کتێبەکەی سەڵاحەدین: لێکۆڵینەوەیەکی خەلدونیانە.. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شەفیقی حاجی خدر

کتێبەکەی سەڵاحەدین: لێکۆڵینەوەیەکی خەلدونیانە
نووسینی: ئەحمەد سەعید ئیقبال و محەمەد عاسف
سەرچاوە: http://dx.doi.org/10.31703/glr.2020(V-IV).01
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: شەفیقی حاجی خدر

ئەبستراکت:
کتیبەکەی سەڵاحەدین، گێرانەوەیەکی میتافیکشنانە(ئەودیو خەیاڵکردەی)ی تاریق عەلییە لەبارەی گرتنەوەی قودس لەلایەن سەڵاحەدینی ئەیوبی و هەروەها سەرهەڵدانی ماڵباتی ئەیوبییەکان. تاریق عەلی لەو بڕوایە دایە، کە دەستبەربوونی پاڵپشتی خێڵەکی(العصبیة/دەمارگیری) و نمایشکردنی باشترین توخمگەلی شارستانێتی موسڵمان (العمران/ئاوەدانی)، وای لە سەڵاحەدین کرد بنەماڵەی ئەیوبی بگەیەنێتە ئەوپەڕی مەزنایەتی خۆی. کەتنی کریسیتیانەکان و هەڵسانەوەی موسڵمانەکان لە سووڕێکی دەورانی خۆیدا ڕوویدا، تیۆری سووڕی دەورانی ئیبن خەلدونە بە سەرهەڵدان و ڕوخانی شارستانێتی لە کتێبی موقەدیمەی خۆیدا ڕێک لەگەڵ چوارچێوەی تیۆری ئەم لێکۆڵینەوەدا دێتەوە. ئەم لێکۆڵێنەوەیە ئەو ڕوانینە ئەوروپییە بۆ مێژووی شاڵاوی خاچدارەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و بەدوای ئاراستەی هەنووکەیی کێشە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەڕوا. ئامانجی ئەم نووسینە ئەوەیە، بۆ گەیشتن بە ئاشتی جیهانی لەسەر کریستیان و موسڵمانەکان پێویستە خۆیان لە ڕەگوڕیشەی بەیەکدادانە مێژووییە خوێناوییەکان ڕزگار بکەن، بەتایبەتیش لە یادەورییە بەژان و بەسوێکانی شاڵاوی خاچدارەکان.

پێشەکی:
بەڕەهاییەوە ئاوابوونی خۆری دەوڵەتێک سەرهەڵدانی یەکێکی دیکە دەگەیەنێ، هەروەها تاریق عەلی بەگیانی قۆناغی دوای کۆلۆنیالییەوە ئەم داستانە مێژووییە، کتێبەکەی سەڵاحەدین (١٩٩٨) وەک پەیوەندییەکی دووسەرەی نێوان دوو گەورەشارستانیەتی جیهانی، واتە کریستیان و موسڵمان نووسیوەتەوە. لەمەشدا تەکنیکی مێژونووسانەی پۆستمۆدێرنانەی ئەودیو خەیاڵ(میتافیکشن)ی بەکارهێناوە، لەمەشیاندا تاریق عەلی پارسەنگدانەوەی کەوتنی موسڵمانەکان لە ئیسپانیا لەگەڵ گرتنەوەی ئۆرشەلیم و دەرکردنی کریستیانەکان لە ساڵی ١١٨٧ لەسەر دەستی سەڵاحەدینی ئەیوبی هێناوەتەوە. کەوتنی موسڵمانان لە ئیسپانیا بەشێوەی وەرچەرخانێکی مێژوویی لەگەڵ سەرهەڵدانی ماڵباتی ئەیوبییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هێناوەتەوە. نووسەر ڕوخان و سەرهەڵدانی شارستانییەکانی لە نموونەی سووڕێکدا دانەوە، کە هێمای کەوتنی خەلافەتی فاتیمی و عەباسی و پاشان سەرهەڵدانی موسڵمـانەکان لای عوسمانلی تورکیا. دیسان وتاری ئەوروپییانە لەبارەی کلتوری ئیسلامی وەک ئەوەی شتێکی جێگیر و دژەمۆدێرنە لەڕێگەی جیاکردنەوەی ڕۆشنگەری، ڕۆشنبیری و موسڵمانی پاکوخاوێن لەگەڵ کریستیانی بەربەری و پیس و ئسولی ڕووبەڕووکراوەتەوە.
مەبەستی ئەم لێکۆڵینەوەیە نیشاندانی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامییە، ئەوسا چ لە ڕابردوو بێ یان یان ئێستادا، ئەمەش لەسەر بنەمای ڕوانینی ئیبن خەلدونە بۆ هێز (عەسەبیەت/دەمارگیری/پاڵپشتی) و عیمران (ژیاریی/ئاوەدانی). هەر بۆیە تیۆری سووڕی بازنەیی لە سەرهەڵدان و ڕوخانی شارستانیەت لەسەر گۆشەنیگای تیۆرییانەی موقەدیمە بەناوبانگەکەی ئیبن خەلدون هەڵهێنجراوە. خۆی ئەوە تێبینی کراوە، هەر کاتێک موسڵمانان یەکێتیی کۆمەڵایەتییانە خۆیان یان هاوپشتی(عەسەبیەت/دەمارگیری)یان لەدەستدابێ، هەروەها باوەڕیشیان بە گیانی ژیاریی ئیسلامی (عیمران/ئاوەدانی) لەق بووبێ و بووبنە سێکیولار و لیبرال و بەسەر خۆیاندا دابەش بووبن، ئەوا بە ئاسانی لە لایەن شارستانی دیکەی بەهێزی هاوپشتی (دەمارگیری) و (ئاوەدانی)یەوە، کە بەزۆریش کریستیانەکانن، تێکشکاون و بەسەریاندا زاڵ بوونە. مێژوو بەگوێرەی ئیبن خەلدون بە سووڕێکدا دەڕوا، کە هەموو پاشا و ماڵباتە حوکمڕانەکان وەک ئۆرگانێکی زیندوو لەنێو بازنەکەدا خول دەخۆن. ئەوان بە ڕێگایەکی سروشتی لەدایک دەبن و دەمردن هەروەک ئەوەی چۆن لە ژیانی بوونەوەرێکی زیندوودا ڕوودەدا. هەموو هێزێکی سەردار (سەروەر) لە بەراییەوە لە ژیارییەکی ڕەوەندانە(کۆچەرییانە) سەرهەڵدەدا و بەپێی کات بەهێز دەبێ؛ هەرچەند پاڵپشتی (دەمارگیری) لەنێوان ئەندامەکانی خۆی زیاتر بێ، ئەوا بەگوڕتر دەبێ تا دەگاتە دامەزراندنی ژیارییەکی سەقامگیر و ‌یەکڕیز و پێگەیشتنی خۆی مسۆگەر دەکا. پاشان لە دوا قۆناغی ئاوەدانیی (ژیاریی) خۆیدا لاواز دەبێ و لەباریەک هەڵدەوشێ، ئەمەش لەبەر ناتەبایی خۆیان بەوەی شتی خۆشگوزەرانی (لوکسە و کەمالیات) بەسەریان زاڵدەبێ و لایەنی هاوپشتی دەمارگیرییان لاواز و زەبوون دەبێ، ئینجا لە لایەن هێزێکی دیکە، کە پاڵپشتی دەمارگیریی لەسەرهەڵداندایە، تێکدەشکێندرێن و دەبەزێنرێن و قووتدەدرێن. ئەم سووڕە پێواژۆیەکە پێی دەڵێن سووڕی ئیبن خەلدونی.

کتێبەکەی سەڵاحەدین (١٩٩٨)، نووسینەوەیەکی ڕەخنەگرانەی جدییە و کارێکی نۆستالگییانەی سادە نییە بۆ گێڕانەوەی ژیاننامەی سەرکردە مەزنەکەی موسڵمانان سەڵاحەدینی ئەیوبی. تاریق عەلی “ڕۆژگارێکی یەکلاکەرەوەی دژواری” لە مێژووی پەیوەندی نێوان کریستیان-موسڵمانان (ئەمجارەیان لە ڕۆژهەلاتی ناویندا) لێگرتووە، لەوێدا خوێندنەوەی دژەئەوروپییانەی خۆی لەبەرانبەر خاچداران و ڕوانینی ئەوروپییەکان بۆ سەڵاحەدین لە لایەک و گەمژایەتیی ژیاری موسڵمانایش لەلایەکی دیکەوە بۆ کردووە. کارە ئەودیو خەیاڵکردییەکەی (میتافیکشن)ی نووسەر ڕووبەڕووبوونەوەیە یان مێژوویەکی جێگرەوەی ڕووخانی ئۆرشەلیم و خاچدارانە بە ڕوانینی موسڵمانانە، ئیدی بڕوای بە وشەکانی تیرمان Tyerman (١٩٩٨) هەیە بەوەی بانگەوازی خاچداران لە ١٠٩٥ەوە دەستی پێکردووە و هێشتاش کۆتایی نەهاتووە ( (Tyerman 1998, p. 126). خەونی گەڕاندنەوەی ئۆرشەلیم لە دەستی جوو لەسەردەمی پاش مۆدێرنەی جیهانی موسڵمانان بەستاوەتەوە بە گێڕانەوەی کتێبەکەی سەڵاحەدین (١٩٩٨)، بەڵام بە ڕەوشێکی مۆدێرنە لەم بەشەی جیهاندا، بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، لەو شوێنەی مێژو خۆی دووبارە دەکاتەوە ئەگەر بێت و سەڵاحەدینێکی دیکە بێت و عەرەب لەژێر بەیداخی ئیسلامدا کۆبکاتەوە.

نمایشێکی ئەدەبییانە
یەکەمین بایۆگرافی سەڵاحەدینی ئەیوبی کە لە ڕۆژئاوا بڵاوکرابیتەوە بە وێنەیەکی سوارچاکیی و ڕۆمانتیکیانەی سەڵاحەدین، کتێبی مێژووی سەڵاحەدین بوو، کە لە ١٧٥٨دا لە لایەن مێژونووسی فەرەنسی لویس مارین Louis Marin بڵاوکراوەتەوە. هەمان ئەفسانەی جوامێری لەبارەی سەڵاحەدینەوە لە لایەن مێژونووسێکی دیکەی فرەنسییەوە بەناوی میشیو N J.F. Michaud لە ١٩٦٦ەوە بە ناونیشانی مێژووی خاچداران (١٨١٢-١٨٢٢) بڵاوکرایەوە. هەرچەندە مێژونووسە فەرەنسییەکە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە مێژونووسی کورد بەهائەدین ئیبن شەداد (١١٤٥-١٢٣٤) و هەندێ سەرچاوەی دیکەی بەردەستی ئەوکات بەستبوو تا ئەوکاتەی وێنەیەکی ڕۆمانتیکی سەڵاحەدین لە کتێبەکەی The Talisman (١٨٢٥) لە لایەن مێژونووسی سکۆتلەندی سێر والتەر سکۆت Sir Walter Scott بڵاوکرایەوە، کەتێیدا تیشکی خستۆتە سەر گێڕانەوەی ئینگلیزییانە بۆ ئەفسانەی جوامێریی سەڵاحەدین لە نزیکەی سەدەیەکدا. ئەو وێنە ڕۆمانتیکییە هەر لە زەینی مێژونووسانی سەدەی بیستەمیشدا مابووەوە، هەر بۆ نموونە وەک ستانلی لێین پۆل Stanley Lane-Poole (١٨٩٨)، ڕێنێ گروست Rene Grousset (١٩٣٤) و ها.ئا.ر.گیب H.A.R. Gibb (١٩٧٣). ئەو مێژونووسانە تیشکۆی هزریان خستبووە سەر ئەو هۆکارانەی ئاخۆ بۆچی سەڵاحەدین جەنگاوەرێکی عەرەبی تەواو جیاواز بوو، هەروەها ئەو سەرکەوتنەکانی خۆی لە ڕەگوڕیشە ڕەوەندایەتییە کوردییەکەیدا و هەروەها لە یەکخستنی خەڵکی عەرەب بەوەی هاوپشتییەکی کۆمەڵایەتی تۆکمە لەژێر ئاڵای ئیسلامدا پێکبهێنێ، دۆزیبووەوە. هەرچەندە لە قۆناغی پۆستمێدێرنەدا مێژوونوسان و ئەکادیمستانی وەک مالکۆلم لیۆنس Malcolm Lyons و داڤید جاکسن David Jackson ئەو نموونە ڕۆمانتیکییەکان شکاند و سەڵاحەدینیان وەک سیاسەتوانێکی پراگماتی و ستراتیژوانێکی لێهاتوو لە کتێبەکەی خۆیان بەناوی سەڵاحەدین و سیاسەتی جەنگی پیرۆز (١٩٨٤) نیشان دا. هەندێ وتاری بەدواداچوونی نوێش وەک ئەوەی ئاوێنەی سوارچاکی Mirror of Chivalry : سەڵاحەدین لە خەیاڵدانی ئەوروپییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست (١٩٩٦) بە قەڵەمی جۆن تۆلان John Tolan و ئەفسانەی جوامێریی سەڵاحەدین لە ئەدەبیاتی و مێژوناسی ڕۆژئاوا (٢٠٠) لە نووسینی مارگرێت جەب Margaret Jubbدا خاڵی پۆستمۆدێرنانە بۆ ڕوانینی ئەفسانەی جوامێری سەڵاحەدین دەخەنەڕوو، کە ئێستا لەنێو بازنەی ئەکادیمییانەدا بووەتە ڕوانینی ئەوروپیانە بۆ بابەتەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا لە وتاری سیاسیانەی عەرەب-موسڵمانی گشتیی جەماوەرییدا، سەڵاحەدین بەتەواوی بە ڕێگا و شێوازێکی دیکە یاد دەکرێتەوە، واتە بە لێکدانەوەیەکی نوێ کە لەگەڵ ڕاستییە مێژویەکانیشدا دژیەکانەیە. وێنەی نوێی سەڵاحەدین لە ئەدەب و سینەمادا وەها بەرهەمهێنرایەوە کە پاڵەوانێکی پان عەرەب-ئیسلام-ییە بەوەی لەژێر کاریگەرییەکەی ئەودا ناسیونالیزمی عەرەبی و ئامانجەکەیان کە ڕزگارکردنی فەلەستینە بێتەدی، بەگوێرەی سەیفۆ Sayfo (٢٠١٧)، زۆر لە سەرکردە و سەرانی موسڵمان هەروەک حازف ئەسەد (سوریا) ، سەدام حوسێن (عێراق) و یاسر عەرەفاتی فەڵەستین خۆیان بە وێنەی خەیاڵاوی سەڵاحەدین گرێدەدایەوە. هەندێ لە توێژەرانیش گەنگەشەی شایستەبوونی وێنەی سەڵاحەدین لە هزری سیاسیی مۆدێرنی عەرەبدا دەکەن، هەروەک کارۆل هیلنبراند Carole Hillenbrand، ئانا ماری ئێد Anne-Marie Edde و ئیمانۆئێل سیڤان Emmanuel Sivan. لەگەڵ ئەوەشدا هەر پێداچوونەوەیەک بە سەڵاحەدین لە ئەدەبیاتی مێژوویی پۆستمۆدێرنەدا لە خزمەتی ئامانجێکی دیاریکراوی سیاسی و ساتی هەنووکەییدایە، کەچی مەبەستە سەرەکییەکە لێی هەر ڕەنگدانەوەی باری ئێستایە.

میتافیکشنی مێژوویی پۆستمۆدێرنەش زۆر بەتوندی هۆگر و خۆشەویستی بۆ وێنە پاڵەوانەییەکەی سەڵاحەدینین و شاڵاوی سێیەمی خاچداران و جەنگی حوتەین و کەوتنی ئۆرشەلیم (١١٨٧) لەدەست نەداوە و هەرگیزیش کۆتایی نەهاتووە، هەروەها لیستێکی دوورودرێژی فیکشنیش هەیە بە چیرۆکەکانی سەڵاحەدین و سەرهەڵدانی بنەماڵەی ئەیوبی پەیوەستە. هەرچەندە میتافیکشنی ڕۆمانی مێژویی پۆستمۆدێرنە، گێرانەوە مەزنەکانی لەبارەی سەڵاحەدین و زنجیربەندی خاچداران لەباریەک هەڵدەوەشێنێ و چەندین ڕوانین و گۆشەنیگای لەبارەی ڕۆژگاری دەمارگیریی لە پەیوەندی نێوان کریستیان و موسڵمانان دەهێنێتەگۆڕێ. ڕۆمانی پۆستمۆدێرنی وەک جاک هایت Jack Hight سێیەنەی سەڵاحەدین: هەڵۆ (٢٠١١)، شانشین (٢٠١٢) و جەنگی پیرۆز (٢١٣) دا تەواوی سەچڵییە مێژووییە خوێناوییەکەی وەها وێنادەکا، چۆن سەڵاحەدین تەواوی عەرەبی لەژێر دەسەڵاتی خۆی یەکخستبوو، چۆن شانشینی کریستیانیش شیرازەی لەباریەک ترازابوو، خۆیان لاواز و کلتورەکەشییان وێران بووبوو. سێیەنەکی دیکەی میتافیکشن هی ڕۆماننووسێکی دیکەی بریتانی ڕۆبن یەنگ Robyn Young کە بریتین لە برایەتی (٢٠٠٦)، خاچدارەکان (٢٠٠٧) و قوداس: کەوتنی شاسوارانی پەیکەر (٢٠٠٨) پەردە لەسەر داڕمانی هێزی خاچدارانی کریستیانی و سەرەتای جەنگی نوێیان لەگەڵ ڕکابەرەکانیان هەڵدەداتەوە.

دوو لە ڕۆمانە مێژووییەکانی بریتانی دوابەدوای هێرشیەکانی ١١/٩ گەڕاونەتەوە سەر شاڵاوی سێیەمی خاچداران و کەوتنی ئۆرشەلیم: ڕیچارد وارن Richard Warren بەناوی مەیدانی شمشێرەکانی باوەڕ (٢٠١٠) و کامەران پاشا بەناوی سایەی شمشێرەکان (٢٠١٠). هەردوو نووسەر تێگەیشتنی خۆیان بۆ کێشمەکێشی پەیوەندییەکانی نێوان کریستیان و موسڵمانەکان وردەکارانە لەبەر تیشکی ڕوانینی بەیەکدادانی شارستانییەکانی هنتگتۆن ڕوون کردوەتەوە. هەردوو ڕۆمانەکە ئەو گریمانە باوەیان ڕەتکردۆتەوە بەوەی شاڵاوی خاچداران بە شێوەیەکی سەرەکی ئامانجی دینی لەپشتەوە بووە، ئیدی ئەوان ئەوەیان بینیەوە کە بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسیی و خواستی کۆلۆنیالی هۆکاری فروانخوازێتی شاڵاوی خاچداران بووە. کامەران پاشا (٢٠١٠) لە ڕۆمانی سایەی شمشێرەکاندا، لەوە نیگەرانە و مایەی خەم و پرۆشی ئەوە بووە، کە کوشتنی زۆروزەوەند لەبن ناوی خوداوە کراوە (ل. ١٢٦). هەردووکیان فیلد و پاشا جەخت لەسەر وتەکانی ئەدوارد سەعید لە کتێبەکەی ڕۆژهەڵاتناسی (١٩٧٨) دەکەنەوە، بەوەی پەیوەندی نێوان خۆرئاوا و خۆرهەڵات پەیوەندییەکی زاڵ بووە (ئەدوارد سەعید ١٩٧٨ ل ٥). بەهەمان شێوەش ڕۆمانی جەنگاوەرانی خودا: ڕیچاردی شێردڵ و سەڵاحەدین لە شاڵاوی سێیەمی خاچداراندا (٢٠٠١) بە قەڵەمی ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی جێمس ڕێستن James Restonیش لە پۆستمۆدێرنەکانە، بەوەی جورج بوش لەدوای ١١ی ئەیلول نەیدەزانی چیدەڵێ کاتێ لەو بۆنەیەدا قسە سووکەکەی دەربڕێ. شەڕی خاچداران پەڵەیەکی هەرەڕەش و دڕندانەیە بە جەستەی مێژوویی پەیوەندییەکانی کریستیان و موسڵمانان. زۆر کاری ئەدەبییانەی پۆستمۆدێرن، هەروەک میشێل ئەلێکساندەر ئایزنەر Michael Alexander Eisner بەناوی خاچداران (٢٠٠٣)، ڕۆمانی کچی لمی سارا بیرانت Sarah Bryant (٢٠٠٦)، سەڵاحەدین: پاڵەوانی موسڵمانانی جێفری هیندلی Geoffrey Hindley (٢٠٠٧)، جەنگی پیرۆزی ئانگس دۆنالد Angus Donald (٢٠١٠)، شێردڵی شارۆن پێنمان Sharon Penman (٢٠١١)، جادوبازەکەی پاشای سیسیلیا هۆلاند Cecelia Holland (٢٠١١)، حەجی سێت فریدمان Seth I. Friedman (٢٠١٢)، شێردڵی ستیوارت بینس Stewart Binns (٢٠١٣)، بێوەژنی خاچداری مارگرێت برازیر Margret Brazear (٢٠١٤) و گورگی خودای جێفری لی Jeffrey Lee (٢٠١٧)، هەموو ئەمانە سەروسەودایان لەگەڵ ژیان و کەسایەتی سەڵاحەدین و ئەو بەیەکدادانە توند و دڵڕەقانەی شەڕی خاچدار و موسڵمانان و جیوازییە فەرهەنگییەکەی نێوانیان بووە.
هەر بەهەمان شێوەش ڕۆمانەکەی تاریق عەلی بەناوی کتێبەکەی سەڵاحەدین (١٩٩٨) پێدەچی لە باشترین ڕۆمانی پۆستمۆدێرن میتافیکشنی مێژوویی بێ، هەر بەڕاستیش بووە بابەتی هەندێ لە ئیمتیازی خوێندکاری زانکۆکان. توێژەران و بەدواداچووانی وەک ئەحمەد جەمال (٢٠١١)، ڕۆبین ویکاندەر Robin Wikander (٢٠١٣)، وەسیم حەسەن مەلیک (٢٠١٤)، داڤید واتەرمان David Waterman (٢٠١٦) و کانتیا ئەدەبپور Qanita Abedpour (٢٠١٨) بەدوای تیۆری ئەنترۆپۆلۆجی، فێمێنیزم، و ئیسلامفۆبیا و هتد لەنێو ڕۆمانە خەیاڵکردەکانی تاریق عەلیدا گەڕاون، بەڵام بەهۆی ڕێبازی دیکەی سەرهەڵداوی دیپسپلیندار تاقینەکراونەتەوە. هەر بۆیە، ئەم لێکۆڵینەوەیەی بەردەست هەوڵدەدا ئەو بۆشاییە ڕوانینی ئیبن خەلدونیانە و تیۆرییەکانی سەرهەڵدان و داڕوخانی شارستانییەکانی کریستیانی و ئیسلامی بەگوێرەی گێڕانەوەی ڕۆمانی کتێبەکەی سەڵاحەدینی تاریق عەلی بخاتەڕوو.

چوارچێوەی تیۆری
ئەم لێکۆڵینەوەیە، توێژینەوەیەکی شیکاریی چۆنایەتییە تێیدا تیۆری ئینن خەلدون بۆ سەرهەڵدان و داڕمانی شاستانییەکان بەکارهاتووە، کە لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆی بەناوی ئەلموقەدیمەدا هاتووە بەوەی دوو ڕوانینی سەرەکی تێدا دۆزراونەتەوە ئەوانیش: عەسەبیەت/دەمارگیری (پاڵپشتی کۆمەڵایەتی) و عیمران/ئاوەدانی (ژیاری)یە. لێکۆڵینەوەکە دەرخەری سیاسەتی هۆشیاری مێژوویی ڕۆشنبیریی تاریق عەلی نووسەرە بۆ کتێبەکەی سەڵاحەدین (١٩٩٨)، تێیدا پەردە لەسەر وتاری دژەئەورووپیانە لەبارەی مێژووی پەیوەندییەکانی کریستیانی-ئیسلامی لە سەدەی دوازدەهەمدا لادەدا. بۆ تێگەیشتنی گشتگیر بۆ ئەو میتافیکشنەی ئاڵۆزە پۆستمۆدێرنە، کە لە بنەڕەتەوە لەسەر بنەمای بەرڕەوتی مێژویی و ڕۆشنبیرییدا هاتووە، پێدەچێ بۆ ئەمە شێوازی کاترین بێلێسی Catherine Belseyمان بۆ شیکاری دەروونی بەکەڵک و زۆر گونجاو بێ. بێلێسی لە کتێبی ڕێگای لێکۆڵینەوە بۆ توێژینەوەی ئینگلیزی (٢٠٠٥) ڕاسپاردەی ئەوە دەدا، کە بۆ هەموو ئەو دەقانەی هەوڵدەدەن واتاکەی لە بەرڕەوتی ڕۆشنبیری و مێژوویی بۆ بابەتە تێبگەن، ئەوا شیکاریی دەق باشترین کاری پەیوەستە پێیەوە. هەر بۆیە ئەو نموونەیەی بەردەست شیکارییەکی دەقیی کتێبەکەی سەڵاحەدینە، هی تاریق عەلی نووسەر (١٩٩٨( کە تیۆری ئیبن خەلدونی بەکارهێناوە، واتە مێژونووسە ناودارەکەی سەدەکانی ناوەڕاستی عەرەب لە ڕێی کتێبی ئەلموقەدیمە و کتێبەکەی هیچون Hutcheon لەبارەی شاعیریەت لە پۆستمۆدێرنەدا: مێژوو، تیۆر و فیکشن (١٩٨٨) بۆ میتافیکشنی مێژوویی پۆستمۆدێرن. لێکۆڵینەوەکە ئەوە دەردەخا کە چۆن ئەم میتافیکشنە کە تیدا دەقئاوێزانی و لاساییەکی تەوسئامێزانە و داڕشتنەوەی ڕوانینی مێژوویی بۆ ئاشکراکردنی سیاسییەکانی هەروەک شیعرەکانی کلتوری پۆستمۆدێرنە بەکارهێناوە. بەگوێرەی هیچون بێ، ئەم جۆرە نووسینە مێژوییانە ڕێگە بە نووسەرەکەی دەدا بابەتەکە و ڕاستیە مێژووییەکان ئازادانە پێشکەش بکەن و بەکارهێنانی شتەکەشیان وەک ئامرازێکە بۆ دووبارە نووسینەوەی مێژوو، کە چیدیکە هاوتەریب و بابەتییانە نیین (بڕوانە ‌یچون ١٩٨٨ ل ٣٦). هەروەها تاریق عەلیش لە داستانە مێژووییەکەی کتێبەکەی سەڵاحەدین (١٩٩٨)دا ئازادی تەواوی خۆی بەکارهێناوە، هەموو ئامرازەکانی ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرنەی لە دەقەکەی خۆی بەکارهێناوە تا ڕاڤە و لێکدانەوە بۆ چەندین وردەکاریی واقیعی مێژووی ئیسلامی بکا.
ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە دەرخستنی ئەمانەی خوارەوەیە:
١- ئاخۆ بۆچی شاڵاوی خاچداران لە قۆناغی سێهەمی خۆیدا شکستی هێنا و لە لێکەوتەشدا ئۆرشەلیم لە ١١٨٧دا کەوتە بەردەستی سەڵاحەدین؟
٢- ئاخۆ سەڵاحەدین چۆن توانی وەک بەهێزترین سەرکردەی جیهانی ئیسلامی لە سەدەکانی ناوەڕساتدا خۆی بنیات بنێ و ماڵباتی ئەیوبیش بگەیەنێتە لوتکەی شکۆ؟
٣- ئاخۆ چۆن تیۆرییەکەی ئیبن خەلدون یارمەتی تێگەیشتن لەپەیوەندی نێوان کریستیان-موسڵمان دەدا و ئەو ڕوانگەیەی ئەو بۆ دەمارگیری (پاڵپشتی) و ئاوەدانی (ژیاری) لە فرەنیگایی پۆستمۆدێرنەدا جێگەیان دەکرێتەوە؟

بە گوێرەی ئیبن خەلدون بێ، مێژو بە هێڵێکی نموونەیی ڕاستی ڕاکشاودا ناجووڵێ. بەڵکو خول دەخوا و دەسەڵاتیش لەنێو ڕژێم و ئیمپراتۆریەتەکان لە هەڵچوون و داكشاندان، هەڵبەتە بەگوێرەی کات سووڕ دەدا و دەخولێتەوە. ئیبن خەلدون لەو بڕوایدا بوو سەرجەم ئیمپراتۆریەتەکان هەروەک ژیانێکی ئەندامی (ئۆرگانی) لەدایک دەبن و ڕێگای سروشتیانەی خۆیان هەیە. بەپێی ڕۆژگار سەرهەڵدەدەن و پێدەگەن و هێزدار دەبن، هەروەها هەر بەگوێری ڕۆژگاریش لاواز و زەبون دەبن و لە دوا قۆناغی ئاوەدانیدا (ژیاریدا) هێزەکەیان لەدەست دەدەن و لەسەر دەستی ڕژێمێک یان دەوڵەتێکی دیکە دەبەزێنرێین و دەڕوخێنرێن. دەسەڵات و سەقامگیری هەر دەوڵەتێک یان ئیمپراتۆریەتێک دوو توخمی داخوازە؛ دەمارگیرییەکی هەرەبەهێز (دەستەیەکی پاڵپشتی یان یەکانگیریی کۆمەڵایەتی) و پێناسەیەکی تەوای ئاوەدانییش (گیانی بەکۆمەڵ یان ژیاریی). ئیبن خەلدون وەهای سەیری دەمارگیری دەکرد (یەکانگیری کۆمەڵایەتی یان پاڵپشتی) وەک هۆکارێکی بنگەیی بڕیاردەرە لەسەر سەرهەڵدان و داڕمانی شارستانیەت، هەروەها وەهاشی دانابوو کە (دەمارگیری) توانستێکی سروشتی ئادەمیزادە. بەگوێرەی ئیبن خەلدون؛ هەموو تاکێک لەنێو کۆمەڵگەدا هەستی دەمارگیریی لەخۆدا هەڵگرتووە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە خوێن و خزمی خۆی لە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک و سوکایەتیپێکردنێکی نەیار پێ بکا (بڕوانە ڕۆزنتال، بەرگی یەکەم ل ٢٦٣). هەر بۆیە داڕمانی ئیمپراتۆریەتیک بەهۆی لاوازی و زەبوونی پاڵپشتی زۆر جار دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی یەکێکی دیکە، کە هەستی بۆ دەمارگیریی بەهێزترە.

پێکهاتەی دووەمی تیۆری ئیبن خەلدون ئاوەدانییە، کە واتای شارستانیەت یان گیانی کۆمەڵبوون/کۆمەڵایەتی گروپێک بە واتا گشتگیرییەکەی خۆی دەگەیەنێ. بە گوێرەی ئیبن خەلدون، بیرۆکەی ئاوەدانی (شارستانیەت) لەو کاتەدا پەیدادەبێ، کە خەڵکەکە بەیەکەوە بژیێ و بەیەکەوە کۆمەڵگە بنیات بنێ و بە هێزی سەرکردایەتییەکەشی دەوڵەتێکی بەهێز ڕۆدەنرێ، کە ئاوەدانییەکەی (شارستانییەکەی) بەهێزوگوڕ دەبێ و تێیدا دەگەشێتەوە (بڕوانە ڕۆزنتال بەرگی یەکەم، ل ١٢٥). هەروەها ئیبن خەلدون ئاماژە بە ژیانێکی گریمانەیی بۆ سەروەریی دەوڵەت یان یان شارستانییەت بە نزیکەی ١٢٠ ساڵدا دەکا، ئەمەش یەکسانە بە ژیانی سێ یان چوار نەوە (ڕۆزنتال، بەرگی ١ ل ٣٧٠-٣٧٣). هۆکاری کۆتایی هاتنی ئەو ژیانە گریمانەیەی شارستانیەتیش لاوازی بەرەبەرەی هەردوو توخمی دەمارگیری (هاوپشتی) و ئاوەدانی (شارستانیەت)ە. ئەم سەرهەڵدان و داڕمانەی شارستانێتی بە سووڕی خۆیدا دەڕوا، ڕێگە بۆ لەدایکبوونی کۆمەڵگەی دیکە خۆش دەکا و کۆنەکەش لەبەین نامێنێ، ئیدی ئەم سووڕە پێی دەڵێن سووڕی ئیبن خەلدون.

شیکاری و گەنگەشە
فەیلەسوفی ئۆکسفۆرد ئات گی کۆلینگوود R. G. Collingwood لە کتێبەکەی خۆی بەناوی بیرۆکەی مێژو (١٩٩٤)دا ئاماژەی بەوە داوە، کەوا هەردوولایان ، چ ڕۆماننووس و چ مێژونووس لە کارەکانی خۆیاندا کار بە خەیاڵ و ئەندێشە دەکەن، کەواتە “هەموو مێژو مێژوی هزرە (١٩٩٤ ل٢١٥). تاریق عەلیش لە سەرنجە ڕوونکەرەوەکەی خۆی لە ڕۆمانی کتێبەکەی سەڵاحەدیندا (١٩٩٨) جەخت لەسەر بیرۆکەی کۆلینگوود بۆ مێژووی خەیاڵکردە دەکاتەوە و لەو بڕوایەشدایە هەرچەندە مرۆ شتی زیاتر لە دڵ و دەروونی کەسایەتیەکان هەڵبهێنجێ، ئەوەندە بایەخی مرۆ زیاد دەبێ بەوەی دڵسۆزیی ڕاستییە ڕووداوەکانی مێژوویی بێ. تاریق عەلی ئەم بیرۆکەیە لەسەر خاچداران پەیڕەودەکا لەوکاتەی بەزۆریش هەروەها بووە کە تۆمارنووسە کریستیان و موسڵمانەکان ڕاڤەی لەیەک جیاوازایان لەبارەی ئەوەی هەر بە ڕاستی ڕوویدابوو، پێشکەش کردووە. (تاریق عەلی، ١٩٩٨).

هەرچەندە وێناکردنی تاریق عەلی بۆ سەڵاحەدین ئەوە نیشان دەدا، کەوا نەوەک هەر بەتەنیا خۆی گەورەترین پاڵەوان و فریادڕەس بووە بەڵکو وەک پاڵەوانێکی کورتهێنێ نێوڕۆمانەکە خاڵی لاواز و بەهێزیشی هەبوون و دیارکراون. لێرەدا وێنەیەکی پیاوێکمان بە شایستەیی و ناشایستەیی هەیە، پیاوێک خۆشەویستی و ڕقیشی هەبێ، هەروەها پیاوێک گومانی لەبارەی ژنەکانی خۆی و کارمەندەکانی بەردەستی خۆیشی هەبێ. ئەم بەیەکگرتنەی مێژووی و خەیاڵکردەییە ئەو دەرفەتەی داوەتە دەست تاریق عەلی تا نیازە نۆژەنکراوەکانی خۆی بەشێوەیەک نمایش بکا بۆ ئەوەی وێنەی تەوساوی سوڵتانە مەزنەکە وەها نیشان بدا، کە تەنیا یەک چاوی کارایە. کەسیش نازانێ ئاخۆ چۆن چاوەکەی لەدەست داوە، بەڵام خۆ ئەمەیان بابەتێکی گەلێک هەستیارە. (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ٤٧). لە شوێنێکی دیکەدا ئیبن یاقوبی نووسەرەکەی سوڵتان وەها وێنای دەکا؛ “دیتنی ئەو بەو شێوەیە، ئەو خێرا دەنوست، کەچی چاوە خراپەکەشی بەتەواوی زەق بوو، ئەمەش ئەو سەرنجەت پێدەڵێ کەوا بێدارە، سوڵتانێک کە دەبینێ. (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ٤٨). خۆی هەر تەنیا میتافیکشنی مێژوویی پۆستمۆدێرن دەتوانێ ئەو جۆرە زانیارییە ساختە و داتاشراوانە زێدەباری نووسینەکەی بکا، ئاخر تاریق عەلی زۆر جاران ئەو گەمەیەی بە وشە کردووە. لەوەش پتر، تاریق عەلی لە ڕێی کەسایەتە ئافەریدکراوەکەی بەناوی شادی هەندێ ئەزمونی هەوەسداری تافی لاوی و کوڕوکاڵیی سوڵتان بۆ ئیبن یاقوبی نووسەری سوڵتان گێڕاوەتەوە. شادی بە خەندەیەکی بەدخووانە سەرچڵییەکی بەدفەڕانەی سوڵتانی بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ ئیبن یاقوبی نووسەر گێڕاوەتەوە:
“ئیبن یاقوب، ئەو ژنێکی هەراش بوو، هەر بەلای کەمی دوو هێندەی کوڕوکاڵەکەمان دەبوو. باقی شتەکانی دیکە بەخۆت بێنە خەیاڵی خۆت. کاتێک ئەوان لە مەلەی خۆیان بوونەوە، خۆیان لەبەر خۆرەتاودا وشک کردەوە، ئیدی ئەوکات ئەو جادوبازە سواری سەر کوڕەکەمان بوو، فێری کرد پیاو دەبێ چۆن بێ. ئیبن یاقوب، شوکرانە هەر بۆ خودا باشە، بەڵام ئەوان زۆر بێشەرمانە بوون. لەوێ لەژێر ئاسمانی شینی ساماڵ، لەبەر چاوی ئەلڵا لە ئاسمان، هەروەک ئاژەڵ جووڵانەوە. (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ٥٠).
بەهەمان شێوە تاریق عەلی تیشکی ڕووناکی خستۆتە سەر “ناخی ژیانی کەسایەتییەکان” و بە شێوازێکی میتافیکشنانە دانپێدانانی خودی سەڵاحەدین و بە قسەی خۆی سەبارەت بە خۆشەویستی یەکەمین جاری بۆ نووسەرەکەی دەگێڕێتەوە و گوتوویەتی، کەوا ژنەکە دە ساڵێک لە خۆی گەوەتر بووە، لەوانەشە زیاتر. ئیدی ژنە خۆشییەکی زۆری بەخشیوەتە سەڵاحەدین و فێری کردووە چۆن چێژ و خۆشی لە جەستەی ژن ببینێ. (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل٦٨). هەندێک جار تەوسائاسا وەها لاسایی سوڵتانی مەزن دەکاتەوە بەوەی ببێتە نمایشێکی مێژووییانەی جدی، ئەویش ئەو کاتەی دەنووسێ گوایە سەڵاحەدین شەرابی خواردووەتەوە لەکاتێکدا خواردنەوە لە کتێبە پیرۆزەکەدا حەڕامکراوە. (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ٦٨).
هەرچۆنێک بێ لە ڕێی فرەدەنگی نێو ڕۆمانەکە و لە کۆتاییدا ژیانی گشتی و تایبەتی سەڵاحەدین وەک کەسێکی هاوسەنگ و بەشێوەیەکی باشی بڕواپێکراوی نێو چیرۆکەکە دەردەکەوێ. کاتێک لە ئیبن یاقوب دەپرسرێ ئاخۆ چۆن چیرۆکە جیاوازییەکانی تافی نەوجەوانی سوڵتان بگێڕێتەوە، نووسەر وەها وەڵامی سەردارەکەی خۆی دەداتەوە؛ “خاوەنشکۆ تۆ لەبارەی ڕاستییەکانەوە دەدوێی. هەرچی منیشم لەبارەی مێژو. (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ٣٤٧). ئەمەش بیرۆکەی هایدن وایت Hayden Whiteمان بیردەهێنێتەوە، بیرۆکەی ئەو لەبارەی مێژو، کە هەروەک ئەدەبیات وایە جۆرێکە لەگێڕانەوە و توانستی نمایشکردنی ڕاستییە مێژوییەکان و ڕووداوە ڕاستییە پڕ کێشەکان (وایت ١٩٩٥، ل ١٠٥). تاریق عەلیش هەروەک خودی گێڕەرەوەی خۆی، واتە وەک ئیبن یاقوب لایەنی توخمگەلی کەسی و بابەتی لە گێڕانەوەکەی خۆی لەیەکداوە و نمایشێکی ئازادانەی خەیاڵەکانیان خستۆتەڕوو.

سەڵاحەدین: ئامانجێکی مەزن، سەرکردەیەکی مەزن
هەرچەندە کتێبەکەی سەڵاحەدین ژیانی سەڵاحەدین بە گێڕانەوەیەکی میتافیکشنی ئاڵۆزەوە دەگێڕێتەوە، لێ هێشتا ڕۆمانەکە نمایشی پەیکەری سەرکردە مەزنەکە وەک بیچمێکی شارستان و یەکخەرەوە دەخاتەڕوو. هەوڵ دەدا تا بکرێ سەڵاحەدین وەک ئادەمیزاد نیشان بدا، لێ تاریق عەلی لە خاسیەتە مەزنەکانی سوڵتان کەم ناکاتەوە و وەک جەنگاوەرێکی مەزنی موسڵمانان نیشانی دەدا ، ئەو کەسەی بە هێزو تێکۆشان و ماندوبوونێکی زۆرەوە ئۆرشەلیمی گرتەوە. خۆی ڤینس لۆمباردی Vince Lombardi (٢٠٠٣) لەسەر حەق بوو کاتێ گوتی ئەو سەرکردانە دروست ناکرێن بەڵکو لەدایک دەبن. ئەوان بە بە تێکۆشانێکی سەخت پەیدادەبن بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی مەزن لە ژیاننامەی خۆیاندا وازی بکەن. (ل ٣٧) سەڵاحەدین وەها لەدایک بوو تا ببێتە سەرکردە ئینجا هەم بارودۆخ و هەم چارەنووس ڕۆڵێکی مەزنیان لە ژیاننامەیدا بینی. سەڵاحەدین خۆی ئەم ڕاستیەی زانیوە، ئەویش کاتێک بە نووسەرەکەی، واتە بە ئیبن یاقوب دەڵێ کە “چارەنووس و مێژوو ئاوێزانی یەکدی بوون تا من بکەنە ئەوەی ئەمڕۆ هەم، (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ١٢). هەموو پیاوە مەزنەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەو کەسانە بوون، کە لە ژیانیاندا مجێزبەرز و پڕ ئامانج بوون، سەڵاحەدینیش لەوانە ڕیزپەڕ نەبووە. ئەو لەژیانیدا تەنیا یەک تاکە ئامانجی مەزنی هەبووە، ئەویش ڕزگارکردنی ئۆرشەلیم بووە لە چنگی خاچداران و دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتێکی ڕاستەقینەی موسڵمانان لە جیهانی ئیسلامیدا. هەر لەوکاتەی منداڵ بووە، گوێی لە چیرۆکی سامناک بووە لەبارەی ئەلقودسەوە بووە، هەمیشە لە باوکی و لە شیرکۆی مامی چیرۆکی غەمناکانەی لەبارەی چارەنووسی قودسەوە بیستبوو. سوڵتان گوێی لەوە بووە کە بەربەرییەکان بڕیاریان دابوو سەرجەم بڕواداران (بە موسڵمان و جووەکانەوە) بکوژن، ئەوانیان لە دەوری پەرستگا و پەیکەری سولەیمان کۆکردبووەوە و ئینجا ئاگریان لە ئەنواکە بەردا. “ئەوان ویستیان ڕابردووی شارەکە بسڕنەوە و هەر خۆیان ئایندەی قودس بنووسنەوە، ئەو قودسەی بۆ هەموومان دەگەڕێتەوە، بۆ گەلانی خاوەن کتێب” (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ٣١-٣٢).

لە میانەی ژیانی خۆیدا، ئەو تووشی زۆر سەرچڵی پڕ لە ئاستەنگ و شەڕوکوشتاری دژوار بووە، کەچی هێشتا خۆڕاگر بوو تا لە کۆتاییدا بگاتە ئامانجی خۆی. ئەو لەو بڕوایەدا بوو؛ “تاکە ڕێگە بۆ هەنگاوهاوێشتن بۆ پێشەوە لەم جیهانەدا ئەوەیە لە ڕێی سەچڵیدا هەنگاو بنێی. خۆ ئەگەر هەر لەشوێنی خۆتدا قەتیس بمێنییەوە، ئەوا خۆرەتاو دەتسوتێنێ و دەمری.”(تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ٣٣). بە ڕێنوێنی خواوەندانە و هەلومەجی چارەنووسدار سەڵاحەدین بووە سەرکردەیەکی ڕاستەقینەی موسڵمانان و دەسەڵاتی خۆی بەهێز و سەقامگیر کرد، ئەوەش لە ڕێی بەیەکەوەگەیاندنی چەندین هۆز و تیرەی لەیەکترازاوی ڕەوەندەی جیهانی عەرەبی و ئەوپەڕی هاوپشتی کۆمەڵایەتی لەنێوانیاندا بەدیهێنا تا مەبەستەکەی لە ڕزگارکردنی ئۆرشەلیم بەدیبێنێ. هەروەها ئیبن خەلدونیش بایەخی دەمارگیریی (هاوپشتی) بۆ سەرکردایەتی ڕوون دەکاتەوە: “سەرکردایەتی تەنیا لە لەژێر سەروەرییەکی ڕاستەقینەدا پەیدادەبێ، ئەو سەروەرییەش تەنیا لە ڕێگەی هەستی بەکۆمەڵ دروست دەبێ. هەر بۆیە پێویستە سەرکردایەتیکردن بەسەر خەڵک لە هەستی کۆمەڵەوە سەرهەڵبدا، کە باڵاترە لە هەستی تاکی نێو کۆمەڵەکە بەتەنیا. (ئیبن خەلدون، ل١٠١).
لەگەڵ ئەوەشدا و لەهەمان کاتدا نموونەیی سەڵاحەدین پەیوەست بوو بە ڕوونی و ڕاشکاوی ئامانج و قوڵایی هەر هەنگاوێکی بۆ بەرفراوانکردنی هێزو گوڕی دەسەڵاتەکەی خۆی. بەگوێرەی ڕای ها. ئا. ئار گیب H. A. R. Gibb (١٩٦٢) بێ، سەڵاحەدین زۆر باش دەیزانی ئەو کێشانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە هەر بەتەنیا سیاسی نین، بەڵکو کێشەگەلی ئاکاریی و کلتوریشن، ئینجا لەپێناو سەرکەوتن بەسەر خاچداراندا، شتێکی حەتمی بوو هەموو گرووپە سیاسی و هۆز و تیرە ڕەوەندە کۆچەرییەکان لە پشتێنەیەکی هاوپشتی کۆمەڵایەتی (دەمارگیری/عەسەبیەت) و ڕەوشت و پاڵپشتی کلتووری ئیسلامی شارستانێتی (ئاوەدانی /عیمران) یەک بخا. جارێکیان سەڵاحەدین بە ژیاننامەنووسی خۆی بە بەهائەدینی گوت، ئەگەر هات و مرد، “ئەوا پێناچی سەربازەکانی (جەنگاوەرە ڕەوەندەکانی) جارێکی دیکە یەکڕیزی خۆیان بپارێزن.” ئیبن یاقوبیش کۆتایی کۆمەڵایەتیەکە بەم شێوەیە باس دەکا:
“قاهیرە و دیمەشق، باسی بەغداش هەر ناکرێ، پڕن لە ماڵی لەشفرۆشی، کە لاوە ڕیشدارەکان لەوێ هەموو پێویستییەکانی خۆیان دابین دەکەن، و شوێنەکان بۆ هەر کەسێکن سەردانیان بکا. ئەمەش ڕێگە پێداروە، بەڵام کە ژنان باسی دەکەن، بۆنی میسک لە جەستەی یەکدی بکەن، ئیدی ئەمە وەک ئەوە وایە ئاسمان خەریک بێ بەسەر زەویدا بکەوێ.” (تاریق عەلی ١٩٨٨، ل ٩٣).
تەنانەت هەروەک چۆن سوڵتان خۆی بۆ ئیبن یاقوب دەگێڕێتەوە، هیچ یەکێتییەک لەنێوان پلەدارە جیاجیاکان و چینەکانی کۆمەڵگەی موسڵماندا نەبوو:
“ئاخر چۆن هیچ دینێک دەبێتە تۆمارنامەیەکی تەواو کاتێک ئەو جیاوازییە لە ڕاڤەکردن لەنێوان ڕێزی موسڵمانادا هەبێ؟ با نموونەیەک وەربگرین، شوێنکەوتووانی خەلیفەکانی فاتیمی هەمان رێوشوێنی بڕوادارەکانی شوێنکەوتووانی خەلیفەی بەغدایان نییە. هەمان شت بەسەر دینی ئێمە، دینی جولەکەدا پەیڕەوە. کێ حوکم بکا ئەو ڕێسا و قانون دادەنێ. (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ١١٤).
ئەوەی ڕاستی بێ سەرهەڵدانی سەڵاحەدین بەند بوو بە هەبوونی توخمگەلی پەروەردەی و ژیاری (عمران/ئاوەدانی)ی ئیسلامی لە کەسایەتی خۆیدا. ئاخر ئەو هەمیشە ڕاستگۆ و بەتەواوی دڵسۆزڕەفتار لەئاست یار و نەیاردا دڵسۆز مایەوە. هامیلتۆن گیب Hamilton Gibb یش لە کتێبەکەی خۆی بەناوی لێکۆڵینەوەیەک لە شارستانێتی ئیسلامدا (١٩٦٢)دا پەسنی سەڵاحەدین دەدا بەوەی تەنانەتی ئەو لەگەڵ خاچدارانیشدا ڕاستگۆیانە ئاگربڕی ئاگربڕ بووە. لێرەدا هیچ نموونە و تۆمارێک لەبەردەستدا نییە، کە سۆز و بڕوای خۆی شکاندبێ، بەڵکو ئەو زۆر توند بووە لەگەڵ ئەوانەی سۆز و بڕوای خۆیان شکاندووە، وەک ئەوەی ڕینۆی کاتیلۆن Reginald of Chatillon و سوارچاکانی پەیکەر لێی فێر بوون.(گیبن ١٩٦٢، ل ١٠١). لەوەش پتر هەروەک گیبن ئاماژەی بۆ دەکا، ئەو پاشایەکی بەخشندە بوو، هیچ بایەخێکی بۆ پارە دانەنابوو، ئەو داهاتی میسری بۆ بەدەستهێنانی سوریا خەرج دەکرد، هی سوریاشی بۆ میزۆپۆتامیا، ئەوەی میزۆپۆتامیاش بۆ گرتنی فەڵەستین. (هاملتن ١٩٦٢، ل ١٠٤).

کەوتنی ئۆرشەلیم و سەرهەڵدانی سەڵاحەدین
بەگوێرەی غادە هاشم تەلحەمی (١٩٩٦) بێ، لەنێو شارە پیرۆزەکان لە ئیسلامدا هەمیشە ئۆرشەلیم شوێنێکی پیرۆزی لای موسڵمانان هەیە، کە وەک چەقی گەردوونی و یەکێتیی بیروباوەڕیان لێی دەڕوانن. بۆ جووەکانیش ئەو شوێنە پیرۆزەیە، کە موسا فەرمانی بە میللەتەکەی خۆی کرد بۆی بڕۆن و لێی بژین؛ لەکاتێکدا کریستیانەکانیش بڕوایان وەهایە، کە عیسا لەسەر خاکەکیدا ڕۆیشتووە هەر لەوێش لەخاچ دراوە و هەر لەوێش هەڵساوەتەوە بۆیە بووەتە پیرۆزترین شوێنی بۆ پەرستن. پیرۆزییەتی ئۆرشەلیم بۆ موسڵمانان لە ڕێی سروش و هەڵکشانەوە لە قورئانی پیرۆزەوە هاتووە، کە پەیوەستە بەو گەشتە شەوانەیەی محەمەد پێغەمبەر لە مزگەوتی حەرامەوە لە مەککە بۆ مزگەوتی ئەقسا لە ئۆرشەلیم، یان لای پەیکەری سولەیمان، ئەمەش ساڵێک بەر لە کۆچکردن (٦٢١ی زایینی) بووە، ئەو شەوڕەوەی بە ئیسراومیعراج ناسراوە. تەنانەت بەر لە کۆچکردن بۆ مەدینە لە ٦٢٢ی زایینی، محەمەد پێغەمبەر لەکاتی نوێژکردندا ڕووگەکەی ئۆرشەلیم بووە، بەم شێوەیە بەشوێن دابونەریتی جووەکاندا دەڕۆیشت تا ئەو کاتەی ئەلڵا فەرمانی پێکرد ڕووی خۆی بۆ مەککە وەربگێڕێ. لەوەش پتر، غادە هاشم تەلحەمی (١٩٩٦) دیسان ئەوە دەنووسێ؛ گۆڕینی ڕووگە(قیبلە) هەوڵێک بوو لە لایەن محەمەد پێغەمبەرەوە بۆ ئەوەی هەردوو دینە پێشووەکەی ئیبراهیمی لەیەک جیابکاتەوە و ئۆرشەلیمیش ئاراستەیەکی ئایندە بۆ خۆی وەربگرێ. کەواتە، ئۆرشەلیم هەر لە ڕۆژگاری زووەوە لە ویژدانی موسڵماناندا نەخشی هەبووە، سەڵاحەدینیش لەو بڕوایەدا بووە تا ئەوکاتەی لەدەستی بێبڕوایان دەرنەهێنرێ، ئەوا جیهانی ئیسلامی بە فراژیی خۆی نامێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئۆرشەلیم بەر لە شاڵاوی خاچدارەکان نموونەیەکی ناوازەی مەڵبەندێکی لێبوردەیی ئیسلام بوو. بەگوێرەی مستەفا ئەلحەیاری Mustafa Hiyari (١٩٩٠)، زانا ناودارەکەی ئەندەلوس، ئیبن ئەلعەرەبییش لە کتێبەکەی خۆی (رحلة)دا ئاماژە بە ئۆرشەلیم دەدا وەک ژینگەیەکی لەباری زانست و زانیاری، ئەمەش لەوکاتەی لەوێ بابەتی بۆ کتێبەکە کۆکردووتەوە، ئەوکاتەی لە ١٠٩٣ی زاینیندا تێیدا ئاکنجی بووە. لەوێدا کۆڕ و مێزگردی گەورە زانایانی موسڵمان و دەمەتەقێی شایستەی پیاوانی ئایینی لەنێوان موسڵمان و جوولەکە و کورستیاندا هەبووە (بڕوانە مستەفا ئەلحەیاری ل١٣١). : سەڵاحەدین هەر خۆیشی بڕوای بە هێزی زانین بووە، قسەی نەستەقیشی لەبارەوە هەیە: خەون ببینی و بیزانی باشترە لەوەی نوێژ بیکەی هیچ نەزانی (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ١١)، ئەمەش سەلماندویەتی کە لە ماڵباتی ئەودا بوار و دەرەتانی هزر و بیرکردنەوە چەند فراوان بووە.
تاریق عەلی لە میانەی کتێبەکەی سەڵاحەدین (١٩٩٨) دا ئاماژەی بە جیاوازی یەکلاکەرەوەی نێوان شارستانێتی کریستیان و موسڵمانان داوە، هەروەها دژە ڕوانینە ئەوروپییەکەشی لەبارەی کلتوری ئیسلامی سەدەکانی ناوەڕاست نیشان داوە. لە ١٠٩٩، ئەوکاتەی پەلاماردەرە فەرەنگییەکان دیوارەکانی ئۆرشەلیمیان گەمارۆدا، بۆ ئاکنجییەکانی شارەکە سامناکترین ڕۆژگار بوو. خاچداران لە حوزەیرانی ١٠٩٩زایینیدا لە دیوارەکانی ئۆرشەلیم نزیکبوونەوە و بۆ نزیکەی چل ڕۆژ ئابڵوقەی ئۆرشەلیمیان دا. هەر بەگوێرەی مستەفا ئەلحەیاری(١٩٩٠) ئەوان لە ١٥ی تەمموزی ١٠٩٩دا بەسەر شارەکەیان دادا، ئەوسا کوشتوکوشتاری شارەکەی بەدواداهات. ئەوان زیاتر لە حەفتا هەزار کەسیان لە خەڵکەکەی ئەوێ کوشت و ئۆرشەلیمی موسڵمان لە سەرجەم ئاکنجییەکانی بەتاڵ کرا (مستەفا ئەلحەیاری ١٩٩٠، ل١٣٨).

بەپێچەوانەی کلتوری سیاسی ئیسلامی کە لەسەر بنەمای هاوپشتییەکی کۆمەڵایەتی بەهێز (دەمارگیریی) ڕۆنرابوو، کەچی کلتووری سیاسی فەڕەنگی (ئاوەدانی/عیمران) وەک لاواز پەرەنەسەندوو نیشان درا بەوەی خاوەن سۆز و قسەی خۆیان نەبوون و زۆرجاریش بۆ سوودێکی دونیایی ناپاکییان لە هاوپەیمانەکانیان کردووە. ئەوان هەر بەڕاستی هەستی دەمارگیرییان لەنێو ڕیزی پلەدارەکانی خۆیان لەدەستدابوو، وەک شیرازەترازاو وەک کەسانی دژبەیەک لە ڕەفتار و گفتارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان دەرکەوتن. هەرچەندە هەردوو پاشای ئینگلستان و فەڕەنگستان لە پاپاوە بانگەوازیان بۆ کرا، بەڵکو لەشکر و هێزەکانیان یەکبخەن و شەڕەفی خاچدارەکان بکڕنەوە (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل٣٢١)، کەچی ئەوان هێشتا لەسەر یەک پرسیش یەکانگیر نەبوون. لە سەرێکی دیکەوە، هەرچی سەڵاحەدین بوو پەیوەندییەکی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی سەربازی و ڕاوێژکارە سیاسییەکان هەبوو، هەمووشیان یەک بانگەوازیان هەبوو؛ “سەرباز و تیرهاویژ و شمشێربازیان لەسەرتاپای قەڵەمڕەوییەکە بۆ ئەو پرسە لەیەک کۆببنەوە.” (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل٢٣٥). سوڵتان بە میرزادە و دەرباری خۆی گوتبوو، کە “ئەو ڕێسا سادەیەی (دەمارگیرییە) یەکەمین ڕۆژانی بیروباوڕیان بیردەخاتەوە” (تاریق عەلی، ١٩٩٨، ل٢٣٦). تاریق عەلی ئاماژە بەوە دەکا، هەستی ئەو هاوپشتییە قووڵەی نێو سەربازانی سەڵاحەدین بەهۆی هەستی دەمارگیرییەوە بوو، چونکە ئەگەر ئەوان لە ڕاونانی فەرەنگ لە ئۆرشەلیم (ئەلقودس) سەربکەون، ئەوا ئەو لەشکرەی پێکی دەهێنن لەتەواوی مێژوودا یاد دەکرێتەوە.(تاریق عەلی ١٩٩٨، ل٢٣٩). هەروەک تاریق عەلی لەسەر زمانی سوڵتان سەڵاحەدینیشدا دەگێڕێتەوە: “ڕیچار لاینهارتی (شێڕدڵ) و پاشای فەڕەنگستانیش هەرگیز لەنێوان خۆیان ڕێکنەدەکەوتن و ڕقوکینەی نێوانیان تادەهات لەگەڵ یەک توندتر دەبوو، تا ڕادەیەک بەسەر خواستیان بۆ زاڵبوون بەسەر ئێمەدا سەرکەوت” (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ٣٤٨). وەنەبێ شاڵاوی خاچداران هەر لەنێوخۆیاندا ناتەبابووبن، بەڵکو ستراتیژێکی سیاسیی ڕوونیشیان بۆ ئەرکەکەیان لە وڵاتی پیرۆزدا نەبوو.

ئیبن یاقوبیش باسی ئەوە دەکا، زۆر لە شۆفارەکان(سووسەکاران)ی فەرەنگ زانیارییان لەبارەی کورتهێنی نەبوونی هاوپشتی لەنێوان سوپای ئینگلیزدا هەبوو. کاتێکیش ڕیچارد بەبێ تەواوکردنی ئەرکەکانی وڵاتی پیرۆز جێدەهێڵی، زۆر لە لۆردە فەرەنگییەکان نێردەیان بۆ لای سەڵاحەدیندا نارد، “نامرادانە داوای پارێزگارییان لە سەڵاحەدین دەکرد بۆ ئەوەی لە دژی یەکدی بیانپارێزێ (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل٣٤٨). لەوەش پتر، ئامانجی سەرەکی رێچارد گەڕانەوە بوو بۆ ئینگلستان تا تەخت و تاجەکەی لە دەست برا ڕکابەرەکەی ڕزگار بکا. هیچ کام لە سەرکردەکانی لەشکری کرستیانی مجێزبەرزیی دینیی خۆیان بۆ ڕزگارکردن و پاراستنی وڵاتی پیرۆز نیشان نەدا. کەواتە تاریق عەلی هاودژی نێوان جیاوازییە کلتوری و سیاسییەکانی نێوان شارستانێتی موسڵمان و ئەوروپییەکان نیشان دەدا و بەتوندیش گوتنەکانی مەڵبەندە ئەوروپییەکان لەبارەی مێژوی موسڵمانان ڕەتدەکاتەوە و هەڵوێستی دژە دەستوەردان نمایش دەکا.

سەڵاحەدین دوای گرتنەوەی ئۆرشەلیم لە ئۆکتۆبەری ١١٨٧دا، بە جوامێرترین شێوەی ژیانی خۆی دەجووڵێتەوە، ئاخر ژیانی نزیکەی ١٠٠٠٠٠ کریستیانی ڕزگار دەکا، هەروەها لە ڕێی پەیمانێکی ئاشتیشدا گەڕانەوەیەکی سەلامەتیان بۆ مسۆگەر دەکا. بەڕەهاییەوە، ئەو لە پێگەیەکدا بوو بەدوای تۆڵەکردنەوەی خۆیدا بگەڕێ، بەڵام وەهای نەکرد، چونکە باوەڕە ئیسلامییەکەی فێریکردبوو دلۆڤان و لێبوردە بێ. لە پەیامێکی بۆ یەکێ لە سوارچاکانی فەڕەنگی بەناوی بلیان، ئەوەی بەبیردەهێنێتەوە: بە خەڵکەکەی خۆت بڵێ، ئێمە ئەو ڕەفتارەتان لەگەڵدا ناکەین کە پێشتر ئێوە کاتێ بۆ یەکەم جار شارەکات گرت، کردتان… ئەوان ئەوەم بەبیردەهێننەوە هەموومان بڕوامان بە چاو بەچاو و دان بەدان هەیە.” (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ٣١١). سوڵتان سەڵاحەدین ئەوپەڕی لێبوردەیی بەرامبەر ژن و منداڵە کریستیانەکان بەکارهێنا و بە بلیانی ڕاگەیاند ئەو خەڵکەکەی خۆی هێورکردۆتەوە و پێیگوتون ئێمە هەمومان ئەهلی کتێبین و شارەکەش بۆ هەموو ئەوانەیە کە بڕویان بە کتێبەکە هەیە. “بە ژنەکانتان بڵێ ئازادان تەنانەت ئەگەر نەتوانن پارەی فدیەی خۆشیان بدەن… بلیان کەوتە چۆک و دامێنی کەواکەی سەڵاحەدینی ماچ کرد” ٠تاریق عەلی ١٩٩٨، ل٣١١). “ئەوەیە هێزوگوڕی سوڵتانەکەمان، تا ڕادەیەک هەر هەواڵی نزیکبوونەوەی ئەو دوژمنی دەتۆقاند. ئەوان خۆ نەچووبوونە جەنگ، بەڵکو لەبری ئەوە کشابوونەوە نێو سەربازگەکەیان” (تاریق عەلیی ١٩٩٨، ل٣٣٤). تاریق عەلی زۆر خاسیەتی باش و چاکی سەڵاحەدینی گێڕاوەتەوە. “هەرگیز وچانی نەدەدا. ئەو شەوانە زیاتر لە دوو یان سێ سەعات زیاتر نەدەنوست… ئەو پەنجا ساڵ بوو، بەڵام وەک ئەوەی بیست ساڵان بێ، ئاوا سەربازەکانی دەبردنە نێو گۆڕەپانی جەنگ، شمشێرەکەی بێ باک لە جیهان بەرزدەکردەوە. هێشتاش دەمزانی کە ئەو زۆر لەبارەی پێگەی لەشکرەکەی نیگەرانە… ئەو هەمیشە سەری بەرز ڕادەگرت. ئەو حەزی بە پیداهەڵگوتن نەدەکرد و گوێی خۆشی لە ئاست پەسندانی زیادەڕۆی کەڕ دەکرد، کە بووبووە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانی قەڵا. هەمیشە بە خۆشییەوە ئەرکی ئەوانی دیکەی ڕادەپەڕاند. (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل. ٣٣٦). لێ خۆی ئەوە میتافیکشنێکی پۆستمێدێرنەیە، ئاخر دەقەکە خودی قسەکەی خۆی لەباریەک دەترازینێ کاتێک تاریق عەلیی نووسەر دەنووسێ کە سەڵاحەدین “لاوازییەکی زۆری بۆ قەرەواشەکانی هەبوو.” (تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ٣٣٦). نووسەر چەمکی ڕۆژئاوایی بۆ حەتمیبون و ڕۆڵی چارەنووس بۆ ڕوخانی موسڵمانان لەباریەک هەڵدەوەشێنێ و ئاماژە بەناتەبایی و کورتهێنی دیسپلین وەک هۆکارێکی ڕاستەقینە بۆ شکەستەکەیان دەکا. سەڵاحەدینیش هەمان ڕوانین لەگەڵ ئیبن یاقوب دەگۆڕێتەوە کە دەڵێ:
“ئەوەی ئێمە لێی تێناگەین ئەوەیە، هیچ سەرکەوتنێک بەبێ شکست نابێ. تەنانەت داگیرکەرە مەزنەکانیش مێژوش تووشی ژانوناسۆری پاشەکشە بوونە. ئێمە بۆ لێبڕاوی و سەقامگیری کورتهێنین. هەر تەنیا دوای چەند شکستێکی کەم ورەمان دادەبەزێ، گیانمان لاواز دەبێ و دیسپلینمان نامێنێ. تۆ بڵێی ئەوە لە ئەستێرەکانمان نووسرابێ؟ تۆ بڵێی ئێمە هەرگیز نەگۆڕێین؟ ئەرێ بێبەزەیی قەدەر وامان لێدەکا بەردەام ناسەقامگیر بین؟ باشە لە ڕۆژی پەسڵاندا چۆن وەڵامی جوبرائیل بدەینەوە کاتێک لێمان دەپرسێ: “هۆ شوێنکەوتووانی محەمەد پێغەمبەر، ئەرێ بۆچی لەکاتی زۆر تەنگانە، لەڕووبەڕووبونەوەی دوژمندا خۆتان هاوکاریی یەکدیتان نەکرد؟” تاریق عەلی ١٩٩٨، ل ٣٣٨).
تاریق عەلی بە لەدەرگەدانی فرەڕوانگەیی پۆتسمۆدێرنە چیرۆکی سەدەکانی ناوەڕاست دەقڕێژ دەکاتەوە، هەوڵدەدا موسڵمانان لە تیرۆرزم و توندوتیژی جیابکاتەوە. تاریق عەلی شارستانیەتی ئیسلامی (ئاوەدانی/عیمران) وەک کلتورێکی یەکجار ئاڵۆزوبڵۆز دەخاتەڕوو، کە بەتەواوی لە بەدحاڵیبوونەکەی میدیای خۆرئاوایی جیایە و هەروەها لە ڕوانینی هینتگتن جیایە بەوەی گوایە موسڵمانەکان لەڕوی کلتوری سیاسییەوە کورتهێنن. ڕۆمانی کتێبەکەی سەڵاحەدین لە نووسینی تاریق عەلی وێنای دژەڕوانینی ئەوروپیانە دەکا و ئەوە دەخاتە ڕوو، کە موسڵمانەکان لێبوردە و ئاشتیخواز و خاوێن و ناجنسین، ئەمەش کاتێک بە کریستیانەکان بەراورد دەکا لەوەی شەڕانگێز و ناڕاستگۆ پیس و لەڕووی هزریشەوە لەخوار ئاستی موسڵمانان بوون. ئەوەی ڕاستی بێ ئەرکی بژارکردنی بۆ مێژووی کۆلۆنیال کردوە و هەوڵیداوە کێشمەکێشمی گوتاری بەردەوامی ڕۆژئاوا لەبارەی ئیسلامۆفۆبیا بخاتەڕوو، دیاریشە نیگەرانە لەو پەیوەندییە هەنووکەییەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین. هەر بۆیە بە مەبەستی ڕۆژگارێکی دیاریکراو لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست دەهێنێتەپێشەوە، ئەوکاتەی موسڵمان و جوو لە پەیوەندی ئاشتییانەی خۆیاندا بوون و هەوڵیش دەدا دابڕسێتە بیرۆکەی هاوپەیمانێتی جوو. کریستیان بەوەی حاڵەتێکی سەقامگیری مێژوویی هەبووە، ئینجا کار بۆ توندوتۆڵبوونی پەیوەندییە نەریتییەکانی جوو-ئیسلام دەکا. لەوەش پتر، هاوپشتییەکی گەورەی نێوان موسڵمان و جوو لەدژی خاچدارەکان نیشان دەدا. ئیدی تاریق عەلی لە ڕێگەی نیشاندانی ئەم وێنانەوە ئاوڕێکی ڕەخنەئامێزانە لەو ڕەوشە هەنووکەیەی ئێستای ئیسڕائیل و فەڵەستین دەداتەوە و کێشەکە وەک پرسێکی کۆلۆنیالی نیشان دەدا، لەوەی تێکگیران و ململانێیەکی ئایینی بێ لەنێوان موسڵمان و جوودا.
لە دووی ئۆکتەبەردا ساڵیادی ڕزگارکردنی ئۆرشەلیمە لەدەست خاچدارە کاسۆلیکەکان و بە بەشداریکردن لەو بۆنەیەدا، سەڵاحەدین بووەتە هێمایەکی مێژوویی سەرکرایەتییەکی مەزن. هەرچەندە زۆر کەس لەو بڕوایەدان، کە یادکردنەوەی بیچمە مەزنەکانی مێژویی وەک سەڵاحەدین لەنێو ئەو کۆمەڵگایانەی ئاوەدانی /عیمران (شارستانیەتیان) لاوازە و لەڕووی سەربازیشەوە کورتهێنن وەک عەرەب شتێکی باوە. هەندێکیش بۆیە یادی دەکەنەوە تا قەرەبووی ئەو ژانوناسۆرەی ئێستا تێیدان بکەنەوە زۆر لە ئەوانی دیکەش بەدوای سەڵاحەدینێکی نوێدا دەگەڕێن تا ڕزگاریان بێ لەدەست ئەو داڕسانە ئاسایشاپرێزییەی لەلایەن ڕۆژئاواوە لە بەرانبەریان وەستاوە. مێژووش سەلماندوویەتی هەر کاتێک شارستانێتی ئیسلامی تووشی ڕۆژی تەنگانەی خۆی هاتبێ، ئەوا لە ڕێی شۆڕەسوار و جوامێرێکی وەک سەڵاحەدین پارێزراون ئەو کاتەی بە خاسیەتە جوان و زێڕینەکانی دژی زوڵموزۆر و چەوساندنەوەی وەستاوەتەوە.

ئەنجـــام
تاریق عەلی لە ڕۆمانی کتێبەکەی سەڵاحەدیندا سەرهەڵدانی بنەماڵەی ئەیوبی لەژێر سایە و سەرکردایەتییەکی بەهێزی وەک سەڵاحەدین و کەوتنی کریستیانەکان لە ئۆرشەلیم نیشان داوە. ئەو لەڕێی ڕەچەڵەکە ڕەوەندییە/کۆچەرییە کوردییەکەی خۆی سەرکردایەتی جیهانی عەرەبی کرد و ئۆرشەلیمی لەدەست خاچدارەکان دەرهێنایەوە، ئەمەش لەڕێی یەکخستنی عەرەب و ئافراندنی هەستێکی بەهێزی دەمارگیری/عەسەبیەت (هاوپشتی کۆمەڵایەتی) لەنێوانیان. ئەفسانەی سەڵاحەدین و لەنێو گوتاری ئەورووپی و بەپێی تێپەڕبوونی ڕۆژگار لە پاڵەوانێکی جوامێریەوە بۆ جەنگاوەرێکی کەمۆ و فێڵزان گۆڕاوە، هەرچەندە نەشتوانراوە لە بەهای بایەخی ئەفسانەی شەڕی خاچدارەکان کەم بکرێتەوە. بەلارێدابردنی کەسایەتییە مێژوویەکان لە ئەدەبی پۆستمۆدێرن بەگشتی و بەشێوەیەکی تایبەتیش لە میتافیکشنی مێژووییدا شتێکی زۆر باوە. نمایشکردنی تاریق عەلی بۆ پاڵەوانێکی موسڵمان خۆی دەبێتە گرفت ئاخر ئەو لەو میتافیکشنەکەی سەڵاحەدین وەک پیاوێک بەخۆی و ئامانج و کەسایەتییەکی بەرزەوە بەڵام بە لەڕووی هەوەسبازییەوە ئاستنزم نیشان دەدا. تاریق عەلی، سەڵاحەدین وەک پیاوێک پڕ لە گۆبەند و چێژیی مرۆیی نمایش دەکا، بەڵام بەژنوباڵای هێشتا هەر بەرزە چونکە ئامانجەکەی بەوپەڕی شکۆ و ئاوەزەوە بەدیهێنا. لەمەش زیاتر هەڵوێستە چاکەکارییەکەی لەگەڵ نەیارەکانیدا، نەخاسمە لەگەڵ کریستیانەکان ئەوا خەسڵەتە مێژوویەکەی کردبوویە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی. هەر بەڕاستیش گرتنەوەی ئۆرشەلیم ناوناوبانگی ئەوی لەدوای عومەری خەلیفەی دووەم گەیاندە لوتکە، عومەریش ئەو کەسە بوو لە ٦٣٧ی زاییندا بۆ یەکەمین جار دەستی بەسەر ئۆرشەلیمدا گرت. هەموو ئەو سەرکەوتنە مەزنە ئەستەم دەبوو ئەگەر هاتبا و سەڵاحەدین ماخۆی خاسییەتەکانی خەلدونیانە بۆ سەرکردەیەکی مەزن نەبوایە و هاوپشتی کۆمەڵایەتی (عەسەبیەت/ دەمارگیری)لەنێو هۆزو تیرە ناتەبا و پەرشوبڵاوەکان و دەستەو تاقمی خانەوادەی ئەیوبی بەدینەهێنبا. هەروەها کتێبەکەی سەڵاحەدین بایەخی مێژووی و ئایینی شارە پیرۆزەکەی ئۆرشەلیم، کە بەگشتی بۆ هەرسێ ئاینە ئیبراهیمییەکان و بەتایبەتیش بۆ ئیسلام گرنگ بوو، گەڕاندەوە؛ هەروەها ئەو ململانێیە سێقۆڵیە بە ڕەوشی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوین گرێدەداتەوە. دووبارە دەستبەسەرداگرتنەوەی ئۆرشەلیمی داگیرکراو دیسان پێویستی بە سەڵاحەدین ئەیوبییەکی دیکە هەیە، خۆ ئەگەر ئەو هاوپشتییە کۆمەڵایەتییە (عەسەبیەت/دەمارگیرییە)ش لە لایەن موسڵمانان نەیەتە دی، ئەوا ئامانجی پەرستن لە مەسجیدی ئەقسا هەرگیز بەدینایەت.
هەر بۆیە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و و شۆڕش و هەرای وڵاتانی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا پەیوەستە بەو هۆشیارییە مێژووییە و ڕۆشنبیرییەی پاش جەنگی خاچدارەکان. بۆ بەدبەختیش خوێندنەوەی ئیسلامی ئێستا، کورد و فارس و تورکی خستۆتە پەراوێز و بەشێوەکی سەرەکی هەر عەرەبی کردۆتە چەقی بازنە. ئەو ناتەباییە پەرتەوازەییەی دەوڵەت و دەستەو تاقمە ئیسلامییە جۆربەجۆرەکان لە بەرژەوەندی کریستیان و جوولەکەن، ئەوانەی بەیەکەوە و لەژێر یەک سەرکردایەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیمانی باکووری ئەتڵەسی کاردەکەن. دانپێدانانی جورج بۆش لە وتارە سەرۆکایەتییەکەی خۆی لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتێمبەردا گوتی ئەوەی ڕاستی بێ جەنگی جیهانی لەدژی تیرۆر تۆڵەکردنەوەیەکە لە جەنگی خاچدارەکان و ژیاندنەوەی دیاردەی بەیەکدادانی مێژویی و کلتوری لەنێو شارستانیەکاندا. پەلاماری ئەمریکا بۆ سەر عێراق و ئەفغانستان شێوەیەکی جەنگی خاچدارانی و پۆستمۆدێرن بوو لەلایەن کریستیانە ڕۆژئاواییەکان و پشتگیری مەعنەوی و سەربازییانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بێ گومان بە قازانجی ئیسڕائیل تەواودەبێ لەدژی دەوڵەتە عەرەبییەکان و ڕێکیش لەگەڵ هزری هۆشتیاریی مێژوی و کلتوری قووڵ لەبارەی ئۆرشەلیم دێتەوە، هەروەک چۆن شەڕەکانی ئەو دواییانەی ئەمریکا یارمەتیدەر بوو بۆ ڕوانگەی ڕۆژانەی ئیسلامی لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا. چڕبوونەوەی تەقەکردنی بەکۆمەڵی چەندپاتەوەبوو و ڕشتنی خوێنی تاکەکان بەهۆی ئەو ڕق و کینە و ئەو کێبڕکێیە پەنگاوەی نێوان ئەو هەوادارانەی هەردوو دینە سەرەکییەکانە، ئیدی لەپێناو بەدیهاتنی ئاشتی و ئارامی جیهانی، لەسەر کریستیان و موسڵمانان پێویستە خۆیان لە ڕەگوڕیشە مێژوویە بەیەکدادانە خوێناوییەکان ڕزگار بکەن. وێڕای ئەوەی میتافیکشنەکەی تاریق عەلی دەقێکی خۆهەڵگێڕەوەیە و لاسایەکی تەوسئامێزانەی کەسایەتی سەڵاحەدین، ئیدی چەمکی تایبەتییەکەی خۆی لەمەڕ پێگەی مەزنیی موسڵمانان لەباریەک دەترازینێ، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەڵاحەدین وەک هێمایەک بۆ بەیەکگەیشتنی رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەبینێ و گرفت لە گوتاری مێژووی لەبارەی سەڵاحەدین و شەڕەکانی خاچدارەکاندا دەبینێ، کە تێیدا ئاراستەیەکی فرەڕوانین دەبینێ و هەروەها بە مێژووی پۆستمۆدێرنەی جیهانی ئیسلامی دەبەستێتەوە. بەکورتی ئەم نووسینە دەگاتە ئەو ئەنجامەی کەوا هەر کاتێک موسڵمانان هاوپشتی کۆمەڵایەتی (عەسەبیەت/دەمارگیری)ی خۆیان لەگەڵ باشترین توخمی شارستانییەت(عیمران / ئاوەدانی)یان دۆڕاند، ئەوا شکست دەخۆن و بۆڕدەددرێن، هەرکاتێکیش سەرکردەیەکی بەهێزیان هەبوو، هاوپشتی کۆمەڵایەتی بەدیهێنا و خاسییەتە ڕاستەقینەکانی شارستانێتی تێدا ڕەنگدایەوە، ئەوا سەرکەوتن بەدیدێنن.




عه‌بدولڕه‌حمان پاشای بابان له‌به‌سه‌ركردنه‌وه‌یەكی هه‌رێمی بیتوێن دا.. ڕه‌سوڵ بۆسكێنی

ئه‌و هۆنه‌رانه‌ی ئاگادار و ورده‌كارن و مێژوویان نووسیوه‌ته‌وه‌، دانه‌ مرواری وشه‌ی پڕ گه‌شه‌ی كورده‌واییان هۆندۆته‌وه‌، سینگ و به‌رۆكی پاڵه‌وان نامه‌ی ماڵه‌بابانی مه‌رد و ڕه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی كوردیان ڕازاندۆته‌وه‌، كه‌ لێی ده‌ڕوانین زۆرباش ده‌زانین: ئه‌و بنه‌ماڵه‌ له‌كوردستاندا له‌چاو هه‌مووكه‌س به‌هۆزی غه‌وغاو به‌هێز و توانا و ده‌سه‌ڵاتداری به‌ناو و ده‌نگ بوون و كه‌سی هاوچه‌رخیان هاوسه‌نگیان نه‌بووه‌، میرنشینی بابان پتر له‌دوو سه‌د ساڵ مایه‌وه ‌و ده‌ورێكی ئاشكرای هه‌بوو، هه‌ندێ جار به‌تایبه‌تی كه ‌ده‌سه‌ڵات و توانایان په‌ره‌ی ده‌سه‌ند، شه‌ڕ و شۆڕیان له‌گه‌ڵ وڵاتی فارس و مه‌مالیكه‌كانی ژێرده‌ستی عوسمانییه‌كان ده‌كرد، هه‌ندێك جار ئه‌و شه‌ڕانه‌ گه‌رم ده‌بوون و ته‌شه‌نه‌یان ده‌كرد و مه‌سه‌له‌ی كوردیان ده‌بزواند و ده‌خسته‌به‌رده‌م و زمانان.
خولی دووه‌می میرنشینی بابان له‌بڕانه‌وه‌ی چه‌رخی یازده‌یه‌می كۆچیدا كه ‌(فه‌قێ ئه‌حمه‌دی داره‌شمانه‌) بناغه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ دامه‌زراندۆته‌وه ‌و سلێمان به‌به‌ی كوڕی گوشادتری كردۆته‌وه‌، هه‌تا ساڵی 1699ز حوكمداری بووه ‌و بانگ كراوه‌ته‌ ئاستانه ‌و كراوه‌ته‌ پاشاو كه‌ركوكی پێ سپێراوه‌، ده‌كرێ بڵێین مێژووی نوێی سلێمانی به‌سه‌رهه‌ڵدانی باباسلێمان له‌نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، بابا سلێمان دامه‌زرێنه‌ری دوا ده‌سه‌ڵاتدارێتی میرنشینی بابان بووه‌، كه ‌له‌و هه‌رێمه‌دا حكومه‌تیان كردووه‌. به‌هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانی سلێمان پاشا ده‌یویست بگاته‌ دام و ده‌ستگایه‌كی كوردی سه‌ربه‌خۆ، تا گه‌یشته‌ ڕاده‌یه‌كی وا ده‌وڵه‌تی عوسمانی سڵی لێ ده‌كرده‌وه‌ و ده‌ترسا به‌ته‌نیا په‌لاماری بدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران یه‌ك له‌دوای یه‌ك په‌لاماریان ده‌دا، تاساڵی 1699 به‌سه‌ریدا زاڵ بوون، دواتر میرایه‌تی به‌ئیبراهیم پاشا گه‌یشتووه‌ و بۆته‌ سه‌ردار و له‌ساڵی 1784ز حكومه‌تی به‌ده‌سته‌وه‌ گرت و بەئارخەیانی، شاری سلێمانی بنیاتناوه‌ و پایته‌ختی له‌ قه‌ڵاچوالانه‌وه‌ گواستۆته‌وه بۆ سلێمانی.
له‌ساڵی 1784ز سنووری ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی بابانه‌كان له‌پانترین شكڵی خۆیدا بریتی بوو له‌كۆیه ‌و بانه‌ له‌باكور، كفری و قه‌ره‌ته‌په‌ له‌باشوور، هێندێك جاریش ده‌گوترا به‌لای باشووردا، “مه‌نده‌لی” و ” به‌دره‌”شی گرتۆته‌وه‌.
له‌سه‌رده‌می عه‌بدولڕه‌حمان پاشای به‌ناوبانگی میرنشینی باباندا به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی سه‌ربه‌خۆیی دابوو توانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بێنێته‌ له‌رزین و له‌ده‌وری ئه‌مدا میرنشینی بابان گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی به‌هێزی و سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی به‌درێژایی بیست و سێ ساڵی حوكمڕانی وازیان لێنه‌هێنا و هه‌میشه‌ به‌گژی داده‌چوون.
ئه‌وڕه‌حمان پاشا وه‌كو هه‌موو میره‌كانی بابانی پێش خۆی ناپاكی سیاسه‌تی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئێران و عوسمانی هه‌میشه‌ كێشه‌ی بۆ دروست كردووه‌، بیری سه‌ربه‌خۆیخوازی و گه‌شه‌و پێشكه‌وتنی وڵات و كرده‌وه‌كانی ئاوڕه‌حمان پاشا نموونه‌ی به‌رزی شانازی پێوه‌كردنن، وه‌ك ئه‌وه‌ی شاعیری میللی ئه‌و ڕۆژانه‌ (عه‌لی به‌رده‌شانی) به‌شێعر ده‌یانگێڕێته‌وه‌، لای ئاوڕحمان پاشا نه‌كاركردن بۆ عوسمانی و نه‌خزمه‌ت كردنی ئێران، ته‌نیا بۆ سوود و خۆشی وڵات و میلله‌ت تێكۆشاوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ئێران هه‌میشه‌ نزیكه‌كانی خۆیان لێ ڕاست ده‌كرده‌وه‌ بۆ كێشه ‌و ململانێ، هه‌ربۆیه‌ له‌ماوه‌ی حوكمڕانی عه‌بدولڕه‌حمان پاشادا (1789- 1813) شه‌ش جار كاری میرنشینی بابانی گرته‌ده‌ست، هێزو ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی بابان له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا وه‌كو نه‌وار ده‌ڵێت: گه‌یشته‌ لوتكه‌ی هه‌ره‌به‌رزی، ئیدمۆندس دانی پێداده‌نێت: حكومه‌تی عه‌بدولڕه‌حمان پاشا به‌ڕواڵه‌ت تاسه‌رده‌می ئێمه‌ش به‌رده‌وام بووه‌ و سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو چه‌رمه‌سه‌ریه‌ی به‌سه‌ری هاتووه‌، هێشتا كات و ده‌ورانی ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌مێشكی خه‌ڵكی كوردا وه‌ك: سه‌رده‌می سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌ی كورد یادی لێ ده‌كرێ.
له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عه‌بدولڕه‌حمان پاشادا هه‌رێمی بیتوێن یه‌كێك بووه‌ له‌ناوچه‌كانی سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی میرنشینی بابان، هه‌رێمی بیتوێن هه‌میشه‌ دڵسۆزی خۆی بۆ حوكمڕانانی سلێمانی دووپات كردۆته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ لەبیتوێن سه‌رده‌می حه‌مه‌دئاغابووه‌، بۆ سه‌ردان و به‌سه‌‌ركردنه‌وه‌ و نوێ كردنه‌وه‌ی په‌یمان یابه‌هه‌ر هۆیه‌كه‌وه‌بێت حه‌مه‌دئاغا له‌بیتوێنه‌وه‌ به‌ده‌سته‌ سوارێكه‌وه‌ له‌قه‌ڵاچوالان میوانی پاشای بابان بووه‌، پاشا له‌و ماوه‌ میواندارییه‌یدا به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمه‌كانی مه‌رگه ‌و بیتوێن و ئاكۆیه‌تی به‌و سپاردووه، له‌وباره‌یه‌وه‌ شاعیری میللی عه‌لی به‌رده‌شانی ده‌ڵێت‌:
مه‌رگه‌ و بیتوێن و ئاكۆیه حه‌مه‌د ئاغا به‌شی تۆیه‌
ئاوڕه‌حمان پاشا له‌قه‌ڵاچوالان نزیكه‌ی په‌نجا ڕۆژ ‌میوانداری حه‌مه‌دئاغای كردووه‌ و له‌لای خۆی هێشتۆته‌وه‌، بێگومان پاشا كه‌حه‌مه‌دئاغای ئه‌م ماوه‌ درێژه‌ به‌میوانی له‌لای خۆی هێشتۆته‌وه‌ كۆڕی دیوه‌خان گه‌رم بووه‌، ته‌گبیروڕا زۆر كراون و گۆڕدراونه‌ته‌وه‌، به‌داستان گێڕانه‌وه ‌و سواری و ڕمبازی و… تاد، كاتیان به‌سه‌ر بردووه‌. بێگومان لێكۆلینه‌وه‌ی زۆری له‌سه‌ر بارودۆخی به‌ڕێوه‌چوونی قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌ی میرایه‌تی بابان كراوه‌.
تاكو ماوه‌ی سه‌ردانی حه‌مه‌دئاغا ته‌واوده‌بێت، ئه‌و ڕۆژه‌ش كه‌ حه‌مه‌دئاغا مۆڵه‌ت ده‌خوازێ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌، له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی حه‌مه‌دئاغادا پاشا هه‌روا به‌ساده‌یی به‌ڕێی نه‌كردۆته‌وه‌، زۆر به‌شكۆوه‌ به‌ڕێی كردووه‌ته‌وه ‌و بۆ خۆی به‌له‌شكره‌ڕاوه‌وه‌ تاكو بیتوێنی هێناوه‌ته‌وه‌ .ئه‌و ڕاوه‌ش ئه‌سته‌مه‌ ڕاوبووه‌، ڕاوێ ئه‌رزو ئاسمانێ بووه‌، تاژی و باز و شه‌هێن و سه‌گی به‌رازگری تێدا به‌كارهاتوون، پتر له‌پێنج سه‌د سواری چالاك به‌شداری تێداكردووه‌، هه‌ر وڵاخێك به‌توانا و هه‌رسوارێك دایمه‌سوار نه‌بووبێ به‌كه‌ڵكی ئه‌و ڕاوه‌ی نه‌هاتووه‌، ئه‌م ڕاوه‌ ڕاوی شكۆمه‌ندی و ڕێزلێنانی حه‌مه‌دئاغابووه‌. نزیكه‌ی سێ هه‌فته‌یه‌ك كاتی پێچووه‌، هه‌رده‌سته‌ سوارێك بارگه ‌و زه‌خیره ‌و پێویستیه‌كانی خۆیان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌وڵاخێكی باری باركردووه‌، كاتی ڕاوێ پایزبووه‌، چونكه‌ له‌هه‌ندێك شوێنان برنج دووراوه‌ته‌وه‌ په‌رێز په‌یدابوون، له‌م باره‌یه‌وه‌ عه‌لی به‌رده‌شانی ده‌ڵێت:
قڕقڕ ته‌یرێكی به‌دفه‌ڕه‌ له‌برنججاڕێ ده‌له‌وه‌ڕا
دوو سێ ڕۆژان پێش ئه‌وه‌ی ڕاو ده‌ست پێ بكات پاشا زه‌مینه‌ی به‌شداری كردنی ڕاوێی خۆش كردووه ‌و دایه‌ره‌ی به‌سواران كردووه‌:
به‌مه‌رحه‌مه‌ت گوێ بدێرێ بابچینه‌ سه‌یری دایه‌رێ
ڕاو له‌قه‌ڵاچوالانه‌وه‌ به‌ره‌ و خوارووی ڕۆژهه‌ڵات ڕۆیشتووه ‌و كه‌وتووه‌ته‌ ده‌شتی به‌رینی خۆش ڕاوی شاره‌زوور:
له‌خاك و خۆڵێ به‌ملاوه‌ ڕاوكه‌ران هه‌ر ڕاوه‌ ڕاوه‌
له‌شاره‌زووریشه‌وه‌ به‌ره‌و ڕۆژئاوا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ به‌نێوانی گڵه‌زه‌رده ‌و سوله‌یمانیه‌دا به‌ده‌شت و بێشه‌ڵان و چه‌می تانجه‌ڕۆو به‌كره‌جۆدا، بۆ داوێنی چیای پیره‌مه‌گرون و ده‌شتوچه‌می تابین و سووسێ و زێڕیندۆڵێ و به‌قه‌راغ زێیه‌دا ئاوابوون بۆ ده‌شتی مه‌رگه ‌و به‌گوندی بنگردا به‌ره‌و چیای ئاسۆس ڕۆیشتون، له‌دواێنی چیادا له‌گوندی به‌رده‌شانی كاكه‌لی شاعیر ماوه‌یه‌كی باش پاشا له‌سه‌ر به‌ردێك دانیشتووه‌ و چاوی ڕێزی به‌به‌رده‌شان و چیای ئاسۆسی كاره‌ساتاندا گیڕاوه‌ و له‌دواییدا سواربووه‌‌ته‌وه‌، له‌بۆری گرده‌كی كه‌فه‌ڵ مامزی گوێ مقه‌ستی گه‌ردن بڵندی كلك ئاڵا، به‌ره‌و بیتوێنی به‌چۆم و چۆمه‌ڵان ئاژۆیه‌تی و له‌ده‌ربه‌ندی نێوان پشده‌ر و بیتوێنی (زێی بچوك) په‌ڕیوه‌ته‌وه ‌و به‌بناری چیای كێوه‌ڕه‌شدا پێشه‌نگی كێشاوه ‌و له‌گوندی (قوڕه‌گۆیه‌)ی عه‌شیره‌تی (ڕه‌مكان) باره‌گای كاتی خۆی لێداناوه‌. به‌شێكیش له‌ڕاوچیان هه‌ر له‌ده‌ربه‌نده‌وه‌ به‌ره‌و ده‌شتی پشده‌ر ئاوابوون و له‌برنججاڕی كه‌نجاڕه‌و (خڕه‌جۆ)یان ڕاوی خۆیان دابه‌شیوه‌:
دابه‌ش كرا له‌خڕه‌جۆیه‌ پاشا گه‌ییه‌ قوڕه‌گۆیه‌
پاشا له‌گوندی قوڕه‌گۆیه‌ بارگه‌ی خۆی داناوه ‌و دوای دوو ڕۆژان ڕاوێ ده‌شتێ بیتوێنێ بڕیاری ڕاو به‌تاڵ بوونی داوه‌:
فه‌رمایشتكه‌ن ڕاو به‌تاڵ بێ قۆشه‌نمان بابه‌ره‌و ماڵ بێ
پاشا له‌قوڕه‌گۆیه‌ حه‌مه‌دئاغای به‌شوێنی كاری خۆی سپاردووه ‌و ئامۆژگاریشی كردووه‌، ‌به‌شه‌كه‌ی كه‌م نیه ‌و پێویسته‌ دڵی خه‌ڵكی ڕابگرێت و كه‌س له‌ده‌ستانی هاوارنه‌كات و نه‌ناڵێ و ئاغایه‌كی به‌ویژدان و دادبێت:
بڵباس و تاچیای گه‌ڵاڵێ حوكمت وه‌رگرت كه‌س نه‌ناڵێ
له‌دواییدا پاشا له‌قوڕه‌گۆیه‌وه‌ به‌ره‌و كۆیه‌ كه‌وتوه‌ته‌ڕێ، له‌كۆیه‌ش پاش میواندارییه‌كی چه‌ند ڕۆژه‌ی كۆییان، پاشا ئێواره‌یه‌كی به‌دره‌نگه‌وه‌ بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی سبه‌ینێی داوه‌، بۆیه‌ ئه‌و شه‌وه‌ تاكو به‌یانی به‌قاڵ و ناڵبه‌ند و دوكاندار، دوكانیان هه‌بوون و كاریان كردووه‌، به‌قاڵ و دوكاندار بۆ فرۆشتنی پێویستی سواران و زیندرووش بۆ دروونه‌وه‌ی زینی هه‌ڵوه‌شاو، ناڵبه‌ندیش بۆ توندكردنه‌وه‌ی ناڵی شلۆق و خڕناڵكردنی وڵاخان، ئه‌و شه‌وه‌ هه‌تاسبه‌ینێ هه‌ر ته‌قه‌ته‌ق و شه‌قه‌شه‌قی ناڵبه‌ندان بووه‌ و دوكانداران پاره‌یه‌كی زۆریان وه‌ده‌ستكه‌وتووه‌ :
چه‌رم و قایش و ڕه‌خت و شه‌قه‌ بردیانن به‌مێزو باقه
ناڵبه‌ندان هه‌ر ته‌قه‌ ته‌قه‌
بۆ سبه‌ینێ له‌كۆیه‌وه‌ پاشا به‌چیای هه‌یبه‌ت سوڵتانیدا هاتووه‌ته‌وه‌ دیوی دۆڵێ خه‌له‌كانێ به‌لێڕه‌وار و جه‌نگه‌ڵ، له‌گوندی خه‌له‌كان ماوه‌یه‌ك له‌لای تاقمێك له‌سواره‌كانی خۆی كه‌هه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌ بوون ماوه‌ته‌وه‌:
ده‌سته‌ی حه‌سه‌ن خه‌له‌كانی سمێڵ سووری سنه‌ییانی
له‌وێشه‌وه‌ له‌زێڕاندۆڵه‌وه‌ له‌ (زێ) یه‌وه‌ په‌ڕاندۆته‌وه‌ و به‌بناری ڕه‌نگینی چیای پیره‌مه‌گرونی موقه‌دده‌سی پیری پیرۆزدا به‌ره‌و قه‌ڵاچوالانی قه‌ڵای فه‌رمانڕه‌وایه‌تی خۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ دیاره‌ ڕاوچیش له‌داوێن و بناری پیره‌مه‌گرونی پڕدارو دره‌خت و ئاژه‌ڵی كێوی ته‌قڵكوت و به‌بێ ڕاو تێنه‌په‌ڕیون.
ئه‌م سه‌فه‌ره‌ی عه‌بدولڕه‌حمان پاشا سه‌ره‌ڕای گه‌شت و سه‌یران، شكۆ و گه‌وره‌یی ده‌سه‌ڵاتی میرنشینی بابانی پیشانداوه ‌و سنووری ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ركردۆته‌وه ‌و نه‌یارانی له‌كاری چه‌وتیان ئاگادا كردۆته‌وه‌، بێگومان بیتوێنی مه‌ڵبه‌ندی قاره‌مانان، به‌و سه‌ردانه‌ی پاشای بابان، شه‌ڕافه‌تمه‌ندبووه ‌و ئه‌م پشتیوانیه‌ی پاشای بابان له‌هه‌رێمی بیتوێن دەربڕیوە، له‌به‌رچاوی دۆست و نه‌یار شكۆیه‌كی زیاتری به‌حه‌مه‌دئاغا به‌خشیوه‌.

بۆئه‌م بابه‌ته‌ سوود له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌:
1-د.كاوس قه‌فتان، بابان سۆران بۆتان، چاپخانه‌ی (الحوادث)، به‌غدا 1985.
2- سیسیل جۆن ئیدمۆندس، كورد تورك عه‌ره‌ب، وه‌رگێڕانی: حامید گه‌وهه‌ری، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر، 2004.
3-شه‌ره‌فخانی بدلیسی، شه‌ره‌فنامه‌، وه‌رگێڕانی: هه‌ژار، چاپی دوهه‌م، چاپخانه‌ی جه‌واهیری -تاران1981.
4-مامۆستا زیادمحه‌مه‌ده‌مین، دیوانی عه‌لی به‌رده‌شانی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌-هه‌ولێر، 2006.




موچەو قەوارەی هەرێم..!.. عوسمانی حاجی مارف

نەمانی تەواوی متمانەی نێوان هەرێم و بەغدا، پەیوەندیەکانی نێوانیانی بەرەو ئاڵۆزی و ناڕۆشنی بۆ ئایندەیەکی نادیار بردوە، کەلەم نێوەدا هەر ڕێکەوتن و پرتۆکۆلێک و بنەمای دەستوری پێشویان هەرچیەک بوبێت، بواری کارکردنی هاوبەش و پێکەوەییان لە حوکمڕانی و دەسەڵاتی سیاسیدا لەدەستداوە. کارکردنێک کە لەناواخنی ڕێکەوتنی هێزی میلیشیاو لەسەر تاڵانی و گەندەڵی و دزیەوە بەرهەم هاتووەو یەکیانگرتووە. ئاڵۆزی ئەم پەیوەندیەش لە ژێر کاریگەری هاوسەنگی هێزەکاندا بەم ئاکامەی ئێستای گەیشتووە، کە لەسەر بنەمای پێگەی پێکهاتەی هیزە میلیشیاکان، بازاڕی کەڵەکەی سەرمایە دابەشکراوە.کاتێک دۆخی هێزە میلیشیاکانی عێراق خۆیان نەگرتووەو پێگەی لاوازیان هەبوو، هەموو شتێکیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دابەشدەکرد، پارتی و یەکێتیش لەڕیزی پێشەوەی ئەو دابەشکردنەدا بێمەرج وەستان و لێیان خوارد.
ئەوەی ئێستا پێشهاتووەو بە ئاراستەی ئایندەی دۆخی عیراقدا دەڕوات، زاڵبونی سیاسەت و ڕوانگەی حکوومەتی فیدراڵی و بەرزبونەوەی پیگەی ڕەوتی سیاسیی شیعەیە لە پەیوەندو ئاوێزانبون بە بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەناسرێت. ڕێڕەوی ئەم زاڵبونەش دەیەوێت دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بخاتە ناو هێژمونی هەمان چوارچێوەی یەکپارچەیی عێراق و ملکەچی دەسەڵاتی شیعەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدریەکان نوێنەرایەتی دەکەن. ئەمەش ئەو فشارەیە کە مانای چارەنوسێکی کۆتایی یان سنوردار خەریکە بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دیاری دەکات. لێرەشەوە دەتوانین بڵێین قەوارەی هەرێم لە مەترسی زیاتر بچوکبونەوەو لە ناوچوندایە.
لەهەمانکاتدا بەغدا دەبینێت بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێم پیگەی سیاسی و سەربازییان مانایەکی نیە و پارتی و یەکیتیش لە دژایەتی یەکتردان، بۆیە هەلێکی گونجاوە بۆ حکومەتی عێراق پرۆژەی ناوەندکردنەوەی عێراق بە خێراتر بەڕێوەبەرێت. لەلایەکی تریشەوە سەختی دۆخی هەرێم لەوەدا خۆی نیشان ئەدا، لەدەستدانی تەواوی متمانەی خەڵکە بە حکومەت و دامەزراوە سیاسی و یاساییەکانی هەرێم. ئەمەش خاڵێکی تری سەرنج ڕاکێشە لە نیشاندانی لاوازی حزبە میلیشیاکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە بەردەم جەماوەرێکدا کە سی و دوو ساڵە لە چاوەڕوانی و بێئومێدی و نەهامەتیدا ڕایانگرتون. دەبینین بەغدا وەڵام بە شایستە داراییەکانی هەرێم ناداتەوەو موچە نانێرێت، بەڵام تائێستا خەڵک دژی بەغدا ناڕەزایەتیان نیشان نەداوە.
ئایندەی قەبارەی هەرێمی کوردستان باس و مەسەلەیەکی سەرنج ڕاکێشە لە ناوەندێکی بەرفراواندا. بە جۆرەها دەستەواژە تەعبیر لە کۆتایی و هەرەسهێنان و ئاشبەتاڵ و لەبەینبردنی دەکرێت. تا ئەو ئاستەی لەنێو سەرکردایەتی حزبەکان و دەسەڵاتدارانیشدا پێشبینی ئەو مەترسیە لە ژیانی سیاسی ئەزمونی حکومەت و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەکرێت.
بەغدا بەردەوام گوشارەکانی لەسەر هەرێم توندتر دەکاتەوەو بێنەوبەرەو یاریان پێدەکات. کە لەم بارەیەوە بەغدا هیچ مەترسی و دودڵیەکی نیە لە پەرچەکرداری مەترسیداری هێزەکانی پارتی و یەکێتی، چونکە پێگەو توانا سەربازیەکانیان و نائامادەییان بۆ شەڕ باش دەناسێ. چونکە توانایی هێزە میلیشیاکانی عێراق ڕێکخراوترو بەتواناترو ئامادەترە. هەروەها پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی هەیە، چونکە ئێران پارێزەری ئەو سیستەم و حوکمڕانیەی ئێستایە کە لە بەغدا هەیە. تا کۆماری ئیسلامی مابێت، ڕێگە نادات ئەم حکومەتەی عێراق بگۆڕدرێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە تائێستا هیچ ڕوناکیەک بۆئەوەی ئاڵوگۆڕێک لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێتەدی، بەدی ناکرێت.
هەربۆیە عێراق وەک پێگەی دەوڵەتبوون، لەڕێگەی دادگای فیدراڵی عێراق و بە بڕیاردان بە نادەستوری ناساندنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی ئەو وابەستە ئابوریەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی بە بەغداوە، عێراق بەو میکانیزمە دەسەڵاتی خستەگەڕو لە شادەماری ئابوری و دیبلۆماسی هەرێمی کوردستانی داو تەواو سنورداری کرد، کە لە ئایندەدا لەدەستدانی ئەم مامەڵەو بازرگانیە بە نەوت، پێگەی سیاسی و دیبلۆماسی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوخۆو دەرەوەدا تەواو لاوازترو بێدەسەڵات دەکات.
بەغدا بەحوکمی ئەو پێگە سیاسی و نێودەوڵەتیەی کە هەیەتی، توانیویەتی لە گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان جگە لە دادگای فیدراڵی، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوت و پەرلەمانی عێراق و بانکی ناوەندی و چەندان دامەزراوەی تری فیدراڵی کە لەژێردەستی دەوڵەتدان، فشارێکی گەورە بخاتە سەر هەرێمی کوردستان.
لەهەمانکاتدا نابێت ئەوە لەبیربکەین کە ئەو ئاڵوگۆڕەی لە هەلومەرجی سیاسی ناوچەکەدا پێشهاتووە بەگشتی لە بەرژەوەندی عێراقدا دەردەکەوێت و نەک هیچ خێرێکی بۆ هەرێم نیە، بەڵکو ئاراستەکانی وەها نیشان ئەدات کە زیانی زیاترە بۆ قەوارەی هەرێم. ئەو هەنگاوانەی لەوبارەیەوە دەرکەوتەی ئەرێنیان بۆ عێراق نیشانداوە، نزیکبوونەوەی وڵاتانی کەنداوە لە عێراق، بەتایبەت سعودیە و قەتەر و ئیمارات. هەروەها نزیکبوونەوەی تورکیا و وڵاتانی کەنداو، نزیکبونەوەی ئێران و ئەمریکا، هەستانەوەی ڕژێمی ئەسەد و هتد، پشتیوانیەکی گەورەن بۆ زیاتر بەرزبونەوەی پێگەی حکومەتی عیراق. لەهەمانکاتدا پێویستە ئەوەش بڵێین کە هیچ یەک لەو ووڵاتانە پێویستیەکیان بە حیزبە کوردیەکان نەماوە، تابۆ بەرژوەندیە سیاسیەکانیان بەکاریان بهێنن. ئەمەش ئەو دۆخە هەستیارەیە کە لەڕای گشتیدا بە هەرەس یا کۆتایی حکومەتی هەرێم تەعبیری لێدەکرێت. لەوانەیە حکومەتی عێراق و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە پێشتر ترسیان لەپارتی و یەکیتی هەبوبێت کە لە نەیارەکانیان نزیک ببنەوە، بەڵام گۆڕانی دۆخەکە ئەو ترسەی نەهێشت. هەروەها لەبەر چۆنیەتی و پەیگیری لە پەیوەندیەکانیان پێویستیان بەوە نیە دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن یان لەبەرامبەر یەکتردا یارمەتی هەرێم بدەن.
هەر بۆیە بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێم و زیاتر لاوازکردنی پێگەی سیاسی و ئابوری و دیبلۆماسیەکەی لەگەڵ چونەپێشەوەی ڕوداوەکاندا، زیاتر ڕادەستکردنی بە سیاسەت و نەخشەی ناوەندبونەوەی عێراق نزیک دەکاتەوە. دواتریش هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی سەربەخۆ و جیاواز، تەواو پوچەڵ دەبێتەوە. ئەوەش کە ئێستا دەیبینین پرۆسەی گەڕانەوە بۆ بەغدا تا ئاستی ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت، داهاتی خاڵە سنوریەکان و دامەزراندنی سوپای عێراق لەسەر سنورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیاو سووریا وئێران، بەشێکی جێبەجێ کراون.
ئەتوانین بەگشتی ئەوە درک پێبەکەین کە بارزانی و تاڵەبانی لە قەیرانێکدا دۆشداماون. ڕووناکی و پەناگایەک شک نابەن لەم بنبەستە دەریان بهێنێت. تەنها چاوەڕوانی موعجیزەی ڕوداوێکن لە ئەگەری ئەوەی دەرگای دەرچونی ئەم گێژاوەیان لێ بکاتەوە. ئەوەی شایانی باسە ڕوودانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس و ململانێی لایەنەکانی بەشدار لەم شەرەداو مەترسی فراوانبونەوەی ئەم شەڕە لەسەر ناوچەکە، ئەگەری ئاماژەیەک دەستنیشان ناکات کە هیچ سودێکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەبێت.
لەم کەین و بەینەدا، ئەوەی بەدەستیانەوە ماوە یەکلاییکردنەوەی موچەی پێشمەرگەو فەرمانبەران و مامۆستایانە. لەم بارەیەوە بەغدا دەمێکە وەک وەرقەیەکی فشار مامەڵە بە مەسەلەی موچەوە دەکات، تا پێگەو قەوارەی هەرێم زیاتر بێبایەخ نیشان بدات. حکومەتی بارزانی و تاڵەبانی بەلەدەستدانی ئەو ئیمتیازانەی شانازییان پێوەدەکرد بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسیان لە هەرێمدا، بەتایبەتی بازرگانی بەنەوت، شکۆی دەسەڵاتەکەیانی هێناوەتەخوارەوە. بۆیە گەر هەر دابەزینێک لە ئاستی پێگەو ئیعتباری سیاسیان ڕویدابێت ئەگەرێتەوە بۆئەو حاڵەتەی تێی کەوتون.
ئاشکرایە کە دابینکردنی موچە ئەتوانێ بوارێک بێت بۆ ئاستێک لە پاراستن و ڕاگرتنی پێگەی سیاسیان، بەڵام ئەوەی خاڵی لاوازی ئەم دۆخەیە، حکومەتی هەرێم وەها نیشان ئەدات بەبێ بەغدا، ناتوانێ ئەو موچەیە وەک پێویست دابین بکات. بەپێی دەستورێک کە هیچ بەهایەکی نەماوە، ئەوە ڕادەگەیەنن هەگبەکەیان خاڵیەو کاری بەغدایە موچەکەیان ڕادەستکات و ئەمان دابەشی بکەن. هەڵبەتە کێشمەکێشی هەرێم و بەغدا لەسەر موچە بێنەوبەرەیەکی زۆرە لە حساباتی هەردولایاندایەو هەر لایەنێکیان بەڵگە دەهێنێتەوەو قسەی لەسەر دەکرێت، تا ئەو ئاستەی باس لەوەدەکرێت کە ئەم موچەیە باشتر وایە ڕاستەوخۆ بەغدا خۆی دابەشی بکات. هەرێمیش بەم پێشنیارە زۆر توڕەو قەڵسە، چونکە بەجیا لەوەی هەر سودێک و دزیەک و ناڕۆشنیەک لە چۆنیەتی دابەشکردنەکەیدا بۆ سەرکردەکانی هەرێم قسەی لەسەر هەبێت، بەڵام لێسەندنەوەی دابەشکردنی ئەو موچەیە لە حکومەتی هەرێم، مانای کۆتایی پێکهاتەی حکومەتی هەرێمە. بۆیە حزبە دەسەڵاتدارەکان لە هەرێم تا بتوانن خۆیان نادەن بەدەستەوەو قەبوڵی ناکەن بەغدا بۆ خۆی ڕاستەوخۆ ئەو موچەیە دابەش بکات. بە مانایەک کێشەی ئەم موچەیە بۆتە بەڵا لەسەر قەبارەی هەرێم. لەهەمانکاتدا بەغداش لەسەر ئەم موچەیە بەهەر حساباتێک کە لێپرسینەوە دەکات لەسەر داهات و خەرجی هەرێم، ئێستا وەک گەمەیەک و یاریکردن بەدەسەڵاتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان ئەملاوئەولایان پێدەکات و شکۆی ئعیتباری سیاسیان زیاتر دادەبەزێنێت، تائەوکاتەی هەلێکی گونجاو لە هەلومەرجی سیاسی ناوچەکەو عێراقدا دەڕەخسێت، کە بتوانن حکومەتی هەرێم هەڵوەشێننەوە. واتە لە ئێستادا پێکەوەلکاندنیپەیوەندی نێوان “موچە و قەوارەی هەرێم” و ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوانیان، ئەو کارتەیە کە حکومەتی عێراق لە کاتێکی دیاریکراودا ئەتوانی بڕیار لەسەر چارەنوسی حکومەتی هەرێم بدات..!
ناوەڕۆکی ئەم کێشمەکێشە کە قوربانیەکەی پێشمەرگەو فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم و خێزانەکانیانە. لەهەمانکاتدا هۆکاری نارەحەتی گوزەرانی زۆرێنەی خەڵکی کوردستانە. ئاشکرایە ئەو لایەنانەی حکومەتی هەرێمیان پێکهێناوە، باش دەزانن ئاکامی ئەم یاریکردنە بەرەو کوێیان دەبات. بەڵام بەدروشمی کوردایەتی و فەزڵفرۆشی و منەتکردن بەسەر خەڵکدا ئەوەندە نابەرپرسن، هیچ هەنگاوێک نانێن کە لایەک لە ژیانی ئەو خەڵکە بکەنەوە.




هەفتەی شەشەم و شەپۆلی فراوانی خۆپیشاندان بۆ ڕاوەستانی ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە!.. نوری بەشیر

سەڕەڕای ئەو رێگری و رێکارانەی کە حکومەتانی لایەنگر لە شەڕو حکومەتی ئیسرائیل بۆ خۆپیشاندان دروستیان دەکرد، بۆ جارێکی کە بەرەی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست لە سەراسەری دنیا لە شەممەی ١٨ی نۆڤەمبەردا ڕژانە ناوەندی شارەکان بەتایبەتی لە بەریتانیا، فەرەنساو ئەمریکا. هەفتەی شەشەم لە زۆربەی شارەکانی بەریتانیادا خۆپیشاندان کە بە خۆپیشاندانی سەدان ناوبرا ئەنجامدرا.
لە لەندەن لە کامدن و ئیزلینگتن و ترافڵگار سکوێرو دەیان شوێنی جیاجیا کۆبوونەوەو ناڕەزایەتی بە ڕووی حکومەتی بەریتانیا رویدا بەتایبەت کە لە دانیشتنی پەرلەماندا دەنگیان بە ئاگر بەست نەدا، لە یەكێک لەم خۆپیشاندانانەدا کە لەناوچەی کامدن لە لەندەن بوو بەردەم نوسینگەی لەیبەر پارتی کۆبونەوەو دروشمی دژی لەیبەر پارتی و کیر ستارمەری سکرتێری ئەو حزبە درا، کە ژمارەیەکی زۆر ئەندام پەرلەمانی وازهێنانیان راگەیاند کە ئەم حزبە و سکرتێرەکەی دژی راوەستانی جەنگن.
ئەم خۆپیشاندانەی لەندەن دەیان ناوچەی تری گرتەوەو لەوانە ناوەندی شاری لەندەن ترافڵگار سکوێرو لەوێوە بۆ بەردەم ماڵی سەرۆک وەزیران ڕیشی سوناک کە کابینەو حکومەتەکەی لە قەیرانی قوڵدایە، کە ئاخرین قەیرانەکەی دورخستەوەی وەزیری ناوخۆ سوێلا برایڤەرمان کە کەسێکی دژی پەنابەرو دژ بە خۆپیشاندانەکانی لایەنگری ئاگربەستن. ئەم حکومەتە ئەزمە گرتووەی بەریتانیا بەبێ هیچ هەڵبژاردنێک و بەرئەنجامی قەیرانێکی پێشتر کە بەردەوامە دەیڤید کامیرۆنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی هێنایەوەو کردیان بەوەزیری دەرەوە.
خۆپیشاندانی ئەم هەفتەیە شارەکانی تری بەریتانیا لە: نیوکاسڵ، شفێڵد، لێڤەرپوڵ، مانچستەر، بریستۆڵ، کاردیف، دەندی و کاردیف، نۆتینگهام و والساڵ و هەروەها لە گلاسگۆ کە گەورەترینیان بوو نزیەکەی بیست هەزار کەس تێیدا بەشداری کرد لە خەڵكی ئازادیخواز و چەپ و مرۆڤدۆست و یەکێتیە کرێکاریەکان لەوانە دەیڤ مۆکسهام، جێگری سکرتێری گشتی فیدراسیۆنی یەکێتی TUCی سکۆتلەندا کە بەشدار بوو و لە کۆبوونەوەکەدا وتی “یەکێتییە کرێکارییەکانی سکۆتلەندا پشتیوانی لە ئاگربەستی دەستبەجێ دەکەن، هەروەها دیک پیت ڕێکخەری کەمپەینی هاوپشتی فەلەستین (PSC) بە خەڵکەکەی گوت، “خەڵک ناتوانن هیچ نەکەن لە کاتێکدا ئیسرائیل تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات.”
” ✺
هەروەها بەردەوام یەکێتیە کرێکاریەکان بەشداری ئەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیانەی کردوەو لە خۆپیشاندانی ملیۆنی لەندەن لە ١١ی نۆڤەمبەردا میک لینچ سکرتێری یەکێتی کرێکاریی RMT بەشداری کردو لەبەردەم سەفارەتی ئەمریکا لەلەندەن داوای ئاگربەستی دەستبەجێی کرد.

هەر لەم رۆژەدا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا خۆپیشاندانی گەورەی ناڕەزایەتی بوو بەدژی کوشتاری حکومەتی ئیسرائیل و بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ. لە ئەمریکاش لە چەند شار خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا.
ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەوەیە لەگەڵ چونەسەرەوەی هێرشەکانی حکومەتی ئیسرئیل بۆسەر خەڵکی مەدەنی غەززەو چوونە سەرەوەی کوشتارەکان بۆ نزیکەی سیازدە هەزار نزیکبۆتەوە کە لەسەدا حەفتای ژن و منداڵن، بریندار بۆ سی هەزار سەرکەوتوە بێجگە بێسەروشوێنی ژێر باڵەخانەو خانو نەخۆشخانەو قوتابخانەی رووخاو بەسەریاندا و هەورەها کاولکاریەکانی نەخۆشخانەو قوتابخانەو برسێتی و تینوێنتی خەڵكی غەززە، کە لەلایەک لایەنگرانی سەرمایەو بازاڕی ئازادی بۆرژوازی و حکومەتەکانی لەچەشنی ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا سورن لەلایەنگری کوشتارو کاولکاری بەڵام لەولاوە بەرەی ئازادیخوازو مرۆڤدۆست و چەپ و کۆمۆنیستی و کرێکاریی دنیا زیاتر پێدادەگرن لەسەر ئاگربەستی فەوری و گەیاندنی پێداویستیە فەوریەکان بە خەڵكی غەززە. ئەوەی بەرچاوە لەناو خۆپیشاندانەکانی بەگشتی خەڵکی ئیسرائیلە ( یان ئەوەی پێی دەڵێن یەهودی یان جولەکە) لەم وڵاتانەدا لەپاڵ رێزی سەدان هەزاری کە بەهەموو شێوەیەک لەبەرانبەر کوشتارو کاولکاری دەوەستنەوە کە لە وێنەکانی لەگەڵ ئەم بابەتەدا دایدەنێن بە کامێرای خۆمان گیراوە لە لەندەن، ئەمە دەریدەخات کە ئینسان لەهەموو شتێک بەنرخترە و هیچ بەهانەیەک نیە بۆ کوشتنی ئینسان، ئینسان لەسەرو هەموو پیرۆزیەکی قەومی و دنییەوەیە، ئیتر ئەمە جێگایەک بۆ قەومگەرایی و دینیی ناهێڵێتەوە.
ئەم شەپۆلیە ملیۆنیەی هەفتانە لەشەقامەکاندایە هەر بە ئاگر بەست و گەیاندنی کۆمەک بۆ لیقەوماوان و بیریندارانی غەززە ناوەستێت و داواکاری رێگاچارەیەک دەکات کە ئەم کوشتارو ملهوڕیەی ئیسرائیل کۆتایی پێبهێنرێت بە چارەسەری کێشەی فەلسەتین ئەویش پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستینە لەپاڵ دەوڵەتی ئیسرائیلداو بەمەش ساڕێژی ئەو برینە لەمێژینەیە دەکات و چیتر وڵاتانی بۆرژوازی و سەرمایەداری عەرەبی نانی لێناخۆن و هەروەها سەرچاوەکانی سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لەچەشنی حەماسیش دەباتە دواوە.

✺ ئەمەم لە پەیجی هاوڕێ توانا نوری وەرمگرتوە

٢٠/١١/٢٠٢٣




“مێسی بەغدا” نوێترین فیلمی سینەمایی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفە

فیلمی “مێسی بەغدا” سێ خەڵاتی سەرەکیی لە 26مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا (Arpa International Film Festival) لە هۆلیوود لە ئەمریکا بەدەستهێنا.

“مێسی بەغدا” بووە براوەی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنان و باشترین سیناریۆ و لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدا کێبڕکێی لەگەڵ 11 فیلمی جیهانیدا دەکرد.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئارپا ماوەی 26 ساڵە بەردەوامە و چالاکییەکانی ئەمساڵی لە 29ـی تشرینی یەکەمی 2023 لە هۆلیوودی لۆس ئەنجلس دەستپێکرد و لە 17ـی تشرینی دووەم کۆتاییهات.

“مێسی بەغدا” نوێترین فیلمی سینەمایی سەهیم عومەر خەلیفە، لە دوای بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا، خەڵاتێکی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “Schlingel” لە ئەڵمانیا بەدەستهێنا و لە 45مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی قاهیرە کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی خەڵات دەکات، بەڵام بەهۆی شەڕی غەززەوە دواخراوە.

“مێسی بەغدا” لە 28مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی “Schlingel” لە شاری کێمنێتس ئەڵمانیا بەشداربوو کە تایبەتە بە فیلمی منداڵان و گەنجان و لە 23 تاوەکو 30ـی ئەیلوولی 2023 بەڕێوەچوو و خەڵاتی لیژنەی دادوەری گەنجانی وەک باشترین فیلم لە فێستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.

لە حوزەیرانی ئەمساڵ، “مێسی بەغدا” بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی سینەماییدا کردووە، لەوانە 25مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شەنگهای کە بەربژێری سێ خەڵات بوو و لە هەمان مانگ لە 63یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی زلینە لە چیک بەشداربوو.

هێندریک ڤێرتە لەرێگەی کۆمپانیای ئەی تیم پرۆدەکشن لە بەلجیکا، محەممەد ئەکتاش لەرێگەی کۆمپانیای میتۆس فیلم لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا؛ لە بەرهەمهێنانیدا بەشدارن. کۆمپانیای وایلد بۆنچ کە یەکێک لە بەهێزترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلمە لە ئەوروپا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی فیلمەکەی لە ئەستۆگرتووە.

کورتەفیلمی “مێسی بەغدا” براوەی 60 خەڵاتی جیهانییە، لە 2022 وەک فیلمێکی بڵندی سینەمایی بەرهەمهێنرا و کاری وێنەگرتنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە.




باخچە هەڵواسراوەکانی پاڤڵ.. شیعری/ نەوزاد بەندی

بایۆمەتریی ..
ئیشی شەقامی سەد مەتریی ..
سەدان تاوەری چۆڵ و هۆڵ ..
مۆڵ له دوای مۆڵ ..
دۆنم .. شار به جوملە و بە قل ..
پڕۆژەی بورجەکەی ئیڤڵ ..
ساڵی خوێندنی ڕاوەستاو ..
کارەبا .. ئاو ..
تاپۆی 24 خانوەکەی
گەڕەکەکەی
عەسکەری
سەروو عەقاری ..
جەیشێ گەنجی دانەمەزراو ..
باخچەی گەراجی مەسڵەحە ..
نەخۆشخانەی مناڵبوونەکەی ڕۆژهەڵات ..
ئەی شەپۆلی عەرەبانەی مزگەوتی گەوره و
مەولەوی هەتا سالم ..
زانکۆی پڕ لە عیلم و عالم ..
خاشاکی شەقام و
گۆشەی کۆڵانەکان ..
شکاندنی خلیسکێنە و
پچڕاندنی جۆلانەکان ..
شتی ووردە ..
شەڕی مەعبێنی سەرکردە ..
ئیعتیرافی ئەوەی کە ساڵەهای ساڵە ،
کوڕی خەڵکی ئەدەن به کوشت ،
هەتا ببێ بە هی خۆتان
نەوت و غاز و هەرچی دەشت و چەم و یاڵە ..
سووتاندنی بەنزینخانە و
مەعمەلی قیر ..
هێنانی بەز و جوجەڵە و
ئاودیو کردنی ئارد و شیر ..
موسەلسەلی تەنکەرەکان ..
شەوانی ڕۆمانسی سەر مەرز ..
دەرمان ، بە قەرز ..
موچە ، بە قەرز‌ ..
کامێراکانی پۆینت تو پۆینت ..
سواڵکەری ترافیکلایت و
بەردەم دەرگای مزگەوتەکان ..
سندوقی شێرپەنجەی هیوا ..
ڕۆیشتنی دۆلار بەودیوا ..
سەدان کارگەی خەیاڵیی دەشتی شارەزوور ..
پەیمانی گەورە و ناو بەتاڵ وەک پیرە تور ..
هەزاران شا و شاهەنشا و بەگزادە و ئەمیر ..
وەزیره کوڕ ،
کوڕه وەزیر ..
حیمایەی لوتبەرز ..بێژەری زۆربڵێ و گەمژە و بێ سنوور ..
سەیارەی درع ، کۆشکی بلوور..
شەوگاری سوور ..
جامی ڕەش و ..
تێهەڵدانی ترافیک لایت
لەگەڵ مرور ..
شەقهەڵدان لە سەری خوێندکار ..
ڕاکێشانی هێڵی قیتار ..
حوکمەتی ئەلەکترۆنی ..
ڕمانی باڵەخانە و پرد ..
قوتدانی گرد ..
بڕینی شاخ وەکو خەیار ..
هەڵکۆڵینی زەویی بازرگانیی گران ، وەکو باینجان و کالیار ..
تەلبەنکردنی دەشت و کێو ..
کچە مۆدێلی وەکو خێو ..
ئاگربەردان لە سنەوبەر ..
حوسەینییە و
یانزه بە دەر ..
کۆچکردنی باڵندەکان ،
کۆشکی سەر لوتکەی شاخەکان ..
ئەی باخەکان ؟
تەنینی ئاسمان بە درۆن ..
٭ ٭ ٭
ئەمانە هەموویان درۆن ..
شتێکن وەک ئەفلام کارتۆن ..

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

٭ هەڵەی چاپ :
پاڤڵ = بابل