کتێب\ گۆڕانە مەزنەکان لە هزرێکەوە دەست پێ دەکەن.. ئەمجەد شاکەلی
(لەگەڵ ئەحمەد بین بیلالدا بەرەو جیهانێکی نوێ)
نووسەر: ئەمجەد شاکەلی
بابەت: باس و لێکۆڵێنەوە
دیزاینی بەرگ: ئیسڕا کەمال
دیزاینی ناوەوە: خەبات عارف
چاپخانەی: کارۆ، سلێمانی، کوردستان
(لەگەڵ ئەحمەد بین بیلالدا بەرەو جیهانێکی نوێ)
نووسەر: ئەمجەد شاکەلی
بابەت: باس و لێکۆڵێنەوە
دیزاینی بەرگ: ئیسڕا کەمال
دیزاینی ناوەوە: خەبات عارف
چاپخانەی: کارۆ، سلێمانی، کوردستان
بۆ یادی تاهیری خەلیلی
ساڵی 1982 لە گوندی (شێنێ)ی نزیك زەڵێ و ناوزەنگ لەسەر سنووری ئێران پێشمەرگە بووم، شیعری (هەر دێمەوە)م لە گۆڤاری (ڕاپەڕین) بڵاو کردەوە، کە گۆڤارێکی سیاسی و ئەدەبی بوو چەند ژمارەیەکی کەمی لێ دەرچوو. پاش ماوەیەك بیستمەوە کە هونەرمەند تاهیری خەلیلی ئاوازی بۆ دائەنێ. لەناو شۆڕشدا جگە لە تاهیری خەلیلی، دوو هونەرمەندی تریش خەریکی ئاوازدانان بوون بۆ ئەو شیعرە: لالۆ ڕەنجدەر و، هونەرمەندێکی تر کە خەڵکی گەڕەکی ڕەحیماوای کەرکوك بوو (ناوەکەیم بیر چۆتەوە) لە ناوەندیی کۆمەڵەی ڕەنجدەران لە ناوزەنگ پێشمەرگە بوو. بەڵام دواجار تاهیری خەلیلی کارەکەی ئەنجام داو، پێم وایە پاش تۆمار کردنی گۆرانییەکە دوو هونەرمەندەکەی تر وازیان هێنا.
لە کۆتایی ساڵی 1982دا بەهۆی نزیك بوونەوەی شەڕی عێراق-ئێران لەو سنوورە، سەرکردایەتیی یەکێتی ئەو ناوچەیەیان چۆڵ کرد و گواستیانەوە سەرگەڵوو و بەرگەڵوو و، هێزەکانی پێشمەرگەش دابەش بوونە سەر چوار مەڵبەند. من لەسەر داوای خۆم گواسترامەوە مەڵبەندی چوار لە بالیسان، بۆ ئەوەی بەشی ڕاگەیاندن (ئیعلام) لەو مەڵبەندە دامەزرێنین. ڕاگەیاندن بەرفراوان بوو و زۆرێك لە نووسەرو ڕۆژنامەوان و هونەرمەندانی ئەو دەڤەرەی لەخۆ گرت. جگە لە من؛ مەریوان وریا قانع، ئیبراهیم عەلی ئەحمەد (بڵندی شێوەکار)، هونەرمەندی ئاوازدانەرو کەمانجەژەن مەجید خۆشناو، هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەلی عەزیز خاوەن گۆرانیی”ئەی کچە کوردی کەرکوك” و ئەندامی تیپی مۆسیقای سۆلاف/کەرکوك بوو، قەنبەری کمانجەژەن ئەویش هەر ئەندامی تیپی مۆسیقای سۆلاف بوو لە تەلەڤزیۆنی کەرکوك، هونەرمەندی گۆرانیبێژ مونیر نوری (ناسراو بە مونیر ئاری)، سیار بادینی، شاهین (کوردی باکور بوو)، دکتۆر سالار مستەفا، عەباس ئیسماعیل حەمەد ناسراو بە “عەباس نیووتن” و چەند پێشمەرگەیەکی دی، بەرپرسی ڕاگەیاندنیش حاکم پێشڕەوسەید برایم بوو. وشیاری براشم لەگەڵ ئیمەدا بوو بەڵام ئەو چووە بارەگایەکی تر. عەباس نیووتن، ئەو نازناوەی لەخۆڕا لێ نەنرابوو، ئەو خۆی دەرچووی بەشی فیزیا بوو، نامیلکەیەکی بە چاپ گەیاند تیایدا ڕەخنە لە یاسای سێیەمی ئایزەك نیووتن لە جووڵانەوەدا ئەگرێ. ئەوسا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە لە یەکێتیی سۆڤیەتەوە بانگهێشتی عەباس کراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رەخنەکەی لە نیووتن. عەباس بۆ سەلماندنی تیۆرییەکەی خۆی کۆمەڵێ هاوکێشەی لە نامیلکەکەیدا بەکار هێنابوو. مەریوان قانع و ئیبراهیم (بڵند) بۆ پێکەنین ئەیانووت لە ڕووسیا کاتێ زاناکان بە هاوکێشەکانی عەباسدا ئەچنەوە پێی ئەڵێن کورە ئەوە چیت کردووە؟ ئەوە زائید نییە، ناقسە! عەباسیش لە ناوچەوانی خۆی ئەدا: ئاه!!
لەپاش شەڕی بالیسان، کە لە مانگی چوای ساڵی 1983دا لەنێوان یەکێتی و بەرەی جووددا ڕووی دا بە ماوەیەکی کەم، بارەگاکەمان گواستەوە گوندی (کانی بەرد)ی نزیك بالیسان. ژوورێکمان تەرخان کردبوو بۆ تایپڕایتەرو ڕۆنیۆو ستێنسڵ و ئەو شتانە، هۆڵێکیش بۆ ئامێرو کەرەستە مۆسیقییەکانی وەکو کەمانجەو ئۆرگ و ئۆکۆردیۆن و ئیقاع و.. هونەرمەندان پرۆڤەی گۆرانی و مۆسیقایان تیادا ئەکرد. تاهیری خەلیلی ئەوسا لە نێوان سەرکردایەتی و بالیساندا هاتوچۆی ئەکرد. لە سەرکردایەتی لەگەڵ (تیپی مۆسیقای شەهید کارزان)دا گۆرانیی ئەووت. کە ئەشهاتە بالیسان مانگێك یان پتر لەلامان ئەمایەوەو لەگەڵ مەجید خۆشناوو مونیر ئاری و ئەواندا شەوان لە هۆڵی مۆسیقادا پرۆڤەی گۆرانییان ئەکرد. تاهیر کە گۆرانیی ئەووت خەڵکی کانی بەرد هەموو گوێیان لێ ئەبوو. هەندێ جاریش بە شەو کە لە بالیسانەوە ئەهاتینەوە بۆ کانی بەرد تاهیری خەلیلی بەدەم ڕێوە بە دەنگە بەرزو زوڵاڵەکەی گۆرانیی ئەووت لە هەموو دۆڵی بالیسان دەنگی ئەدایەوە. ئەوسا تازە دەنگۆی موفاوەزات (دانوستان) هەبوو لە نێوان یەکێتی و ڕژێمی بەغدادا، تاهیری خەلیلی هاتوچۆی سلێمانیی ئەکردو، لەگەڵ (تیپی مۆسیقای مەولەوی)دا کاسێتێکی تۆمار کرد کە پێکهاتبوو لە کۆمەڵێ گۆرانی، لەوانە گۆرانیی “هەر دێمەوە”.
جارێكیان هاتە لام و وتی ئاوازی گۆانییەکم داناوە شیعری خۆمە بەڵکو بۆم بنووسیتەوە. وتم ئەی خۆت نەتنووسیوەتەوە؟ وتی من سەوادم نییە!. من تووشی شۆك بووم، خوێندەواریی نییەو ئەو شیعرو ئاوازە جوانانەش هەر بە سەلیقە دائەنێ. ئەو شیعرەکەی ئەووتەوەو من ئەمنووسی. شیعری هێزی پێشمەرگە “لە قەندیلی سەربەرزەوە” بوو. جارێکی دیش هات و شیعری “شیرین”ی پێ نووسیمەوە. وتم ئەم شیعرە لەڕووی کێشەوە لەنگە، هەندێ دەسکاریی کێش و سەروای شیعرەکەم بۆ کرد، بەڵام ئەو هەندێ لەو دەستکارییانەی بەدڵ نەبوو، لەبەر ئەوەی ئاوازەکەی پێش شیعرەکە دانابوو. ساڵانی دواتر هەندێ دێڕی لە گۆرانیی لە قەندیلی سەربەرزەوە گۆڕی. لەوانە بۆ نموونە:
هاوڕێ ئارام لەبیر مەکەن
ڕیگای لینین قەت بەرمەدەن
کە پاشان کردی بە:
هاوڕێی شەهید لەبیر مەکەن
ڕێگای قازی قەت ون مەکەن
هەروەها رەخنەمان لەو کۆپلەیەی گۆرانییەکە گرت کە ئەڵێ:
هێزی پێشمەرگە نابەزن
هەموو شۆڕشگێڕن ئەمڕۆ
وەك ئەوەی هێزی پێشمەرگە پێشتر شۆڕشگێڕ نەبووبن.
ساڵی 1983 هاوڕێی شاعیرم مارف عومەر گوڵ لە شارەوە هاتە لامان بۆ بالیسان دوو شیعریشی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو، داوای لێ کردم بە ناوی (دلاوەر مەحموود)ەوە لە بڵاوکراوەکانی شۆڕش بۆی بڵاو بکەینەوە. ئەوانیش شیعری “قۆچی قوربانی وڵاتم سوتەمەنیی ڕێی خەباتم” و “سروودی ڕاپەڕین: ژیان وەرزێکە کورت یا درێژە” بوو. من شیعرەکانم دا بە تاهیری خەلیلی. مەجید خۆشناو ئاوازی بۆ دانان و تاهیریش بە دەنگی خۆی لەگەڵ کۆمەڵێ گۆرانیی دیکەدا ساڵی 1984 لە کاسێتی دووەم تۆماری کردن.
هاوینی ساڵی 1984 بەهۆی موفاوەزاتەوە هاتوچۆی نێوان شاخ و شار ئاسایی ببۆوە، من و تاهیری خەلیلی و دکتۆر سالار مستەفا سەفەرێکی سەر سنووری ئێرانمان کرد بۆ لای حیزبە کوردی و ئێرانییەکانی ئۆپۆزیسیۆن. سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و حیزبی دیموکرات (حدکا) و موجاهیدینی خەلق و زۆر لایەن و کەسایەتیی نیشتمانیمان کرد، لەوانە شێخ عیزەدین حوسەینی، جەعفەری شەفیعی، هەروەها شاعیری “پێشمەرگەی کۆمەڵە وەك پۆڵان”. هەمووان زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ کردین. هەفتەیەك لەو دەڤەرە ماینەوە. تاهیری خەلیلی کەسێکی ناسراو بوو لەناویانداو هەموو ڕێزیان لێ ئەگرت. شەوان لە مەقەڕی ئە حیزبانەدا هەموو لێی کۆ ئەبوونەوەو گۆرانی و سروودی بۆ ئەووتن. بڵاوکراوەی حیزبەکانمان کۆ ئەکردەوەو وتووێژی سیاسیی دوورودرێژمان لەگەڵدا ئەکردن. جارێکیان دکتۆر سالار پرسیاری دیکتاتۆریەتی پرۆلیتای لە برادەرانی موجاهیدینی خەلق کرد، ئەوان وتیان بەلای ئێمەوە دیکتاتۆریەت هەر دیکتاتۆریەتە، هی پرۆلیتاریا بێ یان بۆرژوا، ئێمە هەموو جۆرە دیکتاتۆریەتێك ڕەت ئەکەینەوە… ئەوسا ئەو بیروڕایەی ئەوان بۆ ئێمە ببووە مایەی پێکەنین.
لە گەڕانەوەماندا لەو سەفەرە، تاهیری خەلیلی لەگەڵما هاتەوە کەرکوك، چەند شەوێك لەماڵی ئێمەدا مایەوە. بە ئۆتۆمۆبیلەکەی ئیبراهیم (بڵند) هەموو کەرکوك گەڕاین. وتی بمبەن بۆ لای خانووە قوڕەکان. بردمان بۆ گەڕەکی شۆریجەو بۆ لای خانووە قوڕەکان. چەند شەوێکی دیش لەماڵی ئیبراهیم مایەوە. ڕۆژێکیان ئیبراهیم و براکانی تاهیری خەلیلییان بردبوو بۆ حەمامەکەی پریادی. تاهیر لە حەمام دەستی بە مەقام چڕین کرد، ئەوانەی لەوێ خۆیان ئەشۆرد، کە زۆربەیان تورکمان بوون، هێندە سەرسام بوون بە دەنگی تاهیر هەموو لە دەوری کۆببوونەوەو گوێیان لێ ئەگرت.
تاهیری خەلیلی ساڵانی هەشتا لە هەموو ئاهەنگەکانی ناو شۆڕش بەشداریی کرد، لەوانە ئاهەنگی سورداش لە نەورۆزی 1984 کە لەوێدا سروودی “لە قەندیلی سەربەرزەوە”ی وت و مام جەلال کە ئامادەی ئاهەنگەکە بوو دەمانچەیەکی پێشکەش کرد. ئاهەنگی یەکی ئایاری هەمان ساڵ لە گوندی توتمێ لە دۆڵی بالیسان لەگەڵ هونەرمەند حەمە جەزاو کۆمەڵێ گۆرانیبێژی دیدا. ئاهەنگی یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی لە گوندی شێخ مەحموود لە قەڵادزێ. چلەی شەهید سەید کەریم لە بالیسان ساڵی 1985. تیپی مۆسیقاش بریتی بوون لە؛ مەجید خۆشناو و قەنبەر بە کەمان، مونیر ئاری بە ئۆکۆردیۆن، وشیار ئەسوەد بە ئیقاعی دوو تەپڵی کە پێی ئەڵێن بانگۆز، کۆمەڵێ مۆسیقاژەنی دیش.
لەپاش تێکچوونی موفاوەزات و دەستپێکردنەوەی شەڕ لە نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتاوە هەتا کۆچی دواییشی کرد تاهیری خەلیلیم نەبینییەوە.
ئێستا حەمە جەزا وعەلی عەزیز و قەنبەر و مونیر ئاری و مارف عومەر گوڵ و، دواجاریش تاهیری خەلیلی، هیچیان لە ژیاندا نەماون.
ماڵئاوا ئازیزان… زوو یا درەنگ پێتان ئەگەینەوە.
وێنەکە: تاهیری خەلیلی لە ئاهەنگی نەورۆزی 1984 لە سورداش. لە پشتی تاهیرەوە ئەوەی کەمانجە ئەژەنێ مەجید خۆشناوە ، ئەوەی ئۆکۆردیۆن ئەژەنێ مونیر ئاری.
ئازاد ئەحمەد ئەسوەد
نووسینی : ک ئەحمەد عەلەم(*)
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
تیۆری ئەدەبی مارکسیستی کە لەسەر بنەمای مارکسیزم دامەزراوە؛ یەکێکە لە کاریگەرترین تیۆرییە ڕەخنەییەکان بۆ شیکردنەوەی ئەدەب. مارکسیزم ئەو قوتابخانە فیکرییەیە کە هەریەک لە کارل مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) و فریدریک ئەنگڵس (١٨٢٠-١٨٩٥) دایانمەزراندووە و تیۆری ئابووری خۆشیان ناو ناوە کۆمۆنیزم. مارکس و ئەنگڵس لە نامیلکەی مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیستدا ساڵی ١٨٤٨دا هاتنی کۆمۆنیزمیان ڕاگەیاند. مارکسیزم تا ئێستاش گرنگی و بایەخی خۆی لەدەست نەداوە بەو پێیەی ڕێگەیەکی مانادارمان پێدەبەخشێت بۆ تێگەیشتن لە مێژوو و ئەدەب و ڕووداوەکانی ئێستا. مارکسیزم دەست و پەنجە لەگەڵ ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵگە و مێژوو و ئابووری نەرم دەکات. مارکسیزم ئابووری وەک بنەمایەک دەبینێت کە سەرخانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژی لەسەری بنیات دەنرێت. بە واتایەکی تر، یەکێک لە پێشمەرجە بنەڕەتییەکانی مارکسیزم، هەلومەرجی ماددییە کە ئاماژەیە بۆ هەلومەرجە ئابوورییەکان و کە وزەبەخشی ئەتمۆسفیری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدیۆلۆژییە کە پێی دەوترێت دۆخی مێژوویی. هەروەها مارکسیزم تیشک دەخاتە سەر دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵایەتی ئابووری (هەبووەکان بۆرژوازی و نەبوونەکان پرۆلیتاریا) دەبێتە هۆی ململانێی چینایەتی کە هەموو مێژووی مرۆڤایەتی پێ دەناسرێتەوە. بەنسبەت مارکسیزمەوە ئایدۆلۆژیا بیرۆکەی حوکمڕانی چینی دەسەڵاتدارە یان سیستەمی بیروباوەڕە یان هەموو سیستمە باوەڕییەکانە کە بەرهەمی هەلومەرجی کلتوورین. بۆ نموونە سەرمایەداری، کۆمۆنیزم، ئایین و هتد سادە نین، بەڵکو بە سروشتی ئەو بناغە ئابوورییەی کە بە دیتەرمینیزمی ئابووری ناسراوە، لە قاڵب دراون.
بۆیە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ئەم دیاردەگەلی وەک ژێرخان، سەرخان، دیتەرمینیزمی ئابووری و ئایدۆلۆژیا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لەخۆدەگرێت. مایکل ڕایان ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی بەم شێوەیە پێناسە دەکات (تێگەیشتنە لە ڕەگ و ڕیشەی کۆمەڵایەتی ئەدەب لەگەڵ هەستکردن بە ئەنجامە سیاسییەکانییەوە). ئاشکراشە کە جێوشوێنی چینایەتی کۆمەڵایەتی نووسەر و ئایدۆلۆژیای باوی کۆمەڵگەکەش لەبەرچاو دەگرێت.
بیرمەندی مارکسیستی فەرەنسی، لویس ئاڵتۆسێر (١٩١٨-١٩٩٠) بەشدارییەکی زۆر لە ڕوانگەی مارکسیستیدا دەکات و بیرۆکەکانی بە ڕوونی قەرزاری پێکهاتەگەرایین. لویس تیۆریزەی ئەوە دەکات کە ئەنجام لە کۆمەڵێ هۆکاری جۆراوجۆرەوە لەسەرووی دیتەرمینیزمەوە سەرهەڵدەدات. لە چەمکی سەربەخۆیی ڕێژەییشدا، پێشنیاری ئەوە دەکات کە سەرەڕای پەیوەندی نێوان کلتوور و ئابووری، هونەر تا ڕادەیەک سەربەخۆیی لە هێزە ئابوورییەکان هەیە. ئایدۆلۆژیا چەمکێکی سەرەکییە بۆ ئاڵتۆسێر وەک هەر مارکسیستێکی دیکە. ئاڵتۆسێر پێیوایە ئایدیۆلۆژیا سیستەمی (خاوەنی لۆژیکی تووند و دروستی خۆیەتی) کە نوێنەرایەتی (وێنە، ئەفسانە، بیرۆکە یان چەمک بەپێی کەیسەکە) دەکات و بەخشراوە بە بوون و ڕۆڵی مێژوویی لە نێودڵی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا. لویس لە کتێبی (نامەیەک سەبارەت بە هونەر)دا پێیوایە کە هونەر لە شوێنێک لە نێوان ئایدۆلۆژیا و مەعریفەی زانستیدا هەڵکەوتووە. ئەو وای دەبینێت کە بەرهەمی ئەدەبی نە تێگەیشتنێکی تەواو لە جیهانی ڕاستەقینە دەدات بەدەستەوە و نە بە سادەیش دەربڕینی ئایدیۆلۆژیای چینێکی دیاریکراوە. بەڵام ئاگادارمان دەکاتەوە لەو ئایدۆلۆژیایەی کە هەم بوونی خۆی و هەم بوونی ئێمەش لە کۆمەڵگدا بەڕێوە دەبات.
لە ڕاستیدا ئاڵتۆسەر دەستکاری مارکسیزمی ئۆرسۆدۆکس دەکات. بۆ ئەو لامەرکەزی زاراوەیەکی سەرەکی ترە کە ئاماژەیە بۆ ئەو پێکهاتانەی کە هیچ جەوهەر و فۆکۆس و ناوەندێکیان نییە. کەواتە هونەر ئۆتۆنۆمییەکی ڕێژەیی هەیە و هیچ یەکێتییەکی گشتی نییە. ئاڵتۆسێر زیاتر تیۆریزەی دەکات و دەڵێت کە ئایدۆلۆژیا لە ڕێگەی ئامێری دەوڵەتی ئایدیۆلۆژی وەک سیستەمی سیاسی، یاسا، پەروەردە، ئایینی ڕێکخراو و تاد کار دەکات. ئەوەی ئێمە دەیکەین یان باوەڕمان پێیەتی؛ ئایدیۆلۆژییە. تەنانەت کاتێک ئێمە پێمان وایە کە ئێمە بەپێی ئیرادەی ئازادی خۆمان مامەڵە دەکەین، بەڕاستی ئەوە بەپێی ئامێری دەوڵەتی سەرکوتکەر پۆلیس، سوپا، زیندان و هتد)کار دەکەین. بەڵام ئایدۆلۆژیاش وەک دیموکراسی وامان لێدەکات لەڕووی تیۆرییەوە هەست بە ئازادی بکەین، بەڵام لەڕووی پراکتیکەوە دەستوپێمان بەستراوەتەوە. لێرەدا وەک ئاڵتۆسێر دەڵێت ئینتەرپێلاسیۆن زاڵ دەبێت . ڕۆمانێک وا لە بینەرەکەی دەکات هەست بکات کارەکتەرەکان لەو جیهانەدا کە لە دەقەکەدا وێنا کراوە ئازادن بەڵام لە چنگی ئایدۆلۆژیایەکیشدان.
پێش ئاڵتۆسێر، مارکسیستی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی (١٨٤١-١٩٣٤) زۆر بە شێوەیەکی بەرچاو سەرنجی لەسەر هەژموون بوو کە دەبێتە پرسێکی دیکەی جەوهەریی لە ڕەخنەی ئەدەبیدا. بۆ گرامشی هەژموون بریتییە لە تەواوی پرۆسەی کۆمەڵایەتی ژیاو وەک ئەوەی بە شێوەیەکی پراکتیکی بە مانا و بەها و بیروباوەڕی تایبەت و باڵادەست؛ کەوا بە جۆرێک ڕێکخراوە کە دەتوانرێت وەک جیهانبینی یان ڕوانگەی چینایەتی ئەبستراکت بکرێت. بۆیە تایبەتمەندی ئەلتوسێری ئایدیۆلۆژیایە کە پەیوەندییەکی نزیکی بە چەمکی هەژموونییەوە هەیە.
ڕەیمۆند ویلیامز (١٩٢١- ١٩٨٨) لە کتێبی (مارکسیزم و ئەدەب)دا هەژموونی کلتوور بە گشتی و ئایدۆلۆژیا بە تایبەتی پێکەوە دەبەستێتەوە. هەژموون وەک فۆرمێکی ناوەکیی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی وایە کە هەندێک بۆچوون دروست دەکات کە پێدەچێت سروشتی و نەبینراو بن. ئەمە ئەو فێڵەیە کە ئاڵتۆسێر بە ئینتەرپێلاسیۆن ناوی دەبات وەک پێشتر ئاماژەی بۆ کراوە. بۆ نموونە سەرمایەداری و دیموکراسی و هتد بە پێی ڕوانگەی ئاڵتوسێری ئینتەرپێلاسیۆنن. هەروەها هونەرمەند دەتوانێت سوود لە کەلێن یان پێچ وپەنای هەژموون لە نووسینەکەیدا وەربگرێت.
ڕەخنەگری مارکسیستی چۆن دەقێکی ئەدەبی دەخوێنێتەوە؟ ڕەخنەگری مارکسیستی ئەدەب وەک بەرهەمی هەلومەرجی ماددی مێژوویی دەبینێت. دەقی ئەدەبی ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیای کۆمەڵگەیەکی دیاریکراوە. هەروەها پەیوەندی نێوان دەق و مرۆڤەکان، یان ستەمکار و ستەملێکراو نیشان دەدات. ئەو لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئایا دەقەکە ڕەخنە لە سەرمایەداری یان هەر ئایدۆلۆژیایەک دەگرێت. ڕەخنەگر دەبێت لەوە بکۆڵێتەوە کە ئایا دەقەکە ڕەخنەیە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری یان هاوسۆزە لەگەڵ کۆمەڵگەدا. کەواتە، ڕەخنەگر هەندێک پرسیار لەبەرچاو دەگرێت وەک ئایا بەرهەمی ئەدەبی ڕەخنەیە لە هەر ئایدۆلۆژیایەک؟ مارکسیزم چۆن ڕەنگدانەوەی لەسەر کاری داهێنەرانە دەبێت؟ جگە لەوەش دەقی ئەدەبی لە ناوەڕۆک و شێوە پێکدێت. ناوەڕۆکی دەقی ئەدەبیش دوو جۆرە: ناوەڕۆکی ئاشکرا (دیار) و ناوەڕۆکی شاراوە (نادیار). ڕەخنەگر ناوەڕۆکی شاراوە دەبەستێتەوە بە تەوەرە بنەڕەتییەکانی مارکسیستی وەک خەباتی چینایەتی و هەروەها ناوەڕۆکی دەقەکەش بە پێگەی چینایەتی کۆمەڵایەتی نووسەرەوە دەبەستێتەوە. ڕەخنەگر دیسانەوە گرنگی ژانری ئەدەبی لە ڕووی ئەو قۆناغە کۆمەڵایەتییەوە ڕوون دەکاتەوە کە بەرهەمەکەی تیا هاتۆتە بەرهەم. بۆ نموونە کۆمەڵگەی فیۆداڵی تراژیدیا بەرهەم دەهێنێت کە باس لە کۆمەڵگەیەکی تایبەت دەکات وەک شانۆنامەی شا لیری ولیەم شکسپیر.
ڕەخنەگری مارکسیستی بە ئاسوودەیی شا لیر وەک نوێنەرایەتی دراماتیکیی ململانێی چینایەتی نێوان دەسەڵاتی پاشایەتی و هاوپەیمانییەکەی و سەرمایەدارە تازە سەرهەڵداوەکان واتە گۆنەریل و ڕیگان و هاوسەرەکانیان دەبینێت. چینی سەرمایەداری لەگەڵ گەیشتن بەو زەوییە سەرهەڵدەدات کە پاشا پێشکەشی دەکات. خاوەندارێتی زەوی بەمانای نوێنەرایەتی دەسەڵات و سەرمایەیە، بۆیە بەهێزبوونی دوو خوشکەکە تەحەدای دەسەڵاتدارانی پاشا دەکەن. ئەوان مافی خودایی پاشایەتی یان دەسەڵاتی ڕەهای پاشا دەخەنە ژێر پرسیارەوە. بەڵام پاشا چاوەڕێی ئەوە دەکات کە تەحەدای نەکەن چونکە زلهێزەکان وا بیردەکەنەوە کە دامەزراوە و ڕێکوپێکییان تەحەدا ناکرێ. بە شێوەیەکی مێتافۆرییانە، لیر بەهۆی دەسەڵاتەکەیەوە وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، تووشی کوێربوون دەبێت. بۆیە ناتوانێت درک بەوە بکات کە دەسەڵات و موڵک و ماڵی خۆی لەدەستداوە بە ڕادەستکردنی شانشینی خۆی بە هەردوو کچەی کە بە دڵنیاییەوە دەربڕینی خۆشەویستیان بۆ باوکیان بە کاڵا دەکەن. هەروەها پاشا ناشتوانێت واقیعی دەربڕاوی کچە بچووکەکەی کۆردێلیا ببینێت. لە ئەنجامدا لە ئینگلتەرادا لە زەوی/دەسەڵات بێبەش دەبێت. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا گلۆستێر ناتوانێت واقیعەکە ببینێت کاتێک ئینکاری کوڕە گەورەکەی ئێدگار دەکات. دواتر کۆردێلیا کە نوێنەرایەتی ئەرستۆکراسی دەکات ڕووبەڕووی بۆرژوازی یان سەرمایەدارەکان (گۆنێریل، ڕێگن و ئێدمۆند) دەبێتەوە. لە ڕاستیدا شا لیر ململانێی نێوان ئەرستۆکراسی و سەرمایەداریی تازە سەرهەڵدراودا بە وردی دراماتیزە دەکات. نەک هەر ئەمە، بەڵکو قەیرانی ئەرستۆکراسی هاوچەرخیش دەخاتە ڕوو کە بەهۆی لەدەستدانی دەسەڵاتی ئابووری خاکەوە دروست بووە، دواجاریش ئاشکرای دەکات کە سیستەمی کۆن و نابینا لەناو دەچێت، بەڵام لەناوچوونەکە دەستپێکی دیدگایەکی نوێتر و بەزەییتر و دادپەروەرتر دەخاتە ڕوو کە دەبێت دامەزرێت.
تێری ئیگلتۆن لە کتێبی مارکسیزم و ڕەخنەی ئەدەبی (١٩٧٦)دا دەڵێت ڕەخنەی مارکسیستی؛ ئەدەب لە ڕووی ئەو بارودۆخە مێژووییانەی کە بەرهەمی دەهێنن، هەڵدەسەنگێنێت. بەڵام تەنیا هەڵسەنگاندنێکی کۆمەڵناسییانەی ئەدەب نییە. ئەرکی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی، بریتییە لە تێگەیشتن لە ئایدۆلۆژیاکان و بیرۆکەکان و بەها و ئەو هەستانەی کە لەلایەن خەڵکەوە لە سەردەمە جۆراوجۆرەکاندا و لە کۆمەڵگەکانی خۆیاندا ئەزموونیان دەکەن و هەروەها شیکردنەوەی هەر کارێکی ئەدەبییە بە شێوەیەکی تەواوەتی و ئەمەش بە واتای گرنگیدانێکی هەستیارە بە فۆرم و شێواز و ماناکانی دەق.
(*)ک ئەحمەد عەلەم پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە بەشی ئینگلیزی لە زانکۆی نۆرثرێن لە بەنگلادیش.
سەرچاوە :
Marxist Literary Theory K. Ahmed Alam
The Daily Observer website published on Sunday July 5, 2015
لەدواى ڕۆمانى لەخەوماى جەمیل سائیب و مەسەلەى ویژدانى ئەحمەد موختاربەگى جاف، ژانەرى ڕۆمان لەنێو ئەدەبی کوردیدا سەرى لە بۆتەو جوغزى ڕۆماندا، وەک بابەتێکى گرنگ و بەکەڵک و پێویستى نێوەندەکە چالاکى بەخۆیەوە بینى ودەستى بەنەشونماکردن کرد و ئەدیبەکوردەکان دەستیان بۆ ژانەرى ڕۆمان نووسى برد بە هەموو بەرتاقاى جوانى و پڕ کەموو کورتییەکانییەوە، تا ساڵى نەوەدەکان رۆمان نووسین زۆر لە گەشەدا نەبوو، بەو واتاییەى ڕۆمانە چاپکراوەکان زۆر نەبوون لەڕووى ژمارەوە، چونکە هەم حکومەتى بەعس ودەسەڵات ڕێگریان لەگەشەى ڕۆشنبیرى دەکردوو، هەم بەرهەمەکان لەلێکۆڵینەوەو توێژینەوەو چیرۆک و شیعر زۆر بەربەستى بڵاوکردنەوەیان بۆدروست دەکرا، ڕۆماننووسینیش وەک ژانەرێکى گرنگ لە بەردەم ڕێگرى و بەربەستى سانسۆردا قوتاریان نەدەبوو، بۆیە وەک گوترا ژانەرو بەرهەمى ڕۆمان و چاپکردنى زۆر بەکەمى دەردەکەوت و کەم دەبینران و کەم کەم تاک وترا چاپ دەبوون.
بەڵام لە ساڵى دووهەزاردا بەرەو سەر نووسەران زیاتر گرنگى وئەوینیان بۆ ئەم ژانەرە ئەدەبیە جوڵاو گرنگیان بەنووسین و وەرگێڕانى ڕۆمانداو چەندین ڕۆمانى جوان وشاکار نووسران و وەرگێڕدرانە سەر زمانى شیرنى کوردى، نێوەندەکەیان پێدەوڵەمەند کرد و بوارەکەیان بەرەو گەشەو پێشەکەوتن وسەرکەوتن وهەڵکشان برد.
لەمڕۆی دۆخە ئەدەبیەکەدا، نووسەرانى بوارەکە زۆر بەرهەمى جوانیان لەڕۆمان پێشکەشکردووە، لە بارەى ڕۆمانەکانیشەوە، چەندین توێژینەوەو لێکۆڵینەوەو بابەت و مشتوومڕى ئەدەبى پێشکەشکراوە،تەنانەت چەندین بڕوانامەى بەرزوتوێژینەوەى زانستیى لەسەر رۆمانەکان وەرگێراون. لە ئێستادا خوێنەرانیش زۆرچاویان لە سەر خوێندنەوەى ڕۆمانى خۆماڵى نووسەرانى لەمەڕخۆمانە، لە هەمان کاتدا لە سەر ڕۆمانە جیهانیەکانە کەلەلایەن نووسەرانى بەسلیقەو زمان پاراوەوە لە زمانى یەکەم و دووەمەوە دەکرێنە کوردى و کتێبخانەى کوردییان پێ سەنگین ودەوڵەمەندکراوە.کەواتە لەئێستدا لەو ڕاستییە دوورناکەوینەوە ئەگەر بڵێین: ڕۆمانى کوردى لەهەلوومەرجى ئێستادا لە گەشەو پێشەکەوتن بەدوورنییە، بەڵکو لەهەوڵى پەل پۆ هاویشتن و گەشەو جوڵەى بەردەوامدایە.
فریشتەکانى بەفر
(ڕۆمانى)فریشتەکانى بەفر، بەڕێز پێشمەرگەو نووسەر سەید ئەحمەدى حەمەلاو لە ٨٢٢لاپەڕەدا بەشێوەیەکى سەردەمیانە نووسێوێتى و ساڵى ٢٠٢٣چاپو بڵاوى کردۆتە، ڕۆمانەکە بەشێوەیەکى جوان ونایاب لەچاپێکى جواندا خراوەتە بەردەستى خوێنەران، ئەم ڕۆمانە بەپێدا هەڵدان و گوتن نەبێت، پێویستە زۆری خوێندەواران ئەوانەى حەزیان بۆخوێندنەوەو نووسین هەیە بیخوێنەوە، شایانى ئەوەیە ئەم ڕۆمانە جوانە، کە بەسەلیقەیەکى ئەدەبى بەرز نووسراوەو خۆماندوکردنى نووسەرەکەى پێوە دەبینرێت لە زۆربەى کتێبخانەو شوێنە ڕۆشنبیرییەکاندا بوونى هەبێت و خوێنەوەو هەڤپەیڤینى لەبارەوە بکرێت.
زمان و فەرهەنگى فریشتەکانى بەفر
نووسەرى ڕۆمانەکە،سەید ئەحمەد، خۆى پێشمەرگە نووسەر خوێنەر ئەهلى ڕۆشنبیرى و ئەدەب کەسایەتیەکى ماندوو تێکۆشەرە، زۆرى ژیان وگوزەرانى لە گوندو شاخ و دۆڵ و کەنارى ڕوبارو سەرچاوەى کانییە سازگارەکاندا بردۆتە سەر، کەواتە ئەو کوڕى گوندە عەشقى چیاو فیداکارییە، ئەو جگە لەوێنە چرکاندنى نەهامەتى وڕەشبەڵەک وخۆشى گوندو وێنەى ڕەزو باخو خەڵکى بێناز کە نارگیرلە شار، تێپەڕینى وڵاخدارو کاروگوزەرانى خەڵکى زەحمەتکێش و ژیانوگوزەرانى جوتیاران وڕەندەرى کورد، ئەوتوانیوێتى بەکامێراى وشە جوانەکان و ڕەسەنایەتى وشە وێنە بچرکێنێ ودیمەنکان تۆماربکات، ئەو وێنەکێش نیە، بەڵام دەتوانێت بەوشە ڕەسەنەکانى سەرزارى خەڵکى گوندو دەڤەرە جۆراو جۆرەکان چیرۆک و ئازارو خەونى پاڵەوانەکانى بخاتە ناو هەگبەى ڕۆمانە جوانەکەییەوە، ئەو پێمان دەڵێت: زمانى کوردى خاوەن مێژووى ڕەسەنایەتى و جوانى وفەرهەنگى دەوڵەمەندە، هەزاران دەستەواژەو وشەى جوانى تێکەڵ بە هەڤپەیڤین و ئازارو خەم و خەونى کەسایەتى و پاڵەوانەکانى ناو خەڵک و کاراکتەرەکانى ناو ڕۆمانەکە کردووە. وەک بەفرى سپى چیا بەرزەکانى کوردستان جوانیيان بەکەسایەتییەکان و پێشمەرگەو شەهیدەکان بەخشیوە، زمان کلیلە جوانەکەى نێو ڕۆمان و چیرۆکەکانە، کە گرێى ڕوداو کارەساتەکان دەکاتەوەو دەوڵەمەندى زمانى کوردى ئاوێتەى ڕۆمانەکە بەگشتى دەکات.(سەید ئەحمەد) بەسەلیقەو تواناى خۆى کە زمانى بەرزو هێزوو پێزى بە ڕۆمانەکە بەخشیوە، دەردەکەوێت وشەو دەستەواژە بەپێزو سەنگینەکانى کە دەتوانرێت وەک فەرهەنگ سەیرى بکەین لە سەرەتا تا کۆتایى ڕۆمانەکەدا بەتەکنێک و داڕشتنێکى ووردو جوان دەردەکەوێت و دەوڵمەندى و سەنگینى ڕۆمانەکەدەخاتە ڕوو، خوێنەریش تام و چێژو تامەزرۆیى بۆخوێندنەوەو شوێنکەوتنى ڕووداو ڕایەڵەو سەرەداوەکانى کێشەو هیواو خەونى پاڵەوانەکان بەرجەستە دەکات.
کوردو کارەساتەکان هەمیشە دووبارە
هەگبەو مێژوو جوگرافیاى دەڤەرى کورد دەوڵەمەندو ئاوسە، بەڕووداوە هەمە چەشنەو لەیەک نەچووەکان، فرمێسکى تاکى کورد زۆر دەگمەن وشک بوونەوە دەبینێت. کارەسات وڕوداو بەشوێن یەکدا دێن و کەمیان لەیەکدى دەچن، خوڵقێنەرى سەرەکى لەکایە جۆر بەجۆرەکاندا جگە لە ناو خۆى خۆمان دوژمن و دەسەڵاتە هەمە چەشنەکانى نێو مێژووى دابەشکردن و پەرتەوازەبوونى گەلێکە،نا تەبایى شێرپەنجەى ستراتیژو ئایندەو ئامانجى میللەتێکى مەزڵوم و ستەملێکراوى نەتەوەى کوردە، پاڵەوانەکانى ئەم ڕۆمانە کوڕو ژن وکچى ئەم هەگبە دەوڵمەندەى ناو کاییەى مێژووى ئەم سەردەمەن(١٠)دە ساڵى دواى ساڵى ١٩٨٠تا ١٩٩٠هەگبەیەکى ئاوسە بەکارەسات و روداوى نەخوازراو لەیەک نەچووى ناومیژووى کورد، پێشتر لەم مێژووە پڕکارەساتانەدا ئەنفال و کۆمەڵکوژى و چەکى کیمیاوى سوتماککردنى خاک و تاقیکردنەوەى سەرجەم چەکە جۆراوجۆرەکان کەمتر هەبوون، یان نەبوون و لە ناو جوگرافیاو مێژووى دیاریکراوى کوردا کەمبوون، بەڵام ڕۆمانى( فریشتەکانى بەفر) هەگبەکەى لەو مێژوو ڕووداوانەدا پڕن وسیخناخن بە کوشتن و ئەشکەنجەو زمانى تۆڵەو کوشتنى بەکۆمەڵ و دوکەڵى بۆندارى کوشتن، لەنێو ڕۆمانەکەدا بوونى هەیەو ڕەنگدانەوەى زۆرى تێدایە، پاڵەوانەکانى(فریشتەکانى بەفر) لەئەستێرەى ترەوە نەکشاون بۆ ئەم مەملەکەتە، بەڵکو نەوەى ئەم خاک وگەلەن خاوەنى ئەم خاکەن لە ناوململانێ وکێشە کۆمەڵایەتى و سیاسیى و ئابوورییەکاندا ئاوێتە بوون (مام عەلى،کەریم بەگ، جەلال شارەزوورى،عەزیز کەنارویی،نازدار،خەجێ، شەمێ،بەسێ، شلێر،نازدار،حەسەن،ئامانج، شێخ عومەر)(عەمید، حەمید،عەمیدجەمبوور) هەموو ئەمانە بەزیندوو شەهید و کوژراوانى دوژمنەوە، قوربانى دەستى ستەم و سوڵتەو دەسەڵاتێکى بێمۆراڵو دڵ ڕقن.
پاڵەوانەکانى ناو ڕۆمانەکە،بەتایبەتى ئەوانى بەشوێن مەسەلەى گەلەکەیانەوەن وخەونى ئازادى وسەربەستى و گەیشتن بە ڕزگارى لەستەم و زوڵم لەناخیاندا لەئایدیۆلۆجییاندا، رۆچووەو شۆڕیۆتەوەو جێگیرو ئاوێتەیانە، خاوەنى کەسایەتى و مۆریاڵى بەرزى دابوونەریت و سەمپڵى بەرزى کوردایەتى وپاکین، ڕۆمانەکەو نووسەرکەى لە هەناوى کۆمەڵگەى پڕلەستەم و دابوونەریتو کەلتوورێکى ڕەسەندا چەکەرەى کردووەو تێکەڵ بەڕووداوەکانەن دەوڵەمەندە بەزمانێکى ئەدەبى بەرزوو جوان کە لە ناو هەناوى کۆمەڵگەدا گەشەى کردووەو هەموو دابوونەریتەکانى لەبەرچاو گرتووەو بەڕێزەوە لێیى دواوەو لەناو ڕۆمانەکەى مامۆستا(سەیداــ فریشتەکانى بەفر) رەنگدانەوەى قۆڵى پێشکەش کردووە.
شتە جوانەکان هەمیشە دەمێننەوە
لەنێو گەلانى دونیادا، دابوونەریت فرەن، خورەوشت و کلتوورى گەلان هەمە چیزەو جودا جوداو هەمەچەشنن، لەهەندێک خوڕەوشت و دابونەریت و کلتۆوردا، لێک نزیکى و زۆرجارهاوبەشیش هەیە، بەڵام جیاوازى ولێکەنەچویش پانتاى تایبەتى داپۆشیوە، ئێمە وەک مێژوو لەزۆرێک لەگەلانى دوونیاوە هاوبەشیمان هەیە، بۆ کلتووریش هەروایە، زۆرێک لەبیرەوەری نووسان یان چیرۆک و رۆمان و ژانەرە ئەدەبییەکانى تر و هونەرى مۆسیقاو ئاوازو تابلۆ… لەیەکدییەوە لە تەعبیرکردن و نووسین وشتەکاندا نزیکى تێدایە، لە ناشیرینەکاندا دابوو نەریت و خوڕەوشت و هەڵسوکەوت و بابەتە جۆراجۆرە ناشیرینەکان لە نەتەوەیەکەوە بۆ نەتەوەیەکى تر هەیەو لەنووسین و تابلۆ ژانەرە جۆراوجۆرەکاندا بە ئەدەب و مێژوویشەوە ڕەنگدانەوەى هەیە، رۆمانى(فریشتەکانى بەفر)هەڵگرى پەیامە جوانەکانە کێشەى گەلێکى زوڵم لێکراوەو هاوارى سەربەخۆى بۆ ئازادى و کێشەکەى دەکات، بەڵام سیخناخە بەوشەو دەستەواژەى جوان و گەیاندنى دەنگ و هاوارى گەلێکى ستەم لێکراوە، لە ناو قوڵایی مێژوویى مرۆڤایەتى و گەیشتنە بەمافە مرۆڤایەتییەکەى و هەڵکێشانى هەناسەى ئاسوودەیى وئارامییە بەکەنارەکانى بەختەوەرى.
(فریشتەکانى بەفر) قوڵ وجوان تەعبیر لە خەون و ئازادى و هاوارى نەڕژانى خوێنى ترى نەوەکان دەکات بە دەستى یەکدى، داواى وشک بوونەوەى فرمێسکى گەلێک دەکات، داواى کۆتایى هێنان و سارێژبوونى برین و زامەکانى ناخى مرۆڤى کورد دەکات. کۆتایهێنانى هەتا هەتایى بەستەم و زوڵم، لەسەر گەلێکى بەشمەینەت وغەدرلێکراوى ئەم دوونیایەیە کەشایانى ژیانى باشترو خەونى گەورەو جوانە.. دەستتخۆشبێت کاک سەید بۆزمانى جوان و گەیاندنى ئازارەکان لەرێگەى گەیاندنى ژانەرى ڕۆمانە جوانەکەتەوە بەدونیا…خوازیارى زیاترى بەرهەمى باشترو جوانترت بۆ دەخوازم.


25/11/2023
تێڕوانینێک لە هێنانە سەرکاری ئیبراهیم رەئیسی و دەرهاویشتەکانی!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
کاتێک بە هۆی پەرەسەندن و بەرەوپێشەوەچوونی راپەڕینە جەماوەرییەکان لە ئێران و چالاکییەکانی هێزەکانی موقاومەتی ئێران، نومایشی باڵبازێنی ناو دەسەڵاتی ئایینی دەرکەوت، وەلی فەقیهی دەسەڵات بڕیاری گرژبوونەوەی رژێمەکەی دەرکرد و یەکێک لە کەسە نزیکەکانی خۆی، واتا (ئیبراهیم رەئیسی)، خستە سەر کورسی سەرۆکایەتی ئاخوندان. ئەم هەنگاوەی خامنەیی سەرەتای جووڵەیەک بوو کە ئێستا نەک تەنیا خەڵکی ئێران، بەڵکو خەڵکی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لێی زەرەرمەند بووە!
لەو رۆژانەدا نووسیبوومان کە (ئیبراهیم رەئیسی) دەبێتە دواسەرۆکی ئەم دەسەڵاتە! رەنگە دەبوو کات تێپەڕێت بۆ ئەوەی ئەم راستیە بۆ هەمووان بسەلمێنرێت. ئێستا لە کۆتایی ساڵی (٢٠٢٣)دا، زیاتر لە جاران راستی ئەم بابەتە بۆ هەموو لایەک روون بووەتەوە.
راپەڕینی جەماوەری لە دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ئێران و رەوایەتی رێگا و ستراتیژییی تاکە رکابەر و بەدیلی راستەقینەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی، واتە (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران)، لە یەک ساڵی رابردوودا گەیشتە لوتکە و ئەم رژێمە و هەروەها (سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی) چوونەتە دواقۆناغی خۆیانەوە.
ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، ئەوانەی لافی راپەڕین و گەل و وڵاتیان لێدەدا، پێناسەیان دەرکەوتووە و لە رەوتی زۆرێک شەهیدبوون و ململانە سیاسی و سەربازییەکاندا، دوو هێزی دژ بە یەک لە پێوەند لەگەڵ ئێران، لە دژی یەکتر ریزیان بەستووە کە بوونی یەکێکیان، بە واتای نەبوونی ئەویتریانە. ئەمە دیمەنی راستەقینەی ئەمرۆی ئێرانە و لە هەمانکاتدا شەڕی چارەنووسی نێوان دیکتاتۆرییەت لە لایەک و خەڵکی ئێران و موقاومەتی ئێران لە لایەکیترەوە گەیشتووەتە لوتکەی خۆی. لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا دیکتاتۆرییەت و سیاسەتی سازان لەگەڵیدا لە دۆخی لاوازی و پاشەکشەدایە و بە دیوەکەیتریدا، خەڵک و موقاومەتی ئێران لە قۆناغی بەرەوپێشەوەچوون و گەشەسەندندان.
ئێستا هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تیایدا، رۆڵی شەڕخوازانەی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و هەمووان لەو بۆچوونە راستەقینەی بەڕێز مەسعود رەجەوی نزیک بوونەتەوە، کە وتبووی “سەری ماری ویلایەتی فەقیهی لە تاراندایە” رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر، کۆدەنگی لەسەر ئەم بۆچوونە بەهێزتر دەبێت.
ئەم بۆچوون و روانگەیە بەشێوەیەک بەرەوپێشەوە چووە و پەرەی سەندووە کە بەشێک لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی نزیک لە دیکتاتۆرییەت لە ئێران وریاییان داوە بە خامنەیی کە مافی ئەوەی نییە وڵاتەکەیان بەرەو شەڕ ببات! بەڕێز رەجەوی وتی: “ئەمە، لاربوونەوەیە و بە ئاوەژوونیشاندانی کێشەکەیە لەلایەن ریفۆرمخوازان لە ناوەوەی دەسەڵات و هەروەها لە دەرەوی رژیم”. هەروەها وتیشی: “خامنەیی هەرگیز بە نیاز نییە بچێتە ناو شەڕەوە لەگەڵ ئەمریکا و شەڕی راستەوخۆ بکات بەرامبەر بە ئیسرائیل. چونکە زیان دەکات و دواجار کورسیی هەژموون و ویلایەت لەدەست دەدات. ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە ئەمریکا بە چەند پشت، پەشیمانە لەوەی لە عێراق کردوویەتی”.
خامنەیی لە رۆژی ٢٢ی گەلاوێژی 2018 گوتبووی: “بەکورتی با بە دوو وشە بە میللەتی ئێران بڵێم: شەڕ روونادات و دانوستان ناکەین… ئەمریکییەکانیش شەڕ دەست پێناکەن”. خامنەیی بە پشت بەستن بە هەڵوێستی سازشتکارانی رۆژئاوایی و هەروەها بۆ لەسەر کار مانەوەی رژێمەکەی بوو کە ئێستا لە سەرەتای ساڵی دووەمی “راپەڕینی جەماوەر لە دژی دیکتاتۆرییەت”دا، پەنای بردۆتە بەر شەڕخوازی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا، تا بە شێوازی خومەینی، دەرمانێک بۆ چارەسەری برینەکانی بدۆزێتەوە و رژێمەکەی لە رووخاندن رزگار بکات و درێژە بە دیکتاتۆرییەتی خۆی بدات. بەڵام بە پێچەوانەی ئەم (هەڵە حیساباتەی) خامنەئی، “دۆخەکە هەرگیز بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و خەڵکی ئێران بە کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران رازی نابێت”.
موقاومەتی ئێران لە مێژە رایگەیاندووە کە “بەیتی خامنەیی گەورەترین ناوەندی تاوان و سەرکوتکردنە لە جیهانی ئەمڕۆدا” و پێویستە لەلایەن رۆڵە بە جەرگەکانی خەڵکی ئێرانەوە بکرێتە ئامانج. موجاهیدین و موقاومەتی ئێران، وەک ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی بزووتنەوەی گەل، زیاتر لە ٤٠ ساڵە لە مەیدانی سەخت و بێوچانی خەباتدان و ساتێکیش لێ دوور نەکەوتوونەتەوە. هاتنە مەیدان لەم رێگەیەدا، پێویستی بە سەرکردایەتیی لێهاتوو، کەسانی گیان لەسەر دەست و خۆبەختکەر و بە باوەڕ هەیە بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراسی.
بە بڕوای بەڕێز رەجەوی، “کاتی ئامادەیی بۆ رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە گەیشتووە”. هەڕەشەکە، پان نەکردنەوەی سەری مارەکەیە بە بەرد. سوپای پاسدارانی جەهل و جینایەت دەبێ بکرێتە ئامانج و لە چەک داماڵڕێت و هەڵوەشێنرێتەوە. پێویستە راپەڕین بکریت” (٣ی پووشپەڕی 2019). بەڕێز رەجەوی هەروەها وتی: “خامنەیی باس لە فەلەستین دەکات تا رێگایەک بدۆزێتەوە بۆ دەربازبوون لە (راپەڕین گەل) و رووخاندنی رژێمەکەی. کەواتە ئێستا کاتی بانگەشەیە بۆ رووخاندنی دەسەڵات. کاتی هەڵمەت و هێرشە بۆ سەر رژێم. ئەو مێزەی ئەو دەستنیشانی کردووە دەبێ تێک بدرێت و بەسەر خۆیدا کەڵەکە بکرێت. نەک ئەوەی لە بەرانبەریدا، بە کڕوزانەوە داوای لێبکرێت وڵات بەرەو شەڕ نەبات!”
لە راستیدا، “خامنەئی لە خوای دەویت ئەوندەی بکرێت، کێشەکە لێرەدا کۆتایی پێ بیت و چار بکریت”، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی وەک “براوە” لەم شەڕکردنەدا نیشان بدات و “هیچ دۆخ و هاوسەنگییەکیتر بەسەریدا نەسەپێنرێت”. خامنەئی دەیەوێت لە دژی راپەڕینی گەل بووەستێت و سەرکوتکردن و لەسێدارەدان لە ئێران زیاتر بکات و لە ژێر رۆشنایی ئەو هەنگاوەشدا، ساڵی داهاتوو نومایشی گۆڕینی ئەندامانی مەجلیسی نوێنەرانی رژێمەکەی، بە ناو هەڵبژاردن ئەنجام بدات و لە دەرەوەی سنوورەکانیش، وڵاتانی ناوچەکە بێدەنگ کات و دواقسە لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بۆ خۆی بهێڵێتەوە. لە درێژەی ئەم سیناریۆیەدا و لەسەر ئاستی جیهانیشدا، هەنگاوێکی زیاتر هەڵبگرێت و خۆی زاڵ بکات بەسەر چارەنووسی وڵاتاندا!
دوا وتە!
دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، دامەزرێنەر و لایەنی سەرەکییە لە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا! ئەوانەی حاشا لەم راستییە دەکەن، لە ریزی ئەو کەسانەدان کە باس لە سازان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە دەکەن. کەمێک تێڕامان لەمجۆرە نکۆڵیکارانە، هەموو ویژدانێک دەگەیەنێتە ئەو راستییە کە ئەوان هاوپەیمانی ئاشکرا و راستەقینەی دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتی ئایینین لە ئێران. هەر ئەوانەن کە بە درێژایی مێژووی ئەم چەند دە ساڵەی رابردوو، بە شێوازی جۆراوجۆر، هۆکاری لەسەر کار مانەوەی ئەم رژێمە بوون و لە جێگەی پانکردنەوەی سەری (مار)ی دیکتاتۆرییەتی خوێنڕێژی مەزهەبی، ئەو (بەرد)ە دەبەستنەوە کە لە سەری مارەکە گیراوە. هەر ئەو کەسانەن کە بە کوشتنی میرغەزەبی وەک (قاسم سلیمانی و ئەسەدۆڵڵا لاجەوەردی و سەیاد شیرازی و …) ماتەمیان گێڕا! لە خۆرا نەبووە کە بینیمان چۆناوچۆن لە جێگەی (دەسەڵاتی دیکتاتۆری) لە ئێران، خەڵک و موقاومەتی ئێرانیان دەکردە ئامانج و راپەرینی ئەم گەلەیان بە (توندوتیژ) دەنواند!
بیست و شەشی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ، لە میدیا کوردیە جۆراوجۆرەکاندا، هەواڵێکی دڵتەزێن کە وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلێک و گڕگرتن و دواتریش بەداخەوە گیان لەدەستدانی شوفێرەکەی بوو بەناوی مامۆستا “جیهان تەها”لە ناوچەی بلێی قەزای مێرگەسۆردا، بڵاوکرایەوە.
دەوترا کە مامۆستا جیهان تەها خۆی پێشبینی مەرگی خۆی کردووەو لەلاپەڕەی فەیس بوکەکەی خۆی نوسیویەتی ڕێگاکەم بەرەو مەرگەو مەرگ بانگم دەکات، چەند کاتژمێرێکیش دوای بڵاو بوونەوەی ئەم نوسینەی کاتژمێر هەشتی شەو دوای دورکەوتنەوەی دەیان کیلۆمەتر لە شوێنی نیشتە جێبوونەکەی کەشاری هەولێرە، ئەم ڕوداوەی بۆ دێتە پێش و لەلایەن بەرگری شارستانی ناوچەکەوە کە بلەو بارزانە، هەواڵەکە بۆ میدیاکان ڕادەگەیەندرێت.
ئەمەش بەومانایەی کە مامۆستا جیهان تەها بەمەبەستی خۆکوژی لەهەولێر دوورکەوتۆتەوە.
بەڵام کاتێک نامەی بڵاوکراوەی ئەم چەند ڕۆژەی خوشک و براکانی دەخوێنیتەوە، روداوەکە زۆر تەم و مژاویی و گوماناویەو لە سیناریۆی دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد دەچێت.
هەر ئەوکاتە هەواڵەکە جێگای گومان بوو، بەڵام بەو دەلیلەی کەسو کارەکەی ئەو کاتە شتێکی ئەوتۆیان لەبارەیەوە نەدرکاند، من وەک خۆشم گومانەکەم لەسەری ڕەویەوە.
بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک، لەو کارەساتە، نامەی خوشک و برایەکی لە میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا وەک گومان لەمردنی خوشکەکەیان بڵاو کرایەوە.
ئەوەی زیاتر گومان دەخاتە سەر ڕوداوەکە و گومانی ئەوە لەلای هەر ئینسانێکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست سەبارەت بەمەرگی مامۆستا جیهان دروست دەکات ئەم خاڵانەی خوارەوەیە:-
⁃ مامۆستا جیهان تەها ئەکتەرو شانۆکارو مامۆستای وانەبێژو کەسایەتی هەڵسوڕاوو ناڕازی ناو مامۆستایانی وانەبێژبوو.
⁃ ئەو هەڵسوڕاوی ناو مامۆستایان لەزۆنی زەردی ژێر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و پارتەکەیان بوو.
⁃ لەمیدیادا دەردەکەوت و وەک مامۆستای وانەبێژی ناڕازی قسەو لێدوانی هەبوو.
⁃ لەزۆنی سەوزدا مامۆستایان لە باری بایکۆت و ناڕەزایەتیدا بوون
⁃ مامۆستایانی زۆنی سەوز چاوەڕوانییان لە هەڵوێستی مامۆستایانی زۆنی زەرد هەبوو بۆ پشتگیری و هاوپشتی و بردنە پێشی جوڵانەوە چینایەتیە بەرحەقەکەیان بۆ بەدەستهێنانی خواست و داواکاریەکانیان.
⁃ دەسەڵاتی زۆنی زەرد، لەژێرباری نەفرەتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بەرین و فراوندایە، بەتایبەتی لەدوای شکستی ئابووری سەربەخۆو وەستانی هەناردەی نەوت و هاتنە خوارەوەی ئاستی بژێوو ژیانی خەڵکی کرێکارو هەژارو کاسبکار.
⁃ زیاتر لەسی ملیار دۆلار قەرز نراوە بە کۆڵی خەڵکەوەو باجەکەشی هەردەبێت خەڵک بیدات.
⁃ زۆنی زەرد هەردەم و هەمیشە لە هاتنە مەیدانی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا لەپێناو ماف و ئازادیەکانیاندا تۆقیوەو بەتایبەتیش لەم دۆخەی ئێستایدا کە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا کەوتۆتە دۆخی شکست لەدوای شکست و پاشەکشەوە هەتائاستی گومانکردن لەداڕوخانیان .
⁃ بۆ بەرگرتن بەم هاتنە مەیدانانەی خەڵکیش سڵ لەدەست بردن بۆ هەرکارێکی وەحشیگەریانە ناکاتەوە.
⁃ هاوکاتی بایکۆت و هەڕەشەی مامۆستایانی ناڕازی لەڕێگای تەلەفۆنەوە لەلایەن کەسانی بەڵتەجی و نەناسراوەوە هەڕەشە لەمامۆستایان کراوە.
⁃ مامۆستا جیهان تەهاش بەر لەو ڕوداوە هەڕەشەی لێکراوە
⁃ ناوەرۆکی نامەی هەریەکە لە خوشک و برای مامۆستاجیهان بۆ دەسەڵات، کەهاوپێچیان دەکەم لەکۆتایی ئەم نوسینەمدا، زیاتر گومانەکان لەسەر لەپشت بوونی دەستی دەسەڵات لەو ڕوداوەدا زیاتر دەکەن.
⁃ دەسەڵاتدارانی کوردستان لەماوەی سیی ودووساڵەی دەسەڵاتداریی سەرەڕۆیانەیاندا، بەدەیان و سەدان کەسایەتی چالاکی سیاسیی کۆمەڵایەتی ڕۆژنامەوانیان تیرۆرکردووە
⁃ لەزۆنی زەرددا بەدەیان کەس بە تۆمەتی ناڕەوا ئێستاش لەزیندانەکاندا دەردو میحنەت و زەجرو ئازار دەچێژن، تەنیا بەدەلیلی خۆپیشاندان یان هەڵسوڕانیان لە بواری ڕشتەیی یان ڕۆژنامەوانیدا.
⁃ سۆرانی مامە حەمەو عەبدولستار تاهیر شەریف و نەزیر عومەرو شوکری ئامێدی و ویدات حوسێن و سەردەشت عوسمان و … دەیان وسەدان تیرۆری تریان، لەمێژووی دەسەڵاتی سیی ودووساڵەی میلیشیاگەرێتیانداو تیرۆر پیشەییان لەبەرامبەر دەنگە بوێرو ناڕازیەکاندا، گومانەکان لەسەرتیرۆری مامۆستا جیهانیش زیاتر دەکەن نەک خۆکوژی.
⁃ تێبینی :- نامەی هەریەکە لەخوشک و برای مامۆستا جیهان کە لەم چەند ڕۆژەدا بڵاوکرانەوە.
https://www.awene.com/detail?article=99891
تاهیر عیسا
2.12.2023
ڕۆژئاواو ئەمریکا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندیەکانیان، پێشوازی بێشەرمانەو تەواویان لە دەستدرێژی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد، بەمەش بزماری کوشندەیان لەو نەزمە جیهانیەی دوای کۆتایی بلۆکی ڕۆژهەڵات بانگەوازی بۆ دەکەن داکوتا، تەنانەت پێش شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، نەزمی ئێستای جیهانی بە سەرکردایەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوا گەشتی داڕمانی خۆی دەستپێکردبوو.
لە نێوان شەڕی ئۆکرانیا و دەستدرێژی ئیسرائیلدا، کاتێک هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی ٢٠٢٢ دەستی پێکرد، سەرکردەکانی نەزمی جیهانی ئێستا، بە لەشکرکێشیەکی شەڕانگێزی وەسفیان کرد، واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی هەوڵەکانیان چڕکردەوە بۆ ڕازیکردنی هەموو جیهان بە یەکگرتن لە دژی ڕووسیا.
لۆژیکی ئەمریکی-ڕۆژئاوا سادەو ڕاستەوخۆ بوو بەو مانایەی چۆن جیهان لە تەنیشت خۆیان بوەستێنن، تا سەیری وڵاتێکی گەورە بکەن کە هێرش دەکاتە سەر دراوسێ بچووکەکەی و زەویەکانی داگیر دەکات.
زیاتر لە ١٩ مانگە، ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ئەو لۆژیکەی کە ڕۆژئاوا پشتی پێ دەبەستێت بە پشتیوانی ڕەهای خۆی بۆ ئۆکرانیا و سزاکانی بەسەر ڕووسیادا، بەتایبەتی بەداوی پشتیوانیان بۆ هێرشی بەربەریانەی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، لۆژیکێکی پوچ و بێمانای لێدەرهات، بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە ئێوارەی سێشەممە ١٧ی تشرینی یەکەمدا، نموونەیەکی توند بوو لەوەی کە وەک تاوانێکی جەنگی تەواو وەسف بکرێت، لۆژێکی چۆنیەتی وەستانەوەیان بەرامبەر بە ڕووسیا، جگە لە خەجاڵەتی و ڕیسوایی و شەرمەزاری شتێکی تری لێدەرنایەت، هەرئەمەش دنیای ناڕەزایەتی جەماوەری لە جیهاندا وروژاند، کە تەنها لە وەستانەوە بەرامبەر هێرشی درندانەی ئسرائیل بۆ سەر غەززە خۆی پێناسە بکات.
سروشتیە ئەو تاوانانەی کە ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززە ئەنجامیداون، لە ڕێگەی هەڵمەتێکی سیستماتیک و ڕێکخراوەوە کە پایتەختەکانی ڕۆژئاوا بەشداریان تێدا کردوە، بەتایبەتی واشنتۆن، لەندەن، پاریس و بەرلین، بە پەرەپێدانی فێڵ و درۆو خستنەگەڕی میدیایەکی بەرفروان، تائەو ئاستەی وەسفکردنی خەڵکی فەلەستین لەڕیزی تیرۆرستاندا بکەنە بیانوی ئەو تاوانە کۆمەڵکوژیانەی ڕۆژانەو بێوەستان لە غەززە بۆ ئامانجی داگیرکاری و کۆنەپەرستانەیان کاری لەسەر دەکەن، ڕاشکاوانەو ڕاستەوخۆ دەڵێن؛ کاتێک فەلەستینیەکان لە غەززە حەماسیان هەڵبژاردوە دەبێت بەرگەی دەرئەنجامەکانیشی بگرن. نەتانیاهۆ بەیانیان و ئێواران بانگەشە دەکات، کە ئاشتی لەگەڵ فەلەستینیەکان پێویست نییە، واتە ئیسرائیل پەیوەندیەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی بکاتەوە، بەبێ ئەوەی لەگەڵ لایەنی فەلەستینی بگاتە هیچ چارەسەرێک.
ئەمریکا و رۆژئاوا دروشمی پشتیوانیان بۆ ئیسرائیل بەرزکردەوەو گلۆپی سەوزیان بۆ هەلکرد، تا بتوانێت تۆڵەی کەرامەتی بەفیڕۆچووی و زەلیلبونی خۆی بکاتەوە لەبەرامبەر ئەو شكۆشکاندنەی لە هێرشی حەماسدا بەرەوڕوی کرایەوە.
لە ماوەی ٤٠ ڕۆژ زیاتریی دەستدرێژی دڕندانەی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، نەزمی جیهانی بە سەرۆکایەتی ئەمریکاو ڕۆژئاوا تووشی پاشەکشەیەکی بەرچاوی وێرانکەر بووە لە ئاست ڕای گشتی جیهانیدا، کە جگە لە هاوپەیمانەکانی واشنتۆن، دەگمەن بووە کەسێک بدۆزیتەوە کە پێیوابێت ئەم سیستەمە جیهانیە ئەتوانێ شەرعیەتی متمانەی سیاسی بەدەست بهێنێت. چونکە ئاشکرایە کە یاساکانی تەنها خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا دەکەن، بۆیە زەحمەتە بتوانن لەگەڵ باقی جیهاندا هاوئاهەنگی بکەن و بەڵانسی هاوکێشەی سیاسی لە ناوچەکەو جیهاندا ڕاگرن. بەتایبەتی کە حاڵەتێکی دووفاقی بۆ هەڵوێستگرتن لەسەر شەڕی ئۆکرانیاو شەڕی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکاو ڕۆژئاواوە بە ڕۆشنی خۆی تەعبیردەکات.
هەرئەمەش ئەو ئارگیومێنتە پوچەڵ دەکاتەوە کە دەڵێت “ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگری لە خۆی بکات”، ڕۆژئاوا تەنها سەرنجیان لەسەر ئەو بیرۆکەیە داناوە کە پێش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس، گوایە لە نێوان فەلەستینیەکان و ئیسرائیلیەکان دنیایەکی تەواو ئارام و سەقامگیریان هەبوە، بەڵام ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوەو باس لەوە دەکات کە چۆن حکومەتی ڕاستڕەو و توندڕەوی ئیسرائیل مەترسیەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستیندا زیاد دەکات، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی هێرشەکانی دانیشتوانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاواو دانانی شوێنی نیشتەجێبون لە پێشەنگی فایلەکانی حکومەتدایە.
حکومەتی ئیسرائیل لە قودس و کەناری ڕۆژئاوا بەردەوام بووە لە مامەڵەی خراپ بەرامبەر فەلەستینیەکان، تەنها لەم ساڵدا نزیکەی ٣٠٠ فەلەستینی و سەرکردەکانی “جیهادی ئیسلامی”ی لە غەززە تیرۆر کردووە.
هەموو ئەم پێشهات و ڕووداوانە هەستی باڵادەستی ڕەهای نەتانیاهۆو حکومەتەکەی و سوپاکەی و پۆلیس و دانیشتوانەکەی چەسپاند، تا کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر بارودۆخی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستیندا بکەن، هاوکات هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژئاواو ناوچەکە دڵنیاکرانەوە ئەوەی کە لەم دۆخەدا بەڕێوەدەچێت باشە، چیتر سەرئێشەی پرسی فەلەستین کاریگەری نامێنێت، بەڵام ئەم داگیرکاریە بەربەریەتەی ئیسرائیل بۆ سەر دانیشتوانی غەززە، کێشەی فەلەستینی بردە قۆناغێکی تری سەریەشە بۆیان، کەدەبێت لەبەرامبەر ڕای گشتی جیهاندا ڕێگایەکی تر نیشان بدەن، کێشەی فەلەستین بۆتە مەسەلەیەکی جیهانی و خواستی ناڕەزایەتیە فروانە جەماوەریەکان لە تەواوی دنیادا، هەرچەندە شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە هێشتا بەردەوامە و کەس نازانێت کەی و چۆن کۆتایی بێت، بەڵام بەمانەیەک دەتوانین ئەوە بڵێین ئەمریکاو ڕۆژئاواو ئیسرائیل لە ئاکامی ئەم شەڕەدا بەشکستێکی ترەوە دێنەدەرەوە.
ساڵانێکە پەکین و مۆسکۆ نەزمی جیهانی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ئیدانە دەکەن و داوای گۆڕینی دەکەن بە سیستەمێکی فرەجەمسەری نوێ کە “دادپەروەرتر” بێت…؟ بەڵام ئەم دۆخەی کە ئیسرائیل بەسەر خەڵکی غەززەدا خولقاندویەتی، ئەو سیستمە فرە جەمسەریەی بەسادەیی پوچەڵ و بێمانا دەرهێنا، هەروەها دنیای ململانێی قوتبەکان لە ئاستێکی ترو مەیدانێکی تری ئامادەکاریدا دەبن بۆ گەورەبونەوەی ئەو جەنگەی کە ئەگەری هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوان و بەرجەستە بێتەوە.
هێرشە لەناکاوەکەی حەماس کە لە٧ی ئۆکتۆبەردا بۆسەر شارۆچکەکانی ئیسرائیلی دەوروبەری غەززە ئەنجامدرا، چەندین داینامیکی ناوچەیی ناسەقامگیرکردەوە کە لە ساڵانی ڕابردوەوە لە ئارادا بووە.
یەکەم : دیارترینیان ئەو تێڕوانینە هەڵەیە بوو کە گوایە پرسی فەلەستین چیتر جێگای سەرنجی دانیشتوانی ووڵاتانی عەرەبی نەماوە، گوایە گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەبێ چارەسەری کێشەی فەلەستین مومکینە، لەکاتێکدا کە فەلەستینیەکان لە ژێر بارگرانیەکی بەربەری ئیسرائیلیدا دەناڵێنن.
کاردانەوەی جەماوەری بۆ ئەوە هات کە پرسی فەلەستین و ئەو نادادپەروەرییانەی کە فەلەستینیەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن، هێشتا هێمایەکی سیاسی بەهێزی هەیە کە توانای هەڵگیرسانی شەپۆلی گەورەی توڕەیی لە سەرانسەری جیهانی عەرەبیدا لەخۆدەگرێتەوە، کەدەرکەوتەکەی زیاتر لە هەر پرسێکی دیکە هاتۆتەوە مەیدان.
ناڕازیبوونی بیروڕای گشتی دانیشتوانی ووڵاتانی عەرەبی لە مامەڵەی خراپ و پێشێلکاریەکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستینیەکان تەنانەت پێش ٧ی ئۆکتۆبەریش بەشێوەیەکی بەرچاو دیاربوو، بەڵام ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ لە غەززە ڕوودەدەن، هەستی ناڕەزایەتی لە ناوچەکەدا زیاترکردووە. ئەوەی جێگای سەرنجە هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، پەرەسەندنی مەزاجەکانی دژە ڕۆژئاواش دەبینرێن، لەئەنجامی ئەو پشتیوانیە بێمەرجەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆردومانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بڕیاردانی ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا بەدەستی هێناوە.
کەواتە فەلەستین گەڕاوەتەوە پێشەنگی گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و ناوەندی گوتاری گشتی، لە ژێر ڕۆشنایی پەرەسەندنی زەبری بانگەوازەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی دادپەروەرانە بۆ پرسی فەلەستین، واتە جارێکی دیکە بەرەو جێخستنی چارەسەری دوو دەوڵەتی لە بەرامبەر ڕۆشنایی سیاسەتەکانی ئیسرائیل کە یەک دەوڵەتیان لەسەر بنەمای ئاپارتاید دامەزراندووە.
دووەم: ئاسایکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل هێشتا لە دانوستاندا بوو کاتێک هێرشەکە ڕوویدا، بەڵام هێرشی دڕندانە بۆسەر غەززە بووە هۆی ڕاگرتنی ئەو دانوستانانە بۆ ماوەیەکی نادیار. ئەو وڵاتانەش کە پێشتر ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ کردووە، لەبەرامبەر داگیرکاری غەزەدا سەرسام ماون و تاڕادەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی ئەو ئاڵوگۆڕانەدان کە دوای جەنگ پێشهاتەکان چی دەنوێنێت.
سێیەم: ڕاگرتن و دواخستنی ئەو هەوڵانەی بۆ ئارامکردنەوەی ناوچەکە هەوڵی بۆئەدرێت، کە سی ساڵ زیاترە لە ناجێگیری و گێژاوی سیاسی بەسەردەبات، لە نمونەی نزیکبوونەوەی نێوان سعودیە و ئێران، دیالۆگ و دانوسەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەمو ئەوانە چونە ناو ئایندەیەکی نادیارەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دۆخە هەموو جیهانی پاڵناوە بۆ ئەوەی لە لێواری ململانێیەکی ناوچەیی و ڕەنگە جیهانیدا بلەرزێنێت.
لەڕاستیا لەم دۆخە دژوارو ناهەموارەدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێ تاسەر بەردەوام بێت لە بێدەنگی و چاوپۆشیکردن لە سەلماندنی مافە سیاسی و مرۆییە ڕەواکانی خەڵکی فەلەستین، لەکۆتاییهێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل بۆسەر غەززە، دواتر چاوەڕێی ئەوە بکەن کە لایەنی فەلەستینی بە ملکەچی بمێنێتەوە. ڕاستیە زەقەکەی ئەمڕۆ ئەوەیە کە فەلەستینیەکان لەگەڵ تێپەڕبونی کاتدا داگیرکاری و ڕەگەزپەرستی و ئاپارتایدی ئیسرائیل بە هیچ جۆرێک قەبوڵ ناکەن، بەڵکو ئەمڕۆ دەیسەلمێت کە فاکتەری کات لە بەرژەوەندی گەیشتن بە خواستەکانیان کاردەکات.
حکومەتی ئیسرائیل ئەمڕۆ لە لوتکەی فاشست بون و توندڕەوی و ڕەگەزپەرستیدایە، هیچ هەنگاوێک نیشان نادات بۆ ئامادەیی هەرجۆرە دانوسانێک بۆ وەستانی ئەم هێرشە دڕندانەیەی.
سەبارەت بە دەسەڵاتی فەلەستین، لاوازیەکەی لەبەرامبەر ئەو کارانەی حەماس کردوویەتی زیاتر بون و ناتوانێت ئیدیعای نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆی بۆ گەلی فەلەستین دەربڕێت. لەهەمانکاتدا بایدن و ئەمریکاش هیچ نیازێکیان نییە و هیچ هەوڵێکی سیاسی نادەن ببێتە هۆی کۆتایهێنان بەم داگیرکاریە.
هەرچەندە دۆخەکە لەبەردەم ململانێیەکی نوێدایە، بەڵام خەڵکی فەلەستین هەست بە هیچ ئاسۆیەکی سیاسی ناکەن، بەڵام ڕای گشتی ناڕەزایەتی بەرفراوان و ناکۆکیەکانی ئەم شەڕە لە درێژخایەندا ڕەهەندی دیمۆگرافی بە شێوەیەکی ئەرێنی خۆی لە بەرژەوەندی فەلەستینیەکان دەسەپێنێت.
ئەوێ ڕۆژێ، تەماشای تەلەفزیۆنم دەكرد، لە دیمەنێكدا سەروسەكوتی منداڵێكم بینی، شتێكی سەردەمی هەرزەكاریی خۆمم بیركەوتەوە، هەر لەبەرخۆمەوە لە قاقای پێكەنینێم دا، كوڕە دوازدە ساڵییەكەم ڕاپەڕی و هۆپێكی لەخۆی زانی.
بەرەو زەردەی ئاوابوون چووم
ئاوێزانی گرێی گرژی دەچنمەوە
شەو ئافاتم بۆ دادێنێ
نيگاکانم لە بن لامپای چراخانا
کوێر کوێر بوون و
لە پەرێزی بێکەسيدا دروێنەی خەم دەچننەوە
مينا مناڵی لاسار و
چەتوون گەلی وڕکگرتوو
سەرەڕۆ و بەرەڵای کۆڵان
بۆ مەيلی چارۆکەی کەشتييە کۆنەکە
رووەو دەريا شەقاو شەقاو هەنگاو دەنێ
رووخسار شەرمی لێ تەنيووە
سەرەڕۆيەکی ژێوان و
لۆژلۆژ رووەو دەرگای کڵۆم
شانی بە ديوارە زبرەکان دەخشێنێ
چرپە و دەموودوی دوێنێکە
بوونە قوڵپی پەشيمانی
درزی دەرگا واڵا و سەرپشت
شەهلا بە چرپەی تەنزەوە
وێردی بوونە بانگ و سەڵا
وەرەوە وەکو جارانت ))
بۆ شاری ئەوين ورەوە
لە گەڵ دەستت
چاکترين قۆندەرەی باتا و
جانتای موغازەی پێستدار و
ئامێری دەرزی دوورمان و
بەتانی گەرم بۆ يار و
(( هەنگوينی ساغی بۆ بێنە
هومێدی رەش بووە چراتۆڕی گوزەر
دەنگی زەنگی کلێساکان
بانگی مزگەوت
جاڕدانی جەژن و بەهارێکی نەورۆزی
شەونخونی و
چاوەنواڕی ژوانێ بوو
ماڵ بە ماڵی گەڕەکی گرت
کوچە بە کوچەی دۆراندۆر
لەم شارەوە بۆ شاری دوور
بوو بە هەستی ئاشقانە
چەخماخە گەيشتە تۆڕ و
تاک بە تاکی ئاسق دەڵێ
ئيدی لە غوربەت ناترسم
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم
٢٩ / ١١ / ٢٠٢٣
…… ” بە یادی هونەرمەندی تازە کۆچ کردوو”شاهرخ”
شیعر: رضا فیض آقایی
ئاواز : منوچهر طاهر زادە
گۆرانی : شاهرخ
“””””””””””
لە ئێوارەی پڕ بێزاری و بێ دەنگی
کۆچی غەمگینانەی
پەڕەسێلکە شادەکان
هەواڵی ڕووتبوونەوەی
باغچەکان..
پاییز هات بۆ
دەستبەسەرگرتنی باغ
بۆ کۆکردنەوەی گەڵا
و
چڵە وەریوەکان
كەس سۆراغێکی گوڵ ناکات
كەس سۆراغێکی گوڵ ناکات
وەرە لە کەناری دڵگیری گوڵاڵە سوورە
لە دیوانی گریان شیعرێک بخوێنین
من و تۆ
لەدایک بووی وەرزی خەزانین
من و تۆ
لەدایک بووی وەرزی خەزانین
هەردووکمان پەروەرەکراوی
دامانی گریان
لە هەوای سینەمانا
هەوری گرتووە
چیرۆکی بێ هاوغەمیمان
ئەزانم ، ئیتر چیرۆکی بێ گەڵا
و
زەردهەڵگەڕاوەکەمان
كۆتایی نایە…ئەزانم
وەرە لە کەناری دڵگیری گوڵی سپیدە
لە دیوانی گریان
شیعرێک بخوێنین
من و تۆ
لەدایک بووی وەرزی خەزانین
من و تۆ
لەدایک بووی وەرزی خەزانین
هەردووکمان پەروەرەکراوی
دامانی گریان
پاییز ، پاییزی ڕووتەوە بوو
من و تۆ ، خەستە و چاوبەگریان
من و تۆ ، خەستە و چاو بە گریان
لەسەر گەڵای گوڵاڵە
بە دڵێکی تەنگ ئەنووسم
وەرزی دڵ تەنگی پاییز
وەرزی غەمگینی عاشق
“”””””””””””’
وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام
مهنسوور جیهانی ـ
فیلمی سینهمایی کوردی “زاڵاوا” له دهرهێنانی سینهماکاری کورد “ئهرسهلان ئهمیری” خهڵاتی تایبهتی بیست و دووههمین خولی “جهژنی سینهمایی حافز”ی بەدهستهێنا.
ڕێوڕهسمی پێشکهش کردنی خهڵاتهکان به براوهکانی بیست و دووههمین خولی “جهژنی حافز” دوای ساڵێک وهستان، به بهڕێوهبهرایهتی “ئومید موعهلیم” و به بهرههمهێنانی خاتوو “ئازهر مێعماریان” له هوتێل “ئێسپیناس پاڵاس” له شاری تاران بهڕێوهچوو و خهڵاتی باشترینهکانی سینهما و تهلهفیزیۆنی ئێران به سهرکهووتوان بهخشرا.
“محهمهدڕهزا عهلیمهردانی” پێشکهش کاریی ئهم جهژنهی بهشی کهرتی تایبهتی ئێران و ههروهها دهرهێنهری بهرنامهکهش له ئهستۆی “عهلی ئۆجی” بوو.
سهرکهوتووانی بهشهکانی سینهما و تهلهڤیزیۆنی بیست و دووههمین خولی جهژنی سینهمایی “خهڵاتی حافز” بریتی بوون له:
سینهما:
باشترین فیلم: پێشکهش کرا به فیلمی سینهمایی “دیداری تایبهت” (ملاقات خصوصی) له دهرهێنانی “ئومید شهمس”
باشترین دهرهێنان: بهخشرا به “ئایدا پهناههنده” بۆ دهرهێنانی فیلمی سینهمایی “تی تی”
باشترین سیناریۆ: به شێوهی هاوبهش بهخشرا به “ئومید شهمس”، “بههرام ئهرک”، “عهلی سهرئاههنگ” بۆ نووسینی سیناریۆی “دیداری تایبهت”
باشترین ئهکتهری ئافرهت: به شێوهی هاوبهش بهخشرا به خاتوو “ئێلناز شاکردووست” بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینهمایی “تی تی” و خاتوو “سهدهف ئێسپههبۆد” بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینهمایی “لهوهڕگه” (علفزار)
باشترین ئهکتهری پیاو: به شێوهی هاوبهش بهخشرا به “پێژمان جهمشیدی” بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینهمایی “لهوهڕگه” و “بههرام ئهفشاری” بۆ ڕۆڵ بینین له فیلمی سینهمایی “فوسیل”
باشترین مۆسیقا: پێشکهش کرا به مامۆستا “حوسێن عهلیزاده” بۆ ئاوازدانهری فیلمی سینهمایی “ئاتابای” له دهرهێنانی خاتوو “نیکی کهریمی”
باشترین مونتاژ: بهخشرا به “عیماد خودابهخش” بۆ مونتاژی فیلمی سینهمایی “بێ ههموو شتێک” (بی همه چیز)
باشترین بهڕێوهبهری وێنهگرتن: پێشکهش کرا به “وهحید ئیبڕاهیمی” بۆ وێنهگرتنی فیلمی سینهمایی “باروودۆخی مێهدی” (موقعیت مهدی)
خهڵاتی ڕهوانشاد “عهباس کیاڕۆستهمی”: بهخشرا به “عهلی بێهڕاد” بۆ دهرهێنانی فیلمی سینهمایی “تێڕوانین” (تصور)
باشترین بهڵگهفیلم: پێشکهش کرا به “سیاوهش سهفاریان پوور” بۆ دهرهێنانی “کهپیتانی من” (کاپیتان من)
باشترین کورتهفیلم: بهخشرا به “سهمهد عهلیزاده” بۆ دهرهێنانی “سێزده ساڵی” (سێزده سالگی)
دهستکهوتی تایبهتی تاکهکهسی: بهخشرا به “هادی حیجازی فهڕ”
تهلهفیزیۆن:
باشترین گۆرانی تیتراژی فیلم یا زنجیرهدڕاما: بهخشرا به گۆرانیبێژی کورد “موحسین چاووشی” بۆ خوێندنی گۆرانی “وازم لێبێنه” (رهایم کن) و “عهلیڕهزا قوربانی” بۆ خوێندنی گۆرانی “بێ تاوان” (بی گناه)
باشترین ڕوخساری تهلهفیزیۆنی: پێشکهش کرا به “عادڵ فیردهوسی پوور” بۆ بهرههمهێنانی بهرنامهی “کۆمهڵهی تۆپی پێی ٣٦٠”
باشترین سیناریۆی تهلهفیزیۆنی: به شێوهی هاوبهش بهخشرا به “جهمشید مهحموودی” و “ڕهزا بههاروهند” بۆ نووسینی سیناریۆی “پێستی شێر” (پوست شیر)
باشترین دهرهێنانی تهلهفیزیۆنی: به شێوهی هاوبهش بهخشرا به “نیما جاویدی” بۆ دهرهێنانی زنجیرهدڕامای “ئاکتۆر” و “جهمشید مهحموودی” بۆ دهرهێنانی زنجیرهدڕامای “پێستی شێر”
باشترین زنجیرهدڕاما: پێشکهش کرا به زنجیرهدڕامای تهلهفیزیۆنی “پێستی شێر”
باشترین ئهکتهری ئافرهت، کۆمیدیای تهلهفیزیۆنی: بهخشرا به خاتوو “ڕۆیا ئهفشار” بۆ ڕۆڵ بینین له زنجیرهدڕامای “ئانتێن”
باشترین ئهکتهری ئافرهت، دڕامای تهلهفیزیۆنی: بهخشرا به خاتوو “هودا زهینولعابدین” بۆ ڕۆڵ بینین له زنجیرهدڕامای “وازم لێبێنه”
باشترین ئهکتهری پیاو، کۆمیدیای تهلهفیزیۆنی: پێشکهش کرا به “مێهران غهفووریان” بۆ ڕۆڵ بینین له زنجیرهدڕامای تهلهفیزیۆنی “پیکابی شین” (نیسان آبی)
باشترین ئهکتهری پیاو، دڕامای تهلهفیزیۆنی: پێشکهش کرا به “عهلیڕهزا کهماڵی” بۆ ڕۆڵ بینین له زنجیرهدڕامای “پێستی شێر”
خهڵاتی تایبهتی ئهندامانی لێژنهی دادوهران: بهخشرا به فیلمی سینهمایی کوردی “زاڵاوا” له دهرهێنانی سینهماکاری سنهیی “ئهرسهلان ئهمیری”
باشترین دهستکهوتی تهکنیکی و هونهری: پێشکهش کرا به “ئهمیر حوسێن قودسی” بۆ فیلمی سینهمایی “بێ ههموو شتێک”.
ڕێزیی تایبهت له تهمهنێک خهباتی هونهریی:
ههر له ڕێوڕهسمی کۆتایی بیست و دووههمین خولی جهژنی “سینهمایی حافز”، ڕێزیی تایبهت له تهمهنێک خهباتی هونهریی “بێهزاد فهراهانی” ئهکتهری ناوداری سینهما، شانۆ و تهلهفیزیۆنی ئێران گیرا.
زنجیرهدڕامای ههڵبژارده له بهرههمه تهلهفیزیۆنی و کهناڵی پهخشی خۆماڵی ساڵی ٢٠٢١:
بهخشرا به “خاتوون” له دهرهێنانی “تینا پاکڕهوان” (ئهم زنجیرهدڕامایه له بهشی پێشبڕکێدا نهبوو).

