بازنەی خەرمانەی زێ یان پەردەی کچێنی.. بەیان ناسیح

هاوڕێیەکم لەم رۆژانەدا لینکی بەرنامەیەکی تەندروستی کەنالێکی تەلەفزیۆنی کوردی بۆ ناردم. پێشکەشکەری بەرنامەکە بەم پرسیارە دەستپێدەکات “پەردەی کچێنی بەچ شتێک لادەچێت جگە لەپرۆسەی هاوسەرگیری؟”

یەکێ لەو دوو دکتۆرە میوانانەی کەبانگکرابوون ببۆ ەرنامەکە پزیشکێکی داوەری بوو و گوتی ” … خۆی زەبری دەرەکی بەهێز دەبێتە هۆی لادانی پەردەی کچێنی، بەڵام لەحالەتێکدا دەبێت بترسی کە خوێنەکەی بینی ئەگەر خوێنەکەی نەبینی پێویست بەترس ناکاتن، بۆ نموونە لەهەموو وەرزشەکان زیاتر کەحالەتی لادانی پەردەی کچێنی تێدا روودەدات ئەسپ سوارییە، کاراتێیە یان پایسکل. ئەو سێییە وەکی ئەوەی ئەمن بینیتم وەکو پزیشکێکی دادوەری حالاتی لێکەوتووەتەوە بەلام کەخوێنی بینی ئینجا دێ روو لە پزیشکی دادوەری دەکات واتا نەک خوێنی نەبینی و بلێ بەربووەتەوە…”

ئەمە گفتۆگۆیەکی بەر لە پەنجا ساڵ لەمەوبەر نییە بەڵکو بەرنامەیەکی زیندوی ئەم سەردەمەیە کە بینەری زۆری هەیە بابەتی جیاوازو هۆشیاری پزیشکی بڵاودەکاتەوە لە کوردستاندا و تا ئێرە جگە لەدەستخۆشی لەو پرۆگرامە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری تەندروستی کە زۆر پێویستە بوونی هەبێت هیچ بۆچوونێکی دیکەم نییە.
بەڵکو رەخنەی من لێرەدا لە ناوەڕۆکی باسەکەیانە لەسەر “پەردەی کچێنی”.

چەند جار گوێم لەگفتۆگۆکە کرد، بەهەوڵی تێگەیشتن لەچۆنیەتی لێکدانەوەکانیان لەڕووانگەی ئەو سێ دکتۆرەوە، ئەوەی ئآشکرایە ئەو سێ دکتۆرە، پێشکەشکارو میوانەکان لەسەر خالێک هاوکۆکن ئەویش بوونی پەردەیەک وەکو شتێکیی سابت. هەر ئەم خاڵە وایکرد ئەم بابەتە بنووسم و بە دیدێکی جیاوازەوە ئەو بابەتە هەڵسەنگێنم.

بەپرسیارێ دەستپێدەکەم ئەویش ئایا ئەم سێ دکتۆرە پشت بە زانست دەبەستن لەباسەکەیاندا؟ بەداخەوە ئەمە روونادا لەدیدی منەوە لەکاتێکدا دەزانین زانستی پزیشکی لە پێشڕەویدایە و ئەو زانستانەی ئەمڕۆ دانی پێدا نراوەو خراوەتە باری پراکتیکەوە نموونەیان زۆرە لەهەموو بوارەکانەوە.

لەبەرگرنگی بابەتەکە ئاواتەخوازی ئەوەبووم ئەم دکتۆرانە وەکو ئەرکی پیشەییان پشتیان بەزانست ببەستایەو لەو گۆشەیەوە روونیان بکردایەتەوە نەک بەهێزکردنی ئەو وێنەیەی سەدەها ساڵە کۆمەڵگا بەگوێچکەی منداڵی کچدا دەیچرپێنن: “ئاگات لەخۆت بێت بابنت نەپژێ”. روونکردنەوەی دروست لەم بابەتە کارێکی گرنگە بەتایبەت کاتێک کەسانی پرۆفیسیۆنال و شارەزا قسەی لێوە دەکەن. ئەرکێکی پێشەیی و ئەخلاقی و مرۆییە بەتایبەت لەبەرامبەر ئەو کچانەی کەهەمیشە دەترسن نامەخوا نەوەکو ئەو”پەردەیە” شتێکی لێبێت.

تۆ بڵیی ئەو زانستە ئەوەندە ترسناک بێت لەناو کۆمەڵگایەکی نەرێتی و پیاوسالاری وەکو کوردستان کە ووتنی کێشەی لێبکەوێتەوە یان وەکو زۆر بابەتی تر بەلارێدا ببردرێت؟ ئایا ئەمە حاڵەتی “نەشیش بسووتێ نەکەباب” کەیە؟ وا قسە دەکرێت تا هەموو لایەک رازی بێت. ئەی چۆن دەبوو ئەگەر لەشوێنی ئەوەی قسە لەسەر پەردەیەک بکرێت کە گوایە قابیلی لاچوون یان دڕان وخوێن هاتنەدەرەوەیە قسە لەسەر بوون و نەبوون یان ناونانی وەکو پەردە بکرایە؟ ئایا ئەو زانیارییەی دەدرێت بەبینەران وەکو نموونەی ئەسپسواری، کاراتێ یان پاسکیل لێخوڕین کە دوژمنی ئەو پەردەیەن مەرترسی ئەوەی لێناکرێت کەچەندەها دایکو باوک جووڵەی کچەکانیان سنووردار بکەن نەوەکو لەپڕیکدا پەردەکە لابچیت؟.

دروست نییە کەمنداڵی کچ بەو هەستەوە گەورە بن کەپەردەیەکیان پێوەیە و قابیلی لاچوونە. بەلکو پێویستیان بەپەروەردەیەکی تەندروستە کەبڕوابەخۆبوونیان لەلادروست بکات، لەکاتی تەمەنی گونجاودا زانیاری دروست وەرگرن لەسەر هەموو بەشەکانی لەش و چۆنیەتی گەشەکردنی.

لەزۆر کۆمەڵگادا خەڵکی بڕوایان بەو ئەفسانەیە هەیە کەگوایە پەردەیەکی تەنک دەرەچەی کۆئەندامی زێینەی مێینەی داپۆشیوە. زانستی پزیشکی سەلماندوویەتی هیچ پەردەک بوونی نییە، هێچ شتێکیش نییە کون بێت، بدرێت یان لاچێت لەکاتێکدا کچێک بۆ یەکەم جار سێکسی دەبێت. یان لە ئەنجامی ئەو کارەدا هەمیشە خوێنی هەبێت. هەندێ جار ئەوە روودەدات کە خوێنێکی کەمی هەبێت ئەمەش جیاوازە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر. نکۆڵی کردنی ئەم زانستە وەکو نکۆڵی کردنی ئەوەیە کەبڵێی زەوی خڕ نییە.

چەندەها تێگەیشتنی چەوت هەیە سەبارەت بەو شتەی کە لەزمانی کوردیدا بە پەردەی کچێنی ناودەبرێت. ئەو تێگەیشتنانە زۆر ترسناکن، چونکە لە راستی و زانستەوە دوورن. لەوانەیە هەندێ لەخوێنەرانی ئەم بابەتە تووڕبن و بڵین ئەم درۆیە چییە! لێرەدا تکای پشوو درێژیتان لێدەکەم بابزانین زانستی پزیشکی چۆن روونی دەکاتەوە.

بازنەی خەرمانەی زێ چییە؟

مێژووی ئەو ئەستورانەی یان ئەفسانانەی زاڵە بەسەر مێشکی مرۆڤدا لەبەرامبەر مێیەندا زۆر کۆنە بەتایبەتی لەمەڕ پێناسەی پاکیزەیی لەمێژووی مرۆڤایەتی و ئایینە جیاوازەکاندا، سەرچاوەکەشی تەنها نەزانین و ترسی چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی خەرمانەی زێە لەلای مێینە. هەر ئەم نەزانین و پشتبەستن بە ئەستورەکانە کە تائێستاش دەبنە هۆی تێکدانی ژیانی هەزارەها کچ لە رۆژهەڵاتی ناویندا کە کوردستانیش دەگرێتەوە. گوایە کەوتن لەکاتی ئەسپسواری و پاسکیل و هەندێ وەرزشی تر لەوانەیە ببنە هۆی لەدەستدانی ئەو شتەی بەپەردە ناوی دەبەن جێی پرسیارە.

هیچ پەردەیەک نییە کە کۆئەندامی زێ و دەرەچەی زێ داپۆشیبێت تا بەهێزیکی دەرەکی یان بۆیەکەم جار سێکست دەبێت بدڕێت یاخود لاچێت. ئەوەش دروست نییە هەموو یەکێ خوێنی هەبێت، بەڵام هەندێ جار ئەوە روودەدات. کۆئەندام و دەرەچەی زێ لەچەندین توێی شانەی لینجاو پێکهاتووە کەپێی دەوترێت بازنەی خەرمانەی زێ کە شایانی کشانن. توێی شانەی لینجاو لەکەسێکەوە بۆ کەسیکی تر جیاوازە تەنانەت شێوەشیان دەکرێت جۆراو جۆر بێت. دەکرێت یەکێ لە توێیەکان بڕووشی و رەنگە کەمێک خوێنی لێبێت، بەڵام خۆی چاک دەبێتەوە.

لە گفتۆگۆی ناو بەرنامەکەدا دکتۆرەکان سوورن لەسەر ئەوەی لەئەنجامی هەندی وەرزشدا ئەگەر خوێن هات ئەوە پەردەکە لاچووە. ئەی ئەگەر هاتوو کچیک بەربۆوەو خەرمانەی زێی لەو جۆرە بوو کە دەکشێت(لاستیکی) بوو هیچ خوێنێکی لێوە نەهات بۆ ئەوە دەڵین چی؟.

لێرەد قسەیەکی نەستەقی چینی دەهێنمەوە بۆ ئەوەی ئەو مەبەستەی کەهەمە لەم باسەدا بەرزی بکەمەوە ئەویش ئەوەیە کەدەڵئ: بۆ ئەوەی لەهەرشتێ تێبگەی دەبێت بەناوی خۆیەوە بانگی بکەی. لەزمانی کوردی و گفتوگۆکاندا، لەمێدیادا پێویستە بابەتێکی ئەوەندە گەنگ کە لەزۆر شوێن و کاتدا بەستراوە بەژیان و مردنی کچێکەوە بەووردی باسی لێوە بکەین و زانیاری پێویست بەرزبکرێتەوە، بە بەرپرسیارییەتەوە مامەڵەی لەگەل بکەین و ئەمەش رێگایەکە بۆ چاککردنەوەی تێگەیشتنە هەڵەکان. لێردا با ئەوەی سەدەها ساڵە ناوی پەردەیان لێناوە بەناوی خۆیەوە باسی بکەین ئەویش خەرمانەی زێیە.

بەیان ناسیح
کۆمەڵناس




پێشانگای “کورده‌کان: دابوونه‌ریت و مۆدێرنیته” له گالێری “تریپتیچ”ی مۆسکۆ بەڕێوەچوو

مه‌نسوور جیهانی / مۆسکۆ ـ

پێشانگای “کورده‌کان: دابوونه‌ریت و مۆدێرنیته” له گالێری هونه‌ری هاوچه‌رخی “تریپتیچ” لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا بەڕێوەچوو.

پێشانگای “کورده‌کان: دابوونه‌ریت و مۆدێرنیته” Kurds: traditions and modernity له گالێری هونه‌ری هاوچه‌رخی “تریپتیچ” Triptych بە ناوه‌رۆکی هونه‌ریی ئێستای کورده‌کان و به ئاماده‌بوونی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی ناوداری کورد؛ به ناونیشانی به‌شێک له سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ” Moscow له شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بەڕێوەچوو و میوانداریی هۆگرانی هونه‌ره شێوه‌کارییه‌کان بوو.

له‌م ڕووداوه هونه‌رییه‌دا کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌م به شێوازیی زۆر جیاواز و به ته‌کنیکی جۆراوجۆر خرایه به‌ر دیدی هۆگرانه‌وه که نیشانده‌ری جۆراوجۆری که‌لتووری خه‌ڵکی کورده.

ئه‌م پێشانگایه به ئاماده‌بوونی “کەرەم گەردەن زەری” Kerem Gerdenzeri سه‌رۆکی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، ئاوازدانەر و گۆرانیبێژی ناوداری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ڕووسیا، خاتوو “ئینا تجۆوا” Inna Tejoeva به‌رپرسی گالێری هونه‌ری هاوچه‌رخی “تریپتیچ” Triptych، “حه‌مه‌ی حه‌مه سه‌عید” وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، خاتوو “ڤیکتۆریا شیشکۆڤا” Victoria Shishkova له به‌رپرسانی سه‌ره‌کی گالێری هونه‌ری هاوچه‌رخی “تریپتیچ”، خاتوو “گولیزەر گەردەن زەری” Gulizer Gerdenzeri به‌رپرسی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی “مۆسکۆ”، لێژنه‌یه‌کی باڵا له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندانی ئاماده‌بوو کرایه‌وه.

له ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م گالێرییه‌دا؛ “بێهرووز قوبادی” ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “٥ کیلۆ گوێز” Kilos of Walnuts 5 به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ “محه‌مه‌د نووری” و “تیما ته‌قی زاده” ئه‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌م به‌رهه‌مه سینه‌ماییه، “بیلال کورکۆت” Bilal Korkut ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی “بۆشاییه‌ک له دیوار” The hole in the Wall، “ئه‌میر غوڵامی” دادوه‌ری به‌شی پێشبڕکێی “کورته‌ فیلمی چیرۆکی”، “فه‌رید ئیلهامی” ده‌رهێنه‌ری به‌ڵگه‌فیلمی بڵیندی “ته‌میره” Tamira، گۆرانیبێژ، ئاوازدانه‌ر، توێژه‌ر و ژه‌نیاری ته‌نبوور و هه‌روه‌ها “سه‌عید ئیمامی” ژه‌نیاری ده‌ف تیایدا ئاماده‌ بوون.

له‌م پێشانگایه‌دا، به‌رهه‌مه‌کانی “ته‌یمۆراز ڕاشۆیف” Teimuraz Rashoev هونه‌رمه‌ندی به‌رچاو له چوارچێوه‌ی کارگه‌ی خوڵقێنه‌ری ز.ک. تسێرێتلی Z. K. Tsereteli، په‌یکه‌رتاشی، هونه‌ره‌کانی ویترای و موعه‌ڕه‌ق پێشکه‌ش کرا. بێجگه له‌وانه، بینه‌ران له‌وێی له‌‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی “ڕۆزا ئۆزمانیان” Roza Ozmanyan ئاشنا بوون که نموونه‌یه‌که‌ی سه‌رکه‌وتووه له هونه‌ری ئاسایی به‌ڵام به کوالیته‌ و به‌ پێز و به‌ ناوه‌رۆک.

به که‌ڵک وه‌رگرتن له به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان “ده‌یڤید پیرۆزی” David Pirozi و “کۆڵی خان” Koli Khan ده‌توانین بۆمان ده‌ربکه‌وێت که چۆن یه‌ک ڕیز هونه‌رمه‌ندی داهێنه‌ر له دایک ده‌بن و ته‌کنیکی هونه‌ریی له جیلێکه‌وه بۆ جیلێکی دیکه ده‌گوازرێته‌وه.

“ته‌یمۆراز ڕاشۆیف”، “ڕۆزا ئۆزمانیان” و “ده‌یڤید پیرۆزی” بۆخۆیان له پێشانگاکه ئاماده‌بوون و به‌رهه‌مه‌کانیان پێشکه‌ش به ئاماده‌بووان کرد.

به‌رهه‌مه‌کانی “هێڤاڵ تژه‌نده‌ره” Heval Tazhandare که به هۆی کاره گڕافیکییه‌ سه‌رنج ڕاکێش و پڕجووڵه‌کانییه‌وه ناسراوه و هه‌روه‌ها نوێترین به‌رهه‌می “زه‌ینه بڕۆیان” Zina Broyan هونه‌رمه‌ندی به‌هره‌مه‌ند له پێشانگای “کورده‌کان: دابوونه‌ریت و مۆدێرنیته” پێشکه‌ش کران؛ که تابڵۆی بڕۆیان، به‌رهه‌مێکی دیجیتاڵ له قه‌واره‌ی گه‌وره و سه‌رسووڕهێنه‌ر بوو که به چاپ له‌سه‌ر کاغه‌ز و به ئیلهام له نیلووفه‌ڕه ئاوییه‌کانی هێمای مۆنه ئاراسته کرابوو.

له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م پێشانگایه‌دا، به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندێکی تامه‌جرۆ و قوتابی پپلی چوار به ناوی “نۆریک یۆسۆیان” Norik Iusoyan خرابووه ڕوو که تابڵۆکانی به ناوه‌رۆکی نه‌ته‌وایه‌تی خوڵقێندرا بوون.




ڕۆمانی بە ڕێگاوە لە وڵاتی سوید چاپ و بڵاوکرایەوە

ڕۆمانى بەڕێگاوە لە نووسینی (دڵشاد کاوانی) یە، ڕێکەوتى 13\11\2023 لە وڵاتى سوید و ئەسکەندەنافیا چاپ و بڵاوکرایەوە.
ڕۆمانی بە ڕێگاوە ڕۆمانێکى کوردی سادیستی ماسۆزشییە، بە شێوە و تەکنیکی جیاواز نووسراوەتەوە. ڕۆمانى بەڕێگاوە لە دوو بەشى سەرەکى بەناوى پەتاى دەنگ و چێژى خوێن و هەژدە بەشى بچووک پێکهاتووە، کە باس لە ماڵباتێکى میران دەکات لەسەر هێز و دەسەڵاتى میرایەتى دەکەونە نێو کێشە و شەڕ و ئاشوب. هەروەها کوشتن و بڕین پێکهاتەى سەرەکى ڕۆمانەکەیە و چەندین ڕووداوى گرنگ لە چوارچێوەى ڕووداوە سەرەیەکی ڕوودەدەن. لە ڕۆمانى بەڕێگاوە زمان باڵایە و گرنگییەکى زۆر بە فەنتازیا و خەیاڵ دراوە. دڵشاد کاوانى ڕایگەیاند ڕۆمانى بەڕێگاوە لە ساڵی ٢٠٢٠ لە چاپخانەی جەنگەڵ لە تاران، هەر لەگەڵ چاپى یەکەمی لە ڕاگەیاندنەکانى ناوخۆیى و جیهانى گرنگییەکى زۆرى پێدرا و ئێستاش بۆتە جێگەى سەرنجى توێژەران و چەندین توێژینەوەى زانستى و ئەکادیمى لەبارەیەوە نووسراوە. هەروەها گوتیشى: چاپی دووەمی لە ساڵى ٢٠٢٣ لە دووتووێی بەرگێکی جواندا لە لایەن وەشانخانەی 49books چلونۆ کتێب لە وڵاتی سوید و وڵاتانی ئەسکەندەنافیا چاپ و بڵاوکرایەوە. نووسەرى ڕۆمانەکە ئاماژەى بەوەکرد کە ڕۆمانى بەڕێگاوە لەلایەن وەرگێڕى کورد عادل قادرى وەرگێڕاوەتە سەر زمانى فارسى لە دەرەفەتێکدا لە وڵاتى ئێرانیش بە زمانى فارسى چاپ و بڵاودەبێتەوە. ڕۆمانی بە ڕێگاوە ڕزگار کاوانی هەڵەچنیی کردووە و سیپان دیزانی بەرگ و ناوەڕۆکی لای شارۆخ ئارژەنگی نەخشەسازیی بۆ کراوە.




سەد ساڵی گـفـتوگـۆ نەک رۆژێـکی شەڕ.. رەزا شـوان

هـۆزانـڤـانی کوردمـان (لەتـیف هـەڵـمەت) دەڵـێت:”شـەڕ بە تەقـەیەک دەستپـێدەکات، بەڵام بە هـەزاران تەقـە کۆتـایی بـۆ دانـانـرێـت”.
بۆچی قـورسە کە مـرۆڤ بە ئاشتی و بە ئارامی و ئاسوودەیی بەبێ شـەڕ بـژین؟ ئایا شـتێک هـەیە کە بتـوانێـت ئـەم هەمـوو رق و تـونـدوتیژی و کوشـتن و بـڕینە روون بکاتەوە؟ کە بە زۆری نـاڕەوا و تاوانـن. کاتی ئەوە هاتـووە کە بیر لە سایکۆلـۆژیای جەنـگ و هـۆیەکانی هـەڵگـیرسانـدنی بکـرێـت.
دەروونناسانی پەرەسەنـدن، وادەبـینن کە سروشتـییە ئادەمـیزاد شەڕبـکەن، چـونکە ئێمە لە بنەڕەتـدا لە جـیناتی خـۆپەرستی بـووینـە. پێویستیـیان بە کڵـۆنکـردن (کۆپی) یان دووبـارەکـردنـەوە هـەیە.
لە کاتی خوێنـدنەوەی هـەر پەرتـووکـێک، دەربارەی مێـژووی جیهـان، بە زۆری بە تێـڕوانینە گشتییەکان کـۆتایی دێت، کە ئەستەمە مـرۆڤ بە ئاشتی بژیـن. نـزیکترین نمـوونە، شەڕی ئێستای نێـوان روسـیا و ئۆکـرانیا، ئیسرائـیل و فەلـەستینە. کەواتە مـرۆڤ هـیچ پەند و وانەیەیان لە دوو جەنگی جیهانی وێـرانکەر وەرنەگرتـوون. لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا نزیکەی (١٣) ملیۆن مرۆڤ کوژران. لە جەنگی جیهـانیی دووەمـدا زیاتر لە (٥٠) ملیۆن مـرۆڤ کوژران. شەڕيـش تەڕ وشک دەسـووتێنـێت.
ئـەو هەمـوو پـارە زەبـەلاحەی لـەم دوو شـەردا بەفـێڕۆ دران، ئەگـەر لە ئاوەدانی و بژێویی ژیانی مرۆڤـدا خەرج بکرانایە، لە هیچ شوێنێکی جیهاندا هەژاری و برسێتی نەدەمـا و ئاشـتی و ئاسوودەیی و خـۆشـەویستی، بـاڵـیان بەسـەر جیهـانـدا دەکـێـشا.
لە مـاوەی ساڵانی (١٧٤٠ ـ ١٨٩٧) دا، (٢٣٠) جەنـگ و شـۆڕش لەسـەر زەویی ئەوروپـادا روویـان دا، تا ئـەو رادەیـەی دەوڵـەتـان بە هـۆی زۆری خەرجـییەکـانی سەربـازییەوە، وەخـتبوو مایەپـووچی خـۆیـان رابگەیەنـن.
پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کاتی شەرە چەکدارییەکاندا، لەژێر ناوی(پارێـزبەندیی کەسانی شەڕنەکەر) ئەم بنەمایە، تەنها دروشمە و بە زەقـی و بە رەقـی پێشێلکـراوە. چونکە لە شەڕدا، نە بەهـای رەوشتی و نە سۆزی مرۆڤایەتی نە ویـژدانی زیندوو نە رەچـاوکردنی مافـەکانی منـداڵان و ژنـان و مافـەکانی مرۆڤ دەکرێـن. بەشێکی زۆری شەڕکەران دەبـنە دڕنـدەتـر لە دڕنـدە و لە پێـستی مـرۆڤ و مرۆڤـایەتی دردەچـن.
بە چـاوی خۆمـان ئـەم راستییانە ئەدەبینین، کە چـۆن روسـیا و ئۆکـرانیا، ئیسرائـیل و حەماس، تورکیای داگیرکەری کوردستان لە دژی رۆژاوای کوردستان، بە کوشندەترین چەکی تازەی وێرانکاری بێ جیاوازی ـ شەلـم کوێـرم دەستناپارێـزم ـ منداڵ و ژن و پیر و پەکەوتە دەکـوژن. بۆردوومانی قـوتابخانە و نەخـۆشخانە و وێـزگەکانی ئاو و کارەبا دەکـەن. هەموو یاسا و رێسایەکی نێـودەوڵەتی و رەوشتیی و مرۆڤایەتییان بەزاندوون.

ئیسرائیـل و فەلەستین (٧٥) ساڵە لە شـەڕێکی خوێناویـدا، ئەگەر حەفـتا و پێنج ساڵی تریش شەڕ بکەن، ناگـەن بە ئەنجـامێکی یەکـلایی کەرەوە. تورکیای رەگـەزپەرستیش نـزیکەی سەد ساڵە لە دژایەتی کورد دەکات. بە گەورەترین سوپای دڕنـدە و خوێنڕێـژ، بە تازەتـرین چەکی کـوشـندە، پەلامـاری کوردستانی داوە کوردە دەکـوژێـت، دەست لە منداڵی نێو لانکیش ناپارێزن و دەیکوژن، چونکە ئەمە راستیی ئایدۆلۆژیا و کولتووری بۆگەنی بـۆماوەیانە. بەڵام سـەد ساڵیکەش شـەڕ بکەن و کورد بکـوژن، ناتـوانن کورد لەنـاوبەرن. و گـەلی تـورکیش ناتـوانن بە ئاسـوودەیی و بە ئاشـتی بـژیـن تا کوردیـش نەبێـت بە خاوەنی دەوڵـەتی خـۆی. بـۆیـە تا رۆژێـک زووتـر شـەڕ رابگـرن و ئاشـتی رابگەیەنـن لە بەرژەوەنـدیی هەمـوو لایـەک دایە و زیانـەکان کەمـتر دەبنەوە. چونکە هەرگـیز کێشەکان بە شـەڕ و رق چارەسەر ناکرێـن، بەڵکـو قـووڵـتر دەبنەوە. دەتوانن لەسـەر مـێزی گـفـتوگـۆدا چـارەسـەری کێـشەکـان بـکەن و ئاشـتی بەرقـەراربـێـت.
بۆیە دەوترێت:”سەد ساڵی گـفـتوگۆ.. نەک رۆژێکی شەڕ”. شەر پەشیمانیی لە دوایە.
لەم پێودانگەوە، تا رۆژی زووتـر، روسیا و ئۆکـرانیا، ئیسرائـیل و حەماس، تورکیا و کورد، ئەو شوێنانەی تر کە شەڕیان لە نێواندا هـەیە، دەستی ئاشتی بۆ یەکتری درێـژ بکەن و بە گـفـتـۆگـۆ چارەسـەری کـێشەکانـیان بـکەن لە بەرژەوەنـدیی هـەمـوویـانە. کورد وتەنیش:”زیـان لە نیـوەشی بگەڕێتـەوە.. هەر قـازانجـە”.
بە داخەوە دەوڵەتە زلهـێـزەکان و بەرژەوەنـدیویستەکان، بەشێکیان بوونە بە کای بن ئاگـر. یا بـوونە بە تەماشاکەری ئـەم شەڕانە. هـەر وەکـو سەیـری یارییەکی تۆپی پێ بکەن، نایانەوێت لـەم شەڕانەدا ناوبـژی بکەن. کوشتـنی ناڕەوای بێتاوانـان رابگـرن.
هـەڵـویستی نەرێـنی دەوڵـەتـە زیـلهـێـزەکان، لـەم شـەڕانـەدا، وەکـو کـورتە چـیرۆکی (پیاوێکی ریش سپی و دوو منـداڵی شەرکەر) دێتـە بەرچـاوم.
جارێکـیان دوو منـداڵ شەڕیـان دەکـرد، پیاوێکی ریش سپی بە دیاریـانەوە وەستابوو، سەیـری شەرەکەیانی دەکرد.. پیاوێکی تـر لە دوورەوە دەیـان بینێـت و دێـت بۆ لایـان، تا ناوبـژی دوو منـداڵـەکە بکات. بە پیـاوە ریـش سـپیـیەکەی وت: مـامە گیان خـۆ تـۆ ریشت سپییە، بۆ ناوبـژیی ئەم دوو منـداڵە ناکەیت و وەستاویـت و سەیـریان دەکەیت؟
پیاوە رێش سپییەکە وتی:” تا دایـانـم بە شەرەوە.. خەریکـبوو شەیتان شـەق بەرێـت. ئـێستا جەنـابیـشـت دەیـەوێـت بە ئاسانی ناوبـژیـیـان بکەم و لـێکـیان بکەمـەوە.
نەفـرەت لە شـەڕ و لە شەڕخـوازان