چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ نوسه‌ر و مێژوونوسی ئه‌‌کادیمیی کورد د. جاسم خۆشناو.. سازدانی: هیوا ناسیح

(له‌ خۆرانی بناری سه‌فینه‌وه‌ وه‌ تا کن مناره‌ خواره‌که‌‌ی پیزه‌)

((د. جاسم خۆشناو، ئه‌و پیاوه‌ ساده‌ و خاکیه‌ی گه‌شتی ژیانی له‌ گوندی خۆرانی بناری سه‌فینه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات، ئه‌و یه‌ک له‌ چالاکترین و دێرینترینی ئه‌و کوردانه‌یه‌ که‌ وا بۆ نیو سه‌ده‌ ده‌چێت له‌ هه‌نده‌رانه‌ و بۆ رۆژێکیش له‌ خه‌م و خه‌بات و ئازاری گه‌ل و نه‌ته‌وه‌‌که‌ی دانه‌بڕاوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی کۆتایی حه‌فتاکانی سه‌رده‌ی ڕابردوو چه‌ند ساڵێک له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێ پێشمه‌رگه‌ بووه‌، ساڵی ١٩٨١ ڕویکردۆته‌ ئیتالیا و دوو دکتۆرای له‌ بواره‌کانی (په‌یوه‌ندییه‌ نێو ده‌وڵه‌تییه‌کان وه‌ مافی مرۆڤ) له‌ وڵاته‌دا هێناوه‌، چه‌ندان بڕواننامه‌‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌بواره‌کانی مێژوو، هه‌ڵبژاردن، ڕێکخراوی مه‌ده‌نی و ..هتد هێناوه‌. ناوبراو ئێستا ‌ مامۆستای زانکۆیه‌ له‌ یه‌کێک له‌ زانکۆ به‌ناوبانگ و دێرینه‌کانی ئیتالیا (زانکۆی پیزه‌)، چه‌ند کتێبکی له‌سه‌ر کورد له‌ زمانی ئیتالییه‌وه‌ وه‌رگێڕاوه‌ و نوسیوه‌، ده‌یان وتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر کورد و کێشه‌که‌ی به‌ ئیتالی بڵاوکردۆته‌وه‌، سه‌رپه‌رشتیار و رێکخه‌ری چه‌ندان کۆنفرانس و سیمینار و بۆنه‌ی که‌لتوری و سیاسی و ڕۆشه‌نبیریی کوردی بووه‌ له‌‌و وڵاته‌. به‌ کورتی ده‌توانین بڵێین ناوبراو ناسراوترین و چالاکترین کورده‌ له‌ وڵاتی ئیتالیا، که‌چی لای کورد خۆی هێشتا زۆر که‌م ناسراوه‌ و بایه‌خی پێنه‌دراوه‌! له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا ئاشنای ده‌بین و ده‌زانین که‌ ئه‌م که‌‌سه‌ گه‌وهه‌رێکه‌، بێمشوریی ده‌سته‌ڵاتی کوردی و ته‌می غوربه‌ت له‌به‌ر چاوانییان ون کردوه‌.))

پ ١. دکتۆر جاسم خۆشناو کێێه‌؟ گه‌ر له‌ ده‌می خۆیه‌وه‌ بیناسین.

و: ناوم جاسم تۆفیق مستەفایە، لە سالی 1959 لە گوندی “خۆران”، لە بناری چیای سەفین هاتوومە دونیاوه‌، لە سەرەتای سالانی شەستەکان ماڵمان چۆتە هەولێر، لێرە قۆناغەکانی خوێندنم تەواو کردووە، لە هەولێر لە ئامادەیی کوردستان خوندومە. لە نەورۆزی 1981ه‌وه‌ لە ئیتالیا دەژیم.
پ ٢. کاک دکتۆر که‌ی و چۆن تێکه‌ڵاوی شۆڕشی کورد بوون و دواتر چۆن بوو سه‌نگه‌ری خه‌باتتان له‌ شاخه‌وه‌ برده‌ ئه‌وروپا؟
و: لە راستی من، وەک زۆربەی خەلکی کوردستان، لە سەردەمی مندالی تێکەلاوی بزوتنەوەی چەکداری یان شۆڕش بووین، لە سەرەتا مالمان لە گوند بوو، لە دوای ئەیلولی 1961 گوندەکەمان بۆردومانکرا، ناچار زۆربەی دانیشتوانەکەی رووی لە ئەشکەوتەکانکرد، وەک خەونی شەوانە هەندێکم ئێستاش لە بیر ماوە.
به‌ پێی سەرچاوە مێژوویەکان لە سالی ١٩٢٠ ناوچەکەمان بە سەرکردایەتی میرانی سالح بەگی خۆران لە دژی دەسەلاتی ئینگلیز راپەڕیوون، لەشکرێکیان بۆ کۆمەک و پالپشتی لە حکومەتەکەی شێخ مەحمود رەوانەی ناوچەی سلێمانی کردووە، بۆیە فرۆکەکانی ئینگلیز گوندی خۆرانیان بۆردومان کردووە. لە سالی ١٩٢٤ کاتێک سمکۆ ئاغای شکاک، بە خۆی لەشکرەکەی سەردانی کوردستانی باشور دەکات، دەلێن، ٢ شەو لە گوندی خۆران میوان بووە و پاشان لە ڕیگەی مەرگە و پشدەر گەڕاوەتەوە رۆژهەلات. دوایی کە مالمان هاتە هەولێر و چوونە قوتابخانە زۆربەی هاوینەکان دەگەڕاینەوە گوندەکەمان یان گوندی مالی دایکم، سوسێ، ئاشنایەتیمان لەگەل پێشمەرگە زوو بە زوو پەیداکرد، زۆربەی خزمەکانی دایکم پێشمەرگە بوون.
لەگەل بەیانی ئازاری 1970 هەستی “کوردایەتی” لای من نەشونمایکرد، لە قۆناغی ناوەندی چوومە ریزی “یەکێتی قوتابیانی کوردستان” و دەستم بە خوێندنەوەی رۆژنامە و گۆڤار و کتێبکرد. لە گەل دەستپێکردنەوەی شەڕو پێکدادانی 1974 بۆ ماوەی 2 مانگ، ئازار و نیسان، لە گوندەکانی خۆمان لە خویندن دابڕام و تفەنگێکی بڕنۆی لە خۆم درێژترم بە شان بوو، پاشان بابم و خزمان ناچاریانکردم بگەڕێمەوە هەولێر.

((وێنەیەکی قۆناغی ئامادەیی لە هەولێر (١٩٧٧))

کە ئاشبەتالی 1975 رویدا کاریگەری گەورەی لەسەر من دروستکرد، دوای تەواوکردنی ئامادەیی ناوم لە “پەیمانگای تەندروستی موسل” دەرچوو، سەرەتای مانگی 11ی سالی 1978. گەڕامەوە هەولێر و پاش چەند رۆژێک پەیوەندیم بە هێزی پ. م. یەکێتی کرد، 2 خالم پێشمەرگەبوون، لە مەهابادێ مالی خالی دایکم و هەندێ لەو خزمانەی لە دوای ئاشبەتاڵ لە ئێران مابوونەوە، دوای روخان و نەمانی شا گەڕابوونەوە مەهاباد، خالێکم هاوسەرگیری لەگەل ژنێکی ماهابادی کردبوو. لە مەهاباد ئاشنایەتی و ناسینم لەگەل هێزە سیاسیە کوردی و ریكخراوە ئیرانیەکان پەیداکرد، دەرفەتی ئەوەم بۆ رەخسا بۆ ماوەی زیاتر لە دوو سەعات چاوپێکەوتن لەگەل شەهید قاسملۆ بکەم.

چۆن و لەبەرچی سەنگەری خەباتی چەکداریم جێ هێشت؟ وەلامەکە دوورو درێژە و ئەوەندە دەتوانم بلێم من و هاوتەمەنەکانم، لە شار، بیرو بۆچوونەکی رۆمانسیمان بۆ شۆڕش هەبوو، باوەڕمان بە ئازادی رادەربڕین، پرنسیپی عەدالەت و دەستپاکی و راستگۆیی و خزمەتی چینی هەژار و.. هتد هەبوو بەداخەوە لە شاخ ئەوانە زۆر کەم بوون، ئەوکات شەڕی براکوژی نێوان یەکێتی و قیادەی موەقەتە، یەکێتی و حسک و ئەوانیتر لە ئارادابوو، پاش نزیکەی 2 سال وازم لە پ.م هیێنا. بیریی ئەوەم دەکردەوەو ئەگەر بچمە ئەوروپا و هەول بدەم هەست و سۆزی رای گشتی و کۆمەلانی خەلکی ئەوروپا بۆ دۆزی کورد رابکێشم لەوانەیە لە خەباتی چەکداری باشتر بێت. ئەوەبوو دەرفەتێکم بۆ رەخسا و لە رێگەی تورکیا بەرەوە هەندەران کەوتمە رێگا، پاش سەردانیکردنی هەندی وولات لە سەرەتای 1981 لە ئیتالیا گیرسامەوە.

پ ٣. له‌ ئیتالیا چیتان خوێندوه‌، ئه‌و پله‌ زانستی و ئه‌کادیمیانه‌‌ی هێناوتانه‌ چین؟

و: لە راستی نە دەبوایە لە ئیتالیا بمێنمەوە، ئەوکات، بە یاسا، نە مافی پەناهەندەیی و نە سۆسیال هەبوو، ئیقامە وەرگرتن زۆر بە موشکیلە بوو، لەبەر ئەوە بڕیاری مانەوەم عەقلانی نەبوو. لەگەل ئەوەش، لە شاری پێروجا Perugia، دەستم بە خوێندنی زمان کرد، پێروجا شارێکی کۆمونیستی و چەپ بوو. پاشان لە کۆلێژی علومی سیاسی لە شاری پیزە Pisa وەرگیرام، تا کەوتنی رژێمی بەعس لە نیسانی 2003 تاکە کورد بووم لەم شارە.
لە شاری پیزە زانستی سیاسی، بە شی “یاسا و سیاسەتی نێودەولەتی”م تەواوکرد. پاشان لە سالانی 1992 – 1995 لە زانکۆی پادۆڤە Padova کە 40 کم لە شاری ڤینیسیا دوورە دکتۆرام لە “دامەزراوەو تەکنیکەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ” تەواو کرد. لە کۆتایی 1995 تا ناوەڕاستی 1998 گەڕامەوە شاری پیزە و خەریکی دکتۆرا بووم لە “پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان”.
لە سالی 1994 لە زانکۆی مەعریفەی رۆما La Sapienza، لە پێشبڕکێیەک سەرکەوتم و دەبوایە بۆ ماوەی 2 سال وەک توێژەر بمێنیتەوەو پاشان، ئەگەر مامۆستاکان رەزامەندیان دەربڕیبایە ئەوە دەبووی بە مامۆستای یاریدەدەر و پاشان رێچکەی زانستیت وەردەگرت و تا پڕۆفیسۆر. بەداخەوە ئەوکات من جنسیەی ئیتالیم نەبوو و قەبول نەکرام، ئەوکات وەرگرتنی وولاتینامەی ئیتالی زۆر بە گرفت بوو، ئێستاش هەر وایە.

((وێنەیەکی قۆناغی خەباتی شاخ، لە ریزی ی.ن.ک.، لە هاوینی ١٩٧٩، مه‌هاباد شاری مەهاباد، هاوینی ١٩٧٩، گەڕەکی “کوی فەڕەح”، نزیکی مەکتەبی – دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکرات، لە راستەوە: جاسم خۆشناو، محێدین مەعروفی (ماهابادی)، حاکم پێشڕەو سەید برایم ))

پ٤: کاک دکتۆر ئێوە سالانێکی زۆر بوو لە ئیتالیا دەژیان ئەوە چۆن بوو رەگەزنامەی ئەو وولاتەتان نەبوو و بۆچی شاری پیزاتان هەلبژارد؟
و: لە راستی پێمخۆش بوو لە شاری فلۆڕانس بخوینم، کە پایتەختی هەرێمی تۆسکانا Toscana یە و رێنانسی ئیتالیا و هەموو ئەوروپا لێرە سەری هەلداوە، کۆمەلێک کوردی باشورو رۆژهەلات لەم شارە دەژیان و زۆریش چالاکبوون بەلام شارێک بوو بژێوی ژیانی گران بوو، بە تایبەتی خانو بۆ کرێ زۆر گران و بە زەحمەت دەست دەکەوت. شاری پیزەم هەلبژارد لەبەر دوو هۆ، ٨٠ کم لە فلۆڕانس دووربوو و، لە شاری پیزە لە کۆتایی سالانی ١٩٦٠ بزوتنەوەی خویندکارانی چەپ لێرە لە دایکبووەو گەشەی کردووە. هەروەها لە سالی ١٣٤٣زا بە فەرمی زانکۆی پیزا کراوەتەوە و رۆڵ و سەنگێکی تایبەتی هەیە.
سەبارەت بە بەدەستهێنانی جنسیەی ئیتالی، ئەوکات و ئێستا، زۆر بە گرفتە، بە یاسا دیارینەکراوە کە پاش ئەوەندە سالە، تۆ مافی وەرگرتنت هەیە، زۆر کەس هەیە، لەوانە ژمارەیەک کوردی باشور، دوای ٢٠ – ٣٠ سال ولاتینامەی ئیتالیان وەرگتووە. لەبەر ئەوەی لە ئیتالیا جنسیە ماف نیە بەلکو “لێرە جنسیەت پێ دەبەخشن یان پێت دەدەن”. لە سالی ١٩٩٢ یاسای ولاتینامە کە تاکو ئیستا دەستکاری و هەموار نەکراوە
لە ئیتالیا وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسی سەرەکی پێدانی ولاتینامەیە، داواکەت بە کۆمەلێک فلتەر دەڕوات و لە کۆتایی بە بڕیاری وەزیری ناوخۆ پێت دەبەخشن.

من لە سەرەتای مانگی یەکی ١٩٩٤ داواکاریم پێشکەشکرد، لە سەرەتای مانگی ئابی ١٩٩٦ وەلامەکە بە نەگەتیڤ گەڕایەوە، زۆر زۆر پێی نیگەران بووم، بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە مال دەرنەچووم و وەلامی تەلیفۆنیشم نە دەدایەوە. وەلامەکە، بە نووسین، دەلێ :
“ناوبراو (جاسم) هەرچەندە هەرسێ مەرجە یاساییەکانی هەیە بەلام بە پێی راپۆرتێکی ئاسایش و هەوالدەری نیشتمانی رۆژی …. پێدانی ولاتینامەی ئیتالی بە ناوبراو هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی و ئاسایشی ئیتالیا دروست دەکات … هتد”.
مانگی پێشو، تەموزی ١٩٩٦ زۆربەی کاتم لە شاری رۆما بەسەر برد، بۆ یارمەتیدانی برادەرانی باکور بۆ بەستنی خولی پێنجەمی “پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی ولات” و بەشداریکردن تێیدا، چاوپێکەوتنم لەگەل دەیان ئەندام پەرلەمان و رۆژنامەنوس ئەنجامدا. مانگی ئاب لە ئیتالیا مانگی پشو و گەشت و گەڕانە، شەڕی ناوخۆی پارتی – یەکێتی و، ٣١ ئاب، سەرباری هەموو شتێ بوو.
بە هەرحال دوای هەفتەیەک پەیوەندیم بە هەندێ مامۆستای زانکۆ و کەسایەتی شاری پیزە کرد، هەموو بەیەکەوە کۆبووینەوەو بە چاوی خۆیان وەلامە نەگەتیڤەکەیان بینی و بە جارەک حەپەسان. بڕیاردرا واژۆی ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و کولتوری و سیاسی و ئیداری کۆبکەنەوەو رەوانەی لای وەزیری ناوخۆی بکەن و چونکە تەنها ئەو دەیتوانی بڕیارەکە پوچەل بکاتەوە. خۆشبەختانە وەزیری ناوخۆی ئەوکات بەرێز جۆرجۆ ناپۆلیتانۆ-(١٩٢٥ – ٢٠٢٣) Giorgio Napolitano بوو. کەسایەتی سیاسی ناسراو بوو، لە سالانی ١٩٨٠ بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی “پارتی کۆمونیستی ئیتالیا”بوو، لە 2006 تا 2015 بووە سەرۆک کۆمار. پارتی کۆمونیست، ئەوکات، دووەم پارتی گەورەی ئیتالی بوو، من ٢ جار لەکاتی سەردانی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە چاوم پێیکەوتبوو، جارێکیش، لە نیسانی 1991، بەڕێزان د، مەحمەد عوسمان و عەدنان موفتی بردە لای سکرتێری حیزبەکە و بەڕێز ناپۆلیتانۆ ئامادەبوو، هەر ئەوکات سەرۆکی پەرلەمانی ئیتالی سەر بە پارتی کۆمونیست بوو و پێشوازی لە وەفدێکی رەوەندی کورد لە ئیتالیا کرد و منیش یەکێک بووم لە بەشداربوەکان.

((خۆپیشاندان لە بەرامبەر پەرلەمانی ئیتالی لە ١٠ نیسانی ١٩٩١، د. جاسم، جانتا بەدەستەکە لەگەل شاندیکی کوردی لە لایەن سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی پێشوازیمان لێکرا))

مەبەستم ئەوەیە بلێم ئەوکات وەزیری ناوخۆ منی دەناسی، ئەوکاتەی بەرپرسی پارتی کۆمونیستی شاری پیزە، کە ناوەکەی ئەوکاتە گۆڕدرا بوو بۆ پارتی دیموکراتی چەپ، تەلیفۆنی بۆ وەزیر کرد و مەسەلەکەی بۆ باسکرد من لە تەنیشتی دانیشتبووم و گوێم لە گفتو گۆکە بوو، دیار بوو وەزیر نیگەران بوو و سلاوی بۆ ناردم و رای وابوو نامەکەی بە واژۆکانی بۆ بنێرن و لە هەمانکات سکالایەک ئاراستەی دادگا بکەن. ئەوە بوو نزیکەی ١٠٠ واژۆ، هی دەیان پەرلەمەنتار، سێناتۆر، سەرۆکی ٣ زانکۆ، سەرۆکی ٤ کۆلێژ، دەیان مامۆستای زانکۆ، رۆژنامەنوس، پارێزگاری شاری پیزە و …. تاد کۆکرایەوەو رەوانەکرا. لە هەمانکات جێگری پارێزگاری پیزە کە مامۆستای کۆلێژی یاسا و پارێزەریش بوو سکالاکەی پێشکەشکرد.
بێجگە لەمە ١٠ ئەندامی پەرلەمان و سێنات، بە فەرمی، لە کاتی پرسیار و وەلام question time داوایان لە وەزیری نێوخۆ کردبوو، سەبارەت بە بڕیارەکە، رونکردنەوەی زیاتر بدات. بە بەشداری خۆم لە ٤ پرۆگرامی تیڤی و ٢ بەرنامەی رادیۆ، باسی بڕیاری رەتکردنەوەکە کراو دەیان رۆژنامەی ئیتالی وتاریان لەسەر نووسیووە. ئەو دۆکۆمێنتانەی باسم کردن هەموو لە ئەرشیڤەکەی خۆم پاراستراون. ئەوە یەکەمجار بوو مەسەلەی “رەتکردنەوەی رەگەزنامەی ئیتالیا” ئەو دەنگە بداتەوەو بگەوێتە ئەو شوێنانەی باسم کردوون.
من دەمزانی پۆلیسی نهینی ئیتالی چاوەدێری چالاکیەکانی من و زۆر کەسیتری دەکرد، لە سالی ١٩٨٤، بە فەرمی بانگیانکردم و هەندێ پرسیاریان کرد و منیش وەلامی هەمووم دایەوە. ئەوە بوو پۆلیسی شاری پیزە، دوای ئەو دەنگدانەوەو ناڕەزایەتیە بانگیانکردم و پێیان راگەیاندم کە ئەوان “راپۆرتێکی پۆزەتیڤیان” بۆ وەزارەتی ناوخۆ رەوانەکردووەو سەریان سوڕماوە کە بە نەگەیڤ وەلامت بۆ هاتۆتەوە. منیش داوای کۆپیەکی راپۆرتەکەمکرد، هەرچەندە ئەم راپۆرتانە “نهێنی”ین بەلام لە کۆتایی گوتیان داوایەک بە فەرمی بنووسە، لە کۆتایی هەموو مەلەفەکەیان خستە بەردەستم کە بە کورتی ئاماژەیان بەم خالانەکردبوو: ١. زمانی ئیتالی زۆر باش دەزانی و پێی دەنووسێ، ٢. رەفتارو سلوکی نایابە، ٣. هیچ جۆرە تاوانێکی ئەنجام نەداوەو پەڕاوەکەی سپیە، ٤. کوردی عێراقە، ٥. یەکێکە لە چالاکوانەکانی خوێندکارانی کورد لە ئیتالی KSEE، ٦. بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە ئیتالیا و ئەندامێکی چالاکی ئەوروپایە، ٧. هەولی ناساندنی دۆزی کورد دەدات لە ئیتالیا لە رێگەی وتار و کتێب نووسین (ناوی ٤ کتێبیان نووسیبوو)، دیبەیت و کۆنفڕانس و خۆپیشاندان ئامادە دەکات و بەشداری چالاکانەشی تیا دەکات، ٨. لە پیزە زانکۆی تەواو کردووە و دکتۆرای وەرگرتووە … هتد.

لە کۆتایی راپۆرتەکەی پۆلیسی پیزە هاتووە “بە را و بۆچوونی ئێمە ناوبراو هیچ جۆرە هەڕەشە و مەترسیەک بۆسەر بەرژەوەندی و ئاسایشی ئیتالیا دروست ناکات”. کۆپیەکی ئەم راپۆرتەم لای خۆم پاراستووە. لە لایەک دڵم بەو راپۆرتەی پۆلیسی شاری پیزا خۆش بوو و لە لایەکیتریش ئەوەندەیتر نیگەران بووم. شانازی بەوە دەکەم کە لە ئەرشیڤی ئیتالیا بەو شێوەیە باسمکراوە.
لە راستی من لە سالی یەکەم لە ١٩٨١ لە لایەن پۆلیس چاودێریم خرابووە سەر بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەم. لە 1 ئابی ١٩٨١ “یەکێتی لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان”مان بە بەیان راگەیاند، پاشان “پەیڕەوپرۆگرامی ناوخۆ” بلاو کردەوە.
من و سەلاح رێبوار سەرپەرشتی ئەو رێکخراوە نوێیەمان دەکرد، بڕیارماندا کۆمەلە کتێب بە کوردی و عەرەبی پەیدا بکەین و بەسەر خوێندکارە کوردەکان دابەشیان بکەین و هانیان بدەین بخوێننەوە و کتێبیان خۆش بوێت.
بەوەش رانەوەستاین، لە کۆتایی سالی ١٩٨١ تابیعەیەکی عەرەبی زۆر باش، بۆ ئەوکات، کڕی، ٢٠٠ دۆلاریشمان، لە رێگەی دۆستێکی عێراقی سەر بە قیادەی مەرکەزی رەوانەی مۆسکۆ کرد و پاش مانگێک دونیایەک کتێبمان بەدەست گەیشت، هەموو کتێبەکانی مارکس و لینین و ماوتسی تونگ و … هتد، بە چاپێکی زۆر جوان، گەیشتنە ئەدرێسەکەی من و نەمدەزانی لە کوێیان دابنێم. لە شاری پێروجاش جگە لە کۆرسی زمان، ماوەیەک، من خەریکی کارکردن بووم، دوای قۆناغی زمان لە شاری پێروجا روومکردە شاری پیزە، لێرە بۆ ماوەیەک وەک دۆم هەر شەوە لە شوێنێک بووم، کوردی تیا نەبوو.
لە پیزە بارودۆخم بەرەو باشی چوو، لە شارۆچکەیەک، بە ناوی کالچی Calci کە ١٢ کم دوور لە شار پیزە خانوێکم بەکرێگرت، لە ماوەیەکی کەم هەموویان منیان دەناسی و ئەمنیش زۆربەیانم دەناسی، و ئەوکات لە ئیتالیا بێگانە و کۆچبەر نەبوو. لێرە لە لایەک خەریکی زانکۆ، کار کردن بۆ بژێوی ژیان و لە لایەکیش سەرپەرشتیکردنی “یەکێتی لاوانی شۆڕشگێڕ”بووم. زوو زوو سەردانی ئەو شارانەم دەکرد کە کوردی تیا بوو، ئەوکات کوردی هەموو پارچەکان هەر ٢٠٠ کەس دەبووین.

((لەگەل بەڕێز جەواد موڵا، خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی ولات لە رۆما – ئیتالیا، لە 15 تا 18 تەموزی 1996))

گۆڤاڕێکمان بە ناوی “دووڕیانی شۆڕشگێڕی” بلاوکردەوە، لە کۆتایی ١٩٨٢ سەلاحی هاوڕێ و مامۆستای دێرینم بە ناچاری ئیتالیای بەرەو سوید جێهێشت و بە تەنیا مامەوە. لەبەر ئەوە لەگەل هاوڕێکانیتر بڕیارماندا، لە سالی ١٩٨٣، بەبێ بەیان دەرکردن، چالاکیەکانی “یەکێتی لاوانی شۆڕشگێری کوردستان” رابگرین. ئەوە بوو هەموومان چووینە ناوی یەکێتی خویندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ولات – ئاکسا AKSA ی سەر بە یەکێتی نیشتمانی و تەنانەت ناو کۆمیتەی ینک – ئیتالیا. لەو کاتەوە هەموو چالاکیە مەیدانیەکان بە ناوی (ئاکسا) ئەنجام دەدران، زۆر بە کەمی بە ناوی یەکێتی، هەموو یەکێتیەکان لە ئاکسا بوون بەلام هەموو ئاکساکان یەکێتی نەبوون.
لە نیسانی 1982 هەندێ لە هاورێکانمان لە زانکۆی پادۆڤا، لە لایەن تەلەبە بەعسیە عیراقی و عەرەبەکان، گەفیان لێکرا بوو و لە 2-3 کەسیش درابوو. ئێمە “بۆسە”مان داناوە، بە کورتی زۆر زۆرمان لێدان و بە قسەی رۆژنامەکان 4 دانەیان بە ئەمبولانس بۆ تەواری چوون. بەلام ئێمە هەر دەست و برد رامانکرد و پێشوەختە بڕیارماندابوو بەرەو وێستگەی قیتار بڕۆین و لێرەش بەرەو شاری ڤینیسیا برۆین، ئەوکات زیاد لە 30 خوێندکاری کورد لێرە دەیانخوێند. من بۆ خۆم هیچ شارەزای شاری پادۆڤا نەبووم.
ئەم لێدان و دەستوەشاندنە بووە هۆی ئەوەی لە چێشتخانەی زانکۆی شاری تۆرینۆ و فڵۆڕانس، کە بەشداربووم، دووبارە ببێتەوەو بەعسیەکان بەیەکجاری چاو ترسا بوون و ‌هیچ جۆرە چالاکی و بەیان دەرکردنیان نەما و قەیسەریان لێ بووبووە کونە مشک.
ئەو چالاکیانە وایکردبوو کە من و هاوڕێ کوردەکان بکەوینە ژێر چاوەدێری پۆلیس، من دڵنیام جگە لە سەفارەتی عێراق سەفارەتی تورکیاش زۆر فشاری خستبووە سەر حکومەتی ئیتالیا تا چالاکیەکانمان قەدەغە بکرێن. لەبەر ئەم هۆیانە پۆلیسی نهێنی ئیتالی راپۆرتی نەگەتیڤی لەسەر داواکاری من بۆ پێدانی جنسیەی ئیتالی نووسیبوو. بە هەرحال ئەوەبوو، لەسەر داواکاری و فەرمانی وەزیری ناوخۆی ئەوکات، لە نیسانی 1997 جنسیەی ئیتالیم وەرگرت.

پ ٥. ئیتالییه‌کان به‌ گشتی و ناوه‌نده‌ ئه‌‌کادیمی و زانستییه‌کانی ئیتالیا چه‌ند به‌ کورد و مێژوو و کێشه‌که‌ی ئاشنان؟

و: تا شەڕی کوەیت و راپەڕینی ١٩٩١ دۆزی کورد، بە گشتی، لە هەموو ئەوروپا زۆر بە کەمی ناسرابوو، لە ئیتالیا لەبەر ئەوەی مافی پەناهەندەیی و سۆسیال نەبوو لەبەر ئەوە پێش ١٩٨٠ بە دەگمەن کود رووی لە ئیتالیا دەکرد، بە پێی بە دواداچوونەکانی من پێش ئەو بەروارە، ئەوپەڕی، ٢٠ کورد لە ئیتالیا وجودی هەبووەو وەک پێویستیش رێکخراو نەبوون. لەبەر ئەوە لە ناوەندە ئەکادیمی و سیاسیەکان و بواری میدیایی کورد نەناسراو بوو.
بە هاتنی یەکەم لێشاوی کورد لە سالانی ١٩٧٩ – ١٩٨٢ بە نیازی خوێندن، لە گەل هەلگیرسانی شەڕی عێراق و ئیران لە سێپتەمبەری ١٩٨٠ نزیکەی ١٥٠ خوێندکاری کوردی باشور و ژمارەیەکی بچووکیش لە رۆژهەلات و رۆژئاوا، بە نیازی خوێندن، روویان لە ئیتالیا کرد.
سەرەڕای هەول و ماندووبوونی ئەو خوێندکارە کوردانە بۆ ناساندنی دۆزی گەل و نیشتمانەکەیان تا راپەڕین و کۆڕەوەکەی ١٩٩١ زۆر بە کەمی باسی کوردکراوە. بەلام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو ئەوە دەبینین ئیتالیەکان رۆلێکی بالایان هەبوو لە ناساندنی کوردو زمان و مێژووەکەی. بۆ نمونە یەکەم رێزمان و قاموسی کوردی – ئیتالی لە سالی ١٧٨٧ لە لایەن قەشەیەکی ئیتالی بە ناوی مەوریتسیۆ گەرسۆنی Maurizio Garzoni نووسراوەو چاپکراوە، لە سالی 2015 لە فێستیڤالی بەدرخان لە ئیتالیا جارێکیتر ئەو فەرهەنگە چاپکرایەوەو من پێشەکیەکەم لە ئیتالی کردۆتە کوردی و، سەرپەرشتی فیستیڤالەکەم کرد. لە سالی 1818 قەشەیەکیتر، بە ناوی جۆزێپێ کەمپەنیلێ Giuseppe Campanile، کتێبێێکی بە ناوی “مێژووی هەرێمی کوردستان و ئاینزاکانی” بە چاپ گەیاندووە. ئەم قەشەیە بە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، بە تایبەتی میرنشینی بابان، گەڕاوە، بەرای من، زانیاری و دەنگو باسی گرنگی بۆمان تۆمار کردووەو هیوادارم لە ماوەی ئەمسال وەرگێرانەکە، بۆ سەر زمانی کوردی، تەواو بکەم.
نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە مارکۆ پۆلۆ Marco Polo ، لە کتێبەکەی، بە ناوی “ملیۆنەک” لە سەدەی 14 زا باسی “کوردستان” دەکات.
زۆر بازرگان و گەریدەو کەسایەتی ئایینی ئیتالی لە سەدەکانی ١٢ تا ١٩ زا کە رێیان کەوتۆتە کوردستان لە نووسین و یاداشتەکانیان باسی کوردستانیان کردووە و، پێویستە ئەم سەرمایە مێژووییە کۆبکرێنەوەو بکرێنە کوردی و هەلسەنگاندنیان بۆ بکرێ.
لە سەدەی بیستەم وەک پێویست ناوەندە ئەکادیمی و سیاسیەکان گرنگیان بە کورد و دۆزەکەی نەداوە، هەرچەندە شەریف پاشای خەندان لە دوای پەیمانی لۆزان روودەکاتە ئیتالیا و هەر لێرەش، لە سالی ١٩٥١، دەمرێ. بە داخەوە، بە پێی زانیاریەکانی من، توێژینەوەو بەدو داچوون،سەبارەت بە ژیان و چالاکیەکانی ئەو کەسایەتیە لە ئیتالیا نەکراوە.
ڵەگەل جولانەوەو شۆڕشی ئەیلول ناوە ناوە رۆژنامەکان وتاریان لەسەر ئەم راپەرینە بلاوکردۆتەوە، بە پێی بەلگەکانی بەردەستی من فڕانز مەرییا دەزارۆ (١٩٢٥ – ٢٠٠٤)، Franz Maria D’Asaro، لە دوای ١٤ تەموزی ١٩٥٨ دەگەوێتە عێراق و تا ئاشبەتالیەکەی ١٩٧٥ بە بەردەوامی وتاری لەسەر کورد و سەرکردەکەی، مەلا مستەفا بارزانی، نووسیەوە و لە ١٩٧٦ کتێبەک لەسەر “مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلول” بلاو دەکاتەوە.
لە سالی ١٩٦٣ ئافرەتێکی بەناوبانگی ئیتالیا و ئەوروپا، جۆیس لوسو Joyce Lussu (١٩١٢ – ١٩٩٨)، بە مەبەستی ئاشنا بوون لەگەل بزوتتنەوەی کورد روو دەکاتە عێراق، دەچیتە ناوچەکانی ژێردەستی شۆڕش و بۆ ماوەک لەناو هێزی پێشمەرگە، بە میوانی لای مام جەلال و مەلا مستەفا، دەمینێتەوە، کە دەگەرێتەوە ئیتالیا کۆمەلێک وتار بلاو دەکاتەوە،
پڕۆفیسۆر میرێللا گەللێتی Mirella Galletti (١٩٤٩ – ٢٠١٢)، بە پێی زانیاریەکانی من، یەکەم کەسە بە شێوەیەکی ئەکادیمی کاری لەسەر دۆزی کردووە، بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٠ سال خزمەتی مێژوو، زمان و کولتوری کوردی کردووە، نزیکەی ١٠ کتێب و دەیان توێژینەوەو سەدان وتاری جۆر بەجۆری لەسەر کورد و کوردستان نووسیووە کەچی بە داخەوە دوای مردنی لە باشور قوتابخانەیەکی بەناو نەکراوە. پێمخۆشە ناوی خاتوون لاورا شڕادەر Laura Schrader (١٩٣٨ – ) بهێنم، ئەم خاتوونە رۆژنامەنوس و مێژوونووسە وەک پڕۆفیسۆر گەللێتی دەیان کتێبی لەسەر دۆزی کورد نووسیووە و زیاد لە نیو سەدەی خزمەتی کوردو کوردستان دەکات، لە کۆتایی ئەمسال، ٢٠٢٣> کتێبێکی بەناوی “بەرخۆدان” بە چاپ گەیاندوە.
لە دوای راپەڕینی ١٩٩١، هاتنی عەبدولا ئۆجالان بۆ ئیتالیا لە نۆڤەمبەری ١٩٩٨، کەوتنی رژێمی سەدام حوسین لە ٢٠٠٣ و سەر هەلدانی داعش رۆژ بە رۆژ مەسەلەی کورد لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئەکادیمی و رای گشتی بەرەو پێشەوە دەچێت. لە هەندێک لە زانکۆکان کۆرسی زمان و دۆزی کورد، بۆ ماوەی ١ – ٢ سال کراونەتەوە، بە پێ زانیاریەکانی بەردەستی من زیاتر لە سەدان تێزی زانکۆ و ماستەر و دکتۆرا لەسەر کورد و کوردستان کراون، ئیستا نزیکەی ١٠٠ کتێب، بە زمانی ئیتالی دەست دەکەن و زۆربەشیان لە لایەن ئیتالیەکان نووسراون و ئەوانیتریش لە زمانەکانیتر کراونەتە ئیتالی، ئێستا هەندێ ئەکادیمیستی لاوی ئیتالی پەیدابوون و فێری زمانی کوردی، بە تایبەتی شێوەزاری کرمانجی، بوون و دەستیان بە وەرگێران لە کوردی بۆ ئیتالی کردووە.
بە کورتی و بە کوردی لە ئیتالیا زەمینەیەکی باشی پەرەپێدانی دیراساتی کوردی، لە ئارادایە و پێویستە دامەزراوە کوردیەکان، بە تایبەت هی باشور، سود لەم دەرفەتە وەربگرن و پەرە بە پەیوەندیە ئەکادیمیەکان بەدەن. ئێستا بە بەردەوامی، رۆژ بە رۆژ، هەوال و زانیاریەکانی کوردستان دەگەونە ئیتالیا و بە زمانی ئیتالیش بلاو دەکرێنەوە، هەفتە نیە لە شارێکی ئیتالیا کۆڕ و سێمینار لە سەر دۆزی کورد، بە تایبەتی هی باکور و رۆژاڤا، نەگیرێ. بەلام بە داخەوە ئەو هەموو چالاکیانە، وەک پێویست، بە بەرنامە و پڕۆژەیەکی یەکگرتووی ئەنجام نادرێن.

پ٦: چه‌ند لێکۆڵینه‌وه‌ و کتێبتان به‌ زمانی ئیتالی نوسیوه‌ له‌ سه‌ر کورد و کێشه‌ ڕه‌واکه‌ی و له‌ چ ساڵێکدا؟ ناوه‌کانیان چین؟
و: من و هاوڕێ کوردەکان کە گەیشتینە ئیتالیا کێشەی گەورەمان بریتی بوو لە نەبوونی قاموس و کتیبی رێزمان نەک هەر بە زمانی کوردی تەنانەت، ئەوکات، بە زمانی عەرەبیش نەبوو، لە بەر ئەوە ئاسان نەبوو بتوانی بە باشی فێری ئەو زمانە بیت، بە تایبەتی بە نووسین و بەشێوەیەکی ئەکادیمی. سەرەڕای ئەوەش هەولمدا ناوە ناوە، لە شارەکەی خۆم، پیزە، کورتە وتار بۆ بلاوکراوەکانی زانکۆ رۆژنامەکانی محەلی بنووسم. لە بەهاری ١٩٨٩ نامیلکەیەکم، بە زمانی ئیتالی نووسی و ئەوەش یەکەمجار بوو نامیلکەیەک بەو ژمارە زۆرە بلاوبکرێتەوە. بە کورتی ئەم نامیلکە و کتێبانەم بە زمانی ئیتالی نووسیووەو چاپکراون:
 I Kurdi: in popolo in cerca di solidarietà, Pisa, 1989; 2° ed. Treviso (Movimento per la dignità- umana), 1991, pp. 27. کوردەکان: گەلێک بە دوای هاوکاری دەگەڕێن،
 Il genocidio die Kurdi è un affare interno?, in “Pace, diritti dell’uomo, diritti dei popoli”, n. 3/1990, pp. 125-131، جینۆسایدی کورد کێشەیەکی ناوخۆیی نیە
 Le radici del problema kurdo, Pisa, Pacini editore, 1991, pp. 63 ، رەگەکانی کێشەی کورد
 Il rispetto dei diritti umani nella costituzione turca: il caso dei kurdi (Tipografia della Provincia di Pisa), 1993, pp. 25 ، رێزگرتنی مافی مرۆڤ لە دەستوری تورکیا، حالەتی کوردەکان
 Parlamento Europeo e la questione kurda, in “Pace, diritti dell’uomo, diritti dei popoli”, n. 1/1994, pp. 117-143 ، پەرلەمانی ئەوروپا و دۆزی کورد (دەقی بڕیارەکانی پەرلەمانی ئەوروپی، سەبارەت بە دۆزی کورد، لە سالی 1978 تا 1993)،
 Kurdi: il dramma di un popolo e la comunità internazionali, Pisa, BFS, 1994, pp. 350
 مەسەلەی کورد و یاسای نێودەولەتان، سلێمانی، سەنتەری لێکۆلینەوەی ستراتیجی کوردستان، ٢٠٠٢، سلێمانی، لل ٥١٢
 Diritti e condizioni dei bambini kurdi in Turchia (Tipografia della Provincia di Pisa), 1994, pp. 22
 ماف و بارودۆخی منالانی کورد لە تورکیا، پیزە، ١٩٩٤
 Turchia: tortura e trattamenti inumani e degradanti (Tipografia della Provincia di Pisa), 1994, pp. 30 ، تورکیا: ئەشکەنجە و رەفتارە نامرۆییەکان
 Kurdistan: uno sviluppo bloccato dalla guerra e dalla repressione etnica (Tipografia della Provincia di Pisa), 1994, pp. 23 ، کوردستان: جەنگ و سەرکوتکاری پێشکەوتنیان راگرتووە.
 Il problema del popolo kurdo e il diritto all’autodeterminazione, (Tipografia della Provincia di Pisa), 1994, pp. 25 ، کێشەی گەلی کورد و مافی چارەی خۆنووسین
 L’ingerenza umanitaria: profilo storico- giuridico, il caso dei kurdi, Pisa, BFS, pp. 110.
 دەخالەتی مرۆڤانە لە کوردستان، هەولێر، 2004، دەزگای ئاراس، لل 150
 Immigrati nella Provincia di Pisa: diritti e problematiche concernenti l’integrazione socio-culturale e prospettive (la ricerca e stata sponsorizzata dalla Provincia di Pisa), 1997, pp. 120.
 کوچبەران لە پارێزگای پیزە – ئیتالیا،
 Kurdistan: una terra antica in cerca di libertà ed il ruolo della comunità internazionale per una soluzione politica, in (Federalismo & Libertà), Bologna, ed. il Fenicottero, n. 1/1998, pp. 190-203; n. 2/1998, pp. 151-192.
 کوردستان: نیشتمانێکی دێرین بە دوای ئازادی و رۆلی کۆمەلگای نێودەولەتی بۆ چارەسەرێکی بە ئاشتیانە. بە دوو بەش، بە 55 لاپەڕە، بلاوکراوەتەوە
 La questione kurda, in Lo STRANIERO, n 7- 1999, pp. 143 – 157، دۆزی کورد
 I curdi nel caos iracheno, in La crisi irachena, cause ed effetti di una storia che non insegna, a cura Osservatorio Iraq, 2014, Roma.، کوردەکان لە گێژاوی عێراق
 Kurdistan dal 1920 ad oggi: Le Istituzioni e Partiti politici. In La questione Kurda: un popolo e una storia, pubblicazione della Regione Emilia – Romagna, ottobre 2018.
 کوردستان لە سالی ١٩٢٠ تا ئێستا: دەمەزراوەو پارتە سیاسیەکان
 لەسالی ١٩٨٧ کتێبی “میرێللا گەللێتی، کورد و کوردستان لە نووسراوەکانی ئیتالیا لە سەدەی ١٣ – ١٩ زا) لە ئییالی کردۆتە کوردی و لە ستۆکهۆلم،لە بنکەی هەنگاو، بلاوکراوەتەوە.
 کۆمەلە وتار و بابەتی هەمه‌جۆر لە سایتی کوردستانپۆست بلاوکردۆتەوە، بۆ دیتن و خوێندنەوە بڕۆ سەر ئەم لینکە : https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&authorid=2412

پ٧: گرنگترین ئه‌و کار و چالاکییانه‌ی له ئه‌وروپا به‌ گشتی و ئیتالیا به‌ تایبه‌تی ئه‌نجامتان داوه‌ یان به‌شداری کاراتان تێیدا هه‌بووه‌ چین؟
و: لە راستی هەموو خوێندن و توێژینەوەکانم لە ئیتالیا ئەنجامداوە، پێش وەرگرتنی جنسیەی ئیتالی لە بەهاری ١٩٩٧ بۆ من زۆر زەحمەتبوو، بەو ئیقامەی هەمبوو، ڤیزەی ولاتانی تری ئەوروپی بەدەست بێنم. لە ئیتالیا لە دیسەمبەری ١٩٨٢، بۆ یەکەمجار، بەشداریم لە کۆڕیک کرد لە زانکۆ، بە بەشداری ٢ پرۆفیسۆری بەناوبانگی ئیتالی لەسەر دۆز و خەباتی گەلانی چەوساوە، ئەوەبوو بۆ من دەرگایەکی گەورە کرایەوە، لەو کاتەوە تا کەوتنی رژێمی سەدام حوسێن بە بەردەوامی، لە زۆربەی شار و زانکۆکانی ئیتالیا، بەشداری کۆڕو کۆنفرانسی جەماوەری و تیڤی کردووە. بە دەیان پێشنیار و پرۆژەم لەسەر دۆزی کورد پێشکەشی پەرلەمانی ئیتالیا، ٢٠ پەرلەمانی هەرێمەکان و زۆربەی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ئیتالیا کردووە. بە تەنهاش چاوم بە ژمارەیەکی زۆر ئەندام پەرلەمان و سێناتۆر، رۆژنامەنوس، سکرتێر و کەسایەتی حیزبە سیاسی و کولتوریەکان کەوتووە. لە سالی ١٩٨٧ نامە و راپۆرتێکم بۆ قەداسەتی پاپای ئەوکات رەوانە کرد و وەلامی دایەوە کە “قەداسەتی پاپا دوعا و نزای خێر بۆ گەلەکەت دەکات و …هتد” . بەشداری دەیان کۆنفرانسی جۆر بەجۆرم کردووە کە کەم و زۆر پەیوەندی بە مافی مرۆڤ و مافی گەلان هەبووە. لە ئازاری ٢٠٢١، پێش سەردانی قەداستی پاپا فڕانسیسکۆ بۆ کوردستان راپۆرت و دۆسیەیەکی تێرو تەسەلم لەسەر بەرتەسکبوونەوەی ئازادی رادەربڕین و زیندانیانی بادینان، بە ناوەکان، بۆ ڤاتیکان رەوانەکرد و پاپا و ڤاتیکان زۆر باش ئاگاداری بارودۆخی مافی مرۆڤن لە هەریمی کوردستان.
لەم شارەی لێی دەژیم، لە سالی ١٩٨٢، هەر چەندە تەنها من کورد بووم، چالاکیەکی زۆر لەسەر کورد ئەنجامدراوە، چەند جار ئاهەنگی نەورۆز ئامادەکراوە، لە سالی ١٩٨٧ بۆ ماوەی ١٠ رۆژ پێشانگەیەکی گەورەو دەوڵەمەند لەسە دۆز و کولتوری کورد، لە بەناوبانگترین بالەخانەی شارەکە و چەند مێزگرتیەک، بە بەشداری رەوانشاد د. کەمال فواد، بەسترا، لە کۆتایی لە هۆلی وەرزش، کە جێگەی ٥ هەزار کەس دەبووەوە، بە ئاهەنگی مۆسیقا و هەلپەرکێی کوردی کۆتایی هات. لە کاتی کیمیابارانی هەلەبجە سەرۆکی زانکۆ و دەیان پرۆفیسۆر نامەیەکی ناڕەزاییان بۆ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکان رەوانە کرد و داوای ئیدانەکردنی ئەو کۆمەلکوژیەیان کرد و لە زۆر رۆژنامەکانی ولات بلاوبووەوە.

(هه‌ندێک له‌و کتێب و بڵاوکراوانه‌ی که‌ د. جاسم به‌ زمانی ئیتالی له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد نوسیونی)

لە نۆڤەمبەری ١٩٨٩ لەسەر پێشنیار و ئامادەکردنی من پرۆژەیەک بە واژۆی ٥٠ ئەندام پەرلەمان ئاراستەی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە کرا. چەند جاریک شاندی خوێندکاران و رەوەندی کوردی لە لایەن سەرۆکی فراکسیۆن و سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیان لێکراوە. من بۆ خۆم، تا کەوتنی رژێمی بەعس، لەگەل ٥ سەرۆک وەزیران، ٤ وەزیری دەرەوە و٣ بریکاری وەزیری دەرەوە گفتوگۆم کردووە.
لە نەورۆزی ١٩٩٠ کۆنفرانسەکی گەورەمان، بە ئامادەبوونی دەیان ئەندام پەرلەمان، پرۆفیسۆری زانکۆ، رۆژنامەنوس و کەسایەتی کولتوری ئیتالیا و دەیان کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیری کورد کە لە دەیان ولاتی ئەوروپی هاتبوون، لە پەرلەمانی هەرێمی تۆسکانا، لە شاری فلۆڕانس بۆ ماوەی ٣ رۆژ بەست. بۆ ئەوکات و بۆ ئێمەی کورد سەرکەوتنێکی هێجگار گەورە بوو. لەگەل داگیرکردنی کوەیت پرۆژەیەکی ١٠ لاپه‌ڕه‌ییم بە زمانی ئیتالی نووسی و رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دەرەوە، سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و سێناتی ئیتالی، بە کوررتی بۆ ٧٠٠ لایان و کەسایەتی ئیتالی، رەوانەکرد. پرۆژەکە بە ناوی یەکێتی نیشتمانی و بە واژۆی من و کاک نەجات فەخری نووسراوە، بۆ مێژوو دەلێم، بە ئاگاداری من، لە هیچ ولاتێکیتری ئەوروپی پڕؤژەی ئەوها، لە لایەن رێکخستن و چالاکوانانی یەکێتی، نە نووسراوە و، هەر بە هەول و پرۆژەی ئێمە لە ئەیلولی ١٩٩٠ پەرلەمانی ئیتالی بڕیاری ئیلزامی پەسەندکرد تاکو حکومەت شاندێکی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی داوەتبکات و گوێ لە داخوازی و بۆچوونەکانیان بگرێت.
لە دوای راپەڕین هەولماندا ئۆفیسەک لە شاری رۆما، بە ناوی بەرەی کوردستانی، بکەینەوە و کردیشمانەوەو بەلام بە داخەوە کەس، لە ناوەوە، گرنگی پێ نەدا و بە ناچاری دامانخست و لە وتارێک باسمکردووە.
لە سالی ١٩٩٠ – ١٩٩٤، وەک رەوەندی کورد لە ئیتالیا، ئەوکات بە زۆری هی باشور بووین، “گۆڤاری هەتاو” مان بە زمانی ئیتالی دەرکرد و بابەتی زۆر باش و ئەکادیمی تیا بلاوکرایەوە، بە رای خۆم یەکێک لە باشترین ئەو گۆڤارانەبوو کە لە دەرەوە بە زمانەکی ئەوروپی چاپکرابێ.

پ ٧: چه‌ند کتێب و لێکۆڵینه‌وه‌تان وه‌رگێڕاوه‌ بۆ کوردی و چه‌ندیان بڵاوکراونه‌ته‌وه‌؟

و: لە راستی من، وەک زۆربەی هاوڕێ و هاوتەمەنەکانم، عاشقی کتێب و خوێندنەوەم بووم، لەبەر ئەوە لە سالی یەکەمی زانکۆ، لە ١٩٨٢، هەر کتێبەکم بە ئیتالی دەخوێندوەوە یەکسەر حەزم دەکرد بیکەمە کوردی، بێ پڕۆگرام دەستم بە وەرگێرانی ژمارەیەک کتێب، لە بوارە جیاوەزاکان، کرد بەلام گرفتی بژێوی ژیان و خوێندنی زانکۆ و چالاکیە کوردستانیەکان رێگەیان لێگرتم و خۆشم قەناعەتم بەوە هێنا کە مەسەلەی تەرجەمەکردن بۆ قۆناغێکیتر دابنیم.
لە سالی ١٩٨٧ نامیلکەیەکم لە ئیتالی، بە ناوی “کورد و کوردستان لە نووسراوە ئیتالیەکان لە سەدەی ١٣ – ١٩ زا”، لە نووسینی پڕۆفیسۆر میرێللا گەللێتی، کردە کوردی و لە هەمان سال لە ستۆکهۆلم چاپکرا. پاشان کۆمە وتاری ئیتالیم کردە کوردی بەلام کە دەستمکرد بە نووسینی تێزی زانکۆ کات و توانام بۆ ئەوە تەرخانکرد کە پاش تەواو بوون، وەک کتێبیكی ٣٥٠ لاپه‌ڕه‌ بە زمانی ئیتالی چاپکرا. هەمان شت کە دەستم بە خوێندنی ٢ دکتۆرا کرد و بەوانە خەریک بووم و کاری تەرجەمەم واز لێ هێنا. سالی پار، ٢٠٢٢ کتێبەکم بە ناوی “مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلول”، لە نووسینی رۆژنامەنووسێکی ئیتالی کە لە سالی ١٩٧٦ چاپکراوە و یەکەم کتێبی ئیتالیە لەسەر کورد، بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕا و بە شێوەی پی دی ئێف بە ٤٥٠ لاپه‌ڕه‌ بلاوکردەوە. ئێستاش کتێبێکم لەبەر دەستە کە سالی ١٨١٨ لە ئیتالیا چاپکراوەو هیوادارم ئەمسال تەواوی بکەم. لە راستی من تاکو ئێستا نەمتوانیووە نیوەی کتێب و نووسینەکانی خۆم کە بە ئیتالی نووسیوومن بکەمە کوردی و لە هەولی بەردەوامم کە ناوە ناوە بیانکەمە کوردی.

پ ٨. هۆکار چییه‌ به‌ڕێزت سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو کار و ماندووبوونه‌، زۆر که‌م ناسراوی، یان به‌رهه‌مه‌کانت به‌ کوردی بڵاونه‌کراونه‌ته‌وه‌؟
و: لە راستی من بۆ ناو و پۆست ئەم کارانەم ئەنجام نەداوەو نایدەم، ئەوەی خۆم حەزم پێیکردووەو قەناعەتم پێی هەبوو کە لە خزمەتی کورد و کوردستانە کردوومە، منەت بەسەر کەس ناکەم و ئەو قسە و زانیاریانەی ئەم چاوپێکەوتنە تەنها بۆ بە ئەرشیفکردن و پاراستنی چالاکی و دۆکومێنتەکانی خوێندکارانی کورد و رەوندی کوردستانیە لە ئیتالیا کە لە نزیکەوە ئاگاداریم هەیە.
سەبارەت بە ناسین، لەوانەیە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە من زوو بە زوو دانوم لەگەل یەکێتی و پارتی نەکوڵا و نەبووم بە لایەنگر، وەک دەلێن قەلەمەکەم نەخستە خزمەتی ئەوان. با شتێکت بۆ باس بکەم، لە سالی ١٩٩٨ لەسەر پێشنیارو پێداگری من د. عیسام داود، خەلکی کەرکوکە لە سالی ١٩٧١ لە ئیتالیا دەژی، چالاکوانێکی زۆر دڵسۆزی کورد و یەکێتی بوو، لەسەر لیستی “سەوزەکانی ئیتالیا” بۆ پەرلەمانی ئەوروپی کاندید بوو، چاوپێکەوتێکی دوور و درێژم، بە کوردی، لەگەل کرد و بۆ کوردستانی نوێ رەوانەکرد و بە تەلیفۆنیش قسەم لەگەلیانکرد، ئەوکات من بەرپرسی کۆمیتەی ئیتالیا بووم، کەچی بلاویان نەکردەوە. پاشان پەیوەندیم بە خوالێخۆشبوو زاهیر رۆژبەیانی کرد و بە خۆشحالی لە برایەتی، هی پارتی، بلاویکردەوە.
من لە سالی ١٩٩٧ کاندید بووم بۆ هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای شاری پیزە، ئەوە یەکەمجار بوو کوردێک بەشداری هەلبژاردن بکات و سەرکەوتنێکی گەورەشم بەدەست هێنا و لیستەکەمان بردیەوە، ئەو هەوالەم بۆ هیچ لایەک رەوانە نەکرد.
من بێ بەلگە هیچ شتێک نانووسم و بە ناو و ئەدرێسی خۆم بلاویان دەکەمەوە. تاکو ئێستاش نەمزانیووە و نەمبیستووە کەسێک یان نووسەرێکی ئەکادیمی بەرپەچ یا رەخنەی لە نووسینەکانم گرتبێ، هەلبەتە ناوە ناوە کەسیک، کۆیلەیەک، بۆ خۆ بردنە پێش بە ناوی خوازراو بە ناڕەوا پەلامارم دەدا، زۆرجار وەلام نادەمەوە. ئەگەر باسی ئیتالیا بکەم، ئەوە بەبی زیادەڕۆی، تا کەوتنی رژێمی سەدام حوسین لە ٢٠٠٣ لەوانەیە لە ناوەندەکانی توێژینەوەو ئەکادیمیە ئیتالیەکان، مەکتەبی سیاسی حیزبەکان، فڕاکسیۆنەکانی پەڕلەمان، سەندیکا سەرەکیەکان، ئەمنستی ئینتەرناشنال – ئیتالیا، رۆژ نامەنوسەکان، زانکۆ و.. هتد زۆر ناسراوبووم بە رادەیەک کە ئێواران دەگەڕامەوە مالەوە تەلیفۆنی نۆڕمالم دەردەهێنا تا وەلام نەدەمەوە، نە کات و نە وزەم هەبوو ئەو هەموو وەلامە بدەمەوە و بەشداری کۆڕ و سێمینار بکەم. لە سالی شوباتی ٢٠١١ وتاریكی درێژم لەسەر “کام خەلاتی ناتۆ بۆ سەرۆکی هەرێم مەسعود بارزانی” بە زمانێکی ئەکادیمی نووسی و ڕاستییه‌کانم ئاشکرا کرد، که‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ به‌ پاره‌ رێکخراوه‌ و دروستکراوه‌. زۆربه‌ی شوێنه‌کان بڵاویان نه‌کرده‌وه‌، پاشان لە “کوردستانپۆست” بلاوکرایەوەو دەنگ و سەدایەکی زۆری دایەوەو خودی گۆڤاری لڤین چەندەها جار پەیوەندیان پێوەکردم. من بێ بەلگە هیچ شتێک نانووسم و بە ناو و ئەدرێسی خۆم بلاویان دەکەمەوە. تاکو ئێستاش نەمزانیووە و نەمبیستووە کەسێک یان نووسەرێکی ئەکادیمی بەرپەچ یا رەخنەی لە نووسینەکانم گرتبێ.
لە سالی ١٩٩٤ مام جەلال هاتە ئیتالیا و وەک کۆمیتەی ئیتالیا بردمانە لای سەرۆک کۆمارو چەند وەزیرێک، لە دوای کەوتنی رژێمی سەدام حوسین، لە تەموزی ٢٠٠٣ جاریكیتر گەڕایەوە ئیتالیا و داوای لە هەموو برادەرانی کۆمیتەی یەکێتی لە یتالیا کرد بەگەڕێینەوە وولات و گوتی کوردستان پێویستی بە هەمووتانەوە هەیە. لەگەل من زیاتر قسەیکرد و داوای سیڤی لێکردم، منیش هەر ئەوکات لە هۆتێلەکە سیڤیەکم بە کوردی و عەربی و ئینگلیزی چاپکرد و دامە دەستی. پآشان لە دیسەمبەری هەمان سال گەڕامەوە کوردستان و ماوەیەکی زۆر لە سلێمانی مامەوە بەلام کەس بەکەس نەبوو، ناچار گەڕامەوە ئیتالیا.

١٨ تەموزی ٢٠٠٣، مام جەلال، د. جاسم خۆشناو و لەنجە میرانی هاوسەری، رۆما – ئیتالیا، هۆتێل هیلتۆن

پ ٩. دیپلۆماسیه‌تی کوردی به‌ گشتی و نوێنه‌رایه‌تییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

بە بێ پۆلیمیک و شەڕی ئایدیۆلۆژی کە باوی نەماوە کورد پڕۆژەی دیبلۆماسی درێژ و کورت خایەنی نەبووەو نیە، راستە لەگەل دەرچوونی “رۆژنامەی کوردستان لە ٢٢ نیسانی ١٨٩٨” چالاکوانی دۆزی کوردمان، لە دەرەوەی کوردستان، هەبووەو هەیە، ئەوانەش خزمەتێکی گەورەیان بە زمان و کولتور و دۆزی کورد کردووە، دەتوانین ئەوانە بە دیبلۆماتکاری چالاکی کورد لە قەلەم بدەین. ئەو کەس و کەسایەتیانە وزەیەکەی زۆریان خستە گەر و ئەو بەرهەمەیان نەچنیەوەو کە دەیانخواست. بۆ نموونە لە پەیمانی ئاشتی پاریس لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم شەریف پاشای خەندان، کە لە سلکی دیبلۆماسی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی کاری کردبوو و زمانە سەرەکیەکانی ئەوروپیشی دەزانی، هەولدەدات زلهێزەکان رازیبکات کیانێک بۆ کورد مسۆگەر بکەن، کەچی دەبینین لەبەر ئەوەی کورد وشیاری و رێکخستنێکی نەتەوەیی پتەوی نەبوو هەر زوو بە زوو رووبەڕوی ناڕەزایی کوردەکان بووەوەو وایلێهات سەری خۆی هەلگرێ و روو دەکاتە ئیتالیا و هەتا رۆژی مردنی، ١٩٥١، بێدەنگی هەلدەبژێرێ، هیوادارم بیرەوەریەکانی خۆی نووسیبێتەوە. لەبەر ئەوەی هەولەکانی تاکە کەسی بووەو لەبەر ئەوە نە سەرکەوتنی بەدەست هێنا و نە بیرەوەریەکانی دیارن و، بە بێکەسی و لە دوورە ولات، لە ئیتالیا، کۆچی دوایی کرد و تا ئێستا گۆڕ و مەزارەکەی وونە. لە راستی دەبی وینەی کێلی قەبرەکەی ئیتالیام هەبێ و لەناو ئەڕشیڤەکەم پارستوومە.
دەتوانین ئاماژە بۆدامەزراندنی پارتی “خۆیبوون لە ١٩٢٧”، شۆڕشێ ئاڕارات، هەولەکانی میر جەلادەت بەردخان و دەرکردنی گۆڤاری هاوار لە ١٩٣٢، حیزبی هیوا لە ١٩٣٩، کۆماری کوردستان – مەهاباد لە ١٩٤٥ – ١٩٤٦، دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆڕشی ئەیلول لە ١٩٦١ – ١٩٧٥ و دروستببونی پەڕلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢ تاکو ئێستا شتێک نیە بەناوی دیبلۆماسیەتی کوردستانی
لە بەر ئەوە ئەوەی بەناوی دیبلۆماسی کوردستانی هەیە، تاکو ئێستا، ئەوە بەرهەمی تاکە کەساکانە، بە بێ بوونی پڕۆژە وپرۆگرامێکی دیاریکراو و بڕیار لەسەر دراو، هاتۆتە بەرهەم. ئەوەتە لەگەل درستبوونی “کۆمەلەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا لە سالی ١٩٥٦” دەبینین کوردەکان، ئەوکات ژمارەیان زۆر زۆر کەم بوو، دەست بە جموجۆلی کولتوری و سیاسی دەکەن. لەگەل هەلگیرسانی شۆڕشێ ئەیلول ئەو کۆمەلەیە رۆلێکی زۆر پۆزەتیڤ دەگێڕێ، بە تایبەتی لە فەڕەنسا، ئینگلتەڕا، ئەلمانیا، نەمسا و سویسرا بەلام پڕۆژە و جەدوەلی کارکردنیان نەبووە. رۆژ بە رۆژ کورد لە ئەوروپا، چی بۆ خویندن و چی بۆ کارکردن، ژمارەیان روو لە زیادی دەکات. بە پێی هەندی زانیاری و داتا ئێستا ژمارەی کوردەکانی ئەوروپا خۆی لە زیاد لە ملیۆنەک دەدات. بە داخەوە تاکو ئێستا وەک پێویست سوود لەو هەموو کوردە وەرنەگیراوە و کۆکردنەوەشیان لەژێر چەترێک ئاسان نیە.
لە سالی ١٩٨٣ لە فەڕەنسا “ئەنستیتوی کورد لە پاریس” دامەزرا و لە سەرەتاوە کوردی دیاسپۆرا هیوایەکی زۆری پێ هەبوو، هەرچەندە کاری ئەدەبی و کولتوری و سیاسی باشی کردووە بەلام لە ئاستی خواست و هیواکان نەبووە.
بە دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکور لە سالی ١٩٧٨ و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لە ١٩٨٤ بە بۆچوونی من تەکانێکیان بە “جولەی دیبلۆماسی”دا، لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان دەستیان بە دروستکردنی رێکخستن و سەندیکای کرێکاران و ژنان و لاوان کرد. ئەوە سەرەتایەکی بچووک بوو بۆ دروستکردن و پێگەیاندنی کادیری بواری دیبلۆماسی. پ.ک.ک. لە سالی ١٩٩٥ کەنالی ئاسمانی “مێد تیڤ” دەکاتەوە، بەو هەنگاوەش، بۆ یەکەمجار، هاولاتیانی هەموو بەشەکانی کوردستان، بە لەبەر چاوگرتنی ئاستەنگ و گرفتە دارایی و تەکنیکی و سیاسیەکان، توانیان هەندێ لە هەوالەکان بە کوردی ببیستن و دەنگی کورد بگەویتە دەرەوە، بە تایبەتی وولاتانی ئەوروپا. بە رای من ئەوە خزمەتێکی گەورەی بە “رەوتی دیبلۆماسی کورد”ی کرد
پکک، پاشان، دەستی بە دروستکرنی “پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوە” کرد، رۆلێکی باشی بینی لە چاوپێکەوتن و را گۆڕینەوە لەگەل پەرلەمانی ولاتان، زۆرجار کۆبوونەوەی سالانەی لە ناو پەرلەمانی وولاتانی ئەوروپا دەبەست. لە زۆربەی وولاتانیش مەکتەبێکی بەردەوامی بە ناوی “ئوفیسی ئینفۆرماسیۆنی کوردستان” کردەوە.
دیبلوماسی کورد، لە دوای رۆخانی رژێمی سەدام حوسێن لە نیسانی ٢٠٠٣، دەکرا تەکانێکی گەورە بدات، لەم کاتەوە تاکو ئێستا وەزیری دەرەوەی عێراق کوردە، بە سەدان سەفیر و قونسل کوردن، کورد لە پەرلەمانی بەغدا بە ٦٠ – ٨٠ ئەندام بەشدارە، بەرپرسیارەتی چەندەها لیژنەیی پەرلەمانی دەکات، لە شاندە پەرلەمانیەک بۆ دەرەوەی وولات بەشدارە و بۆ ماوەی ١٠ – ١٤ سال کورد ئەکتەری سەرەکی حکومەت و دیبلۆماسی عیراق بوو بەلام بە داخەوە هیچی نەکرد یان زۆر زۆر کەم جولە و دەستکەوتی هەبووە.
لە ٢٠٠٥ حکومەتی هەرێم لە زۆر وولاتانی ئەوروپی و ناوچەکە “مەکتەبی نوێنەرایەتی حکومەتی کوردستان” ی کردۆتەوە بەلام بە داخەوە بە هۆی عەقلی حیزبی و بنەمالە بەڕێوە چووەو دەچێ، نوێنەرەکان لە سەر ئەساسی دڵسۆزی و گوێ رایەلیان بۆ حیزب و بنەمالە دەستنیشانکراون هیچ سوودیان نەبووە یان شایانی ئەوە نیە باس بکرێن.

ئایاری ١٩٩٤، شاری تۆرینۆ – ئیتالیا، لە راستەوە مام جەلال، د. جاسم خۆشناو(کۆنووسی کۆبوونەوەکە دەنوسێ)، د. عیسام داود، تاریق (( خەبات بزێنی، …. سەردار، ئازاد فەخرەدین. لە بەرامبەر دەرنەچوون: نەوشیروان مستەفا ئەمین، شازاد سائیب و سەلاح رەشید))

پ ١٠: پێشنیاز و رێنوێنیتان چییه بۆ نوێنه‌ری حزبەکان و حکومه‌تی هه‌رێم و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی رۆژئاڤا، تا له ئه‌وروپا به ڕۆڵی گرنگی خۆیان هه‌ستن؟ ئه‌و هێڵه گشتییانه چین که ده‌بێت کاتێک نوێنه‌ر و وه‌فدێکی کوردیی دێنه ئه‌وروپا پێوه‌ی پابه‌ند بن له کاتی وتوێژ و دانیشتنه‌کانیان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی حزب و که‌سایه‌تییه سیاسی و ئه‌کادیمییه‌کانی وڵاتانی ئه‌وروپا؟

و: بارۆدۆخی کورد لە دەرەوە زۆر ئالۆز و پڕ کێشمە کێشە، لەبەر ئەوە هەسانگاندن و پێشنیار ئاسان نیە، لێرەدا پێویستە باسی زۆر خال و بابەت بکەین بە هیوایەی سوودیان هەبێ.
ئێمه‌ دەزانین بارو دۆخی جیهان و نێودەولەتی، لە چاو ٤٠ – ٥٠ سال پێش ئێستا، گۆڕانی بنەڕەتی بەسەرداهاتووە، بەمشێوەیە دیبلۆماسیش گۆڕاوە. لە کۆنەوە دیپلۆماتکار و نێردە دیبلۆماسیەکان دەبوایە کەسانی زمانزان، بە ئەزموون، شارەزا لە کاروباری سیاسی و کولتوری ئەوە ولاتە بن که‌ بۆی دەچوون، دیاری دەکران، ئیستاش ئەو پێوەرانە بە شێوەیەکی کەمتر، لەبەرچاو دەگیرێن. تەکنۆلۆجی سەردەم پەیوەندیەکانیان ئاسان کردووە، رێگاکانیان کورت کردووە و زانیاریەکانیان زۆر کردووە.
وەک لە پێشەوە ئاماژەم پێدا تا کۆتایی سالانی ١٩٧٠ زا هەموو هەولەکان تاکە کەسی بوون، لەبەر هەلکەوتەی جوگرافی و سەختی بارودۆخی سیاسی و هۆیەکانی پەیوەندیکردن لە نێوان ناوەوەو دەرەوەی ولات پەیوەندیەکان لەسەر ئاستی خزم و یەکترن ناسینن بوون.
من وا هەست دەکەم لە کاتی شۆرشی ئەیلول، ١٩٦١ – ١٩٧٥ بەرپرسێکی لێهاتوو و شایستە بۆ پەیوەندیەکانی دەرەوە وجودی نەبووە، باوەڕ ناکەم راپۆرتێک یان رێنمایی لە ناوەو بۆ دەرەوە، سەبارەت بە چۆنیەتی کار کردن و داواکاری کورد، رەوانەی دەرەوە کرابێت یان بە پێچەوانەوە. ئەوە مانای وانیە کە لە دەرەوە کەسی چالاک و بە توانا نەبووبێ، بە دڵنیایەوە هەبوون بەلام وەک پێویست گوێیان لێنەگیراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی لە بنەڕەت حیزب و شۆڕش لەسەر عەقلیەتی فیودالی و خێلگەرایی دروست بوو بوون.
لە سەرەتای سالانی ١٩٨٠ کورد زیاتر روو لە ئەوروپا دەکات، جۆرە هەول و جموجۆلیەکی دەستەجەمعی دروست دەبێت بەلام لە سەر ئاستی حیزبی، پ.د.ک، ی.ن.ک و پ.ک.ک، حیزبی دینوکراتی کوردستان و کۆمەلەی زەحمەتکێشانی، هەر کەس و لایەنە بۆ خۆی، پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوانیان نەبوو یان زۆر کەم بوو. رەوەندی کورد لە دەرەوە بوو بە ٣-٤ بەش، جموجۆلی و چالاکیەکان زۆرتر بوون، دەست بە سەردان و پەیوەندیکردن بە حیزب و فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمانی ولاتانی جۆربەجۆر کران بەلام دیسان بە شێوەیەکی بێ بەرنامە و پڕۆگرام. جاری وا هەبووە، لە ماوەی یەک مانگ، نوێنەری پارتی و یەکێتی سەردانی حیزبێک یان فراکسیۆنی پەرلەمانی وولاتێکیان کردووەو هەریەکە بە دژی یەکتر قسەیان کردووە! من بۆ خۆم زیاد لە ٣ جار راپۆرت و دۆسیەم لەسەر بارودۆخی ئیتالیا، هیزە سیاسیەکان، رای گشتی، پەیوەندی نێوانی عێراق و ئیتالیا، بۆ یەکێتی رەوانە کردووە و کەس بە یەک وشە وەلامی نەداوەتەوە. تۆ ئەگەر بە باشی زمان نەزانی، شارەزایی مێژوو، کولتوری ولاتێک نەبی ناتوانی پەیوەندی ببەستی و دروست بکەی یان سەرکەوتوو نابیت. ئەمە بۆ نوێنەر و نێردەی دەولتانیش هەر وایە.
ئێستا کورد لەهەموو ولاتانی ئەوروپا و ئەمەریکای باکور ژمارەیان زۆرە و دەتوانن خۆیان رێک بخەن، دەزانم ئەوە هەر بە قسە خۆش و ئاسانە، بەلێ گرفت زۆرە بەلام کەسانی بە توانا و زمانزان هەیە، ئیمکاناتی ماددیش هەیە. کەواتە نوێنەرەکان، جگە لە دڵسۆزی و دەست پاکی و ناو و ناوبانگ، دەبی زمان و کولتوری دەولەتەکان باش بزانن، توانا و ئاستی کولتوری و ئەکادیمیان بەرز بێت.
نوێنەر و مەکتەبەکان بە بەردەوامی هەوال و زانیاری بۆ ناوەوە و رەوانە بکەن و بە پێجەوانەوە و وەربگرن، پیویستە زۆر بە وریایی رەفتار بکەن یان هەلوێستێک دەربڕن یان وتارێک بە زمانی ولاتەکە بلاو بکەنەوە. دەتوانم زۆر نموونە بێنمەوە کە هەندێ سەرکردەی کورد هاتوونەتە ئیتالیا و وەک پێویست رەفتاریان نەکردووە.
مەسعود و نیچیروان بەرزانی، لە دوای روخانی رژێمی سەدام حوسێن بە دەیان جار سەردانی ئیتالیایان کردووە و بەلام ئامادە نەبونە بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەیەک بکەن کە تیایا پرسیاریان لێبکرێ، لەبەر ئەوە هیچ رۆژنامە و کەنالی تیڤی چاوپێکەوتنیان لەگەل نەکردوون. بە هەمان شیوە بۆ سەرۆک کۆمار، لە مام جەلالەوە تا د. لەتیف رەشید، ئەوانە بە حوکمی پۆستەکانیان دەیانتوانی لە سەردانەکانیان رۆل و پێگەی کورد پیشان بدەن و بەهێزی بکەن.
بۆ کوردانی باکور باسەکەمان کەمێک جیاوازە، لە کۆتایی سالانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو رۆژنامەنوس و مامۆستای زانکۆ سەردانی لوبنانیان کردووەو، لە دۆلی بیقاع، چاوپێکەوتنیان لەگەل بەڕێز عەبدولا ئۆجالان کردووە و بلاویشکراونەتەوەو لە ئەرشیڤەکەم پاراستووم و ناوەڕۆکەکان رێک و پێکن. هەندێ نوینەرو کادیری پکک، پێش هاتنی ئۆجالان بۆ ئیتالیا ناوەو ناوە چاوپێکەوتنیان لەگەل رۆژنامە و هەندێ حیزب و پەرلەمەنتاری ئیتالی کردووە. بە پێی
ئاگاداری من، لە سالی ١٩٩٣ تاکو ئێستا، ٥ نوینەری کوردانی باکور لە ئیتالیا ئالوگۆڕیان پێکراوە، هەر ٤ – ٥ سال جارێک نوینەرەکانیان دەگۆڕن. بەرای من ئەو ئالگۆرکردنە کارێکی زۆر باشە.
بە پێی زانیاریەکانی من ئێستا تەنها کوردانی باکور نوینەرایەتی و سەنتەری کولتوریان لە زۆربەی ولاتانی ئەوروپا هەیە، نوینەرایەتیەکانی حکومەتی کوردستان بە زۆری هی پارتین. لەم کات و ساتە نوێنەرایەتیەکی هاوبەش نیە و ئاسان نیە لە ئایندەیەکی نزیک هەبێ. نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم لە خزمەت دۆزی کورد نین و نابن و جێگەی متمانەش نین، ئەوە حکومەتی هەرێمە بۆتە ماشەی دەولەتی تورکیا و بە دژی بەرژەوەندیەکانی کورد، لە پێشەوەی هەموان هی باشور، دەجولێتەوە، سەرەڕای ئەو هەموو ئالگۆڕی بازرگانی و ریكەوتنی ٥٠ سالەی نەوت بە خۆڕایی تورکیا رێگە نادات نوینەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئەنقەرە بکرێتەوە. ئەگەر باسی ئیتالیا بکەم لە مەکتەبی حکومەت لە ٥ تا ٧ کارمەندی کورد و ئیتالی کار دەکه‌ن، بە کرێی بالەخانەکە و موچەی کارمەندەکان سالانە نیو ملیۆن دۆلار سەرف دەکرێ، ئەوە بێجگە لەو پارەیەی، وەک خۆیان دەلێن، بۆ بە لۆبیکردن تەرخانکراوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە پارتی و یەکێتی نوێنەری خۆیان هەیە و موچەشیان بۆ دابینکراوە. ئەوەندەی من ئاگاداربم نە بە یەکەوەو نە بە تەنها شتێکی وا نەکراوە شایان باسکردن بێت. هەموو هەولێکیان بریتیە، لە ناو رەوەندی کورددا لایەنگری خۆیان زیاد بکەن.
هەرێمی کوردستان لە دوای کەوتنی رژێمی سەدام حوسێن، بە تایبەت لە کاتی پەلامار و هێرشەکانی داعش، هەلێکی زێڕینی بۆ رەخسا پەرە بە دیبلۆماسێتیەکی نیشتمانی بدات بەلام بە داخەوە، وەک ئاشکرایە، هەمووی کردە قوربانی بەرژەوەندی خێلگەرایی و بنەمالەی بارزانی و تالەبانی. ئەوەش بووە هۆی شکستێکی “کەمەرشکێن” و رۆژ بە دوای رۆژ زیانەکان زۆرتر دەبن.
لەبەر ئەوە ناکری باسی “دیبلۆماسی کورد” بکەین، ئەوەی هەیە هی پارتە سیاسیەکانە وتاکو ئێستا شکستیان هێناوە، بەرهەمەکەی لە باشورر بۆتە مەسەلەی هاتن و نەهاتنی “موچە”، لە رۆژهەلات “ئاشبەتال”ی سەرگەردانی، لە باکور و رۆژئاوا لە لایەن تورکیا و پارتی گەمارۆدراون.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کنک”، سەرەڕای تێکۆشان و چالاکیەکانی، وەک پێویست، هەولی کۆکردنەوەو رێکخستنی کوردانی دەرەوەی نەداوە و هیوادارم لە ئیستاوە خەمێکی جدی لەم مەسەلەیە بخوات و کەسانی رۆشنبیر و ئەکادیمی کوردیش رۆلی خۆیان بگێڕن و بەشداری ئەم خەباتە نیشتمانیە بکەن.

گۆڕی پیرۆزی شه‌ریف پاشای خه‌ندان، باوکی دیپلۆماسییه‌تی کورد، به‌ کامێرای د. جاسم خۆشناو، ئیتالیا



گفتوگۆیەک لەگەڵ فۆتۆگرافەر بەكر نەبی.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس

فۆتۆگرافەر بەكر نەبی : گوناحە تۆ هاوڵاتی ئەم نیشتمانە بیت و عەشقی ئەم سروشتە نەبیت
فۆتۆگرافەر بەكرنەبی : ئێمە لەكوردستان خاوەنی چوار وەرزی زۆر جوانی ساڵین
هونەرمەندی فۆتۆگرافەر”بەكرنەبی مەحموود”،لەدایك بووی شاری هەولێرە،دەرچووی كۆلیژی ئاداب بەشی راگەیاندن،تائێستا نۆ پێشانگای تایبەتی كردۆتەوە لە شارەكانی هەولێر وسلێمانی و كەركووك وەپێشانگایەكی تایبەتییشی لە وڵاتی سوێد كردۆتەوە ،بە شداری 27پێشانگای هاوبەشیم كردوە لەشارەكانی عێراق دەرەوی عێراق بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە كارو چالاكییەكانی چەند پرسیار بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا پێم باشە باس لەچۆنیەتی ئاشنابوونت بەكامیرا بكەیت؟

  • سەرەتای ئاشنابوونم دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی دوای راپەرینی گەلی كوردستان،بەدیاركراوی لە ساڵی 1995 ئەو كات لەگەڵ هاوڕێی بەرێز هونەرمەند مامۆستا ئەیاد، كە فۆتۆ گرافەرێكی ناسراوی شاری هەولێرە ئەو كات زۆر بەی كاتەكان بەیەكەوە بووین ئەو وێنەی زۆرجوانی دەگرت هەم وێنەی بازرگانی هەم وێنەی سروشتی وهونەری كارانەی ئەو سەرنجی زۆری منی راكێشە ئیتر لەو سلتەوە بەهاوكاری مامۆستا ئەیاد دەستم بە كاری وینە گرتن كرد،بۆیە ئەمە بووە بە خاڵی دەست پێ كردنم.
    *یەكەمین كامیرا كە بەكارت هێنا چ جۆرە كامیرایەك بوو؟
  • ئەو كات كە من بووم بە وێنەگر ئابڵوقێكی ئابوری زۆر بەهێز هەبوو كامیرا زۆر كەم بوو من بە كامیرایكی روسی ناوی كیڤ بوو،دەستم بەكاری وێنەگرتن كرد.
    *زۆرێك لەوێنەكانت سروشتی كوردستان لەخۆ دەگرێت ئەم نهینیە بۆ چی دەگەریتەوە؟
  • گوناحە تۆ هاوڵاتی ئەم نیشتمانە بیت و عەشقی ئەم سروشتە نەبی بەڕاستی ئێمە خاوەنی سروشتێكین پڕاو پڕە لەجوانی ئەركی ئێمەیە ئەو سروشتە جوانە نیشانی دنیای بدەین ئێمەلە كوردستان خاوەنی چوار وەرزی زۆر جوانی ساڵین خاوەن كلتوو و زمان و فرە ئاینین پێویستە لەسەرمان لەرێگای زومی كامیراكانمان هەموو جوانیەكانی كوردستان نیشانی جیهانی دەرەوەمان بدەین بڵین ئەمەیە وڵاتی ئێمەیە.
    *ئاستی وێنەگرانی فۆتۆگرافەر لەكوردستان چۆن دەبینی ؟
  • خەرمان بەرەكەت لەئێستا دا وێنەگری زۆر چاكمان هەیە بەشداری پێش بڕكێی جیهانی دەكەن كامیرای زۆر زۆر باشیان هەیە جاران ئەگەر بگەرینەوە ساڵانی رابردوو 70ساڵ پێش ئێستا هەرچی وێنەو ئەرشیفی كورد هەیە هەمووی بە زوومی كامیرە مانی بیانی گیراوە.
    *ئەوگرفت وكێشانە چین كەدەبێتە كۆسپ لەكاتی وێنە گرتن دا؟
  • لەئێستا دا گرفتە كان بەم شێوە نیە، چونكە مەیدانە كە بەرفراوانە لەبەر ئەوەی ئێستا كێشە ی كامیرا نییە ئازادی بەرفراوانە،هیچ سانسۆرێك نییە بۆیە هەمووكەسێك ئازادە لە وێنەگرتن بەتایبەتی لەگەڵ پەیدابوونی كامیرای پێشكەوتوو ئامێری مۆبایل.
    *ئێمە لە كۆتایی دازۆر سوپاست دەكەین بۆ دەرفەتەی بە ئێمەت بەخشی.
  • منیش زۆر سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ ئەو بەسەركردنەوەیە دەستان خۆش بێت.



دایکم/10/.. رەسووڵ بەختیار

بەشی 10 و کۆتایی

دەزانی دایە، هەر کاتێک دەچمەوە ماڵ دەبینم باوکم لەدیار پەنجەرەکەیە، وەک ئەوەی چاوەڕیی تۆ بکات، لەکاتی کۆچی دوایت، نەدەبوایە پێی نەڵێین، بۆیە پێمانگوت، دایە باوکم تۆی زۆر خۆشدەوێ، وەک لەپێشتردا باسمان کردووە، پێش ئەوەی زەماوەندی هاوسەرگیری بکەن، ئێوە لەگوندی سێکانی، خزم و هاوسێی یەکتر بوون، واتە هەموو تەمەن یەکترتان ناسیووە، بۆیە، کاتێک هەر یەکێکتان توڕە بوون، ئەوی دیکە، پێدەکەنی و دەیگوت: خۆتان مشەوەش مەکەن، دوای چەند خولەکێکی دیکە، چیڕۆک حیکات بۆ یەکتری دەگێڕینەوە.
باوکم جگە لەوەی هاوسەری لەدەستداوە، هاوڕێییەکی تەمەن و خزمێکی لەدەستداوە.آ
لەبیرمه زۆر جاران ئێمەتان تاقیدەکردەوە، زۆرجار کاتێک لەسەر کێشەیەکی بچووک دەبووە کێشە، یەکێک لەئآێوە بێدەنگ دەبوون، کەمێک لالوت دەبوون لەیەکتری، دواتر لەسەر سفرەی نانخواردن هیچ شتێک نەدەما، بەڵام پلارتان لەیەکتر دەدا، وەک ئەوەی بەیەکتر بڵێن: هیچ نییە، لەبەر خاتری منداڵەکان دەبێ ئاشت بینەوە.
هەستم دەکرد، بۆیە زۆر جار نووکتەم دەگێڕایەوە،سەرەتا باوکم دەیگوت: ئەوجا نووکتە و قسەی قۆڕ مەکە، یان گۆرانی مەڵێ ئەوە دەزانی خواردن لەپێشمانە، دەتوانی وەک پیاو قسە بکەیت.
دایکم: کوڕی من پیاوە، دەزانێ چۆن قسە دەکات، ئەتووش هەموو شتێکت پێناخۆشە، با گۆرانی بڵێ، هەر خۆمانین، خۆ کەسی دیکە لێرە نییە.
ئێستاش دایە بەقسەکانی تۆ دەژێم، هەموو وشەکانت لەخەیاڵمە، هەر لەمنداڵیمەوە تا ئەو تەمەنەی ئێستا تیایدام، کە،تەمەنم پەنجاو سێ ساڵە، ناتوانم رۆژێک بێ یادکردنەوەی تۆ تێپەڕێنم، هەست دەکەم هەردەم دەستت لەسەر سەرمە و وەک گاڵتەش هەموو جاڕ پێت دەگوتم: کوڕم ئەوە سەرت بۆیە دەکەی، بەڵام لێت دێ، وەک قژی خۆتە، جیاوازیکی وای نییە، ئاگات لێ بێ تەمەن دەڕوا، دوایی فریای ڤژ بۆیە کردنەوەیەش ناێی.
لەبیرمە، هەموو جارێک دەتگوت: باسی سیروانی برادەرتم بۆ بکە، کە دایک و باوکی هەردووکیان قژیان بۆیە دەکرد، هەردوو دەستشۆری ماڵەوەیان گرتبوو، ئەو برادەرشت تارە لەخەو هەستابوو، نەیدەزانی و رێگە نەبوو لەیەکێک لەدەستشۆڕەکان ئاوێک بەرووخساری دابکات، چونکە تازە لەخەو هەڵسابوو و دەیویست بەرووخساری خەوەوە نەچێتە دەرەوە.
ئەو برادەرە هەموو کات دەیگوت: دایک و باوکم لەدژی یەک قژیان بۆیە دەکرد، تا هەردوو لا بۆ یەکتر بسەلمێنن گەنجن و پیر نەبوون.
لەهەموو خۆشتر ئەو برادەرەم دەیگوت: ئەوە تاڵێ سپی لەسەری من پەیدابووە، (بەپێکەنینەوە)، نازانم ئەوانە، واتە دایک و باوکم بۆ دان بەوە نانێن، تەمەنیان تێپەڕیووە، ئەمن لەوانە تێناگەم.
دایکم هەموو کات باسە خۆشەکانی کات باسە خۆشەکانی منداڵی خۆیی و ئێمەی باس دەکرد، دەیگوت: کاتێک منداڵ بوون، کوڕ و کچەکان لەنێو گوندەوە تا سەر زێ رامان دەکرد، ئای چەند هەستێکی خۆش بوو، لەناو زێدا مەلەوانیمان دەکرد، هەستێکی ئەوەندە مەزن بوو، وامان دەزانی هەموو دونیا موڵکی ئێمەیە، خۆزگە بەو تەمەنە دەخوازم، بەڵام ژیانی شار وەک ژیانی گوند خۆش نییە، لەگوند تەنیا سروشت، تەنیا خانووی بلۆک وەک بەندینخانە وایە، چا نییە ئێمە باخچەمان هەیە، خەڵک هەیه ئەوەندەشی نییه نازانم، ئەوە چۆن ژیانێکە. سەردەمی منداڵی تۆ کەمێک باشتر بوو، هێشتا شار ئەوەندە گەورە نەبوو، گۆڕەپانی گەورە هەبوو، لەبیرمە ئێوە کاتێک لەقوتابخانە دەهاتنەوە هەر بەدوای یەکتردا راتان دەکرد، زۆڕ جار بەر دەبوونەوە، کەچی هیچتان لێ نەدەهات، منداڵی ئێستا ساتمەیەک دەکا، دەبێ هەفتەیەک لەڕێی دوکتۆر بێن.
دایکم زۆرجار باسی منداڵی منی دەکرد و جەختی لەوە دەکردەوە، کە منداڵێکی بێدەنگ و کەمدوو بوو، بەڵام بەپێی تاقیکردنەوەی خۆم، پێموایە منداڵی هاروهاج، کاتێک گەورە دەبن هێمن و لەسەرخۆ دەبن، بەڵام ئەوانەی کەمدوو و بێدەنگن، لەگەورەیدا وەک تۆ هاروهاجن و دەیانەوێ بۆچوونی خۆیان بسەپێنن، من پێموایە، ئەوجا نازانم زانست و ئەو شتانەی ئەوڕۆ لەدونیا هەیە چی دەڵێن.
سەرەتا لەگەڕەکی مەنتکاوە و لەقوتابخانەی یانزدەی ئازار چوومە پۆلی یەکی سەرەتایی، ئەو کات کچ و کوڕ تێکەڵ بوون، پێش ئەوەی بگەینە نێوەی ساڵ کوڕەکانیان هەموو جیا کردەوە و هەر یەکەو رەوانەی قوتابخانەیەکی نزیک کرد، دایکم دەربارەی ئەمە دەیگوت: بەگریان هاتییەوە ماڵ دەتگوت ئێمەیان لەمەکتەب دەرکرد، دایکم کاتێک ئەو باسەی دەکرد زۆر پێدەکەنی و دەیگوت: رۆژی پێشتر وێنەی شەمسیت گرتبوو تا بیبەیە قوتابخانە و بیدەیە بەڕێوەبەر ، تۆ خەمی دەرکردنەکەت نەبوو، کەچی دەتگوت رسمەکەشیان نەدامەوە، چوار پێنج ڕۆژ هەر باسی ئەو رەسمەت دەکرد.
لەم کاتەدا دایکم زیاتر پێدەکەنی و دەیگوت: لە سەمیرەم پرسی( پێکەوە لەیەکی سەرەتایی بووین، خزم و هاوسێ بوو) بۆ کۆڕەکانیان گواستەوە بۆ قوتابخانەکی دیکە، سەمیرەش دەیگوت: کوڕەکان بێ ئەدەبیان کردبوو.
دایکم پێدەکەنی، بەڵام ئێستاش نەمرانی کوڕەکانی دیکە چ بێ ئەدەبییەکیان کردبوو.
دایکم: کاتێک گەورەتر بووی گەیشتییە ناوەندی هەموو رۆژێک لەکۆڵان لەقوتابخانە شەڕت دەکرد، دەتگوت ئەوان شەڕم پێدەفرۆشن، بۆیە ناچار دەبووم وەڵامیان بدەمەوە ئینجا چ بەبۆکس یان بەشەق و پێلەقە، هەندێکجار دەهاتیێەوە باشیان لێدابووی عاڤڵیان کردبووی، بەڵام هیچ کات خۆم مشەوەش نەدەکرد، دەمزانی خەتای تۆیە، ئەو رۆژانەی لەوانی دیکەت دەدا، ئەوجا لەپاش دەوامی قوتابخانە دایکیان دەهات و دەیانگوت: کوڕەکەت خراپی لەکوڕەکەمان داوە، بەڵام من ئەوانم قەردار دەکردەوە و دەمگوت ئەوانە منداڵ و هەرزەکارن بۆ ئێمە خۆمان خراپ بکەین، دوایی دەچنەوە لای یەک، تەنیا قڕە قڕ بەئێمە دەکرد، ئەوانیش قەناعەتیان دەهێنا و بەپرتە پرت دەڕۆێشتن.
دایکە، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێیکانم دانیشتبووم، هەر کەس باسی لەدایکی دەکرد، من خۆم پێنەگیرا، نەمویست لەپێش هاوڕێکانم فرمێسک لەچاوانم بێتەخوار، بۆیە بۆ ماوەیەک چوومە دەر، گریان لەقوڕگم مابوو، کاتێ هاتمەوە بابەتەکەیان گۆڕیبوو، دەزانم پێمدەڵێیت : بەهێز بە، چونکە، ئەمە رێگەی هەموومانە،لەکۆتایدا گۆڕستان دەبێتە مەنزڵمان، بەڵام دایە، هەر کاتێک رووخسار و قسە و وشەکانی تۆم وەبیردێتەوە، بەدەستخۆم نییە، دەبێ چەند چرکەیەک بگریم و فرمێسک لەچاوانم بێتەخوار، کاتێک دەچمەوە ماڵ، تۆی لێ نییە، کاتێک لەدەوامم تەلەفۆنم بۆ ناکەی، کاتێک دەچمە سەفەر و گەشتێک، کەس نییە پێم بڵێ ئاگاداری خۆتبە.
دایە لەنێو کتێب و گۆڤار و رۆژنامەکان زۆر گەڕام، تا وەسفێکی پڕبەپێست لەبارەی دایک بدۆزمەوە، بەڵام هیچکامیان بەتەواویی نەیانپێکاوە، تا باس لەگەورەیی سۆز و بەزیی دایک بکات، هەندێکیان تەنیا داڕشتنێکە و هیجی دیکە، لەوانەیە ئەم نووسینەی منیش وا بێ، نەچێتە ناوچوارچێوەی تەواویی وەسفی دایک، بەڵام لەهەمووان گرنگتر ئەوەیە، نیشتمان و خاک و زمان، هەردەم لەگەڵ وشەی دایک دێ، وەک نیشتمانی دایک، خاکی دایک، زمانی زگماک و زمانی دایک. وەکخۆت زۆرجار باست لەوەکردووە، کاتێک دایکت کۆچی دوایی کردووە، وەک ئەوە وابووە، خۆشەویسترین خاک و نیشتمانت لەدەستداوە، هیج کاتێک، هیچ شتێک جێگەی ناگرێتەوە.
دایکم: چەند خۆشبەختن ئەوانەی لەسەفەری دوورن، کاتێک دایکیان تەلەفۆنیان بۆ دەکات، هەر ئازار و خەمێکی هەبێ، لەگەڵ قسە و وشەکانی دایکی هەمووی لەبیر دەکات، بەڵام ئەوانەی دایکیان بۆ هەتاهەتایە لێیان دوورن، ئازارەکانیان ساڕێژ نابێ، ئەی نابینی کاتێک ئازارێکت هەیە، یەکسەر دەڵێیت: ئای دایە…دایە.
لەبیرمه لەکاتی منداڵیم، کە نەخۆش دەکەوتم و دەستت بەسەردا دەهێنام و دواتر دەتگوت: ئازا بە، پەلە مەکە، ئێستا خواردنت بۆ دەهێنم تا بەهێر بیت، کاتێک خواردنەکەت دەهێنا، خۆ تەنیا هێلکەیەک و پارچە نانێکی تیری و چەند قاشێک پیاز و تەماتە بوو، دوای خواردنەکە و هاندانی تۆ تا بەهێز بم، هەستم دەکرد،هێدی هێدی ئازار لەگیانم نامێنێ.
دایە، کاتێک تۆ کۆچی یەکجاریت کرد، نەمتوانی، لەلاپەڕە و واڵی فەیسبووکەکەم، بنووسم دایکم کۆچی دوایی کردووە، نەمتوانی، چونکە لەپڕیکدا بەجێهێشتین و قسە و چەندین سەعاتی پێشتر لەگوێمدا دەزرنگایەوە، هیچ کاتێک ئەو ساتەم لەبیر ناچێ، کاتێک سستەرێک لەسەنتەری دڵ پێیڕاگەیاندم دەبێ نزا بکەیت، بەڵکو خوا رزگاری بکات، باوەڕم بەقسەکەی نەکرد، بەڵام گوتم: خوا لەسەرسەرم، بەڵام دایکم لەوانەیە تووشی پەتایەک هاتبێ، کاریگەری لەسەر دڵی کردبێ، ئێوە بەو هەموو پسپۆڕی و ئامێرەوە ناتوانن شتێک بکەن، هیوایەک نییە.
سستەرەکە، کە لەژووری چاودێری چڕ هاتە دەرەوە تەنیا گوتی: نرا بکە، دایکت رزگاری بێ، ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە، ئەوی دیکە، تەنیا خوا دەتوانێ هەموومان بپارێزێ.
لەو کاتەدا هەستمکرد، دونیا بەسەرمدا دەڕووخێ، نەمدەزانی چی بکەم وەک منداڵێک هاوار بکەم و بڵێم: دایکم دەوێ، دەمەوێ دایکم لەو ژوورە بەسەلامەتی بێتە دەرەوە، هەستمکرد پێش چاوم تاریک دەبێ، بەڵام هێرم داخۆم و لەدڵی خۆمدا گوتم: خوا گەورەیە، دایکم بەسەلامەتی بۆمان دەهێنێتەوە، وەکجاران قسەی خۆشی بۆ دەکەم ئەویش باسی منداڵی خۆێم بۆ دەکا.
دەربڕینەکانم، لێرەوە وشک بوون، ناتوانم چیتر بەرگەی بێ تۆێی بگرم، بڕوام بەژیان و مردن هەیە، بەڵام لەناکاو مەرگ دایکت لێ بسێنێ کارەساتێکی گەورەیە، ناتوانم هیچ بیرەوەری و قسە و چیڕۆکە خۆشەکانت لەبیر بکەم، ئێستا وەک درەختێکم لەپایزدا زەرد زەرد هەڵگەڕاوم، دەزانی دایە، هاوڕێکانم، وازیان لەوە هێناوە باسی دایکیان بکەن، نەوەک من بیرەوەرییەکانی تۆم بێتەوە یاد، نەوەک جێنان بێڵم، لەدەرەوە بەکوڵ بگریم.
دایە پێش ئەوەی تۆ کۆچی یەکجاری بکەی کچان و کوڕانی هاوڕێم و منیش باسی قسه خۆشەکانی دایکمان دەکرد، هەر یەک لەلای خۆیەوە هەڵوێستی دایکان باس دەکرد، یەکێک لەو برادەرە کوڕانە دەیگوت: دایکم تا کۆچی دوایشی کرد، هەردەم بەخەندە و پێکەنینەوە پێشوازی دەکردن، ئەگەر بیزانیبایە خەمبارین، هەمووانی بێدەنگ دەکرد و دەیگوت: کوڕم دەزبینم ڕووخسارت خەمی لێ دەبارێ بۆم باس بکە، چی بووە، قسەیەکی ناخۆشیان پێگوتی یان هاوڕێیەکانت شتێکیان شتێکیان بەسەر هاتووە، یان خۆت بەشتێک دڵت ناڕەحەت بووە، بۆم باس بکە، تا چارەسەرێک بدۆزێنەوە، ئەگەر بێدەنگ بیت تەنیا خۆت دەخۆیەوە.
دایە لەیەکێک لەدەزگاکانی ڕاگەیاندن کارم دەکرد، ئەم باسەم تا ئێستا باس نەکردووە، لەو دەزگا راگەیاندنە ئافرەتێکی تەمەن سی و پێنج ساڵە هاوکارمان بوو، هەردەم ماوە نا ماوە مۆڵەتی وەردەگرت، من زۆر پرسیارم نەدەکرد، تا بزانم ئەو هاوکارەمان بۆ ئەوەندە مۆڵەت وەردەگرێ، ئەو مافەشم بەخۆم نەدەدا ئەو پرسیارە لەهاوکارانم بکەم، هەروا برادەرایەتی وام نەبوو لەگەڵ ئەو ئافرەتە تا ڕێ بەخۆم بدەم، پێی بڵێم: ماوەیەکە دیار نیت.
بۆیە هەموو ئەمانەم بۆ رۆژگار جێهێشت، تا لەو نهێنیە تێبگەم،لەگەڵ ئەوەی زۆر لەلام گرنگ نەبوو، چونکە هاوڕێیەکی نزیک نەبوو، تەنیا هاوکار بووین لەدەزگایەکی راگەێاندن.
رۆژ هات و رۆیی، رۆژێک یەکێک لەهاوکارانم ، کە زۆر لێی نزیک بوو، لێی پرسی: ئەرێ ئەو ماوەیە بۆ کوێی چووی، ئەمجاڕەیان درەنگ هاتییەوە، ئێرە وەک هاوڕێییەک چۆل دیار بوو.
ئاگادار بووم، کاتێک ئەو پرسیارەی لێکرا پەنجەکانی لەسەر کیبۆردی کۆمپیوتەرەکە رەق بوون، چاوەکانی بەکزی دەزیندران، ڤوڕگی پڕ گریان بوو، بەڵام دوای چەند ساتێک بە ئاسایی گوتی: ئێمە بەخێرانەوە ئاوارەی سووریا بووین، بۆ ماوەی چەند ساڵێک تێکەڵی ئەو کۆمەڵگەیە بووین، منیش کچێکی جوان و لەپێشچاوان بووم، کەسێکی یەکێک لەدەوڵەتە عەرەبییەکان بەقسەی خۆی ئاشقم بوو، دوای چەندین داواکاری باوکم رازی بوو، دیارە دایک و باوک دەیانەوێ کچەکانیان بچنە رێی خۆیان، باوکم قەناعەتی بەوەهاتبوو، ئێمە ئێستا بەشێکین لەو کۆمەڵگەیە، دوای پرس و ڕا لێمی پرسی، تۆ بەو کوڕە عەرەبە رازی
منیش گەنج بووم، بڕوام بەوە بوو لەگەڵ ئەو کومەڵگەیە تێکەڵین و بووینە یەک کۆمەڵگە.
زەماوەندێکی گەورە کرا، خەڵکی زۆربەی وڵاتان لەو زەماوەندە بەشدار بوون، من و پیاوەکەم زۆر یەکترمان خۆشدەویست، لەهەموو شوێنێک پێکەوە بووین، بێ یەکتر نەدەچووینە هیچ شوێنێک برادەرەکانی یەکترمان چ کورد چ عەرەب یان ئەرمەنیمان بەیەکتر دەناساند پێنچ ساڵ بەو شێوەیە بووین، هیچ گرفتێکمان نەبوو، خێزانێکی بەختەوەر، کاتێک، کە بەهاری عەرەبی روویدا هەستم کرد، پیاوەکەم هەست و بۆجوونی لەهەموو شتێک گۆڕاوە، بەیانییەۆ لەخەو هەڵسام، بانگیم کرد، هیچ وەڵامێک نەبوو، دەبێ ئەوەش بڵێم لەماوەی ئەو پێنج ساڵە دوو منداڵمان هەبوو، واتە کوڕ و کچێک، بانگی مندالەکانم کرد، هیچ وەڵامێک نییە، وامزانی خەونە، بەڵام زۆر بەهۆشیارییەوە هەڵسام و بانگی مندالەکانم کرد، بەڵام هیج وەڵامێک نییە، سێ ژوورمان هەبوو، هەر سێ ژوور گەڕام، بەڵام جگە لەمن هیج کەسێکی تیادا نەبوو.
ماوەی مانگێک لەماڵی خۆمدا مامەوە، بێ ئەوەی کەسی لێ بێ، نە پیاوەکەم، نە منداڵەکانم، لەماوەی ئەو مانگەدا خۆم دەگرت تاپرسیار لەکەس نەکەم.
رۆژێک دایکم سەردانی کردم و بێ سێ و دوو گوتی: کچم هەرچی جلوبەرگ و شتومەکت هەیە بیخە ناو جانتاکان و با بچینەوە ماڵ، دیارە لەو نێوەندەدا چەندین پرسیارم لەدایکم کرد، ئەو هەر دەیگوت: بابچینەوە ماڵ.
کاتێک چوومەوە ماڵی دایک و باوکم، هەردووکیان زۆر بەراشکاوانە گوتیان: پیاوەکەت چۆتەوە وڵاتی خۆیی، ئێستا ئەو لەوڵاتی خۆیی وەزیرە، منداڵەکانیشی لەگەڵ خۆیدا بردووە، ئەو نووسراوەش تەڵاقنامەکەتە، تۆ ئێستا راهاتووی بەتەنیا بژی.
بێگومان زۆر بۆ منداڵەکانم گریام، دوای ئەوەی هاتینەوە کوردستان، دوای چەند ساڵێک دایک و باوکم کۆچی دواییان کرد، دوایی چەند مانگێک بۆ دووبارە زۆر بیری منداڵەکانم کرد، دوایی ئەوەی زانیم لەچ وڵاتێکە، ڤیزەی ئەو وڵاتەم بڕی، دەمزانی لەچ شارێکی ئەو وڵاتەن، هەتا دەمزانی لەچ گەڕەکێک دەژین.
چووم لەو گەڕەکە، لەنزیک خانووی منداڵەکانم شووقەیەکم گرت، تۆ دەزانی دایک چۆنە، وەسف ناکرێ.
دوای ئەوەی حەسامەوە لەبەلکۆنەکە چاودێری شەقامم دەکرد، لەدواجاردا، بەیانییەک منداڵەکانی خۆم بینی، وەخت بوو ئاگرم تێبەر بێ….بەڵام نەمدەزانی چی بکەم.
رۆژێکیان پێم لەجەرگی خۆم نا، لەرێگەیان وەستام، بینیم کاتێک لەدەرگە هاتنە دەرەوە، بەڵام باوکیان لەگەڵیاندا بوو، خۆم پێ نەگیرا لەشوێنی خۆم وەستام، چونکە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ منداڵەکانم نەبینی بوو، کاتێک نزیک بوونەوە، پێدەچوو منداڵەکانم نەمناسنەوە، بەڵام باوکیان کاتێک منی بینی زۆر پێ تێکچوو یەکسەر بەهەڵەداوان بەرەو رووم هات، هاواری کرد بەسەرما و گوتی: لێرە چی دەکەی، منیش بەئەسپایی گوتم: هاتووم منداڵەکانم ببینم.
کاتێک منداڵەکان ئەو هەڵسوکەوتی باوکیانی بینی، گوتیان بابە ئەوە کێیە؟
ئەوەندەی بەقسەی منداڵەکانم تێکچووم، قسەی باوکیان کاریگەرییەکی وای نەبوو.
باوکیان بەهاوار هاوار گوتی لێرە بڕۆ ژیانی ئەو منداڵانەش تێک مەدە، وەکچۆن ژیانی منت تێکدا، ئەگەر لەم وڵاتەش نەڕۆیی دەچمە پۆلیس سکاڵات لەسەر دەنووسم.
باوکی منداڵەکان واتێگەیشتبوو، هاتووم لەرێگەی یاساوە دەمەوێ منداڵەکانم بۆ لای خۆم ببەم.
هەرچۆنێک بێ، بۆ ماوەی چەند رۆژێک تەنیا لەدوورەوە سەیری منداڵەکانم دەکرد، دیار بوو باوکیشیان چاودێری منی کردبوو، بۆیە بەیانییەکی زوو لەدەرگا درا، کاتێک دەرگام کردەوە ئەفسەرێکی پۆلیس، لەگەڵ چەند پۆلیسێک بوون، ئەفسەرەکە بەبێ ئەوەی سڵاو بکات، بەتوندی داوای کرد، پاسەپۆرتەکەی نیشان بدەم، هەتا پاسەپۆرتەکەم بۆ هێنا، هاتبوونە ژوورەوە و ناو جانتاکان گەڕابوون.
کاتێک پاسەپۆرتەکەم نیشاندا، ئەفسەرەکە گوتی: تۆ سکاڵات لەدژ کراوە، نامەوێ ئازارت بدەم، بەڵام دەکرێ لەماوەی بیست و چوار سەعاتدا ئەم وڵاتە جێبهێلیت.
کاتێک ئەو هاوکارەمان ئەم بەسەرهاتەی خۆیی دەگێڕایەوە، چاوی پڕ فرمێسک و قوڕگی پڕ لەگریان بوو، دەیگوت: لێناگەڕێن، منداڵەکانم ببینم، بەڵام ماوە نا ماوە سەفەر دەکەم، لەدوورەوە دەیان بینم، دڵم داناکەوێ ساڵێ چەند جارێک نەیان بینم، لێناگەڕێم باوکی بمبینێ نەوەک تۆمەتێکم بۆ هەڵبەستێ، هەروا کوڕەکەم ئێستا گەورە بووە، لەفەیسبووک ئەکاونتێکی داناوە، بەناوێکی دیکە کردوومەتە هاوڕێی فەیسبووکی خۆم، با هەندێک گەورەتر بێت، ئینجا خۆم ئاشکرا دەکەم، ئێستا پێیناڵێم نەوەک باوکی لێنەگەڕێ، دواتر بلۆکم بکات.
کاتێک گوێم لەو باسە بوو، تێگەیشتم دڵ و مێشکی دایک هەردەم بیر لەچی دەکەنەوە، هەردەم دەیانەوێ منداڵەکانی لەبەرچاوی خۆیی بێ، تا هەست بەهەموو ئازارەکانیان بکات، لەلایی خۆیەوە، چارەسەر دابنێ تا منداڵەکانی هەردەم خۆشگوزەران بن.
کۆتایی
دایە وەکخۆت هەموو جار باست لەوە دەکرد هەموو شتێک کۆتایی دێ، بۆیە کۆتایی بەچیرۆک و بیرەوەرییەکان دەهێنین، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا دەنگت لەنێو گوێمدا دەزرنگێتەوە، کەواتە دەنگی دایک لەنێو ماڵدا گەورەترین و مەزنترین پاداشت و نیعمەتە، دایە، کاتێک دەچمەوە ماڵ هەست بەدەنگت دەکەم، کاتێک لەدەوامم زۆر جار بیری ئەوە دەکەم، کاتێک تەلەفۆنت دەکرد و دەتگوت: کەی هاتییەوە لەگەڵ دەستی خۆت ئەو شتانە بێنە، ئەگەر پارەکە زۆر بوو، پارەکەت دەدەمەوە، منیش پێدەکەنیم و دەمگوت: مادام تەلەفۆنت کردووە، با لەسەر حیسابی من بێ، تۆش پێدەکەنی و دەتگوت: با لەسەر حیسابی تۆ بێ، بەڵام کوڕم، هەر دەوامت تەواو بوو، وەرەوە، میوانمان هاتووە، خزمی خۆمانن.
دایکم خزمەکانی خۆیی زۆر خۆشدەویست، هەردەم زۆر دڵخۆش دەبوو کاتێک خزمەکان سەردانیان دەکرد، قسەی خۆش و سەبووردەی بۆیان دەگێڕایەوە، لەنێو هەموو خزمانیش خاڵەکانی خۆی زۆر خۆشدەویست، زۆر جار باسی یەکێک لەخاڵەکانی دەکرد، بەشێوە زارە لوڕییەکەی دەیگوت: خاڵم، گەلیک گەنجێکی قۆز بوو، زورێک لەکچان وەشن، شەمام دواتین، ئەوە خاڵەت ببینین، ئەڕا بەئیمەی ناناسێنی، ئەوە ماموستاشە.
دایە، هەموو ئەمانەم بۆ خاڵۆت گێڕایەوە، ئەویش زۆر پێدەکەنی، خاڵی دایکم دەیگوت: ئەو شتانە بە دایکی منداڵەکان بڵێ، با بزانین ئەو چی دەڵی، (بەپێکەنینەوە)، ئەوە لەتەنیشتمە گوێی لەهەموو قسەکانتە، ئەویش پێدەکەنی.
دایە، هەمووان بەکۆچی تۆ، تاسان، هەمووان خرم و کەس و ناسیار و هاوسێیەکان، باس لەوە دەکەن ژنێکی مەزن بووی، توانیت یانزدە منداڵ بەجوانترین شێوە پەروەردە بکەی، لە 22-11-2023، کاتێک کۆچی هەتاهەتایت کرد، همووان لە هەموو ساتێکدا یادت دەکەینەوە، تۆ بەجەستە لەگەڵمان نیت، بەڵکو بەقسە وهەست و رووح هەردەم لەگەڵمانی، کاتێک هەر یەکێکمان دەچێنە دەرەوە، لەبەر خۆماندا دەڵێین: دایە، دەچینە دەوام، دەچینەبازاڕ، یان لەناو گەڕەکدا دەبین، بەدەست خۆمان نییە، دەبێ وابڵێین.
کوڕەکان، کچەکان، نەوەکانت، هیچ کاتێک تۆ لەبیر ناکەن، تا ئێستاش نەوەکانت، کاتێک دەیانەوێ کارێک بکەن، دەڵێن، نەوەک داپیرە پێی ناخۆش بێ با بچین پێی بڵێین.
دایە، کاتێک ئەو وشانە دەنووسم سەرەتای مانگی یەکە، نمە بارانێکە، کەشەکەی زۆر جوان کردووە، دەزانم تۆ زۆر بەو نمە بارانانە دڵت خۆش دەبوو، هەمیشە دەتگوت: ئەمساڵ بەپیت و بەرەکەت دەبێ، هەرچی جوتێارە دڵی خۆشە، چونکە زەوییەکەی باش ئاو دەخوا و لەدواتردا بەرهەمی رۆر دەبێ.
دایە، ئێستا بارانە بەخوڕی کرد.
دایکم: ئەوەش باشە، پاش نمە باران، هەردەم بارانی بەخوڕ دێ، دیارە ساڵەکەتان بەپیت و بەرەکەت دەبێ، هەردەم سوپاسی خوا بکەن، وڵاتتان ئاوەدان دەکاتەوە، ئێوەش دەبێ جوولەیەک بکەن، تا وڵات بەجوانترین شێوە ببوژێتەوە.
دایە، تەنیا ئەو ماوەیە هەست دەکەم پیربوومە، پێشتر کاتێک تۆ مابوویت وەکجاران هەڵسوکەوتم دەکرد، بەڵام ئێستا وەک پیرێک رێدەکەم، هەموو شتێک لەلام گۆڕاوە، ناتوانم وەکجاران بەئارەزووی خۆم را بکەم و یارییەکان بکەم، بێ تۆیی وایکرد هەموو شیرازەییەکم بگۆڕێ، دایە خوات لەگەڵ تا ئەو کاتەی لەرۆژیی دوایی یەکتر دەبینینەوە، خوات لەگەڵ.




عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی و نوێگەری لە هۆنراوە بۆ منداڵان دا.. ئەرسەلان حەسەن

لەم ڕۆژانەدا هاوڕێم (عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی) شاعیر و نووسەری بواری منداڵان دەستنووسی کتێبی (وانەی پڕ لەخۆشەویستی) بە پی دی ئێف بۆ ناردم، کە کتێبێکی ئامادەی چاپە و هۆنراوەیە بۆ منداڵان و کاتی خۆی بڕیار بووە خانەی سمۆرە بۆی چاپ بکەن و مژدەی دیزاین و تەواوبوونی وێنەکانییان پێداوە، بەڵام چانس یاوەری نابێت و وەستاندنی کارەکانی خانەی سمۆرە و دواجار داخستنی، بەلەمی هیواو خۆزگەکانی ئاوەژوو دەکاتەوە.
دوای ئەوەی کتێبەکەم بەوردی خوێندەوە ئەو بیرۆکەیە بەخەیاڵمدا هات کە ئەمجۆرە هۆنراوە نووسینەی مامۆستا عەلی شێوازی نووسینییان تازەیە و دەکرێت بڵێین وەرچەرخانی لەو شێوازە باوەی نووسینە کردووە کە زۆربەی شاعیران و نووسەرانی ئەم بوارە پێی دەنووسن، بێگومان هەر شاعیرێک یان نووسەرێک بگرە لە هەر بوارێکدا بنووسێت، هەمیشە هەوڵ دەدات و ئارەزوو دەکات داهێنان و نوێگەری لەبوارەکەیدا بکات و شتی نوێ و تازە بنووسێت یان بە شێوازێک بنووسێت، پێشتر پێی نەنووسرابێت یان ئەگەر نووسرابێت کەمتر.
(عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی) ش، ناوێکی دیار و درەوشاوەی بواری ئەدەبیاتی منداڵانە و خۆی لەقەرەی زۆربەی بوارەکانی نووسین بۆ منداڵان داوە و سەرکەوتووش بووە کە ئەمە نەک هەر قسەی منە، بەڵکو ڕای زۆربەی ئەو هەڤاڵانەیە لەو بوارەدا دەیانناسم. شاعیر هەمیشە خۆزگە و خولیای بووە شتێک بنووسێت ئەگەر زۆر نوێش نەبێت، تا ڕادەیەک نوێ بێت و چێژ و خۆشیی زیاتر بەمنداڵان بدات، چونکە نووسین بۆ منداڵی ئەم سەردەمە هەستیارترە لە منداڵانی پێشوو یان ڕابردوو، چونکە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و بوونی باخچەیەکی منداڵانی زۆر و کردنەوەی خولی بەردەوام، منداڵانی بەئاگاتر و وریاتر و چاوکراوەتر کردووە.
لێرەدا دەمەوێت باسی چەند نموونەیەک لەو هۆنراوانە بکەم کە بە نوێگەری و گۆڕانکاریی لە بواری نووسینی هۆنراوە بۆ منداڵانیان دەزانم، یان ئەم شێوازە نووسینە لە هۆنراوەی شاعیراندا کەمتر بەرچاو دەکەوێت.
هەمیشە پێگەی مامۆستا لە کۆمەڵی کوردەواری تایبەت بووە و کۆمەڵگا بەچاوێکی پڕ لەڕێز و خۆشەویستی و پیرۆزەوە لە مامۆستای ڕوانیوە و ئەوەش وایکردووە لە سەر قووتابی ڕەنگبداتەوە و لەکاتی خوێندنیدا ڕێز لە مامۆستا بگرێت و بەچاوی باوک یان دایک تەماشای بکات، بەڵام نکۆڵی لەوەش ناکرێت هەندێک مامۆستا لای قووتابییان لە هەندێکی دیکە خۆشەویستترن و ڕیشەشی لە هەڵس و کەوتی مامۆستا لەگەڵ قووتابییەکانیدایە، کە دەکرێت لە هۆنراوەی (وانەی پڕ لە خۆشەویستی)دا بەدی بکەین، شاعیر لەم هۆنراوەیەدا دەڵێت:
وانەی پڕ لە خۆشەویستی
کە زەنگ لێی دا
بە ھێمنی
چووینەوە پۆل
بۆ وانەی نوێ
کە مامۆستا (کاروان)یش ھات
بۆ وانەکەی
ھەموو گیانمان بوو بوو بە گوێ
چونکە ئەومان
زۆر خۆشدەویست
ھەڵس و کەوتی لەگەڵماندا
بە چەشنێک بوو
وەکو ھاوڕێ
زیاد لە پێویست
چیرۆک و ھۆنراوەی خۆشمان
لە وانەکەی ئەودا دەبیست
پێکەنین و قسەی خۆشی
بانگکردنی ئێمە بە گوڵ
وای لێکردین
خۆشمان بوێت
بە ھەست و دڵ
ھەر شتێکیشی باس دەکرد
وەرمان دەگرت بە ئاسانی
چونکە ئێمە
بە حەزێکی پڕ تاسەوە
گوێمان دەگرت
بۆ سەرنج و وتەکانی
هەروەها لە هۆنراوەیەکی دیکەدا کە باسی خۆشەویستیی مامۆستا دەکات، پێماندەڵێت هێمنی و ئارامی مامۆستا دوو پاڵنەرن بۆ قووتابی تا مامۆستای زۆر خۆش بووێت و قووتابی لەوە بگات کە مامۆستا مرۆڤێکی دڵسۆزی بوارەکەیەتی و هەوڵ و تێکۆشەنەکانی لەم بوارەدا ماندوونەناسی کردووە و بۆ بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری و بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگاکەی شەو و ڕۆژ کۆڵ نەدات. ئەوەتا شاعیر لە هۆنراوەی (کێم خۆشدەوێت؟)دا دەڵێت:
کێم خۆشدەوێ ؟
من حەز دەکەم
ھەموو رۆژێک
(بیرکاری) و (زانست)مان ھەبێت
دەزانن بۆ؟
چونکە مامۆستا (رێبوار) و
مامۆستا (تارا) ڕووخۆشن
ئای کە ھێمن و لە سەر خۆن
ھەرگیز لێمان تووڕە نابن
بە خەندەوە لەگەڵ ئێمەی
بچووک دەدوێن
بۆیە ئێمەش وەکو چاومان
خۆشمان دەوێن
دەمێکە زانیومانە و پێمان گووتراوە خوێندنەوە خۆراکی مێشک و وەرزشی مێشکە و هۆکاری زۆر بوونی عەقڵ و زیاتر ڕۆشنبیرکردنی مرۆڤ و هەتوانی زامەکانیەتی. خوێندنەوە سوودی بۆ مرۆڤ زۆرە و زۆربەی گرێ و گۆڵ و ئەستەنگەکانی بەردەم مرۆڤ ناهێڵێت و شەختە و بەستەڵەکەکانی دەتووێنێتەوە. خۆ ئەگەر خوێندنەوەش بۆ منداڵ چ خۆی بخوێنێتەوە یان بۆی بخوێننەوە، بەدروستی و بە پێی ڕێنیشاندەرێکی باش بێت، ئەوە گومانی تێدا نییە سوودی بۆ گەشەکردنی توانستی منداڵ زۆرە و منداڵ بۆ کۆشش لە وانەکانیدا چالاکتر دەکات و گرینگی و بایەخی خۆیشی بۆ دواڕۆژی دەبێت. شاعیر لە هۆنراوەی (لە هۆڵی خوێندنەوەدا) دەڵێت:
لە ھۆڵی خوێندنەوەدا
دوێنێ لەگەڵ (شەنگە)ی ھاوڕێم
چووین بۆ ھۆڵی خوێندنەوە
لە دوای کەمێک حەوانەوە
یەکی گۆڤارێکمان وەرگرت
ئای چەند خۆش بوو
بە ھێمنی خوێندمانەوە
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشاین
پۆلێک منداڵی وەک خۆمان
بۆ خوێندنەوە ھاتبوون
بێ دەنگ و جوان دانیشتبوون
لەگەڵ شەنگە
گۆڤارەکانمان خوێندەوە
لەو (تیانووسە)ی کە پێمان بوو
ھەندێک زانیاریمان نووسی
چونکە مامۆستا (کامەران)
بەو شێوە فێری کردبووین
کە تەواو بووین
ھەردوو بەرەو لای بەرپرسی
ھۆڵەکە چووین
تا گۆڤارەکان دابنێین
دوو گۆڤاری تر وەرگرین
کە چوینە لای
زۆر بە نەرمی
پرسی ئێوە ناوتان چی یە؟
من وتم ئەمە (شەنگە)یە و
منیش (ھێلین)
وتی ئەوە یەکەمجارە بۆ ئێرە دێن
(شەنگە) و (ھێلین)؟
وتمان بەڵێ
وتی گوڵە جوانەکانم
بە بینین و بە ناسینتان شادمانم
ئێمەش وتمان
سوپاس بۆ ئەو ھەستە جوانەت
بەڕاستی دڵسۆزی ئێمەی
تۆ کەسێکی ڕۆشنبیر و
ھەست ناسکی
تۆ خۆشەویست و بێ وێنەی
ئەویش وتی، ڕۆڵەکانم
خوێندنەوە ڕێگەیەکە پیرۆز و چاک
ھەر کەس ئەو ڕێگەیە بگرێت
ھیوای گەشە و پاشەڕۆژ ڕوون
بۆ خزمەتی بابە و دایە و
بۆ نیشتمان و گەل و خاک
یاری و منداڵ دوانەیەکن بەئەستەم مرۆڤ دەتوانێت لێکیانجیابکاتەوە، چونکە منداڵ وزەیەکی زۆری هەیە و بۆ خەرجکردنی وزەکەی پێویستی بەجوڵەی زۆرە، دیارە یاریش هەر وەک دەزانین بێ جوڵە نابێت و پێویستە دایک و باوکان و تەنانەت مامۆستاکانیش بزانن منداڵ پێویستییەکی زۆری بەیارییە و یاریش کاریگەری لە سەر منداڵ زۆرە، چونکە ئەوەی دەمانەوێت ڕاستەوخۆ بەمنداڵی بڵێین، لە کاتی یاریکردندا لەگەڵ هاوڕێکانی فێریان دەبێت، بە یاسا و ڕێسای یارییەکانیشەوە. کەوایە نابێت ڕیگرییان بین لە یاریکردن، بەڵکو هەلی زیاترییان بۆ بڕەخسێنین تا بەخولیا و ئاواتەکانیان بگەن. هەر بۆیە گرینگی و بایەخی یاری لای شاعیر وایکردووە بیر لەوە بکاتەوە ڕۆژێک بۆ یاری تەرخان بکات و وەک هەموو ڕۆژەکانی ساڵ، ناوی بنێت ڕۆژی یاری:
ڕۆژی یـــاری
ڕۆژێک لەگەڵ
(ڕۆزیا) و (لاڤین)
بۆ یاریی ماڵە باجێنە
ھەر یەکە و شتێکمان ھێنا و
لێی دانیشتین
یەکی بوکێکیشمان پێبوو
ئەوی من ناوی (دەشنێ) بوو
قژیشی زەردێکی کاڵ و
چاوی لە چاوی خۆم دەچوو
لە باوەشمدا دامنابوو
گۆرانیی خۆشم بۆ دەوت
بە ئارەزوو
کەچی بووکەکانی ئەوان
بە بەردەوامی دەگریان
وتم چییە؟ چی ڕوویداوە؟
ئەم بووکانە بۆچی دەگرین؟
لەم کاتەدا بووکەکەی من
بە دڵخۆشی و بە پێکەنین
وتی (لێوان)
(ڕۆزیا) و (لاڤین)
گۆرانی بۆ بووکەکانیان
ناڵێن وەک تۆ
بیانکە باوەشت ئەمڕۆ
چی گۆرانیی
خۆش دەزانی
بۆیان بڵێ
تا دەتوانی
منیش بووکە جوانەکانی
(ڕۆزیا) و (لاڤین)م ھەڵگرت و
لەگەڵ دەشنێ
بوون بە ھاوڕێ
لە باوەشما دامنان ھەر سێک
ئیتر کەوتمە گۆرانی
بۆ بووکەکان زۆر بەجوانی
ئەوانیش کەوتنە سەما
پێدەکەنین، ھەڵدەپەڕین
فرمێسک و گریانیان نەما
بووکی ڕۆزیام ناو نا (دمدم)
بووکەکەی لاڤینیش (نمنم)
دمدم و نمنم و دەشنێ
ئەوانیش بووبوون بە ھاوڕێ
ھەر وەکو ئێمە دڵخۆش بوون
زۆر جوان دەھاتن و دەچوون
ئەو ڕۆژە بە شادمانی
بەیەکەوە یاریمان کرد
کاتێکی خۆشمان بەسەر برد
من دڵنیام
ھەرگیز لە یاد ناچێتەوە
ڕۆژ بە ڕۆژ نوێ دەبێتەوە
هەروەها شاعیر لە هۆنراوەیەکی دیکەی (یاری) دا، کە ئەمەش جارێکی دیکە سەلماندنی گرینگی و بایەخی یارییە لای شاعیر، کە دەڵێت:
یــــــــاری
ھەینی لەگەڵ ھاوڕێکانم
یاریی دوو گۆڵیمان دەکرد
لە گۆڕەپان
ھێندەم زانی
ئاکۆ ھات و
بێ ئەوەی داوای یارمەتی
بکات لێمان
یەکسەر ھاتە گۆڕەپان و
خۆیشی گەیاندە تۆپەکە و
ھێرشی برد
بەئاسانی گۆڵێکی کرد
ئیتر یارییـــەکەمان وەستان
ھەر دوو لامان
(ئاکۆ)ش ڕای کرد
بەچەپڵەوە کەوتە ھاوار
چونکە گۆڵێکی کردبوو
وەک پاڵەوان
نەیدەزانی یاسای یاری
لە نێوان دوو تیپدا چۆنە
لە گۆڕەپان
بانگمان کرد ھاتە پێشەوە
کە تێگەیشت ھەڵە بووە
لە کارەکەی
گۆڵەکەی ئەو
تۆمار ناکرێت بۆ تیپەکەی
چووە دەرێ و
داوای لێبووردنیشی کرد
دانیشت و بە پە شیمانی
دەیڕوانییە
چۆنیەتی یاریکردنی
ھاوڕێکانی
خەیاڵ لای منداڵ گرینگی خۆی هەیە و بێگومان خەیاڵی منداڵ بەرین و فراوانە و زۆرجار دەبیستین کە منداڵ لەگەڵ یاریکردندا لەبەرخۆیەوە ورتە ورتێک دەکات. ئەو نووسینانەش بەستێنی خەیاڵی منداڵ فراوانتر دەکەن و زیاتر سەرنجی ڕادەکێشن و حەز و ئارەزووشی بۆ خوێندنەوە و گوێگرتن زیاتر دەوروژێنن، کە زیاتر لایان لە خەیاڵکردنەوە کردووەتەوە.
شاعیر لە هۆنراوەی (وێنەی بەلەمێک)دا هاتووە بە شێوەیەکی نوێ وەک چیرۆکە شیعر و بەمیوزیکی تایبەت بەخۆیەوە وێنەی بەلەمێکی ئەوەندە جوان بە هەموو پێداویستییەکانییەوە کێشاوە و هاوکاتیش وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگ لای منداڵ دەکێشێت، دەڵێت:
وێنەی بەلەمێک
ویستم وێنەی
دەریایەکی
پڕ لە وردە ماسی و بەلەم
لە دەفتەری وێنەکەمدا
دروست بکەم
ھەرچی بۆیەی
ڕەنگا و ڕەنگم ھەبوو ھێنام
زۆر بە جوانی ئەو وێنەیەی
مەبەستم بوو
یەکسەر کێشام
بەلەمێکیان
ھێندە جوان بوو بەلامەوە
ھەر بە خەیاڵ سواری بووم و
ھەتا توانیم سوڕامەوە
ئای گەشتێکی چەندە خۆشبوو
ھێندە گەڕام
ئاگام لێ بوو
ماسی دەیویست بێت بەھاوڕێ و
بگاتە لام
یاریم دەکرد لەگەڵیاندا
لەو ناو ئاوە
ھێندەم زانی
با ھەڵی کرد بەلەمەکەم
ھەڵگەڕاوە
ئەگەر لە کۆتایی هۆنراوەکە ڕابمێنین و بەوردی سەرنجی لێ بدەین، دەبینین منداڵەکە دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر تا وێنای بەلەمێکی ئەوەندە جوانی کێشاوە و پاش گەشتێکی خۆش با لەنکاو هەڵ دەکات و بەلەمەکە قڵپ دەکاتەوە، کە لێرەدا هەم منداڵەکە نائومێد و غەمگین و خەمبار دەبێت و هەم ڕەنج بەخەساری ئەو هەموو هەوڵ و کۆششە دەبێت. بەڕای من وا باشتر بوو گووتبای: (لەگەڵ خۆی بردەوە ماڵ).
گەر گەڕانێک بەنێو هۆنراوەی شاعیراندا بکەین، چ ئەو هۆنراوانە بۆ گەوران یان چ منداڵان نووسرابن، زۆربەی ناوی هۆنراوەکان وەکویەکن یان دووپات دەبنەوە، کە دەتوانین لێرەدا ئاماژە بە هەندێکییان بکەین وەک (نیشتمان، کوردستان، دایک، بووکە شووشە، یاری، تۆپ، سەعات…هتد).
شاعیر عەلی حەمەڕەشید بەرزنجیش لەم شاعیرانە بەدەر نییە و ئەویش لە هەمان ژینگەدا دەژی، بۆیە بۆ ئەو و هەموو ئەوانەش لەم بوارەدا دەنووسن ئاساییە بۆ هەمان شت بنووسن، بەڵام لێرەدا دەتوانین بڵێین ئەو هاتووە بە شێوازێکی نوێ و جیاواز هۆنراوەکەی نووسیوە و لە هۆنراوەی (فڕین بۆ ئامێزی دایە) دا ئەوەتا دەڵێت:
فڕین بۆ ئامێزی دایە
بۆ ئاسـمـانم دەڕوانی
لێوانلێو بوو لە جوانی

بە ڕۆژ خۆر لە ئاسمان بوو
شەویش مانگ و ئەسـتێرە
ھــــەواڵیان بۆ دەناردم
بۆچــــی نایەی بۆ ئێرە

ســــوار فڕۆکەی ھەور بووم
دڵخۆش بۆ ئەو گەشتە چووم

کەوتینە ڕێ پێکــــەوە
ھەوری جوان بە پێکەنین
وتی گوڵەکەی ھــاوڕێم
لە مـــاڵی کێ دابەزین ؟

جا منیش لە خۆشیانا
لە ناوەندی ئاسمانا

بۆ ئەمــلاولام دەڕوانـی
زۆر حەزم لە فــڕین بوو
لەو پەڕی خۆشیدا بووم
ھەر قاقا و پێکەنین بوو

یەک یەک ئەستێرەی نەخشین
پێشــــــوازی لێ ئەکردین

لە ماڵێکیان دابــــەزین
خۆشترین ماڵ بوو لە لام
کاتێ چـــــاوم کردەوە
لە ئامێزی دایکمــــدام
ئێستا هەموومان، بە گەورە و بچووکەوە دەزانین ١/٦ی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی منداڵانە و ساڵانە لەم ڕۆژەدا بۆنە و ئاهەنگ و پێشەنگا و کۆنسرێت و چەندین چالاکی جیا جیا بۆ منداڵان ساز دەکرێت. شاعیر ئاوڕ لەم ڕۆژە دەداتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمڕۆژە لای منداڵ چەندە ڕۆژێکی گرینگ و بەنرخە و چەندە منداڵ بەم ڕۆژە شاد و خەنییە. هاتووە بەمشێوازە هۆنراوەیەک بۆ ئەم ڕۆژە مەزنە لای منداڵ و گەورەکان، دەنووسێت:
ڕۆژی جیھانیی منداڵان
وتم دایە
سبەی جەژنە
یەکی شەشە
ڕۆژی جیھانیی منداڵە
لە زۆر شوێنی کوردستاندا
پیشانگایە
ئاھەنگی گۆرانیی خۆش و
مۆسیقایە
دەبێت بچین
زۆر حەز دەکەم
لە ئاھەنگێک ئامادە بین
جەژنی ئێمەی منداڵانە
دەبێت ھەموو لەو یادە بین
دایکم وتی
ئەی نەمان وت
سبەی دەچین
بۆ ماڵی پوورە وەنەوشە
بۆ لای (ئەژی) و
(سۆما) و (ئەڤین)
وتم دایە
ئەوسا نەمزانی پێت بڵێم
چونکە ئێستا
بە تەلەفون
(شەن) ی ھاوڕێم
ئەم ھەواڵە خۆشەی دا پێم
تو خوا دایە
بە تەلەفون
بە پوورە وەنەوشە دەڵێین
ببورن کە ناتوانین بێین
سەردانەکە
بۆ ڕۆژێکی تر ھەڵدەگرین
بۆ ئەم جەژنە
دەبێت بچین
ھەر ئەمەم وت
خێرا زەنگی
تەلەفونەکەمان لێیدا
ھەڵم گرت و
وتم ھەلەو کێیە؟ فەرموو !
چەندە لام خۆش بوو، پوورم بوو
وتی ڕەنیا
بڵێ دایە
پوورم دەڵێت
سبەی لە ماڵەوە نابین
یەکی شەشە
بۆ ئاھەنگ و فێستیڤاڵی
ڕۆژی جەژنی منداڵ دەچین
با سەردانەکە دوا بخەن
پێی بڵێ گلەیی نەکەن
منیش وتم
گلەیی چی ؟!
پوورە وەنەوش
پێش تۆ ئێمەش
ھەر باسی ئەوەمان دەکرد
دەمانویست کە
بە تەلەفون
پێتان بڵێین
ناتوانین بێین
چونکە ئێمەش سبەی دەچین
بۆ سەیری ئەو فیستیڤاڵە
دڵنیام خەڵکی دەزانن
یەکی شەشی
ھەموو ساڵێک
ڕۆژی جیھانیی منداڵە
لەگەڵ پەروەردە و فێرکردندا، مامۆستا ئەرکێکی دیکەی دەکەوێتە سەرشان کە هاوشانی ئەمانەی گووتمان دەبێت منداڵ بە بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ئاشنا و خاک و نیشتمان لای منداڵ خۆشەویست بکات، کە دڵنیام ئەوە نیەت و بەرنامەی هەموو مامۆستایەکی دڵسۆز و بە ئەمەکە. شاعیر بە شێوازێکی نوێ و تازە و سەردەمییانە لە هۆنراوەی (وانە) دا، ئەم ڕاستییەمان بۆ باس دەکات:
وانە
ھەر ھاتینە قوتابخانە
مامۆستاکان فێریان کردین
ڕۆڵەی کوردین
نیشتمانمان کوردستانە
بیلبیلەی چاوی ھەمووانە
فێریان کردین خۆشەویستی
ئەم خاکە بەرز و پیرۆزە
خوێنی دڵە، تینی گیانە
ئێمەش ھەر زوو، بەڵێنمان دا
بە کۆششی بێ وچانمان
ھێز و توانامان بەگەڕخەین
بۆ خزمەتی کوردستانمان
لە کۆتاییدا، دەمەوێت بڵێم شاعیر عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی سەرجەم ئەم شیعرانەی بەزمانێکی کوردی جوان و ڕەوان و پارا و نووسیووە و بەشکیش نیم منداڵ دەتوانێت بەئاسانی و بە بێ هەست کردن بە هەناسە سواری و ماندوو بوون ئەم شیعران ئەزبەر بکات و منیش، هیوادارم لەم نووسینەدا توانیبێتم لایەک لە هۆنراوە تازە و نوێگەرییەکانی شاعیر عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی کردبێتەوە و هیوای بەردەوامی و داهێنان و زیاتر خزمەتکردن بەدنیای منداڵانی بۆ بخوازم و خزمەتێکیشم بە ئەدەبی منداڵان و دنیا جوانەکەی منداڵان کردبێت.

شاعیر، عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی




سەرەتای دواین گۆرانییە غەمگینەکان.. شیعر: ستیڤان شەمزینی

کێردی رەتکردنەوەت چەند تیژ بێت
دەلاقەی برینەکانم چەند فراوان بن
ھیچ ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە ھەنگوینی ئەو خەونانەی
لە دەرگای شەوە تاڵەکانم دەدەن
ئەو وشانەت چەند سارد بن
وەک زەمین لەرزە ھێورییم بھەژنێنن
خەیاڵ لەسەرمدا وردوخاش بکەن
پێکەنینم لە قەفەزی گریاندا
بە بارمتە بگرن
مانگەشەوم بگوازنەوە
دەربەندی تاریکی
ھێشتا ھۆیەیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە لە خلیسکانم
بۆ نێو قەدەری ئەسمەری ژنێتی تۆ
چەند بتەوێ دەروازەی باوەشت
بە وەسوەسەیەکی شێت دابخەیت
ھەناسەکانم نەیەنە ناو مێینەییت
گۆرانییەکانم لە گوێیەکانتا نەزریکێنن
توخنی خولیا سەرەڕۆکانم نەکەویت
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە ئاگری ئەو ئەوینەی لە خوێنمدایە
چەند ھەورەکانی ئارەزووم بتۆرێنیت
بۆ دڵڕاگرتنی ئەستێرەیەکی دوور
بارینم بکەوێتە وەرزێکی ناوەخت
کۆشێکی سپی نەمگرێتە خۆی
ترس بە قامچی بەربێتە لاسکی گیانم
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە کۆرپەی ئەو عەشقەی
لە ئەزەلەوە بە زگی شیعر ھەڵمگرتووە
چەند دیواری ئەستوور
لە بەردەم سەربەستیی ھەڵچووم ھەڵبچنیت
تیری خەیاڵیشم نەتوانێت بگاتە دڵت
لەودیو دیوارەکانتەوە
خۆمم بیر بچێتەوە
درز بکەوێتە کریستاڵی چاوەڕوانیمەوە
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە لە نووری ئەو مۆمەی
لە ئەشکەوتی تەنھاییدا
خۆی پێناساندم
چەند بتەوێ کەعبەی خۆشەویستیم
بە وەھمی گوومانەکانت بڕوخێنێت
لە تاودا لەسەر بەرماڵی ئیبلیس
نوێژ بکەم
لەو خودایە بپاڕێمەوە
نەفرەتی لێکردووم
دەستی ئەو رۆژانە ماچ بکەم نەھاتوون
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە لەو گوریسە ئەستوورەی
خۆمم بە بە چارەنووسی تۆوە پێ بەستەوە
چەند بێباک و خوێنساردانە ویستەکانم
بدەیت بەدەم چەمی خەواڵووی فەرامۆشییەوە
ساوای ئاواتەکانم مەراق بیبات
زیخی یاخیبوونم ژێر ئاو بکەوێت
ملوانکەی شەوێکی رۆمانسی بپچڕێت
ھەزاران پرسیاری وەڵامنەدراوەی
تێدا گۆڕ بزر ببێت
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لە روانی ئەو نەمامە رووخۆشەی
لە حەوشەی مێشکمدا
رۆژ بە رۆژ باڵا دەکات
چەند بتەوێ
وەک کەلوپەلێکی کۆن کۆم بکەیتەوە
بۆ ئەوەی فڕێم بدەیتە کەلاوەی کارەساتەوە
خەفەت پرچی رەشی چارەنووسم دابھێنێت
یادەوەریی وەک گیتارێکی نامۆ بمژەنێت
مەینەتی، بوخچەی ماچەکانم
پەرش و بڵاو بکاتەوە
ھێشتا ھۆیەک نابینم
بۆ دەستبەردان لە تۆ و
پەشیمانبوونەوە
لەو دەنگە دلێرەی لە ناوەوەمدا
جارێک بە گووڵ
جارێکی تر بە شاژن ناوت دەھێنێت




دیوانی ته‌نیایی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج.. رانانی: ستار ئەحمەد

رامان خولیای دۆزینه‌وه‌ی به‌ها پیرۆزه‌كان ده‌دا به‌ كۆڵاو له‌كۆڵوانه‌ی هه‌ور شاباڵێك بۆ بێچووی شیعره‌كانی دروستده‌كات ،له‌به‌رزی ئاسۆدا گه‌ردانه‌ی پرشنگ ده‌بنه‌ گه‌ردانه‌ی په‌یڤی شرینی ئه‌و شاعیره‌ی له‌گرفتاری خه‌مه‌كاندا نه‌بێت،پێڵووی ماچی نمه‌ی سۆزیان نه‌چێشتووه‌.برینی ته‌نیایی ،غوربه‌ت،وره‌و كۆڵنه‌دان..ناسنامه‌ی به‌سته‌كانێَتی و له‌دڵنه‌وایی شنه‌ی به‌یان و له‌ورده‌ ئاورێشمی به‌فری كوێستانا نه‌بێت چاوه‌كانی لێكنانێت ،ده‌ستی قه‌ده‌ر ناتوانن خۆزگه‌و ئاواته‌كانی بنێنه‌ چاڵ و به‌گژ ناهه‌موارییه‌كانا ده‌چێت.له‌هه‌موو شتێك راده‌مێنێ‌ و ده‌توانێت نه‌خشه‌ی(خه‌م،ته‌مه‌ن،سووتان،پێكه‌وه‌ نه‌گونجانی ناخ و رووكه‌شه‌كان)بكێشێ‌،وه‌لێ‌ له‌هه‌موو شتێك زیاتر له‌خۆی راده‌مێنێ‌،ئه‌ویش.,(له‌تیف فاتیح )ی شاعیره‌ كه‌له‌دیوانی ته‌نیاییدا ده‌ڵێت:.
ته‌نیاتر له‌ته‌نیایی بیزده‌كه‌مه‌وه‌
بیره‌وه‌ری ده‌سووتێنم
له‌شتێك راماوم
خۆمم
شاعیر خه‌می كوردستانێكی هه‌ڵگرتووه‌،سه‌راپای ده‌ریای خوێنه‌و كسپه‌ی ناخی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌دڵیدا سارێژ نابێت و ده‌بینێت بازرگانی به‌خوێنی گه‌له‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كرێت ،هه‌وای ژهراوی به‌دیاری به‌سه‌ردا په‌خشده‌كه‌نه‌وه‌،هه‌ر ناڵه‌و سووتانی كورده‌ كه‌س گوێَی لێناگرێ‌.
ته‌نیایی له‌و شه‌وانه‌دا
كه‌ بێ‌ هوده‌ ده‌ستمان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌
بێ‌ ئه‌وه‌ی كه‌س گه‌زۆیه‌كمان بداتێ‌
شاعیر سۆفیه‌كه‌ له‌خه‌ڵوه‌تگای خواوه‌ندا سۆز دایده‌گرێت و بیر له‌نهێنیه‌كانی ئاسمان ده‌كاته‌وه‌،موریدی رێگای عاشفانه‌و شه‌یدایه‌كی سه‌رشێتی جوانی و پیرۆزییه‌،به‌ڵام له‌ لانكی خواوه‌ندو كۆشی ده‌زگیرانه‌كه‌شیدا ته‌نیایی به‌رۆكی به‌رنادا،هه‌میشه‌ غه‌رقی دونیای غوربه‌ته‌،چونكه‌ جه‌سته‌ی ده‌زگیرانه‌كه‌ی له‌لمی عه‌رعه‌ردا زینده‌ به‌چاڵكراوه‌ ،رۆحیشی له‌باره‌گای خوادا ده‌ناڵێنێ‌ و مافی دووسه‌د هه‌زار په‌پووله‌ به‌گوێی ئه‌ودا ده‌دات.
هه‌میشه‌ ته‌نیایی له‌گه‌ڵمه‌
ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی كه‌له‌ئامێزی
ده‌زگیرانه‌كه‌مدا بیر له‌خوا ده‌كه‌مه‌وه‌
له‌تیفی ره‌نجه‌ڕۆ و دێوانه‌ نه‌گبه‌تی به‌رۆكی به‌رناداو ئاواره‌یی رچه‌رێی ئۆردۆگاكانی پێنیشانده‌دات.وێنه‌ی گوڵه‌نێژزاوه‌كانی عه‌رعه‌ر هه‌میشه‌ داوای ماقی لێده‌كه‌ن و خۆی به‌به‌رپرسی میلله‌تێك ده‌زانێت ده‌نگی له‌سینه‌ی زامداری خاكا تاسێنراوه‌،ئیتر چۆن به‌ئه‌شكی سوور گوڵ و خاك ئاو نه‌دات
گوڵه‌كانی عه‌رعه‌ر له‌گوڵه‌كانی ئۆردوگا ته‌نیاتر
گوڵه‌كانی ئۆردوگا له‌گوڵه‌كانی عه‌رعه‌ر ته‌نیاتر
گوڵه‌كانی خوا له‌گوڵه‌كانی كورد ته‌نیاتر
گوڵه‌كانی كورد له‌گوڵه‌كانی خوا ته‌نیاتر
شاعیر بۆ بێكه‌سی كورد ده‌بێت به‌په‌روانه‌و به‌دوای چرای ئه‌و ماڵانه‌دا عه‌وداڵه‌ ،ده‌ستی خوێنینی جه‌لاده‌كان ناڕه‌وا كوژانیانه‌وه‌،حاجی ئاسا له‌عه‌شقی شاره‌كه‌ی دابڕاوه‌،بۆیه‌ ته‌نانه‌ت جه‌سته‌ی به‌رۆحی نامۆیه‌،ناخی ته‌لبه‌نده‌و دڵی مه‌لێكی دیله‌ له‌قه‌فه‌سی سنگیا بۆ هێلانه‌ی نۆغرۆ و چڵی سووتاوی ره‌زه‌ بێبه‌ره‌كان ده‌خوێنێ‌،ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:.
كۆیه‌ وه‌ك حاجی ته‌نیایه‌
حاجی وه‌ك كۆیه‌
من له‌حاجی ته‌نیاتر
حاجی له‌كورد بێكه‌س تر
به‌قه‌د رامانی شاعیر ئیحاو بۆچوون و وێنه‌ شیعرییه‌ ناسكه‌كانی رامانی ده‌وێت و هه‌ر گوڵه‌ شیعرێكی به‌دوای گه‌ردنێكا ده‌گه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ گه‌ردانه‌ی گه‌ردن ئازادی و لیتارمایی تاسه‌یه‌كا زریوه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌كی خۆزگه‌ هه‌ڵبمژن.

ستار ئەحمەد




خۆرى ناپاکى.. شیعر\ شیرین کافى

بەم ناوەختە لاشەی سڕ بووم بەکۆڵمەوە شەقام وکۆڵان تەیدەکەم
بستێ زەوی نادۆزمەوە بیکەمە گۆڕ بۆ ئەبەدی ئازار لەجەستەم
دەبارێ لێوەکانم شەقار شەقار وەک بیابان بۆ قومێ ئاو ناخم
بەجۆرێک شێواوە ئەڵێی کەشتی شکاوە بەدەم شەپۆلی دەریاوە دڵم
بەجۆرێک ورد بووە پارچەکانی لەنێوانی زەوی و ئاسماندا سەمادەکەن بەدەم گەردەلول و ڕەشەباوە
بەجۆرێک ئەسرین لەنیگام دەبارێ دەڵێ سەهۆڵبەندانی بەرتیشکی هەتاوە
پەنجەکانم لەگۆ کەوتوون وەک پەنجەکانی ئەو پیانۆژەنەی لەسەرما ڕەقهەڵگەڕا
ڕووخسارم لەڕووخساری مەسیح دەچێ بەخاچەوە زەرد هەڵگەڕاوە
وەک شۆرەبی قەراغ دەریا هەڵدەلەرزن ئەژنۆکانم هێزیان لەبەربڕاوە
هەروەک ئەوەی بۆ بەردەم پەتیی سێدارە بەکێشیان کەم هەنگاوەکانم دێنە دواوە
هەناسەم لەقەفەزەی سنگمدا قەتیس ماوە
هاکا ئێستا یان تاوێتر دڵم لە لێدان دەکەوێت
دەپێم بڵێی ئەی ئەستێرەی خەونەکانم ئەم ئازارە بۆ کوێ بەرم بەم ناوەختە
دەپێم بڵێ لەکام سەرابدا بۆ عەشقی ونبووم بگەڕێم
دەپێم بڵێ چۆن ئەو پێکە کۆکەمەوە کە خیانەت لێی ڕژاندم
دەپێم بڵێ چۆن بتوانم ماچەکانت لەسەر ڕووخسام بسڕمەوە
چۆن بتوانم پەنجەکانت لە ئاڵۆسکاوی کەزیەکانم بترازێنم
دەپێم بڵێ چۆن بتوانم هەناسەم لەهەناسەت جیاکەمەوە
دەپێم بڵێ چۆن بتوانم میلی کات ژمێری زەمەن بەرەودواوە بگێڕمەوە سەرەتاى یەکەم جێژوان
یەکەم وشە یەکەم ماچ و یەکەم هەناسە و یەکەم نیگا یەکەم گوشینی پەنجەکان یەکەم پەیمان
یەکەم ئاوێتەبوونمان و یەکەم ئێوارەی زەردەپەڕ و یەکەم کازیوەی بەیان
یەکەم تیشکی خۆر یەکەم بارانی بەهار یەکەم هەورەگرمەی زستان
یەکەم گەڵای وەريوى پایز و یەکەم تیشکی خۆری هاوین
چۆن بتوانم ئەمانە گشت کۆکەوە بیان خەمەناو چوار چێوەی پەشیمانیم.

28/12/2023
كۆڵن/ئەڵمانیا
شیرین کافى




بایەزید و شتی تریش.. شیعری/ نەوزاد بەندی

من دوور ناڕۆم ..
ئەو پەڕەکەی، بایەزیدت بۆ ئەگەڕێم ..
لەوێ لەناو لافاوی ڕەنگ و
بۆن و تام ،
زەحمەتە بتدۆزمەوە ..
تۆ دوور ئەڕۆی ..
هەر بۆیە کات بە گەڕان بۆ من ، خەرج ناکەی ..
دڵنیایت من لەوێ نیم ..و
لەناو ئەو هەموو درەخت و ئاو و ئۆکسجینەی ئەوێ،
لەوێیش بم نامدۆزیتەوە ..
من هەموو مێشکم لای تۆیە ،
کیبۆردی دڵم ، بە پەنجەی تۆ لێ دەدا ..
یەک خاڵم و کاڵ ئەبمەوە و ئەکوژێمەوە و ..جارێکی تر پەیائەبمەوە ، لە دڵتا ..
ئەتەوێ بێ منیش بژیت ،
بەڵام شیعرێ ڕێت پێنادا ،
ئەتەوێ وەکو حەبیبە ، بچیتە ناو باڵەخانەی ئەدەبیاتەوە ..ئەزانی ، چەند دوور بڕۆی ، هەر دێیتەوە ..
چەندێ خۆت بشاریتەوە ،
هەر لە کۆپلەی نووسراوی ناو باخێکی تەواو هەڵوەریو ،
دیسان پەیدا ئەبیتەوە …
من بایەزید ، بۆت ئەگەڕێم ..
بە عەقڵی خۆم ئەتدۆزمەوە و ..
ئەڕۆین هەتاکو گوڵهانە ..
هەتا ئەوێ ، سەد جار کزەبا ئەمبات و ..
هەزار جار لەناو دڵخۆشیی
ناوەختمدا ئەتوێیتەوە ..
چەند ساویلکەم ! بایەزیدت بۆ ئەگەڕێم ..لەو شەقامە کۆنەی هەزار جار ماکیاجی بۆ کراوە و
کەچی هەر ڕەنگی عوسمانی و
دەنگی شمشێر و فیشەکی هەزاران شەڕ ،
لە هەموو جێگایەکیدا
ئەبیسترێ ..ئەزرنگێتەوە ..
بۆنی بارووتێکی زۆر تیژ ،
ئەڕوا هەتاکو ئەوسەر و ..
لەگەڵ بۆنی مێخەکا ئەگەڕێتەوە .
لەو شەقامە خوێناوی و فرمێسکاوییەی
هەزار ساڵە بێدەنگ ئەگری و نازانم چۆن ژیربێتەوە ..
بازرگانەکان دانێکی زۆریان تێدا هەڵڕشتووە ..
گەشتیاری ئەوسەری دنیا ،
پێیدا ڕەت ئەبن و دڵیان بەبێ هۆ ئەگەشێتەوە ..
من لە خۆشی ڕزگار بوون لە دابەزینی جۆزەی ددان ڕەشی
کارەبای موەلیدە ،
وا باڵ ئەگرم ..
تۆ وا ئەزانی عەشقت بووم ،
بە دەستێ ناهێڵی بفڕم ..
بە باڵێ ئەنیشیتەوە ..
من و تۆ ،،سیر و پیازین و
بەس لە ڕێزمانا پێکەوەین ،
نیوانمان هەمووی دوورییە ..
هیچ کاتێکیش دەست پێ ناکا ئەم چیرۆکە ،
تا عاجز بی و
لە بۆنەیەکی وەک بەفرا ،
ئاشت بیتەوە …
بێزار نابم ، دوکان دوکانی بایەزید ئەگەڕێم و ..
کرمانجییەک پیاڵەیەک چای هەنارم بۆ تێ ئەکات و ..
ئەڵێ بیخۆی ، جارێکی تر
بۆ سەر سەکۆی سەرئێشە ناگەڕێیتەوە ..
ئەڵێم ئەوت نەدیوە بێرەدا بڕوا ؟
هیچ تێ ناگا و .. لەگەڵ چەند کڕیارێکی ڕوس ،
خۆیم لێ ئەشارێتەوە ..
نەزانیی خۆمە ئەزانم ، گیرفانەکانی بایەزید ئەپشکنم …
لەو سەر ، تەواو ماندوو ئەبم ،
سیگارێکی ماڵتیپ ، ئەمەوێ ئاگر بەم ، بەس ناوێرم ..
نەک خوێنم دیسان تولەڕێی نیکۆتین بدۆزێتەوە …
تۆ دوور ئەڕۆی ، ..
شیعر کوا ئەگاتە ئەوێ ؟
ناوێرم بپرسم لەوێ تۆ چی ئەکەی ؟
ناشێ لەوێ منێکی ترت
لە کەنار دەریادا شاردبێتەوە ..؟!
یان ئەوێیشت ، هەر بۆشاییە و .. بۆشایی ؟!
من کە لێرە ، ئاڵودەم بووم بە تەنیایی ..
دوورتریش بڕۆی.. بێزار نیم ..
وونیشم کەی بۆ هەمیشە ،
لێت عاجز نیم ..
ئاساییە .. زۆر ئاسایی ..
ئەتوانم بابەت بگۆڕم ..
ئەڵێم بایەزید ، شیعرێکی خواستووە لێم ..
ئەڵێم گوڵهانە ، کۆنسێرتی گوڵێکی تازەی کردووە ..
بە خۆڕایی …
درۆ زۆرە.. کە لێرە هەموو تەمەنمان ، هەر درۆیە و ..
بە بێ درۆ ، خەڵک و حوکمەتیش ئەڕوخێن ..
سوپا و خێزان و پەرلەمان ،
ئەچنە دۆخی نائاسایی …
خەمت نەبێ ..
بێ من بڕۆ …
تا ئەوپەڕی دڵنیایی ..




ئەو هەڵانەی دەبێتە رێگر لەبەردەم هیواکانت.. سامان خضر محمد

خەونەکان یاخود هیواکان زۆرن و هەریەکێک لە ئێمە بەدوای کۆمەڵێک ئامانج و هیواوەیە و دەیەوێت لە ماوەی ژیانیدا بەدەستی بێنێت یان بیهێنێتە دی، چونکە ژیان و هیوا دوو پەیوەندی بەهێز لەنێوانیاندا هەیە، چونکە کاتێک هیوا نەما ژیان هیچ نرخێکی نامێنێت لە ژیان ئەو کەسەدا، خودی ژیان بەو شێوەیە بەردەوام پێویستمان بە هیوا هەیە ئامانج هەیە تا هەوڵیان بۆ بدەین و لەهەمانکاتدا وامان لێدەکات ژیانمان خۆشبوێت و چێژی لێببینین.

هەندێک کات خەونێک یاخود هیواکانمان شکست دەهێنن و بەدی نایەت، بەڵام ئەمە مانای کۆتایهاتنی ژیان یان ڕاوەستانی نییە، دەتوانیت هەندێک ڕێنمایی یاخود ڕەفتار پەیڕەوبکەیت بۆ ئەوەی هیواکانت بێ بەربەست بەدیبهێنیت و هەوڵی بۆ بدەیت.

بێگومان یەکێک لە هەڵەکان ئەوەیە کە زۆر بە گڕوتینەوە هەوڵ بۆ هیواکانت دەدەیت، بە جۆرێک هەندێک کات هیواکانت دەچێتە باری خەیاڵەوە بەتایبەت لای گەنجان، واتە خەون بە شتێکەوە دەبینیت کە مەحاڵە، ئەمەش باش نیەو زیانی زۆری هەیە دواتر تووشی خەمۆکی و بێزاریت دەکات لە ژیان و هیواکانت پێویستە سنوورێک بۆ هیوا و خەونەکانت دابنێیت.

کاسانێک هەن بەردەوام دەترسن لەوەی شکست بێنن لەسەرەتاوە، بەهەمان شێوە کارێکی هەڵەیە، چونکە ترس کاریگەری خراپی هەیە لەسەر بەدیهێنانی ئامانج و خەونەکانت.

کاتێک شکست دەهێنیت، ئاسایی وەریبگرە، چونکە شکست گەورەترین تاقیکردنەوەیە لە ژیاندا بۆ ئەوەی دواتر گەورەترین و باشترین سەرکەوتن بەدەستبهێنیت.

هەرگیز مەترسە لە قسەکردن و ڕەخنەکانی کۆمەڵگا، ئەگەر شکست بهێنیت.

ترس خۆی لە خۆیدا هۆکارێکە بۆ نەمانی متمانە بەتواناکانت، بەهێزی تۆ لەناودەبات بەرامبەر بە ئامانجەکانت و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستیەکان، هەوڵبدە ئازابە و بەهێزبە بزانە چۆن یەکەم هەنگاو دەنێیت و دور بە لەو هۆکارە خراپانەی ،کەوا بێ ئومێدت دەکات لەگەیشتن ئامانج و هیواکانت لەژیاندا.




شیعر\ سەفەرە سەختەکانی تەمەن.. سەرهەنگ خامۆش

ئاسمان ڕەنگی خۆی بیر چۆتەوە
باوەشی تژی بووە لە بلێسەی ئاگر
فریشتەکان هەراسانن
لەبەربونەوەی هاواری شەوەزەنگ
چ ئاوازێکی نەشازە
گوێی مردنی کاس کردووە…

بەیانی خەمێک لە دایک دەبێت
خەمی بیرچونەوەی ساتەکانی فیراق و
سەفەرە سەختەکانی تەمەن
بە نێو کۆڵانەکانی تەنیایی
تا ئەودیو سنورەکانی عەدەم…

ژیان ڕەنگی کاڵ بۆتەوە
لێرە هیچی تر شک نابەم
جگە لە هەناسەی (با)و
ڕووت بونەوەی ڕەنگی خەیاڵ
شوێن پێی ئەو فرمێسکانەی
کە لەکەلێنی پەنجەکانی خاکدا ون بوون…

لەسەر دیوارێکی ڕماودا
گوێم لە چرکەی
میللی کاتژمێرێکی کۆنە
گوێم لەترپەی
کەوتنە خوارەوەی دوگمەکانی زەمەنە
لە لێواری ساڵێکی تری پڕ لە ئازار…

سەرهەنگ خامۆش




ئێوارانە ٥٨.. شیعری سەردار جاف

دەمە دەمی ئێوارانەی پڕتەمتومان
دۆراندۆری خۆ دەکێڵم
پێکی شەراب
لە کۆڵانانی شاترلوو بە دووم وێڵە
دەست لە ملی مەرگ دەنێم
ساقی بەرۆکی گرتووم و
پەيتا پەيتا
پێکی مەستبوون بەدەم سەماوە پڕ دەکا
خەراباتی خۆ دەخۆم و قورتار نابم
بوومە پاشماوەی کاولاشێ
لێوە لەرزەی پياڵەی مەيم
ئەم شێتخانە
بەرۆکی منی گرتووە و
يەخسيری نێو چوار ديوارم
کچێ بەنازەوە هەڵدێ و
لە گوێسەبانەی ئازارم
ژان دەڕێژێ
دامەنی حەزی تەنيوم
شەکرە پڕپڕ
فشار هەڵچوو
دەريای مەنگە ، بەردەرگای ژينی گرتووم
خۆم بير چووە
وام لەو ديو تاريکيا لە گێژاوی رەشتر لە رەش
شەپۆلە نەرمی سەر ڕێگام
نە دەمبینێ و نە پەی دەبا
دەخولێمەوە
شنەی سپێدەم لێ ونە
بە سەر پشتی قەترييەکانی سەر جلم
لێم ئاڵاوە و غلۆر دەبم
منجڕێکم
لە شوولە دەوەن نابمەوە
ئەو لەو بانێژەی شەهلايا
پرياسکەکانی لە بەردەم خەرمانەی مانگا کردەوە
تريفەيەکی رۆشنە
ناخی رەش رەش
رەشتر لە گێژاوەکەی من
لە سۆراغی هەناسە و هەنگاوی دوێنێ
ديواربەندی خۆرهەڵاتی لێگرتووە
ئەم شيعرەتوولە ڕێيەکە
گوڵەوەچنێی چرپە و ترپەی بەر بارانە
بە ناو بێسيمێ رێ دەکا
حەرفەکانی عەوداڵ و وێڵ
لە کەناری جوڵەی دەسمە
تەنها شەهلا کە خۆشەويسترين کەسمە

٣ / ١ / ٢٠٢٤




کۆڕێک بۆ ناساندن و ڕێڕوڕەسمی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی (فڕینی پردەکان)

یەکێتیی نووسەرانی کورد/ لقی هەولێر کۆڕێک بۆ ناساندن و ڕێڕوڕەسمی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی (فڕینی پردەکان) بۆ ڕۆماننووس (دڵشاد کاوانی). سازدەکات.
١١/١/٢٠٢٤
ڕۆژی پێنجشەممە.
کاتژمێر ٤ ی ئێوارە.
شوێن هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو. بارەگای لقی هەولێر. سی مەتری بەرامبەر گەراجی کۆنی هەولێر.

بەهاتنتان کۆڕەکەمان دەوڵەمندتر دەکەن. هاتن بۆ هەمووانە.