[فوئاد سالم] ئەفسانەی هونەر و هەڵوێست.. گۆران هەڵەبجەیی

پێشکەشە بە [١٠]یەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی هونەرمەند.

زیادەڕۆیی نیە گەر بڵێم حیزبی شیوعی عێراقی لە دەمی دامەزراندنیەوە تا قەدەغەکردنی وەک حیزبێکی چەپ، مەدرەسەیەک بووە بۆ بەرهەمهێنان و پێگەیاندنی هەزارەها(بەهرمەند) .گەر ئاوڕێک لەمێژووی عێراق بدەینەوە دەبینین ئەو بەهرەمەندانەی لەبوارە جیاجیاکاندا ڕۆڵ و کاریگەریان هەبووە ئەندام یا هاوسۆزی حیزبی شیوعی بوون. تا ئەو دەمەی بەعسی فاشی کۆنترۆڵی دەسەڵات و سەرجەم کۆمەڵگاو کایە ئیبداعیەکانی نەکردبوو ،بەدەگمەن کەسێکی بەهرەمەند دەستدەکەوت کە ئەندام یا لایەنگری حیزبی شیوعی نەبووبێت.
پاش ئەوەی لەکۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا شاڵاوی گرتن و ئەشکەنجە و کووشتن بۆسەر حیزبی شییوعی دەستی پێکرد ،ڕۆژبەڕۆژ ئەو شاڵاوە تووندتر دەبوو، بۆیە بەناچاری زۆربەی ئەو بەهرەمەندانە عێراقیان بەجێ هێشت و ڕویان کردە هەندێک وڵاتانی عەرەبی وەک یەمەنیی باشوور،لیبیا ،جەزار،سوریا.،هەروەها هەندێکیشیان لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژ هەڵات گیرسانەوە،ژمارەیەکی زۆریشیان ڕوویان کردە چیاکانی کوردستان و بوونە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی.
یەکێک لەو بەهرەمەندانەی هەرزوو عێراقی جێهێشت ، هونەرمەندی پایەبەرزی عێراقی {فوئاد سالم} بوو.بەهۆی ناوبانگ و ئاستی بەرزی جەماوەری و پێگەو توانای لە نێو هونەری گۆرانی عێراقیدا دەزگاکانی بەعس فشارێکی زۆریان خستەسەری ،دەیانەویست بەهەرجۆرێک بێت ئەو شوعیە جەسورە ئەو دەنگە دلێرە خامۆش بکەن .سەرەتا هەوڵیاندا بە پێدانی ئییمتیازات بیکەنە بەعسی، دەمێک زانیان ئەم کارە سەرناگرێت توونندوتیژی و لێدان و سوکایەتی دەستی پێکرد ،پاشان لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان وەک وانەبێژ دەریان کرد ،ئەوجا ڕێگری لە گووتنی گۆرانی و بەکارهێنانی زەبروزەنگ بەرامبەری شێوازێکی دیکەی فشاربوو بۆسەر هونەرمەندی کۆچکردوو.
لە ئاکامدا بۆی دەرکەوت کە لەو وڵاتەی خۆشی ویستوە و بەهونەرو سیاسەت خزمەتی کردوە، شوێنکی تێدا نەماوە بۆ ئەو بۆ درێژەدان بە ژیان .ئیدی دڵنیا بوو لەوەی مانەوەی لەوڵاتدا مەترسیە بۆسەرژیانی ،بۆیە بڕیاری سەفەریدا.
ئەوەبوو ساڵی ١٩٧٨ عێراقی بەجێهێشت و هەرچی یادگاری تاڵ و شیرینی ڕابردوو هەن لەپاش خۆی بەجێیهێشت و بەرەو کوێت سەری هەڵگرت.
{نەغم)ی کىی دەربارەی ئەم مەشهەدە حەزینە دەڵێت:[تەمەنم شەش ساڵ بوو بەیانی زوو لەخەو هەڵیانساندم ،بەیانیەکی ساردو تەماوی بوو ،دایکم ،مامم ،دووکوڕی مامم، باوەگەورەو دایەگەورە لەدەورم کۆبووبوونەوە ،نەمدەزانی چی دەگوزەرێت ،گووتیان ماڵئاوایی لەباوکت بکە چونکە سەفەردەکات.بابم بەتووندی لەئامێزی گرتم و ماچبارانی کردم کە هاوکات فرمێسک بە چاوانیدا دەهاتە خوار.پاشان بەباوەشی ماممەوە لەسەر دیواری حەوشەکەوە دیقەتم دا بابم لەگەڵ هەموو هەنگاوێکیدا ئاوڕدەداتەوەو بەدەستتی ماڵئاوایمان بۆدەنێرێت ،ئێمەش بەهەمان شێوە وەڵاممان دەدایەوە ،تا لەنێو تەمی ساردی بەرەبەیاندا بەیەکجاری ونبوو،ونبوونێک ٢٤ ساڵی خایاند تا بەدیداری شادبوومەوە،]ئەودەمە لەوبارەوە هیچ حاڵی نەبووم،پاشان کەگەورەبووم تێگەشتم چ تراجیدیایەک ڕوویداوە.
فوئاد سالم پێشتر لەڕێگەی هونەرەکەیەوە لە کوێت ناسرابوو، هەر بۆیە بەخێرایی لەئامێزیان گرت و دەرگای هونەریان بۆ کردەوە.
بەهۆی ئەو زەمینە گونجاوەی لەکوێت بۆی ڕەخسابوو، هونەرمەندی کۆچکردوو زۆر بەخێرایی چالاکیە هونەریەکانی گەشەی کرد،جگە لەکوێت لەوڵاتانی دیکەی کەنداو بانگهێشت دەکرا بۆ سازکردنی ئاهەنگ و کۆنسەرت .
ژیانی هونەرمەندی کۆچکردوو لەکوێتیش دوور نەبوو لە فشاری مخابەراتی ئێراقی ،بەردەوام لەژێر چاودێری و هەڕەشەی ئەو دەزگا تۆقێنەرەدابوو ، تەنانەت هەوڵدان بۆ کووشتنی یەکێک بوو لەپلانەکانیان.
بۆنمونە جارێک فوئاد سالم لە بەرنامەیدابوو لەیەکێک لەوڵاتانی کەنداو بەشداری کۆنسەرتێک بکات ، هاوکات بڕیار بوو لە ئێراقیشەوە چەند گۆرانیێژێک بەشداربن.مخابەراتی ئێراقی یەکێک لەو گۆرانیێژانە ڕادەسپێرێت کە بە دەرزیەکی ژەهراوی فوئاد سالم بکوژێت، بەهەرهۆیەک بێت خۆشبەختانە فوئاد ئامادەی ئەو ئاهەنگە نابێت و پلانەکەیان شکست دێنێت.
ئەم مرۆڤە شیوعیە هێندە بەئەخلاق و لێبوردەبوو هەرگیز ئامادەنەبوو ناوی ئەوناپاکە بهێنێت،تەنانەت دوای هەرەسی ڕژێمی سەددامیش ئامادەنەبوو تۆڵەی لێبکاتەوە.لەوکارەدا پەنجەی تاوان بؤ یەکێک لەم سێ گۆرانبێژانە درێژدەکرا کە لەو ئاهەنگەدا بەشداربوون ئەوانیش سعدون جابر،ریاض احمد،حمید منصوربوون.
تا دەهات فشاری موخابەراتی عێراقی لە باڵوێزخانەکەیان بۆ سەر هونەرمەند و هاوکات بۆ دەسەڵاتدارانی کوێتتیش تووندتر و زیاتر دەبوو ،جا پێدەچێت لایەنی کوێت و خودی فوئاد سالمیش گەشتبنە ئەو قەناعەتەی کە دەببێت کوێت بەجێ بهێڵێت.وێرای ئەم مەترسیانە سەددام حوکمی لەسێدارەدانی بە (غیابی) بۆدەرکردبوو، چونکە هەردەرفەتێکی بۆ بڕەخسایە هێرشی تووندی دەکردە سەر ڕژێمی بەعس و خودی سەددام. وەک خۆی ئاماژەی پێدابوو ،لە بۆنەیەکی عەرەبیدا کەسێک لە باڵوێزخانەوە جپێدەچێت پیاوی مخابرات بووبێت،دێتەلای و بەهێمنی پێی دەڵێت{هەرچی دەکەیت دژ بە دەسەڵاتتی بەعس بیکە تەنها شتێک داوات لێدەکەم هێرش مەکەرە سەر سەرۆک سەددام چونکە ئەنجامەکەی باش نابێت}.ئەویش داواکەی پشتگوێ خستبوو.
لەوانیە بۆکار ئاسانی سەفەر ، کوێتیەکان پاساپۆرتی کوێتیان پێدابێت، چونکە ئەو خاوەنی هیچ پاسپۆرتێک نەبوو. ئەوەبوو بەر لەداگیرکردنی کویت لەلایەن سەددامەوە کوێتی بەجێهێشت .پاش بەجێهێشتنی کوێت لە قوبرس و ئەمریکاو سوریا ژیا.لەکۆتایدا بەیەکجاری لە دیمەشق جێگیر بوو .بەهۆی ئەوەی هونەرمەندێکی خاوەن جەماوەر و بەهەڵوێست بوو، حکومەتی سوری ڕێزی لێگرت و پێداویستیەکانی ژیانیان بۆ دەستەبەرکرد.
شایانی ئاماژەیە پاش ڕاپەڕین و کشانەوەی دامودەزگاکانی بەعس لەکوردستان، هونەرمەندی کۆچکردوو چەندین جار لەڕێگەی فێشخاپورەوە سەردانی کوردستانی کردو لەچەندین باژێر ئاهەنگی گێڕا ،بەتایبەتی بۆیادەکانی دامەزراندنی حیزبی شیوعی.
پاش کەوتنی دیکتاتۆرو ڕژێمەکەی بەردەوام سەردانی عێراقی کردوە ،هەر لەوێ لەیەکەم سەرانیدا پاش ٢٤ ساڵ بۆیەکەمجار بەدیداری [نغم]ی کچی شادبوویەوە.
بەنسبەت فوئاد سالمەوە کەوتنی سەدام ، ئاسودەیی و دیموکراتی و خۆشگوزەرانی بۆ عێراق نەهێنا،تەنها هێندەبوو دەسەڵات لەدیکتاتۆرێکی ناسیۆنالیستتەوە گۆڕا بۆ دەسەڵاتێکی دواکەوتوی شیعە مەزهەب کە تێڕوانینیان بۆ هونەر و هزری چەپ لەسەدام خراپترە،بۆیە بیرۆکەی گەڕانەوەی یەکجارەکی بۆ عێراق لە مێشکی خۆی دەرکرد.
وەک خۆی دەڵێت کاربەدەستانی عێراقی دوای سەددام هیچ ڕێزێکیان نەبۆخۆم نە بۆ مێژووی هونەریم و نە بۆ تێکۆشانم دژی دیکتاتۆر دانەنا،دەڵێت بۆ گەڕانەووەی مافەکانم کەسەددام زەوتی کردبوو{بۆنمونە خانوەکەی لە بەسرە}، چەندین جارو چەندین مانگ هاتووچۆیان پێم کرد،لەکۆتیدا هیچم بۆ نەکرا،لەم بارەوە دەڵێت بۆئەوەی بیسەلمێنم کە ئێراقیم داوای [کارتی بەشەخۆراک]یان کرد لێم، وەی خۆی گووتی لەژیانمدا کیلۆیەک شەکرم وەرنەگرتوە ،خاوەنی هیچ شتێک نیم گەر مەترێک زەویش بێت، ئێستا ئەمە چ داوایەکی بێیمانایە.
لە کۆتا ساڵانی ژیانیدا هونەرمەندی مەزن دووچاری نەخۆشیەکی سەخت بووبوو،هەر بەو هۆیەوە چەندین ساڵ لە چالاکی هونەری دابڕا بوو یا زۆر کەم بوو.دوا کاری هونەری کۆنسەرتێک بوو لەبەغدا کەساڵی ٢٠٠٧ ئەنجامیدا.
بەر لەکۆچی دوایی بەچەند ڕۆژێک ژمارەیەک هونەرمەندی عێراقی لەبوارە جیاجیاکاندا لەنێویاندا سەعدون جابر لە نەخۆشخانەی دیمەشق سەردانیان کرد و مەدالیای ڕێزیان پێ بەخشی کە کەناڵی[الشرقیە] گرتبوویە ئەستۆ.
ئەم هونەرمەندە بەهەڵوێیستە لە ڕێکەوتی ٢١/١٢/٢٠١٣ لە نەخۆشخانەیەکی دیمەشق لەتەمەنی (٦٨) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد . لەپاش خۆی خەرمانێک لەگۆرانی و ئاواز و شیعری بەجێهێشت،هاوکات سمعیەکی بەرز و شانازیەکی مەزن و ڕێزێکی زۆری وەک سەرمایەیەکی پڕ بەهاوبایەخ لەدوای خۆی بۆمایەوە.
ئەو یەکێک بوو لەو هونەرمەندانەی بیروباوەڕەکەی نەگۆڕیەوە بە هیچ دەسکەوتێک ،ترساندن و فشارو هەڕەشەو هەوڵی کووشتن چۆکی پێ دانەدا ، بەسەربەرزی ژیاو بەسەربەرزیشەوە کۆچی دوایی کرد.
هونەرمەندی کۆچکردوو خاوەنی کۆمەڵێک بەهرەبوو لەوانە: چڕینی گۆرانی بەهەموو شێیوازەکانی باو لە عێراقدا،ئامێرژەنی عودو ئۆکۆردیۆن،ئاوازدانان ،شیعر[خاوەنی سێ دییوانی چاپکراوە]، نواندن و بەشداری لە فلیمداو ڕۆڵگێڕان لەچەندین ئۆپەرێتدا.

چیرۆکی گۆرانی {مەشکورە}
پاش ئەوەی فوئاد سالم لە پەیمانگای هونەرەجوانەکان وەک وانەبێژ دەردەکرێت،هاتوچۆی بینای ئیزاعەوتەلەفۆنی لێ قەدەغەدەکرێت،هەروەها ڕێگەی پێنادەن لەهیچ شوێنێک گۆرانی بڵێت ،تەنانەت جارێک لە هۆڵێکی ئاهەنگ دێتە دەرەوە بەکلکە دەمانچە سیمای خوێناوی دەکەن و هەر لەوێشدا هەڕەشەی کووشتنی لێدەکەن.وەک پێشتر ئاماژەم پێدا بۆی دەردەکەوێت کە ژیانی بووەتە دۆزەخ ،بۆیە بڕیاری دەربازبوون دەدات. مەسەلەی سەفەر لەگەڵ هاوژینەکەیدا(مي جمال) کەئەویش لەبواری نواندندا کاری کردوە باس دەکات ،بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە .{ دەنگۆیەک لەئارادابوو کە گوایە لای ئەمن خەبەری لێداوە کە نیازی سەفەری هەیە بەڵام بەبڕوای من ئەمە دوورە لەڕاستیەوە،چونکە گەرکاررێکی وای بکردایە بەرلەسەفەر دەستگیریان دەکرد}.
مانگی دێسەمبەری ساڵی ١٩٧٨ سەفەری کوێت دەکات ،پێدەچێت زیرەکانە کوێتی هەڵبژاردبێت چونکە سەفەری عێراقیەکان بۆ کوێت ئاسایی بووە و جێگەی گومان نەبووە.
لە ساڵی [١٩٨٣] لەکویت ئەلبومێک دەردەکات بەناوی[مشکورە]
ئەم گۆرانیە شیعرو ئاواز و ئەدای هی خودی خۆی بووە .
لەدایک بوونی ئەم گۆرانیە لە ئاکامی ئەو هەواڵە ناخۆشەبوو کە پێی دەگات ئەویش هەواڵی جیابوونەوەی هاوژینەکەیەتی لێی {مي جمال} . پێدەچێت ئەم جیابوونەوەیە پلان و فشاری دەزگاداپڵۆسێنەرەکانی بەعس بووبێت و ئەویش نەیتوانیبێت جێبەجێی نەکات.دیارە مەبەستی موخابەرات لەم کارە ئازاردانی دەروونی بووە.
کاریگەری قوڵی دەروونی لە سەر هونەرمەند بەهۆی ئەو ڕێزو خۆشەویستیەوە بووە کە بۆ هاوژینەکەی هەیبوو . وەک لە وشەکانی گۆرانیەکەدا دەردەکەوێت هەرچی هیواو چاوەڕوانی و ئایندەی پڕ ئومێد هەیە هەرەس پێدێنێت .
ئەم مرۆڤە هێندە ڕەوشت بەرز و دڵپاکە، هێشتا بەزمانی ڕێزو شارستانیەوە موخاتەبەی دەکات ،هیچ وشەیەکی بریندارکەر بەکار ناهێنێت ،بەڵکو بەپێچەوانەوە هیوای ئاسودەیی بۆدەخوازیت و بەجوانترین پەیڤ ستایشی دەکات . تەنها گلەیی ئەوەیە کە دەلێت (چاوەڕێم دەکرد گەر بەدرۆش بوایە داوای لێبوردنت بکردایە).
ڕاستە هاوژینەکەی بێوەفایی بەرامبەرری نواد و لەناخەوە زامداری کرد ،بەڵام بووە هۆکاری لەدایکبوونی شاکارێکی پڕغەم کە هەرگیز لەیادەوەری گوێگرانی فوئاد سالمدا کاڵ نابێتەوە،گۆرانیەکە پڕاوپڕە لەهەستی بەئازاری دڵێکی شکاو،ئەستەمە کەسێک جارێک گوێی لێبگرێت و دووبارەی نەکاتەوە،ئەم گۆرانیە لەڕووی شیعروئاواز و ئەداوە لەترۆپکدایە.
سەبارەت بە هاوژینەکەی ،واتە {مي جمال} لە ساڵی [٢٠٠٥]دا لەتەمەنی [٦٠] ساڵیدا بە نەخۆشیی کۆچی دوایی کرد.
[[نغم]] ی کچیشی کە شانۆکارو دەرهێنەرێکی بەتوانابوو ئەویش تاڕادەیەک چیرۆکی باوکی لەکنی دووبارە بوویەوە ،بەوەی لە بوارەکەی خۆیدا زۆر دژایەتی دەکرا ،تا ناچار بوو ئێراق بەجێ بهێڵێت و لە تورکیا بگرسێتەوە.
بەداخەوە ئەم هونەرمەندە لێهاتوە بەهۆی نەخۆشیەوە ساڵی (٢٠٢١ ) لەتەمەنی ٤٨ ساڵیدا لە وڵاتی غەریبیدا کۆچی دوایی کرد.

تەکستی گۆرانی شکورە
……………………………
هاي تاليتها صفيت هيجي وبسرعة مشيتي
رحتي وحتى بالكذب وبالكذب ماتعذريتي
لالالالالالالالالا…لالالالالا
خفتي الله ولاحسبتي حساب حوبة دمعي وقليبي وخطيتي
شرد اكلج غير وانا مسافر لديرة غرب
مشكورة تردين ماقصريتي
جنت اشوفج يقظة باحلام السعادة
ودنية مليانة امل
وجنت اشوفج فرح عمري وشمع ليلي
ودهر ايامه عسل
هدمتي بية اشما بنيتي
وكتبتي بية اشما محيتي
يعني شفتيني رجيجي الحال يمعودة اشتفيتي
مشكورة تردين الصدك ماقصريتي
الله يهديك بشبابج غير هاذة شرد اكول
بعد ماضل لي عتب
وانتي والايام صرتي ضيم ضهري والعذول
عجب ياحبيبة عجب
الله يهديج بشبابج غير هذة شرد اكول
بعد ماض لي عتب
وانتي والايام صرتي ضيم ضهري والعذول
عجب ياحبيبة عجب
هدمتي بية اشما بنيتي
كتبتي بيه اشما محيتي
كتاب بيتج جان حرف واحد ما قريتي
مشكورة تردين الصدق ماقصريتي

سەرنج/ هەر بەڕێزێک بخوازێت گوێ لە گۆرانی [مشکورە] بگرێت دەتوانێت لە یوتوب بەئاسانی بیدۆزێتەوە.

گۆران هەڵەبجەیی




گفتووگۆ لەگەڵ شاعیر و رۆماننووسی عیراقی (دنیا میخائیل).. عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا كردوویە بە كوردی

دنیا میخائیل: دەنووسم بۆ ئەوەی شێت نەبم

شاعیر و رۆماننووسی عیراقی (دنیا میخائیل) كە ئێستا لە زانكۆی ئۆكلاندی ئەمریكی زمانی عەرەبی دەڵێتەوە. پێیوایە ئەدەب و هونەر دەتوانێ‌ دەنگی پەراوێزخراوەكان بێت. ئەو هەر لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ساڵی 2001 لە بواری مافی مرۆڤ خەڵاتكراوە. لە ساڵی 2017 بەسەرهاتی پڕ ئازاری ئافرەتانی یەزیدی شەنگاری ژێر دەستی داعش بە ناوی (لە بازاڕی سەبییاندا) كە چۆن وەك سەبایەی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، چاپ و بڵاو كردۆتەوە.

پ/ بۆچی دەنووسی؟
دنیا میخائیل/ بۆ ئەوەی شێت نەبم.

پ/ كتێبەكەت (لە بازاڕی سەبییاندا) بەڵگەنامەیەكە لە بارەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتانی یەزیدی، ئایا تۆ بڕوانامەیەكی فیكری بە خوێنەر دەبەخشیت، كە مێژوو و رووداوەكان و كەسایەتییە حەقیقییەكان لەخۆدەگرێت، ئایا تا چەند لەو ژانوژوارە نزیكبوویتەوە؟ ئایا لەو رێگایەوە دەتەوێت مێژووی وسبەلێكراوەكان بناسێنی؟

دنیا میخائیل/ سەبایەكان و فرۆشتنیان لە بازاڕدا مەسەلەیەكە قابیلی لێبووردن نییە، بۆیە بە هەموو ژانرە ئەدەبییەكان شیعر، پەخشان، گێڕانەوە… وەڵامی ئەو ستەمەم داوەتەوە. خۆم سەردانی شوێنی ئەو كارەساتە گەورەیە(گوندی شەنگار) كرد و لە نزیكەوە قسەم لەگەڵ ژنانی هەڵاتووی ژێر دەستی( داعش) كرد و گوێم لەو پیاوانە راگرت، كە لە مردن رزگارییان ببوو. چیڕۆكەكانیان لە خەیاڵ سەیرترە، هەموو ئەوانەم وەك بابەتێك لە (بازاڕی سەبییان)دا نووسییەوە و دواتر لە رۆمانی (تاتۆی باڵندە) كارم لەسەر كردوە، من بەبێ‌ قەڵەم چۆن دەبمە دەنگی پەراوێزخراوەكان؟ قەڵەم بەسەر چەكدا سەردەكەوێت، قەڵەم بەرەنگاری زەمەن دەكات، هەمیشە وشە وەك چەك دەنگدانەوەی هەیە.

پ/ لە دنیای هاوچەرخدا واقیعی ژنان چۆن دەبینی؟
دنیا میخائیل/ ئێستا واقیعی ئافرەتان لە ئاستی پێویستدا نییە، نەك هەر لە نیشتمانی عەرەبی و بەس، بەڵكو لە هەموو شوێنێكی دنیادا. هەتا ئێستا ئافرەت وەك رەگەزی دووەم لە پێناو رەگەزی یەكەم بەكار دەهێنرێت. هەڵبەتە هەر لە بنەڕەتدا كۆمەڵگای باوكسالاری ئەو نەخشەیەی كێشاوە، بەڵام كەمەكێك هەن باشترن.
پ/ بە لای تۆ خەسڵەتەكانی خوێنەری نموونەیی چییە؟
دنیا میخائیل/ خوێنەری نموونەیی لەسەر وەڵامی نووسەر ناوەستێ‌، بەڵكو پرسیار دەیوڕوژێنێ‌، لەسەر رازیبوون و بەرهەمهێنانی كەسییەكان دەوەستێ‌، خوێندنەوەی كارلێككەری ئیبداعی لە نووسینی ئیبداعی كەمتر نییە، گشت داهێنانەكانی ناو نووسین بۆ ئەو خوێندنەوەیە دەگەڕێتەوە.
پ/ شێوەی ئەو نیشتمانەی خەونی پێوە دەبینی چۆنە؟
دنیا میخائیل/ وەك ئاسمان، پڕە لە باڵندە، هەڵدەفڕن دەڕۆن و دەگەڕێنەوە، دەنیشنەوە، ئەگەر لەسەر درەختێ‌ نیشتنەوە هەڕەشەی پێكرانیان نییە.
پ/ بەرگی رۆمانێكی دنیا میخائیل (جەزیرەیە)، شكۆی ژیان، مافی بوون، ستەمی كۆمەڵایەتی، دیكتاتۆری هەرێمایەتی، ئافرەتانی گەندە، هەموو ئەو بابەتە مشتومڕخوازانە لە كارە شیعری و رۆمانەكانتدا لە دەرگایان دەدرێت… ئایا تا چەندی دیكە بە مرۆڤەوە سەرقاڵ دەبیت، تا چ سنورێ‌ بەهای مرۆڤایەتی لە كارەكانت دەردەكەونەوە؟ ئایا دەشێ‌ كارەكانت وەك بەڵگەنامەی كۆمەڵایەتی مێژووی عیراقی هاوچەرخ تەماشا بكرێت؟
دنیا میخائیل/ نازانم، دەشێ‌ هەموو كارێكی ئەدەبی بەڵگەنامەی مێژووەكی دیاریكراو بێت، لە كۆتاییدا هونەر كلیلی ژیانی سەردەمێكی دیاریكراوە و بیرەوەرییەكان لە ئێستاوە بۆ ئایندە دەگوازێتەوە، ئالێرەدا بایەخی هونەر دەردەكەوێت، سێبەری كاریگەری زەمەنەكان دەبڕێت، هەروەها رووییەكی دیكەی ئایدیۆلۆژیا دەگەیەنێت، رووییەك كە دەسەڵاتداران و بیری یەكتایی برەوی پێدەدەن.
پ/ لە كۆمەڵە شیعرییەكانت (شەوانی عیراقی) و (جەنگ) بە جیدی دەردەكەوێت و میمۆری جەنگە درێژەكانی مرۆڤی عیراقی نمایش دەكەیت، ئایا شیعر لە توانایدایە هەموو ئەو وێنە پڕ ئازارانەی جەنگ لەخۆبگرێت؟
دنیا میخائیل/ قەسیدەكانم بۆتە واقیعی ئیستاتیكیمان، كە لە واقیعی پڕ لە ئازار هەڵقوڵاوە.

پ/ عیراقت بەجێهێشت و دوور لە نیشتمانەكەت بە قۆناغێكی دامەزراوەی و گرنگی ژیانتدا تێپەڕیت، بەڵام عیراق بە كەلەپوری شارستانی و غەمی جەنگەكانییەوە ئامادەیە… ئایا نووسین دنیابینییەكی هاوتای ئەو واقیعەی پێشكەش كردووە؟
دنیا میخائیل/ سی ساڵی سەرەتای تەمەنم لە عیراقدا ژیام، سێبەرەكانی لە یادەوەریمدا ماونەتەوە، سێبەری جەنگ و جوانی و خاپووربوون، مێژووی وڵاتەكەم و هەموو ئەو شتانەی تێیدا ژیام و جێمهێشت، ئایا چەند پەیوەندی بە نووسینەكانمەوە هەیە، من هیچ بیریان لێناكەمەوە، لە هەموو نووسینێكدا جێكەوتەی مێژووییەكی دیاریكراو هەیە. بە بڕوای من هەموو ئەو شتە وردانەی تۆماریان دەكەم، لە كاروبارە گەورەكانی ژیاندا رەنگدەداتەوە، مێژووی نیشتمانەكەم بۆ سەرەتای مێژووی جیهان دەگەڕێتەوە، هەموو ئەو شتانەی لە جیهان روویانداوە، یەكەمجار لە نیشتمانەكەی من روویداوە، من كاتێك شتێكی نوێ‌ دەنووسم هەستدەكەم دەست لە ساتی دۆزینەوەی یەكەم دەدەم.

پ/ دەشێ‌ رۆمان كار لەسەر رووداوە مێژووییەكان بكات، بەڵام نەك بۆ ئەوەی راستیان بسەلمێنێت، بەڵكو بۆ ئەوەی كاریگەری ئەو گۆڕانكارییانەی كە بەسەر كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هاتووە، بیگەیەنێت، ئەو مەسەلەیە چۆن دەبینی؟
دنیا میخائیل/ بەڵێ‌، بە دڵنیاییەوە، رۆمان تەنها ئەوەمان پێناڵێت كە روویداوە، بەڵكو ئەو كاریگەرییانەش دەخاتە روو، كە بەسەر ژیانی مرۆڤایەتیدا هاتووە، رۆمان هەر تەنها جەخت لە مێژوو ناكاتەوە، بەڵكو سێبەرەكەشی دەپێكێ‌، ئەوەش جیاوازی نووسینی رۆمان و نووسینی مێژووییە، كەواتە لە بنەڕەتدا بایەخدانی رۆمان بە واقیعی مێژوویی، لە پێناو بەدواداچوون و جێكەوتەكانیەتی بەسەر ئیقاعی رۆحدا.

پ/ لە رۆمانی (تاتۆی باڵندە) رەهەندە رەمزی و مێژووییەكانی ئەفسانەی (نەهەنگ مانگ قووتدەدا)ت بەكارهێناوە، كە بەسەر ژیانی ئەو گەلەدا هاتووە… بە رای تۆ ئایا ئەو ئەفسانەیە لەگەڵ تراژیدیای یەزیدییان یەكدەگرێتەوە؟ (ئەفسانەكە دەڵێ‌: رۆژێ‌ لە رۆژان مانگ شەوی خەڵكانێكی رازاندبۆوە و لە روخساری ماندووییان رامابوو، تا ئەو پەڕی جوانی جوانبوون، وەك جوانەكانی نیشتمان. بەڵام بە بیری كەسدا نەدەهات نەهەنگی نێو دەریا بوێرێ‌ بچێتە ئاسمان و مانگی درەوشاوە قووت بدات و شەوی رۆناك تاریك بكات)
دنیا میخائیل/ بەكارهێنانی ئەفسانەی (نەهەنگ مانگ قووتدەدا) و رێورەسمەكانی بە شێوەیەكی شەعبی لە عیراق جێبەجێ‌ دەكرێت، نەك تەنها لای یەزیدییەكان.

پ/ بە بۆچوونی من مەدلولی كلتوری و مێژوویی ئەفسانەی شەعبی (نەهەنگ مانگ قووتدەدا) پەیوەندی بە دۆخێكی قەیراناویدا هەیە، كە بەلای كەمی مێژووی عیراقی هاوچەرخی پێدا تێپەڕیووە.
دنیا میخائیل/ لە رۆمانەكەی مندا ئەو پرۆسیسە شەعبییانە پەیوەندییان بە جەنگ و ئەو كارەساتانەوە هەیە، كە بە شێوەیەكی گشتی عیراقی پێدا رۆیشتووە، بۆیە دەبینین كاراكتەرەكانی رۆمانەكانم هەوڵدەدەن ترسی سەر مانگ كەمبكەنەوە، ئەوە هاودژییەكە و من تا سەر ئێسقان كارم لەسەر كردووە، لەلایەك ئەوانە تانە لە نەهەنگەكە دەدەن، نەك لەوانەی ئەو سیاسەتەیان داڕشتووە، لەلایەكی دیكە هەوڵ بۆ رزگاركردنی مانگی ترساو دەدەن، بەڵام تا دوێنێ‌ ئەوان خۆیان پێویستیان بە رزگار بوون هەبوو.

پ/ دایكایەتی چی لە تۆ گۆڕی؟
دنیا میخائیل/ وای كرد پەرتتر بم، لەبەرامبەر سەختی ژیان بەسۆزتر بم.

تێبینی: ناونیشانەكەم گۆڕیووە.
سەرچاوە: خلود الفلاح
3/4/2023 -الجزیرە.

مردنی پلاستیكی

لە منداڵیمدا
لە بەغداد
گەمەی مردنمان دەكرد
بە چەكی پلاستیكی
یەكێك ئەویدیكەی دەكوشت
لەسەر زەوی
وەك لاشەی مردوو رادەكشاین
خولەكێك
دووان
پاشان یەكێكمان پێدەكەنی و
مردنی پلاستیكیمان جێدەهێشت
دەستی یەكترمان دەگرت
وەك ئەوەی دەستی ژیانمان گرتبێ‌
هەڵدەستاینەوە
یارییەكی دیكەمان دەكرد
وەك ژمارەی لۆتۆ ساڵان تێپەڕین
بەغداش بە منداڵیمانەوە
بەسەرچوو
چووینە تاراوگە
لە دوورەوە منداڵانمان دەبینی
لە ئێمە دەچوون
یەكێك ئەویدیكەی دەكوشت
بەبێ‌ جوولە رادەكشان
بەڵام هیچیان پێنەدەكەنین
هیچیان دەستی بە ژیانەوە نەدەگرت
هەڵنەدەستانەوە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا كردوویە بە كوردی




میدیا، ئەهریمەنی کۆمەڵگەی مۆدێرن.. نوسینی: سێلین برایۆن.. لە فەڕەنسییەوە: ئاراس سەعید

زۆرێک لە بیریار و فیلۆسۆفەکان، میدیا بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە هۆکاری هەموو خراپەکارییەکانی سەر زەوییە، یان زۆر لەهۆکاری خراپەکارییەکانەوە نزیکە. لە کۆمەڵگەی دیجتاڵیدا، ئێمە بەو شێوەیە خۆمان دەبینینەوە کە ڕووبەڕووی جۆرێک لە ئامێری شەیتانی دەبینەوە، کە توانیویەتی خۆی لە دەستی دروستکەرەکەی ڕزگار بکات. ئەمەش کاریگەرییە زیانبەخشەکەی ڕەها کردووە، بەجۆرێک مرۆڤ ناتوانێت، خۆی لێی قوتاربکات. (وەکوو چۆن شەیتان خۆی لە خالیقەکەی ڕزگارکرد و خراپەکارییەکانی ڕەهابوو… وەرگێڕ). ڕەخنەگرتن لە میدیا، هەمەچەشن و جۆراوجۆرە، هەندێک لەڕەخنەگران لە نمونەی (ژان بۆدریار) جەخت لەسەر ئەو گۆڕانکارییە دەکەنەوە کە لە پەیامەوە بەخودی (میدیۆم) ئامرازی بڵاوکردنەوەدا تێدەپەڕێت، بە مانایەکی دیکە، ئەوەی لە ناوەڕۆکەوە لە قاڵب دەدرێت. (Sfez and Coutlée 1990). لە پێچەوانەکردنەوەی ئەولەویەتەکاندا (ئامرازەکان دەگۆڕدرێن بۆ ئامانجێک لە خۆیدا، میدیۆمەکە جێگەی پەیامەکە دەگرێتەوە. بەدەربڕێنکی دیکە، میدیاکە شوێنی پەیامەکە دەگرێتەوە. ئەمە سیناریۆیەکە، کە تیۆریستی کەنەدی (مارشاڵ مەکلۆهان) لە ساڵانی شەستەکاندا خستوویەتی ڕوو)، (میدیۆم بەرلەوەی شتێک بگەیەنێت خوودی خۆی دەگەیەنێت. یان میدۆم خۆی، بریتیە لە پەیامەکە… وەرگێڕ) لە ئەنجامدا جیهانێک دروستدەبێت کە لە هەموو ڕەسەنایەتییەک بێبەشە، هاوشێوەی گوێزی بۆش، وەکوو ئەوەی (ڕابێلایس) دەڵێت: “مۆخی جەوهەری”یان بەتاڵ کراوەتەوە. بە کوورتی، ئێمە لە جیهانی دیجتاڵێدا ڕووبەڕووی گەمەیەکی ڕواڵەتی دەبینەوە، وەکوو ئەوەی (بۆدریار) بە “سیمولاکرا” ناوی دەبات، واتە ڕووکاری بۆش، ناوەڕۆکی خالی یان نا قووڵ، وەکوو ئاوێنەیەک کە تەنیا خۆی ڕەنگ دەداتەوە و لە پشتیەوە هیچ ڕاستییەک بوونی نیە.
(ڕێجیس دیبرای) لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا هاوڕایە و هانی هاوچەرخەکانی دەدات کە “کەمتر پەیوەندی بکەن و زیاتر بگوازنەوە”. ئەم نووسەرە لەو بنەمایەوە دەستپێدەکات کە کایەی میدیایی ئێستا لایەنگری پەیوەندییەکانە، واتە سیستەمێکی زانیاری کاتی، کە لەسەر پانتایەکی فەزایی ئاسۆیی پەرەدەستێنێت، لە بەرژەوەندی هاوکاتی و لە هەموو شوێنێکدایە، نەک دیاکرۆنی و بەردەوامیی بەهاکان، ئیمتیازاتی گواستنەوە، کە پانتاییەکی کاتی، ڕاست و چەپی پێ باشترە. ئەمە کۆمەڵگایەک دروست دەکات کە تاکەکان بەڕواڵەت لەیەکیدیەوە نزیکتر بن، بەهۆی ئەو میدیایانەی کە ڕێگە بە ئامادەبوونی ئەوانە دەدات کە لە دوورەوە دەچنە نێو پڕۆسەی کۆمینیوکەیشن و (ئامادەبوونی مەجەزایی)ەوە، بەڵام لە ڕاستیدا زیاتر نامۆن بە یەکتری، لەبەر ئەم هۆکارەیە کە وازهێنان لە بەستنەوە بە مێژوویەکی هاوبەش، بەهۆی یادەوەری زنجیرەی نەوەکانەوە، کە گەرەنتی هاوبەشکردنی میراتێک و پاراستنی نەریتەکان دەکات، ‘ئاڵوگۆڕ’ ناکەن، بەڵکو تەنها بە شێوەیەکی پارچەپارچە و ڕووکەش بەشداری دەکەن، بەبێ ئەوەی بتوانن بەڕاستی پێکەوە بژین. لێرەشدا دیسانەوە ئامرازەکانی بڵاوبوونەوە مادەکانیان لێ زەوت دەکات و پەیوەندیکردن دەبێتە ئامانجی کۆتایی پەیوەندیکردن، لە مەیلی (ئۆتۆفاژیک)دا ئەو پزیشکە بەناوبانگەی کە سەرەڕای ئەوەش وریایە نەهێڵێت بەلاڕێدا بچێت لەلایەن ئەفسانەی دەوروبەری میدیاسفێرەوە، بەردەوامە لە ڕەنگدانەوەی خۆی بە پێدانی هێز بە ئامرازە تەکنەلۆژییەکان بۆ ئەوەی خۆیان لە دروستکەرەکەیان ڕزگار بکەن و دواتر بە نۆرە کار لەسەر ئەوە بکەن، بە بەرهەمهێنانی کاریگەرییە پێشبینی نەکراوەکان کە دەستکاریکردنی شێوازی بوون و بیرکردنەوەی مرۆڤە. (1991، ل105-106).
هەندێکی دیکە لە تەواوکەری ئەم بۆچوونانە، شیکارییە ڕەخنەییەکانیان بەرەو ئەو شێواندنە زیانبەخشەی واقیع ئاراستە دەکەن، کە میدیا دەبێتە هۆی دروستبوونی. ئەمە وەکوو ئەو حاڵەتەی (لوسیەن سفێز) ئاماژەی بۆکردووە، کە جگە لەم ناسروشتکردنە، هێما بۆ ئەو سەرلێشێواوییە دەکات کە لە مێشکی مرۆڤدا لە نێوان ڕاستی خام و نوێنەرایەتیکردنیدا دروست دەبێت، بەم شێوەیە توانای حوکمدان و تێگەیشتنەکەی دەگۆڕێت. هەموو ئەم توخمانە تایبەتمەندییەکی تاتۆلۆژی کۆمەڵگە میدیاییەکانمان پەرەپێدەدەن، “تاوتیزم”، نیوۆلۆژیزمێک کە پێشگر و پاشگرەکەی مەیلێک بەرەو تاوتۆلۆژیا ئاشکرا دەکات، واتە خۆئاماژەکردن، وەکوو سەرچاوەیەکی ئۆتیزم، بۆ زیندانیکردن لە گەردوونێکی خەیاڵیدا.
شەیتانی میدیا، وەشانێکی مۆدێرن و ماتریالیستی بوونەوەری خراپەکاری، کە بڕیار بوو مرۆڤەکان دابەش بکات و لە حەقیقەتە، ڕزگارکەرەکە دووریان بخاتەوە بە هۆی نوقمکردنیان لە وەهمدا وەکوو( ئیتیمۆلۆژیای dia-bolos , لە سەردەمی کۆن و گەرمی ئایینیدا لە ترسەکانی سەدەی ناوەڕاستی عەقڵ)بەڵام ئایا ئەم کاریگەرییە کوشندەیەی میدیا دەرئەنجامی بیروباوەڕێک نییە، کە هێندەی ئەو باوەڕە منداڵانەیەی کە وایکردووە باوباپیرانمان خراپە وەکوو بوونێکی ئازاد و بەهرەمەند بە پرسێکی ئەقڵانی بزانن، لە کاتێکدا ئەوە تەنها بەرهەمێکی خەیاڵی بوو. خەمی ڕوونکردنەوەی هەڵەکانی ئەم جیهانە و سەرچاوەی ئازارەکانی مرۆڤە، کەوایکرد ڕق لە کەللە سەری بزنێکی قوربانی بگوازێتەوە بۆ کاریگەرییە کاتارتیکەکان؟

میتۆلۆژیای تەکنۆلۆژیا
٭سزادانی پڕۆمیتێ و دابەزینی ئادەم و حەوا لە ئاسمان
پێویستە بە دەستنیشانکردنی ئەو ڕەخنەیە دەستپێبکەین، کە دەکەوێتە سەر میدیا. ئەمەش لەڕێگەی هەندێک زنجیرەی میتۆلۆژی و ئەدەبیی کۆمەڵگەی کولتوورە زارەکییەکانەوە. دەستپێک سزایی (پرۆمیتێ) باوکی شارستانیەت، کە مرۆڤی لە سروشت دابڕاند و بە مومکینکردنی هونەر و بناغەسازی کولتوور، مرۆڤی لە دەرەوەی ئاژەڵبوونی پەروەردە کرد.
“پڕۆمیتێ” لەلایەن” زیۆس”ەوە بە توندی سزا درا بەهۆی ئەوەی ئاگرەکەی دزیوە و بەخشیویەتی بە بێبەشترین بوونەوەری سەر زەمین. ئاگر وەکوو ستراکتۆری تەکنیک، بە دەربڕێنێکی دیکە، ئەو توخمەیە کە تەکنیک لێیەوە سەرچاوەی گرتووە، یان لانیکەم (sine qua non) لە هەموو تەکنیکێکدا، ڕێگە بۆ کشان و خاوکردنەوەی کانزاکان خۆش دەکات، بۆ دروستکروونی ئامێر، دروستکردنی چەک، دواجاریش تەکنەلۆژیا و لە ئێستاشدا میدیا…تاد
ڕەنگە ئێمە لە لێکدانەوەی حوکمی زیوس، بەهەڵدا چووبین، کە وەکوو چارەنووسێک بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراوە کە یاسایان شکاندووە و قەدەغەیەکیان پێشێل کردووە. پرۆمێتێ تەنها دزێکی سادە نییە، زیاتر لە سەرپێچییەک لە کردەوە و سەرپێچییەکەیدا بوونی هەیە، سەرپێچییەکی شاراوە بەڵام حەتمی، چەواشەکارییەک هەیە، بەرزبوونەوەیەک و دابەزینێک. بە مرۆڤکردنی ئەوان، هەروەها بێتاوانانی لە بێتاوانی سەرەکی خۆیان بێبەش کرد، بۆیە دەتوانرێت پێشکەوتنی فیکرییان وەکوو پاشەکشەیەک هەژمار بکرێت، ئەگەر بەختەوەری وەکوو پێوەرێکی پێوانەی وەربگرین، پانۆرا و سندوقە بەناوبانگەکەی، کە هەموو ئەو بەدبەختیانەی مرۆڤایەتی زاڵ دەکەن و لێیەوە سەرچاوە دەگرن.
هەروەها هاتنە ناوەوەی میتۆلۆژیایی (ئادەم و حەوا) بۆ نێو کایەی مەعریفە، کەوتن و بەربوونەوە ئەوانی هێنایە ئاراوە لەوەی کە لە نائاگایی شیرینی پەیوەست بە بەهەشت دەربەر بوون و لە خودا یاخی بوون. ( یاخی بوونی مرۆڤ لە خودا، یەکەمیین کردەی ئەقڵانی بوو، کە بەدبەختی و دەربەدەری بۆ مرۆڤ بەدیهێنا… وەرگێڕ)
بە هەمان شێوەش خاوەندارێتی ئاگر (کە دەتوانێت هێمای چراکانی زانین بێت، بە پێچەوانەی تاریکی و نەزانی). لە هیسیۆددا هاوتایە لەگەڵ کۆتایی سەردەمی زێڕین کە کرۆنۆس حوکمڕانی دەکات و سەرەتای سەردەمێکی ئازاربەخشترە. پرۆمیتێ وەک ئیکارۆس، لووتبەرزی و زیادەڕەوی و سەرچاوەی بەدبەختیییە، کە سروشتی زانست بەرجەستە دەکات.
ئەفسانەی دووەم کە ڕوونترە سەبارەت بەو پەیوەندیانەی کە لەگەڵ دەرکەوتنی میدیادا و دووفاقی ئەم دۆزینەوەیە دەسەلمێنێت، کە پەیوەندی بە لەدایکبوونی نووسینەوە هەیە، کە “پلاتۆ” لە فایدرۆسدا (274 b – 275 b) باسی کردووە. سۆکرات ڕوونی دەکاتەوە کە (خودای میسری و ئاسمیلەی نیوە خوداوەندی یۆنانی هێرمێس)، ئەم هونەرەیان داهێناوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ کەمی یادەوەری و کەموکوڕیەکانی زانست بدۆزێنەوە. بەڵام کاتێک دۆزینەوەکەیک دەخرێتە بەردەم تامۆس، پاشای تیبس، ئەمەی دووەمیانی لەم دەرئەنجامانەدا بە خراپ زانی و دووپاتی کردەوە کە پێچەوانەی ئەوەی کە بانگەشەی شەڕکردن دەکات فەزیلەتەکان بە جۆرێک پێچەوانە دەکاتەوە بۆ ژەهر.
لەم ئارگۆمێنتەدا، ئەو تۆمەتە هەست پێدەکرێت کە ئێمە لەم سەردەمەدا دەیهێنینە سەر میدیا، ئەویش دەستبەسەرداگرتنێکە، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی داماڵینی ئەو سیفەتە هزریانەی کە لە مرۆڤدا هەن، ڕووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان “ئایدیاڵێک” گوایە ناوەکی و پرۆسەی دەرەکیکردن لە ڕێگەی پێشبینی ماتەریاڵ کە لە شێوازی دابەزاندندا ئەزموون دەکرێت: “ئەم هونەرە لە ڕۆحی ئەو کەسانەدا لەبیرچوونەوە بەرهەم دەهێنێت کە فێری بوون، چونکە واز لە مەشقکردنی یادەوەری خۆیان دەهێنن.
“دانیال بۆگنۆ” بە ئاماژەدان بە “ڤیکتۆر هوگۆ” لە نۆتردام تا پاریس بە ناوی “سێسی ئەو دەکوژێت”، بە درێژی سەرنجی خستە سەر ئەو تاوانە، کە بە زاراوەیەکی تەواو هاوشێوە، ئاڕاستەی چاپخانە دەکرا، لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئەوەندە پرسیار لەسەر تاوانبارکردنی نووسین نەبوو، بەڵکوو پرسیاری گشتاندنەکەی، ستانداردکردنی لەلایەن تەکنەلۆژیاوە، کە زیان بە هونەری پیرۆزی بەهای نووسین دەگەیەنێت. میدیای مۆدێرن، تۆمەتبارە بە کوشتنی کتێب (مۆبایل و کۆمپیوتەر) تاوانبار کراون بەوەی کلتووری زارەکیی و بەهای وشەیەکانیان کوشتووە، بەهای هەموو ئەوانەی کە ئێمە ویستمان باوەڕمان بەوە هەبێت کە بۆ هەتا هەتایە زیندوون، چونکە هەتا هەتایە لە یادەوەری و لە دەمی ئەو حیکایەت بێژانەی گواستوویانەتەوە زیندوو بوون. بەڵام میدیای نوێ هەموو ئەوانەی کووشت، هەواڵی ڕۆژ هەموو یادەوەرییەکانی کوشت. میدیا بیرکردنەوەی کووشت، هەموو ڕستە ئاڵۆزەکانی گۆڕی بەکۆمەڵێک کۆمەڵێک ڕستەی هەواڵی بێ مانا.

٭میدیا و ساختەکردنی واقیع
چەمکێکی ئەفلاتوون بۆ جیهان

کاتێک لەبارەی واقیعی مەجازییەوە دەدوێن، بەناچاری دەگەڕێنەوە بۆ سەر تێزەکانی (ئەفلاتوون) کە پێش لە دایکبوونی پێشکەوتووترین و بەربڵاوترین فۆرمەکانی تەکنەلۆژیا خراوەتەڕوو، بە بەردەوامبوونی سیستەمێکی دووانەیی بەهاکان و بێبەهاکردنی جیهانی زەمینی و توخمە دیارەکانی. لە کۆمەڵگەی دیجتاڵیدا، ڕۆڵی میدیا پەیوەست بە شێواندنی واقیع، بە ئاشکرا و بەزەحمەت پەردەپۆش دەکرێت. هەزاران ساڵ بەر لە پەیدابوونی میدیا، ئەفلاتوون، ئەو ڕەخنەیەی ئاڕاستەی شاعیر و نیگارکێشەکان کرد، کە زۆر بە لێهاتوویی سروشتیان تەقلید دەکردەوە، بەم شێوەیە سەرلێشێواوییان لە نێوان واقیع و خەیاڵدا دروست دەکرد.
تەواوی فەلسەفەی پلاتۆ وەکوو ڕەخنەی (میمێسیس) دەردەکەوێت، بەدەربڕێنێکی دیکە (هەموو تەکنیکەکانی لاساییکردنەوە، لەسەر بنەمای بنەمای دووبارەبوونەوە یان لاسایی کردنەوە خۆی مانیفێست دەکاتەوە) لەم چوارچێوەیەدا ڕەخنەی (ئیماگۆ) جێگەیەکی پلە یەک داگیر دەکات. خەیاڵ یەکێکە لە ئامانجەکانی، وەکوو هەر وێنەیەک، کە وەکوو کۆپی واقیعێکی جەوهەریتر تێدەگات و بەو هۆیەوە دەبێتە بەرهەمهێنەری وەهم. کۆمار La République دەوڵەمەندە بە وێناکردن بەتایبەتی ئەشکەوتەکەی ئەفلاتوون لەگەڵ لێکچوونە بەناوبانگەکەی کە هێمای دابەشبوونی جیهانە بۆ چوار بەشی بەهای نایەکسان، ئەوانیش بریتیە لە decrescendo ئایدیاکان، ئەبستراکتەکان(ماتماتێک)، شتە مادییەکان و نوێنەرایەتییەکان (1993، VI، 509c-511e، VII، 514-522).
با لەگەڵ سۆکراتدا، لە جەوهەری دارێکی بەرز تێبگەین، کە پێناسەکەی بەهۆی پێوانە و فیگەرە ئەندازەییەکانەوە دەردەکەوێت، هەرچەندە هەمیشە دەکەوێتە چوارچێوەی کایەی تێگەیشتنەوە، بەڵام کەمێک تەواو و بێ کەموکوڕییە بەو پێیەی کۆپییەکی سادەی واقیع پێکدەهێنێت. سەبارەت بە دارەکان وەکوو چۆن دەتوانین بیبینین و دەستیان لێدەدەین لە دەوروبەرمان، ئەوان کۆپییەکی واقیعن، لە ماددییەتی فرەیی و دۆخی جوڵاودا گیریان خواردووە. بەمجۆرەش، نوێنەرایەتییە وێنەییەکان یان ئەدەبییەکانیان تەنانەت ڕەنگدانەوەی ئەوان لە ئاودا، کە هێشتا ڕەسەنایەتی لەدەست دەدەن، تەنیا پەیوەندییەکی دووریان لەگەڵ ئایدیاڵە سەرەتاییەکەدا هەیە.
سەدەی چوارەمی پێش زایین لە مێژووی کولتووری ڕۆژئاوادا زۆر گرنگە، چونکە پچڕانێکی ڕیشەیی لەگەڵ قەناعەتە فیکرییەکانی پێشوودا ڕوودەدات، کە ئێمە بە قۆناغی “پێش سۆکراتی” ناوی دەبەین.
لێرەدا سەرچاوەی ئەو ئابڕوچوونەی کە لەسەر ڕواڵەت دەکرێت، چەمکێک کە داهێنانەکەی مانا وەردەگرێت بە پێچەوانەی جەوهەرێکەوە کە پێشتر بوونی هەیە. ڕەنگە میدیا ئەو جۆرە ئابڕوچوونەی بەسەر نەهاتبایە ئەگەر ئەفلاتوون خۆی خۆی نەدابایەتە بەر ڕەخنەی لاسایکردنەوە و نووسینەوەی فێرکارییەکانی مامۆستاکەی.
ئەگەر ئەناکرۆنیزمێک دروست بکەین، بەبێ ئەوەی خیانەت لە بیری دیالێکتیکی یۆنانی بکەین، دەبێت میدیای مۆدێرن لەنێو پۆلی( درۆزنەکان، نمایشکارە بوکەڵەییەکان، سۆفیستەکان و وەهمگەرەکان ) هەموو ئەوانەی لە کتێبی پێنجەمی (کۆمار) دا ئیدانەکراون دابنین، کە بەهەمان شێوەی شاعیران و دروستکەرانی دیکەی وێنە کە واقیع ساختە دەکات و بەو هۆیەوە پەردە لەسەر ڕاستییەکان دادەپۆشێت. ئەگەر میدیا لەسەردەمی پلاتۆ دا هەبووایە، بێگومان لە شاری ئایدیاڵی (فەیلەسوف_شا) قەدەغە دەکرا.
چاپەمەنی و تەلەفزیۆن و سایتەکانی ئینتەرنێت چی دەکەن، جگە لە دووبارەکردنەوەی ڕووداوەکان و نوێنەرایەتیکردنیان یان دروستکردنی واقیعی مەجازی.
عەیب و کەموکوڕی میدیاکان هەم بۆ زیادەڕەوی لە بڕواپێکراوییان دەگەڕێتەوە و هەم بۆ ئەوەی کە زۆر دوورن لە ڕاستییەوە (جێی متمانەیی ئەوان بە وردی هۆکاری ئەو ڕاستییەیە کە ئێمە پێمان وایە ڕاستن). وەکوو ئەوەی (بۆیلۆ) ئاماژەی پێدەکات، “ڕاستی هەندێکجار ناتوانێت ئەگەری نەبێت”. سەبارەت بەوەی کە ئەگەری هەیە، دەکرێت هەندێکجار ڕاست نەبێت. ئەم کێشەیە بە زۆر لە سەردەمی فۆتۆگرافی و تەلەفزیۆندا سەرهەڵدەدات، چونکە توانای ڕیاڵیزەکردنی خەیاڵی هەیە.




خوێنه‌رێكی نموونه‌یی‌.. به‌ختیار محه‌مه‌د

ڕه‌خنه‌گر خوێنه‌رێكی نموونه‌ییه‌. خوێنه‌رێكه‌ ته‌نها ستایش ناكا، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ (ته‌ئویل) بۆ ده‌ق ده‌كا. خوێنه‌ری نموونه‌یی له‌ كوێ ستایشی بوێ ستایشی ده‌ق ده‌كا، له‌ كوێش كه‌موكووڕیی له‌ ده‌ق هه‌بێ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كا.

ڕه‌خنه‌ بێژینگه‌ ده‌ق له‌ بێژینگ ده‌دا: گه‌نم له‌ زێوان جودا ده‌كاته‌وه‌. ڕه‌خنه‌گر عاده‌ته‌ن ئه‌و ده‌قانه‌ له‌ بێژینگ ده‌دا (واته‌ لێكیانده‌داته‌وه‌ و ده‌یانخوێنێته‌وه‌)، كه‌ قورسایی مه‌عریفی و ئیستێتیكی و ئه‌ده‌بی خۆیان هه‌یه‌.

ڕاستییه‌كه‌ی خوێنه‌ری نموونه‌یی و ده‌قی نموونه‌یی (باش) ته‌واوكه‌ری یه‌كن. هه‌موو ده‌قێكی باش، خوێنه‌رێكی نموونه‌یی (ڕه‌خنه‌گرێك) له‌ پشتی ڕاوه‌ستاوه‌. له‌مه‌وه‌ نووسه‌ر قه‌رزارباری خوێنه‌ری نموونه‌ییه‌ (واته‌ قه‌رزارباری ڕه‌خنه‌گره‌). ئایا ئه‌ده‌بێكی پێشكه‌وتوو هه‌یه‌ به‌ بێ ڕه‌خنه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو؟ ئایا ده‌قێكی نموونه‌یی هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خوێنه‌رێكی نموونه‌یی؟ ئایا نووسه‌رێكی نموونه‌یی هه‌یه‌ به‌ بێ ڕه‌خنه‌گرێكی نموونه‌یی؟ ڕاستییه‌كه‌ی هه‌م داهێنان ڕه‌خنه‌ (ڕه‌خنه‌گر) ده‌خوڵقێنێ، هه‌م ڕه‌خنه‌ (ڕه‌خنه‌گر) داهێنان (نووسه‌ری ده‌ق) ده‌خوڵقێنێ.

ڕه‌خنه‌گر خه‌سڵه‌تی جووتیاری هه‌یه‌، كه‌ زه‌وی به‌یار (ده‌ق) ده‌كێڵێ (ده‌ق وه‌ك زه‌وی به‌یار وایه‌ به‌رله‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر {خوێنه‌ر} بیخوێنێته‌وه و بیكێڵێ‌)، تا خوێنه‌ر (وه‌رگر) له‌ به‌رهه‌می باش و خراپی ده‌قی كێڵدراودا (واته ده‌قی‌ خوێندرا‌وه‌ و ته‌ئویلكراودا) ئاگادار بكاته‌وه‌ و پێیان پیشان بدا و پێیان ڕابگه‌یه‌نێ. ڕه‌خنه‌گر له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ییدا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ له‌ جاری داهاتوودا نووسه‌ر به‌رهه‌مێكی باشتر و ده‌قێكی باشتر به‌رهه‌م بهێنێ. ئا ئه‌مه‌ وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی ڕه‌خنه‌ و ڕه‌خنه‌گره‌. ئه‌و نووسه‌ره‌ی له‌م ئه‌ركه‌ی ڕه‌خنه‌ تێنه‌گا، نووسه‌رێكه‌ لوتبه‌رزه‌ ، بێ ئاگایه‌، دۆگمایه‌، دۆڕاوه‌… تاد.

ڕه‌خنه‌لێگرتن هه‌رگیز به‌واتای كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ق و نووسه‌ره‌كه‌ی نییه‌؛ به‌ڵكو ڕێك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ ڕێی خوێندنه‌وه‌ی بێژینگیانه‌وه‌، گه‌وره‌كردنیانه‌؛ چونكه‌ ڕه‌خنه‌ باش (گه‌نم) له‌ خراپ (زێوان) جودا ده‌كاته‌وه‌. ڕه‌خنه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ ئه‌رێنییه‌ی هه‌یه‌، نه‌ك ئه‌ركی نه‌رێنیی، وه‌كو هه‌ندێك كه‌سی (ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و شاعیر) ی نادیموكراتی قینچكه‌ته‌نگ لێی تێگه‌یشتوون. ڕه‌خنه‌ عاشقی ده‌قه‌، نه‌ك دوژمنی ده‌ق. واته‌ ڕه‌خنه‌گریش عاشقی نووسه‌ره‌، نه‌ك دوژمنی نووسه‌ر. به‌واتای ڕه‌خنه‌ دوژمنایه‌تیی نییه‌، به‌ڵكو دۆستایه‌تییه‌ له‌ نێوان ڕه‌خنه‌ و ده‌ق و له‌ نێوان نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گردا.

به‌ختیار محه‌مه‌د




دەرهێنەرێكی كورد نهێنیەكانی حەشاردنی سەدام ئاشكرا دەكات.. حەیدەر عەبدولڕەحمان

دەرفەتێكی باش بۆمن ڕەخسا، كاتێ دەرهێنەر (هەڵكەوت مستەفا) بانگهێشتی بینینی فیلمی (حەشاردانی سەدام) ی بۆ كردم لەدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەما لەدهۆك، كە بۆ یەكەم جار بوو دوای نمایش كردنی فیلمەكە لەولاَتی سعودیە، لەفیستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمای دهۆك نمایش بكرێت .
بەسەعاتێك پێش نمایش گەیشتمە هۆڵی نمایشەكە، بەلاَم زۆر بەسەختی لەنێو ئاپۆرای خەڵكی چاوەڕوان، تیمی فیلمەكە راكێشی ژوورەوەیان كردم.
فیلمەكە لەلایەن كۆمپانیای (هەنی فیلم)ی نەرویجی بەهاوبەشی وەزارەتی رۆشنبیریی نەرویجی و تۆڕی میدیایی روداو بەرهەم هاتووە.
دەرهێنەر بەفۆرمێكی دیكۆمێنتاری، سەربوردەی ئەو پیاوە جوتیارو مەڕدارە دەگێڕێتەوە بەناو (عەلا نامیق) كە دوای ڕوخانی ڕژێمەكەی سەدام لەساڵی 20003 لەلایەن ئەمریكاو وڵاتە هاوپەیمانەكانی، بۆ ماوەی 235 رۆژ سەدام حسێنی لەكێڵگەكەی خۆیدا، لەناوچەی (دۆرە لە باشووری تكریت) حەشار داوە، لەكاتێكا (عەلا) ئەو سەركێشیە بەژیانی خۆی و خێزانەكەی دەكات، كە 150هەزار سەربازی ئەمریكی، بەتانك و فڕۆكە، لەزەوی و ئاسماندا، بەدوای دۆزینەوەی سەدامدا دەگەڕێن، جگە لەوەی ئەمریكا بڕی 200 هەزار دۆلاری بۆ هەر كەسێك تەرخان كردبوو، شوێنی خۆ شاردنەوەی سەدامیان پێ نیشان بدات.
لەو سۆنگەیەوە كە قسەو قسەڵۆكێكی زۆری لا بەلایەیی دەبارەی فیلمەكە دەكرێت و زۆرێك لە خەڵكی كوردستان فیلمەكەیان نەدیوە، پێم باش بوو، وەك چاودێرێكی سینەما پێداچوونەوەیەكی رەخنەیی بۆ فیلمەكە بكەم، بەرچاو روونیەك دەربارەی ئاستی هونەرییی فیلمەكەو شێوازی مامەڵە كردنی دەرهێنەر لەگەڵ بابەت و هەڵوێستی ئایدۆلۆژی و دەسەلاَتی هونەریی ئەو نیشان بدەم.
لە هەمان كاتدا ئەوە لەبیر خۆم ببەمەوە، كە فیلمەكە چەند خەلاَت بەدەست دێنێ ؟
چەند ولاَت داوای بینینیان كردووە؟
لەچەند فیستیڤاڵ بەشداری دەكات؟
چونكە پێم وایە زۆر جاران لەدەرەوەی ئاستی هونەرییی و فیكری و بەدەر لەو تەكنیك و تەكنەلۆژیاو قەوارە مادییەی بۆ بەرهەم هێنانی فیلمێك دەبێتە پێشبینی بۆ سەركەوتن و لە باوەش گرتنی لەلایەن ئەو دەزگا ئەكادیمیانەی فیلم هەڵدەسەنگێنن بۆ سەركەوتن لەفیستیڤاڵە نێو دەوڵەتیەكاندا، زۆر جاران پێشبینیەكان شكست دێنن و بەپێچەوانەی بۆچوونی ئەوان دەردەچن، بینەرو هەوادارانی سینەماو كۆمپانیا سینەماییەكان ئەنجامەكان بەسوپرایزەوە وەردەگرن، چونكە پێشبینیەكان پێوەرێكی جێگیریان نیە و رەنگە لەدوا چركەدا، هەموو پێشبینیەكان سەرەو ژێر ببنەوە، لەبری ئەوە كۆمەڵێ فاكتەری لابەلایی ئایینی، مەزهەبی، سیاسی، بازرگانی، ئابووری، بەپێی بەرژەوەندییە تایبەتیەكان دێنە پێشەوەو كار لەبڕیاری كۆتایی ئەو لیژنانە دەكەن.
ئەگەر دوور لەهەموو ئەو دەنگۆو هەرا نانەوە میدیاییەی بۆ فیلمی(حەشاردانی سەدام ) كراوە، دوای بینینی فیلمەكە وەك بینەر بۆت دەردەكەوێت كە میدیا زێتر لەپێویست قەبە كراوە، ئەو قەبە كردنەش كۆمەڵێ مەرامی سیاسی و ئایدۆلۆژی و فیكری لە پشتەوەیە، لە ئاستێكی نێو دەوڵەتیش دایە.

هەڵكەوت مستەفا ــــ بەپێی ئەزموونە سینەماییەكانی رابووردووی، دەرهێنەرێكە هەمیشە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت، خۆی لەتەقلیدیەت بەدوور بگرێ، سەرنجی هەوادارەكانی خۆی بەو مژارانە بەرجەستە بكات، كە دەستی دەگرن زەمینە بۆ بەرەوپێشەوە چوونی خۆش دەكەن .
وا دەردەكەوێ لەو فیلمەدا ئەركێكی قورستر لەتوانای خۆی هەڵگرتووە، كە رووبەڕووی مەترسی و هێرشی زۆری سیاسی و ئایدۆلۆژی دەبێتەوە، پرسیاری زۆر قورسی رٍووبەروو دەكرێتەوە، كە رەنگە بەرامبەر زۆر لەو پرسیارانە تووشی جۆرێك لەئاستەنگی ببێتەوە، بەلاَم ئەو لەگەڵ چاوەڕوان كردنی هەموو ئاستەنگەكان، دیارە ئامادە بووە، هەموو ئەنجامەكان قەبوڵ بكات، لەپێناو سەركەوتنی ئەو ئەزموونە تازەیەی، كە رەنگە ئەو بەلای خۆیەوە بەئەزموونێكی زۆر گران بەهای بزانێ، لەتەمەنی هونەری خۆیدا.
دەرهێنەر چۆن ئەو رووداوەی هەڵبژارد؟
هەڵكەوت ــ باس لەوە دەكات كاتێ بۆ یەكەم جار لەرۆژنامەیەكدا گوێ بیستی ناوی (عەلا نامیق) و روداوەكانی لەگەڵ سەدام دەبێت، لای خۆیەوە بڕیاری بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە دەدات، بۆیە دوو سالاَن بەدوای (عەلا) دا دەگەڕێ، تا دەیدۆزێتەوەو بەهەموو مەرجەكانی رازی دەبێت، چونكە ئەو كات پێی وابوو (عەلا نامیق) بۆ ئەو پردێكە بۆپەڕینەوە بەرەو خۆناساندنی زێترو بەجیهان بوون، لەدنیای سینەمادا.
هەر لەوێشەوە بیری لەدۆزینەوەی پشتیوانیەك كردۆتەوە، ئەو بگەیەنێتە ئەو ئامانجە، لە سەرووی هەموشیانەوە پشتیوانی ولاَتێكی وەك نەرویجی شوێنی نیشتەجی بوونی خۆی و ولاَتی سعودیە، كە كۆمەڵێ فاكتەری ئایینی، مەزهەبی، سیاسی، نەتەوەیی بەپرسی فیلمەكەی دەبەستێتەوە.
بۆیە بینەر زۆر بەحەساسیەتەوە تەماشای هەڵوێستی دەرهێنەر دەكات و دەپرسێ ،

ئایا ولاَتێكی وەك سعودیە كە ئەوەندە لەگەڵ سینەمادا كۆك نیە، چۆن پشتیوانی خۆی بۆ فیلمەكە دەربڕیوە؟
بۆچی بۆ یەكەم جار فیلمەكە لەوێ نمایش كراوە؟
ئایا دەرهێنەر لەژێر كاریگەری پشتگیری كردنی سعودیە بەو سەخاوەتە مادییە، ناچێتە ژێر باڵی خواستەكانی سعودیەو بەمەرجەكانی رازی بێت؟
تێڕوان و هەڵوێستی خودی دەرهێنەر چۆن دەبێت؟ خۆی بەكام لایەنی سیاسی دا هەڵدەواسێ؟ بەتایبەت بەرامبەر بە سەدام حوسێنێك كە زۆرێك لە گەلەكەی قات و قڕ كردووەو ئازاری زۆری پێ گەیاندون.
ئەو لەنێوان خواستەكانی سعودیە و بەرهەم هێنەرەكانی تری، وێژانی مرۆیی خۆی وەك كوردێك و دەرهێنەرێك كامیان هەڵدەبژێری؟
ئەوەی لای دەرهێنەر یەكلایی بۆتەوە و بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەكەی لاری لێ نەبووە، رووبەروو بوونەوەو زەق كردنەوەی پێشێڵكارییە نامرۆییەكانی ئەمریكایە، بەئازاردانی هاولاَتیە عیراقیەكان و گرتن و تەعزیب دانیان بەدڕندانەترین شێوازی تەعزیب دان لە گرتووخانەكانی ئەبو غرێب، دوای داگیركردنی عیراق.
زۆر لاپەڕەی شاراوەو نهێنی لای دەرهێنەرهە یە، بۆ دیاری كردنی هێڵە سەرەكییەكانی سیناریۆو رەسم كر دن و نمایش كردنی سەدام بە دەمی عەلاوە بینەر بەدوای ئەو لایەنەدا دەگەڕێ كە ریسوا كردنی ئەمریكای بەلاوەوە مەبەست بووە لە فیلمەكەدا، هەر ئەو لایەنە ئامانجی دەرخستنی سەدام و بەپاڵەوان كردنی بووە، بەتایبەت لەو دیمەنانەی (محەمەد ئیبراهیم) كۆنە سەرۆك پاسەوانی پیشووی سەدام و خودی سەدام، كاتێ نامەكەی ئەمریكا دەگەیەنێتە سەدام و مەرجەكانی ئازاد كردنی بۆ دەخاتە روو، سەدامیش رەتی دەكاتەوە.
هەر سعودیە نا هەندێ ولاَتی تری عەرەبی و ئەوروپیش دوای ئەو شكستە گەورەیەی عیراق لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە بەخۆیەوە دەیبینی، هەروا لەو هەلومەرجە سەختەی عەرەبەكان دووچاری بوون بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریكا، سۆزیان بەرامبەر بە سەدام زێتر بووەو ئەو فیلمە لەو هەلومەرجە دژوارەدا بە گرنگ دەزانن، بۆیە دەرگا بۆ فیلمەكەو هاندانی دەكەنەوە.
دەرهێنەر تێڕوانین و هەڵوێستی بەكام لادا شكاوەتەوە؟
هەر بینەرێك فیلمەكە ببینێ لەخۆی دەپرسێت ئایا دەرهێنەر گوتاری فیلمەكەی وەك بێ لایەنێك نمایش كردووە؟ یاخود بە دڵی ئەو لایەنانە كردووە، كەبۆ ئەمڕۆ سەدام بە لەپێشتر دەزانن بۆ ئەمڕۆی عیراق و ناوچەكە؟
دەرهێنەر ئەگەرچی كوردە، بەلاَم ئەو لەو كورد بوونەدا، خۆی دوورەپەرێز ڕاگرتووە ئەو ئێستا زێتر خۆی داوەتە پاڵ ئەوەی سەدام وەك مرۆڤێكی نا دكتاتۆر نیشان بدات، وەك چۆن ئەڵمانیەكان هیتلەرو تاوانەكانی وەك مۆركی شەرمەزاری بەسەر ئەڵمانیاوە دەبینن، ئەو دەرهێنەرە كوردەش نایەوێ سەدام وەك تاوانبار نیشان بدات، بەڵكو دەیەوێ بە جیهان بڵێ ئەو خۆشەویست بوو لای گەلەكەی، بۆیە سەدام لەچەندین ڤیدیۆ نیشان دەدات لەناو ئاپۆرای خەڵكەكەو شایی كردن و گەڕان بە ناویاندا، تا دوا ڕۆژانی ڕوخاندنی پەیكەرەكەی.

هەڵكەوت مستەفا لە نێوان سیاسەت و سینەمادا
لەهەموو ئەو پرسیارانە گرنگتر ئەوەیە (هەڵكەوت مستەفا) تا چەند دەتوانێ ئەمانەتی پیشەكەی خۆی بپارێزێ وەك دەرهێنەرێك و بەدیدێكی سینەمایی قوڵ بەرجەستەی ئەو ئامانجە بكات كە دیاری كردووە، بێ ئەوەی بكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو تەوژمانەی قەستی ئەوە دەكەن دەرهێنەر بكەن بە داردەستێك بۆ گەیاندنی پەیامێك بۆ جیهان، دەربارەی سەدام حوسێن و كۆتایی رۆژانی دوایی چارەنووسی.
دوای بینین، فیلمەكە بەشێوازێكی سروشتی وەلاَمی هەموو ئەو پرسیارانەت دەداتەوە، كە لە مێشكت دا گینكڵیان خواردووە، بەلاَم دەبێت بەسێ تەوەری جیا شەن و كەوی فیلمەكە بكەیت، كە بریتین لە :

  1. تەوەری گێڕانەوەی عەلا نامیق
    2 .تەوەری هونەریی و تەكنیكی
    3.تەوەری نواندن و وێنەگرتنی روداوو قسەكانی عەلا.

    بۆ تەوەری یەكەم :
    ستایلی فیلمی دیكۆمێنتی پێویستی بەبەڵگە هەیە و تا بەڵگەی پێویستت لەبەردەست دا نەبێت، ناتوانی متمانەی بینەر بەدەست بێنی، بۆیە بینەر لەسەرەتای فیلمەكە تا كۆتایی گومانی لەگێڕانەوەكەی قسەكانی عەلا هەیە، كە دەرهێنەر كردویەتی بەبنەمای فیلمەكەی.
    هیچ بەڵگەیەك بەدەستەوە نیە هەموو ئەو روداوانەی نێوان سەدام و عەلا وەك خۆی تۆمار كرابێت، یان داڕشتنێكی تری بۆ نەكرابێت، بەپێی خواستی لایەنی بەرهەم هێنان و دەرهێنەر.
    دەرهێنەر لەلێدوانەكانیدا خۆی خستۆتە دەرەوەی بازنەی سیاسی و هەموو شتێكی داوەتە پاڵ عەلا، گوایە ئەو تەنیا قسەكانی عەلا وەك خۆی تۆمار دەكات، بەلاَم ئەم قسە سەرپێیانەی ئەو شتێكەو ئەوەی لەفیلمەكەشدا دەیبینین شتێكی ترە، هیچ بینەرێك بڕوا بەوە ناكا، دەرهێنەر بیروبۆچوونەكانی لەگەڵ كاراكتەری سەرەكی فیلمەكەی لێك جیا بێت، تەنانەت ئەگەر متمانەی تەواوی بەقسەكانی نەبێت ئامادەی ئەوە نابێت فیلمێك لەسەر بنچینەیەكی بەتاڵ بەرهەم بێنێ.
    ئەوەی عەلاش دەیگێڕێتەوە، هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی میّژووی تاوانەكانی سەدام، بەتایبەت كاتێ عەلا لەكۆتاییەكانی فیلمەكە بەئاشكرا خۆی دەاتە لایەنگیرێكی سەدام و دەڵێت سەدام دكتاتۆر نەبوو وەك دەەڵێن.
    هەروا دەرهێنەریش بەوێنە خۆی دەداتە پاڵ عەلا كاتێ روداوی دەرهێنانی سەدام لەناو چاڵەكە بەدەستی سەربازە ئەمریكیەكان دەشارێتەوە و دیمەنێكی هێمادار دروست دەكات، لەبری راكێشانی سەدام و دەرهێنانی بەبێ هۆشی، تەنیا دەستێكی سەدام بە بەرز كراوی نیشان دەدا وەك هێمایەك بۆ سەركەوتن .

    2.لایەنی هونەریی و تەكنیكی:
    دەرهێنەر لەزۆرینەی ئەو ئەرشیفانەی لەهەواڵگری ئەمریكاو عیراق بۆ فیلمەكە بەكاری هێناون، دەردەكەوێت كە سێ بەشی ئەو فیلمە دیكۆمێنتیانە لای بینەر نامۆ نین وچێژێك بەبینەر نابەخشن، لەبەر ئەوەی بینراون و خەڵكی لەدووبارە بینینەوەیان تێر بووە، ئەمە وای كردووە شتێكی نوێ لەفیلمەكەدا نەبینی، كە پێشتر نەزانرابێ و بلاَو نەبووبێتەوە، تەنانەت ئەوەی عەلاش دەیانگێڕێتەوە دەربارەی چاڵەكە هیچ شتێكی نوێ ی تێدا نیە .
    ئامانجی دەرهێنەر تەنها ئەوەندە بووە كە بەهۆی ئەو فیلمە دیكۆمێنتیانە, درێژە بەماوەی فیلمەكە بدات.
    3.تەوەری نواندن و وێنەگرتنی قسەكانی عەلا
    دەرهێنەر ویستویەتی پەردەیەكی شاراوە بەرووناكی و تاریكی بەسەر روخساری سەدام دا بكێشێ، بۆ ئەوەی رووی لەیەك نەچووی سەدام و ئەكتەرەكە بشارێتەوە، زۆربەی دیمەنەكانی لە پشتەوە، یا بەلەچەك و چاویلكەی رەشەوە، بی دەنگ و دیالۆگ گیراون، بۆ ئەوەی فۆرمی فیلمێكی بەڵگەدار بداتە فیلمەكە، بەلاَم ئەو ئەكتەرەی رۆڵی سەدامی بینیووە، ئەكتەرێكی لیهاتوو نەبوو لەو رۆڵەدا، جگە لەدوری مەودای لێك چوونیان.
    دەرهێنەر سەركەوتوو بووە لەدیاری كردنی لوكێشنەكان و لەیەك چوونیان لەگەڵ لوكێشنی راستەقینەی رووداوەكان، بەلاَم سوودی زۆری لەفیلمە بەڵگەدارەكانی هەواڵگری ئەمریكا وەرگرتووە، بە تایبەت شوێنی جوگرافی، وێنەی چاڵەكەو رووبارو مەزرەعەكەی عەلا.

    لە كۆتاییدا:
    بەگشتی دەرهێنەر ئەو هەلومەرجەی ئەمڕۆی عیراق و كێشەی فەڵەستین و هێرشەكانی ئیسرائیل و بێ دەسەلاَتیان بەرامبەر بەو ستەمەی دەكرێت، باری نا سەقامگیری عیراق و گەندەڵی و كۆیلایەتیان بۆ دەوروبەر، هەموو ئەو هەلومەجەی قۆرخ كردووە بۆ ئەوەی رووی ئەوەی هەبێت، تاوانبارێكی گەورە بەو فۆرم و تەكتیكە نیشان جیهان بداتەوەو جیهانیش دەرگای بۆ بكاتەوە.
    ئەمە لەرووە سیاسییەكەیەوە، بەلاَم لەرووە تەكنیكی و هونەرییەكەوە شتێكی نوێمان لە هەڵكەوت نەبینی، ئەگەرچی رەنگە ئەو ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر هاتبێتەوەو رێگەیەكی سەخت و دژواری بڕیبێ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە .
    بژاركردنی ئەو بابەتە سییاسیە و ئەو فۆرم و ستایلەش دیسان هەر بۆ ئەو فۆرمێكی نوێ بوو، ئەزموونێكی دەوڵەمەندی تێدا نەبوو، بۆیە پێشتریش گوتم: خۆی لەقەرەی بابەتێكی قورس و ئاڵۆز داوە، كە بۆ ئەو هەڵگرتنی سەختە.




دایکم.. /7/.. رەسووڵ بەختیار

7

دەستە خوشکەکانی دایکم، جگە لەچەند ئافرەتێک، کە خەڵکی گەڕەکی خۆمان بوون، چەند دەستە خوشکێکی تەمەنی گەنجیشی زۆر جاران سەردانی ماڵی ئێمەیان دەکرد، ئەوکات من زۆر بچووک بووم، ئاسایی بوو لەگەڵیان دادەنیشتم، هەردەم قسەی خۆشیان دەکرد، باسی هەموو شتێک دەکرا، هەر لەئەحواڵی منداڵەکان تا دەگاتە سیاسەت و پارە و خانوو و سەردەمی گەنجیان، هەرووەها هەر یەکێکیان باسی گوند و دایک و باوکیان دەکرد.
لەپاشاندا چەندین قسەی خۆشی رۆژانەیان باس دەکرد. لەکاتێکدا ئەو ئافرەتانەی باسیان دەکەم هیچیان لەژیاندا نەماون.
دایکی عەلی یەکێک لەوانە بوو، لەگەڵ دایکم بەشێوەزاری لوڕی قسەیان دەکرد، هەردەم دایکی عەلی باسی خانەقینی دەکرد، زیاتر باسەکانی لەبارەی جوانی و ناخۆشی ئەو شارە بوو، هەروەها زۆر جار باسی لەئاوارەبوون دەکرد، کە چۆن لەو شارە بەهۆی کوردایەتییەوە دەرکراون، دواتر چۆن لەهەولێر گیرساونەتەوە.
دایکی عەلی بەردەوام نیگەران بوو سەبارەت بە داهاتووی منداڵەکانی و دەیگوت:راستە منداڵەکان تا ئێستا بچووکن، بەڵام ژیانی ئاواڕەیی زۆر ناخۆشە، تۆ لەشوێنی خۆت دەرکرێی، دەبێ لەسفرەوە دەست پێبکەی، راستە باوکی منداڵەکان پیاوێکی کاسبە لێناگەڕێ پێویستمان بەچی بێ، بەڵام وەک گوتم ئەویش دەبێ لەسەرەتاوە دەست پێبکات، لەم شارە راستە ناسیاومان هەیە، بەڵام باوکی عەلی نەفس بەرز بوو، بڕواناکەم داوا لەوان بکات کارێکی بۆ بدۆرنەوە.
دایکم: دایکی عەلی خەم مەخۆ، ئێمە خوامان هەیە، باوەڕ بکە، دەبینی منداڵەکان گەورە دەبن و کچەکان شوو دەکەن و کوڕەکان ژن دەهێنن.
کاتێک دایکی عەلی گوێی لەو قسانە دەبوو، زەردەخەیەکی دەکرد و دەیگوت: بۆیە تۆم خۆشدەوێ،چونکە هەردەم شتەکان ئاسان دەکەی.
زۆرجار دایکی عەبدوڵڵا و دایکی عەلی و دایکی سمکۆ و دایکی نەوزاد و دایکى سەنگەر و دایکم پێکەوە دادەنیشتن، کاتێک دەهاتنە ماڵی ئێمە ئاگام لێ بوو دایکی عەبدوڵڵا بۆ ئەوەی باسی ناخۆشییەکانی ژیان نەکرێ، قسەی زۆر خۆشی دەکرد، هەردەم کە ئەو دەهات دەمبینی هەمووان پێدەکەنین.
هەمووکات دایکی عەبدوڵڵا دەیگوت: ئێوە بۆ خۆتان دڵتەنگ کردووە دەبێ بۆ منداڵەکانتان بژین، ئەوەی رۆیی رۆیی. بە پێکەنیکەوە بەدایکم و دایکی عەلیشی دەگوت لەبەینی یەک بەو شێوەزاری لوڕییە قسە مەکەن، کاتێک ئێوە بەو شێوە قسە دەکەن، هێر نییە لەئێوە بگات.
لەم کاتەدا هەمووان پێدەکەنێن، دەستیان بەقسەی خۆشی ڕۆژانە دەکرد.
دایکى عەلى بەپێکەنینەوە دەیگوت: زۆرجار دەچووم سەموونى ئیعاشەم دەهێنا، کاتێک باوکى عەلى سەیرى سەموونەکانى دەکرد و بەدایکى عەلى دەگوت: دیسان سەموونەکان رەقن، تۆ نازانى من ددانەکانم کەڵکی نەماوە، دەزانم تۆ بەشێوەزارى لوڕى قسەت کردووە و هەر گوتووتە : ئێژم ..ئێژم, کرێکارەکانى سەموونى ئیعاشە وایانزانیووە تۆ سەموونى رەق ساردبۆوە و رەقت دەوێ.
لەم کاتەدا هەموویان دەستیان بەپێکەنین دەکرد و چەندین قسەى خۆشیان دەکرد.
کەچی دایکى نەوزاد زۆر بەکەمى پێدەکەنى, وەک لەپێشتردا باسم لێوە کردووە ئەو دوو براى پێشمەرگەى شەهید بوو بوون, هەردەم خەمناک بوو, من لەچاوانى دەمبینى بیری برایەکانى دەکرد، چەندین یاد و یادگاری لەنێو مێشکیدا، زۆر جار دەیگوت: ئەو برایانەم لەهەڕەتی لاوی دابوون، ئێستا بیریان دەکەم، منیان زۆر خۆسدەویست. دەستەخوشکەکانى دیکەشى و دایکم هەردەم دڵیان دەدایەوە و دەیانگوت: بیر لەمنداڵەکانت بکەوە, سوپاس بۆ خوا ئەوان لەسەر رێبازى کوردایەتى شەهید بوونە, خو کارێکى خراپیان نەکردووە, گرنگە پیاو و ئافرەت بەسەربەرزى سەربنێتەوە.
دایکى سمکوش زۆرجار باسى لەئاوارەیى دەکرد و دەیگوت: ئێمە لەساڵى حەفتاکان دوور خراینەوە بۆ شارۆچکەیەکى نزیک شارى حیللە, بەراستى سەردەمێکى ناخۆش بوو.
دایکی سمکۆ: رۆژێک باوکى سمکۆ بەکارێک گەڕابۆوە کوردستان, دواى رۆیشتنى، پیاوانى رژێم یان پۆلیس, دەورى ماڵى ئێمەیان گرت, هەموومانیان بەرەو بەندینخانە برد.
دایکی سمکۆ سەرەڕایی ئەم هەموو خەم و خەفەتە پێدەکەنی و دەیگوت: سەیر بوو, ژنێکى عەرەب لەگەڵ ئێمەدا لەبەندینخانە بوو. کاتێک ئێمەى بینى وەک شێتى لێهات, بەتایبەتى ئەو کاتەى زانى ئێمە کوردین، لەناو بەندینخانەکە هاوارى دەکرد, ئەوانە دەمخۆن, ئەدى ناڵێن کورد جنوکەیە, ئەو ژنە تا ئەو کاتەى لەبەندینخانەدا دابوو هەر هاوار هاوارى بوو.
دایکى سمکۆ بۆ دەستەخوشکەکانى دەگێڕایەوە و دەیگوت: لەبیرمە ئەو کات پۆلیسەکان لەزیلە سەربازییەکە منیان لە منداڵەکان جیا کردەوە، واتە تەنیا مەترێک دوور بووم لەمنداڵەکان, کەچى سمکۆى کوڕم هاوارى دەکرد و دەیگوت: دەچمە لاى دایکم, سمکۆ ئەو کات زۆر بچووک بوو, وەک دەزانن منداڵیش زۆر هۆگرى دایکییەتى, بۆیە بەردەوام بۆ باوەشى من دەگریا.
دایکى سەنگەر، کە لەگەڵ دایکم خەڵکى هەمان گوندن, ئەویش بەهەمان شێوە چەندین ئێش و ئازارى هەبوو، ئەویش وەک دایکى نەوزاد بیرى برایەکانى دەکرد، چونکە برایەکانى ئەو لەئەنفالدا ونبوون تا ئێستاش هیچ سۆراخێکیان نییە.
لەنێوەندى گێڕانەوەى ئەو خەم و ئازارانە زۆر جار دەمبینى فرمێسک لەچاوانیان دەهاتە خوار. بەڵام هەمووان دڵى یەکتریان دەدایەوە, هیچکات نەیاندەویست دانیشتنەکەیان ببێتە یەک پارچە خەم, بۆیە دووبارە چەندین قسەى خۆشیان دەکرد و زیاتریش باسیان لەچەتوونى منداڵەکانیان دەکرد.
هەندێک رۆژ کاتێک ئەو دەستەخوشکانە لەگەڵ یەکتردا دادەنیشتن، باسی خەم و پەژارەی ژیان،منیش لەلای خۆم بەرچاوم تاریک دەبوو، لەهەندێک قسەیان بەتەواویی تێدەگەیشتم، ئەو تەمەنەی باسی دەکەم، تەمەنم خۆی لەسێ چوار ساڵ دەدا.
کەچی هەندێکجاری دیکەش کاتێک لەگەڵ یەکتردا دادەنیشتن قسەی ژنانەیان دەکرد، هەروا دوور لەخەم و پەژارە باسی رۆژە خۆشەکانی ژیانیان دەکرد، بەتایبەتی ئەو کاتەی پیاوەکانیان هاتنە داخوازییان، لەگەڵ قسەی دیکەی زیاتر، بەتایبەتی رۆژی زەماوەندکەیان، کەچۆن شایی و هەڵپەڕکێ لەوسەر بۆ ئەوسەر بوو.
ئێمە لەهەولێر لەچەندین گەڕەک ژیاوین سەرەتا لەگەڕەکی سێتاقان ماوەی ساڵێک لەو گەڕەکە بووین، ئێمە لەوێدا کرێچی بووین، دواتر هاتینە گەڕەکی مەنتکاوە لەو گەڕەکە خانووی خۆمان بوو، رووبەری خانووەکە سەد مەتر بوو، ماوەی زیاتر لە دە تا پانزدە ساڵ لەو گەڕەکە بووین، دواتر چووینە گەڕەکی 92 ئەمجارەیان خانووەکەمان دووسەد مەتر بوو، گەڕەکێکی تا بڵێیت خۆشبوو، هەموو خەڵکەکە یەکتری دەناسی لەناخۆشی و خۆشیدا بەتەنگ یەکترەوە دەهاتن.
ئاگادار بووم ژنانی کۆڵانەکەمان دایکمیان زۆر خۆشدەویست وەک گوتم کاتێک دایکم قسەی دەکرد دەیزانی چی دەڵێ هەردەم حەزی بەوە نەدەکرد کەس بەخراپە باسی ئەویتر بکات، بۆیە زۆرێک لە ژنانی کۆڵانەکەمان دڵێان بۆ دایکم دەکردەوە، لەدوورەوە دەمزانی دایکم زۆر بەجوانی ئامۆژگارییان دەکات، بەڵام ئەو کات نەمدەتوانی لەتەک دایکم دانیشم، چونکە گەورە بوو بووم.
دایکم هەردەم لەگەڵ ئەو ژنانە دادەنیشت، کە کێشە و گرفت نانێنەوە لەسەر شەڕی دوو منداڵ، بەژنەکانی کۆڵانەکەمانی دەگوت: ئێوە سەیرن، بۆ لەسەر منداڵ تیتکی(قژی) یەک دەگرن، ئەی نازانن ئەوانە منداڵن، ئەوجا بەتەواویی نەیدەزانی بەشێوەزاری سۆرانی وابڵێ دەیکردە لوڕی، ژنەکانیش هیچ تێنەدەگەیشتن و دەیانگوت: شەمام هیچ تێنەگەیشتین، ئەمەش هۆیەک بوو تا ژنەکان لەگەڵ یەکتر پێک بێنەوە، کێشە لەسەر شەڕی دوو منداڵ دروست نەکەن.
دەستەخوشکەکانی دایکم زۆرجاران باسیان لەدایکیان دەکرد، کە چەند میهرەبان و ژەنێکی بوێر بووە، هەردەم بۆ پاراستنی منداڵەکانی لەهەر ناخۆشییەک رووبەڕووی چەندین کێشە بۆتەوە، راستە رۆژگاری ئەوان هەموو شتێک وەک ئێستا بەردەست نەبووە، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ ئەوە بووە منداڵەکانیان چ کوڕ چ کچ خۆشبەخت بن.
بەشێک لەو ژنانە باسیان لەوە دەکرد، نازانن دایک چییە، چونکە کاتێک لەدایکبووە، دایکیان کۆچی دوایی کردووە، بۆیە ئەو ژنانە، بەدایکم و ژنەکانی دیکەی دەگوت: باسی دایک بکە، من نازانم سۆزی دایک و باوەشی دایک چییە، من وادەزانم خوشکە گەورەکەم دایکمە، چونکە ئەو بەخێوی کردووم.
ئیتر دایکم و دەستەخوشکەکانی هەر یەک بەدەربڕینی سادەی خۆیان باسی دایکیان دەکرد، باسیان لەوەدەکرد، هیچ کاتێک دایکیان جیاوازی لەنێوان کچ و کوڕەکان نەدەکرد.
بەپێچەوانەوە دەیانگوت: کچەکان بۆ ئێمە باشترن، چونکە لەوانەیە کوڕەکانمان لەبەر کێشە و گرفتی ژیان و بژێویی ناتوانن زۆر سەردانمان بکەن، دوای ئەوەی زەماوەندی خۆیان دەکەن، بەڵام کچەکان زوو زوو سەردانمان دەکەن، چونکە کچەکان هەردەم خۆیان بەبەشێک لەدایک و باوکیان دەزانن.
بۆ وەبەهێنانەوەش دایکم باسی لە داپیرەی و داپیرەم دەیگوت: کوڕەکانیش زۆر باشن سەردانی من و باوکی دەکەن، چ پێویستییەکمان هەبێ دابینی دەکەن، کەچی کچەکان هەر بزانن کەمێک نەساخم دێن و هەموو خزمەتێکم دەکەن، سەرەڕایی ئەوەی هەندێجار رۆژانە، سەردانمان دەکەن، بەتایبەتی ئەو کچانەی ماڵیان لەمن نزیکە، کچەکانی دیکەش ئەوان وایان داناوە، هەموو هەفتەیەک سەردانمان دەکەن.
چەندین چیڕۆک هەیە، سەبارەت بەدایکان، دایکی بەکر، کە ناسیارمان بوو، کوڕەکەی لەساڵانی هەشتا تا راپەڕین پێشمەرگە بوو، لەساڵانی هەشتا و حەفت و هەشتا وهەشت ئەو کاتەی رژێم بەکیمیاویی لەزۆربەی گوندەکانی کوردستانیدا، هەردەم لەماڵەوە ئوقرەی نەدەگرت و بیری کوڕەکەی دەکرد.
عەلی، کە چەند ساڵێک لەبەکر گەورەتر بوو، بوو بوو بەپێشمەرگە لەنێوەندی گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بوو.
دایکی بەکر هەردەم داوای دەکرد سەردانی کوڕەکەی بکات، دوایی ئەوەی سەردانی کرد، هەڕ ئەو رۆژە رژێمی بەعس بەکیمیاویی لەو گوندانەی دا،
دایکی بەکر تا کۆچی دوایی کرد، بەهۆی بۆمبارانی کیماویی، سینگی بەو کیمیاوییە ژەهراویی بوو بوو، زوو زوو نەخۆش دەکەوت، و چارەسەریان دەکرد، تا ئەو کاتەی نەخۆشییەکەی لێ توند بوو، لەکۆتایدا کۆچی دوایی کرد، دایکی بەکر ژنێکی زۆر ئازا و بوێر بوو، هەردەم دەیویست منداڵەکانی بەکوڕ و کچەوە لەپێشچاوی بێ، ئەم ئومێدەی هەبوو، بۆیە کاتێ کۆچی دوایی کرد، هەموو منداڵەکانی لەتەکیدا بوون، کاتێک چاو داخست، گومانی لەوە نەبوو منداڵەکانی دەتوانن، ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن، نەوەک تەنیا وەک خەمێک بمێننەوە، حەسرەت لەدڵیدا بێ.
زۆرێک لەدایکان، هەتا ئەو کاتەی کۆچی دواییش دەکەن، حەسرەت لەدڵیان دەمێنێتەوە.
وەک ژنێک لەگەڕەکەماندا تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کرد، هەر لەبەردەم دەرگا دادەنیشت چاوەڕێی کوڕەکەی دەکرد، هەندێک هەواڵ هەبوون کوڕەکەی سەرباز بووە لەشەڕی عێراق و ئێراندا ونبووە، هەندێکی دیکە دەیانگوت کوڕەکەی بەدیل گیراوە، کەچی هەندێک لەو سەربازانەی هاوڕێی باسیان لەوە دەکرد، لەبۆمبارانی ئێرانییەکان بەرکەوت و شەهید بوو، چەند سەربازێک جەختێان لەوەش دەکرد، بەچاوی خۆمان لاشەکەیان بینووە، کە هیج هەست و خوستی نەبووە، بۆیەش نەیانتوانیوە تەرمەکەی بهێننەوە، لەپاش بۆمبارانکردن، ئێرانییەکان هێرشیان هێناوە و دەستیان بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرتووە.
هەرجونێک دایک هەردەم لەبەر دەرگا بوو، ئومێدی بوو کوڕەکەی لەدوورەوە ببینێ و بەرەو لای بچێ تا لەباوەشی بکا و تێر تێر کوڕەکەی بۆن بکا.
مەزنی دایک لەوەدایە هیج کات کۆڵنادات تا بەخۆشگوزەرانی منداڵ و نەوەکانی ببینێ، خەندەی منداڵ و نەوەکانی گەورەترین خەڵاتە، هەردەمیش قسە نەرم و نیانەکانی ئاڕاستەیان دەکات.
دایکم تا چەند رۆژێک پێش کۆچی دوایی پێیگوتم: کوڕم تەمەنت گەورە بووە، پێمخۆشە منداڵ و حاڵی تۆ ببینم، وەک برایەکانی دیکەت، حەزم لێیە زەماوەندی تۆش ببینم.
داێکم: کوڕم زۆر گرنکە بچییەوە ناو ماڵی و حاڵی خۆت چەند رۆژێک جارێک یان هەفتەیەک جارێک سەر لەئێمەش بدەیت، دواتر دەبی بەباوک و منیش لەگەڵ منداڵی تۆ پێدەکەنم و لەباوەشی دەگرم، کوڕم دونیا تەنیا ئەو ساتە خۆشانەیە تیایدایی، تۆ خۆت و ئێمەش لەو ساتە خۆشانە بێبەش مەکە، ژیان تەنیا کتێب و دەوام و باراڕ و سەیران و گەشت نییە، پێکهێنانی خێزانیشە.
هەرچۆنێک بێ ئەو ساتەی نەبینی من ماڵ و حاڵی خۆم هەبێ، پەشیمانم لەوەی دایکم بێبەشکرد لەو ساتەی بمبینێ لەنێو ژیانێکی دیکەدام.
زۆرجار دایکم بەپێکەنێنەوە دەیگوت: تۆ لەرانکۆی پێم سەیرە لەو هەموو کچە جوانانەی زانکۆ کەست بەدڵ نەبوو، تۆ ئەو هەموو جارە دەچییە وڵاتان کچێک نەبوو بەدڵت بێ، گرنگ نییە چ نەتەوەیەک بێ، گرنگ ئەوەیە تۆ ببینم لەنێو ماڵی خۆتدا، لەدەرەوە بە، لەوێ بژی، دەمەوێ ببینم لەگەڵ خێزانەکەتدا قسەم لەگەڵدا دەکەن، گرنگ نییە ئێرانی، تۆڕانی، ئەوڕووپی بێ، گرنگ ئەوەیە من ببینم تۆ هاوسەرت هەیە.
دایکم ژیانی ناخۆشی و سەختی زۆر بینیبوو، بۆیە هەردەم دەیویست و منداڵ و نەوەکانی هیچ ناخۆشییەک نەبینن، کاتێک باسی یەکێکمان دەکرد، کە دۆخی لەخراپیدایە، دەیگوت: هەر چۆنێک دەبێ هاوکاری بکەن، پێویستی بەچی بوو بەپێی ئیمکان هاوکاری بکەن، چونکە ژیان ئاوایە هەر رۆژێک یەکێک دۆخی خراپ دەبێ، هەر کەسێکیش لەشەقام و جادەکان ئینجا هەر چییەک بێ، هاوکاری بکەن، ئینجا سواڵکەر بێ، یان هەژار، نەکەن ڕووتان وەرگێڕن، ئەگەر پارەیەکی کەمیش بێ، هاوکاری بکەن.
زۆرجار دایکم دەیگوت.: خەڵکم بینیووە، دۆخیان لەوپەڕی باشیدا بووە، کەجی لەناکاو هیچیان بەسەر هیچەوە نەماوە، زۆر هەژار کەوتوون، دیارە ئەمەش هوکاری خۆێ هەیە، دیارە کاتێک دەکەون،خەڵکی دیکە دەیان هۆکاری بۆ دەدۆزنەوە، بۆیە ئێوە دەبێ خۆتان لەو ڤسانە بپارێزن و هیجکات ناو و ناتۆرە و هۆکاری خراپ نەدەنە پاڵ خەڵکی.




هیجران شێواوی شاعیر و په‌یڤی بیمار.. ستار ئەحمەد

شێواوی شاعیر،دڵی ئۆقره‌ نه‌گرتووی له‌گه‌ڵ ئاوازی شیعرا شنه‌ی شادییه‌ك دایده‌گرێت و له‌گه‌ڵ جوانی به‌هارو ئاهه‌نگی سه‌روه‌رییه‌كانمانا،ده‌كه‌وێته دیلان و ستران بۆ باخچه‌ی گوڵ و مه‌زاری تێكۆشه‌ران و ئه‌وینی شه‌یداكان ده‌ڵێت.تاوێك به‌سه‌ر نسێی قه‌دپاڵه‌كانا ده‌ڕوانێ‌ و له‌نه‌مریی كورد وردده‌بێته‌وه‌ و به‌ئاهێكی پڕ له‌سۆزه‌وه‌ په‌پووله‌ی وشه‌كانی به‌ره‌و ده‌روازه‌ی ئاسۆ به‌ره‌ڵڵا ده‌كات و له‌ره‌هایی و سه‌ربه‌ستی ده‌گه‌ڕێت .
له‌به‌هاری جه‌ژنی كاوه‌
دڵ و چاوم گڕ ده‌نووسێ‌
هه‌رچی وشه‌و شیعری جوانه‌
به‌و عه‌شقه‌وه‌ دائه‌گیرسێ‌
دیاره‌ وه‌كوو كوردێكی گڕ تێبه‌ربوو ،سه‌راپای ئه‌ندامه‌كانی له‌شی ده‌بنه‌ چراوگی رووناكی و له‌سه‌ر مولووله‌ی جه‌سته‌ی به‌شكۆوه‌ وشه‌ی نه‌ورۆز تۆمار ده‌كات ،بیره‌وه‌رییه‌كانی له‌په‌یڤی بیمارو رسته‌ی ساده‌و وشه‌ی دڵنه‌وازدا ..ئاوێته‌ی كێش و سه‌روای ئاواز به‌خش و سه‌دای بۆنه‌ پیرۆزه‌كان ده‌بن و …گلێنه‌و ده‌روون و پیته‌ شه‌یداكانی داده‌گیرسێن و عه‌شقی گه‌رمیانی به‌ئه‌مه‌ك ده‌خاته‌ روو ..گه‌رمیانی ئه‌نفال ..گه‌رمیانی هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ی چاو نه‌ترس و سه‌دان دایكی میهره‌بان. هیجران شێواو له‌ هه‌سته‌ خاوێنه‌كه‌یدا حه‌ز به‌یه‌كێتی و یه‌كڕیزی چین و توێژه‌كانی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌كات و هه‌ساره‌ی رێنماییه‌كانی له‌ ئاسمانی ناخه‌ پاكه‌كه‌ی زارۆكه‌كانا ده‌كه‌ونه‌ جریوه‌ جریو ،به‌به‌سته‌یه‌ك دڵنه‌وایی چرۆكان ده‌داته‌وه‌..

به‌ یانییه‌ك پێش خۆركه‌وتن
دوو چۆله‌كه‌ به‌شه‌ڕ هاتن
له‌سه‌ر مشتێ‌ گه‌نمی خه‌رمان
سه‌رو چاو یه‌كتریان شكان
هه‌ریه‌كه‌و ده‌یویست بێته‌ شا
به‌ته‌نیا گه‌نمه‌كه‌ بخوا
خۆیان كڕكرد وه‌كوو لاشه‌
زاڵم زه‌واڵی لێ‌ ده‌رچووو
هه‌ردوو بوونه‌ قوربان واشه‌
ئیتر ئێوه‌ش كۆرپه‌كانم
ده‌روون پاك بن تا ئه‌توانن
له‌گه‌ڵ یه‌كتر وه‌ك برابن
وه‌ك چۆله‌كه‌ مه‌بنه‌ دوژمن

شێواو حه‌ز له‌په‌شێوی میلله‌ته‌كه‌ی ناكات و له‌ ئاشتی ده‌گه‌ڕێت ، دژی ناته‌بایی و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕو ناكۆكیه‌كان به‌گوڵه‌ شیعرێك له‌رێگای ساوا بێگه‌رده‌كانه‌وه‌ ده‌یخاته‌ یادمان به‌ هه‌ماهه‌نگی و یه‌كبڕوایی ده‌توانین مێژووی خوێناویمان بڕازێنینه‌وه‌ و به‌ یه‌كێنی ده‌توانین ده‌ستی زه‌برو باسكی ناهه‌موارییه‌كان ببڕینه‌وه‌. شێواو ئه‌و شاعیره‌یه‌ له‌كاتی دیكتاتۆردا توانیوێتی ئاماژه‌ به‌سته‌مكاره‌كان بدات و نززكی پێنووسه‌كه‌ی له‌گلێنه‌ی تاوانیان بچه‌قێنیت و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا هاوار بكات و بڵێت..

من دڵنیام ساڵه‌هایه‌
ئه‌و نه‌هه‌نگه‌ی ده‌می برسی كردۆته‌وه‌
شه‌وێك دادێ‌
مه‌رگه‌ساتی به‌زه‌واڵێك
ئه‌ستێره‌ی شانی پڕ نه‌عله‌ت
وردو خاش كاو
سه‌ری لاوان پان كاته‌وه‌
بۆیه‌ منیش
هه‌وری چاوم به‌ئاسمانی برسیه‌كانا
دائه‌گێڕم
تا چه‌غماغه‌ی لێ‌ په‌یدا بێ‌ و
بارانی ئاو ببارێنێ‌

لێره‌دا ئه‌و جه‌للاده‌ ده‌كاته‌ نموونه‌ كه‌نه‌جمه‌ی سه‌ر شانی به‌ خوێنی نه‌داران سوور كردووه‌ و
وه‌كوو نه‌هه‌نگی برسی له‌ خوێن تێر نابێت و زۆرلێكراوانی گه‌رمیان و شاره‌ زامداره‌كه‌ی خورماتوو ره‌می ده‌كات و بێترس له‌ هه‌موو یاساو رێسایه‌ك و لێپرسینه‌وه‌یه‌ك رۆڵه‌كانی كورد به‌ره‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ده‌بات.دڵنیایه‌ رۆژێك دێت ئه‌ستێره‌ی سه‌ر شانی (نه‌جمه‌ نه‌فره‌تیه‌كه‌ی) وردو خاش ده‌بێت .بۆیه‌ له‌لای خۆیه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی گه‌واڵه‌ی دیده‌كانی ئه‌شكی خوێنین به‌سه‌ر برسیه‌كانا ده‌بارێنێ‌ ،بروسكه‌ی نیگاكانی (ئاسۆی گه‌رمیان) داده‌پۆشن،سێلاوی چاوه‌كانی هه‌ڵده‌ستێت،هه‌تا زامه‌كان به‌ ئه‌شكی خوێنین ده‌شواته‌وه‌.
شێواو وه‌نه‌بێت هه‌ر چوار به‌شه‌ زامداره‌كه‌ی كوردستانی له‌ یاد كردبێت و له‌ چوار لا شیوه‌ن ده‌كات و بۆ ئه‌نفال و گۆڕه‌شاره‌كانی ژێر لمی عه‌رعه‌ریش به‌رۆكی داده‌ڕێ‌..

مۆ ته‌ كه‌ی مه‌رگ
خۆڵی نوغرۆی
به‌سه‌ر هه‌ر چوار به‌شی له‌شما ته‌كاندووه‌
له‌ ئاسمانی شاری لمیش
ملیۆن په‌پووله‌ی ره‌نگاوڕه‌نگ
له‌ ناو گوڵ و لاله‌زاری دیده‌كانما
قژی (لافنا) شانه‌ ئه‌كه‌ن
به‌ڵام له‌ ژێر قه‌تماغه‌ی زام و ره‌مزدا،سروشتی به‌رهه‌ڵستكار وای لێكردووه‌ نه‌توانێت به‌ ئاشكرا هاوار بكات ،شته‌كان پێچه‌وانه‌ ده‌كاته‌وه‌ ، وشه‌ی ئه‌نفالیش به‌ ئاوه‌ژوویی به‌ گوێمانا ده‌دات، له‌ شیعره‌كه‌یدا به‌(لافنا) ناوی ده‌بات .چی بكات له‌ ژێر سایه‌ی دڕنده‌یه‌كی خوێنڕێژا .. ناتوانێت ده‌نگی به‌ ئاشكرا به‌ میلله‌ته‌ زوڵملێكراوه‌كان بگه‌یه‌نێت،چونكه‌ ده‌زانێت ده‌نگی خۆی و شیعره‌كانی ده‌تاسێنن و كۆرپه‌ی رازه‌كانی به‌ناڕه‌وایی ده‌مرێنن.

ستار ئەحمەد




فێرنەبوون لە هەڵە گەمژەییە.. سامانی وەستا بەکر

فێرنەبوون لە هەڵە گەمژەییە، داننەنانیش بە دۆڕانا دوو دۆڕانە.
لەمێژەوە نەریتێکی ناشرین و هەڵە بۆتە هۆکاری داخورانی جەستەی کۆمەڵگەی کوردی بەجۆرێک کە بۆتە هۆکاری پاشەکشێی کورد لەزۆربەی ئاستەکانا ئەگەر نەشڵێین هەمووی.
هەڵە:
هەلە یان مامۆستای فێربوون. هەڵە یەکێکە لەو چەمکانەی کە وەک هەر چەمکێکیتر بوونی هەیە، بۆ نمونە هەروەکچۆن “سەرکەوتن، باشکردن، ڕاستکردن…هتد” بوونیان هەیە هەرواش هەڵەکردن بوونی هەیە و بەشێکە لەسروشتی مرۆڤ بوون.
هەڵە کاتێک ڕووئەیان کە مرۆڤ هەستێ بەکارێک، بەکردارێک یان گفتوگۆیەک، واتا تا مرۆڤ جووڵەنەکا هەڵەش ناکا هەرچەنە هەر خودی جووڵەنەکردنیش هەڵەیە، کەواتە هەڵەکردن ئەنجامی جووڵەی مرۆڤە بەئاڕاستەیەک، سەرەنجام یان باش ئەیکا یان چەوت-هەڵە.
مرۆڤ بەبێ کاروکردار و جووڵە بوونی نابێ، هەڵەش ئەنجامی جووڵەی مرۆڤە کەواتە بۆ ئەبێ مرۆڤ خۆی لێ بێبەریکا؟
وەڵامەکەی ئەوەیە کە بەگشتی مرۆڤ سەرکەووتنی پێخۆشە و بەشکست بێزارەبێ، چونکە شکستیش دەرەنجامی هەڵەیە بۆیە بەشێکی بەرچاوی مرۆڤ خۆی لێ بێبەریئەکا و هەندێجاریش هەوڵێکی زۆرئەیا تا پاساو بۆ هەلەکە بدۆزێتەوە یان بیسوێ بەسەر کەسێکیترا کە ئەمەیان هەڵە گەورەکەیە، ئەو هەڵە گەورەیەیە کە ئەبێ مرۆڤ شەرمی لێبکا و خۆی لێبپارێزێ، هەلە سروشتییەکە نەکا بە هەڵەیەکی پلان بۆ دارێژراوو بەمەبەست چونکوم هەندێجار ئەکرێ وەک تاوان تەماشاکرێ.
ڕاست، چەمکە دڵخوازەکە:
بەشی هەرە زۆری مرۆڤ تەنانەت ئەو مرۆڤانەش کە دڕندانە و نابەرپرسانە مامەڵەئەکەن، زۆر دڵخۆشەبن ئەگەر پێیان بوترێ کارێکی ڕاست ئەنجاماوە، بەڵام ئەگەر پێیان بوترێ کارەکە هەڵەیە نیگەران و بێزارەبن، ئەمە لەکاتێکا کە کاری ڕاست و سەرکەتوو دەرەنجامی هەڵەی پێشووترە.
بیرمان نەچێ کە هەڵە نە شکستە نە ئابڕووچوون بەڵکو سەرەتای کارە ڕاستەکەیە بۆ هەستانەوە بۆ خەڵکانێک کە شێلگیرانە لە هەوڵی سەرکەتنان. ئەوەی ناحەز و ئابڕووبەرە ئەوەیە کە هەڵە بەمەبەست چەنبارە بکرێتەوە لە پێناوی دەستکەوتی کەسی، خێزان، گرووپ، خێڵ یان خێزان.
زیاتر درێژە بە سروشتی ‌هەڵە و جیاوازی نێوان جۆرەکانی هەڵە نایەین بەڵکو زیاتر باس لەو هەڵەیە ئەکەین کە بۆتە مخۆرکەی فێربوون لە هەڵە و ڕێگرە لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەی کوردی کە ئەویش ترسە لە هەڵە و گۆڕینی “هەڵەی سانا و ساکاری هاوڕێی بوون” بە “هەڵەی پلان بۆ داڕێژراو و بەمەبەست”، بۆیە لێرەوە ئەتوانین درگایەک لەسەر ئەو ئەو هەڵە ستراتیژی و دەستکردانەی ٣٢ ساڵی حوکمداری کورد لە باشوری کوردستان بکەینەوە.

سی ساڵ لە هەڵە:
بەشێک لەو هەڵە ستراتیژیانەی کە دەسەڵاتداری کورد لە باشور لە ماوی سی و دوو ساڵی ڕابردووا کردوونی:
١. قبوڵنەکردنی براوە و دۆڕاو دوای ئەنجامی هەڵبژاردن، چەسپاندنی پەنجا بە پەنجا کە بووە هۆکاری لەدایک بوونی حکومەتی هەرێم بە ئیفلیجی و خاڵی سەرەتای کۆتایی دەوڵەتی موئەسەسات.
٢. شەڕی ناوخۆ.
٣. دوو ئیدارەی و لەتکردنی هەرێم بۆ دوو زۆن و چەسپاندنی سنوری دێگەڵە.
٤. دواخستنی هەڵبژاردن و نەکردنی لەکاتی خۆیا.
٥. تەزویر و دەستکارکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن.
٦. نەبوون و خۆدزینەوە لە نوسینەوەی دەستور.
٧. لەبری نوسینەوە و دروستکردنی زمان و ڕێنووسی کوردی هاوبەش و ستاندارد، ڕێگەدان بە بەکارهێنانی زمانی ناوچە و شارە جیاجیاکان لە فێرگەکانا.
٨. پیرۆزکردن، دێواندن و بێهاوتای هەندێک کەسایەتی کە گوایە ناکرێ شوێنیان پڕکرێتەوە.
٩. کردنەوەی زانکۆی زۆروبۆر بەمەبەستی بازرگانی و دابەزاندنی ئاستی زانستی و ئەو دەزگا گرنگە.
١٠. چەسپاندنی چەند خێڵێک بەسەر کۆمەڵگایا، پیرۆزکردنی بنەماڵە بە سەر حیزب، جێگیرکردنی مۆڵکداری خێزان و کەسایەتی بەسەر لوتکەی دەسەڵاتی حیزب و حکومەتا.
بێگومان ئەمە مشتێکە لە خەروارێک و وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێیراوە ئەمانە بەشێکن لە هەڵە ستراتیژییە کوشندەکان ئەگەرنا چەندین هەڵەی پلان بۆدارێژراو و ساویلکانەیتر هەن کە کراوون، بەلام ئەکرێ بوترێ کە ئەم هەلانە باوکی کۆی هەڵەکانیترن.
لای کورد واباوە ئەوترێ گەورە ئاوەڕژێنێ و بچوک پێی تێئخشێنێ، پارتی و یەکێتی دەستیان پێکرد و حیزبەکانیش لەوان لاسارتر هەڵەکانیان چەنبارە کردەوە. هەڵبەتە کاتێ تەماشای ئۆپۆزسیۆنە بێدەسەڵات و پۆپۆلیستەکان ئەکەی ڕاستەوخۆ ئەبێ بڵێی “هەزاران دروود لە کفن دز”.

فێرنەبوون لە هەڵە:
٣٢ ساڵ کاتێکی هێندە زۆرە کە لە مێژووا، نمونە هەن کە بەکاتی لەوەش کەمتر دەوڵەت لە دوای وێرانەی جەنگەوە باشتر دروستکراوە وەک ئەڵمانیا، دەوڵەتیش لە هەژاری و داڕمانەوە بۆتە یەکێک لە ئابورییە گەورەکانی جیهان نمونەی سەنگاپورە.
وێرای ئەو داڕامانە ئابوری و نەبوونی موئەسەسات و دوو ئیدارەیی….هتد بەلام بەردەوام لە بلاوکراوەکانی دەسەلاتداران و حکومەتا باس لە سەرکەوتن و گەشانەوە ئەکرێت، کە ئەمش بەڵگەنەویستە بۆئەوەی لەوە تێبگەی کە دەسەلاتدار و حکومەت و حیزبەکان شەرم لەداننان بە هەلەیائەکەن و نەک ئامادەنین بەڵکو پشتیشیان کردۆتە ئەو هەلە زەقانەی کە کراون و ئەکرێن و تەنها مانەوەی خۆیان لە پۆست و پایەکانیان بەسە بۆ تێرکردنی حەزە کەسییەکانیان و ئامادەی سودوەرگرتن و ڕاستکردنەوەی ‌هەلەکان نین.
کەواتە ئەتوانرێ بوترێ کە دەسەڵاتدارو حکومەتی هەرێم، حکومەتێکی بێکارو کردارە چونکە هەست بەهەڵەکانی خۆیان ناکەن ئەمەش سەلمێنەری ئەو هاوکێشەی سەرەوەیە کە ئەڵێ “هەڵە ئەنجمانی جوڵە، کار، کردار و گفتوگۆیە”، بەواتایەکیتر کاتێ دەسەڵاتدارو حکومەت دان بەهیچ هەڵەیەکانانێن واتا دانیش نەوەیا ئەنێن کە موئەسەسەیەکی بێ کار، کردار، جوڵە و گفتوگۆن.
تێبینی/ لە ڕۆژهەڵاتی ناوینا بەگشتی هەڵەکردن هاوتاکراوەتەوە بە شکست هەرلەبەرئەوەشە دانی پیانانرێ.
ڕەخنەگرتن لە دیموکراتی:
بێگومان دیموکراتیش وەک هەر چەمکێکیتر دوور نییە لە ڕەخنە و وەک ئەوەی باوە و ئەوترێ “باشترین هەڵبژاردەی خراپەکانە” بەڵام نابێ بیریشمان بچێ کە تا ئەمڕۆش جێگرەوەی چەمکی دیموکراتی نەدۆزراوەتەوە.
سود وەرگرتن لە دیموکراتی گەورەترین تاوانە بەئاڕاستەی هەڵە و دۆزینەوەی کەلێن لەناو چەمکی دیموکراتیا بۆ چەسپاندنی حەزی مانەوە لە دەسەلات، کە کورد لە باشور زۆرترین سودی لەو کەلێنانە وەرگرتووە.
ئەگەر ڕەخنەیەک لە دیموکراتی هەبێ ئەبی بۆ باشوری کوردستان ئەوەبێ کە زۆربەی نەهامەتییەکانی لەڕێگەی سنووقەکانی هەڵبژاردنەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوانێ و سود لە دیموکراتی وەرگیراوە بۆ گەیاندنی کۆمەڵگە بەم ئاستە.

سامانی وەستا بەکر

٢٣-١٢-٢٠٢٣ سوید-ستۆکهۆڵم




دیسانەوە، لەبارەی یەک واو و دوو واوەوە.. عەبدولڕەحمان فەرهادی

ھەندێک نووسەر کە لە بواری ڕێنووس و زمان و دەنگسازی، کۆڵەوار و دەستەپاچەن، نازانن لە کوێ دوو (واو) و لە کوێ یەک (واو) بەکار دێت، دێن دەنگ ھەڵدەبڕن و دەڵێن ئێمە دان بە بوونی دوو واودا نانێین و لە نووسینەکانماندا تەنیا یەک واو لە شوێنی دوو واویش دادەنێین. ئەو بنووسانە، لەوە تێناگەن کە ئەمە لە بواری ڕێنووسدا، کارێکی تەواو زانستییە، یەک واو و دوو واو، دوو فۆنیمی تەواو لە یەکتر جیاوازن، وەک چۆن دەنگی پیتی سین لە دەنگی پیتی میم جیاوازە، دەنگی دوو واویش لە دەنگی یەک واو جیاوازە، بۆیە ھەقە ھەردووکیان بە دوو پیتی جیاواز دابنێی. کە لە وشەدا دوو واو دەکەیت بە یەک واو، ئەوا دەنگی وشەکە دەگۆڕێت و دەبێت بە وشەیەکی جیاواز لەوەی گەر دوو واوەکەی ھەبێت و لە زۆر وشەشدا ماناکەی دەگۆڕێت. ھەقی کەس نییە دوو واو بگۆڕێت بە یەک واو، تەنانەت بۆ ھیچ دەزگایەکی ئەکادیمی و بەشە کوردییەکانی زانکۆکان و یەکێتیی نووسەران و ئەکادیمیای کوردی و ھیچ ئەکادیمیایەکی زمان و ھیچ نووسەرێکیش نییە بڕیار لەوە بدات دوو واو ھەیە یان نا، بەڵکوو ئەمە ئیشی سەرەکیی زانست و وانەی دەنگە لە تاقیگەکانی دەنگ لە بەشی فیزیای زانکۆکان، لەوێ وشە دەدرێتە بەر ئەزموون و تاقیکردنەوەی دەنگ و ئەوان دەزانن دەنگی (وو) لەگەڵ دەنگی (و) لە کوێ و لە کام وشە و شوێندا بەکار دێت و بڕیار لەسەر ئەوە دەدەن کە دەنگی (وو) تەواو جیاوازە لە دەنگی (و)، ئینجا دەیدەن بە دەزگاکان و دەبێت پەیڕەو بکرێت. لە زمان و ڕێنووسی کوردیدا ئەمە زۆر گرنگە و پێویستە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سەرجەم نووسەران و خوێندەواران ھەست بەم جیاوازییە بکەن و پەیڕەوی ڕاستنووسیی بەکارھێنانی ھەردوو دەنگ بکەن، گەر ئەوە ناکەیت یان لێی نازانیت، ئەوا پێویستە خۆت فێرکەیت و سەرچاوەی فێرکردنی دروستنووسیی ڕێنووسی کوردیمان لە کتێبخانەکاندا زۆرن، وەک لەوەبەر باسمان کرد، گەر دوو واوت گۆڕی بە یەک واو ئەوا زۆرجار مانای وشە و ڕستەش دەگۆڕێت، بۆ نموونە:
کوڕ، جیاوازە لەگەڵ کووڕ.
قوم واتە فڕ، جیاوازە لە قووم واتە لم.
چون واتە چۆن، جیاوازە لە چوون واتە ڕۆیشتن.
کوز واتە ئەندامی مێیینەی ژن، جیاوازە لە کووز واتە لەتێ بۆ نموونە کووزە گندۆرە.
تو واتە تۆ، جیاوازە لە توو بۆ نموونە تووی شەقراوە.
جوت واتە جۆتکردن، جیاوازە لە جووت واتە دووان، بۆ نموونە جووتە گۆرەوی.
قوت بۆ نموونە قوتکردنی پەرچەم، یان قوتە واتە کورت، بۆ نموونە قوتە زەلام، جیاوازە لە قووت وەک قووتدانی پارووی نان.
توز واتە خوێ، جیاوازە لە تووز واتە تۆز.
گوڕ واتە خێرایییەکی بە تاو، جیاوازە لە گووڕ واتە گۆڕ.
کوونە واتە چۆنن، جیاوازە لە کونە واتە کون بووە.
نموونەی تر زۆرن، با جارێ ئەوەندە بەس بێت.
لە دواڕۆژ ھەر دەبێ ئەم دوو واوە بە ھێمایەکی تایبەت بگۆڕدرێت، بۆ ئەوەی بەکارھێنانی ئاسانتر بێت، چونکە وەک گوتمان دوو واو جیاوازە لە یەک واو.
سوپاس بۆ برای ھێژام سوداد ڕەسوول، کە نموونەی بەشێک لەم وشانەی خستە بەردەستم.




ئێوارانە ٥٦.. سەردار جاف

ئێوارەيەک
نەعشێ پێکەنينەکانم ختوکە دەدا
تارماييەک چاوەکانی
زەردەپەڕی بولێڵ دەکا
تەمتومانێ
بەر لە ئاوابوونی خۆر دنەی حەسرەتەکانم دەدا
ژنێ فرمێسکەکانی لە سەر رێگاکەم دەچێنێ
دايکێ قوڵپی گريانی بە هەستەکانم دەسپێرێ
باوکێ دەستە
لەرزيو و ئاهی ئاوابوونی کوڕەکەی
دەداتە بەر چرا گومەزی مەرقەدی
شار و بە نێو نيگاکانم ترپەيەکن
دەمهەژێنێ
شەو لە خەرەندی تەمەن خۆ دەبينمەوە
لە دامێنا
کراسێ خوێنين لە بەر کڕێوەی بەفرا
خاک تەڕ دەکا
سۆما لێڵی دايک دەسڕێ
شەهلايەک
لە ئاتەشی ئەم گڕکانەوە
رێی بە رەو دەيجور بڕيوە
نازانم لە کام کۆلاژی
ئەوين و بەفر و خوێن و رۆح هەڵقوڵاوە
فرمێسکەکانی بە دێر بەدێری شيعرەکانم سڕيوە
ئەمشەو دەبمە
سەرەنێڵێکی سەرەڕۆ
لە تەک گڕ و گرمەی تەقينەوەيەکدا
خەون دووکەڵێکی رەشە
بە باڵای شارما دەبارێ
خەونێ ئيدی وەئاگابوونێ ون دەکا
ئاوابوونێ
ئەسرينێکی ڕێژنەڕێژە
لە تاودانی ئەسپا گلا
کە ژوانێ چاوەنواڕی فووی قەدەمی ئاگر دەکا
سێڵاوی مۆم ئەوکی ئێرە و ئەوێ دەگرێ
شنەبايەک لە زەردەيا رۆحی گێژە
ئەم شەبخونی هاڕينە
تا دێ بڵێسەی هەڵدەسێ
شەو گەڕانێکی ورد وردە
چاوێ وێڵی قەرەوڵ و
پەلەپيتکە لە بن دەستێ
شيپی* دەربازبوون دەگرين و
دێينەوە ژين
تۆی گشت کەسم
خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم

١٨ / ١٢/ ٢٠٢٣
*شيپ ؛ دەرەتەنگ، خڕ و دۆڵی باريک لە چيا




دادگایی.. شیعری نەوزاد بەندی

وێنەیەکم نیشان ئەدەی ..
هەزاران جار دەست بە قژ و
بە ڕوومەتیدا هێنراوە ..
بێ ژماردە لێوەکانی ماچکراون..
دەیان هەزار شەوی درێژ ،
لەگەڵ پیاوێکا نوستووە ..
سێ ژەمە نانی لەگەڵ پیاوێکا خواردووە ..
دەیان هەزار پیاڵە چای بۆ تێکردووە ..؟؟
چۆن چاوێکم نیشان ئەدەی ،
مۆری لێوی پیاوێکی تری پێوەیە .. ؟
مل و گەردنێ ،
کە بۆنی ،
پیاوێکی تری لێوەیە ؟