خرۆچۆف و ئه‌ده‌ب و ئەدیبانی روسیا.. د. ضیاء نافیع.. له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا

نیكیتا خرۆچۆف (له‌ ساڵی 1894 له‌دایك بووه‌، له‌ ساڵی 1971 كۆچی دوایی كردووه‌) سێهه‌مین رابه‌ری یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت بوو له‌ پاش لینین ( له‌ شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری1917 ه‌وه‌ تاوه‌كو 1924 حوكمی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی كردووه‌) دواتر ستالین هاته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌، له‌ ساڵی 1924 ه‌وه‌ تاوه‌كو ساڵی 1953 حوكمی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی كرد. گه‌رچی خرۆچۆف ته‌نها له‌ ساڵی 1954 تا 1964 حوكمی سۆڤیه‌تی كرد. به‌ڵام هیچ شوێنێكی له‌ناو دڵی گه‌لانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تدا داگیرنه‌كرد. به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ رووی شكڵییه‌وه‌ بۆ نموونه‌ هیچ په‌یكه‌رێك یان شه‌قامێك، ده‌زگایه‌ك به‌ ناوییه‌وه‌ نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ چاو ستالین و لینیندا، دیارده‌یه‌كی نامۆیه‌ به‌ یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو، چونكه‌ ئه‌و دوانه‌ی تر له‌ زۆر شوێندا ناویان دیاره‌.

كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌ده‌بی روسی هه‌بووه‌
هه‌رچه‌نده‌ ناوی خرۆچۆف به‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری ریشه‌ییه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌، كه‌ رۆڵیان له‌ كاروانی مێژوویی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت و جیهانیشدا هه‌بووه‌، چونكه‌ یه‌كێتی سۆڤیه‌ت زلهێزێكی جیهانی بووه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ كاره‌كانی خرۆچۆف رۆڵیان له‌ داهاتووی ئه‌م زلهێزه‌ جیهانییه‌ كردووه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده‌ سیاسییانه‌ی سۆڤیه‌ت كه‌ پێشتر باسم كردن، رۆڵ و جێ په‌نچه‌یان به‌سه‌ر كاروانی ئه‌ده‌بی روسیی و چاره‌نووسی ئه‌دیبانی سۆڤیه‌تییه‌وه‌ دیاربووه‌، به‌تایبه‌تی له‌سه‌روه‌ختی حوكمڕانیاندا، كه‌ باوه‌ڕیان به‌ فه‌لسه‌فه‌ی تاك حزبی هه‌بووه‌.
له‌باره‌ی لینین و ستالینه‌وه‌، خوێنه‌ری عه‌ره‌بی كه‌م تا زۆر زانیاریان له‌ باره‌یانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر لێكۆڵه‌وه‌ر و مێژوونووسێكیش به‌پێی تێڕوانینی خۆی هه‌ڵوێستی ئه‌م دوو سه‌ركرده‌یه‌ی باس كردووه‌ له‌ باره‌ی ئه‌ده‌بی روسییه‌وه‌ هه‌یه‌، تاوه‌كو ئه‌مڕۆش نووسه‌ره‌ عه‌ره‌به‌كان له‌م باره‌یه‌وه‌ كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌نووسن. به‌داخه‌وه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌شی له‌م باره‌یه‌وه‌ نووسیویانه‌ زیاتر تێگه‌یشتنی سیاسیی و فیكری خۆیان به‌سه‌ریاندا زاڵبووه‌، تاوه‌كو پشت به‌ستن به‌ بابه‌تی بوون و ئه‌كادیمی بوون.( ئه‌مه‌ش ئامانجی ئێمه‌ نییه‌ له‌م وتاره‌دا).

خرۆچۆف و ئه‌ده‌بی روسی
بابێینه‌وه‌ سه‌ر جێ په‌نچه‌ی خرۆچۆف به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی رووسییه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆش ئه‌مه‌ دیارنییه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئه‌و به‌”توانه‌وه‌ی سه‌هۆڵبه‌ندان” ناسراوه‌، كه‌ قۆناغێكی گرنگ و پڕ بایه‌خی ئه‌ده‌بی روسیش بووه‌. ئه‌مه‌ش ئامانجی ئێمه‌یه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ كورتی باسی بكه‌ین و ئاماژه‌ به‌ ئه‌دیبه‌ ناسراوه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ بده‌ین و هه‌ڵوێستی خرۆچۆفیش له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌ربخه‌ین.
پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت ئه‌وه‌ بڵێم خرۆچۆڤ له‌ چاو لینین و ستالیندا، زۆر له‌ كه‌شی رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بییه‌وه‌ دوور بوو، هێنده‌ دوور بوو به‌ جۆرێك پڕۆفیسۆر كۆرمیلۆف ” مامۆستای مێژووی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی روسی له‌ سه‌ده‌ی 20 و 21 له‌ زانكۆی مۆسكۆ ” ساڵی 2018 لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌ گۆڤاری ” زنامیا نووسی ” ئه‌م گۆڤاره‌ش گۆڤارێكی مانگانه‌یه‌ یه‌كه‌م ژماره‌ی له‌ ساڵی 1931 ده‌رچووه‌ و تاوه‌كو ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌.” لێكۆلینه‌وه‌كه‌ به‌ناونیشانی” نیكیتا خرۆچۆڤ وه‌كو ره‌خنه‌گرێكی ئه‌ده‌بی.”
له‌ سه‌ره‌تای لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ خرۆچۆف له‌ هه‌موو سه‌رانی تری یه‌كێتی سۆڤیه‌ت نه‌خوێنده‌وارتر بووه‌، ته‌نها قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندووه‌. هه‌ندێك كه‌سیش ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌شتێكی گرنگ دانانێن، چونكه‌ له‌ زۆر حاڵه‌ته‌دا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كاریگه‌ری نه‌بووه‌ به‌سه‌ر مێژووی رابه‌ره‌ سیاسییه‌كانی و كاروانی خه‌باتیانه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیتر ئه‌مه‌ به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ و ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێك رووداوی تایبه‌ت له‌ مێژووی ژیانی خرۆچۆف ده‌كه‌ن، بۆ نموونه‌ رووداوی به‌كارهێنانی پێڵاوه‌كه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌مه‌ش رووداوێكی گرنگه‌ له‌ جیهاندا ده‌نگی دایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت خه‌ریك بوو له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌ربكرێت. هه‌ره‌وها ئاماژه‌ش به‌ وته‌یه‌كی خرۆچۆف ده‌كه‌ن كه‌ جارێكیان به‌ وێنه‌كێش و په‌یكه‌رتاشی ناسراوی سۆڤیه‌تی نیزفیتنی وتووه‌، كاتێك سه‌یری تابلۆكه‌ی كرد، به‌به‌رچاوی خه‌ڵكییه‌وه‌، كه‌ زۆرێك له‌ ده‌زگای میدیاكان به‌شداربوون، كاتێك خرۆچۆف پێی ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ چییه‌ دروستت كردووه‌؟ ئه‌مه‌ كه‌ره‌ كێویش ده‌توانێت ئه‌م جۆره‌ تابلۆیانه‌ بكێشێت!. ئه‌م خه‌ڵكانه‌ پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ و هه‌موو رووداوه‌كانی تریش، گوزارشت له‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی خراپی رۆشنبیریی و نه‌خوێنده‌واری خرۆچۆف ده‌كه‌ن، كه‌ پێی ناسراو بوو.
رووداوی گه‌وره‌ كه‌ وابه‌سته‌یه‌ به‌ كاروانی ئه‌ده‌بی روسییه‌وه‌ له‌ سایه‌ی ساڵانی حوكمی خرۆچۆفدا په‌یوه‌سته‌ به‌چه‌ند ناوێكی دیاری ئه‌ده‌بی روسییه‌وه‌، ناسراوترینیان پاسترناك و سولجینیستنه‌. هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌ندی خرۆچۆڤ به‌م دوو كه‌سایه‌تییه‌وه‌، بۆ هه‌ریه‌كه‌یان وتارێكی پێویسته‌، هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ لێره‌دا ته‌نها چه‌ند سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێك ده‌نووسین.

رازی نه‌بووه‌ پاسترناك خه‌ڵاته‌كه‌ وه‌ربگرێ
ئه‌وه‌ی ئاشكرایه‌ ساڵی 1958 بۆریس پاسترناك خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ ئه‌ده‌ب پێ به‌خشرا، ئه‌وه‌ی دیاریشه‌ حكومه‌تی سۆڤیه‌ت ئه‌و كاته‌ كه‌ خرۆچۆف سه‌رۆكی بوو، رازی نه‌بوو پاسترناك ئه‌و خه‌ڵاته‌ وه‌ربگرێت، چونكه‌ پێیانوابوو ئه‌م كاره‌، كارێكی دوژمنكارانه‌یه‌ دژ به‌ ده‌وڵه‌تی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت، هه‌رئه‌مه‌ش وایكرد پاسترناك ناچاربكرێت خه‌ڵاته‌كه‌ ره‌ت بكاته‌وه‌ و وه‌رینه‌گرێت. خرۆچۆف له‌و كاته‌دا هیچ قسه‌ی نه‌كرد، به‌ڵام دواتر له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانیدا ده‌نووسێت، من ئه‌و كاته‌ رۆمانه‌كه‌ی باسترناكم نه‌خوێندبۆوه‌، به‌ڵام دواتر خوێندمه‌وه‌، پێموایه‌ كارێكی خراپ نه‌بووه‌.

سۆلجینیستن به‌ختی هه‌بوو
ئه‌لكیسانده‌ر سۆلجینیتسن له‌ زیندان ئازاد كرا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی خرۆچۆف هه‌ڵمه‌تی دژایه‌تی ستالینی راگه‌یاند و دژی حوكمی دیكتاتۆری ستالین وه‌ستایه‌وه‌، كاتێك له‌ زیندان ئازاد ده‌كرێت، نۆڤڵێته‌كه‌ی “رۆژێك له‌ ژیانی ئیڤان دینیسیفیچ” ده‌نێرێت بۆ گۆڤاری ” نوڤی میر” نۆڤڵێته‌كه‌ش باسی ژیانی زیندانیان ده‌كات له‌ زیندانه‌كانی سۆڤیه‌ت له‌كاتی حوكمرانی ستالیندا. سه‌رنووسه‌ری گۆڤاره‌كه‌ ناوێرێت بڵاویبكاته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌ره‌تا ده‌ینیرێت بۆ خرۆچۆڤ، ئه‌ویش سه‌یر ده‌كات ئه‌م نۆڤڵێته‌ شتێكی باش و گونجاوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا دێته‌وه‌ كه‌ دژی ستالین رایگه‌یاندووه‌، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی شه‌خسی رازی ده‌بێت و نامه‌ش ده‌نرێت بۆ سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ كه‌ بۆی بڵاوبكه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوی یه‌كه‌م ده‌بێت له‌ ناسراوبوونی سۆلجینیتسن له‌ جیهان و دواتریش خه‌ڵاتی نۆبڵ وه‌رده‌گرێت.
لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌ڵوێستی خرۆچۆڤ له‌ ئه‌ده‌ب و ئه‌دیبه‌ روسییه‌كان، ده‌توانێت هاوكارییمان بكات بۆ بینینی ئه‌و دیمه‌نه‌ واقعیی و هه‌قیقی و دیاره‌ی كاروانی ده‌وڵه‌تی تاك حزبی، به‌ده‌ر له‌وه‌ی كه‌ كام سیستم حكومی ده‌وڵه‌ت ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شمان بۆ ده‌رده‌خات تا چه‌نده‌ تاكه‌ شه‌خسێك حوكمی وڵات ده‌كات، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی به‌سه‌ر ته‌واوی ژیانی ئه‌و گه‌لانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ حوكمیان ده‌كه‌ن و داهاتوو چاره‌نووسیان دیاری ده‌كات.
ئامانجی سه‌ره‌كی ئێمه‌ش له‌باس كردنی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ و وتارانه‌ ئه‌وه‌یه‌ گه‌لانی تر ئاگاداری هه‌قیقه‌تی رووداوه‌كانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بن و سوودیش له‌و ئه‌زموونانه‌ وه‌ربگرن.

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ی المدی




بەراز لە نێوان ئەفسانەو ڕاستیدا!.. نووسینی: حەسەن حەریری.. ئامادەکردنی: حەسەن ڕازانی

لە نێو شارستانیەتەکانی کۆن و هەروەها لە نێو ئایینەکانی جولەکەو ئیسلامیشدا چەندین چیرۆک و داستان بە دەوری بەرازدا هەن و دێن و دەچن و ودەگوترێن ، کە هەردووکیان واتە جولەکەو موسڵمانیش بەرازیان حەرام کردووە بە بێ ئەوەی هیچ هۆیەکی لۆژیکی یان زانستی بخەنەڕوو!
ئەوچیرۆک و گوتانەی کە بەرێژایی مێژوو دەربارەی ئەو ئاژەڵە بەستەزمانە دەگوترێن تەنانەت ئەوەندەش بەرز نین کە بگەنە ئاستی ئەفسانەش!
لە پێش دەرکەوتنی ئایینەکانیش، هەندێک چیرۆک و ئەفسانە دەربارەی بەرازو خەراپیی بەراز لەگۆڕێدابوون. بۆ نموونە لە شارشتانیەتی میسری کۆندا، ئەفسانەیەک هەیە کە دەڵێت: خوداوەند سێت، کە خوای خەراپەیە، لە بەرگی بەرازێکی ڕەشدا دەردەکەوێت وهێرش دەکاتە سەر (حۆرس)ی کوڕی خوداوەند ئەزۆریس!
بەڵام سەرباری ئەوەش میسریەکان، لەبەر سوودە زۆرەکەی، گرنگیی زۆریان بە بەرازداوە! لەو نێوەشدا کۆمەڵێک لە خەڵکی تایبەت هەبوون کە گرنگییان بە بەراز داوەو بەخێویان کردووەو بەرازیان ڕاگرتووە و ئەوانە وەک بەرازەوان لە نێو کۆمەڵگادا ناسراون. ئەو بەرازەوانانە وەک کۆمەڵێک لە خەڵکی سووک و ئاست نزم بینراون و کۆمەڵگا تێکەڵاویان نەبووەو تەنانەت بۆ ژن و ژنخوازیش تەنها لەنێۆخۆیاندا ئەنجامیان داوەو دەرەوەی خۆیان لە گەڵی نەکردوون!
لە ڕووی سودەکانی بەرازەوە لەو زەمانەی ئەوکاتدا، بەرازیان بەکاردەهێنا بۆ دۆزینەوەی ئاو لە بیابانەکانداو بە دوا بەراز دەکەوتن و بەهۆی بەرازەوە ئاویان دەدۆزیەوەو هەروەها بەرازیان بۆ چارەسەری هەندێک نەخۆشی بەکاردەهێنا.
هەروەها بەراز لە ئەفسانەکانی کەنعانیدا هێمای خەراپەکاریی بووەو هەمان چیرۆک و ئەفسانەش کە تەنها ناوی ستەملێکراو گۆڕاوە بە هۆی بەرازەوە، کە دەڵێت بەراز هێرشی کردۆتە سەر خوداوەند ئەدۆن کە ئەو خۆی بەعلی وەڵاتی شام و بیبلۆس لە فینیقیا بووە. ئەدۆنیس..کێ هەیە چیرۆکی ئەدۆنیس و عەشتاری نەبیستبێ؟
لەوبارەوە لیستێکی درێژهەیە دەربارەی خەراپیەکانی ئەو زیندەوەرە دەگوترێت کە گوایە بەراز زیندەوەرێکی خەراپە. بەڵام لێکۆڵینەوەکان کە لەسەر ئەو گیاندارە ئەنجامدراوون دەیسەلمێنن کە بەراز بە بەراورد بە گیاندارەکانی تر لە هەموویان بەسوود ترە بۆ مڕۆڤایەتی و بۆ ژینگەش! یەکەمین گیاندار کە لە بواری پزیشکیدا سوودی لێوەرگیرابێت بریئتیە لە بەراز کە شانەکانی سوودیان لێوەرگیراوە لە بواری پزیشکیدا! کە دەرکەوتووە شانەکانی بەراز لە ٧٠٪ی نزیکە لە هی مڕۆڤەوە، هەروەها ترشەناوکیکەی واتە DNA ٩٨٪ ی نزیکە لە هی مرۆڤەوە، ئەنسۆلین لە بەراز درووست دەکرێت کە باشترین جۆرەکانی ئەنسۆلینە! هەروەها کالستۆنین کە بۆ پووکانەوەی ئێسقان بەکاردێت لە بەراز درووست دەکرێت.
ئەمڕۆش چەندین تاقیکردنەوە ئەنجام دراوون بۆ چاندنی دڵی بەراز لە مڕۆڤدا کە ئەو تاقیکردنەوەیە لە مەیمووندا ئەنجام دراوە. لە سەر مڕۆڤیش ئەنجام دراوەو سەرکەوتووبووەو دوو مانگ ژیاوە، ئەو مڕۆڤە دوای دوو مانگ مردووە چونکە لەشی مڕۆڤەکە ڕەتی کردۆتەوە چونکە نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی جینی ڕەتکردنەوە بکات. بەڵام ئێستا توانراوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت بە دەستکاریکردنی دڵی بەرازەکە ئەویش بەوەی کە بتوانێت کۆنتڕۆڵی جینی ڕەتکەرەوە بکات لە لەشی مڕۆڤەکەدا.

جا ئەگەر هاتوو ئەو تاقیکردنەوانە سەرکەوتنیان بە تەواوی بەدەست هێنا دەبێ چەند کەس سوودمەند ببن لەو ڕووەوە؟ هەر بە ڕاستی ماوەیەک لەمەو بەر نەشتەرگەرییەک بۆ کەسیکی تەمەن ٥٨ ساڵ کرا و ئێستاش کەسانیکی زۆر چاوەڕێن ئەگەر کەسێک هەبێ ببەخشێت! بۆیە ئەوەی کە دەگوترێ و پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو دەکرێتەوە کە گوایە بەراز میکڕۆبێکی زیانبەخشی تێدایە کە نە بەئاگر دەسووتێ و نە بە سەرماش لەناو دەچێت هیچ نیە بێجگە لە درۆ و چەواشەکاری و دەیانەوێت بەو درۆو بوختانانە کاریگەری خەراپ لەسەر زانستی تەندرووستی دابنێن. سەرەتا بەوە دەستیان پێکرد کە گۆشتی بەراز کرمی شریتی تێدایە ئنجا گوتیان کرمی تینیای تێدایە کە ئەوەی ڕاستی بێت ئەو کرمە لە گۆشتی گادا هەیە نەک لە هی بەرازدا.

جولەکەو موسڵمانەکان گۆشتی بەرازیان حەرام کردووە بە بێ ئەوەی هۆیەکانی ئەو حەرام کردنە لە ڕووی زانستی و تەندرووستیەوە بخەنە ڕوو! دەڵێن چونکە بەرازپیسایی و پاشەڕۆ دەخوا، ئێمەش دەڵێین دیقەت بدەن و ببینن بۆتان دەردەکەوێت کە نەک هەر بەراز بەڵک و زۆر لە ئاژەڵ و پەلەوەرو گیانداری تر هەن کە پیسایی و پاشەڕۆ و زبڵ و خاشاک دەخۆن و گۆشتیشیان حەرام نەکراوەو هەم جولەکەو هەم موسڵمانیش دەیخۆن! بۆ نموونە هەر تەماشا گا و گۆل و مەڕو ماڵاتی تر و بزن و مریشک و هەندێک پەلەوەری تریش بکەن کە دەبینن زۆر شت دەخۆن!
لە ئەوروپاو وەڵاتانی ڕۆژئاوایی کە بەراز بەخێو دەکەن وەک هەر مەڕوماڵاتێکی تر، وەک مانگاو گاوگۆل خواردنیان دەدەنێ. دەگوترێت ئەگەر پیاوێک گۆشتی بەراز بخوات ئەوا دەبێتە دەیوس و هیچ ئیرەیی بە مێیینەکەی نابات چونکە ئەوە تەنها بەرازە کە گوێ بەو مەسەلەیە نادات و هیچ ئیرەیی لەبەرامبەر مێیینەکەی خۆیاندا نیە ! ئەمەش بە بروای ئێمە قسەیەکی پووچە چونکە زووربەی ئاژەڵان لەگەڵ نێرینەیەک زیاتر پەیوەندی دەبەستن!

ئەوانەی کە گۆشتی بەراز ناخۆن جولەکەو موسڵمانانن. شتێکی سرووشتیشە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ببینین و ببیسین لە لایەن ئەو دوو پێڕەوە کە گۆشتی بەراز مکڕۆبی زیانبەخشی تێدایە کە نە بە ئاگرو نە بە سەرماو بەستن لە ناو ناچێت! ئەمەشیان تەنها بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو گوتانەیە کە دەڵێن لەبەر ئەمانەیە کە خواردنی گۆشتی بەرازیان حەرام کردووە!
دوای ئەو کورتە نووسینە، دەربارەی حەرام کردنی خواردنی گۆشتی بەراز، ئەوانەی کە پێیان وایە گۆشتی بەراز زیانبەخشەو نابێ بخورێت و بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو قسەیەشیان گوایە لەوبارەوە لێکۆڵینەوەی زۆر کراوەو ئەنجامدراوە با ئەو لێکۆڵینەوە تەندرووستی و زانستیانە نیشانی خەڵک بدەن نەک هەر بە ناوهێنان! پێمان بڵێن لە کام زانکۆ ئەو لێکۆڵینەوانە ئەنجام دراون و نیشانمان بدەن، پێمان بڵێن کێن ئەوانەی ئەو لێکۆڵینەوانەیان ئەنجام داوە ، ناوەکانمان پێ بڵێن..شوێن و کات و دەرەنجامەکان نیشان بدەن! من لەوبارەوە ڕووبەڕوویان دەبمەوە!
من ڕووبەڕووی ئەوانە دەبمەوە کە کە دەڵێن گۆشتی بەراز لەهەر گۆشتێکی تر زیاتر زیانی هەیە! هەر گۆشتێک بەشی خۆی سوودی هەیەو بەشی خۆشی زیانی هەیە.. جا ئەگەر هەر گۆشتێک بە باشی لێنەنرێت و بە باشی نەکوڵێنرێت ئەوا گۆشتەکە زیانی زۆرترە لە سوودەکەی.. گۆشتی بەرازیش لەو ڕێسایە بەدەر نیە!
تێبینی: خواردنی سەرەکی زووربەی خەڵکی ئەوروپاو ڕۆژئاواو وەڵاتانی ناموسلمان و نا جولەکە گۆشتی بەراز دەخۆن. تەنانەت گۆشتی بەراز لە هەندێک وەڵاتی موسڵمانیش دەخورێت!

https://www.facebook.com/groups/496093623891552/user/100009028655019/




فەلسەفەی ئەخلاق.. ئاراس سەعید

“پێشەکی”

فەلسەفەی ئەخلاق بابەتێکی ئاڵۆزە، بۆیە هێندە ساکار نیە بتوانین بە چەند گوزارەیەک پێناسەی چەمکی ئەخلاق بکەین. وەکو “سوکرات” دەڵێت: (ئێمە لە بارەی بابەتێکی بچوکەوە گفتووگۆ ناکەین، بەڵکو سەرقاڵی گفتوگۆ کردنین دەربارەی ئەوەی کە دەبێت چۆن بژین؟) پرسی فەلسەفەی ئەخلاق پرسێکی ینێنڤێرسالە و لە مێژووی هزری مرۆڤدا، مشتومڕی فەلسەفی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕوانگە و تێڕوانینی بیرمەندان و فەیلەسووفان جیاوازە لە مەڕ ئەمپرسەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتەرانەی کە پەیوەستن بە بابەتی فەلسەفەی ئەخلاقەوە، چونکە لە بنەڕەتدا فەلسەفەی ئەخلاق بابەتێکی فرە ڕەهەندە و پانتاییەکی زۆر داگیردەکات لە مێژووی هزری مرۆڤدا. بۆیە ئاڵۆزە پێناسەیەکی ڕەها و سەرتاپاگیر بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بکەین، بەڵام لەڕێگەی کۆکردنەوە و ئاوێتەکردنی خاڵە کۆکەکانی قوتابخانەکانی “فەلسەفەی ئەخلاق”ەوە، دەتوانین، بە دەربڕینێکی لۆژێکیانە، پێناسەیەکی کامڵ بۆ فەلسەفەی ئەخلاق بکەین، بە مەدلوولە یونێنڤێرسالییەکەی.

سەرەتا بابزانین فەلسەفەی ئەخلاق چیە؟ چونکە (فەلسەفەی ئەخلاق) گرێیەکی ناوی لێکدراوە و لە بنەڕەتدا، لە دوو ناوی واتادار پێکهاتووە، کە ماهیەت و ناوەڕۆکی تایبەتیان هەیە. بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکەمان پێویستە هەردوو تێرمەکە بناسێنین. یەکەم: (فەلسەفە: هونەری پرسیارکردنە. گەڕانە بەدوای ئەو پرسیارە ئەقڵانیانەی کە بە “چی و چۆن و بۆچی” دەستپێدەکات، لەڕێگەی پێشکەشکردنی ئارگۆمێنێتی کامڵەوە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی ئەقڵانی). دووەم:(مۆڕاڵ: بریتیە لەو نۆڕم و ڕێساو یاسایانەی بەسەر کردەکانی مرۆڤدا سەپێراون، کە دەشێت درووست بن، یان نادروست بن.)

وشەی “فەلسەفەی ئەخلاق” وشەیەکی لێکدراوە و لقێکی سەربەخۆیە، لە لقەکانی فەلسەفە. کاتێک فەلسەفە دەبێتە “دیارخەر”ی ناوێک. ئەوا کاری فەلسەفە پرسیارکردنە لە “دیارخراو”ەکەی. ئەگەر “ئەخلاق” ئەو نۆڕم و یاسا و ڕێسایانەبن کە بەسەر کردەکانی مرۆڤدا سەپێنراون، ئەوا فەلسەفەی ئەخلاق دەپرسێت بۆچی دەبێت من مامەڵەکانم ئەخلاقی بن؟ یان لەو بڕیاڕانە دەکۆڵێتەوەو دەپرسێت بۆچی فڵان مامەڵە نادروستەو فڵان مامەڵە دروستە.

“ئەخلاق چیە؟”

لە زمانی ئینگلیزیدا کەڵک لە تێرمی “moral _ ethics” وەردەگرن. چەمکی ئەخلاق بەهۆی دینامیکیەتی فرەڕەهەندی لە بەکارهێنانیدا، گرفتی لەبەردەم تێگەشتنمان درووستکردووە. ئەمەش پەیوەندی بە نەزانینمانەوە نیە، بەڵکو چەمکەکە خۆی لە خۆیدا فرەڕەهەندە و بەهۆی ئەوەی خودی زارەوەکە لەزمانی عەرەبییەوە هاتۆتە نێو فەرهەنگی کوردییەوە، دژواری و ناڕوونی درووستکردووە. لێ بەهۆی دەوڵەمەندی فەرهەنگی کوردییەوە دەتوانین کەڵک لە هەردوو تێرمەکە وەربگرین و بینایی تێگەشتنی خۆمان فراوانبکەین. بەبێ شیکردنەوە و وەرگێڕانی چەمکی “مۆڕاڵ و ئیتیک” ئەستمە لە بابەتەکانی فەلسەفەی ئەخلاق تێبگەین. “مۆڕاڵ” لە زمانی کوردیدا بەرانبەرە بە وشەی “ئاکار”. کە لە بابەتەکانی “فەلسەفەی ئاکار” دەکۆڵێتەوە، بە “میتا ئاکار” یان “ئاکاری شیکاری” ناودێرکراوە. وەکو ڕیساو تیۆرییە ئاکارییەکان و لێکدانەوەی بنەماکانی ئاکار و …هتد. بەڵام ڕەگی چەمکی “ئیتیک” وشەیەکی گریکیە و دەگەڕێتەوە بۆ وشەی “ئیتۆس”کە لەزمانی کوردیدا، بەواتای “ڕەوشت”دێت. ڕەوشت بابەتێکی خودییە و پەیوەستە بە هەڵوێست و بڕیارەکانی تاکەوە. لە بەشی داهاتوودا بەچڕی لەسەر ئەم چەمکە دەوەستین. بەگشتی لەم وتارەدا، لەبارەی فەلسەفەی “مۆڕاڵ-ئەخلاق “دەدوێن لە ڕێگەی شیکردنەوەی پێناسەی ئەخلاق و تیۆریا و ڕێباز و قوتابخانە جیاوازەکانی فەلسەفەی ئەخلاقەوە.

وەکو لە پێشەکیدا ئاماژەمان پێدا کە فەلسەفەی ئەخلاق، بابەتێکی ئەبستراکتی ئاڵۆزە و هێندە ساکار نیە بتوانین بە چەند گوزارەیەک پێناسەی چەمکی ئەخلاق بکەین، بەڵکو لە ڕێگەی پێناسە و بۆچوونە فەلسەفییەکانی فەیلەسووفەکانەوە، لەبارەی فەلسەفەی ئاکارەوە دەدوێن. دیدگای فەیلەسووفان بۆ پرسی ئەخلاق جیاوازە، ئەمەش هۆکارێک بوو لێکدژی لە نێوان بیروبۆچوونەکانیان درووستبوو. بەپێی ئەو قۆناغانەی بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤدا تێپەڕیون، مرۆڤ هزری خۆی ڕزگارکردووە لە کۆت و بەندە ئایینی و ئایدۆلۆژییەکان و توانیویەتی لە ڕێگەی درککردنی ئەقڵانییەوە دیاردەکان تەتەڵەبکات. بۆنمونە فەیلەسووفان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، پرسی ئەخلاقیان وابەستە دەکرد بە باوەڕهێنان بەخوداوە. وەکو “جۆرج بێرکلی” لە دیالۆگی سێیەمدا، “هیلیاس” ڕووی گوفتاری کردۆتە “فیلۆنۆس” کە بێرکلی خۆیەتی و پێی دەڵێت (باشە تۆ نازانیت ئەگەر خودا بکەی بە داهێنەری هەموو قەوما و ڕووداوەکانی سروشت هەر خودا خۆی دەکەیت، بە داهێنەری کووشتن و کوفر و بەدکاری و بێ باوەڕی و گوناهـ و تاوانی نابەجێ).

بۆ قسەکردن لەسەر فەلسەفەی ئەخلاق پێویستە بگەڕێنەوە بۆ فەلسەفەی کلاسیک. “سوکرات” یەکەمین فەیلەسووفە لە مێژووی هزری مرۆڤدا چەمکی ئەخلاقی بە شێوازێکی زانستی شیکردەوە. یۆنانییەکان پێشەنگن لە پەرەپێدان بە توانا زەیینیەکانی مرۆڤ. یەکێک لە گرنگترین و درەوشاوەترین ئەو دەستکەوتانەی شارستانیەتی یۆنانی کۆن دای هێناو بە مرۆڤایەتی بەخشی، بریتیە لە بایەخدان و دۆزینەوەی بنەمایەک بۆ ڕێزگرتن لە تاکەکەس.

“فەلسەفەی ئەخلاق و ڕێبازەکانی”

ئەگەر لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی فەلسەفە ڕابمێنین؛ ئەوە بەدی دەکەین کە پرسی ئەخلاق مایەی گرنگی پێدان و تێڕامان بووە لەلایەن فەیلەسووفانەوە. ئەگەر بمانەوێت لەسەر تەواوی ئەو بیروبۆچوونانە ڕابوەستین، ڕەنگە لە زنجیرە کتێبێکیشدا نەتوانین مافی تەواوی پێبدەین. ئەم نووسینەی بەردەستان بەکورتی لەسەر گرنگترین قوتابخانە و ڕێبازەکانی فەلسەفەی ئەخلاق دەدوێت.

  1. ئەخلاقی سوکراتی.

ئەوەی بۆ ئێمە تا ڕادەیەکی باش ڕوونە ئەو دۆزەی هزری “سوکرات” ی بەخۆیەوە سەرقاڵکردبوو دۆزی ئەخلاق بوو. فەیلەسووفانی پێش “سوکرات” لە بابەتە سروشتیەکانی وەکو ماددەیی سەرەتایی و ئەستێرەناسی و ..هتد کۆڵیوەتەوە، بەڵام سوکرات لە دیالۆگی بەرگریکردن دەڵێت: (من چیم داوە لە بیرکردنەوە سەبارەت بەشتە سروشتییەکان). سوکرات زانست بە شتێکی بێ بەرهەم نازانێت، بەڵکو گرنگی بەفێربوون و گەڕان بەدوای زانست دەدات. ئەو چەمکی “ئەخلاقی”ی وەکو بابەتێکی ئیپستمۆلۆژی بەکارهێناوە”، ئەگەر چی شانبەشانی “سوکرات”سۆفستاییەکانی یۆنانیش دەربارەی ئەم چەمکە دواون، بەڵام یەکەمین فەیلەسووف “سوکراتە” تیۆرییەکی ئیپستمۆلۆژی ئاوێتەی ئەم چەمکە دەکات. سوکرات دەڵێت: (کاتێک مرۆڤێک کردەیەکی هەڵە ئەنجام دەدات، نەزانە، چونکە زانیاری پێشینەی دەربارەی کردەکەی نیە).

لێرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە لەدیدی سوکراتەوە ئاوەز سەنتەری بیرکردنەوە و کردە ئاکارییەکانی مرۆڤە. تێڕوانینی سوکرات دەربارەی مۆڕاڵ، بریتییە لە دۆزینەوەی ڕاستی و چاکە لەڕێگەی لۆگۆسەوە. ئەو دەڵێت (هیچ کەسێک بە قەستی و لە ئەنجامی هۆشیارییەوە تووشی گوناهـ نایه‌ت، هەر بۆیە تەنها هۆشیاری دەتوانێت مرۆڤ بگەیەنێت بە فەزیڵەتێکی تەواو). ئەم جۆرە میتۆدە بە ئیتیکی ڕاشیۆنالیست (ئاوەزگەرایی)ناسراوە. لەدیدی سوکراتەوە تاکە مۆتیڤ و ئەنگیزە ئاکارییەکان مرۆڤ ئاوەزە، چونکە ئەو پێی وایە چاکە زانینە. لەمێژووی فەلسەفەدا دوو شێوە تێڕوانین بەرانبەر ئەقڵانیەت هەبووە، ئەویش (میتۆدی دانپیانان و میتۆدی ڕەخنەگرانە)یە. لە وتە بەناوبانگەکەی سوکراتدا، بۆمان دەردەکەوێت کە میتۆدێکی ڕەخنەگرانەی پەیڕەوکردووە کە دەڵێت: (ژیانێک تاقینەکرابێتەوە، بە مانایی ژیان نایات). تاقیکردنەوە، واتا ڕەخنەکردن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو شتانەی زانینێکی ساختەمان لە بارەیەوە هەیە. “سوکرات” یەکەمین فەیلەسووفە لەڕێگەی ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوەی پرسە چەقبەستووەکانەوە هەنگاو دەنێت بۆ گەشەکردنی زانستی و ئاشکراکردنی فاکتەکان.

“کاڕڵ پۆپەر” پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوەو دەڵێت: (کاتێک ئێمە دەزانین هەڵە و کەموکورتی تیۆرییەکەمان لە کوێدایە، هەنگاوێک لە زانین نزیک دەبینەوە). لەدیدی ئەوەوە ئەگەر بمانەوێت گرفتە ئاکارییەکانمان چارەسەر بکەین، پێویستە سەرچاوەکانی زانینمان زیاد بکەین. “سوکرات” پێی وایە هوشیاری و زانین خۆی لە خۆیدا فەزیڵەتەو گوناهـ و تاوان زادەی جەهل و نەزانین. ئەقڵ (ئاوەز) ڕێنوینکەرە بەرەو چاکە.

“ڕەخنە لە ئەخلاقی سوکراتی”

ئایا ئەخلاقی ڕاشیۆنالیست(سوکراتی) لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانییەت و تێفرکردن وتێڕوانینی مرۆڤدا، شانبەشانی فەلسەفەی مۆدێرن و زانستی نوێ، چۆن خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. ئایا دروستە ئەقڵ پاڵنەر و سەرچاوەی کردە ئەخلاقیەکانی مرۆڤە، وەکو هادیگەر دەڵێت: (شوانێک لەناوەوەی مندایە ڕێنمونیم دەکات)، ئایا ئەو شوانە هەمیشە بە ئاگایە و ڕێنمونییەکانی تەواو و دروستە. زانستی مۆدێرن و دەرکەوتنی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی دەوونشیکاری کە “سیگمۆند فرۆید” بەدامەزرێنەری قوتابخانەی دەروونشیکاری دادەنێرێت، پێی وایە، ئەقڵی مرۆڤ بەردەوام لە ژێر کۆت و بەندەکاندایە. ئەقڵ دیلی کۆمەڵێک کۆت و بەندە. “سوکرات” زانیاری دەربارەی ئەقڵی نائاگایی و ئەنگێزە و مۆتیڤە دەروونیەکانی مرۆڤ نەبووە، بۆیە دەکەوێتە ئەو هەڵەیەوە. چونکە ئاوەزی مرۆڤ هەمووکات چالاکانە لەدۆخی ئاگایدا نیە، بەڵکو لەژێر کاریگەری غەریزە بایەلۆژی و مۆتیڤە دەروونیەکاندا کردە دەنوێنێت. مرۆڤ کاتێک ژیان و ڕەگەزی دەکەوێتە ژێر مەترسی لەناو چوونەوە، زانیاری دەربارەی چەمکی باشە هەیە، بەڵام لەژێر کاریگەری مۆتیڤە دەروونیەکاندا هەڵەی ئاکاری دەکات با نمونەیەک بهێنینەوە.

بۆ نمونە، پزیشکێک پسۆڕی بواری هەناوییە، کەچی جگەرە دەکێشیت. ئەو دەزانێت جگەرە کێشان زیان بە سییەکانی دەگەیەنێت، زیان گەیاندن بەخود، مامەڵەیەکی ناردوستە، کەچی جگەرە دەکێشێت. سوکرات دەڵێت: (هیچ کەسێک لە ئەنجامی هۆشیارییەوە تووشی هەڵە نابێت) بەڵام پزیشکەکە هۆشیارە، کەچی جگەرە دەکێشیت. زۆرێک لە فەیلەسووفان و بیرمەندان ڕەخنە لە ئەخلاقی “سوکراتی” دەگرن. بەڵام ئەمە بەواتایی ئەوە نایات، بۆ چوونەکانی “سوکرات” هیچ گرنگییەکی نیە.

  1. ئەخلاقی خودی subjectivism in ethics

“دەیڤد هیۆم” فەیلەسووفی ئینگلیزی بە دامەزرێنەری ئەم ڕێچکەیە دادەنرێت، لە فەلسەفەی ئەخلاقدا. هیۆم دەڵێت: (هەر کردەوەیەکی تاوانکاری وەربگریت، لە هەموو ڕوویەکەوە لێی بکۆڵەوە پاشان بزانە دەتوانێت فاکتێک یان توخمێک دیاری بکەیت لە جەوهەری ئەو خراپەکارییە، بۆ نمونە تۆ هەرگیز ناتوانێت ئەو توخمە دیاری بکەیت، هەتاوەکو ئاراستەی لیکۆڵینەوەکە ڕووبەرووی خۆت نەکەیتەوە). ئەو پێداگری لەوە دەکات، کە ئەگەر ئێمە بەوردی سەرەنج لە هەر بەدکارییەک بدەین، کاتێک دەتوانین لە جەوهەری ئەو بەدکارییە تێبگەین، کە تاوانەکەمان ڕووبەڕووی خۆمان کردەوە. بۆ نمونە، کاتێک لەڕێگەی مامەڵەیەکەوە کەسێک بریندار دەکەین. جا ئەگەر مامەڵەکە تووندووتیژی “سیمبولی”بێت، واتا تووندوتیژەی لە ڕێگەی زمانەوە وەکو جوێن، سوکایەتی. یان تووندووتیژی لە ڕێگەی هێزەوە. ئێمە ناتوانین لە جەوهەری ئەو خراپەکارییە تێبگەین، تا هەمان کردەوە ڕووبەڕووی خۆمان نەکەینەوە.

بەبڕوای “هیۆم” لە ئەخلاقی خودیدا، مرۆڤ لەڕێگەی هەست و سۆزەوە درک بە جەوهەری بابەتیانەی بەها ئاکارییەکان دەکات، ئەمەش پێچەوانەی بۆ چوونەکانی پێش خۆیەتی کە پێیان وایە ئەقڵ سەنتەری کردەکانی مرۆڤەوە و، لەڕێگەی هۆشیاری و زانینەوە درک بە بەها ئەخلاقییەکان دەکات. هیۆم فەیلەسووفێکی ئەزموونگەرابوو، بە بڕوای ئەزموونگەراکان (زەینی مرۆڤ کاغەزێکی سپییە و لەڕێگەی ئەزموونکردنەوە درک بە جیهانی دەورووبەر دەکات. بۆیە پێی وایە مرۆ لەڕێگەی هەستەکانییەوە درک بە بەها ئەخلاقییەکان دەکات.) کاتێک پرسی ئەخلاق دێتە پێشەوە، مرۆڤ ئەو پرسیارەی لا دروست دەبێت ئایا دەکرێت بنەماکانی ئەخلاق سەرچاوەی ئەقڵ-ئاوەز بن؟ وەکو ئەوەی لە فەلسەفەی ئەخلاقی سوکراتدا بەدیمانکردن، کە دۆزینەوەی بنەما ئەخلاقییەکان و فاکتەر و پاڵنەری دەسەڵاتدار بەسەر کردەی ئەخلاقییەوە ئەقڵە. “دەیڤد هیۆم” سەر بەڕێچکەی ئەزموونگەرایی-ئیمپریە بەو پەڕی پێداگرییەوە ڕێبازی ئەقڵانی دەخاتە لاوە. کە باسی ئەخلاق کرا ئەو پرسیارە دەکرێت کە چاکەکاری چیە و چۆن لە بەدکاری جیا دەکرێتەوە؟ کامە فاکتەر دەبێتە مایەی پەسەندکردنی کردارێک و نا پەسەندکردنی کردارێک.

هیۆم پەیڕەوی لە ڕێبازی ئەزموونی دەکات و پێ وایە هەست و سۆز سەرچاوە و بنج و بنوانی بنەماکانی ئاکارە. ئەو دەڵێت: (هەندێک لە فەیلەسووفان بەو پەڕی دڵگەرمییەوە ئەو دید و سەرەنجەیان بڵاوکردۆتەوە گوایە پرسی ئەخلاق، پرسێکی ئەقڵانییە. ئەگەر چی هیچ کەسێک لە سەلماندنی ئەوەدا هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هەنگاوی نەنانەوە). ئەو پێی وایە هەست و سۆز درک بە بنەماکانی ئەخلاق دەکات، بۆ نمونە (سۆز و هەست لە ناخی مرۆدا هەڵدەقووڵێن و لە بەرانبەر چاکەکاریدا هەست بە چێژ و خۆشی دەکەن، لە بەرانبەر بەدکاریشدا بێزار و دڵتەنگ دەبێت).

3- ئەخلاقی کەڵکگەرایی.

ئەم ڕێبازە لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی لیبڕاڵیزم سەری هەڵدا، لە ئێستاشدا لێبڕاڵیزمی نوێ و سیستەمی سەرمایەداری ئەم ڕوانگەیە لە ژیانی کرداری خۆیان پڕاکتیزە دەکەن، لەڕوانگەی ئەمانەوە لێکۆڵینەوەکان لە کردەکانی مرۆڤ لە خودی سەبجێکت و کارەکە نیە، بەڵکو تێڕوانینە لە ئەنجامی کارەکە ئایا باشە یان خراپ، دەستکەوتی زیاترە یان زیان، وەکو نوێژکردن لە پێناوی ڕازکردنی خودا لە خۆت و بەدەستهێنانی بەهەشت، یان لەناوبردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بەبیانوی تێکدانی ژیانی زۆرینەوە. فەیلەسووفی لیبڕالیست “جۆن سیتوارت میل” و “جێرمی بێنسام” بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە دادەنرێت. میل تیۆری کەڵکگەرایی بەم شێوەیە داڕشتووە: ( ئەندیشەکانی باردۆخێک کە ئاواتەخوازین بەدی بێت، باردۆخێک کە هەموو ئەوانەی تێدا دەژین تا ئەو شوینەی دەتوانن بەختەوەر و باشبن. هەر لێرەوە کاتێک دەپرسین چی بکەین، لە خۆمان دەپرسین کام مامەڵە دەبێتە هۆی فەراهەمکردنی زۆرترین بەختەوەری، بۆ هەموو ئەوانەی کاریگەر دەبن، بەو مامەڵەیە. هەر لێرەوە ئەخلاق دەخوازێت ئەوە بکەین کە باشترینە). ئەم دەقە گوزارشتە لەوەی کە باشترین مامەڵەی ئەخلاقی ئەوەیە، کە زۆرترین بەختەوەری بۆ هەمووان فەراهەم بکات. لە ڕوانگەی میلەوە ئەخلاق بریتیە لە فەراهەمکردنی بەختەوەری بۆ جیهان، بەڵام ئەم تیۆرە بەشێوازێکی تر، کەڵکی لێوەرگیراوە.

“بینسام” دەڵیت: (تەنها یەک بەهایی باڵای ئەخلاقی بوونی هەیە، ئەویش پڕەنسیپی کەڵکە). مەبەست لە پڕەنسیپی کەڵک ئەو ئامانجەیە کە مامەڵەکە هەڵیگرتووە و تاچەند کەڵک بە بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت. بۆ نمونە مرۆڤ کاتێک مامەڵەیەک ئەنجام دەدات، دەبێت ئەنجامی مامەڵەکە لەبەرچاو بگرێت. ئایا زۆرترین کەڵک بەخۆی و بەبەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت، یان نا. ئەگەر مامەڵەیەک بووە هۆی فەراهەمکردنی زۆرترین کەڵک، ئەوە مامەڵەیەکی ئەخلاقییە.

4- ئەخلاقی ئەرکگەرایی.

فەیلەسووفی ڕۆشنگەری “ئیمانیۆل کانت” بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە فەلسەفیە دادەنرێت. وەکو زۆر فەیلەسووفی دیکە، “کانت” لەو بڕوایەدا بوو کە ئەخلاق دەکرێت لە پڕەنسپێکی باڵا و ئەوپەڕیدا(ultimate) گوزارشتی لێبکرێت، کە ئەرک و ناچارییە ئەخلاقییەکانمانی لێوە هەڵبقوڵێت. “کانت” بە فەرمانە بنبڕەکان ئەم پڕەنسیپە دەستنیشان دەکات و بەم شێوازە گوزارشتی لێ دەکات: ( تەنها بەپێی ئەو ماکسیمە-حیکمەتە ڕەفتار بکە، کە لەهەمان کاتدا ویستی ئەوەت هەبێت بەهۆی (ئیرادەتەوە) ببێتە ڕێسایەکی گەردوونی).

” کانت “مەرجی پێشینی هەیە، کانت گەورەترین فەیلەسووفە کە وەرچەرخانی کۆپەرنیکۆسانەی لە فەلسەفەدا کرد. ئەویش ئاڵۆگۆرکردنی (سوژە و ئۆبژە)بوو. لەڕوانگەی کانتەوە، زەینی مرۆڤ کۆمەڵێک ڕێساو یاسا و قاڵبی هەیە، کە پێشینین. مرۆڤ کاتێک لەڕێگەی هەستەکانەوە لە سروشت و جیهانی دەوروبەر دەکۆڵێتەوە، هەوڵی دۆزینەوەی نهێنیەکانی سروشت دەدات. کاتێک لە ڕێگەی لۆگۆسەوە سەرقاڵی ڕامان و تێفکرینە، هەوڵی ئەوە دەدات نەزم و یاساکانی زەین بەسەر سروشتدا بسەپێنێت. لەپێشوودا دەیان گووت (زەین ئاوێنەی عەینە) کە بەپێ ی تێگەیشتنی خۆی زانیاریی دەربارەی شتەکان وەردەگرێت. بەڵام لە ڕوانگەی “کانت”ەوە زەین چاویلکەیەکە بەشێوەی عەدەسەکەی جیهان دەبینێت. کانت بڕوایی بەنەزم و ڕێکپێکی هەبووەو پێی وایە، زەین یاساکانی خۆی دەسەپێنێت بەسەر جیهاندا، بۆ یە دەڵێت: (ئاسمانی پڕ ئەستێرە و یاساکانی سروشت لەسەر سەرمە و یاساکانی مۆڕاڵیش لە ناوەوەم دایە). کانت مەرجی پێشینی هەیە دەربارەی چەمکی مۆڕاڵ، ئەویش “سەربەست” بوونە. بۆیە لەمێژوودا گوتویانە مرۆڤی کۆیلە بەدەرە لە هەموو ڕێسا ئاکارییەکان، ئەڕستۆ دەڵێت: (مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە، سەر بەخۆیەتی). کەواتە کۆیلە کێیە؟، بێگومان سەر بەکەسێکی ترە، سەربەست نیە، لە بڕیاڕدان و خاوەندارێتی کردە ئاکارییەکانی ناکات.

مۆڕاڵ لە پوختترین پێناسەیدا: (مامەڵەیەکە لە نێوان دووکەسی سەربەست و خاوەن ویست و ئیرادە). کانت مەرجی لەپێشینەی هەیە، ئەویش “سەربەست”بوونە، واتا ئێمە تا سەربەست نەبین ناتوانین خاوەندارێتی لە مامەڵەکانی خۆمان بکەین. جیا لەمە کانت بە شێوەیەکی دیکەش گوزارشت لە فەرمانە بنەبڕەکان دەکات و دەڵێت: (بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەوانیتردا بکە، مرۆڤ خۆی لە خۆیدا ئامانج بێت، نەک ئامڕاز بۆ ئامانجێکی دیکە). “کانت” میتۆدێکی ڕەهای گشتی پێشکەش دەکات، دەڵێت: (هەرگیز ناتوانیت، مامەڵەکەت وەکو مامەڵەیەکی دروست بناسێنی، تا نەتوانێت مامەڵەکەت بکەیتە ڕێسایەکی جیهانی). واتا کاتێک مامەڵەیەکی دروستت ئەنجام داوە، بتوانی ڕێساکانی زەینی بەسەردا بدەیت و بیکەیتە مامەڵەیەکی جیهانی. بۆ نمونە کاتێک مرۆڤێکی قەرزدار ئامانەتێکی کەسێکی لایە، ئەگەر بیەوێت قەرزەکە نەگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنی، ئەگەر توانی مامەڵەکە بکاتە مامەڵەیەکی جیهانی، واتا کەسێک قەرزداری خۆیەتی و بۆی نەگەڕێنێتەوە دروستە. یان کەسێک دەیەوێت کەسێک بکوژێت، ئەگەر بەلایەوە ئاسایی بێت، کەسێک خۆشی بکوژێت و کووشتن بکاتە ڕێسایەکی جیهانی، ئەوە درووستە.

کانت لەژێر کاریگەری “مەسیح” دا، ئەم تیۆریایەی داڕشتۆتەوە، مەسیح لە کتێبی پیرۆزدا وتەیەکی بە ناوبانگی هەیە، دەڵێت (چیت بۆ خۆت پێ خۆشە، بۆ براکانیشت پێت خۆش بێت). بەڵام “کانت” میتۆدەکە لەبراوە دەباتە کۆنێکستێکی جیهانییەوە و تێڕوانینی ئەو بەو واتایە دێت، چیت بۆ خۆت پێخۆشە، بۆ جیهانیش پێت خۆش بێت. ئەم ڕێبازە بە ڕێبازی ئەرکگەرایی ناسراوە، واتا چاکە خۆی لەخۆیدا ئەرکەو ئامانجێکی بێ ئامانجە.

“ئەنجام”

فەیلەسووفان بەشێوازی جیاواز، بۆچوون تێڕوانینی خۆیان لەبارەی پرسی ئەخلاق خستۆتە ڕوو. دەکرێت بۆچوونی هەموو فەیلەسووفان لە سێ قوتابخانە سەرەکێیەکەی فەلسەفەی ئەخلاق کۆبکەینەوە. کە ئەمانەی خوارەوەن.

“ئەرکگەرایی”

بەیەکێک لە قوتابخانە سەرەکییەکانی فەلسەفەی ئەخلاق دادەنرێت، لەلایەن “ئیمانیۆڵ کانت” فەیلەسووفی ڕۆشنگەرییەوە دامەزراوە. ئەم ڕوانگە فەلسەفییە لە ئامانج و سوود و قازانجی کردەکانی مرۆڤ ناکۆڵێتەوە، بەڵکو لەدیدی ئەوەوە چاکە ئەرکێکی ڕەهایە. واتا (چاکە ئامانجی بێ ئامانجە) چاکە ئەرکە لە پێناوی چاکەدا، بۆنموونە باشبوون لەپێناو دەستکەوتنی ناوبانگ، یان ئەنجامدانی کاری باش لەپێناوی ڕازیکردنی خودا و دەستکەووتنی بەهەشت، لەڕوانگەی ئەرک گەراییەوە نادروستە. ئەم ڕوانگە فەلسەفییە پێ وایە، چاکە ئەرکە و مرۆڤ دەبێت بە ئەرکی خۆی هەڵبسێت.

“پڕاگماتیزمی کەڵگەرایی”

ئەم ڕوانگەیە زیاتر لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی لیبڕاڵیزم سەری هەڵدا، لە ئێستاشدا لێبڕاڵیزمی نوێ و سیستەمی سەرمایەداری ئەم ڕوانگەیە لە ژیانی کرداری خۆیان پڕاکتیزە دەکەن، لەڕوانگەی ئەم قوتابخانەیەوە لێکۆڵینەوەکان لەخودی سەبجێکت و خودی کارەکە نیە، بەڵکو تێڕوانینە لە ئەنجامی کارەکە ئایا باشە، یان خراپ، دەستکەوتی زیاترە یان زیان، وەکو نوێژکردن لە پێناوی ڕازیکردنی خودا لە خۆت و بەدەستهێنانی بەهەشت، یان لەناوبردنی کۆمەڵێک مرۆڤ بەبیانوی تێکدانی ژیانی زۆرینەوە.

“خودگەرایی”

یەکێکی ترە، لە قوتابخانەکانی فەلسەفەی ئەخلاق، لە دوای هاودژبوونی دوو قوتابخانەکەی تردا گرنگی زۆر بەم قوتابخانەیە دەدرێت. فەیلەسووفان پیان وابوو، دوو قوتابخانەکەی پێشوو، ڕووبەڕووی پاڕادۆکس دەبێتەوە. بۆنموونە، لە زۆربەی کتێبەکانی فەلسەفەی ئەخلاق ئەم نموونەیە باسکراوە: ( کاتێک کەسێک چەکێکت بە ئامانەت پێ بدات، پاش ماوەیەک بگەڕێتەوە بۆ چەکەکەی تۆ بزانیت بۆ کوشتنی کەسێک ئەو چەکەی دەوێت، چەکەکەی پێ دەدەیتەوە یان پێی نادەیتەوە؟) بە پێی ڕوانگەی قوتابخانەی ئەرکگەرایی دەبێت، چەکەکەی بۆ بگه‌ڕێنیتەوە، بەڵام بە پێی ئەنجامگەرایی بێت، نابێت بیدەیتەوە. لەڕوانگەی یەکەمەوە، گێڕانەوەی ئامانەت ئەرکە، لەڕوانگەی دووەمەوە کەسێکی پێ دەکوژێت. خودگەرایی واتا: واتا مرۆڤەکە خۆی لەناوەوەی خۆیدا باش بێت، وەکو ئەوەی “دیڤد هیۆم” دەڵێت:- توخمێک لە مامەڵەکە ڕووبەڕووی خۆت بکەیتەوە.

————————–

سەرچاوەکان:

ئاراس سەعید: کورتەیەک دەربارەی چەمکی مۆڕاڵ.

گۆڤاری ئایدیا ل. 31-34. ژمارە 78. ساڵی 2021.

حمید عەزیز: فەلسەفەی نوێی ئەوروپا. چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات- هەولێر 2012

ت.ز.لافین:من سقراط إلى سارتر (البحث الفلسفي)

دار نشر:المركز القومي للترجمة. سنة النشر: ٢٠١٢.

james Rachels, 2007 the Elements of Moral philosophy ,Fifths etidion by Stuart Rachels.McGraw-hill New york.

Kant’s Moral Philosophy

First published Mon Feb 23, 2004;

substantive revision Fri Jan 21, 2022

https://plato.stanford.edu/index.html




توندوتیژی و ئازاردانی دامەزراوەیی تەندروستی بەرامبەر بە ژنان.. شێرین عەبدوڵڵا

لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا!

هەڵاواردن و توندوتیژی دژی ژنان هەمەلایەنەیە و هەموو بوارەکانی ژیان دەگرێتەوە، لە ماڵەوە، لە شوێنی کار و تەنانەت ئەو دامەزراوە تەندروستییانەی کە خزمەتگوزاری پزیشکییان پێشکەش دەکات. زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی خێزانی و ئازاردانی ژنان لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا و لە دوای منداڵبوون لە زۆرێک لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە پزیشکییەکاندا سەلمێنراوە – وە ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە نێوان هەر پێنج ژنێکی دوو گیاندا، یەک ژن تووشی توندو تیژی خێزانی دەبێت – و ئەمەش یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی منداڵ لەبارچوون و لەدایکبوونی پێشوەختە و مردنی دایک لە کاتی منداڵبوون و خۆکوشتن، بەڵام ئەوەی کە وێنا ناکرێت ئەوەیە کە ئەم توندوتیژییە بەرامبەری، لە شوێن و دامەزراوە پزیشکی و چارەسەرییەکاندا بەردەوامیی هەبێت.
چاودێری پزیشکی – هەروەک سروشتی خۆی؛ کە پەیوەندی بە تەندروستی خەڵک و زیندوو ڕاگرتنی نەخۆشەوە هەیە – خزمەتگوزارییەکی مرۆییە کە نابێت جیاوازی لە نێوان نەخۆشەکاندا بکات و دەبێت دوور بێت لە جیاکاری لەسەر هەر بنەمایەک بێت. بەڵام ئەمە بۆ ژنان، و بە تایبەتی لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا، وا نییە. وە ئەم جیاکاری و توندوتیژیە بەرامبەر ژنان لە چینە هەژارەکان و گروپە پەراوێزخراوەکانی تری کۆمەڵگا، وەک پەنابەران و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان، هەروەها کچانی هەرزەکار و گەنج و ژنانی بەساڵاچوو زیاد ترە. توندوتیژی دژی ژنانی دووگیانی ئەم توێژانە چەند قات زیاترە. کاتێک دێینە سەر باسی قوربانیانی دەستدرێژی سێکسی (اغتصاب)، ئەم توندوتیژیە دەچێتە قۆناغێکی ترەوە، بەتایبەتی لە کۆمەڵگاکانی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە کۆمەڵگا هەر نایەوێت دەنگی ژنە دەستدرێژی لەسەر کراوەکە ببیسترێت، و هەوڵ دەدرێت دووگیانییەکەی بە بێدەنگی و بە بێ “هەراسانکردنی کۆمەڵگا” کۆتایی پێبێت! بەم پێیە و (بەپێی خەمڵاندنی کۆمەڵگا)، ژنەکە تاوانبارە بەوەی کە بێ گومان خۆی هانی دەستدرێژیکارەکەی داوە، وە یان خۆی خستۆتە دۆخێکەوە کە هانی ئەوی دابێت دەستدرێژی بکاتە سەری، ئیتر چۆن بۆی هەبێت بوێرێت گلەیی لە ئازارەکانی دووگیانی و منداڵبوون بکات.
توێژینەوەیەک کە لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە لە چوار وڵاتی غانا، گینیا، میانمار و نەیجیریا لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامدراوە، دەری دەخات کە سێیەکی ژنان لە کاتی منداڵبووندا تووشی ئازاردان دەبن، وە بە تایبەتی بەینی ٣٠ خولەک پێش منداڵبوون و ١٥ خولەک دوای منداڵبوون توشی ئازاردانی جەستەیی یان دەروونی دەبن.

دووگیانی و منداڵبوون لە سەختترین و ناسکترین قۆناغەکانی ژیانی ژنە. لە هەموو کاتێک زیاتر ئەم کاتانە پڕ لە مەترسی و ئاڵۆزییە تەندروستیی جەستەیی و دەروونییەکانن، کە ڕەنگە کاریگەرییەکانی بە درێژایی تەمەن بمێنێتەوە. ئەوەی جێی داخە و مایەی بێ ئومێدیە، ئەوەیە کە زۆربەی ئەم ئاڵۆزیانە دەتوانرێت ڕوو نەدات. کاتێک ژن بە ئیرادەی سەربەخۆی خۆی مافی دووگیان بوون و منداڵبوون بەکاردەهێنێت، بە پاڵپشتی هاوژین و خێزان و کۆمەڵگا، بە دامەزراوە پزیشکییەکانیشەوە، ئەمە دەبێت ڕووداو و ئەزموونێکی دڵخۆشکەر بێت لە ژیانیدا، بەڵام هەبوونی توندوتیژی و هەڵاواردن لەسەر بنەمای ڕەگەز، جا لە ماڵەوە بێت یان لە دەرەوە یان لەو شوێنانەی کە خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان پێشکەش دەکرێت هەندێک جار دەیکاتە ئەزموونێکی تاڵ و ئازاربەخش، ژن بە هەستێکی شکاوەوە لێ دێتە دەر.
بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: “ژنان لە سەرانسەری جیهاندا لەکاتی منداڵبوون لە دامەزراوە پزیشکییەکاندا بەدەست بێ ڕێزی، ئازاردان یان پشتگوێخستنەوە دەناڵێنن و ئەم کارانەش پێشێلکردنی مافەکانی ژنانە، و ڕەنگە ببێتە هۆی سڵەمینەوەیان لە بەکارهێنانی خزمەتگوزاری چاودێری تەندروستی دایکان، ئەمەش ڕەنگ دانەوەی لەسەر باری تەندروستی و خۆشگوزەرانیان دەبێت”.
لە فۆرمەکانی توندوتیژی: سووکایەتی پێکردن، لۆمەکردن، هاوارکردن بەسەر ژندا، جنێودان، توندوتیژی جەستەیی، شەق وشەقازلە لێدان، پشتگوێخستنی داواکارییەکانی ژنان بۆ دەرمانی ئازارشکێن و دەرمانی تری پێویست، تۆمەتبارکردنیان بەوەی کە “لاوازن” و “بەرگەی ئازار ناگرن” و هتد. فۆرمەکانی توندوتیژی لە کاتی دووگیانی و منداڵبووندا زۆرن و پلەکانیان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە، بەو پێیەی شوێنانێک هەن کە هەنگاوی گەورەیان بەدەستهێناوە لەم بوارەدا، بەڵام هێشتا دیاردەیەکی باو و “ئاساییە”، کە هەندێک وەک پەتایەک سەیری دەکەن کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی چاوپۆشی لێدەکرێت. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە باسکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر ژنی دووگیان هێشتا بابەتێکی تابۆیە، تەنانەت ژنان خۆیان درکیان بەوە نیە کە مامەڵە کردنیان لە کاتی منداڵبووندا دەتوانرێت بە دەستدرێژی هەژمار بکرێت.

کەمیی هۆشیاری لە سەر ئازارە ئاسایی و چاوەڕوانکراوەکان و ئەوانەی کە لە کاتی دووگیانیدا ئاسایی نین، لەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی سەرلێشێواوی و دڵەڕاوکێ بۆ ژنان. دووگیانی بەرپرسیارێتییەکی یەکجار گەورەیە لەسەر شانی ژن و سروشتییە کە ئەو خەمی تەندروستی کۆرپەلەکەی بێت. لە لایەکەوە دەبێت دڵی هاوسەر و کەسوکاری هاوسەریشی ڕابگرێت، چونکە هەر ئاڵۆزیەک ڕووبدات ئەو لۆمەی دێتە سەر، و لە لایەکی کەوە، سەرنجی نەرێنی دێتە سەر و تۆمەتبارکردن بەوەی “خۆڕانەگر” و “ترسنۆکە”.

پشتگوێخستنی سکاڵای ژنی دووگیان و گوێنەگرتن لێی، لەوانەیە لە لایەکەوە ببێتە هۆی لەدەستدانی متمانەی بە دامەزراوە پزیشکییەکان و لە لایەکی کەشەوە لەوانەیە ببێتە هۆی دواکەوتنی دەستنیشانکردنی ئاڵۆزییەکان و هەندێک جاریش ئەنجامی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە.
هەروەها توندوتیژیی لە کاتی منداڵبووندا کاریگەری لەسەر ژن بۆ دوای منداڵبوونیش دەبێت، چونکە ڕەنگە بەهۆی ئەو ئازار و توندوتیژییەی کە لەو کاتەدا تووشی بووە، بینینی منداڵەکەی ڕەتبکاتەوە. جگە لەوەش هەست شکاندنی وا دەکات ئاسوودەیی خۆی لەدەست بدات و تووشی خەمۆکی دوای منداڵبوون و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانی خودی ژنەکە و هەروەها منداڵەکانیشی.

تەندروستی ژنان و تەندروستی زاوزێ بەشێکی دانەبڕاوە لە تەندروستی گشتی لە هەر وڵاتێکدا، جا لە سیستەمی تەندروستی گشتی بێت یان تایبەتیدا بێت. وە بەو پێیەی تەندروستی ژنان و منداڵان بەشێکی گەورەی تێچووی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان پێکدەهێنێت، دەبینین کە ئەو وڵاتانەی سیستەمی تەندروستی گشتی تیایە ئەمە بە قورساییەک دادەنێن (کە خۆیان لە ئەصلدا و لە باشترین حاڵەتدا ئەم سیستەمانە بودجەی پێویستیان نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستی گشتی دانیشتووان)، و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەوڵەت نایەوێت خەرجی پێویستی بۆ دابین بکات.
لە لایەکی کەوە لە سیستمە تەندروستییە تایبەتەکان تەندروستی ژن وەک نێچیرێکی چەور دەبینن بۆ تێر کردنی چاوچنۆکی وخولیای شێتانەیان بۆ قازانج. لێرەدا تەندروستی ژن دەبێتە فشار لە سەر بودجەی خێزانەکەی، ژنەکەش خۆی لە خەمی داهاتی خێزانەکەیدا دوودڵ دەبێت لە خەرجکردن بۆ تەندروستی خۆی. ڕاپۆرت هەیە باس لەوە دەکات کە ژنان یان منداڵەکانیان لە دامەزراوەکاندا ڕاگیر دەکرێن هەتاکو پارەی نەخۆشخانەکە ئەدەن.

توندوتیژی تەندروستی دامەزراوەیی ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە باوەکانە:

هۆکارەکانی توندوتیژی تەندروستی دامەزراوەیی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتی پیاوسالارانەی کۆمەڵگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە پیاوسالارییە باوەکان، بەتایبەتی لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ژنان بەدەست پەراوێزخستن و توندوتیژی و سووکایەتی پێکردن و زەلیلبوونەوە دەناڵێنن، ئەگەر سکاڵا بکەن، دەوترێت “هیستریای هەیە”، “زۆر ئەڵێت”، “ناسکە”، “هەمیشە بۆڵەبۆڵ دەکات”، یان “ناز ئەکات”…هتد. ئەم بۆ چوون و تێڕوانینانە بەرامبەر بە ژن لە ڕووی مێژووییەوە، سەرچاوەی بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی باوەڕی باو ئەوە بوو کە ژن بەهۆی منداڵدانەوە ناهاوسەنگە. وئەمانە هێشتا بوونیان هەیە و ڕەگ و ڕیشەیان لە بیرکردنەوە و مێشکی مرۆڤەکانی کۆمەڵگاکانی ئێمەدا چەسپیوە، و ئامانج لێی بەکەم زانین و بچوک سەیرکردنی ئازار و ئەشکەنجەکانی ژنانە. هەندێ جار گوێبیستی دەستەواژە و کۆمێنتێکی لەم شێوەیە دەبین، وەک ئەوەی ئاسایی و قبوڵکراو بێت و زۆرجاریش تەنانەت لە چوارچێوەی نوکتە و گاڵتەجاڕی دێن. سەیریش نییە ئەو کەسەی ئەو کۆمێنتانە دەڵێت، ستایش و ڕەزامەندی گوێگران وەربگرێت، وەک ئەوەی ڕێک قسەی دڵی ئەوانی کردبێت بەرامبەر بەو ژنەی کە باسی لێوە دەکرێت.
کارمەندانی تەندروستی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ئەندامی کۆمەڵگاکەن و هەڵگری بیرۆکە و بۆچوونە باوەکانی ناو کۆمەڵگان. سروشتیشە کە ئەوان هەمان بیرۆکە و تێڕوانینەکان بگوێزنەوە بۆ شوێنی کارەکانیان. ئەوەی لە چوارچێوەی دیواری ئەو دامەزراوانەدا (کە بۆ چاودێریکردنیان لە کاتی پێویستیدا دروستکراون)، بەرامبەر ژنان ڕوودەدات، درێژکراوە و ڕەنگدانەوەی توندوتیژی و هەڵاواردنی دژی ژنانە لە کۆمەڵگادا بە گشتی دەگوزەرێت. بە کەم سەیرکردنی ئازارەکانی ژنان و پشتگوێخستنی کێشە تەندروستییەکانیان و ئازارەکانیان لە کاتی دووگیانی و منداڵبوون و بە جددی وەرنەگرتنیان لە دامەزراوە تەندروستییەکانی سەرتاسەری جیهاندا باوە. ئەمە هەمان بۆ چوونە کە سکاڵای قوربانیانی توندوتیژی خێزانی لە بنکەکانی پۆلیسدا وەک بابەتی خێزانی “بێ بایەخ” دادەنرێت و پشتگوێ دەخرێت بەوەی کە شایەنی کات و ووزە تیا سەرف کردنی دەزگاکانی نیە.
ئامار و زانیاری تۆمارکراو زۆر کەم هەیە لەسەر توندوتیژی تەندروستی دژ بە ژنان بەتایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هۆشیاری لەم بارەیەوە لاوازە چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگا یان دامەزراوەکان، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە ڕۆشنایی بخرێتە سەر ئەم لایەنە گرنگ و شاراوەیەی توندوتیژی دژی ژنان.

شێرین عەبدوڵڵا
10.8.2023




کتێب\ فەلسەفە.. پێش فەلسەفە تا مردنی نیتچە.. فوئاد سدیق

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




سوودەکانی وێنەکێشان بۆ منداڵان.. محەمەد بەرزی

بە گشتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا منداڵان زیاتر حەزیان لە سەیرکردنی تەلەفزیۆن و ڤیدیۆ و یارییە ئەلکترۆنییەکانە ، کە سوودیان زۆر کەمترە لە وێنەکیشان ، چونکە وێنەکیشان دیاردەیەکی هیوا بەخشە ، مێشکی منداڵان چالاک دەکات ، شێوازێکە بۆ دەربڕینی تێگەیشتنی خۆیان دەربارەی جیهان و هەموو ئەو شتانەی گرنگن لایان . یان کردارێکە ، کە هەموو منداڵیک لە تەمەنی دە مانگییەوە تا تەمەنی گەورەیی ، بە شێوەیەکی سروشتی بەشداری تێدا دەکەن ، بە تایبەتی لەو کاتەوەی بۆ یەکەمجار پێنووس دەگرن بە دەستییانەوە و لەسەر پارچە کاغەز و ڕووبەرێکی بەردەمیان هێڵێک ، یان چەند هێڵێکی خواروخێچی ڕەنگاوڕەنگ دەکێشن و بە ڕەنگەکانیش سەرسام دەبن . سەرئەنجامیش بە شێوەیەکی خۆرسکی بەشداری لە وێنەکێشاندا دەکەن و لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا پەرە بەو هێڵانە دەدەن . پاشان وردە وردە وێنەکانیان باشتر و جوانتر دەبێ و سەرەتایەکیش دەبێ بۆ فێربوونی نووسین . بە گشتیش سوودەکانی وێنەکێشان بریتیین لەم خاڵانەی لای خوارەوە :

١- وێنەکێشان ماسولکەکانی دەست و پەنجەکانی منداڵان بەهێز دەکەن ، وەرزشێکە بۆ ماسولکە گەورەکانی شان و قۆڵیان ، لە ئەنجامیشدا مەشقی جوڵاندنی دەست و پەنجەکانییان ، یارمەتیدەرێکی زۆر چاکن بۆ فێربوون و ئاسانکردنی نووسین . هەر بۆیە پیویستە بە گوێرەی توانا ، ئامراز و
کەرستەی جۆراوجۆریان بۆ دابینبکرێت ، تا هێزی پەنجە و گرتنی پێنووس و جووڵەی دەستیان باشتر بێت و بتوانن فێری نووسین بن .
٢ – لە سەرەتای منداڵیدا بە خێرایی پەیوەندی لە نێوان دەمارەکانی مێشکی منداڵدا دروست دەبێ . کاتێک وێنە دەکێشن زۆرێک لە هەستەکانییان بەکاردەهێنن ، بەمەش مێشک دەکەوێتە بیرکردنەوە ، وەک ناسینەوەی ڕەنگ و نەخش و هێڵکاری … و هتد . بەگشتیش وێنەکێشان و ڕەنگکردن ، نیشانەی گەشەکردنی ئاستی بیرکردنەوەی منداڵانە و مێشکیان ڕادەهێنن باشتر و وردتر بیربکەنەوە و پەرە بە بەهرە و داهێنانەکانیان بدەن .
٣ – وێنەکێشان وا لە منداڵ دەکات چاوەکانی بە ئاڕاستەی جوڵاندنی دەستەکانی بەکاربهێنێ . هەماهەنگی چاو و دەستیش خۆی لە خۆیدا وەرزشێکە و سودی بۆ نووسین و خوێندنەوە و کاری ڕۆژانە هەیە ، وەک گرتنی : پێنووس ، کەوچک ، چەقۆ ، چەتاڵ ، فڵچەی دان و بەکارهێنانی ئامێرەکانی مۆسیقا و پۆشینی جلوبەرگ و داخستن و کردنەوەی قۆپچە و بەستن و کردنەوەی قەیتانی پێڵاوەکانیان .
٤ – لە ڕێگای وێنەکێشانەوە هەلی پەیوەندی لە نێوان وشە و ئەو وێنانەدا دروستدەبێت ، کە دەیکێشن و ناویان لیێ دەنێن . زۆرجار لەگەڵ گەورەکان و هاوتەمەنەکانیاندا باسی ئەو وێنانە دەکەن ، کە دەیانەوێت ئەنجامی بدەن . لەکاتی وێنەکێشانیشدا بیر لەو وشانە دەکەنەوە ، کە لە مێشکیاندایە . دوای تەواو بوونیێش باسی وێنەکان دەکەن . گفتوگۆش دەربارەی وێنەکانیان پەرە بە تواناکانی زمانیان دەدات ، کارێکیش دەکات بە شێوەی زارەکی بیرۆکەکانییان دەرببڕن . بێگومان وا باشترە داوا لە منداڵان بکرێت سەیری وێنەکانیان بکەن و هەر خۆشیان ناویان لیێ بنێن .
٥ – هونەری وێنەکێشان ئاسۆی خەیاڵی منداڵان فراوان دەکات . مێشکی بچووکیان دەست دەکەن بە تێگەیشتن لە جۆرە جیاوازەکانی ڕەنگەکان ، بە تایبەتی کاتێک ڕەنگەکان تێکەڵ دەکرێن . لەوەش دەگەن کاتێک دەست لە پێنووس دادەگرن ، هێڵەکان تۆختر دەبن ، کاتێکیش دەست سـووک دەکــەن کـاڵ دەبنەوە .
٦ – لە تەمەنێکی بچووکدا چێژ لە وێنەکیشان و ڕەنگکردن وەردەگرن ،
ئەمەش کارێک دەکات منداڵ بیربکاتەوە و باشتر وردبێتەوە و زووتریش فێری نووسین و خوێندنەوە بێ و پێویستی بە کاتی زۆر و بێزارکەری بۆ ئەو دوو بوارە نەبێ . لە ڕاستیدا توێژینەوەکانیش زۆر بە جوانی ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە ، ئەو خوێندکارانەی خەریکی وێنەکیشان و هونەرن ، لە چاو ئەو منداڵانەدا ، کە بەلای وێنەکێشاندا ناچن ، لە بابەتەکانی : بیرکاری و زانست و دۆزینەوەی چارەسەری کێشەدا ، ئاستێکی زۆر بەرز و باشتریان هەیە .
٧ – منداڵان لە کاتی وێنەکێشاندا ئاشنای شێوە جیاوازەکان دەبن . دروستکردنی ئەو شێوانەی ، کە چەمکی بیرکاری لە خۆ دەگرن ، کارێک دەکەن تا ڕادەیەک لە ئەندازە تێ بگەن . ئەمەش یارمەتی منداڵان دەدات بۆ ڕێکخستنی زانیارییە بینراوەکان و گرنگی دان بە وردەکارییەکان . هەر بۆیە واباشترە باسی ئەویان بۆ بکرێت ، کە خۆر لە تۆپی باسکە دەچێت ، یان هەندێک شەو مانگی ئاسمان لە بازنەیەکی تەواو دەچێت و هەندێک جاریش لە نیوبازنەیەکی چەماوە دەچێت . پاشان یارمەتییان بدرێن شێوەکانی دەوروبەریان بناسنەوە و لەسەر کاغەزیش وێنەیان بکێشن .
٨ – وێنەکیشان و ڕەنگکردن کاریگەریان لەسەر هێورکردنەوە و پاراستنی تەندروستی دەروونی منداڵاندا هەیە ، هەر بۆیە پێویستە یارمەتییان بدرێن و بە شارەزایی ڕینموونی بکرێن ، تا وێنەکێشان ببێت بە بەشێک لە خولیاکانییان و لە کاتی پەستی و بێزاریدا خەمەکانییان لە بیربکەن .
٩ – منداڵی بچوک لە هەندێک شت تێناگات ، وەک دووری ، بەراوردکردنی قەبارە و جیاوازی نێوان پێکهاتەکان . بێگومان وێنە کێشان دەرفەتێکی تەواو بۆ منداڵ دەڕەخسێنێت ئەو چەمکانە فێربێ . هەر بۆیە وا چاکە هانی منداڵ بدرێت ئەو جۆرە وێنانە بکێشێت ، کە جیاوایان لە نێواندا هەیە . وەک : وێنەی گەورە و بچوک ، ڕاست و خوار ، زبر و ساف و دوور و نزیک و… هتد.
١٠ – منداڵ ئەو توانایەی نییە بە وشە هەستەکانی خۆی دەرببڕێت . بێگومان وێنەکیشان ڕێگا دەدات بە منداڵ هەست و بیرکردنەوەکانی دەرببڕێت . جگە لە دەربڕینی هەستەکانی ، دەتوانێ خەیاڵەکانیشی بخاتە بەرچاوی هاوڕیێ و ئەندامانی خێزانەکەشی . ڕۆڵێکی سەرەکیشی هەیە بۆ پەرەپێدانی کەسایەتییەکەی و بە ئاسانیش پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک و هاوتەمەن و دراوسێکانی دا بۆ دروست دەکات .
١١ – وێنەکێشان یارمەتی منداڵان دەدات تواناکانی جوڵەی ورد ( دقیق ) ی دەست و چاوەکانیان باشتر بێ . دیارە جوڵەی وردیش بریتییە لە بەکارهێنانی جوڵەی مەچەک و دەست و پەنجەکان بۆ : پۆشینی جلوبەرگ ، خواردن ، پاککردنی سەوزە و میوە ، بەکارهێنانی مەقەست ، ڕێکخستنی کەلوپەلەکان ، ژەنینی ئامێرەکانی مۆسیقا و وەرزشکردن و .. هتد. بێگومان وێنەکیشان هۆکارێکە بۆ پەرەپێدانی ئەو جوڵەیە .
١٢ – دروستکردنی پێشانگایەکی تایبەت لە ناو ماڵدا ، وەک دانانی وێنەکانی منداڵان لەسەر دیوار ، یان لە شوێنێکی دیاریکراوی ماڵدا ، ورە و خولیا و ئارەزووی منداڵ بەرزدەکەنەوە و زیاتر باوەڕیان بە خۆیان دەبێ ، پاڵنەرێکیش دەبی بۆ بەردەوامی و دروستکردنی وێنەی نوێ ، لە هەمان کاتدا دیکۆرێکی جوانی دڵڕفێنیش بۆ ماڵەکە زیاد دەکات . پاشان ئەگەر منداڵەکەت توانا کێبڕکێی هەبوو ، وا باشترە لە پیشانگاکاندا هاوبەشی بکات ، تا وزە و حەز و ئارەزووی زیاتر بێ و بە شەوقەوە بەردەوام بێ .
لە دوجاردا و بۆ ئەوەی هانی منداڵەکەت بدەی لە وێنەکێشاندا بەردەوام و سەرکەوتوو بێ ئەوا :
١ – هەموو پێویستییەکانی وێنەکێشانی بۆ دابین بکە .
٢– وێنەی لەگەڵدا بکێشە ، تا بزانێ تۆش حەز و ئارەزووی وێنەکێشانتان هەیە.
٣ – گرنگی تەواو بدە بە وێنەکانی ، پرسیار و قسە لەسەر شێوە و ڕەنگ و هیڵ و بیرۆکەی وێنەکانی بکە .
٤ – پرسیاری ئەوەی لێ بکە بەنیازە لە داهاتوودا چ وێنەیەک دەکێشێت ، تا هاندەرێک بێت بۆ بەردەوامی و وێنەی زیاتر .
٥ – نابێ بەهێج جۆرێک وێنەیەکی دیاریکراوی بەسەردا بسەپێنیت ، پێویستە خۆی لە وێنەکیشاندا بە تەواوی ئازادبێ .
٦ – وەک سایە لە دەوری بە ، هانی بدە و وێنەکانی بە هەند وەربگرە ، هەمیشە دەرگای دڵ و مێشکی خۆتی بۆ بخەرە سەر پشت ، تا ئەستێرەی بەختی بەرەو دواڕۆژێکی گەش و ڕووناک بکشێت .


تێبینی : ئەم بابەتە لە چەند سایتێکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە . وێنەکەش منداڵە جوانەکانی ( باخچەی دڵسۆزی ) ی سلێمانییە .




ئامۆژگاری.. پشکۆ ناکام

…… دوا بە دوای کۆتایی هاتنی کارەکەی ” بۆل برێمەر”ی حاکمی مەدەنی عێڕاق ، نامەیەکی پڕ لە ئامۆگاری ناردوە بۆ ” جۆن نیگرۆ بونتی”ی یەکەم سەفیری ئەمریکا لە عێڕاق دوای لابرنی “صدام حسین” لە دەستەڵات و لە ڕۆژنامەی”واشنتن پۆست”ی ڕۆژی 25/12/2004بڵاوبۆتەوە و بۆی نووسیوە چۆن مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێڕاقی”ئەنجومەنی کاتی حوکم”کە موخابەراتی ئەمریکی داینابوو بکا کە تیایا هاتوە :
1) هەرگیز بڕوا بەوانە نەکەی کە پەنامان یان و تێرمان کردن ، نیوەیان درۆزن و نیوەکەی تر دز..
2) ساختەچییەکن کە قەت بەرەو ڕوو نازانی چییان لە پشت سەرەوەیە ،،.
3) وەک خەڵکی باش و ساکار و بە ویقار خۆیان نیشان ئەیەن ، خاوەن باوەڕ و بە ئیمان ، بەڵام لە ڕاستیا ڕێک پێچەوانەی ئەوەن ، لە زۆر حاڵەتا بڵح و بێ حورمەت و مەرام پیسن..
4) ئاگادار بە بەقسەی نەرم و نیان هەڵنەخەڵەتێ ی ،کاتێ کە خۆیان بە دڵسۆز و بەئەمک ئەخەنە ڕوو بۆت دەر ئەکەوێ چ بەرازێکی دڕن، لە ئێسقان خواردنی دایک و باوکیشیان سڵ ناکەنەوە جا نەخوازەڵا ووڵاتەکەیان ، بیرت بێ کە هەموو ئەوانەی هوتافیان ئەکێشا یان لەسەر جادە و بانەکانی دونیا بە هەموو نەتەوە و مەزهەبەکانیانەوە کۆمان ئەکردنەوە ، بەکرێ گیراوێکن تەنها خۆیان خۆش ئەوێ..
5) لە ساختەچێتیا وەستان و وەک” گورگ” فێڵبازن ، چونکە ئێمەش خۆمان فێرمان کردوون کە موهەڕیجی هەزار ڕوو بن ..
6) نایانەوێ عێڕاق بەجێ بهێڵین و حەز ئەکەن لە هەموو کۆڵان و گەڕەکێکا بین و بنکەی سەربازیمان لە هەموو شارێکا هەبێ و ئامادەن ئەو باغ و کۆشکانەی دەستیان بەسەرا گرتوە بیکەن بە سەربازگەی هەمیشەیی بۆ هێزەکانمان چونکە ئەوە گەرەنتی پرۆسەی بەردەوام بوونیابە بۆ مانەوەیان لەسەر حوکم و ڕێگەیەکی لەبەردەستە بۆ مانەوەیان لە ژیانا ، بۆیە ئەبینین چۆن ترس ئەیانگرێ و ڕۆح چوون بە دەم و چاویانا دەرئەکەوێ چونکە مۆتەکەی پاشە کشەی ئێمە شەو و ڕۆژ بە دوایانەوەیە و پێ داگریی لە مانەوەی هێزەکانمان و بوە بە دیارترین بابەتی ووت و وێژەکانی سیاسەتی دەرەوەی” کۆماری ناوچەی سەوز”..!!
7) مامۆستای قسەی بەتاڵ و چەنەبازین بە شێوەیەک کە بەرامبەرەکەیان سەرسام ئەبێ پێیان ، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکا گێل و ڕەزا قورسن هیچ کامیان ناتوانێ تەنانەت لە نێو هاوڕێ و برادەرە نزیکەکانی جێ ی خۆی بکاتەوە..
8) بێ فیکر و لە ڕووی سیاسییەوە فاشیلن ، یەکێکیان نابینی کە دیدێکی قبوڵکراوی بۆ چارسەری کێشەیەک هەبێ ، یان ڕایەک دەرنابڕێ تا میزاجی شەخسی خۆی تێکەڵ نەکا کە ئەبێتە دەربڕینێکی سەقەتی خۆ پەرستی و حیزبیی بێ گوێ یانە هیچ ئیعتیبارێکی نیشتمانی و بابەتی..
9) زۆر باش ئەزانن کە میللەت پەراوێز خراوە و هیچ پێزانین و ئیعتیبارێکیان لای خەڵک نیە چونکە هەر لە سەرەتای دەست گرتنیان بەسەر دەستەڵاتا “ئەنجومەنی کاتی حوکم” سەلمانیان کە چیتر نین جگە لە کاڵایەکی بەکار هێنان و ئاست نزمێکی بازاڕی شەڕ و ململانیە شەخسیە هەرزانەکان..
10) ئەوان پێیان وایە ساختەچێتی کردن لە خەڵک زیرەکییە و وەعد و وەعدکاری زاناییە و بردنی پارە و قووتی خەڵک دەستکەوتی جەنگە ، بۆیە ئەیانبینی کە چۆن سامانی ووڵات بەحەلاش و بەلاش ئەڕوا و ئەبینی کە گەورە و بچووکیان ساختەچی و دوو ڕوون ، عەمامە بەسەر و کاکی عیلمانیان وەک یەکن، شەهیەتیان ئەچێتە سەر هەموو شتێ: داهاتی گشتی و قوڕاویش..بە هەموو بێ ڕەوشتییەکەوە پەلاماری هەموو کەسێک ئەیەن..

بەڵام سەرەڕای هەموو ترس و ئاگادار بوونێک ووریا بە کەسیان تەرە نەکەی چونکە ئەوان لە ڕووی فیکر و ڕەفتارەوە نزیک ترین کەسانی پڕۆژەکەمانن ، لەم قۆناغەی ئێستایا ئەوان گەرەنتییەکی مسۆگەرن بۆ جێ بە جێ کردنی کارەکانمان ، هێشتا بە پێ ی ستراتیجی وولایەتە یەکگرتوەکان پێویستمان بە خزمەتەکانیان هەیە ، چەن ساڵێکی تریش ئەخاێنێ بۆ کۆتایی هێنان بە دەستەڵاتەکانی هەیانە ،چونکە ” کاڵایەکی بەکارهێنانی کاتیی”مؤقت”ن” …هێشتا کاتی گوێ پێ نەیان یاخود فڕێ یانیان نەهاتوە…..

“”””””””””””””””””””
( لە دەقێکی ڕۆژنامە نووس “علاء الخطیب” – لندن- وەرگیراوە..)