هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌ بارگرانه‌كانم.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

له‌وانه‌بێت ئه‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌لاتانه‌وه‌ سه‌یربێت، هاوڕێی خۆشه‌ویست بۆ ده‌بێت بارگرانی بێت؟ ئه‌گه‌ر بارگرانن بۆچی ده‌بنه‌ هاوڕێی خۆشه‌ویست؟ له‌ڕاستیدا نه‌مده‌زانی چی هه‌ڵبژێرم بۆ ئه‌م وتاره‌، كه‌ زیاتر گوزارشت له‌ هه‌ستی خۆم ده‌كات به‌رامبه‌ر به‌كتێبه‌كانم. ئه‌م كتێبانه‌ ماوه‌یه‌كی زۆرن له‌گه‌ڵمدا ده‌ژین، هه‌ریه‌كه‌شیان خاوه‌نی زه‌مه‌ن و شوێنی خۆیانن. هه‌یانه‌ مێژووی بۆ بیست ساڵ ده‌توانم بڵێم زیاتریش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ی له‌ ئه‌ڵمانیابووم. بۆ هه‌ر شوێنێك چووبێتم له‌گه‌ڵ خۆم بردوون. هه‌ندێكیان كێش و قه‌باره‌یان قورسه‌، هه‌ندێكیشیان نووسه‌ره‌كانیان ره‌زایان قوورسه‌ یان له‌ سه‌رده‌می خۆیاندا خه‌ڵكی رقیان لێبووه‌، دواتر بۆچوونی خه‌ڵكی به‌رامبه‌ریان گۆڕاوه‌. به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتیشدا به‌ناچاری هه‌موو ئه‌م كتێبانه‌م له‌گه‌ڵ خۆم هه‌ڵگرتووه‌. هه‌ر كاتێك كۆچ ده‌كه‌م یان ماڵ ده‌گوازمه‌وه‌، ئه‌م كتێبانه‌ ده‌بنه‌ خه‌می سه‌ره‌كیم، چییان لێبكه‌م؟ چۆن بیانگوازمه‌وه‌؟ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بۆڵه‌ بۆڵی حه‌ماڵ و سایه‌ق و خه‌ڵكی تر. به‌ڵام زۆرجاران سه‌یریان ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ نووسه‌رانی كتێبه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ومه‌ گفتوگۆیه‌كی رۆحییه‌وه‌، هه‌موو غه‌م و بارگرانییه‌كانم له‌بیر ده‌چێت. جاری واهه‌یه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وكاتانه‌ی زۆربێزارم، كتێبێك ده‌بێته‌ فریادڕه‌سم و هه‌موو غه‌م و خه‌فه‌تێكم له‌ كۆڵ ده‌كه‌نه‌وه‌، لابردنی ئه‌م باره‌ قورسه‌ به‌سه‌ر جه‌سته‌ و رۆحمه‌وه‌، هه‌موو بارگرانییه‌كی ئه‌وانم له‌بیر ده‌چێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌كاتی باركردندا.

زۆرجاریش له‌خۆم ده‌پرسم به‌تایبه‌تی كاتێك به‌رامبه‌ریان راده‌وه‌ستم، ئاخۆ ئه‌گه‌ر له‌ جیاتی ئه‌م كتێبانه‌ شتی ترم كۆبكردایه‌ته‌وه‌ بۆ نموونه‌ پاره‌ و سامانی ماددی، ئه‌وا وه‌زعم چۆن ده‌بوو؟ تۆ بڵێیت وه‌زعم باشتر نه‌بوایه‌؟ یان له‌ خۆم ده‌پرسم بۆچی وه‌كو باوكم هه‌ر زوو ده‌ستم به‌ كه‌سابه‌ت و بازرگانی نه‌كرد، بۆچی خۆم خسته‌ ناو دنیای كتێب و عیلم و مه‌عریفه‌وه‌؟ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌هلی بازاڕ بوومایه‌ باشتر ده‌بوو یان ئه‌هلی قه‌ڵه‌م؟ هه‌ندێكجاریش كه‌ سه‌یری ئه‌مڕۆی كتێب و خوێندنه‌وه‌ ده‌كه‌م، جه‌وێكی هێنده‌ تراژیدییه‌، كه‌ ته‌واوی نووسه‌ر و رۆشنبیران بێزار و نیگه‌ران كردووه‌ و حه‌زیش به‌ مانه‌وه‌ تێیدا ناكه‌یت. ده‌می هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌یته‌وه‌، گاڵته‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ و كتێب ده‌كات، ئه‌وه‌ با هێرشی دڵڕه‌قانه‌ی ته‌كنۆلۆژیای بوه‌ستێت، كه‌ به‌ به‌رده‌وامی په‌لاماری جیهانی كتێب و نووسین ده‌دات، هێنده‌ی تر له‌خۆم نائومێد ده‌بم.
له‌ خۆم ده‌پرسم تۆ بڵێیت ئه‌و رێچكه‌یه‌ی ژیان كه‌ من ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ هه‌ڵمبژاردووه‌، هه‌ڵه‌ و ناڕاست نه‌بێت؟ تۆ بڵێیت من رێگا راسته‌كه‌م ون نه‌كردبێت؟ ئه‌مه‌ و كۆمه‌ڵێك پرسیاری تر، كه‌ نه‌ك من، به‌ڵكو هه‌موو نووسه‌رێك رۆژانه‌ رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌، به‌ گومان و ترسه‌وه‌ سه‌یری داهاتووی خۆیی و كتێبه‌كانی ده‌كات.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا، ناتوانم خۆم له‌ جێژی كتێب و خوێندنه‌وه‌ بدزمه‌وه‌ و وازی لێبێنم، ده‌توانم بڵێم تووشی جۆره‌ حاڵه‌تێك بووم نازانم ناوی بنێم چی، ئالووده‌بوون، هۆگریی، شه‌یدایی. هه‌رچه‌نده‌ كه‌ ده‌ڵێین ئالووده‌ بوون، وشه‌یه‌كی نێگه‌تیڤ و خراپه‌، گوزارشت له‌ حاڵه‌تێكی خراپی مرۆڤ ده‌كات، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم كه‌ وشه‌ی ئالووده‌ بوون دابنێم بۆ كتێب، ده‌توانم بڵێم جۆره‌ هه‌ستێكی وابه‌سته‌ییه‌ به‌ شتێكه‌وه‌، یان ئولفه‌ت گرتنه‌ به‌ شتێكه‌وه‌. به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ئه‌م كتێبانه‌ وه‌كو هاوڕێیه‌كی دێرین له‌گه‌ڵمدا ده‌مێننه‌وه‌، له‌ كاته‌ ناخۆشه‌كاندا، سووكناییه‌كی باشم پێده‌به‌خشن. هه‌رچه‌نده‌ خۆشـم نازانم له‌ داهاتوودا چیان لێ به‌سه‌ر دێت یان بۆ كێیان به‌جێده‌هێڵم.




ئایا کوڕەکەی دەبێتە هۆی کەوتنی باوکی؟.. غازی حەسەن

پرسیارێکی زۆر سادەیە، بەڵام لەنێو گێژاوی ناکۆکییەکانی پێش هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٤ لە ئەمەریکادا ئەم جۆرە پرسیارانە زۆر دەکرێن، دیموکراتەکان بەهەموو هێزی سیاسی و فکری و یاساییەوە دەکۆشن ڕێگە لە (دۆلاند ترەمپ)ی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بگرن ئەمجارە نەتوانێت خۆی کاندێد بکاتەوە، یان کاریگەریی لەسەر ڕێژەی دەنگەکانی دروست بکەن. لەهەمان کاتیشدا کۆمارییەکان دەیانەوێت بەهەمان شێوە لەڕووی یاساییەوە پێش کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی (جۆ بایدن) بەهۆی تۆمەتی دەستپیسی و گەندەڵی کوڕەکەی (هونتەر بایدن)ەوە لە سەرۆکایەتی وڵات دووری بخەنەوە، یان لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەم زانیاریانە و دانانی لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی وڵات لەنێو کۆنگرێس، ڕێژەی دەنگ و لایەنگرانی (بایدن) کەم بکەنەوە و لەم ڕێگەیەشەوە دیموکراتەکان تێکبشکێنن.
هەردووکیان (بایدن) و (ترەمپ) دەیانەوێت خۆیان بۆ سەرۆکی وڵات هەڵبژێرن. لە ئەمەریکادا گەندەڵی هەیە، کاری نایاسایی دەکرێت، لەهەندێک دۆخدا بەرپرسەکان پێگەی یاسایی و سیاسی خۆیان بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن، یان لێدانی نەیارەکانیان بەشێوەی نایاسایی بەکار دەهێنن، بەڵام لەوانە گرنگتر ئەوەیە بەهۆی سیستەمی دیموکراسی و ئازادی ڕاگەیاندنەوە هاووڵاتی ئاسایی ڕاشکاوانە و ڕاستەوخۆ و بێ شاردنەوە دەتوانن ئەم زانیاریانە دەست بخەن، کە قسەیان لەبارەوە دەکرێت. دوو کێشەی گەورە هەمیشە ڕووبەڕووی بەرپرسەکان دەکرێتەوە ئەوانیش (دزیی پارە و گەندەڵی و ئابڕووچوونی سێکسیی و پەیوەندیی هەندێک لەبەرپرسەکانە بە ئافرەتەوە).
بەپێی دەنگدانێکی کۆنگرێس ٢٢١ بەرانبەر ٢١٢ دەنگ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ (جۆ بایدن) لەبارەی گەندەڵییەکانی کوڕەکەی دا، لیژنەکە لەسەر داوای کۆمارییەکانە پێکهاتووە، کە ئێستا لە کۆنگرێس زۆرینەن، بەڵام دیموکراتەکان لە (سەنات) ئەنجوومەنی پیران زۆرینەن. تۆمەتەکەش ئەوەیە گوایە کوڕەکەی (بایدن) لەنێوان ساڵەکانی ٢٠١٤- ٢٠١٧ لەرێگەی بازرگانی نایاسایی لە چین و کازاخستان و ڕوسیا و ڕۆمانیا و ئۆکرەین بڕی ٤٩ ملیۆن دۆلاری کۆکردۆتەوە و لەم کارەشدا پێگە و دەسەڵاتی باوکی بەکارهێناوە و دەپرسن خانەوادەی سەرۆک ئەم پارەیان لە کوێ و چۆن بەدەستهێناوە. (بایدن)یش لەنوێترین لێدواندا ڕایگەیاند کۆمارییەکان “ئەوان لەبڕی ئەوەی ژیانی ئەمەریکییەکان باشتر بکەن، بە درۆ هێرشم دەکەنە سەر”. کێشەکان هێندە سیاسین، کەس ناتوانێت ئاکامەکان و هۆکارەکانیان بشارێتەوە.
گرنگ وەکو گوتمان پرسیارەکەی ئێمە ئەوەیە، ئایا (هونتەر بایدن) سەری باوکی دەخوات؟ کە چەندین ساڵە بەم تۆمەتە لەلایەن حزبی کۆمارییەکان هێرشی دەکرێتە سەر، ئایا ئەم کارتەی کۆمارییەکان لەدژی (بایدن) بەکاری دەهێنن هەمان هێز و کاریگەریی یاسای لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبێت، کە دیموکراتەکان دژی (ترەمپ) بەکاری دەهێنن.
هەرچەندە هیچ یاسایێک و بەندێکی دەستووری نییە لەکاتی تۆمەتبار کردن و هەتا زیندانی (ترەمپ) یان هەر کەسێکی دیکە ڕێگە لەخۆکاندێدی ئەو کەسە بگیرێت، کە تاوانبار دەکرێت، بەڵام دوور نییە زانیارییەکان و ئەو شتانەی قسەیان لەبارەوە دەکرێت کاریگەریی لەسەر (هەڵوێست و ڕەفتار و بیرکردنەوە و کاردانەوە و بڕیاری دەنگدەر) دروست بکات و ئەمەش ئەنجامەکان بگۆرێت. هەمیشە ئەم جۆرە کارتانە لەچەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکان وەکو کارتی فشار و سیاسی و لەقاودانی ئابڕووچوونەکان و ڕیسواکردنی ڕیسواییەکان و ئاشکراکردنی نهێنییەکان بەکار دەهێنرێت. پێ ناچێت کارتەکەی کۆمارییەکان یەکلاکەرەوە بێت، بەڵام لەکردەوەدا ئەوەی من لەنێوەخۆی ئەمەریکا و لە هاووڵاتی ئەمەریکی دەیبیستم ئەگەر دڵیان بە سیاسەت و ئاژاوە و شێوازی ترەمپیزمیش خۆش نەبێت، گەلێک ڕازی نین لەکار و شێوازی کارکردن و خاوە خاوی (بایدن) و دۆخی ئابووری و هەڵاوسان و بەتاڵبوونی گیرفانی کرێکاران و چینی ناوەڕاست و ڕەخنەش لە (بایدن) دەگرن، کە کارەکتەرێکی بەتەمەنە، شتی زوو زوو لەبیر دەچێتەوە و لەبڕیار داندا ساردە. لەکاتێکدا هەردوو جەنگی ئۆکرەین و وەڵامەکانی ئیسرائیل دژی حەماس دۆخێکی نێوەخۆیی و نێودەوڵەتییان دروستکردووە و کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوەی دەنگدەری ئەمەریکیش دەبێت.
لەڕاپرسییەکاندا (بایدن) بە دوو خاڵ لەدوای (ترەمپ) دێت. لە کۆنگرێس کۆمارییەکان باڵادەستن و دەتوانن بڕیار بدەن و لەئەنجوومەنی پیرانیش دیموکراتەکان زۆرینەن و دەتوانن ڕێگری لەبڕیارەکانی کۆمارییەکان بکەن، بەڵام گرنگتر لەهەموو شتێک ئەوەیە ناکۆکیی و ململانێکان توندوتیژی سیاسی تێدا نییە، دەتوانن بە یاسا زۆر شت یەکلایی بکەنەوە و لەکۆتایشدا هاووڵاتی بڕیار دەدات، من پێم وایە ڕەوشە پەیوەندی بە دامەزراوەیی سیستەمەکە و بەڕێوەبردنەوە هەیە، نەک دیموکراسی، چونکە دیموکراسی خۆی گەمەیەکی سیاسی نیمچە گاڵتەجارییە.
پرسیارێکی دیکەی ئێمە ئەوەیە، بۆچی لە ڕوسیا (بۆتین) هەموو خوولێکی هەڵبژاردنەکان دەستوور لەپێناو خۆی دەگۆڕێت و هاوولاتیانیش ناتوانن لەم دیموکراسییە قێزەوەنە هیچ کاردانەوەیەک دروست بکەن، ژبیر نەکەین ئەوەی ئەردۆگانیش دەیکات هەمان تێزی لەگۆڕانانی دیموکراسییە، بۆچی لە ئێران بڕیار لای مەرجەع کۆکراتەوە، تاکو نیشانی بدەن هێزی هاووڵاتی لە هێز و ئیمانەی مەرجەعە، لە وڵاتانی کەنداودا خانەوادەی ئەمیر و پاشاکان چۆن دەبنە خاوەنی دەسەڵات و پارە، لە عێراقدا کوڕی بەرپرسەکان دەبنە ملیۆنێر و خودی بەرپرسەکان لەهیکەوە دەوڵەمەند دەبن و وەزیر و پەرلەمانتار دەبنە خاوەنی ملیۆنان دۆلار بەچ یاسایەک و کەسیش ناتوانێت سزایان بدات، ئایا لە هەرێمی کوردستاندا دەوڵەمەند بوون هیچ لێپرسینەوەیەکی سیاسی و یاسایی بەرانبەر دەکرێت!. یان هەموویان بەستراونەتەوە بە دونیای بەدگومانی دیموکراسیییەوە. جیهانی ئێستا بە دەستوور دیکتاتۆر دروستکردن و بە یاسا دەوڵەمەند بوونی نایاسایی و ئابڕووچونی سێکسی و سیاسی زۆری تێدایە، لەهەندێک شوێن دەتوانرێت قسە لەبارەی ئەم دۆخانە بکرێت و کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردن و دواڕۆژی کارەکتەرەکان و گوتاری وڵاتەکە بەگشتی هەبێت، لەهەندێک شوێنیش بەپێچەوانەوە قسەکردن لەم شتانە وەکو ەهڕەشە بۆ سەر شکۆ و یەکپارچەیی نیشتمان سەیر دەکرێت. پێم وایە (بایدن) لەدۆخێکی دەروونی و سیاسی و ئابووری خراپ دایە، ڕکابەرەکەشی (ترەمپ) بەهۆی دادگاکانەوە هاندەر و دەنگدەر و لایەنگری پتربووە. دوور نییە کوڕەکەی (بایدن) سەری باوکی بخوات و پێگەکەی لاواز بکات، ئەمەش دوور نییە بێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی کۆمارییەکان پێگەی سەرۆکی وڵات بەدەست بهێننەوە.




دایکم /5/.. رەسووڵ بەختیار

5

دایکم، لەنێو ماڵدا هەستی بەهەموومان دەکرد، دیارە هەموو دایکانی دونیا ئەو هەستەیان هەیە، هەستى دایک وەک هەستى خواوەند و ئەو کیانەیە، کە نایەوێ هیچ کاتێک تەخت و تاراجى بێتە لەرزین، دایک بەو مانایەى خۆشەویستى هەمووان لەخۆى کۆدەکاتەوە و هیچ کاتێک لێ ناگەڕێ هیچ کام لەئەندامانى خێزانەکەى هەست بەکەموکورتى بکەن، بۆیە هەردەم بەچاوى دایکایەتییەوە دەڕوانێتە هەموو شتەکان.
دایک و باوکم هەمیشە بەچاوى خۆشەویستییەوە دەیانڕوانییە یەکتر، بۆیە کاتێک سەرنجەکانى دایکم دەبینى دەمزانی باوکمی زۆر خۆشدەوێ، کاتێک باوکم نەخۆشکەوت، هەردەم لەتەنیشتی دادەنیشت بەدەستەکانی خۆی خواردنی پێدەدا و دەیگوت:دەبێ خواردن بخۆیی، لەتەک ئەمانەشدا چەند وردە یادگارییەکی دەگێڕایەوە تا باوکم دڵی پێخۆشبێ.
هەردەم دەیگوت: رۆژی زەماوەندەکەمان لەبیرە، تا ئەم دوایەش پێڵاو و جلوبەرگی بووکێنیم هەر مابوو، بەڵام بەم دواییە نازانم بۆ ئەو کەلوپەلانە ون بوون، وابزانم چونکە چەند جارێک لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە بارمانکرد، لەو ناوە ونبوو، لەگەڵ ئەوەی باش ئاگەداری بووم تا ون نەبێ، بەڵام دیارە لەگەڵ شتە کۆنەکان منداڵەکان فڕێیان داوە.
چەند لباد وو جاجمێکی سەردەمی زوومان مابوو، لبادەکەم بۆ نۆبەرەی یەکەم کڕیبوو، تا لەسەری بخەوێ، ئێمە پێمانوابوو لباد زۆر باشە تا منداڵ لەسەری بخەوێ، بەتایبەتی بۆ پشت و ماسوولکەکانی، نازانم ئەو لبادەش چی لێهات، دیارە منداڵەکان لەگەڵ شتە کۆنەکاندا فڕێیانداوە.
دایکم لەساڵی 1968 شووی بەباوکم کردووە، لەساڵی لەسەرەتای 1970 یەکەم کوڕی نۆبەرەیان دەبێ، ئەویش نووسەری ئەو یاداشتانەیە.
دوای چەند مانگێک لەگوندی سێکانی سەر زێی بجووک لەوراتی کۆیە دێنە هەولێر، دێنە گەڕەکی سێتاقان، من لەسێ ساڵییەوە هەستم بەوە کرد ماڵمان لەشارە، گەڕەکی سێتاقانم لەبیرە، لەنزیک مزگەوتی سەید غەریب وەک خەون لەبیرمە دەیانگوت : زۆربەی ماڵەکانی گەڕەکی سێتاقان خۆشناون.
لەسەرووبەندی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول باوکم بڕیاریدا بچینەوە گوندی سێکانی، تەواو لەبیرم نییە، لەساڵی 1974 یان 1975 کاتێک گەیشتینەوە نزیک گوند لەسەرەتای گوندەکەمان گردێک هەبوو ناوی “شێخ رەسوول”ە، ژنێک لەدامێنی گردەکە، بەکووڵ دەگریا،.
لەو کاتە بەدایکم گوت:دایە ئەو ژنە جل رەشە بۆ دەگرێێ، ئەویش گوتی: رۆڵە ئەوە کوردستان تاوایتەوە، ئەو ژنە کوڕێکی شەهید بووە و جەرگی سووتاوە.
دیارە ئەو کارەساتە کاریگەری لەسەر هەموو تاکێکى کورد هەبوو، لەبیرمە کاتێک سەیرى رووخسارى دایک و باوکم دەکرد، تراژیدیک لەچاوانیان دەبیندرا، کاتێک ئاگام لێیان نەدەما فرمێسکەکانیان دەسڕییەوە، منیش بەدایک و باوکم دەگوت: ئەوە چی بووە. بۆ کەس قسە ناکا. دەتان بینم فرمێسکەکانتان دەسڕنەوە, کەچى دایک و باوکم هیچییان نەدەدرکاند و دەستیان بەسەرمدا دەهێنا و دەیانگوت: بیرى لێ مەکەوە, ئێوە ساغبن هەموو شتێک چارەسەر دەبێ.
ئەوەی لەبیرمە بۆ ماوەیەکی کەم لەگوند ماینەوە، هەر زوو هاتینەوە هەولێر، ئەمجارەیان هاتینە گەڕەکی مەنتکاوە، زۆربەی دانیشتووانەکەی مەنتک بوو، بۆیە ئەو ناوەی لێنرابوو، بەڵام ئەمجارەیان کرێجی نەبووین، لەبیرمە باوک و دایکم هەردووکیان، خشتی قوڕیان دروست دەکرد، تا خانوویەک لەسەر ئەو پارچە زەوییە دروست بکەن، کە باوکم کڕیبووی.
پەیوەندێ نێوان دایک و باوکم زۆر باشبوو، تا ئەو تەمەنەش هەستم نەکردووە، دەنگ بەرامبەر یەکتر بەرز بکەنەوە.
هەندێکجار توڕە دەبوون، بەڵام بەچەند قسەیەکی ئاسایی لەگەڵ یەکتر دەدوان، باوکم هەردەم دەیگوت: باش نییە، دەنگە دەنگ لەگەڵ خێزانت بکەی، چونکە، خۆمان ژن و مێردێک و دوو کوڕمان هەیە، بۆ شیرازەی خێزان تێک بدرێ، لەو کاتانەدا باوکم، باوکی خۆی بەبیر دەهاتەوە، کە چەند خراپ بووە، لەگەڵ دایکی، جگە لەدەنگە دەنگ و کێشە، ژنیشی بەسەردا هێناوە، بۆیە باوکم هیچ کات نەیدەویست کێشەی دایک و باوکی لەخێزانی خۆیدا دووبارە بێتەوە.
دایک و باوکم زۆر گونجاو بوون لەگەڵ یەکتردا، جگە لەوەی خزم بوونە، باوکم و دایکم بەهۆی ئەو خزمایەتیەوە یەکتریان ناسیووە، دایکم دەیگوت: راستە چەند ساڵێک لەمن گەورەترە، لەگەڵ ئەوەی خزمم بووە، باوکتان کەسێک بوو زۆر رێزی لەخۆی دەگرت، هیچ کات قسەی نابەجێی نەدەکرد، بۆیە، کە هاتە داوا و خوازبێنی شووم پێکرد، لەتەک ئەوەی شوو پێکردنەکەی من، ژن بەژن بوو، کەچی باوکتان کەسێکی شیاو بوو.
کاتێک داپیرەم، دایکی باوکم لەتەمەنی حەفتا ساڵیدا هاتە ماڵی ئێمە، دایکم وەک دایکی خۆی سەیری دەکرد، بەئێمەشی دەگوت: ئاگاتان لێ بێ، دڵی داپیرەتان نەیەشێنن، ئەوە داپیرەتانە، ئێمە دەبێ هەموومان لەخزمەتی دابین، ئاگاتان لەهەموو قسەیەکتان بێ، نەوەک دڵی بڕەنجێنن، بەخۆتان دەزانن ئەوانەی پیر دەبن، لەشتێکی بچووک دڵی دەیەشێ، هەردەم قسەی خۆشی بۆ بکەن، بەڵکو ئەویش چیرۆک و حیکایەتان بۆ دەگێڕێتەوە، داپیرەتان ژنێکی وریایە، چیرۆکی فۆلکلۆری زۆر دەزانێ.
هەردەمیش بەمنی دەگوت: بەتایبەتی تۆ دەبێ بیدوێنی تا چیڕۆک و حیکایەتت بۆ بگێڕێتەوە، تا سبەی رۆژ سوودی لێوەڕبگیری و لەنووسین و کتێبەکانت باسی بکەی.
دایکم کاتێک سەیری کتێبەکانی ژوورەکەمی دەکرد دەیگوت : کوڕم ئەو هەموو کتێبە سوودێکی وای هەیە بۆ ژیانی خۆت؟

  • دایە باشترە لەوەی خۆم بەشتی پڕووپووچ خەریک بکەم و کێشە و گرفت بۆ ئێوە دروست بکەم.
    دایکم: ئافەرین کوڕم، کوڕی دایک و باوکی خۆتی، ئەی تۆ لەو رۆژنامە و گۆڤارانە ئیش دەکەی هیچ سوودێکی هەیە، بۆ ژیانت لەو ڕۆژنامە وگۆڤارانە لەرووی پارەوە هیچت دەستدەکەوێ، یان تەنیا حەز و ئارەزووە، کوڕم ژیانیش پێویستی بەهەوڵە تا لەپای ئەو هەوڵە بتوانێت شتێکت دەسکەوێ، چونکە ژیان تەنیا خوێندنەوە و نووسین نییە.
    داپیرەم زۆر دایکمی خۆشدەویست، نەک لەبەر ئەوەی دایکم بەهەموو شێوەیەک ئاگای لێیەتی، بەڵکو دایکمی بەباشترین دایک لەقەڵمدەدا .
    داپیرەم دەیگوت: دایک دەبێ وا بێ سەرەڕایی هەموو ناخۆشییەکان، بەڵام ژنێکە لەهەموو دۆخەکاندا ورتەیەکی لێوە نایەت و ڕازییە و بەو بەشەی خوا بۆی داناوە.
    ئەگەر باس لەپەیوەندییەکانی دایک و باوکم بکەم، وەک پەیوەندی ژن و مێردێکی ئاسایی کوردەواری وابوو، ئەوەی دایکمی لەژنەکانی دیکە جیا دەکردەوە، زۆر حەزی بەوە نەبوو زۆر قسە بکات.
    هەردەم دەیگوت: بۆ هەر باسێک پێویست بەدرێژ دادڕی ناکات، چارەسەرەکە چۆنە دەکرێ وابێ، بەدوو رستە کۆتایی بەهەموو کێشەکان دێ، گرنگ ئەوەیە، ئێمە چۆن بۆ کێشەکان دەڕوانین، ئەسڵی باسەکان چین.
    زۆرجار لەگەڵ باوکم باسیان لەکێشەیەک دەکرد، پێیدەگوت: خۆی ئەو کێشانە پێویستی بەوە نییە، زۆڕ لەسەری بدوێین، کڕۆکی بابەتەکەیە لێرەیە، بۆیە دەکرێ وا بکەین، ئەگەر بەرامبەریش رازی نەبوو، دەمشڕ بوو، وازی لێبێنن باشترە، هەتا خۆێ عاقڵ دەبێ و کێشە و گرفتەکان کۆن دەبن و رۆژگار خۆی چارەسەری دەکات.
    باوکم کاتێک ئەو قسانەی لەدایکم دەبیست، دەیگوت:شەمام باشبوو خوێندەوار نەبووی، ئەتوو دەبوویە حاکم، (لەم کاتەدا هەموومان پێدەکەنین) دایکیشم زۆر بەخۆشییەوە دەیگوت: حاکم خوێندوویەتی و بەپێی رێسا و یاسا قسان دەکا، بەڵام ئەگەر حاکم عاقڵ نەبێ، هیچ کات ئەو رێسا و یاسایانە سوودی نییە.
    دایک و باوکم هەردەم نێوانیان باشبوو، ئەو وردە شەڕانەی، کە لەنێوان ژن و مێردەکان روویان دەدا، دیارە دایک و باوکی منیش بەدەر نین لەمە، بەڵام دایکم هەردەم هێمنتر بوو، هیچ کات نەیدەویست ئەو وردە شەڕانە پەرە بسێنێ.
    بۆیە دەیگوت: پیاوەکە، باقسەی تۆ بێ، بەڵام دەکرێ ئەو باسانە لەپێش منداڵەکان بەدەنگە دەنگ نەبێ، هێمنتر بە، با کاریگەری لەسەر منداڵەکان نەبێ.
    لەم قسانەدا باوکم زەردەخەیەکی دەکرد و دەیگوت: شەمام، تۆ زۆر زیرەکی، دەتەوێ لەناڵ بدەی لەبزماریش بدەی، باشە خوا رەرای هەق با قسەی تۆ بێ.
    لەئێستادا کاتێک ئەم دێڕ و وشانە دەنووسم، ئاسمان و سەر زەوی یەک پارچە تەمە رادەی بینین تەنیا پەنجا مەترە، دایکم ئەمجۆرە کەشانەى زۆر پێخۆشبوو، زۆر لەلای جوان بوو.
    لەبارەی شەوان و رۆژانی تەم دەیگوت: گوندی سێکانیم دێتەوە یاد، کاتێک منداڵ بووم تا هەرەزەکاریش کاتێک گوندەکەمان نقوومی تەم دەبوو، وام دەزانی باڵ دەگرم و لەنێو تەمدا یاری دەکەم، دەمویست تەمەکان بگرم، چەند دەڕۆیشتم و هەنگاوم دەنا هەر تەم بوو، چەند خۆشبوو لەنێو ئەو تەمانەدا رامدەکرد و دەوەستام، ئەو جۆرە کەشە زۆر خۆشە، زۆر جوانە هەستت بەوە نەدەکرد سەرماتە، تەنیا لەنێو تەمەکاندا یاریم دەکرد، تەمی شار لەلای من جیاوازی هەیە، لەگوند تەم لەنێو شاخ و گردەکاندەکاندا خۆی دەشاردەوە، بەڵام لەشاری هەولێر تەم جیاوازە تەم ناتوانێ لێرە خۆی بشارێتەوە، ئەو تەختاییەی هەولێر، تەمەکەی هەمان جوانی گوندەکەمان نییە، نازانم, لەوانەیە لەبەر ئەوە بێ هەر سۆزم بۆ گوندەکەمانە، یان تەمی نێو شار جیاوازە لەگەڵ تەمی گوند.

رەسووڵ بەختیار




نیگەرانی لە بـارەی چارەنووسم لە بەهەشتدا.. فازڵ عەززاوی.. و: نەژاد عزیز سورمێ

                 

ئەوەی ئێستا زیاتر نیگەرانم دەکا ،
کە ژیانم
بە ڕاکردن
بەدوای وەھمدا لەبێن برد ،
سەراب دوای سەراب..
تا وەناو ساڵان کەوتم..
کە ببیەم ،
کەسێ بێ لە دەرگام بدا
تاکو – بێویستی خۆم –
لە پاداشتی ڕەفتاری باشم لە دونیادا
لەگەڵ خۆیم بباتە بەھەشت
تا فریشتان
لەبن داران ببینم
بە ڕاست و چەپ ڕیز دەبەستن و
ھوتاف بەناوی من لێ دەدەن:
شاباش!
شاباش!
*
سەربڵیند ،
وەک تاووسی پەڕبڵاو
لەسەرخۆ
بەسەر فەرشی سووردا دەڕۆم
کە بە دوور و درێژی ڕاخستراوە..
دەف و تەپڵم بۆ لێدەدرێ
وێنەی ڕاکەرێکی سەرکەوتووی
یارییەکانی ئۆلۆمپیش
دەروێشە پیرۆزەکان ،
لەسەر شانیانم دادەنێن
بەرەو دیجلەیەک لە مەی و
فووراتێک لە ھەنگوێنی شاخاوی
لەوێ غیلمانان دەبینین
دەفری زێڕین دەھێنن
تژی میوەی ھەمەجوور..
کەنیزە و حۆریـش
لە فلیمێکی پیرۆزدا
بێ پەردە ،
مێینەتیانمان پێشان دەدەن..
شاباش!
شاباش!
*
بەڵام من ڕازی نیم
ھاوار دەکەم:
ئەمن!
کە ئەوەش دوور و نزیک
لەبارەی منەوە دەیزانن
وەک ھەموو حەکیم و عاقڵان
وێسکی سکۆتلەندیم
لە مەی پێ خۆشترە
وەک ھەمیشەیش ،
بەبۆنی ھەنگوێنی لینج
گـێژ دەبم..
لەوەش زیاتر،
من بەڕاستی بێزار دەبم
ھەموو کاتم بە سەرخۆشی
لە ئەبەدییەتدا بەسەربەرم و
بەناو بەھەشتێکدا بسووڕێمەوە
تەنانەت ئەگەر دەرگاکانی
لە زێڕ و زوبەرجەدیش بن
یا میوانەکانی
ئەو قەددیسانە بن
کە ھەندێ جار
بەسەر ئاودا ھاتبن و چووبن و
بەڕیشیان
ڕاوی شەیتانیان کردبێ ..
*
لە دوایدا ،
گوێم لێیە لە دەرگام دەدەن
منیش ھاوار دەکەم
لە کاتێکدا گەیشتووەتە سه‌ر ئێسقانم:

  • چ دەکەم لە بەھەشت؟
    ببمە برادەر!
    بمبەرە دۆزەخی گڕدار!
    تا لەوێ بە بەختیاری و
    بە کەرامەت بژیم
    تەنیا لەوێ ،
    دەتوانم ئەوەی بنووسم
    لەو شیعرانەی نەمنووسیون
    ناڕازی ،
    داوای خۆم
    دژ بە ھەموو
    کڵـۆڵی و کوێرەوەری جیھان
    عەرزی مەلەکووتی ھەرە بەرز بکەم..
    شاباش!
    شاباش!

• لە سایتی گۆڤاری (کیکا)وە کراوە بە کوردی:
www.kikah.com/indexarabic.asp?fname=kikaharabic\live\k51\2015-01-04\23.txt&storytitle=




کتێبی.. ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا.. ڕۆستەم خامۆش

ناساندن:
(ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا) فازیل شەوڕۆ، بە سوود وەرگرتن لە پەنجاو پێنج سەرچاوەی کوردیی، عەرەبیی و ئینگلیزیی، ئەو کتێبەی نووسیوە.
کە سەیری بەرگی پێشەوەی کتێبەکە دەکەی، وا هەست دەکەی کە بۆ منداڵان نووسراوە، چونکە وێنەی منداڵێکی کچ دەبینی، کە بە ڕوویەکی خۆشەوە خەریکی بۆیە کردنە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بۆ گەورە ساڵان نووسراوە، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێ لەبارەی ئەدەبی منداڵان، زانیارییەکانیان زیاتر بکەن.

زۆرجار گلەیی ئەوە دەکەین و دەڵێین، کتێبمان بە زمانی کوردیی، لەبارەی ئەدەبی منداڵان نییە، کە لە ڕاستیشدا وایە، ئەوەی هەمانە، لە پەنجەکانی دوو دەست تێناپەڕن، بۆیە هەر کەم و کووڕییەک هەبێ لە نووسینی شیعر و چیرۆک بۆ منداڵان، یەکێ لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان، نەبوونی کتێب و توێژینەوە و سەرچاوەی زانستییە لەو بارەوە، بۆیە کاتێك کتێبێک، چ دیمانەی شاعیر و نووسەرانی ئەو بوارە بێت، یان لێکۆڵینەوە و ڕەخنە، دڵخۆش دەبین و دیدەمان ڕۆشن دەبێتەوە بە ناوی نووسەر، لاپەڕە و ناوەڕۆکی کتێبەکە، چونکە بە لای من و زۆرێک لە شاعیر و نووسەرانی دڵسۆزی ئەدەبی منداڵان، ئەوە وەک پێویستییەک دەیبینین و بە گرنگ لێی دەڕوانین.
کتێبی (ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا) یەکێكە لەو کتێبانەیە، کە دەکرێ وەک سەرچاوە لێی بڕوانرێ و شاعیران و نووسەرانی بواری منداڵان، کەڵک و سوودی لێببینن، چونکە بە شێویەکی زانستییانە نووسراوە و ئەوەی پێوە دیارە کە نووسەر “فازیل شەوڕۆ” وەک خەمخۆرێکی ئەو بوارەیە، شارەزای ئەدەبی منداڵانە.

فازیل شەوڕۆ، لە لاپەڕە (٣)ی کتێبەکەیدا نووسویەتی: (پێشکەشە بە: خەمخۆرانی ئەدەبی منداڵان)، بۆ وای نووسیوە؟ چونکە تەواو درکی بەوە کردووە کە ئەدەبی منداڵانی کورد، جگە لە هەندێک خەمخۆر و دڵسۆز، ئەوانی دیکە لە سایەی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بڵاو کردنەوە، بە ئاسانی بەرهەمەکانیان بۆ چاپ دەکرێ و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەقەکانیان بڵاو دەکەنەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوانە وەک پێویست شارەزا نین، بۆیە “فازیل شەوڕۆ” لای خۆم باسی کردووە و گوتوویەتی: ئەدەبی منداڵان وێرانە، لە کۆڕ و جێگەی دیکەش باسی کردووە، بۆیە ناوەڕۆکی کتێبەکەی بریتییە لە ڕەخنەی ئەدەبیی، ئەو دەیەوێ پەیامی ڕاستەقینەی ئەدەبی منداڵان، بە ڕێگەی ڕەخنەیەکی بونیادنەر، بگەیەنێتە خوێنەرانی ئارەزوومەندی ئەو بوارە.
بابەتی ژینگە بووەتە کرۆکی کتێبەکە، بۆیە توێژینەوەکە لەڕێی ئەدەبی منداڵانەوە، گرینگیی ژینگە دەخاتە ڕوو، یان دەتوانین بڵێین ژینگە و ئەدەبی منداڵان، بە هاوبەشی بوونەتە ناوەڕۆکێکی سەرنج ڕاکێش.
فازیل شەوڕۆ، کەسێکی فرە بەهرەیە و دەستی بۆ زۆر بابەت و بواری جیا جیا بردووە و تێیدا سەرکەوتوو بووە.
وەک شاعیر، کۆمەڵێک شیعری ناسک و جوانی نووسیوە، یان وەک نووسەر و ڕەخنەگر، سەدان وتار و ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی پێشکەش کردووە، لە بواری هونەرییش کەسێکی دەست ڕەنگینە، ئەگەر باسی پەروەردەش بکەین، ئەوا قسەی زۆر هەڵدەگرێ، چونکە وەک مامۆستایەک، کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتی لیبیا وانەی گوتوەتەوە و پیشەکەی خۆی زۆر خۆشویستووە و دڵسۆز بووە.
جگە لە چەند بوارێک، ئەو کەسێکی پسپۆڕ و شارەزای پەروەردەیە، لە ئێستادا خاوەنی چەندان کتێبی بە نرخە لە بوارەکانی: ئەدەبیی، ڕۆشنبیریی، کلتووریی و پەروەردەیی… هتد.
نووسەر لە لاپەڕە (٥)دا دەڵێ: ((گەیشتمە ئەو قەناعەتە، کە ژینگە، وەک بابەت و چەمک و بایەخ، حزووری گەرمی لە شیعری منداڵانی کوردیدا هەیە)).
لە لاپەڕە (١٠)ی کتێبەکەشدا، دەڵێ: لەتیف هەڵمەت یەکەم شیعری بۆ منداڵان لە ساڵی (١٩٧٥) نووسیوە و لە ڕۆژنامەی (پاشکۆی عێراق) بڵاوی کردووەتەوە و یەکەم کۆبەرهەمی بۆ منداڵان لە ساڵی (١٩٧٩) بە ناوی (جوانترین دێ) چاپ کردووە. بێگومان ئەوانەش دوو زانیاری باشن لەبارەی لەتیف هەڵمەت و ئاوڕدانەوەی لە ئەدەبی منداڵان.
هەرچەندە زۆرن ئەو شاعیرانەی، کە شیعریان لەبارەی ژینگەوە بۆ منداڵان نووسیوە، بەڵام نووسەر، تەنيا ئاوڕی لە بەرهەمی (٣٢) شاعیر داوەتەوە، کە ئەمانەن:
(گۆران، لەتیف هەڵمەت، عەزیزی مەلای ڕەش، ئەسعەدی لوڕزادە، ئەمین محەمەد، ع.ع. شەونم، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی، کەمال ئەسعەد چەرمەگا، ئەلند مزووری، خالید عەبدل، محەمەد بەرزی، گوڵاڵە ستاوەند، ئازاد عەبدولعەزیز مزووری، هاوژین سڵیوە، ئەمین سەپان، محەمەد داریاس، ئیبراهیم ئەحمەد شوان، تەها بیلال، دایکی سۆلاڤ، لەیلا مستەفا خۆشناو، زەکی ئەحمەد هەناری، فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی، ڕۆستەم خامۆش، مەدحەت بێخەو، ئیبراهیم باڵدار، بڕوا موحەممەدی، ڕەئوف جەمیل، ئەحمەد محەمەد چاوشین، مام هەژار، ئەحمەد حسێن ئەمین، نەجیبە ڕەحمانی، جەمال گردەسۆری)، بەشێکیان شاعیری ناسراون و بەرهەمی زۆریان بۆ منداڵان هەیە، وەلێ چەند شاعیرێکیان وەک پێویست ناسراو نین، بەڵام ئاوڕدانەوەشی لەو چەند شاعیرە، ڕەنگە بۆ چەند هۆکارێک بگەڕێتەوە:
یەکەم: دوای خوێندنەوەی شیعری زۆرێک لە شاعیرانی ئەو بوارە، لای پەسەند نەبوونە، بۆیە بە شایستەی ئەوەی نەزانیوە لەو کتێبەيدا تۆماریان بکات.
دووەم: ڕەنگە کات و دەرفەتی ئەوەی نەبووبێ، زیاتر بە دوای بەرهەمی چاپ کراوی شاعیرانی بواری منداڵاندا بگەڕێ، کە شیعریان بۆ ژینگە نووسیوە، چونکە نووسەر ژیانی لە هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێرلەندا، دەگوزەرێنێ.
سێیەم: هەموو شاعیرانی بواری منداڵان، شیعریان نییە تایبەت بێ بە ژینگە.
خاڵێکی دیکەش، ڕەنگە نەیویست بێ قەبارەی کتێبەکەی لەوە گەورەتر بێ، جا لەبەر هەر هۆکارێک بێ.
پەیام و ناوەڕۆکی کتێبەکە، بریتییە لە ڕەخنەی ئەدەبیی.
کە دەکرێ ئەویش بۆ سێ خاڵ دابەش بکەین، کە نووسەر بەم شێوەیە مەبەستەکەی گەیاندووە:
یەکەم: بەرهەمی ئەو شاعیرانەی ئاماژە پێکردووە، کە زۆر بە دڵی بووە و پێی وایە دەقەکانیان زۆر جوان و ناسک و پەیامدارن، بەو پێیەی کە زۆر بە وردیی لەسەر دەقەکانیان دواوە و زیاتری لەبارەوە نووسیون.
دووەم: کۆمەڵێک شیعری جێکردووەتەوە و کەمتر لەوەی یەکەم لێکۆڵینەوەی لەبارەیانەوە کردووە، بەڵام ئەو تێکستانەشی پێ باش بووە کە ئاوڕیان لێبداتەوە.
سێیەم: بە تووندی ڕەخنەی لە چەند دەقێکی شیعریی گرتووە، کە دەقنووسەکان وەک پێویست نەیان توانیوە بچنە نێو ناخی منداڵان، چونکە ئەو شیعرانە دوورن لە زمانی منداڵ.
لەبارەی مافی منداڵانەوە، لە لاپەڕە (١٧) نووسیویەتی:
((جاڕنامەی “مافی منداڵ”یش لە گاڵتەجاڕییەکی پووچ بەو لاوە، هیچی دیکەی تێدا نییە بۆ منداڵ. داتاکانی جیهانی لە (٢٠٢٣) دەڵێن پتر لە (١٦٠) ملیۆن منداڵ کاری قورسیان پێدەکرێت، پتر لە (١١٨) ملیۆن کەس ئاوارە و دەربەدەرن لە جیهان، پتر نیوەیان منداڵن، ئەوە دەرد و نەخۆشی و برسیەتیی منداڵان هەر مەپرسە!)).
وادیارە پەیوەندی نێوان شیعر و ژینگە، زۆر لەوە دێرینترە، بەڵام وەک پێویست لەبارەیەوە نەنووسراوە، بۆیە لە لاپەڕە (١٩)دا ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکات و دەڵێ:
((وتووێژکردن دەربارەی ئاوێتەیی نێوان شیعر و ژینگە زۆر دێرینە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفلاتون و هیبۆکرات و ئەرستۆ، وە تیوفراستوس کە شاگردی ئەرستۆ بووە و توێژینەوەی دەربارەی پەیوەندی نێوان بوونەوەرەکان کردووە)).

وردە سەرنج:

  • ناوەڕۆکی کتێبەکە دەوڵەمەندە، بەڵام ناوی کتێبەکە زۆر درێژە و هەموو خوێنەرێک بە ئاسانی بۆی لەبەر ناکرێ، لە جیاتی ناوی (ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا)، دەکرا کورت و ئاسانتر بوایە، بۆ نموونە: (ژینگە و شیعری منداڵان، یان ژینگە لە شیعری منداڵانی کورد).
  • لەبارەی کتێبی (نەوبووهارا بچووکان)ی ئەحمەدی خانی، نووسیویەتی: (لە ساڵی ١٦٨٢ چاپ کراوە)، ڕاستییەکەی لە ساڵی (١٦٨٣) نووسراوە و چەند جارێک چاپ کراوەتەوە. لە ماڵپەڕی (ویکیپیدیا)شدا هاتووە: (نووبەھارا بچووکان، ١٦٨٣، فەرھەنگۆکێکی عەرەبی – کوردی کە بە شیعر، بۆ منداڵانی کوردی داناوە، کە فێری زمانی عەرەبی ببن کە ئەو سەردەمە زمانی دین و زانست بووە. یەکەم جار لە ١٩٢٦ لە ڕەواندز چاپکراوە).
    ئەوەی تا ئێستا زانراوە دوو جاری دیکەش چاپ کراوەتەوە. وا دیارە بە پێی ماڵپەڕی (ڤەژینبوکس)، لە (ناوەندا وەشانێن فەرهەنگ و ئەدەبا کوردی (انتشارات صلاح الدین ایوبی)، لە شاری ورمێ لە ساڵی ١٩٨٨ چاپکراوەتەوە.
    جارێکی دیکەش لە شاری بەغداد، لە ساڵی ١٩٩٠ لە چاپخانەی ئەلڕەشید چاپکراوەتەوە.
    لە ماڵپەڕی (سپی میدیا) نووسینێکی “ڕەزا شوان” بەناونیشانی (ئەدەبی منداڵانی کورد لە باکووری کوردستان)، بەم شێوەیە باسی دەکات و دەڵێ: ((کتێبی نووبەهارا بچووکان، چەندین جار و لە چەندین شوێندا، دووبارە و چەند بارە، جار لە دوای جاریش باشتر و جوانتر چاپ کراوەتەوە. ئەمانە ناوی هەندێ لەو شوێنانەن لەگەڵ ساڵی چاپکردنی کتێبی نووبەهارا بچووکان: (ئەستەمبوڵ: ١٨٩٢)، (بەرلین: ١٩٠٣)، (دیمەشق: ١٩٤٥)، (بەغدا: ١٩٧٩).. بۆ یەکەمین جاریش لە ساڵی (١٩٢٦)دا، لە باشووری کوردستاندا، لە چاپخانەی (ڕەواندوز) لە لایەن “حوسێن حوزنی موکریانی”یەوە چاپ کرا، لە ساڵی (١٩٣٦)دا، لە لایەن شاعیر و فەیلەسوفی گەلەکەمان “پیرەمێرد” لە چاپخانەی (ژین) لە شاری سلێمانی چاپکرایەوە.. لە چەند شوێنی تریشدا چاپکراوەتەوە)).
  • لە ڕووی ڕێنووس و زمان و خاڵبەندیی، کەمترین هەڵەی تێدایە، پێم وایە ئەوەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ وردبینی و جوان خوێندنەوەی هەمزە عەباس فەقێ، کە هەڵەبڕی بۆ کتێبەکە کردووە.
  • لە پەراوێزی لاپەڕە (٥٩) نووسراوە ژینگەی کوردستان، هاوبەش، شیعر بۆ منداڵان، چاپخانەی شەهاب، هەولێر، ٢٠٢٠، ڕاستە بەرهەمی (١٦) شاعیرە، بەڵام کۆکردنەوە و ئامادە کردنی “ڕۆستەم خامۆش”ـە.
  • لە پەراوێزی لاپەڕە (٧٩)، نووسراوە: ڕۆستەم خامۆش، هاوڕێی پێنووس، چاپخانە؟ نیشانەی پرسیار دانراوە، وەک ڕاست کردنەوە لە کتێبەکە نووسراوە: چاپخانە: تاران.

سەرئەنجام:

  • کتێبەکە ناوەڕۆکێکی دەوڵەمەند و بە پێزی هەیە لەبارەی بونیادی ژینگە لە شیعری منداڵاندا، لە کاتی خوێندنەوەدا کۆمەڵێک زانیاری باش دەکەونە پێش چاو، هەست دەکرێ کە نووسەر بە ڕۆح و دڵ ئەو کتێبەی نووسیوە و دڵنیا دەبی، کە خەمخۆر و دڵسۆزی ئەدەبی منداڵانە.
  • هەر چەندە ژمارەی ئەو شاعیرانەی، کە شیعریان بۆ منداڵان نووسیوە لە بواری ژینگە، زۆر لەوە زیاترە کە لەو کتێبەدا ناویان هاتووە.
  • کارێکی زۆر باشی کردووە، لە هەڵبژاردنی شاعیرەکان، لە ڕووی جیاوازیی تەمەن و شوێنی نیشتەجێ بوونەوە.
  • نووسەر، نەهاتووە بزانێ کێ ناو و ناوبانگی هەیە لە کتێبەکەی جێی بکاتەوە، بەڵکو ئەو کتێب و سەرچاوانەی دەست کەوتووە و بوونەتە ئاسانکاری بۆ نووسینی کتێبەکەی.
  • بۆیە پێم باشە “فازیل شەوڕۆ” زیاتر گرنگیی بە ڕەخنە و لێکۆڵینەوە بدات لەبارەی ئەدەبی منداڵانی کورد، چونکە ئاستی ڕۆشنبیریی و دونیابینی و توانای قەڵەمەکەی و خۆشویستنی ئەو بوارە، ئەوە فازیل شەوڕۆ دەخوازێ.
  • ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا، بابەتێکی ڕەخنەیی ئەدەبییە، فازیل شەوڕۆ نووسیویەتی و هەرخۆشی پێتچنینەکەی کردووە.
    هەمزە عەباس فەقێ، هەڵەبڕی کردووە.
    دیزاینی بەرگەکەشی لە لایەن عادل زرار خەتی کراوە.
    بەرگ: نەوزاد موحەممەد کۆیی.
    تونا ئەحمەدیش دیزاینی ناوەڕۆکەکەی کردووە.
    بە تیراژی (٥٠٠) دانە چاپکراوە.
    وەک نووسەری کتێبەکە دەڵێ: ئەم کتێبە بە سوپاسەوە لە بەڕکی (سامان سەمەد – سامانە ڕەش) چاپ کراوە.

ڕۆستەم خامۆش – هەولێر

————————————-

سەرچاوەکان:
کتێبی (ڕەنگڕێژیی ژینگە لە شیعری منداڵانی کوردیدا)، فازیل شەوڕۆ، چاپخانەی پاندا، سلێمانی ژمارەی سپاردنی (٨١٨) ساڵی ٢٠٢٣.

  • ماڵپەڕی کوردیپێدیا.
  • ماڵپەڕی ویکیپیدیا.
  • ماڵپەڕی ڤەژینبوکس.
  • ماڵپەڕی سپی میدیا.



شكسپیر و بازرگانی ڤینیسیا.. ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ولیەم شكسپیر یەكێكە لە شانۆنووسە مەزنەكانی جیهان، لە هەمان كاتیشدا بە یەكێك لە باوكە مەزنەكانی ئەدەبی ئینگلیزی دادەنرێت، خاوەنی كۆمەڵێك شاكاری شانۆیی ئێجگار جوان و گرنگە، یەكێكیش لەو شاكارانە شانۆگەری بازرگانی ڤینیسیایە. ئەم كارەی شكسپیر تا ئەمڕۆش قسەوباسی زۆری لەبارەوە دەکرێت، هۆكاری ئەمەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕۆك و شێوازی نووسینی شانۆگەرییەكە. لێرەدا منیش هەوڵدەدەم كورتە سەرنجێكی خۆم لەبارەیەوە بنووسم.

ناوەڕۆكی شانۆگەرییەكە
بەپێچەوانەی شانۆگەرییەكانی ترییەوە، ئەمجارە شكسپیر لە لەندەن- ئینگیلتەرا دوورمان دەخاتەوە و بانگهێشتی شارە سەرنجڕاكێشەكەی ئیتالیامان دەكات كە ئەویش ڤینیسیایە، ئەم شارە دەبێتە مەیدانی سەرەكی شانۆگەرییەكە. ئەنتۆنیۆ بازرگانێكی دەوڵەمەندی شاری ڤینیسیایە، بەڵام ئەم بازرگانە ماوەیەكە غەمبار و دۆشداماوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆری پارەكەی خستۆتە سەفقەیەكی بازرگانییە و چاوەڕێی گەیشتنی بارەكەیەتی لە رێگەی كەشتییەوە دەگاتە ڤینیسیا. هەرچەندە هاوڕێ نزیكەكانی دەیانەوێت لەم غەمبارییە رزگاری بكەن و زوو زوو سەردانی دەكەن.
لەپەنا ئەمەشدا یەكێك لەهاوڕێ خۆشەویستەكانی”باسانیۆ”یە كە هاوڕێیەكی نزیكی ئەنتۆنیۆ دەبێت، گیرۆدەی عیشقی كچێكی دەوڵەمەندی شارەكە دەبێت بە ناوی” بۆرسیا” ئەمیش كچی پیاوێكی دەوڵەمەندی شار دەبێت، باوكی پێش ئەوەی بمرێت وەسیەتی كردووە دەبێت هەر كەسێك دێتە خوازبێنی، بەشداری كێبڕكێییەك بكات، ئەویش دانانی سێ سندوقە و یەكێكیان ئاڵتوونە، ئەوی تریان زیوە، یەكێكیشیان قورقوشمە ناوی كچەكە لەناو یەكێك لەو سێ سندوقەدایە، هەركەسێكیش ناوەكە هەڵبێنێت، ئەوا بۆرسیا شووی پی دەكات. بەڵام بۆ ئەوەی باسانیۆ بەشداری ئەو كێبركێیە بكات و داوای بۆرسیا بكات، پێویستی بە پارە دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەچێت داوای پارە لە ئەنتۆنیۆی هاوڕێی دەكات. ئەویش لە رەوشێكی خراپی داراییدایە، بەڵام ئامادەیە هەموو شتێك بكات بۆ هاوكاری كردنی هاوڕێ خۆشەویستەكەی، بۆیە دەچن داوای قەرز دەكەن لە پیاوێكی سووخۆری جوو كە ئەویش شایلۆكە.
شایلۆك لەناو شارەكەدا كەس خۆشی ناوێت، لەبەرئەوەی پیاوێكی پیسكەی سووخۆرە، هەروەها جووشە. شایلۆك زۆر رقی لە ئەنتۆنیۆ دەبێت، چونكە زۆرجار ئەنتۆنیۆ ئەوی بریندار كردووە، بەڵام شایلۆك رازی دەبێت قەرز بداتە ئەنتۆنیۆ، بەڵام مەرجێكی قورس دادەنێت ئەویش ئەوەیە ئەگەر ئەنتۆنیۆ لەكاتی خۆیدا پارەكەی بۆ نەگەڕێنێتەوە، ئەوا شایلۆك بۆی هەیە پارچەیەك گۆشت لەسەرسنگی لێبكاتەوە. سەرەتا باسانیۆ دژی ئەمە دەوەستێتەوە داواش لە ئەنتۆنیۆ دەكات كە رازی نەبێت، بەڵام ئەنتۆنیۆ بەگوێی ناكات، رازی دەبێت.
لەپەنا ئەم چیرۆكەشدا چیرۆكی خۆشەویستی جیسیكا و لۆرێنزۆ هەیە، جیسیكا كچی شایلۆكە، حەز لە لۆرێنزۆ دەكات، كە ئەویش هاوڕێی ئەنتۆنیۆیە. شەوێكیان جیسیكا لە ماڵی خۆیان رادەكات و بەشێكی زۆری سەرەوەت و سامانی باوكی لەگەڵ خۆی دەبات. ئەمەش دەبێتە هۆی شێتبوون و تووڕەبوونی شایلۆكی باوكی، ئەمەش وادەكات كە وەكو كچی خۆی بێبەری بكات .
دواتر شانۆگەرییەكە دەگاتە قۆناغێكی گرنگ، كاتێك باسانیۆ سندوقە راستەكە هەڵدەبژێرێت كەناوی بۆرسیای تێدایە، ئەمەش قۆناغێكی خۆشە، بەڵام لە هەمانكاتدا كەشتییەكە ناگاتەوە ڤینیسیا و هەواڵیش بڵاودەبێتەوە كە كەشتییەكە غەرق بووە.” لێرەشەوە ئەو پەندە پەیدا دەبێت، دەڵێیت كەشتییەكەی غەرق بووە” دواتر شایلۆك داوای قەرزەكانی دەكات و ئەنتۆنیۆش نییەتی بیداتەوە. بەڵام بۆرسیا كە دەزانێت بەهۆی باسانیۆی خۆشەویستییەوە، ئەنتۆنیۆ تووشی ئەم كێشەیە بووە، رازی دەبێت كە هەموو پارەكان بداتەوە بە شایلۆك، بەو مەرجەی واز لە لێكردنەوەی پارچەیەك گۆشت بێنێت لە جەستەی، بەڵام شایلۆك رازی نابێت و دەیەوێت تۆڵەی خۆی لە ئەنتۆنیۆ بكاتەوە. بەڵام لە رۆژی دادگاییكرندا، بۆرسیا جلوبەرگی پارێزەری لەبەردەكات و خۆی دەكاتە پارێزەرێكی پیاو، كە داكۆكی لە ئەنتۆنیۆ دەكات، ئەو بەشێوەیەك خۆی دەگۆڕێت كەس نایناسێتەوە، تەنانەت باسانیۆی خۆشەویستی.
دواجار لە دادگاییكردنەكەدا بۆرسیا زۆر زیرەكانە داكۆكی لە ئەنتۆیۆ دەكات، دەڵێت: راستە لەناو رێكەوتنەكەدا نووسراوە كە دەبێت پارچەیەك گۆشت لێبكاتەوە، بەڵام بەو مەرجەی هیچ خوێن لە جەستەی نەهێنێت. ئەمەش دەبێتە تەڵەزگەیەك و شایلۆكی پێوە دەبێت.
كۆتایی شانۆگەرییەكە خۆشدەبێت، بۆرسیا شوو بە باسانیۆ دەكات و جیسیكاش شوو بە لۆرێنزۆ دەكات، هەروەها كەشتییەكەی ئەنتۆنیۆش بەسەلامەتی دەگاتەوە ڤینیسیا.

خۆشەویستی
یەكێكە لە بابەت گرنگەكانی ئەم شانۆگەرییە، خۆشەویستییە ئێمە لەم شانۆگەرییەدا دوو چیرۆكی خۆشەویستی جوان دەبینین. یەكێكیان ” بۆرسیا و باسانیۆ” كە چۆن خۆشەویستی سنووری هەژار و دەوڵەمەند دەبەزێنێت، هەروەها چۆن خۆشەویستی دەبێتە هێزێكی ئەفسووناویی بۆ مرۆڤ جا ژن بێت یان پیاو، ئامادەی قوربانیدانە. باسانیۆ ئامادەبوو بچێت قەرز بكات بۆ ئەوەی بۆرسیا بهێنێت. هەروەها لە كۆتایشدا بۆرسیا ئامادەبوو ئەو بڕە پارەیە بداتەوە كە باسانیۆ بۆ ئەوەی قەرزكردووە. نەك ئەوەش تەنانەت ئامادەشبوو خۆی بكاتە پیاوێكی پارێزەر، بۆئەوەی داكۆكی لە ئەنتۆنیۆی برادەری باسانیۆ بكات.
چیرۆكی دووەمیش سەرنجراكێش و جوانە، ئەویش جیسیكا و لۆرێنزۆیە، باس لەوە دەكات كە چۆن خۆشەویستی سنووری ئایینەكان دەبەزێنێت، جیسیكای جووی كچی شایلۆك، ئامادەیە شوو بكات بە لۆرینزۆی مەسیحی بكات، نەك ئەوەش تەنانەت ئامادەشە واز لە باوكی و ئاینەكەی بهێنێت بۆ لۆرۆنزۆی خۆشەویستی.

دژایەتییكردنی جوو

خاڵی نێگەتیفی ئەم شانۆگەرییە ئەوەیە كە ئێمە لە رێگەی ئەم شانۆگەریەوە، وێنەیەكی زۆر ناشیرین و دزێوی جوو دەبینین ئەویش خۆی لە شایلۆكدا بەرجەستە كردووە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی زۆر لە رەخنەگرانی شكسپیر بە كەسێكی دژە “ئەنتی سیمیتز، دژەجوو” وەسف بكەن، لەمەشدا راست دەكەن، تەنانەت لەسەردەمی نازییەكاندا لە ئەڵمانیادا، لە زۆربەی شارەكانی ئەڵمانیادا ئەم شانۆگەرییە نمایش دەكرا، ئەمەش بووبووە ئامڕازێكی خراپ بەدەستی نازییەكانی ئەڵمانیاوە، تاوەكو وێنەی جووەكانی پێ ناشیرین بكەن و پاساو بۆ چەتەگەریی و تاوانەكانی خۆیان بهێننەوە.

نمایشكردنی وەكو شانۆ و فیلم و ئۆپێرا

بە حوكمی ئەوەی ئەم شانۆگەرییە لە رووی هونەرییەوە ئاستێكی باڵای هەیە، بۆیە جگە لەوەی وەكو شانۆگەری، وەكو فیلم و ئۆپێراش نمایشكراوە. بۆیەكەمجار ئەم شانۆگەرییە لەسەر تەختی شانۆ لە ساڵی 1605 دا نمایشكرا، دواتریش لەسەر تەختی شانۆی وڵاتانی تری جیهان نمایشكراوە هەتاوەكو ئەمڕۆش نمایش دەكرێت. لە رووی بەرهەمەهێنانی وەكو فیلیمیش، تا ئێستا 14 جار كراوەتە فیلم، یەكەمجار لە ساڵی 1914 دا كرایە فیلم و دوای نجاریش ساڵی 2018 بووە.
جگە لە شانۆ و فیلم وەكو ئۆپێراش نمایشكراوە، سێجار وەكو ئۆپێرا نمایشكراوە یەكەمجار لە ساڵی 1905 بوو، لە هۆڵی شانۆی نیشتمانی لە براگی پایتەختی چیك نمایشكرا، دوایینجاریش لە ساڵی 2013 دا بووە.

ئایا ئەم شانۆگەرییە دزراوە؟

ئەم شانۆگەرییە لەلایەن “خلیل مطران” كراوە بە عەرەبی، كە خۆی پسپۆرێكی بواری ئەدەبی ئینگلیزیی و شكسپیرە، لە پێشەكی شانۆگەرییەكەدا لێكۆڵینەوەیەكی وردی لەبارەی شانۆگەریەكەوە نووسیوە. بەپێی زۆرێك لە سەرچاوە مێژووییەكان بێت، پێش شكسپیر ئەم شانۆگەرییە بە چەند شێوەیەك لەناو ئینگلیتەرادا بڵاوبۆتەوە.
مەسەلەی سێ سندوقەكە دەگەڕێننەوە بۆ حكایەتی ” GESTA ROMANORUM” كە لە ساڵی 1300 بەزمانی لاتینی بڵاوبۆتەوە و دواتریش لە ساڵی 1577 كراوە بە ئینگلیزی، لە ساڵی 1577 تا 1601 شەش جار چاپ بووە، ئەم حكایەتە لەناو ئینگلیزییەكان زۆر بڵاوبووە واتە ئەو ساڵانەی كە شكسپیر هێشتا لاوبووە.
مەسەلەی لێكردنەوەی پارچەیەك گۆشت لە جەستەی مرۆڤ، ئەمیش زۆر كۆنە هەندێك دەیگەڕێننەوە بۆ ئەدەبیاتی خۆرهەڵات و ئەمەش لەناو ئینگیلتەردا باوبووە. مەسەلەی راكردنی كچی جووەكەش، حكایەتی زۆر لەم شێوەیە هەبووە، هەندێك پێیان وابووە سەرچاوەكەی ئیتالیا بووە، ئەمەش دەیگەڕێننەوە بۆ حكایەتی ” جووەكەی ڤینیسیا” كە لە نووسینی نووسەری ناسراوی ئیتالیا ” دێكەر”
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ناكرێت رۆڵی داهێنەرانەی شكسپیر لەبیر بكەین، كە بە شێوازێكی جوانی ئەدەبی ئەم شانۆگەرییەی نووسیوە، بەرگێكی ئێجگار جوانی ئەدەبیی و هونەری پێ بەخشیوە، لەهەمان كاتیشدا بە یەكێك لە كارە جوانەكانی بواری شانۆی كلاسیكی دادەنرێت.

سەرچاوە:
ویلیام شكسبیر. تاجر البندقیە. ترجمە: خلیل مطران. مٶسسة هنداوي. لندن. المملكة المتحدة. 2017




دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی ئێران هەوڵی مانەوە دەدات!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

چاوخشاندنێک بەسەر رۆڵی سوپای پاسداران لە سەرکوتکردن، شەڕخوازی و تیرۆریزمی رێژیمی ئێراندا
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر لەو راستییە نزیک دەبێتەوە کە “سەری ماری ویلایەت لە تارانە”. ئەمە ناونیشانێکی وردە کە بۆ دیکتاتۆرییەت لە ئێران و سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتی ئایینی جێی خۆشحاڵی نییە. بەڵام راستییەکان بە تاڵی و سەرسەختییەوە خۆیان دەردەخەن!
ڕۆڵی ماڵوێرانکەری “ماری ویلایەتی فەقیهی” لە شەڕی ئەمدواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە جۆرێک دیارە کە نەک هەر نکۆڵی لێناکرێت، بەڵکو رۆژ بە رۆژ زیاتر دەرکەوتووە. بەڵام بۆچی خۆیان لە بەئامانجکردنی سەری “مار” و بە “بەرد” پانکردنەوەی سەری مارەکە بە دوور رادەگرن؟!
لێرەدا سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت جێ دەهێڵین. دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە ئێران لە قۆناغی کۆتاییدا “هار”ە و بە “هیستریا” هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات. بە تایبەت کە تێکەڵ بە “جەنگ سازکردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” کراوە! خامنەیی کە دەبینێت لە ژێر گوشار و گەمارۆی “راپەڕینی گەل”دایە و هەستی بە شەپۆلی “ڕوخاندنی رژێمەکەی” کردووە، چارەسەرەکەی لە “هەڵایسانی شەڕ” لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و “تیرۆریزم” دۆزیوەتەوە” و جگە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستی بۆ ئەوروپا و ئەوروپییەکانیش برددوە. هەربۆیە لە پێناو مانەوەی رژێمە ناشەرعیەکەی، هاوتەریب لەگەڵ ئەم کردەوە تیرۆریستی و نامرۆڤانەی دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، زیادبوونی ئێعدامەکانیشی لە ناوخۆی ئێراندا خستووەتە کارنامەکەیەوە. بەڵام ئایا رێژیمی ئێران بەم شتانە دەتوانێت لە سەرکار بمێنێتەوە؟
خامنەیی لە کۆتایی ئەمساڵدا (واتە ٢٠٢٣) هەموو دەزگا سەربازی و هەواڵگری و تیرۆریستییەکانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ دامرکاندنی راپەڕینی خەڵکی ئێران و لادانی راپەڕین لە رێبازە راستەقینەکەی، واتە رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی و بە لاڕێدابردنی راپەڕین و دڵساردکردنەوەی گەل و بیرورای گشتی لە جیهان، هەتا سەرنج بخرێتە سەر شتیتر. بۆ ئەوەی رەنگە کاریگەری هەبێت و لە ژێر رۆشناییدا، بتوانێت دەسەڵاتەکەی لەسەر پێ بهێڵێتەوە!
بەڵام خامنەیی “حیسابێکی هەڵەی مێژوویی” هەیە کە “دۆخی ئێران و ناوچەکە و جیهان گۆڕاوە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ رابردوو”. چونکە خەڵکی ئێران بە هیچ شتێکی کەمتر لە رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە وڵاتەکەیان رازی نابن.
پەرەپێدانی شەپۆلی سەرکوت و ئێعدام لە ئێران!
ڕۆژ نییە “ئیعدام” بە شێوەی جیاواز لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە ئەنجام نەدرێت. مەبەست لە ئیعدام و سیدارە، جگە لە چاوترسێنکردن و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا هیچیتر نییە. لەسێدارەدانەکە لەسەر ئەو کەسانە چڕ بووەتەوە کە هەنگاویان ناوە بۆ راپەڕین لە پێناو رووخاندنی دەسەڵات. رەهەندەکانی “لە سێدارەدراوان” زۆربەیان سیاسییە و بۆ ئەوەیە کە دژایەتیی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی دەکرێت و هەموو چین و توێژەکانی ئێران دەگرێتەوە. لێرەوە دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە رێژیمی ئێران تا چەند لە “روخاندن” تۆقاوە و تا چ رادەیەک لە دۆخێکی “ناسک”دایە. هەموو شتێک ئاماژە بە کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران دەکات. ئێران و ئێرانییەکان چیتر ملکەچی دیکتاتۆرییەت نابن. گەلی ئێران لە پەرەپێدانی هەنگاوەکانی پێشوویاندا گەیشتوونەتە خاڵێکی باش. ئێستا سەرەتای سەردەمی دیموکراتیەت و کۆماری و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی و جەماوەری گەیشتووە. ئەم راستییە بە تەواوی لەگەڵ ستراتیژی هێزی رووخێنەری دیکتاتۆرییەت بە سەرۆکایەتی خانمی مریەم رەجەوی گونجاوە.
تیرۆرکردنی ئالیخۆ ڤیدال کوادراس لە ئیسپانیا!
تیرۆرکردنی ئالێخۆ ڤیدال کوادراس، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا لە ئیسپانیاوە لە رۆژی ٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣، یەکێکە لە کردەوە تیرۆریستییەکانی رژێمی ئێران کە بۆ رێگریکردن لە رووخاندنی ئەنجامی داوە. رەنگە سەیر بێت بۆچی رێژیمی ئێران لە خاکی ئەوروپادا ئەوەندە تووڕە و هیستریایە و لەم دۆخە هەستیارەدا، کردەوەیەکی گەورەی تیرۆریزم ئەنجام دەدات! بەڵام کردەوەی تیرۆریستی بەرامبەر ئەم کەسە ناودارە و یەکێک لە دۆستانی نزیکی موقاومەتی ئێران، پێش هەموو شتێک یەکێکە لە نیشانەکانی سەردەمی کۆتاییهاتنی رژێمی مەزهەبیی ئێران! لەم رووەوە دوودڵ مەبن!
چاوێک لە دوا نیشانەکانی دیکتاتۆرییەت لە ئێراندا!
لە ئێران شەپۆلی سەرکوتکردن و لەسێدارەدانی نەیاران توندتر بووە. نزیک بە دوو مانگە شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لایەن هێزە نیابەتییەکانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیەوە چووەتە قۆناغێکی نوێوە و گرێدراوی سوپای پاسدارانی ئێرانە و هەنگاوێکی مەیدانییە. پەرەسەندنی شەڕەکە بەرەو وڵاتانیتری ناوچەکە، بە “ئەگەرێکی بەهێز” لە بازنەی سیاسی و سەربازی جیهان دادەنرێت. تیرۆر و کردەوە تیرۆریستییە بێ سنوورەکانی رژێمی ئیران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و بە تایبەتی لە ئەوروپا، بە تاکتیکی “لێدان و راکردن” دەستی پێکردووە. شاراوە نییە کە ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشکردنە ناسک و ترسنۆکانە، هەوڵی خامنەییە بۆ رزگارکردنی رژێمەکەی لە نەمان!
ئێستا لە ناوەندی کێشەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، “دۆخی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەتی ئایینی” باسێکی گەرمی رۆژە. ئایا ئەم سیاسەتە بەردەوام دەبێت، یان دەبێت جێگەی خۆی بداتە بژاردەیەکیتر! بە پێی زانیارییەکانی بەردەست و بازنەی سیاسی ناوچەیی و جیهانی، “شەڕی سەرەکی” لە نێوان خەڵکی ئێران و دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێراندایە. ئێستا ئەم کۆدەنگییە لە بیروڕای گشتی لە جیهان لە ئاڕادایە کە “تا ئەو شەڕە سەرەکییە یەکلایی نەکرێتەوە، شەڕەکانی هاوشێوەی ئەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت دووبارە دەبنەوە” و زیان و زیانەکانی کۆمەڵگەی جیهانیش زۆر زیاتر دەبێت! چاوخشاندنێک بە بارودۆخی وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە عێراق، سوریا، لوبنان، فەلەستین، یەمەن و هتد، ئەم راستییە بە باشی دەردەخات!
لێدوانەکانی خامنەیی و کەسە نزیکەکەکانی نیشان دەدات کە خامنەیی و رژێمەکەی لە پەرەسەندنی شەڕ بە تەواوی تۆقاون. ئەوان بە تەواوی تۆقاون لە (لێدانی سەری مارەکە لە تاران). چونکە زیاتر لەوانیتر هەست بە لاوازی و ناسکبوونی خۆی دەکەن. خامنەیی تامی ئەو راستییە تاڵەی کردووە کە “هەرچەندە شەڕی ئەمدواییەی دەستپێکردووە”، بەڵام ناتوانێت “تەواوکەر”ی شەڕەکە بێت بە سەرکەوتوویی! چونکە خەڵکی ئێران لە ناوخۆی وڵات، چەند ساڵێکە بە راپەڕین و ناڕەزایەتیەکانیان رێژیمی ویلایەتی فەقیهیان خستووەتە دۆخی لاوازبوون و دیفاعی و، ئێستا بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی راپەڕینەکانی پێشوویان بکەنە “شۆڕشێکی بناغەیی” و رووخاندنی دیکتاتۆرییەت.
خەڵکی ئێران دژی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەتێکن لە وڵاتەکەیاندا. دیکتاتۆرییەتی پاشایەتییان رووخاندووە و ئێستاش بڕیاریان داوە دیکتاتۆرییەتی ئایینی بڕووخێنن و تێچوویەکی زۆریان بۆ داوە. به تایبەت کە ئێستا، خەڵکی ئێران لە پێوەند لەگەڵ موقاومەتی ئێران و بە بەهرەمەندبوونیان لە (دەزگای سەرکردایەتیکردنی راپەڕین) و (شانەکانی شۆڕش لە ناوخۆی ئێران)، هەست بە بە هێزبوونی خۆیان دەکەن و هەتا رادەیەکی زۆریش چەکیان دەست کەوتووە! کە رژێمی سەرکوتکەری ئێران لێی تۆقاوە.
موقاومەتی ئێران لە پێناو سەرکردایەتیکردنی راپەڕینی گەل لەدژی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی مەزهەبی، جگە لە فراوانکردن و چڕکردنەوەی چالاکییەکانی لە ناوخۆی وڵات، لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا، لەسەر ناوزەدکردنی تیرۆریستیی دەزگای سەرکوتکردن و شەڕخوازییەکانی رژێم، واته سوپای پاسداران کار دەکات. موقاومەتی ئێران بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە ئەم هێز و دەزگا ترسناکەی سەرکوت و کوشتن بە تیرۆریست ناوزەد بکرێت. لەخۆڕا نییە کە کاربەدەستان و میدیاکانی حکومەتی تاران هەمیشە و لە هەموو بۆنەیەکدا موجاهیدینی خەلق بە (فاکتەری سەرەکی) لە پێشخستنی رەوتی ناوزەدکردنی سوپای پاسداران دەزانن و سنووردارکردنی موجاهیدین بە مەرجێک بۆ هەر پەیوەندییەکی رژێم لەگەڵ وڵاتان دەزانن!





پێویستیمان بە مامۆستایانی داهـێنەر هـەیە.. رەزا شـوان

لە سایـەی شـۆڕشی تەکـنەلـۆژیـا و تـازەگـەری و داهـێنانی شـتی سەیـر و سەمـەرە و گـۆڕانی خـێرا، لە هـەمـوو بـوارەکانی ژیانـدا. پێشکەوتـنێکی زۆر هـاتوونـەتە ئـاراوە. ئەگەرچی قۆناغەکانی مـێژوو، زنجـیرەیەکی ئەڵقـە تێکهـەڵکێشی تەواوکەری یەکترین، ئەمـڕۆمان لەسەر پەرگەمـای دوێنێمان چـنراوە و سبەینێشمان لەسەر دواچـینی چنینی ئەمـڕۆمان دەچـنرێـت. بەڵام نە ئەمـڕۆمـان وەکـو دوێـنـێمـانە، نە سبەیـنـێشـمان وەکـو ئەمڕۆمان دەبێت. چونکە پێچکەی ژیان و پێشکەوتن هەمیشە بۆ پێشەوە دەخولێتەوە. ئەگـەر وا نەبـوایە دەوەسـتایـن، وەسـتانـیش مـردنە.
بێگومـان منـداڵانی نەوەی ئەمـڕۆشـمان، جیاوازییان لەگەڵ منـداڵانی نەوەکانی پـێشـتر هـەیە. منـداڵانی ئەمـڕۆمان نەوەی تەلەفـزیـۆنی رەنگاوڕەنگ و ئینتەرنێـت و ئـایپاد و ئایفـۆنی زیـرەک و گۆڤـاری رەنگاوڕەنگی منداڵانن و بە دەیـان داهـێنانی تازەی تـرن. لە منداڵانی نەوەکانی رابـردوو، زیـرەکتر و زۆرزانتر و هـۆشیارترن. هـیوا و خەون و ئامانج و خواست و پێـداویستییەکانیشیان، هەمان پێویستی و هـیوا و ئامانجی منداڵانی نەوەکانی پـێشـتر نـین. پەیـرەو پرۆگرامەکانی فـێرکردن و خوێندن و پەروەردەکـردن و رۆشـنبـیریـکـردنی منـداڵانی بـیـسـت سـی سـاڵ لەمـەوەبـەر، بـۆ منـداڵانی ئەمـڕۆمـان ناگونـێن. چونکە حەز و ئارەزوو و خـواستەکانی منـداڵانی ئەمـڕۆمـان مەست ناکـەن. بۆیە پێویستیمان بە چاکـسازی و گۆڕانکاری و تازەگـەری و داهـێنان و بە دەستکاری و بە هەموارکردنەوەی بابەتەکانی پـرۆگرام و پەیـڕەوی کۆن و باونەماو و ئێکسپایەر هـەیە. بـەر لە هـەمـوو شـتـێک پێـویستـیمان بە مامـۆستایـانی داهـێنەر و نـوێخـواز و لێهاتوو و رۆشنبیر هەیە، کە ئاگاداری گۆڕانکاری و داهـێنان و تازەگەرییەکانی بواری فێرکردن و پەروەردەکردن و راهـێنانی منداڵانی ئەم سەردەمەبـن. تا منداڵانی کوردمان، لە ئاسـتی پـێـشکەوتـن و ئـەم داهـێـنانە تـازانـەدابـن، نـامـۆ و دامـان و رامـان نەبـن و بتوانن لەگەڵ کاروانی بۆ پێشەوەچـوونی منداڵانی جیهـانـدا بکەونەڕێ و بەجـێنەمیـنن.
پێویستە مامۆستایانی کوردمان لە قـوتابخانە بنەڕەتییەکانـدا، بە شێوەیەکی سیستەماکی و بە شێواز و رێبازێکی مـۆدێرزم وانەکان بە قوتابییەکانیان بڵـێنەوە. دوور لە شێوازی تەڵـقـین ئاسایی و ئامـۆژگـاری وشک، کە سـواون و بـۆ ئـەم سـەردەمـە ناگـونجـێن. تا منـداڵانی کوردمـان، بە باشی و بە دروستی فـێربـبن و متـمانەیـان بە خۆیـان هـەبێـت و بتوانن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن. دڵنیابین لەوەی کە نەوەیەکی نوێمان بۆ داهاتـووییەکی گەشـتر و باشـتر بۆ کورد و کوردسـتان ئامـادەکـردوون. کە دەتـوانـن لە داهـاتـوودا بە سەرکەوتـووی هەمـوو ئەرک و دەسەڵات و کاروبـارەکـانی کوردســتان بەڕێـوەبـەرن.
لە دوای خـێزان و باخچـەی منداڵان، قوتابخانەی بنەڕەتی رۆڵیکی سەرەکی و گرنگ و کاریـگەر و چارەنـووسسازی لە فـێرکـردنی راسـت و لە پەروەردەکـردنی دروست و لە ئاراسـەکـردنی پێـویسـت و لەـ راهـێـنان و لـە ئـامـادەکـردنی بـاشی منـداڵانـدا هـەیە.
بێگـومـان مامۆسـتایانی دڵـسـۆز، دینـەمـۆی فـێرکـردن و پەروەردەکـردن و راهـێنان و ئاراستەکـردنی مـنداڵانـن لە قـوتـابخـانەدا. کەسیـش نکـووڵی لـەوە ناکـات، کە پـیـشەی مامۆستای پیرۆزتـرین پیشەیە و دایکی هەمـوو پیشەکانە لە جیهـانـدا، مامۆستایـانیش هـەڵگـری پیـرۆزتـرین پەیـامن. هەر ئەم پەیـامەشە پیـرۆزی و خۆشەویستی و رێـز و شکـۆمەنـدی و پـێگەیەکی کـۆمەڵایـەتـیی بـەرز و تایبـەتی بە مامۆسـتایان بەخـشـیوە.
تا ئەمـڕۆش مامۆسـتایـان بـەردی بنـاغـەی فـێرکـردن و پەروەردەکـردنـن، هـەر واش دەمـێـنـنەوە. ئەگـەرچی هـەنـدێ لـە دەوڵـەتـانی پـێـشکەوتـووی جـیهـان، ویـستـیان مامۆستای ئامـێر ( مامۆسـتای رۆبـۆت) دروسـت بکەن، کە جـێی مامۆسـتای مـرۆڤ بگـرێتەوە، بە دووری دەزانـم کە مامۆستای رۆبـۆت بتوانێـت جێی مامۆستای مرۆڤ بگـرێتەوە و بتوانێت وەک ئەو رۆڵی هەبێـت لە فـێرکردن و پەروەردەکردنی منـداڵان.
ئـەوەش دەزانـین، کە هـەمـوو گـۆڕانکاری و چاکـسازیـیەک، لە پەروەردەکـردن و لە هەموو بوارەکانی کەشـدا، لە پەروەردەکردنی دروست و لە راهـێنانی باشی منداڵانەوە دەسـتپێـدەکەن. بۆیـە زۆر پێـویسـتە رۆڵێ منـداڵان، لە ئەمـڕۆدا و بۆ داهـاتـووش، بە گـرنـگ و بە هـەنـد بـزانـیـن. لە ئەمـڕۆدا، تـا رادەیـەکی زۆر گـرنگـیـدان بە منـداڵان، بـووە بە پێـوەری هـەڵـسەنگانـدنی رادەی پـێـشکەوتـن و شارستانـیی گەلانی جیهـان.
لەم دیـدگـایەوە، پیـویستە گرنگـییەکی زۆر بە ئامادەکـردن و بە راهـێنانی مامۆستایان بـدرێـت، بە تازەتـریـن و سەرکەوتـووتریـن و شـێواز و رێبـازی نـوێی وانەوتنـەوە و فـێربکـردن رابهـێنـرێـن. تا بتوانـن بە شـێویەکی مـۆدێـرزم و ئاسان قـوتـابییەکـانـیان فـێربکەن و زانسـت و زانیـارییان پێبگەیەنـن. چونکە ئـەو داهاتـووە خوازراوەی کە دەمانەوێـت، لە سایەی مامۆسـتایانی داهـێـنەری مانـدوونەناسی ئەمـڕۆماندا دێتەدی.
ئەوەش دەزانین، دروستکـردنی کۆشکی باڵابەرز و قـوتابخانەی قەشەنگ و شەقامی بەریـن و باخچـەی رەنگـین، ئاسانـترن لە بنـیاتـنانی مـرۆڤی دروست و هـاوسـەنـگ.
لـەم پێـودانـگە هـزرییـەوە، بۆ بە دیهـێـنانی ئامـانجـە نەتـەوەیی و نیشـتـمانـییەکانمان، پێویستە پلانێکی ستراتـیژی و تۆکمە و وردی پەروەردەیی مـۆدێـریـزم دابـڕێـژیـن. کە زامـنی هـێـنانەدیی خواسـت و هـیوا و خەون و ئامانجەکانمان بێت. ناشبێت پەنجەرە و دەرگـاکانـمان لە رووی شـنەبـای پـێـشکەوتـن و داهـێـنان و رۆشـنـبـیریی جـیهـانـیـدا دایـانـبخەیـن. چـونکە لە سـایەی گـڵوبالـیزمـیـدا، زانسـت و زانیـاری و رۆشـنبـیری و داهـێنان. سنووری سیاسی و جـوگـرافـیـیان نییە و بـوونـە بە مـوڵکی هـەمـوو گـەلانی جـیهـان. سـوودیـان لـێـیوەردەگـرن و سوودیـشـیان پێـدەبەخـشـن.
بە داخـەوە تا ئەمـڕۆش بەشـێکی زۆر لە مامـۆسـتایانی کوردمـان، لە تـازاگـەری و لە داهـێنانەکان و لە شێواز و لە رێبازە نوێیەکانی فـێرکردن و پەروەردەکردنی قـوتابیاندا، بێئاگان و نابەڵەدن. یان ئاگـادارن و خۆیان مانـدوو ناکـەن. یا هـۆکارەکەی ئەوەیە، کە پەیـڕە و پرۆگـرامەکانی خوێندنی قوتابخانەکانی کوردستان کلاسیکین و گۆڕانکارییەکی ئەوتـۆیـان تێـیـدا نەکـراوە. ئەگـەر مامۆسـتایانی شـارەزای شـێوازی نـوێی فـێرکـردن و پەروەردەکردنمان نەبێت. منداڵانی کوردمان دوادەکەون و بە کاروانی بۆ پێشەوەچوونی منـداڵانی جیهـان ناگـەن. ئـۆباڵـیشیان لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەی کوردستانە. کە پلانی سـتراتـیـژی و زانسـتیی تـۆکـمەی فـێرکـردن و پەروەردەکـردنی منـداڵانیـان نیـیە. جـدیـش نین لە پـێـشکەوتـن و لە راهـێنان و لە مەشـقکـردنی پـراکـتیکیی مامۆستایان.
تا ئەمـڕۆش مامۆستایـانێکی زۆری کوردمـان، لە قـوتابخـانەکانی کوردستانـدا، لەسەر شـێواز و رێبـازە کلاسیکـییەکان وانـەکـانیان دەڵـێـنەوە، بە شـێوەی تـەڵـقـین ئاسایی و چـاولـێکەری و لاسـاییکـردنەوە و کـۆپـیکـردن. تا ئەمـڕۆش هـەنـدێ لە مامۆسـتایـان تـەوەری وانەنەکانـن، لە سەرەتای وانەکانەوە تا کۆتـاییان، هـەر خـۆیـان قـسەدەکەن، زۆر بە کەمی بـوار بە قـوتابییەکـانیـان دەدەن، کە بەشـداری بـکەن و پـرسـیاربکەن و گـڤـتـوگـۆ بـورووژێـنن و را و بـۆچـوونەکانی خۆیـان دەربـارەی بابـەتـەکان دەربـڕن.
وانەوتنـەوە و فـێرکـردن و پەروەردەکـردن، هـونـەر و زانستـییە، ئەگـەر مامـۆستایان هـونـەرمەنـدی وانەوتـنەوە نەبـن سـەرکـەوتـوونـابـن. ئـەو مامـۆسـتا بەهـرەمـەنـد و داهێنەرەی توانای ئەوەی هەیە وانەی فێرکردن و خوێندن بکات بە پارچە هونەرێکی داهـێنەرانە، جیـاوازییـیەکی زۆری هـەیە، لەگەڵ ئەو مامۆسـتایەی کە بە شـێوازێکی سارد و سـڕ و بـێچـێـژی تەڵـقـین ئاسـایی یان وتـاربـێـژی وانـەکـەی دەڵـێـتەوە.
مامۆستایـانی دابـڕاو لە پێـشکەوتـن و لە رێبـازی نـویی فـێرکـردن و پەروەردەکـردن، چـاوەڕیی ئەوەیـان لـێـناکـرێـت، کە بە شـێواز و رێبـازێکی نـوێ منـداڵان رابهـێـنن و فـێریان بکەن. چونکە “ئەوەی هـیچـیی لەباردا نەبێـت، ناشتوانێت هـیچ ببەخـشێت”.

ئەگـەر مامۆستایـان بە جـدی هـەوڵ بـدەن و بیانەوێـت، بە سەدان شـێواز و رێبـازی و تیـۆری تازەی فـێرکـردن و پەروەردەکردن هـەن. یان خۆیـان دەتـوانن ریچکەشکـێن و داهـێنەربن و شێواز و رێبازێکی داهـێنەرانەی نوێ دابهـێنن. تەڵـقین ئاسا و چاولێکەر و کلاسـیک نەبـن و بە شـێواز و بە سـتایـلـێکی نـوێ و ئاسان وانـەکانیـان بـڵـێـنەوە.
مامۆستای لێهاتوو و رۆشنبیر و نوێخواز، هەمیشە هەوڵی خۆڕۆشنبیریکـردن دەدات و دەیەوێت باکگـراوندێکی رۆشنبیریی گشتیی هەبێت و دانەمێنێت. هەوڵ دەدات بە بواری ئەدەبیـاتی منـداڵان و بە هەموو بـوارەکانی تریش ئاشنابێـت. شایـەنی باسە کە بەشێکی زۆری نـووسـەرانی چـیرۆک و هـۆنـراوە بـۆ منـداڵان، لە مامـۆستایان هـەڵکەوتـوون.
بۆیە پـرۆژەی خـولی راهـێنانی مامۆستایان، لە پشووی هاوینانـدا زۆر پێویسـتە، زۆرن ئـەو ماموسـتایانەی کە بیـسـت بۆ سی ساڵە وانـە دەڵـێـنەوە، کەچی تا ئێستا سێ جار یا چوار جار، بەشدارییان لە کورس و لە خولی هـاوینەی راهـێنانی مامـۆستایان کـردوون. بـۆیـە نابـەڵـەد و بێ ئەزمـوونـن لە بـارەی تـازەگـەری و شـێواز و رێـبـازە نـوێـیـەکانی فـێرکـردن و پەروەردەکـردنی منـداڵان، بەپـێی ئـەم سەردەمـە پێشکەوتـووە.
پێویستە هـەر مامۆستایەک، دوو یا سێ ساڵ جارێک بەشـداری لە خولەکانی راهـێنانی مامۆستایان لە پشووەکانی هـاوینانـدا بکات. تا لە پێـشکەوتن و تازەگەرییەکانی بـواری فـێرکردن و پەروەردەکردنی سەردەمیانەی منداڵان بە ئاگابێت و سوودیان لێوەربگرێت. بە شێوازێکی تـازە قـوتـابییانی کوردمـان فـێربکات و وانەکـانی بـڵـێـتەوە.
هەروەکو چـۆن، پێـشمەرگە پێـویستی بەوە هـەیە، کە بچـیتە خـولی راهـێنانەوە، تا بە شـێوەیەکی پـراکـتـیکـی، لەسـەر چـەکی مـۆدێـریـزم مەشـق بـکات. هـەر بـەم شـێوەیە مامۆسـتایـانیش پێـویستـیـیان بە خـول و کـۆرسی راهـێـنانی بەردەوام هـەیە.
ئەمریکا بەو پێشکەوتنەوە کە هەیەتی، لە پشووەکانی هاوینانی هەموو ساڵێکدا، خولی راهـێنان بۆ مامۆستایانی قـوتـابخانە بنەڕەتییەکان دەکـاتەوە، هەمـوو مامـۆستاکانیشیان بـڕوانامەی بەکالـوریـۆسیان لە فـێرکـردن و پەروەردەکـرنـدا هـەیە. هـەر مامۆسـتایەکی بەشداربووی خولەکـان، کە چـوار جـار یا پێـنج جار بەشـداری لە خولەکانـدا بکات و لە بـواری پسـپۆرییـدا، تـێـزێـک دەربـارەی بابـەتـێکی تـازەی داهـێـنراو پـێـشکەش بـکات، بـڕوانامەی ماستەر وەردەگرێت و شایەنی پێگەیەکی تازەش دەبێت، لە پێشتریش دەبێت بۆ ئەوەی کە بـیکەن بە بەڕێـوەبـەری قـوتـابخـانە یا بە سـەرپەرشتـیاری پەروەردەیی.
مامۆستایانی دڵسۆز، هەمووشـتان ئەوە دەزانـن، کە لە ئەمـڕۆدا ئینـتەرنێـت و ئایپـاد و ئایفـۆنی زیـرەک بوونە بە پێویستی هـەرکەسێک، کودەتـایـان سپییان بەسەر پێـنووس و تێـنووس و پـێـنووستاش و لاسـتـیکی کـوژانـدنەوەدا کـردووە. ئـەم ئامـێرانە تـازانـە کەوتـوونـەتە هـەمـوو مـاڵـێکەوە. منـداڵانیـش وەکـو گـەورەکـان بەکـاریـان دەهـێـنن و لە بـواری ئاکاریمیـدا، سوودێکی زۆریان لێـوەردەگرن. پێویستە ئێوەی مامۆستایانیش لە فـێرکـردن و لە پەروەردکـردنی قـوتابییەکانتانـدا، سـوود لە ئینـتەرنێـت وەربگـرن.
مامۆستایانی خۆشـەویست، وا تێنەگەن کە لەم نووسینەمدا، لە رۆڵی گرنگی ئێوەم کەم کـردبێتەوە. مەبەستی من ئەوەیە کە رێباز و شێوازی تازە و داهـێنان لە هـونەری وانە وتنەوەدا بەکاربهـێـنن. بە دواداچـوون بـۆ گـۆڕانـکاری و تـازەگەری و داهـێنانی نـوێی بواری پەروەدە و فـێرکـردن بکەن. پێـویسـتە بە بەردوامـی بخـوێـنـنەوە. تا بـزانـن لە:
“دیـوەخـانە چ بـاسـە”.
دەزانـم کە مامۆستای نموونەیی و لـێهاتـوو و داهـێنەری کوردی زۆر باشیشمان هـەیە.
بۆ نموونە، ئامـاژە بە خـوشکـێکی مامۆستای لـێهـاتـوو و داهـێنەر دەدەم، کە زۆربـەی وانەکانی بە ڤـیدیۆ لە فەیسبووکدا بڵاویانی کردەوە. ئەم مامۆسـتا داهـێنەرەمان، خاتـوو “ئامـاد”ە، مامۆستای پـۆلی یەکی بنەڕەتییە لە قـوتابخانەی خانـزادی تێکەڵاو لە شاری کەرکوکی کوردستانی. سەرسامـم بە شێواز و رێباز و ستایـلی هـونەری و داهـێنەرانەی سەرکەوتووی مامۆستا ئامـەد، لە فـێرکردن و پەروەردەکردن و راهـێنانی قـوتابییەکانی. بە جوانی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵیانـدا. پێش هەموو شتێک مامۆستا ئامەدی میهـرەبان، پـردێـکی لە خۆشەویستی و رێـز لەگەڵ قـوتـابییەکانیـدا دروستکـردووە. ئەمـەش راز و مەرجـێکی سـەرەکـیی سـەرکەوتـنی مامـۆسـتای بـاشـە. مامـۆسـتا ئـامـەد بە رۆحـێکی کوردایـەتی و بە کوردستان پەروەریـش، قـوتـابیـیەکـانی گـۆش و پەروەردە دەکـات. لە زۆربـەی وانـەکـانیـدا، خـۆی وەکـو پێـشەنـگ و سـەرمەشـق و قـوتـابییەکـانیشی وەک چاولـێکـردنی، بە جـلی کوردیی ئاڵاواڵا و بە ئاڵای پیـرۆزی کوردستانەوە لەنـاو پـۆل و لە قـوتابخانەدا دەردەکەون . بەشـێکی زۆریش لە فـێرکـردنی وانەکـانی، بە جـووڵـەیی جەستە و بە یـاری و بە چالاکـیـیەوە بەستوون. ئەمـەش شـێـوازێـکی سـەرکـەوتـوو و ئاسان و خـۆشـیـشە بـۆ فـێرکـردن و فـێربـوون. مامـۆسـتا ئامـەد یەکـێکە لە مامۆسـتا داهـێنەرە نمـوونەییەکانی کوردسـتان. ئافـەرین و دەستخـۆشی لە مامـۆستای دڵسـۆز و بەڕێـزمان، مامۆستا ئامەد دەکەم. هـیوای درێـژەپێدان و داهـێنانی نـوێتر و پـێشکەوتن و سـەرکەوتـنی زیـاتـر و زیاتـری بۆ دەخـوازم. بە شایەنی ئەوەی دەزانم، کە لەبەردەم بەڕێوەبەرێتی خـوێنـدنی کوردی لە شاری کەرکوک، جـوانتریـن و بەرزتریـن پەیکەری لە بەهـاتـرین گـەوهـەر و ئەڵـمـاس بـۆ دروسـتـبکـرێـت.
هـیواخوازیشـم لە نموونەی مامۆستا ئامـەد لەنـاو مامۆستایانی کوردمـان زۆرتـر بێـت.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٠٢٣




تیفتیفه‌ی زه‌وی.. به‌ختیار محه‌مه‌د

زه‌وی به‌هاران
ڕیش و سمێڵ داده‌نێ
زستانان له‌ سه‌رتاشخانه‌ی ڕێبه‌ندان
به‌ گوێزانی شه‌خته‌
جوان جوان
ده‌یتاشێ.
زه‌وی هاوینان
قژ و مووی هه‌موو سپی ده‌بێ
پاییزان له‌ سه‌رتاشخانه‌ی ڕه‌شه‌بادا
به‌ گوێزانی خه‌زان
جوان جوان
ده‌یتاشێ.


زه‌وی هه‌موو هاوینان ئاره‌قه‌ی زۆر ده‌كا و
زستانان له‌ حه‌مامی خوادا
به‌ شامپۆی به‌فر و
به‌ ڕێژنه‌ی باران
جوان جوان
خۆی ده‌شوا.
زه‌وی هه‌موو پاییزان
خۆی وه‌ك ژنه‌ پۆرنه‌رێك
ڕووت ده‌كاته‌وه‌ و
به‌هارانیش
وه‌ك كچه‌ مۆدێلێك
جوانترین به‌رگی گیا ده‌پۆشێ.
زه‌وی به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك جوانه‌:
چ ڕووت و قووت بێ
چ به‌رگی له‌به‌ر بێ
چ به‌ حه‌یا و به‌ شه‌ڕه‌ف بێ
چ بێ نامووس و سۆزانیی بێ.

به‌ختیار محه‌مه‌د




کتێبی “كەمێك ڕووناكییەكە زیاد بكە شادییە دوورەكان بێگانەن”.. نووسینی: تەیب قادر

کتێبی “كەمێك ڕووناكییەكە زیاد بكە شادییە دوورەكان بێگانەن”، بەرهەمی چوار ساڵ ئیشكردنی نووسەر و شاعیر تەیب قادرە، وەك شاعیر دەڵێت: لەو دیوانەدا جارێكی تر بە تێڕوانینی جیا لە مرۆڤم ڕوانیوە، كە مرۆڤ لەگەڵ مردن یان لەگەڵ ژیاندا لەگەڵ هەموو ئەو كەرەستانەی دەوروبەری، چۆن مامەڵە دەكات.

تەیب قادر لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بەوە دا، ئەم دیوانە ئەزموونێكی جیاواز و جۆرێكی تر لە بیركردنەوەی منە، ئەو بیرۆكانەم هێناوەتە ئارا كە مرۆڤ لە كوێ بوونی خۆی لەبیر دەكات و لە كوێ هەوڵ بۆ بوونی خۆی دەدات. ئەم كتێبە هەم پرسیار دەكات و هەم هەوڵ دەدات شیكار بۆ پرسیار و ماناكانی تر بكات. گەڕانێكە بەناو شوێنە تاریكەكان و شوێنە ڕووناكەكانی گەردوون كە مرۆڤ لەو بەینەدا لە ململانێیە.

ئەم كتێبە دووەم كتێبی بڵاوكراوەی ناوەندی تەم بۆ نووسینی كوردییە، بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ڕۆسا چاپ و بڵاو دەكرێتەوە. كتێبەكە ٤٦٩ لاپەڕەیە بە قەبارەی ٢١ بە ١٤ كە چوارەم كتێبی شیعری تەیب قادرە.




زایەڵەی دەنگەكان.. ستار ئەحمەد

دەنگ هەڵمەبڕە
با زیاتر ئارەقەی تووتیەكان
بەگەڵای تووتنا چڕنەبنەوە
نەوەكوو گوڵەكان رەنگ بكە ن و
باخچەكانمان كاڵببنەوە
من لەئاستی دەنگەكاندا
یەجگار كاسم
رەنگەكان روانگەم لیڵدەكەن
مۆر ببینم
فرمێسكی یەختەی قوربانیم
دەرخواد دەدەن
زەرد ببینم
پاییز تەختەی سەرفەرازیم
بەگەڵا مردوو شۆر دەكات
سەوز ببینم
نەهەنگەكان
خوێنم دەكەن بەنەخشیلە
هێشتا ورد بووم
چەچەمیان بەرەنگی ئاسمان
لەخوێناوی دایكم نا
بەركی باوكمیان هەڵدڕی
جەرگ و دڵیان خستە جێگەی
من دڵنیام
هەمان رەنگ و
هەر ئەو دەنگەی
لەگەڵ زایەڵەی سەحرادا
تێكەڵبوویت و
عەبای شەوت كردە شانت
خولگەی هەڵاتنت بەزاند
شاتاڵان بووە میوانت
دەنگ هەڵمەبڕە
باكانیاوەكان وشك نەكەن
تاڤگەكان نەبنە برووسكە
ئەوەی بەهەڵەبجە كرا
هەمان خەڵاتی كۆبانێ و
دیاربەكرو
كەركووكە.

ستار ئەحمەد