شکسپیر لە شانۆی پۆڵەندیدا.. نیهاد جامی

شانۆنامەکانی شکسپیر پێگەیەکی گرنگیان هەیە بۆ ئاستی پێشڤەچوونی نمایشی شانۆیی، کە دەتوانرێت لەدوو لایەن گرنگیان دەست نیشان بکەین ئەوانیش، سەرەتا لەڕووی بونیادی درامی و تێگەیشتن لەئاستە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکانی کارەکتەر و پەیوەندی مرۆڤ بەڕووداو، چۆنیەتی سەرهەڵدانی تراژیدیا، کە کۆمەکی ئەکتەرو دەرهێنەر دەکات بتوانێت دنیابینی شانۆیی بباتە ئاستێکی باڵا، لایەنی دووەمیش کارکردن لەشانۆنامەکانیدا دەتوانرێت وەک کێشەی مرۆڤ لەهەموو شوێنێک ببینرێت، ئەوەش وا دەکات بابەت وەک ڕووبەری ژیانی گشتی مرۆڤ ببینین، کەلەڕێگەی دیدی دەرهێنانی و پێکهاتە هونەریەکانیدا کولتوورو مێژووی کۆمەڵگای پێبخوێندرێتەوە، ئەوانەش دەبنە زەمینەی گرنگ بۆ کارکردن لەو شانۆنامانە.
شکسپیر لەشانۆی پۆڵەندیدا کاریگەریەکی گرنگی لەسەر ڕووبەری نمایشەکان درووست کردووە، ئەو کاریگەریە دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە چوارد سەد ساڵ پێش ئێستا ئەو دەمەی ئینگلیزەکان شانۆنامەی شکسپیریان لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا نمایش کردووە، ئەوە دەرگای کردۆتەوە لەگروپە شانۆییەکانی ئەم وڵاتە کە لەشانۆنامەکانیدا کار بکەن، بتوانن وێنەیەکی زیندوو بەشانۆکەیان ببەخشن، لەهەمان کاتدا وەک کێشەی کۆمەڵگای پۆڵەندی نیشانی بدەن، بۆیە تا ئەمڕۆی لەگەڵ دابێت، شکسپیر لەپاڵ چێخۆڤ دوو نووسەری تایبەتی و گرنگی ئەو شانۆیەن کە بەبایەخەوە شانۆنامەکانیان لەسەر تەختەی شانۆی شارەکانی پۆڵەندا نمایش دەکرێت.
تائێرە ئەوەیان شتێکی سرووشتیە بۆ شانۆی هەر کولتوورێک کە گرنگی بەشانۆنامەکانی شکسپیر بدات، ئەوەی بابەتێکی نوێیە و جێی قسە لەسەرکردنە بایەخدانی شکسپیرە بۆ مرۆڤی پۆڵەندی لەشانۆنامەکانیدا، ئەو بابەتە زۆر بەدەگمەن باسی لێوەکراوە، بۆیە پێویست دەکات لێرەدا لەسەری بووەستین، چەند تێگەیشتنێکی خێرا لەبارەیەوە بخەینە ڕوو، بۆ ئەوەش پشت دەبەستین بە توێژینەوەیەکی شانۆیی لەژێر ناوی “پۆڵەندا وپۆڵەندیەکان لەکارەکانی شکسپیردا” (١) لەنووسینی کاتاژینا جیێژبیچکا (٢) کە لەگۆڤاری “شانۆ” ی پۆڵەندی ژمارە (٥) ٢٠١٦ بڵاو بۆتەوە، نووسەری ئەو توێژینەوە پشتی بە ٧٩ سەرچاوەی زانستی و شانۆیی بەستووە بۆ توێژینەوەکەی، کە لێرەدا پوختەی ئەو ڕوانینە دەخەینە ڕوو.
سەرەتای توێژینەوەکە باس لەناسینی دەکات بەوەی شکسپیر نامۆ نەبووە بە پۆڵەندیەکان، بۆیە لەهاملێتدا ئاماژەیان بۆ دەکات، بەڵام لەسەدەی شانزەو هەڤدە پۆڵەندیەکان بەهیچ جۆرێک ناوی شکسپیریان نەبیستووە، ناسینی ئەو نووسەرە وابەستەی سەفەرکردن نەبووە، تەنانەت یەکەم سەفەری کۆمەڵە ئەکتەرێکی بەریتانی بۆ پۆڵەندا سالێ ١٦٠١ هاوکات دوای نووسینی شانۆنامەی هاملێت بووە، ئەو کۆمەڵە ئەکتەرە لەشاری گدانسک نمایشیان پێشکەش کردووە، دواتر لەسەردەمی پاشا زیگمۆنتۆڤی لەکۆشکی پاشایەتی لەوارشۆ شانۆیان نمایش کردووە، دواتر شکسپیر لەکورترین درامای شیعری خۆیدا بانونیشانی “کۆمیدیای هەڵەکان” ڕاستەوخۆ ناوی پۆڵەندا دەبات، ئەویش لەپەردەی سێیەمی دیمەنی دووەمدایە، کاتێک وەسفی ئەفسوونی بەچێشت لێنەرە قەڵەوەکە دەبەخشێت بەوەی خواردن تێکدانەکەی ززستانی پۆلەندای پێ ئەسووتێنێت” لیۆنا ئولریخا لە وەرگێرانە پۆڵەندیەکەدا دەڵێت “تێکدان و چەوریەکەی بەسە بۆ سووتاندنی ززستانی پۆڵەندا” چونکە لەسەردەمی ئەلیزابیسی یەکەم وادەڕوانرایە پۆڵەندا کە وەرزی ززستانی پۆڵەندا درێژو تاریک و ساردە.
توێژەر باس لەوە دەکات دواهەمین شانۆنامەی شکسپیر کەباسی پۆڵەندی تیا کرابێت، شانۆنامەیەکە کە وەرنەگێردراوە بۆ زمانی پۆڵەندی، لەسەردەمی شا ئێدواردی سێیەم نووسراوە لەنێوان ساڵانی ١٥٩٠-١٥٩٤ کە بەجەنگی سەد ساڵە ناسراوە، لەبارەی شەرو ململانێی چەکداری نێوان بەریتانیاو فەرەنسا لە ١٣٣٧-١٤٥٣
کەوا دیمەنی چوارەمی پەردەی سێیەم بەنمونە دێنێتەوە “شای فەرەنسا: هەندێک لەهاوڕێیانمان بەتەک دەسەلاتی ناوخۆیی-پۆڵەندیە سەختگیرەکان، دایک و باوکی جەنگاوەرەکان شا بوهیم و سقڵیە هەر هەموویان هاوپەیمانی ئێمەن، سەرباری هێزە ناوخۆییەکانمان، ژمارەیەکی دیکەشمان لەگەڵە پۆڵەندیە شەڕانگێز و دانیمارکیە توندرۆکان، هەر هەموویان هاوپەیمانمانن” هەر لەو شانۆنامەیەدا وەسفەکانی بۆ پۆڵەندا ناو دەبات بە “من شانازی بە پۆڵەندا ئەکەم”
هەڵبەت لێرەدا ئێمە تەواوی ڕوانینی توێژەرمان لەناو شانۆنامەکە نەخستۆتە ڕوو، بەهۆی ئەوەی تەنیا مەبەستمان لەسەر ڕوانینی شکسپیرە بۆ پۆڵەندی، ئاماژە بەهەندێک لایەنی گرنگ ئەدەین کە لای شکسپیر جێی باسە، لەناو شانۆنامەکاندا جێی بۆتەوە، ئەو نووسەرانەی پێش شکسپیر چیرۆکی هاملێت بۆ شانۆ دەنووسن، ئاماژە بە پۆلەندی و پۆڵەندیەکان دەکەن، بەبڕوای ئێمە ئەوە هۆکارێکی گرنگە ئەو ڕۆڵە لای شکسپیر باس بکرێتەوە، هەرچەندە توێژەری ئەم توێژینەوەیە باس لەوە ناکات، هێندەی دەیەوێت وێنە گشتیەکەی بەر لەشکسپیریش نیشان بدات بۆ مرۆڤی پۆڵەندی.
کاتاژینا جیێژبیچکا لەو توێژینەوەیەیدا دەچێتە سەر شانۆگەری هاملێت، پەردەی یەکەم لە دیمەنی یەکەمدا کاتێک هۆڕاشیۆ لەبارەی پاشای کوژراو قسە دەکات، بەوەی لەسەر بەفری پۆڵەندیەکانەوە هەلخلیسکاوە، ئەوەش لەڕێی گەرانەوە بۆ چیرۆکی مێژوویی پۆڵەندی، کە هەلخلیسکان ئاماژە بۆ مێژووی ڕوداوێکی مێژووی پۆڵەندیە، بەدوای ئەوەی لەسەر بەفر شەڕێکی زۆر دەکەن، بۆیە پاشای کوژراو هاوشیوەی پۆڵەندیەکان ناو دەبات، ئەوەیان زیاتر تەئویلێکی توێژەرە بۆ دەیالۆگەکانی هۆڕاشیۆ، لێرەدا کاتاژینا کێشەیەک لەوەرگێرانەکانی شانۆنامەی هاملێت بۆ زمانی پۆڵەندی دەخاتە ڕوو، کە ئەو بەشەیان چۆن وەرگێرەکان نزیک نین لەیەکتری، بۆیە هەوڵ دەدات وەرگێرانی هەر چوار وەرگێر بخاتە ڕوو ئەوانیش: یۆزیف پاشکۆڤسکی “١٨١٧-١٨٦١”، ماچیێیا سوۆمچینیسکی “١٩٢٠-١٩٩٨”، لیۆنا ئولریخا “١٨١١-١٨٨٥”، ستانیسواڤا بارانیچاکا “١٩٤٦-٢٠١٤” رەنگە ئیشکالیەتی وەرگێرانەکە بۆ خۆی گرنگ بێت، جێی بایەخیش بێت بۆ شانۆکارو توێژەری پۆڵەندی، بەڵام بۆ ئێمە گرنگی بەئاگابوونمانە لەدۆخەکە، ئەوەیتر پەیوەستە بە پۆلەندی و وەرگێرانی شانۆنامەکە بۆ زمانەکەیان.
ئەگەرچی لەشوێنێکیتردا لەسەر ئەوە دەوەستێت وەرگێرانەکان دەبێت پەیوەست بن بەو سەرچاوەیەی کەوا لێی وەرگێردراوە، ئەوەیان ئێمە ناچینەوە سەری هێندەی ئەوەیتریان کە گرنگە دەنووسێت “دیمەنی چوارەم لە پەردەی چوارەم، دەرکەوتنی پۆڵەنداو پۆلەندیەکان لەدەیالۆگی نێوان کاپتن و هاملێت، ئەو بەشەیان لەدەستنووسی دراماکە لەساڵی ١٦٢٣ بوونی نیە، یەکەمجار لەنێوان ساڵانی ١٦٠٤-١٦٠٥ هەیە، ئەوەیان تەواوی دەقەکەیە، ئەوە بەئەنقەست دواتر لابردراوە، چونکە هیچ شتێکی نوێ لەشوێنی دانەنراوە، کە کابتن بە هاملێت دەڵێت دژی بەشێک لەپۆڵەندیەکان”
مەبەست لەوەیە لەدەستنووسی یەکەمدا ڕاستەوخۆ باسی پۆڵەندا دەکرێت و لەدەستنووسەکانی داوتر ئەوەیان لابردراوە، کە توێژەر ئەوەش بەکارێکی بەئەنقەست دەبینێت، بۆ لابردنی لەناو دەقەکەدا، لەوەشدا دیسان نمونە بەچوار وەرگێڕانە پۆڵەندیەکە دەهێنێتەوە.
دەچێتە سەر پەردەی پێنجەم، دیمەنی دووەم، کە دیسان باس لەپۆڵەندایە، کەباس لەگەڕانەوەی میر فۆرتینبراس دەکات بەدوای سەرکەوتنی بەسەر پۆڵەندیەکان، هەروەها هەر لەو دیمەنەدا هۆڕاشیۆ بە میر فۆرتینبراس دەڵێت “تۆ لەجەنگاوەرانی پۆڵەندی، تۆش لە ئینگلیزەکان” بەوەش کۆتایی بە توێژینەوەکەی دێنێت، بەوەی مێژووی پۆڵەندا لەسەدەی شانزەهەم لەخەیاڵی شکسپیردا بووە.
تائێرە دەتوانین پەیوەندی مرۆڤی پۆڵەندی وکۆمەڵگاکەی لەشانۆی شکسپیردا ببینین، ئەوە هۆکارێکی گرنگە دەرهێنەری پۆڵەندی لەساتی کارکردن لەشانۆنامەکانی شکسپیردا بتوانێت بوونی خۆی تیادا چڕ بکاتەوە، ئەو بوونەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو شانۆنامەکاندا بوونی هەیە، لەلایەکیتر زیاد لەسەدەیەک بەر لەئەمڕۆ شانۆی پۆڵەندی وێنەیەکیتری بەشانۆنامەی هاملێتی شکسپیر بەخشی، ئەو دەمەی نووسەر ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی شانۆنامەی “توێژینەوەی هاملێت” دەنووسێت، لەوتاری داهاتوودا هەوڵ دەدەین قسە بکەین لەسەر ئەو تێکستەو یەکێک لەنمایشە هاوچەرخەکانی ئەو تێکستە.
شانۆنامەی هاملێتی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی(٣) توێژینەوەیەکی گرنگە بۆ کارەکتەری هاملێت و خوێندنەوەیەکی ووردی شانۆنامەکەی شکسپیرە، لەم شانۆنامەیەدا هەست بەتوێژینەوەیەک دەکەیت لەڕێی نمایشەوە، بۆ ئەوەی ئاشنایەتیمان بەم شانۆنامەیە هەبێت، پێویستە بگەڕێینەوە سەرەتای شانۆنامەکە، نزیکبونەوەیە لەئاهەنگی سەری ساڵی ١٩٠٥ ڤیسپیانیسکی نەخۆشە، کامینیسکی دێتە سەردانی داوای لێ دەکات کە رۆلی هاملێت ببینێت، چونکە خوازیاری ئەوەیە لەبارەی ئەو کارەکتەرەوە بدوێت، بەهۆی ئەوەی زۆر کات بیری لێ دەکاتەوە، خۆشحاڵ دەبێت لەبارەی هاملێتەوە قسە بکات.
شانۆنامەکە هەڵگری کۆمەڵە پرسیارێکی شانۆیی وشیکارێکی تایبەتە بۆ هاملێت، بەتایبەت لەڕووی قسەکردن لەپەیوەندیی نێوان شانۆ و ژیان، بۆیە هاملێت لەم شانۆنامەیەدا پڕۆسەی خوڵقاندنەوەو سەر لەنوێ نووسینەوەی تێکستێکە، کە حەقیقەتی ژیان و گەمەی شانۆیی دەبنە تەوەری سەرەکی ئەم کارە، رووداوەکان وەک ژیانی شانۆکار لەکاتی پڕۆڤە نیشان دەدرێت، لەچۆنیەتی کارکردنەوە لەسەر شانۆنامەی شکسپیر، لێرەدا نووسەر سێ تەوەری گشتی هەڵدەبژێرێت، شیکردنەوەو تەئویلکردنەوەیە بۆ شانۆی شکسپیر،
ئەوەش لەڕێگەی گفتوگۆو نواندن، بەواتای گێرانەوەو بەرجەستەکردن وێنەیەک نیشان دەدات، کەچۆن لەناو شکسپیرەوە دێیتە دەرەوەو بەهەمان شێوە دەگەڕێیتەوە ناوی، لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، هەموو ئەو شانۆنامانەی کە ویستویانە سەر لەنوێ کار لەشکسپیر بکەنەوە بە دیدگایەکی نوێوە، یاخود شکسپیرو کارەکتەرەکانی بکەنەوە کارەکتەری کارەکانیان، لەو شانۆنامەیەی ڤیسپیانیسکی سەرچاوەی گرتووە.
ژیانی شکسپیر و هاملێت وڕووداوەکانی شانۆنامەکە، لەپاڵ شانۆنامەی ماکبێس دەبنە سێ تەوەری گشتی ئەم نمایشە، ئەکتەرەکان لەوێنەی ژیانی پڕۆڤەوە دێنە ناو کارەکتەری شکسپیریی، لیدی ماکبێس و ماکبێس و سێ سیحربازەکە بەشێکی دیاری ناو شانۆنامەکە پێکدێنن، تارمایی باوک لەهاملێت، شێتبوونی ئۆڤیلیا،
هاتنەوەی ئەو کارەکتەرانەو بەگژداچوونەوەیان لەناو زهنی ڤیسپیانیسکی دەبنەوە بەشێک لەدیمەنە شانۆییەکەدا، بۆیە نووسەر نەخۆشکەوتنی خۆی وڕووداوی بەر لەنووسینی شانۆنامەکە دەکاتە دیمەنی سەرەتای ئەو کارە، بەواتای لەبایۆگرافیای ژیانی خۆیەوە دێتە ناو کارەکەوە، ئەوەش بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە کە ڕووداوەکانی دەرەوەی نمایشەکە، واتە ژیانی مرۆڤە شانۆکارەکان پەیوەستە بەو گوندەی تیای دەژین وکێشەی شانۆو چۆنیەتی کارکردنیان هەیە لەگوندێکی شاری کراکۆڤی پۆڵەندی.
تا بەئەمڕۆ دەگات چەندین دەرهێنەری پۆڵەندی بەشێوازی دەرهێنانی تایبەت ڕوویان کردۆتە نمایشکردنی ئەم تێکستە، یەکێک لەو دەر‌هێنەرانە دەرهێنەر یێرزی گژێگۆژێڤسکی (٤) دامەزرێنەری شانۆی شێوەکاری پۆڵەندیە.
سەرەتای هەفتاکانی سەدەی بیستەم کارکردنی لەشانۆدا لەشانۆی شێوەکاری کاری دەکرد، کەشانۆیەکی ئەزموونگەری بوو ، هەوڵیدەدا زمانی وێنەی شانۆیی بگۆڕێت بۆ زمانی تابلۆی شێوەكاری، لەو پرۆسە هارمۆنیەی زماندا شانۆی شێوەكاری بنیاتنا.
ئەو زمانە شێوەكاریە پڕۆسەی بەشانۆكردنە لەڕێگەی ئامادەبوونی هونەری شێوەكاری، كە لەدوو ئاراستەدا دەردەكەوێت، یەكێكیان بوونی تابلۆی شێوەكاریە وەك وێنەیەكی بەرایی بۆ سینۆگرافیا، ئاراستەی دووەمیش گۆڕینی ماناكانی وێنەی شانۆییە، وەك لە شانۆگەری (ئاهەنگی ژنهێنان) ی ڤیسپیانیسكی بۆ وەستاندنی زەمەن باندۆڵی كاتژمێر بەكار دێنێت، ئەوە دوور كەتنەوەیە لەزمانی ئاخاوتن، بەخشینی دیدی شێوەكاریانەیە بە تێكستەكەی ڤیسپیانیسكیە، هەروەها وێنەی بینراو لەناو فەزای زمانی تێكست دەدۆزێتەوە، ئەوە پرۆسەیەكی هەڵکۆڵینی وێنەی شانۆییە، كە توانای بەرهەمهێنانەوەی لەودیوی تێكستەوە هەیە، زمانی ووتراو دەكاتە ڕووبەرێك بۆ خوڵقاندنی زمانی بینراو.
زمانێك بەتەنیا پەیوەست نیە بە جولە و ڕەنگ، بەڵكو وێنە پشت دەبەستێت بەمۆسیقاش، بەڵام ئەو وەك تۆماشێڤسكی (٥)پشت بەمۆسیقای كلاسیكی نەدەبەست، بەڵكو پشت بە مۆسیقای پۆڵەندی ئەو سەردەمە دەبەست، بەتایبەت كاركردنی لەتەك مۆسیقاری پۆڵەندی ستانیسواڤ ڕادڤان.
بەدوای ئەو كارە واتە ساڵی دواتر سەرەتای هەفتاكان ئەو بنەمایانەی بۆ كاری شانۆیی لەدوو شانۆگەریتر بەتەواوی ڕەنگی دایەوە، ئەوانیش (ئیریدیۆن) و(یاراتش)، كە بەتەواوی دەیویست فۆڕمێكیتر بەشانۆ ببەخشێت، بەدژی شانۆی سونەتی دەربكەوێت، هەندێك لەتوێژەران و ڕەخنەگران بڕوایان وایە تاڕادەیەكی زۆر كاریگەری گرۆتۆفسكی بەسەرەوە بووە، تەنانەت گرۆجیچکی لەكتێبەكەیدا لەبارەی دەرهێنەرانی پۆڵەندی لەڕەوتی تازەگەری شانۆی جیهانی بڕوای وایە لەیەكێك لەشانۆگەریەكانیدا بۆ كارەكتەری پاڵەوان لە نمایشەكەدا كاریگەری ڕاستەوخۆی گرۆتۆفسكی بەسەرەوەیە (٦)
ڕەنگە هەر ئەو ڕوانینە ڕەخنەییە بووبێت وای لە گژێگۆژێڤسكی كردبێت كە لەچەند ئاستێكدا گۆڕانكاری لەپڕۆژە شانۆییەكەی بكات، بۆیە تاڕادەیەك لەتێكستی پۆڵەندی دوور دەكەوێتەوە، ڕوو دەكاتە شانۆنامەیەكی چیخۆف و ئەمجارە شانۆگەری (نەورەس) دەردەهێنێت، ئەو دیدە ڕەخنەییانەی ئاراستەی كراون، وایكردووە گومانی ئەو بەگەڕان وپشكنینیتر دەست پێبكاتەوە، بۆیە كاتێ‌ ڕوو دەكاتە شانۆی گریكی، شانۆگەری (ئەنتیگۆنا) ی سۆفۆكلیس دەردەهێنێت، ئەمجارەیان لەشانۆگەریەكەیدا كۆڕس هەیە و تەنانەت دەیالۆگیش دەڵێن، بەڵام دەیالۆگە ووتراوەكانیان بەزمانی یۆنانیە.
بۆ ئەو دەركەوتنی سیما نوێیەكان لەشانۆكەی لەهەموو شتێك گرنگتر بوو، بۆیە ئەو رۆحە ئەزمونكاریەتەی بەشانۆی شێوەكاری دەبەخشی تاوەكو بەردەوام بەدوای نوێبوونەوەو بە باڵابوونی شانۆكەی بڕوات، دێت كار لەسەر دوو تێكست دەكات لەناو نمایشێكدا كە بەشێكی كەمی تێكستەكان وەردەگرێتەوە، ئەوانیش یەكێكیان شانۆنامەیەکی میتەرلینگە بەناوی (ناوەوە) و ئەویتریش شانۆنامەیەکی ڤیسپیانیسکیە بەناونیشانی (ژنێكی وارشۆیی)،
سەرباری ئەوەی تەختەی شانۆش وەك دوو تێكستەكە دابەش دەكات، بەشێكی تەختەی شانۆ كە ڕووداوەكانی تێكستەكەی میتەرلینگی لەسەر بنیات دەنرێت بریتیە لە پارچە شووشە، ئەویتریش پەیوەستە بە ڕوناكیەوە، لێرەوە تێبینی ئەوە دەكەین، ئەو شانۆیە چەندە لەڕووی تەكنیكەوە دەیەوێت گۆڕانكاری بكات وەك لەتەختەی شانۆدا دەیكات، بەهەمان شێوەش لەتەك دیدی جیاوازی نووسەرەكانەوە دەیەوێت ڕووبەرووی سەركێشی دنیای شێوەكاری وێنە ببێتەوە، رەنگە لێرەدا پرسیارێك ڕووبەروومان ببێتەوە، كەبۆچی گژێگۆژێڤسكی دیدگای شێوەكاری خۆی بۆ شانۆ لەڕێگەی وێنەكێشانەوە بنیات نەناوەو پشتی بەستووە بە تێكستی شانۆیی؟
ئەوە پرسیارێكە ڕەوایەتی وەردەگرێت ولەكاتی توێژینەوە لەبارەی كارەكانی دەشێت هەموومان ڕووبەرووی ببینەوە، بەڵام ئەو دەمەی شانۆگەری (باڵكۆن) ی ژان ژینە دەردەهێنێت، كاتێ‌ باڵكۆن دەگۆڕێت بۆ شوێنی بینەر و دەیكاتە ڕووبەرێك بۆ داڕشتنەوەی بۆشایی، لەوەدا وەڵامی پرسیارەكەی خۆمان دەست دەكەوێت، ئیشكردنەوە لەتەك تێكست بەمەبەستی دۆزینەوەی پەیوەندیی شێوەكاریانەی شانۆكەیەتی، ڕەنگە ئەگەر ئەو شانۆگەری (ئەمریكا) ی فرانز كافكای دەرنەهێنابوایە نەیتوانیبوایە بیناسازی ئیتاڵی بەتەواوی ڕەت بكاتەوە و شوێنی بینەران بەتەواوی ببێتە شوێنی نمایش.
ئەو بنەمایانە بۆ شانۆكەی بەرەنجامی گەڕان وتێگەیشتنیەتی بۆ شانۆی شێوەكاری كە تیایدا دنیای ڕەنگ دەگوازێتەوە بۆ جیهانی دەلالەتەكانی جولە، كە ڕووداوەكان هەمیشە زیاتر لەخەونەوە نزیكن، خەون تیایدا پانتاییەكانی نەست وای لێدەكات بەرەو ڕووبەری ئازاد بۆ كاركردن بڕوات، ئەكتەرەكان لەهەندێك ئەزمووندا بە پۆشاكی تەواو ڕەش دەردەكەون، مۆسیقا و ڕەنگ بەشداری لەبونیادی مۆتیڤی وێنە دەكەن، ئەو ئەزموونە بووە بە شانۆیەكی شێوەكاری كە لەنەخشەی ئەزموونی شانۆی جیهانی چەندین هەوڵی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت لەشانۆی شێوەكاری پۆڵەندیش بەیەكێك لەبنەما و هەوڵە بوێرەكانی ئەو شانۆیە سەیر دەكرێت.
کێشەیەک لێرەدا بەگرنگەوە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە، لەمەعریفەی شانۆی ئێمەدا شانۆ ئەزموونیەکان وەک خاسیەتێکی هەمیشەیی شانۆکاران سەیرمان کردووە، ئەو قۆناغە ئەزموونیەی ئەو دەرهێنەرە پەیوەستە بەتەمەنی شانۆ ئەزموونگەریەکەی، کارەکانی دواتری دوورن لەشانۆی شێوەکاریی، لێرەدا ئاماژە بۆ دوو نمایشی کۆتاییەکانی دەکەین، هەردووکیان لەنووسینی ڤیسپیانیسکی، یەکەمیان بەناوی “دادوەر” لەساڵی ١٩٩٩ لەشانۆی نیشتمانی وراشۆ نمایشی کردووە، ڕووداوەکانی نمایشەکە لەدۆسیەی دادگاوە وەرگیراوە، باس لەکووشتنی کچێکی مناڵکا ر دەکات لەلایان خاوەنی مەیخانەیەکەوە، بەلام بەهۆی نەبوونی بەڵگە، بکوژەکە بێتاوان دەردەچێت.
گژێگۆژێڤسکی لەم نمایشەدا لەڕیتمی خێرا و بایەخە تایبەتیەکەی وەک هەمیشە بۆ هونەری مۆسیقا پەیوەندیەکی زیندوو لەگەڵ کۆمەڵە ئەکتەرێک درووست دەکات، کەبەسەر شانۆکەدا دابەش بوونە، بریتیە لەمەیخانەیەکی فراوان، ناوەڕاستی شانۆ سەکۆیەکی بازنەیی هەیە، کە ئەکتەرێک دەتوانێت بیجولێنێت، لەهەمان کاتدا زەمەنی پێ بەرەو پێش بەرێت، شوێنەکە چەندە بونیادێکی واقعی ڕاستەوخۆیە، بەڵام نەیویستووە لەڕێی کورسی ومێزەوە مەیخانە بەرجەستە بکات، بەڵکو کارەکتەرەکانی دێنە مەیخانەکە بەدەم سەما و گۆرانیەوە بەشداری لەڕووداوەکان دەکەن، تەنانەت دیمەنی دادگایی کردنەکە کە کۆمەڵە گۆرانی بێژو مۆسیقیەک بە کورسیەوە دێنە سەکۆی ناوەڕاستی شانۆ، تا لەڕێی گۆرانیەوە دیمەنی دادگایی کردنەکە نیشان بدەن، کە زیاتر لەگروپێکی سەمفۆنی دەچن گۆرانیەکی ئۆپیرایی پێشکەش بکەن، لەگەڵ سوڕانەوەی سەکۆ بازنەییەکە دادگاییەکە کۆتایی دێت.
لەڕووی بیناسازی شوێنی نمایشەوە دواوەی شانۆ دەرگاو پەنجەرەی ژوورو شوێنە تایبەتیەکانیترە، ئەکتەری تیا دەردەکەوێت، لەهەمان کاتدا بونیادێکی جوانکاری بەکارەکە بەخشیووە، کە وایکردوە ئەکتەر لەبۆشاییەکی ئازادی واقعیانە گوزارشت لەژیانێکی کۆمەڵایەتی پڕ کێشە بکات، ئەگەر نووسەر ئەو کچەی دەکوژرێت بە کچێکی جولەکە ناوی بەرێت، بەڵام دەرهێنەر لەڕێی جل وبەرگەوە بابەتی جولەکە چڕ دەکاتەوە، لەلایەک ئێمە کچێکی مناڵکارتر دەبینین، کە کڵاوێکی تایبەتی لەسەرە، ئاماژەیە بۆ جولەکە، وەک چۆن حاخامێش لەنمایشەکە لەسەریەتی، لەهەمان کاتدا ئەو کچەی دەکوژرێت مناڵکار نیە وگەنجێکە، ئەوەش وایکردووە ئەو کچە مناڵکارەی چاوەروانی مردنی دەکەین لەلایان خاوەن مەیخانەکەوە، کەچی دەبینین ئەوەی دەکوژرێت ئەو نیە کچێکیترە، کچێک بە پۆشاکی کولتووریی پۆڵەندیەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بیەوێت ئەو توندوتیژیە نیشان بدات کە چۆن پۆڵەندی بەهۆی کێشەی ئاینەوە نەک تەنیا لەلایان سیاسیەکانەوە لەناو دەبردرێت، بەڵکو لەلایان مرۆڤە دژەکانیشی لەناو دەبردرێت.
ئەم نمایشە بەتەواوی دوورکەوتنەوەیە لەشانۆی شیوەکاریی، ئەوەش مۆرک وتایبەتمەندی کارکردنیەتی کەوا چۆن قۆناغە ئەزموونکاریەکەی بەجێهێشتووە، بەتایبەت لەدوا کاری شانۆیی ئەو دەرهینەرە، شانۆگەری “هاملێت” ی ڤیسپیانیسکی لە ٢٠٠٣ نمایشی کرد، ڕێک دوای ئەوەی لەبەڕێوبەری شانۆی وارشۆ نەمابوو، بەتەواوی دەردەکەوێت دەیەوێت وێنەیەکی جیاوازتر ببەخشێت بەم شانۆیە، کە هیچ پەیوەندیەکی بە شانۆی شێوەکاریەوە نیە.
هاملێت بۆ ئەو دەرهێنەرە کارێکە لەگەمەیەکی شکسپیریی و چۆنیەتی خولقاندنەوەی ئێستایە لەناو کلاسیکدا، بۆیە ویستویەتی تەواو قووڵ بێتەوە لەو تێگەیشتنەی نووسەر ویستویەتی، هەموو ئەوانەی لەناو تێکستەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، لەوێنەی بەرجەستەکراوی تەواو دەیخاتە ڕوو.
تەواوی سەر شانۆیەکی کۆن نیشان دەدرێت، وەک ئەوەی لەلای شکسپیر هەبێت، یاخود هەر هۆڵێکی شانۆیی بێت لەکاتی پڕۆڤەدا، تەنانەت لەدیمەنی ڕەشەباکاندا هەر بەشێوازی کۆن کەچۆن لەڕێگەی سندوقێکی بازنەیی لاکێشەیی داپۆشراو بە گونیە ئەکتەر دەیجولێنێت بۆ درووست کردنی ڕەشەبا، کە ئەو سێ ژنە ئەکتەرە ئەنجامی دەدەن کاتێک لەو ساتەدا ڕۆڵیان نیە، کارەکتەری تارمایی باوک لەسەرەتاوە دەردەکەوێت، لەدواوەی شانۆ دەگەڕێتەوە سەر کورسی دەسەلات چاودێر دەبێت بەسەر تەواوی نمایشەکە تا کۆتایی دێتەوە بۆ دەیالۆگکردن.
ئەم نمایشە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی نێوان شانۆ و ژیان درووست دەکات، پڕۆسەیەکە وابەستەی ئاگایی و نائاگاییە، سێنتەری شانۆیی شکسپیر هەڵدەوەشێنرێتەوە، نووسەر دەیەوێت سەرلەنوێ لەڕێی بونیادەکانەوە ئەو گوتارەی بووە بە شکسپیریزم لەناو نمایش بنووسێتەوە، دەرهێنەر کەوتۆتە نێوان گوتار وبونیاد، گوتاری شکسپیریی و ڕێکخستنەوەی بونیادەکانی ڤیسپیانیسکی، نمایش بۆتە خولقاندنەوەی ساتی لەدایکبوونی شانۆ لەڕێی ئەکتەرەوە، بینەر لەو هاوکێشەیەدا وەک بەشێکی زیندوو لەگەڵ ئەکتەر بەشداری لەپڕۆڤەکان دەکات، ئەویش لەڕێگەی ئەو سێ کچە ئەکتەرەی لەڕیزی پێشەوەی بینەران دادەنیشن و تا ئەو کاتەی لیدی ماکبێس دێت دەیەوێت ئەو بۆ خۆی سنووری ئەو گەمە شانۆییەیان بۆ دەست نیشان بکات، سەرەنجام ئەویش چارەنووسی بەدەستی نووسەرەکەوەیە، بۆ ئەوەی لەفەزای شکسپیریی بسوڕێنەوە، بەلام بەسەر لەنوێ تێگەیشتنی ئەو دۆخە شانۆییەی ناو پۆڵەنداوە.
شانۆنامەی هاملێتی فیسپیانیسکی وایکردووە هاملێت وشکسپیر ببنە بەشێک لەناو ئاگایی کولتووری مرۆڤی پۆڵەندی، بەدوای ئەو شانۆنامەیەوە، هەمیشە شانۆگەری هاملێت جێی سەرنجی بینەرانی شانۆ بووە، کە ڕەنگە لێرەدا نەتوانین و نەکرێت باس لەکۆی ئەو دەرهێنانە جیاوازانە بکرێت، بەڵام دەتوانین ئاماژە بەچەند نمایشێک بکەین، لەوانە هەردوو دەرهێنەر ئاندژێی ڤایدا و یان کلاتا (٧) لەڕێگەی کردەی دەرهێنانیان بۆ ئەو شانۆنامەیە قسەوباسی زۆریان درووست کردووە.
دەرهێنەرێک نیە لەشانۆی پۆڵەندیدا هێندەی ڤایدا گەڕابێتەوە بۆ شانۆنامەی هاملێت، ئەو ئەگەر لەشانۆگەری “شەوی نۆڤێمبەر” بەڕوونی کاریگەری ئەو شانۆنامەیەی بەسەرەوە بووبێت، ئەوا بۆ خۆشی تا کۆتایی ژیانی چوار جار وەک دەرهێنەر کاری تیا کردووە، یەکەمجار لەسالێ ١٩٦٠ شانۆگەریەکەی پێشکەش کرد، لە ١٩٨١ دووجار کاری دەرهێنانی بۆ هاملێت کردووە، لە ١٩٨٩ دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت (٨) و هاتنە ئارای دۆخێکی نوێ سەرلەنوێ ئەو شانۆنامەی بۆ شانۆ دەرهێناوە، لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ژیانی مرۆڤی پۆڵەندی بەرەو دۆخێکی جیاوازتر هەنگاو دەنێت، شانۆنامەکانی شکسپیریش لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا ئازاد دەبن، بەرەو دیدی کراوە هەنگاو دەنێن، گەر سیستمی کۆمۆنیستی ڕێگای ئەو کرانەوەیە نەدات، بەڵام بەدوای ڕووخانی سۆڤیەت شانۆنامەکان بەرەو دیدو خوێندنەوەی جیاواز دەبردرێت، دەبنە هۆکارێک بۆ قسەکردن لە کۆمەڵگای پۆڵەندی دوای هۆلۆکۆست و کۆلۆنیالیزم، هەروەها پرسی ژن وەک بابەتی فێمێنیستی لەناو شانۆنامەکانی شکسپیر دەبنە پرسی خوێندنەوەی دەرهێنانی.
گرنگترین سیما چیتر پاڵەوان لەشانۆنامەکانی شکسپیر لەپۆڵەندا چیتر تەنیا وێنەیەکی ئالۆزی دەروونی نیە، یاخود کارەکتەرێک نیە بخرێتە نێوان ململانێی سەرمایەدارو کۆمۆنیستێک، هەروەها مانا ڕەمزیەکان لەسنورێکدا نامێننەوە، بۆیە ساڵی ١٩٨٩ بەساڵی گۆڕانکاری لەشانۆنامەکانی شکسپیر دادەنرێت.
ڤایدا هەمیشە لەڕیی هاملێت خوازیاری خوێندنەوەی مێژووی پۆڵەندایە، پەیوەندیەک دەدۆزێتەوە تاوەکو ئەو ڕابردووە بکاتە زەمینەی تێگەیشتی کۆمەڵگا لەخۆی، پەردە هەڵدانەوەیە لەسەر نهێنیە شاراوەکان، بەتایبەت لەدواهەمینی دەرهێنانی بۆ ئەو شانۆنامەیە دەیەوێت لەڕێی دیمەنی نواندنی ئەکتەرەکان لەنمایشەکە کاتێک گروپێکی شانۆیی دەهێنێتە کۆشک تا نواندن بکەن، دەرهێنەر هەوڵیداوە ئەو دیمەنە تەنیا وەک هەوڵی هاملێت نەبێت بۆ نیشاندانی تاوان، بەڵکو پەیوەندی هاملێت بە ئەکتەرەکانەوە.. بەچوونی بۆ ژووری خۆگۆڕین و بڕینی پەیوەندی نێوان شانۆو هۆڵ دەیەوێت وەک بەشێکی ڕاستەقینەی ژیان بیب ینێت نەوەک تەنیا وەک شانۆ.
بەبڕوای مۆنیکا پیلخ (٩)، هیچ کاتێک ڤایدا نەیویستووە دەرهێنەرێکی شانۆیی بێت، ئەو بۆچوونەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ کاتەکانی بەشانۆ دەبەخشێت، کە لەکاتی پشووی وێنەگرتنی فیلکمەکاندا بووە بەشانۆی بەخشیووە (١٠)
هەندێک ڕوانینی شانۆیی لەدەرەوەی پۆڵەندا بۆ هاملێت جێی بایەخی شانۆی پۆڵەندی بووە، وەک چۆن شانۆی پۆڵەندیش بۆ شانۆی ئەوروپی شانۆیەکە بەگرنگیەوە لێیان ڕوانیووە، بەهەمان شێوەش شانۆی پۆڵەندیش لەگرنگی شانۆکانی تری ڕوانیووەو تا ئاستێکیش دەرگای بۆ گفتوگۆی ئەو شانۆیانە کردۆتەوە، بەنمونە لەگفتوگۆیەکی مۆنیکا پیلخ لەگەڵ دەرهێنەری لیتوانی ئۆسکاراس کۆرسونۆڤاس (١١) هەندێک تێگەیشتنی جیاوازتر لەبارەی شکسپیر دەبیستین، کە بەهۆی ئەوەی وەک کۆمەڵێک پرسیار ورووژێنراوە، دەتوانین وەک جۆرێک کاریگەریش بۆ داهاتووی ئەو باسە لەپۆڵەندا گرنگی خۆی هەبێت.
بۆچی ئەو دەرهێنەرە بەشانۆی پۆڵەندیەوە دەبەستینەوە؟ لەبەر دوو هۆکار یەکەمیان رەخنەگرێکی نوێی ئەم شانۆیە دیدارەکەی لەگەلیدا ئەنجامداوە کەوا لەگۆڤارێکی تایبەت بەشانۆ بڵاوکراوەتەوە کەوەک سەرچاوەی سەرەکی شانۆکاری پۆڵەندیە هەر لەهەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە، هۆکارێکیتریش ئەوەیە ساڵانێکە لەپۆڵەندا نیشتەجێیەو کارەکانی لەپۆڵەنداو چەندین وڵاتی تری دنیا نمایش دەکات، سەرباری ئەوەی ئەو دەرهێنەرە بەجۆرێک دنیای شانۆیی شکسپیر وابەستەی کۆمەڵگای پۆڵەندی دەکاتەوە، ئەوەتا کاتێک باس لەوە دەکات کەوا تەواوی شانۆنامەکانی شکسپیر لەبارەی هێزەوە دەدوێن، ئەوەش بەمشتومری هێز ناو دەبات جا لیبڕالی بێت یاخود دیکتاتۆری “ئەوەش ئەو ڕێگاییە ئەو درامایەم پێی خوێندۆتەوە، لەبەر ئەوە ڕوانینێکم هەیە ئەویش ئەوەیە ئەو تێکستە (١٢) وابەستەی پەیوەندیەکە بەشیوەیەکی تایبەت بە پۆڵەندا” (١٣)
پەیوەندی شانۆنامەکانی شکسپیر بەمرۆڤی پۆڵەندیەوە باسێکە لەو ساڵانی دوایی قسەوباسی زۆری لەبارەوە دەکرێت، پێشتریش ئاماژەمان بۆ توێژینەوەکەی ڕۆژنامەنووس کاتاژینا جیێژبیچکا کرد لەبارەی ئەو پرسەوە.
هەلبەت شانۆگەری هاملێت لەدەرهێنانی یان کلاتا بەهەمان شێوە قسەو باسێکی زۆری بەدوای خۆی هێنا، بەهۆی ئەوەی دەرهێنەر ویستویەتی لەکردەی دەرهێناندا بەشێک لەمێژووی کۆمەڵگای پۆڵەندی پێ بخوێنێتەوە.
ئەگەر هەمیشە قسەوباس لەوەدابێت کەچۆن شکسپیر لەڕێی نامەیەکەوە ئۆڤیلیا شێت دەکات، بەڵام لەلای دەرهێنەر یان کلاتا دوای وەرگرتنی کارتێک کە نامەی لەسەر نووسراوە ئۆڤیلیا دەچێت کارتەکانی تریش دێنێت، ئەو شووشە شەرابانەش دێنێت کەلەهەر دیدارێکدا دوای خواردنەوە نامەی ئەو ڕۆژەی تیا هەڵگرتووە، دەردەکەوێت چەندین نامەو خواردنەوە لەنێوانیان هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی بچێتەوە سەر دیدە شکسپیریەکەو تەنیا لەسەر نامەیەک بگیرسێتەوە دێت هاملێت توورە دەکات و دەکەوێتە شکاندنی شووشە شەرابەکان ئۆڤیلیاش بەهەمان شێوە، لێرەدا بۆ ئەوەی دیمەنەکە لەخۆشەویستیەکی پاکیزەیی نەمێنێتەوە نەوارێکی مۆسیقای دەخاتە سەر کەپڕە لە ئیحای شەهوەت و ئارەزووی دەجولێت لەپڕ پەلاماری هاملێت دەدات ماچی دەکات، بەلام هاملێت خۆی لەدەستی دەرباز دەکات
لێرەدا دوو خاڵ وادەکەن ماناکان ببنەوە شکسپیریی شکاندنی شووشە شەرابەکان ئاماژەیە بۆ روانینی شکسپیریانە بۆ کەسێتی هاملێت بەهۆی ئەوەی دیدی ناو شانۆنامەکە ئەو ڕوانینەیە کە هاملێت نایەوێت ئەو پەیوەندیەی بیربێتەوە، بۆیە دەرهێنەر ویستویەتی ئەو وێنە شاراوەیەی شکسپیریی بکاتە وێنەیەکی بینراو، تەسلیم نەبوونی هاملێت بۆ شەهوەتی ئۆڤیلیا داکۆکیکردنێکی شکسپیریانەیە بەوەی ئەوەی لەنێوانیانە تەنیا ئەو نامەیەی ئێستایە، بەڵام هەر بەڕاست هەر ئەو نامەییە؟ ئەوە دنیابینی شکسپیرو هاملێت کۆ دەکاتەوە، بەڵام لەناو نمایش حەقیقەت بریتیە لەوەی ئۆڤیلیا نیشانی دەدات سەرباری نکولی شکسپیرو هاملێت، بەڵام یان کلاتاو ئۆڤیلیا ڕوانینی تریان بۆ ئەو بابەتە هەیە.
بۆلۆنیسی باوکی ئۆڤیلیا بێئاگا نیە لەو بابەتە بۆیە دوای ڕۆیشتنی هاملێت دێت ئەو ناوە پاک دەکاتەوە، بەڵام ئەو ئاگاداربونەی لەرووداوەکان توورەبونی ئۆڤیلیای لێ دەکەوێتەوە، کۆی ئەو دیدە شانۆییە تەواو دوورکەوتنەوەیە لەمانا شکسپیریەکان و نووسینەوەی دیدێکی نوێ کەچەندە لەشکسپیر دوور دەکەوێتەوە، بەڵام لەکۆتاییەکاندا سەرلەنوێ بو مانا شکسپیریەکە دەگەڕێتەوە.
دیمەنی ئاهەنگ گێرانی پاشای بکوژو دایکی هاملێت، ئاهەنگێکی شێتانەو پڕ لەئارەزوی زەبروزەنگی بەزمەساتە بۆ دەسەڵات، کە خاڵی نیە لەهەستی زەوتکردن و غەریزی بۆیە کلەو دیمەنەدا پاشای نوێ دەکەوێتە ماچکردنی شاژن وشاژنیش تاوێک تووشی خورپەیەک دەبێت، تا شادیەک دەکەوێتە سەر رووخساری ولەگەڵ پاشای نوێ پێکەوە دەڕۆن، وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ ژیان و دەسەڵات.
تارمایی لەم نمایشەدا دەرناکەوێت، کەواتە کاریگەری تارمایی لێرەدا لەکوێدایە؟ هاملێت کتێبێک دەخوێنێتەوە باس لەگەڕانەوەو دەرکەوتنی باوک دەکات لەئاسمانەوە، ئەوەیان لەبنەرەتدا نزیکبونەوەیە لەخوێندنەوەیەکی فەلسەفیانەی ژاک دێرێدا لەکتێبی “تارماییەکانی مارکس” کاتێک تارمایی باوک بە تارمایی مارکس ناو دەبات، لێرەدا کلاتا پشتی بەستووە بەو تێگەیشتنە فەلسەفیە، بۆیە بەبێ دەرکەوتنی تارمایی، ئەو لەکتێبدا ئاگادارمان دەکاتەوە لەهاتنی، ئەوەشیان بابەتێکە سەرەتا لەلای دێرێدا بۆ تارمایی باوکی هاملێت و مارکس خوێندومانەتەوە.
بوونی تارمایی لەناو کتێبدا، بابەتێک نیە دوورکەوتنەوە بێت لەشکسپیر، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ ئەو تێگەیشتنە لەشیکردنەوەی کارەکتەر کاتێک هاملێت کارەکتەرێکە ئارەزووی لەئەدەبیات و کتێبە، بۆیە لەسەر ئەو تێگەیشتنە تارمایی خراوەتەوە ناو کتێب، نەک دەرکەوتنی بێت لەئاسماندا، هەرچەندە وەک هاملێت دەلێت باوک لەنیوەشەودا لەئاسمان دەردەکەوێت؟ ئێمە کاتێک لەدیمەنی کلێساکە هاملێت و ئۆڤیلیا دەبینین قسەدەکەن و کتێبەکەی هەر بەدەستەوەیە لەخۆمان دەپرسین ئاخۆ ئەو کتێبە ئینجیلە بۆیە لەکلێساش بەدەستیەوەیەتی؟ ئاخۆ باوک مەبەست لەخودا یا مەسیحە؟ ئەگەر لەمانا شکسپیریەکە بەدور بین دەتوانین لەو دیدەوە بڕوانینە هاملێت، بەڵام کاتێک لەکۆی شانۆنامەیەکەوە سەیری بکەین ئەوە کتێبەکە بەشانۆنامەکانی شکسپیر دەبینین و دەتوانین ناوی بەرین کە خەریکی خوێندنەوەی کارەکانی شکسپیرە، بەو پێیەی چەندە شکسپیر بۆ مرۆڤی پۆڵەندی گرنگە، بەهەمان شیوەش شانۆنامەکە هەر لەسەرەتاوە ناوی شوێن دەگۆڕێتە سەر پۆڵەندا بۆ ئەوەی نیشانمانی بدات ڕووداوەکان لەسەردەمی پاشایەتی پۆڵەندیە
هەر لەو دیمەنەدایە دەرهێنەر چڕ دەبێتەوە لەسەر ئەو پەیوەندیە بۆیە ئۆڤیلیا تەواوی دیاری ونامەکانی بۆ هێناوەتەوە، ئەوەیان ڕوانینێکی نوێ و جیاوازە بۆ ئەو شانۆنامەیە کەوا دەرهێنەر لەناو نمایش دۆزیویەتیەوە
هاملێت لەگەڵ هۆڕاشیۆو هاورێکانی دیمەنێک دەنوێنن کەگوزارشت لەدۆخی ئەمڕۆ بکات، ئەویش کە وەرگیراوی دیمەنە نواندنەکەی ناو شانۆنامەکەیە، لاسایی گفتوگۆی ناو بەرنامە تەلەڤزیۆنیەکان دەکەنەوە، وەک چۆن مەنەلۆژە ناسراوەکەی هاملێت “من هەم یان نیم ئەمەیە گرفتەکە” هاملێت نایلێت، بەلکو ئارەزوومەندێک دەیلێت کە هاتۆتە بەردەم لیژنە بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانی وەک ئەکتەر، دوای تاقیکردنەوەی تواناکان هەر ئەوان هەلدەستن بە پێشکەشکردنی دیمەنی نواندنەکە لەبەردەم شاو شاژن
یەکێک لەجوانیەکانی ئەم دیمەنە ئەوەیە هاملێت بۆ خۆی ڕوناکی بەدەستەوەیە، ئەو ئەکتەرەی دەیالۆگ دەلێت ڕوناکیەکەی ئاراستە دەکات، وەک ئەوەی ئەو بۆ خۆی ئاراستەی ڕووداوەکانی نواندنەکە بگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە دەیەوێت، ئەوەش پەیوەستە بەو حەقیقەتەی کە خۆی ناتوانێت ڕاستیەکان ئاشکرا بکات، بۆیە لەڕێ ئەو گروپی نواندنەوە تاوانەکە ئاشکرا دەکات، تەنانەت ئەو کەللە سەرەی هاملێت لەدیمەنی سەر گۆڕستانەکە هاملێت بەدەستیەوە دەگرێت، لەو دیمەنی نواندنە بەدەست پاشای ئەکتەری ناو نواندنەکەوەیە
بەدوای کووشتنی باوکی ئۆڤیلیا، هاملێت بەدایک دەلێت “هیچ کەسێک هەیە برای خۆی بکوژێت؟” ئەو پرسیارە لە گرترودی دایک ئاگادارکردنەوەیەتی بەوەی لەکۆی تاوانەکەیان ئاگادارە، وەک چۆن دواتر بە مامیشی دەڵێت “هەموو شتێک دەزانم” بەو گۆڕانکاریانە دەرهێنەر هەوڵ دەدات رابردووی کۆمەلگاکەی پێ بخوێنێتەوە، هەمیشەش لەکۆتاییدا هێلێک هەیە دەیگەڕێنێتەوە لای شکسپیر، بەواتای خوێندنەوە نابێتە مانایەکی سەربەخۆ بۆ نمایش، هێندەی چەندە گۆڕانکاری دەکرێت، سەرەنجام ئەوە شکسپیرە دەیگەڕێنێتەوە سەر هێلی درامی ڕووداوەکە، کاتێک لایەرتیس دەگەڕێتەوە دەبینێت باوکی کوژراوە هاوار دەکات “باوکە تۆ لەکوێی؟” لێرەدا هاملێت ولایەرتیس دوو مرۆڤی باوککوژراون، بەلام سەر بەیەک سیستمی زەبروزەنگی دەسەڵاتێکن، هاملێت کە باوکی کوژراوە، کەچی ئەویش باوکی لایەرتریسی کووشتوە، واتە لەیەککاتدا باوککوژراو و باوککوژە، ئەو تێگەیشتنە کاتێک لایەرتیس دەبینین هاواری باوک دەکات، ئەوسا بیرۆکەی هاملێتی کوژراو وبکوژ لەلامان سەر هەڵدەدات، ئەو بەتەنیا لەرێی جەستەوە بکوژ نیە، بەلکو لەڕیی فیکریشەوە دەبێتە بکوژی رۆحی عاشقانەی ئۆڤیلیا، ئۆڤیلیا کە هەست بەمەرگی رۆحی خۆی دەکات، ئەوە وای لێ دەکات بڕیاری خۆکوشتن بدات، ئەو ڕەتکردنەوەیەی ژیان وایکردووە شێتی ئۆڤیلیا بوونی نەبێت هێندەی خەمۆکیەک دایبگرێت کە بگاتە بریاری خۆکووشتن.
کۆتاییەکەی نمایش چەندە شەرەشمشێرێک و تراژیدیایەک دەخولقێنێت کەهەمووان دەمرن و هاملێتی زامدار بەتەنیشت هۆڕاشیۆ دادەنیشێت و بەگریانەوە دەڵێت “هۆڕاشیۆ دەمرم” مردنێک کۆتاییەکی شکسپیریانە بەتراژیدیاکە دەبەخشێت، کەچەندە لەتێکست دوور بکەوێتەوە هێندەش لێی نزیک دەبێتەوە، ڕەنگە هیچ دەرهێنەرێکی پۆڵەندی هێندەی کلاتا بەهۆی خوێندنەوەی بونیادی کۆمەڵایەتی دوورکەوتنەوەی لەماناکان لەشکسپیر ڕانەگەیاندبێت، وەک چۆن هەمیشەش ویستویەتی خۆی ڕابکێشێتەوە ناو ماناکان، بەڵام چەندە دوور دەکەوێتەوە تا ئاوڕ لەمێژووی پۆڵەندی بداتەوە، هێندەش لەنا وئەو مێژووەوە دەگەڕێتەوە لای شکسپیر.
دواهەمین نمایشی هاملێت کە لە پۆڵەندا نمایش کرابێت کارەکەی دەرهێنەر “میخاو کۆتانیسکی”
میخاو کۆتانیسکی (١٩٧٦) یەکێکە لەدەرهێنەرە شانۆییە نوێیەکانی شانۆی پۆڵەندی، دەرچووی بەشی دەرهێنانی کۆلێژی هونەری شاری کڕاکۆڤ ، هەروەها لەزانکۆی وارشۆ فەلسەفەی خوێندووە، وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری کردووە لەتەک دەرهێنەران ڤایدا وکریستینا لوپا ویێژی یارۆچکی بوو، هەوڵیداوە یەکەی زەمەنی تێکستی شکسپیر بپارێزێت بۆ کارەکتەری هاملێت لەنێوان ئاستی دەروونی کەسێتی و هەوڵدان بۆ تۆڵەکردنەوە، دەرهێنەر پابەندی تەواوی تێکستەکە نەبووە، بەڵام پابەندی زەمەنی شکسپیریی دەبێت بۆ کارەکتەرو بیرۆکە، ریتمێکی خێرا وا دەکات ڕووداوەکان بەرەو چڕبوونەوەی دەیالۆگ ببردرێت، ڕووداو سەر بەزەمەنی تێکستە بەڵام جل وبەرگی ئەکتەرەکان زادەی مرۆڤی هاوچەرخن، وەک ئەوەی هەموو شتێک لە ئەمڕۆدا ڕووبدات.
پەیوەندی هاملێت بە باوکی کوژراو وابەستەی حەقیقەت و خەیال نیە، دەرکەوتنی تارمایی لەنیوە شەودا لەوێنەیەکی بەتەنیشت یەکەوە نیشان دەدرێت، تا باوک چیرۆکی کووشتن بگێڕێتەوە، لێرەوە تارمایی دەبێتەوە بەشێک لەگێڕانەوەی حەقیقەتی کوژراو، تارمایی خەیاڵ نیە، هێندەی مردوویەکە لەگۆڕدا هەلساوەتەوە تا چیرۆکی کوژرانی خۆی بگێڕێتەوە، ئەوەش وێنەیەکی شکسپیریی ڕوونە دەرهێنەر تەنیا ئەو وێنەیەی لەبارگاوی خەیاڵی بۆ تێگەیشتن لەدیمەنەکە دەرباز کردووە، جۆرە دراماتۆرگیەکی تیا کردووە کە باشتر لەو پەیوەندیەمان بگەیەنێت.
هاوچەرخ بوونی شکسپیر بۆ دەرهێنەر تەنیا دەستەواژەیەک نیە، هێندەی ئەو هاوچەرخێتیەی شکسپیر بەکردەوە لەناو نمایشدا ئامادەبوونی دەبێت، ڕووداو کارەکتەر لەساتەوەختێکی مرۆڤی هاوچەرخدا ڕوو دەدەن، جل وبەرگ و شوێن وابەستەی دنیای ئەمڕۆن، ئەوە دەیالۆگە ڕووداو دەخوڵقێنێت، بۆیە دەرهێنەر لەڕووی پێکهاتەکانی نمایشەوە دەیەوێت جێپەنجەی خۆی وەک دەرهێنەرێکی شکسپیریی بخاتە ڕوو.
رووداوەکان خێراتر لەوادەی خۆیان بەرەو پێش دەبات، گروپی نواندنەکە بریتین لەسێ ئەکتەر ژن و پیاوێک کە چوونەتە تەمەنەوە، لەگەڵ کوڕێکی گەنج، لەهۆڵی کۆشکەکە هاملێت خۆی کورسی ڕیز دەکات تا ببنە بینەری نمایشی گروپە شانۆییەکە، لەو هۆڵەی کۆشک پەنجەرە فراوانەکە لەڕێگەی بۆیەی ڕەنگێکی کاڵەوە شێوەی دەچێتەوە سەر تابلۆی “شەوی پڕ ئەستێرەی”ڤان کوخ.
تابلۆکەی ڤان کوخ لەپەنجەرەی ژوورێکی نەخۆشخانەیەکتی دەروونیە، کەوا گوزارشت لەبینینی ئەوە دەکات کە لەشەودا بینیویەتی، بۆیە لێرەدا کە پەنجەرەکە تۆنی ڕەنگەکەی دەچێتەوە سەر ئەو تابلۆیە، دەرهێنەر دەیەوێت گەشە بەئاستی دەروونی هاملێت بدات، لەڕێگەی تابلۆیەکی ڤان کوخ، لەهەمانکاتدا وێنەیەکی ئاوێتەیی شکسپیرێکی ڤان کوخیانە بەرجەستە بکات، هەڵبەت ڤان کوخ لەژیانی خۆیدا سێ ساڵ لەبەتریتانیا ژیاوە کە شیکردنەوەی کردووە بۆ چەند نووسەرێکی ئینگلیزیی وەکو شکسپیر وچارلز دیکنز، بۆیە ئەو مۆرکەی لەو نمایشەدا وێنەیەکی هەرەمەکیانە نیە، بەقەد ئەوەی پڕۆسەیەکی ووردی تێگەیشتنە لەپەیوەندیی ئەو دوانەوە، کە دەر‌هێنەر ئەو تابلۆیە دەکاتە دنیابینێکی هاملێتیانە.
کاتێک تیپە شانۆییەکە نمایشەکە پێشکەش دەکەن و پاشای نوێ دۆخی دەروونی تێک دەچێت و ئەو دەمەی ؛ەگەڵ باوکی ئۆڤیلیا قسە دەکات، هاملێت لەبەردەم تیشکی پەنجەرەکە کەوا دیمەنێکی تاریکە، بەڵام پەنجەرەکە لەناو ئەو تاریکیەدا تەواو تابلۆکەی ڤان کوخ بەرجەستە دەکات
ئەو پەیوەندیە قولکردنەوەی دنیابینی شکسپیرە بۆ کارەکتەر، کە کۆتاییەکەی پارێزگاری لەشەڕەشمشێرەکە دەکات، بەلام لەڕێی ڕوناکیەوە نامەیەکی ترسناک بۆ دوای مەرگی هاملێت و دایک و پاشای تازە دەخاتە ڕوو، ئەویش هۆڕاشیۆ لەناو تەرمی مردووەکان هێرشی جەنگی پێ ڕادەگەیەنرێت، جەنگێک ڕوناکیەکی سووری خوێناوی سەر شانۆکە داگیر دەکات، وەک بەردەوامیەک بۆ تراژیدیایەکی شکسپیریی کە بەرۆکی مرۆڤی هاوچەرخی گرتۆتەوە، لێرەوە تێدەگەین بۆچی دەرهێنەر دەیەوێت لەدیدی مرۆڤی ئەم ڕۆژگارەوە هاملێت نمایش بکات و دەریبکات لەناو فۆڕمێکی کلاسیکی، چونکە کۆتاییەکەی زۆر ڕوون بۆمان دەخاتە ڕوو کەوا ئەو ئێستایەی ئێمە تیایداین ژیانە لەناو تراژیدیایەکی شکسپیریی، ئەوەش ئەو گەڕانەوەییە بۆ یان کۆت کەوا شکسپیری بەشانۆنووسی هاوچەرخ ناو برد..

پەراوێز و سەرچاوەکان

(١) Katarzyna Dzierzbicka, Polska i Polacy w dziełach Williama Szekspira, numer 5, 2016
(٢) کاتاژینا جیێژبیچکا رۆژنامەنووسێکە تایبەت بە شانۆ و مۆسیقا و ئەدەب و مێژووی وارشۆ، لەگۆڤارو ڕۆژنامە پۆڵەندیەکان دەیان وتاری هونەری و مێژوویی نووسیوە، هەروەها کتێبێکی چاپکراوی هەیە بەناونیشانی “پەنجا ساڵ لەشانۆی تەلەڤزیۆنی
(٣) ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی ( ١٨٦٩- ١٩٠٧) شانۆنووس ونیگارکێش و شاعیر بووە، کارەکانی بە درامای ڕەمزی ناسێنراوە، لەساڵانی ١٩٨٧- ١٩٩٦ لەسەر پارەی دەهەزار زوۆتی پۆلەندی وێنەی ئەو نووسەرە هەبوو، ئەنجومەنی نوێنەرایەتی کۆماری پۆڵەندا ساڵی ٢٠٠٧ ی ناونا بەساڵی ئەو نووسەرە، لە٢٠١٩ لەسالیادی ١٥٠ ساڵەی لەدایکبوونی وێنەی خرایە سەر پولی پۆستە، پێنج ئۆپێڕای نووسیوە، لەپاڵ بیست کاری شانۆیی، شانۆگەری هاملێت دیارترین کاری شانۆییەتی، کە توێژینەوەیەکی درامیە لەبارەی کرۆکی شانۆ و پەیوەندی بە ژیانەوە.
(٤) یێرزی گژێگۆژێڤسکی لەدایکبوی ١٩٣٩ ی شاری ئوچ، لە ٢٠٠٥ لە وارشۆ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، بەشی دەرهێنانی شانۆیی لە١٩٦٦ لەوارشۆ تەواو کردووە، لەساڵانی ١٩٩٧-٢٠٠٣ بەڕێوبەری شانۆی وارشۆ بووە، چەندین خەلات و بڕوانامەی شانۆیی و میدالیای نیشتمانی وەرگرتووە، کۆلێژی هونەری ئوچ دکتۆرای شانازی پێ بەخشیووە، ئەوە سەرباری ئەوەی لە ١٩٧٨ کراوە بەبەڕێوبەری شانۆ لەشاری ڤرۆسواڤ، شانۆیەکی ئەزموونگەری دامەزراندووە، بەبڕوای توێژەری شانۆی پۆڵەندی ئاوگوست گرۆجیچکی دامەزرێنەری شانۆی شێوەکاری پۆڵەندیە، هەڵبەت ئامادەبوونی دیدگای شێوەكاری لەشانۆی نوێی پۆڵەندی، هەوڵێكی دەگمەنی شانۆكارێك نیە، چونكە لەلای بەشێك لە دەرهێنەرەكان بایەخدان بەهونەری شێوەكاری دەدرێت، هەروەها پەیوەندیەكی ئۆرگانی پتەو هەیە لەنێوان سینۆگرافیا و شێوەكاری، ئەوەش چەندە پەیوەستە بە سینۆگرافیاوە، لەهەمان كاتدا بایەخدانیان بەهونەری شێوەكاری وایكردووە ڕۆڵی سینۆگرافیا لەشانۆكەیاندا جێگای بایەخی تایبەت بێت، بەڵام شانۆ ئەزموونگەریەکەی گژیگۆژێڤسكی تایبەتمەندیەکی سەربەخۆی هەبوو.
(٥) هێنریک تۆماشێڤسکی (١٩١٩-٢٠٠١) کیریۆگراف و دەرهێنەری شانۆییە، گروپێکی شانۆیی تایبەت بەشانۆی پانتۆمایمی لەپۆڵەندا دامەزراند، بەناوی شانۆی جولە.
(٦) أوجست جرودجيتسكى ، حركة التجديد في المسرح العالمي.. ، ترجمة: د. هناء عبدالفتاح، الهيئة المصرية العامة
(٧) یان کلاتا (١٩٧٣) لەکاری دەرهێنانی شانۆیی وەک نوسەر ودراماتۆرگیش لەشانۆدا کار دەکات، لە وارشۆ شانۆی خوێندووەو لە کراکۆڤیش سینەما، سەرەتای دەرهێنانی شانۆیی بە کارکردن لەناو چیرۆک و ڕۆمان دەستی پێکرد، بەتایبەت لە ٢٠٠٤ ئەو دەمەی لەشاری ڤرۆسواڤ کاری کرد، سەرەتا “ژێرزەمینەکانی ڤاتیکان” ی ئەندریە ژید بۆ شانۆ دەرهێنا، لەبەشی دواتر لەبارەیەوە دەدوێین
(٨) لەبەشێکیتری ئەو کتێبەدا بەووردی باسمان لەشانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا کردووە، هەروەها لەسەر بەشێکی کارەکانی ڤایداو نمایشی “شەوی نۆڤێمبەر” شیکاریمان کردووە، بۆیە دەکرێت بۆ تێگەیشتنی زیاتری کارەکانی خوێنەر بۆ ئەو بەشەیان بگەڕێتەوە
(٩) مۆنیکا پیلخ ڕەخنەگرێکی نوێی شانۆیی پۆڵەندیە، لەبارەی کێشەکانی شانۆی پۆڵەندی ونمایشە شانۆییەکان دەنووسێت، وتارەکانی زیاتر لەگۆڤاری شانۆ بڵاو دەکاتەوە.
(١٠) Monika Pilch, Andrzeja Wajdy spojrzenie na teatr, Teatr numer 2/2017
(١١) ئۆسکاراس کۆرسونۆڤاس (١٩٦٩) دەرهێنەرێکی لیتوانیە، چەندین شانۆنامەی شکسپیری بۆ شانۆ دەرهێناوە لەوانە “هاملێت، رۆمیۆ وژۆلێت، خەونی نیوە شەوی هاوین،زریان” خاوەنی چەندین خەڵاتی شانۆییە، گرنگترینینان خەڵاتی شانۆی ئەوروپی بۆ واقعی نوێ، لە ٢٠١٦ خەڵاتی باشترین دەرهێنەری لە نەرویژو لیتوانیا وەرگرتووە، لە١٩٩٨ شانۆیەکی تایبەت بەخۆی درووست کردووە لە ڤیلنیێ، کەجەخت لەسەر دراما هاوچەرخ و کلاسیکیەکان دەکاتەوە.
(١٢) مەبەستی شانۆنامەی “پێوانە بە پێوانە” یە
(١٣) Monika Pilch, Szekspir nie moralizuje, teatr numer 6/2016للكتاب (القاهرة) 2010، ص116




فەیلیەکان لە ژێر چنگی بەعسیزمدا.. مەنسوڕ ناجی

فەیلیەکان گروپێکی چەپێنراوی دینی و نەتەوەیی ناو مێژووی پڕ لەشەڕ و شۆڕی عێڕاقن. ململانێی شوناس و جەنگی تائیفی خوێناوی عێڕاق کۆڵانەکانی ئەم گروپە دیاریکراوەی ناو کوردەکانیشی هاڕی. جەنگی عێڕاق -ئێران لە هەشتاکانی سەتەی ڕابردوو زیاتر و زیاتر دەرگای بەسەر ئەم تەسفیە حسابیە کردەوە کە پاشخانەکەی لە ئایدۆلۆژیای بەعسیزم خۆی حەشاردابوو، ئەم پاکتاوە کە بەشێکی زۆری نەتەوە نا عەڕەبەکانی گرتەوە بەشێوەیەکی دڕندانەش کوردو بەدیاری کراوی گروپێکی بچوکی نێو کوردەکانی گرتەوە کە فەیلیەکان بوون.
لەبەرواری ١٠ نیسانی ساڵی ١٩٨٠ حکومەتی عێڕاق بڕیاری ژمارە(٦٦٦)ی دەرکرد، کە تێیدا جەختی لەوە دەکردەوە (ئەگەر کەسێک ناسنامەی عێڕاقی نەبێ دەبێ ڕەوانەی ئێران بکترێ) ئەمەش جۆرێک لە شەرعیەتدان بوو بە قەڵاچۆ کردنی فەیلیەکان. فەیلی بوون دواجار تاوان بوو، یەکەم لەبەر ئەوەی کوردبوون و دووەم لەبەر ئەوەی لەڕووی مەزهەبیەوە سەر بەئێران بوون، واتا شیعە بوون. لەسەروبەندی کەمپینی ئەنفالدا کە کوردەکانی گرتەوە فەیلیەکان دوچاری لەسێدارەدان و ئاوارەبوون و کوشتن بوونەوە. فاشیزمی سەدام دەبابەیەک بوو جەستەی هەموو ئەوانەی دەهاڕی کە لەدەرەوەی سیستەمە سیاسی- نەتەوەییەکەی عەڕەب بوون. ترسناکی فاشیزمی سەدام لەوەدابوو شەرعیەتێکی ڕەهای دابوو بەم پاکتاوە، دروشمەکانی یەکێتی عەڕەب و شێری عەرەب لەسەر حسابی تیرۆرکردنی ئەو کەمە نەتەوە و دینییانە بوو نەک جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل.
سەدام بۆ گەڕان بەدوای ئەم ئەنفال و جینۆسایدە، شەرعیەتە ئەخلاقییەکەی لە ئایدۆلۆژیای بەعسیزم وەرگرتبوو، ئەوانەی لەدەرەوەی پڕۆژەی عروبە بوبن تابوری ئێران یان بە موخەریب ناوزەند دەکران، دەبوو بە تەواوی سڕبکرێن.
ئەم جەنگە بەتەنیا لەڕووی فیزیکییەوە دەست پێنەکرابوو، بگرە لەڕووی کلتوریی و سڕینەوەی زمانیشەوە بەشێوەیەکی چڕ پێشخرابوو، خوێندن و قسەکردن بەزمانی دەرەوەی عەڕەب وەک کوشتنی زمانی عەڕەب تەماشا دەکرا. لەلایەکی ترەوە ئەم شەڕە ڕەهەندێکی تاکتیکیشی هەبوو بەوەی قوڵکردنەوەی دابەشکاری بوو لەنێو کوردەکان کە جیاوازی مەزهەبیان هەبوو، ناسیۆنالیزمی عەڕەب، سەروەری خۆی لە لەناوبردنی گەلانی ناعەڕەب دەبینییەوە هەم بە تیرۆری ڕەوانیان هەم بەتیرۆری شوناسییان.

فاشیزمی سەدام لەسەر بنەمای کوشتنی زمان و شوناسی دەرەوەی عەڕەب بوو، هەموو ئیشکردنەکە بۆ سڕینەوەی دوژمنێک بوو کە کەلێنی دەخستە ناو ستراکتۆری ئایدۆلۆژیای بەعسیزمەوە. نازیزم و بەعسیزم لە قوڵایدا هەمان سیستم بوون لەڕووی دینامیکیەتی کارکردنەوە، بەڵام سەدام جیاوازتر لە هیتلەر توانی دوو جۆر کوورە دروست بکات بۆ تواندنەوەی فەیلیەکان، یەکەمیان؛ بۆ سوتاندنی جەستەیان، دووەمیان؛ سوتاندنی مێژوو و بیرەوەریان. کاریگەریەکە بەجۆرێکە لەدوای پرۆسەی ئازادی عڕاقیشەوە ئەم گروپە نەیانتوانیوە بەتەواوی مومارەسەی کلتوری و زمانەوانی خۆیان هەبێت.
نوسەری کورد “بەختیار عەلی” بەڕۆمانێک ئاوڕێکی جددیی لەم دووجۆرە هۆڵۆکۆستەی فەیلیەکان داوەتەوە، ڕۆمانی بەندەر فەیلی کۆی ڕەهەندەکانی فاشیزمی سەدامی لەبەریەک دەرهێناوە کە بەسەر جەستەی ئایدیاڵی فەیلیەکان پیادەکرا،
بەندەر فەیلی کە منداڵێکە هەر لەزینداندا لەدایک دەبێت و دوای چەندین ساڵ ئازاد دەبێت نمونەیەکی بەرجەستەی مێژووی فەیلیەکانە، لەدایکبوونی بەندەر لەزینداندا میتافۆرە بۆ ئەو ڕاستیەی کە(هەر لە بناغەدا فەیلیەکان لەناو فەزای زینداندا ژیان مەسرەف دەکەن) ڕۆمانەکە بەتەواوی ئاوڕی لەهەردووك ڕەهەندی هۆڵۆکۆست داوەتەوە بەوەی تاکە تاوانی بەندەر کە لەزیندانە بریتییە لە فەیلیبوونەکەی.
کێشەی کەمینە لەسەر ئاستی دونیادا کێشەیەکی جددیە، بەڵام ئەوەی لەعێڕاقدا بەسەر ئەم گروپە دینی و ئیتنیە هات کەم وێنە بووە. فاشیزمی سەدام هەمیشە وەک مەترسیێکی ئەبەدی سەیری کوردو بەدیاریکراوی فەیلیەکانی کردوە.
سەدام هەمیشە وەک منداڵەکانی ساتۆرن نیگای فەیلیەکانی کردوە، ساتۆرن هەموو منداڵەکانی دەخوات تا ڕۆژێک نەبنە مایەی مەترسی بۆ سیستەمە داخراو و ئیلاهیەکەی. هەموو سیستمێک بۆ ئەوەی بژیت پێویستی بەدروستکردنی دوژمنە. نازیزم لەقوڵاییدا هەستی بە چاڵێک و خەرەندێکی مێژوویی دەکرد. بۆ ئەوەی لە ڕووی سایکۆلۆجیەوە بەرگەی ئەو کەلێنە بگرێت هۆکاری کەلێنەکەی خستە ئەستۆی جولەکە، واتا ئەوە جولەکەیە بەربەستە لەسەر کەماڵیەتی من.
بەبڕوای “ئەریک فڕۆم” کڕۆکی دیکتاتۆریەت ترسنۆکیە. واتا ترس لەهەبوونی شەبەق و کەلێن وادەکات بۆ دوژمنێک بگەڕێین تا لەڕێیەوە ناتەواویەکانی ناوەوەمان بەرگە بگرین و بیخەینە ئەستۆی ئەویتری دوژمنەوە. سەدام و سیستمەکەی بەهەمان فۆڕم بۆ دوژمنێکی نادیار دەگەڕا تا لەڕێی فەیلیەکانەوە توانی بەبونبەستی بگەیێنێت. ئەوە منی عەرەب نیم کە خاوەن کەلێنم بەڵکو ئەوە کورد یاخود فەیلیەکانن بونەتە هۆکاری ئەم ناتەواوییە.
فەیلیەکان لەدوای پرۆسەی ئازادیشەوە نەیان توانیوە بگەنە فەزایەکی دیموکرات و ئازاد، ئەوان تائێستاش وەک کەمینەیەکی خنکاوی ناو داهاتوێکی نادیار ژیان بەڕێ دەکەن. دیارە ئەمە بۆ ئێزیدی و کەمینەکانی تریش ڕاستە. دیموکراتیەتی دوای سەدام پیادەکردنی جۆرێکی تری فاشیزمە بەکەرستەو ئەدەواتی نەرمتر. ئەوەی دوای ٢٠٠٣ هاتۆتە ئاراوە هیچ نیە جگەلە دیکتاتۆریەت، بەڵام لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە دیکتاتۆر دیاری دەکرێت. تا ئێستاش عەقڵیەتی شۆڤینی و پان عەرەبیزم مەئوای سیاسەتی عێڕاقی جێنەهێشتوە، تائێستاش فەیلیەکان مامەڵە لەگەڵ نادیاردا دەکەن، فەیلیەکان سزادراون بەوەی نەزانن بەیانی چی ڕوودەدات.

ماڕک فلۆربایێ لەکتێبی(دیموکراتی یان سەرمایەداری)، ڕستەیەکی سەرنج ڕاکێشی هەیە کە گومان دەخاتەسەر کۆی سیستمی دیموکراسی لە دونیای وڵاتانی سێیەم، فلۆربایێ دەڵێت” دیموکراتی هەر ئەوە نیە پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری زامن بکات، بەڵکو پێویستە داهاتووش بۆ هاوڵاتیان مسۆگەر بکات”. واتا هێشتنەوەی هاوڵاتی لەنێو ئەگەر و تەگەری ئەوەی کەی دەمرین فۆڕمێکی یەک جار توندی دیکتاتۆریەتە. مەترسی ونبوونی سبەی مەترسیێکی جددیە ڕووبەروی فەیلیەکان بۆتەوەلەدونیای دوای سەدامەوە.
لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین سەدام یەک ڕووداو نیە دژ بە فەیلیەکان بەڵکو دوو ڕوداو و دوو قۆناغە، سەردەمی سەدام و دوای سەدام. فاشیزمی سەدام بەجۆرێک دەستی دایە پاکتاوی کوردەکان کە ئەستەمە درۆکانی دیموکراسی ئەو برینە چارە بکەن.
فەیلیەکان ئایکۆنی ئاشکراکردنی فاشیزمن لە عێڕاقی سەدام حوسەیندا. بۆئەوەی ئەو مێژووە شیکار بکرێت پێویستمان بەزیاد لە چەندین فۆڕمی ئیشکردنە لەسەر ئاستی سیاسی و کولتوری و مێژوویمان.

مەنسوڕ ناجی


سەرچاوەکان:
١-بەختیار علی، بەندەر فەیلی، ٢٠٢٣
٢-فاتیح عبداللە شوانی، جینۆسایدی بێدەنگی کوردانی فەیلی، چاوی کورد، ٨/٢/٢٠٢٣ ، https://chawykurd.com/
٣-ئەحمد کەرکوکی، کوردانی فەیلی ناسنامەی نەتەوەیەکی مافخوراو، ANF News,، ٢٣/٣/٢٠٢٠ ، https://anfsorani.com
٤- دکتۆر ناجح گوڵپی، جینۆسایدی کوردی فەیلی، kurdpa ، ١٥/خاکەلێوە/٢٧١٦، https://kurdpa.net/so/new
٥ـ مارک فلۆربایێ ، سەرمایەداری یان دیموکراتی، وەرگێڕانی ئیسماعیل کوردە، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاوێر ٢٠١٨.
٦-ئەریک فرۆم، بەناوی ژیانەوە، وەرگێران: ئازاد بەرزنجی، دەزگای چاپ سەردەم،




ژن له‌پێش سه‌رده‌می جاهیلیدا ئامتیس شاژنی بابل وه‌ك نموونه‌.. رەسوڵ بۆسكێنی

لێكۆڵینه‌وه‌ و بیرهێنانه‌وه‌ی مێژووی كۆن، بۆ سوودوه‌رگرتنه‌ له‌ ڕووداوه‌كانی ڕابردوو و به‌راوردكردنیان بۆ ئاشنابوون به‌ژیانی مرۆڤی كۆن، سه‌باره‌ت به‌ژیان و كێشه‌كانی ژن له‌سه‌رده‌مانی ڕابردوودا، لێره‌ باخچه‌هه‌ڵواسراوه‌كانی بابل وه‌ك دیاری بۆ شاژنی ئیمپڕاتۆریه‌تی بابل بیردێنینه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا له‌نێوان حه‌قیقه‌ت و ئه‌فسانه‌دا ساغ نه‌بۆته‌وه‌ باخچه‌هه‌ڵواسراوه‌كانی بابل، راستە یاخود ئەفسانه‌یە، زانستی شوێنەوارناسی و نوسینەکانی بابل لەسەر بوونی ئەم باخچەیە بێدەنگن، بەڵام هەندێک نوسەرانی دێرین بەشێوەیەک پەسندی دەدەن، وەک ئەوەی خۆیان لەسەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی بابلدا ژیابن، ئه‌وه‌ی به‌لای ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌نووسراوه مێژووییه‌‌كاندا ئاماژه‌ی پێدراوه‌، باخچەهەڵواسراوەکانی بابل، لەلایەن یەکێک لەمەزنترین پادشاکانی بابل نەبوخەزنەسری دووه‌م (600 ساڵ پ.ز) لەپایتەختی ئیمپڕاتۆریەتی بابلدا بنیاتی ناوە، به‌هۆی سروشتی نامۆی باخچەکەو جوانی و به‌ناوبانگی كۆشكه‌كانی و چەندین هۆکاری تر، بەیەکێک له‌كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی جیهانی كۆن ده‌ست نیشانكراوه‌.

بابل و ئه‌بوخوزنه‌سر
بابل بەدووری ٨٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری بەغدادی پایته‌ختى ئێستای عێراق، شارێکی دێرین و مێژووییه‌، مەزنترین بەشی مێژووی دێرینی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایین، لەسەردەمی نەبوخەزنەسەری دووەم.
(بوخت ئه‌لنه‌سر) له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاری بابلدا شانازی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌كرد، له‌و سه‌رده‌مه‌دا چه‌ندین كۆشك و ته‌لاری به‌رز، دیمەن و سیمای شاری بابلیان جوانترکردبوو، چەندین دەروازەی گرنگی هەبوو، یەکێک لەدەروازە گرنگەکانی ئەم شارە، ده‌روازه‌ی عه‌شتاره‌، کە باخچه‌هه‌ڵواسراوه‌كانی تێدا بنیاتنراوه‌، دیمەنێکی ناوازەی بەم شارە بەخشیووە، گشت دارو ڕووه‌ك و میوه‌یه‌كی تێداچاندراوه‌، به‌جۆرێك له‌هه‌رچوار وه‌رزی ساڵدا به‌رهه‌میان هه‌یه‌، له‌به‌ر جوانی و سه‌رنجڕاكێشی ئه‌م باخچانه‌ ڕۆژانه‌ گه‌شتیاران سه‌ردانی ده‌كه‌ن.

باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی بابل
زۆربەی سەرچاوە میژووییەکان باس لەوە دەکەن نه‌بوخزنه‌سر پاشای بابل به‌مه‌به‌ستی ڕازی كردنی دڵی هاوسه‌ره‌كه‌ی، ئامتیس كچی پاشای ماده‌كان، ئه‌م باخچه‌یه‌ی بنیاتناوه‌، ئامتیس له‌شاری ئه‌كباتان له‌وڵاتی خۆیدا به‌ناز په‌روه‌رده‌كراوه‌، له‌نێو شاخ و ته‌پۆلكه‌و شیوو دۆڵی خۆش دیمه‌ن و پڕ له‌ سه‌وزایی سه‌رنجڕاكێش به‌دارستان و ئاوی سازگارو شاخه‌كان ڕاهاتووه‌و فێری ئاوو هه‌وای كوێستان بووه،‌ بۆی سه‌خت بووه‌ له‌ناوچه‌ گه‌رمه‌كانی وه‌كو بابل بژێت، خۆشه‌ویستی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری پاشا بۆ شاژن بڕیاری دروستكردنی كۆشكێكی حه‌وت نهۆمی داوه‌، هه‌ر نهۆمێك ده‌وره‌درابێت به‌باخ و داری میوه‌ی به‌ردارو گوڵی ده‌گمه‌ن و بۆندار چین له‌سه‌ر چین ڕازێنراوه‌ته‌وه‌.
هاوسه‌ره‌كه‌ی شازاده‌یه‌ك بوو، له‌خێڵه‌ شاخ نشینه‌كان و حه‌زی له‌وڵاته‌ پان و به‌رین و ته‌خته‌كه‌ی بابل نه‌بوو، هه‌میشه‌ له‌یادی ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی خۆی دابوو، ئاره‌زووی ئه‌وێی ده‌كرد، بوخت ئەلنه‌سر بۆ ئاسووده‌كردنی هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی، بڕیاریدا كۆشكێك له‌شێوه‌ی شاخێك دروست بكات، فه‌رمانی دا باڵكۆنه‌كانیشی له‌سه‌ر دروست بكه‌ن، كه‌به‌ژووره‌ پته‌وه‌كان چاودێری ده‌كرا، دروستكردنی ئه‌م باڵكۆنانه‌،و قاته‌كانی په‌رستگاكان نه‌خشه‌ی بۆ كێشرابوو، واته‌ شێوه‌ تاوه‌ری بوون، كه‌هه‌ر باڵكۆنێك له‌باڵكۆنه‌كه‌ی ژێر خۆی بچووكتر بوو، گڵیان به‌سه‌ر باڵكۆنه‌كاندا پڕژاندبوو، گوڵه‌ جوانه‌كان و داره‌ میوه‌كانیان له‌وێدا ناشتبوو.
ئاودێری باخه‌كانیشی به‌شێوه‌ی زۆر پێشكه‌وتوو دروستكردووه‌و له‌شوێنی دووره‌وه‌ ئاوی بۆهێناوه، ‌ به‌پێی سیستمی ترومپای زنجیری، ئاوی بۆ نه‌مامه‌كان گواستۆتەوە، ئەمە یەکێکە لەهەرە سیستمە ئاوییه‌ گەورەکانی جیهانی کۆن، ئاوی ڕووباری فوڕاتیان به‌ترومپا ڕاده‌كێشاو وه‌ك تاڤگه‌، به‌م لا و ئه‌و لای باخه‌كه‌دا، ده‌یان پڕژاند، شاژن له‌هه‌یوانی به‌رزتری باڵكۆنی ئه‌م شاخه‌ ده‌ستكرده‌دا، به‌یادی گرده‌كانی نیشتمانی خۆیه‌وه‌ داده‌نیشت، له‌شوێنێكی دووره‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بینرا ده‌توت باخه‌كه‌ به‌ئاسمانه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه‌، مێژوونووسان (باخچه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی بابل) به‌یه‌كێك له‌سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانی دونیای كۆن ده‌زانن.
لە ڕووی ئەندازه‌ییەوە ئەم باخچەیە (328) پێ، واته‌ (100) مه‌تربه‌رزبووه‌، به‌شورایه‌ك ده‌وره‌ دراون، پانییه‌كه‌ی نزیكه‌ی (7) مه‌تردبێت، تویژەران و شوینەوارناسان دوو سیستمی پەمپیان لەنزیک ئاوی فوڕات دۆزیوەتەو، کەبڕوایان وایە لەڕێگای ئەو پەمپانەوە باخچەکە ئاو دراوە، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ شێوه‌ی شاخه‌ به‌رزه‌كانی ئه‌كباتان بێت، تا چێژ و خۆشی به‌دڵی شاژن ببه‌خشێت و ئاو و هه‌وای وشك و گه‌رم كارنه‌كاته‌ سه‌ر ڕوخسار و جه‌سته‌ی.
ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌و هه‌موو خه‌رجی و ئه‌رك و ماندووبوونه‌ی پاشای وڵاتی بابل، له‌بیناسازی و ته‌كنیكی تروپای زنجیره‌یی ئاودان، ته‌نیا له‌به‌ر دڵخۆش كردنی شاژن، كه‌جوانی و سه‌رنجڕاكێشی كۆشك و ته‌لارو دیمه‌نی باخچه‌هه‌ڵواسراوه‌كان نه‌ك ئه‌و كاته‌ ته‌نانه‌ت ئێستاش خه‌ڵكی سه‌رسام كردووه‌و به‌یه‌كێك له‌كاره‌ سه‌رسوهێنه‌ره‌كانی جیهانی كۆن دانراوه‌، هیچ ڕێی تێده‌چێت، یان گونجاوه‌ به‌سه‌رده‌می جاهیلی ناوببرێت، بێگومان ناودێركردنی سەردەمی نەفامی تەنیا بۆ نەپەرستنی خوای تاقانە ناسێنراوە؟.




رانانێك بۆ كتێبی (هاوڕێیانی پەروەردە).. كامەران حاجی ئەلیاس

كتێبی (هاوڕێیانی پەروەردە) لە نووسینی نووسەر ( سوهەیل تاهیر عەبدولڵا ) ،كۆمەڵی بابەتی گرنگی پەروەردەیی پەیوەست بە منداڵ ، خێزان ، مامۆستا ، كارگێری قوتابخانە ، سەرپەرشتیار لە خۆدەگرێت لەدەستپێكی كتێبەكە، نووسەر زۆری گرنگی بە رۆڵی منداڵ لەهەموو روێكەوە دەدات هەرلەسەرەتای لەدایك بوونی تا تەمەنی 18 ساڵی نووسەر بەووردی باس لە قۆناغی چۆنیەتی مامەڵەكردن لە منداڵ دەكات وەكو : خواردنی تەندروستی منداڵی تازە لەدایك بوو،چۆن منداڵی كۆرپەلە هەستی خۆی دەردەبڕێت ،چۆن دڵ ودەروونی منداڵەكەت بۆخۆت رادەكێشیت،چۆن میشكی منداڵ گەشەدەكات، چۆنت منداڵەكەت پەروەردەی دەكەیت.چۆن منداڵەكەت هان دەدەیت كە هەڵسوكەوتەكانی دروست بێت،ئەو فاكتەرانەی منداڵ بەرەو خراپی ئاراستە دەبات،چۆن منداڵەكەت كۆنترۆڵ دەكەیت ،خەوزرانی منداڵ ،خەونی ناخۆش و تەرمایی،ئاخاوتن و رۆیشتن لە كاتی خەودا ،میزكردنی منداڵ لە خەودا،پێدادانی ددان لە كاتی خەودا،منداڵ بەناز،درۆكردن لای منداڵ لەگەڵ چەندین بابەتی تری پەیوەندار بە منداڵ و خێزان..
هەر لەكتێبەكەدا نووسەر باس لە رۆڵی خێزان و قوتابخانەو مامۆستا و كارگێری قوتابخانە و دامەزراوە پەروردەییەكان دەكات چەندین رێنمایی گرنگ ئاراستەی قوتابییان و دایك و باوكان دەكات كە ئامانج لێی هۆشیاركردنەوەی قوتابیان و دایك و باوكان خێزان بەگشتییە، بەجۆرێك كە بتوانن نەوەیەكی وا دورەست بكەن لە داهاتوو چەكێكی گرنگ بن بۆ بونیاد نانی كۆمەڵگەیەكی ئارام و پێشكەوتوو.
لەلایەكی ترلە كتێبەكە تیشك خراوەتە سەر قۆناغەكانی خوێندن و رۆڵی مامۆستا و دامەزراوە پەروەردەییەكان لە بنیادنان و پەروەردە كردن و چەسپاندنی چەندین بەهای بەرزی كۆمەڵایەتی لە ناخی قوتابیان بەئامانجی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و تەندروستی . كە لە كتێبەكەدا خێزان و دامەزراوە پەروەردەییەكانی پێكەوە بەستۆتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێ بە باشترین شێوە منداڵانی كوردستان پەروەردە بكرێن.
لایەنی كارگێری قوتابخانەخاڵێكی گرنكی هەرقوتابخانەیەكەیەكی سەركەوتووە، نووسەر بەووردی باس لە زیركی و بەرێوەبەر دەكات وەكو سەركردەی كارگێری لە نێو قوتابخانە ناوی دەهێنت لایەنە ئەرێنی ونەرێنی لە بەرێوەبەردنی قوتابخانە دەخاتە ڕوولە هەمان كات پەنجەدەخاتە سەر ئەو كێشەو گرفتانە كەڕووبەڕووی قوتابخانە دەبنەوە، باس لە عەقلیەتیكی تاك دەكات كەلەلای هەندێ بەرێوەبەر، بەداخەوە تاوەكو ئێستاش لەبەرێوەبەردنی هەندێ قوتابخانەكان پەیڕەو دەكرێت وەكو خۆسەپاندن و خۆ بەزل زانین .
نووسەر باس لەگرنگی پلان و ئامار دەكات و بەدوو خاڵی سەرەكی دادەنێت بۆ پێشكەوتنی هەردەزگایەك و هەروڵاتێك بەجۆرێك گەشەساندن بەبوونی پلان و ئامار ..ئەم كتێبە گرنگی زۆری هەیە بۆ كارگێری قوتابخانە هەربۆیە لەلایەن وەزاڕەتی پەروەردەی هەرێم چاپكراوە ودابەشی سەرقوتابخانەكان دەكات.
لەكۆتاییدا دەڵێم ئەم كتێبە زۆر بابەتی تر لە خۆدەگرێت كە ناكرێت لێرەدا ئاماژەیان پێبدەین بەڵام گرنگە هەریەك لە كەس وكاری قوتابیان ،مامۆستا ، بەرێوەبەر ، سەرپەرشتیار تانەنەت قوتابیانیش ئەم كتێبە بخوێنێتەوە دەست خۆشی لە نووسەر مامۆستا ( سوهەیل تاهیر عەبدولڵا ) كە ئەمە دووەم كتێبی چاپكراوی خۆیەتی لەبواری پەروەردا.
شایانی باسە رۆژی 7ی 11ی 2023 لە شاری هەولێر،لە مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ، ئەم كتێبەلە رێوەڕسمێك دا،بە ئامادەبوونی ژمارەیەك كەسایەتی پەروەردەیی ناسێندرا و بەواژۆی نووسەر بەدیاری بەسەر ئامادەبووان دابەش كرا.




پێداچوونەوەیەك بە شیعری “توولەڕێکانی پاییز” دای ئیلهام موڕادی

پێداچوونەوە: لەتیف بێوار


لەگەڵ یادت قامکەکانم لەسەر لاپەڕەی ڕۆژژمێرەکەم بەجێما
وانەکانی دڵداریم لێ ون بوو
ونبوو ڕۆژژمێری تەمەن
قامکەکانی خەیاڵم لەنێو بۆتەی ڕۆحێکدا دەئافرێن و
چاوەکانم وێنەی پڕۆفایلەکەتی لە قاپگرتووە
بۆیە لەهەر چاوترووکانێکدا
دووپات ئەبی لە شاشەی مێشکمدا
خەو خەیاڵێکە لەکەناری هەر خەزانێکا
شارێک ئەخولقێندرێ
حەز نیشتمانێکە لە ئۆغر
ڕوو لە نشێوییە گەڵاڕێژەکانی خەزان
لە غەمگینییە قەدگرتووەکانی تەمەن
توولەڕێیەکان حەز دەبەنەوە سەر دوا نشینگەی هەناسە
لێوم بە هەناسەکانتەوە
سەرگەردانە و
چاوم مۆمی هیوا کز کز ئەسووتێنێ
لە شوێنکی ئەم چیرۆکەدا
شەو بڕیاری لەسەر قەدەغەیە
پیاسە تیسکە
شەقام لەخۆ بایی.


کوردانی رۆژهەڵات پارچەیەکن لە جەرگمان، بوونیان بوونمانەو نەبوونیان نەبوونمانە؛ هەر پارچەو بە جۆرێك دەردەوە دەناڵێنێت کە هی هیچیان لە هیچی ناچێت، لە رووی فەرهەنگیشەوە وەک چۆن نزیکییەك هەیە لە نیوان هەردوو زمانی کوردی و فارسیدا، لە هەمان کاتیشدا شتێك لە دووریی هەیە، بۆیە ئەو ئەدیبە کوردەی رۆژهەڵات کە لە ژێر هەیمەنەی زوبانی فارسیدا رزگاری بوو بێت و کاریگەریی لە ڕێزمانی کوردی و وشەسازییەکانی نەکرد بێت من ئەوە بە یەکەم قۆناغی سەرکەوتن لێك دەدەمەوە.
ئەنجا دێینە سەر لێدوان لە خودی دەقەکە وەکو دەقێکی ئەدەبی کوردی و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و بیروبۆجوونی خۆمانی دەربارە دەردەبڕین؛ بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بڵێین ئایا بەس دەقی باش شایستەی لێدوان و لەسەر وەستانە؟ یان هەموو دەقێك بە باش و خراپەوە دەتوانین چەقی لێدوانی تێدا بدۆزینەوەو لەسەری بوەستین؟ من رام لەگەڵ دووەمدایەو وای دەبینم هەموو دەقێك بایی هێندە رەهەندی باش و خراپ لە خۆ دەگرێت تا بیخەینە ژێر کارکردنی رەخنەییەوەو ئەم ڕێژەیەش لە دەقێکەوە بۆ دەقێکی تر کەم تا زۆر فەرق دەکات، هەر یەکەو خاڵی بەهێزی و لاوازی خۆشی هەیە.
ئەگەر بمانەوێت قسەش لە دەقی شیعریی (توولەڕێکانی پاییز.. ئیلهام موڕادی)ی بکەین دەبێت هەمان پێودانگ بەکاربهێنین و بە چاوێکی ئینسافەوە تەماشای چەند خاڵێکی گرنگ بکەین وەك هەر شیعرێکی تر؛ لەوانە:
١- ئاستی زمان و زاراوەسازیی تاچەند پەتی و شیعرییە و لایەنی ڕێزمان تیایدا بەهێند گیراوە؟
٢- وێنە شیعرییەکان تا چەند نوێن و ئافراندنیان تێداکراوە؟
٣- زنجیرەی پێکەوەبەستن یان (یەکێتی بابەت) تیایدا بەدی هاتووە و گونجاوە؟
٤- تییمەی شیعرەکە شتێکی نوێ دەڵێت ، و ئایا رامان و وەرچەرخانێك دەسازێنێت؟


ناونیشانی شیعرەکە ناونیشانێکی شیعریی جوانەو وەرزی پاییزیش وەرزێکە زۆر جێی ئاماژەو ئیلهامی مرۆڤە، جا لێکدانی توولە ڕێ کە دەمانباتەوە نێو سروشت و کەژو کۆو لکاندنی بە پاییزەوە ئەوە دوو جار هێز دەبەخشێت بە ناونیشانەکە، بەڵام ئایا تا چەند ئەم ناونیشانە پەیوندی بە ناوەڕۆکەکەوەو هەیە؟
ئەوەی لێرەدا لام مەبەستە لەم کورتە شرۆڤەکاریەدا وێنەکانی بخەینە ژێر تیشکی رەخنەوە، جونکە زۆر وێنەی لە خۆ گرتووەو هەندێکی پێکاویەتی و هەندێکیشی پێویستی دەسکاریکردنێك هەیە، راستە مانا وال ە دڵی شاعیردا، بەلام هەندێكجاریش شاعیر دەیەوێت شتێك بڵێت و ئاراستەی شیعرەکە یان نزیکمان دەخاتەوە لە مەبەست یان دوور، یان پڕاوپڕ دەیپێکێت.
کۆپلەی یەکەم:
من وەك چێژبینێکی شیعر دەمەوێت وردببمەوە لە پێچ و پەناکانی هەر وشەیەك لەم کۆپلەداو بزانم ئایا چەشە دەبەخشێت؟ ئایا دەتوانم لە بۆتەقەی خەیاڵدانمدا هەرسی بکەم، ئایا دەمخاتە کەشێکی تایبەتی دونیای شاعیرەوە؟
لەگەڵ یادت قامکەکانم لەسەر لاپەڕەی ڕۆژژمێرەکەم بەجێما
وانەکانی دڵداریم لێ ون بوو
ونبوو ڕۆژژمێری تەمەن
قامکەکانی خەیاڵم لەنێو بۆتەی ڕۆحێکدا دەئافرێن
١- لەرووی ماناوە مرۆڤ هەر کات دەتوانێت یادی کەسانی دی بکاتەوە چونکە ئەمە حاڵەتێکی دەگمەن نییە، بەڵام کۆچکردن یان دابڕان رەنگە ئەو حاڵەتە بێت کە زۆر دووبارە نابێتەوەو کاریگەری خۆی لە دڵی یادگاریەکاندا جێ دەهێڵێت، بۆیە رەنگە پەسەندتر بووایە گەر وشەی (کۆچ یان دابران) لە جیاتی (یاد) بەکاربهێنرایە، چونکە وەك لە دەقەکەشدا دیارە باسی دوورکەوتنەوەو نەبینیەوەو دابڕان دەکات، هەروەها دەتوانرا لەبری قامك هاومانای وشەی شیعریی تر بەکاربهاتایە تا زیاتر نازکی و ئیقاع بە رستەکە ببەخشێ بۆنموونە وەك پەنجە، ئەنگوست، تل….تاد پاشتر شیعرانەتر دەبوو گەر بەس راناوی (م)ی لە گەڵ قامکەکانم بە کاربهێنایەو بۆ رۆژمێرەکەی دانەنایەوەو نەیبووایە. ئاوها:
لەگەڵ کۆچت قامکەکانم لەسەر لاپەرەی رۆژمێرەکە بەجێما
أ- وانە ون نابێت، ئەوەی ون دەبێت فیزیکە وەکو خودی شیعربۆگوتراو، بەڵکو وانە یاد دەچێتەوە یان لەمرۆڤ دەئاڵۆسکێ و تێکدەچێت.
ب- گەر دیقەت بدەن دەبینین لە دێڕی سێهەمدا وشەی ونبوون و رۆژمێر دووبارە بەکارهاتووەتەوە!
ج- دێڕی چوار زۆر وێنەیەکی شیعریی گونجاوە، چونکە هەم قامکی خەیاڵ مەجازەو هەم بۆتەی رۆح دنیای میتافیزیکە.
کۆپلەی دوو:
چاوەکانم وێنەی پڕۆفایلەکەتی لە قاپگرتووە
بۆیە لەهەر چاوترووکانێکدا
دووپات ئەبی لە شاشەی مێشکمدا
خەو خەیاڵێکە لەکەناری هەر خەزانێکا
شارێک ئەخولقێندرێ
لای من دێڕی یەکەمی ئەم کۆپلەیە زیاتر قسەی رۆژانەیە نەك شیعر، بەلام شاعیر ئەوەی شك بردووە تا دەربڕین لەو هەستی دوورکەوتنەوەیە بکات، دێڕی دواتریش دەتوانرا زۆر شاعیرانەتر بهۆنرایەتەوە بۆ نموونە لە بری (بۆیە لەهەر چاوترووکانێکدا
دووپات ئەبی لە شاشەی مێشکمدا) بنووسرایە: لەهەر چاوتروکانێکما…ئامادەی لەناو هەستمدا یان ئەندێشە یان هزر….)
پاشان لە دێڕی چواردا وشەی خەو وخەیاڵ کە نزیك مانای یەکن هەردووکیان نادیدەو نابەرجەستەن و ناون، دەبوو وشەیەکی تر لە بری خەو دابنرایە تا زیاتر شیعرانەتر دەربکەوتایە، بۆ نموونە ژووان یان هیوا یان بینینەوە، پاشان لابردنی ئەو وشە زیادانەی وەك (هەر) لەم رستەیەدا شیعرەکە تۆکەتر دەکات، لە دوایشدا دێڕی کۆتای ئەم کۆپلەیە رەنگە گەر لاشببردرێت هیچ لە ماناو سیاقی شیعرەکە نەگۆڕدرێت بەڵکو جوانتری بکات.
کۆپلەی سێ:
حەز نیشتمانێکە لە ئۆغر
ڕوو لە نشێوییە گەڵاڕێژەکانی خەزان
لە غەمگینییە قەدگرتووەکانی تەمەن
توولەڕێیەکان حەز دەبەنەوە سەر دوا نشینگەی هەناسە
لێوم بە هەناسەکانتەوە
سەرگەردانە
١- حەز نیشتمانێکە لە ئۆغر زۆر دەستەواژەیەکی شیعری جوانەو وەسفێکی شاعیرانەیە لە وەسفی شاعیر بۆ مەبەستی دەربڕینەکەی.
٢- گەلاڕێژەکانی خەزان دەوەرێن ، ئیتر چ لە وەرین نشێویی زیاترە، بەڵام بە کارهێنانی وشەی (نشێو) بۆ (گەڵا) دەستاندات و نایەتەوە، بۆ نموونە نشێو بۆ ڕێگای مادی و مەجازی بەکاردێت نەك گەڵا.
٣- لە غەمگینییە قەدگرتووەکانی تەمەن، رەنگە ئەم دێڕە لاببرایە باشتر بووایە بۆ شیعرەکە، بەڵام دێڕی دواتر(توولەڕێیەکان حەز دەبەنەوە سەر دوا نشینگەی هەناسە) دەستەواژەیەکی شیعریی و هەستێکی رۆمانسی جوانە، بەڵام نازانم بۆچی لەم کۆپلەیەشدا دوو جار وشەی (هەناسەو حەز) بەکارهاتووەتەوە، مەگەر زۆر دووپاتکردنەوەی یەك جۆر وشە زیان بە بەهای شیعر ناگەیەنێت؟ رەنگە هەندێك خوێنەر بڵێت بۆچی بەس ئەو وشە زۆر بەکارهاتوو و دووبارانە لە هەمبانەی شیعریی شاعیردا هەن؟
دوا کۆپلە:
چاوم مۆمی هیوا کز کز ئەسووتێنێ
لە شوێنکی ئەم چیرۆکەدا
شەو بڕیاری لەسەر قەدەغەیە
پیاسە تیسکە
شەقام لەخۆ بایی.
١- لە رووی ماناوە چاو مۆم ناسوتێنێ بەڵکو لە رووی رەوانبێژییەوە تەشبیهـ و لێكچوون هەیە لە نێوان مانای چاو و مۆمدا بەوەی خاڵی تروسکاییان تێدایە و هاوبەشن لەو خاڵەدا، بۆیە شیعرانەتر بوو بۆ نموونە گەر بنووسرایە: چاو مۆمی هیوایە و کز ئەسووتێ.
٢- من لە دوو دێری کۆتاییدا کەمێك سەرم بە گێژ هات، ئایا ئەمە چیرۆکە یان شیعر؟ یان چیرۆکە شیعر؟ باشە بابڵێین یەکێکیانە؛ بەڵام بڕیاری چی لەسەر شەو قەدەغەیە؟ یان بڕیاری پیاسەی شەوانە قەدەغەیە؟ دواتر لە خۆبایی بوونی شەقام کە پێکهاتەیەکی لێکدراوی شیعرییەو هەوڵێکی جوانە، بەڵام وا هەست ناکەن کە دوورن لە مانای سەراپای کۆپلەو دێرەکانی تری شیعرەکەوە؟ شەقام ئاماژەی چییە لێرەدا گەر وەك سیمبوڵیش بەکارهاتبێ چ پەیوەستێکی هەیە بە قەدەغەی بڕیاری شەوەوە؟
دوماهی:
لە کۆتاییدا ئەمە لێکدانەوەو چەشەی من بوو بۆ ئەم شیعرە، پاش ماندووبوونێکی زۆر و بێ هیچ بەرامبەرێك بەم خوێندنەوەیە هەستام، بەس خۆزگە شاعیرەکان خۆیان پێش بلاوکردنەوەی دەقەکانیان نیشانی چەند کەسێکی شارەزایان بدایەو سوودیان لە ڕێنموونیەکانیان وەربگرتایە، وێڕای ئەوەی من دەستخۆشی لە شاعیر دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بۆ دەخوازم بە تایبەتی کە ئەو هەناسەیەکی شیعر لە گیانیدایەو بەس کارکردنی گەرەکە تا لە کۆتا نوسخەیدا بە شێوەیەکی پوختەو بوتیقایانە بەردیدەی خوێنەران بکەوێت.




ئاخر تۆڵە بە چی دەکەیتەوە؟.. لوقمان ئابڵاخی

عەلی قەردەاغی کوردێکی پڕۆئیخوانی و ئەردۆگانیە، ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی مسوڵمانانە، کە بارەگا سەرەکیەکەی لە قەتەرە، سوێندی بەخوا خوارد و ئەم هەڕەشەیەی لە ئیسرائیل کرد:
” عەلی قەرەداغی: سوێند بەخوا ناوەستین هەتا تۆڵەی غەززە دەكەینەوە”.
-قەتەر گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوینی لە خۆ گرتوە وە لە هەمان کاتیشدا خاوەنی کەناڵی (الجزیرة)ەیە کە کەناڵێکی پڕۆئیخوانی و ڕەگەزپەرستی شۆڤینیە کە میسداقیەتی نیە و بەردەوامیش دژ بە دۆزی کورد بووە.
-قەتەر پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە و یەکەم پەیوەندی بازرگانی لە ساڵی ١٩٩٦ دا دەستی پێکرد.
-قەتەر لە ساڵی ٢٠١٥ دا یارمەتیدەری ئیسرائیل بوو بۆ گەڕانەوەی ٦٠ لە جووەکانی یەمەن بۆ ئیسرائیل.

  • لە ساڵی ٢٠١٥ دا باڵوێزی قەتەر لە غەزە بۆ ناردنی یارمەتیەکانی قەتەریش بۆ حەماس داوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لە حوکمەتی ئیسرائیل کرد کە ڕێگەیان پێبدات ئەو یارمەتیانە بۆ کەرتی غەزە بنێرن.
    -(شیخ حمد بن جاسم آل ثاني)، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە ٣٠ نیسانی ٢٠١٥ ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ فەلەستینییەکان دەتوانێت لەبری پابەندبوون بە سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧، ئاڵوگۆڕی زەوی لەخۆبگرێت کە سەرنجی ئیسرائیلیەکانی ڕاکێشا و بە ئەرێنی وەسفیانکرد.
    -قەتەر لە مانگی ٦ ی ساڵی ٢٠١٧ دا کۆبوونەوەی نێوان حەماس و ئیسرائیلی ڕێکخست کە ئەو ئاگربەستەی لێهاتە بەرهەم کە حەماس لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ دا شکاندی.
    -قەتەر لە ساڵی ٢٠٠٩ دا بە ڕەسمی ڕایگەیاند کە ئەگەر ڕێکخستنی پاڵەوانێتی جیهانی تۆپی پێ(فیفا) لە ساڵی ٢٠٢٢ دا بدرێت بە قەتەر، ئەوان پێشوازی لە بەشداربوونی ئیسرائیل دەکەن بۆ پێشبڕکێی لەو پاڵەوانیتیە. جگە لەوەیش، چالاکی وەرزشی تریش کە لە قەتەر ئەنجامدراوە لە دوای ساڵی (٢٠٠٩)ەوە ، یاریزانە ئیسرائیلیەکان بەشداریان تێدا کردووە.
    -قەتەر لە شەڕی ئەمجارەیشدا لە هەموو ووڵاتە ئیسلامیەکانی دیکە بە ڕەزامەندی ئەمریکا وئیسرائیل ئەوکۆبوونەوەیەی لە نێوان سەرکردەکانی حەماس، مۆساد و(سی ئای ئەی)دا ڕێکخست کە ئاگربەستە کاتیەکە و گۆڕینەوەی ژمارەیەک لە بارمتە ئیسرائیلیەکانی لێهاتە بەرهەم. لە ڕاستیدا ئیسرائیل دەستپێشخەری نێوەندگیری تورکیای ڕەتکردەوە و بە نێوەندگیری قەتەر ومیسر ڕازی بوو.
    -تورکیا یەکەم ووڵاتی ئیسلامی بوو کە دوای ساڵێک کەمتر لە دروستبوونی ئیسرائیل، لە ٣ ئازاری ١٩٤٩ دا دانی بە دەوڵەتبوونی ئیسرائیلدا نا. شایانی باسە کە دەیڤید بێن گۆریۆن لە ١٤ ی مایسی ١٩٤٨ دا بە دەوڵەتبوونی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، واتە کەمتر لە ساڵێک دوای ڕاگەیاندنی بە دەوڵەتبوونی ئیسرائیل، تورکیا دانی بە ئیسرائیلدا نا. هەر لەو کاتەیشەوە پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو ووڵاتە لە هەموو ڕوویەکەوە بووە کە دیبلۆماسی، ئابووری، ئیستیخباراتی، سەربازی، کڕینی چەک و پێویستی سەربازی، زانستی، ئابووری و گەشتیارین.
    -دوای ساردبوونەوەی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە ٢٠١١ دا، تورکیا توانی دوای لۆبیکردنێکی چڕی پڕ مەسرەف و کۆمەڵێک سازش، پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و تورکیا ئاسایی بکاتەوە. دوای ئەو ئاساییبونەوەیش سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکایەتی پۆستێکی فەخریە لە ئیسرائیل، لە ٩ ی ئازاری ٢٠٢٢ دا لە تورکیادا پێشوازی شاهانەی لێکرا و میدیا تورکیەکان زۆرترین بایەخیاندا بەو سەردانەی سەرۆکی ئیسرائیل بۆ تورکیا وبە مێژوویی وەسفیانکرد.
پێشوازی سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، لە سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ.(وێنەکە لە نیویۆرک تایمز وەرگیراوە)

-لە دوای شکاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ دا لەلایەن حەماسەوە، حەماس سنووری ئاسمانی، دەریایی و ووشکانی ئیسرائیلی بەزاند، کاری تیرۆریستانەی دژ بە خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل ئەنجامدا و ٢٤٠ کەسی مەدەنی ڕفاند و وەکو بارمتە بەکاریاندەهێنێت، ئەردۆگان هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەستپێشخەری و ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل وحەماسی دەربڕی، لە یەکەم دوو هەفتەی شەڕەکەدا لە گوڵ کاڵتری بە ئیسرائیل نەووت. بەڵام کە ئیسرائیل ڕەتیکردەوە کە تورکیا نێوندگیری بکات و میسر و قەتەری هەڵبژارد، ئەردۆگان هەڵوێست و تۆنی ووتارەکانی گۆڕی و کەوتە موزایەدەکردن بەسەر فەلەستینیەکان و عالەمی ئیسلامیدا.
-دوور نیە ئەم هەڵوێستەی عەلی قەرەداغیش بە فەرمانی ئەردۆگان نەبووبێت کە پەیامی ئەردۆگان بێت بۆ ئیسرائیل و ووڵاتانی ڕۆژئاوا کە پیشانی بدات کە کاریگەری هەیە بە سەر جیهانی ئیسلامیەوە لە ڕێگەی ” یەکێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان ” و ئەمیندارە گشتیەکەیەوە.
پێشینان فەرموویانە: “بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنە”
هەڵبەتە ئەم هەڕەشە بەتاڵەی عەلی قەرەداغیش لە موزایەدەیەکی هەرزان زیاتر چیدیکە نیە چونکە هەموو ووڵاتە ئیسلامیەکان، بە قەتەر و تورکیاشەوە، داوا لە ئیسرائیل دەکەن کە ئیسرائیل ئاگربەستێکی تر قبووڵ بکات کە تاکو ئێستایش ئیسرائیل ناڕازیە بەڵام هیچ ووڵاتێکی ئیسلامیش ئەو هەڕەشەیەی عەلی قەرەداغی لە ئیسرائیل نەکردوە.
عەلی قەرەداغی لە ناو شەقامی کوردیشدا، جگە لە ئیخوانیەکانی کوردستان، نەک هەر سەنگێکی ئەوتۆی نیە بەڵکو وەکو کەسێکی نەخوازراو و بێزراو دەبینرێت بەهۆی نزیکیەکەی لە ئەردۆگان و بێهەڵوێستیەکەی بەرامبەر بە دۆزی کورد.
ئەمە جگە لەوەی کە عەلی قەرەداغی هیچ سەنگ و خاوەندارێتیەکی سەربازی، سیاسی، ئابووری نیە، بە چی تۆڵە لە ئیسرائیل دەکاتەوە؟

بەدەر لەوانەیش، مافی هەموو موسڵمانیک و تەنانەت ئیخوانیەکانیشە کە ئەو پرسیارە لە قەرەداغی بکەن کە بۆچی سوێندی بە خوا خوارد کە تۆڵە بکاتەوە لە کاتێکدا کە ئەو ناتوانێت سوێندەکەی بەرێتە سەر؟
کوردیش مافی ئەوەی هەیە کە ئەو پرسیارە لە عەلی قەرەداغی بکات کە ئەو کاتەی داعش هەزاران کوردی یەزیدی جینۆساید کرد، کچ و ژنەکانی بە کەنیزەک کردن، پێشمەرگە دیلەکانی سەربڕی، بۆچی هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو؟ بۆچی غیرەت و هەست و سۆز و ویژدانی نەجوڵا؟
وا بۆ چەندین ساڵ دەچێت کە ڕژێمی تورکیا تەڕ و ووشک پێکەوە دەسووتێنێت، ژن و منداڵ و جوتیاری کورد دەکوژێت، خاکی کوردان داگیر دەکات، ژینگەی کوردستان تێکدەدات، دیمۆگرافیای شارە کوردیەکان دەگۆڕێت، مزگەوتی شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان بۆمباباران دەکات و دەڕوخێنێت. ئەمە جگە لەوەی کە بە ئەندازەیەک ڕقیان لە کوردە کە منداڵەکانیشیان بەوە گۆشکردووە و گۆشدەکەن کە “کوردە باشەکان تەنها ئەوانەن کە لەژێر خاکدان”.
هەموو کوردێک ئەو مافەی هەیە کە بە عەلی قەرەداغی بڵێت:
بۆچی ئەو هەموو تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی کە دژ بە کورد لە لایەن ڕژێمی تورکیا و ئێرانەوە ئەنجامدراون و ئەنجامدەدرێن غیرەت و ویژدان و سۆزی عەلی قەرەداغی نەجووڵاند، بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێستێکی نیە؟
بۆچی عەلی قەرەداغی سەرکۆنەی حەماس و فەلەستینیەکانی نەکرد کە لە دوای داگیرکردنی ئەفرین و شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن ڕژێمەکەی ئەردۆگان و گروپە تیرۆریستە ئیسلامیە مورتەزەقەکانیەوە، ئاهەنگیان گێڕا و پشتگیری ئەردۆگانیان کرد لە کاتێکدا خوێنی کورد بە ناهەق دەڕێژرا و دەربەدەرکران؟

ئەی بۆچی داوای لەفەلەستینیەکان و حەماس نەکرد کە خاکی زێدی بابوباپیرانی کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان داگیرنەکەن و نەبنە داردەست و خزمەتکاری ئەجێنداکانی ئەردۆگان و ڕژێمەکەی بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان؟
تۆبڵێی ماڵ وخاک و ژیانی خەڵکی غەزە لە ماڵ وخاک و ژیانی خەڵکی کوردستان بەهادارتر بێت؟

تو بڵێی لەبەرئەوە بێت کە ئەردۆگان ئیسلامیە و ئیدی گرنگ نیە چەند کوردی موسڵمانیش بەهۆی لەشکرکێشی و پەلامارە داگیرکاریەکان و بۆمبابارانکردنەکانی ڕژێمەکەی ئەردۆگان و مورتەزەقەکانیەوە خوێنیان بە ناهەق دەڕژێت؟

پێویستە ئاماژە بەوەیش بکرێت کە حەماس هۆکاری سەرەکی و تاوانباری سەرەکی ئەو کارەساتە مرۆییانەیە کە ڕووبەڕووی خەڵکی غەزە بۆتەوە، چونکە حەماس ئەو ئاگربەستەی شکاند و هێرشی کردە سەر خەڵکی مەدەنی ئیسرائیل، داعشانە ئاسا، دەستی لە کۆرپە، منداڵ، پیر و گەنج نەپاراست.

لە کاتێکدا حەماس ئاشتی نەویستووە، بەڵام کورد هەمیشە دەستی ئاشتی ڕاکێشاوە و لە سادەترین مافەکانی زیاتر چیدیکەی داوا نەکردووە، بەڵام ڕژێمەکانی تورکیا و ئێران هەمیشە شەڕ و جینۆساید و داگیرکردنی کوردستانیان پێ باشتر بووە وەک لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەگەڵ کوردا کە تەنانەت بە جۆرەها شێوە ڕێگەی هەڵبژاردنیشیان لێگرتوون لە کاتێکدا کە کوردیش هاوشێوەی خەڵکی تورکیا و ئێران وسوریا مرۆڤن و موسڵمانن.

خۆ ئەگەر عەلی قەرەداغی هەر بەڕاستی دەیەوێت تۆڵە بکاتەوە، با لەگەڵ ئەو سەرکردانەی حەماس کە لە قەتەر و دەرەوەی غەزە خۆیان و ڕۆڵەکانیان خۆشترین ژیان دەژین، بچن بۆ غەزە بۆ جیهاد و شەڕ دژی ئیسرائیل بکەن بۆ ئەوەی سوێندی نەکەوێت، وە بۆ ئەوەیباوەڕی پێبکرێت و ببێتە پێشەنگ بۆ هاونمونەکانی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش.

٥ ی دیسەمبەری ٢٠٢٣

بۆ ئەم ووتارە سوودم لە سەرچاوانەیش وەرگرتووە
https://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=129519&Jor=1
https://www.nytimes.com/2022/03/09/world/middleeast/israel-isaac-herzog-turkey-visit.html
https://en.wikipedia.org/wiki/Israel%E2%80%93Qatar_relations
https://en.wikipedia.org/wiki/Israel%E2%80%93Turkey_relations
https://www.timesofisrael.com/liveblog_entry/kuwaiti-daily-israel-rejects-turkish-mediation-prefers-egypt/
https://www.facebook.com/KurdsGlobalTwo/videos/873203384222968/
https://www.facebook.com/messenger_media?attachment_id=649619790650996&message_id=mid.%24cAABa_fyWk22RVrP51WLJW6tPxE0-&thread_id=100045488794601
https://www.facebook.com/messenger_media?attachment_id=543798577920489&message_id=mid.%24cAABa_fyWk22RZydF_2LNeH9SmcVD&thread_id=100045488794601
https://twitter.com/FrankPallone/status/1594468508968124416?fbclid=IwAR1fNjSGhwFolPbIYh6U8WxSs1gDbcbeqFKDCyKv1p54xUWSN4-foIoZTCw
https://www.genocidewatch.com/single-post/genocide-emergency-turkey-s-aggression-in-syria-and-iraq
https://www.hrw.org/news/2022/12/21/iran-brutal-repression-kurdistan-capital
https://www.hrw.org/news/2023/04/25/turkey-pre-election-crackdown-kurds




ئیسلامی سیاسی لەهەلومەرجی ئەمڕۆدا.. حەمید تەقوایی

و: کاوە عومەر

ئینتەرناسیۆناڵ: هەرچەندە بەکار هێنانی دەستەواژەی “ئیسلامی سیاسی” لەم ساڵانەی دواییدا لە زۆرێک لە دەزگا ڕاگەیاندنە نێونەتەوەیەکان و ئەحزاب وڕێکخراوە سیاسیەکانەوە باسکراوە بەڵام هێشتا زۆر بەی دەوڵەت و ڕاگەیااندنەکان هەوڵ ئەدەن خۆپارێزی لە دەستەواژەی ئیسلامی سیاسی بکەن توندڕەوی ئیسلامی و یان دەستەواژەی هاوشێوەی ئەمە بەکار دەهێنن.هۆکارەکەی چیە؟ چ جیاوازیەک لەنێوان ئەم دەستەواژەیەدا هەیە؟

حەمید تەقوایی: زاراوەکانی وەک توندڕەوی یان فاندامیتالیزم (بناژۆخۆازی) ئیسلامی، هەڵبژاردنی سیاسیە ئیسلامییە. ئەم جۆرە ناولێنانانە حسابی بەناو بناژۆخواز نەبوویی هێزوو دەوڵەتە ئیسلامیەکانی هاوشێوەی دەوڵەتی تورکیا و ئەفغانستان و بەگشتی هێزە ئیسلامیە لایەنگرەکانی ڕۆژئاوا و یان ئەوانەی کە دووژمنایەتیان لەگەڵ ڕۆژئاوادا نیە لە تیرۆریزمی ئیسلامی جیا دەکەنەوە.ئامانج لەمەش پاککردنەوەی بەشێک لە بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی و بەکار هێنانیانە لە سیاسەتە ناوچەییەکانی ئەمریکاو دەوڵەتانی ڕۆژئاوادا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەسەر یەکدا شێواودایە. بەهای کەڵک وەرگرتنێکی تری ئەم ئاماژە بە توندڕەوی ئەوەیە کە هێزە ئیسلامیەکان لەسەر بنەمای باوەڕ و لێکدانەوەیان بۆ ئیسلام ڕوون دەکاتەوە، نەک ڕۆڵ و ئامانجە سیاسییەکانیان.سودێک و بەکارهێنانی ئەم لێکدانەوەیەعەقیدەیی-مەکتەبی دەزگاڕاگەیاندنەکان ودەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە تیرۆریزمی ئیسلامی ئەوەیە کە دەورو پێگەی سیاسی ئیسلام کە ئاکامی سیاسەتی دەسەڵاتخوازانەی بۆرژوازی ڕۆژئاواو بە دیاریکراوی چینی دەسەڵاتداری ئەمەریکا لەسەرەتادا لە ڕوبەڕوبوونەوە لەگەڵ کاریگەری سۆڤێت و پاشان بۆ جێگیرکردنی پێگەی خۆی لە دونیای دوای جەنگی سارددا بوو لەبەرچاو وون دەکات و کێشەکە دەداتە پاڵ بنەمای عەقیدەتی هێزە ئیسلامیەکان و ڕادەی توندی و نەرمی بیروباوەڕی ئەوان و دەربڕین و لێکدانەوەیان لە قورئان و شەریعەت بەم شێوەیە دەتوانرێت لێکدانەوەی توندڕەوەکان بۆ ئیسلام بە واقیعی و ڕەسەن نەزانرێت و لەبەرانبەردا ژێر باڵی ئیسلامی “میانڕەو”یان گرت و مەیدانیان دا بە ئەو. ئۆباما و بەرپرسانی حکومەتەکەی تەنانەت لە بەکارهێنانی تیرۆری ئیسلامی و بناژۆخوازی ئیسلامیش خۆیان بەدوور دەگرن و هێزەکانی وەک داعش و قاعیدە و بۆکۆحەرام تەنیا بە تیرۆریست ناودەبەن. ئەوان پێیان وایە ئەمانە ئیسلامی نین، بەڵام دەستیان بەسەر ئاینی ئیسلامدا گرتووە یان “ڕفاندویانە”! حکومەتی ئەمریکا لێکدانەوەی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئیسلام. لێکدانەوەیەک کە دڵی ئیسلامیە هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا نەڕەنجێنێت!

تیرۆریزمی ئیسلامی دیاردەیەکی فیکریی مەکتەبی نییە بەڵکو بزووتنەوەیەکی سیاسییە. ئیسلام وەک سیستەمێکی هزری-عەقیدەیی هەمیشە لە ڕادەبەدەر کۆنەپەرستانە و دژە ژن و دژە کافر و دژە هاوڕەگەزخواز و دژە شارستانییەت و مۆدێرنیزم بووە، بەڵام هەرگیز پێگە و ڕۆڵێکی وای لە سیاسەتی جیهانیدا نەبووە وەک ئەوەی کەلە چوار دەیەی ڕابردوودا هەی بووە. سەید قوتب و ئیخوان موسلیمین لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا ئاڵای ئیسلامیان بەرزکردەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە “رۆژئاواییکردنی” حکومەتی میسر و حکومەتەکانی دیکە لە وڵاتانی ئیسلامیدا، بەڵام تەنانەت لەناو وڵاتی خۆیاندا ڕۆڵێکی پەراوێز و ناکاریگەریان هەبوو. خومەینی نموونەیەکە لە ئێران، کە لە کاتی ناڕەزایەتی دژی چاکسازییەکانی زەویدا ناوی بەرزکرایەوە، بەڵام تا سەردەمی شۆڕشی ١٣٥٧ تەنانەت لە نێو هێزە ئایینیەکانی ئۆپۆزسیۆنی شادا ڕۆڵ و پێگەی ئەوتۆی نەبوو. لە کۆتایی شەڕی سارد و لە کێبڕکێ لەگەڵ سۆڤیەتدا، هێزە ئیسلامیەکان لە ئەفغانستان کە ئەو کات لەژێر دەسەڵاتی سوپای سۆڤیەتدا بوو ، لە ئێرانیش کە لە ڕوانگەی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا، ئەگەری ئەوە هەبوو کە لەگەڵ شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧دا پەیوەندی بە کەمپی سۆڤیەتەوە بکات-بە ڕێگەی دەوڵەتی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی خرانە پیشەوە. تاڵیبان و قاعیدەش دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە دژە کۆمۆنیستیەکانی ئۆردوگای ڕۆژئاوا و دروستکراوی پنتاگۆن بوون و ئەمەش ڕاستییەکە کە بەرپرسانی ئەمریکی وەک هیلاری کلینتۆن لە کتێبی “هەڵبژاردنی سەخت”دا دانیان پێدا ناوە. لەو لایەنەوە سەرهەڵدانی هێز و دەوڵەتە ئیسلامییەکان لەم چەند دەیەی دواییدا وەک دەرئەنجامی زەرورەت و پێویستییە سیاسییەکانی بۆرژوازی جیهانی لەبەرچاو بگیرێت. هەڵوێستی ئەمڕۆی ئیسلامی سیاسی بەرهەمی ستراتیژی دژە کۆمۆنیستی حکومەتی ئەمریکا و ئۆردوگای ڕۆژئاوایە لە هەشتاکان و نەوەدەکاندا و بوشیزم و میلیتاریزمی هەژموونخوازانەی حکومەتی ئەمریکا و ئۆردوگای ڕۆژئاوا لە دوو دەیەی ڕابردوودا.

لەلایەکی ترەوە لە ڕوانگەی بۆرژوازی عەرەبی و هەموو بۆرژوازی وڵاتانی گیرۆدەی ئیسلامەوە، ئیسلامی سیاسی وەسیلەیەکە بۆ بەشخوازی زۆرتر لە ئابوری وسیاسەتی جیهانیدا، بەدیاریکراوی لەگەڵ شکست ودابەش بوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، بە شوێن ئەودا دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ڕێگەی بۆرژوازی ڕۆژئاوا و ئاوارە کردنی ملیۆنان فەڵەستینی پاش جەنگی جیهانی دووهەم، وڵاتانی عەرەبی و بەئیسلامگیراو زیاترو زیاتر خرانە پەراوێزی ئابوری و سیاسەتی جیهانیەوە.

لە سەردەمی شەڕی سارددا ئەم بەشخوازی و جەمسەرگیرییە لە دەوری پرسی فەلەستین دەرکەوت و بە شێوەیەکی سەرەکی بە ناسیۆنالیزمی عەرەبی، بەعسیزم، ناسریزم و بە گشتی هێز و حکومەتەکانی سەر بە ئۆردوگای سۆڤیەت یان لایەنگریان بۆ ئۆردوگای سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نوێنەرایەتی دەکرا. دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، هەمان ئەو هێزە ئیسلامیانەی کە ڕۆژئاوا لە دژی یەکێتی سۆڤیەت بەکاریان دەهێنان، بوونە وەسیلە و هێزی سەرەکی “دادخوازی” فەلەستینییەکان لە دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا و وەسیلەی بۆرژوازی وڵاتە ئیسلامییەکان. بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی ئەمڕۆ دەرئەنجام و بەردەوامی هێرشی ئیسلامییەکانە کە لەلایەن حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاواوە پاڵپشتی دەکران دژی یەکێتی سۆڤیەت لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا. ئەو بزووتنەوەیەی کە بڕیار بوو بە پاڵپشتی پنتاگۆن و سی ئای ئەی و ناتۆ یەکێتی سۆڤیەت لە مەیدان دەربکات، دوای شکستی یەکێتی سۆڤیەت نەگەڕایەوە ماڵەوە. بەڵکو لە دونیای تێکڕژاوی دوای شەڕی سارددا، خۆی وەک داواکارێکی دەسەڵات سەری بەرزکردەوە و ڕووبەڕووی هێزەکانی ڕۆژئاوا بووەوە. لەگەڵ داڕمانی یەکێتی سۆڤیەتدا، وەک مەنسور حیکمەت لە نووسینەکەیدا بەناوی(سەرهەڵدانی خوێناویی نەزمی نوێ جیهانی) لە ساڵی ١٩٩١دا پێشبینی کردبوو، ئۆردوگای ڕۆژئاوا هۆکاری بوونی خۆی و پێگە و هەژموونی خۆی لەدەستدا و بەو هۆیەوە زەمینەی بەشخوازی نەریتی بۆرژوازی عەرەب، ئەمجارەیان لە ڕێگەی هێزە ئیسلامیەکانەوە زیاتر لە پێشوو لە ناوچەکەدا دابینکرابوو. لە لایەکی ترەوە ناسیۆنالیزمی چەپی عەرەبی – ئەلفەتح و بزووتنەوەی جۆرج حەبەش و ناسریزم و بەعسیزم – بەهەمان شێوە لەگەڵ ڕووخانی جەمسەری سۆڤیەتدا پێگەی خۆیان لەدەست دا و مەیدانەکەش کراوەتر و ئامادەتر بوو بۆ سەربەرزکردنەوەی ئیسلامییەکان.
بزوتنەوەی ئیسلامی سیاسی، ئەمڕۆ بەشوین ١١ی سێپتەمبەرو هێرشی بۆ سەر عێراق، و شکستی بۆشیزم و هەژمون خوازی میللیتاریستی ڕۆژئاوا لق ومەیلی جواراوجۆری هێناوەتە ئاراوە بەڵام لە ڕوانگەی سیاسیەوە خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو هێزانە هەر بەوجۆرە داواکردنی بەشە لە بۆرژوازی جیهانی لەگەڵ بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەت و کۆمەڵگەی ئیسلامیدایە.

ئینتەرناسێۆناڵ: سەرهەڵدانی داعش چ گۆڕانکارییەکی لە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدا هێناوەتە ئاراوە؟ چ لە ڕوانگەی دەرەوەی ئەم بزووتنەوەیە و چ لە ناوەوەی ئەم بزووتنەوەیەدا؟

حەمید تەقوایی: بەڕای من سەرهەڵدانی داعش سەرەتای سەردەمێکی نوێیە لە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدا. بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ هاتنی خومەینی بۆ ئێران و تاڵیبان بۆ ئەفغانستان خۆی وەک دیاردەیەکی حکومی دەربڕی، بەڵام دوای ١١ی سێپتەمبەر و دوابەدوای هێرش بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق، هێزە ئیسلامییەکانی وەک قاعیدە و دەستەوتاقمە شیعە و سوننەکان لە عێراق براونەتە پێشەوە. لەم ماوەیەدا ئیسلامی سیاسی بە پلەی یەکەم وەک هێزێکی تیرۆریستی دژە ئەمریکی سەریهەڵدا، نەک وەک حکومەت و سیستەمێکی حکومەت لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا.

پاش ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، ئۆردوگای ڕۆژئاوا پێویستی بە دوژمنێکی نوێ بوو بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی لە جیهانی دوای جەنگی سارددا جێگیر بکات، “میحوەرێکی شەڕ” ئیسلامی لەبری “ئیمپراتۆریەتی شەڕ”ی ڕووسیا، هێزە ئیسلامییەکانیش باشترین کاندید بوون بۆ ئەوەی ئەم ڕۆڵە بگێڕێت. لەو پێگەیەدا ئیسلامی سیاسی لە بنەڕەتدا نەک وەک هێزێکی حکومەت، بەڵکو وەک دوژمنێکی دڕندە کە جگە لە هێرشکردنە سەر ئۆردوگای ڕۆژئاوا و بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوا هیچ ئامانجێکی تری نییە، و هێزێکی وەک قاعیدە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکانی وەک ١١ی سێپتەمبەر و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی جۆراوجۆر و دانان وتەقاندنەوەی بۆمب لە پایتەختەکانی ئەوروپا و هتد بە تەواوی لەگەڵ ئەم وێنەیەدا دەگونجێت. تەرکیزی ستراتیژ و پڕوپاگەندەی ئەلقاعیدە دژایەتیکردنی ئەمریکا و دامەزراندنی حکومەتی ئیسلامی نەبوو. قاعیدە هەرگیز ئیدیعای دەسەڵاتی نەکرد و ئوسامە بن لادن تا ئەو ڕۆژەی کوژرا تەنانەت یەک لەدەش ژێر دەسەڵاتی نەبوو.

ئەم هەلومەرجانە بە زەمینەسازیی ماشێنی جەنگی ئەمریکی لە عێراق و ئەفغانستان و شکستی بوشیزم و ستراتیژی هەژموونی میلیتاریستی گشتی – کە خۆی ڕەنگدانەوەی داڕمانی وۆڵ ستریت بوو لە ساڵی ٢٠٠٨ و بن بەستوو و بێئعتیباری فریدمانیزم و نیوکۆنسێرڤاتیزم بە تەواوی گۆڕا. شکستی بوشیزم و هەژموونی ئەمریکا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بە هۆی هێرش و دەستێوەردانی سەربازیی ڕۆژئاوا بە تەواوی تێکچووبوو، بووە هۆی ئەوەی جۆرێک لە ئەڵتەرناتیڤی سیاسی و بۆشایی دەسەڵات لە ناوچەکەدا دروست ببێت. جۆرێک لە “فەزای کراوە”ی سیاسی بۆ بۆرژوازی ناوچەکە دروست بوو و حزب و بزووتنەوە و هێز و حکومەتە سیاسییەکان – تەنانەت ئەوانەشی کە لە نێو هاوپەیمانە تەقلیدییەکانی ڕۆژئاوادا هەژمار دەکران، هەلومەرجی بۆ ئیدیعاکارانی دەسەڵاتیان لە ناوچەکەدا دەبینی . ڕیزبەندیەکان و یاریدەدەرە سیاسیە نوێیەکان لە نێوان ئەو هێز و حکومەتانەدا دروست بوو و هەژموونی ئەمریکا و ئۆردوگای ڕۆژئاوا جێگەی خۆی بە کێبڕکێی بلۆکە ناوچەییە نوێیەکان دا بۆ دەستەبەرکردنی هەژموونی ناوخۆیی خۆیان (دیارترین نموونە: تورکیا-سعودیە- ئیمارات لە دژی بلۆکی ڕووسیادا-کۆماری ئیسلامی-ئەسەد-حزبوڵڵا).

داعش دەرپەڕیووی ئەو هەلومەرجەیە. بە واتایەکی تر، ئەوەندەی پەیوەندی بە چوارچێوەی سیاسەتە بۆرژوازییەکانی ڕۆژئاواوە هەیە، ئەلقاعیدە بەرهەمی تەماحە میلیتاریستییە هەژموونییەکانی ئەمریکایە و داعش بەرهەمی شکستی ئەم سیاسەتەیە. لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و سیاسەتی بۆرژوازی لە ناوچەکەدا، داعش هێزێکە کە لە کێبڕکێی نێوان بلۆکەکانی ناوچەکەدا دەهێنرێتە پێشەوە. لە ستراتیژی داعشدا، بە پێچەوانەی قاعیدە، جوگرافیای سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی سەرەکی و دژایەتیکردنی ئەمەریکا پرسێکی لاوەکییە. زۆربەی ئۆپراسیۆنە تیرۆریستییەکانی داعش لە وڵاتانی ئیسلامی و دژی خەڵک و حکوومەت لەو وڵاتانە ئەنجام دراون. (نوێترین نموونەکان کە دوای بانگەوازەکەی داعش بۆ سزادانی کافرەتەکان لە کاتی ڕەمەزاندا: هێرشە تیرۆریستییەکان لە ئەستەنبوڵ، سێ هێرشی خۆکوژی لە سعودیە، لەنێویاندا هێرشکردنە سەر گۆڕی محمد لە مەدینە، تەقینەوەیەک لە مۆڵێکی بازرگانی لە بەغداد بوو، دوو هێرش لە بەنگلادیش بۆ سەر ڕێوڕەسمی نوێژی جەژن). پێدەچێت ئەم کردانە لە ئایدۆلۆژیای توندڕەوی داعشەوە دژ بە مورتەدەکان (ئەو موسڵمانانەی باوەڕیان بە ئیسلامی داعشی جۆری نییە) ئەنجام بدرێت و پڕوپاگەندەی داعشیش جەخت لەسەر کوشتنی کافر و لادەرەکان دەکاتەوە، بەڵام ئەم سیاسەت و پراکتیزەیەی داعش بەتەواوی سیاسییە . ئامانجی ڕاگەیەندراوی داعش دامەزراندنی خەلافەتێکی ئیسلامییە و ئەمەش پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەتە خۆجێیەکان هەیە بۆ داگیرکردنی خاکەکە و جێگیرکردنی دەسەڵاتەکەی لە جوگرافیایەکی سیاسیدا لە ناوچەکەدا. لەم ستراتیژەدا دوژمنە ڕاستەوخۆکان بریتین لە حکومەتەکان و هێزە سیاسییەکان لە وڵاتانی ئیسلامی لە ناوچەکەدا- و حکومەتەکانی ڕۆژئاواش لەوێ وەک هاوپەیمان و بەرگریکاری ئەم دوژمنە ناوخۆییە پەروەردە دەکرێن- و هەربۆیە ئایدۆلۆژیا و تیۆرێک پێویستە کە لادەرەکان – حکومەتەکان بن و هێزە ئیسلامییەکانی دیکە لە ناوچەکەدا وەک دوژمنی سەرەکی بناسێنێت-.

لە چوارچێوەی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدا، سەرهەڵدانی داعش یەکڕیزییەکی نوێی لە نێوان هێزە ئیسلامییەکان دروستکرد. لێرەشدا وا دەردەکەوێت – و زۆربەی میدیا و چاودێرانی سیاسیش بەم شێوەیە ڕوونی دەکەنەوە- کە بنەمای کێشەکە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئایدیۆلۆژییە لە نێوان سوننە و شیعە، یان لەنێوان ئیسلامی تەکفیری داعش و لقەکانی دیکەی ئیسلامدا. بەڵام ئەمە ڕیزبەندییەکی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو بەتەواوی سیاسییە و چاودێری ئامانجە جیاوازەکانی حکومەت و هێزە ئیسلامییە جیاوازەکانی ناوچەکە دەکات. هۆکاری ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی یان حیزبوڵڵا لەگەڵ داعش، فراوانبوونی نفوز و ناوچەکانی ژێر کاریگەری ئەو هێزانە لە عێراق و سوریا و لە ئەنجامدا لە دەستدانی نفوزی کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانیەتی لەم دوو وڵاتە و لە تەواوی ناوچەکەدا. جیاوازی ئایدیۆلۆژی و لێکدانەوە جیاوازەکانی ئیسلام لە نێوان ئەم دوو لقە ئیسلامییە سیاسییەدا لەو کێبڕکێ و جیاوازییە سیاسییەوە سەرچاوەی گرتووە و بە پێچەوانەوە نییە. لەماوەی یەک دوو مانگی ڕابردوودا، بەهۆی لەدەستدانی هەندێک شار و ناوچەی ژێر کاریگەریی خۆی لە عێراق و سوریا، داعش زیاتر لە پێشوو پەنای بۆ ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە وڵاتانی جیاجیا بردووە، هەروەها کۆمەڵکوژی ئۆرلاندۆ و ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی وڵاتانی ئیسلامی کە لە سەرەوە باسم کرد ڕاستەوخۆن و یان ناڕاستەوخۆ هۆکاری ئەم سیاسەتە ڕاگەیەندراوەی داعش بووە، بەڵام تەنانەت مەبەست لەم ئۆپەراسیۆنە پاراستنی دەسەڵات و هەرێمەکەی ژێر دەسەڵاتی خۆیەتی لە ناوچەکەدا و لێنەدان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان حکومەتەکانی ڕۆژئاوا ، کە ئامانجی هێزە ئیسلامییەکانی وەک قاعیدە بووە لە قۆناغی پێشوودا.
خاڵێکی دیکە کە پێویستە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە سەرەڕای جیاوازی و یەکڕیزی نوێ لە نێوان هێزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدا، ئەم هێزانە لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە دژایەتی ئەو مۆدێرنیزم و شارستانییەتە دەکەن کە ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی دەکرێت و بەتایبەتی لە ڕووی سیاسییەوە لە وبەشخوازی ئابووری و سیاسەت لە ئاستی جیهانیدا بە یەک ئاراستە و پێکەوەن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە هەموویان وەک ڕەوتی جیاواز لە یەک بزووتنەوەدا هەژمار بکرێن، کە ئەویش بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسییە. داعش لە دژایەتی کۆماری ئیسلامی و حزبوڵڵا و ئەلقاعیدە دروست نەبووە، بەڵکو لە درێژەی ئامادەبوون و چالاکی سیاسییان و لە چوارچێوەی هەلومەرجی سیاسی نوێدا دروست بووە، کە وەک ئاماژەم پێدا لەسەر بنەمای شکستی میلیتاریزمی هەژموونیخوازی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بوو بوو.پێکهات و برایە پێشەوە بەڕای من داعش نوێنەرایەتی پێشکەوتنی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی دەکات لە قۆناغی هێزی گوشاردا بۆ سەر حکومەتی ئەمریکا و بۆرژوازی ڕۆژئاوا بە گشتی تا قۆناغی پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی. تاڵیبان و کۆماری ئیسلامی دوو نموونەی دیکەی دەوڵەتانی ئیسلامی بوون، بەڵام لە دڵی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە دروست نەبوون. بەڵکو هەردووکیان لە ئەنجامی سیاسەتەکانی حکومەتی ئەمریکا و کاردانەوەی تەواوی بۆرژوازی ڕۆژئاوا لە ڕووبەڕووبوونەوەی نفوزی سۆڤیەت لە ئەفغانستان و لە دژی شۆڕشی ١٣٥٧ لە ئێراندا بەدەسەڵات گەیشتن. داعش نوێنەرایەتی گەڕانەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەکات، ئەمجارەیان لەسەر زەوی و لەئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئیسلامییەکان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەلومەرجی دوای ١١ی سێپتەمبەر و هێرش بۆ سەر عێراق و ئەفغانستان. بە پێچەوانەی کەیسی ئێران و ئەفغانستان، حکومەتی داعش بەرهەمێکی ناڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە – شکستی هەژموونی سەربازی ڕۆژئاوا لە دوای جەنگی سارد – و دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی حکومەت و هێزە ئیتنیکی-ئیسلامییە هەوساربچڕاوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. ئاڵا و بانگەشەی “خەلافەتی ئیسلامی” کە داعش هەڵیکرد، دەرکەوتنێکی ڕوونی ئاسۆی بنەڕەتی و ئاراستە و ناسنامەی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسییە، واتە بەدواداچوون بۆ پشکێک لە جیهانی ژێر دەسەڵاتی بۆرژوازی ڕۆژئاوادا. ئەو ئامانج و ئاسۆیەی کە ڕۆژانێک یاسر عەرەفات بەو دەستەواژەیە خستیەڕوو کە ئێمە دەمانەوێت شەریکی ڕۆژئاوا بین نەک خزمەتکاری ڕۆژئاوا.

ئەوەندەی پەیوەندی بە جەماوەری خەڵکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە هەیە، دەرئەنجامی ئەم بەرزبوونەوەی تیرۆری جۆری ئەلقاعیدەیە بۆ تیرۆری جۆری داعش شتێك نەبووە جگە لە تاوان و دڕندەیی زیاتر و کارەساتبارترین کوشتار و کۆمەڵکوژی لە مێژووی هاوچەرخدا. لەم ڕوانگەیەوە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ڕیزبەندییە ناوخۆییەکانی ئیسلامی سیاسیدا نییە.

ئینتەرناسیۆناڵ: هەروەک ئاماژەت پێدا حکومەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی ڕۆڵێکی گرنگیان لە پێکهێنانی ئەم بزووتنەوەیەدا هەبووە، هەر لە هاوکاریکردنی کۆماری ئیسلامییەوە تا سەرهەڵدانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و سەرهەڵدانی داعش. ئایا دەکرێت ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و داعش بە دەرکەوتێکی دیکەی شەڕی تیرۆریستی هەژمار بکرێت؟

حەمید تەقوایی: مەنسور حیکمەت و حزبی ئێمە ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەتی ئەمریکا و ئۆردوگای ڕۆژئاوا لەگەڵ هێزە ئیسلامییەکاندا لە دوای ١١ی سێپتەمبەر بە شەڕی تیرۆریستان ناوبرد. تیرۆری سەربازیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە لایەک و تیرۆری ئیسلامی لە لایەکی تر. بەڵام ئێستا لەبەردەم بارودۆخی جیاوازداین.

هەموو شەڕێک درێژەپێدەری سیاسەتە، شەڕی تیرۆریستانیش لە درێژەی ئەو ئامانج و سیاسەتانەدا ڕوویدا کە لە سەرەوە ڕوونم کردەوە. واتە لە درێژەی سیاسەتی هەژموونگەریی ئۆردوگای ڕۆژئاوا و لە سەرەکیدا حکومەتی ئەمریکا و بۆرژوازی لە هەلومەرجی دوای شەڕی سارد، لە لایەک و بۆرژوازی ناوچەیی، پشتیان بەو هێزە ئیسلامیانە بەستووە کە بوون لە لایەکی دیکەوە دوای داڕمانی ئۆردوگای سۆڤیەت پاڵیان پێواوە بۆ دواوە.

بارودۆخی ئەمڕۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و داعش لە درێژەی شەڕی تیرۆریستەکاندا ڕوودەدات، بەڵام لە ناو هەلومەرجێکی تەواو جیاوازدا. لە سەردەمی سەرهەڵدانی داعشدا، دە ساڵ دوای ١١ی سێپتەمبەر، هەردوو جەمسەری ئەم شەڕە لە هەلومەرجێکی تەواو نوێدا بوون. میلیتاریزم و نیوکۆنسێرڤاتیزم لە ڕۆژئاوادا گەیشتبووە کۆتایی هێڵەکە و بوشیزم و سیاسەتی “ئێوە لەگەڵ ئێمەن یان لەگەڵ تیرۆریستان” جێگەی خۆیان بە ئۆبامایزم و سیاسەتی “دەستتان بکەنەوە تا بتوانین دەستی یەک بگرین”. “. لە دۆخێکی وادا داعش بۆ وەڵامدانەوە بە بوشیزم و سیاسەتی هێرشی سەربازی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتانی ئیسلامی ، کە شکستی هێنابوو و لەمەیدان چوو بوویە دەرێ، بەڵکو بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی دەسەڵاتەی کە ئەم شکستە لە ناوچەکەدا ، بەتایبەتی لە عێراق و سوریادا دروستیکردبوو.سەریهەڵداو و برایە پێشەوە. لە ڕوانگەی حکومەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە ئامانجی شەڕەکەیان دژی داعش هێرش نییە بۆ دەستەبەرکردنی هەژموون لە جیهانی دوای جەنگی سارددا، بەڵکو ئامانجی پاسەوانیە لەپێناو لەدەستنەدانی کۆنترۆڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەستەمۆکردن و پەیوەست کردنی دەوڵەتەکان و هێزە ئیسلامی و نەتەوەییەکانەوە.لە چوارچێوەی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانیاندا لە ناوچەکەدا. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ڕووسیا لە دەیەی ڕابردوودا یاریزانێکی سەرەکی بووە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دوای ئەوەی بارودۆخی ناوخۆی خۆی جێگیر کرد و بەدەستەوە گرتنی لوتکەی دەسەڵاتی لەلایەن ناسیۆنالیزمی گەورەیخوازی ڕووسیا کە پوتین نوێنەرایەتی دەکات، و یەکێکە لە ئامانجێکی ڕۆژئاوا لەم دۆخەدا ڕێگریکردنە لە کاریگەری و ڕووسیا و لایەنگرانی بلۆکەکەی ودەسەڵات وەرگرتنی زیاتر لە ناوچەکەدا. لەم ڕوانگەیەوە ئامانجە سیاسییەکانی پشت شەڕی ڕۆژئاوا لەگەڵ داعش جیاوازن لە ئامانجە سیاسییەکانی شەڕی تیرۆریستی. لە ڕوانگەی داعشەوە، ئەمە شەڕێکە ڕاستەوخۆ لەسەر دەستخستنی ناوچەکانی نفوز، و دامەزراندنی حکومەتی ئیسلامی لە جوگرافیایەکی سیاسی و دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی لە ناوچەکەدا.

ئەم جیاوازییانە پێکهاتەی هێزەکانی بەشداری لەم شەڕەشدا گۆڕیوە. ڕووسیا، تورکیا، سعودیە، سوریا، ئێران ڕۆڵیان نەبوو لە لەشکرکێشی سەربازی حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ عێراق و ئەفغانستان، بەڵام لە شەڕی بەردەوامی ئۆردوگای ڕۆژئاوا و داعشدا، هەموو ئەم حکومەتانە تێوەگلاون و… ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. ئەمە چیتر شەڕێک نییە بۆ دەستەبەرکردنی هەژموونی ڕۆژئاوا لە بەرگی وەڵامدانەوەی ئەنجامدەرانی کارەساتی ١١ی سێپتەمبەردا. بەڵکو شەڕێکە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بلۆکە جیاوازەکان – ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، ڕووسیا، دەوڵەتی ئیسلامی داعش، سعودیە و کۆماری ئیسلامی، تورکیا و ئیمارات، و هێزە ئیسلامییە نەتەوەییەکانی دیکە لە عێراق و سوریا، لەو بۆشاییەی دەسەڵاتدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بووە. هەروەها ئەم شەڕە لە هەردوو لاوە کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانیە و جیهانی شارستانی تێیدا نوێنەرایەتی نییە، بەڵام جیاوازە لە شەڕی تیرۆریستی. ئەمە شەڕی نێوان بۆرژوازی ڕۆژئاوا ڕوسیای و حکومەت و هێزە ئیسلامییە نەتەوەییەکانی ناوچەکەیە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێموایە شەڕی دەسەڵات ناوێکی باشترە بۆ وەسفکردنی تا شەڕی تیرۆریستان.
ئیسلامی سیاسی لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا.

ئینتەرناسیۆناڵ: پێگەی کۆماری ئیسلامی لە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدا چییە؟ مەنسوور حیکمەت ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو کە بە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی قۆناغی ئاوابوونی ئیسلامی سیاسی دەست پێدەکات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشهاتە زۆرانەی کە لەم بزووتنەوەیەدا لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویانداوە، لەوانەش سەرهەڵدانی داعش، ئایا ئەم شرۆڤەکارییە هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە؟ ئایا کۆماری ئیسلامی هێشتا ئەم پێگەیەی لەم بزووتنەوەیەدا هەیە؟

حەمید تەقوایی: بە بڕوای من تا ئێستاش کۆماری ئیسلامی پایەیەکی گرنگی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسییە. بێگومان پێگەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و لە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدا لاواز بووە، بەڵام پێگەی خۆی وەک یەکەمین حکومەتی ئیسلامی لە وڵاتێکی گرنگ لە ناوچەکەدا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
پێویستە ئاگامان لە ئەوە بێت کە کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی حکوومەتی تاڵیبان یان خەلافەتی ئیسلامی ئەمڕۆی داعش، بەدوای شۆڕشێکی جەماوەری و بەلاڕێدابردن و شکست پێهێنانی ئەو شؤرشە گەیشتە دەسەڵات. ئەمە ئەو ڕێژیمەیە کە بە ئاڵای ئیسلام و شۆڕشی ئیسلامی شۆڕشێکی گەورەی تێکشکاند و هەژموونی سەرمایەداری لە ئێراندا کە بەهۆی شۆڕشی ١٣٥٧ەوە بە تووندی کەوتە بەر مەترسییەکی جددیەوە پاراستووە. کۆماری ئیسلامی تاکە ئەڵتەرناتیڤی بۆرژوازی ئێران و جیهان بوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی شۆڕشی ١٣٥٧ و تا ئەمڕۆش وڵاتانی ڕۆژئاوا و چینی دەسەڵاتداری ئێران هیچ بەدیلێکی دیکەی حکوومەتیان نییە. هێزە ئیسلامییەکانی دیکە لە حکومەت و لە ئۆپۆزسیۆندا، لە داعش، تاڵیبان، ئەلقاعیدە تا حیزبوڵڵا، بۆکۆحەرام، حەماس، جەبهەت نوسرە و هتد، مێژوو پێشینەو پێگەیەکی ئاوەهایان نییە.
ئه مڕۆ له بزووتنه وه ی ئیسلامی سیاسیدا ڕیزبەندی نوێ پێکهاتووه و به دیاریکراوی داعش و کۆماری ئیسلامی سەر به دوو بلۆکی ڕکابه ر و دژبه ره کانن له م بزووتنه وه یه دا، به ڵام ئه م جیاوازییه ، وه ک له سەرە وه ڕوونم کردۆته وه تاکتیکییه و ئه نجامی ململانێی دەسەڵات و بەدەستهێنانی باڵا دەستیە لە هەلومەرجی بەسەر یەکدا ڕژاوی ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەوەندەی پەیوەندی بە ئاسۆ و ستراتیژی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسییەوە هەیە، واتە بەشداریکردن لە ئابووری و سیاسەتی جیهانی و دانپێدانان وەک نوێنەر و حکومەتی بۆرژوازی لە وڵاتانی ئیسلامیدا، داعش و کۆماری ئیسلامی لە یەک جۆرن. لە ڕوانگەی سەپاندنی یاسا لەڕادەبەدەر کۆنەپەرستانەکانی ئیسلامەوە، هەریەکەیان بە لێکدانەوە و دەربڕینی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا و دژایەتیکردنی تەمەدن و شارستانییەت و مۆدێرنیزم لە جەوهەردا جیاوازییان نییە. کۆماری ئیسلامی نوێنەرایەتی مۆدێلێکی حکوومەت دەکات کە لە بنچینە و ناسنامەی خۆیدا مۆدێل و ئیلهامبەخشی هێزە ئیسلامییەکانە لە لقە جیاجیاکانی بزووتنەوەی ئەوپەڕی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسیدا.
لە هەمان کاتدا ئەم پێگە تایبەتەی کۆماری ئیسلامی بەو مانایەیە کە ڕووخانی ئەم حکومەتە کاریگەری یەکلاکەرەوەی لەسەر چارەنووسی تەواوی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی دەبێت. ڕووخانی حکومەتێکی ئیسلامی بە هێزی شۆڕشی خەڵک بەتەواوی لاپەڕەکە بە قازانجی بزووتنەوەی ڕزگاربوون لە هەژموونی ئایین و چەپ و عەلمانییەت دەگۆڕێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە زیاتر لە سێ دەیە حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی بزووتنەوەیەکی بەردەوام و بەرفراوانی چەپ، ئینسانی و عەلمانی لە ئێراندا پێکهێناوە کە دەتوانێ وەک مۆدێل و ئیلهام بۆ جەماوەری خەڵک لە وڵاتانی ئیسلامیدا سەیر بکرێت. جگە لەوەش، سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش بۆ شۆڕشەکانی ناوچەکە، ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٣٨٨ لە ئێران بوو. بە بڕوای من ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە هێزی شۆڕشی خەڵک تیری ڕزگار بوون دەبێت لە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و هەموو هێزەکانی ئەم بزووتنەوەیە تەنانەت ڕێکخراو و حکومەتە ئیسلامییە دژبەر و ڕکابەرەکانی کۆماری ئیسلامیش بە توندی لاواز دەکات و دەیانباتە لێواری کەوتنە خوارەوە.

ئینتەرناسیۆناڵ: باست لە ڕۆڵی ئیسلامی سیاسی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەم بوارەدا کرد. ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی چینی دەسەڵاتدار لە ڕۆژئاوا قابیلی تێگەیشتنە، بەڵام لقە جیاوازەکانی ئیسلامی سیاسیش لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا چالاکن و ئیمتیازێکی زۆریش دراوە بە ڕەوتە ئیسلامییەکان، لەوانەش یاساکانی شەریعەت و دادگای ئیسلامی لە هەندێک وڵاتی ئەوروپی. ئەمڕۆ ئەم دیاردەیە بووەتە هەوێنی چالاکیی تیرۆریستی لە ئەوروپا و ئەمریکادا. بەرژەوەندی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەم بوارەدا چی بووە؟ تا چەند ئەم مەترسییەیان زانیوە؟

حەمید تەقوایی: هێورکردنەوە و ئیمتیازدانی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا بۆ بزووتنەوە ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتانە دەکرێت لەسەر دوو ئاستی سیاسی-تاکتیکی و ستراتیژی ڕوون بکرێتەوە. لە ڕوانگەی تاکتیکییەوە، ئامانجی ئەم سیاسەتە بەهێزکردنی ئەو هێزە ئیسلامیانەیە کە دوژمنایەتی ڕۆژئاوا نین، هەر بۆیەش بە “میانڕەو” ناودەبرێن، بەرامبەر بە هێزە ئیسلامییە دژە ڕۆژئاواییەکان. بە بڕوای حکومەتە ڕۆژئاواییەکان، تیرۆر دەرئەنجامی ئیسلامی توندڕەو یان بناژۆخوازییە، هەر بۆیە ئەو حکومەتانە هەوڵی پوچەڵکردن و لاوازکردنی تیرۆریزمی ئیسلامی دەدەن بە بەهێزکردن و دانپێدانان بە حکومەت و ئەو هێزە ئیسلامییانەی کە ڕاستەوخۆ دەستیان لەکارە تیرۆریستییەکاندا نییە. لەم ڕوانگەیەوە تەنیا تەقینەوە و ئۆپەراسیۆنی خۆکوژی یان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تیرۆر دادەنرێت. لەم ڕوانگەیەوە تیرۆریزم لە شوێنی لەدایکبوونیدا نابینرێت، وە دڕندەیی و تاوانکاریی ڕۆژانەی حکومەت و هێزە ئیسلامییەکان بەرامبەر بە خەڵک لە وڵاتانی ئیسلامیدا – بۆ نموونە لە پێوەندی لەگەڵ هەڵاواردنی گەورەی دژ بە ژنان، یان جێبەجێکردنی یاساکانی تۆڵەسەندنەوە و لە سێدارەدانی هاوڕەگەزبازان، و کارەساتەکانی تر کە پشت بە یاسا ئیسلامییەکان دەبەستن لە ئێران و وڵاتانی دیکەی بەئیسلامیکراودا ڕۆژانە بەردەوامە – بە تیرۆریزمی ئیسلامی نازانرێت. ئەم تاوانانە تەنیا لەو کاتەدا باس دەکرێن کە تاوانباران لە ڕووی سیاسییەوە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بن – واتە توندڕەو بن – و زۆرترینیان وەک تێبینییەک لە ئیدانەکردنی ئیسلامی توندڕەودا. ئەگینا سیاسەتی تاوانکاریی دۆستەئیسلامییەکانیان یان نادوژمنانە لەگەڵ ڕۆژئاوادا بەرامبەر بە خەڵکی کۆمەڵگا ئیسلامی کراوەکان، نەک هەر نموونەی تیرۆریزم نیە، بەڵکو وەک بەشێک لە فەرهەنگ و بیروباوەڕی ئیسلامی خودی خەڵک بە تەواوی ڕەوا پێ ئەدرێت و پشتگوێ دەخرێن. نەرمی نواندن و بەگرنگ وەرنەگرتن و تەنانەت چاوپۆشیکردن لە کوشتنی شەرەف لە وڵاتانی ئەوروپا یان داننان بە یاسا و دادگاکانی شەریعەت بۆ کۆچبەرانی وڵاتانی ئیسلامی و قبوڵکردن و پێشخستنی موفتی و ئیمام و شێخ و ئایەتوڵڵا وەک نوێنەری “کۆمەڵگەی موسڵمان” لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەمووی لەم سیاسەتەوە سەرچاوە دەگرێت لە سنووردارکردنی تیرۆری ئیسلامی لە دژایەتی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و ئارامکردنەوە و تەنانەت بەهێزکردنی باقی هێزە ئیسلامییەکان.
لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە سازش و پەیوەندیی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا و پێویستە بگوترێ بۆرژوازی جیهانی لەگەڵ هێزە ئیسلامییە “میانڕەوەکان” و بەرەوپێشبردن و چالاککردنیان لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا ڕەنگدانەوەی ئەو هەڵوێستەیە کە تیۆری ڕێژەیی کولتووری و دابەشبوونی کۆمەڵگاکان بەسەر مۆزایکێکی ئایین و نەتەوە و میللەتە جیاوازەکاندا دۆزیویەتیەوە. بۆرژوازی سەدەی هەژدەهەم لەگەڵ جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و هەمان ماف و یاسا بۆ هەموو هاووڵاتیان بەبێ گوێدانە ئایین و نەتەوە و ڕەگەزەکەیان بوو و تەنانەت نەتەوەیش، بۆ بۆرژوازی فەرەنسی دوای شۆڕشی گەورە،لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون پێناسە دەکرا و نەک شوێنی لەدایکبوون. بەڵام بە خێرایی – لە دوایین دەیەی سەدەی هەژدەهەمەوە – ئەم ڕەوتە پێچەوانە بووەوە، چونکە بەرژەوەندیی بۆرژوازی تازە دەسەڵاتدار، وای دەخواست کە بە خێرایی پاشەکشە بکات لە بیرۆکە ڕادیکاڵەکانی دژی فیۆدالیزم و فەزای زیاتر بۆ ئایین و نەتەوە و نەژاد لە بۆچوون و سیاسەتەکانیدا بکاتەوە . لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی سیاسییەوە، تیۆری پۆستمۆدێرنیزم و ڕێژەگەرایی کولتووری، کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا پێشنیار کرا و لەمڕۆدا بۆتە تیۆرێکی جەماوەری، جۆرێکە لە پاشەکشەکردن لە کۆمەڵگە مەدەنییەکان (کۆمەڵگەلێک کە لە هاووڵاتیان پێکهاتوون بە مافی یەکسان سەربەخۆ لە ئایین و ڕەگەز و نەتەوە و شوێنی لەدایکبوون) بۆ کۆمەڵگا ئایینی-نەتەوەیی-قەبیلەکانی سەدەکانی ناوەڕاست. لەم تیۆرەدا ناسنامە و بەها جیهانیە ئینسانیەکان لەژێر ناونیشانی جیاوازی نێوان کولتوور و بیروباوەڕ، نەریت و بیروباوەڕی تاکەکان و ڕێژەیی ئەم بەهایانە ڕەتدەکرێتەوە و کۆمەڵگا کورت دەکرێتەوە بۆ دیاردەیەکی چەند پارچەیی کە لەم کولتوور و بەها جیاوازانەدا کورت دەکاتەوە. ئەم بۆچوونە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و سەربەرزکردنەەی هێزی ئایینی و قەومی و عەشیرەتی لە کۆمارەکانی پێشووی سۆڤیەت و لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، بوو بە تێڕوانین و فەلسەفەی سیاسی باڵادەستی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد. لەسەر بنەمای ئەم ڕەوتی بۆدواوەگەڕانەوەو پاشەکشەکردنە لە فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کە ئەمڕۆ ئایین و نەتەوە و ڕەگەزپەرستی پاڵیان پێواوەنراوە بۆ پێشەوە و لە سیاسەتی پراکتیکی حکومەتەکان و حزبە بۆرژوازییەکاندا جێگەیەکی گرنگیان دۆزیوەتەوە. لە ئاستێکی بنەڕەتیدا، برەودان بە حیجاب، کوشتنی شەرەف، قوتابخانە ئیسلامییەکان، مزگەوتەکان، شێخەکان، ئیمامەکان، موفتیەکان و هتدلە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا بەرهەم و دەرئەنجامی ئەم پاشەکشەیەی بۆرژوازی جیهانییە بۆ سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست. لێرەدا ئیتر مەسەلەکە تەنها مەسەلەی گرتنەبەری تاکتیکی گونجاو نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدا، بەڵکو ئێمە لەبەردەم پاشەکشەی تەواوەتی بۆرژوازی جیهانیداین لە کۆمەڵگەی مەدەنی و مەدەنیەت وەک دەستکەوتێکی جیهانی لەسەر ئاستی تیۆری-ستراتیژی . سازش و ئارامگرتن لەگەڵ هێزە ئیسلامییەکان لە ڕۆژئاوا تاکتیکێکە کە لەسەر بنەمای دەق و لە چوارچێوەی تیۆری ڕێژەگەرایی کولتووری و نکۆڵیکردن لە پرەنسیپی مافی یەکسان بۆ هەموو هاووڵاتیان مومکینە.
ئەم تیۆرە بناغەی چالاکی ئیسلامییە “میانڕەوەکان” بووە لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا و بە تەواوی لەگەڵ دیدگا و ئایدۆلۆژیای تەواوی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدا دەگونجێت. خۆپاراستن و مافی بێ پاساوی حکومەتەکانی وەک کۆماری ئیسلامی بەو نازناوەی کە کۆمەڵگای ئێران ئیسلامییە و زۆرینەی خەڵک موسڵمانن، یان تەنانەت ڕەوایەتیدان بەو خەلافەتە ئیسلامییەی کە داعش لە وڵاتانی “ئیسلامی”دا ئیدیعای دەکات، تەنیا لە چوارچێوەدا لە ڕێژەگەرایی کولتووری و پاشەکشەکردن دیدگا و فەلسەفەی سیاسی-حکومی بۆرژوازی دەتوانێت لە هەموو جیهاندا ڕووبدات. ئەگەر خەڵکی کۆچبەری وڵاتانی ئیسلامی لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئینگلتەرا واتە “بەشی ئیسلامی” کۆمەڵگەیەکی پۆستمۆدێرنیستی فرە چین، ڕێگەیان پێبدرێت بەپێی یاساکانی شەریعەت بژین، هێزێکی وەک داعش یان کۆماری ئیسلامیش مافی سەپاندنی هەیە ئەم یاسایانە لەسەر تەواوی کۆمەڵگایەک با ئیسلام حوکم بکات. ڕێگایەکی دوور نییە لە ناساندنی ئیمامی مزگەوتی فرانکفۆرت وەک نوێنەری موسڵمانانی نیشتەجێی ئەم شارە بۆ ناساندنی داعش وەک نوێنەری موسڵمانانی عێراق و سوریا.
حکومەتەکانی ڕۆژئاوا هەوڵدەدەن دوو لقی ئیسلامی سیاسی “توندڕەو” و “میانڕەو” جیاواز بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئیسلامی “میانڕەو” بەرهەمی هەمان تیۆری و سیاسەتی بۆرژوازییە کە ئیسلامی توندڕەویان لە قاڵب داوە و پاڵیان پێوەناوە بۆ پێشەوە. پۆستمۆدێرنیزم و نکۆڵیکردن لە کۆمەڵگەی مەدەنی و بەها مرۆییە گشتگیرەکان ئەو ڕێبازە سیاسیەیە کە هەموو بەشە جیاوازەکانی بۆرژوازی لە دونیای ئەمڕۆدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە حکومەتەکان و بیرمەندانی بۆرژوازی لە ڕۆژئاوا و حکومەت و هێزە ئیسلامییە توندڕەو و میانڕەوەکان. بۆیە پێویستە بڵێین نەک تەنها لە ڕوانگەی سیاسی و تاکتیکییەوە، بەڵکو لە ئاستی ستراتیجی و لە ڕوانگەی فەلسەفە و عەقیدەی کۆمەڵایەتی-سیاسیشەوە، ئیسلامی سیاسی، بە هەموو لق و پۆپ و بلۆکە ناوخۆییەکانیەوە، بەرهەمی پاشەکشەی بۆرژوازی جیهانییە.
لە پراکتیکدا “ئیسلامی میانڕەو” تەواوکەرە و دیوەکەی تری دراوەکەی “ئیسلامی توندڕەو”ە لە وڵاتانی ئیسلامیدا. ئەمڕۆ چالاکی هێزە ئیسلامییە میانڕەوەکان لە وڵاتانی ئەوروپا سەرچاوەیەکی گونجاوی بۆ ڕاکێشان وئەندامگیری داعش لە نێو “کۆمەڵگەی ئیسلامی” نیشتەجێی ئەو وڵاتانەدا دابین کردووە. لە لایەکی تریشەوە سەربەرزکردنەوەی “ئیسلامی میانڕەو” لە ڕۆژئاوا و بڵاوبوونەوەی حیجاب و دروستکردنی مزگەوت و قوتابخانە ئیسلامییەکان و کوشتنی لەسەر شەرەف و بەرجەستە بوونی کولتوور و ناسنامەی ئیسلامیی کۆچبەران و هاووڵاتییان کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئیسلام لە وڵاتانی ئەورووپاییشدا، ڕەنگدانەوە و بەرهەمی خستنە پێشەوەی هەوسار بچڕاوی هێزە ئیسلامییەکانە.لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و وڵاتانی ئیسلامی دیکەدا. ئه م په یوه ندی و خزمه تگوزارییه هاوبه شه له نێوان ئیسلامییه کانی ڕۆژهه ڵات و ڕۆژئاوا، ده رکه وتن و ڕه نگدانه وه یه کی دیکه ی هاوجۆری تیۆری- ئایدیۆلۆژی وهاو ئاراستەیی و هاوڕیشەیی پۆستمۆدێرنیستی ته واوی بزووتنه وه ی ئیسلامی سیاسییه .
ئینتەرناسیۆناڵ: ئەمڕۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزمی ئیسلامی پایەیەکی گرنگی پڕوپاگەندەی هێز و لایەنە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانە لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور. ئەم هێزانە پرسەکەیان لەدژی موسڵمانان و پەنابەران و کۆچبەرانی وڵاتانی ئیسلامی فراوانتر کردووە. ئایا دەکرێت سەرهەڵدانی ئەو هێزە ڕەگەزپەرستانە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە بزووتنەوە و دەوڵەتە ئیسلامییە هەوساربچڕاوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و لافاوی کۆچبەری لەو وڵاتانە سەیر بکرێت؟
حەمید تەقوایی: وەک بنەمایەکی گشتی، ڕاستڕەوی توندڕەو هەمیشە لە هەلومەرجی قەیرانی سەرمایەداریدا هەنگاو دەنێتە مەیدانەکەوە و هەوڵ ئەدات بە پشتبەستن بە دەمارگیریە نەتەوەیی و ڕەگەزی و ئایینییەکان ئەڵتەرناتیڤێک بۆ تێپەڕبوون قەیرانەکە و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی چینی سەرمایەدار ئامادەبکات. هێزی کۆمۆنیست و چەپە شۆڕشگێڕەکانیش دەتوانن بە خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤی چینی کرێکار، واتەدەستداماڵینی سیاسی و ئابووریی بۆرژوازی و دامەزراندنی سۆسیالیزم، دەتوانن لەنێو جەماوەریی خەڵکدا هێزی و خۆشەویستی بەدەست بهێنن.
ئەمڕۆش بەتەواوی شاهیدی هەمان بارودۆخین. هێنانەگۆڕ و بردنەپێشەوەی دۆناڵد ترەمپ و جێرمی ساندەرز لە ئەمریکا و جێرمی کۆربین وحزبی ڕەگەزپەرستی یوکیپ لە بەریتانیا نموونەی بەرچاون کە متمانەی خەڵک بە حزبە تەقلیدییە حکومییەکان نیشان دەدەن. لە باقی ئەوروپاشدا شاهیدی سەرهەڵدانی ئەو جۆرە هێزانەین.
لەم نێوەندەدا ئیسلامی سیاسی بیانوو و پاساوێکی شیاوی بۆ سیاسەت و پڕوپاگەندەی ڕەگەزپەرستانەی هێزە ڕاستە توندڕەوەکان دەستکەوتووە. بۆرژوازی ڕۆژئاوا لە سەردەمی بوش و بلێر بە بیانووی ١١ی سێپتەمبەر هێرشیان کردە سەر ئەفغانستان و عێراق و ئەمڕۆش هاوشێوەکانی ترامپ لە ئەمریکا و نازییەنوێیەکان لە ئەڵمانیا بە بیانووی تاوانەکانی داعش هێرش دەکەنە سەر کۆچبەران و پەنابەرانی وڵاتانی ئیسلامی. له هه ردوو قۆناغه که دا ڕووبه ڕووبوونه وه ی نێوان بۆرژوازی و ئیسلامییه کان میتۆد و تاکتیکێک بوو بۆ گه یشتن به ئامانجی دیکه . ئامانجی بۆرژوازی ڕۆژئاوا لە هێرشکردنە سەر ئەفغانستان و عێراق، دامەزراندنی و چەسپاندنی هەژموونی خۆی بوو بەسەر جیهاندا لە دوای جەنگی سارد و ئەمڕۆش ئامانجی هێرشی نەژادپەرستانە بۆ سەر کۆچبەران ئەوەیە کە بیانکاتە هۆکاری قەیران و بێکاری و ئەوانی تر ئازارەکان کە سەرمایەداری سەرکەوتوو لە شەڕی سارددا بۆ خەڵک هێنایە ئاراوە. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێ سەرهەڵدان و گەشەی حیزب و هێزە ڕەگەزپەرستەکان وەک درێژەدان و “بەرزکردنەوەی” لۆژیکی بوشیزم و بێلێریزم بۆ هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆ ببینین.
لە لایەکی ترەوە دژە موسڵمانبوونی ڕەگەزپەرستانێکی وەک ترامپ پاساوێکی نوێی بۆ دژە ڕۆژئاوایی بوونی هێزە ئیسلامیەکان ڕەخساندووە. لێرەش وەک سەردەمی شەڕی تیرۆریستی، فاشیزمی ئیسلامی و فاشیزمی ڕۆژئاوا دەرفەت بە یەکتر دەدەن بۆ گەشەکردن و بەهێزکردنی یەکتر.
حکومەتەکان و حیزبە حوکمڕانەکان و ناوەندی بۆرژوازی ناتوانن ڕووبەڕووی ئەو هێزە فاشیستیانە ببنەوە. ئەمانە بەشێکن لە کێشەکە نەک چارەسەر. وەڵامی ڕاستەقینەی ئەم بارودۆخە ڕووبەڕووبوونەوەی فاشیزم و تیرۆریزمە لە ڕوانگەی چەپ و کۆمۆنیستەوە.
ئینتەرناسیۆناڵ: دوا پرسیارمان سەبارەت بە وەڵامی چەپەکانە بۆ دۆخی ئەمڕۆ. ڕێگای مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا چییە؟ لە دونیای دوای ١١ی سێپتەمبەردا، مەنسور حیکمەت جەختی لە سەر پێویستی هاتنە پێشەوەی جیهانی شارستانی لە دژی دوو جەمسەری تیرۆریستی کردەوە. مانای تایبەتی ئەم هێڵ و ئاراستەکردنە لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا چییە؟
حەمید تەقوایی: هیوادارم تا ئێستا ئەوە ڕوون بووبێتەوە کە ئەو دوو جەمسەرە تیرۆریستییە، چ بە مانای میلیتاریزمی بوشیزمی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دژی تیرۆریزمی ئیسلامی و فاشیزمی ڕۆژئاوا دژی فاشیزمی ئیسلامی، سەر بە یەک کەمپا و ئۆردوگان: ئۆردوگای بۆرژوازی جیهانی لە جیهاندا دوای شەڕی سارد تێکچوو. بۆیە ڕەخنەی کۆمۆنیستی لەم بارودۆخە جیا نییە لە ڕەخنەی لە سەرمایەداریی سەردەمی ئێستا و قەیرانە سیاسی و ئابوورییە هەلایەنەکەی.
دوای ڕووخانی دیواری بەرلین، بیرمەندانی بۆرژوازی کۆتایی مێژوویان ڕاگەیاند، بەڵام وەک مەنسور حیکمەت پێشبینی کردبوو، ئەوەی لە ڕاستیدا ڕوویدا، قووڵبوونەوەی قەیران و سەرلێشێواوی ئۆردوگای ڕۆژئاوا و دەرکەوتن و هەوساربچڕاوی کۆنەپەرستترین و دڕندەترین هێزە ناسیۆنالیستی-ئاینی-نەتەوەیی-.
ڕەگەزپەرستی لە ڕۆژئاوا و لە ڕۆژهەڵات و لە چوار گۆشەی جیهاندا بوو. مەنسوور حیکمەت لە کتێبی “جیهانی دوای ١١ی سێپتەمبەر”دا دەنووسێت: “شەڕی تیرۆریستی دەکرێت سەرەتای یەکێک لە خوێناویترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخ بێت… بەڵام ئەم ئاسۆیە مسۆگەر نییەهێزی سێیەم هەیە، ئەویشدێوێکی خەوتووە”. ، کە دەتوانێت بارودۆخەکە بگۆڕێت.”
لەو کاتەوە تا ئەمڕۆش ئەم غۆلە بەشێوەی ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەی لە ئێران و شۆڕشەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی، بزووتنەوەی داگیرکاری لە ڕۆژئاوا، بزووتنەوەی شارلی ئیبدۆ لە فەرەنسا و تەواوی ئەوروپا، ناڕەزایەتی جەماوەری لە یۆنان و شتی تری گرتەبەر وڵاتانی ئەورووپایی دژی سەختی ئابووری، و بزووتنەوە بەرگریکردن لە پەنابەران و پێشوازیکردنی جەماوەری خەڵکی ئەورووپا لە کۆچبەرانی وڵاتانی ئیسلامی هاتۆتە پێشەوە. ئەمانە نموونەی بەرزکردنەوەی جیهانی شارستانین لەبەردەم تیرۆر و ئەو هەموو دڕندەییەی ئەمڕۆ کەبەسەر جیهان زاڵ بووە.
لەبەرانبەر ئەم جیهانە شارستانییەدا، هەموو ئۆردوگای بۆرژوازی جیهانی هەیە، بە هەموو حزب و حکومەتە ڕەنگاوڕەنگەکانی لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، لەگەڵ ئیسلامی سیاسی، فاشیزم، نیولیبرالیزم، ڕێبازی پۆستمۆدێرنیزم، نکوڵیکردنی مەدەنیەت ، ناسنامە، و بەها مرۆییە گشتگیرەکان. ڕەخنەی کۆمۆنیستی لەم هەلومەرجانە دەبێ لەم ڕاستییە بنەڕەتییەوە دەست پێ بکات.
ئەمڕۆ نەک هەر ئازادبوون لە هەژموونی سەرمایە، بەڵکو بەرگریکردن لە کۆمەڵگەی مەدەنی، شارستانیەت، مرۆڤایەتی، عەلمانیەت و تەنانەت دەستکەوتەکانی شۆڕشی گەورەی فەرەنسا، بە تەواوی لە ئەستۆی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدایە. ئەگەر سەرمایەداری ئەمڕۆ لە ناوەندی قەیرانی ئابوری سیاسی هەموو لایەنە و شڵەژان و نەبوونی ئاسۆی ستراتیجی- ئایدیۆلۆژیدا پەنا بۆ ئایین و فاشیزم و ڕەگەزگەری و پۆست مۆدێرنیزم و سیاسەتی خۆپارێزی ئابووری و بڕینی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی بێت لە سەدەی ڕابردوودا دەبات، ئەوا کۆمۆنیستەکانیش ئەرکیانە کە بە ئاڵای سۆسیالیزم و عەلمانیەت و مەدەنیەت و ئینسانیەتێک کە تەنها سۆسیالیزم دەتوانێت بە دیاری بیهێنێت و لە هەموو ئەم بوارانەدا بەرەنگاری بۆرژوازی ببنەوە. لەناوبردنی هەژموونی و دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی لە هەموو وڵاتاندا بە کەناڵی ڕەخنەی قووڵ و چینایەتی کۆمۆنیستی لە ئایین و ڕەگەزپەرستی و پۆستمۆدێرنیزمدا تێدەپەڕێت. لەم خەباتەدا جەماوەری خەڵک، نەوەد و نۆ لەسەدەکانی جیهان، لەگەڵ کۆمۆنیستەکانن و هەمان ئامانجیان هەیە.
ئەو جیهانە شارستانییەی کە ئەمڕۆ مەنسوور حکمەت پێشنیاری کرد، شوناسێکی سیاسی کۆمەڵایەتی دیاریکراوی دۆزیەوە: لەهێڵی نەوەد و نۆ لە سەدەکاندا بەرامبەر بە حوکمڕانی یەک لەسەدەکان. ئەم دروشمە بۆ یەکەمجار لەلایەن بزووتنەوەی دەستبەسەرداگرتنەوە بەرزکرایەوە و ئەمڕۆ بۆتە ئایکۆن و هێمای خەبات و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کەلێنی قووڵی چینایەتی نێوان هەژاری و سەروەت و سامان و لە تەحەدای سەختی ئابووری لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەگەزپەرستی و ئیسلامیزمدا لە هەموو وڵاتاندا. زاڵبوونی سەرمایە بەسەر جیهاندا لەمڕۆدا نەک هەر شارستانییەت و بژێوی ژیانی لەسەدا نەوەد و نۆی خەڵکی جیهانی لەناوبردووە، بەڵکو خودی بوون و مانەوەی هەسارەکەشی خستووەتە مەترسییەوە. ئاڵای ڕزگاری لەم دۆخە لە دەستی کۆمۆنیستەکانی هاوشێووەی حزبی ئێمەدایە. ئینسانیەت لە ئاستانە و لە لەسەر دووڕیانێکی یان “سۆسیالیزم یان بەربەرییەت”دایە. جیهانی شارستانی بۆ مانەوەی جگە لە سۆسیالیزم هیچ ڕێگەیەکی تری لەبەردەمدا نەماوەتەوە.

٩ی تەمموزی ٢٠١٦




كێ پێكه‌نین ده‌كڕێ وفرمێسكان ده‌فرۆشێ؟(*).. و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

هاواری دێوه‌ره‌ له‌ سه‌رانسه‌ری گه‌ڕه‌كێدا
ده‌نگ ده‌‌داته‌وه‌
خه‌به‌ردار .. خه‌به‌ردار !
ئه‌وه‌ی (به‌ختیار)ی هه‌یه‌
ئه‌وی (شادی) یا (خه‌م)
یا (فرمێسكی كۆن)ی هه‌یه‌‌ بۆ فرۆتنێ …

ڕام كرده‌ لای دایكم
پێم وت :
من دوو پێكه‌نینی كۆنم هه‌یه‌
ده‌مه‌وێ بیانفرۆشم ..
دایكم وتی : كه‌یفی خۆته‌ ..
به‌ره‌و مام دێوه‌ره‌ چووم و بانگم كرد:
مامه‌ .. مامه‌
ئه‌مڕۆ پێكه‌نین به‌ چه‌نده‌ ؟
وتی :
پێكه‌نینی منداڵان به‌ لیره‌یه‌كه و
هی پیره‌مێردان به‌ هه‌زار لیره‌ !
ئێمه‌ به‌ پێی ته‌مه‌ن ده‌كڕین .

سه‌یرم به‌و جیاوازیه‌ی نرخ هات
پێم وت :
مامه‌ پێكه‌نین هه‌ر پێكه‌نینه‌
ئه‌و جیاوازییه‌ چییه‌ ؟
یان تۆ چونكه‌ من منداڵم
فێڵم لێ ده‌كه‌ی..
پێی وتم ، بچكۆله‌كه‌م
پێكه‌نینی به‌ساڵاچووان ده‌گمه‌نه‌
ئه‌وه‌یه‌ هۆی گران بوونی
تێنه‌گه‌یشتم چی ده‌ڵێ ،
هه‌ردوو پێكه‌نینه‌كه‌مم فرۆشتێ و
پسكوویتێكم پێ كڕی ..
هاتمه‌وه‌ ماڵێ
له‌ دایكمم پرسی به‌ڵكو ئه‌گه‌ر
باوكم پێكه‌نینی كۆنی هه‌بێ
پێكه‌نینی به‌ساڵاچووان زۆری ده‌كا
دایكم هه‌موو ماڵێ گه‌ڕا
پێكه‌نینێكی باوكمی نه‌دۆزیه‌وه‌
(باوكم پێناكه‌نێ)
لێ زۆر له‌ فرمێسكه‌كانی دۆزییه‌وه‌ و
وتی :
ئه‌وه‌ ڕۆژانه‌ی به‌یانیته‌ .

ڕۆژی پاشی
كه‌ گوێم له‌ ده‌نگی مام دێوه‌ره‌ بوو
ڕام كرده‌ لای
لێم پرسی :
فرمێسكی به‌ساڵاچووان به‌ چه‌نده‌
دیاره‌ ده‌بێ وه‌ك پێكه‌نینیان گران بێ ؟
وتی : فرمێسكی پیره‌مێردان هه‌رزانه‌
ئه‌و مامه‌ڵه‌ی پێ ناكا !
به‌ساڵاچووان هه‌میشه‌ ده‌گرین..

كوڕم ، شه‌قامی سه‌رپه‌ڕێنخانان
ڕووبارێك فرمێسكی لێیه‌
گۆڕستان ڕووبارێكی دی ..
ته‌نانه‌ت ژنی ‌شه‌هید یوسف
دوو به‌رمیل فرمێسكی هه‌بوو لێم نه‌كڕی!
ڕۆڵه‌ من
پێكه‌نینی به‌ساڵاچووان ده‌كڕم
به‌ڵام فرمێسكیان نا ، ناكڕم
من بازرگانی ده‌گمه‌نانم
شه‌ره‌ف له‌ سۆزانییان ده‌كڕم
درۆ له‌ دایكان و
حیكمه‌ت له‌ شێتان و
وه‌فا له‌ به‌رپرسان ده‌كڕم .
كوڕم‌ !
من كارم به‌ فرمێسكی به‌ساڵاچووان نییه‌
به‌ساڵاچووان هه‌موویان ده‌گرین .
پاشان به‌ گوێیدا چرپاندم:
ڕۆڵه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینییه‌
ئه‌گه‌ر ڕاستیت له‌ خوتبه‌ی مه‌لادا دی
بۆم بێنه‌ ، زۆری ده‌كا لێت ده‌كڕم .

(*) له‌ ماڵپه‌ڕی https://arami.ahlamontada.com/t6218-topic كراوه‌ به‌ كوردی
ناوی خاوه‌نی له‌سه‌ر نییه‌ ، پێده‌چێ به‌شێك بێ له‌ كولتووری میلله‌تێك چوون له‌ چه‌ندان ماڵپه‌ڕی تریش هه‌ر به‌ بێ ناو بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و وه‌ك سترانیش به‌ توركی له‌لاین سترانبێژێكی ئافره‌تی تورك وتراوه‌ .




دایکم/2.. رەسووڵ بەختیار

2

دایکم سەرەتا زۆر قەڵس دەبوو بەبێنی ئەو کتێب و رۆژنامە و گۆڤارە زۆرەی لەماڵماندا هەیە، دواتر ئەویش وەک ئێمە حەزی بەوە دەکرد بزانێ لەنێوەندی ئەو کتێبانە چ دەگوزەرێ.
دە ساڵێک پێش ئێستا، لەنوویینێکدا باسم لەوە کردووە، لەنێوەندی کتێب و نووسینەکاندا گەورەی و پیرۆزی مرۆڤ دەدۆزیتەوە، ئەوکات بەشێک لەسایتەکان بڵاویان کردەوە، واتە ئەو سایتانەی گرنگی بەکتێب دەدەن.
رۆژێکیان دایکم گوتی: من نەخوێدەوارم، بەڵام کچەکان، کوڕەکان، نەوەکان، زۆر خەریکی ئەو کتێبانەن، بۆیە منیش پێمگوتن: بۆم بخوێننەوە، ئەوانەی ئێوە دەیخوێنەوە.
کاتێک بۆمان خوێندەوە، یەکسەر گوتی: ڕۆژانە ئەوەی ئێوە دەیخوێننەوە بۆم بخوێننەوە، هەست دەکەم، ئەوانە جۆش و خرۆش دەبەخشنه مرۆڤ، منیش حەز دەکەم، گوێم لەو ڤسانە بێ، دیارە ئەو هەموو کتێبە زۆرەی ناو ماڵی ئێمە (حونەرێکی) هونەرێکی تێدایە، دەبینم هەمووتان جگە لەدەرس و دەورتان خەریکی خوێندنەوەی ئەو کتێبانەن، دەزانم شیعرەکانی حاجی قادری کۆیی و نالی و ئەحمەد موختاری جاف دەخوێننەوە، زۆر جاڕ هەست دەکەم، ئێوە لەگەڵێدا هەست بەخۆشی دەکەن، با منیش گوێم لەو شیعرانە بێ، حەز دەکەم کتێبەکانی دیکە، کە دەخوێننەوە، منیش بزانم چ دەڵێت، تا بزانم نووسەرانی کورد تا چەند توانیویانە لەحاڵی میللەتەکەیان گەیشتوون.
ئێستا دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ ساڵی 91 واتە لەراپەڕیندا، دوای گەڕانەوەمان لەکۆڕەو ئێمە زۆر زوو هاتینەوە ماڵ، بێگومان نە نەوت نەکارەبا هیچ شتێک نەبوو، بۆ ئەوەی کوانووی ئاگرمان هەبێ بۆ چێشتلێنان، دایکم گوتی: ئەو رۆژنامانە بۆ هێدی هێدی نەیسووتێنن لەجیاتی نەوت و دار.
بێگومان ناچاری وایلێکردێن رۆژنامە هێدی هێدی بچێتە دەم ئاگردانەوە بۆ ماوەی چەند رۆژێک رۆژنامەکان تەواو بوو، ئینجا دەستمانکرد بەسووتاندنی گۆڤارەکان بۆ ئەوەی نان و چێشتی پێ ئامادە بکەن، دایکم ماوە ناماوەش پێدەکەنی دەیگوت: بینن ئەو وەرقە و پەرەقانە بینن، با بیسووتێنین، زیاتر ئەوانە بێنن، رسمی سەدامی تێدایە، هەر رسمێکی رەفیق حزبی ئەوانە بێ باشتر دەسووتێ.
ئێمەش لەگەڵ دایکم پێدەکەنین و قسەی خۆشمان دەکرد، هەردەم دەیگوت سەردەمێکی زۆر ناخۆش بوو، بڕوا و نەیەتەوە، خوا نەکا میللەتێک دیل بێ، تەواو کارەسات بەسەریدا دەبارێ، ئەوەی لەسەربازی رادەکا و ئەوەی لەشەڕی عێراق و ئێران کوژرا یان شەهید کرا، ئەوە جگە لەو دایکانەی جەرگسووتاو بوون، کوڕەکانیان بەبیانووی تەنزیم و رێکخستن خرانە زیندانەوە و دوایش لەسێدارەدران.




شیعر/ پارچەکانم کۆکەنەوە.. ١٥ و ١٦.. ستار ئەحمەد


……… 16 ………..

ئاسمانی تەممان بروسكەو
چەتری سەرمان گەواڵەیە
تینی هیوامان زریوەی
توێشووی سەرشانی پێشمەرگەو
هەواڵنامەی ئەم ساڵەیە
رۆژەكان بوونە سوتماك و
یادگارەكان
ئەفسانەی كاروانی مێژوو
ساتەكان عومریان راكێشا
نەبەردییەكان سڕانەوە
دەروازەكان
لەڕووی تەفرەو
داوی مەینەت كرانەوە
رۆشبیری
شارەكانی لەیاد كردو
قەڵەم بەگوللەی تاریكی
خرایە گەرووی زامەوە
كۆڵان گەڕەكی داپاچی
ماڵ پشتی لەگوند کردو
شار نیشتمانی جێهێڵا
نوسینەكان
بوونە ناسنامەی هەواڵ و
سەربردەكان
باسی جەنگ و
كوشتاری بەرەی ئەبرەهەو
بازووی خوێن و
مەدالیای سوارچالاكی
سیاسەتمەدارەكان و
سەركردەو
كورسی رەنگین بوو
پلەو پایە
بوونە مەدالیاو
گەردانەی
زێڕی نەوبووكی سەروەری
بەر نەدارو
شەهیدەكانی خاك نەكەوت
ئەوەی قوربانی
میللەت و
بستە خاكی
نیشتمان بوو
ناوی لەفەرهەنگی نەمری و
بەرخودانی جەنگەكانا رەشكرایەوە
كوردستان بووە كابینەی
دزو جەلاد
ئیتر خەونێك
لەبیرو هۆشمانا نەما
بتوانین هەنگاوێك بنێین
بۆ ئازادی و بوونە وڵات

ستار ئەحمەد
پارچەکانم کۆکەنەوە
……… 15 ………..

لە كاتێكدا
داود ئۆغڵو
كورد دەكوژێ
كەچی سەركردەكان ئێمە
لەئەنقەرە
روومەتی دەلێسنەوە
پێیان زۆرە
دیكتاتۆرێك
روویەكی خۆشیان بداتێ
ئەوەتانێ
ئەمەریكا
بارەگای داعش
دەڕفێنێ
نەوەكوو زەبریان بگاتێ
هەر بەرپرسەكەی خۆمانە
تەنكەری نەوتیان دەداتێ
چش لەپێشمەرگەو
شەهیدان
كێ لەئەحواڵیان دەپرسێ
كوردستان هەر چوار پارچەبوو
لەسایەی سەری ئەمانە
ئێستا بووە بەسەدو سێ
ئای كەباری خاك گرانە
هەر رۆژەی كەرتێكی دەڕمێ
نەبووە لەنێو چاڵی نەوتا
بۆ كەرتە نانێك بگریت و
دەست لەخەڵكی پانكەیتەوە
ماڵ لەخاوەن ماڵ حەرامە
كووچەو شەقامی شارەكان
هەمووی زامە
بۆ كوێ دەڕۆیت
هەر بۆنی بۆمب و بارووتە
نیشتمانە خاپوورەكەم
پڕ لەگەداو رەش و رووتە
مێشكم لەجەستەم تۆراوە
پەنجەم بەدەستم نامۆیە
ئەم خاكە خێری بۆ خەڵكەو
كۆتی دەستی من و تۆیە
نامۆین به‌رۆحی خۆمان و
ماڵ و مناڵ و
كوچه‌و شار
نیشتمان سه‌راپا گڕه‌
لاوه‌كانمان
وه‌كوو مه‌لێكی بریندار
كه‌وتوونه‌ته‌ باڵه‌ فڕه‌
كه‌نار نه‌ما
توێشووی سه‌فه‌ری لێنه‌خه‌ن
هه‌ر رۆژه‌ی له‌هه‌ڵدێرێكا
ده‌بنه‌ سوتووی مێژوو ته‌مه‌ن
بۆ نانێكی ده‌م ره‌شه‌با
به‌دوای گه‌رووی جانه‌وه‌رو
سكی گورگا باویشك ده‌ده‌ن
له‌م سنووری خوێنینه‌وه‌
بۆ ئه‌و ته‌لبه‌ندی وڵاتان
ته‌كان ده‌ده‌ن
چه‌ندین ته‌رم و
ئێسك و پروسكی هاوخوێنم
له‌ دیده‌ی رووباری زه‌برو
ده‌ریای رقی سنووره‌كان دۆزرانه‌وه‌
لانه‌یه‌ك نه‌بووه‌ هێلانه‌ی
كۆرپه‌یه‌كی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌
رۆح و جه‌سته‌مان خه‌واڵوو
خه‌ون و خۆراكی سه‌فه‌ره‌
خه‌مخۆرێكم له‌م خاكه‌دا
به‌دینه‌كرد
به‌ر شاڵاوی بزربوون و
ئاواره‌یی كیژان بگرێ‌
له‌ژانی گه‌نج و بێداران
وردبێته‌وه‌
كوردستانم
هه‌موو ساتێك
تاكێكی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات
چركه‌ نییه‌
زامێكی نوێی نه‌كولێته‌وه

ستار ئەحمەد




لە قووڵایی خەمەکانەوە.. نەوزاد بەندی

لە سۆمەرست مۆمیان پرسی :
لەو ژیانە درێژەی کردووتە ،
لە چی پەشیمانیت ؟

  • * *

ووتی : به تەنیشت خۆشییەکاندا بە خێرایی تێدەپەڕیم و خۆم لێ گێل ئەکردن .. کەچی بە سەردا خۆم هەڵئەدایە ناو ناخۆشییەکان و زۆرترین کات تیایاندا ئەمامەوە و ئەتلامەوە .

  • * *

بە دیار ئەوانەوە تەمەنمان بەسەر ئەچێ کە نە ئەتوانین دڵیان خۆش بکەین و نە ئەتوانن دڵمان خۆش بکەن ..!

  • * *

ئەو هەموو مەزرای قۆخ و هەرمێیە، نابینین و ..
بە دیار سێوێکی بن عەرزەوە ،
چاوەڕوانیی ئەمانهاڕێ ..

٭ ٭ ٭

ئەو هەموو سوپەر مارکێتە ڕوناک و ڕەنگا و ڕەنگە ڕامانناکێشێ ،
لە کوێرە فرۆشگایەکی گۆشەی کۆڵانێکا ،
تەمەن و بۆنی کەڕوو بەیەکتر ئەناسێنین ..
ئەڵێین : بەس نییە خوا ئەمەی داوە ؟

٭ ٭ ٭
سەر زەمینێکی فراوان ئەتۆرێنین و ..
لە 150 مەترە دووجادا ،
70 ساڵ تەمەن ئەتوێنینەوە ..
ئەڵێین بەرد له جێی خۆی سەنگینە ! ..
(شانازیی بەوەوە ئەکەین کە بەردین ) ..

٭ ٭ ٭

ئەو هەموو ڕەشەبا و هەورە ،
لە دەرگا و پەنجەرەکانمان ئەدەن ،
لەگەڵیاندا گەشت ناکەین بۆ وڵاتی باران ..
ناچینە دیدەنیی ئەستێرەکان ..
گەشت ناکەین بۆ پێدەشتی نێرگزەجاڕ ..،
کۆچ ناکەین بۆ ناو شەپۆلەکانی دەریا ..
وەک مێخێک ، لە پارچه زەوییەک چەقیوین ،
کە بۆتە کەلاوەی خاشاک و جەنگی هەموو دنیا ..
کە مافیاکان نەوتەکەیان دزیوە ..
کە جەردەکان خاکەکەیان بەخشیوە ..
کە خۆ فرۆشەکان باسی سەروەرییەکانی خۆیانی تێدا ئەکەن ..