چۆن ئیسرائیل یارمەتی گەشەی حەماسی بۆ دەیان ساڵ دا.. نوسینی: Aysha Khan و Ismat Mangla*

شیکاریی: حەماس چییە و بۆچی ساڵانێکە ئیسرائیل بە ئەنقەست بوونی ئەوی چالاک کردووە؟
نوسینی : Aysha Khan و Ismat Mangla*

و: زاهیر باهیر

ئێمە دەزانین کە گرووپی چەکداری فەلەستینی حەماس بەرپرسیارە لە کوشندەترین هێرش بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە مێژووی ئەم دواییەدا کە زیاتر لە هەزار و 300 کەسی کوشتووە و زیاتر لە 200 کەسیشی بە بارمتە گرتووە.
حەماس لە ساڵی 1987 لە غەززەی داگیرکراو دامەزراوە، کە کورتکراوەی بزوتنەوەی بەرەنگاریی ئەلئیسلامییە (بزووتنەوەی بەرخۆدانی ئیسلامی) – ئەو گروپە چەکدارەیە کە ئەمڕۆ کۆنترۆڵی سیاسی بەسەر غەززەدا هەیە. ئەوەی ڕەنگە نەتزانیبێت ئەوەیە کە هەمان ئەم گروپە لە ڕاستیدا بەشێکی لەلایەن خودی ئیسرائیلەوە دروستکراوە. لە کاتێکدا ڕەنگە وەک تیۆرییەکی پیلانگێڕی دەربکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا نهێنییەکی کراوە و بە باشی بەڵگەدارە کە ئیسرائیل ساڵانێکە یارمەتی دارایی و پشتگیریکردنی حەماسی داوە.
گێرشۆن هاکۆهین، Gershon Hacohen, ، هاوکارێکی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی ساڵی 2019 دا وتی: پێویستە ڕاستییەکان بڵێین. ئاماژەی بەوەشکردووە، ستراتیژی ناتانیاهۆ ڕێگریکردنە لە بژاردەی دوو دەوڵەت، بۆیە حەماس دەکاتە نزیکترین هاوکاری خۆی. ” بە ئاشکرا حەماس دوژمنە، بە شاراوەیی هاوپەیمانێکە.” تێگەیشتن لە ستراتیژی ئیسرائیل لەم کارەدا دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت لە خوێندنەوەی دێڕەکانی قسەکانی حکومەتی ئیسرائیل سەبارەت بە بەربەرییەتی حەماس. هەروەها یارمەتی ڕۆشنکردنەوەی دیدگای نەتانیاهۆ دەدات بۆ ناوچەکە — و کۆتای دوایارییەکە.

ستراتیژی ئیسرائیل بۆ پەرتکردن و داگیرکردن

” بە پەشیمانییەکی زۆرمەوە ، حەماس دروستکراوی ئیسرائیلە.”

ئەڤنەر کۆهین، Avner Cohen ، بەرپرسی کاروباری ئایینی ئیسرائیل لە غەززە لە کاتی سەرهەڵدانی حەماسدا، لە وتارێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ساڵی 2009دا بە ناوی ” ئیسرائیل چۆن یارمەتی زاوزێکردنی حەماسی دا” دەڵێت حەماس لە سەردەمی یەکەم ڕاپەڕین دا/ ئینتیفازە لەدایک بووە، کاتێک فەلەستینییەکان لە ساڵی1987ەوە دژی داگیرکەرەکانیان ڕاپەڕینەوە، ئەم گروپە لەلایەن شێخ ئەحمەد یاسین-وە پەنابەرێکی مەشلول تا ڕادەیەك نابینا دامەزراوە و لە کەمپێکی پەنابەرانی غەززە گەورە بووە. لەوێدا، یاسین یارمەتی پێکهێنانی لقێکی فەلەستینیی ئیخوان موسلیمینی دابوو، ئەو بزووتنەوەیە بەناوبانگ و کاریگەرەی کە لە میسر دامەزرابوو و پشتگیری لە ئیسلامێکی سیاسی دەکرد – هەندێکجار پێی دەگوترا “ئیسلامیزم”. ئەم گرووپەی کە بنکەکەی لە غەززە دامەزراند – موجەمەع ئەلئیسلامیە، پێشخانێك بۆ حەماس – لە ساڵی 1973 وەک ڕێکخراوێکی خێرخوازی موسڵمانان کە زانکۆ و کتێبخانە و مزگەوت و قوتابخانەکانی دامەزراند.
یاسین و بزووتنەوە تازەپێگەیشتوەکەی هاوپەیمانێکی چاوەڕواننەکراویان لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دۆزیەوە. فەرمانڕەوا نوێیەکانی غەززە سنووردارکردنی پێشوویان بۆ چالاکوانانی پەرەپێدانی ئیسلامی سیاسی شلکردەوە؛ بە فەرمی موجەمەع ئەلئیسلامیای وەک خێرخوازی و دواتر وەک کۆمەڵە تۆمار کرد؛ ڕێگەی بە ئەندامەکانی دا پەیامەکەی بڵاوبکەنەوە و نیازپاکی بنیات بنێن بە پەرەپێدانی تۆڕێک لە دامەزراوە ناوخۆییەکان و چووە دواوە کاتێک گروپەکە شەڕی لەگەڵ ڕکابەرەکانی کرد کە عەلمانییەکانی فەلەستین بوون.
بەم شێوەیە سیاسەتیان لە چەند دێڕێکدا گرد دەبێتەوە “هەر کەسێک بیەوێت دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین پووچەڵ بکاتەوە، دەبێت پشتگیری لە بەهێزکردنی حەماس و گواستنەوەی پارە بۆ حەماس بکات . ئەمە بەشێکە لە ستراتیژییەکەمان کە دابڕانی فەلەستینییەکانی غەززەیە لە فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا.”
دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ساڵانی شەستەکاندا کەرتی غەززەی لە میسر داگیرکرد و دەستی بەسەردا گرت، حکومەتی ئیسرائیل تامەزرۆی لاوازکردنی هێزی سیاسی ڕابەرایەتی فەلەستین بوو . لەو کاتەدا ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینی ناسیۆنالیستی عەلمانی (PLO ) و کەسایەتیی پێشەنگی ئەو ڕێکخراوە یاسر عەرەفات لە پارتی فەتح بوو. ئیسرائیل وەکو پێشبینی دەکرس بە بەدوای ئەندامانی PLOوە بوو، کە زۆرێکیان سەرسەختانە دژی ئیسرائیل بوون. لەم نێوەندەدا، ئیسرائیل بە ڕێزگرتن لە ستراتیژی سیاسەتی کۆلۆنیالیزمیی پەرتکردن و حوکمڕانیی، لە تەك ئەوەشدا ئیسرائیل لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستیکرد بە چالاککردنی گروپە تازەپێگەیشتوەکەی یاسین.
ئەم بزووتنەوە سیاسییە ئایینییە لەو کاتەدا لە پەراوێزی سیاسەتی فەلەستین دا بوو، بەڵام بە پارەی ئیسرائیل، کاریگەرییەکەی گەشەی کرد و لە کۆتاییدا گۆڕا بۆ حەماس وەك ئەوەی ئەمڕۆ دەیزانین.
ئەوە حاڵەتێکی کلاسیکی کارادانەوەی سلبی بوو ، نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نووسیویەتی: ” ئەزموونی ئیسرائیل دەنگدانەوەی ئەزموونی ئەمریکایە، کە لە کاتی جەنگی سارددا وەک هاوپەیمانێکی بەسوود لە دژی کۆمۆنیزم چاوی لە ئیسلامییەکان بوو. ” … ” هێزەکانی دژە سۆڤیەت کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکران دوای لەشکرکێشی مۆسکۆ بۆ سەر ئەفغانستان لە ساڵی 1979، دواتر گۆڕا بۆ قاعیدە.” سیاسەتی ئیسرئیل ڕەنگدانەوە ئەوە سیاسەتەی ئەمەریکا بوو . لە ڕاستیدا تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، ڕێکخراوی فەلەستین، PLO ، دەستی بە کارکردن کردبوو بۆ سازانێکی دوو دەوڵەتیی و حەماسیش لە غەززە بە ڕوونی بووبوو بە هێزێکی چەکداری بەهێزی دژە ئیسرائیل کە پشتیوانییەکی بەرچاوی لەلایەن گەلی فەلەستینەوە بەدەستهێنابوو. ئیسرائیل دەستی کرد بە هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی ئەو ئەهریمەنەی کە یارمەتی دروستکردنی دابوو – بەڵام زۆر درەنگ بوو.
زیندوو ڕاگرتنی حەماس و چارەسەرێکی دوو دەوڵەتی بە مردوویی

بۆ دەیان ساڵە ئیسرائیل سەرکوتی حەماس دەکات لە غەززە لەوانە هەڵمەتی هێرشی ئاسمانی بەردەوام، تیرۆرکردنی ئامانجدار، گەمارۆیەکی دەیان ساڵە ، لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا، زۆرجار بەسوود بۆ بەهێزکردنی پشتیوانی گروپەکە گەڕاوەتەوە. بەڵام لەوەش ترسناکتر ئەو شێوازەیە کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل تا ئەمڕۆش بەردەوام بوون لە چالاککردنی حەماس بە ئەنقەست .
دوای هێرشەکەی ئەم دواییەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، نەتانیاهۆ سوێندی خوارد کە هەموو ئەندامێکی ئەو گرووپە ” کەسێکی مردووە.” بەڵام ناتانیاهۆ بە شێوەیەکی ستراتیژی ئاسانکاری بۆ ملیۆنان دۆلار بۆ حەماس کردووە بە ڕێگەدان بە قەتەر کە یارمەتی نەختینەیی بە غەززە بدات – کە دەیزانی پارە نەختینەکە دەچێتە دەستی سەرکردایەتی حەماس.
لە ساڵی 2009ەوە ستراتیژی سیاسی نەتانیاهۆ لە دەوری زیندوو ڕاگرتنی حەماس و لێدان دەسوڕێتەوە — تەنانەت ئەگەر ئازاری گەلەکەی خۆیشی دابێت. لە کاتێکدا ئیسرائیل و نەتانیاهۆ لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی بە قسە بەدواداچوون بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتیی دەکەن، کە حەماس بیانوویەکی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ دوورکەوتنەوە لە شوێنکەوتنی چارەسەرێک. ئەم واقیعەش نە تیۆرێکی پیلانگێڕییە، نە بە تایبەتی بە باشیش شاراوەیە. لە ڕاستیدا ناتانیاهۆ و چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە ئاشکرا باسیان لەوە کردووە.

“ستراتیژی ناتانیاهۆ ڕێگریکردنە لە بژاردەی دوو دەوڵەت، بۆیە حەماس دەکاتە نزیکترین هاوکاری خۆی. حەماس بە ئاشکرا دوژمنە و بە شاراوەییش هاوپەیمانێکە.”
لە کۆبوونەوەی حزبی لیکود لە ساڵی 2019دا، نەتانیاهۆ بە دڵخۆشییەوە بە هاووڵاتیانی خۆی گوت: ” هەرکەسێک بیەوێت دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین پووچەڵ بکاتەوە، دەبێت پشتگیری لە بەهێزکردنی حەماس و گواستنەوەی پارە بۆ حەماس بکات. ئەمە بەشێکە لە ستراتیژییەکەمان — دابڕانی فەلەستینییەکانی غەززە لە فەلەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا.” هەروەها بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی هەواڵگری ئیسرائیل کە لەلایەن گۆڤاری +972 لە 30ی تشرینی یەکەمدا بڵاوکراوەتەوە، هێندەی تر ڕوونی دەکاتەوە. لەوێدا بە فەرمی ئاماژە بە بژاردەی کۆنتڕۆڵکردنی غەززە لەلایەن دەسەڵاتی فەلەستینەوە وەک خراپترین دەرئەنجامی ئەگەری دەکەن – چونکە ئەوە “یەکێک لە بەربەستە ناوەندییەکانی ڕێگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی” لادەبات.
لەڕاستیدا ناتانیاهۆ مەبەستی ئەوە بووە کە فەلەستینییەکان لە ژێر دوو گرووپی دەسەڵاتداردا بە دابەشکراوی بمێننەوە: دەسەڵاتی فەلەستین کە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە سەرکەوتوو بووە لە کەرتی ڕۆژئاوا و حەماسی میلتەنت لە غەززە. ( دەسەڵاتی فەلەستین بە سەرۆکایەتی پاشماوەی PLO وەک دەزگایەکی خۆبەڕێوەبەری کاتیی دروست بوو کە مەبەست لێی خۆشکردنی ڕێگا بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین بوو، بەڵام ئەوە ڕووی نەداوە.) تا ئەو کاتەی ئەم دوو گرووپە دابەش بوون، ئیسرائیل پاساوی هەیە بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین نەکات بە بیانوی ئەوەی کە ئەو گرووپە نوێنەرایەتی هەموو فەلەستینییەکان ناکات. حەماس بە پێچەوانەی سەرکەوتنی دیپلۆماسی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ ئیسرائیل بووەتە دوژمنێکی گونجاو. لە چاوپێکەوتنێکیدا لە ساڵی 2015دا، بێزالێل سمۆتریچ، Bezalel Smotrich ، وەزیری دارایی ئیسرائیل ڕوونیکردەوە کە شەڕەنگێزی حەماس و بەو هۆیەوە ناشەرعییەتی لەسەر شانۆی جیهانی، نیعمەتێکە بۆ ستراتیژی سیاسی حکومەتەکەی.
سمۆتریچ وتی: ” دەسەڵاتی فەلەستین، PLO ، بارگرانییە، حەماسیش سەرمایە.” وتیشی ” ئەوە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە، کەس دان بەودا نانێت، کەس لە [دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان] پێگەی پێنادات، کەس ڕێگەی پێنادات بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بخاتەڕوو”.
هاوکاتیش زۆرێک لە هاوڵاتیانی ئیسرائیل توڕە بوون لەوەی کە چۆن فێڵەکانی نەتانیاهۆ هەموویان دەخاتە مەترسییەوە و زیاتر لە 1300 هاوڵاتی وڵاتەکەیان دەکوژرێت.
ستوونی ئەم دواییەی ڕۆژنامەی هارێتس کە یەکێکە لە گەورەترین ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیران ئەرك دەخاتە ئەستۆی سەرۆكوەزیران خۆی سەبارەت “دوکتورینە سیاسییە وێرانکەر و چەواشەکارەکەیەوە کە پێیوابوو بەهێزکردنی حەماس لەسەر حیسابی دەسەڵاتی فەلەستین، PA، بۆ ئیسرائیل باش دەبێت”. ستوونی دیکەی ئەم دواییەی هارێتز باس لەوە دەکات کە چۆن “هاوپەیمانی” ناتانیاهۆ و حەماس و ” قەسابخەنەی ” 7ی مانگی ئۆکتۆبەر یارمەتی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەدات بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی .” ڕۆژنامەی تایمزی زۆر کۆنەپارێزی ئیسرائیلی ، ئەویش دوای هێرشەکانی حەماس، لە بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکیدا بە ناونیشانی “بۆ ساڵانێک، نەتانیاهۆ پشتگیری حەماسی دەکرد ئێستا بە ڕووی ئێمەدا تەقێنرایەوە.”
هاوکاتیش وەک ئەندامی پێشووی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل، IDF، بێنزی ساندەرز، Benzi Sanders ، ڕوونی دەکاتەوە، هەڵمەتی نوێی بۆردومانی نەتانیاهۆ و فراوانکردنی هێرشی زەمینی تەنها بەردەوام دەبێت لە بەهێزکردن و بەردەوامکردنی حەماس — و ڕێگری لە چارەسەرکردنێکی دادپەروەرانە بۆ ئەم قەیرانە دەکات.
…………….

*ئایشە خان و عیسمەت مانگلا هەردووکیان سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەنالیست نیوزن.




فەڵەستین لە دەلاقەیەکی ترەوە.. ئازاد ئەمین

لە دێر زەمانەوە ئایدۆلۆژی نەتەوەیی و ئایینی دوو لەو جەمسەرە هەرە بەهێزو سەرەکییانە بوون کە زۆرترین خۆبەخش و فیداکارییان لەدەوری خۆیام کۆکردۆتەوە. فەلسەفەی دین کۆنترە لەوەی نەتەوەیی. بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئایین زۆر باش زاڵ بووە بەسەر تەواوی توێژو چینە جیاوازەکاندا. بابەتی نەتەوەیی تاڕادەیەک تازەیە، بە تەقریبی ١٠٠ ساڵێکە کە لەدوای ذاڕمانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانییەکان، بابەتی نەتەوەیی زیاتر کاریگەری دروستبوو. ئەگینا پێشتر تەواوی دەسەڵاتە خێڵەکییە لۆکاڵییە جیاوازەکان لەژێر سەقفی دەسەڵاتی گشتگیری دیندا کۆببونەوە.
کورد جیاواز لە فەڵەستینییەکان سەروی ١٠٠ ساڵێکە زیاتر کێشەی نەتەوەیی، کلتوری و نیشتیمانی هەبووە، نەک ئایینیی. بەڵام ئەگەرچی کێشەی فەڵەستینییەکانیش لە ناوەڕۆکدا هاوشێوەیە، بەڵام لە ڕووکەشدا تەواوی کێشەکانییان بە دینەوە بەستۆتەوەو مۆرکێکی ئیسلامییان پێداوە. لەکاتێکدا کێشەکە کێشەی بەینی ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکانە، نەک کێشەی بەینی جولەکەکان و موسوڵمانەکان بێت. کەچی کوردی نەخوێندەوارو ناوشیار دێت چاوو گوێ و عەقڵی دادەخات لەئاستی ئەو هەموو کێشە نەتەوەییەکانی خۆی و کەچی کوێرانە بەرگری لە فەڵەستین دەکات.
من وەکو کوردێک کێشەی کورد لە ئێران، تورکیا، عێڕاق و سوریا بە هی خۆم دەزانم و تەرکیزم لەسەریەتی، نەک شەڕی بەینی ئیسڕائیل و گروپێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتی بەناوی حەماس. لەڕاستیدا هەرکەسێک پشتگیری فەڵەستینییەکان بەگشتی و بەتایبەتی شەڕی ئێستای حەماس بکات، ئەوا بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تیرۆریست هەژمار دەکرێت، چونکە بزوتنەوەی حەماس لەلایەن زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی جیهانەوە بە تیرۆریست ناسێندراوەو هەر پشتیوانییەکی ماددی و مەعنەوی بە پشتیوانی تیرۆر هەژمار دەکرێت.
دواتر بیرمان نەچێت لە ٧/١٠/٢٠٢٣ حەماس لەکاتی ئاگربەست و غافڵگیرانە پەلاماری ئیسڕائیلی داو سەدان کەسی سڤیلی کوشت و بەدیل گرت. لەبەرامبەردا من پێموایە ئیسڕائیل مافی خۆیەتی لەتۆڵەی کوژرانی سەدان هاوڵاتی بەناهەق وە بۆ بەرگری کردن لە خۆی هێرش بکاتە سەر غەززەو من ئەو هێرشانەی ئێستای ئیسڕائیل بۆ سەر فەڵەستین و غەززە بە ڕەوا دەبینم و ئیسڕائیل مافی خۆیەتی حەماسی تیرۆریست لە ڕیشەوە دەربێنێت. بەڵام تەبعەن بەهیچ جۆرێک لەگەڵ کوشتنی ژن و مناڵ و خەڵکی مەدەنی نیم و بەتاوانی جەنگی دەزانم، جا هەر لایەنێک ئەنجامی بدات.
لەڕاستیدا فەڵەستینییەکان لە کۆنەوە دۆستی کورد نەبوون و بگرە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەددام حوسێندا زۆرێک لە فەڵەستینییەکان هاتن بون بە چەکداری خۆبەخشی سەددام و لەسەر خاکی کوردستان کوردیان دەکوشت. وە هیچ کات کوردیان نە بەدۆست زانیوە نە بە موسوڵمان، بگرە هەمیشە کوردیان بە دۆست و برای ئیسڕائیل زانیوەو ڕۆژێک لە ڕۆژان هاوسۆزی کورد نەبووەن. وە لەو ماوەی دواییدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، کە تێیدا لە سەرکردەیەکی فەڵەستینیی دەپرسن ئایا پێتوایە کە کوردستانیش هاوشێوەی فەڵەستین داگیرکراوە؟ سەرکردە فەڵەستینییەکە بە ڕاشکاوانە دەڵێت نەخێر، کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیەو زەمەنێکە لە بەینی چوار وڵاتدایەو ئیتر ئەمە بووە بە ئەمری واقیع و داگیر نەکراوە. ئیتر ئەوە مێژووی تاڵی فەڵەستینییەکانە لەگەڵ کورد. بەڵام لەراستیدا ئیسڕائیل ماوەی ٦٠ ساڵە لە ژێرەوە هاوکاری شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردی کردووەو دەتوانم بڵێم لە ناوچەی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست تەنها دۆست و برای ڕاستەقینەی کورد کە هەبێت تەنها ئیسڕائیل بووەو هەر ئیسڕائیلە.
دواتر بەڕێزان وشەی ئیسڕا+ئیل کە لە بنەڕەتدا لە دوو وشە پێک دێت، ئیسڕا بە واتای عەبد یان بەندە دێت. هەروەها ئیل بە واتای اللە دێت، واتا ئیسڕائیل یەعنی بەندەی خودا یاخود عەبدی اللە دێت. لەلایەکیترەوە لە کتێبە پیرۆزەکان هاتووە کە ئیسڕائیلییەکان گەلی هەڵبژێردراوو هەڵبژاردەی خودان و گەلێکن زۆریان هەیە بەسەر گەلانیترەوە. واتا جولەکەکان گەلێکی پیرۆزن. لەڕاستیدا ئێمەی کوردیش بەشێکی زۆری باوو باپیرانمان جولەکە بوون. ئێستاش لایەزال زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کوردی جولەکە لە ئیسڕائیل دەژن.
خوێنەری بەڕێز ئەوە خراوەتە مێشکی هەموومان کە ئیسڕائیل لە ساڵی ١٩٤٧ بەمیوانی چووەتە سەر ئەم خاکەو لەوێ دەوڵەتی دروست کردووە لەسەر خاکی فەڵەستینییەکان بەڵام لەراستیدا ئەوە وانییەو بگرە پێچەوانەکەی ڕاستە. چونکە لە واقیعدا ئەم خاکە هی فەڵەستینییەکان نییەو لە ئەسڵدا گەلی فەڵەستینی خەڵکی ئۆردەنن و لە ئۆردەنەوە هاتوونەتە سەر ئەم خاکەو ئەم خاکەش لە ئەسڵدا هی نەوەکانی پێغەمبەر یەعقوبە، کە جولەکەکان دەکات. هەروەها جولەکەکان لە ١٩٤٧ کە گەڕاونەتەوە سەر خاکی باوو باپیرانیان دووبارە بە پارە خاکی خۆیان لە فەڵەستینییەکان کڕیوەتەوەو دواتر فەڵەستینییەکان لەم مامەڵەی خاک فرۆشتنەدا پەشیمان بونەتەوە.
تکایە لەوە تێبگەن کە ئێمەی کورد خاڵی هاوبەشمان زۆرە لەگەڵ ئیسڕائیل و جووەکان، چونکە ٤٠٠ هەزار کوردی جولەکە لە ئیسڕائیل دەژن، هەروەها نیو ملیۆن کوردی ئێزیدیمان هەیە، دەیان هەزار کوردی مەسیحیمان هەیە، دەیان هەزار کوردی ئاتێیستمان هەیە. کوردی شیعەمان هەیە، کوردی سوننەمان هەیە. ئیتر ئەوە نیشانەی ئەوەیە کورد گەڵێکی دیموکڕاسیخوازەو باوەڕی بە فرە دینی و فرە ڕەنگی و بەیەکەوە ژیان هەیە. بەڵام ئێمەی کورد هیچ خاڵێکی هاوبەشمان نییە لەگەڵ فەڵەستینییە عەڕەبەکان. ئەوان تەنها خۆیان پێڕاستەو کورد بە کافرو برای ئیسڕائیل دەزانن و هیچ مافێکی مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ ئێمە بە ڕەوا نازانن. ئەو کوردانەی پشتگیری فەڵەستین دەکەن، زۆڵە کوردو زۆڵە موسوڵمانن.




لە یادی (٣٤) رەمین ساڵـڕۆژی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان.. رەزا شـوان

جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان، کە لە (٢٠/ نۆڤەمبەری/ ١٩٨٩) دا، لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگـرتووەکانەوە پەسەنـدکرا و دەرچـوو . بـریتییە لە (٥٤) مادە. هەندێ لە مادەکان لە چەند بڕگەیەک پێک هاتوون، تائێستا (١٩٦) دەوڵەت لە جیهاندا بە تورکـیا و ئێـران و عـێراق سوریـاشەوە، لە لیـستی ئـەو وڵاتـانـدانەدا، کە و واژۆی رێکەوتـنـنامەکەیـان کـردووە. هـەمـووشیان بەڵـێنـیان دا، کە پابـەنـدی جـێبەجێکـردنی هەمـوو مـادەکانی جاڕنامەی مافەکانی منـداڵان دەبـن. بەبێ جیاوزیش رێـز لە منـداڵانی گەلەکانیان دەگرن و مافەکانیان دابین دەکەن. جاڕنامەکە لە (٢/ سێپتەمبەری/ ١٩٩٠) دا، چـووە بـواری جـێبەجێ کـردنـەوە.
منـداڵان لە هەر شوێنێکی جیهـانـدابن هـەر منـداڵـن، لە هـەر شوێنێکی جیهـانـدا بـژین، کـچ بن یا کوڕ بن، رەش پێست یا سپی پێستبن، دەوڵەمەنـد یا هـەژاربن، گونـدنشـین یا شارنشینبن، لە هەر نەتـەوە و گەلێکـبن، هەر ئاینێکـیان هەبێـت، دایکان و باوکانیان و بەخیوکەریان خاوەنی هەچ بیروباوەڕێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجیایەکبن، هەموو منداڵن و هەمووشیان وەکو یەک و بە یەکسانی مافـیان هـەیە. مافی ژیـان و ئـازادی و چاودێـری و پارستنیان هـەیە، مافی خـوێندن و چارەسەرکردن و یـاری کردن و پێکەنـین و دابیـن کردنی پێداویستییەکانی گەشەکردن و نەشونماکردن و پێشکەوتنیان هەیە. مافی ئەویان هـەیە کە لە تـونـد و تیـژی و لە جـەنـگ بیانپـاڕێـزن، مـافی … هـتد.
بەڵام بەداخەوە هەنـدێ لەو وڵاتە ئەندامانەی کە واژۆی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منـداڵانیـان کـرد، نەک هـەر پێ بەنـد نەبـوونـە بە بەڵـێـنەکـانیـان و بە جـێبەجـێکـردنی مافـەکـانی منـداڵان، بەڵکـو هەر لە یەکـەم رۆژەوە و تا ئەمـڕۆش، زۆر بە زەقـی و بە رەقـی و بە ئاشکـرا و بەبێ شەرمانە، مافـەکانی منـداڵانی کوردیـان پێـشێـل کـردوون و پێـشێلی دەکەن، ستەم و تاوانە قـێزەوەنەکانیان دەرهـەق بە منـداڵانی کورد، بە تەواوی بە پێچـەوانەی بەڵـێـنەکـانیـان و بە پێچـەوانـەی مافـەکانی منـداڵانەوەن.
رەفـتاری نامرۆڤانە و رەگـەزپەرستییانەی، رژێمە دڕندە و سەرکوتکەرەکانی هەریەکە لە تورکیـا و ئێـران، لە پێـشـێلکـردکـردنی مـافـەکـانی منـداڵانی کوردمـان بێ وێنـەیە لە جیهـاندا، کە نەک هەر منداڵانی کوردیان لە سادەترین ماف بێ بەشیان کردوون، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر دڕنـدانە و نامـەردانەش دەیـان چەوسێننەوە. دوور لە رەوشـت و لە بـەزەیی و لە ويـژدان، دوور لـە پـرەنسیـپەکانی مـرۆڤـایـەتی، دوور لە هـەمـوو یاسـا و رێسایەکی نێـودەوڵەتی، دوور لە مافـەکانی منـداڵان، دوور لـە هـەمـوو داب و نەریـت و رەوشـتـێک. بە رۆژی روونـاک و بەبـەر چـاوی کـۆمەڵگای نێـودەوڵـەتییە، بە ئاشکـرا منـداڵان و هەرزەکارانی کوردمان دەگـرن و بە شێوەیەکی دڕنـدانە ئازار و ئەشکەنجەی جـەسـتەیی و دەروونیـیان دەدەن. هـەر لەبـەر ئـەوەی کە کـوردن. کـوردبـوونـیش بە لای داگـیرکەرانی رەگەزپـەرستی کوردسـتانەوە، تـاوانە.
تا ئەمـڕۆش، بـە هـۆی سـیاسەتی چـەوسانـدنـەوە و سەرکـوتکـردن و دەمکـوتکـردن و قـەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی شیرینی کوردیمان لە لایەن داگیرکەرانی رەگەزپەرستی تورکیا و ئێران. بە هـۆی ستەم لێکـردن و چەوسانـدنەوە و ژیانی پـڕ لە کوێـرەوەری و کـڵـۆڵـییەوە. بەشـێکی زۆری منـداڵانی کوردمـان، نـازانـن کە مـافـەکـانیان چـین، بەڵکو بەشـێکی زۆری دایکان و باوکانیشـیان، نازانـن مافەکانی منداڵەکانیان چـین. چونکە لە فەرهـەنگی داگیرکەرانی کوردسـتان، نە ئـازادی و نە ماف و نە رەوشت بوونیـان نییە.

تورکیا بە بە بـۆمبی فـسفـۆری، منـداڵانی کوردمان لە رۆئـاوای کوردستان دەکوژن، لە ئـاو و کارەبـا بێ بەشـیان کـردوون، لە دۆخـێکی تـرس و دەروونـیی نالـەبـاردا دەژیـن.
لە کۆماری سێدارەی ئیسلامیشدا، تا ئێستاش بەدەیان منداڵی کوەدمان لە تەمەنی ژێـر (١٨) ساڵانەوە، لە لایەن رژێـمی ئاخونـدەکانەوە، بە تومەت هـەڵـبەستراو لە سـێدارە دراون. ئێـران لە سێـدارەدانی منـداڵانـدا، خاوەنی ریکـۆردێـکی باڵای جیهـانییە.
کەچی سەرۆکەکـانی تـورکیا و ئـێران، فـرمـێسکی درۆی تـیمساحی بۆ منداڵانی غـەزە هـەڵـدەڕێـژن. ئەمـەیە دووڕوویی و دووفـاقـیی دەوڵـەتـە داگـیرکەرەکـانی کوردسـتان.
منـداڵە بێنازەکانی کوردستان، بۆ یـادی (٣٤) رەمـین ساڵـڕۆژی جـاڕنامەی گەردوونـیی مافەکانی منداڵان، چیتان بۆ بنووسین؟ شەرمەزارین و بە دەماندا نایەت کە پیرۆزباییتان لـێبکەیـن. کە تا ئەمـڕۆش داگـیرکەرانی رەگـەزپەرسـتی کوردسـتان، رێنادەن بە زمـانی زگمـاکتان بخـوێنن. رێنـادەن تێـر پێبکەنـن و تێـر یـاری بکەن و تێـر بە کوردی گۆرانی بچـڕن.. لە سادەتـرین مافـەکـانی منـداڵان بێ بەشـیان کـردوون. ئەگـەر بۆیـان بکـرێـت، هـەڵـمـژینی هـەوای پاکـیـشتان لێ قـەدەغـەدەکـەن. تەنیـا لەبـەر ئـەوەی کە کـوردن.
منـداڵە بەدبەخـتەکانی کوردستان، وا نـزیکەی دوو مانگە قـوتـابخانە نەکـراوەتەوە، تا ئەمڕۆ بە هـۆی بایکـۆتکـردنی دەوام و خۆپێشانـدانی مامۆستاکانتانەوە، کە سێ مانگە مـووچەیان وەرنەگـرتـوون، دەسـتان بە خـوێـنـدنی ئەمساڵ نەکـردووە. بە داخـەوە کە دەسەڵاتی کوردی زۆر بێـباکـن و بە خەیاڵـیانـدا نایـەت، چونکە منـداڵەکانی خۆیان، لە قـوتابخانەی تایبەتی و مامۆستای تایبـەتی وانەیـان پێ دەڵـێـنەوە. گیرفـانیشـیان پـڕ لە پارەیـە، جـا چ خـەمی منـداڵانی هـەژاری گەلەکەمـانـیـان هـەیە.

نەرویـج: ٢٠٢٣




دوو جنێوی مزر.. نەوزاد بەندی

ــ1ــ
شەقام

شەقام چی بکا لەوە زیاتر ؟
سەدان تاسەی پلاستیکیی ،
ڕەش و پرتەقاڵیی تەپان ..
ئەرکی ملیۆنەها ئاغزە
جگەرەی بێ دایک و باوکی ،
چووە سەرشان ..
میز پیاکردن .. تف پیا کردن .. ڕشانەوە ،
یەک یەک ڕوویان دا و ڕازی بوو ..
زنجیری تانک و
خەریتەی
پۆستاڵی پێ شانازی بوو …
لە سکێچی جەلادەوە
هەتا تابلۆی پێشمەرگەی شەهید و وێنەی
ڕاپەر و کچە مۆدێلی
پیا هەڵواسرا و
جوڵەی نەکرد ..
هەزار فیشەکیان پێوە نا ..
به نارنجۆک و ئاڕبی جی هەڵیانتەکەند ،
دەستێکی بۆ بەردێ نەبرد ..
نەچووە ناو سەنگەر و ساتر ..
شەقام چی بکا لەوە زیاتر ؟
گەلەگورگی بازگە و سەیتەرەی لەناکاو ،
وەک شارە مێروولەی بەهار ،
دایانپۆشی ..وون بوو لە چاو ..
چەند بێگانەی چەکمە بۆگەن ،
بە لووت بەرزی و
لەنجە و لارەوە تەماشای
جەستە و
بۆنی کچانی کرد ؟
بە بەرچاوییەوە کە شەقیان
لە پشتی مامۆستا و
سەری خوێندکاری زانکۆکان هەڵدا ،
ئەم بێدەنگ بوو ،
مانی نەگرت ..
تەنها نزای کرد و ..ووتی
خوایەگیان پیشانمان نەدەی
لەم بار ودۆخە ئەولاتر ..
شەقام چی بکا لەوە زیاتر ؟
پیشانی دان ،
دۆعاکانی قبوڵ نەکران ..
پڕ بوو لە بێگانە و خەڵکی هاوردە و نیشتەجێ کراو ..
دەرگای سەدان
فرۆشگای لەشفرۆشتنی
بە ڕوودا ئاوەڵا کران …
ئەخلاق .. شەرەف ..
کولتوور .. بەها ..
مێژوو .. ئاین ،
لە دار دران ..
شەقام دەستی
بە دەرپێی خۆیەوە گرت ، تا
داینەکەنن ، دایشیانکەند و
بڕایەوە ..
حەیا جارێکە ، هاوڕێیان ، تکا
ئەتکێ و
شکا ، ئەشکێ و ..
ڕما ، ئەڕمێ و ..
بڕا ، ئەبڕێ و ..
فڕا ئەفڕێ و ..
دڕا ، ئەدڕێ و ..
زڕا ، ئەزڕێ و
هەموو شتێ
بێ نرخ ئەبێ بە لایەوە ..

ــ2ــ
ئاشبەتاڵ

جاران چەکدار ئاشبەتاڵی ڕائەگەیاند ، ئەتوایەوە ..
میللەت وەک خۆی ئەمایەوە ..
ئێستا میللەت ئاشبەتاڵ ڕائەگەیەنێ و
ئەڕوا بە کۆڵەکەی ئاشا ،
چەکداریش ئەمێنێتەوە ،
شت بۆ خۆی ئەخوێنێتەوە ،
پلەی خۆی بەرز ئەکاتەوە و
لە چلەی مێگەلەکەدا ،
تەنانەت ناکا تەماشا …
جاران شاعیر ،
وەک فایق بێکەس ئەینەڕاند
بەسەر دز و داگیرکەرا ..
ئێستا شاعیر کۆڵی داوە و
وەک قۆنەرە ،
ئەوەی تۆزێ بۆیاخی کا ،
بریق و باقی بۆ ئەوە ..
مەیگێڕ و ساقی بۆ ئەوە ..
شیعر و ماباقی بۆ ئەوە ..
ڕۆژنامەنوس ،
وەک لەشفرۆش ،
ئیشی ئەو به ڕۆژ و شەوە ..
کلکە لەقێ بۆ کەناڵی فرۆشگای خاک و نەتەوە ..
خۆ گەوزاندن لە خاشاکیان ..
گەندەخۆریی تاک بە تاکیان ..
بۆنخۆشکردنی کەلاکیان ..
ئاساییکردنەوەی ئیشی
بەدڕەوشتی و ترسناکیان ..
لە کاتێکا ،آ
بۆ سیفۆنی دەبڵیو سیش
ناشێ پاکیان ..




شیعر\ تووڕەیی.. سەردار جاف

پڕتاوی دامێ تۆفانی وشەی خەمی دەم پايز
زەللەی زمان بوو يا خاکەڕایی تووڕە بوو ئازيز
شەوی تاريکی بە جارێ هێنا شەهلای گوڵئەندام
*ئەوين وەک گەڵا فێرە سەما بوو دڵ زەرد و گريز
خەون باڵندەی فڕيوی ئاسمان شەونخونيمە
*کەنگێ بەهار دێ ژوان رادەخا هزرێ پڕ زريز
من زرێوانی شنەی باخێک و هەتوانی گزنگ
نە شەڕانگێز و دڕندە و خوێنمژ هەروەکو جەنگيز
پەنجە نەرمکە شنەی سپێدەی ناخت گڕ مەدە
جوانی تۆ گوڵە رۆحت پەمەیی نەک شەڕداری و زيز
لە تۆزی پێتا تەماشای منکە چۆن کڕنووش بردووم
بە باڵات دەزنێم لە خەرەند نەتلێم موبتەلام ئەزيز
دەردی سەوداييم چەن کوشندەيە کەس پەی پێ نابا
مينا گەڵای زەرد سەمای مەرگمە بەرایی پايز
١٤ / ١١ / ٢٠٢٣
گريز ؛ دەم کە ليک بکا
زريز ؛ جۆرێ دەوەنی پڕ دڕک




شیعر\ ئازادى.. ستار ئەحمەد

ئازادی نانێكه‌ به‌خوێن سوور
له‌دڵی نیشتماندا
به‌پاژنه‌ی چه‌ته‌كان پان ده‌كرێته‌وه‌
شۆڕش دزینی ئاڵایه‌
سه‌ركرده‌ قاچی دوو كورسی
له‌كوێی ده‌روونا
ته‌رمی په‌پووله‌كان بشارمه‌وه‌
رۆحی شه‌هیده‌كان
له‌جه‌سته‌م دادڕم
باره‌گا ـ بڵێسه‌ی ئاگره‌و
دۆزه‌خی بێتاوان
په‌رستگا ـ ده‌رگای به‌خوێن ڕه‌نگاوی
چی له‌خاكێك بكه‌م
پێخاوس له‌نێویا بازبده‌م
به‌سه‌ر گۆڕی دایك و
كۆرپه‌ی سووتاوو
هاوده‌می خنكاوما
زمانێكم بۆچییه‌
له‌ئاستی مافمدا
به‌ره‌و داد نه‌بزوێ‌
چۆن نیشتمانێكم خۆش بوێ‌
ده‌رپێی ئازادی
له‌ژێریدا داكه‌نن
به‌دوای چییدا بكۆشم
كوشتارو راوو ڕووت
بكه‌نه‌ دروشمم
كام ئاڵا
له‌جه‌سته‌ی خاكه‌كه‌م بپێچم
له‌كاتێكدا لانه‌واز
هاوشارم
بۆ پاره‌و
دیوارو
ده‌رگاو
په‌نجه‌ره‌
له‌پاڵیا سه‌ربڕن
مێژووی چی
كام داستان
ئه‌فسانه‌
رۆمانی خیانه‌ت
بۆمانگ و هه‌تاوو
ئاسمانی دزراوم به‌رزكه‌مه‌وه‌
به‌چیوه‌ بنازم
به‌نه‌غمه‌ی سه‌رشۆڕی و
به‌سته‌ی تاوان و
هه‌ڵپه‌ڕكێی ته‌فره‌وه‌
یان به‌نۆكه‌ریی چوار جه‌لاد
تیغی ژه‌هراوی
ده‌خه‌نه‌ زامی
كوردستانی گه‌وره‌وه

ستار ئەحمەد