سەردەمی سادە نووسی و خوێنەری سادە.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لە ئێستادا، جۆرە خوێنەرێک لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری کوردی دروست بووە، کە دەشێ بە خوێنەری ڕاگوزەر و سادە و بیرنەکەرەوە ناوزەدی بکەین. ئەم جۆرە خوێنەرە، کە بەرهەمی شاشەی مۆبایل و تابڵێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیسبووکە، هێندەی پەیوەندی لەگەڵ بەریەککەوتن لە ئاستی بینیندا هەیە، هێندە خوێنەرێکی بە ڕامان و بیرکەرەوە و تێهزر نییە. چونکە سرووشتی ئەو جۆرە تۆڕانە وایە، کە بە خێرایی تێ دەپەڕن و بابەتی ئێستا، بۆ چەند خولەکێک دواتر، کۆن دەبێت و دەچێتە پەراوێزەوە. ئیدی بە لایەوە گرنگ نییە بچێتە قووڵایی نووسین و مانا، بەڵکو تەنها ڕاگوزەرانە سەرنج دەدات. ئەم جۆرە بینینە، هەر تەنها لای خوێنەری ئاسایی نییە، بەڵکو سەیر لەوە دایە، بژاردەی نووسەران و ڕۆشنبیرانیش، هەمان تێڕوانین و بیرکردنەوەیان هەیە و ئەوەندەی بابەتێکی فەیسبووک دەخوێننەوە و سەرنجیان ڕادەکێشێت، بە داخەوە ئەوەندە کارەکتەری نێو دنیای کتێب و خوێندنەوەی جددی نینە. گەلێک جارو بگرە دەیان جاریش وا ڕێکەوتووە، پرسیارم لە بارەی وتارێکی گرنگ کە لە ڕۆژنامەیەک بڵاوبۆتەوە، لە نووسەر و وەرگێڕێک کردووە کە ئاخۆ خوێندوویەتییەوە؟ لە وەڵامدا گوتویەتی: کە نەمبینیوە و ئاگادار نیم. بۆیە گۆڕینەوەی کتێب بە شاشە و فەیسبووک، خوێنەری بیرکەرەوە بە ڕاگوزەر و سادە، گرفتێکی گەورەی دنیای ڕۆشنبیری ئێمەیە کە هەرە دیارترین دەرهاوێشتەی، پاشەکشەی خوێنەری ڕاستەقینە و پەراوێزخستنی دەیان کتێبی مەعریفی گرنگە و هاوکات بە پاڵەوانکردنی دەیان شاعیر و ڕۆماننووس و دەقنووسە، لە پەراوێزی هەبوونی ئەو جۆرە خوێنەرەوە. چونکە ئەو تایپە لە خوێنەر، هەڵگڕی گەلێک سیماو ئەدگاریی تایبەتییە، کە دەشێ بە هۆیەوە پەیوەندی لەگەڵ کتێب و دنیای خوێنەوە بە گشتی بخوێنینەوە. یەکێک لەو سیمایانە، کورتبڕی و بازادانە بە سەر نووسین. ئەم جۆرە خوێنەرە، هەرگیز سەودا و سەلیقەی بابەتێکی درێژی نییە و هەمیشە ئارەزووی ئەوە دەکات، ئەو بابەتانەی دەیانخوێنێتەوە،کورت بن. واتا بەخێرایی بە سەریاندا تێ دەپەڕێت، دیارە ئەمەش پەیوەستە بە شێوازی ئەو پەیوەندییەی خوێنەر لەگەڵ دەق لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە هەیەتی، کە وەک وتمان بابەتی کورت، تێپەڕ و ڕاگوزەر، بەمەش دەرفەتی وەستان و ڕامان، تێهزرین و بیرکردنەوە لای خوێنەر نامێنێت. ئەم شێوازە لە خوێنەوە، تایپێک لە خوێنەری دروست کردووە، کە بابەتی درێژ و قووڵ، زۆر جێگەی سەرنج و پرسیار نەبێت. من سەیرم پێ دێت کاتێ گوێبیستی ئەوە دەبم، کە بەشێک لە نووسەرانیشمان، دەڵێن بابەتی درێژ ناخوێنینەوە، چونکە سەردەمەکە، سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنەلۆژیا و بابەتی کورتە، گەر سەرنج بدەین، دەبینین ئێستا بەشێکی زۆر لە نووسەران و شاعیرانی ئێمە بە تایبەتی ئەوەندەی فەیسبووکە شیعر دەنووسن، بۆ ساڵانێک دەبێت تێکستێکی شیعریی داهێنەرانەیان نەنووسیوە، کە ببێتە جێی پرسیار و مانای خوێنەر. بەڵکو پێوەر و پێوانەی خوێنەری شیعریی لایان، ئەو کۆمێنچی و لایکانەیە کە بۆیان دێت. بە دەربڕینێکی تر، هیچ کاتێک وەک ئێستا، بە نموونە شاعیر کورد، لە بەر دڵخوازی خوێنەر شیعری نەنووسیوەو هێندە چێژ و بینینی خوێنەری بەلاوە گرنگ نەبووە. لای بەشێکی زۆری شاعیرانی ئێستا، شیعری جوان و داهێنەرانە، ئەو شیعرەیە کە زۆرترین کۆمێنتی لە فەیسبووکەوە بۆ دەنووسرێت، کە هەر هەموویان پەسن و پیا هەڵدانن وسێ بەشی ئەو خوێنەرانە، نازانن چێژ وجوانی، دەقی شیعری داهێنەرانە چییە. بێگومان لە هەبوونی شێوازێکی نووسین و بڵاوکردنەوەی لەو شێوەیە، ج خۆرە خوێنەرێک دروست دەبێت؟ هەڵبەتە خوێنەرێکی دروشمباز، هوتافیی وخرۆشاو، کە تەنێ وەک بەشدارێکی ڕێپوانێکی جەماوەرییانە، دروشم و هوتافی لا گرنگە، بەبێ ئەوەی پرسیار لە ستراتیژییەت و هەبوونی خۆی لەو جۆرە چاڵاکییەدا بکات، کە دەرەنجام بێ ئامانج کۆتایی دێت. کاروان کاکە سوور لە کتێبی (کوشتنی فیل و پاراستنی دوکانی شووشەوات) ئەم جۆرە خوێنەرە، بە خوێنەری پاسەوانی تێکست ناودەبات . نووسەری کتێبەکە، ئەگەرچی لە بارەی خەسڵەتەکانی خوێنەری گرووپی ( ڕەهەند) دەدوێت، بەڵام بڕوام وایە ئەم تیۆرە دەکرێ گشتاندن بکرێت بۆ سێ بەشی خوێنەری کورد، چونکە جگە لە بژاردەیەکی کەمی خوێنەران، ئەوانیتر هەموویان لە بری ئەوەی ببنە پرسیارکەر و ڕاڤەکەری تێکست، بە پێچەوانەوە دەبنە پاسەوان و پارێزگاری شتێک کە ناوی تێکستە. لێرەوەش وەک پاسەوان وەزیفەیەکی دیاریکراوی هەیە و لەو ئەرکەدا دەبێ وەک بکەرێکی بێ دەنگ و پرسیار نەکەر و تێ نەهزر دەربکەوێت، چونکە لە پێشدا ئەرک و ڕۆڵەکەی دیاریکراوە. بەو شێوەیەش پاسەوانی تێکست تەنها ئەرکی بە تەوتەمکردنی ئەو تێکست و نووسەرەیە، هاوکات بە گژ هاتنەوەی هەموو ئەوانەیە، کە دەیانەوێت ئەو دیوارەی پاسەوان ببڕن و تێگەیشتنێکی دیکەی جیاوازییان لە تێگەیشتنی پاسەوان بۆ تێکست هەبێت. لەو ڕوانگەیەشەوە هەر هەوڵێک بۆ کردنەوەی کۆدەکانی ئەو دەقە و بینینێکی جیاواز، دواجار بە ڕەت کردنەوە و بێ بەهاکردنی ئەو بینینە جیاوازە، تا ئاستی سڕینەوە و و بێ بەهاکردنی و بگرە زمانی زبر وبریندارکەریش دەڕوات. لێرەوەش هەردوو ئەرکە جیاوازەکانی پاسەوانی ئاسایی و پاسەوانی تێکست، یەکدەگرنەوە کە تەنها یەک ئەرک و بەرپرسیاریەتییان هەیە، ئەویش شەڕکردنە وەک جەنگاوەرێک لە دژی هەموو ئەوانەی سنووری بارەگا و تێکست دەبڕن و مەبەستییانە پرسیار بکەن و لە پێکهاتە و کۆدەکانی نێو ئەو سنوورە بڕوانن و پرسیار بکەن. لای خوێنەری پاسەوان، وەک کاکە سوور ناوی دەبات، هەمیشە جۆرێک لە کلێشەسازیی ئامادەیە، وەک چۆن گەلێک ئامراز و ئامێر هەن و بێ کەتەلۆک ناتوانی بیانخەیتە گەڕ، بەم شێوەیەش لای ئەو خوێنەرە، دەبێ ئەو کەتەلۆکە هەبێت و لە سەری بڕوات. ئەو چونکە وەک باسمان کرد، هەر لە سەرەتاوە ئەرکەکەی دیاریکراوە کە قفڵدانە لەو دەرگاییەی ڕێگری لەوانیتر دەکات لێیەوە بێنەوە ژوورەوە، بەڵام ئەرکەکەی هەر تەنها لەو شێوازە بەرگرییە کۆتایی نایەت، بەڵکو لەهەندێ کاتدا، وەک داکۆکیکەرێکی سەرگەرم، بێ بیرکردنەوە و هەڵوەستە و پرسیار لەوانیتر دەکەوێتە هێرش و پەلامارو بڕی جار، چی ناو و ناتۆرە هەیە دەیداتە پاڵ بەرامبەرەکەی. ئەو جۆرە خوێنەرە، چونکە خۆی وەک دەروێشێکی ئەو تێکستە دەبینێت، ئیدی ئەو پیرۆزییە ئەو هەستەی لادروست دەکات، کە هەر کاتێک درکی بەوەکرد ئەو پیرۆزییەی دروستی کردووە، دەکەوێتە بەردەم گومان و پرسیارکردنێک، ئەویش دەکەوێتە کاردانەوەی دەروونی و لەو ساتانەشدا، ئەقڵ و لۆژیک لە نەبوون دانە وهەر کاتێکیش مرۆڤ لە غیابی ئەقڵدا بیری کردەوە و زمانی خستە گەڕ، بێگومان دەبێ چاوەروانی هەموو شتێک بین. لەو ڕوانگەیەوە، لای ئەو جۆرە خوێنەرانە، چییەتی گوتن نییە و تەنها چۆنیەتی گوتن هەیە، دروست وەک ئەوەی پاسەوان پەنا دەباتە بەر هەموو جۆرە کەرستەیەک تەنها بۆ هێڕش و بەرگریی، ئەو خوێنەرانەش، کاتێ دەزانن نووسەرەکەیان دەکەوێتە بەر ڕەخنە، ئیدی هەر چۆنێک بێت دەبێ بکەونە بەرگریی ئەو تەوتەمییە بپارێزن کە لای نووسەر و ئەوانیش هەیە. گەلێک جار، نووسەر خۆی ئەو بە پیرۆزرکردنە دروست دەکات و جەختیش لە بە زیندوو هێشتنەوەی دەکات لە ڕێگەی ئەو زمانەی دەیخاتە گەڕ. ئێمە نابێ ئەوەمان بیر بچێت، کە بەر لەوەی خوێنەرەکانی (بەختیار عەلی) بە نموونە، خەڵک بە جاهیل، نەخوێندەوار و گەمژە وێنا بکەن، ئەوا پێشتر هەمان ئەو دەستەواژانە لە نێو نووسینەکانی بەختیاردا بەرکاربوونە. لێرەوەش ئەرکی خوێنەری پاسەوان و نووسەری بە بتکراو، یەکدەگرێتەوە و ئەرکەکان هەمان ئەرکن و ڕۆڵەکان جیاوازن. ئەم پاسەوانی تێکستە، سەروکاری تەنها لەگەڵ تێکستی سادە و ساکار هەیە و دەق تەنها لە سەر بنەمای چێژ و جوانی دەبینێت، نەک زمان و دنیابینی و گوتار و مەعریفە، چونکە ئەم جۆرە خوێنەرە، سەلیقەی ئەوەی نییە قووڵبێتەوە لە تێکست، بەڵکو ڕاگوزەرانە سەیری دەکات و چێژی لێوەردەگرێت و لەوە گرنگتریش ئەوەیە، کە بە زمانی خەاڵک و عەوام نووسرابێت. واتا زمانی نووسینەکە چەند جەماوەریی بێت، چەند سادە و ساکار بێت، ئەوەندە بەلای ئەوە جێی چێژ و بە پیرۆزکردنە. سەرنج بدەن، لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا، شیعرە سادەو ڕۆژانەییەکانی (تەلعەت تاهیر)و نووسینەکانی (فەرهاد پیربال) و (نەبەز گۆران) و چەندانی تر، لە هەرە پڕ خوێنراوترین تێکستن، لە بەرانبەر ئەمەدا، چیڕۆکەکانی (کاروان کاکە سوور)و (عەتا محەمەد) و شیعرەکانی ( سەباح ڕەنجدەر ) بە نموونە،ڕەنگە خوێنەری کەمتریان لە تێکستی ئەو سادەنووسانە هەبێت. بێگومان ئەمە بۆ قووڵی ئەو تێکستانەی باسمان کردن ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ یەکانگیریی زمانی تێکستەکە و زمانی سادەو جەماوەر دەگەڕێتەوە. بە دەگمەن یان هەر نییە، خوێنەرێک شیعرێکی تەلعەت تاهیر، چیڕۆکێکی فەرهاد پیرباڵ، نووسینێکی نەبەز گۆران بخوێنێتەوە تێی نەگات، بە پێچەوانەوە هەمووان چێژە لەو جۆرە شیعر و دەقانە دەبینن، بەڵام کام خوێنەر؟ هەڵبەتە ئەو خوێنەرە سادە و ڕاگوزەرە کە سادەیی نووسینی بەلاوە داهێنان و مەرعریفەیە، ئەو خوێنەرەی کاکەسوور گوتەنی پاسەوانی تێکستە، بیرمان نەچێت ئەو جۆرە خوێنەرە، بە داخەوە دەرهاوێشتەی گوتاری ئەو جۆرە نووسینانەیە کە بە زمانێکی ساکار و ڕووکەش بێ قووڵایی هزریی و زمانی دەنووسرێن. لێرەوەش جۆرە خوێنەرێک دروست دەبێت، کە دەق تەنها لە ڕوانگەی وشە و زمانی سادە دەبینێت و قووڵایی فیکری دەق و مەدلولە شاراوەکانی ئەو دەقەی کە پێویستیان بە دۆزینەوە هەیە نابینێت. بەمەش چێژ دەبێتە سەنتەری دەق و نووسین و نووسین بە ئەندازەیەک شۆڕ دەبێتەوە نێوەندە میللی و جەماوەرییەکە، کە کام شاعیر سادە بنووسێت، لە چەندین شاعیری بە ئەزموون و جیاوازنوووس خوێنەری زیاترە. هەر کاتێکیش نووسین بەگشتی هێندە سادە بوووەە کە جیاوازییەک لە نێوان زمانی شاعیر و زمانی خەڵک نەمایەوە، ئەوا دەبێ نائومێد و ڕەشبین بین لە شیعر و دنیای نووسینی کوردی، چونکە ئەمە مانای وایە، چیتر فیکرو مەعریفە لە نووسیندا بۆ خوێنەر گرنگ نییە.

*ئەم بابەتە لە ژمارە (142) هزرو هونەری ڕۆژنامەی خەبات، ڕۆژی 28/9/2023 بڵاوکراوەتەوە.




گفتوگۆ لەگەڵ شانۆکار ئەحمەد جەمیل.. ئامادەکردنی: کامەران حاجی ئەلیاس

ئەحمەد جەمیل: بینەر زیاترحەز بەنمایشێک دەکات کە کە باری دەروونی ئارام بکاتەوە کاتی باس لە مێژووی شانۆ ی کوردی دەکرێت بەتایبەتی لە شاری هەولێر، ناکرێت باس لە هونەرمەند “ئەحمەد جەمیل عەبدولسەمەد” نەکەین ئەو خاوەن مێژوویەکی پڕشنگدارە خاوەنی چەندین نمایشی شانۆ و درامایە، رۆڵێکی گرنگی بیینوە لە پێشڤەچوونی رەوتی شانۆ لە شاری هەولێر بەتایبەتی لە هەشتایەکانی سەدەی رابردوو ئێمە بۆ زیاتر ئاشنا بوو بەو هونەرمەندە لە نزیکەوە بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردوە.
هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس

  • ئەرشیفی هونەریتان دەوڵەمەندە بە چەندین بەرهەمی بەپێز ئەگەر بکرێت ئاماژەیان پێبدەیت. سەرە تای کاری هونەریم دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کاتەی کە قوتابی بووم لە قوتابخانەی مەولەوی کوِران لە شاری هەولێر کاتێ بە شداریم دەکرد لە چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستای هونەرمەند “تەحسین تەها” وە لە یەکییەتی قوتابیانی کوردستان .. لەساڵی 1975 لە ئۆردوگای رەبەت لەرۆژهەڵاتی کوردستان تیپێکی شانۆییمان بە ناوی تیپی ( خەبات) دامەزراند لەگەڵ هونەرمە ندان (موئەیەد فقێ وفەرەیدون ئاریۆخی) چەند شانۆگەرییەکمان پێش کەش کرد..
    دوایی بە شداری چەند بەرهەمێکیم لە چالاکی قوتابخانەکانی هەولێرم کردوەکو:
    ئۆپەرێتی “رووباری ژیان” لە نووسین “مدحت بێ خەو” دەرهێنانی هونەرمەند” تەحسین ها” ساڵی 1978 ،ئۆپەرێتی “داستانی شۆرش “لە نووسین “مدحت بێ خەو” دەرهێنانی هونەرمەند”تحسین تەها” ساڵی1979 ، درامای “هونەر و ژیان” لە نووسین “رێواس جاف ” دەرهێنانی “عادل عبدوڵڵا” ساڵی 1977 کە بەرهەمی تیپی کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی هەولێر بوو.
    دا کردوە لەوانە: هەروەها شداریم کرد لە چەند بەرهەمێک لەگەڵ تیپی شانۆی هەولێر
    شانۆگەری” هەبوو نەبوو” لە نووسینی” قاسم محەمەد”دەرهێنانی هونەرمەند” سەباح عەبدولڕەحمان” ساڵی 1980 بۆ تەلەفزیۆن تۆمار کرا، شانۆگەری “لاس و خەزال” لە نووسینی “نازم دڵبەند” دەرهینانی هونەرمەند “سەباح عەبدولڕەحمان” ساڵی 1983 بۆ تەلەفزۆین تۆمار کرا،درامای ” تاپۆ هەقی چی یە” لە نووسینی هونەرمەند”چەتۆ حسن” دەرهێنانی “زوهیر عەبدولمەسیح” ساڵی 1983 ،شانۆگەری “ئادابا” لە نووسینی “معاز یوسف” لە دەرهێنانی “هاشم زەینەل” ساڵی 1984
    ، درامای ” سورمە خان “لە نووسینی “محەمە یونس “دەرهێنانی “سەفوەت جەراح” ساڵی 1983، درامای “هەورو ساماڵ ” لە نووسینی”چەتۆ حسن” دەرهێنانی هونەرمەند” عادل عەبدوڵڵا “ساڵی 1980،شانۆگەری “خاتووکڵاوزەر” لە نووسین” حەمە کریم هەورامی” دەرهێنانی “سەفوەت جەراح” ساڵی 1985 ،شانۆگەری “خانە دان” لە نووسینی مۆلێر دەرهێنانی هونەرمەند”تەحسین شەعبان” ساڵی 1984،شانۆگەری “مرۆڤ و ئازارەکانی” نووسینی “پیتر ڤایس” دەرهێنانی هونەرمەند” سەباح عەبدولڕەحمان” ساڵی 1983، شانۆگەری “قەڵای دم دم” نووسینی عەرەب شەمۆ دەرهێنانی هونەرمەند”سەعدون یونس” ساڵی 1984، شانۆ گەری”حەمە دۆک” نووسینی “یەشار کەمال” دەرهێنانی هونەرمەند “تەڵعت سامان” ساڵی 1988،شانۆگەری “گوڵی نەهێنی” لە نووسین و دەرهێنانی “لەتیف نوعمان” ساڵی 1986 درامای”ئاسکە” نووسینی “حەیدر عەبدولڕەحمان” دەرهێنانی “سەعدون یونس” ساڵی 1978،شانۆگەری “مەرزی و کاکە مین” لە نووسینی “چەتۆ حەسن ” دەرهێنانی “سەعدون یونس” ،شانۆگەری “قاسپەی کەو” نووسینی “سەمیر عەبدولستار”دەرهێنانی “سەعدون یونس” ساڵی 1978،تەمسیلی”گەرەکەمان”نووسینی “چەتۆ حەسن” لەدەرهێنانی هونەرمەند”سەعدون یونس”،درامای” کۆلار” نووسینی “حەیدەر عەبدولڕەحمان” دەرهێنانی “سەعدون یونس”، شانۆگەری “مردووی سەر شۆستەکە”دەرهێنانی هونەرمەند “فەرهاد شەریف”،شانۆ گەری” نالی خەونێکی ئەرخەوانی” نووسینی هونەرمەند “ئەحمەد سالار” دەرهێنانی “حەمە عەلی خان”،شانۆ گەری” تاشە بەردوو چاڵ ” نووسین و دەرهێنانی “سەباح عەبدولڕەحمان”، شانۆگەری “شاهەر شایە” نووسینی “سەعدوڵڵا یونس” دەرهێنانی “سەباح عەبدولڕرحمان”.
    هەروەها لەگەڵ هونەرمەند بەکر مەعروف تیپی شانۆی پێشرەوی کرێکارامان دامە زراند چەندین شانۆگەریمان پێشکەش کرد لەوانە شانۆ گەری “خەبات” ،شانۆگەری “کێ بەرپرسیارە” شانۆگەری ” بەندی ژمارە 47″،هەرلەمیانی کارەکانم چەندین بەرهەمی رادیۆییمان بۆ رادیۆی بەغدا تۆمار کرد.

    *جگە لەکاری شانۆ لە دراماش دا کارت کردوە چ جیاوازیک هەیە لە رووی نواندنەوە؟

  • بەرای من جیاوازیکی زۆر هەیە لە نێوانیاندا هەیە،لە شانۆ دا هونەرمەند دەبێت خۆی زۆر باش ئامادە بکات بۆ ئەزبەرکردنی دیالۆگەکان وە کاتێکی زۆریش پرۆڤەدەکات چونکە لە کاتی نمایش راستەوخۆ رووبەرووی بینەران دەبێتەوە بۆیە دەبێت بە وردی مامەڵە لەگەڵ هەموو شتێک بکات، دەبێت باش کۆنتروڵی خۆی بکات ،بەبۆچوونی من هونەرمەند زیاتر چێژ لە شانۆ دەبینێت، بەڵام لە دراما وا نیە ئەکتەر رووبەروو کامێرادەبێتەوە بە ئارەزووی دەرهێنەر کامە گرتەیان بەدڵ بوو ئەو هەڵدەبژێرێت لە هەمەکان کاتدا کاتی ئەکتەر لەکاتی وێنەگرتن، هەڵە دەکات دەتوانێت چەندین جار دووبارە بکاتەوە، کە لە نواندنی سەرتەختەی شانۆدا ئەم حاڵەتە بوونی نییە .

    *بەو پێیەی ساڵنێکە لە هاندەران دەژیت شانۆی کوردی لەدەرەوە چۆن دەبینی؟

    زۆر بە داخەوە شانۆی کوردی لەهاندەران زۆر زۆر کزە وەک پێویست نییە لەوانەیە دووساڵ جارێک شانۆگەریک نمایش بکرێت،کاتێ شانۆگەرێک لە وڵاتێک نمایش دەکرێت،لە هەموو ووڵاتێک نمایش ناکرێت،هۆکاریش زۆرن وەکو نەبوونی کات لەلای هونەرمە ندەکان چونکە زۆربەی هونەرمەندان بۆ بژیوی ژیانیخێزانەکان کاردەکەن،هیچ لایەنێک هاوکاری مادیان ناکات زۆرجاریش لەکوردستان هەندێ تیپی هونەری بۆنمایشکردنی بەرهەمەکانیان دێنە ئێرە ئەوانیش کێش و گرفتی خۆیان هەیە..بێگۆمان کێشە زۆر ئەگەر باسیان بکەین..

    *ئاستی شانۆکوردی بەگشتی لە ئیستادا چۆن دەبینی؟

  • بە داخەوە شانۆی کوردی زۆر لەکزی دایە،بە تایبەتی لە شاری هەولێر ئەگەرلە ساڵێک نمایشیکی شانۆ بکرێت ،هۆکاریش زۆرن لەوانە کەمی هاوکاری دارایی تەرخان کراو بۆ شانۆ ، دەست نیشان کردنی دەقی خراپ، وەنە بوونی هۆڵی نمایشی شانۆیی ئەوانە هەموویان هۆکارن بۆ دابەزینی ئاستی شانۆی کوردی ، بۆیە دەبێت بەرپرسان چارسەرێک بۆ ئەو قەیرانە بدۆزنەوە، وە دوور کەوتنەوەی شانۆکارانی بە ئەزموون ئەوانە پێمان دەڵێن کەوا شانۆی کوردی لە قەیرانێکی گەورە دایە کەجێگای داخە بەڵام لە شاری سلێمانی جوڵەی شانۆیی بەربەردەوامی هەیە هیوادارم ئەو جووڵایەش لە هەموو شارەکانی کوردستان بوونی هەبێت، داوا لە شانۆکاران دەکەم با هەموویان یەک دەست بن یەکگرتووبن لە پێناو شانۆی کوردیمان.
  • بینەر چێژ لەچ جۆرەنمایشێکی شانۆیی دەبینیت (بەزمەسات یان مەرگەسات)؟

    -بە بۆچوونی خۆم لەم کاتە دا بینەری شانۆ لە کوردستان تارادەیەک بێزارە،بە باردۆخی ژیانی سەخەت گوزەر دەکات ، ناسۆرییەکانی زۆرە بۆیە حەز بەنمایشێک دەکات کە کەمێک لەو ناخۆشیانەی کەم بکاتەوە لەبەر ئەوە هەست دەکەین بینەر زیاتر حەز بەنمایشێک دەکات کە کە باری دەروونی ئارام بکاتەوە زیاتر حەز لە نمایشی بەزمەسات دەکات، بەمەرجێ پەیامێکی شانۆیی مرۆڤایەتی هەبێت نەک تەنیا ئامانج لێی تەنیا پێکەنین بێت.

    *رۆڵی و گرنگی تەکنیک بە تایبەتی رووناکی لە شانۆدا تا چەند لە خزمەت نمایش شانۆ دایە؟

  • رووناکی رۆڵیکی گرنیکی هەیە لە شانۆدا،چارە سەری زۆر شت دەکات ،هەندێک لە نمایشە شانۆییەکان بەبێ رووناکی پەیامی خۆی وون دەکات،چونکە لە رێگەی رووناکی ،دەست نیشان کردنی هەمووکاتەکانی شانۆدەکرێت بۆیە چەندە دە قی شانۆ گرنگە ئەوەندەش تەکنیکی رووناکی گرنگە بۆ شانۆ ،بەڵام بە داخەوە شانۆی کوردیمان لەم بوارەدا زۆر هەژارە بەجۆرێک تائێستا نەمان توانیوە هونەرمە ندی پسپۆری رووناکی ئامادە بکەین، بە تایبەتی لە کۆلێژ و پەیمانگاکان زۆر گرنگی بەم بوارە نادەن بۆ ئەوەی کادیری لێهاتووی رووناکی دروست بکەین ئێستا لە وڵاتی ئالمَانیا هیچ کەس ناتوانێ لەم بوارە کار بکات ئەگەر هاتوو بڕوانامەی پسپۆری رووناکی نەبێت چەندین پەیمانگا و کۆلێژی هونەری تایبەت بەم بوارە هەن ،بەو هیواییەی لە کوردستانیش گرنگی بەو بوارە بدرێت.

    *هیچ پرۆژەیەکت بۆ داهاتوو هەیە؟

  • هیوادارم کاتێ گەرامەوە بۆ کوردستان سوود لە تواناکانم وەربگیرێت ،چونکە من ماوەی(25) ساڵە لە شانۆی نورنبێرگ لە بەشی تە کنیکی رووناکی کارە دەکەم ئەزموونێکی باشم لەو بوارە دا هەیە.




خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی (چیرۆکی بینراو).. خوێندنەوەی سەڵاح جەلال

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرەبکەن..




سەرەتای دەستپێکردنەوەی بەهێزی شەپۆلی دووەمی شۆڕش.. و: کاوە عومەر

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵە نوێیەکە کۆکراوەتەوە

حەسەن ساڵحی: ٢٥ی شەهریوەر ساڵڕۆژی کوشتنی مەهسا (ژینا) ئەمینی و سەرەتای شۆڕشی ژن ژنان ئازادی بوو. کۆماری ئیسلامی هەوڵی قەدەغە کردنی شەقامەکان و ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی سەربازیی ڕانەگەیەندراو هەوڵ دەدات لەم ڕۆژەدا پێش بە ناڕەزایەتی خەڵک بگرێت. بەڵام بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەبەردەستدان، لانیکەم لە ٢٢ شار خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەچوو و خەڵک دروشمەکانی دژی حکومەتیان وتەوە. مانگرتنێکی گشتی و بەربڵاو لە کوردستان بەڕێوەچوو، کۆبونەوەی گەورە لە دەرەوەی وڵات لە دەیان شار ئەنجامدرا، لەنێویاندا ڕێپێوانی ٤٠ هەزار کەس لە تۆرۆنتۆی کەنەدا. بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆژە لەگەڵ لیدەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا، حەمید تەقوایی دادەنیشین. حەمید تەقوایی، بەڕای ئێوە چ فاکتەرێک لە داڕشتنی ناڕەزایەتییەکان لەم ڕۆژەدا کاریگەر بوو؟ ئایا بەبۆچوونی ئێوە دەکریت قسە لەدەرئەنجامە بەهێزەکانی شۆڕش لەم ڕۆژەدا بکرێت؟
حەمید تەقوایی: لە پێوەندبە بەشی یەکەمی پرسیارەکەی ئێوەوە، دەبێ بڵێم ئەو فاکتەرانەی کە بوونە هۆی ناڕەزایەتییەکانی ساڵیادی شۆڕش، ئەو فاکتەرانە بوون کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا چالاک بوون. دامەزراوە و ڕێکخراوەکان کە بانگەوازێکی زۆریان کردبوو و ئەزموونی ڕێکخستن و چالاکیی مەیدانییان هەبوو. ئەوان لە چەند هەفتەیەک لە پێش ٢٥ی شەهریوەرەوە بە بڵاوکردنەوەی چەندین لێدوان و بانگەواز و جاڕنامە و ڕێکخستن و ئامادەکردنی ناڕەزایەتی پراکتیکی پێشوازییان لەم ڕۆژە کرد. خەڵک بانگهێشتی خۆپیشاندانی سەر شەقامەکان کران و بەشێکیشیان داوای مانگرتنیان کرد. تەنانەت بە وتەی خۆیان ئاماژەیان بە “بەڵگەنامەکانی شۆڕش” کردووە، واتە جاڕنامەی ١٢ داواکاری ٢٠ ڕێکخراو و جاڕنامەی داواکاری ژنانی پێشڕەو. وەک نموونە بینیمان ڕێکخراوێک بەناوی دادخوازانی سیستان و بەلوچستان بەیاننامەیەکی پڕ جۆش و ڕادیکاڵیان دا و خەڵکیان بانگەواز کرد بۆ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان. ڕێکخراوێکی وەک تۆڕی سەرتاسەری شۆڕشی ژن ژیان ئازادی کە لە زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراوی خوێندکاری و گەنجانی شارە جیاجیاکان پێکهاتووە، داوای مانگرتن لە کوردستان و هەروەها داگیرکردنی شەقام و وتنەوەی دروشمی شەوانە و بەگشتی ئەو ئاکسیۆنە ناڕەزایەتیانەی لەم ڕۆژەدا شاهیدی بووین. بەزۆری وا بیردەکرێتەوە کە بەبانگەوازێک دەکرێت و خەڵک وەڵام دەدەنەوە. بەڵام کارەکە لەوە زیاترە. بانگەوازێک دەدرێت و کاری بۆ دەکرێت، ئامادەکاری دەکرێت، لیستی دروشمەکان ڕادەگەیەنرێت، تراکت دابەش دەکرێت و لەدیوار نووسین ئەنجام ئەدرێت، ڕێکخستن ئەنجام ئەدرێت، ئەمانە ئەو چالاکییانەن کە بەرهەمەکەیمان لە شێوەی ناڕەزایەتی و مانگرتندا لەساڵیادی شۆڕشدا بینیمان.
لە وەڵامی بەشی دووەمی پرسیارەکەتدا، بەڵێ، پێموایە ئەمە دەرئەنجامێکی بەهێز بوو. نەک هەر لە ڕووی ڕەهەندەکان، بەڵکو ناوەرۆک و دروشمەکان و دیوارنوسینەکان سەرنجڕاکێش و ڕادیکاڵانەی ناڕەزایەتییەکان لەم ڕۆژەدا.
تۆ باسی ناڕەزایەتیت کرد لە ٢٢ شار، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەمە تەنها ئەو شارانە دەگرێتەوە کە دەستیان بە ئینتەرنێت گەیشتوە و توانیویانە ڕاپۆرت بکەن. بەو پێیەی حکومەت لە زۆرێک لە شارەکان ئینتەرنێتی پەکخستبوو و لە هەندێکیشدا ئینتەرنێت بە تەواوی پچڕابوو، دەبێت ژمارەی شارەکان زۆر زیاتر بێت لەو ژمارەیەی کە باسکراوە. جگە لەوەی کە مانگرتنەکان نزیکەی هەموو شارەکانی کوردستانی گرتەوە، دوکاندارەکانیش لە گەڕەکەکانی نارمک و ڕۆدهەن لە تاران و لە ڕەشت مانیان گرت. لەم حاڵەتەدا ئێمە لەبارەی هەموو مانگرتنەکانەوە نازانین.
خاڵی گرنگتر ئەوەیە کە گرنگی مەسەلەکە تەنها چەندایەتی نییە. کێشەکە لەوەدایە کە حکومەت لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە، گوایە “ئاژاوەگێڕییەکان” کۆتایی هاتووە، تەنانەت پەیوەندی لەگەڵ حکومەتەکان باشتر بووە و هەموو شتێک لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە. لە لایەکی ترەوە لە هەمان کاتدا لە دەرئەنجامی سەرهەڵدانەوەی جاری دووەمی شۆڕش دەترسا. چونکە حکومەت بە تەواوی دەیزانی کە هەڵسوڕاوان و ڕێکخراوەکان چۆن بەشدارن لە ئامادەکردنی ئەم ڕۆژەدا. بەهۆی ئەمەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستی دایە دەستگیرکردن. زۆرێک لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوە جۆراوجۆرەکانی دەستگیرکرد و هەڕەی لێکردن. بە تایبەتی کەسوکاری داخوازانی دەستگیر کرد و خستنیە ژێر هەموو جۆرە فشار و کۆت و بەندێکەوە، چونکە دەیزانی مەزاری گیانبەخکردوەکان دەبێتە شوێنی کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی. وەک ئاماژەت پێکرد شارەکانی قۆرخکرد و یاسای سەربازیی ڕانەگەیەندراوی دامەزراند و هەموو هێزە بەکرێگیراوەکانی ناردە سەر شەقامەکان. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە وەڵامێکی توندی لەلایەن کۆمەڵگاوە وەرگرت. گرنگی ٢٥ی شەهریوەر ئەوە بوو کە هەموو هەوڵ و پڕوپاگەندەی ڕژیمی لە ناو برد. سەرەڕای هەموو پڕوپاگەندە و هەڕەشە و سەرکوتەکانی حکومەت، ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی سەرتاسەریدا دروست بوو و لمۆزی دەسەڵاتدارانی لەخاک وخۆڵ هەڵکێشا.
با ئەوەش بڵێم کە ناڕەزایەتییەکان لە ٢٥ی شەهریوەرەوە دەستی پێکرد. دیارە ناڕەزایەتییەکانی زاهیدان لە ڕۆژی هەینیدا زۆر بەرفراوانتر و هێرش بەرانەتر لە جاران بوو. هه روه ها دروشم وتنەوەی شه و له گه ڕه که جیاجیاکانی تاران و ژماره یه ک شاری دیکه ده ستی پێ کرد.
دەکرێ بڵێین قۆناغێکی نوێ لە پڕۆسەی شۆڕشدا دەستی پێکردووە. ئەم قۆناغە نوێیە لە لایەن حزبی ئێمە و زۆرێک لە هەڵسوڕاوان و دامەزراوە خەباتکارانەکانەوە وەک شەپۆلی دووەمی شۆڕش ناودەبرێت. پێم وایە ئەمە هەڵسەنگاندنێکی واقیعییە.
حەسەن ساڵحی: پاشایەتیخوازەکان و بزووتنەوە ڕاستڕەوەکانیش زۆر هەوڵیان دا بۆ ئەوەی ڕەنگی خۆیان بدەن لە ساڵیادی شۆڕش. لە وانەش هێنانە ناوەوەی ، دروشمی “ئێمە نەتەوە کەبیرین، ئێران دەگرینەوە”. ڕۆڵ و جێگای ئەم ڕەوتانانە لە ساڵیادی شۆڕشدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
حەمید تەقوایی: هەر ئەو دروشمەی کە باست کرد نیشانەی نامۆ بوونی ئەو بزوتنەوانەیە بەو دروشمە ڕاستەقینەیانەی کە خەڵک لەسەر شەقام دەیڵێنەوە، لەدیوار نوسینەکاندا دەبینرێن، یان لە لێدوان و بانگەواز و جاڕنامەکاندا لەلایەن چالاکوانان و ڕێکخراوە خەباتکارەکانەوە جەختیان لەسەر دەکرێتەوە.
ئاماژەم بە زنجیرەیەک لەو بەڵگەنامانە کرد. لە هیچ کام لەمانەدا، چ لە گەنجان، چ لە ژنان، چ لە قوتابیان، چ خانەنشینەکان، یان کرێکاران، بۆ نموونە لە بەیاننامەیشورای ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەستی نەوت، یان ئشورای کرێکارانی لایەنی سێیەم، یان سەندیکای هەفت تەپە، یان تۆڕی لاوانی سەرتاسەری، یان بەیاننامەی دادخوازانی تاران و سیستان و بەلوچستان و هتد، هیچ شوێنەواری ئەم دروشمە یان دروشمی نەتەوەیی-میللی و وەک ئەوانە نابینیت. تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش ئەم دروشمە لە نێو خەڵکدا جێگای نەبوو. بێگومان چەند کەسێک لە پاشا پەرستە توندڕەوەکانی دەرەوەی وڵات دروشمیان دەوتەوە کە تا چەپ کفن نەکرێت، ئەم نیشتمانە نابێتە نیشتمان! بەڕاستی جێگەی شەرمەزارییە. ئەم جۆرە دروشمانە لە نێو خەڵکدا جێگەیان نییە، چونکە بە ڕوونی کۆنەپەرستانە و دواکەوتوون و پێچەوانەی خواست و داواکاری ئازادیخوازانەی خەڵکن.
لەوانەیە بڵێیت ئەم جۆرە دروشمانە تەنها لەلایەن پاشایەتییە توندڕەوەکانەوە دەدرێت. ڕەنگە ئەمە وابێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئێمە هیچ دژایەتییەک بۆ ئەم جۆرە دروشمانە لە لایەن پاشایەتییە ناتوندڕەوەکانیشەوە نابینین؛ نابینین حسابی خۆیان لەمانە جیابکەنەوە.
مەسەلەکە تەنیا لە ساڵیادی شۆڕشدا قەتیس نییە. پێشتر ئەم جۆرە دروشمە کۆنەپەرستانەمان بینیوە. کاتێک دروشم و هاشتاگی “ئێمە پێکەوەین” بە ڕوونی لە دژی ئێعدامەکان بەرزکرایەوە و تا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی خەڵک لە سۆشیال میدیا و لە شەقامەکاندا بەرز دەکرێتەوە و لە لێدوان و بانگەوازەکاندا ئاماژەی پێکراوە، بەشێکە لە شاخوازەکان ڕایانگەیاند کە “ئێمە لەگەڵ پاشاین” و “ئێمە لە تەنیشت پاشا دەمێنینەوە”. لەوە ڕوونتر نابێتەوە کە حسابەکەت لە خەڵک جیا بکەیتەوە! بە زمانی خۆیان دەڵێن ئێمە لەگەڵ خەڵکدا نین. دەڵێن ئێمە پاشا دۆستەکان لەگەڵ خۆمانین. تەنانەت لە حاڵەتێکدا دروشمی ژن ژیان ئازادییان گۆڕی بۆ ژن ژیان پەهلەوی! واتە “ئازادی”یان بە “دژە ئازادی” گۆڕی!
هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە خەڵکی ڕاستڕەو بە ئاشکرا لەبەرانبەر خەڵکدان و وەک فاکتەری نەرێنی، فاکتەری ڕێگریکردن مامەڵە دەکەن. ئەم جۆرە دروشم و گوتارانە بە ڕوونی دژە شۆڕشن و لە ڕاستیدا ئاو دەکەن بەئاشی کۆماری ئیسلامیدا و لە کۆتاییدا بە قازانجی حکومەت کۆتایی دێت. لەم ڕوانگەیەوە ساڵیادی شۆڕش وەڵامێکی بەهێز بوو بۆ ڕەوتی ڕاستڕەو و پاشایەتی خوازیش.
حەسەن ساڵحی: جگە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی دیکە لە کوردستانیش داوای مانگرتنی گشتی دەکەن لە کوردستان ، کە وەڵامێکی ئەرێنی لەلایەن خەڵکەوە وەرگرت و ئەم مانگرتنە گشتییە ڕوویدا. بەڵام بەشێک لە حیزبە کوردییەکان بە حیزبی دێموکراتی کوردستانیشەوە هەوڵ دەدەن کارەکتەر و ڕووخسارێکی کوردی بە شۆڕشی ژن ژیانئازادی بدەن. بۆچونی ئێوە لەم بارەیەوە چیە؟
حەمید تەقوایی: سەرەتا وەک ئاماژەت پێکرد ئەو لایەنانە داوای مانگرتنیان لە کوردستان کرد. حیزبی ئێمەش ئەم بانگەوازەی کرد و خۆشبەختانە ئەم بانگەوازانە وەڵامێکی ئەرێنییان وەرگرتەوە. وە ئەمەش یەکەمجار نەبوو. لە سەردەمی شۆڕشدا چەندین جار حیزبەکانی کوردستان و هەروەها حیزبی ئێمەش بانگەوازی خەڵکی کوردستانیان کرد بۆ مانگرتن و ئەو بانگەوازانەش هەمیشە سەرکەوتوو بوون. ئەمە ئەمجارە ڕوویدا و خەڵکی کوردستان لە ساڵیادی شۆڕشدا زۆر بەهێز و هێرش بەرانە دەرکەوتن. ئەمەش کردەیەکە بۆ زیاتر بەهێزکردن و پێشخستنی شۆڕش لە کوردستان و لە تەواوی ئێراندا.
بەڵام ئەو خاڵەی ئێوە وروژاندتان سەبارەت بە هەوڵدان بۆ بەکوردستانی نیشاندانی شۆڕشی ئێستا، منیش هەمان تێبینیم هەیە. هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی شۆڕشدا، حزبی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە بە ڕوونی بەهاکانی شۆڕش وەک کوردستانی دەناسێنێت. بەهاگەلێک کە پێدەچێت لە کوردستانەوە بۆ ئێران و لە دوای ئێرانەوە بۆ هەموو جیهان بڵاوبوونەتەوە! بێ گومان خەڵکی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە شۆڕشی ئێستادا، بەڵام بەڕای من ئەم جۆرە ڕوونکردنەوە و ناساندنی شۆڕش لەسەر ڕوانگەیەکی تەواو قەومی- نەتەوەپەرستانە دامەزراوە و بە فاکتەری نەرێنی دادەنرێت لە پڕۆسەی.شۆڕشدا. ئەمە دیوەکەی تری دراوی گەورەخوازی فارسە، کە هەموو شتێک دەگەڕێنێتەوە بۆ نەتەوەی کەبیر و “کوروشی کەبیر” و بەها نەتەوەیی- نیشتمانیەکان. یەکێکیان شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە بەها نەتەوەیی-نیشتمانییەکانی ئێران و ئەوی دیکەیان بە بەها نەتەوەیی-میللی کوردستان ڕوون دەکاتەوە.
بەڕای من تەوەر و دروشم و بەهاکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی نە کوردستانین، نە ئێرانی، نە فارسی، نە پەیوەندییان بە هیچ گەل و نەتەوەیەکی ترەوە هەیە، بەڵکو ئینسانین. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش جەماوەری خەڵکی یەکخستووە و کۆی کردوونەوە. و بەم شێوەیە بووەتە جیهانی. دیار نییە خەڵکی وڵاتانی دیکە بۆچی ئەبێت پشتگیری لە شۆڕشێکی کوردستانی یان شۆڕشێکی نەتەوەیی ئێرانی بکەن کە شاهانەییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن؟! یان ژنانی ئازادیخواز و فێمینیستەکانی جیهان چۆن دەتوانن خۆیان بە شۆڕشێکی کوردستان یان نەتەوەیی لە ئێراندا ببەستنەوە؟! دروشمی ژن ژیان ئازادی نوێنەرایەتی دەکات لە بزووتنەوەی “می توو” بۆ فێمینیستە فەرەنسییەکان و بۆ ژنان لە هەموو وڵاتانی ئیسلامیدا. وە ڕێک هەر بۆیە لە سەرانسەری جیهان پێشوازی لێدەکرێت. ئەگەر ئەمڕۆ مەهسا بووەتە ڕەمزی شۆڕشی ژن و ژیان ئازادی و ڕەمزی ڕزگاریخوازی ژنان لە ئێران و لە هەموو جیهاندا، ئەوە ڕێک لەبەر ئەوەیە کە شۆڕشی ئێستا لەسەر بنەمای بەها ئینسانییە گشتگیرەکان دامەزراوە. ژن ژیان ئازادی تەنها هێمای ڕزگاری ژن نییە، بەڵکو دەنگی هەموو ٩٩٪ی جیهانە کە بەدەست سەختی کێشانی ئابووری و هەڵاواردنە چینایەتییە گەورەکانی جیهانەوە دەناڵێنن!
دەمەوێت بڵێم خاڵی بەهێزی شۆڕشی ئێستای ئێران کە خۆی لە دروشمی ژن ژیان ئازادیدا دەردەخات، بەها ئینسانییە جیهانداگرەکانە، هەر هەوڵێک بۆ وانیشاندانی کە کوردستانی یان فارسی و ئێرانی و بەگشتی نەتەوەیی- ئیتنیکی خستنە پیش چاوی ئەو شؤرشە تەنیا دەتوانێت زیان بە شۆڕش بگەیەنێت وە لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە حیزبە کوردستانیەکان بەلاڕێدا دەڕۆن. ئەگەر دەتەوێت چەوسانەوەی نەتەوەیی کە کێشەیەکی ڕاستەقینەیە، هەڵاواردنی نەتەوەیی کە کێشەیەکی ڕاستەقینەیە، بە شێوەیەکی ئینسانی و بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، پێویستە لەسەر بنەمای مافی یەکسانی هەموو خەڵکی دانیشتوو کە لە جوگرافیای ئێراندا دەژین، بێ گوێدانە بەڵگەنامەی لەدایک بوونیان لە کوردستان یان ئەسفەهان یان تاران، بەلوچ و ئازەری.جەخت بکەیتەوە. ڕێگا چارەسەری ستەمی نەتەوەیی و هەڵاواردنی نەتەوەیی، میللی-ئیتنیکی، دەرخستنی بەها گشتی و جیهانیەکانی شۆڕش نییە. بەپێچەوانەوە دەبێ بگوترێ کە هیوا و خواستەکانی خەڵکی کوردستانیش، وەک هەموو هەموو خەڵکی ئێران ، ئازادی و یەکسانییە، ئێمە مافی ئینسانی و یەکسانمان بۆ هەموو خەڵکی ئێران دەوێت، هەر بۆیەش جەخت لەسەر نەهێشتنی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی دەکەینەوە. ئەمە گوتارێکە کە واتای لابردنی ستەمی نەتەوەیی و لە هەمان کاتدا فاکتەری یەکڕیزی و هاوەڵیەتی خەڵکی کوردستان و باقی ئێرانە. ئەگەر حزبە کوردستانییەکان ئەو ئاراستەیەیان نەبێت، تەنانەت لە خودی کوردستانیشدا، نفوز و بنکەی خۆیان لەدەست دەدەن.
حەسەن ساڵحی: بانگەوازی حیزب ئەوە بوو کە لە ٢٥ی شەهریوەردا چەرخەکان ڕابگرن و شەقامەکان داگیر بکەن. ئەم بانگەوازە تا چ ڕادەیەک جێبەجێ کرا و ڕۆڵی حیزب بە گشتی لە ئامادەکاری و ڕێکخستنی ٢٥ی شەهریوەردا چی بوو؟
حەمید تەقوایی: مەبەستمان لە داگیرکردنی شەقامەکان، کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و ڕێپێوان و بە گشتی هەر جۆرە نمایش و چالاکیی ناڕەزایەتیمان بوو. لەوانەش دروشمی شەوانە و نووسینی دیوار و هتد. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بەلایەنی کەمەوە لە ٢٢ شاردا ئەمە ڕوویداوە. شەقامەکان داگیرکرابوون.
هەروەها جەختمان لەسەر بوونی بێ حیجابی لەسەر شەقامەکان و خۆپیشاندان لەم ڕۆژەدا کرد. وە بینیمان لەم ڕۆژەدا ژنانی ئازا بە بێ حیجاب لەبەردەم هێزە سەرکوتکەرەکاندا دەرکەوتن و ناڕەزایەتیان دەربڕی.
سەبارەت بە مانگرتن، هەرچەندە ئێمە جەختمان لەسەر کوردستان دەکردەوە، بەڵام بانگەوازەکەمان سەر تاسەری بوو. باسی ئێمە ئەوە بوو کە ئەم ڕۆژە پشووی فەرمی بێت بۆ یادی گیانەخت کردوانی شۆڕش و وەکو ڕۆژی گیان بەختکردوان بناسرێت و وەک پشووی فەرمی لە مێژوو و لە ڕۆژژمێردا تۆمار بکرێت. جەختکردنەوەمان ئەوە بوو کە یەکەمین ساڵیادی شۆڕش، ٢٥ی شەهریوەری ١٤٠٢، دەتوانێت ڕۆژی دەستپێکی ئەم بزووتنەوەیە بێت. بەڕای من ئەمە ئاسۆیەک و دیدگایەکی خستە بەردەم کۆمەڵگا کە ئەگەرچی مانگرتنەکە بەو شێوەیەی کە ئێمە بانگەوازمان کرد گشتگیر نەبوو، بەڵام لە هەمان ئەو شارانەی کە ڕوویدا، لە کوردستان و لە چەند شارێکی تردا، ئەوە نیشانی دا کە ئەو مانگرتنە کۆمەڵگە بەم ئاراستەیە دەڕوات.
ئەم جەختکردنەوە لە ساڵیادی شۆڕش وەک پشووی فەرمی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیان بەختکردوەکان لە هەندێک بانگەوازی هێزەکانی دیکەشدا بەرزکرایەوە و هیوادارم ئەم گوتارە لە ڕاگەیاندنەکان و لە لێدوانەکاندا و لە بانگەشەی هێزەکانی شۆڕشدا دووبارە ببێتەوە ، و دەتوانین ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژێک ئاهەنگ بگێڕین ئێمە بتوانین ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژێک کە خەڵک هەموو ساڵێک ڕێزی لێبگرێت بچەسپینین. سروشتییە تا ئەو کاتەی کەهێشتا کۆماری ئیسلامی نەڕوخاوە، لایەنێکی گرنگی ئەم یادکردنەوەیە، ناڕەزایەتی بێت بەرامبەر بکوژانی شۆڕشگێڕەکان.
دیارە ئێوە پرسیارتان لە ڕۆڵی حیزب کرد. لە وەڵامدا دەتوانم ئاماژە بە کەناڵ جەدید تریبیونی شۆڕش بکەم کە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر پێشوازی لەم ڕۆژە کرد. هەموو ئەم لێدوان و بانگەوازانەی کە باسم کرد، تەلەفزیۆن ڕووماڵیان دەکرد، باسیان دەکرد، بانگەشەیان بۆ دەکرا، ڕێنمایی تایبەتیان خستەڕوو، لە جۆری دروشمەکانەوە تا خۆپیشاندانی شەقامەکان و مانگرتن و داخستنی گشتی و هتد. ئەمانە هەموو ئەو گوتارانە بوون کە لە کەناڵی ئاسمانی کەناڵ جەدیدەوە لە کۆمەڵگادا دەوروژێنران و ڕێگا پیشاندر بوون.
هه روه ها ڕێکخراوه حزبییه کان وه ک کۆمیته ی ڕێکخستن، کۆمیته ی کوردستان، ڕێکخراوی لاوان، کۆمیته ی ده ره وه ، هه موویان به شدار بوون و ڕۆڵێکی کاریگه ریان نه ک ته نها له ئاستی پڕوپاگه نده دا به ڵکو له ئاستی کرده یی و مه یدانیشدا گێڕا. پێویستە بگوترێ لە هەردوو لایەنی داگیرکردنی شەقام و ڕاگرتنی چەرخەکانەوە، حیزبەکەمان گوتار و کەشێکی بەبەشی خۆی خوڵقاند کە ئەمەش بنەمای دەرئەنجامی ساڵیادی شۆڕش بوو.
حەسەن ساڵحی: بەڕای ئێوە ڕێگاکانی پێشڕەوی زیاتری شۆڕش چین؟
حەمید تەقوایی: ئەگەر بمەوێت بە دوو وشە دەریببڕم، ڕێگای پێشڕەوی شۆڕش “ڕێکخستن”ە. ڕێکبخراو بوونی زیاترە!
زۆر کەس باسی یەکگرتوویی خەڵک دەکەن. ئەم یەکێتییە بە شێوەیەکی بابەتیانە خۆی لە ڕێکخراو بووندا نیشان دەدات. واتە لە خەباتی دەستەجەمعی و ڕێکخراو و هەماهەنگدا. زۆرێک لە هەڵسوڕاوانی شۆڕش، گەنجان، ژنان، بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا بە تاک یان زۆرترین کەس کار دەکەن. جەختکردنەوەمان ئەوەیە کە کاری بەکۆمەڵ و ڕێکخراو فراوانتر بکرێت. خۆشبەختانە ئەمڕۆ ڕێکخراوگەلێک هەن کە هەموو هەڵسوڕاوان دەتوانن لەسەر ئاستی سەرتاسەری بەشداری تێدا بکەن. نموونەی ئەمەش تۆڕی سەرتاسەری شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە کە لە زۆرێک لە شارەکاندا کاردەکات و چەندین گروپی گەنج و خوێندکار و قوتابیان لە شارە جیاجیاکاندا بەشێکن لەو تۆڕە. پەیوەست بوون بەم جۆرە ڕێکخراوانە هەنگاوێکی گەورە دەبێت بۆ بەهێزکردنی شۆڕش. کۆکردنەوە واتە شەڕێکی هەماهەنگ و ڕێکخراو و کاریگەر و سەلامەت. بە هەر شێوەیەک کە بیری لێدەکەیتەوە، ڕێکخراوبوون چەند جارێک هێز زیاد دەکات.
نموونەیەکی دیکە ئەو ڕێکخراوە کرێکارییانەیە کە لە شۆڕشدا چالاکن. لە بزووتنەوەی کرێکاریدا ئەو ڕێکخراو لە مەیدانی خەباتدان، وەک شورای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەستی نەوت، یان شورای کرێکارانی ئەرکانی سێهەم، یان سەندیکا و شورای هەفت تەپە، کرێکارانی پۆڵای ئەهواز و ژمارەیەک لە لیژنە و دامەزراوە دێرینەکانی کار کە زۆر لە پێش ئەم شۆڕشەوە چالاک بوون. بە تایبەتی بە بۆنەی ساڵڕۆژی شۆڕشەوە ٦ ڕێکخراوی کرێکاری – شورای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی گرێبەستی نەوت، شورای ڕێکخستنی ناڕەزایەتی کرێکارانی نافەرمی نەوت (ئۆرگانی سێهەم)، ئەنجومەنی کارەبا و کانزاکانی کرماشان ، لێژنەی بەدواداچوون بۆ دروستکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، سەندیکای بۆیەکارانی ئەلبورز، دەنگی سەربەخۆی کرێکارانی گرووپی میللی پۆڵا – لەگەڵ دوو ڕێکخراوی دیکەدا، بانگەوازی ژنانی ئێران و ڕێکخراوی دادخوازان، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ئەوان بانگەوازی خەڵکیان کرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ساڵیادی شۆڕشدا، جەختیان لەسەر کەمترین داواکاریەکانی بیست ڕێکخراو وەک “جاڕنامەی یەکگرتوویی خەڵک لە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی” دا کردەوە و ڕایگەیاند کە “بە هێزی خەباتمان دەیکەین بە ٢٥ ی شەهریوەر، ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، هەموو ساڵێک و لە سبەی ڕۆژدا دەکەینە پشووی فەرمی.
ئەمە نموونە و مۆدێلێکە لەو ڕۆڵەی کە ڕێکخراوە کرێکارییەکان بە هەماهەنگ و شان بە شانی ژنان ودادخوازان و بەشەکانی تری کۆمەڵگە دەتوانن لە بەهێزکردن و پێشخستنی شۆڕشدا بیگێڕن. نموونەیەک و مۆدێلێک کە بانگەوازی هەموو هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی کرێکاری دەکات بۆ پێکهێنانی شورا و کۆمیتە و ڕێکخراوی ناڕەزایەتی.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم شۆڕشە وەک ئەم ڕێکخراوانە ڕایاگەیەندوە، بەڵگەنامەی تایبەتی خۆی هەیە، وەک جاڕنامەی ١٢ مادەی ٢٠ ڕێکخراو، جاڕنامەی داواکاری پێشکەوتنخوازانەی ژنان و ئەو لێدوانانەی کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنان و دادخوازان وخانەنشینەکانەوە دراوە. ئەو دروشم و داخوازییە هاوبەشانەی کە لەم جاڕنامانەدا ڕەنگ دەدەنەوە، فاکتەری گرنگن کە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا یەکدەخات. ئاڵای ئەم بەڵگەنامانەی شۆڕش بەرز ڕابگیرێت و جەختیان لەسەر بکرێتەوە و ئاماژە بە ناوەڕۆکیان بکرێت. خۆشبەختانە لە ساڵیادی شۆڕشدا ئەمە ڕوویدا و پێویستە ئەم بزووتنەوەیە بەردەوام بێت.
من جەخت لەسەر ڕێکخستنی هەرچی زیاتر و سەرتاسەریت دەکەمەوە، هەروەها بەرزکردنەوەی ئەو بەیاننامە وجاڕنامانەی کە لە لایەن شۆڕشەوە دەرچووە. زیندوو ڕاگرتنیان، بەردەوام پەروەردەکردنیان و بانگەوازکردنی خەڵک بۆ پشتیوانیکردنیان فاکتەری گرنگە بۆ ڕێکخستنی هەڵسوڕاوان و ڕیزەکانی خەڵک.
خاڵی کۆتایی گرنگیدان بە ڕۆڵ و پێگەی حیزبە. حیزبی ئێمە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە شۆڕشدا بەشدارە، لە بوارە جیاجیاکاندا چالاکە. حیزبێک کە لە مێژە ئاڵای ئەم شۆڕشە، شۆڕشی ژنانەی بەرزکردۆتەوە و ئەمڕۆش لە ڕێگەی کەناڵ جەدیدەو ەو لە ڕێگەی هەموو ئەو پەیوەندی گرتن و ئەوپەیوەندیانەی کە لەگەڵ خەباتە مەیدانییەکاندا هەیەتی، هەوڵی بەهێزکردن و قووڵکردنەوە و یەکگرتوو کردنی شۆڕش دەدات تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت. بەرەو سەرکەوتن ببات. دوا بانگەوازی من بە تایبەتی بۆ هەموو هەڵسوڕاوانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و هەموو تێکۆشەرانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان، پەیوەست بوونە بە حیزبی خۆتانەوە، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران.

٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ٣٠ شەهریوەری ١٤٠٢




کیمیای دەماریی.. رەهەند سابیر

کیمیای دەماریی Neurochemistry

کیمیای دەماریی، لقێکی زانستی دەمارەکانە neuroscience کە دیراسە بۆ پرۆسێسە کیمیایی و ئاوێتەکان و ئەتۆمەکانی ناو سیستەمی دەمار ئەکات، هەروەها ئەو میکانزیمە ئاڵۆزانە کەشف ئەکات کە بناغەی گواستنەوەی سیگناڵەکانن لە نێوان دەمارەکاندا. یەکێک لە سەمەرەکانی کیمیای دەماریی، ئەو رۆڵە سەرەکییەیە کە ئایۆنە مێتاڵییەکان لە هاڕمۆنییکردن و ساناکاریی ئۆغری سینگناڵەکانی دەماردا، ئەیگێڕن.

ئەگەر لە جوغزێکی ترەوە کیمیای دەماریی، رەنگڕێژ بکەینەوە، بریتییە لە شەنوکەوکردنی پرۆسێسە کیمیایی و پێکهاتەکانی ناو سیستەمی دەمار، بە تایبەتیی دەماغ و بڕبڕەی پشت کە هەوڵئەدات لە گەمە ئاڵۆزەکانی نێوان مۆڵیکیوڵە جیاوازەکان تێبگات، وەکو گواستنەوە دەمارییەکان، ئایۆنەکان و ماددە بایۆکیمیاوییەکانی تر! ئەم بواری کیمیای دەمارییە، زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە میکانیزمی بنەمای پێوەندییە دەمارییەکان، فێربوون و یادەوەریی، هەروەها فیسۆلۆژیی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکانی دەمار و دەروون! سەرەڕای ئەمەیش، میکانیزمە بنەڕەتییەکانی پێوەندیی دەمارەکان و مەعریفە و رەفتارەکان، ئاشکرا ئەکات. دەرکی کیمیای دەماریی، لە پێش هەموو شتێکەوەیە بۆ رۆشنکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی دەماغ!

رۆڵی ئایۆنە مێتاڵییەکان لە گواستنەوە دەمارییەکاندا Role of metal ions in neurotransmission

گواستنەوەی دەماریی، پرۆسێسێکی سەرەکییە کە لە رێگەیەوە، دەمارەکان پێوەندیی لەگەڵ یەکتردا دروست ئەکەن. لە جەوهەردایشدا، بریتییە لە ئازادکردن release و وەرگرتن و لێکدانەوەی گواستنەوەی دەماریی neurotransmitter کە نێردراوی کیمیایین chemical messengers. هاوکات، گواستنەوە کیمیاییە، پێکهاتەی زۆر گرنگن و بە جیا کار ناکەن، ئایۆنە مێتاڵییەکان، بە تایبەتیی ئایۆنەکانی کاڵسیەم، پۆتاسیەم و سۆدیەم، لە کاری رێکخستنی ئەم پرۆسێسە ئاڵۆزەدا ضەرورن.

کارییگەریی ئایۆنە مێتاڵییەکان لە سیستەمی دەمارییدا Effects of metal ions in nervous system
ئایۆنە مێتاڵییەکان رۆڵی گرنگ ئەبیینن لە کارکردنی ئاسایی دەمارەکان سیستەمی دەمارییدا، بەڵام ناهاوسەنگیی، یان وجودی هەندێ ئایۆنی مێتاڵ، ئەتوانێ کارییگەریی سەمەرەی هەبێت، چ سوودبەخش بێت، چ زیانبەخش بێت لەسەر دەمارەکان

ئایۆنەکانی کاڵسیەم، پێوسیتە بۆ فەرمانە جیاوازەکانی دەمار، رۆڵێکی گرنگی ئیجابیی هەیە لە دەردانی گواستنەوە دەمارییەکاندا. هەروەها باڵانسی دروستی کاڵسیەم زۆر موهیمە بۆ هاڕمۆنیی ورووژاندنی دەمارەکان و ئاماژەدان! ئایۆنەکانی سۆدیەم و پۆتاسیەم، ئەساسن بۆ ئەرکی کردار action potential، ئەو سیگناڵە کارەباییانەی کە دەمارەکان بۆ پێوەندییکردن بەکاریئەهێنن. تەوانزی نشێوی نێوان سۆدیەم و پۆتاسیەم، لە سەرانسەری پەردەی دەمارەکاندا زۆر گرنگە بۆ پاراستنی پۆتێنشیەڵی پشوودان و کردار. ئایۆنی مەگنسیەم، بەشدارە لە تەنظیمی چەناڵە ئایۆنییەکان Ion channels و ئەکتیڤیی وەرگرەکان لە دەماردا، هەروەها رۆڵی گرنگی هەیە لە بەرگرییکردن لە زیادەڕۆیی ئاماژەدانی ورووژێنەر.

ئەوەی لێ دواین، سوودی ئایۆنە مێتاڵییەکان بوو، لە بەرامبەردا، ئایۆنی مێتاڵیی زیانبەخشەکانیش هەن، وەکو قوڕقوشم کە ئەبێتە هۆی لاوازیی فێربوون و کێشەی رەفتار و تێکچووونی هزر. جییوە، کەمیی هەستیاریی و جوڵە دروست ئەکات. کادنیەم، باعیثی مردنی خانە دەمارییەکانە.

ئەنجامگییریی Conclusion

لە کۆتاییدا، کیمیای دەماریی، فرە پسپۆڕییە، وردبوونەوە لە وردەکارییە کیمیاییەکانی سیستەمی دەمار، ئایۆنە مێتاڵییەکان، بە تایبەتیی، سۆدیەم، پۆتاسیەم، کاڵسیەم، ئەدای گرنگییان هەیە لە دروستکردنی پۆتێنشیەڵی کردار action potential و بڵاوبوونەوەی سیگناڵەکان. هاڕمۆنییکردنی ئەم ئایۆنانە گرنگە بۆ پاراستنی کارکردنی تەندروستانەی دەماغ، بە تێکچوونی هاڕمۆنییان، تێکچوونی دەمارەکان رووئەدات. تێگەیشن لە کارییگەریی قووڵی ئایۆنە مێتاڵییەکان لەسەر کیمیای دەماریی، زۆر گرنگە بۆ توێژیینەوەی بناغەی هەردوو زانستی دەمار و پەرەپێدانی چارەسەرەکان بۆ حاڵەتە دەمارییەکان!

رەهەند سابیر

————————

سەرچاوەکان:
Purves, D., Augustine, G. J., Fitzpatrick, D., et al. (2001). “Neuroscience.” 2nd edition. Sinauer Associates.

Nelson, D. L., & Cox, M. M. (2017). “Lehninger Principles of Biochemistry.” 7th edition. W. H. Freeman.

Kandel, E. R., Schwartz, J. H., & Jessell, T. M. (2000). “Principles of Neural Science.” 4th edition. McGraw-Hill.

Hennigar, R. A., & Kelleher, S. L. (2012). “Metal ion transport and regulation in the nervous system: A review.” Molecular Neurobiology, 45(2), 262-273.

Kandel, E. R., Schwartz, J. H., & Jessell, T. M. (2000). “Principles of Neural Science.” 4th edition. McGraw-Hill.

Purves, D., Augustine, G. J., Fitzpatrick, D., et al. (2001). “Neuroscience.” 2nd edition. Sinauer Associates.

Squire, L. R., Berg, D., Bloom, F. E., et al. (2012). “Fundamental Neuroscience.” 4th edition. Academic Press.




کورتیلە چیرۆک/ تاکێ نەعلی سور.. محەمەد حەمە تەقی

هەر شانێکی داڵێک و ئەستێرەیەکی بەسەرەوە بوو، هەردوو دەستی خستبووە سەر کەلەکەیی و لە قەراغی چاڵەکە بەپێوە وەستابوو، لە شەرماناو لە گەرمادا شەڵاڵی عارەق بوو بوو، چاوەڕێی ئەوەی دەکرد تا زووە هەموو ئەوانەی ناو پاسەکان لە چاڵەکەدا ڕیزبکرێن، چاوی هەر لەسەر پاسەکان بوو،
ـ ئەم حەشامەتە کەی تەواو دەبێ؟
کەسێک لە چاڵەکەوە بە دەستە بچکۆلەکانی دەیدا بە قاچەکانیدا و بە چاوی فرمێسکاویەوە بانگی دەکرد، ئەم هەر بێ ئاگابوو، هەر چاوی لەپاسەکان نەدەبڕی، جار جارە دەستێکی بۆ سەربازەکان هەڵدەبڕی و بەزمانەکەی خۆی هاواری دەکرد:
ـ دەی خێراکەن، خێرا ..
ئاوڕێکی بۆ خوارەوە دایەوە و سەیرێکی چاڵەکەی کرد، منداڵێکی چوار پێنج ساڵان، دەستی بۆ بەرزدەکاتەوە و هەر دەڵێت :
تاکە نەعلەکەم، تاکە نەعلەکەم .
وشەی (نەعل) سەرنجی بۆ قاچەکانی منداڵەکە ڕاکێشا، بینی منداڵەکە تەنها یەک تاک نەعلی سوری لەپێدایە، بانگی سەربازێکی کردو هەر بەزمانەکەی خۆیان پێی وت:
پاسەکان بگەڕێ، تاکێ نەعلی ئەو منداڵە بەجێماوە بۆی بهێنە، سەربازەکە سەلامێکی بۆ کردو وتی:
فەرمانتە گەورەم ..
سەربازەکە ڕۆشت بۆلای پاسەکان و ئەفسەرەکە چەند هەنگاوێک لە چاڵەکە دوورکەوتەوە، حەشامەتەکە، ژن و منداڵ، پیر و گەنج هەمووی لە چاڵەکەدا ڕیزکرابوون، ڕیزێک سەربازی چەک بەدەست، ئامادە و دەست لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگ ڕووەو حەشامەتەکە وەستابوون، چاوەڕێی فەرمانی تەقەکردن بوون، سەربازەکە بەتاکێک نەعلی سورەوە هاتەوەو، لەدووری چەندمەترێکەوە نەعلەکەی فڕێدا بۆ ئەو شوێنەی کە ئەفسەرەکە بەدەست ئاماژەی بۆکرد.
ـ یەک، دوو، سێ .
شریخەی تفەنگ منداڵ و تەواوی حەشامەتەکەی شەڵاڵی خوێن کرد و دوا هەناسەی ژیانیان بە بیابان و بە ئاسمان سپارد.
خێرا شۆفڵەکان هاتن و چاڵەکەیان داپۆشی، ئەفسەرەکە پێش ئەوەی بڕوات، سەیرێکی چاڵەکەی کرد، لەوە دڵنیابوو کە تەواوی چاڵەکە داپۆشراوە، ئاوڕێکی لە شوێنی منداڵەکە دایەوە، بینی تاکە نەعلە سورەکە بەسەر خۆڵەکەوەیە.
دەڵێن: لەو ڕۆژەوە ئەو ئەفسەرە لە نەعلی سور دەترسێ .




کچی ویترۆڤیسی.. سین کوردستانی

چاوی بڕییه‌ چه‌ن تاڵه‌ قژێکی سپی و له‌به‌ر خۆیەوە وتی ئه‌مه:‌ ئیتر که‌ی سپی بووه‌. مسواکه‌که‌ی له‌ ناو ده‌می هێشته‌وه‌، ڕوومه‌تی له ‌ئاوێنه‌ی ئاوده‌سه‌که‌ نزیک کرده‌وه‌ که‌ وردتر چڕچه‌کانی گۆشه‌ی چاوی ببینێ.‌ دوکتۆری پسپۆڕی پێست پێی وتبوو کە ده‌با زووتر کرێمی ده‌وری چاوی به‌کارهێنابا، ئێستا ئیتر به‌ کرێم چاری نایه‌ت و ئەبێ بوتاکس بکات و ئەویش هەر تاقەتی ئەوب کارانەی نەبوو. چاوه‌کانی کرژ ‌کرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چرچه‌کانی تەواو ببنە ئەو پەنجەی قاڵاوەی کە خانم دوکتۆر وتبووی ،‌ ده‌نگی پێکه‌نین پەنجەکانی قاڵاوی لێکپژاند… لای کرده‌وه‌ به‌ره‌و دیواری پشتی سەری‌، ده‌نگه‌که‌ نه‌ما.. ئاوێکی ڕادا به‌ ده‌میدا و میسواکه‌که‌ی نایه‌وه‌‌ نێو پەرداخە سرامیکییە لێوپەڕیوەکەی بەردەم ئاوێنەکە. پەرداخێک کە جارێک لە سەفەرێکی شاخەوانی بە هەڵە لەنێو جانتاکەی کەوتبوو و دواتر دەرکەوت هی کچە تارانییەکی نەشمیلانەیە کە وتبووی نایهەوێ و پێشکەشی کردبوو. دواتر کە نەشمیلانەخانمی خاوەن پەرداخ بەختیاری لە چنگ دەرهێنا، زانی کە ئەوەندەیش وا ئەم بیری کردبویەوە بەخشندە و دەس ئاوەڵا نەبووە. ده‌ستی برد خاولییه‌ سپییه‌که‌ی هه‌ڵواسراو له‌ لای ئاوێنه‌کەی‌ هه‌ڵگرێ ترپه‌یه‌ک هات، خاولییه‌که‌ی خسته‌ سه‌ر ڕوومه‌تی و چه‌ناکه‌ی به‌ره‌و میچی ئاود‌ه‌س ڕاکێشا، وه‌ک ئه‌وه‌ی ماسکێکی ڕوومه‌تی به‌ ئارامی له‌سه‌ر پێستی دانابێ، ده‌نگی قاقا به‌رز بوویه‌وه‌. خاولییه‌کەی لابرد، کوڵکی سپی خاولییه‌که‌ به‌ سه‌ر ڕووومه‌تی وه‌ک توێژاڵێکی ناسکی به‌فر مایه‌وه‌، به‌ زه‌بر و زه‌نگه‌وه‌ خاولییه‌که‌ی له‌ ئاڵقه‌ پلاستیکییه‌که‌ی پاڵی ئاوێنه‌که‌ هه‌ڵواسی ، گڵۆپه‌که‌ی کوژانده‌وه‌ و هاته‌ ده‌ره‌وه‌. چاوی له‌ کاتژمێری سه‌ر دیواری هاڵه‌که‌ی کرد، چاره‌کێکی مابوو بۆ دوازده‌.
له‌ که‌وانتری ئاشپه‌زخانه‌ دوو ده‌فری بچووکی فافۆن و پلاستیکی ده‌رهێنا، برینج و مریشکی سوورکراوی کرده‌ نێو ده‌فره‌ فافۆنه‌کەوە‌ ، پڕ پڕی کرد. ماوه‌یه‌ک بوو کوڕە‌ کوردێک ببوو به‌ هاوکاری و جارو بار پێکه‌وه‌ نانی نیوه‌ڕۆیان ده‌خوارد. هەندێ جاریش له‌ خۆراکی یه‌کتریان ده‌خوارد، هه‌ربۆیه‌ هه‌موو جارێ تۆزێ زیاتری ده‌کرده‌وه‌ ناو ده‌فره‌که‌یه‌وه‌. بە خۆشی و تاقەتێکی زیاتریشەوە دەستی بۆ چێشت لێنان دەڕۆیشت. بیری له‌وه‌ کرده‌وه‌ ڕەنگە سبەیش تامی مریشکەکەی پێ خۆش بێ ، وەک چۆن دوێنێ ساڵاد ئۆلۆڤییەکەی بە لەزەتەوە خواردبوو و هەفتەی پێشوویش چێژی بردبوو لە شۆرباوەکەی. بزه‌یه‌ک نیشته‌ سه‌ر لێوه‌ باریکه‌کانی که‌ ده‌نگی قیژه‌یه‌کی ناسک و کچانه‌ به‌رز بوویه‌وه‌ و به‌ شوێنیدا زرمه‌ زرم دەست پێبوو . لێوه‌کانی هه‌ڵقرچاند و سه‌ری ده‌فره‌ فافۆنه‌که‌ی سفت و سۆڵ خولدا، له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ وتی: سبه‌ی به‌ نوێڵیش ناکرێته‌وه‌ . له‌کاتی فراوین خواردندا لەگەڵ هاوکارە کوردەکەی ئەم زیاتر بیسەر بوو و ئەو بوو کە قسە و نوکتەی خۆشی دەگێڕایەوە . زۆر جار پێدەکەنی و هەندێ جاریش وەبیر کەسێک دەکەوتەوە، کەسێک کە دوایین پێکەنینەکانی لەگەڵ ئەو کردبوو. هاوکارەکەی چەن ساڵێک بوو کە لە ژنەکەی جودا ببوویەوە، بەڵام هێشتا هەر لە دادگە و مەحکمە بوون. قیژەیەکی بەنازەوە هات و چه‌ن قریوه‌ی ناسک و قاقایه‌کی به‌رز‌ ئاشپه‌زخانه‌که‌ی ته‌نیوه‌. ده‌فره‌ نایلۆنه‌ ڕەنگ پێوه‌نه‌ماوه‌که‌ی پڕ کرد له‌ کاهوو و ته‌ماته‌ و خیاری ئه‌نجنراو و گورج و گۆڵ خستییه‌ نێو جانتای تایبه‌ت به‌ خۆراکی که‌ شازده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کاتێک له‌و ئیداره‌یه‌ دامه‌زرا کڕیبووی و نانی بەیانی و فراوینی تێدا ده‌برده‌ سه‌ر کار. هاوکاره‌کانی به‌ شۆخی پێیان ده‌وت؛ تۆ گه‌لێک به‌ وه‌فای شیلان، هه‌رگیز هیچ شتێک فڕه‌ ناده‌ی، واز بێنە لە‌م جانتایه‌ ڕزیوه‌ ئیتر.. شیلان چاوی له‌ ده‌سکی چه‌ن جار پڕووکاوی جانتاکه‌ی کرد که‌ ناشیانە دووریبوویه‌وه‌ و به‌ ئارامی خستییه‌ نێو یه‌خچاڵه‌که‌وه‌، ئاماده‌ داینا به‌یانی زوو ماته‌ڵ نه‌بێ و خێرا هەڵیگرێ و خۆی بگەیەنێتە پاسه‌که‌ی… ده‌نگی قسه‌ و پێکه‌نینی پیاوێک به‌ ئه‌سته‌م ‌هات.. هه‌ستی کرد ده‌ستی ده‌له‌رزێ، چاوی له‌ په‌نجه‌کانی کرد که‌ ده‌مارێکی شینی تۆخ وه‌ک مار لێیان ئاڵابوو.. ڕقی بوو له‌وده‌سته‌ چه‌ق و ڕه‌قانه‌ی که‌ له‌ ده‌ستی پیره‌ژن ده‌چوون. تازه‌ پێی نابووه‌ چل ساڵییه‌وه‌ و وه‌ک دایکی هه‌رجار پێی ده‌وت، هیچ دەسکەوتێکی نەبوو لە ژیانیدا؛ نه ‌مێردێک، نه‌ منداڵێک، نه‌ ته‌نانه‌ت نیوە ده‌زگیرانێکیش.
چرای ئاشپه‌زخانه‌ی کوژانده‌وه‌ و کتێبی سه‌ر مێزه‌ چکۆله‌که‌ی به‌رده‌م قه‌نه‌فه‌کانی هه‌ڵگرت ، چرای هاڵه‌که‌یشی کوژانده‌وه‌ و چوه‌ ژووری خه‌وتن، ژوورێکی چکۆله‌ که‌ به‌ زۆری سیسه‌مه‌که‌ی تێدا جێ کردبوویه‌وه‌.. هه‌رجار که‌ نیوه‌شه‌وان ده‌نگی جیڕه‌جیڕی سیسه‌مه‌که‌ی ئاپارتمانی دراوسێی خەوی لێ ئاڵۆز ده‌کرد، بیری له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ چۆن ئه‌و سیسه‌مه‌‌ دووکه‌سییه‌یان له‌و ژووره‌ چکۆله‌یه‌دا جێ کردۆته‌وه‌. نه‌خشه‌ و پلانی هه‌موو ئاپارتمانه‌کانی ئه‌و بینایه‌ هه‌ر یه‌ک بوو و هه‌رچه‌ن لەو‌ هه‌موو ساڵانه‌دا شیلان ته‌نیا یه‌ک جاریش پێی نه‌نابوویه‌ ماڵی هیچکام له‌ دراوسێکانی، به‌ڵام به‌ به‌رز بوونه‌وه‌ی هه‌ر ده‌نگێک ده‌یزانی له‌ کوێوه‌ دێت و ته‌نانه‌ت ناوه‌وه‌ی ماڵه‌که‌یان و دیزاینه‌که‌یشی به‌ ڕوونی ده‌هاته‌ پێش چاو. دراوسێکانی ته‌نیا به‌ هه‌ڵکه‌وت و له‌ ڕێڕه‌و و لەسەر پلیکانەکاندا ده‌بینی و زۆر به‌ ده‌گمه‌ن سڵاو و چاک و چۆنی له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌ک هه‌بوو، به‌ڵام له‌ ڕووی جل و به‌رگ و جانتا و پێڵاوه‌کانیانه‌وه‌ له‌ زه‌ینی خۆیدا کەسایەتییەکی تایبەتی بۆ ساز دەکردن و تەنانەت دیکۆر و دیزاینی ماڵه‌که‌یانیشی ده‌نه‌خشاند. لە ڕووی هەر ئەو جانتا و پێڵاوەیان جل و به‌رگی خه‌وتن و ئاشتی و تۆران و شێوازی سێكس و سه‌رکه‌وتوو بوون یان نه‌بوونیان له‌ سەر جێگەی دەهێنایە‌ پێش چاوی تا ئەوان لە دەنگ دەکەوتن و ئه‌میش پێڵووه‌کانی ئارام ئارام قورس ده‌بوون و ده‌روازه‌ی چاوه‌کانی داده‌خران. دەنگی مۆسیقایەکی بەسۆز هاتە بەرگوێی، زۆر حەزی لە دەنگی ئێلیسا بوو، بەڵام پێی خۆش نەبوو ئەم دراوسێ تازەیەی کردبوویە دەهۆڵی دەسپێکەری نەبەرد. بە بڕوای ئەو دەنگی ئێلیسا ئاسمانی بوو و هی عەشقێکی راستینە، وەک هاوڕێ کرماشانییەکی سەردەمی زانکۆی کە هەمیشە بە گاڵتەوە لە ژووری داخلییەکەیاندا دەیوت: “عشق تەنیا عشقی شیلان، عشقی بانی ناوکە، ئەوباقیتان عشقتان ژێری ناوکە.”
لەگەڵ ئێلیسا هەندێ وشەی دەس و لاق شکاوی عەرەبی وتەوە کە ماناکەی نەدەزانی… هه‌رجار که‌ بیری له‌ دکۆر و دیزاینی ماڵی ئه‌م دراوسێ عەرەبانه‌ی ده‌کرده‌وه‌ که‌ کوڕێکی خوێندکاری لوبنانی و کچه‌ هاوڕێکه‌ی بوون، کلیپی گۆرانیبێژه‌ عه‌ره‌به‌کانی ده‌هاته‌ پێش چاو ، دیزاینێکی گه‌رم و ڕەنگاوڕەنگ، سوور و پرته‌قاڵی و پڕ له‌ دووکه‌ڵ و نێرگه‌له‌ له‌‌ مێشکیدا ده‌نه‌خشا‌. ده‌نگی قاقا و قریوه‌ی کوڕ و کچه‌ لوبنانییه‌که‌ نه‌مابوو.. جار و بار وره‌ وره‌ێک ده‌هات وه‌ک بڵێی دانیشتوون پێکه‌وه‌ قسه‌ ده‌که‌ن، ڕەنگه‌ له‌به‌ر ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌یاندا ڕاکشاون. کوولێره‌که‌ی کوژانده‌وه‌، جله‌کانی دانه‌ دانه‌ ده‌رهێنا و فڕه‌ی دانه‌ سه‌ر کورسییه‌ دارینه‌که‌ی به‌ر ئاوێنه‌ و به‌ ئارامی له‌ سه‌ر جێگا‌که‌ی راکشا‌.. جیڕه‌ی قه‌ره‌وێڵه‌که‌ی هات.. کۆن بوو. وه‌ک زۆربه‌ی شته‌کانی تری، به‌ڵام شیلان به‌ته‌ما نەبوو ته‌ختێکی تازه‌ بکڕێ. چه‌ن جار چاوی له‌ ژۆرناڵی جوان و مۆدێڕن کردبوو که‌ له‌به‌ر‌ ده‌رکه‌ دایاننابوو، یان له‌ مه‌ته‌بی دوکتۆره‌کاندا له‌ گۆڤاره‌ جوان و ڕه‌نگینه‌کاندا که‌ رێکلامیان بۆ ته‌خت و سیسه‌می جوان و شیک ده‌کرد، دەگەڕا بە شوێن سیسەمێکیی جواندا. به‌ڵام دوای سه‌فه‌رێکی نابەدڵ بۆ شوماڵ و ناچار بوونی به‌ خه‌وتن له‌ سه‌ر سیسه‌مێکی شیک و مۆدێڕنی هۆتێلێکی گران که‌ یەک شه‌و بێ خه‌وی و یه‌ک هه‌فته‌ سه‌ر‌ێشه‌ و گێژ و وڕی بۆ به‌دواوه‌ بوو، په‌شیمان بوویه‌وه‌ له‌ وه‌لانانی ته‌خته‌ کۆنه‌که‌ی و ئیتر هیچ ژۆرناڵێکیشی چاو لێ نه‌کرد. ده‌ست و لاقی ڕاکێشا، ئه‌وه‌نده‌ی که‌ هه‌موو ئێسک و پێستی داخ و یاوداری بلکێ به‌ مه‌لافه‌ سارده‌که‌دا و وه‌ک ئاگرێک ئاوی پێدا بپرژێنێ، کزر و فێنک ببێته‌وه‌‌. ئه‌م مۆدێل راکشانه‌ بەختیاری وه‌بیر نیگاره‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی داوینچی ده‌خسته‌وه‌، پیاوی ویترۆڤیسی که‌‌ چوار لاق و چوار ده‌ستی کردۆته‌وه‌ و رایکێشاون تا پەڕانپەڕی خۆی. ده‌ست و قاچه‌کانی تا ئه‌و جێگای بۆی کرا دێواندیو کرد بۆ ئه‌وه‌ی فێنکایی مه‌لافه‌ کۆن و خاوێنه‌که‌ی هه‌موو پێستی بگرێته‌وه‌. به‌ختیار بەجێی هێشت و ڕۆیشت، نه‌ بۆ وڵاته‌که‌ی داوینچی و نه‌ بۆ شاره‌که‌ی ویترۆڤیس، به‌ڵام شیلان هه‌موو شه‌وێ که‌ به‌ ڕووت و قووتی ده‌س و لاقی له‌سه‌ر جێگاکه‌ی ڕاده‌کێشا بۆ ئه‌م به‌ر و ئه‌وبه‌ری ته‌خته‌که‌ی وه‌بیری به‌ختیار و داوینچی و پەرداخە سرامیکییەکەی ده‌که‌وته‌وه‌. زرمه‌ زرم دیسان دەست پێبووە. له‌پی دوو ده‌ستی لکانده‌ مه‌لافه‌که‌وه‌. هه‌ڵات هه‌ڵات و ڕاکردنیشی پێ زیاد ببوو، هەستایەوە و لەسەر جێگاکەی دانیشت. له‌به‌ر خۆی وتی: ئه‌ی هاوار، ئه‌مشه‌و ماراتۆنی عه‌ره‌بانه‌… کاتژمێری موبایله‌که‌ی چاو لێ کرد.. له‌سه‌ر شه‌ش بوو، وه‌ک هه‌میشه‌ ، هه‌موو ڕۆژه‌کانی هه‌فته‌ له‌سه‌ر شه‌ش بوو جگه‌ له‌ ڕۆژانی هه‌ینی و ڕۆژانی پشوو که‌ له‌سه‌ر هیچ سه‌عاتێک داینەدەنا، پێی خۆش بوو ڕۆژانی پشوو تێر تێر بخه‌وێ، به‌ڵام هه‌موو به‌یانێکی ڕۆژانی پشوویش سه‌ری سه‌عاتی شه‌ش به‌خه‌بر ده‌هات‌ و تا کاتژمێر نۆ له‌ جێگه‌که‌یدا تلاوتلی ده‌کرد و خۆی له‌ خه‌و ده‌دا و دوایی ماندوو و وه‌ڕه‌ز هه‌ڵده‌ستا. هه‌موو جارێ به‌ختیار پێی ده‌وت؛ کچێ! کاتژمێری بیۆلۆژیکی جه‌سته‌ت له‌ سه‌ر سه‌عات شه‌ش دانراوه‌.. گۆتره‌ ته‌پا و تل مه‌که‌، هه‌سته‌ با بڕۆین بۆ سه‌ر ئه‌و کێوانه‌. شیلان نه‌ شاخ و کێو ڕۆیشتنی پێ خۆش بوو و نه‌ حه‌زی له‌ هاوڕێ شاخه‌وانه‌کانی به‌ختیار بوو.. جارێک له‌گه‌ڵیان ڕۆیشت بۆ یه‌کێک له‌ شاخه‌ نه‌زۆر به‌رزه‌کانی باکووری تاران که‌‌ بوو بە یه‌که‌مین جار و دوایین جاری، هیچ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ به‌ختیار و هاوڕێکانی بچێته‌ سه‌ر لووتکه ‌‌و له‌ یه‌کێک له‌ قاوه‌خانه‌کانی ده‌ره‌که‌ دانیشت تا ئه‌وان گه‌ڕانه‌وه،‌‌ تا یه‌ک مانگیش هه‌موو گیانی جه‌مام بوو و به‌ سه‌ر به‌ختیاری ده‌بۆڵاند. هه‌ناسه‌یه‌کی هه‌ڵکێشا و له‌ دڵی خۆیدا وتی: من هاوڕێیەکی باش نەبووم بۆ بەختیار. خێرا ناوچای گرژ کرد و له‌به‌ر خۆی وتی: کوڕی سه‌گ، بێ سفه‌تی بێ…، ده‌نگی قیژه‌یه‌کی ناسکی ژنانه‌ به‌رز بوویه‌وه‌، شیلان مه‌لافه‌ سپییه‌که‌ی کێشایە‌ سه‌ر خۆی‌ و کتێبه‌که‌ی کرده‌وه‌ و گه‌ڕا به‌ شو‌ێنی ئه‌و لاپه‌ڕه‌ی که‌ تا ئه‌وێی خوێندبوو.. چاوی تووند تووند ده‌خشانده‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ و هێڵه‌کانه‌وه،‌ به‌ڵام هیچکام له ‌لاپه‌ڕه‌ و دێڕ و ڕسته‌کان ئاشنا نه‌بوون و لاپه‌ڕه‌ دوای لاپه‌ڕه‌ ده‌گه‌ڕایه‌ دواوه‌ که‌ ده‌نگی نوزه‌ نووزێک به‌رز بوویه‌وه‌. شیلان لاپه‌ڕه‌کانی لێ شێوا و کتێبه‌که‌ی فڕه‌ دایه‌ سه‌ر مێزه‌ چکۆله‌که‌ی لای ته‌خته‌که‌ی و چرای ئاباژۆره‌که‌ی کز کز کرد و چاوی له‌ موبایله‌که‌ی کرد. کاتژمێر دوازده‌ و بیست و حه‌وت ده‌قه‌ بوو. سه‌ری چه‌قانده‌ نێو سه‌رینه‌ نه‌رمه‌که‌یه‌وه‌. چاوی نووقاند. به‌ختیار له‌گه‌ڵ ئەو کچە شاخەوانە تارانییەی کە پەرداخە سرامیکییەکەی دابوویە، ده‌زگیرانی کرد و باوکی ده‌وڵه‌مه‌ندی کچه‌ ناردنی بۆ فه‌ره‌نسا، شیلان تا ماوه‌یه‌ک هه‌موو شه‌وێ ئه‌و سه‌رینه‌ی له‌ باوه‌ش ده‌گرت و بۆنی سه‌ر و ملی به‌ختیاری هه‌ڵده‌کێشا ناو سییه‌کانییه‌وه‌ و گڕی گریانی لە نێو سەرینەکەی کپ دەکردەوە. ئێستا ئیتر نه‌ سه‌رینه‌که‌ بۆنی به‌ختیاری لێوه‌ ده‌هات و نه‌ چاوه‌کانی فرمێسکیان بۆ داده‌ڕشت. ته‌نانه‌ت لێشی تووڕه‌ نه‌بوو، هه‌ندێ جار حه‌قیشی پێ ده‌دا و خۆی به‌ کچێکی ساردو سڕ و زبر و پیاو ته‌بیعه‌ت ده‌زانی که‌ هه‌موو کوڕێکی له‌ خۆی ده‌تاراند، ته‌نانه‌ت یه‌کێکی وه‌ک به‌ختیار که‌ مناڵی لادێ بوو و حه‌زی له‌ شاخه‌وانی و باخه‌وانی ده‌کرد و کچێکی وه‌ک شیلان له‌چاو ئه‌ودا ناسک و نیان ده‌هاته‌ به‌رچاو. جیڕه‌ جیڕی ته‌ختی دراوسێکەی‌ هەستا، ده‌نگی هه‌ناسه‌بڕکێ هێدی هێدی به‌رز بوویه‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی دراوسێکه‌ی پاری که‌ ژن و مێردێکی مه‌زهه‌بیی بوون و هه‌موو شه‌وێک بە قاڵ و قسە و تەقە و ترپە خۆیان ده‌شۆرد جا ده‌خه‌وتن، شیلان ئه‌م کوڕ و کچه‌ لوبنانییه‌ی پێ باشتربوو که‌ وه‌ک که‌ر سێکسیان ده‌کرد و دوای ئەوەش هیلاک و ماندووی بۆی دەکەوتن و وه‌ک ورچ بۆی ده‌خه‌وتن هه‌تا به‌یانی. ده‌نگی هه‌ناسه‌بڕکێ و حه‌شر و حه‌له‌لا تووندتر بوویه‌وه‌، هه‌ستی کرد دڵی تووند تووند لێ ده‌دات. ده‌ستی برد و له‌ پاڵی ئاباژۆره‌که‌یدا حه‌بێکی په‌مۆیی وردیلانه‌ی پرانۆلی خسته‌ نێو ده‌مییه‌وه‌ و په‌رداخه‌ خاڵییه‌که‌ی هه‌ڵگرت و به‌ره‌و ئاشپه‌زخانه‌ وه‌ڕێکه‌وت. که‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ئارام له‌ لێوی ته‌خته‌که‌ دانیشت، ده‌ستی نایه‌ سه‌ر پراسووی چه‌پی، دڵەکوتەکەی ئارامتر ببوو، وەک مناڵێکی خەوتوو لەسەر جێگاکەی دانێ بە ئەسپایی ڕاکشا.. مه‌لافه‌ سپییه‌که‌ی پێچا به‌ خۆیه‌وه‌ و سه‌ری کرده‌ ژێر سه‌رینه‌که‌یەوە، ده‌نگی هیچ نه‌ده‌هات، پێڵووه‌کانی وه‌ک دوو ده‌رکه‌ی ده‌روازه‌یه‌کی ئاسنین له‌ ژێر لێزمه‌ بارانی‌ شه‌وێکی تاریک و ته‌ڕ ئارام ئارام داخران.

سین کوردستانی




ئاوسه بانقی مردن.. فەرهاد کەریم

گوناهه‌ ده‌رگا له‌سه‌ر خۆمان داخه‌ین چاوه‌ڕێی ده‌رگا لێدانکه‌ین
مردوو له‌ ماڵه‌وه‌ نیه‌، ژیان سه‌فه‌ر ‌
گۆڕ‌م ته‌نگ، په‌رداخێ بزه، که‌وچکێ ژه‌هر‌
مردن تینو، دڵۆپێ ناڕژێته‌ خوێن و شه‌ڕ
ماسی باڵی نیه‌ قوڵابه‌ شێت، تۆڕه‌ کۆر‌‌
ده‌ریا کوشتارگه‌، چاویش داخه‌م خوێنه و خوێن‌
له‌ گمه‌ی کۆتر، بۆڕینی گا، شه‌قبوونیی هه‌نار ده‌گه‌م
مرۆڤ چێژ له‌ ئازار وه‌رده‌گرێ
زه‌وی قاچی هه‌بوایه‌ ده‌ڕۆی
باڵایه‌ له‌ ره‌نگ، جوانی ده‌نێژێ
ئاسن فێره‌ بینین و به‌رد خۆکوشتن ده‌کا مرۆڤ
مردن ده‌بارێ زه‌وی گۆڕ
مردن له‌ ده‌رگام ده‌دا
باجی شێست ساڵ هه‌ناسه‌ و‌‌ قه‌رزاری رۆژێ ژیان
مردن کۆکه‌وه‌ ژیان نایێته‌ کڕین
مرۆڤ مردن ده‌کێڵێ بۆ وه‌ڕزێکی تر
مردن ده‌چێنێ بۆ ساڵانی دێن
ژماره‌ بانقیان نیه‌ ئه‌سپ و سێو
مار و مراوی و ماسی
بانقه‌کان ئاوسن به‌ مرۆڤ
قه‌رزی شێست ساڵ هه‌ناسه ‌و رۆژێ ژیان
به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو باجه‌ ناگرم له‌ ده‌رگای مردن ده‌ده‌م
به‌ مرۆڤ ده‌ڵێم شێست ساڵ سوار بوون، بانقه‌کان ئاوس به‌ مردن
ده‌ریا، زه‌وی، ئاسمان بوون به‌ گۆڕستان، گه‌وره‌ترین گۆڕ
مردن له‌ ده‌رگام ده‌دا گۆڕه‌که‌م پڕ بووه‌ له‌ گوو
گۆڕ نیه‌، مرۆڤ وه‌ک ئاوده‌ست ده‌بینێ ژیان
به‌جێماوه‌ له‌ مردن سه‌رم چۆته‌ ناو گۆڕمه‌وه
گریانم به‌ گۆڕی ژیان دێ
ژیان گۆڕێکی ره‌نگاوڕه‌نگه
شه‌رمه‌ مرۆڤ
مردوو چاوه‌ڕێی مردنکا له‌ ده‌رگا بدا




عیشق.. شیعری هاوکار حەمزە

دڵداری بەدڵ ئەکرێت
حەزو خۆش ویستنی چێژەکانیش
بەجەستە..
بەڵام عەشق بەڕۆح ئەکرێت..
دڵداران گەر دووریش بن لەیەک
دڵداری خۆیان هەرئەکەن
هەرزەکاران دڵیان بۆیەکتری
باڵ ئەگرێ..
ئەوان بە تاقە نامەیەک
یاخود بە تیلە نیگایەک
بەیەک ئەگەن..
خۆشەویستیش حەزی
تامکردنی چێژەکانە
تەنها بە تەماسی جەستە ئەکرێت
بەڵام عەشق باڵاترە
کاری نە بەدڵەو نە بەچێژەو
نە بەجەستە
عەشق سەمای ڕۆحە وێڵەکانە
عەشق سەمای ڕۆحە لێکچووەکانە
عەشق توانەوەی جەستەکانە
لەڕۆحی یەکتریدا..
گەر دیقەت بەن
دڵداری دڵ دێنێتە لەرزە
جەستەش بە چێژ دێتە لەرزە
بەڵام عەشق ڕۆح دێنێتە لەرزە
ڕۆژێک دادێ دڵەکان
لەلێدان ئەکەون
ڕۆژێک دادێ چێژەکان
دادەمرکێنەوەو
جەستەکانیش دادەڕزێن
ئەوسا تەنیا ڕۆح ئەمێنێ
تەنیا ڕۆحە کەئەتوانێ
باز بەسەر چێژەکانا بدات
شوێن و زەمان تێپەڕێنێ
ڕۆح ئەتوانێ شەیدای
ڕۆحێکی دێرین بێت
لەمەملەکەتێکی دێرینا
تۆ کاتێ بەعەشقەوە
لەمۆنالیزا ئەڕوانی
ئەوە ڕۆحی تۆیە بەزەمەنا
گوزەر ئەکات
سنورەکان ئەبەزێنێ
تاسڵاو لەڕۆحی داڤینشی کات
یان کاتێک ئەتەوێت
لەشەوانی پڕ ئەستێرەیا
دەست لەگوڵەبەڕۆژەو
کێڵگە زەردو شینەکانی
ڤان کوخ بدەیت
ئەوە ڕۆحی تۆیە بار ئەکات و
ئەیەوێت دەست بخاتە سەر زامی
گوێچکە بڕاوەکەی ڤان کوخ
تا بتوانێت ساڕێژی کات
تۆ کاتێ بەعەشقەوە
لەدەریاکەی شەمس و ڕۆمی
یەک دوو دڵۆپ شەرابی ڕۆح
لەدەستی ئەلیف شەفەق
لەپێکێکا ئەخۆیتەوە
ئەوە ڕۆحی تۆیە سەفەر ئەکا
ئیزن لەکەس وەرناگرێت
تا لەو دەریای عەشقەدا
چل مرواری بچنێتەوە..
ڕۆح کەداگیرسا دائەگیرسێ
ئەو تاساتی کڵپەسەندن
تائەو خاڵە شڵۆقە
لای مەعشوقە بارمتەیە
دووای ئەو خاڵە
گەر لای مەعشوقە مایەوە
یاخود نا
ئەو ئیتر ڕۆحێکی ڕەهایە
داگیرساوەو سەرمەستانە
بیر لە ژیان بیر لەمرۆڤ
بیر لە سروشت ئەکاتەوە
وانەزانن من بووم
بەدەروێش و سۆفی
کاتێ باسی عەشق و ڕۆح و
هاوشێوەکانی ڕۆح ئەکەم
لای من ئەم لێکچونە چ نیە
جگە لە چەند خاڵێکی هاوبەش
لەخەیاڵ و لەتێڕوانین
لەشێوازی بیرکردنەوەو دنیابینین..
یان چەند تەوەرێکی هاوبەش
لەمەعریفە و لەئەدەب و لەهونەرا
ئەو لێکچونە هیچ نیە جگە
لە چەند جوانیەکی هاوبەش
لە ئەدەب و لەگوفتارا
لە کردار و لەئاکارا..
ئەم خاڵە هاوبەشانە
لەهەر کوێ بن
لای هەرکەس بن
تان و پۆیان
وەک بیرکاری وایە
لەیەک ئەچن
هێڵی جیاکەرەوەی ئەوان
وەک ئاوێنە وایە
عەکسی خۆیانی تیائەبینن
وێنە هەڵگەڕاوەکەی خۆیان
ئەمەش نەهەڵەیەو نەگوناهە
خۆ ئاوێنە هەڵە ناکات
یاسای ئاوێنە ئەوەیە
کە سنوورە بۆت نیە تێیپەڕێنی
بۆت نیە بچیتە ناوی
تادەست لەخودی خۆت بدەیت
وەک هێڵی دەرکەنار وایە..
کەنارێکی پاک و پیرۆز
بۆت نیە پیاسەی تیابکەی
وەک پەرستگایەک وایە
بۆت نیە سوژدەی بۆ بەری..
نەبا ئەویش هۆگرت بێ
دەنا وێنەکەی تەڵخ ئەبێ
سوپاس بۆ پاکیی ئاوێنە
کە پاکیی ئێمە ڕادەگرێ..
25 sep 2022




مردن بە ترش و خوێی ووردەوە.. نەوزاد بەندی

ئێمە به دوای مردنا ئەگەڕێین ،
یان ئەو بە دوای ئێمەدا ئەگەڕێ ؟
( دیار نییە.. )
ئەو ئێمە ئەدۆزێتەوە
یان ئێمە ئەو ئەدۆزینەوە ؟
( دیار نییە ..)
ئێمە خۆمان لەو شاردۆتەوە ،
یان ئەو خۆی لە ئێمە شاردۆتەوە ؟
( دیار نییە .. )
ئێمە لە دەست ئەو ڕا ئەکەین ،
یان ئەو لە دەست ئێمە ڕائەکا ؟
( دیار نییە .. )
ئەو ئێمە ڕزگار ئەکا
یان ئێمە ئەو ڕزگار ئەکەین ؟
( دیارە ..
ئەو ئێمە ڕزگار ئەکا )

٭ ٭ ٭
عێراقییەکان ،
تاکە میللەتن ،
لە کاتی ژیانیشدا ، مردوون ..
گەورەترین گۆڕستانی دنیا ،
لە عێراقە و
بچووکترین هەلی ژیان ،
هەر لە عێراقە ..

٭ ٭ ٭
هۆکاری مردنی بە کۆمەڵی عێراقییەکان بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە ،
چەند کەسێک هەموو هۆکارەکانی ژیانییان دزیوە ..

٭ٓ ٭ ٭

ئەوەی لە عێراق ڕاکا ، ناگەڕێتەوە ..
مەگەر تێک چووبێ ..
یان خزمی ئەوانە بێ ،
کە هەموو هۆکارەکانی ژیانیان دزیوە ..

٭ ٭ ٭

ژیان لە عێراق ،
بریتیە لە خواردنی برنج و شلە و زاوزێ ..

٭ ٭ ٭

هەر کەسێ پرسیاری هەیە ،
با پرسیار کا ..

٭ ٭ ٭

لە ڕۆژێکی مێژووییدا نوسراوە ،
ئەو ڕۆژەی مامۆستای باکوری عێراق ،
دوای سێ مانگ ،
ئیحتیمالە دوو سەعاتێکی تر ،
موچەی مانگی 7 وەربگرن

( وێنەکە 118 ساڵ پێش ئێستایە ، شاری مانهاتن ی ئەمەریکا ..ئەوسا نە دوو تاوەری بازرگانیی جیهانیی تێدا دروست کرابوو ، نە ئوسامەی کوڕی لادن هێشتا لە دایک بوو بوو )