ئەوەی ئێستا لە دەڤەری ئێمەدا ڕوودەدات سەپاندنی کولتووریە.. مەحمود چاوەش

ئەگەر لە دەروازەی ڕۆشنگەراییەوە بڕوانینە ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان، بەئاشکرا ڕووندەبێتەوە، کە لەو دەڤەرەی ئێمە تاکو ئێستاش تاك خۆی لە قفڵدانی بازنە دەستەجەمعی و مێگەلییەکە ڕزگار نەکردووە، یان باشتر بڵێین ڕزگار ناکرێت. تاك وابەستە و موفتەلا کراوە بە زنجیرەیەك پەیوەندی لێکنەپچڕاوی کۆمەڵایەتییەوە، کە هۆش و بیرکردنەوە کەسییەکانی لەدەستدەدات و خۆ لە خەڕەکەیەکی دووبارە بووەدا دەبینێتەوە و دواتر لە توانای ئەوەدا نییە، بڕیار بۆ خاڵە گرنگەکانی ژیانی خۆی بدات. ئیمانوێل کانت1 سەدەکانی پێشتر درکی بەم مەترسییە کۆمەڵایەتییە کردبوو و لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی ڕۆشنگەراییی مانای چییە، دەبێژێت، ” بوێرە لە پێناوی هۆش و تێگەیشتنی خۆتدا کاربکەیت”2 کانت بێگومان لێرەدا مەبەستی لە تاکی ئەو کۆمەڵگانەیە، کە خورافیات و وەهمی عەقیدە و دیانەتەکان هزری تاکیان سستکردووە.
لە هیچ ساتەوەختێکی مێژووییدا ئەم تێڕوانینەی کانت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە شێوەیەکی پڕاکتیكی بەهەند وەرنەگیراوە، ئەو کەسەش جورئەتی ئەمەی کردبێت، یان دەڤەرەکەی بەجێهێشتووە، یان بەرەنگاری ترسی کوشتن بۆتەوە.
لێرەدا دەبێت پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین بۆچی تاکگەرایەتی لە کۆمەڵگەکاندا زۆر گرنگە و ئایا مەساری ئەم چەمکە (تێگەیە) سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکان بەرەو چ ئەستێك دەبات. با لە سەرەتادا باسی پێچەوانەکەی تاکگەرایەتی بکەین، کە دەستەجەمعی یان کۆلێکتیڤە. لەم سیستەمی تێگەیشتنەدا کە دەستەجمعییە، تاك لەو توانایانە دادەبڕدرێت، کە هزری خۆی بەکاربهێنێت و دەوروبەرەکەی پێبپشکنێت، لەم سیستەمەدا کەسانی دیکە کار لە تاکدا دەکەن، کە جۆرێکە لە فریودان (مانیپولاتسیۆن Manipulation)، ئەمەش بە مانایەکی تر پاوانخوازی و وابەستەبوون بە عەقڵییەتی دەستەجەمعی بەرهەمدەهێنێتەوە. تاك کاتێك دەتوانێت بە ئازادی و ئارەزووکانی خۆی بڕیار بۆ پاشەڕۆژی خۆی بدات و لە کۆمەڵەگەیەکی تەندروستدا بژی و پاشەڕۆژێکی پرشنگداری هەبێت، گەر بە بوێریی دێکارتیانە هزری خۆی بەکاربهێنێت و کاریگەری لەسەر تاکەکانی تری کۆمەڵگە هەبێت، کەواتە لەوە نەترسێت بیروڕاکانی دەربڕێت.
تاکگەرایەتی (Individualismus) لە دەڤەری ئێمەدا لە هاوکێشەیەکی ناهاوسەنگ و پێچەوانییدا دەبزوێت، تاکو دەستەجەمعییەت و مێگەلایەتی بەرقەراربێت، تاکگەرایەتیش لاواز و تەنانەت بێدەنگیش دەبێت یان دەکرێت. کۆمەڵگەی ئێمە، بە ڕۆژهەڵاتی ناوینیشەوە، سەرتاپا نوقمی سیستەمی دەستەجەمعی کراوە. ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی، کە تاك توانای بڕیاردان و ڕەخساندنی پلانە کەسییەکانی خۆی لەدەست خۆیدا نەمێنێت، ئازادی بەرامبەر سەربەخۆییە کەسییەکانی، بەرامبەر گەشەدانی هزری و توانا هونەریەکانی، بەرامبەر بڕیاری بۆ ژیانی کەسی خۆی نامێنێت. دەستەجەمعی تاك بەرەو خەساندن دەبات، بڕیار بۆ ئاوات و حەزەکانیشی دەدات، کەواتە کار لە سنووردارکردنی ئازادیە کەسیەکاندا دەکات، سودبەخشی ئەو میکانیزمەش هەر ئەوە، تاکیش بەم شێوەیە دەبێتە داردەستێکی لاواز و لە بەرژەوەندی ئەو “کۆ”یەدا دەبزوێنرێت.
بەم جۆرە دەتوانین بڵێین تاکگەرایەتی (Individualismus) بیرۆکەیەکی ئەخڵاقخوازی و بەهای سیستەمێکە، کە تاك لە چەقی ڕەچاوکردنەکاندایە، جۆرێکە لە دەربڕین و وەستانەوە بەرامبەر زۆرداری و زۆرایەتی دەستەجەمعی،. بەرەنگاربوونەوەی تاکە بەرامبەر کۆمەڵگەیەك، کە تاك تیایدا بڕیاردان بۆ خۆی و ڕادەربڕێن بە هزری خۆی دەکاتە فەلسەفەی ژیانی، کە ئەمەش لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا لەتەك کۆنتێکستە (هەڤرایەڵە) کۆمەڵایەتیەکاندا ناگونجێت و بەردەوام لە کێشەدایە. بۆ نموونە هونەرمەندان (بەداخەوە لێرەدا دەبێت هەندێك لە هونەرمەندانی کورد لەم چوارچێوەیەدا بەدەربکرێت) و مێژووناسان و نوسەران و ڕۆشنبیران دەچنە کاتێگۆری تاکگەرییەوە و جۆرێك لەو بەربەستەییەیان تێدایە، کە خۆکردەن لە کارەکانیاندا و دوای مێگەلەکە ناکەون. ئەو پرسیارەی لێرەدا زۆر گرنگە ئەوەیە، کە بۆچی تاکگەرایەتی و ئازادییە کەسییەکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر سەختە.

  1. ئێمە تاکو ئێستاش لە کۆمەڵگەیەکی بە عەقڵییەت کشتوکاڵ و لە سیستەمی هەرەوەزیدا ژیان دەبەین بەڕێوە، کە ڕەنگە گیۆپۆلیتیکی ناوچەکە ئەم جۆرە سیستەمەی ژیانی بەسەردا سەپاندبێتین.
  2. هەموو دیانەت و عەقیدە و داب و نەریتەکانیش لە سیستەمێکی دەستەجەمعیدا پڕاکتیزە کراون. بۆ نمونە پاش بە ئیسڵامکردنی زۆرملێیی ئەو دەڤەرە، بە کوردستانیشەوە، تاك خرایە پەراوێزی ڕوداوەکان و نوێژی بە کۆمەڵ و مناسەبە ئاینییەکان، تەنانەت جەژنی نەورۆزیش لە بازنەیەکی کۆلێکتیڤدا سوڕاوەتەوە. (تەنها ناوازەیەك لەم بوارەدا خۆکەلاخستنی سۆفیەکان بووە، کە تاکگەرا و دوورەپەرێز لە کۆمەڵگە عیبادەتیان کردووە، کە جێگەی ئەم نووسینە نییە).
  3. ڕۆژهەڵات نە چەرخی ڕێنیسانس (3(Renaissance نە پرۆسەی ڕۆشنگەراییەتی (Aufklärung)، نە پڕۆسەی مێژوویی ڕێفۆرمی ئایینی (Reformation) بەخۆوە نەبینیوە. بەهۆی ئەم پڕۆسە مێژووییانەوە گۆڕانێکی بنەڕەتی بەسەر دیانەتی مەسیحیدا هات و بووە هۆی لاوازبوونی دەوری ئەم دیانەتە لە ئەوروپادا، لێ دیانەتەکان هەموویان هەوڵی ئەوەیان داوە، بازنەی دەستەجەمعی لە کۆمەڵگەکاندا بەدەست بهێنن و دەوری تاك تەواو لاواز بکەن، چونکە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بووە.
  4. خۆ بیننەوەی کەسایەتی تاك لە چوارچێوەی دەستەجەمعیدا، بەو واتایەی تاك تەنها لەو چوارچێوەیەدا خۆ بەهێز دەزانێت
  5. دەستەجەمعی پێویستی بە ملکەچکردنی تاك و فەرمان پێدانە، پێویستی بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئەوانە، لێ تاکگەرایەتی و ئازادییە کەسییەکان جێگای مەترسین بۆیان.
    ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین، کە بەدرێژایی مێژوو پارچەپارچە کراوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو کاتێکی تر لاوەزترە. لە هەمان کاتدا لە هەموو ساتەوەختێکی تر پێویستیمان بە هاوکاری و یەکگرتن و هەرەوەزی یەکتر هەیە. گەر ڕونتر بڕوانینە ئەم ناهاوسەنگییە، زۆر ئاشکرایە، کە لە هەناویدا گەورەترین پارادۆکس (نەگونجاوی یان ناکۆكی و دژواری) دەبینین، لە سەرێکەوە باس لە نەبوون یان سنوردارکردنی ئازادی، پێشێلکردنی سەربەخۆیی و بڕیاردان و یەکسانییەکانە بۆ تاك دەدوێین، لە سەرێکی ترەوە لاوازبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو بوارەکاندا بەرجەستەیە. ئەم هاوکێشەیە هێندە ئاڵۆز و دووفاقەیە، کە گرێیەکی مێژوویی بۆ نەوەکانی هەنوکە و داهاتوش پێکهێناوە، کە نە دەتوانن هەنگاوێکی تاکڕەوانە لە ژیانیاندا بنێن، نە دەشتوانن ئازادانە ئەندامێکی بەسود بن لەنێو ئەو هەرا و خەڕەکی دەستەجەمعیەی بۆیانیان خۆڵقاندراوە. هیچ ساتێك وەك ئێستا تاکی کورد توشی گرێکوێرە و کۆمپلێکسی دەروونی نەبووە و کەسایەتی و خۆدەربڕینی نەکەوتوونەتە ژێر گومانەوە. خۆبەکەمزانین و نەتوانینی بڕیاری خۆیی بەرامبەر ساکارترین هەنگاوەکانی ژیان ئەنجامی ئەم ناهاوسەنگییەن.
    کاتێك لێرەدا باس لە تاکگەرایەتی دەکرێت، بەو مانایە نییە، کە ئازادی تاك ڕەها و بێسنوور بێت و هەرکەسە بۆ خۆی و جیا لە کەسەکانی تر کارەکانی بۆ کۆمەڵگە بەرهەمبهێنێت یان بەجێیان بگەیەنێت (هونەرمەندان و نووسەران و ئەو کەسانەی لەم بوارانەدا کار دەکەن، لەم چوارچێوەیە بەدەرن)، بەڵکو بەو مانایەی تاك جەخت لەسەر ئازادییە کەسیەکانی خۆی بکات و ڕێز لە ئازادییەکانی تاکەکانی تری کۆمەڵگە بگرێت. دیارە ئەم ئازادیە لە بازنەی گروپ و ڕێکخراوە مەدەنییەکانیشدا بەهەمان شێوە پڕاکتیزە دەکرێت.
    جۆن ستوارت میل (John Stuart Mill)4 نمونەیەکی مێژوویی گرنگە لەم بوارەدا، کە بە گومانێکی زۆرەوە دەڕوانێتە سیستەمی فێرکردن و داڕشتنی سیستەمی خوێندن و فێربوون لە لایەن دەوڵەتەوە. ئەو زیاتر بڕوای بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانە، بەبێ بونیادە (ستراکتەرە) ڕێنماییەکان (ڕێنما لێرەدا مەبەست لە دەوری شوانە بەرامبەر ڕانە مێگەلەکەی). میل پێیوایە، کە ئازادی تاک تەنها لە بارێکدا دەبێت سنووردار بکرێت، کە دەوڵەت پارێزگاری لە خۆی و تاکەکانی تری کۆمەڵگە بکات (لێرەدا مەبەست لە پاراستنی مافی هاوڵاتیانە)، لێ ئەو دەبێژێت، کە تەنها هاوڵاتیانی ڕۆشناییدراو دەتوانن، کۆمەڵگەیەک بەرەو پێش بەرن و رۆڵێکی گرنگیش بۆ پێشکەوتنی ئەو کۆمەڵگەیە بگێڕن. فێرکاری و ڕوناکبیری (تاکەکان) دەرفەتی زیاتر بۆ ئەوە دەڕەخسێنن، کە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەش بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن.

    گەر وردتر بڕوانینە ئەم دیاردەیە، ئاشکرایە، کە کولتوورەکان بە توانای هزری و داهێنان و دروستکردن و خەیاڵفراوانی تاکەکان بەرەوپێش چوون و بەرفراوانتر و خۆڵقێنەرانەتر ڕێکخراون، نەك بە هەراوهوریای دەستەجەمعی. تاکی ژیر نهێنییەکانی کۆمەڵگە و سروشتی بە پێوەرەکانی زانست و ڕۆشنگەرایی ئاشکرا کردووە، نەك ئەو دەستەجەمعییەی تاکەکان ڕووەو ئاگری جەنگەکان و کوشتارەکان ڕاپێچدەکات. لەم ساتە مێژووییانەدا زیاتر پێداویستی بە تواناکانی تاك دەبێت جورئەتی ئەوە بکات، توانا هزرییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، بەرامبەر بیروڕا زۆردارییەکانی دەسەجەمعی هەنوکە بوەستێتەوە.
    سیستەمی ئەو دەڤەرەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی خۆڵقاندووە، تاك تێیدا لەبان خۆی قوڕمیش دەکرێت یان داشی ئەو یاریەن، کە دەستەکانی تر دەیانجوڵێنن. دواتر دەخرێنە نێو ئەو سیستەمە مێگەلییەی کە تاك توانا و وزەی ئەوتۆی تێدا نامێنێت، خۆ لەو بەندە ئاسنیانەی دەستەجەمعی ڕزگار بکات. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، چۆن تاك بتوانێت کۆمەڵگەیەك بەرەو پێشەوە بەرێت، کە خۆی تێیدا کۆیلە کراوە و توانای هزری و داهێنان و بەرفراوانی خەیاڵەکانی دابڕاوە. بەرەوپێشچوون و ئازادکردنی کۆمەڵگەیەك بە دەستی کەلەپچەکراوی بەئەنجام ناگەیەنرێت. دەتوانین لێرەدا بەم سیستەمە بێژین “سیستەمی ستەمکاری زۆرینە”، کە تاك تیایدا لە پڕۆسەی بڕیاردان و بەشداریکردنی سیاسیدا دادەبڕێت. ئەم پڕۆسەیە نادیموکراتیکردنی کۆمەڵگە ئاشکرا دەکات، لێ دیموکراتی بە مانای ئەوە نییە زۆرینە بڕیاربدات و کەمینە و تاکەکانی تری کۆمەڵگە ملکەچی بۆ بکەن، ڕەخنە و تێبینیان لەمەر سیستەمەکە نەبێت، بەڵکو بیروڕاکانی تاکیش بە هەند وەربگیرێن. پێچەوانەی ئەم سیستەمانەش تەنها سیستەمی زۆرینەی دیکتاتۆرییە، کە دەنگەکانی تاك لە سەرەتاوە دەخنکێنرێن.
    دەوڵەتیش بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە، ئەو کەسایەتییە بەناوبانگانەی کە ڕەخنەگرانە بەرامبەر سیستەمەکەی وەستاونەتەوە، بخاتە ژێر پەستانەوە، وەك هونەرمەندان، زانایان، مێژووناسان، ڕووناکبیران، نووسەران و کەسانی ڕەخنەگر لە سیستەمەکەیان.
    ئازادی تاك جێگەی گفتوگۆ نییە، لێ ئەوە سەرەتاییترین و بەهێزترین خوازیاری مرۆڤ بووە لە سروشتدا.

    1 ئیمانوێل کانت فەیلەسوفی ئەڵمانی لە 22.04.1724 دا لە کوێنیگسبێرگی سەر بە پرۆیسن لەدایك بووە و هەر لە هەمان شار لە 12.04.1804 دا کۆچی دوایی کردووە. ئەم زانیاریانە لە ڤێکیپێدیا وەرگیراوە.
    2 Immanuel Kant, Beantwortung der Frage: Was ist Aufklärung? Kant 1784, S.481
    3 ڕێنیسانس سەدەم یان چەرخێکی کولتووری و مێژوویی-هونەریە لە ئەوروپا، کە تێیدا ئەوروپا لە بوارەکانی گەشەی کولتووری و هونەردا هەنگاوێکی زۆر گرنگی مێژوویی نا.
    4 جۆن ستوارت میل لە 20.05.1806 دا لە لەندەن لەدایکبووە و لە 08.05.1873 دا لە فەڕەنسا کۆچی دوایی کردووە، فەیلەسوف و ئابووریناس و سیاستمەدارێکی ئینگلیزە، بە یەکێك لە هزرمەندە دیارەکانی سەدەی نۆزدەهەم دەژمێردرێت. کۆنسێپتی ئازادی لای ئەو لە سنووری پیاوان بەدەرە و زۆر جەختی لەسەر ئازادی بۆ ژنانیش کردووە. (Frauenemanzipation)




حیزب لە ئاوێنەی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادیدا..حەمید تەقوایی.. وەرگێڕانی: کاوە عومەر

دەقی وتاری حەمید تەقوایی لە ڕێوڕەسمی یادی ٣٢ ساڵەی حیزبدا، یۆتۆبۆری سوید
١١ئازەر، ٢ی دێسەمبەری ٢٠٢٣

ڕێگەم بدەن بەخێرهاتنی هەمووتان بکەم. زۆر خۆشحاڵم کە ئەمشەو لەگەڵتانم و هیوادارم بتوانین گفتوگۆیەکی باشمان هەبێت چونکە دوای وتارەکەدا پرسیار و وەڵاممان دەبێت. بەهەر حاڵ زۆر دڵخۆشم کە لێرەم و هیوادارم گفتوگۆیەکی باشمان هەبێت.
ئەمە کۆبوونەوەیە بە بۆنەی ٣٢ ساڵەی دامەزراندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریەوە. بەڵام حیزب بە جیا لە پێشهاتەکان و ئەو شۆڕشەی کە ئەمڕۆ دەگوزەرێت شیکاری ناکرێ. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ناونیشانی ئەم وتارە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و شۆڕشی ژن، ژیان ئازادییە. هیوادارم بتوانم لە ئاوێنەی شۆڕشدا حیزبتان پیشان بدەم.
سەرەتا پێویستە یادێک لەهەموو ئەو ئازیزانە بەینەوە کە لەم شۆڕشەدا، لەماوەی ساڵ و نیوەی دواییدا گیانیان لەدەستدا. لە مەهسا و مەهساکان، ساریناکان، نیکاکان، خودا نورەکان، کیانەکان و سەدان کەسی تر کە لە ڕێگای ئازادی و ڕزگاریدا لە خاک وخوێن هەڵکێشران. وە با هەموو قوربانیانی ئەم ٤٠ ساڵە یاد بکەینەوە کە ڕاپەڕین و کەوتنە سەر زەوی ، لە سێدارە دران و لە ساڵانی شەستەکان و لە شۆڕشی١٣٩٨ و لە ئابانی ١٣٩٨ و لە ١٣٩٦ و لە تەواوی ئەو ماوەیەی کە ئەم حکومەتە دۆزەخییە دەسەڵاتی بەدەستەوەگرت، خۆیان بەدەستەوە نەدا، دژی وەستانەوە و خەباتیان کرد. یادی هەموو ئەم ئازیزانە هەمیشە لەگەڵمانە. ئێمە نە لێ خۆش دەبین و نە لەبیری دەکەین.
به هه مان شێوه پێویسته سڵاوی خۆم بۆ هه موو تێکۆشەران و هەڵسوڕاوانی ئه م شۆڕشه مه زنه بنێرم که بێ وه ستان هاتنه سەر شەقامەکان و سنگی خۆیان کردە قه ڵغان و خه باتیان کرد و تا ئێستاش سه رقاڵی ڕێکخستن و بەره وپێشبردنی ئەو شۆڕشه شکۆداره ن. بۆ هەموو خوێندکاران و قوتابیان، بۆ هەموو گەنجان، بۆ هەموو داواکاران و بزووتنەوەی دادخوازی، بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە خەریکی بەرەوپێش بردنی بزووتنەوەیەکی زەبەلاحی بێ حیجابین، بزووتنەوەیەک کە تا ڕیشەی ئەم حکومەتە تاوانکارە دەبڕێت؛ بۆ ئەو کرێکارانەی کە بە شورای ناڕەزایەتییەکانیان لە کەرتە جیاجیاکانی پیشەسازی نەوت دەستیان بە ناڕەزایەتی بەرفراوان کردووە و بەردەوامن، بۆ ئەو مامۆستا و خانەنشینانەی کە ئاڵای بژێوی و کەرامەتیان بۆ هەموو کۆمەڵگە هەڵکردووە، بۆ هەموو هونەرمەندان، سینەماکاران، نووسەران ، ئاوازدانەران و گۆرانیبێژان کە کولتوورێکی ناڕەزایی ناوازەیان خوڵقاندووە- نەک هەر لە مێژووی شۆڕشی ئێراندا، بەڵکو لە مێژووی جیهاندا. کولتوورێک کە گەرەنتی پێشکەوتن و خەباتی بەردەوام بۆ ڕزگاری کۆمەڵگا بکات؛ بۆ هەموو خەڵکی ئێران کە بەبڕیاریانداوە تەور لە ڕیشەی ئەم حکومەتە بدەن. سڵاو بۆ هەموو ئەو ئازیزانە دەنێرم و هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
باسەکە ئەوەیە کە ئەو شۆڕشەی دەستی پێکردووە، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بەها و ئامانج و کولتوور و هونەرێکی شۆڕشگێڕانەی لەگەڵ خۆی هێناوەیە پێشەوە و لە ئاستی جیهانیدا بەرزی کردەوە، کە لە مێژوودا ناوازەیە. شۆڕشگێڕانەیە – وەک دروشمی سەرەکییەکەی ڕایدەگەیەنێت – بۆ “ژن ژیان ئازادی “. هەرکام لەو وشانە ئاماژەیە بۆ ئەو خەبات و تێکۆشانانەی کە لەماوەی ئەم ٤ دەیەیەدا، لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا لە کۆمەڵگادا بەردەوام بوون و دواجاریش، ئەمڕۆ خاڵی لوتکەکەشی شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە. لەم سێ وشەیەدا ژن ژیان ئازادی خۆی کورت دەکاتەوە. ئەم دروشمە دەبێتە جیهانی و سەرنجی جیهان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، چونکە ئاماژەیە بۆ بەها مرۆییە جیهانیەکان. دەتوانم بڵێم ئەمە یەکەمین شۆڕشە لە مێژووی ئێراندا و بە بوێرییەوە دەتوانم ئەوە بڵێم لە مێژووی جیهاندا کە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ڕزگاربوونی مرۆڤ لە هەموو سنووردارکردنێک، لە هەموو هەڵاواردنێک، لە هەموو خورافاتە ئاین و نا ئاینییەکان، لە هەموو شتە پیرۆزەکانی تر جگەلە ئینسانی ئینسانیەتمان نیە. ئێمە ئەمەمان نەبوو. لە ئێراندا لە سەردەمی شۆڕشی دەستووردا باس لە دەستوور و مەجلیس و ڕزگاربوون لەو کۆمەڵگە دواکەوتووی سەدەی ناوەڕاستی فیۆداڵی تا سەدەی بیستەم و سەردەمی نوێ بوو. زۆر پێشکەوتنخواز بوو، بەڵام لە ڕاستیدا دیموکراسی پەرلەمانی دەویست، ئازادی دەویست، دادپەروەری دەویست، یاسای دادوەری مۆدێرن دەویست، دەیویست یاسای کۆمەڵایەتی مۆدێرن لە ڕۆژئاوا وەربگیرێت. شۆڕشێک بوو سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا و لە نیوەی ڕێگادا ڕاگیرا، بەڵام لەسەر بنەمای ئەم جۆرە داواکاریانە بوو.
لە سیەکانی سەدەی ڕابردوودا لە ئێران خەباتێک لە دژی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزم کە دەستی بەسەر پیشەسازی نەوت و هەموو سەرچاوەکانی سەروەت و سامانی ئێراندا گرتبوو، ڕوویدا. کۆمەڵگا دەیویست لەم هەژموونە ڕزگاری بێت، دەیویست پیشەسازی نەوت بە نیشتمانی بکات، بە نیشتمانیکردنی پیشەسازی نەوتیش بەجۆرێک ڕزگارکردنی کۆمەڵگا و بەرەپێشچوونی لەخەیاڵدا بوو.
شۆڕشی ١٣٧٩ دژی دەسەڵاتی پاشایەتی و بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان بوو. تا ڕادەیەکی زۆر هاوشێوەی شۆڕشی ئەمڕۆ بوو، بەڵام شۆڕشی ئەمڕۆ تەنیا دژی کۆماری ئیسلامی نییە. تەنها دژی ئایین نییە. چل ساڵە ژیانی مرۆڤەکان بە هۆی ئایینەوە وردووخاشکردووە،شێواندووە ، ڕێک گوشیووە، هەر بۆیەش تایبەتمەندییەکی گرنگی شۆڕش دژە ئایینی بوونە. بەڵام هەروەک چۆن کاتێک فشار دەخەیتە سەر ئیسپرینگێک و ڕایدەکێشیت بۆ دواوەو و بەرەڵەی دەکەیت و باز دەداتە پێشەوە و مەودایەکی دوور لە پێگەی پێشووی خۆی دەفڕێت، کۆمەڵگای ئێرانیش، بەشێوەیەک کۆماری ئیسلامی گوشیووە بەرەو بنی دۆزەخ بردووە کە کاتێک هەڵدەستێتەوە ئەم زنجیرانە دەشکێنێت، سەدان هەنگاو لە پێش پێشکەوتووترین کۆمەڵگا شارستانییەکانی جیهانەوە دەبێت.
دروشمی ژن ژیان ئازادی ، جازیبەیەکی جیهانی هەیە، چونکە دروشمێک نیە تەنها لە دژ دیکتاتۆرێتی جیهانی سێیەمی، دیکتاتۆریەتی ئایینی، دیکتاتۆریەتی کۆمەڵگە دواکەوتووە ناپیشەسازیەکان. بەڵکو دروشمێکە کە لە دڵی هەر ئەم ڕۆژئاوای بەناو پێشکەوتووە و لە ئەوروپا و ئەمریکای باکووردا دڵەکانی ناچار بەلێدان کردووە و سەرنجیانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە ئەم شۆڕشەیە کەنەک هەر دەیەوێت کۆماری ئیسلامی ڕاماڵێت،بەڵکو دەیەوێت لەسێدارەدان نەهێڵێت نەک تەنها دەیەوێت ژنان پابەند نەبن بە یاسا ئاینییەکانەوە، بەڵکو دەیەوێت ژن لە سەری کۆمەڵگادا بێت، یەکسان بن لەگەڵ پیاوان و بە هەموو ڕێز و کەرامەتی ئینسانییەوە لە کۆمەڵگادا بناسرێت. لە یاساکاندا نوێنەرایەتی بکرێت و ژیانێکی مرۆیی هەبێت. ڕزگارکردنی ژنان نەک هەر لە کۆت و بەندەکانی ئیسلام، بەڵکو ڕزگارکردنی لە کۆت و بەندەکانی هەر جۆرە پیاوسالارییەک، هەر جۆرە بیرکردنەوەیەک کە ژن دەبەستێتەوە کە لە هەموو جیهاندا نموونەی دەبینیت. هەروەک چۆن لە ڕۆژئاوادا بزووتنەوەی “می توو”مان هەبوو و چەندین بزووتنەوەمان هەبوو کە بۆ ماوەیەکی زۆ ئامانجیان ئازادکردنی ژنان بوو لە هەموو جیهاندا. هەر بەو هۆیەوەیە کە دروشمی ژن ژیان ئازادی سەرنجی هەمووان ڕابکێشێت. ئازادی ژن ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئازادیی هەموو کۆمەڵگا و بە ڕزگاریکردنی هەموو کۆمەڵگا و بە ژیانەوە.
ئەمە دروشمێکە بۆ ژیان، نەک هەر دژی دۆزەخی هەژاری و نەهامەتی کە کۆماری ئیسلامی لە ئێران دایمەزراندووە، بەڵکو دژی ئەو خۆپارێزییە ئابوورییەی کە هەموو جیهانی گرتووەتەوە. بۆ بەرگریکردن لە بژێوی و کەرامەتی هەموو ئەو کەسانەی کە لەژێر هەژموونی خۆپارێزی ئابووری و نوسخەی بانکی نێودەوڵەتیدان ” کار بکەن زەحمەت بکێشن و دەنگتان نەبیستن”. ژیان واتە ئازادی لە ڕێگری ئابووری، ئازادی لە کۆیلایەتی کرێ، ئازادی لە بەبارمتەگرتنی ژیان و نان و بژێوی بۆ کارکردن. ژیان واتە ئازادی لەمانە. ژیان بەو مانایەی کە تەنیا لە کۆمەڵگەیەکی دوور لە جیاکاریدا، نەک هەر جیاکاری یاسایی و مەدەنی، بەڵکو دوور لە جیاکاری کۆمەڵایەتی و ئابووری و چینایەتی، بەدی دێت. “ژن ژیان ئازادی” دروشمێکە، بەڵام کۆمەڵگا زیاتر لە ٤ دەیە خەبات بۆ هەریەکێک لەمانە دەکات.
ڕەنگە بڵێیت، باشە، ئەم شۆڕشە کە بەو گەورەیی و ئیعتیبارەوە دەستی پێکرد، ئێستا کەم بووەتەوە. ئێستا ئیتر هەواڵێک لەخۆپیشاندان و ڕێپێوانی بەشکۆی شەقامەکان نەماوە. وا دیارە کۆماری ئیسلامی خەریکە کۆنترۆڵی دەکات. بەڵام شۆڕش تەنیا سنووردار نابێتەوە بە خۆپیشاندان و ڕێپێوانەوە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە تا ئێستا کەش و هەوای سیاسی و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا هێندە پێچەوانە بووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی کێشکردووە بۆ لاوازترین پێگەی خۆی و کۆمەڵگای بەرەو ئیرادەدارترین و هێرشبەرانەترین پێگەی لە تێکۆشانی دژی کۆماری ئیسلامی و لە دژی هەموو ئەو هەڵاواردنانەی کە کۆماری ئیسلامی دەیپارێزێت.
ئەو وێنەیەی کە دونیا پێشتر لە ئێران هەیبوو، “وڵاتێکی ئیسلامی” بوو، بەرگریکارێک بوو لە تیرۆریستان، کۆمەڵگایەک کە خۆیان حیجابیان هەڵبژاردووە، ئیسلام و حیجاب کەلتووری خۆیانن و هتد. لەم کۆمەڵگای ڕۆژئاوادا تەنانەت ژنی فێمینیستمان هەبوو کە حیجابیان بە هێمای کولتووری ئێرانی دەزانی و کاتێک دەیانویست بەرگری لە ژنانی ئێرانی بکەن، حیجابیان لەبەر دەکرد. لەبیرمە لە شاری مۆنتریال لە کەنەدا ئەو ڕۆژەی کە بەڕۆژی جیهانی حیجابیان دانابوو، فێمینیستەکان حیجابیان لەبەر دەکرد. ئەوانەی کە لە ماوەی ڕۆژانی تردا بێ حیجاب بوون، حیجابیان لەبەر دەکرد وەک نیشانەی بەرگریکردن لە کولتووری ئیسلامی بە تێزی “دیالۆگی شارستانیەتەکان”. وە حیجاب بوو بە سیمبول بۆ تەنانەت هێزە لیبراڵەکان، بۆ نموونە هێزە چەپەکان، بەشێک لە فێمینیستەکانی جیهان بۆ ئەوەی بەم شێوەیە هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ژنانی ئێران ڕابگەیەنن.
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەموو ئەم وێنەیەی هەڵوەشاندەوە. وە لابردنی حیجاب و قژبڕینی ناو پەرلەمانەکان، لای کەسایەتیەکان، ڕوخسارە ناسراوەکان، ئەکتەر، نووسەران. بە لابردنی حیجاب و بڕینی قژیان ڕایانگەیاند کە بەرگری لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دەکەن. وە حیجاب ڕەتکرایەوە و کرا بە شتێکی نەرێنی، بۆ ئەوشتەی کەبەڕاستی هەیە، بەکۆت وبەندێک کە بەڕاستی لەدەست وپێی ژناندایە لە هەموو وڵاتاندا. لە قۆناغە ئامادەییەکان، لەو قوتابخانانەی کە منداڵی ئاوارەکانی هەڵاتوو لە وڵاتانی ئیسلامی ئامادەبوون، شوێنی نوێژکردنیان دروست دەکرا، لە پۆلەکاندا بە حیجابەوە دەردەکەون، لە ژووری نانخواردنی قوتابخانەشدا حەرام و حەڵاڵیان دەکرد و هتد. هەموو ئەمانە بەسەر یەکداشێوان. وە حیجابەکە ڕەتکرایەوە. حیجاب وەک ئاڵای ئیسلامی سیاسی ناسێندرا و ڕەتکرایەوە. دەرکەوت نەک هەر ئەم حکومەتە، وەک خۆیان گوتیان حکومەتی خەڵکی ئێران نییە (دەیانگوت کۆمەڵگای ئێران ئیسلامییە و شایەنی ئەم حکومەتەیە). بەڵکو کۆمەڵگای ئێران ١٨٠ پلە دژی کۆماری ئیسلامییە. دژە ئایینترین و بێدینترین و عەلمانیترین و مۆدێرنترین و پێشکەوتنخوازترین کۆمەڵگا کۆمەڵگەی ئێرانە. جەماوەری خەڵکی ئێران خاوەنی پێشکەوتنخوازترین پێگە و ئایدیاڵە و جیهان ئەمەی بینی. وە کڵاوەکەی داکەند بۆ ڕێزگرتن لە ژنانی ئێران و خەڵکی ئێران. شۆڕشی ئێران بە یەکەمین شۆڕشی ژنان لە مێژوودا ناوی لێنرا.

ئەم شۆڕشە وەک پارادایمێکی سیاسی، وەک فەزای سیاسی، وەک گوتارێکی جیهانی زیندووە. و کۆماری ئیسلامی خستە لاوازترین پێگەی خۆیەوە. ئه وه ی ئه مڕۆ سیاسه ته کانی کۆماری ئیسلامی دیاری ده کات، ساڵی ڕابردوو نییه ، به ڵکو ئه و ئاینده یه که ده زانێت مه رگی به م زووانه دێت. ئەوە ئایندەیە کە دەزانێت شۆڕش بۆی ئامادە کردووە. ئەوە ترسی ئایندەیە کە هەڵوێستەکانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامی ڕوون دەکاتەوە. ئەوان خۆیان لە ئێمە باشتر دەزانن کە ئەوان خۆریان لە ئاوابووندایە، دەبێ بڕۆن، کۆمەڵگا بڕیاری تێک شکاندنی ئەم سیستەمەی داوە. ئەوان ئەمە دەزانن. درەنگ یان زوو کۆمەڵگا دەتەقێتەوە. جارێکی تر دەتەقێتەوە و ئەمەش کۆنتڕۆڵ ناکرێت. ئەوان ئەمە دەزانن. شۆڕش دەگەڕێتەوە، دەگەڕێتەوە سەر شەقام بەم کولتوورە دەوڵەمەندەی کە خوڵقاندوویەتی – ئەمڕۆ لێرەدا هەندێک لەو سروودانەمان بیست و خوێندمانەوە- لەگەڵ ئەو کەسایەتیانەی کە خەڵاتی ئاشتی جیهانی، خەڵاتی مافی مرۆڤ و لەگەڵ ڕژێمێکی ڕسوادا کە لە هەندێک ناوەندە و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیاندا دەرکراوە. کۆماری ئیسلامی بە تاوانبارترین ڕژێم ناسراوە و بە کردەوە تەنانەت ئەو حکومەتانەی کە هەمیشە بەرگریان لە کۆماری ئیسلامی دەکرد و تا ئێستاش دەیانەوێت پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵدا هەبێت لێرە و لەوێ دژی وەستاون. کاتێک ئارمیتاکان دەکوژرێن، کاتێک کارەساتێک ڕوودەدات، جارێکی دیکە دەنگیان بەرز دەکەنەوە. تەنانەت حکومەتی ئەمریکا و ئەو حکومەتانەی کە پەیوەندی باشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەیە، دژی دەوەستنەوە.
ئەمانە دەستکەوتەکانی شۆڕشێکی مەزنن، کە دەبنە بناغە و پایەی بەردەوامی شۆڕش، و بۆ پێشکەوتنی زیاتر.
دەپرسن، ڕۆڵی حزبەکان لەم کارەدا چییە؟ دەڵێی “ئێوە لە مەراسیمی ساڵیادی حیزبدا ئەم قسانە دەکەن نەک لە مەراسیمی ساڵیادی شۆڕش”دا. حیزبەکان لە کوێی ئەم وێنەیەدا جێیان دەبێتەوە؟ نەک هەر حیزبی ئێمە، بەڵکو بەگشتی حیزب و حیزبایەتی.
یەکەم شت کە لەم بارەوە دەبێ بیڵێم ئەوەیە کە شۆڕش لەلایەن حیزبەکانەوە ناکرێ. هەمیشە وتوومە شۆڕش دیاردەیەکی عەینی، بابەتییە، لەناکۆکیەکان لە دژایەتیەکان و هەڵاواردن و مەسەلە ڕاستەقینەکانی خەڵکەوە سەر دەردەهێنێت. هەموو شۆڕشەکان بەم شێوەیەن، بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیشەوە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە هەڵوێست و سیاسەت و ئامانجی حیزبەکان پەیوەندییان بە شۆڕشەوە نییە.
دەبینیت هەموو لایەنێک ئەوەندەی ئامانجەکەی داوای دەکات ڕەخنە لە دۆخی ئێستا دەگرێت. کە دەیەوێت بگاتە ئامانجە تایبەتیەکەی خۆی. قووڵایی ڕەخنەی هەر لایەنێک لە بارودۆخی هەنووکەیی یەکسانە بە بەرزی داواکارییەکانی، هەرچەند داواکارییەکان بەرزەفڕتر، ئینسانیتر، ڕزگارکەرتر بن، ڕەخنە لە بارودۆخی هەنووکەیی قووڵتر دەبێتەوە. ڕیشەییترە. کەسێک کە تەنیا دەیەوێت گۆڕانکاری بچووک لە سیستەمدا بکات، بۆ نموونە شوێنی مەلا چاک و خراپەکان بگۆڕێت، یان زۆرترین عەلمانییەت بهێنێت و باقی سیستەمەکە لە شوێنی خۆیدا بهێڵێتەوە، تەنیا لەسەر لقەکانی دەسەڵات دەدات. وە هەرکەسێک بیەوێت ڕەگی ستەم و جیاکاری و نایەکسانی و خنکاندن نەهێڵێت دەست بۆ ڕەگ وڕیشە دەبات بۆ مرۆڤیش وەک مارکس دەڵێت ڕیشە مرۆڤ خۆیەتی. حیزبێک حیزبی ئەم شۆڕشەیە، کە لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا نەهاتە مەیدان، بەڵکو لە مێژە بە دروشمەکانی، بە داواکارییەکانی، بە ئامانجەکانی و لە هەمووی گرنگتر بە پراکتیک و خەباتە بەردەوامەکانی پێشوازیی لە شۆڕش کردووە.
ئه مڕۆ ئه م شۆڕشه به رامبەر حیجاب به ڕز بووه ته وه و بزووتنه وه ی نه حیجاب یه کێکه له بواره گرنگه کانی شۆڕشی ئێستا و براوەیەکی سەرکه وتووه . بەگوێرەی خودی حکومەتەکان، ئێستا زیاتر لە ٧٠٪ی ژنان بێ حیجابن، دەستبەرداری حیجاب بوون. تەنانەت ژنانی ئایینی، ئەو ژنانەی کە تا ئێستاش خۆیان بە موسڵمان دەزانن و تەنانەت بە هەڵبژاردنی خۆیان حیجابیان لەبەر دەکرد، ئێستا وەک هاوسۆزی لەگەڵ بزووتنەوەی قەدەغەکردنی حیجاب دەستبەرداری حیجاب بوون. زیاتر لە ٧٠٪ ئافرەتان! کێ پێی وابوو کۆماری ئیسلامی لە سەرکاردایە و ژنان ئەم بەڵایەی بەسەردا دەهێنن؟
حیجاب تەنها پۆشاکێک نییە. شەڕی حیجاب تەنیا شەڕی ئازادی داپۆشین نییە. حیجاب ئاڵای حکومەتێکی ئیسلامی دواکەوتووی سەدەکانی ناوەڕاستیە کە هەموو کۆمەڵگای زیندانی کردووە. بە زیندانیکردنی ژنان، ئازادی زیندانی دەکات، ژیان زیندانی دەکات و “ژن ژیان ئازادی” لێرەدا بەستەرەکەیە. لێرەدا پەیوەندییەکە دەخەینە ڕوو. ئەو کۆمەڵگایە دەڵێت “ژن ژیان ئازادی” چونکە کۆماری ئیسلامی مافی ژنانی کردووە بە کۆت و بەند لە دەست و پێی هەموو کۆمەڵگا و هەموو خەڵک لە ژیانی ئابوورییان، لە ژیانی مەدەنییان، لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا. شەڕی حیجاب واتە شەڕی شکاندنی هەموو پەیوەندییەکان.
ئەو حیزبەی کە زۆر پێش ئەم شۆڕشە دژی حیجاب ڕاپەڕی، حیجابی بە قەفەسێکی جوڵاو بۆ ژنان ناوبرد، حیجابی بە دیواری ئاپارتایدی سێکسی ناوبرد و ڕایگەیاند کە خەبات نەک تەنها لە پێناو ئازادیی ژنان، بەڵکو خەبات بۆ ڕزگاری ژنە کۆمەڵگا لە خەباتی دژی حیجاب دابڕاوە، ئەوە ئێمە بووین. لە مێژووی ئێمەدا خەبات دژی حیجاب دیارە، سووتاندنی حیجاب لەم وڵاتی سوێدە بەشێکە لە مێژووی ئێمە، خەباتیش دژی حیجاب تەنیا لە ٨ی ئازاردا نییە بەڵکوو هەموو ڕۆژەکانی ساڵ. ئێمە ئەو حیزبەین کە ڕۆژی جیهانی خەباتمان لە دژی حیجاب ڕاگەیاند. فەریدە ئارمان، یادی بەخێر، ڕۆژی جیهانی دژی حیجابی لە سوید ڕاگەیاند. ئێمە ئەو حیزبەین کە بەهەموو هێزمانەوە پشتیوانیمان لە کچانی خیابانی ئینقلاب کرد. وە خەباتی ئەوانمان بە خەبات بۆ ئازادیی کۆمەڵگا زانی. وە ئەمڕۆ هەموو کۆمەڵگاش هەمان شت هاوار دەکەن. من بانگەشەی ئەوە ناکەم کە ئێمە بزووتنەوەی بێحیجابیمان دروست کردووە، بەڵکو دەڵێم ئێمە ئەوەندە ئاگاداری دینامیزمی شۆڕش لە کۆمەڵگای ئێران و مەسەلە گرنگەکانی خەڵک و ئەو بزووتنەوە پۆتانسێلانە بووین کە دەتوانرێت بە واقیع بکرێن، کە پێشوازیمان لەو هەلومەرجانە کرد.
خاڵێکی تر شۆڕشی ژنانەیە. ئەمڕۆ هەموو دونیا دەڵێن ئەمە شۆڕشی ژنانەیە. ئەمە مەنسوور حیکمەت بوو – پێویستە جارێکی تر یادی بەرز ڕاگرین – کە ٢٢ ساڵ لەمەوبەر ڕایگەیاند کە شۆڕشی داهاتووی ئێران شۆڕشێکی ژنانە دەبێت. و دوای ئەوە دامەزراوە و ئۆرگانی “شۆڕشی ژنان”مان دامەزراند و ئەم ئاڵایەمان بە بەرز ڕاگرت. ئێستا هەموو دونیا دەڵێن ئەمە شۆڕشی ژنانە، یەکەم شۆڕشی ژنانە لە مێژوودا!
ئەم شۆڕشە لە دژی لەسێدارەدان ڕاپەڕی. گوتار و ڕەوتی هەموومان پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان هەموو کۆمەڵگای گرتەوە. تەنها چەند مانگێک لەمەوبەر. کۆمەڵگا ڕایانگەیاند کە پێویستە سزای لەسێدارەدان بۆ هەر تاوانێک هەڵبوەشێتەوە نەک تەنها حاڵەتی لەسێدارەدان و سزای لەسێدارەدان. سزای لەسێدارەدان بۆ هەموو تاوانێک هەڵبوەشێتەوە و قەدەغە بکرێت. ئەمە لەلایەن کۆمەڵگاوە لە دڵی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا ڕاگەیەندرا و ئەوە حیزبی ئێمە بوو کە ساڵانێک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە “ئیعدام کوشتنی بە ئەنقەستی دەوڵەتیە” پەیامی دوا کۆنگرەی خۆی بوو بۆ خەڵک کە “ئێمە”. هەموومان پێکەوەین”. ئێستا کۆمەڵگا دەڵێ هەموومان پێکەوە دژی لەسێدارەدان! و بەم شێوەیە دوو داواکاری گرنگ و دوو ئاڵای گرنگ کە لەلایەن حزبەکەمانەوە هەڵکران بەیەکەوە گرێدراون.
ئەمڕۆ “سەربەرزی و بژێوی” ئاڵای خانەنشینان و مامۆستایان و کرێکارانی ناڕازییە. شورای ناڕەزایەتی لە کەرتە جیاوازەکانی نەوت، کرێکارانی گرێبەست و ناگرێبەست ئەنجومەنی ناڕەزایەتییان پێکهێنا و لە ڕۆژانی شەممەی ناڕەزایەتی و ڕۆژانی یەکشەممە ناڕەزایەتی دەربڕین ناڕەزایەتی بەرفراوان ئەنجام دەدەن. ڕۆژانی هەفتەیان دابەش کردووە و هەموو ڕۆژێک بە ئاڵای بژێوی و کەرامەتەوە دێنە سەر شەقام. “ژیانێکی شکۆمەندی مافی سەلمێنراوی ئێمەیە” دروشمی گشتگیری ئەم شۆڕشە و دروشمێکی بنەڕەتیی حیزبەکەمانە.
لەم شۆڕشەدا ئەوە ئێمە بووین کە دژی هەڵاواردنی نەتەوەیی وەستاینەوە و گوتمان هەموو مرۆڤەکان یەکسانن، بەبێ گوێدانە نەتەوە، میللەت و زمان، مافی یەکسانیان هەیە، دەبێت پێکەوە بۆ مافی یەکسانی هەموو هاووڵاتیانی ئێران بوەستین، بەبێ گوێدانە کورد، ئازەری و هتد، ئەمڕۆ کۆمەڵگا دروشمی “کورد بەلووچ ئازەری، ئازادی و یەکسانی” دەڵێنەوە، ئەوان دروشمی “یاشاسین کوردستان، بژی ئازەربایجان” دەڵێنەوە. خەڵکی ئێران دەڵێن ئێمە کورد و عەرەب و ئازەری و فارس و…هتدمان نییە، هەموومان مرۆڤین، ئازادیمان دەوێت، یەکسانیمان دەوێت.
ئەمە ئەو حیزبەیە کە ئاڵای شوراکانی هەڵکرد و شوراکانمان لەو ئەزموون و پڕۆسەیەدا هەبوو کە بووە هۆی ئەم شۆڕشە، لەوانەش لە خەباتی کرێکارانی هەفت تەپە کاتێک ئیدارەی شورایان خستەڕوو. وە ئەمڕۆ شوراکان وەک ڕێکخراوی خەبات، شورای پەروەردەکاران، شورای پەرستاران، شورای کرێکارانی گرێبەستی نەوت، شورای کرێکارانی لایەنی سێیەم پێکدەهێنرێن و لە هەموو شوێنێک چالاکن. کۆمەڵگایەک کە لە مێژوویەکی هێندە دورنا کە هێشتا شوراکان وەک سیمبولی ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی زیندووە، ئەمڕۆ دیسان وەک ئۆرگانێکی ناڕازی ڕوو لە شوراکان دەکات.
و لە کۆتاییدا ئێمە حیزبێکین کە هەمیشە شۆڕشمان وەک تاکە ڕێگا بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە ڕاگەیاندووە. بەپێچەوانەی زۆرێک لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کە پێیان وابوو دەبێت گۆڕانکاری بکرێت، هەنگاو بە هەنگاو ببرێتە پێشەوەو پشت بە وڵاتانی ڕۆژئاوا ببەسترێت، سیناریۆی جیاوازی ڕژێم گۆڕین(regime change) ڕێکبخرێت. زۆر کەس شۆڕشیان بە ئاژاوە دەزانی. شۆڕش بە توندوتیژی دادەنرا. ووتیان پێویستە لێی دوور بکەویتەوە. تەنانەت باسی ڕووخانیشیان نەکرد. باسیان لە گۆڕینی حکومەت یان بەلای زۆرەوە ڕوخاندنی هەنگاو بە هەنگاو و هتد دەکرد. بەڵام ئەمڕۆ دەبینین شۆڕش ڕێز و ئیعتیباری خۆی بۆگەڕاوەتەوە. تەنانەت لە نێو ئەوانەی کە تا دوێنێ بە توندوتیژییان زانیوە. جا بیانەوێ یان نەیانەوێت
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ، لەگەڵ بوونی خۆی و ڕوودانی خۆیدا نیشانی دا کە ئەم حیزبە لەسەر حەقە، حیزبێکە ڕێگای ڕاستەقینە پیشان دەدات، حیزبێکە وەهم دروست ناکات کاتێک دەڵێت شۆڕشێکە وا دێ. هیچ وەهمێکی نەبوو کاتێک دەیگوت شۆڕشی داهاتوو مێینە دەبێت. کاتێک وتی لەسێدارەدانەکان، نەک تەنها سزای لەسێدارەدان بەڵکو خودی سزای لەسێدارەدانیش، پێویستە ڕابگیرێت. کۆمەڵگای ئەمڕۆش هەمان شتی دەوێت.
و ئەمە ئەو حیزبەیە کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا ئاڵای ئەو سیاسەتانە و ئەمڕۆش لە دڵی ئەم شۆڕشەدا بەرزکردۆتەوە و بە کەناڵ جەدید تەلەفزیۆنی، بە سەکۆ و دەنگی شۆڕش بووەتە دەنگی خەڵک. گفتوگۆیەکی هاوبەش لە نێوان کەناڵ جەدید و خەڵکی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەردا بەڕێوەدەچێت. کەناڵ جەدید لە ڕاستیدا قەڵایەکی بەهێزە، بنکەیەکی بەهێز و سەقامگیرە کە شۆڕش دەتوانێ ڕووخساری خۆی و سیاسەت و ئامانج و ڕێگای خۆی تێدا ببینێت. گفتوگۆی لەگەڵدا بکات، ڕاپۆرتی بداتێ، گوێ لە ڕێنماییەکان بگرە. ئەمە ئەو ڕۆڵەیە کە کەناڵ جەدید تەلەفزیۆنی حزبەکەمان ئێستا دەیگێڕێت.
دەزانم کات کورتە و ڕەنگە کاتم تەواو بووبێت. خاڵی تریش زۆرن کە دەکرێ ئاماژەیان پێبکرێت، بەڵام لێرەدا وتارەکەم کورت دەکەمەوە، کە دەتوانن لە ئاوێنەی شۆڕشی ژن ژیان ئازایدا حزبی ئێمە ببینن و بزانن ئەم حیزبە چی وتوو و چی کردووە، و ئێستاکۆمەڵگە چی کردوەو چی دەڵێت. ئەم پەیوەندی و لێکهەڵپێکرانێکی قووڵ هەیە لە نێوان حیزبێکی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵگەیەکدا نیشان دەدات ئەوەی دیاریکردووە کە شۆڕش تاکە ڕێگایە.
سەرنج بدەن ئەمە یەکەم ئاڵوگۆڕە لە ئێران کە خەڵک ڕایدەگەیەنن ناوی شۆڕش. ” پێی نەڵێن ناڕەزایەتی، پێی بڵێ شۆڕش”. کاتێک کە ئێمە ئەمەمان دەوت، زۆر کەس بەتەنزەوە وەک سوارەی شۆڕش،ناویان دەبردین ڕایانگەیاندبوو کە قۆناغی شۆڕش لە جیهاندا بەسەرچووە! شۆڕش نابێت، ئەمڕۆ کۆمەڵگا هەڵدەستێت و دەڵێت پێی بڵێ شۆڕش، ئەمە شۆڕشە! دەڵێت من گۆڕانی وردە وردەم ناوێت، هەنگاو بە هەنگاو ناخوازم، ڕیفۆرمخوازیم ناوێت و هتد. کۆمەڵگا ئەمانەی تێپەڕاندووە. هەر بۆیە وتم ئەم شۆڕشە خۆی ئەوە دەردەخات کە ئەو حیزبەی هەمیشە ئاڵای شۆڕشی هەڵکردووە، دەستی خستووەتە سەرپێویستیی کات. لەسەر ئەوەی دەبوو ڕووبدات و ئێستا ڕوویداوە.
ئێمە بەبەشی خۆمان، بە هەموو هێز و توانامانەوە، بۆ سەرکەوتن گەیاندنی شۆڕش خەبات دەکەین و بەڵێن بە هەموو ئەو خەڵکە دەدەین کە ئەم بەرنامەیە دەبینن تا دەتوانین لەپێناو بەهێزتر کردنی شۆڕش و فراوانتری بکردنیدا خەبات دەکەین و سەری کۆمەڵگاش لە دژی ئەمە بەرز بکەینەوە تا دەتوانین دەستبەرداری هیچ هەوڵێک نابین. ئێمە حزبی شۆڕشین و بەڵێن دەدەین لەگەڵ خەڵک، لەگەڵ کرێکاران، قوتابیان، ژنان، دادخوازان، خانەنشینان، مامۆستایان، و هەموو چین و توێژە ناڕازییەکانی کۆمەڵگا بوەستین. تا کۆتایی وەستاوین! ئێمە خەبات دەکەین بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی جیهانێکی ئازاد، یەکسان، ئینسانی و خۆشگوزەران.
سوپاس.
١٥ ئازەر١٤٠٢ ،٦دیسەمبەری ٢٠٢٣




دایکم/4/.. رەسووڵ بەختیار

4

دایکم یەکێک بوو لەو ژنانەی بوو، کاتێک قسەی دەکرد، دەیزانی چی دەڵێت، هیچ کاتێک قسەی بەخۆڕایی نەدەکرد و قسە و قسەڵۆکی بۆ کەس نەدەهێنا ئارا و دەیگوت: قسەکردنی زۆر و زیاد، هەردەم سەر ئێشە بۆ خۆیی و بەرامبەرەکەی دروست دەکات.
من نۆبەرەی ئەو بووم، هەردەم دڵمان بۆ یەکتر دەکردەوە، هەموو کات دەیگوت: ئەگەر کێشەت لەدەرەوە هەبوو، پێویست ناکات بۆ کەسی دەرەوە باسی بکەیت، وەرەوە لەلای من باسی بکە، من دایکتم لەهەموو کەس باشترت دەناسم، هەروا لێرە لەماڵەوە هەموو شتەکان باس دەکەین، چۆن باشبێ وا چارەسەری دەکەین.
ئێستا کەسێکی وا نییە، دڵ و دەروونی خۆمی بۆ هەڵڕێژم، پێشتر هەردەم دایکم بەپشت و پەنای خۆم دەزانی، لەلای من دایکم خواوەندێکە، هیچ کات لەپەرستنی پەشیمان نابمەوە، خواش هەردەم لەنێو ئایتەکانی دایک بەخواوەندێک دەناسێنێ، هەموو کات لەهەر کارێمکدا دەگوت: ئەگەر دایکم رازی بێ ئەوا لەو کارەدا سەرکەوتووم، ئەگەر نا هەموو کارەکەم لێکهەڵدەوەشێتەوە.
ئێستا کاتێک بەشەقامەکاندا رێدەکەم، وا دەزانم سەرگەردانم، کاتێک بەرەو ماڵەوە دەڕۆم، هەر وا دەزانم لەماڵە، کەچی کاتێک دەچمە ماڵەوە هەموو ژوورەکان بەدوایدا دەگەڕێم، وەک منداڵێکی ساوا چاوەڕێم، دایکم پێمبڵێ: ئەمڕۆ زوو هاتییەوە، دیارە دەوامتان کەمتر بووە.
ژمارەی تەلەفۆنی دایکم بەداێی نووسی بوو، پێشتر زوو زوو تەلەفۆنی بۆ دەکردم و دەیگوت:کاتێک هاتییەوە ئەو شتانە لەگەڵ خۆتدا بێنە، منیش دەمگوت:دایە، ئەگەر درەنگ هاتمەوە، خۆ هیچ نابێ.
ئەویش لەوەڵامدا دەیگوت: هەڕ کاتێک هاتییەوە، بەڵام ئەو شتانەی پێمڕاسپاردی لەگەڵ خۆتدا بێنە.
زۆرجاران سەیری تەلەفۆنەکەم دەکەم، بەڵکو دایکم تەلەفۆن بکات و بڵێ میوانمان هەیە، زوو ئەو شتانە بهێنەوە، خوشکەکانت هاتوون، هەندێک چوکلێت و خواردنی منداڵانەش بۆ منداڵەکانیان بێنە، هەموویان دەڵێن: خاڵمان لەکوێیە.
ئێستا وەکجاران دایکم تەلەفۆن ناکات، هیچ هەواڵی منیش ناپرسێ، بۆیە هەست بەبۆشایەکی گەورە دەکەم، وا دەزانم قورسایی هەموو دونیا لەسەر شانمە، وەک منداڵێکی ساوا چاودەگێڕم تا دایکم دەستی بەسەرمدا دابێنێ، هەموو ژوورەکان دەگەڕێم، کەچی دایکم دیار نییە، قوڕگیشم گیرایە، دەمەوێ هاوار بکەم:دایە..دایە.
دەزانم دایکم ئاگای لێمە، بۆیە کاتێک دەگەڕێمەوە لای ماڵەوە یەکسەر دەڵێم:دایە ئەوە گەڕامەوە ماڵەوە.
دەستم بۆ هیچ ناچێ، هەر کاتێک بمەوێ کارێک بکەم، یەکسەر وازی لێدێم نەوەک دایکم رازی نەبێ و پشتگیریم نەکات…بۆیە سەرگەردان …سەرگەردان بەشەقامەکاندا رێدەکەم.
وەک لەسەرەتادا باسمکرد، ئێستا تەمەنم 53ساڵە وەک پیرێک وام، وەک منداڵێکی ساوام بێدەسەڵات…ناتوانم هیج هەنگاوێک بهاوێم، ئەو هەنگاوانەی دەیهاوێم خۆم زۆر بەبێدەرەتان دەزانم، وەک ئەوەی لەوڵاتێکدا بم تا منی تیادا نامۆ بم، کەس لەزمانم نازانێ، منیش زمانی ئەوان نازانم، زۆر هەوڵدەدەم بەزمانی ئاماژە تێیان بگەنم، کەچی ئەوان وەک کەڕوڵاڵ وان لەزمان و نەزمانی ئاماژە دەزانن، تەنیا سەریان بادەدەن، بەشێوەیەک وا دەزانم ئەوانیش دایکیان کۆچی کردووە.
چیرۆکی هەموومان لەیەکتر دەچێ، میهرەبانێ دایکم وەک میهرەبانی هەموو دایکانە، لەم رووەوە دایکم دەیگوت: هەموو دایکانی دونیا لەیەکتر دەچن، هەموویان میهرەبانن و منداڵەکانی خۆیان وەک چاویان خۆشدەوێ، هەڕ منداڵێکی یان هەر نەوەیەکی بیر لەوە بکاتەوە، کە جیاوازی لەنێوانیان دەکا، ئەوا بەهەڵە داچوونە، گەوڕەیی دایک لەوەدایە ئەگەڕ منداڵ و نەوەکانی لەدووری هەزاران کیلۆمەتریش بن، ئەوا دڵی دایک هەستی پێدەکا.
گەوڕەیی دایکیشم رۆژانە لەپێش چاوم دووباڕە دەبۆوە، دەیگوت: کوڕم دەزانم هیچ شتێکی خراپ ناکەی، لەرووخسارت دەخوێنمەوە ئەمڕۆ چ کارێکت ئەنجامداوە، دەزانم خێر بووە یان شەڕ.
هەمووجاڕ بەدایکم دەگوت: دایە، تۆ چۆن دەزانیت، کاری باشمکردووە، یان خراپەکاری، دەیان کیلۆمەتر لێت دوور بوومە، هەموو ئەوانەی لەگەڵمدا بوونە، تۆ هەڕ نایانناسیت، تۆ چۆن دەزانی ئەوڕۆ کارێکی سەر شێتانەم نەکردووە، غەدرم لەکەس نەکردووە.
دایکم: دەزانم کەسی خراپ بۆ شاردنەوەی کارە خراپ تاوانەکانی، لەنێو ماڵێ خۆیدا کێشە دەنێتەوە، تا کەس لێی نەپرسێ، ئەوڕۆت چۆن بەڕێکرد، یان لێی نەپرسی ئەوە بەدرێژایی ئەو رۆژە لەکوێ بوویت.
زۆرجار دایکم دەیگوت: دایکانی کورد، یان دایکانی رۆژەهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر جیاوازە لەگەڵ هەموو دایکانی دونیا، دایکانی ئەم ناوچەیە، هەردەم لەنێودووتۆیی خەم و پەژارەن، چونکە دایکان لێرە هەموو کات لەنێو شەڕ و جەنگەکاندان، راستە ماوە ناماوە ئاشتی بەرقەرار دەبێ، کەچی لەناکاو شەڕ و شۆڕێکی گەورەی بۆ دەهێننەکایەوە، لەم کاتەشدا تەنیا دایکان جەڕگسووتاو دەبن، سەیرەکە لەهەموو لایەک شەڕە، جەنگە، ئەوە تەنیا رۆڵەی ئەو دایکانە دەبنە سووتەمەنی.
دایکم دەستی بۆ ئاسمان بەرزدەکردەوە و دەیگوت: خوایە بەگەوڕەیی خوت رۆڵە و نەوەی دایکان بپارێزە تا چیتر جەرگسووتاو نەبن، با دایکان ئەو ڕۆژگارەی ماویانە بەئاسوودەیی رۆژەکانیان بەڕێ بکەن.
ماناکانی دایک زۆرن، ناتوانم پڕ بەپێستی دایک و وشەکە، هیچ شتێک بنووسم، دەستەوەستان وەستاوم، لەئاست وشەی دایک، هەر مانایەکی پێببەخشیت، ئەوا بەتەواویی ناتوانیت گەورەیی و میهرەبانی دایک شیبکەیتەوە، هەموو دانا و ئەدیب و نووسەر و شاعیر هەریەک لەلای خۆیەوە، باسی دایکی کردووە، هەمووان ئاست میهرەبانی و گەورەیی دایک کڕنووش دەبەن.

رەسووڵ بەختیار




ئێوارانە ٥٤.. شیعری سەردار جاف

ئێوارانە لاسارێ دەبێتە گێژەڵوک
بە حەوشەی هەستەکانما ئۆغر دەکا و
لە گويسەبانەی خانووە قوڕەکەی شيعرەکانما
وەک چلوورە شۆڕ بۆتەوە و نازانێ کەنگێ دەسکنێ
نە بە شنە و نە بە غوباری گەردەلوول ون نابێ
تەلار و ئەپارتمانی دوو ديوی ژينم نوقمی تۆفانی خۆی دەکا
بە تەوژمی شەپۆلەوە
کپ نابێت و
لە ساباتی گڕکان دەکنێ
ئەو لە نيشتيمانی ئەوبەرەوە
سنوورە ياساغەکانی ترپەی دڵم دەبڕێ
لە سەيوانی ئاراميم
دەبێتە شۆڕەبييەکی ئۆقرە گرتوو
کەچی هەر ملی رێی لێم ناوە
قووڕە ليتەکانی نێوان دەشێلێ
نازانم ..نا
ئەمە ژيانە ژياوە
يان دەيەوێ کەمێ سۆراغی سەمای ماسييەکان بکا
بە نێو تەمتومانێ رێی کردووە
وەک چاو و قژ
دێتە رۆحمەوە و لێم نابێتەوە
شەقاوە گەرمەکانی ئێوارانەی شەهلا
بۆنی دارستان بۆ نيشتيمانی ئەمبەر دێنێ
ئەو لە کۆت و بەندی ئازادی هەڵدێ ، خۆ رادەپسکێنێ
ژانی دوێنێ
دەخواتەوە
لە سەر مێزی قوماری ژيان
گەمە دەکا
دۆراندۆری شيرە بەفرينەن و دێن و دەپوکێنەوە
لە سۆراغمن و هەر ونم
دەتوێمەوە و سەرلە نوێ دەبارێمەوە
بە دەنکە تەسبيحی هێنيي هەڵواسراوم
کافرۆشێ کوليتەی حەشاردانمە
خۆ لە منا دەچنمەوە
دەبمە سەبەتەيەک سێو و لە باغی ئيرەم دەردەکرێم
شەهلا دەنکە تەسبيحەکان دەژمێرێت و
بە نێو خۆيا لوولم دەکا
ئيدی ئەوێ بانێژەیەکە بۆ ئەبەد نايەمەوە
هێدی هێدی
بە نێو بەهرەیی خۆمادێم ، دەخولێمەوە
نازانم کێم و چيم و لە کوێم
هێنی دوور ڕێ يان بەهرەمە
م ووا کوليتەی يەخسيربوون بە سەرئەودا دەڕووخێ
لەم کونجەوە ئيشق دەبێتە زنەيەک
دەبمە کارێز ، رۆدەچمە ناو رۆح و هەستی
وا لە زيندانا بێکەسم
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

١٠/ ١٢/ ٢٠٢٣




دادگای باڵای فیدراڵی ئامرازی دەستی لایەنێکی سیاسیە.. عوسمانی حاجی مارف

ڕۆژی 14ی نۆڤەمبەر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، جەنجاڵیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کاتێک بڕیاری سکاڵایەکی لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەرکرد، لە کۆتایدا بڕیاریدا ئەندامێتی حەلبوسی لە ئەنجومەنی یاسادانان هەڵبوەشێنێتەوە، لە بەرامبەر ئەم بریارەشدا فرسەتی هیچ تانەدانی بۆ حەلبوسی نەهێشتەوە.
دەمەزراندنی دادگای باڵای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٠٣ دا، بەو ناوەی هێڵی بەرگری بۆ سەروەری یاسا لە عێراقی دوای سەدامدا دەبێت. دەسەڵاتێکی فراوان بەخشرا بەم دادگایە لە دیاریکردنی دەستوریەتی یاساکانی یاسادانان و ڕێکخستنەکان، ناوبژیوانی گرفتەکانی نێوان بەغدا و پارێزگاکانن، پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بەسەر لێپێچینەوە دادوەریەکان دژی دەسەڵاتە باڵاکانی حکومەت. هەروەها دادگا چەندین گەرەنتی بۆ سەربەخۆیی خۆی (وەک دەسەڵاتێکی دادوەری) پێدرا، لەوانە لەسەر ئاستی کارگێڕی و دارایی.
بەڵام شەرعیەتی دادگای باڵای فیدراڵی و دەوری لە بریارەکانیدا هەمیشە جێگای نیگەرانی و مشتومڕی لایەنە سیاسیەکان بووە، هەروەها ڕەخنە لەو دادگایە بە هێمای پەیوەست بونی تائیفەگەری گیراوە، چونکە لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەکتەرەکانی دیکەی پێکهاتنی حکومەت لە چوارچێوەی هەمان تائیفەگەریدا رێکخراون و بە قازانجی دەسەڵاتی شیعە گەرای سەر بە ئێران بڕیارەکانیان گونجاندوە.
دیارترین نموونەی ئەمەش ئەوەیە کە ئەم دادگایە لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕێگەی بە دووبارە دانانەوەی نوری مالیکی وەک سەرۆک وەزیران داوە، سەرەڕای ئەوەی پارتەکەی ئەیاد عەلاوی زۆرینەی دەنگەکانی لە کێبڕکێی پەرلەمانی ئەو ساڵەدا بەدەستهێناوە، بەڵام کەوتە ژێر پەردەی بە سیاسی بونی ئەو دادگایەی کە بڕیار وابو بەرگری لە سەروەری یاسا بکات.
دادگای باڵای فیدراڵی لە ساڵانی ڕابردوودا بە تایبەت لە سەرکردایەتی دادوەر فایق زەیدانەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٧ بووە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و هاوپەیمانی ئۆردوگای لایەنگری ئێران، توانیان جێگا بە سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی مەدحەت مەحمود لێژکەن وە ناچارکرا خانەنیشین بێت، لە هەمان کاتدا بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی دادوەرە شیعەکانی سەر بە ئێران کە لە پارێزگاکانی باشوورەوە دیاریکران، بەم شێوەیەش خزمەتگوزاریەکانی ئەم دادگایە، بێ پەردە کەوتە خزمەت بەرنگاری دەسەڵاتێک کە بڕیاەکانی لە پەیوەند بە بەرژەوەندیەکانی ئێرانەوە دەردەچێت.
دواتر دادوەر فایق زەیدان دەسەڵاتە نوێیەکەی بەکارهێنا بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکاریە گەورەکانی دادوەری، بۆ نموونە ئەنجومەنی باڵای دادوەری لیژنەیەکی بۆ “بەڕێوەبردنی پیشەکان” دروستکردو دەسەڵاتی فراوانی پێدرا بۆ بەرزکردنەوەو درێژکردنەوەی دەسەڵات و نفوزی، هەروەها خانەنشینکردنی دادوەرو داواکاری گشتی، لە بنەڕەتدا زەیدان دەسەڵاتی دانان و دوورخستنەوەی سەرجەم دادوەرەکانی وڵاتی پێ بەخشرا. هەروەها پێگەی نفوزی خۆی بەکارهێنا بۆ کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی، لەوانە دەستنیشانکردنی سەرۆکی نوێی دادگای باڵای فیدراڵی، جاسم محەمەد عەبود، کە بە کەسێکی دڵسۆز بۆ زەیدان ناسراوە.
کاتێک لە ساڵی ٢٠٢١دا دوای چەند مانگێک کە بانگەوازی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانیان کرد، ئامادەکاریەکانی حکومەت بۆ ئەو دەنگدانەش بریتی بوو لە چاکسازی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان. زەیدان بە خێرایی سوودی لەم پرۆسەیە وەرگرت و دڵنیای کردەوە کە ئەنجومەنی کۆمسیۆن “مجلس المفوضية” لە دادوەرەکان پێکدێت بۆ ئەوەی خۆی و بازنەکەی بتوانن کاریگەریان هەبێت لەسەر بڕیارە گرنگەکانی پێش هەڵبژاردنەکان.
لە چەند هەفتەی دوای دەنگدانی مانگی ئۆکتۆبەر، زەیدان بە شێوەیەک دادگای باڵای فیدراڵی ئاڕاستە کرد کە پشتیوانیان لە بلۆکی لایەنگرانی ئێرانی دەکرد،. لەسەرەتادا وادەرکەوت دادگاکە هەڵوێستێکی هاوسەنگی گرتۆتەبەر بە پەسەندکردنی سەرکەوتنی هەڵبژاردن کە بلۆکی سەدریەکان بەدەستیان هێناوە، بەڵام زۆری نەخایاند دادگای باڵای فیدراڵی زنجیرەیەک بڕیاری لە بەرژەوەندی “چوارچێوەی هەماهەنگی” دەرکرد، بە قازانجی شیعەکانی سەر بەئێران و بە پەراویز خستن و دژایەتی کردنی سەدریەکان تەواو بو.
ڕەنگە گرنگترین ئەوە بڕیارەی کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێوە هەیەو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڕیار دەدرێت، کەهەنگاوی یەکەمی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتە، دادگا بەجۆرێک بڕیاری چۆنیەتی بڕوانامەدان بە دەنگدان بۆ سەرەک کۆمار لە بەرژەوەندی “چوارچێوەی هەماهەنگی” گۆڕی، لە بەرامبەردا زەمینەی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدرو هاتنی “چوارچێوەی هەماهەنگی” بۆ دەسەڵات خۆشکرد.
هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دەرکرد کە بووە هۆی سزادانی نەیارانی سیاسی ئۆردوگای لایەنگری ئێران، لە شوباتی ٢٠٢٢ دادگا یاسای سامانە سروشتیەکانی ساڵی ٢٠٠٧ی حکومەتی هەرێمی بە نادەستووری ناساند، بە شێوەیەکی کاریگەر ئەو چوارچێوەیەی هەڵوەشاندەوە کەحکومەتی هەرێم بتوانێت نەوت بفرۆشێت، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی پاڵنەرێکی سیاسی ڕوونیشی هەبوو، ئەویش گوشار خستنە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وازهێنان لە ئۆردوگای سەدر، هەر ئەمەشە کە سەدرو حەلبوسی و بارزنی نەیانتوانی حکومەتێک پێکبهێنن تا فراکسیۆنە لایەنگرەکانی ئێرانی بکاتە دەرەوە، لە ئاکامدا ئەم دەستێوەردانە پەرچەکرداریە دەرگای بۆ “چوارچێوەی هەماهەنگی” کردەوەو گەیشتە ئامانجەکەی و حکومەتی پێکهێنا.
لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا کە گواستنەوە لە بودجەی فیدراڵیەوە بۆ حکومەتی هەرێم نادەستووریەو لە مانگی ئایاریشدا هەوڵێکی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەرانی هەرێمی هەڵوەشاندەوە.
ڕۆژی 4ی ئەیلول، دادگای باڵای فیدراڵی ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە کە ڕێککەوتنی عێراق و کوێت لە ساڵی 2012 بۆ ڕێکخستنی کەشتیوانی دەریایی لە ڕێڕەوی ئاوی خورعەبدوڵڵا پەسەند دەکرد. دۆسیەکە لەلایەن نوێنەری “بلۆکی حوقق”ەوە تۆمارکراوە، کە دەزگایەکی سیاسیە و سەر بە میلیشیای “کەتیبەکانی حزبوڵڵا”یە، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، ڕەنگە ئەو پرسە لە ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران، کوێت و عەرەبستانی سعوودیە سەبارەت بە ئیستغلال کردنی کێڵگەی گازی سروشتی “دۆڕە” سەرچاوەی گرتبێت. لە هەر حاڵەتێکدا ئەو بڕیارە هەڕەشەی پەکخستنی توندی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی نێوان بەغدا و کوەیت دەکرد، ئەمەش وایکرد محەممەد شیاع سودانی، دەستوەردان بکات. لە کۆتایدا زەیدان ئاماژەی بە ئەگەری پێچەوانەکردنەوەی ئەو بڕیارە کرد.
بڕیارەکەی دژی حەلبوسی لە ١٤ی نۆڤەمبەردا بەزیادەوە درێژەپێدەری هەمان ڕەوتی سیاسی بونی ڕێوشوێنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی سەلماند، حەلبوسی بەدرێژایی ساڵان توانی ببێتە سەرکردەی سیاسی سونەکان، سەرەڕای گۆڕانکاری زۆر لە حکومەت و هەوڵی دووبارە بۆ دەرکردنی، توانی ڕۆڵی سەرکردایەتی خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەران بپارێزێت، بەڵام لە کۆتایدا بە بڕیارێکی دادگای باڵا لە کارەکەی دوور خرایەوە.
بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کە هاوتەریبە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی تاراندا، لەلایەکی ترەوە نابێت ئەوەش لە بیربکەین ، زۆرجار مەیلێک بەرەو هەنگاوەکانی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی عێراقی ئاشکرا دەکەن، تا چوارچێوەیەک لە دابینکردنی ئەمنیەت بۆ سەرمایەگوزاری بەڕێوەبەرن، بەتایبەتی ئامانجەکانی هەوڵدان بۆ ناوەندکردنی دەسەڵات لە بەغدا و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی هەرێم، چاکسازی لە دەستوور بۆ شکاندنی سووڕی درێژخایەنی قەیرانەکانی دوای هەڵبژاردن، هەوڵدانە لە کۆتایی هێنان بە ناسەقامگیری لە سایەی دەسەڵاتی یەکلایەنەی چوارچێوەی هەماهەنگیدایە.
زەیدان بەناوی بەدواداچوون بۆ باڵادەستی دادوەری یاریکردنی بە یاساکان نیشانداوە، کە یەک بگرێتەوە لەگەل بەرژەوەندی و دەخالەتی ئێران لە عێراقدا، هەروەها گونجاندنی لەگەڵ ئەو لایەنانەی نوێنەرایەتی سیاسەتەکانی ئێران دەکەن، بەم پێیە سیستمی قەزایی نەخستۆتە بەرامبەر ئەو میلیشیایانەی ئێران پاڵپشتیان دەکات
هاوکات ئەو هاوبەشانەی دەیانەوێت دەستی ئێران لەسەر عێراق شل بکەنەوە، دادگا بە وردی و بە ئارامی مامەڵەی پاشەکشەکردنیان پێدەکات، چونکە دادگای باڵای فیدراڵی لە چوراچێوەی حوکمرانی ئێستای عێراقدا سنووری خۆی تێپەڕاندووە، لەگەڵ دەورەیەکی تازەی هەوڵدان بۆ ناوەندکردنەوەی حکومەت لە عێراقدا بڕیارەکەنی دەگونجێنێت، واتە هەڵبژاردن و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت، ناکۆکی جۆراوجۆری نێوان بەغدا و هەولێر و لایەنە سیاسیەکان لە عێراقدا نیشان ئەدات، بۆیە دەبێت پابەند بێت بە بەرجەستەکردنەوەی دەسەڵاتێک کە باڵا دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر عێراقدا قەبوڵ کات، بەرەنگاربوونەوەی نفوزی ئێران لەناو خودی دەسەڵاتی دادوەریدا پێویستی بەوە دەبێت کە دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا لە دەست هێژمونی چوارچێوەی هەماهەنگی بهێنرێتە دەرەوە.

ئەوەی پێویستە لە ئاکامی سەلماندنی پاپەندی بونی دادگای باڵا، کەبە لایەنگرو پشتیگیرکردنی بۆ لایەنێک لە دەسەڵاتدا دامەزراوەو پێچەوانەی نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی عێراقە، شەرمەزاریە ببێتە جێگای ئومێدی هەرلایەنێکی سیاسی کە چاوەڕوانە لە ڕێگەی بڕیارەکانی ئەم دادگایەوە دەستکەوتێکی هەبێت، ئەم حاڵەتە لە تایبەتمەندی لایەنە ئیسلامیەکانی کوردستان و بزوتنەوەی نەوەی نوێدا زۆر بەرجەستە بۆتەوە، کە بە دروستکردنی تەوەهومی داوای سکاڵا لەو دادگایە باس لەوەرگرتنی خواستەکانی خەڵک دەکەن و ئومێدی بێ پایە دەبەخشنەوە لەسەر ئەو دادگایەی یەک هەنگاو نانێت گەر لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران نەبێت، راشکاوانە ئامرازێکی دەستی شیعەگەرایە لە پەیوەند بە “چوارچێوەی هەماهەنگیەوە”.

بۆ ئەم وتارە سود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە
فهم قرارات “المحكمة الاتحادية العليا” المسيسة في العراق
سيلين أويسال
https://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/fhm-qrarat-almhkmt-alathadyt-allya-almsyst-fy-alraq




بۆنی بزربوونم رۆژه‌ڕێیه‌ك ده‌ڕوات.. ستار ئەحمەد

باڵی په‌پووله‌ هه‌ڵگری بۆنی ئه‌و نزارانه‌یه‌ كه‌ به‌هره‌مه‌ندی جوانییه‌كانی تێدا به‌دیده‌كرێ‌،له‌گه‌ڵ خه‌ونی شاعیرانا ره‌نگین ده‌بێت،قه‌شه‌نگی شیعریش له‌وه‌دایه‌ قووڵبیته‌وه‌ بۆ نێو جه‌رگی غوربه‌ت وته‌نیایی،له‌ چاوه‌ڕوانیدا كزه‌ی ئالووده‌یی به‌ئه‌شكی نسرمه‌ سارده‌كان داڕێژی.

دانا عه‌سكه‌ری شاعیر له‌مه‌یدانی په‌یڤی ئاڵوواڵاو ترۆپكی وشه‌و رووباری شیعرو تووله‌ڕێگای رسته‌دا..ئاوه‌ژوو به‌گژ رۆژگاره‌كاندا ده‌چێته‌وه‌،له‌ خوناوی وشه‌ رووی هۆنراوه‌ ده‌شواته‌وه‌.

من له‌قه‌د تاشه‌به‌ردێك نووسرابووم

چه‌ند زه‌مین به‌دایكایه‌تی فریودرا

ئه‌وه‌نده‌ش له‌و رووناهیه‌ به‌گومانی

كه‌له‌سه‌ر شانی تاریكی ده‌ڕسكێ‌

شاعیر چه‌تری دڵنیایی فڕێداوه‌و له‌به‌ر دڵۆپه‌ی بارانه‌ شیعرو له‌ژێر ره‌هێڵه‌ی ته‌نیایی و چاوه‌ڕوانیدا تێناگات و چێوه‌ی گه‌واڵه‌ی گومان روانگه‌ی لێڵده‌كه‌ن،وه‌لێ‌ ناخی رووگه‌ی لاله‌زاری خاكه‌كه‌یه‌تی و تارای كۆچكردن ده‌سووتێنێ‌ و ره‌شماڵی به‌رخورداری هه‌ڵده‌داو ..له‌هۆبه‌ی گومانا ،له‌ دڵسۆزی شاعیران و به‌رداشی جه‌رگه‌ی هه‌ڵوێسته‌كانی وردده‌بێته‌وه‌.

دڵنیایه‌ به‌زامی شیعر ئاڵای نه‌به‌ردی سوورده‌كا،به‌ڵام به‌سه‌ر رۆحی وشه‌یه‌كا ده‌درێت له‌گه‌رووی نه‌هه‌نگی سته‌ما ده‌خنكێنرێ‌.

شاعیر ده‌روونی ناخی دایكێكه‌ له‌سه‌ر رایه‌خی فریودان نوقمی دورگه‌ی ئه‌فسانه‌و دونیای ئه‌فسوون ده‌كرێت .به‌گومانه‌ له‌و ئه‌ستێره‌یه‌ی به‌گه‌واڵه‌ نیگاكانی داده‌پۆشن و ئه‌و تروسكانه‌ش به‌جادوو ده‌زانێت كه‌نزای سه‌ر شانی لوتكه‌كان به‌تیشكی دڵنیایی هه‌ڵده‌واسن.

هه‌موو گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵی خۆیان

ته‌نها من و ونبوونی خۆم نه‌بێ‌

به‌یانیان سه‌برمان له‌چاوه‌ڕوانیدا به‌تاڵده‌كرایه‌وه‌

ئێوارانیش پڕ به‌ده‌نگی بزربوون

تێكه‌ڵ به‌و رۆژانه‌ ده‌بووین

كه‌مردن له‌حه‌ساری ئێمه‌دا

سه‌رقاڵی سڕینه‌وه‌ی ئه‌و ته‌ڵه‌ ته‌باییه‌ بوو

ونبوونی شاعیر له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ی هه‌زاران گلێنه‌ی تواوه‌ی نێو گه‌رداوا ..كه‌له‌بیابانه‌كانی خواروو كوێركرانه‌وه‌،ئاماژه‌یه‌ بۆ دڵفراوانی و ئه‌و سه‌بره‌ توولانییه‌ی كه‌عه‌وداڵی ده‌ركه‌وتنی پرشنگی ئازادی به‌ها ئینسانییه‌كانه‌،عومرێك دیاری ده‌ستی خۆزگه‌ی شرینه‌و كۆچكردنی گه‌ڵای بینایی خه‌زانه‌.قه‌وانی به‌تاڵی ژینی دووباره‌كردنه‌وه‌ی به‌یانیانی به‌نیاز نه‌گه‌یشتن و ئێوارانی ئه‌ندێشه‌و ته‌نیایی و بیره‌وه‌ریی هه‌ڵوه‌رینه‌.

له‌حه‌شارگه‌ی دوودڵی و گومان و گه‌ڕانیشی مژینی هه‌ڵاڵه‌ی یه‌كسانی و ته‌بایی..ئه‌فسوس ئاسه‌واری ژوانگه‌ی بێداری هه‌ڵوه‌شان و سڕینه‌وه‌ی جڵه‌وبه‌ردانی ئه‌سپی كه‌حێلی راستیه‌..

له‌نه‌بوون ده‌چم

ئیتر چۆن له‌هه‌واری بیره‌وه‌ریدا

لێوی ئه‌و ماچانه‌ گه‌رمبكه‌مه‌وه‌

كه‌به‌سه‌ر روومه‌تی

 وێنه‌ ره‌ش و سپیه‌كه‌ی باوكمه‌وه‌

ره‌ق هه‌ڵاتوون

هه‌موو گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵی خۆیان

شاعیر مۆڵگه‌ی ئازاره‌كانی په‌روانه‌ی رۆحی ده‌سمن و ناتوانێت تینی هه‌ڵاوی حه‌سره‌ته‌كانی لێوی هاوخه‌مه‌كه‌ی گه‌رمكاته‌وه‌.ٍله‌ده‌ریاچه‌ی دووربینیا كه‌شتی مه‌زاره‌كانی له‌نگه‌ر ناگرێ‌،سه‌وڵی راگرتنی هاوسه‌نگی ،گورزی باوكسالارییه‌و ره‌هایی دڵنه‌وایی به‌ر شه‌پۆلی دونیای زه‌برو له‌بیرچوون كه‌وتووه‌.

هه‌موو گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵی خۆیان

ته‌نها من و چاوه‌ڕوانی نه‌بێ‌

بۆ بزربوونی خۆمان ماینه‌وه‌

چه‌ند خۆشه‌ به‌دوای خودی خۆتدا وێڵبیت،بتوانیت خودی خۆت بناسیت و ناسنامه‌ی بوونت له‌ترۆپكی دیرۆكداتۆماربكه‌یت،سنووره‌كان ببه‌زێنی،له‌هه‌وارگه‌و لانه‌ی خۆتا بێباكانه‌ به‌گژ ناهه‌موارییه‌كانا بچیت.

ستار ئەحمەد




مـنـداڵ و نـوسـتـن.. محەمەد بەرزی

نوستن بریتییە لە پشوویەکی کاتی ، سەرلەنوێ جەستەی منداڵ چالاک و بارگاوی دەکاتەوە ، قەرەبوی وزەی جوڵە و ئەو وەرزشانەش دەکاتەوە ، کە لە ڕۆژدا لە دەستی دەدات . ئەو زانیارییانەش دەپارێزێت ، کە بە درێژایی ڕۆژ فێری بووە . بە تایبەتی لە کاتی خەوی خۆش و قووڵدا ، کە چاویان بەخێرایی ناجوڵێنن . بەمەش وزە بۆ جەستەی دەگەڕێتەوە و ئەو هۆڕمۆنانە دەردەکات ، کە بۆ گەشەی مێشکی زۆر گرنگ و بە سودن و نیشانەی تەندروستییەکی زۆر باشن . بە پێچەوانەشەوە کەم خەویش بەرگریی لەشیان لاوازدەکات و کاریگەریی نەرێنی لەسەر باری دەروونی و ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان دروستدەکات . بێگومان هەموو لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بۆ کاریگەریی خراپی کەم خەوی لەسەر مرۆڤ کردووە ، دەرکەوتووە ڕێژەی لە منداڵاندا زۆر زیاتر بووە . چونکە جەستە و مێشکیان هێشتا لە قۆناغی گەشەکردندان . بە گشتیش ٢٥ ٪ بۆ ٣٠ ٪ ی منداڵان تووشی کیشەی کەم خەوی دەبن ، بەڵام دەکرێت لە ڕێگای کرداری ئاساییەوە چارەسەربکرێن . جا لەبەر ڕۆشنایی ئەو توێژینەوانەی لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا کراون ، ماوەی نوستنی منداڵان بە پێی تەمەنیان دەگۆڕێت و پێویستە بەمجۆرەی لای خوارەوە بێ :
١ – منداڵی تازەی لە دایکبوو تا یەک ساڵ ( ٠ – ١ ) پێویستی بە ١٦ کاژمێرە.
٢ – منداڵی ساوا ( ١ – ٢ ) ساڵ ، پێویستی بە ١١ بۆ ١٤ کاژمێرە .
٣ – منداڵی پێش قوتابخانە ( ٣ – ٥ ) ساڵ پێویستی بە ١٠ بۆ ١٣ کاژمێرە
٤ – تەمەنی خوێندن ( ٦ – ١٣ ) ساڵ پێویستی بە ٩ بۆ ١١ کاژمێرە .
٥ – هەرزەکار ( ١٤ – ١٧ ) ساڵ پێویستی بە ٨ بۆ ١٠ کاژمێرە .
ئەوەی شایانی باسە دەکرێت هەندێک منداڵ یەک ، یان دوو کاتژمێر زیاتر یان کەمتر لەو ژمارانەی سەرەوە بخەون . ئەمەش بەندە بە هۆکاری بۆماوەیی و فەسیۆلۆجییەوە . جا ئێستا با بزانین دایکان و باوکان دەبێ چی بکەن ، تا بە درێژایی شەو بە دیار منداڵەکانیانەوە ڕۆژ نەکەنەوە و چۆن یارمەتییان بدەن ، بێ گریان و هەرا و زیقوهوڕ ، شەوێکی هێمن و ئارامیان بۆ دابین بکەن و خەوێکی خۆشی ئاسایی بیانگرێتە باوەش و ئارامی بدات بە جەستەیان .
١ – ژوری نوستن شوێنی پشووی نوستنە ، هەر بۆیە پێویستە نیوکاژمێر پێش خەوتن ، لە ژوورەکەیدا کۆمپیتەر و تەلەفزیۆن بکوژێنرێنەوە و هەموو ئەو شتانە لاببرێن ، کە سەرنجی منداڵ ڕادەکێشن وەك : پەرتووک ، یاریی منداڵان ، ئامێرە ئەلکترۆنییەکان ، بە تایبەتیش ئەو یارییانەی ڕووناکی دەبەخشن .
٢ – پێویستە هەموو شەوێک منداڵ ڕابهێنرێت لە کاتێکی دیاریکراودا بخەوێت . بە هەمان شێوەش لە بەیانیاندا لە کاتێکی دیاریکراودا لە خەو هەڵبستێت . ئەگەر چی لە هاویندا ڕەنگە تۆزێک قورس بێت پابەندبن بەو کاتە دیاریکراوانەوە ، بەڵام تـا دەتوانیت هەوڵبدە پابەندی ئەو کاتانە بێ .
٣ – دڵنیابن ، کە منداڵ بە شێوەیەکی ڕیک و پێک و لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا ژەمە خواردنەکانییان دەخۆن و وەرزشیش دەکەن .
٤ – بەرگی نوستن لەبەربکەن و ددانەکانیان پاک بشۆن .
٥ – باشترین کات بۆ ئەوەی منداڵەکەت بخەیتە جێگاکەیەوە ، ئەو کاتەیە ، کە خەواڵووە ، نەک زەقەی چاوی بێت ، یان نوستبێت و بیخەیتە جێگاکەیەوە . بەمەش خۆیان فێردەبن کەی بخەون . پاشان ئەگەر منداڵانی پێش تەمەنی خوێندنگا لە نیوەشەودا هەستان لە خەو ، ئەوا بیانخەنەوە سەر جێگاکەی خۆیان . باشتریش وایە کۆرپە لەسەر جێگای خۆتان نەخەوێنن . چونکە نووستنی کۆرپە بە تەنیشت دایک و باوکێوە مەترسی مردنی لە ناکاوی کۆرپە زیاد دەکات .
٦ – بۆ ڕێگرتن لە ڕووناکی پەردەی تاریک بۆ ژوورەکەی بەکاربهێنە . ئەگەر لە تاریکیش ترسا ، گڵۆپی کزی شەوانەی بۆ دابگیرسێنە . هەوڵبدە پلەی گەرمایی ژوورەکەی کەمێک لە کاتی پێش نوستن فێنکتر بێ . پاشان ژوورەکەی لە دەنگە دەنگ بپارێزە . یان بۆ ڕێگرتن لە دەنگە دەنگی دەرەوە ، ئامێری ژاوە ژاو ( Sound Machine ) ی بۆ بەکاربهێنە .
٧ – ئەگەر منداڵەکەت بە شێوەیەکی ئاسایی نەخەوت ، یان لە نیوەشەودا هەستا لە خەو ، هەڵی مەگرە ، هەوڵبدە بە دەنگێکی شیرین و هێواش ، یان بە دەست لێدانێکی ئەسپایی ئارامی بکەیتەوە . خۆ ئەگەر بەردەوام بوو لە گریان ، لەوانەیە برسی بێت ، یان پێویستییان بە گۆڕینی دایبی بێت . بە خێرایی و هێمنی کێشەکەی چارەسەربکە و زووش ژوورەکەی بەجێبهێڵە . دیارە نابێ ئەوەش لە بیربکەی ، ئەگەر لە کاتی نوستندا منداڵ پرخە پرخی کرد ، ئەوا پێویستە سەردانی پزیشک بکات . چونکە لەوانەیە کێشەی هەبێت ، یان هۆکاری وەستانی هەناسەی بێت لە کاتی خەوتندا .
٨ – کاتێک منداڵی ساوا ، خوشک ، یان برایەکی نوێی لە دایک دەبێت ، یان ددانی تازەی دەردەچێت . یان شوێنێکی ئازاری دەبێت ، یان تووشی سەرما و هەڵامەت و هەوکردنی گوێچکەکانی دەبێت ، ئەوا هەموو ئەمانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر خەوی منداڵەکە دەبێت .
٩ – پێش نووستن دووربکەرەوە لە پێدانی ژەمە خواردنی قورس و کافاین و ئەوانەی شەکریان تێدایە . ئەگەر پێویست بوو ، خواردنێکی سووک و تەندروستی بۆ ئامادە بکە . چونکە کێشی قورسی منداڵ یەکێکە لە هۆکارەکانی کەم خەوی . خەوی خۆش و ئاساییش ، قەڵەوی بە ڕێژەی ٣٦٪ کەم دەکاتەوە .
١٠ – تارمای ( کابوس ) ی شەوانە بۆ منداڵانی بچووک ترسناکن . چونکە بە زەحمەت جیاوازی دەکەن لــە نێوان ڕاستەقینە و ئـەوەی ڕاستەقینە نییە . زۆر جار بە هۆیەوە لە خەو خەبەریان دەبێتەوە و لەوانەیە دەست بە گریان و هاوار هاوار بکەن ، خۆ ئەگەر چەند جارێکی کەم ئەم حاڵەتە دووبارە بۆوە ، منداڵەکــە هێوربکەرەوە و زۆر بـــە ئەسپایی بیخەرەوە نـــاو جێگاکەیەوە . ئەگەر هاوارکردنیشی نەما ، ئەوا وازی لێبێنە و خەبەری مەکەرەوە و جێگای ترس و دڵەڕاوکێ نیە . بەڵام ئەگەر هاتوو ئەو حاڵەتە بە زۆری دووبارە بوونەوە و لە ڕۆژدا خەواڵویکرد ، ئەوا باشتر وایە سەردانی پزیشکی منداڵان بکات .
١١ – قسەکردن لە کاتی خەوتندا کیشەیەکی تری منداڵە ، کە بە زۆری لە سووکەخەودا ڕوودەدات . هەر بۆیە پاکوخاوێنی کەشوهەوای خەوتن ، دۆخی قسەکردن لە کاتی خەوتندا کەمدەکاتەوە ، هەرچەندە حاڵەتێکی مەترسیدار و زیان بەخش نییە ، بەڵام ئەو کەسانە بێزار دەکات کە لە هەمان ژووردا نوستون .
١٢ – لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەو منداڵەی بۆ ماوەی پێنج شەو لەسەر یەک ، لە کاتژمێرێکی خەوتن بێبەش بێ ، زیاتر توڕەدەبێ و لە پۆلدا کەمتر سەرنج دەدات و بە باشیش لە وانەکانی تێناگات . چونکە لەم حاڵەتەدا تەنها بەشێکی مێشکی لە کاتی خەوتندا گەشەدەکات . ئەوەی شایانی باسە لە زانکۆی ماسەچوسسی ئەمریکادا توێژینەوە بۆ ئەو منداڵانە کراوە ، کە تازە فێری وشەی نوێ کراون و پاش ماوەیەکی کەم خەویان لێخراوە ، دەرکەوتووە ٨٠ ٪ ی وشە نوێکانیان لە بیردا ماوە . بەڵام ئەو منداڵانەی نە خەوتون ، تەنها ٣٠٪ ی وشەکانیان لە بیردا ماوە و لە تاقیکردنەوەکانیشدا نمرەکانیان بە ڕێژەی ١٠ ٪ کەمتر بووە لە چاو ئەو منداڵانەی خەویان لێخراوە . ئەمەش پێمان دەڵێ خەو زۆر گرنگە و دەرمانی زیرەکی و فێربوونە و پێویستە منداڵان زووتر و زیاتر بخەون . جا تکایە ئەم خاڵە بە هەند وەربگرن .
١٣ – زۆر گرنگە ڕۆژانە منداڵ بە بەردەوامی بجوڵێت و وەرزش بکات . تا وزەی شارراوەی لە شی لە کاتی خەوتندا کیشەی بۆ دروست نەکات . بۆیە پێویستە هاوکاری بکەیت بەردەوام ئەو چالاکییانە بکات . بەڵام کارێکی وا مەکە لە پەلوپۆبکەوێ تا شەوانە باشتر بخەوێت . زۆرجار شەکەت و ماندووبوونیان خەو لە چاویان دەتارێنێ و سەرئەنجامیش خەویان زەحمەتر دەکات .
١٤ – نوستن یارمەتی مێشک دەدات زانیاری نوێ ئاڕاستەی بیرگەی منداڵ بکات ، لە ڕێگای کردارێکی گرنگەوە ، کـە ناودەبرێت بــە چەسپاندنی بیرەوەری ( Memory Consolidation ) ، یان برەودان بە بیرتیژی . جا کاتێک سود لە ماوە بە نرخەکەی نوستن وەرناگیرێت ، دەمارەکانی مێشک ناتوانن وەک پێویست ئەو هاوکارییە بکەن و ڕێژەی بیرچوونەوەیان بەرزدەبێتەوە .
١٥ – شتنی منداڵ پێش کاتی خەوتن زۆر گرنگە ، چونکە کاتێک منداڵ بە ئاوێکی تۆزێک گەرم دەشۆرێ و لە گەرماو دێتەدەرەوە ، پلەی گەرمایی
جەستەی کەمێک دادەبەزێ . ئەم دابەزینەش یارمەتی دەدات باشتر بخەوێت . توێژینەوەکانیش ئەویان دەرخستووە ، دابەزینی یەک پلەی گەرمایی لەشی منداڵ ، کارێک دەکات زووتر خەوی لێ بکەوێت و لە شەویشدا کەمتر خەبەری بێتەوە . سەرباری ئەوەی هەموو پیسییەک لە لەشی دەکاتەوە ، کە بە درێژایی ڕۆژ پێوەی نووساوە . پاشان هەموو شەوێک دووبارە بوونەوەی هەمان خۆشتن و دانشتن بە بەردەوامی ، منداڵ ڕادەهێنێت ، کە کاتی چوونە ناو جێگاکەی نزیکە . سەرباری ئەمانەش پێویستە دایک گرنگی بە خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵەکەی بدات . چونکە چیرۆک یارمەتی منداڵ دەدات هەست بــە ئارامی بکات و سەرئەنجامیش بـە قـووڵی بخەوێ .
١٦ – ئەگەر هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە جێبەجێکران و هێشتا منداڵەکە نەخەوت ، یان زۆر بە گران خەوت ، ئیتر ئەوە کاتی ئەوەیە سێ و دووی لێ نەکەیت و سەردانی پزیشک بکەیت ، تا هۆکارەکەی بزانیت . یان دەربارەی ئاستی : زیرەکی و زەین کوێری و وریایی و ڕەفتار و بزێوی و بیرکردنەوەی لە پۆلدا ، داوای هاوکاری لە مامۆستاکەی بکەیت . لەوانەشە تەمەڵی و کیشە و گرفتی فێربوونی ، یەکێک بێ لە هۆکارەکانی کــــەم خـــەوی .


تێبینی : ١ – ئامێری ژاوە ژاو : بریتییە لە ئامێرێکی بچوک لە ژوری منداڵی ساوادا دادەنرێت و بەردەوام دەنگێکی وەک ژاوە ژاو دەردەکات و ڕێگا لە دەنگە دەنگی دەرەوەی ژوورەکە دەگرێت و ژینگەیەکی ئارام بۆ خەوتن دروستدەکات . دایکەکەش دەتوانێ لە ژوورەکەی خۆیەوە و لە ڕێگای مۆنیتەرێکی بچووکەوە بەردەوام چاودێری منداڵەکەی بکات .
٢ – بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە .




ڕەش و سپی.. شیعر: تورج نگهبان.. وەرگێڕانی: پشکۆ ناکام

گۆرانی: داریوش اقبالی
وەرگێڕانی : پشکۆ ناکام
“”””””””””””

تۆ ئالوودەی وێرانیم مەبە
غەمی ئەم پەیکەرە
ژەنگاوییە مەخۆ
گوێ لەبەسەر هاتم بگەرە
و
لەبیری بەرە
بێ هوودە هەر
خەفەتێکی من مەخۆ

تۆ سپی من ڕەشم
شەکەتێکی ڕێ لێ وون بووم
لە هەر کوێ پەناداری
من لە دونیا بێ پەنام
تۆ دەرکەوتنی هەر ئومێدیکی
من ئاوابوونی نا ئومێدیم
تۆ سپی دڵ ڕەشی
من ڕەشی دڵ سپیم

نە ئارامییەک..نە دەوارێک
نە خاکێک کە ڕروی تێکەم
بە چ پەرۆشییەک ، بە چ دڵێک
ئەم ڕێگەیە بگرم..!!
چ ئومێدێکە بە سپییەک
بە ڕەنگی شەوی تارم

تۆ سپی ، من ڕەشم
شەکەتێکی ڕێ لێ وون بووم
گوناهی تۆ ، بێ گوناهی
بێ گوناە ، غەرقی گوناهم
تۆ دەرکەوتنی هەر ئومێدێکی
من ئاوا بوونی نا ئومێدیم
تۆ سپی دڵ ڕەشی
من ڕەشی دڵ سپیم
پەرۆشی و حەماسەتم بۆتە
تاکە هەڵەم

تۆ سپی من ڕەشم
شەکەتێکی ڕێ لێ وون بووم
گوناهی تۆ، بێ تاوانی
بێ گوناە ، غەرقی گوناهم