لە ئاهەنگی هاوسەرگیری کچەکەمدا.. بەکر ئەحمەد

بۆ پەریا

بە سویدی دەڵێن: هیچ پرسیارێک گەوجانە نییە. بە کوردییەکەی، هیچ پرسیارێک قۆڕ نییە. ئەمە بەشێک لە کولتوری پرسیارکردنە، ئەگەر چی پرسیارەکەیش هەتا بڵێی ناقۆلا و ناشایستە بێت، ئینسان هاندەدرێت بپرسێت.
بۆ ئەوەی ڕاستی و دروستی ئەم دەربڕینە بسەلمێنم، لە “ئارۆن”ی حەوتساڵە دەپرسم.
لە ناو خێزانی خۆماندا، تۆ کاممانت لە هەمووان زیاتر خۆشتردەوێت؟
لە ڕاستیدا، ئینسان پێویست ناکات مندالەکانی دووچاری فشاری وا بکاتەوە. بەڵام وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، پرسیاری قۆر دەکرێ جۆراوجۆر بێ. ئەمەش یەکێک لەو پرسیارە قۆرانەیە.
من خۆمم زۆر تر خۆشدەوێت. ئەو لە وەڵامدا وا دەڵێت.
پەروەردەیەکی کولتوری خۆرهەڵاتییانە، ئەم جۆرە لە ریزبەندی تێدا نییە کە لە ریزی یەکەمدا مندال و لە دوایشدا دایک و باوک بێت. وەلامێکی لە پێشدا ئامادە بۆ ئەم پرسیارە لە مێشکی مندا دەزرنگێتەوە: من دایکم یان باوکم زیاتر خۆش دەوێ. بەڵام ئارۆنی حەوتساڵە وا ناڵێت. هەر بۆیەش وەڵامەکەی ئەو، من ناچار دەکات کە بەسەرهاتی ئاخاوتنەکەی من و ئەو، بۆ یەکێک لە هاوڕێکانی سەرکارم بگێرمەوە.
هاورێکەم لە وەڵامدا دەڵێ: دڵنیابە منداڵێکی زیرەک و تەندروستت هەیە. ئاخر ئەگەر ئینسان خۆی خۆش نەوێت، بێگوومان کەسی دیکەیشی خۆش ناوێت.
ئەگەرچی منداڵەکانم خۆیان خۆش دەوێت، دایک و باوکی خۆشیان خۆش دەوێت، لە ناو بازنەی خێزانیدا کەسانێکی دیکە هەن کە خۆشیان دەوێن، بەڵام ئەوە جۆرێکی دیکەی خۆشویستنە کە گەواهی شایستەبوونی ئەوان و گوونجاوبوونی ئەوان دەسەلمێنی لە ژیانی رۆژانەیاندا.
بۆیەش خۆشەویستی تەرەفێکی دیکەی دەرەوەی ئەم بازنە خۆشەویستییە، گەلێک لەم خۆشەویستییە خێزانییەی کە دەووری منداڵی داوە قورسترە و جێگایەکی زۆر تایبەتیتر لە ژیانی ئەواندا داگیردەکات. ئەویش لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە ئەوان لەلایەن کەسێکی دیکەوە دەبینرێن کە لە دەرەوەی بازنە سروشتییە پرسیارهەڵنەگرتووەکەی خۆشەویستی ناو خێزانەوەیە. هیچ نەبێ تا ئەو گەواهیە بەدەست بێنن کە دەڵێ: “من شیاوم و کەسێکی دیکەش دەکرێ پەسەندم بکات و بمبینێ”. ئەم چرکەی بینینە وزەی متمانەبەخۆبوونێکی وایان دەداتێ کە مەگەر ریکلامەکەی “رێد بوول”، بتوانی دەربری هەستەکەی بێت: ئەم جۆرە لە خۆشویستن ، باڵت پێدەبەخشێ.
هەر بۆیە، من ئەو ڕیزبەندییە نۆرماڵەی کە باوکی بووک دەبێ لە پێشکەشکردنی وتەکەیدا لە کچەکەی خۆیەوە دەست پێبکات لادەدەم و هاوسەری وی دەخەمە ڕیزی پێشەوە.
دەڵێم: کوڕی گەنج! من وەک باوكیک سەربەرزم ، دڵشادم و خۆم بە باوکێکی ڕێزلێنراوی گەورە دەزانم کاتێک تۆ کچی من هەڵدەبژیری وەک خۆشەویستی خۆت. ئەوە شەرەفێکی ئێجگار گەورەیە ، کە بە جیا لە خۆشەویستی سروشتی دایک و باوک بۆ كچەکەی، کەسێکی دیکە هەبێت کە ئەوی خۆشدەوێ و دڵشاد و بەختەوەری دەکات و دڵێکی گەورە و فراوانی بۆ دەکاتەوە. لەم گۆشەنیگایەوە، من دەبێت باوکێکی گەلەک بەختەوەر بم.
من لە کانگای دڵمەوە سوپاست دەکەم.
بەلام لێرەوە، لەم چیرۆکی خۆشەویستییەدا کە تیایدا ڕووخسارەکان دڵشاد و نیگاگاکان هێشتا لەناو فەزای هۆلەکەدان، سەرنجی کچەکەم دیلمدەکات و دەمباتەوە بۆ لاپەرەیەکی گرنگی رۆژژمێری ئەو، تا ئینسان هیچ نەبێت، ئەو سەرە داوانە ببینێت کە بۆمان دەگێرێتەوە کە چۆنە ئەمڕۆ ئێمە لێرەین.
ئەو شەوەی کچەکەم هات، عێراق و کوردوستان، بە قسەی سوییدییەکان، سەری لە عەرز و قاچییان لە ئاسمان بوو. بەڵام ئەو لە یەکەم رۆژی لە دایکبوونییەوە ، پێ لەسەر زەوی و سەریش لەو شوێنەی کە ئینسان چاوەروانی دەکرد لەویا بێت.
لاپەڕەیەک لە ڕۆژژمێری کچەکەم

له‌كوردستان له‌دایك بوویت
له‌ مۆسكۆدا قاچه‌كانت هه‌نگاو فێر بوون
له‌گۆنتبرگ لێوه‌كانت، گووڵی‌ وشه‌ی‌
زمانێكی‌ دیكه‌یان گرت
منداڵانی‌ ناو كه‌مپه‌كان هاوڕێی‌ تۆ بوون
كه‌چی‌ هیچیان بۆ مانگێكیش، له‌لات نه‌بوون
ناوه‌كانیانت ‌یاد نییه
به‌ڵام وشه‌ی‌ ماڵئاوایی ، به‌چه‌ند زمانی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ
چ زوو فێر بوویت؟
من بزانم، هێشتا زۆر جێگای‌ تر ماون
هێشتا زۆر كه‌مپی‌ تر ماون
ده‌م‌ و چاوی‌ وشه‌ی‌ ئه‌مڕۆی، به‌رپرسیاری‌ كه‌مپه‌كه‌مان
وای‌ پێ‌ وتم
هۆ كیژۆڵه‌ وردیله‌كه‌م!
هێشتا ناونیشانت ونه.
وا ئه‌مجاره‌ش
له‌م مه‌ڵه‌به‌نده‌ هه‌ڵتده‌بڕن
كاتێك پرسیاری‌ وه‌ستاوی‌
سه‌ر سنوورێكی‌ دیكه‌ دێ ‌‌و
لێت ده‌پرسێ‌: له‌كوێوه‌ دێی‌
بۆ كوێ‌ دەڕۆی ؟‌
ناوی‌ چه‌ند مه‌ڵبه‌ند ده‌بژێری
مار و په‌یژه‌ی‌ چه‌ند ڕێگایان نیشان ده‌ده‌ی‌
به‌زمانی‌ نیوه‌ ناچڵی‌ تازه‌ فێربووی‌
كام مه‌ڵبه‌نده‌
هه‌ستی‌ خۆتیان بۆ ده‌رده‌بڕی‌؟

بۆ منێک کە نیوەی تەمەنم لە دەرەوەی شوێنی لەدایکبوونی خۆم بەسەربردووە، لەو حەکایەتانە بێبەشم کە مندالەکانمان لە سەرزەمینی تازەدا لەگەڵیا گەورە دەبن. بەجۆرێکیش گەورەبوونی ئەوان لە ژینگەیەکی جیاوازتردا لە ژینگەی من، دەبێتە بیرهێنانەوەی ئەو جومگە کولتوری و پێوەرە کۆمەلایەتییانەی کە ئینسان لە منداڵی خۆیدا تاقیکردوونەتەوە و جیاوازییەکی تاڕادەیەک گەورەی لەگەڵ تاقیکردنەوەی منداڵەکانیدا هەیە. ئینسان کەم وکوڕیەکانی پەروەردی منداڵی خۆی و خاڵە گەش و پرشنگدارەکانی پەروەردەی نوێ منداڵەکان بە زەقی هەست پێدەکات. بە کورتییەکەی، مندالەکان دەبنە ئاوێنەیەک و دایک و باوک منداڵیی خۆیانی تێدا دەبیننەوە.

یەکێک لەو خاڵە سەرنجڕاکێشانەی کە لە هاوسەرگیری کچەکەمدا دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم، دیاردەیەکە کە لە سویدداد پێی دەڵێن: دانلەشەقەی باڵ، یان لەماڵدەرچوون.

منێک کە بەرهەمی شەستەکانی عیڕاق و کوردستانم، شتێک لە کۆڵەپشتەکەمدا نەبووە کە ناوی:”لەماڵدەرچوون” ە کاتێک ئینسان دەگاتە تەمەنی هەژدە. لەو چوارچیوە کولتورییەی مندا، ئینسان کاتێک ماڵی باوان جێدەهێڵێ و دەگوێزێتەوە، وەختێک هاوسەرگیری دەکات. ئەوسا ئەو فرسەتە دێتە پێش کە بتوانرێ، لەگەڵ هەزار دەری سەری دیکەدا، بدا لەشەقەی باڵ و ماڵ جێبێڵێت. ئەگەر ئینسان لە ریزی “خواپێداواندا” بێت، دەکرێ لە ماڵی باواندا تا پلەی خانەنشینی بە بێ هاوسەر یان هاوسەرەوە، هەموو تەمەنی بەسەرببات. پێموابێ، نە بابی من و نە باپیرانیشم زەڕرەیەک فیکریان بەخەساردابێت کە بۆچی دەبێ کەسانێکی دی لە دوای تەمەنی هەژدەوە، بە مەبەستی جیهێشتنی تەمەنی نەوجەوانی و قاچخستنە ناو تەمەنی گەورەبوونەوە ، دەبێ خاوەنی ماڵ و بڕیاری خۆیان بن.
ئەم جۆرە ژیانەی کە ئینسان قەت لە کۆمەلگاکەی مندا نادات لەشەقەی باڵ و لە دوای هەژدە ساڵییەوە هێلانەی خێزان جێناهێڵێت ، ڕەنگە ئاماژەیەکی سادەی لە دایکنەکبوونی تاک و تاکگەراییەک بێت کە تازە چەکەرەکانی لای ئێمە دەردەکەوێت. بێگوومان ئابووری، هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی ئەم فڕینە مسۆگەر بێت.

بۆیە کاتێک كچەکەم لە دوای هەژدەوە لە ماڵ دەرچوو، من لە تۆماری تاقیکردنەوە و رەفتارنواندنی ڕۆژانەمدا، هیچ ڕایەڵێکی کولتوریم لەخۆمدا شکنەدەبرد کە چی بکەم و چۆن چۆنی رەفتار بکەم. ئاخر من ونەوەی من، هیچ تاقیکردنەوەیەکمان لەگەل کولتوری:لەماڵدەرچوون و “لەشەقەی باڵ”داندا شکنەدەبرد. بە کورتییەکەی: من ئاسمانێکی واهیم نەبینی بوو، چونکە قەت ئەو پەڕ وباڵەم پێنەدرابوو تا تیایدا بفرم.

بۆیە کاتێک ئەو دای لەشەقەی باڵ، ماڵێکی چۆڵ، هەمیشە لە چاوەڕوانی ئێمەدا بوو. ئیتر شاتە شات و هاواری دایک وباوک لەگەل مندالاندا لەسەر لەخەوهەڵنەستان و ڕێکنەخستنی ژوورەکانی خۆ، فرێدانی جانتاو گۆرەوی لە چەقی ژووری دانیشتن و کۆنەکردنەوەی شتەکانی خۆیان ، کە بەشێکی ڕۆتینی ماڵێکی مندالدارە و فشاری ناڕەحەتکردنی دایک وباوکیشە، هەموو ئەمانە لە “ماڵدەرچوون”ی کچەکەمدا دەبنە ئەو دەنگە خوازراوانەی کە دەتەوێ دووبارە لە ماڵدا ببیسترێنەوە. ئینسان تا دەست لە دەمووچاوی ئەم بێدەنگییە کش و ماتەی دوای دەرچوونی منداڵەکان لە ماڵ نەدات، ناتوانێت بە چاوێکی کراوە و سروشتییەوە ، ئاشقی ئەو فەوزایە بێت.

بەلام ئاشقی ئەم فەوزا بوونە و خۆگوونجاندن لە دوای لەماڵدەرچوونەوە ، لە خاڵێکدا دەبێتە ڕاستییەک و جومگەیەکی گرنگ لە ژیانی من. بێگوومان نەک وەک باوکێکی ترادیسیۆنی کە بروای بە “سەربەخۆبوونی ژیان”ی کچەکەی نییە، بەلکو وەک خۆگونجاندنێکی ئینسانی لە دوای دروستبوونی ئەو بۆشاییەی لە دوای ونبوون و دیارنەمانی ئازیزانەوە پێک دێت. بۆ من ئەم ساتە لە ئێوارەیەکی ساردی نۆڤێمبەردایە لە ستۆکهۆڵمدا .

باوک و کچ پیکەوە لە دوای نانخواردنی ئێوارەوە ، هەر یەکەو بە شوێن نەخشەی گەرانەوەی خۆیانەوەن. کچ بۆ ماڵی خۆی و باوکیش بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتووە. کچ هەڵدەستێ ولە دوای باوەشێکی گەرمی پڕ لە خۆشەویستیەوە ، دەپەرێتەوە بۆ ئەوبەری شەقام. لەسەر یەکەمین قاڵدرمەی چوونەخوارەوەی ویستگای میترۆکەدا رادەوەستێ. دەستەکانی هەڵدەبرێت و لە ناو قەڵەباڵغی موسافیرانی مێترۆکەدا وندەبێت.
من لەسەر شۆستەی شەقامەکەی ئەمبەرەوە ڕاوەستاوم و چاوەکانم پر دەبێت لە فرمیسک.

ئیستا کچەکەم گەورەیە.
ئەو بە تەنها لەم قەلەباڵغییەی شەقامدا ڕێدەکات
ئەو کە لە ویستگای میترۆکەی لای ماڵەکەی خۆیەوە دادەبەزێت
بێ دوودڵی، بەبەردەمی تاکە دووکانی پڕ گەنجی ئەوئێوارە تاریکەدا گوزەردەکات
بە توولەرێی دارستانی پێش گەیشتنە لای ماڵەکەی خۆیدا ڕەتدەبێ

من لە شوێنی خۆم وەستاوم و چاوپڕ لە فرمێسک. خانمێکی پۆشتەی بالا کورت، لێم دێتە پێش: پیویسیتت بە یارمەتی هەیە. ئەو وادەڵێ.

لە ئێستادا کە لەبەرانبەر ئێوەدا ڕاوەستاوم، چاوەکانم وەک ئێوارەکەی ستۆکهۆڵم پر لە فرمێسکە. ئەگەر کەسێکتان دەیەوی بپرسێ: پێویستت بە یارمەتی هەیە، من لە وەڵامدا دەڵێم: بەڵێ، پێویستم پێیەتی. ئەویش لە ڕیگای کردنی ئەم ئاهەنگەی ئەمڕۆمانەوە، بە شادییەک کە فەرامۆشی ئاسان ناتوانێت لە نێوان پێچ و پەناکانی خۆیدا، ، پەنهانی بکات.
ئازیزان!
با لەمرۆدا شادی باڵ بگرێ.

بەکر ئەحمەد
20231001




مۆنۆدرامای ئەکتەر.. نیهاد جامی

لەناو دیکۆری شانۆنامەیەکی شکسپیرەوە، ڕەنگە ئەکتەرەکە پڕۆڤە بکات لەشانۆگەری ماکبێس، چونکە وەک لیدی ماکبێس نواندنێکی بێدەنگ دەکات بۆ لابردنی پەڵەی خوێن لەسەر پەنجەکانی، بەڵام لەپڕ لەگەڵ کارمەندی ڕوناکی هۆڵی شانۆ قسە دەکات، ئاماژە بۆ دوو بلاژیکتۆری بەرزایی شانۆکە دەکات.
ئەو دوو بلاژیکتۆرە داگیرسێنە، هەست دەکەم دەبێت بووەستم، پشوویەک بدەم.
زۆر باشە سوپاس، تۆش ئەتوانی برۆیت قاوەیەک بۆ خۆت بخۆیتەوە، دوای کاژێرێکی تر سەر لەنوێ دەست پێ دەکەینەوە.
ئێرە تاکە شوێنێکە بتوانم سەر لەنوێ ژیانی خۆمی تیا بنووسمەوە، من لەدایک بووم تاوەکو لەرێی شانۆوە گوزارشت لەخەمی ئەوانە بکەم کە وەکو خۆم هەست بە ئازار و برینی ژیان دەکەن، ڕەنگە هەر کاتێک ئەو چیرۆکە ببینن لەسەر شانۆ، دەشێت من خۆم وا نەبینم وەک ئەوەی لە چیرۆکەکەدا هەیە، بەڵام ئەوە ڕاستەقینەیە ئێمە لەرێی شانۆوە هەست بە خۆمان دەکەین ، زمان و کولتورەکان ناتوانن مەودایەک لەرێی سنوری شوێنەکانەوە بخولقێنن، ئێمە هاولاتی کۆماری شانۆین، ئاخۆ لەم ساتەدا چەند سیاسی سەر مێزی یاری کردن گالتەیان بەم قسەیەم دێت، لەکاتێکدا ئەوەی ئەو کۆمارەی ئێمە نەبینێت ناتوانێت کۆتایی دەسەڵاتی ئەوان ببینێت.
هەندێک کات ئەترسم بتوانن کۆمارەکەمان داگیر بکەن، بەو بیانووەی پێویستە سەربەخۆیمان تێکەلی سنوری ئەوان بێتەوە، تۆ هیچ کاتێک هەستت بەو مەترسیە کردووە؟ نا تۆ تەنیا دێیتە هۆلی شانۆ و وەک من ئەو ئازارە نابینیت، ئەوە منم بەدرێژایی کارکردنم هەمیشە ئەترسم دوو دڵم، ئەگریم، کەچی دیمەنی کۆمیدی بۆ تۆ نمایش ئەکەم، وا دەزانیت لەژیانمدا جارێک چیە نەگریاوم، من خەمی ئەو مرۆڤانە بەپێوە ڕایگرتووم، تاوەکو ئێستا لە زمانی یەکتری تێناگەین، کەچی شانۆ بۆتە یەک زمانی هاوبەشمان.
ئەبێت باشتر لەو دیمەنە خۆم ئامادە بکەم، نامەوێت ئەو مورکە کۆنە بە شانۆنامەکە ببەخشم، دەبێت شتێک هەبێت گوزارشت لە ئازاری ئێستای من بکات، بۆ ئازاری من؟ مەبەستم ئازاری ئەوانەی رۆژانە لەدەستی ئەشکەنجەی وڵاتەکانی خۆیان ڕا دەکەن، لێرەش سەر لەنوێ پۆلیسەکانی ئێمە ڕاویان دەنێن، مرۆڤ ئەگەر زۆر خراپیش بێت شایستەی ئەو هەموو ئازارە نیە، هەر بەڕاست ئاخۆ مرۆڤێک هەیە لەشانۆ بێت.. دۆستی شانۆ بێت، لەسەر کورسیەکی خراپی ناو هۆڵێکی شڕی مانگی ززستان بە بێ هیچ گەرمیەک دابنیشێت، ببورن باسی ئێرە ناکەم! باسی شوێنێکی دوور ئەکەم، کە هۆڵەکانی شانۆ بەم شێوەیەن، ئەوان دەچنە هۆلی شانۆ بەبێ ئەوەی پلیت ببڕن، ئەکتەرەکان تەنیا بە هاتنی ئەوان دڵخۆشن، هیچیان لێیان ناوێت.. تەنیا دەیانەوێت بینەران لەوێ ئامادەی نمایشەکەیان بن، نا ئەوە شێتی نیە، دەتوانیت وای بناسیت کە هێشتا مانایەک ماوە بۆ جوانی، بۆیە ناتوانم بێدەنگ بم، بوەستم و ببمە شاهیدێکی ترسنۆک و ببینم دێوەزمەکان ئەو جوانیەمان دەکوژن.
من لێرەم! هەمیشەش لێرە دەبم، هەر کاتێک شانۆیەکم تەواو دەبێت، خەونی کارێکی نوێ داگیرم دەکات، تاقەتی ئەو شانۆنامەیەی شکسپیرم نیە، ڕاستیەکەی لەم سەردەمی تراژیدیا ڕاستەقینەیە باوەر ناکەم ژنێک هەبێت وەک لیدی ماکبێس بێت، مەگەر کەسانێک لەناو عەرشی دەسەڵاتدا بن و ئێمە بچەوسێننەوە، کەواتە پێویستە بیر بکەمەوە، کارێکی نوێ پێشکەش بکەم، پێویستم بەوەیە کەمێک برۆمەوە ناو خۆم، لەناو مندا چیرۆکی ئەو مرۆڤانە هەیە، کە جگە لەئازار شتێکی تریان نیە، ئەوان خەمی ئەوەیان بوو دەمرن و کەس گوێی لێیان نابێت، کەوایە با دەستت پێ بکەین، دەست بە شانۆگەریەکەمان بکەین، ئەو کوڕە هەر نەهاتەوە بێت ئەو ڕوناکیانە بکوژێنێتەوە.
لەپڕ ڕوناکیەکانی سەر شانۆ دەکوژێتەوە، تەنیا تیشکێک نەبێت کە لەسەر ئەکتەرەکەیە، سەر بەرز دەکاتەوە، دەروانێتە مەودای بەرزایی هۆڵەکە و دەست دەکات بە پێکەنین.
ئەوە تۆ هاتویتەتەوە، زۆر باشە ببورە، سەیرکە من ئەو بلاژیکتۆرانەم پێویستە، ئەوانی تر بەکار ناهێنینین، زیاتریش متمانە بکە سەر ڕەنگی سوور و شینەکە، هەندێک کات کە پێویستی کرد لەرێی ڕەنگە سپیەکەوە، سەر شانۆ تا ڕادەیەک روناک بکەوە، پێویستمان بەم دیکۆرەش نابێت، بوەستە هەول ئەدەم دایپۆشم، پێویست ناکات دیار بێت.
“بە هەندێک پارچە قوماشی ڕەنگاو ڕەنگ، دیکۆرەکە دادەپۆشێت، کە لەو داپۆشینە فۆرمێکی تر بە سینۆگرافیای نمایشەکە دەبەخشێت”
ئێستا من ئامادەم چاوەروانی تۆم، گەر کێشەیەکت نیە دەتوانیت گلۆپەکان بکوژێنیتەوە، لەگەڵ داگیرساندنی من دەست پێ دەکەم.

بۆ ساتێک سەر شانۆ تاریک دادێت، کاتێک سەر شانۆ ڕوناک دەبێتەوە، پارچە قوماشێکی سپی تەواوی سەر شانۆکەی داپۆشیووە، ڕەنگی شین لێی دەدات، قوماشەکە دەلەرێتەوە، وێنەی سەر دەریا نیشان دەدرێت، کۆمەڵە کەللە سەری مرۆڤ سەر ئاوەکە کەوتوون، دوو دەست کە ڕووخساری دیار نیە مناڵێکی بەرز کردۆتەوە تا نەخنکێت، دەستەکە ووردە ووردە بەرەو قوڵایی دەریا دەروات و تا مناڵەکە دەبینین لەگەڵ کەللە سەرەکان بەسەر دەریاوەیە.
لەپێشەوەی شانۆکەدا ئەکتەرەکە لەرێی تیشکێکی ڕوناکی دەردەکەوێت، وەک ئەوەی گوێی لەچیرۆکێک گرتبێت وبیەوێت کاردانەوەی چیرۆکەکە بخاتە ڕوو، لچکێکی قوماشە سپیەکە دەگرێت، بۆ خۆی ڕایدەکێشێت، ڕوناکیە شینەکە دەگۆرێت بە سوور، ئەکتەرەکە هەوڵ دەدات تەواوی قوماشەکە کۆ بکاتەوە، وەک بوخچەیەکی لێ دەکات و بەکۆڵی خۆی دەدات، سەر شانۆ بەتاڵ دەبێت، تەنیا ئەکتەرەکە لەسەر شانۆیە، ئێستا گەیشتۆتە ناوەڕاستی شانۆ بەسستی هەنگاو دەنێت، تۆنی دەنگی بەشێوەیەکی ئازاراوی بەرجەستە دەکات، لەوە نەچێت ئێستا خەمی باسکردنی بێت لەشانۆ، هێندەی کاردانەوەی دیمەنی دەریاکەی بەسەرەوەویە.
ئەکتەر: ئێمە دیمەنەکان دەبینین، سبەینێ بیرمان دەچێتەوە، ئەوانەی لەدەریا دەربازیان بوو، دۆست و خانەوادەی ئەوانە بوون کە لەدەریادا مردن، ئەوان لە نیشتمانی خۆیان وەک من ئەکتەر بوون، لە هۆڵی شانۆ بوون، هەندێکیان بینەر بوون، بە تاسەوە چەپلەیان دوای نمایشەکان لێ ئەدا، هەبوو داهاتی کارکردنی ئەو رۆژەی خۆی خستۆتە زەرفێکەوە، وتویەتی ئەوە بۆ پشتگیری شانۆکەی ئێوەیە.
کەچی بەر لەوێ بگەنە لای ئێمە لەدەریادا مردن، خەونە شانۆییەکانیان لەدەریا ماسی دەیخوات.
ئێستا تێئەگەن کە بۆچی من ناتوانم لەشانۆنامەکاندا کار بکەم، ئەو بوخچەیەی هەڵمگرتووە، بۆ خۆی شانۆنامەی تراژیدی مەرگی ڕاستەقینەی مرۆڤە، پێویستە لێرەوە دەست پێبکەین، دنیایەکیتر کە لەتەنیشت خۆمان ڕوویدا لەسەر ئەم شانۆیە نمایشی بکەین.

تیشکێک کە نازانرێت لەکوێوە دێت، بەلام دەچێتە سەر ئەکتەر، جگە لەو هیچ شتێک لەسەر شانۆ نابینین، ئەکتەر لەرێی جولەکانی دەست و گۆرانیەک کە گوزارشت لەگێڕانەوەی چیرۆکی نائومێدی مرۆڤ دەکات، تەواوی بۆشاییەکانی سەر شانۆ داگیر دەکات، گۆرانیەکە پەیوەندی بە هیچ زمانێکەوە نیە، هێندەی ریتوالێکی تایبەتە، وەک چۆن سەماکە بەهێزی دەنگی ڕیتوالەکەوە دەکەوێتە جولەکردنەوە، سەمای ئەکتەرەکە سەر تەختەی شانۆ جێدێلێت و دەگاتە ناوەراستی بینەران تا کۆمەکی بکەن و هەمووان بەیەکەوە بەشداری سەمایەکی کۆمەڵی بکەن، بەبێ ئاگاداری هیچ کەسێک ڕوناکی سەر تەختەی شانۆ کوژاوەتە، ناو هۆڵەکە ڕۆشن بووە، ئەکتەر لەگەل بینەران لەسەمایەکی کۆمەڵی هاوبەشدایە.

———————–

تێبینی: ئەم تێکستە لەبنەرەتدا بۆ ئەکتەری خۆرئاوایی نووسراوەو باس لەئەکتەرێکی خۆرئاوا دەکات کە تیشک دەخاتە سەر ئازارەکانی شانۆکاری کورد، هاورێی ئازیزم ئانا دۆبرۆڤسکا، تێکستەکەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی پۆڵەندی.




ترس.. ئاراس سەعید

بۆ لەمەودوا ئێوە دەتوانن بەترسنۆک یان بەهەر ناوێکی دیکە پێتان خۆشە بانگم بکەن… من لەئەزەلەوە ترسێک لەناوەوەمدا ئەژی، گەمە بە بوونم دەکات…. ترس لە کۆڵانی چۆڵ، لەشەوی تاریک و ئەنگووستەچاو، لە هەتیوبازەکانی شار، لە مزەمیدی لا کۆڵان، لەو مامۆستایانەی بەدارەوە دەهاتنە کلاس، لە سەگ، لە پشیلە، لە ژن، لە پیاو، لە خودا، لە گۆڕستان، لە هەژاری، لە چارەنووس، لە ژیان، لە مەرگ….. کە منداڵبووم دایە بە پشتیری ئاژەڵەکان دەیترساندم، لەترسی ئەوەی پشیلە ڕەشەکان بەهەیوانەکەدا هاتووچۆیان دەکرد، خۆم لەنێو جیگەکەمدا گرمۆڵە دەکرد….شەوان دایکم بە چیرۆکی شەوە و گورگانە شەوێنە دەیخەواندم، شەوێکیان خەونم دەبینی شەوە دەستی خستبووە ناقڕەم و دەیخنکاندم…
بیرتە ئەوکات لەجێگەکەتدا ڕاپەڕیت و دەتویست باوەش بەدایکتدا بکەیت، کەچی دایکت لە جێگەکەی نەمابوو. ترسێک بەتەواوی تووشی دڵەڕاوکێی کردی، هەموو جەستەت دەلەرزی، دەنگێک لە ژوورەکەی تەنیشتەوە تای شەهوەتی بەرزدەکردەوە، نازانم لەبەر ئەوەی بەباردۆخێکی دەروونی ناجێگردا تێدەپەڕیت، لەوباردۆخە تێنەدەگەیشتی یان بەهۆی ئەوەوە بوو هێشتا تەمەنت هەشت ساڵان بوو.
بەترسەوە تا بەردەرگای ژوورەکەی تەنیشتت چوویت، ئێستاش ئەو دیمەنەت لە بیرە دایکت بەڕووتی لەژێر شەوەدا دەیقیژاند و نرکەو ناڵەی بوو. دڵنیا نەبوویت ئەوە باوکتە یان شەوەیە بەسەر دایکتەوە، بەڵام حەزت دەکرد بیکوژیت…. هەرکاتێک بیرلەو دیمەنە دەکەمەوە ڕووداوی (ئۆدیپ پاشا)م بیردەکەویتەوە کە چۆن توانی بوونەوەرێک بکوژێت کە باوکی خۆی بوو…. لەو شەوەوە ترسێک لەگەڵ تۆدا دەژی… ترس لەوەی شەوە هەموو شتێکت لێ بەرێت وەکو چۆن باوەشی دایکتی لێتبرد.
لەو ڕۆژەوە لەهەموو شتێک دەترسم، ترس گواستراوەتەوە بۆنێو هەموو ڕەهەندەکانی ژیانم، ترس لە قەرەباڵغی، لە خۆشەویستی، لە ئازادی، لە نەمری، لە ژیان.
بەدەستخۆت نیە هەرکات ترس بەرۆکت دەگرێت یەکێک لە کارەکتەری (کەناڵی مەیمونە چەکدارەکان)ی (کاروان کاکە سوور)ت بیردەکەوێتەوە، کە دەیگووت: “هەرچی ئازایەتی و جەربەزیی ئەم دوونیایە لە ترسەوە سەرچاوەی گرتووە.” بەڵام ئەوەی تۆ لە کارەکتەرەکانی (کاروان) جیادەکاتەوە بوونی ژوورێکە، ڕەنگە ئەویش ژوورێکی هەبوایە خۆی لە هەموو ترسەکانی دنیا بشاردایەتەوە.
تەنیا ئەوانەی چەمکی (شوێن و زەمەن) ی (هادیگەر)یان خوێندووەتەوە، لەو ڕستەیە تێدەگەن، مرۆڤ بۆئەوەی هەست بەناشوێن نەکات پێویستە ژوورێکی هەبێت.
ژوور مرۆڤ لە ترس و نەعرەتە و ژاوە ژاو دەپارێزێت، ژوور مەنزڵگەی ئارامی ئاسوودەگی ئینسانە… ناتوانی باوەڕ بەو وشانە بکەیت، کە دەینووسی. بۆ ساتێک بەترسەوە لە وشەکان ڕادەمێنیت، ئەوکات (گریگۆری سامسا)ی کارەکتەری (فرانز کافکا)ت بیردەکەوێتەوە، کە چۆن لە ژوورەکەیدا گۆڕا بۆ قالۆنچەیەکی ترسناک!
لە ژوورەکەتەدا سەدان شەو لەگەڵ ڕاسکۆلینکۆف و لۆلیتا و ئاناکاردینادا دەگریات، دەسپەڕت بەسەر ئیڤانکا تڕامپ و سپیلجان و ناسی عەجرەمەوە دەکرد، بەڕووتی هاتووچۆت دەکرد و جوێنت بە منداڵەکانی بارزانی و تاڵەبانی دەدا. ویسکیت دەخواردەوە و بەدەنگی بەرز کوفرت دەکرد، دەتگووت: “خودا لەترسی تەنهایی جیهانی درووستکردووە”. جگەرەت دەکێشا و بیرت لە نەمری و زەمەن و مرۆڤ دەکردەوە…. ئاخر مرۆڤ تەنیا لە ژوورەکەیەدا زەمەنی بیردەچێتەوە. مرۆڤ پێکهاتەیەکی زەمەنییە، هەموو ترس و دڵەڕاوکییەکانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە زەمەن ئاڕاستەی دەکات بەرەو مەرگ. بیرتە (کۆتین)ی کارەکتەر ڕۆمانی (ژاوەژاو تووندوو تیژ _ the sound and the fury)ی(ولیام فۆکنەر) ئەو کاتەی باوکی کاتژمێرەکەی پێ دەبەخشێت پێ دەڵێت: من بۆ ئەوە نات دەمێ زەمەنت بیربێتەوە بەڵکو بۆ ئەوەیە جاروبار زەمەنت بیربچێتەوە…. بۆساتێک بیر لە ژیان و مەرگ دەکەیتەوە، بە دەستخۆت نیە کە دەتەوێت کۆتایی بە چیرۆکەکە بهێنیت، کۆتایی ڕۆمانی( بێ نەوایان Les Misérables) ی ( ڤیکتۆر هیگۆ)ت بیردێتەوە کە (ژان ڤالجان) بەو گوزارەیە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا: ” ئەوەی ترسناکە نەمرییە، ئەوەی ترسناکە نەژییانە.”




گفتوگۆ لەگەڵ شاعیر شادان عەلی.. هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس

شادان عەلی: شیعرەکانم چێژێکی تایبەتیان هەیە
کەمن ئەو کەسانەی بتوانن لە چەندین بواری ئەدەبی و هونەری و مافی مرۆڤ سەرکەوتووانە ئەسپی خۆیان تاو بدەن، خاتوو(د.شادان عەلی) لە چەندین بوار وەکو هونەری شێوەکاری وشیعر ومافی مرۆڤ ،بەشداری چالاکانەی هەیە شوێن پەنجەیان دیار وبەرچاوە ،خاوەنی چەندین پیشانگایە ،لە هەمان کاتدا شیعرەکانی بۆ سەرچەندین زمانی جیهانی وەرگێردراون، ئەندامی سکرتاریەتی باڵوێزی ئاشتی جیهانی و منداڵان و ئەندامی مافەکانی مروڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکانە هەر بەهۆی ئەو کارانەیەوە چەندین جار لە سەر ئاستی کوردستان و جیهان خەڵات و رێزلێنانی بۆ کراوە،بە پێوستیمان زانی بۆ زیاتر ئاگاداری بوون لە کار و چالاکییەکانی ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵیدا ئەنجام دا.

هەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس

*ئەگەر بکرێت بۆ خوێنەرامان باس لە ژیانی هونەری و ئەدەبی خۆتان بکەیت

  • من ناوم(شادان عەلی ئەحمەد)-ە لە شاری سلێمانی لەهەرێمی کوردستان لە دایکبووم، هەر لەم شارەدا خوێندم تەواو کردووە،پاش تەواو کردنی خوێندن ،ساڵی 2003 وەک فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی سلێمانی دامەزراوم، لە 2005وە چەندین کۆرو پێشانگای کتێبی ناوخۆیی ونێودەوڵەتیدا لەبەڕێوەبەرایەتی کتێبخانەی گشتی سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیری وەکو ئەندام و سەرپەرشتیار هەتا ئێستاش کارم کردووە و بەردەوامم.
    خاوەنی ( دوو سیدی) شیعریم یەکەم ساڵی 2016 و سیدی دووهەم لە ساڵی 2018 چەندین کۆڕی شیعری تایبەت و هاوبەش لەناوخۆو دەوڵەتی و نێودەوڵەتیدا هەیە،هەروەها بەشداری چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشی شێوەکاری لەناوخۆو دەوڵەتی و نێودەوڵەتیدا هەیە،
    ئەندامێتی سکرتاریەتی باڵوێزی ئاشتی جیهانی و منداڵان و ئەندامێتی مافەکانی مروڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها سەرۆکی دەوڵەت ( خانەی ژنان )م لەنەتەوە یەکگرتووەکان / عێراق وەرگرتووە.
    ئەندامی دەستەی نووسەرانی هەریەک لە گۆڤارو ڕۆژنامەی نێودەوڵەتی ( هونەرو دیزاین)م بەناوی (IJRAD) بەڕەسمی لەوڵاتی هیندستان دەردەچێت ،لە ساڵی 2022 وەک هاوکاری ( هونەرمەندانی بێسنور) لەشاری هامبورگی ئەڵمانیاو شاری کالیفورنیای ووڵاتە یەکگرتوە کان کاردەکەم،ناوم لەکتێبی ئافرەتە ناودارەکانی کورد لەنوسینی مێژوو نووسی کورد نوسەر علی خەزنەدار لەبەشی چوارەم و پێنجەمدا هاتووە ئەم کتێبەش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی ساڵی چاپ 2021
    خەڵاتی باشترین کە سایەتی ساڵانەم پێبەخشراوە لەوڵاتانی ئەمەریکاو ئەورپاو ئاسیاو عەرەبیدا
    هەروەها گروپی وەرگێڕانی بێسنور ( فریق الترجمە بلا حدود ) کەپیکهاتووە لەچەندین وەرگێری بەتوانا کە کار لەسەر وەرگێڕانی شیعر دەکەن، لەم بوارەدا چەند شیعرێکم بۆ سەر زمانەکانی عەرەبی و ئیسپانی و پرتوگالی و ئینگلیزی و ئەمازیغی وەرگێراوە،نوسینەکانم لەپێناو ئەرکەکانی پەروەردەیی بۆ ئاشتی و مافەکانی مرۆڤ هەروەها چەندین بڕوانامەی دکتۆراو باڵوێزی ئاشتی جیهانی و مرۆڤایەتیم لە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی .

    *بابزانین چۆن ئاوێتەی هونەری شێوەکاری بوویت ،زیاتر لەسەر چ قوتابخانەیەک تابلۆکانت نیگار دەکەیت؟

  • زیاتر کار لەسەر هونەری ئۆڵتراڕیالیزم و تعبیری دەکەم ،چونکە من دەمەوێت لە هونەرەکەمدا پەیام بگەیەنم تا بگاتە شوێنی مەبەست ،هونەریش بۆخۆی بەهرەیەکە چۆنت بوێت دەتوانی کاری لەسەر بکەیت.

    *ئاستی هونەری شێوەکارانی کورد لەگەڵ ئاستی شێوەکارانی جیهان چۆن دەبینیت؟

  • شێوەکارانی کوردیش هیچیان لەشێوەکارانی وڵاتانی دەرەوە کەمتر نیە ڕاستە شێوەکاری وڵاتان زۆر بەتواناو باشن لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخراوێک یا ئەکادیمیایەک هاوکاریان دەبێت و کارییان بۆ ئاسان دەکات پاشان بەپێی ئەو توانایەی کەهەیەتی باشترین ڕێزلێنان و بگرە سەفەری وڵاتانیشیان پێدەکەن بەڵام شێوەکارانی کورد ئەگەر زۆر باشیش بن و چەند هەوڵبدات کاری باش و تایبەتیش بکەن هەر لەسەر گیرفانی خۆیەتی و مەگەر خۆی بۆخۆی هەوڵبدات کاربکات هونەرەکەی پێبگەیەنێت، من لە 2014 ـ 2018 لەکاتی شەری داعش جگە لەنەبوونی مووچەو کەمی لایەنی مادی بەڵام من ساڵانە گەورەترین چالاکیم کرد لەکوردستان لەسەر مافی مرۆڤ و بەتابلۆو شیعرەکانم ئەنجام دا، بۆیە هەندێک جار بەهرەت هەبێت هەرچۆنێک بێت دەتوانی هەوڵبدەی بۆ ئامانجێکت چونکە هیچ کات هونەر ناوەستێت بەڵکو لەکاتە سەختەکاندا زیاتر پێویستەو بابەتەکان وەکو مێژوویەک دەمێننەوە،شێوەکارەکانی کوردستانیش لەڕووی هونەرەوە ئاستێکی باشیان هەیە بەڵام لەڕووی یارمەتی وهاوکارییەوە زۆر لاوەزە بۆیە هونەری کوردی لەخولانەوەیەکی چەق بەستودایە لەڕووی مادییەوە تایبەت لە ئێستادا چەند ساڵێکە قەیرانی دارایی یەخەی هەموومانی گرتۆتەوە .بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زۆر چالاک بن.

    *باشە ئەگەر بکرێت ،ئاماژە بەو ڕێکخراو وڵتانە بدەیت کە بەرێزتان کارت تیا کردوون؟

  • بێگومان زۆرن هەر لە هەرێمی کوردستان ، وڵاتی عێراق ،تورکیا، ئۆکرانیا ،هندستان ، ئیتاڵیا ،سویسرا ،میسر ، بەرازیل ،ئەڵمانیا ، بنگلادیش ، یابان ، فلیپین ، تورینتۆ(کەنەدا)، پاکستان ، پەکین ، فەرەنسا، کۆڵۆمبیا ، ئوسترالیا ، هۆڵندا ، مەکسیک ، پۆڵندا، ڕێکخراوی یونسیفUN و خاچی سوری نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ئاشتی نێودەوڵەتی لەوڵاتانی سویسراو ئەڵمانیا، ئیسپانیا، ڕۆمانیا ، ئەمەریکا ، فلۆریدا ، ڕوسیا ،ئەفەریقا، مەغریب ، هەنگاریا ، یونان ، بەلجیکا، ئەلبانیا ،فەڵەستین ، قەتەر ئەرجەنتین ، ئەندەنوسیا، سوریا ،یەمەن ، ئەردەن ، نەرویج ،فرانکفۆرت ، یەکگرتوی ئەوروپا، لیبیا، جەزائیر، کوەیت ،لوبنان ، تونس، تەکساس ،شیلی.

    *بەرێزتان لە بواری شیعر نووسین خاوەن چەندین شیعرن خامەتان رەنگییە ، چۆن تێکەڵی ئەم جیهانەی شیعر بوون؟

  • تێکەڵ بوونی شیعر لەناو ڕۆحدا هەڵدەقوڵێ نازانی کەی تێکەڵ دەبیت بەڵام ئەوەندە دەزانیت لە ساڵێکدا بەرهەمێکت بۆ یەکەمجار نوسیوە دەبێتە سەرەتای نوسینی شیعری
    ئاوێتەبوونی من لەگەڵ شیعردا دەگەرێتەوە بۆ منداڵیم هەربۆیە لەئێستادا شیعرەکانم چێژێکی تایبەتی هەیە ئەوەی شیعرەکانم بخوێنێتەوە هەوڵ دەدات شیعری کەش بخوێنێتەوە .
    شیعر جۆرێکە لە ئەدەب کە ئامانجی ئەوەیە وەڵامێکی هەستی لە خوێنەردا بهێنێتەوە لە ڕێگەی زمانێکەوە کە هەڵبژێردراوە و ڕێکخراوە بۆ مانا و دەنگ و ڕیتم.
    شیعر بە جۆرێک لە ئەدەب یان نووسینی هونەری پێناسە دەکرێت کە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تەکنیکە جۆراوجۆرەکانی شیعرییەوە هەست و خەیاڵی خوێنەر ڕابکێشێت.
    شاعیر تێکەڵەیەک لە ڕیتم، هەڵبژاردنی وشە، دەنگ، هێماو وێنە، پێکهاتە و زیاتر بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی پارچەیەک لە نووسین کە هەستەکانی خوێنەر دەجوڵێنێت.
    شیعرەکان بە چەندین شێوە و شێوازی جیاواز دێن و زۆرجار دەقەکە جیادەکرێنەوە بۆ پەڕەگرافێک کە پێی دەوترێت ستانزا.
    ، ستانزا (بە ئینگلیزی: Stanza) بریتییە لە کۆمەڵێک دێڕ لەناو شیعرێکدا، . ستانزا دەتوانێت ڕیتمی ڕێک و پێکی هەبێت
    هۆنراوە بە زۆری دەربارەی بابەتێک یان بابەتێکی دیاریکراوە. هەندێک لە باوترین ئەو بابەتانەی کە شاعیر دەربارەیان دەنووسێت بریتین لە (خۆشەویستی، سروشت، هاوڕێیەتی، خێزان، ئاژەڵ، گەورە بوون و پیربوون، چاکە بەرامبەر خراپە ،گەورەبوون و پیربوون،ئازایەتی و ئازایەتی،پێشبینی ، جەنگ…)
    هەر بۆیە منیش لەنوسینی ئەمانە بێبەش نیم ،چەندین شێوەی شیعر هەیە و هەندێک شاعیر لەوانەیە تێکەڵەیەک لە دوو یان زیاتر بەکاربهێنن، یاساکانی فۆرمێکی دیاریکراو بشکێنن، یان بە توندی پابەند بن بە یاساکانی فۆرمەکەوە. هەر شیعرێکیش جیاوازە و شێوەیەک بەکاردەهێنێت بۆ نوسینی گێڕانەوەی چیرۆکێکی خەیاڵی یا واقعی هەتا بەڕوونی پەیامەکانی شاعیر لەڕێگەی شیعرەکەیەوە بگاتە شوێنی مەبەست.

    *ئایا هیچ بەرهەمێکی چاپکراوی شیعرت هەیە، تائێستا شیعرەکانت بۆ چەند زمانی جیهانی وەرگێردراون؟

  • بەڵێ بەرهەمی چاپکراوم هەیە بەناوەکانی کتێبی” تۆدڵمی یا خاکی نیشتیمان” تایبەتە بەشیعر ، “کتێبی زیوا “، کتێبی زیوا یەکێکە لەکتێبە دەگمەنەکان تایبەت لەهەرێمی کوردستان کەتوانیومەوەکو یەکەم هونەرمەندی شێوەکارو شاعیر ئەم کتێبە بەرهەم بهێنم کە پێک هاتووە لە30 پارچە شیعرو 30 تابلۆی شێوەکاری واتا شیعرێک بۆ تابلۆیەک نوسراوە، جگە لە جەندین نوسین لەناو ئەم کتێبەدا.
    لەئێستاشدا کتێبێکی ترم لەبەردەستدایە لە کاری دیزایندایە ئەم کتێبەشم تایبەتە باچاپ بکرێت لەکاتی خۆیدا باسی بابەتی ناوکتێبەکە دەکەم.
    *شیعرەکانت بۆ سەرچەندین زمانی بیانی وەرگێردراوەن،ئەگەر زیاتر روونکردنەوەی لەسەر بدەیت؟
  • ئەوەی راستی بێت چەند وەرگێرێکی باش کاری وەرگێریان بۆ کردووم بەتایبەت بۆ سەر زمانەکانی زمانی هۆلەندی ، ئیسپانی ،ئەلبانی، هەنگاری، بولگاری ،فەڕەنسی ،ڕوسی، کوڵومبی، چینی ،ئینگلیزی، مەکسیکی ، تەکساس ،ئەمەریکی، ئەمازیغی ، تورکی ، عەرەبی ، یۆنانی و ..هتد

    *بەرێزتان خاوەنی چەندین بڕوانامە و خەڵاتی نێو دەوڵەتین ئەگەر تیشک بخیتە سەرەیان؟

  • ڕاستە خاوەنی چەندین بڕوانامە و خەڵاتی نێو دەوڵەتیم ،من وەکو ئەندامی باڵوێزی ئاشتی جیهانی لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی ئاشتی جیهانی و مافی مرۆڤم
    لەبەر ئەوەی من لە 3 بواردا کاردەکەم لەهەرسێ بوارەکەشدا زۆر سەرکەوتووم هەرسێکیشیان پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە وەکو بواری نوسین وشیعر ،هونەری شێوەکاری ، مافی مرۆڤ،هەربۆیە ئەم ڕێکخراوانە پەیوەندیان پێوەکردم سەرەتا بە کارو چالاکی دەستم پێکرد پاشان قبوڵکرام و لە زانکۆی ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بەشی مافی مرڤ و بەشی هونەری وبەشی ئەدەب و وێژەو کولتور دەستم پێکرد لەپاش دووساڵ توانیم بڕوانامەی دکتۆرا بەدەست بهێنم پاشان ڕێگەیان بۆ ئاسان کردین کە ڕێکخراوەکەمان بەپێی پرۆتۆکۆلی نێو دەوڵەتی هەوڵیداوە ئەو بەهرەو توانایەی کەهەمانە لەگەڵ وڵاتاندا بەتواناتربێت بۆ گرێدان و پێکەوەبەستنی هەموو هونەرمەندو شاعیرە چالاک و بەتواناکانی جیهان هەندێ جار بە بەرنامەی ڕاستەوخۆی گوگڵ یان ئەگەر کارەکە خێراتربڕوات و مەبەست بێت و کات کەم بێت بە ئونلاین بەشداردەبین بۆ گفتوگۆکردن لەنێوان یەکتریداو بۆ ئاڵوگۆڕی بەرهەمی ئەدەبی هەتا زیاتر سود مەندبین بۆ کاری باشتر و ئاشنای هونەری وڵاتانی دەرەوە بین..هەر لەم ڕێگەیەشەوە گرێبەستمان بۆ دەکەن لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتانی بەریتانیا وئیتاڵیاو سویسراو چین و ئەڵمانیاو عێراق و دانیمارک و ….هتد
    دەتوانم بڵێم بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ وڵاتانی دەرەوە لەسەر ئەستۆیی ڕێکخراوەکە بۆ پێشانگاو سیمینارو کۆری شیعری دەکەن چونکە کار لەسەر ئاشتی هەموو جیهان دەکەین
    بەردەوامیش لەکاروچالاکیداین پەیوەندییەکی زۆرپتەومان لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری وڵاتی میسردا هەیە کە هەندێ کاری بۆ ئاسان کردووین تا بەردەوامبین لە کارەکانمان، هەندێک جار بڕوانامەکان لەرێگەی نووسینەوە دەنێرن و دەگاتە دەستمان.

    *زۆرێک لە بڕوانامەکانت لە تۆڕی کۆمەڵاتییەکان بڵاودەکەیتەوە مەبەست چییە لە بڵاوکردنەوەیان؟

  • من هەندێکیان بڕوانامەکان لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاودەکەمەوە . تەنها بۆ ئەوەی هاوڕێیان و خوێنەرانیش ئەو بڕوانامانە ببینن بۆ دوو مەبەست یەک بۆ هاندانیان بۆکاری هونەرو ئەدەب، ئەوی تریشیان بۆ بینینی شێوازو ئاشنابوونی ڕێزلێنانی نێودەوڵەتی چونکە لەم ڕێزلێنانانە لێرە نیە هەتا ئەوانیش بێبەش نەبن لەبینینیان ئاشانی ڕێزلێنانی نێودەوڵەتی بن.

    *جگە لە بواری هونەر و ئەدەبدا لەچ بوارێکی تری کۆمەڵایەتی کار دەکەیت؟

  • لەبواری مافی مرۆڤیشدا کار دەکەم بۆ داکۆکی کردن لەمافەکانیان بەشێوەیەکی ئاشتیانە کە مرۆڤ وەک مرۆڤ سەیر بکرێ و ڕێزی لێبگیرێت لەهەرشوێنێکی سەر ئەم زەوییە جیاوازی نەکرێت لەنێوان ئاین و کەمەنەتەوەیەکان ، جیاوازی نەکرێت لە نێوان مرۆڤی سپی پێست و مرۆڤی ڕەش پێست هەروەها بێ کێشەی سیاسی و ژیانێکی شایستەیان بۆ دابینبکرێ و پڕبێت لەئومێد و هەرچی پێویستیان هەیە بەپێی توانا یارمەتیان بدرێت چونکە مرۆڤ شایەنی ڕێزلێگرتنە دەتوانم بڵێم ئەدەب و هونەر و مافی مرۆڤ 3 سێ بوارن بەڵام لەیەک بواردا کۆمکردونتەوەو کاریان لەسەر دەکەم.

    *هیچ هەماهەنگیت لەگەڵ هونەرمەندان و نووسەرانی کوردستان دا هەیە؟

  • بەڵێ زۆریش هەماهەنگیم لەگەڵ هونەرمەندان و نوسەرانی کوردستان هەیە چالاکی زۆریشم لەناو کوردستاندا هەبووە بەشداریم لە چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەش وکۆری شیعری تایبەت و هاوبەشدا کردووە بەردەوامیش دەبم لە چالاکیەکانم،ئەندامی سەندیکای هورنەندانی شێوەکارنی کوردستان لقی سلێمانم.

    *ئێمە لە کۆتاییدا زۆر سوپاست دەکەین بۆ ئەو دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی؟

    -منیش سوپاسی ئەو بەسەرکردنەوەی ئێوە دەکەم هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.




کۆمەڵگای سەیر و سەمەرە.. نەوزاد بەندی

لە هەر میللەتێکدا ، لە هەر زەمان و مەکان و سیستمێکدا ، ئەگەر سێ کەسی ئیسلامی و کۆمۆنیست و بۆرژوا لە ژوورێکدا بەند بکەیت ، ئەوا بێ شک ، یەکتری ئەبڕێننەوە ..قەتڵ وعامی یەکتر ئەکەن ..بەڵام لای خۆمان ، کەسایەتیمان هەیە کوڕە مەلایه و خۆی کۆمۆنیست بووە و ئێستایش یەکێکە لە بۆرژوا دیارەکان …لەوەیش سەیرتر ئەوەیە ، ئیسلامێکان و کۆمۆنیستەکان و بۆرژواکانیش ڕێزێکی زۆریان بۆی هەیە و هەریەکەیان شانازی به پارچەیەکیەوە ئەکەن ..
لە هەموو میللەتێکدا ، لە هەر زەمان و مەکان و سیستمێکدا ، زانست شتێکی پیرۆز بووە و ..چەندەها زانا و دانا ، بە خۆڕایی وانەیان بە شاگردەکانیان وتۆتەوە لە سۆکراتەوە هەتاکو نەجمەدین مەلا .. لە دانتیەوە هەتا عەبدولکەریمی مودەڕیس .. بە پێچەوانەوە ، ئەم زانا و دانایانە لەکاتی هەبوونی هەر دەسەڵاتێکی زاڵمدا ، بێ چەند و چون ڕووبەڕووی بوونەتەوە و خوێنی خۆیان کردۆتە کاسەوە ، لە تۆماس مۆرەوە هەتاکو دڵشاد مەریوانی .. لە گوڵسورخوییەوە هەتاکو گابریێل گارسیا لۆرکا …بەڵام ئەمڕۆ زانا و داناکانی لای خۆمان ، بە فرۆشتن و هەڕاجکردنی داهات و خاکی کوردستان باکیان نییە و مویەک لە سمێڵیان ناجوڵێتەوە ، کەچی کاتێ موچەکەیان دوا دەکەوێ ، واز لە وانە ووتنەوە دێنن و شاگردەکانیان دەنێرنەوە ماڵەوە ، ئەمە ناو دەنێن خەبات دژی دەسەڵاتی زاڵم ..لە کاتێکدا هەتا ڕەوڕەوەی زانست و زانیاریی زیاتر ڕاوەستێ ،ملی دەسەڵاتی زاڵم ئەستوورتر ئەبێ و ..هەتا نەخوێندەواریی زیاتر بڵاو بێتەوە ، کۆیلایەتیی خێراتر بڵاو دەبێتەوە ..
لەوەیش سەیرتر زۆرینەی کۆمەڵگا ئەم ڕاوەستاندنی پڕۆسەی خوێندنە بە خەبات ئەزانن و لایان وایە بە هۆیەوە پشتی دەسەڵاتی زاڵم ئەشکێ …
لە هەموو زەمان و مەکان و سیستمێکدا ،خەڵکێک هەن تایبەتن و گۆڕانکاریی دروست دەکەن .. ئەمانە ژیانی خۆیان ئەفەوتێنن ، لە پێناوی هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگادا ، لە بەرامبەردا ئەو خەڵکە تایبەتە ئەچنە ناو دڵ و ناخی کۆمەڵگاوە و هەمووان شانازیی پێوە دەکەن ، قسەکانیان وەک بەرنامەی ژیان تەماشا ئەکەن ..لە نازم حیکمەتەوە هەتا نیڵسۆن ماندێلا .. لە چێ ڤارا وە هەتا ڕۆبن هود ..
بەڵام لای خۆمان ئەوانەی لە پێناوی کۆمەڵگادا خۆیان ئەفەوتێنن ، نیوەی کۆمەڵگا جنێوی پێ دەدەن و ..نیوەکەی تریش هیچ ڕا و بوچوونێکیان دەربارەیان نییە ..ئاخر بۆیە لە نالی و حاجی قادری کۆییەوە هەتا تۆفیق وەهبی و ئیبراهیم ئەمین باڵدار لە غوربەتدا گیانیان سپارد ..
لە هەمووی سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە ،میللەتێک ئەوەندە سەیر و سەمەرە بێت و ..ددانیشی پیا نەنێت کە میللەتێکی سەیر و سەمەرەیە و . . مێش میوانی نەبێ .

ــنەوزاد بەندی




ڕۆمانی تەنها ڕۆژێکی سارد-ی یوسف عزەدین لەلایەن باسط مرادی-یەوە کرایە فارسی

ڕۆمانی تەنها ڕۆژێکی سارد-ی یوسف عزەدین لەلایەن باسط مرادی-یەوە کرایە فارسی و لەچاپ و پەخشی ئەفراز بڵاوکرایەوە..