کتێب\ پێشگۆتن بۆ هەر مێتافیزیکێک کە بشێت لە ئایندەدا ببێت بە زانست.. ئیمانوێڵ کانت.. لە ئەڵمانییەوە: کاوە جەلال

بۆ خوێندنەوەی ئەم کتێبە کلیکی ئێرەبکەن..




چیرۆک\ ئەو رۆژەی دەبوایە بەر چەقۆ بدرێم… ئەدیب نادر

ئەوەتا گەیشتمە ئێرە، بەڵام چۆن و بۆ ئێرە؟ نازانم!. ئەی تۆ بڵێی لەبەر ئەوە بووبێ لەگەڵ مستەفا گەرمیانیدا دەچووینە ئەوێ؟ ئێ خۆ ئەو قەتاوقەت دەمەونیوەڕۆ لێرە نەدەبوو، ئای چ سەبوورییەکە.. چ بەخت یارییەکە! لێرەیە.. بەخت یاریی! دەبێ بەخۆم پێبکەنم وەختێ وشەی بەخت بەکار دەهێنم.. جلوبەرگی ئیشم لەبەر بوو، ئاخر من مانگەکانی هاوین ئیشم دەکرد.
لەسەر خەیاڵ نیم چەند ڕامکرد، چەند سەیری پشتەوەی خۆم کرد، چەند بەر خەڵك و ستوونەکانی کارەبا کەوتم و چەندیش قۆرت و کۆسپ و لەمپەری ڕێگا دوورودرێژەکە تووشی هەڵەنگوتنیان کردم..هەر کە نیگام بە سیمایدا هەڵشاخا، دەمم بە: تۆ خدری زیندەیت پشکوت.. بەبێ ویستی خۆم وام وت، نازانم بۆ، ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەی لەوێ بوو سەبوورییم پێیدا هاتەوە و وەك فریادڕەسێك هاتە بەرچاوم بۆیە.. کە بەو شێوەوەسفهەڵنەگرە کەوتمە بەرچاوی، پێکەنی: ئەوە چییە؟ بۆ ڕەنگوڕووت وا بزڕکاوە، دەڵێی ژان ڤاڵژانی و قۆشەنێك بە پاژنەتەوەیە، هاکا گەیشتنە سەرت و پشتملیان گرتی، دانیشە، تۆزێك هێوور بەرەوە، چایەك…
نەمتوانی هێوور بمەوە، دەتگۆ تازە ئارەقە لەگەڵ لەشم ئاشنایەتی پەیدا کردووە، شەڵاڵ ببووم، گازینۆکەی مەجیدییە، کە شوێنی بەیەكگەیشتنمان بوو، وەك هەمیشە جمەی دەهات، پەرداخێ، دوان، سیان..ئاوم هەڵقووڕاند کەچی هێشتایش چەندین فرسەخ لە هەدادانەوە دوور بووم.. و چاویشم هەر لە دەرگاکە بوو، کە ئاسایییانە پێشوازی لە هاتووەکان دەکرد و کەمتەرخەمانەیش دەرچووەکانی هەڵدەهێنایەوە، وەك بڵێی چاوەکانم لێڵ بووبێت، هەر کەسێ دەهاتە ژوورێ هەڵدەستامە سەرپێ، وام دەزانی بەکرە، یان عەباسە، ساتناساتێکیش بەخۆم دەگوت: ئێستا نا، دەمێکی دی بە هەڵەداوان و شێتگیرانە دێنە ژوورەوە، دێن و لەشم دەکەنە کێالنێکی کاتیی و دانیشتووەکانیش، وەك بڵێی مێشێکی ناچیزەیش میوانیان نەبێ خۆیان لە نەبانیی دەدەن!..هەر چۆنێك بووە زۆرەکییانە کاژی پەشۆکاوییە ناهەموارەکەی خۆم فڕێدا و گوێم لە دەنگی خۆم بوو: تۆ بەختت لەوەدا نییە کە مستەفا گەرمیانی لێرەیە، بەڵکولەوەدایە کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لەگەڵ نەزەر کاکەیی و کوڕە هەرزەکارەکەی بۆ ئیش نەڕۆیشتی، چونکە، گەر بڕۆیشتبایتایە ئەوا تا نووکە زیندوو نەدەبوویت..نەیسە، شانس شتێکی ئەوتۆی هاویشتە سەر ڕێت دوابکەویت و تاکو چێشتەنگاو سەرقاڵ بیت، وەختێ گەیشتیتە سەر سیلەی کۆڵانی ماڵەکەیش، کوڕە هەرزەکارەکەی خاڵەنەزەر لە پێچەکەدا چاوەڕێی دەکردیت.. بە پڕتاویی و شپرزەیییەکی بەرجەستەوە بەرەو ڕووم هات و وتی: نەڕۆی دەتکوژن..
وەك ئەوەی کوتەکێك بکێشن بەسەرمدا، نازانم وڕوکاس بووم، یانێخۆ شڵەژام!..
ئاخر هیچ هەڵەیەکم لە خۆمشك نەدەبرد، ئیدی بۆ دەمکوژن؟ نەمتوانی بیربکەمەوە، بەڵام بۆ؟ یەك دەرپەڕی؟ باوکم بە بیانووی شت کڕینەوە دوو سەعاتە پێیان دەڵێت ئاتاجمان بە هەندێ شتە و ڕێگە نادەن بمنێرێ تا پێت بڵێم چی لەوێدا دەگوزەرێ..پاش بێئومێد بوون لە چاوەڕوانی و ئیش لە مۆڵەق مان و بەگومان بوون لە هاتنت، ئینجا هێشتیان بێمەدەرێ.. سوپاس بۆ مەولا، کە پێم ڕاگەیاندیت و ئیتربڕۆ، نەیەی، ببەرە تۆز، ببەرە شەبەنگ..ئا پێش ئەوەی لە فکریشم بچێت، دەڵێن لەژێرعەرزیشدا بیت دەتهێننە سەر عەرز و تینوێتی چەقۆکانی خۆیان بە خوێنەکەت دەشکێنن.. بەم قسانە چەخماخەیەك بە ناخمدا ختوورەی کرد و شتێك تیامدا هەڵکڕووزا، بەڵام چی بوو؟
تەنها دەکرێ بڵێم کڵوکۆدامرکانی ئەو ئۆخژنە کاتییە بوو کە خۆمم پێ خۆشنوود کردبوو، ئەو ئۆخژنەی کەوا ئیتر کەسێك هەیە، کەسێك لە ڕەگەزەکەی دی، هەر تەنها بە یەکەم بینین و یەکەم بیستنی دەنگم گرەویدەم بووە، کەڵکەڵەشم ناگەهان بە شامی شەریف بوونی سەردەمەکە باوەڕی هێناوە و هەورەکان لەژێر پێیەکانمدان لە بەرزایییەکاندا دێم و دەچم و نیگای باڵندانە دەگرمە ژیان.. ژیانێك، وێڕای ئەوەی گەنجیش بووم، کەچی زۆر چاك دەمزانی سەرشارە لە کۆسپ و تەگەرە، لێوانلێوە لە بەرزیی و نزمیی و پڕپڕیشە لە گوڵی دڕکاویی..هەرچۆنێك بێت، هەندێك خۆم خواردەوە و پێم وت:
ئێ چی ڕوویدا؟ چۆن…؟
پاش ئەوەی پەلی گرتم و لە سەری کۆڵانەکە دووری خستمەوە وتی:
کاتێ تەمارا، پێرێ، چایەکانی بۆمان هێنا، ئێمە لە ژوورەکەی ئەوبەر سەرقاڵ بووین، بینیم کاغەزێکی قەدکراوی لەژێر پیاڵەیەکیاندا دانا و ئیشارەتی کرد، منیش زانیم ئەوە بۆ تۆیە..
تەمارا..ئاخ تەمارا… زۆر شتمان بە یەك دەچوو، دەنگ و ڕەنگمان، دنیامان، بەڵام شتێكی گرنگ کۆیدەکردینەوە لە هەموو ئەمانە بەهێزتر بوو. لێ ئێرە، هەمیشە چەقۆکان تێیدا تینوون، تینوون بۆ ڕەنگ و تەڕایی دەمارەکان و وایش لە مرۆڤ دەکەن سازش لەسەر گشت شتێکی خۆی بکات، دەنا دەبێ بۆ هەتاهەتایە ڕابکات، مافەکانی جێبهێڵێ و هەڵبێت، هەڵبێت و هەست بە بوونێکی ڕمووزن بکات، بوونێك مرۆڤانە نەبێت..
ئەو ئاخە درێژەی هەڵمکێشا بەو ڕستەیە ئاوێتە بوو کە وتی: وابزانم دوێنێ شەو تەمارا ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری پێگەیشتووە، ئەم بەیانییە دوور بە دوور پەییم بە شینومۆر هەڵگەڕاویی دەموچاوی برد، گەرچی بە کزیی، بەڵام گوێم هەر لە نووزە و ناڵە ناڵی بوو، ناڵە ناڵی بە سوێی، تا بڵێی بە سوێی.. ئاخر.. سێ ڕۆژە، وەك بڵێی سێ سەردەم بێت، تێدەفکرم، بە خۆم دەڵێم چۆن بە نیگایەك، بە دەنگ بەر گوێ کەوتنێك، بە نامەیەكی چەند وشەیی، کەسێك خۆی تووش دەکات؟ پرسیارێك وەك ئەوەی سکڵ بێت زمانم بە پەلەپڕووزێ لە خۆی تەکاندییەوە:
چۆن پێیان زانی؟
تازە خەتی دابوو، ڕوخسارێکی خۆرانگازانەی ڕەنگپەڕیووی هەبوو، پەڵە پەڵەی دزێو و بۆری ڕیش لەلای گووپ و چەناگە و لاجانگەکانی سەریان دەرهێنابوو، وتی:
وەختێ تۆ دوێنێ دزدەکییانە نامەکەت دابووە دەستی، لەیسی مێردمنداڵ بینیبووی، من گوێم لێ نەبوو، بەڵام بێگومان تەمارا بەڵێنی ئەوەی پێداوە ئەگەر هیچ نەدرکێنێت، ئەوا کۆتر و شتی خۆشی بۆ بکڕێ، کەچی..پێموابێ ئەو بە بەرتیل ڕازی نەبووە و ئێوارێ بە بەکری باوکی و عەباسی مامی گوتووە، ئەوانیش… دوای شینومۆرکردنی تەمارا، ئەمڕۆ چاولەڕێی تۆ بوون.. چاولەڕێ بوون تۆ بکەن بە نێچیر..
تەمارا، تەمارا.. ئاخر هێشتا پەنجەم نەگوشیووی، بۆنی پەرچەم و زوڵفم نەکردووی، دەنگت پەردەی گوێی ڕانەمووسیووم، هێشتا سیمفۆنیای هەناسەت ڕۆحیان نەکردۆتە بەر ئۆرکێسترای خەیاڵم.. هێشتا، هێشتا..
باوکم وتی با نەیەت، خەمیشی نەبێت، بەر لەوەی بگەڕێتەوە بۆ زانکۆ پارەی ئەو چەند ڕۆژەی بۆ دەنێرم.. بەڵام بۆ خاتری مەولا خۆت دەرنەخەیت، بزر بە، بزر..
ئەو قسانە هێشتا تەواو نەببوون، بەبێ تێفکرین قاچەکانم ئەوێیان بەجێهێشت، وەك بڵێی لە ماراسۆندان، ئەگەرچی دنیا گەرمیش بوو، مووچڕکەیەکی ساردم پێداهات، پەییم بە قارسییەکی تووش برد و تێمتەقاند، تا گەیشتمە ئەوێ، ئەوێ، گازینۆکەی مەجیدییەی تەنیشت ئوتێلی قەسر..
دوای خواردنەوەی چەند پەرداخێك ئاو و تێفکرینێکی کورت ویستم بزانم بە چ پەرجوویەك لە باشووری شارەوە، ئەو ڕێگا دوورودرێژەم داوەتەبەر و لەوێ، لە پاڵ مستەفا گەرمیانی دانیشتووم و ئەبڵەق ئەبڵەق دەڕوانمە دەوروبەر و لەویش بترازێ کەس سەرنجی لەسەرم نییە.. وەڵام هەر ترس بوو.. دەستم بۆ پیاڵەکەی بەردەمم برد، چایەکەم هەڵقوڕاند، ئەو هەموو شەکرەی تێمکردبوو تامی پێنەبەخشیبوو.. بەبێ ئەوەی مستەفا ورتەی لێوە بێت، کەوتمە چنینی حیکایەتێك، لە زمانی خۆم بەولاوە زمان نەبوو بتوانێ بیچنێت، بە فیلمێك دەچوو دەرهێنەرەکەی مێژوو بێت، ڕەنگە کەس بەو ساناییە بڕوای پێنەکات، بەڵام ئەو، ئەوینگەستە بوو، زەمانێكیش بوو ئەشق بەرەو دوورگەکانی خۆی هەڵیگرتبوو، بۆیە لە کەڵکەڵەکانم دەگەیشت. کاتێکیش گوتم: من دەبێ لێرە نەمێنم، بڕۆم.. بەڵام نازانم بۆ کوێ؟
تابڵێی جوامێرانە پێکەنی، پێکەنی و ئاماژەی هێنانی چای دیکەی بە چایچییەکە دا..خەندە لە لێوەکانی نەدەژاکی و نەرم و لەسەرخۆ وتی:
هەڵاتن نییە کە دەبێ پەنای بەریتە بەر، چونکە ئازاری هەڵاتن لە ئازاری چەقۆ کاریی ترە، بەڵکو داکۆکییە، داکۆکییە لەو مافەی شایستەی ئەوت دەکات، بە سازشیش لەسەر ئەمە، ئیدی خودی ژیان خۆی دەبێتە سازشێکی بەردەوام، ئەمەیش یەك مانا لەخۆ دەگرێ، ئەویش لەدەستدانی شتێك، شتێکی چارەنووسساز، کە خۆتی..! لەبەر ئەوە دەبێ بیر لە برین نەکەیتەوە، لەناو چەقۆکانەوە هەنگاو بنێیت و هەوڵی دەستەبەرکردنی تەمارا بدەیت، تەمارا بۆ تۆ سازشنەکردنە، مانایە، مانای ڕاستەقینەی ژیانە.. ژیانێکی سازشهەڵنەگر..
ئەو گەنجێکی ناسکی ئاسۆ فراوان بوو، هەردەم چوون سێبەری یەکدی بووین و لە نێوانماندا شتێك نەبوو ناوی ڕازونهێنی بێت، زۆری بە دەست دڵەوە چەشتبوو، ئامادەبوو زۆری تریش بچێژێت، چونکە سڵی لەوە نەدەکردەوە داکۆکی لەو شتانە بکات کە بە ڕاستی بەرکەماڵییان پێدەبەخشی و بە بێ ئەوانەیش، زۆرجار دەیگوت، نابێتە خاوەنی خۆی.. گەرچی لە ڕاستیدا ئەو قسانەی بە وەعز دەچوون و منیش کەیفم بە وەعز دادان نەدەهات و پێیشیان نەکرا ترس و دڵەڕاوکەکەم بڕەوێننەوە، لێ ئەو ڕۆژە،
ئەو ڕۆژەی دەبوایە بەر چەقۆ بدرێم، شتێکیان پێبەخشیم، شتێك ناودێرکردنی ئەستەمە، بەڵام هەست پێکردنی سانایە، شتێك وای لێکردم پێیە ڕاکردووەکانم لە ماراسۆنی هەڵاتن بە یەکجاریی بهێنمە دەرەوە و ڕژدییەکی ئەوتۆ ژیانم ڕەنگڕێژ بکات کە بە ڕوونی بزانم چۆن خۆم لە خەمی چەقۆ تیژەکان بڕەخسێنم و پێت بگەم تەمارا، پێت بگەم و بەیەکجاریی ناوت بگۆڕم.

کۆتایی ئۆگستۆسی ٢٠٢٣ـ لەندەن

لە ژمارە ١٢ی گۆڤاری وانەر بڵاوبۆتەوە..




فیدراڵیزم، لە خۆشباڕەێیەوە بۆ کارەسات.. حەمید تەقوایی

بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدیددا ئامادەکراوە

وەرگێڕانی: کاوە عومەر

حەسەن ساڵحی: لە نێو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، ژمارەیەک حیزب و هەندێ گرووپ بە شێوەیەکی سەرەکی ناسیۆنالیستی و نەتەوەیی لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی لە جۆری نەتەوەییدان لە ئێران. ئایا فیدراڵیسم دەتوانێت وەڵامی نەهێشتنی ستەمی نەتەوەیی بێت؟ ئایا فیدراڵیزم زەمینە خۆشکەر نابێت بۆ بەربەرەکانێی نەتەوەیی؟ لە بەرنامەی (پاسخ)وەڵامدانەوەی ئەم هەفتەیەدا، باسی ئەم بابەتە دەکەین.

حەمید تەقوایی ، حزبی دیموکراتی کوردستان و هێزە ناسیۆنالیست و قەومییەکانی دیکە سیستەمی فیدراڵی بە دیموکراسییەکی پێشکەوتوو دەزانن بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی؟ بۆچوونی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟
حەمید تەقوایی: ئەگەر هێزێک بەڕاستی دەیەوێت کێشەی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی چارەسەر بکات، بێگومان نابێت جەخت لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی بکاتەوە. لابردنی ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی بە دابەشکاری سیاسی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی بەدی نایەت، مەسەلەکە بەپێچەوانەوەیە. پێویستە ئەم ناسنامانە فڕێ بدرێن و نابێت ببنە بنەمای هیچ سیاسەت و حکومەت و سیستەمێک. پێویستە مرۆڤ بوونی هەموو هاووڵاتیان و بەها مرۆییە جیهانداگرەکان وەک بنەمایەک وەربگیرێت.

ئەمە سەبارە بە هەر جۆرە جیاکارییەک ڕاستە. بۆ نمونە بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی، بۆ ئەوەی ژن و پیاو بەتەواوی یەکسان بن، نابێت لە یاساکان یان لە باری کۆمەڵایەتی و ئابووری تاکەکاندا ئاماژە بە ڕەگەزی هاوڵاتی بکرێت. ئەمەش بۆ ئایین و ستەمکاری ئایینیش ڕاستە. بۆ کۆتایی هێنان بە هەر جۆرە هەڵاواردنێک هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە هەموو هاووڵاتیان وەک مرۆڤی خاوەن مافی یەکسان و سەربەخۆ لەو ئایینە یان نەتەوەیەی کە ئەوان خۆیان سەر بەو دەزانن یان خستویانەتە پاڵیان، بەڕەسمی بناسێنرێت. تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەییەوە هەیە، چارەسەری مرۆڤانە بۆ کێشەکە، زامنکردنی مافی خوێندن و چالاکیی ئەدەبی و کولتوورییە بە زمانی دایک، ڕەخساندنی هەلومەرجی ئابووری و کۆمەڵایەتی یەکسانە بۆ هەموو پارێزگا و ناوچەکانی وڵات، و بۆ قەدەغەکردنی هەر جۆرە ئاماژەیەک بە نەتەوە (هەروەها ئایین، ڕەگەز و بنەچە)ی تاکەکان لە یاسا مەدەنی و کارگێڕییەکان، یاساکانی کار، ڕێکلام، بارودۆخی دامەزراندن و ستانداردەکانی تر و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان. هەر ئاماژەیەک بۆ نەتەوەکان یان ناسنامەی نەتەوەیی یان دابەشبوونی میللی نەتەوەیی لەسەر ئاستی سیاسی، کولتووری یان ئابووری. لە خاڵی پێچەوانەی ئەم چارەسەرە ڕاستەقینە و ئینسانییەدا هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەییە و دەبێتە هەوێنی دابەشبوون و یەکگرتن ویەکگرتوویی.

لەم ڕوانگەیەوە فیدراڵیزمی نەتەوەیی – ئیتنیکی جۆرێکە لە ئاڵۆزی و بەشێکە لە کێشەی چەوساندنەوەی نەتەوەیی نەک چارەسەری. بە بڕوای من ئەو حزبە ناسیۆنالیستانەی کە لەگەڵ فیدرالیزمی قەومیدان، بە پێچەوانەی ئاراستەی چارەسەرکردنی ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی دەڕۆن. واتە لەبری ئەوەی هەڵاواردنی نەتەوەیی و جیاوازییە نەتەوەییەکان چارەسەر بکەن، دەیچەسپێنن. فیدرالیزمی قەومی نەک هەر وەڵامی کێشەی ستەم و هەڵاواردنی نەتەوەیی نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا خزمەت بە بەدامەزراوەییکردن و سەقامگیرکردنی دەکات.

حەسەن ساڵحی: لایەنگرانی فیدرالیزم ئێران بە کۆمەڵگەیەکی فرەنەتەوەیی دەزانن و پێیان وایە فیدرالیزم باشترین شێوەی خۆبەڕێوەبەری و بەشداریکردنی کەمینە نەتەوەییەکانە لە کاروباری سیاسی و ئیدارەی پێکهاتەکاندا. بۆچوونی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟
حەمید تەقوایی:بنەمای کۆمەڵگەی مەدەنی هاووڵاتیی بوونە نەک گروپە نەتەوەیی وئیتنیکی و ئایینیەکان. ئەمە ئەو سیمایە کە کۆمەڵگای مەدەنی دەخاتە خاڵی پێچەوانەی ئەو پاشایەتییە فیۆداڵی و خێڵەکیانەی کە لەسەر بنەمای ڕەگەز و ئایین و نەتەوەیی دامەزرابوون. کۆمەڵگەی مەدەنی یان کۆمەڵگەی سیڤیڵ واتە کۆمەڵگەیەک کە بە پشتبەستن بە پرەنسیپی یەک کەس، یەک دەنگ، بە پشتبەستن بە دەنگی تاکەکان، بەرپرس و سیستەمی حکومەت دیاری دەکات، نەک دەنگ و بۆچوونی ڕەگەزی و ئایینی و نەتەوەیی و…هتد.
کۆمەڵگایەکی لەم جۆرە یەکێک لە دەستکەوتێکانی شۆڕشی گەورەی فەرەنسا بوو لە دژی فیۆدالیزم. چەمک و مەقولەی “فرە میللەتی” کۆمەڵگەکان لە خاڵی پێچەوانەی کۆمەڵگەی مەدەنیدایە. ئەمە لە ڕاستیدا جۆرێکە لە پاشەکشە و گەڕانەوە بۆ سەردەمی فیۆدالیزم و پێناسەکردنی سیستەم و حکومەت لەسەر بنەمای خێڵ و عەشیرەت.

“فرەنەتەوە” زاراوە و دەربڕینێکی پۆست مۆدێرنیستە، پێکهاتەکانی تری بریتین لە ڕێژەیی کولتووری و فرەیی کولتووری (مۆڵتی کاڵچرالیزم) و بەگشتی سیستەمێکی فیکرییە کە سەرەتا کۆمەڵگا بەسەر مۆزایکێکی جیاوازدا دابەش دەکات و دواتر دەیەوێت بانگهێشتیان بکات بۆ پێکەوە ژیان و تەحەمولکردنی هەریەکەیان لەلایەن ئەوی تر.وە و بەڵێنی مافی تایبەت و “خۆبەڕێوەبەری” هتد بەیەکەوە دەیانهێڵێتەوە! ئەوان خۆیان بە پۆست مۆدێرن ناودەبەن، بەڵام لە ڕاستیدا پێش مۆدێرنن و نوێنەرایەتی جۆرێک لە گەڕانەوە بۆ سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست دەکەن. ئەم تیۆرە بە پێچەوانەی وەهم وخۆشباوەڕی شوێنکەوتووانی، هۆکاری یەکگرتوویی نەتەوەیی نییە، نوسخەیەکە بۆ داڕمانی کۆمەڵگە.

هەر کەسێک دەتوانێت هێڵێک بکێشێت و کۆمەڵگا بە شێوازی جیاواز دابەش بکات. دەکرێت بڵێین کۆمەڵگا “فرە ئایین” یان “فرە ڕەگەزی” یان هەر دابەشبوونێکی ئارەزوومەندانە. بەڵام ئەگەر بچیتە سەر سیستەمی کۆمەڵایەتی، دەچیتە سەر جۆری حکومەت، دەچیتە سەر یاسا و پەیوەندییە ئابوری-سیاسیەکانی ناو کۆمەڵگا، دەبێت ئەم جۆرە دابەشبوونانە فڕێبدرێتە لاوە.

پێویستە داوای کۆمەڵگایەکی سەربەخۆ لە و لەسەرو هەموو ئەم دابەشبوونانە بکەین. کۆمەڵگایەک کە وێڕای بەفەرمی ناسینی جیاوازییە زمانی و کولتوورییەکان و مافی یەکسان، لەوانەش مافی خوێندن و چالاکییە کولتوورییەکان بە زمانی دایک، بۆ هەموان دەستەبەر دەکات، شوناسی میللی-ئاینی-نەتەوەیی تاکەکان بەرجەستە نەکات وئەوە نەکاتە بنەمای سیستەمی حکوومەت. وە یاسا و پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتی ئینسانەکان جێناهێڵن. ئیگۆی فرەنەتەوەیی پێناسەکردنی کۆمەڵگا زۆرتر چارەسەری ئینسانی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی دەسپێرێت بە مەحاڵ. بە ڕۆشتن لەگەڵ مەقولەی فرەنەتەوەییدا، تەنیا دەتوانرێت شوناس و جیاوازییە نەتەوەییەکان بەرجەستە بکەیتەوە و کۆمەڵگە زیاترو زیاتر بە جیاکاری و هەڵاواردن بگەیەنیت؛ واتە بە زاراوەی ئەمڕۆ بە کۆمەڵگەیەکی مۆزایکی! بۆیە پێم وایە نابێت مەقولەی فرەنەتەوەیی بۆ هیچ کۆمەڵگایەک قبوڵ بکرێت. هەروەک چۆن نابێ ئیسلامی بوونی ئەو کۆمەڵگایە قبوڵ بکرێت کە حکومەت بانگەشەی بۆ دەکات.

حەسەن ساڵحی: بەزۆری لایەنگرانی فیدرالیزم بەڵگە دەهێننەوە کە فیدرالیزم باشە، چونکە دەسەڵاتی سیاسی دابەش دەکات و ڕێگری دەکات لە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی حکومەتی ناوەندیدا. پەیوەندی نێوان فیدراڵیزم و لامەرکەزیەتی دەسەڵات چییە؟

حەمید تەقوایی: لەکاتی باس لە دابەشکردنی دەسەڵاتدا دەکرێت پێویستە بپرسرێت دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان چ کەسانێکدا؟ ئەم “خۆی”ە لە تیۆری “خۆبەڕێوەبەری” فیدراڵەکاندا کێیە؟ حزبە نەتەوەییەکان دەیانەوێت دەسەڵات لە ناوچە و پارێزگا جیاوازەکاندا دابەش بکرێت. پرسیار ئەوەیە کێ دەسەڵاتی هەیە لە هەر هەرێمێکدا؟ حیزب و ڕێکخراوە فیدرالیستەکان خۆیان وەک نوێنەری قەوم و نەتەوە و خاوەن دەسەڵاتەکان لە هەرێمەکەیان دادەنێن. ئەمە لە ڕاستیدا جۆرێکە لە هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتی حکومەتدا. بە بڕوای ئەوان دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان هەرێمەکاندا بەو مانایەیە کە حزبە میللی ناوچەییەکان هەریەکەیان بتوانێت حوکمڕانی بەسەر ئەو میللەت یان نەتەوەیەدا بکات کە بانگەشەی نوێنەرایەتیان دەکەن. ئەمە لە ڕاستیدا دابەشکردنی دەسەڵاتە لە نێوان ناسیۆنالیزمی ناوەندی و ناسیۆنالیزمە ناوچەییەکان. فیدراڵیزمی قەومی بە کردەوە بە واتای دەسەڵاتی ناوەندی لە دەستی ناسیۆنالیستە فارسەکان و دەسەڵاتی ناوچەیی لە دەستی ناسیۆنالیستە نەتەوەییەکان؛ لە دەستی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کورد، بەلوچ، تورکی، عەرەب، ئازەری، تورکمان، لوڕستان، کۆهگیلویە، بۆیەر ئەحمەد، لەک و هتد کە لە بەیاننامە و کۆنفڕانسەکانیاندا ئاماژەیان پێکراوە. لە پلانی فیدرالیستەکانی ئێراندا بۆ هەر یەکێک لەو هێزانە پشکی دەسەڵات لەبەرچاو گیراوە. ئەم جۆرە لە دابەشکردنی دەسەڵات پەیوەندی بە خەڵکەوە نییە. لە ڕوانگەی ئێمەوە و هەر هێزێک کە بەڕاستی خوازیاری بەشداری هەموو هاوڵاتیان بێت لە چارەنووسی سیاسی و ئیدارەی کۆمەڵگادا، پێویستە دەسەڵات بەدەست جەماوەری خەڵکەوە بێت، جا خەڵکی ناوەند بێت یان خەڵک لە ناوچە و پارێزگا جیاوازەکان.
لە هەموو کۆمەڵگاکاندا یاسا و بڕیاری ناوخۆی هەیە، یاسا و بڕیاری سەرتاسەری هەیە. لە سیستەمی ئیداری فیدراڵی (وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا) دەسەڵاتی فیدراڵی لەسەر ئەم بنەمایە دابەش بووە، بەڵام تەنانەت لە سیستەمی نافیدراڵیدا بڕیار و کردارەکان لە بەردەستی دەسەڵاتدارانی پارێزگا و ویلایەتەکاندایە. تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا شارەکان دەسەڵاتی تایبەتی خۆیان هەیە. ئەمە میتۆدێکی پرەنسیپی و دروستە کە پێویستە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا بەکاربهێنرێت، بەڵام ئەمە پەیوەندی بە دابەشبوونی قەومی-نەتەوەیی کۆمەڵگا و خۆبەڕێوەبەریی نەتەوەییەوە نییە. بە بۆچوونی ئێمە دەسەڵات لە دەستی خەڵکدا بێت چ لەسەر ئاستی سەرتاسەری و چ لەسەر ئاستی هەرێمی. پێویستە خەڵک بتوانێت لەسەر ئاستی هەرێم و چ لەسەر ئاستی سەراسەریدا بەرپرسان هەڵبژێرن و دەربکەن و چ.

کاتێک کە پرەنسیپی ڕادەستکردنی دەسەڵات بە خەڵک پەیڕەو دەکەیت،ئیتر پرسی قۆرخکاریی دەسەڵات لە دەستی ناوەند و لامەرکەزییەت و هتد، دەکەوێتە لاوە. چونکە کاتێک سەد دێت نەوەد لای ئێمەیە. پرسیاری بنچینەیی ناوەند و هەرێم نییە، بەڵکو ئەوەیە کە دەسەڵات لە دەستی کێدایە، لە دەستی کەمینە و نوخبەیەکی سیاسیدایە، چ لە هەرێم بێت یان لە ناوەند، یان لە دەستی جەماوەری خەڵکدایە؟ وەڵامی ئێمە بۆ کێشەی ناوەندگەرایی ئەم دووەمیانە.

حەسەن ساڵحی: لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا، حزبە ناسیۆنالیست نەتەوەییەکان بە گشتی مافی چارەی خۆنووسین و خودموختارییان دەویست. بۆچی ئەمڕۆ ڕوویان لە فیدرالیزم کردووە؟ ئایا ئەمە هەنگاوێکە بۆ پێشەوە یان هەنگاوێکە بۆ دواوە؟

حەمید تەقوایی: پێموایە هەنگاوێکە بۆ دواوە. پاشەکشەیەکی مێژووییە نەک هەر لە ئێران بەڵکو لە هەموو جیهاندا. با کەمێک زیاتر ڕوونی بکەمەوە.

ئەو سەردەمەی کە حیزبە ناسیۆنالیستە ناوچەییەکانی وەک حزبی دیموکراتی کوردستان خودموختاری و مافی چارەی خۆنووسینیان دەویست، قۆناغی شەڕی سارد بوو. لایەک بلۆکی سۆڤیەت و دیوەکەی تریش بلۆکی ڕۆژئاوا و لە وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا کە حکومەتی ناوەندی سەر بە ئۆردوگای ڕۆژئاوا بوو، حزبەناسیۆنالیستە ناوچەییەکانی وەک حزبی دیموکراتی کوردستان مەیلیان بۆ ئۆردوگای سۆڤیەت هەبوو. مافی چارەی خۆنووسین و ئۆتۆنۆمی و هتد لەسەر بنەمای ئەو سیاسەت و تیۆریانە بوو کە چەپی ڕووسی پێشنیاری کردبوو. تەنانەت ناسیۆنالیزمی عەرەبی وەک بەعسیزم و ناسریزم خۆیان بە شێوەک لە سۆسیالیزمی عەرەبی ناوبرد، بە هەمان شێوە حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کوردستانی عێراق و کوردستانی تورکیا خۆیان سەر بە ئۆردوگای چەپ دەزانی. وەکوو ئەمڕۆش حیزبێکی وەک حزبی دیموکراتی کوردستان خۆی بە سۆسیال دیموکرات دەزانێت.

لە هەر حاڵەتێکدا لەو کاتەدا باسی فیدرالیزم نەدەکرا چونکە لە کولتوری چەپی سۆڤیەتدا جێگەی فیدرالیزم نەبوو، تەنانەت لە بلۆکی ڕۆژئاواشدا لەو سەردەمەدا هەر باسێک لە فیدرالیزم نەبوو. بەڵکووباسەکە لەسەر ئۆتۆنۆمی و مافی چارەی خۆنووسین بوو.
دوای داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت نەک هەر لەم ڕووەوە، بەڵکو لەسەر ئاستی گشتی کێشە و بەها و ستراتیژییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات. لەو قۆناغەدا هەموو هێزە سیاسییەکان، لە ئۆپۆزسیۆن و هەڵوێستدا، ئیدیعایان دەکرد و دەیانویست کۆمەڵگایەکی مەدەنی و یەکگرتوو، بەڵام لە دوای یەکێتی سۆڤیەت، لە قۆناغی هەژموونی بێ ڕکابەری سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد، و “نەرمی نوێ جیهانیدا “، ئەوەی بووە گوتارێکی زاڵ و لە میدیا و ڕای گشتیدا باڵادەستی پەیداکرد دیدگا و بەها ئایینی و ناسیۆنالیستی و نەتەوەییەکانیان بوو. کۆمەڵگاکان بە ئاوێتەبوونی ئایین و ناسیۆنالیستی و عەشیرەتی و نەتەوەییەکان دادەنران و دیموکراسی بوو بە جۆرێک لە هاوسەنگی لە نێوان ئەو هێزانەدا. ئەمە کۆمەڵگایەکی مۆزایکییە بە پێچەوانەی کۆمەڵگا یەکگرتووەکان کە لەسەر بنەمای بەها هاوبەش و گشتگیرەکانە و قەرەبووکردنەوەی سیاسی فەلسەفەی پۆستمۆدێرنیستییە ، کە لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە بەها گشتگیر و جیهانداگرەکان نییە.
نموونەیەک و دەرئەنجامێکی کارەساتبار لەم تێڕوانینە فەلسەفی-سیاسییە، کارەساتی یوگۆسلاڤیا بوو. لە یوگۆسلاڤیا پێش ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت،هیچ کەس بیری لەبیری نەبوو کە مۆنتینیگرۆ، سربی، یان هەرزەگۆڤی، کروات، یان کۆسۆڤۆیە. هەموویان هاوڵاتی وڵاتێک بوون بە ناوی یوگۆسلاڤیاوە، بەڵام دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگاکە بیریان هاتەوە –یان ئەگەر وردتر بڵێم، هێزە ناسیۆنالیستەتوندئاژۆکان بیریان هێنایەوە – کە مێژوویەکی تایبەتی و شانازیگەلێکی تایبەتی هەیە، لە ڕەگەز و نەتەوەیەکی جیاوازە، کولتوورێکی جیاوازی هەیە، نەتەوەیەکی جیاوازە میللەتەکەی جیاوازە و هتد و هتد. ئەمە بوو بە هەوێنی شەڕی ناوخۆ و خوێنڕشتن و دواجار کۆمەڵگای کردە حەوت بەش.
لە سەردەمی ئێمەدا پرسی فیدرالیزمی قەومی لەسەر هەمان گوتار و دیدگا دامەزراوە کە یوگۆسلاڤیای هەڵوەشاند. ئەمڕۆ ئەم دیدە لە شێوەی “سیستەمی فیدراڵی”دا بووەتە ئاڵایەک لە دەستی ئەو هێزە ناسیۆنالیستانەدا کە پێشتر داوای ئۆتۆنۆمی و مافی چارەی خۆنووسینیان دەکرد.

خاڵێکی دیکە کە پێویستە لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە هێزی سەرەکی فیدرالیزم لە ئێراندا حزبی دیموکراتی کوردستانە. بۆ ئەم حیزبە فیدرالیزم پێش هەموو شتێک هەڵوێستێکی بەرگرییە لە بەرامبەر دەستدرێژیی ناسیۆنالیزمی فارس کە هەمیشە لەژێر ئاڵای پاراستنی یەکپارچەیی خاک و بەرپەرچدانەوەی جوداخوازیدا هێز و حیزب و خەڵکی کوردستانی تێکشکاندووە. گەڵاڵەی فیدرالیزم لە لایەن حزبی دیموکراتەوە ئەو ڕاگەیاندنەیە کە ئێمە جوداخواز نین، بەڵام، بەگوێرەی ڕەوتی باڵادەستی سەرمایەداریی بازاڕی ئازادی دوای سۆڤیەت، ئێمە کۆمەڵگای مۆزایکمان دەوێت و دەسەڵاتی ناوچەیی لە سیستەمێکی فیدراڵیدا بۆ ئێمە بەسە.

یەکێکی دیکە لە باشییەکانی فیدرالیزم بۆ حیزبی دێموکرات ئەوەیە کە هێزە ناسیۆنالیستەکانی ناوچەکانی دیکە کۆدەکاتەوە. پێشتر دروشمی حیزبی دێموکرات “دیموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان” بوو. ئێستا دروشمی فیدرالیزمە بۆ هەموو نەتەوەکانی ئێران. ئەم مەسەلەیە لەچوارچێوەی تەنیا پەیوەندی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ناوەند دەردێنێت و درێژی دەکاتەوە بۆ هەموو ئەو نەتەوەیانەی کە پێشتر تەنانەت خودموختاریشیان نەدەویست و هیچ مێژوویەکی ململانێیان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیدا نەبووە. بۆیە ئیتر مشتومڕ لەسەر ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان نییە، بەڵکو پرپژەیەکە کە هەمووان لە بەلوچ و ئازەری و عەرەبەوە تا بۆیار ئەحمەد و لەک و تورکمان، باوباپیرانیان بیردەخاتەوە و بەڵێنی دەسەڵاتی ناوخۆیی بە هەموو لایەک دەدات.

بەڕای من ئەم پرۆژەیە لە دوای ئۆتۆنۆمییەوەیە. چونکە “دیموکراسی بۆ ئێران، ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان” یەکەمیان کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئێران بەڕەفەرمی ناسی و ویستی دیکتاتۆرییەت هەڵبوەشێنێتەوە، دووەمیش پرسی نەتەوەیی لە چوارچێوەی کوردستاندا وروژاند کە پاشخانێکی مێژوویی بابەتیی و واقیعی هەیە. بەڵام پلانی فیدرالیزم و ناسنامەی نەتەوەیی بۆ هەموو نەتەوەکان سیستمی سیاسی هەموو کۆمەڵگا دەکێشێتەوە دواوە و دەیکاتە کۆمەڵگەیەکی دابەشکراو لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی. وەک چۆن پۆستمۆدێرنیزم گەڕانەوەیە بۆ سیستەمەکانی پێش مۆدێرنیزم، نوسخەی فیدراڵیزم لە پشت تەنانەت جیابوونەوە و ئۆتۆنۆمیشەوەیە.

حەسەن ساڵحی: پتر بۆ بەرگریکردن لە سیستەمی فیدراڵی، نموونەی کۆمەڵگە پیشەسازییەکانی وەک ئەمریکا، ئەڵمانیا و کەنەدا دەهێننەوە. پێت وایە فیدرالیزم لەم وڵاتانەدا دواکەوتوو و کۆنەپەرستانەیە؟

حەمید تەقوایی: خاڵی یەکەم ئەوەیە کە فیدراڵی لەو وڵاتانەی باست کرد، ئیتنیکی نییە، بەڵکو ئیدارییە. بۆ نموونه ئه مه ڕیکا به پێی نه ته وه یان میللەتی جیاواز به سەر ده سه ڵاتی فیدراڵیه کاندا دابه ش نەکراوە ، به ڵکو ولایەتە جیاوازه کان ده سه ڵاتی دیاریکراو پێناسەکراویان هه یه له به ڕێوه بردنی کاروباری ناوخۆیی خۆیاندا. لە ئەڵمانیا و کەنەداش هەمان شتە.
بەڵام لە ئێراندا مەسەلەکە جیاوازە. ئەگەر سەیری لیستی حزب و ڕێکخراوە فیدرالیستەکان بکەیت، تێدەگەیت کە هەموو هێزە ناسیۆنالیستەکان ناسیۆنالیست و قەومین و بە ئیدعای خۆیان پێشنیاری فیدرالیزم دەکەن بۆ چارەسەرکردنی ستەمی نەتەوەیی. ئەو فیدرالیزمەی کە ئەم هێزانە مەبەستیانە، هیچ لێکچوونێکی لەگەڵ فیدراڵیزمی ئەمریکا و ئەڵمانیا و هتد نییە.
خاڵێکی تر ئەوەیە کە کاتێک فیدرالیزم لە ڕۆژئاوا هاتە ئاراوە، سەردەمێک بوو کە وڵاتان دروست دەبوون. فیدرالیزم لە ڕاستیدا چەسپێکی ناوخۆیی و ئەڵقەیەک بوو کە مرۆڤ و گروپە جیاوازەکانی بە پاشخانی ناسیۆنالیستی نەتەوەیی ئیتنیکی جیاوازەوە بەیەکەوە گرێدا، کە میراتی سەردەمی فیۆداڵی بوو، لە چوارچێوەیەکدا میللەت و وڵاتی پێکەوە گرێدەدا. ئەگەر ئەمریکا نەبوایەتە سیستەمی فیدراڵی، لانیکەم بەشەکانی باشوور و باکوور دەبوونە دوو وڵات. یان ئەگەر کەنەدا نەبوایەتە فیداڵ، ئەوا دابەش دەبوو بەسەر دوو وڵاتی فەرەنسی زمان و ئینگلیزی زماندا. ئەڵمانیا و سویسرا بە هەمان شێوە ئەو دەوڵەتانە بۆ ئەوەی کە میللەتێک-دەوڵەتێکی گەورەتر و گشتگیرتر پێکبهێنن سیستەمی فیداڵیان هەڵبژارد.
بەڵام فیدرالیستەکانی ئێران گێڕی بۆدواوەگەڕانەوەیان گرتۆتە بەر. وڵاتێک و کۆمەڵگەیەک لە ئێستادا بوونی هەیە، هیچ کەسێک لەم کۆمەڵگایەدا لە بیری دابەشکردنی دەسەڵات نەبووە، تەنانەت خەڵکی پارێزگاکانی وەک کوردستان، بەلوچستان، و ئازەربایجان، چ جای بگات بە قەشقایی، تورکمان، لەک و هتد، خۆیان بە هاوچارەنووس وهاو دەردی هەموو ئەو خەڵکانەی تر دەزانن کە لە ئێران دەژین. دەردی خەڵک قۆرخکاری دەسەڵاتی ناوەندی نییە، بەڵکو ئەوەیە کە دەسەڵاتی ناوەندی کۆنەپەرستە، دیکتاتۆر و سەرکوتکەر و دژە خەڵکە، تەنانەت دژە خەڵکی تاران. هەژاری و بێ مافی و کوشتن و ستەم لە سەرتاسەریە. هەر بۆیە خەڵک دروشمی “هەموومان پێکەوەین” و “کورد بەلوچ ئازەری ئازادی و یەکسانی” دەڵێنەوە. لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا ،کورد، بەلووچ و ئازەری و هەرکەسێک سەر بەچ نەتەوەیەکە لەبیردا نەبوو، بەڵکو بەهۆی نەبوونی ئازادی، بەهۆی نەبوونی یەکسانی، بەهۆی نەبوونی خۆشگوزەرانییەوەیە کە هاتوونەتە سەر شەقامەکان.

لە کۆمەڵگەیەکی وادا پێشنیارکردنی فیدراڵیزم بە پێچەوانەی ئەمریکا و ئەڵمانیا و سویسرا لە سەرەتای دامەزراندنیدا، پاشەکشە پێکردنی کۆمەڵگایە. ئەگەر ئەو کۆمەڵگایانە لەو ساتەوەختە مێژووییەدا ئاڵای فیدرالیزمیان هەڵنەکردبایە، بەسەر چەند پارچەیەکدا دابەش دەبوون و نەدەگەیشتنە یەک وڵات. وڵاتی ئێران لە ئێستادا بوونی هەیە و کۆمەڵگا یەکگرتووە. یەکگرتوو نەک لە دەوری ناسنامەی نەتەوەیی و میللی یان دژی قۆرخکاری دەسەڵات لە ناوەنددا، بەڵکو لە دەوری شوناسی هاوبەشی ئینسانی دژ بە حکومەتێکی دیکتاتۆر و سەرکوتگەر و دژە ئینسانی لە سەرتاسەری وڵاتدا. پارێزگاری کوردستان کە بە زمانی کوردیش قسە دەکات بەرد بەخەڵکی کوردستان دەکێشێت و ئیمام جومعە و دەسەڵاتە خۆجێییەکانی تەورێزیش بەهەمان شێوە دەسەڵاتی خۆجێیی خۆیان لە دژی خەڵکی هاوزمانی خۆیان بەکاردەهێنن. دەمەوێت بڵێم یەکڕیزی خەڵک و خەباتی خەڵک لەدژی دیکتاتۆری لە هەموو ئێراندایە و خەڵک لە هەموو پارێزگاکاندا خۆیان بە دۆست و شەریکی یەکتر دەزانن، ڕوونە کە لە کۆمەڵگەیەکی وادا ، دروشم و خواستی فیدراڵی هیچ بنەمایەکی نییە.
فیدراڵیزم، وەک وتم، لەلایەن حزبە نەاسیۆنالیست نەتەوەییەکانەوەبەرزکراوەتەوە بۆ داواکردنی بەش لە دەسەڵاتدا. ئەمە ئامانج و خاڵی دەستپێکی ئەوانە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ئاماژەکردنیان بۆ ئەمریکا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی فیدراڵی بە تەواوی بێمانایە. بەراوردکردنەکە جیاوازە.

دەرئەنجامی فیدرالیزمی قەومی تەنیا دەتوانێ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا بێت. دەتوانێ ببێتە هۆی شەڕو کوشتاری دراوسێکان لە ئێراندا بەدواوە بێت. ڕەنگە هێزەکانی لایەنگری فیدراڵیزم نیازێکی باشیان هەبێت، بەڵام کاتێک سیاسەت لەسەر دابەشکردنی میللی-نەتەوەیی خەڵک و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بنیات دەنێیت، چیتر ناتوانیت بەر بە ناسیۆنالیزمی توندڕەو و ڕەگەزپەرستی و کوشتنی دراوسێ بگرێت. توندڕەوترین هێزە قەومی و نەتەوەیی و نەژادییەکان پاڵیان پێوەدەنرێت بۆ پێشەوە – ئێمە ئەمڕۆ لە ئێستاوە نموونەی ئەمە دەبینین-، لەبەردەم یەکتردا ڕیز دەبن و نەهەواڵیک لە ڕز دەبێت نە نیشانێک لە ڕەزەوان. شار بە شار و دێ بە دێ، بەتایبەتی لەو شارانەی کە کەوتوونەتە سەر سنووری پارێزگا جیاوازەکان، وەک پیرانشار و نەغەدە جەنگی حەیدەر نێمەتی، سیستان و بەلوچستان بە دوو بەش و هتد و هتد.

بەڕای من جەختکردنەوە لەسەرقەوم و نەتەوە و ناسنامەی ئیتنیکی، نوسخەیەکە بۆ داڕمانی کۆمەڵگا. نوسخەیەکە بۆ هبەگژادانی دراوسێ لەگەڵ دراوسێکانیدا. پلانی فیدرالیزمی ئیتنیکی لە ئێراندا بە سەربەخۆ لە مەبەستی بەرەوپێشبەرانی بە تەواوی دژە ئینسانی و کۆنەپەرستانەیە. ئێران بە فیدرالیزم نابێتە سویسرا، دەبێتە یوگۆسلاڤیا.

١٨ ئابانی ١٤٠٢، ٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣




له‌ بیره‌وه‌ری ڕۆژنامه‌نووسێكی عێراقی دا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

خالید قشتینی(*) ، ڕۆژنامه‌نووسێكی ئێراقییه‌، له‌ ڕۆژنامه‌ی )الشرق الاوسط)ی له‌نده‌نی كارده‌كرد ، هه‌ر له‌و ڕۆژنامه‌یه‌ش ڕۆژانه‌ گۆشه‌یه‌كی ده‌نووسێ.

قشتینی له‌ گۆشه‌یه‌كدا (9ی ته‌ممووزی 2002 )ده‌نووسێ : له وتارێكدا وتبووم »خالید قشتینی وا ده‌ڵێ«: جوولانه‌وه‌ی ئازادیخوازی نیشتمانی كه‌ هه‌وڵی ده‌دا له‌ ده‌ست ئیمپریالیزم »وای نووسیوه‌« ڕزگاری بێت، له‌ ئه‌ساسدا ئه‌وانه‌ی زیاتر داكۆكییان له‌ ڕزگاربوون ده‌كرد ، ئه‌وانه‌ بوون له‌سه‌رده‌می عوسمانیدا فێری دزی و به‌رتیلخۆری ببوون و ده‌یاندی ئینگلیزه‌كان ڕێی ئه‌وه‌یان لێده‌گرن ، بۆیه‌ به‌ناوی شۆڕش به‌ڕوویاندا ده‌وه‌ستان..

به‌و ڕه‌نگه‌ مرازیان حاسڵ بوو و سه‌ربه‌خۆییان ده‌ست خست و هاتنه‌وه‌ سه‌ر پیشه‌ی جارانیان له‌ دزی و به‌رتیلخۆریی.. له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ندێ له‌ براده‌ران لۆمه‌یان كردم و گوتیان: خالید ده‌زانی تۆ هه‌ندێ جار تێده‌په‌ڕێنی؟ به‌قسه‌ی تۆ بێ هه‌موو ئه‌و زه‌عیمانه‌ی زیندان و ده‌ربه‌ده‌رییان له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆییدا بینیوه‌ دزبوون؟ قشتینی به‌باسكردنی یه‌كێك له‌ سه‌ره‌ك وه‌زیره‌كانی ئه‌وسا وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ: »له‌و زه‌عیمانه‌ براینه‌ باسی (جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌ری) یتان بۆ ده‌كه‌م، ئه‌و پیاوه‌ له‌ دژی ئیستیعمار له‌ لیبیا شه‌ڕی كرد و له‌ شۆڕشی عه‌ره‌بیدا به‌شداربوو و خه‌باتی له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆیی عێراقدا كرد…

ئه‌و پیاوه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراقیدا بوو به‌ وه‌زیر، ئینجا سه‌ره‌ك وه‌زیران تا ئه‌وه‌ی زه‌عیمێكی نیشتمانپه‌روه‌ری دیكه‌ كوشتی و له‌ كۆڵی كرده‌وه‌..
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بیره‌وه‌ری تۆفیق سویدی سه‌روه‌زیرانم ده‌خوێنده‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ عاده‌تیشم نییه‌ وه‌ختی خۆم به‌و جۆره‌ شتانه‌ بچوێنم ، چونكه‌ بیره‌وه‌رییه‌كانمان تێكه‌ڵه‌یه‌كی عه‌جیبن له‌ نێوان درۆ و واقیع ، مرۆڤ نازانێ چۆنیان لێك جیابكاته‌وه‌..

به‌هه‌رحاڵ وه‌ك له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی سویدیدا خوێندمه‌وه‌ ناوبراو – میری لیوا جه‌عفه‌ری عه‌سكه‌ری »وای نووسیوه‌« له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانیدا ده‌ستی به‌سه‌ر زه‌وییه‌كی گرانبه‌های كه‌ناری دیجله‌دا گرت له‌ باشترین شوێنی به‌غدا له‌ گه‌ڕه‌كی عیوازییه‌.. ئه‌و زه‌وییه‌ دیاره‌ ئه‌میری بووه ( مڵكی ده‌وڵه‌ت) میری لیوا عه‌سكه‌ری ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرێ و قه‌سرێكی گه‌وره‌ بۆ خۆی له‌سه‌ر دروست ده‌كا كه‌ به‌سه‌ر دیجله‌دا ده‌ڕوانێ »موباره‌كه‌«، ئه‌وه‌شی له‌به‌ری ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ نرخێكی له‌ مسته‌حه‌ق پتر ده‌فرۆشێته‌وه‌ دزه‌كانی تر! وه‌زیری دارایی ئه‌وسا ساسۆن حسقێل بووه‌، ئه‌و وه‌زیره‌ی تائێستا كه‌س به‌قه‌د ئه‌و خزمه‌تی ئابووریی عێراقی نه‌كردووه‌ .. حسقێل به‌ مه‌سه‌له‌ی ئه‌و ئه‌رزه‌ ده‌زانێ و لای مه‌لیك فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م و تۆفیق سویدی سه‌ره‌ك وه‌زیران خه‌به‌ر له‌ میری لیوا ده‌دا.. به‌ڵام وادیاره‌ به‌هیچ نه‌چووه‌.. دوای چه‌ند مانگێك ئه‌میندارێتی پایته‌خت شه‌قامی سه‌ره‌كی ئه‌و ئه‌رزه‌ دزراوه‌ به‌ ناوی (شه‌قامی عه‌سكه‌ری) ناوزه‌د ده‌كا و وه‌زاره‌تی موعاریفیش دوو قوتابخانه‌ی له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌رزی دزراو به‌ناوی قوتابخانه‌ی عه‌سكه‌ریی كوڕان و عه‌سكه‌ریی كچان لێ دروست كرد.. به‌و جۆره‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین جاربوو ناوی دزێك له‌ شه‌قام و قوتابخانان بنرێ..« خالید قشتینی باسی شتی دیكه‌ش ده‌كا.. به‌ڵام .. دیاره‌ مشتێ نموونه‌ی خه‌روارێكه‌ .

(*) خالد ئه‌لقشتینی : نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی ناسراو له‌ 1929 له‌ به‌غدا له‌ دایك بووه‌ ، ده‌رچووی كۆلیژی ماف و ستوونووسێكی به‌ناووبانگ بوو له‌ چه‌ندان ڕۆژنامه‌ به‌ تایبه‌تی ڕۆژنامه‌ی ( الشرق الأوسط) و خه‌ڵاتی ڕۆژنامه‌نووسی عه‌ره‌بی له‌ بواری ستوونووسیدا له‌ له‌نده‌ن بردووه‌ته‌وه‌ . له‌ 2003 كۆچی دوایی كردووه‌ .

)




چەند سەرنجێک دەربارەی رەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵاندا.. عەلی حەمەڕەشید

رەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا ناونیشانی کتێبێکی رەخنەیی نوێی نووسەر و لێکۆڵەر مامۆستا (فازیل شەوڕۆ)یە، کتێبەکە لە دوو توێی (120) لاپەڕەی نیو ئەیفۆڕدایە و لەچاپخانەی (پاندا) بە تیراژی 500 دانە چاپکراوە.
ئەم کتێبە بە شێوەیەکی جوان و زانستی و بەسەلیقەیەکی وردەوە باسی ژینگەی منداڵ و شیعر و ژینگە و پەیوەندی نێوان شاعیر و ژینگە و بونیاتنانی ژینگە لەڕووی دەروونیی و هزری و هونەری و پەروەردەیی و…هتدەوە دەکات، کە وەک خۆی باسی دەکات ئەم تەوەرانە بە ناونیشانی بونیات لە کتێبەکەدا باسکراون، هەر هەموویان یەک ئامانجیان هەیە ئەویش گەیشتنە بە جوانترین و شکۆدارترین بونیاتی ژینگەیی بەمەبەستی مرۆڤدۆستی و ژینگەدۆستی. هەروەها باسکردن و خستنەڕووی بیروبۆچوونی خۆی دەربارەیان بەشێوەیەکی زانستی و لێکدانەوەیەکی دروست. ئەم کتێبە کارێکی نوێیە لە بواری رەخنەی ئەدەبی منداڵاندا و بە تایبەتیش ژینگەی منداڵان کە مامۆستا فازیل لە سەرەتای کتێبەکەیدا دەنووسێت:(ئێمە هەر یەک ژینگەمان هەیە، بەڵام منداڵ دوو ژینگەی هەیە، ژینگەی کاتیی، یان ژینگەی سەردەمی منداڵیی و ژینگەی ئایندە کە راستەوخۆ درێژە پێدەری ئەو ژینگەیەیە کە لەسەردەمی منداڵیی پارێزگاری لێکردووە! واتا ژینگە هەمیشەییەکەی، کەواتە ژینگە هەمیشەییەکە، بەرهەمی هۆشیاریی و کار و ئەرک و خزمەتی ژینگەکەی سەردەمی منداڵییە، جوانیی یەکەمیان لە جوانیی دووەمیاندا دەردەکەوێ و تەڵخی و وێرانەییشیان بەهەمان شێوە).ئەوەی زیاتر سەرنجی راکێشام لەم کتێبەدا هەندێک زانیاریی نوێ و کەم بەکارهاتووی خستۆتەڕوو دەربارەی بونیاتنانی ژینگەی تایبەت بە منداڵ لە رێگەی شیعرەوە کە مایەی دەستخۆشییە. هەوڵ و ماندوو بوونی مامۆستا بەرز دەنرخێنین لەم کارەدا. مامۆستا فازیل شەوڕۆ خاوەنی کۆمەڵێک کتێب و لێکۆڵینەوەی گرنگە و دەستبردنیشی بۆ ئەم کارە نوێیەش بە بڕوای ئێمە زیاتر هەستکردنێتی بە گرنگی ئەدەبیاتی منداڵان بە گشتیی و کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵ و بە تایبەتیش گرنگیدان بە ژینگە وەک رەنگڕێژییەک لەو شیعرانەی کە بۆ منداڵان نووسراون. مامۆستا شەوڕۆ لە تەوەری (بونیاتنانی ژینگەی فەرهەنگی)دا باسی گرنگی زمان دەکات و دەڵێ زمان ئاڵۆزترین داهێنانی مرۆڤە بە درێژایی مێژوو، دەزانین کە ئەزموونی شیعریی بە بێ زمان نییە، لەو روانگەیەشەوە گرنگییەکی زیاتری بەم تەوەرە داوە و بە نمونەوە باسی فەرهەنگی زاراوە رووەکییەکان، ئاژەڵییەکان، ئاو وشوێن، جوگرافیا و شتە سروشتییەکان، پێکهاتەکانی زەوی و روناکیی و وزە و سیستەمی ژینگەیی و مرۆڤ و…هتد کردووە. کە ئەو تەوەرەیە پێویستی بەو گرنگی پێدانە هەبووە .
مامۆستا وەک پێشتر باسمان کرد لە نۆ بواری گرنگدا بە نموونەوە باسی بونیاتنانی ژینگەی بۆ منداڵ کردووە، مامۆستا بۆ هەر یەکێک لەوانە هاتووە نموونەی لەشیعری شاعیران ئەوانەی کە بۆ منداڵیان نووسیوە هێناوەتەوە، بەڵام باشتر دەبوو هەوڵی بدایە کە نموونەی زیاتری بۆ هەر یەکێکیان بنووسیایە تا بابەتەکە باشتر و جوانتر بگەیشتایە خوێنەر و مادام کتێبەکەش بۆ هەموو خوێنەرێکی کوردە مامۆستا شیعری کرمانجیشی بە نموونە هێناوەتەوە، دەبوایە شیعری زیاتری شاعیرانی بوارەکەی بە نموونە بهێنایەتەوە نەک چەند نموونەیەک لای یەک شاعیر، چونکە کۆمەڵێک شاعیری دڵسۆز و خەمخۆرمان هەن کە بۆ منداڵان دەنووسن و جێگە دەستیان دیارە. ئێمە پێمان باشبوو کە ناونیشانی کتێبەکە ناونیشانێکی روونتر بوایە. لەگەڵ ئەوەشدا ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیارە و دوای گەڕانێکی زۆر بە نێو ئەو شیعرانەی کە بۆ منداڵان نووسراون، مامۆستا ئەوانەی هەڵبژاردووە کە بۆ ئەو مەبەستەی کە دەیەوێت بەکاری هێناون. ئەم کتێبە وەک مامۆستا خۆی باسیکردووە، دەکرێ بکرێتە سەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی بەرفراونتر، تەنانەت بکرێتە بابەتی خوێندکارانی خوێندنی باڵا لە قۆناغەکانی ماستەر و دکتۆرا لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، هەروەها وەک خۆی دەنووسێت ئاگادارکردنەوەی شاعیران و نووسەرانی ئەو مژار و بوارە، لە رەهەند و بایەخ و رووبەر و سەنگ قیمەتی ژینگە، رەنگبێ بۆ ئەوان ئەزمونبەخشێکی نوێ بێ، بەتایبەتی ئەگەر بێشەرم و شکۆ،لایەنە لاوازەکانی دەقەکان لەم رووەوە دەستنیشان بکرێن لە رووە پرشنگدارەکانیان رۆشناییان بخرێتە سەر چونکە وەک مامۆستا دەڵێت ژینگە پانتاییەکی فراوانی لە شیعری منداڵاندا داگیر کردووە، هەر ئەمەش وایکردووە کە مامۆستا دەست بۆ ئەو کارە گرنگە ببات و کتێبێک تەرخان بکات بەو بوارە و بەشێوەیەکی رەخنە ئامێز باسی بکات و کتێبخانەی کوردیی پێ دەوڵەمەند بکات.
مامۆستا لە بەرکوڵی کتێبەکەیدا باسی ئەوەی کردووە کە کۆنترین کتێبی چاپکراو بۆ منداڵانی کورد، کتێبی (نووبەهارا بچووکان)ی شاعیری مەزن (ئەحمەدی خانی)یە کە ساڵی 1682 دا چاپکراوە، بەڵام وەک کاک ئەمین محەمەد لە کتێبی (دیداری ئەدەبی منداڵان)دا کە چەند توێژینەوەیەکی ئەدەبیی و رەخنەیی لەخۆ گرتووە و یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی ساڵی 2022 چاپی کردووە. باسی کردووە ئەوەی خانی مەزن فەرهەنگ بووە و ناچێتە خانەی کتێبی ئەدەبی منداڵانەوە، هەروەها کاتێکیش پێناسەی ئەدەبی منداڵان دەکەین ئەم ژانرانە دەگرێتەوە، شیعر و چیرۆک و شانۆیی و رۆمان و ئۆپەرێت. فەرهەنگی تێدا نییە و ناتوانین بە کتێبی نووسراو بۆ منداڵان دایبنێن، راستە فەرهەنگێکی گرنگ و بەسوودە، بەڵام بۆ منداڵان نا. دەبووایە مامۆستا وەک سەرەتای کتێبی چاپکراو بۆ منداڵان ئەو فەرهەنگەی نەنووسیایە. هەروەها مامۆستا لە چەند شوێنێکی کتێبەکەیدا ناوی ئەنجومەنی ئەدەبی منداڵانی هێناوە کە من وەک نووسەر و شاعیرێکی بواری ئەدەبی منداڵان کە ساڵانێکە لەو بوارەدا کاردەکەم و لە نووسینەکانم و دیدارەکانیشمدا باسی گرنگی دروستبوونی ئەنجومەنێکی لەو شێوەیەم کردووە، بەڵام من ئاگاداری هیچ ئەنجومەنێک نیم بەو ناوەوە دروست بووبێت بەس هەوڵ هەبوو، چونکە دروستبوون و دامەزراندنی ئەنجومەنێکی لەو شێوەیە کە نوێنەری گشت نووسەر و شاعیران و وەرگێڕەکانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان بێت پێویستە هەمووان بەشداربن و ئاگاداربن و بەهەڵبژاردن بێت و پەیڕەو و پڕۆگرام و یاسا و رێسای خۆی هەبێت نەک ناوێک و بەس.




شەش کورتیلە چیرۆک.. نوسینی: هێدی گەڵاڵی

کرێکار
لەبەرئەوەی کوڕی بەرپرسێکی مەملەکەتە بەم تەمەنی هەرزەکارییەوە خاوەن کۆمپانیایەو بێ ئارەق ڕشتن دەیان دەفتەر دۆلاری پەیداکردووە! ئەمیش بە کرێکاری و هێزی بازوو جگە لە ڕۆژانی هەینی هەموو ڕۆژێک لە کۆمپانیای کوڕی بەرپرسەکە ئارەقەی نەهامەتی دەڕێژێت.

                                                                 ئۆتیزم

بزێوی ئەو منداڵە حەوت ساڵیە سەرنشینانی ناو پاسەکەی بێزار کردبوو ، هەوڵ و ماندوبوونی دایکی بێسوود بو بەوەی مناڵەکە بە ژیری دانیشێت. بەسیما و جولە خێراکانیەوە بۆت دەردەکەوێ نەخۆشی ئۆتیزم زۆری بۆ هێناوە.
دایکەکە بەدەست منداڵە نەخۆشەکەی ماندوو و شەکەتە نیشتیمانیش بە دەست بەرپرسەکان!!

                                                                 واقیع

هاوڕێکەم لێی پرسیم:
تۆ بەم تەمەنەوە هەموو کات بە ڕیشی تاشراوەوە دەبینم گەنجە تەمەن سی ساڵیەکەی کۆڵانیشمان بە ڕیشێکی زبر و درێژ! وتم: من لە دنیای واقیع دەژیم!!

                                                                   یاسا

ئاشکراکردنی دۆسیەی دزینی پارەی مەملەکەت لەلایەن ڕۆژنامەنوسێکی بوێر بوە هۆی ئەوەی دادگا حوکمی چوار ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنێت! هەمان دادگا نەیتوانی بەرپرسە باڵاکە نەک هەر دادگایی بکات تەنانەت ئاگاداریشی بکاتەوە!
ڕاستە دەڵێن: یاسا تۆڕێکە ماسیە بچوکەکان دەگرێت.

                                                                  ژووان

ساڵانێک بوو لە خۆشەویستەکەی دابڕابوو.
کە یەکتریان بینی هەموو شتێک ئاسایی بوو، ئەوەی نائاسایی بوو ، لێدانی دڵیان بوو!!

                                                                لەخۆبایی

تازە پێی نابووە تەمەنی هەرزەکاری لە لایەن خزمێکیانەوە دەستنیشان کرابوو کە گەورەتر بو ببێتە بوکی ماڵەکەیان و بۆ کوڕەکەی بیگوازنەوە.
داخوازیەکان تا دەهات زۆرتر دەبوون . کچەکە بەرز دەیڕوانی لەخۆبایی و هەڵپەی ژیان تەنگی پێ هەڵچنیبوو. لە دواجاردا هەرزەکاریەکەی بە قەیرەیی سپارد!!