ناتۆ و ئەمەریکا نیگەرانن سەبارەت بە ئەگەری دۆڕانی شەرەکەیان بە ڕوسیا.. زاهیر باهیر

پاش 22 مانگ شەری وێرانیکاری و بەکوشتدانی دەیەها هەزار لە سەربازان و خەڵکانی مەدەنی و ئاوارەبوونی چەند ملیۆن کەس و خاپورکردنی نزیکەی هەموو بەشە خزمەتگوزارییەکانی ئۆکرانیا، ئێستا ناتۆ و ئەمەریکا نایشارنەوە کە مەترسی تێشکانیان لە جەنگەکەی نێوانی ناتۆ و ڕوسیادا هەیە.
سەرۆکی ناتۆ ستۆڵتنبێرگ، Jens Stoltenberg ، ڕۆژی شەمە، 02-12، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەڵمانی کەناڵی ARD وتی: ” شەڕەکان بە قۆناغ پەرەدەسەنن…. دەبێت لەکاتی باشی و خراپیدا پشتیوانی ئۆکرانیا بکەین.” درێژەی بە قسەکانی داسو وتی “پێویستە ئامادەش بین بۆ هەواڵی ناخۆش”، هۆشداری زیاتری دا و وتی.: ئەمە لە کاتێکدا کە کیێڤ بەردەوامە لە بەرگریکردن لە دژی لەشکرکێشی سەرتاسەری ڕووسیا.
لێدوانەکانی ئەو لە کاتێکدایە کە هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا مشتومڕ لەسەر تەقەمەنی و یارمەتییە داراییەکان بۆ ئۆکرانیا دەکەن، کە هەندێك لە وڵاتان کەمتر دەربەستن و هەندێکی تریشیان بە هۆکارێك لە هۆکارەکان هاوکاریکردنی زیاتری ئۆکرانیا هەر ئاوا ئاسان نابینن . هەروەها مۆسکۆ هەنگاوی زیادکردنی سەربازەکانی ناوە. ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا ڕۆژی هەینی فەرمانێکی واژۆکرد بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازەکان بە ڕێژەی نزیکەی 170 هەزار سەرباز بۆ کۆی گشتی یەک ملیۆن و 300 هەزار سەرباز.
هاوکاتیش جەنڕاڵێکی باڵای ئۆکرانیا دانی بەوەدا ناوە کە بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژی ڕووسیا گەیشتووەتە بنبەست و ئاسۆی “پێشکەوتنێکی قووڵ و باش” بەدوور دەزانرێت.
لە لایەکی دیکەوە جۆ بایدن لە ململانێیەکی گەورەدایە لەگەڵ کۆنگریس، لایەنە کۆمارییەکان دا بۆ دابینکردنی پارە و چەك و تەقەمەنی بۆ ئۆکرانیا، لەبەرئەوەی کە زۆرێك لە پیاوانی کۆنگریس دژ بەوەن و لەگەڵ قسەکەی ترامپ-دان کە هەمیشە دەیوت ” یەکەم ئەمەریکا” واتە لە هەموو شتێکدا دەبێت ڕەچاوی ئەمەریکا بکرێت.
لە ئێستادا لە لایەن کۆشکی سپییەوە هەوڵێکی زۆر دەدرێت سەبارەت بە دەربازبوون لە بەهانەی وەستانی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا چونکە دەبێت کۆنگریس ڕەزامەندی لەسەر بدات . کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی کۆنگرێس کرد و پێشبینی کرد کە ئۆکرانیا بەم زووانە زەمینەی لە شەڕی خۆیدا لە دژی ڕووسیا لەدەست دەدات بێ ئەوەی جارێکی دیکە یارمەتی دارایی لەلایەن ئەمریکاوە پێ بدرێتە.
شالاندا یۆنگ ، Shalanda Young ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەڕێوەبردن و بودجە وتی: “دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە بەبێ کردەوەی کۆنگرێس، تا کۆتایی ساڵ، سەرچاوەکانمان تەواو دەبێت بۆ کڕینی چەک و ئامێری زیاتر بۆ ئۆکرانیا و دابینکردنی ئامێر لە کۆگا سەربازییەکانی ئەمریکا . ” ئەمە ناوەرۆکی نامەکەی یۆنگ بوو بۆ سێنەتاکانی کۆنگرێس. ئاماژەی بەوەشکردووە، “هیچ کارێکی ئەفسوناوی بۆ دابینکردنی ئەم ساتەوەختە لەبەردەستدا نییە. ئێمە پارەمان تەواو بووە – و نزیکە لە کاتمان”.
ئەم نامە ئاگرینەی شالاندا یۆنگ پێشینەی هەبوو، ئەویش لە 5ی مانگی ئۆکتۆبەردا کۆشکی سپی داوای لە کۆنگرێس کرد کە پڕۆژە یاسایەکی تەواوکەری بودجەی 106 ملیار دۆلار پەسەند بکات کە هاوکاری ئۆکرانیا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە هیندستان و زەریای هێمن دەکات و لە هەمان کاتدا ئاسایشی سنووریش بەهێز دەکات. بەڵام ئێستا دانوستانە دوولایەنەکان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە وەستاون.
لە نامەکەیدا، یۆنگ پێشبینی کردووە کە” لەدەستدانی پاڵپشتی دارایی ئەمریکا، ئۆکرانیا لە بەرەکانی شەڕدا بەچۆکدا دەهێنیت، نەک تەنها ئەو دەستکەوتانەی ئۆکرانیا بەدەستی هێناوە دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو ئەگەری سەرکەوتنە سەربازییەکانی ڕووسیا زیاد دەکات”
هەر لەم سات و وەختەشدا سەرۆك ژێلێنیسکی لە لایەن جۆ بایدنەوە داوای لێکرابوو کە قسە بۆ سێنەتارەکانی ئەمەریکا بکات تاکو ڕاستەوخۆ لە خۆیەوە بیبیستن کە شەڕەکە لە چ قۆناخێکی مەترسیدایە. بەڵام دوێنێ، 06/12 ، لە دیمانەیەکدا ژێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا پەیامەکەی / قسەکردنەکەی بۆ سێنەتارەکانی ئەمەریکا هەڵوەشاندەوە کە بە تەما بوو داوای بڕێکی نوێ لە هاوکاری و کۆمەك بۆ ئۆکرانیا بکات بۆ جەنگەکەی لەگەڵ ڕوسیادا. ئەمە لە کاتێکدا کە کۆنگریس هاوکاری دەیەها ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا هەڵوەشاندەوە.
گەلێکمان دەمانزانی کە ناتۆ لە ئەم جەنگەدا دەدۆڕێت ، گەرچی دۆڕوای سەرەکی هاووڵاتیانی ئۆکرانیا و ڕوسیایە، و لە کۆتاییدا دەبێت سازش بۆ پوتین بکات. من یەکێك بووم لەو کەسانە کە لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری 2021 دا بە وتارێکی درێژ پاش توێژینەوەیەك لەسەر باری ئابووری ڕوسیا و ئەوروپا و ئەمەریکا ئاماژەم بە تێشکانی ناتۆ کردووە .
ناتۆ و ئەمەریکا وایان دەزانی بە دەستپێکردنی شەڕەکە ، یەك: پرۆتێست و ڕاپەڕین لە ڕوسیادا ڕوودەدات . دوو: سوپای ڕوسی دێتە قوڵایی ئۆکرانیا و دەوروبەری کییڤ ، ئەو کاتە گەمارۆ دەدرێن و هەڵگەڕانەوەی بەشێك لە سوپاکەی ڕوسیا مسۆگەرە و تێشکانیان شتێکی حەتمی دەبێت . سێ : ناچاربوونی یا ناچارکردنی پوتین بە بەکارهێنانی چەکی ناوکیی ، کە هەر دەستی کردەوە ئەو کاتە ئەمان لە ماوەی چەند خولەکێکدا هەموو ڕوسیای بەسەردا خاپوور دەکەن.
ئەمە لێکدانەوەی ئەوان بوو ، خۆ ئەگەر بەهانە و پاساوی چەنگەکە ئەوە بێت کە خۆیان دەیانووت ئەوە بێ گومان دەزگە سیخوڕییەکانی ئەمەریکا و بریتانیا و ئەوروپا و ناتۆ ناشیترین و نەزانترین بوون و ئەحمەقییەتی سیاسەتمەدا و دەوڵەتمەدارەکانیش هەر وەکو چۆن توێژنەوەی نادروستیان هەبوو و بە هەڵەداچوون لە ئەفغانستان و عێراق و سوریا و تەنانەت ڤێنزویلاشدا ، هەر ئاواش لە شەڕی ڕوسیادا.
بەڵام ڕەنگە مەبەستی ئەو پاساوە فەرمیانە و هێنانەوەی بەڵگە و بڕێکی زۆر لە زانیارییەکانی هەڵگیرسانی شەڕ تەنها بۆ گەمژاندنی ئێمەی ” هاووڵاتیانێن” بووبێت، دەنا لە پشتی پەردەوە پلانی داڕێژراوی پتەو تر هەبوو . ئەویش هەر هەڵگیرسانی جەنگ / شەڕ یەکێكە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مانەوەی خۆیان و هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆییەکانیان و لەباربردن و شکستهێنان بە بزوتنەوەی کرێکاران و چەوساوەکانی وڵاتەکانیان .
ئەوەی ئاشکرایە ئێمە لەگەڵ دەوڵەتەکان و سیاسەتمەدارەکاندا هەمیشە لەشەڕداین، شەڕی تەسكکردنەوەی ئازادییەکانمان، شەڕی بەرزبوونەوەی تێچوی ژینمان ، شەڕی خراپکردنی بارودۆخی دەرونیمان و زۆری تر . ئەمانە لەدۆخی بە ناو ئاشتیدا کە لە پاڵیا دەکرێت پەتایەکیشمان وەکو پەتای کۆرۆنا بۆ دروست بکەن ، یاخود قەیرانێکی داراییمان بۆ دروست بکەن، ڕوودەدات . خۆ لە دۆخی شەڕییشدا ئەوە ئاشکرایە تەواوی زیندەوەرانی دوولاقی ئەم سەرزەمینە لانی کەم جارێك جەنگیان دیووە کە چ کارەساتێكیان بۆ دەهێنێت.

زاهیر باهیر
07/12/2023




دەزگاکانی خێرخوازی( بارزانی و مام ) دەرفەتێک بۆ گەندەڵی و هەوڵێک بۆ گەمژەکردنی خەڵک.. گۆران هەڵەبجەیی

بەهۆی ئەوەی هیچ کاروکایەو بزافێکی سیاسی ئابووری کۆمەڵایەتی لە سیاقی سرووشتی خۆیاندا لە هەرێم ڕوونادەن ،بۆیە هەردەم ڕوودانی ئەو جۆرە کاروچالاکیانە جێگەی گومانن، بەتایبەت گەر لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە ئەنجام بدرێن.
ئەم دووحیزبە بەرلەوەی هەر هەنگاوێک بنێن ، یا هەر کارێک لەهەر بوارێکدا ئەنجام بدەن گچکە یا گەورە ،یەک شت لەبەرچاودەگرن ئەویش بەرژەوەندی حیزبە، کەواتە لەم جۆرە مەسەلانەدا بەرژەوەندی خەڵک و خزمەتکردنیان لەزهن و بەرنامەیاندا غائیبە.
نمونەیەکی بەرچاو دەزگاکانی {بارزانی و مام}ن،گوایە ئەم دوو دەزگایە دوو دەزگای خێرخوازین و ئامانج و مەبەستیان هاوکاری و گرۆیی لێقەوماوان و هەژارانە.
لێ لە ڕاستیدا مەبەست و مەرام پڕوپاگەندەیە بۆ حیزبەکانیان ، دەخوازن لەڕێگەی ئەو ڕێکخراوانەوە ڕووی قێزەوەنی حیزبەکانیان جوان بکەن و وەک فریشتەو فریادڕەس نیشانیان بدەن.

زۆربەی وڵاتانی جیهان خاوەنی دەزگاکانی خێرخوازین وەک [خاچی سوور، نیومانگی سوور یا هەر ناوێکی تر] ،بەو پرەنسیپانە کاروچالاکییەکانیان بەڕێوە دەبەن کە لەهەمووجیهاندا پەیڕەو دەکرێن. زۆر ئاساییە کە هەرێمیش چەند دەزگایەکی خێرخوازی هەبێت، بەمەرجێک شەفافیەت و ڕاستگۆیی لە کارەکانیاندا هەست پێبکرێت.
ئەو دوو دەزگا خێرخوازیەی هەرێم کە لەسەرەتادا ئاماژەم پێداون دوو دەزگای تەواو حیزبین و کادێرانی حیزب دەیانبەن بەڕێوە و بۆ خزمەتی حیزب دامەزراون و دوورن لە پرەنسیپە جیهانیەکانی تایبەت بە دامەزراوە خێرخوازیەکان.
داهات کۆڵەکەی سەرەکی هەموو دەزگا خێرخوازیەکانە ،جا بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیەکمان سەبارەت بە سەرچاوەی داهاتی دەزگاخێرخوازیە جیهانیەکان هەبێت ،دەزگای[خاچی سووری دانمارکی ] دەکەمە نمونەو پاشان لەگەڵ هەردوو دەزگا حیزبیەکەدا بەراوردی دەکەم.
.
چەند سەرچاوەیەک هەن کە بەردەوام دابینی خەرجیەکانی ئەم ڕێکخراوەدەکەن و لە ماڵپەڕو گۆڤارە وەرزیەکانیاندا بە داتا ئاماژەیان پێدەکەن لەوانە:
+ئەو دوکانانەی شمەک و کۆنەی تێدا دەفرۆشن.ئەم شمەکانە هاوڵاتیان دەیانبەخشن یاخود ناوماڵی کەسانی کۆچکردوون.
+لەڕێگەی ئەو هاوبەشانەی مانگانە مەبلەغێک دەبەخشن.[من و هاوژینەکەم لەساڵی ١٩٩١ وە مانگانە مەبلەغێک دەبەخشین.
+فرۆشتنی گۆڤاری وەرزی خۆیان
+تەبەروعی میدیاکانی دانمارک.
+هەڵمەتی ساڵانەی کۆکردنەوەی پارە لەڕێگەی گەڕان بەماڵان و بازاڕەکاندا .
+کۆکردنەوەی پارە لەڕێگەی ژمارەی بانکی یاخود [SMS]ەوە
+بەخشینی کارگەو کۆمپانیاکان .
+کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فلیم
وێرای ئەم سەرچاوانە دەزگای خاچی سووری دانمارکی هاوکاری دارایی لە لایەنێکی دەوڵەت وەردەگرێت کە ئەویش {فەرمانگەی کۆچبەرانی دانمارکی}یە.
کەواتە بۆمان ڕووندەبێتەوە کە بەهیچ جۆرێک پارە لە حیزب و حکومەت و سەرۆک وەزیران وەرناگرن و بەیاسا قەدەغەکراوە.
ئەوجا بابزانین ڕێکخراوە حیزبیەکانی بارزانی و مام بەچ میتۆدێک کاردەکەن و چ جۆرە مەرجێکی [ڕێکخراوی خێرخوازیان تێدایە بەتایبەت لەڕووی داهاتەوە].
باز بەسەر مۆڵەت و بارەگاو سنووری کارکردن و شێوازەکانی هاوکاری و هەندێک وردەکاریدا دەدەین ،چونکە گرنگ نین و لەکوردستان بە ئاسانی دەستەبەر دەبن ،بەتایبەت بۆ دوولایەن کە خۆیان دەسەڵاتداری یەکەمن.
ئەو مەرجەی گرنگەو هەڵوەستەی لەسەردەکەم داهاتی ئەم دوو ڕێکخراوە خێرخوازیەیە،کە ناڕوون و نادیارە.
لە پێناسەی دەزگای خێرخوازی بارزانیدا بەم جۆرە ناڕوونە ئاماژە بەسەرچاوی داهات کراوە :
{دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە زیاتر پشتی بە خەڵکی خێرخواز و مرۆڤدۆستی کوردستان بەستووە، دەتوانین بڵێین بەشێوەیەکی سەرەکی خەڵکی خێرخواز و دەوڵەمەندی کوردستان ھاوکاری ماڵی (فەند) ی پرۆژەکانی ئەم دەزگایە دەکەن.}
سەیر ئەوەیە ناوی یەک مرۆڤدۆست یا دەوڵەمەندی کوردستان نەهاتوە کە[فەندی] پێشکەش بەو دەزگایە کردوە ،کە ئەوەش مەرجێکە لەمەرجەکان و پێویستە بەناو و مەبلەغەوە ئاماژەی پێبدرێت.با لەوەش گەڕێین کە سەرچاوەکانی هاوکاری دارایی ناشەفافن ،بەڵام دەچێتە ئەقڵەوە دەزگایەکی وا زەبەلاح کە بەقسەی خۆیان چالاکیەکانی چەندین و ڵات و دەڤەری گرتوەتەوە تەنها بەخێرو سەدەقەی چەند دەوڵەمەندێک بچێت بەڕێوە؟
کەواتە لەکوێوە پارە دابین دەکەن؟ بۆ گەڕان بەدووی وەڵامەکەیدا خۆماندووکردنی نەگەرەکە و زۆر سانایە .ئاشکرایە هەرچی داهاتی کوردستانە لەژێر چنگی ئەو دووحیزبەدایە ،هەرخۆیان بڕیار لەسەر خەرجکردنی یا تەخشان وپەخشانکردنی دەدەن.
لەم حاڵەتەدا زۆر ئاساییە ساڵانە پارەیەکی زۆر لە داهاتی هەرێم کەهی خەڵکە بخرێنە سەرحسابی حیزب و لەوێشەوە بۆ [دەزگای خێرخوازی بارزانی و مام].
بەهۆی ئەم دەزگایانەوە ژمارەیەکی زۆر لەئەندامان و لایەنگرانی هەردوو حیزب بەناوی خۆبەخشەوە کاردەکەن بەڵام لەڕاستیدا مووچەخۆرن کە مەرج نیە ناونیشانی مووچەکانیان ئەم دەزگایانە بێت.
بەهۆی ئەوەی لێپرسینەوە و چاودێری و حسابات لەداهات و خەرجیەکاندا نیە ، ئەم دەزگایانە بوونەتە ژینگەیەکی گونجاون بۆ گەندەڵی و بەهەدردانی پارەی میللەت، ،خۆگەر لەوبارەوە شتێک هەبێت ئەوە بەنهێنی و لەتاریکیدا ڕوودەدەن.
دیارە لایان شەرمە بڵێن سەرچاوەی داهاتمان پارەی دزراوی خەڵکە چونکە لەسەریان دەکەوێت.
سەبارەت بە سەرچاوەکانی داهاتی دەزگای خێرخوازی مام زۆرگەڕام هیچ زانیاریەکم دەست نەکەوت.
من دژ بەهیچ دەزگایەک نیم گەر لەبواری هاوکاری مرۆیدا کاربکات و هاوکاری لێقەوماوان بکات،بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە ئەم دوو دەزگایە مەبەست و ئامانجیان لایەنە ئینسانیەکە نیە کەوەک پێشتر ئاماژەم پێدا، بەڵکو خۆدەرخستن و پروپاگەندەی بێتامە بۆ حیزب و سەرکردە کۆچکردوەکانیان.
ئەم بۆچوونەم لەخۆڕا نەهاتوە بەڵکو ئەزموونی ٣٢ ساڵی دەسەڵاتی ئەم دووحیزبەیە بەوەی هیچ کارێک هیچ هەنگاوێک بەرەو خزمەتکردنی خەڵک هەڵناگرن با گچکەش بێت گەر بەرژەوەندی حیزب و ڕمووزەکانی تێدا نەبێت.
هاوکات منافەسەی ناشەریفی ئەم دووحیزبە گەشتە ئەم بوارەش،بەوەی هەر پاش چەند ساڵێک لەدامەزراندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەزگای خێرخوازی مامیش بوونی خۆی بەیان کرد.
هەردوو دەزگاکە دەخوازن خەڵک گەمژە بکەن کەگوایە دوودەزگای تەواو خێرخوازین و تەنها ئامانجیان خزمەتکردنی خەڵکەو لەهەرشوێنێک پێویست بێت ئەمان لەوێن،ئەوەش ڕاست نیە بەوەی لە دیاری کردنی شوێنی پێشکەشکردنی هاوکاریدا مەزاج و نزیکی لە حیزبەکانیان و وەلای خەڵکەکە بۆ یان دەوردەبینێت.

هەندێک زیانیاری گرنگ دەربارەی دەزگای خاچی سووری دانمارکی.
+ئەم ڕێکخراوە لەساڵی 1876 دا دامەزراوە، لە نێو دانمارکدا [220] لقی هەیە، کە 35000خۆبەخش کاری تێدادەکەن.

  • لە 192 وڵاتدا پرۆژەیان هەیە .
    +بەسەرجەم بنکە و لقەکانی لە ناوەوەو دەرەوەی دانیمارک تەنها [200] مووچەخۆری هەیە، کە ئەمانەش زیاتر بەرپرسی وێزگەکانن و بەمووچەیەکی کەم کاردەکەن.
  • تەنها لەساڵی پاردا خاچی سووری دانمارکی 1,6 ملیار کرۆنی لە نێو دانمارک و وڵاتانی دیکەدا لەبواری هاوکاری جۆراوجۆردا خەرج کردوە.
    +خاچی سووور لەبووارەکانی پەناهەندە،نێوگری لایەنەکان لەجەنگدا،دابینکردنی پێداویستیەکانی ڕۆژانە بۆ خەڵکانی نێوجەنگ،هاوکاری لەبواری کارەساتی مرۆیی و سرووشتیدا،هاوکاری وڵاتە هەژارکان لەئاسایا ئەفریقا ئەمریکای لاتین،کردنەوەی خەستەخانە،ڕاکێشانی ئاوی خواردنەوە، کردنەوەی خوێندنگا، نوێژەنکردنەوەی ڕێگاوبان و زۆرکاری دیکە



دەنگدانی كورد لە كەركوك بە كورد ئەركە نەك منەت.. رابەر رەشید

دەستپێك:
بە گەڕانەوەی حزبە كوردستانییەكان بۆ كەركوك و رزگاربوونی كوردو نەتەوەكانی دیكەی شارەكە لە ستەمی حزبی بەعس، خەڵكی شار –بەتایبەتی ئەوانەی بە دەستی ستەمكاریی بەعسەوە هەڵوەداو نیگەران بوون- هەناسەیەكی ئاسوودەییان هەڵمژی بەو ئومێدەی رۆژگارێكی نوێ بێتە ئاراوەو گۆڕانكارییەكان هەنگاوی بەرەو پێش بەخۆیانەوە ببینن و خاك و زێدی داگیركراوی كوردو توركمانی شارەكەو گوندە وێرانكراو و رووخاوەكانیان بەدەستبهێننەوەو بۆ هەتا هەتایە لەو داگیركارییە رزگارییان ببێت. بەڵام بە داخەوە نەكرا، بۆ؟ لە درێژەی بابەتەكە ئاماژەی پێ دەدەین.

هەردوو حزبی دەسەڵاتدار لە كەركوك چییان كرد؟
ئەو سیاسەتە خۆپەرستی و تەسكی حزبایەتییەی كە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار –یەكێتی و پارتی- لە كەركوك پەیڕەو و پیادەو پراكتیزەیان كرد، گواستنەوەی هەمان سیاسەتی هەرێمی كوردستانی پێش رووخانی رژێمی بەعس بوو، واتە هەموو شتێك دابەش دوو: نەك تەنها كایەو جومگە هەستیارەكانی حكومڕانی، بەڵكو هەتا زمانی كوردیش دابەش دوو كرایەوەو قوتابی و خوێندكار، ئافرەت و ژن، كەركوك و كەركووك، دابەشی دوو لە هەموو شتێك. لە بواری حكومڕانیش: بەڕێوەبەر بۆ پارتی جێگرەكەی بۆ یەكێتی و بە پێچەوانەوە. یەك بۆ من و یەك بۆ تۆ، رێك (پەنجا بە پەنجا)كەی هەرێمی كوردستان و دۆخی شڵەژاوی دوای شەڕی خیانەتی كورد بە كوردو پەراوێزخستنی – بە قەولی خۆیان- حزبە بچووكەكان و رازیكردنیان بە هەندێك پلەو پۆستی لاوەكی و رازیكردنیان بە نیگەرانییەوە.
سەرباری ئەمانەش گەڕانەوەیەكی شەرمنانە بۆ بەغداو مارەكردنەوەی زۆرەملێی هەرێم بە بەغداو خۆبەدەستەوەدانی شەوی بووكێنیی دەسەڵاتدارانی كورد بە بڕە پارەیەكی قەڵپ، نەك پرس و ستراتیژییە نەتەوایەتییەكانی كورد كە هەرگیز ئەو دوو حزبە لە باشووردا نەیانبووە، بە وەرگرتنی پلەی سەرۆك كۆمارێكی نەزۆك –كە تا ئێستاش درێژەی هەیە- بێ ئەوەی یەك دەستكەوتی نەتەوایەتی بۆ كوردی لێ بەرهەم هاتبێت، جگە لە كۆیلایەتی و گیرفان پڕكردنی حزب نەبێت..!!، ئەگەرنا تێكڕای پرسە هەستیارەكان وەكو خۆیان مانەوەو رۆژ لە دوای رۆژیش لە پاشەكشێدان.

  • پرسی خاك:
    هەستیارترین هەنگاو كە دەبوو كورد –كە دەڵێم كورد، هەڵبەتە مەبەستم هەردوو حزبی دەسەڵاتدارە، كە تا 16ی ئۆكتۆبەری زەلیلكردنی كورد، ئەوان حاكمی كوتەك بە دەستی شار بوون- هەنگاوی بۆ بنایەو لە دانوستانەكاندا شەڕی لەسەر بكردبوایەو لە ئاستیدا شەرمن شەرمن چاوی شەرمنانەی هەڵنەبڕیبوایە، پرسی وەگرتنەوەی خاكی داگیركراوی كورد بوو، بە زەویی كشتوكاڵی جووتیاران و ئەو خانووبەرانەی كاتی خۆی لە لایەن رژێمەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو و بە پاساوی جۆراوجۆری كوردبوون خاوەنەكانیان شاربەدەر كردبوون و بە عەرەبی داگیركەریان بەخشیبوون. بە تایبەتیش زەویوزاری كشتوكاڵی كە بە بڕیارێكی رەگەزپەرستانەی خودی سەدامی دیكتاتۆر داگیركرابوون و خرابوونە سەر وەزارەتەكانی نەوت و دارایی و بەرگری و…تاد، كەچی ئەوەی تا ئێستاش بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوەو هەوڵی راستەقینەی بۆ نەدراوەو بە داگیركراوی ماونەتەوەو بەشێكی زۆریان هەر بە ناوی عەرەبی داگیركەرو هاوردەوەن و ناوە ناوە عەرەبە داگیركەرەكان لە گوندەكانی پڕكانی و شەناغەو قەرەدەرەی سەر بە سەرگەڕان و دووبزو گوندەكانی دەشتی ساڵەیی سەر بە پردێ و ناوچەی لەیلان و خورماتوو، هەڵدەكوتنە سەر جووتیارانی كوردو لە داكێڵان و چاندنی زەوییەكانیان رێگرییان لێ دەكەن و هەوڵی داگیركردنەوەی گوندەكانیش دەدەن و هەندێكیشیان بە كردەیی داگیركردۆتەوە. ئەوەی لێرەدا مایەی شەرمەزارییە ئەوەیە كە لە ماوەی نزیكەی بیست ساڵی پۆستی سەرۆك كۆماریی كورد لە بەغدا چی بۆ پرسی خاك و نەتەوایەتیی كورد كراوە؟
    ئایا نەدەكرا ئەو پێگەو پۆستە وەكو لووتكەی هەرەمی دەسەڵات لە پێناو مافە ڕەواكانی كورد بخرایەتەگەڕو لە هەمبەر رێگرییەكانی شۆفێنیستانی عەرەب و توركمان و وەرگرتنەوەی مافی دزراو و داگیركراوی كورد سەنگی مەحەكی یەكلاییكردنەوەی پرسە چارەنووسسازەكان بوایە؟ ئەگەرنا شەقێكی تێهەڵبدرابوایەو كورد –یەكێتی و پارتی و ئەوانەی دیكەش- لە بەغداوە بگەڕابوونایەتەوە هەرێم و بەپێی ستراتیژییەتێكی نەتەوایەتیی تۆكمە لە هەمبەر ئەو زێدەڕۆییانەی ئەوان هەڵوێستیان بنواندبوایە، ئەو كاتە هەموو كورد ئامادەی سەنگەرگرتن دەبوو لە شۆفێنییەت و داگیركاری و رێگری كردن لە دووبارە داگیركردنەوەی خاكی داگیركراوی كوردستان، ئەمە سەرباری ئەوەی كە خاكی كوردیان خستە مەزادی سیاسەت نەزانییان و لە مادەیەكی نەزۆكی دیكەدا كەمتەرخەمانە ئەویشیان دیزە بە دەرخۆنە كردەوەو خۆیان لێ نەبان كرد.

    ریفراندۆم و (16)ی ئۆكتۆبەرو هەڵوێستی كورد
    دوای ئەوەی بێ خوێندنەوەیەكی بابەتیانەو لۆژیكیانەی پێگەی كورد لە ناو عێراق و لە چوارچێوەی هەژموونی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و سیاسەتێكی ئابووریانەی ئەوتۆ كە هیچ ئابووریزانێك توانای ناولێنانی بە شێوەیەكی زانستی نەبێت، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمێكی تەمومژاوی و نەزۆكی دیكەیان دا –تۆ تەماشاكە هەموو هەنگاوەكان نەزۆكانەن-و باشووری كوردستانیان خستە ناو گێژاوێكی مەترسیداری ئەوتۆوە كە ئەگەر بەرژەوەندیی زلهێزەكان لە مانەوەی دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە نەبوایە، ئەوا سەری خۆیشیانی دەخوارد، بە داخەوەش زیاتر لە 51%ی رووبەری خاكی باشووری كوردستان بە كەركوكیشەوە لە لایەن هێزە عێراقییەكان و هاوكاریی ئاشكرای هەرێمایەتی داگیركرایەوەو گڵۆڵەی كورد لە كەركوك و تەواوی ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كەوتە لێژی و لە خورماتوو ئەوەی ناكرێ بە كورد كراو دۆخێكی داگیركاریی ترسناك باڵی بەسەر ئەو ناوچانەدا كێشا كە كەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی حەشدو سوپای عێراق بە كەركوكیشەوە، ئەوەندەی باش بوو یەكێتی نیشتیمانی بە هەر زەلیلییەكیش بووبێت كەركوكی چۆڵ نەكردو لە شارەكەدا مایەوە، كە وێڕای دونیایەك رەخنەی توندو سەرزەنشت كردنیش لەو سیاسەتەی لە دوای رووخانی رژێمەوە لە كەركوك پەیڕەویان كرد، بەڵام ئەو مانەوەیەیان جێگەی دەستخۆشی بوو، ئەگەرنا كورد هەرگیز چاوی بە كەركوك نەدەكەوتەوە.
    لەم دەنگدانەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەدا كورد چی بكات؟
    ئێستا كە بڕیاروایە لە 18ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ 2003 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بە كەركوكیشەوە ئەنجام بدرێت، كورد بە هەموو حزب و ئایدیاو بۆچوونەكانەوە، وەكو ئەركێكی نەتەوایەتی و نیشتیمانیی كوردستانی و بوونی كورد لە شاری كەركوك دەبێ ئەمجارە لە هەڵبژاردنەكانی دیكە زیاتر پێداگری لەسەر چوونە سەر سندووقەكانی دەنگدان بكات و دەنگ بەو هێزە كوردستانیانە بدات كە دەرئەنجام بە یەك گرتنەوەیان دەبنە مایەی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك.
    لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا ئەگەر خۆت بە چەپ و شیوعی دەزانیت ئەوە نوێنەرێكی شیوعییەكان لە ناو لیستی 142دایەو ئەگەر یەكێتی و سۆسیال دیموكرات و نەتەوەپەروەریشی ئەوە كاندیدانی یەكێتی و پارتی و ئەگەر ئیسلامیشی ئەوە لیستی ئیسلامییەكان و ئەگەر لە هەموو ئەوانەش تووڕەو نیگەرانیت ئەوە نوێنەرانی نەوەی نوێ، گرنگ ئەوەیە بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە كورد بدەن.
    دڵنیام ئەمە بە لای هەندێك كەسەوە ئەوپەڕی نەتەوەپەرستی و ناسیۆنالیستییە، بەڵام بە دڵنیاییشەوە پرسی كەركوك ئەوە هەڵدەگرێت كە لە پرسێكی وادا تا ئەوپەڕی ناسیۆنالیست نەتەوەپەرست بیت، ئەگەرنا پاشەڵت بەر شەقی رەگەزپەرستانەی ئەوانەی دیكە دەكەوێت و هیچ دوور نییە شاربەدەرو گوند بەدەریشت بكەن.

رابەر رەشید – پردێ




دایکم/3/.. رەسووڵ بەختیار

٣

دایکم: ئێمە دەبێ بەهێز بین بەرامبەر بەهەموو کارەساتەکان, خۆمان نەکەین بەقوربانى کارەسات و نەبینە خۆراکى دەم کارەساتە نالەبارەکان.
وەک دەزانن هیچ شتێک لەدایک گەورەتر نییە, دایک واتە نیشتمان و خۆشەویستى و خاک ئینجا چ جاى دایکێک لەنێوەندى زۆربەى کێشە و گرفت و ناخۆشى و بێدەرەتانى و ئاوارەیدا ژیا بێ, دایکانى هەمووان هەرهیچ نەبێ چەندین حەسرەتى لەدڵدا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەى سەر دەنێتەوە, دایکم سەرەڕایی هەموو ناخۆشییەکان هەردەم دەیگوت: ئێمە هەردەم دەبێ بەهێز بین, هێزێک نەتوانێ بمانڕووخێنێ, چونکە هەر کاتێک هەستت بەداڕمان کرد وەک ئەوەیە هەموو تەمەنت بەخۆڕایی رۆیشتبێ، بۆیە تەنیا بەخۆشەویستى و لێبوردەیى دەتوانین بەسەر هەموو شتەکاندا زاڵ بین.
دایکم: دەکرێ هەموومان یەکترمان خۆشبوێ, هیچ کاتێک رق و قینە ئەنجامى نابێ جگە لەماڵوێرانى.
دایکم زۆرجار باسی لەخۆشەویستی دەکرد و دەیگوت،:کاتێک ئێوە یەکترتان خۆشویست، کەس ناتوانێ بێتە نێوانتان، تەنیا خوشک و برا بۆ یەکتر دەمێنن، هەروا دەکرێ خەڵکتان خۆشبوێ،هیچ کاتێک دژایەتی کەس مەکەن، راستە ئەو قسانەی دایکم ڤسەی هەموو دایکێکە، بۆیە هەردەم دووبارەی دەکردەوە: جگە لەکەسە نزیکەکانی خۆتان خەڵکیشتان خۆشبوێ، ئێوە خۆشەویستی و رێزیان نیشان بدەن، ئەگەر کەسەکان هەرچەند خراپیش بن، رۆژێک دێ هەست بەسۆز و رێز و خۆشەویستی ئێوە دەکەن، قەت رقتان لەکەس نەبێتەوە، چونکە تەنیا رقە خێزان و ماڵ و هاوڕێیەتی و خزمایەتی تێکدەدا، ئاژاوەکان هیچ ئەنجامێکی نییە.
دایکم لەگەڵ کەس نەیخوێندبوو، بەڵام لەسەردەمی منداڵی و گەنجیەتی هەردەم لەتەک خوێندەوارەکان بوو، وەک خوێندەوار وابوو, رۆژگار هۆکارێک بوو تا نەچێتە بەر خوێندن.
دایکم: زۆر لەمێژە لەبیرمە لەم هەولێرە چەندین خانەوادە بەهۆی نەگونجانیان لەگەڵ یەکتردا پەرتەوازبوون، دوای دەیان ساڵ هەموو لایەک پەشیمان بوونەوە، بەڵام دوای چی، دوای ئەوەی هەندێکیان کەوتنە بەغدا، و شارەکانی دیکەی عەرەبان، بەم دواییە لەیەکتر ئاشکرا بوون ئەمانە کەسی نزیکی یەکترن، بەڵام ئەو رق و قینەیەی سەردەمی زوو، هەر هۆیەکە تا بەتەواویی لەیەکتر نزیک نەبنەوە.
دایکم: راستە ئەو قسانە ئاسایین زۆر کاریگەری نییە، بەڵام ئەگەر بەوردی لێی بڕوانین، سەیرەکە چەند بەئازارە، بۆیە دەکرێ هەموومان یەکترمان خۆشبوێ وەک پێشینینان گوتویانە: دونیا شەو و رۆژێک نییە، چاو هەر بەچاو دەکەوێتەوە، تەنیا چیا بەچیا ناکەوێ.
شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش زۆر جار لەنێوەندی قسەکانی دایکمدا بەدی دەکرا، دەیگوت: ئاوازەکانی قسەی خۆش و خۆشەویستی و دڵنەوایی یەکتر وەک ئەو ئەو چوار شێوازەی کوردی وایە، هەر شێوەیەک بەکوردی قسە دەکات، هەر هەموویان ئاوازێکی جوانی کوردیان بەبەری ئەو کوردییە جوانەی ئێمەدا کردووە.
وەک لەسەرەتادا گوتم، دایکم لەیەکێک لەگوندەکانی زێی بچووکی وراتی کۆیە، یان گوندەکانی ئەو دیوو بەستی شەرغە لەدایکبووە، دایکم ناوی “شەمام”ە، شێوەزاری گوندەکەمان لەبن زارەکانی لوڕییە، وەک باوکم بەتەواوی ئەو شێوە زارە و بن زارەی دەزانی، تا کۆچی دوایشیکرد، بەتەواوی زاڵبوو بەسەر شێوەی لوڕی، ئێمە وەک ئەو نەماندەزانی، کاتێک بەشێوەی سۆرانی قسەی دەکرد، ئەگەر بەتەواوی نەیتوانیبووایە، ئەوا هەر بەلوڕی قسەی دەکرد، ئەو شێوە زارەی زۆر خۆشدەویست، هەردەم دەیگوت:قسەکردنی ئێمە زۆر خۆشە، بەمنداڵی گوێم لەدەیان گۆرانی لەو شێوەیە بووە، ئێوەش بزانن باشە، خۆتان بەتەواوی خۆتان فێر بکەن.
زۆرجار دایکم بۆ ئەوەی ئەو شێوە زارەمان لەبیرنەچێ ئەوا بەلوڕی بانگی دەکردین، ئێمەش زۆرجار لەبیرمان چووبۆە، چونکە زۆربەمان لەهەولێر لەدایکبووینە.
لەبیرمە زۆر جار ئەگەر باوانم بیانویستبووایە لەنێوان خۆیان باسی بابەتێک بکەن، ئێمە لێیان تێنەگەین، بەلوڕی قسەیان دەکرد، ئینجا ئەو شێوەزارە لەزاری دایک و باوکم ئاوازێکی زۆڕ خۆشی هەبوو، وەک ئەوەی ئێمە گوێمان لەشیعرێکی زۆر جوان بێ، ئەوە جگە لەوەی کاتێک هەندێک نووکتە و قسەی خۆشیان بەو شێوەیە دەگێڕایەوە، لەنێوان یەکتردا پێدەکەنین، ئێمەش لەبەرامبەریان تەنیا واقوڕمابووین، تا ئەو کاتەی ئاسانتریان دەکرد، ئینجا لەگەڵیان پێدەکەنین.
ئەو کاتانەی زیاتر هەموومان پێکەوە بووین، لەماڵدا، باس لەوە دەکرا، چۆن تەنیا چوار گوند وەک سێکانی و سێگردکان و کانی لەلە و ئۆمەرگومبەت شێوەزاریان جیایە لەگەڵ دەڤەری کۆیە -وراتی کۆیە-هاوکات زۆر جار خەڵکیش ئەو پرسیارەی لێکردووین، بەپێی چەند بەڵگەیەکی مێژوویی دوایی شەڕی چاڵدێران لەکرمانشاوە و لەپاشاندا بەچەند قۆناغێک هاتووینەتە دەربەندی زەهاو، لەقۆناغێکی دیکەی ئاوارەیدا هاتوونەتە گوندەکانی سەر زێی بجووک، بۆ دواجار لەوێدا نیشتەجێ بوونە.
وەک گوتم دایکم ئەو شێوەزارەی زۆر خۆشدەویست و هەردەم دەیگوت، ئەو گۆرانی و تەمسیلانە زۆر خۆشن، کە بەشێوەی ئێمەیە. هەموو وشە و دەربڕینەکان لەدڵەوە دەردەچن, هەمووى وشەى رەسەنى کوردین.
زۆرجار ئەو رستەیەشى دووبارە دەکردەوە, کە شێوە ئاخاوتنەکانى کوردى ئینجا بەهەر شێوەیەک بێ لەکۆتایدا ئاوازێکى کوردى زۆر جوان بەگوێماندا دەچرپێنن.




دوو كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی مناڵانه‌ی نه‌وزاد شێخانی.. ستار ئەحمەد

زمانی منداڵ هێنده‌ سانا نییه‌، هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت شیعر یاخود چیرۆك، به‌ده‌میانه‌وه‌ بنووسێت و سه‌ركه‌وتووبێت. مناڵ جیهانێكی جودایه‌ له‌ دونیای ده‌ره‌وه‌، شیعر و چیرۆكیان یاسا و رێسای خۆی هه‌یه‌. لێره‌و له‌وێ هه‌وڵدان ده‌بینین، تا ڕاده‌یه‌ك توانیویانه‌ شتێك بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌م دونیا قشتیله‌یه‌، مناڵان به‌ چه‌ندین چیرۆك یاخود شیعر شادمان بكه‌ن، به‌ڵام تا چه‌ند توانیویانه‌ خزمه‌تێكی ئه‌وتۆ به‌ مناڵان بكه‌ن، كه‌ له‌ رووی په‌روه‌رده‌ و سایكۆلۆژییه‌ته‌وه‌ كاریگه‌ری چاكی له‌سه‌ریان هه‌بێت. ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌روا له‌ خۆڕا چنگ ناكه‌وێت. دیاره‌ زۆرجار نامیلكه‌ شیعری مناڵان ده‌بینین، به‌زۆری باس له‌ په‌روه‌رده‌ و خاك و دایك و قوتابخانه‌ و مامۆستا و باخچه‌ی ساوایان و چۆنێتی هه‌ڵسوكه‌وتی مناڵان و چوون بۆ خوێندنگا و بابه‌تگه‌لی له‌و شێوه‌یه‌ ده‌كات. به‌ڵام تا ئێستا مناڵان له‌ شیعر و چیرۆك تا ڕاده‌یه‌ك بێبه‌شن و تینووی ئه‌م دونیا جوانه‌ی ئه‌ده‌بن.
ئه‌م هه‌وڵه‌ی كاك نه‌وزادیش شایانی ستایشه‌، بۆیه‌ حه‌زمكرد له‌ كتێبی (گوڵ و ئاسك و هه‌نگ) به‌رچنه‌یه‌ك هه‌ڵبژێرم و به‌ چه‌ند چیرۆكێكدا بچمه‌وه‌، بزانم تا چه‌ند بابه‌ته‌كانی تینوێتی تاسه‌ی دڵی مناڵان ده‌شكێنن و له‌ خزمه‌تی ئه‌م توێژه‌ی كۆمه‌ڵدان.
كه‌ نه‌وه‌ی دوا رۆژی ئه‌م میلله‌ته‌ن. له‌ چیرۆكی (زه‌وی و ئاسمان)دا باس له‌ هاوڕێتی ده‌كات كه‌ كه‌روێشكێك حه‌زی به‌ هاوڕێتی قه‌له‌ڕه‌شێكه‌ و ده‌یه‌وێت له‌ وه‌رزێكی به‌هاردا به‌ كاوه‌ژوو له‌ناو گژوگیای چیا ڕه‌نده‌كانی كوردستاندا گه‌مه‌ بكه‌ن و پشوویه‌كی لێبده‌نه‌وه‌، به‌ڵام قه‌له‌ڕه‌شكه‌ ڕازی نابێ و نایه‌وێ له‌گه‌ڵ نابووتێكی وه‌كو كه‌روێشكدا كاتی خۆی به‌فیڕۆ بدات و گوایه‌، ئه‌و باڵداره‌ و له‌ ئاسمان نه‌بێ ناحه‌وێته‌وه‌، ئه‌وێك بتوانێت ئاسمان ته‌ی بكات و پشووی باڵی به‌ شینایی ئاسمان تێراو بێ، چ پێویستی به‌ كه‌روێشكێكه‌ به‌ قونه‌قون یاڵ به‌ یاڵ ببڕێ. بۆیه‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌یه‌ له‌خۆی ناگرێت له‌سه‌ر زه‌وی له‌گه‌ڵیدا گه‌مان بكات. كه‌روێشكه‌ زرنگه‌كه‌ پێی ده‌ڵێت ئه‌مه‌ی تۆی ده‌یڵێی مه‌حاڵه‌ و ئه‌م گه‌مه‌ و ئاره‌زووه‌ تا سه‌ر بۆ تۆ ناچێته‌ سه‌ر، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌موومان پێویستمان به‌ خاكه‌ له‌وێشدا نه‌بێ ناتوانین پشووی یه‌كجاره‌كی بده‌ین. قه‌له‌ڕه‌شه‌كه‌ له‌سه‌ر كه‌له‌پووتی و نابووتی و لووت به‌رزی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێ، هه‌ر ده‌فڕێ به‌ڵام كه‌روێشكه‌كه‌ ده‌زانێ ئه‌م خۆبه‌زلزانینه‌ی تا سه‌ر نابێ، ماوه‌ی رۆژێكی بۆ داده‌نێ. قه‌له‌ڕه‌شه‌كه‌ ده‌فڕێت هه‌تا باڵه‌كانی بیهێز ده‌بێ، تینوێتی په‌ریشانی ده‌كات بێهۆش ده‌كه‌وێته‌ ناو دارستانێكی چڕه‌وه‌، لقه‌دارێكی تیژ ده‌چێ به‌سكیاو ده‌یكوژێ.
لێره‌دا چیرۆكنووس: ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات نابێ ئینسان له‌ هاوه‌ڵانی خۆی جیابكاته‌وه‌ و، خۆی به‌ گه‌وره‌تر بزانی، زێدی خۆی كه‌ خاكه‌ له‌بیر بكات. چونكه‌ ئه‌نجام وه‌ك ئه‌م قه‌له‌ڕه‌شكه‌یه‌ له‌ ئێسك و پروسكی خۆیدا كفتوكۆی داده‌مركێ، سه‌ری یه‌كجاره‌كی ده‌نێته‌وه‌، هه‌ر له‌ توێی ئه‌م كتێبه‌دا چیرۆكی قرژاڵه‌ سپڵه‌كه‌ ده‌بینین، كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات چاكه‌ بكه‌ی بیده‌ی به‌ده‌م ئاوه‌وه‌، له‌وه‌ چاكتره‌ بیر له‌ تۆڵه‌ و خراپه‌ی به‌رامبه‌ر بكه‌یته‌وه‌، هه‌میشه‌ گڕی قین له‌ ناختا بڵێسه‌ی بێ چیرۆكه‌كه‌ش به‌ كیسه‌ڵێك ده‌ستپێده‌كات كه‌ گۆماوێكی له‌ بۆق و قرژاڵه‌ وردیله‌كانی تر زه‌وت كردووه‌، تاپۆی ڕه‌ش له‌ ته‌وێڵی هه‌ڵواسیوه‌، به‌هیچ كلۆجێك گۆماوه‌كه‌ به‌رنادا، نایه‌وێ ئه‌وانی تریش به‌ ئاره‌زووی خۆیان ده‌ست له‌ملانی شادی و شه‌پ و هوڕی ئاوی گۆماوه‌كه‌ بن. رۆژێك بارانێكی به‌لێزمه‌ هه‌ڵده‌كات، گۆماوه‌كه‌ نركه‌ی دێت له‌ ئاوی تازه‌ باریودا یه‌كێك له‌ بۆقه‌ خێرخوازه‌كان به‌زه‌یی به‌ قرژاڵه‌كه‌دا دێته‌وه‌ و نایه‌وێ بخنكێ، ده‌یه‌وێ رێنمایی بكات كه‌نار بگرێت، هه‌تا ئاوی لافاوه‌كه‌ نه‌بخنكێنێ، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ بۆقه‌كانی دیكه‌دا پێی ده‌ڵێت:- نه‌چێته‌ گۆماوه‌كه‌وه‌ و به‌ لاڕێیه‌كه‌دا گوزه‌ر بكات، به‌ڵام قرژاڵه‌كه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕه‌نگێزی و ناخ ڕه‌شی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێ، پێیانده‌ڵێت: خه‌یاڵتان خاوه‌ ده‌تانه‌وێ گۆماوه‌كه‌م پێ چۆڵ بكه‌ن، گۆماوه‌كه‌ بۆخۆتان داگیربكه‌ن، هه‌رگیز بڕوای پێیان نایه‌ و پاش كاتژمێرێك نابا لافاوێكی به‌ سام دێت و دار و ده‌وه‌ن ده‌پێچێته‌وه‌. گۆماوه‌كه‌ی قرژاڵیش سه‌ر و ژێر ده‌بێ.
ئه‌م چیرۆكه‌ بیروڕای مرۆكان ده‌رده‌خات، كه‌ هه‌ندێك له‌ ئینسانه‌كان هێنده‌ ناخ ڕه‌شن، هه‌رگیز قسه‌ی راست لایان بڕشتی نییه‌ و هێنده‌ سوورن له‌سه‌ر ئاكاری نابه‌جێی خۆیان، له‌ ناخی خۆیانه‌وه‌ له‌ ده‌وروبه‌ر ده‌ڕوانن، به‌هیچ جۆرێك به‌ ڕێنموویی و قسه‌ی به‌سوودی خه‌ڵكانی دیكه‌ و هاوڕێیان ناكه‌ن، ئه‌نجام له‌ زه‌لكاوی نه‌زانی و كینه‌ی خۆیاندا سه‌ر ده‌نێنه‌وه‌، بۆیه‌ مناڵانم مرۆڤ هه‌میشه‌ ده‌بێ له‌ خه‌ڵكی دانه‌بڕێ و قسه‌ی به‌ پێز و ڕێنمایی ده‌وروبه‌ر وه‌رگرێت، په‌ند له‌ ئامۆژگاری ده‌وروبه‌ری خۆی وه‌ربگرێت.
هه‌ر له‌م كتێبه‌دا چاومان ده‌كه‌وێت به‌ چیرۆكی (قوتابییه‌كی ته‌مبه‌ڵ). باس له‌ قوتابییه‌كی په‌رپووت ده‌كات هه‌میشه‌ چاو به‌ وانه‌كانیدا ناگێڕێ و په‌رتووكه‌كانی په‌رپووتن و ته‌وه‌زه‌ل به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاوڕ له‌ ماندوبوونی مامۆستا و ڕه‌نجی باوك و دایك و ساڵانی به‌هه‌ده‌ری نادات، بۆیه‌ مامۆستاكان خۆشیان ناوێت. خه‌ڵكی لێی ده‌پرسن بۆ ناخوێنێت بیانووی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تێناگا. له‌سه‌ری ساڵدا مامۆستاكه‌ی بانگی ده‌كات و پێی ده‌ڵێت ئه‌مه‌ ئه‌نجامی هه‌موو وانه‌كانته‌ و له‌ هیچ ده‌رسێكدا ده‌رنه‌چوویته‌. دیاره‌ له‌ ئه‌نجامی ته‌مبه‌ڵی و ته‌وه‌زه‌لی خۆته‌وه‌ روویداوه‌. هه‌موو هاوڕێكانت ده‌چنه‌ پۆلی پێنجه‌م و ته‌نها تۆ نه‌بێ له‌ پۆلی چواره‌مدا ده‌مێنیته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ساڵێكی ماندووبوون و هاتووچۆكردن و مه‌سره‌فت و هاتنت بۆ قوتابخانه‌.
بۆیه‌ قوتابییه‌كه‌ شه‌رمه‌زار ده‌بێ و ئینجا ده‌زانێ سه‌رنه‌كه‌وتن چه‌ند ناخۆشه‌ كه‌ له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی رۆژانه‌ی خۆیه‌وه‌، به‌م ئاكامه‌ ناخۆشه‌ گه‌یشتووه‌، به‌ڵام كار له‌كار ترازا و په‌شیمانی سوودی نییه‌، بۆیه‌ مناڵانم ئێوه‌ش ده‌بێ له‌ ئاستی ئه‌م جۆره‌ قوتابیانه‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرن، ڕێنماییان بكه‌ن، نه‌هێڵن نموونه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ نێوماندا سه‌رهه‌ڵدا، ده‌بێ خۆتانیش هه‌میشه‌ چوست و چالاك رۆژانه‌ وانه‌كانتان به‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌، هه‌تا ببنه‌ نه‌وه‌یه‌كی به‌كاری دوا رۆژ و گه‌ل و میلله‌ت و نیشتمان له‌سه‌ر ئێوه‌ راوه‌ستاوه‌ و چاوه‌ڕوانی هیمه‌تتانه‌. له‌ نامیلكه‌ی دووه‌مدا چیرۆكی (سه‌ربه‌ستی)م خوێنده‌وه‌ باس له‌ پیرۆزی هاوڕێیه‌تی ده‌كات، كه‌ چۆن دانا كۆترێكی به‌ند كردووه‌، بۆ لای هاوڕێكانی فڕیوه‌، نیگه‌رانی دایده‌گرێ، به‌ڵام دایكی دڵی ده‌داته‌وه‌ و كه‌ ئه‌ویش خه‌یاڵی هاوڕێكانی لێیداوه‌ و فڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هاوڕێتیان شادبێ تێیده‌گه‌یه‌نێت ئه‌م چۆن ناتوانێت ده‌سبه‌رداری “گۆران و كاروانی” هاوڕێی بێ، ئه‌و كۆتره‌ش به‌و شێوه‌یه‌ هاوڕێیه‌تی هاوڕێكانی لا پیرۆزه‌ و بێ ئه‌وان له‌ قه‌فه‌سی ته‌نگدا ناژی. بۆیه‌ دانا یه‌كسه‌ر تێده‌گات و ده‌ستده‌كات به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ و قسه‌ و په‌نده‌كانی دایكی ده‌بنه‌ زه‌نگێك هزری ڕاده‌چه‌ڵه‌كێنن.
دوا چیرۆكی ئه‌م نامیلكه‌یه‌ مێرووله‌یه‌، باس له‌ مێرووله‌یه‌كی چاپك ده‌كات ده‌یه‌وێت خواردنێك بخاته‌ ماڵه‌كه‌یه‌وه‌، به‌ڵام زۆر ماندوو ده‌بێ، ئه‌م مێرووله‌یه‌ داوا له‌ مێرووله‌یه‌كی سوور ده‌كات، به‌ڵام مێرووله‌كه‌ گاڵته‌ی به‌ قسه‌كانی دێت و یارمه‌تی نادات، ڕۆژان دێت مێرووله‌ سووره‌كه‌ قاچێكی ده‌شكێ، داوای یارمه‌تی له‌م مێرووله‌ ره‌شه‌ ده‌كات، مێرووله‌كه‌ش به‌هانایه‌وه‌ ده‌چێت. هاوڕێكانی بانگ ده‌كات، له‌م به‌شه‌ خۆراكه‌شی ده‌داتێ. لێره‌دا چیرۆكنووس به‌ مناڵان ده‌ڵێت: ده‌بێ مرۆڤ به‌خشنده‌بێ و هه‌میشه‌ چاكه‌خوازی و كار و كرده‌وه‌ی به‌رامبه‌ر كاری تێنه‌كات، وه‌كو ئه‌وان ره‌فتار نه‌كات به‌ڵكو به‌ هانای ئه‌و كه‌سانه‌شه‌وه‌ بێ. كه‌ رۆژێك ئاوڕییان لێنه‌داوه‌ته‌وه‌، یارمه‌تیان نه‌داوه‌ لێبوردنیش پیشه‌ی مرۆڤی مه‌زنه‌ و وانه‌یه‌ك به‌ گوێی گه‌وره‌ و بچووكی ئه‌م چیرۆكه‌دا ئه‌دات.
بۆیه‌ مایه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ كاك نه‌وزاد توانیبێتی له‌ بواری مناڵاندا كۆمه‌ڵێك چیرۆكی مناڵانه‌ی په‌ند ئامێز و چاكه‌خوازی نووسیبێ، توانیبێتی كتێبخانه‌ی كوردی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات، به‌م جۆره‌ چیرۆكانه‌، هه‌رچه‌نده‌ چیرۆكه‌كان له‌ خانه‌ی په‌ند و چاكه‌ و په‌روه‌رده‌ به‌ولاوه‌ زۆر په‌لناهاوێژێ و لایه‌نی زانست له‌نێویاندا كه‌مێك بزره‌. به‌ڵام جێگه‌ی شانازییه‌ كه‌ نووسه‌رانمان بتوانن لایه‌ك له‌ مناڵان بكه‌نه‌وه‌، له‌م جۆره‌ چیرۆكانه‌ بێبه‌شیان نه‌كه‌ن، ئێمه‌ چیرۆكنووسمان زۆره‌ رۆمان نووسیشمان هه‌نه‌، به‌ڵام وه‌كو چیرۆكی مناڵان له‌م شاره‌دا، هه‌تا بڵێی كه‌م چیرۆكنووس ده‌ستی بۆ بابه‌تی مناڵان درێژكردووه‌، بۆیه‌ له‌لای خۆمه‌وه‌ ده‌ستی كاك نه‌وزاد ده‌گوشم بۆ ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی و هیوادارم نموونه‌ی زۆربێ و هه‌میشه‌ خێرخوازانه‌ و دڵپاكانه‌ له‌ مناڵان و سه‌ربرده‌ی ژیانیان بڕوانن و دڵیان بێگه‌رد و قه‌ڵه‌میان به‌پێز و چاوگیان روون و سه‌رچاوه‌ی ئیلهامیان گه‌شاوه‌بێ.

ستار ئەحمەد




لە یادی (٧٥) ەمین رۆژی جیهانیی مافـەکانی مـرۆڤ.. رەزا شـوان

لەژێـر دروشـمی “کـەرامــــــــەت و ژیــــــــان و دادپـــــــــەروەری بـۆ هــەمــــــووان”

رۆژی یەکەشەمە (١٠/ دێسەمبەر / ٢٠٢٣) یـادی (٧٥) ەمینی راگەیانـدنی جاڕنـامەی گـەردوونی مـافـەکـانی مـرۆڤ دەکـرێتـەوە. بـۆ بـە بیـرهـێـنانەوە و زینـدووکـردنـەوە و بەرزڕاگـرتنی ئەم یـادە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، ئاهـەنگی شایستە سازدەکـرێـت و جەخـت لەسەر جـێبەجـێکـردنی مادەکـانی جـاڕنـامەکە دەکـرێتەوە. مـاوەی (٧٥) سـاڵە، ئـاواتە سەرەکـییەکـانی جـاڕنـامەکە بـریـتی بـووە، لە چەسپانـدنی ئازادییە بنەڕەتییەکان و یەکـسانی و دادپەروەری لە کۆمەڵگاکانی جیهانـدا.
(٧٥) ساڵ لەمەوەبەر، کە هێشتا جیهان بۆنی چڕودوکەڵی خۆڵەمێشی لاشەی سووتاوی بە ملیۆنـان قـوربانی جەنگی جیهـانـیی دووەم بنـبڕ نەببـوو. بـۆ رەوانـدنـەوەی تـرس و گەڕانەوەی هـیوا و ئـومیـدی ژیانێکی نـوێ بۆ مـرۆڤ، بۆ دەسـتکەوتـێکی سـتانـداردی هـاوبـەش بـۆ هـەمـوو گـەلانی جـیهـان بەبـێ جـیـاوازی، کـۆمـەڵـەی گـشـتی نـەتـەوە یەکگـرتـووەکـان، لە رۆژی (١٠/ دێسەمبەر/ ١٩٤٨) لە پـاریسی پایتـەخـتی فـەرەنسا، گەڵاڵەی هـەر (٣٠) مادەکەی جاڕنـامەی مافـەکانی مـرۆڤی پەسەنـدکرد. لە کۆی (٥٨) دەوڵەتی ئەنـدام (٥٠) دەوڵەت، کە هەرچـوار دەوڵـەتە داگـیرکەرەکەی کوردستانیش لە ریزبەندییان دایە. جاڕنامەکەیان واژۆکرد. (٨) دەوڵەتیش دەنگـیان نەدا. لە دوای ساڵی (١٩٥١) کیشەوە، چـووە بـواری جـێبەجـێکـردنەوە. ئەم جاڕنامەیە یەکەم بەڵگەنامەی یاسایی بـوو، کە مافـە بنەڕەتییەکـانی مـرۆڤی دیـاریکـرد. هـەنـگاوێکی گەورە و پـڕ لە بایەخ بـوو، بۆ پاراستنی مـاف و کەرامەت و شکـۆمەندییەکانی مـرۆڤ. بەبێ گـویـدانە رەگـەز، تەمـەن، رەچەڵەکی نەتەوەیی، رەنگی پێست، ئایین، زمـان، یا هەر پـێگەیەکی تـر. هەمـووان وەکـو مـرۆڤ یەکـسانـن.
لەناو جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤدا (٣٠) مافی سەرەتایی مرۆڤ هەیە. ئەم مافانەش بەو ئازادییە سەرەتاییانە پێناسە دەکرێـن، کە هی هەموو مـرۆڤەکانن. ئەو مافانە دەگرێتەوە کە گرنگی بە یەکسانی و کەرامـەت و دادپەروەری و رێـزگـرتن و سەربەخـۆیی دەدەن.
مافـەکانی مـرۆڤ، کۆمەڵێک بنچـینەن یا رێسای رەوشتین، کە لەسەر پێوانەی ئاکاریی مـرۆڤـەکان سازکـراون و هـەڵـچـنراون. بە گـوێـرەی یاسـای نـاوخـۆیی و نێـۆدەوڵـەتی پارێزگارییان لێ دەکرێـن. مـافی رەوای هەمـوو مـرۆڤـێکـن و شیاوی دەسـتکاری نین.
مافـەکانی مـرۆڤ، لە دیـدی مافە سروشتییەکانی مـرۆڤـەوە سەرچاوەی گرتـووە. وەکو بەشێک لە یاسای سـروشـت کە دەڵـێت: مافـەکـانی مـرۆڤ، پێـدراوێـکی سـروشـتـین و پەیـوەستن بە بـوونی مـرۆڤـەوە. هـەر لە سەرەتـای لەدایکـبوونییەوە تا ئـەو رۆژەی ماڵئـاوایی لە ژیـان دەکـات. لەسـەر ئـەم بـنچـیـنەیە مـافـەکـانی مـرۆڤ داڕێـژراون.
لە مادەی یەکەمی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مـرۆڤـدا، دەڵـێت:”هەمـوو مـرۆڤـەکان بە ئـازادی لەدایـک دەبـن و لە کەرامـەت و مافـدا یەکـسانـن”.
لە ئێستادا، پەیڕەویکـردن و رێـزگـرتن لە مافـەکانی مـرۆڤ، بوونەتە ئەو پێـوانەیەی، کە گەشەکـردن و پـێشکەوتـنی وڵاتـانیان پێ دەپێـورێـت.
جاڕنـامەی گەردوونی مافـەکانی مـرۆڤ، لە (٣٠) مـادەدا خـۆی دەبینێتەوە. مافـەکانی مـرۆڤی لە رووی، ئـازادی و سیاسی و مەدەنی و ئابـووری و کۆمەڵایەتی و یاسایی و کولتـوورییـەوە رێکخـستووە. ئەمـەش چـەنـد نـمـوونـەیەکـن لە مـافـەکـانی مـرۆڤ:
() مافی ژیـانـت و ئـازادیت هـەیە و وەک مـرۆڤـێک بە ئاسوودەیی بـژیـت. () پێـویستە بەبێ تـاوان هـەژمـاربکـرێیـت تا تـاوانبـاریـت دەسەلـمێـنرێـت.
() مافی خاوەنـدارێتی شتەکانت هـەیە و کەس مافی ئەوەی نییە بەبێ هـۆیەکی بەجی لـێـتـبـسێنێـتەوە. () مافی کارکـردن هـەیە و ئـازادبیـت لە کارکـردنـدا.
() مافی خـۆتە بچـیتە قـوتـابخانە و فـێربیـت و بخـوێنیـت. () نابێت ئەشکەنجە بدرێـیت مامەڵەیەکی دڕنـدانە و نانامـرۆڤـایەتیت لەگەڵدا بکەن یا سووکایەتیت پێبکەن و سزابدرێیت. ناشبێت بەبێ هـۆ بە ئارەزوو بتگـرن و بەندبکەن.
() مافی ئـازادیی بـیروڕا ورادەربـڕینـت هـەیە. () مافی وەرگرتی رەگەزنـامەت هـەیە. مافی پەنابەرێتیت هەیە لە هـەر وڵاتێکـدا بێت.
() مـافی دەنگـدان و خـۆپـاڵاوتنـت هـەیە. () مافی بەشداریکـردنت لە بەڕێـوەبـردنی وڵاتـدا هـەیە.
لە بەشێکی تری جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، ژن و پیاوی یەکسان کردوون کە پێویستە بە رەزامەنـدی ژن و پیاو هـاوسەرگـیری بـکەن. ئەمـانە و چەنـدیـن مافی تـرت هـەیە.
بەداخەوە لە ئەمـڕۆدا، لە سایەی رژێـمە دیاکتۆری و ستەمکاری و رەگەزپەرسـتەکاندا، کە بە شێویـەکی سیستماکی مافـەکانی مـرۆڤ پێشـێـل دەکـەن. کەسانـێکی زۆر بە هـۆی جیـاوزیی نەتـەوەیی و ئایـنی و مەزهـەبی و جـیاوازی لە بـیروڕادا، بـوونـەتە قـوربانی. لە کاتێکـدا ئەو وڵاتانەی ئەم پێشێلکارییانە دەکەن، ئەنـدامـن لە نەتەوە یەکگرتـووەکان و جـاڕنـامەی جیهـانیی مـافـەکـانی مـرۆڤـیان واژۆکـردوون. گـەلی کوردمـان لە سایـەی چـوار دەوڵـەتی داگـیرکـەری کـوردســتان، چـوار دەوڵـەتی دڕنـدە و رەگـەزپـەرسـتـدا، زۆرتـرین قـوربانیمان داوە و دەدەیـن، زۆرتـریـن نەهـامـەتی و چـەسانەوە و ئـازامـان چـێشتووە. کە تا ئەمڕۆش درێژەیان هەیە. بە داخەوە جارێک لە جارانیش، نە نەتەوە یەکگـرتـووەکـان و نە رێکـخـراوەکـانی مـافـەکانی مـرۆڤ، بە تـونـدی سـەرکـۆنە و شـەرمـەزاری ئـەو وڵاتـە داگـیرکەرەکانی کوردستانیان نەکـرد، دەرهـەق بەو تاوانە قـێزەوەنانەی لەگەڵی کوردمان کراون و دەکرێن، کە تاوانی جەنگی نیودەوڵەتـین و تـاوانی دژ بە مـرۆڤـایەتـین.
رۆژانەش بە ئاشکرا، پێشێلی مافـەکانی منـداڵان و ژنـان دەکرێن. دیاردەی تونـدوتیژی دژی ژنـان و منداڵان، یەکێکە لە شێوازە بەربڵاوەکانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە جیهـانـدا. هـێشـتا پیـاوسالاری و زاڵـبـوون کـاڵـنەبـوونـەتـەوە. بەپـێی ئامـاری نەتـەوە یەکگـرتووەکان (٧٠٠) ملیـۆن کچـان و ژنـان لە جیهـانـدا، بە زۆری هـاوسەرگـیریـان پێکـردوون و بە ئارەزوو و رەزامەنـدیی خۆیـان شـوویان نەکردووە. زیـاتر لە (٣٥٠) ملیۆن منـداڵ و هـەرزەکاریش لە جیهانـدا، لە خوێندن دابـڕاون و کاردەکەن، یا چەکیان پـێهـەڵگرتوون و خـراونەتە بەرەکانی جەنگەوە. هەموو ئەمانە پێشێلکـردنی جاڕنامەی مافـەکانی مـرۆڤـن و دەچـنە خـانەی تـاوانەوە.
شایەنی باسیشە پارێـزەر و چالاکـوان کورد، خاتـوو (نـێرگـز محەمـەدی) داکۆکیکەر لە مافەکانی مرۆڤ و لە ئازادی و لە یەکسانی. خاونی خەڵاتی (نۆبڵ بۆ ئاشتی) بۆ ئەمساڵ (٢٠٢٣) کە لە ئێستادا لە لایـەن رژێـمی کۆماری سـێدارەی ئیسلامییەوە، بە تـوومەتی هەڵبەستراوی پـڕوپـاگەنـدەکـردن دژی ئـێران، لە (زینـدانی ئەڤـین)ی بەدناودا لە تاران، لە ژووری تاکـەکەسـیدا زینـدانی کـراوە، رۆژانـە بە شـێوەیـەکی زۆر دڕنـدانە، ئـازار و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی دەدەن، ماویـەکە مـانی گـرتـووە. گەرچی سەرۆکی ئەمـریکا جۆبـایـدن و چەنـدین رێکخـراوی مافـەکانی مـرۆڤ و داکـۆکـیکەر لە ئـازادی، داوایـان لە ئێران کرد، کە نێرگـز محـەمـەدی ئـازاد بـکەن. بەڵام دیکـتاتـۆرە دڕنـدەکانی ئێران، گوێ بە هـیچ داوایەک نادەن. نێرگز محەمەدی لە نامەیەکی نهـییدا کە بە دەستی کچـەکەی و کوڕەکەی گەیشتوون لە ستۆکهـۆڵـم. دەڵێت:”داکـۆکی لە ئازادی و یەکسانی دەکـەم، تەنـانەت ئەگـەر نـرخیـان گیانیـشـم بـێـت” دەشـڵـێـت زۆر بیـریی کیانـای کچـم و عـەلی کـوڕم دەکـەم.
نیـاز وایـە، لە یـادی رۆژی جیهانیی جـاڕنـامـەی مافەکانی مـرۆڤ، لە رۆژی يەکـشەمە (١٠/ دێسمبەر/ ٢٠٢٣) لە رێـوڕەسم و ئاهەنگـێکـدا، لە شاری (ئـۆسڵـۆ) ی پایتەخـتی نەرویـج، خەڵاتی نۆبـڵی ئاشتی بـدرێت بە کیانای (١٧ ساڵان) ی کچی نیرگـز محەمەدی و بە عـەلی کـوڕی، بە ئامـادەنەبـوونی دایکـیان.
زۆر بە تونـدی سەرکۆنەی رژێـمی دیکتاتـۆریی کۆماری سێـدارەی ئیسلامی دەکەیـن و داوای ئازادکـردنی چـالاکـوانی مافـەکانی مـرۆڤ و داکـۆکـیکەر لە ئـازادی و یەکـسانی خاتـوو نێـرگـز محـەمـەدی دەکـەیـن.
بـژی ئـازادی و یەکـسانی و دادپـەروەری.
بـڕوخـێـت دکتـاتـۆری و فـاشستی و رەگـەزپەرسـتی