محەمەد ساڵح ئەلقەزاز، ئەو ڕابەرە کرێکارەی عەرشی پاشایەتی هەژاند، کێ بوو؟.. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

چینی کرێکاری عێراق؛ لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم لە ئەنجامی پێویستی بازاڕی سەرمایەی جیهانی و پلانە درێژماوەکانی بەریتانیا؛ لەم گۆشە و ئەو گۆشەی عێراق، کە تا دەهات لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە گەشەی دەکرد و زیاتر پێدەگەیی. ئەو چینە بەبەراورد بە چینی کرێکاری وڵاتانی تر بەتایبەتی ئێران و تورکیا، درەنگتر هاتە مەیدان و درەنگتریش کەوتە سەر پێی خۆی. چینی کرێکاری عێراق وەک چینی کرێکاری گشت وڵاتە دواکەوتووەکان؛ بەچەندین ساڵ بەر لە بۆرژوازی پیشەسازی نیشتمانی دروستبوو. لەهەناوی خۆشیدا هەر لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی دروستبوونییەوە کەوتە جووڵە و مانگرتنی تاک تاک و خۆبەخۆ(عەفەوی) وەک مانگرتنەکانی کرێکارانی هێڵی شەمەندەفەر لە ساڵەکانی ١٩٢٢، ١٩٢٣، ١٩٢٥، و ١٩٢٦ هێنانەدەرەوەی چەندین ڕابەر و هەڵسوڕاوی بەرجەستەی کرێکاریی. هەرچەند ئاستی هۆشیاری هەندێک لەو ڕابەرانە بەپێی پێویست نەبوو، بەڵام کاریگەری خۆیان دانا بەسەر مێژووی کرێکارانی عێراقەوە. لەدەیەی بیستەکان؛ چینی کرێکار لە عێراق پێ دەنێتە مێژوویەکی نوێ، هەم دەست بۆ ڕێکخرابوونی خۆی دەبات و هەمیش داواکارییە ئابوورییەکانی دەباتە ئاستێکی باڵاتر. لەم نێوەدا یەکێک لە بەرجەستەترین ڕابەری کرێکاری لەو دەیەیە و دەیەیەکانی دوواتریش کە عەرشی پاشایەتی هەژاند محەمەد ساڵح ئەلقەزازە.
بەڵام محەمەد ساڵح ئەلقەزاز کێ بوو؟
محەمەد ساڵح ئەلقەزاز؛ لە بنەماڵەیەکی خوێندەواری غەیرە کرێکاری لەشاری بەغدا لەدایکبووە. کەسایەتییەک بوو لەدەرەوەی بزووتنەوەی کرێکاری عێراق کە ژیانی خۆی وەک هەڵسوڕاوێکی کرێکاریی و خەباتگێڕێکی نەقابی و لەنێوجەرگەی بزووتنەوەی کرێکارییدا بردە سەر. ئەم ڕابەرە بەرجەستەیە کە بە بیروباوەڕ کۆمۆنیست بوو، رۆشنبیرێک و ئینگلیزی زانێکی باشیش بوو؛ یەکەمین کەس بوو کە ئیجازەی کۆمەڵەی پیشەوەرانی لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٢٩ لە وەزارەتی ناوخۆی کابینەکەی نووری سەعید وەرگرت. ئەم کۆمەڵەیە ڕۆلێکی گەورەی گێرا لە بردنەپێشەوەی خەباتی کرێکاران لە کۆتایی دەیەی بیستەکان و دەیەی سییەکان و تا لە ساڵی ١٩٣٣ ناوی کۆمەڵەکەی گۆڕی بە یەکێتی نەقابەکانی کرێکارانی عێراق. وتارە شەفەهییەکان و نووسینەکان و نامەکانی ئەم ڕابەرە بەجۆرێک کاریگەر بوون لەسەر کرێکاران کە بەلێشاو کرێکاران و بێکاران پەیوەندییان پێوەی دەکرد و ببووە جێ متمانەی هەژاران و بێکاران و سەرجەم کرێکارانی عێراق. محەمەد ساڵح ئەلقەزاز لەلایەکەوە لەپەیوەند دابوو لەگەڵ بیرۆی کرێکارانی جیهان تا بتوانێت سەپۆرتی پێویست بۆ چینی کرێکاری عێراق بەدەست بهێنیت و لەو رێگەیەوە بتوانێت حکومەتی پاشایەتی ئەوکات ناچار بکات کە یاسا کارێکی گونجاو بۆ کرێکار داڕێژێت. لەلایەکی تریشەوە توانی ئاستی هۆشیاری کرێکاران بەرێتە سەر و نەک تەنها کۆمەڵەکەی، بەڵکو تەواوی ڕێکخراوە کرێکارییەکان و هێزە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بەکاربهێنێت بۆ گەیاندنی خەم و دەنگی کرێکاری ستەمدیدەی عێراق بە ڕای گشتی. حکومەتی کۆنەپەرستی پاشایەتی و کابینەکەی نوری سەعید درێغییان نەکرد لە سەرکووت و زیندانیکردنی کرێکاران؛ هەرچەند ئەم سەرکوتانەش دەبوونە هۆی خاوبوونەوەی خەبات، بەڵام هەرگیز ڕەوڕەوەی ئەو خەباتە ڕووەو پێشەوە نەوەستا. محەمەد ساڵح ئەلقەزاز ئاستی هۆشیاری هێندە بەرز بوو کە جوان لە پلان و تەڵەی دەسەڵات و سەرکوتگەران و کۆمپانیا بیانییەکان تێدەگەیشت و دژەکرداری دەنواند. بێجگە لەمەش نووسەران و ڕۆشنبیرانی سۆشیالیستی ئەو سەردەمەش هانی بزووتنەوەی کرێکارییان دەدا و دەستگیرۆیی ئەو بزووتنەوەیان دەکرد، وەک چیرۆکنووس مەحموود ئەحمەد ئەلسەید و حسەین ئەلڕەحاڵ ( کە بە یەکەمین کەسی مارکسی دادنرێت لە عێراق) و عەبدوڵا جەددوغ و ئیبراهیم ساڵح ئەلقەزاز.، کە ئەمەی دواییان واتە ئیبراهیم برای محەمەد ساڵح ئەلقەزاز بوو و ئینسانێکی تێکۆشەری مارکسیستی بوو. شایانی باسە ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە دوور لەچاوی پۆلیس؛ لەماڵی یەکێکیان یان لەناو فارگۆنێکی بەتاڵدا بەنهێنی بەبۆنەی یەکی ئایارەوە ئاهەنگیان گێراوە. محەمەد ساڵح ئەلقەزاز جگەلەوەی سەرۆکی کۆمەڵەی پیشەوەران بوو، گۆڤاری ( الصنائع)یش دەردەکرد. دەوڵەت و کۆمپانیا بیانییەکان چەندیجار هەڕەشەیان لە ئەلقەزاز کرد و تەنانەت بە نامە کە بەناوی (پێشمەرگەیەکی بیانییەکان) نووسرابوو، لە نیسانی ساڵی ١٩٣١دا کەتیایدا هەڕەشەی کوشتن لە ئەلقەزاز و ئەندامانی کۆمەڵەی پیشەوەران کرابوو. ئەلقەزاز چەندیجار زیندانی کرا و سزای مالی درا. دیارە ئەم دۆخەی محەمەد ساڵح ئەلقەزاز بەتەنها ئەوی نەگرتبۆوە، بەڵکو گەلێ سەرکردە و ڕابەری کرێکاریی تر وەک محەمەد مەکی ئەلئەشتەری و عەبدوڵا ئەلبەدری و محەمەد یاس ئەلبەیاتی گیران و ڕەوانەی بەندیخانە کران. بەڵام دیارە ئەو هەڕەشە و چاوسوورکردنەوانە چۆکیان پێدانەدا و بگرە سوورتریان کرد لەسەر داخوازییەکانی کرێکاران. تا دەگاتە ئەو ئاستەی کە یاسین ئەلهاشمی سەرۆکی (حزب الاخاء الوطني) لەسەرەتای دەیەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو؛ داوای لە ئەلقەزاز کرد کۆمەڵەی پیشەوەران بکاتە لقێکی حیزبە سیاسییەکەی، بەڵام محەمەد ساڵح ئەلقەزاز ئەو داوایە ڕەتی دەکاتەوە.

ئەلقەزازی لەنێو هەموو سەرکردە ئۆپۆزیسیۆنەکاندا ( یاسین ئەلهاشمی و ڕەشید عالی ئەلگەیلانی و حیکمەت ئەبوتمەن) تەنها و تەنها متمانەی بە حیکمەت ئەبوتمەن دەکرد و لەهەموو کاروبارێکدا ڕاوێژی پێدەکرد. ئەلقەزازی بەیەکەمین سەندیکالیستی لەمێژووی عێراق دادەنرێت. تەنانەت ئەلقەزاز لەساڵی ١٩٣٧ بەکۆمەکی یوسف مەتی ڕۆژنامەنووسی مارکسیستی و نوری روفائیل و جەمیل تۆما ئیجازەی یانەی هێڵی شەمەندەفەر وەردەگرێت، کە ببووە جێگەی کۆبوونەوەی کرێکارانی هێڵێ شەمەندەفەر و کۆمۆنیستەکانی ئەوکاتی عێراق، بەڵام دواتر بەعسییە فاشیستەکان لەساڵی ١٩٦٩ ناوەکەی دەگۆڕن بە یانەی زەورا. محەمەد ساڵح ئەلقەزاز لە خەباتی خۆیدا پێداگری لەسەر یەکێتیی و یەکپارچەیی کرێکارانی عێراق و ئازادییەکان و باشترکردنی ژیان و دۆخی کارکردنی کرێکاران کردووە. ئەلقەزاز لەماوەی ژیانی کۆمەڵەی پیشەوەران ١٩٢٩ تا ١٩٣٣ کۆمەڵی کاری گرنگی ئەنجامدا وەک :
یەک : کۆبوونەوەی بەردەوامی گشتی کرێکاران و قسەکردن لەسەر دۆخی نالەباری ژیان و تاوتوێکردنی ماف و داخوازییەکانیان.
دوو: ناونووسکردنی کرێکارانی بێکار و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی کار بۆیان و هەندێکجار بڕینەوەی مووچە بۆیان لە سندوقی کۆمەڵە.
سێ : پەیوەندکردن بە چەندین دکتۆر تا پشکنینی کرێکار و خانەوادەکانیان ئەنجام بدەن بەخۆڕایی.
چوار : کردنەوەی قوتابخانە بۆ کرێکارانی نەخوێندەوار و تەرخان کردنی مامۆستای خۆبەخش بۆ ئەو مەبەستە.
پێنج : هەوڵدان بۆ بردنە سەری شارەزایی کرێکار و ناردنی کرێکار بۆ خوولەکانی دەرەوەی عێراق.
شەش : پێداگری لەسەر بایەخدان بە کرێکارانی عێراقی و ناردنەوەی کرێکارانی بیانی و پڕکردنەوەی شوێنەکانیان بە کرێکارانی عێراقی.
شەش : پێداگری لەسەر یاسای کارێک کە زامنی مافەکانی کرێکارانی عێراق بکات.
حەوت : گەورەترین مانگرتنی کرێکارییان بەرێخست لە ساڵی ١٩٣١ لەمێژووی بزووتنەوەی کڕێکاری عێراقدا.
ئیتر بەمشێوەیە ئەلقەزاز تا دەهات جیددی تر و بەعەزمتر پێی لەسەر بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران دادەگرت و لەولاشەوە دەسەڵات سەرەتا هەوڵیدا کە محەمەد ساڵح ئەلقەزاز قایل بکات بەوەی کە ئیشێکی باشی هەبێت و واز لە چینی کرێکار بهێنێت، بەڵام ئەلقەزاز ڕەتی دەکاتەوە و پێداگری دەکات لەسەر بڕوا و بیرکردنەوەکانی خۆی لەپێناو چینی کرێکاری عێراقدا. ئەم سەرسەختییەی محەمەد ساڵح ئەلقەزاز و ئەو ئازایەتیی و خۆڕاگرتنەی کە بووبۆوە هۆی ناو و ناوبانگی، لەبەرئەوە تووشی ڕاونان دەبێتەوە بۆ سلێمانی و عانە و دیالە و ڕژێمی عێراقیش ٤١ داوای لەسەر تۆمار دەکات و چوار ساڵ زیندانی دەبێت و تا ساڵی ١٩٥٤یش ڕێگەی پێنادرێت سەفەری دەرەوەی عێراق بکات. ئەلقەزاز وەڵامی حکومەتی پاشایەتی سەرکوتگەری ئاوا دەدایەوە( ئێمە ناترسین!). بۆیەش محەمەد ساڵح ئەلقەزاز لەبەرامبەر هەموو ئەو ناڕەحەتی و ئازار و کۆسپ و ڕێگرانەی هاتنە بەردەمی، ورە بەرزتر و تووندوتۆڵتر هەنگاوی نا تا بوو بەو ئەستێرە پرشنگدارەی ئاسمانی خەباتی چینی کرێکاری عێراق. تا بووە ئەو ناوەی کە تا چینی کرێکاری عێراق و خەباتی ئەو چینە مابێت، ناوی ئەویش لەسەر دڵی خەباتی چینایەتی دەنووسرێت.
لەکۆتایشدا جێی خۆیەتی دەقی وتە بەنرخ و گرنگەکەی ئەلقەزاز بنووسینەوە کە هۆشیارانە قامک دەخاتە سەر کێشە گەورەکەی خەباتی چینایەتی کرێکارانی عێراق. ئەلقەزاز دەڵێت ( ئێمە بە تەواوی لاواز بووین و کەسێک نییە داوای مافەکانمان بکات و لەبەردەم میری و کۆمپانیاکاندا ببێتە نوێنەرمان و لەو مەسەلانەدا کە پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە ڕێکمان بخەن؛ ئەم بێدەسەڵاتییەیشمان ئەنجامی ناکۆکی نێوان خۆمانە. یەکێتییش ئەگەر بەشێوەیەکی ڕاست و دروست پێک نەیەت ئەنجامی هەستپێکراوی نابێ. ڕێکخستنیش تەنها بە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵە و نەقابەوە دەبێ. سەبارەت بەم هۆکارانە و بە یارمەتی کرێکارە هۆشیارەکان نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر چەند داخوازییەکمان پێشکەش کردووە، تاوەکو ڕێگەمان بدرێ ئەو کۆمەڵانە پێکبهێنن.)
بەمجۆرە محەمەد ساڵح ئەلقەزاز لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری عێراق لێک هەڵدەپێکرێن و ئەم کەسایەتییە دەبێتە ئایکۆنێکی گەش و درەوشاوە لەمێژووی خەباتی چینایەتی کرێکارانی عێراق.

دوو تێبینی :
یەک؛ زۆرم هەوڵدا مێژووی ژیانی ئەم رابەرە کریکارییەم دەست نەکەوت تا بزانیاری زیاتر بابەتە دەوڵەمەند بکەم.
دوو؛ بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە :
١-مێژووی چینی کرێکاری عێراق دکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد وەرگێرانی فوئاد مەجید میسری لەبڵاوکراوکانی ناوەندی کۆمۆن چاپی دووەم ٢٠١٩.
٢-انقلاب بکر صدقي بقلم حسین الجاف جریدة الزمان
٣-حول الحرکة النقابیة و نظالات العمال في العراق بقلم عدنان الصفار
٤-الطبقة العاملة العراقية وحركتها النقابية تاريخ ونضالات وآفاق مستقبلية بقلم مصطفی محمد غریب موقع ایلاف

کەنەدا ئایاری ٢٠٢٢

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)




ئه‌وانه‌ی له‌ نیشتمانی خۆیاندا غه‌ریـبن(*).. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

به‌ پێچه‌وانه‌ی (نووففه‌ری) كه‌ وتی : نه‌زانیی كۆڵه‌كه‌ی ئاسووده‌ییه ‌ ( ئه‌بوو حه‌ییانی ته‌وحیدی) له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌: عه‌قڵ ڕووناهی ڕۆحه‌ و نه‌زانی لێڵایه‌تییه‌تی…
كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌و نرخاندنه‌ی عه‌قڵیش له‌لایه‌ن ئه‌و پێشه‌نگه‌ مه‌زنه‌ی عه‌قڵانییه‌ت له‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی دا ، وای لێ هات به‌رگی به‌ پینه‌ی پۆشی و ڕێی ده‌روێشی گرته‌ به‌ر و به‌ ڕۆح و به‌ هه‌سته‌ نادیاره‌كانیه‌وه‌ عه‌وداڵی ڕێگای نوور بوو…
جوامێر له‌وه‌ی زیاتری له‌ ده‌ست دا نه‌بوو… ئه‌وه‌ی زه‌مانه‌ به‌ ئه‌بوو حه‌یانی ته‌وحیدی كرد ، به‌ هه‌ر كه‌سێكی دی كردبا هه‌روای ده‌كرد…
چونكه‌ نه‌ عه‌قڵ و نه‌ مه‌نتیق قه‌بووڵیانه‌ له‌ پێشترین نووسه‌ر بكه‌وێته‌ لێواری برسیه‌تی و ناچار بێ گیای بیابانان بخوا و پاشان وه‌ك ناڕه‌زایی ده‌ربڕینیش كتێبه‌كانی بسووتێنێ.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ژیربێژایه‌تی و هاوسه‌نگی له‌ بیركردنه‌وه‌دا بمێنێ و له‌گه‌ڵ چه‌رخێكدا بێته‌وه‌ كه‌ هه‌رچی تێدا بووه‌ به‌ دزێوی و نه‌زانییه‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێ. خوا هه‌ڵناگرێ (دكتۆر ئیحسان عه‌باس) له‌ وتاره‌كه‌یدا به‌ بۆنه‌ی ئاهه‌نگی هه‌زاره‌ی ئه‌بوو حه‌ییان له‌ قاهیره‌دا باشی بۆچووه‌ كه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ی كردووه‌ ، كرده‌وه‌ی سووتانی كتێبه‌كانی ته‌وحیدی به‌ سه‌ره‌تای نوێخوازی عه‌ره‌بی دابنرێ .
ئه‌بووحه‌ییان به‌ ڕووی لاسایی كردنه‌وه‌ و یه‌كئه‌نوایی درێژدادڕی و شێوازی كۆنی نووسین ڕاپه‌ڕی ، به‌ قه‌د ئه‌وه‌ی له‌ تافی لاویدا دژ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كی زوڵمی سیاسی دا ده‌چوو و داوای عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كرد…
له‌و ڕاسته‌شدا به‌ ڕاده‌یه‌ك زیاد ده‌ڕۆیشت ، پێی وابوو عه‌داله‌تی سوڵتان له‌ خێر و بیری زه‌مانه‌ چاتره‌…

به‌م پێیه‌ زۆر له‌ نووسینه‌كانی بۆ به‌رچاو ڕوونی چینی ده‌سه‌ڵاتدار بوو… له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كێكی باڵایش نه‌بوو ، به‌وه‌ی نه‌وه‌ی خورمافرۆشێكی به‌غدایی بوو… به‌ڵام له‌ بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیدا…له‌ شێوه‌ و شێوازی نووسین دا باڵا بوو…
هه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ وتویه‌تی: (وشه‌ی جوان له‌ كه‌نیزه‌ی پاكیزه‌ شه‌ریفتره‌…) كه‌م وا ڕێك ده‌كه‌وێ ئه‌دیبێكی نوێخوازی كۆنی عه‌ره‌ب هه‌بێت وه‌ك ته‌وحیدی ، به‌و جیددیه‌ت و به‌و تین و تاوه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵ كاری ڕووناكبیری دا كردبێ و هێزی بیركردنه‌وه‌ی بۆ گـۆڕان هه‌بێ .
ئه‌بووحه‌ییان به‌وه‌ش تاوانباره‌ كه‌ به‌شداری له‌ داڕشتنی نامه‌كانی (اخوان الصفا)دا كردووه‌ كه‌ له‌ سه‌ده‌ی چواره‌می كۆچی یه‌وه‌ ویستوویانه‌ له‌ ڕێگای ڕوونایی دان به‌ زانست و ڕۆشنبیری كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی نوێ بكه‌نه‌وه‌…
(به‌ ڕاستی) دكتۆر جابر عصفوریش له‌وه‌دا نیشانه‌ی پێكاوه‌ كه‌ له‌ وتاری ڕێزلێنانی ئه‌بوو حه‌ییان دا وتی: ته‌وحیدی وه‌ك سیمرغ و سه‌مه‌نده‌ر مرد پاشان له‌ خۆڵه‌مێشی خۆیدا ژیایه‌وه‌…

هه‌موو ئه‌و هه‌وڵه‌ عه‌ره‌بیانه‌ی دراون (له‌م باره‌یه‌وه‌) گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌ن بۆ نوێخوازی و ده‌سه‌ڵات شكانی به‌سه‌ر نوێ كردنه‌وه‌ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌رده‌مه‌كان… هه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌شه‌وه‌ بوو ، ڕووناكبیرانی سه‌رده‌می ڕێنیسانس عاشقی ئه‌بووحه‌ییان بوون…
ئه‌و له‌ زه‌وق و شه‌وقی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ نزیك بوو كه‌ هیچیان له‌ یه‌ك ئه‌نوایی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و سه‌رده‌مه‌كانی داڕووخاندا نه‌بینی شایانی ژیاندنه‌وه‌ بێ…
بۆیه‌ ده‌بینی باز به‌سه‌ر چه‌ندین سه‌ده‌دا ده‌درێ و ته‌وحیدی هه‌ڵده‌بژێرێ ببێ به‌ سومبولێكی باڵای ڕوونبینی…

له‌وانه‌یه‌ په‌یوه‌ندی و تێكه‌ڵی نێوانی ڕووناكبیر و ده‌سه‌ڵات ، لای ئه‌و وه‌چه‌یه‌ و هه‌موو وه‌چه‌كان كاری به‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ڕێبازه‌وه‌ هه‌بوو بێ… چونكه‌ (توحیدی) تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نموونه‌ییه‌ ‌ بۆ دیراسه‌ت كردنی په‌یوه‌ندی به‌ینی ڕۆشنبیر و ده‌سه‌ڵات كه‌ چه‌ندین وه‌چه‌ی پێ مژوول بووه‌ و تا ئێستاش داڕشتراوێكی قه‌بووڵكراوی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌…

(ابو حیان) هه‌ر به‌و مه‌زه‌نده‌یه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ ( ابن العمید) و (ابن عباد) كرد…
ئه‌و پێی وابوو (ڕۆشنبیر) ئه‌گه‌ر له‌ ( وه‌زیر) باڵاتر نه‌بێ ده‌بێ یه‌كسان بێ پێی.
ئه‌و (ڕووناكبیرایه‌تی) ده‌خسته‌ پێش (سیاسی)(!!!). كه‌ سیاسییه‌كانیش به‌ چاوی سووكه‌وه‌ لێیان ڕووانی و له‌ كۆڕ و مه‌جلیسه‌كانیاندا ده‌ریان كرد ، وه‌ك (وه‌زیر مهلبی) پێی كرد ، ئیتر هۆشیار بووه‌وه‌ و گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ سیاسی ، ڕووناكبیری وه‌ك خووڵام نه‌بێ ناوێ و هه‌رگیز وه‌ك هاوبه‌شێك له‌ مه‌سئوولیه‌تدا چاوی لێ ناكا…

به‌م جۆره‌ قۆناغی (یاخی بوون) لای(ابوحیان) كۆتایی پێ هات و تاقیكردنه‌وه‌ی ته‌سلیم بوون له‌ ژیانی دا ده‌ستی پێ كرد ، به‌ ڕاده‌یه‌ك گه‌یشته‌ قۆناغی (سواڵ له‌ ده‌سه‌ڵات) وه‌ك له‌ كۆتایی دایه‌لۆگه‌كانی له‌گه‌ڵ (ابن سعدانی) وه‌زیردا هاتووه‌ كه‌ له‌ كتێبی (الامتاع و المؤانسه‌)دا كۆی كردووه‌ته‌وه ‌، ڕه‌نگه‌ ته‌وحیدی وای به‌ خه‌یاڵدا هاتبێ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵات دووركه‌وێته‌وه‌ سه‌ربه‌خۆی ڕۆشنبیری بداتێ ، كه‌ له‌ تافی لاوییه‌وه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینی.
بۆیه‌ ده‌بینی بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ببێ به‌ هاوبه‌شی به‌ققاڵی ئه‌و كوچه‌یه‌ی كاری لێ ده‌كرد ، بۆ ئه‌مه‌ش داوا له‌ (ابو الوفاء)ی مهندسی براده‌ری ده‌كا هه‌زار درهه‌می بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بداتێ…

له‌وانه‌بوو ئه‌گه‌ر پێی بدابووایه ‌، له‌ سواڵ و سه‌ده‌قه‌ و ئیهانه‌ بیپارستبا ، كه‌ له‌ قۆناغی وازهێنانی له‌ خه‌ونه‌ تۆباویه‌كانی دووچاری بوو و به‌ ته‌واوی ته‌سلیم به‌ مه‌نتیقی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتداران بوو. دیاره‌ ناتوانین به‌و ساتییه‌ حه‌قی ئه‌م پیاوه‌ بده‌ین ، چونكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ینی ڕۆشنبیر و ده‌سه‌ڵات له‌ بنه‌مای شیره‌خۆری هاوبه‌ش ئاڵۆزتره‌ كه‌ (معاویه‌ی كوڕی ابوسفیان) له‌ سه‌ره‌تای ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ویدا داینابوو ، كاتێ به‌ ئه‌بووبه‌كری كوڕی عوسمانی كوڕی حارسی وت (كه‌ زۆر ده‌چووه‌ دیوه‌خانه‌كه‌ی بێ ئه‌وه‌ی كارێكی لێ داوا بكا ، یا شتێكی لێ بخوازێ):

  • برازا…ئه‌وه‌یه‌ دونیا…
    یا له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا شیر ده‌خۆی ، یان ئه‌وه‌تا وازمان لێ دێنی.
    سه‌ره‌تا ته‌وحیدی ڕێبازی شیره‌خۆری ڕه‌ت كرده‌وه‌ ، له‌ دوایدا پێی ڕازی بوو،
    به‌ڵام پاشی چی؟
    دوای ئه‌وه‌ی مانگاكان بێ تووك بوون و شیر چكی كرد و دونیاش ئه‌وی به‌ره‌و چاره‌نووسی گریكی و ئه‌و دیماهییه‌ كاره‌ساتاویه‌ خه‌مناكه‌ برد كه‌ وای لێكرد به‌ برسیه‌تی و ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری سه‌ربنێته‌وه .‌
    نیشتمان له‌ ژیانی ئه‌ودا له‌ مه‌نفا چاكتر نه‌بوو… ئه‌گه‌ر وانه‌بووایه‌ ، نه‌یده‌گوت: غه‌ریبترین غه‌ریب ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ نیشتمانی خۆیدا غه‌ریبه‌.

(*) له‌ ( محی الدین لاذقانی ) یه‌وه‌ ، ڕۆژنامه‌ی – الشرق الأوسط – به‌ سووكه‌ ده‌سكارییه‌كه‌وه‌ .




کۆنگرەیەکی لاواز یان ناسیۆنالیستێکی شکستخواردوو؟.. عوسمانی حاجی مارف

بەهێزترین چاوەڕوانیەکانی ناو پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەیان بۆئەوە کردوە، کە سەرۆکبونی بافڵ تاڵەبانی یەکلاییکرایەوە. لەڕێگەی ئەو لێدوانانەش کە بۆ میدیاکان دراوە، کۆنگرەکە بۆ شەرعیەتدان بە تایبەتمەندی سەرکردایەتیکردنی بافڵ تاڵەبانی لە یەکێتی نیشتمانیدا داڕێژراوە، لەهەمانکاتدا ئاماژەن بۆئەوەی کە کۆنگرەکە سەرۆکبونی بافڵ بۆ حزبەکەیان پیرۆزکرد.
هەروەها هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان یەکێک بوە لە ئەرکەکانی کۆنگرەی پێنجەم، بەو ئاراستەیەی ناوەندگەرایی حزب بەهێزتر دەبێت. ئەو ناوەندگەریەی لێرەدا ئاماژەی پێکراوە، واتە هەڵوەشاندنەوەی سەرکردایەتی هاوبەش لەناو ئەو حزبەدا کە لە کۆنگرەی چوارەمەوە پەسەندکرابوو، واتە ئەرکی سەرکردایەتیکردن یەکلایەنە بە بافڵ تاڵەبانی سپێردرا.
هەڵبەتە پێش کۆنگرە تەواوی ئەو نەخشانەی بۆ یەکلاییکردنەوەی پەسەندکردنی سەرکردایەتی بۆ بافڵ و گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆ هەنگاوی بۆ دەنرا شاراوە نەبون. تەواوی ئەندامانی یەکێتی ئەوانەی بەشداری کۆنگرەکە بون و ئەوانەش بەهەر هۆکارێک بەشدارییان نەکرد، ئاگاداری ئەم ئاراستەیەن کە یەکێتی نیشتمانی لەم کۆنگرەیەدا پاکسازیەکی ڕێکخراوەیی لە ئاستی سەرکردایەتیەکەیدا دەکات.
مەسەلەیەک پێویستە بیخەینە بەرچاو، یان ئەو سەرنجانەی لەسەر ئەم کۆنگرەیە پرسیاری دروستکردوە، بەتایبەتی بەشێک لەو سەرکردایەتیەی پێشووی یەکێتی کە بافڵ دەستبەرداریان بووە، نیگەرانن و دەڵێن ئەم کۆنگرەیە کۆتایی یەکێتیە، یان ئەو یەکێتیەی جارانی جەلال تاڵەبانی نامێنێت، یان یەکێتی لە قەیرانێکی ڕێکخراوەیی و نەبونی ڕابەریەکی کارادا گەمە سیاسیەکانی دەکات.
ئەم قسانەو هەر دەستەواژەیەکی تر کە بەدەوری ئەوەدا پرسیار دروست دەکەن، کە بنبەست و قەیرانەکانی ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشتمانی دەخەنە ئەستۆی ناکارایی سەرکردایەتی کوڕەکانی تاڵەبانی و لاوازی ئەم کۆنگرەیەش هەر لەو چوارچێوەیەدا دەخەمڵێنن. ئەوەی کوڕەکانی تاڵەبانی و دەستەوتاقمەکەیان توانایی سیاسیان لاوازە، گومانی تیا نیە، بەڵام ئەوە نادروستە ئاستی کێشەو قەیران و بنبەستی یەکێتی نیشتمانی لەو چوارچێوەیەدا لێکبدرێتەوە کە کوڕەکانی تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی بە ناکارا پێناسە دەکرێن، بەدوای ئەوەشدا ئاستی لاوازی کۆنگرەکەش بە هەمان پێوانە دیاری بکرێت.
ئەوەی پێویست دەکات با لە چوارچێوەی لێکدانەوەکانی کەسانی ناڕازی لە بەرامبەر سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی و لایەنگرانی سەرکردایەتی ئێستا بێتە دەرەوە، بە تایبەتی لە بەرامبەر ئەوانەی کە جەلال تاڵەبانی دەکەنە سومبل و هێمای بێوینەی ڕێبازێکی سەرکەوتوی سۆشیال دیموکرات لە کوردستاندا. گوایە خۆشیان درێژە بەهەمان ئەو ڕێبازەی “مام” ئەدەن، باشتر وایە ئەوەیان بۆ ڕاست کەینەوە کە جەلال تاڵەبانی و هەڤاڵەکانی هەر لەسەرەتاوە نمونە و هێمای بزوتنەوەی بنبەست و بێئاسۆی کوردایەتیان لە خۆیان نیشانداوە، بۆ ئەم جۆرە ئەزمونەش دەکرێ ئەم خالانە دیاری بکەین؛
یەکەم/ بەجیا لەوەی بزوتنەوەی کوردایەتی هەر لەسەرەتاوە بزوتنەوەیەکی نا کامڵ و فەلەج بووە، بەو مانایەی بۆرجوازی کوردی نەیتوانیەوە هاوشانی بۆرجوا ناسیۆنالستەکانی دەوروبەری، بەسەربەخۆیی لەگەڵ سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری لە ناوچەکەدا خۆی بگونجێنێت، بەڵکو بە پێگەیەکی لاوازو خۆهەڵواسین و پاشکۆ بون بە بۆرجوازی ووڵاتانی ترەوە، لەگەڵ ڕێڕەوی ئابوری سەرمایەداریدا هەنگاویان ناوە. هەربۆیە زۆرجار بزوتنەوەی کوردایەتی کەوتۆتە جێگاوڕێگایەکی کۆنەپەرستانەوە وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی کۆنەپەرست لەبەرامبەر “چاکسازی کشتوکاڵی” لە دەرەبەگایەتی بۆ سەرمایەداری وەستاونەتەوە. تائێستاش کاریگەری پاشماوەکانی عەشیرەتگەریان لەسەرماوەو بەکاریدەهێنن و سودی لێوەردەگرن. پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانی وەک حزب و ڕابەری بزوتنەوەی کوردایەتی، نوێنەری سەرسەختی ئەو سومبولە کۆنەپەرستی و عەشیرەتگەریە بوون. ئەم حزبەو بەسەرکردایەتی بەرزانی لەلایەک کەزادەو بەرهەمی ئەو واقعیەتەی جێگاوڕێگای خودی ئەو بزوتنەوە کوردایەتیە ناکامڵ و فەلەج و کۆنەپەرستەیە بون، لەهەمانکاتدا بۆخۆشیان لەسەر ڕێڕەوەی پاراستن و بەرجەستەکردنەوەی هەمان ئەو ناکامڵی و فەلەجیە ڕەنگدانەوەیان بوەو هەڵسورانی سیاسیان ئەنجامداوە. لە لایەکی ترەوە دوپارچەبونی ئەو حزبە لە ناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا، بە مەلایی و جەلالی کە هیچ ڕێڕەوێکی جیاوازی ئایدۆلۆژی و شێوازی کاری سیاسی و پراتیکی ڕێکخراوەیی تیا نیشان نەدرا، هەروەها حەتمیەتی مێژوویی بۆ قەیران و بنبەستی بزوتنەوەی کوردایەتی وەها بەرجەستەکردەوە، کە بۆ هەتاهەتایە دەبێت لایەنگرانی بزوتنەوەی کوردایەتی خەو بەیەکڕیزی کوردەوە ببینن. لەهەمانکاتدا لەسەر واقعیەتی دیاردەی خولقاندنی کارەسات بەسەر دانیشتوانی کوردستانەوە، هەمیشە حاڵەتێکی چاوەڕوان کراودەبێت.
دووەم/ گەر لە ناواخنی پێگەی لاوازو کۆنەپەرستی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە، لاپەڕەکانی مێژووی بارزانی و تاڵەبانی هەڵبدەینەوە، ئەوە ئەو لۆژیکە دێتە بەردەممان کە دوپارچەبونی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەلایی و جەلالی گورزێکی گەورەی تر بووە لە بزوتنەوەی کوردایەتی. لەهەمانکاتدا هەمیشەو بەردەوام تاڵەبانی بەهەر هەوڵ و سەختگەری و پێداگریەک کاری لەسەر کردبێت و گەورەترین هێزو نفوزی خۆی فراوان کردبێت، نەیتوانیوە لەبەرامبەر پێگەو مەوقعیەتێک کە بارزانی لە ناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا بەدەستی هێناوەو نوێنەرایەتی کردووە وەک هێزی ئەوەڵ و حیزبی دایک ناسراوە، جێگای بگرێتەوە، تا ئەو ئاستەی جەلال تاڵەبانی دانی بەوەدا نا کە لەبەرامبەر بارزانیدا وەک کارێکی سیاسی لە ژیانیدا هەڵەی کردووە. واقعیەتی سەرنەکەوتنی تاڵەبانی لە تەواوی مێژوی هەڵسورانی ژیانی سیاسیدا لە بەرامبەر بارزانیدا، نیشانەیەکی گرنگی قەیران و بنبەست و شکستی تاڵەبانیە لە ناو بزوتنەوەی کوردایەتیدا. واتە بەمانایەک جەلالیەت هەر لەسەرەتاوە بە بنبەستی و قەیرانەوە لەدایکبووە. دامەزراندنی یەکێتیش بەهەمان پرۆسەی کێشمەکێش لەگەڵ بارزانیدا هەنگاوەکانی نەخشاندووە، کە لەناو تەواوی ڕوداوە سیاسیەکانداو لەناو بزوتنەوەیەکی ناکامڵ و فەلەج و بنبەست و بێئومێدو کۆنەپەرستدا، لە بەرامبەر پارتی و بارزانیەکاندا، کە بەهێزی ئەوەڵی ئەو بزوتنەوە کوردایەتیە ناسراوە، قوماری کردووە. تاڵەبانی تەواوی ژیانی سیاسی لەو بوارەدا بەکار هێنا، جگە لەوەی سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، دواجار عەرەقی شەرمی پەشیمانی ڕاگەیاند.
سێیەم/تەواوی هێزە سیاسیەکانی نێو بزوتنەوەی کوردایەتی بەو پێگە سیاسیەی کە لە ناو بزوتنەوەیەکی لاوازو کورتبینی کوردایەتیدا، هەڵسورانی سیاسی دەکەن، ناچار بون لەلایەک وەک هێزی چەکدارو فریادڕەس دەرکەوتەکانی هەڵسورانی سیاسیان بەیان کەن، لەلایەکی تریشەوە بە پاشکۆبون و پابەندبون بۆ نەخشەو بەرژەوەندی سیاسی ووڵاتان و لایەنی تر، هەمیشە بەبێ مەرج و بەبێ سنور ملکەچیان نواندووە. ئەو دەورانەی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە ناوچەکە بەگشتی و لە عێراق بە تایبەتی بەرجەستەبۆتەوە، بە ئاشکراو بێپەردە تەواو لەخزمەتی نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکادا بونی خۆیان سەلماندووە. دواتریش دەستێکەڵیەکی تەواویان لە گەڵ تورکیا و ئێراندا ئەنجامداوە. لەهەمانکاتدا حکومەتی بەغداش هەمیشە قیبلەنمایان بووە.
گەرکەمێ وردتر لەسەر مەوقعیەتی تاڵەبانی و یەکێتی نیشتمانی بڕوانین، بەتایبەتی بەدوای بەدەستەوەگرتنی زۆنی سەوز، دەبینین پەیوەندی و خۆڕادەستکردنی تاڵەبانی بە کۆماری ئیسلامی زۆر لەوکاتەی کە بارزانی لە پەیوەند بە شای ئێرانەوە چارەنوسی جوڵانەوەکەی دیاری کردبو، تاڵەبانی زیاتر خۆی و هێزکەی بە ئێرانەوە بەستۆتەوە. بەمانایەک ئەمە واقعیەتی ڕۆڵی یەکێتی نیشتمانیە کە لە پاشکۆبونی بە بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ئاشکراو بەرچاوە. لەهەمانکاتدا هیچ یەک لە بەرپرسانی باڵای یەکێتی نەک بەهیچ جۆرێک لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەدا نیگەرانی و ناڕەزایەتییان دەرنەبڕیوە، بەڵکو بەتەنها ئومێد بۆ هەڵسانەوەو سەرکەوتنی هێزەکەیان کاریان کردوە.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم جۆرە لە مامەڵەی سیاسی تاڵەبانی و یەکێتی، تەنها توانیویەتی پاریزەری هێزی چەکداری و دەسەڵاتداریان بێت لە زۆنی سەوزدا، بەڵام هیچکات نەیانتوانی هەلی ئەوە بەدەست بهێنن وەک هێزی یەکەم لە تەواوی کوردستاندا لە مەیداندا بن. ئەمەش ئەو گرفت و خاڵە لاوازەیە کە لە تەواوی مێژووی هەڵسورانی تاڵەبانیدا کێشەیەکی بنەڕەتیان بووە، بە شکستێکی گەورە لەسەر سەری تاڵەبانی و تەواوی سەرکردایەتی یەکێتیدا شکاوەتەوە.
ئەتوانین بڵێین گەر بەگشتی تەواوی کۆنگرەکانی یەکێتی بانگەوازی هەر جۆرە شانازیەک بکات بە هێزەکەیەوە، بەڵام هیچ کات نەیانتوانیوە حاڵەتی ئۆپۆزیسیۆنی لە بەرامبەر بارزانیدا تێپەرێنن. کۆنگرەی پینجەمیش لە دوو خەسڵەتدا دەناسرێتەوە؛ پابەندبوون و ملکەچی زیاتر بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها پاشەکشەی زیاتریش لە بەرامبەر پارتیدا. ئەمە نیشانەکانی هێزێکی ناسیۆنالستی شکستخواردووە، کە بەرچاو ڕۆشن نیە لەبەرامبەر ئەگەری ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشبینی دەکرێت، چۆن مامەڵەدەکات. ئەوەی شایانی باسە ئەو کەس و دەستانەی ناو ڕیزەکانی یەکێتی کە وەک ئۆپۆزیسیۆن لە بەرامبەر کۆنگرەی پێنجەم و بافڵدا وەستاونەتەوە، هیچ لاریان لەسەر ئەوەنیە کە یەکێتی تەواو بۆتە بەشێک لە کۆماری ئیسلامی. ئەتوانم بڵێم لاهورو هەر سەرکردەیەکی تری پێش کۆنگرەی پێنجەم، ئەم کۆنگرەیەیان بەدەستەوە بوایە هەمان کاری بافڵیان دەکرد بۆ نزیکبونەوەی زیاتر لە کۆماری ئیسلامی. ئەمەش ئەو ئایندە مەترسیدارەیە کە دانیشتوانی کوردستان بەگشتی و زۆنی سەوز بەتایبەتی چاوەڕوانی دەکات.
واتە لاوازی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی لەسەر بنەمای پێگەو رۆڵی سیاسی و هاوسەنگی هیزەکەی دەپێورێت کە نەیتوانیوە لایەنی یەکلاییکەرەوەبێت لە هەلومەرجی سیاسی کوردستان و عیراق و ناوچەکەو ئاڵوگۆڕەکاندا. لەلایەکی ترەوە پەیگیری و بەرجەستەبونەوەی ئەو پاشکۆ بونەیەتی بە بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
یەکێتی نیشتمانی هێزێکە لەچاوەڕوانی ئەوەدایە کە ڕوداوەکان و ئاڵوگۆرەکان بەئاقاری کام قەدەردا چارەنوسی دەنوسێت. هەر هێزێک لە دوڕیانێکدا گیری کردبێت و ئایندەی لەدەستی خۆیدا نەبێت، هەمیشە لە دەورانی بنبەستی و لە قەیراندا دەبێت. لەئاکامدا لەبەردەم شکستێکی حەتمیدا ڕوبەڕوو دەبێتەوە، جا بە سەرکردایەتی بافل بێت یا لاهورو هەر سەرکردەیەکی تر، هەمان ئەنجامی دەبێت.




دەقی تەمەن / ٣٦.. ناڵە حەسەن

خۆم لەنێو ڕووناکییەکی چوارگۆشەیی شاردۆتەوە
تا ونبوونی پایز و ڕەشبینی کاتژمێرەکان
کەس نەمدۆزێتەوە
گەردەلوولی ناو خەیاڵم وەک چاوی ئەستێرەکان
پڕبووە لە گومان
برژانگەکانیشم لەگەڵ میلۆدییە ئیرۆسییەکان هەڵدەوەرن
چاوەڕوانی تیشکێکی شینی شەوانەم
کە لەنێو خۆرئاوابوونی شیعرەکانم بدرەوشێتەوە
زەمەنیش لەنێو مەمکۆڵەکانی ئاگر ڕاکشاوە و
هێدی هێدی بەدەم وڕێنەوە خەو دەیباتەوە !
٢
ڕەنگ و نەخشەی سەدەفی ڕێگا دوورەکانە
دەرەختەکانیش کش و مات خامۆش خامۆش دەڕوانن
ساقەسۆرەی هەوێردەکانم لەناو هەور جێهێشت
منیش هاتمەوە سەرزەوی
بەشە ڕووناکی خۆمم جیاکردەوە و
دەرگام لەسەرخۆم داخست و
وەکوجاران گەڕامەوە نێو خەون بینین
٣
با خۆڕسکانە هاتۆتە بوون
پەیوەندی بە زەمەن و مێژوو و وەرزەکانەوە
نییە
مۆم و فانۆسەکان ناچنەوە سەر ڕەگی ڕووناکی
گەردەلوول لەناو بێدەنگیدا
بەزمانێک قسە دەکات
خۆیشی وشەکانی خۆی و دەنگی خۆی ناناسێتەوە
٤
دیاری تۆ لەنێو نادیاری مندا
وەک تریفەی مانگ دەرکەوتووە
دوور مەکەوە و لە چاوەڕوانیم
گەڕانەوەت بە نەگەڕانەوەی من مەسپێرە
من لەنێو بوون و نەبوون دا
هاوکێشەیەکم هێشتا شیکاریم ڕوون نەکراوەتەوە
٥
هۆ ژنە
نیگا سپییە چاو ڕەشەکە
دەزانم ئێستا لێم یاخیت و
شیعرەکانم ناخوێنیتەوە
بەڵام / ڕۆژێک دادێ
دیوانەکانم لەباوەش دەگریت و
بەدەنگێکی نەرمی پڕ سۆز
دەمخوێنیتەوە
بەڵام بەداخەوە ئەوکاتە من لێرەنیم …!
٦
لەنێو بیابانی غوربەتدا چەقیوم
کۆڵارە سپییەکانی چارەنووسیشم
تا دێت بێهوودە لێم دوور دەکەونەوە
بازنەکانی شەو و ڕۆژ و وەرزەکانم
لەنێو ڕەنگەکانی تاریکیدا دەسووڕێنەوە
وەرە بمبە و با چیتر
پەپوولە غەمگینەکانی نائومێدیم
لەنێو گەردەلوولە ڕەشۆکییەکانی مەرگ
بێ ئاراستە و بێ مەبەست نەخولێنەوە
٧
گەر ئەمجارە
دەستم لە لچکە کراسی
نیشتیمانم گیربێتەوە
دڵۆپە بارانە مێینەکان و
شەونمی سەرلێوی گوڵە تەنیاکان و
کرمە خەمۆکییەکانی ناولەپی خاک
هەموویان ئاشت دەکەمەوە
یادەوەرییەکانم لەسەر سینگی بەفر و
لەسەر ڕووی ڕووبارەکان دەنووسمەوە
سێبەری ژێر هەر درەختێک
دەکەم بە ماڵی خۆم و ئیتر ناڕۆمەوە
٨
قەدەری من وایە
خۆرەتاو بەسەر پشتی
جەستەی نائومێدییەکانم تێدەپەڕێ
دەمارە سەوزە گیاییەکانی ناولەپیشم
دەبن بە تۆزوبا و لێم دوور دەکەونەوە
منیش لێرانەوە لە باکووری ئەم غەریبییەم
بە نیگایەکی خەواڵووی خۆڵەمێشییەوە
دەمم بۆ شەونمی سەرگەڵای
درەختێکی شەنگەبی کردۆتەوە و
تابلۆی ئومێدەکانم
بە قەڵەمەکانی لێو و
فلچە قەترانییەکەی برژانگ و
سۆرا و سپیاوی گۆنای کچێکی پایزی ڕەنگ دەکەم !
٩
ئاسۆ / گەڕانەوە بەرەو ماڵ
ژن / تاشەبەردێک بەسەرشانی ڕووناکییەوە
باران / پیرەمێردێکی ڕیش سپی و دونیادیتە و خاوەن ئەزموون
لەبەر سەرخۆشبوونی خەونە ورد و درشتەکانم
هێشتا نەپرژاومەتە سەر ئەوەی بیرەوەرییەکانم بنووسمەوە
تاریکیش هەمیشە بۆ جوانی پەلکە زێڕینە دەچەمێتەوە
١٠
تارایەکی شینم
بەسەر بوخچەی نهێنیەکانی
خۆم و ژنێکی شەرمن داداوە
پێش ئەوەی کەڕوو هەڵبێنن
جارجارە دەیاندەمە دەم باو
یان جێگۆڕکێ بە شوێنەکانیان دەکەم
لەخۆڕا نەبوو کاتێک گوتم
ژیان عەشقێکی شێتانەیە
بۆیە هەرجارێک لەبەر سەرقاڵیم
بۆ ماوەیەک لە ژووری نهێنیەکان دووردەکەومەوە
کاتێکیش لەپەنجەرەوە سەیریان دەکەم و دەبینم
تارا شینەکە ڕەش هەڵگەڕاوە / ڕەش ڕەش ڕەش
١١
پەرستگەی عەشقە ئیرۆسییەکان
پێویستییان بە پرستگە نییە
نەک تەنها ڕۆژانی یەکشەممە
هەر کاتێک
دێیت من لەوێم
لە ژوورێکی چراخانی
لەسەر چوارپایەی ئاگر
وەک موریدێکی هەڵوەدا و شێت
ڕووت ڕووت
شاگەشکە و حەپەساو .. چاوەڕێم
١٢
لەنێو ڕۆژگارە گرمۆڵە بووەکان و
بەدەم هەنگاوە هێواشە فۆبیاییەکانم
لەنێو خەیاڵە ماندووەکەم و
ناخە شەقار شەقاربووەکەی مەملەکەتی غوربەتم
سەرەداوەکان و پشکۆ چاوگەشەکانی
قەسیدەیەکی درێژم دۆزییەوە
بە پەڕەمووچەی باڵەکانی تاوسێکی یاخی و بەرزەفڕ
دێربەدێری ئەو قەسیدەیەم نووسیەوەو
ناویشمنا دەقی تەمەن …!
١٣
ڕۆژئاوای / جەستەم خوێنی لەبەر دەڕوا
باکوورم / لە هەورازە بڵندەکانی چیا سەرکەشەکان
سروودی ئازادی دەخوێنێ
ڕۆژ‌ەهەڵاتم / لە گەڵ ڕەشەبا و گەردەلوول
پەرتەوازە بووە بەنێو گەردووندا
باشوورم / بۆ لەتێک نان هاوار دەکات
چەند شەکەت و مانووە ئەو جەستەی من !
١٤
جوانی چاوەکانی ڕژان
تاریکی بوو بە قۆزاخەیەک
هەموومان چووینە نێویەوە
چیتر ماڵە شێدارەکەی قەدپاڵەکان و
کوخە کلۆرەکەی پیرەدارەکان
ئاهەنگی شادومانی ساز نادەن و
چیڕۆکە بەرئاگردانییەکانی بەهەشت ناگێڕنەوە
١٥
خۆم لەبۆنی خۆڵی پاش باران هەڵدەسووم
وردە ئەستێرەیەک لە تەنیایی خۆی بێزارە و
بەدوای خۆرەتاودا ڕادەکا
منیش بە تەباشیرێکی سوور
لەسەر دیواری قوتابخانەیەک دەنووسم
ڕووناکی ڕاستەقینە سەرچاوەکەی لە ئاگرە
ئاگر چەند جوان و دڵگیرە ئەی خودا

                                        ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣



ڕەنگە ببم به وڕێنە.. شەماڵ بارەوانی

هەڵەبووم
چارۆگی ئۆمێدم لەسەر بەردی بەڵێنەکانت هەڵخست

دەبوا لەو ڕۆژەوە دوا وەرزی ژوانم بپێچابوایەتەوە
کە هەنگی خیانەت چزووی لە خەونەکانی پەپوولەیەکی بێناز گرت

کێ دەڵێت جارێکیتر قەدەر دەرفەتی چنینەوەی هێشووە خەندەیەکیترم پێدەخشێت

بڕۆ، تۆ ئەو ئاسمانە نەبوویت ئەستێرەی بەختی من لە ئامێز بگریت

جگە لە ترپەی هەنسکی کۆترێکی ڕەنجاو، چیتر گوێ بۆ هیچ سەمفۆنیایەکیتر ناگرم

چ فریوێک بوو ئەم فەسڵی پێکەنینە

هەناسەکانم ئاوسن بە عەدەمێکیتر
و
دەڕۆمەوە ناو چوارچێوەی زامەکانم

لێم گەڕێن
من خووم به خەڵوەتەوە گرتووە
و
دەمەوێ لەگەڵ تەنیایی دا جووت بم

تکایە،
ئەم ئێوارەیه بکوژێننەوە
و
باهەر شەوەزەنگ شمشاڵی حوزن بژەنێت

نەدەبوو هەرگیز سیزیفانە گەمژەیی بنوێنم و لە کەناری سەرابدا ئەو هەموو سەوڵەی عەبەس لێبدەم
و
خەونەکانم هێندە نهلیستانە غلۆرکەمەوە دۆڵی بێهۆدەیی

من تووزانم هەڵوەرینێکی ناوەختە لەپڕ دێت و سەبەتەی هەناری بەختم به کاڵی دەڕنێتەوە

باسی ڕەهەندەکانی عیشقم بۆ نەکەن
ئەو هێڵانەی بۆ ماچم ڕۆنا
تراویلکە دەرچوو

ڕەنگە تا جارێکیتر زەمەن بگەڕێتەوە
ڕەنگی منداڵی وشەکانم وشک بکەن
و
دێڕەکانم هەمووی بخنکێن

ڕەنگە ببم به وڕێنە و
تنۆک تنۆک بڕژێمە ناو جوگرافیای کاڵبوونەوە




ئاگادارکردنەوەیەک بۆ مامۆستایان.. نەوزاد بەندی

دەسەڵاتی کوردیی لەساڵی 1992 تا ئێستا بایکۆتی میللەتی کردووە و ..خەریکی پڕۆژە و مۆڵ و ڤێلا و تاوەرەکانی خۆیان و خێزانەکانیانە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا ..
ئێمەیش بەداخەوە ! لەجیاتی ئەو دەسەڵاتە بگۆڕین ، هەستاوین لاسایی ئەو ئەکەینەوە و .. قوتابخانە میللییەکان بایکۆت ئەکەین و خەریکی وانە ووتنەوەین لە قوتابخانە ئەهلییەکاندا کە مناڵی بەرپرس و دەست ڕۆیشتووەکانی تێدا دەخوێنن ..
بە ڕاستی دەسەڵات هیوایەتیی ئەم جۆرە سیستمی خوێندنەیه ، خوێندن بۆ مناڵی بەرپرس و دەوڵەمەندەکان و .. نەخوێندەوارییش بۆ مناڵی بێ لایەن و هەژارەکان ..
ئینجا لە هەموو دنیادا کاتێ کۆمەڵێک خەڵک مان دەگرن ، دوای چەند ڕۆژێک ئەگەر بزانن بایکۆتەکەیان کار ناکاتە سەر دەسەڵات ، بایکۆتەکە ئەگۆڕن بۆ جۆری تر کە کار بکاتە سەر دەسەڵات و ئاڕاستەکانی پێ بگۆڕێت ، کەچی لای خۆمان بایکۆتی مامۆستایان نەک هەر کاریگەریی نییە بۆ سەر دەسەڵات و بڕیارەکانی ، بگرە ختوکەی دەدات و گەز گەز باڵای پێ دەکات ، کەچی به داخەوە لەسەر هەمان بایکوت و هەمان ختوکەدانی دەسەڵات بەردەوامین .
کاتێ شارەکانی هێرۆشیما و ناگازاکی لە یابان دووچاری هێرشی چەکی ناوکیی بوونەوە ، پڕۆسەی خوێندن نەوەستا ..سەدام حسێن بە سەدام حسێنیی خۆیەوە لەو هەموو شەڕە وێرانکەرانەیدا ، نەیهێشت پڕۆسەی خوێندن ڕاوەستێت ، چونکە وەستاندنی پڕۆسەی خوێندن واتا گەڕانەوە بۆ چاخی بەردین و ژیانی ئەشکەوت ..
خۆ وەستاندنی پڕۆسەی خوێندنی هەژاران و .. بەردەوامیی پڕۆسەی خوێندنی کوڕە مەسئول و دەستڕۆشتووان ، ئەمەیان نەک هەر گەڕانەوەیە بۆ ئەشکەوت ، بەڵکو تۆخکردنەوەی پڕۆسەی ڕەگەزپەرستیی و چینایەتییشە ..
من دڵنیام مامۆستایان لە بایکۆتەکەیاندا مەبەستیان لە زەبرگەیاندنە بە دەسەڵات نەک قوتابی هەژار و نەدار ، بەڵام ڕاستییەکە بەوجۆرە کەوتۆتەوە ، بۆیە دەسەڵات خۆی لێ کردووە بە کەڕەی شەربەت و بە کەماڵی ئیسراحەتەوە چێژ لەو حاڵەتە ترسناکە وەردەگرێ کە تیایدا میللەت خۆی سزای خۆی ئەدات ..هەتا کوڕی هەژار و بێلایەنیش نەخوێندەوارتر بکرێت ، دەسەڵات بەهێزتر و ملئەستوورتر ئەبێ و .. سبەینێ خەڵکێکی زیاتری دەستئەکەوێ بیانکا بە چەکدار و بۆ مەرامەکانی خۆی بەکاریان بێنێ ..
هیوادارم مامۆستایان ئەو ڕاستییە تاڵ و تفتە بزانن ..بڕۆن قوتابخانەکان بکەنەوە و .. لە دوای وانەکان ، ناوەڕاستی شارەکان و ڕێگا سەرەکییەکان بتەنن و خۆپیشاندان بکەن ..

( وێنەکە پۆلێکی خوێندنە لە شاری هێرۆشیما دوای ئەوەی بە چەکی ناوکیی وێران کرا )