حەماس و کۆماری ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی.. دیمانەی حەسەن ساڵحی لەگەڵ حەمید تەقوایی

وەرگێڕانی :کاوە عومەر
ئەم دەقە لەسەر بنەمای بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی کەناڵ جەدید ئامادەکراوە

حەسەن ساڵحی: پەیوەندی نێوان ئامانجی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی فەلەستین و حەماس و ئیسلامی سیاسیدا چییە؟ ئیسلامی سیاسی چۆن دروست بووە و پەیوەندی چییە بە پرسی فەلەستینەوە؟ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و لاوازبوونی ئیسلامی سیاسی تا چەند یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین؟ ئەمانە ئەو بابەتانەن کە لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەدا وەڵامیان دەدەینەوە.
حەمید تەقوایی شەڕ و کوشتار لە غەززە هەر بەوجۆرە بەردەوامە و جیهان دەیەوێت لەم شەڕەدا ئاگربەست بگیرێت. سەرەتا ویستم لێتان بپرسم ئایا حەماس پێش هێرشی دڕندانە بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە باشووری ئیسرائیل لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەردا چاوەڕوانی هێرشی وێرانکەری لەو شێوەیەی لە حکومەتی نەتانیاهۆ نەدەکرد؟ بۆچی هێرشێکی وای کر
د؟

حەمید تەقوایی: ئاشکرایە ئەمە بەتەواوی پێشبینی دەکرا و حەماس لە هەموو کەس باشتر دەیزانی کە هێرشە بەربەریەکەی بەرەوڕووی وەڵامدانەوەی سەربازی دەبێتەوە، بە بۆردومان و هەڵمەت و لەشکرکێشی حکومەتی ئیسرائیل. ئەم پێشبینیە پێویستی بە زانیاری و تەکتیکی سیاسی زۆر نەبوو. دیارە کاتێک هێزێک ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە بۆ سەر هاووڵاتیانی ئیسرائیل دەست پێدەکات، حکومەتی ئیسرائیل لە تەنیشتەوە ناوەستێت، بەڵکو بەرپەرچدانەوەی هێرش و ئەو کوشتار و تاوانانە ئەنجام دەدات کە ئەمڕۆ دەیبینین.
بەڕای من حەماس نەک هەر ئەمەی دەزانی بەڵکو ئەمەی دەویست. ئەمە مەبەستی بوو. سیاسەتی حەماس درێژەدان بە شەڕ و ململانێی نێوان ئیسرائیل وخەڵکی فەلەستین، یان باشتر بڵێین شەڕی حکومەتی ئیسرائیل و ئەو هێزانەی کە خۆیان بە نوێنەری خەڵکی فەلەستین دەزانن. چونکە بەم شێوەیە دەسەڵاتی خۆی دەپارێزێت و بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکات و پاساوی سیاسی بەخۆی دەدات. حەماس هێزێکە وەک دەزانن پلانی دوو دەوڵەتی قبوڵ نەکردووە و دان بە حکومەتی ئیسرائیلدا نانێت. دەڵێت دەبێت ئیسرائیل لەناوببرێت. کۆماری ئیسلامیش هه مان شت ده ڵێت. حزبوڵاش هەمان شت دەڵێت. ئەم هەڵوێستە بە شێوەیەکی سروشتی داوای فراوانکردنی شەڕ و ململانێی سەربازی دەکات. بەڕای من شەڕی ئێستا ئیرادەی هەردوو نەتانیاهۆ و حەماس بوو. ئەوان لە شەڕ دەخۆن. لە خوێنی خەڵک سەرمایەی سیاسی بۆ خۆیان دروست دەکەن. قوربانیانی ئەم شەڕە خەڵکی فەلەستین و خەڵکی ئیسرائیلن. ئەو هێزانەی هەوڵی چەسپاندن و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لەم شەڕەدا دەدەن، حزبی لیکود و ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیلن لە لایەک کە ئامانجیان دەرکردنی هەموو فەلەستینییەکانە لە ناوچە داگیرکراوەکان دوای شەڕی شەش ڕۆژە، واتە ، کەرتی غەززە و کەرتی ڕۆژئاوا، و لە لایەکی دیکەشەوە حەماس و هێزە ئیسلامییەکان بەهۆی زوڵم و زۆرداری خەڵکی فەلەستین دوکانێکی سیاسییان بۆ خۆیان کردۆتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە ئەم شەڕە لە چوارچێوەی هەردوو سیاسەتەکەدا بە تەواوی خوازراوە و ئەوانیش ویستوویانە ئەمە ڕووبدات. ئەوەندەی پەیوەندی بە حەماسەوە هەیە، بە تەواوی دەیزانی حکومەتی ئیسرائیل بەم جۆرە کوشتن و تاوانانە وەڵامی دەداتەوە و دەیویست هەمان شت خۆی وەک چەوساو دەربخات بە نرخی خوێنی خەڵکی فەلەستین. ئەمەش میتۆدێکی ناسراوی هێزە ئیسلامیەکانە.

حەسەن ساڵحی: چۆن حەماس دروست بوو و بوو بە هێزێکی سەرەکی لەنێو فەلەستینییەکان بە بانگەشەکاری بەرگریکردن لە خەڵکی فەلەستین ؟ ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا چی بوو؟

حەمید تەقوایی: لە ئاستێکی بنەڕەتیدا، مەسەلەکە ئەوەیە کە گوتار و کەشوهەوای سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا هات دوای ئەوەی خومەینی لە ئێران و تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتە دەست و دواتریش دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت. لە ئەنجامی ئەم پێشهاتانەدا ئەو هێزە ئیسلامیانەی کە لە لایەن ئەمریکا و ئۆردوگای ڕۆژئاواوە برانە پێشەوە، باڵا دەستییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەستهێنا. ئه مڕۆ ته نانه ت به ڵگه نامه کانی ئه م بیناسازییه ی هێزه ئیسلامییه کانیش بڵاوکراونه ته وه ، که به ڕوونی ده رده که وێت که چۆن حکوومه تی ئه مریکا و پێنتاگۆن ڕاسته وخۆ ڕۆڵیان له دروستکردنی ڕێکخراوی موجاهدینی ئه فغانستاندا هه بووه . لە دۆسیەی ئێراندا، هەموومان چیرۆکی ئەوە دەزانین کە چۆن هێزەکانی ڕۆژئاوا لە کۆنفرانسی گوادالوپ بڕیاریاندا ئۆپۆزۆسیۆنی مەزهەبی ڕژێمی شا بەهێزتر بکەن و خومەینییان گەورەکرد..
دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت دەکرێ بڵێین فەزایەکی کراوەی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بوو و بە هۆی پاڵپشتی ئۆردوگای ڕۆژئاوا بۆ هێزە ئیسلامییەکان، هێزە ئیسلامییەکان ئەو بۆشاییەیان پڕکردەوە. ته نانه ت له کۆماره کانی پێشووی سۆڤیه تیشدا ئیسلامییه کان ده سه ڵاتیان به ده ستهێنا، له باکوری ئه فریقاش نفوزیان به ده ستهێنا، له یوگۆسلاڤیا هێزه ئاینییه کان له نێویاندا ئیسلامییه کان برانە پێشەوه وه و به گشتی ئایین پێگه یه کی تایبه تی له که لتووری سیاسی ئۆردوگای ڕۆژئاوا و له ستراتیژی ڕۆژئاوا پەیداکرد. لە شیکاری کۆتاییدا، سەرهەڵدانی نەک هەر حەماس بەڵکوو داعش، حوسییەکان، تاڵیبان، کۆماری ئیسلامی، حیزبوڵڵا و…هتد، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەلومەرجانەی کە دوای سیاسەتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە فراوانکردنی هێزە ئیسلامییەکان وەک پشتێنەیەکی سەوز لە دەوری یەکێتی سۆڤیەت ئەوکات هات و دواتر داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت ئەم ڕەوتەی توندتر کردەوە و بووە هۆی ئەوەی ئەم ڕەوتانە ڕووبەڕووی ئەمریکا و ئۆردوگای ڕۆژئاوا ببنەوە. ئەو ڕۆڵەی کە ئەمڕۆ حەماس و کۆماری ئیسلامی ئێران دەیگێڕن، دەکرێ لەم نێوەندەدا ڕوون بکرێتەوە و زەمینەکەشی بەو هەلومەرجانە دروست بووە.

حەسەن ساڵحی: ئێستا زۆر کەس ئاماژە بە حەماس دەکەن وەک هێزێکی تیرۆریستی ئیسلامی و بێگومان لەلایەن زۆرێک لە حکومەتەکانی ڕۆژئاواوە بەو شێوەیە ئیدانە کراوە و ڕەتکراوەتەوە. ئایا ئەو بزووتنەوە و هێزانەی ئیسلامی سیاسی کە لە ئەدەبیاتی حیزبدا بەکار دەهێنرێت، مانای ئەو تیرۆرە ئیسلامییە دەگەیەنێت کە جێ مەبەستی حکومەت و میدیاکانی ڕۆژئاوایە؟

حەمید تەقوای: ئەو تیرۆریزمێک کە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا پێشنیاری دەکەن، لە بنەڕەتدا مەبەستیان لە چالاکییە تیرۆریستییانەیە کە هێزە ئیسلامییەکان لە دەرەوەی سنوورەکان. چالاکییەکانی وەک کاری تیرۆریستی لە وڵاتانی ئەوروپا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە یەمەن، لە عێراق و سوریا و لە خودی کەرتی غەززە، هەروەها ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی جیهان، کە ١١ی سێبتەمبەر لوتکەیان بوو. ئەم لایەنەی چالاکییەکانی هێزە ئیسلامییەکان لەلایەن حکومەتەکانی ڕۆژئاواوە جەختی لەسەر دەکرێتەوە، بەڵام ئەمە بەس نییە و دادپەروەری لەگەڵ بابەتەکەدا ناکات. لێرەدا تەنیا لە ڕوانگەی سیاسەتی دەرەوە و لە چوارچێوەی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بابەتەکە هەڵدەسەنگێنرێت. لە کاتێکدا چیرۆکەکە لە بنەڕەتدا ئەوەیە کە ئەمانە هێزی تیرۆریستین دژی خەڵک لە وڵاتە ئیسلامییەکان. بۆ نموونه له دۆسیه ی کۆماری ئیسلامیدا چ تاوانێکی له ڕۆژهه ڵاتی ناوه ڕاستدا کردووه و تا چ ڕاده یه ک پشتیوانی هێزه ئیسلامییه کانی وه ک حه ماس و هتد ده کات، به شێکه له کێشه که ، به ڵام له ڕوانگه ی خه ڵکه وه لە ئێران و خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بە گشتی، بنەمای تێرۆریزمی هێزە ئیسلامییەکان تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییە لە دژی خەڵکی ئێران خۆیانە. تاڵیبان لە ئەفغانستان نموونەیەکی دیکەی گێڕانەوەی تیرۆری ناوخۆی هێزە ئیسلامییەکان، یان داعشە، کە ئەگەر لەهەر جێگایەک بچێتە سەر دەسەڵات، دۆزەخ بەرپا دەکاتەوە.
بەم مانایە ئێمە لە ئاستێکی فراوانتر و بنەڕەتیتردا ئاماژە بە تیرۆر دەکەین. ئیسلامی سیاسی بزووتنەوەیەکی تاوانکار و دژە ئینسانییە کە پێش هەموو شتێک قوربانی لە خەڵکی وڵاتە ئیسلامی کراوەکان وەردەگرێت و چنگە خوێناوییەکانی کە گەیشتوونەتە ئەورووپا و ئەمریکا تەنیا بەشێکن لە کێشەکە.
ئێستا ئەو شۆڕشەی کە لە ئێراندا دەگوزەرێت و ئەو خەباتە گشتییەی کە خەڵکی ئێران لەم چەند ساڵەدا هەیانبووە، دژی ئەم جۆرە تیرۆرەی کۆماری ئیسلامییە، تیرۆریزمی ئیسلامی کە لەسەر دەسەڵات دادەنیشێت و یاسا ئیسلامییەکان جێبەجێ دەکات، ژیان بۆ ژن دەکاتە دۆزەخ ، و هەژاری بڵاودەکاتەوە، بێ یاسایی بڵاوکردۆتەوە، دەیەوێت یاسا کۆنەپەرستانەی ١٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنێت و هتد.
لە فەلەستین تا ئەو کاتەی حەماس وەک حکومەتێک دەرکەوتبێت هەمان جۆری کردەی دژە مرۆڤی ئەنجامداوە. پێشتریش گوتوومە کە بارودۆخی خەڵک و بەتایبەت ژنانی فەلەستینی کە لە ئیسرائیل دەژین زۆر باشترە لە دۆخی خەڵک و بە تایبەتی ژنانی کەرتی غەززە و لە وڵاتانی وەک سعودیە و ئێران. دەمەوێت بڵێم حەماس لە هەمان ناوچەدا کە دەسەڵاتی تێدا دامەزراندووە ژیانی بۆ خەڵک کردووە بە دۆزەخ و ڕەخنەی بنەڕەتی ئێمەش لە هێزەکانی ئیسلامی سیاسی لەم گۆشەیەیە. تیرۆر وەک هێزێک کە هەموو ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی و ژیانی ئینسانی خەڵک پێشێل دەکات لە هەر شوێنێک ئەم هێزانە دەسەڵات و کاریگەرییان هەبێت. لە بنەڕەتدا هەر لەم گۆشەیەوەیە کە خەڵکی ئێران و خەڵکی جیهان ئەبێت دژی تیرۆریزمی ئیسلامی بن. بەشێک لە کێشەکە ئەو ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییانەیە کە ئەو هێزانە لە دەرەوەی سنوورەکان ئەنجامی دەدەن و پێویستە کۆی ئەم دووانەلربرچاو بگیرێت. مەبەستمان بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی بە تەواوی دیاردە و نەک هەر کردەوەی تیرۆریستی وەک قاعیدە و داعش و هتد.

حەسەن ساڵحی: پێگەی پرسی فەلەستین لە پێکهاتن و کاریگەریی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا چییە؟

حەمید تەقوایی: هەروەک ڕوونم کردەوە، بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی لە دەوری پرسی فەلەستین دروست نەبووە. ئەگەر بمانەوێت سەیری ساڵنامە بکەین، پاشخانی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان سیاسەتی دروستکردنی پشتێنەیەکی سەوز لە دەوری یەکێتی سۆڤیەت لەو کاتەدا. دوو لقی سەرەکی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی واتە لقی سوننە و لقی شیعە، یەکێکیان لە ئێران و ئەوی تریان لە ئەفغانستان پێکهات و ڕاستەوخۆ ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە هەردوو حکومەتی ئەمریکادا هەبوو. موجاهیدینی ئەفغانستان کە لە ڕاستیدا پڕۆژەیەکی پنتاگۆن بوو. ئەمڕۆ بەڵگەنامەکانی وەک کتێبی “هەڵبژاردنە سەختەکان”ی هیلاری کلینتۆن بە ڕوونی باس لەوە دەکەن کە حکومەتی ئەمریکا چۆن موجاهیدینی ئەفغانستانی پێکهێنا بۆ دەرکردنی یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان و دەڵێت ئێمە سەرکەوتوو بووین. واتە ئەم پڕۆژەی بەخێوکردنی تیرۆریزمە وەک سیاسەتێکی ئەرێنی باس دەکات. وە دەڵێت کە ئەم هێزانە بەداخەوە دواتر بوونە پرسێک بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. واتە ئەو دڕکە کە ئەمڕۆ لە چاوی ئەمریکا و ڕۆژئاوادایە، لەلایەن ئەوانەوە چێنراوە.
بەم شێوەیە لقی ئەفغانستانی هێزە ئیسلامییەکان دروست بوو. لە ئێراندا من و تۆ و هەموو خەڵکی ئێران دەزانین کە چۆن ئەمریکا و حکومەتەکانی ڕۆژئاوا کە لە دوای ڕووخانی شا لە خەمی ئەوەدا بوون ئێران بکەوێتە دەستی یەکێتی سۆڤیەت، دوای خومەینی کەوتن و جۆری ئیسلامی خومەینییان هێنایە پێشەوە بۆدەسەڵاتەوە . ئەوان دانیان بەوەدا نا کە ئەگەر ئیسلامییەکان بهێنرێنە سەر کار، ئەوا هەموو هێزە چەپ و ئازادیخوازەکان دەکوژن، ئەمەش ڕێک ئەوە بوو کە ڕوویدا. دەسەڵاتی چەپ بە جۆرێک بوو کە خومەینی ناچار بوو بە ئاڵای مەرگ بۆ ئەمریکا و گرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئەم کارە بکات. پێشتریش وتم خومەینی بە مردنی شا سواری شۆڕش بوو و بە دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا تێکی شکاند. دواتر دروشمی مەرگ بۆ ئیسرائیل بۆ پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی زیاد کرا. بەم مانایە پرسی فەلەستین و ئیسرائیل لێرەوە هاتە ناو پڕوپاگەندە و ئیدیعای هێزە ئیسلامییەکان. لە کاتێکدا دروستکردن و پێکهێنانی ئەو هێزانە هیچ پەیوەندییەکی بە پرسی فەلەستینەوە نەبوو.
ئەوان لە ئێران و ئەفغانستان هاتنە سەر دەسەڵات و دواتریش هێزە سیاسیەکانی تر کە لە حکومەتەکان نەبوون و لە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیدا دەرکەوتن، وەک ئەلقاعیدە، داعش، حوسییەکان، حەشدی شەعبی، حزبوڵڵا، حەماس و ….هتد. ، هیچ کامیان لە دەوری پرسی فەلەستین پێکهاتبوون بە بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی، ئەوان لەگەڵ بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی عێراق و شام دەرکەوتن. لە کۆتاییدا ئەوان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان دەستیان بەسەر پرسی فەلەستیندا گرت، بە زمانی ئینگلیزی “هایچک”یان کرد، بۆ ئەوەی بتوانن ڕووخسارێکی نەتەوەیی گەورە بە خۆیان بدەن و لەژێر ئەم ئاڵایەدا، سیاسەتیلەڕادەبەدەر کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانی خۆیان پەیڕەو بکەن و جێبەجێی بکەن و ئامانجەکان. هەموو ناسنامە و سیاسەت و ستراتیژ و هەڵوێستەکانیان دژی دۆزی خەڵکی فەلەستینە. ئەمانە ئەو هێزانەن کە دەیانەوێت حکومەتێکی ئیسلامی لە جۆری تاڵیبان و کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکانی خۆیاندا دامەزرێنن و ئەمەش بەو مانایەیە کە هەزار و یەک نەهامەتی و بەڵای دیکە بۆ کێشەی خەڵکی فەلەستین زیاد دەکەن.
ئەمە هەڵوێستی هێزە ئیسلامییەکانە لە پێوەندی لەگەڵ پرسی فەلەستین.

حەسەن ساڵحی: تاچەند دروست بوونی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا پەیوەندی بە بێ ئاسۆیی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستییەوە هەیە؟

حەمید تەقوایی:بابەتەکە ئەوەیە کەپاش کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، ناسیۆنالیزم لەسەر ئاستی جیهانی زیاتر و زیاتر ڕووی لە ئایین کرد. بەتایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ئیسلامیکردنی ناسیۆنالیستەکان، ناسیۆنالیزمی فەلەستینی، ناسیۆنالیزمی عەرەبی، تەنانەت ناسیۆنالیزمی ئێرانیش، دەرئەنجام و یەکێک لە کاریگەرییە لاوەکیەکانی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت و سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ بردنە پێشەوەی هێزە ئیسلامییەکان بوو.
سەیرەکەن پێش ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە ئۆردوگای ڕۆژهەڵات و بلۆکی سۆڤیەت دەوەستا. ئێمە بەعسیمان هەبوو، ناسریمان هەبوو، سۆسیالیزمی عەرەبیمان هەبوو، تەنانەت هێزی چەپتری وەک جۆرج حەبەش و نایف حەواتمە بەشێک بوون لە ئەلفەتح، کە خۆیان بە مارکسیست و کۆمۆنیست دەزانی، ڕێکخستنی ئەلفەتح بەرەیەکی هێزی جۆراوجۆر بوو کە وابوو لە بنەڕەتدا لە دەستی ناسیۆنالیزمی چەپدایە. و ئەمەش لەگەڵ شکستی یەکێتی سۆڤیەتدا لێکترازا. چونکە جەمسەر و لایەنگر و بنەمای پشتبەستنی سیاسی لەدەستدا و زیاتر پەیڕەوی لە مۆدەکە کرد بۆ ئایین و بەم شێوەیە بزووتنەوەی الفتح تا ڕادەیەکی زۆربووەیە ئیسلامی..
دوای شکستی یەکێتی سۆڤیەت، هەمووان دەیانویست لەژێر ئاڵای ئۆردوگای سەرکەوتووی ئەمریکا و حکومەتەکانی ڕۆژئاوادا بن. لە “نەزمی نوێی جیهانی “دا، گوتار و سیاسەت و هەڵوێستە نەتەوەیی-ئاینی-ڕەگەزپەرستییەکان تەنانەت لە خودی ئەوروپاشدا بەرزبوونەتەوە و نەک هەر ناسیۆنالیزم، بەڵکو تەنانەت لیبرالیزمی ڕۆژئاواش کەوتۆتە بنی کۆنەپەرستانەترین سیاسەتەکانەوە. نیولیبرالیزم ناوێکی دیکەی نیوکۆنسێرڤاتیزم بوو. هەردوو ئەمانە لەسەر بنەمای سەرمایەداری بێ سنووری بازاڕی ئازاد بوون و تا ئێستاش نزیکەی لە هەموو وڵاتان قسەی کۆتایییان هەیە. بۆ نموونە ترامپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا وێنەیەک بە کتێبی پیرۆزەوە لە تەنیشت کڵێسا دەگرێت و لە لایەکی دیکەشەوە لیبرالیزمی ڕۆژئاوا تەنانەت باڵی چەپیشی، لە ژێر ناوی ڕێژەگەرایی کولتووریدا لە سیاسەت و یاسا کۆمەڵایەتییەکاندا شوێن بۆ ئایین دەکاتەوە .
ئەم دیاردەیە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەشێوەی یەکەم لە وڵاتانی جیهانی سێهەم و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامی دەبینین. لێرەدا ڕەوتە ناسیۆنالیستەکان کە هەمیشە بە ئیسلامیزم ئالودە بوون، زیاتر و زیاتر قوڕی ئیسلامی خۆیان زیاتر وزیاتر دەکرد.
ئەم هەلومەرجانە بووە هۆی ئەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەب لە چوارچێوەی بەعسیزم و ناسیۆنالیزمی چەپی سەربە یەکێتی سۆڤیەتەوە بچێتە ئۆردوگای ئیسلامیزم و ئایین دۆستی باوی ڕۆژ لە نەزمی جیهانیدا. سروشتییە کاتێک ناسیۆنالیستەکان سێرزکێنی ئایینیان بەرنەسەرەوە، هێزەکانی وەک حەماس کە تەواوی ناسنامەکەیان ئیسلامییە، دەستی باڵا بەدەست دەهێنن و ئەمەش لە بزووتنەوەی فەلەستینیدا ڕوویدا.

حەسەن ساڵحی: لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە حەماس زاڵ بووە و کۆنترۆڵی کەرتی غەززەی کردووە و ئەم کۆنتڕۆڵەش دەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە بووە کە حەماس تێیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. ئەمە تا چەند حەماس دەکاتە جێی متمانە؟ ئایا دەسەڵاتی حەماس لە کەرتی غەززە هاوشێوەی کۆماری ئیسلامی بووە؟ ئایا لەوێ هیچ ناڕەزایەتییەک دژی حەماس هەبووە؟

حەمید تەقوەی: خاڵی یەکەم ئەوەیە، هەرچەندە حەماس لەو هەڵبژاردنەدا دەنگی بەدەستهێناوە کە باست کرد، و ئەوەش زیاد دەکەم کە بە جیاوازی نزیکەی ٣٪ لە ئەلفەتحی بردەوە، بەڵام حەماس بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتی خەڵک ناکات، تەنانەت بەو مانایەش کە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا هەڵدەبژێردرێن. سەرەتا لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێکی تر نەکراوە، واتە نزیکەی ١٧ ساڵە هیچ هەڵبژاردنێک نەکراوە. وە دووەم: هەر لەو ماوەیەدا کە هەڵبژاردن بەڕێوەدەچوو، لانیکەم مەرجەکانی هەڵبژاردنێکی دیموکراسی وەک ئازادییە مەدەنییەکان، مەرجەکانی هەڵبژاردنی هۆشیارانەی خەڵک و بە گشتی کۆمەڵگەیەکی ئاسایی کە بتوانێت هەڵبژاردنێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدات، بوونی نەبووە. هەڵبژاردنەکان لە غەززە بەڕێوەچوو کە بە کردەوە لە ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدا بوو.
سەرنج بدەن کە کەرتی غەززە وڵات نییە، حەماسیش حکومەت نییە. کەرتی غەززە لە ژێر دەسەڵاتی دیفاکتۆی ئیسرائیلدایە. بە گەورەترین زیندانی کراوەی جیهان ناودەبرێت، چونکە لە چوار لاوە بە ئیسرائیل دەورە دراوە. سنوور و فڕۆکەخانە و بەندەر و هەناردەکردنی هاوردە و هەناردەکردنی سەربەخۆی خۆیان نییە و لەم شەڕەدا بینیمان حکومەتی ئیسرائیل چۆن توانی ئاو و کارەبا و خۆراک و هەموو ئاسانکارییەکانی ژیان بۆ لەڕووی خەڵکی غەززەدا دابخات. ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەمە ڕووبدات. نەک هەر لە هەموو ئەو شەڕە زۆرانەی کە لە نێوان حکومەتی ئیسرائیل و حەماسدا ڕوویانداوە، بەڵکو تەنانەت لە دۆخی ناشەڕ و “تەقلیدی”دا، دۆخەکە هەر بەو داب ودەستوورە بووە.
بۆیە کەرتی غەززە وڵاتێکی ئاسایی نییە، هەڵبژاردنەکانیشی ڕەوا نین. ئاخر دیار نییە بۆچی نەوەی گەنج و نەوجەوانی غەززە گوێڕایەڵی هەڵبژاردنەکانی ١٧ ساڵ لەمەوبەر بن کە هیچ ڕۆڵێکیان تێدا نەبووە. وەبیرتان دەهێنمەوە کە لە ساڵی ٢٠١١ بەشێک لە گەنجە پێشەنگەکانی غەززە بەیاننامەیەکی زۆر توندیان لە دژی ئیسرائیل و ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و حەماس و هەموو هێزە ئیسلامییەکان بڵاوکردەوە، کە توڕەیی خۆیان لە تەواوی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی نیشان دا لە کۆمەڵگاکەیان. ڕایانگەیاند کە ئەم هێزانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئارەزووی ئێمە و ئەو ژیانەوە نییە کە ئێمە دەمانەوێت. هێزی سەرەکی ئینتیفازەی یەکەم و دووەم (١٩٨٧ و ٢٠٠٠) کە بە دەستی ڕووت و بەرد فڕێدان هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئیسرائیل، ئەم گەنجانە بوون.
سەبارەت بە پرسیارەکەتان، تا چەند خەڵکی غەززە لە دژی حەماس هاتوونەتە مەیدان، پێویستە ئەو هەلومەرجە تایبەتانە لەبەرچاو بگیرێن کە باسم کرد. بارودۆخی سیاسی لەوێ زۆر جیاوازە لە وڵاتانی ئاسایی. لە غەززە و هەروەها لە کەرتی ڕۆژئاوا هێزی سەرەکی ستەمکار و ئەو هێزەی کە هەژموون و سیاسەت و هەڵاواردنەکانی ژیانی خەڵکی تێکداوە، حکومەتی ئیسرائیلە. وە حەماس و حکومەتەکەی مەحمود عەباس لە کەرتی ڕۆژئاوا دەسەڵات و سەربەخۆییان نییە تەنانەت وەک حکومەتێکی خۆبەڕێوەبەریش کە خەڵک دانی پێدا بنێن. هەرچەندە خۆیان، ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی ئیسرائیلدا نەبوایە، هیچیان لە حکومەتە کۆنەپەرستەکانی دیکە کەمتر نەدەبوو.
لە هەر حاڵەتێکدا دۆخەکە بە جۆرێکە کە خەڵک بەڕاستی حکومەتی ئیسرائیل بەسەرسەری خۆیانەوە و لە بەرانبەر خۆیاندا دەبینن و ئەمەش کێشەیەکە تا نەخرێتە لاوە، خەڵک درک بەوە ناکەن کە ئەو هێزە بەناو ناوخۆییانە هیچ پەیوەندیەکیان نییە بە خواست و ئارزووە ڕەواکانی خەڵکەوە.ئەگەرچی لەم دۆخەدا وەک وتم گەنجانی غەززە لێدوانێکیان دژ بە هێزە ئیسلامیەکان دا. ئەمڕۆش پێموایە ئەگەر ڕیفراندۆم لە نێو خەڵکی غەززەدا بکرێت، زۆرینە دەنگ بە حەماس و هێزە ئیسلامییەکانی دیکە نادەن.

حەسەن ساڵحی: لەم دواییانەدا ناڕەزایەتی دژی حەماس هەبووە.

حەمید تەقوای: بەڵێ ناڕەزایەتییەکانمان لەم شەڕەشدا بینی، لەوانە خەڵک دەیانگوت سەرکردەکانی حەماس و بنەماڵەکانیان لە قەتەر و لوبنان ژیانێکی ئەرستۆکراتی دەژین و ئێمەیان گەیاندووەتە ئەمڕۆ. دەتوانن ئەمانە لە کلیپەکانی ئەم دواییەدا ببینن. بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا بزووتنەوەیەکی وەک ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی دژ بە حەماس دروست نەبووە و چاوەڕوانیش ناکرێ. چونکە وەک وتم فیلێک لە ژوورەکەدا هەیە، وەک حکومەتی ئیسرائیل، کە نابینرێت و ناگیرێت. تا سێبەری ڕەشی ئەم حکومەتە لە مێشکی خەڵکی فەلەستین نەمێنێت، ناتوانن سەرنجیان لەسەر پرسە ناوخۆییەکانی خۆیان بێت و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن. بەڕای من ئەم چیرۆکە لە بنەڕەتدا تایبەتمەندی پرسی فەلەستینە، کە ئەوان وڵاتیان نییە، حکومەتیان نییە، حکومەتێکی ساختەیان بۆ دروست کردووە کە تەنانەت خۆسەریش نییە، بەڵام حکومەتی ئیسرائیل لە ڕاستیدا دیاری دەکات چارەنووسی ئەوان. خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە هەموو ئەم دۆخە و ئەمڕۆ ناڕەزایەتی سەرەکییان لەسەر ئەم بابەتە چڕ بووەتەوە.
حەسەن ساڵحی: کۆماری ئیسلامی و خەباتەکانی خەڵکی ئێران چ جێگایەکیان لە بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی و هەوراز و نشێوەکانیدا هەیە؟
حەمید تەقوایی: پێموایە خەڵکی ئێران هەڵوێستێکی بنەڕەتی و چارەنووسسازیان هەیە. تەنها خەڵکێک کە ئێستا دژی ئیسلامی سیاسی خەبات دەکەن خەڵکی ئێرانن. بەڵێ، دروشمەکانیان دژی خامنەیی و دژی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی سەرچاوە و بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسییە. نەک هەر لقی شیعەی خۆی بەڵکو لقی سوننیشی. بزووتنەوەی حەماس بەبێ یارمەتیی بێ کەموکورتەکانی کۆماری ئیسلامی لە پێگەی ئێستای خۆیدا نەدەبوو. هەمووان ئەمە دەزانن. یان دۆخی سوریا یان دۆخی عێراق و دۆخی یەمەن کە ئەمڕۆ بوونەتە شوێنی هێزی تیرۆریستی، بەبێ کۆماری ئیسلامی تەواو جیاواز دەبوو. ڕوونە کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بە دەسەڵاتی شۆڕشی خەڵک، ئەم هەلومەرجانە بە تەواوی بە قازانجی خەڵکی ناوچەکە دەگۆڕێت. وە ئەگەر هێزە ئیسلامیەکانی ناوچەکە و لە هەموو جیهانیش لەناو نەبات لانیکەم زۆر لاوازیان دەکات و پەراوێزیان دەخات.
ئەوەندەی پەیوەندی بە شەڕی ئێستاوە هەیە، خەڵکی جیهان دەیانەوێت دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن. ئەم داوایەکی ڕەوایە، ئەم کوشتارە ڕۆژێک زووتر ڕابگرن، لانیکەم ژیانی سەدان منداڵ و گەنجی فەلەستینیتان ڕزگار کردووە. لەم ڕوانگەیەوە ڕاگرتنی شەڕ بابەتێکی بەپەلە و ژیانییە. به ڵام ئه و هێزه ی که له ڕاستیدا ده توانێت ئه م شته ڕووبدات، تێکۆشانی خەڵکی ئێرانه . تا کۆماری ئیسلامی زیاتر بکەوێتە ژێر گوشاری خەڵکی ئێران و لاوازتر بێت، بەرەی دژە ئینسانی ئیسلامی سیاسیش لاواز دەبێت و ئەمەش نەک هەر هێزەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا پەراوێز دەخات، بەڵکو لەسەر سکە ئەم هێزانە، واتە لیکود و فاشیستە ئیسرائیلییەکان کە تەپڵی جەنگیش لێدەدەن، زیاتر پەراوێز دەخرێن. خەڵکی ئێران ناتوانن بگەنە حیزبی لیکود، ناتوانن شۆڕش لە دژی حکومەتی ئیسرائیل بکەن، بەڵام ئەوەی دەتوانن بیکەن، کۆماری ئیسلامی لەناوببەن. تا شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەهێزتر بێت و پێشکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنێت، پێگەی هێزی ڕاست و کۆنەپەرستانە چ لە خاکە داگیرکراوەکان و چ لە خودی ئیسرائیلدا لاواز دەبێت.
بۆیە پێویستە بگوترێ لە ڕوانگەیەکی کردەیی و واقیعیەوە بەرەیەکی کاریگەر و چارەنووسساز و کاریگەر لەدژی کۆی ئیسلامی سیاسی و لەدژی ئەو شەڕ و خوێنڕشتنەی کە چەند ساڵ جارێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاهیدی دەبینین شۆڕشی خەڵکی ئێرانە.
ئێمە بە ئەرکی خۆمان دەزانین ئەم ڕۆڵە مێژووییە پیشانی خەڵکی ئێران و ناوچەکە و جیهان بدەین و هەوڵی پێشخستنی ئەو شۆڕشە بدەین کە تا دەتوانین بە هێزەوە دەستی پێکردووە تا نەک تەنیا خەڵکی ئێران لە دەستی کۆماری ئیسلامی ڕزگاریان بێت، بەڵکوو خەڵکی هەموو ناوچەکە ڕزگاریان دەبێت لە هێزە ئیسلامیەکان ئازاد بکرێن

٣٠ازەری ١٤٠٢، ٢١ی دێسەمبەری ٢٠٢٣




به‌خۆژییایه‌تی بـاهـۆز، شیعر له‌سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیادا.. نه‌ژاد عزیز سورمێ

» لێم ده‌پرسی خۆشه‌ویستی چی لێ هات؟
پێت ده‌ڵێم:
شتێكم به‌بیر نه‌ماوه‌…
وێڕای ئه‌وه‌ش تێده‌گه‌م مه‌به‌ستت چیه‌؟
ئه‌من دێمت ده‌ناسم و
تا هه‌تایێ له‌بیری ناكه‌م
له‌وه‌ش زیاتری لێ ده‌زانم
چون جارێك ماچم كردووه‌.
برێخت«

ئاسمانێكی به‌تاڵ و زه‌مینێكی به‌ژاوه‌ژاو و له‌ناوخۆیدا خوول خواردوو…
سته‌می سته‌مكاران ، به‌رگرتن له‌ ڕووباری نوورانیی… چه‌شه‌ی به‌رز و پڕۆژه‌ی دادوه‌ری و دادخوازی له‌سنووری مه‌مله‌كه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كاندا ..
باهۆزی هاوسه‌نگیهێن ، به‌ناو نهالی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌دا تێده‌په‌ڕێ…
ده‌ڵێن ئیتر باوی شیعر نه‌ما ؛ سه‌رده‌م سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا و پێشڕه‌فته‌ تیژڕۆكانییه‌تی… شارستانییه‌تی نوێ هه‌موو ئاره‌زووه‌ چه‌پێنراوه‌كان به‌ڕه‌ڵا ده‌كا… ئه‌وه‌ی دوێنێ ده‌گوترا ؛ مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ مرۆڤییه‌تی خۆی بناسێ و هه‌ستی پێ بكا… ئه‌مڕۆ به ‌بێخه‌به‌ری له‌ ده‌وروبه‌ر ، به‌ ساویلكه‌یی له‌ تێڕامان به‌واتا و مانایه‌ك گۆڕاوه‌ ، نزیك له‌سه‌ودای بازاڕ و دوور له‌ دره‌وشانه‌وه‌ی شارستانییه‌ت:
چه‌ندی ته‌كنه‌لۆژیا و ده‌رهاوێشته‌كانی به‌رزتر بفڕن ، ته‌نیا دیوێكی ئه‌و شارستانییه‌ته‌ ده‌رده‌بڕن… دیوه‌كه‌ی تر هه‌میشه‌ له‌و پێویستییه‌ ده‌روونی و ویژدانییانه‌ی مرۆڤدا كۆده‌بێته‌وه ‌؛ له‌وه‌ی ده‌چێته‌وه‌ ناو چالاكیه‌ ڕۆحییه‌كانی ، كه‌ هه‌ر له‌دێری دێرینه‌وه‌ شیعر سیله‌ی ڕووگه‌كانی بووه‌…
ڕووپێوی ڕاستبێژی و مێژووی سرووش و ئه‌و قۆناخ و ڕۆژگارانه‌ بووه‌ كه‌ مرۆڤ سه‌ره‌ڕای گیرخواردنی له‌بۆشاییه‌ بێ ئامانجه‌كان ، له‌شایانترین ساتی ته‌مه‌نیدا خۆی تیا بینیوه‌ته‌وه ‌و هیوا و گه‌شبینی داوه‌تێ…
سه‌یر ده‌بێ هه‌بن شارستانییه‌تی نوێ به‌ته‌نیا چاوێك ببینن ، كه‌ خودی ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌ پێكه‌وه‌نان و دروست كردنیدا هه‌بووه‌ به‌و ئه‌وپه‌ڕگیرییه‌ی باس ناكه‌ن و هه‌میشه‌ تێیدا ده‌هێڵنه‌وه‌ ، به‌و واتایه‌ی ئه‌گه‌ر مرۆڤیش واز له‌خۆی بێنێ ، مرۆڤایه‌تی ده‌ست به‌خۆیدا شۆڕ ناكاته‌وه‌ و واز له‌خۆی ناهێنێ…
گه‌ر ته‌كنه‌لۆژیا كه‌ ڕوویه‌كی هاوكێشه‌كه‌ له‌ ژیانی ئاده‌مزاددا پێك دێنێ له‌ پڕۆسه‌یه‌كی به‌ره‌وپێشچوونی مێژوو نه‌دیده‌دا بێ ، سه‌یر ده‌بێ ڕووه‌كه‌ی تری به‌ دواكه‌وتوویی بمێنێته‌وه‌…
ئامار ده‌دوێن… با ڕوو له‌ ئاماران بكه‌ین… له‌ ئه‌ورووپا و وڵاتانی پێشكه‌وتووی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیایش گه‌ڕێ كه‌ كه‌له‌پوورێكیان له‌م بواره‌دا هه‌یه‌… تۆ وه‌ره‌ وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مریكا… ئاماره‌كانی چه‌ند ساڵی پێشووی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ڵێن: له‌ پاڵ ده‌یان ده‌زگای تایبه‌ت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعر، نزیكی (هه‌زار – 1000) گۆڤاری هه‌فتانه‌ و مانگانه‌ و وه‌رزی تایبه‌ت به‌شیعر چاپ و بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.
ئه‌مه‌ كه‌مبینی نییه‌ له‌ ئاست هێزی به‌هێزی ته‌كنه‌لۆژیا ، له‌سه‌ركردنه‌وه‌ی شیعریش نییه ‌؛ كه‌ بێگومان له‌ ڕوانین و جیهانبینیه‌كانی ئێمه‌ باڵاتره‌… به‌قه‌د ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكه‌ له‌لابردنی تۆز و غوباری سه‌ر نگین ..
له‌باوه‌شگرتنی باهۆزه‌ تۆراوه‌كانی ڕۆح و هه‌ستكردن به‌ساوه‌ دره‌وشاوه‌كانییه‌تی، كه‌ هه‌میشه‌ (خوێ)ی هه‌موو ژانره‌كانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بووه‌….




رژێمی ئێران دۆستی کەس نییە!.. عەبدولڕەحمان گەورکی

تێڕوانینێک لە دوژمنایەتیکردنی دیکتاتۆرییەتی ئایینی بەرانبەر بە خەڵکی ناوچەکە و جیهان!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران دۆستی هیچ گەل و کۆمەڵگاو و بزووتنەوەیەک نییە کە دژی دیکتاتۆرییەت بێت! چونکە خۆی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە و دەیەوێت لەژێر ناوی (ئیسلام)دا خۆی بەسەر کۆمەڵگەی موسڵماناندا بسەپێنێت. بەڵگەی حاشا هەڵنەگر بۆ ئەم راستییە کۆمەڵگەی ئێرانە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا، هەر لە سەرەتای ئەم دەسەڵاتەوە هەتاکۆ ئێستا، خەڵکی لە ئازادی “بێبەش” و ئازادیخوازانی ئێرانی “سەرکوت” کردووە یان رۆژانە لە سێدارەی داون. بۆیە رژێمی ئێستای ئێران لە رژێمی دیکتاتۆری پێشوو خراپترە و رژێمێکی ناشەرعی و دژە گەلیە!
یەکێک لە فێڵکردنەکانی دەسەڵاتی ئایینی ئێرانە کە هەمیشە ویستوویەتی خۆی بە “دۆست”ی خەڵکانیتر نیشان بدات و لە ژێر ناوی هاوکاریکردنی فەرهەنگی و مرۆیی!، بەڵام لە پێناو بەرژەوەندییە دوورمەوداکانی خۆی، لەو وڵاتانەدا سەرمایەگوزاری بکات و لە هەنگاوی دواتردا “هێزی بە وەکالەت” درووست بکات. تەنانەت ئەگەر بە رواڵەتی جیاواز دەرکەوێت!
موقاومەتی ئێران هەمیشە لەسەر ئەم هێڵ و باوەڕە بووە کە هەموو بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و جەماوەری و مرۆیی، لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە بە وەکالەتەکانی ئەم رژێمە، بە دیوی نەتەوەیی و جەماوەری و مرۆییەوە هەڵوێستە بکەن و “سەری ماری ویلایەتی فەقیهی” بکەنە ئامانج. لەم حاڵەتەدایە کە هێزی بە وەکالەتی ئەم دەسەڵاتە لە سەرچاوەوە ویشک دەکرێت! ئەگینا خاکەکەیان وەک “هێلانەی مار”ی لێدێت. واتە وەک (ئێران)ی لێدێت کە پڕە لە تاوان و جەردەیی و چەتەیی لەلایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهیەوە! ئێستا ناوچەکە و جیهان شاهیدی راست و دروستبوونی ئەم “باوەڕ”ن کە چۆن “ماری ویلایەتی فەقیهی” سەری بە ماڵان و وڵاتاندا کردووە و بە خێرایی ناوماڵی لە خاوەن ماڵ داگیر کردووە! چارەنووسی ئەو وڵاتانەی کە ئەم دەسەڵاتە “ئەمە”ی تێدا کردووە، لە هیچ کەس شاراوە نییە!
فەڵەستین یەکێک بووە لە یەکەم نێچیر و قوربانییە سەرەکییەکانی ویلایەتی فەقیهی لەم کارەساتەدا! ساڵی 1979 کاتێک خەڵکی ئێران دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی شایان رووخاند، یاسر عەرەفات (ئەبو عەمار)، رێبەری کۆچکردووی گەلی فەلەستین و ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەڵەستین(ئەلفەتح)، یەکەم کەس بوو کە پەلەی کرد لە چوون بۆ ئێران بۆ پیرۆزباییکردن لە خەڵک. بەو پێیەی پەیوەندییەکی زۆر قووڵی لەگەڵ شۆڕش و شۆڕشگێڕانی ئێران و بەتایبەتی لەگەڵ سازمانی موجاهیدیندا هەبوو، کاتێک لێیان پرسی، بۆ پێشوەختە ئاگادارتان نەکردوینەتەوە و هاتوون؟ وتی: “کەسێک داوای مۆڵەت ناکات بچێتە ماڵەکەی خۆی، منیش داوای مۆڵەتم نەکردووە”!
زۆری نەخایاند خومەینی جگە لە عێراق، پلانی بۆ داگیرکردنی فەلەستینیش دانا. بەڵام لەبەر ئەوەی یاسر عەرەفات تەسلیمی هەژموونی ئاخوندان نەبوو، هەمیشە بوو بە یەکێک لە ئامانجەکانی تیرۆریزمی رێژیمی ئێران. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە عەرەفات و هاوکارانی هەمیشە پشتیوانیان لە موقاومەتی خەڵکی ئێران کردووە.
خومەینی و هاوبیرانی، کە چاوی بینینی دۆستایەتیکردنی رێکخراوی رزگاریخوازی گەلی فەڵەستین (ئەلفەتح) لەگەڵ شۆڕشگێڕانی ئێرانیان نەبوو و ئەم دۆستایەتیکردنەیان بە زار تاڵ بوو، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریانەوە، بەردی بناغەیان لەسەر لەناوبردنی (ئەلفەتح) و (یاسر عەرەفات) دانا و بە وەبەرهێنانی گەورە و چالاکییەکەی بەرفراوان و گشتگیر، هەوڵیان دا (ئەلفەتح) پەراوێز بخەن و هێزی خوازراویان درووستکرد بۆ سەپاندن بەسەر چارەنووسی گەلی فەڵەستیندا!
ڕەنگە یەکێک لە خاڵەکانی “جیاوازی” و “ناکۆکی” لە نێوان دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بابەتە بێت کە شەڕی ئەمدواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە بەرهەمەکانی. لە کاتێکدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، “بزووتنەوەی ئەلفەتح”ی وەک “نوێنەری راستەقینەی گەلی فەڵەستین” بە رەسمی ناسیوە و وڵاتانی عەرەبیش باس لە چارەسەری “دوو وڵاتبوون” دەکەن، دەسەڵاتی ئیران دژایەتی ئەم چارەسەرە دەکات و بە فێڵبازی و درۆزنانە، تەپڵی “شەڕخوازی” و ” سڕینەوەی ئیسرائیل” دەژەنێت!
هەر لەو روانگەیەوەیە کە دووفاقییەتی و وتە دژ بە یەکەکانی ئەمدواییەی رژێمی ئیران سەبارەت بە رۆڵی رژێم لەم شەڕخوازییەدا و پاشگەزبوونەوە و قسە خواردنەوەی دواتری، بەر لە هەر شتێک، لە لایەک، پێناسەی تیرۆریستی و شەڕخوازی و فراوانخوازیی ئەم رژیمە دەردەخات و لە لایەکی ترەوە، ترسی خامنەیی و رژێمەکەی لە پەرەسەندنی شەڕەکە نیشان دەدات، کە بە شێوەیەکی لۆژیکی لەسەر ئەم هێڵەیە! چونکە خامنەیی و سەرکردەکانیتری ئەم رژێمە زۆر باش دەزانن کە خەڵکی ئێران، لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە، بە تەواوی ئامادەکارییان کردووە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و بە هۆی بەهرەمەندبوون لە ناوەندەکانی شۆڕش (کانونەکانی شۆڕش) و پەرەسەندنەکانی ئەم شانەگەلەی سەر بە موقاومەتی ئێران، رووخانی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە لە بەر دەستە و ئاسۆی روون و نزیکە!
کەواتە ئەگەرچی شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە و داتای بەردەست نیشان دەدات کە بەردەوام دەبێت، بەڵام گومانی تێدا نییە کە شەڕی سەرەکی و چارەنووسساز، شەڕی نێوان گەلی ئێرانە لە دژی دیکتاتۆرییەت مەزهەبی، کە زەنگی کۆتایی دیکتاتۆرییەتی لێداوە.
لە کاتێکدا شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە مانگی چوارەمی خۆیەوە، ئەم راستییە لە بیروڕای گشتی و بازنەی سیاسی ناوچەیی و جیهانیدا زیاتر رەنگی داوەتەوە کە “سەری مارەکە لە تارانە”. واتای ئەم کۆدەنگییە ئەوەیە کە تا دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی ئێران لە سەر کار بمێنیت، شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام دەبێت!
هەربۆیە ئەم وتەیە “ڕاستە” و حاشا هەڵنەگرە کە رژێمی دەسەڵاتدار لە ئێران دۆستی هیچ گەل و وڵات و کۆمەڵگایەک نەبووە بە ئێستایشەوە. چونکە بەر لە هەموو کەس، دوژمنی خەڵکی ئێرانە و ئۆرکێسترای راستەقینەی دیمەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران، بەرەو کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران نیشان دەدات!
دوا وشە!
موقاومەتی ئێران لە سەرەتای سەرهەڵدانی دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی لە ساڵی (1979)ەوە تا ئەمڕۆ کە سەرەتای ساڵی (2024)ە! لەگەڵ ئەهریمەنی دیکتاتۆرییەتی ئایینی دەستەویەخەیە. لەم ماوەیەدا موقاومەتی ئێران زۆر جار رایگەیاندووە کە “سەرچاوەی کێشەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیە”. واتە “سەری ماری ویلایەت لە تارانە!” ئەوەی گوێی نەداوەتێ، دۆڕاوە و زیانی کردووە. هەرکەس هاوڕای موقاومەتی ئێرانە با بفەرمووێت، “ئەمە کایە و ئەمە مەیدان!” نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، ئەرک و کاری خەڵک و موقاومەتی ئێرانە و بەس!





چیرۆک: زۆیا.. ستیڤان شەمزینی

١
دوای ئەوەی چەندین کاتژمێر کاری کردبوو، چەند تاقم میوانی بەڕێ کردبوو، ھاتە ژوورە بچووکەکەی خۆی کە وەک زیندانێکی کراوە بیری لێ دەکردەوە، لەسەر تەختە خەوەکەی پاڵکەوت، کەمێک پەردە مۆرە تۆخەکەی لادا و سەیرێکی دەرەوەی کرد، بینی ھێشتا بوولێڵ رۆشنایی دەرەوەی بە تەواوەتی قووت نەداوە، پێویستی بوو دەست بکات بە نووسینەوەی رۆژانە یادداشتەکانی کە ھەر ئەمڕۆ و سبەی پێ دەکرد. لەبەر خۆیەوە دەیگووت بۆچی بینووسم؟ مەگەر لە خۆم زیاتر خوێنەرێکی دەبێت؟. لێوی نا بەو قاوە عەرەبییەی تازە لەم شارە فێری خواردنەوەی ببوو، قومێکی لێدا و لەبەرخۆیەوە ورتەیەکی لێوەھات وەک ئەوەی بڵێت مەگەر ئەم قاوەیە ھێندەی ژیانم تاڵ بێت. پاش کەمێک سستی نواندن، پاندانێکی دەرھێنا کە دیاری باوکی بوو، چاوەکانی خوێنیان تێزا و سەری شۆڕ کردەوە بەسەر چەند پەڕەیەکی سپی ئەی فۆڕدا.
-دەی وا دەست پێدەکەم.. چۆن دەستپێبکەم؟ ھەموو دەسپێک لە کۆتایی دژوارترە. خودایە یارمەتیم بدە بۆ ئەم کارە. (باوێشکێکی دا و ئازارێک لە ئەژنۆکانیدا بوو، دەبوو دوای دوو کاتژمێری تریش بڕوات بۆ کارێکی تر).
پاندانەکەی خستبووە لا لێوییەوە، وەک ئەوەی نەفەس لە سیگار بدات ھەڵیدەمژی و فووی بە ئاسماندا دەکرد، لەبەر خۆیەوە دەدوا و دەیگووت: ئای لەوە خۆ پەژارە و ناسۆر وەک دووکەڵ لە لووت و دەمەوە نایەنە دەرەوە، ئەوان زۆر قورسن لە دڵدا دەنیشن. ھەستی دەکرد خەریکە دەخنکێت و لەرزیشی لێ ھاتبوو بۆ کارە بێزارکەرەکەی ھەموو شەوانێکی. (قومێکی تری لە قاوەکە دا، ھەوا کەمێک گەرمتر بوو لە رۆژانی پێشتر، ساردکەرەوەی ژوورەکەی پێکرد).
دیسان سەری گێژ دەخوات و رشانەوەی دێت، فشاری خوێنی زۆر ھاتووەتە خوار، رۆژی پێشتر بە خراپی رشابووەوە، دوو رۆژ پێشتریش بە ھەمان شێوە، دەست دەھێنێت بە سکیدا، لە یەک کاتدا دوو ھەستی ھەیە: بێزاریی و شادیی. ھەوڵدەدات ئازارەکە لە بیر بکات و دەستبکات بە نووسین، پاندانەکە دەخاتەوە سەر کاغەزەکە، کەمێک ئاوی سارد لە پەرداخە شووشەکە دەخواتەوە و ھەناوی فێنک دەبێتەوە، ھەرچی دەگەڕێت نازانێت چۆن دەستپێبکات!، ئارەقەی سارد دەکاتەوە، ئەوسا بیر لە رۆژانی منداڵی دەکاتەوە بەڵکو رووداوێکی خۆشی بیر بێتەوە و بیکاتە دەستپێکی نووسینەکەی، ھیچی لە بیر نەماوە چەشنی کەسێک تووشی ئەلزەھایمەر بووبێت. بە پاندانەکە خەتی لار و خوار دەکێشێ لەسەر لاپەڕەکان، خۆی دەبینێت لە دۆخێکی دەروونیی شپرزەدا، کەچی ناتوانێت لە دۆخی خۆیشی تووڕە بێت، ئەمە بیرۆکەی دەداتێ بە رستەی (لەو جێگەی پێویستە تووڕە بیت و نەتتوانی تووڕە بیت، کارت کەوتووەتە لای پزیشکی دەروونی.) دەستپێبکات. ناتوانێت ھیچی تر بنووسێت. لە دوو کاتژمێرەکە تەنیا بیست خولەک ماوە بۆ دەستپێکردنی کاری شەوانە. کاغەزەکانی بەردەمی لوول دەکات و فڕێی دەداتە سەتڵی خۆڵی ژوورەکەیەوە، بە تیلەچاو سەیری پەڕەکان دەکات و بە دەنگێکی تێکەڵاو لە گریان و پێکەنین دەڵێت: تۆش وەک من چارەنووست فڕێدانە.
٢
بە خێرایی دەڕوات بۆ لای کانتۆری جلوبەرگەکانی، بیری دەکەوێتە ھەفتەی پێشوو لە ھەمان شەودا پێی گووتبوو حەزی بە جل سوور و ستیانی سەوزی فستقییە، بە پەلە خۆی گۆڕی، گوارە گەورەکانی کردە گوێی، سووراوێکی پەمەیی بەسەر لێوە ئەستوورە قاوەییەکەیدا ھێنا، دوو پەمپ لە بۆنی (ھیپنۆتیک پۆیزن)ی لە ستیان و مەمکە قووتەکانی دا، جانتایەکی بچووکی رەشی گرت بە دەستییەوە، قۆنەرە بن بەرزەکانی کردە پێی کە ئەوەندەی تر باڵای بەرزتر دەکرد و سمتیشی باشتر دەردەپەڕاند. بە پەلەپڕوسکێ لە ژوورەکەی ھاتە دەرەوە.
-بۆچی وا دوا کەوتیت، دەبێت بڕۆین ھەر ئێستا؟.
+(بە بێدەنگی و وریاییەوە بە قادرمەکاندا دەھاتە خوارەوە).. پێویست بوو بە دڵی ئێوە خۆم بڕازێنمەوە.
-(سەری بەرز دەکاتەوە و دەحەپەسێت).. واوووو ئەوە چییە، زۆر شازیت، دڵنیام تۆ ھەموویان سەرسام دەکەیت,
(دەچێتە ناو ماشێنەکەوە و بە درێژایی رێگە خەیاڵ دەیباتەوە و بیر لەوە دەکاتەوە رازەکەی بۆ بدرکێنێت. بە خێراییش لە بیرۆکەکەی ژیوان دەبێتەوە و دەڵێت: نا، نا پێی ناڵێم. دواتر خۆیان ھەر دەزانن خۆ نابینا نین).
-من وا قسەت بۆ دەکەم، تۆ لە کوێی؟ ئەمڕۆ باش دیارنیت لەپێش چاوم، دەڵێی پاپۆڕەکەت نغرۆ بووە.
+ھیچ شتێکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە، تەنیا کەمێک بێ حەواسم. لەوانەیە سەرمام بووبێت.
(دەگەنە بەرزاییەکی ئەودیوی شار و دەچنە ڤێلاکەی پێشوو، سەرنج دەداتە سەر ئامادەبووان ھەمان پیاوانی جارانن، تەنیا یەکێکی نوێی تێدایە، پرسیار لە بارەیەوە دەکات):
+ئەو پیاوە کورتە باڵا ئەسمەرە کێیە؟ ئەوە یەکەمین جارە بیبینم.
-ئەوە (…) ھاوڕێمانە، ساڵانێکە لە ھەندەران دەژی، بڕیار وایە بەم زووانە ببێتە وەزیر.
+واووو، واووو چ وەزیرێکە؟ واتە من ئەمشەو لەگەڵ ئەو وەزیرە دەخەوم؟.
-بەڵێ.. ئا ئا.. ھەڵبەتە ئەو لەناو ھەمووتاندا یەکێک ھەڵدەبژێرێت، بەڵام دڵنیام تۆ ھەڵدەبژێرێت. ناتوانێت بەرگەی ئەو لەشولارە سێکسییەی تۆ بگرێت.
+بۆچی دەبێت ئەو ھەڵمانبژێرێت؟ خۆ بە دەست خۆم بێت قەت بەو بڵحە رازی نابم.
-ھێواش کچێ.. ھێواش. بەم کوردییە عەنتیکەیەت قوڕ مەکە بەسەر خۆتدا، ئەم ئاھەنگە بە خاتری ئەو رێکخراوە.
(ئێستا بەرەو سەکۆ چیمەنتۆییەکە دەڕوات کە چەند بلاژیکتۆرێک رووناکیان کردووەتەوە، بەمەوە چوار کچ چوونەتە سەر شانۆکە و سەما دەکەن. لەولاوە بۆنی کەباب و گۆشتی برژاو و دەنگی نۆش و زرینگەی پەرداخەکان دێت کە بە یەکیدا دەدەن، ئەمانیش سەما دەکەن، ھەر جارەی یەکێکیان بانگ دەکەن بۆ سەر مێزەکان لەگەڵیاندا ئەلکھول بخواتەوە، ئەم زۆرتر ئارەزووی عەرەقی ئۆزۆی بەلەم و ڤۆدگای گورباتچۆڤ دەکات. وەزیری داھاتوو بە لاچاو سەیری سمتی دەکات و خۆی بۆ ناگیرێت و بەسەر تەنورە کورتەکەوە دەستێکی پێدا دەھێنێت).
-ئەمشەو تۆ لای منیت، ھەرچی ئارەزووی دەکەیت لە پێناوتدا ئامادەیە.
+سوپاس بەڕێزم. بێگومان ئامادەم، ھەرچییەکم پێبدەیت جیاوازییەکی نییە، مووچەی من جێگیرە و ھەرچی بەخشیش و دیارییەکم پێبدەیت بۆ ئەوە (پەنجە بۆ یەکێک لە پیاوەکان رادەکێشێت).
لە ناکاو رادەچڵەکێت وەک چۆن تەشتێک ئاو بکەیت بەسەر خەوتوویەکدا، دەست لە نووسینی ئەو دێڕانەی پێشەوەش ھەڵدەگرێت، دووبارە کاغەزەکان ھەپرون ھەپرون دەکات. دەست دەخاتەوە سەر سکی و وەک ئەوە وایە مارێک لە ناویدا بجووڵێتەوە، لەگەڵیدا دەست دەکات بە ڕشانەوە، قاڵییەکە تەڕ دەبێت لە رشانەوەدا، بۆنی ناخۆشی عەرەقی دوێنێ شەو لەگەڵ ڕشانەوەکەدا ھاتووەتە دەرێ، ژوورەکە بۆگەنی کردووە. دەست دەکات بە تەپەتەپ تا ئەوانەی خوارەوە بێدار ببنەوە و بیگەننە نەخۆشخانە، بەڵام ھێشتا دوودڵە ئایا رشانەوە بەردەوامەکەی بە ھەند وەردەگرن یان نا؟.
٣
ئەمڕۆ دەی سێپتامبەر، سبەینێ شەش ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر رووداوی یانزەی سێپتامبەری ئەمەریکادا. ژیانی ئەویش وەک ھەردوو تاوەری بازرگانی جیھانی داڕووخاوە. ھەوڵێکی تر دەدات بۆ نووسینەوەی یادداشتە رۆژانەکانی، ئەم جارە خەریکە سەرکەوتوو دەبێت و دەنووسێت: (دوێنێ شەو رووداوێکی گرنگ لە ژیانمدا روویدا، ھەم زۆر خۆش ھەم زۆر تاڵ!.) درێژەی دەداتێ: (زۆرجار ژیان دەمانبات بۆ جێگەیەک ئەگەرچی شتەکانیشی کۆن بن، بەڵام بۆ تۆ تازەن). ئەوە یەکەم جار بوو رێگەی بکەوێتە نەخۆشخانەیەکی ئەم وڵاتە، سەیر نییە ئەگەر دێڕێکی وای نووسیبێت. ھەوڵ دەدات بەردەوام بێت و نازانێت چۆ دێڕەکانی پاشتر بنووسێت، چیتر کێشەی دەستپێکی نەماوە، ئاریشەکەی بووە بە کۆتایی. ئێستا دەزانێت لە کوێوە دەستی پێکرد، بەڵام نازانێت لە کوێ دەوەستێت. بەم ھەوا گەرمە سێپتامبەرییە لەرزێکی زۆری لێ ھاتووە، خۆی خزاندووەتە ژێر بەتانییەکی ئەستووری رەنگ سەوزی کۆنی سەربازیی کە پێشتر خاوەن ماڵەکە لە گەرمای ھاویندا دەیدا بەسەر ماشێنەکەیدا. حەزی چووەتە سەر خواردنێکی میللی خۆیان، بەڵام ناچارە ئەو ساوەر و عەمبەیە بخوات، کە زیاتر ئازاری گەدەی دەدەن، فرمێسک بە گۆناییدا دێتە خوارەوە و دەنووسێت: (مرۆڤ تا بچووکتر بکرێتەوە، غەمەکانی گەورەتر دەبن.)
ھێڵنجدان بەردەوامە و بە رژدیی بیر لەوە دەکاتەوە بزانێت سێ مانگ پێش ئێستا لەگەڵ کێ بووە؟. رقی لە خاوەن ماڵەکەیە، ئەو رۆژانە جیا لە کاری ناوماڵ، ناچاری کردووە شەوان لە باوەشی زیاد لە کەسێکدا رۆژ بکاتەوە، ئاستەمە بیری بکەوێتەوە کامیان بوو، ھەر لە بنەڕەتەوە سێ مانگ پێش ئەمڕۆی نایەتەوە یاد، ئەو ھەموو رۆژ و شەوەکانی لە یەکتر دەچن، شتێکە بۆ ھەمیشە دووبارە دەبێتەوە. لە بێ چارەییدا بیری لە خۆکوشتن دەکردەوە، سەرەتا ویستی بڕوا بە خۆی بھێنێت خۆکوژیی بکات، دەیزانی ئەوەی دەینووسێت بۆ ئەوەیە قەناعەت بە خۆی بھێنێت، کەمێک لە تابلۆی سەر دیوارەکە راما کە ھیچ مانایەکی نەبوو، بە خێرایی و لە ترسی لە بیرچوونەوە نووسی: (ھەرچەند مەرگ بێ ئازارە، بەڵام پڕ ئازارترین شت ئەوەیە بمرم. ئەگەر خۆم بکوژم بوون و داھاتوو بە یەکەوە لە دەست دەدەم. لە مردندا نەک ئازار بوونی نییە ھیچ شتێکی تریش بوونی نییە، لە خەوێکی قووڵی بێ خەوندا دەبم، بەڵام ھێشتا ناتوانم بە رەھایی خاسێتیی و خراپیی مەرگ ھەڵبسەنگێنم). ئەو لە ژیانی خۆی تێنەدەگەیشت ھەوڵیدەدا لە مردن تێبگات و بۆی بڕوات. دەترسا لەوەی وەک ئێستا مل بنێت بۆ جێگەیەک ھیچی لەبارەوە نەزانێت.
جارێکی تر خەیاڵی گەڕایەوە بۆ سێ مانگ بەر لە ئێستا، دەیگووت: ئا ئەو باڵابەرزە سوور و سپییە بوو، نا، نا، ئەو نەبوو. ئەو دەوڵەمەندە ورگنە بوو کۆمپانیای ھەبوو، لەبەر خۆیەوە دەیگووت: تۆ چۆن دەزانی کۆمپانیای ھەبوو؟، بەرسڤی خۆی دەدایەوە: مەگەر خۆی وای نەگووت؟. سەد کەس زیاتر بە خەیاڵیدا ھات!ـ چۆن دەکرێت لە رۆژێکدا لەگەڵ سەد پیاودا سێکسم کردبێت؟. نا، نا نابێت، شتی وا نابێت. کەمێک خۆی ئاسایی کردەوە و دووبارە کەوتە پرسیار لە خۆکردن: چۆن دەبێت منداڵەکەی ناو سکم سەد باوکی ھەبێت؟ ئەی چۆن بگەڕێمەوە ناو کەسوکارم، لە کاتێکدا بە تەنیا ھاتم و بە دوو قۆڵی بڕۆمەوە؟. لەناو ئەم پرسیارانە نقووم ببوو، فریای وەڵامدانەوەی پرسیارێک نەدەکەوت، چەندان پرسیاری تر لە مێشکیدا دەتەقینەوە. دەستەوەستان و واق وڕماوە لە بەردەم پەنجەرەکە راوەستاوە و ھەردوو دەستی خستووەتە سەر کەمەری و ھیچی بۆ نەماوەتەوە تەنیا ئەوەندە نەبێت رقی لە کابرای خاوەن ماڵ و ژنەکەی دەبێتەوە و نەفرەتیان لێ دەکات. بیر لەوە دەکاتەوە ئەم سەرنەویشتە لە کوێوە بۆی ھەڵبژێردراوە: بە رۆژ ژنەکە بیخاتە ژێر باری ئیشی زۆر و قورسەوە و نەھێڵێت لە یەک کاتژمێر زیاتر مۆبایلەکەشی بەکاربھێنێت، شەوانیش مێردی ژنە کە پاسپۆرتەکەی ئەوی لای خۆی گل داوەتەوە، بیبات بۆ گردەکانی قەراغ شار و لەگەڵ ھاوڕێکانی شەوانی سوور لەسەر لەشی رەشی بنووسنەوە؟. ئینجا بە تووڕەییەوە لەسەر کاغەزەکەی بەردەمی دەنووسێت: (ئێوە ناتانەوێت لە جیاوازیی گورگ و ئاسک تێبگەن، سەرنج دەدەنە سەر ئەوەی لە کۆتاییدا ھەردووکیان ئاژەڵن.) لەم کاتەدا لە دەرگای ژوورەکەی دەدرێت، ھەر ئەوەندە فریا دەکەوێت کاغەزەکان بخاتە ناو سوراحییە ئاوەکەی سەر پەنجەرەکە.
٤
بیر لەوە دەکاتەوە چۆن پاسپۆرتەکەی لە خاوەن ماڵ و ئەو کۆمپانیایە وەربگرێتەوە ھێناوێتی بۆ ئێرە، تاکو لە شوێنێکی دوور لە مەترسی دایکایەتی بۆ منداڵەکەی ناو سکی بکات و لە ئێستاوە بیر لەناوێک دەکاتەوە بۆ نۆبەرەکەی. شەڕێکی ناوخۆیی لە دەروونیدا دەستیپێکردووە، بە خۆی دەڵێت: ئایا بەو دایکایەتییە قایل بم؟ ئایا بۆچی دەبێت رازی بم منداڵێکی باوک نادیار نۆ مانگ بە سک ھەڵبگرم و تەمەنێکیش پەروەردە و بەخێوی بکەم.؟ لە کۆتاییدا دڵی خۆی دەدایەوە و دەیگووت: گرنگ نییە ئەو منداڵە لە کێیە، ئەوەی بۆم گرنگە لەناو منەوە دەڕسکێت و دەبێتە گەواھیدەری کوێرەوەرییەکانی ژیانی ئێرەم.
دەنگە دەنگێک لەودیوی ژوورەکەوە دێت، گوێقووڵاخ دەبێت، گفتوگۆی نێوان ژن و پیاوەکەی خاوەن ماڵەکەیەتی.
-ئەگەر خەڵک بزانن دووگیانە ئابڕوومان دەتکێ. (پیاوەکە لەم کاتەدا لەبەردەم ژوورەکەدا ھاتوچۆیەتی و ئەم قسانە دەکات).
(پەردەکە لادەبات دەبینێت ژن و پیاوی خاوەن ماڵ بە دەموچاوێکی ترشاوەوە، لەبەردەم دەرگای ژوورەکەیدان، بێ لە دەرگادان وەک دوو مێشی گیزەگیزکەر خۆیان دەکەن بە ژووردا).
-(ژنەکە بە مۆڕەوە سەیری سکی ئەم دەکات).. دەبوو (حەبی مەنع)ت بخواردبا، نازانیت پیاوی ئێمە چەند رقیان لەوەیە خۆیان رێگریی بکەن لە کاتی سێکسدا؟.
-(پیاوەکە بە سەرسووڕمانەوە سەیری ژنەکەی دەکات و وەک بڵێی ئەزموونی زۆری ھەبێت).. ئێستا دەبێت بڕۆین، بۆ نەخۆشخانە کوڵتاج بکەین، خێرا ئەو سکەت لەبار ببەین و خۆمان لە شەرمەزاریی رزگار بکەین!. خێرا خۆت ئامادە بکە.
(نەیدەتوانی ھیچ بڵێت، زمانی لاڵ ببوو، نەیدەتوانی داکۆکی لە خۆی و منداڵەکەی بکات، ناچار بوو مل بدات بە داواکەیان و داوای کرد لە ژوورەکەی بچنە دەرەوە، تا خۆی بگۆڕێت، ئەوانیش بە ھێواشی بەرەو خوارەوە ملیان نا).
-دەبێت نەھێڵین بڕوات، پاسپۆرتەکەی دەگەڕێنمەوە بۆ کۆمپانیا، لای ئەوان بێت ناتوانێت ھیچ بکات مەگەر (وشتر بکات بە کونی دەرزی درووماندا).
+(دەکەوێتە پێکەنین، بەڵام تریقانەوەیەکی دەستکرد). نا، لێگەڕێ با ئەمە بڕوات، پێویستمان بە کارەکەرێکی گوێڕایەڵتر و جوانتر ھەیە، ئەوە باشترە بۆ ئێمە.
-بیرۆکەکەت زۆر تەواوە، کەواتە لێی دەگەڕێین. من کارم ھەیە لە دەرەوە، تۆش کەمێک بنوو، بەڵام سپلیت ھەڵمەکە، با سەرمات نەبێت گیانەکەم.
(گفتوگۆی نێوانیان کۆتایی ھات، پیاوەکە ژنەکەی لە ئامێز گرت و ماچێکی کرد، بە ماشێنەکەی بەرەو لای دۆستەکەی بەڕێ کەوت، ژنەکەش تەلەفۆنی بۆ کوڕێک کرد و پێی گووت ھەر ئێستا چووە دەرەوە بە زووترین کات وەرە).

٥
ماشێنەکەی ھێنایە حەوشەوە و بە دوو عەلاگەی پڕ میوە و کیسەیەک سەموونەوە بەرەو ناندێنەکە رۆیشت. سەیرێکی کرد ھێشتا ژنەکەی خەوتووە. بە ئارامی بانگی کرد و گووتی: ئەو ئەو قولە خزمەتکارە لە کوێیە؟, ژنەکەش بە خەواڵوویی وەڵامیدایەوە: چوار کاتژمێرە دەنگی نییە، لەسەرەوە نەھاتووەتە خوارەوە، ئێستا دەچم لە دەرگای دەدەم. پیاوەکە دەڵێت: ئۆوو لە تۆ، خۆت ئەوەندە ئەزیەت مەدە، چاکترە مۆبایلەکەی پێ بدەیتەوە و ھەر کات پێویست بوو تێلی بۆ بکەین. ژنەکە بە تووڕەیی دەڕواتە سەرەوە و بەدەنگێکی بەرز قسە دەکات: ئەی نەمانگووت دەبێت لێرە بڕوات؟. بەدەم بۆڵەبۆڵەوە دەچێتە بەردەم ژوورەکەی، چەند جارێک لە دەرگاکە دەدات، بەڵام نایکاتەوە. دەیەوێت خۆی بکات بە ژووردا و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات، بۆی دەردەکەوێت دەرگاکە لە ناوەوە کلیل دراوە، ھاوار دەکات بۆ مێردەکەی ئەو رەشە پیسە بووە بە شت لێمان، وای لێھاتووە دەرگامان لێ ناکاتەوە.
-پەلەمەکە وا ھاتم ھەر ئێستا پەلی دەگرم بۆ دەرەوە و سبەی تەلەفۆن بۆ کۆمپانیاکەش دەکەم بە توندیی سزای بدەن.
وردە وردە سەر دەکەوێت، بە ھەردووکیان لە دەرگا دەدەن بەڵام نایکاتەوە، چەند ھاوار و بانگی دەکەن، دەنگێک لە ژوورەوە نابیسترێت. ناچار پیاوەکە دێتە خوارەوە و کلیلە یەدەگەکان دەھێنێت دەرگای ژوورەکەی پێ دەکاتەوە. کاتێک دەرگا دەکەنەوە، ئەوەی دەبینرێت: خزمەتکارەکە کەوتووە بەسەر تەختە خەوەکەدا و چەقۆیەک لە سکی چەقیوە، لەولاترەوە کاغەزێکی فڕێدراو لە ناو تەنەکە خۆڵەکە بە لوولدراویی دەبینن، شاڵاو بۆ کاغەزەکە دەبەن و چرچ و لۆچییەکەی بە قۆڵ رێک دەکەنەوە کە چەند دێڕێکی بە زمانی ئینگلیزیی لەسەر نووسراوە:
من ناوم زۆیایە، کچێکی ئەسیوپیم لە ھەرێمی کوردستان، تەمەنم بیست و….

ئاوگۆستی ٢٠١٤
سویسرا- بێرن
ھوتێلی Ambassador

تێبینی: ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٣١١)ی گۆڤاری (رامان) لە رۆژی ٥-٩-٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.




بۆ لەتیف سەلەفی ، ئەم وێنە حەرامانەت لێ دیارە؟.. گۆران هەڵەبجەیی

هەر ئایدۆلۆجیایەک یا ئاین و مەزهەبێک، وڵاتێک ،باژاڕێک، ناوەندێک،کەسێکی کاریزما بەسەرچاوەی ئیلهام و وزەبەخش و بەردەوامی ڕێبازەکەی دەزانێت، کە هەندێک جار دەگاتە ئاستی پیرۆزی و پەرستن.
وەک چۆن ڤاتیکان ناوەندی کریستیانە کاسۆلیکەکانی جیهانە ،بەهەمان شێوە وڵاتی سعودیەش بەتایبەتی مەککە پیرۆزترین پێگەی مسوڵمانانە.
بەدرێژایی مێژوو ئەم وڵاتە لەڕێگەی وەهابیزمەوە ساڵانە هەزارەها مرۆڤی تووندڕەو تاریکدۆستی بەرهەم هێناوە. ئەم مەلاو بانگخوازە وەهابیانەی سعودیەکۆنترۆڵی خیتابی ئاینی و کۆمەڵگایان کردوە و بەردەوام ژەهری کەراهیەت و تووندڕەوی دەڕژن و ئاینی ئیسلامیان بە کردەوە و هزر گەیاندە مەترسیدارترین ئاست.
هەرچی بزافی تووندڕەو و تەرۆریست هەن لەجیهانە بەجۆرێک لەجۆرەکان درووستکراو یا لەژێر کاریگەری و پشتگیری مادی سعودیەکاندا بوون، لەوانە [القاعیدە] و [داعش] و چەندین بزافی دیکەی ئیرهابی. جێگەی سەرسووڕمان نیە دەمێک دەرکەوت لە [١٩] ئیرهابی [القاعیدە] کە دووتاوەرەکەی نیۆیۆرکیان تەقاندەوە [١٣]یان گەنجی سعودیە بوون.
لەسعودیە، ناوەندە وەهابیەکان خاوەن هێز و بڕیاردەربوون لە هەمووشتێکدا تائەوڕادەیەی پادشاکانی سعودیە نەیاندەتوانی گوێڕایەڵیان نەبن.
بەڵام پاش هاتنی پادشا سەلمانی بەتەمەن دۆخەکە بەتەواوەتی گۆڕدرا.
گۆڕانکاری جەوهەری ئەوکاتە دەستی پێکرد کە شازادەی جێنشین[محمد کوری سەلمان]دەسەڵاتی ڕەهای گرتە دەست ،ئیدی باوکی وەک سومبلێک مامەڵەی لەگەڵ کرا نەک وەک بڕیاردەرێک.
محەمەد دەستی بەڕەفۆرمێکی مەزن و بەرفراون لە هەموو بوارەکاندا کرد.هاۆکارەکانی پشت ئەم ڕەفۆرمە هەرچیبن ئەوە لێرەدا جێگەی باس نین ،لێ بەدڵنیاییەوە لەبەرژەوەندی خەڵکی سعودیەو جیهانی ئیسلامین.
گۆڕانکاریەکان سەرەتا بەوە دەستی پێکرد ، هەرچی پیاوانی وەهابی هەن لە پێگە هەستیارەکان دوورخرانەوە ،هەر یەکێکیشیان مقاوەمەی بکردایە یا ناڕەزایی دەربڕیایە ئەوە بەزەبری یاسا ئاقڵیان دەکرد.
ئەوجا مەنهەجی خوێند{ وانەی ئاین} و کتێبە ئاینیەکان دەستکاری کران بەجۆرێک کە بگونجێن لەگەڵ سەردەم و شارستانیدا،وتاری بانگخوازو خەتیبەکان، بەتایبەتی وتاری ڕۆژانی هەینی سنوردار کران.
ئافرەت کە پێشتر هیچ خۆرە ئازادیەکی نەبوو، تاڕادەیەک دەرگای ژیانی بۆ کرایەوە، وەک سەفەر بەتەنها،لێخوڕینی سەیارە ،نەپۆشینی سەرپۆش ،وەرگرتنی تەڵاق،کارکردن لەهەر شوێنێک دەیخوازێت.
کردنەوەی باڕ،فرۆشتنی کحول، سازدانی کۆنسەرتی ڕۆژئاوایی،کردنەوەی شانۆ و چالاکی نمایشی جلوبەرگی ئافرەتان، قەبوڵکردنی پێکەوەژیانی ڕەگەزی نێرو مێی بێگانە لەدەرەوەی هاوسەرگیری،ئەمانەش بەشێکی ترن لە کرانەوەکان.
لەڕووی هونەریشەوە هەنگاوێکی مەزن درا بەوەی ڕێگەدرا هونەرمەندە گۆرانیبێژەکان لەڕەگەزی مێ کۆنسەرت سازبکەن.
جاران تەنها بۆ پیاو بوو لەسەر شانۆ گۆرانی بڵێت ،بەڵام دوای ئەم کرانەوەیە تا ئێستا چەندین ئاهەنگ و کۆنسەرت بۆ گۆرانیبێژە عەرەبەکان سازکراوە ، کە نوێترینیان ئاهەنگی سەری ساڵبوو.
پێموابێت ئەمە یەکەمجارە لە سعودیە ڕێگەدەدرێت بەبۆنەی ساڵی نوێوە ئاهەنگ سازبکرێت، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە سەرجەم گۆرانیبێژەکان لە ڕەگەزی مێ بوون{ئەلیسا،ئەنغام،اصالە،نانسی عجرم احلام و ….} کە جلوبەرگی هەندێکیان بۆ ئەو کەلتوورە موحافیزکارە جۆرێک لە زیادەڕۆیی پێوەدیاربوو ،وەک ئەلیسا،نانسی عجرم ،ئەنغام.
دڵنیام گەر هەرکامێک لەوگۆرانبێژانە بەو جلانەوە لەکوردستان گۆرانیان بگووتایە ،مەلا دەم هەڕاشەکان بەسەلەفی و ئەخوانی و هەودارە مێشک پوچەکانیان دەیانکردە هەرا و تاماوەیەک خەڵک و میدیایان بەناوی بڵاوبوونەوەی [فەسادەوە] خەریک دەکرد.
ئەو تانەو تەشەرو هێرش و سوکایەتیەی مەلا مێشک ژەنگاویەکانی کوردستان بە لەتیف سەلەفیشەوە بەناهەق بەخانمانی کوردی دەکەن گەر لەسعودیە بیانکردایە ،ئەوە لەسەر ئەو قسانە ئاقڵیان دەکردن.
بۆیە بە عەبد سەلەفی دەڵێم، ئەو دیوارەی پاڵت پێوەدەدا ئەوەتا درزی تێکەوت و هێدی هێدی لاردەبێتەوە و ڕۆژێک دێت دەکەوێت ،ئەودەمە تۆ و نمونەکانت بێ پشتوپەنا دەمێننەوە، ئەوجا پشتگیری دەسەڵاتی گەندەڵ، درۆی گەورە ،گەمژەکردنی خەڵک ، ،مووچەو سەیارەی دەرع ، ژنی چوارەم ، مزگەوتی بەهەشتی پڕ لە مرۆڤی مێشک پووچ ،هیچ کام لەمانە فریات ناکەون و تەواو ڕسوادەبیت.




پەیکەر.. پشکۆ ناکام

میللەتێ کە خاوەنی فەرهەنگێکی هاوچەرخ و هاوتەریب لە گەڵ پێشکەوتنی دونیا و ڕەوتی مێژووا نەبوو میللەتێکی کەنەفت و پەککەوتەیە ، جا تا بەیانی هەر هاوار هاواری خوێن و شۆڕش و بەرگری و ئەم قسە سواوانەت بێ ….کە فەرهەنگ و کەڵچەر لەگەڵ جامانەیا پێچرایەوە و لەگەڵ پشتوێنا بە ناو قەیا ئاڵاێنرا و لەگەڵ نەوتا بازرگانی پێ کرا یان لەگەڵ ئەخلاقە سوسیۆلۆجیەکانا خرایە تەنەکە خۆڵی ” هەبوو ، نەبوو” ئیتر “الفاتحة علی روح الغیر المرحوم”!! بۆ ئەو میللەتە بخوێنرێ و بە ناشکوریش نەبێ مزگەوت وەک عەڕەبانەی نۆکاوی سەهۆڵەکە بۆ فاتیحە یان زۆر و زەبەنن….
ئاخۆ گەر “اسماعیل خەیات” لەجیاتی خەیات ناسناوێکی عەشایەری هەبوایە چەن هەزار کەس بە کەسەرەوە بەو خاکەیان ئەسپارد کە ئەو زۆری بۆ کرد و پاداشتەکەشی سفر سەری دێڕ.. گەر ” قادر دیلان” ناوی ” قادر لالۆ”! بوایە چەن هەزار کەس لە شارەکەی خۆی ئەیانزانی ئەو کێیە..!! لەوانەیە “ولیەم یوحەنا” بە ناوی دایکییەوە بانگ بکرایە لە یادی شارەکەی خۆی چوار کەس ئەچونە سەر گۆڕەکەی ، گەر زەمانی ” گۆران” موستەشاریی هەبوایە و ئەویش سێ چوار ساڵێ موستەشار بوایە هەڵبەتە لە هەولێر جادەدەکی بەناوەوە ئەبوو ، “چێوار” لە جیاتی عەشقی بۆ ئینسان و هونەر ، خولیای گیرفان بوایە مەزاری گۆڕەکەی وەک مەزاری ئەوانە ئەبوو کە کوردستانیان مەزاد کرد و وێنەیەکی لەسەر ” سەکۆی موهەڕیجەکانی دوای ڕاپەڕین” دائەنرا ، گەر پیرەمێرد و بێکەس لە شاعیرەکەی “زێڕە” بە حورمەت تر بونایە لە یادی شارەکەیانا چوار گوڵی شانازی کردن پێیانەوە ئەخرایە سەر گۆڕەکانیان..
هەرگیز خوێن جێ ی ووشە ناگرێتەوە ، نەک ڕووبارێ ، دوو سێ ئۆقیانووست لێ ڕژا بێ کە کەللە پوت بوویت بەهای داهێنانێکی هونەری و ئەدەبی نیە..با دەیان کەناڵ و دەزگای علوجی ڕۆشنبیریی دابمەزرێ کە فەرهەنگ وەک بناغەی ئەقڵ و بۆچوونەکانت نەبوو هیچ جیاوازییەکت لەگەڵ بیابانێکی ووشکا نابێ کە زۆر جار فەرهەنگ وەک کیۆێکی بەرز بە سێبەرەکەی بیابان دائەپۆشێ تۆش کێوەکە نیت ، تەنها لەژێر سێبەرەکەیا یت و بە بەرزایی کێوەکە دووریت لە فەرهەنگ و پێشکەوتن و ژیانی سەردەمییانە ، میللەتی بێ فەرهەنگ یان فەرهەنگ سەقەت وەک” پەیکەر” وایە کە خۆیەتی بەڵام بێ گیان و ڕۆح…




پاییزی بێ تۆییم.. گەشاوە جاف

لەکاتێکدا شنەبای پاییز بێ ئاگاداری
لەباخچەی وەلانراوی گیانت هەڵدەکات،
ئاە لەبەر خۆتەوە، دەڵێی
چۆن لە بێستانی جەستەیەکی وەلانراوی بێ ژوواندا،
وەک گەردەلوول هەڵ دەکەیت و دەیشێنیتەوە!
ئا،
سەیرکە گوڵەپاییزەکانی بەر باڵکۆنی دییەکانم
بۆن و بەرنامەیان دەڕژێنە ژیانەوە، هەمیشە چاوەڕوانی هێنانەوی تۆی شەرابی و خەیاڵەکانتە.
تا جاریکی دی باخی گیانی ماندوم بە
ناوازترین سەمفۆنیا پایزی
بسپێرێت.
تۆ دەزانی ؟
پاییز مانای وەرزی ڕووت بوونەوە!
هەروەک من چۆن ڕووت وڕەجاڵم.
ڕووت بوونەوەی سەرتاسەری
ڕووت بوونەوە لە،
دابڕان، لە ئازاری دووری، غوربەت
کە دەکاتە کەسێکی دی!
ڕووت بوونەوە لە سات و ڕۆژانەی
کە بە ساڵێک تێدەپەڕین
لەم تەنهاییە دا.
هەرجارێک هەوایەک، شنەبایەک هەڵی بکردایە،
هەستم دەکرد گەردی جەستەی هاوڕای دادەماڵی،
بەڵام ئەفسووس نەمزانی کە دەشێ جوانیت بنێژرێت! بە دوونیای فانیت بسپێرێت.
جا
تێگەیشتم!
هەموو هەڵکردن ئێک جوانی نیە!
گەشانەوەی ژیانێک نیە
هەندێجار دیسان سپاردنی
ڕۆحێکە بە لە ناوچوون نەمان لەووجووددا بێ وویست!
چەند جوانە
دەبێ دانی پێدا بنێم و
بڵێم
پاییز بێ تۆییم
باش
بەجوانی و خرۆشان و سیحراوی بوونی
هەروەها
بۆ منێکی تەنهای ڕووت و ڕەجاڵ
پایزی وەرزی وەنەوهاتنەوە بەبەر خۆمدا باش
چی هەردوو لە خەیاڵدا
ڕووت ڕووتین وەک
داماڵینی دانە دانەی گەڵاکان،
پایزو وەڕووت بوونەوەت
باش لە هەر کونجێکی دونیان..

Alingsås
24/10/22
گەشاوە جاف