لۆمپنیزم دژ بە ڕۆحی ناڕەزایەتیی و بەرەنگاریی.. ئەحمەد ڕەسوڵ

دەسەڵاتدارێتیی بەرپرسیار – خزمەتگوزارییە گشتییەکان

لە درێژایی مێژووی دەزگای دەوڵەت لە فۆڕمە مۆدێرنەکەیدا بە دامەزراوە گشتییە کۆمەڵایەتییەکانییەوە، بەشێک لە شوناسی خۆی لە ڕێگەی نێوەڕۆک و سیمای نوێگەرانە و پێشکەوتووی چەندین کایەی خزمەتگوزاری گشتییەوە بەرجەستەدەکات. خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەکو پەروەردە و خوێندن “باخچەی ساوایان تا خوێندنی باڵا”، تەندروستیی، شەقام و ڕێگەوبانەکان، پارک و ڕووبەرەکانی سەوزایی، خزمەتگوزارییەکانی دابینکردنی ووزەی کارەبا و ئاوی پاکی خواردنەوە، چاودێری کۆمەڵایەتیی “سەرپەرشتییکردن، هاوکاریی و پشتگیریکردنی بەساڵاچووان، منداڵانی بێسەرپەرشت و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان”.
چەندێتیی و جۆرێتیی “Quantity and Quality” ئەم خزمەتگوزارییە گشتییە بنەڕەتییانە پێوەری ئاستی بەرپرسیارێتیی و پێشکەوتوویی دەسەڵاتدارێتیی ڕامیاریی و کارگێریی هەر کۆمەڵگایەکە. ئاستی بەرپرسیارێتیی و کارایی هەر دەسەڵاتدارێتییەک بە تایبەتی نێوەندی بڕیاردانی سیاسیی و کارگێریی “حکومەت و حزبەکان”، بە گوێرەی بڕ و شێوازی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاستی داهات و توانایی ئابووریی تاکەکەسەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکان و دواجار کۆمەڵگا بەگشتیی، دەپێورێت.
هەڵەی گەورەی سیاسیی یەک بە دوای یەک، گەندەڵیی بێسنوور و ویستی هەژموونێکی گشتگیری حزبیی لە هەر جومگەیەکی حوکمڕانییدا، مامەڵەکردنی خێڵەکییانە لە تەک سیاسەت و حوکمڕانیی، بە بنەماڵەییکردنی دەسەڵاتدارێتیی و … هتد ئەو ڕیزە هۆکار و ئەنجامە یەک بە دوای یەکانە بوون کە کوردستانی گەیاند بە دۆخێک لە نزیکەی دە ساڵی ڕابردووەوە ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەوام لە دابەزین و نزمبوونەوەدان تا ڕاددەی نزیکبوونەوە لە داڕمان و هەرەسهێنان. لاوازبوونی کوشندەی خزمەتگوزاری تەندروستیی و پزیشکیی لە کەرتی گشتییدا تا ڕاددەی نزیکبوونەوە لە نەمان، شەقام و ڕێگەوبان نەوەکو زیادنەکراون و بونیادنەنراون بەڵکو ئەوەشی هەبووە بەرەو وێرانەیی و هەڵوەشانەوە دەڕوات، خزمەتگوزاریی دابینکردنی کارەبا دابەزیوە تا نزمترین ئاستی خۆی لە ئەم وەرزی سەرمایەدا و کە لە هاویندا کێشەی کەمئاوییشی سەربار دەبێت. سیستمی پەروەردە و خوێندن لە نزیکەی دە ساڵی ڕابردووەوە لە پاشەکشەی بەردەوام و بەرەودوا گەڕانەوەدا بووە لە سەر هەموو ئاستەکانی.
داهاتی تاکەکەس – ئابووریی گشتیی
پێوەرێکی دیکە لە هەڵسەنگاندن و نمرەپێدان، هەوڵە بەردەوامەکان و پڕۆژە ئێستایی و ستراتیژییەکانی هەر دەسەڵاتدارێتییەکە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی تاکەکەس و توانایی ئابووریی کۆمەڵگا بە گشتیی.
دەسەڵاتدارێتییەک کە هەردەم سەرقاڵ بێت بە گەورەکردنی ڕووبەرەکانی توانایی ئابووریی و دەستکراوەیی بنەماڵە سیاسییە حوکمڕانەکان لەسەر شانی حزب، حزبیش لەسەر شان و ملی حکومەت و لە بەرامبەریشدا بچووککردنەوەی ڕووبەرەکانی ئازادیی، ئیرادە و توانایی ئابووریی تاکەکەسەکان، گروپە کۆمەڵایەتییەکان و فەزای گشتیی کۆمەڵگا جگە لەوەی دەبێتە کابووس لە ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا هیچیدی لێبەرهەم نایەت. دەسەڵاتدارێتییەک کاتێک ڕوئیا و بەرنامەیەکی ڕاستەقینە و واقعیی بۆ پەرەپێدانی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی تاکەکەس و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاکەی نەبێت و بگرە هەردەم لە هێرشکردنە سەر ژیانی خەڵک و قورسترکردنی گوزەرانییاندا بێت، هەڵبەت کە بۆشایی نێوان دەسەڵاتداران و خەڵک دەبێتە خەرەندێکی قووڵ و فراوان بە ئەندازەیەک دنیای خەڵک و دنیای دەسەڵاتداران دەبنە دوو دنیای بە تەواوی لێکدابڕاو و بگرە دژبەیەکتری وەکو ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەگوزەرێت.
لە چەند ساڵی ڕابردووەوە کە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕاگیراوە و ئەو هەموو مووچەیەی کە نەدراوە کە وا مووچەی ئەم سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵیشی دێتە سەر بە ئەو هەموو لێبڕین و پاشەکەوت و ئەو قسە بێمانایانەی داهێنراوی دەسەڵاتدارێتیی حزب-خێڵەکانی کوردایەتیی، سەرباری زیادکردنی چەند هێندەی هەموو جۆرەکانی باج و ڕسومات، سەرباری زیادکردن و داهێنانی چەندین جۆری باج و سەرانەسەندن، ئەوە سەرباری بەردەوام بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی “غاز و نەوت و بەنزین” و کارەبا و … هتد، جگە لە دابەزینی کەمەرشکێنی داهاتی تاکەکەس و داڕمانی ئابووریی گشتیی کۆمەڵگا هیچیدی لێ بەدینایێت هەروەکو ئەوەی ئێستا کۆمەڵگای ئێمەی پێدا تێپەڕدەبێت.

لۆمپن – لۆمپنیزم
واژەی لۆمپن “Lumpen” بۆ یەکەم جار لەلایەن کارڵ مارکس (١٨١٨-١٨٨٣) و فرێدریک ئەنگڵز (١٨٢٠-١٨٩٥) لە مانیفێستی حزبی کۆمۆنیستدا “The Communist Manifesto” بەکار هێنرا کە لە زمانی ئەڵمانییەوە گواستییانەوە نێو زمانی ئینگلیزی “Lumpenproletariat”، بە واتای ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە دێت کە لە ڕووی پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و چینایەتییەوە لە خوار چینی پڕۆلیتاریا “چینی کرێکار” وەن. لۆمپن، ئەو بەشەی کۆمەڵگا دەگرێتەوە کە پێکدێت لە سواڵکەر، لەشفرۆش، دز و تاوانکار. لۆمپن تا ئاستێک لە ملکەچیی و بێئیرادەیی دابەزیوە کە چیدی نەوەکو ئیمکانی بەرەنگاربوونەوەی تێدا مردووە بەڵکو دژی هەر جۆرە ئەکتێکی بەرەنگاریی و ڕۆحێکی یاخییبوون و ئیرادەتمەندیی دەوەستێتەوە. لۆمپن تا ئاستێک تەسلیمبووە بە وەزعی مەوجود و قەدەری ڕەشی خۆی، کە وایلێهاتووە دژ بە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕانکاریی لە دۆخی هەنوکەییدا دەوەستێتەوە. لۆمپن بە سروشتیی پێکهاتەی چینایەتیی خۆیان و بەهۆکاری نزمیی ئاستیی خوێندەواریی، تێگەیشتن و بیرکردنەوەیان نەوەکو نابنە بەشێک لە شۆڕشی چینی کرێکار دژی خاوەنکار و سیستمی سەرمایەداریی بەڵکو ڕۆڵی دژەشۆڕش دەگێڕن.
لە دۆخی کۆمەڵگای ئێمەدا، لۆمپنیزم، ئاماژەیە بۆ ئەو جۆرە مێنتاڵیتیی و بیرکردنەوەیەی کە دژ بە هەر ڕۆحێکی تەسلیمنەبوو و ئیرادەخواز دەوەستێتەوە. لۆمپنیزم، ئەو ڕۆحییەت و عەقڵییەتە دەستەمۆ، ملکەچ، بێدەنگ و بێهەڵویستەیە دەشێت لای کەسێکی بڕوانامەدار یان تەنانەت نووسەر یان پلەدار و پێگەدار لە هیرارکییەتی ئیداریی و سیاسییدا، یان خاوەن بڕوانامەی باڵا “ماستەر و دکتۆرا” بێت، کە بە نووسین و ڕەخنە دژ بە ڕۆحی بەرەنگاریی و توانای دەربڕینی ناڕەزایەتیی توێژێک یان بەشیکی کۆمەڵگا دەوەستێتەوە یان هەندێجار بە سوخرییەت و گاڵتەجاڕیی.

تۆمەت و ڕەخنە لە سەر بنەمایەکی هیچ یان لۆمپنیزم
مامۆستایان لەپێناوی داواکارییە سەرەتایی، ڕەوا و یاساییەکانی خۆیان، فەرمانبەران و تەواوی مووچەخۆران بەرەوڕووی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران بوونەتەوە بە شێوازە مەدەنییەکان. بایکۆت لە دوای گرتنەبەری هەموو شێوازەکانی خەباتی مەدەنییەوە پەنای بۆ براوە. ئاساییە هەر جۆرە خەبات و ئیرادەکردنێک ڕووبەڕووی چەندین جۆری تانەلێدان، ڕەخنە و تەنانەت گاڵتەجاڕیی ببێتەوە. سروشتیی هەر سەرکێشیی و ئیرادەردنێک وەهایە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی و لەمپەرە جۆراوجۆرەکان ببێتەوە.
لە پەیوەند بە ناڕەزایەتیی، خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایانەوە چەندین سەرنج و ڕەخنە خرانە ڕوو. بۆ نموونە سەرنجێک ئەوە بوو گوایا هەموو ئەوەی ڕوودەدات لەم دەڤەرە لە کاری ژێربەژێری پارتییە بۆ تێکدانی دۆخی (زۆنی سەوز) کە ئەم بۆچوونە لەوکەسانەوە دەبیسترا کە لایەنگیری یەکێتیین ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بێبنەمایی و پووچێتیی ئەم تۆمەتە لەوێدا دەرکەوت کاتێک وەزیری پەروەردە “کە لە پشکی پارتییە” هەوڵیدا بۆ شکاندنی بایکۆت و کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتی مامۆستایان تەنانەت بە ووشەی “دەبێت” فەرمانیکرد و نەوەکو سەرینەگرت بەڵکو ناڕەزایەتیی مامۆستایان توندتر بووەوە، سەرنجێکی دیکە ئەوە بوو گوایا هەموو ئەوەی ڕوودەدات دروستکراوی یەکێتییە و بۆ فشاردانانە لەسەر پارتیی و کارتێکی سووتاوە و کاریگەری نابێت، ئەم بۆچوونەش لەو کەسانەوە دەبیسترا کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لایەنگیری پارتیی یان گوتارە سیاسییەکەی پارتیین. پووچیی و بێبنەمایی ئەم تۆمەتەش لەوێدا دەرکەوت کە جێگری سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانیی داوای لە مامۆستایان کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و دواهەمین هەوڵی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانیی بە هەموو توانایانەوە بۆ شکاندنی بایکۆت، بەڵام بە ناڕەزایەتیی توندتری مامۆستایان و خۆپیشاندنی فراوانتر وەڵامدرانەوە. هەروەها هەبوون دەیانگوت نەوەی نوێی لە پشتە، ئەمەیان نەوەکو پووچ و بێنەما بەڵکو تۆمەتێکی هێند ئاست نزمە شایان بە قسە لەسەرکردن نییە کە ئەمانە تێیاندا هەبوو لایەنگیری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی یەکێتیی و پارتییش.
هەموو ئەو تۆمەت ڕیزکارانە لە نێو بازنەی لۆمپنیزمدا جێگادەگرن. لۆمپنیزم ئەو بیرکردنەوە و تێگەیشتنەیە، بۆ ئەوەی لە ئیرادەکەوتن و ڕۆحە تەسلیمبووەکەی خۆی پاساو بداتەوە، دەبێت لە بەهای ڕۆحی تەسلیمنەبوو و ئیرادەتمەندیی ئەوانیتر کەم بکاتەوە بە تۆمەتی پووچ و قسەی هەڵیت و پەڵیت. لۆمپن و لۆمپنیزم دژ بە هەر ئەکتێکی بەرەنگاریی دەوەستێتەوە.

ناڕەزایەتیی گشتیی – بەرئەنجامێکی حەتمیی
مامۆستایان وەکو توێژێکی زیندووی ئەم کۆمەڵگایە، لە چەند ساڵی ڕابردووەوە بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر گوزارشتیان لەو دۆخە سەختە و لە ناڕەزایەتیی گشتیی کۆمەڵگا کردووە و هەردەم بە فشاری جیاوازی مەدەنیی و نەرم، بەڕێخستنی چەندین خۆپیشاندان و تادەگات سکاڵا تۆمارکردن لە دادگا و … هتد هەردەم لە ڕووبەڕوونەوەدا بوون لە دژی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی دەسەڵاتداران، تا گەیشتووەتە بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن و ڕاوەستانی پەروەردە. پەروەردە، یەکێک لە پڕۆسە هەرە گرنگەکانی هێمای زیندووێتیی و بەردەوامیی ژیان و گەشە و بەرەوپێشچوونی هەر کۆمەڵگایەکە. دۆخی ئێستا سەرباری هەموو ئەوەی پێشتر هێمای بۆ کرا، بایکۆتی مامۆستایان و پەککەوتنی پەروەردە و خوێندنیشی هاتووەتە سەر.

دۆخێکی کارەساتباری بەو شێوەیە کە ئەم دەسەڵاتدارێتییە ڕووبەڕووی کۆمەڵگای کردووەتەوە، هەڵبەت بۆ هەر کۆمەڵگایەک گەر لە نزمترین ئاستی زێندووێتیی و هۆشیار بە ماف و ئازادییەکانیدا بێت، ناڕەزایەتیی لە هەموو جۆر و ئاستەکانیی، خۆپیشاندان و هەر جۆرە ئەکتێکی بەرەنگاریی بە دەستەوەدەگرێت و پەنای بۆ دەبات لە دژی دەسەڵاتدارێتیی و دەسەڵاتداران.
لە وەها دۆخێکی کارەساتبار. کە خزمەتگوزارییە گشتییەکان تا نزمترین ئاست دابەزیون، باج و رسومات تا بەرزترین ئاست بەرزکراونەتەوە، مووچەش بە ئەو جۆرەیە، مرۆڤ ئاخێزێک نەکا و دەنگ هەڵنەبڕێت، ناڕەزایەتیی توندی خۆی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە دەرنەبڕێت و توڕەیی خۆی لە خۆپیشاندان و هەر ئەکتێکی دیکەی بەرەنگارییدا بەرجەستە نەکات، دەتوانێت چ ئومێد و خەونێکی هەبێت و دەتوانێت قسە لە چ ئیرادە و ئازادییەک بکات! بێهەڵوێستیی و بێدەنگیی لە ئاست وەها دۆخێکدا دەتوانێت جگە لە کەوتن، بیماریی و کەوتنی بوون و کەینوونەی مرۆیی، چ ناوێکی دیکە و چ تەفسیرێکی دیکەی هەبێت!




كەركووك.. حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام بەرێوەچوو.. كامەران حاجی ئەلیاس

كاتێ باس لە هونەر و ئەدەبی كوردی دەكرێت، ناكرێت باس لە هونەر و ئەدەبی شاری كەركووك نەكرێت، چونكە هونەری كەركووك پێگەیەكی بەهێزی نێو هونەر و ئەدەبی كوردییە،بۆنموونە كاتێ باس لە هونەری گۆرانی و موزیكی كوردی دەكەین ئەوا مامۆستای مقامات هونەرمەند (عەلی مەردان)، لەلووتكەیە وەكو پێشنگ باسی لێوەدەكرێت بەهەمان شێوەی بۆ هونەرمەندان (حسێن عەلی ، شوكورمستەفا ، سەڵاح داودە…..) .
كاتێ باس لە هونەری سینەما و شانۆ و دراما ی كوردی دەكەین ئەوا شانۆی كەركەووك رۆڵێكی گرنی لە نێو كاروانی مێژووی شانۆی كوردی بوونی هەیە وەكاتێ باس لە شانۆكارانی كوردستان دەكەین نابێ هونەرمەندان ( سلێمان فایەق ، د. فازل جاف ،جیهاد دڵپاك ، جەلیل زەنگەنە ،عەلی كەریم ،د.هاورێ زەنگەنە،مەهدی ئومێد،شاناز ئەحمەد ، عالیە محەمد ئەمین، مەریوان زەنگەنە، سەلام زەنگەنە، نەژاد نەجم،شكۆ عومەر،چنار عەزەدین، هەوار فارس، سیراون بێلاف ،سەلام زەنگەنە ، عەبدوڵا كاكەیی..لەبیر بكەین لەگەڵ چەندانی تر بەداوای لێبووردن كە لێرەدا ناكرێت ناوی هەرهەموویان بهێنم.. هونەرمەندانی كەركووك لەهەموو باردۆخێك دا،نەوەستاون بەهەر شێوازێك بووبێت خزمەتی هونەری شانۆیان كردوە هەمیشە لە چالاكی شانۆیی بەردەوامیان هەبووە بۆیە ماییەی رێزودەست خۆشییە.
لەئێستادا لە شاری كەركووك ،چەندین تیپ و گروپی شانۆیی بوونیان هەیە زۆرچالاكن لەدوای كردنەوەی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان لەشارەكەدا،تەكانێكی باشتری بە ڕەوتی شانۆی شار داوە چەندین شانۆكاری گەنج لە گۆڕپانەكانەدا بوونیان هەیەلەگەڵ تیپە شانۆییەكانی تر ساڵانەبەناوی كوردستان وعێراق بەشداری فیستیڤاڵەشانۆییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ دەرەوەی عێراق دەكەن جگە لەوەش لەزۆربەی فێستیڤاڵەكان بەخەڵات دەگەڕێنەوەشاری كەركووك ئەوەش لاپەڕەیەكی پڕشنگدارە بۆشانۆی كوردی ئەوەی من دركی پێدەكەم هاوكارییەكی باش لەنێوان خودی شانۆكارانی شارەكەدا هەیە لەهەرفیستیڤاڵێكدا هەرهەموویان وەكو یەك گروپ كار دەكەن ئەگەر كێشەوگرفتێك هەبێت ، لەكاتی بوونی فیستێڤاڵێك هەموویان لەخزمەت فیستیڤاڵەكە دەبن لەگڵ بوونی هەماهەنگییەكی باش لە نێوان شانۆكارانی گەنج و شانۆكارە بە ئەزموونەكان ئەوەش ماییەی رێز ودەست خۆشییە.
لەشاری كەركووك ساڵانە چەندین فیستیڤاڵی شانۆیی هەمەجۆر سازدەكرێت وەكو فیستیڤاڵی شانۆیی ناوهۆڵ فیستیڤاڵ شەقام چەندانی تر.. زۆرجاریش لەرێگەی فیستیڤاڵەكانەوە كوردستانی بوونی شاری كەركووكیان سەلماندووە وەكو ئەوەی لە دووەمین خوولی فیستیڤاڵی شانۆی كەركووك بینیمان كاتێ شانۆكاری هەرچوار پارچەی كوردستان لەرێگەی نمایشەكانیان ئامادەی فیستیڤاڵەكە بوون بەرهەمەكانی خۆیان لەو شارە نمایش كرد،بێگومان ئامادەبوونی هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی كوردستان ماناو مەدلوولی خۆی هەیە… بەرێوەچوونی ئەم كارە هونەریانەش بەپاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری لاوانی هەرێمی كوردستان و هەندێ لەبەرپرسە كوردەكانی ئەو شارە ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە.
لەرۆژانی 19-10-21-\11\2023 بەبەشداری 24 گروپی شانۆیی بەبەشداری هەشت وڵات لەگەڵ چەندین گروپی دیكەی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان،حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ شەقام لە شاری كەركووك بەرێوەچوو پێش دەستپێكردنی فیستیڤاڵەكە بەشێوەیەكی فەرمی ، دوو وۆرك شۆبی شانۆیی بۆ شانۆكارانی شارەكە بە ناونیشانی ( چۆن نمایشی شانۆیی شەقام دروست دەبێت ) لەلایەن شانۆكاری ئێرانی ( موختاری محەمەدی ) ،وە ( پانتۆمایم لە شانۆی شەقام ) لەلایەن شانۆكاری ناوداری ئیتاڵی ( Avataneo Paolo) ،لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان و سەنتەری رۆشنبیری كەركەووك ئەنجام دران.
جگە لەنمایشەشانۆییەكان رێورەسمی رێزلێنان بۆ چەند شانۆكارێك سازكرا،لەگەڵ بڵاوكردنەوەی چەند كتێبێكی شانۆیی وە بانگێشتكردنی زیاتر 200 شانۆكار وەكو میوان لەناوخۆی كوردستان وعێراق ودەروەی وڵات .
هەرلەمیانی فێستیڤاڵەكەدا هەشت پانێل لە سەر رەوتی شانۆ لەلایەن هەشت شانۆكاران بەناوەكانی (د.ئیمان كوبیەسی،گەزیزە عومەر،كەریم خاوەری،قاسم غەمگین،گۆران محمەد،سێروس سپێهری،ئەمیر زراع زادە،د.كەریم خەنجەر) بەرێوە چوو،هەروەها رێز لەچەند شانۆكارێك نرا كە بریتی بوون لە ( گەزیزە عومەر ، حەمە سوار،د.كەریم خەنجەر، شیراز عەزیز،سەربەست ئەحمەد،حەیدەر عەبدولڕەحمان، سەلام زەنگەنە، ئەحمەد سالار،د.جەبار جودی،كورش زراعی،ئاسیایكەمال،نزارسەلامی،ئاڵا عومەر،هەوار فارس) هەر لە نێو فیستیڤاڵەكەدا دووكتێبی شانۆیی بەناوەكانی (فی الكومیدیا) لە نووسینی د.كەریم خەنجەر وە كتێبی (شانۆی شەقام ئەداكردنی نواندن لە دەرەوەی هۆڵەكانی شانۆدا) لە وەرگێڕانی د.كەیفی ئەحمەد رێوەڕەسمی ناساندن و بڵاوكردنەوەیان بۆ كرا بە واژۆی نووسەری كتێبەكان پێشكەش بە ئامادەبووان كران.
لە دوا رۆژی فیستیڤاڵەكەدا ، لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەكە،كە پێكهاتبوو لە (د.قوتبەدین ساقی سەرۆكی لیژنە ،د.هەیسەم عەبدولرەزاق ئەندام، هێرۆسەباح ئەندام ،كاردۆ محەمەد ئەندام،قەدری عوسمان ئەندام،) لیژنەی دادەوەری كۆلیژ و پەیمانگاكانیش پێك هاتبوون لە (د.كەریم خەنجەرسەرۆكی لیژنە،د.كەیفی ئەندام ،محەمەد زادە ئەندام) لیستی ناوی براوەكانی فیستیڤاڵیان ڕاگەیاند و خەڵاتی فیستیڤاڵ پێشكەش بە براوەكان كراكەبەم شێوەی خوارە بووشك:

  • خەڵاتی باشترین ئەكتەری ئافرەت بە هاوبەشی پێشكەش بە هەردوو ئەكتەر”نادیە ئیلاهی، نازیلی ئەمینی” كرا.
  • خەڵاتی باشترین ئەكتەری كوڕ “دارا عزەدین”، لە تیپی نمایشی “هەزەی نیشتیمانی” بەدەستی هێنا.
    -خەڵاتی باشترین بیرۆكە، بەخشرایە “لوقمان عومەر”، لە تیپی شانۆیی “هەزەی نیشتیمانی”.
    -خەڵاتی باشترین دەرهێنان پێشكەشی هەریەك لە “هوشیار قەوامی و فەرەیدون ئەحمەدی” لە تیپی شانۆیی” جێژوان” كرا.
    . – خەڵاتی باشترین بەرهەمی كامڵی فێستیڤاڵ پێشكەشی تیپی شانۆی “جێژوان” كرا
    -خەڵاتی لیژنەی دادوەری پێشكەش بە تیپی “شانۆیی سەما” كرا.
    خەڵاتەكانی بەشی منداڵان بەم شیوەی خوارەوە بوو:
    خەڵاتی باشترین نمایشی منداڵان پلەی یەكەم، بەخشرایە دەقی شانۆیی “ئەفسونەكەی كاتی و كالی”.-
    -خەڵاتی باشترین نمایشی منداڵان پلەی دووەم، بەخشرایە نمایشی شانۆی “ئۆلیڤەری چڵمن”.
    خەڵاتەكانی بەشی زانكۆ و پەیمانگان بەم شێوەیە بوو:
    -خەڵاتی باشترین نمایشی زانكۆكان پلەی یەكەم، بەخشرایە تیپی “شانۆی زەنگ”.
    -خەڵاتی باشترین نمایشی زانكۆكان پلەی دووەم بەخشرایە “شانۆیی تەپەگوز”.
    شایانی باسە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی (شانۆیی سورەی تاران) ،نمایشی شانۆیی (شانۆیی موسافرێك لە غەزەوە)،بانگێشتی فێستیڤاڵەكەكرد.وە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆیی مەریوان دوو نمایشی شانۆیی بانگێشتی فێستیڤاڵەكە كرد كەبریتی بوون لە (شانۆیی زەنگ / هەولێر ، شانۆیی هەزەی نیشتیمانی /كەركووك).
    بەرێوەبەردنی ئەم كەرنەڤاڵە گەورەیە لەلایەن چەندین لیژنەوە بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵەوە بەرەچاوكردنی پرۆتۆكۆڵەكان بەرێوەچوو پیرۆزبایی لەشانۆكارانی كەركووك و سەرجەم لیژنەكان هەموو هاوكارانی فێستیڤاڵەكە دەكەم پیرۆزبایی لەسەرۆكی فێستیڤاڵەكە هونەرمەند (نەژاد نەجم) و خەڵكی كەركووك دەكەم دووبارە پیرۆزە ئەو كەرنەڤاڵە شانۆییە.
  • كامەران حاجی ئەلیاس



شەڕهەڵایسان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆتاییەکەی!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

لە مێژوودا خوێندوومانەتەوە کە دیکتاتۆرییەکان لە زۆر حاڵەت لە چیرۆکەکاندا “دەستپێکەر” بوون، بەڵام “تەواوکەر” نەبوون! ئەمەش رەگ و ریشەی لە پێناسەی دیکتاتۆرییەت و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و وریایی گەلدان هەیە. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان لەم پرەنسیپە بنەڕەتییە بەدوور نەبووە و نییە. کەسانی وەک حەمەڕەزا پەهلەوی و خومەینی و خامنەیی دەستپێکەری دیکتاتۆرییەت خۆیان بوون، بەڵام وەک بینیمان لە ساڵی ١٩٧٩دا یەکێکیان لە لایەن خەڵکەوە رووخێنرا و ئەویتریان، واتە دیکتاتۆرییەتی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهی لەسەر دەستی گەل بەرەوڕووخاندنە! لە راستیدا گەل “تەواوکەر”ی چیرۆکەکانن. چونکە زانست و فەلسەفە بە درێژایی مێژوو چەندین جار ئەمەیان نیشان داوە!
با نەچینە رابردووی دوور و نموونەی ئەمڕۆی ئەم یاسا سەلمێنراوە، ئەو شەڕەیە لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەرەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێکردووە و سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشاوە! تێڕوانینێکی قووڵ بۆ ئەم بابەتە دەمانگەیەنێتە سەرچاوەی ئەو راستییە و رەوایەتی ئەم یاسایە بە روونی نیشان دەدات!
رژێمی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە (1979) دەرکەوتنی خۆی بە سەرکوتکردنی “ئازادییەکان” لە ئێران دەستپێکرد و بەردەوامبوونی خۆی لەسەر بنەمای “شەڕفرۆشی” و هەناردەکردنی قەیرانەکان بۆ دەرەوەی سنوورەکان داڕشت. بینیمان لەسەر ئەم بنەمایە، شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقی هەڵگیرساند. لە رێگەی بنەماڵەی (ئەسەد)ەوە دیکتاتۆرییەتی بەسەر گەلی سوریادا سەپاند. لە لوبنان لە ژێر ناوی (حیزبوڵڵا) رەگی داکوتا و تیرۆریزم و شەڕخوازیی هەڵگیرساند. لە فەلەستین (گرووپی بە وەکالەت)ی دروستکرد و بوو بە بنەمای ئەو شەڕەی ئێستا دەیبینین. لە وڵاتانیتریش بە “تیرۆر و بناژۆخوازی” دەستی کرد بە هەڕەشەکردن و راکێشانی خەڵکانیتر بۆ پاراستنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
چەند پرسیارێکی بنەڕەتی!
با بیهێنینە بەرچاو کە ئەگەر رژێمێکی لەمشێوەیە لە ئێران نەهاتبایەتە سەر کار یان نەهێنرایەتە سەر کار چ دەبوو؟ یان بیهێنینە بەرچاو ئەگەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە ئێران، سەرمایەی وڵاتێکی ٨٥ میلیۆن کەسییان نەدزیبا چ دەبوو؟ لە کۆتاییدا ئەوە بهێنینە بەرچاو کە ئەگەر “موقاومەتی ئێران” نەبوایە، چ بەسەر ناوچەکە و کۆمەڵگەی جیهانیدا دەهات؟
ئەمانە ئەو پرسیارگەلەن کە لە دەرگای هەموو ماڵێکیان داوە بە ئێستایشەوە؟ خەڵکی ئێران و ناوچەکە و جیهان بە دوای “وەڵامدەر”دا دەگەڕێن. بە دڵنیاییەوە “دەیدۆزنەوە” و وەڵامی خۆیان سەر دەخەن! درەنگ یان زوو ئەمە روودەدات، بەڵام ناسوتێت و نافەوتێت!
سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی!
بۆ خەسارناسیی “سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی” ئەوەمان بەسە سەیری دۆخی عێراق بکەین کە بەر لە هەر شتیک، بەرهەمی ئەم سیاسەتەیە و ئەگەر رێگری لە بەرانبەریدا نەکرێت، دۆخەلە زۆر لەوەی لوبنان و فەلەستین خراپتر دەبیت!
چونکە فێڵ و فێڵسازی و فریوەکارییەکانی رژێمی ئاخوندان زۆر زیاترە لە ئاستی کردەوەی دەوڵەتانی رۆژئاوایی یان عەرەبی. ئەم دەوڵەتانە لە هەر ئەگەرێکدا، ئەگەر خۆیان لە تەنیشت گەل و موقاومەتی ئێراندا نەدۆزنەوە، دۆڕاون و دەرئەنجامەکەی، بەرەوپێشەوەچوونی رژێمی فرەخواز و شەڕفرۆشی ویلایەتی فەقیهیە.
لەمدواییانەدا ژەنەڕاڵ جەیمس جۆنز، فەرماندەی پێشووی ناتۆ، لە وتار و شایەتیدانێکی بەنرخدا، وێڕای پیشاندانی سەری مارە شەڕخوازەکە، جەختی لەوە کردەوە کە “رژێمی ئێران ناوەندی حاشاهەڵنەگری ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕییە لە ناوچەکەدا”. بەڕێز جۆنز وتی: “رژێمی ئێران سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە و تیرۆر و توندڕویی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هەناردە کردووە هەتا باڵادەستبوونە شووشەییەکەی خۆی بپارێزێت و ئەمەش، لە هیچ شوێنێکدا وەک پرسی فەلەستین بەرچاو ناکەویت”. سەبارەت بە بارودۆخی روو لە تەقینەوەی ناو ئێرانیش وتی: “ئێران بە تێکەڵەیەک لە ستەمکاری، شپرزەیی ئابووری، بێتوانایی و گەندەڵی وەک بۆمبێکی کاتی وایە. رووداوەکانی وەک کۆمەڵکوژی ساڵی 1367 (1988)و دەستنیشانکردنی ئیبراهیم رەئیسی، تەنیا رێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەم تێکەلە کاتییە. راپەڕینی ساڵی ١٤٠١ (2022)سەرەڕای زیانی زۆری گیانی، لێکترازانی هێزی دەسەڵاتدار و هەروەها ئیرادەی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕانکاری نیشان دا”.
ناوبراو سەقامگیری و ئایندەی ناوچەکەی بەستەوە بە بەرەوپێشەوەچوونی خەڵک و ئایندەی ئێران و دوای نیشاندانی سەری مارە شەڕخوازەکە و ئاژاوەگێڕی لە تاران، وتی: “بە بۆچوونی من، تاکە رێگا بۆ ئاشتی لە ناوچەکە، پشتیوانیکردنە لە خواستەکانی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕانکاری و دامەزراندنی کۆمارێکی دیموکراتیک و دوور لە هەر دیکتاتۆرییەتێکی ئایینی یان پاشایەتی. خواستی خەڵکی ئێران بە باشترین شێوە، لەو دروشمانەی لە ساڵانی رابردوودا لە شەقامەکانی ئێران بەرز کرانەوە دەرکەوت. واتا (مەرگ و نەمان بۆ ستەمگەر، چ پاشا بێت، چ رێبەر). لە کاتێکدا تاران سەرکوتکردنی زیاتر کردووە، تیشکی ئومێد لە شێوەی (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەت) و پێکهێنەرە سەرەکییەکەی، واتا موجاهیدینی خەلقی ئێران دەرکەوت، کە گیانی راستەقینەی ئێران وێنا دەکات”.
دکتۆر لیام فۆکس، وەزیری بەرگریی پێشووی بریتانیا وەک زۆرێک لە سەرکردەکان و پەرلەمانتاران و کەسایەتییە سیاسییەکانی جیهان درکی بەوە کردووە کە سوپای پاسداران ئۆرگانی سەرەکی و ناوەندییە بۆ سەرکوتکردن لە ناوخۆی ئێران و شەڕهەڵایسێنەرە لە ناوچەکە و پەرەپێدانی تیمەکانی رفێنەر و بارمتەگرتن و تیرۆرە لە ئەوروپا و ئەمریکا.
لە دەرەنجامەکانی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی!
هەربۆیە جیا لە هەر تێڕوانینێک بۆ سەر شەڕی ناوچەکە، راستییەکە ئەوەیە کە، ئەم شەڕە بەرهەمی ئەو ئیمتیازاتە زیانبەخشانەیە کە لە ماوەی چوار دەیەی رابردوودا، بە سیاسەتی “سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی” دراوە بە خامنەیی و ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆکی ئاخوندان. ئەم رژێمە لە سەر هێڵی پەرەپێدان و فرەخوازی لە ناوچەکەدا، جل و بەرگی خۆماڵی و ئایینی بە بەر سوپای پاسداراندا کردووە وەک دەزگای سەرەکیی سەرکوتکردن و شەڕفرۆشی.
“سەری ماری ویلایەت لە تاراندایە” وەک ئادرێس و ئاخاوتنێکی ورد بۆ “سەرچاوەی شەڕخوازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” کە پێش هەموو شتێک، ئێرانی “داگیر” و خەڵکی ئێران بە “دیل” و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکەی بە “بارمتە” گرتووە و لە هەنگاوی دواتردا، باجدانی بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا سەپاندووە. ئەم چەمک و ئادرێسە کە لە لایەن موقاومەتی ئێرانەوە پێشکەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە و خراوەتە بەر دەم بیر و رای گشتی و لەوانە دەوڵەتان، تێکەڵەی ئەم راستییەیە کە، رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران ئەرکی خەڵک و موقاومەتی ئێرانە و پیویستە وڵاتانی جیهان یارمەتی ئەم دیکتاتۆرییەت نەدەن و ئەگەر بیانەوێت قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بکەن، پێویستە سەری ماری ویلایەت بکەنە ئامانج. ئەم هەنگاوە دەتوانێت باشترین هاوکاری و هاوسۆزی بێت بۆ خەڵک و موقاومەتی ئێران، کە بێ گوێدانە هەر پێشهاتەیەک لە ناوچەکە و لەجیهان، سەرنجیان لەسەر رووخاندنی دیکتاتۆریی مەزهەبی لە تاران و سەرتاسەری ئێرانە!
دوژمنایەتیکردنی چارەسەری (دوو دەوڵەتی) بۆ پرسی فەلەستین!
نزیکەی دوو مانگ بەسەر دەستپێکی قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی کارەساتبار لە غەززە تێدەپەڕێت. بە پشتبەستن بە کۆدەنگیی پەرەسەندووی بیروڕای نێودەوڵەتی سەبارەت بە شەڕخوازی و رۆڵی تێکدەرانەی رێژیمی ئێران لەم قەیرانەدا، “چارەسەری دوو دەوڵەتی” بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ساڵانێکە لە ژێر خۆڵ و خۆڵەمیش دەرکەوتووە و لە هەموو کاتێک زیاتر بووەتە “پێویست”. ئەوەش وەک چارەسەر بۆ کێشەکە کە بەڕێز مەحموود عەباس (ئەبو مازن) سەرۆکی حکومەتی فەلەستین، لەگەڵ یاسر عەرەفاتی دۆستی دێرینی خۆی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی، لەسەر بنەمای رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان باسی کردووە. ئەم پێویستییە لەمدواییانەدا لە کۆبوونەوەی بەپەلەی سەرکردە عەرەبی و ئیسلامییەکان پشتڕاستکرایەوە و رژێمی شەڕخوازی ویلایەتی فەقیهی دژیەتی!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی





لە خوێندنەوەیدا ئارەقەی شەرمم لێدەچۆڕا.. هونەر قاسم

لەخێندنەوەی گوتاری بڵاوکراوەی سەر پێگەی دەنگەکان <ئاخر تۆڵە بە چی دەکەیتەوە؟> وەکو خێنەرێك ئارەقەی شەرمم لێدەتکا کە گوایا چۆن ئەو پێگە پێشکەوتووخوازەی دەنگەکان کە دەیان گوتاری دژی جەنگ و ماڵکاوولکاریی بڵاوکردووەتوە بابەتی ئاوهالە بڵاو دەکاتەوە کە بەهانە بۆ کوشتنی هەزاران منداڵانی بێ گوناهـ دەهێنێتەوە کە هیچ لە سیاسەت و جەنگ نازانن، دەیکاتە بیانویەك بۆ کاولکردنی بیمارستان و مەکتەب و مزگەوت و کڵێسا، هەرچی مرۆڤی بە ویژدان و دەرووندروست هەیە لە جیهاندا سەرکۆنەی دەکات؛ هەر لە یابانەوە تا بەرازیل لە بێدینەوە تا دیندار تەنانەت جووە ناسیاسیەکانیش، ئەم رەوادانە بە کوشتاری سڤیل بە دەیان هەزار مرۆڤ لە گەورەو بچوك و پیرەمێردو ژن و پیاو، زۆر دوورە لە مۆڕاڵی نووسین و قەڵەمەوە، گرنگ نیە شوێنکەوتەی رۆژهەڵات بیت یان رۆژئاوا، سامیری یان دۆلار، رەش یان سپی، ئەوەی دەگوزەرێت تاوانێکی گەورەو قێزەونە لە جینۆسایدی توخمی مرۆڤدا؛ یادی کیمیاباران و مەزڵومیەتی گەلی کوردمان دەخاتەوە، ئەمن نە عارەبی دەزانم نە عەلی قەرەداخی دەناسم بەڵام خۆ ئەگەر کەناڵی جەزیرە و علی قرەداخی لای کاکی پارێزەری دەسەڵاتی ملهوڕ و ئیمپریالیست و کاولکاران هیچ مسداقیەت و ئەرزشیان نەبێت ئەوا لە جیهاندا بە پێچەوانەوەیەو لای ملیۆنەها خەلك جێی متمانەو بیستنی هەواڵە گرنگە جۆراوجۆرەکانن، وەکو میدیا لە گۆشە نیگا پێچەوانەو جیاوازەکانەوە خەلك بە دوای هەواڵی راستدا دەگەڕێ، ئەمریکاو روسیا یان بلۆکی رۆژئاواو رۆژهەڵات پێیان خۆش بێت یان پێیان ناخۆشە بگوترێت دەیانەوێت ئەودیوی رووداوەکان بزانن،کورد بەرژەوەندی لەگەڵ هیچ کەسدا نییە، بەس شاخەکانی هەیە پشتیوانی لێ بکات، پەیمانی لۆزان و بلفۆڕیش هەر لەلایەن ئەو زلهێزانەوە کێشرا کە کوردستانیان بە دەردی فەلەستین برد، دواتر ئەو برادەرە کە ئاوها سوکایەتی بەو زانایە کوردە دەکات دەبوو ئەوە بزانێت لە لایەکی ترەوە بۆ کورد جێی شانازیە کە سەرۆکی زانایانی ئاینی جیهان کورد بێت و لەو پلە بەرزەدا بێت دەبێت ڕێزی لێ بگرین بۆ خاتری کەسایەتی نەتەوەکەمان بۆچی ئێمە بۆیەکتر شکاندن ئەوەندە ئازاین؟ هیوادارین وەکو ئاپۆ سەری ئەویش نەخۆن.
ئەمن وای نابینم کەسی نوسیاری ئەو گوتارە بێلایەن بێت بەڵکو وەك دەمراستی جینۆساید دەردەکەوێ و دەدوێ، بەس ئەوەی لام جێی سەرنجە چۆن بە زمانی شیرینی کوردی رەوایی دەدرێت بە کوشتارو قەتڵوعام؟ ئەوەی زانیومانە سوپاکان بەرامبەر یەکتری شەڕ دەکەن نەك یەخەی خەڵکی بێدەسەڵات بگرن و رقی خۆیانیان پێ بڕێژن و لەناویان ببەن بە بەرچاوی جیهانەوە بێئەوەی ئەو رێكخراوە درۆزنانەی بە ناوی مافی مرۆڤەوە دەدوان هیچ هەڵوێستێکیان هەبێت و خۆیان کڕ کردووە وەکو ئەوەی ئەو هەزاران منداڵە بیتاوانە مرۆڤ نەبن!. کورد گەلەك نەهامەتی و ماڵوێرانی و کوشتاری چەشتووە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو وڵاتانەی تێیدا بوونیان هەیە بە چەکی رۆژئاوایی، برسێتی و نەبوونیشی زۆر چەشتوە وەکو گەمارۆی ئابووری ٦ ساڵەی نەوەدەکان بەدەستی مادلین ئۆلبرایت لە باشوری کوردستان کە خانەوادەی وا هەبوون لە رۆژێکدا نانێکیان بە ٥ سەرخێزان هەبو بیخۆن، هەبوو منداڵی خۆی دەفرۆشت. کورد هەمیشە لەگەڵ چەوساوەدایە، ئەوەی لە خاك و ئاوی دەرکراوەو مافی ژیانیشی پێ نادرێت، نەك ئەو دەسەلاتە ئیستیعماریانەی گەمە بە جیهان دەکەن و جارێك کۆرۆنا بڵاودەکەنەوەو جارێك سون و کولـلە و جارێك قەتڵ و عام و گرفتی نێوان دەوڵەتان و دابەشکردنیان و بە شەڕدانیان.
یاساکانی سروشت زۆر وردو رەوان و جوانن، ببینن هەر شتێك لەسەر گەندەڵی و ناحەق بنیات بنرێت لە کۆتایدا هەر دەڕمێت، سەر زەویش هێندە فراوانە جێگای هەموو مرۆڤێکی تێدا دەبێتەوە بە کەرامەت و بڕومەت بژی، ئیتر ئەم شەڕو کوشتارو کاولکاریەتان لە پای چی؟ بۆ واز ناهێنن بە شێوەی ئاشتیانە هەموو نەتەوەو ئایدیاو ئاینەکان پێکەوە بژین؟ سامان و زەوی گەلان تەسلیمی خاوەنەکانیان بکەنەوە نەك بیانکوژن، بۆ لەسەر رەنگ و پەڕۆ یەکتری دەخۆن، خۆ ئەم زەویە تاپۆی کەس نیە درەنگ یان زوو هەموومان هەر بە جێی دەهێڵین، لەوەتەی فاممان کردووەتەوە و باوباپیرانمان دەیڵێن: ئەم دنیایە قەد ئەهریمەنی لێ نابڕێت، ناهێڵن تاوێك بە پشوو چاو لێکنرێت، بەڵام ئایا لە راستیدا ئایا ژیان ئەو مانایەی هەیە؟




به‌ سه‌ری خۆت ته‌ماشای ژیان مه‌که‌.. فەرهاد کەریم

تۆ سه‌یری سه‌ری مرۆڤ که‌ بزانه‌ چه‌ند سه‌یره‌ سه‌ری مرۆڤ
خاوه‌ن سه‌رێکه‌و هه‌زار سه‌ر له‌ سه‌ری مرۆڤ جوانتره‌ سه‌ری سه‌گ
سه‌ری مارو مه‌یمون و شێره‌ سه‌ری خۆی نیه‌ سه‌ری تره‌ سه‌ری مرۆڤ
سه‌ری مرۆڤ له‌ سه‌ری کۆتر چووبایه‌ ئه‌شقی ئاسمان ده‌بووین
سه‌ری مرۆڤ له‌ سه‌ری ماسی چووبایه‌ ئه‌شقی ئاو ده‌بووین
سه‌ری مرۆڤ له‌ سه‌ری سه‌گ چووبایه‌ ئه‌شقی زه‌وی ده‌بووین
ده‌ریا و زه‌ویی و ئاسمان تژی ده‌بوون له‌ ژیان
سه‌ری مرۆڤ به‌ره‌ی جه‌نگه‌ ژیانی لێ زیاده‌و ده‌یبه‌خشێ به‌ مردن
بمرین کرێی ژیان ناده‌ین گیرۆده‌ نابین به‌ گرانبوونی هه‌ناسه
بمرین کێشه‌ ناخه‌ینه‌ ناو ژیان‌
مردن پشوودانێکه‌ هه‌واڵی تاریکی مرۆڤ ناگا
نه‌مرین مرۆڤ ده‌مانخوا
نه‌مرین زه‌وی و ئاسمان و ده‌ریا له‌ تینوێتیدا ده‌خنکێن
ده‌سووتێ ژیان، سوپاس مردن جێتنه‌هێشتین نه‌مرد ژیان
مردن نه‌یهێشت ببین به‌ پووشی ده‌مباو ببین به‌ گاڵته‌جاڕی مرۆڤ خوا
پێویستم به‌ مردنێکی خێرایه‌، خێراتر بێت له‌ مردن
دوای مردن تامی نامێنێت مردن، مردن نه‌مێنێت ژیان ده‌مرێت
ژیان گۆرانیه‌کی سارده‌ گوێگر نیه‌ له ناو مردندا
بێده‌نگیه‌کی سامناکه‌ مردن له‌ ناو ژیاندا
له‌ تاریکی فوو له‌ چرا و گۆرانی بۆ مردن گوت مرۆڤ
مردن بازاڕێکی گه‌وره‌یه‌، پارچه‌کانی مرۆڤ به‌ خۆڕایی کۆکه‌وه‌ بێبه‌ها بووه‌ هیچ ناکات
دژی سروشتی مرۆڤم ژیانی فرۆشته‌ مردن، شانازی به‌ مردن ده‌کاو فشه‌ ژیان
هه‌میشه‌ به‌ مردنم گوتووه‌ شه‌و شاد، رۆژ باش ژیان
مرۆڤ به‌ که‌ڵکی ژیان نایه‌ت بۆ مردن ده‌ستنادات
ده‌مرێت و ژیان فێرنابێت، فێره‌ ژیان نابێت و ده‌مرێت
مردوو به‌ که‌ڵکی ژیان نایه‌ت، مرۆڤ فێر نابێت بژیت
ئاسان نیه‌ فێر بوون له‌ خوێنیه‌تی مردن، مردنی به‌رزه‌ له‌ خوێنی
به‌ سه‌ری سه‌گه‌که‌م ته‌ماشای ژیانم کرد چه‌ند جوانه‌ ژیان به‌ خۆشه‌ویستیه‌وه‌
پاککردنه‌وه‌ی ده‌وێ خوێنی مرۆڤ
گۆڕینی ده‌وێ سه‌ری مرۆڤ
شه‌و شاد مردن
سه‌گه‌که‌م له‌ خۆم خۆشتر ده‌وێ درۆ له‌ گه‌ل چاوه‌کانی ناکات
رۆژباش ژیان