ژمارە ٢٦ی رۆژنامەی رەوت..

بۆ خوێندنەوەی ژمارە ٢٦ی رۆژنامەی رەوت کلیکی ئێرەبکەن…




ئارامی لە لوتکەی تووڕەبووندا لە شیعری (لە دەستم دێی) عەبدوڵا پەشێودا.. سەدیق سەعید ڕواندزی

لە دەستم دێ، یەکێکە لە شیعرە هەرە دیار و جوان و بە ناوبانگەکانی پەشێو، کە وەک خۆشی لە پێشەکی شیعرەکەدا ئاماژەی پێداوەـ ئەو کاتە ئەو شیعرە نووسراوە، کە مرۆڤ دەبێتە پارچەیەک لە ڕق و تووڕەیی. بەمەش مۆتیڤێکی دەروونی لە پشت نووسینی ئەو شیعرەوەیە. ئاماژە زمانەوانی و دەروونییەکانی شیعرەکە، کاردانەوەن لە هەنبەر کارێک کە کراوە و پەشێوی لە ناخەوە ئازارداوە و تووڕەی کردووە، کە ئەویش ناپاکی خۆشەویستەکەیەتی و پشتکردنە ئەو خۆشەویستییە بووە لەلایەن ئەویترەوە، کە چوار ساڵی خایاندووە، وەک ئەوەی لە دێڕی بەڵگەی ئاشکراو ڕووندا باسی دەکات. زمانی ئەو شیعرە، زمانێکی تووڕە و داخوزاییانەیە، بەڵام زمانی سڕینەوە نییە. لە ئاستی وشە و وێنەدا، زمانێکە بارگاوییە بە ڕق، بەڵام ئەو ڕقە، پانتایی زمان جێناهێڵێت و نابێتە هۆکار، بۆ ئاشکراکردنی هەموو شتێک، لە پەراوێزی ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییەی لەگەڵ کچەکەدا هەیبووە، بە پێچەوانەوە بەڵکو لە دوا دێڕی شیعرەکەدا، ئارام دەبێتەوە و جارێکی دیکە خۆشەویستی ئەو، بە سەر ئەو هەموو هەستە لە ڕق و تووڕەیی زاڵدەبێت، کە لە سەرەتای خوێنەوەی شیعرەکە هەستی پێ دەکەین. بە درێژایی ئەو شیعرە، شاعیرلە حاڵەتێکی نێوان گومان و دڵنیایی، خۆشەویستی و ڕق دایە. گومان لەوەی ئەو کارە بکات کە مەبەستیەتی ئەویش ئاشکراکردنی هەموو شتێک و پەردەلادانە لە سەر ئەو پەیوەندییە نهێنییەی خۆشەویستی نێوان خۆی و ئەو، یاخود نەکردنی، دڵنیاشە لەوەی کە ئەو بە سەدان بەڵگەی ئاشکرا و ڕوونی پێیە، کە جەخت لەو پەیوەندییە ڕاستەقینە و دوولایەنەی نێوان هەردووکییان دەکاتەوە. کە بە داخەوە سەرەنجام لەلایەن ئەوی بەرامبەرەوە ( کچەکە) کۆتایی پێهێنراوە و چووەتە ئامێزی پیاوێکی دیکە. بۆیە بە درێژایی شیعرەکە، پەشێو لە نێوان ئەو دوو دڵیە دایە، تا لە کۆتایی شیعرەکە و لە دوا دێڕدا، خۆی یەکلایی دەکاتەوە کە ناتوانێت کارێکی وا بکات و لە دەستی دێ، بەڵام نایکات. زمانی ئەو شیعرە وەک ئەتمۆسفیرێک بە خێرایی لە ژێر هەستی ئەو تووڕەییەی شاعیر هەیەتی، بەرز دەبێتەوە، پاشان بە خێراییش دادەبەزێت. لە دەسپێکی شیعرەکەدا، پەشێو لە ئەنجامی کردەیەک کە هێشتا نەکراوە، ئاگادارمان دەکاتەوە، سەرەتا، ئێمە نازانین پەشێو بۆچی و لە بەرچی دەیەوێت کەسێک لە خۆشاوی شەوی پەردە بێ بەش بکات و ئەڵقەی پەنجەی پێ فڕێ بدات؟ پەشێو دەڵێت:_
لە دەستم دێ کاتژمێری کامەرانیت بووەستێنم
ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ بدەم
نامەی بەختت بسووتێنم
کام شەوت گەش و ڕووناکە
ئەو شەوە پف لە چرا کەم
لەدەستم دێ، کە فرمانی ڕانەبڕدووی ڕانەگەیێندراوە، ئاماژەیە بۆ کردنی کارێک کە هێشتا ڕووینەداوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانێت بیکات، پەشێو تا کۆتایی شیعرەکەی، ئێمە لەبەردەم ئەو دووڵییە دەهێڵێتەوە، کە کارەکە دەکات یان نا؟ تا لە کۆتاییدا خۆی یەکلاییدەکانەوە، کە ئەوە ناکات و بە پێچەوانەوە خۆشەویستی پەنگخواردووی ئەو، ڕێگە بەوە نادات ئەو کەسەی تا دوێنێ خۆشەویستی بووەو، ئەمڕۆ لە ئامێزی یەکێکی دیکەدا شەوە ئەرخەوانییەکانی بە ڕێ دەکات، لە خۆشاوی پەردەی ژیان بێ بەشی بکات. ئەمەش جەختکردنەوەیە لەوەی شاعیر وێرای تووڕەبوونێکی زۆر لەو، بەڵام لە لوتکەی تووڕەبووندا، ئارام دەبێت و دان بە خۆی دادەگرێت و وەڵامی هەڵەو ناپاکییەکەی خۆشەویستەکەی ناداتەوە. شاعیر دوای ئەوەی ئەوە بەیان دەکات کە دەتوانێت مرۆڤێک و ژنێک بۆ ئەبەد لە چارەنووسی بوون و ژیان بێ بەش بکات و ژیانی بکاتە تاڵاوێک، ئەمجارەیان بۆ ئەوەی هۆکارەکانی ئەو (لە دەستم) دێیە، بۆ هەمووان بخاتە ڕوو، دێتە سەر بەڵگەی بەیەکەوە بوونی خۆی و ئەو، لێرەوەش پەشێو جۆرێک لە ڕەوایەتی بەو کردەیە دەدات کە چۆن ئەم پشتیکردۆتە پەیوەندییەکی سۆزداری چوار ساڵە و پەشێوی جێهێشتووە.هەروەک دەڵێت:_
بەڵگەم پێیە
هەزار بەڵگەی ئاشاکراو ڕوون
بەڵگەی چوار ساڵ بە یەکەوە بوون
پەشێو هەر لە درێژەی شیعرەکەیدا، دوای ئەوەی باس لە بەڵگەی بەیەکەوە بوون دەکات، ئەمجارەیان دڵنیایانەتر ئەو بەڵگانە دەخاتە ڕوو. یەک بەیەک باسی بەڵگەکان و ئەو ماوە زەمەنیەش دەکات، کە ئەو بەڵگانەی تیادا ئالوگۆڕکراون، وەک دڵنیایەک لەوەی کە دەتوانێت ئەوەی مەبەستیەتی بیکات، یاخود بەڵگەکان خۆیان دێنە دەنگ و لە ئاست ئەو ناپاکییە قسە دەکەن. بەڵگەکانی پەشێو هێندە ڕوون و ئاشکران، کە تەنانەت پەیوەندیان بە جەستەی ئەویترەوە هەیە، واتا لەوە دەرچووە پەیوەندییەکی زمانی و ڕووکەشی، کە تەنها لە گۆڕینەوەی ڕاز و نیاز لە ڕێی زمانەوە دەبەسترێت، بەرجەستە بێت ، بەڵکو سنوورە سوورەکانی بەزاندووەوە جەستەی ئەوەی، وەک نیشتمانی ئازادی خۆی بینیوە و جۆرێک لە خاوەنداریەتی هەبووە، کە ئەمەش ئەوپەڕی دوا سنووری هەبوونی پەیوەندیی نێوان دوو ڕەگەزە، چونکە مەحاڵە بە بێ خواستی ئەو، شاعیر بتوانێت پەنجە بە سنگی برسی و تێنووی خۆشەویستی ئەوەوە بنێت. بۆیە ئمجارەیان دەڵێت:_

تاڵێکی پرچت نەماوە تێر تێر بۆنم نەکردبێً
جێی دەرزییەک
لە سنگی برسیت نەماوە
پەنجەم پەی پێ نەبردبێ
گەواهی دەدەن لەسەرت دارتێلەکانی شەقام
گەواهی دەدەن ئەوانەی نامەی تۆیان بۆ دەهێنام
نامەکان لێرەدا، ڕۆڵی گەواهیدەرێک بە سەر تاوانێکەوە دەبینن. دیارییەکان ونامەکان، ئامادەن گەواهی ئەوە بدەن کە شاعیر پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەبووە و ئەو پەیوەندییەش، تا سنووری ڕامووسان و گاڵتە و گەمەی عەشق و سۆزداری ڕۆیشتووە. پەشێو هەریەک لە نامەکان و دیارییەکان، دەکاتە گەواهیدەر، وەک ئەوەی لە گەواهیداندا، دەبێ دوو کەس ئامادەیان هەبێ و پشتڕاستی بکەنەوە، کە ئەم، ئەمکارەی کردووە و دواتریش شایەنی سزادانە. بۆیەشە نامەکان و دیارییەکان، وەک بەڵگەی ئەو پەیوەندییەی نێوان خۆی و ئەو دەخاتە ڕوو، بەڵام لێرەدا هەر تەنها ئەوانە بەس نین، بەڵکو دارتێلەکانی سەر شەقام و ئەوانەی نامەی ئەویشیان بۆ هێناوە، گەواهی دەدەن و بێگومان چەند گەواهیدەریش زۆرتر بن، ئەوا هیچ گومان کردنێک لە کردەکە نامێنێتەوە، تەنانەت پەشێو بەوانەشەوە ناوەستێت، بەڵکو پەردە لە سەر ئەو پەیوەنییەی نێوان خۆی و ئەو، بە بێ ڕتووشی هەڵدەماڵێت و باسی قژ و سنگ دەکات، کە دوا سنووری ئەو پەیوەندییە نیشان دەات و بەمەش نەک هەر بەڵگەیەکی دیکە پێویست نییە، بەڵکو ئەوی بەرانبەریشی کە خۆشەویستەکەیەتی، دەخاتە بەردەم پرسیار و شەرمەزاری ئەوەی کە چۆن وازی لەو پەیوەندییە هێناوە و شەوی سووری کەسێکی دیکەی ڕازاندۆتەوە؟ پەشێو لەمەدا، توند و ڕقاوی بەرانبەر ژن نادوێت وەک ئەوەی کەسانێک لەو شیعرەدا تێیگەیشتوون و وێنای دەکەن، بە پێچەوانەوە، بەڵکو ڕەخنە و سەرزەنشتی ئەوەیان دەکات، کە چۆن دەبێت بە ئاسانی پشت بکەنە عەشق و خۆشەویستی و لەبەر هەر جیاوازیی و تایبەتمەندییەک بێت، واز لە خۆشەویستەکەیان بێنن؟ پەشێو هەر لە سەرەتای ئەو شیعرەوە وەک وتمان لە نێوان دووڵییەکی گەورەدایە و دەیەوێت بە جۆرە هەستێکی تۆڵە سەننەوە، تۆڵە لە ئەو بکاتەوە، بگرە لە سەرەتای شیعرەکەدا، چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە، کە شاعیر بوون و مێژووی ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییە بسڕێتەوە و نەفرەتی لێ بکات و ئەمیش وەک ئەو بێ وەفا و بێباک بێت، بەڵام بە پێچەوانەی هەموو ئەو چاوەڕوانییانەوە، لە دواین دێڕی شیعرەکەدا، پەشێو نەک هەر دەستبەراری ئەو نابێت و ڕقی لێ نابێتەوە، بگرە هێشتا خۆشەویستی بۆ ئەو ماوەو ئەو خۆشەویستییەش ڕێگەی ئەوەی لێ دەگرێت، هەر جۆرە کردەوە و ڕەفتارێکی ڕقاویانە بەرانبەر بە ئەوی کۆنە خۆشەویستی بنوێنێت. بۆیە لە کۆتاییدا خۆی یەکلایی دەکاتەوەوە دەڵێت:_
بەڵام چیبکەم؟ خۆشەویستیت نەهەنگێکە
خوێنی هەڵچووم دەخواتەوە
خۆشەویستیت ڕووبارێکە
قینی ڕەشم دەشواتەوە
تووڕەیی پەشێو، کە لە سەرەتاوە بە ئەتمۆسفیرێکی بەرز دەست پێ دەکات، دواجار وەک لافاوێک، بێ ئەوەی هیچ شتێک لەگەڵ خۆی ڕابماڵێت، دەنیشێتەوە. پەشێو نەک هەر ناتوانێت، ئەمانە بەرانبەر بەو بکات، بەڵکو دواجار خۆشەویستی ئەو، بەسەر هەموو ئەو نیگەرانی و تووڕەیی و خەمە زاڵ دەبێت و لە بەر وەفا بۆ ئەو خۆشەویستییە ئەوە ناکات کە لەدەستیشی دێت. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، پەشێو بۆچی لە نێوان کردن و نەکردنی ئەو کارانە و دەرخستنی بەڵگەکان، سەرەنجام هیچ شتێک ناکات؟ مەبەستی چییە، لەو هەموو باسانە و دواتریش، جارێکی دیکە خۆشەویستی بێ سنووری خۆی بۆ ئەو دەردەبڕێتەوە؟ بە بڕوای من پەشێو مەبەستی ئەوە بووە، کە هیچ گومانێک لە ڕاستی هەبوونی ئەو پەیوەندییەی نێوان خۆی و ئەو نەهێڵێتەوە، بەڵکو هەمووان ئەو ڕاستییە بزانن ئەو خۆشەویستییە، بوونی هەبووەو ئەو ناپاکییەش کراوە، کە تیایدا خۆشەویستەکەی جێیهێشتوە و لە ژێر ڕووناکی چرای سووری ئامێزی گەرمی پیاوێکی دیکەدا، شەوانی سووری بە ڕێ دەکات. بەدرێژایی ئەم شیعرە، پەشێو نیگەران و تووڕەیە، بەڵام ئەگەر تووڕەبوون ببێتە فاکتی کردنی کارێکی هەڵە و کاردانەوەی تووند دروست بکات، وەک ئەو یاسا فیزیکییەی کە دەڵێت هێزی کاردانەوەی کارێک، لە هێزی کارەکە بە گوڕترە، ئەوا پەشێو ئەوە ناکات، بەڵکو لە لوتکەی تووڕەبووندا، وێرای جەختکردنەوە لە سەدان بەڵگە، کە ئاماژەن بۆ هەبوونی ئەو پەیوەندییە، ئارامی دەنوێنێت و دان بە خۆ دادەگرێت. گەر بە قووڵی بچینە نێوەڕۆکی ئەو شیعرە، هەست بەوە دەکەین کە ئێمە بێ ئەوەی ئەو کەسە بناسین و بینیبێتمان، ڕقمان لێی دەبێتەوە. من هەر کاتێک ئەو شیعرە لە بەرخۆم دەڵێمەوە، لە شاعیر زیاتر، هەستی ڕق و تۆڵە سەندنەوە دامدەگرێت بەرانبەر بە وانەی کە پشت دەکەنە خۆشەویستەکانییان. هەرچییەک و هەر چۆنێک بێت، ئەم شیعرە، یەکێکە لە شیعرە جوانەکانی پەشێو، شیعرێک نییە لە شکۆی ژن بدات وەک ئەوەی باس دەکرێت، بەڵکو ڕەخنەی دەکات، سەر زەنشتی دەکات، بۆ ئەوەی هیچ کاتێک عەشق و خۆشەویستی نێوان خۆیان و خۆشەویستەکانییان، بە هەر شتێک بێت نەگۆڕنەوە، بەڵکو بە وەفا و سۆزدار، خاوەن بەڵێن و پەیمانی خۆیان بن. دواجار دەڵێم زمانی پەشێو لەم شیعرەدا، زمانی نێر سالاریی و زمانی شکانەوەی ژن نییە، وەک ئەوەی کەسانێک تێی گەیشتوون، بەڵکو زمانی ڕەتکردنەوە و ڕەخنەگرتنە، بە ئاراستەیکی توندو تووڕە، ئەویش لە دەرەنجامی هەبوونی کردەیەک کە بەلای هەموومانەوە نەک هەر ئاسایی نییە، بەڵکو مایەی خەم و نیگەرانییەکی قووڵیشە. بڕواناکەم کەسمان هەبێت، بەو تاقیکردنەوە تراژیدیە ڕەت نەبووبێت و نەبێتە هاودەمی خەمێکی بێ کۆتایی، کە تا مردن وەک سێبەر، پێمانەوە نووساوە.

*سەرنج/ ئەم وتارە، بەشێکە لە پڕۆژەی نووسینێک لە بارەی شیعرەکانی عەبدوڵا پەشێو، کە خوا یاربێت لە ئایندەیەکی نزیکدا وەک کتێب چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.

*ئەم بابەتە لە (هزرو هونەری ) ڕۆژنامەی خەبات ، ژمارە (146) ی ڕۆژی 26 /10/ 2023 بڵاوکراوەتەوە.




خاڵە هاوبەشەکانی لیر پاشا و کامەران ڕەئووف.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

لەپەراوێزی وێنەیەکی دراماتۆرگی نمایشی (لیر پاشادا) کە ئێستاکە لەفیستیڤاڵی نێو دەوڵەتیی شانۆ لەبەغدا نمایش دەکرێت، کامەران ڕەووف تێڕامانێکی خۆی بۆ بەرجەستەکردنی دیمەنێک لە نمایشەکەدا نیشان داوە، لە پەراوێزی هەمان ئەو وێنەیەدا منیش بەو بەیانیە ئەو خوێندنەوەیەم بۆی کرد:
لەهەندێ حاڵەتی نواندندا ئەکتەر بەناچاری دەگەڕێتەوە سەر ڕەگەزی بنەڕەتی خۆی کە مرۆڤە…
مرۆڤیش لەهەموو حاڵەتێکدا دەکەوێتە ژێر چەند فشارێکی دەرووونی جۆراوجۆر، ئەگەرچی ستانسلافسکی نایەوێ ئەکتەر دووچاری نامۆ بوون ( تغریب ) بێت و بەپێچەوانەوە لەچرکەکانی نواندندا، زێتر بیر لە پێرفۆرمانس بکاتەوە.
کامەران ڕەئووف لەو نمایشەدا بەڕاستەقینە لیر پاشایە، تا ئەو کاتەی لەسەر شانۆیە، لەهەمان حاڵەتی دەروونی لیر پاشا دەژیت، هەمان کاریگەرییەکانی لیر پاشای بەسەرەوەیە، وەک کاراکتەرێک کە لەتاو ئازارەکانی، بەتایبەت ئەو ئازارانەی بەدەست هەرە نزیکەکانی دەیچێژێ، خەریکە لەشێت بوون نزیکی دەکاتەوە.
ڕەنگە هەندێ جاریش ئەگەر خۆی هەوڵی ئەوە نەدات ، خۆی هوشیار کاتەوەو خۆی ڕاچڵەکێنێ، ئەوەی لەبیرچێتەوە ئەو کامەرانەو لیر پاشا نیە،
هونەری گەورەی ئەکتەر لەوە دایە، لەو چرکە سۆزداریانەی نواندندا، لەژێر کاریگەریەکانی کاراکتەر پارێزگاری لەپێرفۆرمانسی خۆی بکات و توانای ئەوەی هەبێت، بەدوای جوانترینیاندا بگەڕێ.
ئەو دەسەڵاتەی هەبێت لە نێوان هەردوو ڕەگەزی کاراکتەرو ئەکتەردا هاوسەنگیەک دروست بکات، کە تێیدا هەم حاڵەتە دەروونیەکانی خۆی تێر کات، هەمیش هەست و چاوی بینەر پڕکات لەجوانی.
گرنگ لەنێوان هەردوکیاندا ئەوەیە ئاخۆ تا چەند بەو دەسەڵاتە جەستەیی و فیزیکیانەی هەیەتی، بینەر بوروژێنێ، بەتایبەت بەنواندن، پێرفۆرمانس، دەنگ و ئیلقاو ڕیتم.
گرنگ پاراستنی هاوسەنگی ئەو توخمانە، دەبنە سەرچاوەی بەهێز بۆ وروژاندنی بینەرو بوون بەپارچەیەکی زیندوو لەجەستەی نمایشدا.
هونەری گەورەی بەزیندوو ڕاگرتنی ئەکتەر و نەمردنی ئەکتەر لەسەرشانۆ، لەسەر پاراستنی جەستەو پەروەردە کردنی جەستە وەستاوە، کە هەندێ جار دەکەوێتە ژێر فشاری تەمەن و کاریگەرییەکانی،.
بەڵام کاتێ کاراکتەرێک لەگەڵ تەمەنی ئەکتەر یەکتر لەباوەش دەگرن، وەک نزیک بوونەوەی لیر پاشاو کامەران ، ئەو کاتە بە شێوەیەکی سروشتی فاکتەرەکانی سەرکەوتنی نمایشیش لێکتر نزیک دەبنەوە.
زۆر جاران ئەکتەر ئاواتی ئەوە دەخوازێ، لەو تەمەنەدا کاراکتەرێک بدۆزێتەوە، لە تەمەنی خۆی نزیک بێت،
چونکە دیارە ، لەنواندنیشدا هەر تەمەنێک، بۆن و بەرامی تایبەتی خۆی پێوەیە،
من دڵنیام بژاردە کردنی کاراکتەری لیر پاشا لای کامەران ڕەئووف بەڕێکەوت نەبووە، بەڵکو کۆمەڵێ فاکتەری هاوبەش هەبوونە لە نێوان ئەکتەرو کاراکتەر بۆ ئەو بژارەیە، لەوانە:
زەمەنی ئەکتەرو کاراکتەر زەمەنێکی لێکچوون، لەڕووی مەعدەنی ئەمڕۆی کۆمەڵگاو چاوەڕوانیە لۆژیکییەکانی خیانەتکاری و بێ نمەکی مرۆڤ.
دووفاقی و دوو ڕوویی، خۆگێل کردن لە ڕاستی و ژێرپئ خستنی بیروباوەڕ لە پێناو خود و پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتیکان.
دەبێ ئەوانەی بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێن ، باجی ساولکەیی و نەفامی خۆیان بدەن.
بۆیە بژاردەی دووەمی لیر پاشا لە ڕووی زەمەن و دەرهاوێشتەکانی، هەمان زەمەنی نیو سەدەی بەر لە ئێستایە، کە شکسپیر بۆ نیشاندانی کۆمەڵگایەکی فاسیدی وەک ئێستا دەری بڕیووە.
کەواتە کامەران لەو بژاردەیە چەند ئامانجێکی گرنگی پێکاوە، کە بەهەر هەموویان دەبنە بنەما بۆ زامن بوونی سەرکەوتن.
دوو: بژاردە کردنی فۆرم و گەڕانەوە بۆ شانۆی مێژوویی بەو فۆرمە تایبەتیەی کامەران پێشکەشی کرد، پڕکردنەوەی بۆشاییەکی گەورەیە لە ون بوونی فۆرمی کلاسیکی…کە بەشی زۆری دەرهێنەرانی ئێمە خۆی لێ دوورە پەرێز ڕادەگرن.. چونکە بەوە هەڵخەڵەتاون، کە داهێنان تەنیا لەفۆرمی مۆدێرن دایە وبینەر قەبوڵی فۆرمی کلاسیک ناکات، کەچی ڕاستیەکەی لەوە دایە ، دەسەڵاتی دەرهێنەر چەندە بۆ تێڕوانین و داهێنان، ئیتر جۆری فۆرم گرنک نیە ، بەقەد توانستی داهێنان..
زۆر جاران فۆرم خۆی بڕیار لەسەر خۆی دەدات، ئایا بەچ شێوازو ستایلێک خۆی پێشکەش بکات، هەر دەرهێنەرێک فۆرمێک بە شایەستە دەزانێت بۆ نمایش و هیچ فۆرمێک ڕەها نیە، بەڵام لای کامەران ئەم فۆرمە کلاسیکیە لێوەشاوەترین فۆرم بووە،
ڕەنگە لای سەلاح قەسەب فۆرمێکی ترو لای عەقیل مەهدی یەکێکی تر.
لەهەموو حاڵەتێکا دەرهێنەر چ فۆرمێک بە گونجاو دەزانێ، ئازادەو ڕێژەیەک لە سەرکەوتن بە دەست دێنێ، بینەر ڕێژەکەی دیاری دەکات.




نابێت هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا قەبوڵ بکرێن!.. عوسمانی حاجی مارف

دەستپێکردنەوەی هەڵەشەیی هێرشەکانی ئێستای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق، بەبیانوی لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان، کەفڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێزی پیادەی بەکارهێناوەو زیانێکی گیانی زۆری لیکەوتۆتەوە، دۆخێکی تەواو نائاسایشی لە ناوچەکەدا خولقاندوە، دەبێت دەست بەجێ مەحکوم بکرێت بەری پێبگیرێت.
بەڵام ئەوەی جێگا سەرنجە دەبینین لەهەمانکاتدا مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێک بەر لە دەستپێکردنی ئەم هێرەشە، لە ئانکەرە بوە و لەگەڵ ئەردوغان و هاکان فیدان کۆبۆتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێکی رۆشن دەربارەی ئەو کۆبونەوەیە راگەیەنن. دواتریش وەک دیمان کارەساتەکانی ئەو هێرشە بارزانیەکانی نەجوڵاند. هەروەها لەم بارەیەوە ئەوەی شایانی باسەو جێگای سەرنجی جدیە سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێم، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردوە، سوپاسێک بەمانای سەلماندنی دڵسۆزی بارزانی بۆ حکومەتی تورکیا، کە ئامادەیە تەواوی خەڵکی کوردستان بکاتە قوربانی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی حکومەتی تورکیا.
تورکیاش بەرلەوەی هێرشەکانی دەستپێبکات، بۆردومانەکانی بۆسەر چیای مەتینا بەردەوام بوون. لەولاشەوە بەبێدەنگی کۆبوونەوەکانیشیان بەسادەیی تێپەراندووە.
ئامانجی تورکیا لەم هێرشە درندانەیەیدا دەستبەسەرداگرتنی پێگەیەکی ستراتیژییە لەناو هەرێمی کوردستاندا. لەهەمانکاتدا ئەگەری ئەوەش زۆرە کە تورکیا بۆ تێکدانی زیاتری دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و قوڵکردنەوەی زیاتری قەیرانەکان، ئەم هێرشانە دەکات، تا دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمدا زیاتر بخاتە ژێر هەژمۆنی ئایندەی بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، جا حکومەتی هەرێم هەڵدەوەشێت یان دەمێنێتەوە، حکومەتی تورکیا لە هەر حاڵەتێکدا بێت، دەبێت بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بپارێزیت. یان بەمشێوەیە لە هەوڵی ئاسانکاری زیاترە بۆ دەخالەتی زیاتر لە ناوچەکەدا، تا دەستکەوتەکانی لەو ئالوگۆرانەی پێشبینی دەکرێن، دابین بکات، هەروەها بارزانیەکانیش خۆیان رادەستی واقعیەتی هەلومەرجێکی وەها کردووە، کە نازانن لەم کێشمەکیشەدا ئایندەیان چی بەسەردێت. ئەمەش جۆرێکە لە هەرەسهێنان، کە خۆیان خزاندۆتە ناو جۆلانەی گەمەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، کە لەئێستاوە قوربانیەکانی دەبینرێت.
لەپێش ئەم هێرشەشدا، تورکیا دەستی گرتووە بەسەر زۆر شوێن و لەچەند ناوچەیەکیشدا بنکەی سەربازیی خۆی داناوە. لەسەر بنەمای خودی ڕاگەیەندراوەکانی تورکیا، زیاتر لە ٣٥ بنکەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا دامەزراندوە. ئەمە ئامادەکارییەکی سادە نیە، بەڵکو چاوەروانی و دەخالەتێکە بۆ خۆ گونجاندن و بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی زیاتر لە هەر ئاڵوگۆرێک کە بەسەر ناوچەکەدا بەرجەستە دەبێتەوە.
لەبارەی ئەو هێرشە ئاسمانیانە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم، هەڵەیە ئەوەی ئێستا تورکیا ئەنجامی دەدات لە بۆردومان و کوشتن و کاولکاری و ئاوارەیی تەنها بە لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستان لێکبدرێتەوە. ئامانجە سیاسیەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا زۆر لە لیدانی پەکەکە فراوانترو هەستیارترە. هەر لەپێناو بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانی و پاراستنی پێگەیەکی بەرز لە ناوچەکەدا، پرسی کوردیان کردۆتە پرسێکی ئاڵۆز و دڕکاوی، بەناوی لیدان لە پەکەکەش بە هەمولایەکدا پەلدەهاوێژن. بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی پەکەکە، هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ناوچەکەیان داگیرکردووەو بە ئارەزوی خۆیان مانۆری سەربازی دەکەن و پێگەو تواناییەکانی تورکیا نمایش دەکەن و بەدوای سەرکەوتن و ئەو دەستکەوتانەن کە رێرەوی سیاسی لە ناوچەکەدا پێیان دەسپێرێت..
لە کوردستانی سوریا، دەوڵەتی تورکیا عەفرین و سەرێکانیە و گرێ سپی داگیردەکات. ئێستا ژێرخانی ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون. ئامانج لێی چۆڵکردنی ئەو ناوچانەیە لە هێزە کوردیەکان، لە پشتی ئەمەشەوە ئامانجی ئەوەیە گۆڕانێکی دیمۆگرافیای ڕیشەیی بهێنێتە ئاراوە بە زیانی هێزە کوردیەکان.
هەڵبەتە حکومەتی تورکیا پێویستی بە بیانوو نەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزو گروپە سیاسیە کوردیەکان و سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان. هەمیشە لە نێو باقی وڵاتانی تردا پلەی یەکەمی هێناوە کە لە شەڕکردن و ڕاوەدونانی هێزە کوردیەکان، بگرە سەرکوتکردن و چەوسانەوەی خەڵکی کورد زمان و پێشێلکردنی مافەکانیان لە ناوخۆی تورکیا و لە دەرەویدا، لەمێژوی رۆڵی ناسیۆنالستی تورکدا زۆرترین زیانیان بە کوردەکان گەیاندوەو دەگەیەنێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی چەکدار بێت یان مەدەنی.
ئەم بەربەریەتەی تورکیا لە ناوچەکەداو بە تایبەتی کە لە کوردستاندا پیادەی دەکات، شێوازی هەمان بەربەریەتە کە ئیسرائیل بەرامبەر خەڵکی فەلەستین ئەنجامی ئەدات. کارێکە مەحکومە و پێویستە بەرەی ئینساندۆست و ئازادیخواز بێدەنگ نەبن و بەری پێبگرن. لەهەمانکاتدا ئەو هیزانەش بەرژەوەندی سیاسی هیزەکەیان لەم درندەبونەی دەوڵەتی تورکیا دەبیننەوەو پشتیوانی دەکەن، پێویستە ریسوا بکرێن و لەسەر شانۆی سیاسی بکرێنە دەرەوە.




ستار ئەحمەد مانفێستی مەرگی خۆی رادەگەیەنێت!.. لەتیف بێوار

ده‌ڕۆم چۆن باران
ئه‌مساڵی تۆران و
تووڕه‌یه‌ له‌خاك
فرمێسكێك بۆ دارێك ناڕژێنێ‌
روومه‌تی مناڵێك گرینۆك ناشواته‌وه‌
به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ڕۆم
له‌خۆم ده‌رباز ده‌بم
له‌تۆدا ده‌بمه‌ ئاڵای گشتگیری
باوه‌ش به‌خاكا ده‌كه‌م

ستار ئەحمەد بەس شاعیری ئەمڕۆ نییە، بەڵکو ئەو لە زەمەنە جوانەکانی پێش راپەرینەوە دەست لەملانی شیعرە، هەر کونج و کەلەبەرێك شك ببات دەیگرێت و خەڵاتێکی خۆی بۆ دەنێرێ و دەیڕازێنێتەوە بە وشەی سازگارو وێنەی شیعریی جوان، بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی دەنووسێت، ئەو شیعرانە تەعبیر لە دیدگاو ئەندێشەی ئەم مرۆڤە دەکەن کە لە هەناوی باوەگوڕگوڕەوە لە مێژە خەمەکانی کڵپەیان سەندووە.
هەیە دەڵێت زۆربەی شیعرەکانی ئەم شاعیرە لە خولگەی رۆمانسییەتدا دەخولێتەوەو وشەکانی سادەو روونن، بەڵام لەلایەکی ترەوە هەموو دەقێك هەڵگری چەندان سیماو دەلالەتن و هیچ دەقێك بێ لێدوان بەسەرماندا تێناپەڕێت، مەگەر چەق و خاڵی لێ وردبوونەوە لە خۆ دەگرن، هەرواش لەم شیعرەدا گەر بە چاوێکی سادەوە بیخوێنینەوە دەبنین شاعیر باسی جێژووان و ژاڵەی بەر ماڵ و دیدار دەکات.. لای خوێنەرێکی سادە وا دەردەکەوێت ئەمە شیعری غەزەلە، بەس گەر زیاتر بیخوێنینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم شیعرە باسی نیشتیمان و لادانی شۆڕشگێڕانەو خەمە وجودییەکانی کەسانی هۆشیارو هەست ناسکی وەك شاعیر دەکەن، بەڵام ئافەرین شاعری بەئەزموون هەرگیز ماناکەت راستەوخۆ نادرکێنیت،ئەمەشە کە شیعر لە قسەی رۆژانە جیا دەکاتەوە، ئەوەتا لێرەدا شاعیر مانیفێستی مەرگی خۆی رادەگەیەنێت- بەس وەك شاعیرانی تر! بۆ نموونە ئەو ناڵێ بە گولـلەیەك کۆتایی بە ژیانی خۆم دێنم، وەك لە کۆپلەکەی سەرەوەدا دیارە، بەڵکو دەڵێت (باوەش بە خاکا دەکەم). ئەمەش بەرەنجامێکی مەعنەوییە بۆ ئەو هەموو نسکۆو کڵۆڵیانەی دووچاری خۆی و نەتەوەو نیشتیمانەکەی بووەتەوە، بەدەستی دەرەکی و ناوخۆ، تا دەیگەیەننە ترۆپکی بێ هیوابوون و مەرگی ماددی و مەعنەوی، ئەوەتا ئەو ژیان بە شەڕگە ناسدەکات و دەڵێت:

له‌كام شه‌ڕگه‌دا
پریاسكه‌ی تاسه‌ بكه‌مه‌وه‌
تازه‌ رابوورد
ئه‌و كاتانه‌ی به‌دوو ده‌ست
لوتكه‌مان ده‌گووشی و
خاكمان ماچ ده‌كرد
ئه‌و ده‌مانه‌
زه‌مه‌نی عه‌شق بوون

زەمەنی عەشق لەگەڵ پاکی و دڵسۆزی و خەبات و نیشتیمانپەروەرییدا، بەڵام ئەفسوس هەموویان تاڵان کردو گەورەترین زیان لێی کەوتەوە سڕینەوەی هەستی ئینتیماو سەربەخۆیی و کوردایەتی بوو، لێرەوە دەرکەوت تەنیا جیاوازی شەڕکەرەکان ئەوەیە ئەوان پۆستاڵیان لەپێدابوو، ئەمان کڵاش، بەڵام بەرەنجامەکە هەر یەکە ئەویش : (ستەم).
جا ستەم ڕەشێك بیکات یان سپیەك، کوردێك یان نا کوردێک هەر وەك یەکە، چونکە ستار شاعیرو نیشتیمانی مرۆڤایەتییە بە هەموو پاکی و راستگۆیی و مەسەلە رەواکانیان، چونکە ئەو دەزانێت هەستکردن بە ئازار چۆنە کە خۆی چەشتوویەتی، ئیتر تەواوبوو شیعرو هەستی تەقدیسکردنی بتەکانی کوردایەتی کە زیاتر لە داگیرکاران زیانیان بە بوون و مەسەلەی نەتەوەکەیان گەیاند.
تەنانەت ئەوی هەست پەپوولە هەر بە وشەی نەرمونیان پێشوازی لە نەهامەتییەکان و مەرگ دەکات وەك چۆن سەرەتای شیعرەکەی پێ دەکاتەوە: (به‌ده‌م خه‌نده‌ی گوڵه‌وه- شنه‌ی با ده‌خۆمه‌وه)..هەر لە باوەشی ئەوانیشدا جاوانی لێكدەنێت.
لەم دەستەواژەیەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە کەسی زیندوو شنەی با ناخواتەوە مەگەر بە دەرچوون نەبێت لە سیستەمی زیندەگی ماتریال و رواڵەت نەبێت و فڕینی گیان نەبێت لە مردنێکی سەرمەدیانەدا، وێڕای ئەمەو ئاماژەکەی تری لەیەکەم کۆپلەدا باسمان لێوەکرد، بۆ ئەو خوێنەرانەی کە ورد نابنەوەو زۆر رۆناچن بە قوڵایی وشەکاندا ئاماژەیەکی پێداون کە ئەو لەم شیعرەدا لە بازنەی مەرگ دەخولێتەوەو عەشقەکەشی گشتگیرەو بۆ لێوی ئاڵ و کەزی و پرچی خەزاڵ نییە، ئەوەتا دەڵێت:

‌ هه‌ر كه‌رتێكم له‌ تۆدا
خۆی ده‌كاته‌ هاوه‌ڵی مردن
به‌ره‌و كوێ‌ ته‌رمم هه‌ڵده‌گرن
له‌پاڵ كام داردا ده‌مشۆنه‌وه‌
چۆن ته‌لقینم ده‌خوێنن
من خۆم داره‌مه‌یتێكم

رەنگە خوێنەرێك بڵێت کێ دەڵێت شاعیر ئەم مەبەستانەی لە پشت دەقەکەیەوە بە ئامانج گرتووە؟
وەڵامی ئەم پرسیارەش زۆر ئاسانە تەنیا بەوەی: زمان سیستەمی دەلالەتەکانە، بەسە کە بڵێین هەموو دەقێك شایستەی لەسەر وەستانەو هەڵگری چەند پەیام و لێکدانەوەو ئاماژەیەکە، بەڵام مەخابن وەك چۆن پاشاگەردانی ژینگەی سیاسی لە واقیعی ئێستای باشووری کوردستان وەکو خۆر ئاشکرایەو جێی ئاماژە پێدان نییە، هەر بەم جۆرەش هەموو مەیدانەکانی تری ژیان بەشێك لەم بۆگەن بوون و کرمۆڵ بوونەی پێوە دیارەو تیایدا رەنگی داوەتەوە، ئەوەتا هەر دەزگایەکی ئەدەبی چەند مشەخۆرێکی لە خۆی کۆکردووەتوەو جگە لە خۆیان و تاقمەکەیان کەسی تر نابینن و ناخوێننەوە، کە هەرگیز نەدەبوو ئەمە لە مەیدانی رۆشنبیرییدا بوونی هەبووایە، چونکە ئەمە تاریکییەو بیری رۆشن رەفزی دەکاتەوەو بگرە لە دژی دەکۆشێت. من جگە لەوەی هەست بە چێژ دەکەم لە خوێندنەوەی پێچ وپەنای ئەم شیعرەی شاعیر ستار ئەحمەد دا، لە هەمان کاتیشدا سەرنجم بۆ ئەو لێکۆڵینەوە رەخنەییان دەچێت کە جاروبار لێرەو لەوێ بڵاودەبنەوەو کە دەچمە بنج و بنەوانیان بۆم دەردەکەوێت هەردووك لە (دەق نوو س) و (رەخنەگر) جۆرێك پەتی پەیوەندی لە نێوانیاندا هەیە، هەر وایەو ئەمەش راستە بۆ ڤیستیڤاڵە ئەدەبیەکان و بڵاوکراوە ئەدەبییەکان، کە لە راستیدا بابەتێکی شەرمهێن و قێزەونە.
ئەم شیعرە هەرچەندە لە رووکەشدا پڕە لە هەستی گەرموگوڕی خۆشەویستی و ژیان و بینینەوە، بەڵام لە ناواخندا پڕە لە ئاماژەی مەرگ، مەگەر بەرد لەم دێرەدا گەڕانەوەیەك نییە بۆ نەبزاوتن و دابڕانی هەتاهەتایی و مردن؟

دابڕان به‌چاره‌نووسی به‌ردم ده‌سپێرێ

هەر ئەم جیهانبینی و پێشبینە پاكڕەوانییەی شاعیرە لە هەموو شتێکدا مەرگێکی (کۆ) دەبینێتەوەو ئیزافەی دەکاتە سەر مەرگ و کۆتایی تراژیدیەکانی خۆی، ئەو لە سروشت و ژینگە ورد دەبێتەوەو ئامرازە شیعرییەکانی لێهەڵدەهێنجێت و پێکدەهێنێت، بۆ وێنە ئایا بێ بارانیی بە غەزەبی ئاسمان دەزانێت یان بە ملهوڕیی مرۆڤی چاوچنۆك و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکانی مرۆڤ کە بونەتە گۆڕینی کەش و هەواو نەبارینی باران و هیچ حساب نەکردنێك بۆ پاراستنی ژینگەی گۆی زەوی؟ لە هەردوو حاڵەتەکە ساعیر ئەو راستییە دەزانێت کە ئەمە نەهامەتییەکەو لە پێشمانە، وەك ئەوەی بڵێت: منیش وەك باران بێزارم لە ستەمەکانی سەر خاك، لە کوشتارو کاولکاریی و ناقۆڵلاییەکانی مرۆڤ، منیش وەك ئاو سەرچاوەی ژیانم بەڵام کە ئاو نەما هەموو شتێك رەنگی مەرگی لێ دەنشێ و ئیتر هیچ حەزناکەم بژیم بۆ نووسینەوەی تراژیدیاو ناسۆرییەکان و مەرگەکان،ئێمە زیندوو کوژی مردوو پەرستین، ئەمەیە شاعیری دڵی بابەگوڕگوڕ جاڕی مەرگ دەدات و کەس راناچڵەکێنێت، بەڵێ لە دوای ئەم هەموو قەیرانانە هێشتا زۆری ترمان لە پێشە، بەڵام هەرگیز لێوی وشکی منداڵە تینووەکان لە بیر ناکەم کە لەم شیعرەدا جێیان نەکەمەوە.

ده‌ڕۆم چۆن باران
ئه‌مساڵی تۆران و
تووڕه‌یه‌ له‌خاك
فرمێسكێك بۆ دارێك ناڕژێنێ‌
روومه‌تی مناڵێك گرینۆك ناشواته‌وه‌




بێ ھەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مەترسیدارە.!.. لوقمان مستەفا

جەنگ و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆلۆنیالیزمی سەدەیەک پێش ئێستا.
بەڵام جەنگی نێوانیان لە ئێستادا لەکەرتی غەزەدا چڕبۆتەوە،ھەرچەندە ئەم جەنگانە ناوبەناو سەرھەڵدەدات، ھەرجارەی بە شێوەیەک لە شێوەکان شەڕ دەست پێدەکات، ھەندێکیان ماوە کورت و ھەنێکیشیان ماوە درێژ ،لە مێژووی ئەو جەنگانەدا ئیسرائیل چوار هێرشی سەربازی درێژخایەنی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە کە بریتین لە ساڵانی :- ٢٠٠٨، ٢٠١٢، ٢٠١٤ و ٢٠٢١، ٢٠٢٣ ی ئێستا.
هێرشەکەی ساڵی ٢٠٠٨ بریتی بوو لە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، وەک گازی فسفۆر، لە ساڵی ٢٠١٤ و لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا ئیسرائیل زیاتر لە ٢١٠٠ فەلەستینی کوشتووە کە هەزار و ٤٦٢ کەسیان هاووڵاتی مەدەنی و نزیکەی ٥٠٠ منداڵی تێدابووە.
لە میانەی ئەو هێرشەدا کە لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە ناوی ئۆپەراسیۆنی لێواری پارێزەر بوو، نزیکەی ١١ هەزار فەلەستینی بریندار بوون و ٢٠ هەزار ماڵ وێران بوون و نیو ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.
بەڵام ھیچ جارێکیان بەقەد ئەمجارەیان ماڵوێرانکەر نەبووە.!! ئەوەش بەھۆی ھێرشی پێشوەختەو دەستپێشخەری بزوتنەوەی حەماس و ئەو دەسەڵاتەی کەلەوێ حوکمرانە ،جەنگ ھەڵگیرسا و لە ھەردوەلا بەتایبەت خەڵکی غەزەی سڤیل باجی ئەو ھەڵانەیاندا ،حماس و ھاوپەیمانەکانی پێشوەختە دەیانزانی کە سوتەمەنی شەرەکە خەڵکی بێچەک و ژن و پیر و مناڵی بێتاوان دەبنە قوربانی.!
ئەوە بوو کە بینیمان ھێرشی پێچەوانە و وەڵامدانەوەی چاوەروانکراوی ئیسرائیل بوو کە بێرەحمانە و بە شێوەی عشوائی تا ھەنوکەش لە زەوی و ئاسامان و دەریاوە بۆمب بارانی کەرتی غەزەدەکات ،دەست لە ژن و مناڵ پیرو پەککەوتە ناپارێزێ.! قەسابخانەیەکی بۆ خەڵکی بێ دیفاعی کەرتی غەزە دروسکردووە مەگەر بەسەر خۆیان ھاتبێ بەدەست نازیەکانەوە.
تاوانەکان ھێندە قێزەون و گورچک بڕن سنوری ھەموو تاوانە نێو دەوڵەتیەکانی بڕیوە.!! خەڵک و خاکەکەی بەیەکەوە تەخت دەکرێن و دەسوتێن، ئا ئەم تاوانە بە ھەموو پێوەرێ جینۆسادە.!
ديارە جینۆساید لە سادەترین پێناسەیدا كوشتنی بە كۆمەڵ دەگەیەنێت. گەر تەنیا وشەی “جینۆساید” بە نموونە وەربگرین، ئەوە چەندین كاری بێویژدان و دڵڕەقانە و دوور لە هەموو بەها بەرزە مرۆڤایەتییەكان لەخۆدەگرێت.
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە بێ دەنگی و بێ ھەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جھانیە لەمەر ئەم تاوانانە کە بەسەر ژن و مناڵی کەرتی غەزەدادێ.!
ھەر کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بوو لە ساڵی ١٩٤٦ لە یەکەم دانیشتنی خۆیدا بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە جینۆساید بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانە و نموونەی ئەو جۆرە ڕووداوانەی ژماردەوە (بەڵام پێناسەیەکی یاسایی تەواو بۆ تاوانەکە نەخستەڕوو). لە ساڵی ١٩٤٨، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتننامەی ڕێگری و سزادانی تاوانی جینۆساید (CPPCG)ی پەسەند کرد کە بۆ یەکەمجار تاوانی جینۆسایدی پێناسە کرد. جینۆساید ڕەتکردنەوەی مافی بوونی تەواوی گرووپە مرۆڤایەتییەکانە، وەک چۆن کوشتن ڕەتکردنەوەی مافی ژیانی تاکەکانی مرۆڤە.
کەچی ھەر ئەم رێکخراو کۆمەڵەیە ئێستا لەم گرژی و ئاڵوزیاندا بە پێش چاویانەوە جینۆساید ئەنجام دەدرێت متەقیان لێوەنایات.!!
بەراستی ئەم بێ ھەڵوێستیەی نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوی بەناو مافی مرۆڤ زۆر مەترسیدارە،چونکە ڕێگە خۆشکەرە بۆ دوژمنەکانی ئێمەی کورد کە دەکرێت لەمە بەدواوە دەستکراوەبن و بێترس ودوودڵی ئەم ھەلە بقۆزنەوە و ھێرشەکانیان دەست پێبکەن و چاوەروانی کوشت و برێکی ئاوەھا لەم چەشنەبین لەلایەن دوژمنە چاچنۆکەکانمانەوە.!
لانیکەم فەلەستین چەندین دەوڵەتی عەرەبی و ئیسلامی پشتیوانی مادی و لۆجستی دەکرێن و ماکینە میدیایە زەبەلاحەکانی جیھان نەھامەتیەکانیان دەگەیەنێتە ھەموو دونیا، بەڵام ئێمەی کورد نەک پشت و پەنامانیە بگرە ھەموو جیھان لەدژمانن.! ئەوە حاڵ و گوزەرانی نێوخۆی خۆمان ھەر باسمەکەن کەچی پاشەگەردانیەکە لەسایەی بیری تەسکی حیزبایەتی.




هەرێمی کوردستان دەبوو لە سالى ١٩٩٢خاوەن دەستوورى خۆى بێت.. د. نوورى تاڵەبانى

پەسەند کردنی دەستورێکی تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان بەندبوو بە سیستەمی دەستوورى و شێوەى حوکمڕانی لە عێراق. دەستوورە لەمەوبەرەکانى عێراق، بە دەستوورى ساڵى 1925 ەوە، کە یەکەم دەستوورى عێراق بوو، وەزارەتى کۆلۆنیاڵى بەریتانیا ئامادەى کردبوو، پەرلەمانى عێراق لەو ساڵەدا پەسەندی کردبوو، هەروەها دەستوورە کاتییەکانى پاش ساڵى 1956 تا ڕاپەڕینی ساڵى 1991 وکۆچرەوە مەزنەکەى، کە (ناوچەى ئارام)ى لێ پەیدابوو ڕژێمی عێراقى ناچارکرد دەزگاکان لە بەشێکی فراوانى باشوورى کوردستان بکشێنیتەوە. ئەو بڕیارەى ڕژێم بە مەبەستى ئاژاوە نانەوەبوو لەو ناوچانە، بۆیە بڕیارى سازدانى هەڵبژاردن درا لە لایەن (بەرەى کوردستانی) بۆ دیارى کردنی پەرلەمانێک، تاکو حکوومەت دیارى بکات بۆ بەڕێوەبردنی کاروبار لەو ناوچەیە. لە پێنجی مانگی تشرینی یەکەمی 1992، پەرلەمانى کوردستان سیستەمی فیدراڵى بۆ پاشەڕۆژى عێراق پەسەندکرد ، ئەوەش ڕێگاى خۆشکردن بۆ دامەزراندنى قەوارەیەکی سیاسی (دێ فاکتۆ)، تێیدا دەزگاکانى دەسەڵاتی ناوەخۆیى و پەیوەندی کردن بە دەرەوە و داکۆکی کردن لە سنوورى ئەو بەشە ڕزگارکراوەى کوردستانى پراکتیزە دەکرد، واتە هەموو دەسەڵاتەکانى دەوڵەتى. دەبوو پاش ئەو هەنگاوە هەنگاوێکی قانوونی بەدوادابێت، بە پەسەندکردنی دەستوورێک بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان دەزگاکانى هەرێم، تاکو هەریەکەیان ئەرک و دەسەڵاتی خۆیان بزانن وهاوڵاتیانیش ئاگادارى ماف و ئەرکەکانیان بن.
کۆمەڵێک لە قانوونناسانی کوردستان داوایان کرد پەلە بکرێت لە دانانى دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان، هەتا ئەگەر دەستوورێکی کاتیش بێ، چونکە دەستوور سەرچاوەى هەموو قانوونەکانە، لەوێدا شێوەى حوکمڕانی و چۆنیەتی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و ڕێکخستنیان دیارى دەکرێن. ئەم داواکارییە پشگیریێکی فراوانى لێدەکرا لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە.
لە ناوەڕاستى ساڵى 1992 پڕۆژەى دەستوورێکم بۆ هەرێمی کوردستان ئامادە کرد، لە چاپخانەى زانکۆى سەڵاحەدین چاپکراو دابەشکرا بەسەر ئەندامانى خولى یەکەمى پەرلەمان و میدیا و کۆمەڵێک لە قانوونناسانی کوردستان، تاکو ڕاو سەرنجی خۆیان سەبارەت بە بنەما و ناوەڕۆکەکەى دەربڕن. پێشنیاز و سەرنجی بەشێک لە قانوونناسان پڕۆژەکەى دەوڵەمەندتر کرد، پاشان پڕۆژەکە پاش دەستکاریکردنی بەپێى ئەو بۆچوون و سەرنجانە، خرایە بەردەستى دەزگاێکی قانوونی ڕەسمى، کە ئەندام بووم تێیدا بەناوى (دەستەى قانوونى باڵا)، تا لێى بکۆڵیتەوە و پەسەندی بکات. ئەو دەزگا قانوونیە پڕۆژەکەى بە شێوەیێکی ڕەسمى خستە بەردەست حکوومەتی هەرێم و پەرلەمانى کوردستان، بە ئومێدی تەماشاکردنی لە لایەن (لێژنەى قانوونی) لە پەرلەمان بۆ پەسندکردنی. بارى سیاسی لەو سەردەمە لە عێراق و لە ناوچەکە زۆر ئاڵۆز بوو. هێزەکانى ڕژێم ئابلوقەى بەشێک لە شار و شارۆچکەکانى دابوو هەڕەشەى دەکرد ناوچەکە داگیر بکاتەوە. فڕۆکە سەربازییەکانى ئەمریکا و بەریتانیا، کە لە تورکیاوە ئاگادارى ناوچەکەیان دەکرد، لەگەڵ چەسپاندنی کیانێکی سیاسی بۆ کورد نەبوون. وەزیرانی دەرەوەى دەوڵەتانی ناوچەکە بە بەردەوامی کۆدەبوونەوە بۆ هەوڵى خنکاندنی ئەو کۆرپە تاکو نەکەوێتە سەرپێ. پڕۆژەى دەستوورەکە بۆ ماوەى پتر لەدە ساڵ لێى نەپێچرایەوە، بەڵام لەو ماوە درێژەدا کەسانێکی زۆر لە ناوەوە و دەرەوەى کوردستان داواى دانانى دەستووریان بۆ ئەو بەشە ڕزگار کراوەى کوردستان دەکرد.
لە مانگی تشرینی دووەمی 2002 پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەى دەستوورێکی پەسەند کرد، بەڵام وەک (پڕۆژە) مایەوە، بەندەکانى لەسەر بنەماى پڕۆژەکەى ساڵى 1991 داڕێژرابوون، بەڵام کەم و کورتی تێدابوو.
لە نیسانی ساڵى 2003 ڕژێمی بەعس ڕووخا، ساڵێک باشتر قانوونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەى گواستنەوە پەسەندکرا، کە وەکو دەستوورێکی کاتى تەماشا دەکرا. ئەو پڕۆژە دەستوورەى لە مانگی تشرینی دووەمی 2002 پەسەندکرابوو، جگە لەوەى کەم وکورتی تێدابوو، نەدەگونجا لەگەڵ بارى تازەى عێراق و کوردستان، بۆیە پێشنیازی چاوگێڕانەوەم بەو پڕۆژەیە کرد. لەسەرەتاى مانگی تشرینی یەکەمی 2003 لەگەڵ لێژنەى قانوونی لە پەرلەمانى کوردستان کەوتینە چاوگێڕانەوە بەو پڕۆژەیە، لەپاش چەند کۆبوونەوەیەک، لە 22ى کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ (پڕۆژەیێکی چاککراو) ئامادەکرا، بەدوا شێوەى خرایە بەردەستى سەرۆکایەتیی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان، بەڵام هیچ کارێکی لەسەر نەکرا لەلایەن پەرلەمانەوە.
قانوونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەى گواستنەوە، لە ماددەى 53دا سیستەمی فیدراڵى بۆ عێراق قبوڵ کردبوو و دانى نا بە هەرێمی کوردستان نابوو لە چوارچێوەى ئەو سنوورە ئیدارییەى لە 19ى ئادارى 2003 لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم بوو. لە بەندی 54ى هەمان ئەو قانوونەدا داننرابوو بە دەزگاکانى هەرێم، بەتایبەتى حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانى دادوەریى، بۆیە پەرلەمانى کوردستان دەیتوانى بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێ کردنی ئەرکەکانى سەرشانی، کە قانووندانان و دەستکاریکردنی قانوونەکان بوو تا ئەو دەمەى دەستوورێکی هەمیشەیى بۆ عێراق پەسەند دەکرێت. پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەو ماوەدا چەند قانوونێکی پەسەندکردو جێبەجێ کران لە لایەن دەزگاکانى هەرێمەوە. قانوونی کاتی بەڕێوەبردن چەند مەرجێکی دانابوو دەبوو ڕەچاو بکرێن لەلایەن پەرلەمانى هەرێم لەکاتى دانانى قانوونی تازە. ئەو مەرجانە لە بەندی 25 و پەرەگرافى (د) بەندی (43)ى هەمان ئەو قانوونە ئاماژەیان بۆ کرابوو. کەواتە پەرلەمانى هەرێم دەیتوانى هەموو جۆرە قانوونێک پەسەند بکات، بەمەرجێک پێچەوانەى ئەو دوو مەرجە نەبن. ئەو دوو بەندە تایبەت بوون بە سیاسەتی دەرەوە و داکۆکى کردن لە عێراق و دامەزراندنی هێزی چەکداری. لەو دوو بەندەدا دەسەڵاتی دى بە حکوومەتی ناوەند درابوو پەیوەندییان بە داڕشتنی سیاسەتی دارایى گشتى و دەرهێنانى دراو و ڕێکخستنی گومرگ و بازرگانى لەگەڵ دەرەوەو دانانى بودجەى گشتى بۆ عێراق، لەگەڵ ئەو کارانەى پەیوەندییان بە بانکی ناوەندییەوە هەبوو، هەروەها کاروبارى ڕێکخستنی (مەقاییس و ئەوزان). لەبارەى سامانە سرووشتیەکانەوە، سامانى هەرێم و ناوچەکانى دیکەى عێراق، دەرهێنانیان دەبوو بە هاوکاری وسەرپەرشتی دەزگاکانى حکوومەتی ناوەند بێت. کاروبارى پەیوەندیدار بە دەوڵەتنامە (جنسیە) وبێگانە وپەناهەندە، لە دەسەڵاتەکانی حکوومەتی ناوەند بوون. لەو پڕۆژە دەستوورەى بۆ هەرێمی کوردستان ئامادەکرابوو هەموو ئەو دەسەڵاتانە بە حکوومەتی ناوەند درابوون، بەڵام دەسەڵاتێکی زۆر بە دەزگاکانى هەرێمی کوردستان درابوون، بۆیە دەبوو ڕێکبخرێن و شێوەى بەکارهێنانیان دیارى بکرێت لە دەستوورى هەرێمی کوردستاندا. لە ڕاستیدا پەسەندکردنی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانى هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی خۆیدابوو، چونکە ئەو پەرلەمانە هەتا بەپێى قانوونی کاتى بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق، ئەو مافەى بەو پەرلەمانە دابوو، چونکە دیتوانى قانوون پەسەند بکات تا ئەو ڕۆژەى دەستوورى هەمیشەیى بۆ عێراق پەسەند دەکرێت، بەمەرجێک ئەو قانوونە بە پێچەوانەى بەندی 25 و پەڕەگرافی (د)ى 43 نەبێ.
دەستنیشانکردنی مافەکانى گەلى کوردستان لەو پرۆژەدا دەبووە چەسپاندنیان و پشگیریی بۆ گروپى کوردستانى لەناو (ئەنجومەنی نیشتیمانى عێراق)، کە دەیتوانى جەخت بکات لەسەر داواکارییەکانى گەلى کوردستان لە دەستوورى هەرێم دەستنیشان کرابوون.
بۆچوونێکی تر هەبوو پێى باش بوو پەسەندکردنی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان دوابخرێت بۆ پاش پەسەندکردنی دەستوورى هەمیشەیى عێراق. ئەم بۆچوونە هۆیەکەى سیاسیی بوو نەک قانوونی، چونکە سەرچاوەکەى بارى سیاسیی بوو لە عێراق و ناوچەکە، وایان دەزانى پەسەندکردنی دەستوور بۆ هەرێم لەو کاتەدا بە کارێکی جوداخوازیى دەدرایە قەڵەم! بە بۆچوونی ئەو کەسانەى بەوجۆرە بیریان دەکردەوە چاکتربوو چاوەڕێى دەستووری عێراق بکرێت تا بزانین لەوێدا چی دەدرێ و چى قبووڵ ناکرێت، هەموو سەنگی کورد دەخرایە ناو یەک سەبەتەوە، کە (ئەنجومەنی نیشتیمانى عێراق) بوو، ئەگەر لەوێدا کارەکان یەکلایى نەکرابانەوە لە بەرژەوەندیی گەلەکەمان، لەو شەڕە دەستووریە بە دۆڕاوی دەچووینە دەرەوە. لە راستیدا چاکتربوو کورد لە چەند بەرەیەکدا ئەو شەڕە بکات، لە (پەرلەمانى کوردستان) وەکو نوێنەرى شەرعی خەڵکی کوردستان، مافەکانى گەلەکەمان لە دەستوورى هەرێم بچەسپێنن و داوابکریت ئەو مافانە لە دەستوورى عێراق دەستنیشان بکرێن. دەبێ ئەوەش لەبیر نەکرێت سەنگی خولى دووەمى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان قوڕستربوو لە خوڵى یەکەمى، وەکو دەزگایەکی شەرعیی تەماشا دەکرا، چونکە لە ئاکامى هەڵبژاردنێکی شەرعییەوە دیارى کرابوو وبەپێى قانوونێکی عێراقى و لەژێر چاودێریکردنى دەزگاى عێراقى ونێودەوڵەتیدا هەڵبژێردرابوو، حکوومەتى عێراق و دەوڵەتان و دەزگاکانى نێودەوڵەتی نەیاندەتوانى گوێ شل نەکەن بۆ داخوازییەکانى.
دەستووری هەرێم داواکارییەکانى گەلى کوردستانى تێدا دیارى کرابوون، دەبووە شیرێکی تیژ بە دەست گروپى کوردستانی لەناو (ئەنجومەنی نیشتیمانى عێراقى)، چونکە لە بڕگەى (ج)ى بەندی 61ى قانوونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ ماوەى گواستنەوە، ماف بە دانیشتوانى دوو لەسەر سێ لەسێ پارێزگاکانى عێراق درابوو، ئەگەر پڕۆژەى دەستوورى عێراق ڕەت بکرێتەوە، پەرلەمانى کوردستان، کە نوێنەرى سێ پارێزگا بوو، دەیتوانى ئەو پڕۆژەى دەستوورە بۆ عێراق ئامادە دەکرێت و مافەکانى گەلى کوردستانى تێدانەبن، ڕەت بکاتەوە. گروپى کوردستانى لەناو (ئەنجومەنی نیشتیمانى عێراقى) هەموو دەمێک دەیتوانى ئەم چەکە بخاتە بەرچاو ئەو لایەنانەى قایل نەدەبوون بە مافەکانى گەلى کوردستان. کورد دەبوو “شەڕى” دەستوورى لەسەر هەموو بەرەکاندا بکات، لەناو (پەرلەمانى عێراق)، لەناو (پەرلەمانى هەرێم) وبەهاوکاریى بزوتنەوەى رێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان و دۆستانى کورد لە دەرەوە، کە هەموویان دەیانتوانى فاکتەرى چاک بن لەم “شەڕە” دەستووریە ڕەوایەدا، تا هەموو مافەکانى گەلەکەمان، بەمافی دیارى کردنی چارەنووسەوە، لە دەستوورى هەرێم و دەستوورى عێراقدا بچەسپێن.




کاتێک هێزی سێهەم بەدژی ئینسانکوشتن دێتە مەیدانەوە!.. نوری بەشیر

بەجیا لە لایەنگرانی دوو هێزی ئینسانکوژو کاولکەر و کۆنەپەرستی حکومەتی ئیسرائیل و حەماس، هێزێکی دیکە لەمەیداندایە، ئەویش هێزی سێهەم، هێزی سەدان ملیۆنی ئینسانی ئازادیخوازە لەسەراسەری جیهاندا. ئەم هێزە نە لایەنگری کۆمەڵکوژیەکان و کاولکاریەکانی حکومەتی تیرۆیستی ئیسرائیلە بەبێ دەست پاراستن لە ژن و منداڵ و پیرو قوتابخانەو نەخۆشخانە و دانانی گەمارۆی ئاوو کارەبا و خواردن دژ بە خەڵكی غەززە، نە لایەنگری کاری کوشتن و رفاندن و تەقاندنەوەی حەماسە بەدژی خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل.

بەڵام راستیەکان تەنیا ئەوەنیە کە میدیای دەستەڕاستی بۆرژوازی دەربارەی ئەوەی کە لەغەزەو ئیسرائیلدا ڕوودەدات و بڵاویدەکەنەوە و سەرانی حکومەتەکانی بۆرژوازی رۆژاوا پاکانەی تاوانەکانی ئیسرائیل دەکەن بەبیانوی بەرپەرچدانەوەی تیرۆرەوە. خەڵكی هوشیارو بەئاگای جیهان ماهیەتی دژی ئینسانی و کۆنەپەرستانەی حکومەتە بۆرژواییەکانی رۆژواو سەرۆکەکانیان بە ڕادەیەک بۆ دەرکەوتووە کە مەگەر تەنها لایەنگرانیان باوەڕیان پێ بکەن و چەپڵەیان بۆ لێبدەن. ئەگەر تەنیا راستیەکانیش هەر لە سۆشیال میدیاوە کە مەحدودە وەربگرین؛ ئاستی ئەو کوشتارو کاولکاریەی حکومەتی ئیسرائیل بەرامبەر خەڵکی مەدەنی غەززە بەڕێیخستووە، دەردەکەوێت. ئەو تاوانەی ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی مەعمدانی ئەنجامیدا، ڕادەی دڕندەیی ئەو دەوڵەتەو ریسوایی سەرانی بۆرژوازی رۆژئاوایی نمایش کرد.

بەڵام هەر لە سەرەتای رۆژی ٧ی ئۆکتۆبەرو هێرش و کوشتن و رفاندنەکانی حەماس و دواتر کۆمەڵکوژیەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لەناو تەپووتۆزو هاتوهاواری حکومەتانی بۆرژوازی و میدیا چەواشەکاریەکانیانەوە، هێزێکی تر، ریزێکی تر نای بۆ ئینسانکوشتن وت، نای بۆ کوشتنی خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل و نای بۆ کۆمەڵکوژی خەڵکی فەلەستین و غەززە وت، بەدژی کوشتارو کاولکاری وەستایەوە. بەڵام لێرەولەوێ و بەشێوەی بچوک و بەبێ میدیا، بەڵام دوو هەفتەی رابردوو ئەم هێزە وەک کێوێک کە لە بیاباندا بەرزبێتەوە، هاتە مەیدانەوەو دەرکەوت، بەتایبەت ئەم هەفتەیەی دوایی لە ٢١ی ئۆکتۆبەردا ریزی چەند ملیۆنی خۆی لەسەراسەری دنیا نمایش کرد.

ئەم هێزە وەک هێزی سێهەم بەدژی کوشتار و بەدژی شەڕو تیرۆریزمی دەوڵەتی و غەیرە دەوڵەتی وەستایەوە، نایەکی گەورەی لەدژی ناتانیاهۆو حکومەتەکەی وت، ئەم نایە لەناو ئیسرائیلەوە تا دەگاتە ئەمریکاو ئەوروپاو سەرجەم دنیا. ئەم هێزە وەک بەرەی سێهەم و رادیکال و ئینساندۆست و ئازادیخوازو کۆمۆنیست و کرێکاری هاتنە سەر شەقامەکانی وڵاتەکانیان و بەردەم شوێنە سەرەکیەکان لە وڵاتەکاندا. ئەم هێزە خۆی نیشاندا لە: ئەمریکا لە واشنتۆن و نیۆرک، کەنەدا، بەریتانیا لەلەندەن و چەندین شاری دیکە، لە فەرەنسا، ئوسترالیا، لە یابان، ئیسپانیا، لە نیوزیلاند، لە ناوخۆی ئیسرائیلدا، لە ئەڵمانیا لە دوسڵدورف، بەهێزو بە دروشم و بانگەوازی گەورەی وەستانی دەستبەجێی کوشتارو کاولکاری سەر غەززە، بە بەرزکردنەوەی سەدان هەزار پلاکارتەوەو هەروەها لە ئەمریکا چوونە ناو بینای کۆنگرێس.

خۆپیشاندانەکان و رژانە سەرشەقامەکانی ئەم هێزە وەک نمایشێکی هێزێکی رادیکال، ئینسانی و دوور لەهیچ فەزایەکی قەومی و ئاینی و رەگەزپەرستی بوو. ئەگەر بۆ کەسێک لەنزیکەوە بەشداری کردبێت، وەک ئێمە لەبەریتانیا، بەجیا لە دروشم و وتنەوەی دروشمەکان بەدەنگی بەرز لە زۆربەی وڵاتەکان، یەک ناوەرۆکی هەبوو. ئەوەی جێگای خۆشحاڵی و سەرنج بوو ریزێکی فراوان لە ئینسانەکان وەک ئەوەی لەسەراسەری جیهان دەعوەت کرابن بۆ کۆنگرەیەکی بەرگری لە ئینسان و پێکەوە یەک بیرو یەک رێگای دژی شەڕو کوشتارو کاولکاریان هەبێت، بەجیا لەرەنگی پێست و نەتەوە و نەژادو دینیان، لە رێزێکی فراواندا دژی جەنگ و کاولکاری و تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەزە وەستانەوە.

ئەوەی جێگای سەرنج بوو، لە خۆپیشاندانی لەندەندا، کە ژمارەیەکی زۆر گەورەو بەرچاو بەشدارییان کرد، مۆرکێکی مرۆڤدۆستانەو چەپی پێوەبوو… رێکخراوە کرێکاریەکان و سۆشیالیست و چەپەکان بەشداری بەرچاویان هەبوو. بگرە ژمارەیەکی بەرچاو خەڵکی جولەکە بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون! ئەو دروشمانەی دەوترانەوە بریتی بوو لە: وەستانی کوشتاری خەڵکی غەززە، نا بۆ داگیرکاری فەلەستین، حکومەتی ئیسرائیل حکومەتێکی تیرۆیستە، ئازادی بۆ فەلەستین، شەرم بۆ بایدن، شەرم بۆ ماکرۆن و ریشی سوناک کە لایەنگری ناتانیاهۆو حکومەتی ئیسرائیل دەکەن.

ئەم هێزە ئینسانیە بۆیە گرنگە چونکە لەسەروو هەموو ئایدۆلۆژیەکی قەومی و دینیەوەیە. ئەم هێزە نەک تەنیا لە ئەمریکاو بەریتانیاو ئیسپانیاو بەڕۆشنی پەیامی خۆیان دا، بەڵکو لە ناو ئیسرائیلدا بەهەزاران کەسی ئینساندۆست و ئازادیخوازو چەپی خەڵكی ئیسرائیلی، چۆن لەسەراسەری دنیادا نایان بۆ کوشتاری ئینسان وت، لەوێش یەخەی ناتانیاهۆو حکومەتەکەیان گرت و رژانە سەرشەقامەکان و نایان بۆ کوشتارو کاولکاری ئیسرائیل لە غەززە وت و داوای دەستبەجی وەستانی کوشتارو کاولکاریان کرد لە غەززە.

هەربۆیە زەرورە کە ئەم ریزە ملیۆنیە ئازادیخواز و مرۆڤدۆستیەی هەر وڵاتە بەهێز بکەین، لەدەوری خواست و داواکاریە ئینسانیەکانیان کۆبینەوە بۆئەوەی وەک هێزێکی فشاری گەورە بۆ وەستانی هێرشەکانی حکومەتی ئیسرائیل بۆسەر غەززە راوەستین، هەر ئەم هێزو بەرەی سێهەمەش دەتوانێت دوای فشاریان لەوەستانی کوشتارو کاولکاری غەززەو بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە، بتوانێت بارێکی تر بێتەوە مەیدانە بۆ چارەسەری یەکجاری کێشەی فەلەستین، ئەویش بە دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا، ئەمە تەنیا پەیام و رێگاچارەی دروست و ئینسانیە بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژی و کاولکاری لە ئیسرائیل و فەلەستین.

٢٤/١٠/٢٠٢٣




كەناری دەریا.. شیعر : مریم حیدر زادە.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

” لب دریا “
شیعر : مریم حیدر زادە
وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام

“”””””””’

سەردەمی ئێمە
سەردەمی خەڵەتانن
سەردەمی ناوی سەیر
سەردەمی ووشک بوونی گوڵدان
چەتری ڕەشی باران
شارەکەمان سەری ناپەڕژێ
وەعدەکانی هەمووی درۆیە
ئاسمانەکەی دوكەڵاوییە
دڵی عاشقەکانی
شینی ئاسمانییە
خۆزگە لەگەڵ گوڵاڵەیەکی ووشک بوو
لە بەلەمێکا دائەنیشتین
دڵمان ئەیا بە دەریا
من و تۆ، تەنها و تەنها

ماڵمان پر لە بەربەستە
پشتی هەر پەنجەرەیەک پردە
قەفەسەکان پڕ لە باڵندە
لێوی بێ خەندە
……………
میهرەبان بوون مەحاڵە
نەمەیلی عەشقت هەیە
نە بیرکردنەوەت لەکەس هەیە

خۆزگە لەگەڵ گوڵاڵەیەکی ووشک بوو
لە بەلەمێکا دائەنیشتین
دڵمان ئەیا بە دەریا
من و تۆ، تەنها و تەنها

ئەوەنە بڕۆین کە کەناری دەریا
لە من و تۆ نەی بێ ئاگا
بەلەمەکە لەگەڵ خۆمان بەرین
تا ئەبەد لەوێ بین
شوێنێک کە نە ئاسمانی
نە دەنگی مردووەکانی
نە غەمی
نە جوڵانەوەکەی
نە گوڵی گوڵ فرۆشەکانی
وەک ئێرە ” ئاسن ” نیە
وەک ئێرە “ئاسن ” نیە

دوایی ووریا بە لە یادت بێ
كەس بەمە نەزانێ
گەر زیندوو بووین
جێ ژوانی سبەیمان
كەناری دەریا

گەر زیندوو بووین
جێ ژوانی سبەیمان
كەناری دەریا




ژیان به‌ گه‌رمی و ساردی ده‌مرێت.. فەرهاد کەریم

بوومه‌ته‌ دوو له‌ت، له‌تێکم شه‌ڕی ژیان ده‌کا و له‌تێکم شه‌ڕی مردن
شه‌ڕه‌کان نه‌رمن بۆ مردن و ژیان به‌ نه‌رمی ژیان و مردن ده‌شێڵن
ژیان شێڵانی ده‌وێ، مردن گۆڕ، بمریت باشتره‌ مردن
گه‌رمبووه‌ ژیان به‌ مردن، به‌ مردن ساردبووه ژیان، بژیت باشتره‌ ژیان
سارد ساردبووه بۆ کۆتر و‌‌ ماسی و مامز
بۆ شادی و شه‌ڕ مار و مرۆڤ زوڕناو ژه‌هر
ترسێك له‌ پێکه‌نینی مرۆڤ ده‌بینم، ده‌ترسم به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ ژیان قووتدات
ترسێک له‌ خه‌وی مار ده‌بینم فڕین بچێته‌ خه‌ونی قه‌پاڵ له‌ ئاسماندات
هاوڕێ ژه‌هر ماسی و باڵنده‌ راوکا به‌ ته‌نیا بڕوا بۆ گۆڕ ژیان بخوا
له‌تێ گۆڕ و قومێ ته‌نیایی و هه‌ناسه‌ی ژان و مردن جێبێڵێ
بژی بۆ شه‌ڕی ژیان وه‌ک تاژیی ماندوو و ماسی بریندار
وه‌ک باڵنده‌ی قه‌فه‌ز نه‌ زه‌ویی هه‌یه‌و نه‌ ئاسمان
وه‌ک دره‌ختێکی ره‌نگ زه‌رد دوور له‌ ئاو
مرۆڤ له‌ مردن ده‌ترسێ و ژیان راو
گیرۆده‌ بووه‌ به‌ خه‌می مردن،
جوانی ده‌نێژێ بۆ خه‌ون
پڕبووه‌ له‌ برینی شه‌رم
له‌ چاوه‌روانی مردم بۆ ژه‌مێ ژیان، به‌یانیش نێت خۆشمده‌وێ
چه‌ند جوانه‌ مرۆڤی ته‌نیا به‌ ژانه‌وه‌ بۆ ژیان ده‌ڕوێ ‌
له‌ دوێنێ زیاتر خۆشمده‌وێی به‌و هه‌موو ژانه‌وه‌ ژیان
له‌ قه‌فه‌زی مردن وه‌ره‌ ده‌رێ زه‌وی گه‌رم بووه‌ به‌ مردن
به‌ مردن زه‌وی مردووه بگه‌ڕێوه‌ پێش مردن، ژیان شێڵانی ده‌وێ‌
سارد سارد بووه‌ به‌ مردن، بمریت باشتره‌ مردن، بژیت باشتره‌ ژیان
ژیان به‌ گه‌رمی و ساردی ده‌مرێت، به‌ مردن ده‌مرێ، خۆت بشۆ بۆنی مردنت لێدێ
مرۆڤ خۆی بشوا ده‌ریا و زه‌وی و ئاسمان پاک
غه‌ریبی ژیان ده‌که‌م مرۆڤ لێگه‌ڕێ ده‌بم به‌ کۆتر و مامز و ماسی
بیری سه‌گه‌که‌م ده‌که‌م مرۆڤ کوشتت
ژه‌هره‌ شادیت، شه‌ڕت گۆڕ، گۆڕستانیت مرۆڤ
له‌ ئازاری مردن بگه‌ وه‌ک سێبه‌رت نه‌رم،
سه‌یری سێبه‌رتکه‌ تینوو نیه‌ به‌ خوێن، برسی نیه‌ به‌ مه‌رگ
ناژیت بۆ ژیان، کێڵگه‌ی چه‌قۆیت و مردن ده‌گریت
بیری ژیان و سه‌گه‌که‌م ده‌که‌م
مرۆڤ خۆت بشۆ بۆنی گۆڕو جه‌نگ و گووت لێدێت……..




پیرەمێرد و دەریای خوێن.. شیعری نەوزاد بەندی

پیرەمێردی ئاخر شـــــــــەڕ
سووتاندی ووشکایی و تەڕ
دۆزەخی تاهەتایــــــــــــــی
زامن کرد ، ڕۆژی مەحشەر

پیرەمێردی مناڵـــــــــــکوژ
ژنکوژ ..پیرکوژ و خوێنـمژ
لە دادگای ئیلاهــــــــــــیدا
دار و بەردت دێــــــــنە دژ

پیرەمێردی خڵـــەفاو
خوێنی لا بووە بەئاو
ئاوی لە خەڵک بڕیـوە ،
هەیە فرمێسک و خوێناو

عێراقت خستە سەر پلێــــت
ئەیدزێ هەرچی بوێـــــــــت
پارەی نەوت دەست بەسەرە
لای پیرەی شەڕانیی شــــێت

دەسەڵات بە ئەستۆی ووردی
پێی ئەووت : دۆستی کوردی
تڕحێو لەم دۆستی کــــــوردە!
ئەوەیشی نەئەبرا ، بـــــــردی

زوڕناکانی لای خۆمـــــــــــــان
پێیان ئەووت دۆستی کوردان!
زوڕنا لە پڕا گــــــــــــــــــــــیرا
نەوت و نانیشــــــــــی دۆڕان

Nawzad Bandy