کوردپەروەری، کوردایەتیی ڕیال و جاشێتی.. کاوە جەلال

ڕێبەری

ئەمڕۆ “هەرێمی کوردستان” تەواو شێواوە، ستەمکارییەکانی کوردایەتیی ڕیال هەموو سنوورێکیان بەزاندووە و کوردەکان لە لایەن ستەمکارانەوە خزێنراونەتە نێو دۆخێکی ئەوها دژوارەوە کە ڕەنگە بە کارەساتی سامناک بۆ ئەوان کۆتایی پێبێت. ئەم ڕەوشە دەمانبزوێنێت بۆ ئەوەی ڕەخنەییانە کار لە ڕابوردوودا بکەینەوە، چونکە سەرئەنجامی کرۆکی ئەو کوردایەتییە ڕیالەیە و بە دەرخستنی چییەتی و سەرەڕۆییە چەکدارییەکانی باشتر لێی تێدەگەین.
لەنێو کوردانی ئێراقدا بەگشتی تێڕوانینێک سەروەرە: ئەو گرووپانە کە لە شاخ شەڕیان کردووە، ڕەوا بوون، وەلێ هەموو دژبەرانیان ناڕەوا و “جاش”، واتا “خائین” بوون. ئایا ئەوە ڕاستە؟ ئایا تێروانینی بەو چەشنە سەرئەنجامی هەست و سۆزە یان دەرئەنجامگیرییە لە نرخاندنی ڕەخنەییەوە؟ کەواتە ئایا تا چەند شەڕکەران بریتی بوون لە ڕزگاریخواز، ئۆتۆنۆمیخواز، خۆگەرا، شەیدای دەسەڵات یان بازرگانی شەڕ؟ هەروەها تا چەند دژبەرانیان خائین، کوردپەروەر یان ناچارکراو بوون بۆ شەڕ؟
خەریکبوونمان بەو پرسیارانەوە مێژووناسییانە نییە، بە پێچەوانەوە ڕەخنەیی-سۆسیالە و بۆ نزیککەوتنەوە لە وەڵامی پرسیارەکان لە ئاگایی “شیمانە”وە دەستپێکەکان (1961 و 1976) دەنرخێنین بە چەند ئامانجێکەوە: 1) تێگەیشتن لەو دوو دەستپێکە چەکدارییە، 2) ئاشکراکردنی زاری واژە و ڕستە دەربڕی کوردایەتیچییان وەک درۆزن، 3) بەشدارییەکی خۆیی لە بەئاگاهێناندا سەبارەت بەو پێداویستییە کە دەبێت سەرجەم مێژووی کوردەکانی ئێراق لە 1961 بەدوواوە تا هەنووکە “ڕەخنەییانە هەڵبسەنگێنرێت و سەرلەنوێ بنووسرێتەوە”، تاکو ئیدی سەرجەمی ئەو حیکایەتانە لەکاربخرێن کە تا ئەمڕۆ بە دەنگی بڵند دەگێڕرێنەوە، بۆ نموونە حیکایەتی “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی” یان “شۆڕشی نوێی گەلەکەمان”.
ئێمە بۆ ئەم مەبەستە دوو دەرچەمان چەسپاندووە: زمان و مرۆڤ. زمان دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنێت کە چییەتیی یاخیبوونەکان لە کرۆکەوە دیاری بکەین و هاوکات کوردایەتیی ڕیال وەک درۆزن، وەک ناکوردایەتی، دەربخەین، لێرەشدا بێگومان گرنگترین وشەکان ڕاستەوخۆ لە “فەرهەنگی کوردایەتی”یەوە وەردەگرین کە بریتین لە: “کوردپەروەری”، “ڕزگاری” یان “ڕزگاریخوازی” و هەوڵ دەدەین لە ڕەوانبێژی، لە ئەدگاری هەوا-وشەی لە زار دەردراو، بەریان بدەین. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئێمە لێرەدا لە بەردەم پرسی “سیاسەت-کردن-داین”، ئەوا دەبێت ئەو ڕستە ئەڵمانییە بهێنینە نێوانەوە کە کوردەکان لە ئەرەبەکانیان وەرگرتووە و بریتییە لە: “سیاسەت فەننی مومکینە”.
وەلێ دەرچەی مرۆڤی لەم پەیوەندییەدا کە سیاسەت-کردن-ە وەک “بەرپرسیاری”، دەمانخاتە بەردەم دوو جۆر چالاکوان کە بریتین لە “سیاسەتیار” و “سیاسەتباز”، هاوکات پەیوەند بەم جۆرەی دووەمەوە ناچار دەبین جیاوازی بکەین لە نێوان “سیاسەتبازی سۆزمەند” و “سیاسەتبازی ئاوەزمەند”دا، کە ئیدی لێرەوە دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێت بپەڕێینەوە بەرەو پرسی “جاشێتی” و بە ڕوونکردنەوەی لە ئەدگاری جنێو بەریبدەین، وەلێ لەم لایەنەشدا ناچار دەبین جیاوازی بکەین لە نێوان جاشێتی وەک کوردپەروەری / کوردایەتی لە لایەک و جاشێتی وەک تاوانکاریی جەنگ لە لایەکی دی. بێگومان بەبێ چەسپاندنی تێگەکانی “شۆڕشگێڕێتی” و “ڕزگاریخوازی”، واتا “دەوڵەتخوازی”، نەشیاوە لە تێگەی “جاش” یان “خیانەت” تێبگەین، چونکە تەنیا ئەم جۆرە هەڵوێستە یان بزاوتە سیاسییانە دەتوانن ڕەوایەتی بە خۆیان بدەن کە لە جیهانبینییانەوە جیاوازی لە نێوان خائین و ناخائیندا دابنێن – ئەوە گەر تەنانەت تاکلایەنە، ئیدیۆلۆگیانە، بێت.

-1 زمان وەک کرۆکدەربڕ و ڕەوانبێژی

وشەی داڕێژراوی “کوردپەروەر” کە “کورد” و “پەروەر” لە خۆ دەگرێت، واتای “کورد-خۆشویستەر” دەگەیەنێت. پەروەر بەگوێرەی “فەرهەنگی کوردستان”ی گیو موکریانی بەواتای “پەروەندە”، “خۆشویستەر”، “ئەڤیندار”. ئاشکرایە، گەر کەسێک کەسێکی دیکە یان گەلی خۆی خۆش بوێت، ئەوا دەیەوێت بەختەوەر بێت، بێچەڵەمە بژی، ژیان و گوزەرانی باش بن و هتد، ئەوجا گەر بڕوا بە خۆی بهێنێت کە دەبێت لە پێناوی گەلەکەیدا تێبکۆشێت، ئەوا ئامادەیە خۆی لەو پێناوەدا بەخت بکات – جا بەرپرس بێت یان شەڕکەری ڕیال (پێشمەرگە).
لەبەر ئەوەی زمان، لێرە: زمانی کوردی، خۆی سنووری واتاکان دیاری دەکات، ئەوا بەم ڕێیەوە ئەگەری هەر بەرپەرچێکی کەللەڕەقانە لەکاردەکەوێت. بۆ نموونە وشەی “ڕزگاری” یەکسەر واتای جیابوونەوە لە شتێک یان لە کەسێک، لە بارێک یان زۆردارییەک و هتد دەگەیەنێت، هەروەک دەگۆترێت: “ڕزگارمان بوو لەدەست ئەو زەلامە”، یان: “دانیشتوانی ئەو گوندە بە کوشتنی ئاغاکەیان ڕزگاریان بوو لە ستەم”. لە هەردوو ڕستەکەدا کۆتایی بە ڕەوشێک هاتووە؛ یەکەمیان بۆ نموونە زەلامێکی سەغڵەتکەر وازیان لێدەهێنێت، لێیان دوور دەکەوێتەوە، یان خۆیان دەریدەپەڕێنن، لە دووەمیاندا چەوسێنەرێک نەماوە، ئەوجا بەدووی ئەوەدا، بە ڕزگاربوون لە ستەم، دانیشتوانی گوندەکە چوونەتە دۆخێکی “دیکە”ی ژیانەوە.
هەر لەم واتایەدا تێگەی ڕامیاریناسیانەی “بزاوتی ڕزگاریخوازی” لە ئەوروپا / خۆرئاوا گۆڕان پێدرا وەک ناونان لە خەباتی گرووپە ئێتنییەکانی ئەفریکا و ئاسیا لەدژی ئیمپریالیزمی ئەوروپی بە مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی. بێگومان بزاوتی شۆڕشگێڕیش، واتا خەباتگێڕ بۆ گۆڕینی فۆرماسیۆنی جڤاکی لە وڵاتێکدا بۆ یەکێکی دی (خێڵەکی بۆ سۆسیالیستی) دەتوانێت ناوی ڕزگاریخواز لە خۆی بنێت.
ئێمە لە کوردیدا هەروەها واژەی ڕێک-کەوتنمان هەیە. بۆ نموونە دوو لایەن لەسەر پرسێک ڕێکدەکەون، هاوبەشی ساغدەکەنەوە، یان لە ڕووی سیاسییەوە دەسەڵاتدارانی گەلێک بە ڕێککەوتن (ئیتیفاق) ئۆتۆنۆمی بۆ گەلەکەیان لەنێو چێوەی دەوڵەتێکدا بەدیدەهێنن و دەبن بە بەشداریکەری دەسەڵاتی دەوڵەتی. ئێمە لێرەدا ڕزگاریخوازیمان نییە، بەڵکو شەڕی سیاسی و چەکداری بە مەبەستی ئۆتۆنۆمی لەگۆڕێیە، بۆیە ئەخلاقی بێژتن ڕێ بە هیچ کەس نادات ئەو کردارە ناوبنێت “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی”. ئەمە بەئاشکرا کوردانی ئێراق دەگرێتەوە: دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازانیان تەنیا ویستوویانە بە یاخیبوونی “ئۆتۆنۆمیخواز” گۆڕانێک بەسەر پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی نێو ئێراقدا بهێنن، واتا نەیان ویستووە کوردەکان لە ئێراق “ڕزگار بکەن”: “جیاببنەوە”، ڕوونتر ببێژین، ئەوان شەڕیان نەکردووە بۆ ئەوەی بە جیابوونەوە دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنن. ئاخر وەک گۆتمان ڕزگاریخوازی بەواتای خەبات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کە دەشێت کۆنزەرڤاتیڤ، شۆڕشگێڕ یان تەنانەت ئایینی بێت. کەواتە دەربڕینی “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی”، یان “ئەلحەرەکە ئەلتەحەڕڕوڕییە ئەلکوردییە”، هیچی دیکە نییە جگە لە هەوا-وشەی دەربڕراو لە زارەوە، یان ڕەوانبێژیی درۆزنانە.
پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم کێشانەی ئاخافتن لە کێوە سەرهەڵدەدەن؟ ئاشکرایە خەڵک بەگشتی زۆر خوازیاری ڕەوانبێژین، سیاسەتبازانیش، تەنانەت سیاسەتیارانیش، لەو خەڵکە جیانابنەوە (گەرچی دەبوو لەوان جیاواز بوونایە). شێواویی زمانی کوردی لە هۆشی پیاوانی “خوێندەوار”ەوە، نەک داپیرە و باپیرەکانەوە، کەوتۆتەوە، یان نەک لە بێگانانەوە، پاڵهێزێکی ئەم شێواندنەش مامەڵەکردنی ئەرەبیستییە لەتەک زماندا (زۆر توێژەر، تەنانەت لە فەلسەفەشدا، بە ئەرەبی دەهزرێن و بە کوردی هزرینیان دەنووسن، جا گەر ئەوە لەبارەی فەیلەسوفێکی ئەوروپی بێت!!)، ئەوجا دانەوەی سوننەتیانەی واژە و دەستەواژەی ئەوروپییانە لە ئەرەبییەوە (کە بێگومان زمانێکی دەوڵەمەند و بەپێز و بەتوانایە بۆ دەربڕینی کرۆک، وەلێ خودی کارکردنی ئەرەبیستی کۆنزەرڤاتیڤ و هاوکات نەگونجاوە بە هزرینی ئازادی ڕەخنەیی). هزرینی ئەرەبی بۆ ئەوان ستاندارتە و واژە و دەستەواژەکانیش لێوەی بەزۆریی وشەییانە هەروا سانا لە ئاگایی سوننەتییانەی خودی کەسەکانەوە وەردەگێڕرێن.
بەڵێ بێگانان زمانی کوردییان نەشێواندووە، تەنانەت لە ئێراق یاساغیان نەکردووە، بەڵکو کوردەکان لەوێ دەرفەتی خوێندنیان بە زمانی خۆیان هەبووە. گەر ڕەخنەییانە ورد بڕوانین، دەبینین کە مامۆستایانی زمانی کوردی نەک تەنیا توانستی زمانفەلسەفەییان نەبووە بۆ بینینی ئەو کێشە ناوبراوانەی سەرەوە، وەک کوردپەروەری، کوردایەتی، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و ئەوجا وەرگرتنی هەڵوێست لەدژی بەکارهێنانی نالەباریان، بەڵکو تەنانەت توانستی زمانناسییان هێندە بڕی نەکردووە کە کێشە توخمییەکانی زمانی کوردی ببینن، بەتایبەتی ڕێنووس، بەڵێ تەنانەت لە خۆویستییانەوە نەیان توانیوە ڕێکبکەون لەسەر چارەسەری خاڵبەندی، جا گەرچی زۆر ئاسان سیستەمێکی کۆما و سیمیکۆلۆن و نوقتە لە ڕستەسازیدا دادەنرێت (1).

-2 هەڵچوونی کەسەکی

مەسەلەکە لە جڤاکێکدا ئەوە نییە کە “ئەو پیاوانە” هەڵدەچن و “پیاوانی دیکە”ی زۆرینە هەڵناچن. لە هەموو جڤاکێکدا، سەرباری مۆرکە هاوبەشە کولتوورییەکانی پیاوەتی، زۆرینەی پیاوان بەرپرسیاری بۆ بژێویی خانەوادەکانیان وەردەگرن، ئەوە بە کاسپی، فەرمانبەری، کردنەوەی وەرشە و فابریکە، بازرگانیی ئازاد و بەڵیندەرایەتی و هتد، هاوکات هەمیشە پیاوانی دەسەڵاتداری ترادیسیۆنی لە خەمی دەسەڵاتیاندا، پیاوانی هۆش بزواو و “گەلخواز” لەژێر کاریگەریی ڕووداوە سیاسییە جیهانییەکاندا، وەلێ هەروەها پیاوانی دەسەڵاتگەرا، بێویژدان و موغامەرەچی، هەڵوێست وەردەگرن و یاخی دەبن، بەوەش لە پیاوانی دیکەی جڤاکەکەیان جیادەبنەوە. گەر سەرجەمیانە لە مێژووی مرۆڤایەتی بڕوانین، دەبینین زۆر جار دەسەڵاتگەرایان لە دەوری یەکێكیان خڕبوونەتەوە، کە دەشێت خۆی لە سروشتەوە قەوارەیەکی دەسەڵات بووبێت وەک: موڵکدار، باوکی دە کوڕ و باپیری چل کوڕەزا و کچەزا لە گوندێکدا، یان سەرۆکهۆزی ناودار بووبێت، لە مێژووی نزیکتریشدا سیاسەتیار یان سیاسەتبازی دەرکەوتوو بووبێت و هتد، ئەوجا دەشێت تاقم تاقم گرووپی جیاجیایان خستبێتەوە و بەنێو ناکۆکیدا ڕەتبووبن، یەکدییان لەناوبردبێت، تا لە کۆتاییدا گروپێکیان بەسەر هەموو ئەوانەی دیکەدا زاڵ بووە و دەوڵەتێکی دامەزراندووە، یان دەوڵەتێكی ڕوخاندووە و بە یەکێکی دیکە جێی گرتۆتەوە. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە پەڕینەوەکە لە ستاتۆی سروشتییەوە (پێشدەوڵەتییەوە) بۆ نێو دەوڵەتی، هەمیشە شانشینی، میرنشینی یان دیکتاتۆری بووە. ئاخر “نەشیاوە” هیچ گروپێکی ئێتنی (بۆ نموونە کوردەکانی ئێراق) لە ستاتۆی سروشتییەوە بپەڕێنرێنەوە بۆ نێو ستاتۆی دەوڵەتی دێمۆکراتی – لە سەردەمی نوێدا تەنیا دەشێت دیکتاتۆری بێت کە بێگومان پیاوی هۆشمەند و دلێر و قەرارمەندی تایبەتی پێویستە. جا مرۆڤ لەگەڵ یان لەدژی ئەم جۆرەی دەسەڵاتداری بێت، ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە.
دەسەڵاتگەرایانی کوردی ئێراق بەدەرن لەو خواستە کردەییانە. لەنێو ئەواندا هەرگیز پیاوی قەرارمەندی دەوڵەتخواز هەڵنەکەوتووە(2). ئەمان لە پەیوەندیی سروشتیی نێو-پیاوییەوە گلاون و خۆساغنەکردۆوە لەنێو یەکدیدا و بەرەو دەرەوە دەست بە شەڕ دەکەن، لێرەشدا ئاشکرایە ئەم پیاوە لە ئاستێکی “زۆر نزم”ی کولتووریدایە، زۆر نزمتر لە ئاستی پیاوی ئەرەب – ئاخر بەندە بە ئایین و کولتوور و زمانی ئەوەوە. ئەم پیاوە نە توانیویەتی چارەسەری کێشە سەرەتاییەکانی زمانەکەی بکات (ڕێنوس، خاڵبەندی، ڕستەسازی، پاکژی زمان لە واژە هەڵە و رواڵەتییەکان و هتد)، بەوەش زمانێکی ستاندارت بنیاتبنێت، نە توانیوییەتی ڕەخنەییانە لە هەڵبەستڤانانی خۆی بتوێژێتەوە (نەک بە یەک، دوو، سێ توێژینەوەی سوننەتی لەبارەی خانی، بێکەس، گۆران و هتد، بەڵکو لەبارەی هەر یەکێکیان پەنجا، شەست، سەد توێژینەوە بە مێتۆدی جیاواز!)(3)، هەروەها لەبەر ئەوەی ئاستە هۆشییەکەی تەواو سەرەتایی و هێشتا هەر پابەندی پراکتیکی ڕۆژانە بووە و لە نێویدا هیچ گرنگییەکی بە ئاخافتنی دروستی لۆگیکی نەداوە، ئەوا نەیتوانیوە بزانێت کە خەباتی سیاسی هەردەم سۆسیۆلۆگییەکی پێویستە!! ئەوەندە دەستەپاچە و هۆش-سادەیە! ئەم پیاوە دەسەڵاتگەرایە! وەلێ هەروەها زۆر نامەرد و جەبانە، چونکە بە ئاماژەدان بۆ کاریگەرییە دەرەکییەکان یان جیۆگرافیای وڵاتەکەی بێتواناییەکانی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت دەشارێتەوە.
ئێمە هەر لە چییەتیی پیاوانی خۆگەرای کوردەوە کلیلێکمان دەستگیر دەبێت بۆ ڕستەی زۆر گۆتراوە و جەختلێکراوی “سیاسەت فەننی مومکینە”، کە سیاسەتمەداری ئەڵمانی ئۆتۆ فۆن بیسمارک 18ی دیسەمبەری 1863 لە پرۆیسیشەر لاندتاک (پەرلەمانی پرۆیسن) دەریبڕی. سیاسەت بۆ بیسمارک گەرەک بوو وەک هونەر بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت بسەپێنێت. ئەمڕۆ ڕستەکە بەگشتی بەم چەشنە ڕاڤە دەکرێت: سیاسەت نواندنی کردارە لە پێناوی کەمکردنەوەی فشار یان نەهێشتنی بارگرانی بەسەر دانیشتوانی وڵاتی خۆوە. وەلێ ئەم بنەمایە هەرگیز لە هیچ سەردەمێکی کوردایەتیی ڕیالدا ڕەچاو نەکراوە، بەڵکو تەنیا لە ویستی بەشەکییەوە (پارتیکولارەوە) بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی هەر گەلەکۆمەکێیەکی سیاسی پەیڕەو کراوە، ئایندەی خەڵکیش وەک شتێکی لاوەکی لە پشتی ئەو بەرژەوەندییانەوە دانراوە.

-3 شیمانەکانی خەبات

لە بنەڕەتدا هەموو مرۆڤێک، تەنانەت زارۆک، ڕەمەکییانە لە ژیانی سروشتییەوە، واتا ڕۆژانەوە، ڕەوشەکانی شەڕ هەڵدەسەنگێنێت. کەواتە پێویست نییە لە تیۆرییەوە، لە کتێبی خوێنراوەوە، ڕوو لەم پرسە بکەین. گەر کوڕێکی دە ساڵان لە لایەن کوڕێکی بەهێزتری پازدە ساڵانەوە شەڕی پێ بفرۆشرێت، هانا بۆ بەرد یان دار دەبات، یان هەر شتێکی دیکەی بەردەست، تاکو هاوسەنگییەک چێبکات، یاخود ڕا دەکات و کەسێکی خۆی دەهێنێت کە وەک شەڕفرۆشەکە بەهێزە؛ گەر ئەوان تاقم بن، لەدژیان برا و ئامۆزا و پورزای خۆی دەهێنێت و هتد؛ هەروەها دەشێت چیدی بەو کۆڵانەدا نەڕوات تاکو خۆی لە گێچەڵ بەدوور بگرێت. جگە لەوە هەر لە ئاگایی پەیوەندییە سروشتییەکانەوە لە کوردەواریشدا دەگۆترێت: “خۆت لە شەڕی خۆتڕێن بەدوور بگرە” و زۆر چاک لەتەک ئامۆژگارییەکەی سونزیدا یەکدەگرێتەوە: “هەرگیز هێرش نەبەیت گەر جەخت نەبیت کە سەردەکەویت”. کەواتە ئاشکرایە کە دەسەڵاتگەرایانی کورد پێکرا لە زارۆکییەوە هەقیقەتی شەڕ دەناسن.
بێگومان گەر کەسان هەبن و بیانەوێت بە هەر شێوەیەک خەبات بکەن، ئەوا ڕێگەی جیاوازیان لە بەردەمدایە: خەباتی ژێرزەمینی، چالاکیی کولتووری و زمانەوانی. ئەم جۆرە کەسانە ئاگامەندن، بەویژدانن، و ناویان دەنێین “سیاسەتیار”. هاوکات کەسانی دیکە هەن و دەیانەوێت بە هەر نرخێک سیاسەت بکەن، چونکە پێی ڕاهاتوون و ناتوانن دابنیشن، چونکە بەهۆی سیاسەتەوە دەرکەوتوون و دەرکەوتنی پتریان گەرەکە، یان سەرۆکهۆزن و وەک کەسانی سوننەتی ناتوانن واز لە هۆزەکێتییان بهێنن (کوڕی باوکی خۆیانن)، بەوەش بەناچاری بە سیاسەتەوە دەئاڵێن؛ ئەمان ناودەنێین “سیاسەتباز”، کە بێگومان دوو جۆرن: سیاسەتبازی تەنراو بە هەست و سۆز لە لایەک، سیاسەتبازی ئاوەزمەند لە لایەکی دی. کاتێک دەشێت جۆری یەکەمیان کە بە هەست و سۆز تەنراوە، “کوێر” بێت و بەو هۆیەوە زوو تێبکەوێت یان لەناوبچێت، یاخود شەیدای ناوبانگی خۆی بێت و هەڵەشانە دەست بە شەڕی چەکداری بکات، بۆ ئەو مەبەستەش هانا بۆ هەر لایەنێک بەرێت بەبێ ئەوەی گرنگی بە ژیانی خەڵکی وڵاتەکەی بدات، ئەوا بە پێچەوانەوە ئەوی دووەمیان وەک سیاسەتبازی ئاوەزمەند (بەزۆریی لای هەندێک ئاغا یان زۆر سەرۆکهۆز) بوێریی بۆ هەندێک هەنگاو وەردەگرێت کە ڕەنگە لەنێو جڤاکەکەیدا بڤە بن.
ئاشکرایە ڕژێمی بەئس، بێگومان حکومەتە نێوەندییەکانی دیکەی پێش ئەویش، دەسەڵاتداریی دیکتاتۆرین، وەلێ ئەم ڕژێمە لەوان ڕێکخراوترە و سەرۆکێکی هەیە کە بە دەستی خۆی دیل دەکوژێت، تەنانەت کوڕە بێتاوانەکەی خۆی لە زارۆکییەوە فێری ئەشکەنجەدان و کوشتنی مرۆڤ دەکات، هاوکات سوپایەکی بەهێزی مۆدێرنیزەکراوی هەیە بە چەکی پێشکەوتووەوە. ئەوجا چەند ڕژێمێکی دراوسێی ڕژێمی ناوبراو هەن کە دوژمنی سەرسەختی کوردانی وڵاتی خۆیان و بەمەش هەموو کوردانن. ڕاستییەکەی ئەمە دیلێمایە بۆ هەردوو جۆرەکەی “سیاسەتباز” کە لەبەر ئەوەی ناتوانن دەستبەرداری سیاسەتکردن بن، هەروەها لەبەر ئەوەی کوردەکان بەگشتی لە ئاستێکی گەلێک نزمی کولتووری، زانستی و پیشەی دەستیدان (توانای دروستکردنی تفەنگیشیان وەک جاران نەماوە!)، ئەوا ناچارن بڕیار بۆ کارکردن لەتەک یەکێکیاندا بدەن: ڕژێمی وڵاتی خۆ یان دراوسێکانی. وەک گۆتمان لەم ڕەوشەدا سیاسەتیار خۆی مت دەکات، خۆهەستی پیاوانەی کوردیی (ئاخر ئێمە لێرەش لای جۆرێکی سوننەگەرایانین) ڕێی لێدەگرێت لەتەک دەسەڵاتدارانی بەغداددا کار بکات، ڕەنگە (پێکەوە لەتەک ژناندا) بۆ خەباتی ژێرزەمینی هەنگاو بنێت، هاوکات بە کاری فەرمانبەری، کاسپی، ژیان لە هەندەران و بە هەر کارێک لەوێ، گوزەرانی دابین بکات. وەلێ گەر چەند سیاسەتبازێک ئاوەزمەند بن، کەواتە کەسانی ئەوتۆ بن کە ناتوانن وەک پیاوانی دیکەی گەلەکەیان بژین، ئەویش چونکە سیاسەت بووە بە پیشەیان، ئەوا ئاشکرایە “سیاسەت وەک فەننی مومکین” دەیانبزوێنێت لە پێناوی گەلەکەیاندا لەتەک ڕژێمی ئێراقیدا (حکومەتەکانی ئێراقدا) کاربکەن کە هیچ نەبێت کورد بە گەل دادەنێت و مافی کولتووریی پێڕەوا دەبینێت، جا با وەک ناسیۆنالیست خەریکی بەبەئسیکردنی کوردەکان بێت پێکەوە لەتەک بەئەرەبیکردنی هەندێک ناوچەی تایبەتیدا کە بایەخی ئابوورییان هەیە. ئاخر وەک گۆتمان ئەوان وەک “ئێراقی” دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازین، ئەوان تەنیا ئۆتۆنۆمییان دەوێت، هاوکات دەزانن کە نفوزیان لە نفوزی پیاوەکانی مەجلیسی تەشریعی و تەنفیزی زۆرترە و بۆیە پتر لەوان دەتوانن فشار لەسەر خەڵکی “وڵاتیان” کەمبکەنەوە، بەڵی تەنانەت لەتەک ئەو پیاوانەدا یەکدەگرنەوە و یەکدی دەناسێنن، چونکە ئەوانیش کوردپەروەر و سیاسەتبازی ئاوەمەندن، لێرەشدا ئاشکرایە، گەر ڕژێمی بەئس بە شێوازی باوی خۆی ناڕاستەوخۆ (بە “زیلێکی شۆفێر نووستوو!”، “شێتێکی فیشەک لەدەست دەرچوو!” و هەر شێوازیكی دی) ئەم یان ئەویانی کوشت، ئەوا وەک خۆشەویستی خەڵک جیهان جێدەهێڵن.
سەرلەنوێ دووپاتی دەکەینەوە: ئێمە ئەم کارکردنەمان لەتەک حکومەتەکانی ئێراقدا وەک پێشمەرج دانەناوە، بەڵکو قووڵتر لەوە ئاماژەمان بۆ خەباتی ژێرزەمینی یان وازهێنان لە سیاسەت داوە، هاوکات دوو جۆری سیاسەتبازانمان هێناوەتە نێو دانوستانەکەوە و خستووماننەتە بەردەم ئەلتەرناتیڤ: کوردپەروەری یان عەمالەت. کەواتە ئێمە لێرەدا سەرلەنوێ بەر کرۆکی واژەی “کوردپەروەری” دەکەوینەوە کە وشەیەکی بنەڕەتییانەی فەرهەنگی کوردایەتییە. ئەمەش بەواتای، سیاسەتبازی ئاوەزمەند کە وەک کوردپەروەر تەنیا ئۆتۆنۆمیخوازە، کەواتە جەخت لە هاوڵاتێتیی ئێراقییانەی خۆی دەکات، لە بنەڕەتی سیاسەتەوە وەک فەننی مومکین لەتەک ڕژێمی ئێراقی کار دەکات و نایەوێت بە چەشنێک تێبکەوێت کە ئیدی لە سەرئەنجامدا بەناچاری ببێت بە عەمیل، هاوکات زۆر چاک دەتوانێت بە ئەرگومێنت بۆ خەڵکی وڵاتی خۆی ڕوونبکاتەوە کە هەنگاوی کارکردن لەتەک ڕژێمی وڵاتی خۆدا لە بەرژەوەندیی ئەواندایە. بەم شێوەیە سیاسەتبازان لە مەجلیسی تەشریعی و تەنفیزی، یان وەک وەزیر، لە وڵاتی خۆیان کار دەکەن جا گەر تەنانەت ئەو ئۆتۆنۆمییە کە دەیخوازن، بەلایانەوە کەم بێت. لێرەدا “سیاسەت وەک فەننی مومکین” کراوە بە بنەڕەت.
وەلێ گەر لە کەتواری کوردەکانەوە بڕوانین، دەبینین کە یاخیبوونەکان بەزۆریی سیاسەتبازانی نائاوەزمەند، واتا تەنراو بە هەست و سۆز، هەڵیانگیرساندوون و ڕێبەرییان کردوون بەبێ ئەوەی لە هیچ هەنگاوێکی سیاسییاندا تێگەی “کوردپەروەری” و ڕستەی “سیاسەت وەک فەننی مومکین”یان بەهەند وەرگرتبێت. با وەک نموونە دوو ڕوداو وەربگرین: ساڵی 1961 کوردەکانی ئێراق لە لایەن دەسەڵاتگەرایانی ئۆتۆنۆمیخوازەوە خلیسکێنرانە نێو ستاتۆی جەنگەوە، ئەوەش باشترین دەرفەت بوو بۆ شانشینیی ئێران کە خۆی لەو کوردە یاخیبووانە نزیکبخاتەوە و بە یارمەتیدانیان ئێراق بە کێشەی نێوخۆییەوە خەریک بکات (لێرەدا ناچینە نێو ئەگەری ئێرانی “بزوێنەر”ی شەڕەکەوە کە بەزۆریی لە تیۆریی پیلانگێڕییەوە نزیکە نەک لە کەتواری کوردەکانەوە). ئەنجامی ئەم شەڕە خوێناوییە ئاشبەتاڵ بوو (بە بڕێک دەستکەوتەوە لەسەر دەستکەوتی پێشووتری بەگەلناساندن و پتر دەرفەتدان بە پراکتیزەکردنی کولتووری خۆیی). ئەویدیکەیان، ساڵی 1976، کوێرانەتر، دەسەڵاتگەرایانەتر و هەوەسبازانەتر بوو لەوەی یەکەم، چونکە گەر یەکەمیان کە مارتین فان بریونیسن لەنێو چێوەی “یاخیبوونە جوتیارییەکان”دا دایدەنێت، درێژبوونەوەی ترادیسیۆنی باوی چەکداریانەی کوردی بووبێت کە بە وزە و چەندێتیی فرەی مرۆڤییەوە لەدژی حکومەتی هێشتا ڕێژەییانە لاوازی نێوەندی یاخی بوو (جا گەرچی زۆرینەی خەڵکی کورد پاسیڤ بوو)، بە پێچەوانەوە ئەوی دووەمیان بە تاقمتاقمێنە لە ئەوپەڕی لاوازی و کەمچەکییەوە دوای تێکشکان هەڵگیرسێنرا، بەرانبەر ئەوەش ڕژێمی ئێراقی زۆر لە جاران بەهێزتر و هاوکات هاڤرکێکەرێکی سەرسەختی ڕژێمی سوری بوو. تاقمەکان نەک هیچیان بە هیچ نەکرد، بەڵکو تەنانەت گوڕیان بە وێرانکردن و بەئەرەبیکردن و بەبەئسیکردن دا.
لێرەدا گەرەکە بپرسین: ئایا دەبێت ئەوە چیی دیکە بێت جگە لە سەرەڕۆیی و هەڵپەی دەسەڵات کاتێک سیاسەتبازانی تەنراو بە هەست و سۆز ڕژێمی سوری بە پشتیوانی شەڕی چەکدارییان دادەنێن؟ حافز ئەسەدی دوژمنی کوردان؟ ئاخر دەبێت لێرەدا، بە وەلاوەنانی ناکۆکییە نێو-سیستەمییەکانی ئەو دەمە و تەنیا بە ڕەچاوکردنی دۆخی کوردەکان، هەروەها بپرسین: ئایا لەبەر چە هۆیەک سەرۆکی دەوڵەتێک کە نەک تەنیا مافی کولتووری، بەڵکو تەنانەت مافی هاوڵاتیبوون بە کوردانی وڵاتەکەی خۆی ڕەوا نابینێت، پشتیوانیی تاقمێک یان چەند تاقمێک کورد دەکات بۆ ئەوەی لەدژی ڕژێمی بەئسی ئێراقی ڕابپەڕن؟ بە شەڕی چەکداری لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی کوردستاندا؟ ئێمە دەتوانین پێشبینی بکەین (تەنیا پێشبینی بکەین) کە بۆ ئەو، وەک هاڤرکێکەری سەرسەختی سەددام حسێن و ڕژێمەکەی، خوازراو بوو ئەو ڕژێمە لەنێو وڵاتەکەیدا بە شەڕەوە سەرقاڵ بکات، هەروەها دەتوانین پێشبینی بکەین، کە ئەو ژەنەراڵە “فێڵباز”ە ویستوویەتی “هاوکات” کوردستانەکەی نێو ئێراق کە تا ئەو دەمە تاکە ناوچەی یاخیبوونی کوردییانە بوو، بەوێرانکردن بدات. بەکورتی: دەبێت هەر هەنگاوێکی سیاسیانەی ئەو ژەنەراڵە سەرۆکەی دەوڵەتێک بخرێتە ژێر پرسیارەوە. بەڵێ زۆر چاک دەتوانین بپرسین: ئایا ئەوی سەربازی کە شارەزای جەنگ و پەیوەندییەکانی ناوچەکەیە، هاوکات بەئسی ئێراقی و سەددام چاک دەناسێت، ناشێت پێشبینیی کردبێت کە سەددام کوردستان وێران دەکات؟
کەچی (ئەوەش بەڕاستی سەیر نییە) سیاسەتبازانی تەنراو بە هەست و سۆز، هاوکات شەیدای دەسەڵات و دەرکەوتنی پتری کەسەکی، دەچنە پەیوەندییەوە لەتەک دوژمنی دوژمندا، نەیاری نەیاردا، ئەوە سەرباری چییەتیی ئاشکرای دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، لێرەشدا سەرجەم ژیانی بیۆلۆگی و جڤاکی و ئابووریی گەلەکەیان بە یەک جار دەخەنە نێو حەوزی پۆکەری سیاسییەوە: “سەرجەم دەستەکەیان دادەنێن”. ئەم جۆرەی سیاسەتباز ئەوداڵی هاوسەنگییەکی دەسەڵاتە کە خۆی لە نێوەندیایەتی، کە ئیدی لای ئەو سیاسەت وەک فەننی مومکین واتای تایبەتی وەردەگرێت: “سیاسەت هەر هەنگاوێکە بۆ پاراستن یان پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیی گەر ئەوە تەنانەت بە هەژارخستن و بەڕژاندانی خوێنی خەڵک بێت”. ئەمە لە 1961 بەدوواوە تا ئەمڕۆ پەیڕەو دەکرێت. ئەمە چییەتیی کوردایەتیی ڕیالە: هینی هۆزەکی-گوندییانی تەنگ-ئاسۆ، یان پیاوانی هەستهەڵئاوساو و سەرسام بە بەدئاکاری خولەچەخماخەیی، یاخود ئەفەندییانی تەنراو بە هەست و سۆز کە سوننەتییانە لە کتێبەکانەوە زانیاری کۆدەکەنەوە. واژەکانی کورد، کوردستان، سۆسیالیزم، دێمۆکراتی، پێکڕا دەربڕینی رواڵەتین و سەر بە “قسەکردن”ی ڕۆژانەن، چونکە دەسەڵاتگەرایانی نائاوەزمەند، وەلێ فێڵباز (وەک خۆیان دەبێژن: “بە شەرفم زۆڵێکە نەبێتەوە!”) ناتوانن بەئاشکرا ببێژن: “من بۆ بەرژەوەندیی سەرەکیی خۆم، بۆ ناوبانگم، لە مەیداندام و تا سەر دوا پنتی ڕووتێکردنم دەمێنێتەوە. هەموو شتێکی دی تەنیا لاوەکییە”. ڕاستییەکەی ئەحمەد موختار جاف لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا بەڕوونی بینیبووی کە سیاسەت وەک فەننی مومکین چە واتایەکی لای سیاسەتبازانی وڵاتەکەی هەیە (بڕوانە “مەسەلەی ویژدان”).
بەڵێ، گەر دەسەڵاتگەرایانی یاخیبوونەکەی 1961 کوردپەروەر بوونایە، گەر پابەندییان بە شای ئێرانەوە وەک مایەی هێزی سیاسی نەبینابایە، ئەوسا لە بنەمای “سیاسەتەوە وەک فەننی مومکین” ئۆتۆنۆمییەکەی ساڵی 1970-یان (یان هەروەها ساڵی 1974-یان) قبووڵ دەکرد و بەوەش بۆ خاتری خەڵکی کورد ڕێیان لە هەڵگیرسانی شەڕ دەگرت. هەموو تاقمەکانی دی بە هیچ شێوەیەک ساڵی 1976 دەستیان بە شەڕ نەدەکرد و بەو ڕێیەشەوە بەئاگا یان بێئاگا نەدەبوون بە خزمەتکاری ئاجێندای وڵاتانی دەرەکی. لێرەوە ئیدی دەتوانین پێشبینی بکەین، کە بەو هەڵوێستە پراگماتییەی سیاسەتبازان ئەو هەموو گوندە وێران نەدەکران و شارەکان بە ڕاگواستنی گوندنشینان لادێیزە نەدەکران، کەواتە کولتووری کشتیاریی کوردەواری تێکنەدەشکێنرا! دەشیا هەڵەبجە ژارباران نەکرایە! گەرمیان و ناوچەی دیکەی کوردستان ئەنفال نەکرانایە! ئەو هەموو گەنجە نەکوژرانایە و گەلێکی دی. ئەوجا بە داگیرکردنی کوێت لە لایەن ئێراقەوە هەلی گونجاو بۆ کوردەکان (قیناکە با ببێژین سیاسەتبازان) دەڕەخسا دەستی خۆیان لە ڕژێم بووەشێنن.

-1-3 یاخیبوونی ترادیسیۆنی

ئێمە گەرەکە لەنێو کوردایەتیی ڕیالدا ڕەچاوی دوو جۆر ڕێکخراو بکەین: ڕێکخراوی بنیاتنراو بە پێشنموونەی ئەوروپیانە و ترادیسیۆنی. لە جۆری یەکەمدا بەر شارنشینانی کوردایەتیچی، هەروەها گەنجانی ڕێکخراو دەکەوین کە سامانی مرۆڤییانەی شەڕن، هەروەها بڕوایان بە مەسەلەیەک هەیە و لە پێناویدا تێدەکۆشن. ڕاستییەکەی ئەمان بەهۆی دابڕاوییەوە لە گەلەکۆمێکەرانی سەرەوە، بەهۆی باڵادەستیی ناوبانگ و هەروەها نەبوونی هۆشێکی ڕەخنەییەوە، فریودراوانن یان خۆفریوداوانن، بۆیە سەخت تێکەوتوون. لە جۆری دووەمدا بەر هۆزەکێتی دەکەوین کە خۆی لە ترادیسیۆنەوە ڕێکخراوە، وەلێ ئەمیش خۆی بەسەر ڕێکخراوی تەکنیکیانە بنیاتنراوی شارنشینانەوە دەبینێتەوە.

1-1-3 خوێندەوار و سیاسەتبازی زانیاری کۆکەرەوە

ئێمە گەرەکە بۆ تێگەیشتنی ڕوونتر لە تێکەوتنی گەنجان نموونەی ڕیال وەربگرین.
کوڕێک، ناوەڕاستی دووەمی حەفتاکان، چەند ڕۆژێک هەڤاڵ و هاوڕێیەکی لە گەڕەک نابینێت، پاشان کتوپڕ هەڤاڵەکەی دەردەکەوێتەوە و پێی ڕادەگەیەنێت کە “لە سەرەوە بووە”. کوڕە چاوانی دەگەشێنەوە و لێی دەپرسێت: “کاک نەوشیروانت بینی؟”، ئەویش وەڵام دەداتەوە: “ئەی چۆن، ڕۆژێک کاتم لەگەڵدا بەسەر برد”. کوڕە بە پەرۆشەوە لێی دەپرسێت: “شێوەی چۆنە؟ دەڵێن زۆر زیرەکە!”، ئەویش وەڵامدەداتەوە: “پیاوێکی خڕیلە و قەڵەوی لووتپانە، تا بڵێیت زمانشیرینە، تێر نابیت لە موناقەشە لەگەڵی، ئەوەندە زیرەکە.”
نموونەی دووەم نەبوونی ئاگایی ئاوەڵای ڕەخنەییمان لای گەنجان پێشان دەدات: لە ناوەڕاستی دووەمی حەفتاکانی سەدەی بیستەمدا لە هەندەران گەلەکۆمەکێیەکی بە حساب خوێندکاری زیتدەکرێتەوە و ناوێکی پێدا هەڵدەواسرێت: “کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات”، کورتکراوە ئینگلیزییەکەی: ئەکسا. وەلێ لەم کۆمەڵەیەدا ڕەنگە لە دە کەس دووانیان خوێندکاری زانکۆ بووبن! ئەوانیدی پەنابەری بێکارە بوون، یان تاک و تەرایان دەورەیەکی پیشەیی دەبینی. گەر لای ئەو گەنجانە کەمترین ئاگایی ڕەخنەیی لەگۆڕێ بووایە، یەکسەر دەیانبینی کە کۆمەڵەکەیان گەلەکۆمەکێیە، کەواتە هیچ بنەڕەتێکی پیشەیی-خوێندکاریی نییە، هەروەها دەیانتوانی لۆگیکییانە دەربئەنجامێنن کە ئەو بەناو کۆمەڵەیە دەروێنەی گەلەکۆمەکێکەی نێو وڵاتە، کەواتە لەوێش گەلەکۆمەکێ-ڕێکخراو هەیە و بەو ڕێیەشەوە دەیانبینی کە پیاوانی درۆزن و دەسەڵاتگەرا بەسەر خەڵکەوە زیتبوونەتەوە، کەواتە وڵاتەکەیان خزێنراوەتە نێو دۆخێکی پڕمەترسییەوە.
ئەو نمونانە پێشانی دەدەن کە چۆن گەنجە ڕێکخراوەکان پێکڕا لە سەرەتاکانی کوردایەتیی ڕیالەوە دەبوون بە دەستکەلای خواستە دەسەڵاتگەراکانی پیاوانی خوێندەواری کوردایەتیچی و هۆزەکی-گوندییەکان. ئەوانیان نەدەناسی.
ئەوجا ئێمە لە پەیوەندییە نێو-بەرەییەکاندا بەر کێشەی کرۆکی دەکەوین: بەرانبەر هۆزەکێتیی ڕێکخراو کە سیاسیانە چالاک بووە و خۆی وەک ڕێکخراو بەسەر ڕێکخراوی گەنجانەی سیاسییەوە دەبینێتەوە، شۆڕشگێڕانی خاوەن ئێتیک (ئەخلاقناسی) لە گۆڕێ نین، بەڵکو خوێندەوارانی سۆزمەندی سیاسەتنەزان و عەسابەی خولەچەخماخەیی. کەواتە لەبەر ئەوەی شۆڕشگێڕێتی لەگۆڕێ نییە (گەرچی سەنگدەرپەڕیوان کردوویانە بە ویردی سەر زمانیان) کە بتوانێت لە سەردەمانی تەقییەوەی ناکۆکییەکاندا هۆزەکێتی بە کرداری سەربازی لەناوبەرێت یان لەدەسەڵات بخات، بەڵکو بە پێچەوانەوە سیاستبازانی تەنگ-ئاسۆ و سۆزمەند چە وەک خوێندەوار و چە وەک عەسابەی خولەچەخماخەیی لە مەیداندان، ئەوا کێشە تەقیوەکان چارەسەرنەکراو دەمێننەوە، ئەوەش هاوکات بەڵگەیە کە هیچ ناسیۆنالیزمێک لەو مەیدانە سیاسی-چەکدارییەدا لەگۆڕێ نییە: وەک بنەڕەت و دوا مەبەستی ڕووتێکراوی هەمووان – کەواتە وەک نێوەندی هاوبەشیان.
ئێمە دەبێت بۆ تێگەیشتن لەو بەدڕەوشە بگەڕێینەوە بۆ هەڵپەی کەسەکییانەی دەسەڵات، وەلێ جێی سەرنجە کە ئەوە مەدەنێتی و لێهاتوویی کەسی و ئۆتۆڕێتی (دەستڕۆیشتوویی ڕێزلێگیراو و بەوەش ناسێنراو) نین کە مۆتۆڕی هەنگاوەکان بن، بەڵکو لێرەدا زۆر بەتایبەتی بەر میللیبوون لە واتای فراوانیدا دەکەوین، لێرەشدا ئاشکرایە کە توخمێکی لادێییانەی لە خۆ گرتووە و لە ناخی خوێندەواران و عەسابەی خولەچەخماخەیی سیاسەتبازدا کارایە. زۆر لەم سیاستبازانە (ئەفەندییە سۆزمەندە گەلخوازەکانی لێدەربچێت کە زۆرینەیان لەناوچوون یان کەرامەتیان وازی لە سیاسەت پێهێنان) بە حوکمی میللیبوون ئافینێتییەکیان (پەیوەستییەکیان / هۆگرییەکیان) بۆ لادێییەتی و بەوەش بۆ هۆزەکێتی “بەگشتی” هەیە. لەم پەیوەندییەدا جێی سەرنجە کە پیاوانی کارەکتەر شاری، ئەفسەرانی خاوەن قودسییەت، بەڵێندەران و بازرگانانی تایبەت کە شاریانە ئاگاییان لە بواری ئابووری و ژیاندا بزواوە، “بێزیان نایەت” لە کوردایەتیچییان نزیکبکەونەوە – سووکن لەبەر چاویان.

-2-1-3 هۆزەکێتی وەک شەڕانیی خۆهێڵەرەوە

ئێمە پەیوەند بە ڕێکخراوی هۆزەکییەوە لە بەردەم پرسی “عەسەبییەت”داین (ئیبن خەلدون)، واتا هاوسۆزەکێتی، بە زمانی گشتی: رایەڵەی خوێن، کە لە هەر کردارێکی جڤاکی و جڤاکی-سیاسیدا ئەم بنەمایەی هەیە:
“من دژی براکەم، من و براکەم دژی ئامۆزاکەم، من و براکەم و ئامۆزاکەم دژی هەموو ئەوانیدی”.
لە هۆشی سیاسەتبازی هۆزەکیدا “گەل” وەک تێگە (مەفهوم) چێنەبووە و چێنابێت، ئاخر گەر چێببێت، ئەوسا هۆز هەڵدەوەشێتەوە – ئەو خۆی هەڵیدەوەشێنێتەوە. بەڵێ تەنانەت “کوردستان”یش تێگە نییە، بەڵکو تەنیا وشەیەکی باوی ڕۆژانەیە. لە هۆشی کەسی هۆزەکیدا جڤاكێتی تەواوکراوە، ئەوجا گەر بەهۆی خشانییەوە لە سیاسەت و گروپی سیاسی ناچار بێت بۆ ئەوەی ناوی گەل بەرێت، ئەوا تەنیا مەبەستی لە کۆنگلۆمێراتە (تێکەڵە / خڕکردنەوە) و لە نێویدا هۆزەکان سەنتەری دەسەڵاتن. ئەو وەک هۆزەکی ناتوانێت وەک تاکێک، تەنیا کوڕی باوک و دایکێک، لە بەرژەوەندییەکی گشتی بهزرێت، ئەوجا تێبگات کە گەل، نیشتمان، کوردستان و هتد وشەی سەر کاغەز نین (گەرچی دەشێت ئەوەش بن)، بەڵکو تێگەی یەکانەیین و بە هزرین هەڵهێنجراون، ئەوجا لەبەر ئەوەی هەڵهێنجراوی کەسەکین، ئەوا ناخەکییانە کارا دەبن و کردارەکانی ئەو دیاری دەکەن، کە پاشان دەشێت نێوکۆییانە ببن بە ئامانجی سیاسی.
بۆ هۆزەکییان کە ئەڵقەی جڤاکی تەواوکراون، کەواتە کەسێتیی سەربەخۆیان نییە، جڤاکە تەواوکراوەکەیان پێشتریی لە هەر شتێکی دیکە هەیە، بۆیە بەتایبەتی لەو دۆخانەدا کە لێرەبوونیان (وجودیان) دەکەوێتە مەترسییەوە، لە هیچ هەنگاوێک ناسڵەمێنەوە و دەبن بە وەحشی: لە قۆنتەراتی سەربازییەوە بۆ بێگانان و هێنانیان بۆ نێو وڵاتی خۆ تا دەگات بە کوشتنی ئاشکرا و نائاشکرای هەر ناحەزێک، و زۆری دی. وەلێ ئەمە لەنێو سەرجەم پەیوەندییەکانی ئۆتۆنۆمیخوازیدا شەڕی خۆهێشتنەوەیە نەک خیانەت، بە پێچەوانەشەوە “لە گۆشەنیگای” شۆڕشگێڕییەوە، واتا خەباتەوە بۆ پەڕاندنەوەی فۆرماسیۆنی جڤاکی سەردەم بۆ فۆرماسیۆنێکی دیکە کە ئیدیۆلۆگییانە تەواوکراوە، دەبێت بە خیانەت. ئاخر شۆڕشگێڕان لە ڕوانگەی ئیدیۆلۆگییانەی خۆیانەوە جڤاکێکی دیکە دەکەن بە ئامانجی خەباتیان و لەنێویدا هۆزەکێتی جێی نابێتەوە، بەڵکو هەڵوەشێنراوەتەوە. بە شێوەیەکی دی ببێژین: سیاسەتبازانی خوێندەواری کۆنزەرڤاتیڤ و ئۆتۆنۆمیخواز مافیان نییە ئەو جۆرە پەرچەکردارانەی هۆزەکییان بە خیانەت یان جاشێتی ناوزەد بکەن، چونکە خۆیان پارێزەری پەیوەندییەکانی قەوارە کۆمەڵایەتی-کولتوورییەکەی سەردەمن.

2-3 چوونەنێویەکی گەلەکۆمەکێی هاوبەرژەوەندییان و هۆزەکێتی

بەسەر ڕێکخراوی سیاسییەوە کە بە تەکنیکی ڕێکخراوەیی ئەوروپی بنیاتنراوە، دوو جۆر قەوارە زیتدەبنەوە: گەلەکۆمەکێی هاوبەرژەوەندییان و ڕێکخراوی ترادیسیۆنی-هۆزەکی. وەک گۆتمان، هۆزەکێتی مێژووییانە ڕێکخراوە، خۆی قەوارەیەکی بەرجەستەیە وەک بنەڕەتی شێوە دەسەڵاتداریی میرنشینی یان شانشینی، هەر بەم ڕێکخراوییەشی وەک سەری ڕێکخراوی سیاسیی نێو شارەکان وەردەگیرێت و ئەو خۆیشی هەر ئەوەی دەوێت. بێگومان خۆبەسەرکردن، وەلێ لە شێوەی گەلەکۆمەکێدا، سیاسەتبازانی خوێندەواری سەربەخۆ و خولەچەخماخەییش دەگرێتەوە. وەلێ لە هەردوو ڕووەوە گەنجانی ڕێکخراو دەستوێژی گەیشتنن بە خواستە دەسەڵاتگەراکانی ئەوان، لێرەشدا دەبێت نێوەندیارانی متمانەپێکراو لە سەرەوە بەرەو ژێر ببن بە پردێک ڕووەو گەنجانی “ڕاکێشراو” و ڕێکخراو. لێرەدا جێی سەرنجە کە لەنێو ئەم نێوەندیارانەدا لە ڕووی کەسێتییەوە بەدترین چالاکوانانی سیاسی هەن، ئەوجا گەر هەندێکیان پێش وەرگرتنی پێگەی نێوەندیار تەنانەت بەد نەبووبێتن، بە حوکمی پێگەکەیان و پەیوەندییەکان کە ئەوان خۆیان لە نێویاندا دەبیننەوە، ئەوهایان لێدەردەچێت، چونکە کاتێک لەو پێگە نێوانییەوە بەرەو ژێر دەسەڵات دەنوێنن و هاوکات بەرەو ژوور چاویان لە گەیشتنە بە پێگەی باڵاتر، ئیدی سووکە چێژی دەسەڵات نەوسی پتری دەسەڵاتیان لا دەوروژێنێت، بۆیە لێرە زۆرترین “کارەکتەری پاسکیلسوار” لەگۆڕێیە: ئەو کەسانە کە بەرەو ژێر پایدەر لێدەدەن و بەرەو ژوور چەماونەتەوە، واتا (لە ڕووی پسیکۆلۆگییەوە) “کەسێتییەکی پیس”یان هەیە بە گەلێک مۆرکی نێگەتیڤەوە، وەک: درۆزن، فریودەر، ماستاوچی، توانجهاوێژ، تەنانەت شەقهاوێژ لە کەسانی ژێر خۆیان و چەماوە بۆ کەسانی ژوور خۆیان (4). ئێمە ئەمڕۆ لە نزیکەوە و بەڕوونی رۆڵی ئەم “پاسکیلسوارانە” لە پاراستنی پەیوەندییە ستەمکارەکانی کوردایەتیی ڕیالدا دەبینین.
بێگومان ئێمە ناتوانین لەنێو گەلەکۆمەکێچییاندا ڕەچاوی ئەو هەموو ئەفەندییە پڕ هەست و سۆزە نەکەین کە بڕوایان وایە دەبێت “بۆ کورد و کوردستان” تێبکۆشن – و زۆریان لەناوچوون، وەلێ کەمیان مانەوە و وازیان هێنا. ئاخر ئەوە فاکتە کە لە نێویاندا سیاسەتیار و هونەرمەندان و نووسەرانی سوننەتی هەن، کەسانی دڵگەرم هەن کە چالاکیی سیاسیی باوکانیان لە ڕابوردوودا کاری تێکردوون و دەیانەوێت ڕێگەی باوکیان بگرنە بەر. ئەم جۆرە کەسانە لە کوردایەتیی ڕیالدا خوازراو نین، تەنانەت بێزراون، چونکە مایەی سەغڵەتین بۆ چەتە باڵادەستەکان، یان بۆ ئەو کەسانە کە بۆ مەبەستی لرفلێدان و گەیشتن بە پارەی مفت دەچنە نێو کوردایەتییەوە.
بنەڕەتێکی کوردایەتیی ڕیال ئەوەیە کە لە پێشمەرگایەتیدا ڕاستەوخۆ درێژە بە “چێژ” و “ڕەفتار”ی میللی دەدات، لێرەشدا هۆشسامیی ترادیسیۆنی بە “ئازایەتییە ناسێنراوەکانی جڤاکی جوتیاری” (“خولە کون لە جەرگیدا نییە”، “بە شەرەفم کردەیەکە نەبێتەوە” و گەلێکی دی) یەکسەر، لێنەهزریو، کارایی پراکتیکی وەردەگرێت. ئاشکرایە خولە چەخماخانی میللیی نێو شارەکان: پیاوانی سمێڵزلی جامەدانی قیت، سەنگدەرپەڕیو، باڵفشکردۆوە، کە بە هەڕەشەی زارەکی یان بە فڕێدانی فیشەک بۆ نێو حەوشەی ئەم یان ئەو ماڵی دەوڵەمەند گیرفانیان پڕ دەکەنەوە، یەکسەر لەتەک ئەو وێنەیەی پێشمەرگەدا یەکدەگرنەوە، چونکە چە وێنەکە و چە زەبر سەر بە چێژ و کارەکتەری خۆیانن. بەڵێ تەنانەت ئەم بیچمانە و ئەفەندییە میللییە سیاسەتبازەکان زۆر جار لە ژیانی ڕۆژانەی جڤاکییەوە یەکدییان ناسیوە (5)، هەندێکیان لە خوێندنی زانکۆیشدا هەر دەمانچەییەکانی جارانیان بوون، ئەوجا لەبەر ئەوەی خوێندەوارەکان ئەوها خولەچەخماخەییانە لە دەسەڵات تێدەگەن، ئەوا لەو کاتانەشدا کە لەدژی هۆزەکی-گوندییان دەچنە شەڕەوە، هێشتا هەر ئافینێتییەکەیان بۆ میللیبوون و بەسەر ئەویشدا بۆ هۆزەکێتی، پابەند دەیانهێڵێتەوە بە جۆری سیاسەتکردنی هۆزەکییانەوە. لێرەدا جێی سەرنجە ئەم لادێییەتییە بە ئافینێتییەوە بۆ هۆزەکی-گوندی دەشێت لە دۆخە کێشاوییە سیاسییەکاندا بە ڕادەیەک تەسلیم ببێت کە ئیدی ڕاستەوخۆ مۆدێلی بنیاتنانی دەسەڵات لە هۆزەکێتییەوە وەربگرێت، بۆ نموونە بەرژەوەندییەکانی گەلەکۆمەکێکەرانی سەرەوە پێویستی بکەن کە کوڕی دەسەڵاتدارێکی ناسراو بە سەرۆکی گرووپەکە دابنرێت. بێگومان لادێیەتییە خولەچەخماخەییەکە زۆر جار هەر لە سەرەتاوە وا دەکات کە گەلێک مەسئولی سیاسیی پێگە نزمتر کوڕی خۆیان لە کایەی جیاوازی سیاسی و سەربازیدا وەک دەسەڵاتدار بسەپێنن.

-3 جاشێتی وەک کوردپەروەری و وەک تاوانکاریی جەنگ

تەنیا بزاوتی ڕزگاریخواز یان خەباتگێڕ لە پێناوی گۆڕینی شێوازی دەسەڵاتداریدا، هەروەها تەنیا کەسانی شۆڕشگێڕ، گەلخواز، دەتوانن ڕەوایەتی بە خۆیان بدەن، هەر کەسان و گرووپێک، بە جاش ناوزەد بکەن کە پێچەوانەی خواستە دەوڵەتگەرییەکانی ئەوان کردار دەنوێنن، هەر لەم جۆرە تێڕوانینەشدا جاش واتای خائین وەردەگرێت. ئاخر ئەم ناوزەدکردنەی کەسان و گرووپان بە جاش دەستوێژێکە بۆ پێشاندانی مەرامە سیاسییەکانی گرووپەکە کە سەرەکیترینیان دامەزراندنی دەوڵەت یان گۆڕینی جۆری دەسەڵاتدارییە، هەر لێرەشەوە بزاوتەکە بەئاسانی ماف بە خۆی دەدات، ئەو کەس و گرووپانە کە لە گۆشەنیگای مەرامە سیاسییەکانی ئەوەوە خائینن، بە هەر شێوازێک لەناوبەرێت. وەلێ ئەمە بە هیچ شێوەیەک بزاوتی ئۆتۆنۆمیخواز ناگرێتەوە. هەردوو لا، یاخیبووانی نێو چیاکان کە ڕاستەوخۆ عەمیلی دەوڵەتانن یان بەهۆی تێکەوتنیانەوە ناچارەکییانە بوون بە عەمیل، هەروەها هاوکارانی دەسەڵاتی نێوەندی، هاوڵاتیی یەک دەوڵەتن و هەردوو لا جەخت لە هاوڵاتێتیی خۆیان دەکەن، هاوکات دەیانەوێت بەشدارییان لە دەسەڵاتی نێوەندیدا پێبکرێت. وەلێ جێی سەرنجە کە تەنیا هاوکارانی دەسەڵاتی نێوەندی ڕاستگۆیانە هەڵوێستیان دەردەخەن و وەک هاوڵاتی ئەرکی خۆیان بەجێدەگەیەنن. لەم ڕوانگەیەوە واژەی “جاش” هیچ بنەڕەتێکی نییە، بەڵکو تەنیا جنێوە، جنێویش دەستوێژی کەسانی سۆزمەندی هزرنەکردوو یان ئەو نەخۆشانەیە کە بە کیین تەنراون. جگە لەوە گەر مەسەلەکە لەو یاخیبوونانەدا چێکردنی هاوسەنگی بێت لەتەک ئەرەبەکاندا، ئەوا کاری بەو چەشنە بە هۆزەکیی ئەقڵ-سووک یان ئەقڵیەتی خولەچەخماخەیی ئەنجام نادرێت، بەڵکو تەنیا کولتووری شارییانەی تاکەکەس، مەدەنێتی، زمانی خۆیی و هزرینی لۆگیکی و هتد ئاستی نزمی کەسەکییانەی کوردەکان بەرزدەکەنەوە.
ئێمە دەبێت لەم پەیوەندییەدا هەنگاوێکی بوێرانە بنێین و بپرسین: ئایا کێ کوردپەروەرە، ئەو کەسانە کە گەنجانی کورد بەکوشت دەدەن و ئابوورییە بنەڕەتییەکەی کوردەواری کە کشتیاری و ئاژەڵدارییە، بە لەناوبردن دەدەن، یان ئەو هۆز و تیرانە کە دەیانەوێت کوڕانی خۆیان، کەواتە کوڕانی کورد، لە کوشتن و کوردستانیش لە وێرانکردن بپارێزن؟ با بۆ تێگەیشتن لەم پرسیارە دیدێک ئاڕاستەی کەتواری ئەمڕۆی کوردەکان بکەین. ئایا ئەمڕۆ چی گۆڕراوە؟ ئایا پێکڕای دەسەڵاتداران قایل نین بەوە کە کەرکوک گەرەکە سەر بە هەرێمی کوردستان نەبێت؟ ئایا هێشتا هەر چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردی لەو هەرێمە دانەبڕاون، بەڵێ تەنانەت تەئریب نەکراون؟ ئایا ئاشکراترین بەرهەمی قوماری سیاسی و سەربازیی عەمیلەکانی کوردایەتیی ڕیال دەستگرتن نەبوو بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی نێو هەرێمەکەدا (سیاسی، ئابووری، تەنانەت زانکۆکان)؟ ئەوە بێگومان تانەت دوای ئەوەی ڕژێمی بەئس تەپتەپێنی پێکردن و کونەمشکی لێکردن بە قەیسەری؟ گەر پاساوی ئەوە بهێنرێتەوە کە لە کوردستان شارێتی و بینای مۆدێرن تەنیونەتەوە، زانکۆی زۆر کراونەتەوە و ئاستی زانستی پێشکەتووە، هەروەها کورد حاکمی وڵاتی خۆیەتی، لە وەڵامدا دەبێژین: بونیادی هەموو شارەکان بەهۆی هەڵپەی بازرگانیی کوردایەتیچییانەوە شێواوە و فەزای ژیان لە نێویاندا تەنگبۆتەوە، هەروەها بینای نێو شار و گوندەکان بەگشتی نالەبار دروستکراون و هاوکات دژ بە سروشتن: دژ بە ژیانی مرۆڤن، چونکە لە دروستکردنیاندا بەزۆریی کەرەسەی چیمەنتۆ و بلۆکی چیمەنتۆ بەکارهێنراون، ئەم کەرەسەیەش زستانان ساردی و هاوینان گەرمی گلدەرەوەیە، بۆیە بە سروشتی ناوچەکە، بەمەش بە ژیانی مرۆڤانی ئەوێ ناگونجێت (گەرچی چیمەنتۆ لە هەندێک ڕووەوە زۆر سوودمەندە)، کە ئیدی مرۆڤ دەبێت بەردەوام پتر وزە بەکاربهێنێت تا ماڵەکەی گەرم یان فێنک دابهێنێت (کەواتە لە ڕووی ئیکۆنۆمیشەوە نەگونجاوە)؛ ئەوجا کاتێک لە سەردەمانی دەوڵەتی دیکتاتۆریی هێشتا کارای ئێراقدا پزیشک و ئەندازیارانی باش، مامۆستایان و تەکنیکییانی شارەزا و هتد هەڵدەکەوتن، ئەمڕۆ لە ئاستە گەلێک نزمە کولتوورییەکەی کوردایەتیی ڕیالەوە رواڵەتگەرییەک، کەواتە بێ-مەئریفەییەک، زانکۆکانی تەنیوە کە لە نێویاندا زانایانی باش زۆر دەگمەنن؛ پاشان کورد لە بنەڕەتدا حاکمی وڵاتی خۆی نییە، بەڵکو دەسەڵاتگەرایانی عەمیل دەستیان بەسەر ئەو هەرێمەدا گرتووە و تا ئەمڕۆ کەمترین دەسەڵاتداریی سەربەخۆیان لێنەبینراوە، بەڵکو تەنیا ستەمکارانە بەسەر خەڵکی بەردەوام کڕووزاوەی نەوسنەوە زیتبوونەتەوە. لە کۆتاییشدا گەر ئاماژە بۆ گەشەی ڕێژەییانەی ئاگایی و سەرهەڵدانی ئەدەب و هونەری باش بدرێت، ئەوا دەبێژین، کە ئەوان پێکڕا بناغەی دیکەیان هەیە، وەک: ئاشنایی بە کولتوورەکانی خۆرئاوا و گەشەی ئاگایی، ئاڵۆزتربوونی ژیانی کوردەکانی ئیڕاق، کە لای “هەندێک کەس” بوون بە پاڵهێزی هزرین یان کاری ئەدەبی و هونەریی باش – ئەمانە پەیوەندییان بە کوردایەتیی ڕیالەوە نییە.
وەلێ ئێمە هێندە ئاسان لە پرسی جاشێتی نابینەوە. ئێمە تەنیا سەرۆکهۆز و سەرۆکتیرەمان نییە کە ئاوەزمەندانە هەڵوێست وەردەگرن و بۆ پاراستنی هۆز و تیرەکانیان لەتەک حکومەتی نێوەندیدا کار دەکەن، بەڵکو موستەشارەکانی هەشتاکانمان هەن کە زۆریان لە ئەنفالدا بەشدارییان کرد. ئەمانە تاوانباری جەنگن.
سەرەتا پرسێک ئاشکرایە: گەر سیاسەتبازانی شەیدای دەسەڵات، گەر عەسابەی خولەچەخماخەیی و هۆزەکی-گوندی، ئەوجا لەپاڵیانەوە هەندێک سەرۆکچەتە، شەڕیان بۆ خاتری دەسەڵات و سامان هەڵنەگیرساندبایە، ناکۆکییە نێو-هۆزییەکان نەهێنرانایەتە نێو کوردایەتیی ڕیالەوە، ئەوسا ئەو هەموو سەرۆکهۆزانە نەیاندەدایە پاڵ حکومەتە نێوەندییەکان، یان پاڵ ڕژێمی بەئس، و ناچار نەدەبوون بچنە شەڕەوە لەدژیان. سەرانی کوردایەتیی ڕیال هۆی ئەو شەڕانە بوون. ئەوجا بە وێرانکردنی گوندەکان و ڕاگواستنی گوندنشینان بۆ نێو شارەکان کێشەیەک بۆ ئەو کەسانە هاتە ئاراوە کە پێشتر لە گوندەکانیاندا بە هەر جۆرێک قەوارەیەکی بچووک یان گەورەتری دەسەڵات بوون. کابرایەکی ڕاگوێزراو کە هەشت کوڕ، پێنج برا و چوار خوشک، شەست برازا و خوشکەزای هەیە و هتد، کوڕانی گوندەکە و دەوروبەریشی ڕێزی لێدەگرن، زۆر ئاسان دەتوانێت ڕێگەی دیکەی دەوڵەمەندبوون بگرێتە بەر، ئەوجا پرسی کەرامەتی مرۆڤ و عیززەتی نەفس لای ئەوی گوندی سروشتی و ئاکار فەرهودچی زۆر سنووردار کاران؛ ئەو ئێستا تەنیا کەسێکی لە ڕیشە هەڵکەنراوە و هاتووەتە نێو شاری ژیان ئاڵۆزترەوە. ئەم کەسانە ئاسان دەبن بە بازرگانی شەڕ، بەمەش ئاسان دەبن بە تاوانبار.
ئاشکرایە دەبێت موستەشاران وەک تاوانبار بە دادگە بدرێن، چونکە دەیانتوانی وازبهێنن، یان گەر بەو ڕێیەوە مەترسی لەسەر ژیانیان چێ ببووایە، ئەوسا دەیانتوانی بە خاووخێزانەوە هەڵبێن بۆ ئێران – وەک دەرهاویشتەی ویژدان و کەرامەتداری. وەلێ ئەوان ڕێگەی ملکەچییان بۆ فەرمانی دەوڵەت هەڵبژارد. سەرباری ئەوە دادبینییەک توندتر لە ئەوان سزای کوردایەتیچییان دەدات: وەک تاوانباری جەنگ، وەک عەمیلی دەوڵەتان، وەک سەبەبکاری ژاربارانی هەڵەبجە و ئەنفالی گەرمیان (و ناوچەی دیکە)، وەک سەرانەسەن لە گوندنشینان، کوشتنی ڕاستەوخۆی دیل و بێگوناهان، هەروەها دەستبردوو بۆ کەرامەتی کەیبانووانی گوندان. ڕەنگە هیچ دادگەیەک نەیتوانبایە سزای مەرگ بەسەر عودەی سەددام حسێندا بسەپێنێت، سەرباری ئەو هەموو تاوانە کە ئەنجامی دان، چونکە باوکی تاوانباری سەرەکی بوو کە کوڕە بێگوناهەکەی لە زارۆکییەوە فێری ئەشکەنجەدان و کوشتنی دیل کرد، تا پێی ڕاهات و بوو بەو تاوانبارە ناسراوە. ڕەنگە دادگەیەک حوکمی زیندانیی هەمیشەیی لە نەخۆشخانەیەکی پسیکۆیی بەسەردا بدایە. بەبێ هیچ گومانێک دادگەیەک حوکمی موستەشارانی تاوانبار و کوردایەتیچییان هەر ئەوها دەدات: سزای ئەوانەی یەکەم سووکتر دەبێت لە هینی ئەوانەی دووەم!

——————————

پەراوێز

(1) ئێمە لە بواری کاری کولتووریدا دەتوانین تەریبێکی سەرنجڕاکێش بۆ خۆگەرایی پیاوی کورد لە کایەی سیاسەتدا ئاشکرا بکەین: هەر یەکەی دەزگاکانی پەخش و وەرگێڕان پەیڕەویی شێوەیەکی ڕێنوس دەکات و دەیەوێت ئەوەی خۆی “بسەپێنێت”، بەبێ ئەوەی بەرپرسانیان لە ئاگایی بەرژەوەندیی گشتییەوە پێکەوە دابنیشن و هەوڵی ڕێککەوتن لەسەر ڕێنووسێک بدەن کە بێگومان گەرچی چارەسەرێکی سەرجەمی نییە، وەلێ لەبەر ئەوەی بڕیاری چەند گرووپێکە، ئەوا هیچ نەبێت جۆرێکی خاڵبەندی و ڕێنوس لە نووسیندا دەکەن بە باو. لێرە “من خۆم” لە پێشینەی چالاکبوونی کولتووریدایە، هاوشێوەی پیاوەکانی نێو سیاسەت کە خۆیان و دەسەڵاتیان لە نێوەندی کردارەکانیاندا دادەنێن.
(2) دەبێت “سەرۆک” یان “بەرپرسی یەکەم”ی پارتێک چەند نزم، بازاڕی، بێئۆتۆرێتی، کەواتە ناسەرۆک / ناسەرکردە بێت کە بە جنێوی دایک یاخود ژن “ئاوا و ئاوا”، یان بە وەشاندنی گۆچان، ڕەفتار لەتەک بەرپرسانی دیکەی پارتەکەیدا بنوێنێت؟
(3) ڕۆژێک گەنجێکی دەرچووی بەشی کوردی کە لە سلێمانی کاری شۆفێریی دەکرد، هەڵیگرتم و پاشان وەک نەفەر لەگەڵیدا کەوتمە گفتوگۆ. کوڕە بۆی باس کردم: “مامۆستایەکمان، دکتۆر …، ڕۆژێک پێی گۆتین: ئیدی پێویست ناکات کەس لەبارەی بێکەس (ناوی هەڵبەسڤانەکەمان بەئەنقەست گۆڕیوە) توێژینەوە بنووسێت، چونکە من هەموو کارەکانم بە توێژینەوەی دکتۆراکەم تەواو کردووە، کەواتە هیچ نەماوە لەبارەی بێکەس بگۆترێت”.
(4) لەم پەیوەندییەدا گەلێک جێی سەرنجە کە کاتێک مارکس ڕێزێکی زۆری بۆ بۆرژوایانی خاوەن فابریکە دادەنا (ئاخر بەرخەرانی ئەو سیستەمی سەرمایەگەرییە بوون کە مارکس پێکەوە لەتەک ئێنگلسی هەڤاڵ و هاوڕێیدا لە مانیفێستەکەیاندا بە هەلهەلە پێیدا هەڵدەدەن، ئەویش چونکە هێزی هەرگیز نەبینراوی مرۆڤییانەی “بەرداوە” / “ئازادکردووە”)، ئەوا بە پێچەوانەوە بەڕێوەبەرانی (بە زمانی ئەمڕۆ: مێنێجەرانی) فابریکەکانی وەک مەترسی دەبینی، چونکە لە لایەک لە خزمەتی خاوەن فابریکەکاندا بوون و لە لایەکی دیکەوە خۆیان بەسەر پرۆلیتاریاوە دەبینییەوە.
(5) نەوشیروان مستەفا لە نزیکەوە عوسەی ئامەی دەناسی، کە بە هیچ شێوەیەک تاکە نموونەیەک نییە، تەنانەت زۆر لە سەرانی “کۆمەڵە” سەر بە خوێندەوارانی خولەچەخماخەیی بوون. ئەمڕۆش لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری “یەکێتی” و “پارتی”دا گەلێک عەسابەی خولەچەخماخەیی وەک ئەندام هەن.




کتێبی پرسیارەکان.. نووسینی: پابلۆ نیرۆدا.. وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد

نووسینی: پابلۆ نیرۆدا
نیگارکێش: پالۆما ڤالدیڤیا
وەرگێرانی بۆ سویدی لە ئیسپانییەوە: هاننا نۆدرێن هوێک
وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد
چاپخانەی: تاستێن 2023

پێشەکییەکی کورت:

نیرۆدا ناوێکی ناو ئەدەبیات و شیعرە و بۆ خوێنەری کورد نەناسراو نییە. ئەو یەکێکە لە وەرگرانی خەڵاتی نۆبێل و لە ساڵی ١٩٧٣ دا کۆچی دوایی کردووە. سێ مانگ بەر لە مردنی ، “کتێبی پرسیارەکان” بڵاودەکاتەوە. بەرهەمێک کە لە ٧٤ شیعر و ٣٢٠ پرسیار پێک هاتووە.
لە سێپتێمبەری ئەمساڵدا، ئەم بەرهەمە وەردەگێردرێتە سەر زمانی سویدی. بەڵام نەک وەرگێرانی کۆی هەموو پرسیارەکانی ناو کتێبەکە، بەلکو وەرگێرە سویدییەکە 70 دانە لە پرسیارەکان هەڵدەبژێرێ. لەم وەرگێرانەی منیشدا، دوو دانە لە پرسیارەکان لابراون. ئەویش لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە هەرچیمکرد، نەمدەتوانی بەو شێوەیە وەریبگێرم کە شایەنی تێکستە کورتە سویدییەکەی بێت.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئەم شیعرانەی کە لە شێوەی پرسیاردان، بۆ منداڵانێکی شەش تا نۆ ساڵە نووسراون. بەڵام بەوەی فەنتازیایەکی قوڵ و فەلسەفی جەوهەری پرسیارەکانی ئەم کتێبە پێکدەهێنێت، پرسیار و شیعرەکانی ئەم کتێبە دەکاتە یەکێک لە جوانترین بەرهەمەکانی ئەو.
نیرۆدا لەم پرسیارانەدا، لە رێگای شیعرەوە، دەچێتە ناو ئەو مەملەکەتە پڕلە فەنتازیایەی کە لە منداڵدا شەپۆلدەدات و پرسیارە وجودی و فەلسەفییەکانی ئینسان دەخاتە بەردەست. بۆ کەسێک کە دەربڕینی “پرسیار بۆ مندالان لە زمانی شیعرەوە” دەبیستێت، پێویست ناکات بڕیارێکی بەپەلە بدات بۆ ئەوەی بەهانەیەک بدۆزێتەوە تا ئەم کتێبە نەخوێنێتەوە.
ئینسان ئەگەر لەو تەمەنەیشدا نەبێت کە شیعرەکانی ئاڕاستەکراوە، دەکرێ دەست بە داوێنێ منداڵی ناو ناخی خۆیەوە بگرێ و لە چاوی ئەوەوە گەشتێک بە ناو ئەم پرسیارانەدا بکات. ئەوەی کە نیرۆدا لەم نووسینەدا کردوویەتی، هەر هەمان شتە.
هاوکات من تووشی ڕاچلەکاندنێکی گەورە بووم لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا. بێ هیچ دوو دڵییەک دەتوانم بڵێم ئەم پرسیارانەی ناو کتێبی پرسیارەکان، یەکێک لە کارە ناوازەکانی ئەوە.
لەم پرسیارانەدا، نیرۆدا زمان دەداتە کیسەڵ و گوڵ و ئەستێرە و لە هیچ جێگایەکیشدا بەشوێن وەلامەوە نییە. رەنگە ونبوونی وەڵام بەهێزترین پەیامی ئەم کۆمەلە پرسیار و شیعرانە بێت بە تایبەت لە زەمەنێکدا کە پرسیارەکان کەمن و وەلامە حازربەدەستەکانیش زۆرتر.
پێشکەشکردنی ئەم وەرگێرانە بە بێ نیگارە سەرنجڕاکێشەکانی “پالۆما ڤالدیڤیا”، بە بڕوای من، وەک پێشکەشکردنی کارێکی ناتەواو وایە. کەموکوڕییەک کەمن ناتوانم پڕی بکەمەوە. تابلۆکەی سەرەوە، یەکێک لە وێنەکانی ناو کتێبەکەیە.
ئەگەر نیرۆدا سەرکەوتووانە ئەم پرسیارە سادە و پڕمانایانە بە جدێڵێ، ئەوا نیگارە ڕەنگاورەنگەکانی “پالۆما”یە کە لە ڕیگەی رەنگ و وێنەوە ئەو کەشە فەنتازیئامێزە دەسازێنێ کە پرسیارەکان پیویستییانە. بەڵام وێنەکان تایبەتن بە کاری هونەری نیگارکێشێک و لە رێگای نێتەوە دەکرێ ئینسان دەستی بە هەندێکییان بگات. بەلام بۆ چاپکردنەوەی لە بەرگێکی کوریدا، خەرجێکی ئابووری دەوێ، کەمن لە توانای هەڵسووراندنیدا نیم.

پرسیارەکان:

بۆ کەندەلان، هێندە چرچ و لۆچی هەیە
ئەوەندەش کون؟

ئایا زەوی وەک زیکزیکە، بۆ موزیکی ئاسمان دەچڕێ؟

کێ لە شادیدا ترەکا وەختێک رەنگی شین پەیدا بوو؟

چی گڕکانی قەڵسکردووە
تا ئاور و تووڕەیی خۆی وا باتە دەر؟

ئەو فرمێسکانەی هێشتاکە نەرێژراون
لە دەریاچە گچکەکاندا، لە چاوەڕوانی ڕژاندان؟
یاخود دەبنە ئەو ڕووبارە نادیارانەی
دەرژینە ناو، جۆگەکانی خەفەتەوە؟

بە زاری بێ سەرچاوەوە، لەگەڵ کامە ئەستێراندا
ڕووبارەکان دێنە پەیڤین؟
گەر ڕووبار هێندە شیرینە
دەریا ئەو هەموو خوێیەی خۆی لە کوێ دێنێ؟

وەختێک دەریا دەبینمەوە، دەریاش هەمان هەستی هەیە
یان وا ناکات؟
بۆ شەپۆلان هەمان پرسیار دەکەنەوە
وەختیک من لێیان دەپرسم؟

ناوەڕاستی دەریا کوێیە
بۆ شەپۆلان بۆ وێ ناکشێن؟

چۆن دووچەرخەیەکی جێهێڵراو
ئازادی وەردەگرێتەوە؟
چۆن بتوانم بۆ کیسەڵێ بگێڕمەوە
لەرۆیشتندا بە هێواشی ، لەو باشترم؟

بە کام ڕاستی و لەسەر کامە ناڕاستییە
باران فرمێسکی شادی خۆی دەبارێنێ؟
برنج لەبەرانبەر کێدایە
بەو گشت دانە سپیەیەوە پێدەکەنێ؟
بۆ کێڵگەکان دەدەنە قاقای پێکەنین
وەختیک ئاسمان بێرەنگ دەگری؟

قیتارێکی وەستاوی ژێر لێزمەی باران
دیمەنێکی خەفەتاوی وەکو ئەمەت، لە کوێدا بۆ پەیدادەکرێ؟
بۆ دەبێ کرمی ئاوریشم
ژیانی خۆی ، لە بەرگی پارچەقوماشدا بەسەربەرێ؟

هەڵۆ چنگی لەچی گیرکات
وەختێک لەسەر هەور ڕادەکشی تا کەمێک بحەوێتەوە؟
چۆنە هەور هێندە دەگری
هاوکاتیش ئەو، لەگەرمەی شادی خۆیدایە و پۆزلێدەدا؟
ئەرێ بەڕاست، دووکەڵ لەگەڵ هەورا دەدوێ؟

بۆ درەختان ڕووتدەبنەوە کاتێک چاوەڕوانی بەفرن؟
دەکرێ گەڵا لە زستاندا
بە نهێنی لەگەڵ رەگدا، ژیانێکی دیکە بژی؟
مانگی چواردە، بالیفە پڕ لە ئاردەکەی
لە چ شوێنێکدا دادەنێ؟

ئەی ڕەگەکەن چۆن بزانن
دەبێ ئێستا سەردەربێنن، تا سەر لە رووناکی بدەن
تا بە گوڵ و هەموو رەنگەکانیانەوە
سلاوێک لە هەوا بکەن؟

بۆچی درەخت
شۆخ و شەنگی رەگەکانی حەشاردەدا؟

شوێنێک هەیە بۆ چەند دڕکەکێوییەکی تر؟
پرسیارێک بوو لە گوڵەباخی کێوییان کرد؟
پەرەی گوڵ چی پێیە بیڵێ
وەختێک بەهارچرۆدەکا؟

لە قوڵایی پایزەوە
گوێت لە زرمەی رەنگی زەردە چۆن زرمەی دێ؟
گەر گشت زەردیی کۆتای بێت
ئەی نان لەچی دروست بکەین؟

چی بە زاری ئەلماسە سوورەکاندا هات
وەختێک شیلەی هەناریان دی؟
تۆ دەزانیت چی زۆر سەختە
چنینەوە و هەڵگرتنی میوەکانە؟

ئایا پەپوولە دەبێتە ماسی باڵدار
وەختێ دەمرێ و رۆحی لەشەقەی باڵدەدا؟

بۆ کەس بە هەلیکۆپتەرەکان ناڵێ
چۆن بتوانن هەنگوینی دڵی خۆر بمژن؟
ئەگەر مێش بیتوانیبایە هەنگوینی خۆی بەرهەمبێنێ
دەکرا هەنگەکان توورە بن؟

پرتەقالەکانی سەردار، چیدەکەن لەگەڵ یەکتردا
تا خۆریان وەک یەک بەرکەوێ؟
كێ خۆر بێداردەکاتەوە
وەختێک لەسەر تەختی خەوە گڕدارەکەی ڕاکشاوە؟
نەتزانیوە، وەختێ داری سێو گوڵدەکا
بۆ ئەوەیە وەک سێو بمرێ؟

چی بەو کولیلکەیە دەڵێن
وەختێ بەرێی کۆچی باڵنداندا دەفرێ؟
ئەوە کام باڵندەیانە
دەبێتە سەرکردەی کۆچیان؟

پەرەسێلکەکان درەنگ دێن بۆ قوتابخانە
تۆ بڵێی وا بێ، بەرلەوەی بێن
نامە ڕوونە شووشەییەکان لە ئاسماندا دابەش بکەن؟

چیت لەو پشتە قەموورەتدا حەشارداوە؟
وشترێک وای بە کیسەڵ وت.
ئەی تۆ لەگەڵ پرتەقالدا چی باسدەکەی ؟
کیسەڵ وای وت.

پێت وانییە وشترەکان
لە کۆپارەی سەرپشتیاندا، تیشکی مانگییان هەڵگرتبێ؟

ڕووی نەداوە هەندێک جاران
کە وشەیەک وەکو مار پێچ لە خۆی دەدات؟

ژمارەی چوار، هەمان چوارە بۆ هەموومان؟
ئەی حەوتەکانیش هەرواهین؟
کە زیندانی، خەو بە ڕووناکییەوە دەبینێ
ئایا هەمان رووناکییە لە تۆ دەدا؟

بۆ پێنجشەممە نایەوێ دوای هەینێ بێت؟
تەمەنی نۆڤێمبەر چەندە؟
مانگی نێوان دیسیمبەرو جانیوەری ، ناوی چییە؟

بۆ کڵاوی شەو
بەو هەموو کوونەی ناویەوە، بەم ناوەدا دەخولێتەوە؟
بۆ بە مەرەکەبی نەبینراو دەنووسین
کاتێ وەختی تاریکی دێ؟

ئەو سەعاتەی لە خەونەکانتا لێدەدا
دەکرێ لە کوێ پەیدا بکرێ؟
ئەو خەونانەی نایەنە دی، چییان لێ دێ؟
دەچنە خەونی ئەوانەوەی کە کەسانی دی دەیبینن؟

لە چ جێیەک ، کۆلکەزێرینە دوایی دێ؟
لە رۆحتدا یاخود لەو دیوی ئاسۆوە؟

دەتوانم لە پەرتووکەکەی خۆم بپرسم
کە بە راستی خۆم نووسیومە؟




دەستگرتن بە مێژووی ئەوانیتر!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

سەرنجێک لە بارەی وتارێکی عەبدوڵا عەباس

بەرلەوەی باسی ڕوانگە، وەک بزووتنەوەیەکی شیعری نوێ ودەرکەوتەیەکی نوێ لە مێژووی ئەدەبی کوردی و شیعری کوردی لە قۆناغی هەفتاکان بکەین، سەرەتا دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەو زەمینە کولتووریی و سیاسیەی کە ڕوانگەی تیادا دروست بوو، چونکە هەموو بزووتنەوە و مانفێستێکی ئەدەبی، دەرەنجامی کۆمەڵە فاکتێکی خودی و بابەتین و دەرچوونە لەو واقیعە باوەی بوونی هەبووە. ئاشکرایە، ڕوانگە لە ژێر کاریگەریەتی بزووتنەوەی شیعری عەرەبی و ئەو گۆڤارانەی ئەو کات دەردەچوون و لە پەیوەندی بەو کەشە ئازادەی لە دوای ڕێککەوتننامەی ئازاراوە هاتە ئاراوە دروست بوو. چەند شاعیر و چیڕۆکنووسێک لە سەرەتای هەفتاکاندا، بە مەبستی گڕو تیندانێکی نوێ بە ئەدەب و شیعری کوردی و هەنگاونان بەرە و نوێخوازی، بەیاننامەی ڕوانگەیان ڕاگەیاند و دواتر گۆڤارێکیشیان بەو ناوەوە دەرکرد. بێگومان ڕوانگە، کە کەسانێک بە هێڵکەیەکی پیسی هەڵنەهاتوو ناوی دەبەن، ڕەنگە نەیتوانیبێت گۆڕانێکی ڕیشەیی لە بونیادی شیعری کوردی لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و زمان و جیهانبینییەوە بێنێتە ئاراوە، بەو مانایەی هاوشێوەبوونێک لە شیعرەکانی گرووپی ڕوانگە و قۆناغی پێشووتر و دواتری ڕوانگەش، لە ڕووی زمان و جیهانبینییەوە هەیە، بەڵام خواستی ڕوانگەیەکان، گەورەتر بوو لەوەی هەر تەنها لە نوێخوازی شیعری کورت بکرێتەوە، بەڵکو ئەوا بڕوایان بە جۆرە یاخیبوونێکی دیکە و گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ئایینی گەورە هەبوو، کە کاریان لەسەر دوورکەوتنەوە لە ئەقڵیەتی باو، بڕوا هاێنان بە مافەکانی ژن و ڕیفۆڕمکردنی کۆمەڵگە و ئازادییە کەسییەکان و نەمانی ئەو ڕەهەندە ڕۆمانسی و ڕیالیزمییە دەکردەوە، کە وەک مۆدێک لە شیعری ئەو کات بوونی هەبوو، بە ئاراستەی یاخیبوون و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووتر. بۆیەشە لە دوای ڕاگەیاندنی ڕوانگە، مەلاو سیمبولە ئایینییەکان کەوتنە دژایەتی ئەو گرووپە و وەک شاعیری نەمر شێرکۆبێکەس لە نووسینەکانیدا باسی دەکات، ئەگەر فرەنسۆ هەریری فریایان نەکەوتبایە، ئەوا دوور نەبوو بە مەرگی خۆیان تەواو بێت. ئەمە مانای وایە، لێکدانەوەیەکی دیکە لە دەرەوەی شیعر و ئەدەبیات بۆ ڕوانگە و دامەزرێنەرانی کراوە. وەک شێرکۆ بێکەش لە پێشەکی کتێبی هەر سێ ژمارەی ڕوانگە کە دەزگای سەردەم چاپی کردووە دەڵێت:( ڕوانگە تەنها لە ژێر کاریگەریەتی نوێکردنەوەی شیعری عەرەبی و گۆڤارەکانی ئەوسا سەریهەڵنەدا، بەڵکو کۆمەڵێک گۆڕانکاری دیکەی وەک شۆڕشی قوتابییان لە فەرەنسا و شۆڕشەکانی ئەمەریکای لاتین و ئەو کرانەوە و پێشکەوتنەی لە کۆتایی شەستەکان لە سەر ئاستی دنیا هاتە ئاراوە، ڕۆڵیانە هەبوو لەوەی ڕوانگە دروست بێت) ئەمانە هەموویان بە سەریەکەوە، زەمینەیان بۆ ڕاگەیاندنی ڕوانگە و بزووتنەوەیەکی ئەدەبی لەو شێوەیە ڕەخساند. لەو ڕوانگەیەوە گەر سەرنج لە بەیاننامەی ڕوانگەش بدەین و ئایکۆنەکانی شیبکەینەوە، دەزانین کە ڕوانگە هەر تەنها بزووتنەوەیەکی شیعری چەند نووسەرێک نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی وکولتووریش بوو، کە ئامانجی ڕیفۆڕمکردنی ئەدەبیات و ئەقڵی باوی کۆمەڵگە و دەرچوون لەو فۆڕمە شیعرییە بووە، کە لەوسەردەمدا وەک ڕوخسارێکی شیعری دیاری قۆناغەکە، لە ئەزموونی شیعری شاعیراندا ڕەنگی دابووەوە .لەو بەیاننامەیەدا هاتووە:(قوتابخانەی ئێمە، قوتابخانەی نەتەوە و ژیانە، قوتابخانەی ڕانەوەستانە لە بزووتن و پێشکەوتن، قوتابخانەی هەڵچوون و یاخیبوونە لە ڕووی هەر کۆت و زنجیرێکدا، کە بیەوێت بەرلە تەقینی کانی ئاواتی لە بن نەهاتووی ئەدەبیمان بگرێت نە گرتنی وێنەی فۆتۆگرافی و نە فرمێسک ڕشتنی ڕۆمانتیکییەکانە ) ئەگەرچی بزووتنەوەی ڕوانگە نەیتوانی ئەو دروشمانە، تەرجەمەی واقیع بکات و تا ڕادەیەکی زۆر و ڕیشەیی، گۆڕانکاری لە ئەدەبیاتی کوردی و شیعری کوردی بە تایبەتی بێنێتە ئاراوە، بەڵام ئەو خەون و خۆزگانە خۆی لە خۆیدا دەلالەتە لەوەی کە دامەزرێنەرانی ڕوانگە مەبەستیان بوو شێوازێکی دیکە و فۆڕمێکی دیکە لە ئەزموونی شیعری کوردی بێننە ئاراوە، کە لەدەرەوەی ئەو وێنە ڕۆمانتیکی و ڕیالیزمیە بێت، کە لە فۆڕمی شیعری ئەو کاتدا بوونی هەبوو، بەڵام بە هۆکاری تێکچوونی بارودۆخی کوردستان و هاوکات ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپە و بانگەوازەکەیان لەلایەن گەلێک لە نەیارانی ڕوانگە، سەرەنجام کۆتای هات و بووە بەشێک لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردی و قۆناغێکی زێڕین و درەوشاوە لە مێژووی شیعری کوردیدا. (ئەوان دەیانویست شاعیری کورد لەو قاوغە کلاسیکیە بێتە دەرێ کە دوور پەرێز لە سووچێکەوە دابنیشێت و حەزوو ئارەزووی خۆی بهۆنێتەوە، بەڵکو لە پاڵ شیعر نووسین، وەزیفەی کارگێڕی و شۆڕشگێڕیی و جەنگاوەریشە*) بەمەش گرووپی ڕوانگە، شیعر لە دەرەوەی ئەو فۆڕمە شیعرییە دەبینێت، کە هەرتەنها ڕەهەندێکی ڕۆمانسی و فۆتۆگرافی سادەی هەبێت، بەڵکو شاعیر دەبێ یاخیبوو، ڕۆشنگەر و جەنگاوەرێک بێت، لە دژی نەریت و ئەقڵیەتی دواکەوتوو، هەموو ئەو کۆت و بەندانە تێکبشکێنێت، کە دژ بە ئازادییەکانی مرۆڤن. بێگومان لە ڕووی مێژوویی و دیکۆمێنتارییەوە، ئەوە ساغبۆتەوە کە دامەزرێنەرانی ڕوانگە هەریەک لە( جەلالی میرزا کەریم، شێرکۆ بێکەس، کاکە مەم بۆتانی، حوسێن عارف و جەمال شارباژێر) ین. هەموو مێژووی نووسراو و سەرزارەکی ئێمە، ئەوانە بە پێشڕەوانی ڕوانگە دا ئەنێت و لە بەیاننامەی ڕوانگەشدا ناویان هاتووە ***. بۆیە ئەمە بۆتە مێژووێکی نەگۆڕ و دیار لە مێژووی قۆناغەکانی شیعری کوردیدا. کە چی دوای پەنجا ساڵ لەو مێژووە، تازە (عەبدوڵا عەباس) لە وتارێکیدا کە لە گۆڤاری (وانەر) بڵاوکراوەتەوە، دێت و دەیەوێت گومان لەو مێژووە بکات و مێژووێک لە سەر پشتی ئەو نووسەرە دیارانە بۆ خۆی دروست بکات. وەک ئەوەی بیەوێت مێژووێکی نوێ بنووسێتەوە. وتارەکەی ناوبراو، وێرای ئەوەی هیچ بەڵگە و ئەرگۆمێنتێکی بڕواهێنەری تێدا نییە، هاوکات گومانکردنیشە لە دامەزرێنەرانی ڕوانگە و خۆ بە پاڵەوان نیشاندانی گرووپەکەیە. هەتا ئێستا، بەلایەنی کەمەوە لەو هەموو کتێب و وتارە بێ شومارانەی من لە بارەی ڕوانگە خوێندوومنەتەوە، لە هیچ شوێنێک باسی ئەو بەڕێزە وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕوانگە ناکرێت. عەبدوڵا عەباس، کە نەوەی دوای ڕاپەڕین نایناسن و خۆشی هەتا ئەم ساڵانەی دوایی لە بەغدا ! هەر لە ڕۆنامەی هاوکاری بووە، ئاگاداری مێژووی ئەدەبیاتی کوردی دوای ڕاپەڕین نییە، کە چۆن نووسراوەتەوە و کێن و کامانەن دامەزرێنەرانی ڕوانگە، کە ناویان وەک شاعیر و چیڕۆکنووس دێت و بزووتنەوەی ڕوانگەیان ڕاگەیاندووە. مێژووی ڕوانگە و دامەزرێنەرانی، دیار و ساغکراوەیە کە کێن، ئیدی خۆ بە پاڵەوانکردن و دەستگرتن بە مێژووی ئەوانیتر لە پێناو دروستکردنی مێژووێک بۆ خۆت، ناتوانێت بڕوا پێهێنەر و لۆژیکی بێت، بە تایبەتیش ئەگەر ئەو هەوڵدانە لە ڕووی مێژووییەوە بێ بەڵگە و ئەرگۆمێنت بێت و پشت ڕاستکراوە نەبیت. نازانم دوای پەنجا ساڵ، بۆچی ئەم بەڕێزە تازە دێت دەیەوێت ئەو مێژووە بشێوێنیت؟ کە هیچ کام لە نەمران ( شێرکۆ بێکەس، جەلالی میرزا کەریم، کاکە مەم بۆتانی) لە ژیاندا نەماون، کە دڵنیام ئەگەر ئەوان بمابان، قسەیەکی تر و هەڵوێستێکی تریان دەبوو. بە داخەوە لەم ساڵانەی دواییدا، هەوڵدان بۆ خۆ بە پاڵەوانکردن و سڕینەوەی مێژووی ئەوانیتر چ لە ڕووی سیاسی، چ لە ڕووی ئەدەبی بێت، بۆتە نەریتێکی خراپ لە نێو ئێمەدا، بەو مانەیەی باسی کەسێک دەکرێت کە خۆی لە ژیان نەماوە، تا دەرفەتی وەڵام و بەرگری لە خۆی هەبێت. بەمەش ئێمە لە بەردەم گوتنێک داین، کە مافی خۆمانە گومانی لێ بکەین و بە ناڕاستی بزانین. نووسەر لەو وتارەیدا، هیچ ئەرگۆمێنتێکی نووسراو ناخاتە ڕوو، کە پشتڕاستی ئەوە بکاتەوە کە ئەویش ڕۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی ڕوانگە. تەنێ پشت بە گێڕانەوەی زارەکی و یادەوەری دەبەستێت، ئەمانەش کۆمەکی مێژووی نووسراو ناکەن و نەک هەر پشتیان پێ نابەسترێت، بەڵکو زۆر لە خەڵکی بە هەڵبەستراویشی دەزانن. عەبدوڵا عەباس لە نووسینەکەیدا، باس لەوە دەکات کە جەلال، نەهاتۆتە ژێرباڵی پێشنیارێکی ئەو، کە وتوویەتی بەیاننامەیەک ڕابگەیەنن، کەواتا پرسیار ئەوەیە، بۆچی پێشنیارەکەی ئەوی ڕەت کردۆتەوە، بەڵام ئامادەبووە لەگەڵً شێرکۆ و کاکە مەم بۆتانی واژۆی بەیاننامەکە بکات و ڕایبگەیەنێت؟ ئەمە مانای وایە هەر لە بنەڕەتەوە شتێک نەبووە بە ناوی نوێکردنەوە و بەیاننامەی شیعری و ڕوانگە، تا ئەو کاتەی ئەو گرووپە ڕوانگە ڕا دەگەیێنن و خۆیان وەک دامەزرێنەرانی ڕوانگە دەناسێنن. لە کۆتاییدا دەڵێم دوای ئەو هەموو ساڵە لە ڕوانگە و مردنی بەشێکی زۆری دامەزرێنەرانی، ئەو مێژووە بە گێڕانەوەیەکی زارەکی نە نوێ دەکرێتەوە نە دەسرێتەوەش، مێژوو ئەوەیە کە ڕوویداوە نەک ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت، کەسانێک هەن مێژوو دروستی کردوون، کەسانێکی دیکەش دەیانەوێت مێژووێک بۆ خۆیان دروست بکەن، نووسینەکەی عەبدوڵا عەباس لە جۆری دووەمە، چونکە هیچ لۆژیکێک لەوە دانییە دوای پەنجا ساڵ زیاتریش، تازە بێیت لە بارەی مێژووی قۆناغێکی ئەدەبی ئێمەوە بنووسیت و گومان بکەیت، کە بۆتە مێژووێکی نووسراو، ئەرگۆمێنتکراو و چەسپاو لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا. تازە ئەو نووسەرە پێی خۆش بێت یان نا، کەس بە دامەزرێنەری ڕوانگەی نازانێت، بۆیە باشتر وایە دەست بە مێژووی ئەوانیتر نەگرێت! بێگومان حیکایەتی بارەبەر و گوێدرێژەکەش کۆمەکی ناکەن، وەک ئەوەی ئەو لە نووسینەکەیدا بۆ لێدان لە ڕوانگەیەکان هۆنیویەتییەوە کە نازانم چۆن بوێری ئەوەی هەبووە، ئەم باسە بێ مانایە تێکەڵ بە نووسینەکەی بکات.

سەدیق سەعید ڕواندزی

  • پەراوێز: هەرسێ ژمارەی گۆڤاری ڕوانگە، کتێبی چاپکراوی دەزگای سەردەم زنجیرەی 572 سالی 2011.
  • ئەم بابەتە لە ژمارە (137) ی پاشکۆی هزر و هونەری ڕۆژنامەی خەبات، ڕۆژی 24/8/2023 بڵاوکراوەتەوە.

ڕوونکردنەوەیەک:_ ئەم وتارەی ئێمە، وەک وەڵامێک بوو بۆ وتارێکی عەبدوڵا عەباس، کە لە ژمارە هەشتی گۆڤاری سەنگینی (وانەر) بڵاویکردۆتەوە.نووسەر لەو وتارەیدا دوای پەنجا ساڵ تازە دێت دەیەوێت لە ڕێگەی هەڵگێڕانەوەی مێژوو، خۆی بکاتە پاڵەوانی دروستبوونی ڕوانگە. دوای ئەم وەڵامەی ئێمە، نووسەر بەکتێبێکی بچووک بەناوی ( ڕوانگە ناوی زل و دێی وێران) وەڵامی ئەو نووسینەی منی داوەتەوە. بێگومان من کتێبەکەی مامۆستام بینیوە، لە بەر سەرقاڵبوونمان بە کتێبێک لە بارەی پەشێوی شاعیرەوە، دەرفەتی ئەوە نییە وەڵامی ئەو کتێبەی بدەینەوە، بەڵام لە ئاییندەدا، وەڵامی کتێبەکەی بە کتێبێک دەدەینەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە ئایا ئەو کتێبەی نووسەر، بەڵگەیە بۆ ئەوەی لە دامەزرێنەرانی ڕوانگەیە یا نا؟




شەڕی ئیسڕائیل و حەماس بەرەو ململانێیەکی فرەجەمسەریی.. پارێزەر/ فەرمان محەمەد

شکست لە ئۆکرانیا و شکستێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگە دوا بزماری تابووتی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا بێت. ٧ی ئۆکتۆبەر سیاسەتی ناوچەکە و ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕیی. ئەم گۆڕانکارییە لە سیاسەتدا دەنگدانەوە و کاریگەریی دوور مەودای دەبێت لە سەرانسەری جیهان، کە لە ئەنجامدا ناکۆکییەکان دەچنە ناو قۆناغێکی نوێوە، هەر ئەمەشە کە مەترسییەکانی هەڵکشانی شەڕەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، شەڕێک کە لەوانەیە بەرەو دەرەوەی غەززە بکشێت.
ڕاکێشانی وڵاتانی دیکە، جیهان بەرەو شەڕێکی ناوچەیی و جیهانیی دەبات، کە لێکەوتەکانی بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل بەتایبەتیی و جیهان بەگشتیی کارەساتبارتر دەبێت. بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی ئێران لە شەڕەکەدا یان بە بڕیاری خۆی یان بە هەڵبژاردنی ئیسڕائیل بۆ لێدانی ئێران؛ سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراوە، لە گۆڕینی ململانێی ئێستا بۆ ئاگرکەوتنەوەیەکی سەرتاپاگیر.
ئەو وێنە ناشرینانەی کە لە هێرشە دڕندانەیەکەی سەر غەززە بەرهەم دێن، پێدەچێت بە تووندیی سنووردارکردنی دانوستانی ئاشتیی عەرەبیی-ئیسڕائیل بێت تەنانەت لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعوودییە، کە زۆرترین خواست و بەرژەوەندیی کەسیی لەگەڵ ئیسڕائیلدا هەیە. بەپێچەوانەی فەرمانڕەواکانیان، هاودەنگیی لەگەڵ فەلەستین لەنێو گەلانی عەرەبدا بە زیندوویی ماوەتەوە، تەنیا دوو لەسەتی گەنجانی سعوودیی پشتگیریی لە ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسڕائیڵ دەکەن.
ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لەشەڕی نابەرانبەریی ئێستایی ئیسڕائیل-حەماس، ئەوە ئەگەری داییساندنی ئاگرێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوەڕوانکراوە، ئەوە نەک هەر لەڕووی سەربازیی و دیپلۆماسییەوە ئەمریکا لاواز دەکات، بەڵکوو چین و ڕووسیا وەک زلهێز بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە. هەموو جیهانی موسڵمانان لایەنگری چین و دژە ئەمریکا دەبن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی داشکانی دۆلار و کۆتایی هاتنی پترۆدۆلار، کە ئەمەش بە واتای کۆتایی هاتنی هەژموونی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.

ئاڵۆزتربوونی دۆخی جەنگ
بەلەبەرچاوگرتنی شکستە گەورەکە، بە تایبەت بۆ دەزگەی هەواڵگریی ئیسڕائیل، کە پێشبینی هێرشێکی گەورەی لەم جۆرەیان نەکردبوو، نەک هەر بە تەواویی لە تاریکییدا بوون سەبارەت بە پلانەکان، بەڵکوو دیارە پێیان وا نەبوو هیچ شتێکی ئا لەم شێوەیە لەڕووی سیاسییەوە مومکین بێت، وا دەکات کە ئیسڕائیل دڕندانەتر مامەڵە بکات کە ڕۆژانە گەمارۆ و قەیرانی مرۆیی لە غەززە بەرەو خراپتر و مەرگەساتتر هەنگاو دەنێت، چونکە ئیسڕائیل ڕۆژانە چەندین هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر هاوڵاتیانی غەززە ئەنجام دەدات. هاوکاتیش هێرشی زەمینیی مەترسیی شەڕەکەی زیادتر کردووە و زیاد لە دوو میلیۆن فەلەستینیی لە مەترسییەکی گەورەوەدا دەژن. نیگەرانییەکان لە زیادبووندان، چ لە ناوچەکە و چ لەئاستی نێودەدەوڵەتیی، کە جەنگەکە ئەگەری زۆرە فراوانتر بێت. بۆیە بەرپرسانی ئیدارەی بایدن، پلانی نائاسایی ئامادە دەکەن بۆ جێهێشتنی زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئەمریکیی کە لە ئیسڕائیل و لوبنان دەژن.

ڕاکێشانی ئێران بۆ جەنگەکە
پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئاخۆ ئێران بۆ نێو سیناریۆکە پەلکێش دەکرێت، کە پێگەی زلهێزی ناوچەکەیە؟
تەنیا دوو ڕێگە هەیە، کە ئێران بتوانێت شەڕەکە بەرەو ئیسڕائیل ببات: بەشێوەی وشکانیی و بالیستیی. ئەمە ڕوونە کە ئێران دوژمنێکی سوێندخواردووی ئیسڕائیلە. هاوکات کۆمەڵێک گرووپی چەکداریی ژێر هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا دامەزراندووە و ڕاهێنانی پێکردوون، چەکداری کردوون و بەردەوامیش لە پشتیوانیکردنیاندایە. گەورەترین و ناسراوترینیان حزبوڵڵای لوبنانە، جگە لەمە لەڕێگەی پرۆکسییەوە لە عێراق، سووریا و یەمەنیشدا ئامادەیی هەیە. بۆیە ئێستا ئێران لە جەنگی بەوەکالەتدایە و هەر جۆرە ئەگەرێکیش بۆ پەلکێشکردنی ڕاستەوخۆی، ئەوە ئێستا ئەگەرێکە، تەنەنەت دەتوانین بڵێین ئەستەمە.

مەترسییەکانی فراوانبوونی ئەم شەڕە بۆ دووبەرە لەگەڵ لوبنان و سووریا
نیگەرانییەکان لە زیادبووندایە، کە شەڕی ئێستای نێوان ئیسڕائیل و حەماس دەتوانێت فراوانتر بێت بە کردنەوەی بەرەی دووەم لەسەر سنووری باکووری ئیسڕائیل لەگەڵ لوبنان، چونکە لوبنان وەک مەترسیدارترین بەرەی دووەمە دەناسێندرێت. بەڵام لەشکرکێشییەکی زەمینی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە، دەتوانێت ئەم هەوڵانە بکاتە شتێکی جێی مشتومڕ. حزبوڵڵا ڕەنگە شکستی کۆی ئەگەری حەماس بە هێڵی سوور بزانێت و ناچاری بکات ڕێوشوێنی زۆرتر بگرێتەبەر.
ئەمە مانای ئەوەیە کە گرووپەکانی وەک حزبوڵڵا، دەتوانن زیانێکی گەورە بە سوپای ئیسڕائیل بگەیەنن، بە ئەنجامدانی شەڕێکی ناهاوسەنگ و تاڕادەیەک بە چەکی تەکنەلۆژیای نزم و هەرزانتر، وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، نارنجۆکی هاژەکیی و هاژەکی دژە تانک.
ئیسڕائیل لەمێژە هۆشداریی دەدات لەوەی وەڵامدانەوەی بۆ شەڕێک، کە حزبوڵڵای لوبنانی تێدابێت، بەرفراوان و مەرگەساتتر دەبێت. لە ئەگەری حیساباتی هەڵەوە، کە لە دەرەنجامی بەردەوامبوونی هێرشی ئیسڕائیل سەرهەڵدەدات، دەبێتە ململانێیەکی تەواو مەزن. ڕاکێشانی حزبوڵڵا بۆ شەڕەکە و لە ئەگەری پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسڕائیل، حزبوڵڵا دەتوانێت بەپێی ڕێڕەوی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس، حسابی خۆی بگۆڕێت و شەڕەکە فراوانتر بکات و بەرەی دووەم لەگەڵ ئیسڕائیل بکاتەوە. لێرەدا زۆر شت بەندن بە بارودۆخ و کاردانەوەی شەقامی عەرەب و مسووڵمانەکانەوە.

بەرەی شەڕ لەگەڵ سووریا
ئێستا سووریا ناوچەیەکی چالاکانەی شەڕی ئیسڕائیل و ئێرانە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابوردوودا سووریا چالاکترین گۆڕەپان بووە لە شەڕی سێبەر و بەردەوامی نێوان ئیسڕائیل و ئێراندا. لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە حکوومەتی ئیسڕائیل هەڵبژاردەی گۆڕینی ڕێساکانی بەشداریکردنی لە سووریا هەڵبژارد و هێرشەکانی بۆ سەر بریکارەکانی ئێران و بەمەش ئامانجە سەربازییە سەرەکییەکانی سەر سووریای خێراتر و زیادتر کرد. سووریا بە ناوچەیەکی چالاکی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسڕائیل و ئێران دادەندرێت؛ بۆیە ئاسۆی کردنەوەی بەرەیەکی نوێ لەم شەڕەدا پێشبینیکراوە، بەو پێیەی ئێستا چالاکیی جووڵەی بەرچاو لەنێوان ئیسڕائیل و ئێران لە سووریا لەئارادایە.
هێزەکانی ناوچەکە، هێرشێکی زۆریان کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و چەندین هاژەک (مووشەک) و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە یەمەن لەلایەن حوسییەکانەوە تەقێندراون و بەرپرسانی ئەمریکاش بە ئاشکرا نیگەرانن لەوەی کە یەمەن بەرەو نێو ململانێکە دەخزێت.

هێشتا تەمی ڕووداوە پەرەسەندووەکان بە تەواوی بەرز نەبوونەتەوە. بەڵام ئەوە ڕوونە، کە لە ٧ی تشرینی یەکەمدا، جیهان بە ‌هێرشێکی شکستخواردوو بۆ سەر ئیسڕائل ڕاچڵەکی، کە گەورەتر لە پیرڵ هاربەر (بەندری مرواریی) یان ١١ی سێپتەمبەر، نەک تەنێ لە دەرەنجامە ستراتیژییەکانیدا، بەڵکوو لە دەرەنجامە دەروونییەکانیشدا بوو.
پێشتر بینیمان حەماس دەتوانێت چی بکات، بەڵام حزبوڵڵا سەت هێندە شارەزاتر و ئامێری باشتری هەیە. لە ماوەی دەیەی ڕابوردوودا حزبوڵڵا لە سووریا شەڕی لەگەڵ ئەو گرووپانەوە کە لەلایەن ناتۆوە، کە پڕ چەک دەکرێن و پارەیان بۆ دابین دەکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێچەوانەی حەماس، حزبوڵڵا خاوەنی چەندین چەکی ئاڵۆز و چالاکییە، وەک مۆبایل کروز و هاژەکی ڕێنماییکراو، کە مەودابڕ و دوورمەودان.
لە کۆتاییدا، ئەگەر سووریا و ئێران بڕیاری پڕچەککردنی حزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن بدەن، ئیسڕائیل ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەبێتەوە: یەکەمیان شکست قەبووڵ بکات و ئاشتیی هەڵببژێرێت، دووەمینیان دەستپێکردنی شەڕێکی سەرتاسەریی هەرێمیی، بە پشتیوانیی ئەمریکا و ناتۆ و بۆردوومانی لوبنان، سووریا، عێراق، یەمەن و ئێران لەخۆبگرێت. هەرچەندە لە بژاردەی دووەمدا تەنیا هەنگاوێک لە جەنگی سێیەمی جیهانیی دوور دەبێت.
ماوەتەوە بڵێین، کە بارودۆخی شەڕی ئیسڕائیل و حەماس لە ڕۆژ و هەفتەکانی داهاتوودا، خێرایی، هەڵسوکەوت و ڕێڕەوی خۆیی دیاریی دەکات کە ئایا ململانێیەکە تەنیا لە ئیسڕائیل و غەززەدا دەمێنێتەوە، یان دەتەقێتەوە و دەبێتە ململانێیەکی بەرفراوانتر.

پارێزەر/ فەرمان محەمەد
ئیتاڵیا/ زانکۆی بۆڵۆنیا




چەند تێزێک سەبارەت بە شەڕی غەززە.. حەمید تەقوایی.. و: کاوە عومەر

١-شەڕی غەززە لە ڕوانگەی ئینسانیەوە تاوانێکی تەواو عەیارە. تەنانەت بە پێی ڕێککەوتننامەی جنێڤ، هەردوو لایەنی شەڕەکە چەندین تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە. بزووتنەوەی حەماس لە هێرشی سەرەتاییدا ١٤٠٠هاووڵاتی ئیسرائیلی کوشت و حکومەتی ئیسرائیلیش زیاتر لە ٢٣٠٠ منداڵی لە کەرتی غەززە کوشتووە. لەم ڕوانگەیەوە ئەم شەڕە کارەساتێکە دەبێت بە زووترین کات ڕابگیرێت. بەڵام کوشتنی ئینسانەکان تەواوی کارەساتەکە ڕوون ناکاتەوە. لە سەردەمی ئێمەدا (لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمەوە تا ئەمڕۆ) لە هەموو شەڕێکدا هێرش کراوەتە سەر خەڵکی ئاسایی و مەدەنی و شار و ماڵ و ژیانی خەڵک . شەڕی ئێستاش لە زۆرێک لە شەڕەکانیتر ڕاستی ئەم دڕندایەتیەی نیشان داوە. بەڵام قووڵایی ئەم دڕندەییە کاتێک دەردەکەوێ کە هەڵوێست و سیاسەتی هەردوو لایەنی شەڕ لەبەرچاو بگرین.
٢-شەڕی غەززە لەڕووی سیاسەت و ناوەرۆک و ئامانجەکانی شەڕیشەوە بەتەواوی کۆنەپەرستانەیە. هەردوولاى شەڕەکە، حەماس و ئیسلامی سیاسی لە لایەک و حکومەتەکەی نەتانیاهۆ و ڕەوتە ڕاستڕەو توندڕەوەکەیەوە لە ئیسرائیل لە لایەکی دیکەوە، دژی تاکە چارەسەری ئینساندۆستانەن بۆ پرسی فەلەستین، کە پێکهێنانی دوو حکومەتی خاوەن مافی یەکسانە . حەماس دەیەوێت ئیسرائیل لەناوببات، حکومەتەکەی نەتانیاهۆش دەیەوێت پاش شەڕی 6 ڕۆژە، خاکی ئیسرائیل و هەژموونی سیاسی بۆ تەنانەت ناوچە داگیرکراوەکانیش فراوان بکاتەوە. شەڕی ئێستا درێژەپێدەری ئەو جۆرە سیاسەتە کۆنەپەرستانە و نامرۆڤانەیە کە ئامانجیان دواخستنی چارەسەری ئینسانیانەی پرسی فەڵەستینە. ئەگەر لەم شەڕەدا تەنانەت هاوڵاتییەکی مەدەنیش نەکوژرابێت، ئەوە هەر شەڕێکی تەواو کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانی بوو.

شەڕێکی تەواو کۆنەپەرستانە و دژە مرۆیی بوو.
٣دوای بەدەسەڵاتگەیشتنی کۆماری ئیسلامی و پێکهێنانی حزبوڵڵا و حەماس، پرسی فەلەستین بوو بە ئاڵایەک بۆ هاوسۆزی فەلەستین و دژە ئیسرائیلیەتیی هێزە ئیسلامییەکان لە گۆشەنگایەکی ئایینی و ئەوپەڕی کۆنەپەرستانە. لە لایەکی ترەوە لە ئیسرائیل هێزە فاشیست-ئاینیەکان دەسەڵاتیان بەدەستهێنا، کە چوارچێوەی ئایینی پرسی فەلەستینیان بە تەواوی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و فراوانکردنی نیشتەجێکردنی جوولەکەکان و فراوانبوونی دەسەڵاتی ڕەهای ئیسرائیلیان بەسەر هەموو خاکە داگیرکراوەکاندا دەبینی. هێزەکانی ئیسلامی سیاسی و هێزە ڕاستڕەو توندڕەوەکانی ئیسرائیل کە ناتانیاهۆ نوێنەرایەتیان دەکات لەم بارودۆخەی ئێستادا، لە ڕاستیدا دوو دیوی یەک دراون، هێز بە یەکتر دەدەن و هێز لە تاوانەکانی یەکتر وەردەگرن. لەم چوارچێوە ئایینی-فاشیستەدا، پرسی فەلەستین هیچ چارەسەرێکی نییە. بۆ هەر جۆرە چارەسەرێکی ئینسانی و دادپەروەرانە بۆ کێشەکە، بە پلانی دوو دەوڵەتیشەوە، پێویستە ئەم هێزانە لە نێو فەلەستینییەکان و لە خودی ئیسرائیلدا پەراوێز بخرێن و بە تەواوی دوربخرێنەوە..
٤-بۆ کۆماری ئیسلامی و حزبوڵڵا و هێزەکانی تری ئیسلامی سیاسی، دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیل تەنیا لایەنێکی ئایدیۆلۆژی- ناسنامە و ڕیتۆریکی-بانگەشەیی هەیە نەک کردەیی-سەربازی. ئەوان خۆیان دەزانن کە فڕێدانی ئیسرائیل بۆ ناو دەریا، هەروەک “گۆڕینی کۆشکی سپی بۆ حوسێنییە”، یان “دەرکەوتنی ئیمام زەمام”، مەحاڵە، بەڵام بەردەوام ئەمە دووبارە دەکەنەوە، چونکە لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژییەوە پێویستیان پێیەتی. (خامەنەیی لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە کوشتنی خەڵکی غەززە دەبێتە هۆی پەلەکردن لە دەرکەوتنی ئیمام زەمان و بەم شێوەیەش فڕێدانە دەرای ئیسرائیلیان خستە ئەستۆی ئیمام زەمان!)
٥-ئەگەری بەر فراوانبوونەوەی شەڕ و تێوەگلانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕدا نیە، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕووبدات، دەبێ سیاسەتی حیزبی ئێمە و هەموو هێزێکی شۆڕشگێڕ بۆ چڕکردنەوەی خەبات بێت بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. “هەموو چەکەکان ڕووبکەنە حکومەتی ناوخۆ” دروشمی ئێمەیە لە کاتی هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی.
٦-لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕدا، دڕندەیەتی حکومەتی ئیسرائیل زیاتر و زیاتر دەبێتە جێگای سەرنجی خەڵکی جیهان و خۆپیشاندانەکانی دژ بە شەڕ دژ بە کوشتنی خەڵکی غەززە و داواکردنی دەستبەجێ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە لە ئاستی جیهانیدا پەرە دەسەنێت. ئەم خۆپیشاندانە دژی کوشتنی خەڵکی غەززە و لەگەڵ داواکاریی کۆتاییهێنانی دەستبەجێی شەڕەکەدا، نەک بۆ بەرگریکردن لە حەماس. وەک خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی خەڵکی جیهان دژی هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر عێراق، ناڕەزایەتییەک بوو بەرامبەر بە لەشکرکێشی دڕندانەیبۆ سەر خەڵکی عێراق و نەک پشتیوانی لە سەدام حوسێن.
٧- پێش جەنگ، حکومەتەکەی نەتانیاهۆ لەلایەن خەڵکی ئیسرائیلەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایی بەرفراوان بووەوە. دوای هێرشی دڕندانەی حەماس، ئەم ناڕەزایەتیانە کەم بووەوە، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕەکەدا، ناڕەزایی و توڕەیی خەڵکی ئیسرائیل دوبارە سەرهەڵدەداتەوە. تا ئێستا شەڕەکانی ئیسرائیل لەدژی هێزە جۆربەجۆرەکانی فەلەستین و تەنانەت حکومەتە عەرەبییەکان بەخێرایی کۆتایی هات و بووە هۆی سەرکەوتنی ئیسرائیل. بەڵام شەڕی ئێستا شەڕێکی دوورودرێژە و لێکەوتەی سیاسی بێ وێنەی لە خودی ئیسرائیلدا هەیە. کۆمەڵگای ئیسرائیل بەرگەی شەڕێکی درێژخایەن ناگرێت و بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی قوربانییەکانی سوپای ئیسرائیل، خەڵکی ئیسرائیل لەدژی شەڕەکە و حکومەتەکەی نەتانیاهۆ دێتە دەرەوە.
٨- خەڵکی ئێران لە دروشم و جموجۆڵە ناڕەزایەتییەکانیاندا دژی حکومەتی ئیسرائیل ناجوڵێن، چونکە نایانەوێت لەگەڵ سیاسەتی دژە ئیسرائیلی حکومەت هاوتەریب بن. کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات ئەم شەڕە لە خزمەتی پڕوپاگەندەی بەردەوامی دژە ئیسرائیل و خستنە ژێر تێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستای خۆیدا بقۆزێتەوە، بەڵام خەڵک بە تەواوی ئەو هەوڵانەی لەسەر شەقام و لە سۆشیال میدیا ڕەتکردۆتەوە. شۆڕشێکی گەورە لە ئێراندا دەگوزەرێت و هێزی خەڵک و شۆڕشگێڕان لەسەر ڕووخاندنی حکومەت چڕ بووەتەوە و بەم شێوەیەش هەر جۆرە هەوڵێک لەلایەن حکومەتەوە بۆ لادان و بەلاڕێدابردنی سەرنجەکان وکەشوهەوای سیاسی لە ئێران و جیهاندا، و هەر جۆرە بەرد دانان و شێواندن و سووکایەتیکردنی حکومەت لە دژی ئەو شۆڕش پوچەڵ دەکاتەوە.
٩- لەدژی ئەم شەڕە، خەڵکی شارستانی جیهان لە ناوچەکە، لە ڕۆژئاوا، لە ئیسرائیل و ئێران و هەموو وڵاتان، بە دروشمی کۆتایی هاتنی دەستبەجێی شەڕ، ئازادکردنی بارمتەکان، دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی جەنگ لە هەردوو لایەن، و لە بەرنامەدا دانانی چارەسەری دوو دوو دەوڵەت بێنە مەیدان. خەڵکی ئێران لە پێشەنگی بزووتنەوەی جیهانی دژ بە شەڕی غەززەدا، هەم لە ڕووی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی میحوەری بزووتنەوەی تیرۆریزمی ئیسلامییە لە ناوچەکە و جیهاندا پێیەکی ئەم شەڕەیە، چ بە هۆی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیەوە لە ڕیزی پێشەوەدا وەستاون. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەری ماری ئیسلامی سیاسی کردۆتە ئامانج و بە لاوازکردن و دواجار ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، گورزێک لە سەرچاوەی بزووتنەوەی ئیسلامی لەڕادەبەدەر کۆنەپەرست لە ناوچەکە و لە هەموو جیهاندا دەدات. خەڵکی ئێران و هێزە ئازادیخوازەکانی ئۆپۆزسیۆن، پێویستە لەکەناری وروژاندنی ئەو داواکاریانەی سەرەوەدا.داوای بایکۆت وگۆشەگیرکردنی جیهانی کۆماری ئیسلامی وەک بکوژی خەڵکی ئێران و وەک پارێزەری حەماس و حزبواللە وهێزە تیرۆریستیەکانی تری ناوچەکە و جیهان بن.

١٧ ئابان ١٤٠٢، ٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣




شـوانی بۆشـایی.. عه‌بدولجه‌واد ئه‌لعوفیر.. و : نه‌ژاد عزیز سورمێ

ڕانه‌گه‌لی بۆشایی
بۆ مێرگی به‌ پیتی ڕۆحم
به‌ پێش خۆم داوه‌ ..
منم بۆشایی به‌ره‌و مه‌رگ ده‌به‌م .
گوڵ بۆن ناكه‌م
گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ نه‌بێ جوانی پێ ببه‌خشم ..

براده‌ر!
هه‌وری ڕه‌شن
له‌ دڵ دا ده‌بارن .
ئێمه‌ش به‌ چه‌تره‌ بچكۆله‌كانمانه‌وه‌
ڕا ده‌كه‌ین ..
جیهان به‌ شیعری خه‌مباره‌وه‌
ته‌نگ بووه‌
ئه‌و ژنه‌ی
به‌سه‌ر باڵی بیرۆكه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌فڕێ
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێ ونی بكه‌ین
خۆشمان ناوێ .
دڵمان
به‌ته‌نیا
جێی مردووانی تێدا ده‌بێته‌وه‌ ..

(*) شاعیرێكی نوێخوازی مه‌غریبییه‌ .
بۆ ئه‌سڵی شیعره‌كه‌ بڕوانه‌ : ڕۆژنامه‌ی (الزمان)
ژماره‌ 2854 له‌ 24-11-2007 لاپه‌ڕ 10 .




خەڵکی ئێران پاشەکشە لە رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ناکات!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

خەڵکی ئێران پاشەکشە لە رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ناکات!
ئاوڕدانەوەیەک بۆ سەر دیمەنی سیاسی ئێران لە رابردوو و ئێستا و داهاتوودا!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

خەڵکی ئێران تەنیا یەک رێگایان لەبەردەمدایە. بەرەوپێشەوەچوون لە راپەڕین بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری. وەستان لەسەر ئەم رێگایە دەبێتە هۆی لەسەر کار مانەوەی ئەم دەسەڵاتە و هەر پاشەکشەکردنێکیش دەبێتە هۆی هاتنەپێشەوەی بە چەندهەنگاوێک! ئەمەیش وەک ئەو فۆرمولەی لە قوتابخانە سەرەتاییەکان فێری بووین. واتا “خشتەی کۆ یان لێدان (جەمع یان زەرب) ” کە بە لامانەوە گومان هەڵناگرێت.
هەر لەسەر ئەم وانەیەشە خەڵکی ئێران هەنگاو بەرەو ئایندە هەڵدەگرن و لەسەرد، گەشبین و دڵخۆش و بە ئومێدن و نەک هە پاشگەز نین لە رووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی و بڕینی ئەو رێگا دوور و درێژەی رابردوو، بەڵکو شانازی بە دەستکەوت و قوربانییەکانیانەوە دەکەن. ئەوان بڕیاریان داوە توڕەیی خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی زیاد بکەن و ئێستایش بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن تا بۆ هەمیشە دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە وڵاتەکەیاندا لە گۆڕ بنێن!
ئەم دەستکەوتە گرینگە، رێکە لەگەڵ نەخشە رێگای موقاومەتی ئێران بۆ خەبات و تێکۆشان. موقاومەتی ئێران ستراتیژیی خۆی لەسەر رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری داڕشتووە کە شانەکانی شۆڕشی لە ناوخۆێ ئێرانن و بە دڵنیاییەوە بەرە هەنگاونانی گەورەتر دەچیت!
هەربۆیە لەژێر رۆشنایی دەستکەوت و ئەزموونەکانی رابردوو، خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران، داواکردن لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ناڕەوایە. چون بە واتای وەستان یان پاشەکشە دێت لە هەنگاوەکانی رابردوو. لەم روانگەیەوە هەندێ دروشم و داخوازی، ئەگەر لە سەرەتای راپەڕینەکەدا تەمومژاوی بوون، یان تەنانەت نەدەکرا خۆتی لێ بە دوور بگریت، ئێستا لەگەڵ سەرخستنی راپەڕیندا ناگونجێت و کاڵ و ناکارامەن. کەواتە دەرئەنجامی ئەمجۆرە دروشم و داواکارییانە، درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵات و دواخستنی رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە.
شەڕهەڵایسان و شەڕئەنگێزی!
شارەزایان و کارناسانی مێژووی ئێران باش دەزانن کە هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی مەزهەبیی لە ئێران، بە هەڵگیرسانی شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکان و بە تایبەتی لە وڵاتانی دراوسێ یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکرد. بە درێژایی مێژوو، ئەم دەسەڵاتە، مانەوەی خۆی بەستۆتەوە بە ئاژاوەنانەوە و شەڕهەڵایسان لە دەرەوەی سنوورەکاندا! هەر بۆیە دەبینین کارنامەی ٤٤ ساڵەی ئەم رژێمە مەزهەبییە لێوانلێوە لە نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا. وەک نموونە لە عێراق، سوریا، لوبنان، فەلەستین، یەمەن و…
کۆتاییەکانی حیسابێکی هەڵەی گرنگ و مێژوویی!
ئەگەر لە سەرەتای دەرکەوتنی دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران، خومەینی وەک وەلی فەقیهی ئەم رژێمە، بە رێگەخۆشکردن بۆ هێرشکردنە سەر عێراق، داڕێژەر و دامەزرێنەری “نەخشەی رێگای مانەوە” بووە و توانیبووی بە کەڵک وەەرگرتن لە هەستی ئایینی و نەتەوەیی، شەڕەکە هەڵگیرسێنێت و هەندێک کەسیش لەسەر مانگ بەدوای رووخساریدا دەگەڕان، بەڵام ئێستا، ئەم نەخشەی رێگایە، گەیشتووەتە کۆتایی و، رووخسارێکی وا تەنانەت لە بنی بیریشدا وێنا ناکرێت!
لەم ماوەیەدا، خەڵکی ئێران، بە خەبات و بەرخۆدان و خوێن و ئازارەکانیان، سروشت و ئامانج و پلانەکانی رژێمی ئێرانیان ئاشکرا کرد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشیان لە مەترسی مانەوەی ئەم رژێمە بە ئاگا کردەوە. خەڵک و موقاومەتی ئێران لە بەرامبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهیدا “نەخشەی رێگای راپەڕین بۆ رووخاندن”ی وێنا کردووە کە راپەڕینی ئەمدواییەیان، دوایین ئەڵقەی بووە و بەرەو ئەوە دەچن ئێران بۆ هەمیشە لە دیکتاتۆرییەت رزگار بکەن و ئەم خاکە ئازاد و ئاوەدان بکەنەوە.
چارەنووسی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
بەم حیسابکردنە هەڵە گەورەیەی وەلی فەقیهی، دەتوانین بڵێین کە (سازان لەگەڵ دیکتاتۆری لە ئێران)یش گەیشتووەتە کۆتایی خۆی. چونکە گۆڕینی رژێم و رووخانی دەسەڵاتی مەزهەبی وەک “داواکاری سەرەکیی خەڵکی ئێران” لە بیروڕای گشتی جیهاندا تۆمار کراوە و سازشتکارانی رۆژئاوایی ناچارن کۆتایی ئەم ستراتیژییە کوشندە و مەترسیدارە قبووڵ بکەن.
بەڕێز مەسعوود رەجەوی، رێبەری شۆڕشی خەڵکی ئێران لە یەکەمی رۆژی مانگی گەڵاڕێزانی ئەمساڵ لە پەیامێکدا رایگەیاند: “سازان بەسە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە چەخماخەکە لێبدرێت. لە بارودۆخێکدا خامنەیی بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی راپەڕینی خەڵکی ئێران و بە پێی نەریتی ئاسایی رێژیم، قەیرانی هەناردەی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران کردووە و بە ئاشکرا لە ناوچەکەدا ملهوڕی دەکات، ئەمریکا و ئورووپا بە پێ گوڕکێکردن و سزای کاڵ و قسەی زارەکی رێگە بە رژێم دەدەن پێشڕەوی بکات. (سازان) و (بێ کردەیی)، بە دوای سزادانی مووشەکی و چەک و چۆڵی فاشیزمی ئایینی و رازیبوون بە تەنیا دەرکردنی بەیاننامە بەسە! ئێستا کاتی لێدانی چەخماخەکە و گەڕانەوە بۆ ٦ بڕیارنامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشە. پێویستە یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا دەستبەجێ سوپای پاسدارانی خامنەیی بخەنە لیستی رەشەوە. دانی (کات) و (دەرفەت) بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شەڕهەلایسێنەری تیرۆریستیی لەسەر حیسابی داراییەکانەی خەڵک و موقاومەتی ئێران، تێچوویەکی زۆر بۆ ناوچەکە و ئاشتی لە جیهان هەڵدەگرێت”
بەڕێز رەجەوی هەروەها وتی: بە داگیرکردنی عێراق بە بیانووی هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ و چەکداماڵینی ئەڕتەشی ئازادیبەخشی نیشتمانیی ئێران، هاوسەنگیی ناوچەکەتان لە بەرژەوەندی فاشیزمی ئایینی و ئاخوندانی ئەتۆمی تێکداوە و لانیکەم دوو دەیەتان خستە سەر ژیانی رژێمی ویلایەتی فەقیهی. بەڵام رۆڵە بەجەرگەکانی ئێران بە چنگ و نینۆک و ددان، جومگە بە جومگەی رژێمی فریوکار و دژەمرۆی خومەینی و خامنەیی لە ناو دەبەن”.
راستییەکە چییە؟
حیساباتی هەڵەی سازشتکارانی رۆژئاوایی، لە بێدەنگبوون و بێ کردارییاندا و، لە ئەنجامدا، چاوپۆشیکردنیان لە ئاسەوار و ئاکامە زیانبەخشەکانی مانەوەی ئەم دیکتاتۆرییەتە، تەواوکەری حیساباتی هەڵەی وەلی فەقیهی دەسەڵاتداری ئێرانە کە ئێستا نەک هەر ناوچەکە، بەڵکو بووەتە هەڕەشە بو سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زیاتر لە جاران، ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستۆتە مەترسییەوە.
ئەم رژێمە بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ و، بەو پارە با هێناوانەی کە لەسەر دەستی سازشکارانی رۆژئاواییەوە گیرفانی پڕ کردووە، ، نەک هەر سەرکوت و کوشتاری لە ناوخۆی ئێراندا بە دامەزراوەیی و فراوانتر کردووە، بەڵکو لە قۆناغی کۆتایی مانەوەیدا، دەیەوێت (نەخشە رێگای مانەوە)ی خۆی بە شەڕهەڵایسان و شەڕئەنگێزی و هەناردەکردنی قەیرانەکان بۆ دەرەوەی سنوورەکان پەرە پێ بدات و بە رێگەی تاقمە هاوتەریبەکانیەوە جێبەجێێ بکات.
موقاومەتی ئێران هەر لە یەکەم رۆژەوە رایگەیاند کە ئەم رێژیمە هەرگیز لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و دەستوەردان لە وڵاتان و هەناردەکردنی کۆنەپەرستی و تیرۆریزم دەست هەڵناگرێت. چونکە وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار لە ئێران زۆر باش دەزانێت کە گەر ئەم هەنگاوە هەڵنەگرێت، راپەڕینی گەل لە ناوخۆی ئێران دەچێتە قۆناغی کۆتاییەوە و خەڵک ئەوەی دەیەوێت بەدەستی دەهێنێت. لە کارنامەی ئەم رژیمەدا تۆمار کراوە کە لە سەرەتاوە، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، شەڕ و شەڕخوازی لە لایەن دیکتاتۆری ئایینیەوە، هەمیشە رووکەشێک بووە بۆ سەرکوتکردنی ئازادی و سنووردارکردنی راپەڕینە جەماوەرییەکان لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران.
دوا وشە!
دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە نییە و گرینگترین داواکاری خەڵک و موقاومەتی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەمیشە ئەوە بووە کە واز لە پشتیوانیکردنی ئەم دەسەڵاتە بهێنرێت و هاوکاریی ئەم رژێمە دیکتاتۆرە نەکرێت. بۆ ئەوەی خەڵک و موقاومەتی ئێران حیساباتی خۆیان لەگەڵ ئەم رژێمە ناشەرعیە یەکلایی بکەنەوە. چونکە رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە تەنها لە سەر دەستی گەل و موقاومەتی ئێرانەوە مەیسەر دەبێت و بەس!
ڕووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی، دوای رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی، خواست و داواکارییەکی رەوا و بێ مشتومڕی خەڵک و موقاومەتی ئێرانە و هەرگیز دەستهەڵگری ئەم داواکارییە نابن!





فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان” به ناوه‌رۆکی هونه‌ری ـ گه‌شتیاری‌ لە شاری مەهاباد به‌ڕێوه‌ده‌چێت

مەنسوور جیهانی

یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سه‌رئاوه‌ڵای “ئاسمان” به تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی هونه‌ری و گه‌شتیاری‌ لە لایەن ئەنستیتۆی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بە بەرپرسیاری “ئیبڕاهیم سەعیدی” سینەماکاری ناودار و بەرئەزموونی کورد، لە شاری مەهاباد به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئەنستیتۆی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بە هاوکاری و پشتیوانی شاره‌وانی و کۆمیسیۆنی که‌لتووری شۆڕای شاری مەهاباد، ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و هه‌روه‌ها ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی مەهاباد؛ یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی کورته‌فیلم، سیناریۆ و فۆتۆگڕافی سه‌رئاوه‌ڵای “ئاسمان” له‌ سه‌ر ته‌وه‌ره‌‌کانی هونه‌ری و گه‌شتیاری‌ لە شاری مەهاباد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌بات.

ئه‌م فێستیڤاڵه، له‌ سه‌ر بنه‌مای بردنه‌سه‌رێی ئاستی هونه‌ری سینه‌ما و ڕۆشنبیری و که‌لتووری ناوچه‌که، ڕاکێشانی هۆگرانی گه‌شتیاریی لە شاری مەهاباد و ناوچه‌که؛ له سه‌ره‌تای مانگی سێپته‌مبه‌ری هه‌موو ساڵێک بۆ ماوه‌ی ٤ ڕۆژ له گۆڕه‌پانی سه‌ره‌کی شاری جوان و گه‌شتیاری‌ مەهاباد به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

له فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان”، به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌کی و لاوه‌کییه‌کان؛ هه‌موو شه‌وێک له شوێنی سه‌رئاوه‌ڵای گۆڕه‌پان و ناوچه‌ی سه‌ره‌کی شاری ‌واته “گۆڕه‌پانی مه‌نگوڕان” له ٢ سانسی پیشان ده‌درێن و به درێژایی ڕۆژیش، کۆر و کۆبوونه‌وه‌ی پسپۆڕانه و ڤۆرکشۆپی فێرکاریی به ئاماده‌بوونی مامۆستایان و کارناسانی به‌رچاو و شاره‌زای سینه‌ما و فۆتۆگڕافی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

میوانانی ئاماده‌بوو له فێستیڤاڵ و ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی که له کاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه‌‌ سه‌ردانی شاری مەهاباد و ناوچه‌ی موکریان ده‌که‌ن؛ به شێوه‌ی هاوکاتیش، له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندی و توانا فه‌رهه‌نگی و هونه‌رییه‌کانی ئه‌م ناوچه ڕه‌سه‌ن و جوانه ئاشنا ده‌بن. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه، به‌رنامه لاوه‌کییه‌کان بۆ ناساندنی که‌لتوور و ڕۆشنبیری مه‌هاباد و ناوچه‌که داڕێژڕاوه و پلانی بۆ داندراوه و به درێژایی ڕۆژ، له ناوچه جۆراوجۆره‌کانی شاری ماهاباد پێشکه‌ش ده‌کرێن.

دامه‌زراندنی ئه‌م فێستیڤاڵه، دوای ٤ ساڵ کاری کارناسی له لایه‌ن پسپۆڕانی ئەنستیتۆی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” ئاماده کراوه؛ که به هاوکاری و پشتیوانی ئه‌ندازیار “بابه‌ک ڕۆسته‌م پوور”
شاره‌وانی شاری مەهاباد و هه‌روه‌ها دکتۆر “ئاڕش شه‌هابی” سه‌رۆکی شۆڕای ئه‌م شاره، به دروشمی بردنه‌سه‌رێی ئاستی که‌لتووری شارۆمه‌ندی و له پێناو خوڵقاندنی که‌شووهه‌وای گونجاوی په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵکی و گه‌شتیاران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

لۆگۆی یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سه‌رئاوه‌ڵای “ئاسمان”، له لایه‌ن “مه‌نسوور محه‌مه‌دی” گڕافیست و فۆتۆگڕافه‌ری ناوداری مه‌هابادی دیزاینی بۆ کراوه؛ هێمای فێستیڤاڵ، له نیشانه‌ی مێژوویی “فه‌قره‌قا” Fakhrigah و تێکه‌ڵاوێک له فیلم و وه‌رچه‌رخانی ڕه‌وان له به‌ستێنی شینایی ئاسمان، دیسانه‌وه پێناسه‌یه‌کی ساکار و مۆدێڕنه له شوناسی که‌لتووری و مێژوویی مه‌هاباده که تیایدا هونه‌ر پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. مێژووی شوێنه‌واری به‌ردینه‌ی “فه‌قره‌قا” بۆ سه‌رده‌می ماده‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه که له ته‌نیشت گوندی “ئیندرقاش” له نزیک شاری مه‌هاباد هه‌ڵکه‌وتووه.

ئەنستیتۆی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان”، ساڵی ڕابردوو؛ یەکەمین خولی فێستیڤاڵی سیناریۆنووسی “لاو” لە پێناو ناساندن و بردنەسەرێی ئاستی سیناریۆنووسی ناوچەکە، به سه‌رکه‌وتوویی و له ئاستێکی گونجاودا بەڕێوەبرد که هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌کانی ئه‌م ڕووداوه گرینگه سینه‌ماییه له ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی سه‌رتاسه‌ری ئێران و هه‌روه‌ها هه‌رێمی کوردستان، پێشوازییه‌کی بێوێنه‌ی لێکرا و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌ربڵاویی به‌دواوه بوو.

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان”.




توولەڕێکانی پاییز.. ئیلهام موڕادی

لەگەڵ یادت قامکەکانم لەسەر لاپەڕەی ڕۆژژمێرەکەم بەجێما
وانەکانی دڵداریم لێ ون بوو
ونبوو ڕۆژژمێری تەمەن
قامکەکانی خەیاڵم لەنێو بۆتەی ڕۆحێکدا دەئافرێن و
چاوەکانم وێنەی پڕۆفایلەکەتی لە قاپگرتووە
بۆیە لەهەر چاوترووکانێکدا
دووپات ئەبی لە شاشەی مێشکمدا
خەو خەیاڵێکە لەکەناری هەر خەزانێکا
شارێک ئەخولقێندرێ
حەز نیشتمانێکە لە ئۆغر
ڕوو لە نشێوییە گەڵاڕێژەکانی خەزان
لە غەمگینییە قەدگرتووەکانی تەمەن
توولەڕێیەکان حەز دەبەنەوە سەر دوا نشینگەی هەناسە
لێوم بە هەناسەکانتەوە
سەرگەردانە و
چاوم مۆمی هیوا کز کز ئەسووتێنێ
لە شوێنکی ئەم چیرۆکەدا
شەو بڕیاری لەسەر قەدەغەیە
پیاسە تیسکە
شەقام لەخۆ بایی.

سنە
ئیلهام موڕادی