دانی ئەژدیهاچاندن و نووقومبوونی غەززە لە دەریادا.. بەکر ئەحمەد

“بریا ڕۆژێک بەخەبەر بێم و ببینم غەززە نوقمی دەریا بووە”، ئەمە خولیا گەورەکەی “ئیسحاک ڕابین”ە، سەرەکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە ساڵی 1992 دا (١) . بێگوومان ، ساڵێک لەوەو پێش, ئەو ویاسر عەرەفات ، خەلاتی ئاشتی وەردەگرن بۆ ئیمزاکردنیان لەسەر ڕیکەوتننامەی ئوسلۆ.
“رابین” وەک جەنەرالێک و سیاسییەک، ئەو ئاڵوگۆرە گەورانەی بینی بوو کە لە سەر نەخشەی سیاسی غەزەددا خۆی نمایش دەکرد و نەخشەو پلانەکانیشی بەشێک بوون لەو چارەسەرانەی کە لەلایەن ئەو و دەسەلاتدارانی دیکەی ئیسرائیلەوە خراوەتە ڕوو.
ئەگەر سلێمانی لە فەنتازیای زۆر کەسدا شاری “هەلمەت و قوربانییە”، ئەوە غەززە لە پێش هەموو ناوچەکانی دیکەوەوەیە لە فەلەستیندا. بە تایبەت لە دوای ١٤ی حوزێرانی 2007 دا کاتێک حەماس لەم رۆژەوە ئیدارەی غەززەی دەکەوێتە دەست. ئەم ناوهێنانە وەک هیچ شانازییەک ناکرێت بە گەردنی حەماسدا هەڵبواسرێت کە بزوێنەری “شاری هەڵمەت و قوربانی” بوونی غەززە بێت، بەلکو ئەم خۆ.جیاکردنەوە سیاسیە لە ئیدارەی فەتح ، غەززە دەکاتە ناوچەیەکی گەمارۆدراوی ژێر دەسەلاتی یاساکانی ئاوارتە. دۆخێک کە وا لە غەززەییەکان دەکات کە بۆ پەیداکردنی نانی رۆژیشییان دەبێت لە رێگای توونێلە ژیرزەمینییەکانی نێوان غەززە و میسرەوە خۆراکیان پێ بگات.
ئەم هەلومەرجە، کارێک دەکات کە غەززە و غەززەییەکان بخاتە سەر ئاگر و هەموو ساتێک ئامادەبوونی ئەگەری تەقینەوەی رق و کلپەی نارەزایەتییەکانیان لەسەر پێ بێت.
نەهامەتییەکە لەوێدایە کە دەسەلاتی خۆماڵی نەیتوانیوە ئەو هەلومەرجە بگۆرێت کە دەسەلاتدارێتی ئیسرائیل ڕۆژانە لە فراوانکردنەوەی نیشتەجێ تازەکان و پیادەکردنی سیاسەتی ئاپارتاید بەرانبەر فەلسەتینیەکان و خەلکی غەزە بە تایبەتی پیادەی دەکات. بۆیە کەنارێکی بچکۆلە لەو سەرزەمینەی کە پیی دەڵێن غەززە، دەبێتە ئەو مەنجەلە لەسەرئاگرنراوەی کە هەموو تراژیدیای ئینسانی فەلەستینی تیا کۆدەبێتەوە. غەززە لێرەوە دەبێتە فەلەستینێکی بچکۆلە و بەو مێژووەدا دەبرێتەوە کە فەلەستین لە 1948 وە پیایدا تێپەڕیوە. بەڵام بۆ جاری دووم.
ئەم هەلوومەرجە تایبەتییەی غەززە کە هێشتا لە کەناری دەریادایە و نوقووم نەکراوە، دەبێتە شوێنی پلاندانانێکی تایبەتی دەسەلاتدارانی ئیسرائیل لە سەرەتای هەشتاکانەوە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕیک پێک بێت. بۆ جلەوگرتنی کۆمۆنیست و چەپ و فەتح و هێزە مەدەنییە ڕادیکالەکانی دیکەی ناو ئەم کەرتەی کە لە ناوچەکانی دیکەی فەلەستین دابڕێنراوە، ئیسرائیل رێگادەکاتەوە کە لەپاڵ سەرمایە گووزاری زەبەندی سعودییەکاندا، دەستبداتە قومارێکی ئیجگار گەورە و چاوپۆشی لە دامەزراندنی ئەم باڵەی ئیخوان موسلمین بکات لە غەززەدا. لە زمانی “ئیسحاق سێگێڤ”وە کە موتەسیریفی سەربازی غەززە بووە لەو کاتەدا، بە پێی هەواڵێک کە لە ساڵی 1981 دا لە نییۆرک تایمزدا بلاوکراوەتەوە، بوودجەیەکی گەورە وەردەگرێ و دەیداتە ئیخوانەکانی غەززە. سەیری لینکی هەوالەکە بکە لێرەدا(Opinion | Casting Blame in the Israel-Gaza Conflict – The New York Times (nytimes.com)).

بە سویدی دەڵێن: ئەوەی “با” بچینێ، زریان دەدوورێتەوە”. بە زمانی ئەفسانە یۆنانییەکە، ئەم جۆرە لە ڕەفتارنواندن پییدەوترێت: هەژدیها چاندن. ئەفسانەی ئەژدیهاچاندن واهیی دێتە گێڕانەوە.
کادمۆس شازادەیەکی فینیقی بووە. وەختێک “ئەوروپا”ی خوشکی دەفڕێنن لە لایەن “زیوس”وە، دەکەوێتە سەفەری گەران بەشوێنیدا تا پەیدای بکات. بەلام بە بێ هیچ دەرئەنجامیک. وەختێک دەگاتە “دیلفی”، داوای ئامۆژگاری لە “ئۆراکڵ”ی خواوەند دەکات. ئۆراکڵ پێی دەڵێت: ” لە جیاتی گەران بەدوای ئەوروپای خوشکدا، باشترە واز لەو کارە بێنێت و دوای مانگایەکی سپی بکەوێت و لە کوێدا دەوەستیت و دەیەوێ ئیسراحەت بکات، لەویادا شارێک دروست بکات. کادمۆس مانگاکە دەبینێت و دەبینێت لە شوێنێکدا دەوەستێت، هاوەلەکانی بانگدەکات بچن لەو دارستانە نزیکەی شوێنی حەوانەوەی مانگاکەوەیە ئاو بێنن تا سوپاسی “زیۆس”ی پێبکات. بەڵام سەرچاوەی ئاوەکە لە لایەن ئەژدیهای “ئارێز”ەوە کە خواوەندی جەنگی یۆنانییەکانە چاودێری دەکرێت. کاتێک پیاوەکانی کادمۆس نایەنەوە و ئەو خۆی دەچی بزانێت چییان بەسەردا هاتووە، دەبینێ هەموو پیاوەکانی کوژراون و بە ناچار خۆی دەکەوێتە جەنگی ئەژدیهاکە و لە دەرئەنجامدا دەیکوژێ. لەو کاتەدا “بالاس”ی خواوەندی ئەسینا دادەبەزێتەخوار و فەرمانی پێدەکات، نیوەی دانی ئەژدیهاکە بچێنێت و نیوەی دانەکانی دیکە بدات بە “لایتیس”. لە دندانی چێندراوی ئەژدیهاکەوە ، جەنگاوەرانێکی پڕچەک سەوزدەبن و دێنە دەر کە دەکەونە کوشت وکوشتاری یەکتری و تەنانەت جەنگی خۆیشی.
بۆیەش ئەوەی لە سیاسەتدا بەسەرکەوتنێکی کادمۆسییانە ناودەبرێت، هیچ شتێک نییە جگە لە چنینەوەی بەروبوومەکانی شکستی خۆ ئەگەر چی بڕیار بوو وەک سەرکەوتن بۆ خۆ تۆماربکرێت. ئەمە ئەو پەیامەیە کە ئەفسانەکە دەیگێڕیتەوە.
ئیستا ددانی چێنراوی ئەژدیهاکەی خۆ لە غەززەدا، نەک هەر گەورەبووە و هێزەکانی دیکەی دەووروبەری خۆی لووشداوە، بەلکو لەو ئاستەداشدایە کە کەڵبەی خوێناوی خۆی لەجەستەی خودی ئیسرائیل گیرکردووە.
بەڵام بەرلەوەی قسەلەسەر “هەژدیها چاندن” و دانەگەورەبووکانی بکرێت، خودی غەززە جیگایەکی تایبەتی هەیە. ئەوەی کە چالاکی و جموجۆڵی سیاسی لەم کەنارەی دەریادا لە هەشتاکانەوە هێند گەورەیە کە مۆسادی ئیسرائیلی ناچاردەکات ئەو کارە بکات کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، غەززە لە دوای گەندەڵبوون و بۆگەنکردنی ئیدارەی “فەتح”ەوە دەبێتە سەنتەری مقاوەمەت لە بەرانبەر ئیسرائلدا.
دەسەلاتی فەتح لە دوای بەدەسەلاتگەیشتنیەوە، فەرمانبەرێکی ئیداری ملکەچە و ئەو دۆخە بەسەردەبات کە دەسەلاتی کوردی لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆ کردوویەتی.
غەززە ئەو سەرزەمینەیە کە لە پاش دەسەلاتگرتنەدەستی ئیدارەی عەرەبی خۆیەوە ، تالاوەکانی ئاپارتاید و دەسەلاتێکی راسیستی بە گۆشت و خوێنەوە تاقیدەکاتەوە و ئیدارەی خۆماڵیش لە بەیاننامە دەرکردنی سەرکۆنەکردن بەولاوە، کارێکی دیکەی نەکردووە. تەنانەت لە چالاکی موخابەراتی ژێربەژێردا، زانیاری هەموو هیزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ژیردەسەلاتی خۆیان وناوچەی غەززەیشییان داوەتە مۆساد.
غەززە لەمڕۆدا ، ئەو بەشەی دەرەوەی دەسەلاتی “فەتح”ە کە دەیەوێت پرسی ئینسانی فەلەستینی و ئاپارتاید لە گشتییەتی خۆیدا نەمێنێ. ئەمە بەرهەمی دابراندنی غەززەیە لە ناوچەکانی تری فەلەستین. بە کورتیەکەی بەشێکی دابراوی تەوقدراو، هەموو بناغە ستراکتۆرییەکانی ئەوەی پێیدەوترێت کێشەی فەلەستین ، لە خۆدا کۆدەکاتەوە.
بەڵام ئایا ئەمە بەرهەم و چالاکی سیاسی “حەماس”ە؟
لە ڕاستیدا وەلام بە نایە. ستەم لەوێیەوە و لە بیست و چوار سەعاتدا چاولێک نانێ و حەماس لەوی بێت یان نەبێت، ئابڵۆقەدانی ئەم ناوچەیە نارەزایەتی دەکوڵینێت.
حەماس لەوێیە و سواری ئەم شەپۆلی نارەزایەتیانە بووە. هاوکات ئینسان دەتوانێ ئەوەش بڵێ کە حەماس ئەم نارەزایەتییە کڵپەگرتووەی ناو غەززە بەو ئاراستەیەدا دەبات کە لەگەل ئەجێندای سیاسی خۆیدایە. بەڵام بوونی حەماس و نەبوونی، ئەم مافی موقاوەمەتکردنەی هاوڵاتییان لەبەرانبەر سیستەمێکی راسیستیدا ناکرێ لەکەدار بکات و هەڵویستییان بخاتە ژیر پرسیارەوە.
ئاماژەکان بەرەوە کوێ دەڕۆن؟
چۆڵکردنی غەززە بە مانای هەڵبژاردنی ئەگەری ئاوەرەکردنی 2 ملیۆن ئینسان بۆ ئەوەی وەک هەموو فەلەستینیەکانی ترلە کەمپەکانی ئاوارەیدا بژین. لە پراکتیکدا: یانی هاتنەدی خەونی لە دەریادا نوققوومکردنی غەززە.
دەرهێنانی دانەکانی حەماس و تەسلیمکردنی ئیدارەی غەززە بە فەتح، دەکرێ ئەلتەرناتیڤێکی گوونجاوتر بێت کە کۆمەلگای نەتەوەیی سەری ڕەزامەندی بۆ دەلەقێنێ.
دەرهێنانی دانەکانی حەماس و داگیرکردنەوەی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
یان، تێوەگلانی هەموو ناوچەکە لەشەڕیکی ماڵوێرانکەرانەدا.

لە ئیستادا خەونی نووقومبوونی غەزە، هەر بە تەنها خەونێکی ئیسرائیل نییە. زۆرن ئەو دەسەلاتانەی بە نهێنی ئەم خەونە دەبینن. بەڵام غەززە لەوێیە، بە حەماس و بێ حەماسەوە. چونکە بنەما سەرەتاییەکانی سەرکوت و بێحورمەتیکردن بە ئینسان، لە ئاستە نێونەتەوایەتییەکەیدا لەسەر شانۆی غەززە و لە نیگای مندالانی دەست وقاچ پەڕیودا خۆی نمایشدەکات. دەڵێن: منداڵانی غەززە لەخەو ڕادەچڵەکن، نەلەبەر کابووسەکانی ناو سەریان، بەلکو لە ترسی ئەوەی لەبیریان چوو بێت ناوی خۆیان لەسەر قۆلیان بنووسن. ئەوان ڕادەچڵەکن و بە پەلە سەیری سەرقۆڵی خۆیان دەکەن. تا لە لەوە دڵنیا ببنەوە کە لە ئەگەری بۆمبارانی مالەکانیاندا، کاتێک کەسێ جەستەی ژێرخاک و پەردووەکان دەردەکێشێ، بزانرێت کێ کچ و کوڕی کێێە.
نەبینینی ئەم ستەمە سیستیماتیک و ئاپارتایدە ڕۆشنەی کە کەمایەتییەکی هاوڵاتییان دەیانەوێ لەسەر خۆیان و زۆرایەتی کۆمەلگای فەلەستین نەمێنێ، ڕەوایەتی قەتل و عامی غەززە نادەتە دەست هیچ کەسێک.
تەنانەت ئەگەر تەرەفێکی ئەم جەنگە حەماسیش بێت.
با ئەم وێنەیە کەمێک ڕۆشنتر بکرێتەوە.
گریمان چه‌ند ڕۆژێکی به‌ر له‌ شانزه‌ی سێی ساڵی 1988و ئیسلامییه‌کانی کوردستان و یه‌کێتی و پارتی هه‌له‌بجه‌ ده‌گرن و به‌عسیش به‌ هه‌موو چه‌کێک شار ده‌خاته‌ ژێر گه‌وره‌ترین ئابڵۆقه‌ی ئابووریی و بۆردوومانی زه‌مینی و ئاسمانییه‌وه‌. بۆ هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له‌به‌رانبه‌ر سیناریۆیه‌کی وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌دا کام هه‌ڵوێست له‌ پله‌ی یه‌که‌مدایه بۆ تاوانبارکردنی لایه‌نه‌کانی ده‌رگیر له‌ جه‌نگدا‌: گرتنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن یه‌کێتی و پارتیی و ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ یان کیمییابارانکدنی شارێک. به‌ بڕوای من هۆی کیمیاییبارانکردنی شارێک ناخرێته‌ ته‌رازووی کۆششی سه‌ربازیی بۆ گرتنی شارێک ‌و هیچ که‌سێکی خاوه‌ن موڕاڵی سیاسیی ناتوانێت بڵێ ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ئه‌و کاره‌یان نه‌کردایه‌، به‌عسیش وای نه‌ده‌کرد. ته‌نها له‌ ده‌سه‌ڵاتێکی فاشیستی ده‌وه‌شێته‌وه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ده‌سته‌جه‌معی سزای سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی بدات به‌وه‌ی چه‌ند هێزێکی سیاسی به‌ پێێ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی تایبه‌ت شارێک ده‌گرن و ده‌وڵه‌تیش غازی کیمییاوییان به‌سه‌ردا ده‌ڕێژێت. ئه‌وه‌ی له‌ غه‌ززه‌دا دەگووزەرێ هه‌مان شته‌. دوو ملیۆن ئینسان خراونه‌ته‌ قه‌فه‌سێکی داخراوه‌وه‌. به‌وه‌ی حه‌ماس ده‌سه‌لاتدارێتی ئه‌م ناوچه‌یه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هیچ ده‌وڵه‌تێک به‌ ناوی لێدان له‌م ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆی نییه‌ تازه‌ترین چه‌که‌کانی سه‌ر‌ده‌م به‌سه‌ر ماڵ و منداڵی ناوچه‌یه‌کی دوو ملیۆنیدا ببارێنێت که‌ ده‌رفه‌تی هه‌ڵهاتنیشییان لێسه‌ندرابێته‌وه‌. تۆ کاتێک وه‌ک هاوڵاتییه‌کی کورد پێتوانییه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عس حه‌قی خۆی بوو شارێک کیمییاباران بکات به‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک چه‌کداری سه‌ر به‌ گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆن شاره‌کەیان خستۆته‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆیانه‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش ناتوانیت پێتوابێ ئیسرائیل حه‌قی خۆیه‌تی دوو ملیۆن ئینسان بخاته‌ ژێر چه‌کی فسفۆڕیی و سه‌رتاپای پێداویستییه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌ک له‌ بناغه‌وه‌ هه‌ڵته‌کێنێت. یان پێتوابێت ئەمە جەنگی تێرۆریستەکانە وبا بەرببنە گیانی یەکدی. لێره‌دا به‌رگ و ڕه‌نگی ئایدیۆلۆژی حه‌ماس و یه‌کێتی و پارتیبوون مانایه‌کییان نییه‌. به‌ڵکو ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌، به‌ ڕه‌هینه‌گرتنی ژیانی دوو ملیۆن ئینسانه‌ له‌ شوێنێکدا به‌وه‌ی حه‌ماس ده‌سه‌ڵاتدارێتی ناوچه‌که‌یه‌.
لەم گۆشەنیگایەوە سەیری جەنگی ئێستای غەززە نەکرێت، دەکرێ ببیتە بەشێک لەو لەشکرەی خەو بە نووقومبوونی غەزەوە دەبیین لە دەریادا. یان خستنە ژێر چادریان لە بیابانی نێوان میسر و ئیسرائیلدا.
بەڵام غەززە لەوێیە، چونکە بناغەکانی سەرکوت لە ئیسرائیلدا بە تەواوەتی خۆیەوە ئامادەیی هەیە.

بەکر ئەحمەد
2023, 10,20

1- Hamas, Israel och Palestina av Bitte Hammargren (aftonbladet.se)




گالیلۆ، هێزی ڕاکێشانی زەوی.. بریا محمد همزە

هەموو زستانێک میری مەزنی توسکانی چەند مانگێکی لە پیزا بەسەردەبرد. مامۆستا تایبەتەکەی بەردەوام لەگەڵی دەڕۆیشت. ئەم مامۆستایە ناوی ڕیسی بوو وانەی بە کوڕەکانی میری مەزن و هاوڕێکانی دەوتەوە: ڕیسی هاوڕێیەکی خانەوادەی گالیلێو بوو مامۆستایەکی تایبەتی زیرەکی ماتماتیکیش بوو. جارێک یان دووجار ڕێگەی بە گالیلۆ دابوو کەلای دەرگاکەوە دابنیشێت و گوێ لەوانەکانی بگرێت. گالیلۆش زۆر حەزی لە ماتماتیک بوو. لە کاتی دەست بەتاڵی دا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرد و لەتاقیکردنەوەکانیدا بەکاری دەهێنا. لەساڵی 1585 دەبوو زانکۆ جێبهێڵێت، لەبەربێ پارەیی. چیتر هیوای بەوە نەمابوو تا ببێت بە پزیشک بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر خەفەتی پێنەخوارد، ماتماتیک بیرۆکەیەکی نوێی پێبەخشی، ئەویش زۆر خۆشحاڵبوو لە ماڵەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات.
ڕیسی یارمەتی داو هەندێ کتێبیشی دایەو پێیووت: دەبێت ئەرخەمیدس و ئیوکلید بخوێنیتەوە: ئەگەرچی ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر ژیاون، بەڵام ئێمە هێشتا کتێبەکانیان بەکادەهێنین. ئەرخەمیدس وەک تۆ وابوو هەمیشە سەرقاڵی ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بوو. گالیلۆ پێکەنی ئەو چیڕۆکەی ئەرخەمیدس و گەرماوەکەی دەزانی. بەلایەوە باشترین چیڕۆک بوو. ڕۆژێک پاشای سیراکوس ئەرخەمیدس بانگدەکات بۆلای خۆی و پێی دەڵێت، تکا دەکەم سەیرێکی ئەم تاجە بکە بزانە لەزێڕ دروستکراوە یان لە کانزای جۆراوجۆر؟ دەمەوێ بزانم لەبەرئەوەی پارەیەکی زۆرم پێداوە. ئەرخەمیدس تاجەکەی هەڵگرت وادەرکەوت لە زێر دروستکرابێت، بەڵام لەوەشدەچوو کانزای جۆراوجۆر لەناواخنی زێڕەکەدا بێت، چۆن بتوانێت بیدۆزێتەوە؟ پاشاکە پێیوت بڕۆ ماڵەوە و بیری لێبکەوە. هەندێ تاقیکردنەوەیان لەسەربکە خەڵک دەڵێن گوایە تاقیکردنەوەکانت زۆر زیرەکانەیە. ڕۆیشتە ماڵەوە و زۆر بە وردی بیری لێکردەوە. بەڵام وەڵامەکەی دەست نەکەوت تا دواجار هیلاک بوو، لەبەرئەوە چووبەرەو گەرماوی گشتی (حەمامی دەرەوە). لەلای ئاوی خۆشتنەکە وەستاو تەماشای کردهێشتا پڕنەبوو، پاشان چووە ناوی و ئاوەکە بۆ سەرەوە بەربووەوە. کاتێک لەناویا دانیشت لەپرێکدا بیرۆکەیەکی بۆهات بەزمانی گریکی هاواریکرد: ئیوریکا دۆزیمەوە!.
ڕایکردە سەرجادەکە و بەپەلە ڕۆیشتەوە ماڵەوە. خەڵکەکەی سەرجادەکە سەریان سوڕما لەبەرئەوەی ئەرخەمیدس هیچی لەبەردانەبوو. مێشکی سەرقاڵبوو بەم بیرۆکە سەیرەوە، لەبەرئەوە لەبیری چووبوو جلەکانی لەبەربکات لەماڵەکەی خۆیدا چەند تاقیکردنەوەیەکی بچووکی ئەنجامداو پاشان ڕاستەوڕاست چوو بۆلای پاشا پێیوت گەورەم، وەڵامی پرسیارەکەتم دۆزییەوە ڕێمبدە تاقکردنەوەیەکت پیشان بدەم.
بڕێ زێڕوزیوی لەسەر مێزەکەدا دانا لەبەردەم دوو دەفردا پاشان دەستی پێکرد، تاجەکەی تۆ کێشی چوار پاوەندە، ئەم توڵە زێڕەش چوار پاوەندە هەروەها ئەم توڵە زیوەش بەهەمان شێوە. بەڵام زێڕ قوڕسترە لەزیو، کەواتە دەبێت توڵە زیوەکە گەورەتر بێت، ئەی وانیە؟ پاشا وتی بێگومان. ئەرخەمیدس لێی پرسی باشە حەزدەکەیت یارمەتیم بدەیت؟ ئەم دەفرە گەورەیە پڕە لەئاو ئەگەر زێڕەکەی تیادابنێیت، بڕێک لە ئاوەکە دێتەدەرو دەچێتە ناو دەفرێکی بچوکتر. ئەو بڕە ئاوە بپێوە، بەپێی ئەم نیشانەیەی لەناو دەفرەکەدایە نەزۆر نەکەم.
ئەرخەمیدس زێڕەکەی دەرهێنا. ئینجا دەفرە گەورەکەی پڕکردەوە و دەفرە بچوکەکەی خاڵی کردەوە ئەمجارە زیوەکەی تیا دابنێ، کاتێک ئاوەکە هاتە دەرەوە بەهان شێوە ئەو بڕە ئاوەش بپوە.
پاشاکەش بەوجۆرەی ئەرخەمیدس وتی، کارەکەی ئەنجام دا، ئەرخەمیدس بەردەوامی دا بە قسەکانی: ئێستا تاجەکە دەخەینە ناوی ئەگەر بەتەواوی زێڕبوو ئەوا ئاوەکە دەگاتە لای نیشاندەری یەکەم، ئەگەر لە زیویش دروستکرابوو ئەوە ئاوەکە دەگاتە لای نیشاندەری دووەم. تەماشایانکرد ئاوەکە لەنێوان دوو نیشاندەرەکە وەستابوو، ئەرخەمیدس هاواری لێبەرزبووەوە : ئەوە وەڵامی پرسیارەکەتە: تاجەکە بەتەواوی زێڕینەو زیویشی تێدایە. گالیلۆ ئەو چیڕۆکەی بەدڵ بوو، دەیویست ئەو تاقیکردنەوانە بۆ خۆشی ئەنجام بدات.




شەڕی فەلەستین – ئیسڕائیل و داڕووخانی وەهمیی گەورەی مۆساد.. فەرمان محەمەد

هێرشی لەناکاو بۆ سەر ئیسرائیل شکستی شۆککەری دەزگە هەواڵگرییەکان پێشان دەدات، کە ئەمە یەکێکە لە گەورەترین شکستەکانی هەواڵگریی ئیسرائیل لە دوای شەڕی یۆم کیپوری ساڵی ١٩٧٣ەوە؛ کە توانای هێرشەکە ناتواندرێت کەم بکرێتەوە یان بە زاراوەیەکی کەمتر بخرێتەڕوو.
وردبینیی هێرشەکە سیستەمی هەواڵگریی ئیسرائیلی شۆککرد، کە ئەمەش شکستی هەواڵگریی و بەرگرییە، کە نەیتوانیووە بەرگریی پێویست بۆ هاوڵاتیانی مەدەنیی ئیسرائیل دابین بکات. ئەمە جۆرێکە لە پیرڵ هاربەر و یانزدەی سێبتەمبەر بۆ ئیسرائیل، کە تا ئەمڕۆ واقیعێک هەبووە، بەڵام ئەم شکستە بەرەوڕووی واقیعێکی دیکەی کردینەوە. واقیعێک کە تێگەیشتنێکی دیکەمان پێدەدات لەمەڕ سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوو و تەکنەلۆژیای سەردەم، لەهەمبەر هێزێک بە تاکتیکی کلاسیک و چەکی ئاسایی.
ئیسرائیل هەمیشە شانازی بە بەرگرییە سنوورییەکانی خۆیەوە دەکرد، کە هیچ چاوێک بەڕواڵەت نەتواندرێت بچێتە ژوورەوە، بەتایبەتی سیاج و دیواری پێشکەوتووی سنووریی و دیواری کۆنکرێتی لە نزیک غەززە، بەڵام لەم هێرشەدا دەیان چەکدار بە کەرەستەی زۆر سادەی جەنگ لە چەند شوێنێک لەڕێگەی ئاسمانیی، وشکانیی و دەریایییەوە دزە دەکەنە ناو سنوورە قەڵادارە قورس و سەختەکانەوە، کە لە پشوویەکی کورتدا وڵاتەکەیان بێئاگا گرت.
هێرشەکە دەزگەی ئەمنیی ئیسرائیلی لە دۆخێکی نائاسایییدا ڕاشلەقاند و سەرکەوتوو بوو لە کاڵکردنەوەی پێگەی گەورە و بێوێنەی چەندین ساڵەی ئیسرائیل. بەرپرسانی ئیسرائیل بەهۆی ئەو هێرشە بێوێنەیەی حەماس ڕووبەڕووی پرسیار دەبنەوە و پرسیار لەسەر شکستی دەزگەی هەواڵگریی بەناوبانگی مۆساد دەورووژێندرێت، لەکاتێکدا بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، ئیسرائیل خاوەنی بەرفراوانترین، زۆرترین بودجە و تۆڕی هەواڵگرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

شکستی دەزگە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل
شکستەکە زیاتر سەرنجڕاکێشە بەو پێیەی کە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، سەرچاوەیەکی بەرچاو بۆ چاودێریکردنی کۆمەڵگەی فەلەستین و لەنێویاندا حەماس، لەڕێگەی تۆڕەکانی سەرچاوەی مرۆیی و هەروەها تەکنەلۆژیای چاودێریکردنەوە تەرخان دەکەن. شکستەکە تەنیا لە کۆکردنەوەی هەواڵگرییدا نەبووە، بەڵکوو پێدەچێت بێتوانایییەکی سیستماتیکی هەبێت بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتا هەواڵگرییەکان. لە کاتێکدا کە دەزگەکانی وەک مۆساد، فەیلەقی هەواڵگریی و دەزگەکانی ئاساییشیی لە ڕابوردوودا ستایشی سەرکەوتنەکانیان لێدەکرا، بەڵام ئەم ڕووداوە پرسیار و گومانی خستووەتە ڕوو. بەلەبەرچاوگرتنی ناوبانگ، دووربینیی،هەژموون، دەستکراوەیی و ڕەخساندنی ژینگەی نێودەوڵەتیی دەزگە هەواڵگرییەکانی؛ بە تایبەت مۆساد، ئێستا لەژێر پرسیاردان و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە.

هۆکارەکانی پشت شکستەکەی مۆساد

  • قەبارە و خێرایی هێرشەکە؛ گەورەیی هێرشەکە لەگەڵ جێبەجێکردنی خێرایییدا، میکانیزمەکانی بەرگریی ئیسرائیلی لە دۆخێکی خراپ و بێهیوادا هێشتەوە.
  • بێتوانایی هەواڵگریی ئیسرائیل؛ بێتوانایی لە پێشبینیکردن یان بەرپەرچدانەوەی “ئۆپەراسیۆنی لافاوەکەی ئەقسا”، کێشەیەکی قووڵی چەسپاو پێشان دەدات، شارەزایانی هەواڵگریی و سەربازیی باس لەوە دەکەن کە نەیانتوانیووە بچنە ناو تۆڕی پلاندانانی ئاڵۆزەوە، کە لەلایەن حەماسەوە دارێژراوە.
  • وەهمی ئەتۆمیی ئێران؛ هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە کە ئیسرائیل ئەوەندە بە تەواویی سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی ئێران و هەوڵەکانی پووچەڵکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامیی بووە، کە حەوشەی ماڵەکەی خۆی پشتگوێ خستووە. ئەمە خەڵکی خستووەتە ناو هەستێکی ساختەی ئاساییشەوە.
  • وردبینیی هێرشەکە؛ وردبینیی هێرشەکە سیستەمی ئاگادارکردنەوەی ئیسرائیلی شۆککرد و پلانی وردی پشت هێرشەکە دڵنیاییی ئەوە دەدات کە هەم هەماهەنگ و هەم بە تەواویی چاوەڕواننەکراو بووە، کە ئیسرائیی لە زۆرترین حاڵەتی لاوازیدا گرت.

پاڵنەرەکانی پشت تۆفانی ئەقسا
گرژییەکانی پێش هێرشەکە، چەند مانگێک پێش ئەم هێرشە پڕ بوو لە گرژیی، کە لە پرسەکانی وەک تووندوتیژیی مزگەوتی ئەقسا و بەردەوامیی گەمارۆ و داگیرکاریی سەرچاوەی گرتبوو.

پلانی لەخەودا گیران
ئیسرائیلییەکان بەشێوەیەکی نائاسایی لەخەودا گیران، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل یەکێکە لە بەهێزترین هێزی سەربازیی ناوچەکە؛ کامێرای ئەمنیی سەرسنوور، بوونی کارمەندانی هەردووک کۆمپانیای شین بێت و مۆساد لە مەیدانەکەدا، هەستەوەری وێنەگرتنی گەرمیی/ جووڵەی پێشکەوتوو و تەنانەت سیاجکردنی سنووری ئاڵۆز، بەڵام هێرشەکە زیاتر شۆککەرە بەو پێیەی دوای ٥٠ ساڵ لە شکستی ئیسرائیل دێت لە هێرشێکی لەناکاودا، کە میسر و سووریا ئەنجامیاندا. بێگوومان دەزگەی هەواڵگریی پشکی خۆی لە بەرپرسیاریی هەڵدەگرێت. بەهۆی نەبوونی زانیاریی، سەرەڕای ناوبانگ، توانا و هەژموونی هەواڵگریی. ئەمەش گەورەیی، وردیی پلانەکە و بێتوانایی زیاتریی دەزگە هەواڵگریەکانیان دەردەخات. هێرشەکە بەو ئامادەکارییە کراوە، کە زۆربەی ئەندامانی بزووتنەوەکە ئاگاداریی وردی پلانەکە و کاتی جێبەجێکردنی نەبوون، بەڵام بەشداریکردنی هەزاران چەکدار، ڕاهێنانی تووند و فراوانیی هێرشەکە و خەوتوویی دەزگە هەواڵگرییەکان، جیهانی ڕاچڵەکاند.
ئێلی مارۆن، سەرۆکی پێشووی هێزی دەریایی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا، کە ”هەموو ئیسرائیل لە خۆی دەپرسێت: کوا IDF، کوا پۆلیس، کوا ئاسایش؟ شکستێکی گەورەیە؛ پلەبەندییەکان بە سادەیی شکستیان هێناوە”.
هەروەها ڕۆژنامەی تایمز ئۆفی ئیسرائیلیی لە زاری ئامۆس یادلین، بەرپرسی پێشووی هەواڵگریی IDFـەوە نووسیویەتی ”هێرشەکە دەنگدانەوەکانی جەنگی یۆم کیپوری وەرگرتووە – هێرشێکی دیکەیە کە بە شکستی هەواڵگریی دیاری کراوەوە”، کە بۆ دەیان ئیسرائیلیی؛ دزەکردنە کوشندەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر، یەکسەر یادەوەریییە ئازاربەخشەکانی جەنگی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣ی زیندوو کردەوە.

پەنجەی تۆمەتی ئیسرائیل
بە زیادبوونی لێکەوتە ئەمنییەکان، ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتبارکردنی خۆی ئاڕاستەی تاران دەکات، بەهۆی ڕێکخستنی هێرشەکانی حەماس. ڕەنگە هێرشەکان لەدایکبووی توڕەیی بن، بە تایبەتی لە ڕەفتاری چەند مانگێکی هاوپەیمانیی نەتەنیاهۆ، لەوانەش ئیستفزازی مزگەوتی ئەقسا، بەڵام ئێران و ئەو هێزانەی کە پشتیوانیان دەکات، ئامانجێکی ستراتیژیی درێژخایەنتریان هەیە، ئەویش پووچەڵکردنەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیلە، هەنگاوێک کە ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەسپاندوویەتی، بەڵام لە چاوی ئێراندا فەلەستینییەکان لە دوا سپۆنسەری کاریگەرییان بێبەش دەکات.

فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا




شیعری (حەز)ی دڵکەش قادرم خوێندەوە.. لەتیف بێوار

ئەدیسۆن هەر وشەیەك بوو کردی بە دۆزەرەوەی ئەلیکتریك و رووناکی، کاتێك دایکی نامەی قوتابخانەی ۆ خوێندەوە کە لەبەر زیرەکی جێی نابێتەوەو نابێت چیتر بچێتەوە، لەکاتێکدا کە گەورە بوو دوای داهێنانەکەی راستی نامەکەی بۆ دەرکەوت کە لەبەر تەمەڵی بووە!.
کەواتە وشە زۆر کاریگەرو گرنگە بۆ سەر پرۆسەی داهێنان و گۆڕانکاری، وەک نموونەی ئەو مامۆستایەی لەناو قوتابییە منداڵەکاندا ئاوات بەوە دەخوازێت بۆ نموونە مێژووی کەسایەتییەكی گرنگ ببینێتەوە لە داهاتوودا بە تێرو تەسەلی و دروستی لە دووتوێی پەرتووکێکدا نووسرابێتەوە، بێئاگا لەوەی دوای دەیان ساڵ قوتابییەك لەوانە بەو کارە هەڵدەستێت و مامۆستاش وەفاتی کردووەو ئاگای لە بەرەنجامی ئەو وتەیە نییە کە جارێك لە جاران لە پۆلدا درکاندوویەتی.
دوا دەرکەوتنی فەرهاد پیرباڵ لە ڤیدیۆیەدایە کە لەناو حەشاماتێکدا کتێبە چاپکراوە تازەکەی دەکێشێت بە زەوی داو دەڵێت: دوازدە هەزار دیناری تێچووەو کەس بە هەشت هەزار لێم ناکڕێتەوە! لای هەندێك ئەمە مردنی مەعریفە دەگەیەنێت و لای هەندێکی تریش کۆمیدیای واقیعی کوردییە.
بێگومان لە هەر دەورو زەماێکدا وشە کاریگریی خۆی هەر هەیە، بۆ نموونە من لە چاوخشاندنم بە باتەکانی رۆژی ٢٠/١٠/٢٠٢٣ی ماڵپەڕی دەنگەکان زۆر شادمان بووم کە دەقی ((حەز))ی دڵکەش قادرم خوێندەوە، وێڕای ئەوەی چەند رەهەندێکی لە خۆ گرتووە، نیشانەی ئەوەشە کە هێشتا هەست و وشەو جوانی گیانی تیا ماوەو بەیەکجاریی نەکراوەتە کاڵای دنیای سەرمایەداری و بزنس و ماهییەتی خۆی لە دەست نەداوە، هەرچەندە کەم تا زۆر دنیا بەرەو جەهل و نەخوێندنەوەو نامۆڕاڵی دەچێت، بەڵام دڵکەش بێ ئەوەی هیچ موکافەئەیەکی ماددی چنگ بکەوێت لە ماڵپەڕی (دەنگەکان)دا ئەو هەوڵەی خۆی خستوەتە بەر دیدی خوێنەران، لە لایەکی تریشەوە دەبێت ئەوە بزانین کە هەموو وشەیەك دەخوێندرێتەوەو سەنگ و بەهای خۆی پێ دەدرێت و کەسانێکی ورد بین و عەوداڵی دنیای گیان و هونەرو ئیستاتیکا و ئەفراندن هەر دەمێنن و هیچ وشەیەك تێناپڕێت بەسەریاندا کە خوێندنەوەی لە دەست بدەن.

((حەز))
تۆ ئاوازێکی غەمگینی بەسەر دوا هەنسکمەوە
هەنسکی من
ئاوازێکە لە میلۆدی بەفربارینەوە بەربۆتەوە
نێو دوا دێڕی شیعرێکی شەرمنەوە
شەرمنی تۆ
دوا نیگای دەنگی ژیانەوەی سلێمانیی و
ترۆپکی حەزێکی شێتانە
ئای یادی بەخێر
من و تۆ خوێنی هوەیدا
کەوتۆتە سەر نینۆکی پەنجەتووتەمان.
حەوشەی پشتەوەمان
کۆڵانێکی غەمگینە و دەمانباتەوە سەر خوانێکی حەزێکی شێتانە
شێتانە وەک توانە لە ترۆپکی چێژ لە نیوەی شەودا.
سلێمانیی
دڵکەش قادر


*بایۆگرافی دەق:
گرنگی دەق لە درێژی و کورتیدا نیە، بەڵکو دڵکەش هەوڵدەدات لە دەقێکی کورتی ١٣ دێڕیدا زۆر رەهەندی جیاواز کۆبکاتەوە، راستە لە رووکەشدا سیمای قوتابخانەی رۆمانسی پێوەدیارە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانین شتانێكی تری لێ بفامینەوە، بگرە خوێندنەوەی واقیعی شاعیریشی تێدا بەرجەستە دەبێت، چ وەك تاکێکی تایبەت یان وەك تاکێکی گشتگیراو.
*
*کاکتەرەکانی ناو دەق:
چوار بوونەوەر دەجوڵێن لەم دەقەدا، شاعیر ناچارمان دەکات وەرچرخانێك بکەین بەلایاندا و مانایان پێ ببەخشین، یان بەدوایاندا بچین، ئەوانیش هەر یەك لە:
١- من: خودی هۆنەر.
٢- تۆ: کەسی دوێندراو.
٣- هوەیدا. کەسایەتی خوێناوی ناو دەق.
٤: سلێمانی، گەشە دەکاتەوە دیارە گەشەش دوای سیس بوون دێت- رەهەندی جیۆپۆلەتیکی.
*
*کۆدی نەست(حەوشەی پشتەوەمان):
یان دەتوانم بڵێم دنیای تاکی کوردی، بە دەسەڵاتدارو بێدەسەلاتەوە، رەنگە بێدەسەڵات بیکاتە رێگای ئاودیوبون و گەشتن بە مەبەستەکانی ئەودیوی ژیانی رۆژانەو رووکەش، دەسەڵاتداریش بیکاتە پانتاییەك بۆ شتنەوەی پارەو ئەنجامدانی تاوانەکان. ئەم پنتە جێی زۆر رامان و لەسەر وەستانەو جێگەی خۆی لە ئیعرابدا گرتووە لە ژیانی هەر یەك لە ئێمەداو هەر یەك بە جۆرێک لە یادەوەری و نەستماندا ماناو وێنەیەك دەبەخشێت و زیاتر رۆچوونی دەلالەت لێرەدا بۆ خوێنەران جێ دەهێڵرێت، هەرچەندە لەم دەقەدا خەمەکانی تاکی مێینە بە شێوەیەکی گشتی بەرجەستە دەبن و خوێندنەوەیەکیشە بۆ باری سۆسیۆلۆژی و کەلتوورو جۆری بیرکردنەوەی تاکەکان و ژیانکردن لە واقیعی شاعیرداو بەربەستە کۆمەڵایەتیەکان.
*
*وێنەی شیعریی:
شاعیر توانیویەتی چەند وێنەیەك لە دنیای ئەندێشەدا دەربهێنێت و دەقەکەی پێ رووپۆش بکات، وەك ئەو کانزایانەی بە ئاوی زێڕ رووپۆش دەکرێن، بۆچی نا، خۆ مەگەر ئەمە بە گرنگترین پێکهاتە شیعریەکان دانانرێت؟
لەو وێنە پر ناسۆرە وردببنەوە کە شاعیر دەرگای شیعرەکەی پێ واڵا دەکات:
(تۆ ئاوازێکی غەمگینی بەسەر دوا هەنسکمەوە)
ئەگەر هەنسك بە تەنێك یان جەستەیەك لێك بدەینەوە کە خۆی لە خۆیدا بەرەنجامی گریانەو گریانیش نیشانەی ناسۆرو نەهامەتی و خەمگینییە، کە زۆربەی تاکی کوردو بەتایبەتی رەگەزی مێ لەگەڵ رووبەرربوونەوەی ویست و حەزەکانیان بە واقیع دوچاری دێن، دیارە کە لیرەدا (ئەوە) کە دەبێتە ئەم ئاوازە خەمبارە بەسەر دوا هەنسکی شاعیرەوە، کە وێنەیەکی جوان و گونجاوە لە هەردوو رووی مەجازو واقیعەوە.
بەڵام بە پێچەوانەی وێنەکەی ناو دێڕە شیعری(دوا نیگای دەنگی ژیانەوەی سلێمانیی) ێت، کە لیرەدا نەنگییەك هەیە لە خولقاندنی ئەم وێنەیەو گونجاندنی (نیگا ی دەنگ) پێکەوە، چونکە دەنگ لە خەیاڵیشدا جێی نابێتەوە کە بدرێتە پاڵ نیگا و بەرجەسەی مانایەکی مەجازی بکات، لام وابێ بەم جۆرە ەواوتر دەبوو:
(دوا نیگای ژیانەوەی سلێمانی)
*
*وشەسازیی:
شاعیر لەم ١٣ دێڕەدا چەند زاراوەیەکی دوووبارە کردووەتەوە وەك:
(هەنسك، شەرمن، حەزێکی شێتانە، شێتانە) بەڵام ئەوەی جیی باسە ئایا ئەم شیعرە کە بە شێوەەکی سروشتی لە ناخی دانەرەکەیەوە هەڵقوڵیوە لە بەهای شیعرەکە کەم دەکاتەوە؟ یان جەختکردنەوەی شاعیر دەنوێنێت لەسەر ئەوەی کە خوێنەر زیاتر لێیان رابمینێت؟
وێڕای ئەوەی لێرەدا (دەمانباتەوە سەر خوانێکی حەزێکی شێتانە)بەر هەڵەیەکی ڕێزمانی دەکەوین، کە دەبوو بەس حەز/ پاشگری (ێکی)ببوایە چونکە (خوانێکی)شی هەر دەگەڕێتەوە سەر حەزەکە، کەواتە دەبوو ئاوهای لێبهاتایە:
(دەمانباتەوە سەر خوانی حەزێکی شێتانە).
*
خاڵبەندی و ڕێنووس:
وەك چۆن لە تاقیکردنەوە رەسمییەکانی خوێندنگاو زانکۆکاندا %١٠ی نمرە لەسەر خاڵبەندی و ڕێنووس دادەنرێت، هەرواش لە شیعردا ئاسانکاری بۆ خوێنەر دەکات لە تێگەشتنی ماناو نەرمی بە زنجیرەبەستی کۆپلەکان دەدات.
بۆ نموونە ئەم دێڕە(ئاوازێکە لە میلۆدی بەفربارینەوە بەربۆتەوە) پەیوەستە بە دێڕی دوای خۆی(نێو دوا دێڕی شیعرێکی شەرمنەوە)بۆیە داشێك دوای وشەی شەرمنەوە- ببوایە باشترو رەوانتر دەبوو لە رووی (بەیان)ـەوە.
پەلەپەلکردنی شاعیرو پێدانەچوونەوەی دەق دوای یەکەم رەشنووس کێشەیەکە زۆر شاعیر پێوەی گیرۆدەیە، ئەم دێڕەش (شێتانە وەک توانە لە ترۆپکی چێژ لە نیوەی شەودا) زەحمەت لای خوێنەر دەسازێنێت تا لەهەڵە ڕێنووسیەکە تێبگات و وشەی (توانە) راست بکاتەوە و بیکات بە (توانەوە)، جگە لەمەش دانانی خاڵ پێش ئەم دوو رستەیە بۆ کێشەی تەکنیکی کۆپی و پەست دەگێڕمەوەو هەڵەی شاعیر نەبێت:
کەوتۆتە سەر نینۆکی پەنجەتووتەمان.

.شێتانە وەک توانە لە ترۆپکی چێژ لە نیوەی شەودا
*
دواپەیام:
هیوای سەرکەوتن و بەردەوام بوون بۆ شاعیر دەخوازم و دەتوانم بڵێم هەموو کۆشش و کارێکیش ماددەی لە پشتەوە نییە وەك هەندێك کەسی چاوچنۆك دنیا هەر لەو سۆنگەیەوە دەبینن، بەڵکو ئەم گەردوونە زۆر لەوە بەرفراوانترە لە بەرژەوەندی ئابووریدا لە تیغ و چواچێوەی بدەین، لەکاتێکدا کەسانێك توشی هەڵدیرو تاوان بوون بە هۆی پارەوە لە ژیانداو نەرێنیانە بیر دەکەنەوەو دەجوڵێن، بەڵام لە لایەکی ترەوە نموونەی پرشنگداری وەك شاعیر هەن کە بایەخی دنیای گیان و ئەدەب و هەست و نەست و دەربڕین و وشە لایان هەر داینەمۆیەکە کە دەیانجوڵێنێت لە ژیانداو بیدەنگ دۆش دانامینن بەرانبەر سەختییەکان و لە دوتوێی وشەو زاراوەکاندا خۆیان دەدۆزنەوە و هەوڵی داهێنان دەدەن، ئەمش جۆرێکە لە هۆشیارییو مەعریفەت و رۆشنبیریی، کە سەرقاڵ بوونی تاکەکان دووریان دەخاتەوە لە بۆشبوون و بوونە سووتەمەنی جەهل و درێژەپێدەری قەیرانە جۆراوجۆرەکان کە وادەزانین هەر کەسانی نێو دەسەڵات لێی بەرپرسیارە، بەڵام لە راستیدا مەنجەڵ سەرقاپی خۆی دەدۆزیتەوە، هیچ میللەتێکی هۆشیاریش بوونی نییە فەرمانڕەای گەلۆر بیبات بەڕیوە.




سەرگەردان.. شيعر: ایرج جنتی عطایی.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

لە ئازاری ڕێگا ، شەکەتی
گەیشتن و نەگەیشتن
هەڵکێشان و هەڵنەکێشانی
ئاخێک بۆ گەیشتن
غەمی سەرگەردانیم
ڕاستگۆیانە بە تۆم ووت
ناوێک کە ” نهێنی شەو ” م بوو
عاشقانە بە تۆم ووت
گەر ئازارێک لە جەستەما بوو
گەر ” پێ ” یەکانم سڕ بوون
هەر زوو بە تۆم ووت
گەر دەردم دێرین بوو
منی سەرگەردانی ساکار
تۆم بە ڕاستگۆ زانی
ئەمە بۆم شکست بوو
لەگەڵ ئەوەشا
تۆم بە عاشق زانی

بە درێژایی ڕێگا
كە ئاسۆ بەرامبەرم بوو
حەماسی تۆ ، ووزەی ڕێگەی من
ناوی تۆ ، ” هاوسەفەر”م بوو
منی دڵ شووشە لەهەر شوێنێ
كە شکانن بوو ، شکەستم خوارد
لە ژێر کۆڵە شاخی غەم
هەر دانیشتن بوو کە دانیشتم
لاوازیی و بە پێ ڕۆشتن
عەشقی تۆی برد لە یادم
هاواری تۆم کرد و دووبارە
بووم بە خوێنی ناو دەماری ڕێگا

سەرەڕای هەڵاوی شێ ی “با”
لە دەشتایی ناوەڕاستی هاوینا
قامچیەکانی دەستڕێژ
لە چلەی زستانا
نەیانتوانی ، نەیانتوانی
” کینە ” م لێ بسێنن
لە منی شەکەت بووی شەکەت
حەماسی ڕۆشتنم لێ بسێنن

ئێستا کەگەیشتوومەتە ئێرە
پڕە لە چیرۆک بۆ ووتن
پڕ لە نیازی تۆ
بۆ ئاخ هەڵکێشان و گوێ گرتن
تۆ بۆ خودی خۆم غەریبی
بە جیا لە غەمم ئەتبینم
خۆم پڕ لە گۆرانی
تۆ بێ دەنگ ئەبینم

كێ دەنگتی یا بە مانگ
کێ مانگی لێرەوە برد ؟
كێ ناوی تۆی یا بە خۆر
كێ خۆری یا بە هەور؟
لێم گەڕێ بۆ خۆم بم
هاودەنگی گۆرانییەک بە
لە گەڵ” زنجیر”ی ئەمشەوا
هاودەنگ بە
و
….ڕزگار بە




راپەڕینی جەماوەری لە ئێران و براوەی ستراتژیکی!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

چاوخشانێک بەسەر ساڵێک راپەڕینی جەماوەری لە دژ بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لە ساڵی ١٩٧٩ کە دیکتاتۆرییەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە رووخێنرا، ئەستەم بوو وابزانین کە پاشماوەکانی ئەم دەسەڵاتە جارێکیتر لە دژی خەڵکی ئێران بێنەوە گۆڕەپانەکە و لایەنگری بکەن لە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی. بەڵام بەداخەوە لەم راپەڕینەی ئێستادا ئەوە روویدا و ژەهری خۆیان ڕژاندە ناو راپەڕین. هۆی ئەم کارە چ بوو؟
لای هیچ کەسێک شاراوە نییە کە پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا بە ملیارەها دۆلار لە موڵک و ماڵی خەڵکی ئێرانیان دزی و چوونە وڵاتانی رۆژئاوا و لە پێنج دەیەی رابردوودا بەو داراییە دزراوانەی خەڵکی ئێران بوو کەوتنەوە سەر پێ!
نا با دەسەڵاتی پاشایەتی و نا بۆ دەسەڵاتی مەزهەبی!
هەروەک لە ساڵانی دواتر و تا ئەمڕۆش بە روونی بینراوە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی، لەسەر هێڵی میراتی دیکتاتۆرییەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوە پێکهاتووە و موڵک و ماڵی خەڵکیان تاڵان و بە سەدان هەزار کەسیان بێ ماڵ و حاڵ و ژمارێکی زۆریشیان کوشتار کردووە. کارنامەی ٤٤ ساڵی رابردووی دەسەڵاتی ئایینی بەڵگەنامەی حاشا هەڵنەگری ئەو راستییەیە کە هەر دوو دیکتاتۆرییەتی شا و دیکتاتۆرییەتی ئاخوندی تەواوکەری یەکتر و دوو دیوی دراوی سیستەمی دیکتاتۆریین و هۆکارێکی هاوبەش و دانەبڕاویان لە دوژمنایەتیکردنی گەلدا هەیە لە ئێراندا. هەر بۆیە دەبینین لە کات و ساتە دژوار و مێژووییەکاندا، بە پشتیوانیکردنی هەندێک کۆڕ و کۆمەڵی کۆلۆنیالیستی، دەبنە یارمەتیدەری یەکتر بۆ ئەوەی رێگە نەدەن گەل بگات بەو ئاوات و خواستەی لە مێژینەی هەیەتی!
ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی کۆدەنگی لەسەرە، “نەگەڕانەوەی چەرخی زەمەن” و “شۆڕشی نوێی دێموکراتیکی خەڵکی ئێرانە” بە تایبەتی لە دوای راپەڕینی ئەمجارەدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە خەڵکی ئێران بوێرانە دروشمی “نا با دەسەڵاتی پاشایەتی و نا بۆ دەسەڵاتی مەزهەبی” یان پێکەوە بەرز کردەوە.

رابردوویەکی راست و درووست!
خەڵکی ئێران هەرگیز لە رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی حەمەڕەزاشا پەشیمان نەبوونەتەوە. ئەوان هەمیشە لە “شۆڕش”دا بوون بە ئێستایشەوە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و سەرەڕای سەرکوت و کوشتار، کۆڵیان نەداوە و دەستبەرداریش نابن. ئەمەیش پرۆسەیەکی یاسایی و سروشتیی بزووتنەوەی گەلانە لە پێناو گەیشتن بە سەرکەوتن لە بەرانبەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکاندا. بەڕێز مەسعوود رەجەوی لەو بارەوە دەڵێ: “راپەڕین و راپەڕینی زیاتر و هاوکات بەرەنگاربوونەوە، واتا ئاگردان و هەنگاونان و دواجار رووخاندنی دەسەڵات”. ئەمە سروشت و نەخشەڕێگا و دواچارەنووسی ئەو خەبات و شۆڕشەیە کە لە ٤٢ ساڵ لەمەوبەرەوە سەری هەڵداوە و بە زۆرێک ئاگرە سوورەدا تێپەڕیوە. ئەو شۆڕشەی کە بە رووباری بە خرۆشی خوێنی شەهیدانیەوە، بەردەوامە، شکێنەرە، سووتێنەرە، سەر هەڵدەدات و دەپشکوێت لە هەموو شوێنێکدا. ئەمەیە رێگای سەرکەوتن”.

رۆڵی ژنان لە راپەڕیندا!
یەکێک لە لایەنە جیاکەرەوەکانی راپەڕینی ئەمجارە لە بەراورد لەگەڵ راپەڕینەکانی پێشوو، رۆڵی “ژنان”ە لە گۆڕەپانی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا. راستییەک کە موقاومەتی ئێران لە ساڵی ١٩٨٩ەوە بە دیاریکراوی “کەشف”ی کردووە و خستوویەتیە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێستایش لە ریزی خەبات و بەرخۆداندا کاری پێدەکات وەک گۆڕانکارییەکی گەورە لە ریزەکانی موقاومەتدا. لەم پێوەندییەدا بەڕێز رەجەوی دەڵێت: “لە راپەڕینی ساڵی رابردوودا پێگەی ژنان بە تێکشکانی ئاستەنگەکانی فیۆدالی-ئاخوندی بەرەو ئەوە دەچێت کە خوێندنەوە و لێکدانەوەی چینایەتی و روانگەی چەوسێنەرانە تێپەرێنێت و پێگەی راستەقینە و پێویستی خۆی بگرێتەوە”. موقاومەتی ئێران بە پێچەوانەی تێڕوانینە شکڵی و کاڵاییەکان بۆ پێگەی ژنان، پێوەری شیاو و شایستەی ژنانی لە گۆڕەپانی پراکتیکی کۆمەڵایەتی و لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا دۆزیوەتەوە.
پێگە و بایەخی هەر کەس و بزووتنەوەیەک لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتدا، بەقەدەر ئەو نرخەیە کە لەم رێگایەدا پێشکەشی دەکات. بەڕێز مەسعوود رەجەوی لە پەیامی ئەمدواییەیدا وتی: “بۆ ئێمە، پێوەر، خەبات و خۆڕاگرییە لە بەرامبەر ستەمکاری و کۆلۆنیالیزم و کۆنەپەرستیدا. دژ بە دیکتاتۆرییەت و دژ بە وابەستەیی و دژ بە چەوساندنەوە”. کەوایە ئەڵتەرناتیڤی راستەقینەیش، هەڵقوڵاوی خەبات و بەرخۆدانە لە بەرانبەر دیکتاتورییەتدا کە پێی لە ناو شەقام و دڵی لە ناو خەڵکی ئێراندایە. سەردەمی وتەی زارەکی و دووبارەبوونەوەی پەیتاپەیتای دیکتاتۆرییەت و وابەستەیی لە ئێران بەسەر چووە و لەگەڵ سروشتی ئازادی و سەربەخۆییدا ناکۆکە و لە کۆمەڵگای ئێراندا هیچ کڕیارێکی نییە. لە راپەڕینی ئەمدواییەی خەڵکی ئێراندا جارێکیتر سەلمێندرا کە پڕوپاگەندەکارانی دیکتاتۆرییەت و وابەستەیی لە ئێران، بێ ئابڕووترن لەوەی بە دروشمی رەنگاوڕەنگ و بریقەدار بە شتێک بگەن!
بە وتەی رێبەری شۆڕشی نوێی خەڵکی ئێران، ئەڵتەرناتیڤ وەک بینایەک وایە کە پێویستی بە خشت و کەرەستەی خۆیەتی و یاسامەندیی خۆی هەیە. بە تەپ و تۆزکردن و ئیدیعاکردن دروست ناکرێت. قسەی روون لەم پێوەندییەدا ئەوەیە کە سیستەمی دیکتاتۆرییەت لە ئێران خۆی لە خۆیدا ناکەوێت. بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت و درووستکردنی ئەڵتەرناتیڤ، پێویستی بە تێچوو و رێکخستن و هێز هەیە. رژێمی دیکتاتۆری لە ئێران بە چاوبڕین لە لایەنانیتر ناڕووخێنرێت. دەبێت قۆڵی لە هەڵکەیت و سینگت بکەیتە قەڵغان بۆی. باجەکەی بدەیت و خۆتی بۆ ماندوو بکەیت و هەوڵی بۆ بدەیت!

توندوتیژی یان رق و قینی پیرۆزی گەل!
ئەزموون سەلماندوویەتی ئەوانەی داوا لە خەڵکی ئێران دەکەن کە خۆیان لە توندوتیژی دوور رابگرن و رق و قینی پیرۆزی گەل بەرامبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری بە”توندوتیژی” ناو دەبەن، هەر ئەوانەن کە دوورن لە “شۆڕش” و “خەڵک” و بەم قسانە دەیانەوێت پێناسە و سروشتی خۆیان بشارنەوە. خەڵکی ئێران باش لە بیریانە کە “چۆن و بۆچی” خومەینی دژایەتیی خەباتی چەکدارانەی کرد لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت شا و، لە ژێر دروشمی “هەموومان پێکەوە” رێبەڕایەتیی شۆڕشی بە تاڵان برد و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییەتی دڕندەتری بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاند.

ستراتیژی راست و دروست و پراکتیکی!
وەک چۆن بەرەنگاربوونەوەی سیستەمێکی دیکتاتۆری زانستە، ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریش بابەتێکە بۆ “کەشف کردن” و دۆزینەوە. سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەت کاتێک مەیسەر دەبێت کە بەپێی ئەم پرەنسیپە بێت. ستراتیژیی (شانەکانی شۆڕش) لەو پرەنسیپەوە وەرگیراوە. ئەگەر رووخاندنی دیکتاتۆرییەت و دامەزراندنی دیموکراتیەت “بژاردەیەکی مومکین”ە، ئەوا بە دڵنیاییەوە لەسەر بنەمای ئەم “کەشفکردن”ەیە!
لە ژێر رۆشنایی ئەم کەشفکردنەدایە کە “خەباتی چەکدارانە و شۆڕشگێڕانە” لە دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، پێویستە و دەبێت بە ئەرێنی وەڵام بدرێتەوە. چونکە سروشتی “چەکدارانە” و “شۆڕشگێڕانە”ەکەی، لەلایەن دیکتاتۆرییەتەوە بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپێنراوە و هەر کەسێک و بزووتنەوەیەک دڵی بۆ گەل و نیشتمان لێبدات، پێویستە بە کردە کاری بۆ بکات و لە تانە و لۆمەی سازشکاران نەترسێت و سڵ نەکاتەوە. هەر کەمتەرخەمی و دواکەوتنێک لەم تێگەیشتن و کەشفکردن و کارکردنەدا، بە سوودی دیکتاتۆرییەتە! خەڵکی ئێران ئەم راستییەیان بە ئەزموون کردووە. هەربۆیە لە سەر شەقامی خەبات و شۆڕشدان و لە شێوەی (شانەکانی شۆڕش)دا بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەت وەستاون. “بەستنەوەی سیاسەت بە شەڕافەت”یش بەرهەمی راستەوخۆی ئەم تێڕوانینەیە کە لە مێژوودا (نەمری) و (ئایندە) بۆ خۆی تۆمار دەکات.
کەوایە براوەی ستراتیژیی راپەڕین لە دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، (موقاومەتی ئێران)ە، کە تیایدا هەم ژنان رۆڵی سەرەکییانە هەیە و هەمیش لەسەر بنەمای ستراتیژێکی دروست دامەزراوە کە رەگ و ریشەی لە ناوخۆی ئێران داکوتیەوە و توانیویەتی هەر لە سەرەتاوە خۆی لەگەڵ راستییەکان رێک بخات.

کۆتایی




میمی پاشگر و منی پیاو.. ناڵە حەسەن

١
من نامەوێت
ڕوخسار و جەستەم بگۆڕم و
خۆم بکەم بە ژن
بەڵام حەزدەکەم
منی پیاو
بە خەیاڵ و مێشکی ژن
بیربکەمەوە و شیعر بنووسم
بە چاوەکانی ژن بڕوانم و
بە هەستەکانی ژنیش خەون ببینم
٢
کاتێک
لەسەر سەکۆیەکی بڵندەوە
بە دەنگێکی نێرینەی گڕەوە
لەنێو گوتارەکانم دا دەڵێم
( ژنەکەم ، ئۆتۆمبێلەکەم ، خانووەکەم ، دەمانچەکەم ،
قاسەکەم ، سامانەکەم
کورسییەکەم ، تاجەکەم ، دەسەڵاتەکەم ….. !)
منی پیاو
خۆم وەک کۆیلەیەک دێتە بەرچاو
کۆیلەی کاڵا و کۆیلەی زەوی و
کۆیلەی شتومەکە بێ گیانەکان
بۆیە ڕقم لە میمی پاشگر و
لە هەموو میمەکانیتر دەبێتەوە
٣
کاتێکیش
ئەم هەموو جەنگ و خوێن و
کوشتن و مردن و
تاریکی و تێنوێتی و
برسییەتی و کۆچکردنە دەبینم
منی پیاو
خۆم وەک دڕندەیەک دێتە بەرچاو
بۆیە ڕقم لە پیاوبوونی خۆم دەبێتەوە
٤
شەرمەزارم
کە نەمتوانی وەک مرۆڤ
عاشقانە بژیم و
لەگەڵ کوڕ و کچە دڵ پڕ ئومێدەکان
دەست بخەینە ناو دەستی یەکتری و
بەدەوری مەشخەڵی ئاگرێکی گەش
سەما دابەستین و
گۆرانییەکانی موحیبەت و
سروودەکانی ئازادی و
بەستەکانی خۆشەویستی بڵێینەوە
٥
چاو بەرەوژێرم
کە نەمتوانی وەک مرۆڤ بژیم
بە هەورازەکانی جوانی هەڵگەرێم و
هەر لەشوێن خۆم
لەنێو
گۆمە شینکە پڕ قەوزەکانی ناشیرینی مامەوە
بۆیە دەمەوێت
منی پیاو
لەنێو کیشوەری میمی پاشگر و
لەنێو نیشتیمانی پیاوەتی خۆم بڕۆمە دەرەوە !

                                                     ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ 



ببەخشە، من بە سەرۆکت نازانم.. شیعری/ نەوزاد بەندی

لە شارێکایت ،
کارەبای تیا نییە و
لە هەموو جێیەکیش زیاتر ،
خەڵکی بە کارەبا ئەمرن..
شەقامێکی تێدا نیە لە سەد لاوە
بڕبڕەی پشتی نەشکابێ و
لە هەموو جێیەکیش زیاتر
خەڵکی ئۆتۆمبیل لێ ئەخوڕن ..
تۆیش هەر ڕۆژەی ،
بە کەتنێکی تازەوە دەردەکەویت و ..
ئەیشتەوێ پێت بڵێم سەرۆک ؟
کەی لە پۆستی سەرۆکایەتیی تێر ئەخۆی ؟
ئێمە دەمێکە لە پۆستی
هاووڵاتیبوون تێر بووین و ..
ڕەحمەت ئەنێرین بۆ ئەوەی
کە زوو سەری خۆی
هەڵگرت و ڕۆی ..
کەی لە چاکەت و بۆینباخ
پەست ئەبیت و
لە تی شێرتێکا ، نەفەسێ
بە هەردوو بن باڵت ئەدەی ؟
بە غەبغەبەی سوور هەڵگەڕاو
بە هەردوو بنڕانت ئەدەی ؟
ئێمە دەمێکە چاکەت و
بۆینباخمان سەد جار بە نەفرەت کردووە ..
ئێمە دەمێکە هەر کەسێ بەم هاوینە ،
لە قات و بۆینباخایە ،
لەلامان وەکو دارتووە
لەلامان وەکو مردووە ..
٭ ٭ ٭
بێزار نەبووی
لە دەرکەوتنی ڕۆژانەت
لەسەر شاشەی ڕۆژنامە و
لاپەڕەی تی ڤی ؟
بێزار نەبووی لە هەڵەی گەورەی سیاسی و ..
ڕێزمانی و ..
هەڵوەراندنی
پەڕ و باڵ و
موچە و ماڵ و
وەزع و حاڵی هاووڵاتیی ؟
بێزار نەبووی لە هەزار جار
کوشتن و
دیسان کوشتن و
کوشتن و دیسان کوشتنەوەی
مێگەلێ بێجگە لە لاتیی
نەیدیوە ساڵێکی هاتیی ؟
بێزار نەبووی ،
لە ملیۆنەها کۆمێنتی پڕ لە جنێو ؟
لە هەزارەها پەتپەتێن ..
لە هەزارەها خەتخەتێن ؟

٭ ٭ ٭

بێزار نابن ..
سەد ساڵی تر ، بێزار نابن ..
نە لە زێرابی نەوت و غاز ..
نە به دۆنم خاک فڕاندن ..
نە لە لاسایی دیکتاتۆرەکانی مێژوو ..
کە ووشک بوونەوە و با بردنی وەکو مێروو ،
هیچ فێر نابن …
بێزار نابن ..
هەزار ساڵی تر هەڵمژن ،
داهاتووی میللەتێکی خێر نەدیو ..
بیکوژن ڕۆڵەی گەلێکی
لەوەتەی هەیە دڵتەزیو ..
بێزار نابن ،
ملیۆنێ ساڵی تریش ،
لە تێکدانی گوزەران و
ئەدەب و هونەر و جوانی ..
تێرنابن و ..بێزارنابن ..لە وێرانکردنی ئاوەدانیی ..
تێر نابن و بێزار نابن ،
لە سەرهەڵگرتنی سەدان هەزار گەنجی خەمبار و دڵشکاو ..
لە خنکانی سەدەهایان ..
له خۆ کوشتنی سەدان لاو ..
٭ ٭ ٭

بەڵام ئێمە زۆر بێزار بووین ..
بێزار بووین لە زاراوەکانی دەسەڵات ..دەستە ..ئەنجومەن ..کۆمپانیا .. حیزب .. تاوەری چۆڵ و هۆڵ ..
شانە ..خانە .. بزووتنەوە ..
ڕێکخەر ..ڕابەر ..
بێزار بووین لە ناوەکانی حوکمەت ..کابینە .. بودجە .. سروود ..پڕۆژە ..
هەواڵی قۆڕی بە پەلە ..
لە ناوی سەرۆک ..
لە پێشگری فەخامەت ..
لە پاشگری خوا بیهێڵێ ..
لە کادر و .. لە ئەندام و ..
چالاکوان و پەرلەمانتار ..
لە کەناڵ و بێژەر و ڕاگەیاندن ..
لە گومرک و لە نەوت..لە غاز ..
لە ووشەی خاڵی سنووریی ..
سەرکردایەتی.. لە وەزیر ..
لە هەڵبژاردن ..
لە دروشمی بریقەدار ..
بێزاربووین و ئەڕشێینەوە ،
بە بینینی لاندکرۆزەر ..
ڤێلا ..لەگزس ..
تاوەر ..مۆڵ .. ملیۆنان دۆلار ..
لە شەڕی پارتی و یەکێتی
لە شەڕی سۆفی و سەلەفی ..
لە شەڕە باڵ ..
بێزار بووین لە هەموو شتێ ..
هەمووی هەڵگرن بۆخۆتان ..
بەڵام توخوا کەی تێر ئەبن ؟
چ ساڵێ ئینتەلا ئەکەن ؟
کەی ئەڕۆنە هەوای خۆتان و ڕا ئەکەن ؟
بەڵام
هەرچی سەروەتی دنیایە ،
هی ئێوە بێ ،
نە تێر ئەبن
نە بە سەرۆکتان ئەزانین ..
گەر ڕۆژانە پەنجا نووسەریش تیرۆر کەن ..
شەق لە سەری خوێندکار هەڵدەن ..
مامۆستا بکەن بە فتبۆڵ ..
هەر بە سەرۆکتان نازانین ..
هەرچی ئەڵماسی دنیایە ،
بە گەردنی مێینەکانتانەوە بێ،
کەسمان پێیان ناڵێین خاتوون ..
هەرچی سوپای دنیا هەیە ،
لە چوار دەورتان ئێشکگر بن ،
شەوێ بە ئارامیی نانوون ..
چونکە ئەزانن ..
چاک ئەزانن ،
نەک هەر میللەت ،
درەخت و بەردیش
بێزار بوون ..
ناچارم دیسان پرسیار کەم ،
کەی بێزار ئەبن ،
لە سەفتە دۆلاری دزراو
لە ڕشتنی خوێنی دیل ..
دزینی موچەی فەرمانبەر ..
ڕاگرتنی ڕەوڕەوەی ئەدەب و هونەر ..
فرۆشتنی ڕەوشت و دین ..
خاک ..
هیوا ..
ئاوات ..
زانست ..
ئاڵا ..
کورد ..
ڕێزمان ..
شەرەف ..
کەرامەت ..