دایکم/9/.. رەسووڵ بەختیار

9

دایکم زۆر جار باسی کەسانێکی دەکرد، کە لەزووەوە دوای ژنهێنان و شووکردن، یان دوایی ئەوەی چەند منداڵێکیان هەبووە دواتر لێکجیا بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی کێشەی لابەلا و سووک و چرووک.

دایکم: زۆرێک لەو منداڵانەی لای داپیرە و باپیرە گەورە بوونە، سەیری چاوەکانیان بکە، لەهەموو سۆزی دایک و باوکیان دوورن،ئەوە جگە لەوەی هەندێک منداڵ کەوتوونەتە سەر جادە، ئەوانە تووشی دەیان کێشەی گەورە دەبن، هیچ کاتێک سۆز و بەزەییان نییە، بەرامبەر بەکەسانی دیکە، بۆیە بەشێکیان دەکەونە بەندینخانە، دواتریش سەرەڕایی ئەوەی باشتر نابن، هەندێک لەوانە وەک دڕەندەیان لێ دێ، بەڵام بەشێکی دیکە، کە داپیرە و باپیرە بەهەموو شێوەیەک ئاگاداری نەوەکانیانن، دەبینی مرۆڤی سەرکەوتوویان لێ دروست دەبێ، بەڵام هەردەم ئاهێک ناخیاندایە، کاتێک دەبینن دایک و باوکێک دەستی منداڵەکانیان گرتووە و قسەی خۆشیان بۆ دەکەن و نازیان دەدەنێ.

هەموو ماڵێک بایی خۆی کێشەی بچووکی تیادایە،ئینجا لەنێوان خوشک و برا بێ یان لەنێوان برایەکان، بۆ ئەمە دایک و باوکم زۆر بەنەرم و نیانی دەیانویست کێشەکان چارەسەر بکەن، زۆر جار دایکم لەو پەڕی توڕەبووندا زیاتر بە کوڕەکانی دەگوت:  کاکە لێرە ئەو بەزمە مەنێنەوە، هەر کەس با ژن بێنێ و بڕۆنە ماڵی خۆتان، من و باوکت تاقەتی کێشمە کێشمی ئێوەمان نییە، (بەپێکەنینەوە) پیاو ئەو پیاوەیە، بتوانێ ماڵ و منداڵ پێکبێنێ، سبەی رۆژیش زوو زوو سەردانمان بکەن تا نەوەکانمان ببینێن.

کاتێک باوکم گوێی لەو قسانە دەبوو و پێدەکەنی و دەیگوت: لێانگەڕێ، با هەر کێشمە کێشیان هەبێ، زۆر توندی بکەن، هەموویان دەردەکەم.

لەبیرمە دایە، کاتێک درەنگ دەهاتمەوە ماڵەوە، یەکسەر دەتگوت: “لەکورە بووی، ئەوە را وا درەنگ دێتەوە”بەلوڕی”، منیش بۆ ئەوەی خۆم قورتار بکەم و بیانوویەک بۆ ئەو دڕەنگ هاتنەوەیە بدۆزمەوە، باسی ئەوەم دەکرد، لەگەڵ هاوڕێیەکانم سەردانی هاوڕێیەکی نەخۆشمان کرد، دڵی زۆر پێخۆشبوو، بۆیە زۆر ڤسەی خۆشمان کرد، چەندین یادگاریمان گێڕایەوە، قسە قسەی ڕاکێشا و هەمووان درەنگ هاتێنەوە.

دایکم: خوا خێرتان بنووسێ، سەردانی نەخۆش خێرە، ئەرکە. “ئیوەش رۆژێک دبووک وا چاوەڕێی برادەرەکانتان بکەن”.

کوڕم، تۆش دەبێ ئاگاداری خوشک  و براکانت بیت، دوێتەکان خەمی تۆیانە، وەشن بەو شەوی زمستانە تا ئێستا نەهاتوویەتییەوە”.

– دایە خەمی منت نەبێ، ئەوە بەرێککەوت وا درەنگ هاتمەوە.

دایکم: دونیا وەک پێشتر نییە، خراپەکار زۆر بووە، دەزانم تۆ خراپە ناکەی، بەڵام هەندێکجار لەناکاو کەسێکی خراپ تووشی بەڵایەکت دەکا، تۆی بێگوناح دەبی بەتاوانبار، ئەوە جگە لەکێشە و سەر ئێشەی بەلاش.

دایە ئێستا بیری ئەو قسانەت دەکەم، هەردەم بوونی دایک سۆز و میهرەبانییە، سەیرە دایە باوکی دڵزاری هاوڕێم تەمەنی لەسەرووی حەفتا ساڵییەوەیە، نزیکەی بیست ساڵە دایکی کۆچی دوایی کردووە، کاتێک باسی سۆز و میهرەبانی دایکانیان کردبوو، ئەو بەو تەمەنەوە بەکوڵ گریا بوو، بۆیە دایک هیچ کاتێک لەبیر ناکرێ، کەس ناتوانێ شوێنی دایک بگرێتەوە.

دایە ئەمڕۆ زۆر بیرم دەکری،  کاتێک هاتمەوە ماڵ هەموو ژوورەکان گەڕام، چوومە قاتی سەرەوەش لەوێ نەبووی، خوشک و برایەکانم بەتیچاوێکەوە سەیریان دەکردم، دەیانزانی بەدوای تۆدا دەگەڕێم، هەموویان گریان لەقوڕگیان مابوو، نەیاندەویست بەئاشکرا بەرامبەر بەیەکتر بگرین، کاتێک سەیری باوکم کرد، بێ تۆیی پێوە دیار بوو، ئەوەی گرنگە، هەموو کات کوڕ و کچەکان دڵی باوکم دەدەنەوە و زۆر ئاگادارین و نایانەوێ باوکمان لەهیچ شتێکی کەم بێ، زۆر جار بە ئاماژە داوای شتێک دەکا، یەکسەر لێی تێدەگەن،بۆ نموونە کاتێک بیەوێ پەرداخە ئاوێک بخوا، یاخود بیەوێ پیاسەیەکی پێ بکەن بەناو باخچەکەمان، ئەگەر کەشەکە زۆر سارد نەبێ دەچێتە باخچەکە چەندین هەنگاو دەهاوێ و سەیری دار و درەختەکان دەکا. تا ئەو کاتەی بەخوێی ئاماژە دەکا تا بیبەنەوە ژوورێ، ئەگەر کەشەکە سارد بێ ئەوا هەر لەنێو ماڵەوەدا سەر لەهەموو ژورەکان دەدا، دواتر دێتەوە جێگەی خۆێ دادەنیشێ، باوکم دڵخۆش دەبێ کاتێک میوانمان دێ، هەردەم بەبزیەکەوە گوێ لەقسەی میوانەکان دەگرێ، هەر ئەمڕۆ بەباوکم گوت: باوکە دەچمە دەرەوە، چەند سەعاتێکم پێدەچێ دێمەوە.

باوکم بەئاماژە رێگەی پێدام بچمە دەرەوە، کاتێک سواری ئۆتۆمبێلەکەم بووم، یەکسەر بڕیارمدا بچمە گۆڕستان، لەدڵی خۆمدا گوتم : ئەمڕۆ کەس لەگۆڕستان نییە، بەدڵی خۆم بەرامبەر گۆڕەکەی دایکم دەگریم، کاتێک گەیشتمە گۆڕستان، نزیکەی سەعاتێک لەنێو گۆڕستاندا بووم، زۆربەی کاتەکە لەبەرامبەر گۆڕی دایکم بووم، کە گەیشتمە سەر گۆڕی دایکم، دایکم گوتی: کوڕم ئەوە هاتی، بەو،سەرمایە کەس لەگۆڕستان نییە، خۆ جلوبەرگی باش و ئەستورت لەبەرە، کوڕم دەترسم سەرمات بێ.

– دایە بیرم دەکردی، خوشک و برایەکانم و باوکم و نەوەکانت بیرت دەکەن، دایە خەمی منت نەبێ، سەرمام نییە، تەنیا هاتووم بتبینم، گوێم لەقسەکانت بێ.

دایکم: ئێستا من دوورم لێتان، بەڵام ئاگاداری هەمووتانم، هەستتان پێدەکەم، منیش پێش ئێوە دایکم کوچی دوایی کردووە، دەزانم، کۆچی دایک چەند بەئێش و ئازارە، چا نییە، ئێوە گەورە بوون و لەخەم دەرجوون، ئەی چی بەو منداڵانە دەڵێن کاتێک لەتەمەنی بچووکیدا دایکیان کۆچی دوایی دەکا، هەردەم لەنازی دایکیان دوورن، کوڕم خەم لەمن مەخۆن، تەنیا مشووری حاڵی خۆتان بن و ئاگاداری یەکتر بن، لەگەڵ خوشک و برایەکانتان یەکترتان خۆشبووێ.

بەدەست خۆم نەبوو زۆر بەکوڵ لەسەر گۆڕەکەی دایکم گریام، نەمدەویست جێی بێڵم، بەڵکو کەمێک لەخەمەکانم کەم بێتەوە، دواتر ماوەیەک بەنێو گۆڕەکان گوزەرێکم کرد، کێڵەکانم دەخوێندەوە، کەسی کۆچکردووی وای تیادا بوو، هەر زوو لەتەمەنێکی بچووک و گەنجێدا کۆچی دواییان کردبوو، هەشبوو تەمەنێکی زۆڕ ژیا بوو، بەڵام ئێستا هەمووان لەنێو ئەو گۆڕستانەدان، لەم کاتەدا گوێم لێ بوو دایکم پێیدەگوتم: باشترین شت ئەوەیە لەکاری رۆژانە و لەژیانیدا راستگۆ و خێرەومەند بیت، چونکە هەمووان لەکۆتایدا دەبردرێنە گۆڕستان، هەرگیز زوڵم لەکەس مەکەن و خۆتان بەگەورەتر مەزانن، تاکە شت ئەوەیە ژیان تەنیا چاوتروکانێکە کۆتایی دێ.

لەنێوەندی ئەو بیرکردنەوانەدا بووم، لەناکاو دەستێک لەسەر شانم دانرا، راچڵەکیم، کاتێک ئاوڕم دایەوە، پیاوێکی تەمەن سەرووی شەست ساڵان، بەئەسپایی گوتی: بەڕێز لێرە چی دەکەی، لەدوورەوە تۆم بینی لەسەر گۆڕێک بەکوڵ دەگریای، ئەمڕۆ کەس نایەتە گۆڕستان بەخۆت دەزانی رۆژی هەینی نییە.

– هاتووم، سەر لەگۆڕی دایکم بدەم.

کاتێک گوێی لەوشەی دایک بوو، فرمێسک لەچاوانی هاتە خوار، دەستی لەسەر شانم لادا و گوتی:  لێرە من پاسەوانی ئەو گۆڕستانەم، لەبەر خاتری دایکم بوومەتە پاسەوانی ئەو گۆڕستانە، دایکی منیش لێرەیە، دیارە هەموومان دایکمان خۆشدەوێ، بەڵام باوەڕ ناکەم کەس وەک من دایکی خۆشبووێ، کاتێک گەنج بووم دایکم کۆچی دوایی کرد، دوای خوێندن تەواوکردن بوومە مامۆستا تا خانەنشینیش بووم، هەموو رۆژێک سەردانی ئەم گۆڕستانەم دەکرد، تا چەند ساتێک لەلای گۆڕەکەی دایکم دابنیشم و قسەی دڵی خۆمی بۆ بکەم، دواتر بوومە پاسەوانی گۆڕستان، ئێستاش شارەوانی و خەڵکی خێرەومەند هاوکاریم دەکەن، تا ئەو رۆژەی منیش کۆچی دوایی دەکەم، هەر لێرەم، کە کۆچیشم کرد، ئەوا هەر لێرەم.

ئەو کاتەی گۆڕستانەم بەجێهێشت و سواری ئۆتۆمبیلەکەم بووم، دوایی چەند ساتێک دوای رۆیشتنم، باران بەنەرمی باری هێدی هێدی بارانەکە بەهێزتر دەبوو، تا ئەو کاتەی زۆر بەخوڕی کرد، یەکسەر قسەکانی دایکم بیر دەهاتەوە  کاتێک دەیگوت: ئینشائەڵا ئەمساڵ ساڵێکی پڕ خێر و بەرەکەت دەبێ، دوور دەکەونەوە لەوشکەساڵی، وڵات لەهەموو ڕوویەکەوە دەگەشێتەوە و نەخۆشی و زەلیلی کەس ناگرێتەوە. کاتێک ئەو وشانەم بەبیڕ دەهاتەوە بەدەست خۆم نەبوو، فرمێسک لەچاوانم دەهاتە خوار، لەشوێنێک ڕامگرت و دابەزیم، ئاسمان زیاتر برووسکەکانی بەهێز دەبوو، کاتێک ناوی تۆم دەهێنا و دەمگوت:خوا حافیزت بێ دایە، بەڵام تۆ هەر لەخەیاڵ و دڵمی، لەم کاتەدا پاسمان برووسکەکانی بەهێزتر دەکرد، لەم نێوەندەدا دایکم گوتی: کوڕم، سەرمات دەبێ و نەخۆش دەکەوی، با باران زیاتر لێت نەدا، بڕۆ بەخوات دەسپێرم.

ئەو ساتانەی هەموومان لەیەکتر کۆدەبووینەوە، حەزت دەکرد، گوێت لەقسەی هەموومان بێ، بۆیە دەتگوت: تەنیا قسەی ناخۆش مەکەن، چی دەڵێن “قەینێکەیەک” بڵێن، منیش دەستم بەنووکتە گێڕانەوە دەکرد، تۆ و باوکم پێدەکەنین، منییش دڵخۆش دەبووم بەپێکەنینی ئێوە.

تۆ هەردەم ئەو چەترە بووی، هەمووانت لەنێو ماڵدا لەتەک یەکتر دادەنا و هەردەم وشەکانت خۆشەویستی لێدەباری، زۆر جاریش باسی کێشە و گرفتەکانی خەڵکمان دەکرد و دەتگوت: هەر کەس بەپێی عەقڵی خۆی دەژیی، هەیە، (بەپێکەنینەوە) هەیە ئەو عەقڵەی هەیەتی بەشی ناکات، کەسی عاقڵیش لەدەوریدا نییە، بۆیە دەبینی لەخت و خۆڕایی تووشی بەڵای خۆی دەبێ، گرنگ ئەوەیە هەوڵەکانت بۆ ئەوە بێ زیاتر لەدەوروبەری خۆت تێبگەی، دەنا لەناکاوێکدا کڕین و فرۆشتنت پێ دەکەن.

دایکم هەردەم جەختی لەوەدەکردەوە، چۆن خۆشگوزەرانی خۆت لەلا گرنگە، بەو شێوەیە خۆشگوزەرانی خەڵکت لەلا گرنگ بێ، هیچ کات ئێریی بەکەسانی دیکە مەبەن، تەنیا لەزانست نەبێ، هەوڵ بدەن، هەردەم لەزانست و ئەدەبدا لەپێش خەڵکی دیکەوە ببن، پارە و پوول دێ و دەڕوا بەڵام کەسایەتی مرۆڤ، ئەگەر بیپارێزیت هەردەم دەبێتە هاندەرێک خەڵک بەچاوی کەسێکی دانا سەیرت بکەن، قەت خۆتان مەخەنە ناو کێشە و قسەکردنەکان، تا خاوەن کێشە تکات لێ نەکات هاوکاری بکەی.

زۆرجار لەماڵەوە باسی دەرەوەی وڵاتانی دەرەوەمان دەکرد، باسی خۆشگوزەرانی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتانەمان دەکرد.

دایە، هەرگیز لەبیر ناکەم، کاتێ دەچوومە دەرەوەی وڵات، هەردەم دەتگوت:  کوڕم کاتێک هاتییەوە،هەموو جوانی و ناخۆشییەکانی ئەم وڵاتەم بۆ باس بکە، حەزم لێیە بزانم خەڵک وەک ئێمەن، بزانم باشترن یان خراپتر، نامەوێ باسی خەڵکی دەوڵەمەندم بۆ بکەی، دەمەوێ بزانم کەسێکی هەژار لەو وڵاتانەی گوایە پێشکەوتووترن لەئێمە چۆن باشتر دەژین.

کاتێک باسی تورکیام بۆ دەکرد، دەیگوت: حاڵی کوردەکان چۆنە؟

دەزانم دەڵێی وەک پێشتر دەڵێی: شوفێری تەکسی و چایخانە و چێشتخانە هەمووی کوردانی دیاربەکر و قارس و سێواس و ماردین وئاگری و بەتلیسن.

بەپێکەنینەوە، بەڵام حەز دەکەم دووبارە ئەوەم بۆ بگێڕییەوە، کاتێک لەچێشتخانەیەک یەکەو لیرەیەکت دا بەشاگردە کوردەکان، باستکردووە، بەڵام بیگڕەوە.

دایە، لە ئەنتاڵیا چوومە چێستخانەیەک هەموو شاگردەکان بەکوردی بەخێرهاتنێان کردم، دەیانگوت پسمام خێر هاتی، کەرەم کە، کاتێک خواردنەکەیان هێنا، دوای نانخواردن، پارەی خواردنەکەیان هێنا، بەپێی لیستەکە پارەمدا.

دواتر، بۆ ئەوەی بەخشیش بدەمە، شاگردەکان، بانگم کردن و،گوتم: ئێوە کوردن، ئەوان گوتیان بەڵێ کڕمانجین.

منیش گوتم: ئەوە یەکەو دوو لیرە ( ئەو کات دوو لیرە دۆلارێک،و،نیوی دەکرد)، ئەوە خێر نییە، ئەوە نەوتی کوردستانە، ئێوە یەکەو دوو لیرە هەقتانە، بەڵام بەکەس مەڵێن، چونکە،سی ملێون،کورد لێرە دەژی، ناتوانم پارەی ئەو سی ملێونە بدەم، ئێوە قسە مەکەن، خۆم چارەسەری دەکەم.

ئەوانیش پێدەکەنین، دەیانگوت: بەڵام؟هەمووان هەقیان هەیە.

منیش پێمدەگوتن: هەمووتان دەبێ لەنەوتی،کوردستان، هەقی خۆتان وەربگرن، بەڵام ئەوەندە لای منە.

هەمووان دەستیان بەپێکەنێن دەکرد، دەیانگوت  تەمامە پس مام

دایکیشم پێدەکەنی و دەیگوت: دیارە پارە و پوولی نەوتەکە هەمووی لای تۆیە.




زاراوە و بن زاراوەکانی زمانی کوردی.. سامان خدر محمد

زمانی كوردیی، یه‌كێ له‌ زمانه‌ كۆنه‌كانی ریشه‌ی هیند و ئورووپێیه‌ ‌. ئه‌م زمانه‌ خاوه‌نی چه‌ند زاراوه‌یه‌ كه‌ بنزاراوه‌شی زۆره‌. وه‌كوو چۆن له‌ كۆندا هۆز‌گه‌لێکی وه‌كوو: (لۆلۆ، گۆتی، كاسی، مانایی، ناییری، سۆباری، ئۆرارتۆ، میتانی، كاردۆخ و ماد)مان هه‌بووه‌، ئه‌مڕۆش، كورد هۆز و تیره‌ی زۆری هه‌یه‌ كه‌ هۆزه‌‌کان، زاراوه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ و زمانی كوردیش به‌ پێی ئاخاوتنی ئه‌و هۆز و تیره‌گه‌له‌ دابه‌ش ده‌كرێ، وه‌کوو:
كه‌م كرمانجی: كه‌ بنزاراوه‌كانی بریتین له‌: بۆتانیی، بایه‌زیدیی، بادینانیی، شه‌مدینانیی قۆچانیی، كه‌ شاره‌كانی قارس، ئه‌رزه‌ڕۆم، ئه‌رزنجان، مووش، ئه‌لعه‌زیز، وان، دیاربه‌كر، ئورفا، جزیر، ماردین، سیرت، بتلیس، قامیشلی، حه‌سه‌كه‌، سه‌رێكانی، عه‌فرین، ماکۆ، بازرگان، قوتوور، کورده‌کانی ورمێ، كورده‌كانی خوراسان و ئازه‌رباییجان و گورجستان و قه‌زاقستان و ئه‌رمه‌نستان و تورکمه‌نستان و هیدیکه‌ قسه‌ی پیده‌كه‌ن.

دووهه‌م موکری: كه‌ زاراوه‌ی (سۆران)ی به‌سه‌ردا بڕاوه‌ و بنزاراوه‌كانی بریتین له‌: موكوریانیی، سۆرانیی، شاره‌زووریی، جافیی، بابانیی، ئه‌رده‌ڵانیی، گه‌رمیانیی و هیدیکه‌! كه‌ شاره‌كانی شنۆ، نه‌غه‌ده‌، پیرانشار، سه‌رده‌شت، مه‌هاباد، بۆكان، سه‌قز، هه‌وشار، رانیه‌، قه‌ڵادزه‌، هه‌ولێر، رواندز، كۆیه‌، سلیمانی، هه‌ڵه‌بجه‌، كه‌ركووك، سنه‌، قوروه‌، بیجاڕ، مه‌ریوان، بانه‌، سه‌قز، دیوانده‌ره‌، کامیاران، جووانڕۆ‌ و روانسه‌ر قسه‌ی پیده‌كه‌ن.

سێهه‌م گۆرانی: كه‌ بنزاراوه‌كانی بریتین له‌ هه‌ورامیی، زازاكی، باجه‌ڵانی، شێخانی، زه‌نگه‌نه‌، سیامه‌نسووری و شه‌به‌ك. که‌ شاره‌كانی پاوه‌، نه‌وسوود، دزڵی، هه‌ورامانی ته‌خت، هه‌ورامانی لهۆن، ژاوه‌رۆ، که‌ داگری بێساران و هوویه‌ و سه‌رهوویه‌ و پاڵنگانه‌، هه‌روه‌ها بیاره‌ و ته‌ویڵێ و به‌شێک له‌ خورماڵ و هه‌ڵه‌بجه‌، قسه‌ی پیده‌كه‌ن.

چوواره‌م پاله‌وی (فه‌یلی): كه‌ بنزاراوه‌كانی بریتین له‌:
كرماشانی، له‌كی، که‌ڵوڕی، گه‌ڕووسی، بیجاڕی، شیروانی، چه‌رداوڕیی، ئه‌رکه‌وازی، که‌ شاره‌کانی: قه‌سری شیرین، شه‌هاباد، سه‌حه‌نه‌، كرند، که‌نگاوه‌ر، رێژاو، بێستوون، ئیلام، سه‌ڕه‌شار، نه‌هاوه‌ند، خانه‌قین، سۆمار، به‌دره‌، جه‌سان، زڕباتییه‌، كووت، عه‌ماره‌ و كورده‌كانی به‌غدا، قسه‌ی پیده‌كه‌ن.

پینجه‌م لۆری: دیاره‌ لوڕه‌کان به‌شێکیان خۆیان به‌ کورد ده‌زانن و به‌شێکیشیان ده‌ڵێن: ئێمه‌ لوڕین، نه‌ کوردین نه‌ فارس! بنزاراوه‌كانی زاراوه‌ی لوڕیی بریتین له:‌ خوڕه‌ماوایی و به‌ختیاری و هه‌فتگوڵی و سووسه‌نگردیی. که‌ شاره‌كانی خوڕه‌ماوا، برووجرد، دزفوول، شاركورد، چووارمه‌حاڵ، ئه‌له‌شته‌ر، ئه‌لیگووده‌رز، سووسه‌نگرد و پێشكۆ، مێران و دێلوڕان قسه‌ی پیده‌كه‌ن.

سامان خضر محمد




نوێنەر.. پشکۆ ناکام

….لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو ،” تیپی شانۆی ئارارات ” شانۆگەری ” گێژەن”مان لە ووڵاتی “سوید” پێشکەش کرد کە بوە مایەی ڕەزامەندی و دەستخۆشی کوردە پەناهەندەکان و ناڕەزایی و لە حەوسەڵە دەرچوونی حیزبە کوردییەکان( کالعادة) بە تایبەتی سوسیال- دیموکراتەکانی ناوچەی ئۆتۆنۆمی چونکە ئەو کاتە “هەرێم هێشتا لە ڕەحمی هاوپەیمانەکان بوو” ، تا ئەو ڕادەیەی کە بەیاننامەیەکیان لەسەرمان دەرکرد و وەک خەڵاتی ماندوو بوون و قورسایی بەرهەمەکە ناسناوی “جاش هونەرمەند”یان خستە سەر ناوی سيانیمان ، ئەوەش کاردانەوەیەکی ئاسایی بوو هەروەکوو ئەو سەدان کەسانەی بە جاش ناو ئەبران و ئەمڕۆ لە ناو دەسەڵاتی کوردیا ڕەقەمن ….
دیمەنێکی کاریگەری شانۆگەرییەکە کە لە نووسینی”مرۆژیک”ی پۆڵۆنی و ئامادەکردنی و دەرهێنانی “د.فاضل جاف” بوو ئەو دیالۆگانەی نێوان سێ کەسە سەرەکییەکانی دەقە بوو لەسەر هەڵبژاردن چۆن حیزبی سیاسی هیچ دەرفەتێکی نەهێشتۆتەوە بۆ میللەت یان خەڵکی عام و سادە کە بە ناوییەوە قسە بکەن و دەستنیشانی نوێنەرەکانی خۆیان بە بڕیاری خۆیان بێ
لەم یارییە دیماگۆگیانەی “قەڵەو” و “درێژ” لەمەڕ هەڵبژاردن “بچووک” بە دەستی بەتاڵ لێ ی دەر ئەچێ :
قەڵەو : ئا،،، بۆ نمونە من ئەتوانم بە ناوی هەرچی بەدبەخت و لێقەوماو و بیمار و نەخۆش و
پیر و کەنەفت و کەم ئەندام و زیاد ئەندام و ئۆندام و ئیندام و..کرێکار و..جووتیار
و ڕەنجدەر و زەحمەت کێش و نێرگەلەکێش ،هەرزەکار و بێوەژن و بێوەپیاو.. و..گەورەکچ
…و موتەڵەق و زگورتییەوە هەیە قسە بکەم..
درێژ : منیش ئەتوانم بەناوی هەرچی، هەرچی مەلا و ..قازی..و دەوڵەمەند و ..ئاغا و..بەگ و ..کوێخا و موو..هین..مووختار و جگە لەوانەش فەرمانبەر مووچە خۆر و مشەخۆر و
خانە نشین و کۆڵان نشین و چەکداری دوێنێ و ئەمڕوە هەیە قسەبەکەم..
بچووک : ئێ منیش …منیش…منیش ئەتوانم …..ئا ئەتوانم قسە بکەم …بەناوی، ئا..بە ناوی
..بە ناوی ؟ ..ئەی خوا فەوتتان کا ..بۆ ئێوە کەستان هێشتۆتەوە من بە ناوییەوە قسەبکەم!