه‌رده‌لوول پێده‌که‌نێ، مردن رژاوه‌ته‌‌ کورتی ژیان
    ژیان پڕ بووه‌ له‌ ره‌قی مردن‌
    مردنم رژاوه‌ته‌وه‌ ناو ژیان
    ژیانم رژاوه‌ته‌وه‌ ناو مردن
    ژیان و مردنم له‌ شه‌ڕدان
    فرمێسکی زۆری رشت ژیان، گریانی نه‌برد مردن
    پڕ بووه‌‌ گریان، ماندووه‌ ژیان، تینووه‌ مردن
    له‌ مردن راناکه‌م، ژیان ناخه‌مه‌ گۆڕ، ته‌رمم ناچێته‌ گۆڕستان
    له‌ مردن دێمه‌ده‌رێ ژیان‌ ناونیشان
    ژیان برژێ مردن ده‌گات
    مردن بگات ژیان ده‌ڕژێ
    له‌وه‌ته‌ی هه‌م له‌ شه‌ڕدام
    مردنم رژاوه‌ته‌ ناو ژیان
    ژیانم رژاوه‌ته‌ ناو مردن
    با جه‌نگ به‌رده‌وام بێ
    ژیان بڕژێ و مردن نا
    مردن بڕژێ و ژیان نا
    ژیان روونه‌ مردن نا
    رێمه‌ده‌ مردن ژیان تاریک کا
    ده‌زانم مردن هه‌ڵۆیه‌ و ژیان نێچیر
    بۆ ئه‌وه‌ی بژیت فێر له‌ هه‌ڵۆکه‌ و مردن دواخه‌

    ‌‌




    تابلۆ.. ستار ئەحمەد

    چركه‌یه‌ك له‌ئاگر ده‌خوازم
    ماچێك به‌گڕ داده‌گیرسێنم
    لێوێك له‌گه‌ڵا دروستده‌كه‌م
    به‌قه‌د ژماره‌ی چرۆكان
    له‌گه‌ڵ بووندا ده‌كه‌ومه‌ سه‌ما
    هه‌ڵپه‌ڕكێی … داگیرسان
    هه‌ڵپه‌ڕكێی …رامووسان
    هه‌ڵپه‌ڕكێی… چاوبڕكێ‌
    هه‌ڵپه‌ڕكێی…پێشبڕكێ‌
    هه‌ڵاتن له‌خۆم و
    توانه‌وه‌ له‌تۆدا
    به‌سه‌ر به‌رامه‌ی خاكدا په‌خشده‌كه‌م
    له‌وه‌تی چیاكان به‌زمانی به‌فره‌وه‌ ده‌گرین
    مه‌لێك هێلانه‌ی خۆی جێناهێڵێ‌
    كوكوختیه‌ك.. له‌بزێوی بێچووه‌كانی وه‌ڕسنابێ‌
    منیش ناتوانم بێتۆ ژوانێك بڕه‌خسێنم
    تۆ نیگات ورده‌ به‌فره‌و
    سۆزت دوندی سه‌خت و
    رامانت له‌گه‌ڵ هه‌وره‌ دووره‌كاندا ده‌له‌نگێ‌
    منیش مه‌ستم به‌بوونی دووكه‌ڵ
    لقی دارهه‌نارێكی سووتاوم
    له‌وه‌تی ئاگر برۆمی سووتاندوه‌
    نیگام هه‌ڵوه‌دای گوڵی سووره‌و
    چاوانم تینووه‌
    بۆ مه‌زه‌ی سێوێكی مه‌زاری روانین
    ده‌سته‌كانم له‌گڕ هه‌ڵده‌كێشم
    له‌گه‌ڵ ژاكانی گوڵ و
    به‌ربوونه‌وه‌ی بولبولێكی حه‌سره‌تا
    دڵم له‌جه‌سته‌م جوێده‌بێته‌وه‌
    رۆحم به‌باران ئاشنا ده‌بێ‌
    نه‌نمه‌یه‌ك
    گه‌واڵه‌ی عومرم ته‌ڕده‌كا
    نه‌بارانێك تابلۆیه‌ك ده‌نه‌خشێنێ‌
    له‌سێبه‌ری باڵات بكا

    ستار ئەحمەد